
نووسینی: ئەحمەد مەحموود
وەرگێڕ: سەلاح گادانی
پێشەکی چاپی دووەم
بە شانازی و دڵخۆشییەکی بێوێنەوە، چاپی دووەمی وەرگێڕانی ڕۆمانی “دراوسێکان”تان پێشکەش دەکەم. ئەم بەرهەمە ئەدەبییە مەزنە، وێنەیەکی ڕاستەقینە و وردی کۆمەڵگای ئێرانی پەنجاکانی سەدەی بیستەم دەخاتە بەرچاو، سەردەمێک کە خەباتی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی شا و هەوڵی خۆماڵیکردنی نەوت تێیدا گەیشتە لووتکە.
ڕۆمانی بەناوبانگی “دراوسێکان”ی ئەحمەد مەحموود، لە چەند دەیەی ڕابردوودا، وەک گەوهەرێکی درەوشاوە لە ئەدەبیاتی هاوچەرخی ئێراندا، پێگەیەکی بەرزی لە دڵی خوێنەراندا دەستەبەر کردووە. تا ئێستاش ڕووداوەکان و شێوازە تایبەتییەکەی گێڕانەوەی نووسەر، لە بیر و زەینی خوێنەران دا وەک نەخشێکی زیندوو ماوەتەوە.
“دراوسێکان” بۆ زۆرێک لە خوێنەران، ئاوێنەی بیرەوەریی خەباتی نهێنیی دژی شا و یادەوەری ئەشکەنجە و ئازارەکانی بەندیخانەکانی ساواکە.
بارودۆخی کۆمەڵایەتی کوردستان جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ پارچەکانی دیکەی ئێران نەبوو. ژیانی تاڵی بەندیخانە و ئەشکەنجەی لاوانی کورد لەو سەردەمەدا، ئەگەر خراپتر نەبووبێت، باشتر نەبووە. من خۆم شایەتحاڵی زیندووی هەردوو لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو سەردەمە بووم و لە ناخی ئەو ڕووداوانەدا ژیاوم. ئەزموونی تەمەنم لەو بەستێنەدا هانی دام ئەم ڕۆمانە گشتگیرە هەڵبژێرم و وەک ئاوێنەیەکی مێژوویی پێشکەشی خوێنەری کوردی بکەم.
وەک وەرگێڕ، بە هەستێکی بەرپرسیارانە و دڵسۆزییەکی قووڵەوە، هەوڵم داوە وەسفە زیندووەکانی کتێبەکە لەبارەی کۆمەڵگا و ژیانی ئەو سەردەمە، کە لە زۆر ڕووەوە هاوشێوەی ژیانی گشتیی کۆمەڵی ئێرانی بوو، بە جوانترین شێوە بگوازمەوە سەرشیوە ئاخاوتنی ساکار و ڕۆژانەی زمانی کوردی لە ژێنگەیەکی کوردەواریدا. مەبەستم بووە لە ڕێگەی ئەم وەرگێڕانەوە، پەنجەرەیەک بکەمەوە بۆ تێڕوانینی قووڵتر لەم بەشە گرنگەی مێژووی خەبات.
ئەم چاپە دووەمە، بە هۆی هاوکاری و پشتیوانی زۆر کەسەوە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە. دەمەوێت سوپاسێکی تایبەت ئاڕاستەی هەموو ئەو کەسانە بکەم کە دەقەکەیان پێداچوونەوە بۆ کردووە و سەرنجی بەنرخیان پێشکەش کردووە.
ئازیزانم، وردبینی و تێبینییە بەسوودەکانتان، بەهایەکی گەورەی هەبووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی وەرگێڕانەکەدا. بەبێ بەشداری و پشتیوانی ئێوە، ئەم چاپە نەیدەتوانی بگاتە ئەم ئاستە لە وردی و ڕەوانی.
ئەو پێشوازییە گەرم و پڕ سۆزەی لە دەروەی وڵات لە چاپی یەکەم کرا و ئەو داواکارییە بەردەوامانەی خوێنەران لە ناوخۆی وڵات، بۆ دەستخستنی کتێبەکە، بوونە هاندەرێکی بەهێز بۆ ئامادەکردنی چاپی دووەم بە شێوەیەکی پوختتر و دەوڵەمەندتر. ئەمەش سەلـماندی کە خوێنەری کورد تینووی خوێندنەوەی ئەو جۆرە بەرهەمە ئەدەبییانەیە کە مێژووی هاوبەشی گەلانی ناوچەکە دەگێڕنەوە.
هیوادارم ئەم چاپەی بەردەستیشتان، هاوشێوەی چاپی یەکەم، کاریگەریی خۆی لەسەر خوێنەران دابنێت و پردێک بێت بۆ وردبوونەوە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و هەروها تێگەیشتنی قووڵتر لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد.
لە ساڵی ڕابوردوودا، ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەران بە نووسراوە، بە تەلەفۆن و یان چاوپێکەوتندا بۆچوونی هاندەرانە و پێشنیاری کارامە و جوانیان دەگەڵ باس کردووم کە سوپاسی پشتگیری و دڵسۆزییان دەکەم. لەو نێوە دا خاوەن بیران و جواننووسان خاتوون شەهلا دەباغی، کاک بێژەن قارەمانی و کاک کەماڵ گروێسی دوای پێناسەیەکی جوان لەسەر کتێبی دراوسێکان و هەروەها نووسەری بەناوبانگ ئەحمەد مەحموود، ئاوڕێکیان لە هونەری وەرگیڕان داوەتەوە و کاری وەرگێڕانەکەی منیان شەنوکەو کردووە، هەڵسەنگاندووە و بە وشە و ڕستەی جوان خەڵاتیان کردووم، کە لێرەدا دەگەڵ سوپاس و پێزانیم، ئەوەی وا پەیوەندی بە کاری وەرگیڕانی منەوە هەیە وەک خۆی دەهێنمە بەر دیدەی ئێوە خوێنەری بەڕێز.
وەرگێڕ سەلاح گادانی
مانگی گوڵانی ٢٧٢٥، مەی ٢٠٢٥ی زایینی
شەهلا دەباغی:
…. جیاوازییەکی گرینگ هەیە لەنێوان وەرگێرانی دەقێکی ئەدەبی و وەرگێڕانی دیکە بۆ وێنە دووبلاژی فیلم، ماتریالی کار، پرسی یاسایی و ئیداری و ڕێکلام و هتد. لە وەرگێڕانی دەقێکی ئەدەبێدا دەبێ پەیوەندییە هونەرییەکە و دەق ببینییەوە و وەرگێڕ سەروکاری لەگەڵ جوانناسییە بەجۆرێک کە بتوانی کارەکتەرەکان، کەش و ڕووحی ناو دەقەکە بگوازیتەوە. وەرگێڕانی باش بە وەرگێڕانی وشە بە وشە ناکرێ، بەڵکوو دەبێ ڕووحی ناو دەقەکە بە قووڵی بناسی و بیگوازیتەوە. دەبێ پێکهاتەی زمانی هەوەڵ و زمانی دووهەم، سینتاکس، ستایل، شێوەنووسین، وێژە، وشە هاوتەریبەکان و هاوماناکان، مانای وشەکان و مێژوو بناسی. وشەکان دەبێ دەقیق بن و لەجێی خۆیاندا بەکاریان بێنی و لەناو ڕستە و ڕیتمی باس و پاڕاگرافدا دروست کەڵکیان لێ وەرگیرابێ.
وەرگێڕان کارێکی مێکانیکیی وشە ڕیزکردن نییە بەڵکوو کارێکی داهێنەرانە و ئافراندنەوەی دووبارەیە بەڵام نەک بە قیمەتی فەوتانی دەقی سەرەکی، بەڵکوو بە ئەمانەتداری لەبەرامبەر ئەودا.
مامۆستا سەلاح گادانی “همسایەها”ی لە فارسی وەرگێڕاوەتە سەر کوردی. بەڵام چ وەرگێڕان و چ کوردییەک؟ کوردییەک کە تۆ پێتوانێ ڕۆمانەکە وەرگێڕانە. ڕستەکان و ئێدیۆمەکان بەشێوەیەکی ئەفسووناوی دەقیق و زەریف و جوانناسانەن. کوردییەک کە هێندە دەوڵەمەندە، هێندە ڕەختە و پۆشتەیە کە نە تەنیا شاهیدی بۆ دەوڵەمەندیی زمانی کوردی دەدا، بەڵکوو توانایی خودی وەرگێڕ سەرسامت دەکا. کوردییەک کە هێندە شارەزایانە کەڵکی لێ وەرگیراوە کە دەتوانی لە ڕیزی ستاندارد دایبنێی (ئەگەر ڕۆژێک زمانی ستانداردمان هەبێ) کوردییەک کە هاوکات زمانێکی ئەدەبی بەرز، شاز و واڵایە، خوش ئاهەنگ و خۆشتەنینە. لە هیچ کوێ هەست ناکەی ئەم ڕۆمانە لەنگەی دەکا. هاوکات چونکە وەرگێڕ ئاشنای کۆدەقەکانی مێژوویی و کۆمەڵایەتی ئەو کاتەیە کە ڕووداوەکانی تێدا ڕووداوە، و وەرگێڕ هەردووک زمان و ڕووحی زمانەکان بە چاکی دەناسێ، دەقە کوردییەکە لەگەڵ زمانی یەکەمی ڕۆمانەکە پێکەوە بە شێوەیەکی سروشتی و هاوکات پڕۆفێشونال سەما دەکەن. من پێموایە زمانە کوردییەکەی مامۆستا سەلاح گادانی ئەگەر هاوشانی زمانی مامۆستا هەژار و شێرکۆ هەژار نەبێ، و ئەگەر پڕوفێشونالیتی وەرگێڕانەکەی لە ڕیزی وەرگێڕە گەورەکانی کورد وەک ماموستایان عەزیز گەردی، شکوور مستەفا، مامۆستا حەسەنزادە نەبێ (وە زۆریتر کە ئێستا لەسەر هۆش نیم و لێرە تەنیا باسی وەرگێڕانی دەقی ئەدەبییە نەک وەرگێڕانی دیکە)، ئەوە کەمتر نییە. زمانێک کە خوێنەر بە دنیای پڕ لە ڕووداوی “دراوسێکان”دا دەبا و چێژی قووڵی خوێندنەوەت پێ دەبەخشێ. چێژێک کە چاوەڕوانت دەکا ئاخۆ مامۆستا گادانی لەداهاتوودا دەست بۆ کام ڕۆمانی گرینگی دیکە دەبا. بەڕاستی دەست خۆش مامۆستا سەلاح گیان.
شەهلا دەباغی، ستۆکهۆڵم مانگی مارسی 2024
بیژەن قارەمانی:
… بەم کۆرتە پێشینە و پێشەکییە لە ڕۆمانەکە و نووسەری ڕۆمان “ئەحمەد مەحموود”، کاک سەلاح گادانی هەستاوە بە وەرگێڕانی همسایەهای ئەحمەد مەحموود بە ناوی دراوسێکان ئەوەش چوارمین کار و بەرهەمی وەرگێڕانی بەڕێز کاک سەلاح گادانییە لە دوای دادە سوورێ و ئۆسکار، میسیۆ برایم و گوڵەکانی ناو قورعانەکەی و وینستۆن چرچیل ـ ساڤرولا،نورە گەیشتە درواسێکان
وەک جێژنانە و دیاریی سەری ساڵ لە وشەخانەی ٤٩ کتێب سەربڕانە و گوێزەبانەی بۆ کتێبخانەی کوردی بڕا و نێودێر کرا.
کاک سەلاح لە دایکبووی موکریان لە بنەماڵەیەکی سیاسی و شۆڕشگێر و ناسراوی ناو شۆڕشە، خۆی پێشمەرگە بووە شارەزاییەکی باشی زمانی کوردییە و پەنجەیان بە بنەماڵەوە بەسەر زۆر قوناغی شۆڕش و بزوتنەوەی کورد و کوردستانەوە دیارە و ئێستاش نەسڵیکی تازەیان هەر لە مەیدانن.
ژینگەی نووسینی ڕۆمان و داستانی دراوسێکانی ئەحمەد مەحموود لەگەڵ ژینگە و ژیانی وەرگێڕ و بنەماڵەکەی “سەلاح گادانی” تێکەڵییان بە سیاسەت، پڕە لە خاڵی هاوبەش تا ئەم ویستگە کە ئەو ڕۆمانە ئەدەبی ڕئالیستەی فارس، کوردی نووسێکی فارسی زمان بە دەستی کوردێکی کوردی نووسی کوردی زان، دەکرێتە کوردی. هەر دوو کوردن، یەکێکیان کوردێکە کە کوردی نازانێت، دووهەمیان کوردی نووس و زانای کوردییە، ڕەنگە لە خوێندنەوەی کتێبەکەدا سەر لەو ڕازە دەرهێنین کە وەرگێڕ سەلاح گادانی، چی لە دروسێکان دا دیوەتەوە، ئێمە لێی بێخەبەرین!؟
ئەو نەتەوانەی دەنووسنەوە، دەخوێننەوە و ڕۆمان و چیرۆکەکان دەگێڕنەوە، یان بەرهەمە ناوازەکان بە زمانی دایک وەردەگێڕنەوە، لە پیشکەوتنی کۆمەڵگاکەیان جێگای تایبەتیان هەیە.
وێڕای دەستخۆشی لە هاوڕێ. برای گەورە و مامۆستای هێژام کاک سەلاح گادانی پیرۆزبایی ئەو کارە بەنرخە لە بەڕێزیان، پیرۆزباییەکیش لە کورد، لە کتێبخانەی کوردی کە کاک سەلاح گادانی شاباش و جێژنانە نەورۆزانەی بە خەڵات و بە دیاریی بۆ هێناوە …
سپاسێکیش بۆ وەشانخانەی ٤٩ کتێب کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا دەورێکی باشی گێڕاوە و ئەرکێکی قورسی گرتۆتە ئەستۆ لە چاپ و بڵاوکردنەوەی باشترینەکان ….
کاک سەلاح گادانی خەرمانی خامەت بەرەکەتدار بێ.
بیژەن قارەمانی
خاکەلێوەی ٢٧٢٤ ستۆکهۆلـمکەماڵ گروێسی:
… وەرگێڕانی کوردیی داستانەکە هێندە شیرن و رێک و بێ گرێ و گۆڵە هەست ناکەی زمانی سەرەکی داستانەکە فارسی بووە. ئەوەش بە هۆی ئەو زمانە پاراو و جوانەی کاک سەلاحی گادانی یە کە چێژێکی تایبەتی داوە بە کتێبەکە، مرۆڤ دەگەڵ یەک بە یەکی کەسانی باسکراوی ناو داستانەکە وەها تێکەڵ دەبێ هەر دەڵێی لە کۆنەوە ناسیاوتن و دەگەڵیان هامووشۆت هەبووە. زۆر وشەی کۆنی کوردی رووحیان وەبەر هاتووەتەوە، زمانی داستانەکە رێک ڕاوێژی رۆژانەی خەڵکی کوردستانە و ئەوەش چێژێکی تایبەتی داوەتە داستانەکە. دەستی کاک سەلاح گادانی خۆش بێ بۆ ئەو وەرگێڕانە باش و بە چێژەی، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم و سپاسی دەکەم بە کتێبێک ئەو برا بچووکەی خۆی باربوو کردووە.
کەماڵ گروێسی
سەرماوەزی ٢٧٢٤
بەشی یەک
دیسان زیڕژنی بلوور خانم حەوشە و دەرکوبانی تەنی، ئەماناغا قایشە پانە چەرمەکەی لە شەڵوارەکەی دەرکێشاوە و کەوتۆتە گیانی. خۆر هێشتا گزنگی نەداوە. بە هەشتاو لە ناو جێگەوبانەکەم دەردەپەڕم و لە ژوورەکەم وەدەردەکەوم. دایکم تازە کتری لەسەر عەلادین داناوە. تاریک و ڕوونی بەیانییە. ساردە.
هات و هاواری بلوور خانم حەوشەی پڕ کردووە. دەناڵێنێت و جنێوان دەدات. مردوو و زیندووی ئەماناغای هێناوەتە گۆڕێ. لەپڕێک دەرگای ژوورەکەیان دەکرێتەوە و بلوور خانم فڕێدەدرێتە دەرێ. چەند دراوسێیەک لەبەر دەرگای وەتاغەکانیان وەستاون و دەستیان خستۆتە بنهەنگڵیان. هەموو گیانی بلوور خانم بەدیارەوەیە. بێگومان دیسان دەرپێی دەبەر نەکردووە. جارێک کە لە کۆترخانە بووم، بەڕێکەوت گوێم لێبوو، بە ژنەکانی گوت:
پزووی دەرپێ لەسەر بەروسمت شوێنی دەمێنێ، ناشیرنە، تازە ئاواش ژن لە دەستان خۆشتر و حازر بەدەستترە.
ئەماناغا لە ژوورێڕا هێرش دەکاتە سەر بلوور خانم و دەیکوتێ.
من حەوزی قەوزە گرتووی ناوەڕاستی حەسارێ دەور دەدەم و دەچم لە تەنیشت کۆترخانەکە ڕادەوەستم، سەیری بلوور خانم دەکەم کە چۆن تووک و دوعایان دەکات و لەژێر لێدان و پێداکێشانی قایشی ئەماناغادا جینگڵان دەدات. هەر هاتنە خوارەوەی، قایش شوێنێک لە خۆی لەسەر ڕانەکانی بلوور خانم بەجێ دەهێڵێ.
چەند ڕۆژ لەمەوبەر، لەسەر ئەو پلیکانانەی کە بۆ سەربان دەچن، دانیشتبووم، کۆلارەم دروست دەکرد. بلوور خانم هات لە پلیکانی سەرەوەی من دانیشت و داوێنی تەنوورەکەی هەڵکێشا و هەڵیوێزنییە سەر کۆشی. لەسەر ڕانە گۆشتنەکانی بلوور خانم جێگەی ڕەش و شینەوە بووی قایش دیار بوو.
پێمگوت:
ـ بلوور خانم، بۆ ئەماناغا هێندەت لێدەدات؟
پێکەنی و گوتی:
ـ چونکو زۆر ناپیاوە.
لێم پرسی،
ـ زۆر ناپیاوە، یانی چی؟
گوتی:
ـ ئەتۆ جارێ لە شتی وا تێناگەیت.
پاشان دیسانیش تەنوورەکەی هێندێکی تر هەڵکێشا و منیش کۆلارەکەم وەلانا و چاوم بڕییە ڕانەکانی. گۆشتن بوون و پاڵیان وێکدابوو. هەموو سەر و ژێری ڕانەکانی بە پانایی قایشەکەی ئەماناغا، شین هەڵگەڕابوون.
بلوور خانم گوتی:
ـ ئەوە چاو لە چی دەکەیت؟
گوتم:
ـ لەو شوێنە شینهەڵگەڕاوانە.
قاقا پێکەنی.
لێم پرسی،
ـ ژان دەکات؟
گوتی:
ـ نا، ئێستا نا
گوتم:
ـ تەنانەت تۆزکاڵێکیش؟
گوتی:
ـ دەستی لەسەر دابنێ، بزانە.
دڵم وەک گونی هەلاج کەوتە جۆللانە. قوڕگم ئیشک بوو. دەستم دەلەرزی. دەتگوت لەرزم هاتۆتێ. دەستم بە جێگەی قایشەکەدا کێشا. لەپڕ لەشم گەرم داهات. دەستم کێشایەوە.
بلوور خانم گوتی:
ـ مەترسێ نایەشێ، تەنوورەکەی ئەوەندەی دیکەش هەڵکێشا سەرێ و گوتی:
ـ سەیری ئێرە بکە… ئەماناغا هەر بەزەیی نییە.
دیسانیش دەستم بۆ برد. دەستی لەسەر دەستم دانا و توند گوشی. ئەژنۆکانم لەرزین و لیکاوم بە زاریدا هات. دەستمی کێشایە سەرتر. پێستی زۆر ڕێک و لووس بوو وەک بەردی مەڕمەڕ، تورت و ساف، وەک پەنیری تەڕ. ڕانەکانی تەنگ پاڵیان وێکدابوو. تنۆکەی لە پێدا نەبوو.
گوتی:
ـ دیتت؟ هەر ژانێ ناکات!
پاشان گوتی:
ـ لەسەر ناوکیشم شوێنی قایش هەیە.
گوتم:
ـ دەکرێ بیبینم؟
پێکەنی و گوتی:
جارێکی دیکە… ئێستا نابێ.
گوێم لە دەنگی دەمپاییەکانی دایکم بوو کە بەرەو پلیکانەکان دەهات. بلوور خانم خێرایەک هەستا، داوێنی کراسەکەی داکێشا و چوو بۆ سەرێ. دایکم هات، لەبەر پلیکانەکان وەستا و بینی کە بلوور خانم لە پلیکانەکان وەسەردەکەوێت و منیشی بینی کە سەرقاڵی کۆلارەکەم بووم. هیچی نەگوت، سەرێکی ڕاوەشاند و ڕۆیشت.
بلوور خانم جنێو دەدات. ئەماناغاش لێیدەدات. قایشەکە زۆرتر لە پشت و سمتی دەکەوێت. زگی بۆ جارێکیش چییە، وەبەر نایە. دراوسێکان لاڵ، لەبەر دەرگای ژوورەکانیان بێدەنگ وەستاون. دایکم لە ژوورەوە دێتە دەرێ.
ـ ناموسوڵمانێک پێش بەم شوبرە بگرێ!
دایکم ناوچاوانی گرژ کردووە بە دەنگی بەرز دەڵێ:
ـ ئەماناغا عەیبە، شوورەییە، ئیتر بەسە!
وەک بڵێی ئەماناغا چاوەڕوانی ئەو قسەیە بێ. دەستبەرداری بلوور خانم دەبێ. قایشەکە لە دەستی دەهاڵێنێ و بێ ئەوەی ورتەی لێوە بێ، دەشتەوە ژووری خۆیان و دەرگاکە دادەخات. دایکم دەست دەخاتە ژێر باڵی ڕووتی بلوور خانم و لەسەر عەرد هەڵیدەستێنێتەوە و هاوکاتیش بەگوێیدا دەسرەوێنێ و پێی دەڵێ:
ـ هەرچی بتکوتن کەمە.
بلوور خانم دەکڕووزێتەوە. لەناو کراسە مەلـمەلە کورتەکەیدا وەک فڕووج دەلەرزێ. مەمکەکانی لەسەر سینگی دەلەرێنەوە. بلوور خانم مەمکدان دەبەستێ. جارێک لەسەربان جلی هەڵدەخست، بینی بووم؛
ـ بلوور خانم ئەو چییە؟
ـ مەمکبەند.
یانی چی؟
ئیتر دوگمەی کراسەکەی تا خوارێ کردبۆوە و نیشانی دابووم و پاشانیش گوتبووی:
ـ دەستیان لێدە بزانە!
تا هاتبووم دەست بەرمە ناو سینە و مەمانی، دیسان دەنگی دەمپاییەکانی دایکم کە لە پلیکانەکانەوە بەرەوسەرێ دەهات، لێی تێکدابووم. باش بوو بلوور خانم دوگمەی کراسەکەی داخست بۆوە و بە جلەکانی لەسەر تەنافەکەوە خۆی خەریک کردبوو و بە منیشی گوتبوو، بچم کۆترەکان لەسەر گوێسوانان، کە دەوری یەکتریان دەدا و گمەگمیان بوو، هەڵبفڕێنم.
بلوور خانم چارشێوەکەی دایکم دەخۆیەوە دەپێچێت، لە سووچێکی ژوورەکە دادەنیشێ و بەدەنگ دەگری. دایکم قەنداغێکی بۆ تێدەکات. باوکم لە ژوورەکەی خۆی نوێژ دەکات. پەردەیەکی چڵکەسووی بۆر و ئەستوور لە دەرکی نێوماڵدا هەڵواسراوە کە دیوی باوکم و ئێمە لێک جیا دەکاتەوە.
پشت دەرگای دیوی بلوور خانم سپییە. حەریرێکی پەراوێز سپی، تاقەی ناو دیوارەکانی داپۆشیوە. وێنەیەکی لە قابگیراو لەسەر دیوارەکەیە. ئەماناغا و بلوور خانم و چەند کەسێکی دیکە لە جام گیراون.
بلوور خانم ئەوە وێنەی کێیە؟
ـ ئەوە وێنەی خوشکمە، حەز دەکەی ببێتە ژنت؟
هەتا بنانگوێیان سوور دەبمەوە.
ـ نا … نامهەوێ.
ـ دەبی بە مێردی من؟
سەیری دەکەم، چاوەکانی دەبریسکێنەوە. خەنین، گۆنا قوت و سووراوکراوەکانی دەخاتە بازنەوە.
ـ ئەوە بۆ هیچ ناڵێی؟
دە خۆم دەنووسێم و بە دەنگێکی گڕ وەڵامی دەدەمەوە:
پیرێژنم بۆ چییە؟
دەست دەکات بە پێکەنین.
بلوور خانم سی و یەک ساڵە. بە دایکمی گوتبوو؛
ـ بیست و یەک ساڵم بوو کە شووم کرد.
ئەوەی پارەکە گوتبوو. کاتێک کە جەعفەر خشتبڕ خۆی هەڵواسی و ژوورەکەی چۆل بوو، ئەماناغا ژوورەکەی ئیجارە کرد، بە خەرجی خۆی سپیکاری کرد و گواستیانەوە. ڕۆژی دوایی بوو کە بلوور خانم بە دایکمی گوتبوو:
ـ ئێستاش ئەوە نۆ ساڵە ژنی ئەم شوبرەم.
ـ دەپرسم، بلوور خانم ئەوە کێیە؟
نەرم دەست بە سینگ و مەمکانی دادێنێ، گنجی بەر مەمکانی ڕێک و ساف دەکات و دەڵێ:
ـ ئەوەش خوشکمە… مێردەکەی خاوەن مڵکە، باخی میوەی هەیە، بە کشتوکاڵەوە خەریکە.
پاشان سەیرم دەکات و دەپرسێ،
ـ جوانە؟ … وەنێ؟ قژی خۆڕسک و لوولە.
بسک و ئەگریجەی بلوور خانم لەژێر چارشێونوێژی دایکمەوە دیارن. چاوەکانی سووربوونەوە. ئێستا ئیتر ناگری. قەنداغەکە دەخواتەوە، چارشێوەکە زۆرتر لە خۆیەوە دەپێچێ. دایکم پێخەفەکان کۆدەکاتەوە و لەسەر هەرزاڵەکە هەڵیاندەچنێ. خوشکم هێشتا هەر خەوتووە. سەری لەسەر سەرینەکەی خواربووەتەوە و زاری داپچڕیوە. بلوور خانم هەمیشە دەڵێ:
ـ وەختێک جەمیلە خەوتووە، خۆش دەبێ کەوچکێکی شۆرباوی داغ بە ئەوکیدا بکەی.
باوکم سڵاوی نوێژەکەی دەداتەوە، پاشان بانگم دەکات.
ـ خالید!
ـ بەڵێ بابە
ـ نوێژت کردووە؟
ـ ئێستا دەیکەم بابە.
باوکم لە تەنیشت مەقەڵییەکە هەڵدەتروشکێت. جگەرەیەک هەڵدەبەستێ. دایکم چای تێدەکات. پاشان ئاستەری قۆڵی جاشباڵتەی باوکم کە لەلای سەرێڕا هەڵوەشاوە، ژووردروو دەکات.
ڕۆژی هەینییە.
ئەگەر باوکم بچێتە دەرێ ئەوە دەتوانم کۆترەکانم هەڵبفڕێنم و لە تەماشای تەقڵە لێدانیان چێژ وەربگرم. ئەگەر ئەماناغا بچێتە دەرێ بەڵکوو بلوور خانم بگەڕێتەوە ژوورەکەی خۆی، بانگم بکات تا شوێنی لێدان و شەلاقەکانی سەر زگیم نیشان بدات.
منداڵان لە حەوشە کردوویانەتە هەنگەمە. بەیانی ڕۆژانی هەینی زووتر لە خەو هەڵدەستن. ئومێد، کوڕی حەمەی فیتەر دەچێتە فێرگە. پۆلی دووهەمە. من تا پۆلی چوارەمم خوێندووە. ئیمتحانم کە دا و دەرچووم، باوکم گوتی:
ـ ئیتر قوتابخانە تەواو.
پێمگوت:
ـ بابە پێمخۆشە و حەزدەکەم بەردەوام بم.
گوتی:
ـ ئیتر بەسە.
گوتم :
ـ دەمهەوێ دوازدەی تەواو بکەم و دیپڵۆمی وەرگرم.
گوتی:
ـ پیاو ئەو کەسەیە کە لە ناوشانیت دا، تۆزی لێهەستێ.
حاجی شێخ عەلی پاڵی وە نوێنەکان داوە.
ـ وەستا حەدداد! خالید دەرسێ دەخوێنێ؟
ـ بەڵێ ئاغا دەچێتە قوتابخانە.
حاجی عەلی قومێک لە شەربەتی بیدمیشکەکەی دەدات و دەڵێ:
ـ پۆلی چەندە؟
باوکم دەڵێ:
ـ لە سایەی سەری ئێوەوە، پۆلی چوارەمە ئاغا.
ـ حەمد و سوورە، بێهەڵە دەخوێنێ؟
ـ بەڵێ قوربان گیان! ئایەتەلکورسیش بێهەڵە دەخوێنێ.
حاجی عەلی بین بە شەربەتی بیدمیشکەکەوە دەنێت، چۆڕی لێدەبرێ و دەڵێ:
ـ باشە کەواتە ئیتر بەسە.
ـ یانی ئیتر نەچێتە قوتابخانە؟
ـ وەستا حەدداد! پیاو ئەو کەسەیە کە ئەگەر بە بەری دەست لە ناو شانیت دا، تەپوتۆزی لێ هەستێ. وەکوو خۆت، ئیماندار و خواپەرست.
باوکم لەسەر چۆکان جووڵەیەک دەکات و دەڵێ:
ـ یانی دەفەرموون کە…
ـ بەڵێ وەستا حەدداد دەرس و دەوری زۆر مرۆڤ تێکدەدات.
مناڵەکان بە هەرا و هوریا وڵاتیان وەئامان هێناوە. حەسەنی، کوڕی ڕەحیم کەردار هێندێک ڕۆژ دەگەڵ باوکی دەچێت بۆ کورەخانە تا وڵاغەکان لە پای کورەڕا ببات بۆ قوڵکەی خشتبڕان و لە قوڵکەشڕا بۆ پای کورە، ئینجا بەڵکوو مەشەدی ڕەحیم بتوانێ لە سێبەری چارداخی خشتبرەکاندا هەڵتووتەکێ، سەبیلەیەک تێبکات و پیاڵەیەک چای بخواتەوە.
ڕۆژ لەسەر سەرانە، ڕووناکی خۆر هەموو حەوشەی داگرتووە. بۆنی تریاکی خاجە تۆفیق وڵاتی هەڵگرتووە. مام بەندەر لە ژوورەکەی خۆی دێتە دەر، لەبەر وەتاغەکەی لەبەربەرۆچکەی هەتاودا دادەنیشێت و کراسە خورییەکەی پینە دەکات.
داشقە و گەسکە درێژەکەی مام بەندەر لە شانی کۆترخانەن.
ڕەحیم کەردار تفاق لە ئاخوڕی وڵاغەکان دەکات و سەیرێکی حەسیری بنمیچی تەویلە دەکات کە داهاتووە و زگی داوە.
سەنەم دەرگا دووچاوەی ژوورەکەیان دەکاتەوە، پاشان بە هانکە هانک مەنجەڵی گەورەی شێلـم لە ژوورەکە دێنێتە دەرەوە و لەسەر چوارچەرخەی دادەنێ. هاواری کەڕەم دەکات:
ـ کەڕەم! درەنگە بجووڵێوە.
ـ ئەوە هاتم دایە.
کوڕە ڕەنگزەرد هەڵگەڕاوەکەی سەنەم لە ژوورەکە دێتە دەرێ، پەڕەمێز دەخاتە ژێر مەنجەڵی شێلـمەکە و چوارچەرخەکە لە ماڵ دەباتە دەرێ.
باوکم ئێستاش لە پای مەقەڵییەکە هەڵتروشکاوە. وێدەچێ تەمای چوونە دەرەوەی نەبێ.
باوکم ڕۆژانی هەینی دەچێتە سەردانی مەلا و خوێندەوارە ئیماندارەکان.
لە پێشدا دەچێتە خزمەت شێخ عەلی. هێندێک جار لە بابەت شک و شوبهە یان حەڕام و حەڵاڵ و گرێوگۆڵە ئایینییەکان پرسیار دێنێتە گۆڕێ. کە دەگاتە حاجی سەید عەلی زۆربەی هەرە زۆری جاران باس لە مێژووی ئیسلام، بەرحەق بوونی شیعە و ناڕاستی و بێبنەمایی سوننە دەکەن، بەڵام وا وێدەچێت ئەمڕۆ تەمای چوونە دەرەوەی نەبێ.
دەنگی ئەماناغا دێت.
ـ بلــوور! … لەسەر لێواری تاقەی ژوورێ پارەم بۆ داناوی.
بلوور خانم بۆڵەی دێ و لەبەرخۆیەوە دەڵێ:
ـ پارە لە تەپڵی سەرت دات.
ئەماناغا سواری دووچەرخە “سێتفەنگ نیشانە” سەوزەکەی دەبێت و بۆ قاوەخانە دەچێت.
قاوەخانەی ئاماناغا لەسەر سێڕێیانی بەندەرە. جاروبار من، ئومێدی کوڕی حەمە فیتەر، دەگەڵ برایم و حەسەنی، واتە کوڕەکانی ڕەحیم کەردار، بەیەکەوە دەچینە قاوەخانەی ئەماناغا تا گوێ لە گڕامافۆن بگرین. ڕێگاکە دوورە، لێ بە چوونەکەی دەبێ.
ئەماناغا:
ـ جاڵجاڵۆکە! چوار دانە چای کەمڕەنگ بدە بەم منداڵانە.
لەپشت مێزێک دادەنیشین و شاگرد قاوەچی چاییمان لە پێش دادەنێ. چاومان لە زارکی گەورە و سەوزڕەنگی شەیپووری گڕامافۆنەکەیە. جاڵجاڵۆکە دەرزی گڕامافۆنەکە دەگۆڕێ و قەوانێکی دەخاتە سەر. چای دەخۆینەوە و گوێ لە گۆرانی دەگرین. هێندێک جار دۆمینەی دەکەین. هەڵبەت هەر لەسەر خۆڕایی و بەلاش. برایم هەمیشە حەزدەکات لەسەر پارە یاری بکەین، بەڵام من و ئومێد مل نادەین.
ـ خۆ ئێمە قومارباز نین.
ـ جا کە وایە ئەو تەقەتەق و لەسەر مێزکوتانە، سوودی چییە.
جارێک برایم لەسەر ماچێک دەستێکی کرد، بردییەوە و ئومێدی ماچ کرد.
ـ دەی کوڕینە چاییتان خواردەوە، گۆرانیشتان گوێدایە… دەی ئێستاش بۆ ماڵەوە!
باوکم لە پشت مەقەڵییەکە هەڵدەستێت. جاشباڵتەکەی لە دایکم وەردەگرێ و دەیکاتە بەری، چەفییە ڕەش و سپییەکەی لە سەری دەهاڵێنێ لە ماڵێ وەدەردەکەوێ.
بلوور خانم لە ژوورەکەی ئێمە دەچێتە دەرێ. چاوم بـەدوای بلوور خانمەوەیە و بەڕێی دەکات. چارشێو نوێژەکەی دایکمی توند لە نێوقەدی خۆی هاڵاندووە. بە ڕێگادا کە دەڕوات لەرەی بەروسمتی هەست بزوێنە. دەچێتەوە ژوورەکەی خۆی و دەرگاکە دادەخات.
کاتێک ئەماناغا لێیدەدا، نەمبینی شەلاق وە زگی بکەوێت.
دەرگای کۆترخانە دەکەمەوە و دەچمە ناوەوە و کۆترەکان دەدەمە دەرێ.
نێرەی “پاشقەلسپی” ماتەمێتی، تاسەبار و داماوە. لە سووچێکدا غەمبار و کز هەڵکورماوە. هەفتەیەکە، لەتاو مێیەی هاوڕێی کە بوو بە نێچیری باشوو و لە دەستی چوو، چاوی سووری پاشقەلسپی غەمیان تێچزاوە و دان ناخوات. لە کۆترخانە دێمە دەرێ. گەرمای خۆر لەسەر لەشم هەست پێدەکەم کە بەرەبەرە نم و سەرمای ژوورەکەمان لە لەشم دەڕەوێنێ. خۆشیی ئەم گەرمایە هەڵدەمیسم. هەرزن بۆ کۆترەکان دەپڕژێنم. ئاسمان ساماڵە. هاجەر پەڕۆی تەڕی منداڵە ڕیوەڵەکەی هەڵدەخات. چاردە مانگە مێردەکەی چۆتەوە کوەیت.
ڕەحیم کەردار لە تەنیشت مام بەندەر دانیشتووە، سەبیلەکەی پڕ کردووە و دووکەڵێ دەکات.
ـ ئەگەر حەسیری بانی تەویلەکە چاک نەکەم پێموانییە بەرگەی بارانێکی دیکە بگرێ.
ـ بەڵام ئەوە زستان خەریکە بەسەر دەچێ.
ڕەحیم کەردار سەبیلەکەی دەداتە مام بەندەر و بانگی حەسەنی دەکات،
ـ حـــەســەنی!
ـ چییە بابە؟
حەسەنی لە ژوورەکەی دێتە دەرێ.
ـ وەرە وڵاغەکان ڕنەک بکە.
ژنەکەی ڕەحیم کەردار ساڵێکە نەخۆشە و لە جێگادا کەوتووە.
حەسەنی تەڕ و ئیشکی دەکاتەوە. حەسەنی و برایم جمکن.
بلوور خانم لە ژوورەکەی دێتە دەرێ. دەچێتە بازاڕ شتومەکی نیوەڕۆیە بکڕێ. بلوور خانم وجاغکوێرە. دە ساڵە شووی کردووە. دەڵێن عەیبەکە لە ئەماناغایە. دەڵێن ئەماناغا چەند جاران سووزاکی گرتووە و جارێکیش لێی بووەتە کوان. هەڵبەت دیارە کەسێک تووشی نەخۆشی و کارەساتی وا سەیر و سەمەرە هاتبێ، منداڵیشی نابێ.
دان دەدەم بە کۆترەکان و پاشان کشەیان لێدەکەم. باڵێک لێکدەدەن و لەسەر لێواری بانەکە دەنیشنەوە. دەسرەیەکی شێدار گڵۆڵە دەکەم و دەیهاوێمە بەر پێیان، تێکڕا لە شەقەی باڵان دەدەن و بەرەو ئاسمان هەڵدەفڕن.
هاجەر بەتەنیشت حەوزەکەوە دانیشتووە و قوونی منداڵە ڕەقەڵەکەی دەشواتەوە. ئاوەکە ساردە. منداڵەکەی هاجەر حەساری وەسەر خۆی گێڕاوە.
دەچمە سەربان و فیکە بۆ کوڕەکان دەکەم. گوێم لە دەنگی حەسەنی دەبێ کە بانگی ڕەحیم کەرداری دەکات.
ـ بابە ڕاکە وەرە! دایکم خەریکە دەبوورێتەوە.
کاتێک جەعفەر خشتبڕ خۆی هەڵواسی و مرد، ژنەکەی ڕەحیم کەردار هێندەی دیکە تێکچوو.
سەرما تەشقی شکاوە و هەوا بەرەو گەرمی دەڕوات. ئیتر لە ژوورێدا خەوتن ناکرێ. کە ئێوارە داهات، دراوسێکان پێشماڵی ژوورەکانی خۆیان گەسک دەدەن، ئاوپڕژێنی دەکەن و ڕایدەخەن.
خاجە تۆفیق خەڵووزەکان لەسەر یەک دەچنێ، نەوتیان پێدا دەکات و ئاگریان دەدات، پاشان بەمەندی لە تەنیشتی هەڵدەتروشکێ و خەڵووزەکە باوەشێن دەکات.
ئێستا ئیتر هەموومان دەزانین کە ئافاق خێزانی خاجە تۆفیق ماڵی قاچاخ دەفرۆشێ و بانوو، کچە زەردباوەکەی خاجە تۆفیقیش، گیرۆدەی تریاک بووە. بانوو تەمەنی سەرووی بیست و پێنج ساڵە. پێستی هێندە زەردە دەڵێی لەشی لە زەردەچێوە گیراوە. مەمکەکانی هەروەک دوو دانە باینجانی چرچن، درێژ و پرووکاو، لەسەر سینگی شۆڕ بوونەتەوە. ڕۆژەکانی گەرمی هاوین کاتی نیوەڕۆ کە هەموو لە چێشتانەخەو دان، بانوو خۆی ڕووت ڕووت دەکاتەوە دەچێتە ناو حەوزەکە. ئەمنیش خۆم ڕووت دەکەمەوە و دەچمە ناو حەوزەکە. ئاوی حەوزەکە فێنکە. قەوزەی لیخنی ژێر ئاوەکەش فێنکە. بەیەکەوە یاری دەکەین. یەکتر لە ئامێز دەگرین و دەچینە ژێر ئاو و تا پشوومان بڕ دەکات لەوێ لە باوەش یەکتردا دەمێنینەوە. ئینجا دێینەوە سەرێ، پشوو تازەدەکەینەوە و هەمدیسان دەچینەوە ژێر ئاو.
ـ بانوو ئەمن ئیدی هیلاک بووم.
ـ جارێکی دیکەش. هەر جارێکی دی.
یەکجاری تر و یەکجاری تر هەتا پشوومان لێدەبڕێ.
بلوور خانم ڕایەخ ڕاناخات. بلوور خانم تەختەکورسییەکی دوونەفەری هەیە. دەگەڵ ئەماناغا لەسەر ئەم تەختە دادەنیشن، نانی شەو دەخۆن پاشان شەمەد هەڵدەدەن و تێیدا دەخەون.
باوکم تەواوی زستان بێکار بوو. ئێستا کە هەوا بەرەو گەرمی دەڕوات دیسانیش بێکارە. سەرلەبەیانییان دەچێت بۆ دووکان و شەوانەش بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە. ئێستا ئیتر بازاڕی ئاسنگەر کەسادە و ڕمێنی نییە.
ـ ئێستا ئیتر دەسکی بێڵ و پێمەڕەش لە دەرەوەڕا دێنن، تەنانەت گوڵمیخ و تەورداسیش. لەبەری بەیانییەوە تا شەوێ لە بن کورەی خامۆش دادەنیشێ.
باوکم تا نیوەشەوێ دادەنیشێ و بیردەکاتەوە. تا ئێستا سیوپێنج پاکەتمان جگەرە لەلای مێهدی بەقاڵ بە قەرز هێناوە.
دەگەڵ خوشکم لە پێش وەتاغ دانیشتووین قاپی مزراویلکەکەمان دەلێسینەوە کە پوورە ڕەعنا بە هاوار و لە خۆدان، خۆ بە ژوورێدا دەکات. لەچکەکەی خزاوەتە پشت ملی، قژی پەرێشانە. هێندە گریاوە پشت چاوەکانی هەڵمساون و سوور بوونەوە. مێردی پوورە ڕەعنا کرێکارە. کوڕەکەی گەمێیەوانە. کچەکەی دوو جاری شوو کردووە و ئێستا بە تەڵاقدراوی لە ماڵە بابی دانیشتووە.
پوورە ڕەعنا دادەنیشێ بە سووچی لەچکەکەی دەم و لووتی دەگرێ و یەکبین دەگری و دەناڵێنێ.
ـ خوشکێ، خۆڵی کوێ بکەم بە سەرما. خوشکێ لێمقەوما. چارەڕەش بووم. پشتم شکا. زەلیل بووم…
ـ چ قەوماوە خوشکێ؟
ـ دەتهەویست چ بێ خوشکێ؟ کوڕە نازەنینەکەم. دایکت دەسەرت گەڕێ چۆن تووشی زوڵمی زاڵم بووی.
باوکم هەروا دووکەڵی جگەرە بەبا دەکات و سەیری پوورە ڕەعنا دەکات، لێ متەقی لێوەنایە. باوکم زۆر کەیفی بە پوورە ڕەعنا نایە و پێی دڵخۆش نییە. دەگەڵ مێردەکەی و بگرە غوڵامی کوڕیشی زۆر ڕێک نییە و دانووی ناکوڵێ.
پوورە ڕەعنا بەردەوام لە سینگی خۆی دەدات و تووک و نەفرینان بەڕێ دەکات.
لەو دەمەوە کە بلوور خانم بووەتە هاوسێی ئێمە، غوڵام، کوڕەکەی پوورە ڕەعنا زۆرتر سەردانمان دەکات.
ـ خالید دەتوانی پەیامێکم بۆ بدەی بە بلوور خانم ؟
ـ ئەمن چم بەوەی داوە.
ـ ئەدی کوڕە پوور بەکەڵکی چی دێت؟
سەرەنجام پوورە ڕەعنا وەقسە هات و پرێسکەی دڵی کردەوە. بەیانی پوورزایان لە سەری بەندێ گرتووە و بردوویانە بۆ دایرەی نیزام، بۆ سەربازی. پوورە ڕەعنا هەرکە خەبەرەکە دەبیستێ چارشێو لە خۆ قایم دەکات و بەرەو دەرکی مەڵبەند دەچێت، بەڵام ڕێگای نادەن. لەبەر دەرکی مەڵبەند ڕادەوەستێ، دەیکاتە هاتوهاوار و لەسەر و سینگی خۆی دەدات. گوروبانێک دێ بە سەریدا دەگوڕێنێ، پاڵی پێوەدەنێ و پێی دەڵێ:
ـ ئافرەت! خۆ کوڕەکەی تۆ تەنیا نییە. هەموو کەس دەبێ خزمەت بکات. عومرێک بۆ خۆتان، دووساڵ بۆ حکوومەت. ئیدی ئەو هاتو هاوارەت لە چییە.
ئێستاش پوورە ڕەعنا هاتووە کە بۆی دەستەوداوێنی گوماشتەی جەناب سەروان ببین و واسیتەی بۆ بکەین. تۆمەز ئەویش دەزانێ کە ئافاق جاروبار کوتاڵێکی ساتین بەقاچاخ، وەک بەرتیل بۆ جەناب سەروان دەبات.
ـ خوشکێ، ئافاق دەتوانێ کارێک بکات؟ بڵێی گوماشتەی جەناب سەروان ئەگەر بیهەوێ بتوانێ کوڕەکەم ڕزگار بکات؟
دایکم، پوورە ڕەعنا هێور دەکاتەوە. ئێستا دراوسێکان هەموو لە دەوروبەرمان کۆ بوونەوە. بۆنی تریاکی خاجە تۆفیق حەوشە و دەرکوبانی هەڵگرتووە. لەپای مەقەڵی دانیشتووە و هێدی هێدی مژ لە وافوورەکەی دەدات. ئافاق هێشتا نەهاتۆتەوە. بانوو لە تەنیشت باوکی هەڵتروشکاوە. هاجەر مەمکی لە دمی منداڵە ڕەقەڵەکەی ئاخنیوە و لە پشت سەری پوورە ڕەعنا وەستاوە. سەنەم هاتووە و دانیشتووە، دایکم چای بۆ تێکردووە. حەسەنی و برایم و ئومێد پاڵیان بە دیواری مەتبەخەوە داوە و سەیری پوورە ڕەعنا دەکەن.
ئافاق دێ. دەچێتە ژوورێ، ئەو کوتاڵانەی لە کەمەری خۆی بەست بوون، دەیانکاتەوە. چارشێوەکەی دەکاتە سەری و دێ لەلای خاجە تۆفیق دادەنیشێ.
ـ شێخ شوعەیب نەهات؟
ـ ئێوارێ خەبەری ناردبوو کە نایە. خەبەری دابوو کە موفەتیشەکان سۆسەیان کردووە و ڕێگاکانیان بەستووە.
ـ خوا زەلیلیان کات.
پوورە ڕەعنا بە دایکم دەڵێت کە دەگەڵ ئافاق قسان بکات. سەنەم دەڵێ:
ـ گوماشتەی جەناب سەروان تا ئێستا چەند کەسێکی لە ئیجباری قوتار کردووە. بۆخۆم شاهید بووم. بەڵام تێیدەچێ و دەبێ خۆتان بخورێنن. واسیتە بە بەلاش ناکرێ.
ئەماناغا بە دووچەرخە دێتەوە. تا ئەو بچێتە ژوورێ، جلەکانی بگۆڕێ و لە گۆزەکە ئاوێک بە دەمووچاویدا بکات، بلوور خانم کەوڵە نانەکەی لەسەر تەختەکە پان دەکاتەوە و پاشان دەوریی تایبەتی ئەماناغای لە تەنیشتێک دادەنێ. لە دەورییەکەدا چەند دانە سیر، موسڵی، تووری ورد و چەند قاش تەماتە، جاری واشە نەعنا و تەرخوون و سەوزەی دیکەی لەسەرە.
سەنەم دەڵێت ئەماناغا مەگیرانی دەکات کە دەبێ هەموو شەوێ شتی ئاوا بخوات.
ـ بلوور خانم ! سەنەم ڕاست دەکات، دەڵێت ئەماناغا مەگیرانییە دەکات؟
بلوور خانم لە پڕمەی پێکەنین دەدات.
ڕەحیم کەردار دەڵێت ئەماناغا هەتا هەموو شەوێ ئەو عارەقەی زەهرەمار نەکات خەوی لێ ناکەوێ.
ـ بلوور خانم ! ڕاستە کە ئەماناغا دەبێ هەموو شەوێ عارەق بخواتەوە تا خەوی لێبکەوێ؟
دیسانیش بلوور خانم دایە قاقای پێکەنین.
کەواتە جەناب سەروانیش عارەق دەخواتەوە بۆیە هەرکات دەگەڵ ئافاقدا چووم بۆ ماڵەکەیان ئەمجۆرە شتانەم لەسەر مێزەکەی دیوە.
دایکم لە ئافاق دەپرسێ،
ـ یانی کارێک بۆ غوڵام دەکرێ؟
ـ جەناب سەروان؟!
ئافاق وا دەستەکانی ڕادەوەشێنێ و لووتی هەڵدەقرچێنێ وەک بڵێی کە جەناب سەروان لە ڕیزەی بنیادەماندا نەبێ.
قژی ئافاق خاو بەسەر شانیدا هاتوونە خوار. چاوەکانی هێندە ڕەشن کە لات وایە هەموو ڕۆژێ بە خەڵووز ڕەشیان دەکات.
ـ ئافاق خانم، جەناب سەروان بۆچی ئەم مەیموونەی ڕاگرتووە؟
ـ منداڵی نابێ کوڕم، ئەوەی لە جێگەی منداڵ ڕاگرتووە.
مەیموون، دەڵێی بێچووە پشیلەیە. زەنجیرێکیان دە ملی کردووە. سەری زەنجیرەکە دە دەست ژنی سەروان دایە. قژی ژنی سەروان کورتە. قژ کاڵە. سمتی هێندە گەورەیە لە هەر دوولایانڕا زگی داوە، کاتی ڕۆیشتن چەشنی دەڵەمە دەلەرێتەوە. سەروان لە ژوورەکەی خۆی دێتە دەرەوە. جزمەکانی بریقەیان دێ. سمێڵی قیت، وەک کلکی دووپشک بۆ سەرێ هەڵگەڕاوەتەوە. کڵاوەکەی هەتا سەر برۆکانی هێناوەتە خوارێ. لای سەرووی شەڵوارەکەی بای کردووە. سەروان باڵابەرز و باریک و داڵگۆشتە.
ـ ئافاق دەتوانی چەند قەوارە قوماشی باشم بۆ بهێنی؟
ئافاق سەری دەجووڵێنێت. سەروان دەنگێکی نێر و گڕی هەیە.
ـ دەمهەوێ بچمە مورخەسی و ئیجازە. دەمهەوێ بۆ دایکم و پوورەکانم دیاری و سەوقاتی باشم پێبێ.
دایکم دەڵێ:
ـ واتە کارێکی لە دەست نایە؟
ئافاق دەڵێ:
ـ چاپچییەکە کەس تای ناکا، تا ئێستا وەک گووی سەگ، پارەی دە قەوارە کوتاڵی خواردووە… هیچیشی دەگەڵ ناکرێ.
پوورە ڕەعنا نووکە نووکی دەست پێکردەوە.
***
جەنگەی نیوەڕۆیە باوکم دووکانەکەی داخست و ئێوارێ لە ماڵێ دانیشت. گوتی:
ـ ئەگەر قەرارە پیاو هەروا دەست لەسەر دەست دابنێ و بێئیش بێ، وا باشتر لە ماڵەکەی خۆی دابنیشێ.
ئێستا ئێواران هەر کات حەزم لێبێ دەتوانم بچم بۆ قاوەخانەی ئەماناغا دابنیشم و گوێ لە گڕامافۆن بگرم. هەر کات پێمخۆش بێ دەتوانم دەگەڵ برایم و حەسەنی بچم، دانیشم چای بخۆمەوە و دۆمینەی بکەم. هەوا بە تەواوی گەرم داهاتووە. ئەگەر پێمخۆش بێ دەتوانم لە “چەرخاو” مەلەی بکەم.
ـ برایم نەچین بۆ چەرخاو؟
ـ با بچین
تا لە خیز و بەردی بەر خۆرەتاو، کە ئیشک و داغ، وەک پۆلوو سوور بوونەوە، تێپەڕ بین و بگەیەنە لـم و بەردە تەڕەکانی کەناری کاروون، بەری پێمان تەواوێک دەسووتێ. بۆساردی ماسیمان پێخۆشە. هەڵمێکی گەرم و شێدار لە ئاوی کاروونەوە بەرز دەبێتەوە. کاروون مەندە. بەهاران هەڵدەستێ و خانووەکانی کەنار خۆی دەخاتە مەترسییەوە. لەژێر کڵی پردە سپییەوە تێدەپەڕین.
ـ برایم! بریا قولاپمان هێنابایە و ماسیمان گرتبا.
ـ بەیانی
پانتایی کاروون دەڵێی زێوە، تیشکی ڕۆژێ هەڵدەگێڕێتەوە.
ـ خالید سەیرکە!
ماسییەکی ڕەنگ نەوتی لە ئاوەکە دەردەپەڕێ، لە حەوادا تەقڵەیەک لێدەدا و بە سەر دەچێتەوە ناو ئاوەکە.
بەسەر گڕەبەردەکانی کەنار کارووندا هەڵبەز و دابەز دەکەین. برایم بە داردەستێک کڕێژەبەردی داوێنی تاشەبەردەکان لێدەکاتەوە. کرمی سوور و درێژ بەبن کڕێژەبەردەکانەوە لێکهاڵاون.
ـ ئەوانە بۆ سەری قولاپە ماسی دەناڵێنن.
چەرخاو لەبەر حەشیمەت جمەی دێت. وەک بڵێی هەموو خەڵکی شار ماڵ و ژیانیان وێڵ کردووە و هاتوونەتە چەرخاو. ئاو کەف هەڵدەخڕێنی بە خرۆش و گرمە خۆ بە تاشەبەردەکاندا دەدات و سەر دەسوێ.
هەوا بە تەواوی گەرم داهاتووە. ئێستا ئیتر خارک[1] پێگەیشتووە. ئەگەر پێمانخۆش بێ دەتوانین خۆ بە باغە خورمایەکدا بکەین و زگێکی تێر خارک، بگرە خورماش بخۆین. ئەگەریش چاوی باغەوانمان لێ دوور بێ، خەیاریش بدزین. دەتوانین شووتی و کاڵەکیش بڕنینەوە.
برایم هەر عەینی مەیموون بە داردا هەڵدەگەڕێ. خۆی بە لقێکدا هەڵداوەسێ و دەیلەرێنێتەوە گێوژ دەوەرێن هەر دەنکەی هێندەی شیلانێکە، عەرد سوور هەڵدەگەڕێ. گیرفانەکانمان پڕ دەکەین و وەڕێ دەکەوین. لێوار و لێواری جۆگە دەڕۆین تا دەگەینە پۆمپی ئاوێ. لە حەوزی بەر پۆمپەکە لەژێر بۆری ئاوەکە مەلەی دەکەین. خۆمان بە بۆریەکەوە هەڵداوەسین. ئاوی فێنک لە بۆریەکەوە دێت و دەموچاومان بیراز دەکات. پاشان جلوبەرگمان دەبەردەکەینەوە و ئینجا بەرەو باغی هەناران. گەرما هێرشی هێناوە، هەناسە ناکێشرێ. هەنارەکان بۆ خواردن نابن. هێندمان گێوژ خواردووە داتەپیوین. لە کەنار جۆگە ئاوەکە درێژ دەبین و پشتمان دەدەینە فێنکایی خیزەکان. گەڵای چڕوپڕی دارتوویەکان پێش تیشکی خۆرەتاو دەگرن.
گەرمایەکی بێڕەزایە. لەم گەرمایەدا باوکم لە ژوورەکەی خۆیدا دادەنیشێ، دەرگاکان دادەخات و کتێبی”ئەسراری قاسمی” دەخوێنێتەوە. لای وایە؛ ئەگەر مرۆڤ بتوانێ بە دەستووری ئەم کتێبە هەڵسووڕێ، دەتوانێ نەدیو بێ. دەتوانێ لە “پێستی سووری یەمەنی” جبەیەک دروست بکات کە هەر وەخت بیخاتە سەر شانی، نەدیوی بکات. یانیش ئەگەر بوێرێ بە دەستوراتی ئەم کتێبە دەتوانێ، جندۆکە بە سۆغرە بگرێ.
میرزا نەسروڵای ددانساز کتێبی “ئەسراری قاسمی” داوەتە باوکم. باوکم دەڵێت: کە میرزا نەسروڵا ناوی پیرۆزی هەیە، ودمی پێیە و تەبابەتێش دەکات. هەر کات من و خوشکم سەردڵمان بێشێ دەرمانی عەتتارانمان دەداتێ.
ـ دایە ئاخر ئەمن ناتوانم ئەم شەربەتە بخۆمەوە.
ـ چاوەکانت بنووقێنە کوڕم، پاشانیش کڵۆیەک قەند لە زارت بنێ.
ماجوومە کوڵاوەکە تا بنەبانێ دەخۆمەوە. تای لەشم هێندە لەسەرێیە وەک سۆبە گەرمم. دڵم دەخێڵەوە دێت هەر چی خواردوومە و خوادوومەتەوە دەیهێنمەوە. میرزا نەسروڵا دیسانیش نوسخە دەدات.
خاجە تۆفیق گوێی نابزوێ. باوکم هەروا بۆی باس دەکات.
ـ بۆخۆم دیتم دەروێش هات، حەڵقە بەگوێ، دەستەونەزەر لەبەر دووکانی میرزا نەسروڵا ڕاوەستا.
خاجە تۆفیق نەرم و هێدی مژ لە وافوورەکەی دەدات. باوکیشم بەردەوام دەبێت و بۆی باس دەکات.
ـ میرزا نەسروڵا دەروێشی جواب کرد، لێ نیوەڕۆیە کە بە یەکەوە دەچووینە ماڵی میرزا نەسروڵا، بینیم دەروێش دیسانیش دەستەونەزەر لەبەر دەرگای ماڵی میرزا نەسروڵا وەستاوە.
خاجە تۆفیق فوویەک لە سەری وافوورەکەی دەکات. ئاگرەکە دەبێتە پشکۆیەک. باوکم درێژەی پێدەدات.
ـ بە ناچار میرزا نەسروڵا هێندێک ڕێوشوێن و دەستووری بۆ دەروێش دانا و بەڕێی کرد.
باوکم چوار کێردی پۆڵایی دروست کردووە. لەسەر تیغەکانیان نەخشونیگاری هەڵکەندووە کە من سەرەدەری لێدەرناکەم. بە دڵنیاییەوە ئەو نەخشانەی لە ڕووی کتێبی “ئەسراری قاسمییەوە” هێناوە و لەسەر تیغی کێردە پۆڵاییەکان هەڵیکەندوون.
بەڕماڵەکە لە ژوورەکەی خۆی ڕادەخات. کێردەکان لە چوار سووچی بەڕماڵەکە لە عەرد دەچەقێنێ و لەبەر خۆیەوە دوعایان دەکات. وێدەچێ بۆ پەرەئەستاندن و باش بوونی کاروکاسبی، میرزا نەسروڵا هێندێک ڕێوشوێنی بۆ باوکم دانابێ.
دووکانی میرزا نەسروڵا هەر هێندەی کولانەی مریشکان دەبێت. کەرەستەی کاریشی چەند دانە بڕبەندی گەورە و چووکە دەگەڵ گیرەیەکی ئاسن. بنمیچی دووکانەکەی جاڵجاڵۆکە بە تەواوی تەنیویەتی. مشتەرییەکانی زۆربەیان عەرەبن و لە گوندەکانی نزیک شار لە” زووبە”، “زرگان”، “دغادغلە” و هێندێک جاریش دوورتر وەک “چنییە” یان بگرە دوورتریش، بۆ وێنە لە ” شووشەوە” دێن.
ـ ئەگەر مانگێ دوو دەست ددان دروست بکەم، ئیش و کار ڕادەپەڕێ.
باوکم دەڵێت خوڵا ڕسق و ڕۆزی دەدات. بێهیوا نییە. بەڵام کار و کاسبی کەسادە و ئەویش فکری بۆ پەیدا بووە، ڕێگا چارەیەک بدۆزێتەوە. قەرزەکان هەروا دێن و زیاد دەکەن و گەیوەتە قوڕگمان.
لە چەرخاو کە جلەکانم داکەند تا مەلە بکەم، کراسەکەیان دزیم. دایکم یەک لە کراسە کۆنەکانی باوکمی هەڵوەشاند و بۆی چاک کردم. ئێستا پڕ بە بەرمە. کراسی هەموو مناڵەکانی هاوباڵام بە وردی سەیر دەکەم. هەڵبەت ئەو کراسانەی کە سپین. پێشەوەی کراسەکەم پینەیەکی درێژی پێوە بوو. بە دڵم داهاتووە کە کراسەکەم دەدۆزمەوە.
باوکم دەڵێ:
ـ خودا ڕسق و ڕۆزی دەدات
میرزا نەسروڵا دەڵێ:
ـ خودا ڕسق و ڕۆزی دەدات و دەڵێ:
ـ دمی هیچ زیندەوەرێک بێڕسق نابێ.
باوکم دەگەڵ خاجە تۆفیق باسی کتێبی ئەسراری قاسمی دەکات. ئەماناغاش دانیشتووە و گوێی داوەتێ. حەمە فیتەریش دانیشتووە. نیوسەعاتێک دەبێ حەمە فیتەر لە ئیشڕا گەڕاوەتەوە. ساڵ دوازدەی مانگێ ژێر نینۆکەکانی ڕەشن.
باوکم دەڵێ:
ئەگەر مرۆڤ دڵی ساف بێ، بە دەستوراتی کتێبی “ئەسراری قاسمی” دەتوانێ دنیا بێنێتە بەر دەسەڵاتی خۆی.
حەمە فیتەر باوەڕی بەم شتانە نییە. حەمە فیتەر نوێژ ناکات. باوکم دەڵێت تەنانەت پێکەنینیش بەدەم حەمە فیتەرەوە کەفارەی هەیە.
خاجە تۆفیق دەپرسێ،
ـ دەکرێ ئەم کتێبە ببینین؟
باوکم لە وەڵامدا دەڵێ:
ـ میرزا نەسروڵا گوتوویە نابێ کتێبەکە نیشانی کەس بدەم.
پاشان دەگێڕێتەوە؛
ـ ڕۆژێک تاقیم کردەوە. کتێبەکەم نیشانی حاجی شێخ عەلی دا. هێندەی پێنەچوو میرزا نەسروڵا هات بانگی کردم و گوتی مەگەر نەمگوتبوو کە نابێ کتێبەکە بەکەس نیشان بدەی.
ئەماناغا باوەڕ دەکات. حەمە فیتەر باوەڕ ناکات. خاجە تۆفیق دەیهەوێ بچێتە بنج و بناوانی باسەکەوە.
ـ دەڵێی چی، جارێکی دیکە تاقی بکەینەوە؟
باوکم مل نادا. ئەماناغا باس لە دەروێشێک دەکات کە جارێک بە چاوی خۆی بینیویەتی کە نەدیو بووە. باوکم دەڵێ:
ـ ئەگەر چی ئەماناغا عارەق دەخواتەوە لێ چونکو خاوەن باوەڕە، سەرەنجام ڕۆژێک ڕزگار دەبێت.
بەڵام حەمە فیتەر باوەڕی بەم قسانە نییە و دەڵێ:
ـ لەم دنیایەدا هیچ شتێکیتر جیا لەو شتانە کە دەیبینین، بوونی نییە.
هەروەها دەڵێ:
ـ دیلی ئەم قۆڕیاتەین بۆیە وا هەمووکات بەدبەختین، دەبێ هەمیشە وەک کەر کار بکەین و خەڵکی دیکەش لە کەیف دابن، بۆیەش هەردەم سەرکوتکراو و برسیین.
حەمە فیتەر قسەکانی ناجوێ، چاوی دەنووقێنێ ئەوەی دەیڵێ نایڵێتەوە. باوکم ڕووی خۆش بە حەمە فیتەر نیشان نادات. تەنانەت وای بە تەنیشتیدا تێدەپەڕێ کە ناچار نەبێ سڵاوی لێ وەرگرێتەوە.
مام بەندەر لە ژوورەکەی دێتە دەرێ، لە کەنار حەوزەکە دەستنوێژ هەڵدەگرێ. کچی مام بەندەر بێوەژنە. مێردەکەی شۆفیر بووە و لە ڕووداوی هامووشۆیدا لە جێوە مردووە. مام بەندەر تەواوی ساڵێ کار دەکات و پاشکەوتێک وەسەریەک دەنێ تاوەکوو شەوی جێژن بۆ کچەکەی و منداڵەکانی، چەند کوتە جلوبەرگێک و چەند تمەنێک بنێرێ. خێزانی مام بەندەر ئەمری خوڵای بەجێهێناوە.
خاجە تۆفیق بانگی دەکات.
ـ مام بەندەر وەرە پیاڵەیەک چای بخۆوە.
مام بەندەر تەواوی ساڵێ، هاوین و زستان بە یەک باڵتە و شەڵوارێکی سەربازی کۆن و جووتێک پۆتینی ڕەنگ بزربووی کاڵەوەبوو، دەباتە سەرێ و پێویستیش بوو هەر خۆیشی پینەیان دەکات.
ـ مام بەندەر بۆ جلوبەرگ بۆخۆت ناکڕی؟
ـ کوڕم! کچەکەم و سەغیرەکانی واجبترن.
شەوی جێژن تێپەڕ بوو. مام بەندەر پارە و جلوبەرگی بۆ کچەکەی نەناردووە.
ـ مام بەندەر وا بەم شەو درەنگییە لەکوێ بووی؟
ـ لەلای پۆلیس بووم
ـ پۆلیس؟
ـ خەڵک خوڵایان فەرامۆش کردووە، کوڕم. ئێستا کاسە جێژنی ئەمساڵ لەکوێ بێنم؟
ـ مەگەر چی بووە مام بەندەر؟
سەرکار گوتی بڕۆ بەدوای ئیش و کارتدا. گوتم بۆ کوێ بڕۆم؟ کوڕم ئەمن پیاوی حکوومەتم بۆ شارەداری کار دەکەم. زبڵماڵ و بەلەدێم. ئەگەر ئێوە دادم نەکەن، ئەدی کێ دادم دەکات؟ سەرکار گوتی: ڕەئیس لێرە نییە. جارێ بڕۆ دوایە وەرەوە.
پێمگوت: هەر لێرە دادەنیشم تا ڕەئیس دێت.
لاوێکی دەمڕووت لێم هاتە پێش و گوتی: مامە لەخۆڕا کاتی خۆت بە فیڕۆ مەدە. ئەوانە دەگەڵیان شەریکن.
گوتم: ئاخر چۆن دەبێ دەگەڵیان شەریک بن.؟
سەرکار نەیهێشت لە دایرەی پۆلیس بچمە ژوورێ. دانیشتم تا ڕەئیس بێتەوە. لەپڕتاو دیتم ڕەئیس لە بینای پۆلیسەوە هاتەدەر، سواری ئوتەمبێلەکەی بوو و ڕۆیشت. هەتا هاتم پێی بڵێم دەستم بە دامێنت، ئەمن پیاوی حکوومەتم، پارەکەمیان بردووە، ئوتومبێلەکە وەڕێ کەوت و دوورکەوتەوە.
ـ چما پارەکەیان بردووی مام بەندەر؟
ـ ئەرێ کوڕم، لە بازاڕی، لە گوزەری قەسابان.
ـ ئاخر چۆن پارەکەیان بردی؟
ـ پاش عومرێک بەخێری ناگیانم ئیشتیای گورچیلەم کرد. بیرم کردەوە دەیکڕم، دەیهێنمەوە ماڵێ دەیکەمە کەباب و زەهرەماری دەکەم. لە ناو توێی کڵاوەکەم پارەکەم دەرهێنا کە بیدەم بە کابرای گورچیلەفرۆش. هەر کڵاوەم لەسەر سەرم دانایەوە وەک باشوو لە سەریان فڕاندم. کوڕم!
دووسەد و بیست و پێنج تمەن. پێتوایە ئاهی ئەو هەتیوانە کلکیان بە تەڵەوە نەدا؟
کچەکەی مام بەندەر لە شاری کورد دەژی.
ـ چایەکی دیکەت بۆ تێکەم مام بەندەر؟
ـ خوڵا چاکەت بداتەوە خاجە تۆفیق، پیاڵەیەک بەسە.
مام بەندەر هەڵدەستێ دەچێتە بەر دەرگای ژووری خۆی بۆ نوێژ ڕادەوەستێ. بلوور خانم سفرەکەی ڕاخستووە خەریکە دەوریی تایبەتی ئەماناغا ئامادە دەکات.
باوکم دەڵێ:
دنیا زیندانی ئیماندارنە. مام بەندەر بەهەشتییە.
بەڵام ئەم قسانە بەگوێی حەمە فیتەردا ناچن؛
ـ هێندمان بەڵێنی بیست، بەڵێندانمان تەقی. هەرچی ئێمە زۆرتر فەلاکەتی و نەهامەتی دەکێشین زۆرتر حەواڵەی ئەو دنیامان دەکەن.
حاجی شێخ عەلی بۆ ماڵی ئێمە بەرەکەتە. بۆ کاروکاسبی باوکم خێر و بەرەکەتی پێوەیە. ئێستا ئیتر دەستمان ناڕوا بانگهێشتنیان بکەین. ئەودەم کە خۆی و زاواکەی و منداڵەکان، براکان و برازاکانیمان بانگهێشتن دەکردن، جێژنەمان بوو. بۆخۆشمان زگێکی تێرمان دەخوارد.
ـ حاجی شێخ عەلی! گومان لە نێوان چوار و پێنج، لەسەر چ بنەمایەک دادەنرێ؟
دیوەکەی باوکمی بۆ فەڕش دەکەین. لە هەموو دراوسێکان پشتی و باڵنج قەرزدەکەین. ژوورەکەی باوکم نوورانی دەبێ. دەستی حاجی عەلی ماچ دەکەم. دەڵێی دووگەیە. وەک دەستی بلوور خانم نەرم و سپییە. حاجی شێخ عەلی لە خێروبێری دانیشتن دەگەڵ پیاوە ئایینییەکان دەدوێ. زاواکەی لە خۆشی و بەرکەتەکانی بەهەشت دەدوێ. براکەشی باسی خێر و بەرەکەتی ختم و سڵاوات دەکات و پاشانیش لە خومس و بەشی ئیمام دەدوێ.
حەمە فیتەر جێگەی لە بنەبانی جەهنەمێیە.
ـ ئاخر ئەوەش بوو بە کار. من زەحمەتێ بکێشم و بیدەم بە کۆمەڵێک زگ زل؟
خاجە تۆفیق چاوەڕوانە و خەریکە لوولەیەکی دیکە تریاک خۆش دەکات، لە لووتیدا وەقسە دێت؛
ـ هەروا بووە و هەرواش دەبێ، پیاوە ئاینییەکان بەرەکەتی سەر گۆی زەوین. هەرکەسیش دەگەڵیان تێکەوێ، لێدەکەوێ.
حەمە فیتەر لە پڕمەی پێکەنین دەدات.
ئەماناغا هەڵدەستێ. خاجە تۆفیق تریاکی سەر حۆقەکە فوو لێدەکات و پاشان دەیگەشێنێتەوە. باوکم بێدەنگ بووە. بیر دەکاتەوە؛ ئەگەر هیچ نەڵێ باشترە. هێندێک جار قسە و پێکەنینەکانی حەمە فیتەر، مرۆڤ دەئێشێنێ.
***
کوڕەکەی پوورە ڕەعنا دێتە سەردانمان. جلوبەرگی سەربازی دەبەر کردووە. زۆریشی لێدەکاڵێتەوە. دایکم ناوچاوانی ماچ دەکات. لە تەنیشت حەوزەکە چوارپایەیەکی بۆ دادەنێن، دادەنیشێ و قاچی دەخاتە سەر قاچی. ئەوە بۆ مانگێک دەچێت غوڵامی پوورە ڕەعنام نەبینیوە، سمێڵی داناوە. سمێڵی وەک جەناب سەروان بۆ لای سەرێ باداوە. وەک بڵێی سمێڵی چەوریش کردووە. دەبریقێتەوە. غوڵام وا دادەنیشێ کە دەرگای ژووری بلوور خانمی لێ دیار بێ. بلوور خانم لە ژوورێیە. دایکم دەمنێرێتە سەری کۆڵان کە بایی قڕانێک سەهۆڵ بکڕم. پاشان بە شەکر و گوڵاو، شەربەت بۆ کوڕی پوورم دروست دەکات. گوڵاو لە بلوور خانم وەردەگرین.
لای سەرووی شەڵوارەکەی کوڕی پوورم ڕهباکەوتووە. پۆزلقەکانی وا توند کردووە دەڵێی لە قاچیدا لە قالب دراون.
بلوور خانم خۆی لە چارشێوەکەیەوە پێچاوە و بە پێش پوورزادا دەڕوات و دەیلەنگێنێ، بایدەدات و دەچێتە لای ژنی حەمە فیتەر. پوورزا سڵاوی لێدەکات. دایکم زیلۆیەک لە تەنیشت حەوزەکە ڕادەخات و گڕسۆزی سێ پڵیتە دادەگیرسێنێ کە چای دەم بکات. تاوپەڕە و دوایین تیشکەکانی خۆر خەریکە لە سووچی بانی ئاوا دەبن. هەوا گەرمە، بەڵام شەدار نییە. پوورزا یەخەی کراسەکەی دەکاتەوە. سینگی وەک ورچ پڕ و تووکنە. بلوور خانم لە ژوورەکەی حەمە فیتەر دێتە دەرێ. سەری پوورزا دەگەڵ بلوور خانم بە دەوری حەساردا دەگەڕێ. دایکم فەرمووی بلوور خانم دەکات. پوورزا دەستەکانی لەبەر پشتی دەنێ و سینگی دەداتە پێشێ. شان و سینگی پوورزام پان و بەرینە. بلوور خانم دەپرسێ:
ـ غوڵام! سەربازی زۆر بە زەحمەتە؟
بلوور خانم دادەنیشێ. دایکم شەربەتی لە پێش دادەنێ.
کوڕەکەی پوورە ڕەعنا باسی سەربازی خۆی دەکات.
ـ فەرماندە، پەنجەی شادیمانێ دەخاتە ژێر پۆزلقەکانت، تۆزێک شل بێ ئیتر کارت تەواوە. فەرماندە، دەسرەسڕەکەی لە گیرفانی دەردێنێ و بەسەر کەفەڵی ئەسپەکەی دادێنێ، چما تۆسقاڵێک پیس بێ. مەگەر ئیمامان لە فریات بێن.
شەوی هەینییە. بلوور خانم هەنێی کردووە و ژێر برۆ ڕەشەکانی هەڵگرتووە. کلی لە چاوان کردووە. گۆناکانی سووراو لێداون. تاڵە موویەکی لوول کەوتۆتە سەر تەوێڵی.
پوورزا چاوی بڕیوەتە چاوی بلوور خانم و قسان دەکات.
ـ چواردانە یاغلاوی بەتاڵ لەو جومگەی دەستت و چواریش لە جومگەی دەستەکەی دیکەت دەبەستن. چوار لە و جومگەی پێت و چواریش لە جومگەی پێیەکەی دیکەت دەبەستن. پاشان دەڵێن دەبێ لەسەر ئەژنۆیان دەور تا دەوری سەربازخانە بگەرێی. پیاو شەڵاڵی ئارەقە دەبێ.
بلوور خانم لەسەر سمتە خڕ و پڕەکانی جێ خۆشدەکات و دەپرسێ.
ـ غوڵام! تا ئێستا بە شەلاق لێیان داوی؟
ـ چما دەوێرن؟
ـ یانی لە تۆ دەترسێن؟
ئومێد و حەسەنی و برایم دێن و لەسەر لێواری حەوزەکە دادەنیشن. دەچم لە تەنیشت کوڕی پوورم ڕادەوەستم، منداڵەکان بەخیلیم پێدەبەن. باسکەکانی کوڕی پوورم لە قۆڵی کراسە سەربازییەکەیدا لە قالب دراون. قسان کە دەکات گەردن دەکێشێ، سینگی دەداتە پێش و چاو و برۆی دێنە سەما، هەر عەینی جەناب سەروان کە ئافاق ساتینی قاچاخ بۆ ژنەکەی دەبات.
ـ فەرماندە بۆخۆی حیسابم لێدەبا چ بگات بە نایبەکەی. خۆ من منداڵە دێهاتی نیم کە…
بلوور خانم دێتە ناو قسەکانی و دەڵێ:
ـ غوڵامئاغا، بۆ ئەگەر قسان دەکەی وا سەر و گەردن دەکێشی و بە چاو و برۆیان سەمایە دەکەی؟
پاشان دایە قاقای پێکەنین.
کوڕەکەی پوورە ڕەعنا سوور سوور هەڵگەڕا. لە بلوور خانم تێناگەم چی لە باران دایە. پوورزا ئیتر کپ بووە و قسان ناکات و چاش ناخواتەوە. بلوور خانم هەڵدەستێ دەڕوا. دایکم دەچێ لە ژوورێڕا تمەنێکی کاغەز دێنێ، قەدی دەکات و لە گیرفانی پوورزای ڕادەکات. دایکم هەمیشە بۆ ڕۆژی وا لە بنی بوخچەکەیدا چەند تمەنێکی تاقەت کردووە. پوورزا ئیتر قسان ناکات، یەخەی دادەخات و سینگی پڕ لە مووی دادەپۆشرێ. ڕەنگ دێنێ و ڕەنگ دەبا، ناوچاوانی، ڕوومەت و سەرو گەردنی ئارەقەی کردووە. هەڵدەستێ ماڵاوایی بکات. دایکم داوای لێدەکات بۆ نانی شێوان بمێنێتەوە.
ـ دایە چمان هەیە؟
بە بزەیەک لەسەر لێوانەوە دەڵێ:
ـ سەروپێ[2]، نانی سەرپێ، کوڕم گیان
بلوور خانم دەنگ هەڵدەبڕێ:
ـ غوڵامئاغا! دیسانیش وەرە سەرمان بدە و باسی سەربازیمان بۆ بکە.
چەقۆت لە کوڕی پوورە ڕەعنا دابایە خوێنی لێنەدەهات. بۆ نانخواردنیش نەمایەوە.
ڕەحیم کەردار بە وڵاغەکانییەوە دێت. وڵاغەکانی ڕەحیم کەردار سەیرن کە دێنەوە هەتا پشتیان لە دەرگای شکست و گەوەکراوی حەسارێ نەخشێنن نایەنە ژوورەوە.
کوڕەکەی پوورە ڕەعنا لە ماڵێ وەدەردەکەوێ و ئاوڕێکیش لە پشت سەری ناداتەوە
***
لەسەر زگی بلوور خانم هیچ شوێنەواری قایش نەبوو، درۆی دەکرد. بۆخۆم دیتم. بەڵام شوێنی قایشی لەسەر بێ یان نا، ئەو زگیم هەر نیشان دەدات.
ئێستا باوکم ئیتر بەتەواوی دووکانەکەی داخستووە، لە دیوەکەی خۆی چلەی گرتوە، تەسبێحێکی هەزار دەنکیشی بۆخۆی دروست کردووە و بەردەوام خەریکە ئەو دوعایانەی دەیانزانێ وەردیان دەداتەوە.
هەوا بە جارێک بێتامی کردووە. بەیانی کە لە خەوهەڵدەستین، پێخەفەکانم تەڕن و دەڵێی چرێشت لێ پڕژاندوون. وەک بڵێی پیاو لەپاڵ خۆی میزتبێ.
لێرە و لەوێ ڕەگێکی سووری مەیلەو ئەرغەوانی، ئاسمانی شاری بڕ داوە. وەک بڵێی قەپاغ بەسەر شاردا کرابێ. خۆرەتاو ئیتر بەزەیی نەماوە ڕۆژ بەڕۆژ لە عەرز نزیکتر دەبێتەوە، گەورەتر و داغتر دەنوێنێ.
پێبەپێ و دەگەڵ چوونە سەری ئاستی ، زیکر و دوعا خوێندنی باوکم، ئاستی قەرزداریشمان بە دووکانەکانی سەری کۆڵان لە چوونە سەر دایە.
مەشەدی مێهدی پاکەتێکی دیکەم تووتن بدەیە و لەسەر حیسابەکە بینووسە.
مێهدی بەقاڵ خۆ گێل دەکات و مشتەرییەکی دیکە بەڕێدەکات. مشتەرییەکی دیکە دێت. ئەویش بەڕێ دەکات ئینجا دەچێتە بنەبانی دووکانەکەی سەوەتەیەک پیاز هەڵگێڕ وەرگێڕ دەکات. ساتێک خۆ بە قەفەسی قەنارییەکەیەوە خەریک دەکات و دەیهێنێ لە پێش دووکانێ لەژێر کەپرەکە بە قولاپێکەوە هەڵیداوەسێ. قاپە ئاوی بەردەم قەنارییەکە بەتاڵ دەکات، ئاوی خاوێنی بۆ تێدەکات و لە پێشی دادەنێ. بێ ئەوەی پەلە بکات هەرزن لە پێش کۆترەکەی دەکات. ئینجا کە دیتی هەروا چاوەڕوان وەستام، دەستی برد لە قەوەزەی پشت سەری پاکەتێک تووتنی هێنا و دایە دەستم. سەیرێکم کرد. ناوچاوانی گرژ بوو و لیچ و لێوێکی ناموبارەک. لە چاوەکانیدا ناسیاوی بەدی نەدەکرا.
بلوور خانم لەسەر پلیکانان زگی نیشانم دا. ئەبەدەن جێگای تەسمە و شەللاق دیار نەبوو. تنۆکەی بلوور خانم تۆڕێکی تەنکی ڕەش بوو. بە دیتنی ڕان و لەتەری سپی و سۆڵی دڵی پیاو دادەکەوێ. ئەماناغا چۆتەوە سەفەر.
چۆتەوە شووش تا چای قاچاخ بێنێ.
ئەگەر باوکم تا ئێستا جندۆکەی دەستەمۆ کردبن و بە سۆغرەی گرتبن بەدڵنیاییەوە دەزانێ، بلوور خانم چی پێگوتووم.
ـ بلوور خانم دەتوانم دەستی لەسەر دانێم؟
ئێستا نابێ.
ـ بلوور خانم خۆ من هێشتا دروست و حیسابی نەمدیتووە.
ـ ئەگەر دەتهەوێ بیبینی، ئاخری شەوێ وەرە.
درەنگانێک بەئاسپایی وەرە ژوورەکەم تا نیشانت بدەم.
هەموو هۆش و گۆشم لەلای بلوور خانمە. درۆم کرد کە گوتم زگیم نەبینیوە. تەنانەت خاڵە ڕەشە بچکۆلەکەی ژێر ناوکیشیم دیت.
زەردەپەڕە و دەمی ئەنگۆرەیە، خۆر خەریکە لە لێواری بانان ئاوا دەبێت. کۆترە باریکە هاتوون لەسەر لێواری سەربانی نیشتوونەوە، گمەگمیان ناوەتەوە. کۆترە ڕەنگ خەنەییەکە کە دەمێک بوو دیار نەبوو گەڕاوەتەوە. تازە سەری ئێوارەیە و بۆ ئاخری شەو زۆری ماوە. ئینجا ئەگەر خوا بکات باوکم لەسەر بەڕماڵەکەی هەستێ و بخەوێ. یان ئەگەر خاجەتۆفیق لە خەو هەڵنەستێ، چونکو خەوی هێند سووک بووە ئەگەر مێرووش بپژمێ، ئەو ڕادەپەڕێ. جا ئەمجار ئەگەر بانووش سۆسەی نەکردبێ، باشە. ئەمڕۆژانە کە دەگەڵ بلوور خانم قسان دەکەم، خێسەم لێدەکات، پێدەکەنێ و لیچ و لێوان بادەدات.
ـ خالید وەرە بڕۆ لای شاتر حەبیب نانی بێنە.
دایکم دار و دەستەکی (پەتە) نانم لە مستی دەنێ.
ـ دایە، جەمیلەی بنێرە ئەمن ناتوانم بچم.
خوشکم مل نادات.
شاتر حەبیب تازە چراتۆڕەکەی هەڵکردووە.
قسەکانی چەند ڕۆژ لەمەوبەری شاتر حەبیبم دێتەوە بیر.
ـ سەد جارم پێگوتووی جەنگەی نانی نیوەڕۆیە و سەرلە ئێواران بەر لە سفتاح، مەیە بۆ ئێرە.
لەسەر سەکۆی سەنگچنی بەرانبەر دووکانی شاتر حەبیب دادەنیشم. سوێنەی هەویر نە یەک و نە دوو لە دەرەوەی دووکان هەڵچنراون. خەڵیفەی شیربرینج فرۆش یەکبین کەوگیرەکەی لە بنی مەنجەڵ دەدات. خەڵیفە بەرهەڵبێنەکەی کردۆتەوە و هاویشتوویەتە سەر شانی. خەڵیفە لە تەنیشت مەنجەڵی شیربرینجەکە هەڵتروشکاوە و لەتکە نانێکی کردۆتە بابۆڵە و قەپاڵی لێدەدات. خەڵیفە برادەری باوکمە. کاتێک دەبینێ بۆ نان لەبەر نانەواخانە چاوەڕوانم، خۆی گێل دەکات ئەننەهوو نەیبینیوم .
ـ ئاخر ئێمەش ژیانمان هەیە و دەبێ مزەی کرێکاران بدەین، گەنمی بکڕین.
هەروا لەسەر سەکۆکە دادەنیشم و چاوەڕوان دەبم تا شاترحەبییب سەری سووک بێت و بە قەولی خۆی سفتاحێ بکات و چرای بگەشێتەوە.
چراتۆڕەکەی شاتر حەبیب کۆڵانی ڕووناک کردووە. ڕەوە وڵاغێک بە وێرغە تێپەڕدەبن، تەپوتۆز کۆڵان هەڵدەگرێ. ئێواران کەردارەکان کەرەکانیان دەبەنە سەر لێواری چۆمی کاروون و ئاویان دەدەن. هێندێک جار دەگەڵ برایم یان دەگەڵ حەسەنی، کەرەکانی ڕەحیم کەردار دەبەینە سەر چۆمی. بۆیان هەڵدەکەینە فیتوو لێدان تاکوو ئاوێ بخۆنەوە. پاشان دەست و دەموچاومان دەشۆین، ئینجا سوار دەبین و دەست دەکەین بە غارەکەر. لەو جارەیەوە کە نووکی نەقیزەم لە چەرم و پێستی کەرێکدا شکا، ئیتر کەرسواریم نەکردۆتەوە. ناشوێرم هیچ بە ڕەحیم کەردار بڵێم. بە تەبەنە نەقیزەم دروست کردبوو کە لە کەرەی وەژێنم و وەپێش برایمی بکەومەوە.
ـ برایم! ئەگەر تەبەنەکە لە پێستی کەرەکەدا بشکێ، چ دەبێ؟
ـ کەر خۆ ئینسان نێ، بەمانە هەست بە ژان ناکات.
برایم قسەی خۆڕایی دەکات. چۆن ژان ناکات، مەگەر گۆشت و پێستی کەرێ دەگەڵ گۆشت و پێستی بنیادەم چ فەرقی هەیە.
دایکم دێ.
ـ خالید، بۆ لێرە دانیشتووی؟
ـ دانیشتووم تا شاتر سەری سووک بێ.
دار و پەتەی نانم لە دەست دەردێنێ و دەڕوات. لە دوورەوە دەبینم شاتر حەبیب دادێتەوە و لەژێر مێزەکەی بەردمی نانی کۆن، سووتاو و نانی فەتیر دێنێتە دەرێ و دەیدا بە دایکم. وەک بڵێی لە دایکم شەرم بکات، چڕوناوچاوانی تاڵە، بەڵام هیچ ناڵێ. کە چی ئەگەر من بوایەم، بە تانە و تەشەران حەیای دەبردم.
وڵات تاریک داهاتووە. بۆنی تریاکی خاجەتۆفیق هەمدیسان رۆژەڕێیەک دەڕوات. بانوو بە تەنیشتیەوە دانیشتووە. شۆقی لامپا، سیمای ڕەقوتەقی خاجە تۆفیقی کەم تا کورتێک لە تاریکایی ڕزگار کردووە. ڕەحیم کەردار ژێرباڵی خێزانی دەگرێ و دەیهێنێتە دەرێ لەسەر لێفەیەک لە پێش ژوورەکەی خۆیان درێژی دەکات. ژووری مەشەدی ڕەحیم بە تەنیشت ژووری باوکمەوەیە. ئێسقانی دەمووچاوی ژنەکەی مەشەدی ڕەحیم دەرپەڕیون. چاوەکانی وا لە قووڵەوە چوون پیاو وەدەزانێ دوو چاڵی تاریکی لە دەمووچاوی دایە. لێوەکانی چەرمێکی ئیشکە و ئێستا ئیتر قژەکانیشی ماش و برینجین. یەکساڵە لەسەر جێگا کەوتووە.
ـ خوشکێ تەواوی پشتم بە نوێنانەوە چوو. دەنگی دەڵێی لە بنی چاڵاوێڕا دێ.
ـ دایکی خالید، ڕەزیانەتان هەیە؟
دایکم دەڵێت:
ـ ڕەزیانە؟ بۆ چی؟
حەسەنی چڵمی لووتی هەڵدەلووشێ و بە قۆڵی کراسەکەی لووتی دەسڕێ و دەڵێت:
دایکم سەردڵی دێشێ. لە ئێوارێوە کە زانیوێتی جەعفەر خشتبر خۆی خنکاندووە ئەوەندەی دیش خراپتر بووە.
دایکم تووڕە دەبێ؛
ـ دەی جا بۆ پێتان دەگوت. ئەو بۆخۆی لەو ژوورەیدا کەوتووە ئاگای لە هیچ نییە.
دایکم لە نێوان خرت و پرتەکانی پشت ئاوێنەکە، ڕەزیانەی کوتراو دەدۆزێتەوە.
دایکی حەسەنی هەر ئێسک و پێستە. پێستی وەک چەرمە چەقاڵتە بە ئێسقانییەوە نووساوە. پێستی سەری لە ئارەقەدا خووساوە. لە تاقەی پشت سەریدا سەری مارو مێرووت دەست دەکەوێ، هەر لە قاوەی بۆدراوڕا بگرە تا دەگاتە خەیارچەنبەر.
ـ خوشکێ لە بەڵایان بەدوور بی، لەئێوارێوە سەر دڵم ژانێ دەکا.
ژنی ڕەحیم کەردار قسە ناکات، نەقەی دێ.
خوشکێ بندڵم، لای خوارێ ژانی تێوەستاوە. وەک ژنەزاوێک کە هەڵووژە دڵی شۆردبێتەوە.
مەشەدی ڕەحیم سەبیلەکەی پڕدەکات، بینی پێوە دەنێ و مژێکی توندی لێدەداو ئینجا دووکەڵەکەی بە با دەکات. وەک مشکی[3] لە چاڵ بکەی، تۆزی لێهەڵدەستێ.
ڕەحیم کەردار ڕنەکەکەی هەڵدەگرێ و دەچێ وڵاغەکان ڕنەک بکات.
بلوور خانم تۆڕی شەمەدی خەو بەردەداتەوە.
ـ بلوور خانم مەگەر شەو لە ژوورێ ناخەوی؟
ـ وس! نەکەی بە کەس بڵێی.
ـ نایڵێم، بەڵام لە کوێ دەخەوی؟
ـ لە دەرێ لەنێو شەمەدەکەدا، بەڵام ئەگەر هاتی دێمەوە ژوورێ.
دایکم سفرەکەی ڕاخستووە. پنگە، سرکە، پیواز و خوێ.
پنگەکە لە دەستماندا و بە پەنجان نەرم دەکەین، بەسەر نانەکەیەوە وەردەکەین، پاشان خوێ و سرکە، ئینجا بابۆڵەی پیواز دروست دەکەین.
ـ پیاو شەوانە سووک بخەوێ باشترە.
ـ ئەگەر بنیادەم شەوانە خواردنی قورس بخوات خەونی ئاڵۆز دەبینێ.
دایکم، باوکم بانگ دەکات. باوکم بە دەم دوعا خوێندنەوە و لە ژوورەکەی دێتە دەرێ.
شێخ شوعەیب بەسەر پشتی ئەسپەکەیەوە دێتە حەوشەوە. دەرگای حەوشە قەت داناخەین. تەنانەت شەوانەش لەسەر گازی پشتێیە. شێخ شوعەیب هەوساری ئەسپەکەی لە کۆڵەکەی کەپری وڵاغەکان دەبەستێ و بە تەنیشت خاجە تۆفیقەوە دادەنیشێ و دەگەڵ ئافاق دەکەوێتە قسان.
وابزانم دیسان باسی ماڵی قاچاغە.
ـ ئافاق! لۆتکەکە دێتە بەستێنی دووهەمی کاروون.
هێندێک شەوان لە باغی خورمایاندا بڵاو دەبینەوە، یاری چاوشارکێ دەکەین، بەسەر لق و پۆپەکاندا بازدەدەین و تا سەر کاروون دەچین.
ـ سەعات دە و نیو وەرە.
لەژێر کەپرێک لە قامیشەڵاندا دانیشتووم، گوێقوڵاغم کە دەنگی پێی منداڵەکان ببیستم. لەنەکاو دەنگێکی تێکەڵپێکەڵم دێتە بەر گوێ. دەنگی پێ دێ. دەنگی پێی منداڵەکان نییە. هەڵای منداڵانیش نییە. وشەکان لە تاریکیدا دەخلیسکێن و بەرەو گوێم دێن. دەنگی ئافاق دەناسمەوە. دەنگی دەگەڵ هاشوهوشی گەڵای درێژ و سەرچڵ تیژی دارخورماکان تێکەڵ بووە. لە ناو قامیشەڵانەکەدا بەئەسپایی دەجووڵێمەوە و مل قوتدەکەم. لەسەر لـم و چەوە تەڕەکە درێژ دەبم خۆ دەخەمە سەر ئانیشکان، دەست دەخەمە ژێر چەنەم. لە تاریکایی شەودا سێرە دەگرم و دەڕوانم، بەدرێژایی لق و بەستێنی سێهەمی کارووندا چاودەگێڕم. چەند سێبەرێک دەجووڵێنەوە. ئاوی کاروون هەستاوە. لۆتکە دەتوانێ بە نێوان گەڵای دارخورماکاندا بێتە قوڵایی باخەکەوە. هەڵدەستم و دەڕۆم. خشپەی پێم لە ڕەڵمەکەدا کپ دەبێ. لەپەنا دارخورمایەکدا خۆ مات دەکەم، دەخەفتێم، دەگەڵ دارەکە خەریکە دەبم بە یەک. توێکلی زوور و زبری دارەکە خەریکە لەسەر ڕوومەتم نەخش و نیگاری خۆی وێنا بکات. ئێستا دەنگەکان باشتر دەبیسم و لێکیان دەکەمەوە. ئافاق دەبینم کە خەریکە تۆپە قوماشەکان لە لۆتکەکەڕا فڕێدەداتە سەر عەرزەکە. لەشولاری لە کراسێکی واڵدا لە قالب دراوە. قژی بەسەر شانیدا بەربوونەوە، بەروسمتی دەگەڵ هەنگاوەکانی لەرینیان پێوە دیارە.
شێخ شوعەیب بەئەسپایی بە گوێی ئافاقدا دەڵێ: سەد و سی قەوارەیە.
خاجەتۆفیق حۆقەکە دەگەشێنێتەوە و دەیداتە دەستی شێخ شوعەیب و لەبەرەخۆیەوە بەنەرمی دەست دەکات بە قسەکردن:
ـ ئەو نوور محەمەدە سپڵە و پێنەزانە، خەریکە کێشەمان بۆ دەنێتەوە. شەو و ڕۆژ لە دەوروبەری ماڵێ دەخولێتەوە و خەریکی کلکەسووتەیە.
ئافاق چوو نێو قسەکانی و گوتی:
ـ جا بۆ تۆ کە شەو و ڕۆژ لەماڵەوە دانیشتووی تەوفیری چییە. ئەوە منم کە هەموو جارێ بەبیستنی ناوی نوور مەحمەد لە پشتێند بەرەو خوارێم دەمرێ. ئەتو تریاک و وافورەکەت دابین بێ، خەمت نییە.
خاجەتۆفیق متەقی لێنایە و هیچی ناڵێ. سەری لەبەرخۆی نا، مقاشەکەی دەست دایە و خۆی بە ئاگرەکەوە خەریک کرد. شێخ شوعیب گرمۆڵەیەکی تەواوی تریاک کێشا، یەک دوو چای بەسەر داکرد و پاشان چوو هەوساری ئەسپەکەی دەست دایە و ڕۆیشت. دایکم سفرەکە کۆدەکاتەوە. بلوور خانم لەژێر شەمەدەکە درێژ بووە. مام بەندەر سەبیلەکەی بەتاڵ دەکات، فوویەک لە چرا گەرچەکی تەنیشتی دەکات و لەدەرێ، لە پێش دەرگای وەتاغەکەیدا دەخەوێ. کەڕەم هێشتا نەهاتۆتەوە. شەوانی زستان هەرکە مەنجەڵە شێلـمەکەی بەتاڵ بوو داشقەکەی وەپێش خۆی دەدا و بەرەو ماڵ دەبێ، بەڵام ئێستا چراتۆڕێکی کڕیوە و شەوانی هاوین لەبەر دەرگای مەیخانەی تووبا، لوبیا کوڵاوی سەوز بە لیمۆ ترشەوە دەفرۆشی و بەم زووانە خڵاسی نایە.
ـ کەڕەم کار و کاسبی چۆنە؟
ـ خراپ نییە ئەماناغا، خودا بیدا ڕۆژانە شەش، حەوت تمەنێکم بۆ دەمێنێ.
ـ هەر شەش حەوت تمەن؟
ـ ئاخر دەبێ سمێڵی ئاژانەکانیش چەورکەم. ئەویش دوو تا سێ تمەنی تێدەچێ.
نێفەکی پانتۆڵی کەڕەمعەلی زۆر شۆڕە، کە بەڕێگادا دەڕوات دەڵێی دووگە مەڕە، بە چەپ و ڕاستدا دەکەوێت. زاریشی هەروەها زۆر گەورەیە، گرێوێ دەکات، ژێرپیاڵەیەکی بەخڕی تێدا جێبکاتەوە و هەموو جارێش دەیباتەوە.
بانوو جیوبانی خەوی خاجە تۆفیق ڕادەخات. ڕەحیمکەردار وڵاغەکانی ئاو دەدات پاشان دەچێت کەمێک دوور لە نەنە حەسەنی پاڵدەکەوێ. زیقە و گریان نا، زەڕە زەڕی مناڵەکەی هاجەر دەست پێدەکات. ئەگەر لە دەستم هاتبا دەچووم دمی ئەو مناڵەی هاجەرم کە هەردەم دەزەڕێنی، بە لۆکە دەئاخنی.
بلوور خانم لە نێو جێگەوبانەکەیدا ئەوشان و ئەو شانێ دەکات. جیڕەجیڕی تەختەکەییم گوێ لێیە. هەڵبەت چاوەڕوانە تا هەموو لایەک خەویان لێ بکەوێ.
لەسەر پشت درێژ دەبم، ئاسمان پڕە لە ئەستێرە، پەڵە هەورێکیش چییە دیار نییە، شەوێکی ڕووناکە. باوکم ناچێتەوە ژوورێ لەدەرێ لەبەر دەرگای ژوورەکەی خۆی دەخەوێ. چرای خاجە تۆفیق دەکوژێتەوە. کەڕەمعەلی هێشتا نەهاتۆتەوە. هەتا عارەقخۆرەکان عارەقەکەیان بخۆنەوە هەیهات. ئەگەر ئەمشۆ نەچم بەر و زگی بلوور خانم ببینم بەیانی ئەماناغا لە سەفەر دەگەڕێتەوە و کەی جارێکی دیکە بچێتەوە سەفەر، خودا دەزانێ.
دەنگی داشقە دەستییەکەی کەڕەم دێ.
ـ بلوور خانم ئەگەر خەوت لێکەوتبوو، بەخەبەرت بێنم؟
ـ بۆخۆم بەخەبەر دێم.
وێدەچێ کەڕەمعەلی شێوی لە دەرێ کردبێ. ئافتاوەی هەڵگرتووە و چۆتەوە مستەڕاحێ. گوریسی جوویە، خڵاسی نایە ، هەموو شەوێ ئەوەندەی پێدەچێ. هێندێک جار کە لەدوای کەڕەم دەچمە مستەڕاح بۆنی سابوون دێت. ئاخر بڵێ، خۆ پیاو لە مبالێ دەستی ناشوات، کەس نازانێ خەریکی چییە. نەخێر هەر نایەتە دەر. نەکا خەوی لێکەوتبێ، هەی لیچ و لێو جوان، هەی چاو کونەدەرزی ، هەی مەرگی خێرت بێ، دە وەرە دەرێ.
کەڕەمعەلی دێتە دەرێ، کە دەگاتە ئاستی شەمەدەکەی بلوور خانم هەنگاوی شل و سست دەبێ. وەتاغی سەنەم لەوبەری ژوورەکەی بلوور خانم لە سووچی حەسارێیە. کەڕەم دەچێت لە پێش وەتاغ وەردەکەوێ. سەنەم دەمێکە خەوی لێکەوتووە.
حەسار و دەرکوبان کپ و بێدەنگە. منداڵە ڕیوەڵەکەی هاجەریش کپ بووە. باوکیشم خەوی لێکەوتووە و نەرم پڕخەی دێ. خۆ ناتوانم رێک بە باسک ڕاوەشاندن بە ناوەڕاستی حەسارێدا بچم بۆ لای بلوور خانم . دەبێ هەوەڵێ بە پێش مەتبەقدا بڕۆم، پاشان بەپێش ژوورەکەی حەمە فیتەر، ئینجا مامبەندەردا. دەبێ وریا بم شەق لە ئافتاوەکەی مام بەندەر هەڵنەدەم. ئەگەر بگەمە بەری سایەوانی وڵاغەکان دەتوانم بە ژێر سایەوانەکەدا بڕۆم، ئینجا دەگەمە ئاودەستخانە، ئێستاش دەروازەی حەسارێ. کۆترخانە و پاشان دەرگای بەهەشت و ژووری بلوور خانم .
خاجەتۆفیق دادەنیشێتە سەر قوون و شەربە ئاوەکە بە سەرییەوە دەنێ، پاشان سیغارێک دادەگیرسێنێ، درێژ دەبێتەوە و دووکەڵەکەی بەبا دەکات. کە مژ لە سیغارەکەی دەدات پۆلووی سەری سیغارەکەی وەک گوڵەستێرە دەدرەوشێ.
دەنگی تەختی بلوور خانم دێت. سەرم لەسەر باڵنجەکەم هەڵدێنم چاو دەگێڕم. وێدەچێ بەخەبەر بێت. لاموایە شانی گۆڕی. خاجەتۆفیق جگەرەکەی دەکوژێنێتەوە.
دەنگی قەتار لەلای بەندەرەوە دێت. سەعات یازدەیە.
هەناسەی بلوور خانم داغە بە گۆنا و گەردن هەستی پێدەکەم. لەش و لاری دەڵێی پۆلووی ئاورە. بەر و زگی سفت و تورتە، دەڵێی ئەنگوتکە، هەویری هەڵاتووە. دەستم بەسەر سمتیدا دەکێشم، ڕێک و سافە. ژێرپۆشە مەلـمەلەکەی داکەندووە. ڕووناکی مانگ لە پەنجەرەوە خۆی بە ژوورێدا کێشاوە بەڵام ئێمە لە تاریکیدا، نەدیو، لێکهاڵاوین. بەچەشنێک توند بەخۆیەوە ڕێکم دەکوشێ ئێسقانم ژانیان تێدەوەستێ، دڵم خێرا خێرا لێدەدات.
ـ بلوور خانم بۆ وا توندم ڕێک دەکوشی؟
ـ وست!
بێدەنگ دەبم. هەناسەمان تێکهاڵاوە. هەر دووکمان شەڵاڵی ئارەقەین. قژی بلوور خانم بەسەر باڵنجەکەیدا پەرێشانە. کۆڵمەکانی بۆنی عەتری محەمەدی و لێوەکانی تامی فەریکە خورما دەدەن. لەش و لاری گەرموگوڕ و خڕ و پڕی لە جۆلانە دایە. دەم دەنێمە سەر سینگی، هەنار مژی دەکەم. لینگەکانی دێنێ و دەبا. تا لە توانای دایە لێوەکانم دەمژێ. بەروسمتی دەڵێی بەردەدەستارە لە دەستمدا هەڵدەسووڕێ. هەناسەبرکە بووم، تریفەی مانگەشەو خەریکە بەسەر تاریکی ژوورەکەدا زاڵ بێ و ژوورەکە بکاتە پاوانی خۆی و لە قاومان بدات. دەستەکانی بلوور خانم سست دەبێ، کەمەرم بەردەدات، هێزی لەبەردا نەماوە. ئیتر هەناسەی سوار نییە و هێور بووەتەوە.
***
چەند کەس لە دراوسێکانی دووکانی باوکم هاتوونە سەردانی. پێیان وابووە کە نەخۆشە بۆیە چەند ڕۆژێکە دووکان داخراوە.
ـ خوا بەد نەدا وەستا حەدداد.
ـ بێوەی بی حاجی نایب.
ـ خوای نەخواستە …
باوکم دەچێتە ناو قسەکانی حاجی نایب؛
ـ نا ئەلحەمدولیلا کەسالەتیم نییە.
سمێڵی سپی و پڕی حاجی نایب دەکەونە جووڵە؛
ـ ئەی باشە ئەدی بۆ دووکانت داخستووە؟
باوکم بە بێتەفاوەتی دەڵێ:
ـ کار کەسادە، چەند ڕۆژێک دامخستووە.
حاجی نایب دەکەوێتە سەر قسان، لە هەموو شتێک دەدوێ. میرزا سادق و مەشەدی ئیمان، ئەشەمبیلای بۆ دەڵێن. باوکم هیچ ناڵێ و گوێیان دەداتێ. دایکم دەستەوەستانە.
ـ خالید وەرە بچۆ لە سەری کووچە سەهۆڵی بکڕە.
دایکم لەڕووی هەڵنایە داوای گوڵاو لە بلوور خانم بکات. چارشێوەکەی بەسەری دادەدات دەچێتە دووکانی مێهدی بەقاڵ لە کاشییەکی بچووکدا ئاولیمۆ دێنێ. لەبەرە خۆیەوە دەڵێ:
ـ خوایە گیان! پیاو ڕۆژێ چەندجار ببێتە دڵۆپێک ئاو و بە عەرزدا ڕۆبچێ.
کە سەهۆڵم کڕی و گەڕامەوە بینیم، ناوچاوانی باوکم نایکا. حاجی نایب لە تووتنەکەی باوکم جگەریەک هەڵدەبەستێ و بەبای دەکات. دایکم شەربەتیان لە پێش دادەنێ و دەڵێ:
ـ ببوورن شایانی ئێوە نییە.
شەربەتەکەیان کە خواردەوە هەڵدەستنە پێ و ماڵاوایی دەکەن. باوکم سارد و لالووت وەڵامیان دەداتەوە. باوکم گرژ و تووڕەیە. کە میوانەکان ڕۆیشتن دادەنیشێ سیغارێک هەڵدەبەستێ و هەروا کە خەریکە مژی لێدەدات لەبەر خۆیەوە قسان دەکات.
ـ ببڕا و ببڕ، دین و مرۆڤایەتی نەماوە. لە جیاتی ئەوەی بێنە بنباڵی پیاو و هەڵیبستێننەوە، دەیانهەوێ ژێرپێی پیاو بەتاڵ بکەن.
دایکم دەپرسێ:
ـ پیاوەکە ئەوە بۆ وا خوڵقت تێکچوو؟
تا ئێستا نەبووە باوکم وا دڵبەغەم بێ و قسەکردنی وا کارتێکەر بێ.
ـ بە بیانووی سەردان و چاک و چۆنی لێت وەژوور دەکەون بەڵام تەماحیان لە دووکان کردووە لە چنگتی دەربێنن.
دایکم لەسەر ئەو باوەڕەیە کە باوکم دووکانەکەی بکاتەوە، باوکم هەتا ئەو “ختمەی” دەستی پێکردووە تەواوی نەکات، دووکان ناکاتەوە.
باوکم سیغارەکەی دەکوژێنێتەوە، دەچێ لەسەر حەوز دەسنوێژ هەڵدەگرێ و دەگەڕێتەوە ژوورەکەی خۆی. دوو سەعاتێک لە نوێژی نیوەڕۆیە تێپەڕ بووە. حەسار بەتەواوی لەژێر رکێفی خۆرەتاو دایە، وەک بڵێی قەتی سێبەر و فێنکایی بە خۆیەوە نەبینیبێ. ئەوەندە گەرمە دەڵێی دەرگای جەهننەمیان کردۆتەوە. بانوو لەسەر ڕێگەی هەورەبان لەبەر پلیکانەکان، لەپەنا عەنباراو، حەسیرێکی ڕاخستووە، فۆتەیەکی تەڕی بەسەر خۆی کێشاوە و خەوتووە، ئەو بەرپلیکانە تاو نایگرێتەوە و بەو هەوایەی لە هەورەبانەکەوە دێت هەردەم فێنکە.
دەگەڵ برایم قەرارمان داوە، شاراوە و نادیارەکانی غوڵامعەلیخان لەقاو بدەین.
ـ خالید، غوڵامعەلیخان ژن و مناڵەکەی بەڕێکردۆتە هەمەدان.
غوڵامعەلیخان لە باڵەخانەی پشت نانەواخانەی شاتر حەبیبدا دەژی. غوڵامعەلیخان لە پۆلیسی شار کار دەکات، بەڵام نازانم بۆ هەمیشە کۆت و شەڵواری لەبەردایە. سمێڵی باریک و قەیتانییە دەڵێی بە ڕاستە میزانی دەکات. ئەننەهوو کلکە مشکە لەسەر لێوی بەجێماوە. ئەوەندە تیغ بە ڕدێنیدا دێنێ، بریقەی دێ. ئەوەی زۆر بەلامەوە سەیرە، چاوە کەسکەکانی غوڵامعەلیخانە، دەڵێی کشمیشە سەوزەیە، ئینجا، قیت بەڕێگادا ڕۆیشتنەکەی، دەڵێی گۆچانی قوت داوە. با باسی گوێچکەکانی هەر نەکەم، هێند پانن دەڵێی ڕادارن.
ـ خالید دیسانیش هێندێک ڕۆژ، نیوەڕۆیان فایتوونەکە دێت.
دەگەڵ برایم ساغ بووینەوە غوڵامعەلیخان ئەدەب بکەین. باوکم دەشتەوە ژوورێ، خەریکی ختم و زکر دەبێتەوە. دەگەڵ برایم دەچینە کووچەی. کە بەپێش پلیکانەکاندا تێپەڕ بووم، بانوو فۆتە تەڕەکەی لەسەر چاوی لادەدات و سەیرم دەکات. سەیرکردنێکی مانادار. بەزەییم پێیدا هات، قەت وای سەیر نەکردووم. ئەگەر زانیبێتی چوومە ژووری بلوور خانم، حەیام دەبا.
نیگام لە نیگای بانوو دەدزمەوە و دوابەدوای برایم ڕادەکەمە دەرێ. لە کووچەش نیگای بانووم لەبەر چاوانە. ئەگەر باوکم پێبزانێ… ئەگەر ئەماناغا بزانێ! .. دەچینە کەلاوەکەی بەڕماڵی غوڵامعەلیخان، خۆ خەریک دەکەین بۆ قۆچەقانییەکانمان لە وردە بەرد دەگەڕێین، بە نووکە پێ و بە داردەست زبڵەکان سەروژوور دەکەین. دەزانین کە فایتوونچی زەنگوڵەکانی بە لباد پڕ کردووە تا دەنگیان نەیە، دەنگی سمی ئەسپەکان و چەرخی فایتوونەکە لەسەر شەقام کپ دەبیسترێ. کەس بەدیارەوە نییە. ئەوەندە گەرمە سەگ لە کولانە نایەتەدەر.
ـ خالید پێتچۆنە لە پەڕۆ و پاڵان گڵۆڵەیەک سازبکەین، لە نەفتی هەڵکێشین و کاتێک خانمەکە هات، ئاوری دەین و پێی دادەین؟
بۆ هەموو کارێک ئامادەم. بەڵام لە ناخمدا حەز دەکەم بپرسم، بۆ؟ و دەپرسم. برایم چاوەکانی چکۆڵە دەکاتەوە و دەڵێ:
ـ بـۆ؟ … چونکو گوناحە. چونکو زیناح گوناحە.
برایم لە من گەورەترە، زۆرتر هامووشۆی مزگەوتێ دەکات. زۆرتر لە پای مینبەر دادەنیشێ و ئەو شتانە لە من باشتر دەزانێ.
ـ زیناح؟
ـ ئەی چۆن بەڵێ … زیناح
سەیرکردن و نیگای بانوو تەواو خەیاڵی تێکداوم. دەڵێم؛ بکشێمەوە و کارم بە کاری غوڵامعەلیخان نەبێ. بێشک بلوور خانمیش دەزانێ زیناح گوناحە. بەڵام خۆ من وەک غوڵامعەلیخان ژنم نییە… ئەدی بلوور خانم چی؟ ..خۆ ئەو مێردی هەیە؟ فایتوونێک پەیدا دەبێ.
ـ دەڵێم؛ برایم دەڵێی چی دەست ڕاگرین و ئێوارێ هەموو کوڕەکان کۆ کەینەوە و کاتێک خانمەکە دێ بڕوات هۆی بکەین و حەیای بەرین.
فایتوونەکە دەگاتە جێ. لەبەر دەرکی ماڵە غوڵامعەلیخان ڕایدەگرێ. فایتوونچی هەر کابرای پارەکەیە، بەڵام ئەو ژنەی دادەبەزێ هەر ئەو ژنەی ساڵی پار نییە. لەوەی پار قەڵەو و پانوپۆڕترە. تۆمەز غوڵامعەلیخان لەپشت دەرگا چاوەڕوانە، هەرکە فایتوون ڕاوەستا، دەرگای کردەوە، ژنە لە پلیکانان وەسەردەکەوێ و دەرگا دادەخرێ و فایتوونەش دەگەڕێتەوە. نەکاوگیر بووین. هەروا سەیری فایتوونەکە دەکەم کە گوێم لە دەنگی شکانی شووشە دەبێت. دەبینم کە برایم بەدەم ڕاکردنەوە قۆچەقانییەکەی بە ملی دادەکات. تا وەخۆ دێمەوە هەڵێم، غوڵامعەلیخان پەنجەرەی شووشە شکاوەکە دەکاتەوە و دایک و خوشکم جنێوشۆر دەکات. حەز دەکەم ڕاوەستم و لێی وەجواب بێم. بەڵام خۆ من شووشەم نەشکاندووە بۆ لەخۆڕا خۆی لێ بەساحێب بکەم.
گەرما تۆزکاڵێک دامرکاوە، تینی خۆرەتاو لە هی نیوەڕۆ کزترە. خۆر خەریکە لە پشت گوێسوانان ئاوا دەبێ. دەگەڵ برایم، حەسەنی و ئومێد قۆچەقانییەکانمان هەڵدەگرین و دەچینە کووچە. گیرفانمان پڕ دەکەین لە ورتکە بەردی لووس و لەبار. دەبێ تۆڵەی تێکڕای ئەو جنێوە بێهۆیانەی غوڵامعەلیخان بکەمەوە. خالەق و چینۆقیش دەگەڵ خۆمان دەخەین. مۆرک و نیشانەی چینۆق لووتییەتی، بۆی بووەتە بیچم و پێناسە، هێندە گەورەیە هەموو ڕووخساری داگرتووە. خەریکین لە کەلاوەی پێش ماڵی غوڵامعەلیخان خۆ تاقەت بکەین تا هەرکە سەر و سەبباحی پەیدا بوو بەردەبارانی بکەین. هێشتا دانەمەزراوین کە غوڵامعەلیخان وەک فیشەکە شێتە لە ماڵەکەی وەدەردەکەوێ. لە فریا ناکەوین ڕابکەین. ڕاست پشتملی من دەگرێ و دوو زللەی باش لە بنان گوێم دەدات و چاوم پێ سپی دەکات.
ـ غوڵامعەلیخان بۆ لێمدەدەی؟
ـ دایک قەحبەی ڕەقاسە، شووشەی پەنجەرەی من دەشکێنی؟
جا چت خواردووە ترش و چەوەندەر، وەبەر شەپانی دام. کوڕەکان وێکڕا غەیب ببوون. ڕێگای دەرباز بوونم نییە. بە قاچەکانی غوڵامعەلیخانەوە دەنووسێم. تەنگەم دەگرێ، بەرزم دەکاتەوە و پاشان وەک تۆپی فوتباڵ بە عەرزمدا دەدات. لێدانێکم لێدەدات، چ لێدان. خوریشۆرم دەکات. دمیشی ڕاناوەستێ یەکپشوو جنێوان دەدات. مردوو و زیندوومانی هێناوەتە گۆڕێ و جنێوشۆریان دەکات. شاتر حەبیب دێت و لە چنگانی ڕزگارم دەکات. وەختی وا دایکم نایەتە دەر و خۆ بە ساحێب ناکات. باوکیشم هەروەها لە ماڵەوە دادەنیشێت. ترسی ئەوەم هەیە لە ماڵەوەش بیرازم بکەن و لێمبدەن. بلوور خانم دێت و بە دەم و لووتی خوێناوییەوە دەمباتەوە ماڵێ. دەم و لووتم پڕە لە خوێن. بەڵام تاقە فرمێسک چییە لە چاوم نەهات.
لەسەر لێواری حەوزەکە دادەنیشم تا خوێنی دەم و لووتم بشۆمەوە. مناڵەکان لە دەورم کۆ دەبنەوە. دایکم لە تەنیشت حەوزەکە ڕادەوەستێ و سەیرم دەکات. جەمیلە کیپ بەتەنیشت دایکەمەوە وەستاوە. دایکم متەقی لێنایە. سەیری دەکەم. دەڵێی دەیهەوێ بگری. ئەوکم گیراوە خۆم بۆ ڕاناگیرێ. دەڵێم:
ـ دایە بە خودای من هیچ تاوانم نییە. من هیچم نەکردووە.
ـ ئەدی کێ شووشە پەنجەرەی ماڵە غوڵامعەلیخانی شکاندووە؟
ـ من نازانم دایە … نازانم کێ شکاندوویە.
برایم قسان دەکات:
ـ ئەسلەن کەس نازانێ کێ شووشەی ماڵەکەی شکاندووە لەخۆڕا دەیخاتە ملی خالید
سەیری برایم دەکەم، سەری دادەخات.
چینۆق دەڵێ:
ـ ئێمە بۆخۆمان خەریک بووین لە کەڵاوەدا یاریمان دەکرد کە هات خالیدی گرت و لێی دا.
چینۆق چاوەکانی هەر دیار نین، قسان کە دەکات دەڵێی هەموو دەمووچاوی لووتە و بەس.
چاوەڕوانم ها ئێستا ها دەمێکی دی باوکم لە ژوورەکەی بێتە دەرێ و وەبەر شەپ و زللانم بدات، بەڵام باوکم خەریکی زیکر و موناجاتی خۆیەتی.
ئێوارەیە و هێشتا خۆر ئاوا نەبووە کە غوڵامعەلیخان بە خۆی و پاسەوانێکەوە سەر و سەکوتی پەیدا دەبێ. وا دیارە دەستبەردار نییە. بەتەمایە گەڕەک چاوترسێن بکات کە ئیتر فایتوون، بێکێشە، هەموو ڕۆژێ وەخت و بێوەخت بێت و بڕوات. دایکم ڕەنگی بە ڕوووە نامێنێ. دەروجیران لە دەورمان کۆ دەبنەوە. خوشکم دەست بە گریان دەکات.
ـ غوڵامعەلیخان بیبەخشن، غەڵەتی کرد.
ـ غوڵامعەلیخان ئێوە گەورەیی بنوێنن.
ـ غوڵامعەلیخان ئەمن بەڵێنی دەدەم کە ئیدی خالید غەڵەتی وا نەکات.
تەنیا شتێک کە بە مێشکمدا نەدەهات ئەوە بوو کە غوڵامعەلیخان بچێ بۆ مناڵێکی وردەڵە ئاژان بێنێ.
کابرای ئاژان جومگەی دەستم دەگرێ و وەڕێ دەکەوین. فرمێسکەکانی دایکم بەسەر کوڵمیدا گلانە خوار. باوکم دەستی لە ختم هەڵگرتووە و لەبەر دەرگای ژوورەکەی وەستاوە و سەیرم دەکات. بلوور خانم برایم بـەدوای ئاماناغادا دەنێرێ. برایم وەک فیشەک لە دەرکی دەروازە دەردەپەڕێ. خاجە تۆفیق تا سەری کووچە دەگەڵمان دێت. مێهدی بەقاڵ بەریڤانی دەکات. شاتر حەبییب تکا و ڕەجا دەکات، بەڵام غوڵامعەلیخان گوێ ناداتێ و مل نادات.
لە داڵانی شارەوانی گوربانێکی کورتەباڵای سمێڵ خەنەیی، سەرتاس کە دوگمەی کراسەکەی کردۆتەوە لە غوڵامعەلیخان دەپرسێ:
ـ ئەوەیە؟
ـ بەڵێ … ئەو دایک قەحبەیە.
کابرای ئاژان جومگەم بەردەدات. گوربانەکە تێمڕادەخوڕی؛
ـ وەرە پێشێ بزانم!
ـ بە خودای ئەمن شووشەم….
دەگەڵ زرمەی بن گوێم، وشەی ئاخری لە ئەوکمدا پەنگی خواردەوە و دەگەڵ شەپڵاغەی گوربان کەوتم، سەرم لە دیواری داڵانی شارەوانی کەوت و چاوم لە ڕەشەوە چوو.
دەزانم باوکم بەدرێژایی ژیانی پێی لە شارەوانی نەناوە و ئێستاش تێینانێ. هەروا کە لارەمل لەپەنا دیوار دانیشتووم بیرم بۆ لای پوورزام دەچێت کە ئێستا سەربازە.
دەست لەبن پیلـم دەنێن و دەمهاوێنە حەساری شارەوانی. بیردەکەمەوە ئەگەر پوورزام ئاگادار بکەن لە ئەماناغا باشترە.
غوڵامعەلیخان دەچێتە ژوورێ، یەک لە پاسەوانەکان چای بۆ دەبات. سەرم قورساییە دەکات، خالیگەکانم ژانیان تێوەستاوە. لووتم ئەستوور بووە. لاموایە یەک لە ددانەکانم لەق بووە.
پشت بە دیواری بەردینی حەساری شارەوانییەوە دەدەم. پشتم ژان دەکات، دڵم پڕە و بێدەماغم. ئەگەر هاودەنگێک هەبا دوو قسەم دەگەڵ کردبایە، سووک دەبووم کەسێک بانگم دەکات.
ـ ئاغا!
زۆر بەهێواشی و بە دەنگێکی کز بانگم دەکات. گوێ قوڵاغ دەبم.
ـ ئاغا! دەگەڵ تۆمە
سەر بۆ لای دەنگەکە وەردەگێڕم. لە کونی لادەرگایەک کە لە شانی ڕاستم هەڵکەوتووە، دوو چاو دیارن.
ـ وەرە پێشێ… هەستە وەرە لێرە دانیشە
بڵێی چ کارێکی بە من بێ. دوو دڵم و بەگومانم. دیسانیش دەنگم دەدات.
ـ هەستە وەرە، نزیک بەوە.. تکات لێدەکەم.
هەڵدەستم بۆ لای لادەرگاکە دەچم. سێ هەنگاومان بەینە.
ـ دانیشە پاڵ وەو کۆڵەکەوە بدە.
دادەنیشم پاڵدەدەمەوە و ئەژنۆکانم لە باوەش دەگرم. کابرا دەنگی دێ. وەک دانیشتبێ و دمی بە کەلێنی دەرگاکەوە نابێ، بە دەنگێکی کز دەڵێ:
ـ ئاغا ئەتۆ هەر گوێ بگرە… هیچ قسان مەکە.
قوت دەبم، گوێ دەگرم، مەراقمە بزانم دەڵێت چی. خەمی خۆم لەبیر کردووە.
ـ گوێ بگرە ئاغا، دەزانم تۆ بەزوویی دەچییە دەرێ. دڵنیام ئازاد دەبی و لێرە نامێنییەوە. کە چوویە دەرێ بچۆ کتێبفرۆشی موجاهید و بە شەفەق، خاوەنی کتێبفرۆشییەکە بڵێ: پندار گیراوە… گوێت لێ بوو؟ پندار… کتێبفرۆشییەکە لە شەقامی پەهلەوییە. شەفەق پیاوێکی باڵابەرزە، سمێڵێکی گەورەی هەیە و چاوەکانی…
لەناکاو پاسەوانێک زۆر تووڕە تێی تووڕاندم،
ـ هۆی کوڕە !… هەستە وەرە ئەولایە!
هەڵدەستم بەرەو حەوزی ناو حەساری شارەوانی دەچم. بیری شەفەق و پندار هەموو زەینمی داگرتووە. نەگەیشتێ بڵێ چاوەکانی چ ڕەنگن، بەڵام باڵابەرز و سمێڵ زل. ئێوارەیەکی غەمگینە، هەرچی غەمی دنیایە لەسەردڵم کەڵەکە بووە. دەبێ داخوا دایکم لە چ وەزعێک دابێ. هەڵبەت ئێستا وەک عادەتی هەمیشەیی بێدەنگ دانیشتووە و نەرم نەرم دەگری. بابیشم هەلەکەی قواستۆتەوە و سەرزەنیشتی دەکات؛
ـ ئەتۆ ئەو منداڵەت بەتڵاند، هێندەی ئاکارە ناشیرنەکانی بۆ بشاریەوە و پاکانەی بۆ بکەی… ئەتۆ بەدعەمەلت کرد. ئەوەتا ئێستا پێی بۆ شارەوانی کراوەتەوە. دایکم دیسانەوە هەر دەگری.
ئەماناغا بە دووچەرخەکەیەوە دێت. ئاهێکم دێتەوە بەر. بەپشتی دەستم فرمێسکەکانم لادەدەم، ئەماناغا دووچەرخەکەی بە دیوارێوە هەڵدەپەسێرێ. چاوێکم لێدەکات و بێ ئەوەی هیچ بڵێت دەچێتە ئەو ژوورەی وا غوڵامعەلیخان و گوربانەکە لێیدانیشتوون. هەڵە نەبم دەبێ ئەماناغا و غوڵامعەلیخان بۆرە دۆستایەتییەکیان هەبێ. لە بندیوار دەستەوئەژنۆ دانیشتووم. حەزدەکەم، دەستم ڕۆیشتبا و قورقورۆچکەی غوڵامعەلیخانم کرۆشتبایە.
سەیری لادەرگاکە دەکەم. پاشان بیر لە شەفەقی باڵابەرزی سمێڵزڵ دەکەمەوە. شەقامی پەهلەوی لە ماڵە ئێمەوە زۆر دوور نییە. تا ئێستا سەدجاریش بەبەر کتێبفرۆشی موجاهیددا ڕۆیشتبم، کەمە. چەندجارم قەڵەم و دەفتەر لێکڕیوە. بەڵام شەفەق بەم قەد و قەڵافەتەی ئەو گوتی نایەتە بیرم. خۆزگە ڕەنگی چاوەکانی گوتبا. خۆزگە ئەم پاسەوانە درەنگی دیتبام تا لە فریای هەموو قسەکانی کەوتبام.
هەوا تاریک داهاتووە، ئەماناغا بانگم دەکات، هەڵدەستم دەچمە ژوورێ. ئەماناغا لە جیاتی من بەڵێنی داوە کە تازە لەو دەور و پشتە نەبینرێم ئەگینا جێگەم زیندانە. غوڵامعەلیخان خێسەم لێدەکات، چاوەکانی وەک کشمیشی سەوزە. گرێی کڕاواتەکەی زۆر زۆر بچووکە، ڕیشی پاک پاک تاشیوە کە پەڵە پەڵە سوور دەنوێنێ.
گوربان هەڵدەستێ نەرمەی گوێم دەگرێ، رێکیدەگوشێ و دەڵێ:
ـ لەبیرت نەچێ ئێستا لێرە چ بەڵێنێکت داوە.
لە خۆم دەنووسێم و دەڵێم:
ـ باشە، لەبیرم دەبێ. بەڵام واباشە ئێوەش بزانن کە من شووشەکەم نەشکاندووە.
غوڵامعەلیخان چاوی تێبڕیوم.
***
دایکم لە دەروازەی ماڵێ چاوەڕوانمە. جەمیلە هێندە گریاوە چاوەکانی هەڵمساون. دایکم ناوچاوانم ماچ دەکات. ئەرخەیان بووم کە ناکەومە بەر تێهەڵدانی باوکم. دەگەڵ ئەماناغا دەچینە ماڵێ. باوکم لەسەر چۆک دانیشتووە و سیغار دەکێشێت. حەسەنی، برایم و ئومێد دێن لە قەراغ حەوزەکە ڕادەوەستن و سەیرم دەکەن. هێندە پێناچی چینۆق، خالەق و چەند لە مناڵەکانی دیکەی گەڕەکیش دێن. باوکم وا لەپاڵ خۆی دایە دڵم بۆی دەسووتێ. وەک بڵێی وا یەکەمجارە دەبینم لاجانگی سپی بوون، ئێسقانی ڕوومەتی دەرپەڕیون، چاوی لە قووڵەوە چوون چرچولۆچی سەر تەوێڵی بوونە میوانی هەمیشەیی.
