لێکۆڵینەوە

هەڵپەرکێ و چەند سەرنجێك

هەڵپەڕکێ بەشێکی گرینگ و هەمەلایەنەیەی فەرهەنگی کوردی‌یە. کردەوەیەکی فەرهەنگییە کە زیاترلە هەموو کردەوە فەرهەنگییەکان کارایی هەیە، لە زەماوەند ڕا بگرە تا چوونە سەیران وسمینار سیاسی و شەونشینی و … هەڵپەرین یەکێک لە بەشە ئەسڵی‌یەکانی رێ‌ ورەسمەکان بووە.
بەڵام هەڵپەڕین چۆن هاتووە و بە چ شێوەیەک بۆتە بەشێک لە فەرهەنگ و کولتووری ئەو نەتەوەیە. من لەو نووسراوەیەدا حەول دەدەم بە کورتی بچمە ناو ئەو باسە. من ئەو باسەم، وەک باسێکی نەزەری هێناوەتە گۆڕ و کەمتر لە نووسین و بۆچوونی ئەو کەسانە کەڵک وەردەگرم کە لە سەر ئەو بابەتە بۆچوونێکیان هەیە.
من بۆخۆم باوەڕی تەواوم بەو نەزەریە هەیە کە ژێرخانی هەموو کۆمەڵگایەک ئابووری ئەو وڵاتەیە و ئەو ئابووریەش زۆر پەیوەندی هەیە بە هەڵکەوتی جوغرافیای و سروشتی ئەو شوێنەی ئەو خەڵکەی لێ دەژی. ئابووری و شێوەی ژیان، سەرخانەکانی کۆمەڵگا، کە بریتییە لە فەرهەنگ، مەزهەب، داب و نەریت، مووزیک، جۆری لیباس، شێوەی هەڵسوکەت و … دروست دەکا. بۆ وێنە، خانووبەرەی خەڵکێک کە لە کویستانێکی پڕ بەردە لە بەرد و لە جەنگەڵێکی پڕ لە دار لە دارە.
من هەڵپەرکێی کوردی لە روانگەیەوە دێنمە بەر باس، کە چ هەلومەرجێکی ئابووری بۆتە هۆی دروست بوونی. .
بۆ ئەوەی باشتر بچینە ناو باسەکە باشترە لە پێشدا باس لەو یاسایانە بکەین کە لە هەڵپەڕینی کوردی دا هەیە:
• هەڵپەڕکێی کوردی بە شكڵی بازنە لە چەپەوە بۆ ڕاست بەڕێوە دەچێ.
• ئەندازەی مەیدانی هەڵپەرین لە بازنەیەکی چەند میتری تێناپەڕێ.
• کەسێک کە بە “سەرچۆپیکێش” دەناسرێ هەڵپەرکێکە رێبەری دەکا.
• کەسێک کە پێی دەڵێن گاوان ئاخرین کەس لە دەستی چەپ دەوری هەلپەرینەکە کۆ دەکاتەوە و ڕێکی دەخا.
• گاوان دەبێ پیاو بێ.
• ژن لە پشتەوە دەچێتە دەروری هەڵپەڕین.
• پیاو لە پێشەوە دەچتە دەوری ‌هەڵپەڕین
• ژن بۆیەتی هەرکەس ئارەزوویەتی بچێتە دەستی و لە گەڵی هەڵپەڕێ
• پیاو بۆی نییە دۆی خۆی هەڵبژێرێ هەرکەس ئارەزوویەتی لە گەڵی هەڵپەرێ
• ژنێک کە دەچێتە دەستی پیاوێک دەبێتە “دۆ”ی ئەو پیاوە (یاری هەڵپەڕین)
• پیاوێک بۆی نیە دۆی دەستی ڕاست بەرداو بچتە دەر، دەبێ ژنەکە ئەوەڵ ریزی هەڵپەڕینەکە بە جێ بێڵێ، جا پیاوەکە مافی چوونە دەری هەیە.
بە سەرنجدان بەو یاسایانە کە لە هەڵپەرین دا هەیە دەر دەکەوێ کە ژن بڕیاردەری ئەسڵییە و پیاو کەمتر نەخشی هەیە. ئەوە بۆمان دەردەخا کە:
یەکەم، ئەو یاسایانە دەگەرێتەوە دەورانی دایک سالاری.
