لێکۆڵینەوە

ژن و دەسەڵات

لەوەتا ئینسان فامی کردۆتەوە و نانی لە خوانانە، بێجگە لە دەورەیەکی کورت نەبێت هەموو کات لایەکی جەستەی بە دەست لایەکەی دیکەوە ناڵاندوویەتی، هەموو کات ژن بە دەست پیاو و ئەو فەرهەنگ و ڕێوڕەسم و یاسانای کە پیاو نووسەری بووە وەزاڵە هاتووە و ژیانی لێ بۆتە ژان. لەوەتا مێژوو هەیە و دانراوە ژن هەر سێحرباز و عیفریت بووە و بۆتە هۆی دەرکردنی پیاو لە بەهەشت و لەگەڵ شەیتان هاودەست بووە. لە هەموو مێژوودا بێجگە لە یەک دوو ژن نەبێت هیچ ژنێک ناوی نییە و ئەگەریش هەبێت بە باشە ناوی نەهاتووە و وێنەی خراپی، دووڕوویی و گێرەشێوێنییە،  لە بەرانبەردا هەر پیاوە، ڕێبەر، پیاوباش، پاڵەوان، قارەمان، نەجاتدەر و بە سەدان ناوی دیکەشی خراوەتە پاڵ. هێندێک جار کە ئینسان چاو بە مێژوودا دەخشێنێت، وای دێتە بەر نەزەر کە لە هێندێک سەردەمدا هەر وێ ناچی ژن لە ژیاندا بووبێت و وێنەیەک کە ئینسان وەری دەگرێت، کۆمەڵگایەکی پڕ لە پیاوی بێ ژنە.  ئەو پێشەکییە شتێکی تازە نییە و زۆر کەس ئەو باسەیان ورووژاندووە هەر وا باسیان کردووە. بەڵام کەم کەس چوونەتە بنج و بناوانی باسەکە و هەر بە ڕەخنە گرتن و پەردە هەڵدانەوەی ڕاستییەکان خۆیان ڕازی کردووە. ئەو شتانە هەموو هەن، پیاو و یاساکانی پیاو ژن دەچەوسێنێتەوە، ژن وەژێر پێ دەخرێت وەک جنسی لاواز و بێدەسەڵات چاوی لێ دەکرێت، تەنانەت جۆری جل لە بەرکردنی، قسەکردنی، هەڵسوکەوت و هەموو بوارەکانی ژیانی لەلایەن پیاو و ئەو یاسانەی دایناوە دیاری دەکرێت. وشەی پیاو لە هەموو زمانێکدا بە مانای ئینسان دێت و تەنانەت لە زمانەکانی ئورووپای ڕۆژاوا و باکووری ئەمریکاش  کە ژن بە هێندێک لە مافەکانی گەیشتووە ئەو هەڵەیە هەر ماوە. بەڵام بۆ؟ ئەو ناعاداڵەتییە لە چیڕا هاتووه؟ کەنگێ دەستی پێ کردووە و هۆیەکانی بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بێگومان بۆ وڵامدانەوە بەو هەموو پرسیارە دەبێت بگەڕێنەوە پێشتر و مێژوو بۆ دیتنەوەی  وڵامەکانمان بکۆڵین. وەک لە سەرەوە باس کرا ژن تەنیا لە دەورەیەکی کورتدا دەسەڵاتی وەک پیاو بووە و بە دەست باب و برا و مێردی خۆی نەچەوساوەتەوە. شیکردنەوەی هۆیەکانی ئەو سەردەمە زۆر لە وڵامەکانمان بۆ دەستەبەر دەکا.

