سیاسیلێکۆڵینەوە

رووداوەکەی ئوسلۆ، بێ هەڵوێستی کوردانی دانیشتووی نوروێژ

رووداوەکەی ئەم دوایانەی ئوسلۆ پێتەختی نوروێژ کە پیاوێکی کورد لە کردەوەیەک دا بە چەک هێرشی بردە سەر مەیخانەیەک و دوو کەسی کوشت و ژمارێکی بریندارکرد(کە پۆلیسی ئەو وڵاتە بە کردەوەیەکی تێرۆریستیی شوبهاندوە)، گەرچی بەگشتی دەنگدانەوەی جیهانیی لێکەوتەوە و بەشێوەیەکی بەرین مەحکووم کرا، بەڵام دەبوو ئێمەی کورد ، بەتایبەت کوردانی دانیشتووی نوروێژ لەئاستیدا هەستیار تر و چالاکتر بوایەن. کە بەداخەوە وانەبوو. ئەوەش کەمتەرخەمی و خەمساردی ئێمە لە ئاسات ئەو شێوە رووداوانە یا هەر رووداوێک نیشان دەدات کە بەشێوەیەک پێوەندیان بەئێمەی کوردەوە هەیە.

وەک دیتمان دەوڵەتی نوروێژ و میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە دەسبەجێ و بە گەورەکردنەوەی رووداوەکە و بە تێرۆریستی ناسینی، پڕوپاگەندەیەکی گەورەیان وەڕێ خست و لەوەش زیاتر بە هێنانی ناوی تاوانبار و رەچەڵەکی(کورد بوون)شێوەیەک سەمپاشی یان دژی بیانی (بەتایبەت کورد) وەڕێخست. کە بێگومان کاریگەریی خراپ لەسەر بیروای گشتیی ئەو وڵاتە و بگرە وڵاتانی دیکەش لە ئاست کورد دادەنێ و، هاوکات کوردی لەو وڵاتە کردە مەبەستێک بۆ پەلاماری ڕاسیستەکان و، بەگشتی ڕاستی بناژۆ. کە بێگومان دەوڵەت و میدیای ئەو وڵاتە شەریکی هەر تاوانێک دەبن کە لە داهاتوودا ڕاستی بناژۆ دژی کوردان ئەنجامی بدەن.

ئەم پڕوپاگەندە گەورەیە وەها بوو کە منی دانیشتووی ولاتێکی دیکە هەستم بە مەترسیەکەی کرد. لەبەر ئەوە کاتێک وەک رۆژنامەوانێک، چاوم لە ڕابردووی هێرشی لەو چەشنە لە وڵاتی نوروێژ کرد، دیتم لە هیچکام لە نموونەکانی دیکەدا وەها پڕوپاگەندەی ڕێکخراو و ئامانجدار وەڕێ نەکەوتووە. بۆ نموونە کاتێک لە ژووئیەی ساڵی ٢٠١١ کەسێکی ڕاست ئاژۆ بەناوی “ئاندرس برینگ برویک” (ئەگەر ناوەکە ڕاست نیس، تکایە ئاگادارم بکەن) بە بومب و چەک سەرەتا لە ئوسلو و پاشان دوورگەی “ئوتئیا” ٧٧ کەس( کە زۆرینەیان منداڵ بوون و تەنانەت منداڵی بەڕەچەڵەک کوردی‌یشیان تێدابوو) کوشت و زیاد لە ٣١٠ ی دیکەی بریندار کرد. یا ئەوەی ساڵی ٢٠١٩ لومپەنێکی ڕاستی ئیفراتی ، سەرەتا خوشکی خۆی کوشت و پاشان لەبەر دەرکی مزگەوتێک تەقەی لەخەڵک کرد و ژمارێکی بریندار کرد، خەبەرەکانی میدیایی لە سەر ئەو رووداوە نیشاندەدەن کە نە دەوڵەتی ئەو وڵاتە(نوروێژ) وەها خەست و خۆڵ رووداوەکەیان خستە ژێر پڕوپاگەندە و نە میدیاش ئەوەندەی ئەمجارە “نەفرەت پەراکەنی” کرد. بەڵام دەبینین بەداخەوە لە ئاست ئەم ڕاستیانە ، کوردانی دانیشتووی نوروێژ (بە رێکخراو و ناوەند و تاکەوە)دژکردەوەیەکی گونجاویان نەبوو. کە ئەمە جێگەی رخنەی منە، بەم هۆیانەی خوارەوە:

با سەرەتا ئەوە بڵێم ئێمەی کورد وەک چۆن لە ناوخۆ چۆن پرش و بڵاوین لە دەرەوەش هەرواین. ئێمە لە دەرەوە دەیان و سەدان و بگرە هەزاران چالاک و تێکۆشەرمان( بێجگە لە حیزبەکان) هەیە. کە زۆرێکیان سیاسیکار و کادری پێشکەوتووی حیزبی و تەنانەت لیدر و بەناوبانگ بوون. بەڵام نەدیترا کە ئەم حەشیمەتە زۆرە بە ئەرکی خۆیان هەستن و کارێکی جەمعی بکەن. کە هۆکاری سەرەکیی هەمان پرش و بڵاویە کە پێشتر ئیشارەی پێکرا.

هەر ئەوەشە کە دیسان بەداخەوە لە هیچ وڵاتێک ناوەند یا کۆڕ و کۆمەڵێکمان نییە تا لە ئەگەری روودانی کردەوەیەکی وا، وێڕای دەربڕینی ڕای کوردانی ئەو وڵاتە، هاوکات داکۆکیکاری مافی خۆیان بن.ئەڵبەت جیا لە یەک مەورد کە پاشتر ئیشارەی پێدەکەم.

بۆ نموونە گەر لە نوروێژ ناوەندێکی چالاکانی کورد هەبوایە، حەتمەن وێڕای مەحکووم کردنی کردەوەی ئەو تاوانبارە، هاوکات ئیعترازی بەو لافاوە پروپاگەندە دژی کورد دەکرد و ڕایدەگەیاند کە ئەمە رووداوێکە کەلە هەر وڵات و لە ناو هەر نەتەوەیەک دا ئەگەری روودانی هەیە. وەک تا ئیستە لە هەموو شوێنێکی جیهان روویداوە و کوردیش لەم ڕاستی جیا نییە. بۆیە ناکرێ بۆ رووداوێک نەتەوەیەک تاوانبار یا تەحقیر بکرێ.

دەزانم ئیستە کەسانێک هەن دەڵێن ناوەند و رێکخراو و شتی لەو بابەتە هەن. منیش دەزانم هەن بەڵام وەک هەموو دەزانین یا سەربە حیزبەکانن یا ناوەندهایەکی بوروکراتیک یا کاڵ و کرچن کە گرتنی سوب سیدی مەبەستی سەرەکیانە و تەنیا بۆ جەژن وەڕێ خستن جار جار چالاکن و وەکی دیکە پاسیڤ و بێ کەڵک. لە کاتێکدا کورد پێویستی بە ناوەندی چالاکە. چالاک لە هەموو بوارێکدا، و کاتێک بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە گۆڕێدایە، بێ هێچ سڵکردنێک بۆ مافخوازی بێتە مەیدان. بۆ نموونە گەر ناوەندێکی ئەوتۆ لە نوروێژ هەبویایە تا ئیستە نامەی سەرئاواڵەی بۆ پارلەمان، سەرەک وەزیر و میدیاکان دەنارد و وێڕای مەحکووم کردنی رووداوەکە و داوادی دادگایی و سزای تاوانبار، بەهەر چەشنە ئەهانەتێک بە کورد بەگشتی و بەتایبەت بە ڕاگەیاندنی رەچەڵەکی تاوانبارئیعترازی دەکرد. من تا ئیستە حەرەکەتێکی وام نەدیوە. بەڵام ژمارێکی زۆر کامنت و پۆستی فەیسبووکی تاکەکەسیم لە سوسیال میدیا دیوە کە گەرچی ژمارێکیان باش و بەکەڵک بوون، بەڵام کارگەریەکی ئەوتۆیانلە ئاستی کۆمەڵگە و سوسیال میدیادا نەبوە.