دووهەم دەگەرێتە دەورەیەک کە ژن بەرهەمهێنەری ئەسڵی بژیوی ئینسان بووە و لە باری ئابووری و سیاسی بڕیاردەروو و قسەی ئەسڵی کردووە.
ئەگەرلە نەزریەی ژیرخان (ئابووری) وسەرخان (فەرهەنگ) بۆ باسەکەمان کەڵک وەرگرین بەوە دەگەین کە هەڵبەزینی بە هەرەوەز لەسەر خەرمان بۆ ئامادە کردنی زرعات بۆ شەن، واتە گێرە، بۆتە هەوەڵین هەوێنی دەست پێکردنی هەڵپەرین. من بۆخۆم هیچ شکم لەوەدانیە کە هیچ دیاردەیەکی فەرهەنگی کوتووپڕ و بەهەڵکەوت بۆ خەڵکێک مابێتەوە، هەمیشە هۆیەکی ئابووری لە پشت هەردیاردەیەکی فەرهەنگییە.
بە پێی ئەو یاسایانە، شکڵ و ئەندازە و ئەو پرینسیپانەی لە هەڵپەرین دا هەیە، ئەو رەسمە لە گەشەکردنی خۆیدا دوای ئەوەی ئینسان توانیوێتی لە کەرسەی دیکە بۆ گێرە و ووردکردنی خەرمان کەڵک وەربگرێ، ئامانجی هەڵپەرین دەتوانێ لە کردوە بۆ بەرهەم هینان گۆردرابێ و بووبێتە شادی دەربڕینێک بۆ تەواو بوون و هەڵگرتنەوەی بەرهەمی دەغڵ ودان، کە لە خەرمانان کۆتایی پێ دێ. هەڵپەڕین و شادی کردن بە دەوری خەرمان کە بەشكلێ بازنەیە بەڕیوە چووە، ئەندازەی کەسانی بەشدار نیشان دەدا کە کاری ورزێڕی بە هەرەوەز کراوە و لە گەڵ گێرە وهەڵگرتنەوەی هەر خەرمانێک شادیەک لە دەوری ئەو خەرمانە کراوە. بوونی گاوان و نەخشی لە رەسمەکەدا بە جوانی نیشان دەدا کە پیاو کاری ڕاو و ئاژەڵداری لە ئەستۆ بووە و وەزیفەی گاوان لە هەڵپەڕیندا دەتوانی رەنگدانەوەی نەخشی ئەو بووبی لە ژیانی رۆژانەیدا.
پێویستە ئەوەش بڵیم کە بە گۆڕینی هۆی هەڵپەڕین، یاساکانیشی گۆڕاون، تا پەنجا ساڵیش لەمەو بەربەشێکی زۆرلەو یاسا و رەسمانە باو بوون و زۆر بە چڕی جێ بە جی دەکران. بەڵام ئێستا فۆرم و یاسای هەڵپەڕین، بە چەشنێک گۆردراوە کە بتوانی وڵامدەری پێداویست و بووچوونەکانی مرۆڤی ئێستا بێ.
جێگای باسە ئەو قسەیەی کە دەڵێن “کەس بە دۆی خۆی ناڵێ ترشە” لە هەڵپەرینی کوردی وەرگیراوە، واتە کەس بەو کەسەی کە لە دەستیدا هەڵدەپەڕێ (واتە دۆ) ناڵێ ناشیرنە.
من هەڵپەڕینی کوردی وێڕای زمان و باقی شتە فەرهەنگیەکان بە چەشنێک سنووربەندی فەرهەنگی و نەوعێک ناسنامەی نەتەوەیی‌یە دەناسم. هەڵپەرینیش وێڕای زمان فاکتۆرێکی گەورەی زیندوو مان و بەردەوامی نەتەوەیی‌یە. پاراستنی نەتەوەکەمان لە توانەوە پێویستی بە گەشەکردنی زمان و پەرپێدانی کەلەپوور و فەرهەنگمانە.

تێبینی: سەرچاوەی ئەو یاسایانەی کە لە چەند خاڵدا باس کراوە، زمانە و زمان هاتووە و من لە ژن و پیاوی بە تەمەنی ناوچەی موکریانم بیستوە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Back to top button