
نووسیـــــــنی : ئارام ئیــسماعیلی
وه‌رگێــــڕانی له سوێدی بۆ سه‌ر کوردی: ئاشــــــق
پیاوه‌كه دانیشتبوو و به‌شێوه‌یه‌ك له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌وه ده‌یڕوانییه ده‌رێ، ده‌تگوت ئینسانێكی سه‌رده‌می ژیانی غارنشینییه كه له شتێكی نوێ یان دیاردەیە‌كی سه‌یر ده‌ڕوانێ. حاڵه‌تی ڕوخساری وه‌ك هیچ شتێكی سه‌ر ئه‌م دنیایه نه‌ده‌چوو. ئه‌وحاڵه‌ته حاڵه‌تێكی خه‌ماوی، هێد‌ی و هه‌ر له‌وكاته‌ش دا ڕاماو و ته‌ماوی بوو. جار به جار له چاوه كاڵه مه‌نده‌كانییه‌وه دڵۆپ دڵۆپ فرمێسك ڕیزیان ده‌به‌ست، ڕاست وه‌ك ئه‌و دڵوپه بارانانه‌ی له هه‌وره ڕه‌شه‌كانه‌وه به سه‌ر ئه‌و شاره‌ی جاران ئارام و ساو و بێ ده‌نگه دا ده‌ڕژانه خوار.
بارانیكێ توند ده‌باری. ته‌نیا كه‌سانێك كه له ده‌ره‌وه بوون، سواڵكه‌ره پیره‌كان و منداڵه بێ ماڵ و حاڵه‌كان بوون. پیاوه‌كه ئه‌وانی ده‌دی. ده‌مێك بوو له ئێش و ئازاره‌كانی خۆی هه‌ڵبڕابوو و ژانی هه‌ژاری و بێده‌ره‌تانیی ئه‌و به‌سزمانانه، كه كۆمه‌ڵ ئاوڕی وه‌سه‌ر نه‌ده‌دانه‌وه و كه‌س نه‌بوو ده‌ستیان بگرێ، هه‌موو هه‌ناوی ده‌رزیئاژن ده‌كرد.
سه‌عات دووی پاشنیوه‌ڕۆ بوو و ئێستا كاتی ئه‌وه هاتبوو كه ده‌رمانه به‌زیادنه‌بووه ناخۆشه‌كه‌ی بخوا، كه ئه‌و به‌ته‌واوی لیێ بێزار بوو و له‌وه‌تا ده‌و ژوورە ناخۆشه‌یان خزاندبوو، به سه‌ری دابڕابوو بی‌خوا. ئاخێكی ساردی هه‌ڵكێشا، ئاخێكی ناهومێدانه‌ی قووڵ. پاشان له سواڵكه‌رێكی ڕوانی، كه هه‌وڵی ده‌دا خۆی له په‌نا گوێسوانه‌ی ماڵیك حه‌شار بدا و له‌شی كز و شه‌كه‌تی خۆی له ته‌ڕبوون بپارێزێ. دڵی به دیتنی ئه‌و نابه‌رامبه‌ری و سته‌مه كه له‌و دیمه‌نه دا ڕه‌نگی ده‌دایەوه، ده‌گوشرا و ده‌تگوت خه‌نجه‌ری ده‌هه‌ناوی ڕۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام خۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی نه‌بوو و هیچی پێ‌نه‌ده‌كرا، یان نا به‌راستی ده‌یتوانی شتێك بكا؟!
له‌وانه‌یه ئه‌و بتوانێ یارمه‌تییەک به‌و نه‌داره بكا، كه ئێستا به به‌رچاوییەوە له ژێر گوێسوانه‌ی ئه‌و خانووه، خۆی گرمۆڵه كردوه و هه‌ر نه‌بێ نه‌ختێك ڕووناكایی بخاته ڕۆژی تاریكی ئه‌وه‌وه، یان هه‌وڵێكی بۆ بدا، به‌ڵكوو له ماڵی پیران ڕێی بده‌ن، هه‌ر نه‌بێ جاروبار له‌وێ خۆی گه‌رم كاته‌وه، نه‌ختێك بحه‌سێته‌وه و پارووه نانێك بخوا. هه‌زار جۆره بیر و ڕێگای یارمه‌تیدانی به‌مێشك دا ده‌هات، به‌ڵام تاقه یه‌كێكیانیشی پێ جێبە‌جێ نه‌ده‌كرا. هه‌روا ئارام و بێ ده‌نگ له به‌ر په‌نجه‌ره‌كه دانیشتبوو و له مرۆڤه هه‌ژاره‌كانه‌وه ڕامابوو.
