‌هیوا گوڵ محەممەدی

  • هیوا گوڵ محەممەدی لە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی (١٩٦٧ی زایینی) لە گوندی تەنگیوەر کە دەکەوێتە دەروازەی کێوی شاهۆ لە ناوچەی بێڵەواری سەر بە شاری کامیاران (لە نێوان کرماشان و سنە) لە دایک بووە.
  • لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستی بە خوێندن کردووە و تا قۆناغی دووەمی ناوەندی درێژەی بە خوێندن داوە. لە ساڵی ١٣٦٠ و لە تەمەنی چواردە ساڵیدا چووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی بێستون و کۆمیتەی شارستانی کرماشان. لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا، سەردانی زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی کردووە؛ لەوانە: قەسری شیرین، سەرپێڵ، جوانڕۆ، پاوە، کرماشان، کامیاران، سنە، مەریوان، دیواندەرە، بانە، سەقز، سەردەشت، پیرانشار، بۆکان و مەهاباد. جگە لە هێزی بێستون و کۆمیتەی کرماشان، لە ناوەندی ئاژوان و مەڵبەندەکانی دوو و یەکیشدا خزمەتی پێشمەرگایەتی کردووە.
  • لە ساڵی ١٩٩٠دا، لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی لە ڕیزەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ) وازیان لە پێشمەرگایەتی هێناوە و پەنایان بردووەتە بەر ڕێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە عێراق. دوای نزیکەی دوو ساڵ چاوەڕوانی، لە لایەن وڵاتی سویدەوە وەک پەنابەری سیاسی وەرگیراون و لە ١٢ی مانگی ٢ی ساڵی ١٩٩٢ گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
  • لە سوید لە دوو قۆناغدا درێژەی بە خوێندن داوەتەوە. هاوکات لە کۆمەڵە کولتوورییە کوردییەکانی سەر بە فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی سویددا چالاک بووە. لە ساڵی ١٩٩٤دا بە هاوکاریی کۆمەڵەی کولتووریی کورد لە یەکێک لە شارەکانی سوید، بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنییان پێشکەش کردووە کە تێیدا وەک پێشکەشکار کاری کردووە.
  • چالاکی و بەرپرسیارێتییە سیاسی و ڕاگەیاندنییەکان:
  • ١٩٩٥: بووەتە ئەندامی کۆمیتەی دامەزرێنەری «مەد تیڤی» لە سکاندیناڤیا و هاوکارییان بۆ دەستپێکردنی ئەو کەناڵە تەلەڤزیۆنییە ئاسمانییە کۆکردووەتەوە.
  • ١٩٩٦: لە دامەزرێنەرانی «ئەنستیتۆی کورد» بووە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، و تا ساڵی ٢٠١٥ وەک ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی ئەو دامەزراوەیە کاریکردووە.
  • ١٩٩٩: ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری دامەزراندنی «کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان» بووە، و لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ تا ٢٠١٢ لە سێ خولدا ئەندامی ئەو ناوەندە بووە.
  • ٢٠٠٧ - ٢٠١١: ئەندامی دامەزرێنەری «نەورۆز تیڤی» بووە و تا ساڵی ٢٠١١ وەک پێشکەشکار کاری تێدا کردووە.
  • ٢٠١٩ - ٢٠٢٣: لە کەناڵی «ئاریەن تیڤی» وەک پێشکەشکار کاری کردووە.
  • لە ڕووی نووسین و ڕۆژنامەگەرییەوە، لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ساڵی ٢٠١٥ بە شێوەیەکی بەردەوام بابەتی جۆراوجۆری بۆ ژمارەیەک ڕۆژنامە، گۆڤار و ماڵپەڕی ئینتەرنێتی نووسیوە. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٧دا چل بەش لە بیرەوەرییەکانی سەردەمی پێشمەرگایەتیی خۆی بە ناونیشانی «ئەو ڕۆژانەی شانازییان پێوە دەکەم» لە سایتی ڕاستییەکاندا بڵاو کردووەتەوە.
Back to top button