گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە

نووسینی: گۆران ئەمیری
کۆمەڵێک زانا (بایۆلۆگ، دەروونناس و کۆمەڵناس) پێنج مەیموون بۆ تاقیکاری” گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە” ئەخەنە ناو قەفەسێکی گەورەوەی ڤلزی . لە ناوەڕاستی قەفەسەکەدا پەیژەیەکی درێژ بە دیوارەوە هەڵدەپەسێرن. لە بان ڕەفەی سەر پەیژەکە سەبەتەیەک مۆز دادەنێن . دیارە دەزانین کە مەیمون چەندە حەزی لە مۆزە. هەر جارێک یەکێک لە مەیموونەکان به نيازى خواردنی مۆز بەسەر پەیژەکەدا سەردەکەوت، زاناکان ئاوی زۆر ساردیان بەسەر مەیموونەکانی دیکەدا دەپڕژاند. دوای ئەوەی ئەم کارە چەند پات بۆوە، وای لێدێ هەر کاتێک مەیموونێک لە پلیکانەکان سەردەکەوێت، ئەوانی تر بە تێگڕایی هێرشیان دەکەنەسەر و تێر وپڕیان دەکوتا و شلوکوتیان دەکرد. دوای ماوەیەک سەرەڕای وەسوەسە خواردنی مۆز هیچ مەیموونێک نەیودێرا لە پلیکانەکە سەرکەوێ.
زاناکان بڕیاریان دا یەکێک لە مەیموونەکان لاببەن و لە لەشوێن ئەو مەیموونێکی نوێ دابنێن، یەکەم شت کە ئەم مەیموونە نوێیە کردی، هەوڵی سەرکەوتن بۆسەر پەیژەکە بوو. بەڵام لەلایەن ئەوانی دیکەوە خێرا هێرشی کرا سەر و خووری شۆڕیان کرد!
مەیموونە نوێیەکە دوای ئەوەی چەند جارێک لێیدرا، فێری ئەو ببوو کە لە پلیکانەکان سەرنەکەوێت، هەرچەندە نەیدەزانی بۆچی. پاش قەدەرێک مەیموونێکی دووەم گۆڕدرا و هەمان کردەوە دووپات بووەوە. هەروەها یەکەم مەیموونی نوێ بەشداری لە لێدانی دووەم مەیموونی نوێدا کرد. مەیموونی سێیەم گۆڕدرا و هەمان (لێدان) دووبارە بووەوە. بە هەمان شێوە مەیموونی چوارەم و پێنجەمیش ئاڵوگۆڕ کران. ئەوەی مابوو کۆمەڵێک مەیموونی پێنج کەسی بوون کە سەرەڕای ئەوەی هەرگیز ئاوی سارد بەسەریاندا نەپڕژابوو، بەڵام هەر مەیموونێک ویستبای لە پلیکانەکە سەرکەوێ هەر چوارەکە دیکە لێیان دەدا. ئەگەر کرابا، لە مەیموونەکانت پرسیبات هۆی چییە هەر مەیموونێک کە بە پلیکانەکە سەردەکەوێت لێیدەدرێ؟ وەڵامەکەیان ئەوە دەبوو: نازانم، ئەمە داب و نەریتی ئێمەیە. هەموو کەسێک ئەم کارە دەکات.
ئایا ئەم وەڵامە لای تۆ ئاشنا نییە؟! ئەو تاقیکارییە دەیسەلمێنێت ئەوە جوغرافیا نییە کە وڵاتی جیهانی سێیەم بوون دیاری دەکات…! بەڵکو ئەو جیهانە، خەڵک خۆیان درووستی دەکەن! جیهانی سێیەم شوێن نییە، مرۆڤە. من جیهانی سێیەمم، تۆ جیهانی سێیەمی، جیهانی سێیەم شێوازی بیرکردنەوەی ئێمەیە، نەک ئەو سنوورانەی کە لەناویدا دەژین! جیهانی سێیەم شوێنێکە کە دوعا نووسێک لە پرۆگرامەرێک داهاتی زیاتری هەیە. جیهانی سێیەم شوێنێکە کە لە خەڵکەکەی لەسەر پشمینێک گرنگترین بەرنامەی کاری خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە. داگیرکەرانی کوردستان لە رێگای سەدان بەرنامە و پڕۆژەی ترسناکەوە بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەین شێوازی بیرکردنەوەمان وەک هی ئەو مەیموونانە دەگۆڕن. چار چییە؟