بە مەودا و دوور لە بابم ڕادەوەستم، سەرم لەبەرخۆم دەنێم. دڵم پڕە. گوێم لە دەنگی باوکم دەبێ
ـ وەرە دانیشە!
دایکم هەروا خەریکە سپاسی ئەماناغا دەکات.
ـ ڕەبی خودا چاکەت بداتەوە. خێر و خۆشی لە ژیانت ببینی. ئەگەر لە فریامان نەهاتبای کێ دەزانێ چ بەڵایەک بەسەر کوڕەکەم دەهات.
دیسان گوێم لە دەنگی باوکم بوو. بە دەنگێکی زبر گوتی:
ـ گوتم وەرە دانیشە.
شەرمێ دەکەم و خەجاڵەتێیە دەکێشم. حەزدەکەم هەستێتە حەوا و بیرازێکی باشم بکات، بەڵام ئاوا قسەم دەگەڵ نەکات. بەم چەشنەی قسەم دەگەڵ دەکات، لە شەرمان دەبم بە دڵۆپە ئاوێک. ئەگەر هەستێ و لێمبدات، تەنانەت زللەیەکیش، لەم وەزعە خڵاسـیم دێت.
دادەنیشم. هەوا تاریک بووە. کۆترە سەیدە لەسەر سوانەی دیوار بایان لە بن باڵیان کردووە و لە بەغبەغوو کەوتوون. گێژ و تاساوم. لەناکاو پندارم وەبیر دێتەوە. ئینجا شەفەق. بێگومان پندار چاوەڕوانە کە شەفەق لە هانایەوە بێ. هیوادارم کە شەفەق ناسیاوێک پەیدابکا و بینێرێتە شارەوانی و لە جیات ئەو بەڵێنی بدات. شەفەق باڵابەرزە و سمێڵێکی گەورەی هەیە چاوەکانی… بریا پاسەوانەکەی نەیدیتبام تا وەکوو هەموو قسەکانم گوێ لێ دەبوو. بریا زانیبام پندار بۆ گیراوە. بریا پاسەوانەکە لێیگەڕابام پرسیارم کرد با و باش تێگەیشتبام.
دەنگی دایکم بەرز دەبێتەوە.
ـ دەی مناڵینە بڵاوەی کەن هەستن وەدوای کار و ژیانتان بکەون.
مناڵەکان دەڕۆن و بڵاوەی دەکەن. بۆنی تریاکی خاجە تۆفیق لە وڵاتی گەڕاوە. ڕەحیم کەردار بە خۆی و وڵاغەکانییەوە دێتەوە. مام بەندەر بەر لە من هاتۆتەوە، خەریکە دەسنوێژ هەڵدەگرێ. کار و پیشەی ئەوەیە سەرلە بیانییەوە زبڵی شەقام و کۆڵانەکانی سەرووی شار دێنێ و لە کەلاوەی پشت دووکانی شاتر حەبیب کۆیان دەکاتەوە. ئینجا جەنگەی نیوەڕۆیە دێتەوە پاروێک نان دەخوات، نوێژەکەی دەکات و ئێوارێش هەر بەم دەستوورە.
ـ پێم ناڵێی بە چ حیسابێک چووی شووشەی ماڵی خەڵکت شکاند.
ئەوە پرسیاری باوکم بوو و دایکم وەڵامی دەداتەوە؛
ـ دەی هەرچی بوو بەسەرچوو.
ـ بەڵام من شووشەم نەشکاندووە.
دایکم دەست لەسەر لووتی هەڵمساوم دادەنێ.
ـ ڕەبێ خودا زەلیلی کات، سەیرکە چ بەڵایەکییان بەسەر کوڕەکەم هێناوە.
ـ ئاخر ژنەکە مەگەر ئێمە دەروەستی پیاوی حکومەت دێین؟
ئەژنۆم لە ئامێزم گرتووە و سەیری ژنەکەی حەمەی فیتەر دەکەم کە خەریکە پێش ژوورەکەیان ڕادەخات. چاوی ژنی حەمە فیتەر دەڵێی چاوی ئاسکە، ڕەنگی ڕوخساری ڕوون دەڵێی مانگە شەوە. بێدەنگ و بێسەر و سەدایە. کاری بەکاری کەس نییە وەک بڵێی هەر لەو ماڵەشدا نەبێ.
بانوو دیسان لە دوورەوە چاوی تێبڕیوم. بەتەنیشت لامپاکەوە دانیشتووە و سەیرم دەکات. خاجەتۆفیق حۆقە و ماشەکەی لە تەنیشت مەقەڵی داناوە و خەونووچکە دەیباتەوە. کاتێک، سەردەماغ و نەشئەیە و کەسی بەدەورەوە نییە چاوەکانی لەسەر یەک دادەنێ و وێژینگان دەدات. کە خوماریشە هەمدیسان لە دنیای خۆی دایە بەڵام بە خوماری ئاوی بە لووتییەوە بەندنابێ. خودا بەو ڕۆژەی نەکا خاجە تۆفیق نشئە بێ و تووشت لە تووشی بێ، یەکبین قسان دەکات ئەوەی دەیڵێ، نایڵێتەوە. مێشکت دەبات و خواش نەکات دەگەڵ حەمە فیتەر بکەونە بەریەک. لێک دەچن دە مەتەرێزەوە.
ـ ئەوە دەڵێی چی مەردی حیسابی؟ هەروا بووە و هەرواش دەبێ. نەزمی دنیا ئەوەیە کە هەیە. کاری خودای بێحیکمەت نییە، ئاغا دەبێ ئاغا بێ و نۆکەریش نۆکەر. خۆ ئەگەر ئاوا نەبێ ژیان بەڕێوە ناچێ. ئەگەر هەموو مرۆڤی سەر ڕووی هەرد ئاغا بن، ئەدی کێ کرێکار و عەمەڵە بێ؟ کێ حەمباڵی بکات؟ کێ نانی پێوەدا کە من و تۆ بیخۆین؟
بەڵام حەمە فیتەریش تێنامێنێ، کۆڵ نادات و چاکی وەڵام دەداتەوە. پێویست بکا وای وەڵام دەداتەوە دەیتەزێنێ و لە جێی خۆی ئیشکی دەکات.
ـ بەڵێ ئیدی، ئەم فەرمایشتانە هی پای مەقەڵین. پیاو ئەگەر ڕۆژێ دوو تا سێ مسقاڵ تریاک بەبا بکات و بیفەوتێنێ، دەشبێ ئەو جۆرە بیر بکاتەوە.
حەمە فیتەر قسان ناجوێ و دەیکات.
ـ سڵەواتی لە دیداری ئافاق خانم بدە، ئەوە ئافاق خانم سووتوساتی تریاکت بۆ دابین دەکات و تۆش پاڵت لێداوەتەوە و دنیا بە گەز و ڕبەی خۆت دەپێوی.
نیگام لە نیگای بانوو دەدزمەوە. باوکم خەریکە سیغار هەڵدەبەستێ. دەستەکانی چەند گەورەن، ئەننەهوو ئەوە یەکەمجارە ئەو دەست و مەچەکە دەبینم.
باوکم سیغارەکەی بەبا دەکات و دەچێتەوە ژوورێ. بلوور خانم چارشێوەکەی دەکاتە سەری و بۆلام دێت. من بیر لە شتێکی دیکە دەکەمەوە؛ بڕۆ کتێبفرۆشی موجاهید، بە شەفەق بڵێ کە پنداریان گرتووە، گوێت لێیە؟ پندار… دەنگی دڵگری پندار لە گوێمدا دەزرینگێتەوە.
ـ خالید خۆ ئەتۆ عاقڵ بووی.
بلوور خانم لەسەر سەرم ڕاوەستاوە. دایکم خەریکە پەڕەمێزەکە هەڵدەکات. شێوی ئەوشۆش مان پیوازاو دەبێ. سەیری بلوور خانم دەکەم.
ـ ئاخر بۆ موزاحیمی غوڵامعەلیخان بووی؟
ـ موزاحیم؟
لەوانەیە غوڵامعەلیخان لە شارەوانی شتهایەکی بە ئەماناغا گوتبێ و ئەویش بۆ بلوور خانمی گێڕابێتەوە.
ـ من موزاحیمی هیچکەس نەبووم.
دادێتەوە لیوانێک شەربەتم لەپێش دادەنێ.
ـ خالید بیخۆوە. بیدمیشکە. دوای ئەو چاوترسێن کردنە دەتهێنێتەوە سەرەخۆ.
ئەماناغا لە کەنار حەوزەکە دانیشتووە، قۆڵی کراسەکەی تا ئانیشکی هەڵکێشاوە، دەست و دەمووچاوی دەشوات. شەرم دەکەم چاو لە چاوی بکەم. ئەگەر کەسێک مافی ئەوەی هەبێ لێمبدات، ئەوە ئەماناغایە نە غوڵامعەلیخان.
شەفەق پیاوێکی باڵابەرزە… باڵابەرز… . دەنگی پندارە کە من هەر چاویم بینی. دوودڵ و پەرێشانم. شەربەتەکە هەڵدەگرم بیخۆمەوە. بلوور خانم دەڕوات. بانوو زۆر تایبەت سەیری بلوور خانم دەکات. ئومێد لە دەرێ لە پێش ژوورەکەی خۆیان دانیشتووە. حەسەنی و برایم، داماو لەبن سەری دایکی داماویان کە ها ئەوڕۆ ها بەیانی بمرێ، دانیشتوون. سەنەم مەنجەڵێکی لەسەر کوانوو داناوە، داهاتۆتەوە فووی لێدەکات بیگەشێنێتەوە. دەوران دەوری حەسارێ لێرە و لەوێ فانووس و لامپا بە نووری کزی خۆیان دار و دیواری سواغ دراو، دەڕەنگێنن. … سمێڵێکی گەورەشی هەیە. نەنە حەسەنی ناڵەی دێ. دووکەڵ چۆتەوە قورگی سەنەمەوە. دەکۆخێ. … سمێڵێکی گەورەشی هەیە.، سمێڵێکی گەورە. پندار و قسەکانی ئێخەم بەرنادەن. دڵەکوتەمە. دایکم دەچێتە ژوورێ. پەڕەمێزەکە ویزە و هاژەی دێ. لیوانی شەربەتەکە دەدەم بە جەمیلە، هەڵدەستمە پێ و بە هەشتاو لە ماڵ وەدەردەکەوم.
شەقامی حکوومەت تازە قیرەتاو کراوە، نیوەی شەقام جارێ هەروا سەنگفەڕشە. چراکانی سەر شەقام تێکڕایان داییسێن. دەگەڵ شەقامی ماڵی ئێمە زۆر جیاوازە. خۆڵ هەتا ئەژنۆیان دێ، کە بارانیش باری، قوڕ دەگاتە گوێزینگان. تا ئێستا نەمدیوە چراکانی شەقامی ئێمە هەموو وێکڕا بایسێن.
یەکبین هەڵدێم. بەپێش بینای گەورە و بەردینی فەرمانداریدا ڕادەکەم. پاسەوانێکی درێژی چوارشانە لەبەر دەرگا وەستاوە. بە هیچ کلۆجێک نامهەوێ سەیری بکەم. جاران لەبەر دەرگا ڕادەوەستام، سەیری پاسەوانەکان، بینا و دار و درەختی ناو حەسارەکەشم دەکرد.
ـ خالید با بڕۆین
ـ دە ڕاوەستە ماڵتە، با هێندێک چاو لە ماڵی دەوڵەتێ بکەین، دەڵێی بەهەشتە، پیاو دەحەسێتەوە. سەیری ئەو دارە جوانانە بکە. ئەم ڕیزە دارەبییە، ئەم دارەخورما بەرزانە، ئەی ئەو هەمووە گوڵدانە ڕەنگاوڕەنگە.
ـ کوڕە وەرە با بڕۆین.
ـ برایم تۆ حەز دەکەی لە جیاتی ئەو پاسەوانە بی؟
کەچی ئێستا هەر نامهەوێ سەیری بینا و عیمارەتی حکوومەت بکەم. نامهەوێ پاسەوانەش ببینم. بەغار دەچم بۆ کتێبفرۆشی موجاهید. چەند مشتەرییەک لەبەر دەرگای دووکان وەستاون. لە بنەبانی دووکانێ پیاوێکی ڕەشتاڵە سیغار بەبا دەکات، کتێب دەخوێنێتەوە و سمێڵیشی گەورەیە، بەڵام چونکو دانیشتووە دیار نییە باڵابەرزە یان کورت. کوڕێکی باریکەڵەی کز خەریکە مشتەرییان بەڕێ دەکات. بەگومانم هەر هاوتەمەنی منە یان بەڵکوو ساڵێک گەورەتر بێ، یانی ڕووحی بە گەرووی داکەی هەر شازدە دەبێ. ئەدی شەفەق؟ لەبەر دەرگای دووکان خۆ دەخافڵێنم، دەگەڵ چەند ڕێبوارێک شان تێکدەکوتین. دڵەڕاوکێمە… کتێبفرۆشی موجاهید، لە شەقامی پەهلەوییە… شەفەق باڵابەرزە… سمێڵێکی گەورەشی هەیە. لەناکاو یەکێک لە پشت دووکانەوە وەدیار دەکەوێ. هەوە خۆیەتی. دڵنیام خۆیەتی بالابەرزە، سمێڵی لێوەکانی داپۆشیوە. کاڵئەسمەرە، ئێسقانی ڕوومەتی دەرپەڕیون و چاوەکانی گەورە و ڕەشن. هەر لە نیگای یەکەمڕا متمانەت پێدەبەخشێ. کتێبێکی بچووک هەر هێندەی بەری دەستی، بەدەستەوە. ناوی کتێبەکە بە ڕەنگی سوور نووسراوە، دەیداتە دەستی کابرای ڕەشتاڵە کە لەسەر کورسییەکە دانیشتووە و سیغار دەکێشێ. کابرا کتێبەکە وەردەگرێ دەیخاتە ناوقەدی ڕۆژنامەیەکی ناو قەوەزەی پەنا خۆی.
چ دەبێ با ببێ. بە نێو مشتەرییاندا خۆ دەخزێنمە ناو دووکان. کوڕە سپیلکەڵانە فرۆشیارەکە لێم دێتە پێشێ و دەڵێ:
ـ ئەگەر کتێبت دەوێ لە دەرێ ڕاوەستە.
ـ کتێبم ناوێ
ـ ئەدی؟
ـ کارم بە ئاغای شەفەقە.
چاوە گەورەکانی شەفەق بەخێرایی لە کالانیاندا دەکەونە گەڕ و ئینجا گەرایان دەخاتە سەر من. کابرای ڕەشتاڵەش چاوی لە من بڕیوە. کتێبەکەی وەلا دەنێ سیغارەکەی دەکوژێنێتەوە. تێکڕامان نەکاوگیر بووین. هەروا تێمڕاماون. هەر سێکمان کپ و بێدەنگین. وەک بڵێی مشتەرییەکانیش دۆخەکەیان پێ نامۆ بێ. فرۆشیاریش دەستی بۆ ئیش ناچێت. خۆ من شتێکی خراپم نەگوتووە. شتێکم نەگووتووە کە وا کپ بن و لێم بڕوانن. سەرەنجام شەفەق بێدەنگی دەشکێنێ. دەنگێکی لاوێنەر و بە گوێچکان خۆش.
ـ پەیمان مشتەرییەکان بەڕێ بکە!
فرۆشیاری گەنج و باریکەڵە دەگەڕێتەوە سەر پەت و سینگی خۆی، بۆ لای مشتەرییەکان.
شەفەق بانگی من دەکات: وەرە ئێرە!
ئەم چەند چرکە سەرەتاییە بوونە گەرای متمانە، وەک بڵێی هەر لەو چەند چرکە بێدەنگییەدا گەلێکمان بەیەکەوە قسە کردبێ. بە گەورەم دێتە بەر چاو و بە ڕێزەوە لێیدەڕوانم. هێدی و لەسەرەخۆ دەچمە پێش. قۆڵم دەگرێ. ئانێک لەرزیم. هەتا لای دەرگا یەکچاوەی نێوان دووکان و عەمبارەکە دەگەڵی دەڕۆم. لەسەرەخۆ دەپرسێ:
گوتت کارت بە کێیە؟
سەرم بەرزدەکەم، هاسان نییە چاو لە چاوی بکەی.
ـ بە ئاغای شەفەق،
سەیرم دەکات.
ـ زۆر باشە ئەمن شەفەقم.
دەنگم کەمێک دەلەرزێ.
ـ دەزانم کە ئێوەن.
واقی وڕما،
ـ دەزانی؟
خێرا وەڵامی دەدەمەوە؛
ـ بەڵێ دەزانم.
ـ چۆن دەزانی؟ خۆ تۆ پێشتر منت نەناسیوە.
وشە لە دەممدا هەڵدەنگوێن. قوڕگم ئیشک بووە.
ـ ئاغای پندار نێوونیشانی ئێوەی دامێ.
دیسان وەک هەوەڵ چرکەکان بەگومانەوە لێم ورد دەبێتەوە. هەر وەک هەوەڵ جار کە گوتم کارم بە ئاغای شەفەقە. حەز دەکەم خۆ لە نیگاکان بدزمەوە، لە دووکانەکە بێمە دەرێ و ڕابکەم. شەفەق قۆڵمی لە دەستی دایە. دەنگی سەرسووڕماوی لە گوێمدا دەزرینگێتەوە. دەڵێی زۆر لە دوورەوە دێت، بەڵام ڕاوێژی خۆشی هێورم دەکاتەوە.
ـ پندار؟
ـ بەڵێ پندار،
ـ تۆ ئەوت لە کوێ دیوە؟
ـ لە شارەوانی
ڕەنگی سپی هەڵگەڕا. لێوەکانی توند کەوتنە سەریەک و بەتوندی ڕێکیگوشین. سەیری کابرای ڕەشتاڵە دەکات. کابرا سیغارێک دادەگیرسێنێ. پاکەتی سیغارەکەی بۆ شەفەق ڕاداشت. بێدەنگی بەسەرماندا زاڵە. ئێستا ئیدی ناخوازم لەوێ ڕابکەم. وا هەست دەکەم دەتوانم یارمەتیدەر بم، بەڵام حاڵی نیم چ خەبەرە. وەقسە دێم.
ـ لاموایە پندار پێویستی بە یارمەتی ئێوە بێ.
کابرای ڕەشتاڵە مژێکی توند لە سیغارەکەی دەدات و دەپرسێ،
پندار چ جۆر بنیادەمێکە، کەشمی چۆنە؟
ـ من نەمبینیوە.
ـ نەتبینیوە؟
ـ نا، خۆییم نەبینیوە تەنیا چاوەکانیم لە پشت کونێکەوە بینی. کونێکی بچووک لە لادەرکەی ژوورێک لە شارەوانی.
شەفەق پرسی،
ئەو چی پێگوتی؟
ـ گوتی کە بێم پێتبڵێم گرتوویانە. گوتی شەفەق پیاوێکی باڵابەرزی سمێڵ گەورەیە… هەڵبەت پێویستی بە یارمەتی ئێوە هەیە. دەبێ بچن کارێکی بۆ بکەن ئازاد بکرێ.
ئێستا کابرای ڕەشتاڵە بەهێمنی و لەسەرەخۆ دەپرسێت،
ـ ئەتۆ لە شارەوانی چت دەکرد؟
هەموو شتێکم ورد ورد بۆ گێڕانەوە. شەفەق بەئارامی دەستی لەسەر کەپۆم دانا و گوتی:
ـ زۆر هەڵمساوە.
کابرای ڕەشتاڵە کتێبەکەی وەلانا و لەسەر کورسییەکەی هەستا؛
ـ دەی
شەفەق دەست لەسەرشانم دادەنێ.
ـ زۆر سپاس. دەچین کارێکی بۆ دەکەین. خەیاڵت ئاسوودە بێ. بەتەمام لە کتێبفرۆشی وەدەرکەوم. شەفەق دەستم دەگرێ،
ـ نەتگوت ناوت چییە؟
ـ خالید
ـ ماڵت لە کوێیە؟
ـ خوارەوەی شەقامی حکوومەت، لەو جێگەی سەنگفەڕشی شەقام تەواو دەبێ.
ـ ئەگەر فورسەتت کرد دیسانیش وەرە سەرمان لێبدە. خۆشحاڵ دەبین و دەستم لە دەستە گەورەکانی خۆیدا دەگوشێ.
***
ئاخر و ئۆخری وەرزی هاوینە. تەپوتۆز هەراسی بە وڵاتی هەڵگرتووە. هەموو ڕۆژێ تۆفان و ڕەشەبایە. خۆڵ دەبارێ. بابم خەتمەکەی تەواو کردووە، بەڵام کار و کاسبی هەروا بێبڕەوە و ڕسق و ڕۆزیش نەدیو و نەبوو، هەر وەک پێشوویە. بەیانی دەچێتە ئاسنگەرییەکەی، لەوانەیە دوو گوڵمیخان بفرۆشێ یان دوو تەورداسان بکوتێتەوە کە چی هەمین[4] پێیوایە دەکرێ بە کتێبی “ئەسراری قاسمی” زۆر کاران بکەی. بە هیچ کلۆجێک ناچێتە ژێر باری قسەکانی حەمە فیتەر و دەڵێ:
ـ هەموو ڕێوشوێنی ئەم کتێبە تاقی کراوەتەوە و سەلـمێندراوە، بەڵام ئەوە کە ئێمە ئاسەوار و ئەنجامەکەی نابینین هۆی ئەوەیە هیچ شتێکمان شەرعی نییە. نە جلوبەرگمان، نە خواردنمان، هیچ شتێکمان.
ـ بە خوا بابە تەواوە! کابــرا! کار و کاسبیت بەڕەڵا کردووە هاتووی لە ماڵێ دانیشتووی، چلدانەی دەگرێوە و چاوەڕوانی بە سیحر و پەرجۆ کارت مەیسەر بێ.
باوکم ناوچاوانی تێکدەنێ و ڕووی وەردەگێڕێ، بەڵام حەمە فیتەر دەست هەڵگری باوەڕی خۆی نییە.
ـ نا، ئاخر بەڕاستی، چاوەڕوانی چی؟ چل دانە ڕۆژی ڕەبەقە لەو ژوورەی دانیشتووی و دوعایان دەکەی و دەپاڕێیەوە، کەچی؟ چی لێکەوتەوە؟
باوکم تەواو تووڕە بووە، دەنگی دەلەرزێ؛
ـ هەر ئەوەی کە چاوم بە ناوچاوانی تۆ بکەوێ چل ڕۆژ سەهلە، نوێژ و ڕۆژووی چل ساڵەشم بە فیڕۆ دەچێ.
هاوین بەرەو کۆتایی دەچێت. ئێواران تۆفان دادەمرکێ، تەپوتۆز کەم دەکات و ئاسمان سوور هەڵدەگەڕێ. جارێ ئێستاش شەوانە لە دەرەوە، لە حەسارێ دادەنیشین و لەوێش دەخەوین.
هاجەر مناڵەکەی لەسەر چاڵی تەنیشت حەوزەکە ڕادەدێرێت. مناڵەکە یەکبین دەگری. تازە سەر لە ئێوارەیە و وڵات تەواو تاریک دانەهاتووە. کۆترە شینکە لەسەر لێواری بانی هەڵکوڕماون. بەرەو پاییز دەچین، بۆیە پێرێ شەوێ کۆترە خەنەییەکەم باڵکرد و هاویشتمە کۆترخانە. نێرەی یەمەنی بە دەوریدا دەگەڕێ، پیم وایە پێک دێن و جووت دەبن. خاجە تۆفیق لە تەنیشت حەوزەکە هەڵتروشکاوە و خەریکە ڕەژووەکان دەگەشێنێتەوە.
ئافاق تاسکەبابی دروست کردووە، بۆن و بەرامی خۆشی تاسکەباب هەموو حەسار و دەرکوبانی داگرتووە. بانوو خەریکە پێش ژوورەکەیان گەسک لێدەدات و ڕایدەخات.
ـ دەڵێم هەتیوە، دەگەڵ بلوور خانم چاکتان سەربەسەری یەکەوە ناوە.
هەتا بنان گوێیان سوور هەڵدەگەڕێم.
ـ بانوو ئەوە چ قسەیەکە، ئەوە دەڵێی چی؟
بانوو وەخت و بێوەخت تێم هەڵدەپێچێ و باسی بلوور خانم دەکات، لاموایە سۆسەی کرد بێ. لەوەتا ڕووت نابمەوە تا لە حەوزەکەی حەسارێدا مەلەی دەگەڵ بکەم و لەباوەشی بکەم، لێم لالووتە، تیر و توانجم تێدەگرێ و دەڵێ:
وایە ئیدی… بەر و سمتی بلوور خانم بە مەزاقت خۆشترە.
بلوور خانم لە ناندێنەکەیانە، پیم وایە بەتەمایە شامیکەباب دروست بکات. دایکیشم هەمدیسان بەتەمایە پیوازاومان بداتێ. هاجەر بە قوونبادان مناڵەکەی دەباتەوە ژوورێ، لەسەر عەرزی دادەنێ و پەنچکە نانێکی دەداتە دەستی، پاشان زیلۆکەیان دەتەکێنێ و ئینجا لە پێش وەتاغەکەیان ڕایدەخات. باوکم لەپێش وەتاغەکەی خۆی لەسەر چۆک دانیشتووە و کتێبەکەی ئەسراری قاسمی لەپێشە. ئێستا ئیتر کتێبەکە ناخوێنێتەوە بەڵکوو وەرەقیان لێدەدا و سیغارانی بۆ بەبادەکات. ڕەحیم کەردار خەریکە وڵاغەکانی تیمار دەکات. وڵاغەکان پڕمەیان دێت. دەنگی سیسرکان حەساری هەڵگرتووە. مناڵەکەی هاجەر لە زیق و هۆڕ بووەتەوە و ناگری. دایکی حەسەنی لە پێش وەتاغەکەیان درێژ بووە، ناڵەی دێ و دەکرووزێتەوە، وڕێنە دەکات، بۆیەش چەتوونە لێیتێبگەی چی دەڵێت. مام بەندەر لەنتەرییەکەی هەڵکردووە و لە پێش وەتاغێی داناوە. مام بەندەر لە ماڵێ وەدەردەکەوێ. هەڵە نەبم دەچێ شیربرینج بکڕێ.
دەرگای کۆترخانە گاڵەدەدەم و دەچم لەلای باوکم دادەنیشم. دەوروبەری مافوورەکە پڕ بووە لە سووتووی سیغار. کەسێک لە دەرگای حەسارێ وەژوور دەکەوێ، کە دێتە پێشتر شەبەقی فانۆسەکەی مام بەندەر دەیەنگێوێ، دەیناسمەوە. ناسر دەوانییە. بە چەنەی درێژ، تەوێڵی پان، لووتێکی قووت، چەماوەتەوە و سندووقێکی قورسی تەختەی، بەسەر شانییەوە، لە هاجەر وەژوور دەکەوێ. هاجەر نەکاوگیر دەبێ. منداڵە تەڕاڵ و بوودەڵەکەی بە باوەشیەوە، لەسەر زیلۆکە دایدەنێ و خێرایەک بەرەو ناسر دەوانی دەچێت و سندووقەکەی لە شانی دادەگرێ.
ـ بەخێرێیەوە! ئەدی بۆ خەبەرت نەدەنارد کە دێیەوە؟
ناسر دەوانی منداڵە بوودەڵەکەی هەڵدەگرێ، ماچی دەکات و بە سینگیەوە دەنێ. ناسر دەوانی ڕەش هەڵگەڕاوە. تۆزکاڵێک لەڕیش بووە.
منداڵەکە چنگی دەخاتە ناو قژی ماش و برینجی باوکی. هاجەر سەری لێشێواوە، نازانێ چ دەکات، هەروا بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە. قژە لوولەکەی کە بەسەر شانیدا بڵاو بووەتەوە، ڕێکوپێک دەکات. دەچێت لە ژوورێرا پەڕەمێزەکە دێنێ، دایدەنێ و هەڵیدەکات.
ـ لانی کەم ئەگەر خەبەرت ناردبا شێوم دروست دەکرد.
برسیم نییە. لە قاوەخانەی”دارخوێن” دوو شیش کەبابم خوارد.
ناسر دەوانی منداڵەکەی دادەنێ. هاواری منداڵە بەرز دەبێتەوە. هاجەر دەست دەکات بە لاواندنەوەی. دەروجیران لە ناسر دەوانی هاڵاون.
ـ هاجەر، چاو و دڵت ڕوون.
هاجەر دەچێتە سەر حەوزێ لە شێرەکە کترییەکە پڕ دەکات و لەسەر پەرەمێزەکەی دادەنێ.
ـ وەستا ناسر بە خێربێیەوە
ـ سڵامەت بی مام بەندەر
ـ مام بەندەر لەسەر بەردەشۆری حەوزەکە دانیشتووە دەستنوێژ هەڵبگرێ. بۆنی تریاکی خاجە تۆفیق بڵاو دەبێتەوە.
ـ وەستا ناسر ماندوو نەبی، بەخێر بێیەوە
زۆر سۆپاس خاجە تۆفیق
هاجەر پەرەمێزەکە ناسووس دەکات.
ـ هاجەر چاو و دڵت ڕوون.
لە چاو و دڵڕوونان بی بلوور خانم .
نێفەکی شەڵوارە فلانێلەکەی ناسر دەوانی بە ئارەقە سپی هەڵگەڕاوە.
باوکم سەر لەسەر کتێبی “ئەسراری قاسمی” هەڵدەگرێ و لە ناسر دەوانی دەپرسێ
ـ بە چی هاتییەوە وەستا ناسر؟
ناسر دەوانی هاوکات کە شەڵوارەکەی دادەنێ، وەڵامی باوکم دەداتەوە
ـ هەتا “گەسبە” بە لەنج هاتین پاشان تا “خوسرەوئاوا “بەپێ لەوێشڕا بە ئوتومبێل .
باوکم سیغارێک دادەگیرسێنێ و لە پێش گڕسۆزەکە هەڵدەستێ. کڵاشە قورسەکانی بەسەر پێوە دەکات و بە ساوە ساو بەرەو ناسر دەوانی دەچێت.
ـ مەترسییەک، شتێک؟
ـ خوڵا شوکور نا!
باوکم شانەکانی چەمیونەوە.
ـ بیستوومە حەوت هەشت ڕۆژ لەمەوبەر لەنجێک نوقوم بووە، ڕاستە؟
ـ منیش بیستوومە.
قومێک لە سیغارەکەی دەدات و دیسان دەپرسێ،
ـ دەڵێن دووسەد کەسێکی تێدابووە، ڕاستە؟
ناسر دەوانی بە کورتی وەڵامی دەداتەوە. وەک ئەوەی ماندوو بێ و تاقەتی قسەکردنی نەبێ. شەڵوارە فلانێلەکەی قەد دەکات، لەسەر زیلۆکە دایدەنێ و پاشان دەچێت لەسەر لێواری حەوزەکە دادەنیشێت. قۆڵی هەتا سەر ئانیشکان هەڵدەماڵێ و دەست و دەمووچاوی دەشوات.
باوکم دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی لەبەر لامپا گڕسۆزەکە دادەنیشێ، جگەرەکەی لەسەر هەرد دەکوژێنێتەوە.
تا ئاوەکە بکوڵێ هاجەر دەچێتەوە ژوورێ.
ـ ناسر دەوانی دەچێتە ژوورێ و خاولی بەدەست دەگەڕێتەوە. دەست و دەمووچاوی خۆی ئیشک دەکاتەوە و خاولییەکە داوێتە پشت ملی.
دایکم چایەک لە پێش باوکم دادەنێ کە لە دنیای بیر و ئەندێشەی خۆی دایە. پیاڵە چایەکەی نەبینیوە. بە سەری پەنجان یاری بە لاپەڕەکانی “ئەسراری قاسمی” دەکات. جەمیلە لەتەنانێکی کردۆتە بابۆڵە، قەپاڵی لێدەدا و قومێک چای شیرینی بەسەردادەکات. جەمیلە خەونوچکە دەیباتەوە. دایکم خەریکی کەشکێنەیە. هاجەر لە ژوورەکەیان دێتە دەرێ، کراسێکی چیتی سەوزی کاڵ و داوێن گوڵئەرخەوانی کردۆتە بەر. تا ئێستا ئەم کراسەم لەبەر هاجەردا نەبینی بوو. ناسر دەوانی منداڵە ڕەقەڵەکەی لەسەر کۆشی داناوە و دەیدوێنێ. هاجەر دەستی تێکەڵ دێن. بەسەری پەنجان کراسەکەی لەژێر مەمکی ساف دەکات. ناسر دەوانی چاوی بە بەروسمتی گەورەی هاجەرێ دەکەوێ کە لەژێر کراسەکەیدا خێوەتی هەڵداوە و دەگەڵ هەر هەنگاوێکی هاجەر دەلەرێتەوە. چی بەمێشکی دادێ نازانم.
دیسانەوە دەنگی باوکمە؛
ـ وەستا ناسر ، کار و بار لە کوەیتێ چۆنە؟ یانـی کاری ئاسنگەری مەبەستمە.
ـ ئا باشە، بەڵام زۆر گەرمە. هەواکەی دەڵێم.
پیاڵە چایەکەی بەردمی باوکم بووەتە دمیمردوو.
باوکم دەپرسێ،
ـ یانی لێرە گەرمترە؟
ـ ئێــــرە؟ ئێرە کوێستانە، بەهەشتە.
ئاخروئۆخری هاوینێیە و ئێوارە کە دادێ، ئیدی گەرما دەکەوێ، بای شەماڵ نم و تەڕایی هەوا دەگەڵ خۆیدا دەبات و فێنکایی سەر چەمی کاروون دەگەڵ خۆی دەهێنێ.
خاجە تۆفیق لەپاڵ خۆی دایە و وافوورەکەی دەگەشێنێتەوە. ڕەحیم کەردار لە تەنیشت ژنەکەی دانیشتووە. بلوور خانم خەریکە دەورییە تایبەتییەکەی ئەماناغا ئامادە دەکات. بانوو وێژینگان دەدات. مام بەندەر لەسەر بەڕماڵی نوێژێیە. سەنەم لە دەرێ لە پێش ژوورەکەیان دروومانێ دەکات. شەڵوارەکانی کەڕەمعەلی هەموو دەم سەرچۆکیان دڕاوە.
ئافاق لە خاجە تۆفیق دەخوڕێ:
ـ ئیتر بە تەواوی خانەنشین بووی…
خاجە تۆفیق وافوورەکەی داناوە داغ بێ. سەری داخستووە و لوولە تریاکەکە گرمۆڵە دەکات.
ـ بەخێری ناگیانم ئەوە منیش مێردم هەیە.
خاجە تۆفیق سیغارێک پێدەکات و متەقی لێوە نایە.
ـ ناسر دەوانی مناڵەکەی دادەنێ، هەڵدەستێ دەچێتە ژوورێ.
باوکم پیاڵە چایەکەی هەروا لە پێشە. دەنگی دایکمە دێ:
ـ ئەو چایە بوو بە سەهۆڵ.
باوکم کتێبی” ئەسراری قاسمی” دەهێنێتەوە پێش خۆی، سەری بەسەردا دەگرێ و لاپەڕەکان هەڵدەداتەوە. لەسەر هێندێک لە لاپەڕەکان دەمێک دەوەستێ، سەیری دەکات و دیسان هەڵیدەداتەوە. ناسر دەوانی لە ژوورەکەی دێتەوە دەرێ. ڕادیۆیەکی باتری لە دەست دایە، دادەنیشێ و خەریکی دەبێ. لەپڕ دەنگێک لە ڕادیۆکەوە بەرز دەبێتەوە.
“لوولی زولفت تێکەڵی لوولی کائیناتە، ئەسیرم من هەتا سەر بەم کائیناتە”
باوکم سەر لەسەر کتێبەکەی هەڵدەگرێ، سەیری وەستا ناسر دەکات. کتێبەکەی پێکەوە دەنێ، دەیخاتە لاوە، بە دیوارەکەوە پاڵ دەداتەوە و بـەدوای قوتو جگەرەکەیدا دەستەکوتەی دەکات.
***
شەفەق دەڵێ:
ـ پندار زۆرت لێ مەمنوونە،
پاشان بەردەوام بوو و گوتی:
ـ هەڵبەت ئەو هێشتاش هەر گرفتارە.
ـ گرفتار؟
ـ بەڵێ لە زیندان دایە.
حەز دەکەم بزانم لەبەر چی، بەڵام شەفەق خۆ لە گێلێ دەدات و قسەکە دەگۆڕێ و ئاخیریش چیم لێ هەڵنەکڕاند.
ـ لە گیرفانەکانیدا ڕۆژنامەیان پێگرتووە. چۆنی بڵێم؟ خۆ هەر لە خۆڕاش نەیانگرتووە.
ـ دەی جا بۆ ڕۆژنامە پێبوون، تاوانـە؟
مۆڵەتم نادات؛
ـ بـەڵـێ، بـەڵام…
قسان کە دەکات چاو لە چاوت دەبڕێ. لە زایەڵەی دەنگی چێژ وەردەگرم. هێندە لەسەر دڵان و بەڕێوجێ قسان دەکات هاتەران پاتەرانیش بڵێ، وەبەر دڵت دەکەوێ. لێیپرسیم:
ـ خوێندەواریت هەیە؟
ـ تا پۆلی چوارم خوێندووە.
ـ بۆ زۆرترت نەخوێندووە؟
ـ بۆی دەڵێم لەبەر چی،
ـ بابت چ کارەیە؟
پێی دەڵێم چ کارەیە.
دەستی خستە سەر شانم.
ـ ئەگەر تاقەتت هەبوو کتێب بخوێنییەوە سەرێکم لێبدە. کتێبی داستانی خۆشم هەیە.
تەواوی قەوەزەکانی دووکانی شەفەق پڕن لە کتێب، هەروەها، پشتی دووکانەکەشی بە کتێب ئاخنراوە.
شەفەق ڕۆژنامەش دەفرۆشێ. ئەم جارەی ئاخر کە لەوێ بووم پێمزانی. لاموایە ئەم ڕۆژنامانەی ئەو دەیانفرۆشێ دەگەڵ ڕۆژنامەی دیکە جیاوازییان هەیە. تێشگەیشتم کە بە هەموو کەسیان نافرۆشێ.
ـ چاپی نوێی نەهجولبەلاغە هاتووە؟
پەیمان دەست دەباتە ژێر مێزی کارەکەی بەردمی خۆی و لەژێر کۆگایەک کاغەز ڕۆژنامەیەک ڕادەکێشێت، قەدی دەکات و دەیداتە دەستی مشتەری. تەنانەت ڕەنگ و ڕووی ئەم ڕۆژنامانە دەگەڵ ئەوانەی من تا ئێستا بینیومن جیاوازییان هەیە.
بەڵکوو سبەی بچم شەفەق ببینم، لەوانەیە کتێبی چیرۆکی لێوەربگرم.
کۆترەکان هەڵدەفڕێنم، هەفتەیەک دەبێ خۆم پێوە دەرنەهێناون. سەرلەبەیانی کە باوکم بۆ دووکان دەچوو خۆم هێنایە حاڵی جاوی و گوتم سەردڵم ژانێ دەکات و دەگەڵی نەچووم. تاقەتپرووکێنە، چڕوناوچاوانی بابیشم لەوێ ڕاوەستێ، ناتوانی دوو قسەی دەگەڵدا بکەی. پێشگرە چەرمەکەی لە خۆی دەبەستێ، قۆڵی چاکەتەکەی تا ئانیشکان هەڵدەوێزنێ ئینجا لەبەر دەم دووکاندا دادەنیشێ جگەرە بە جگەرە دادەگیرسێنێ.
ـ ئەگەر کرابا ئیش و کارەکەم بگۆڕم، لەوانە بوو تروسکایی بەخت خۆی نواندبا.
دەگەڵ میرزا نەسروڵڵا تاوتوێی کردووە.
ـ لەبەریبەیانییەوە تا سەری شەوێ لەبەر دەم دووکانێ دانیشتووم غەمان شەن دەکەم. دەڵێی چی دە بیری کاسبییەکی دیکەدا بم؟
چۆتەوە لای حاجی شێخ عەلیش؛
ـ کتێبم بۆ گرتێیەوە، داخی گرانم چاکی ناهێنێ. پیاو ناوێرێ، هەربینا دیتت دووکانەکەشت لە کیس چوو.
برایم دێ لە تەنیشتم دادەنیشێت. کۆترە خەنەییەکە دەگەڵ نێرەی یەمەنی پێکهاتوون و گمەیان دێ. جووجەڵەکانی پاشتەرکسپی گەورە بوون. لەوانەیە هەفتەی داهاتوو مەشقی هەڵفڕینیان پێ بکەم. برایم مینگەی دێ. هەوەڵێ باسی کۆترەکان دەکات پاشان دیسان دەست دەکاتەوە بە مینگە مینگ. وێدەچێ بیهەوێ شتێک بڵێت، بەڵام دوودڵە، بیڵێ یان نا. لەناکاو هاتە دوێ.
ـ دەزانی خالید دەمهەوێ شتێکت پێ بڵێم.
گوێی نادەمێ، نێری یەمەنی پاشکۆی وەک چەتر هەڵداوە و بە دەوری مێیەکەیدا دەگەڕێت و بەغبەغووی بۆ دەکات. کلکی لە عەرزی دەخشێنێ و سینگی داوەتە پێش.
ـ بەڵام هەر لەلای خۆت بێ ها،
سەیری دەکەم، باسی بانوو دەکات.
ـ ئەوەندە لە بن ئاودا ماینەوە خەریک بوو پشوومان لێ ببڕێ.
چاوەکانی دەبریسكێنەوە، زاری ئاوی کردووە. قسەکانی بانووم بیرکەوتنەوە.
ـ هەتیوە چاک دەگەڵ بلوور خانم خەریکی هـا.
لەسەر پلیکانەکانی هەورەبان ڕێی پێگرتم. قسان کە دەکات، بە بینینی دەم و ددانە زەردەکانی هێڵنجم دێتێ.
ـ ئەوڕۆژە لە سەربانی دیتم، بەیەکەوە چیتان دەکرد؟
تێگەیشتم کە بانوو هیچی نەبینیوە و نازانێ، چونکو ئێمە لە سەربانی هیچمان نەکردبوو کە بانوو دیتبێتی. ئەوە نەبێ هەفتەی پێش کە کۆترەکانم لە حەوای کردبوو هات لە تەنیشتم وەستا و بەیەکەوە قسەمان کرد.
ـ خالید ئەوشۆ ئەماناغا نایەتەوە.
ـ دەیجا؟
ـ نیوە شەوێ چاوەڕوانتم.
هەر ئەوەندە.
بانوو هیچ نازانێ، هاتبا و یەکجاریش شتێکی دیتبا، وەک قەرەچییان دەیکردە هۆسە، چ دەگات بەوەی کە ئەوە تا ئێستا دە جاریش پتر چوومە ژوورەکەی بلوور خانم .
ـ من هەموو شتێک دەزانم.
ڕەنگی زەردی بانوو حاڵم تێکدەدات.
ـ بانوو، دەتهەوێ بڵێی چی؟
ـ ئەگەر ئەمڕۆ پاش نیوەڕۆ بێی و لە حەوزەکەدا مەلەی بکەین، هیچ.
بێزم هەڵدەستێ. بەروسمتی بانوو گۆشتی پێوە نییە، رەقەڵەیە دەڵێی پاشکۆی ئەم ئێسترە بەڕەڵلا کراوانەیە کە خەریکە لە برسان بمرن. ڕانەکانی ئیشک، مەمکی دەڵێی مەمکی ئەم پشیلانەیە کە تازە بێچووەکانی شیر داوە و تڵپاتی تەڕییان تێدا نەماوە و بەسیسی لەوێ هەڵواسراون.
ـ ئەدی ئەگەر نەیەم؟
ـ بە هەموو کەس دەڵێم کە دەگەڵ بلوور خانم …
ـ ئەوڕۆژەی دەڵێم…کە لە سەربانی…
ـ بۆ مەگەر قسەکردن دەگەڵ بلوور خانم گوناحە؟
ـ بە گرژی بە ڕوویدا دێمەوە و خۆ شلوێ ناکەم. بانوو وڕما.
برایم زاری پڕ بووە لە ئاو،
ـ هەموو ڕۆژێ ئەو کارەی دەکەین. هەموو ڕۆژێش نا، یانی هەتا دەست بدا، بەڵام خالید نەکا لەلای کەس بیدرکێنی.
دەسرە شێدارەکە گڵۆڵە دەکەم و دەیهاوێمە بەر پێی کۆترەکان. کۆترەکان باڵایەک هەڵدەفڕن و لەسەر لێواری بانی دەنیشنەوە. لە پلیکانەکان وەسەر دەکەوم، برایمیش بە دوامدا دێت. دیسان دووپاتی دەکاتەوە کە نەکا لەلای کەس بیدرکێنم. لێیگەڕامەوە پەنجەم لەسەر سینگی دانا و گوتم:
ـ دەزانی چییە برایم، من هیچ حەز ناکەم گوێم لەم قسانە بێ و ئەگەر هێندەش دەترسێی بۆ پێتدەگوتم؟
واقی وڕما و سەری لەبەرخۆی نا.
ـ ئەگەر حەزت لێیە، دەتوانم بە بانوو بڵێم کە تۆش…
ـ نا برایم، من نامهەوێ.
بەرەو کۆترەکان دەچم، ئەویش لە پشت سەرمەوە دێ.
ـ ئاخر نازانی چەند خۆشە.
وەڵامی نادەمەوە. بە دەنگی فیکەی من، کۆترەکان ڕەوینەوە، باڵ دەکێشن، چەند خولان بە دەوری ماڵێدا لێدەدەن، ئینجا بەرە بەرە بەرەو تەشقی ئاسمان دەفڕن. ئاسمان ساماڵ و یەکدەستە. شینە، پڕ لە تیشکی خۆرەتاو. ئاسەوارێک لە تەپوتۆز نییە، تەنانەت پەڵە هەورێکیش بە ئاسمانەوە نییە. سۆمای چاوەکانم دەگەڵ کۆترەکان لە تەشقی ئاسمانە. گوێم لە برایمە کە دەڵێ:
ـ خالید سەیر کە!
ئاوڕ دەدەمەوە. بلوور خانم لەچکەیەکی لە سەری بەستووە و لە پێش وەتاغەکەیان بە ئیشی ناوماڵەوە خەریکە. ئەو جۆرەی کە دانیشتووە تنۆکەکەی دیارە. تنۆکە ڕەشە تۆڕەکەیە. تەوژمێکم پێداهات و گەرم داهاتم.
ـ برایم، ئەوە ئەتۆ نەبووی دەتگوت زیناح حەرامە؟
برایم پێدەکەنێ، ددانە خوار و خێچەکانی دەردەکەون.
ـ کوڕە لێمانگەڕێ، ئەوانە هەموو قسەن.
چاوی بڕیوەتە ڕان و لەتەری سپی و گۆشتنی بلوور خانم . نێفەکی پانتۆڵی برایم دەڵێی خێوەتە ئەستوندەکی لەژێر دایە. دەست بە ڕانەکانی خۆیدا دێنێ و جینگڵان دەدات. قۆڵی دەگرم.
ـ برایم، شەرمێ بکە!
دەنگی نزم و ئاستەمە.
ـ ئەتۆش گەوجی ها… ئاخر حەیف نییە پیاو سەیری ئەم ڕان و لەتەرە سپی و جوانانە نەکات؟
دینم لە کن نەما. یەخەیم گرت و لەسەر لێواری بانیرا کێشامە دواوە. دڵئێش بوو.
ـ بۆ وا دەکەی خالید؟
ـ ئەگەر بەردەوام بی و چاو لێ بکەی، وا بە هەموو کەس دەڵێم دەگەڵ بانوو خەریکی چی.
کەوتە ماستاو کردن.
ـ بەڵام ئێمە هاوڕێین.
ـ باشە هاوڕێین بەڵام من حەز ناکەم ئەتۆ بەو چاوە حیزانەتەوە سەیری بلوور خانم بکەی.
کشاوە دوایە و بەپێکەنینەوە و بەئاسپایی گوتی:
ـ کەواتە بانوو ڕاست دەکات، دەڵێت: دەگەڵ بلوور خانم کەینە و بەینەتان هەیە.
ڕام کردێ، بەرۆکیم گرت، چاوم لە چاوی بڕی و گوتم:
ـ بانوو غەڵەتی کرد .
ـ ئەو… ئەو… ئەو…
ـ ئەگەر ئەتۆش جارێکی دیکە غەڵەتی ئاوا بکەی، دەم و ددانت تێکدەشکێنم.
برایم لە من گەورەترە، بەڵام دەروەستی من نایە. قۆڵی دەڵێی قامیشە. ملی هێندە باریکە سەرت سووڕ دەمێنێ، چۆن ئەو سەرە زەلام و تووکنەی کە دەڵێی گیشەگیایە، بۆ ڕادەگیرێ. قوونلێکەوتوو و نێفەکشۆڕە.
ئومێد بە هەناسەبرکە لە پلیکانان دێتە سەرێ.
ـ خالید ئەوە غوڵامعەلیخان خەریکە بار دەکات.
لەو کاتەوە کە ئەماناغا لە جیاتی من بەڵێنی داوە لە دەرکوبانی ماڵی غوڵامعەلیخان نەبینرێم، بە ڕێبواریش پێیدا نەڕۆیشتووم. ڕێگەشم بەوێدا بووبێ، رێگەی کەلاوەی پشت ماڵانم هەڵبژاردووە. نە لەبەر ئەوەی لە غوڵامعەلیخان بترسێم، نا! بەڵکوو بە حورمەتی ئەماناغا کە ڕیشی خۆی لەبەر من لە گرێو ناوە.
نازانم چۆنە هەرچی ڕۆژگار تێدەپەڕێ زۆرتر لە ئەماناغا شەرم دەکەم. زۆر جاران لە ڕووم هەڵنایە چاو لە چاوی بکەم تەنانەت ناچم بۆ قاوەخانەکەشی کە گوێ لە دەنگی حەبس کراوی ناو گڕامافۆنەکە بگرم. ئەماناغا وەک کوڕی خۆی منی خۆشدەوێ. نێ بۆخۆی منداڵی نابێ زۆرجاران شتومەکیشم بۆ دەکڕێ.
ـ وەرە کوڕم، دەستگێڕێک هاتبوو بۆ قاوەخانە، ئەم گۆرییە سوورانەم بۆ کڕی. جوانە، وەنێ؟
لە شەرمان خەریکە ببمە دڵۆپێک ئاو.
ـ وەرە خالید بزانە ئەم کڵاشانە بۆ پێت دەبن؟
سەردادەخەم و کڵاشەکان وەردەگرم.
گۆرییە سوورەکان ئێستاش هەر لە یەغدانەکە دان، ڕامگرتوون بۆ ڕۆژی جێژن.
ـ ئێستا ئیتر ڕزگاربووین، وەنێ؟
ئەوە برایمە تەشیڕێسێ دەکات.
دەپرسم؛
ـ لە چی ڕزگار بووین، برایم؟
ـ ئەی جا ڕوونە، لەوەی کە غوڵامعەلیخان لە گەڕەکی ئێمە باردەکات.
دەستم هاویشتە سەرشانی و بۆ یەکەمجار پێمگوت:
ـ بەڵام برایم ئەوڕۆژە ئەوە تۆ بووی کە شووشەکەت شکاند. لەبیرتە؟
برایم سەردادەخات و متەقی لێوەنایە.
***
ناسر دەوانی قسە بۆ باوکم دەکات و وەکوو ئەو شەوەی کە تازە لە کووەیتڕا گەڕابۆوە کەم حەوسەلە نییە، بگرە زۆربڵەییش دەکات.
ـ هەرکە گەیشتێی بچۆ بۆ قاوەخانەی سەرچۆمی، ئەوەی پشت بازاڕی ماسیفرۆشان دەڵێم، دەزانی کوێ دەڵێم؟ تازە ئەگەر بەڵەدیش نەبی لە هەرکەس بپرسی پێتدەڵێ. کەس نییە دەرگای ئەوێی بە قوونی نەکردبێتەوە. دەڵاڵەکان هەموویان هاموشۆی وێ دەکەن و لەو دەوروبەرە دەخولێنەوە و موسافیران ڕادەگوێزن. بۆ کرێی بەلەم سێسەت تمەنت لێوەردەگرن و سەت تمەنیش دەڵاڵی خۆیان. هەڵبەت ئەگەر لە پارەوە تا ئێستا نڕخەکەیان نەبردبێتە سەر. بەڵام دەزانی چۆنە وەستا حەدداد پیاو دەبێ زیت و وریا بێ. ئەوانە بیژوون، زیرەک و تەڕدەست نەبی، لەناکاو لە دوڕگەیەکی چۆلی ناوەڕاست دەریادا داتدەبەزێنن، خۆت و خوڵات. دەی تۆش ناشارەزا و نابەڵەد. پێت دەڵێن چارەگەساتێک بەرەو قیبلە بڕۆ دەگەیە ئاوەدانی. دەڕۆی و دەڕۆی هەتا لە پێدەکەوی، ئینجا لە خۆتدەگەی کە کڵاویان لەسەر ناوی و فریو دراوی. سەیر دەکەی لە شوێنێک دایانبەزاندووی نە ئاوی لێیە، نە ئاوەدانی و نە بانگی محەمەدی. سەد جاریان شتی وا کردبێ کەمە؛
ـ حامید یەکدەستت لەبیرە؟ لەبیرتە، ڕۆژنامەکان چ هەڵلایەکیان لەسەر بەرپاکرد؟
ناسر دەوانی قاچێکی دەخاتە سەر قاچێکی و ئیستکانە چایەکەی لێکدەدات. نێرگەلەکەی بەردمی مردووە، وەلای دەنێ و بانگی چایچی دەکات.
ـ وەستا بە شاگردەکان بڵێ قەننەیەکی دیکەم دەنێ.
دەنگی شەقوتەقی پێکدادانی داشەکانی دۆمینە، قاوەخانەی بچووکی مورشدیان پڕ کردووە، خۆرەتاوە، جەنگەی قاوڵتوونانە. پیادەڕێی پێش قاوەخانە سێبەر دایپۆشیوە. باوکم لەسەر تەختی قاوەخانە دانیشتووە و منیش لە تەنیشتی. هەرکەس لەبەرخۆیەوە شتێک دەڵێ. قسە بەسەر یەکدا سەرسمان دەدەن.
ـ هەڵبەت کارێکت وەسەریەک ناوە، وایە؟
ـ لە دەرەوەی شاری لێرەوە چەند فەرسەخێک دەبێ.
ـ چ دروست دەکەن؟
ـ لاموایە پاسگا
خاوەنی قاوەخانە حەسیرەکە لادەدات و سێبەر تا ئەوبەری جۆگەی تەنیشت شەقامەکە دەکشێتەوە.
ناسر دەوانی بەردەوام دەبێ؛
ـ کاتێک موسافیری بەلەمەکە گەیشتە ئاستی خۆی، ئینجا شەوەکی بە لۆرییەک بەرەو “گەسبە” دەکەونە ڕێ. پاشان لەوێوە دوو سەعاتان بەپێ دەیبڕن تا ئاخری “خورونوخ”. ئەگەر خواوڕاستان سەرەکەرێک پەیدا نەبێ، سواری ئوتومبیل دەبن و دەکەونە ڕێ…
وەستا حەدداد وریابە! کە سەروکەللەی ژاندرمە پەیدا بوون نەکەویە بەر دەستیان و خێرا خۆ دەرباز بکەی. بەهیوای دەڵاڵەکان نەبی. پیاو لە و دەشتە چۆلە جێدەهێڵن. ئەوان بە دەیان کەلێن و قوژبن دەزانن کە مەمانان هەر ڕێیان پێدا نابەین. ئەوان بیر لە تۆ ناکەنەوە، خۆیان دەرباز دەکەن.
چایچی نێرگەلەیەک لە پێش ناسر دەوانی دادەنێ. ناسر دەوانی مژێک لە قەننەکەی دەدات و بە سەری پەنجەی پشت لووتی دەخورێنێ و دیسان دەست پێدەکاتەوە.
ـ جار هەیە، خوا بە نەسیبت نەکا، ژاندرمەکان، تەقەش دەکەن.
باوکم خەریکە جگەرە دەپێچێتەوە، لێوەکانی بەسەر یەکدا کەوتوون و شەش دانگ گوێی داوەتە ناسر دەوانی.
ـ جا کە تەقوتۆق دەستیپێکرد ئینسانەکان وەک مراوی ڕاو دەکەن. جا وەرە، کەرێ لە قوڕێ دەرێنە. مرۆڤ ئەنگاوترا بێ و بریندار، خوێنی لەبەر بڕوا، لە دەشت و بیابانی “خور”، تاریکە سەڵات، چاو چاوێ نەبینێ و ڕێگەش دەرنەکەی…
ناسر دەوانی پشوویەک تازە دەکاتەوە و ئینجا هەمدیسان؛
ـ دەزانی وەستا حەدداد، لە سنوور پەڕینەوە بەشی ناخۆش و ئەستەمەکەیە ئەگینا کە گەیشتییە کووەیتێ ئیدی ئیشوکار وەک خۆڵ وایە، هەر کارێک کە بڵێی.
گەنجێکی زەبەلاح لە تەنیشتم دانیشتووە چەفیەی لە سەری بەستووە. پیاوێكی دەنێوەوەچوو لە تەنیشتی دانیشتووە. بەیەکەوە گرێوێ دەکەن.
ـ لەسەر دوو چایان
ـ دوو چای بچووک
ـ باشە، بیڵێ!
ـ واکساڵ
ـ چەندەمین؟
ـ سێهەمی
سێهەمی بە بەردەرگای قاوەخانەدا تێپەڕی. کوڕە گەنجە زەبەلاحەکە هاواری کرد ” ئۆپێلە.
ـ وەستا دوو چای بچووک بەحیسابی بابعەلی.
ئێستا ناسر دەوانی کەوتۆتە سەر فڕوفیشاڵان و دەڵێ:
ـ کاتێ گەیشتمێ، نیوەڕۆژێکیش بێکار نەمامەوە. پیاو دەبێ هەڵسووڕ و ئازا بێ. “ساحێب” منی وەبەر دڵی کەوت. ئاخر چونکوو زمانی فەڕەنگی دەزانم؟ کاتێک دەگەڵ “نیروو” کارم دەکرد فێر بووم، مانگی خەرمانانی بیست، دەڵێم ها…
مژێک لە قەننەکەی دەدات، یاری بە دووکەڵەکەی دەکات.
ـ هەر کە گەیشتمێ بێ یەک و دوو چووم بۆ”ئەحمەدی”. بە ساحێبم گوت “ئای می سن” یانی کە من بەننام. پێکەنی، مشتەیەکی لە پشتم دا و گوتی کارم بدەنێ. هەموویان هەروان کە کەسێکیان کەوتە بەردڵ مشتەیەکی لە پشتی دەدەن. ئەمن لە چەمیان دەزانم.
ـ ڕۆژێ بیست و پێنج ڕووپییە…
سەیری باوکم دەکات.
گەنجە زەبەلاحەکە دەڵێ:
ـ بیڵێ!:
بابعەلی پرسیی لەسەر چی؟
ـ لەسەر قەننەیەک
کوڕە گەنجەگە گوتی بڵێ!
ـ ژمارەی کرێ
ـ چەندەمین؟
ـ حەوتەم
ـ ناسر دەوانی هەر سەیری باوکم دەکات.
ـ هەر ڕووپییەیەک دەکاتە هەژدە قڕان.
لەو بەری ناسر دەوانییەوە پیاوێکی کامڵی پشت کووڕ دانیشتووە. بەرانبەری ئەو پیاوێکی وردیلە دانیشتووە، بە یەکەوە بە قوتووە شەقارتە جگێن و میچێن دەکەن.
ـ وەستا!
وەستا چڕوناوچاوانەکەی نایکا.
ـ بڵێ! چیت دەوێ؟
ـ دوو چای گەورە لەسەر حیسابی یەدوڵا ڕومزی..
دەنگی وەستا خۆش نییە.
ـ ئەوە بوو بە چەند چای؟
یەدوڵا ڕومزی بە زۆری پێدەکەنێ و دەڵێ:
ئەوە بوو بە بیست و دوو چایی و سێ دانە قەننەش.
وەستا مورشید دەستێک بە سەری تاسی بێ مووی خۆیدا دێنێ و دەڵێ:
ـ گوتت چەند چایی؟
یەدوڵا ڕومزی دەکەوێتە گومانەوە؛
ـ بیست و دوو دانە
وەستا مورشید دەڵێ:
ـ بیست و چوار
یەدوڵا ڕومزی دەڵێ:
ـ تۆم مرد بێ، بیست و دوو دانە.
وەستا مورشید لە پشتی چەماوی یەدوڵا ڕومزی دەدات و بە گرژی پێی دەڵێ:
ـ بۆخۆت بمری ناپیاو. قوڕمساغ، خەریکی قۆنداغەم بکەی.
یەدوڵا ڕومزی شەقارتەکەی دەهاوێتە سەر مێزەکە و متەقی لێوەنایە. دەنگەکان تێکەڵ بوون، شەق و تەقی داشەکانی دۆمینە، جرینگە جرینگی پیاڵە و ژێرپیاڵان تێکەڵ بە یەک بوون. بۆگەنی لیتاوی جۆگەکەی ئەو بەری شەقام وڵات پڕدەکات. مێگەلە مەڕێک بەپێش قاوەخانەدا تێپەڕدەبێ، لە جۆگەکە دەپەڕێتەوە و نهێنییەکانی جۆگەکە لە قاودەدات.
ناسر دەوانی هەروا بەردەوامە و فڕوفێشاڵان دەکات.
ـ پاش دوو مانگان بە ساحێبم گوت. ” ئای گود می سن”، “تونتی فایف وێری کەم” … “ترتی ڕووپییە لازم“. قسەکانمی زۆر پێخۆش بوو. ئەگەر زانیبات چیم پێگوت؟ پێمگوت ئەمن وەستا کارێکی قابیلـم، کارەکەم لە بیست و پێنج ڕووپییە زۆرتر دێنێ. دەبێ ئەمر بکەی سی ڕووپییەم بدەنێ.
وێدەچوو باوکم ئیدی گوێی نەداتە قسەکانی ناسر دەوانی. پاڵی داوەتە پشتیی نیمکەتەکە و بیردەکاتەوە. دەست دەخاتە گیرفانی جاشباڵتۆکەی و سەعاتە “وستنداچە”کەی، کە لە دەسرەیەکەوە پێچراوە، دێنێتە دەرێ. دوو ساڵ زیاترە ئەم سەعاتەی کڕیوە و تا ئێستا وەک گلێنەی چاوی ئاگای ڵێیبووە، بۆ تاقە جارێکیش چییە نەی هێشتووە تۆزی لێ بنیشێ.
ـ ناسر دەوانی چەنەی شل نابێ، باوکم زمانی سووتا، پرسیارێکی لێکرد. “وەستا ناسر ئەگەر پیاو بیهەوێ بچێ بۆ کوەیت، دەبێ لە کوێوە بچێ؟”
دەست هەڵگر نییە. یەکبین قەننە دەکێشێ و چەنەوەڕی دەکات. ئەوە تووتنی قەننەی دووهەمیش تەواو بووە، ئەویش وا لووتی دەخورێنێ و قسان دەکات.
ـ دەزانی کە بە ساحێبم گوت: “ترتی رووپییە لازم” چیی کرد؟ دیسان پێکەنی بە بەری دەستی لە پشتی دام و ئەمری کرد، مزەکەم زیاد بکەن.
دەستی خستە باخەڵی کاپشێنەکەی دەفتەرێکی بچووکی دەرهێنا، دەفتەرەکە دەوری بە تەڵێکی سپی چنرابوو.
لەسەر خێران، پێرێ سەد میترم خاک کڕی. ئێستا دەمهەوێ چەند تمەنێک لە بانک وەربگرم و چوار دیوارێکی لە دەوری بکێشم کە ئیتر لە کرێچێتی ڕزگاریم بێ. بۆ من شتێکی وای تێناچێ. دیوارکێشانەکەی دەڵێم.
دەزانی چییە وەستا حەدداد پیاو دەبێ ئاگای لە کار و ژیانی خۆی بێ.
باوکم وا چۆتەوە دنیای خۆیەوە هەر ئاگای لێ نییە کە من لە تەنیشتی دانیشووم.
ـ وەستا پیاڵەیەک چای!
ئاوڕی دایەوە، منی بینی و ڕاچڵەکی؛
ـ وەستا دوو چایی!
ـ ناسر دەوانی سۆندەی قەننەکەی بەسەر ملی قەننەکەدا دەکات و هەڵدەستێتە سەرپێ. بەر لەوەی وەڕێ بکەوێ، لە پێش باوکم ڕادەوەستێ و دەڵێ:
ـ دەی جا وەستا حەدداد ئەگەر ویستت شەویش دیسان بۆت باس دەکەم با ئەگەر چووی بۆ کوەیت بزانی دەبێ چۆن بکەی.
ناسر دەوانی وەڕێ دەکەوێ.
“غوڵام خەوخۆش” گەیشتێ.” لیچی داکەوتووە، قژی سەری دەڵێی کۆنە لبادی سپییە، دەمارەکانی وەک مارێکی ڕەش لە مل و گەردنی هاڵاون. هەتا غوڵام خەوخۆش یەکهەشتی مسقاڵێک شیرە لە دمی بهاوێ و دوو قومی چا لەسەر پێداکات، باوکم چەند جاران سەعاتەکەی لە دەسرۆکەکەی دەردەهێنێ، سەیری دەکات و دیسان دەیپێچێتەوە.
غوڵام لەسەرەخۆ بە لێوەکانی سارد و گەرمی ئیستکانە چایەکەی، مەزەندە دەکات، شیرەکە لە دمیدا دەهێنی و دەبا و چێژی لێوەردەگرێ.
باوکم ڕوو لە غوڵام دەکات؛
ـ دەڵێم غوڵام سەعاتی وستنداچت هەیە؟
مژۆڵە تەڕەکانی غوڵام لێک هەڵدەبڕن و لە لووتیدا قسان دەکات.
ـ سەفحە ڕەش یان سەفحە سپی؟
ـ سەفحە ڕەش،
غوڵام بە بێوازی دەڵێ:
ـ هەمە.
غوڵام خەوخۆش دێ لە جێگاکەی ناسر دەوانی دادەنیشێ. قۆڵی فشی کراسەکەی هەڵدەداتەوە. ساعەتێکی وستنداچی سەفحەڕەش لە نێو ساعەتە جۆراوجۆرەکانی کە لە قۆڵی دان، جیا دەکاتەوە و لە مستی بابمی دەنێ. سەفحەکەی لەبەر کۆنی، قاوەیی دەنوێنێ.
ـ بێ عەیب و عارە.
دڵنیا دەبم کە باوکم بەتەمایە سەعاتەکەی خۆی بفرۆشێ. دڵم دادەکەوێ. دەنگی باوکم، ڕێبواری ڕێگای ئاستەم و دوورودرێژی ڕابوردوو، دەکەوێتە بەر گوێم. دەنگێک کە سەرەرای کزی و خەفەتباری، لاوێنەرە.
ـ خالید، دا ئەو سەعاتە لە گیرفانمدایە، بیهێنە!
سەعاتەکە لە قەدی دەسماڵەکە دەردێنم و دەیدەم بە باوکم.
ـ هێندێکش لۆکە بێنە!
لە پشت ئاوێنەکەوە بەستە لۆکەکە دێنم و لە پێش باوکمی دادەنێم.
ـ بەنزینی سپیمان هەیە؟
دەنگی خەمباری باوکم ڕامدەچڵەکێنێ و لە ڕۆژگاری کۆنەوە دەمهێنێتەوە قاوەخانە.
ـ بەڵام خۆ ئەوە…
سەیری باوکم دەکەم. ڕیشی سپی بووە. خەریکە سەعاتەکەی غوڵام لە دەستیدا ئەمدیو و ئەودیو دەکات. نیگای باوکم لەسەر سەفحەی کاڵ بۆوەی سەعاتەکەی غوڵام ماوەتەوە. سەیری دەم و لیچی غوڵام دەکەم. گوێم لە دەنگی باوکم دەبێ. نەرم و هێواش قسە دەکات.
ـ بەڵام خۆ ئەوە کۆنە، غوڵام.
غوڵام دەم دەکاتەوە لەخۆی دەنووسێ شتێک بڵێ.
ـ ئەزبەنی، پیاوی چاک، بۆ مەگەر وستنداچ دەزانێ مردن چییە کە تازە و کۆنەی هەبێ؟
باوکم سەیری پشتی سەعاتەکە دەکات، تەواوێک سوواوە.
ـ دەی بەچەندی؟
غوڵام لەسەر تەختی قاوەخانە هەڵدەترووشکێ.
ـ پێم بڵێ بە ڕاستی مشتەری یان پێم ڕادەبوێری؟
تا ئێستا نەمبینیوە باوکم سەر بخاتە سەری کەس و پێی ڕابوێرێ. هەمووکات لە ئاست پێویستدا قسەی کردووە و بەپێی پێویست پرسیاری کردووە. باوکم لێوی خۆی کرۆشت، کەڵەبابەی قورگی سەروخوارێکی کرد، ئاوی زاری قووت دا، بەڵام هیچی نەگوت.
دەنگی غوڵام خەوخۆش دەڵێی جیکە جیکی سیسرکە.
ـ وەستا دیشلەمەیەکمان بدەیە!
باوکم وەقسە دێت، خەفەتبار، بەڵام ئارام؛
ـ دەی غوڵام نەتگوت؟
غوڵام دەم و لووتی هەڵدەلووشێ.
ـ بۆ تۆ کە زۆرم جامین دەوێی، سەت و پەنجا تمەن.
باوکم هەروا سەیری دەمووچاوی چڵک تێدامردووی غوڵام دەکات، غوڵام جێگوڕکێ دەکات،
ـ دەمزانی مشتەری نی.
دەنگی باوکم دەلەرێتەوە.
ـ ئەگەر هەر لە و سیستیمە بێ و کاریشی نەکرد بێ بە چەندی دەکڕی.
مژۆڵە تەڕەکانی غوڵام بە زەحمەت لێکدەبنەوە.
ـ دەنگت دلێرە و تەوسان داوێی.
باوکم دەڵێ:
ـ تەمای گاڵتەم نییە.
کاکیبرا زگت تێرە، گاڵتەت هاتووە و پێمان ڕادەبوێری.
غوڵام لە تەختی قاوەخانە دێتە خوارێ و پیاڵە چاییەکە لە دەستی وەستا وەردەگرێ.
باوکم قسەی ئاخری خۆی دەکات.
ـ غوڵام! ڕاستییەکەت بوێ دەمهەوێ سەعاتەکەم بفرۆشم.
سەیری چاوەکانی باوکم دەکەم، تروسکاییان تێدا بەدیناکەم. وابزانم ئەمە یەکەمجارە ئەو هەمووە غەمە لە چاوەکانی باوکمدا ببینم. یەکەمجارە هەست دەکەم کە باوکم چەندی دڵ بەم سەعاتەوەیە.
غوڵام، قومێک لە چایەکەی دەدات.
ـ جا ئەگەر هەر لەو سیستمە بێ، حەفتا تمەن ئەویش لەبەر دڵی تۆ کە زۆر جامینتم دەوێ.
باوکم واقێکی بردەوە، ڕەنگێکی هێنا و برد. دەستی بە سەعاتەکەوە کە بۆ لای غوڵامی درێژ کردبوو داکەوت. وشە لە ئەوکیدا وەستان.
ـ تەح ماڵ خراپ! پیاوی باش، یانی لە نیوەش کەمتر؟
غوڵام بێوازە، دەپشمێ، ئاوی لووتی هەڵدەمیسێتەوە، تاقەتی قسانی نییە، وا دیارە شیرەکە جارێ کاری خۆی نەکردووە. مژۆڵەکانی کەوتوونە سەر یەک و لووتی گیراوە.
ـ برا ئاخر دەبێ بازاڕەکەی منیش بگەڕێ. خۆ من لە فەڕەنگستان نیم کە کارخانەی سەعاتسازیم هەبێ. خۆ ڕۆژێ سەعاتێکیش نافرۆشم.
پەنجەکانی باوکم دێن و دەچن. گرێی دەسرەکە لە بەندی ئیستیلی سەعاتەکە دەکاتەوە. چەند جاران لە دەستیدا دەیهێنێ و دەیبا، سەنگ و سووکی دەکات پاشان دەیداتە دەستی غوڵام. دەستەکانی باوکم دەلەرزن. تا ئێستا قەت وام نەدیتبوو. بۆ مەگەر دەستی ئاسنگەرێک کە بە زەبری کوتک ئاسن نەرم دەکات دەتوانێ ئاوا بلەرزێ؟
ـ غوڵام، باش سەیری بکە! بێ ئیرادە، وەک چاوی خۆم پاراستوومە. بە بیست و چوار کاتژمێرانیش چرکەیەک چییە پاش و پێشی نییە.
غوڵام سەعاتەکە لە دەستیدا دێنێ و دەبا و سەیری دەکات.
ـ بەڵام واشنییە کە باسی دەکەی.
باوکم دڵنیایی دەداتێ.
دڵنیا بە! یەک ساڵیش زەمانەتی دەکەم.
غوڵام سەعاتەکە لەسەر مێزەکە دادەنێت.
ـ هەر ئەوەیە کە گوتم.
ئێستا دەنگی لە گوڕە، وەک بڵێی شیرەکە کاری خۆی کردبێ.
ـ برا، ڕاستییەکەت بوێ، ئەمن سەعات چ لێبکەم؟ ئەو هەمووە سەعاتەی هەمن، بەس نین؟
غوڵام جومگەکانی نیشان دەدات. زۆرتر لە دە جۆر سەعاتیان تێدایە.
ـ ئەگەر هەر ئەوەندانە بفرۆشم شاکارم کردووە.
دەیهەوێ بڕوات، باوکم دەستی دەگرێ.
ـ ئەگەر بیکڕی بە سەت تمەنیش دەیدەم.
ـ هەر ئەوەیە کە گوتم
ـ هیچ نایە سەرێ؟
ـ ئێستا چونکو پیاوی چاکی ئەوە کردمە هەشتا و پێنج، ئیدی قسەی لێ مەکە.
سەودا سەری گرت.
***
باوکم چەمەدانەکەی لە وەتاغێڕا دەهێنێتە دەرەوە. دەستێکی نوێنوبان شریتپێچ کردووە، لە سەری دادەنێ. دادێتەوە ناوچاوان و سەرکوڵمەکانم ماچ دەکات، زووریی دەستە شەقارشەقارەکانی لەسەر گۆنام هەست پێدەکەم. جەمیلە لە باوەش دەکات، سەرکوڵمەکانی ماچ دەکات و دەستێک بەسەر موویەکانیدا دێنێت. هەروا کە جەمیلەی لەباوەشی دایە ڕوو دەکاتە دایکم و پێی دەڵێ:
ـ گیانی تۆ و گیانی منداڵەکان!
ئەوجار ڕوو لە من دەکات؛
ـ تا لە کوەیتەوە دەگەڕێمەوە لەلای ئەماناغا بەردەستی بکە، بەڵێنی داوە مزەشت بداتێ.
جارێکی دیکەش جەمیلە ماچ دەکات، بۆن بە موویەکانییەوە دەکات و دایدەنێتە عەرزی. شەوی پێش ماڵاوایی لە دەرودراوسێیان کردووە. مام بەندەر لەبەر دەرگای ژوورەکەی خۆیان هەڵتروشکاوە دەستنوێژ هەڵدەگرێ. تاریک و ڕوونی بەیانییە، تۆسقاڵێک هەوا ساردە. وڵاغەکان لەژێر کەپرەکەی خۆیانەوە پڕمە پڕمیانە. دەنگی قەتاری نەوتکێش کە لە ویستگە خەریکی هێڵ گۆڕینە، بەرگوێ دەکەوێ. تاوناتاوێک دەنگی بەرز دەبێتەوە و پاشان دادەمرکێ. باوکم چەمەدانەکەی دەست دەداتێ. لەبەر دەرگا چەمەدان و نوێنوبانەکەی دادەنێ و دەگەڵ مام بەندەر یەکتر لە ئامێز دەگرن.
ـ خوڵا پشت و پەنات بێ وەستا حەدداد.
باوکم چەمەدان و نوێنوبانەکەی هەڵدەگرێ و لە ماڵێ وەدەردەکەوێ. دایکم پێی دەڵێ: هەرکە گەیشتێی خەت بنێرە. هەتا سەری کۆڵان دەگەڵی دەچم. جارێکی دیکەش گۆناکانم ماچ دەکات و چاو لە چاوم دەکات، فرمێسک لە چاوەکانیدا پەنگیان خواردۆتەوە و دەبریقێنەوە. گوێم لە دەنگی شاتر حەبیب دەبێ کە بە بابم دەڵێت:
سەفەر ئۆغر!
***
بەشی دوو
خالید وەرە بچۆ لە بازاڕی قەسابان ورگی بکڕە!
دایکم ئەو ورگە هێندە خۆش ساز دەکات وەختە سەر پەنجەکانتی پێوە بخۆی.
سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینییە، تاو لەسەر سەرانە. دەگەڵ ئەماناغا پێکهاتووین ڕۆژانی هەینی نەچم بۆ ئیش و ڕۆژی پشوودان بێ. ئەماناغا هیچ ناڵێ، هەرکات پێمخۆش بێ دەچم بۆ قاوەخانە و ئەگەریش نەمویست ئەوە ناچم.
دەگەڵ برایم بە کووچە و کۆڵاناندا تێهەڵدەبین، ئەگەر بمانهەوێ دەتوانین رێگەی نزیک هەڵبژێرین کە زووتر بگەینێ. کە چی هەمیشە ڕێگا دوورەکە هەڵدەگرین کە بە مەیدانی شاردا تێدەپەڕێ. مەیدانی شار هەردەم شتی زۆری بۆ دیتن لێیە. بۆ وێنە ئەو چاوبەستانەی کە یاری خاڵخاڵێن دەکەن. ئێستا لە چەمیان گەیشتووم، دەزانم فێڵ و فەرەجە. سەر ڕێی دێهاتییەکان کە بۆ کڕینی شتومەک هاتوونەتە شار، دەگرن، فریویان دەدەن و کڵاویان لەسەر دەنێن.
ـ خاڵی سپی بۆ من، خاڵی ڕەش بۆ تۆ، دۆزیتەوە، بردووتەوە. تمەنێک بە پێنج تمەن.
ڕەزا کرمانی تەڕدەست وەرەقەکان دەهاوێتە سەر عەرد و ئەحمەد هەڵەپەزە سەر ڕێ بە دێهاتییەکان دەگرێت. هەر ئەوەند بڵێی یەک و دوو گیرفانیان بەتاڵ کراوە. ڕەزا کرمانی و ئەحمەد هەڵەپەزەش بە نان و ئاودا دەچن.
تاقمێکی دیکە بە تەسمەیەکی باریک خەریکی تەڕدەستین. هەرچەند وریا و زیت بی، هەر نایپێکی و ناتوانی نووکی پێنووسەکە لە قەفی ناوەندی تەسمەکە دابنێی. دڵنیای و نووکی پێنووسەکەت لە کەلێنی تەسمە لێکهاڵاوەکە دادەنێی، بەڵام کە کابرا تەسمەکە دەکێشێ پێنووسەکەی تۆ بەو پەڕی سەرسوڕمانەوە بە جێ دەمێنێ و مەرجەکە دەدۆڕێنی.
شانۆگەری سەرشەقام و شەخسێ و وەخسێ زۆر خۆشە. قسەی خۆمان بێ “موختار” دەردی بەو پیاوکوژانەی دەشتی کەربەلایە کرد، تۆڵەی حەسەن و حوسێنانی کردەوە. لەخۆڕا نەیانگووتوە؛ “خواردن ڕینەوی هەیە” یان کە دەڵێن هەر زاڵمە و زەواڵێکی هەیە.
وەختایەک دەگەینە مەیدانی شار، خۆر هەموو وڵاتی داگرتووە و چاوی مرۆڤ بە بینینی ئەم ڕووناکییە دەگەشێتەوە، چێژ وەردەگرێ و ناخی دەهەژێ.
دیسانیش جەلیل کوەیتی ماسی ڕاو کردووە. لاموایە لە هەموو دنیادا ماسی وا گەورە پەیدا نابێ. ئاخر لە کوێ شتی وات دیوە، ماسی بخەنە سەر پشتی ئێستر ئینجا سەر و کلکی لە عەردی بخشێ؟
جەلیل کوەیتی شانی وەبەر کلکی ماسییەکە دەدات کە دایگرێ. ماسییەکە لە پشتی ئێسترەکەوە بە سەر دەکەوێتە خوارێ. جەلیل بە کێرد و ساتوورەوە دەکەوێتە گیانی ماسی. هیچ کەس وەک جەلیل کوەیتی حەریفی ڕاوی “باقۆی سونگ ” نییە. سەبر و تاقەتی سەیرە، دەتوانێ یەک هەفتە لە کەنار چۆمی کاروون بخولێتەوە تا ماسی دڵخوازی خۆی ڕاوبکات. ئینجا تازە دەرکێشانی “سونگ” لە ئاوەکە بۆ سەیر کردن دەبێ. هێندەی دەبێ کایە دەگەڵدا بکەی، بە دمێوە بدەی و لێیوەرگرییەوە تا هیلاک دەبێت.
هێشتا جەلیل کوەیتی ورگی ماسییەکەی نەدڕیوە کە مەیدان دەشڵەژێت. لە هەر پێنج شەقام کە سەرێکیان بە مەیدان کۆتایی دێت خەڵکی جۆراوجۆر پەیدا دەبن و لە ناو گۆڕەپانەکە لە دەوری یەک کۆدەبنەوە.
ـ برایم ئەوە چ خەبەرە؟
برایم وەک جرج، جیکەجیک دەکات.
ـ ئەمن لە کوێوە بزانم چ خەبەرە؟
لە چاو تروکانێکدا مەیدان پڕ دەبێ لە حەشیمەت. خەڵک لە هەموو قوماشێک، پیر، گەنج، بە جلوبەرگی کارەوە، بە جلوبەرگی خاوێن، چەور و ڕۆناوی، هەروەها چەند کچ و ژنی سەر ڕووتی بێمەقنەش.
لەو هەمووە خەڵکە کە وا یەکدا بە دوو لێک کۆبوونەوە واقم وڕماوە، دەکشێمەوە دواوە لەسەر سەکۆی بەر شیپانەی ماڵێک کە هێشتا نەیانڕووخاندووە بیکەن بە دووکان، ڕادەوەستم.
برایمیش دێتە سەرێ و لە تەنیشتم ڕادەوەستێ. هەر دووکمان سەرمان سووڕماوە و زارمان داپچڕیوە. دەنگەکان هەروەک حەشیمەتەکە تێکداوێن. خەڵک بەرەبەرە دێ و زیاتر دەبێ. لە مەیدانەکەدا پاڵەپەستۆی یەکتر دەدەن. لەناکاو گەنجێکی چوارشانەی باڵا مامناوەندی دەچێتە سەرشانی دووکەسان ڕادەوەستێ و دەست دەکات بە قسان. بەرەبەرە حەشیمەتەکە بڕ دەدات و بەرەو ناوەندی مەیدانەکە دێت. لەناکاو لێم ونبوو، هەرچی چاوم گێڕا نەمدۆزییەوە. تا ئێستا مەگەر لە عاشورا و تاسوعادا هێندەم خەڵک بە کۆ بینیبێ، دەنا نەبووە. لام وابوو ئەو گەنجەش کە وتاری دەدا نەوحەی دەخوێنێ. بەڵام خۆ نە ڕۆژی قەتڵە و نە ڕۆژی وەفات. چونکو ئەگەر وا بوایە دایکم سەرلەبەیانی بەر لە هەموو شتێک کراسە ڕەشەکەی بەسەر خۆی دەکێشا، کە نەی کردبوو.
دەنگی کوڕە چوارشانەکە دەبیسم، بەڵام هیچی لێتێناگەم. خەڵکەکە جارناجارێک بە دەنگی بەرز هاوار دەکەن.”ڕاستە”، پاشان وەرەقە کاغەزی ڕەنگاوڕەنگ لە حەوایدا بڵاو دەبێتەوە. دەمهەوێ لە سەکۆکەوە قەڵەمبازێک بدەم و بچم لە ناو حەشیمەتەکەدا چەند دانە لەم لاپەڕانە هەڵبگرمەوە، بەڵام دەرفەت نەبوو. بە مەودایەکی نە زۆر دوور لەو سەکۆیەی وا ئێمەی لەسەری ڕاوەستابووین، دەستەیەک لەم لاپەڕە ڕەنگاوڕەنگانە بە حەواوە وەر بوون و ئینجا دەستەیەکی دیکەش. ناسیمەوە ئەوە پەیمان بوو بڵاوی دەکردنەوە. هەرام کردێ بەڵام گوێی لێنەبوو. برایم پرسیی؛
ـ مەگەر دەیناسی؟
ـ ئەی چۆن، شاگردی کتێبفرۆشییە.
پەیمان لەناو حەشیمەتدا ونبوو ئیتر دیار نەما. کوڕە باڵا مامناوەندییەکە بەردەوام وتاری دەدا کە چی لەناکاو لەسەر شانی خەڵکەکە هاتە خوارەوە. بڵێی یەکودوو خێراتر و سەرسووڕهێنەرتر لە گردبوونەوەیان لە چاوان بزربوون. تا بێتو تێبگەین کە ئەوە کێ بوون و چ بوون و بۆ لێک کۆوە بوون، مەیدان چۆل بوو و لە چاوان ون بوون. ئینجا تازە لەو سەری شەقامی شارەوانیڕا چەند پاسەوانێکی باتووم بەدەست، بە ڕاکردن سەروسەکوتیان وەدەرکەوت.
بەر لەوەی پاسەوانەکان بگەنێ، ڕادەکەمە ناوەندی گۆڕەپانەکە چەند وەرەقەیەک لەسەر هەرد هەڵدەگرمەوە. باش بوو لە فریاکەوتم، چونکو پاسەوانەکان هەرکە گەیشتنێ یەکەم شت کاغەزەکانیان لەسەر هەرد کۆکردەوە و چەند دانەیەکیشیان لە دەستی خەڵک هەستاند. بەم کارەی پاسەوانەکان هێندەی دیکە کونجکۆڵ بووم و حەزم کرد لەم بابەت و باسە حاڵی ببم. کاغەزەکان قەد دەکەم و لەژێر کراسەکەم لە بن باغەڵمدا دەیانشارەمەوە و دەگەڵ برایم دەگەڕێینەوە بەر دووکانی جەلیل کوەیتی کە تازە بەتەمایە ورگی ماسییەکە هەڵبدڕێ. دمی کێردەکەی چەند جارێک بە بەردەزوورەکەدا هێنا. کێرد دەبریقایەوە، ئینجا نووکی کێردەکەی لەبەر زگی ماسییەکە ڕاکرد.
پاسەوانێک بە تەنیشتماندا تێدەپەڕێ و خێسەمان لێدەکات. نێوکم کەوت، نەکا دیتبێتی کە بەیانییەکانم لەژێر کراسەکەمدا شاردۆتەوە. پاسەوانەکان هەموو وەرەقەکان کە بە گۆڕەپانەکەوە وەرببوون کۆ کردەوە، پاشان بوونە چەند پۆل بە شەقامەکاندا کەوتنە نەرمە غاردان.
لەناکاو کەوتەوە بیرم کە هاتووم ورگ بکڕم. دەستوبردێ نەکەم ڕۆژ درەنگ بووە و لەوانەیە هیچ نەمابێ. چونکو ورگ موشتەری زۆرە. هێندە خۆشە، دڵ و گورچیلە، تەنانەت گۆشت بەرخیش تای ناکات.
ـ برایم ببزوو درەنگە!
دەست دەکەین بە ڕاکردن.
نیوەگیان دەگەینەوە ماڵێ. ورگەکە دەدەمە دەست دایکم. پەلەمە هەرچی زووتر سەر لە کاری ئەو جەماعەتە دەربێنم. دەمهەوێ بزانم ئەو وەڕەق و لاپەڕانەی بڵاویان دەکردنەوە چییان تێدا نووسراوە کە پاسەوانەکان وا لە چنگ خەڵکیان دەردەهێنا و کۆیان دەکردنەوە.
دەچمە ژوورەکەی باوکم و پەردەی دەرکی نێوماڵێ دەکێشم. برایم و جەمیلەبەرانبەرم دادەنیشن. هەموو وەرەقەکان، هەر یەک شتیان لەسەر نووسراوە، شتهایەک کە هیچی لێتێناگەم. هەتا یەک وشەی بە چەند قۆرتان دەخوێنمەوە خەریکە گیانم دەرچێ. ئینجا پاش ئەوەی خوێندمەوە لە ماناکەی ناگەم. بۆ وێنە نازانم ئەو “ئیستیعماری خوێنمژە” چ جانەوەرێکە کە بەس خوێن دەخوات و قەتیش ئیشتیای نابڕێ. خۆ هەروا لەخۆڕا و بێهۆ ناوی “ئیستیعمارگەر” و “خوێنخۆر”یان لێ نەناوە.
برایم دەڵێ:
بە قەولی مەنشور دەڵێن: “هەتا شتێک نەبووبێ، شتێک ناگوترێ.”
کەم تا کورت لەم جانەوەرە شتێک حاڵی بووم و دەزانم کە هێندێک جار لە جیاتی خوێن، نەوت دەخواتەوە. بۆیە لە کاغەزەکاندا هێندێک جار لە جیاتی خوێنخۆر، نەفتخۆریشان نووسیوە.
برایم مژۆڵە ڕیپۆقاوییەکانی لێک دەدات و دەڵێ:
نەوت بخواتەوە باشترە هەتا خوێن.
هەروەها لەسەر ئەم باوەڕەیە کە ئەگەر ئەم جانەوەرە ئیشتیای خوێنی بنیادەم بکات، زۆر خراپ دەبێ.
سەیرێکی برایمی دەکەم، هێندە زەردە دەڵێی بەئانقەست زەردەچێوەی لە ئاوێ کردووە و سەرو گەردنی پێشوردووە. پێی دەڵێم:
نا برایم وا بەو ساناییەش نییە کە من و تۆ دەیڵێین. دەبێ مەبەستی دیکەشی هەبێ کە من و تۆ سەرەدەری لێ دەرناکەین.
برایم داوام لێدەکات جارێکی دیکەش بەیانییەکەی بۆ بخوێنمەوە. بە سەگەمەرگی دەیخوێنمەوە. سەرمان لێ ئەستوور بووە. منیش و برایمیش تێناگەین و تەقەمان لە سەری دێ. تا ئێستا شتی وامان نەبیستووە. خوشکم متەقی لێوە نایە و هەروا سەیرمان دەکات و گوێی بۆ ڕاداشتووین. لەپڕتاو برایم قوشقی بوو و گوتی:
ـ ئێستا تێگەیشتم باسی چییە.
بەسەرسوڕمانەوە سەیرم کرد و پرسیم؛
ـ تێگەیشتی؟
ـ بەڵێ
ـ دەی جا بڵێ بزانم.
مینگەمینگ دەکات و هیچ ناڵێت. تەنانەت وشەیەکیش. هیچی لێ حاڵینەبووە تەنیا پێیوایە تێگەیشتووە. دەست دەبەم کاغەزەکان بدڕێنم و فڕێیان بدەم. خوشکم وەقسە دێ.
نا کاکە خالید، مەیاندڕێنە، کۆلارەیەکییان بۆ من پێ دروست بکە.
قسەکەی وێدەچێ. دەتوانم دوو دانە کۆلارەی ڕەنگاوڕەنگی لێ دروست بکەم تا بە تەشقی ئاسماندا بلەرێنەوە.
هەڵدەستم لە وردەواڵەی پشت ئاوێنەکەدا دەگەڕێم. چرێشم دۆزییەوە و مەقەستەکەی دایکم هێنا، دانیشتم کۆلارە بۆ خوشکم دروست بکەم.
شەوانە لە پاشتەرکی دووچەرخەی ئەماناغا دادەنیشم و دەگەڵی دێمەوە ماڵێ. هێندێک جاریش زووتر لەو بەپێیان ملی ڕێگا دەگرم. ئەگەر چەند ساڵێک لەمەوبەر بوایە بێشک هەر ئوتومبێل یان داشقەیەک بوایە لە دواوە خۆم پێهەڵداوەسی، بەڵام ئێستا پێم عەیبە و شەرم دەکەم.
بۆ نانی نیوەڕۆیە ئەماناغا کەبابی بازاڕی بۆ کڕین. بەشی منی لە نانەوە پێچاو و دایە دەستم، بۆ خۆیشی دەگەڵ “مەشتی یەحیا” و “جان مەمەد” دانیشت و نانی خوارد.
نیوەی کەبابەکەم بە نانی چەور خوارد و نیوەکەی دیکەشم بۆ جەمیلە هەڵگرت.
ئەمڕۆ بە پێیان هاتمەوە ماڵێ.
ـ جەمیلە وەرە! نان و کەبابم بۆ هێناوییەوە.
نیوە کەبابی لە نانەوە پێچراو لە ڕۆژنامەکە دەردێنم. کەبابە سارد بووەتەوە و ڕۆنەکە سپی، بە دەورێوە دیارە. هەوا ساردی کردووە. دایکم سەیرم دەکات. پێی دەڵێم کە کەبابم لە کوێوە هێناوە.
دەگەڵ جەمیلە کەبابەکە بە عەلادینە نەوتییەکە گەرم دەکەینەوە و دەچین لە وەتاغی باوکم دادەنیشین.
دایکم بەروبوخچەی بە وڵاتییەوە وەرکردووە و خەریکی پینەوپەڕۆی جلوبەرگی گەرمە. مانگ و نیوێک لە پاییز تێپەڕیوە و خەریکە لە ئاخروئۆخری مانگی گەڵاڕێزان نزیک دەبینەوە. زستانی ئەمساڵ بەسەربچێ، جەمیلە دەبێتە هەشت ساڵ.
پەردەی ناوبەندی دیوەکەی باوکم و هی خۆمان لادەدەم، ڕووناکایی لامپا دزە دەکاتە ژووری باوکم. کاتێک باوکم لەماڵەوە بوو خۆی بەتەنیا لامپایەکی هەڵدەکرد کە “ئەنوار”، “جەوهەری” یان “ئەسراری قاسمی” لەبەر بخوێنێتەوە. ئێمەش لەنتەرییەکمان بۆخۆمان هەڵدەکرد. بەڵام ئێستا یەک دانە بەسە. بۆ ئێمە چەند کەسین؟ لەسەر فەڕشەکەی باوکم دادەنیشین و پەتووەکە بەسەر لاقمان دادەدەین. جەمیلە بابۆڵەیەک نان و کەباب دروست دەکات و دەیخوات. خوڵقی منیش دەکات.
ـ کاکە ئەتۆش بخۆ.
ـ نا جەمیلە گیان، ئەوە بەشی خۆتە، من نیوەڕۆیە خواردوومە.
ـ دەیجا منیش نیوڕۆیە پڵاو و خۆرشتم خواردووە.
واقم بردەوە و پێم سەیر بوو، پرسیم؛
ـ پڵاو و خۆرشت؟
لەو کاتەوە کاروکاسبی بابم لە کزیی دا و بەناچار چوو بۆ کوەیت، بیست ڕۆژیک تێپەڕیوە، جگە لە مزراویلکە، میوانی، پیوازاو یان جزوبز و هەموو بەرچاییانیش نانەئیشکە و چای، چیترمان نەخواردووە.
ـ جەمیلە پڵاو و خۆرشتت لە کوێ خوارد؟
جەمیلە پەنجەی لەسەر لێوەکان و لووتی دادەنێ و دەڵێ:
ـ هیـش! کاکە خالید… دایە نەزانێ.
لە قسەی جەمیلە تێناگەم، دەپرسم،
ـ چی؟ دەتهەوێ دایکم نەزانێ کە تۆ ئەمڕۆ نیوەڕۆیە پڵاو و خۆڕشتت خواردووە؟
جەمیلە دەنگی زۆر نزم کردووە بە زەحمەت دەبیسترێ.
ـ خۆیشی دەگەڵ بوو. خۆیشی دیتی.
ـ ئەی بۆ دەڵێی دایکم …
خێرا دێتە ناو قسەکانم و دەڵێ:
ـ چونکو گوتی کە بەتۆ نەڵێم.
ـ باشە جەمیلە لە کوێ پڵاو و خۆرشتتان خوارد؟ بۆ نابێ بە من بڵێی؟
جەمیلە بابۆڵەکەی قووت دەدا و دەڵێ:
ـ لە ماڵە فەرماندەی سەربازخانە،
سەیری دەکەم. دەڵێی هەست بە تاوان دەکات. دایکم پێیگوتووە کە بە من نەڵێت، بەڵام دڵە بچکۆڵانەکەی جەمیلە ئەم نهێنییەی بۆ ناپارێزرێ؛
ـ سەرلەبەیانی کە تۆ دەگەڵ ئەماناغا چووی بۆ قاوەخانە، من و دایکیشم چووین بۆ ماڵی فەرماندەی سەربازخانە لە شەقامی تیمسار.
ـ جەمیلە چوون لەوێ چیتان کرد؟
ـ چووین تا دایکم ملافەکانیان بۆ بشوات.
دەمم داکەوتووە، حەپەساوم، لە دەرگای نێوان دوو ژوورەکانەوە سەیری دایکم دەکەم کە لەبەر شۆقی لامپاکە دانیشتووە و دروومان دەکات. یەک لە کەزییەکانی گۆنای داپۆشیوە. کوڵمی ژاکاوە. ڕوخساری بە ناڕوونی لەبەر شۆقی لامپاکە دەبینرێ. لێوی خوارەوەی داکەوتووە وەک بڵێی تووڕە بێت. چاوی دیار نییە لە قووڵایی دایە و ڕەش دەچێتەوە.
دەنگی دەگاتە بەرگوێم، لەبەر خۆیەوە نارەنارێتی.
“ئای ئەگەر ڕۆژگارم وەها تاڵاو بێت خواردنی تریاک ئەرام ئاسان بێ”
ئەوە یەکەمجار نییە کە ئەمە دەخوێنێت بەڵام یەکەمجارە کە وا کزەم لە دڵی دێنێ. پێنج ڕۆژ دوای چوونی باوکم بۆ کوەیت دایکم مەنجەڵە مسەکەی هەڵگرت و بردی بۆ بازاڕی مسگەران و فرۆشتی و توانیمان چەند ڕۆژێک چا، کەشکێنە و میوانیمان هەبێ.
کترییەکە هاتۆتە کوڵ، دەستی دەداتێ ئاوی کوڵیو وەسەر چای ناو قۆرییەکە دەکات. چای زۆر پێخۆشە و ژیانێکی بە چایەوە بەستراوەتەوە؛
ـ هیلاکی لەش نامێنێ، دەحەسێیەوە. خەو لە چاوان دەتۆرێنێ.
گڕی کوانوو نەوتییەکە کز دەکات و پاشان چادانەکەی لەسەر دادەنێ تا دەم بکێشێ.
ـ جەمیلە تا کەی لەوێ بوون؟
ـ تا دەمەو ئێوارێ کاکە خالید. ئاخر دەزانی چەند دانە مەلافە بوو.
ئینجا دەستەکانی ئەوەندی توانی لێک کردنەوە،
ـ بێئەژمار، عالەمێک..
دایکم دەست دەداتە ئیستکانە چایەکە و لە لێوەکانی نزیک دەکاتەوە. لەبەر نووری زەرد و کزی لامپاکە دەستەکانی سپی دەنوێنن وەک بڵێی ئەستوور بوون و هەڵمساون.
ـ دەی جەمیلە کاتی نوێژی نیوەرۆیە بوو کە پڵاو و خۆرشتیان دانێ. وایە؟
ـ گوماشتەکەیان بۆی هێناین، بەڵام دایکم نەیخوارد، لە خۆیەوە گوتی نەزری لە خۆی گرتووە و ڕۆژانی دووشەممە بەڕۆژوویە.
لەژێر پەتووەکە دێمە دەرێ. جەمیلە جومگەم دەگرێ و دەپرسێ:
ـ کاکە خالید بۆ کوێ دەچی؟
ـ هیچ کوێ.
ـ بە دایکم نەڵێی کە من پێمگوتووی.
پارو لە گوپی جەمیلەدا قەتیس ماوە.
ـ نەیڵێی .. دەنا دەگەڵم بەشەڕ دێت.
لە چاوەکانیدا پاڕانەوە بەدی دەکەم. دادەنیشم.
ـ باشە نایڵێم، بەڵام پێم بڵێ تۆ لەوێ چیت دەکرد؟
ـ هیچ کاکە خالید. هەروا بەتەنیشت دایەوە دانیشتبووم و سەیرم دەکرد. هێندە دانیشتبووم قاچەکانم ژانیان تێوەستا… بەڵام کاکە دەزانی چی؟
ـ چی دەزانم؟
کاتێک ژنی سەروان هات تا سەیری کارەکانی دایکم بکات، منی بینی، گەڕایەوە ژوورێ و پاشان کراسێکی سووری کە وێدەچوو بۆ من گەورەبێ، هێنا و دای بە دایکم و پێیگوت: وەریگرە لەبەر کچەکەتی بکە.
ـ وەریگرت؟
ـ نا کاکە
ـ ئەدی چی؟
ـ دایکم لێو بەبزە گوتی؛ زۆر سپاس خانم… پاشان لە خۆیەوە گوتی، نەزرم کردووە تا تەمەنی دەساڵی کراسی سوور لەبەر کچەکەم نەکەم.
ـ پاشان چی؟
ژنی سەروان ناوچاوانی تێکنا، هیچی نەگوت، کراسەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت.
جەمیلە نان و کەبابەکەی خواردووە، چاوەکانی قورس بوون، وێژینگان دەدات و دەڵێ:
ـ بەڵام کاکە خالید بە دایکم نەڵێی کە من ئەوانەم بە تۆ گوتووە.
جەمیلە تێدەخزێ و درێژ دەبێ، هەناسەکانی دەبیسترێن، جومگەمی بەرنەداوە. پەنجەکانی شل دەبن. پەتووەکەی تا بن چەنەگەی دەبەم. هەڵدەستم لەپەنا کوانۆ سێپڵیتەکە دادەنیشم.
دایکم پرسیی؛
ـ چای دەخۆیەوە؟
ـ دەخۆمەوە دایە
چاییم بۆ تێدەکات، کە ئیستکانەکەی لە دەستی وەردەگرم سەیری دەکەم. نیگامان بۆ چەند چرکەیەک تێکهەڵدەنگوێ. دایکم نیگای کل دەکات و چاوەکانی دەدزێتەوە.
ـ چییە خالید؟
ـ دایە ئەمڕۆ ئەتۆ لە کوێ بووی؟
کە پرسیاری لێ دەکەم دەنگم دەلەرزێ.
دەستی دایکم لە دروومان وەستاوە. سەیری بەردمی دەکا.
ـ جەمیلە گوتی؟
ـ کێ تۆی بۆ ئەوێ برد؟
ـ خۆم گوتبووم کارم بۆ پەیدا بکەن.
ـ دەی، کێ بۆی پەیدا کردی؟
ـ بۆ تۆ چ فەرقی هەیە؟
ـ دایە، حەزدەکەم بزانم
دایکم دەستی وەگەر کەوتوونەوە و تەقەڵێک لێدەدا؛
ـ غوڵام، غوڵامی پوورە ڕەعنات.
خەریکە لە داخان وەزگ دەم.
ـ کوڕی پوورە ڕەعنا؟
دایکم دەنگی کز دەبێ؛
ـ من کارێکی خراپـم نەکردووە ، کوڕم، خۆ سواڵم نەکردووە، کار کردن عەیب نییە. هەتا باوکت لە کوەیتەوە پارەمان بۆ دەنێرێ دەبێ بەجۆرێک سەری خۆمان ڕابگرین.
ئیستکانە چایەکە دادەنێم، بوغز ئەوکی گرتووم.
ـ دەستت ڕاگرتبا، چەند ڕۆژی دیکە ئەماناغا حەق و حیسابی دەدامێ، هەموویم دەدا بە تۆ.
چاوەکانی دایکم فرمێسکیان تێگەڕاوە. کۆنەباڵتۆکەی منی، بەدەستێوە، وەلای دەنێ. جومگەم دەگرێ و بۆلای خۆیم ڕادەکێشێ.
سەر لەسەر سینگی دادەنێم. ناوچاوانم ماچ دەکات. ترپەی دڵی دەبیسم. دوو دڵۆپە فرمێسکی گەرم دەکەونە سەر ڕوومەتم. دەستی دایکم دەگرم لەسەر ڕوومەتی خۆمیان دادەنێم. دەستی پیرەڵۆک بوون و عەتری سابوون لووتم پڕدەکات.
***
قاوەخانەی ئاماناغا لەسەر سێڕێیانی بەندەرە.
هەموو جۆرە ئینسانێک هامووشۆی قاوەخانە دەکات.
کرێکارانی ترومپاخانەی نەوت کاتێک خۆ لە کارکردن دەدزنەوە، جێگایان قاوەخانەیە. موسافیری سەر ڕێگاش لە چاوەڕوانی ماشێندا لێرە لادەدەن، دوو ئیستکان چای دەخۆنەوە. شۆفیری لۆری و نەفتکێشەکان بەر لەوەی بکەونە هەوراز و نشێوی جادەی بەرەو باکوور یان بکەونە ڕێگای درێژ و تاقەتپروکێنی بەندەر، کورتە وچانێک دەگرن و هەر لەسەر پێ ئیستکانە چایەک دەخۆنەوە. واش هەیە هێندێک لە شۆفیرەکان نانی بەیانیش لە قاوەخانە دەخۆن، ئینجا پاش بەبا کردنی قەننەیەک دەکەونە ڕێ. لە ماوەی ئەم مانگەدا هێندەم خەڵکی جۆراوجۆر دیتووە بۆ حەوت پشتم بەسە.
ئەماناغا لە قاوەخانە زۆر سەر و ڕووخۆشە دەگەڵ ئەو ئەماناغایەی ماڵەوە بەتایبەت ئەو کاتانەی بە کەمەرەکەی دەکەوێتە لێدانی بلوور خانم ، تمەنی سەد تمەنی فەرقە.
ـ جاڵجاڵۆکە دوو چایان بۆ ئەو مێزە بەرە
ـ بەڵێ بە چاوان ئەماناغا
ئەوکاتانەی جاڵجاڵۆکە مژێکی لە شیرەی تریاکەکەی دابێ، لەسەر وازە، و یەکتەنە حەریفی ڕاپەڕاندنی هەموو کارەکانە.
ـ ئەماناغا ئەو قەننەی من چی بەسەر هات؟
ـ خالید لە منت نەکەوێ! زووتر ئەو قەننەیە داگرە و بۆی بەرە
ـ بەڵێ بە چاوان ئەماناغا، هەر ئێستا..
لە قاوەخانە چاوە بچووکەکانی ئەماناغا هەردەم شاد و دۆستگرە . بزە و خەندە هەردەم لەسەر لێوە باریکەکانی دەبینرێ. ئەوە مانگێکە ئەمن لێرەم نەبووە بۆ تاقە جارێکیش چییە دەگەڵ کەس دەنگ بەرزکاتەوە و تووڕە بێت.
ئەماناغا زۆر شتی فێر کردووم. بۆ وێنە ئێستا دەزانم چۆن چەکوچی قەندی بە دەستەوە بگرم و کەللە قەند بکەم بە کڵۆ.
سەیر کە خالید، وەکی تۆ دەیشکێنی هەمووی دەبێتە خاکەقەند. چەکوچەکە ئاوا بەدەستتەوە بگرە و پاشان یەک تەکان لێیدە.. تەق!
کڵۆقەندەکانی ئەماناغا هەمووی هاوئەندازەن.
ئێستا فێر بووم بە دەستێک پێنج ئیستکانان هەڵبگرم، قەننە دابگرمەوە و هەروەها دەتوانم خێرا ژێرپیاڵە و ئیستکان لێکبدەم و چەقەنەیان پێ لێبدەم.
قاوەخانەی ئەماناغا چوارگۆشە و گەورەیە و پێشەکەشی هەیوانە، هاوینان بە چارۆکەی گەورە سێبەری بۆ دەکرێ.
لە پشتەوە، قاوەخانە سێ ژووری هەیە. یەکیان عەمبارە، یەکیان جاڵجاڵۆکە لێیدەخەوێ، ئەوەی تریشیان چۆلە بۆ ئەو جاروبارەیە کە ئەماناغا دەگەڵ دۆست و ڕەفیقانی بەزمی عارەق خواردنەوە و تریاک کێشانی هەیە. ڕایەخی ئەم ژوورە دوو دانە مافوورەی درێژ و باریکی دەستکردی لۆرستانە. تەختێکی خەویش کە جێگەوبانێکی لەسەرە، سووچێکی ژوورەکەی پڕ کردۆتەوە. وێنەی ژنێکی نیوەڕووتیش بە دیوارەوە هەڵواسراوە. ڕۆژێک جاڵجاڵۆکە لە زاری دەرپەڕی و گوتی: ئەماناغا هێندێک جار کە بەدەماغە دەنێرێ بـەدوای “مەهین جی جۆ” کە بێت و شەوێ پاش رۆیشتنی مشتەرییەکان لەو ژوورەدا بەیەکەوە دەمێننەوە.
وا دیارە دیسان جان مەمەد خۆی لە کار دزیوەتەوە. کڵاوە زەردەکەی لە بن هەنگڵی ناوە و لە دەرکی قاوەخانە وەژوور دەکەوێت. جان مەمەد زۆر لە خەمی سمێڵەکانی دایە. ئاوێنە و مقەستی لە گیرفانی دایە، هەرکە لە جێگەیەک دانیشت ئاوێنەکەی دەردێنێ، سەیرێکی سمێڵەکانی دەکات، ئینجا ئەوە مقەست دەکەوێتە گەڕ.
ـ جان مەمەد دەبێ ڕۆژێ دە جاران سمێڵی هەرەس بکات.
ـ ئاخر هێندی کود لە بن دەکات بۆیە هەردەم لق و پۆپی زیادی دەردەدات.
جان مەمەد تووڕە دەبێ، بەڵام کە پێکەنین و خەندەی ئەماناغا دەبینێ، دادەمركێ و هێور دەبێتەوە.
جلوبەرگی کاری جان مەمەد بۆ بەری گەورەیە. شینی تۆخە بەڵام لەبەر چەور و چڵێکی ڕۆن زۆرتر ڕەش دەنوێنێ. ئەمڕۆ پەڕۆیەکی سپی دوو قامک پانی لەسەر سینگی خۆی داوە. هەتا دۆینێ ئەوەی نەبوو. وەک بڵێی شتهایەکیش لەسەر کوتە پەرۆکە نووسرا بێ. دێت لاقی ڕاستی لەبن خۆی دەنێ و لەسەر تەختی قاوەخانە دادەنیشێ و ئاوێنەکەی لە باغەڵی دەردێنێ. جاڵجاڵۆکە چای بۆ دەبات. بەپێشیدا دەڕۆم و سڵاوی لێ دەکەم. لەسەر نەوارەکەی سینگی نووسراوە. “سەنعەتی نەوت دەبێ میللی بکرێ”. کەوتمە بیری ئەو کاغەزانە کە کۆلارەی جەمیلەم پێ دروست کردبوون. ئەماناغا لە پشت مێز و دەزگاکەی خۆی هەڵدەستێ دێتە لای جان مەمەد تا بڕێکی سەر بخاتە سەری. بەیەکەوە ڕەفیقن و جار هەیە کە بەیەکەوە نانی نیوەڕۆ دەخۆن. ئەگەر خواردنەکەیان کەبابی بازاڕ بێ، ئەوە دەچنە وەتاغی سێهەم و لەوێ ئیستکانە عارەقێکیشی لەسەر دەخۆنەوە. بەڵام تێناگەم چۆن سەرەڕای ئەم دۆستایەتییە ئەماناغا دەتوانێ بە پێڕابواردنی جان مەمەد کەیف خۆش بێ.
ـ وادیارە جەنابیشت لەو پەڕۆیانەت لە سینگ و بەرۆکت داوە؟
جان مەمەد گۆشەی سمێڵی با دەدات
ـ بۆ نا؟!
ئەماناغا بە بەری دەستی لە نێوشانی جان مەمەد دەدات و دەڵێ:
ـ ئاخر خۆ بەم قسانە ناکرێ تخونی شێر ببن و یاری دەگەڵدا بکەن.
جان مەمەد زۆر هێدی و بێغەم دەڵێ:
ـ کوڕە بابە ئەوە دەڵێی چی شێر پیر بووە… یاڵ و باڵی وەریوە.
دیار نییە باسی کام شێر دەکەن. کەس نازانێ ئەم کوتە پەڕۆیەی سەر سینگی جان مەمەد چ پێوەندییەکی بە شێرەوە هەیە.
ئەماناغا بە تەنیشت جان مەمەدەوە دادەنیشێ و دەڵێ:
ـ بەڵام فیل بە مردوویی سەد تمەنە و بە زیندووییش هەر سەد تمەنە.
لێیان تێناگەم و حاڵی نابم. قسەکانی جان مەمەد هەر وەک ئەو شتانە دەچێت کە لەسەر کاغەزەکان نووسرا بوون. ئەو کاغەزانەی لە گۆڕەپانی شار کۆم کردنەوە و کۆلارەم بۆ خوشکم پێ دروست کردوون.
لێوە ئەستوورەکانی جان مەمەد لێک هەڵدەبڕن و ددانە گەورەکانی وەدیار دەکەون. دەنگی گڕ و یەکدەستە، بەرز و نزمی نییە. یەک هەوا قسان دەکات.
ـ ئیدی تەواو بوو، سەردەمی تاڵان بەسەر چوو. شێر دەبێ کلکی لەناو گەڵی بگرێ و بۆی دەرچێ. ئێستا ئیدی هەموو شتێک بە حیساب و کیتابە، هەموو شت خاوەنی هەیە،
وەکی جان مەمەد قسان دەکات، دڵقایمە و وێدەچێ باوەڕی بە قسەی خۆی هەبێ و لە پایشیان دەوەستێ چونکو قسان کە دەکات، سوور هەڵدەگەڕێ و ڕەگی ملی ئەستوور دەبن.
ئەماناغا دەیهەوێ بیبزێوێ
ـ پیاوی چاک! ئێمە ئێستا لەم وڵاتە ناتوانین کونێک لە دەرزی دروومان بکەین.
جان مەمەد کفری دەبێ. دڵنیام ئەگەر دۆست و هاوڕێ نەبان، هەڵدەستا دەستی لە تینتینۆکەی ئاماناغا دەنا و دەیخنکاند.
ئەماناغا قاقایەک لێدەدات و دەگەڕێتەوە پشت داخڵەی دووکانێ.
جان مەمەد چای دەخواتەوە پاشان خەریکی سمێڵی دەبێ. ئاوێنەکەی لە گیرفانی ڕادەکاتەوە و قەننەکە لە دەستی من وەردەگرێ.
ـ خالید ئەتۆ گوێ مەدە ئەو قسانەی ئەماناغا، ئاگای لە هیچ نییە، گووی خۆی گێرە دەکات.
ئەماناغا وەجواب دێ و دەڵێ:
ـ بەڵام، هەرچی بێ ئەوە جارێ لە کونکردنی قوونی دەرزی درووماندا گیرمان کردووە.
نەوتکێشێکی سەوز لە دەرگای قاوەخانە ڕایدەگرێ. شۆفیرەکەی دێتە ژوورەوە.
ـ ئەماناغا قەننەیەک!
ئەم شۆفیرەش نەوارێکی سپی بە سینگێوە. وێدەچێ دەگەڵ جان مەمەد ناسیاوییان نەبێ، چونکو سەیرێکی یەکتر دەکەن، بزەیەکیان دێتێ و شۆفیرەکە دەچێ لە شوێنێکی دیکە دادەنیشێ. هەتا جاڵجاڵۆکە چاییەکی بۆ دادەنێ منیش قەننەکەی بۆ ئامادە دەکەم.
شاگردشۆفیر نەهاتۆتە ژوورێ. خەریکی نەوتکێشەکەیە. یان گریسکاری دەکات یان ڕادیاتۆرەکەی ئاو تێدەکات. ئێستا ئیتر ئەوانە فێربووم. دەمهەوێ سەر لە کاری شاگردشۆفیرەکە دەربهێنم یانی لە ڕاستیدا دەمهەوێ بزانم ئەویش ئەو نەوارە سپییەی لە سینگی داوە یان نا.
ـ ئەماناغا چای بۆ شاگردشۆفیرەکە بەرم؟
ئەماناغا بە دەماغە
ـ بۆی بەرە کوڕم
پیاڵە چایەکە لە جاڵجاڵۆکە وەردەگرم و لە قاوەخانە دەچمە دەرێ. نەوتکێشەکە لەژێر سایەوانەکە دایە. سەیری سەرسینگی شاگردشۆفیر دەکەم، “سەنعەتی نەوت دەبێ میللی بکرێ”. دەبێ لێیبپرسم. دەبێ بزانم و حاڵی بم ئەوە یانی چی. ئەگەر شاگرد شۆفیر بۆی هەبێ ئەم کوتە پەڕۆ سپییە لەسەر سینگی بدروێت بۆ ئەمن نا، بۆ برایم، حەسەنی و ئومێد، یان خالەق و مناڵەکانی دیکەی گەڕەک، نەیدروون ؟
لە شاگردشۆفیرەکە دەپرسم
ـ دادەی ئەوە چییە لەسەر سینگت داوە؟
شاگردشۆفیر سەیرێکم دەکات. چاوەکانی خەواڵوون، سوورن و هەڵمساون وەک ئەوەی کە شەوی ڕابوردوو نەخەوتبێ.
دەنگیشی هەروا خەواڵوویە
ـ خوێندەواریت هەیە؟
ـ هەڵبەت کە هەمە.
ـ دەی بیخوێنەوە.
ـ خوێندوومەتەوە بەڵام نازانم مانای چییە؟
شاگردشۆفیر بە کۆنەپەڕۆیەک دەستی پاک دەکاتەوە و دەڵێ:
ـ دەی ڕوون و ئاشکرایە یانی دەبێ سەنعەتی نەوت میللی بکرێ.
دیسانیش لێیدەپرسم، یانی چی؟
پیاڵە چاییەکەم لە دەستی وەردەگرێ و کڵۆ قەندەکان لە زاری داوێ و بە دمی پڕەوە دەڵێ:
ـ یانی ئینگلیسییەکان دەبێ کلکیان لە نێو گەڵیان بگرن و لە چاوان گوم بن.
کەواتە مەبەستی جان مەمەد لە شێر، ئینگلیسییەکانە.
بە سەرسوڕمانەوە لە شاگردشۆفیر دەپرسم.
ـ ئینگلیسییەکان؟
ـ بەڵێ ئەدی چۆن، ئینگلیسییەکان
بەرە بەرە دێ شتێک حاڵی بم. ئەماناغا بانگم دەکات.
ـ دەی کاتێک ئینگلیسییەکان ڕۆیشتن. پاشان چی؟
شاگردشۆفیر ئیستکانە چاییەکەم بە بەتاڵی دەداتەوە دەستی و دەچێت لەژێر نەوتکێشەکە درێژ دەبێ
ـ پاشان؟.. دەی خۆ دیارە … نەوت دەبێتە هی خۆمان.
ئاماناغا دیسانیش بانگم دەکات. ئەگەر مۆڵەتم پێ بدات، دەپرسم بۆچی دەبێ ئینگلیسییەکان بڕۆن. دەپرسم ئەو ئینگلیسییانە بۆ لە وڵاتی ئێمەن و هەروەها دەپرسم نەوتی ئێمە چ پێوەندییەکی بە ئینگلیسییانەوە هەیە؟ ئەگەر مۆڵەتم بدات زۆر شت دەپرسم، یانی هەرچی عەقڵـم پێیبگات. بەڵام ئەماناغا پەیتا پەیتا بانگم دەکات.
ـ هاتم ئەماناغا
دەچمەوە ژووری قاوەخانە .
ـ وەرە قەننەیەک داگرە
هەموو دەمێ قاپێک تووتنی لە خووس نراو ئامادەیە. یانی سەرلەبەیانییان کە لە پاشتەرکی دووچەرخەی ئاماناغا سوار بووم و گەیشتمە ئێرە یەکەم کارم ئەوەیە کە قاپەکە پڕبکەم لە تووتن و ئاوی گەرمی بەسەردا بکەم. ئەم قاپە هەتا نیوەڕۆیە تەواو دەبێ بۆیە دیسانش بۆ پاشنوێژێ قاپێکی دیکە بەهەمان دەستوور خۆش دەکەم.
هەوا ساردە. ئەوڕۆ بۆ نانی نیوەڕۆ تاسکەبابمان هەیە. بۆن و بەرامەی هەموو قاوەخانەی پڕ کردووە. بلوور خانمیش هەر لە ئەماناغا فێربووە وا تاسکەبابی بۆن و بەرامە خۆش دروست بکات.
ـ ئەماناغا قەننە ئامادەیە، بیدەم بە کێ؟
جان مەمەد دەمبیستێ و دەڵێ:
ـ بیهێنە ئێرە
ڕاستییەکەی پرسیاری نەدەویست، چونکو جان مەمەد هەمیشە دوو قەننە بـەدوای یەکدا دەکێشێت. قەننەکە لە پێش جان مەمەد دادەنێم و بەتەمام بگەڕێمەوە دەرێ لای شاگرد شۆفیرەکە. بەڵام بەر لەوەی من بگەمە دەرگای قاوەخانە، شاگردشۆفیر دەگەڵ دووکەسی دیکە وەژوور دەکەون. وەک موسافیر دێنە بەرچاو، هەرکام بوخچەیەکان پێیە. شاگردشۆفیر قسەیان دەگەڵ دەکات. پێشی نەوتکێش چوارکەس زۆرتر هەڵدەگرێت. چاییان بۆ دەبەم. لە قسەکانیانڕا دەردەکەوێ کە بەتەمای سەفەری کوەیتن.
مانگێک زیاترە باوکم ڕۆیشتووە، بەڵام هەتا ئێستا دەستخەتی نەناردووە، بەڵام پاش حەوتوویەک پۆڵا هات و گوتی بەسڵامەت گەیشتۆتە جێ. لە پەنجەرەی قاوەخانەوە ئاسمان دیارە، گەواڵە هەوری شینمۆر ئاسمانیان داپۆشیوە. هەوری پاییزی بە کەناراوی خەلیجەوە پڕئاو و بەپیتن و ئەگەر باران ببارێت لە چاو چروکانێکدا سێڵاو هەڵدەستێت و چادر و چیغی سەر پۆمپەکانی سەرەوەی پۆمپی سێ، دەگەڵ خۆی دەبات. ئەمڕۆ تەواوێک ساردی کردووە. سەرمایەک لە حاند سەرمای زستاندا. مرۆڤ حەز دەکات لە گرفە و گڕی گازەکان کە لە دڵی زەوی دێنە دەر، نزیک ببێتەوە، کاتێک شەماڵ هەڵدەکات هاوار و هاژەیان دەڵێی لرفەی ئەژدیهایە. ئەو ڕۆژانەی خۆرەتاوە، ئەگەر چی گڕەکان وەک خۆیان بەهێزن، لە ڕەنگدا لاواز و بێنموودن، بەڵام لە ڕۆژێکی وەک ئەوڕۆدا کە ئاسمان تەماوییە، ڕەنگی پرتەقالییان جوان دیارە و شەوانە هێندەی تریش جوان خۆ دەنوێنن.
دوو لە کرێکارانی سەر پۆمپەکان قوونەدزەیان کردووە، بەقاچاخی و دەست لە گیرفان لە قاوەخانە وەژوور دەکەون.
جان مەمەد جارێکی دیکەش ئاوێنەکەی لە باغەڵی دەردێنێ، سەیرێکی بەرو سمێڵی دەکات. کڵاوەکەی لە سەری دەنێ و لە قاوەخانە وەدەردەکەوێ.
***
سەرەنجام پاش چلوهەشت ڕۆژان نامەی باوکم گەیشت، بەڵێ ئێستا دروست چلوهەشت ڕۆژە چووە بۆ کوەیت. لەو کاتەوە باوکم ڕۆیشتووە بۆ کوەیت شەوەکان دڵگیر و غەمبارن. ئێستاش بۆن و بەرامی لە ژوورێدا ماوە. کە لەسەر فەڕشەکە درێژ دەبم، بۆنی تووتنی جگەرەکەی تەواو لووتم پڕ دەکات. چل و هەشت شەوە کە جێگەی چۆل و خاڵییە. ئەو کاتانەی لە دەوری یەک کۆ دەبینەوە دەنگی لە گوێمدا دەزرینگێتەوە، دەڵێی لەو دیوی، لە ژوورەکەی خۆی، لەسەر بەڕماڵ دانیشتووە و دووعایان دەکات.
نامەی باوکم گەیشتووە.”شوکور بۆ خوا، ئەمڕۆ وا ڕۆژی نۆهەمە کە دەستم بەکار کردووە.” نامەکە حەوت ڕۆژان بە رێگاوە بووە، واتە ئێستا، شازدە ڕۆژە باوکم کارێ دەکات. ئەسرین لە چاوەکانی دایکمدا دەبریسکێنەوە. هەوا ساردە، لە دەوری مەقەڵی دانیشتووین. ” … دڵم بۆتان تەنگ بووە و بیرتان دەکەم. سەفەر تەمەنی کورتە…” بۆنی چای تازەدەم لە ژوورەکەدا دەگەڕێ. وەتاغ گەرمە. گەرمای مەقەڵی، کوانو و چرا گڕسۆزەکە وەتاغەکەیان گەرم داهێناوە.
دایکم چاییمان بۆ تێدەکات. شەوانی ساردی پاییز و زستان ئەگەر باوکم تاقەتی هەبا باسی ژیان و سەربوردەی خۆی بۆ دەکردین. باسی ئەو سەردەمانەی دەکرد کە لە تولحی بەیانییەوە بۆ دروێنە کردن وە سەحرایە دەکەوت. بابم بە هەتیوی گەورە بووە بۆیەش زۆر زوو بووەتە تاقە ناندەری خێزان، پاشان بووەتە شاگرد ئاسینگەر و ئینجا باسی سەختی و کوێرەوەرییەکانی دیکەی ژیان. “… مزەکەم باشە، ڕۆژێ ٢٥ ڕووپیە…”دایکم حیسابی دەکات.
ـ هەر ڕووپییەک هەژدە قڕان
دڵخۆشە. پێناکەنێ، بەڵام خۆشحاڵە. لە چاوەکانیڕا دیارە و دمیشی پێکدا نەداوە.
نانی شەوێمان خواردووە. جەمیلە چاوی لە زارمە.”…دڵ نیگەران مەبن، ئەمن شوێن و جێگەکەم باشە…” دایکم ئاخ هەڵدەکێشێ.” … نوێژەکانتان بکەن، لە یادتان نەچێ. کە مووچەم وەرگرت پووڵتان بۆ دەنێرم تا قەرزەکان سووک بن…” جەمیلە چاوی قورس بوون و خەونووچکە دەیباتەوە. دەنگی ڕادیۆی ناسر دەوانی بەرزە، گەڕەکێک ئەولاتریش دەیبیسن. ئەوە پیشەیەتی کە باتری تازەی وەسەر ڕادیۆکەی خست، دوو تا سێ ڕۆژان دەروجیران ئەوە حاڵییانە.
بلوور خانم پاکەتێک گوڵەبەڕۆژەی بەدەستەوە و دێتە ژوورەکەی ئێمە.
ـ ئەمشۆش دیسان چۆتەوە عارەق خواردنەوە
بلوور خانم لە تەنیشت من دادەنیشێ. لەوەتا لە قاوەخانە لەلای ئەماناغا ئیش دەکەم دوودڵم کە دەست لە بلوور خانم بدەم، چونکو هەردەم ئەماناغام لە پێش چاوە.
ـ ڕاکە کوڕم ئەم نێرگەلەیە بەرە ئەوێ
چاوە بچووکەکانی ئەماناغا گەش و بەبزە لێم دەڕوانن.
ڕاکە کوڕم ئیستکانە بەتاڵەکان کۆ بکەوە.
وێدەچێ دایکم سۆسەی کردووە و دەگەڵ بلوور خانم سەر و ڕووی خۆش نێ. جەمیلە دەورییەکی هێنا. بلوور خانم گوڵەبەڕۆژەکە لە دەورییەکە دەکات. بلوور خانم دانیشتووە و ئەژنۆی بە ئەژنۆی منەوە ناوە. لاموایە ئەمشەو لەو شەوانەیە کە ئەماناغا هاتەوە لە ڕێوە تەسمەی شەڵوارەکەی دەربکێشێت و بکەوێتە گیانی بلوور خانم. هەر شەوێک لە دەرەوە عارەق بخواتەوە بێ یەک و دوو تەنانەت ئەگەر بەریبەیانیش بێ دەستێکی هەر دەگەیەنێتێ. بلوور خانم دەستێک کوتان قەرزدارە،
گوڵەبەڕۆژەکان سوێرن، تامیان زۆر خۆشە. ئەمە هەر ئەماناغا دەزانێ لە کوێیان بکڕێ. دایکم چایەک لەپێش بلوور خانم دادەنێ. لەناکاو دەنگی هاواری برایم دەگەڵ دەنگی ڕادیۆ تێکەڵ دەبێ. دەنگی ڕادیۆکەی ناسر دەوانی کپ دەبێ. دەنگی هاواری برایم تیژ و جەرگبڕە. ئێستا دەنگی گریانی حەسەنیش دێ. دایکم هەڵدەستێ و لە ژوورێ وەدەردەکەوێ. بەدوایدا دەچم. هەموو دەروجیران لە ژوورەکانیان هاتوونە دەرێ.
دایکم قۆڵی حەسەنی دەگرێ و لێی دەپرسێت:
ـ چییە حەسەنی؟… چ قەوماوە؟
حەسەنی دەگری و بەدەم هەنیسکانەوە دەڵێ:
ـ دایکم… دایکم مرد.
لەبەر شۆقی زەردی لەنتەرییەک سێبەری ڕەحیم کەردار لەسەر دیوارەکانی ژوورەکە دێ و دەچێت. بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە، تەواوێک شڵەژاوە نازانێ چی بکات. حەسەنی و برایم بە چەپۆکان بەسەری خۆیاندا دەدەن و دێنە ژوورێ. حەسەنی خۆی بەسەر تەرمی دایکیدا دەکێشێت. سەنەم دەست دەخاتە سەرشانی و دەیباتە دەرێ. پاشان دەگەڕێتەوە و برایمیش دەبات.