دایکسالاری

لە سەردەمە میژوویییەکانی ژیانی مرۆڤدا دەوەرەیەک بووە کە من بە ناوی دایکسالاری Matriarchy ناوی لێ دەبەم. ئەو دەورە لەلایەن فەلسەفەزانی گەورەی سویسیی Johann Jakob Bachofen  لە سەدەی هەژدەی زایینیدا چوارچێوەی بۆ دانراوە. لەو دەورەیەدا ژن لەلایەن دایکەوە دەسەڵاتی دەدرێتێت، ئەو دەسەڵاتە لە بنەماڵەدا ماف بە دایک دەدات کە بەرێوەبردن و چوارچێوەی بنەماڵەی لە دەستدا بێت، بیگێڕێت و بڕیاری لەسەر بدات. بێجگە لەوە دایک دەسەڵات بە ژن دەدات کە کۆمەڵگاش لە باری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بەڕێوە بەرێت.  هەم ئەو نووسەرە و چەند خەڵکناسێکی دیکە وەک Friedrich Engels هۆی بە زاکون بوون و دەسەڵاتداری ژن لە چەند هٶی سەرەکیدا دەبینن  هۆیەکی دەگەڕێتەوە بۆ  خزمایەتی و پێوەندیی خوێنی کە لە ژنەوە سەرچاوە دەگرێت. ژن دەبێتە سەرەگرێ و لێک گرێدانی بنەماڵەیەک و لە ئاخریشدا عەشیرەتێک. هۆیەکی دیکە دەگەڕێنەوە بۆ نەزانینی ئینسان لەسەر دووگیان بوونی ژن، ئەوانە پێیان وایە ئینسان ئەو کات نەیزانیوە کە لەنێوان جووت بوونی نێر و مێ و دووگیان بوونی مێ هیچ پێوەندییەک هەبێت بۆیە منداڵیان بە هیی ژن زانیوە و پیاو خۆی لە بەخاوەنکردنی منداڵ پاراستووە و هەر ئەوەش دەبێتە هۆی دەسەڵات گرتنی ژن، چونکە هەموو کەس چ ژن، چ پیاو دایکیان بە خاوەنی خۆیان زانیوە و گوێڕایەڵیی ئەویان کردووە. ئەمن لەسەر ئەو باوەڕەم فاکتۆرێکی گرینگ لە پێوەندی لەگەڵ دەسەڵاتداری ژن یان لەبەر چاو نەگیراوە یان وەک هۆیەکی سەرەکی چاو لێ نەکراوە. ئەویش دەگەڕێتەوە سەر نەخش و ڕۆڵی ژن لە بەرهەمهێنانی ئابووریدا. ئێمە دەزانین دەورانی دایکسالاری هەر لەو کاتەدا بووە کە ئینسان یان باشتر بڵێین ژن “چاندن”ی دیوەتەوە. چاندنی دانەوێڵە (وەک سەرچاوەی سەرەکیی ژیان)  ویڕای ئاگا لێبوونی منداڵ لە لایەن ژنەوە، ژن دەکاتە بەشی سەرەکیی ئینسان. من شکم لەوەدا نییە کە بەرهەمهێنان و دروستکردنی سەرچاوەی ژیان لەلایەن ژنەوە بۆ ئینسان، لە بە دەسەڵاتداربوونی ژن لەو سەردەمەدا لە دوو فاکتۆرەکەی پێشتر کەمتر کاریگەرییان نەبووە. ئەگەر ئێمە بە چاوی سەرخانێک چاو لە فەرهەنگ، دەسەڵات، زمان و شتەکانی دیکە بکەین، شێوەی بەخێوبوون دەبێتە ژێرخانی ئەو سەرخانە. زۆر ساکارە، ئێمە پێش ئەوەی قسە بکەین، بنووسین، گۆرانی بڵێین و…، دەبێت تێر بین، تێربوون پێش لە هەمووی ئەو شتانە دێت، بۆیە تێربوونە کە دیاری دەکات ئێمە قسە بکەین، بنووسین، گۆرانی بڵێین و… بۆ وەی تێر بین دەبێت خواردنمان هەبێت. خواردنیش بەرهەم دەهێنرێت، ئێستا بەو ئاکامە دەگەین کە بەرهەمهێنەر یان خاوەنی بەرهەم قسەی ئەسڵی دەکات. بە کوردی و کورتی، دەسەڵاتی ئابووری و زاڵبوون بە سەر بەرهەمهێنان دەسەڵاتی سیاسی لێ دەکەوێتەوە.

