
لە نووسینی: ئاشق
ته‌مه‌نی حه‌فتا ساڵ ده‌بوو. پیاوێکی داڵگۆشتی که‌ڵه‌گه‌ت، له سێمای دا داستانی ته‌مه‌نێک ڕاکردن به دوای ژیان دا ده‌خوێندرایه‌وه. چرچولۆچه‌کانی ده‌موچاوی نیشانه‌ی سه‌رده‌مێکی پڕجموجۆڵ و ڕه‌نجکێشان و کارکردنێکی تاقه‌تپرووکێن بۆ دابینکردنی ئاسایشی سه‌رده‌می پیری بوون. له بیرکردنه‌وه و خه‌یاڵی خۆی دا نوقم بوو و ئاگای له ده‌وروبه‌ری خۆی بڕابوو.
چه‌ندجار درێژایی شه‌قامه‌که‌ی که دووسه‌د میترێک ده‌بوو و له‌وسه‌ره‌وسه‌ران تێکه‌ڵی دوو خه‌یابانی گه‌وره‌تری دیکه ده‌بۆوه، پێوا. هه‌ر سێ‌ــ‌چوار شه‌قاو ده‌ڕۆیی و ڕاده‌وستا، به وردی ده‌خانووه‌کان، پیاده‌ڕێکان، قولینچکی دیواره‌کان، داره‌کان و هه‌موو شتێکی ده‌وروبه‌ری‌یه‌وه ڕاده‌ما. هێندێک بیری ده‌کرده‌وه و دیسان چه‌ند شه‌قاوێکی دیکه ده‌ڕۆیی، هه‌ڵویسته‌یه‌کی دیکه‌ی ده‌کرد و ڕامان و سه‌رنجه‌کانی دووپات ده‌بوونه‌وه. ده‌تگوت شتێکی گرینگی لێ‌ون بووه و بست به بستی ئه‌و ده‌ور و به‌ره بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و شته ده‌پشکنێ.
ده‌مێک بوو له هه‌یوانی چێشتخانه‌ی هاوڕێکه‌م که له قولینچکێکی ئه‌و شه‌قامه هه‌ڵکه‌وتوه، ڕاوه‌ستابووم و سه‌رنجم دابووه هاتوچۆ و پشکنینه‌که‌ی. ئه‌و پرسیاره‌م بۆ هاتبووه پێش که ئه‌و کابرایه ده‌بێ چی لێ ون بووبێ، که ئاوا به ئۆگری‌یه‌وه لێی‌ده‌گه‌ڕێ و هه‌وڵ ده‌دا بێ‌دۆزێته‌وه! سه‌ره‌نجام کابرا دوای ئه‌وه‌ی بۆ چه‌نده‌مین جار له‌وسه‌ری شه‌قامه‌که‌وه گه‌ڕایه‌وه، هه‌ستی به بوونی من له سه‌ر هه‌یوانه‌که کرد. ڕاست هات بۆ لام. سڵاوی کرد و گوتی:
ــ وابزانم تۆ له بناخه دا ئاواره‌ی و خه‌ڵکی ئێره نی؟
وه‌ڵامم دایه‌وه:
ــ چاکی بۆچووی، من خه‌ڵکی ئێره نیم.
ــ چه‌ند ساڵه لێره ده‌ژی؟
ــ به‌هاری ئاینده ده‌بێته چارده ساڵی ته‌واو.
به دیالێکتی سوێدیی خواروو ده‌دوا. به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سوێدی‌یه‌کی باشی ده‌زانی، شێوه‌ی ئاخاوتنه‌که‌ی غه‌واره‌بوونی پێوه دیار بوو. گوتێ:
ــ چارده ساڵ زۆر نیه، به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێ ده‌مه‌وێ پرسیارێکت لێ بکه‌م.
ــ فه‌رموو!
