زانستیلێکۆڵینەوە

هۆشی دەستکرد ( Artificial Intelligence)

هۆشی دەستکرد چیە و چۆن کاردەکا؟

هۆشی دەستکرد کە لە زمانی ئینگلیسیدا بە Artificial Intelligenceیان AI ناوی دەرکردووە، بە واتەیەکی ئاسان بەوە دەگوترێت کە کاتێک کامپیوتێرێک وەک ئینسان فکر بکاتەوە و وڵام و ڕێگاچارەکان ببینێتەوە.
هۆشی دەستکرد  بە کارکردنی سیستمێک لە کامپیوتردا دەگوترێت کە وڵامەکان و شێوە چارەسەرییەکان لە ڕێگای لێکدانەوە، هەڵسەنگاندن و تێکەڵکردنی ئەو زانیارییە دەبینێتەوە کە  پێی دراوە. بە واتایەکی دیکە هۆشی دەستکرد ئەوەیە کە کردەوەکان، پرسیارەکان و گرفتەکەکان بە شێوەیەکی فیزیکی یان دیجیتاڵی، لەسەر بنەمای لێکدانەوە و پرۆسێسکردنی داتا پێکهاتەکان ئەنجام دەدات. ئەوە دەکرێت شیوەیەک بێت لە بیرکردنەوە. ئینسان بۆ وەڵامی پرسیارەکانی، بۆ چارەسەری کێشەکانی دەبێت بیر بکاتەوە. ئەو بیرکردنەوانە جاری وایە لە یەک ڕێگاچارە دەست پێ دەکات و بە بەکارهێنانی دەیان  ڕێگاچارە بە ئەنجام دەگات.
بۆ وێنە کەسێک دەیهەوێت خانوویەک دروست بکات، لە بیری دروستکردنی خانوو تا تەواو بوونی بە دەیان کار دەبێت بەتەرتیب و لە دوای یەک ئەنجام بدات.  ئەو بیرکردنەوە و پلاندانە و شێوەی بە ئاکام گەیاندنی ئەو نەخشەیە دەتوانێت لە چەند ڕێگای جواروجۆر بێت. مەسەلەن ئەگەر خانووەکە لە بەرد دروست بکردرێت، چ جۆر بەردێک بەکار بهێندرێت، لە کوێ بکڕدرێت، چۆن بگەیەندرێتە شوێنی زەوییەکە و …، ئەو  شێوە ڕێگا دیتنەوە ی چارەکردن لە زمانی زانستیدا بە ئاڵگۆریتم ناسراوە. ئاڵگۆریتم لە بیرکاری وەرگیراوە و بەو پڕۆسەیە دەگوترێت کە پرسیارێکی بیرکاری وڵام دەدرێتەوە. بۆ وێنە بۆ کۆکردنەوەی ژمارەیەک لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە دەبێت یەکەم، ژمارەکان لەبن یەک بنووسین، پاشان ژمارە یەکانەکان لەگەڵ یەک کۆ دەکەیەنە و دوایە ژمارە دەیەکان و …، تا بە وڵام دەگەین. ئەو پڕۆسەیە ئاڵگوریتمێکی بیرکارییە. دیتنەوەی پرسیارێک چەند ڕێگای هەبێت، ئەوەندە ئاڵگۆریتمی هەیە.
کامپیوتێرێک بۆ دیتنەوەی پرسیارەکان کەڵک لە ئالگۆریتم وەردەگرێت. ئاڵوگوریتمەکان مەیدان بە کامپیوتێرێک دەدەن وەک ئینسان بیر بکاتەوە و کێشەکان چارەسەر بکات و وڵامەکان ببینێتەوە.
لە چاوی منەوە شێوەی  هۆشی دەستکرد لەگەڵ ئینسان بۆ دیتنەوەی پرسیارەکان دوو جیاوازیی گەورەی هەیە. هیچ ئینسانێک ناتوانێت بە خێراییی کامپیوتێرێک “کەمتر لە چرکەیرک” بە میلیارد ئاڵگوریتم هەڵسەنگێنێت بۆ ئەوەی بە وڵامێک بگات. لە بەرانبەردا ڕوانینی ئینسانەکان دەتوانێت بەربڵاوتر لەو میلیارد ئاڵگۆریتمە بێت کە کامپیوتێرێک بەکاری دێنێت. نابێت لەبیرمان بچێت کە ئینسانەکان ئاڵگۆریتمەکانی داوە بە کامپیوتێرێك.
بۆ مرۆڤ بەتەواوەتی سروشتییە کە بتوانێت فکر بکاتەوە، وێنە  ببینێت، دەنگ و وێنە بناسێتەوە، کێشەکان چارەسەر بکات، مامەڵە لەگەڵ نادڵنیایی بکات، ئاگاداری زانین و جێبەجێکردنی زانست لە بوارە نوێیەکان بێت، بەڵام بەکارهێنانی عەقڵی ساغ، فێربوون لە هەڵەکانی مرۆڤ و بەکارهینانی هەست لە لایەن کامپیۆتێرێک کارێکی زۆر دژوارە.
ئێستاش پێشکەوتووترین هۆشە دەستکردەکان زۆر دوورن لە هۆشی ئینسان، زۆری پێ دەوێت کە کامپیوتێرەکان بتوانن وەک مرۆڤ بیر بکەنەوە. جارێ زۆری ماوە تا ئەو ڕۆبۆتانەی کە لە فیلمەکانی هالیووددا دەبیندرێت بکریتە ڕاستی.