ڕەحیم کەردار سەبیلەکەی لەبەر پشتێندەکەی دەردێنێ، دەست لە کیسە تووتنەکەی دەکوتێ. سەبیلەکەی لەبەر پشتێندەکەی دەنێتەوە. ژنی حەمە فیتەر ڕێگای ئومێد نادات بێتە ژوورێ. ژنی ڕەحیم کەردار چاو بەمۆلەق یەک بە ژوورەکە لەسەر پشت درێژ بووە. لێفەکەی لەژێر لەشی بێگیانیدا خڕ بووەتەوە. دەستەکانی بەملاو بەولای لەشیدا بەربوونەوە. پێستی زەرد هەڵگەڕاوە. ڕەنگی دەمارەکانی دەستی سەوز دەنوێنن. قژی شێواوە و تاڵە سپییەکانی زۆرتر دیارن.
ڕەحیم کەردار پشتێندەکەی دەکاتەوە، سەبیلەکە دەکەوێتە سەر عەرد. شاڵی پشتێندەکەی بەسەر تەرمی خێزانەکەیدا دەکێشێ. دایکم بینی کە لە سووچی ژوورەکە وەستاوم، هات دەستی گرتم و لە ژوورەکە وەدەری نام.
ـ بڕۆ ! بچۆ لای جەمیلە
ژوورەکەی ڕەحیم کەردار لە هەموو جۆرە بۆنێک ئاخنراوە. بۆنی نەم و شێ، بۆنی گیا و بەهاراتی کوڵاو، ئارەقەی لەش، چێشتی سووتاو و تەنانەت بۆ میزیش.
لە ژوورەکە وەدەردەکەوم. هەوا ساردە. تەزووی سەرما لەژێر جلوبەرگیشدا پیاو دەتەزێنێ. خاجە تۆفیق، کەڕەمعەلی، ناسر دەوانی و مام بەندەر لێک کۆوە بوون و وەستاون. ئافاق، حەسەنی و برایمی بردۆتە ژووری خۆیان. بانو لەبەر دەرگا وەستاوە. خاجە تۆفیق چۆغەیەکی لە خۆیەوە پێچاوە. مام بەندەر باڵتۆ درێژە سەربازییەکەی کە تا گوێزینگی پێی دێت، لەبەردایە و یەخەی پانی باڵتۆ شڕەی تا بنان گوێی هەڵداوەتەوە، سەری وەک سەری کیسەڵ بچووک دیارە. هاجەر مناڵە ڕیوەڵەکەی بە سینگێەوە ناوە و لەبەر دەرگای ماڵە حەمە فیتەر ڕاوەستاوە. لە سەرمان دەلەرزێ و دەگەڵ ژنەکەی حەمە فیتەر قسان دەکات. دەنگیان نابیسم، بەڵام لەبەر شۆقی چرای ژوورەکەیان دەبینم کە لێویان دەجووڵێتەوە. حەسار و دەرکوبان، کەم و زۆر و لێرە و لەوێ لەبەر شۆقی چرای وەتاغەکانی دەوری حەسارێ باشتر لە شەوانی دیکە دیارە. وڵات بە گشتی تاریک و ساردە. دەنگی قەتاری باری کە لە بەندەرەوە دێت، دەبیسترێ، واتە دەبێ کاتژمێر یازدەی شەو بێت.
حەمە فیتەر لە دەروازەی حەسارێ وەژوور دەکەوێ، نیو دەورێکی حەوزەکە لێدەدات و دێتە پێشەوە. نەواری سپی لەسەر سینگی داوە. دەنگی جان مەمەد لە گوێمدا دەزرینگێتەوە.
ـ ئیدی سەردەمی ڕاو و ڕووت بەسەر چوو.
جان مەمەد سمێڵی با دەدات.
ـ ئێستا ئیدی هەموو شتێک حەق و حیسابی هەیە. ئیتر سەردەمی برسێتی، هەژاری و نەداری تەواو بوو. ئێستا خۆمان ئاغا و سەروەری خۆمانین.
بلوور خانم لە ژوورێ وەدەرنەکەوتووە و دەگەڵ جەمیلە لە تەنیشت مەقەڵییەکە دانیشتووە.
ـ تۆ ئەو خودایە لەلای من باسی مردوو مەکە، لە ترسان مچورکم پێدا دێت.
هەرکات حەزم لە فشە و ڕابواردن بێ سەردەخەمە سەر بلوور خانم و باسی مردووان دەکەم. بەم قەڵافەتە زەلامەوە دەکەوێتە پاڕانەوە. هەلەکە دەقۆزمەوە و دەڵێم:
ـ جا کە وایە بێنە با لێوەکانت ماچ بکەم.
سەبرایەک پاڵ بە سینگمەوە دەنێ و دەڵێ:
ـ خالید قەدەرێکە زۆر خراپی.
پاشان پێدەکەنێ.
بە لامەوە سەیرە بنیادەم بەم تەمەنەوە لە مردوو بترسێت.
دایکم لە وەتاغی ڕەحیم کەردارڕا هاتۆتە دەرێ و تێم ڕادەخوڕێ
ـ خالید بچۆوە ژوورێ!
ـ ئێستا دەچم دایە
ـ زووتر بچۆ، لەسەرت گەڕێم… سەرمات دەبێ
تەنیا پڕمەی وڵاغەکان دێت و حەسار بێدەنگە. ڕەحیم کەردار دێتە دەرێ، دەستەوەستانە، نازانێ چی بکات.
ـ تەواو بوو… تەواو بوو… کەسێک بەدوای تەرمکێشی شارەداریدا بچێت، بێت با جەنازەکە ڕاگوێزین.
خاجە تۆفیق دەڵێ:
ـ لائیلاهە ئیڵەڵڵا
مام بەندەر لە وەڵامدا دەڵێ:
ـ لائیلاهە ئیڵەڵڵا ؛ ئێستا تەرمکێش نییە تا بەیانی.
خاجە تۆفیق دیسان دەڵێ:
ـ لائیلاهە ئیڵەڵڵا
حەمە فیتەر دەڵێ:
ـ بۆ نابێ ببێ؟
مام بەندەر وەڵام دەداتەوە؛
ـ شارەداری تەعتیلە
کەڕەمعەلی دەپرسێ؛
ـ تا بەیانی بۆن ناکات؟
دەنگی گریانی برایم و حەسەنی دێت، کە لە ژوورەکەی خاجە تۆفیق دێنە دەرێ. ڕەحیم کەردار هەروا بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە، لە چۆکی خۆی دەدات و دەڵێ:
ـ ئەدی قوڕی کوێ وەسەرمان کەین؟
خاجە تۆفیق دەڵێ:
ـ لائیلاهە ئیڵەڵڵا
کزە بایەکی سارد بەسەر دیواراندا خۆ بەحەسارێدا دەکات. مام بەندەر زۆرتر خۆی لە باڵتۆکەیدا گڕمۆلە دەکات. کەڕەمعەلی بەرەو وەتاق دەچێت. ئاوی لووتی خاجە تۆفیق شۆڕ بووەتەوە. نزیک کۆترخانە و مبال تاریکەسەڵاتە. جەماعەتێک لە دەروازەی حەسارێ نزیک دەبنەوە. کۆلکە مەلایەک لەپێش جەماعەتەکەوە دەڕوات. پیاوێکی کورتەباڵا چراتۆڕێکی بەدەستەوە. شۆقی چراتۆڕەکە بۆ دەمەساتێک هەموو حەساری ڕووناک کرد. گورپە پشیلێکی ڕەش لەسەر کۆترخانەکە هەڵتووتەکاوە و ماتەی کردووە. دەمهەوێ بچم پشیلەکە دەربکەم. دایکم توند جومگەم دەگرێ بەرەو ژووری خۆمان پەلکێشم دەکات.
ـ پێمگوتی بڕۆوە ژوورێ.
بلوور خانم جەمیلەی لەباوەش گرتووە، پاڵی وە دیوار داوە و مەقەڵییەکەی کێشاوەتە پێش خۆیان. ڕەنگ بە ڕوویەوە نەماوە، سپی سپی هەڵگەڕاوە. هەرکە لەپەنا مەقەڵییەکە دادەنیشم دەنگی باوکم لە گوێمدا دەزرینگێتەوە کە بەدەم تەسبێحاتەوە دەڵێ:
سوبحانەڵڵا و ئەڵحەمدولیللا و لائیلاهە ئیڵەڵڵا
بەکەیف و بەدەماغ نیم، دەنا وەختی بوو بڕێک سەر بخەمە سەر بلوور خانم
ـ خالید وەرە پێشتر… وەرە لە تەنیشت من دانیشە
بلوور خانم پەشۆکاوە و دەنگی کز و لاوازە.
ـ وەرە لە تەنیشتم دابنیشە، ئەوە لەسەرمان دەمرم
دەستی دەگرم. دەڵێی سەهۆڵە. لە تەنیشتی دادەنیشم
ـ تۆ زۆر گەرمی خالید
گەرم دادێم و دڵم خێرا خێرا لێدەدات.
***
نەنە حەسەنیمان تەسلیم بە خاک کرد. برایم و حەسەنی لە کەلک و کەڕەم کەوتوون، شپرزەن، چاویان سوور هەڵگەڕاوە و دەنگیان دەرنایە. دایکم ڕایگرتن و نەیهێشت بێنە سەرقەبران.
بەر لە نیوەڕۆ بوو کە تەرمکێشی شارەداری هات و تەرمی نەنە حەسەنی برد. لەبیرمە ئەم ئوتومبێلە لە سەرەتاوە هی قەسابخانە بوو. چوار ڕیز قولاپی بە میچیەکەیەوە بوو کە کەلاکە مەڕیان پێ هەڵداوەسین و بەسەر قەسابەکاندا دابەشیان دەکردن. پاشان کە تیفوس واتە گرانەتا دەستی لە شارەکەمان وەشاند، ئەم ئوتومبێلەیان دایە شارەداری تا کەلاکی مردوو لە شەقام و کووچە و کۆڵانان کۆ بکاتەوە و بیانباتە قەبرستان. لەوکاتەوە، واتە پێنج ساڵە ئەم ئوتومبێلە بووەتە تەرمکێشی شار.
ـ دەی یاڵڵا خێرا کەن، مەحتەلـمان مەکەن. بیهێننە سەرێ.
هەموولایەک شۆفیری تەرمکێشەکە دەناسن. شەوانی مەحەڕەم لە مزگەوتی بووشەهرییەکان نەوحە دەخوێنێ. لەسەر کورسییەک ڕادەوەستێ، جەماعەت دەوری دەگرن. حەبیبە ڕەش دەنگێکی تەماوی و جەرگبڕی هەیە کە بەرد دێنێتە گریان؛
“نەوجوان گوم کردمه
ئارامی گیان گوم کردمه
داغی مەرگی نەوجوان جەرگی بڕیم
ماتەمت، تۆ ئەی حوسێن
عومری بە کۆتا بردمە”
دیسان حەبیبە ڕەش وەدەنگ دێ.
ـ دەی خێرا کەن! خێرا بن! سێ مردووی دیکەشم هەیە تا نیوەڕۆیە دەبێ بیانگەینمە قەبرستان. ئەگەر هەتا ئێستا زیادی نەکردبێ.
کاکی شۆفیر، ڕەشئەسمەرێکی تۆخی کورتەباڵایە. ڕوومەتی زەق و لە ڕوون. دوو ددانی زێڕیشی هەیە.
کاتێک تەرمەکەیان لە دەروازەی حەسارێ هێنایە دەرێ، لێوەکانی حەبیبە ڕەش دەجووڵایەوە و وای دەنواند ئەننەهوو فاتیحا دەخوێنێ.
کە تەرمکێشەکە ڕۆیشت، هەموو بەرەو قەبرستان وەڕێکەوتین. دایکم بەمنی گوت بچمە قاوەخانە بەڵام من نەچووم، خۆم خزاندە ناو جەماعەت و چوومە قەبرستان.
نەنە حەسەنیمان تەسلیم بە خاک کرد و ئێستا بووەتە دراوسێی جەعفەر خشتبڕ. گۆڕی نەنەحەسەنی هەر پانزدە میترێک لە گۆلاوی ئاوی مردووشۆرخانە دوورە. تەواوی ئاوی مردووشۆرخانە دەڕژێتە ناو ئەو قوڵکەیە. قوڵکەیەک پڕ لە چڵکاو، چڵکاوێک لە مەرەکەب ڕەشتر.
خاجە تۆفیق لە ڕیزی پێشەوە وەستاوە و ئێمەش هەموو لە پشت سەری، نوێژی مردوو دەخوێنین. ڕەحیم کەردار خۆی بەردی ئەڵحەدێی لەسەر گۆڕیچە دانا و ئێمەش قەبرەکەمان پڕ کردەوە ئینجا نیشانەیەکمان لەسەر دانا بۆ ئەوەی پاشان کاتێک ڕەحیم کەردار دەستی کەوتەوە بەرە خۆی، هێندێک خشت بێنێ. ناسر دەوانیش بەڵێنی دا لە ڕێی خودایدا یارمەتی بدات و دەوری قەبرەکە بگرێ.
ڕەحیم کەردار لە فکری بەڕێوەبردنی سەرەخۆشی دایە. مێهدی بەقاڵ دووکانی داخستووە و دەگەڵمان هاتۆتە سەر قەبران.
ـ با سیغاری مەجلیسی سەرەخۆشی عایدی من بێ… بۆ مەگەر چی تێدەچێ؟
شاتر حەبیبیش دەگەڵمانە.
خەریکین لە قەبرستان وەدەردەکەوین، تووشی تەرمێکی دیکە دەبین کە بە گریان و هاوار و ڕۆ ڕۆ دەیهێنن. ژنێکی گەنج لە پشت تەرمەکە دەڕوات و دەمووچاوی خۆی دەڕنێتەوە، قژی شێواوە و دەگەڵ بسکی بە ڕوخساریدا بڵاوبووەتەوە و نێوە نێوە دەیڕنێتەوە. دیمەنێکی زۆر سەیرە زۆرتر وەک جانەوەر دەچێ تا ئادەمیزاد.
هەوا ساردە. قوڵەکاپشێنەکەم لە خۆمەوە پێچاوە بەڵام نازانم سەرما بەکوێدا دزەی کردۆتە ژێر جلوبەرگەکەم. پشتم دەڵێی سەهۆڵە. ڕەحیم کەردار کۆم بووەتەوە و لەپێش هەموومانەوە دەڕوات . خاجە تۆفیق لە شەڵوار و باڵتۆ فش و گەورەکانیدا ون بووە. ژن نەهاتوون بۆ سەر قەبران.
ـ چوونی سەرقەبران و سەردانی نەخۆش لە ژن حەرامە
باوکم لە حاجی شێخ عەلی دەپرسێ
ــ قوربان، چی دیکەش لە ژن حەرام کراوە؟
ـ سەروەری، دەسەڵاتداری ئومەت، هەروەها ژن بۆی نییە حاکم بێ و حوکم بدا و نابێ ڕاوێژیشی پێبکرێ.
باوکم قسەکانی حاج شێخ عەلی دووپات دەکاتەوە تا فێریان بێ و لەبیریان نەکات.
ـ … بۆی نییە کاتی چوونە حەج “حەجەرولئەسوەد“ ماچ بکات. بۆی نییە لە نێوان سەفا و مەروادا بێت و بچێ. هەروەها چوونی ژنان بۆ ناو کەعبەش حەرامە.
بەڵام سەرەڕای ئەم قسانە، سەنەم دەگەڵمان هاتۆتە سەر قەبران و ئێستا وا سەڵانە سەڵانە بەدواماندا دێت.
ئەو کاتانە کە دەگەڵ دایک و باوکم بۆ شوێنێک چووبین، دایکم هەردەم چەند هەنگاوێک لەپشت سەرمان ڕۆیشتووە. نەمبینیوە تاقە جارێکیش چییە، شان بەشانی ئێمە بڕوات.
ـ دایە بۆ هەمیشە هێندە وەدوایە دەکەوی؟
ـ کوڕم، ژن دەبێ هەمووکات لە دواوەی پیاو بڕوات.
ـ بەڵام دایە من بیستوومە کە دەبێ ژنان لە پێشەوە بڕۆن.
دایکم چاوی لە چاوم دەبڕێ و وەڵامم دەداتەوە.
ـ نا کوڕی دایەی، ئەو ژنانە دەگەڵ ئێمە فەرقیان هەیە.
ـ ئاخر فەرقیان چییە؟
دایکم خۆی ئاسوودە دەکات و دەڵێ:
گوناحە.
بەڵام من مل نادەم و دەپرسم:
ـ گوناح؟
دایکم جارز بووە و دەڵێ:
ـ نا گوناح کە نا… بەڵام هەر چۆنێک بێ، باش نییە، ئەوە داب و نەریتی ئێمەیە.
سەری لێدەرناکەم، دایکم دەڵێ چی؟ یانی دەگەڵ عەقڵ جوور دەرنایە. یەکێک لە دواوە بانگم دەکات، ئاوڕ دەدەمەوە. شەفەقە. ڕادەوەستم. کە گەیشتە لام دەستی لەسەر شانم دانا.
ـ ئەوە لە کوێی تازە لاو؟
تا ئێستا کەس بە لاو بانگی نەکردووم. تەنانەت باوکیشم یان دایکم.
ـ کوڕە نێرگەلەیەک بێنە ئێرە!
ـ بەڵێ ئاغا… ئێستا دەیهێنم.
ـ ئاخر جارێ ئەتۆ منداڵی، زوویە لەو شتانە حاڵی بی.
ـ بەڵام شاتر حەبیب ئەمن پازدە ساڵم، ئیتر منداڵ نیم.
ـ کوڕە… دەگەڵ تۆمە!
ـ دەگەڵ منتە، خاجە تۆفیق؟
ـ دا وەرە ئێرە کوڕم.
ـ ئێستا دێم، وەستا ناسر.
هەست دەکەم کە لەناکاو گەورە بووم. هەر لە ڕۆژی هەوەڵەوە کە دەگەڵ شەفەق ئاشنا بووم ئەو هەستەم لە خۆدا بەدی کرد.
ـ ئەوە لە کوێی تازە لاو؟
ـ هەر لێرەم.
ـ ئەی ئەگەر لێرەی، بۆ سەرێکم لێ نادەی؟
بیست ڕۆژ دەبێ نەچوومە سەردانی.
ـ خۆ بۆم باس کردبووی کە لە قاوەخانەی ئاماناغا دەبم. لەوێ کار دەکەم.
ـ ئەدی ئێستا لە کوێ بووی؟
ڕووداوەکەی بۆ باس دەکەم.
ـ گوتت ژنی کێ مردووە؟
ئاماژە بە ڕەحیم کەردار دەکەم کە ئێستا لێمان دوور کەوتۆتەوە.
ـ ئەوەی دەستەکانی لە پشتەوە گرتووە.
بەیەکەوە دەکەوینە ڕێ. گەرمای دەستەکانی لەسەر شانم هەست پێدەکەم.
ـ دەتوانی ئەمڕۆ ئێوارێ بێی، سەرێکم لێبدەی؟
ـ دێم.
ماڵاوایی دەکات.
ـ لەبیرت نەچێ حەتمەن بێی.
وەدوایە کەوتووم. بەڕاکردن دەڕۆم تا بگەمەوە سەریان. هەموو لەبن لێویانەوە فاتیحا دەخوێنن. قیرەتاوی سەرشەقام کۆنە و ڕەشایی لەبەردا نەماوە. هەور تەواوی ئاسمانی یەکدەست داپۆشیوە. لە دیوارە سواغدراوەکانی ئەوبەر و ئەوبەری جادە بە ڕەنگی شین و هێندێک جار سوور، شتهایەک نووسراوە. هەر لەوشتانەی لەسەر لاپەڕەکان نووسرابوون. لەبەر خۆمەوە وشەکان دووپات و چەند پات دەکەمەوە تا ماناکەیان بپرسم. دەزانم یەکگرتوو یانی چی، بەڵام ئێستاش مانای ئیستعمارگەری خوێنمژ نازانم و تەقەم لە سەری دێ. کۆمەڵێک وشە وەک یەکگرتوو، ئیستقلال و تاڵانکەر لە زەینمدا جێگەی خۆیان کردۆتەوە. بەڵام وشەیەکی دیکە هەیە هەر ناتوانم بیشی خوێنمەوە. شتێکە وەک ئیمپرلیس یان ئیمپرالیس، زۆر شتێکی دێزەیە، هەرچی دەکەم زمان وەخۆی ناگرێ و بۆم نایە.
لە دوورەوە مێگەلە مەڕێک دێ، وەنێویان دەکەوین و تێکەڵ دەبین. بەرانێکی پیر لە پێش مێگەلەکەدا دەڕوات، دەڵێی سەرمای بووە چونکو چڵمە شۆڕەیەتی. لە مێگەلەکە جیابووینەوە، ئەمما بۆنی خوری و پشکەل، لووتمانی ئاخنیوە و دەگەڵ بۆنی ئەیاخی قەراغ جادە بەرۆکمان بەرنادەن.
کە دەگەینەوە حەسارێ، حەسەنی و برایم بەگریانەوە بەرەوپیلـمان دێن و لە دەلینگی ڕەحیم کەردار دەهاڵێن. ڕەحیم کەردار چاوی لەسەر یەک داناوە کەڵەبابەی گەرووی بەدرێژایی قورگیدا سەر و خوار دەکات و بە بێدەنگی دەگری. دەستی کوڕەکان دەگرێ و دەیانباتە وەتاغی خاجە تۆفیق و لە تەنیشت مەقەڵی دادەنیشێ. بەر لەوەی ڕەحیم کەردار فریا بکەوێ سەبیلەکەی داگرێتەوە، بانوو چایەکی لە پێش دادەنێ. خاجە تۆفیق حوقە و وافوورەکەی دەزرینگێنێتەوە. حەسەنی و برایم سەریان بەسەری یەکەوە ناوە بەدەنگ دەگرین. سەری گەورەی برایم دەگەڵ گریان وا دەلەرێتەوە دەڵێی لەق بووە. ڕەحیم کەردار مات و بێدەنگە هیچ ناڵێ. ئافاق لە بەیانییەوە کە ڕۆیوە هەتا ئێستا نەگەڕاوەتەوە. شێخ شوعەیب بەدوایدا هات و بردی. دایکم بانگم دەکات و دەپرسێ:
ـ خالید مەگەر ئەتۆ نەچووبوویە قاوەخانەی؟
ـ نا دایە نەچووم
دایکم ناوچاوانی تێک دەنێ و دەڵێ:
ـ خالید ئەو قەدەرەی پیس گۆڕاوی هەر بەگوێم ناکەی.
دەستم دەگرێ و دەمباتە ژوورێ.
بلوور خانم و جەمیلە لەپەنا مەقەڵی دانیشتوون. بلوور خانم ڕەنگی زەرد هەڵگەڕاوە.
ـ بەڵام نەچوومە ناو مردووشۆرخانە
بلوور خانم بە بیستنی ناوی مردووشۆرخانە دەخەجڵێ، دەترسێ و دەڵێ:
ـ مەیڵێ خالید، مەیڵێ، ئیدی باسی مەکە.
دیارە هەوەڵێ ڕێگایان نەدام، بەڵام پاشان خۆم تێخزاند و چوومە ناو مردووشۆرخانە.
ـ دیتم چۆنیان غوسڵ لێ دەرکرد.
حەز دەکەم سەر بخەمە سەر بلوور خانم . بلوور خانم زاری داپچڕیوە. دەستی بە دمێوە گرتووە. چاوەکانی زەق و بە مۆلەق وەستاون.
ـ تەنانەت بینیم چۆن لە گۆڕیچەدا لەسەر شانی ڕاست درێژیان کرد.
دایکم دانیشتووە خەریکی پەڕەمێزەکەیە، تانوتم تێدەگرێ و دەڵێ:
ـ خالید دەمت داخە!
بێدەنگ دەبم، دەمم پێکدا دەدەم، بەخۆمدا دەشکێمەوە. جەمیلە دەست بەگریان دەکات. دایکم دەیلاوێنێتەوە. سەیری دایکم دەکەم. لەسەرەخۆ پێم دەڵێ:
ـ دەبینی ئەو ژنە دەترسێ و ڕووحی دەبەردا نەماوە ئیدی نابێ قسەی وابکەی.
لەپەنا مەقەڵییەکە دادەنیشم. لە دڵم گران هات کە دایکم لە پێش چاوی بلوور خانم ، ئاوای پێگوتم. سەیری بلوور خانم دەکەم ڕەشایی چاوی دیار نین، لێوەکانی دەلەرزێن. دەڵێی بووراوەتەوە. ڕەنگی وەک مەڕمەشا سپی هەڵگەڕاوە. بانگی دایکم دەکەم. پەڕەمێزەکە بەجێدێڵێ و دێ. جومگەی بلوور خانم دەگرێ و لێیدەپرسێت:
ـ چتە بلوور خانم؟
بلوور خانم ورتەیەکی لێ دێ، قسە ناکات، پاشان لەپڕ دەستی کرد بە هەنیسکدان و سووکە نزگەرە. دایکم سەیرم دەکات و دەڵێ:
خوا زەلیلت کا خالید. بزانە چت بەسەر ژنی خەڵکی هێنا.
سەرم لە بلوور خانم سووڕماوە. ئاخر ژن بەو قەڵافەتە زەلامەوە؟… مردوو هێندەی ترس و خۆف دەوێ؟ ئەگەر بلوور خانم جەندەکی جەعفەر خشتبڕی دیتبا چی دەکرد؟
ـ بابە، جەعفەر خشتبڕ بۆ خۆی گوشت؟
ـ بۆ مەگەر پیاو چەندە بەرگەی برسێتی، بێکاری و زەلالەتی دەگرێ؟
دەمووچاوی جەعفەر خشتبڕ شین و ڕەش هەڵگەڕابوو. زاری داپچڕابوو، زمانی ئەستوور ببوو و بە کەلێن ددانەکانیدا هاتبووە دەرێ.
ـ یانی پیاو لەبەر بێکاری و برسێتی بەڵای ئاوا بەسەر خۆی دێنێ؟
ـ جا ئەوە جەعفەر وای کردووە.
گرێی تەنافەکە لەسەر قورگی توند ببوو، سەرێکی تەنافەکەی لە میچی ژوورەکە قایم کرد بوو، باڵای جەعفەر درێژتر ببوو. حەمە فیتەر وەقسە هات و گوتی:
ـ بەڵام جەعفەر نەدەبوا وای کردبا… یان لانی کەم دەبوایە لەپێشدا حەق و حیسابی ساحیب کورەخانەی کە ئەو هەمووە نەهامەتییەی بەسەر هێنابوو، لە مستی نابا، جا ئینجا ئەو بەڵایەی بەسەر خۆی هێنابا.
بلوور خانم وردە وردە زیندوو بووەتەوە و ڕەنگی دەمووچاوی هاتۆتەوە سەرەخۆ، بەڵام لێوەکانی هەروا دەلەرزێن. سەیرم دەکات. پێی دەڵێم:
بەڵام بلوور خانم من نەمدەزانی ئێوە هێندە دەترسێن.
هیچ ناڵێ ناوچاوانی ئارەقەی کردووە. قەنداغەکەی دەخواتەوە پاشان پاڵ وەدیواری دەدات و چاوەکانی لەسەر یەک دادەنێ.
نزیک تاوپەڕان خۆر خۆیەک نیشان دەدات، بەڵام خۆ ناگرێ و خێرا لە پشت هەوراندا ون دەبێ. ملپێچە مەیلەوزەردە خورییەکەی باوکم لە ملـم دەهاڵێنم و ڕوو بە دایکم دەڵێم:
ـ دایە زوو دەگەڕێمەوە
بە بەر ماڵی غوڵامعەلیخاندا تێدەپەڕم. پەردەی پشت پەنجەرەکان گۆڕدراون. خالەق و چینۆق بەرەوڕووم دێن. خالەق نیوە تەلیسێکی سپیواشی بە شانییەوە. لێیدەپرسم:
ـ خالەق ئەوە چییە پێتە؟
ـ پەتاتە
خالەق، مێهدی بەقاڵی وەزاڵە هێناوە. تا مێهدی بەقاڵ سەری وەرگێڕێ لەمێژە شتێکی لەپێش دووکانەکەی دزیوە. بۆ وێنە؛ دوو هێلکە، چەند دانە پەتاتە، چەند سەلک پیواز، مستێک کشمیش… بۆ خالەق فەرقی نییە. کەس وەک خالەق لە مریشک دزین ئازا نییە. دەچێ لە دەوروبەری قەسابخانە ڕیخۆڵەی تازەی مەڕ دێنێ و دەچێتە دەوروبەری مەیدانی نزیک زیندان، کە هەمیشە پڕە لە مریشک و کەڵەشێر. هێندێک جاریش دەچێتە پشت کەپرەکانی نزیک چۆمی کاروون لە دەرەوەی شاری. لەپەنایەک دادەنیشێ، ڕیخۆڵەکە دەهاوێت و خۆ مات دەکات تا مریشک، کەڵەشێر یان فڕووجێک بێت و دەنووک لە رێخۆڵەکە بدات و لووری دات. خالەق پەلە ناکات، پاش ئەوەی ڕیخۆڵەکە لە قوڕگی نێچیرەکەدا جێگیر بوو، ئینجا فووی دەدات هەتا متەقی لێدەبڕێ. ئێستا وەک هەڵۆ دەکەوێتە سەری و دەیڕفێنێ.
ـ خالەق ئەو هەموو پەتاتەیەت لە کوێ هێناوە؟
ـ دەی جا، هەروەک هەمیشە لە مەیدانی تەرەبار کڕیومە.
چینۆق پێدەکەنێ. هەموو دەمووچاوی دەبێتە زاری. هەرچەند خالەق برا چکۆڵەیە، بەڵام دمڕاست و قسەکەر هەر خۆیەتی و چینۆق ملکەچێتی.
ڕۆژێکی یەکشەممە بوو کە باوکیان مرد. ڕۆژی یەکشەممەی دواتر دایکیشیان مرد. هەر دووکیان گرانەتایان بوو. فرمیسکێک بە چاوی ئەم دوو برایەدا نەهات. خەڵک دەیانگوت حەپەساون. هەر لەو شوێنەدا دەژیان کە ئێستا حەمە فیتەری تێدا دەژی. ڕۆژی دوایی خاڵیان هات سیپاڵ و وردەواڵەی کۆکردەوە و دەگەڵ خۆی بردنی بۆ ماڵی خۆی. دوو تا سێ مانگێک لای خاڵیان وەرگێرکە بوون و بەردەستی دارتاشخانەکەی ئەو بوون، بەڵام پاشان دایانە باری بێعاری و بە کووچە و کۆڵانانەوە وەربوون. ئەگەر دەست و بردی خالەق نەبێ، چینۆق لە برسان دەمرێ. مێهدی بەقاڵ وەئامان هاتووە و دەڵێ:
ـ ئەگەر جارێکی دیکە ببینم بە بەر دووکانی مندا بێن قەڵەمی پێتان ورد دەکەم.
چینۆق جڕتێکی بۆ لێدەدات، مێهدی بەقاڵ لە دین دەهری دەبێ، لە دووکانەکەی دێتە دەرێ و سەر لە دووی چینۆق دەنێ و وەدوای دەکەوێ. ئینجا خالەق دێت و چەند دانە هێلکان دەدزێ.
لە خالەق دەپرسم:
ـ هەر پەتاتەت کڕیوە؟
دیارە دەزانم نەیکڕیوە، هەروا بە فشە لێیدەپرسم. خۆیشی دەزانێ کە فشەی پێدەکەم. وەڵامم دەداتەوە و دەڵێ:
ـ نا، ماسییەکیش بۆ شێوی ئەمشەو.
مانگێ بیست و پێنج تمەن کرێ خانوو دەدەن بە حاجی بەندەر. ژوورەکەیان لە هی ئێمە گەورە و بەرفراوانترە.
پێش کتێبفرۆشی موجاهید قەرەباڵغە. زۆربەیان مشتەری ڕۆژنامەن. لە پشت سەری مشتەرییەکانەوە دەست لە شەفەق هەڵدێنم. دەستم لێ ڕادەوەشێنێ و دەڵێ: خالید وەرە ژوورێ.
بە کەلێن و نێوان مشتەرییەکاندا ڕێگای خۆم دەکەمەوە و دەچمە ژووری کتێبفرۆشی.
ـ سەلام
ـ سەلام بەخێرێی .. وەرە دانیشە.
لەسەر چوارپایەیەک لە بنەبانی دووکانێ دادەنیشم.
ـ چای دەخۆیەوە؟
ببڕا و ببڕ چاوەڕوانی پرسیارێکی ئەوتۆ نەبووم. تا ئێستا نەبووە کەس بۆ چای خواردنەوە پرسم پێبکات. دەگەڵ باوکم چوومە قاوەخانە، بێ ئەوەی لێم بپرسێ، گوتوویەتی چاییم بۆ دابنێن. کە چووینە دووکانی میرزا نەسڕوللا هەر لە باوکمیان پرسیوە،
ـ وەستا حەدداد چای دەخۆیەوە؟
ـ دەخۆمەوە.
و پاشان گوتوویانە بۆ منیش بێنن.
وەستا حەدداد چای دەخۆیەوە؟
نا .. ئیشتیام لێ نییە.
و بۆ منیشیان نەهێناوە.
بۆیە کە شەفەق لێیپرسیم؛ چای دەخۆمەوە سوور هەڵگەڕام و پاشان گوتم:
ـ دەخۆمەوە
هەست دەکەم گوێچکەکانم گەرم داهاتوون.
ـ پەیمان بڕۆ بڵێ سێ چاییمان بۆ بێنن.
ـ سێ دانە؟
شەفەق سەیری سەعاتەکەی دەکات و دەڵێ:
ـ تا چەند خولەکی دیکە هاوڕێکەمان دەگاتێ.
پەیمان دەڕوات و شەفەق مشتەرییان بەڕێ دەکات. مشتەرییەک دەپرسێ:
چاپی تازەی نەهجولبەلاغە گەیشتووە؟
ئەوە چەندمین جارە مشتەری هەر هەمان پرسیار دەکەن و دەبینم کە لە جیاتی نەهجولبەلاغە، ڕۆژنامەیەک دەدەن بە مشتەری. من نەهجولبەلاغەم بینیوە. باوکم چەندین جار فەرمانی حەزرەتی عەلی بۆ مالیکی ئەشتەری بۆ خوێندوومەوە و زۆرم پێخۆش بووە. دەزانم کە نەهجولبەلاغە کتێبە و دڵنیام هیچ پێوەندییەکی بەم ڕۆژنامانەوە نییە کە لای سەرەوەی لاپەڕی یەکەمیان بە سوور نووسراوە.
پەیمان خۆی چاییەکانی هێناوە. هێشتا چاییەکانی لەسەر لێواری ڕەفحەی کتێبەکان دانەناوە، گەنجێکی باریکەڵەی داڵگۆشت دێتە ژووری دووکان و دەگەڵ شەفەق دەست لێدەدەنەوە، شەفەق بە یەکترمان دەناسێنێ. بەرەبەرە خەریکە سەرم لەو نێوانە سووڕ دەمێنی، پندار، پەیمان، شەفەق و ئێستاش بیدار.
ڕیش و سمێڵێکی شاشی هەیە، هەر ئەوەند بیست ساڵی ببێ. ڕوخساری زۆر نامۆ نییە، بەڵام نازانم لە کوێ بینیومە.
بیدار دادەنیشێ. هەر سێکمان چای دەخۆینەوە. شەفەق دەڵێ:
لاموایە ئێوە بتوانن ببنە هاوڕێ و دۆست. هاوڕێی زۆر باش.
شەفەق کاتێ قسان دەکات هەردەم بزەی لەسەر لێوانە. بزە و گفت و لفتی، زۆرتری دەخاتە بەردڵان.
دیسان بیر لەم نێوە سەیر و سەمەرانە دەکەمەوە، حەز دەکەم لە شەفەق بپرسم. حەز دەکەم سەر لە مەسەلەی نەهجولبەلاغە و ڕۆژنامەکان دەربێنم. حەز دەکەم بزانم پندار بۆچی گیراوە. مانای ئەو وشانەی لەسەر دیوارەکان نووسراون چییە؟ مانای ئەو وشانەی ناو لاپەڕەکانی وا لە گۆڕەپانی شاردا بڵاوکرانەوە، ئەوانەی کۆلارەم بۆ خوشکم پێ دروست کردن، نازانم و حەز دەکەم بیانپرسم.
بیدار دەزانێ کە لە قاوەخانەی ئەماناغا کاردەکەم و دەشزانێ کە قاوەخانە لەسەر ڕێگەی بەندەر هەڵکەوتووە، هەروەها دەشزانێ کە سێڕێیانی بەندەر لە پۆمپی ژمارە سێ زۆر دوور نییە. وێدەچێ شەفەق ورد ورد هەموو زانیارییەکی دابێتێ. پرسییان،
دەتوانی ڕۆژنامە بخوێنییەوە؟
خۆم ناشکێنمەوە و وەڵامیان دەدەمە.
ـ بەڵێ دەتوانم
شەفەق، ڕۆژنامەیەک کە لەژێر کۆگا کاغەزێکدا شاردرابوونەوە، دەردێنێ، قەدی دەکات و دەیداتە دەستم و دەڵێ:
لە گیرفانتی بنێ، ئەوە لەو ڕۆژنامانەیە کە دەبێ لە ماڵەوە بخوێنرێتەوە.
پێم سەیرە، بۆیە دەپرسم
ـ یانی بۆم نییە لە کووچە لە گیرفانمی دەربهێنم؟
ـ بیدار بۆت باس دەکات.
سەیری بیدار دەکەم. چاوێکی مەڕانی و سەوزی کاڵی هەیە. پێست و ڕوخساری سپیکاڵە، دەڵێی خوێن لە دەمارەکانیدا نییە. گوێچکەکانی ورد و بچووکن. دەڵێی بە زۆری پێدەکەنێ. لەسەر چوارپایە کە دانیشتووە لە من باڵابەرزتر دەنوێنێ. بەڵام کە لە کتێبفرۆشی موجاهید وەدەرکەوتین بینیم تەوفیرێکی وامان نییە.
بیدار تا دوور و نزیکی ماڵەوە دەگەڵم دێ، کوڕێکی لەسەر دڵانە، وەبەردڵم کەوتووە.
***
دەگەڵ جاڵجاڵۆکە زۆر تەباین و بەینمان خۆشە. پێنج ساڵە لە قاوەخانەی ئەماناغا کار دەکات. جاڵجاڵۆکە کاری بە کاری کەس نییە وەک بۆخۆی دەڵێت خۆمم و سێبەرەکەم.
ڕاست دەکات یان درۆ، پێوەندی بە منەوە نییە. وێناچێ کوڕێکی خراپ بێ. کورتەباڵا، کز و باریکەڵە. شیرەش دەکێشێ. کاتێک نەشئەیە باسی ڕابوردوو و بیرەوەرییەکانی خۆی دەکات. ئەگەر ڕاست بکات ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەری هەبووە. هەشت ساڵانی سەربازی کردووە، سی جاران ڕای کردووە و گیراوەتە و هەموو جارێ ماوەی خزمەتیان لێ درێژ کردۆتەوە. جارێکیش شووشکەی[5] لە کالان دەرکێشاوە و ڕایکردۆتە سەر فەرماندە، بەو تەمایە کە گیانی لێبستێنی، بەڵام سەرباز وەک مار و مێروو ڕژاونە سەری و شمشێرەکەیان لە دەست دەرهێناوە. بۆ ئەم کارە شەش مانگ لە زینداندا بووە. لووتی هێندە گەورەیە کە مرۆڤ سەیری بکات بەر لە هەموو شتێک لووتی دەبینێ، پاشان دوو کون لە سەرەوەی ئێسقانی ئەمبەر ئەمبەری لووتی و دەزانێ ئەوە چاون. لەژێر لووتی کە دەڵێی پەتاتەیە هەڵواسراوە، زارێکیش دەبینی.
ـ خالید ئەمن لە جێگەی بابتم. چاکەی تۆم دەوێ.
ـ سایەت کەم نەبێ جاڵجاڵۆکە. زۆر مەمنوونم
جاڵجاڵۆکە کەپۆی دەخورێنێ پاشان بەردەوام دەبێ و دەڵێ:
ـ ئەتۆ بۆخۆت دەزانی ئەم بەستەیە چی تێدایە؟
بە درۆ وەڵامی دەدەمە دەڵێم:
ـ نا جاڵجاڵۆکە، نازانم.
ـ دەی، کە وایە کارێکی باشت نەکردووە… بەڵکوو ئەوە تریاکی تێدابێ.
ـ ئەوەی دەزانم کە تریاکی تێدا نییە.
جاڵجاڵۆکە چی دیکە ناپرسێ. بەستە ڕۆژنامەکە لە ئەنباری قاوەخانە لەژێر لێفە قەدکراوەکەی جاڵجاڵۆکە، دەنێم. بریا جاڵجاڵۆکە نەیدیتبا. بۆیە پێی دەڵێم:
ـ جاڵجاڵۆکە بە ئەماناغا نەڵێی ها
جاڵجاڵۆکە لە لووتیدا قسان دەکات بە گنە گنەوە دەڵێ:
ـ ئەمن چ کارم بەکاری تۆ داوە… ئەگەر شتێکی دەڵێم لەبەر ئەوەیە کە جامینی تۆم دەوێ. ئاخر ئەتۆ جارێ لاوی زۆرت ماوە تا ئەو خەڵکە بناسی.
جاڵجاڵۆکە خۆشدەماغ و بەکەیفە. کە بەدەماغە باسی مشتەرییەکانی قاوەخانە دەکات؛
ـ ئەوەی دەبینی؟ لەو کەسانەیە کە بۆ دوو شاییان مەمکی دایکی دەبڕێ. هۆوەی دەبینی دانیشتووە قەننەی دەکێشێ؟ نێربازە. پێش ئەوەی ببێتە شۆفیر ترێلی، چەرخساز بوو.
جاڵجاڵۆکە بە سڕ و تڕی هەموو مشتەرییەکانی قاوەخانە دەزانێ.
ـ جان مەمەد زۆر پیاوی چاکە، دڵێکی سافی هەیە. بەوەی نییە جاروبار گەرووتاڵ و تووڕەیە… پیاوی باش دەبێ دەروون و نیازپاک بێ.
هەرچی لە سەعات یازدە نزیکتر دەبینەوە زۆرتر پەرێشان و ئاڵۆز دەبم. بیدار پێیگوتوومە کە نابێ کەس بزانێ. بەڵام کاتێک ئەمانەتییەکەم دەشاردەوە جاڵجاڵۆکە پێیزانی و پرسیی؛
ـ ئەوە چییە خالید؟
ـ هیچ نییە.
ـ هیچ کە هەر نابێ. شتێک هەر هەیە.
ـ هەر ئەوەیە کە هەیە.
ـ ئەدی بۆ دەیشارییەوە؟
ـ قەرارە سەعات یازدە یەکێک بێ وەریبگرێ.
سەیرم دەکات، بەستەکەم لە دەست وەردەگرێ. سەنگ و سووکی دەکات و پاشان وێمدەداتەوە و دەڵێ:
ـ لەژێر لێفەکەی منی نێ.
ئاسمان تەماوی و ڕوو گرژە. ئەگەر باران ببارێ لەوانەیە نەیە. هاژە و نارەتەی مەشخەڵی چاڵەگازەکان دەگاتە قاوەخانە. ئەماناغا لە پشت داخڵەی قاوەخانە دانیشتووە و مەقەڵیەکەشی لە پێشە. بیست مشتەرییەک لە قاوەخانە دان. جاڵجاڵۆکە بەدەماغە و خۆی بە هەموو لایەک ڕادەگات.
بیدار گوتی:
ـ کورتەباڵایە، دەستی ڕاستی لە جومگەیڕا تا بەری دەستی بە تەنزیل پێچاوە. سمێڵی زەردە، مووی سەری کورتە و پشت سەری پانە. سەری سەعات یازدە دێ.
دڵەکوتەمە. قەت وانەبووم. دەڵێی نۆبەتێمە.
ـ لە بیدار دەپرسم، ئەو بەستەیە چی تێدایە؟
ـ تەنیا ڕۆژنامە
ـ هەر لەوانەی شەفەق دەیانفرۆشێ؟
ـ فەرقێکی ئەوتۆیان نییە.
جاڵجاڵۆکە تەیار و بەدەماغە، باسی خەڵکم بۆ دەکات.
ـ جارێ ئەتو گەنجی و سەرەتاتە… دەبێ هەردەم وریا بی و چاوت بە دەوروبەرتەوە بێ، سەیرکە! ئاگات لێیە کەوتوومە چ ڕۆژگارێکەوە… هەرکەس هات، سیخورمەیەکی تێکوتام… ئەوەی دەبینی.. ئەوەی وا لەو سەر ئەو کورسییە هەڵتروشکاوە؟ تەسبێحەکەی دەبینی؟ دەبینی چەند مەزلووم و ساف و سادە دەنوێنێ؟ ئەگەر پێت بڵێم ئەم جانبازە دۆستێکی خۆی خاپاند، سەدهەزار تمەنی خستە گیرفانی خۆی و برادەرەکەی خۆیشی نارد بۆ زیندان، بڕوام پێ ناکەی…
نارەتە و هاژەی کڵپەی ئاگری چاڵەگازەکان کەوتۆتە ژێر شریخەی هەوران. بۆنی باران هەموو قاوەخانەی پڕ کردووە. بۆنی زستان دوور نییە، هاکا گەیشتێ.
ـ سەعات چەندە جاڵجاڵۆکە؟
سەیرێکی سەعاتەکەی کە کیپ لە جومگەی قایمە، دەکات و دەڵێ:
ـ چارەگێکی ماوە بۆ یازدەی
پاشان سەیرم دەکات. چاوەکانی زیتن و باوەڕ بەخۆن. بە دەنگێکی دلێر و برا گەورانە دەڵێ:
ـ …بەڵام خالید باش چاو و گوێت بکەوە… دەبینی ڕۆژگار و خەڵک چییان بەسەر من هێناوە؟
باران دەستی پێکردووە. دڵۆپەکان درشت و گەورەن.
قسەکانی بیدار زۆر وەک قسەکانی جان مەمەد دەچن.
ـ قسەی ئێمە هەر ئەوەیە؛ بۆ دەبێ برسییەکان برسیتر و ساماندارەکان ساماندارتر بن؟
باوکم لەسەر ئەو باوەڕەیە کە خودا ڕسق و ڕۆزی دەدات و زۆر جار دەڵێ:
ـ ئەوانە هەموو خواست و ئیرادەی پەروەردگارن. بنیادەم کە دێتە سەر گۆی زەوی تەواوی ژیانی لە ناوچاوانی نووسراوە.
ئێستا ڕێژنە بارانە. ئەگەر ئاوا بەردەوام بێ، لافاو هەڵدەستێ. لە پشت پەنجەرەوە سەیری دەرێ دەکەم. باران قیرەتاوی ڕێگا دەکوتێتەوە، دەڵێی دووکەڵی لێ هەڵدەستێنێ.
ـ جاڵجاڵۆکە چەندی ماوە؟
ـ زۆر بێتاقەتی؟
ـ چەندی ماوە؟
ـ دە خولەک،
بریا قایل نەدەبووم. ئەگەر باران هەروا ببارێ؟… دەنگی بیدار لە گوێمدا دەزرینگێتەوە.
ـ دێت. بەدڵنیاییەوە دێت. تەنانەت ئەگەر بەرد لە ئاسمانەوە ببارێت. ئەو دێت.
لە نزیک دەرگای قاوەخانە ڕاوەستاوم سەیری ئاسمان دەکەم، ڕەش دەنوێنێ. جاڵجاڵۆکە بە تەنیشتمدا تێپەڕ دەبێ و دەڵێ:
ـ چاکت خۆ تووشی چەرمەسەری کردووە.
قسەکردنی جاڵجاڵۆکە تایبەت بە خۆیەتی وەک ئی هیچکەسی دیکە ناچێت.
ـ لەناکاو چاو هەڵدێنی، دەبینی تازە کار لە کار ترازاوە.
قسەی باوکم وەک قسەکانی حاجی شێخ عەلی دەچن.
ـ ئەگەر خودا نەیهەوێ، تاقە گەڵایەکیش چییە لە دار هەڵناوەرێ.
قسەی حەمە فیتەر وەک قسەی بیدار دەچێ.
ـ دەکرێ هەموو شتێک بگۆڕی. هەموو شتێک.
نەوتکێشێکی گەورە، دوور لەبەری شارەوە بەرەو قاوەخانە دێ. ڕەنگی سەوزە. بەفرپاکەر خێرا بەرچاوی شۆفیر لە باران ڕادەماڵێ. ئاوی باران قیرەتاوی سەر جادەی یەکدەست داپۆشیوە. نەوتکێشەکە لە جادەی سەرەکی لادەدات، بۆ لای قاوەخانە، لێدەهاڵێتەوە و دێت لەژێر ساباتەکە ڕایدەگرێ. شۆفیرەکە لە پشت فەرمانی نەوتکێشەکە دادەبەزێ. کورتەباڵا و قەڵەوە. قوماشە سپییەکەی لە سینگی خۆی داوە. سەروسەکوتی بە کڵاوێکی خوری ڕەش داپۆشیوە. دوابەدوای ئەو شاگردشۆفیرەکەی دادەبەزێ. دەستی ڕاستی بە تەنزیل بەستووە. کپ و بێدەنگ سەیری دەکەم. لە سمێڵە زەردەکانی دەفکرم. شاگردشۆفیر بزەیەکی دێتێ و بەرەو ڕووم دێ. هێندەی نەماوە ڕابکەم و لەبەری هەڵێم. ترپە و لێدانی دڵم لە لاجانگانمدا هەست پێدەکەم. دەبێ ئەمن دەست پێبکەم، ڕستەی یەکەم دەبێ من بیڵێم. ئەگەر نەیڵێم ئیتر بە پێشمدا دەڕوات و دوایی چەتوونە بتوانم بچمە پێش و شتێک بڵێم. گەیشتە بەردەمم، دەنگێک لە قوڕگم دەرپەڕی وەک بڵێی ئەوە دەنگی من نییە و دەنگی بیدارە کە لە جیاتی من قسان دەکات.
ـ بەتەمای بەرەو بەندەر بچی؟
ڕادەوەستێ. خۆیەتی. پێدەکەنێ. دەنگی بەرگوێم دەکەوێ کە دەڵێ:
ـ بێوچان هەتا بەندەر…
قوڕگم گیراوە، زارم ئیشکە. خەریکە بخنکێم. تفی زارم قووت دەدەم و دەڵێم:
ـ ماندوو نابی؟
ـ نا، ئاوا باشترە.
ئێستا باشترم قسە بۆ دێ. دەپرسم،
ئەدی ئەگەر تووشی موسافیری سەر ڕێگا بن؟
ـ سواری دەکەین
شاگردشۆفیر پەنجە گەورەکانی لەسەر شانم دادەنێ، پاشان دەڕوات، دوور لە شۆفیرەکە دادەنیشێ. خێرایەک بەرەو بەروسەماوەرەکە دەچم ئیستکانەکە لە دەست جاڵجاڵۆکە دەردەهێنم و چاییەک لە پێش شاگردشۆفیرەکە دادەنێم.
ـ بیبە لە نێو ماشێنەکەی نێ. ئێستا دێم تاقەتی دەکەم.
هەر دووکمان پێدەکەنین.
کۆترە پاپڕەکانم بە نان و ئاودا چوون و ئاسەواریان نەماوە. سەروبەندی هێلکە کردنیان بوو. هەڵە نەبم کاری برایمێ. زۆر پیس بلەوەز و لاسار بووە. ئێستا ئیدی قسەی کەسی بە گوێدا ناچێ. دمبەدمەی ڕەحیم کەرداریش دەکات. بابی تێیدا شلوکوت دەبێ دەگەڵی ناچێتە کورەخانە. دەمێک دەڵێت سەرم دێشێ، دەمێک لاقی لەدوو نایە یان ددانی ژانێ دەکات. ئەگەر ئەم بڕ و بیانووانە جێیان نەگرت ئینجا لە ڕووی ڕەحیم کەرداردا دەوەستێتەوە و چەلەحانێی دەگەڵ دەکات و یەک و دووی دەگەڵ دەڵێ:
ـ ئەمڕۆ ناتوانم بێم. ئەوە حەسەنی دێ ئەدی ئەمن بۆ بێم.
حەسەنی گوێڕایەڵە، سەری بەردەداتەوە، سواری ئەسپەدێزە دەبێت و بەرەو کورەخانە دەکەوێتە رێ. باوکیشی سواری ئەسپە کوێت دەبێ.
ئەماناغا دوو کەوی کوشتووتەوە، وێمدەدا بیبەمەوە بۆ بلوور خانم. سواری دووچەرخەکەی ئەماناغا دەبم هەتا ماڵێ گیرنابم. زینی دووچەرخەکە بڵیندە، بەڵام بەپێوە هیچ گرفتێکم نییە بەسانایی پێداڵ لێدەدەم.
پێش نوێژی نیوەڕۆیە بوو گەیشتمەوە ماڵێ. هەڵا و هەنگەمەیەکە مەگین خودا بزانێ. شەوی ڕابوردوو ئافاق نەگەڕاوەتەوە ماڵێ. خاجە تۆفیق چجار پەرێشان و بێئۆقرە نەبوو چونکو جار هەیە کە شەوانە نایەتەوە و بـەدوای ماڵی قاچاخدا دەچێت. هێندێک جار بە بەلەم و هێندێک جار بە ئەسپ.
جیران لە کۆڵانەکانی ئەوسەر و ئەمسەری گەڕەکێڕا ڕژاونە حەساری ئێمە. ماڵپشکن و موفەتیش ئافاقیان کە لە ماڵە شێخ شوعەیبڕا دەگەڕایەوە بە پێنج تۆپ قوماشەوە لە باغی شێخی گرتووە. شەوێ ڕایانگرتووە و ئێستاش دەگەڵی هاتوون ناوماڵەکەی بگەڕێن. بانوو درێژ و باریک لە کەنار حەوزەکەی حەسارێ وەستاوە و وەک داوەڵ دەلەرزێ. بەگومانم خومارە، بەڵام ئافاق مێشێکیشی لێ میوان نییە. دەستی لە کەلەکەی ناوە و قیت و قۆز ڕاوەستاوە، ئەوەی دەیڵێ نایڵێتەوە. سەر و زولفی بە سەر شانیدا پەرێشانە، چارشێوەکەی گورج لە کەمەر بۆ خوارێ، لە خۆی هاڵاندووە. ماڵپشکنەکان دار و دیوار و کەرەسەی ناوماڵ شیشکوت دەکەن. ژوورەکەی خاجە تۆفیق، نوێنوبان، کادێنی وڵاغەکانی ڕەحیم کەردار و تەنانەت ناو تەپاڵە و ئاوردووی سەنەمیش دەپشکنن.
برایم لەسەر بانی کۆترخانە ئەژنۆی لە باوەش گرتووە و دانیشتووە
بلوور خانم لە لاشیپانی دەرگای ژووری خۆیان وەستاوە. دووچەرخەکەم بە تەنیشت کۆترخانەوە دەنێم و بە نێو حەشیمەتەکەدا بۆ لای دەچم و دەڵێم:
ـ بلوور خانم ئەو کەوانە ئەماناغا ناردوونییەوە. گوتی چاکیان بکەی و لە ئاولیمۆیان بگری بۆ شەوێ.
بلوور خانم کەوەکانم لێ وەردەگرێ. دەستی دەلەرزێ و ڕەنگی سپی هەڵگەڕاوە. لێیدەپرسم،
ـ بلوور خانم بۆ وا ڕەنگت پەڕیوە و سپی هەڵگەڕاوی؟
هەروەک ئەو ڕۆژەی لێهاتووە کە باسی مردووم بۆ کرد. لێوەکانی بە ئاستەم دەجووڵێن و دەڵێ:
ـ هیچم نییە.
دەزانم درۆیان دەکات، دەبێ شتێک ڕووی دابێ کە وا ڕووحی لەبەردا نەماوە. لە خۆڕا وەک مێژۆکە نالەرزێ.
ـ بلوور خانم لەبەرت مرم، ئەم بەستەیەم بۆ لە ژووری خۆتان دابنێ، تا بەیانی.
بلوور خانم ناوچاوانی تێکدەنێ و دەڵێ:
ـ ئەو جارەی لێت وەردەگرم ئافاق خانم، بەڵام ئاماناغا بزانێ حەیامان لە قوونی سەی ڕۆدەکات.
بەدڵنیاییەوە شتێک بووە. سەرێک بە ژووری بلوور خانمدا دەکەم، هیچ نابینم. لەخۆڕا نییە کە ئافاق وا بێمنەتە و دەستی لێ لە کەلەکەی ناون. بە گونم دەبێ تۆپە قوماشەکانی لە ژووری بلوور خانم دانابێ. دەمهەوێ بچمە ژوورێ. بلوور خانم توند قۆڵم دەگرێ و دەڵێ:
ـ خالید مەچۆ ژوورێ.
لێوەکانی سپی سپی هەڵگەڕاون. لێیدەپرسم،
ـ بلوور خانم لە ژوورێ شتێکی لێیە؟
ـ وســت!
ـ دەی جا ئەگەر دەترسێی، ئەمن دەچمە کۆڵانی پشتەوە تۆش بە پەنجەرەدا وێمدە دەیانبەمە دووکانی شاتر حەبیب تاقەتیان دەکەم هەتا موفەتیشەکان دەڕۆن.
ئەوکی گیراوە دەنگی بە حاڵ دێتە دەرێ. بەکزی دەڵێ:
ـ نابێ، خالید، نابێ.
ئێستا ئیدی دڵنیام کە تەلیسە پارچەکان لەژێر تەختیخەوی بلوور خانم دان.
پێی دەڵێم:
ـ دەباشە ئەگەر وایە بڕێک لەسەرەخۆ بە. موفەتیشەکان بەو ڕەنگ و ڕوخسارەوە بتبینن لە هەموو شتێک تێدەگەن. بچۆ لە ئاوێنەدا سەیری خۆت بکە بزانە چۆنی.
موفەتیشەکان تەواوی ژووری خاجە تۆفیقیان بەسەر یەکدا داوە، تا ئێستا هیچیان نەدۆزیوەتەوە. بە تەمان تیغەیەک کە لە کۆنەوە لێدراوە بڕووخێنن. نوور مەمەد چاوەکانی بچووک دەکاتەوە، تێیدەفکرێ و پاشان دەڵێ:
ـ نا بابە، گێچەکەی کۆنە، مەگەر نابینن. ئەو تیغەیە زۆر لە کۆنەوە لێدراوە.
ئێستا شیشەکانیان کۆدەکەنەوە بەتەمان وەڕێ کەون بڕۆن.
لەوەتا دارخورماکانی پشت ماڵانیان بڕیوەتەوە و کاناڵەکانی ئاویان پڕکردۆتەوە کاری ئافاق دژوارتر بووە و حەشارگەکانی نەماون.
ـ خوا زەلیلیان بکات و دەستیان بە قوونیانەوە نووسێ، ئیتر حەشارگەیەکمان نەماوە.
لە دوای بڕینەوەی باغی خورماکە، ئەوە جاری حەوتەمە ئافاق لەگیر دەکەوێ. پێنچ جاران بە دانی جەریمە ڕزگاری هاتووە. جارێکیش یازدە ڕۆژان لە زینداندا مایەوە. ئەو جارەی خاجە تۆفیق تەنگدەست و بێدەرەتان مابۆوە. بۆ تریاک و سوور و ساتەکەی پەککەوتە و کەلەلا بوو.
ئەگەر ئافاق نەبێ خاجە تۆفیق و بانوو بە دوو ڕۆژان سەگ و شوانیان دێتەوە. نە بژیو و نە تریاک.
موفەتیشەکان لە ئافاق دەخوڕن:
ـ وەپێشمان کەوە!
ئافاق چارشێوەکەی لە کەمەری دەکاتەوە و بەسەر سەریدا دەدات و بەدەنگی بەرز دەڵێ:
ـ تۆفیق بجووڵێوە کەسێکی پەیدا بکە بێ ببێتە دەستەبەر و زامنم. بەڵکوو بچی سەرێکی شێخ شوعەیب بدەی.
ئاو و چڵمی لووتی خاجە تۆفیق وەک لووساوک لەبەری دەڕوات. تۆمەز نەپڕژاوە تریاکێکی تێر و تەسەل بکێشێ. هەوا ساردە. پیاو دەتەزێنێ. خاجە تۆفیق دەسماڵ یەزدییەکەی لە گیرفانی شەڵوارەکەی دەردێنێ و لووتی دەسڕێ.
موفەتیشەکان ئافاقی وەپێش خۆیان دەدەن و لە ماڵێ وەدەردەکەون. درواسێ و دەرو جیرانیش بـەدوای اندا. بلوور خانم پشووی دێتەوە سەرەخۆ و ڕەنگ و ڕووی دەکرێتەوە. دایکم بانگم دەکات و دەپرسێ؛ بۆ هاتوومەوە ماڵێ. بۆی باس دەکەم. برایم لەسەر بانی کۆترخانەکەوە بازدەداتە خوارێ لەبەر دمم قوت دەبێتەوە. دەڵێم:
ـ برایم کۆترە پاپڕەکانم …
هێشتا قسەکەم بە تەواوی لە زاری نەهاتۆتە دەرێ، دێتە ناو قسەکانم و دەڵێ:
ـ نەکا ون بووبن، هـا؟
ئێستا ئیتر گومانم نییە کە کاریەتی.
ـ کەواتە تۆ دەزانی لە کوێن؟
ـ ئەمن کوو دەزانم؟
دەیهەوێ بڕوات، قۆڵی دەگرم. سەری زەلامی وەلەقاندن دەکەوێ. دەستی لە گیرفانی کۆنەباڵتۆکەی دایە. باڵتۆکە بۆی گەورەیە و تا سەر ئەژنۆی دێ. چاوەکانی تەڕ و خووساون. سەری دەڵێی کۆنە لبادی چڵکنە.
ـ دەزانی چۆنە برایم… ئیتر من نامهەوێ درێژە بە کۆتربازی بدەم … ئەگەر بتوانی بۆمیان بفرۆشی زۆرت سپاس دەکەم.
برایم پێی سەیرە، وڕ ماوە. دەم و لووتی کۆ دەکاتەوە و دەڵێ:
ـ باشە ئەگەر مشتەری باش وەدەس کەوێ، چ بە من دەبڕێ؟
ـ تمەنی دوو قڕان،
ـ زۆر باشە.
پێک دێین کە کۆترەکان بفرۆشێ. ئاخر ئێستا ئیتر بەکەڵکی من نایە. بەردەوام لە قاوەخانەم و کات نییە لە حەوایان بکەم. تازە ئەگەر کاتیشم هەبێ خێر و بێری بۆ من چییە ؟
ددانە زەردەکانی برایم وەدەردەکەون و دەڵێ:
ـ هەتا شەوێ هەموویان دەفرۆشم… هەر ئێستا دەیان بەم بۆ لای جاسم.
هەمووکات بە ئاوات بووم کە کۆترەکانم وەکی کۆترەکانی جاسم بان. بەتایبەت ئەو جووتە مسکییە کە دەفڕن و لە تەشقی ئاسمان تەقڵان لێدەدەن. دەبنە زینەتێک بە ئاسمانەوە.
بەڵام برایم حەزرەتی عەبباسمان لە بەین دابێ.
برایم سەرە زەلامەکەی دەلەقێنێ و دەڵێ:
ـ حەزرەت عەبباسی،
ڕکێفکوت چوو تەلیسێکی هێنا و گەڕایەوە، چوو ناو کۆترخانە. لەناکاو دڵم گوشرا، هێندەی نەماوە پەژیوان ببمەوە. نامهەوێ کۆترەکانم بفرۆشم. پێی چوونەدەر لە ماڵەوەشم نییە تا ئەو دیمەنە نەبینم. لەبەر دەرکی کۆترخانە هەڵدەتروشکێم. نێرەی حەبەشی لە دەستی برایم دایە. پەڕ و باڵی ڕەش وەک هی قەڵەڕەشە کە چی چاوەکانی سوورن. دەڵێی سەیرم دەکات. خەفەتبار دەنوێنێ. دەنووکی هەر بە ئەنازەی گەنمە بەهاروویە. لەو ئاسمانەدا چ حەشرێکی دەکات و چەند بە فیز و ئیفادەیە. کاتێک سینگی پڕ دەکات و کلکی وەک گەسک لەبەر یەک بڵاو دەکات و بە دەوری مێیەکەیدا دەگەڕێ و بەغبەغووی بۆ دەکات لە کۆترەکانی جاسمیش باشترە.
برایم نێرەی حەبەشی دەخاتە ناو تەلیسەکەی. بەستەزمانە باڵەفڕەیەک دەکات و ئارام دەگرێ. دەنگی غەو غەوی لە گەروویدا پەنگ دەخواتەوە. گریانم دێ و دڵم دەگیرێ، هەڵدەستم پاڵ وە دووچەرخەکە دەدەم و برایم بانگ دەکەم. برایم بەو دەنگە جیک جیکەی وەڵامم دەداتەوە.
ـ چییە خالید؟
ـ وەرە دەرێ پێت بڵێم
ـ بێمە دەرێ؟
ـ بەڵێ،
ـ پەژیوان بوویەوە؟
لە کۆترخانەکە دێتە دەرێ. دەست لەسەر شانی دادەنێم
ـ دەزانی برایم پەژیوان بوومە، جارێ لێیان گەڕێ بمێنن.
برایم چڕوناوچاوانی تێکدەنێ.
ـ بەڵام برایم من لەپای قسەی خۆم هەم. یانی من و تۆ شەریکین. یانی تۆ پێیان ڕابگە، دان و ئاویان بدەیە، هەر وەخت فرۆشتمانن نیوەی تۆ و نیوەی من.
برایم چڕو ناوچاوانی دەکرێتەوە و بزەی دێتێ؛
ـ بەڵام حەزرەت عەبباسی؟
ـ حەزرەت عەبباسی.
پێکدێین و دەست لێکدەدەینەوە. نێرەی حەبەشی لە تەلیسەکە دەردێنم و بەڕەڵای دەکەم. بەستەزمانە هەر پێ لە عەرز نانێ، یەکڕاست باڵ دەگرێ و دەفڕێ. دەگەڵ دەنگی باڵ لێدانی ئەو غەمیش لە دڵی من بار دەکات و سووک دەبم. نێرەی حەبەشی هەروا بەرز و بەرزتر دەفڕێ و تەقڵان لێدەدات. ئێستا ئیتر ئەرخەیانم کە برایم کۆترەکانم نادزێ.
***
ماوەی هەفتەیەک زیاترە کە ئەماناغا ڕادیۆی کڕیوە. ڕادیۆیەکی(جی ئی سی) لە یەغدان کەمێک بچووکتر و دەبریقێتەوە. ڕۆژێ چەند جار دەسرەی دەکێشێ و پاکی دەکاتەوە. قاوەییەکی تۆخە و جارجاریش ئاڵوباڵوویی دەنوێنێ. بلوور خانم قوماشێکی کەوی، بە تۆڕی سپی داگرتۆتەوە، بەسەر ڕادیۆکەیدا دەدەین کە بە هیچ کلۆجێک لە ڕەنگی ڕادیۆکە ناکاڵێتەوە.
لەوەتا ڕادیۆ هاتۆتە قاوەخانە ئیتر دەنگ حەبسکەرەکە(گڕامافۆن) لە باو کەوتووە و جێگە و پێگەی جارانی نەماوە و بەخۆی و بڵیندبێژە سەوزە گەورەکەیەوە لە پشتەوە لە ژوورکەی ئەماناغامان داناوە. ئێستا کرێکارانی شیرکەتی نەوت دێنە قاوەخانە لە ڕادیۆکەوە گوێ لە خەبەران دەگرن.
بڕێ جار دوای تەواو بوونی هەواڵەکان لە دەوری یەک دادەنیشن و دەکەونە گفتوگۆ. جان مەمەد لە هەمووان ورد و زیتترە. ئێستا بەرەبەرە لە قسەکانیان تێدەگەم و حاڵیم. بۆ وێنە ئێستا دەزانم ئیستعمارگەر یانی چی و دەزانم ئەوجۆرە نییە کە من و برایم بیرمان لێدەکردەوە. بۆیە لەبەرخۆمەوە پێکەنینم بە قسەکانی برایم دێت کە دەیگوت:
ـ نەوت بخواتەوە باشترە لەوەی خوێنی بنیادەم بخواتەوە.
بیدار مانای هەموو ئەو وشانەی دام نابوو لە شەفەقیان بپرسم، بۆی گوتم
ـ ئـەرێ بیدار نووسراوەی سەر ئەو کاغەزانە یانی چی؟
لەسەرەخۆ و هێدی بۆم باس دەکات.
ـ دەی، ئەدی ئەوە چییە لەسەر دیوار نووسراوە؟
هەمدیسان بەوردی و بەشێنەیی بۆم مانا دەکات.
قسەکانی غەریب و سەیر و سەمەرەن. یانی بۆ من سەیرن کە هەتا ئێستا تێیان نەگەیشتووم. دەبێ باش گوێ بگرم تا لێیتێبگەم. هەرچەند بەشێکیانم دووجار و چەند جار بۆ وەرد دەداتەوە.
مەجلیس لە سەرۆکی دەوڵەتی پرسیوە؛ کە چۆنە ئینگلیسییەکان دەبێ نیوەی پووڵی نەوت وەک باج و زەکات کەم بکەنەوە؟ سەرۆکی دەوڵەت وەڵامی داوەتەوە؛ چونکو مافی خۆیانە و دەبێ لێیدەرکەن. ئینجا لێی زیاد کردووە و گوتوویەتی وەبزانن لە جیاتی پێنجیەک و خومس دەیگێڕنەوە.
بە بیدار دەڵێم:
ـ بەڵام وەک ئەمن بزانم تەنیا عەولادی پێغەمبەر دەتوانن خومس واتە پێنجیەک وەربگرن. تازە دەشزانین کە ئینگلیسییەکان کافریشن.
بیدار پێدەکەنێ. سەرۆکی دەوڵەت کێیە کە ئاوا مەلۆتکە بەو میللەتە دادەدات و کەسیش نییە لە دمی بدات و وەڵامی بداتەوە.
بەردەوام دەبێ و قسەم بۆ دەکات تا تەواو تێمدەگەیەنێ.
ئێستا بە باشی لە جان مەمەد تێدەگەم ئەگەریش هەڵکەوێ جار جار خۆ لە باسەکەیان هەڵدەقوتێنم.
ـ ئەرێ جان مەمەد بیستوومە ئینگلیسییەکان دەخوازن یارمەتیمان بدەن.
جان مەمەد چاوی دەردەپەڕێ و بە سەیرێکەوە لێم دەڕوانێ و دەڵێ:
ـ ئینگلیسییەکان؟
ئینجا لەسەر کورسییەکەی جێ خۆش دەکات و دەڵێ:
ـ کێ ئەو شتانەی بەتۆ گوتووە؟
پێی سەیرە و باوەڕ ناکات کە من قسەی ئاوا بکەم، دەڵێ:
ـ دا وەرە پێشێ بزانم!
دەچمە پێشێ.
ـ ئەوەت هەمیشە لەبیر بێ، ئینگلیسییەکان لەخۆڕا و بە بەلاش لەسەر قەبری بابیشیان فاتیحا ناخوێنن.
بیدار مامۆستایە و وەکی من بیرم لێدەکردەوە کەمتەمەن نییە. دوو ساڵێک دەبێ مامۆستایە و سەربازیشی کردووە یانی ئەفسەری یەدەک بووە. تەمەنی لە بیست و چوار ساڵ بۆ سەرێ دەبێ. بەڵام لە بیست ساڵ پتری پێوە دیار نییە. ناو نیشانی فێرگەکەی و هەروەها ماڵەکەشی دەزانم. لە پۆلەکانی سێ و چوار دەرس دەڵێتەوە. هەر پۆلەی حەفتا قوتابی پتریان تێخزاندوون.
ـ سەیرکە خالید! ڕێوشوێن و یاسا دەڵێت هەر پۆلێک دەتوانێ سی قوتابی هەبێ.
جارێکیان بۆ سەردانی چوومە فێرگە و دەگەڵی چوومە ناو پۆل. مناڵەکان دەتگوت خورمان پێکەوە نووسابوون. چەند کەسێک لە تاقەکانی پۆلدا دانیشتبوون و ژمارەیەکیش لەسەر عەرز هەڵترووشکابوون. لە پشت هەر مێزێک لەباتی سێ کەس شەش کەس وەک دەنکی گەنمە شامی بەیەکەوە نووسابوون. سەروپۆتڕاکی هیچکامیان لە هی برایم و حەسەنی باشتر نەبوو. بیدار بۆی باس کردم و گوتی:
ـ من بەعزێ لەو منداڵانە دەناسم، دەزانم کە بەرچایی نییە بیخۆن و بە زگی برسی دێنە فێرگە. یان ئەوانەی دەستیان دەگاتە دمیان لەوانەیە ئەوپەڕی چایشیرینێک بە نانەڕەقە بخۆن.
بیدار قۆڵم دەگرێ و لە پۆل دێینە دەرێ و پێم دەڵێ:
ـ خالید ئەمشەو وەرە کارم پێتە.
هۆش و بیرم لەو سەردەمانەیە کە بۆخۆم دەچوومە فێرگە،
ـ گوێت لێ بوو چیم گوت؟
ـ کەی سەعات چەند؟
ـ سەعات هەشت،
ئێستا ڕۆژ ئاوا نەبووە کە لە قاوەخانە وەدەردەکەوم. هەتا گەیشتمەوە ماڵێ تاو پەڕی و ئێوارە داهات. نانی شێوان دەخۆم و هەڵدەستمە پێ. دایکم لێم دەپرسێ،
ـ بۆ کوێ دەچی، خالید؟
ـ زوو دەگەڕێمەوە.
دایکم لە پێش لامپاکە دانیشتووە و دروومان دەکات کە قەت بنەی نایە. جەمیلە خەریکە بە چای شیرین نان دەخوات. دایکم نیگەرانە. کەم وا هەیە شەوانە لە ماڵ وەدەرکەوم. سەری هەڵدێنێ، سەیرێکم دەکات، سەری دادەخات و خەریکی دروومانەکەی دەبێتەوە.
کەش و هەوایەکی ساردە، ڕوومەتم ساردە. بیدار لە دووکانی کەریمە شەل چاوەڕوانمە. چوار کەس خەریکن جەرگی برژاو دەخۆن. دەورییەکانیان بە پیواز و بییبەر و ترشی ڕازاوەتەوە. بیدار بابۆڵەکەی قووت دەدات و دەڵێ:
ـ خالید وەرە ژوورێ.
دەچمە ژوورێ و لە تەنیشت بیدار دادەنیشم. دووکانەکە هێندە بچووکە لە پێنج شەش کەس زۆرتری جێ نابێتەوە، بەڵام هەتا خودا حەز دەکات پاک و خاوێنە. مەجومعە، قاپ و قاچاغ لەبەر خاوێنی بریقەیان دێ. دووکانەکە هەر نیمکەتێک و دوو مێزی بچووکی تێدایە. مێزێکیش لەژێر مەقەڵییەکەیە، هاڵاوی گەرماکەی خۆشە. کەریمە شەل کورتەباڵایە، سمێڵی بەهەر دوو لای دمیدا شۆڕ بووەتەوە. چاوزیتە. پێشتر دیتوومە. بۆ دەستکەرەوەیی و دلێری ناوبانگی هەیە.
بیدار لێم دەپرسێ،
ـ جەرگ دەخۆی؟
ـ نا، نانم خواردووە.
لەژێر نیمکەتەکە کە زیلۆیەکی کورتی لەسەر ڕاخڕاوە چاوم بە چەند قوتوو ڕەنگ و فرچە دەکەوێ. بیدار زەینی دایە، زانی کە ئەو شتانەم بینیوە. لێم دەپرسێ
ـ سەیری چی دەکەی؟
ئاماژە بە قوتووە ڕەنگەکان دەکەم. بیدار بزەیەکی دێتێ و دەڵێ:
ـ ئێرە مەکۆی یارانە. ڕەنگ و فرچەکان لێرە دادەنێن بۆ ئاخری شەوێ.
لە هەموو شتێک حاڵی بووم.
ـ پێت سەیرە؟
سەرم ڕادەوەشێنم. نازانم پێم سەیرە یان نا. تەنیا بیر لە کەریمە شەل دەکەمەوە، وادیارە دەبێ پیاوێکی هەزار توێ و نهێنیپارێز بێ. لە بیدار دەپرسم؛
ـ هەڵبەت ئەوانەش کە خەریکن جەرگیبرژاو دەخۆن هەر ئەوانەن کە قەرارە دروشم و شوعارەکانی سەر دیوار بنووسن؟
ـ نا
وەڵامەکەی یەکلاکەرەوە نییە. وێناچێ هەڵەم کردبێ. سەیریان دەکەم، دانیشتوون زۆر بەئیشتیاوە خواردنەکەیان دەخۆن. بنیادەمی خۆڕاگر و سیسەمارن. بیدار لە نانخواردن بووەتەوە، هەڵدەستێتە سەرپێ و دەڵێ:
ـ با بڕۆین!
لێیدەپرسم بۆ کوێ؟
ـ ناچینە هیچ کوێ، ئاماژە بە دەرەوەی دووکان دەکات.
لە دووکانەکەی کەریمە شەل دێینە دەرێ. دەرێ ساردە. ناو دووکان بە هاڵاوی مەقەڵییەکە گەرم بوو. بیدار جانتایەکی قاوەیی پێیە، لەسەر شانی قورساییە دەکات. لە دووکانی کەریمە شەل تۆزێک دوور دەکەوینەوە، ڕادەوەستێ. پاڵ وەدیواری دەدەین. تاریکە و کەس دیار نییە. گوێم داوەتە بیدار، دەڵێ:
ـ هاتوومەتە سەر ئەو باوەڕەی کە ئێستا ئیتر دەتوانم متمانەت پێبکەم.
کەیفم بە قسەکەی دێتێ کە حیسابم لەسەر دەکرێ. هەست بە کەس بوون و گەورەیی خۆم دەکەم. هیچ ناڵێم و بیدار بەردەوام دەبێ؛
ـ دەتوانی ئەمشەو هاریکاریمان بکەی؟
دڵەکوتەم دەست پێدەکات. لەشم گەرم دادێ. دەپرسم،
ـ دەبێ چ بکەم؟
ئیستێک بێدەنگ دەبێ و پاشان لەسەرەخۆ دەڵێ:
ـ دەمهەوێ سەت دانە ئیعلامیەت بدەمێ لە دەرکی ماڵەکانی شەقامی حکوومەتیان بهاوێی.
گۆڵەم لە زمانی دەدرێ و زارم ئیشک دەبێ. بیدار درێژەی دەدا؛
ـ بەڵام خالید نابێ کەس پێبزانێ چ دەکەی.
شەقام چۆل و هۆلە، زیندەوەرێک دیار نێ. لێرە و لەوێ چراکانی سەر شەقام سووتاون و نایسێن، بۆیە بەشێکی شەقام لە تاریکایی دایە. سەرماش هەروا ئەسپی خۆی تاو دەدات و خەریکە ساردتریش دەبێ. مانگێک دەبێ دەگەڵ بیدار ئاشنا بووم و کەمتر شەفەقم بینیوە. یانی سۆراغیم نەگرتووە، بەڵام بڵێی و نەڵێی حاڵی بووم کە شەفەق و هاوڕێکانی هێندێک کار و کردەوەیان هەیە کە بێوەی نین.
بیدار دەپرسێ،
ـ بۆ بێدەنگ بووی؟
ـ بۆ مەگەر ئەوانە چییان تێدایە کە نابێ هیچکەس بیانبینێ؟
ـ سەبارەت بە مەسەلەی نەوتە،
ــ دەی باشە باسی نەوتە، بەڵام بۆ کەس نابێ بزانێ؟
ـ دەوڵەت بەو ئیعلامییانە تووڕەیە و ئەگەر پۆلیس پێبزانێ، جێگەمان سووچی زیندانە.
بیردەکەمەوە؛ ئاها کەواتە پندار ئەو کارانەی کردووە بۆیە گیراوە.
بیدار دەپرسێ،
ـ دەی دەڵێی چی؟
نامهەوێ بڵێم نا. لە ناخمدا حەز دەکەم لە داخی غوڵامعەلیخانیش بێ، یارمەتییان بدەم. هەروەها هیچ نەبی لە قینی ئەو گوربانە وردیلەی لە داڵانی شارەوانیدا لەبنان گوێی دام و سەرمی بە دیواری دادا. لە لایەکی دیکەشەوە متمانەیان پێکردووم، ئیدی دوور لە پیاوەتییە کە یارمەتییان نەدەم. گوتم:
ـ باشە بیدار، وێمدە
لە جانتاکەی بەستەیەک کاغەز دەردێنێ و دەیداتە دەستم و دەڵێ:
بیانشارەوە!
بەستە ئیعلامییەکە لەژێر کراسەکەم و لەبن کەمەرەکەم لە زگم قایم دەکەم و قوبچەکان دادەخەمەوە.
پندار لێم دەپرسێ:
ـ دەزانی کەی دەبێ دەست بە بڵاوکردنەوەیان بکەی؟
ـ نا، کەی؟
ـ سەری سەعات نۆ دەبێ یەکەم ئیعلامییە لە یەکەم ماڵی شەقامی حکوومەت بهاوێژرێ.
ـ جا بۆ ڕاست سەعات نۆ؟
ـ چونکو ئەوانی دیکەش هەر ڕاست لەو سەعاتەدا دەست پێدەکەن. دەبێ هەموو وێکڕا دەست پێبکەن و هاوکاتیش تەواو بن.
ـ ئەوانی دیکەش هەر لە شەقامی حکوومەت بڵاویان دەکەنەوە؟
ـ لە هەموو شەقامەکانی شار، بێجگە لەتۆ یەکی دیکەش لە شەقامی حکوومەت و لە خوارەوەی قیرەتاوەکەوە دەست پێدەکات.
ـ تێمبگەیەنە بۆ دەبێ هەموو هاوکات دەسپێبکەین.
ـ ئاخر لەبەر ئەوەی ئەگەر تۆ زووتر دەس پێبکەی لەوانەیە پێبزانن و ئەوانی دیکە کە دوای تۆ دەست پێدەکەن، ئاشکرا دەبن و تووشی کێشە دەبین، کەچی ئەگەر هاوکات دەست پێبکەن، هاوکاتیش تەواو دەبن ئینجا نەیار دەستیان بە هیچ کوێ ڕاناگات.
کاتی لێکجیابوونەوە، دەست لێکدەدەینەوە، دەڵێ:
ـ سەرکەوتووبی!
لەپڕ دەست دەکەم بە لەرزین. لێوەلەرزەمە، لەشم داغە وەک نۆبەتێداران. ئینجا پاش دەمێک سەرمامە و ئاو بە لووتمەوە گیر نابێ. بەدرێژایی شەقامەکەدا کە نیوە تاریکە هەڵدەکشێم، دەگەمە قاوەخانەی مورشید. تا بگەمە سەرەتای شەقامی حکوومەت دە خولەکێک دەگرێ. لە قاوەخانەی مورشید دەچمە ژوورێ. ناسر دەوانی لەوێیە، دانیشتووە نێرگەلەی لە پێشە. چەند کەس دانیشتوون دۆمینەی دەکەن، دەنگی لە مێزدانی داشەکانی دۆمێنە دێت. ناسر دەوانی بانگم دەکات.
ـ لە کوێ بووی؟
ـ لە قاوەخانەی ئەماناغا ڕا دێمەوە.
پاشان لێیدەپرسم،
ـ سەعات چەندە؟
سەیری سەعاتەکەی دەکات و دەڵێ:
ـ بیست خولەکی ماوە بۆ نۆ
لە قاوەخانە وەدەر دەکەوم. هەتا دەگەمە سەرەتای شەقامی حکوومەت چەند جاری دیکەش گەرم دادێم و ئینجا سارد دەبمەوە. کە دەگەمە سەرەتای شەقامی حکوومەت دەوێستم، دەمێکی چاک ئەوەندەی چاوم حوکم دەکات درێژایی شەقامەکە هەڵدەسەنگێنم. سەرانسەری شەقام ڕووناکە، تاقە گڵۆپێکیش چییە، نەسووتاە. پیاوێکی باڵابەرز سەری داخستووە بە تەنیشتمدا تێدەپەڕێ. لێیدەپرسم، سەعات چەندە؟ بەنابەدڵی سەعاتەکەی لە گیرفانی باڵتۆکەی دەردێنێ و سەیری دەکات؛
ـ نۆ
ـ نۆی ڕێک؟
ـ دوو خولەکی ماوە
کابرا دەکەوێتەوە ڕێ. تا دەمەساتێکی دیکە دەبێ دەست بەکار بم. دەست دەبەمە ژێر کاپشێنەکەم، پاشان ژێر کراسەکەم، دەستم وە ئیعلامییەکان دەکەوێ. سەیری یەکەم ماڵ دەکەم، دەرگاکە تەواو دانەخراوە و چرای سەردەرکەش داویسێ. یەک لە ئیعلامییەکان دەردەکێشم. قەدی دەکەم. کابرای باڵابەرز هێندەی سەد میترێک دوور کەوتۆتەوە. بۆ لای دەرگاکە دەچم. دەلەرزێم. لە دەور و پشتم دەڕوانم. ئیعلامییەکە لە کەلێنی دەرگا دەهاوێم و گورجێک دوور دەکەومەوە.
ئەرکم ڕاپەڕاند. زۆر بە سانایی مەیسەر بوو. تەنیا چەند جارێک خشپەی پێ هات، دەخەفتام، دەستم ڕادەگرت و پاشان دەستم پێدەکردەوە. خێرا بەرەو ماڵ دەبمەوە. لەبەر دەرگەی ماڵی ئێمەش چەند ئیعلامییەک کەوتووە. دادێمەوە بەرگێک هەڵدەگرمەوە. دەچمە حەسارێ. ئەماناغا هاتۆتەوە. لەوەتا جێگەی حەبسخانەی دەنگ واتە گڕامافۆن بە ڕادیۆ پڕ بووەتەوە قاوەخانەی ئەماناغا قاوەخانەی جاران نییە. وەزعەکە تەواوێک گۆڕاوە. مشتەری زۆرتر بوون. بەتایبەت کرێکارانی شەریکەی نەوت دەڵێی موویان لێ هەڵدپڕووزێنی وەختی خەبەران تێکڕا لەوێن.
دایکم بەو شەو درەنگییەش، دانیشتووە و هەروا خەریکی دروومانە. دادەنیشم ئیعلامییەکە دەخوێنمەوە.
***
سەنەم بە کەینەوبەینەی برایم و بانووی زانیوە. لە کادێنەکەی ڕەحیم کەرداردا بەسریاندا چووە. هەڵیکوتاوەتە سەریان و تنۆکەی بانووی کە بەتەنیشتیانەوە بووە ڕفاندووە. ئەو تنۆکە سوورە فش و فۆڕە پیسەی بانووی وەک ئاڵا بە حەسارێدا گێڕاوە و کردوویەتە فەرتەنە؛ ئای ئۆمەت وەرن بزانن کە برایم بووەتە زاوا.
ئەوە کە سەنەم، چەند ڕۆژ و چەند حەفتە لێیان خەفتاوە تا ئەو بەڵگە سوورەی وەدەست کەوتووە، هەر خودا دەزانێ!؟
برایم کە وەزعەکە ئاوا دەبینێ، لاقە قوونێ خڵاس کە، وەک فیشەک بۆی دەردەچێ و لە ماڵ وەدەر دەکەوێ. بانوو داوێنی کراسەکەی بە لاق و لەتەری دادەدات و دەستەوئەژنۆ لە کادێنەکەدا دەمێنێتەوە. خاجە تۆفیق دەستەوەستان و شێواوە. ئافاق وەک گورگی برسی ئامبازی سەنەم دەبێت و تنۆکەکەی بانووی لە دەست دەردێنێ. ئەوجار خۆ بە کادێندا دەکات و دەست دە پرچی بانوو دەخات و بەدوای خۆیدا ڕایدەکێشی و دەیباتەوە ژوورێ. چت خواردووە، ترش و چەوەندەر. هەتا سەری هەڵدەگرێ تێیهەڵدەدا و قسەی سووکی پێ دەڵێ. بانوو لە ئەلف نایەتە بێ، نە دەگری و نە پەژیوانی دەردەبڕێ.
برایم شەو ناگەڕێتەوە، چۆتەوە لای خالەق و چینۆق.
ئێستا ئافاق و سەنەم لێک بوونەتە کێرد و پەنیر. ئافاق هەرچی لە زاری بێتە دەرێ و ئەوەی نەشایەد و نەبایەدە بە سەنەمی دەڵێ؛
ـ کۆنە فڕتۆڵ، لەبیری چۆتەوە کە گەنج بوو، هەر ڕۆژە کەڵەگایەکی لەسەر بوو.
سەنەم تازە حاڵی بووە چ گوویەکی خواردووە و لە دەلینگی کێ هاڵاوە. ئێستا دەزانێ باشاری ئافاق ناکات. غەرەز و مەرەزی چ بوو ئەو سوڕەی ئاشکرا کرد، ئەڵڵاهوو عالەم.
سەنەم بێدەنگە و خوا خوایەتی وەک خۆی لێبێتەوە، بەڵام ئافاق دەسبەردار نییە. وەخت و بێوەخت بەسەریدا دەخوێنێ و نێو نیرتکەی لێهەڵدەدا؛
ـ ژنەتیوە سەلیتەیە، هێندە لەپاڵ گەمێوانەکاندا لینگی هەڵێنایەوە هەتا مێردە جاکێشەکەی داخکوژ کرد. ئێستا ئەوە هاتووە لەپای سەری کچەکەی من دەخوێنێ و بەیت و بالۆرانی وەدوا دەخات.
سەنەم خۆی کەر و کوند کردووە هیچ ناڵێ، بەڵام بێفایدەیە. ئافاق دەست هەڵناگرێ.
برایم ئیدی ئاوی لە ئاوەڕۆیە دەرکردووە. شەوانە لەلای خالەق و چینۆق دەخەوێ و بە ڕۆژیش دەگەڵیان دەچێ بۆ دزی کردن. زۆری نەماوە کاری بکەوێتە شارەوانی.
ڕەحیم کەردار فکری ژن هێنان لە سەری داوە، دەڵێ:
ئەگەر حەسەنی و برایم کەسێکیان بەسەرەوە نەبێ، لە بار دەچن و بەدحەمەل دەبن.
بەڵام بەین و بەینەڵڵا برایم هەر ئێستا بەدحەمەل بووە.
ڕەحیم کەردار خەمی زستانێش دایگرتووە و دەڵێ:
ـ … دەی بابم، بنیادەم پێیخۆشە شەوانی زستان کاتی خەوتن ژوورەکەی گەرموگوڕ بێ. مەقەڵی گەشابێتەوە، کتری لەسەر بێ و قوڵتان بدات. دوو پیاڵە چای هەبێ بە گەرووی داکات. و ئاخری شەوێش کەسێک هەبێ بڵێ “”ها پیاوەکە؛ ئەوە بەتانـــــی و بنوو.”” دەی خۆ ئەمن دروومانیش نازانم تا پینە و پەڕۆیان بکەم. ناتوانم قاپ و قاچاغانیش بشۆم.
سرت و خورت کەوتۆتە نێو ژنان؛
ـ ئایەرۆ… دنیا خرابوونە. کچێ خۆ نەنە حەسەنی خێزانی ئێستا کفنی زەرد نەکردووە.
ـ قوڕم بەسەری نەبوو، خۆ ناوماڵەکەی هەمین[6] بۆنی ئەو خودا لێخۆشبوی لێدێ.
ڕەحیم کەردار شەوێ دەچێتە ماڵە خالەق و چینۆق، برایم نەکاوگیر دەکات. دەست و پێیانی بە کەندڕ دەبەستێ، و وەک مەشکەی ئاوێ بە کۆڵی خۆیدا دەدات و دەیهێنێتەوە ماڵێ. دەیبات لە تەویلە هەڵیداوەسێ و بە شوولە هەنار دەکەوێتە گیانی و خوری شۆری دەکات. پاش لێدانێکی تێر و تەسەل هەروا بە هەڵواسراوی تا بەیانی بەجێی دێڵێ. بەڵام کوا بۆ مەگەر برایم پێدەچێ. بۆ بەیانیڕا دەچێتەوە سەر پەت و سینگی جاران.
هەر ئەوەند ڕەحیم کەردار دەست و باڵی دەکاتەوە لە یەکەم دەرفەتدا ڕادەکات و دەگەڕێتەوە لای دەستە براکانی. بە بازاڕدا دەخولێتەوە و گوێبڕی دەکات.
ـ مامە پاکەتێکم جگەرەی گورگان بدەیە.
پاکەتەی لە کابرای دووکاندار وەردەگرێ، بەشێنەیی دەیکاتەوە، سیغارێک دادەگیرسێنێ، سەردادەخات و وەدەردەکەوێ. کابرای دووکاندار دەنگی دەدات و دەڵێ:
ـ هۆی کوڕە پارەی پاکەتەکەت نەدا.
برایم ئاوڕێک دەداتەوە، زمانی لێ دەردەکێشی و گاڵتەی پێدەکات. دووکاندار تووڕە دەبێ، لە دووکان دێتە دەرێ. برایم ڕادەکات. کابرا جنێوان دەدات و وەدوای دەکەوێت. ئینجا نۆرەی خالەقە، دەچێ داخڵەی دووکانەکە بەتاڵ دەکات. برایم پاکەتە جگەرەکە فڕێدەدات و هەڵدێ.
برایم تازە ببڕا و ببڕ نایەتە ڕەدایە.
ئەو ژنەی ڕەحیم کەردار بەتەمایەتی، بێوە ژنێکی چل و پێنج ساڵانەیە. ژنانی حەسارێ و هی گەڕەک چوونە بنچ و بناوانی و قەباڵەیان خوێندۆتەوە. و دەڵێن:
ـ ژنێکی باڵابەرزە، بووکجوانکەر، پێخەسوو و هەنێهەڵگرە.
ـ خودا پێم نەگرێ، لەو جامبازانەی ڕۆژگارە. نازانم ئەوە چۆن تووشی مەشەدی ڕەحیم بووە.
ـ خوشکێ هەر ئەوەندە نییە کە من و تۆ دەیزانین، من بیستوومە گۆیا دایکە دەڵاڵیشە.
ـ پیاوی شار هەموو ئەو دایکە دەڵاڵە دەناسن.
ـ دەڵێن پێشتر ماڵی خۆی هەبوو و ڕووسپی و سووزمانی ڕاگرتوون.
***
باوکم نووسیوێتی ، لە کوەیت پووڵ هەیە، بەڵام بە قیمەتی حەیا و شەڕەف، بە ڕەزیلی. نووسیوێتی ، وا وێدەچێ کە عەڕەبەکان نۆکەری فەرەنگییەکانن و ئێمەش نۆکەری عەڕەبەکان. بەچەشنێک دەتدوێنن و بە قامچی لەسەر و گوێلاکت دەدەن، هەر بە بنیادەمت دانانێن. نامەکە دەخوێنمەوە، قەدی دەکەم و دەیدەم بە دایکم. دایکم هیچ ناڵێ و سەیری سکڵی ناو مەقەڵی دەکات. وەتاغ گەرمە بۆنی چای تازە دەم ژوورەکەی پڕ کردووە.
دایکم دەڵێ:
ـ وێدەچێ مام بەندەر لە مزگەوتێڕا گەڕابێتەوە.
لەپەنا مەقەڵییەکە هەڵدەستم، ملپێچەکە لە ملـم دەهاڵێنم، نیوباڵتۆکەم دەکەمە بەرم و وەدەردەکەوم.
مام بەندەر کەلێن و قوژبنی دەرک و پەنجەرەی بە کۆنەپەڕۆ پڕکردووەتەوە، ئێمەش بە لۆکە، محەممەدی فیتەریش بە کۆنە کاغەز و بە قیر. مام بەندەر بە تەنیشت مەقەڵییەکی بچووک لەسەر چیچکان دانیشتووە. کڵاوەکەی لە تەنیشتی خۆی داناوە پەتوویەکی لە خۆیەوە پێچاوە و خەریکە شەڵوارەکەی پینە دەکات.
سڵاوی لێدەکەم. سەری هەڵدێنێ دەڵێ:
ـ وەعەلێکەسەلام کوڕم!
لەبەرانبەری دادەنیشم. دار و دیواری هۆدەکەی بە دووکەڵی خەڵووز و تەپاڵە ڕەش هەڵگەڕاوە.
لێم دەپرسێ،
چایەکت بۆ تێکەم؟
دەڵێم نا مام بەندەر زۆر سپاس.
شەڵوارەکەی دادەنێت و چایەک بۆخۆی تێدەکات. هەروا کە ئیستکانە چایەکەی لێکدەدا، خەبەری باوکم دەپرسێ، پێی دەڵێم:
ـ ئەلحەمدوللا باشە.
پاشان دەڵێم:
ـ ئەمڕۆ لوتفی سپیکار گەڕاوەتەوە.
مام بەندەر دەپرسێ،
ـ دەی دەستخەتی باوکتانی پێ بوو؟
ـ بەڵێ
ـ دەی ئەگەر وەڵامت بۆ نووسی دوعا و سڵاوی منیشی بۆ بنووسە.
ـ قەرزەکەی ئێوەشی ناردۆتەوە
قومێک لە چایەکەی دەخواتەوە، سەری دادەخات، شەڵوارەکە لەسەر ئەژنۆی دادەنێ و هێدی و لەسەرەخۆ دەڵێ:
ـ خۆ من پەلەیەکم نییە، ئەگەر پێویستە جارێ با بمێنێ هەتا بۆخۆی دەگەڕێتەوە.
ـ زۆر سپاس مام بەندەر، بڕێکیشی بۆ خەرجی ئێمەش ناردووە.
ئیستکانەکەی جارێکی دیکە پڕ دەکاتەوە ئەو جارە قوم قوم لە چایەکەی دەخواتەوە و پاشان دەڵێ:
ـ دەزانی چۆنە؟ ئەمن ئێستا پێویستیم بە پارە نییە، کار و بارم بە کوتە نانێک و پیاڵە چایەک جێبەجێ دەبێ.
لە تاقەکەی پشت سەری، قاپە عەکسێکی حەزرەتی عەلی دانراوە.
پێی دەڵێم: مام بەندەر ئەدی نەوەکانت…
سەیرم دەکات و دێتە ناو قسەکانم؛
جارێ هەتا شەوی جێژن زۆری ماوە.
مام بەندەر بەجارێک داکەوتووە، پیرتر بووە. ئەو چەند مانگەی دوایی لە نزیکەوە نەمدیت بوو. ملی لە تەنیشت یەخەی پاڵتۆ سەربازێکەیەوە دیارە، ئیشک و پڕ گنجە. دەڵێی ملی مریشکی ئاوەڕووت کراوە.
پارەکە لەسەر باڵنجەکەی تەنیشتی دادەنێم، سەد و بیست تمەنە.
باوکم لە میرزا نەسروڵاش قەرزی وەرگرتووە. سەعاتەکەی فرۆشتووە. سەماوەرە وەرشەوەکەشمان فرۆشتووە. دوای پێنج ڕۆژ پاش سەفەری باوکم بۆ کوەیت مەنجەڵە مسەکەشمان فرۆشت.
عەکسەکەی حەزرتی عەلی ڕەنگی بە ڕوویەوە نەماوە تەواوێک کاڵ بووەتەوە. جا چۆن لە فریای مام بەندەر دێ نازانم. مام بەندەر شەڵوارەکەی لەسەر عەرزی دادەنێ. سەبیلەیەک تێدەکات، مژێکی لێدەدات و سەیرم دەکات. دەگەڵ دووکەڵی دەمی کە دەیداتە دەر، قسانیش دەکات و دەڵێ:
ـ تف لە ڕووت ڕۆژگار!
لە ئێوارێوە ئاسمان تاریکە. هەورێکی ڕەش بەری ئاسمانی گرتووە، ها ئێستا ها دەمێکی دیکە باران ببارێت. دڵم گیراوە و خەمبارم. مام بەندەر دەست دەبا پارەکە لەسەر باڵنجەکە هەڵدەگرێ و دەیخاتە ناوقەدی کڵاوەکەی. ئینجا مژێکی دیکەش لە سەبیلەکەی دەدات و دەڵێت لەبیرتان بێ هەروەخت پێویستتان بوو پێم بڵێن و تێم ڕاببینن.
لەپەنا مەقەڵی کز و مات دادەنیشم. بە کەلێنی دەرگادا هەوای سارد خۆ دەخزێنێتە ژوورێ. سەیری مام بەندەر دەکەم هەمیشە ڕدێنە سپیێکەی لە خەنە دەگرێ و بەرسمێڵانیشی بە مقەست ڕێکدەکات. ڕدێنی زۆر درێژ نابێ. چاوەکانی لێڵ و شلوێن. دەکەوێتەوە قسە کردن.
دەزانی چۆنە خالید… لەو دنیایەدا تەنیا چاکە و یان خراپە بە ئادەمیزاد دەمێنێ. هەموومان سەرمان وە بەردی ئەلحەدێ دەکەوێ. کەس لە چەند گەز کفن زۆرتر دەگەڵ خۆی نابا.
دەڵێم: مام بەندەر هیچ وەخت ئەو پیاوەتییەی تۆ لەبیر ناکەم. قسەکانم پێ دەبڕێ.
ـ ئاخر کوڕی بابم ئەگەر ئێمە فەقیر و هەژارەکان لە هانای یەکەوە نەیەن و یارمەتی یەکتر نەدەین کێ یارمەتیمان دەدات؟
بە قسەکانی مام بەندەر دڵم ژان دەکا. دەڵێی بیدارە چۆتەوە قالبی مام بەندەر و بە ڕاوێژی ئەو قسەم دەگەڵ دەکات. بیداریش هەر ئەم شتانە بە ڕاوێژێکی دیکە دەڵێ:
ـ دەزانی چۆنە خالید، ئێمە بۆخۆمان دەبێ بیرێک لە حاڵی خۆمان بکەینەوە. گەڕی خوێن لەکۆڵمەکانی بیداردا خێراتر دەبێ و ڕەنگی سوور هەڵدەگەڕێ و بەردەوام دەبێ؛
ـ دەبێ یەکگرتوو بین یەک بە یەک و جیا جیا هیچ کارێکمان لە دەست نایە. ورد دەبین، دەمانهاڕن نابووت دەبین. ئێمە دەبێ پشتی یەکتر بگرین. ببین بە یەک وەک ئاسن، وەک پۆڵا.
مام بەندەر بە قسەکانی وەخۆم دێنێتەوە و دەڵێ:
ـ دەبێ پشتی یەکتر بگرین ئاگامان لە یەکتر بێ و ژێر باڵی هەودوو بگرین تا لە پێ نەکەوین.
دڵم دەلەرزێ،دەڵێم:
ـ مەمنوون مام بەندەر ئێستا پێویستیمان نییە، بەڵام ئەگەر پێویست بوو بەدڵنیاییەوە دێمەوە لات.
چاییەکی دیکەش بۆخۆی تێدەکات. یەکیش بۆ من. ناتوانم دەست وەبەر دەستی بێنم. چایەکە داغ داغە. مەقەڵی پڕە لە سکڵ. چایەکە تامی خەنە دەدات. مام بەندەر چەنەی گەرم داهاتووە و کەوتۆتە سەر قسان. دڵی پڕە، دیارە دەمێکە چاوەڕوانە کەسێکی دەستکەوێ و دەردەدڵی بۆ بکات. زۆرتر باسی کچەکەی دەکات و باسی خۆشەویستی نەوەکانی؛
ـ زیندووم بۆ وان زیندووم. ئەگەر زەحمەت و کوێرەوەری دەکێشم و شەو تا ڕۆژ کار دەکەم لەبەر ئەوانە. زبڵی خەڵکی کۆ دەکەمەوە بۆ ئەوەی دوو قڕانان پەیدا بکەم، تەنیا بۆ ئەوان. تازە لە من گوزەراوە، ئەمن ئاردی خۆم دابێژتوو و هێڵەگی خۆم هەڵواسیوە.
دیارە بیری نەوەکانی هەڵیگرتووە بەردەوام دەبێ و دەڵێ:
ـ دەزانی چێ خالید؟ زۆریان بیر دەکەم. حەزم دەکرد چەند ڕۆژێک ئیزنیان دابام چووبام سەرێکم لێ هەڵێنابان و چاوم پێیان کەوتبا. بەڵام خالید، پیاو ئەگەر هی دەوڵەت بوو ئیتر پیاوی خۆی نییە.
مام بەندەر بە دەنگی نەرم، خەفەتبار و ماندوو بەردەوام دەبێ؛
ـ هەموو ژیانم نۆکەری دەوڵەتم کرد. بۆ چی؟ جەوانیم هەموو لەسەر دانا، بۆ چی؟ بۆ تۆ پێتوایە ئەو دەوڵەتە بیرێک لە ئێمەی هەژار، لە ئێمەی قوڕبەسەر دەکاتەوە. نەخێر نە وەڵا، نە بیلا…
مام بەندەر وا دیارە دڵ بریندارە، لە قسەکانیڕا وا تێدەگەم دڵی لە دەوڵەت کرمێ بووە و لووتی دەلای نییە. سەردەمانێک بوو کە باسی دەوڵەتی دەکرد، بە ئیفادەوە چاوە لێڵەکانی ئەوشان و ئەمشان پێدەکرد، تێت ڕادەما و دەیگوت:
هەرچی بێ من پیاوی دەوڵەتم. خۆ دەوڵەت فشە نییە. ئێستا لەو ڕۆژەوە کە لە گوزەری قەسابان پارەکەیان لێدزی و لە شارەوانیش پەینیان لێ بارکرد، ڕاوێژ و دەراوی زاری گۆڕدراوە و بنزمانی تامێکیتر دەدات. دەنگ و ڕەنگی دەگەڵ دەوڵەت وەرگەڕاوە. قسەکانی گۆڕدراون و قسەی جاران نین. دەرگای هۆدە پڕ لە دووکەڵەکەی مام بەندەر دەکرێتەوە. هەڵدەستم. دەڵێت زەحمەت مەکێشە خۆم دایدەخەم. دەڵێم؛
نا مام بەنەدەر منیش دەبێ بڕۆم. لە ژوورەکە دێمە دەرێ.
حەسار و دەرک و بان بێدەنگە. ئاسمان تاریکە. وڵاغەکان لەژێر کەپرەکەدا پڕمە پڕمیانە. دەچمەوە ژووری خۆمان و لەپەنا مەقەڵییەکە دادەنیشم. دایکم وەک هەمیشە لەبەر خۆیەوە نارەنارێتی و دروومان دەکات. قەت کۆتایی نایە، دەڵێی پاڵانی کەری جرجاڵە هەتا کەلێنێک دەگری کەلێنێکی دیکەی تێدەبێ. جەمیلە خەریکە نوێژ دەکات. لەناکاو تایەکی دەرگا کرایەوە، پەردە جاوەکە لادرا و غوڵام، کوڕی پوورە ڕەعنا وەژوور دەکەوێ؛
پوورێ گیان سڵاو!
دایکم وڵامی دەداتەوە.
غوڵام کورسیلەیەک لە قونیچکی ژوورێڕا دێنێ و لەپەنا مەقەڵییەکە دایدەنێ و لەسەری دادەنیشێت. ڕوو لە من دەکات و ئەحواڵم دەپرسێ، پاشان دەستەکانی لێک دەخشێنێ و لەبەر خۆیەوە دەڵێ: چەند ساردە. بە دیتنی خۆشحاڵ نیم و حەز ناکەم قسەی دەگەڵدا بکەم. دوگمەی باڵتۆ عەسکەریەکەی دەکاتەوە. دایکم چای بۆ تێدەکات ئیستکانەکەی لێ وەردەگرێ، دوو کڵۆ قەند دە زاری داوێ و بە زاری پڕەوە دەڵێ:
ـ پوورێ گیان بەیانی دەچییە ماڵە سەرهەنگ؟
تووڕە دەبم. لەبەر دەمی پوورزا قیت ڕادەوەستـم و پێی دەڵێم:
ـ ئەگەر شووشتنی مەلافە و جلوبەرگی ماڵان هێندە شوولێکی باش و خاوێنە، بۆ پوورە ڕەعنا بۆخۆی ناچێ، ئەو کارەی بکات.
غوڵام واق ماوە و بەسەرسوڕمانەوە تێمڕاماوە. ئیستکانە چایەکەی لەبەر دەمی ڕاگرتووە. دایکم مۆڕەیەکم لێدەکات و دەڵێ:
ـ خالید، خۆ پێمگوتبووی، بۆخۆم داوام لە غوڵام کردووە کارم بۆ ببینێتەوە.
غوڵام هەروا حەپەساوە، دەست بەردەداتەوە، هەوای قسەکردنی گۆڕاوە بە دەنگێکی تەوساوییەوە دەڵێ:
ـ نەمدەزانی بووی بە ئاغاباڵاسەر و دەمکوێخا.
حەز دەکەم، هەستم دوو مستی چاکی لە بن چەنەگەی بکوتم. پێی دەڵێم:
ـ ئەگەر نەتدەزانی ئێستا بزانە. ئەوەش بزانە کە باوکم پووڵی ناردۆتەوە و منیش مزەم وەرگرتووە بۆیە ئیدی پێویست ناکات دایکم هەڵگری بیبەی بۆ کڵفەتی ئێر و ئەوێ. ئێستا باش حاڵی بووی؟
غوڵام خۆی کۆ دەکاتەوە بە نەرمی دەڵێ:
ـ باشە خالید، باشە، کەس مەجبووری ناکات.
تا بنانگوێ سوور هەڵگەڕاوم. دەکشێمەوە دوایە پاڵ وە دیواری دەدەم، ئەژنۆ لە باوەش دەگرم و چەنەی لەسەر دادەنێم. پێمخۆش نییە چاو لە چاوی کوڕەکەی پوورە ڕەعنا بکەم. دوو کڵۆ قەندی دیکە دە زاری داوێ و چایەکەی یەکبین پێدادەکات. دایکم لێیدەپرسێت،
شێوی خواردووە یان نا.
دیسان باوی دەنگی گۆڕدراوە و گوڵی کردووە، دەڵێ:
ـ خواردوومە… چووبوومە ماڵە جەناب سەرهەنگ
لە پوورە ڕەعنام بیست بوو کە قەرارە غوڵام بچێت و فەڕشەکانی ماڵە سەرهەنگ بتەکێنێ.
ـ جێتان خاڵی فیسەنجوونیان هەبوو.
ئیدی بەڕاستی لە دەستی غوڵام وەزاڵە هاتووم. دەستم وێیڕاگەیشتبایە خەفەم دەکرد. بریا بلوور خانم هاتبا و بە دوو سێ تیر و توانجان لە فلچی دابا و ڕووشکێنی کردبا. خۆزگە کلکی لە نێوگەڵی گرتبا و لە پێش چاوم گوم بووبایە. بەڵام نەخێر دەسبەردار نییە. لەسەر چوارپایەکە جێ خۆش دەکات و هێدی دەڵێ:
جا ئەوە ڕوون و ئاشکرایە … ئەگەر ئینسان موحتاج نەبێ ناچێ نۆکەری خەڵک بکات.
جەمیلە نوێژەکەی کردووە، خەونووچکە دەیباتەوە. دایکم دەستێکی بە سەری دادێنێ و دەڵێ: هەستە کچم بچۆ سەر جێگاکەت بنوو. جەمیلە دەچێتە سەر جێگاکەی. غوڵام وەسەری دەکاتەوە:
ـ هەر ڕۆژێ خەرجێکمان بۆ دادەتاشن. بیریش لەوە ناکەنەوە ئاخر ئەو کوڕە دێهاتییە چارەڕەشانە لە کوێ بێنن… دیسان باشە کوڕی شاری، یەکی وەکوو من ئەگەر نەشم بی ئەلحەملای خزم و کەس و کارێکم هەیە. پوورم هەیە، مامە حەدداد هەیە… دۆست و ناسیاو هەن.
دایکم بێ دەنگە نارەی نایە. لەبەر شۆقی لامپاکە خەریکی دروومانە. لێوی خوارەوەی داکەوتووە. کوڕەکەی پوورە ڕەعنا دادێتەوە و چایەکی دیکە بۆخۆی تێدەکات. ئەگەر کرابا هەڵدەستام ئیستکانەکەم لێدەستاند و دوو شەقی تەڕم لێدەدا و وەدەرم دەنا. چایەکەی دەچێژێ، دەنگی ساف دەکات و لاسای سەرگوربان دەکاتەوە
ـ غوڵام! پۆتینەکانت بۆ پیسن؟
ـ سەرکار سەرگوربان قوتووی بۆیاخەکەم تەواو بووە.
ـ تەواو بووە؟ تەنبێیانە دەبێ دوو قوتوو بۆیاخ بکڕی و پۆتینی هەموو گورهان بۆیاخ بکەی.
ـ ئاخر سەرکار سەرگوربان بۆ پێتوایە ئەمن کێم؟ من ئەو پووڵانەم نییە. هەر ئەوەند ئەگەر بتوانم بە قەرزوقۆڵە بۆیاخێک بۆخۆم بکڕم.
ـ تەمیانەی ئەو زماندرێژییە هەر بەپارەی خۆت گەسکێکیش دەکڕی و سێڕۆژ لەسەر یەک و هەر ڕۆژێش سێجار تەواوی خەوتنگە گەسک دەدەی.
ئێستا غوڵام دەپاڕێتە و عۆینان دەردێنێ، دەم و لووتی هەڵدەگێرێتەوە و دەڵێ:
ـ ئاخر سەرکار سەرگوربان دەستم بە داوێنت، ڕوحمێک بکە. من هیچکەسم نییە، ئەو هەمووە پارەیە لە کوێ بێنم؟
چایەکەی دەخواتەوە و ئینجا دەڵێ:
ـ ئەرێوەلا پوورێ گیان، سەربازی ئەوەیە. بۆی تێدانییە. ناتوانم، نایخوا. هەر بڵێی لەل و وەڵامیان بدەیەوە ماوەی سەربازییەکەت بۆ درێژ دەکەنەوە. دوو قسەی دیکەش بکەی ڕەوانەی زیندانت دەکەن.
قەت هێندەی ئێستا بێزم لە غوڵام هەڵنەستاوە. قسان کە دەکات لە داخانی مچورکم پێدادێ. دەڵێی قەپ لە گۆشت و ئێسقانم دەگرێ.
غوڵام هەڵدەستێتە پێ. دایکم لێیدەپرسێت؛
ـ بۆ کوێ؟
ـ هەر هاتبووم سڵاوێکتان عەرز بکەم.
خۆی دەگنخێنێ، چاوەڕوانە و دەڵێ:
ـ دەی پوورێ گیان کەواتە ئەلحەمدولیلا مامە حەدداد پووڵی ناردووە!
دایکم هەڵدەستێ دەچێ بوخچەکەی دەکاتەوە، پاشان دەگەڕێتەوە پووڵیکی قەدکراو لە گیرفانی باڵتۆکەی غۆلام ڕادەکات.
ـ پوورێ گیان خەجاڵەتم دەکەیەوە
ـ شایانی نییە.
دڵنیام لە دە تمەن کەمتر نییە. کەس دایکم وەک من ناناسێ کە چەند بە دڵ و دەروونە.
***
هەرجارەی دەرگا دەکرێتەوە بایەکی سارد خۆ بە ژووری قاوەخانەدا دەکات. بە بیرمدا نایە تا ئەمڕۆ دەرگای قاوەخانە هێندە کرابێتەوە و داخرابێتەوە، هێندەی نەماوە لە ڕێسمە بچێ. قەت هێندەمان هامووشۆ بەسەرەوە نەبووە. نەوتکێشی یازدەمینیش ئێستا لایدا. ئەوڕۆ دەگەڵ ڕۆژەکانی دیکە فەرقی زۆرە شۆفیرەکان ئەسڵەن بەتەما نین بکەونە ڕێ. هاتوون دانیشتوون، جێیان خۆش کردووە چای دەخۆنەوە، نێرگەلەیان لەپێشە و جگەرە بەبا دەکەن. یازدە شۆفیر و یازدە شاگردشۆفیر. یەکەم شۆفیر نەوتکێشەکەی ڕاگرت هاتە ژوورێ و بە دەنگی بەرز بە ئەماناغای گوت:
ـ ئەماناغا! ئەو قشقەڵەیەت بۆ دەنگی نایە؟
ـ نۆکەرتم، هەر ئێستا. جاڵجاڵۆکە دەنگی ئەو ڕادیۆیە بەرز کەوە!
سەر سینگی هەموو شۆفیر و شاگرد شۆفێرەکان نەواری سپی پێوەیە.
“سەنعەتی نەوت دەبێ میللی بکرێ.” گومانم نییە دەنگی ڕادیۆکە تا نزیک ترومپای ژمارە سێ دەڕوات. سەروسەکوتی جان مەمەدیش پەیدا دەبێ. لێو بە بزە و دڵخۆشە. کە دێتە ژوور دەڵێ:
یاڵـــڵا!
دەستێک بۆ ئەماناغا ڕادەوەشێنێت و دادەنیشێت. وەک هەمیشە دەست بە سمێڵەکانی دادێنێ. خێرا دەچم قەننەیەک دادەگرم و لە پێشی دادەنێم. ئەحواڵم دەپرسێ و دەڵێ:
ـ چۆنی خالید؟
ـ بە مەرحەمەتی ئێوە.
پاشان لێیدەپرسم؛ دەڵێی ئەوڕۆ خەبەرێکە، و بە چاو ئاماژە بەو هەمووە خەڵکە دەکەم کە لە قاوەخانە دانیشتوون و دەنگیان دەگەڵ دەنگی ڕادیۆکە تێکەڵ بووە. وەڵام دەداتەوە و دەڵێ
ـ تازە ئەوە ماوێتی بۆ خەبەر.
چیتر قسان ناکات، هیچ حاڵی نەبووم. بەکەیفە و فیکەی سمێڵانی دێت. چاوەکانی بزەیان تێخزاوە. بە دەنگی بەرز لە ئەماناغا دەپرسێ؛
ـ سەعاتەکەی تۆ چەندە؟
ـ نۆ و سی و پێنج خولەک.
سەعاتەکەی میزان دەکات. دیسان دەرگای قاوەخانە دەکرێتەوە چەند کرێکارێک لە پۆمپی ژمارە سێڕا بە کۆمەڵ دێنە ژوورێ. دڵنیام وەک هەمیشە خۆیان دزیوەتەوە. سەرسینگی هەموویان نەوارە سپییەکەی لێ درواوە. ئێستا ئیدی هەموو خەڵکی شار ئەو نەوارە سپییەیان لە سینگیان درووە. یانی لە هەر دە نەفەر لانی کەم هەشت کەس ئەم نەوارەی بە سینگێوەیە.
ناو قاوەخانە گەرمە. سۆبە گڕ گڕ دایسێ و گرفەی دێت. جاڵجاڵۆکە ئێزینگ دێنێ و تێیداوێ. دەرگای قاوەخانە زوو زوو دەکرێتەوە، هەر جارێ پۆلێک کرێکاری شینپۆش وەژوور دەکەون. زۆربەیان ناناسم و جاری یەکەمە کە دەیانبینم. بەرەبەرە هەموو کورسی و مێزەکان پڕ دەبنەوە. دڵنیام ئەگەر جاڵجۆڵەکە نەشئە و سەرمەست نەبووایە ئەماناغا بەرعۆدەی ئەو هەمووە مشتەرییە نەدەبوو. تێکڕای قەننەکانم پڕ کردوونەوە و لەپێشیانم داناون. ئێستا دەبێ جامتاسی دووهەمی تووتن بخووسێنم. جان مەمەد وەڵامێکی وای نەدامەوە خێربداتەوە. ئیستکانەکان کۆ دەکەمەوە و دەگەڵ جاڵجاڵۆکە کە خەریکە چای دەدا بە مشتەرییان دێم و دەچم، لێی دەپرسم؛
ـ ئەرێ جاڵجاڵۆکە دەزانی ئەوڕۆ چ خەبەرە؟
ـ منیش نازانم، بەڵام دەبێ خەبەرێک هەبێ.
دەنگی تورمیزی نەوتکێشێکی دیکە دێ، لەبەر دەرگای قاوەخانە ڕای دەگرێت. شاگردشۆفیرەکە هەر ئەو شاگردشۆفیرەیە کە ئەو ڕۆژە بەستە ڕۆژنامەکەم وێدا، بیبات بۆ بەندەر. ئیستکانە چایەک لە جاڵجاڵۆکە وەردەگرم و بۆی دەبەم. سڵاوی لێ دەکەم، چایەکەی لەپێش دادەنێم دەستم دەگەڵ لێدەداتەوە و چاک و چۆنیم دەگەڵ دەکات، دەپرسێ؛
ـ چۆنی هاوڕێ!
ـ سپاس خراپ نیم
پاشان لێیدەپرسم،
ـ ئەرێ ئەوە چ خەبەرە؟
ـ چۆن نازانی چ خەبەرە؟
خەجاڵەت دەبمەوە وەک بڵێی خەتایەکم کرد بێ کە نازانم. وادیارە، مادام شاگردشۆفیرەکە دەزانێ دەبوایە منیش زانیبام. لێم دەپرسێ،
ـ بۆ مەگەر هاوڕێیان نابینی؟
ـ دوو ڕۆژە کە…
ـ ئەخباری دوێنێ شەوێت گوێ لێنەبووە؟
ـ لەماڵەوە ڕادیۆمان نییە.
ـ جا کەوایە گوێ بگرە. سەعات دەی ئەمڕۆ قەرارە سەرۆکی دەوڵەت لە ڕادیۆ قسان بکات.
کەواتە لەخۆڕا نییە جان مەمەد سەعاتەکەی میزان دەکرد و ئەو هەمووە شۆفیر و کرێکارە لێرە کۆبوونەوە.
ئەماناغا بانگم دەکات،
ـ خالید وەرە قەننەیەک داگرە!
دەنگەکان تێکەڵن و تێکداوێن. ڕادیۆ گۆرانی بڵاو دەکاتەوە. ئەماناغا پێڕاناگات ئیستکانەکان بشوات. جاڵجاڵۆکە بە نێوان کورسی و مێزەکاندا دێ و دەڕوات، تیژ تێدەپەڕێ. دە ئیستکانی زیاتر بە دەستێک هەڵگرتووە. قاوەخانە پڕە لە دووکەڵی سیغار و نێرگەلە. باران دەستی پێ کردووە. لە شووشەی پەنجەرەکانی لای باشوورەوە سەیری دەرێ دەکەم، دوور لەلای پاسگای سەر سێڕێیانی بەندەر دووکەڵ لە عەرزی هەڵدەستێ. بارانی سەربەكڵاوە دەبارێ و جۆگەی هەڵبەستووە. لە پەنجەرەی لای ڕۆژهەڵاتەوە سەیری دەرێ دەکەم، لێزمەی باران بەسەر گڕ و تین و هاڵاوی چاڵەگازەکاندا دەبارێ. بڵێسەی ئاگر وەک ئەژدیها لوول دەخۆن، جینگڵان دەدەن، پێچ دەخۆن و بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێن. دەمەساتێک دادەمرکێن و پاشان لەناکاو جارێکی دیکە وەک لاولاوە لێکدەهاڵێن و بەرەو ئاسمان دەچن.
دەنگی ساز و ئاواز تەواو بوو. لەناکاو هەموو بێدەنگ دەبن. دەڵێی کەس هەناسە ناکێشێ. ئێستا کەسێک بە دەنگێکی قەیل[7] و خورت[8] قسان دەکات. وا بەگوڕ قسە دەکات قاوەخانە دەلەرزێ. لەمن وایە کە ئەوە سەرۆک وەزیرە، بەڵام نا وانێ. پاش وێژەری ڕادیۆ سەرۆکوەزیر واتە سەرۆکی دەوڵەت قسە دەکات دەنگی زۆر شەق و ڕەقە. قسەکردنی سەرۆکوەزیران وەک هی جەناب سەروان دەچێ. ئەو سەروانەی ئافاق ماڵی قاچاغی بۆ دەبات. وەکی بیستوومە دەڵێن سەرۆکی دەوڵەتیش ئەرتەشییە. زۆر لاسار و ملهوڕە و قسەی کەس نابیستێ. هەموو تێکڕا گوێیان داوەتێ، کەس وشەیەک چییە بە زاریدا نایە. قسەکانی سەرۆکی دەوڵەت دڵخۆشکەر و بەردڵکەوتوو نین، یانی بابەتی دڵی کرێکارەکان نییە. ئێستا ئەو شتانە باش تێدەگەم. پیاو گەمژەش بێ لە ڕوخساری ناڕازیی کرێکارەکانڕا تێدەگات. وتاری سەرۆک وەزیران تەواو دەبێت دەنگێک لەناو حەشیمەتی ناو قاوەخانە بەرز دەبێتەوە و دەڵێ:
ـ تڕحێو، ئای بە زیادم نەکرد.
ـ وتاری گرینگ، ئەوە بوو!؟
وێژەری ڕادێو دەست دەکات بە قسەکردن و باسی هونەری بیبیجان بازی دەکات و دەڵێ: بەڕێوەبردنی بەرنامەیەکی دروستی یاری بیجبیجەک پێوەندی بە لێهاتوویی و کارامەیی پەنجەکانی ئەو کەسەوە هەیە کە سەرەداوی بووکەڵەکانی پێیە.
کابرا خەریکە ئێستا شەکران دەشکێنێت، کەس گوێ ناداتە ڕادیۆ. زەنازەنایەکە مەگین خودا بزانێ، دەنگەکان تێکەڵ بوون هەموو خەریکن پێکەوە قسەکانی سەرۆکوەزیران هەڵدەسەنگێنن. هەندێک چڕو ناوچاوانیان نایکات و لووتیان داژەنیوە.
سەرۆکوەزیران پێیوایە ئێستاشی دەگەڵ بێ خۆمان ناتوانین ئافتاوەیەک دروست کەین، تازە کە هاتوو دروستمان کرد لە سەد لاوە ئاوی لێدەچێ. ناڕاستەوخۆ دەڵێ: ئەگەر سەنعەتی نەوت میللی بکرێ نابوود دەبین. وەدەرنانی ئینگلیسییەکان هەڵەیە. هەڵبەت وا بە ڕاشکاوی نایڵێ، بەڵام بنزمانی هەر ئەوەیە. بۆ وێنە دەڵێ: ئێمە مەهەندیسی نەوتمان نییە. ئابووری وڵاتەکەشمان نەوتە، ئەگەر بێت و لێمان بکەونە سەرپشت و نەوتمان لێنەکڕن موفلیس دەبین. هەروەها کۆمەڵێک قسەی دیکەی لەو قوماشە.
شۆفیرەکان هەڵدەستن لە قاوەخانە وەدەردەکەون. ماندوو و شەکەتن بە ڕێگادا کە دەڕۆن دەڵێی کێوێکیان بە کۆڵەوەیە. باران یەکبین دەبارێ. ها ئێستا ها تاوێکی دیکە لافاو هەستێ. نەوتکێشەکان یەک بـەدوای یەکدا لە جێ هەڵدەقەندرێن و دەکەونە ڕێ. کرێکارەکان هەروا دانیشتوون و بە یەکەوە قسان دەکەن.
یەک دەڵێ:
ـ نۆکەری ئینگلیسییانە
ـ سوێندخواردوو و بابنۆکەرە. هەتا ئەوە لەسەر کار بێ ئینگلیسی بێخەمن.
هەڵبەت کرێکارانی نەوت باشتر لە خەڵکی دیکە لەم چەشنە قسانە تێدەگەن، هەرچی بێ دەستیان لە کار دایە، بەڵام خۆ سەرۆکوەزیرانیش پیاوێکی کەم نییە، هەروا لە گۆترە نەبووەتە سەرۆکوەزیران. لەبەر چاو و برۆی جوانیش نییە. تازە خۆ ناکرێ بێ بنەماش گرێو بکات و بڵێ ئەگەر مانگێک نەوتمان لێ نەکڕن موفلیس دەبین و نانمان لەسەر سفرە نامێنێ. دەی هەرچی بێ شتهایەک دەزانێت، سەرۆک وەزیرانە خۆ داوەڵ نییە. وەک کەڕەمعەلیش نێ، گرێو بکات و لەژێری بدات. ئەوجارەی ئاخر ناڵبەکی لە زاریدا شکاوە و هەموو زار و زمانی کۆڵەوار بووە و کار و کاسبییەکەشی پەکی کەوتووە. بۆ بەدبەختییان زستانە، دەبێ هاوار بکات تا شێلـمەکەی بفرۆشێ دەنا کەس نایکڕێ. ئەگەر هاوین با، پێویستی بە هاوارکردن نەبوو. چوارچەرخەکەی دەبردە دەرکی مەیخانەی تووبا و لوبیاکەیان بە بێمنەت لێدەکڕی.
دوو ڕۆژە کە دەم و شەویلکەی کەڕەمعەلی هەڵبەستراوە.
سەنەم بە تەمایە لە تەنیشت تەویلەی وڵاغەکان تەندوورێک چاک بکات و نانی خۆماڵی بکات. دەڵێ:
ـ ئەوە هات و بەمزووانە زار و شەویلکەی کەڕەم چاک نەبۆوە، خۆ نابێ لە برسان بمرین.
***
بیدار دەڵێ:
ـ تۆم پێشنیار کردووە.
ـ بەڵام بیدار من نە خەتم خۆشە نە دشتوانم خێرا بنووسم.
ـ ئەوان دەنووسن ئەتۆ هەر دەگەڵیان بە، بەسە.
ـ ئەوان؟ بۆ مەگەر چەند کەسن؟
ـ سێ کەس،
دەبێ دیواری ئاوبەندەکەی ڕۆژاوای کاروون بنووسین، ڕێک و لەبارە، درێژایی سەد میتر دەبێ. لەسەرەتای پردێ ڕا، لەو جێیەی، چاوەی پۆلیسی هامووشۆی لێیە تا بن ماڵی فەرماندەی پادگان لە جیرانەتی پۆستخانە، سەد میتر زیاتر دەبێ.
ئەگەر دروشمەکان درشت و جوان بنووسرێن بەیانی لە شاردا دەنگ دەداتەوە. کرێکارانی ئاسنەڕێ کە دەبێ بەسەر ئەو پردەدا تێپەڕن هەموویان دەیبینن و لەپشت پەرژینە ئاسنەکەوە دەوەستن و تەماشای دەکەن. خۆپێشاندانێکی لێدەکەوێتەوە.