كاتێك ویستیان ده‌رمانه‌كه‌ی بده‌نێ، ویستی مل نه‌دا و نه‌یخوا، نه‌ی ده‌ویست چیدی ئه‌و تامه ناخۆشه بچیژێ، به‌ڵام وه‌ك جاران به زۆری ده‌زاریان كرد و پێیان قووت دا.
ئیدی هه‌ودای بیری پیاوه‌كه پسا. په‌رستاران له سه‌ر ته‌خته‌كه‌ی خۆی رایانكێشا و ماوه‌یه‌ك درێژیان كرد. دواتر وه‌ك ئیفلیجان، بێ جووڵه له سه‌ر جێگا‌كه‌ی كه‌وتبوو. ئه‌وه وه‌زعێكه كه هه‌رچه‌ند پیاوه‌كه پێی ڕانه‌هاتوه، لێكدا لێكدا بۆی دووپات ده‌بێته‌وه.
له‌و جۆره كاتانه‌دا كه ناتوانێ بجووڵێ، بیری بۆ سه‌رده‌می لاوه‌تیی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ ئه‌و كاتانه‌ی بابی لێی ده‌دا. به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌و ده‌وره‌ی نایه‌ته‌وه پێش چاوی. خه‌یاڵی ته‌نیا به‌و هه‌ژاره بێ‌ماڵوحاڵانه‌وه خه‌ریكه كه له‌ژێر ڕێژنه‌ی بارانه‌كه دا وه‌ك باڵنده‌یه‌كی ته‌ڕی لێقه‌وماو به دوای كه‌لێن، یان په‌سیوێكی ژێر گوێسوانه‌یه‌ك دا ده‌گه‌ڕان. ئه‌و پرسیاره دایم له مێشكی دا ده‌نگ د‌ه‌داته‌وه: “بڵێی به شێوه‌یه‌ك بتوانم یارمه‌تی‌یان بكه‌م؟”
ئالیكس له‌ده‌رگای ماڵی پیران نیزیك بۆوه. ئه‌و پاكه‌تێكی زه‌ردی ده‌بن هه‌نگڵی دا بوو. دیار بوو زۆری ئاگا له پاكه‌ته‌كه‌یه و ده‌تگوت پارچه زێڕێكی پێیه. توند پاكه‌ته‌كه‌ی گرتبوو و لێكدا لێكدا وه‌ك ئه‌وه‌ی ترسی بێ نه‌كا لێی بكه‌وێ، ئاوڕی ده‌دایەوه و چاوی لێ‌ده‌كرد. ژوور‌ی ڕێنوێنی و زانیاریی ماڵی پیران له دیوی ژوورێ، له نیزیك ده‌رگای ماڵه‌كه هه‌ڵكه‌وتبوو. ئالیكس له‌به‌ر ده‌ربیجه‌ی دیواره شووشه‌كه‌ی ژوور‌ی رێنوێنی راوه‌ستا. ژنێك كه له ژووره‌كه دانیشتبوو، پرسیاری لێ كرد:
ــ كارت به كێیه! هاتووی كه‌سێك ببینی؟
ئالیكس وه‌ڵامی دایه‌وه:
ـــده‌مه‌و‌ێ ئاغای جاك ئاندرسۆن ببینم.
ژنه چاوی به‌رداوه و له حاڵێك دا ته‌مه‌شای ته‌خته‌ی پێش ده‌ربیجه‌كه‌ی ده‌كرد گوتی:
ـــ ئاغای ئاندرسۆن؟!… زه‌حمه‌ته كه‌سێك به ناوی جاك ئاندرسۆن لێره هه‌بێ، نا، نه‌خێر كه‌سێك به‌و ناوه لێره نیه.
ئالیكس سه‌ری سوڕما! شتی وا نابێ!… باوه‌ڕ ناكه‌م به هه‌ڵه هاتبمه ئێره! ویستی ژنه‌كه حاڵی بكا كه ئاغای جاك ئاندرسۆن دبێ لێره بێ، له‌و كاته دا به ده‌نگی په‌رستارێك كه له پشت ئه‌و ڕاوه‌ستابوو وه‌خۆهاته‌وه:
ـــ وادیاره جه‌نابت د‌ەته‌وێ “پیاوه‌كه” ببینی.