ــ له‌و ماوه‌یه دا که تۆ لێره ژیاوی، دیتووته ئاڵوگۆڕ له‌و شه‌قامه دا پێک‌بێنن، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه به‌شێکی تێک‌درابێ و شتی تازه‌ی لێ دروست کرابێ؟
گوتم:
ـــ ئه‌من زۆرم سه‌رنج نه‌داوه‌ته ئه‌و جۆره شتانه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادار بم ئه‌و ساڵانه‌ی دوایی ئاڵوگۆڕێکی ئه‌وتۆ لێره دا نه‌کراوه. بۆچی ئه‌و پرسیاره ده‌که‌ی؟
گوتێ:
ـــ له شه‌سته‌کان دا من ماڵم له‌م شه‌قامه بوو. ئه‌وکات تازه له یۆگۆسڵاوی‌یه‌وه هاتبوومه ئێره. لاو بووم و ڕه‌به‌ن، ته‌مه‌نم که‌مێک له سه‌ره‌وه‌ی بیست بوو. گه‌لێک بیره‌وه‌ریی تاڵ و شیرنم لێره‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه. باوه‌ڕ که ماڵه‌که‌م لێره…، له هۆوه‌نده‌ی…. یان نا…. دووسێ شه‌قاو واوه‌تر بوو… بڵێم چی؟…… وه‌ڵڵاهی هه‌ر له‌و ده‌وروبه‌ره بوو. ئێستا من دوای ساڵانێکی زۆر ڕێگام دێره که‌وتۆته‌وه و پێمخۆشه چاوم به ماڵه‌که‌م، یان لانی که‌م شوێنه‌که‌ی بکه‌وێته‌وه، هه‌ر ده‌رگا و دیواره‌کانی ببینم سوکناییم دێتێ.
گوتم:
ــ باشه وه‌ک بۆخۆت ده‌ڵێی دوای ده‌یان ساڵ که ڕێگات دێره که‌وتۆته‌وه، بیره‌وه‌ری‌یه‌کانت زیندوو بوونه‌وه. ئه‌وه بیره‌وه‌ری‌یانه چی‌یان تێ‌دایه، که ئاوا به تاسه‌وه لێ‌یان ده‌دوێی؟
ــ من قه‌ت له‌و بیره‌وه‌ری‌یانه جیا نه‌بوومه‌وه، به‌ڵام له‌و ماوه درێژه دا پێم‌خۆش نه‌بووه بێمه‌وه ئێره‌و کۆنه برینه‌کانم بکولێنمه‌وه. ئه‌گه‌ر کاتت هه‌یه با به‌سه‌رهاته‌که‌ت بۆ بگێڕمه‌وه، تا بزانی بۆ من هێنده گیرۆده‌ی ئه‌و بیره‌وه‌ری‌یانه‌م.
گوتم:
ــ زۆرم پێخۆشه، وه‌ره با له‌و به‌رهه‌یوانه دانیشین قاوه‌یه‌ک بخۆینه‌وه و به‌سه‌رهاته‌که‌شم بۆ بگێڕه‌وه.
هات، له سه‌ر کورسی‌یه‌ک دامنا، چووم دووفینجان قاوه‌م هێنان، یه‌کم له پێش وی دانا و یه‌کیش له پێش خۆم. ئه‌و جار له به‌رامبه‌ری دانیشتم و گوتم:
ــ ئێستا بیره‌وه‌ری‌یه‌که‌تم بۆ بگێڕه‌وه، به دڵ گوێت بۆ ڕاده‌گرم.
پاکه‌ته سیغارێکی له گیرفانی ده‌رهێنا، سیغارێکی داگیرساند، پاشان قومێکی له قاوه‌که‌ی خوارده‌وه و گوتی:
ــ ئه‌و کات لاو بووم. ژیان هه‌مووی بۆ من خۆش بوو و ڕووی دزیوی نه‌بوو. هه‌رچه‌ند له وڵاتی خۆم ته‌ره ببووم، به‌ڵام زۆر ده‌ربه‌ست نه‌بووم. ته‌واوی له‌شم هێز و توانا بوو. له کارخانه‌یه‌کی ئێره کارم ده‌کردو پووڵێکی چاکم وه‌رده‌گرت…
لێره دا بێده‌نگ بوو، یه‌ک‌دوو مژی دیکه‌ی له سیغاره‌که‌ی دا، ئاخێکی هه‌ڵکێشا و ئه‌و جار درێژه‌ی به قسه‌کانی دا:
ــ یه‌ک‌دوو ساڵان خۆشگوزه‌رانی‌یه‌کی زۆرم کرد، تا ڕۆژێک به داوی ئه‌وینی جوانه کێژێکی قژکاڵی باڵابه‌رزه‌وه بووم. دڵ و هه‌ستم به تاڵان چوو. کاتێک له لای داده‌نیشتم و ده چاوه شینه مه‌نده‌کانی‌یه‌وه ڕاده‌مام وه‌ک سیحرلێکراوانم لێ‌ده‌هات. له باوه‌شی دا ده‌توامه‌وه و له داوی زولفی دا به‌ندی و بێ‌ده‌سه‌لات بووم. دڵم ده‌ربه‌ست ئی وی بوو. سه‌ره‌نجام په‌یمانمان به یه‌کتر دا که ئه‌وینه‌که‌مان بکه‌ینه ئه‌ستونده‌کی تاوڵی ژیانی تا سه‌رمان. ئه‌و خانووه‌ی که ئێستا من وا به تاسه‌وه لێی ده‌گه‌ڕێم و ده‌زانم هه‌ر له‌و شه‌قامه دا بوو، هێلانه‌ی ئه‌و ئه‌وینه ئاگرینه بوو.