ڕەنگەکەی جۆرێکە کە خۆر لێیبدات ڕەشێکی تۆخ دەنوێنێ و پاککردنەوەشی وا هاسان نییە.
دەگەڵ کوڕەکان ئاشنا دەبم، بیچم و سەروپۆتڕاکی هیچکامیان نامۆ و غەریب نییە. هەر کامێکیانم پتر لە دە جار دیتووە. ڕۆژێك بە شەقامی پەهلەویدا بێی و بچی، هەموو خەڵکی شاری دەبینی.
ـ من ناوم “ئیمانە”
کورتەباڵا ، ڕەشتاڵە زەخم و چوار شانەیە. برۆکانی تێکەڵ بە یەکن. سەرفڕە، چاوەکانی ڕەشن. وەکی وا سینگی داوەتە پێش دەبێ وەرزیشکار بێ.
ـ منیش “ئازادم”
درێژە، زەلام هێندەی دەیلاغە وشترێک. سپیلکەڵانەیە، چاوی ڕەش و قژی قاوەیی توندە. ڕێگا ڕۆیشتنەکەی تایبەتە، بەهەموولایەکدا دەلەرێتەوە.
ـ منیش ناوم “هیممەتە”
چاوەکانی زیتن. حەجمینی نێ، عەجوولە تەنانەت کە ڕاوەستاوە هەر دەجووڵێتەوە، باڵایەکی مامناوەندی هەیە، تەوێڵی پانە. لووتی دەڵێی کفتەی هەڵوەشاوەیە بە ڕوخساریدا بڵاوبووەتەوە. دەم و زارێکی گەورەی هەیە.
لە تەکسییەکدا دادەنیشین. تازە سەری شەوێیە. ئەستێرە بە ئاسمانەوە دیار نین. هەوا بڵێی و نەڵێی گەرمە، هەڵە نەبم بە تەمایە ببارێ. لەژێر کڵی پردەسپی تێدەپەڕین. چەند کەسێک تاق و لۆق لەسەر پردەکە دەڕۆن و یان پیاسە دەکەن. لەبەردەم چاوەی پۆلیسی هاموشۆ پاسەوانێکی باڵابەرز دەگەڵ دیژبانێک قسان دەکەن. تەکسی دەچێتە پێش و دوور لە پردێ و دوور و نزیکی پۆستخانە ڕایدەگرێ. لە تەکسییەکە دادەبەزین. شۆقی چرابەرقەکان نێوە نێوە بە مابەینی گەڵا دارەکاندا، دیواری ماڵی فەرماندەی پادگان ڕووناک دەکات. چرایەکی سوور لەسەر ئانتێنی بێتێل، هەڵدەبێ و دەکوژێتەوە. هەوا گەرمە، بەڵام من سەرمامە، لێوە لەرزەمە. شەویلکەم توند پێکداداوە تا هاوڕێکانم دەنگی ددانەکانم نەبیستن.
ئەو وەختەی شەو لەو زستانەدا ئەگەر بمان بینن، ناڵێن لێرە لەسەر لێواری چۆمی چ دەکەن؟
دەبێ کوڕەکان بیری هەموو شتێکیان کردبێتەوە، ئەوە جاری یەکەمیان نییە دروشم دەنووسن. ئێستا ئیدی بۆیان وەک ئاوخواردنەوە وایە.
عارەق خۆرەکان هەمیشە ئیشتیای سەیر و سەمەرە دەکەن. جار هەیە دەچنە داوێنی کێوەکان لە نێو بەفردا جێ خۆشدەکەن و ئارەق دەخۆنەوە. نیو بوتڵ عارەقی کشمیش دەگەڵ خۆیان دەبەن دوو ئیستکان و دوو خیارشۆر، وەسەلام.
بە پشت دیواری ماڵی فەرماندەدا تێپەڕ دەبین و دەگەینە پۆستخانە، دادەگەڕێین بۆ سەر لێوی چۆمی. پاش ئەو هەمووە بارانە پەیتا پەیتایە، ئاستی ئاوی کاروون زیادی کردووە و هاژەی لە جاران بەرزتر. ئاوێکی شلوێ و قوڕاوی وەک مار، فیشکە دەکات و دەخوشێ. بەسەر یەک دوو دانە بەرددا کە وەک پردەبازن، قەڵەمباز دەدەین و خۆ دەگەیەنینە کڵی یەکەمی پردەسپی. ڕەنگەکە بە منە، فڵچەکە بە دەست ئازادە کە بە لینگە درێژەکانی لە پێش ئێمەوە شل و شەوێق دەڕوات. بایەکە خستوویەتی، بەڵام هاژە و لوورە لەژێر پردەکەدا دەسەڵاتی یەکەمە. دەڵێی بە سەدان کەس دەنگیان تێکەڵ بووە. چرا ورد و درشتەکانی کەناراوی ڕۆژهەڵاتی کاروون کە دەڵێی بە فەرسەنگ لێمان دوورن، دەبینرێن. دەنگی خوڕێنی چەم بەسامە و خورپە دەخاتە دڵ. ئەمن ئێستاش لێوەلەرزەمە، هێندم زار و دەم پێکدا داوە، شەویلکەکانم ژان دەکەن.
ئیمان لە بن پردەکە پاڵی وە دیوار داوە. ژێر پردەکە تاریکە. لەوێوە سەیری دەرێ دەکات و دۆخەکە هەڵدەسەنگێنێ. هۆدە و چاوەی پۆلیس و دیژبان لەبان سەرمانە.
دەنگی هۆڕنی ئوتومبێلەکان لەسەر پردێڕا دەگەڵ دەنگی ئاوی چۆم تێکەڵ دەبێ. سەیرێکی دەوروبەرمان دەکەین. ئازاد دەست بەکار دەبێ. قۆڵی باڵتەکەی هەڵدەماڵێ و قەڵەمەکەی لە قوتوو ڕەنگەکە هەڵدەکێشێ. قەڵەمەکە هێندەی چوار پەنجە پانە. ڕەنگەکە دیاری ناکا. دیوارە سپییەکە بۆ چەند چرکەیەک لەژێر فڵچەکەدا ون دەبێ. با زۆر زوو ئیشکی دەکاتەوە. لەناکاو دەنگی فیتفیتەی پاسەوان وەخۆمان دێنێتەوە. ئازاد دەست ڕادەگرێ. سەیری سەرەوە دەکەین پاسەوانی پێش هۆدەی پۆلیس دەبینین کە بەرەو چیمەنەکە دێت. ئازاد سەیرێکم دەکات، شانی هەڵداوێ و نووسینەکەی دەست پێدەکاتەوە. هەورەکان دەڕەوێنەوە، هەموو وڵات ڕووناک دەبێ پاشایی و پاوانی هەورەکان چڕژی تێدەکەوێ. مانگ دەرفەتەکە دەقۆزێتەوە و وڵات ڕووناک دەکات. ئێستا سێبەرەکانمان درێژ بوون و لە پێش پێمان کەوتوون. سەیری ئیمان دەکەم کە خۆی دەکێشێتە دواوە بۆ دڵی تاریکی ژێر کڵەکە. هەتا مانگ جارێکی دیکە دەچێتەوە ژێر هەور، لەبەربەستە ئاوگێرەوەکە دوور دەکەوینەوە. هیممەت بە فیکەلێدان و نارەی گۆرانی ڕەمز، بۆلامان دێت. ڕەنگ و فڵچەکە لەپەنا بەردێکی گەورە دادەنێین و دەیشارینەوە. دەچین تۆزێک دوورتر لەسەر گاشە بەردێک دادەنیشین. هیممەت بۆلامان دێ، چل میترێک لە پشت سەریەوە پاسەوانەکەش دێ. ئیمان چەند ورکە بەردان هەڵدەگرێ و دێ لە تەنیشتمان دادەنیشێ. ئازاد بوتڵەکەی دێنێتە دەرێ، دەیشلەقێنێ، لە بنی دەدات. چێوپەمەکە شل دەبێ، سەری بوتڵەکە دەکاتەوە و تۆزێکی بەسەر خیزەکەدا دەکات. بۆنی عارەقی کشمیش لووتمان پڕ دەکات. پاسەوانەکە دەگاتە سەرمان. چوار شانەیە سمێڵی هەموو دمی داپۆشیوە.
ـ ئەوە لێرە خەریکی چن؟
ئازاد ئیستکانێکی لیپاولیپی بۆ ڕادەگرێ و دەڵێ:
ـ فەرموو سەر کار!
پاسەوان دێتە پێشتر، لەسەر سەرمان ڕاوەستاوە و دەستی لەسەر دەمانچەکەی سەر کەمەرێتی. ئیمان بە دەنگێک وەک شەشدانگ مەست بێ، دەڵێ:
ـ لێیدە سەرکار خۆش بە!
پاسەوان گەرووی ساف دەکات، پاشان دەڵێ:
ـ هیچ شوێنی دیکە نەبوو عارەقی لێ زەهرەمار بکەن ئێرە نەبێ؟ هاتوون لەو سەرمایەدا لەسەر لێوی چۆمی…
ئیمان لۆتیانە وڵامی دەداتەوە؛
ـ ئەو جێیە خۆشە دڵی لێ خۆشە.
پاسەوان ئیستکان عارەقەکە وەرناگرێ. ئازاد هەڵدەستێتە پێ و فەرمووی دەکات.
پاسەوان دەڵێ: هەستن یاڵا، وەڕێکەون!
ئیمان کە لەسەر گاشە بەردێک پاڵی داوەتەوە دەڵێ:
ـ بە سڵامەتی سەری سەرکار هەر تۆزێک ماوە، ئەو دوو قومەش بخۆینەوە هەڵدەستین دەڕۆین.
ـ دەی خێراکەن!
ئازاد پێداگری دەکات و دەڵێ:
ـ سەرکار دەستم ڕەت مەکەوە
پاسەوان دوو دڵە، دەڵێ:
ـ ئاخر من لەسەر پۆستم خۆ لەسەر ئیش نابێ عارەق بخۆمەوە.
ئازاد:
ـ کوڕە بابە کێ بە كێیە، بیخۆوە و شاد بە.
پاسەوان ئیستکانەکە وەردەگرێ و بەسەرییەوە دەنێ پاشان پشتی دەستی بە سمێڵی دادێنێ.
ئازاد ئیستکانەکەی لێ وەردەگرێ و پڕی دەکاتەوە ؛
ـ ئەم پیاڵەیەش،
سەر کار پاسەوان دەکشێتەوە و دەڵێ:
ـ کیفایەتە. دەی وەڕێ کەون.ئەگەر کوڕی باش نەبان…
ئیمان هەڵدەداتێ و دەڵێ:
ـ بە سڵامەتی هەرچی پیاوی بە ماریفەت.
پاسەوان سیغارێک دادەگیرسێنێ و دووردەکەوێتەوە. مانگ لە پشت هەورەکان پەنای گرتووە. پاسەوان هەڵدەگەڕێتە سەرێ و بۆ لای پۆستخانە دەچێ. هەڵدەستین. ئازاد دەست پێدەکاتەوە و خێرا دەنووسێ. هەر دەنگێک خورپەمان دەخاتە دڵ. ڕووناکایی چراکانی ماڵی فەرماندە دەگاتە لێواری ئاوبەندەکە. ئەرکەکەمان خەریکە تەواو دەبێت. تەنیا یەک وشەی یازدەپیتی ماوە. ئەو جۆرەی کە ئازاد دەنووسێ، ئەلفەکەی نیومیترێک درێژ دەبێ. خەریکین “استعمار”بنووسین کە دیسان سەر و کەڵلەی پاسەوان پەیدا دەبێتەوە. دەبێ سۆسەی کرد بێ. ئێستا ئازاد خەریکە (ڕ) استعمار بنووسێ کە پاسەوانەکە لەسەر دیواری ئاوبەندەکەوە دێتە خوارێ. هەتا ئەو دەگاتێ گەرانی (استعمارگران)یش تەواو دەبێ. هەموو چوار پیتە، ئازاد خێرایە، بڵێی یەک و دوو تەواو دەبێ.
کاتێک پاسەوان دەگاتە سەر لێواری چۆم کاری ئێمەش تەواو دەبێ. بەڵام من دەلەرزێم. قەڵەم و قوتووە ڕەنگەکان لە پشت بەردێک تاقەت دەکەین و وردە وردە وەڕێ دەکەوین. ئازاد دەست دەکات بە گۆرانی گوتن. ئیمان لەژێر کڵی پردەکە دێتە دەرێ. قەرارمان وا بوو، هەر کات ئازاد دەستی بە گۆرانی گوتن کرد، نیشانەی ئەوەیە کارەکە تەواو بووە. پاسەوان تەواوێك نزیک بووەتەوە، ئازاد ملی بوتڵەکە دەگرێ و وەکوو سەرخۆشان خۆ بەملا و ئەملادا دەدات و بەرەو پاسەوانەکە دەچێ. هیممەت لە پشت بورجەکە وەدەردەکەوێ، خەریکە دوگمەی شەڵوارەکەی دادەخات و وا دەنوێنێ کە لەسەر پێشاو بوو.
پاسەوان ڕوومان تێدەکات و دەڵێ:
ـ ئەوە هێشتا نەڕۆیشتوون؟
ـ ئەوە خەریکین دەڕۆین سەرکار.
ـ یەکی دیتان دەگەڵ بوو. ئەو کوا؟
مەبەستی هیممەتە
ـ لەسەر پێشاوە
پاسەوان. چاوی بڕیوەتە بوتڵە عارەقەکە و دەپرسێ؛
ـ عارەقەکەتان تەواو بووە؟
ـ نەخێر سەرکار.
ـ دا ئیستکانێکی تێکە بزانم!
ئازاد عارەقی بۆ تێدەکات.
پاسەوان یەک جێ لە قوڕگی دەکات و دەیخواتەوە. پاشان دەپرسێ ئەدی ئێوە دەگەڵ عارەق، هیچ ناخۆن؟
بەدی سەرکار خیارشۆرمان پێیە.
پاسەوان چڕوناوچاوانی تێکناوە. شاییم لە دڵدا دەگەڕێ کە وا چاولەدەست و زەلیلی دەبینم. قەت بڕوام نەدەکرد، بکرێ وا بەسانایی هەڵبخەڵەتێ.
لە هەورازەکە وەسەر دەکەوین و لە پاسەوانەکە جیا دەبینەوە. بەپێش دەرگای ماڵی فەرماندەدا تێدەپەڕین. ئوتومبیلی فەرماندە دەگاتێ و لەبەر دەرگا ڕایدەگرێ. فەرماندە دادەبەزێ، سەیرێکمان دەکات و شەق و ڕەق دەچێتە ژوورێ.
سەربازی بەر دەرگا لاقی توند لێکدەدات.
***
حەسەنی لەبەر خۆرەتاو دانیشتووە. لێفە کۆنێکی لە خۆیەوە پێچاوە. کراسە لە چڵکمردووەکەی بەدەستەوە و دەیدۆزێ. لە دروومانەکان دەڕوانێ و لە ئەسپێ دەگەڕێ. دایکم کە دەستی وەبەرە خۆی بکەوێت کراسەکانی حەسەنی دەشوات. بەڵام نازانم بۆ لیباسی حەسەنی هەردەم هێلانەی ئەسپێیانە.
ڕەحیم کەردار بوخچەی لەبن هەنگڵی دایە و لە ژوورەکەی دێتە دەرێ. بە تەمایە بچێتە حەمام. بە حەسەنی دەڵێ:
ـ هەتا لە حەمامێڕا دێمەوە گەسکێکی لە وڵاتی بدە.
ـ بەچاوان بابە
مەشەدی ڕەحیم وەڕێ دەکەوێ. حەسەنی چاوی بەسەریەوە تا لە دەرگا وەدەر دەکەوێ. پاشان هەڵدەستێ لێفەکەی قەد دەکات، کراسەکەی دەکاتەوە بەری و دەچێتەوە ژوورێ. دەرپێ ڕەشەکەی حەسەنی قرتماغەیەکی چڵک لەسەرە.
برایم ئیدی بووەتە کۆڵانگەڕێکی بیست و چوار عەیار. قەت وەماڵێ ناکەوێتەوە. وەک داری ژەقنەمووت لە ڕووی ڕەحیم کەرداردا دەوەستێ و هەرچی لە زاری بێتە دەرێ لەو بابەی درێغی ناکات. بووەتە پاشکۆی خالەق و چینۆق. ئەو هەفتەیە دیتم سەروسەکوتی باش بوو، جلوبەرگی رێک و پیک بوون. شەڵوارێکی کوەیتی لەپێکردبوو. کراسێکی پەشمی قۆڵدرێژی لەبەردا بوو، تەواوێک کەڵتە ببۆوە.
ـ برایم وەزع و حاڵت چۆنە؟
ـ ئەلحەملای باشە، خراپ نییە.
سیغارێکی گورگان بە دمەوە و چەخماخێکی بەنزینی بەدەستەوە بوو. وەکوو لۆتی و قاچاغچیان دەسرەیەکی لە گیرفانی پشتەوەی شەڵوارەکەی ئاخنیبوو، و لایەکی دەسرەکەش بەدەرەوە شۆڕببۆوە.
برایم وەدوای قوونی خالەق و چینۆق کەوتووە و خەریکی دزییە.
ـ مامە گیان ئەو دووچەرخەیە هەروا لەوێ دامەنێ.
کابرای بەتەمەندا چوو کە ڕدێنێکی ماش و برینجی هەیە، قوت دەبێ و سەیری چاوەکانی برایم دەکات و دەڵێ:
ئەگەر لەوێی دانێم چ دەبێ؟
برایم زۆر لەسەرەخۆ دەڵێ:
ـ دەیبەن.
کابرا واق دەمێنێ، کڵاوە بەرگنەکەی سەری، لە ناوچاوانی هەڵدەکێشێتە سەرێ و دەپرسێ؛
دەیبەن!؟
برایم سیغارەکەی لەو گۆشەی لێویڕا بۆ ئەو گۆشەی لێوی دەبات و دەڵێ:
ـ ئەدی چۆن، دەیبەن. بۆ پێت سەیرە!؟
کابرا دەست لە کەلەکەی دەنێ و دەڵێ:
ـ چۆنی دەبەن؟
ـ ئاوا؛
سیغارەکەی بەلا لێویەوە دەنێ و دووچەرخەکە لە ئاسنەپەرژینی پیادەڕێی شەقام جیا دەکاتەوە و بە پیاوەکە کە هەروا سەیری دەکات، نیشان دەدات چۆن لەوانەیە دووچەرخەکەی بدزن.
ـ ئەوە چ دەکەی؟
برایم سیغارەکەی فڕێدەدات و دەڵێ:
ـ حەوسەلەت هەبێ، خەریکم نیشانت دەدەم چۆنی دەدزن. پاشان پێ لەسەر پێداڵەکە دادەنێ و چەند هەنگاوێک دەڕوات و ئینجا خۆ دەخاتە سەر زینی دووچەرخەکە. وەک مارمێلکە بەنێو خەڵكدا، مارپێچ دەڕوات و خێرا دووردەکەوێتەوە.
پیرەپیاو هاواری لێ بڵیند دەبێ؛
ـ هۆی ئەوە بۆ کوێ دەچی؟
دەنگی کابرا لە نێو زەنا زەنای خەڵکی ناو بازاڕدا ون دەبێ.
ـ دەگەڵ تۆمە کوڕە، ئەو دووچەرخەی من بۆ کوێ دەبەی؟
برایم لە نێو خەڵک و مابەینی داشقە و خوانچەی ناوبازاڕدا لە چاوان نەدیو دەبێ. کابرای پیر کڵاوەکەی لە سەری هەڵدەگرێت و بـەدوای دا دەست دەکات بە ڕاکردن.
ئێسقانی دەمووچاوی حەسەنی تەواوێک هاتوونە ڕوو و دەرپەڕیون. چاوی لە قووڵەوە چوون. دەست و لاقی باریک، دەڵێی قامیش و دارنێرگەلەن.
ـ حەسەنی کای لە پێش وڵاغەکان بکە.
حەسەنی مل بەلارەوە دەنێ؛
ـ بەچاوان بابە.
ـ حەسەنی ببزوو، بچۆ وڵاغەکان ڕنەک بکە؛
ـ بەچاوان بابە.
ـ حەسەنی، سپێدەی بەیانی هەستە وڵاغەکان بەرە کورەخانەی خشتی. ئەمن بڕێکم کار هەیە درەنگ دێم؛
ـ بەچاوان بابە.
حەسەنی پەتووەکان بتەکێنە، نوێنوبانەکەش لەبەر هەتاو هەڵخە…
لەولاشەوە برایم گەشاوەتەوە، گۆشتی گرتووە و بەکەیفە. بیستوومە دەچێتە زۆرخانە، هامووشۆی قاوەخانەی لۆتییەکان دەکات. و ساتوسەودای دەگەڵ ئەسەد ماڵکڕ هەیە.
ـ ئەسەد ئاغا چی لێبکەم؟
ـ ئەوانی دیکەت چ لێکرد؟
ـ تەسلیمی عەمبارێ بکەم؟
ـ پاشان وەرە پووڵەکەی وەرگرە
ـ بەچەند دەیکڕی؟
ـ وەک هەمیشە…
ـ بەڵام ئەسەد ئاغا، ئەوەیان “ڕاڵی سێ تفەنگە” و بێعەیبە.
ئەسەد ماڵکڕ گەرووی ساف دەکات و دووچەرخەکەی هەڵدەسەنگێنی و دەڵێ:
ـ هەر ئەوەیە کە گوتم. پەنجا تمەن، نە شاییەک کەم و نە شاییەک زیاد.
برایم چەنەی لێدەدات.
ـ هەفتا
دەنگی ئەسەد ئاغا تووڕەیی پێوە دیارە.
ـ بڕۆ تەحویلی عەمبارێی بدە و قسەی زیادیش مەکە. هەتیوە پێمەرەت بۆ لێداوە یان پشتت پێیەوە ئێشاوە؟ تەوەزەلی لێنەهاتوو خۆ پێیەوە هیلاک نەبووی.
ڕەحیم کەردار لە حەمامڕا دێتەوە. خۆر هێشتا ئاوا نەبووە. هەتا تاو لە گوێسوانان ئاوا بێ، ڕەحیم کەردار ڕیشی دەتاشێ و بەرسمێڵی دەکات. کورتەک و پانتۆڵی نیوداشتی کە تازە لە مەزاتە بازاڕی کڕیوە، دەکاتە بەری. کڵاشە بنچەرمە نوێیەکانی دەکاتە پێی، فۆتەکەی دەخاتە سەرشانی و لە هۆدەکە وەدەردەکەوێ. ئاوڕ دەداتەوە و بە حەسەنی دەڵێ:
هەتا من دەگەڕێمەوە ئەتۆ نانی شەوێ بخۆ و بخەوە.
هەوا تاریک داهاتووە. حەسەنی لە شیپانەی دەرگای ژوورەکەیان دەستەوەستان ڕاوەستاوە. دایکم بانگی دەکات. حەسەنی لارەمل دێ لەلای مەقەڵی دادەنیشێت. سەرما دە لەشی مردووە. هەڵدەلەرزێ. دایکم چای بۆ تێدەکات. ڕاناوەستێ هەروا داغ بینی پێوەدەنێ. دایکم لێیدەپرسێت؛
باوکت بۆکوێ چوو؟
هەناسە سارد دەڵێ:
وابزانم چوو ژنەکەی بێنێ.
چاوەکانی فرمێسکیان تێزاوە. چای دووهەمیش دەخواتەوە. دەستی بە ئیستکانەکەوە دەلەرزێ. سەری بە ملیەوە بەند نابێ. دایکم شێومان لەپێش دادەنێ. نیسکێنەی گەرم، هێندی بیبەر تێدایە ئارەقەمان پێدەکات. ئێستا ئیدی حەسەنی نالەرزێ. نانەکەی دەخوات و دەکشێتەوە دوایە، پاڵ وەدیواری دەدات، ئەژنۆکانی لەباوەش دەگرێ و سەر دادەخات. حەسەنی ئاڵۆز و شێواوە، دە بیران ڕاچووە. دایکم پێی دەڵێ: ئەگەر پێی خۆش بێ دەتوانێ ئەمشەو لە هۆدەکەی ئێمە بخەوێ.
ـ بۆ تۆ و بۆ خالید لەو وەتاغەی دی جێ ڕادەخەم.
ـ پێمخۆشە، بەڵام دەترسم بابم دەگەڵم بەشەڕ بێت.
ـ دەگەڵت بەشەڕ نایە. من ناهێڵم شەڕت دەگەڵ بکات.
لووتی حەسەنی درێژە وەک لووتی چەقەڵ دەچێ. ناو چاوانێکی تەسکی هەیە، لەو شوێنەوە موویەکانی سەری دەست پێدەکات تا سەر برۆکانی هەردوو پەنجە دەبێ. دایکم جارێکی دیکە چای بۆ حەسەنی تێدەکاتەوە، پاشانیش تۆزێک بادامی سوێرمان لە پێش دادەنێ. بادامەکان دەخۆین. دایکم لە وەتاغی باوکم جێخەومان بۆ ڕادەخات. تازە سەری شەوێیە. دەچین لەسەر جێگاکانمان درێژ دەبین. جارێ خەوم نایە. حەسەنی حەجمینی نێ، هەر لەو شانی بۆ ئەو شانی دەسووڕێ. هەندێک جار قاچەکانی کۆ دەکاتەوە و بە زگییەوە ڕێکیان دەکوشێ. جار هەیە لەسەر پشت درێژ دەبێ ئینجا دەکەوێتە سەر زگ. ناڵەناڵێکی دێ، دەڵێی خۆی دەلاوێنێتەوە. دەپرسم و دەڵێم:
ـ حەسەنی ئەوە بۆ حەجمینت نییە؟
ـ شتێک نییە.
دایکم لەپەنا مەقەڵییەکە دانیشتووە هیچ ناکات، شەوانی زستان خەونووچکە دەیباتەوە و تا درەنگانێکی شەو لەپەنا مەقەڵی دادەنیشێ پینە و پەڕۆیان دەکات و خۆی سەرقاڵ دەکات. بەڵام تا نیوە شەو زۆری ماوە، دە ئیستکانە چایان پتر دەخواتەوە یانی خۆی بە چا خواردنەوە و سەروبن کردنی سکڵەکانەوە خەریک دەکات. دیسان حەسەنی قاچەکانی درێژ دەکات پیم وایە دەبێ مەرەزێکی هەبێ دەنا بۆ وا دەکات. لێیدەپرسم؛
ـ حەسەنی شوێنێکت دێشێ؟ ئازارت هەیە؟
ـ نا
ـ ئەدی بۆ هێندە شانەوشانێ دەکەی؟ ئەی ئەگەر هیچت نێ بۆ ناحەجمێی؟ ئەمن بزانم هەر لەخۆڕا واناکەی.
سەری وەرگێڕا ڕووی تێکردم و گوتی:
ـ ئادی خالید، ژانم زۆرە، زۆر دەترسێم.
ـ دەترسێی؟ لە چی دەترسێی حەسەنی؟
دمی دێنێتە بنگوێم. هێواش و کپ قسان دەکات، دەڵێ:
ـ خالید سەبر قسان بکە
ـ باشە سەبر قسان دەکەم حەسەنی
حەسەنی بڕێک دەیهێنێ و دەیبات ئینجا دەڵێ:
ـ نامهەوێ کەس حاڵی بێ و پێبزانێ
ـ بەڵێنیت پی دەدەم، دەرد و مەرگت دەگەڵ هیچ کەس باس نەکەم.
ـ دەزانی چۆنە خالید
پەژیوان دەبێتەوە قسەکەی قووت دەدات و شان دەگۆڕێ و قاچەکانی کۆدەکاتەوە و بەزگییەوە دەنێ. لێی نزیک دەبمەوە و دەڵێم:
ـ بڵێ، خۆ قەولـم پێدای بە کەس نەڵێم، بڵێ! بەشکم بتوانم یارمەتییت بدەم
ڕووی وەردەگێڕێ و سەیرم دەکات. لێوەکانی دەلەرزێ:
ـ تۆ خودا بە کەس نەڵێی باشە
ـ حەسەنی پێمگوتی، قەولـم پێدای قەولی پیاوان .
سەبر سەبر قسان دەکات،
ـ دەزانی خالید… ناتوانم… دەسووتێتەوە… میزم بۆ ناکرێ، ژانی هەیە ئاورم تێبەردەدا …
لە قسەی حەسەنی حاڵی نابم. ئانیشکم دەخەمە سەر باڵنجەکەم سەرم دەبەمە پێشێ و سەیری دایکم دەکەم. هەروا لەپەنا مەقەڵییەکە دانیشتووە و وێژینگان دەدات. جەمیلە پڕخەی دێ. دڵنیام کە دایکم ئاگای لێنێ و گوێی لێمان نابێ. باسکی حەسەنی دەگرم، ڕایدەوەشێنم و دەپرسم؛
ـ چت کوت حەسەنی؟ ئەمن حاڵی نەبووم، حاڵی نابم بۆ ناتوانی میزی بکەی؟
دیسان مینگەی دێ و لەبەرەخۆیەوە دەڵێ:
ـ خۆ تۆ نازانی خالید، دەبرژێتەوە… نازانی چ ژانێکی هەیە. هەتا چڵک و کێم نەیە ناتوانم میزی بکەم. ئەوەندە دەسووتێتەوە خەریکە بمرم. وەڵڵا مردبام باشتر بوو.
ئێستاش حاڵی نەبووم دەڵێت چی و مەبەستی چییە. چاوەکانی حەسەنی لە قووڵەوە چوون. مژۆڵەکانی تەڕن. باڵنجەکەی وەبەرپشتی دەدات و پاڵ وەدیواری دەدات. لـمبۆزی دەجووڵێتەوە و بە دەنگێکی نزم دەڵێ:
دەگەڵ چینۆق چۆتەوە سەیداوا بۆ لای فاتمە لاڵ. باس و خواسی فاتمە لاڵم پێشتر لە برایم بیستبوو. دەگەڵ فاتمە لاڵ سەرجێیی کردووە پارەی ئەو سەرجێییەش چینۆق بۆی داوە. برایم بۆی باس کردبووم کە فاتمە لاڵ لە کەپرێکدا بە تەنیشت کاناڵەوە دەم و دەزگای خۆی داناوە و مشتەرییان بەڕێ دەکات. فاتم ژنێکی جوانی لاڵە کە پێشتر لەلای گەوهەرە گۆج کاری کردووە، پاشان لە گەوهەرە گۆج جیا بووەتەوە و چووە تۆزێک خوارتر کەپرێکی ساز کردووە و ئێستا خاوەن دەست و مستی خۆیەتی. برایم بەدەم ئەم باس و خواسانەوە ئاوی زاری قووت دەدا و دەیگوت خالید نازانی چەند خۆشە! لیکاوی دەهاتەوە، بە حەزەوە درێژەی دەدا؛ دەگەڵ نووستنی بە پێنج قڕانە، هەر پێنج قڕانی حیز. هەتا لەلای گەوهەرە گۆج بوو بە دوو قڕان تریاکیش دەتتوانی بیگێی. دە جاریش زیاتر تریاکم لە خاجە تۆفیق دزیوە و چوومە لای. هەر برایم لە باسی گەوهەرە گۆجدا بۆی گوتبووم. گەوهەرە گۆج تریاکییە و دایم دەم بە نێرگەلەوە لەبەر دەرگا دانیشتووە و بۆ سۆزانییەکانی دایکە دەڵاڵی دەکات. جارێکیان چووم تەڵە مشکێکم لە ژنە دۆمان دزی، بە تمەنێک فرۆشتم و چووم دەگەڵ گەوهەر سازام.
دۆمەکانم بینیوە. چەند جاران دەگەڵ کوڕەکان بە یەکەوە چووینە تەماشایان. پیاوەکانیان تەواوی ڕۆژ دادەنیشن کار دەکەن. جەڕجەڕە تەشی، بێژینگ، هێڵەگ، بلوێر، ئاوەخانە، تەڵە مشک و هەزار ئات و ئاشغاڵی دیکە دروست دەکەن. ژنەکانیشیان لەبەری بەیانییەوە تا نوێژی ئێوارێ لەو شاردا دەگەڕێن و هاوار دەکەن. شیشەی کەبابمان هەیە، تاوڵەمەمان هەیە. فاڵ دەگرینەوە. کتێب دەگرینەوە.
حەسەنی جینگڵان دەدات. بەزەییم پێی دادێ. پێمخۆشە ئارام بێ و ئاسوودە بخەوێ. بەئەسپایی دەست لەسەر شانی دادەنێم و پێی دەڵێم:
ئێستا کە هێندە ئازارت هەیە بچۆ میزی بکە.
بە ناڵە ناڵەوە دەڵێت ئەگەر دەتزانی چەندم ئازار هەیە.
نزیک بیست ڕۆژ لەمەوبەر چۆتەوە لای فاتمە لاڵ. لێیدەپرسم؛ چینۆقیش تووش بووە؟
بە دەنگێکی تێکەڵ بە گریانەوە دەڵێ:
نەخیر نا، ئەو هیچی لێنەهاتووە.
دەستی لێ هەڵناگرم و بە زۆری دەینێرم بۆ ئاودەست تا میزی بکات.
لەژێر لێفەکەی دێتە دەرێ. دایکم خەریکە چای دەخواتەوە. شۆقی لامپاکە لە نێوان هەر دوو ژوورەکەیە و هەتا بەر جێگەوبانەکەی ئێمە ڕووناک دەکات. حەسەنی دەگەڕێتەوە گریاوە.
ـ ها حەسەنی، چ بوو؟
ـ ئاسوودە بووم. بەڵام خالید، نازانی بەچ فەلاکەتێک.
درێژ دەبێ سەری لە بن لێفەکەی دەنێ و خرپ خەوی لێدەکەوێ. ئیدی وسکوت دەبێ.
من ئێستا بەخەبەرم و بیر لە حەسەنی دەکەمەوە کە چ بەڵایەکی بەسەر هاتووە.
نیوە شەوە مەشەدی ڕەحیم دێتەوە. دایکم هەڵدەستێ و بەکەلێن پەنجەرەیدا سەیری حەسارێ دەکات. حەسەنی خەوی لێکەوتووە و پڕخەی ڕێگا ڕۆژێک دەڕوات. هەڵدەستم دەچم لە پشت سەری دایکمەوە سەیری حەسارێ دەکەم. دەرگای هەموو ژوورەکان کراونەوە. لە کەلێن دەرگای هەموو ژوورەکانەوە باریکە ڕووناکاییەک چەپ و ڕاست خۆیان بە حەسارێدا کێشاوە. ڕەحیم کەردار دێ. ژنێکی باوخۆشی سەر و گەردنێک باڵابەرزتر لەخۆی بەدواوەیە. ڕەحیم کەردار دەگەڵ ژنەکە دەچنە ژوورەکەیان. دەرگاکان دادەخرێن و حەسار لە تاریکیدا نوقم دەبێ.
***
بەژن و باڵای ڕیزوان لە گوتن نایە. لە ئافاقیش باڵابەرزترە. بلوور خانم ناگاتە شانی. کە قسان دەکات هەموو ژنەکان بێدەنگ دەبن. دەبنە گوێ و لە گفت و لفتی ڕادەمێنن. جۆرێک خۆ بەکەم زانی و بێباوەڕی لە سیمای هەموواندا بەدی دەکرێ.
ـ چ بکەم خوشکێ؟ … ژنی بێمێرد هەزار قسە و قسەلۆکی لە پشت سەر دەکرێ.
ڕیزوان دڵقایم و باوەڕ بەخۆ سەیری دەوروبەری دەکات و ئارام، دڵگر و کارتێکەر قسە دەکات.
ـ هات لەبن گوێم دانیشت هەر گوتی و گوتییەوە؛ یەک تەنم، دوو مناڵی سەغیرم هەیە و دایکیان نییە… جا خۆ ئیدی دڵیش بەرد نییە. بەزەییم بە مناڵەکانی داهات دەنا خۆ بۆخۆی چی بەبەریەوە نەماوە.
ڕیزوان بەسەر هەموو دەر و جیراناندا نوقڵ و شیرنی و پەنیر و کشمیشی بڵاو کردۆتەوە. ڕەحیم کەردار بەریبەیانی چوو بۆ حەمام، پاشان هاتەوە، بەرچایی خوارد و چوو بۆ بازاڕ شروشاڵاتی نیوەڕۆ بکڕێ. ڕیزوان سووراوی لە کوڵمەکانی هەڵسووە. ژنانی گەڕەکێ لە نێو خۆیاندا مەقۆمەقۆیانە.
ـ لەو دیل بیلانانەیە، مەشەدی ڕەحیم لەسەر قامکان دەگێڕێ.
چەند ژنە جیران هاتوون ڕیزوان ببینن. مناڵەکانیان بە شەپکی شانیان داداوە و دەگەڵ سەنەم قسان دەکەن.
ڕیزوان قۆڵی لە کاران هەڵماڵیوە.
ـ وەرە کوڕی باش وەرە سەری ئەم زیلۆیە بگرە تا لەبەر تاوێ هەڵیخەین. حەسەنی دادێتەوە. ڕیزوان زیلۆکە لە حەسەنی بار دەکات. حەسەنی وەختە ڕووحی دەربچێ هەتا بە زیلۆوە لە پلیکانان وەسەردەکەوێ، هیلاک دەگاتە سەربانی و لەوێ زیلۆکە هەڵدەخات.
ڕیزوان خەریکە ژوورەکەیان ڕێکوپێک دەکات. لەچکێکی لە سەری بەستووە هەتا بسک و ئاگریجەی تۆزی لێنەنیشێ. شڕوشاڵات و کۆنەی لیباسی حەسەنی دێنێ لە تەنیشت کەپری وڵاغەکان نەوتی پێدا دەکات و شەمچەی پێوەدەنێ. پاشان لە تەنیشت حەوزەکە دادەنیشێت و کەڕوو و چڵکی چەند ساڵە لە پەڕەمێز و لامپاکە دەکاتەوە بە شێنەیی دەیانشوات. ماڵ و حاڵی ڕەحیم کەردار نوێ بووەتەوە و بۆنی عوودی لێدێ. حەسەنی ئێستا نەهاتۆتە خوارێ، لەسەرێ لەسەر زیلۆکە درێژ بووە و خۆیشی هەڵخستووە. ئافاق لە ژوورەکەی خۆی دێتە دەرێ دەبینێ چەند ژنێکی دراوسێ لە دەوری سەنەم کۆبوونەوە و سرت و خورتیانە. ئافاق دەبۆڵێنێ. ئێستاش لە دەست سەنەم داغدارە و هەر بۆی هەڵکەوێ بیانووی پێدەگرێ و پلارانی تێدەگرێ. قسەی سووک و ناشیرنی لێباردەکات. ئافاق بە تەنیشت ژنەکاندا تێدەپەڕێ. ژنەکان بێدەنگ دەبن. ئافاق مۆڕەیەک لە سەنەم دەکات و دەڵێ:
دەبەر خودای مرم؛ “قەل بە قەلێ دەڵێت ڕووت ڕەش بێ”.
سەنەم لووتی هەڵدەپێچێ و ڕووی لەو لای دەکات. ئافاق لە ماڵ وەدەر دەکەوێ.
دادێمەوە دەرکی کۆترخانە بکەمەوە، گوێم لە دەنگی بلوور خانم دەبێ، دەڵێ:
ـ ئەماناغا بەتەمایە بچێتە سەفەر. ڕاست دەبمەوە. بلوور خانم تێپەڕیوە. ڕیزوان لە نێو شیپانەی دەرگای ژوورەکەیان ڕاوەستاوە و بە چاوە درشتەکانی سەنگ و سووکی حەسار و دەوروبەری دەکات.
***
دڵم بۆ کارێ ناچێ. لەسەر کورسییەکی قاوەخانە دانیشتووم و ئەژنۆم گرتووەتە باوەشم. هەرکە گەیشتمە قاوەخانە تاسێکم تووتن خووساند. دانیشتم هەرچی ویستم بە دەنگی ڕادیۆ، و گۆرانی خۆ سەرقاڵ بکەم، نەبوو. بەردەوام بیر لە حەسەنی دەکەمەوە. دەزانم بەریبەیانی بێ ئەوەی ئیستکانە چایەکیش بخواتەوە ڕۆیوە بۆ کورەخانە. ڕۆژی دووهەمە کە مەشەدی ڕەحیم ناچێتە کورەخانە. دوێنێ کە هەینی بوو حەسەنیش نەچوو. وەکی دیارە بەیانیش ڕەحیم کەردار هەتا جەنگەی نیوەڕۆیە لە باوەشی ڕیزواندا دەمێنێتەوە. بەو سارد و سەرمایە حەسەنی دەبێت چەند ئازار بچێژێت. بۆخۆی گوتی کە سووزەنەکی هەیە. لەوانەیە ئەماناغا دەرمانەکەی بزانێ.
ـ ئەماناغا تا ئێستا چەند جار تووشی سووزەنەک بووە، جارێکیش لێی بووەتە کوان و قوونێرە.
ـ هەر بۆیەش مناڵی نابێ.
ـ ئەدی چۆن عەزیزم، کەسێک تووشی ئەم هەمووە نەخۆشییانە هاتبێ، دەبێ منداڵیشی نەبێ.
سەیری ئەماناغا دەکەم، پاڵی داوەتەوە لە پشت داخڵەی دووکانێ دانیشتووە، قەننە دەکێشێ. چایەکی کەمڕەنگیشی لە پێشە. چەند مشتەریەکی ڕێبوار لێرە و لەوێ دانیشتوون نانی بەیانی دەخۆن. نان و پەنیر و چای شیرین. بوخچە و نوێنوبانی تەنیشتیان لە قاویان دەدات کە موسافیری کوەیتن. ئەو ڕۆژانە هەموو کەس خەریکە پارەیەک کۆ بکاتەوە و بەرەو کوەیت بڕوات.
زۆربەی پیاوەکانی گەڕەکێ چوون بۆ کوەیت. ئەلوانی ئاسینگەر، حەسەن نەججار، یاقوب پینەچی، ناسر نەفتی و حەتتا ڕەجەب مفتەخۆر کە ناتوانێ قوونی خۆی بشواتەوە.
جاڵجاڵۆکە لەپەنا بەر و سەماورەكە ڕاوەستاوە، خەریکە چای بۆخۆی تێدەکات. تۆزێک شیرەی لە بنزمانی ناوە و دەیچێژێ. کە سەرخۆش بوو لێیدەپرسم بزانم دەرمانێکی بۆ حەسەنی پێشکدێ.
لێییدەپرسم چونکو جاڵجاڵۆکە لەو شتانە زۆر دەزانێ، وەک بۆخۆی دەڵێ:
ـ ئێمە دنیامان تەقاندۆتەوە و قوونەکەومان کردووە… سەد مارمان خواردووە هەتا بووینە ئەفعی.
جاڵجاڵۆکە بە دەسماڵەکەی سەرشانی ئاوی لووتی ئیشک دەکاتەوە.
دەمێک ڕادەمێنم و بیردەکەمەوە، کە ڕەنگە باشتر وابێ هەر لە ئەماناغا بپرسم. هەرچی بێ ئەو حەسەنی لە جاڵجاڵۆکە باشتر دەناسێ. و لەوانەیە بەزەییشی پێدابێ.
خۆر لەسەر سەرانە. حەسەنی دەخۆی دەنووسێ بەدوای وڵاغەکاندا دەڕوات. ڕوحی دەردەچێ هەتا بارە خشتێک لە چاڵی خشتبڕەکانڕا دەباتە سەر کورە. لەسەر نیمکەتی قاوەخانە هەڵدەستم. حەسەنی لە پێش چاومە. لارەمل و بێواز سەری بۆ ڕاناگیرێ. لە پێش چاوم لاناچێ، بەیانی کە لە مبال هاتە دەرێ دەگریا. لووتی داژەنی بوو. دەتگوت لۆغەیەتی.
بەنێو مێز و کورسییەکانی قاوەخانەدا دەڕۆم دەچمە لای بەرو سەماوەرەکە و لە جاڵجاڵۆکە نزیک دەبمەوە. دەستەکانم لە ئاورەکە نزیک دەکەمەوە، گەرم ببنەوە. سەیری جاڵجاڵۆکە دەکەم. جاڵجاڵۆکە لە لووتیدا لێم دەپرسێ،
ـ چییە خالید؟
زارم پڕدەکەم، دەمەوێت شتێک بڵێم، بەڵام چم بۆ نایە. جاڵجاڵۆکەش بێوازە. جارێ شیرەکە لە دەمارەکانی نەمردووە، دەنا هەڵیدەپێچام و بن زمانمی دەکۆڵی.
هەر دێت و بێقەرارتر دەبم. زۆرم پەرۆشی حەسەنییە. هەتا کارێکی بۆ نەکەم ئاسوودە نابم. بە هەموو بوونمەوە هەست بەژان دەکەم.
ـ ئاخر خالید ئەتۆ نازانی من چ دەچێژم. نازانی چەند ژانی هەیە.
نەوتکێشێکی گەورە لە پەنجەرەی قاوەخانەوە دەردەکەوێ و لەژێر سایەوانەکەدا ڕایدەگرێ. مشتەرییەکان جووڵەیان تێدەکەوێ و ملەقوتەیانە
ـ حاڵم حاڵی سەگە. هەتا میزی دەکەم، نیوەعومر دەبم.
بۆ لای ئەماناغا دەچم بەتەمای ئەوەکە سەری قسان بکەمەوە. قاوەخانە لەسەر سەرم دەگەڕێ. لەناکاو بیرم بۆ لای شەفەق دەچێ.
ـ خالید لەبیرت بێ، لێقەوماوەکان لە خۆت بزانە. ئەگەر یارمەتی یەکتر نەدەین لە ناو دەچین. ڕووخساری شەفەق و دەنگی دڵنەوای شەفەق ڕێگا بە گومان یان شک و شوبهە نادات.
ـ تۆ دەبێ هەردەم دە بیری ئەوانەدا بی کە ئێش و ئازاریان هەیە و دەردی وان بە دەردی خۆت بزانی.
خۆزگە دەردی حەسەنی سووزەنەک نەبوایە. بریا دەستێکی شکابا. ملی ورد بووبا. ئەوکات پیاو شەرمی نەدەکرد و دەیتوانی داوای یارمەتی لە هەمووکەس بکات. بەڵام ئاخر سووزەنەک…
ـ ئینسان دەبێ هەوەڵێ بەخۆیدا بێتەوە و خۆی چاک بکات… ئینجا ئەگەر خۆی ئیسلاح کرد دەتوانێ کۆمەڵگا و جامیعەش چاک بکات.
زارم قفڵی کردووە، هەرچی دەکەم قسەم بۆ ناکرێ. نا ناتوانم شتی ئاوا دەگەڵ شەفەق باس بکەم.
ئەماناغا قەننەکەی وەلا ناوە، بانگم دەکات
ـ خالید!
بۆ لای دەچم
ـ دەڵێی سەرحاڵ و میزان نی، چ بووە؟
ـ نا هیچم نییە، ئەماناغا
ـ بڕۆ چایەکی بخۆوە با بێیەوە سەرحاڵ
قسەکان لەسەر نووکی زمانمە بەڵام نایەتە گۆ، دەڵێم:
ـ ئەماناغا…
دەمهەوێ پێی بڵێم کە حەسەنی سووزەنەکی گرتووە، بەڵام مەبەستم لە قوڕگمدا پەنگ دەخواتەوە.
ـ چێ کوڕم … چیت دەوێ؟ بڵێ کوڕم شەرمێ مەکە.
مینگە مینگێکی دەکەم و دەڵێم نا شەرمێ ناکەم. پاشان بیر دەکەمەوە دەگەڵ شەفەق باسی بکەم باشترە. خۆ بۆخۆم تووشی سووزەنەک نەهاتووم هەتا پێم عەیب بێ باسی بکەم.
ئەماناغا چاوە چکۆڵەکانی لە چاوم بڕیوە و دەڵێ:
ـ بۆ قسان ناکەی؟
ـ دەمەوێت سەعاتێکی بڕۆمە دەرێ.
ـ دەچیەوە ماڵێ؟
ـ نا
ـ دەی جا کوڕم ئەوە خەجاڵەتی ناوێ.
یەخەی نیوباڵتۆکەم هەڵدەدەمەوە ملـم دەبەمە ژوورێ. موسافیرەکان دەگەڵ شاگرد شۆفیرەکان لەسەر کرێ خەریکی چەنە لێدانن. گوێم لە ئەماناغایە کە دەڵێت؛ بەڵام خالید ئەمڕۆ ئەتۆ میزان نی.
جاڵجاڵۆکە کەوتۆتە سەر گەڕ.
لە قاوەخانە وەدەردەکەوم، ساردە، خەریکە گوێچکەم بتەزێ. قەراغە و قەراغی ڕێگای قیرەتاو، بەرەو شار ملی ڕێگایە دەگرم و دەڕۆم. زۆربەی شۆفیرەکان دەمناسن هەر کامێکیان بمگەنێ سوارم دەکەن. لە سێڕێیانەوە تا شار مەودایەکی زۆرە. بە پێیان بڕۆم لە سەرمان ڕەق هەڵدێم.
لە قەراغ جادە ڕادەوەستم. ئاسمان هەورە، خۆر نە ڕەنگی هەیە و نە تین. سەرنج دەدەم دەبینم کە مەشخەڵەکان بوون بە شەش. کاتێک لە قاوەخانە دەستم بەکار کرد هەمووی سێ دانە مەشخەڵ بوون، پاشان چوار، پێنج و ئێستاش شەش.
ڕۆژێک بیدار دەیگوت:
ـ ئەوە هەمووی داهاتی ئەو وڵاتەیە دەسووتێ، دەبێتە دووکەڵ و بە فیڕۆ دەچێ.
ـ نازانم تێناگەم، چۆن چۆنی؟
ـ دەتوانین لەو گازە بە شێوەی جۆراو جۆر کەڵک وەرگرین.
نیگام دەگەڵ گڕی مەشخەڵەکاندا دەگەڕێ و بیرم لە قسەکانی بیدارە کە دەنگی تورمیزی لۆرییەک دەمهێنێتەوە خۆ.
ـ وەرە سەرێ خالید
شۆفیر و شاگردشۆفیرەکە دەناسم. بە تەنیشت شاگردشۆفیرەکەوە دادەنیشم و جێگەم خۆش دەکەم. ناو لۆڕییەکە گەرمە. کاکی شۆفیر چەنەی گەرم داهاتووە؛ باسی نەوت دەکات کە وا ئینگلیسییەکان بەتاڵانی دەبەن. ئێستا ئەوە قسەی باو و قسەی ڕۆژە هەموو کەس دەیڵێتەوە.
ـ تەنیا ڕێگا چارە ئەوەیە میللی بکرێ.
مناڵە مەدرەسەیش هەر ئەوەی دەڵێن. کاسبکار و بازاڕیش هەر بەهەمان شێوە.
ـ ئەو سەردەمە کە سەروەسێتمان دەویست، تەواو بووە. ئێستا لە کڵ دەرهاتووین و دەتوانین مشووری خۆن بخۆین. ئینگلیسی بۆ دەرەوە.
سمێڵی کابرای شۆفیر دەم و لێوەکانی وەبن داوە. زەبر و زەلام خۆی بەسەر فەرمانی لۆرییەکەدا شکاندۆتەوە و قسان دەکات.
ـ بۆ پێتوایە گۆجین، یان ئیفلیجین؟ بۆ مەگەر گەنجەکانی خۆمان ناتوانن جێگەی فەرەنگییەکان پڕبکەنەوە؟ یان دەبێ فەریکە میوە هەر ورچ بیخوات؟
شاگرد شۆفیر بە تەمایە شۆفیرەکە تووڕە بکات.
ئەوڕۆژانە ئەگەر ویستت کەسێک تووڕە بکەی کیفایەتە بڵێی، ئێمە بۆخۆمان ناتوانین نەوت بەڕێوەبەرین. هەر ئەو دوو وشەیە کیفایەتە، چاوت لێدەردەپەڕێنێ و بەسەرتدا بگوڕێنێ و دەست بکات بە فڕوفیشاڵان.
لە ئەوەڵی شاری لە لۆرییەکە دادەبەزم و خواحافیزیان لێدەکەم.
لۆرییەکە بەرەو گردێک لە ڕۆژهەڵاتی شارەوە دەئاژوێ. دەستم لە گیرفان ڕۆدەکەم و بە لۆقەلۆق دەکەومە ڕێ.
هەتی خالید سەیر درێژ بووی ها، وەک شازدە ساڵان ناچی.
بۆخۆیشم وا لە خۆم حاڵی بووم. لەناکاو دەباڵام کردووە. پشت لێوم بۆر بووە و وەک دەڵێن؛ سمێڵم گووگرە بووە. بە چەند کووچە و کۆڵاناندا دەڕۆم تا دەگەمە شەقامی بیست و چوار میتری. لە سەرمان ملـم بردۆتە ناو قاپێلکم و لە یەخەی نیوباڵتۆکەمدا شاردوومەتەوە. هەمدیسان بیری حەسەنی هەموو زەینمی پاوان کردووە. بڕیارم داوە بچم و بێ یەک و دوو هەموو شتێک بۆ شەفەق باس بکەم، هەرچی دەبێ با ببێ. خۆ ناکرێ پیاو دەگەڵ ڕەحیم کەردار باسی بکات. بێت و بزانێ کای لە پێستی سەر داخنێ. داخی برایمیش بە حەسەنی دەڕێژێ. لەناکاو چاوم بە تابڵۆی نەخۆشخانەی میری کەوت. گەشامەوە. بۆ تا ئێستا بیرم لێنەکردبۆوە. هەڵبەت ئەو نەخۆشخانەیە بۆئەو چەشنە تێگیراوی و نەخۆشییانەیە. بۆ دەرمان و چارەسەرکردنی نەخۆشی وەک حەسەنی ، جاڵجاڵۆکە و هی وەک من و تێکڕای دانیشتووانی شار.
لە شەقامەکە دەپەڕێمەوە ڕوو لە نەخۆشخانە دەکەم. پاوان و باغچەی نەخۆشخانە بە ئاسنەپەرژین دیاری کراوە. پەرژینەکە سەردەمایەک سپی بووە، بەڵام ئێستا ڕەش هەڵگەڕاوە. خۆر لەژێر هەوران دەرکەوتووە، بەڵام هێزی لەبەردا نییە. بینای نەخۆشخانە لە خشتی سوورە. سەد نەفەرێک زیاتر پشتیان وە نەردەکان داوە و هەرچی گەیشتوونێ لە خۆیانەوە پێچاوە. پیاوێکی بە ساڵاچووی ڕیش ماش و برینجی، ورگی هەڵمساوە، دەناڵێنێ. ڕەنگی پێستی دەمووچاوی وەک مۆزی گەییو پەڵەی ڕەشی تێکەوتووە. بە تەنیشت پیرەپیاوەکەوە ژنێکی گەنج دانیشتووە، ئەژنۆکانی لە باوەشی گرتوون و لە جێوە خۆی ڕادەژێنێ. لە سەفەکەدا پێش ژنە گەنجەکە، پیاوێک لە پەتۆ پێچراوە، هەر سەری دیارە، لەسەر عەرز درێژیان کردووە. ڕوومەتی و ژێر چاوەکانی هەڵمساون. چاوەکانی وەسەریەک ناوە، زاری داپچڕیوە و لیکاوی لە دمی دەچۆڕێتەوە. کوڕیژگەیەک قاچەکانی لە نووکی پێیەوە تا ئەژنۆی داپلۆخاوە، دەکڕووزێتەوە، تەنانەت هێزی گریانی لەبەردا نییە، وەک پلە گۆشتێکی گەنیو لە داوێنی ژنێکی گەنجدا توڵاوەتەوە.
ڕوو وەردەگێڕم و خێرا بەرەو دەرکی چوونە ژوور دەچم. لەبەر دەرگا دوو ڕیز سەف بەستراوە کە خواروخێچ تا لای پەرژینەکانی بەری خەیابان دەڕوات. پیاوێکی باڵابەرزی شینپۆش لێم دێتە پێش و تێم ڕادەخوڕێ؛
ـ کوڕە بۆ کوێ دەچی؟
ـ نەخۆشم هەیە
ـ دەی کە وایە بڕۆ ناو سەف و کۆتایی سەفەکەم نیشان دەدات.
سەیرێکی سەفەکە دەکەم زۆر دوورودرێژە. دیسان تێم ڕادەخوڕێ
بڕۆ ناو سەف، دەبێ ژمارە وەربگری.
پیرەپیاوێک کوڕێکی کەم تەمەنی گەنجی بە کۆڵەوەیە و بەرەو ژووری پشکنین دەڕوات. دەگەڵ پیرەپیاوەکە دەکەوم و لێیدەپرسم،
کوڕتە؟ سەیرم دەکات، بەڵام هیچ ناڵێ. کوڕە زۆر بێحاڵە، گیانێکی لەبەر دانێ و پیرەپیاوەش هیلاکە. دیسان دەپرسم؛
ـ ناسازییەکەی چییە؟
نیوە تووڕە وەڵامم دەداتەوە؛
ـ نازانم، دەردی بێ دەرمان
قاچ و قولی کوڕە ڕووتە و دەگەڵ هەنگاوەکانی پیاوە پیرە وەک بەندرۆڵی سەعات لە جۆلانە دان.
لە پشت بیناکە دەنگ و ژاوەژاوی خەڵک تێکەڵ و پێکەڵ دەبێ. هەموو جوورە دەنگێک؛ پاڕانەوە ناڵاندن، هاوار، جنێو و قسەی سووک.
ـ دە دانە ڕۆژە چاوەڕوانم. تازە پێم دەڵێن؛ جێگەمان نییە بیخەوێنین.
ـ ئەدی من خۆڵی کوێ وەسەرم بکەم. ئەو منداڵەی چ لێبکەم. خۆ من ناتوانم لێرە داینێم و سەیری بکەم چۆن دەکەوێتە گیانەڵایە. بە قوڕێم گرت؛
ـ ماڵتان بەقوڕ بگیرێ.
ـ خودا زەلیلتان بکات. ڕەبی لەسەر مەرگی ئازیزانتان دانیشن. ڕوحمم پێبکەن،… خەریکە دەمرم.
کەس وەڵامیان ناداتەوە هاواریان بە هیچ کوێ ڕاناگات.
دەچمە ژوورێ کەس نێ پێشم پێبگرێ. سەفی پێش وەتاغی پشکنین دوورودرێژە، کەوتۆتە نسار، هەموو دەلەرزێن، دەنگی ددانیان دێتە بەرگوێم. داڵان بە بۆنی داودەرمانی جۆراوجۆر ئاخنراوە. گێچی دیوارەکان جێجێ بەریداوە. لای خوارەوەی دیوارەکان لەبەر نم و شێ کەڕووی هێناوە و پۆرگی داوە. ئەگەر بمهەوێت دوکتۆر ببینم دەبێ ژمارەم پێبێ، ئەگەر ژمارە وەربگرم دەبێ هەتا نیوەڕۆ لە سەف دابم. ئەگەر لە سەف دابم دەبێت دووتمەن پارەم هەبێ بیدەم تا ژمارە وەربگرم. ژمارەشم کە وەرگرت دەبێ بێم لە سەفی پێش وەتاغی پشکنین ڕاوەستم. ئینجاش کەڵکی نییە، چونکو حەسەنی واتە نەخۆشەکەم دەگەڵ نییە. لە داڵانەکەدا سەرگەردانم. سەرمامە. بۆنی داو و دەرمان خەریکە مێشکم هەڵگرێ. تا کۆتایی داڵانەکە دەچم، پیاوێکی سپیپۆش بەرەوڕووم دێ. هەرچی دەبێ با ببێ. لێیدەپرسم؛
کابرای سپی پۆش ڕادەوەستێ
ـ دەڵێم، پرسیارێکم هەبوو
کابرا بەدەم ڕۆیشتنەوە دەڵێ:
ـ ئەگەر نەخۆشی بچۆ ناو سەف.
ـ بـەڵام من نەخۆش نیم
ڕادەوەستێ سەیرێکم دەکات
ـ نا من نەخۆش نیم
ـ باشە، ئەدی دەڵێی چی؟
خەجاڵەتی دەکێشم هەتا بنان گوێ سوور دەبمەوە. قسە و مەبەست لە گەروومدا گیر دەکەن.
ـ شتێکی بڵێ بۆ قسە ناکەی؟
ـ نامهەوێت کەس بیبیسێ و ئاماژە بە خەڵکی دەوروبەر دەکەم کە لەپێش وەتاغی پشکنین لە سەفدان.
کابرا دەکەوێتە ڕێ، بەدوایدا دەڕۆم . لەوسەری داڵانەکەدا کەسی لێ نییە ڕادەوەستێ. سەیرێکی دەوروبەر دەکات و دەڵێ:
ـ لێرە کەسی لێ نییە، قسەکەت بکە.
مینگە مینگێک دەکەم پاشان لەنەکاو هەرچی دەمهەوێ بیڵێم، خێرا دەریدەبڕم. لەسەرێک هەرچی هەیە دەیڵێم. کابرای سپیپۆش سەیرم دەکات و پێدەکەنێ. قسەکانی منی بەلاوە سەیر نییە، وەک بڵێی ڕۆژێ سەد کەسی ئاوای تووش بێ و ئەو قسانەی گوێ لێبێ. سەردادەخەم. دەڵێ
ـ پووڵت هەیە؟
هیچ ناڵێم. کابرای سپی پۆش بەردەوام دەبێ؛
ـ لێرە هیچت بۆ ناکەن.
ـ بۆخۆم نییە… وەکی گوتم…
فەرق ناکات ئەگەر پووڵت هەیە ئێوارێ بیهێنە بۆلام لە شوێنی کەسیی خۆم، هەتا پێت بڵێم چ بکەی.
پاشان ئادرێسی شوێنەکەی خۆییم وێدەدات. حاڵی دەبم کە دوکتۆر نییە. هەر خودا دەزانێ چەند جار بەپێش شوێنی کارەکەیدا تێپەڕ بووم. “چەنشان[9]و برینپێچی.”
ـ ئێوارێ چاوەڕوانم
ددانەکانی بە دووکەڵی سیغار ڕەش بوون. لێوەکانی شەقار شەقار بوون. لە نەخۆشخانە دێمە دەرێ. تەنیا چار و نیزیکترین ڕێگا کە پێم شک دێ، فرۆشتنی کۆترەکانە.
***
دەم و زاری کەڕەمعەلی هەروا هەڵبەستراوە.
ـ خودا زەلیلت کا، هیچ کارێکت وەک هی بنیادەم ناچێ. دەنا ئاخر کێ دەچێ لەسەر ناڵبەکی لەزارنان گرێو بکات.
خاجە تۆفیق دەستی کەڕەمعەلی گرتووە و بردوویە بۆ لای میرزا نەسروللا. بێت و ئافاق پێ بزانێ کای لە پێستە سەری خاجە تۆفیق داخنێ.
میرزا نەسروڵڵا نوسخەیەکی تایبەتی خۆی بۆ پێچاوەتەوە. سەنەم گوتوویەتی خاجە تۆفیق خراپ لە دنیا گەیشتووە کە بەتەمایە کچە تریاکییەکەی لە کوڕەکەی من قایم بکات. بانوو هەر قابیل بە برایمە کە لە کادێنی ڕەحیم کەرداردا کوڵوکۆی خۆی پێداڕشت.
خاجە تۆفیق گوتوویە:
ـ من مەحزی ڕەزای خودا کەڕەمعەلیم بردۆتە لای میرزا نەسروڵڵا. ئافاق بزانێ دەیکاتە شەرگە.
ئافاق و سەنەم ئێستاش ناتەبان و دەنووکە شەڕیانە،
دەم و زاری کەڕەم هەڵبەستراوە هەتا قسەیەک بکات قیر سپی دەبێ.
هەفتەیەک دەبێت کە سەنەم بە تەنیشت تەویلەی وڵاغەکانی ڕەحیم کەردارەوە تەنوورێکی داناوە. سەرلە بەیانییان زوو هەڵدەستێ هەویر دەشێلێ و نزیک قاوەڵتوونێ تەندوور دادەخات و دەست دەکات بە نانپێوەدان. ئینجا کەڕەم دەیبات بۆ دەرو جیرانان.
لەو ڕۆژەوە سەنەم تەنووری گەرمە و نان دەکات، دایکم نان لەو دەکڕێ؛ هەم هەرزانترە هەم بێنە و بەرەی کەمترە. ئاردەکەشی خاوێنترە.
کە بابم پارەی ناردەوە، قەرزی شاتر حەبیبمان دایەوە. قەرزی مەهدی بەقاڵ ماوە. ئەم جارە، سەری مانگێ، کە پووڵی نارد قەرزی ویش دەدەینەوە.
سەنەم چارشێوەکەی لە کەمەری قایم کردوووە و نانی دەکات. خۆر لەسەر سەرانە، حەسار و دەرکوبانی پڕ کردووە. هاڵاوی گەرمای تەنوور بە مەزاقی هەموو لایەک خۆشە. نانی سەنەم وەکوو کولیچە دەچن، تامیان دەڵێی زەردێنەی هێلکەی کوڵاوە.
ـ خوشکێ خۆ من کیسەم هەڵنەدرووە . دوو یان سێ مەن گەنمی کاروون دەکڕم هیچ زبڵ و زاڵی دەگەڵ تێکەڵ ناکەم. هەر ئەوەند چوار قڕان بۆ من و کەڕەمعەلی بمێنێتەوە شوکرانە بژێرین.
شاتر حەبیب لە دەرکی حەسارێ وەژوور دەکەوێت. قۆڵی کراسەکەی تەڕە، ئاوی لێ دەچۆڕێتەوە.
ـ بەه، بەە، سەنەم خانم! چاو و دڵمان ڕوون. ئێستا بوویە حەریفمان؟
سەنەم نانێک پێوە دەدات و لە تەنوورەکەی دەکشێتە دواوە و بێواز دەڵێ:
ـ حەریفی چی شاتر حەبیب؟ هەمووی دوو مەن ئارد دەکەم بە هەویر چوار نان بۆخۆم و بۆ دەرودراوسێیان دەکەم . کوا ئەمە ڕێ لە دەم و دەزگای ئێوە دەگرێ، کە ماشەڵلا ڕۆژێ چەند پووت ئارد دەکەنە هەویر و لە بازاڕی دەکەن.
شاتر حەبیب قۆڵی کراسەکەی هەڵدەوێزنێ و دێتە پێش. مژۆڵی سووتاون ئێسقانی ڕوومەتی دەرپەڕیون و پێستی قاوەیییە، دەڵێ:
ـ بێگومان جەوازیشت هەیە؟
سەنەم نانێک لە تەندوور دەکاتەوە و دەیهاوێتە سەر حەسیرەکە و بێ ئەوەی چاو لە شاتر حەبیب بکات دەڵێ:
ـ جەواز؟… جەواز بۆچی شاتر حەبیب؟
شاتر حەبیب دەنگی لە گوڕە
ـ ئەدی بۆ پێتوایە شاری بێ دەروازەیە؟
سەنەم ئەنگوتکێک لە ئارد وەردەدات و دەڵێ:
ـ خۆ من دووکانم نییە تا جەوازم هەبێ.
کەڕەمعەلی لە ژوورێڕا دێتە دەرێ. شاتر حەبیب دەڵێ؛
ـ فەرق ناکات سەنەم خانم، ئەگەر قەرار بێ نانی پێوەدەی و بیفرۆشی، دەبێ جەوازیشت هەبێ.
سەنەم هەویرەکەی بە وەردێنە پان دەکاتەوە و لەسەر ڕفێدە رێکی دەکات و ڕوو دەکاتە شاتر حەبیب و دەڵێ:
ـ خوا خێرت بنووسێ شاتر حەبیب، دەستمان لێهەڵگرە.
کەڕەم لە شاتر حەبیب ڕاماوە، ئەگەر دمی هەڵنەبەسترابا ڕەنگ بوو لە جیات دایکی وەڵامی شاتر حەبیبی داباوە.
سەنەم نانێک پێوەدەدا و پاشان هێندێک ئیشکەڵی دار خورما وەبەر دەدات. ئیشکەڵ زوو ئاگر دەگرێ.
شاتر حەبیب لە نزیکەوە سەیری تەنوورەکە دەکات و پێی هەڵدەڵێ:
ئەوەی دەڵێم تەندوور!!
سەنەم دەبۆڵێنێ و دەڵێ:
تۆ خوڵا لێمان گەڕێ با بە کار و زیندەگیمان ڕابگەین،
شاتر حەبیب دەست لە کەلەکەی دەنێ و دەڵێ:
ـ کار و زیندەگی؟ با بەیانی موفەتیش و بازڕەسی شارەداری بێ ئێرەت بەسەر دابڕووخێنێ و پێت دابخات، جا ئینجا دەزانی ئیش و کاری بێجەواز یانی چی.
دەمارەکانی ملی سەنەم ئەستوور دەبن و دەڵێ:
“”بادڕەسی” شارەداری غەڵەت دەکات دەست لە تەندووری من دەدات.
کەڕەم قسەی بۆ ناکرێ، بەڵام بۆڵەی دێ و دەست ڕادەوەشێنێ. خاجە تۆفیق چۆغەکەی بەشانیدا دەدات و لە ژوورەکەی دێتە دەرێ و دەڵێ:
ـ چ خەبەرە شاتر حەبییب؟
شاتر حەبیب دەڵێ: هیچ
سەنەم دەڵێ:
ـ بەو قەد و قەڵافەتەیەوە ملی ڕێگایەی گرتووە و هاتووە دەڵێ؛ سبەینێ “بادڕەسی” شارەداریم وەسەردەگێڕێ و تەندوورم لێ خراپ دەکات.
خاجە تۆفیق بەلای سەنەمدا دەیشکێنێتەوە و لایەنگری لێدەکات. وادیارە حیسابەکان دروست دەردەچن و خاجە تۆفیق بەتەمایە بانووی لە ملی کەڕەم قایم بکات.
ـ بەتەمایە بانووی لە ملی کەڕەم پەستێوێ
ـ بۆ چما ئافاق دێڵێ
ـ خوشکێ چەند سادە و ساکاری. ئەوە ئافاقە دەیبڕێ و خاجە تۆفیق دەیدروێ.
خاجە تۆفیق و شاتر حەبیب لێیان دەبێتە دەمەقاڵە.
ڕیزوان لە ژوورەکەی خۆی دێتە دەرێ. کوڵمەکانی سووراو تێهەڵسوون و کلی لە چاوان کردووە.
پاشملەی ڕیزوانیش دەنگۆ هەیە. دەڵێن:
ـ کەس نازانێ هەموو ڕۆژێ دەچێتە کوێ؟
ـ پێرێ، هەتا نزیک دووکانی شاتر حەبیب ملهوڕێکی سمێڵ زەلامی گەنجی دەگەڵ بوو.
ـ سەری مەشەدی ڕەحیم سڵامەت
ـ ئێستا دەبێ کڵاوەکەی لاجە ولاج دابنێ.
کەڕەم لە ڕیزوان ڕاماوە. ڕیزوان بە دەم شاتر حەبیبەوە پێدەکەنێ، شاتر بە پێکەنینەوە وەڵامی دەداتەوە و ئەحواڵی دەپرسێ. ڕیزوان چارشێوەکەی لادەدات، خۆیەک نیشان دەدات و چارشێوەکەی پێدادەداتەوە. بە غەمزەوە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: خودا شوکر.
ڕیزوان چارشێوەکەی لا دەدات، باڵا و سینگ و بەرۆکی لەبن کراسەکەیەوە چاوگرن. کەڕەم و شاتر چاویان دەلەوەڕێنن و بەسەر سینگی ڕیزوانەوە کە لە هی بلوور خانمیش گەورەترە، تەوافێ دەکەن. ڕیزوان خۆی بادەدات و بسک و ئاگریجەیەک نیشان دەدات.
ژنانی گەڕەكێ لە پشت سەری ڕەحیم کەردار دەستیان بە قسان کردووە؛
ـ بە سەری پیری و کڵاوی قوڕمساغی
ـ تو خودا خوشکێ وا مەڵێ، ئەو پیرە پیاوە ماڵوێرانە بزانێ دیق دەکات.
ـ کچێ خوشکێ ئەوە دەڵێی چی. ژن کە خراپ بوو، بەر لە هەموو کەس مێردەکەی دەزانێ.
ـ یانی دەڵێی لە چاڵە خشتەکانی کورەخانەیدا دەزانێ؟
چاوی کەڕەم دەگەڵ بەر و سمتی ڕیزوان هەتا دەروازەی حەسارێ دەچێت. هەتا لە چاوان ون دەبێت بەڕێی دەکات. خاجە تۆفیق دەستی شاتر حەبیب دەگرێ و پێی دەڵێ:
ـ چ خودا بەردارە دەبی بە باعیسی ڕسق و ڕۆزی ئەم پیرێژنە.
شاتر چاوێک لە سەنەم دەکات؛
ـ ئەدی خودا هەڵدەگرێ، ئەم پیرێژنە ببێتە باعیسی ڕسق و ڕۆزی دە ـ دوازدە سەر عایلەی من؟
شاتر حەبیب یازدە منداڵی هەیە، بەرەی دایکێک. نۆیان کچن و دوو کوڕ. ئەوی هەرە گەورەیان سێزدە ساڵە. پاشەبەرەش شەش مانگانەیە. تازە ئەوە کچێکیشی مردووە و ئێستاش خێزانی دووگیانە.
بابم هەمیشە دەڵێ:
ـ خودا ڕسق دەدات.
میرزا نەسروڵڵا دەڵێ:
ـ ئەوەی ددان دەدات، نانیش دەدات
شاترحەبیب پێ مل نابێ و دەنگ بەرز دەکاتەوە و دەڵێ:
ـ یان ئەو دووکان و بازاڕەی کۆدەکاتەوە، یان بەیانی دەچم بازڕەسی شارەداری دێنم.
سەنەم بێزار بووە دەڵێ:
ـ بڕۆ “بادڕەس” بێنە، هەر گوویەک پێتخۆشە بیخۆ.
شاتر حەبیب لە دین دەهری دەبێ
ـ عەنتەر! ئەتۆ دەخۆم کە لە گووش پیستری.
کەڕەمعەلی پەلاماری شاتر حەبیب دەدات. خاجە تۆفیق پێشی پێدەگرێ. شاتر حەبیب بە جنێودان وەدەردەکەوێ. کەڕەم لە جێی خۆی وەستاوە و دەگوڕێنێ. زمانی نایەتە گۆ هەر قیڕەی دێ.
بانوو لەدەرگای ژووری خۆیانەوە بانگی خاجە تۆفیقی باوکی دەکات. خاجە تۆفیق بە سەنەم دەڵێ؛ هەر بیریشی لێمەکەوە، هیچی پێ ناکرێ. پاشان دەستی کەڕەم دەگرێ و دەڵێ:
وەرە کوڕم وەرە ئیستکانێک چا بخۆوە.
بەروچادانی خاجە تۆفیق هەموو دەم و ساتێک لەپەنا مەقەڵییەكەی ئامادەیە.
کەڕەم دەگەڵ خاجە تۆفیق وەڕێ دەکەوێ. سەنەم دەنگی دەدات و دەڵێ:
ـ کەڕەم وەرە ئەو نانانە جێبەجێ بکە.
***
ئەماناغا دوای نانی نیوەڕۆ بۆ کڕینی چای قاچاغ بەرەو شووش کەوتە ڕێ، لەوانەیە پێویست بێ تا عەمماڕەش بچێ.
سواری دووچەرخەی ئەماناغا دەبم و دێمەوە ماڵێ. وڵات تەواوێک تاریک داهاتووە. سەرمایەکی بێڕەزایە. بلوور خانم چاوێک بە حەسار و دەرک و باندا دەگێڕێ و دێتە ژوورەکەی ئێمە. ئێستا دەزانم دایکم لە هەموو شتێک تێگەیشتووە و حاڵییە، بەڵام وەڕووی خۆی ناهێنێ. بلوور خانم سڵاوێ دەکات و لەپەنا مەقەڵییەکە دادەنیشێت. پاکەتێکی گوڵەبەڕۆژە پێیە. بلوور خانم قەت بێدڵی خۆی ناکات و هەمیشە ئەم چەشنە شتانەی لە ژوورەکەیدا هەیە. هەرکە دانیشت دەستی پێکرد؛
ئیدی لە تامی بردۆتە دەرێ هەموو ڕۆژێ خۆی تیفتیفە دەدات و وەدەردەکەوێ. بەدبەختە مەشەدی ڕەحیم خەریکە بە کاری کورەخانە گیانی دەربچێ، تا ئابڕووی نەچێ. دایکم چاوێکی لە بلوور خانم کرد، چاوێک و هەزار مانا. بلوور خانم نوتقی بڕا، سەری داخست و متەقی لێنەهات. پاشان گوڵەبەڕۆژەی بۆ دایکم ڕاگرت و فەرمووی کرد. دایکم چای بۆ تێدەکات.
ئێوارێ کە لە قاوەخانەڕا گەڕامەوە پێمگوت ئەماناغا چۆتەوە شووش. ئەویش گوتی: چاوەڕوانم دەبێ؛
ـ بێی ها! ئەگەر نەیەی، تازە ئیتر نەمدیوی و نەمناسیوی.
هیچم نەگوت بزەیەکم هاتێ و بەس.
ـ ناخەوم هەتا نەیەی.
نازانم بۆ دڵم بڕوا نادات بچم بۆ لای. بیر لە ئەماناغا دەکەمەوە، لە شەرمان ئارەقەی دەکەم. ئەگەر ئەماناغا هێندە دەگەڵ من باش نەبووایە دیسان شتێک بوو، خۆم پێ قانع دەکرد. نا ئیتر حەزناکەم بچمە لای بلوور خانم. چاوە بچووکەکانی ئەماناغا لۆمەم دەکەن و توانجم تێدەگرن؛
ـ خالید تۆ کوڕی منی
بریا جارێک شەڕێکی دەگەڵ کردبام، لێم تووڕە بووایە یان قسەیەکی ناشیرینی گوتبا، نا قەت؛
ـ خالید کوڕم ئەو ئارەقگیرەت پێ چۆنە، بۆت بکڕم؟
ئارەقگیرەکە لە کابرای دەستگێڕ وەردەگرێ و دەیداتە دەستم؛
ـ ها بزانە ئەندازەیە؟
چاوەکانی ئەماناغا لە پێش چاومن، دەلەرزم؛
ـ ئەتۆ هەر کوڕی منی خالید.
بەڵام بۆن و بەرامەی باوەشی بلوور خانم ئاراوقارای لێهەڵگرتووم. هەر گەرمای لەش و لاری نێ کە ئەژنۆم سست دەکات، شتی دیکەش دەگەڵ ئەو گەرمایە تێکەڵاوە کە لە گوتن نایە. سەرەڕای هەموو ئەوانە دیسان ئەماناغام دێتەوە پێش چاو، خاو دەبمەوە. هەڵڵا و هەنگەمەیەک لە دەروونم دا، هەر مەپرسە؛
ـ ماڵت نەشێوێ ئەو…ئەماناغا… ئەماناغایە هەر نەبڕایەوە؟ خودا داوێتی بڕۆ کەیفێ بکە.
بلوور خانم خەریکە حەقایەتان بۆ جەمیلە دەڵێ؛ بەڵام چاوی هەر بەسەر منەوەیە. لە چاوەکانی ئیشتیا و هەوەس دەبارێ. خۆی دەکێشێتە پێشێ و ئەژنۆی وە ئەژنۆم دەدات، دەمبزوێنێ. کەڵکەڵە دەبم. خۆ دەکێشمەوە پاڵ وەدیواری دەدەم و پەتووەکە بەسەر لاقم دادەدەم. بلوور خانم تێدەگا، چاو لە چاوم دەکات و پێدەکەنێ. دایکم خەریکە لیباسی گەرمم بۆ دەچنێ. کە لە باوکمەوە پووڵمان بۆ هات، چوو چەند کەڵافی کاموا کڕی و دەستی بە چنین کرد. پێش و پشتی کراسەکەم تەواو بوو هەر قۆڵەکانی ماون. دوو تا سێ ڕۆژی دیکە ئەوانیش تەواو دەبن. شەڵوارەکەم لەلای بەرگدروویە، وەریبگرمەوە، کەڵتە دەبمەوە و دەبمە پیاوێکی دیکە. ڕەنگی سوورمەیی و ڕەش لێک دەکاڵێنەوە، لەبەر خەڵکدا دیتوومە زۆر جوانە. دایکم گەلێک گەڕا تا کاموای سوورمەیی دیتەوە. دایکم چنینەکەی وەلادەنێ و لە بلوور خانم دەپرسێ،
ـ شێومان دەگەڵ دەکەی؟
خواردوویەتی ئەو چاک بە خۆی ڕادەگات، هەمیشە بۆنی چێشتی خۆشی لە ماڵەکەی دێ. دایکم هەڵدەستێ دەچێتە دەرێ چێشتەکە بێنێ بە من دەڵێ؛ خالید کەوڵەکەی ڕاخە.
ئەوشۆ گۆشتاومان هەیە لەوەتا سەنەم تەندووری داناوە ئەوە جاری دووهەمە لە تەندوورەکەی ئەودا دیزەی گۆشتاو وەسەردەنێین. بلوور خانم چیرۆکان دەڵێت و بە چاو و برۆیانیش حاڵیم دەکات کە نیوەشەو لەبیر نەکەم و بچمە ژوورەکەی. پیس پێوە بووم. هەرچی بیر لە ئەماناغا دەکەمەوە زۆرتر لەبەر بلوور خانم هەڵدێم. دەڵێم نیوەشەو بچم و قسەی ئاخری پێبڵێم. پێی بڵێم کە شەرم لە ئەماناعا دەکەم. پێی بڵێم کە ناتوانم سەرجێیی دەگەڵدا بکەم.
بلوور خانم بەردەوام دەبێ و کەڵکەڵەم دەکات و بە چاو و برۆ تێمدەگەینێ. ئیدی حەوسەلەم بە سەرچوو، دەڵێم
ـ باشە بلوور خانم باشە حاڵی بووم، تێگەیشتم.
جەمیلە خەواڵوو چاو هەڵدێنێ و لێم دەپرسێ،
ـ چ حاڵی بووی کاکە خالید؟
هیچ ناڵێم. ئەویش پرسیاری دیکە ناکات. بلوور خانم چیرۆکەکەی درێژە پی دەدات. دایکم دێتەوە ژوورێ. نان ورد دەکەین بۆ تلیت و دە قاپەکەی دەکەین و گۆشتاوەکەی بە سەردا دەکەین. بۆنی گۆشتاو، گۆشتاوی دیزەی ناو تەندوور، ئەوەندە خۆشە پیاو زاری ئاو دەکات. نۆکی درشت، لیمۆ عەممانی، پلە گۆشت و دووگەی هەلا هەلا بوو بەیەکەوە سەمفۆنیایەکە. لەوەتا باوکم چۆتەوە کوەیت پێنج مانگێک تێپەڕ بووە، ئەوە جاری چوارمە خواردنی وا خۆش دەخۆین. ڕۆژەکانی هەوەڵی دایکم مەنجەڵە مسەکەی لەژێر چارشێوەکەی نا، بردی و لە بازاڕی مسگەران فرۆشتی و چەند ڕۆژ ژیانمان مەیسەر بوو، بەڵام دیسان وەزعمان تێکچوو. کەچی ئێستا لەوەتا باوکم پووڵمان بۆ دەنێرێتەوە هاتووینەوە سەرەخۆ و باشترین. ئەو جارە پووڵ بنێرێتەوە لەوانەیە لووبیا پڵاویش بخۆین.
ـ فەرموو بلوور خانم
ـ نۆشی گیانتان بێ
جەمیلە دەکشێتەوە دوایە، تێر و تەسەلە. دەچێ دەخەوێ. دایکم کەوڵی نانی کۆدەکاتەوە و دەست دەکاتەوە بە چنینی کراسەکەی من. بلوور خان دەگەڵ دایکم قسان دەکات. هەڵدەستم دەچمە دیوەکەی باوکم. لەوەتا باوکم چۆتەوە کوەیت، شەوانە لە ژوورەکەی ئەو دەخەوم. بلوور خانم بەئەسپایی قسان دەکات. گوێ هەڵدەخەم. وەک بزانم باسی “مەهین جیجۆ” دەکات. وێدەچێ زانیبێتی کە جاروبار دێتە قاوەخانە و دەگەڵ ئەماناغا دەمێنێتەوە.
ـ ئا.. ئا.. بیستوومە ئەو ژنەتیوە سەلیتەیە دەباتە قاوەخانە…
گوێم لە دەنگی لێکدانی ئیستکان و ژێرپیاڵان دەبێ.
ـ دەمهەوێ شەوێک هەستم بچمە قاوەخانە و بەسەریاندا بدەم و حەیایان بەرم.
ـ ئەو کارەی نەکەی.
ـ دەبێ بەڵایەکی بەسەر بێنم کە ئیتر لەو غەڵەتانە نەکات.
ـ لێک ئاشکرا بن و ددانی لێت سپی بێتەوە لەوەش خراپتر دەکات.
بلوور خانم باسی برا گەورەکەی دەکات کە سەرەنجام ژنەکەی تەڵاق داوە و ڕووسپێکی هێناوەتە سەر ماڵێ.
بلوور خانم دێتەوە سەر باسی خۆی و دەڵێ:
ـ ئاخر بڵێ چیت دەوێ کە من نیمە؟ بەروسفرەی عارەق خواردنەوەت بۆ دانانێم؟ کە دایدەنێم. پێت ڕاناگەم؟ کە دەگەم. بۆسەر جێگا بێدڵیت دەکەم؟ کە نایکەم. ئەدی…
دایکم دەڵێ:
ـ ئەگەر لە لاقانی هاڵێی، خراپتر دەبێ. لێیگەڕێ بۆخۆی دێتەوە سەر عەقڵ.
ـ هەی قوڕ بە سەری و سەڵا لە عەقڵی. نازانم چۆن کەوچێک لە زاری دەنێ کە لە دمی هەزار کەسی دیکە، نراوە.
دیسان دەنگی ئیستکان و ناڵبەکییان دێ. چاوم قورس بوون. دەنگی دایکم دەبیسم کە لەبەرخۆیەوە نارەناری دێ. نارەی دایکم، نارەی ئەو دوورە دەستانەیە کە بە فەرسەنگ لێی دوورە.
نیوباڵتۆکەم بە شانمدا دەدەم، لایەکی دەرگا دەکەمەوە و دەچمە دەرێ. دەرگای گشت ماڵەکان داخراون. تاریکەسەلاتە. لەسەر پەنجان و بەئەسپایی بە پێش متبەق و پاشان سایەوانی وڵاغەکاندا دەڕۆم. لە نزیک کۆترخانە ماتەیەک دەکەم و هەست ڕادەگرم، شەوێکی ساردە، هەڵە نەبم دەبێ ئاوی حەوز بەستبێتی. گوێم لە کۆخەیەک دەبێ، لە ژووری خاجە تۆفیق ڕا دێ. خەوی هێند سووکە مێشوولە ویزەی بێ بەخەبەر دێ. دەڵێن تریاکی خەویان نییە، خەونووچکەیان هەیە. خۆیان دەڵێن؛ دەمی نەخەو و نەوشیاری ترۆپکی خۆشییە. دەنگی پڕمەی وڵاغان دێ. با دەنگی قەتار و فیکەی دەگەڵ خۆیدا دێنێ. دەنگەکە بەرز و نزم دەبێت، مەودایەکی باش دەڕوات و دەگەڕێتەوە. ئەگەر دەنگی قەتاری ئەرتەش بێ کە لە بەندەرەوە تەقەمەنی دێنێ، ئەوە سەعاتێک لە نیوە شەو لایداوە.
بندیوار و بندیوار بەبەر کۆترخانەدا دەڕۆم، تا وەتاغی بلوور خانم چەند هەنگاوێک زۆرتر نییە. دەرگای ژووری سەنەم دەجووڵێتەوە، پێش ئەوەی بکرێتەوە خۆ دە مستەڕاح داوێم و بێدەنگ دەمێنمەوە. دڵەکوتەمە. مستەڕاح تاریکە چاو چاوێ نابینێ. دەنگی پێیەک دێ. کەڕەمعەلی فانۆس بەدەست دەگاتە پشت کەرباسی مستەڕاح. دەکۆخم، پەردەی مستەڕاح بەردەدا، دەکشێتەوە و دەپرسێ
ـ کێیە؟
ـ منم ئێستا دێمە دەرێ
فانۆسەکەی دادەنێ. لە مستەڕاح دێمەدەرێ. سەبرایەک بەرەو کەپرەکە دەچم. کەڕەم دەچێتە مستەڕاح. دوودڵم، ئەگەر بچمەوە ژوورەکەی خۆم، زەحمەتە بتوانم بێمەوە دەرێ. خێرا دەگەڕێمەوە و لەسەر پەنجان بەرەو ژووری بلوور خانم دەچم، دەزگیرەی دەرگا دەسووڕێنم، قفڵ نییە. دەچمە ژوورێ. بلوور خانم بەخەبەرە.
ـ ئەتۆی خالید؟
ـ هیــس!
ژوورەکە گەرمە. پێی دەڵێم کەڕەم لە مستەڕاحێیە. شۆقی چرای کۆڵان لە پەنجەرەوە ژوورەکەی ڕووناک کردووە. نیوباڵتۆکەم هەڵداوەسم و لەسەر تەختە خەوەکە لە تەنیشت بلوور خانم درێژ دەبم. جێگەوبانەکە بۆنی ئەماناغای لێدێ. بلوور خانم دەست لە ئەستۆم دەکات، دەستی وەلادەنێم. دەڵێ:
ـ بۆ؟
ـ بوەستە با کەڕەم بچێتەوە ژوورێ
ـ مەگەر لە دیوی ژوورەوە دەرگات قفڵ نەکردووە؟
بیانوو هێنانەوە لەخۆڕایە، نەدەبوو هاتبامە لای بلوور خانم، ئێستا کە هاتووم خۆ دزینەوە بێمانایە. دیسان دەست دەکاتەوە ئەستۆم. گەرم دادێم. لە باوەشی دەگرم دەستم دەخزێ و دەچێتە سەر بەر و سمتی. تنۆکەی دەبەردا نییە. پێدەکەنێ، دەڵێ؛ ئاوا باشترە، بۆم هاسان کردوویەوە. گەرم و گوڕی و بۆنی لەش و لاری ئاراوقارای لێهەڵگرتووم. دوگمەکانی کراسەکەم دەترازێنێ و شەوکراسەکەی خۆشی دادەکەنێ. ئێستا ڕووت و قووت وەک لاو لاو لێک هاڵاوین. هەناسەی گەرمە و گەرم داویسێ. هەست بەخۆشێیەکی بێبڕانەوە دەکەین. گڕ و تینی لەشمان تێکهاڵاوە. چەند جاران لەسەر تەختەخەوەکە یەکتر دەگەوزێنین. لێوم دەگەزێ و زمانی لە زارم دەنێ، دەیمژم. توند بەخۆیەوە ڕێکم دەکوشێ. زگمان بە زگی یەکەوە نووساوە. هەردووکمان کەوتووینە هەناسەبڕکە. دەگەڵ جوولەی ئێمە تەختەخەوەکەش بە جیڕە جیڕ ئاهەنگی خۆی دەژەنێ. پاش دەمێک هەناسەسوار بەتەنیشت یەکەوە بە ئارامی لەسەر پشت درێژ بووین. چاوەکانی ئەماناغام لێ پەیدا دەبنەوە، ڕادەچڵەکێم، دەڵێ:
ـ خالید ئەتۆ وەک کوڕی خۆم وای… ئەتۆ هەر کوڕی منی.
… کە پێ لە ژووری خۆمان دەنێم، دایکم دەنگم دەدا. دەنگی، توانجی تێدایە. هەڵدەستێ لەسەر جێگەکەی دادەنیشێ؛
ـ خالید ئەوە لەکوێ بووی؟
ـ هیچ دایە… چوومە دەرێ
ـ تەنگاوی؟
ـ چۆن
ـ ئاخر زۆرت پێچوو.
تەواو هەست بە سەرزەنیش و لۆمەی دایکم دەکەم. هیچ ناڵێم، نیوباڵتەکەم هەڵداوەسم و دەچم لەسەر جێگاکەم درێژ دەبم. سوێند دەخۆم تازە ئیتر نەچمەوە لای بلوور خانم و کارم بە کاری نەبێ.
ئێستا ئیتر مناڵە مەدرەسەییش ئەو نەوارە سپێیان لە سینگیان داوە،
“سەنعەتی نەوت دەبێ میللی بکرێ.” بیدار بە منی گوت کە من نابێ ئەم نەوارە لێبدەم.
ـ ئەوە خۆڕانانە، پیاو نابێ لەخۆڕا خۆی دەرخا و خۆی ئاشکرا بکات.
بیر لە قسەکانی دەکەمەوە کەم تا کورتێک تێدەگەم، بەڵام نەک بە تەواوی.
موشتەریم بۆ کۆترەکان پەیدا کردووە، یانی دەگەڵ برایم پەیدامان کرد. هەر چاردە کۆترمان لە تەلیسێک کرد و تەسلیمی جاسممان کرد. گەلێکم غەم بوون. لە حەفتا و دوو تمەن، دووتمەنم دا بە برایم.
ـ خۆ تۆ گوتت؛ نیوە بە نیوە.
ـ بەڵام تۆش بڕیار وابوو خزمەتیان بکەی و دان و ئاویان بدەیەی. ئێشتا دەمێکە وە ماڵێ ناکەوێوە و بەردەوام لەلای خالەق و چینۆقی.
ـ دەی باشە پێنج تمەنی دیکەم بدەیە.
ـ نا، تۆ ئێستا کار و کاسبیت باشە.
دەکەومە ڕێ بچم دەرزی و دەرمان بۆ حەسەنی بکڕم. ئەو باسەم دەگەڵ برایم نەکرد و هیچم پێنەگوت. هەتا بگەڕێمەوە، حەسەنیش لە کورەخانە ڕا دێتەوە. دەبێ بیبەمە لای عەلی ئاغا. هەروەها دەبێ وا بکەم مەشەدی ڕەحیم سۆزەی نەکات. پووڵی دەرزییەکان و لێدانەکەی بوو بە سی و دوو تمەن.
ـ یانی عەلی ئاغا، حەسەنی بەم دەرزییانە چاک دەبێتەوە؟
ـ قەولت پێدەدەم، دوای ئەو دەرزییانە هەموو چڵک و کێم ئیشک دەبێت.
دایکم لە حیسابی پووڵی کۆترەکان دەپرسێ. بە درۆ دەڵێم:
ـ فرۆشتمن بەچل و دووتمەن. دەتمەنم دا بە برایم چونکە مشتەری بۆ پەیدا کردبووم.
ئیتر باسی دەرد و داو و دەرمانی حەسەنی ناکەم. ئەگەر پێویست نەبا، حەزم نەدەکرد، درۆی دەگەڵدا بکەم.
ژمارەیەک لە چراکانی شەقامی حکوومەت شکاون. ئەوە یەکەمجارە ببینم چرای ئەم شەقامە کوژابنەوە. لەژێر ئەوانەی وا دایسێن پۆل پۆل گەنج وەستاون و بەیەکەوە قسان دەکەن. کە بە پێشیاندا تێدەپەڕم، نیوەچڵ گوێم لێدەبێ؛ بە وەی دەڵێن:
ـ جەبری تاریخ…
لەسەر و سەکوتیانڕا دیارە مناڵە مەدرەسەیین، خوێندەوارن.
ـ جەبری تاریخی چی، ئەزیزم ئەوە هەمووی دووکان و بازاڕی خۆیانە،
هەنگاوەکانم شل دەکەمەوە تا زۆرترم گوێ لێبێ؛
ـ ئەو سیاسەتە تازە لە قاو دراوە، پەتەیان کەوتۆتە سەر ئاو. ئەو سەردەم گوزەرا، کە قومە ئاوێکیشمان خواردباوە دەیانگوت؛ سیاسەتی ئینگلیسییانە. ئێستا خەڵک چاو و گوێی کراوەتەوە. دنیا گۆڕدراوە.
یەکیان گەرووی ساف دەکات و بە دەنگی بەرز دەڵێ:
ـ لە ئەندونێزی تا ئەندەلێس ئاڵای خەباتی لە خوێندا شەڵاڵی تۆڵە، دەشەکێتەوە…
بە دەم ڕێگاوە دەگەمە دەستەیەکی دیکە. لە خوار بینای فەرمانداری دەنگیان لێک بڵیند کردووە، ڕەگی ملیان لێ ئەستوور بووە، هەر بینا لە دەم و فڵچی یەک بدەن.
بەر دەروازەی بینای فەرمانداری لە جیاتی پاسەوانێک دووی تفەنگ بەدەستی لێ ڕاوەستاوە. جاران هەر باتوومیان پێبوو. ژمارەی ڕۆژنامەفرۆش زیادی کردووە، بە کووچە و کۆڵاناندا دەگەڕێن، هاوار دەکەن و ڕۆژنامە دەفرۆشن. هێندێکیان دیارە ڕۆژنامە فرۆش نین. بیدار پێیگووتم: سبەی کاتژمێر پێنجی پاشنیوەڕۆ بچم یارمەتی ئازاد بدەم و ڕۆژنامە قەد بکەین، پاشان بۆ شەوێڕا دەستەیەک بەرم لە شەقامی تیمسار بیانفرۆشم.
لەسەر چوارڕێیانێ چەند کەسێک کۆبوونەوە، لەخۆیان نووساون، دیارە مناڵە مەدرەسەیین.
ـ هەمیشە ئیستعمارگەر بە دەستی خۆی گۆڕی خۆی هەڵدەقەنێ.
ـ ئێوەش هەر دڵتان بەم قسانە، بەم ئیسم و میسمانە خۆش بکەن. کەس بە ڕبەتان ناپێوێ.
ـ ئیسم و میسم!؟…مەردی حیسابی ئەوە مێژوو سەلـماندوویەتی.
ـ بەڵێ، باشە، با بڵێین مێژوو نیشانی داوە. بەڵام پێم بڵێ ئەوەش مێژوو نیشانی داوە و جەبری تاریخە کە لە یەک وڵاتدا هەر دەبێ نەوتی جنوب(باشوور)میللی بکرێ!؟
خۆ دەگنخێنم و ڕادەوەستم تا درێژەی قسەکانیان ببیستم.
ـ ئەگەر ڕوانگە و جیهانبینی مارکسیستییت هەبوایە هیچکات ئەم قسەیەت نەدەکرد.
ـ مەبەستت چێ؟ بۆ نابێ نەوتی شیمالیش (باکوور)میللی بکرێ؟ ئەوە چ پێوەندییەکی بە جیهانبینی مارکسیستییەوە هەیە؟
خوێندەوارن، قسەکانیان بۆ من قورسن. لێیان تێناگەم، بەجێیان دێڵم و دەڕۆم.
قاوەخانەی مورشید لە خەڵک جمەی دێ. دەنگی ڕادیۆکە کز کراوە. موشتەری پاڵیان وێکداوە. لە دەوری کوڕێکی گەنج کۆبوونەوە. کوڕە بە دەنگی بەرز ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە. دەوێستم و گوێ دەگرم.
…ئەوە هاواری بیست میلیۆن ئینسانی بەتاڵانچوویە کە بۆ بڕینی دەستی جەردەکان پاڵیان وێکداوە. هاواری حەقخوازانەی بیست میلیۆن ئینسانی بەشەڕەفە کە ساڵەهای ساڵە لەژێر پۆستاڵی ئیستعماردا دەپڵیشێنەوە. ئەوە هاواری ئاشتیخوازانەی خەباتکارانی میللەتێکە…
وەبیرم دێتەوە، دەبێ بچم دەرزی و دەرمان بکڕم. دەکەومە ڕێ. تەواوی دار و دیوار دروشمیان لەسەر نووسراوە. ڕەنگی جۆراوجۆر، شین، بنەوش، سوور و ڕەش.”لە جیات تۆپ نانمان دەوێ”، “ئاشتی سەردەکەوێ”، “دەستی ئیستعمارگەر لەم وڵاتە کورت دەکەینەوە”. شەقامی پەهلەوی لە هەموو ڕۆژان قەرەباڵغترە. بەرەو دەواخانە دەچم لێرە و لەوێ گوێم لێدەبێ، خەڵک قسان دەکەن.
ـ بەڵکوو گەمارۆی ئابووری…
ـ هەتا دنیا…
ـ تەنیا یەکگرتوویی و هاوپشتی …
ـ بە مست لە دمی دەدەم…
ـ ئەو هەموو چەپڕەوییە مەترسیدارە
یەکێک پێی لە پێم دەنێ. لێی وەردەسووڕێم و دەڵێم؛ کاکە ئاگات لەبەر پێت بێ! پێدەکەنێ و ئیعلامیەکم لە مستی دەنێ. هەتا دەگەمە دەواخانە ژمارەی ئیعلامییەکان دەبنە سێ.
دەواخانە شلوقە. مشتەری سەفیان گرتووە، بەنۆرە وەستاون. چەند کەس دانیشتوون و ڕۆژنامە دەخوێننەوە. چەند کەسێک ڕاوەستاون و قسان دەکەن؛
ـ گریمان کردم ئەوە ئینگلیسییەکانمان وەدەرنان…
ـ ئەوە هەر گریمانەیە
ـ بەڵێ باوابێ، پێم ناڵێی بە کام کەشتی و پاپۆڕ نەفتەکەمان بەڕێ دەکەینە هەندەران؟
ـ جا ئەوە بۆ خەم دەبێ؟
ـ بۆ تۆ پێتوایە ئەوە گرفتێکی هاسانە؟
ـ ئەگەر دەستی ڕۆژاواییەکانمان(غەربییەکانمان) لەکۆڵ بێتەوە، ڕۆژهەڵاتییەکان( شەرقییەکان) یارمەتیمان دەکەن.
ـ پەح، بەوەی دەڵێن لە کۆلکە ڕەوینەوە و بەسەر بەرازدا کەوتن.
ـ پێم سەیرە!؟ یانی تۆ فەرقیان پێ ناکەی؟
ـ فەرقیان چییە؟ ئیستعمار ئیستعمارە، چ ڕەش بێ و چ سوور.
ـ پەکوو! ماوتە کاکە ماوتە، ئەتۆ تێناگەی.
ـ بۆ پەکوو؟ بە باوەڕی تۆ فەرقیان هەیە؟
ـ ئەگەر حکوومەتێک چەوساندنەوەی کەسیی، ئینسان بە دەست ئینسانی چارەسەر کردبێ، دڵنیا بە دەتوانێ پرسی ئیستعماریش چارەسەر بکات. چونکو ڕەگ و ڕیشەی ئیستعمار لە چەوسانەوەی مرۆڤەکان بەدەست یەکتر، دایە.
دەرزییەکان وەردەگرم و لە دەواخانە دێمە دەرێ. شەقامی پەهلەوی یەکی دیکە هەڵناگرێ. یەکی وردەڵە تیژ بە نێو جەماعەتدا پێدەگرێ و بەیانییە بڵاو دەکاتەوە، دوو کەسی دیکە خێرا دوا بـەدوای ئەو دێن، ناهێڵن بخوێنرێتەوە لە دەستی عالەمیان دەردەکێشن. پێش کتێبفرۆشی موجاهید خەڵکێکی زۆری لێکۆبووەتەوە، لەوانەیە چاپی تازەی نەهجولبەلاغە هاتبێ. دەستێک بۆ شەفەق ڕادەوەشێنم، دەست ڕادەوەشێنێ. گیرنابم، دەڕۆم. لە شەقامی پەهلەوی لێدەهاڵێمەوە بۆ شەقامی تیمسار. پیاوێکی بە ساڵاچوو شەڵوارەکەی تا سەر چۆکان هەڵوێزنیوە، سەتڵێک ئاوی بەدەستەوە، جنێوان دەدات و دیوارە تازەدانراوەکەی لە دروشمان دەشواتەوە. قەحبە دایکانە پێیان وایە ئاوا ئینگلیسیان بۆ دەردەکرێ. سەیرکە چۆنیان وڵات پیس کردووە.
دوو گەنج کە ڕۆژنامەیان لەبن هەنگڵ دایە بەوێدا تێدەپەڕن، گاڵتەی پێدەکەن و دەڵێن:
ـ مامە شەو کێشکی لێبکێشە، نەکا دیسان بینووسنەوە.
ـ هەر دوو حیزی وەک ئێوەن ئاوا دەکەن. پێتان وایە دیواردانان بەخۆڕاییە، نازانن خشت هەزاری بە سەد تمەنە.
تۆزێ خوارتر ژمارەیەک لە پێش دەرگای نانەواخانە ڕاوەستاون. ڕادیۆ دەنگی بەرزە و وێژەر بە دەنگی بەرز پڕوپاگاندە بڵاو دەکاتەوە. لێرە بەولاوە ئیسفاڵت نییە. بارانی چەند ڕۆژ لەمەوبەر لێرە بەو لاوەی شار، قوڕێکی زۆری لەپاش خۆی جێهێشتووە. بندیوار و بندیوار دەڕۆم، چەند جاران هەڵدەخلیسکێم. دەگەمە دووکانی مێهدی بەقاڵ، چەند کەسێک لەبەر دووکان وەستاون. وێژەری ڕادیۆ دەخۆی نووساوە و بەردەوام سڵاوەتان لەدیداری خاوەنەکەی دەدات.
حەسەنی لەبەر دەرگای ماڵەوە کز و لارەمل وەستاوە. باڵتە کۆنەکەی باوکی لە خۆیەوە پێچاوە، ئاوی لووتی دێ و لەسەرمان دەلەرزێ. دەرزییەکانی نیشان دەدەم. بزەی دێتێ و دەڵێ؛ لە کوێت بوو؟ پێی دەڵێم. خەم دایدەگرێ. دەست لەسەر شانی دادەنێم و دەڵێم؛ بیری لێمەکەوە، کۆتر دەکڕدرێتەوە، دەنگدە با بڕۆین بۆ لای عەلی ئاغا. دەبێ تا یەک هەفتە هەموو شەوێ بچی و دەرزییەکانت لێبدات.
مەشەدی ڕەحیم چۆتەوە مزگەوت. حەسەنی پاشپانێی پێڵاوەکانی هەڵدەکێشێ و دەکەوینە ڕێ.
***
قاوەخانەی ئەماناغا پڕە، دەرزی لێ هەڵاوێی وەعەرزی ناکەوێ. چاوەڕوانی خەبەرانن. پۆل پۆل بەیەکەوە قسان دەکەن. قاوەخانە گەرمە. دووکەڵی قەننە و سیغار بەسەر سەری مشتەرییانەوە چەتری هەڵداوە. سەیری دەرەوە دەکەم، هەورە. لە پەنجەرەی لای ڕۆژهەڵاتەوە مەشخەڵی سەر چاڵە گازەکان دەبینم، پرتەقاڵێکی جوان سەر و خوار دەکەن و لە سەما دان. جاڵجاڵۆکە نەشئەیە، بە کلکی گوێز دەشكێنێ. وەک هەلووک هەڵدەسووڕێ و کاران ڕادەپەڕێنێ. یەکێک بانگم دەکات؛
ـ خالید قەننەیەکی بێنە.
بەرەو جامی تووتنەکە دەچم، لەناکاو دەنگی ڕادیۆ دەبڕێ. دەگەڵ بێدەنگ بوونی ڕادیۆ مشتەریش کپ دەبن، دەڵێی کەس لە قاوەخانەدا نییە.
ئەماناغا دەڵێ:
ـ جاڵجاڵۆکە ئەو ئیستکانانە لێکمەدە!
وێژەری ڕادیۆ سەرنجی بیسەران بۆ هەواڵێک ڕادەکێشێ.
ئەو ڕۆژانە هەموو کەس تینووی خەبەرن.
ـ خەبەری تازە چ هەیە؟
ـ بیستووتە سەرۆکی دەوڵەت چی گوتووە؟
ـ دەڵێن ئینگلیسییەکان هەڕەشەیان کردووە
پشوو ڕاگیراون، کەس هیچ ناڵێ، مژۆڵ لێکنادرێن. سەیری یەکتری دەکەن. دەنگی وێژەر بە ڕوونی دەبیسترێ. هاوارێک لە بیسەران بەرز دەبێتەوە. دەبێتە مەقۆ مەقۆ. سەرۆکوەزیران تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
ـ نەیگوت لەکوێ؟
ـ لە مەجلیسی سەرەخۆشی.
ـ مەگەر نەتبیست؟ لە مزگەوتی شا.
ـ ئاخری لێیان دا؟
ـ ئاخر بە هیچ شێوەیەک نەدەهاتە ڕەدایە.
بەشی سێ
خالید، سێشەممە کاتژمێر پێنج کۆبوونەوەمان هەیە.
ـ لە کوێ؟
بیدار ناو و نیشانەکەم پێ دەڵێ. تێکڕای قسەکان بۆ من تازەن، دەرگای دنیایەکی نوێ بەڕوومدا دەکرێتەوە. چاو و گوێم دەکرێتەوە. لە باس و خواسی ناو کۆبوونەوەکان ڕا، تێدەگەم، بۆچی فەقیر و هەژارەکان ڕۆژبەڕۆژ باری ژیانیان قورستر و خراپتر دەبێت. بۆچی هەزارانی وەک بابم دەبێ بارگە و بنەیان بەکۆڵیان دادەن و بۆ وەدەست هێنانی پارونانێک بۆخۆیان و ماڵو مناڵیان ئاوارەی وڵاتان بن. بیر لە قسەکان دەکەمەوە، مانای هێندێکیان تێناگەم. دەبێ لەبیرم بن، لە بیدار بپرسم یان لەکۆبوونەوەی داهاتوودا بیانپرسم. شارەکە چووکە لەوانەیە پێش کۆبوونەوە تووشی هاوڕێیەکی دیکە ببم و پرسیار بکەم.
ـ خالید ساعەت هەشت و نیو وەرە دووکانی کەریمە شەل.
سەعات هەشت و نیو دەچم بەستەیەک ئیعلامیە وەردەگرم و دەیانبەمە شوێنی مەبەست، کە دەبێ لە ماڵانی هاوێم.
ـ خالید ڕۆژی هەینی نانی نیوەڕۆی دەگەڵ خۆت بێنە دەچین بۆ سەیران، دەچینە دەرەوەی شار.
بەیانی هەینی نان و پێخۆر لە دەسرەیەکدا دەپێچمەوە و وەڕێدەکەوم. جار هەیە سەدوپەنجا کەس دەبین. زۆربەیان دووچەرخەیان پێیە. لە پێش یەکێکیان سوار دەبم. لە شار وەدەردەکەوین و تا یەکێک لە دێهاتەکان وەک “شکارە”، “دغاغڵە” یان “زرگان” دەچین. لەوێ لەو دەشتە لەسەر چیمەن، بارگە و بنەمان بڵاو دەکەینەوە. لە سێبەری دارەکاندا و بە بۆنی خۆشی سەوزە و گیا دەحەسێینەوە. هێلکەشکێنە دەکەین. لەنێو شەست کەساندا بە یەکەم دەردەچم. هانم دەدەن، چەپڵەم بۆ لێ دەدەن، هەست بەخۆشی دەکەم و کەیفم زۆر سازە. لەخۆشییان فیکەی سمێڵانم دێ. لەسەر دەستیان بڵیندم دەکەن و هوریا دەکێشن. پۆل پۆل دادەنیشن، قسان دەکەن. گوێ لە قسەکانیان دەگرم. دۆستی تازە پەیدا دەکەم. قسەکانیانم پێخۆشە، دەڵێی هەر ئەو قسانەن عومرێکە لەسەر دڵم بوونە گرێ و نەمتوانیوە بیاندرکێنم. کە نیوەڕۆ دادێ، هەموو بەدەوری یەکەوە دادەنیشین و هەرچی خواردنی پێمانە بەیەکەوە بەشی دەکەین. بەمشێوەیە جیا لە بابۆڵەیەک هێلکە و ڕۆنی خۆم دە جۆر چێشت و خواردنی دیکەش تام دەکەم. ئەوانەی وا لە ئێمە بەتەمەنترن لەسەر مووچە و مەزار و باغەکان قسە بۆ خەڵکی گوندەکان دەکەن. گوێیان بۆ ڕادەگرم. باسی ئیش و کاری دێهاتییان دەکەن کە چۆن بەرهەمی ئیش و کاریان دەچێتە گیرفانی خاوەن مڵکەکانەوە. باسی منداڵی دێهات دەکەن کە مەدرەسەیان نییە. باسی بێ دوکتۆر و دەرمانی دێهاتەکان دەکەن. باس لە دابەشکردنی زەوی و زار دەکەن. ئێوارە کە داهات وێکڕا بەرەو شار دەگەڕێینەوە. شەو کە دەگەمەوە ماڵێ، دڵخۆشم و شاییم بەخۆمە. هەتا خەوم لێدەکەوێ بەردەوام بیر لە قسەکانی ئەو ڕۆژە دەکەمەوە.
ـ خالید بەیانی سەعات دە وەرە گۆڕەپانی کۆتەڵ.
ئێستا ئیر تا ڕادەیەک تەشقی سەرما شکاوە، سارد نییە. هەورە، بەڵام باران نابارێ. هەتاوی مانگی ڕەشەمە گەرمە. کاروون پڕئاوە، هەستاوە، بە لافاو و خوڕێن بە بەستێنی چۆمدا دەخوشێ. بۆنی بەهار دێ. گۆڕەپانی کۆتەڵ پڕ دەبێ. قەرەباڵغە. دەستە دەستە خەڵک لە شەقامە جۆراوجۆرەکانەوە دەڕژێنە نێو مەیدان. خۆر لەسەر سەرانە. بەرەبەرە کە ئاپۆرەی خەڵک لە زیاد بوون دایە، دووکانداریش دەڕابەی دووکانەکانیان دادەدەنەوە. ئێستا ڕاهاتوون و دەزانن کە شلووق بوو، هەر کات لەوانەیە شتێک ڕوو بدات. لەوانەیە شووشەی دووکانەکان بشکێن.
زارکی پردەسپی بەستراوە، جەماعەت ڕێگای هامووشۆی ئۆتۆمبێلەکانیان قۆرغ کردووە. ئۆتۆمبێلەکان وێکڕا بۆڕ لێدەدەن. لەم هەڵا و هەنگەمەیەدا شەفەق دەبینم، بە نێو خەڵکەکەدا دێ و بڕیان دەدات. بەرەو زارکی پردەسپی دەچێت. کرێکارێکی ڕەشئەسمەری چوارشانەی بەدواوە کە بڵیندبێژێکی پێیە. لە بڵیندبێژەکەوە دەنگی شەفەق دەناسمە، دەڵێ:
ـ دۆستان ڕێگای ئۆتۆمبێلەکان چۆل بکەن…
ـ جووڵەیەک لە خەڵک دەکەوێ.
ـ دۆستان با بەهانە نەدەینە دەست کەس.
ڕێگا دەکرێتەوە، ئۆتۆمبێلەکان لەسەر پردەکە جووڵەیان تێدەکەوێ و هێدی بەرەو شەقامی پەهلەوی دەئاژۆن. لەناکاو باندرۆڵی دروشم دێنە ڕوو و لەسەر سەران دەشەکێنەوە. لە باشووری مەیدانەوە لۆرییەکی پشت ئاوەڵە دەرکەوت. پاشکۆی لۆری مێزێکی لەسەرە و لەسەر مێزەکە دەنگبەر دامەزراوە و دوو بڵیندبێژ لە دوو سووچی لۆرییەکە دیارن. دەو کاتەدا پیاوێکی تەمەن مامناوەندی دەچێتە سەرێ و لە پشت دەنگبەرەکە ڕادەوەستێ. دوو گەنجیش دەچن، لەوبەر و ئەوبەری ڕادەوەستن. کابرا دەست دەکات بە دروشمدان. وشە یەک بـەدوای یەکدا لە بڵیندبێژەکانەوە دەکەوێتە بەرگوێی خەڵک. خەڵک بێدەنگ، گوێیان ڕاگرتووە. دەنگی ئۆتۆمبێلەکان نایە و بۆڕ لێنادەن. تەنانەت ئۆتۆمبێلەکانی سەر پردیش وەستاون و ناجووڵێنەوە. کابرا کراسێکی شینی ئاسمانی دەبەر دایە، دروشمان کە دەدات دەست ڕادەوەشێنێ، قژی نەرمی بەسەر تەوێڵیدا بڵاو دەبێتەوە.
لە گۆڕەپانەکەدا هەموو جۆرە ئینسانێکی لێیە. کرێکاری شینپۆشی شەریکەی نەوت، کرێکاری چوارشانە و بە شانو و باهۆی شەریکەی ئاسنەڕێ ، کرێکارانی سیس و زەردهەڵگەڕاوی کارخانەی تەونی قوماش، شاگرد مەدرەسەیی، فەرمانبەر، دووکاندار و بازاڕی، کاسبکار، ژن، پیر و گەنج هەموو تێکەڵ بوون. کابرا قسان دەکات؛ پرس، پرسی نەوتە و پرسی ئیستعمارگەر؛
ـ ئێمە دەمانهەوێ دەستی تاڵانچیان لە نەوتی وڵاتەکەمان ببڕین.
هەزاران کەس لە نێو خەڵک وەباڵی بۆ بە ئەستۆی دەکێشن و هاوار دەکەن؛
ـ دەگەڵتین، وایە.
ـ ئێمە لە جیاتی تۆپ نانمان دەوێ.
ـ دەگەڵتین، وایە.
ملەقوتەمە، دەچمە سەر ئاسنەپەرژینی دەوری گۆڕەپانەکە. بەندڕۆل و ئاڵای ڕەنگاوڕەنگ بە دروشمی جۆراوجۆر لە مەیداندا دەشەکێنەوە. مستی گرێ دراو لەسەر سەران ڕادەوەشێن و شەپۆلان دەدەن.
ـ ڕێگە مەدەن دەڵاڵانی نەوت سەروەت و داهاتی وڵاتمان لە چەنگ دەربێنن.
ـ دەگەڵتین، وایە.
لەنەکاو دەنگی گوللەیەک دێ، دەنگی گوللەی یەکەم و دووەم و ئینجا سێهەم. خەڵک تێکداوێن. دروشمەکان کۆدەکرێنەوە، بڵێی یەک و دوو ئاسمان پڕ دەبێ لە ئیعلامیەی ڕەنگاوڕەنگ. لەسەر پەرژینەکە دێمە خوارێ. خەڵک بە شەقامەکاندا و هەر یەک بۆ لایەک ڕادەکەن. لەبەری باکوورەوە دەستەیەک پاسەوان باتووم بە دەست بەڕاکردن بەرەو گۆڕەپانەکە دێن. مەیدان خەریکە چۆل دەبێ. نەکاوگیر بووم، دەنگ تێکداوێن.
ـ تەقە کرا…
ـ تەقەی هەوایی بوو..
ـ ڕاکە بەو لایەدا …
ـ هاتن…
ـ کەس وەبەرهاتووە؟
ـ بەو لایەدا …ڕاکە!
هەموو ڕادەکەن. چەند کەسێک کەوتوون یارمەتی دەدرێن تا هەستنەوە. دەگەڵ جەماعەت دەکەوم و ڕادەکەم. هەڵەنگوتم. کەوتم. لاقم بادرا. دوو کەس بنباڵم دەگرن، دێمەوە سەرپێ. ئینجا بەجێم دێڵن. شەڵوارەکەم قوڕاوی بووە بە شەلە شەل دەڕۆم و لە مەیدان دوور دەکەومەوە. کە گەیشتمە یەکەم کۆڵان، لێهاڵامەوە. کەسێک بە دوامەوە. کەوتوومە کوێرەکۆڵانێک. ڕێی دەربازبوون نییە. دوودڵم، دەمەوێت بگەڕێمەوە. چەند کەسێک خێرا تێپەڕ دەبن. ئێستا گوێم لە دەنگی خەڵکە. قسەی سووک دەکەن دەنگی لێدان و کوتان دێت. دەمەوێ بجووڵێمەوە لاقم لەدوو نایە. بە شەلە شەل هەتا ئاخرین ماڵی ناو دەربەندەکە، دەچـم. گوێم لە دەنگی پێ دەبێ. دەنگی پێی قورس وەک دەنگی پۆتینی سەربازان. چار نییە لە دەرگای ماڵەکە دەدەم، خۆ بە حەسارێدا دەکەم. دەنگی پێیەکە لە دەرگا نزیکدەبێتەوە، چەند چرکەیەک دواتر دەنگەکە نامێنێ. سەرهەڵدێنم ژنێکی تەمەن مامناوەندی بەسەر سووڕماوی لەبەرانبەرم ڕاوەستاوە و لێم دەڕوانێ. لێوی دەجووڵێتەوە.
ـ ئەتۆ کێی؟
نازانم بڵێم چی. مینگە مینگێک دەکەم.
ـ خانم تکات لێدەکەم ئیزن بدە دەمێک لێرە وەمێنم.
ژنەکە هیچ ناڵێ. لەسەر یەکەم پلیکان دادەنیشم. ئازای بەدەنم ئارەقەیە.
کراسە چنراو سوورمەییە تازەکەم خۆڵاوی بووە. شەڵوارەکەم دەتەکێنم. دەنگی کچێکم گوێ لە دەبێ. دایە ئەوە کێ بوو؟ کچە خۆشی لە ژوورێڕا دێ، کوڕیژگەیەکی دەگەڵە. هەر دووکیان دێن لە تەنیشت ژنەکە ڕادەوەستن. چاوە ڕەشەکانی کچە دڵگیرن. نیگایەکی ڕەسەن و بێفێڵ. قژەکانی درێژ لەسەر شانی مزڵیان کردووە. کاکۆڵی هەتا سەر برۆکانی شانەکراو، داکەوتوون. باڵای مامناوەندییە. چرپەیەک بە گوێی دایکیدا دەکات. کچەکە بە گومانەوە سەیرم دەکات، چاوەکانی زەیتوونی دەنوێنێ. نا چاوەکانی هەر جارە و ڕەنگێک دەردەکەوێ. بەڵام ڕەش بەسەر هەموو ڕەنگەکانی دیکەدا زاڵە، دەبریسکێتەوە. کوڕەکە بێ دەنگە، دەستی لە پشت سەری گرتووە و سەیرم دەکات. دایکەکە قسەم دەگەڵدا دەکات. زۆر نەرم و هێدی دەپرسێ، لە مێتینگدا بووی؟
ئارەقەی نێوچاوانم دەسڕمەوە و دەڵێم:
ـ نا، ڕێبوارم. خەریک بوو تێپەڕ دەبووم.
خۆم لە شەرمی درۆی خۆم، لێوم دەگەزم.
ژنە پرسیی،
ئەی بۆ هەڵاتی؟
ـ دەترسام لەخۆڕا تووش بم و وە بەر ڕەشبگیری بکەوم.
ئێستا کچە بە دەنگێکی زۆر نەرم و دڵارا دەڵێ:
ـ هەستن وەرنە ژوور، تا وڵات چۆل دەبێت.
قسەم بۆ نایە، تا ئێستا هیچ کچێک بەم شێوە و ئاهەنگە دڵارایەوە قسەی دەگەڵ نەکردووم.
ـ هەتیوە چاک دەگەڵ بلوور خانم دەستتان تێکەڵ کردووە .
ـ بانوو ئەگەر جارێکی دیکە قسەی وا بکەی، ئەوە نییە دەیزانی هەرچی خراپە پێت دەکەم.
زاری هەتا بنان گوێی دەکاتەوە. ددانە زەرد و درشتەکانی دێنە ڕوو و دەڵێ:
ڕاوەستە با پەتەتان بخەمە سەر ئاو، ئینجا پێت دەڵێم پووتێک چەند سێیە.
هەمدیسان بە دەنگی کچە دێمەوە سەرخۆ؛
ـ ئاخر ئەوە باش نییە تۆ لەسەر ئەو پلیکانانە دانیشتووی.
ـ زۆر سپاس، ئەگەر ئیزنم بدەن چەند خولەک دادەنیشم، پاشان دەڕۆم.
ـ باشە ئەو چەند خولەکە لە ژوورێ دانیشە.
هەڵدەستم دەمهەوێ بڕۆم، لاقم لەدوو نایە. دادەنیشمەوە و دەڵێم؛
پیم وایە لاقم وەرگەڕاوە.
شەڵوارەکەم هەڵدەدەمەوە گوێزنگم هەڵمساوە.
ژنە دێتە پێش، سەیری لاقم دەکات و دەڵێ:
ـ زۆر پیس ئەستوور بووە.
ئاوی زارم قووت دەدەم، نیگام دەگەڵ نیگای کچەکە تێکەڵ دەبێت ، دەڵێم:
ـ دەبێ بڕۆم.
کچەی مانگڕوخسار، چاوڕەش، مژۆڵ درێژ، گوڵەندام، بە لەنجە و لار دێتە پێشتر و دەڵێ:
جارێ ئێوە هەر جۆرێک بێ، هەستن وەرنە ژوورێ.
ناتوانم بڵێم نا، هەڵدەستم، دەست بە دیواری دەگرم و بە هەنگڵەشەلە دەڕۆم.
ژوورەکە گەرمە. گەورە، دڵگوشا و دڵنەوایە. ڕەنگی جوانی پەردەکان، دیوار، فەڕش و مۆبڵەکان لێک دەکاڵێنەوە. هەڵبژاردنی کەلوپەلی ناوماڵ و ڕازاندنەوەی ژوورەکە، وەستاکارانەیە. مۆبڵەکان زۆر ڕاحەتن.
ژانی لاقم دەستی پێ کردووە. تا گەرم بوو چڵی دەدا، بەڵام ئێستا ژانێکی زۆری هەیە و بروسکان دەدا. کچە دەڕوات، فینجانێک چای دێنێ و دەگەڕێتەوە. ژنە ڕووبەڕووم دادەنیشێت. کچە فینجانە چایەکەم لەپێش دادەنێ و لەسەر جێدەستی مۆبڵێک دادەنیشێ. کوڕێژگەکەش لە تەنیشتی ڕاوەستاوە. چایەکەم لێکدەدەم، چاوم بە ڕانی دەکەوێ وەک وەی دەچێ شەڵوارەکەی بۆ لە قالب درابێ.
ژنە بە کوڕێژگەکە دەڵێ:
ـ بارام بڕۆ بزانە سەرشەقام چۆل بووە.
بارام وەدەردەکەوێ،
چایەکە بۆن دەکەم و قوم قوم دەیچێژم. دایکەکە دەڵێ:
ـ بەڵام ئێوە بەم وەزعە ناتوانن وەدەرکەون.
کچە دەڵێ:
ـ ژمارە تەلەفۆنی ماڵەوەتانم بدەیە با بڵێم کەسێک بەشوێنتاندا بێت.
بزەیەکم دێتێ. تێدەگەم کە ئەوان خراپ لە من حاڵین.
کچە بەردەوام دەبێ و دەڵێ:
ـ ئادرێسی ماڵەوەتانم بدەیە.
شەرم دامدەگرێ. کام ماڵ؟ ماڵی چی، کاروانسەرا، دیواری قوڕەسواخ، تەندوور و بارە کشپەڵی سەنەم، وڵاغەکانی ڕەحیم کەردار، داشقەی مام بەندەر، چوار تەگەری کەڕەم. دەرک و دەروازەی لە ڕەسمە چوو، هۆدە و ژووری بە قورم داپۆشراو یان حەسار و دەرکوبانی پڕ لە قوڕ و چڵپاو، کە ئێستا دوای بارانی ئەم چەند ڕۆژە گوێزینگی تێدا ون دەبێ.
دیسان درۆیەک دەکەم و دەڵێم ئەمن موسافیرم. کچە ناوچاوانی تێک دەنێت و دەڵێت:
ـ ئەی باشە بەم لاقەتەوە دەتهەوێ چ بکەی؟
دەست دەخەمە سەر دەسکی مۆبڵەکە، دەمهەوێ هەستمە سەر پێ. لاقی ڕاستم لەسەر عەرزی دانانێم.
ژنە دەپرسێ،
ـ بۆ هەستای؟
ـ دەبێ بڕۆم
کچە دەڵێ:
ـ بەڵام خۆ تۆ ناتوانی هەنگاوێکیش بڕۆی
دایکەکە دەپرسێ،
ـ لەو شارە کەست نییە؟
ـ شەفەقم بە بیردا دێ و دەڵێم:
ـ با… ئاشنایەکم هەیە، کتێبفرۆشی هەیە.
ـ ئەو کتێبفرۆشییە لەکوێیە؟
ـ لە شەقامی پەهلەوی، کتێبفرۆشی موجاهید.
بارام دەڵێ:
ـ دایە ئەمن پێدەزانم
ژنە دەڵێ:
ـ زۆر دوور نییە، باشە کوڕم غاردە بچۆ پێیبڵێ بێ.
بارام دەکەوێتە ڕێ لە شیپانەی دەرگا ڕادەوەستێ و دەپرسێ،
ـ ناوی چییە؟
ـ شەفەق
کچە لەسەر دەسکی موبڵەکە هەڵدەستێ و دێت لەلای دایکی دادەنیشێ. بەدڵ پێمخۆشە سەیری بکەم بەڵام شەرم دەکەم. نیگام دەگوێزمەوە سەر گوڵە سوورمەییەکانی فەڕشەکە. گوێزینگی لاقم هەر دێ و ئەستوورتر دەبێ. دادێمەوە، قەیتانی پێڵاوەکانم دەکەمەوە. ژنەکە پێمدەڵێ:
ـ زۆر پیس ئەستوور بووە، ئەگەر پێڵاوەکانت دەرهێنی باشترە.
دەزانم کە گۆرەوییەکانم کونە و پینەش کراوە، لاقم درێژ دەکەم و لێیدەگەڕێم.
ـ پێڵاوەکانت دەربێنە، ئاسوودە دەبی.
ـ نا، سپاس خانم، ناتوانم پێڵاوەکان دەربێنم.
ناوچاوانم ئارەقەی کردووە، پاڵ وە پشتیی موبڵەکەوە دەدەم و لە گۆشەیەکەوە سەیری ڕوخساری کچە دەکەم. هەست دەکەم ئەویش چاو لە من دەکات. دڵم دادەکەوێ، دەلەرزێم. لەرزینێکی نامۆ، بەڵام شیرین. لەسەرەتاکاندا کە سەیری بلوور خانمم دەکرد دڵم دەلەرزی. بەڵام ئەم لەرزینە و ئەو لەرزینە کوجا بە کوجا؟ فەرقی زۆرە. دڵم وەختە باڵ بگرێ و هەڵفڕێ.
دەنگی کچە وەخۆم دێنێتەوە، دەڵێ:
ـ چایەکی دیکەت بۆ بێنم؟
ـ نا، خانم زۆر سپاس.
ژنە دیسان پێداگری دەکات کە پێڵاوەکان دەربێنم؛
ـ هەر جۆرێک بێ، پێڵاوەکانتان دەربێنن، با بحەسێنەوە.