ئالیكس زیاتر سه‌ری سوڕما:
ـــ به‌ڵێ؟ مه‌به‌ستت چی یه؟ نه‌خێر من هاتووم جاك ئاندرسۆنی ببینم.
ـــ تكایه”جاك ئاندرسۆن”ی له بیر به‌ر‌ه‌وه. ئه‌و د‌ه‌یه‌وێ به”پیاوه‌كه” ناوی به‌رن. هه‌رله‌بناخه‌دا نایه‌وێ ناو و ناسنامه‌یه‌كی هه‌بێ. ئێمه‌ش له به‌ر دڵی وی ته‌نیا به”پیاوه‌كه” بانگی ده‌كه‌ین .ئێستا پێم بڵێ بزانم ده‌ته‌وێ “پیاوه‌كه” ببینی یان نا؟!
ـــ به‌ڵێ زۆرم پێ خۆشه بیبینم.
ـــ باشه تۆ هاوڕێ یان خزم وكه‌سی ئه‌وی؟
ـــ من نه هاوڕێ و نه خزم و كه‌سی ئه‌وم. من له لایه‌ن دامه‌زراوی… وه كه دامه‌زراوێكی گه‌وره‌ی كولتووری ـ فه‌رهه‌نگییه، هاتووم. ده‌مه‌وێ “پیاوه‌كه” ببینم و هه‌واڵی پێبده‌م كه ئه‌و به هۆی كتێب و ئاسه‌واره به نرخه‌كانییەوە خه‌ڵاتێكی گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بیی بردۆته‌وه. ئه‌و خه‌ڵاته یك میلیۆن دۆڵاڕیش پووڵ ده‌گرێته‌وه. چه‌كی ئه‌و پووڵه ئه‌وه‌تا له‌و پاكه‌ته‌ی بن هه‌نگڵم دایه كه ئه‌من ده‌بێ له لایه‌ن ئه‌و دامه‌زراوه فه‌رهه‌نگییەوە پێشكه‌شی ئه‌و نووسه‌ره گه‌وره‌یه، واته “پیاوه‌كه”ی بكه‌م. من بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هاتووم.
په‌رستاره‌كه حه‌به‌سا. هێنده‌ی سه‌رسوڕمابوو، كه چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك نه‌یتوانی قسان بكا. پاشان ئه‌وه‌نده خۆشحاڵ بوو كه نه‌یده‌زانی چ بڵێ و چۆن وه‌ڵامی ئالیكس بداته‌وه. ئه‌و له مێژ بوو كاری خزمه‌تكردن وئاگاداریكردنی جاك ئاندرسۆنی پێ سپێردرابوو و هه‌ر ئه‌ویش له هه‌مووان زیاتر هه‌ستی به ناسۆری ده‌روون و خه‌مه بێكۆتایییه‌كانی ئه‌و كردبوو و زگی پێ ده‌سووتا. جاك ئاندرسۆن كه‌ئیدی له لای هه‌موو كاربه‌ڕێوه‌به‌رانی ماڵی پیران به “پیاوه‌كه” ناسرابوو، هه‌رگیز نه‌یده‌ویست له گه‌ڵ كه‌سێك بدوێ وگرێی دڵی خۆی له لا بكاته‌وه. ته‌نیا له گه‌ڵ ئه‌و په‌رستاره، ئه‌ویش جاروبار، هێندێك قسه‌ی ئاسایی ده‌كرد. هه‌ر كاتێكیش په‌رستاره‌كه ده‌یه‌ویست پرسیارێك سه‌باره‌ت به هۆی خه‌مبار بوونی بكا، ته‌نیا ئه‌و وڵامه‌ی ده‌بیست: “لێمگه‌ڕێ، له كۆڵم به‌وه، چت پێ بڵێم”. ئێستا كه ده‌یدی له‌وانه‌یه به‌و مزگێنییه‌ی ئه‌و پیاوه پێیه‌تی، ئه‌و هێندێك ببووژێته‌وه، خۆشحاڵ بوو.