ئەمن پێم وایە ڕادەی بەرهەمهێنان و کۆنترۆڵ بە سەر بەرهەمهێنان دەبێتە دەسەڵاتی ئابووری و دەسەڵاتی ئابووریش بە دەسەڵاتی سیاسی کۆتاییی دێت. ئەوە یاسایەکی گشتییە. ئەو یاسایە بۆ تاکەکەس و کۆمەڵگا وەک یەکە. لە بنەماڵەیەکی سوننەتیدا نانهێنەری ماڵ قسەی ئەسڵی دەکات. ئەوی کە ژیانی ئەوانی دیکە لەباری ئابوورییەوە دەپارێزێت دەبێتە دەسەڵاتدار. یاسای بەرهەم و دەسەڵات چۆنیەتیی دەسەڵات و هەڵسوکەوت لەگەڵ ژن دیاری دەکات. ڕادەی بەشداریی ژن لە بەرهەمهێناندا ڕادەی دەسەڵاتی ئەو دیاری دەکات. ئەو ژنانەی لە بەرهەمهێنانی دیاردا بەشدارن لە دەسەڵاتیشدا بە هەمان ئەندازە بەشیان هەیە و بەشدارن. بەرهەمهێنانی دیار و نادیار لە سەرەوە باس لە بەرهەمهێنانی دیار کراوە، لە ڕوانگەی منەوە دەکرێت بەرهەمهێنان لە دوو دەستەی بەرهەمهێنانی دیار و بەرهەمهێنانی نادیاردا دەستەبەندی بکەین. بەرهەمهێنانی دیار ئەوەیە کە لە بەرانبەریدا گۆڕینەوەی ئابووری دێتە کایەوە، بەرهەمهێنانی نادیار ئەو بەرهەمهێنانەیە کە بە هیچ شتێک ناگۆڕدرێتەوە. کەسێکی کرێکار کە هێزی کاری خۆی دەفرۆشێت و لە بەرانبەردا دراوێک وەدەرگرێت، بەرهەمهێنانەکەی دیارە. ژنێک کە لە ماڵدا کار دەکات، نان دروست دەکات، ئاگای لە منداڵەکەی دەبێت و ماڵەکەی ڕێکوپێک دەکات، بەرهەمهێنانی نادیاری کردووە چونکە لە بەرانبەر کارەکەیدا هیچ وەرناگرێت. ئەگەر هەمان کار ژنێکی دیکە لە بەرانبەر وەرگرتنی دراو ئەنجامی بدات، بەرهەمهێنانی دیاری ئەنجام داوە. لەو وڵاتانەی کە لە قۆناغی گەشەکردندان، بەرهەمهینانی نادیار بە کار دانانردرێت و ئەوانەی ئەو کارە دەکەن زیاتر وەک بەکارهێنەر (مەسەرەف کونەندە) چاویان لێ دەکرێت و لە دەسەڵات و کۆمەڵدا کەمتر یان هیچ مافیان نییە. بەرهەمهێنانی نادیار لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە بنەماڵە و کۆمەڵدا بەش کراوە و هەوڵ دراوە کەمتر و کەمتر بکرێت. بە سەرنجدان بەو مەسەلەیە بەو ئاکامە دەگەین کە ئینسان چ ژن، چ پیاو بۆ وەی لە دەسەڵاتدا بەشدار و لە کۆمەڵدا مافخوراو نەبێت، دەبێت ببێتە بەشێک لە بەرهەمهێنەرانی دیار. هێنانەوەی چەند نموونەیەک بۆ چوونە  نێو باسەکەوە پێویستە. لە کۆمەڵگایەکدا کە پیاو بۆ هێنانەبەرهەم و خۆبەخێوکردن پێویستی بە ژن ببێت، ژن ئازادی و دەسەڵاتی زیاترە. بۆ وێنە ژنێک کە لە بنەماڵەیەکی جووتیار شانبەشانی پیاو بەرهەمهێنەرە، ئازادتر و دەسترۆیشتووترە لە ژنێک کە لە بنەماڵەیەکی ئیداری خەریکی ماڵدارییە. ڕادەی بەشداری لە دەسەڵات بە سەر ئابووریدا ماف و دەسەڵاتی سیاسی دیاری دەکات، ئەوە بەتەنیا بۆ ژن، پیاو یان کۆمەڵگایەکی تایبەت نییە، ئەوە یاسایەکی گشتییە.

پێوەندی نێوان دەسەڵات و بەرهەمهێنان  

وەک پێشتر باس کرا دەسەڵاتی سیاسی پێوەندیی نەپچڕاوەی بە بەرهەمهێنان و دەسەڵاتی ئابوورییە هەیە. ئەو یاسایە گشتییە و تایبەت بە شوێنێک یان فەرهەنگێکەوە نییە. بۆ سەلماندی ئەو مەسەلە دەکرێت بچینە ناو ناوەندی ژمێریاری هێندێک وڵات کە سیستمێکی ڕێکوپێکی ژمێریارییان هەیە. با چاوێک بە دیاگرامێکی ناوەندی ژمێریاری لە وڵاتی نۆروێژ لەسەر بەرابەریی ژن و پیاو لە کار و مووچە و دەسەڵات لە ساڵی ٢٠١٣دا بخشێنین.