کرابایە ئێستا لێرە هەڵدەهاتم. ئەو گۆرەوییە لامەزەبانە. قەت بە مێشکمدا نەدەهات، کۆنە گۆرەوییەک وا تووشی ئەم کەترەیەم بکات. سەد جنێو و قسەی سووک بەخۆم دەڵێم: داوەشێی! دەتوانی سیودووتمەن بدەی بە دەرزی و دەرمان و لە گونی حەسەنیی خەرج بکەی، بەڵام ناتوانی سێ تمەن بدەی و جووتێک گۆرەوی بۆ خۆت بکڕی. دە بیچێژە دەی. دادێمەوە حەولێک دەگەڵ پێڵاوەکان دەدەم. جووڵەی ناکات. دەڵێی بە لاقمەوە درواون. دەسبەرداریان دەبم، پاڵدەدەمەوە، هەناسەیەک دەکێشم و سەیری بەری میچ دەکەم.
دایکەکە دەپرسێ،
ـ دەرنایە؟
ـ نەخێر خانم، ئەستوور بووە.
ـ ئەگەر لە هەوەڵێڕا بەقسەی من…
بارام دێتەوە ژوورێ. هەناسەبڕکە بووە. ڕوومەتی سوور هەڵگەڕاوە و ناوچاوانی ئارەقەی کردووە. دەڵێ:
ـ دایە! لەوێ نەبوو. کتێبفرۆشی داخرا بوو.
ژنە سەیری من دەکات.
سەردادەخەم و دەڵێم:
ـ بە جۆرێک بۆخۆم دەڕۆم.
دەست دەخەمە سەر مۆبڵەکان کە هەستمە سەرپێ.
ژنە دەڵێ:
ـ بەم لاقەوە ناتوانی بڕۆی.
پێی دەڵێم:
ـ بەڵام هەر دەبێ بڕۆم.
کچە دەڵێ:
ـ جارێ سەبرێک بگرە… بەڵکوو کتێبفرۆشی کرایەوە.
سەیری كچە دەکەم، ئێستا چاوەکانی زەیتوونی دەنوێنن. بزەیەکی شیرینی لەسەر لێوانە. هەناسەیەکی توند دەکێشم، پاڵ وە موبڵەکە دەدەم و چاو لەبەری میچی دەبڕم.
***
بارام تا ئێستا دووجار بەدوای شەفەقدا چووە؛
ـ دایە! هەر داخرابوو.
جەنگەی نیوەڕۆیە، ئاسمان ساماڵ نییە، هەوری بارانەزێ پاڵیان وێکداوە پرزەیان لە تیشکی خۆر بڕیوە.
دەستم لەسەر دەستەی مۆبڵەکە دادەنێم و هەڵدەستمە سەرپێ، دەمێک لەسەر قاچی چەپم ڕادەوەستم. ناوێرم لاقی ڕاستم دابنێم. قاچم هێند هەڵمساوە خەریکە لینگی شەڵوارەکەم پڕ دەکات. کچە چاوڕەش دەپرسێ:
ـ چۆن دەتهەوێ بەم لاقەوە بڕۆی؟
لە قسەکانیدا هاودەردی و لاواندنەوە بەدی دەکەم. پێی دڵخۆش دەبم و چێژ وەردەگرم. نازانم بۆ، بەڵام دەنگم دەلەرزێ و دەڵێم:
ـ مەجبورم، هەردەبێ بڕۆم.
بە هەنگڵەشەلە هەتا شیپانەی دەرگا دەچم. چاوڕەش حەز دەکات بمێنمەوە؛
ـ ئەگەر بمێنێیەوە لەوانەیە کتێبفرۆشییەکە بکرێتەوە.
ـ لاموایە ئەگەر ئی کردنەوە با، تا ئێستا دەکراوە.
بەیانی جارێک شەفەقم دیت، لەسەر زارکی پردێ خەریک بوو ڕێگا بۆ ئۆتۆمبێلەکان بکاتەوە. جاری دوایەش دیتم بەرەو لۆرییەکە دەچوو.
سەیری ژنەکە دەکەم کە دەڵێ:
ـ چەتوونە ئەو لاقانە بتگەیننە شوێنێک.
ـ تا سەر شەقام دەچم و سواری تەکسی دەبم.
ـ بەڵام خۆ تۆ لەم شارە کەست نییە.
ئەو جۆرەی دایکە قسان دەکات و سەیرم دەکات، تێمدەگەیەنێ کە بە درۆکانمی زانیوە. بە بارام دەڵێت تا سەر شەقام هاوڕێییم بکات.
ـ بەچاوان دایە.
لە ژوورەکە دێمە دەرێ. چاوڕەش دەڕوات و خێرا دەگەڕێتەوە. باڵتەکەی بەسەر شانی داداوە و بە دایکی دەڵێ:
منیش دەگەڵیان دەچم.
دەست بە دیواری داڵان دەگرم و هێواش هێواش دەڕۆم. لە دەرگای ماڵ دەچمە دەرێ. هیلاک دەبم. بەئاستەم نووکی پێی ڕاستم دادەنێم، لەبەری پێم هەتا تەپڵی سەرم ژانێ دەکات. لاقم بڵیند دەکەم و پاڵ وەدیواری دەدەم و ڕادەوەستم. سەیری چاوڕەش دەکەم، لەچاوەکانیدا هەست بە هاودەردی دەکەم. سەر دادەخەم. پشتم ژان دەکات. حەول دەدەم وەڕێکەوم. چاوڕەش دەڵێ:
ـ بارام بچۆ بن باڵی.
بزە و خەندەی چاوڕەش ورەم پێدەبەخشێ و لە خۆباییم دەکات.
بارام دێتە پێش، دەستی من لەسەر شانی خۆی دادەنێ. حەول دەدەم بەڵام چەتوونە. دەڵێم:
ـ سپاس بارام خان، ئیزن بدە هەر بە شەلەشەل بڕۆم باشترە. بە سەگە مەرگی خۆ دەگەیەنمە سەر شەقام.
شەقام چۆل و هۆلە. پاڵ وە دارتێلی کارەبا دەدەم. سەیری چاوڕەش دەکەم، پاشان سەر دادەخەم و لەبەر خۆمەوە دەڵێم:
ـ ببورن، ئەمڕۆ زۆرم زەحمەت دان و کاتم گرتن.
ـ نا تکایە،
لە قسەکردنی چێژ وەردەگرم، چاوی لێدەکەم، بزەی دێتێ. نیگایەکی بێوێنە، ئەو نیگایەی مەستم دەکات. دەیهەوێ شتێک بڵێ، دەم دەکاتەوە، بەڵام هیچ ناڵێ. لێیدەپرسم دەتهەویست شتێک بڵێی؟ سەر دادەخات و دەڵێ:
ـ بۆ ئادرێسی ماڵە خۆتانت نەدا بە ئێمە؟
ڕادەچڵەکێم. کەواتە ئەویش دەزانێت درۆم کردووە. لە ڕوخساری دایکیدا زانیم بە درۆکەمی زانیوە، وادیارە چاوڕەشیش تێگەیشتووە. دەنگم دەلەرزێ. چ بڵێم؟
بارام تەکسی ڕاگرتووە، خۆ بە پەڕینەوە لە جۆگەی شەقامەوە سەرقاڵ دەکەم تاکوو وەڵامێک نەدەمەوە.
بارام دەرگای تەکسییەکە دەکاتەوە، سوار دەبم. سەیری چاوەکانی چاوڕەش دەکەم. پێدەکەنم. دەرگای تەکسییەکە دادەخەم و دەڵێم:
ـ ماڵاوا
تەکسییەکە دەکەوێتە ڕێ. سەر وەردەگێڕم لە شووشەی پشتەوەی تەکسیەکەدا بارام دەبینم، دەست ڕادەوەشێنێ. پەرێشانم. بیری چاوڕەش بەرم نادا. تازە ئاشنایە بەڵام دەڵێی دەمێکە هەودوو دەناسین. نە نیگا و نە قسە کردنی نامۆ نین.
شۆفیر تەکسی تورمیز دەگرێ. ئاخری قیرەتاوە. تا ماڵێ ڕێگایەکی زۆرماوە. تێیدا شل و کوت دەبم بەڵام مل نادا و دەڵێ:
ـ من ناتوانم بۆ تمەنێکی تۆ ماشێنەکەم بەم قوڕ و چڵپاوەدا بەرم و تێبگیرێم.
دادەبەزم و بە سەگە مەرگی لە جۆگە دەپەڕمەوە، خۆ دەگەیەنمە سەکۆی پانی بەر دەرگای ماڵێک و دادەنیشم. هەر جۆرێک بێ، دەبێ خۆم بگەیەنمەوە ماڵێ. تاقەتم لێ بڕاوە. کە هەردوو لاقم ساغ بوون، تا ئەم مەودایە دەرۆیشتم دەیان جار هەڵدەخلیسکام، ئێستا هەر ناکرێ. هەوا ساردی کردووە. بێت و ببارێ وەزعم لەوەش شڕتر دەبێ. بارانی مانگی ڕەشەمە، ڕێژنە بارانە و سێڵاوی پێوەیە.
ئۆتۆمبێلێک ڕایدەگرێ. حاجی شێخ عەلی ماڵاوایی لە شۆفیرەکە دەکات و دادەبەزێ. ئاتەگی عەباکەی کۆ دەکاتەوە و لە جۆگەی دەپەڕێتەوە. دەگاتە سەر شۆستەکە ڕادەوەستێ تا ئۆتۆمۆبیلەکە دەڕوات پاشان بەرەو من دێت. سڵاوی لێدەکەم. دەوێستێ، دەستێک بە مەندیلە سپییەکەیدا دێنێ، سەیرم دەکات و ڕدێنی دەجووڵێتەوە؛
ـ عەلێکە سەلام
لە سەیرکردنی ڕا دیارە، پێی سەیرە و چاوەڕوانە کە دەبوایە لە پێشی هەستابام. دەیهەوێ بڕوات، پێی دەڵێم:
ـ ئاغا، گرفتێکم هەیە.
لە پشت چاویلکەکانییەوە سەیرم دەکات و دەڵێ:
ـ خالید ئەتۆی؟
بە بچووکم چاو لێ دەکات و خراپم دەدوێنێ. چاوەڕوان بوو، وەختێک کە دیتوومە لەبەری هەستابام، سڵاوم کردبا و دەستیم ماچ کردبا.
ـ بەڵێ ئاغا منم.
ئەحواڵی باوکم دەپرسێ، پێی دەڵێم:
ـ نامەی دێ و هەمیشە سڵاوی بۆتان هەیە.
ـ بەتەما نییە بێتەوە؟
ـ لەوانەیە بۆ شەوی جێژن بێتەوە.
ـ زۆری بیر دەکەین… پیاوی ئیماندار وەک وەستا حەدداد کەمە. ئینشەللا زووتر بێتەوە و شەوێکی بەخزمەتی بگەین.
حاجی شێخ عەلی زگی لە ژێڵا هاتووە. لە خەفتان و چاکەتە درێژەکەیدا جێیان نابێتەوە، هاکا قۆبچەی دەرچن و تەقەڵەکانی لەبەریەک هەڵوەشێن.
لەبیرمە جارێکیان ئاوای خۆ بەسەر خوانی ئێمەی هەژاردا بڕی؛
ـ وەستا حەدداد زۆرمان بیری دەستاوی دایکی خالید کردووە. بابم دمی لە دەستی حاجی عەلی نزیک دەکاتەوە دەڵێ:
ـ بە چاوان حاجی ئاغا ئاگادارتان دەکەمەوە.
حاجی پاڵی بە دەستەنوێنەکەوە داوە قرپێک دێنێتەوە و دەڵێ:
ـ وەستا حەدداد ئەو جارەی خواردنەکە گۆشتی کەم تێدا بوو.
بابم سەری دادەخا و سیغارێک دەپێچێتەوەو دەڵێ:
ـ خەجاڵەتم حاجی ئاغا، ئەو ڕۆژانە کار و کاسبی باش نێ.
حاجی بەتەمایە جێم بێڵێ و بڕوا. دەڵێم: ئاغا عەرزم کردی کە گرفتم هەیە. ڕادەوەستێ، چاویلکەکەی دەباتە سەر ناوچاوانی و بەسەرسوڕمانەوە سەیرم دەکات و دەڵێ:
ـ گرفت؟
ـ بەڵێ ئاغا، لاقم لە جێ چووە، ناتوانم بەڕێگادا بڕۆم.
دەمەساتێک سەیرم دەکات، پاشان ڕیشە شەرعییە بۆیاخ کراوەکەی دەجووڵێتەوە. وەک ئەوەی بێڕێزی پێکرابێ دەڵێ:
ـ دەیجا دەفەرمووی لە کۆڵت کەم و بتبەمەوە ماڵێ؟
سەرەرای ژانی زۆر، خەریکە پێکەنین بمگرێ، بەڵام خۆ ڕادەگرم و دەڵێم:
ـ نا، ئاغا جەسارەتی وا ناکەم.
ـ ئەدی چی؟
ـ ئەگەر زەحمەت نەبێ لەسەر ڕێگاوە بە ماڵی ئێمە بڵێن کەسێک بە شوێنمدا بێ.
دەکەوێتە ڕی و بەڕێگاوە دەڵێ:
ـ کێ دەڵێت کە من بە لای ماڵی ئێوەدا دەچم.
خوێنم دێتە جۆش، خەریکە تووڕە بم. حەز دەکەم بەسەریدا بگوڕێنم و جنێوشۆری بکەم و حەقی خۆی لە مستی نێم.
ـ وەستا حەدداد خالید دەرس دەخوێنێت؟
ـ بەڵێ ئاغا، لە سایەی سەری جەنەبتانەوە دەچێتە پۆلی چوار
لەتاو ژانی لاقم خەریکە ببوورێمە، حەجمینم لێهەڵگیراوە. لەبەر ژان و لەبەر سەرما دەلەرزێم. زارم پڕ دەکەم جەنابیان پڕ جنێو بکەم، بەڵام دەنگم دەرنایە. لەناکاو بە مێشکم دادێ لە دەرگای ئەو ماڵە بدەم کە لەسەر سەکۆکەیان دانیشتووم. لە دەرگا دەدەم، زۆر زوو دەکرێتەوە، کوڕێکی منداڵکارەیە. مناڵێکی لووتباریک، کز و ملباریکە، پەتووەشڕەیەکی بە شانییەوە دەپرسێ؛
ـ کارت بەکێیە؟
ـ دەمەوێت کەسێک یارمەتیم بدات بچمەوە ماڵ.
ـ سەبرێک بگرە ئێستا بە خاڵم دەڵێم.
کوڕە دەچێتەوە ژوور. پاڵ وەدەرگا دەدەم. ناوێرم لاقی ڕاستم دانێم. پیاوێکی گەنج دێ. ڕەقەڵەیە، چاوەکانی لە قووڵەوە چوون، سمێڵێکی درێژ تا سەر چەنەی شۆڕبوونەوە. سەیرم دەکات و دەڵێ:
ـ کەی لاقت لە جێ چووە؟
ـ ئەوڕۆ بەیانی.
ـ لەکوێ؟
ـ لە مەیدان.
ـ لە خۆپێشاندان بووی. وایە؟
سەردادەخەم، هیچ ناڵێم.
سەبرکە برا با بچم پۆتینەکانم بکەمە بەرم، ئێستا دێمەوە. دەچێتە ژوورێ و خێرا دەگەڕێتەوە. پۆتینێکی زەلامی سەربازی لە پێدایە. دەڵێ:
وەرە برا وەرە دەست لەسەر شانم دانێ.
دێتە بن باڵم، قورسایی دەخەمە سەر شانی. نیشانەی ماڵێمان دەپرسێ؛
ـ ڕێگایەکی زۆر نێ لە نزیک دووکانی شاتر حەبیبە.
بە هەنگڵەشەلە دەگەڵی دەڕۆم
***
تا پێڵاوەکەیان نەدڕاند و هەڵیاننەپاچی لە پێم نەهاتە دەر. دایکم ئاوی گەرم کردووە، هێدی و بەئەسپایی گوێزینگی لاقم دادەماڵێ. نێونمەکیان بە زەردێنەی هێلکە و خوێ دروست کردووە بە کوتە لبادێکی شاش تا سەرەوەی گوێزینگمیان تێوەپێچاوە. دەم بە دەم ژانی زۆرتر دەبێ. وا دیارە نێو و نمەک دەردی منی پێ دەرمان ناکرێ. چوون بەدوای میرزا نەسروڵادا. نەخۆشە و بەجێوبان کەوتووە. بلوور خانم پێیەکی لە ژووری ئێمەیە و پێیەک لە ژووری خۆیان. ئومێدم ناردووە، شەفەق خەبەردار بکات.
لە ژووری باوکم درێژ بووم و لاقم لەسەر باڵنجێک داناوە. هێندەی نەماوە لە هۆش بچم. گۆزینگی پێم چڵان دەدات، تەپڵی سەرم ئاگا دەکات. شەفەق و ئومێد بەیەکەوە وەژوور دەکەون. بزەی لەسەر لێوانە و پێدەکەنێ.
ـ ئەوە چ بووە خالید؟
بۆی باس دەکەم چ قەوماوە. گوێم بۆ ڕادەگرێ، پاشان پێدەکەنێ. دەزانم پێکەنینەکەی بۆ ئەوەی ورەم وەبەرنێ و خۆڕاگر بم.
ـ شتێک نێ ناڕەحەت مەبە. ئێستا جێبەجێی دەکەین. سیغارێک دادەگیرسێنێ. حەسەنی دێتە ژوور. چووە دەرزییەکەی لەخۆی داوە. شەفەق هەڵدەستێ تا بـەدوای شکستەبەنددا بچێ.
حەسەنی لەپەنام دادەنیشێ و دەڵێ:
ژانم کەمترە، هێندەی جارانم ژان نییە و کەمتر دەبرژێتەوە..
حەوسەلەم نییە گوێ بۆ قسەکانی ڕابگرم. جاری وایە ژانی گوێزینگم لەسەر ئەژنۆکانم هەست پێدەکەم.
خواردن لە گەرووم ناڕواتە خوار، ئیشتیام نییە. دایکم تۆبزیم لێدەکات شتێکی بخۆم. هەڵوای بۆ سازکردووم. بەنابەدڵی دوو کەچکان دەخۆم. دەورییەکە وەلادەنێم.
ڕەحیم کەردار بانگی حەسەنی دەکات، هەڵدەستێ دەڕوات. پەیمان هاتە سەردانم و گوتی شەفەق دەڵێ:
ـ قاچت گەرم داپۆشە، بەیانی شکستەبەند دێ عیلاجی بکات.
پشتم ڕەق بووە ناوێرم بجووڵێمەوە. گوێزینگم هێندەی کوولەکەیەکی شاقەباغی هەڵمساوە. بلوور خانم دێتە ژوورێ دەرمانی بۆ هێناوم؛
ـ چەند دڵۆپان بخۆوە ژانەکە دادەمرکێ.
سێ دڵۆپان لە لیوانێک دەکات. دەم و دەست بەسەرمێوە دەنێم و دەیخۆمەوە. بلوور خانم دەڕوات و شووشە دەرمانەکەش دەگەڵ خۆی دەبات. حەولێک دەدەم بجووڵێمەوە، ئانیشکم دادەدەم و جێ شان و پیلـم خۆش دەکەم. دایکم دوو دانە باڵنجان لەبەر پشت و شانم دەنێ. کەمتر هەست بە ژان دەکەم. دەتوانم تۆزکاڵێک لاقم بجووڵێنمەوە. دایکم لە تەنیشتم دانیشتووە. شەو درەنگە، وڵات بێهەست و خوستە. بۆنی تریاکی خاجە تۆفیق نایە. وادیارە دەمێکە حۆقە و ماشەی ساردبوونەوە. جەنگەی نیوەڕۆیە کە دەروجیران بەسەر وەرببوون، ژان پرزەی لێبڕیبووم هیچ، وەختابوو بشخنکێم. ئێستا باشترم، چاوم قورسبوون. دایکم دەبینم چەند بێحاڵە، ئەژنۆی لە باوەشی گرتووە و چەنەی لەسەر داناوە. بە جەستە لێرەیە، بەڵام خودا دەزانێ بیر و فکری لە کوێیە. دەمێکی باش ژانی لاقم هێدی بووبوو، بەڵام وا دیسان خەریکە دەست پێدەکاتەوە و هەروا دێ و پتر بۆ لای سەرێ هەڵدەکشێ. دەمێکی باش حەول دەدەم دان بەسەر جەرگم دابگرم، بەڵام تابوشتم نەما، بانگی دایکم کرد؛
ـ دایـــە
دەجووڵێتەوە و چاوی هەڵدێنێ.
ـ دایە وەختە بمرم
بە دەنگی خەواڵوو دەڵێ:
ـ تاقەت بێنە کوڕم، ئێستا ڕۆژ دەبێتەوە.
حەولێک دەدەم لەسەر قوون دادەنیشم و پاڵ دەدەمەوە.
ـ دایە بریا بلوور خانمت هەڵدەستاند، خۆزگە دەرمانەکەی دەگەڵ خۆی نەدەبرد.
دایکم ناویهەوێ بەو نیوە شەوە بلوور خانم لە خەو هەستێنێ. دەبێ بسازێم و ئەو دەردە بچێژم. شەویش درێژ بووەتەوە و کۆتایی نایە. دایکم مات بووە، پەتوویەکی بەسەر شانی داداوە. عەلادینە سێپڵیتەکەی لە تەنیشتە و کەترییەکەی لەسەرە. جەمیلە پڕخەی دێ. دایکم لەچکەی بەسەرەوە، چەند تاڵە موویەک دیارن. ڕۆژ بە ڕۆژ تاڵە سپییەکان زۆرتر دەبن. خەریکە قژی بەجارێک سپی دەبێ.
ـ سێزدە ساڵم تەمەن بوو کە شووم کرد. دوو ساڵ دوایە خودا خالیدی دامێ.
لە هەناسە کێشانی ڕا وێدەچێ خەوی لێکەوتبێ. دەنگی دەدەم .
ـ دایە هەستە بچۆ بخەوە.
چاوی هەڵدێنێ.
ـ هەستە دایە بچۆ بنوو.
ـ لەلای تۆ بم، ئاسوودەترم.
***
گوێم لێیە دەرگایەک دەکرێتەوە، بێگومان مام بەندەرە دەچێت دەستنوێژ هەڵگرێ، یان دەنا ڕەحیم کەردار دەچێتە حەمامێ. مام بەندەر دەگەڵ بانگی بەیانی نوێژ دەکات. مەشەدی ڕەحیم لەوەتا ڕیزوانی مارەکردووە حەفتەی دوو تا سێ جاران بەری بەیانییان و پێش مەلابانگدان دەچێتە حەمامێ.
نەوتی لامپاکە خەریکە تەواو دەبێت، پرتە پرتی دێت و بۆنی پڵیتەی سووتاو دێت. دایکم فووی لێ دەکات و دەیکوژێنێتەوە. بە کەلێنی پەنجەرەیدا بوومەڵێلی ئاسمانم لێدیارە.
ـ دایە ڕۆژ بووەتەوە، تۆ خودا بچۆ ئەو قەترەیە لە بلوور خانم وەربگرە.
دەزانم بێ فایدەیە و هەتا ئەماناغا وەدەرنەکەوێ، مەحاڵە دایکم شتی وابکات و دەشزانم کە ئەماناغا بەرلە تاوهەڵاتن دەچێتە قاوەخانە و بەرچاییش لەوێ دەخوات. دایکم دەچێ پەنجەرە دەکاتەوە. هەوایەکی خاوێن خۆ بە ژوورێدا دەکات. گوێم لە خرینگە و زرینگەی دووچەرخەی ئاماناغایە. دایکم لە پەنجەرەوە چاوێک لە دەرێ دەکات. چارشێوەکەی لە خۆی تووند دەکات و دەچێتە دەرێ. زۆری پێناچێ بە شووشە قەترەوە دەگەڕێتەوە. ئەماناغا وەڵامی ناردووە کە ئەگەر شکستەبەند وەدرەنگێ کەوت و یان نەهات ئاگاداری بکەین. قەترەکە دەپاڵ ئاوێ دەکەم، دەیخۆمەوە و پاڵدەدەمەوە. ژانێکی زۆرم هەیە و سەرم قورسە. وردە وردە ژانەکە کەم دەکات. خۆرەتاوە و وڵات بێدەنگە، لەناکاو بە هەڵلا و هەنگامەی سەنەم لە خەو ڕادەپەڕم. شاتر حەبیب دەگەڵ بازڕەسی شارەداری پێکهاتووە و هێناوێتی تەندووری سەنەم خراپ بکات. دەنگی جەنابی بازڕەسم گوێ لێیە.
ـ خانم پێتوایە شاری بێدەروازەیە. شار ڕێوشوێنی هەیە، قانوون هەیە. حیساب و کیتاب لە گۆڕێ دایە.
دایکم لە پەنجەرەوە سەرێک بە دەرێدا دەکات و دەڵێ:
ـ بازڕەس کوڕەکەی حاجی عەبەی ڕەژی فرۆشە.
ئەو کوڕەی حاجی عەبەم هەزار جار دیتبێ کەمە. باڵایەکی مامناوەندی هەیە. دەمووچاوی ئاوڵاوییە و گڕوێیە. گەمیشە کڵاوەکەی دێنێتە سەر ناوچاوانی هەتا کەچەڵی سەری دیار نەبێ. لێواری کڵاوەکەی لە یەخەی کراسەکەی پانترە. هێندێک شەوان دەچێتە مەیخانە لای تووبای عارەقفرۆش دوو ئیستکانان دەخواتەوە و پاشان دەگەڵ هاوپیاڵەکانی دەچێتە شیرەخانە و پای مەقەڵی. من باسی عارەقخواردنەوە و تریاک کێشانی ئەوم لە ئەماناغا بیستووە. بەڵام شتی دیکەشم لە خاجە تۆفیق بیستووە، بۆ وێنە؛
ـ کوڕە گەورەی حاجی عەبە تا پۆلی شەشی سەرەتایی دەرس خوێندووە، بەڵام حاجی دەگەڵ سەرۆکی بەشی پاراستنی پۆلیس بەینی خۆش بوو و زۆر جار میوانی سەر یەک مەنقەڵ و حوقە و وافوور بوون. هەر بۆیەش سەرۆکی پاراستن، کوڕەکەی حاجی عەبەی بە شارەدار ئەسپارد. شارەداریش لە شارەداری دایمەزراند. کوڕەکەی حاجیش زیت و وریا بوو. چەمی کارەکە فێربوو، فێری کەلێن و کولێنی شارەداری بوو و بەرەبەرە ناو و ناوبانگی بۆخۆی سازکرد و بوو بە دەمڕاستێک.
سەنەم تووڕەیە و بەدەنگی لەرزۆک دەڵێ:
ـ دەس لە تەندوورەکەم بدەن، خۆم دەکوژم.
خاجە تۆفیق وەجواب دێ؛
ـ ئاخر ئەو بێچارەیەش دەبێ بژێ.
وێدەچێ شاتر حەبیب قوڵینگی دەگەڵ خۆی هێناوە. دەڵێ:
ـ ئەوە پێوەندی بە منەوە نییە، ئاغای بازڕەس فەرموویەتی دەبێ خراپ بکرێ.
خاجە تۆفیق دەڵێ:
ـ جەنابی بازڕەس لە خۆمانە…
بازڕەس بە زمانێکی ئیداری دەڵێ:
ـ ڕێوشوێنی ئیداری غەریبە و خۆماڵی نازانێ.
خاجە تۆفیق دەڵێ:
ـ بەڵام خودا لێخۆش بوو حاجی عەبەی باوکت ئەوەندی غیرەت و پیاوەتی هەبوو کە…پیاوێکی بەغیرەت بوو…
بازڕەس قسەکان بە خاجە تۆفیق دەبڕێ، دەنگی بەرز دەکاتەوە و بە دەمارگرژییەوە دەڵێ:
ـ ئەو تەنوورە دەبێ خراپ بکرێ.
لەناکاو دەنگی سەنەم ئەوانی دیکە کپ دەکات، بەسەریاندا دەقیژێنی و دەڵێ:
ـ ئادی بەسەری بابتان، ئەوە ئێستا پێشتان بەردەدەم خراپی بکەن. وەڵڵا دەچمە پێش شارەداری ئاور لەخۆم بەردەدەم. شارەدار و هەرچی لەویش خراپترە دەڕێنم بەگۆڕی باوکیاندا.
شاتر حەبیب کە چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد بەمەبەستی هاندانی بازڕەس دەڵێ:
ـ حەیە… حەی… قسە بە ئاغای بازڕەس دەڵێی؟
سەنەم دەنگی دلێرە، لە گوڕە و تا حەوت کۆڵان ئەوبەرتریش دەڕوات، دەڵێ:
ـ ئەو دووکان و بازاڕەی لێرە کۆکەنەوە و لەپێش چاوم ون بن.
جەنابی بازڕەس قسەی قەڵەمی و میرزایانە دەکات، بەتووڕەییەوە دەڵێ:
ـ دایکم؛ بێحورمەتی بە پیاوی حکوومەت مەکە با نەتخەمە گۆشەی زیندان.
ـ سەیر کەن؛ سەیر کەن؛ کوڕی حاجی عەبە لێم بووەتە ئینسان و ئیفادەم بەسەردا لێدەدا. نازانێ دایکی بە چوار تمەنان پێی ئاوس بووە.
لەناکاو شاتر حەبیب هاواری لێ بڵیند بوو. دایکم دەڵێت کەڕەمعەلی لە گیانی شاتر بەربووە و لێیدەدات. سەنەمیش کۆڵەوەژی تەندوورێی بە دەستەوەیە و هێرش دەباتە سەر بازڕەس. شاتر حەبیب و بازڕەس کلکیان لە نێوگەڵیان گرتووە و ڕادەکەن. سەنەم بەردەوامە و هاوار دەکات؛
ـ ئاغای “بادڕەسی” بۆ هێناوم.
گومانم نییە کە کوڕەکەی حاجی عەبە وا بەهاسانی دەستبەردار نابێ. دەست و پێی سەنەم و کەڕەمعەلی لە خەنە دەگرێ.
شەفەق دێ و پیاوێکی ڕدێن سووری دەگەڵە، دەپرسێ،
ـ ئەو شۆ چۆن بووی؟
ـ مەپرسە زۆر خراپ.
دایکم دەچێ ئاوی گەرم بێنێ. کابرا دادەنیشێت لبادەکە لە لاقم دەکاتەوە. پەنجەی بەسەر ئەو شوێنانە دادێنێ کە هەڵمساون. لەبەری پێمڕا تا ئەژنۆم ژان دەکات. کابرا پێم دەڵێت پەنجەکانی لاقم بجووڵێنمەوە. ناتوانم. بلوور خانم دێ. دایکم پێی دەڵێ:
ـ زەحمەت نەبێ دوو ئیستکان چای بۆ میوانەکان ساز بکە.
جەمیلە کورسییەک دێنێ، لە تەنیشت جێگەوبانەکەی من دایدەنێ. شەفەق لەسەری دادەنیشێ. کابرا هەروا هێدی و لەسەرەخۆ خەریکی لاقمە. پێی وایە نەشکاوە. دەڵێ:
ـ لەجێ چووە و ئاستەم نییە.
ئاهێکم دێتەوە بەری.
دایکم تاسێکی گەورە دێنێ و لەبەر پێم دایدەنێ، پاشان دەچێ کەترییە ئاوە گەرمەکە دێنێ. کابرا لاقم دادەماڵێ و پەنجەکانی پێم نەرم نەرم دەجووڵێنێتەوە. ئازای بەندەنم دێشێ. هەموو گیانم ژان دەکات. لەبەر شەفەق و بلوور خانم نەبوایە و لەڕووم هەڵاتبا، دەگریام.
کابرا بەدەم داماڵینەوە ڕووم تێدەکات و لێم دەپرسێ چۆن و لە کوێ وام لێبەسەرهاتووە؟ بە دەنگێکی کز و لەسەرەخۆ بۆی باس دەکەم. هەروا کە من خەریک بووم بۆم دەگێڕاوە لەناکاو پانێ و پەنجەکانی پێمی وێکڕا ڕاکێشا. نرکەم لێهات.
ـ تەواو بوو، هاتەوە جێ.
زەردێنەی هێلکە، ڕۆن و ئارد دەگەڵ خوێ، لێکدەدات و لە لاقمی هەڵدەسوێ و بە لباد دەیپێچێتەوە و دەڵێ:
لێیگەڕێن تا ئیشک دەبێ و بۆخۆی هەڵدەوەرێ.
شەفەق پێش ئەوەی بڕوات دوو کتێبی چکۆلە لە گیرفانی دەردێنێ و لەبن سەنیرەکەمی دەنێ و دەڵێ:
ـ با تاقەتت نەچێ، ئەو کتێبانە بخوێنەوە. دیسان دێمەوە سەرت دەدەم
کابرای شکستەبەند بە دایکم دەڵێ:
ـ لاقی گەرم داپۆشن.
شەفەق و کابرا دەڕۆن. لاقم جار ناجارێک چڵان دەدات، ئەگینا ژان لە کەمێی داوە. چاوم قورس بوون و خەریکە خەو بمباتەوە کە دیسان هاوار و هەڵای سەنەم بەرز دەبێتەوە.
دایکم لە پەنجەرەوە سەیر دەکات. دەڵێت هەموو دەر و جیران وەسەر گەڕاون. کوڕەکەی حاجی عەبە هاتۆتەوە و ئەو جار پاسەوانێکی دەگەڵە. شاتر حەبیب قوڵینگی لەسەر شانی داناوە. سەنەم تازە تەندووری داخستووە. پاسەوان بێپرس و ڕا و بێئەملاو و ئەولا لەبنان گوێی کەڕەم قایم دەکات. سەرلەنوێ برینی زاری کەڕەم تەشەنا دەکات. سەنەم یەخەی خۆی دادڕی، دادەنیشێ و خاک و خۆڵی حەسارێ وەسەر خۆی دەکات. کوڕەکەی حاجی عەبە دەستی لە کەلەکەی ناوەو و لە گۆشەیەک وەستاوە و پێدەکەنێ. خاجە تۆفیق دەسرەکەی دەردێنێ، چڵم و لیکی دەسڕێ. شاتر حەبیب قوڵینگ دادەهێنێ و بە کەفل و کونێک تەندووری سەنەم دەڕووخێنێ و خراپی دەکات. پاسەوان وەک شوبر ڕاوەستاوە، کەس ناوێرێ نەقەی لێبێ.
***
دەر و جیران هەمووی لانی کەم، یەکی جارێک هاتوونە سەردانم، بەڵام بلوور خانم هەموو ڕۆژێ لانی کەم دوو سەعاتان لە لام دەمێنێتەوە.
حەسەنی کە لە کورەخانەڕا هاتەوە هەوەڵێ دەچێتە لای عەلی ئاغا دەرزییەکەی لە خۆی دەدات، پاشان دێتە لای من و سەعاتە وەختێک لە لام دادەنیشێ. وەک بۆخۆی دەڵێت ئەوشۆ ئاخر دەرزێتی. دەڵێ؛ حاڵی زۆر باشترە.
کتێبەکانم خوێندوونەوە. شەفەق نەهاتووە، بەڵام بیدار جارێک هات کتێبەکانی بردەوە و چەند کتێبی دیکەی بۆ هێنام.
نامەی باوکم گەیشتووە. بڕە پووڵێکیشی بۆ ناردووین. ئێستا هەموو قەرزەکانمان داوەتەوە، وردە وردە دەستمان دەگاتە زارمان.
چەند ڕۆژێک پتری بۆ جێژنە نەماوە.
لە نێو جێگاوبانەکەم دێمە دەرێ، بە گۆچانێک لەنگەرم ڕاگرتووە و لە پێش پەنجەرە ڕادەوەستم. بندیوار دەوران دەور سێبەرە. ڕیزوان لە دەروازەوە دێتە ژوورێ، سەیرێکم دەکات، پێدەکەنێ و دەچێتە ژووری مەشەدی ڕەحیم. بانو خەریکە پێش وەتاغەکەیان گەسک دەدات. پشیلەیەک لە هەورەبانی وڵاغەکانەوە خۆ داوێتە حەسارێ و پاشان دەچێتە ناو کۆترخانە. ڕەنگە بە هیوا بێ هێلکە یان بێچووەکۆترێکی دەسکەوت بێ. سەرێک بە کەلێن و قوژبناندا دەکات و دێتەوە دەرێ. لەناکاو هاواری ڕیزوان بڵیند دەبێ. هەراسان و بە سەری ڕووت لە ژوورکەی دەردەپەڕێ، دەست دەکات بە هات و هاوار و جنێودان. دەست لە کەلەکەی دەنێ و هەرچی قسەی سووک، نەشایەد و نەبایەدە بە مەشەدی ڕەحیمی دەڵێ. مردوو و زیندووی مەشەدی ڕەحیم هەمووی کەوتوونە بەر پەلامار و هێرش.
پاش قسە و قسەڵۆکان، ژنان هەرچی هەیە و نییە وەک پیوازی سپیکراو لە پێش مەشەدەی ڕەحیمی دادەنێن. مەشەدی ڕەحیم لێیدەخەفتێ و وەپای سەری ڕیزوان دەکەوێ. ئەمڕۆ لە بازاڕی قەسابان ئەوەی نابێ بیبینێ، دەیبینێ کە چۆن دەگەڵ پیاوێکی زۆر لەخۆی گەنجتری ملپان، سرت و خورتێتی. دەشبینێ دەگەڵ کابرا سواری تەکسی دەبێت و دەڕوات. ڕەحیم کەردار دێتەوە ماڵێ و چاوەڕان دادەنیشێ. لە ڕیزوان وایە، مەشەدی لە کورەخانەیە، بۆیە نانی نیوەڕۆ لە دەرێ دەخوات و دەمەوئێوارێ دەگەڕێتەوە ماڵێ. ڕەحیم کەردار بێ پرسیار و وەڵام کوتەکی لێهەڵدەگری، چت خواردووە ترش و چەوەندەر.
ڕیزوان دەستی پێکردووە ئەوەی دەیڵێ، نایڵێتەوە. هەرچی لۆمە و لەقەمە لەبەر دمی ڕەحیم کەردار هەڵیدەڕێژێ. جیرانەکان هەموو لە ژوورەکانیان هاتوونە تەماشا. چەند منداڵی گەڕەکێش هاتوونە دەرکی حەوشە. ڕەحیم کەردار بە دارێک ڕاویان دەنێ و دەڵێ:
ـ بیژووی حەرامزادە! پیاو ناتوانێ لە ماڵەکەی خۆشیدا گوویەک بخوات؟
منداڵ هەڵدێن، ڕەحیم کەردار دەگەڕێتەوە و مناڵیش بەدوایدا دێنەوە.
ئافاق، ڕیزوان دەباتە ژووری خۆیان. ڕەحیم کەردار بە بۆڵە بۆڵ دەچێتەوە ژوورێ و لەبەرخۆیەوە دەڵێ:
ـ وەرە تۆخوا سەیر کە، سیرم کڕی بیکەمە مەڵحەم لێم بوو بە تاعوون.
ئێستا هێواش هێواش دەتوانم بە گۆچان بڕۆم. ژانم نییە، دادەنیشم، لەسەر جێگەوبانەکەم درێژ دەبم. ئەو چەند ڕۆژە هەموو کتێبەکانم خوێندوونەوە. جاروباریش بیرم لە چاوڕەش کردۆتەوە. هەرکە بچمە دەرێ بە جۆرێک دەچمە سەر ڕێگا و بانی، دەبێ بیبینم.
ـ بۆ ئادرێسی ماڵی خۆتانت نەدا بە ئێمە؟
بێت و نەبێت هەزار فکر و خەیاڵی کردووە. بە بیانووی سپاسەوە دەچم سۆراغی دەگرم.
هەڵدەستم لەسەر قوون دادەنیشم و پاڵ وە باڵنجێک دەدەم. دایکم دێ، ئاو لە قۆڕییەکە دەکات و چراکەش هەڵدەکات. چەند لاپەڕێک لە کتێبی ئاخر ماوە، خودا بکات پندار بێ و کتێبی تازەم بۆ بێنێ. خەریکە بە کتێب خوێندنەوە ڕادێم. هەرکە کتێبەکە وەلادەنێم ئەزنا پاش تاوێک دەستی دەدەمێ و دەست پێدەکەمەوە. ئەو کتێبەی ئاخر زۆر پڕ ماجەرایە. زۆرم پێخۆشە. ئەو پاڤێلە، عەجایب سەیر و سەمەرەیەکە. کوێریش بووە بەڵام دەستبەردار نێ. هەموو کەس ناتوانێ وەک پاڤێل بێ. پیاو دەبێ نەهامەتی بچێژێ و لە کڵ بێتە دەر تا هێندەی تابوشت هەبێ و بەرگەی ئەم هەمووە چەرمەسەرییە بگرێ.
خوا و ڕاستان ڕیزوان کپ بووە و وڵات بێدەنگە. چایەکە خەریکە دەم دەکێشێ، دایکم ئیستکان و ژێرپیاڵەکان دێنێ و دادەنیشێ. ئێستا چای تێنەکردووە، دەرگای ژوورێ دەکرێتەوە و پوورە ڕەعنا بەخۆی و کچ و کوڕەکەیەوە خۆ بەژوورێ دادەکەن. پوورە ڕەعنا بێسەر و بێسڵاو دێ لەپەنام چۆک دادەدات و سەر گۆناکانم ماچ دەکات و دەڵێ:
ـ حەک پوورت دەبەرت مرێ… خوای دەکرد لاقی پوورت دەشکا … قەت ئاگات لێیە کوڕی من چی بەسەر هاتووە.
ڕوو لە دایکم دەکات و یەک پشوو قسان دەکات؛
ـ خوشکێ ئەوە بۆ خەبەرت نەکردووم… هەموو عالەمی دنیا زانیوێتی کە کوڕەکەم لاقی شکاوە، ئەمن نەبێ. خوشکێ زۆرم گلەیی لێتە. لانی کەم گوتبات…
دایکم قسەکان بە پوورە ڕەعنا دەبڕێ. بیانوو دێنێتەوە کە نەپڕژاوە و کەس نەبووە هەتا خەبەری پێدا بنێرێ. پوورە ڕەعنا سەرلەنوێ دەست بە گلەیی دەکاتەوە. دایکم چای بۆ تێدەکات. کوڕەکەی پوورە ڕەعنا دەچێ کورسیلەیەک دێنێ لە تەنیشت جێگەکەی من لەسەری دادەنیشێ. چاوم لەسەر یەک دادەنێم. غوڵام دەپرسێ،
ـ چۆن بوو، لاقت لەجێ چوو؟
حەزناکەم وەڵامی بدەمەوە، خۆ دەگنخێنم،
ـ هەروا … ئیدی، لەجێ چوو
کچەکەی پوورە ڕەعنا جەمیلەی لە باوەش گرتووە. پوورزا وردە وردە خەریکە پێدەگا، بناغەی مەمکی دارشتوون و بڵێی و نەڵێی سەر و سیمایەکی هەیە. پیم وایە سووراوی لە کوڵمەکانی داوە. قژیشی بریقەی دەدات. جەمیلەی ماچ دەکات و پاشان لە حاڵی من دەپرسێ،
ـ ئەلحەملای
دیسان غوڵام دەپرسێ،
ـ دەی نەتگوت، لاقت چۆن لەجێ چوو؟
لەبن لێوەوە دەڵێم:
ـ هەروا
پوورە ڕەعنا مەقنەکەی لادەدات، ئیستکانە چایەکەی لێک دەدات و ئینجا دەبێتە دوکتۆر؛
ـ خوشکێ پێست و دووگەی تازەی بۆ لەسەر دانێ.
دوو ددانی پێشەوەی پوورە ڕەعنا کەوتوون.
ـ دەگەڵ ڕۆن و خوێ تێکەڵی بکە و…
وەڵامی دەدەمەوە؛
ـ پوورێ. لاقم چاک بووەتەوە ئێستا ئیتر ژانی نییە.
ـ بۆ زووتر خەبەر و لێنەدەناردم؟
ئێستاش کەس پێینەگوتووە. خشتبڕی کورەخانە لە حەسەنییان بیستووە و بە غوڵامیان گوتووە.
غوڵام ئەخباری باوکم دەپرسێ.
دایکم وەڵامی دەداتەوە
ـ شکور باشە، چەند ڕۆژ پێش نامەی هاتووە.
ـ هەڵبەت پووڵیشی بۆ ناردوون.
ـ چەند تمەنێک
غوڵام سەیرم دەکات و بزەی دێتێ. تەواو پێی تووڕەم.
کچەکەی پوورە ڕەعنا برۆی هەڵگرتوون. پیم وایە مەمک بەندیشی تێکردووە. دەگەڵ پێشوو زۆر جیاوازە. پوورە ڕەعنا باسی مێردەکەی دەکات و دەڵێت: ئەو زەلامە لە ماڵەوە پاڵی داوەتەوە، ڕەشی لەسەر سپی دانانیێ و هەر ناجووڵێتەوە. پارەی پەڕ و تووتنەکەشی دەبێ ئەمن بیدەم. خوشکێ، ژنێک دەتوانێت چەند کار بکات؟ تەواوی ئەو زستانە یەک ڕۆژیش چییە نەچۆتەوە سەر کار. سەیری دەست و پەلـم بکە. بۆ مەگەر ئینسان چەندە دەتوانێ جلوبەرگ بشوات؟ چەند دەتوانێ کڵفەتی ئەم و ئەو بکات؟
دەستی پوورە ڕەعنا سپین. پەنجەکانی و پشتی دەستی هەڵمساون. بەری دەستی پیرەڵۆک بوون. کوڕەکەی پوورە ڕەعنا سیغارێک دادەگرسێنێت و یاری بە دووکەڵەکەی دەکات. یەکەمجارە دەبینم غوڵام سیغار بکێشێ. دایکم بە لۆمەوە سەیری دەکات. غوڵام دووکەڵەکەی بە لووتیدا دەردەدات و دەڵێ:
ـ چ بکەین پوورێ گیان، سەربازییە ئیتر، پیاو تووش دەبێ. جا ئەوە سیغار شتێک نییە.
پوورە ڕەعنا دەستی ڕادەوەشێنێ و دەڵێ:
ـ باشە… باشە.. ئەدی ئەگەر سەربازی خراپە بۆچی خۆت ناونووس کردووە، تێیدا بمێنێوە؟
زەلامی مفتەخۆر بەتەمایە لە ئەرتەشدا بمێنێتەوە.
غوڵام قەرارە دەورەی ببینێ، ببێتە گوربان سێ، بەڵام هیچ خوێندەواری نییە. لە گورهانەکەیاندا هەشتا و شەش نەفەر نەخوێندەواری تێدایە کە بەتەمان لە سەربازخانەدا پێیان بخوێنن.
غوڵام دەڵێ:
دەتوانم تا ئیستوار یەکەمیش بڕۆم. ژیان و ڕۆژگارمان دەکەوێتە سەر گەڕ.
ڕۆژ دەگەڵ ڕۆژ زۆرتر لەم کوڕەی پوورە ڕەعنا بێزار دەبم. ناخوازم قەت چاوم پێی بکەوێ. خەریکە سمێڵی بادەدا و گوێی بۆ هەست و نستی حەسارێ هەڵخستووە. لەو ڕۆژەوە بلوور خانم ڕووشکێنی کردوو و لە زەوقی دا، کپ ببوو، بەڵام وا دیسان دەڵێی جیوەی تێکراوە.
حەسەنی دەرگا دەکاتەوە، دێتە ژوورێ، لەپەنام چۆک دادەدات و دەڵێ:
ـ خالید ئەو کوڕەی پێرێ شەو لێرەبوو، لەبەر دەرگایە.
بیدارە، هەڵدەستم، گۆچانەکە دەست دەدەمێ. پوورە ڕەعنا دەڵێ:
ـ خالید مەچۆ دەرێ. هەرکەسە با بێتە ژوورێ خۆ ئێمە غەریبە نین.
ـ نا، پوورە ڕەعنا، هەتا بەردەرگا دەچم … زۆرم پێناچێ.
بە حەسەنی دەڵێم؛ کتێبەکان لەژێر سەرینەکەم هەڵبگرێ و بیداتە دەستم.
غوڵام دەست درێژ دەکات کە کتێبەکان لە دەستی حەسەنی وەربگرێ.
ـ ئەو کتێبانە چن خالید؟
کتێبەکان لە دەستی حەسەنی وەردەگرم. وەڵامی غوڵام نادەمەوە و دەگەڵ حەسەنی وەدەردەکەوم. بیدار کتێبی بۆ هێناوم.
***
گۆچانەکە دەست دەدەمێ و بە شەلەشەل لە ماڵێ وەدەردەکەوم. دووبەیانی نەورۆزە، بابم نووسیوێتی ئەگەر بۆی هەڵسوورێ دێتەوە، بەڵام جارێ نەهاتۆتەوە. هەتا سبەی شەوێی وەختە. بەشکو خوڵا و ڕاستان ڕێککەوێ ئەو دوو شەوەی جێژنە، پێکەوە بین.
دە ڕۆژ دەبێ نەچوومە قاوەخانەی ئەماناغا، تازە تا سێزدەبەدەریش هەر ناچم. هەرچی دەبێ با ببێ.
بە شەلەشەل خۆ دەگەیەنمە دووکانی مێهدی بەقاڵ. مێهدی بەقاڵ خۆشدەماغ و ڕووخۆشە. ئێستا پێ قەرزدار نین. کە دەمبینێ پێدەکەنێ و دەڵێ:
ـ ئەرێ چۆن بوو لاقت لەجێ چوو؟
ئێستا دەرسەکەم ڕەوانە، خێرا و بێ گرێ وەڵامی هەمووان دەدەمەوە.
مێهدی بەقاڵ لەپشت داخڵە و تەرازووی دووکانێ واوە دێ و کورسیلەیەکم بۆ دادەنێت.
ـ دانیشە با دوو قسان بکەین.
لەسەر کورسیلەکە دادەنیشم، تاوێکی خۆشە. دەستم بۆ کتێبەکان دەچێ، لە گیرفانی پشتەوە دەریان دێنم. مشتەری پەیدا دەبن. هەتا مێهدی بەقاڵ ئەوان بەڕێ بکا، لاپەڕێک دەخوێنمەوە. کتێبەکە وەلادەنێم. بیر و هۆشم بۆ لای چاوڕەش دەچێت. حەز دەکەم بەم شەلەشەلە بچم بۆ لای. تەواوێک تاسەی دەکەم، هەردەم بیری لێدەکەمەوە، لەسەر دڵم قورسایی دەکات. خەم دامدەگرێ. بیرکردنەوە لە چاوڕەش دەگەڵ بیرکردنەوەی لە بلوور خانم عەرز و ئاسمانی فەرقە. مێهدی بەقاڵ مشتەرییەکان بەڕێ دەکات و چوارپایەکی دیکە دێنێ و لە تەنیشتم دادەنیشێت.
ـ دەی خالید ئەحواڵت چۆنە؟
ـ باشم
ـ خەبەر و باس؟
ئەو ڕۆژانە هەموو کەس لە باس و خەبەران دەپرسێ و دەیهەوێ لە بار و دۆخ حاڵی بێ. دیهەوێ بزانێ پرسی نەوت بە کوێ گەیشتووە. مێهدی بەقاڵیش نەوارە سپییەکەی لە ئێخەی درووە، تەواوێک چەور و چڵکن بووە.
ـ مەبەستم مانگرتنی پاڵاوگەیە. چی لێهاتەوە؟
هەرچی لە بیدار بیستوومە، بۆی دەڵێمەوە.
کرێکارانی پاڵاوگە دەستیان لە کار کێشاوەتەوە. چەند ئینگلیسییەک کوژراون. ئینگلیسییەکان پاڵاوگەیان داخستووە. خەریکە خۆ کۆدەکەنەوە. دەبێ ڕاکەن و بۆی دەرچن. ئێستا حاڵی بوون کە سەردەمی تاڵانچێتی تەواو بووە. تێگەیشتوون حیساب و کیتاب لە گۆڕێ دایە. خۆ گاڵتە نییە، هەتا ئێستا ڕۆژێ سێسەد هەزار لیرەیان لە گیرفانیان ناوە و کەسیش نەیپرسیوە کەرتان بە چەندی.
مێهدی بەقاڵ گەشاوەتەوە و بزەی لەسەر لێوانە
ـ سێسەد هەزار لیرە!؟
ـ بەڵکوو زۆرتریش
ـ بڵێی وەزعمان بگۆڕدرێ؟
ـ هەڵبەت
ـ یەکی چەندمان پێ دەبڕێ؟
برایم دەگاتێ
ـ مەرحەبا خالید، چۆنی؟
ـ باشم
مێهدی بەقاڵ دەچێ مشتەری بەڕێ بکات و برایم لەسەر کورسییەکەی ئەو دادەنیشێت.
ـ بیستم لاقت لە جێ چووە؟
ـ ئەوە دەیبینی
ـ بیستم لە مێتینگدا بووی.
وەڵامی نادەمەوە. سیغارێکی دادەگیرسێنێ و دووکەڵەکەی هەڵدەمیسێ. پاکەتەکەم بۆ ڕادەگری
ـ دەکێشی؟
ـ نا
سەر و پۆتڕاکی برایم خراپ نییە. نوێ بووەتەوە، ڕوومەتی گەشن بە تەواوی خۆی لە ڕەحیم کەردار بێبەری کردووە. ئاگای لێیە حەسەنی چی بەسەرهاتووە؛
ـ چاوی دەرێ… تاوانی خۆیەتی. بە قوونی بابمەوە نووساوە و دەست هەڵناگرێ. با بێ دەگەڵ من کەوێ و دەگەڵ حۆڕییان بچێتە سەرجێ و ناچار نەبێ بچێت دەگەڵ فاتمە لاڵ بخەوێ و تووشی سووزەنەک بێ.
برایم دەیهەوێ پووڵی داودەرمانی حەسەنیم بداتەوە، لێی وەرناگرمەوە. وا دیارە وەزع و حاڵی باشە و دەستی دەگاتە دمی. دەست بە گیرفانیدا دەکات، مستێک ئەسکیناس دێنێتە دەرێ و نیشانی دەدات. فەرموو ئەوە هەموو پووڵە، ئەگەر حەسەنی دەست لە بابم هەڵگرێ و بێتە لای من بە قازانجێتی. ئاخر پێم ناڵێی پیاو چۆن دەتوانێ لەژێر سێبەری ئەو جندەیەدا بژێ. بابم دڵی خۆشە دەڵێت ژنم هێناوە. پووڵەکان دە گیرفانی دەنێتەوە و دەڵێت ئەو پووڵانە لە خۆشی خۆی خەرج دەکات. دەڵێت بووەتە هاوپیاڵەی مەهین سالک. ناوی مەهین سالکم لە قاوەخانەی ئەماناغا بیستووە؛ گۆیا زۆر جوانە و لە شاییەکاندا سەمایە دەکات و لە پەنجا تمەن کەمتریش سەرجێیی کەس ناکات. پیم وایە برایم خەریکە درۆیان دەکات و خۆ هەڵدەداتەوە. دەست تێکەڵکردن دەگەڵ مەهین سالک، تێیدەچێ. دەڵێم؛
ـ برایم فشەی دەکەی
ـ جا ئەوە چییە؛ دوو داخڵە لێبدەم خەرجی هەفتەیەکی مەهین دەردێنم.
ـ ناترسێی؟
ـ ئازا جارێک دەمرێ و ترسنۆک هەزار جار
قسەکردن دەگەڵ برایم بێفایدەیە بۆت حاڵی نابێ و نایەتە سەر ڕەدایە. خالەق دێ و دەگەڵ برایم دەڕۆن. پێم سەیرە چۆنە تا ئێستا تووشی شارەوانی نەبوون یان تووش بوون و حیساب کیتابێک لە گۆڕێ دایە. ئەم جارەی مام بەندەرم وەبیر دێتەوە کە ئیشتیای دڵ و گورچیلە دەکات، بیکڕێ و بیباتەوە ماڵێ بیخوات. لە کاتی کڕین دا، پارەکەی لێدەدزن، هاوارێ بۆ شارەوانی دەبات، لێ چاری ناکرێ و پارەکەی تێداچوو.
مێهدی بەقاڵ قەننە بەدەست دێت لەسەر کورسییەکە دادەنیشێت، مژێک لە قەننەکەی دەدات و دەڵێ:
ـ زۆر سپڵە و بێئەمەگە.
ـ کێ؟
ـ برایم
ـ بۆ؟
ـ جارێکیان دەگەڵ خالەق و چینۆق هاتبوون کڵاوم لەسەر بنێن.
مژێکی دی لە قەننەکەی دەدات و دەڵێ:
ـ هاتبوون دەیانگوت سیپێک چای سەرنێزەداریان هەیە و دەیانهەوێ بیفرۆشن. خەریک بوون فریوم بدەن و سەد تمەنم بە ناوی پێشەکی و بەعییانە لێ وەربگرن. بە سێ قۆڵی دەوریان دابووم و خەریک بوون قۆڵم ببڕن.
مێهدی خێسەیەک لە نەوارە ڕەشهەڵگەڕاوەکەی سەر سینگی دەکات و دەڵێ:
ـ دەی دەتگوت..
ـ لەچی؟
ـ باسی ئینگلیسییەکان
دەوکاتەدا دەنگی سڵاوات لێدان لە نانەوخانەی شاتر حەبیبەوە بەرز دەبێتەوە. تەنووریان داخستووە. دە بیری ئەوە دام هەستم بەرەو ماڵی چاوڕەش بڕۆم. هەتا بگەمە ئەوێ قوتابیش لە فێرگەوە بەرەو ماڵ دەبن. لەو دەوروبەرە دەخولێمەوە تا دێت. هەڵدەستم کتێبەکە لە گیرفانم دەنێم.
تاو لەسەر سەرانە، وڵات گەرمە، ئاسمان ساماڵە و شار بێدەنگە. دار و دیواری شەقامی حکوومەت چر و پڕ بە دروشم داپۆشراوە. دروشمی پێش بینای فەرمانداری لە هەموو دروشمەکانی دیکە درشتتر و تۆختر نووسراوە. “دەستی تاڵانچیان لە داهاتی میللی وەلادەبەین.”
دەبێ کەی ئەم دروشمانە نووسرابن کە پاسەوانی نۆبەدار پێینەزانیوە.
جارێکیان بەتەما بووین سەر دیواری ڕوووبەڕووی شارەوانی بنووسین. دۆستێک لۆرێکی هێنا، بەبیانووی ئەوە کە خراپ بووە لە پێش شارەوانی ڕایگرت و سەر ماتۆڕەکەی هەڵداوە و خۆی پێوە خەریک کرد. ئێمەش لە پشت لۆرییەکە دەستمان پێکرد، دیواری بەرانبەر بە شارەوانیمان نووسی. کە تەواو بووین، لۆرییەکە وەکارکەوتەوە و ئێمەش لەپەنایدا دەرباز بووین و لەوێ دوور کەوتینەوە. لەوانەیە هەر فێڵێکی لەم چەشنەیان بەکار هێنابێ.
لە سووچێک ڕێگام کل دەکەم و بۆ شەقامی پەهلەوی لێدەهاڵێمەوە. گوێم لێیە کەسێک بانگم دەکات.
ئازادە، سەڵانە سەڵانە دێ؛
ـ ها هاتوویەوە سەر پێ؟
ـ ئادی وەک دەمبینی
ـ ئەوە بۆ کوێ دەچی؟
پێمخۆشە هەمووشتێکی بۆ باس بکەم. پێم خۆشە پێی بڵێم کە چۆن لە داوی چاوی چاوڕەش کەوتووم و سفرەی دڵمی بۆ بکەمەوە، بەڵکوو بتوانێ یارمەتیم بدات و ڕێگایەکی پێ شک بێ. هەرچی بێ چەند ساڵێک لە من گەورەترە و لە ژیانیشیدا زۆرتر دەگەڵ کچان تێکەڵاوی هەبووە.
ئازاد دەڵێ؛
ـ نەتگوت بۆ کوێ دەچی؟
ناوێرم هیچ بڵێم. نەکا پێم پێبکەنێ و گاڵتەم پێ بکات.
ـ هیچ هەروا دەخولێمەوە. برشم هێنا هێندەی لە ماڵەوە دانیشم.
ـ با بچینە قاوەخانە چایەک بخۆینەوە.
بەیەکەوە دەکەوینە ڕێ.
مشتەرییەکانی قاوەخانەی شکۆفە دەگەڵ مشتەرییەکانی قاوەخانەی ئەماناغا و مورشید جیاوازن. زۆربەیان گەنج و خوێندەوارن. پۆل پۆل بە دەوری یەکەوە دانیشتوون و قسان دەکەن. باس باسی نەفتە. باسی مانگرتنی کرێکارانی پاڵاوگە دەکەن. قاوەخانە ژوور ژوور هەڵکەوتووە. لە هەر ژوورەی چەند دەستەیەک دانیشتوون. ژوورەکان گوزەریان بەسەر یەکەوە هەیە. هەڵکەوتوویی قاوەخانەکە سەرنجی پیاو بۆخۆی ڕادەکێشێ، کە دێیتە ژوورێ دەڵێی پێ دەنێیە دنیایەکی نوێ. دادەنیشم. ئازاد بە سێ کەسی دیکە کە لە دەورمان دانیشتوون، دەمناسێنێ. خەیاڵی چوون بۆ لای چاوڕەشم وەلاناوە.
چاییم بۆ دێنن. بەرانبەرم گەنجێک دانیشتووە، کە سەیری دەکەم ناسیاو وێدەچێ، بناشت و قسە کردنی بەگوێم نامۆ نییە. ئەم چاوانەم بینیوە، بەڵام لە کوێ؟ زۆر جوان قسە دەکات. سەرم دەبەمە بن گوێی ئازاد و دەپرسم،
ـ ئەو کێیە قسان دەکات؟
ـ تازە لە زیندان هاتۆتە دەرێ.
ـ ناوی چییە؟
ـ پندار
بیر و زەینم یەک جێ چۆوە حەساری شارەوانی. ئەو ئێوارەیەم هاتەوە بیر کە هەناسەسارد لە حەساری شارەوانیدا دانیشتبووم.
ـ گوێ بگرە ئاغا… بەس گوێ بگرە …هیچ مەڵێ.
ددانم لەق ببوون، سەرم ژانی دەکرد.
ـ بە شەفەق بڵێ کە پندار گیراوە. کتێبفرۆشی موجاهید، شەقامی پەهلەوی.
چاییەکەم لێکدەدەم و سەیری پندار دەکەم کە باسی زیندان دەکات و بە ئیشتیاوە باسی خۆڕاگری خۆی دەکات.
***
نیو سەعاتێک دەبێ لە دەوروبەری ماڵە چاوڕەش دەخولێمەوە. دووکاندارەکانی گەڕەکێ لێم بە گومانن. ئەوسەر و ئەوسەری شەقام چاوم دەگەڵ دەگێڕن. کوڕێێژگەیەک دێ، وەک بارام دەچێت. ڕەنگ و ڕووی، جلەکانی، قەد و باڵای، ڕێگا ڕۆیشتنی، هەموو شتێک عەینی بارام. دڵخۆش دەبم. بە شەلەشەل و بەو لاقە سەقەتەوە پێی لێهەڵدێنم بگەمەوە سەری و قسەی دەگەڵدا بکەم. کوڕە نزیکدەبێتەوە. ئەو نییە. ئارەقەی دەکەم، دەڵێی ئاوی ساردم پێداکراوە.
وڵات تاریک داهاتووە. لە ناوقەدی کوێرەکۆڵانەکەدا چرایەکی نیوەعومر داویسێ. هەرچی دەبێ با ببێ بە پێش چاوی کابرای بەقاڵی سەری کۆڵاندا خۆ پێدادەکەم. دەنگ و تەقەی گۆچانەکەم ئابڕووبەریە و لەقاوم دەدات. دەڵێی بە چەکوش لە سەرم دەدەن. دەگەمە سەرەتای دەربەندی دووهەم. چرای سەردەرانەکە کوژاوەتەوە. دەڕۆمە پێشتر، دڵنیام کە دروست هاتووم، ناکرێ هەڵە بم. ماڵەکە هەر ئەو ماڵەیە کە ئەو ڕۆژە بە هەشتاو خۆم بەداڵانەکەیدا کرد و دەرگاکەم لە پشت سەری خۆم داخست. هەموو شتێکم بەباشی دێتەوە بیر.
هیچ گومانم نییە کە ماڵەکە بۆخۆیەتی. پەنجەرەی ژوورەکە تاریکە. هەزار جۆرە فکر و خیاڵ بە مێشکمدا دێ. لەوانەیە بۆ پشووی نەورۆز سەفەریان کرد بێ، یان چوونەتە میوانی و ئاخری شەو دێنەوە. دەمێک لەبەر دەرگای ماڵەکە دەوەستم و لە دار و دیوار دەڕوانم. لارەمل دەڕۆم و لەوێ دوور دەکەومەوە. خەمی دنیایەم لەسەر دڵی بارە. لە کوێرەکۆڵان دێمە دەرێ، کابرای دووکاندار بە چاوانی سەنگ و سووژنم دەکات. لوابا دوو گۆچانم لە عەمری دەکوتا. مێهدی بەقاڵ وانێ. ڕۆژێ سەد نەفەریش بێن و بڕۆن کاری بە کەس نییە. چار نییە وا باشترە بەینی دەگەڵ خۆش بکەم و دەگەڵی ببمە برادەر.
بەرەو شەقامی پەهلەوی دەڕۆم. عالەمی زۆر تێدایە.
سبەی، شەوی جێژنی نەورۆزە، ئەوەی دەستی دەگاتە زاری خەریکی شت کڕینە. گوێزینگی لاقم ژانێ دەکات، هیلاک بووم وا باشە بچمە کتێبفرۆشی موجاهید دەمێک بحەسێمەوە.
کۆمەڵێک گەنج بە وڵاتی وەربوون و ڕۆژنامە دەفرۆشن، هەڵایەکیان داناوەتەوە مەگین خودا بزانێ. “ئیمان”یشیان دەگەڵە. دەنگی لە هەمووان دلێرتر و باڵای لە هەمووان کورتترە. ڕۆژنامەیەک لەسەر سەری ڕادەوەشێنی. جارو بار وێنەی لاپەڕەی یەکەم دەکەوێتە بەرچاوم. ئەم جۆرە ڕۆژنامانە قاچاغان. ئێستاش دەگەڵ ئەم وێنەیە ڕانەهاتووم و بەجۆرێک نامۆیی لێدەکەم. کوڕەکان تێکڕا حەول دەدەن سمێڵیان وەک کابرای ناو ڕۆژنامە ئەستوور و کولوفت بێ. جارێکیان دەگەڵ بیدار قسەمان لێک هەڵبەزییەوە.
ـ ئەمن نازانم بۆ دەبێ ئەم وێنەیە لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەی ئێمەدا چاپ بکرێت.
ـ هەر وەختایەک زانیت “یەکگرتووی جیهانی” یانی چی، ئەوەش دەزانی.
ـ چ پێوەندیان بەیەکەوە هەیە؟
ـ بەرە بەرە تێدەگەیت.
گومانم هەیە لێی حاڵی بم.
کتێبفرۆشی موجاهید داخراوە. کات و ساتی نییە، نازانی کەی ئاوەڵایە و کەی داخراوە. کارەکەی حیساب و کیتابی نییە یانیش هەیەتی و من لێی حاڵی نیم.
زۆرم نەماوە بگەمە قاوەخانەی شکۆفە. دەست بە گۆچان وەژوور دەکەوم تا پشوویەک بدەم. قاوەخانە لە ئێوارێ قەرەباڵغترە. بەشێک لە مشتەرییەکان هەر ئەوانەی ئێوارێن. پندار لەوێیە و هێمەتییش لە تەنیشتی دانیشتووە. هەر وەک هەمیشە حەجمینی نییە، لە جێی خۆیەوە دەجووڵێتەوە، دەڵێی جیوەی تێکراوە و دەڵێی کوندە چاو دەگێڕێ. هەرکە دەمبینێ دەستی بەرز دەکاتەوە؛
ـ وەرە ئێرە خالید!
دەچمە پێشێ. بە پندارم دەناسێنی.
ـ لە کوڕە باشەکانە.
ـ دەیناسم.
پندار قوشقی دەبێ، دەپرسێ،
ـ دەمناسی؟… لە کوێ؟
بۆی باس دەکەم.
ـ نازانی چەند خۆشحاڵم. هەمیشە بیرم دەکردەوە بڵێی ڕۆژێک بتبینمەوە.
پاشان سەیرم دەکات و تێمدەفکری و دەڵێ
ـ بەڵام دەگەڵ ئەوکات زۆرت فەرق کردووە. باڵات کردووە. ئەودەم منداڵ وێدەچووی.
دەی… دانیشە…لاقت چی لێ بەسەرهاتووە؟
هیمەت بۆی باس دەکات. دەست دەکات بە پێکەنین.
ـ ڕاکردن هێندە پەلەی ناوێ.
ـ پەلەم نەکرد.
ـ بێگومان پەشۆکاوی و نەتزانیوە پێ لە کوێ دادەنێی. دەبێ هێدی و پشوو لەسەرەخۆ بی هەتا بزانی چ دەکەن و تۆ دەبێ چ بکەی.
لەوانەشە ڕاست بکات، لەوانەیە پەشۆکابم و نەمزانیبێ چ دەکەم، بۆیەش ئەم بەڵایەم بەسەر هات. زۆرم پندار وەبەر دڵی کەوتووە. پێش نیوەڕۆ کە باسی زیندانی دەکرد و باسی خۆڕاگری خۆی دەکرد، باش گوێم دابوویە. پێم خۆش بوو وەک ئەو بوێر و بەتاقەت بام.
ئەو کاتەی غوڵامعەلیخان پەلکێشی شارەوانی کردم، زۆر هەستم بە بێکەسی و تەنیایی دەکرد. پێم وابوو دنیا تەواو بووە. تەواوێک شپرزە بووم و بێ هیوا.
ـ کاتێ لێکۆڵینەوەت دەگەڵ دەکەن، وەبزانە سەرنێزەیان لەژێر چەنەگە داناوی. بڵێی بەڵێ، نووکی سەرنێزەکە لە بن چەنەت دەچێتە ژوور. بڵێی نا، هیچ مەترسییەکت تووش نابێ.
گفت و لفتی پندار تەواو سەرنجی منی بۆخۆی ڕاکێشاوە. جۆرێک قسە دەکات، پیاو حەز دەکات گوێی بۆ ڕاگرێ. زۆر لە شەفەق باشتر قسان دەکات.
ـ دەی ئێستا چ دەکەی؟
بۆی دەڵێم.
ـ بەڵام جارێ بەتەما نیم بچمەوە قاوەخانە.
ـ ناتهەوێت شەوانە دەرس بخوێنی؟
ـ بیرم لێ نەکردووەتەوە.
بەڵام کە بیری لێدەکەمەوە، شتێکی خراپ نییە. ئەگەر بتوانم ڕۆژانە لە قاوەخانەی ئەماناغا کار بکەم و شەوانەش دەرس بخوێنم زۆر باش دەبێ. بڕێک بیری لێ دەکەمەوە و پاشان گوێ لە قسەکانی پندار دەگرم.
ـ ئەرێ بۆت باس نەکردم بۆچی هاتبوویە شارەوانی؟
ڕووداوەکەی بۆ دەگێڕمەوە. قاقا پێدەکەنێ.
ـ پێم وانەبوو پەیامەکەی من بە شەفەق بگەینی. بەڵام کە بردیانمەوە ماڵێ و وڵاتیان پشکنی، بە هیوا بوون بەڵگەم لەسەر تاپۆ بکەن، کە چی هیچیان دەست نەکەوت، ئینجا زانیم پەیامەکەم گەیوە.
چای بۆمن دێنن و قەننەش بۆ پندار. بەدەم قەننە کێشانەوە قسان دەکات. حاڵی دەبم کە بۆ لە زینداندا بووە. لە قسەکانی زۆر شت حاڵی بووم. وا دیارە بەدانستە دەیهەوێ گوێگری خۆی فێری شتی نوێ بکات بۆ ئەوەی ئەگەر تووشی گرفت هاتن، بزانن، چی بکەن. وەکی ئەو باسی دەکات زۆر لە کارەکانی وەک هی پاڤێل دەچێ. ئەو کەسەی وا کوێریش ببوو بەڵام دەسبەردار نەبوو و مەلەی دەکرد. ئینسانی وا کەمن. بۆ مەگەر پیاو دەتوانێت دە سەعاتان دەستبەندی قەپانی پێوە هەڵواسرێ و دیسانیش تابوشت بێنێ و هیچ نەڵێ؟ وەکی پندار باسی دەکات تاقە کاتژمێرێکیش دەوام هێنان قورس و چەتوونە.
من لاقم لەجێ چووبوو خەریک بوو قەپم لە عەرزی دەگرت و جنێوم بە عەرز و ئاسمان دەدا. تەنیا شتێکی پندار وەبەر دڵم ناکەوێ سمێڵێتی. هەر دەڵێی سمێڵی کابرایە کە لە لاپەڕی یەکەمی ڕۆژنامەکاندا لە چاپ دەدرێ.
ئازاد شل و شەوێق دێ، خۆی بەسەر نیمکەتی قاوەخانەیدا دەدات.
ـ دەی کوڕینە خەبەری تازە؟
***
شار بە تەواوی لە خۆشی و شادی دایە. شۆفیر چرای ماشێنەکانیان هەڵکردووە، دەستیان لەسەر هۆڕن داناوە و بە شەقامەکاندا دەگەڕێن. دەنگی ڕادیۆ لە هەر دووکان و کۆڵانێک بەرز، بڵاو دەبێتەوە. وێژەری ڕادیۆ بەگوڕ و تینەوە یەکبین خەبەران بڵاو دەکاتەوە.
مەجلیس لەسەر داوای کۆمەڵانی خەڵک لایحەی میللی کردنی نەوتی پەسند کردووە. خەڵک گەشاونەوە، دڵخۆش و بەکەیفن. لێرە و لەوێ تیپی مۆسیقا هاتوونە سەر جادە، خەڵک سەمایە دەکەن و چەپڵەڕێزانە. ژمارەیەک لە شیرینیفرۆشەکان مەجومعە شیرنیان هێناوەتە سەر شەقام، نوقوڵ و نەبات بەسەر خەڵکدا دەبەشنەوە. ناسیاو و نەناسیاو یەکتر لە ئامێز دەگرن و پیرۆزبایی بە یەکتر دەڵێن. خەڵک هەست بە سەرکەوتن دەکات. لە خۆشییان بوونە پۆلوو، گەرم و گوڕی و شادییان لێدەبارێ. نێوە نێوە شەپۆلی دەنگۆی خۆش و ناخۆش، چاک و خراپ بڵاو دەبێتەوە. دەم بە دەم دەگەڕێ. بە ماوەیەکی کورت تەواوی شار پڕ دەبێ لە:
ـ بیستووتە؟
ـ باسی چی دەکەی؟
کەشتی مۆریش هاتۆتە ناو شەتولعەڕەب لەنگەری هاویشتووە و بە لوولە تۆپەکانی سێرەی لە پاڵاوگە گرتووە.
ـ دەڵێن چەتربازی ئینگلیسی لە قیبریس دابەزیون.
خەڵک بەتووڕەییەوە دەڵێن:
ـ مەگەر بەسەر کەلاکماندا بڕۆن.
شادەماری خەڵک ئەستوور بوون؛
ـ بە دەستی بەتاڵیش بێ مل نادەین، شەڕ دەکەین.
ـ ئیدی ئەو زەمان بەسەر چوو…
چێژی سەرکەوتن ئارا و قارای لە خەڵک بڕیوە و بۆ هەموو کارێک ئامادەن. هەلهەلەی خۆشی، شاری پڕ کردووە.
ـ حەی.. کەشتی شەڕێ! کێ دەترسێنن؟
ئەوە هەمووی تڕ و تۆپە…
خەبەر بڵاو دەبێتەوە کە کۆمیتەیەک دروست بووە و داوا لە دەوڵەت دەکات کە چەک بدەن بە خەڵک تا ئەم سەرکەوتنە بپارێزن.
ـ شان بە شانی یەکتر دەمێنینەوە و شەڕ دەکەین.
ـ هەموویان لە دەریایە دەکەین.
ـ ئەو بابیان مرد.
ـ دەبێ کلکیان لەنێو گەڵیان بگرن و گۆڕیان گوم کەن.
خەڵک دەستە دەستە ڕژاونە سەر شەقامەکان.
لە مەیدانی شار بە کۆنەپەڕۆ و دار هەیکەلی ئینگلسییەکیان دروست کردووە تا ئاوری تێبەردەن. کورتە شەڵوارێکیان کردۆتە بەری، ناوگەڵیان بە نەوتیڕەش ڕەنگ کردووە، کڵاوێکی لەبەداری پانیان لە سەری ناوە. شاخی مانگایەکیان لە دووکانی قەسابی وەرگرتووە و لە جیاتی جگەرە لە دمیان ناوە. هەر بە پەڕۆ توڵەسەگێکیان دروست کردووە و بە زنجیر داویانەتە دەستی هەیکەلەکە. گوێچکەی سەگەکەش بە نەوتیڕەش ڕەش کراون، گەورەن و شۆڕ بوونەوە. خەڵک لە دەوری هەیکەلەکە کۆبوونەوە. هەلهەلەیە. منداڵ شێعریان بۆ داناوە و دەڵێن:
“وەدەرکەوە لە لامان تولەت بەرە بێئیمان
فەڕەنگی بێدینە وڵاغی بێ زینە”
مێهدی بەقاڵ دەستەیەک لۆتی هێناون. لە گەڕەکێ دەهۆڵ و زوڕنا دەکوتن. خەڵکی ڕژاونە دەرێ و لە هەوای دەهۆڵ و زوڕناکە سەمایە دەکەن.
لەپڕێک خەڵیفە و مێهدی بەقاڵ دێنە نێو مەیدان. سەرو داردەستێکیان پێیە ، هەڵیدەسووڕێنن و سەمایە دەکەن. خەڵیفە دارەکە لەسەر پشتملی خۆی دادەنێ، دەیلەنگێنێ. مێهدی بەقاڵ لە هەوای دەهۆڵەکە شانان بادەدات و سەما دەکات. زوڕناژەن هەوای چۆپی دەچڕێ. خەڵیفە و مێهدی بە دەوری یەکدا دەخولێنەوە. ئینجا مێهدی بەقاڵ و خەڵیفە دارەکانیان دەگۆڕنەوە. جێیان گۆڕیوە مێهدی بەقاڵ کەوتۆتە پێشێ و خەڵیفە بـەدوای ەوە. دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا تا حەوت گەڕەک ئەولاتر دەڕوات. هەرا و هوریا و چەپڵەڕیزانە.
نەورۆز دەستی پێ کردووە.
***
چاوڕەش لە سەفەر دابوو.
تا سێزدەبەدەر هات، دە جاریش زیاتر چوومە لای ماڵیان. ئێستا دەگەڵ دووکانداری گەڕەک بووینە دۆست. لە چەمی دەزانم و بارەکەییم دیوەتەوە و بەنی بادەدەم. دەزانم لایەنگری سەرۆکی دەوڵەتە. ڕۆژی دوای سێزدەبەدەر چاوڕەشم بینی دەگەڵ بارام بوو. وا چوومە سەر ڕێگایان نەکاوگیرم کردن.
ـ ئەوە ئەتۆی؟
سڵاوم کرد پاشان ئەحواڵیانم پرسی.
گۆچانم پێویست نییە، بەڵام پێم بوو. وام هەست کرد کە چاوڕەش بە بینینم خۆشحاڵ بوو. چاوەکانی کە بۆ خۆشویستن و ستایش دەبن. دەبریسکێنەوە. پرسیی،
ـ لاقت چۆنە؟
ـ باشترە
بێدەنگ دەبم. قسە زۆرە بۆ گوتن بەڵام نەمدەتوانی قسان بکەم. وشەکان لە گەروومدا چنگیان قایم کردبوو و نەدەهاتنە دەرێ. حەولـمدا سپاسی بکەم و کردم؛
ـ زۆر سپاس کە ئەوڕۆژە منتان لە ماڵی خۆتان ڕێگادا.
سەیری بارامم کرد
ـ سپاس بۆ تۆش.
پێکەنی. کاتێ چاوڕەش پێدەکەنێ ئینسان بەهاری لە دڵ میوانە. بۆنی بەهار دێ، بۆنی گوڵەبەهارە. بۆنی پاراویی و بۆنی گەڵا و سەوزە.
ـ خۆ ئێمە کارێکمان نەکرد.
ـ ئەوەندە کە منتان پەنادا، زۆر بوو.
لێیان جیا دەبمەوە.
سەرە بەهارە کاروون لاڤاواسا خوڕێنە، بەستێن و لابەستێنی پڕ کردووە و خرۆشان دادەگەڕێ. قوڕاوێکی سوور دادەگەڕێتە خوارێ. شەپۆلی کەلاکە مەڕی دێهاتەکانی سەرڕێی دەگەڵ خۆی هێناوە و دەیبات. ئەو دروشمەی وا لەسەر دیواری کاروون نووسیبوومان وەژێر ئاو کەوتووە. لە پشت پەرژینە ئاسنەکانی سەر پردەسپییەوە بڕوانییە ئاوەکە سەرت لە گێژەوە دێ. شەوانە دەنگی کاروون تا دوور دەڕوات و بە ڕۆژێش دەنگی هەڵلا و بگری شار جێی پڕ دەکاتەوە. دەستە و تاقمی جۆراوجۆر بە ئاڵا و دروشمی ڕەنگاوڕەنگی خۆیانەوە دێنە سەر شەقام و دروشمان دەدەن.
لەلایەن سەرۆکی دەوڵەتەوە چەند کەسێک هاتوون تا ئینگلیسییەکان سواری پاپۆڕ بکەن و ڕەوانەیان بکەن. زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە جەنگەی گەرمای نیوەڕۆیەدا لە فڕۆکەخانە بوو بە بشێوی. دەرزیت هەڵاویشتبا وە عەرزی نەدەکەوت. هەرچی هێما و دروشمی ڕەنگاوڕەنگ بوو لەسەر سەران شەپۆلیان دەدا. چەند نەفەر ئاپۆرەی خەڵکیان بڕدا و چوون نوێنەرەکانی دەوڵەتیان لەسەرشانی خۆیان دانا.
شار شڵەژاوە، خەڵک زۆرتر دێنە جۆش. خەبەر و دەنگۆش لە زیاد بوون دایە.
ـ بیستت؟
ـ نا، باسی چ دەکەی؟
ـ کرێکار هروژمیان بردۆتە سەر ماڵی ئینگلیسیەکان. چەند کەسێکیان لێکوشتوون.
ـ سێ لە ئۆتۆمبێلەکانیان ئاگر تێبەرداون.
ـ بەڵام ئینگلیسی وا بە سووک و هاسانی دسبەردار نابن.
ـ ئەی بە گۆڕی بابیانەوە…
ـ پێتوایە وا بە ئاسانی دەست هەڵگرن و بڕۆن؟
ـ وەدەریان دەنێین.
ـ خۆ ملکی بابیان نییە.
ـ ئیتر تەواو بوو.
هێز نێ بتوانێ لە پێش خەڵک ڕابوەستێت. زمانت بجوڵێ دووکان و بازاڕ دادەخرێ ئیدارە تەعتیل دەبن. خەڵک پۆل پۆل دێنە سەر شەقامەکان.
ـ با بچینە تێلگرافخانە
ـ بۆ مەگەر چ خەبەرە؟
ـ ژمارەیەک لە خواردن مانیان گرتووە
ـ بۆچی؟
ـ بۆ ئازادی زیندانەکان
ڕۆژی سێهەمە کە حەڤدە کەس لە تێلگرافخانە دان و لە خواردن مانیان گرتووە. بڕیار وایە خەڵکێکی زۆر دەگەڵ کەون. لەوانەیە ئەگەر تا بەیانی بە ئەنجامێک نەگەن دەستەیەکی دیکەش تێکەڵیان بن.
ـ ئیعلامیەی نانەواکانت بینیوە؟
ـ چی نووسی بوو؟
ـ دەیانهەوێ مان بگرن.
ـ بۆچی؟
سێزدەبەدەر تێپەڕی و نەچوومەوە قاوەخانەی ئەماناغا. پێمخۆش نییە بچم.
ـ خالید لاقت چاک بووەتەوە، بۆ نایەوە قاوەخانەی؟
بەڵکوو ئەمڕۆژانە بێمەوە. لاقم تەواو باش نەبووە.
فکرم بۆ پەیدا بووە. لەلای خۆم لێکم داوەتەوە و حیساب دەکەم؛ ئاخرەکەی چی؟ لە قاوەخانە بەکوێ دەگەم زۆر ئازا بم دەبمە جاڵجاڵۆکە دەنا ئەگەر شانس و بەختم هەبێ دەبمە ئەماناغا. چەند مانگی دیکە دەبمە هەژدە ساڵ، ڕیش و سمێڵم دەرکردووە. ڕۆژ بە ڕۆژ باڵا دەکەم و لینگم درێژتر دەبێ. نا، قاوەخانە بە کەڵکی من نایە. بەڵکوو شەوانە بچم دەرسێ بخوێنم.
ئێستا دەگەڵ پندار لە شانەیەک داین. ئێوارەی ڕۆژانی هەینی کۆبوونەوەی شانەمان هەیە. نێوە نێوە کات و شوێنی کۆبوونەوەکانمان دەگۆڕین. بە پندارەوە چوار کەسین، گوێ لە باس و خەبەران دەگرین ئیعلامیە و ڕۆژنامەکان وەردەگرم و دەیانبەم تەسلیمی شانەی کرێکارانی شەریکەی تەونیان دەکەم. کوبۆنەوەی شانەی کرێکارانی تەون، شەوانی هەینییە. ئێمە سەرجەم چوار کەسین و بەرپرسی تەواوی کرێکارانی ژێر بیست و سێ ساڵین.
ڕۆژنامەکان وەبن کراسەکەم دەدەم و کەمەرەکەم توند دەکەم. خۆم ڕێکدەخەم، ماڵاوایی لە کوڕەکان دەکەم و لە ماڵ وەدەردەکەوم. کاروون خرۆشاوە، ئەوە هەینی سێهەمە کە لەم ماڵە کۆبوونەوەمان هەیە. هەوا تاریک بووە، چراکانی پردە سپی دەمێکە هەڵبوون، لە سەنگفەڕشی ئەوبەری پردێ تێپەڕ دەبم، دەچمە کۆڵانی دارفرۆشان. بارە چرپی و دار لەپەنا دیوار هەڵچنراون. بۆنیان دێ، بۆنی دارەبی. لووتم پڕ بووە. چەند دارکەر لە دەوری یەک دانیشتوون و ئاوریان کردووەتە. کترێکیان وەسەر ناوە. تەنیا ڕووناکایی کۆڵانی دارفرۆشان هەر گڕی کوچکئاوری ئەو دارفرۆشانەیە کە جاروبار بڵێسە دەکات و پاشان دەنیشێتەوە. بۆنی دووکەڵ دەگەڵ بۆنی ماسی و بۆنی دارەبی هەموو گەڕەکی داگرتووە. پیاوێکی بەتەمەن لە تەنیشت ئاورەکە دانیشتووە ورگی چەند ماسییانی دڕیوە و خەریکە خاوێنیان دەکاتەوە.
لە کۆڵانی دارفرۆشان تێپەڕ دەبم، دەگەمە گوزەری خورمافرۆشان. بۆنی خورمای ترشاو دێ. شیرەی خورما بەسەر هەموو سەنگفەڕشی بازاڕدا بڵاو بووەتەوە و جۆگەلەی هەڵبەستووە. لەناکاو لەژێر ڕووناکایی چرایەکدا عەلی شەیتان دەبینم کە بەرەوڕووم دێ. کوڕەکان ئەم نازناوەیان لێناوە؛
ـ زۆر بیژوو و حەرامزادەیە وەک گۆرەوی بازی چاک، لەژێر جلوبەرگیشدا ڕۆژنامە یان کتێب، بە گوڵ لێدەدا..
ـ وەک پشیلە بۆن دەکا.
ـ چاوی دەڵێی چاوی سیسارکە
ـ فێلبازە وەک ڕێوێ
چاوەکانی عەلی شەیتان شینن، برۆی تێکچرژاون و لە چاوی بوونە سەیوان. سمێڵ بچووک هێندەی دەنکە باقلەیەکە. زیت و وریایە لەناکاو و چاوەڕوان نەکراو پەیدا دەبێ، دەڵێی کڵاوی نەبەدی لەسەرە و لە غەیبەوە دێ.
چەند جارێک بە دوامەوە بووە، بەڵام شتێکی بۆ هەڵنەکڕاوە. چوارفەسڵی خودای قوڵەبالتەی دەبەردایە، کە دەمانچەی لەژێردا بشارێتەوە.
لە تاریکیدا وەستام و پاشان لە جێی خۆم سووکێک بەرەو کۆڵانی دارفرۆشان گەڕامەوە. گوێم لێیە عەلی شەیتان هەنگاوەکانی خێراتر دەکات. ناوێرم ئاوڕ بدەمەوە هەر دەڵێی لوولەی دەمانچەکەی لەسەر پشت ملـم ڕاگرتووە. دەگەمە کۆڵانی دارفرۆشان. لێدەهاڵێمەوە ئینجا پێی پێوە دەنێم و ڕادەکەم. بۆنی ماسی برژاو تێکەڵ بە بۆنی دارەبی کۆڵانی هەڵگرتووە. پیاوەکە لە ماسی پاککردن بووەتەوە و ئێستا لەسەر ئاگرەکە دەیانبرژێنی. لە پشت کۆگای دار و ئێزینگ خۆ دەدەمە پەنایەک و بە تەنیشت کارووندا دەڕۆم.
پندار تازە دەیهەوێ لە ماڵ بێتە دەرێ. پاڵی پێوە دەنێم لە ژوورێی داوێمەوە و دەڵێم
ـ عەلی شەیتان خەریکە دێ.
دەچینەوە ژوورێ بە پلیکاناندا وەسەردەکەوین و لە سەربانیڕا سەیری دەرێ دەکەین. عەلی شەیتان لە کۆڵانی دارفرۆشان دێتە دەرێ. لەسەر لێواری سەنگفەڕشەکە ڕادەوەستێ و خۆی بە دیوارێوە مەڵاس دەکات. دەستی لە کەلەکەی دەنێ و لە دەوروبەری خۆی دەڕوانێ. سیغارێک دادەگیرسێنێ، چەن مژێکی لێدەدات و پاشان دەگەڕێتەوە نێو کۆڵانی دارفرۆشان.
***
هەوا گەرم داهاتووە. ئێواران پێش وەتاغەکەمان ئاوپڕژێن دەکەین، گەسکی دەدەین، ڕایدەخەین و لەنتەرییەکان هەڵدەکەین.
کەڕەمعەلی دەستی بە لوبیافرۆشتن کردووتەوە. ناسر دەوانی لە نزیک تاڵاوەکانی خوارەوەی شار، سەد میترێکی عەرز کڕیوە خەریکە چوار دیواریی لە دەوری بکێشێ و خۆی لە کرێگرتەیی خڵاس بکات.
ـ لە بانک قەرز وەردەگرم. زامنێکی پەیدا دەکەم و ئەوەی دەیدەم بە کرێ خانوو دەیدەمەوە بە بانک. بۆ مەگەر بەهرەکەی چەندە؟
بلوور خانم لێم دڵمەندە و شکایەتی هەیە.
ـ خالید زۆر گۆڕاوی نەکا دەگەڵ یەکی دیکە دەستت تێکەڵکردبێ؟
گوێی نادەمێ. سوێندم خواردووە کە تازە ئیتر دەستی لێ نەدەم و نەچمە کنی. کە بیر لە چاوڕەشیش دەکەمەوە ئەوەندی تر لەبەر بلوور خانم هەڵدێم.
ڕەحیم کەردار و ڕیزوان هەموو شەوێ کێشە و شەڕە دەنووکەیانە و دەنگ لێک بڵیند دەکەن.
ـ ئافرەت شەرمێ بکە، حەیات بێ. تەمەنێکت هەیە. قەباعەتە.
ـ هەر ئەوەیە کە هەیە. ناتهەوێ تەڵاقم بدە.
ـ تەڵاقت بدەم؟ ڕووحت دەکێشم. دەبێ ئەو مووی سەرت وەک ددانت سپێ بێ.
لێدان و کوتانی بلوور خانمێش هەر بە پێی و دانی جاران بەردەوامە. بەرە بەرە گەیشتوومە ئەم باوەڕە کە بەشێک تاوانی بلوور خانم خۆیەتی. سەری قسان دەکاتەوە و ئاماناغا کوندەجەرگ دەکات، هەتا لێی هەڵدەستێتە حەوا و دەستێکی چاکی بیراز دەکات.
مام بەندەر چەند ڕۆژێک نەخۆش بوو و دایکم ئاگای لێیبوو. ئێستا تۆزێک باشترە. عارەبانەکەی دەمەوڕوو بە کۆترخانەوە هەڵپەساردووە و لە ماڵ ناچێتە دەر.
باس و خواسی کەڕەمعەلی و بانوو خەریکە هێواش هێواش وەڕاست دەگەڕێ. هێندەی ئافاق بیبڕی و خاجە تۆفیق بیدروێ، وای لێهاتووە کە ئێستا ئیتر ئافاقیش لە حاند سەنەم دمی داخستووە و هەڵکەوێ دوو قسەی خێرانیشی بۆ دەکات. بانووش حورمەتی سەنەمی لەبەرە و بە چاوی خەسوو لێ دەڕوانێ. لە قسان دەبێ هەر ئەمڕۆژانە سەنەم قۆڵی لێ هەڵماڵێ.
پێم لە قاوەخانە بڕیوە و ئیدی ناچم. دەگەڵ دایکم قسەم کردووە، هاوین کە تەواو بێ و مەدرەسە بکرێنەوە بچمە کلاسی شەوانە و دەرس بخوێنم. باوکم نووسیوێتی بە تەمایە بێتەوە. (تاقەتم بەسەر چووە دڵم زۆر بۆتان تەنگە. زۆرتان بیر دەکەم. بەتەمام لە سەرەتای پاییزێدا بێم و سەردانێک بکەم. ئەگەر کار و کاسبی باش بێ ئەوە دەمێنمەوە دەنا دەگەڕێمەوە کوەیت.) ئومێد لە پێش ژوورەکەیان دانیشتووە دەرس دەخوێنێ. دایکم خەریکە شامیکەباب دروست دەکات. لەو ژنە کەمدوێترم نەدیتووە. کاری بە کاری کەس نێ، هەر دەڵێی لەو ماڵەشدا نێ. بلوور خانم ئێوارەخوانی ڕازاندۆتەوە و چاوەڕوانی ئەماناغایە. بۆنی تریاکی خاجە تۆفیق پڕ بە حەوشەیە. بانوو وەک هەمیشە لەپەنا مەقەڵییەکە دانیشتووە و وێژینگان دەدات. خاجە تۆفیق خەریکی کاری خۆیەتی بەحەوسەلە وافوورەکانی گەرم دەکات و تریاکی خۆی دەکێشێ. ئەگەر کەسێک لە تەنیشتی دانیشتبێ چەنەبازە و بەردەوام قسان دەکات. باسی سەردەمی زوو و خۆی دەکات. ئەو دەمی کە تریاک وەکوو زەعفەران وابوو و بۆنی تا گەڕەکە ڕێیەک دەرۆیشت. یان باسی ئەو حۆققانەی ناسرەدین شای دەکات کە هەیبوون، بەڵام ئێستا چوار قوڕنەی دنیایە بگەڕێی یەکدانەش چییە وەدەستت ناکەوێ. خاجە تۆفیق کە دەوری ئاوەدان بێ هەتا بەریبەیانی قسەت بۆ دەکات و خەویشی نایە. بەڵام ئەمشەو تەنیایە و بێدەنگ. بانوو خەو دەیباتەوە و ئافاقیش ئێستا نەگڕاوتەوە.
لە پێش ژوورەکەی باوکم درێژ بووم و لەبەر ڕووناکایی لامپاکەدا کتێب دەخوێنمەوە و چاوەڕوانم بیدار بێ. کتێبخانەی کرێکارانی لاوی شەریکەی تەون لەلای منە. پندار کتێبەکانی لەلای من داناوە. سەد کتێب زیاترن. کتێبەکان دەست بە دەست دەگەڕێن، تا دەگەنە دەستی کرێکارەکان. ئەمن لە چوارچێوەی کاری خۆمدا تەنیا سێ کەسان دەناسم. هەندێک لە کرێکارەکان دوورا و دوور دەناسم و هێندێکیش هەر نا. دوو ڕۆژە چەند کرێکاریان لە کارخانە دەرکردووە هێندێک کەوتوونە بەر لێدان و کوتان و دوو کەسیشیان گرتوون. ئێستا چاوەڕوانم بیدار بێ بزانین دەتوانین چییان بۆ بکەین.
کوڕەکەی پوورە ڕەعنا دیسان سەروسەکوتی پەیدا دەبێ. بێت و نە بێت هاتووە بۆ قۆڵبڕین و بەتەمایە پووڵێک بەرێ. خێرا کتێبەکەم لەژێر فەڕشەکە دەشارمەوە. ئێستا لە هەرکەس جلوبەرگی ئەرتەشی و پۆلیسی دەبەردابێ دەپرینگێمەوە. و خۆمیان لێدەپارێزم.
ـ یاڵڵا خالید!
ـ یاڵڵا!
ـ سەلام پوورێ گیان
ـ سەلام غوڵام.
کوڕەکەی پوورە ڕەعنا جەمیلەی ماچ دەکات و دەچێ کورسیلەیەک دێنێ و لەسەری دادەنیشێت. چاوی لە بلوور خانمە کە لەوسەری حەسارێ لەسەر تەختەکەی دانیشتووە.
غوڵام دەست درێژ دەکات و کتێبەکە لەژێر فەڕشەکە دێنێتە دەرێ. وادیارە کاتێ لەژێر فەڕشەکەم ناوە دیتویەتی.
ـ ئەوە چی دەیخوێنێوە؟
وەڵامی نادەمەوە. غوڵام لە کلاسی گەورەساڵانی سەربازخانە کەم تا کورتێک فێری خوێندنەوە بووە. حەول دەدات ناوی کتێبەکە بخوێنێتەوە.
ـ مە… مە… ماباست
لە هانایەوە دێم و دەڵێم:
مەبەست لە ئەدەب و وێژە
کتێبەکە داوێتە سەر فەڕشەکە و لێو و لووتی هەڵدەقرچێنێ و دەڵێ:
ئەوانە نابنە نان و ئاو.
دایکم چای بۆ تێدەکات. غوڵام دوگمەی فەرەنجییەکەی دەکاتەوە. سینگی تووکناوی دەخاتە دەرێ. ئەو کوڕەی پوورە ڕەعنا دەڵێی ورچە، هەموو گیانی موویە.
ـ پوورێ گیان لە مامە حەدداد چ خەبەر؟
ـ ئەلحەملای باشە
ـ نامەی نەناردووە؟
ـ بەدی
ـ ئەدی پووڵ؟
دایکم خێسەیەکی لێدەکات کە ئەگەر پوورە ڕەعنا ئاوا چاوی لە من کردبایە، دەبوومە دڵۆپێک ئاو و بە عەرددا ڕۆدەچووم. بەڵام ئەو گەڵحۆیە نازانێ شەرم و حەیا چییە. بە نانی مفتی سەربازخانە ملی پانکردووە.
سمێڵی بریقەی دێ، نووکی سمێڵەکانی هەڵگێڕاونەوە سەرێ. دەست دەکات بە قسان و باسی کلاس و دەورەی گوربانی خۆی دەکات. گوتیان دەبێت سێ دانە دەفتەری دووسەت بەرگی، چەند دانە قەڵەم و ژێبەر بکڕم. هەروەها دەبێ ڕاستە و گەچیش بۆ پای تەختەڕەشە بکڕم. بەدەم ئەم قسانەوە چاوێکیشی هەر لە بلوور خانمە. دایکم ڕووی تێدەکات و دەڵێ
ـ غوڵام ئەوە چۆنە سەرگوربان کڕینی ئەو هەموو شتانە دەخاتە سەر شانی تۆ؟
ـ نا پوورێ گیان، بە وانی دیکەش دەڵێت شتومەکی دیکە بکڕن.
لە شیپانەی دەرگای حەسارێدا قەڵافەتی بیدار دەبینم. شەڵوارەکەم دەبەر دەکەم و دەڵێم:
ـ دایە زوو دەگەڕێمەوە
غوڵام دەپرسێ،
ـ بۆ کوێ؟
ـ کارم هەیە.
لە ماڵ دەچمە دەرێ. بیدار دووچەرخەی پێیە، لە پێشی سواردەبم. بە شەقامی حکوومەتدا بۆ گەڕەکەکانی سەرەوەی شار دەچین. بە چەند کووچە و کۆڵاناندا تێدەپەڕین. بیدار ڕای دەگرێ. لە دوچەرخەکە دێینە خوارێ و ئادرێسی ماڵەکەم دەداتێ.
ئەمن دەچمە ژوورێ و چەند خولەک دوای من، تۆش وەرە. ئاگات لە دەوروبەر بێ. بە پێش دەرکێدا وەرە و بچۆ، پیاسەیەک بکە، پاشان بگەڕێوە و وەرە ژوورێ. دەرگاکە داناخەم با لەسەر پشت بێ، تۆ لە پشت سەری خۆت دایبخە.
بیدار دەڕوا لەپەنا دیوارێک ڕادەوەستم. تاریکە. لە بنەبانی کۆڵان چرایەک لە سەردەرانی دەرگای ماڵێک داویسێ. دەنگی پێیەک دێ. هێواش دەڕوات. پیاوێکی باڵابەرز نزیکدەبێتەوە، پاشان دووردەکەوێتەوە و لە چراکە تێدەپەڕێ. لە ماڵەکە نزیک دەبمەوە. بیدار لە داڵانی ماڵەکە چاوەڕوانمە. دەچینە ژێرخانی ماڵەکە. شەفەق، پندار، بیدار، و ئازادی دەناسم. دووی دیکەشن کە نایان ناسم، هەتا ئێستا نەم بینیون. یەکێکیان بە دوکتۆر بانگ دەکەن. بۆم جێگای باوەڕ نییە لە کۆبوونەوەیەکدا بم یەکیان دوکتۆر بێ. سەرجەم حەوت کەسین. دوکتۆر ڕیشێکی پرۆفیسۆری هەیە و باڵایەکی مامناوەندی، کە سەیرت دەکات هەموو وجوودت دەخوێنێتەوە. هەوای ژێرخان گەرم و شێدارە .پەنکەیەک لە میچ هەڵواسراوە، دەگەڵ خوڵانەوەی تەقە تەقی دێ. تونگەیەک ئاو و چەند لیوانیشی لێیە. گێچی دیوار پۆرگی داوە و جێگا جێگا وەریوە. دوکتۆر پیپ دەکێشێ و شەفەق سیغاری بەدەمەوە. دوکتۆر وەک ناسیاو قسە دەگەڵ من دەکات. باسی کرێکارانی کارخانەی تەون دەکات.
ئەو پیاوەی دیکە کە لە تەنیشت دوکتۆر دانیشتووە کز، کورتەباڵا و گڕوێیە. سەریشی تا تەپڵە سەری ڕووتاوەتەوە. چەنەیەکی درێژی هەیە. لووتی ئەوەندە چکۆڵەیە کە دەگەڵ ڕوخساری یەکناگرێتەوە. چاوی ڕاستی وەخت و بێ وەخت دەتروکێن، دەڵێی گلۆپە هەڵدەبێ و دەکوژێتەوە. بە نادر بانگی دەکەن. پیم وایە سی و پێنج ساڵێک تەمەنی بێ.
دوکتۆر ڕووم تێدکا و دەڵێ:
ـ لە کارخانەی تەون چی ڕوویدا بۆمان باس بکە.
سەیری دوکتۆر دەکەم سەر دادەخەم و ئارام دەڵێم:
ـ هەموو ڕۆژێ سەری سەعات دە، یەک لیوان شیریان دەدا بە هەموو کرێکارەکان، بەڵام چەند ڕۆژێکە بێهیچ هۆیەک نایدەن. ڕۆژی هەوەڵ و دووهەم کرێکارەکان بۆڵە و مینگەیان کرد. پاشان لە ڕۆژی سێهەمەوە دەنگیان لێ بەرز بۆوە و بەرەبەرە کار کەوتە لێدان و کوتان. هەروا قووڵتر و قووڵتر بووەوە و سەرۆکی کارخانە شارەوانی خەبەردار کرد. پاسەوانەکان پێوەربوون و کەوتنە لێدان و کوتانی کرێکاران. دوانیشان دەستبەسەرکرد. حەوتیشیان لە کارخانە وەدەرناون.
دوکتور دەڵێ:
ـ دەی جا ئێستا چ بکەین؟
لەسەرەخۆ، چاو لە چاوی من دەکات.
بیدار دەڵێ:
ـ ئەم کێشەیە چ پێوەندی بە پۆلیسەوە هەیە؟
نادر بە دەنگێکی کز دەڵێ:
ـ ئەوە تایبەتمەندی خاوەنئیشە. دەگەڵ گەشەساندنی پیشەسازی کێشەی کرێکار و خاوەنئیش لە چوارچیوەی نوێدا خۆی دەردەخات. کرێکاران دەبێ وریا بن و پارێزگاری لە مافەکانی خۆیان بکەن. چونکو خاوەن ئیش چاوی لە قازانج و بەرژەوەندی خۆیەتی و لە هەمبەر کرێکاراندا دەست بۆ هەموو ئەمرازێک دەبات و پاشەکشە ناکات.
قسەکانی بۆمن جێگەی باوەڕ نین ، بەڵام پێم خۆش بوو توانیبام وا قسان بکەم.
نادر سەیری من دەکات و بەردەوام دەبێ:
ـ ڕەوشتی ئێستا بۆ وەڕێخستنی مانگرتنی کرێکاران لەبارە.
شەفەق دەڵێ:
ـ ئەمنیش لەسەر ئەو باوەڕەم.
پندار لە بۆچوونی من دەپرسێ،
ـ ڕەنگ بێ. بەڵکوو بتوانین ئەم کارە بکەین.
دوکتۆر دەڵێ:
ـ بتوانین؟
نادر دەپرسێ:
ـ گومانت هەیە؟
ـ گومان کە نا،
دوکتۆر دەڵێ:
ـ بە باوەڕی من دەبێ کارایی و توانای بەڕێوەبەری خۆمان هەڵسەنگێنین. ئایا دەتوانین کرێکارانی کارخانەی تەون ڕێک بخەین و ڕێبەرییان بکەین؟
تێگەیشتن لەو قسانە و وەڵامدانەوەیان بۆ من قورسە.
نادر دەڵێ:
ـ وەڵامی ئەم پرسیارە لەلای خالیدە.
بۆ ئەوەی دوکتۆر وەنەزانێ بڕناکەم، خۆناشکێنمەوە، لەسەرەخۆ گوتم:
ـ هەڵبەت کۆمیتە و شانەی کرێکارانی کارخانەی تەون دەتوانن خۆ ئامادە بکەن.
دوکتۆر دەڵێ:
ـ هەر ئەمشەو دەبێ قەرار بدەین و ئاکامەکەشی بە سەرێ بڵێینەوە.
پندار دەڵێ:
ـ دەبێ بەرنامەی مانگرتن چەشنێک بێ کە هەتا ئازاد کردنی کرێکارەکان و گەڕانەوەی دەرکراوەکان بۆ سەرکار درێژەی هەبێ
قسە دێن و دەچن، مەجلیس گەرمە. منیش فکرم لە “سەرێ” یە. “سەرێ” لە هەموو کۆبوونەوەکاندا باسی دەکرێ، هەتا ئێستاش نەمزانی سەرێ چییە. لەپڕ بەمێشکم داهات کە ڕەنگ بێ نادر یان دوکتۆر یان هەر دووکیان شەوانە بە بێتێل دەگەڵ سەرێ پێوەندی بگرن، گوزارشیان بدەنەوە، ڕاوێژی دەگەڵ بکەن و دەستوور وەربگرن. پاشان زوو بەم بیرۆکەی خۆم گاڵتەم هاتێ.
گوێم لە شەفەقە، دەڵێ:
ـ بە باوەڕی من دەبێ کرێکارانی دیکەش ئامادە بکەین کە لە کاتی پێویستدا پشتگیری کرێکارانی تەونکەر بکەن و ئەوانیش مان بگرن.
بیدار دەپرسێ،
ـ یانی کرێکارانی نەوت و ئاسنەڕێ؟
ـ بە یەکەوە نا
نادر دەڵێ:
ـ هاودەنگم، پێم باشە. ئەگەر مانگرتنی کرێکارانی تەونکەر درێژەی کێشا و ئاکامی نەبوو، ئەوکات دەبێ کرێکارانی نەوت و ئاسنەڕێ بە مانگرتنی خۆیان پشتیان بگرن.
ئازاد دەڵێ:
ـ تەنانەت دەکرێ نانەواخانە و دووکان وبازاڕیش ئامادە بکەین.
ئیشەکە خەریکە بەرەبەرە قورس دەبێ. چاوم لە دەستی دوکتۆرە کە بە کەمچە بچووک و باریکەکەی دەستی، تووتنە سووتاوی ناو پیپەکەی بەتاڵ دەکات. دوکتۆر چڵ ساڵە دەنوێنێ. چەن تاڵە مووی سپی لە ڕدێنیدا سەریان هەڵداوە. کە سەیرم دەکات. چاوم دەدزمەوە. نازانم بۆ ناتوانم سەیری چاوەکانی بکەم. لە دڵەوە پێمخۆشە لە جێی دوکتۆری بام و دەگەڵ “سەرێ” پێوەندیم گرتبا. ئەو “سەرێ” یە بۆ من بووەتە مەتەڵ. لە مێشکمدا شتی سەیر و سەمەرە دێن و دەچن. ئینسان دەبینم کە دەمووچاویان نییە، سەریان نییە، لە تارمایی دان و دەنگێکی بەهەیبەت و تایبەتیان هەیە. قسەیان سەنگی هەیە، هەموو شتێک دەبینن و هەموو شتێک باش تێدەگەن. هەموو شتێک باش هەڵدەسەنگێنن. دەو بیرانەدا بووم کە وشەیەکی نوێم کەوتە بەرگوێ؛
ـ هەوەڵ دەبێ “ئۆلتیماتۆمیان” بدەینێ.
دوکتور دەڵێ:
ـ حەتمەن دەبێ ئوڵتیماتۆمیان بدەینێ.
“ئوڵتیماتۆم” تا من بێم و بیری لێبکەمەوە بزانم یانی چی. گوێم لە دەنگی نادر دەبێ؛
ـ مۆڵەتی دوو تا سێ ڕۆژە دەدەین بە خاوەن ئیش کە دەبێ کرێکارەکان بگەڕێنەوە سەر ئیش و کاریان و هەروەها لەسەر ڕەوتی جاران سەعاتی دە دەبێ شیریان بدرێتێ.
پندار ڕوو دە من دەکات،
ـ دەتوانی، کرێکارەکان لە ماوەی دوو ڕۆژاندا ئامادە بکەی؟
نادر لەبەرەخۆیەوە قسان دەکات کە پێوەندی بە باسی کۆبوونەوەکە نییە. هەرکەسە و لە هەوایەک و لاڕێ قسان دەکات. سەرەنجام دوکتۆر جڵەوی کۆبوونەوەکە وەردەگرێت. بڕیارمان دا ئەگەر بەڕێوەبەری کارخانەی تەون، لاساری بکات و وەڵامی ئەرێنی بە داواکانمان نەداتەوە لە تێلگرافخانە دادەنیشین و لە خواردن مان بگرین.
ـ ئەگەر پێویست بێ تەواوی شار دەهاروژێنین.
ئێستا باس لە ناوەرۆکی ئیعلامیەو ماوە و مۆڵەتی ئۆڵتیماتۆمە.
ـ سێ ڕۆژ بەسە.
هەموو لەسەر سێ ڕۆژ ساغ دەبینەوە، بەڵام من ئێستاش لە مانای ئۆڵتیماتۆم نەگەیشتووم.
نادر دەڵێ:
ـ دەبێ زۆربەی زۆری کرێکارانی کارخانەی تەون ژێر ئەو ئیعلامیە ئیمزا بکەن.
دوکتۆر دەڵێ:
ـ دەبێ بۆ ئێعلامیەی کرێکارانی نەوت و ئاسنەڕێش ئامادەکاری بکەین. چونکو ئەگەر پێویست بوو دەبێ بێ یەک و دوو پشتیوانی خۆیان لە کرێکارانی تەونکەر دەرببڕن.
کە کۆبوونەوە کۆتایی هات دەبێ تاق تاق وەدەرکەوین. ئینجا دەبێ دەگەڵ هەر کام لە شانەکان کۆببمەوە و لە بڕیاراتی کۆبوونەوە ئاگاداریان بکەم.
دوکتۆر پیپێکی تازە دادەگرێتەوە و بە من دەڵێ:
ـ دەبێ لە ڕاگەیاندن و بەڕێوەبردنی بڕیارەکاندا قورس و قایم هەڵسوکەوت بکەم. بەردەوام دەگەڵ پندار لە پێوەندی دابە. ئەگەر گرفتێک هاتە پێش و نەتتوانی بڕیار بدەی دەگەڵ پندار باسی بکە.
نادر درێژە بە قسەکانی دوکتۆر دەدات و دەڵێ:
ـ هەروەها ڕاپۆرتی کارەکانیش بە رێکوپێکی بدەوە بە پندار.
دوکتۆر مژێکی توند لە پیپەکەی دەدات و پاشان دەڵێ:
ـ بەر لەوەی دەست بەکار بی، باشە بزانی، کە سەرکەوتن بە سانایی دەستەبەر ناکرێ.
شەفەق دەڵێ:
ـ بەتایبەت بێتوو دەگەڵ پۆلیس دەستەوئیخە بی، توند و تیژی لە هەموو چەشنێک چاوەڕوانیت دەکات.
بێئۆقرەم. حەز دەکەم هەرچی زووتر وەڕێکەوم و کوڕەکان لە ماڵەکانیان دەربکێشم؛
کوڕینە دەبێ زۆر بە ورە و دڵقایم بین و لێوەشاویی لە خۆمان نیشان بدەین.
دەڵێی دەنگی دوکتۆرە لە قورگی منەوە دێتە دەر.
لەسەر بۆڕییەکانی نەوت کە بە تەنیشت قەبرستاندا بەرەو بەندەر ڕاکێشراون دانیشتووین. تروسکایی چەند چرایەک لە دوورەوە دیارن. نزیک نیوە شەوە کە چی هاڵاوی گەرما بەباشی هەست پێدەکرێ.
ـ ئەگەر پێویست بێ تەواوی شار دەشڵەقێنین.
ـ تەواوی شار؟
سەر دەلەقێنم. ئەم جارەیان وشەکان و قسەکان شێوەی قسەکردنی نادر لە قوڕگم دێنە دەر؛
ـ گەلێک ئەزموونی میژووییمان هەیە، ڕێ پێشاندەرن بۆ لێفێربوون دەبن.
دەڵێی لەسەر هەوران دەڕۆم. بام لەبن باڵان دراوە و پیم وایە دەتوانم تەنیا بە ئاماژەکردنێک هەموو شار بێنمە خرۆش. شۆقی گڵۆپەکانی لۆرییەک لەلای بەندەرەوە دێ دەورو بەری ڕێگایە ڕووناک دەکات و دەنگی لۆرییەکە بێدەنگی شەو دەشکێنێ و بەردەوام بەرزتر بەرگوێ دەکەوێت.
ـ کەی دەست بەکار بین؟
وەڵام دەدەمەوە؛
ـ ئەمشەو تا بەیانی ئیعلامییەکان چاپ دەکرێن. بەیانی دەبێ تەواوی کارخانەی تەون بە ئیعلامیە سپی هەڵگەڕێ.
سەعاتە وەختێک لە نیوەشەو لایداوە دەگەمەوە ماڵێ. دەرگای حەسارێ قەت گاڵە نادرێ. یەک لە لاولاوەکان ڕزیوە؛ لادەرگایەک نیشتووە و بەزەحمەت دێ و دەچێ. بەئەسپایی و لەسەر پەنجان دەچمە ژوورێ. جلەکانم دادەکەنم و دەچمە دەرێ و لەوێ لەپێش وەتاغەکەی باوکم درێژ دەبم.
ئاسمان ساماڵە، ئەستێرەکان دیارتر لە هەمیشە دەدرەوشێنەوە. تەختی بلوور خانم جیڕ و هۆڕی دێ.
***
جلوبەرگی کرێکاری دەکەمە بەرم و تێکەڵ بە کرێکارانی دیکە دەچمە ناو کارگەی تەون.
دار و دیواری بەشەکانی کارگا، هۆڵی نانخواردن، ڕاڕەوی نێوان بەشەکان و حەساری کارخانە پڕە لە ئیعلامییە. تەنانەت چەند دانەشمان لە دەرگای ژووری مودیر، ژووری کۆبوونەوە و فەرمانبەران داوە.
مانگرتن سەرناگرێ. خاوەنئیش پاشەکشە دەکات. بەڕێوەبەری کارخانە و نوێنەری کرێکاران لە دەوری مێزێک کۆدەبنەوە. کرێکاران پۆل پۆل لەژێر سێبەری داران چاوەڕوانی کۆتایی کۆبوونەوە دەکەن. چل خولەک پتر ناگرێ کە نوێنەری کرێکاران ڕووخۆش و لێو بەبزە لە ژووری کۆبوونەوە دێنە دەرێ و ڕادەگەیەنن کە؛
ـ دەرکراوەکان دەگەڕێنەوە سەر ئیش و کاری خۆیان. زیندانییەکان ئازاد دەکرێن و سەری سەعات دەی بەیانانیش پەرداخە شیری کرێکاران دەدرێت.
هاوار و هەلهەلەی خۆشی کرێکاران بەرز دەبێتەوە. لە خۆشییان هروژم دەبەن، نوێنەرەکانیان لەسەر شانیان دادەنێن و دەیکەنە چەپڵەڕێزان.
***
عەلی شەیتان لێم خافڵ نییە، چاوێکی بەسەرمەوە و زۆر جار لە زۆر شوێنی چاوەڕوان نەکراو لێم پەیدا دەبێ. جار و بار هەست دەکەم بەدوامەوە و شوێنپێم هەڵدەگرێ. هەردەم هەست دەکەم هەنگاو بە هەنگاو دەگەڵمە. هەڵە نەبم لە خیاڵی خۆیدا ئاشی سەربەڕۆنی بۆ دروست کردووم، بەڵام جارێ دە داوی نەکەوتووم؛
ـ خالید چۆنی؟
وا دیارە ناوم فێر بووە.
ـ لە کارگای تەون دەوری چاکت گێڕا، تەونکەر!
دەبێ کێ پێیگوتبێ؟
هێندێک جار دووچەرخەی پێیە و جاریش هەیە پیادە، دەمانچەی پێیە چونکو هەمیشە ژێر کاپشێنەکەی دەرپەڕیوە.
بە تەنیشتمدا تێدەپەڕێ و زۆر پیس خێسەم لێدەکات. بە زۆری بزەیەک دێنمە خۆم و دەڕۆم. حەز ناکەم قسەی دەگەڵدا بکەم. ئەوەندەی بکرێ لای لەلای دەدەم.
هەفتەیەک دەبێت چاوڕەشم نەبینیوە. لە هەفتەی ڕابوردوودا، لاموایە سێشەممە بوو کە لە پارکی میللەتدا بینیم. دەگەڵ بارام بەیەکەوە لەسەر کورسییەکی ناو پارک دانیشتبوون. ئێستا هەر کات دەیبینم، دەخەجڵێم، ڕەنگم دەگۆڕدرێ، دڵم توند لێدەدات، قوڕگم دەگیرێ و قسەم بۆ نایە. دیسان نەکاوگیری دەکەم و دەچمە پێشێ.
ـ لاقت باش بووە؟
ـ باش باش
لە تەنیشتی دادەنیشم بێدەنگ دەبین. سەیری یەکتری دەکەین. پێدەکەنێ و سەری دادەخات. دڵەکوتەمە. ئاخ چەندم پێخۆشە ماچێکی بکەم. هەموو دەروونم پەرێشانە، هەنگامەیە، بەتەواوی ئارەزوومە ماچێکی بکەم. ئەگەر وریا نەبم لەوانەیە خۆم بۆ ڕانەگیرێت و لە باوەشی بگرم، هەموو گیانی ماچ بکەم. پێم خۆشە سەرم لەسەر سینگی دانێم و سوکناییم بێتێ. سەیرم دەکات هەردووکمان پێدەکەنین. هەردووکمان سەر دادەخەین. لەناکاو عەلی شەیتان دەبینم لەسەر سەرمان ڕاوەستاوە و سەیرمان دەکات. چاو لە چاوڕەش دەکات. حەز دەکەم هەستم سی و دووددانەی تێکبشکێنم. چاوم لێدەکات و دەڵێ:
ـ نەمدەزانی جەوانێکی بەلەنگاز[10] و بێئەنوای ئەو خوار خوارانەی شار بتوانێ دەگەڵ کچێکی ئاوا نازدار کەینە و بەینەی هەبێ و ڕێکبکەوێ. سوورسوور هەڵدەگەڕێم، ناتوانم و خۆم بۆ ڕاناگیرێ؛ دەڵێم:
ـ ئاگات لە دەمت بێ!
عەلی شەیتان واق دەمێنێ و بزە لەسەر لێوی نامێنێ. چاوڕەش ڕەنگی گۆڕدراوە، سپی سپی هەڵگەڕاوە، هەڵدەستێ، سەیرم دەکات، بە زۆری پێدەکەنێ. بە ئاماژەی سەر خواحافیزی دەکات و پاشان دەگەڵ بارام دەڕۆن.
ددانم لە جیرەوە دەبەم، ڕەگی ملـم ئەستوور بووە، خەریکە دەهری بم.
ـ ئەوە چۆنت لە داو خست و چۆنت فریو دا؟
ئەگەر قەبزی دانی یارمەتی کرێکارانم لە گیرفاندا نەبا، دەگەڵی دەستەوئێخە دەبووم. بەڵام نا، دەبێ خۆ نەدۆڕێنم و ددان بەسەر جەرگمدا بگرم. زارم پڕ کردووە هەرچی خراپە پێی بڵێم، دەیگێڕمەوە.
پاڵ وە کورسییەکەی پارک دەدەم و لاق دەهاوێمە سەر لاقم و سەیری سروشتی ناو پارک دەکەم.
عەلی شەیتان وڕماوە، لە تەنیشتم دادەنیشێ. گۆشە نیگایەکم بەسەریەوە، لێوم دەکرۆژم.
عەلی شەیتان سیغارێک دادەگیرسێنێ و کایە بە دووکەڵەکەی دەکات. دەمهەوێ هەستم بڕۆم، توند جومگەم دەگرێ.
ـ جارێ دانیشە
ـ دەمهەوێ بڕۆم
ـ باشە بڕۆ.. بڕۆ، بەڵام چەند خولەکێک ڕاوەستە. ئینجا هێدی بەردەوام دەبێ؛
ـ ئێمە دەتوانین دۆست و هاوڕێی یەکتر بین.
تووڕە دەبم، دەست ڕادەکێشم خۆ قوتار دەکەم و بەگرژییەوە پێی دەڵێم:
ـ منی قوون لێکەوتووی ئەو خوار خوارانەی شار و ئێوەی خاوەن پلە و پایە، کوجا مەرحەبا و چۆن دەتوانین دۆست بین؟
قاقایەک لێدەدات؛
ـ عاجز بووی؟
ناوچاوانم ئارەقەی کردووە، لاجانگم ڕێک دەگوشرێ. خەریکە ژانەسەر دەمگرێ. دووکەڵی سیغار ماوەیەک لە نێو سمێڵی عەلی شەیتاندا حاسێ دەبێ تا ڕێ دەردەکات. چاوەکانی ئەننەهوو دوو قۆپچەی سەوز، لووتی سوور و دوو گۆنای سوورفل، بۆم ناخرێتەوە سەریەک، مرۆڤە یان سەگ.
ـ لەو قسانە گەڕێ، ئەگەر بتهەوێ دەتوانین دۆست بین.
بێ ئەوەی هیچ بڵێم هەستامە پێ و کەوتمە ڕێ. دەبێ هەر جۆرێک بێ خۆی لە دەستی ڕزگار بکەم، ئاوا بچێتە پێشێ ڕۆژێک کێشەم بۆ دەنێتەوە و تووشی چەرمەسەری دەبم.
وڵات تاریک داهاتووە، دەگەمەوە ماڵێ. منداڵی گەڕەکێ تەنگەتاو لە دەرگای حەسارێ دەردەپەڕن و بە کۆڵان وەردەبن. دەنگی منداڵان تێکەڵ و پێکەڵە. ڕەحیم کەردار دارێکی بە دەستەوە وەدوایان کەوتووە. ڕیزوان لە تەنیشت حەوزی حەسارێ ڕاوەستاوە دەمشڕ، دەمهەراش و زار بەجنێوە. ئەوەی دەیڵێ نایڵێتەوە؛
ـ ئەتۆ کە ناتوانی خەرجی من بدەی، دەبێ کڵاوی قوڕمساغی لەسەر بنێی.
وادیارە کار لە کار ترازاوە و پەردەی شەرم و حەیا دڕاوە.
ڕەحیم کەردار منداڵەکان بەجێ دێڵێ، دەگەڕێتەوە و هێرش دەباتەوە سەر ڕیزوان. خوێن بەرچاوی گرتووە خاجە تۆفیق پێشی دەگرێ. مەشەدی ڕەحیم هاوار دەکات؛
ـ ژنە بادی هەوا بووە.
خاجە تۆفیق ڕەحیم کەردار دەکێشێتە دواوە و دەڵێ:
ـ مەشەدی ڕەحیم شوورەییە.
ڕیزوان لە خۆی دەنووسێ و هاوار دەکات:
ـ هەر ئێستا دەچمە شارەوانی و دەڕێنم بە گۆڕی باوکتدا.
ـ دە بڕۆ… بڕۆ… دەی دەبڕۆ! هەراست پێ هەڵگرتم، دیقت پێکردم. گوم بە لە پێش چاوم.
دەرودراوسێ تازە فانۆسەکانیان هەڵدەکەن. سەنەم دەچێتە بن باڵی ڕیزوان. خاجە تۆفیق ڕەحیم کەردار بەرەو ژوورەکەی ڕاکێش دەکات. ڕەحیم کەردار زاری کەفی کردووە؛
منی خستۆتە سەر زاری هەموو کەس و ناکەسێک. شاتر حەبیب توانجم تێدەگرێ و تەوسان داوێ. منداڵان فیتووم بۆ لێدەدەن و گاڵتەم پێدەکەن. مێهدی بەقاڵ پێم پێدەکەنێ. عەجایب غەڵەتێکم کرد.
خاجە تۆفیق، ڕەحیم کەردار دەباتەوە ژوورێ و سەبرایەک و بەسرتە بە گوێیدا دەخوێنێ؛
ـ دەست نێ لە گۆزەیدا مابێتەوە، لە کۆڵ خۆتی بکەوە با بڕوات.
مەشەدی ڕەحیم قوت بوو و گوتی:
چی، بەڕەڵای کەم؟ … ڕووحی دەکێشم،
ـ جا کە وایە، قوونەوە دە، پێڕابکێشە و بسازێ.
ـ هەرچی پێی دەڵێم ژنەتیوە حەیام مەبە، نە با هاتووە و نە بۆران. عومرێک بە بێدەنگی و بێقڕە ژیاوم…ئێستا لەو ئاخری عومرەیدا …
لەناکاو ڕیزوان خۆی بە ژوورێدا کرد کە چارشێوەکەی بەرێ. ڕەحیم کەردار ئامبازی بوو و چارشێوەکەی لە دەستی دەرهێنا و گوتی؛
ـ بە هیوا بە
ڕیزوان چارشێوەکەی دەکێشێ. ڕەحیم کەردار لە بنان گۆی قایم دەکات، ڕیزوان دەکەوێتە گۆشەی وەتاغێ. داوێنی کراسەکەی هەڵدەدرێتەوە و عیبەی دێنە ڕوو. ڕیزوان هاوار دەکات. منداڵ دیسان ڕژاونە حەسارێ. ڕەحیم کەردار ڕاویان دەنێ و دەڵێ:
ـ دایکێ خۆگێینە! جاو وەرە خۆشەوەکە؛ نەتوانی لە ماڵەکەی خۆشتدا گوویەک بخۆی.
منداڵەکان لێو و لیچی لێ بادەدەن و گاڵتەی پێدەکەن و بەرەو دەرکی حەسارێ هەڵدێن. سەنەم دیسان قۆڵی ڕیزوان دەگرێ و لە ژوورێ دەیباتە دەرێ. خاجە تۆفیق، ڕەحیم کەردار لە پێش ژوورەکەی خۆی دادەنیشێنێ، دارەکەی لە دەستی دەردێنێ. سەبیلەیەکی بۆ دادەگیرسێنێ، دەیداتە دەستی و پاشان دەڵێ:
ـ بابم مەشەدەی ڕەحیم! ئەو ژنە بە کەڵکی تۆ نایە.
ڕەحیم کەردار لەبەر خۆیەوە دەبۆڵێنێ. حەسەنی دەگەڵ وڵاغەکان لە کورەخانەڕا دێتەوە و بـەدوای ئەویشدا مام بەندەر بە داشقەوە لە دەرگای حەسارێوە دێتە ژوور و سڵاو دەکات.
مام بەندەر زۆر پیر بووە.
ڕیزوان لەبەر دەرکی وەتاغی ئافاق دانیشتووە و نووکە نووکێتی. ئافاق لەپەنا مەقەڵییەکە چیچکەی کردووە و خەڵووزەکان دەگەشێنێتەوە. بانوو پێش ماڵی سەنەم گەسک دەدات. بانوو کەڵتە بووەتەوە و قەرارە سێ حەفتەی دیکە لە کەڕەمعەلی مارە بکرێ.
باوکم نووسیوێتی کە سەرەتای پاییز بە سەردان دەگەڕێتەوە و ئەگەر کار و کاسپی باش بێ وا ئیتر دەمێنێتەوە. وەکی دیارە و وێدەچێ دۆخی وڵات بەرەو باشبوون ناڕوات و چەتوونە کار وەدەست بکەوێ. سەر بە هەر قاوەخانەیەکدا بکەی، کرێکار پۆل پۆل بێکار و سەرگەردان دانیشتوون. پاڵاوگە داخراوە، بازاڕ لە جاران کەسادترە. ئاسەواری برسێتی و نەداری بە ڕوونی لە سیمای خەڵکی شاردا دیارە و زەخت لە زۆران دەکات و شانی پێداهێناون.
