لێکۆڵینەوە

شۆڕش و ڕوانینێک

“شۆڕش”، “انقلاب”، “ثورە” بە مانای گۆرانکاری کوتوپڕدێ، گۆڕانکاریەک کە رەوەندی یاسایی و سروشتی نەپێوابێ و لە زەمانێکی کورت دا رووی دابێ. لە زمانی کوردی دا شۆڕش یان ئینقلاب تەنیا مانای سیاسی هەیە و بۆ شتی غەیرە سیاسی بە کار نایەت. شۆڕش(انقلاب) لە زۆربەی زمانە رۆژاواییەکاندا ‘رەڤولوشن’ لە بەرابەر بە ‘ئێڤولوشن’ یان تەکامول کە بە مانای گۆرانکاری ئارام و لە سەرەخۆ دێ کە لە پرۆسەی گۆڕانی دوو خاڵی بە یەکتری تەواوی ئەو شتانەی کە بۆو گۆڕانە پێویستە تێپەڕکردبێ. ئیمکانی هەڵە لە شۆڕش(انقلاب) بە هۆی زەمانی کەم و تێنەپەڕاندی پڕۆسەی پێویست بۆ گۆڕانکاری زۆر لە سەرێیە و لە بەرانبەردرا لە تەکامول بە هۆی هەبوونی کاتی پێویست بۆ گۆڕانی بەینی دوو خاڵ، ئێمکانی هەڵە یان هەر نیە یان زۆر کەمە.

ئینسانێک لە ماوەی ژیانی خۆی دا دەتوانی شایەدی دیتن و بەشداری زۆرشۆڕش(انقلاب) بێ، بەڵام ئیمکانی دیتنی تەکامولی زانستی نیوان دوو خاڵ زۆر لاوازە.

من لە باسە کورتەدا زیاتر ورد دەبمەوە سەر شۆڕشی سیاسی، هەوڵ دەدەم باسکە نەخەمە چوارچێوە ی دیکە وبە کورتی لە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشەکان ورد دەبمەوە و زیاتر حەول دەدەم تیشک بخەمە سەر ئاکامی شۆرشەکان. ئامانجی ئەو تیشک خستنە سەرە ئەوەیە کە ئاکامی پێگەیشتووی پرۆسەیەک نیشان دەدا، ئەو روودا و گۆڕانکارییە چەند قازانجی بووە.

لەو سەدساڵەی پیشوودا خەلکی دەنیا شایەدی زۆرشؤڕش و گۆرانکاری بووە، نموونەی هەرە بەچاوی، شۆڕشی(انقلاب) ١٧ ئۆکتۆبری ١٩١٧ لە رووسیە، شۆڕشی(انقلاب) کومونیستی چین لە ١٩٤٩، شۆڕشی(انقلاب) کووبا لە ١٩٥٩ و شؤڕشی ئیسلامی ئێران لە ١٩٧٩. هەموو ئەو شؤڕشانە لە چەند خاڵ دا وەک ئەک دەچن.

یەکەم ئەوەی کە دابەشکردنی ناعادڵانەی سەرچاوەوی ئابووری ئەو وڵاتانە بەسەر خەڵکەکەیاندا، بۆتە هۆی زوڵم و نابەرابری، زۆربەی کات ئەوە بۆتە هۆی داگیرسان و روودانی ئەوە شۆڕشانە.

دووهەم شێوەی بە دسەڵات گەیشتن وقایم کردنی دەسەڵات لە هەموو ئەو شۆڕشانە وەک یەک بووە.

سێهەم ئەوە کە هەلس و کەوت و کردەوەی هەموو ئەوانەی کە لە ئاکامی ئەو شۆڕشانە بە دەسەڵات گەیشتوون بەرانبەر بە ئازادی، یەکسانی و خەڵک ، دوای بە دەسەڵای گەیشتنیان وەک یەک بووە.

زۆر کەم دیتراوە بێجگە لە بە دەسەڵات گەیشتوانی دوای شۆڕشێک ، کەسی دی قازانجی کردبێ. زۆر جار بە دەسەڵات گەیوانی شۆڕشیک زۆر خراپتر لەوانە بوون کە شۆڕشیان بە دژ کراوە.

بۆ چی وایە، بۆ دەبێ خەڵک لە گورگ نەجاتیان بێ و بە سەر ورچ دا بکەوەن.

هەر گۆڕانێکی کوت و پڕ کە پڕؤسەی بە ئەنجام گەیشتنی تەواو نەکردبێ لە گەڵ شکان رووبەڕوو دەبێ. ئەو گۆرانکاریە دەتوانێ خۆ ۆ ماوەیەکی کورتی مێژوویی ڕابگرێ بەڵام هەر لە ناو دەچێ.

بە سەرنجدانێکی کورت بۆمان دەردەکەوێ تەواوی ئەو وڵاتانەی کە پڕۆسەی پێشکەوتی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی‌یان بە بێ ئینقلاب و خوێنڕشتن تێپەڕاندوە بە ئاکامی باش و پێشکەوتوو گەیشتوون، ئەو وڵاتانەی بە شێوەی ئینقلاب و گوڕینی کوت و پڕ بە سیستمی تازەی سیاسی گەیشتوون، وڵاتەکەیان نەیتوانیوە بە سیستمێکی سیاسی باش و هەمەلایەنە بگا.

