لێکۆڵینەوەمێژوویی

خەرابات

“خرابات” لە زمانی ئاخاوتنی فارسی‌دا زیاتر هاومانای مەیخانە، شوێنی رابواردن و جێگایەک دێ کە لە روانگەی زۆربەی فارس زمانەکانەوە لە لایەنی خراپ بۆ کۆمەڵگا جێ دەگرێ. زۆربەی رووناکبیران و زمان ناسانی فارس یان ئەو وشەیە بە ئەنقەست بە هەڵە مانا دەکەن یان بەراستی نازانن چ مانایەکی هەیە، کە ئیحتمالی بە ئەنقەستەکەی زیاترە تا نەزانینەکەی. بۆ وێنە دێهخدا “خرابات” بە “شرابخانە، بوزخانە” مانا دەکا. هیچکام لە زمان ناسە فارسەکان وشەکە ناشکێنن و نایپشکنن تا بزانن پێوەندی شەراب و “خرابات” چییە. وێدەچی پشکنین و لێکدانەوەی ئەو وشەیە وەک هەزاران وشەی دیکەی باو لە زمانی فارسیدا، رەسەن بوون وسەربەخۆ بوونی زمانەکە دەخاتە ژێر پرسیار. دیارە چەند کەسێکیان بە شیوەی تەماوی و ناراستەوخۆ، بە چەشنێک کە زەرەری بۆ وان نەبی کەمێک دەچنە ناو ریشەی وشەکە و مانای دەکەن، بەڵام پێ لە سەر راستیەکە دانانێن.

وشەی “خرابات” کوردی‌یە و لە ئەساسدا وشەی “خۆرئاباد” یان “خۆرئاوا”یە. ئێحسانی تەبەری لە کتێبی (برخی بررسی ها درباره جهان بینی ها و جنبش های اجتماعی در ایران) لەو بارەوە دەنووسێ: می گویند «خرابات» معربی است از «خورآباد». باشە بڵێی ئێحسانی تەبەری نەیزانیبێ خۆرئاوا کوردی‌یە یان پێی خۆش نەبووبێ بڵێ کوردی‌یە.

بەڵام “خرابات” یان “خۆرئاباد” چیە؟

خۆرئاباد شوێنی سوجدە کردنی (معبد) میترائیستەکان (خۆرپەرستان) بووە، ئەوانە لە شوێنێک کە لە هەموو جێگایەک زیاتر هەتاوی تێکەوتبێ ماڵێکیان دروست کردوە، لەوێ خۆیان لە بەر تاو هەڵداوە و شەرابیان خواردۆتەوە. میترائیستەکان پێیان وا بووە کە نان و شەراب گۆشت و خۆێنی هەتاوە. مەسیحێکان نان و شەرابیان وەک زۆر شتی دیکە لە میترائیستەکان کۆپی کردووە. بۆچوون و لێکدانەوەی میترائیستەکان لە سەر نان و شەراب بەو پێیە کە تاوی خۆرسەرچاوەی بەرهەم هێنانی خواردن و ژیانە، زیاتر مەنتقیە تا هی مەسیحێکان. خۆرئاباد زیاتر شوێنی “مۆغ”ەکان بووە. بە رێبەر ئاینێیەکانیان گوتوە “مۆغ’. مۆغەکان یان مۆخەکان لە خۆرئاوایەکان ئاینی رۆژپەرستی‌یان پەرە پێداوە، “پیر خرابات” کە لە زمانی فارسیدا زیاتر وەک کەسی ئالوودە بە شەراب و مەی مانا دەکرێ، ئەو مۆغانە بوون. بە شوێنی ژیانی ئەوانەشیان گوتوە موغان. راستی ئەو بۆ چوونە بە غەزەلی 375 حافزی شیرازی دەسلمێندرێ: درخرابات مغان نور خدا میبینم ، زین عجب بین کە چە نوری ز کجا میبینم.

لێکدانەوە و شیکردنەوەی ئەو وشەیە ئەو بۆچوونە زیاتر بەرەو راستی دەبا کە میترائیسم لەو شوێنەی کە ئێستا کوردی لێ دەژی “داڵاهۆ” سەری هەڵداوە، بۆتە ئاینێنکی جیهانی و شوێنەواری لە سەر ئاینە گەورەکانی ئەوڕۆی دونیا بە تایبەت مەسیحیەت داناوە. ئەو نووسراوە کورتە تەنیا باسێکە لە وشەیی خرابات دەکا و نایەوێ بچێتە ناو باسی میترائیسم و ئاینی رۆژپەرستی.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Back to top button