هەرکە ڕادیۆ بکەیەوە گوێت لە دەنگی لەرزۆک و بێهیوای سەرۆک وەزیران دەبێ کە قسە بۆ خەڵک دەکات و داوای یارمەتییان لێ دەکات. خەڵک گوتەنی؛ نوێنەرانی سەرۆکی دەوڵەت، هاتن ئینگلیسییەکانیان لە دەریا کرد، پاپۆڕی هێزی دەریایی ئینگلیسیان دوور خستەوە، بەڵام ژیانی خەڵک تەوفیری نەکردووە و باشتر نەبووە و وێش ناچێ بەم زوو و زەمانانە باشتر بێت.
لە فکری وەی دام، لە کارگای تەون، کارێک بۆخۆم پەیدا بکەم. باشە هەم لە کوڕەکان نزیک دەبم و هەمیش پاییزێ دەتوانم دەست بە کلاسی شەوانە بکەم. ئەم بیرۆکەیەم دەگەڵ شەفەق و پندار باس کردووە، حەول دەدەن کارێکم بۆ جێبەجێ بکەن، بەڵام ئەم ڕۆژانە کاری تەون ڕمێنێکی وای نییە، ها ئەمڕۆ ها بەیانی دەرگای کارگەیان بە ئێکجاری داخست و تێکڕایان ناردنەوە ماڵێ.
دیسان دەنگ و باس لەسەر زارانە، ڕاست و هەڵبەستراو دەم بەدەم دێن و دەڕۆن؛
ـ ئینگلیسییەکان بە تەمان لێژنەیەک بنێرن تا گرێبەستی تازە بنووسن.
ـ مەبەستت ئەو “لێژنەی ستۆکسۆ”یە؟
ـ بەڵێ…پیم وایە پێشنیارەکەیان زۆر خراپ نەبێ. پەنجا بە پەنجا
ـ ئای برا! چەند ساکار و خۆشباوەڕی؟
بۆ مەگەر ئیرادێکی هەیە؟
ـ بەڕاستی تۆ پێتوایە ئێمە دەروەستی ئەم ئینگلیسییە فیڵباز و دەغەڵانە دێین. لەبیرت چۆتەوە ئەو باجە کە شەریکەی نەوت دەبوایە بیدات بە دەوڵەتی ئینگلیس لە خەزێنەی دەوڵەت و میللەتی ئێران دەدرا.
بەڵام سەرۆکی دەوڵەت وتوویەتی دەگەڵ ئینگیسییان گرێبەست واژۆ ناکات… بۆخۆمان نەوتی خۆمان هەڵدێنجین، بۆخۆمان دەیپاڵێوین و بۆخۆشمان دەیفرۆشین.
ـ بەڵام پێم ناڵێی بە کام کەشتی؟… و بە کام شەریکە؟
کرێکارانی پاڵاوگە لە بندیواران دادەنیشن و چاوەروانن دەنگی ئاژیر بەرز ببێتەوە ئینجا قابڵەمە و دەفری بەتاڵی خواردن هەڵگرن و بگەڕێنەوە ماڵێ. هەربینا ئەو ڕۆژانە جوابیان بکەن و پۆل پۆل لە کار وەدەریان بنێن. دەبێ بۆ باوکم بنووسم؛ وریا بێ و بە هیوای کاری ئێرە کارەکەی ئەوێشی لە دەست نەدا. دەبێ وەزعی ئێرەی بە تەواوی بۆ بنووسم. بۆی بنووسم وەزعی ئێرە هێندە باش نێ.
بەرە بەرە ئێوارە داهاتووە پێنج سەعاتێک نوستووم. هێشتا ئاخر پاروو نانم لە گەروو ئاوا نەبووبوو چاوم قورس بوون و خەو بەسەرمدا زاڵ بوو. خەوێکی قورس و خەونێکی خۆش؛ چاوڕەشم میوان بوو. ئێستا کە خەونەکەم بیر دەکەوێتەوە، کەیفم سازە و دڵخۆشـم. نامە بۆ باوکم دەنووسم. پیم وایە کۆبوونەوەی ئەمشەو دەربارەی وتاری ئەم دوایانەی سەرۆکی حکوومەتە. کاتێک قسەی دەکرد دڵمردوو و مەلوول بوو. باسی لێژنەی ستۆکسۆی کرد و وتیشی قەرارە بێن و دەگەڵ دەوڵەت وتووێژ بکەن.
ـ دایە نامە بۆ باوکم دەنووسم، ئەتۆ هیچ ئەسپاردەیەکت نێ؟
جەمیلە خۆ داوێتە ناو باوەشم و دەڵێ:
ـ بۆی بنووسە کە زۆری بیر دەکەم.
دایکم دەڵێت بۆی بنووسە خاوەنی دووکانەکە هاتووە، داوای ئیجارەی دواکەوتووی دووکانێ دەکات و گوتووشێتی؛ ئەگەر یەک لای نەکەنەوە قفڵ لەسەر قفڵتان دەدەم.
نامەکە دەنووسم، شەڵوارەکەم هەڵدەکێشم و وەدەردەکەوم. گڵۆپەکانی سەر شەقام دایسێن لە شەقامی حکوومەت نامەکە لە سندووقی پۆست دەهاوێم پاشان بەرەو بازاڕی خورمافرۆشان دەڕۆم. هەر لە دوور و نزیکی کۆڵانی دارفرۆشانەوە بۆنی تاڵ و توندی دارەبی لووتی مرۆڤ پڕ دەکات. ئاوی کاروون دیسان زۆر هەستاوە. ئاوێکی مەیلەوڕەش. پندار و کوڕەکانی دیکە چاوەڕوانمن. وا وێدەچێ تۆزێ وەدرەنگ کەوتبم. پندار دەست پێدەکات و سەروتاری ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە. سەروتارەکە دەربارەی فرانکو، دیکتاتۆری سپانیایە. پێویستە هاوخەمی و هاوخەباتی خۆمان دەگەڵ خەباتکارانی سپانیایی دەرببڕین. دەبێت جەللادی سپانیا لە قاو بدەین و بە هەر شێوە و شکڵێک بۆمان دەکرێ، پیلانەکانی فرانکۆ بکەینە بڵقی سەر ئاو و نەهێڵین مافی خەڵکی سپانیا پێشێل بکرێت.
خوێندنەوە و کار کردن لەسەر وتارەکە تەواو دەبێ. پاشان باس و خواس لەسەر “ستێخانۆڤ“ دەست پێدەکات. کاری زۆر و بەردەوامی تاکەکان دەبێتە هۆی بەرهەمی زۆرتر و گەشەی ئابووری وڵات. پندار بە گەرمی و بەگوڕ باسی کاری بێوچانی “ئالێکسی ستیخانۆڤ” کرێکاری نموونەی وڵاتی شووراکان دەکات. بەسەرسوڕمانەوە گوێم لێگرتووە، بەڵام حەزم دەکرد باسی ئەمشەومان باسی وتاری سەرۆکی دەوڵەت بوایە. دەمهەوێ بزانم بۆچی دەوڵەت پێشنیاری “لێژنەی ستۆکس” قبوڵ ناکات. دەمهەوێ بزانم ئەو فێڵ و فەرەجەی ئیستعماری ئینگلیس بە کاریان دێنێت کامانەن؟ ئاخر ئەو ڕۆژانە گرنگترین کێشەی ئێمە ئەم پرسانەن. بۆچوون و چاوەڕوانی خۆم بە پندار دەڵێم. سەیرێکم دەکات، چەند خولەکێک دەوەستێ و پاشان هێدی و هێمن دەڵێ: ئەو پرسیارە دەبێت لە سەرێ بڕیاری لەسەر بدرێ. لەوانەیە پندار ڕاست بکات هەرچی بێ ئەوان زۆر لە ئێمە شتزانترن.
ئەو وەتاغەی لێی کۆبووینەوە لە قاتی سەرێیە. پەنجەرەی وەتاغەکە بە ڕووی کارووندا کراوەتەوە. دەنگی کاروون لە دوورەوە دێ. هەوا گەرمە. لەپڕتاو بە توندی لە دەرگای ماڵەکە دەدەن. پندار لە قسەکردن دەوەستێ. سەیری یەکتری دەکەین و دەڕوانینە خوارێ. پیرێژنێک و ژنێکی گەنج لە خوارێن. هاوسەری ئەو ژنە گەنجە دەگەڵ ئێمە لە کۆبوونەوە دایە. ماڵەکە ئەوەندە بچکۆلە و بەرتەنگە کە ئەگەر منداڵیان ببێ بەزەحمەت جێگایان دەبێتەوە. هەڵدەستم لە پەنجەرەوە سەیر دەکەم. کوتانی دەرگا دەوەستێ. دەنگی پێ دێ کە بەهەڵەداوان لە پلیکانان وەسەر دەکەوێ. تێکڕامان بەرەو دەنگەکە دەچین. دەگەڵ پەیمان لووت بە لووت دەبین. هەناسەی سوارە، بە هەناسەبرکەوە دەڵێ:
ـ لێرە وەدەرکەون! بڵاوەی کەن زۆر زوو . خێرا کەن!
ئەوەی گوتوو و هەروا بەخێرایی و هەشتاوی گەڕاوە دوایە و لە ماڵەکە وەدەرکەوت.
کتێب و ڕۆژنامەکان لە نێو خۆماندا بەش دەکەین و بە پلیکاناندا دادەگەڕێینە خوارێ. لە دەرکی ماڵەکە وەدەردەکەوین. ژن و مێردە گەنجەکە دەرگامان لە پشت سەر دادەخەن و دەگەڕێنەوە ژوورێ. لە کۆڵانی دارفرۆشان ڕا دەنگی پێ دێ. بندیوار و بندیوار بەسەر بەردرێژەکەدا دەڕۆین. لەبەردەممان هەتا چاو کار دەکات کاروون دیارە. دەنگی کاروون بە سامە، شەپۆلەکان یەک بـەدوای یەکدا خۆ بە بەستێنی چۆمدا دەکێشن. چار نییە خۆ بە ئاوەکەدا دەکەین و بەرەو گاشەبەردێک کە لە ناو ئاوەکەیە دەچین. ئاو هەتا سەر ئەژنۆمان دێ. خیز و بەردەڵانی بن پێمان لووسن. کە شەپۆلان دەدات ئاو هەتا نێوگەڵمان دێ. دەگەینە گاشەبەردەکە، خۆمانی لەپەنادا مات دەکەین. لە کۆڵانی دارفرۆشانەوە پێنج سەرباز دێن، لە تاریکیدا دەمووچاویان دیار نییە. یەکێکیان جومگەی پەیمانی بە دەستەوەیە. هەست ڕادەگرین. هاژەی بەسامی کاروون گوێمانی پڕ کردووە، بە زەحمەت گوێمان لە دەنگی پەیمان دەبێ کە دەڵێ:
ـ چ کارتان بە من داوە؟
نیزامییەکان دەرگای ماڵەکە دەکوتن. چواریان خۆ بە ژوورێدا دەکەن و پەیمانیش دەگەڵ خۆیان دەبەنە ژوورێ. سەربازێکیان لەبەر دەرگا دەمێنێتەوە. پشت سەرمان گاشەبەردێکی گەورەی دیکەی لێیە، یەک یەک بەرەو ئەو گاشەبەردە دەچین. تاریکە لەپەنا گاشەبەردی دووهەمەوە وردە وردە بەرەو کەناری چۆم دەچین. سەربەرەژوورە بە زەحمەت سەر دەکەوین. چەند جار دەکەوین و هەڵدەستینەوە. ئێستا ئیتر سەربازەکەی بەر دەرگامان لێ نەدیو بووە. سەردەکەوین دەچینە گوزەری خورمافرۆشان، گڵۆپەکانی ئەم گوزەرە نێوە نێوە سووتاون و نایسێن. لە تاریکیدا دەوێستین. چاومان دەبڕینە زارکی کۆڵانی دارفرۆشان. لە زارکی کۆڵانی دارفرۆشان جیبێکی ئەرتەشی وەستاوە. لەناکاو هەر پێنج سەربازەکە دێن، پەیمانیان دەگەڵە. ڕادەوەستن، پەیمانی بەڕەڵلا دەکەن، سواری جیبەکەیان دەبن و دوور دەکەونەوە.
***
ناسر دەوانی بە قەرزوقۆڵە دیواری بە دەوری زەمینەکەیدا کێشاوە. ماڵ و حاڵەکەی کۆکردۆتەوە، باری کردۆتە خانووی خۆی. گۆیا مانگایەکیشی کڕیوە کە ژنەکەی ماست هەوێن بکات تاکوو بۆ قیست و خەرجی مانگانە یارمەتیدەر بێ. بەڵام دڵنیام، بێت و بۆی هەڵنەسووڕێ، ملی ڕێگایە دەگرێ و دەگەڕێتەوە کوەیت.
کەڕەمعەلی وەتاغەکەی ناسر دەوانیی بە کرێ گرتووە. قەرارە بە قسڵاو سپی بکاتەوە. شەوی هەینی مارەکردن و بووکگواستنەوە وێکڕایە. لە ئێستاوە لە تدارەکی ئەو شەوەدان. سەنەم کەیفی سازە، دەڵێی ڕۆنی سەگت لە قالبی داوە. کەڕەمعەلی لە بازاڕی کۆنەفرۆشان شەڵوار و کۆتێکی نیوداشتی کڕیوە. هەرکامەی لە ڕەنگێکن.
ئافاق قەوارەیەک ساتینی سەوزی داوە بۆ بانووی بدروون. ئێوارێ مارەی دەکەن و شەوێش بووک دەگوێزنەوە. چەند خزم و کەسیان بۆ نەهار و شام بانگهێشت کردووە. دەهۆڵ و زوڕناش خەبەردەکەن. قەرارە ڕیزوان، ژنی مەشەدی ڕەحیم هەنێی بووکێ هەڵبگرێ و بیڕازێنێتەوە.
لە خەو هەڵدەستم تاو لەسەر سەرانە. سەرو ڕیشم دەتاشم کە لە ماڵ وەدەرکەوم. بۆنی تریاکی خاجە تۆفیق هەمدیسان ڕۆژەڕێیەک دەڕوات. هەتا جەنگەی نیوەڕۆیە لە پای مەقەڵی دادەنیشێ. جاران سەرێکی دەرێی دەدا، سەودایەکی دەکرد، بارە برینجێک، خورمایەک، سیپە چایەکی دەکڕی و دەفرۆشت و دوو قڕانی پەیدا دەکرد، بەڵام ئێستا ئیتر بە تەواوی خانەنشین بوو و گوێی بە تیر و توانجی ئافاقیش نابزوێ. ڕەحیم کەردار چووە بۆ کورەخانە، ڕیزوانیش بەری بەیانی وەدەرکەوتووە. کەی دەگەڕێتەوە، خوا دەزانێ. ئافاق شەوێ نەگەڕاوەتەوە. داشقەکەی مام بەندەر لە شوێنی خۆی نییە. دایکم لە ژوورەکەی خۆیەتی. بلوور خانم بەئاسپایی بانگم دەکات. بەبەر دەرکێیدا دەڕۆم و دەچمە ژوورەکەی. دەرگا پێوە دەدات و سینگی بە سینگمەوە دەنێ. لێیدەپرسم؛
ـ چ کارێکت هەیە؟
بە دەنگێکی لەرزۆکەوە دەڵێ:
ـ خالید، زۆر خراپ بووی،
ـ خراپ بووم؟
ـ بە جارێک منت لەبیر کردووە.
دەمەوێت لە ژوورەکەی بچمە دەرێ. هەر دوو دەستم دەگرێ.
ـ ڕاوەستە… کارم پێتە…
ـ دەست هەڵگرە بلوور خانم …دەروجیران دەمان بینن.
ـ کە هاتییە ژوور کەس نەیدیتی.
ـ بەڵام کە دەڕۆمە دەرێ دەمبینن.
ـ جارێ بۆ ڕۆیشتن زۆری ماوە..
جومگەی دەستمی توند گرتووە. هەموو لەش و لار و چاوەکانی ئیشتیا و هەوەسی لێدەبارێ. لەسەر زەوقە. دوگمەی کراسەکەی دەترازێنێ. مەمکبەندی نەبەستووە. بەم تەمەنەوە سینگ و مەمکی وەک سینگی کچانە. تورتن و دەرپەڕیون. لێیدەپرسم؛
ـ ئەوە چی دەکەی؟ ئینجا دەڵێت:
ـ ئەمڕۆ ئێوارێ ئەماناغا دەچێتە شووش.
ـ دەی با بچێ، بە من چی.
ـ دەبێ شەوێ بێیە لام.
سەر دادەخەم و دەڵێم:
ـ بلوور خانم من سوێندم خواردووە.
خۆیم پێوە دەنووسێنێ و دەست دەخاتە کەمەرم. بەری بە بەرمەوە دەنێ و دەڵێت:
ـ دەبێ شەوێ بێی… دەبێ بێ … دەبێ…
هەروا کە ئەم قسانە دەکات ماچم دەکات، بۆنم پێوەدەکات و گەردەنم ماچ دەکات و دەڵێ:
ئەگەر نەیەی خۆم دەکوژم… دەبێ بێی… دەبێ..
حەول دەدەم خۆم لە چنگی ڕزگار بکەم.
ـ بلوور خانم نابێ ئەگەر دەرودراوسێ ….
مۆڵەتم نادا قسەکەم تەواو بکەم. لێوی لەسەر لێوم دادەنێ. گەرم گەرمە، بە خۆیەوە رێکمدەگوشێ. ئەژنۆی دەلەرزێ نەرم نەرم خۆیم لێدەخشێنێ و خێرا خێرا گۆناکانم و گەردنم ماچ دەکات. منیش بەرە بەر کەڵکەڵە دەبم و ئیشتیام دەبزوێ. دەست لە کەمەری وەردێنم سەر دەبەمە نێوان مەمکۆڵانی، سەبرایەک گۆی مەمکی دەگەزم. بلوور خانم ئاهێکی کێشا و بە پاڕانەوە دەڵێت دیسانیش. هیچمان توانای بەربەرەکانیمان نەماوە، ئەژنۆمان سست بوون. دەکەوینە سەر ئەژنۆ، پاشان درێژ دەبین. دەست دەبەم کراسەکەی هەڵدەدەمەوە، هیچی لەبەردا نییە. دەستێک بەسەر بەر و سمتیدا دەکێشم و پەنجەی دەستەکانی دیکەم لە پێش و بەرزگی دەگێڕم. بە ڕانەکانی دەستم لە داو دەخات و دەیگوشێ. دەم بە خوناوکەی گەردنێوە دەنێم.
بلوور خانم سوور هەڵگەڕاوە، ئارەقەی کردووە هەناسەی سوارە. دەست بۆ شەڵوارەکەم دەبات و دوگمەکانی دەترازێنێ. بایەک دێ دەرگای ژوورەکە دەجووڵێتەوە و کەلێنی دەخاتێ. بەو کەلێنەدا حەسار دیارە. تۆزێک خۆ کۆدەکەمەوە قاچم وێک دێنم. بە دەنگێکی لەرزۆک و بەئاسپایی دەڵێم:
ـ بلوور خانم دەرگاکە ئاوەڵەیە
حەز ناکات بەرم بدات. شەڵوارەکەم دادەکێشێتە خوارێ.
ـ بلوور خانم حەیامان دەچێ. ئابڕووچوونە.
بە ناقایلی و سەرسەنگی هەڵدەستێ دەچێ، دوولایی داوێتە پشت دەرگا و دەگەڕێتەوە. تا دێتەوە هەڵدەستمە سەرپێ، دێ سینگی بە سینگمەوە دەنێ. دەڵێم :
ـ نا بلوور خانم نابێ، ئێستا نابێ.
لەناکاو هەنگاوێک دەکشێتەوە دوایە، دڵشکاو و دڵمەند سەیرم دەکات. قایشی شەڵوارەکەم دەبەستمەوە، ئەویش دادەنیشێ و نەرم لەبەر خۆیەوە فرمێسک هەڵدەوەرێنێ.
ـ بۆ دەگری؟
وەڵام ناداتەوە و بەدەنگ دەگری. بە کەلێنی دەرگادا سەیری حەسارێ دەکەم. سەنەم کۆڵێک تەپاڵەی بەشانییەوە و لە بانی ڕا دێتە خوارێ.
ژنەکەی حەمە فیتەر بە تەنیشت حەوزەکەوە دانیشتووە قاپ و کەوچکان دەشوات. داوێنی کراسەکەی خستۆتە سەر ڕانی و تنۆکەکەی دیارە. ڕانێکی گۆشتن و سپی و سۆڵی هەیە. لە پشت دەرگاکە دەکشێمەوە دوایە. بلوور خانم بێدەنگە خەریکە دوگمەی کراسەکەی دادەخاتەوە. هەڵدەستێت دواێنی کراسەکەی ڕێکدەکات و بە دەنگێکی غەمبار دەڵێ:
ـ بڕۆ دەرێ!
سەیری دەکەم، دیسان دووپاتی دەکاتەوە؛
ـ بڕۆ دەرێ!
ـ باشە بلوور خانم
ـ هەر ئێستا! سەبرێک بگرە… ژنی حەمە فیتەر لەسەر حەوزێیە.
ـ کە لەو ژوورەش وەدەرکەوتی تازە ئیتر ڕوو لە ئێرە نەکەیەوە.
دەست لەسەر شانی دادەنێم. بەتووڕەییەوە خۆی دەکێشێتەوە. دەڵێم:
ئاخر ئێستا نەدەبوو.
چاو لە چاوم دەبڕێ و دەڵێ:
ـ نەدەبوو؟… ئەگەر ویستبات تا ئێستا تەواویش ببووین.
ـ ئەدی ئەگەر کەسێک بەسەرماندا هاتبا، چی؟
ـ جارێ ئەوە تا ئێستاش کەس نەهاتووە.
دیسان دەچمەوە بۆ لای و بەنەرمی لێیدەپرسم،
ـ گوتت کە ئەماناغا …
لێم دووردەکەوێتەوە و قسەکەم پێدەبڕێ؛
ـ خۆ ئەتۆ تازە سوێندت خواردووە.
بە قیندا دەچم و دەڵێم:
ـ بەڵێ سوێندم خواردووە… حاشا ناکەم، دیسانیش دەڵێم سوێندم خواردووە.
بۆلای دەرگا دەچم و بە کەلێنی دەرگادا سەیری دەرێ دەکەم. سەنەم چۆتەوە ژوورێ. ژنەکەی حەمە فیتەر خەریکە ئاو بە قاپەکاندا دەکات. تنۆکەکەی بە شڵپەی ئاوێ تەڕ بووە. سەر دادەخەم. بلوور خانم دێت لە دواوەڕا لەئامێزم دەگرێ و دەپرسێ:
سوێندت لە چی خواردووە؟
بە سەرسەنگییەوە دەڵێم:
ـ کە تازە دەست لەتۆ نەدەم.
بەپاڕانەوەوە دەڵێ:
ـ ئەمشەو وەرە… باشە؟ وەرە… چاوەڕوانت دەبم.
دەنگی دەلەرێتەوە. دەنگی کۆکردنەوەی قاپ و قاچاغان بەرگوێم دەکەوێ. بەکەلێنی دەرگادا چاو لە دەرێ دەکەم. ژنی حەمە فیتەر قاپەکانی کۆ کردۆتەوە و بەرەو ژوورەکەی خۆی دەڕوات. دەستی بلوور خانم لەسەر کەمەرم لادەبەم.
ـ دێی؟
وەڵامی نادەمەوە دوولایی دەرگا دەترازێنم، چاوەیەکی دەرگاکە بەئەسپایی دەکەمەوە لە ژوورەکە دەچمە دەرێ و بێهەست و خوست لەسەر پەنجان خۆ بە مستەڕاحدا دەکەم. لەتاوان پشووم دەرنایە، ڕەنگم گۆڕدراوە و دڵەکوتەمە. گنج و لۆچی کراس و شەڵوارەکەم رێک دەخەم، قایشەکەم توند دەکەم و لە مستەڕاح دێمە دەرێ. بانوو لە دەرکی دیوی خۆیان وەستاوە و سەیرم دەکات. دایکم لە ژوورێڕا دێتە دەرێ کە چاوی بە من دەکەوێ ڕادەوەستێ. گنجی دەکەوێتە تەوێڵی و دەڵێ:
ـ خالید ئەوە هێشتا نەڕۆیشتووی؟
ـ نا، دایە
تفی زارم قوت دەدەم. دایکم دەچێتە مەدبەقێ و هیچ ناڵێ. لە ماڵێ وەدەردەکەوم و بە شەقامی حکوومەتدا بەرەو سەرێ هەڵدەکشێم. لەناکاو خۆم لە دەوروبەری ماڵی چاوڕەش دەبینمەوە. ئێستا دەزانم دەچێتە کام قوتابخانە، دەزانم کەی و بە چ ڕێگایەکدا دەگەڕێتەوە.
دەگەڵ بەقاڵی سەری کووچە باش ڕێککەوتووین، بنزمانیم خوێندۆتەوە، دەزانم چۆنی بدوێنم. جار و بار دەکەوینە باس و خواسان و باسی ڕۆژ و ڕۆژگار دەکەین. باسی ئینگلیسییان دەکەین.
ـ مەشەدی باقر خەبەری تازە چییە؟
هەرچی لە ڕادیۆ بیستوویەتی بۆم دەگێڕێتەوە.
هەتا چاوڕەش لە قوتابخانەڕا بێتەوە زۆری ماوە. بەرەو پارکی شار دەچم. خولێک بەپارکدا لێدەدەم و پاشان لەسەر نیمکەتێک لە سێبەری دارخورمایەک دادەنیشم. لاقم داوێمە سەر لاقم و نوقمی بیر و خەیاڵاتان دەبم. بیر لە بلوور خانمێ دەکەمەوە؛ ئەگەر کەسێک بە سەرماندا هاتبایە، چ ئابڕووچوونێک دەبوو. ئەماناغا چی دەکرد. کێ تازە ڕووی دەبوو چاو لە چاوی ئەماناغا بکات. وەڵا ئەماناغا حەقێتی هێندەی لێبدات. وەڵاهی ئەوە ژنی من بوایە سەریم گۆشاوگۆش دەبڕی.
ـ ها!.. ئەوە چاوەڕانی کچەی!؟
سەرهەڵدێنم دەبینم، عەلی شەیتان بەسەر سەرمەوە ڕاوەستاوە. دووچەرخەکەی بە داری تەنیشتمانەوە هەڵدەپەسێرێ و دێ لەسەر نیمکەتەکە بەتەنیشتمەوە دادەنیشێ. بڕێک خۆم دەکێشمەوە.
ـ بەڵام قسەی خۆمان بێ، لە جێیەکی خراپت لە عەرزێ نەداوە. کچە زۆر لەبارە.
گەڕی خوێن لە دەمارەکانمدا خێراتر دەبێ. سوور هەڵدەگەڕێم و لەناکاو دەمم دەکەمەوە و بەدەنگێکی نزم دەپرسم،
ـ چ کارت بە کاری من داوە؟
وام داناوە ئەگەر زۆری لەسەر بڕوات، لەبنان گوێی قایم کەم، کە چی لەناکاو بیرم کەوتەوە، سەد بەرگ کتێبم لە ماڵدا هەیە، بۆیە دەبێ ددان بەسەر جەرگمدا بگرم و باریکی بڕێسم. عەلی شەیتان وەڵام دەداتەوە و دەڵێ:
ـ هیچ… کارم بە تۆ نییە.
دەمانچەکەی لەژێر کاپشینەکەی زەق دەرپەڕیوە. هێدی پێی دەڵێم:
ـ باشە، ئەی کە وایە بۆ دەستم لە یەخەی ناکەیەوە؟
دەست دەکات بە پێکەنین. قاقایەک لێدەدا. ئەگەر کرابا، دەستم لە قوڕقڕۆچکەی دەنا.
خۆی دەکێشێتە پێشتر و نزیکدەبێتەوە و دەڵێ:
ـ ئەمن کارم بەکاری تۆ نییە.
ـ کارت پێم نییە؟ بەڵام هەموو دەمان لێم بوویە سپڵی گورگنەخۆرە دێیە سەر ڕێم و بەدوامەوەی.
ـ ڕاستییەکەت بوێ، وەبەردڵم کەوتووی.
مۆڕەیەکی لێدەکەم.
ـ وەبەر دڵت کەوتووم؟ لە…
عەلی شەیتان بیندرێژ و پشوو لەسەرەخۆیە. بزە و پێکەنین لەسەر لێوی بزر نابێ. هەڵدەداتێ و دێتە نێو قسەکانم؛
ـ بنیادەمێکی سەیری ها… دەزانی من دەخوازم دۆست بین، باوەڕت بێ من مرۆڤێکی خراپ نیم. من دەتوانم زۆرت یارمەتی بدەم. لەو جێگە و پێگەی خۆم کەڵک وەربگرم و ڕۆژنامەکانتان بۆ بێنم و بەرم. دەتوانم خێرا لە شتی نەزانراو و نهێنی ئاگادارتان بکەم…
چاوم دەردەپەڕێ، نەکاوگیر بووم. خۆ کۆدەکەمەوە و دەڵێم:
ـ ئەوە باسی چی دەکەی؟
ـ خۆ لە کووچەی عەلی چەپ مەدە.
دەبێ پشووم لەسەرەخۆ بێت، نابێ هەڵچم؛
ـ کووچەی عەلی چەپ؟ مەبەستت چییە؟
ـ باش تێدەگەی دەڵێم چی. لەوەی دڵنیام، بەڵام متمانەم پێ ناکەی.
چاو لە سەعاتی دەستی عەلی شەیتان دەکەم، بۆ هاتنی چاوڕەش زۆری نەماوە. هەڵدەستمە سەر پێ.
ـ دەتهەوێ بڕۆی؟
ـ من نازانم چیت لە گیانی من دەوێ.
ـ ئەگەر یارمەتیم بدەی، یارمەتیت دەدەم بەو کچە بگەی.
پێکەنینم دێ، بەڵام خۆ ڕادەگرم. دیارە ئەو عەلی شەیتانە زۆر پیاوێکی دەسخەرۆکەر و کڵاوچییە. دەڵێم:
ـ هەرکات تێگەیشتم چیت لە من دەوێ و لە دەستم هات، بەڵکوو یارمەتیت بدەم.
دەکەومە ڕێ. لەدواوە گوێم لە دەنگی عەلی شەیتان دەبێ؛
ـ بەڵام خالید دەزانم من و تۆ ئاخری پێک دێین.
لە پارک وەدەردەکەوم. عەلی شەیتان بە سواری دووچەرخەکەی بە بەردەممدا دێ و دەڵێ:
ـ خێرا کە با بیگەیەی… قوتابخانە ئێستا تەعتیل بووە.
هەموو شتێک دەزانێ بێگومان تەواوی کار و ئەرکی وەلا ناوە و دایم بـەدوای منەوەیە و لەژێر چاوەدێری دام. دەبێ وریا بم. هەرەمەکی پێی ناڵێن عەلی شەیتان. هەمیشە سەری وەخت ئامادەیە.
دەگەمە گەڕەکێ، دەگەڵ کابرای بەقاڵ چاکوچۆنی دەکەم. کورسیلەیەک دێنم لەپەنا دیوار دایدەنێم کە دانیشم. چاوڕەش دەگاتێ. سڵاوی لێدەکەم.
ـ چۆنی؟
دەفتەرێکی سەد بەرگی دەکڕێ. تێدەگەم ئەوە بەس بیانوویە دەنا دەفتەری ناوێ.
ـ باشم. ئەدی ئەتۆ چۆنی؟
ئیتر قسەی دیکەمان نییە بیکەین. بێدەنگ دەبین. هەر دووکمان پێدەکەنین و سەرمان دادەخەین. لەناکاو قسەیەک بۆ کردن دەدۆزمەوە و دەپرسم،
ـ ئەو ڕۆژە قسەی ئەو کابرایە دڵئێشی نەکردی؟
ـ نا بۆ دڵئێش بم؟
ـ سپاس، نیگەران بووم.
دمی دەجووڵێتەوە وەک ئەوەی بیهەوێ شتێک بڵێ، بەڵام دەیگێرێتەوە. لێم پرسی،
ـ وەک بزانم دەتهەویست شتێک بڵێی؟
ـ ئا، دەزانی…
قسەکەی دەجوێ. وەک بڵێی نایهەوێ هیچ بڵێ و پەژیوان بووەتەوە. بەڵام دەیڵێ:
ـ ئێستا لە قسەی ئەو کابرایە ڕا تێگەیشتم کە بۆچی ئەوڕۆژە ئادرێسی ماڵە خۆتانت نەدا بە ئێمە.
لە شەرمان سوور دەبمەوە. دەزانێ شەرم دەکەم، خێرا دەڵێ:
ـ بەڵام، دەیجا خۆ ئەوە عەیبەی پێ ناوێ.
زمانم ناگەڕێ و ناتوانم چاو لە چاوی بکەم. هەر جۆرێک بێ دەخۆم دەنووسێم، سینگم پڕ دەکەم و دەڵێم:
ـ بەڵێ بەباوەڕی منیش عەیبەی پێناوێ.
بزەیەکی هاتێ و ماڵاوایی کرد.
***
بە تەنیشت کەپری وڵاغەکانەوە ئاورگیان هەڵبەستووە. دار و چرپییەکی زۆر لە پێش ئاورگەکان کۆ کراوەتەوە. سەنەم خەریکە برینجی لە ئاوێ دەکات. حەسار و دەرک و بان جمەی دێت. یەک دێ و یەک دەڕوات. بانوو لە ژوورەکەی خۆی دانیشتووە و نابزوێ. سەرتاش هاتووە سەر و ڕیشی خاجە تۆفیق بتاشێ. مام بەندەر و ڕەحیم کەردار لە نۆرەدا وەستاون. سەر و ڕیشی کەڕەمعەلی لە حەمامێ دەتاشن. تاو لەسەر سەرانە، هەوا گەرمە. حەسەنی سپێدەی بەیانی، وڵاغی وەپێش خۆی داون و چووە بۆ کورەخانە تا ئێوارێ زووتر بگەڕێتەوە. ڕیزوان پێخەسوویە و خەریکە بۆ هەنێ هەڵگرتن و بووک جوانکردن داو دەرمانەکانی رێکدەخات. پێیەکی لە وەتاغی خاجە تۆفیقە و پێیەکی لە ژووری خۆی. ئافاق قوونی وە عەرزێ ناکەوێ. چێشتکەر هاتووە، بەسەر ڕادەگات و کەم و کۆڕییان مەیسەر دەکات. چاوێک بەسەر ئاورگ و مەنجەڵاندا دەگێڕێ. بە چەفییەی سەرشانی ئارەقەی ناوچاوانی ئیشک دەکاتەوە. چاوەشەکانیش بە دەهۆڵ و زوڕناوە هاتوون. مەشەدی ڕەحیم، مام بەندەر و خاجە تۆفیق لە سێبەری دیواری دانیشتوون. دەم و دەزگای تریاکی خاجە تۆفیق لە وەتاغی ڕەحیم کەردار ئامادەیە. ژمارەیەک مناڵی گەڕەکێ دەگەڵ چاوەشەکان ڕژاونە حەسارێ. ڕەحیم کەردار سەبیلەکەی دادەگرێت. دار سەبیلەکەی درێژ و مەیلەو قاوەییە. مەشەدی ڕەحیم مژێکی توند لە سەبیلەکەی دەدات. وەک خۆڵەمێش دە چاڵێ بکەی و تەپوتۆز هەڵبستێ، ئاواش دووکەڵ لە زاری مەشەدی ڕەحیم دێتە دەرێ و خۆی و دەوروبەری لە دووکەڵدا ون دەبن. ڕیزوان لە ژووری خاجە تۆفیق دێتە دەرێ. چارشێوەکەی خزیوەتە سەر شانی. موویەکانی دیارن و دەدرەوشێنەوە. ڕەحیم کەردار جینگڵان دەدات و دەبۆڵێنێ.
ـ ژنەتیوە هەر ناڵێ ئاخر ئەوە چوار پیاوی غەریبە لەو ماڵەی دان.
بلوور خانم لەلای بانوو دانیشتووە. شەرمێکی کچانە بە ڕوخساری بانووە دیارە. ئێوارێ مارەی دەکەن و شەوێش دەیگوێزنەوە. ئافاق کەشەفێک چا دێنێ و بۆ پیاوەکانی دادەنێ. ڕیزوان دەچێتە ژووری خۆی و کلدان بەدەست دێتەوە دەرێ. چێشتکەر لە دەرکی وەتاغی ڕەحیم کەردار ڕا تا دەرگای وەتاغی خاجە تۆفیق چاو لەسەر ڕیزوان دەلەوەڕێنێ. چاوەشەکان لە بندیواری دادەنیشن و منداڵ بەرانبەریان هەڵدەتروشکێن.
چێشتکەر کورتەباڵایە، تەمەنی دەوری سی ساڵێک دەبێ. جارێکی دیکەش ناوچاوانی بە چەفییەی سەرشانی دەسڕێتەوە. چرپی و ئێزینگ لە ئاورگان و لەژێر مەنجەڵاندا بەسەردەکاتەوە. کەڕەمعەلی کۆڵێک سەوزی بەشانەوە لە دەروازەی حەسارێ دێتە ژوور. سەنەم بەرەوپیلی دەچێت و سەوزییەکەی لێ وەردەگرێ. ڕیزوان لە ژوورێ دێتە دەرێ. چێشتکەر هەروا چاوی دەگەڵ دەگێڕێ. ڕەحیم کەردار بۆڵەی دێ و دەڵێ:
ـ ئەو ژنە ئاقیبەت کارێکی دەداتە دەست من و خۆیشی دەبەتڵێنێ.
سەبیلەکەی بەتاڵ دەکات.
سەری سەبیلەکەی لە سەختەدارە. گەورە و زەلامە هێندەی وافوورێکی سێ لەسەر سێی، ناسرەدین شای دەبێ، کاتی خۆی ڕەنگی سوور بووە کە چی ئێستا ڕەش هەڵگەڕاوە. ڕیزوان دەچێتە وەتاغی بلوور خانم. پاشان بانگی بلوور خانم دەکات. بلوور خانم لە ژووری خاجە تۆفیق ڕا دێ. لێوی سوور کردوون و کوڵمەکانی نەخشاندوون. خێرا دەچێتە ژوورێ و پاشان دەگەڵ ڕیزوان وەدەردەکەون. چێشتکەر ڕوو دەکاتە ڕیزوان و بە دەنگێکی نزم دەڵێ:
ـ خوشکێ! عەرزێکی بچووکم هەیە.
ڕیزوان ڕادەوەستێت. ڕووخۆش و دڵخۆشە، گەشاوەیە. ئارەقەی بەناوچاوانەوە، کوڵمەکانی گەشن. چێشتکەر درێژە بە قسەکەی خۆی دەدات و دەڵێ:
ـ خوشکێ لەو ماڵەدا مقاش وەدەست دەکەوێ؟
دەگەڵ پرسیارەکەی بە دەم ڕیزوانەوە پێدەکەنێ. دوو ددانی زێڕی چێشتکەر کە لەبەر بڵغ، ڕەش هەڵگەڕاون، خۆیان ئاشکرا دەکەن. ڕیزوان دەم بەخەندە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێ:
ـ هەرچی دەتهەوێ بە دایکی زاوای بڵێ.
بە چاویش ئاماژە بە سەنەم دەکات. ڕەحیم کەردار لە داخان ئاور دەگرێ و حەجمینی نییە؛
ـ ئەو ژنەتیوە هەر نازانێ شەرم و حەیا چییە.
لە خۆی دەنووسێ کە لێی ڕاست بێتەوە. خاجە تۆفیق جومگەی دەگرێ و دەڵێت:
ـ مەشەدی ڕەحیم دانیشە. ئەمڕۆ ڕۆژی ئەم قسانە نییە.
مەشەدی ڕەحیم خەجاڵەتە و تەریق بووەتەوە.
ـ ئاخر هەر ناڵێ بابە، چوار غەریبەی لێیە. سەری ڕووتە هیچ بە دمی کابراشەوە دەتریقێتەوە. لانی کەم با پێی بڵێم چارشێوەکە بەسەری دا داتەوە.
خاجە تۆفیق دایدەنیشێنێ و بانگی ئافاق دەکات تا ڕیزێکی دیکەیان چا بداتێ. ڕیزوان سەردەکێشێتە دەرێ و بانگی سەنەم دەکات. سەری ڕووتە، چارشێوی پێوە نییە. لەش و لاری لە کراسەکەیدا لە قالب دراوە. چاوێک لە چێشتکەر دەکات. ڕەحیم کەردار ئەمە دەبینێ و لە دین دەهری دەبێ و هەڵدەستێتە سەر پێ.
ـ لەحنەتی خودا لە شەیتان.
ڕەحیم کەردار دەچێتە ژوورێ و بانگی ڕیزوان دەکات. چێشتکەر لەپەنا ئاورگێک هەڵتروشکاوە و ئاگری ژێر مەنجەڵێک خۆش دەکات. ڕیزوان لە ژووری خاجە تۆفیق دێتە دەرێ. ئاوردووی بن مەنجەڵەکە جارێ هەر چڕەدووکەڵە. ڕیزوان دەمهەراشی دەکات؛
ـ یاللا دیسان، ئەم پیرەپیاوە بانگم دەکات.
چێشتکەر ئەمە دەبیستێ و بزەیەکی دێتێ. ڕیزوان دەچێتە ژوورێ. ئاگری ژێر مەنجەڵەکە ئێستا نەگەشاوەتەوە. مەشەدی ڕەحیم دەنگی کزە؛
ـ ئاخر ئافرەت ئەم چارشێوەت بە سەرت دادە. دەزانی ئێرە غەریبەی لێیە.
دەنگی ڕیزوان نایە بەڵام دەنگی لەرزۆکی ڕەحیم کەردار بەرگوێ دەکەوێ؛
ـ کچێ ئافرەت مەهێلە با ئەمڕۆ دەنگم دەرنەیە. بڕێک ڕێکوپێک و بەئەدەب، وەرە و بچۆ. شەرم ناکەی بەدەم ئەم نارەسەنەوە پێدەکەنی؟
چێشتکەر گوێی هەڵخستووە و خەریکی خۆشکردنی ئاگری ژێر مەنجەڵەکەیە. ئاگرەکە خۆش بووە و کڵپەی لێ هەڵدەستێ.
خاجە تۆفیق هەڵدەستێ دەچێ پیلی ڕەحیم کەردار دەگرێ و لە وەتاغەکە دەیهێنێتە دەرێ. ڕیزوان بەدوایانەوەیە و چارشێوەکەی بەسەر خۆی کێشاوە. ڕەحیم کەردار دادەنیشێ و سەبیلەکەی دادەگرێتەوە. داری سەبیلەکەی شەش سووچە، سەری هێلکەییە. دەڵێی هێلکە قازە ڕەنگت کردووە. مژێک لە سەبیلەکەی دەدات و لەژێرەوەش سەیری کابرای چێشتکەر دەکات. ئافاق دەورێکی دی چایان بۆ دێنێ. کەڕەمعەلی لە ماڵ وەدەردەکەوێت. دایکم لە ماڵە خاجە تۆفیق وەژوور دەکەوێت. جەمیلەشی دەگەڵە.
لەسەر چوار پایەیەک دانیشتووم و پاڵم بە دیوارەوە داوە و لاقم لەسەر لاقم داناوە. ئافاق چام بۆ دێنێ و دەڵێ:
ـ ئینشاڵا لە شایی خۆتدا خزمەتت بکەم.
ـ زۆر مەمنوونم ئافاق خانم.
کوڕی پوورە ڕەعنا دێت، پاشان پوورە ڕەعنا و کچەکەی. لێیان گێڕاونەوە. پیاوەکان لە وەتاغی بلوور خانم نانی نیوەڕۆ دەخۆن و ژنەکانیش لە وەتاغی باوکم.
خاجە تۆفیق ڕوودەکاتە کابرای زوڕناژەن و دەڵێ؛
ـ کاکە گەرمی کەن.
کابرا لۆکە لە گوێی خۆی دەنێ و تێیدەتووڕێنێ. دەهۆڵکوتیش قایشی دەهۆڵەکەی دەکاتە ملی و دەست دەکات بە کوتان. مناڵی چەند گەڕەک ئەولاتریش بە دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا کۆ دەبنەوە. ڕیزوان لە ژوورەکە دێتە دەرێ ئەزنا چارشێوەکەی خزیوە. گڕی ئاوری بن مەنجەڵ بڵێسە دەکات. لەسەر مەنجەڵەکە هەڵم هەڵدەستێ. چێشتکەر برینجەکە لە مەنجەڵەکە دەکات. ئاوی برینجەکە کەف دەکات. حەسار شلوق بووە. دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا تەواوی گەڕەکی پڕ کردووە. ڕەحیم کەردار هەڵدەستێ دەچێ قۆڵی ڕیزوان دەگرێ و دەیکێشێتە پەنایەک؛
ـ سەد جارم پێ گوتی ئەو چارشێوە سەگ تێڕیاوەت بەسەرت دادە!
ڕیزوان بۆڵەی دێ و دەڵێ:
ئاخر کابرا تازە بەم تەمەنەوە کێ چاو لە من و تۆ دەکات. بۆ هێندە دەکڕووزێیەوە و مینگەت دێ.
مەشەدی ڕەحیم بە دەنگێکی لەرزۆک دەڵێ؛
ـ ئافرەت لە خودا شەرم بکە.
مام بەندەر دەستی ڕەحیم کەردار دەگرێ و دەڵێ:
ـ مەشەدی وەرە با بچینە دەرێ پیاسەیەک بکەین.
ڕیزوان بە پاڕانەوە دەڵێ:
ـ ئەرێ مام بەندەر بە سەدەقەت بم، بیبە دەرێ با ئەمڕۆ بتوانین بێکێشە نەفەسێک بکێشین.
چێشتکەر کەوگیرەکەی لەپەنا دیوار هەڵدەپەسێرێ و بەنێو جەماعەتێدا دێت، دەچێت لەپەنا خاجە تۆفیق ڕادەوەستێ و لەژێرەوە سەیری ڕیزوان و ڕەحیم کەردار دەکات. سەنەم دێتە نێو سەماکەران و دەست بە سەمایە دەکات. تاڵە موویەکی سپی لەژێر سەرپێچەکەیەوە دیارە. دەمووچاوی سوور هەڵگەڕاوە و ئارەقە بە کوڵمانیدا دێنە خوار. منداڵان چەپڵە لێدەدەن و کۆڕەکە گەرمتر دەکەن. ئاوی مەنجەڵ خەریکە مێروولەی دەکات. ڕەحیم کەردار قسان دەکات بەڵام نایبیسم. دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا بەرزە، حەوت گەڕەک دوورتریش دەبیسترێ. دەمارەکانی ملی ڕەحیم کەردار ئەستوور بوون و شین هەڵگەڕاون. ڕیزوان خێرا خێرا دەست ڕادەوەشێنێ و قسان دەکات. ڕەحیم کەردار دەستی ڕیزوان دەگرێ و بەدوای خۆیدا ڕاکێشی ژوورێی دەکات. چارشێو لە سەری ڕیزوان بەردەبێتەوە. دەنگی دەهۆڵ بەرز و بەرزتر دەبێتەوە. مەنجەڵ بەتەواوی هاتۆتە جۆش. ڕیزوان چارشێوەکەی دەگرێ و بـەدوای خۆیدا دەیکێشێ. دەنگ تێکەڵ پێکەڵن. مەشەدی ڕەحیم هاوار دەکات. دەنگی زوڕنا بەرز دەبێتەوە. ڕیزوان تووکان دەکات و دەکڕوزێتەوە. خاجە تۆفیق خۆ دەگەیەنێتە مەشەدی ڕەحیم. سەنەم سەمایە دەکات. مناڵ لە چەپڵە لێدان بەردەوامن. بڵێسەی ئاگر لە هەر چوار لاوە مەنجەڵیان گەمارۆ داوە. ڕیزوان بە هەر دوو دەستان سینگی ڕەحیم کەردار دەکوتێ. ئاوی مەنجەڵ قۆڵت و بڵقی زۆرتر و گەورەتر بوون و شێتانە لێک هاڵاون و مۆڵەت بە یەکتر نادەن. ها ئێستا ها دەمێکیتر لێوڕێژ بێت. ڕوخساری مەشەدی ڕەحیم تا گەردنی سوور هەڵگەڕاوە. خوێن ناگاتە سەرتر، گوێچکەی سپی هەڵگەڕاون. خاجە تۆفیق قۆڵی ڕەحیم کەرداری گرتووە. سەنەم دایکی زاوایە و لە دنیای خۆیدایە و لە سەما کردن بەردەوامە و خولان دەدات. دەنگی دەهۆڵ گوێی پیاو کەڕ دەکات. ڕەحیم کەردار دەستی دەباتە ژێر پشتێندی. ڕیزوان لە کوتانی سینگی رەق و تەقی مەشەدی ڕەحیم بەردەوامە. مەشەدی ڕەحیم سەبیلە درێژەکەی لەبەر پشتێنەکەی دەردێنێ. ئێستا ڕیزوان لە سەروسەکوتی خۆی دەدات و قژی پەرێشانە. ڕەحیم کەردار بە سەری سەبیلەکەی سەری ڕیزوان دەپێکێ. ڕیزوان تخێڵی عەرد دەبێ. ئاوی ناو مەنجەڵ کوڵی و لێوڕێژ بوو و ئاگری ئاگردانی کوژاندەوە. ڕیزوان دەمێکە مردووە.
***
دەچمە ملاقات و چاوپێکەوتنی ڕەحیم کەردار. بەردەم میلەکانی زیندان قەرەباڵغە. هەڵڵاوبگرێکە دەڵێی، مەیدانی جەڵەب فرۆشانە. دەگەڵ خۆم سیغارم بۆ مەشەدی ڕەحیم هێناوە. ئەو ئێستا ئیتر سەبیلە ناکێشێ. قسە کە دەکات چاوی پڕ دەبن لە ئاو و دەڵێ:
ـ ئاگات لێیە خالید؟
دڵخۆشی دەدەمەوە
ـ ئاگات لێیە خالید لەو ئاخری عومرەدا چیم لێ بەسەرهات؟
ڕدێنی هاتووە. سمێڵەکانی بە دووکەڵی سیغار زەرد بوون. سەری تاشراوە، چاوی لە قووڵەوە چوون. خەبەری حەسەنی و برایمی دەپرسێ. ئەرخەیانی دەکەم؛
ـ لەلای خاڵیانن.
مەشەدی ڕەحیم جلوبەرگی ڕاڕای زیندانی دەبەردایە. شایی و بووک گواستنەوەی کەڕەمعەلی وەدوایە کەوتووە. سەنەم دەڵێ:
ـ خوشکێ خۆ بەدبەختی و نەهامەتی لە دووکان و بازاڕان نافرۆشرێ. بنیادەمی بەدبەخت و چارەڕەش، پڵاویش بخوات ددانی دەشکێ.
برایم دێ دەست بە ماڵێدا دێنێ، خرت و پرت و شتومەکی ناوماڵ و وڵاغەکان دەبات و لە بازاڕیان دەکات. حەسەنی دەگەڵ خۆی دەبات. حەسەنی بێناوبڕ دەگری و توانای قسەکردنی نییە.
کەش و هەوا هەڵماوی و شێدارە. گەرما هروژمی هێناوە. نانی بەیانی دەخۆم و هەڵدەستمە پێ؛
ـ دایە! ئەمن ئەوشۆ نایەمەوە.
واقی وڕما. لێوەکانی گوشین، چاوێکی پڕ لە پرسیاری لێکردم و پاشان گوتی:
ـ گوتت شەوێ نایەوە ماڵێ؟
سەبرایەک دەڵێم:
ـ نا دایە… نایەمەوە.
دێتە پێش و دەڵێ:
ـ دەتهەوێ بچێ کوێ؟
قایشی شەڵوارەکەم توند دەکەم و دەڵێم:
ـ بەندەر
دایکم مات دەبێ. چاو لە چاوم دەکات. دەنگی دەرنایە. ماوەتەوە چی بڵێ. قژی ماشوبرینجین. پاشان وەک وەی دەگەڵ خۆی بدوێ دەڵێ:
ـ خالید! من دڵ نیگەرانم
پێم سەیرە و دەڵێم؛
ـ نیگەران!؟… لەبەر چی؟
هەناسەی سوارە
ـ نیگەرانی کار و کردەوەکانت…
ئاماژە بە تاقەی ژوورێ دەکات.
ـ ئەو کتێبانە… ئەوانەی تازە دەگەڵیان بووی بە دۆست… من دەترسێم خالید.
پێدەکەنم و چاو لە چاوی دەکەم دەڵێم:
ـ دایە بۆ دەترسێی؟… مەگەر ئەمن چیم کردووە؟
دەنگی گیراوە و قسان دەکات؛
دڵم خەبەر دەدات، دەزانم چی چاک بەڕێوە نییە.
لەباوەشی دەگرم، گۆناکانی ماچ دەکەم و دەڵێم:
دایە دڵت خەتەرەی نەکات…
ـ خالید جارێ نازانی. لە ژیان حاڵی نی.
ـ دەزانم دایە دەزانم. خودا و ڕاستان لە پاییزێ ڕا دەست بە خوێندن دەکەم. نەخوێندەوار لە هیچ کوێ ڕێی نییە.
جارێکی دیکەش گۆناکانی ماچ دەکەم و دەڵێم:
دەزانی چەندم بە بابم گوت لێمگەڕێ با بخوێنم.
سەبرایەک دەڵێ:
خودا پشت و پەنات بێ.
جەمیلەی ماچ دەکەم. دایکم دمی دەجووڵێتەوە، وابزانم دوعام بەسەردا دەخوێنێ. سەیری دەکەم، پێدەکەنم و لە ماڵێ وەدەردەکەوم.
شەقامی حکوومەت چۆلە. مووی سپی دایکم لە پێش چاوم ون نابێت. چاوی لە قووڵەوە چووی باوکم دەگەڵمن. دەنگی باوکم لە گوێمدا دەزرینگێتەوە؛ “پیاو ئەو کەسەیە کە لە پشتیت دا، تۆزی لێ هەستێ.” دوو مانگی دیکە دێتەوە بێگومان لاوازتر و پیرتر بووە. ” وەبزانە پیاو لێرە نۆکەری عەڕەبانە و عەڕەبیش نۆکەری ئینگلیسییان.” باوکم قورس و بە ویقار قسان دەکات: “لێرە پووڵ هەیە بەڵام بە پەستی و بە سەرشۆڕی”. ناسر دەوانی ژوورێکی دیکەی لەسەر عەرزەکەی ساز کردوو بە کرێی داوە.
ـ “بنیادەم دەبێ زیت و وریا بێ. بە فەڕەنگی گوتم: ( گوت می من ). پێکەنی و لە پشتی دام و مزەکەیان بۆ زیاد کردم. پیاو دەبێ زیرەک بێ. “
شەقامی پەهلەویش چۆلە. لێرە و لەوێ تاق و لۆق چەند کەسێک دێن و دەڕۆن. هەموو کراسەکانیان لە ئارەقەدا خووساوە و بەپشت ملیانەوە نووساوە.
کتێبفرۆشی موجاهید کەسی لێ نییە. پەیمان دانیشتووە ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە. شەفەق لە پشت دووکانێ ڕا دێتە دەرێ. بزەی لەسەر لێوانە؛
ـ هاتی؟
ـ بەڵێ
دەست لێک دەدەینەوە؛
ـ چەمەدانەکە لە پشتی دووکانێیە.
پێکەوە دەچینە پشت دووکان، پڕە لە کتێب. هەموو گیانم ئارەقەیە. نێوچاوانم ئارەقەی کردووە. شەفەق دەڵێ:
ـ ئەگەر گیرای بە تەواوی حاشایە بکە.
چەمەدانەکە هەڵدەسەنگێنم، زۆر قورسە، لە عەرزی دادەنێم.
ـ … ڕۆژنامە، ئیعلامیە و هێندێک کتێبن
چەمەدانەکە هەڵدەگرم و دەکەومە ڕێ.
ـ خواحافیز
ـ سەرکەوتوو بی.
لە دووکان دێمە دەرێ. ناو و نیشان و قەرار مەداران بە زەینمدا دێنمەوە.
ـ ماسیگر کەی دەچن بۆ ڕاوی مەیگۆ؟
ـ ئەگەر دەریا ئارام بێ، ئەمشەو
ـ وێدەچێ ئەمشەو دەریا ئارام بێ.
ـ پێشوەختە، کەس هیچ نازانێ.
دەبێ بچمە بازاڕی ماسیفرۆشان لە شانی باشووری بازاڕ. نیشانە و ڕستەکان جارێکی دیکە لەلای خۆم دووپات دەکەمەوە. کورتەباڵایە. ڕەشتاڵەیە، مووی سەری فڕفڕە. کراسێکی شینی توندی قۆڵکورتی لەبەر دایە و شەڵوارەکەی یەشمییە. پەنجە گەورەی دەستی ڕاستی قوماشێکی زەردی لێهاڵاندووە.
هەوا گەرمە. شێواوم و دڵەکوتەمە. شەقامەکان خەریکە چۆلتر دەبن. دڵم خێراتر لێدەدات. ئەگەر ئاوا ئاڵۆز و پەشێو بم، بێشک دەگیردەکەوم. حەول دەدەم چەمەدانەکە لەبیر خۆ ببەمەوە و بیر لە قەرار و مەداری پێوەندی نەکەمەوە. بیرم بۆ لای چاوڕەش تاو دەدەم کە جوانیی ئەو بێنمە پێش چاوم و رەپاڵی بیرۆکەی نەخوازراوی پێبدەم، لێ ناکرێ چونکو کێشی چەمەدانەکە لەوە زۆرترە بکرێ لەبیری بکەی و دەگەڵ هەر هەنگاوێک خۆی وەبیر دێنێتەوە. بە پیادەرێدا بەرەو گەراج دەڕۆم. ڕێگایەکی زۆر نییە. گەرووم ئیشکە لەبەر دەرگای گەراج سەهۆڵاوێک دەکڕم و دەیخۆمەوە. پاشان بڵیت دەکڕم و چەمەدانەکە لە سندووقی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکە دەنێم. لە دەرێ لەسەر کورسییەک دادەنیشم تا موسافیری ئۆتۆمبێلەکە تەواو بێت، ئینجا وەڕێکەوین. بەر دەرگای گەراج شلووقە، دەنگی بەستەنیفرۆش، باقلەفرۆش، سەهۆڵاوفرۆش و دەڵاڵی گەراجێ تێکەڵە.
ـ بەندەر… بەندەر دوو کەس
ـ نۆبەرەی بەهارە بەستەنی، گوڵ و گوڵاوە بەستەنی
ـ ئاوی پاییزان بیدە ئازیزان
ـ باقلە باقلەیە، باقلاوە نییە
خەریکن باری شڕە ئوتوبوسێک شریتپێچ دەکەن. دەڵاڵی گەراج یەکبین ئارەقەی شان و ملی دەسڕێتەوە، پووڵەکان دەژمێرێ و ئینجا سەرلەنوێ هاوار دەکات؛
ـ یالا بەندەر… یالا بەندەر
چەند ژنە عەرەب لەبەر گەراج پانبوونەوە و چاییان دەم کردووە. هەموو خەزێمی قورسیان لە لووتی دایە. لەوانەیە لە فریا کەون نانی نێوەڕۆیەش بخون، بەڵام ئێستاش ئوتوبوس هەر وەڕێ نەکەوێ.
خۆرەتاو بە تەواوی وڵاتی قۆڕغ کردووە. ئاخرین موسافیر دێ. سوار دەبین و ئوتومبێلەکە وەڕێ دەکەوێ. دەست دەکەم بە خوێندنی ئایەتەلکورسی. بە بێدەنگی دەیخوێنم تا کەس پێنەزانێ. فوویەک لە خۆم، لە دەوروبەرم و ئوتومبێلەکە دەکەم. وا هەست دەکەم ڕەنگم بزرکاوە. گەرووم ئیشکە.
شەقامی پەهلەویمان بەجێ هێشت لە فەلەکەش دوور دەکەوینەوە. هەتا بگەینە پاسگای سێڕێیانی بەندەر مەودایەکی وا نییە. ئەگەر لەوێ تێپەڕ بین ئەوانی تر چ نین و بەخێر دەگوزەرێ، چونکو پاسگاکانی دیکە هەروا سەرسەری سەیر دەکەن و پیلەی ناکەن.
ئوتۆمبیلەکەمان ڕای دەگرێ.
ژاندرمەیەکی باریکەڵەی درێژ و سەربازێکی قوڵەبنە، پاسەوانێکی ڕیوەڵە و لیباس شەخسییەکی خرپنی قەڵەو و سوور فل، دەوری ئوتومبێلەکە دەگرن.
ـ دەرگای سندووقی پشتەوە بکەوە!
شۆفیرەکە دادەبەزێ. ڕەشتاڵەیەکی کزی سەر ماش و برینجییە. تەمەنی دەوری پەنجا ساڵێک دەبێ.
شۆفیرەکە دەرگای سندووقی پشتەوە دەکاتەوە. کسپەم[11] لە دڵی دێ. ئێستا ئیتر ئایەتەلکورسیش لە فریام نایە.
ـ بێزەحمەت دابەزن!
هەموومان دادەبەزین. بەردەمم پێنج بۆری نەوت کە لە “نەفتوون”ـەوە و بەرەو بەندەر دەچن دیارن. بەتەنیشت بۆرییەکانەوە، تاڵاوێکی گەورە کە تا بن ماڵەکانی قەراغ شاری داپۆشیوە، لێم دیارە.
کابرای قەڵەوی سوورفل سەیرم دەکات. ڕەنگم دەبزرکێ. بۆم کرابا بەسەر بۆرییە نەوتەکاندا بازم دەدا و بەنێو تاڵاوەکەدا تا شار بەند نەدەبووم و هەتا ئەوان وەخۆ دەهاتنەوە من خۆم دەگەیاندە ناو ماڵان.
کابرای سوورفل لێم دەپرسێ؛
چەمەدانی تۆ کامەیە؟
ئاوی زارم قووت دەدەم و دەڵێم:
ـ ئەمن چەمەدانم پێ نییە.
چەند کەس لە دەوروبەرمان کۆ بوونەوە. لە دوورەوە بیدار دەبینم لە پێش قاوەخانەی نزیک پاسگا ڕاوەستاوە. واوەتر قاوەخانەی ئەماناغایە کە ڕاست دەکەوێتە سەر سێڕێیانی بەندەر.
خەپەی سوورفل لێم دەپرسێ،
ـ ئەوە بۆ وا ڕەنگت گۆڕاوە؟
ـ ڕەنگی من؟
چاوم لە قاوەخانەی ئەماناغایە. خۆزگە ئێستا لەوێ دانیشتبام و گوێم لە قسەی جان مەمەد گرتبایە. یا لە جاڵجاڵۆکە کە دەڵێ:
ـ لەپڕ چاوت دەکەیەوە و دەبینی تازە ئیتر کار لە کار ترازاوە.
دەنگی پاسەوانەکە دێ؛
ـ ئەو چەمەدانە هی کێیە؟
دەنگی جاڵجاڵۆکە لە بنان گوێمە؛
خۆت تووشی گێرە و کێشە کردووە ها.
شۆفیر چاو لە چەمەدانەکە دەکات. کەس خۆی لێ بە سێحەب ناکات. پاسەوانەکە بە دەنگی بەرز دەڵێ:
ـ پرسیم ئەو چەمەدانە هی کێیە؟
شۆفیرەکەم لێم دێتە پێشێ،
هەڵە نەبم چەمەدانی تۆ بوو؟
دەچمە پێشێ. سەیری چەمەدانەکە دەکەم و سەر ڕادەوەشێنم؛
ـ نەخێر، ئەمن هەر چەمەدانم پێ نەبوو.
کابرای شۆفیر چاوی دەردەپەڕێ و وەدەنگ دێ؛
ـ پێت نەبوو!؟ بۆخۆم لێموەرگرتی لە نێو سندووقەکەم نا .
پاشان سەر وەردەگێڕێتە سەر پاسەوانەکە و دەڵێ
ـ ئاگات لێیە سەرکار؟
ئینجا ڕوو دەکاتە ژاندرمەکە و دەڵێ:
ـ چەمەدانی خۆیەتی و حاشای لێ دەکات.
سەیری بیدار دەکەم. دڵقایم و بە ورەم. هەتا ئێستا چاکم هێناوە کە حاشام کردووە. و نابێ پاشگەز بم. دەبێ لەسەر قسەی خۆم بوەستم. ڕوو لە کابرای شۆفیر دەکەم و دەڵێم:
ـ قسەی خۆڕایی مەکە، چەمەدانی چی ؟ من چەمەدانم پێ نەبوو.
کابرای سەرباز چەمەدانەکە لە پشتی ماشێنەکە دێنێتە دەرێ و لەسەر ئەرزی دادەنێ. پاسەوانەکە سەیرم دەکات و دەڵێ:
ـ هی خۆتە وەنێ؟
ـ نەخێر
کابرای خرپنی سوورفل دێتە پێش، چاوی لە چاوم دەبڕێ و دەڵێ؛
ـ حاشا کردن بێ فایدەیە. هەر لە سەرەتاوە دیار بوو شتێکت لەبن سەر دایە.
ـ لەخۆڕا بوختانان بە من مەکە.
لەپڕڕا شۆفیرەکە قسەم پێ دەبڕێ؛
ئەدی من ئەو چەمەدانەم لە ماڵە بابم ڕا هێناوە؟
ـ لەخۆت بپرسە بۆ لەمن دەپرسی.
پاسەوان دادێتەوە بە چەقۆ چەمەدانەکە هەڵدەدڕێ. ڕۆژنامە و ئیعلامیە دەردەکەون.
ژاندرمەکە فیتویەکی درێژی کێشا. سەربازەکە سەری ڕادەوەشێنێ و سوورفل دەڵێ:
ـ ئەوە بۆیە حاشایە دەکەی؟
پاسەوان جومگەی دەستمی گرت و هاویشتمێ ناو پاسگا. کابرای خرپن چەمەدانەکە دێنێتە نێو پاسگا و لەسەر مێزێک دایدەنێ.
دەست دەکەم بە هات و هاوار. کەس هەر گوێشم ناداتێ.
پاسەوانەکە لە پشت مێزەکە دادەنیشێت، سێ بەرگ کاغەزی سپی کە کاربۆنیان لە بەین دایە دەکێشێتە پێش خۆی و دەست دەکات بە نووسینی ڕاپۆرت. پاش نووسینی چەند دێڕێک سەر هەڵدێنێ و دەپرسێ،
ـ ناوت چییە؟
کەس جوابی ناداتەوە.
ـ دەگەڵ تۆمە
ـ ناوی من؟
ـ نەخێر، ناوی نەنکم
ـ عەندەلیب
ـ عەندەلیبیش بوو بە ناو؟
لە گەراجێش هەر گوتبووم عەندەلیب و بڵیتەکەشم هەر بە عەندەلیب نووسرا بوو.
پاسەوان ڕووی کردە شۆفیرەکە و پرسی
ـ کوا لیستی مسافیرەکان؟
شۆفیر لیستەکەی وە پاسەوانەکەدا.
ـ ئاخر عەندەلیبیش بوو بە ناو؟
لیستەکەی دایەوە شۆفیرەکە. کە لە پڕکردەنەوەی ڕاپۆرتەکە تەواو بوو قەڵەمەکەی بۆ شۆفیرەکە ڕاداشت و گوتی:
ئیمزای بکە!
ـ خوێندەواریم نییە، سەرکار؟
ـ پەنجەی پێوە بنێ!
شۆفیرەکە پەنجەی پێوەدەنێ.
ئێستا پاسەوان، سەرباز و سوورفل هەموو ئیمزایان کردووە. پاسەوان قەڵەمەکەی بۆ من ڕا دەدێرێ و دەڵێ”
ـ بگرە ئیمزای بکە!
ـ چ ئیمزا بکەم؟
ـ ڕاپۆرتەکە!
لەسەرەخۆ دەکشێمەوە دوایە و لەسەر نیمکەتەکە دادەنیشم و دەڵێم:
من هەر خوێندەواریم نییە.
دەمەساتێک تێم ڕادەمێنێ و پاشان بەتووڕەییەوە دەڵێ:
ـ بۆتی دەخوێنمەوە.
پاشان دەست دەکات بە خوێندنەوە
لە پەنجەرەی پاسگاوە سەیری دەرێ دەکەم. خۆرەتاوێکی بەقەوەت جادەی قیرەتاوی لە چنگی خۆی گرتوە کە وەک ڕەشمار و هەتا چاو هەتەر دەکات بەم دەشتەدا دەخوشێ و خەیاڵی منیش دەگەڵ خۆی دەبات. بە دەنگی پاسەوان گەڕامەوە ژووری پاسگا.
ـ دەی ها بگرە ئیمزای بکە!
ـ خۆ گوتم خوێندەواریم نییە.
ددانەکانی لە جیرەوە دەبات و دەڵێ:
ـ پەنجەی پێوە بنێ!
هێدی و لەسەرەخۆ گوتم
ـ بۆ مەگەر گەوجم؟
پاسەوان بە دەنگی بۆڕ؛
ـ دەڵێم: ئیمزای بکە، دەنا خراپت بەسەر دێ.
دیسان وەبیری دێنمەوە کە خوێندەواریم نییە. لە قورگیدا لێمدەمڕێنێ؛
ـ باشە باشە گوتت. پەنجەی پێوە بنێ.
سەرم ڕاوەشاند و گوتم:
ـ چەمەدانی من نییە.
پاسەوان لە پشت مێزەکە هەڵدەستێ و خەڵکی دەرێ لە پاسگا دوور دەکاتەوە، پاشان لەژێر ڕاپۆرتەکە دەنووسێ کە لە ئیمزاکردن خۆم پاراستووە. ئینجا هەموو لایەک سەرلەنوێ پەنجەی پێوە دەنێن و ئیمزای دەکەن و شاهیدی دەدەن.
جەنگەی نیوەڕۆیە دەگەڵ پاسەوانێک دەگەمە بنکەی پۆلیس. پۆلیسخانە تا ڕادەیەک قەرەباڵغە. پاسەوان چەمەدانەکە لەبەر هەیوان دادەنێ. بەر هەیوان فێنکە. هەموو گیانم لە ئارەقەدا خووساوە. ئێستا ئیتر سامم شکاوە و ترسم لە دڵدا نەماوە، هەرچی دەبێ با ببێ. سەیری نەردەکانی قاتی دوو دەکەم، پیاوێک لە ژوورەکە دێتە دەرێ. لێی ورد دەبمەوە غوڵامعەلیخانە چەند دۆسییەی لەژێر باغەڵی دایە. تۆزێک قەڵەو بووە و لاجانگی سپیتر بوون. غوڵامعەلیخان ڕادەوەستێ و سەیری حەسارێ دەکات. خۆم دەکێشمە دوایە و لە پشت پیاوێکی کورتەباڵا خۆم دەشارمەوە. کابرا دەبۆڵێنێ؛
ڕوو لە کوێ کەم و زامن لە کوێ بێنم، بۆ براکەم.
غوڵامعەلیخان تا کۆتایی ڕاڕەوەکە دەڕوات. پاسەوانەکە بە پەروەندەوە لە پێشم ڕاوەستا. سەیرم دەکات. دوودڵە لەوەی کە بچێتە ژوورەوە یان نا. بە تۆبزی بزەیەک دێنێتە سەر لێوانی و دەڵێ:
قسەی خۆمان بێ، زیرەکیت کرد کە ژێری ڕاپۆرتەکەت ئیمزا نەکرد.
بیرم کردەوە، بۆ وا دەڵێ؟ هێدی و بێتەفاوت گوتم:
ـ بەڵام ئێستا کە هاتوومە شارەوانی هەموو شتێک دەڵێم:
ئینجا لەسەر چەمەدانەکە دانیشتم .
پاسەوان سەیرم دەکات وەک ئەوەی دەچێ باوەڕی کردبێ دەمهەوێ هەموو شتێک بدرکێنم. دادەنیشم و بە ئیفادەوە ڕووی لێوەردەگێڕم. دیسان سەروسەکوتی غوڵامعەلیخان پەیدا دەبێ، دڵنیام بمبینێ نەبووشم بۆ تێدەچێنێ و کەوڵم لە حاجەت دەخات. کابرای کورتەباڵا لە بۆڵە و سکاڵای خۆی بەردەوامە. پاسەوانەکە تێمی ڕاخوڕی و گوتی لە جێی خۆت نەبزووی. وەڵامم داوە،
ـ کوا، بریا تاقەت و توانای جووڵەم هەبا.
پاسەوانەکە دەچێتە ژوورێ. کابرای کورتەباڵا بەدەم بۆڵە بۆڵ و سکاڵاوە هەتا ئەو سەری هەیوانەکە دەچێ. پاسەوانەکەی من ئێستا دەرگای لە پشت سەری خۆی دانەخستووە، کە بۆخۆم بە خۆم گوت هەرچی دەبێ باببێ و دەست بەکار بووم. بە لای چەند کەسێکدا تێدەپەڕم و بە تەنیشت حەوزی ناوەڕاست حەسارێدا دەڕۆم تا دەگەمە داڵانی شارەوانی و لەبەر خۆمەوە دەڵێم:
ـ ئێستا من لە کوێ بچم زامنێکی بۆ براکەم بێنم.
بە بۆڵە بۆڵ بەرەو پاسەوانی کێشکی بەر دەرگا، کە گەرما جارزی کردووە و لە حاڵی خۆی بێزارە، دەچم. بە بێ وازی لێم دەپرسێ،
ـ ئەوە بۆ کوێ کوڕە؟
دڵقایم و بەقابەخۆ وەڵامی دەدەمەوە:
ـ دەچم زامنێکی بۆ براکەم پەیدا بکەم. گوێت لێنەبوو سەرکار چی گوت؟
لە دەرکی شارەوانی دێمە دەرێ. خێرا لێدەهاڵێمەوە و خۆ دەگەیەنمە پشت دەوەنەکان، دەڕۆم تا دەگەمە سەر جادە. لۆرییەکی لە کەڵک و کەڕەم کەوتوو تێدەپەڕێ لە پشتەوە ڕا خۆی پێهەڵداوەسم و ئینجا خۆ دەکێشمە سەرێ و لە پشتی لۆرییەکە دادەنیشم. دڵم توندتر لێدەدات، تەواوی ئازای بەدەنم ئارەقەیە. لۆرییەکە لە چەند شەقامێک تێدەپەڕێ، پاشان لەپەنا ئاسنەڕێیەک، شلی دەکاتەوە. وادیارە بەرەو کانزای خوێ دەچێت. بەر لەوەی پێی پێوەنێ و خێرا ببێتەوە، خۆ فڕێدەدەمە خوارێ. خۆرەتاو هەروا ئەسپی خۆی لینگدەدات و گەرما بەجارێک هێرشی هێناوە. هەر جۆرێک بێ خۆ دەگەیەنمە بەر سێبەری دیوارێک. تا ماڵەوە ڕێگایەکی زۆرم لەبەرە. بە کووچە و کۆڵاناندا دەڕۆم تا دەگەمەوە ماڵێ. دایکم لە باوەشم دەگرێ و پەیتاپەیتا ماچم دەکات. ئەوکم دەگیرێ، وریا نەبم لەوانەیە هەر ئێستا دەست بە گریانێ بکەم. لێیدەپرسم،
ـ چ بووە دایە، چ قەوماوە؟ بۆ وا دەکەی؟
قۆڵم دەگرێ، سەیرم دەکات و تێمڕادەمێنێ، وەک بڵێی بڕوا بە چاوەکانی خۆی نەکات کە من دەبینێ. بە دەنگێکی لەرز دەڵێ:
ـ هاتن کتێبەکانیان بردی.
ـ کتێبەکانیان برد؟
بەسەر ڕاوەشاندن وەڵامی داوە؛
ـ گوتیان کە تۆیان گرتووە
دەست دەخاتە سەرشانم و دەیگوشێ.
ـ ڕاستە دایە… بەڵام ڕام کرد. لە شارەوانییەوە ڕامکرد .
بەرم دەدات و چاو لە چاوم دەکات و دەڵێ:
ـ ڕات کرد؟
***
لەسەر کورسیلەیەک دادەنیشم بە هەردوو دەستان سەری خۆم دەگرم. دایکم کەوڵی نان پان دەکاتەوە کە نانی نیوەڕۆیە بخۆین. لەبەر خۆیەوە قسان دەکات؛
ـ کاتێ هاتن و گوتیان تۆیان گرتووە، هێزی ئەژنۆم شکا و سست بوون. ئیدی نەمدەتوانی لەسەر لاق ڕاوەستم دانیشتمە عەرزی…
پاشان ڕووم تێدەکات و بەردەوام دەبێ؛
ـ کوڕی خۆم ئەو کارانە ئاقیبەت شەڕە. ڕوحمێک بە خۆت بکە. بەزەییت بە من و باوکتدا بێ.
دێت و لەبەرانبەرم ڕادەوەستێت؛
ـ تۆ جەوانی! کوڕم دەبێ لە ئێستاوە لە فکری ژیانتدا بی.
هەروا کە گوێم لە دایکمە، بیر دەکەمەوە کە بە جۆرێک شەفەق ئاگادار بکەم.
جەمیلە دێ دادەنیشێ. دەڵێم:
ـ جەمیلە دەتوانی تا شەقامی پەهلەوی بچی؟
یەک جێ لەسەر سفرەکە هەڵدەستێ و دەڵێ؛
بەڵێ کاکە خالید، دەتوانم بچم.
ئێستا نەبووەتە نۆ ساڵی تەواو. دایکم دەپرسێ جەمیلە بچێ لە شەقامی پەهلەوی چی بکات و پاشان دەڵێ؛
نەخێر ناتوانێ. بەو نوێژی نیوەڕۆیە بچێتە کوێ؟
تووڕەم، بەڵام دەنگ ناکەم و هیچ ناڵێم. دایکم دەپرسێ؛
ـ ئێستا، زۆر پێویستە کە بچێ؟
سەیری دەکەم، وەک ئەوەی پێم بڵێ ئەو هەموو کێشانەت دروست کردووە بەڵام هەر خۆشم دەوێی.
ـ بەڵێ، زۆر پێویستە شەفەق بزانێ کە هەڵاتووم و لەخۆڕا کەسم بەدوادا نەنێرێتە شارەوانی.
دایکم دەچێ چارشێوەکەی لەسەر دەستەنوێنەکە هەڵدەگرێ و ڕووم تێدەکات و دەڵێ:
ـ دووکانەکەی لە کوێیە؟
ناونیشانی دەدەمێ. چارشێوەکەی بەسەردا دەدات. بانگی نوێژی نیوەڕۆیە لە مزگەوتی بازاڕی عەبدولحەمیدەوە بەر گوێ دەکەوێ. دایکم وەدەردەکەوێ. جەمیلە لەپەنا سفرەکە دادەنیشێ و منیش دەچمە ناو دنیای بیر و خیاڵاتەوە. سەد جۆرە خەیاڵم بە مێشکی دادێ.
ئێستا هەروا لەسەر کورسیلەکە دانیشتووم کە دایکم دێتەوە شەفەقیشی دەگەڵە.
شەفەق پێدەکەنێ، باوەڕ ناکات کە بۆخۆمم.
ـ هەتا شارەوانی ئاگام لێت بوو.
ـ باقییەکەشی ئەمن بۆت دەڵێم؛
بۆی باس دەکەم کە چۆن هەڵاتووم. پێدەکەنێ و دەڵێ؛
ـ ئافەرین.. ئافەرین
هەست بە شانازی دەکەم. پەردەی نێوان دوو ژوورەکان دادەدەینەوە و لە وەتاغی بابم دادەنیشین، پێکەوە نانی نیوەڕۆ دەخۆین.
ـ چەند ڕۆژێک نابێ دیار بی و وەدەرمەکەوە.
ـ دەزانم
بە تایبەت دەبێ وریا بی کە تووشت لە تووشی عەلی شەیتان نەیە.
بیری لێدەکەمەوە کە جارێ هەفتەیەک لە ماڵێ بمێنمەوە، سمێڵ دابنێم و موویەکانی سەریشم زیاد بکات و تەنیا شەوانە وەدەرکەوم.
شەفەق دەڕوات. حەز دەکەم بچمە دەرێ. پیاو کە مەجبوورە لە ماڵەوە دانیشێ زۆرتر حەز دەکات بچێتە دەرێ. جاری پێشوو لەبەر لاقم نەمدەتوانی بچمە دەرێ، بەڵام ئەدی ئێستا چی؟
ئێستا چی؟ ئێستا کە ساغ و سەلیمم. خەیاڵی دیتنی چاوڕەش هەڵمدەگرێ. دەمهەوێ بە جۆرێک خۆم سەرقاڵ بکەم، کتێبم نییە، کتێبەکانیان بردوون. لەسەر ڕەفە یەک لە کتێبەکانی بابم دەست دەدەمێ،” بەسەرهاتی ئەنبیا”. تاقەتی خوێندنەوەم نییە. لە پشت کتێبەکە چەند کورتە دەستنووسی باوکم دیارن. ڕێکەوتی هاوسەرگیری دەگەڵ دایکم . ڕۆژی لەدایکبوونی من و جەمیلە، هەروەها ڕۆژی خەتەنەکردنی من.
ـ ئەو کۆترە شینکەیە سەیر بکە!
سەر بەرز دەکەمەوە.
لەنەکاو هەست بە برژانەوەی ناوگەڵم دەکەم، کار تەواوە.
ڕۆژی دوایی دەچمە سەر چۆمی کاروون. فۆتەکەم لادەدەم و لەسەر زیخە گەرمەکەی قەراغ چۆمی دادەنیشم. بە داوە بەنێک پێستە زیادییەکەی وا لە سەری سیرەتییان کردوومەوە دەگەڵ ئەلقە پیوازێک بەملیاندا کردووم. گیرفانی کراسە مەلـمەلەکەم نوقلی تێدایە. دایکم لە قەراغ چۆم خەریکی شیوو و کوڵە. بە دارێک کەوتۆتە گیانی جلوبەرگ و لێفە و دۆشەگان، هەر مەپرسە. ماسیگرە حەجمینیان نییە و یەک بـەدوای یەکدا خۆ بە سینگی کارووندا دەکەن و تێهەڵدەبنەوە. منداڵ قریوە قریویانە، هەڵلا و بگرێکیان ناوەتەوە لە گوتن نایە. شەڕەئاویانە، ماسی وردیلە وردیلە دەگرن و بە زیندوویی قووتیان دەدەن تا ببن بە مەلەوانی کارامە و بتوانن زۆر لەژێر ئاودا بمێننەوە. گرێوێ دەکەن و دەچنە ژێر ئاو. چەند کەسێکیان دەوێرن و تا ناوەڕاستی کاروون دەڕۆن.
ـ مەمەد، هەڕەماسی لێی دا
ـ دەزانم، قاچی ڕاستی برد
کەس گوێی نابزوێ. هاوینان بەردەوام شتی وا ڕوو دەدات.
ـ هەڕەماسی، عەلی سواڵکەری بردووە
ـ ئێسقانیشی خواردووە.
کتێبی “بەسەرهاتی ئەنبیا” لە شوێنی خۆی دادەنێمەوە. حەز دەکەم هەستم بڕۆم بۆ بەر دووکانی مێهدی بەقاڵ، لەسەر کورسیلەیەک دانیشم و سەیری عالەمێ بکەم.
لەوانەیە عەلی شەیتان بەدوامەوە بێ. هەڵبەت کاتێک لە شارەوانی ڕامکردووە بووەتە فەرتەنە. پاسەوانەکەم دەستبەسەر کراوە. بێگومان ناو و نیشان و بیچمی منیان داوە بە مەئموورەکان. عەلی شەیتانیش من زۆر باش دەناسێ. نا، هەتا وڵات تاریک نەبێ نابێ لە ماڵێ بچمە دەرێ.
درێژ دەبم بەڵکوو تاوێک خەوم لێبکەوێ، بەڵام هەزارە[12]یە و خەو لە چاوان زڕاون. ئەسپی خەیاڵ بۆ لای چاوڕەش تاو دەدەم تا لەدەست بیر و دڵەڕاوکێی دیکە خۆ قوتار بکەم. دەنگی شڵپەی ئاو لە حەوزی حەسارەوە دێت. هەڵبەت ئەوە بانوویە کە خۆی ڕووت کردۆتەوە و چۆتەوە ناو حەوزەکە.
ـ خالید هەر جارێکی دیکە
ـ نا، بانوو نا!
ـ هەر یەکجاری دیکە
ـ ئیتر ناتوانم، بانوو
بێچارە! عەجایب بەخت و نێوچاوانێکی هەیە! شایی لێ بوو بە شین. مەلا هات بە بێدەنگی مارەی کرد و ڕۆیشت. گواستنەوەشی بۆ پاییزێ وەدوا خراوە. ئەوە لە شانس و بەختی بانوویە. ئەمجار هەودای خەیاڵم دەچێتە لای لێدان و کوتانی بلوور خانم . ئەوەندەی ئەماناغا لێیدەدات دەبوایە ڕووحی دەبەردا نەمابا. بەڵام ئەو بلوور خانمە گیان سەختە. لێدانی لێبووەتە ڕۆن سەگ لەسەر قالبی. هەودای خەیاڵم دەشتەوە سەر پاسەوانەکەم. هەڵبەت ئەوکات کە دەزانێ ڕامکردووە دمی وەک تەڵەی تەقیو داکەوتووە، بۆیەش دەستی وێم ڕابگات ئەنجن ئەنجنم دەکات.
هەڵدەستمە سەرپێ دەچمە بەر پەنجەرە. سێبەر بەسەر بەشی زۆری حەوشەدا کشاوە. مانەوە لە ژوورێدا دڵم ڕێکدەگوشێ. هەرنەبێ چوارپایەکە بەرمە دەرێ و لەدەرێ دانیشم، خۆ هەرچی بێ لەم چوار دیوارییە بەرئاوەڵەترە.
چاو بە دار و دیواری ژوورەکەدا دەگێڕم، خۆف دەمگرێ. بەشەر چۆن دەتوانێ بە مانگ و ساڵ لە زینداندا هەڵبکات. لە چوار دیوارێکی بەردین یان حەساری بە تێل تەنراو. ئەگەر ڕام نەکردبایە بێشک تا ئێستا لە کونە ڕەشی زیندانیان کرد بووم. دەبوا دایکم چ دەردێک بکێشێ بە ئاە و ناڵان بتلێتەوە. بێچارە ڕەحیم کەردار؛
ـ ئاگات لێیە خالید؟ لەو ئاخری عومرەدا چیم لێ بەسەرهات؟
ـ مەشەدی ئەوە دەموچاوت بۆ وا هەڵمساوە؟
ـ دەدانم کوڕم… ددانم.
لاگووپی ڕەحیم کەردار هێندی هەنارێک هەڵمساوە و شین هەڵگەڕاوە.
ـ خەمێکی لێ بخۆ مەشەدی، ئاوا نابێ.
دەرد و مەراقی برایمیش لەوێ ڕاوەستێ؛
ـ سەردانێکی باوکت ناکەی، برایم؟
ـ سەری لێ بەدم کە چی؟ بڵێم چی؟
ـ کوڕە، لانی کەم دوو پاکەتە سیغاری بۆ بەرە … پیرە دڵی پێ خۆش دەبێ.
حەسەنی لەبەر برایمی دەپاڕێتەوە.
ـ برایم، با بچین بابەی ببینین.
برایم پێ مل دەبێ؛
ـ باشە دەی. هێندە وەکو پیرەژنان مەپاڕێوە. هەینی دەچین.
بەر سێبەری حەسارێ گەرمە. دەروجیران جارێ لە ژوورەکانیان نەهاتوونە دەرێ. کاتێک هەتاو لەسەر گوێسوانان ئەودیو بوو، ئینجا دێن پێش ژوورەکانیان گەسک دەدەن، ڕایدەخەن و لێی دادەنیشن.
بە باوەشێنی حەسیر، خۆ باوەشێن دەکەم، بەڵام باشاری گەرما ناکەم، هەڵدەستم، باوەشێنەکە لە ئاوی حەوز هەڵدەکێشم و دەگەڕێمەوە سەر چوار پایەکە دادەنیشم. تیشکی هەتاو لە دەوری حەوز خەریکی پاشەکشەیە. بلوور خانم لە ژوورەکەی دێتە دەرێ تونگەی پڕ لە سەهۆڵ وەبەر شێرەی ئاوەکە دەدات؛
ـ خالید ئەوە بۆ لەوێ دانیشتووی؟
ـ لە ژوورێ تاقەتم بەسەر چوو.
دێ بۆلام و دەپرسێ،
ـ بۆ مەگەر نیوەڕۆیە نەنووستووی؟
ـ نا
ـ تینووت نییە؟
تونگە ئاوەکەی لێوەردەگرم و بینی پێوە دەنێم. تونگەکەم لێوەردەگرێتەوە. ئازای بەندەنم ئارەقەیە. چارشێوی بلوور خانم خزیوە و کەوتۆتە سەر شانی. لێم دەپرسێ،
ـ ئەوڕۆ چ خەبەر بوو؟
خۆم لە گێلێ دەدەم و دەڵێم:
ـ باسی چ دەکەی؟
ـ ئەوانەی هاتن کتێبەکانیان برد.
ـ دەی بردیان کە بردیان، کێشەکە لە کوێ دایە؟
پرسیار و وتنەکەی هاوسۆزی تێدایە.
ـ خالید، ئەمان، نەکا دەگەڵ ئەو قوماشە خەڵکە تێکەڵ بی!
ـ تێکەڵ بوون، مەبەستت چییە؟
ـ ئەوانەی هاتن کتێبەکانیان بردی.
هێدی و نەرم دەڵێم:
ـ دەی، کتێبی خۆیانە و هاتوون بردوویانەتەوە، خۆ ئەوە زۆر شتێکی گرینگ نییە.
چاوەکانی چووک دەکاتەوە و پڕمانا لێم دەڕوانێ؛
ـ شتێکی گرینگ نییە!؟
بەردەوام دەبێ،
ـ ئەو جۆرەی وا بەپەلە هاتن، خەریک بوو دایکت زراوی بچێ، هەموو تێگەیشتین کە شتێک ڕووی داوە.
بێ ئەوەی وەڕووی خۆمی بێنم گوتم:
ـ دڵنیابە هیچ خەبەرێک نییە.
پێدەکەنێ و دەڵێ؛
ـ دەی ئینشاللا وابێ.
بەرەو ژوورەکەی خۆی دەڕوات و بە ڕێگاوە دەڵێ:
ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبی.
بلوور خانم دەچێتەوە ژوورێ. کات چەقی بەستووە، هەتا خۆر ئاوابێ و وڵات تاریک دابێ ساڵێکی ماوە. لەبیرم نایە قەت هێندە تاسەی چوونە دەر لە ماڵەوەم کرد بێ. خەریکە برشووم هەڵێ. بە هیچ ئۆقرەم نایەتێ و حەجمینم نییە. هەڵدەستم دەچمەوە دەرێ. دەرودراوسێ هاتوونە دەرێ و خەریکی گەسک لێدان و ئاوپڕژێن کردنی پێش وەتاغەکانیانن. نیوە عومر دەبم تا وڵات تاریک دابێ و لە ماڵێ وەدەرکەوم.
لە ماڵێ دێمە دەرێ. خێرا خێرا هەوا هەڵدەمیسم. دەڵێی سەد ساڵە دووکانی شاتر حەبیبم نەبینیوە. لێدەهاڵێمەوە و دەچمە شەقامی حکوومەت. لەپڕ ترس دامدەگرێ. بە تایبەتی کە بیر لە عەلی شەیتان دەکەمەوە، لە سێبەری خۆشم دەترسێم. خێراخێرا سەیری ئەمبەر و ئەوبەری خۆم دەکەم. هەروا بە دڕدۆنگی هەنگاو هەڵدەگرم و لەپڕێکا زانیم وا بەرەو ماڵی چاوڕەش هەنگاو دەنێم.
بەقاڵی سەری کۆڵان ئاوەڵایە و چراکەی دایسێ. بە پەنا دیواریدا دەخزێمە کوێرەکۆڵان. چرای دارتێلەکەی کۆتایی کوێرەکۆڵان سووتاوە. کۆڵانەکە تاریکە. دەچمە بەر دەرکی ماڵی چاوڕەش. دەرگا داخراوە. لە پەنجەرەوە و لە پشت پەردەوە ڕووناکایی دیارە. هەندێک سەرەتاتکە دەکەم، بەڵام پەردەکە ئەستوورە هیچ نابینم. دەست دەبەم بۆ دەرگاژەن، بەڵام لەخۆ ڕانابینم. لەشم گەرم داهاتووە. بێهیوا و لارەمل دەکەومە ڕێ کە لە کوێرەکۆڵانەکە وەدەرکەوم. هێشتا چەن هەنگاوێک دوور نەکەوتبوومەوە، گوێم لە کرانەوەی دەرگایەک بوو. ئاوڕم دایەوە قەرەنتوی[13] مرۆڤێکم دی کە بۆلام دێ. بارامم ناسییەوە. سڵاوم لێکرد. وەڵامی دامەوە. سەیرم دەکات و دەپرسێ،
ـ ئەوە ئێوەن؟
ـ ئەحواڵت چۆنە؟
ـ باشم
ـ ئەوە بۆ کوێ دەچی؟
ـ دەچم بنێشت بکڕم.
دەگەڵی دەکەومە ڕێ
ـ با بەیەکەوە بڕۆین
لە بەقاڵییەکە بنێشت دەکڕێ. من خۆم ئاشکرا ناکەم دەنا کابرا بمبینێ لە قسانم دەگرێ و وا زوو خەڵاسیم نایە. باسی وتاری سەرۆکی دەوڵەتم بۆ دەکات و دەست دەکات بە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی قسەکانی.
لە بارام جیا دەبمەوە و ئەویش بە ڕاکردن بەرەو بنەبانی کۆڵانەکەیان دەڕوات. دوای ئەو چەند چرکەیەک لەپەنا دیوار ڕادەوەستم. نامەوێت لە ڕووناکیدا بم، بەڵام نازانم بۆ بە دڵم داهاتووە چاوڕەش دێتە دەرێ. وا باشترە لە ڕووناکاییدا بم، با کە هات بمبینێ. لەژێر شۆقی چراکە دێم و دەچم. تاقەت ناهێنم. لە نەکاو بیرم بۆ لای عەلی شەیتان دەچێ. جێ دەگۆڕم و لەبەر شۆقەکە لادەچم. باڵای ژنێک لە زارکی کۆڵانەکە دەرکەوت. دڵنیام چاوڕەشە. خێرا دەڕۆم لێی نزیک دەبمەوە. بۆخۆیەتی. هەنگاوەکانم شل بوون؛
ـ سەلام!
ـ سەلام
ـ ئێوەن؟
ـ بارام پێیگوتی؟
هیچ ناڵێ. دەڵێم:
ـ زۆر سپاس کە هاتی.
بزەی دێتێ و دەڵێ:
ـ هەروا بە هەڵکەوت هاتم.
دەزانم وانییە، دڵنیام بارام پێیگوتووە.
ـ پێمخۆشە بتبینم
ـ چ کارێکت هەیە؟
ـ پێمخۆشە قسەت دەگەڵدا بکەم.
ـ دەی ئێستا بیڵێ.
ـ نابێ، ئێستا نابێ.
ـ بۆ
ـ ئاخر قسەم زۆرن کە پێت بڵێم.
بەرەو کۆتایی کۆڵان دەڕوات. دەگەڵی دەڕۆم. گەرم داهاتووم، دڵم توند لێدەدات.
ـ دەتهەوێ چیم پێ بڵێی؟
ـ دەمویست پێت بڵێم بۆچی ئەو ڕۆژە ئادرێسی ماڵە خۆمانم نەدانێ. دەمەوێ پێت بڵێم کە بۆچی عەلی شەیتان دەست لە ئێخەم ناکاتەوە.
ـ عەلی شەیتان؟
ـ بەڵێ، عەلی شەیتان هەر ئەو کابرایە کە ئەو ڕۆژە لە پارکی شار …
پێدەکەنێ و دەڵێ:
ـ ناوێکی سەیر.
ـ ئەوە کوڕەکان ئەو نێوەیان لەسەر داناوە.
لە نێوەڕاستی کۆڵان خۆی دەگنخێنی، دەوەستێ و دەڵێ:
ـ ئیتر ئێوە دەگەڵم مەیەن.
قسەکانم خێرا خێرا دەکەم، لێمتێکەڵدەبن.
ـ بەڵام دەبێ بتبینم. ئێستا من فیراریم و ڕۆژانە ناتوانم وەدەرکەوم. زۆر شت هەیە کە دەبێ بۆت باس بکەم.
پێی سەیرە. نەرم و لاوێنەر قسان دەکات؛
ـ بۆچی و لەچی فیراری؟
ـ هەر ئەوەیە دەمەوێ پێتی بڵێم.
چرکەیەک دەوەستێ. بەردەوام دەبم و دەڵێم:
ـ دەمەوێت پێت بڵێم کە …
پشوو لەسەرەخۆ، دەڵێ:
ـ باشە بۆ بە من؟
واقم وڕما، نرکەم لە دڵی هات و کۆشکی هیوام تێکقرما. بێدەنگ وەستام. هەست دەکەم ڕەنگم بە ڕووە نەماوە. هێواش هێواش قسان دەکەم. پیم وایە ڕەنگم و دەنگم گۆڕاون. قوڕگم گیراوە. دەڵێم:
ـ ببورە کە موازحیم بووم و کاتم گرتن.
دەمهەوێ بکەومە ڕێ و بڕۆم، دەڵێ:
ـ ڕاوەستە!
ڕادەوەستم
ـ تۆ موزاحیم نی.
تروسکەی هیوا لە دەروونمدا گەشایەوە، دێمەوە سەرەخۆ. ورەم هاتەوە بەر و پرسیم،
ـ یانی دەتوانم بتبینم؟
پاش دەمەساتێک وەستان، هێدی دەڵێ:
ـ زۆر باشە
ـ کەی و لە کوێ؟
ڕۆژی سێشەممە، سێ و نیوی پاشنیوەڕۆ، ئیستگەی پاسەکانی شیرکەتی نەوت.
دەگەشێمەوە. لە خۆشییان وەختە باڵ بگرم. بێ ئەوەی بزانم چ دەکەم دەستی دەگرم بۆ لێوەکانمی دەبەم و ماچی دەکەم. لێی جیا دەبمەوە.
ـ خواحافیز
ـ خواحافیز
***
تا سەعات ببێت بە سێ و نیو زۆری ماوە، وا باشە بچمە سەرتاشخانە و بڵێم ڕیشم جووت تیغ بۆ بتاشێ.
گەرما دامرکاوە، بۆنی پاییز دێت. پێڵاوەکانم پێم دەگرن، هەست بە ئازار دەکەم. دەبێ پاش ژوانی دەگەڵ چاوڕەش بیاندەم بۆم لە قالب بدەن. ئەوەش نەگبەتی من، پاش زیاتر لە دوو ساڵ پێڵاوم کڕین، کە چی تەنگن. سەیرە! لەلای کابرای پێڵاوفرۆش تاقیم کردەوە پڕ بە پێم بوون.
وەکی خۆف هەڵیگرتبووم و پێموابوو بە شوێنمەوە دەبن، وا نییە، هەستم بە هیچ نەکردووە. ئەوە وا چوار پێنج ڕۆژە دێم و دەچم، چ باس نییە و دنیا وەک ماستی مەیوو وایە.
هەڵدەستم جلەکانم دەبەرکەم و بچمە دەرێ. دایکم دەپرسێ،
ـ بۆ کوێ دەچی؟
ـ زوو دەگەڕێمەوە، دایە.
دڵ نیگران و پەرێشان دەڵێ:
ـ کوڕم مەچۆ دەرێ.
ـ لە ماڵێ وەدەردەکەوم. جارێکی دیکە ئەوەی دەمەوێ پێی بڵێم لەلای خۆم وەردی دەدەمەوە. دەبێ هەر چۆنێک بێ غیرەت بکەم و بۆ جارێکیش بێ پێی بڵێم کە خۆشم دەوێ. بە کووچە و کۆڵان و پەنا و پەسێواندا بەرەو سەرتاشخانە دەڕۆم. لەبەر ژوانی چاوڕەش نەبوایە ئەم پێڵاوانەم دەبەر نەدەکرد، خەریکە چاوم دەربێ. ئاوا بڕوات تا دەگەمەوە ماڵێ کۆڵەوار دەبم و هەموو پاشپانێم دەبێتە برین. تا دووکانی تووبای عارەقفرۆش مەودایەکی وام نەماوە. کە لە ماڵەوە وەدەردەکەوتم، کەڕەمعەلیم بینی کە قابڵەمە لوبیای دەنایە سەر چوارچەرخەکەی تا بێتە بەر مەیخانەی تووبا. سەرتاشخانە لە مەیخانەی تووباوە زۆر دوور نییە. مەمەدی دەللاک زۆر جار، کە موشتەری نییە دەچێتە لای تووبا و هەروا سەرپێیی یەک دوو ئیستکانان لێدەدات.
نمە بایەک دێ، بای هاوین نێ، هەور چڕ و پڕتر پاڵیان وێکداوە. بۆنی پاییز دێت.
ئیستگەی پاسەکانی شەریکەی نەوت. بۆ ڕاست ئەوێ!؟ تۆ بڵێی بەتەما بێ بچینە یانەی شەریکەی نەوت، یان دەیهەوێ وەک دوو موسافیر لە ئیستگەی پاس ڕاوەستین و قسان بکەین.
لە کۆڵانێک دێمە دەرێ و سەرتاشخانەم لەو بەری خەیابانەوە لێ دیارە. لە خەیابان کە سی میترێک بەرینە دەپەڕێمەوە و خۆ بە سەرتاشخانەی مەمەد دەللاکدا دەکەم.
ـ یا حەق خالید!
مەمەد دەللاک هەنبانەی درۆ و قسە و قسەڵۆکانە. هەرکە لەسەر کورسییەکە دانیشتی، وەسەری دەکات. لەو سەری شاریڕا تا ئەو سەری شاری یەک بە یەک باسی عالەمێ دەکات. کێ لە کوێ ڕا هاتووە، چ بووە و چ کارەیە و چ دەکات و بەتەمای چییە. یەک پشوو قسان دەکات.
ـ ئەوەی دەبینی؟
دەگەڵ ئەوەی مووسەکەی دەستی بە چەرمەکەدا دێنێ و دەیسووێتەوە، درێژە بە قسان دەدات،
ـ کاتێک هات بۆ شاری بە قودرەتی ئەو خودایە، پانتۆڵێکی پینەکراوی دەبەر دابوو و چەمەدانێکی بەتاڵیش بە دەستەوە. ئێستا بڕۆ سەیری کە، هێندەی جوویەکی هەیە، بۆی نابژێردرێ. ئەوەش هەر کاری وەستا کەریمە.
پاشان لەبەرەخۆیەوە پێدەکەنێ و دەپرسێ،
ـ مەگەر کاری خودا نییە؟ ها؟ بە ڕاستی کاری خودا نێ؟
سەرلەنوێ پێدەکەنێ و ددانە درشت و زەردەکانی دەکەونە ڕوو.
ـ یا حەق خالید!
ـ یا حەق!
ـ دیار نی؟
ـ لە خزمەت دام. هەرکە دانیشتم دەست بە پرسیاران دەکات. لە ئاوێنەکەدا سەیرێکی خۆم دەکەم، کز بووم و چاوم لە قووڵەوە چوون.
ـ بیستوومە ئیدی ناتهەوێ لە قاوەخانە ئیش بکەی و بەتەمای لە کارخانەی تەون دەست پێبکەی، ڕاستە؟
ـ نەخێر، تەمایەکی وام نییە.
ـ بەڵام من وام بیستووە.
قسەکە دەگۆڕم و دەڵێم:
کورتی مەکەوە، هێندێک رێکوپێکی بکە بەسە، پاشانیش تیغێک بە ڕیشمدا بێنە.
شانە و مقەست دەکەونە گەڕ و دەم لێکدان. لە ئاوێنەکەدا دیواری پشت سەرم سەیر دەکەم، بەرز، سەعاتێک هەڵواسراوە. شەش خولەکێک لە دوو لای داوە. قسەکانم درێژە پێ دەدەم و دەڵێم:
ـ دەزانی چییە مەشەدی مەمەد لە سمێڵەکانم گەڕێ با هەروا بن دەستیان لێمەدە، بەڵام قەڵەمێکی ڕەشیان پێدا بێنە.
هاوکات کە خەریکی موویەکانمە، بەردەوامیش قسە دەکات؛
ـ بیستووتە پێرێ چ قەوماوە؟
ـ نا
ـ جەواد حەشری کرد
باسی ئەو قاچاخچییانە دەکات کە پێرێ لە چنگ ژاندرمە ڕایان کرد بوو. جیبی ژاندرمە بـەدوای انەوە و ئەوانیش بە ئوتومبێلی خۆیان بە خەیابانی سی میتریدا تەختەگاز هاتوون. دەست و دایرەکەشیان لە ناو شار هەتا بۆیان کراوە کورسی و مێزی ئەوبەر و ئەوبەری جادەیان هاویشتۆتە سەر ڕێگای ژاندرمەکان تا قاچاخچییەکان دەرباز بن. وای ترش و خوێ دەکات وەک بڵێی بۆخۆی یەک لە قاچاخچییەکان بووبێت.
گوتم:
ـ مەشەدی مەمەد دەست ڕاگرە.
دەست ڕادەگرێ.
دادێمەوە پێڵاوەکانم لە پێم دەردێنم. پشت پانێم دەسووتێتەوە.
ـ بە ئەرک نەبێ ئەو بۆیاغچییە بانگ بکە.
دەرگا دەکاتەوە و بانگی کابرای بۆیاغچی دەکات.
کابرا دێتە ژوور. پێڵاوەکانی دەدەمێ و دەڵێم:
ـ برا! تا من لێرە تەواو دەبم ئەم پێڵاونە لە قالب بدە و باشیان بکوتەوە. زۆر پیس پاشپانێم دەگرن.
بۆیاغچی پێڵاوی بردن و وەدەرکەوت. دەرگای دووکان داخرایەوە. پەنکەیەک بەبن میچەوە هەڵواسراوە و نەرم نەرم دەخولێتەوە.
پانزە خولەک لە دوو، لای داوە. تا سێ و نیو ماوەیەکی زۆر ماوە. سەر چاک کردنم ماوەیەکی باش دەبات. مەمەد دەللاک خەریکی سەروسەکوتمە و بەردەوامیش قسە دەکات. وەک هەمیشە قسەی بێمانا. گوێی نادەمێ و دەچم دە بیر و خەیاڵی خۆمەوە. لای خۆم بیر لەو شتانە دەکەمەوە کە دەمەوێت بە چاوڕەشیان بڵێم. چاوەکانم دادەخەم و بیردەکەمەوە، یا ئەمڕۆ هەموو شتێکی پێ دەڵێم؛ یان… مەمەد دەللاک بە پرسیارێک هەودای خەیاڵم دەپسێنێ،
ـ خەوت دێ؟
ـ نا، کەمێک ماندووم.
دیسان چاوەکانم دادەخەم، مەمەد دەللاک قسە ناکات بەڵام دەم لێکدانی بەردەوامی مقەستی دەستی، لە گوێمدایە. دەبێ پێی بڵێم کە خۆشم دەوێ، ئەگەر ئەمڕۆ پێی نەڵێم ئیتر دەرەتانی دیکە نابێ و هیچ جاری دیکە ناتوانم قسەی دڵم بدرکێنم. دەنگی کردنەوەی دەرگای دووکانەکە دێت. چاوەکانم دەکەمەوە بە بینینی عەلی شەیتان ڕەنگ بە ڕووخسارمەوە نەما. دڵم دەلەرزێت. نەفرەت لە باوکت و کەس و کارت. بەو نوێژی نیوەڕۆیە لە چی دەگەڕێی. لە ئاوێنەکەدا چاومان تێکهەڵەنگوت. بە دمێوە پێدەکەنم ئەویش هەروا بزەی دێتە سەر لێوان. برۆکانی وەک هی شەیتان، تەنک و درێژن بە لاجانگیدا هەڵکشاون. لێوەکانی دەجووڵێن،
ـ پار دۆست و ئەوساڵ ئاشنا!؟
چار نییە دەبێ دەگەڵی ڕوو خۆش بم. دۆستانە بە دمییەوە پێدەکەنم.
مەمەد دەللاک سڵاوی لێدەکات، ئینجا ڕوو لە من دەکات و دەڵێت لە ژیانمدا پیاوی باشتر لە عەلی ئاغام، نەبینیوە. هەمیشە نۆکەرتانم.
عەلی شەیتان وا دادەنیشێت کە لە ئاوێنەکەدا لێک دیار بین. سەعاتەکە ڕاست لە سەرووی سەری ئەو هەڵواسراوە، ئێستا کاتژمێر دوو و نیوە.
ـ چۆنی مەشەدی مەمەد؟
مەمەد دەللاک بە زەردەخەنەوە وەڵام دەداتەوە،
ـ لە سایەی سەری جەنابتانەوە، گەورەم
پاشان بەردەوام دەبێت
ـ بڵێم چایەکی ترشت بۆ بێنن؟
عەلی شەیتان بێتەفاوەت دەڵێ:
ـ فەرق ناکات.
مەمەد دەللاک مقەست و شانەکەی لەسەر مێزەکە دادەنێت، لە دەرگای دووکانەوە سەر دەباتە دەرێ و هەرای شاگرد قاوەخانەی “مەهتاب” دەکات.
عەلی شەیتان وەقسە دێت،
ـ پێنج شەش ڕۆژێکە هەر دیار نی.
کەس بە دەنگی مەمەد دەللاکەوە نایەت. لە دووکانەکە دەچێتە دەرێ. دیسان عەلی شەیتان دەڵێت:
ـ نەتگوت؟
پاڵ وە پشتی کورسییەکەوە دەدەم و دەڵێم:
ـ بۆ، هەم.
قسان کە دەکات بەردەوام بزەی لەسەر لێوانە. دەزانێ لە چنگی دام و هیچ ڕێگەی دەربازبوونم نییە.
ـ دەنا ئەوە من چەند ڕۆژە تۆم نەبینیوە.
ـ وایە شتی وا ڕوودەدات
بەتەوسەوە دەڵێ:
ـ هێندێک جار پیاو حەز دەکات کە وا ڕووبدات. وایە؟
مەمەد دەللاک پەرداخێک چا بەدەستەوە، دەگەڕێتەوە. چایەکە دەداتە عەلی شەیتان، مقەست و شانە دەست دەداتێ کە خەریکی سەرم بێ. عەلی شەیتان دەڵێت:
ـ مەشەدی مەمەد جوانی بکە، باشی بڕازێنەوە کوڕی چاکە.
ددانە زەردەکانی مەمەد دەللاک وەدەردەکەون.
ـ خزمەتکارم عەلی ئاغا.
عەلی شەیتان چایەکەی لێکدەدات و نم نم دەیخواتەوە و نەرم نەرم قسە دەکات و دەڵێ:
ـ دەزانی چۆنە مەشەدی مەمەد؟ جار هەیە پیاو ئێرەیی بە زیرەکیی هێندێک خەڵک دەبات .
خورپەم کەوتە دڵ. مەمەد دەللاک بە بەڵێ گوتن کەوتە پای سەری قسەکانی؛
ـ ڕاست دەکەیت عەلی ئاغا. من ئێرەیی بە زیرەکیی ئەم قاچاخچییانە دەبەم. نازانی پێرێ چ شاکارێکیان کرد. ئەو جەواد و ئەم بەخشعەلییە.
عەلی شەیتان قسەکانی لە مەمەد دەللاک وەرگرتەوە؛
یان بۆ نموونە، عەندەلیب!.
مەمەد دەللاک سەری سووڕماوە، چاوەکانی دەردەپەڕن.
ـ عەندەلیب کێیە!؟
عەلی شەیتان درێژەی دەداتێ و دەڵێت:
دەبێت چەند زیرەک بێت بۆ ئەوەی لە بنکەی پۆلیس و لە دەست سەدان پاسەوان هەڵبێت.
مەمەد دەللاک سەری لێ شێواوە، بەڵام من تێگەیشتم کە عەلی شەیتان ئاگای لە هەموو پێچوپەنای بابەتەکە هەیە و دەزانێت و ئێستاش پلانی داناوە بە قسەکردن لە داوم بخات. بەدڵنیاییەوە ئەمڕۆ وا بەهاسانی لە چنگانی خڵاسـیم نایە و ڕێگرم دەبێ کە بەدوای ئیشی خۆمدا بچم. ئێستا دەزانم خەریکە ڕۆژەکەم تێدابچێ، تەواوێک دادەهێزێم.
مەمەد دەللاک هەروا لە دمی عەلی شەیتان دەڕوانێ و وڕماوە. عەلی شەیتان بە هێمنی و لەسەرەخۆ قسە دەکات و زەردەخەنەی لە ڕووخساری ون نابێ. بەردەوام دەبێ و دەڵێ:
ـ ئەویش بە ڕۆژی ڕووناک. دەزانی مەشەدی مەمەد پیاو دەبێ زۆر زیرەک و لێهاتوو بێ.
چارم نییە جگە لەوەی سەیری بکەم و بەڕواڵەت زەردەخەنەم بێتێ. مەمەد دەللاک کە سەرەدەر لە قسەکانی عەلی شەیتان ناگات، ڕوو دەکاتە من؛
ـ وتت سمێڵت نەتاشم.
ـ نەخێر، مەیتاشە.
عەلی شەیتان لەبەر خۆیەوە قسان دەکات،
بۆ!؟ ڕوخسارگۆڕین شتێکی خراپ نییە و خۆ پیاو ناتوانێ هەتاهەتایە هەر یەک شکڵ و بیچمی هەبێ. پیاو لە خۆیشی ماندوو دەبێ.
مەمەد دەللاک سەر و ڕیشم نوقمی کەفی سابوون دەکات، ئینجا گوێزانەکە دەساوێتەوە تا ڕیشمی پێ بتاشێ. شەش خولەکی ماوە بۆ سێی پاش نیوەڕۆ. ئیستگەی پاسەکانی شەریکەی نەوت لێرەوە پانزە خولەک دوورە. ئەگەر بە تەکسی بچم، پێنج خولەک دەگرێ. بەڵام چەتوونە وا بە سانایی لە چنگ عەلی شەیتان خڵاسـیم بێ. ئەوەی من بیناسم، بە تەمایە تۆڵەی هەموو بەدفەڕی و لاسارییەکم لێبکاتەوە.
مەمەد دەلاک سەر و دەموچاوم تیفتیفە دەدات، ئودکڵۆنم بۆ لێدەدات و قەڵەمێکیش بە سمێڵەکانم دادێنێ. ئاوێنەم لە پشت سەری ڕادەگرێ تا پشت سەرم لە ئاوێنەی پێش خۆمدا ببینم و بەڵێی بۆ بڵێم.
ـ زۆر سپاس دەستت خۆش بێ
پێشگیرەکە لە ملـم دەکاتەوە. پێی دەڵێم:
ـ مەشەدی مەمەد بێزەحمەت بە کابرای بۆیاغچی بڵێ پێڵاوەکانم بۆ بێنێ.
بۆیاغچی پێڵاوەکان دێنێ. لەسەر کورسییەکە هەڵدەستم. مەمەد دەللاک فەرمووی عەلی شەیتان دەکات دانیشێ.
ـ نا، من ئیسلاح ناکەم.
ـ فەرموون هەر نەبێ با شانەیەکتان بە سەری دابێنم.
لە جێی عەلی شەیتان دادەنیشم و علی شەیتان دەچێتە جێی من.
دادێمەوە کە پێڵاوەکان بکەمە پێم. پێم بلۆقی کردووە. مەمەد دەللاک خەریکی سەری عەلی شەیتان دەبێ و منیش هەڵدەستم دووکانەکە بەجێ بهێڵم. عەلی شەیتان دەنگم دەدات؛
ـ تۆزێک ڕاوەستە کارم پێتە.
بزەی لەسەر لێوان نەڕەویوەتەوە. دادەنیشمەوە. وەک هەمیشە دەمانچەکەی لەژێر جاشباڵتەکەی، خۆ دەنوێنێ. دوو خولەکی ماوە بۆ سێ. دڵە کوتەمە.
مەمەد دەللاک بە مقەست مووی کونە لووتی عەلی شەیتان هەڵدەپاچێ. برۆکانی شانە دەکات. عەلی شەیتان لە شوێنی خۆی هەڵناستێت، لە جێوە وەردەسووڕێ، ڕوو دەکاتە من، چاو لە چاوم دەبڕێ و دەڵێ:
ـ دەی؟
وەکی ئەو لێم دەڕوانێ و قسان دەکات وێناچێ هیچ بڕووبیانوویەک قوتارم بکات. بەدڵ حەز دەکەم مستێک لە دمی بدەم و ددانەکانی بشکێنم، کە ئیتر نەتوانێ وەخت و بێوەخت ئەو دەموفڵچەی پان بکاتەوە. بۆ چەند ساتێک هەروا سەیرم دەکات ، بێ ئەوەی قسەیەک بکات. پاشان ڕوو لە مەمەد دەللاک دەکات و دەڵێ:
ـ دەتوانی چەند خولەکێک لە دەرێ چاوەڕوان بی؟
مەمەد دەللاک:
ـ بەڵێ بەچاوان.
لە دووکانەکە دەچێتە دەرەوە و دەرگای دووکانەکە دادەخات. عەلی شەیتان سەرەتا دەکۆخێت و ئیتر ئاسەواری زەردەخەنە بە ڕوویەوە دیار نییە. دەست دەکات بە قسەکردن،
ـ دەی برالە؟
ڕوون و لەسەرەخۆ قسە دەکات.
ـ با نە تۆ وەدوا بخەم و نە خۆم تەفرە بدەم. بێ پێچ و پەنا هەرچی هەیە پێت دەڵێم: بەو مەرجەی عاقڵ بی و ژیرانە وەڵامم بدەیەوە.
ئێستا، زەردەخەنە نەماوە. سەیری چاوە سەوزەکانی دەکەم، شێلگیر و ڕژد لێم دەڕوانێ. بەردەوام دەبێ و دەڵێ:
ـ دەزانم پێنج ڕۆژ پێش ئێستا لە دەستی پۆلیس ڕاتکرد، بێگومان ئەو زیرەکییە هەر لە تۆ دەوەشێتەوە، بەڵام دەگەڵ مندا ئەو زیرەکییە مەنوێنە.
چاوەڕێی ئەوە دەکات شتێک بڵێم. هیچ ناڵێم.
هەروەها ئەوەش دەزانم کە دەتویست چەمەدانێک ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن بۆ بەندەر ڕاگوێزی، بەڵام لە گیرکەوتی. ئەو پاسەوانەی وا تۆ لە دەستی ڕاتکرد، ئێستا دەستبەسەرە و ژن و منداڵەکانی نە خەویان هەیە نە خواردن. نێو و نیشانیت دراوە بە دەیان کەس کە ئێستا بە شوێنتدا دەگەڕێن، بتدۆزنەوە. بەڵام دەزانی کە هیچ کامیان وەک من ناتناسن. هەر لە یەکەم ساتەوە کە بیستم کراسێکی خانەخانەی شین و سوور و پانتۆڵێکی کەتانی شینی لەبەردا بووە، دڵنیا بووم کە ئەوە تۆیت. ئێستا دەتوانم بێ یەک و دوو بتبەم بۆ بنکەی پۆلیس.
قسەکانی تەواو دەکات، دەست دەبا کەلەبچە لەژێر جاش باڵتۆکەی دەردەهێنێت. دەگەڵ دەرهێنانی کەلەبچە دەسکی قاوەیی دەمانچەکەی وەدیار دەکەوێ. دڵنیام ئەوە بەڕێکەوت نەبوو بەڵکوو دەیهەویست چەکەکەی نیشان بدات. نیگام لە دەسکی چەکەکەوە دەڕواتە سەر ڕووی سەعاتەکە، بیست و چوار خولەکی ماوە بۆ سێ و نیو. کەلەبچەکە دەخاتەوە شوێنی خۆی و ئاتەگی جاش باڵتۆکەی ڕێکوپێک دەکاتەوە. زۆر پیس تووش بووم. ئەگەر قەول و بەڵێنیم دەگەڵ چاوڕەش نەبوایە دەرفەتی خۆ دەربازکردنم زۆرتر بە دەستەوە بوو. عەلی شەیتان تەماشام دەکات، لە چاوە سەوزەکانی و لە زەردەخەنەکەیدا نیشانەی سەرکەوتن بەدی دەکەم. دەڵێی بە بزمار لە کورسییەکە درواوم، ناتوانم بجووڵێمەوە، عەلی شەیتان دێتەوە گۆ و دەڵێ:
ـ دەی دەڵێی چی؟
بیر دەکەمەوە و بەخۆم دەڵێم: بریا پێڵاوەکانم نەکردباوە پێم. بەم پێڵاوانە ناتوانم دە هەنگاویش ڕابکەم.
– دە شتێک بڵێ!
نەویستوو و نەخوازراو خەندەیەک دەبنە میوانی لێوەکانم.
ـ تۆ لە هەڵە دای.
ـ مەبەستت چییە؟
ـ واتە ئەوە من نەبووم و لەخۆڕا بەربینگی منت گرتووە.
واق ماوە. دیارە ئەو بەلای خۆیەوە وای دانابوو کە من بێ یەک و دوو هەرچی بیڵێ ملکەچی دەبم و پێشوەختە هەموو شتێک قەبووڵ دەکەم.
ـ گوتت من لە هەڵەدام؟
چاوەکانی چووک دەبنەوە. سەرمی بۆ دەلەقێنم. مەمەد دەللاک بە پەنجەی لە شووشەکە دەدات. هەردووکمان سەر ورەدەگێرین و سەیری دەکەین. لە پشت دەرگای دووکانەکەوە دەگەڵ موشتەرییەک وەستاوە. بە ئیما و ئیشارە عەلی شەیتان تێدەگەیەنێ کە موشتەری هەیە. عەلی شەیتان تێیدەگەیەنێ کە جارێ ڕاوەستێ. مەمەد دەللاک دەم لە پووش دەبێ و بە خۆیدا دەشكێتەوە.
عەلی شەیتان ڕووم تێدەکات و دەڵێ:
ـ یانی دەتهەوێ بڵێی ئەو تۆ نەبووی کە لە بنکەی پۆلیس ڕات کرد.
ـ نەخێر
ـ باشە، تاقی دەکەینەوە.
لەسەر کورسییەکەی هەڵدەستێت.
من دەڵێم:
ـ تاقیکردنەوە؟
– بەڵێ پێکەوە دەچینە بنکەی پۆلیس، هەموو ئەو پاسەوانانەی کە لە سێڕێیانی بەندەر بوون و گرتیانی لەوێ ئامادەن. هەروەها کابرای چاوەدێریش.
بە گرژی ئەمر دەکات؛
ـ هەستە سەرپێ!
دەستی دەچێتە ژێر جاش باڵتۆکەی
لە شوێنی خۆم نابزووم
ـ گوتم هەستە سەرپێ!
گەڕی خوێن لە لەشمدا خێراتر دەبێ، دەموچاوم سوور هەڵگەڕاوە. سەیری ساعەتەکە دەکەم. دە خولەکی لە سێ لاداوە. قوڕگم گیراوە و بە دەنگی گرژەوە دەڵێم:
ـ تۆ چیت لە گیانی من دەوێ؟
ـ هیچ
مەچەکم دەگرێت و دەیەوێت کەلەبچەم بکات. مل نادەم و ناهێڵم
ـ بۆچی دەگەڵت بێمە بنکەی پۆلیس؟
ـ چونکو تۆ فیراری و منیش ئەرکمە دەستبەسەرت بکەم.
مەچەکم دەگرێت، خۆم پێ ڕزگار ناکرێ. بێ ئەوەی سەیری یەکتری بکەین بەیەکەوە قسان دەکەین و دەستەویەخەن. سەرەنجام کەلەبچەی لە مەچەکم قایم دەکات.
ئێستا لەبری زەردەخەنە، لەرزێک لەسەر لێوەکانی نیشتووە. سمێڵە زەردەکەی بەهێواشی دەجووڵێتەوە، ڕامدەکێشێ و دەیەوێت لەسەر کورسییەکە هەڵمبگرێت. ئێستا کە بڕیارە چاوڕەش ببینم، لەسەر دڵم حەسرەتە کە کەوتوومەتە چنگی شەیتانەوە و کەلەبچە کراوم. بیردەکەمەوە ئامبازی بم، پڕدەمە دەمانچەکەی و وەک چۆن ڕەحیم کەردار بە سەری سەبیلەکەی ڕیزوانی تخێڵ کرد منیش قیر و سیا، بە قوونی دەمانچەکە لە سەری عەلی شەیتان سریوێنم و لە کۆڵ خۆمی بکەمەوە و ڕاکەم.
ئێستا ئیتر عەلی شەیتان گفت و لفتی گوڕدراوە و بەقەڵسی دەڵێ:
ـ هەر ئەوەیە گوتم، خۆ مەگنخێنە.
مەمەد دەللاک لە پشت دەرگای دووکانەوە حەجمینی لێهەڵگیراوە، مەچەکی کابرای موشتەری بە دەستەوە گرتووە تا نەڕوات، موشتەری یەکی باڵابەرزە و چەفیەی لەسەر سەرە و وەک بەرخێک لە شووشەوە سەیری ناو دووکان دەکات. مەمەد دەللاک بێتاقەتە و بە بەری دەستی لە شووشەکە دەدات. دەزانم زۆرتر مەراقێتی بزانێ چی لە نێوان من و عەلی شەیتاندا دەگوزەرێت. عەلی شەیتان گوێی ناداتێ. بەس دەبیری وەی دایە من هەڵبستێنێ و دەگەڵ خۆی بمبات. دەبێ ڕێگا چارەیەک بدۆزمە ئیتر خەریکە کات لە دەس دەچێت. سەر دادەخەم و لارەمل و بەستەزمان دەڵێم:
ـ با بڵێین وا ئەوە دەگەڵت هاتم بۆ بنکەی پۆلیس و دەرکەوت من ئەو کەسە بووم کە ڕامکردووە . ئەتۆ چیت نەسیب دەبێ؟
عەلی شەیتان هەروا دەمارگرژە و ئاسەوارێک لە ڕووخۆشی و زەردەخەنەی لا بەدی ناکرێ، ڕەق و تەق دەڵێ:
ـ پێویست ناکات من دەسکەوتم هەبێ. من ئەرکدارم و ئەرکی خۆم جێبەجێ دەکەم.
سەیری پەنجەی پێڵاوەکەم دەکەم، بە چ سەگەمەرگێک تا ئەم پێڵاوانەم کڕی؟ دەستمی بۆ شل دەکەم و دەڵێم:
ئەگەر لەسەر دڵان بم و بە قسەت بکەم چی؟
هێور دەبێتەوە و کەلەبچەکە دەکاتەوە و دەچێ لەسەر کورسییەکە دادەنیشێت. مەکراوی و فێڵبازانە:
ـ دەڵێی وا ئێستا خەریکە عاقڵ بی.
هێدی و لەسەرەخۆ دەڵێم:
ـ خۆ تۆش هیچ رێگایەک بۆ پیاو ناهێڵێوە
چار نییە، بە دەستێوە ئەسیرم. دەبێ ڕێگا چارەیەک بدۆزمەوە.
ـ کەواتە ئامادەی؟
نازانم دەبێ بۆ چ کارێک ئامادە بم. سەیری ساعەتەکە دەکەم. ئەگەر بەپێ بکەومە ڕێ رێک لە کاتی خۆیدا دەگەمێ.
– چی بکەم؟
بێ یەک و دوو دەڵێت:
ـ هاوکاریم بکە.
ـ هاوکاری؟
ـ منیش هەرچی لە دەستم بێ درێغی ناکەم.
لە حەولی وەی دام بۆ خۆ دەربازکردن شتێک بۆ گوتن بدۆزمەوە بەڵام ئەم کابرایە لەو حەوت خەتانەیە. قسەیەکی نەگووراو بکەم، پەتەم دەکەوێتە سەر ئاو و ڕیسەکەم لێدەبێتەوە خوری. قیر و سیا چی دەبێ با ببێ دەڵێم:
سەیرکە، ئەمڕۆ کاتم نییە ناتوانم دانیشم قسان بکەین. دەبێ بڕۆم بە کارەکانم ڕابگەم.
دەپرسێت؛
ـ کۆبوونەوەت هەیە؟
بە سەرسووڕماوی دەڵێم:
ـ کۆبوونەوە؟
ـ ئەدی کەواتە چی؟
وەڵامی نادەمەوە و دەڵێم:
ـ با کاتێک دابنێین بۆ ئەوەی دابنیشین و بە شێنەیی قسە بکەین.
بێدەنگ دەبێ وا دیارە بیر دەکاتەوە. مەمەد دەللاک مەچەکی مشتەرییەکەی هەروا بە دەستەوە. کابرا خەریکە تووڕە دەبێت. مەمەد دەللاک بە بەری دەستی لە شووشەکە دەدات، عەلی شەیتان گوێی ناداتێ و ڕوو دەکاتە من و دەڵێ:
ئەگەر تۆ لە شوێنی من بویتایە، قبووڵت دەکرد؟
ئەگەر متمانەم بە تۆ و قسەکانت هەبێ بەڵێ.
سەیری چاوەکانم دەکات و دەپرسێت:
ـ دەتوانم متمانە بە قسەکانت بکەم؟
شانەکانم هەڵدەتەکێنم و دەڵێم:
ـ نازانم
دەم پێکدا دەدات و بێدەنگ دەبێ و لەبیران ڕادەچێ.
کات بەخێرایی تێپەڕ دەبێت و ئەگەر نەجووڵێمەوە ناگەمە سەر قەرار. بۆیە دەڵێم:
ئەمڕۆ بە هیچ شێوەیەک قسە ناکەم، تەنانەت ئامادەم دەگەڵت بێمە بنکەی پۆلیس بەڵام قسە ناکەم. چاوەکانی لە هەردی پێش خۆی دەبڕێ. وادیارە خەریکە دێتە ڕەدایە.
بەردەوام دەبم و دەڵێم:
ـ بەڵام ئەگەر لێگەڕێ بڕۆم، جاری داهاتوو…
پاشان هەوای زارم و تەنانەت دەنگم دەگۆڕم و دەڵێم:
جگە لەوەش، بۆ کوێ دەتوانم بچم؟ هەمیشە لە دەستتدام. ئەگەر زۆر زیرەک بم دە تا دوانزە ڕۆژان خۆ ون دەکەم. پاشان چی؟
قایل دەبێ. جۆرێک متمانە لە ڕوخساریدا بەدی دەکەم.
ـ زۆر باشە.