لە گۆرنکاری بە پرۆسەی ئارام کە لە ماوەیەکی سروشتیدا درێژخایەندا روودەدا وێڕای ئەوەی کەس خاوونی سیستمی سیاسی نیە ، لە هەمان کاتدا هەمووکەسیش خاوەن و بەشدارە لە چارەنووسی سیاسی وڵاتەکەدا.

لە گۆڕانکاری کوت وپڕ، ئەوانەی رێبەری گۆرانکاریەکە دەکەن دەبنە خاوەنی گۆرانکاریەکە و ئەوانی دیکە بێ بەش دەکرێن. لە ئاکام دا تەنیا دەسەڵاتدار دەگۆردرێ و سیستمی سیاسی لە قەوارەدا شکڵی تازە بە خۆی دەگرێ بەڵام لە ناوەرۆک دا وەک خۆی دەمێنێتەوە. لە حالەتێک کە بۆو گۆرانکاریە خوێن درابێ، ئەوانەی گۆرانەکەیان کردوە زۆر زیاتر خۆیان بە خاوەن دەزانن و هەموو بەرهەڵستێک بە خوێن لە بەر پێیان پاک دەکەنەوە.

ئەگەر بە وردی چاو لە ئاکامی ئینقلابێک و ئەوەی دوای ئینقلابەکە روودەدا، بکەین. دەبینێن کە ئەو شێوە گۆڕینی دەسەڵاتە زۆر فەرقی لە گەڵ کوودتا نیە. هەر چەند لە فەرهەنگی سیاسی دا وا باو بووە کە ئینقلاب هەمیشە باش و کوودتا هەمیشە خراپ و مەنفیە، بەڵام ئەگەر بە وردی بچینە ناو ئاکامەکەنی و ئەوەی فورمە سیاسییەی دوایە جێگیر دەبێ، فەرقێکی ئەوتۆ نابیندرێ. زۆر جار لە مێژوودا دیتراوە ئاسەواری خراپ و مەنفی کوودتا بە هۆی تەمەنی کەمی سیاسی ئەوانەی کوودتایان کردووە، لە ئاسەواری مەنفی و خراپی ئینقلاب کەمتر بووە.

لە روانگەی من تەکامول و پێشکەوتی سیاسی لە پرینسیپ و ئاکامدا فەرقێکی ئەوتۆی لە گەڵ تەکامول و پێشکەوتی بیولۆژیکی نیە. هەر دووکیان پێویستیان بە کاتی پێویست، بۆ تەواو کردنی ئەو پێداویستیە ناوخۆییانەیە کە بۆ دروستکردنی شتێکی نوێ لە لە سەربنەمای شتێکی کۆن هەیە.

ئینقلاب و گوڕینی بە کوت و پڕ بە دژی زۆرداری و ناعەداڵەتی، تەنیا وەک چەسپێکە کە لە برینێکی قوڵ دەدرێ، وەک زلەیەکە کە بێ ئاکام تانیا لایەنێک بۆ ماوەیەکی کورت ئارام دەکا. پاش ماوەیەک هەموو شتێک وەک خۆێ و زۆر جار خراپتریش دەبێ.

یەکەم کاری شۆڕشێکی بە ئەنجام گەیشتوو، وێران کردنی تەواوی ئەودامەزراو و دا‌هێنانانەیە کە شۆڕشیان بە دژی کراوە، هەموو شتێک بە باش و خراپ دەبێ وێران بکرێ و شتی تازەی شۆڕشگێران جێی بگرێ، تەنیا شتێک کە دەستی لێنادرێ وبە باشی ئاگاداری لێدەکرێ و تەکمیل دەکرێ، زیندان، سیستمگەلی سیخوڕی و دەزگاکانی سەرکوتگەرە. دیارە ئەوانەش ناو و هێندێک بەرپرسیان دەگۆردرێ، مکانیزمەکە دەمێنێ و کار و ئەرک هەر هی پێشوو.

گرفتێکی گەورەی ئینقلاب ئەوەیە کە پێش لە پرؤسەی گۆڕانکاری ئارام دەگرێ. خاوەنی ئینقلابەکان پێیان وایە ئەوان پڕۆسەی میژوویی رەوتێکیان بە خاڵی کۆتایی گەیاندوو و ئیدی هیچ شتێک پیویست ناکا بکری. هەر حەولێک کە لە چوارچێوە، خەت و قازانجی ئەوان نەبی، بە دژی خۆیان لێکدرێتەوە و سەرکوت دەکرێ. ئەو سەرکوت کردنە بەرهەلستکارێکی گەورە و وێرانگەرە بە دژی رەوتی راستی پێگەیشتنی خەڵکێک.

لە روانگەی منەوە هیچ گۆڕانیکی کوت‌وپڕی سیاسی ناتوانی وڵامدەری پێداویستییەکی سیاسی بێ کە خەلک بە ئامانجێک باش بگەیەنێ، ‌هەموو شۆڕشیک بە خوێنڕشتن بە ئاکام دەگا و هەربە خوێنڕشتنیش پارێزگاری لێ دەکرێ. هیچ گۆڕانکاریەک کە بە خشوونەت و ڕاپەرین بە ئەنجام گەیشتووە ئاکامی دروست و درێژخایەنی موسبەتی نەببوە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Back to top button