دیسان بێده‌نگ بۆوه. سیغاره‌که‌ی له ژێرسیغاره‌که‌ی سه‌ر مێزه‌که‌ی به‌رده‌ممان دا کوژانده‌وه و دواقومی قاوه‌که‌ی خوارده‌وه. چاوێکی به سه‌رانسه‌ری شه‌قامه‌که دا خشانده‌وه. پاشان بۆ ساتێک دیسان ده بیره‌وه ڕاچوو.
له‌سه‌ره‌خۆ گوتم:
ــ ده‌ی دوایی چ بوو و داستانی ئه‌و ئه‌وینه به کوێ گه‌یی؟
وه‌خۆ هاته‌وه. سه‌ری ڕاوه‌شاند و پاشان به ده‌نگێکی خه‌ماوی‌یه‌وه گوتی:
ــ هێلانه‌ی ئه‌و ئه‌وینه زوو شێوا. شه‌ش مانگ له به‌هه‌شتی ئه‌و ئه‌وینه دا ژیاین، تا شه‌وێک له ناکاو خۆشه‌ویسته‌که‌م گوتی ده‌یه‌وێ به‌جێم بێڵێ. گوتی هه‌واری حه‌زی خۆی ده‌گوێزێته‌وه باوه‌شی پیاوێکی دی! پێم‌وانه‌بوو به ڕاستی‌یه‌تی. دوای چه‌ند ڕۆژ، شه‌وێک ئیدی نه‌هاته‌وه ودواتریش،… هه‌روا سووک و هاسان هه‌ودای پێوه‌ندیی پساند. منیش هێلانه‌م لێ‌شێوا… ئیدی نه‌متوانی لێره بم. کارێکم له باشووری وڵات په‌یدا کرد و ماڵم گوێزته‌وه. دوای چه‌ند ساڵێک ژنم هێنا و ئێستا دوو منداڵی گه‌وره‌م هه‌ن. ئه‌مڕۆ که دوای ئه‌و هه‌موو ساڵانه ڕێگام ده‌م شاره که‌وتۆته‌وه، به‌خۆم نه‌بوو هاتمه‌وه ئێره. هێزێک بۆ لای ئه‌م جێژوانه کۆنه‌ی ڕاکێشام، که نه‌متوانی به‌ربه‌ره‌کانیی له گه‌ڵ بکه‌م… بیره‌وه‌ری‌یه‌کانم وا زیندوو بوونه‌وه ده‌تگوت ڕاست ده‌و ڕۆژانه دام که هه‌رگیز بۆم فه‌رامۆش ناکرێن.
کابرا له گه‌ڵ ده‌ربڕینی دوایین ڕسته‌ی قسه‌کانی هه‌ستا، ده‌ستی بۆ لام درێژ کرد، ده‌ستم ده ده‌ستی نا. له چاوه‌کانی دا نیشانه‌ی حه‌سره‌ت و کولانه‌وه‌ی برینی دڵداری‌یه‌کی ناکامی کۆن به ڕوونی دیار بوو. که گوتی” ماڵاوا”، دیسان چاوێکی به ده‌وروبه‌ر دا گێڕا و ئه‌و جار ڕۆیی. هێنده‌ی پێ‌نه‌چوو له پێچی خه‌یابانه‌که ئاوا بوو و له پێش چاوم ون بوو.
دوای ڕۆیشتنی ئه‌و ماوه‌یه‌ک له جێی خۆم مامه‌وه و بیرم کرده‌وه. پاشان که وه‌خۆ هاتمه‌وه، هه‌ستم کرد ئه‌و جار من له جیاتیی کابرای چاو به گۆشه و که‌ناری خه‌یابانه‌که دا ده‌گێڕم، هه‌رچه‌ند من چ بیره‌وه‌ریی کۆنی ئاشقانه‌م له‌و گه‌ڕه‌که، له‌و شاره، یان له‌و وڵاته نه‌بوو. مه‌لی خه‌یاڵی من له ئاسمانی موکریان و گونده‌که‌ی خۆم ده‌خولایه‌وه. کت‌وپڕ ئه‌و شێعره جوانه‌ی مامۆستا هێمنی مه‌زنم به زار دا هات:
” خه‌یاڵ ده‌مباته جێژوانی شه‌وانی لاوه‌تی، ئه‌مما خرینگه‌ی بازنه و خرخاڵ و به‌رمووری ئه‌وم نایه”