(پێنج‌خشتەکییەکی ئاشق، لەسەر شێعری “بەهار هەردێ”ی مامۆستا هێمن)
ئه‌من ئه‌و بولبوله‌م بۆ نیشتمانی خۆم ده‌ڵێم به‌ستان
چریکه‌م بانگی ڕابوونه و سروودم ئایه‌تی هه‌ستان
له گه‌ڵ خاوه‌نهومێدان هاوده‌مم، دوورم له دڵسستان
هه‌تا ماوم ده‌گوڕڕێنم بمێنێ کورد و کوردستان
به گولله‌ی دوژمنانی گه‌ل دڵیشم بێته ڕاوه‌ستان
***
سروشتی ســـــازگاری نیشــــــــــــــــتمانم دڵگر و تاکه
هه‌وای دڵپه‌روه‌ری هه‌روه‌ک دەروونـــی خه‌ڵکه‌که‌ی پاکه
گڵی وه‌ک سورمه بۆ چاوی به تاسه‌ی ئاشــقان چاکه
پشووی دواییم ده‌خوێنم بۆ گوڵ و گوڵزاری ئه‌و خاکه
له سایه‌ی ئه‌و گوڵ و گوڵزاره‌یه بوومه هه‌زارده‌ستان
***
گه‌لان ئازادن ئه‌مڕۆ نین له به‌ند و ڕه‌نج و ماته‌م دا
گه‌لی من کۆیله‌یه و ئێستاس له گێژاوی ته‌م و خه‌م دا
چمان کردوه که هه‌ر ماوین له نێو قۆناخی ئاسته‌م دا
له مه‌یدانی شه‌ڕانخێویی خه‌باتی چه‌رخی بیسته‌م دا
سه‌رم سوڕ ما که ئه‌سپی سووکه سواری کوردی بۆ وه‌ستان
***
له خه‌ڵکی دیکه که‌متر نین به ده‌ست و ڕاپه‌ڕ و ئیده
هەمانن لاوی سوارچاکی بەئەزموون و گەڕاندیدە
ئه‌دی بۆ هه‌ر بە ژێردەستی دەژین و دیل و ڕه‌نجدیده؟
وه‌ڵامی دامه‌وه پیرێکی ئازاده‌ی جیهاندیده
خه‌تای سواران نه‌بوو، پێشسواره‌کانمان قورس و ناوه‌ستان
***
له‌مێژه میلله‌تی کورد دیل و داماو و گرفتاره
به کۆمه‌ڵ قه‌ڵتوبڕ ده‌کرێ، به کۆ ده‌درێ له سێداره
نیشانه‌ی ده‌ردی ژێرده‌ستی به ڕووی ئه‌و خه‌ڵکه‌وه دیاره
ده‌زانن زامی دیلی چه‌ند به ئێش و چه‌ند به ئازاره
ده‌بی ڕابین هه‌تا ئێمه‌ش ده‌گه‌ینه ڕیزی سه‌ربه‌ستان
***
دەزانی کوردە دوژمن بۆی بڕەخسێ، چت بەسەردێنێ
بە جارێ ماف و مێژوو و ناو و ناسنامەت دەفەوتێنێ
دە هەستن ببنە ئەو لافاوە قورسەی کێو لەبن دێنێ
نەتان‌دیوە کە ڕووباری خوڕێن بەردی دەقەڵشێنێ
وەهاش هەر کاخی زۆرداری دەڕووخێنێ گڕی هەستان
***
بە تێکۆشان نەبێ نابڕێتەوە دەورانی دەرد و ئێش
درەنگە دەست دەنی خەڵکی ستەملێکراو و زەحمەتکێش
دەبێ چۆک دابدا ڕۆژێک لەبەرتان دوژمنی سەرکێش
هومێدێ بەرمەدەن ڕێگای خەبات بگرن، بڕۆنە پێش
تەماشای خەڵکی تێکۆشەر بە دیکتاتۆری چۆن وەستان
***
بەکۆ دەبرێنە ژێر داری نەمان کیژ و کوڕوکاڵم
هەموو دەشت و چیای کێلاین بە تۆپ و بۆمبی ناپاڵم
بەسە، تاکەی لە دەست دەم کۆمەڵی دۆستان و ئاواڵم
هەتا کەنگێ سیاچاڵی بەسامی دوژمنی زاڵم
پراوپڕ بێ لە ڕۆڵەی گەل، جمەی بێ وا لە دەسبەستان
***
گەلۆ کورد بۆ دەبێ هەر دەسبەسەر بێ و بێبەش و داماو
لە ماڵی خۆی بژی بێ‌دەستەڵات و دیل و دەسبەسراو
لەبەر چی دایکی کورد هەر ملبەکوێن بێ و مات و دڵسووتاو
هەتا کەی ئەشکی خوینینی کچە کوردی براکوژراو
لە جێی بادەو لەبەزمی دوژمنان بدرێتە دەست مەستان
***
چمان ناداتێ سستی، ناهومێدی و ترس و بێ‌وازی
وەلانین خۆکوژی، کێشە، دژی‌یەکبوون و ناسازی
لەپێناو سەربەخۆیی کورد‌و ژینی پڕ لە شانازی
مەوەستن ڕۆلەکانی قارەمانی گەل لە گیانبازی
لە کۆڕی ئەم خەباتە بێ‌وچانە تاقە یەک کەستان
***
بەڵێ مێژووی وڵات و خەڵکی ئێمە پڕ لە ئازارە
کەسیش نایە لە خۆڕا زامی دیلیمان بکا چارە
سپێدەی ڕاپەڕینە ڕادەماڵێ ئەو شەوە تارە
سەهۆڵبەندانی بێدادی ئەگەرچی تووش و دژوارە
بەڵام لێم سوورە وەک ڕۆژێ بەهار هەر دێ لە پاش زستان
***
بە سەرکەوتن دەگا ئەو میللەتەی ڕۆژێ دە خۆی ڕادی
لە جێی ئەستووری دا دەپسێ قەفی زنجیری بێدادی
بە دوای شینی شەهیدان دا دەبێ بێ سەردەمی شادی
بە خەڵکی عالەمی سەلماندوە تاریخی ئازادی
دەبێ زاڵم لە بەر تێکۆشەران بەرداتەوە دەستان ئاشق