هۆشی دەستکرد و ژیانی ڕۆژانەی ئێمە
ئێمە لە ئێستادا بێ ئەوەی بۆ خۆمان هەست پێ بکەین بە شێوەیەک لە شێوەکان  هۆشە دەستکردەکانمان لەگەڵە. هۆشە دەستکردەکان بوونەتە بەشێک لە ژیانمان. کە لە خەو هەڵدەستین تا دەخەوینەوە لەگەڵمانە، تەنانەت لە خەودا سەعاتە زیرەکەکان پێمان دەڵێن چەن سەعات بە قورسی خەوتووین. دڵمان چۆنی لێداوە و پرخەمان هاتووە یان نا.
بۆ ڕوونبوونەوەی زیاتر لەسەر کارکردی هۆشە دەستکردەکان لێرەدا نموونەیەک دێنمەوە: کەسێک بۆ زانینی دەنگوباسی ڕۆژانە دەچێتە ماڵپەڕیکی خەبەری. ماڵپەڕکە پێش کردنەوەی، داوای ئیزنی بەکارهێنانی Cookie لە بەکارهێنەرەکە دەکات. کەسەکەش بۆ دیتنی خەبەرەکان ئەو ئیزنە دەدات. ئەو ئیزنە بەو مانایەیە کە کەسەکە ئیزن دەدات ماڵپەڕەکە لە ناو کامپیوتێر یان تەلەفوونەکەی کارا بێت. هەر کات کەسەکە ناوی شتێک لەسەر ئەو کامپیوتێرە یان تەلەفوونە بنووسێت، ماڵپەڕە خەبەرییەکە شتەکەی کە نووسراوە، دەقۆزێتەوە و تەبلیغ لەسەر ئەو شتە لە ماڵپەڕەکە بۆ کەسەکە نیشان دەدات.
نموونەی ئەو هۆشی دەستکردانەی کە ڕۆژانە بە کاری  دێنین:
گەڕانی گوڵ، قسە و پرسیار لەگەڵ سیری و ئەلێکس،  پێشنیاری فیلم و گۆرانی لە نێتفلێکس و سپۆتیفای، لێخوڕینی ماشێن،  فلتەری سپام لە ئیمەیڵدا، لێنزی سناپچات کە دەموچاو دەناسێتەوە، ناسینەوەی ڕووخسار لەو وێنانەی کە لە فەیسبووک دادەندرێت و …

