سیاسیلێکۆڵینەوە

شەڕی کۆمەڵەکان و پۆپۆلیسمی چالاکی کورد

خەلیل غەزەڵی

زۆربەداخەوە کێشەی نێوان دوو باڵی کۆمەڵە سەرەنجام گەیشتە تفنگ کێشان(ئەویش بە قەناسە و تەک تیرانداز) و تا ئیستا گیانی دوو کەسی ئەستاندوە و ژمارێکیش بریندارن.

لە روانگەی منەوە هەرچەشنە شەڕێک لەنیوان هێزی کوردیدا مەحکوومە و داکۆکی لە هیچ لایەنێکیان ناکەم. بەڵام ئەمە بەو مانا نیە کە راو بۆچوونم نەبێ و تەنیا بە رەدیف کردنی هێندێک وشەی پۆپۆلیستی و نەسیحەت کردن کە لە راستیدا خۆشاردنەوە لە دەربڕینی راستیەکانە، قەناعەت بکەم.

لە روانگەی منەوە ژمارێک کادر و پێشمەرگە، پاش ئەوەی بەو قەناعەتە گەیشتوون کە ئیتر لە ریزی کۆمەڵەی شۆرشگێر ناتوانن درێژە بە تێکۆشان بدەن و پڕۆسەی تێکەڵ بوونەوەی حیزبەکەیان(کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەگەل حیزبی کۆمەڵە بە شکست خواردوو زانیوە، سەربەخۆیی خۆیان راگەیاندوە دیسانەوە وەک «کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان» خۆیان ناساندوە. لە روانگەی منەوە، ئەمە مافی هەر ئینسانێکە کە بتوانێ بڕیار لەسەر خۆی و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی بدات و حیزبی خۆی ئازادانە هەڵبژێرێت.

ئەم بڕیارە بوەتە هۆی پێکهاتنی گرژی و رێبەری «حیزبی کۆمەڵە» بە هەڵسوکەوتێکی باوک سالارانە و شێوەحکومەتی، دژی ئەو بڕیارە راوەستاوە، کە ئەمە پێش هەموو چت، پێشێل کردنی مافی ئازادانە بڕیاردانە لە چارەنووس و شێوەی تێکۆشانی ئەو کەسانە.

بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە فەزای گشتی دا دەیبینین، نەسەلماندنی ئەو مافەیە بۆ ئەو کەسانە و زۆرێک لە چالاکان، هەڵوێستی ناروون و شێواو، یا باشترە بڵێم پۆپۆلیستی یان گرتوە و کەوتوونەتە نەسیحەت کردنی هەر دوولا و وەک یەک حیساب کردنیان و وەسف کردنی خراپی شەڕی ناوخۆیی بە شێوەی عام. باشە مەگەر ئەو دولایەنەش هەر ئەو قسانە ناکەن؟ ئەی راستیەکان چی لێدێ؟ ئایا سزاوارە دوو لایەن وەک یەک بدرێنە بەر رخنە و قەزاوەتی یەکسانیان لەسەر بکرێ؟ وەک لە سوسیال میدیا دەیبینین.

لە کاتێکدا راستی یەکان بەو شێوە نیین، لەم کيشەدا دوو لایەنی جیاواز بوونی هەیە، لایەنێک دەسەڵاتدار کە حیزبی کۆمەڵەیە ، ئەم لایەنە وەک حاکم هەڵسوکەوت دەکات و بەخۆی ئیجازە دەدات دەستووری کوشتار بدات و بە قەناسە و نیشانە شکێن هاوسەنەگەری تا دوێنیان بگرێتە نیشانە و بیکوژیت. لەو لاشەوە لایەنی دیکە( کۆمەڵەی زەحمەتکێشان) وەک لایەنی «مەغزووب»ی سکرتێری حیزبی کۆمەڵە و جێگرەکەی. ئەدەبیاتی هەردوو لاش روون و ئاشکرایە. لایەنێک لەسەرەوە هەڵسوکەوت دەکات و هەڕەشە و گوڕەشە ناشارێتەوە و لایەنی بەرابەر وەک چەتە و رێگر و تاقم ناو دەبات، بەڵام لایەنەکەی دیکە نەرمی دەنوێنێ و دەیەوێ «حەقانیەت» بۆ خۆی بەدەست بێنێ.

گەرچی من لەسەر نەفسی جیابوونەوەکە هیچ حوکمێک بە باش یا خراپ نادەم ، بەڵام هەڵبژاردنی شکڵ و شێوەی چالاکی و حیزب بە مافی خۆیان دەزانم و دژی هەرچەشنە تەعەروزێکم کە ئەو مافەیان بەرتەسک بکاتە و یا پێشیان پێ بگرێت.

دووبارەی دەکەمەوە ، راستە ئێمە دەبێ شەڕی ناوخۆ مەحکووم بکەین. بەڵام لەبەر ئەوە تۆمەتی لایەنگری لایەنێکمان لێنەدەن،خۆ نابێ هەقێقەت ئینکار بکەین. لە کاتێکدا حیزبی کۆمەڵە ، کەڵەگایی دەکات و دەکوژێ و دەبڕێ، ئایا عادڵانەیە هەردوولا وەک یەک پێناسە بکەین و وەک یەک بەبەشداری شەڕیان بزانین. کارێک کە زۆرێک لە چالاکان و حیزبەکان تا ئیستا کردوویانە. هەر ئەوەشە لایەنی موهتەدی ، مەیدان ئاواڵە دەبینێ . لێرەوە بە پێویستی دەزانم داوا لە رێبەریی حیزبی کۆمەڵە و شەخسی یەکەمی ئەو حیزبە بکەم، خۆ نابێ لە میدیای ئێرانی سنگی دیموکرات بوون و عەداڵەتخواز لە سینگ بدەن و لە کوردستان قەناسە بە سنگی هاوسەنگەری پێشوتانەوە بنێن. ئێوە دەبێ بزانن کە ئەم گرفتەی کە هاتوەتە پێش تەنیا بەدیالۆگ و لە رێگەی ئاشتی و تەبایی یەوە چارەسەر دەکرێ

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Back to top button