سیاسی

دەستدرێژیەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر زندانیان و ئەرکی ئێمە

لە نووسینی : خەلیل غەزەلی

پاش راپۆرتەکەی بی بی سی جیهانیی لەسەر یادزیندوو «نیکا شاکەرەمی» و سەلماندنی ئەوەی کە چوار جەنایەتکاری حکومەت ، وەک سیاسەتی گشتیی کۆماری ئیسلامی سەرەتا دەسدرێژییان کردوەتە سەری و پاشان زۆر بێڕەحمانە ئەو منداڵەیان کە تەنیا شانزدە ساڵ تەمەنی بوو، کوشتوە، سیمای جەنایەتکارانەی حکومەتی ئیسلامی و یاسا ئیسلامیەکانی ریسواتر لە هەرکاتێک بوە.

حکوومەتی منداڵکوژ و جەنایەتکاری ئیسلامی، دەسدرێژیی بۆ سەر کچان و کوڕانی دیل، بنەمایەکی دینەکەیە و زۆر وەحشیانە دژ بە زۆربەی زۆری لاوانی دیل (کچ و کوڕ)و تەنانەت ژن و پیاوی بەساڵا چوو، رەچاوی کردوە و دەیکات. 

بەداخەوە بەهۆی هێندێک دیاردەی فەرهەنگی و دینی لە کۆمەڵگە ئیسلامی یەکاندا، دیتراوە کەسانێک کە لە زیندانەکان دەسدرێژیان کراوەتە سەر، پاش هاتنەدەر لە زیندان تووشی نەخۆشیی دەروونی هاتون و زۆرجار  بینراوە بەهۆی بەستراوەیی کۆمەڵگە، جورعەتی دەربڕینی ئەو تاوانەی بەسەریان هاتوە، نەبوە و تا ئیستە زۆر کەس خۆیان کوشتوە. لەکاتێکدا قوربانیانی ئەم کار بێ ئەخلاقییەی رژیم، هیچ تاوان یا خەتایەکیان لەمبارەوە نییە و کۆمەڵگە دەرکی ئەو راستیە دەکات و حکوومەت بە بێ ئەخلاق، جەنایەتکار و تاوانبار دەزانێ.

بەداخەوە حکوومەت باش ئاگاداریی شاردنەوەی جەنایەتەکەیە لەلایەن قوربانیەکانەوە. هەر ئەو بێدەنگی و شاردنەوە و باسنەکردنی، بوەتە ئامێرێکی بەهێز لەدەستی جەنایەتکارانی حکوومەت ، تا ئەو رادەیە کە دەسدرێژی بۆ سەر زیندانی وەک وەسیلەیەک بۆ شکان، تەسلیم بوون و وردکردنی زیندانی چاولێدەکەن و بەکاری دێنن. لەکاتێکدا دەبێ بە پێچەوانە بێت و قوربانیان پاش هاتنەدەر لە زیندان دەبێ نەک هەر شەرم نەکەن و خۆیان بەتاوانبار نەزانن، بەڵکوو بە باسکردنی و تەنانەت شکات بردن بۆ ناوەندە جیهانیەکانی مافی مرۆڤ و بە گشتی کردنی لە کۆمەڵگە، هەم کۆمەڵگە لەگەل خۆیان بخەن(کە بێگومان کۆمەڵگە پشتیوانیان دەکات) و هەم  ئەم کارە دزیو و نائینسانیە، کە حکوومەت وەک چەکێک بەدژی تێکۆشەران بەکاری دێنی لە دەستی بسێنن . 

ئەرکێکی هەنووکەیی ئێمە ئەوەیە کە بانگەشەی ئەوە بکەین قوربانیانی دەسدرێژیی حکوومەتی ئێران نابێ لەو بارەوە خۆیان لۆمە بکەن یا شەرمەزار بن. بەڵکوو ئەوە حکومەت و دینەکەیە کە دەبێ شەرمەزار بن. قوربانیانی دەسدرێژییەکانی حکوومەت دەورێکی کاریگەریان دەبێ لە پووچەڵکردنەوەی  ئەو سیاسەتەی حکوومەت کە دەسدرێژیی وەک چەکێکی بەهێز بۆ سەرکوت و دەمکوت  بەکار بێنێ. 

بێگومان پاش رووخانی ئەو حکوومەتە دادگایەکی بێ لایەن بەوردی لەو جەنایەتانە دەکۆڵێتەوە و تاوانباران(زیندوو یا مردوو) دادگایی دەکرێن.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Back to top button