قازانج و زەرەرەکانی هۆشی دەستکرد
هۆشی دەستکرد وەک هەموو دیاردەیەکی دیکە دوو لایەنی هەیە، لایەن باش و لایەنی خراپ. چۆن بە چڵێک شەمچە هەم دەتوانی ئاور بکەیتەوە بۆ گەرمکردن و نان سازکردن و لە هەمان کاتدا دەتوانی ماڵێکیشی پێ بسووتێنی. خراپ کەڵک وەرکگرتن لەو دیاردەیە دەبێتە هۆی ماڵوێرانی و زەرەری قەرەبوو نەکراو.
لێرەدا ئیشارە بە چەند زیان و قازانجی هۆشی دەستکرد دەکەم.

قازانجەکان

  • کار و ئەرکی پێ سپێرداو بە شێوەی ئوتومات دەکات، بە شێوەیەک کە کەمتر کات و خەرجی دەبێت.
  • هۆشی دەستکرد زۆر ورد و دەقیق لێکدانەوە دەکات، ئەو ورد ڕوانینە لە بواری زانستی بەتایبەت پزیشکی زۆر گرینگ و بەکەڵکە. بۆ وێنە دەستنیشانکردنی جۆرەکانی شێرپەنجە بەتایبەت شێرپەنجەی مەمک، دروستکردنی دەرمان و ئانالیزکردنی ڕادیۆگرافی.
  • هۆشی دەستکرد زۆر خیرا کار دەکات و وەک لە سەرەوە باس کرا بۆ شیکردنەوە و ئانالیزی پێدراوێک بە میلونان ئاڵگۆریتم لیکدەداتەوە.
  • هۆشی دەستکرد هەمیشە بە دەستەوەیە، شەو و ڕۆژ ماندووبوونی نییە.


    زیانەکان
  • هؤشی دەستکرد لە لایەن هەموو کەسەوە دەتوانێت بە کار بهێندرێت، ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی هەرکەس لە ڕوانگەی قازانجی خۆی بە کاری بهێنێت. ئەو شێوە بەکارهێنانە وێڕای لایەنی باش، زۆر لایەنی خراپی هەیە.
  • هۆشی دەستکرد دەبێتە هۆی بێکاریی میلۆنان کەس.  بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی گوڵدمەن ساکس نزیکەی 300 میلیۆن کەس کە کاری دایمییان هەیە، بێکار دەبن. ئەو کارانەی کە بە دەست هۆشی دەستکرد نامێنن یان زەبری قورس دەخۆن، بریتین لە کارەکانی ئابووری، کار لەگەڵ موشتەری، کاری ئیداری، کاری یاسایی، هێندێک کاری پێشەسازی، کاری گرافیک، ڕۆژنامەوانی، میدیا و … زۆر گرینگە هەموو قوتابییان کە لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا دەخوێنن و لە خوێندن تەواو دەبن، بزانن کە لە دە ساڵی داهاتوودا بە دەیان لەو کارانەی کە ئێستا هەیە نامێنێت. بۆیە دەبێت حەول بدن دەرس خوێندن بۆ کارێک هەڵببژێرن کە بزانن مەترسیی نەمانی لەسەر نییە.
  • هۆشی دەستکرد دەبێتە هۆی ئاسانکاری بۆ دروستکردنی شتی ناڕاست، جەعلی وێنە، فیلم، دەنگ و دەیان شتی دیکە، ئەوەش دەتوانێت لایەنێکی دژ بە ئەخلاقی ئەو دیاردەیە بێت.
  • بەکارهێنانی هۆشی دەستکرد بۆ دروستکردنی کەرەسەی زۆر پیشکەوتووی نیزامی دەتوانێت کیشەکان قووڵتر بکات، کێبەرکێیەکان فراوانتر بکات و دەستی ساحەبانی قودرەت بۆ کەڵکی نائینسانییانە، سەرکوتی دژبەران و نەتەوە ژێردەستەکان بەربڵاوتر بکات.
  • زۆر پشتبەستن بە هۆشی دەستکرد دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ کەمتر سەربەخۆ و داهێنەر بێت.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Back to top button