بەباوەڕی من رێکخراو و ناوەندە کلتوریەکان توانا و زەرفیەتی ئەوکارەی کە ئاماژەم پێکرد یان نییە. هەروەها حیزبەکانیش کاری کۆمەڵایەتی و کاری موداخلەگەرانەی داکۆکی لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی بە ئەرکی خۆیان نازانن. لێرەدا دەمێنێتەوە چالاکانی تاک، کە سەربەخۆن و بەرژەوەندیی نەتەوەیی و دادپەروەریی مشووری سەرەکیانە.ئەم کەسانە کە هەموومان دەزانین لە هەر وڵاتێکی ئورووپایی یا ئامریکا ، کانادا و ئوسترالیا دەیان و سەدان چالاکی وامان هەیە، گەر هەر ئیستە ناوەندێکی سەربەخۆی چالاکانی سیاسییان هەبوایە ، بە دڵنیاییەوە دەیتوانی وەک دەنگی کوردانی دانیشتووی نوروێژ بێتە مەیدان و هەم روانگەی کوردانی لە مەحکووم کردنی ئەو کردەوە جەنایەتکارانە بە ئاگاداریی بیروڕای گشتی و دەوڵەتی نوروێژ بگەیاندای، هەمیش پێشی بە هەلپەرستی و پروپاگەندەی مەنفی دژی نەتەوەی کورد دەگرت. بۆیە پێکهاتنی ناوەندێک لە چالاکانی سەربەخۆ لە دەرەوە پێویستیی ئیمڕۆی خەباتی نەتەوەکەمانە لە دەرەوەی وڵات ،جا چ بەشێوەی لۆکاڵ واتا لە هەر وڵاتێک، یا کۆبەندێکی گشتی بەشێوەی مەجازی ، کە لە ئەگەری هەر رووداو یا کێشە و مەسەلەیەک دا بتوانێ دەنگی ژمارێکی زۆر لە تێکۆشەرانی کورد بێ. ئەمە لە کاتێکدا گرنگە کە دەزانین حیزبە سیاسی‌یەکان بەداخەوە بەهۆی ئەو هەلومەرجەی تێدان و هەروەها هێندێک جار هەلپرستانە لە کاتە پێویستەکاندا یا جورعەتی هەڵوێست گرتنیان نییە، یا کاسپکارانە دڕواننە پرسە جۆربەجۆرەکان و لە سوێنگەی بەرژەوەندی خۆیانەوە (نەک بەرژەوەندیی گشتی) هەڵوێست دەنوێنن، یا بێدەدنگی هەڵدەبژێرن. ئێمە دەتوانین بە لەدەوری یەک کۆبوونەوەمان و بەرپرسانە هەڵوێست گرتن لە ئاست ڕووداوەکان، هەم بۆشایی بێ‌هەڵوێستیی حیزبەکان پڕ بکەینەوە هەم فەزای سیاسیی پرسی کورد لەو بێ عەمەلی و پاسیڤ بوونە بێنینە دەر

ماوەیەکە ناوەندێکی ئەوتۆ لە فەرانسە هەیە، ئەگەرچی ژمارێکی زۆری هاونیشتمانیی لەدەوری کۆ نەبوونەتەوە، بەڵام دیسانیش لە چەند ساڵی ڕابردوو، توانیویە هەنگاوی دروست و بە کەڵک لە بەرژەوەندیی کوردانی دانیشتووی فەرانسە و پرسی کورد بەگشتی هەڵگرێ.

من لەمبارەوە بەردەوام دەبم

پووشپەڕی ٢٠٢٢

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Back to top button