ئەدبیاتشێعرکلاسیک

تەنگانەی دڵی من – ئاشق

تاکوو دەمرم چاوەڕێم ئەو ڕۆژە ڕۆژێ بێــــــــــــــــــتەوە

دەرفەتی دیداری تۆم جارێکی بۆ بلــــــــــــــــــــــــــوێتەوە

دوور لە تۆ هەر دەم گرێیەک کەوتە سەر بەندی دڵم

ئەو گرێکوێرە بە دەستـــــــــــــــــــی تۆ نەبێ ناکرێتەوە

حەسرەتی ئەو دەرفەتەی هەڵکەوت و سوودم لێ‌نەدی

بۆتە داغی سەر دڵ و دەمنادەمێ دەکولێتـــــــــــــــــەوە.

من وەدووی چووان ناکەوم، ئەممـــــــا لەبیرمە ڕۆژەکەی

خۆت گوتت هەل گەر لە دەست چوو، تازە ناڕەخسێتەوە

دەردی دووری و هەڵوەدابوونـمت چلۆن بۆ باس بکەم؟

جارێ لێفەی سەر هەتیــــــــوان نابـــــــێ هەڵ‌بدرێتەوە

 زۆر لەمێژە قەولی ماچێکــــــــــــــــت بە من داوە و منیش

پێی‌دەژیم، چونکە دەزانـــــــــــــــم قەرزی کۆن دەدرێتەوە

کاتێ هاتی لێم‌گەڕێ بمــــــــــــــــــــژم خوناوەی گەردنت

ئارەقی خۆش گــــــــــــیانەکەم ڕۆژێکی وا دەخورێتەوە

بیستبووم تەنگانە بەریان کورتـــــــە هەر دێن و دەڕۆن

سەیرە تەنــــــــــــــــگانەی دڵی من بۆچی قەت نابڕێتەوە

 رۆژ نیە سەد جار لە سوێی چارەم قەلی ڕەش دەرنەکەم

دێتەوە و هەر جار خراپــــــــــــــــــتر سەرلە نوێ دەقڕێتەوە

من هەمیشە خۆشەویستیم چاند و نەفرەت هاتــــــــــە ڕێم

کێ بوو پێی‌وابوو مرۆڤ چیی چاند، ئەوەی دەدروێتەوە؟

کاتی فەرحانی پڕی دۆستە هەموو دەوروبـــــــــــــــــــــــەرم

ڕۆژی تەنگانــــــــــــــــــــەم بە تووتووش یارێ نادۆزرێتەوە

فیلمی مێژووی من پڕی ناکامیی دوای ســــــەرکەوتنە

بۆدەبێ دەم‌نادەمـــــــــێ ئەو فیــــــــــــلمە لێ‌بدرێتەوە ؟

زۆرکەڕەت خۆم بوومە چقڵ و چوومـە نێوچاوانی خۆم 

کێم هەیە بێجگە لە خۆم ئەو چقــــــــــــــڵەدەربێنێتەوە؟

کێ بە بــــــیری دا دێ یاران باغــــــــــــــەوانی وا هەبێ
دەست بداتــــــــــە  تەور و داری باغی خۆی ببڕێتەوە؟


من گوڵۆڵەم کەوتە لێژی و داوی ڕێ ئاڵۆزە لێــــــــــــــــم

کوانێ ڕێنیـــــــــــــــــــــــشاندەرێ ئەو داوە هەڵوێزنێتەوە

سوود و قازانج پێشکەشی بەختی خەواڵوم بێ ئەگەر

هەر بە سەر من دا ئەوەی دەرد و خەمە نەشکــێتەوە

من ئەوا سفرەی دڵم بۆ دڵبەسۆزان کــــــــــــــــــــــــردەوە

دڵنیام پەیڤم بە بێ‌هیـــــــــــــــــــــــوایی لێک‌نادرێتەوە

زایەڵەی هاواری من ناناســــــــــێ چوارچێوە و سنوور

بیری شاعیر وەک مەلی ئازادە، نابەســــــــــــــرێتەوە

بۆتە ئاگردان دڵی “ئاشق”، بڵێـــــسە و مەشخەڵی،

هێندە بەرزە، گەردەلوولیش بێ، ئیتر ناکوژێتەوە

ڕێگە دژوارە، بەڵام ئاســــــــــــــــــۆی هومێدم ون نیە

کوردم و کوردیش بە زەبری ڕۆژگار ناتوێتــــــــــــەوە

بەهاری ٢٠١٧

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Check Also
Close
Back to top button