وەک لە دیاگرامەکەدا دەبینن مووچەی ساڵانەی ژن ٣٩/١% و هیی پیاو ٥٩/٩%.  ئەو ڕادەیە لەگەڵ دەسەڵاتی ژن و پیاو (٣٨/٢ بە ٦١/٨) لە شارەوانی بە مارگینێکی کەمێک کەم و لەگەڵ دەسەڵاتی ژن و پیاو (٣٥/٧ بە ٦٤/٣) لە ڕادەی بەرپرس بە مارگینێکی کەمێک زیاتر دەخوێنێتەوە. دەبێنن لە خوێندنی باڵادا ژنان چەند لە پێش پیاوانن، کە لە ڕادەی دەسەڵاتدا نەخشێکی ئەوتۆی نییە، خوێندنی باڵا لە کۆتاییدا کە دەبێتە هۆی بردنە سەرەوەی بەرهەم، کە بەرهەم چووە سەر دەسەڵاتیش دەچێتە سەر. ئەو ڕادەیە لە دەسەڵات لە وڵاتانی لە کاتی گەشەدا بە هۆیەکانی فەرهەنگی کەمتریش دەبێت.

ئەفغانستان:

٣٣ بە ٨٥ لە کاردا، دەبێتە ٢٧% بە ٧٢%

رادەی نوێنەر لە پارلمان ٢٨%

پاکستان:

٢٢ بە ٧٦ لە کاردا، دەبێتە ٢٢% بە ٧٨%

رادەی نوێنەر لە پارلمان ٢١%

نێپاڵ:

٦٣ بە ٨٠ لە کاردا، دەبێتە ٤٤% بە ٥٦%

رادەی نوێنەر لە پارلمان ٣٣%

لە نێپاڵ مارگینەکە گەورەترە، دەکرێ لە هۆیە فەرهەنگیەکان بکۆڵدرێتەوە.   

سەرچاوە: http://static.guim.co.uk

ئەو وێنە بە جوانی پێوەندی نێوان کار و دەسەڵات لە سێ وڵاتی لە کاتی گەشەدا نیشان دەدا.

ئەو وێنەیە بەجوانی ڕادەی بەشداریی ژنان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکان نیشان دەدات. بێگومان بەشداریی ژنان لە دەسەڵاتدا بێجگە لە کار و بەرهەمهێنان، پێوەندی هەیە بە فەرهەنگ و سەرخانەکانی کۆمەڵگاکە.

    سەرچاوە: http://upload.wikimedia.org/wikipedia/commons/1/16/Map3.8Government_Participation_by_Women_compressed.jpg

ئاکام

دەکرێت کار و بەرهەمهێنان وەک فاکتۆرێکی ئەسڵی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات چاو لێ بکرێت، ئەو ڕوانینە دەمانهێنێتە سەر ئەو باوەڕە کە ژن بۆ بوونی مافی بەرابەر و کۆتایی بەو هەموو چەرمەسەرییەی بە هۆی ژنبوونی دەبێت لە چوارچێوەی ماڵ بێتە دەرێ. بەس خەریکی بەرهەمهێنانی نادیار بێت. ئەوەی کە ژن لە ماڵدا ڕادەگرێت، بوونی منداڵە، کە ئەویش لە ژیان ژنێکدا دەتوانێت ماوەیەکی کورت بێت. ژن بە خۆ بەستنەوە بە سونەتتە کۆنەکان،  بە بێباوەڕی بە خۆی و بە بەگەورتر زانینی پیاو هەر ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای خۆی زیاتر دەکات. بەرهەمهێنان، بەشداری لە ئابووری، پساندنی زنجیری ڕەسمە کۆنەکان و بە چاوی ئینسان چاو لە خۆ کردن و خۆ لە پیاو بە کەمتر دانەنان دەبێتە هٶی دەسەڵاتداری و بەرابەریی ژن لەگەڵ پیاو.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Back to top button