له‌و ماوه‌یه دا كه په‌رستاره‌كه كه‌وتبووه پێش و ڕێگای ژوور‌ی پیاوه‌كه‌ی نیشان ده‌دا، ئالیكس بیری له‌وه ده‌كرده‌وه كه ده‌بێ چۆن ده‌ست به قسه كردن بكا؟ بڵێ:”سڵاو من له لایه‌ن دامه‌زراوی…” یان بڵێ:”سڵاو ئاغای ئاندرسۆن ئه‌وه شانازییه بۆ من به خزمه‌ت جه‌نابت ده‌گه‌م”. یان…، نه‌یتوانی چی دیكه بیر بكاته‌وه چونكه په‌رستاره‌كه له‌به‌ر ده‌رگای ژوورێك ڕاوه‌ستا:
ـــ فه‌رموو ئه‌وه ژوور‌ی” پیاوه‌كه” یه.
به پته له ده‌رگایان دا. پیاوه‌كه وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه. گوێی له ده‌نگی ده‌رگا هەر نه‌شبوو. چوونكه بیر كردنه‌وه له‌و منداڵانه‌ی له ده‌ره‌وه له سه‌رمان هه‌ڵده‌له‌رزین، بۆ ئه‌و زۆر گرینگتر بوو. ده‌یزانی ئه‌و به‌سته‌زمانانه زۆر جار هه‌وڵیان داوه بێنه ژوور‌ی ماڵێ، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان گه‌رم كه‌نه‌وه‌و شتێك بخۆن، به‌ڵام كارمه‌نده‌كان به چاوی به فرمێسكه‌وه به‌رگرییان له هاتنه ژووریان كردووه. بڵێن چی، چی دیكه‌یان له ده‌ست نه‌هاتوه.
سه‌ره‌نجام ده‌رگا كرایه‌وه و ئالێکس که پیاوێكی باڵا به‌رزی موو ره‌شی چاو قاوه‌یی بوو، كۆت و شاڵوارێكی ڕه‌شی ده‌به‌ر دابوو و كراواتێكی سووری لێدابوو، وه‌ژوور كه‌وت.
جاك وه خۆ هاته‌وه و به ده‌نگێكی نزم گوتی؟!
ـــ چتان ده‌وێ؟
ئالێكس كه تا ئێستاش هه‌ر بیری له‌وه ده‌كرده‌وه چۆن قسه‌كانی ده‌ست پێ بكا، گوتی:
ـــ سڵاو من ناوم ئالێكس داروینسۆنه و له لایه‌ن دامه‌زراوی ئه‌ده‌بی ــ فه‌رهه‌نگیی… وه هاتووم تا خه‌ڵاتێكی شایانت سه‌باره‌ت به‌و كتێبه به‌رزانه بده‌مێ كه تۆ چه‌ند ساڵ زه‌حمه‌تت پێوه كێشاون.
جاك چاوێكی له په‌رستاره‌كه كرد.
ــ ساندرا جێ‌مان بێڵه با قسان بكه‌ین.
په‌رستاره‌كه ده‌رگاكه‌ی له سه‌ر پێوه‌دان. بۆ ماوه‌یه‌ك بێ ده‌نگییه‌كی ناخۆش باڵی به سه‌رژووره‌كه دا كێشا. ئالێكس چاوه‌ڕوانیی ئه‌و بێ‌ده‌نگییه‌ی نه‌ده‌كرد و ده‌تگوت له‌شی بۆته سه‌هۆڵیك و به عه‌رزه‌كه‌وه به‌ستوویه‌تی.
ــ ئاوا؟!… سه‌ره‌نجام ئه‌و كتێبانه‌ی ساڵانێكی زۆر پێیانه‌وه ماندوو بووم، بوون به هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵات بكریم؟!
ئالێکس وەڵامی دایەوە:
ــ بەڵێ، ماوەیەک بوو دامه‌زراوی ئێمه تۆی بۆ ئه‌م خه‌ڵاته له به‌رچاو گرتبوو و چاوه‌ڕوانی بارودۆخی گونجاو بووین. ئێستا من لێره‌م و ئه‌وه بۆ من شانازییەکی گه‌وره‌یه كه وه‌ك نۆێنه‌ری دامه‌زراوه‌كه‌مان چاوم به تۆ ده‌كه‌وێ و ئه‌م خه‌ڵاته‌ت پێشكه‌ش ده‌كه‌م.