پشوویەکم هاتەوە بەر
دەپرسێت،
بەڵێنمان کەی بێ؟
شانەکانم هەڵدەتەکێنم و دەڵێم، گرنگ نییە،
دەڵێت:
ـ ئەمشەو
سەرم ڕادەوەشێنم
ـ نا
لەسەر کورسییەکە هەڵدەستێت؛
ـ ئەدی کەی؟
مەمەد دەللاک تاقەتی بەسەر چووە، مشتەری لە حەولدا مەچەکی لە پەنجەی مەشەدی مەمەد دەربهێنێت و بڕوات. مەمەد دەللاک چیتر گوێ ناداتە عەلی شەیتان، پاڵ بەدەرگاکەوە دەنێت و بە بۆڵەبۆڵ دێتە ژوورێ
دەڵێم:
– بەیانی ڕۆژی هەینی
مەمەد دەللاک تەماشام دەکات و دواتر مشتەرییەکەی لەسەر کورسی دادەنێ و پێشگیرەی لە مل دەکات. عەلی شەیتان ڕازی دەبێت و پێکەوە لە سەرتاشخانە وەدەردەکەوین. کات و شوێنی چاوپێکەوتن دیاری دەکەین.
ـ پشت باغی “ڕیچی” لە ڕۆخی کاروون، کاتژمێر دەی بەیانی.
***
تەکسی دەست نەکەوت، بە درەنگەوە گەیشتمە سەر قەرار. پاسەکەش چەند خولەکێک وەدرەنگ کەوت، نیگای چاوڕەش سەرگەردانن لە دەوروبەر دەڕوانن. کە دەگەمە لای هەناسەبڕکە بووم. ڕوومەتم سوور هەڵگەڕاون و ئارەقەم کردووە. چاوڕەش خەندەی لەسەر لێوانە. پانتۆڵێکی سپی لەبەردایە، تەنوورەی کلۆش و کورتی بەسەردا بەرداوەتەوە. قژی بە داوێکی زەردی ئەستوور لە پشت سەریەوە بەستووە. ڕاکێتێکی تێنیسی بەدەستەوەیە. هەروەها لوولەیەکی درێژی بە دەستەوە. سڵاوێ دەکەم و سواری پاسەکە دەبین. ئاماژە بە لوولەکەی دەستی دەکەم و دەپرسم،
ـ ئەمە چییە؟
ـ تۆپی تێنیس
لە تەنیشت یەکەوە دادەنیشین. ڕانی بە ڕانمەوە دەنێ. سەرمەست دەبم. خۆشم باوەڕ ناکەم وەک خەون دەچێت. دەنگی بەرگوێم دەکەوێ، دەڵێ:
سمێڵت لێ نایە.
لە خۆشییان خەریکە دڵم لەخۆبێتەوە، ئاگام لەخۆم بڕاوە. هەرچی خۆم بۆ ئامادە کردبوو پێی بڵێم، لەبیرم چۆوە. داوای بڵیت دەکەن. کارتی خۆی نیشان دەدات و بۆ منیش بڵیت دەداتە کابرای کونترۆڵچی. کارتەکەی لێ وەردەگرم و سەیری وێنەکەی دەکەم، لێوی بەرەوەی داکەوتووە. قژی لەسەر شانەکانی پەرێشانە و کاکۆڵی ڕێک تا برۆکانی دابەزیوە. وەک ئەوە وایە سەیری شتێک بکات کە بە هیچ شێوەیەک بوونی نییە. ڕوون نییە ئەم چاوانە کاتی وێنەگرتن سەیری کوێ دەکەن. بەرچەنەی بچووکی ئەوەندە ڕێکوپێک و خۆشتراشە، پیاو حەزدەکات بیمژێت. لێم دەپرسێ،
ـ بۆ وا حەپەساوی؟
ڕاچڵەکیم و گوتم:[
ـ هیچ، خەریک بوو سەیری وێنەکەم دەکردی.
کارتەکەی دەدەمەوە دەستی. دەپرسێ،
ـ دەی بڵێ بزانم دەتهەویست چیم پێ بڵێی؟
پەشۆکاوم و دەڵێم:
ـ ئێرە جێی نییە.
پاسەکە قەرەباڵغ نییە. چەند پیرەژن و پیرەپیاو و ژمارەیەک کچ و کوڕ، دانیشتوون، هەموویان خۆش لیباس و ڕێک و پێکن. جلەکانی منیش خراپ نین، بەڵام دەگەڵ هی وان گەلێک جیاوازە.
پانتۆڵە شینەکە و کراسە چوارخانەکەم دەبەردایە.
پاسەکە لە ماڵەکانی قەراغ شار تێدەپەڕێت، ئێستا گەیشتوینەتە یەکەم بیناکانی شەریکەی نەوت، ئەم گەڕەکە بەتەواوی سەرسەوزە و دەوری ماڵەکانیش گشتی بە دار و درەختی سەوزی وەک ئاکاسیا و دارەبی دەورە دراون. پاسەکە چەند خولێک بە ناوماڵی فەرمانبەراندا دەئاژوێت و ئینجا لەبەر دەرگای یانەی شەریکەی نەوت ڕایدەگرێ. کەش و هەوای ئێرە دەگەڵ هی شار بە تەواوی جیاوازە.
لە پاسەکە دادەبەزین، کارتەکەی نیشان دەدات، دەچینە ناو یاریگەی وەرزشی و بە تەنیشت هۆڵێکی سەرداپۆشراودا تێدەپەڕین، گۆڕەپانێکی چیمەنی سەوز و بژوێن، کە هەتا سەر کاروون دەڕوات لێمان وەدیار دەکەوێ. ئەستێری مەلە چۆلە، کەس مەلە ناکات. دوای ئەستێرەکە مەیدانی تێنیسە. کزەبایەکی فێنک لەلای کاروونەوە دێت. ئەستێری مەلە دەور لێدەدەین. دەڵێ:
ـ شتێک بڵێ،
دەنگم دەلەرزێت، قسەم بۆ نایە.
بە باریکە ڕێیەکی نێوان مەیدانە تێنیسەکاندا تێدەپەڕین، ژنێک و پیاوێک لەوێ یاری دەکەن، پیاوێکی قەڵەو، داڕێژراو، کورتەباڵا و سەرتاس و لووت پان.
ـ ئەمە ڕاهێنەری منە.
ـ ڕاهێنەر؟
ـ تێنیسم فێردەکات.
کابرا تۆپێک لە حەوادا دەگرێتەوە، سەیری ئێمە دەکات و دەست هەڵدێنێ و بۆلامان دێت، ئێمە لە پشت دیوارە تۆڕەکە ڕادەوەستین.
ـ چۆنی؟
چاوڕەش دەم بەخەندە دەگەڵ کابرا چاک و چۆنی دەکات.
کابرا دەڵێت:
ـ دەمێکە دیار نی، نزیکەی دە جارێک دەبێ.
ـ دەرسم زۆرە.
پیاوەکە ئاماژە بە هاوڕێ ژنەکەی کە عەللاف وەستاوە، دەکات و دەڵێ:
ـ ئێستا ئەوە تەواو دەبێت.
بەدەم پێکەنینەوە دەڵێت:
ـ بێتاقەتی کردووم.
ژنە، یەکی باڵابەرزی داڵگۆشتی چاوگەشە.
کابرای کەچەڵ بە هیچ شێوەیەک سەیری من ناکات، هەرکە دیتم زانیم و تێگەیشتم نایەوێت وەک مرۆڤ حیسابم بۆ بکات.
کابرا ڕوو بە چاوڕەش دەپرسێت؟
ـ خۆ تۆ جارێ لێرەی؟
چاوڕەش دەڵێت؛
ـ لێرەم، بەڵام تاقەت و حەزی یاری کردنم نییە.
ـ تاقەت؟ ئێوە نابێ بەم تەمەنەوە باس لە بێتاقەتی بکەن.
چاوڕەش بیانوو دێنێتەوە و دەڵێت:
هیلاکم، زۆر بە ئەرکی مەدرەسەوە خەریکم.
کابرا سەیری ڕاکێتی دەستی چاوڕەش دەکات و دەڵێ:
ـ ئێستا تەواو دەبێ. لێرە بمێنەوە، تەمبەڵێ مەکە.
شا ئەو بەختەی من. لە چنگ عەلی شەیتان خڵاسـیم هاتووە کەوتوومەتە چنگ ئەم کەمتیارە.
کابرای کەچەڵ دەست بە یاریکردن دەکات، ئێمەش لە مەیدانی دووهەمی تێنیس تێدەپەڕین و بۆ لای کاروون دەچین. کەنار ئاوەکە بەردینە. کاروون لە نەرمە شەپۆلان بەردەوامە. لەسەر نیمکەتێک دادەنیشین هەردووکمان نوقم لە بێدەنگیدا دەڕوانینە کاروون، هیچکاممان نازانین لە کوێوە دەس پێبکەین.
ـ باشە، پێم بڵێ
مینگەیەک دەکەم و پاشان بەپەلە دەڵێم:
ـ دەزانی دەمەویست بتبینم و پێت بڵێم لەوانەیە هەر سات و کاتێک بگیرێم.
نازانم بۆ بێ یەک و دوو بەمە دەستم پێکرد و وامگوت.
ـ ئەتۆ بگرن!؟
نەخوازراو، ورد ورد چیرۆکی هەڵاتن لە بنکەی پۆلیسی بۆ ڕوون دەکەمەوە. گەرم داهاتووم، ئارەقەم کردووە، لاموایە هێندێک لەخۆبایی قسان دەکەم. تەواو کە بووم سەرم بەرزکردەوە و سەیرم کرد، بینیم تێمڕاماوە و بەبێ ئەوەی برژانگی لێبدات سەیرم دەکات. دڵۆپێک ئارەقە لە تەوێڵمەوە دەڕژێتە خوارێ. دەنگی قورسی کاروون لە گوێمدایە، بۆنی تاڵی دارە بی، بۆنی داری ئاکاسیا و بۆنی چیمەن تێکەڵاون و کونە لووتمیان پڕ کردووە. لەپڕ چاوڕەش دەست بۆ دمی دەبات و بەسۆزەوە دەڵێت:
ـ چەند سەرنجڕاکێش بوو.
بەردەوام بە چاوە زەیتوونییەکانییەوە کە هەردەم ڕەنگ دەگۆڕن سەیرم دەکات. دەستم دەخەمە سەر پاڵپشتی نیمکەتەکە. دەنگی لاوێنەری دەبیسم و سەرمەست دەبم.
ـ کەواتە، ئەو ڕۆژەی کە خۆت بە ماڵی ئێمەدا کرد ، لە شوێنێک ڕاتکردبوو؟
حەزدەکەم سەرسامی بکەم و چیرۆکێکی قارەمانانە دروست بکەم بەڵام دەترسێم، دەترسێم درۆم لێ ئاشکرا بێ و حەیام بچێ. هێواش دەڵێم:
نەخێر، ئەو ڕۆژە لە خۆپێشانداندا بەشداریم کردبوو.
خۆر خەریکە لە کەناری کاروونەوە ئاوا دەبێت، لێواری ئاسمان پرتەقاڵییە. تیشکی خۆر تێکەڵ بە شەپۆلە بچووکەکانی کاروون دەبن. ئاسمان ڕوون و ساماڵە، شنەی با، بۆنی دڕکە تازەکانی نەخلستان کە تازە سەروەدەردەنێن دەگەڵ خۆی دەهێنێت. تەشقی هەوا شکاوە.
ـ دەی بەردەوام بە!
ئێستا، غیرەتم هاتۆتەوە بەر و لە خۆم ڕادەبینم قسان بکەم. باسی ئەو شەوە دەکەم کە پەیمان هات ئاگاداری کردین و بەوەخت بڵاوەمان کرد و کاتێک سەربازەکان هاتن، دەستیان وێمان ڕانەگەیشت. پاشانیش باسی سەرتاشخانەی مەمەد دەللاکی بۆ دەگێڕمەوە و دەڵێم:
ـ مەترسی ئەوەم بوو کە ئەگەر لە چنگ عەلی شەیتان خڵاسـیم نەیەت و نەیەمە سەر قەرار، دەبێ تۆ چ بڵێی و چۆن بیر بکەیەوە.
ئێستا تاریک داهاتووە. چراکان تاق و لۆق لێرە و لەوێ کز دیارن. چاوەکانی چاوڕەش دەدرەوشێنەوە. دەستم لە پشتی نیمکەتەکەوە دەخزێتە سەر شانی. لەنەکاو هەست دەکەم دەستیم گرتووە. هەردووکمان بێدەنگین. بەهێواشی دەستیم گوشی. زەردەخەنەیەکی هاتێ، دەتگوت گوڵ دەپشکوێ. بەهێواشی دەڵێم:
ـ باشە. ئێستا تۆ شتێک بڵێ.
ـ چی بڵێم؟
سەر دادەخات زولفی پەرێشان بەسەر شانیدا بڵاوە. نزم و هێدی کە بەزەحمەت دەبیسترا گوتی:
ـ خۆشم دەوێی.
دڵم داکەوت. گەشامەوە، دنیام ڕووناکە، گەشاوەیە و بووەتە چراخان. هیچ چاوەڕوان نەبووم. لەشم گەرم داهات، سەرم دەسووڕێ. دەست دەخەمە ژێر چەنەی. سەر بەرز دەکاتەوە نیگامان یەکتر لە ئامیز دەگرن. بزە، بزەی شادی خۆی خزاندۆتە نەک هەر سەر لێومان، تەواو ڕوخسارمانی پاوان کردووە. نازانین چی ڕوودەدات، لەنەکاو هەست بە گەرمی لێوە داغەکانی لەسەر لێوی خۆم دەکەم. دەکشێمەوە دوایە. دەڵێی خەون دەبینم. باوەڕ ناکەم. هێشتا گەرمای لێوی لەسەر لێوم بزر نەبووە کە دەنگی دەبیسم، دەڵێ:
ـ بۆ خۆت کێشایە دواوە؟
چێژ و شکۆ مانای داوە بە ژیانم. جارێکی دیکە لێی نزیک دەبمەوە و دەپرسم،
ـ دەتوانم دیسان بتبینمەوە؟
بەڕادەیەک نەرم و نیان قسە دەکات وەک ئەوە وایە گشت بۆن و بەرامەی گوڵە بۆنخۆشەکان لە دەمێوە دەڕژێتە دەرەوە.
ـ دەمەوێت هەمیشە بتبینم.
مەست و سەرخۆش چاوی لێدەکەم. سەیری لێوە جوانەکانی دەکەم کە دەجووڵێنەوە، دەڵێ:
ـ بەڵام دەزانی؟ تەنها ڕۆژانی سێشەممە دەتوانم بێمە ئێرە.
دەستمان لە دەستی یەکتر دایە. هەڵدەستین و دەکەوینە ڕێ. دەگەینە بەر ڕووناکی گڵۆپە گەورەکانی بینای یانەکە. لەبەردەمماندا دارخورمایەکی بچووک دەوروبەری خۆی داپۆشیوە، هەست دەکەم لەسەر هەوران دەڕۆم. دەگەینە بنچکی دارخورمایەک، دەستی دەگوشم و بەرزی دەکەمەوە و هەرکاممان بەلایەکی بنچکەکەدا دەڕۆین، هەمدیسان یەکدەگرینەوە. دەمەوێت پەنجەکانی بگرم، نامەوێت دەستمان لێک جیا ببنەوە. هەوڵ دەدەم پەنجەکانی چاوڕەش بگرم. دەستمان لێک بەربوو.
***
مەلا ئەحمەد ژوورەکەی ڕەحیم کەرداری بە ئیجارە گرتووە. هێشتا وڵات تەواو ڕووناک نەببۆوە کە مەلا ئەحمەد، بەخۆی و خێزانی و پێنج کچەکەی، سیپاڵ لەبن هەنگڵ و دیزە و گۆزە لەسەر سەر لە دەروازەی حەسارێ وەژوور کەوتن.
مەلا ئەحمەد دەگەڵ خاوەن ماڵەکە قسەی بڕیوەتەوە کە کەپری وڵاغەکانیش بکاتە مەکتەبخانە.
کچەکانی مەلا ئەحمەد هەموویان زەرد و ڕەقەڵەن، تەمەنیان لە هەشت ساڵەوە تا هەژدە ساڵە. ئەوان زۆر گوێ نادەنە چارشێو و خۆ داپۆشین، تەنانەت ژنەکەی مەلا ئەحمەدیش بێ سێ و دوو لێکردن، پیاو لەماڵ بێ و لە ماڵ نەبێ، گوێ ناداتێ و چارشێو بە خۆیدا نادات و خۆی داناپۆشێت. جارێ من و کەڕەمعەلی هەر بە پیاو نازانێت. سەر و ڕیشی مەلا ئەحمەد تاڵی سپی تێکەوتووە، بەردەوام قسە دەکات و فەرمان دەدات. کچەکان دەست بە کار دەبن، ژوورەکە پاک دەکەنەوە و ئاوپڕژێنی دەکەن. پاشان ڕایەخ و شڕ و شاڵاتیان بڵاو دەکەنەوە. ئاخوڕی وڵاغەکان و پاشماوەی تەندوورەکەی سەنەم دەڕووخێنن و گڵ و بەردەکەی بە دەسکلە[14]دەبەن لە دیوی کووچە هەڵیدەڕێژن. هەمووان بە تێکڕایی عەردی تەویلەکە رێک دەکەن، ئاوپڕژێنی دەکەن و حەسیری لێڕادەخەن. کچەکانی مەلا ئەحمەد هەرچەند زەرد و ڕیوەڵەن، بەڵام وەک کرێکاری دەرهاتوو هەڵدەسووڕێن و کاردەکەن.
جەنگەی نیوەڕۆیە هەموو شتێک ئامادەیە.
سەقەلی مەلا ئەحمەد دەجووڵێتەوە
ـ دەی مناڵینە ئێستا قاپ و قاچاخ بێنن و لەسەر حەوزەکە بیانشۆن.
کچان مەنجەڵ، دەفر و ئامان دێنن و لەپەنا حەوزەکە دەست بەکار دەبن.
تا ئێستا مەکتەبخانەی مەلا ئەحمەد لە تاتە شۆری مزگەوتی بازاڕی سەوزەفرۆشان بووە. خۆیشی دەگەڵ پێنج کچەکەی و خێزانی لە کاروانسەرای نەسیم باقلاوە، کرێچی بوون.
لەیلا، کچە گەورەکەی مەلا ئەحمەد، چاوبگێڕ و دیلبیلان وێدەچێت.
چەند کتێبێکم وەرگرتووە تا ئەو ماوەیە لە ماڵەوە دانیشم و بیانخوێنمەوە. شوێنێکی نهێنیم بۆ شاردنەوەی کتێبەکان دروست کردووە. قسەکانی شەفەقم دێتەوە بیر،
ـ دەبێ وا بزانی و وا بیر بکەیەوە کە هەموو کات و سات لە مەترسی دای.
بیداریش دەیگوت:
تا دەگونجێ نابێ نە لە ماڵەوە و نە لە گیرفانتدا هیچ ڕابگری.
لەژێر یەغدانەکە چاڵێکم بە قووڵایی نیومیتر هەڵکەندووە، کووپەیەکم تێدا داناوە دەورەکەیم بە شفتە پڕکردۆتەوە، کاتێک خشتەکەی لەسەر دانێمەوە و زیلۆکەی بەسەر بکێشم، بەکەس نادۆزرێتەوە. تەنیا یەک لە کتێبەکان بەدەرەوەیە، ئەوانی دیکەم هەموو لە کووپەکەدا تاقەت کردووە.
بەیانییان درەنگ بە ژاوەژاوی منداڵانی قوتابخانە لە خەو هەڵدەستم. مەلا ئەحمەد دۆشەگێکی لە جێی ئاخوڕی وڵاغەکان لەبن خۆی ناوە و چوارمێردەکی لەسەری دانیشتووە. منداڵ تێکڕا ڕەحلە قورعانیان لەپێشە و بەنۆرە دەچن لە پێش مەلا ئەحمەد لەسەر چۆکان دادەنیشن و دەرس دەخوێنن.
مەلا ئەحمەد مەندیلێکی سپی مەیلەوزەردی لە سەری هاڵاندووە. کراسێکی سپی لەبەردایە. یەخەی ئاوەڵایە. عەبا تەنکەکەی بە تەنیشتێوە کەوتۆتە سەریەک. لەیلای کچی نێرگەلەیەکی بۆ دەبات. بەتەنیشتمدا تێدەپەڕێ و ڕووهەڵماڵاو و بوێر، سەیرم دەکات. منداڵەکان ژمارەیان لە بیست کەس تێناپەڕێ.
لە تەنیشت حەوزەکە دانیشتووم دەست و دەموچاوم بشۆم. خاجە تۆفیق لە مبال هاتۆتە دەرێ. مەسینەی بە دەستی ڕاستەوە و دەستی چەپی وەک وەی گڵاو بێ، لە دووری خۆی ڕاگرتووە. لە تەنیشت کەپرەکەوە وەستاوە و دەگەڵ مەلا ئەحمەد قسە دەکات.
دەچمەوە ژوورێ. بلوور خانم، لەپەنا دایکمە بۆڵەی دێت و دەناڵێنێت؛
ـ ئێرە ئیتر بەتەواوی بووەتە کاروانسەرا. لەبەری بەیانییەوە دەگەڵ ژاوەژاوی منداڵان هەراسمان پێهەڵگیراوە.
لە بیست مناڵێک زۆرتر نین. هیچکامیان تەمەنیان لە دە ساڵ تێناپەڕێ. شەش ساڵەشیان دەنێودا هەیە. هی وایان تێدایە نازانێ لووتی بسڕێ.
ئێواران مەکتەبخانەی مەلا ئەحمەد دادەخرێت. کاتێک لەبەردەم مزگەوتی بازاڕی سەوزەفرۆشان بوو، لە زستاندا منداڵەکانی لەبەر هەیوانی مزگەوتدا دەرس دادەدا و دوو دانە مەقەڵی بۆ دادەنان. لەوانەیە کە زستان دابێت، بیانباتە ژووری خۆیان.
کورسییەکەم لەبەر سێبەری دیوار داناوە و خەریکی کتێب خوێندنەوەم. لە ناو زەنا زەنای مناڵاندا دەنگێکی ئاشنا کەوتە بەر گوێم، سەر هەڵدەبڕم، پندار لە شیپانەی دەرگا وەستاوە. دەستی بۆ ڕادەوەشێنم. دێتە حەسارێ و بەیەکەوە دەچینە ژوورێ و دەچینە ژوورەکەی باوکم. پەردەی نێوان ژوورەکان دادەدەمەوە و کورسییەکی بۆ دەکێشمە پێشێ. پندار دادەنیشێ و دەڵێ:
ـ بۆیە هاتووم قسەت دەگەڵدا بکەم
باڵنجەکە بەدیوارەوە دەنێم، پاڵی وێدەدەم و دەڵێم:
ـ فەرموو گوێم لێیە.
دوو دڵە، یان نازانێت لە کوێوە دەست پێ بکات. دەنگی وەرددانەوەی مناڵانی مەکتەبخانە گوێی پیاو کەڕ دەکات.
لە پندار دەپرسم،
ـ شتێک ڕووی داوە؟
خێرا وەڵام دەداتەوە
ـ نا شتێکی وا نییە
هێشتا قۆری چای بەیانی لەسەر عەلادینەکەیە. لە پندار دەپرسم،
ـ چایەکت بۆ تێکەم؟
ـ تێیکە.
هەڵدەستم، دەچم دوو فینجانان دێنم و دادەنیشم.
ـ دەی قسە بکە، دەتەوێت چی بڵێیت؟
بێدەنگی و شک و گومانی پندار لە قسەکردندا، خەریکە نیگەرانم دەکات
ـ تۆ… بوویتە هاوڕێی کچێک. وایە؟
سەرم سوڕماوە، هەزار بیر بە مێشکمدا دێ.
بڵێی عەلی شەیتان دوو سەرە یاری دەکات و پێمان ڕادەبوێرێ؟ لەوانەیە عەلی شەیتان دەیان جۆر درۆ و دەلەسەی هەڵبەستبێت و تەواوێک بۆی تێچاندبم، یان نا بڵێی بۆخۆیان پێیان زانی بێ؟
ـ وا مەزانە کە ئێمە هەروا ڕەمەکی و لە گۆترە خەڵک رێ دەدەینە ناو خۆمان. هەرکەسێک داوای ئەندامەتی دەکات پێویستە زیاتر لە دوو مانگ لەژێر چاوەدێری دابێت.
ماومەوە، نازانم چی بڵێم، بە دەنگی پندار دێمەوە سەرە خۆ
ـ نەتگوت؟
من بەهێواشی دەڵێم:
ـ بەڵێ… ڕاستە… هاوڕێیەتی کچێک دەکەم و دۆستین، بەڵام پێش ئەوەی باسی بکەین، حەز دەکەم بزانم کێ ئەوەی پێ گوتوون؟
– بۆ تۆ زۆر گرنگە؟
سەرم داخستووە و دەڵێم:
ـ پیم وایە گرنگە.
ئێستا پندار ڕەوان و بێ گرێ قسە دەکات.
ـ جا ئەگەر زۆرت بۆ گرنگە با پێت بڵێم، ئەو قسانە قسەی عەلی شەیتانن.
دەمم داکەوتووە و سەیری چاوەکانی پندار دەکەم.
ـ عەلی شەیتان؟
پندار گوماناوی دەڵێ:
ـ بەڵێ عەلی شەیتان
بۆ ساتێک بێدەنگ دەبێت و دواتر بەردەوام دەبێت.
ـ … زۆر شتی تریش لەبارەی تۆوە دەزانێت.
پیم وایە عەلی شەیتان بەتەمایە کوڕەکان لە من دڕدۆنگ بکات. بۆ ئەو مەبەستەش لە هەرکەسێک بتوانێت بۆ وێنە مەمەد دەللاک، کەڵک وەردەگرێ تا قسە بە گوێی کوڕەکان بگاتەوە.
پندار دەپرسێت،
ـ ئەو ڕۆژە لە سەرتاشخانەی مەمەد دەللاک، دەگەڵ عەلی شەیتان، بۆ ماوەی دوو سەعاتان چیتان دەگوت؟
بێ کەموکووڕی، ورد ورد هەموو شتێکم بۆ پندار گێڕاوە. لە هەڕەشە و گوڕەشەکانی عەلی شەیتان لە قەول و بەڵێنی ڕۆژی هەینی.
ـ دەی پاشان؟
ـ بەڵام ئەمن ڕۆژی هەینی نەچوومە سەر قەرار
ـ ئایا لە قسەکانتدا هیچ شتێکت نەدرکاند کە کێشە بۆ کەس دروست بکات؟
سەرم ڕاوەشاند و گوتم:
ـ نەخێر… بە هیچ شێوەیەک هیچم نەوت
ـ بۆچی پێشتر ئەمانەت بە بیدار نەگوت؟
ـ بە پێویستم نەدەزانی.
پندار قسەکانی منی سەلـماندووە. ئەو ڕواڵەتە گوماناوییەی پێشووی لە ڕوخساریدا بەدی ناکەم، ئێستا قسەکانی بۆنی ئامۆژگارییان لێدێت.
وا دیارە ئەم عەلی شەیتانە خەریکی فێڵانە و بە تەمایە دە داوت بخات و بە کارت بێنێ. بەتایبەت ئێستا کە دوو خاڵی لاوازی تۆی لەبەر دەست دایە.
خێرا دەڵێم:
– خاڵی لاواز؟ … دوو خاڵی لاوازی گەورە؟… مەبەستت چییە؟
پندار سەری دەلەقێنێ،
ـ یەکێکیان ئەوەیە کە تۆ فیراری و ئەوی تریان ئەو کچەیە
ـ یانی چی؟ تێناگەم. خۆشەویستی ئەو کچە چ پێوەندی بەم قسانەوە هەیە؟
تۆ…کەم ئەزموونی… لەوانەیە ناچار بی بۆ پاراستنی کەڕامەتی ئەو کچە پشت لە هەست و ویستی خۆت بکەی یان بە پێچەوانە بۆ ئەو کچە و بۆ دڵ و هەستی خۆت، پێملی خەساری دیکە بی. هیوادارم پڕیشکی ئەم خەسارە، کەسانی دیکە نەگرێتەوە. کەسانێک کە تا ئێستا بۆ جارێکیش چییە نەتبینیون و یان نایانناسی.
واقم وڕماوە، لەبن لێوانەوە دەڵێم:
ـ تێناگەم دەڵێی چی؟
دەڵێت:
ـ تا بەسەرت نەیە نازانی
دەڵێم چی؟
ـ کە بەسەرت هات تازە کار لە کار ترازاوە و درەنگە.
سەیری دەکەم و گوێم لێ ڕاگرتووە؛
ـ پێویستە من چی بکەم؟
ـ دەبێت فێر بیت کە لە خەبات و تێکۆشانەوە گلای، نابێ وەدوای دڵ، هەست و سۆز بکەوی.
ـ ماناى وايە كە…
قسەکەی پێ بڕیم و گوتی:
ـ بەڵێ… مانای ئەوەیە کە دەبێت کچەکە لەبیر بکەیت…
تەنانەت بە خیاڵیش ناتوانم بیر لە شتێکی وا بکەمەوە. بە پندار دەڵێم:
ـ ئەوە شتێکی چەتوونە
ـ بەڵام دەکرێت
هەڵدەستێتە پێ.
ئەو کتێبانەی خوێندوومنەوە لە کووپەکەیان دەردەهێنم و دەیاندەمە پندار. ئەویش لە گیرفانی پشتەوەی پانتۆڵەکەی ڕۆژنامەیەکی قەدکراو دەردەهێنێت، دەیداتە دەستم و دەڵێ:
ـ پاش ئەوەی خوێندتەوە لە ماڵێکی بهاوێ.
دەگەڵی تا بەر دەرگا دەچم. کاتی ماڵاوایی بەگەرمی دەست لێکدەدەینەوە، بەڵام بە دەنگێکی ئەمرکەرانە دەڵێت:
ـ لەبیرت دەمێنێ دەبێ چی بکەیت؟
منداڵانی مەکتەبخانەی مەلا ئەحمەد، هەموویان پێکەوە و یەک دەنگ قورعان وەرد دەدەنەوە. بە بەردمیاندا تێدەپەڕم. لەیلا سەیرم دەکات، دەچم لە ژووری باوکم دادەنیشم و بیر لە قسەکانی پندار دەکەمەوە، دایکم پەردەکە لادەدات و دێتە ژوورەوە. بەپەرۆشەوە دەڵێ:
ـ خالید، من هەر دێ و زۆرتر دڵنیگەرانی وەزعی تۆ دەبم.
لە ناخمدا پەرێشان و پەشۆکاوم. هەست دەکەم پێویستە کەسێک بە هانامەوە بێت و یارمەتیم بدات. دەچمە پێش و دایکم لە ئامێز دەگرم.
ـ خەمی من مەخۆ دایە.
پاشان یەکدا بەدوو لە زارم دەرپەڕی و گوتم:
ـ کە باوکم هاتەوە دەگەڵی دەچم بۆ کوەیت.
دایکم هێور بووەتەوە، و نیگەرانییەکانی نەماون و هەست بە ئاسوودەیی دەکات. ژووری باوکم بەجێ دەهێڵێت و پەردەکە دادەداتەوە. باوکم لە کۆتا نامەکەیدا کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر گەیشتووە، نووسیوێتی یەکەم ڕۆژی پاییز دێتەوە.
…بەخاوەنی دووکانەکە بڵێن: “خۆ دنیا کۆتایی نەهاتووە، دێمەوە و هەموو کرێی دواکەوتووی دەدەمێ…” بۆ ئەوەی لە گێژاوی دەروونی ڕزگاریم بێت، بیری چوون بۆ کوەیت بە مێشکمدا هات و ئێستاش جێی خۆش کردووە و ئێخەم بەرنادات. خۆی وام دانابوو کە پاییز داهات بچمە مەدرەسەی شەوانە و بخوێنم. دەنگی منداڵانی مەکتەبخانە دامرکاوە. پاڵدەکەوم، دەستەکانم دەخەمە ژێر سەرم و سەیری بنمیچ دەکەم. بەردەوام بیردەکەمەوە.
… نا… ناتوانم چاوڕەش نەبینم… ئەو بەندە بە ژیانمەوە. تێناگەم بۆچی دڵداری و خەبات ئاویان بە ئاوەڕۆیەکدا ناڕوات و بەیەکەوە ناسازێن. بۆ؟ لەبەر چی؟ چاوەکانم لێکدەنێم نا!… کوەیت، نا!… دەمێنمەوە و مەلە دەکەم، دەمێنمەوە و هەموو ڕۆژێک چاوڕەش دەبینم… ئا، وادەکەم، لە سەرەتای پاییزەوە دەست بە خوێندن دەکەم… نەخێر!… هەرگیز ناچمە کوەیت… هەرگیز.
چوارەم ڕۆژە لە ماڵێ وەدەر نەکەوتووم، تەواوێک بێتاقەت بووم. کچە گەورەکەی مەلا ئەحمەد، لەیلا خۆی لێخۆش کردووم و بە دەورەمدا دێ و دەچێت. بێپرینگانەوە و عەیبە چەند جارێکی خۆ تێهەڵقوتاندووم و سەری قسانی کردۆتەوە. دەیهەوێ بزانێ بۆ خانەنشینم و بۆ ناچمە دەرێ، وەڵامی دەدەمەوە و دەڵێم:
ـ کەش و هەوا گەرمە، حەز ناکەم بچمە دەرەوە.
باوەڕ بە قسەکانم ناکات، پێدەکەنێت. وێدەچێ سۆزەیەکی کردبێ. لە ژنەکانی حەسارێ دەگەڵ بلوور خانم باش ڕێککەوتووە. بەو ماوە کورتە سەرنجی بلوور خانمی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. بە بلوور خانمی گوتووە بۆ دەرس ناخوێنی. دەزانی ئەگەر ژن خوێندەواری هەبی باشتر لە ژیان تێدەگات. هەروەها پێیگوتووە:
ـ …جیاوازی ژن و پیاو چییە؟… بۆچی نابێت ژنیش وەکی پیاو کار بکات؟… بۆچی نابێت وەکی پیاو لە هەموو شتێکدا بەشداری بکات؟
قسەکانی لەیلا بۆ بیرلێکردنەوە دەبن. قسە و ئاکاری لەیلا دەگەڵ هی باوکی تەوفیریان زۆرە.
مەلا ئەحمەد و خاجە تۆفیق بە باشی پێکەوە ڕاهاتوون، وەک ئەوە وایە سەد ساڵە یەکتریان ناسیبێت. شەوانە کە دەم و دەزگای تریاکی خاجە تۆفیق دامەزرا مەلا ئەحمەد بەرانبەری دادەنێشت و دەست دەکەن بە گەپ لێدان و قسە کردن.
مەلا دەڵێ:
ـ سەردەمانێکی خراپ و نالەبارە
خاجە تۆفیق قسەکانی مەلا ئەحمەد پشتڕاست دەکاتەوە.
… قوتابخانە، منداڵی خەڵک لە دین وەردەگێڕێ و لە دین دووریان دەخاتەوە… لە قوتابخانە چوار ئەرکی کۆمەڵایەتی یان چوار ئەرکی ئایینی فێری منداڵان ناکەن…
مەلا ئەحمەد بە پەنجەی گەورەی، ناو لووتی دەکۆڵێ و قسە دەکات.
هەرچی لێهاتوو و خاوەن پێگەی ئایینییە لە مەکتەبخانەوە دەستیان پێکردووە. ئەبوو عەلی سینا، قوتابی مەکتەبخانە بوو. ئەمیرکەبیریش هەر لەوێ پێگەیشت. ئێستاش وا چوار موسڵـمان مناڵەکانیان دەنێرن. ئاوا بڕوات تا یەک دوو ساڵی دیکە ئەوەش نامێنێ.
خاجە تۆفیق حوقەکە دەگەشێنیتەوە و بۆ مەلا ئەحمەدی ڕادەدێری و فەرمووی دەکات.
مەلا ئەحمەد دوودڵە. خاجە تۆفیق دەسرە یەزدییەکەی دەردێنێ، ئاوی لووتی دەسڕێ و باسی حیکمەتی تریاک دەکات؛
ـ بە تایبەتی بۆ کەسانی لە تەمەن من و تۆدا، “نووری عەلا نوورە.”…تازە ئەگەر تریاک زیانی بە ژیانی مرۆڤ گەیاندبا و یان ئەگەر کەسێکی لە دین بەدەر کردبا وا بێگومان یاسای پیرۆزی ئیسلام حەرامی دەکرد. مەلا ئەحمەد هەروا دوودڵە. خاجە تۆفیق پۆلووی سەر وافوورەکە دەگەشێنێتەوە و قسە دەکات.
… دەرمانی هەموو دەردانە. عومری بنیادەم زیاد دەکات.
سەرەنجام مەلا ئەحمەد لە مقەڵییەکە نزیکتر دەبێتەوە.. خاجە تۆفیق یارمەتی دەدات تا دووکەڵەکە هەڵمیسێ. ژنەکەی مەلا ئەحمەد نێرگەلەی بۆ خۆش دەکات و دەیخاتە بەردمی مەلا ئەحمەد و بە بۆڵەبۆڵ دەگەڕێتەوە دواوە و لەبەر خۆیەوە دەڵێت:
ـ بەم سەری پیرییەوە هەر تریاکمان کەم بوو. ئاخر هەر ناڵێ؛ پێنج کچی چارەڕەشم لەماڵدایە و عیشایە خوداش شک نابەین.
بەڵام هەرگیز ناوێرێت ئەمانە لە ڕووی مەلا ئەحمەد دا بڵێت.
***
بەتەمای ئەوە کە شەفەق ببینم لە ماڵێ وەدەردەکەوم. پێویستە بەباشی تێمبگەیەنێت کە بۆچی نابێ چاوڕەشم خۆش بوێ. من هیچ عەیب و ئیرادێک لەم شتەدا نابینم. بە قسەکانی پندار هیچ پێ مل و ڕازی نەبووم.
بە کووچە و کۆڵانە نیوە تاریکەکاندا تێدەپەڕم و دەچمە سەر شەقام. هەوا تازە تاریک بووە. شەقامی پەهلەوی قەرەباڵغە. شەو کە داهات هەموو خەڵکی شار دەڕژێنە شەقامی پەهلەوی. ناوێرم بێمە بەر ڕووناکاییە. پەنا دیوارێکی تاریک دەگرم و هێواش هێواش دەڕۆم. لەپەنا بۆتکەی بڵیت فرۆشتن پیاوێکی بەساڵدا چوو دەبینم کە خەریکە دووتمەنێک لە گیرفانی پانتۆڵەکەی دەردێنێ تا بڵیتی یانسیبی پێ بکڕێ. چاوەکانی دەنووقێنێ لەبن لێوانەوە دووعایەک دەخوێنێ و تیروپشک، بڵیتێک دەکڕێ.
لەپەنا بۆتکەکە خۆم مات داوە و چاوەڕێم بەڵکوو ناسیاوێک پەیدا بێت، بینێرم بەدوای شەفەقدا. خۆزگە لە ماڵەوە مابامەوە و کەسێکم بە دوادا ناردبایە. خۆف دامدەگرێ. هاتنی بۆ شەقامی پەهلەوی کارێکی نەشیاو و نەگونجاو بوو. وەک خۆ بەگرتندان وایە.
ـ تۆ دەبێ فێر بیت چۆن لەناو خەڵکدا خۆت وەشاری.
حەشیمەت دێن و دەڕۆن. بە گوتەی عەلی شەیتان دە کەسی تریش لەپای سەرمن و بە شوێنمدا دەگەڕێن.
تا کتێبفرۆشی موجاهید مەودایەکی وا نییە. سێ خولەک دەبێ یان لەوانەیە کەمتریش. لەپەنا بۆتکەکە چەقیوم و ناوێرم ببزووم. هەرچۆنێک بێ بڕیارم دا، کشامەوە دوایە و خۆم بە کووچەیەکی تاریکدا کرد. بەتەمام بچم ئومێد بەدوای شەفەقدا بنێرم. دڵنیام ئەگەر حەمە فیتەر لە ماڵەوە بێ، خۆیشی ئەم کارەم بۆ ئەنجام دەدات.
ـ خۆشحاڵم کە ڕێگای خۆتت دۆزیوەتەوە.
لێوی حەمە فیتەر لەژێر سمێڵە گەورەکەیدا دەجووڵێتەوە؛
هیوا و هومێدی هەموو کەس ئێوە لاوەکانن.
تا نزیک ماڵەوە دەتوانم بە تاریکیدا بڕۆم، ئەوەندە تاریکە پێویست ناکات بە شوێن تاریکاییدا بگەڕێم. تەنیا لە نزیک ماڵەوە چل تا پەنجا هەنگاوێک کەوتۆتە بەر ڕووناکایی چرای شاتر حەبیب و مێهدی بەقاڵ.
بە تەنیشت کەلاوەکەی پشت نانەواخانەی شاتر حەبیبدا تێدەپەڕم، دەگەمە گۆشەی شەقامی ماڵی خۆمان، کەمێک دەوەستم و بەوردی سەیری هەموو شەقامەکە دەکەم. خەڵیفە لە تەنیشت شیربرینجفرۆش دانیشتووە. مێهدی بەقاڵ خەریکە مشتەرییان بەڕێ دەکات. مەلا ئەحمەد و مام بەندەر لەبەر دەرگای ماڵەوە وەستاون و قسە دەکەن. کچە بچووکەکەی مەلا ئەحمەد قاپێکی بە دەستەوە و لە تەنیشتییانەوە وەستاوە، وەک ئەوەی دەچێ چاوەڕوانە باوکی پارەی بداتێ. بەردەم نانەواخانە چۆلە، سەگێکی مردەلۆخە لە لیخناوی جۆگەدا پاڵکەوتووە. ئیتر کەسی دیکە دیار نییە. لە سەری کووچە خێرا لێدەهاڵێمەوە. لە دەرکی نانەواخانە تێدەپەڕم. کەسێک بانگی کردم. دەنگەکە لە نانەواخانەوە دێت. دەوەستم، دەنگەکە ئەوەندە ئاشنایە، هیچ گومانم نییە کە ئەوە دەنگی عەلی شەیتانە. ڕەنگم بزرکا. دڵنیام، ڕاوەستم و بـمگاتێ تازە ئیتر خڵاسـیم نایە. بۆ ساتێک دوودڵم. پاشان بڕیاری خۆم دەدەم و زۆر بەخێرایی، دەست دەکەم بە ڕاکردن.
شانم لە شانی کچەکەی مەلا ئەحمەد کە لە تەنیشت شیربرینج فرۆشەکە وەستاوە، کەوت. لەیلا کچەکەی مەلا ئەحمەد کەوتە سەر هەرد. بەسەر سەریدا بازم دا و لە ڕاکردنەکەم بەردەوام بووم. عەلی شەیتان لە دووکان دێتە دەرێ و بەدوامدا ڕادەکات. دەزانم عەلی شەیتان هەمیشە دەمانچەی پێیە. هاوار دەکات؛
ـ ڕاکردن بێسوودە!
گوێی نادەمێ و بەخێرایی بە بەردەم ماڵە خۆماندا تێدەپەڕم. دەنگی عەلی شەیتان بەکزی دێت، وەک ئەوەی دەچێت دوا کەوتبێت. ئەگەر سەد هەنگاوی دیکە دوور کەومەوە ئیتر مەحاڵە دەستی عەلی شەیتانم وێڕابگات. لەم کووچە و کۆڵانە هەزار بەهەزارانەدا، سەدان قوژبن هەیە کە دەتوانم خۆمیان تێدا وەشارم. برینی پاشپانێم دەسووتێتەوە و ژان دەکات. لەناکاو تەقەی دوو گوللە دەمانچەم بەرگوێ کەوت.
ـ نەبزووی!
پیاوێکی باڵابەرز و چوارشانە لەسەر پاسکیلەوە لێم پەیدا بوو، پاسکیلەی فڕێدا و ڕووی دەمانچەی لە سینگم گرت.
کابرا دێتە پێشتر و دەیهەوێ قۆڵبەستم بکات. ئارەقەم کردووە، هەناسەم دەرنایە و قسەم بۆ ناکرێ. پشوو سوار دەپرسم،
چ کارت بەمنە، بۆ وا دەکەی؟
زۆر باش دەزانم کە پرسیارەکەم لەجێ دانییە و دەزانم چی دەوێ. عەلی شەیتان بەهەڵەداوان دەگاتە سەرمان. یەکەم قسەی ئەوەیە:
ـ زۆر ناپیاوی!
ددانەکانی لە جیرەوە دەبات و کەلەبچەکان لەژێر کاپشێنەکەی دەردەهێنێ.
ـ دەستەکانت جووت بکە!
بەناچاری دەستەکانم پێکەوە دەنێم. هیچ ڕێگایەکی دیکەم نییە.
تا دەستبەندەکان لە دەستم بکات و قفڵیان بکات، مێهدی بەقاڵ، شاتر حەبیب، کرێکارانی نانەواخانە، مەلا ئەحمەد، لەیلا، خاجە تۆفیق و خەڵیفە دەگەنە سەرمان و لە دەورمان کۆ دەبنەوە.
بلوور خانم چارشێوی لەخۆی هاڵاندووە و لە دوورەوە بە ڕاکردن دەگاتێ. ئینجا دایکم کە بۆ یەکەمجارە بێ چارشێو وەدەردەکەوێ و دەگەڵ جەمیلە دەگەنێ. دایکم ڕیزی پیاوەکان بڕ دەدات و لە باوەشم دەگرێت.
ـ بۆ وا لە کوڕەکەم دەکەن؟ چیتان لێداوە؟
عەلی شەیتان نەکاوگیر بووە دەڵێ:
ـ خوشکم بڕۆ
دایکم بەتووڕەییەوە دەڵێت؛
ـ ئەم بازنانە چن، لە دەستتان کردووە؟
وەک بەور ددانەکانی لە جیرەوە دەبات.
لە گوێی دایکمدا دەچرپێنم و دەڵێم:
ـ دایکە خۆت ناڕەحەت مەکە. ئەوانە گوێ نادەنە کەس. تکات لێدەکەم هێدی بە و ئارام بگرە.
فرمێسک دەڕژێنە چاوەکانی. لەیلا دەچێتە بن پیلی و ڕوو بەمن دەڵێ:
دەربەست مەبە خالید، شتی وا بۆ پیاو دێنە پێش.
بە دایکم دەڵێم:
بڕۆن بچنەوە ماڵێ، لەوانەیە قسەی خراپ و ناشیرینتان پێبڵێن… ئەوانە بێ چاو و ڕوون.
دایکم دەکشێتەوە. بلوور خانم بەپەرۆشەوە دەڵێت:
ـ خەمت نەبێت خالید، ئێستا ئەماناغا دەنێرم…
ئینجا ڕوو لە عەلی شەیتان دەکات،
ـ پێتوایە چ خەبەرە؟… کافرتان کەوتۆتە بەردەست؟
دەزانم ئەو کارە کاری ئەماناغا نییە. ئەگەر شووشە پەنجەرەی ماڵی غوڵامعەلیخان بوایە شتێک، بەڵام ئیدی ئەوە ئیشی ئەماناغا نییە.
عەلی شەیتان گیرفانەکانم دەپشکنێ، هیچ نادۆزێتەوە.
لەیلا سەیری کەلەبچەکانی دەستم دەکات. دەگەڵ عەلی شەیتان دەکەوینە ڕێ. دایکم و جەمیلە بە دواماندا دێن.
***
بەشی چوار
ـ با بە تەکسی بچین.
عەلی شەیتان، تەواوێک گۆڕاوە، زۆر گرژ و دەمپیسە. جنێو و قسەی سووک کە هەمووی شایان و قابیلی خۆیەتی، لە دەم نابڕێ.
ـ دەبێ تا بنکەی پۆلیس بەپێ بچیت.
ـ جا ئاخر ئەوە بۆ تۆ چ سوودی هەیە؟
دمی پڕ دەکات؛
ـ دەبێ هەموو خەڵکی شار، تۆی دایک قەحبە و ناپیاو بناسن.
ـ باشە با بزانن… من حیزی و دزیم نەکردووە.
قوڕگی ساف دەکات و دەڵێت:
ـ دزەکان شەڕەفیان هەیە، بەڵام تۆی دایک جندە هیچت نییە. …ڕۆژی هەینی دوو دانە سەعاتی ڕەبەق چاوەڕوانت بووم. ئینسان هێندە ناپیاو دەبێ وەک تۆ هەی؟
پاڵی پێوەنام و فڕێیدامە ژوورێکی تەنگەبەری دوو لە سێ دا. لە گەرمان وەختە بخنکێم. بنمیچێکی بەرز، و تەنیا ڕووناکایی لە دەلاقەی دەرگا ئاسنەکەوە دزە دەکاتە ژوورێ کە گوڵێکی بچووکی لەسەر شڕەزیلۆکە، لەخۆی بەجێ دەهێڵێت.
ـ تا بەیانی لێرە بە. دەسپێرم بە باتووم میوانداریت لێ بکەن.
یەکبین جنێو دەدات و قسەی سووک دەکات. نازانم چۆن مرۆڤ دەتوانێ هێندە دەمشڕ بێ. دەرگا ئاسنەکە دادەخات و دەڕوات. گوێم لێیە بە پاسەوانەکان دەڵێت:
ـ چاوتان بەسەریەوە بێ. ئەو بیژووە بە کونە کلیلیشدا ڕادەکات. جارێک لە شارەوانی ڕای کردووە.
تەنیا شتێک ئەماناغا توانی بیکات ئەوە بوو کە مەنجەڵێک خواردنی بۆ ناردمە ژوورێ. هەواڵم نارد کە مۆمم بۆ بنێرن، لێ، تا ئێستا هیچ دیار نییە.
تاکە ئازارێک کە هەمە، خەمی دایکمە. بیر لە چاوڕەش دەکەمەوە، بەڵام هێندی بیری دایکم ئازارم نادات. دەزانم دایکم بەدرێژایی شەو ناخەوێت، لەبەردەم چراکە دادەنیشێت و هێواش هێواش فرمێسک هەڵدەوەرێنێ و لەبەر خۆیەوە نارەی دێت و گۆرانی دەڵێت. هەر وەکی ئەودەمە کە براکەی کوژرا. کاتێک تەرمی براکەیان هێناوە لە سەرەتادا وڕما و کاس بوو، دواتر دانیشت و هێواش هێواش فرمێسکی ڕشت و شینی گێڕا؛
“کاروانچی لە کوێیە، بێ غەم بارکات…
کاروانـــچــــی…”‘
بۆیە تاکە ئازاری من، خەم و پەژارەی دایکمە، من خووی ئەو دەزانم. خۆی لەناو دەبات هێندەی بگری.
بە تەنیا لە سووچی ژووری تاکە کەسی زینداندا دانیشتووم، ئەژنۆکانم لە باوەش گرتون و سەیری درەوشانەوەی گوڵی دەلاقەی دەرگا، لەسەر زیلۆکە دەکەم. خەو بە چاومدا نایەت. دەرگای ژووری زیندان دەکرێتەوە و گەنجێکی ڕیوەڵە بە ژوورێدا دەکەن.
دەرگاکە دادەخرێت، گەنجە ڕیوەڵە دەگری و دەکرووزێتەوە؛
ـ بوختانم پێدەکەن، بەخوڵای بوختانم پێدەکەن.
دەگری و سوێند دەخوات، دەمەوێت ئارامی بکەمەوە، گوێم لێناگرێت، وەک ژنێکی گەنج، لەسەر مەیتی کۆرپەکەی بگرێ، خۆی دەلەرێنێتەوە و دەگری.
دەست دەخەمە سەر شانەکانی و دەڵێم:
ـ مەگری کاکە، بەخێری ناگیانی تۆ پیاوی.
هیچی بەگوێدا ناچێ. خەریکە لە دەستانی وەزالە دێم. تووڕە دەبم، شانی بەردەدەم و دەست لەسەر دمی دادەنێم و بە هەڕەشەوە دەڵێم:
ئەگەر بەردەوام بی و بگری، دەتخنکێنم.
پەلەقاژە دەکات خۆی لە چنگم ڕزگار بکات. دەستم لادەبەم. دەچێ لە سووچێک دادەنیشێ و لەبری گریان هەنیسکان دەدات و نووکە نووکە دەکات. قسەی دەگەڵ دەکەم؛
– بۆچی گرتوویانی؟
وەڵام ناداتەوە، و فینگە فینگێ دەکات. قۆڵەکانی دەگرم و ڕایدەوەشێنم.
ـ دەگەڵ تۆمە… بۆچی گیراوی؟
بە دەم هەنیسکانەوە دەڵێت:
ـ خاتوون… دەڵێت “من… ملوانکەکەی…ئەوم…دزیوە… “
لە قسەکانییەوە تێگەیشتم کە لە ماڵی پایەبەرزێکدا گوماشتە و وەرگێڕکە بووە.
بەردەوام دەبێ و دەڵێم؛
ـ … دەمکوژن… لێم دەدەن،
دەهری دەبم.
ـ بێدەنگ بە کاکە… چیت کردووە، بۆ دەتکوژن؟
نووکە نووکی دەبڕێتەوە و دەستەوئەژنۆ لەبەرانبەرم دانیشتووە.
ڕووبەڕووی یەکتر دانیشتووین جێگای پێمان نییە. هەردووکمان قاچەکانمان لەبەر زگمان کۆ کردۆتەوە. لەنەکاو خەتەر هەڵمدەگرێ و بە دڵمدا دێ؛ کە نابێ ئەم ماستە بێموو بێ. لە تاریکیدا بە باشی دەمووچاوی نابینم. هەزار بیر و خەیاڵ بە مێشکمدا دێن.
ـ لە یەکەم ساتەوە، وا دەکەن هەست بە بەتاڵی بکەیت.
ئەوە قسەی پندارە لە گوێمدا دەزرینگێتەوە.
ـ باری دەروونیت تێکدەدەن…
شانمان بە دیوارەوە داوە، دەڵێی خەو دەیباتەوە. ڕووخساری دایکم دێتە پێش چاوم. نارە ناری دێتە بەر گوێم:
ـ “دەس لە دڵم دە، دڵ بریندارم
من دڵ بەخوێنم، دڵ بێقەرارم…”
دەبێت نیوەشەو تێپەڕ بووبێت. دنیا لە هەست و خوست کەوتووە. هەڵدەستم و لە کونی دەرگاکەوە سەیری دەرەوە دەکەم، دوو پاسەوان لەسەر تەختێک بەتەنیشت یەکەوە خەویان لێکەوتووە. حەسار و داڵان ڕووناکن. پاسەوانێکی لەندەهۆر لە دەرگای گەورە پاڵی بە چوارچێوەی دەرگاکەوە داوە، تفەنگەکەی لەپەنا خۆی وەدیواری داوە و وێژینگان دەدات. دادەنیشمەوە. هاوبەندەکەم خەوی لێکەوتووە و پڕخەی دێت. قاچەکانم درێژ دەکەم و لە گەرمان دوگمەکانی کراسەکەم دەکەمەوە، هەر بەم کراسەوە چوومە ژوانی چاوڕەش.
قسەی عەلی شەیتانم دێتەوە بیر؛
هەرکە بیستم کراسێکی چوارخانەی شین و سوور و پانتۆڵێکی شینی لەبەردایە، دڵنیا بووم کە ئەوە تۆیت…
چاو لەسەر یەک دادەنێم، بەڵام بە هیچ شێوەیەک خەو بەچاومدا نایەت، پێڵووی چاوەکانم دەسووتێنەوە. هەناسە کێشان قورسە. گوێم لێیە هاوبەندەکەم شان دەگۆڕێ. لێی ئەرغەیان نیم و چاوێکم هەر بەسەرێوە. زۆری ماوە ڕۆژ ببێتەوە. هیلاکم و لەشم ژان دەکات. دیسانەوە دەنگی پڕخەی کوڕە گەنجە دێت. لەپڕ ڕاست بۆوە و دەستی دە تینتینۆکەم نا. لەبەر ڕووناکایی دەلاقەی دەرگاکەوە بریقەی شتێکم لە دەستەکەی دیکەیدا دیت.
ـ دەتکوژم
قسەی پندارم دێتەوە بیر؛
ـ کەش و هەوایەکی پڕ لە خۆف و مەترسیت بۆ ساز دەکەن.
کوڕە هاوار دەکات
ـ … بەم تیغە شادەمارت دەبڕم…
جومگەی دەگرم. ئێستا دەنگی دایکم لە گوێمدایە،
ـ … ڕوحم بە گەنجی خۆت بکە…
پێکەنینی جاڵجاڵۆکە لە گوێمدا دەزرینگێتەوە؛
ـ … هەتا چاو لێک دەکەیەوە کار لە کار ترازاوە.
هەردووکمان پەلەقاژەمانە و تێکهاڵاوین، دەرگای ئاسنی ژووری زیندان دەدەمە بەر پێلاقان و هاوار دەکەم؛
ـ ئەم دەرگایە بکەنەوە
هێشتا قاقای جاڵجاڵۆکەم لە گوێ دایە؛
ـ جارێ لاوی، نازانی، سەهو کردن یانی چی.
هەروا دەستە و یەخەین و یەکتر دەگەوزێنین. دەنگ و قسەی پندارم بە مێشکدا دێ:
ـ بوون …بوونی ترس و خۆف، بوونی هەراس و نادڵنییایی…
دەنگی دایکە دڵسووتاوەکەم بەرز دەبێتەوە؛
ـ … خەمی تۆمە کوڕی خۆم… نیگەرانم…
چاوە سەوزەکانی عەلی شەیتان هەموو بۆشایی پڕ کردووە؛
ـ زۆر ناپیاوی… زۆر ناپیا…ناپیــــ….
تا دەرگا ئاسنەی چاوەکەمان دەکرێتەوە، چەند جارێک یەکتر دەگەوزێنین، گڵۆپەکانی حەوشە و داڵان پێدەکرێن و وڵات ڕووناک دەبێت.
ـ چتانە عەمەر کورت؟
ـ سەرکار ئەم کوڕە دەلییە، شێتە.
تیغ لە دەستی کوڕە گەنجەکەدا دەدرەوشێتەوە، چاوەکانی سوورن و خوێنیان تێگەڕاوە. پاسەوان پشتملی کوڕە دەگرێ و دەیکێشێتە دواوە. لێک دەبینەوە.
گەنجەکە هەڕەشە دەکات:
ـ بەرم دەن دەبێت ئەم دایکە جندەیە بکوژم…
ڕاکێش ڕاکێش لە ژووری تاکەکەسییەوە دەیکێشنە دەرەوە. گوێم لە دەنگی دەبێت دەڵێ؛
ـ … پێی وایە من لەو منداڵە لووسکە و حیزانەم… پێی وایە…
من تووشی حەپەسان بووم. ئەویش هێشتا هەر دەیڵێتەوە و قسە دەکات،
ـ دەستی بۆ هێنام … دەستی بۆ دێخوونی هێنام…
وێدەچێت پاسەوانەکان باوەڕیان کردبێ.
دەرگای ژووری تاکەکەسی دادەخەن. یەکێک لە پاسەوانەکان هەرچی شایەنی خۆی بوو بە منی گوت و زۆری جوێن دا. من تەواو سەرم سووڕماوە. بە هیچ شێوەیەک ناتوانم قسە بکەم. دەڵێی زمانم لە زاردا نییە. بڵێی ئەوە دەهۆ و پیلانی خۆیان بێ؟ یان بەڕاستی کوڕە شێتە؟ پاسەوانەکە لێی نەبڕیوەتەوە و هەروا بۆم بەڕێ دەکات.
ـ دایک ناپاک شەرم ناکات…ڕاوەستە بەیانی پێت دەڵێم پووتێک چەند سێیە. تێت دەگەیەنم چ گوویەکت خواردووە.
بێئاگا و لەخۆوە دەڵێم:
ـ سەرکار درۆ دەکات.
پاسەوانە سەر بە کونی دەرگاوە دەنێ، کەلێنبڕی دەکات و دەڵێ؛
ـ بۆ مەگەر نەخۆشە درۆ بکات؟
ـ بە گیانی ئێوە سەرکار ئەبەدەن …
– پاسەوان بە دەنگی بەرز و زەخم دەڵێ:
ـ بە گیانی خۆت پۆفیوز، نامەرد. جاکێش بەتەمای من قۆنداغە بکەی.
بێدەنگ دەبم، باشتر وابوو هەر لە هەوەڵەوە بێدەنگ بوایەم. قسەکردن هیچ سوودێکی نییە، وەک چیلەکە لە پیسایی وەربدەی وایە تا بیبزێوی، بۆگەنی زیاتر دەبێ. کپ دەبم و ئەژنۆکانم لە باوەش دەگرم. لە شوێنێکی پیس دەگیرکەوتووم. هەر دەمەو تووشی کێشەیەک دێم. ئەو هەتیوە دەلی بوو، هەر لە چاوەکانی ڕا دیار بوو. دەتگوت دوو پیاڵە خوێنن. دمیشی بۆنی عارەقی لێدەهات. هیلاکم و لە کەڵک و کەڕەم کەوتووم. تاقەتی جووڵەم نییە و ناو زارم تاڵە.
خۆزگە. لانی کەم خەوم لێکەوتبایە. سەرم بە دیوارەوە دەنێم. سەرم لێئەستوور بووە، نازانم چ بکەم. دەست دەکەم بە بژاردن بەڵکوو خۆم لەو ئاڵۆزییە قوتار بکەم، بەڵام ژمارەکان وەکی کوتک قورسن، خۆ بە ماڵی مێشکمدا دەکەن. تەقەلام بۆ خەوتن بێسوودە. شەو درێژە.
***
خۆری گەرم خەریکە دەرگای ئاسنی ژوورە تاکەکەسیەکە تین دەدات. کەش و هەوای هۆدەکەی من گەرم و خنکێنەرە. سەر و کەلەی ئەفسەر و فەرمانبەران بەرە بەرە پەیدا دەبێ. وەختە بۆ پیاڵە چایەک سوێم بچێ. لە سێبەری دیواردا پیاوێکی کووڕ، لەسەر کورسییەک دانیشتووە. بانگی دەکەم. لە جلوبەرگی ڕا دیارە کە خزمەتکارە. لەسەر کورسییەکە هەڵدەستێت و دێتە پێشێ، سەمەنگوڵ[15] و قوڵەبنە[16]یە. سەری گەورەیە. تەمەنێکی تێپەڕ کردووە بەڵام بەژن و باڵای هەر هێندەی کوڕێکی دە، دوازدە ساڵەیە.
ـ دەڵێی چی؟
ڕاوێژی خۆش و لەسەر دڵانە.
ـ باوکە ئەگەر پیاڵەیەک چاییم بوێت، دەبێ چی بکەم؟
ـ پارەت هەیە؟
دوو تمەنی دەدەمێ.
ـ نان و پەنیریشت دەوێت؟
ـ ئەگەر ئەم کارە بکەن، زۆرتان مەمنوون دەبم.
تا دێتەوە، لە کونی دەرگاوە سەیری حەساری شارەوانی دەکەم.، غوڵامعەلی خان لە دەروازەی گەورەوە دێتە ژوورێ. ورگی لە ژێڵا هاتووە، سەری داخستووە و بە داڵانەکەدا تێدەپەڕێ. ئیتر نایبینم.
کابرای سەمەنگوڵ هاتەوە. بەکونی دەرگادا نانێکی تەندووری، هەندێک پەنیر و پەرداخێک چای شیرینی وێدام. بۆم دەرکەوت لە شارەوانیدا چایخانە هەیە.
نانەکە لە قوڕگم ناچێتە خوارەوە، دوو قەپاڵان لێدەدەم دەڵێی قەپ بە لەشی خۆمدا دەگرم. بەڵام چێژ لە چایەکە وەردەگرم و دڵۆپ دڵۆپ ناخ و لەشی ماندوومی پێ دادەماڵم. بنکە بەتەواوی شلوق بووە و دەنگی ژاوە ژاو لە زیادبوون دایە. دوایین دڵۆپەکانی چایەکەم دەخواردەوە کە دەرگای چاوەکەم کرایەوە. عەلی شەیتانە. سەری سووڕماوە. لەناکاو بانگ دەکات؛
ـ کێ بەرچایی بۆ ئەو دایک جندەیە هێناوە؟
کابرای سەمەنگوڵ لەسەر کورسییەکەی دانیشتووە، سەیری من دەکات و سەری ڕادەوەشێنێت.
عەلی شەیتان غەزەبی لێدەبارێ.
ـ بێگومان دۆینێ شەوێش خواردنیان داوێی؟
بۆ ئەوەی بیتەزێنم و لە دڵی ڕەبادەم، ئاماژەم بە مەنجەڵی بەتاڵی سووچی چاوەکەم کرد.
ـ جێتان خاڵی، چڵەوکەباب… ئەوەش مەنجەڵەکەی
لە داخان دەمووچاوی سوور هەڵدەگەڕێ.
کێ نانی بەیانی پێداویت؟
پێم وانییە لەو سووکایەتییەی پێیدەکەم تێبگات. ئاگری گرتووە. پێدەکەنم. کە زانی لەم دەمبەدمەیە چ دەستکەوتێکی نابێ و هیچ سوودێکی نییە، لێیبڕێیەوە.
– هەستە وەرە دەرێ!
هەڵدەستم. تۆزی پانتۆڵ و کراسەکەم دەتەکێنم و لە ژوورەکە دەڕۆمە دەرەوە. لەپڕ هاتەوە بیرم کە ئەمڕۆ سێشەممەیە و دوانیوەڕۆ لە سێ و نیو دەگەڵ چاوڕەش قەرارم هەیە.
مەچەکم لە چنگی عەلی شەیتان دایە. بە ناو خەڵکی ناو داڵانەکەدا دەڕۆین و لە پلیکانەکان وەسەردەکەوین. لە داڵانی سەرێ چەند ژوورێک بەتەنیشت یەکەوە هەڵکەوتوون. عەلی شەیتان دەرگای یەکێک لە ژوورەکان دەکاتەوە. دەچینە ژوورەوە.
پانکەیەک لە بنمیچ هەڵواسراوە و دەخولێتەوە. ژوورەکە فێنکە.
ـ دانیشە!
ئاماژە بە نیمکەتی بندیوار دەکات. بێ سەر و سڵاو دادەنیشم. لە ژوورەکەدا دوو مێزی لێیە و لە پشت هەر مێزێکیش یەک کەس دانیشتووە. هەردووکیان پیاوی کامڵن. جلوبەرگی سیویلی ڕەنگ خوڵەمێشییان دەبەردایە.
یەکێکیان ڕەقەڵە و کزە، لووتی بگری ڕووحی دەردەچێت. لە خاجە تۆفیق ڕیوەڵەترە. وێدەچی ئەوەش ڕۆژێ دوو تا سێ مسقاڵان بەبا بکات. ئەویتریان کە مێزەکەی گەورەترە و لەسەرووی ژوورکە دانیشتووە ئەوەندە قەڵەوە کە هەربینا تەقی. هەردووکیان سمێڵیان هەیە، لە وێنەی سمێڵی غوڵامعەلیخان کە باریک وەک کلکە مشک دەچێ. هەردووکیان سەیرم دەکەن. چەمەدان و ڕۆژنامەکان لەسەر کورسییەک دانراون.
پیاوە قەڵەوەکە ڕوو لە عەلی شەیتان دەکات و دەپرسێت؛
ـ ئەوەیە؟
عەلی شەیتان لەسەر کورسییەکە دادەنیشێت و دەڵێت:
ـ بەڵێ قوربان ئەوەیە.
پیاوە قەڵەوەکە پرسیاری ڕاپۆرتەکەی سێ ڕێیانی بەندەر و ڕاپۆرتی عەلی شەیتان دەکات.
پیاوە ڕیوەڵەکە بەستەیەک لەسەر مێزەکە هەڵدەگرێت و دەیداتە دەستی پیاوە قەڵەوەکە. ناوقەدی بەستەکە کۆمەڵێک کتێب و ئیعلامیەی تێدایە.
پیاوە قەڵەوە بەحەوسەلە، و بەوردی سەیری کتێب و ڕۆژنامەکانی دەکات و پاشان ڕاپۆرتەکە دەخوێنێتەوە. لە ژوورەکەدا تەنیا دەنگی پانکەکە دەبیسترێت، کە زۆر بە نەرمی دەخولێتەوە. عەلی شەیتان قاچەکانی داوێتە سەریەک و سیغارێک دادەگیرسێنێ. دیسان دەمانچەکەی لەژێر کاپشینەکەوە خۆی دەنوێنێ.
خوێندنەوەی ڕاپۆرتەکان دە خولەک زیاتر دەخایەنێت ، وەک ئەوە دەچێ هەندێک شوێن دووبارە و سێبارە بخوێنێتەوە. هێواش هێواش بێتاقەت دەبم. خۆم لەبەریەک دەکێشمەوە و باوێشکم دێتێ. کابرای قەڵەو سەر بەرز دەکاتەوە و سەیری من دەکات، چاوەکانی وەک چاوی فیل وان. تەسک و بچووکن. بە هیچ شێوەیەک لە سەر و کەلەی پان و ڕوخساری سوورفلی نایەنەوە.
عەلی شەیتان لەسەر نیمکەتەکە هەڵدەستێت و دەپرسێ:
ـ هیچ ئەمرێکتان بە من نییە؟
کابرا قەڵەوە دەڵێ:
ـ ئەگەر پێویست بکات تەلەفۆنت بۆ دەکەم، عەلی شەیتان لە ژوورەکە دەچێتە دەرێ.
پیاوە قەڵەوە جارێکی تر لە کتێب و ڕۆژنامەکان دەڕوانێ و دواتر وەقسە دێت. دەنگی بە هیچ شێوەیەک دەگەڵ جەستە و قەڵافەتی ناگونجێت. ئەو دەنگە تیژ و ناسکە و ئەم چڕوناوچاوانە گۆشتن و سوورهەڵگەڕاوەیان نەگوتووە.
ـ هەڵبەت ناتەوێت خۆت تووشی کێشە و چەرمەسەری بکەیت؟
من تێناگەم مەبەستی چییە. هەر ئێستا کێشە هەیە، ئیدی خۆ تووش کردنی چی؟ متەقم لێنایە و هیچ ناڵێم.
– زمانت نییە؟
پێدەکەنم. بەئاواز و دەنگی پێدەکەنم. ئەم قەڵافەتە و ئەم دەنگە، دەڵێی دەنگی کچۆڵانە.
ـ وا دیارە کەیفت سازە؟
ـ لە مەبەستتان نەگەیشتم.
قوت دەبێ و دەڵێ:
ـ چیت وت؟
بەهێواشی دەڵێم:
ـ وتم تێناگەم مەبەستت چییە.
بە گرژی و تەوسەوە دەڵێت:
ـ وردە وردە تێدەگەیت.
پەروەندەکەم دەدات بە کابرای ڕیوەڵە تا سینجیمم دەگەڵدا بکات.
کابرای ڕیوەڵە سیغارێکی باریکی هوما بەسەری مۆدنە دارەکەیەوە دەکات، دەستێک بەسەر مێزەکەی دادێنێ و پەروەندەکان ڕێک دەخات، شەقارتەکەی پێدەکات و سیغارەکەی دادەگیرسێنێ. مژێکی لێدەدات، لێوی کۆ دەکاتەوە و دووکەڵەکەی دەردەدات. ئینجا لە لووتیدا قسە دەکات و دەڵێ:
ـ وەرە لێرە دانیشە، بزانم.
لەسەر نیمکەتەکە هەڵدەستم و لەسەر ئەو کورسییەی نیشانی دام، دادەنیشم. پرسیار لە ناو، ناوی بنەماڵە و ساڵ و مانگ و ڕۆژی لەدایکبوونم دەکات.
بە قەڵەمەکەی کە بە داوێک لە مێزەکە قایم کراوە چەند دێرێک دەنووسێت و دیسان ڕوو لە من دەکات؛
ـ خوێندەواریت هەیە؟
ـ كەم تا کورتێک
لووتی دەخورێنێت و دەڵێ:
ـ جوان وەڵام بدەوە!
ـ کوێرە سەوادێکم هەیە.
زەق سەیری من دەکات و دەڵێت:
ـ کەسێک کوێرە سەوادی هەبێ، ئەم کتێبانە دەخوێنێتەوە؟
ـ من کەی گوتوومە کتێبی وەهام خوێندوەتەوە؟
چاوەکانی کە سپێنەیان زەرد هەڵگەڕاوە، لە کالاندا دەسووڕێن و دەڵێ:
ـ مەبەستت ئەوەیە ئەم کتێبانە هی تۆ نین؟
کابرای خرپن گوێی داوەتە گفتوگۆکەمان.
– بۆ مەگەر قەرارە ئەم کتێبانە هی من بن؟
پیاوە ڕیوەڵەکە بە نائومێدیەوە ڕوو لە هەواڵی خرپنی دەکات و دەڵێ:
ـ دیوتە چەند حازر جوابە؟
قەڵەوە جیکەیەکی لێدێ؛
ـ ئەوانە دەرسەکانیان ڕەوانە.
ڕیوەڵە مژێک لە سیغارەکەی دەدات و دەست دەکاتەوە بە نووسین. ژوورێکی تەواو تاقەتپروکێن. شتومەکی وەک مێز، زیلۆ، پەردە تێکڕا ناباب و ناشیرین و بێخزمەتن. پەنکە هەروا نەرم دەخولێتەوە. منیش ئارەقەم لێ سارد بووەتەوە و لەشم ژان دەکات.
بە قسەی ڕیوەڵە دێمەوە خۆ؛
ـ بیخوێنەوە و پاشان وەڵامەکەی بنووسە
وەرەقەکەی لەبەردەمم دادەنێت، نووسیوێتی کاتێک عەلی شەیتان منی گرتووە، کتێب و ڕۆژنامەم پێبوون. پاشان ناوی کتێب و ڕۆژنامەکانی بە لاری و تۆخ نووسیوە. ئەگەر ئاشنای ناوی کتێبەکان نەبوومایە، نەدەکرا بە دروستی بیانخوێنمەوە. وەرەقەکە لەسەر مێزەکە بۆ لای ڕیوەڵە پاڵ پێوەدەنێم.
ـ پێمگوتن کە من بەس کوێرە سەوادێکم هەیە. ئەوانەی تۆ نووسیوتن، ناتوانم بیانخوێنمەوە.
سەری بەرز دەکاتەوە، قوڕگی سافدەکات و دەڵێ؛
ـ زۆر رووداری!
نازانم پێوەندی ڕووداری و نەخوێندەواری لە کوێ دایە. پێی دەڵێم:
ـ سەرەڕای هەموو ئەم قسانە، خوێندەواری من هێندە بڕناکات.
پرسیارنامەکە دەردەهێنێت، دەیخوێنێتەوە، ئینجا دەپرسێت دەی دەڵێی چی؟
ـ درۆیە
توڕە دەبێت، دەنگی دەرنایە. ڕەنگی دەگۆڕدرێت؛
ـ ئەوە درۆیە؟
خۆشم پێم سەیرە زۆر هێدی و لەسەرەخۆم. هەرچی دەبێ با ببێ.
ـ دەی دیارە درۆیە… تەلەفۆنی بۆ بکە با بێ و بەرەوڕوی یەکترمان بکەنەوە. هەموو ئەوانەی لە دەورمان کۆ ببوونەوە دەزانن کە من هیچم پێنەبووە. تازە ئەو کتێبانەش کە ناوت بردن هەر نازانم چن و بە کەڵکی چ دێن؟
پیاوە قەڵەوەکە خۆی دەبزێوی و لە پشت مێزەکەوە واوە دێ. ئێستا تێدەگەم جەنابیان هەر سەری هەیە و ژێرەوەی دوو کۆلکەی باریک و کورتن لە چەشنی دەمبیلی زۆرخانە. وەک تیمساحێک بەرەو من دەخزێت.
ـ وتت درۆیە؟
ـ بەڵێ درۆیە.
پەنجە گۆشتنە کورتەکەی بۆ چەمەدانەکە ڕادەدێرێ؛
ـ ئەدی ئەو چەمەدانە چییە؟
بە سەرسوڕمانەوە سەیری دەکەم،
ـ باشە.. چەمەدانە
دەنگی دەلەرزێت
ـ هەڵبەت دڕاویشە؟
ـ بەڵێ دڕاوە
هاوار دەکات،
ـ ئەی لەو چاو و ڕوویە!
سەرم خستوونە سەر و پێییان ڕادەبوێرم. داخی دڵمیان پێدەڕێژم و ئەوەش چێژێکی تایبەتی هەیە؛
ـ بڕواتان بێ، من تێناگەم ئێوە دەڵێن چی.
دیسان هاوار دەکات؛
ـ یانی مەبەستت ئەوەیە بڵێی؛ ئەم چەمەدانە هی تۆ نییە؟
سەرم ڕادەوەشێنم، چاوی لە چاوم دەبڕی و دەڵێ:
ـ کوڕە ئەتۆ زۆر چەقاوەسووی.
ـ بە دڵنیاییەوە ئەگەر بڵێم جانتاکە هی منە، ئیتر چەقاوە سوو و ڕوودار نیم، بەڵێ؟
سوور هەڵگەڕاوە، هێواش هێواش دەخزێت و دەچێتەوە پشت مێزەکە و بە دەنگی ناسک لە قوڕگیدا دەڵێ:
ـ هەڵبەت دەشت هەوێ بڵێی کە لە شارەوانی ڕات نەکردووە؟
ـ خۆ گێل دەکەم و دەڵێم:
ـ ئەگەر ڕامکردبا، ئێستا لە خزمەت ئێوەدا نەدەبووم.
خرپن وەک لەنەکاو بەردت لەبن باڵی گرتبێ، دەکورکێنێ و دەڵێ:
ـ بێدەنگ بە!
پاشان وسکوت دەبێ، دەستەکانی دەخاتە ژێر چەناگەیەوە و چاو لە چاوم دەبڕێ و سەیرم دەکات. ڕیوەڵەش سیغارەکەی دەکوژێنێتەوە. خرپن دەست دەبا و سیغارێکی دیکە دادەگیرسێنێ. زەنگ لێدەدات، فەڕاش دێتە ژوورێ.
ـ چای
فەڕاش ژوورەکە بەجێدەهێڵێت، ئێستا ژوورەکە تەواو بێدەنگە. مرۆڤ بە دەنگی نەرمی پانکەکە خەو دایدەگرێ. برژانگەکانم قورسن، خرپن سیغار دەکێشێت و سەیری من دەکات و چاویش ناتروکێنێت. ڕیوەڵە بەردەوام لووتی دەخورێنێ. خاجە تۆفیقیش هەر وایە، کە تێر و تەسەل تریاکی کێشا و نەشئە بوو بەردەوام لووتی دەخورێنێ و برژانگی دەکەونە سەر یەک.
فەڕاشەکە چای دەهێنێت و لە پێش پیاوە خرپنەی دادەنێ و دەڕواتە دەرەوە. ئێستا، سیغاری خرپن نیوە بووە؛ وەقسە دێت. قسەکانی بۆنی ئامۆژگارییان لێدێت.
ـ دەزانی چۆنە جەوان…
مژێک لە سیغارەکەی دەدات. پەنجەکانی بە دووکەڵی سیغار، زەرد هەڵگەڕاون.
… تۆ هەم دەتوانی زۆر بە ئاسانی خۆت ڕزگارت بکەیت و هەمیش …
قومێکی دیکەش لە جگەرکەی دەدات؛
ـ دەتوانی خۆت تووشی گێچەڵ بکەی.
سیغارەکەی دەکوژێنێتەوە و بەردەوام دەبێ و دەڵێ:
ـ … جا با پێت بڵێم چۆن دەتوانی خۆت تووشی سەرئێشە بکەی.
وا دەنوێنم کە زۆر بەدڵەوە گوێم بۆ ڕاگرتووە و پێویستیم بە ئامۆژگاری ئەو هەیە.
ئانیشکەکانی دەخاتە سەر مێزەکە، چاوەکانی لەسەر یەک دادەنێ و قسە دەکات؛
ـ .. ئێمە دەزانین کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە دەروازە، تۆیان بەم چەمەدانەوە گرتووە.
چاوەکانی دەکاتەوە، چەناگەی بۆ لای چەمەدانەکە ڕادەدێرێ.
… کۆنووسی کۆبوونەوەکە لێرەیە و هەموو ئەوانەی واژۆیان کردووە زیندوو و ئامادەن، ئەو پاسەوانەش تۆی لە پاسگاوە هێنایە شارەوانی زیندوویە و ناردوومە بەشووێنیدا بێت بۆ ئێرە. دیار نییە چۆنت ئەم پاسەوانە هەڵخەڵەتاند و ڕات کرد. دوێنێ شەویش کە گرتوویانی، کۆمەڵێک ڕۆژنامە و کتێبت پێبووە.
هەڵمدایە و قسەکانم پێ بڕی؛
ـ ئەمە درۆیە!… هیچم پێنەبوو.
گوێ ناداتە قسەکانم و درێژەی پێدەدا؛
ـ ..هەموو ئەمانە بۆ ئێمە ڕوون و ئاشکرایە، پێویستمان بە بەدوادا چوون و دانپێداهێنانی تۆش نییە، لە ڕوانگەی ئێمەوە دۆسیەکە تەواو بووە، تەنیا شتێک کە دەبێ بیکەین ئەوەیە کە ئێوە بنێرین بۆ لای داواکاری گشتی و پاشان زیندان. ئەمە ڕێگایەکە، کە دەبێت بەلانی کەمەوە پێنج ساڵ لە سووچی بەندیخانەدا بمێنێوە.
خەو دایگرتووم، دەنگی لێدانی دەرگای ژوورەکە دەمهێنێتەوە خۆ.
پیاوە قەڵەوە خرپنەکە دەڵێت:
– فەرموو!
دەرگا دەکرێتەوە و غوڵامعەلیخان دێتە ژوورێ و سڵاو دەکات. کە من دەبێنێ دەسڵەمێتەوە. نەکاوگیر بووە. بزەیەکی تاڵ دێتە سەر لێوەکانی. جۆرێک دەڵێ مەرحەبا خالید! لە سەد جنێوی دایک و باب خراپترە.
وەڕووی خۆمی ناهێنم. کەمێک قەڵەو بووە، زگی لە ژێڵلا هاتووە و پیریش بووە. ڕوومەت و بەرچەناگەی گۆشتنە. بەڵام گرێی کراوات، سمێڵ و ڕیش تاشین و ڕوخساری نەگۆڕاوە و هەر لەسەر بیچمی جارانە.
پیاوە قەڵەوەکە لە غوڵامعەلیخان دەپرسێ؛
ـ بۆ مەگەر یەکتر دەناسن؟
غوڵامعەلیخان گەرووتاڵ دەڵێت:
ـ ئەویش چ ناسینێک قوربان، ئەوە لەسەر چی گیراوە؟
پیاوە ڕیوەڵەکە ئاماژە بە چەمەدانی کتێب و ڕۆژنامەکان دەکات.
غوڵامعەلیخان چاوەکانی دەردەپەڕن؛
ـ کەواتە تۆی کە لە بنکەی پۆلیسەوە هەڵات بووی. دەمزانی ئاخر و عاقیبەتی مناڵی کووچە و کۆڵانان لەوە باشتر نابێ؟
وا دیارە هەمووان لەبارەی هەڵاتنی منەوە ئاگادارن. غوڵامعەلیخان ڕوو لە کابرای قەڵەو دەکات،
ـ قوربان هەر لە منداڵییەوە نەحاواوە بوو، هەموو گەڕەک لە دەستی وەئامان هاتبوون. شووشە پەنجەرەی کەس نەمابوو بە قۆچەقانی بەردی تێنەگرێ. تەنانەت پێشێلی شەڕەف و نامووسی خەڵکی دەکرد.
ئیتر خۆم پێ ڕانەگیرا و وەجواب هاتم؛
ـ “شەڕەفی خەڵک” یانی ئەو جندانەی نیوەڕۆیان دەهاتنە ماڵەکەت؟
پیاوە قەڵەوەکە هاوار دەکات؛
ـ بێدەنگ بە دایک قەحبە!
وا دیارە جەنابیشی زمانێکی خاوێنتر لە عەلی شەیتانی نییە. و هەر دووکیان پەروەردە و دەرچووی یەک قوتابخانەن.
غوڵامعەلیخان سەیری من دەکات، پشووی سوارە، ڕەنگی بزرکاوە و دمی پێکدا داوە. پەروەندەکەی بنهەنگڵی لەسەر مێزی کابرا دادەنێ و دەڵێ:
ـ ئەمرێکتان نییە قوربان؟
ـ سپاس
غوڵامعەلیخان وەدەردەکەوێ و دیسان ژوورەکە بێدەنگ دەبێتەوە، بەڵام زۆر ناخایەنێ ئەم بێدەنگییە بە دەنگی جیکە جیکی خرپن دەشێوێ.
ـ وا دیارە تۆ هیچ پێشینەیەکی باشیشت نییە و هەر لە مناڵییەوە موزاحیم و تێکدەر بووی.
هەموو ئەو دزێوییانەی کردبووم هاتنەوە بیرم. ئەو ڕۆژەم هاتەوە بیر کە دەگەڵ برایم خۆمان لە کەلاوەی تەنیشت ماڵی غوڵامعەلیخان مات کردبوو. دیتمان کە ژنێک لە فایتوونەکە دابەزی و غوڵامعەلیخان بردییە ژوورێ. دێتەوە بیرم، من هێشتا سەیری فایتوونەکەم دەکرد کە دەنگی شکانی شووشە هات و بینیم کە وا برایم هەڵدێ.
پیاوە خرپنەکە هەروا لە قسەکردن بەردەوامە؛
ـ ئەرکی منە کە ڕێنماییت بکەم. هەرچی بێ گەنجی و دەرەتانی ئاڵوگور و باش بوون هەیە.
هێواش و لەبن لێوان سپاسی دەکەم
ـ ڕێگەیەکی تریش هەیە…
گوێ قوڵاغ دەبم.
… ئەگەر ناوی ئەو کەسانەم پێ بڵێی کە ئەم ئیعلامییە و کتێبانەیان پێداویت، بەڵێن دەدەم پەروەندەکەت وا ڕێکبخەم کە هەر لە مەحکەمە ئازاد بکرێیت.
بێدەنگ دەبێ، لە درزی چاوەکانییەوە تێمڕاماوە و سەیرم دەکات، وەک ئەوەی بیەوێت کاریگەری قسەکانی لەسەر ڕوخسارم ببینێت. لێوی دەجووڵێتەوە و جیکە جیک دەکات؛
ـ بە باوەڕی من چاکەی تۆ لەوەی دایە چونکو ئەوانەی ئەم کتێب و کاغەزانەیان داوەتە تۆ دۆستت نین، دوژمنی تۆن.
بێدەنگ دەبێ. من هیچ ناڵێم. چاوەڕێی هەڵبژاردنی منە. دەستی لەسەر مێزەکە دەگێڕێ. پاکەتە سیغارەکە هەڵدەگرێ و سیغارێک پێدەکات و دووکەڵەکەی هەڵدەمیسێ.
ـ دەی دەڵێی چی؟
هێدی و لەسەرەخۆ دەڵێم:
من نازانم ئێوە باسی چی دەکەن.
دەموچاوە گۆشتنەکەی ڕەنگ دەگۆڕێ ، دەنگی لە قوڕگیدا سەرەنگرێ دەبێ،
ـ بەڕاستی بەتەمای حاشا لە چەمەدان و کتێبەکان بکەیت؟
ـ ئەوە هی من نین تا حاشایان لێبکەم،
زەنگ لێدەدات. تەنیا دەنگی پانکەی سەرسەرمان دێت. فەڕاشەکە دێتە ژوور.
ـ بە “شەهری” بڵێ بێت.
لەپڕ قسەکانی پندارم دێنەوە بیر. ناوی ئەم ئاژەڵەم بیستووە.
ـ بەزەیی بە دایکیشیدا نایە.
قوڕگم وشک بووە. دهترسێم. دەزانم هەر ناوی هاوڕێکان بەرم هەرە لە پێنج ساڵ زیندان.
دەرگای ژوورەکە کرایەوە، سەر وەردەگێڕم شەهری دێتە ژوورێ؛
ـ بەڵێ قوربان
تەرحێکی وا نییە. کەسێکە باڵا مامناوەندی، دەمووچاوێکی درێژووکە و لووتێکی قەپۆزبەرانی.
پیاوە قەڵەوە ئاماژە بە من دەکات:
ئەم منداڵە حاڵی بکە با بزانێ چاکە و بەرژەوەندی لە چی دایە.
ـ بەسەر چاو قوربان
لە چاوەکانیدا شتێک دەبینم کە بە دەگمەن بینیومە، جۆرێک گێژی و سەرقاڵی، جۆرێک لە ماخولیایی، بێباکی و نەفامی. هەروەها چاوێک وەک چاوی مردوو.
بیستوومە کە چێژ لە ئەشکەنجەدانی خەڵک وەردەگرێت.
لەسەر کورسییەکە هەڵدەستم.
کابرای ڕیوەڵەی کز، شایی لە دڵدا دەگەڕێ، پێدەکەنێ و لووتی دەخورێنێ. شەهری قۆڵم دەگرێت و دەڵێ:
ـ دەگەڵ من وەرە!
ماندوو و هیلاکم. بای پەنکە ئارەقەی لەشمی وشک کردووەتەوە. دەگەڵ شەهری لە دیوەکە وەدەردەکەوین و بە پلیکانەکاندا دەچینە خوارەوە. شەهری نە کەم، نە زۆر هیچ ناڵێت. بە هیچ شێوەیەک قسە ناکات. بە داڵاندا تێدەپەڕین، بە حەوشەی شارەوانی دا، دەچینە بەشێکی دیکە لە شارەوانی، بەشی ژوورە تاکەکەسییەکان. لەو حەوشە قەناسە دا، لە سووچێک دەرگای ژوورێک دیارە. شەهری بە دەسرەی دەستی دەستگرەکەی دەگرێ، دەیکاتەوە و بە من دەڵێ:
ـ بڕۆ ژوورێ
هەرکە پێم لەسەر لێواری دەرگا دانا، لەنەکاو مشتێکی بەهێزی لە نێوشانم دا و فڕێیدامە ژوورەکە. بەسەر ئەژنۆدا دەکەوم. دەرگاکە لە پشت سەرمەوە بە دەنگێکی بەرز دادەخرێت. بۆ دەمێک سەرم لە گێژەوە دێ، چاوم دە ڕەشەوە دەچێت. مۆرەی پشت ملم ئازاری هەیە و دەمارەکانی برووسکیان پێدادێ. خۆم کۆدەکەمەوە و چوارمەشقی دادەنیشم. دەنگی بەزیپکی پندار لە گوێمدا دەنگ دەداتەوە، “ئەو دایک حیزە لە ئەشکەنجە و ئازاری خەڵک چێژ وەردەگرێ”. هەڵدەستمە سەر پێ، دیسان سەرم لە گێژەوە دێ. “کە دەبینێ خەڵک لەژێر شەڵاقدا جینگڵ دەدەن و ئازاریان هەیە، ئۆخژنی دێتێ.” هۆدەکە چوار گۆشەیە، دیوارەکانی سپیکارن و پەنجەرەی تێدا نییە. دەرگاکەی لە ئاسنی ڕەشی یکپارچە دروستکراوە. لەبنمیچدا کولانەیەکی بچووک بەقەدرایە دەورییەکی تێدایە. تۆزێک بەولاوەی کولانەکەوە قوڵاپێک لەبەریمیچ قایم کراوە. بۆنی مێز وڵاتی هەڵگرتووە. لە هۆدەکەدا دەست دەکەم بە قەدەم لێدان. لە سووچێک قووڵکەیەکی لێیە پڕە لە پیسایی و مێش و مەگەس. پێش ئەوەی مێش و مەگەسەکان بهاروژێنم دەکشێمەوە دوایە. بۆ لای دەرگا دەچم بە تەواوی کەلێنبڕ کراوە. دەنگی پێیەک دێ کە نزیکدەبێتەوە. دەکشێمە دواوە. دەرگا دەکرێتەوە و شەهری دێت و ئەو پاسەوانەش کە لە دەستی ڕامکردبوو دەگەڵێتی. هەرکە دەمبینێ غەزەبی لێدەبارێ. سەر دادەخەم و هیچ ناڵێم. لەم چەند ساعەتەدا حاڵی بوومە هەتا کەمتر بڵێم سڵامەت ترم.
شەهری پڕ دەداتە گوێچکەم و دەڵێ:
ـ ئێستا دەڵێی چی؟
من هیچ ناڵێم.
کرۆژنەی گوێچکەم بادەدات؛
ـ ئیقرار دەکەی، دان پێدادێنی؟
سەرم بە چەپ و ڕاستدا ڕادەوەشێنم.
ـ قسە دەکەیت؟
گوێچکەم بەر دەدات.
ـ من دهبێت چی بڵێم؟
قسە کە دەکات ددانە ئاڵتوونە پیسەکانی وەدەر دەکەون کە پیاو بە دیتنیان هێڵنجی دێتێ.
ـ …ئەوەی کە لە بنکەی پۆلیس هەڵاتووی و کە ئەو چەمەدانە کتێبە هی تۆیە.
هەرچەند دەمهەوێ هیچ نەڵێم بەڵام دڵم ئۆقرە ناگرێ و دەروەستی زمانم نایەم؛
ـ دەی دەبێ چی دیکەش دان پێدا بێنم؟
شەهری خێسەیەکم لێدەکات، دەڵێی سەگی هارە؛
ـ ئەوەش بڵێ کە زۆر دایک قەحبەی.
ناچارم دەبێ دان بەسەر جەرگم دابگرم. یەک لە یەک دەمشڕ و جنێوفرۆشترن. پێدەکەنم، زەردەخەنە هێشتا لەسەر لێوەکانمە کە شەپەڵاغەی قورسی شەهری وەک قامچی گۆنام دەپێکێ. گوێچکەم دەزرینگێنەوە. کاس بووم.
شەهری لە شیپانەی دەرگاکەدا وەستاوە، دەڵێ:
باش بیربکەرەوە…
ئێستا قسەکانی ئازارم دەدات، شتێک لە دەنگی دایە کە دەتڕووشێنێ و بریندارت دەکات.
ـ رێک سەری سەعات سێ و نیو دەگەڕێمەوە. حەز دەکەم هەتا ئەو دەم عەقڵت بێتەوە بەرە خۆت.
لە شیپانەی دەرگا ئەودیو دەبێ و دەرگاکە لە پشت سەری خۆی دادەخات.
لە تەنیشت دیوار دادەنیشم و ئەژنۆکانم لە باوەش دەگرم. دەنگی شەهری لە گوێمدا دەزرینگێتەوە.
ـ كاتژمێر سێ و نیو
لەپڕ بیری چاوڕەش دەملەرزێنێ.
ـ بۆ لە فکران ڕاچووی؟
لەشم تەژی خۆشییە. دەنگی کاروون خۆشە. بۆنی دارخورما خۆشە، پاڵم وەپاڵ چاوڕەش داوە.
ـ دەتوانم دووبارە بتبینمەوە؟
هێندە بە نەرمی قسە دەکات وەک ئەوەی بۆنی هەموو گوڵە جوان و بۆنخۆشەکان لە دەمی ئەوەوە دەڕژێتە دەرێ.
ـ تەنها ڕۆژانی سێشەممە
دیسان دەنگی شەهرییە،
ـ کاتژمێر سێسێ و نیو
دەنگی چاوڕەشە
ـ کاتژمێر سێسێ و نیو
ڕووناکی لە کولانەی بچووکی بنمیچەوە دزەی کردۆتە ژوورێ و گوڵێکی بچووکی لەسەر هەردی هۆدەکە دروست کردووە. هەست بە برسییەتی دەکەم. خۆزگە بەیانی دوو پارو نان و پەنیرم زۆرتر خواردبا. هەر دوو ڕوومەتم دەسووتێنەوە. گوێچکەم دەبرژێتەوە.
***
دەرگای ژوورەکە بە شەق و تەق دەکرێتەوە،
ـ رێک سەری سەعات سێسێ و نیو دێمەوە
شەهری لە شیپانەی دەرگادا وەستاوە. دەزانم ئێستا چاوڕەش بەتاسەوە چاوەڕێمە.
ڕووناکی کڵاوڕۆژنە هەڵکشاوەتە سەر دیوار، مێش و مەگەس لە چاڵەکە هاتوونە دەرێ. هۆدەکە تاریک دادێ. دووکەس، هەرکام سەری نیمکەتێکیان بە دەستەوە لە دەرگاوە دێنە ژوور. مێش و مەگەس لە دەموچاوم دەهاڵێن. شەهری دەربەست نییە، دەرگای ژوورەکە دادەخات.
شەهری ماڕزباوک تێمڕادەخوڕێ و دەڵێ:
ـ لەسەر ئەو کورسییە دابنیشە.
دادەنیشم
بەرانبەرم وەستاوە، گیرفانی پانتۆڵەکەی هەڵمساوە
ـ دەی هاوڕێ…
بە تەشەر، وشەی هاوڕێ بەدەم دادێنێ.
ـ دەڵێی کێ ئەم چەمەدانەی دا بە تۆ یان نا؟
سێبەری ئەوانەی لە پشتمەوە وەستاون، لەسەر شانم قورسایی دەکات. دۆخێكی مەترسیدارە، ناچارم قسەیەک بکەم.
ـ چەمەدان هی من نییە.
شەهری دێتە پێشەوە، دەست دەبات بۆگیرفانی و قامچییەک لە گیرفانی دەردەهێنێت، ڕەنگی قامچییەکە خۆڵەمێشییە و چوار لای هەیە. بە دەنگێکی نەخۆش وەک بڵێی تای هەبێ، دەڵێ:
ـ دەڵێی کام دایک جندەیەک ئەو کتێب و ڕۆژنامانەیان داوە بە تۆ یان نا؟
دیسان دەڵێم:
ـ ئەوە هی من نییە… من ئامادەم ڕووبەڕووم بکەنەوە.
شەهری چاوێک دادەگرێ و پێش ئەوە بە خۆم بزانم دەبینم لەسەر نیمکەتەکە درێژیان کردووم. یەکێکیان لەسەر ملـم دانیشتووە و ئەوەی تریشیان لەسەر ئەژنۆکانم. کراسەکەم تا سەر شانم هەڵدەکێشن. وەختە خەفە بم. دەست دەخەمە ژێر چەناگەم. ناتوانم سەرم بجووڵێنمەوە. مێشە کەرانەیەک لەسەر لووتم نیشتووە، لووتم دەخورێ، بەڵام هیچم دەگەڵی پێناکرێ. لەناکاو گوێم لە دەنگێک دەبێ وەک فیشکەی مارێکی تووڕە. پشتم دەڵێی ئاوری تێبەربوو. وەک شیشی داغ بە پشتمەوە بنێن. هەمدیسان ویزەییەکی دیکە و داغێکی دیکە. دەمەوێت هاوار بکەم خەریکە خەفە دەبم دەنگم دەرنایە. قسەی پندارم دێتەوە بیر. ئەگەر خۆڕاگر بی… قەپ بە نەرمانی دەستم دادەگرم. ددانم گەیونە گۆشت تامی خوێن دەکەم. دەنگی هەناسەی شەهری و ویزەی قامچی تێکەڵ بەیەک بوون و هەموو جارێ کزەم لە پشتی دێ. ئەوە دەبێ ئەم قامچییە بێ کە پندار باسی دەکرد؛
قامچیەکە دەبێت تایبەت بێت، لە حەوادا دمی دەکاتەوە و کاتێک دێتە خوارەوە و لەسەر گۆشتی لەش دەنیشێت زار وێکدێنێ و ورد ورد وەک دمی گاز گۆشت و پێست دەکێشێت و دەگەڵ خۆی دەیبات.
هەموو پشتم شوێن شوێن بووە و تەزیوە.
دەنگی هەناسە کێشانی شەهری و فیشکەی قامچی بەردەوامە. پشتم تەزیوە. دەنگ نایە. لاموایە شەهری لە قامچی لێدان وەستاوە. ناتوانم بجووڵێمەوە. گوێم لە دەنگی دەرگای ئاسنی ژوورەکە دەبێت.
دەستەکانم بە دوولای نیمکەتەکەدا شۆڕ بوونەوە. قاچی ڕاستم کەوتۆتە خوارێ. مێش و مەگەس ویزە ویزیان دێ.
***
دەبێت دەمی نیوەشەو بێت چونکوو ژوورەکە بەتەواوی تاریک و تنۆکە. وەک کەلاک لەسەر کورسییەکە بەلادا هاتووم. دەمەوێت دەست دادەم و هەستمە سەرپێ، بەڵام کە دەجووڵێمەوە، دەڵێی ئاگرم لەسەر پشتی دەکەنەوە. خوێن لەسەر پشتم و برینەکانی دەڵەمە بووە. دەگەڵ هەر جووڵەیەکدا دەرزیئاژن دەبن. وەک ئەوەی دەچێ هەزاران دەرزی بچنە ناو پێستی پشتم و بێنەوە دەرێ. دەست وەبەر سینگم دەدەم، هەناسەکێشانم تۆزکاڵێک باشتر دەبێ. سەرم لە گێژەوە دێت و خەریکە بڕشێمەوە. لەبەیانییەوە هیچم نەخواردووە، ناوزگم بەتاڵە. هێڵنج تا بن قوڕگم دێ و دەگەڕێتەوە و خڵاسـیم نایە. دەمم ئیشک بووە. کاسم، سەرم لێ ئەستوور بووە. بە زەحمەت قاچم بەرز دەکەمەوە، تێکۆشانێکی پڕ لە ئازار. قسەی پندارم دێتەوە بیر؛ “دوو ڕۆژە؛ ئەم دوو ڕۆژە دەبێ وەک پۆڵا وابی.” ئەگەر دوو ڕۆژ بەرەنگاریان ببی و خۆ ڕاگری، هەموو شتێک کۆتایی دێت…
لە خۆ دەنووسێم، لەتاوان ددانم ڕێک دەگوشم و چاوم دەقووچێنم و هەر جۆرێک بێ لەسەر لێواری نیمکەتەکە دادەنیشم. برینەکانم زار دەکەنەوە و خوێنی تازەیان لێدێ. کراسەکەم لە برینەکان دەخشێ و ئازارم دەدات. چیتر ناتوانم ئاوا بمێنمەوە، ملم بۆ ڕاناگیرێ و خەریکە لەسەر کورسییەکە دەکەومە خوارێ. دەست دادەدەم ، بەوریاییەوە بە یارمەتی لێواری کورسییەکە لەسەر ئەژنۆکانم دادەنیشم، دواتر دەستەکانم لەسەر نیمکەتەکە دادەنێم و سەرمی دەکەمە سەر. ئازار و قورسایی سەر سنگم هێدی دەبێ، بەڵام ئازاری پشتم زۆرە، لە گوتن نایە. لە کولانەی بنمیچەوە تەزوێکی سارد خۆ بە ژوورێدا دەکات. هاوین بەرەو کۆتایی دەڕوات و شەوەکان بۆنی پاییزیان لێدێت. شەو زرینگاوەتەوە و سەرما هەست پێدەکرێ. نیگای خەمناکی دایکم ژوورەکە پڕ دەکات، گوێم لە دەنگی دەبێت. دڵتەزێن و ئارامە،
ـ “هێشتا نازانیت هەڵە مانای چییە… هێشتا دەگەڵ ڕێگا و داب و نەریتی ژیان ڕانەهاتووی.”
خێرا وەڵامی دەدەمەوە،
ـ دەزانم دایە، دەزانم ئینشاللا، لە سەرەتای پاییزەوە دەست بە خوێندن دەکەمەوە.
کەمێک هەست بە باشتر بوون دەکەم. نمە بایەک لە کولانەوە دێ. ئەو بایە بووژاندوومێوە. ئەگەر نەجووڵێمەوە، کەمتر هەست بە ئازار دەکەم. لە نێو هەموو ئەو ژان و ئازارەدا، بیرم بۆ بەڵێنی ژوانی سەعات سێسێ و نیوی دەچێ. نرکەم لە دڵێ دێ.
لەوانەیە کاتێک منی لەسەر قەرار نەبینیوە، بیری لە هەزار شتی جۆراوجۆر کردبێتەوە. بەو نیگا جوان و دڵڕفێنە کە هەیەتی، دەیان جار ئەمسەر و ئەوسەری خەیابانی سی میتریی پێوابێ.
باش بوو پێمگوت: “مەترسی وەی هەیە هەردەم و ساتێک بگیرێم. “
دڵخۆشم کە دەگەڵ دۆخی من نامۆ نییە، چونکو بار و دۆخی خۆم بۆ باس کردووە. حەجمینم لێهەڵگیراوە. خۆزگە توانیبام چووبامە سەر ئەم نیمکەتە و بەم کڵاوڕۆژنەدا بۆی دەرچووبام. جا ئینجا لە گۆشەیەکەوە چاوت لە عەلی شەیتان بوایە، چۆن جینگڵان دەدات.
سەرم بەرز دەکەمەوە و لە کڵاوڕۆژنەکە دەڕوانم، هەر هێندەی دەورێک گەورەیە. بۆ بیرلێکرنەوە نابێ.
ئاسمان تاریکە، چەند ئەستێرەیەک لە کڵاوڕۆژنەکەوە دیارن. دەمێک نوقمی ئەم بیر و خەیاڵانە دەمێنمەوە. خۆزگە دەگەڵ چاوڕەش، سەیر کردنی مانگ و ئەستێرانمان وەک ژوانگەی هیجران و لێکدابڕان دیاری کردبایە، ئینجا هەردەم تەنیاییمان پێ پڕدەکردەوە. لەناکاو دەنگی پێ دەبیسم، گوێ هەڵدەخەم، دەنگەکە قورسە، هەر دێ و نزیکتر دەبێتەوە. دڵم دادەکەوێت. ئێستا دەنگەکە گەیشتۆتە بن دەرگا.
لەوانەیە دیسان قامچی بێ یان لەوانەیە کەلەبچە و بەردەقەپان بێ. دەنگی پندار لە گوێمدایە؛
ـ جار هەیە پیاو بە بەردە قەپانەوە کەلەبچە دەکەن و هەڵیداوەسن.
خۆف دەمگرێ.
ـ بەردە قەپان!؟
دڵخۆشیم دەداتەوە و دەڵێ:
ـ بەڵام مرۆڤ ڕادێ و بەرگەی هەموو شتێک دەگرێ.
دەرگاکە بەهێواشی دەکرێتەوە، قەرنتوی پیاوێک لە چوارچێوەی دەرگادا دیارە. دەمووچاوی باش دیار نییە بەڵام شێوەی عەلی شەیتان دەدات. دەرگای ژوورەکە دادەخات، دێتە پێشتر، خۆیەتی. عەلی شەیتانە. ئەگەر لە توانامدا بوایە قوڕگیم دەگرت و هەتا فزەم لێنەبڕیبا بەرم نەدەدا.
فانۆسەکە لەسەر نیمکەتەکە دادەنێت. سەیری دەوروبەر دەکات و پاشان لەسەر لێواری نیمکەتەکە دادەنیشێت. سەرم دەخەمە سەر دەستەکانم، ناخوازم قسەی دەگەڵدا بکەم. دەمانچەی پێ نییە. یەکەمجارە کە کاپشێنەکەی دەبەردانییە. لەبەرە خۆیەوە دەست دەکات بە قسەکردن.
ـ من نەمزانی کە تووشت بە تووشی ئەم شەهرییە بێنامووسەوە دەبێ، دەنا هەر جۆرێک با دەگەڵت پێکدەهاتم.
گازندەی هاوپیشەکانی خۆی دەکات و جنێو بە خۆیان دەدات. هەموویان ڕۆژوویان بە جنێو و قسەی ناشیرین کردۆتەوە. لە جنێوداندا یەک لە یەک کارامەتر و دەمپیسترن.
سەر لەسەر باسکم دادەنێم، قورس و بێدەنگ دادەنیشم، قسەی دەگەڵدا ناکەم. دەبێ بیتەزێنم. سیغارێک دادەگیرسێنێ و لە من دەپرسێ؛
سیغار دەكێشیت؟
وەڵام نادەمەوە. فانۆسەکە بەرز دەکاتەوە و سەیری پشتم دەکات و لەبەرە خۆیەوە دڵێ؛ وای وای! پاشان دەڵێت:
ـ شا ئەو بێنامووسە، چی بەسەر ئەو کوڕە هێناوە!
فانۆسەکە لەسەر نیمکەتەکە دادەنێتەوە، مژێک لە سیغارەکەی دەدات و دەپرسێ؛
ناتەوێت قسەم دەگەڵدا بکەیت؟
وەڵامی نادەمەوە، ئەو بەردەوام دەبێت؛
باوەڕ بکە هێندە بێبەزەیی نیم، من بە هیچ شێوەیەک نەمدەویست تووشت بە تووشی ئێرە بێ.
نابەدڵ دەڵێم:
ـ دەستم لە یەخە بکەوە.
ماندوو و هیلاکە، نەرم و لەسەرەخۆ دەڵێ:
ـ من هاتووم یارمەتیت بدەم، خواردنت بۆ بێنم و فێرت بکەم چ بکەی تا خۆ لە دەست ئەو بێوێژدانانە قوتار بکەی. ئەمن لە چەمی ئەوانە دەزانم.
بێدەنگم و هیچ ناڵێم. ئەو بەردەوام دەبێ؛
ـ کە پشتتم بینی ئاگرم بۆت تێبەر بوو. مەهێڵە با لەوەی خراپتر نەبێ.
سەر هەڵدێنم، بە زەحمەت هەناسە دەدەم. لەبەر شۆقی کزی فانووسەکە سەیری دەکەم و دەڵێم:
ـ چیت لە گیانی من دەوێ؟
دووکەڵی سیغارەکەی دەداتە دەرێ و دەڵێ:
ـ تۆ ئێستا ناتوانی کارێک بۆ من بکەی.
بێدەنگ دەبێ، و مژێکی دیکە لە سیغارەکەی دەدات. هەروا سەیری دەکەم. لەسەرەخۆ دەڵێ:
ـ … ئێستا ئەوە منم کە سەد کارم لە دەست دێ بۆتی بکەم. ئەوە منم کە ئێستا دەتوانم بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک لێرەت ببەمە دەرێ. بە خودات بسپێرم تا بۆ کوێ پێتخۆشە بچی.
لەبەر شۆقی کزی فانۆسەکەدا ناتوانم شتێک لە چاوەکانیدا بخوێنمە و بزانم چی لەباران دایە.
بێدەنگ دەبێ. مژێک لە سیغارەکەی دەدات، دووکەڵەکەی دەداتە دەر و یاری پێدەکات.
ئاستی بێزاری و تووڕەییم لەم دۆخە، خەریکە دەهریم دەکات.
ـ تۆ ئازادی!
کابرا، باوەڕ ناکات. زیندانەوان مێهرەوان دەڵێ:
ـ تۆ ئازادی، دەتوانی بڕۆی. بۆ چ شوێنێک پێتخۆشە، بڕۆ.
کابرا لە جێگەی خۆی دەجووڵێتەوە؛
ـ یانی بە ڕاستی دەتوانم بڕۆم؟
زیندانەوان پێدەکەنێ. کابرا پاڵی داوەتەوە. ڕدێنی هاتووە و چاوەکانی دەقووڵەوە چوون.
ـ هەڵبەت کە دەتوانی بڕۆی… خێرا بە دەستوبردێ بکە.
کابرا پشووی سوارە. بیری ئازادی ناخی دەهەژێنێ. سەیری چاوی تەڵەکەباز و فێڵاوی زیندانەوان دەکات. قسەکردنی زیندانەوان نەرم و نیانە؛
هەر بۆیە لە زیندان هێناومییە دەرێ… دەی خێراکە، بجووڵێوە.
کابرا دوودڵ و دڕدۆنگ دەکەوێتە ڕێ. دەشەلێ. کۆمبووەتەوە، پشتی ڕاست نابێتەوە. ئاوڕ دەداتەوە و سەیری زیندانەوان دەکات. زیندانەوان لوولەی ساردی تفەنگەکەی لە دەستیدا دەگوشێ. کابرا پێ هەڵدێنێتەوە و هەنگاوی خێراتر هەڵدەگرێ. زیندانەوان لە جێگەی خۆی وەستاوە، چاو ناتروکێنێ. بزەی لەسەر لێوانە. پێدەکەنێ. کابرا دەست دەکات بە ڕاکردن. دەنگی گوللەیەک دێ. دەنگێکی کز وەک لە گۆشت نیشتبێ. کابرا دەکەوێتە سەر ئەژنۆ. زیندانەوان بەپەلە هەڵدەکوتێتە سەر کابرا. خوێن لە سینگی بازرەقەی بەستووە.
ـ دەیهەویست ڕا بکات… دەنگم دا… ناچار بووم تەقەی لێبکەم…
دەنگی خەواڵووی عەلی شەیتان وریای کردمەوە و چیرۆکەکەی پێ بەجێ هێشتم.
ـ ناتهەوێ هیچ بڵێی؟
تووڕەم ، زۆر بە چەتوونی قسەم بۆ دەکرێ. لە خۆم دەنووسێم و دەڵێم:
ـ هەڵبەت لە دەرەوەی شارەوانیش دوو سێ تفەنگچی خەفتاون کە …لە بڕ و بیانوو دەگەڕێی…دەیهەویست هەڵێ… دەنگمان دا … نەوەستا… ناچار بووین…
چاوچنۆک و مەکار مژێکی توند لە قنچکە سیغارەکەی دەدات و گوێ ڕادەگرێ.
هەناسەم سوارە، سەرم لەسەر دەستم دادەنێم و بێدەنگ دەبم. عەلی شەیتان دێتەوە گۆ:
ـ خەیاڵاتی بووی …
ـ دەست هەڵگرە
سیغارێکی دیکە بە قنچکە جگەرەکەی دادەگیرسێنێ.
لەوانەیە حەقت بێ متمانە بە من نەکەی… بەڵام تا ئەو ڕادەیە؟
دووکەڵی جگەرەکەی خەریکە قانگم دەدات. هەوایەکی سارد لە کڵاوڕۆژنەکەوە دێت. دەرێ ساردی کردووە. قسان دەکات؛
ـ لەوانەیە ئەگەر ئێستا خواردنیشت بۆ بێنم لات وابێ ژەهرمتێکردبێ و نەیخۆی
دەڵێم:
چۆن باوەڕ بە تۆ بکەم. لەبیرتچووە ئەم بەیانییە لەسەر پیاڵە چایەک چ هەڵایەکت نایەوە؟
بێ ئەوەی هیچ بڵێ لەسەر نیمکەتەکە هەڵدەستێ. فانۆسەکە دەست دەداتێ و دەکەوێتە ڕێ. لەبەر خۆیەوە دەبۆڵێنێ:
ـ ئەتۆش قسەت دەگەڵ نایە
پێش ئەوەی وەدەرکەوێ، لە دەرگاوە بەردەوام دەبێ و دەڵێ:
ـ بەڵام ئەگەر برسیتە دەتوانم خواردنت بۆ بێنم.
سەر لە کاری ئەو کابرایە دەرناهێنم.
دەرگا دەکاتەوە کە وەدەرکەوێ، دەڵێم:
ـ بەڵکوو خواردم
لە ژوورەکە وەدەر دەکەوێ و دەرگاکە گاڵە دەدات.
ئێستا بارتەقای کڵاوڕۆژنەی بنمیچ، ئاسمانم لێدیارە. مانگەشەوێکی هەڵبزڕکاو و بێ ئەستێرە.
ئەژنۆکانم ژانیان تێوەستاوە. باش دەبێ ئەگەر بتوانم چوارمەشقی دابنیشم، بەڵکوو ژانیان دابمرکێ. بە چەرمەسەری و عەزابێکی زۆر قاچەکانم چەپاوچیڕ لەبەریەک دەنێم. دەستم دەخەمە سەر نیمکەتەکە و سەرمی لەسەر دادەنێم.
دەرگا دەکرێتەوە. عەلی شەیتان دێتە ژوورەوە. فانۆس بەدەست، قابڵەمەیەکی خواردن پێیە. کەوچکێک بۆ زارم دەبەم. شتێکە وەک ئاش، بەڵام ساردە. لە گەرووم ناچێتە خوار. دەیهێنم و دەیبەم. چەند کەوچکی دیکەش دەخۆم. خەریکە دڵم لەخێڵەوە بێ. تیژە. کەوچکەکە دادەنێم. عەلی شەیتان لەسەر سووچێکی نیمکەتەکە دانیشتووە، دەڵێ:
ـ ئەگەر دەتهەوێ دڵنیا بی، دەتوانم بێم لێی بخۆم.
ـ خواردنەکە هێشتا لە قورگم دایە و نەچۆتەوە خوار. سەبرایەک دەڵێم:
ـ ناتوانم بیخۆم. گەدەم وەری ناگرێ.
ـ گەدە کە بەتاڵ بوو، وایە. سەبرێک بگرە، پاشان بیخۆ
ریخۆڵەکانم تێکداوێن و ژان و پێچیان پێدادێت.
عەلی شەیتان دەست بە قسان دەکاتەوە و باسی شەهری دەکات.
ـ ئەگەر دیسان بکەویە بەر چەنگی ئەو مەلعوونە، لە ژیانی خۆت بێزارت دەکات. خۆ تۆ بە تەما نی لەبن دەستی ئەو کابرایەدا خۆ بە کوشت بدەی؟ دڵنیام دیسان بەیانی دێتەوە گیانت.
پشوویەک دەدات، هەست بە ئارامی دەکەم. دیسان دەست پێدەکاتەوە؛
ـ بۆ پێتوایە ئەم بێنامووسە دەزانێ بەزەیی چییە. نا ئەبەدەن.
دەست دەکەم بە خواردن. لەنەکاو دەبینم هێندەی نەماوە قابڵەمەکە کون بکەم و دەئەستۆمی بکەم. زگم بای کردووە. عەلی شەیتان هەروا قسان دەکات،
ـ تۆ لە خۆ ڕا بەقا بە من ناکەی… هەڵەت کرد کە ڕۆژی هەینی نەهاتی..
سەر دەخەمە سەر دەستم و سەیری دەکەم. تێکەڵ پێکەڵ قسان دەکات؛
ـ پێتوایە من چاوەڕوانی چیم لە تۆ هەیە؟… ها؟… پێتوایە ئەمن زۆر لە کاری خۆم ڕازیم؟… ها؟… ئەبەدەن شتی وا نییە… تۆ دەتوانی من وەک یەک لە هاوڕێکانت حیساب بکەی… ئەگەر قسەم بسەلـمێنی و باوەڕم پێ بکەی دەتوانم زۆرت یارمەتی بدەم.
هەست دەکەم تا ئاستێک هاتوومەتەوە سەرەخۆ. تاڵ و تفتی زارم و قوڕگم باش بووە. زۆر وریام جۆرێک نەجووڵێمەوە کە برینەکانم زار لێکبکەنەوە. عەلی شەیتان چەنەوەڕی دەکات،
ـ ئەگەر بەیانی شەهری بێ و کەلەبچە و بەردە قەپانت لێ هەڵواسێ، لاموایە نەتوانی سەعاتێک خۆ ڕاگری. ئەم ناپیاوە ئەوەندەت ئەزیەت دەکات تا هەموو شت دەدرکێنی.
خەریکە دەمترسێنێ. هەناسەیەک هەڵدەکێشم و لێیدەپرسم؛
ـ بەین و بەینەڵا بڵێ بزانم بۆ وا دڵسۆزیم بۆ دەکەی؟
هیچ ناڵێ. وێدەچێ بیر بکاتەوە. چاوە سەوزەکانی لەبەر شۆقی کزی فانۆسەکە ڕەش دەنوێنێ. سەرەنجام وە قسە دێ:
ـ ئاخر بیر لەوە دەکەمەوە تۆ کە نابێ ئازار بچێژی، بۆ بیچێژی؟
بەتەوسەوە پێی دەڵێم:
ـ بیرت لێکردۆتەوە، دەزانی هەموو ئەو ئێش و ئازارە خۆت بۆت پێکهێناوم؟
چاو لەسەر یەک دادەنێم. ئێستا کە تێربووم خەریکە چاوم قورس دەبن. عەلی شەیتان بە تەما نییە دەسبەردار بێ،
ـ قەت پێم وا نەبوو ئیش و کارت بکەوێتە ئێرە.
مەراقمە پێی ڕابوێرم. دەڵێم:
ـ هەڵبەت ئێستاش کە کار گەیشتۆتە ئێرە، تووشی عەزابی ویژدان بووی.
مینگە مینگێک دەکات و پاشان دەڵێ:
ـ لەوانەیە… نازانم… ڕەنگە تۆ قەشمەریم پێ بکەی… بەڵام وایە… ڕاستییەکەی زۆر ناڕەحەتم…
لە خۆی دەنووسێ و موخلیس و مێهرەوان قسە دەکات کە جێگەی شک و شوبهە نەهێڵێتەوە. دیسان پێی ڕادەبوێرم و دەڵێم:
ـ کەواتە بۆ سوکنایی و دامرکانی ویژدانی خۆت دەتهەوێ یارمەتی من بدەی؟
نازانم باوەڕی کردووە یان وا نیشان دەدات کە باوەڕی کردووە، دەڵێت:
ـ هەڵبەت ئەگەر بۆخۆت بتهەوێ.
خەو هێرشی هێناوە، خەواڵوو دەڵێم:
ـ من ئێستا خەوم دێ… ناتوانم بیر بکەمەوە، نازانم چ بکەم و یان چی بڵێم
ـ من داوایەکی زۆرم لە تۆ نییە
ـ ئەگەر تا بەیانی موڵەتم بدەی، بەڵکوو لە قسەکان و مەبەستت تێبگەم.
گرژ و توند دەڵێ:
ـ بەڵام تۆ هەر ئەمشەوت فرسەت هەیە.
ـ یانی چی؟
ـ یانی ئەگەر پێشنیارەکەی من بسەلـمێنی وا ناهێڵم بەیانی شەهری بێت و لە گژت ڕۆبێت.
دەمێک تەماشای چاوەکانی دەکەم و پاشان بێ ئەوەی هیچ بڵێم چاو لەسەر یەک دادەنێم. گوێم لە دەنگێتی :
ـ ناتهەوێ وەڵامم بدەیەوە؟
ـ بەیانی
بێهیوا و لارەمل دەڵێ:
ـ چۆنی پێتخۆشە…
دەنگی هەڵکردنی شەمچەیەک دەبیسم، بەردەوام دەبێ،
ـ … بە ڵام بەیانی…
دووکەڵی سیغار بەر لووتم دەکەوێ
ـ … بەڵام بەیانی بەر لەوەی چاوەڕانی من بی دەبێ چاوەڕوان بی شەهری لێت وەژوور بکەوێ.
دەستی ڕاستم دەکێشمە سەر سەرم و دەموچاوم و خۆی لێ بێساحێب دەکەم.
لەسەر نیمکەتەکە هەڵدەستێ، فانۆسەکە دەست دەداتێ، تەقەی دەرگا دێ کە لە پشت سەری خۆی دایدەخات. دەرگاکە داخرا. سەیرێکی کڵاوڕۆژنەی بنمیچم کرد. سپێدەی داوە. چاوم لەسەر یەک دادەنێم.
***
دەگەڵ تەقەی دەرگا لە خەو ڕاپەڕیم. چەند سەعاتێک لە گورگەخەو دابووم. دەگەڵ کردنەوەی دەرگا باوەشێک تیشکی هەتاو خۆ بەژوورێدا دەکات. بۆ دەمەساتێک چاوم لەبەری هەڵنایە. سەمەنگوڵ و قوڵەبنەی دۆینێ لە ئەستانەی دەرگا ڕاوەستاوە. سەرێکی گەورە بەسەر ملیەوە دەلەقێ. بەژنێکی وردی چەماوە بەسەر قاچە چەپاوچیڕەکانییەوە قورساییە دەکات. دێتە پێشێ، لەسەر سینییەک نان و پەنیر و پیاڵەیەک چای پێیە، لەسەر نیمکەتەکەی دادەنێ. وەکی لێی حاڵی بووم عەلی شەیتان ئەسپاردوویەتی کە بەرچاییم بدەنێ.
ـ کەس لە کاری ئەم کابرایە سەر دەر ناکات.
مێشێک لەسەر لووتی نیشتووە، دەیگرێ.
ـ … ڕۆژێک دەیکاتە هات و هاوار کە بۆ چاییتان داوەتێ…
مێشەکە پان دەکاتەوە و بەردەوام دەبێ؛
ـ ڕۆژی دوایە بۆخۆی دێ دەڵێت بەرچایی بۆ بەرن.
سەیری برینەکان و جێ قامچی سەر پشتم دەکات. ڕوخساری پیری لۆچی تێدەکەوێ، چاوەکانی لێک دەنێ و دەڵێ:
ـ بێ ئیمانن
دەچێ دەرگاکە دابخات. تیشکی هەتاو لە ژوورەکە بار دەکات. دەرگاکەی کە داخست دێت و لەسەر سەرم ڕادەوەستێ.
ـ قومێک چای بخۆوە و با گەرووت تەڕ بێ.
لیوانە چایەکە هەڵدەگرم، بەڵام تێرم ئیشتیام بۆ خواردن ناچێ. نەم نەم چایەکە پێدادەکەم. سەمەنگوڵ لێم دەپرسێ،
ـ نان و پەنیر ناخۆی؟
سەرم ڕادەوەشێنم و دەڵێم:
ـ ناتوانم
سەمەنگوڵ دەنگێکی لەرزۆک بەڵام مێهرەوانی هەیە.
ـ ئەدی ئەتۆ بەچی دەژی؟
دەنگی سەمەنگوڵ وەک هی مام بەندەر دەچێ. کە بیر لە مام بەندەر دەکەمەوە خەم دامدەگرێ.
ـ هەوەڵی زستانە و وەستا حەدداد لە غەریبایەتییە… تف!
باوکم لەبەرانبەرم ڕاوەستاوە، کەڵەبابەی قوڕگی سەر و خوارێک دەکات وەک بڵێی ئاوی زاری قوت بدات. هیچ ناڵێ، تێمڕاماوە و چاوم لێدەکات. مام بەندەر مژێک لە سەبیلەکەی دەدات و بە دەنگێکی کز دەڵێ:
ـ بەڵام کوڕم… لەبیرتان بێ هەر کات تێگیراویتان هەبوو دەنگ بکەن… نابێ لەلای مام بەندەر شەرم بکەن.
سەمەنگوڵ لەسەر نیمکەتەکە دادەنیشێ و دەپرسێ،
ـ ئەسپاردە یان پەیامت بۆ کەس نییە.
دەنگی مام بەندەرە لە قوڕگیەوە دێت
ـ دەزانی چییە خالید؟…
چایەکی ڕەش وەک سینامەکی دە قورگی دەکات.
ـ … ئێمەمانان دەبێ بۆخۆمان خەمی یەکتر بخۆین. ئەگەر نەچینە بنباڵی یەکتر و دەستی یەکتر نەگرین، دەکەوین. دەفەوتێین.
سەیری ڕوخساری سەمەنگوڵ دەکەم . لاموایە جارێکی دیکەش دەپرسێ،
ـ ڕاسپاردەت بۆ کەس نییە؟
مچورکم پێدا دێ. قسە کە دەکات سەرە زلەکەی دەلەرێتەوە. هەست و سۆزی دڵخۆشم دەکەن. دێم وەقسە بێم و شتێک بڵێم. دەنگی پندار لە گوێمدا دەزرینگێتەوە؛
ـ دەبێ فێر بی؛ چالاکی و خەباتکردن دەگەڵ سۆز و هەست ئاویان بە ئاوەڕۆیەکدا ناڕوات.
دەم دادەخەم و هیچ ناڵێم. سەمەنگوڵ هەروا چاوەڕوانە. سەیرێکی باڵا و دەمووچاوی دەکەم و لێیدەپرسم،
ـ بۆ دەتهەوێ ئەو کارەم بۆ ئەنجام بدەی؟
لەسەرەخۆ دەڵێ:
ـ بۆ نابێ بیکەم؟
نەکا عەلی شەیتان فێری کردبێ تا سەرەداوێکی وەدەست کەوێ؟ بەڵام ئەدی دوێنێ چی؟… نانی بۆ هێنام و عەلی شەیتان وەختا بوو شارەوانیمان بەسەردا بڕووخێنێت.
پەیام بۆ کێ بنێرم. دایکمە هەر ئێستا ڕووحی لەبەردا نەماوە. بێت و بشزانێ ئاوام لێبەسەرهاتووە، لەوەش خراپتر دەبێ. خۆ ناتوانم بۆ چاوڕەش پەیام بنێرم. ڕەفیقەکانیشم دەبێ هەتا ئێستا مشوورێکیان لە خۆیان خواردبێ.
سەمەنگوڵ دەڵێ:
ـ ئەمن وەک باوکت وام…
کوڵمی ڕاستی چڵێک دەدات.
ئەگەر پەیامێکت هەیە بڵێ… من پێشتریش یارمەتی زیندانییەکانی دیکەم داوە.
ـ نا باوکە … پەیامم بۆ کەس نییە.
لێوە ئیشکەکانی لەسەر یەک دەگەڕێن،
یانی ئەتۆ کەست نییە بۆت ببێتە بەریڤان و واسیتە؟
سەرم ڕادەوەشێنم و دەڵێم:
ـ هیچ کەس
ئاخرین دڵۆپە چای بن لیوانەکە دەخۆمەوە.
هەمدیسان دەڵێ:
ـ دەی پاروویەک نان بخۆ
ـ ئیشتیام نابا
لیوانەکە لەسەر سینییەکە دادەنێم. سەمەنگوڵ کورتە ساتێک سەیرم دەکات و پاشان سینییەکە هەڵدەگرێ و لە ژوورەکە دەچێتە دەرێ.
دەچم لەسەر نیمکەتەکە دادەنیشم. ئەژنۆم ڕەق بووە. ژانی پشتم تا ڕادەیەک دامرکاوە. بیر لە قسەکانی عەلی شەیتان دەکەمەوە؛ ” وەک یەک هاوڕێ حیساب لەسەر من بکە.” دەنگی پێ و کردنەوەی دەرگای ژوورەکە دەمهێنێتەوە سەرەخۆ. عەلی شەیتان لە چوارچێوەی دەرگادا وەستاوە. دەم بە خەندە دێتە ژوورێ؛
ـ باش خەوتی؟
دەسبەردار نییە. شان هەڵدەتکێنم. لە تەنیشتم دادەنیشێ و دەڵێ:
ـ دەی ئەوەش بەیانی
لە زارم دەردەپەڕێ؛
ـ لاموایە قەرار بوو شەهری بێ؟
پێدەکەنێ و دەڵێ:
ـ وەرەزی ئەوت کردووە؟
ـ نا
باوێشکێکی دێتێ و پاشان سەیرم دەکات و دەڵێ:
ـ دەزانی چۆنە خالید… پێشنیارەکەی من زۆر سادە و ساکارە…
وچانێک دەدات وەک ئەوە لە وشەی گونجاو بگەڕێ.