جاك بێ ده‌نگ بوو. چاوی ده‌چاوی ئالیكس بڕی و ئه‌مجار كوڵێكی توند گرتی. فرمێسكه‌كانی به سه‌ر ڕوومه‌ته زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانی دا ڕژانه خوار.
ــ ئه‌وه چییه ئاغای ئاندرسۆن، بۆ ناره‌حه‌ت بووی؟!
چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌كی پێ‌چوو تا جاك ئارام بۆوه و توانی قسه بكا:
ــ من زۆر له‌مێژ بوو چاوه‌ڕوانی ئه‌و ده‌لاقه روونه بووم. ئێستا نازانم چۆن هه‌ستی خۆم ده‌رببڕم. ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێ بیڵێم له وشه‌و ڕسته‌ی ئاسایی دا جێی نابێته‌وه. چه‌ند ساڵه كچه‌كان و كوڕه‌كانم هه‌ر لێشیان نه‌پرسیوم. سێ ساڵ پێش ئێستا خێزانم مرد و به ته‌نیای به‌جێ هێشتم. دوای ئه‌وه نه‌خۆش و سیس و كه‌له‌لا له‌و گۆشه‌یه‌ی ماڵی پیران خزاوم و هه‌زار جار ئاره‌زووی مه‌رگم كردووه. هیچ شتێك له‌و دنیایه نه‌مابۆوه كه دڵی پێ‌خۆش كه‌م وبه ژیان هیوادارم كا، به‌ڵام تۆ ئێستا هیوای ژیانت له من دا زیندوو كرده‌وه.
ئالیكس نه‌ی ده‌زانی بڵێ چی؟! به‌سه‌رهاتی ئه‌و نووسه‌ره گه‌وره‌یه ئه‌وی په‌شێو و خه‌مبار كردبوو.
ــ من ئێستا زۆر به‌خته‌وه‌رم كه تۆ هه‌ست به ڕووناكیی ژیان ده‌كه‌ی و به داخیشم كه‌خێزانت ماڵاوایی لێ‌کردووی و له دوای ئه‌و هه‌ست به‌و هه‌موو ته‌نیایییە ده‌كه‌ی. ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یكه‌ین ته‌نیا ئه‌مه‌گناسییەکە، كه له به‌رامبه‌ر خزمه‌ته‌كانی تۆ دا شتێكی وا نیه. له بیرم چوو عه‌رزت بكه‌م. خه‌ڵاته‌كه‌ت یەک میلێۆن دۆڵار پووڵیشی له گه‌ڵه، كه هه‌ر ئێستا چه‌كه‌كه‌ی ده‌ده‌مه خزمه‌تت.
جاك داوای کرد ئالێکس لێی نێزیک بێتەوە. ئەوجار ڕاست وه‌ك ئه‌وه كه كوڕی خۆی بێ و هاتبێته سه‌ردانی، دەباوه‌شی گرت و گوتی:
ــ گه‌لێك سوپاس. به‌ڵام پیره‌پیاوێكی کەلەلا و بێدەسەڵاتی وه‌ك من ئه‌و هه‌موو پووڵه‌ی بۆ چییه؟! به ڕاستی من چ له‌و پووڵه بكه‌م؟
ــ نازانم ئاغای ئاندرسۆن. چۆنی بۆ خۆتان پێتان باشه، وای لێ بكه‌ن .
جاك هێندێك ڕاما. پاشان بە په‌نجه‌ره‌كه‌ی تەنیشت تەختەکەی دا، جارێكی دیكه له بێ‌ماڵوحاڵ و بێئە‌نواكانی ڕوانی. كه ڕووی وه‌رسووڕانده‌وه، شێوه‌ی نیگای گۆڕابوو. حاڵه‌تی چاوه‌كانی له‌بڕیارێك ده‌دوان كه له ناخی ده‌روونی ئه‌و گه‌وره‌پیاوه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت و سوكنایی و رازیبوونی پێ ده‌به‌خشی. دوای بێدنگییەکی كورت به بزه‌یه‌كه‌وه ڕووی ده ئالیكس كرد و گوتی:
ـــ ئێستا به وردی ده‌زانم ئه‌و پووڵه‌ی چ لێ بكه‌م. ده‌بوو ئه‌و كاتانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بووم، زۆر جار له‌و چه‌شنه كارانه‌م كردبا.