…تۆ ئەگەر بەڵێنیم پێ بدەی و لە کار و چالاکییەکانی خۆتان ئاگادرام بکەی، مەرج بێ کە تا نوێژی نیوەڕۆیە هەموو بەڵگە و دۆسیەکەت لە شارەوانی لە ناو دەبەم.
پێکەنینم پێی دێ و دەڵێم:
ـ یانی هێندەت دەست دەڕوات؟
پشووی سوارە، دەڵێ:
ـ ئەگەر هاوکاریم بکەی، بەڵێ؟ نازانم چۆنت تێبگەیەنم کە متمانەم پێ بکەی. دەزانی چییە خالید… من چاوەڕوانییەکی چەتوون و نەگونجاوم لە تۆ نییە. تەنانەت ناڵێم ناوی کەسم پێبڵێی.
لە کڵاوڕۆژنەی سەر سەرمانەوە شەبەق و تیشکی خۆرەتاو خزاوەتە ژوورێ و ئاسەواری لەسەر دیوار دیارە. عەلی شەیتان بەردەوام دەبێ،
ـ بە شەڕەفم قەولت پێدەدەم و بەڵێن بێ قەراری من و تۆ کەس پێینەزانێ.
هەڵە نەبم ، باوەڕی کردووە کە دەداوی کەوتووم.
ـ هەرچی هەیە بەینی من و تۆ دەبێ و بەس …، بەڵام لەبەرانبەردا هەردەم ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتت دەگرم. کەسیش زیانی پێناگات.
لە قسەکردن دەوەستێ و تێمڕادەمێنێ، بـەدوای وەڵام و کاردانەوەی قسەکانیدا، ورد چاو لە چاوم دەکات. پاشان دەڵێ:
ـ لاموایە، ئیتر لەوە ڕوون و ئاشکراتر قسە ناکرێ.
سەرم دەلەنگێنم؛
ـ بەڵێ… هەڵبەت.
بە هەشتاو دەپرسێ؛
ـ کەواتە سازاین ها؟
بە ڕوخسارێکی گەمژە، باڵایەکی گاحۆل، و بزەی بڵح لە حەولی ئەمە دایە لەبەرگی دۆستدا قسە بکات. دەڵێ:
ـ بەڵام ئیتر ئەم جارە فریوت ناخۆم. جارێکت خاپاندم بۆ حەوت پشتم بەسە.
سیغارێک دادەگیرسێنێ؛ نەرم و نیان و تێکەڵ بە گەپ قسە دەکات و دەڵێ:
ـ ئەمجارەیان دەبێ زامن و دەستەبەرت هەبێ.
هەر بۆخۆیشی دەتریقێتەوە. بە درۆ پێدەکەنێ؛
ـ باشە؟
دیسان هەر پێدەکەنێ و دەڵێ:
ـ دیارە زامن کە نا
مژێک لە سیغارەکەی دەدات و دووکەڵەکەی لە دەمووچاوی من دەکات.
ـ مەبەستم ئەوەیە شتێک بنووسین، هەر دوولامان ئیمزای بکەین و قەولی شەڕەف بە یەک بدەین کە کڵاو لەسەر یەک نەنێین.
هێندە خۆش باوەڕە کە کەرێتی لێ دەبارێ.
ئیشتیام بۆ سیغار دەچێت، پێی دەڵێم:
ـ جگەرەیەکم دەدەیەی؟
ـ گیان تەڵەب بکە.
پێدەکەنم.
پاکەتی جگەرە هوماکەیم لە پێش دادەنێ. نازانم چۆنە ئەوەی لە شارەوانییە هەمووی جگەرەی هوما دەکێشێت.
ـ هەڵگرە
سیغارێک هەڵدەگرم. بۆم دادەگیرسێنێ. دووکەڵەکەی لە زارمدا دەگێڕم و پاشان دەیدەمە دەرێ.
ـ ئەدی بۆ هیچ ناڵێی؟
دەمێکی دیکەش بە دووکەڵی جگەرەکە یاری دەکەم. ژمارەیەک مێش و مەگەسی چاڵەکە هاتوون لەسەر برینەکەی پشتم دێن و دەچن.
جارێکی دیکەش دەڵێ:
ـ ئەدی بۆ هیچ ناڵێی؟
سەیری دەکەم و دەڵێم:
ـ لە بارەی چی؟
پێی سەیرە، چاوەکانی دەردەپەڕن.
ـ لەبارەی چی؟
مژ لە جگەرەکەی دەدات؛
ـ دەی خۆ دیارە لەبارەی چی!
دەنگی گۆڕدراوە وەک پێشوو سەرمەست نییە.
ـ لە بابەت ئەو پێشنیارەی من.
ماوەیەکی باش بێدەنگ دەبم. دڵبریندارم، بەڵام بەم وەزعە پێکەنینم دێت.
ـ کام پێشنیار، باسی چی دەکەی؟
وەک ئاوی ساردت بەسەردا کردبێ، ڕادەچڵەکێ. دەخەجڵێ. مێش و مەگەسی سەر پشتم ئازارم دەدەن. کراسەکەم ڕادەوەشێنم، مێشەکان هەڵدەفڕن. عەلی شەیتان تووڕەیە، مۆڕەم لێ دەکات و دەڵێ:
ـ ئەدی ئەوە یەک سەعاتە یاسین دە گوێی کەردا دەخوێنم؟
خۆم پێڕاناگیرێ، پێکەنین و شادی هەموو بوونمی داگرتووە. عەلی شەیتان ئیشک هەڵاتووە. وەک کۆتەڵ، وڕماوە و سەیرم دەکات. زاری داپچڕیوە. قنچکە جگەرەکەی فڕێدەدات و بێ ئیرادە جگەرەیەکی دیکە پێدەکات. هەڵدەستێتە پێ. دەڵێی چاوی نابینێ. لەبەرە خۆیەوە قسان دەکات.
ـ شا ئێمە خەم لە کێ دەخۆین.
بەرەو دەرگا دەڕوات. لە ژوورەکە دەچێتە دەرێ. کە دەرگاکەی داخست ترسام. دەبێ چاوەڕوانی شەهری بم.
***
شەهری لەبەرانبەرم لەسەر چوارپایەیەک دانیشتووە. زۆڵانە سەیرم دەکات. دوو قووڵەچوماغیش لە پشت سەرمەوە ڕاوەستاون. هەر ئەو دوانەن کە جاری پێشێ لە نیمکەتەکەیان شەتەک دابووم. هێشتا ڕوخساریانم نەبینیوە بەڵام وێنای دوو زەلام، فیلەتەن، سەرزل، سمێڵگەورە و ڕەشتاڵە دەکەم، لەوانەیە جمکیش بن.
شەهری قامچییەکەی لە دەستیدا دێنێ و دەبا. بەڵام ئەوە هەر ئەو قامچییەی جاری پێشوو نییە. ئەویان بۆر و خۆڵەمێشی بوو، ئەمەیان قاوەییە.
شەهری دەست بە قسان دەکات.
ـ کێ چەمەدانەکەی دا بەتۆ؟
لێم ڕوونە، وەڵام دانەوە هیچ سوودی نییە. سەد جاری دیکەش بڵێم چەمەدانی من نییە، بە گوێیدا ناچێت.
قامچییەکە لە دەستیدا دەگێڕێ و قسان دەکات. دەنگی و لەبزی ناخی مرۆڤ بریندار دەکات.
ـ ناتهەوێ بیڵێی؟
لەسەرەخۆ دەڵێم:
ـ چ بڵێم؟
ئێستا ئیتر قسەکردنی ئاوری لێ دەبارێ؛
ـ دەزانی ئەو کچە نازەنینەش دەستبەسەر کراوە و لەلای ئێمەیە؟
گڕم تێبەربوو. بەردەوام دەبێ،
ـ باسی دۆستە کچەکەت دەکەم.
گەڕی خوێن لە لەشمدا خێراتر بووە. یانی بڵێی عەلی شەیتان ئەم دەستە گوڵەی بە ئاوێدا دابێ؟ بڵێی بەڕاستی بکرێ کچێکی گەنج هەروا بێ سووچ و تاوان بگرن. ئەگەر چاوڕەش گیرا بێ؟ ئەگەر ئەو قسانەی من لەلام کردووە بیاندرکێنێ؟ ئەم ناپیاوە پەنجەی بۆ شوێنێکی ئاستەم بردووە. بەردەوام بێ زراوم دەچی و بۆ ئازادی چاوڕەش هەموو شتێک دەڵێم و لە بنی کوولەکە دەدەم.
لە عەیبەتان دەلەرزێم چۆن بتوانم سەیری چاوەکانی بکەم… نا کارتان بە چاوڕەش نەبێ… لەنەکاو وەخۆ دێمەوە؛ نەکا ئەمەش فێڵ و فەرەج بێ. بە خۆم دەڵێم: قورس و قایم ڕاوەستە، هەتا هەموو شتێکت لێ ڕوون و ئاشکرا نەبێ، کلک بە تەڵەوە نەدەی و هیچ نەڵێی.
شەهری تێم ڕادەخوڕێ؛
ـ ها ڕۆڵە بۆ بێدەنگ بووی؟
ـ هــا!
ئێستا دەڵێی پشیلەیە سەیرم دەکات. بە پێکەنینێکی بڵح، ددانە زێڕەکانی وەدیار دەکەون. گەرووم ئیشکە.
ـ بۆ هیچ ناڵێی؟
ـ دەبێ چ بڵێم؟
نووکی قامچیەکەی دەستی بەسەر تەوێڵمدا دێنێ و دەڵێ:
ـ خۆ تۆ ناتهەوێ بەروسمتی جوانی ئەم نازەنینە بە قامچییان شەڵاڵی خوێن بکەم؟
حەولێکی زۆرم دا، تا تفەکەم ڕاگرت و ناوچاوانیم پێ سواغ نەدا.
ـ هـا؟… دەتهەوێ؟
گریان ئەوکی گرتووم بەڵام ئەم وشانە ڕێی خۆیان کردەوە؛
ـ زۆر شت هەیە کە من دڵم نایخوازێ.
ـ دەیجا کەواتە فەرموو قسان بکە.
مێشەکان لەسەر پشتم نیشتوون، دەجووڵێمەوە بەڵکوو هەڵفڕن و بڕۆن.
ـ دەی شتێکی بڵێ!
ـ ئەگەر شتێکم بۆ گوتن هەبوایە هەر دوێنێ دەمگوت.
لەناکاو وەختا بوو چاوم دەرپەڕێ. هاژەی قامچی لەسەر ملـم شوێن بە جێ دێڵێ، بەڵام دەنگ لە دار و بەرد بێ، لە من نایە. ئێش و ژانی لە هی دوێنێ پتر نییە. چاو لە چاوی شەهری دەبڕم. چاوەکانی زەرد و نەخۆشن. ددانە زێڕە پیسەکانی نیشان دەدات و دەڵێ:
ـ بەڵام قسەت هەیە و… دەشیڵێی. حەز دەکەی ئەو نازەنینەی دۆستت بێنمە ئێرە؟
ـ دەڵێم؛ ئەتۆ هەرچی پێت خۆش بێ دەتوانی بیکەی.
لەناکاو مستێکی توند لە سەرم دەدات، ژانێکی زۆرم لە ملـمدا هەست پێکرد.
ـ خۆت بەتەنیا دەگەڵ ئەم نازەنینە دەبی یان بۆ هاوڕێیانیشی دەبەی؟
قەپ بە زمانم دادەگرم کە هیچ قسە نەکەم. لاجانگم ژان دەکات، گوێچکەم سوور بوونەوە. بێت و بزانێ کە لە ڕێگای چاوڕەشەوە زەفەرم پێ دەبا، ماڵوێرانم دەکات. کوڵی گریان هەڵیگرتووم. ئەم ناپیاوە زۆرم جەزرەبە دەدات. شەڵاق لێدانەکەی گەلێک لەو قسانە باشترە.
هەراسان بووە دەڵێ:
ـ دەی دەشتێک بڵێ
قورس و قایم دەمم پێکدا داوە و هیچ ناڵێم. زللەیەکی توند لە بن گوێچکەم قایم دەکات.
ئێستا شێوە دوانی شەهری وەک گاڵتە کردنی مشکە بە پشیلە، پێم ڕادەبوێرێ.
ـ پێتخوشە بنێرم کچە بێت تا بەیانی لە باغەڵتدا بنوێ؟
زۆر تووڕەم و ئاگرم گرتووە. گوتم هەرچی دەبێ با ببێ، پێمگوت؛
ـ لەو کارانەش دەکەی؟
لەسەر کورسییەکە هەڵدەستێتە پێ و وەک گورگ پەلامارم دەدات. بە شەڵاق و مست و پێلاقە لە چەپ و ڕاستەوە دەمکوتێ.
ـ دایک قەحبە، چەند حازر جوابە.
ئۆخژنم هاتێ. یەک پشوو دەمکوتێ. لە تاوان جینگڵان دەدەم. برینەکانم لە سەد جێ زاریان کردۆتەوە و خوێنی گەرمیان لێ دەتکێ.
لە لێدان دەست دەکێشێتەوە و لە ژوورەکەدا دێ و دەچێ و جنێوان دەدات. جنێوی وا دەدات تا ئێستا نەمبیستوون. لەو کردەوەی و هات و هاواری ڕا بۆم دەرکەوت کە لەخۆڕا باسی چاوڕەشی کردووە. چاوڕەشیان لەبەر دەستیدا بوایە، بێ یەک و دوو دەچوون دەیان هێنا.
هەروا قەدەم لێدەدا و لە ژوورەکەدا دێت و دەچێت، لەناکاو لەبەر دەمم دەوێستێ؛
ـ دایکت لە کەرێ چاک دەکەم. تا ئێستا هیچ جندە دایکێکم وەک تۆ نەدیتووە.
تا ئێستا بنیادەمی وا دەم شڕم نەبینیوە. لەخۆڕا نییە وا ناو و ناوبانگی دەرکردووە. سەد ڕەحمەت لە عەلی شەیتان.
بەرەو دەرگا دەڕوات و قووڵەچوماغەکانیش بـەدوای دا. لە ژوورەکە دەچنە دەر و ئاگام لێیە دەرگا شەق و هۆڕ پێکدادەدەن و دایدەخەن. دەست بە پشت ملـمدا دێنم، جێ قامچی و شەڵاقەکە هەڵمساوە. ژانی هەیە، بەڵام ناگاتە ژانی قسە و جنێودانەکەی کە ناخی داڕوشاندووم.
ئەوەی من لەو کابرایە حاڵی بم، ڕۆیشت کەلەبچە و بەردەقەپان بێنێت
ـ مرۆڤ بەرگەی هەموو شتێک دەگرێت.
لە کۆتاییدا ئەم وشترە لەبەردەم پێی منیشدا خەوت، تا ئێستا بەرگەم گرتووە، هەر چۆنێک بێ خۆ ڕادەگرم و تێپەڕی دەکەم. دەزانم ئازاری بێدەنگی من بۆ ئەوان زیاترە لە هەموو ئەو قامچییانەی لێیان داوم.
دەنگە دەنگ و نزیک بوونەوی چەند هەنگاوێک دێت. دەرگای ئاسنی ژووری زیندان بەخێرایی دەکرێتەوە. سێ کەس وەژوور دەکەون. شەهری پەتێکی درێژی لە دەستی دایە و نێردیوانێکی دوولایەن دێننە ژوورێ. حاڵی نیم خەریکی چن. لەسەر کورسییەکە دادەنیشم و تەماشایان دەکەم. مێش و مەگەس لەسەر برینەکانم دێن و دەچن، هەڵدەفڕن و دەنیشنەوە. گوڵەنووری دەستکردی کڵاوڕۆژنەکە هەڵکشاوەتە سەر دیوار و شوێنەواری لەبەری ژوورەکە نەماوە. دەبێ جەنگەی نیوەڕۆیە بێ. خێرا و لەبار کار دەکەن، دیارە جاری یەکەم و دووهەمیان نییە.
نێردیوانەکە لە نێوەڕاستی ژوورەکە لە ڕاست کڵاوڕۆژنەکەی بنمیچ دادەنێن. شەهری بەخێرایی وەسەر دەکەوێ، پەتەکە لە غەڕغەرە و قولاپی بنمیچ هەڵدەکێشێ و شۆڕی دەکاتەوە خوارێ. یانی بڵێی بیانهەوێ بێ مەحکەمە هەڵمواسن و لە دارێم بدەن. حاڵی نیم بەتەمای چن. ئاڵقەی سەری پەتەکە وەک مار لەسەر عەرد پاپۆکەی داوە. نێردیوانەکە لە نێوەڕاست ژوورەکە ڕادەگوێزن.
شەهری دێت و بەرامبەرم ڕاوەدەستێ. سێبەری مەرگەسات کەوتۆتە سەرم. من سەیری ئاڵقەی پەتەکە دەکەم کە وەک مار لەسەر عەرد، چەمبەرە[17]ی داوە. دەنگی شەهری لە ژوورەکەدا دەتەنێتەوە؛
– چاوەکانی ببەستن
بە قوماشێکی ڕەش چاوەکانم دادەپۆشن و لە پشت سەرمەوە گرێی دەدەن. گوێم لە هەنگاوە قورسەکانی شەهرییە کە لە ژوورێدا دێت و دەچێ. دەنگی هەنگاوەکانی ساتبەسات زیاتر نیگەرانم دەکات، ئەگەر لە مەبەستیان گەیشتبام، وەزعم گەلێک باشتر دەبوو.
ـ دەی باشە…
بۆ ساتێک بێدەنگ دەبێت و دواتر بەردەوام دەبێت،
ـ کێ ئەو چەمەدانەی پێدای؟
هەست دەکەم کۆتایی پەتەکە لەبەردەمم دایە. وەک سەری مار وایە و درێشووکەی دەرکێشاوە.
شەهری ئەم جارەش بە دەنگێکی تووڕە دەپرسێ،
کێ ئەو چەمەدانەی پێدای؟
ـ سەد جارم گوتووە، هی من نییە.
تووڕە و گرژتر دەڵێ:
ـ هی تۆیە و دەش بێ بڵێی، کێ دای بە تۆ.
ـ هی من نییە.
قامچییەکی لە ملـم ڕاکێشا، کزەم لە ملی هات و ئاگری تێبەردام،
ـ خەریکی گاڵتە بە گیانی خۆت دەکەی.
وەڵامی نادەمەوە.
ـ ئێستا دەتوانم لە دارێت بدەم، پاشان جەندەکت بخەمە کونی ئاودەستەوە.
وا هەست دەکەم کە پەتەکە لەسەر سەرم وەک بەندڕۆڵ دێت و دەچێت. شەهری بەردەوام دەبێت،
ـ دەتوانم هەر لێرە بەڕەڵات بکەم تا بـەدوای کار و ژیانتدا بچی.
هەر هەمان ڕستە و دەستەواژەی عەلی شەیتانە لە گەروویەکی دیکەوە دێت.
ـ پێشنیارەکەم زۆر سادەیە…
شەهری:
ـ زۆرت چاوەڕوان بووم.
عەلی شەیتان قسە دەکات،
ـ بەس بەڵێنێم پێ بدە کە…
پندار چرپەم بە گوێدا دەکات.
کەشێکی ترس و گوماناویت بۆ پێکدێنن…
هەمدیسان شەهری دێتەوە گۆ،
ـ ئەگەر قسە ناکەی، وەسیەتێ بکە.
خۆزگە دەمتوانی نیفرەت و بێزاری خۆم لەمەڕ ئەم شوبرە دەرخستبا.
گوێچکەم دەگرێ و ڕەبا[18]ی دەدات.
ـ هیچ ناڵێی؟
بێدەنگم هیچ ناڵێم، گوێچکەم بەردەدات، گوێم لە چرپە چرپێک دەبێت، پاشان دەنگی شەهری دێت،
ـ تا دە دەژمێرم
لە ژوورەکەدا دێت و دەچێ
ـ تەنیا ناوی ئەو کەسانەم دەوێت کە چەمەدانەکەیان پێدای، هەر ئەوەندە!
دەچێتە ئەوسەری ژوورەکەی و دەگەڕێتەوە. هەست و خوست نامێنێ.
ـ تا دە دەژمێرم.
دەست دەکات بە ژماردن.
ـ یەک…دوو…
دەنگی پوورە ڕەعنا لە گوێمدایە؛
ـ خوشکێ ئەم منداڵە بۆ هێندە لاسارە؟
ـ سێ… چوار…
ئێستا دەنگی باوکم لە گوێمدایە؛
ـ ئەگەر هێندە پاساوی بۆ نەهێنێوە، وا بلەوەز و لاسار نابێ.
دایکم لەبەرخۆیەوە بەهێواشی دەگری.
ـ پێنج…شەش…
کاتێک بە ڕقدا دەچم و یان پەڵپ دەگرم شوبریش خۆم لەبەر ڕاناگرێ.
ـ حەوت… هەشت…
ڕابوردوو، ئەو سەردەمانەم دێتەوە بیر کە خۆم لە عەرزی دەوەژاند، یەخەی کراسەکەم هەتا خوارێ دادەدڕی، سەرم لە دیواری دەدا، کە ئیلا و بیلا ئەمن ناچمە ماڵە پوورە ڕەعنا.
ـ ئەم منداڵە زۆر خراپ و بەدعەمەلە.
دایکم بە گریانەوە وەڵام دەداتەوە؛
ـ تا زیاتر سەری بخەیتە سەری، خراپتر دەبێت.
شەهری لەسەر سەرم ڕاوەستاوە؛
ـ نایڵێی؟
دەمم پێکداداوە و هیچ ناڵێم. شەهری بەدەنگی بەرز دەڵێ:
ـ دە…
بەر لەوەی لە فریا بکەوم بزانم چ دەبێ، پاژنەی پێیەکانم لەناو ئاڵقەی پەتەکەدا شەتەک دەدرێ و هەر ئەوەند بڵێی یەک و دوو سەرەو بن، وەک کەلاکە مەڕێک لە قەسابخانە، هەڵواسرام. دەستەکانم بەرەو خوارەوە شۆڕ بوونەوە. سەرم بەرز دەکەمەوە. ملـم بەخێرایی ماندوو دەبێت، هەست دەکەم خوێن لە سەرمدا کۆدەبێتەوە. هەمدیسان سەرم بەرز دەکەمەوە، بەڵام ملـم تاقەت ناهێنێ. ویزە و هاژە لە گوێمدا دەست پێدەکات. خوێن لە کاسەی سەرمدا زەخت دەخاتە سەر چاوم و لاجانگم. بەرەبەرە هەموو خوێنی جەستەم لە سەرمدا کۆدەبێتەوە، دەبێ ئێستا دەموچاوم شین هەڵگەڕابێ. دەنگی شەهری دەبیسم دەڵێی لە چاڵاوێکی قووڵەوە دێت،
ـ دەتوانم ئەم کارانەش بکەم
ویزەی گوێچکەکانم بوونە چریکە و فیکەیەکی پڕ ئازار.
ـ پێتخۆشە نازەنینی دۆستە کچت بێنم تا بەیانی لەپاڵت دابێ؟
ـ تۆ دەتوانیت ئەم کارانەش بکەیت؟
دەنگی شەهری لە چاڵێکی قووڵەوە دێت دەڵێ:
ـ من دەتوانم ئەم کارەش بکەم.
قوماشە ڕەشەکە لەسەر چاوەکانم لادەبەن، هیچ نابینم، هەموو شتێک ڕەشە. سەرم هەر دێ و گەورەتر دەبێت، خوێن وەک زەریا لە سەرمدا شەپۆلان دەدات. سەرم ئەندازەی ژوورێک گەورەیە. بەقەدرایی شارێک. وەک بڵێی بە کوتک لێم بدەن زرینگەی دێت. دەمارەکانی ملـم ئاوساون خەریکە بخنکێم. لەنەکاو خوێنی لووتم وەک لووساوک بەردەبێت
***
لێشاوی مێش و مەگەس دەمهەژێنێت، چاوەکانم دەکەمەوە، ژوورەکە لەسەر سەرم دەگەڕێ. لە شێوەی کەلاک لەوێ کەوتووم. خوێنی دەڵەمە لێو و دەممی داپۆشیوە. بۆنی ئەڵکۆل دێت وا دیارە دەرزییان لێداوم. شوێنی سێ دەرزییان لەسەر سمتم هەست پێدەکەم. دەبێ دەگەڵ مردن مەودایەکی وام نەبووبێ کە دوکتۆریان هێناوە. نازانم چ کاتێک لە ڕۆژە؟ چاو لەسەر یەک دادەنێم، مێشەکان هەراسیان پێهەڵگرتووم، توانام نییە مێشەکانیش لەخۆم دەربکەم. وام پرزە لێبڕاوە ناتوانم تەنانەت شانیش بگۆڕم یان بکەومە سەر پشت. برسێتی، ئازار و سەرەگێژە بەیەکەوە بڕستیان لێبڕیوم. لە حەولی وەی دام بە یارمەتی نیمکەتەکە دۆخەکە بگۆڕم. لاموایە ئەگەر دانیشم وەزعم باشتر دەبێت. تیشکی هەتاو لە کولانەی سەر سەرمەوە هاتۆتە ژوور و بە گوڵەنوورێکی بچووک بەڵام هیوابەخش تاقە میوانی بەخێرهاتووی هۆدەکەمە. دەبێ نوێژی نیوەڕۆی ڕۆژی دوایی بێ، چونکو لەبیرمە کە هەڵیانواسیم گوڵەنوور هەر لەو شوێنەی ئێستا بوو. دەمم هێندە وشک بووە ناکرێتەوە. قوڕگم تاڵە، دەڵێی تاڵووم قووت داوە. قاچی نیمکەتەکە دەگرم. خۆم ڕادەکێشم و لەسەر ئەژنۆم دادەنیشیم. قۆڵەکانم لەسەر کورسییەکە دادەنێم، سەرم دەخەمە سەر دەستەکانم. گوێچکەکانم ژان دەکەن. مێش بە دەورمدا دەسووڕێنەوە وەک وەی دەچێ هێلانەی زەردەواڵەم لە گوێدا بێ و هارووژابن، ویزە و هاژەیان لە گوێمدا بێبڕانەوەیە.
دەرگاکە دەکرێتەوە، کەسێک دێتە ژوورێ، سەیری ناکەم. تاقەتم نییە، ڕوخسارم لەبن باڵمدا شاردۆتەوە. نیمکەتەکە دەجووڵێتەوە. لاموایە کەسێک لەسەری دانیشت. بۆنی جگەرەکەی دڵم لە ژێڵلا دێنێ. دەنگی دەگەڵ هاژ و هووژی گوێچکەم تێکەڵ دەبێ. دەنگەکە دەناسمەوە.
ـ بۆ هێندە لاسار و کەللە شەقی؟
وەڵامی نادەمەوە. ئێستا کە کار گەیشتۆتە ئێرە، لەت لەتم بکەن، چم لێ نابیستن.
ـ ئاماناغا ڕایسپاردووە یارمەتیت بکەم.
تێدەگەم کە ئەوە غوڵامعەلیخانە.
ـ قوربان ئەوە هەر لە مناڵییەوە نەحاواوە بوو.
سمێڵە زەردەکەی دەجووڵێتەوە
ـ هەموو گەڕەک لە دەستی وەزاڵە هاتبوون.
ئەوەش وەک عەلی شەیتان هاتووە و بەتەمایە قسەم لێڕابکێشێ. چاوە بچووکەکانی زیتە زیتیانە. هەموو دەست بەیەک بوون تا لە خشتەم بەرن و بە هەر شێوەیەک بێت ناچارم بکەن قسە بکەم،
ـ ئاخر حەیفە گەنجێکی وەک تۆ لەخۆڕا خۆی ماڵوێران بکات. بۆ خۆت دەبەتڵێنی؟
دەمهەوێ بە بێدەنگی و وەڵام نەدانەوە بیتەزێنم و دەم لەپووشی بکەم.
ـ من بەزەییم بە تۆ دادێت
ڕابردوو لە مێشکمدا دەژێتەوە. کاتی خۆرئاوا بوونە. مێهدی بەقاڵ تکای لێدەکات و دەپاڕێتەوە،
ـ غوڵامعەلیخان گەورەییە بکە لێی ببوورە.
خاجە تۆفیق ڕجای لێدەکات،
ـ غوڵامعەلیخان، ناماقووڵی کرد، هەڵە بوو.
شاتر حەبیب ڕوومەتی ماچ دەکات و دەڵێ:
ـ تازە ئیتر غەڵەتی وا ناکات.
حیساب بۆ کەس ناکات و گوێی نابزوێ. پاسەوان مەچەکی منی گرتووە. غوڵامعەلیخان مێشێکیشی لێ میوان نییە. دایکم دەستەوەستان و خەفەتبار لە دەرگا وەستاوە، فرمێسکەکانی دەڕژێنە خوار. خەلیفە دێتە پێش غوڵامعەلیخان و لێی دەپاڕێتەوە، بەڵام قسەی کەس نابیستێ.
هەموو جنێو و قسە سووکەکانی ئەو ڕۆژەم لە گوێدا دەزرینگێنەوە.
دەنگی غوڵامعەلیخان تێکەڵ بە ویزە و هاژە، دەکەونە بەر گوێم،
ـ برسیت نییە؟
پرسیارەکانی هەر وێنەی پرسیاری عەلی شەیتانە.
ـ ئاماناغا بەڵێنی لێوەرگرتووم هەرچی لە توانامدا بێت، بۆت بکەم.
دەمەوێت پێی بڵێم بڕۆ لە پێش چاوم ون بە.
بە نەرمی بەردەوام دەبێت،
دەتەوێت خواردنت بۆ بهێنم؟
دووکەڵی جگەرەکەی حاڵم تێکدەدات.
ـ ناتەوێت دەگەڵم بدوێیت؟
وەڵامی نادەمەوە، لەسەر نیمکەتەکە جووڵەیەک دەکات،
ـ لاساری مەکە خالید!
بێواز دەڵێم:
ـ من هیچم نییە پێتی بڵێم
هیچ ناڵێت. من درێژە بە قسەکەم دەدەم،
ـ شەهری، ئەوەی باش دەزانێت،
لەسەر نیمکەتەکە هەڵدەستێت، ڕەگێکی تووڕەیی لە قسەکانیدا هەیە،
ـ پێم وابوو دەتەوێ یارمەتیت بدەم.
ئۆقرەم هاتێ و هەست بە خۆشی دەکەم کە دەبێ دەست لە گونان درێژتر بڕوات.
|ـ شا ئەمن خەم لە کێ دەخۆم.
دەرگاکە دەکرێتەوە و دادەخرێت.
سەرم هەڵدەبڕم و سەیری گوڵەنوور دەکەم، بەرەو دیوار هەڵکشاوە. هەڵە نەبم ئەمڕۆ دەبێ پێنجشەممە بێت. شەوی دووشەممە بوو کە عەلی شەیتان دەستگیری کردم، سێشەممە قامچییان لێدام، چوارشەممە وەک گۆشتی قەسابی هەڵیانواسیم. ڕۆژێک و شەوێک بێهۆش و بێگوێ بووم.
سەیری قوڵاپی بنمیچ دەکەم، پەتەکەیان بردووە. لەسەر عەرد لێرە و لەوێ پەڵە خوێنی ئیشک هەڵاتوو دیارە. ئەو چەشنەی خوێن لە لووتم دەهات دەبێ وڵات لەوە خوێناویتر بووبێ. سڕیویانەتەوە.
دیسان سەرم لە باوەش دەگرم و دەبیران ڕادەچم. ئەگەر ئەمڕۆ شەهری نەیەت، سبەینێش نایەت. هەست بە لاوازی و برسێتی دەکەم، دەبوایە لێگەڕابام غوڵامعەلیخان خواردنم بۆ بهێنێت. ڕەنگە غوڵامعەلیخان ڕاست بکات کە دەڵێت ئەماناغا داوای کردووە بێتە یارمەتیم. دەزانم بلوور خانم هەرچی لە توانایدا بێت دەر حەق بە من دەیکات، دەزانم ئەم چەند ڕۆژە هەراسی بە ئەماناغا هەڵگرتووە.
دەنگی پێ دێت، سەر هەڵدەبڕم. دەرگاکە دەکرێتەوە، کەسێک قاپێکی مس لە دەرگاکەوە وەژوور دەنێ و دەرگاکە دادەخاتەوە. دەبێ خواردن بێت.
جەستەم ڕاست دەکەمەوە و بە قوونەخشکە بەرەو دەرگا و لای قاپەکە دەچم، دەمم ئاو دەکات. قاپێکە لیپاولیپ لە نیسکپڵاو. بە پانتۆڵەکەم پەنجەکانم دەسڕم و دەست بە خواردن دەکەم. پڵاوەکە پڕە لە وردە خیز، هەموو جارێ کە وەبەر ددانم دێن تەزووم پێدا دێت. وێدەچێ بە ئانقەست خیزیان تێکەڵ کردبێت. پارووی هەوڵ ماوەیەکی زۆر لە دەممدا دەیهێنم و دەبەم، پاشان قووتی دەدەم، بەڵام دوایی بێهێنان و بردن بە گەردیلەبەردەکانەوە و بەبێ جووتن ڕایدەدەمە خوارێ. قاپەکە نیوە دەکەم. پاشی ئەوە لەسەر قوون بەرەو نیمکەتەکە دەچمەوە، شانی وێدەدەم قاچم درێژ دەکەم. هاژە هاژی گوێم هێدیتر بووە چاوەکانم قورس دەبن.
***
کاتێک چاوەکانم دەکەمەوە، تاریکە هیچ شوێنێک نابینم، نازانم چەند کاتژمێر خەوتووم. سەرم بەرز دەکەمەوە، گوڵێکی بچووکی ئاسمان لە کڵاوڕۆژنەکەوە دیارە. ئەستێرەیەکی گەورە دیارە و دەبریسکێتەوە. بیرم بۆ لای چاوڕەش دەچێت. غەم دامدەگرێ و بێقەرار دەبم. دڵم ژان دەکات، دەمەوێت هاوار بکەم. ئەستێرەکە خەریکە لە چاوان ون دەبێ. ژانم هەیە. بۆ خەمڕەوێنیش بێ باشترە هەستمە سەرپێ، بڕێک بێم و بچم، بەڵکوو تۆزێک سوکناییم بێتێ. بەم خواردن و خەوتنە تۆزێک هاتوومەوە سەرەخۆ. هەر چۆنێک بێ سەرەڕای ئازار و سەرەگێژە حەول دەدەم بێم و بچم. هەست بە خۆشی دەکەم کە خۆم نەتوڵاندۆتەوە و لەسەر پێم. پاش هێندێک هاتووچۆ لە ژوورەکەدا، دڵم دەخێڵەوە دێت. دادەنیشم. بۆنی پاییز لە کڵاوڕۆژنەوە خۆ بە ژووری تاکەکەسیی زیندانێدا دەکات.
***
ئەم دوو ڕۆژە، قاپی نیسکپڵاوەکەم گەیاندۆتە تەختی بنی. کەلێنی ددانەکانم پڕن لە ورتکە بەرد.
قسەکانی دایکمم بیر دەکەوێتەوە کە دەیگوت:
ـ برسی بۆژۆی ناکات، بەردیش دەهارێ.
پاش ئەوەی غوڵامعەلیخان ڕۆیشت و قاپە نیسکپڵاوەکەیان وەدیوی ژوورێ نا، کەس دەرگای لێ نەکردوومەوە. گوڵەنوور لە کڵاوڕۆژنەوە هاتۆتەوە و لەسەر دیوار میوانمە. کراسەکەم دەتەکێنم و دەیهاوێمە سەر شانم. ئێستا لەبەرکردنی کراسەکە برینم ناکولێنێتەوە و بێزارم ناکات. هێندەی لەم ژوورەدا بێم و بچم قاچم ژان دەکات. گوڵەنوور خزاوەتە بەری ژوورەکە. ئەمڕۆ هەست بەتەنیایی دەکەم. سەرم لێ ئەستوور بووە. دیوارەکانی زیندان لێک نزیک دەبنەوە و دڵم ڕێکدەگوشن. لەسەر گوڵەنوور دادەنیشم، سەرم بەرز دەکەمەوە، سەیری ڕووناکی دەکەم و سییەکانم پڕدەکەم، پاشان بە دەنگ و ژاوەژاو هەواکە دەدەمە دەرێ. لە کولانەوە سەیری ئاسمان دەکەم، خاڵێکی ڕەش بە دیارەوە وەک کۆترێک وایە کە بەرز بووبێتەوە. خاڵی ڕەش بچووکتر دەبێتەوە و لە بازنەی کڵاوڕۆژنەی هیوام نەبەدی دەبێ. گوێم لە چرپەی دوو چۆلەکە دەبێ کە لەسەر لێواری کولانەکە، هەڵبەز دابەزیانە. ئەوانیش دەڕۆن و تەنیا دەنگی باڵەکانیان دەبیسم. خاڵە ڕەشەکە دیسان دەردەکەوێتەوە. دێتە خوارەوە، گەورەتر دەبێت، کۆتر نییە، سەرم لێ شێواوە. چاوەکانم دادەخەم، دەمەوێت هەستم و هەناسەیەک هەڵمژم. لەناکاو گوێم لە دەنگی کردنەوەی دەرگای ژوورەکە دەبێت. ڕادەچڵەکێم، بەڵام ناوێرم ئاوڕ بدەمەوە.
کەسێک دێتە ژوورەوە. هەست و خوست نامێنێ، دەڵێ:
ـ هەستە!
دەنگەکە ئاشنا نییە. بەرزتر دووپاتی دەکاتەوە؛
ـ گوتم هەستە پێ
چۆلەکەکان گەڕاونەوە. خاڵە ڕەشەکە بەرەو تەشقی ئاسمان بەرز دەبێتەوە. وا بەرز بووەتەوە کە ئیتر نابینرێت.
ئەو کەسەی لە پشتمەوە وەستاوە نووکە شەپێکم تێدەوەژێنێ.
ـ مەگەر دەگەڵ تۆم نییە؟
دەست دادەدەم و هەڵدەستم، پیاوێکی باڵابەرز لەبەردەممدا وەستاوە. چاوەکانی وەک کووپەی خوێنن، قەفی سمێڵی وەک کلکی ڕێوی ئەستوورە. ڕوومەتەکانی لە ڕوون و زەقن.
ـ دەگەڵ من وەرە
هەزار بیر و خەیاڵ بە مێشکمدا دێ، بیری کەلەبچە و بەردە قەپان مێشکمی قۆڕغ کردووە. دەگەڵیدا دەڕۆم و لە ژوورەکە دەردەچم. دڵم دەکرێتەوە. خۆر بە حەوشەی شارەوانیدا بڵاو بووەتەوە. مچوڕکم پێدا دێ. لە پلیکانان وەسەر دەکەوین دەچینە ژووری جاری پێشوو. پیاوە خرپنەکە دانیشتووە جگەرە دەکێشێت و ئەوی ڕیوەڵەش بە کاغەزی پەروەندەکانەوە خەریکە. هەردووکیان سەیری من دەکەن. پیاوە ڕیوەڵەکە خەریکی لووتێتی. ئیشارە دەکات کە دانیشم. لەسەر کورسییەک لەپەنا مێزەکەی ئەو دادەنیشم و سەرم دادەخەم. گوێم لە دەنگی وەرەق لێدانی کاغەزەکانە، پاشان گوێم لە دەنگی پیاوە خرپنەکە دەبێت کە جیکە جیک دەکات،
ـ پەروەندەکەی تەکمیل بکە، پاشان بینێرە دادگا بۆ لای دادوەر!
هەست دەکەم لە چنگ شەهری ڕزگار بووم. خەیاڵم ئاسوودە دەبێت. دەمەوێت بەدڵ، یەک بەخۆم و ئەرخەیان هەناسەیەک بکێشم، بەڵام خۆ ڕادەگرم و هیچ دەرناخەم. لەژێرەوە سەیری کابرای ڕیوەڵە دەکەم، خەریکی نووسینە. کاتێک جگەرە دەکێشێ. دەم و لێوی وا دەچن دەپاڵ یەکەوە، دڵنیا دەبم کە ددانی لە زاردا نییە. هێندەی نووکی لووتی خوراندووە، سوور هەڵگەڕاوە.
کابرای ڕیوەڵە پارچە کاغەزێک دەخاتە بەردەمم و دەڵێت:
ـ بیخوێنەوە و وەڵامەکەی بنووسە.
دووبارە وەبیری دێنمەوە کە من خوێندەوارییەکی وەوتۆم نییە.
گوێم لە جیک جیکی پیاوە خرپنەکەیە؛
ـ خۆت بۆی بخوێنەوە.
سەیری پیاوە خرپنەکە دەکەم، لێم دەپرسێت:
ـ خۆ دەتوانی واژۆ بکەیت؟
ـ ئـ ـ…ا
پیاوە ڕەقەڵەکە دەیخوێنێتەوە:
ـ پرسیار: ئەو کتێب و ڕۆژنامانە کە لە کاتی دەستگیر کردنتدا پێت گیران، کێ وێیدابووی؟
وەڵامی نادەمەوە، چاوە لاوازەکانی لە کالاندا دەخولێنەوە. سپییایی چاوەکانی زەرد هەڵگەڕاون، دەڵێ؛
ـ زمانت نییە؟
بەئاسپایی دەڵێم:
ـ ئەمە درۆیە،
مینگەیەک دەکات و دەڵێ؛
ـ بنووسم درۆیە.
ـ هەڵبەت، بێگومان… من نە کتێبم پێ بووە و نە ڕۆژنامە.
قسەکانی من دەنووسێتەوە و پرسیاری دواتر دەخوێنێتەوە،
ـ لەبەردەم پاسگای سێڕێیانێ، چەمەدانێکی پڕ لە کتێب و ڕۆژنامەیان پێگرتی. دەتویست لە بەندەر تەسلیم بە کێیان بکەی؟
دیسانیش وەڵامی نادەمەوە. دیسان چاو بز دەکاتەوە و دەپرسێ. زمانت نییە. دەڵێم؛ من نازانم تۆ باسی چی دەکەی لێت تێناگەم. گرژ بوو بە قوڕگی گیراو گوتی:
ـ یانی حاشا لە چەمەدانەکە دەکەی؟
ـ چەمەدانێک نەبووە کە بمهەوێ ئینکاری بکەم.
پیاوە خرپنەکە لە جێوە دەجووڵێتەوە و سەیری من دەکات. مژێکی وا لە جگەرەکەی دەدات وەک بڵێی بە تەمایە جگەرەکەی بە مژێک تەواو بکات. پیاوە ڕیوەڵەکە وازی لە نووسین هێناوە و بە خێسەوە سەیری من دەکات. پاشان نیوە سیغارێک پێدەکات و لە پیاوە خرپنەکە دەپرسێت:
ـ چۆن دەفەرمووی قوربان؟
پیاوە خرپنەکە بێتاقەت بووە. سیغارەکەی دەکوژێنێتەوە. دەستە سپی و گۆشتنەکانی ڕادەوەشێنێ و دەڵێ:
ـ بنووسە ئاغا بنووسە… هەر شەکرێک دەیشکێنێت، بینووسە.
هێندەی نەماوە لە پڕمەی پێکەنین بدەم، بە زەحمەت دەروەست خۆم دێم و خۆم پێڕادەگیرێ. سەر دادەخەم و لەژێرەوە لێوەکانم دەگەزم. کابرای ڕیوەڵە دەپرسێ؛
ـ بۆچی دەچووی بۆ بەندەر؟
سەرم بەرز دەکەمەوە و دەپرسم؛
ـ دەگەڵ منتە؟
شێت دەبێت و هاوار دەکات:
ـ نەخێر، دەگەڵ خوشکتمە.
گەڕی خوێن لە دەمارەکانمدا خێرا دەبن، سوور هەڵدەگەڕێم. دیسان هاوار دەکات:
ـ وتم بۆ چ مەبەستێک…
دەرفەتی نادەم قسەکەی تەواو بکات،
بۆ بچمە بەندەر، لەوێ چی بکەم؟
بۆ چەند ساتێک ژوورەکە نوقمی بێدەنگی دەبێ. پیاوە ڕیوەڵە چاوی لەسەر چەمەدانەکەیە و قسان دەکات،
ـ لەسەر کۆنووسی ڕاپۆرتەکە چت هەیە بیڵێی؟
ـ ڕاپۆرت؟
سەر ڕادەوەشێنم و بەردەوام دەبم،
باسی کام ڕاپۆرت دەکەیت؟
لەناکاو و بەخێرایی کۆنووسەکە دەست دەداتێ، وەک ئەوەی بیەوێت بە دەموچاومیدا بدات، فڕێیدایە پێشم و گوتی:
ـ ئەمە دەڵێم… ئەم کۆنووسە.
بۆ ماوەیەکی کورت بە دەستە لەرزۆکەکانی کاغەزەکان لەپێش چاوم ڕادەگرێ.
بە هێمنی دەڵێم:
ـ خۆ من گوتم خوێندەواریم نییە.
خێرا کۆنووسی کۆبوونەوەکە دەکێشێتەوە و دەست دەکات بە خوێندنەوەی. کەڵەبابەی قوڕگی بەردەوام سەر و خوارێ دەکات. لێوەکانی شین هەڵگەڕاون. پشووی سوارە و بە هەناسەبرکە دەیخوێنێتەوە، پاشان سەیری من دەکات.
جگەرەکە لەسەر ژێرسیغارەکە هەڵدەگرێ مژێکی لێدەدات. هێشتا چاوەڕێی قسەکردنی منە. هیچ ناڵێم. خۆی دەست پێدەکاتەوە
ـ باشە؟
نیشان دەدەم کە سەرم سوڕماوە. پرسیار دەکات،
ـ دەی دەڵێی چی؟
دەڵێم:
ـ تۆ خۆت خوێندتەوە… کەسێک بووە بە ناوی “عەندەلیب”.
دەڵێ:
ـ ناوی خۆت گۆڕیوە.
ـ هەرچی پێتخۆشە دەتوانی بینووسیت.
ڕەگی ملی شین هەڵدەگەڕێ.
ـ بەڵام تۆ دەڵێی چی؟
ـ ئەمە هەمووی بوختانە.
قەڵەمەکە دەخاتە سەر مێزەکە و سەری لووتی دەخورێنێ. سەیری من دەکات. چاوەکانی خومار دەبن. برژانگەکانی بە نەرمی دەکەونە سەر یەک. وەک ئەوە وایە لەناکاو تریاکی لێدابێ. چاوەکانی وێنەی چاوی خاجە تۆفیقە.
ئێستا دەنگی هێدی و ئارامە.
ـ گوتت بوختانە؟
من هیچ ناڵێم.
هێدی قسە دەکات، دەبێ تریاکە کاری خۆی کردبێ. تەواوێک هێور بووەتەوە.
ـ ئەدی بۆ ئیمزاکانی خوارەوەی ڕاپۆرتەکەی پاسگا دەڵێی چی؟
ـ ئەوەش درۆیە .
چاوەکانی دەردەپەڕن؛
ـ ئەدی ڕاکردن لە شارەوانی؟
ـ درۆیە
دەنگی بەرز دەبێتەوە:
ـ ئەو پۆلیسەش کە لە دەستی ڕاتکرد و دەگەڵی بەرەوڕوومان کردی، ئەویش درۆیە؟
ـ ساختە بوو… خۆتان فێرتان کردووە.
لەناکاو پیاوە خرپنەکە هاوار دەکات؛
ـ ئیتر تۆ بێزارت کردم.
نازانم دەگەڵ منێتی یان دەگەڵ هاوکارەکەی. بێباکانە سەیری دیمەن و سەروسەکوتی دەکەم و بە زەحمەت پێش بە پێکەنینی خۆم دەگرم.
پیاوە ڕیوەڵە دەست بە نووسین دەکاتەوە. ئەوەندم لێ تووڕەیە ئەگەر چەقۆی لێ بدەیت، خوێنی نایەت.
ـ ئەدی بۆ ئەوی دەڵێی چی؟
ـ درۆیە .
ـ ئەدی ئەمە؟
– درۆیە .
لێکۆڵینەوەکە تەواو دەکات، قەڵەمەکە دەخاتە سەر مێزەکە و چاو لە چاوم دەکات تا واژۆی بکەم. پیاوە خرپنە زەنگ لێدەدات، بانگی خزمەتکارەکە دەکات. خزمەتکار دێتە ژوورێ، پێی دەڵێت: بچێ بڵێ دوو پاسەوان بنێرن و ئەمە تەحویل وەربگرن.
ـ ئێرە واژۆ بکە.
واژۆی دەکەم.
ـ ئەمەشیان واژۆ بکە.
ئەویش واژۆ دەکەم.
پاسەوانەکان تفەنگ بە دەست دێن کەلەبچەم دەکەن. لە گوێیاندا خوێندوون کە جارێک لە دەستی پۆلیس هەڵهاتووم. زۆر ئیشک، توند و تیژ هەڵسوکەوت دەکەن. زۆر ڕوو ترشن. لە دەروازەی شارەوانی دێینە دەرێ بە تەنیشت دارسنۆبەرەکاندا تێدەپەڕین و بەرەو گۆڕەپانی گەورەی شار دەڕۆین. یەک لە پاسەوانەکان بە قۆنداغی تفەنگەکەی تێمڕادەخوڕێ و دەڵێ:
ـ پارەت هەیە بە تەکسی بڕۆین؟
پێمخۆشە تا دادگا بەپێ بڕۆم. دیقم کرد هێندەی لە ژوورێدا دانیشم. دەمەوێت سەیری خەڵک بکەم، دەمەوێت سەیری دووکانەکان بکەم. خۆرەتاوە. ئەوەندە گەرم نییە کە بێتاقەتم بکات. دەبێ بۆ چوونی دادگا بەسەر پردەسپیدا بڕۆین. حەزم لێیە کاروون ببینم، ئێستا ئاوی کاروون ئەوەندە ڕوونە کە ماسییەکان لە ئاوەکەدا دەبینرێن. ئەوەندە ڕوونە شەپۆلەکان لەبەر تیشکی خۆردا دەدرەوشێنەوە.
ـ دەگەڵ تۆمە!
ـ پەنادێک شک نابەم.
ـ کەواتە دەبێ بەپێ بچیتە دادگا.
تا گۆڕەپانی گەورەی بەردەم پردەکە زۆرمان نەماوە.
***
تا دەگەینە دادگا و تا داواکاری گشتی بە پەروەندەکەم ڕابگات سەعات لە یەک و نیو لادەدات. هێشتا دوو سەعات و نیو لە نوێژی نیوەڕۆیە لای نەداوە،گەیشتوومە دەفتەری بەندیخانە، پەنجە مۆریان لێوەرگرتووم و دەرگای ئاسنی زیندانی تاکەکسیان لە پشت سەرم گاڵە داوە.
پانتایی چاوە زیندانەکەی من پێنج هەنگاو لە سێ هەنگاو دایە، لە ژووری تاکەکەسی پۆلیس فراوانترە. لە بنمیچدا ڕۆچنەیەکی چوارگۆشەی هەیە کە بە میلەی ئاسن تۆڕچن کراوە. ژوورە تاکەکەسییەکان دەرگایان دەکەوێتە سەر ڕاڕەوێکی داپۆشراو. پاسەوانێکی قوڵەخڕە لە ڕاڕەوەکەدا کە سەنگفەڕش کراوە دێت و دەچێ. دەنگی هەنگاوەکانی پاسەوان لەسەر ئەم سەنگفەڕشە، لە کەش و هەوای گەرم و شەدار دا، بێدەنگی دەبەزێنێ.
پشکێنەر هەر حاڵ و حەوسەلەی قسەکردنی نەبوو. خودا دەزانێت ئەو ڕۆژە دەگەڵ چەند کەسی دیکە مامەڵەی هەبووە.
– تۆ چیت کردووە؟
بەتووڕەییەوە پەروەندەکەم دەکاتەوە و هەروا بێواز و بێتاقەت کۆنووسی کۆبوونەوەکە و وەرەقەی لێکۆڵینەوەکە دەخوێنێتەوە، دواتر سەیری من دەکات و سەری ڕادەوەشێنێت. چاوەکانی لە قاوی دەدەن کە خومارە. ئەم دیمەنەم سەدان جار لەلای خاجە تۆفیق بینیوە. پشکێنەر دیسانەوە سەیری بەڵگەنامەکانی ناو دۆسیەکە دەکات و لە لووتیدا دەڵێت:
ـ دەتەوێت بەم ئاژاوەگێرییە بە چی بگەیت؟
فەرمانی دەستگیرکردنی کاتیم بۆ دەردەکات و بەڕێم دەکات.
بانگی پاسەوانەکە دەکەم. لەو سەری ڕاڕەوەکە ڕا دێت دەستەکانی دەخاتە سەر دەرگا و لە کونی دەرگاوە سەیرم دەکات.
ـ چت دەوێ؟
دەڵێم:
ـ برسیمە
ـ مردووت نەمرێ…
پێدەکەنێت و بەردەوام دەبێت
ـ ئێستا نەگەیشتۆتە جێ، برسێتی
ـ ددانە زەردەکانی حاڵم تێکدەدات.
ـ ئاخر ئەوە دوو ڕۆژە نانم نەخواردووە.
دیسان پێدەکەنێت و دەڵێت:
تا بیست و چوار کاتژمێر بەشە خۆراکت نییە.
پێم سەیرە.
ـ نیمە؟
ـ نەخێر نیتە.
دەکۆکێت و بەردەوام دەبێت؛
ـ خۆ ئێرە ماڵی بابت نییە.
خەریکە بڕوات و بەجێم بێڵێ. دەڵێم:
ـ سەرکار ئەتۆ بوەستە،
دەوەستێ، ئێستا من هیچم نەگوتووە، ئەو لێم دەپرسێ،
ـ پارەت هەیە؟
گیرفانی پانتۆڵەکەم دەگەڕێم، چوار دانە دوو تمەنی چرچ و لۆچی تێدایە.
ـ هەمە
پاسەوانەکە سەیری دەوروبەری دەکات و پاشان دەڵێت:
ـ بمدەیە با بڵێم لە قاوەخانەوە خواردنت بۆ بهێنن.
تێگەیشتم کە لێرەش قاوەخانە هەیە.
پیاوێکی کورتەباڵا، بەرگی زیندانی لەبەردایە، دێت و خواردنم بۆ دەهێنێت. لەتکێک نانی ڕەشی بەیات دەگەڵ چوار دانە پەتاتەی کوڵاو، هەریەکەی بەقەدرای گوێزێک دەگەڵ تۆزێک خوێ.
نان و پەتاتەکە بە ئیشتیاوە دەخۆم. بە گەرما، بێدەنگی نیوەڕۆ و زگیتێر، تەواوێک داهیزاوم و خەوم دێ.
پاڵ وەدیواری دەدەم لاقم درێژ دەکەم، پاشان لەسەر زیلۆ خۆڵاوییەکە درێژ دەبم. زۆر هیلاکم، چاوم قورس بوون. بیر دەکەمەوە. لەناکاو ڕەحیم کەردارم بە زەیندا دێت. پاسەوانەکە بانگ دەکەم. لەو سەری ڕاڕەوەکە ڕا دێت. نابێ پیاوێکی بەدگوز بێ. سەری تاسە. تەنیا پشت سەری و دەوری گوێچکەی چەند چڵە مووی لە خەنە گیراوی پێوەیە.
ـ ها ئەوجار چیت دەوێ؟
چاوەکانی کاڵ بوونەوە، دەڵێی قۆپچەن، کۆن بوون و سپێ هەڵگەڕاون.
لێیدەپرسم؛
ـ ڕەحیم کەردار دەناسی؟
تەماشای چاوەکانم دەکات و بەهێواشی دەڵێت،
ـ ئەوەی ژنەکەی کوشت؟
دڵخۆش دەبم، وەدەزانم خەڵات کراوم.
ـ بەڵێ… بەڵێ ئەو کەسەی خێزانەکەی خۆی کوشت… خۆیەتی!
ددانە درێژ و غەورگرتوو[19] پاسەوان دەکەونە ڕوو؛
ـ تۆ ئەو دەناسیت؟
بە پەرۆشەوە دەڵێم:
– بەڵێ… دەیناسم… ئێمە دراوسێ بووین. لە حەسارێکدا دەژیاین.
پاسەوانە بە نینۆکی، پێستی سەری دەکڕێنێت و دەڵێت:
ـ کەواتە دەبێ ئاماناغاش بناسیت؟
لە خۆشییان حەزدەکەم پڕی پێداکەم و دەمووچاوی ئاوڵاوی ماچ بکەم.
ـ دەیناسم… لە قاوەخانە لای ئەو ئیشم کردووە
دەڵێت:
ـ جا ئەگەر وابێ دەبێ ئاگام لێت بێ.
دیسان دڕدۆنگی و گومان پەلاماری بیر و زەینم دەدەن. وشەی پندارم دێتەوە بیر؛
هەندێک جار خۆ نزیک دەکەنەوە هەتا متمانەی پیاو بەدەست بهێنن، ئەوجا هەڵیتەکێنن و قسەی لێ دەربکێشن.
دڵم دەگیرێ، نەکا ئەوەش پیلانێک بێ و فێرکرابێ خۆیم لێ نزیک بکاتەوە. ئەو چرکە ساتە خۆشییەش کە میوانم بوو، باری کرد.
ـ سەرکار… ئەگەر بمەوێت دەتوانم ڕەحیم کەردار ببینم؟
پێدەکەنێ و دەڵێت:
ـ تۆ بۆت نییە ملاقاتت هەبێ. چاوپێکەوتنت قەدەغەیە.
پێم سەیرە.
ـ قەدەغە؟
بە نەرمی دەڵێ:
ـ بۆ مەگەر بە خۆتیان نەگوتووە؟ بڕیاری ڕاگرتنی تۆ کاتییە، تا لێکۆڵینەوە تەواو نەبێت مافی چاوپێکەوتنی کەست نییە.
شانم دادەکەوێ. دەچم دادەنیشم، ئینجا پاڵدەکەوم.
پاسەوانەکە دەڵێ:
ـ کاتژمێر چوار، نۆرە کێشکم تەواو دەبێ ئەگەر پەیامت بۆ کەسێک هەیە دەنگێ بکە.
من هیچ ناڵێم، خەریکە لە خۆشم دڕدۆنگ بم، دیسان گوێم لە دەنگی دەبێ؛
ـ بە ئاماناغا دەڵێم، کە تۆ لێرەیت، پێی دەڵێم؛ لانی کەم پێخەفت بۆ بهێنێ.
دەڕوات، دەنگی هەنگاوەکانی لەسەر سەنگفەڕشەکە نایەت. بێدەنگی و تەنیایی دەبنەوە یەکە دەسەڵات. ئارەقەی جەستەم دەڕژێتە سەر برینەکانم، دەبرژێنەوە. دادەنیشم، کراسەکەم دادەکەنم و خۆمی پێ باوەشێن دەکەم. هیچ یارمەتی نادات.
جەستەم بە ئارەقە دەسووتێتەوە. وەک دەرزیئاژن بکرێم وایە. جارناجارێک لە کولانەی سەربانەوە پاسەوانێکی پیر سەر بە چاوەکەم دادەگرێ و لێم دەڕوانێ. هێندێک جار گوێم لە دەنگی پێی پاسەوانی ڕاڕەوەکەیە کە دێت و دەچێ و سەر بە دەربیجەی بەندییەکاندا دەکات. دەنگی زەنگێک بەرز دەبێتەوە، پاشان گوێم لە دەنگەدەنگ و تێکهاویشتنی بەندییەکان دەبێت. لە پاسەوانەکە دەپرسم،
ـ چ خەبەرە؟
ـ دەچن نانی نیوەڕۆ وەربگرن.
کاتژمێر لە سێ تێپەڕ بووە.
دەپرسم،
ـ ئێستا و نانی نیوەڕۆ، کاتژمێر چەندە؟
پێدەکەنێ، ددانە پیس و ناشیرنەکانی نیشان دەدات و دەڵێ:
ـ پێتوایە لە کوێی، لە ماڵی پوورت یان لە یانەی ئەفسەران؟
بەندییەکان بە پێش چاوەکەی مندا تێدەپەڕن. چاو دەگێڕم بەڵکوو ڕەحیم کەردار ببینم، تێکڕا جلوبەرگی ڕاڕای ڕەش و زەردیان دەبەردایە و قاپێکی مسیان بە دەستەوە. دەچن خواردن وەردەگرن و دەگەڕێنەوە. هێدی و لەسەرەخۆ بە ڕێگادا دەڕۆن. هەڵم لە ئاوە زەردەکەی ناو قاپەکەیانەوە هەڵدەستێت، پیرێکی چەماوە قاپەکەی وا بە دەستەوە گرتووە وەک بڵێی ئاوێزەی ڕووحی بێت. ئەو کە تێپەڕی، لەنەکاو ڕەحیم کەردارم بینی. قاپەکەی لە بن باڵی ناوە. سەری تاشراو، تەوێڵی درێژ و پەخە، سمێڵی زەرد و دووکەڵاوییە؛ چونکو دوای کوشتنی ڕیزوان بە سەرەسەبیلەکەی، لە زیندان ڕووی کردۆتە سیغار کێشان. بانگی دەکەم. ڕادەوەستێ و سەیرێکی دەوروبەری خۆی دەکات، جارێکی دیکەش بانگی دەکەم.
ـ مەشەدی ڕەحیم… منم…
هێشتا بە تەواوی ناویم نەگوتووە کە پاسەوان دێت، قۆڵی دەگرێت و ڕایدەتڵەکێنێ؛
ـ بکەوە ڕێ، مەوەستە!
پاشان بەرەو من هات و بە ڕوویەکی خۆش وەک گلەیی پێیگوتم:
ـ خۆ پێمگوتبووی نابێ دەگەڵ کەس قسە بکەی.
دیسانیش کولانەی هەواخۆریی بنمیچ تاریک دادێ و تەنیا پانتۆڵی شینی پاسەوان و قۆنداغی تفەنگەکەی دیارە.
سەرم بە دەربیجەی دەرگاوە دەنێم و سەیری بەندییەکان دەکەم کە دەچن خواردن وەردەگرن و دەگەڕێنەوە. ژمارەیەک لە بەندییەکان ناسیاو وێدەچن. لەو شارەی ئێمە ئێوارەیەک لە خەیابانی پەهەلەوی پیاسە بکەی هەموو خەڵکی شار دەبینی.
ڕەحیم کەردار لە گەڕانەوەدا لەپێش بەندی تاکەکەسی ڕادەوەستێ. پاسەوانەکە دوورە. دەنگی دەدەم؛
ـ مەشەدی ڕەحیم… منم
سەرگەردانە
ـ منم.. خالیدم…، لە تاکەکەسیم
سەیرم دەکات، چاوەکانی غەمبارن. دەنگی لە گوێمدا دەزرینگێتەوە؛
ـ ئاگات لێیە خالید لەو ئاخری عومرە دا؟ … دەبینی؟
سەری سوڕماوە. لێوەکانی دەلەرزن، هێشتا هیچی نەوتووە، پاسەوانەکە دەگاتێ؛
ـ لا ئیلاهە ئیللا … باوکە مەوەستە…بکەوە ڕێ.
ڕەحیم کەردار سەر دادەخات و دووردەکەوێتەوە.
من لە سووچی ژووری تاکەکەسیم دادەنیشم، ئێستا دەنگی زیندانییەکان بڕاوە. دەنگی داخستنی دەرگاکان دێت و ڕاڕەوەکە پڕ دەبێتەوە لە بێدەنگی. ئەژنۆکانم لە باوەش دەگرم، چەناگەم دەخەمە سەر ئەژنۆکانم و دەچم دەپاڵ خۆمەوە، ڕابردوو بەپەلە هرووژم دێنێ، دەنگی ڕیزوان لە سەرووی هەموو دەنگەکانی ترە؛
ـ چ بکەم خوشکێ؟ … لەپای سەری بێوەژن هەزار قسەی پووچ و بەتاڵ هەڵدەبەستن..
ڕیزوان زۆر قایم و متمانە بەخۆ قسە دەکات و قسەکانی ڕە دڵ دەکەون.
ـ هات لە خشتەی بردم، هەر گوتی و گوتییەوە و کڕووزایەوە کە دوو مناڵی سەغیری هەیە، بێدایک ماونەوە…
قژ و بسکی دەدرەوشێنەوە، چاوی ڕشتوون، پڕن لە کل و دەرمان.
ـ بەزەییم بەو تیفلانە داهات، دەنا خۆ بۆخۆی دووکەڵی لێهەڵناستێ.
ڕوومەتەکانی سووراو لێداون، نێوە نێوە چرچ و لۆچی دەکەوێتە تەوێڵی
ـ چیتان لێوەشارم، خۆ تازە لە منیش هەر گوزەراوە.
ئێستا ژنانی گەڕەکێ سرت و خورتیانە؛
ـ ئەو دیلبیلانە ڕەقاسەیەکە مەگین خودا بزانێ، مەشەدی ڕەحیم لەسەر پەنجان دەگێڕێ.
خەجیج مەمکی لەزاری کۆرپە زەرد هڵگەڕاوەکەی دەنێ و دەڵێت:
ـ خوشکێ ئەوە دەڵێن چی، ئەوە هەر نەبێ ئێستا دەی بەخۆی فێر کردووە.
ڕوقیا هاوکات کە پەنجەیەکی دە کونە لووتی ڕاکردووە و دەیکۆڵێ دەڵێت:
ـ ئاخر بڵێ پیرەپیاو! سەری پیری و کڵاوی قورمساغی…
دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا بەرگوێم دەکەوێ. مەشەدی ڕەحیم هاوارێ دەکات؛
ـ ئافرەت، لە خودا شەرم بکە!
مام بەندەر قۆڵی مەشەدی ڕەحیم دەگرێت؛
ـ مەشەدی وەرە با بڕۆین پیاسەیەک بکەین.
ڕیزوان دەپاڕێتەوە، ئارەقە لەسەر تەوێڵ و ڕوومەتە ساف و لووسەکانی نیشتووە. سەنەم سەمایە دەکات. ئاوی ناو مەنجەڵەکە وەکوڵهاتووە، قوڵتان دەدات. دەمارەکانی ملی مەشەدی ڕەحیم گرژ بوون. گوێم لە دەنگی نییە، دەنگی زوڕنا وەسەر هەموو دەنگێک کەوتووە. ڕەحیم کەردار سەبیلەکەی لە حەوادا دەسووڕێنێ. سەری سەبیلە دادێتە خوارێ و لاجانگی ڕیزوان دەپێکێ. دەموچاوێکی پان، گۆشتن و خوێن تێگەڕاو دەربیجەی سەر دەرگای ژوورەکەم پڕ دەکات؛
ـ ئەمڕۆ هاتووە؟
کاتژمێر چوارە. پاسەوان جێ دەگۆڕن. دەنگی پاسەوانە سەرتاسەکە دەناسمەوە دەڵێ:
ـ بەڵێ… ئەمڕۆ هاتووە… مافی ملاقاتی نییە.
دڵم گیراوە. ئەگەر دەگەڵ ڕەحیم کەردار قسەم کردبایە، دەحەسامەوە.
پاسەوانەکە لەبەر دەرگا واوەدەچێ. سەیری کولانەی سەر سەرم دەکەم،دەمەو ئێوارەیە. خەمی دنیا لەسەر دڵم قورسایی دەکات. دەزانم ئێستا دراوسێکان پێش ژوورەکانیان ماشتووە، ئاوپرژێنیان کردووە و ڕایانخستووە. ئێستا خاجە تۆفیق لەبەر مەقڵییەکە هەڵترووشکاوە و بەحەوسەلە ڕەژووەکان باوەشێن دەکات. ئێستا دایکم ئەژنۆکانی گرتوونە باوەش و بێحەوسەلەیە. بیرم بۆ لای چاوڕەش دەچێت، حەزدەکەم یەک بەخۆم هاوار بکەم و بڵێم؛ خۆشم دەوێ. هەستم لە دەرگا ئاسنەکە بدەم و دنیا تێبگەیەنم کە چاوڕەشم خۆش دەوێ. وا دیارە خەریکم وڕێنە دەکەم
بە دەنگە دەنگی منەوە پاسەوان دێتە بەر دەرگا و دەپرسێ،
ـ کارت هەبوو؟
هەوەڵێ دەڵێم:
ـ نا
پاشان پێش ئەوەی دوور بکەوێتەوە دەڵێم:
ـ دەبێ بچمە ئاودەستان.
دەڕوات و بە دەستە کلیلەوە دەگەڕێتەوە.
ـ هەر پێنج خولەکت وەخت هەیە.
پاسەوانێکی ڕەشئەسمەر هاوڕێیم دەکات. ناسیاو وێدەچێ. ئەگەر هەڵەم نەکرد بێ، گەمێوان بووە. قسەی دەگەڵدا دەکەم. بە زاراوەی عەرەبی قسان دەکات. دەنگی غەریب نییە. دەبێ خۆی بێ، هەر ئەوە بێ کە من بیرم بۆی دەچێ. لێیدەپرسم. بە گەروو تاڵی دەڵێ؛ بۆ قسەی خۆڕایی دەکەی. بەرەو ئاودەستەکان کە لە کۆتایی بەند دایە، دەڕۆین. لە پشت تێلدڕوەکانی سەر لێواری بانی، پاسەوانێک تفەنگ بەدەست لە هاموشۆ دایە. بەندییەکان لێرە و لەوێ لە دەوری یەک کۆبوونەوە و قسان دەکەن. ژمارەیان سەد کەسێک دەبێ. چەند پەرەمێزێک کەترییان لەسەرە ئاو دەکوڵێنن. هەڵبەت دەبێ بۆ چا خواردنەوە بێ. چەند عەلادینیش قابڵەمەیان لەسەرە. پیاوێکی تەمەن مامناوەندی لەسەر سەکۆی نزیک ئاودەستەکان ئەژنۆی لەباوەش گرتووە و بەردەوام سەیری ئاسمان دەکات.
لە ئاودەستان دێمە دەرێ. ئازای بەدەنم ژان دەکات بە زەحمەت بەڕێگادا دەڕۆم. هێواش هەنگاو هەڵدەگرم و بەوردی سەیری دەروبەری زیندان دەکەم. ژوورەکان هەموو کەوتوونە لایەک و تێکڕایان پەنجەرەیان بەسەر حەسارێدا دەڕوانێ. دەیانژمێرم. یازدە ژوورن. پێمخۆشە بچم لە نزیکەوە بیان بینم. پاسەوانەکە دەنگم دەدات؛
ـ بجووڵێوە!
ڕادەوەستم.
ـ ناتوانم بڕۆم.
ـ بۆ مەگەر لاقت شکاوە؟
نەخێر… بەڵام پشتم هەلا هەلایە.
هێندێک لە زیندانییەکان سەیرم دەکەن و چاوم دەگەڵ دەگێڕن. هەوای ڕاڕەوەکە شێدار و گەرمە. لەپشت دەربیجەی هێندێک لە ژوورە تاکەکەسییەکانەوە دوو چاو دەگەڵم دەگەڕێن.
لەپێش چاوەکەی خۆم دەستێک نوێنوبان دەبینم. مافوورەکە دەناسمەوە.
گوێم لە دەنگێک دەبێ؛
ئەتۆ خالیدی؟
سەر وەردەگێڕم. یەکی پانی قەڵەوی داڕێژراوە. هەرکام لە باسکەکانی دەڵێی بابۆڵەن. چاو گرژ و مۆن دەڵێ:
ـ خۆت بخورێنە!
تێناگەم دەبێ چی بکەم، پێم دەڵێ:
ـ پێخەف و جێگەوبانم بۆ هێناوی. دوو تمەن دەکات.
کەلێن و قوژبنی گیرفانم دەپشکنم؛ دووتمەنی لەبەری دەست دەنێم. پێخەف و ڕایەخەکە لە بنهەنگڵم دەنێم و دەیبەمە ناو بەندی تاکە کەسی خۆم.
لە تانوپۆ و هەر گرێیەکی مافوورەکەدا بۆنی باوکم و بۆنی تووتنی باوکم ماڵی کردووە. بڵاوی دەکەمەوە، سەرینەکە دادەنێم و پاڵدەکەوم، بۆن بە مافوورەکەوە دەکەم کوڵی گریان دامدەگرێ. دەمەوێت بگریم، ڕوخسارم لە سەرینەکەدا دەشارمەوە و بۆنی پێوەدەکەم. سەرینی دایکمە، چاوم ئاڵوڵێڵ دەبێ، قوڕگم دەگیرێ. هەرگیز هێندەم هەست بە تەنیایی و لاوازی نەکردووە. دەڵێی پرچی دایکم بەسەر سەرینەکەدا پەرێشانە و باوکم لەسەر مافوورەکە دانیشتووە و جگەرە هەڵدەبەستێ. دەنگی غەمباری باوکم لە گوێمدایە؛
ـ ئاسنگەری باوی نەماوە و بازاڕی کەسادە. ئێستا ئیتر تەنانەت بزمار و گوڵمیخیش لە هەندەران ڕا دێنن.
سەرینەکە لەژێر سەرم ئەمدیو ئەودیو دەکەم، بۆنی پێوەدەکەم. بۆنی دایکم هەڵدەمیسم. بەگلەییەوە دەگەڵم دەدوێ؛
ـ تۆ هێشتا گەنجی کوڕم… پێویستە بیر لە ژیان بکەیتەوە.
دەمووچاوی خۆم لە سەرینەکەدا نوقم دەکەم. لەنەکاو شتێکی رەق هەست پێدەکەم هەڵدەستم، دادەنیشم و سەرینەکە لەسەر کۆشم دادەنێم و دەیپشکنم. شتێک وەک قوتوو شەمچە دەکەوێتە بەردەستم. چەند تەقەڵی سەرینەکە هەڵدەوەشێنم و دەستمی تێڕادەکەم و قوتووەکە دەهێنمە دەرێ. وەک دوعا دەچێت. لە پەڕۆیەکی سەوزەوە پێچراوە، دروومانەکە هەڵدەوەشێنم و دووعاکە دەردەهێنم. دەسخەتی میرزا نەسروڵلایە. لە مسک و گوڵاویان گرتووە. ماومەوە نازانم چی لێبکەم. دەمهەوێ بیدڕێنم کەچی چاوەکانی باوکم بە گازندەوە مۆڕەم لێدەکەن و زەینم دادەگرن. دەستم شل دەبن و دادەکەون. دوعاکە دەپێچمەوە و لە سەرینەکەی ڕۆدەکەمەوە. ئەگەر خێری نەبێ زیانیشی نابێ. خوا دەزانێ دایکم چەند پاڕاوەتەوە تا میرزا نەسروڵڵا ئەم دوعایەی بۆ نووسیوە. دەنگێکی تووڕە و تۆسن دەمهێنێتەوە سەرەخۆ؛
ـ سەری بتاشن
ـ بەچاوان جەناب سەروان
دەرگا دەکرێتەوە، ئەفسەری کێشک دێتە ژوورەوە و دەڵێ:
ـ هەستە سەرپێ بزانم!
هەڵدەستم.
ـ وەرە دەرێ!
لە چاوەکەم دێمە دەرێ.
سەروان سەر بە هەموو چاوە تاکە کەسییەکاندا دەکات و پاشان دەچێتە بەندی گشتی. منیش دەگەڵ پاسەوانەکە دەڕۆم. لە ناوەڕاست ڕاڕەوەکەدا کورسییەک دانراوە. پاسەوانەکە ئاماژە دەکات کە لەسەر کورسییەکە دابنیشم. بانگی عەلی سەلـمانی دەکات.
پیاوێکی لە نێوەوەچوو لەلای چیشتخانەڕا دێ. وەک ژنی دووگیان گەڵاوگەڵ دەڕوات.
ـ وەرە سەری ئەمە بتاشە.
بە خاوە خاو دەڕوات و دەگەڕێتەوە. ماشێنێکی ژەنگاوی سێ سیفری بەدەستەوە. هەموو جارێ موویەکانم تێیدا گیر دەکەن و دەیکێشێتەوە. ئاوم لە چاوی دێنێ. لەشم ئارەقەی کردووە و برینەکانم دەزوورێنەوە.
وەگیانی هێنام هەتا خڵاسـیم هات. هەموو گیانم تووکە. لە ژوورێم دەکەنەوە و دەرگام لەسەر دادەخەن. دادەنیشم، کراسەکەم دادەکەنم و ڕایدەوەشێنم. حەزدەکەم بخەوم، بەڵام گڵۆپی بن میچ خەوزڕێنە.
***
نازانم چ کاتێکی ڕۆژە؟ ئاسمان لە ڕۆچنەی میلرێژکراوی بنمیچەوە، شین و ساماڵ دیارە. گڵۆپی بنمیچ کوژاوەتەوە. زۆر تامەزرۆی لیوانێک چام. هەر چەند دەزانم ئەم پاسەوانە ڕووتاڵ و ناشیرینە، بانگی دەکەم؛
ـ سەرکار دەکرێ پیاڵەیەک چاییم بۆ لە قاوەخانە وەربگری؟
ـ جارێ دانیشە، قوونەوە دە!
قسە ڕەقیشە، هێندێک کەس خاوەنی تێکڕای خوو و خدەی نالەبارن.
دەمم تاڵە، بەناچاری قوونەوە دەدەم و ئەژنۆکانم دەگرمە باوەش. هەموو بیرەوەری و بۆنێک ،هەموو وشەیەک ئازارم دەدات. دڵم تەنگە.
بانوو ڕووت و قووت لەبەر چاومە. مەمکەکانی وەک مەمکی دێڵە سەگێک کە تازە تووڵەکانی شیر دابێت، بەسەر یەکدا کەوتوون، دەستم دەگرێ و دەپاڕێتەوە؛
ـ ئەوجارەش …هەر ئەمجارە…
باوکم لەسەر بەڕماڵە، بەدەنگی بەرز تەسبیحاتێ دەکات.
سوبحانەڵڵا و ئەڵحەمدولیلاو لائیلاهە ئیڵەڵا و ئەڵڵاهو ئەکبەر
دەنگی دەملاوێنێتەوە. باوکم دەچەمێتەوە و سوجدە دەبات. ژنی ڕەحیم کەردار لەسەر پشت کەوتووە و ئاخرین دەمەساتەکانی ژیانی تێپەڕ دەکات. ڕەحیم کەردار دەستەوەستانە، داخدار و پەرێشان دەڵێ:
ئێستا قوڕی کوێ بکەم بە سەرما؟
خاجە تۆفیق دەڵێ:
ـ لائیلاهە ئیڵەڵڵا
دووکەڵی تریاکەکەی خاجە تۆفیق بەرچاوم تاریک دەکات. غوڵام کوڕی پوورە ڕەعنا دەپرسێت:
ـ پوورێ گیان، مامە حەدداد پووڵی نەناردووە؟
بلوور خانم خێرایەک کراسە خەوە مەڵمەلەکەی دادەکەنێ و فڕێدەداتە گۆشەیەک و زگی بە زگمەوە دەنێ. چاوڕەش بە چاوەکانی لۆمەم دەکات، ڕادەچڵەکێم. بۆنی خورمای تازە پێگەیو لووتم پڕدەکات. بۆساردی ماسی، فێنکایی ئاوی کاروونم دەخاتەوە بیر. دەنگی پندار لە گوێمدا دەزرینگێتەوە؛
ـ تۆ بۆت نییە کەست خۆش بوێ… بۆت نییە…بۆت نــــ
لێوم لەسەر لێوی چاوڕەشە و هەست بە بەختەوەری دەکەم. دایکم دەپاڕێتەوە؛
ـ چیتان لە کوڕەکەی من دەوێ؟
چاوڕەش سەری لەسەر سینگم داناوە، بۆن بە قژییەوە دەکەم و سوکناییم دێتێ. دەنگی قاقا و پێکەنینی عەلی شەیتان دەکەوێتە بەرگوێم، دەڵێ:
ـ نەمدەزانی دەمڕووتێک لەو خوارانەی شاری بتوانێ کچێکی….
بلوور خانمم لە باوەش دایە هەڵیدەپشێوم، ئارەقەمان کردووە. دەنگی ئەماناغا دێت:
ـ ڕاکە کوڕم قەننەیەک بەرە بۆ ئەو مێزە. دەی یاڵا کوڕم..
غوڵامعەلیخان سمێڵە قەیتانییەکانی دەلەرێتەوە؛
ـ دایک قەحبە، شووشەی پەنجەرەی ماڵی من دەشکێنی؟
نارەناری دایکم وەبیر هێنەرەوەی بیرەوەری تاڵن؛
“ئەگەر دەمزانی ڕۆژگار وا تاڵە
تریاکم دەخوارد لە جیاتی شیری”
ڕوخساری ڕەحیم کەردار هاتۆتە سەر پەردەی خەیاڵم؛
ـ دەبینی خالید؟ دەبینی لەم ئاخری عومرەی تووشی…
ڕیزوان سەنەمی داوەتە دواوە و سەمایە دەکات. چارشێوەکەی فڕێداوە، سەر و زولفی پەرێشان کردووە، دەستی لە حەودا بادەدات و مەیدانی قۆڕغ کردووە. دەنگی زوڕنا لەسەرە. ڕەحیم کەردار هاواری لێ بڵیند دەبێ. ڕەگی ملی لێ ئەستوور بووە. ڕیزوان قاقا پێدەکەنێ و سەمایە دەکات. سەردەمی گەنجی هاتۆتەوە بیر، لە گوڕە و دەڵێی کچی تازە پێگەیشتووە، ئارەقە لە سەروگەردنی دەتکێ. چێشتکەر پێدەکەنێ و ددانە زێڕەکانی دەدرەوشێن. پەنجەی هەڕەشەی حاجی شێخ علی لە پێش چاوم دێن و دەچن. دەڵێی نووکی خەنجەرم لە لەش ڕادەکەن. دەستێک لە قوڕگی حاجی شێخ علی قایم دەبێ و بە دوو قامکان ڕێکی دەگوشێ. ئەو دەستانە دەناسمەوە. دەستی دایکمن. ڕوومەتی سوورفلی حاجی شێخ علی شین هەڵدەگەڕێ. دەنگی جاڵجاڵۆکە دێت:
ـ خالید ئەو ئیستکانانە کۆ بکەوە.
ـ هۆی کوڕە چایەکی دیشلەمە بێنە.
بۆ دەنگەکە سەر وەردەگێڕم تا بزانم کێیە. یەکی دیکە هۆم لێدەکات؛
ـ هۆی کوڕە دەگەڵ تۆمە
دەنگەکان تێکەڵ و پێکەڵن. تێکداوێن.
ـ هۆی!
ـ ئەرێ چ بوو؟
ـ ئەدی…
دەنگی دەرگای ئاسنی چاوەکەم دێ. پاسەوانە بەدگوزەکە بە لەبزێکی ناشیرین دەڵێ
ـ هۆی دەگەڵ تۆمە؛
بە مست لە دەرگا ئاسنەکە دەدات؛
ـ کوڕە دەگەڵ تۆمە، ئەوە هۆشت لە کوێیە؟
هەڵدەستمە سەر پێ. پاسەوان ناوچاوانی تاڵە؛
ـ کوڕە ئەتۆ کەڕی؟
وەڵامی نادەمەوە.
ـ کوا پووڵ، با چاییت بۆ بێنن.
بە دەربیجەکەدا دوو دانە دووتمەنی وێدەدەم. دووچاو وەک دوو پۆلووی ئاگر لێم دەڕوانن. هەر ئەو کەسەیە کە پێخەفەکانی بۆ هێنابووم
هەتا ئەو بە چادانێک چا، ئیستکان و ژێرپیاڵە، لەتکە نانێکی بەیات و چوار کڵۆ قەندەوە بگەڕێتەوە، منیش پەتوو و جێگەوبانەکەم کۆ دەکەمەوە.
دادەنیشم پاڵ وە سەرینەکە دەدەم. چای یەکەم دەخۆمەوە. چادانەکە بچووکە هەر سێ ئیستکانی چا تێدەبێ. قەپاڵێک لە نانەکە دەدەم، بەزۆریش لە گەرووم ناچێتە خوار. چادانە بەتاڵ دەبێ. لاقم درێژ دەکەم و چاو لە دەوروبەرم دەگێڕم. دەبینم سەر دیوارەکان شتیان لەسەر نووسراوە. نازانم چۆنە تا ئێستا نەمدیتوون. نووسراوەکان بە نینۆک یان دەنکە شەقارتە هەڵکەندراون. دەستێک بەسەر دیواردا دێنم. دەڵێی گێچی مردووە. نووسراوەکان تێکەڵن و کەوتوونە سەریەک. هێندێکیان ناخوێندرێنەوە. زۆربەی نووسراوەکان جنێوی چێودارانەن کە حەواڵەی ژن و دایک و خوشکی سەرۆکی زیندان کراون. لەم جنێوانەدا کەس و کاری داواکاری گشتی و کاربەدەستانی دادگاش بێبەش نەکراون. چەند دڵی بریندار و تیرپێکراو تەنیا نیشانەی دەربڕینی خۆشەویستی و عیشقن. وێنەی ژنێک بە پاشکۆ و بەروسمتێک بە گەورەیی بەرداشێک ئەمەی لە ژێر نووسراوە
“دڵی جوانان بێبەر لە وەفایە
چار هەر، لێنیشتنە و جێهێشتنە”
لە خوێندنەوەی هێندێک لە نووسراوەکان شەرم دامدەگرێ، بەڵام دەیانخوێنمەوە تا سەرقاڵ بم و ئاگام لە دەردی تەنیایی و بێکەسی خۆم ببڕێ.
دەنگی هەنگاوەکانی ڕاوێچکەی پاسەوان کە ئەوسەر ئەوسەری ڕاڕەوەکە دەپێوێ، دەستی پێکردۆتەوە. لەنەکاو کردنەوەی دەرگای بەند لە ڕاڕەوەکەدا دەنگ دەداتەوە. ئەوسا نەعرەتەی یەکێک کە کەسوکاری ئەفسەر و پاسەوانەکان بە جنێو و قسەی سووک باربوو دەکات، بەرز دەبێتەوە. بە کونی دەرگادا چاو لێدەکەم، یەکی زەلامی فیلەتەن هاوار دەکات. بە چەن پاسەوان تێیهاڵاوان، سواری سەر و کۆڵی بوون، بەڵام دەروەستی نایەن. سەروگوێلاکی خوێناوییە، خۆ ڕادەپسکێنێ، کراسەکەی بەری تا سەر نێوکی دادڕاوە و خوێناوییە.
پاسەوانی کێشک بانگ دەکەم، بە هێندم ناگرێ، بەسەرسەنگی و چڕوناوچاوانی گرژەوە دەڵێ:
ـ بڵێ، دەڵێی چی؟
لێیدەپرسم،
ـ ئەوە چێتی سەرکار، بۆ وا دەکات؟
بە گرژی وەڵام دەداتەوە؛
ـ دایک قەحبە دیسان بەندی گشتی شڵەژاندووە.
کابرای فیلەتەن، چاو پڕ لە خوێن، پێی چەقاندووە و وەک کۆڵەکە وەستاوە. هەر باسکەی دوو پاسەوان خۆی پێهەڵواسیوە و دووپاسەوانیش پاڵی پێوە دەنێن و ڕای دەکێشن.
پاسەوانەکان هەتا توانیان لە ڕاڕەوەکە بیبەنە دەرێ، هەراسیان پێهەڵگیرا. دەرگای لە پشت سەری دادەخەن و دەنگ دەبڕێ. کابرای کورتەباڵا دێت چادان و ئیستکانەکە بەرێتەوە، سەیری چاوەکانی ناکەم. لێیدەپرسم،
ـ ئەو پیاوە کێ بوو؟
نەرمە کۆخەیەک دەکات و دەڵێ:
ـ سادق بود… سادق کوردە
دەمهەوێ ناوی خۆشی بزانم. لێیدەپرسم
ـ ئەدی بۆخۆت ناوت چییە؟
بە ڕووخۆشی و دەم بە پێکەنین دەڵێ:
ـ ناسر… چووکەتان ناسر ئەبەدی
چادان و ئیستکانەکە دەبا و دەڕوات، هەمدیسان ڕاڕەوەکە نوقمی بێدەنگی دەبێتەوە. تەنیا دەنگی هەنگاوەکانی پاسەوانی نۆبەدار دێت و وەک کوتک مێشکی مرۆڤ دەکوتێ. تەک و تەنیا لە سووچی ژوورە تاکەکەسییەکەمدا دەستەملانی خەیاڵ و سەربوردەی خۆم دەبمەوە. خۆر لە کڵاوڕۆژنەوە خۆی بەژوورێدا کردووە و لەسەر دیوار، لاکێشەیەکی نەخشاندووە. سێبەری تفەنگی سەرشانی پاسەوانی سەربان، و سەرنێزەکەی بە نێوان میلەکانی کڵاوڕۆژنەکەدا کەوتۆتە ناو لاکێشەکە و بەڕوونی دیارن.
هەوا بەرەبەرە دێ گەرم دەبێت، کراسەکەم دادەکەنم. ئارەقەی سەر شان و پێلـم بە کراسەکە ئیشک دەکەمەوە. لەنەکاو دەرگای ژوورەکەم کراوە.
ـ بگرە
قاپێکی مسییە. قاپەکە وەردەگرم. دەرگا دادەخرێتەوە. لەم نیوەڕۆیەوە منیش جیرەم هەیە. دەبێ کاتی وەرگرتنی خواردن ئەوەندە خۆ بگنخێنم تا مەشەدی ڕەحیم ببینم.
قاپەکە لە سووچێکی ژوورەکەم دادەنێم. لەسەر سەرینەکە دادەنیشم و سەیری سێبەری سەرنێزەکە دەکەم و نوقمی بیر و خەیاڵان دەبمەوە.
***
غوڵامی پوورە ڕەعنا لە ڕاڕەوی دادگایە چاوەڕوانە. سمێڵی بریقەیان دێ و کڵاوەکەی لاجەولاج لە سەری ناوە. هەرکە دەمبینێ بەهەڵەداو بۆلام دێت. لەو پەلە و هەلەیەدا خۆ بە ژنێک دادەدات و شان لە شانی پیرەپیاوێک دەکوتێ، کە هاواریان لێ بڵیند دەبێ.
کە دەمگاتێ، لە ئامێزم دەگرێ و زۆر لە دڵەوە ماچم دەکات، تا ئێستا نەبووە غوڵام هێندە بە موحیببەت بێ. پاسەوانە چاوەدێرەکانم هیچ ڕێگری لە قسەکردنمان ناکەن، وێدەچێ حورمەتی جلوبەرگە ئەرتەشییەکەی بگرن. سمێڵی هەر وەک سمێڵی جەناب سەروانی ئاشنای ئافاق، بۆ سەرێ باداوە و قیتی کردۆتەوە. دەگەڵ پاسەوانەکان وەڕێ دەکەوین، غوڵامیش پێبەپێمان دێت و یەکبین ئامۆژگاریم دەکات و شتم فێردەکات. چەنەوەڕی دەکات، لەبیری ئەوەدام بەچەشنێک دەمکوتی بکەم، خوڵاو ڕاستان دایکم دەگاتێ. بەپەلە بە نێو حەشیمەتەکەدا بۆلام دێ. چارشێوەکەی لە دوای دەخشێ و چەند تاڵە موویەک لە قژی کەوتوونە سەر ڕوخساری. هەموو خەڵک سەیرمان دەکات. دایکم سوور هەڵگەڕاوە و خوناوەی بە دموچاوێوە دیارن. چۆن گەیشتۆتە ئێرە و دەبێ کێ پێیگوتبێ؟ هەڵبەت دەزانم شەو و ڕۆژ لە فکرمدا بووە و ویستوویەتی بزانێ چیم لێبەسەرهاتووە. دایکم لە ئامێزم دەگرێ، پەنجەکانی دەکەونە سەر برینەکانی پشتم. دەکولێنەوە، بەڵام خۆڕادەگرم و هیچ وەڕووی خۆم ناهێنم تا بە هیچ نەزانێ. یەکبین ماچم دەکات و دەست بە سەرم دادێنێ. بۆن و بەرامەی دایکم هەست بزوێنە، خەریکە کوڵی گریان زەفەرم پێبەرێ. بۆیە هیچ ناڵێم، دەترسێم دەگەڵ یەکەم وشە دەست بە گریان بکەم. پاسەوانەکان حەول دەدەن دەستەکانی دایکم وەلابەرن، بەڵام باشاری ناکەن. غوڵام پاسەوانەکان دەکێشێتە لایەک و پێملیان دەکات لێگەرێن دەگەڵ دایکم قسە بکەین. ئێستا دایکم لەبەر گریان قسەی بۆ نایە. کە چاوی بە کەلەبچەی دەستم کەوت هێندەی دیکەش تێکچوو. لەسەر نیمکەتی پێش وەتاغی بازپورس دادەنیشم. ڕاڕەوەکانی دادگا ئەوەندە قەرەباڵغن، سەد ڕەحمەت بە مەیدانی جەڵەبفرۆشان. ڕەزا دەڵاڵ بەنێو حەشیمەتەکەدا دەگەڕێ کەسێک لە داو بخات. لە قاوەخانەی ئەماناغاوە ڕەزا دەڵاڵ دەناسم، دەیانگوت؛ ئەگەر پیاو کاری بکەوێتە دادگا و تووشی ئەو ڕەزا دەڵاڵە بێ، توێخێکی لێدەکاتەوە و بە نێوی ئەوە کە دەستی دەڕوات، قۆڵبڕی دەکات. نە هیچی لە دەست دێ و نە تازە دەستیشت وە هیچ ڕادەگات.
دایکم وا کەلێنبڕ شانی وە شانم داوە کە ترپەی دڵی دەبیسم. سەری لەسەر شانم داناوە باسکی لە قەدم هاڵاندووە. پاسەوانەکان لەسەر سەرمان ڕاوەستاون. کەلەبچەکە لە دەستم دەکەنەوە. کوڕەکەی پوورە ڕەعنا خەریکە باسی کلاس و دەورەی گوربانی خۆی بۆ پاسەوانەکان دەکات. لە نێو حەشیمەتەکەوە چاوی ڕەزا دەڵاڵ دەمەنگێوێ. دەنگی لەگوێمدا دەزرینگێتەوە؛
ـ جەوان! قەننەیەک بێنە!
ـ بە سەرچاو ئاغا ڕەزا.
ـ تازە لاو بۆ ناچی دەرس بخوێنی؟
ـ ئاغا ڕەزا، دەمهەوێ کلاسی شەوانە دەست پێبکەم.
لێو بەبزە بۆ لای من دێت. هەڵبەت ناسیومێیەوە کە لە قاوەخانەی ئەماناغا خزمەتم کردووە. ورگی هاتۆتە پێش. قایشەکەی لەژێر لەگەنی و لەسەر نەرمانی سمتی بەستووە. ئاهێکی ماوە قۆبچەی کراسەکەی لێک بترازێن.
ـ چۆنی جەوان؟
ـ لە سایەی ئێوە، سپاس.
تەسبیح هەڵدەسووڕێنێ و قسان دەکات؛
ـ شەڕت کردووە؟
ـ شتێکی وا
ـ دوو بەندی قامکی لە لووتی ڕاکردووە، دەیکۆڵێ و قسان دەکات؛
ـ ئەگەر گرفتێکت بۆ هاتە پێش دەنگ بکە. خاڵە ڕەزات لێرەیە.
دایکم بەتەمایە سفرەی دڵی بۆ بکاتەوە، بەڵام لە فریای دێم و دەڵێم:
ـ نا ئاغا رەزا هیچ گرفت نییە.
بە چاوەکانی مەزەندەمان دەکات و دەڵێ:
ـ دەزانی کە لێرە هەمووی لە دەست مندا وەک مێو و ڕۆن وان.
دایکم قسە دەکات. قسە کە نا، هەنیسکان دەدات،
ـ یانی ئێوە کارێکتان لە دەست دێ…
ڕەزا دەڵاڵ قامکی لە لووتی دردەکێشێ و قسە بە دایکم دەبڕێ و ڕوو بە من دەڵێ؛
ـ پەروەندەکەت لەلای شوعبەی سێیە؟
دایکم دەپرسێ
ـ شوعبەی سێ؟
ڕەزا دەڵاڵ هەر بە هەمان قامکی کە لە کونە لووتی دەریکێشا بوو ئیشارە بەم ژوورە کە وا لە پێشی دانیشتووین دەکات و دەڵێ:
ـ ئەو شوعبەیە دەڵێم
و ئینجا وەسەری کرد؛
ـ ئەگەر پەروەندەکە لە شوعبەی سێ بێ، غەمتان نەبێ. کورتی ببڕمەوە بازپورس وەک مێو لە دەستی خاڵە ڕەزات دایە… دیارە لێت ناشارمەوە ئەوە لەبەر ئەماناغایە، دەنا…
بانگم دەکەن. بەر لەوەی بچمە ژوور، دایکم حاڵی دەکەم کە زۆر گوێچکە و بایخ بە قسەی ڕەزا دەڵاڵ نەدات؛
ـ دایە ئەگەر قەرار بێ کاری من ڕاپەڕێ بە دەست ئاغا ڕەزا ڕاناپەڕێ.
جەنگەی نیوەرۆیەکاتێک لە ژووری لێپرسینەوە هاتمە دەرێ، ئەماناغا و بلوور خانم هاتبوون، ڕەزا دەڵاڵ بۆی دەرچووبوو. دادگا چۆل بووە. هێشتا کەلەبچە نەکراومەوە، بیدار لە دوورەوە دێ لە ئامێزم دەگرێ و ماچم دەکات. پاسەوانەکان نەکاوگیر بوون. دەست لە ناو دەستم دەنێ، چاک و چۆنی دەکات و کوتە کاغەزێکی پێچراوەم لە مستی دەنێ. پاسەوانەکان بیدار دەکێشنە دواوە. دەستی قووچاوم بۆ کەلەبچە لێدان ڕادەگرم. بیدار خواحافیزی دەکات . کاتی ڕۆیشتن چاوێک دادەگرێ و دەڵێ:
ـ هیچ نییە… زوو بەسەر دەچێ.
لە دادگا وەدەر دەکەوین. هەموو شار هەتا چاو هەتەر دەکات لە پاوانی خۆر دایە. دڵم دەکرێتەوە. بە ئیشتیا چاو دەگێڕم. دەڵێی زۆر ساڵە ئەم ڕیزە دار و درەختەی پێش دادگایەم نەبینیوە. ئەماناغا سمێڵی پاسەوانەکانی چەور کردووە کە ئیزن بدەن نانی نیوەڕۆیە بەیەکەوە بخۆین پاشان بمگێڕنەوە بۆ بەندیخانە. سواری تەکسی دەبین. چاو دەگێڕم و سەیری قەڵبەزەی ئاوی کاروون دەکەم و گوێشم داوەتە قسان. جەمیلە نەخۆشە، قورگی هاتووە و گوێڕەپەیەتی. بیری دەکەم. دوڕگەیەکی بچووکی سەرسەوز لە ناو کارووندا دیارە. دەسخەتی باوکم هاتووە، تاسەی بینینی بەژانە. ئاسمان ساماڵە. دراوسێکان بۆت ناڕەحەتن و نیگەرانن. کوڕەکەی پوورە ڕەعنا با لەبن باڵی دەکات و دەڵێ:
ـ بە سەرگوربان دەڵێم؛ کارێکت بۆ بکات.
گاڵتەم پێیدێتێ. هەر چی دایکم دەپرسێ و دەمکۆڵێ، باسی ئەشکەنجە و فەلاکەتی کە لە شارەوانی بەسەریان هێناوم، ناکەم. دەزانم ئەگەر ئەوە ببیسێت لە جێوە دەبوورێتەوە.
ئەماناغا دەڵێ:
ـ حەول دەدەم بە زەمانەت ئازادت بکەن.
شۆفیر تەکسییەکە دەپرسێ،
ـ چەقۆت کێشاوە؟
پێدەکەنم و دەڵێم:
ـ نا برالە، چووبوومە مزگەوت بۆ نوێژکردن.
کابرا واقی وڕماوە، دەپرسێ؛
ـ چی، نوێژ کردن؟
ئەماناغا لە پڕمەی پێکەنین دەدات. کاکی شۆفیر ناوچاوانی تێکدەنێ. دەگەینە گۆڕەپانی گەورەی شار، لە پێش کەبابخانەیەک دادەبەزین. پاسەوانەکان کەلەبچەکەی دەستم دەکەنەوە. کاغەزەکە لە گیرفانم ڕادەکەم. تێکڕا لە دەوری مێزێک دادەنیشین. پاسەوانەکانیش دادەنیشن. وا دانیشتووم گۆڕەپانم لێ دیارە. ئەماناغا بە تەنیشت منەوە دانیشتووە و سەد تمەنێکم لە گیرفانی ڕادەکات. لە سەیرکردنی شار و چیمەنی دەوروبەری گۆڕەپانەکە چێژ وەردەگرم، وەک وەی کە ساڵانێکی زۆر بێ نەمدیتبێ. تا چوارڕێیانێ چاوم بڕ دەکات. لەوێوە تا ماڵە چاوڕەش هەر سەد میترێک دەبێ. هێندە سەیری چوارڕێیانی دەکەم هەتا بلوور خانم وەدەنگ دێ و دەڵێ:
ـ خالید ئەوە هێندە سەیری کوێ دەکەی؟
ـ خەیابان و مەیدانی شاری… دەڵێی عومرێکە ئەوانەم نەبینیوە،
ئەوەم گوت و دایکم دەستی بە گریان کرد و فرمێسکی داگەڕانە خوارێ.
ـ دایە بۆیە وام نەگوت تۆ بگری، هەروا هات.
بلوور خانم دایکم دەلاوێنێتەوە، کوڕەکەی پوورە ڕەعنا مۆڕەم لێدەکات و پاشان پاروویەکی گەورە دەزاری داخنێ.
پاسەوانەکان کەوتوونەتە پەلە؛
ـ بۆ ئێمە لێپێچانەوەی هەیە… خێرابن، دەستو بردێ بکەن.
تا لە قاوەخانەی تەنیشت ڕا چایمان بۆ بێنن، دەگەڵ یەک لە پاسەوانەکان دەچمە ئاودەستان. لە ئاودەستدا کاغەزەکە لە گیرفانم دەردێنم. بەئارەقەی دەستم جەوهەرەکە شڵەژاوە و نووسراوەکە شێواوە. دەیخوێنمەوە قەراری پێوەندییە.
ـ بە چاوت ڕا دیارە هی ئەو دەڤەرە نی، ڕوخساریشت وێناچێ،
ـ بە پێچەوانە، هی وێم،
ـ کەواتە دەبێ زۆرت ماسی سەبورە[20] پێخۆش بێ.
ـ ماسی بن ئێی[21] کاروونم پێخۆشترە.
***
دەمی تاوپەڕانە. پاشنیوەڕۆ کە لە دادگاڕا گەڕامەوە پێخەف و پیاڵە مسەکەم دەست دایە و گواستمەوە ژووری چوار. کاتژمێر دەوروبەری پێنجی پاش نیوەڕۆیە، هێندێک خەریکن وڵات گەسک دەدەن، ژمارەیەک ئاوپڕژێنیان کردووە و خەریکن وڵات فەڕش بکەن. چەند کەسێک دوو دوو، پیاسە دەکەن و دەور دەدەنەوە، بیری قەرار و ڕەمزی چاوپێکەوتن هەموو زەینمی داگرتووە. هەرکەس بەپێشمدا تێدەپەڕێ لاموایە دێت و ڕستەی نهێنی دەڵێت و منیش دەبێ وریا بم و وەڵامی بدەمەوە. جارێ تا ئێستا مراودەم دەگەڵ کەس نەبووە. دەمێک لەمەوبەر قاپەکەم برد، جیرەی خۆم وەرگرت و هێنام لەبن سەرم دامناوە. سێ دانە پەتاتەیە، هەرکام تۆزیک لە پشکەڵ گەورەترن. خەریکە تاقەت و حەوسەلەم بەسەردەچێ. پاسەوانی لێواری بانی، یەخەی کراسەکەی کردۆتەوە، کڵاوەکەی تا ئەوەندی دەکرێ هەڵکێشاوەتە سەرێ و تفەنگ لەسەر شان، بێواز دێت و دەگەڕێتەوە، جارێ بۆم نامۆیە و دەگەڵی ڕانەهاتووم. بێکار و بێبار لە ناچاری ڕیزی بەردەکانی دیوار دەژمێرم. بیست و نۆ ڕێزە بەردە. کات وەستاوە، تێناپەڕێ. پاسەوانی کێشک پاڵی وەدیوار داوە، باتوومەکەی لە دەستیدا هەڵدەسووڕێنێ، وا هەست دەکەم سەیری من دەکات. دەنگی کەسێک دەبیسم؛
ـ ئەتۆ ئەمڕۆ هاتووی؟
سەر وەردەگێڕم. کوڕێکی باڵا مامناوەندییە و سەر و ڕووخۆشە. دڵە خورپەمە. دێت لەپەنام دادەنیشێ. چاوەڕوانم پێم بڵێ: “بە چاوت ڕا دیارە هی ئەو دەڤەرە نی،” . جارێکی دیکەش دەپرسێ،
ـ ئەمڕۆ هاتووی؟
لێو بە بزە وەڵامی دەدەمەوە؛
ـ بەڵێ ئەمڕۆ هاتووم
ـ تاوانت چییە؟
ـ نازانم
ـ بیستوومە دەڵێن، بێسووچ و تاوان ئینسانت کوشتووە.
تێکدەچم. وا دیارە ئەوە ئەو کەسە نییە کە قەرارە پێوەندیم پێوە بگرێ.
ـ ناوت چییە
ناوی خۆمی پێ دەڵێم و ناوی ئەو دەپرسم،
ـ غوڵام… پێم دەڵێن غوڵام پیاوکوژ.
دەپرسێ،
ـ سیغارت پێیە؟
ـ نا… سیغارکێش نیم.
هەڵدەستێتە پێ و بە بۆڵەوە دەڵێت:
ـ بەڵام مرۆڤ لە سجن فێر دەبێ.
دەڕوات و جێم دێڵێت.
لەسەر سەکۆی چیمەنتۆی نزیک ئاودەستان دانیشتووم. لە بەندی سێم.
دەبێت بە زووترین کات دەگەڵ خەڵک و دار و دیواری ئێرەش ڕابێم. دەبێ دۆست و یۆڵداش پەیدا بکەم کە بتوانم قسەیان دەگەڵدا بکەم. پیاوێکی باڵابەرز بە لامدا تێدەپەڕێ. دەستێک بە سەر و ڕدێنی ماش و برینجییدا دێنێ و لێم دەڕوانێ. دیسان دەکەومە دڵەخورپە، بڵێی ئەوە هەو بێ؟ دەرگای بەند دەکرێتەوە، ناسر ئەبەدی بە لەنجەیەکی تایبەت دێتە ژوورێ. دەرگای پشت سەری دادەخرێتەوە. ناسر ئەبەدی کورتەباڵا و قوڵەچۆماغە. چاوی کە بەمن کەوت لێو بەبزە بۆلام هات.
ـ وادیارە مزڵی تازەیان داوێی و هاتوویە بەشی گشتی؟
لە تەنیشتم دادەنیشێت و دەستی دەخاتە سەر شانم. دەستی قورسە. دیسان دەپرسێتەوە،
ـ بۆ غەریبییە دەکەی؟
بزەیەکم دێتێ و دەڵێم:
ـ نەخێر… غەریبی ناکەم.
ـ لە کام ژووری؟
ـ چوار
ـ باشە منیش لە ژووری ژمارە دەم
ژوورەکان بە تەنیشت یەکەوە هەڵکەوتوون. هیچ ژوورێکیش لە دە کەس کەمتری تێدا نییە. دەرگای ژوورەکان بەسەر داڵانێکدا دەکرێتەوە و پەنجەرەشیان بە ڕووی حەسارێ دایە.
ـ هەستە با قەدەمێک لێ بدەین.
هەڵدەستم دەگەڵ ناسر ئەبەدی دەکەومە پیاسە کردن؛
ـ ئەگەر مروڤ لە زینداندا ڕۆژانە دوو سێ کاتژمێر بەپێ نەڕوات، دەئاوساوێ و پان دەبێت.
هەنگاوەکانم دەژمێرم، حەوشەکە نەوەد هەنگاوە. درێژە بە قسان دەدات؛
ـ ئەگەر زۆری بیر لێبکەیەوە و لەبیران ڕابچی، کڵۆڵ دەبی و لە ناو دەچی. زیندانی دەبێ بڕێک بێعار بێ.
تاو خەریکە لە گوێسوانی بانی زیندان ئاوا دەبێت. ناسر ئەبەدی دەڵێ:
ـ دە شتێک بڵێ
لێیدەپرسم،
ـ چەند وەختە لە زیندانی؟
بێ دەربەستی و بێتەفاوت دەڵێ:
ـ لە پێش مناڵێکی دابنێی، پێی قایل نابێ.
لە قسەکەی تێناگەم. پێدەکەنێ و دەڵێت:
ـ دوازدە ساڵ و سێ مانگە،
وڕمام و پرسیم،
ـ دوازدە ساڵ؟!
قاقایەک لێدەدات و چاوەکانی پڕ دەبن لە ئاو؛ دەڵێت:
ـ نەمگوت، لە پێش مناڵێکی دابنێی، قایل نابێ.
کوڕێکی لەسەر دڵان وێدەچێ. چاوەکانی مرۆڤ دەڕەوێنێتەوە بەڵام کوڕێکی گەرموگوڕ و گفت و لفت خۆشە.
لێیدەپرسم،
ـ چۆنە دەتوانی بچیتە هەر شوێنێک و هەموو بەشەکان؟
قوڕگی ساف دەکات، نەرم لە سینگی خۆی دەدات و دەڵێ:
ـ من لە حەوت دەوڵەتان ئازادم و سەرقفڵی زیندانم لەسەر تاپۆ کراوە.
چەند جارێک ئەوسەر و ئەوسەری حەسارێ دەچین و دەگەڕێینەوە. هەر دێت و زۆرتر ناسر ئەبەدیم وەبەر دڵ دەکەوێ. ڕەحیم کەردارم بەزەین داهات. لێم پرسی کە دەی ناسێ یان نا. چاوی لە چاوم کرد و گوتی:
ـ ئەوەی ژنەکەی خۆی کوشتوە؟
ـ ئا .. ئا خۆیەتی
ـ لە بەندی چوارە
قۆڵی دەگرم، .ڕەق، دەڵێی بەردە. ئەحواڵی ڕەحیم کەردار دەپرسم.
ـ ناسیاوییت دەگەڵی هەیە؟
ـ دراوسێ بووین.
ناوچاوانی تێکدەنێ،
ـ زۆری پێڕادەبوێرن. ئەزیەتی دەکەن.
دڵتەنگ دەبم؛
ـ ئەزیەتی دەکەن،… کێ؟
ـ بەندییەکانی دیکە،… دەست بۆ قوونی دەبەن.
دڵم ژان دەکات، گریانم دێت. دەنگی لە گوێمدا دەلەرێتەوە کە دەیگوت:
ـ ئاگات لێیە خالید. ئاخری عومر و بەسەری پیری تووشی چ بووم؟
پیر و کەنەفت، چاو پڕ لە ئەسرین، سمێڵی زەرد. بێتاقەت…
ئاگات لێیە خالید..؟
قۆڵی ناسر ئەبەدیم هەروا لە دەست دایە ، دەپرسم،
ـ ئاخر بۆ؟
وایە، لە زیندان ئەگەر کورتت هێنا و دیوارت نەوی بوو هەموو کەس لێی وەسەر دەکەوێ و ژیانت لێدەکەنە جەهننەم.
بەرەبەرە تاریک دادێ. دیوارەکانی زیندان لەسەر دڵم و بوونم قورستر هەست پێدەکەم. لە ناسر ئەبەدی جیا دەبمەوە.
دەچمەوە لەسەر سەکۆکە دادەنیشم. پیرەپیاوێکی پشت کووڕ و چەماوە لەبەردەم دیواری خشتی ئاودەستان وەستاوە و بە دەنکە شەقارتەیەک هێڵی کێشراو بەسەر دیواردا دەژمێرێ. سەیری دەکەم و ئەویش زەردەخەنەیەک دەکات. دوو ددانی پێشەوەی کەوتوون. دەڵێ:
ـ هەفتا و سێ ڕۆژ گوزەراوە.
دەنگی کردنەوەی دەرگای بەند دێت سەر وەردەگێڕم. پۆلیسێکی باڵا مامناوەندی دێتە ناوەوە. یەکی گەنج و ڕەشئەسمەرە. کێشکی ناو بەند گۆڕدرا. پاسەوانە سیغارێک دادەگیرسێنێ و بە ناو بەنددا دەگەڕێ. لە پێشدا سەر بە هەموو ژوورەکاندا دەکات و ئینجا دێتە حەوشەی بەند. لە کۆمەڵێک زیندانی کە بەیەکەوە خەریکی چای خواردنەوەن، تێدەپەڕێ و دەگاتە من. لە ڕووبەڕووم ڕادەوەستێ، باتوومەکەی لە دەستیدا دێنێ و دەبا. تیشکاوێژەکان لە چوار سووچی زیندانەوە هەڵدەبن و وڵات ڕووناک دەکەن. پاسەوانە مژێک لە سیغارەکەی دەدات، دووکەڵەکەی دەردەدات و یاری پێ دەکات. هێدی دەپرسێ،
ـ تازە هاتووی؟
بێ واز وەڵامی دەدەمەوە،
ـ بەڵێ
ـ ناوت چییە؟
مەیلی قسانم نییە و نامهەوێ وەڵامی بدەومەوە، سیغارەکەی فڕێدەدات و بەپێ دەیکوژێنێتەوە و دەڵێ:
ـ پرسیم ناوت چییە؟
لە بن لێومەوە دەڵێم:
ـ خالید
بزەیەکی هاتێ، هیچ وەبەر دڵم نەکەوت. دێتە پێشتر و لەسەر سەرم ڕادەوەستێ. هەڵدەستم بڕۆم. دێتە سەر ڕێم. دەمهەوێ لێی لادەم و بەجێی بێڵم. دەڵێ:
ـ بە چاوت ڕا دیارە هی ئەو دەڤەرە نی، ڕوخساریشت وێناچێ.
لەناکاو ڕاچڵەکام، ڕەنگێکم هێنا و برد. لە وەڵامدانەوەدا دەنگم دەلەرزێ؛
ـ بەپێچەوانە هی وێم؛
ـ کەواتە دەبێ زۆرت ماسی سەبورە پێخۆش بێ.
ـ ماسی بن ئێی کاروونم پێخۆشترە.
بەشی پێنج
لە دادگای سەرەتایی حوکمی سێ ساڵ زیندانیان بو بڕیمەوە. سێ ساڵ! خۆی تەمەنێکە، کە تا ئێستا تەنیا دوو مانگ و نۆزدە ڕۆژیم تێپەڕ کردووە.
یەغدانی ناسر ئەبەدی، بۆ من حوکمی کتێبخانەی هەیە. وەکی بۆخۆی دەڵێت کەس بۆی نییە و ناوێرێ توخوونی بێ و سەری پێدا بگرێ. هەموو حیسابی لێدەکێشن و لێی دەترسێن. هەڵە نەبم سۆسەی کردووە کە پاسەوانە ڕەشئەسمەرەکە کتێبم بۆ دێنێ، بۆیە حەز دەکات و بەتەمایە خۆی فێری خوێندن بکات. پێی دەڵێم:
ـ ئەتۆ کە ئەبەدیی و دەبێ هەتاهەتایە لە زیندان بمێنێوە. دەرس خوێندن…
دێتە نێو قسەکانم و دەڵێ:
ـ کێ دەزانێ دنیا چی بەسەر دێ و چ دەقەومێ. هاتوو لێبووردنی گشتی درا یان، داشکاندن… لەلایەکی دیکەشەوە خوێندەواری لە زینداندا زۆر پێویستە چونکو ئەو کات ئیتر بۆ خوێندنەوەی دوو خەت نامە پێویست ناکات دەم لەبەر هەرکەس و ناکەسێک خوار بکەیتەوە.
قەبووڵ دەکەم کە دەرسی پێ بڵێم.
ـ باشە ناسر… بەڵام دەبێ بەڵێنیم پێبدەی بەهەر چەشنێک بێ وابکەی ڕەحیم کەردار ڕاگوێزنە بەندی سێ.
ـ بەسەر چاو
لە ژووری ژمارە چوار ڕا بارم کردووە و چوومە ژووری ناسر ئەبەدی و بووینە هاوکاسە. “قازی” و “بیلال” یش هەر لەوێن.
ـ جەوان ئەگەر خواردنی زیندان بخۆی، زۆری پێناچێ سەقەت دەبی.
ـ ئەدی دەبێ چ بکەین؟
ـ پارە دادەنێین و شتومەک لە ناپۆلیۆن دەکڕین و دەستێک لە خواردنی زیندان وەردەدەین تا تام و بۆنێک بگرێ و بۆ خواردن ببێت.
ناپۆلیۆن حوکمی ئەبەدی هەیە. وردەفرۆش و بەقاڵی بەندی سێیە. چەند قەڵەم خواردەمەنی، هێندێک کاغەز، پاکەت، تەمر دێنێ و جاروبار شیرە و تریاکیش بۆ کەسی خۆی دابین دەکات.
دەگەڵ ناسر ئەبەدی، قازی و بیلال هاوخەرجین. من قاپەکان دەشۆم. بیلال جلوبەرگ دەشوات. قازی خواردن دروست دەکات. ناسر ئەبەدی دەست لە ڕەش و سپی نادات، دێتە سەر حازر و بزری.
ـ ئاخر ناسر گیان خۆ ئاوا نابێ، ئەتۆش شتێکی بکە.
قوت دەبێ، گەروی ساف دەکات و سینگ دەداتە پێشێ و دەڵێ:
ـ من ئاگام لێتانە و لەپشتتانم.
ناحەقی نییە. کەس نییە لەو زیندانە لە ئاست ئەودا زمانی بگەڕێ و بڵێ لەل. سەرۆکی زیندان، ئەفسەر و پاسەوانەکان تێکڕا قسەی ناسر ئەبەدی بە هێند وەردەگرن.
هەر کات تووڕە بێ و بیهەوێ، دەتوانێ لەسەر پاکەتێک سیغار، سەلکێک پیواز، تەماتەیەک، بەند بشێوێنێ. بڵێی یەک و دوو چەقۆکەی دەردەکێشێ و دەیکاتە وەیشوومە و ئاژاوەیەکی بەربەرین. سەروسەکوتی ناسر هەمووی جێی نووکە چەقۆ و کۆنە برینە.
مانگی دووهەمی پاییزە، گەرما دامرکاوە و بێئازار بووە. بە ڕۆژ تا ڕادەیەک گەرم دەبێ، بەڵام ئەزێت ناکات. هەور گەواڵ گەواڵ بە ئاسمانەوە دیارە، هەوا شێدارە. ئێوارە کە داهات تەواوێک فێنک دەبێ و شەوانەش ساردە.
دایکم هاتۆتە ملاقاتم. جەمیلەی دەگەڵە، هەروەها پوورە ڕەعنا، بلوور خانم و لەیلای کچی مەلا ئەحمەدیش. لەیلا بێشاردنەوە و ئاشکرا تێمڕاماوە و سەیرم دەکات. پێم سەیرە، چۆنە و بۆ هاتۆتە ملاقاتم. لە سایەی باسک و باهۆی ناسر ئەبەدییەوە ڕوخسەتی چاوپێکەوتنی تایبەتیم هەیە. دەرگای ئاسنی بەرانبەرم دەکرێتەوە، بە داڵانی سەرداپۆشراودا دەچمە ژوورێکی گەورەی تایبەت کە بە تەنیشت پاسدارخانەوە هەڵکەوتووە. دایکم ئامبازم دەبێ و لەباوەشم دەگرێ، نە یەک و نە دوو، بەردەوام ماچم دەکات. دەگەڵ هەڵمژینی بۆن و بەرامەی دایکم غەم دامدەگرێ.
لەیلا خەریکە بە چاوان بمخوات. پوورە ڕەعنا دەڵێی ئاشی ئاورێ، یەکبین قسە دەکات. جەمیلە ماتە و کوڵی گریان هەڵیگرتووە، ماچی دەکەم و دەست بەسەر سەری دادێنم و دەیلاوێنمەوە. وەکی جاران بەدەماغ نییە. باوکم لە کوەیتەوە نەگەڕاوەتەوە. دایکم دەڵێ:
ـ نووسیوێتی شەوی جێژنە دێتەوە.
لێیدەپرسم،
ـ دەزانێ کە من لە زیندان دام؟
دایکم بە کوڵی گریانەوە دەڵێ:
ـ چۆن دەتوانم بۆی بنووسم.
بلوور خانم بێدەنگە، هیچ ناڵێ و تەنیا سەیرم دەکات. لێو بەبزە و ڕووی خۆشەوە سەیری دەکەم. لەیلا وەدەنگ دێ و دەڵێ:
ـ جێگە و ڕێگەت ڕاحەتە؟
بلوور خانم پاکەتێکی گەورەی گوڵەبەڕۆژەی ژاپۆنی بۆ هێناوم. پوورە ڕەعنا پێنج تمەنێک قەددەکات و لەبەری دەستمی دەنێ. قسە و ئاکاری غوڵامم دێتەوە بیر کە دەیگوت:
ـ … “پێی دەڵێم ئاخر سەرکار گوربان چۆن بیر دەکەیەوە؟ .. من هێندە پارەیەم نییە سەرکار… تازە ئەگەر بتوانم بە قەرزوقۆڵە قوتوویەک بویاغ بۆ پۆتینەکانی خۆم بکڕم شەقولقەمەرم کردووە.”
دەنگی پوورە ڕەعنا لە غوڵامم هەڵدەبڕێ:
ـ شایانی نییە کوڕم؛
و پەنجەکانم وێک دێنێ؛
ـ خەجاڵەت خۆم کوڕم… لەوە زۆرتر دەستم ناڕوات.
پاسەوانی چاوەدێر لەسەر سەرمان ڕاوەستاوە سیغار دەکێشێ و گوێی بۆ قسەکانمان ڕاگرتووە. دایکم ئەحواڵی ڕەحیم کەردار دەپرسێ. پێی دەڵێم:
لە بەندی چوارە… نایبینم
بلوور خانم دەڵێت کە بە چەقۆ لە برایمیان داوە.
ـ لە نەخۆشخانەیە. ئێستا ئەوە سێ ڕۆژە. دەڵێن باسکی و سینگی هەڵدڕاون. خوڵا ڕوحمی پێبکات هێندەی گایەکی سەربڕاو، خوێنی لەبەر ڕۆیشتووە.
دایکم بەردەوام قسان دەکات. باسی هەموو کەس و جێیەک دەکات. پوورە ڕەعنا لە خواردن و خەوم دەپرسێ. دایکم باسی بەسەر چوونی ڕۆژگار لە زیندانم لێدەپرسێ و دەیهەوێ بزانێ لە زینداندا یوڵداشی کێم و دەگەڵ کێ تێکەڵاوم. ئەننەهوو سەد ساڵە یەکترمان نەبینیوە و بەیەکەوە قسەمان نەکردووە. پاسەوانی چاوەدێر وەدەنگ دێ و دەڵێ:
ـ خالید دەست و بردێ بکەن .. کاتتان بەرەو تەواوبوون دەچێت.
چەند خێرا تێپەڕ بوو، هەر هێندەی چرکە ساتێک، خولەکێک. هەمدیسان دایکم دەست لە ملانم دەبێ و ماچم دەکات. لێک جیادەبینەوە. فرمێسک لە چاومدا قەتیس ماون، پێش چاوم لێڵە.
لە ژوورەکە وەدەردەکەوین، پێش میلەکانی زیندان غەوغایە. ژن و پیاو پاڵپەستۆی یەکتر دەدەن. هاوار و قیژەی ژنان تێکەڵ بەیەک بووە. مناڵ لەناو ئەو حەشیمەتەدا وەبەر پێیان دەکەون و رێک دەگوشرێن. ئەفسەری کێشک لە پشت مێزێک دانیشتووە و ناو و نیشانی ملاقاتچییان دەنووسێ. دوو پاسەوان و دوو ژن تێکڕای ملاقاتچییان دەپشکنن. دەنگ تێکداوێن؛
ـ هۆی دایکە وەرە ئێرە.
تەنانەت نێوگەڵ و پزووی شەڵوارەکانیشیان دەپشکنن.
ـ هۆی دەگەڵ تۆمە .. ئەوە چییە بەدەستتەوە؟
ـ قابڵەمەیەک پڵاوە؛
بە کەچکێک پڵاوی ناو قابڵەمەکە سەروژێر دەکەن.
یەک لە پاسەوانەکان دەبۆڵێنێ؛
ـ ئاخر پیاو چۆن دەتوانێ هەموو شوێنێک بپشکنێ؟ ئەوانە لە کونی قوونیاندا شیرە و تریاک دەشارنەوە.
پاسەوانێکی دیکە هاواری لێ بڵیند دەبێ و پێش بە گەنجێکی دەیلاغ دەگرێ؛
ـ ئەوە بۆ کوێ دەچی؟
ئەو بەستەیە چی تێدایە؟
ـ شتێک نییە سەرکار.. خەیارچەمبەرە.
پاسەوانە بەستەکە دەکاتەوە، بە نووکی چەقۆ خەیارچەمبەرەکە ورد ورد دەکات و لە ناو یەکیاندا هێندەی گوومشکێک تریاک وەدەر دەکەوێ. پاسەوانە جومگەی کوڕە دەیلاغە دەگرێ…
بیلال لەپەنا پەرەمێزەکە هەڵتروشکاوە چای دەم بکات. لە کڵاوڕۆژنەوە باقەیەک خۆر خۆی بە ژوورێدا کردووە. ئەمڕۆ قازی لە چێشتلێنان مەعافە. نیسکپڵاو و کووکی پەتاتەمان هەیە. بیلال لەبەر خۆیەوە نارە ناری دێت. بیلال یەکی باریکی درێژە کە دایم دیزداشەی دەبەر دایە و چەفی لە سەری دەبەستێ. ڕدێنی ماش و برینجییە. لە دەرێ گەمێوان بووە و ئێستاش دەڵاڵی زیندانێیە.
ـ بیلال، دەتوانی شەڵوارێکی نیمداشتم بۆ پەیدا بکەی؟
ـ بەچاوان
ـ بیلال. دەتوانی ئەم سەعاتەم بۆ بفرۆشی؟
ـ باوکە کێ لە زیندان سەعات دەکڕێ.
نارەنارەکەی بیلال هەڵگری بیرەوەری ڕۆژگاری تاڵ و پڕ چەرمەسەرییە. سۆزی هەیە. نارەناری دەمباتە سەر لێوی کاروون و بۆ ساردی ماسیم دەخاتەوە بیر. کاروون ئارامە بەلەمی بیر و خەیاڵم نەرم و هێدی لەبەر تریفەی مانگە شەو بەسەر بەستێنی کارووندا دەڕوات. نارەنار بەردەوامە، هەڵگری غەمی هەموو گەمێوان و ماسیگرانی لێوی کاروونە. ئەو غەمە سینگ بە سینگ ڕۆیشتووە تا گەیوەتە من. من ئەم سۆزە ، ئەم غەمەم خۆشدەوێ. بیلال بەردەوامە؛
ـ بیلال! چۆن بوو بە سەوڵ لە پشت سەری نوسرەتت دا؟
ـ کەرێتی کوڕم… کەرێتی
پازدەساڵیان بۆ بڕیوەتەوە و تا ئێستا نۆ ساڵ و چەن مانگی تێپەڕ کردووە.
ـ بیلال! ئەگەر لە زیندان بچێ دەرێ، بە تەمای چی، چ دەکەی؟
پێدەکەنێ، ددانە درێژەکانی کە بنیان کرمێ بووە، دەردەکەون؛
ـ کاتێک بچمە دەرێ؟
هەناسەیەک هەڵدەکێشێ؛
ـ هەمدیسان، سەرلەنوێ…
ـ دیسانیـــ…
قسەکەم پێدەبڕێ
ـ ئادی کوڕی خۆم، سەرلەنوێ گەمێ و سەوڵ
بەگاڵتەوە پێی دەڵێم:
ـ هەڵبەت دیسان کێشەیەکی دیکە و پازدە ساڵی دیکەش زیندان.
قازی وەژوور دەکەوێ، وەک هەمیشە گوڕە گوڕێتی. ناوی قازی، زیندانییەکان بەسەریاندا بڕیوە چونکو وەک کتێب قانوونی گەڕۆک، وایە.
ـ هەفدە ساڵە سەروکارم دەگەڵ دادگوستەری و زیندانە. ئەگەر هەر ساڵەی دە دانە بەندی یاسا فێربووبم، لە قازی و داواکاری گشتی زۆرتر دەزانم.
قازی وردیلەیە، سمێڵێکی باریکی هەیە. هەمیشە دەڵێی بەجێ ماوە و پەلەیەتی، بە هەشتاو دێت و دەچێت. بیرتیژ و بەهۆشە. خووی بە زیندان گرتووە. بە دەرگادا وەدەری نێی بە پەنجەرەدا دێتەوە ژوورێ.
ـ لە دەرێ چ بکەم؟… کێ خەرجی من دەدات؟… خۆ کار نییە و تازە ئەگەر هەش بێ، ئەمن پیاوی کارێ نیم. لە زینداندا هیچ نەبێ پیازاو هەیە.
چەند لۆچێک دێنێتە چڕو ناوچاوەکانی و دەڵێت:
ـ سیغارە، ئەوە لێرە و لەوێ دابین دەبێ… و مەرگیش لە بن هەورانە.
قازی سەر دەخاتە سەر هەموو کەس
ـ قاتڵی؟ بەندی١٧٠، بێ یەک و دوو، ئیعدام
هێندێک جاریش بە فشە دەڵێ:
ـ ئەگەریش مەندیلی مەلا بدزی، بیکەی بە ژێردەرپێ، ئەوە بەپێی مادەی ١٢٧ جەزا دەدرێی. ئاخر مەلا و ئاخوند ئاسەواری مەزهەبین.
پاشان قاقا پێدەکەنێ دەستێک بە لووتی دادێنێ و دەڵێ:
مەندیلی ئاغا ئاسەواری مەزهەبییە، بەڵام قوونی ڕووتی تۆ کە دەبێ دایپۆشی چی؟
قازی دەچێ لەپەنا پەڕەمێزەکە هەڵدەتروشکێ و دەڵێ:
ـ دا چایەکی تێکە بزانم.
ڕاڕەو هەست و خوستی تێدا نییە، دەنگی پەڕەمێزەکە دێت و بەس. ناسر ئەبەدی دێ و لەسەر زیلۆکە پان دەبێتەوە؛
ـ هێشتا چایەکە دەمی نەهێناوە؟
دەنگی زەنگی نەهار بەندییەکان دەخاتە جووڵە
***
ئێستا دەتوانم چاوم بنووقێنم و بڵێم دیواری بەری ئاودەستان چەند ڕیزە و چەن خشتی تێدایە. لە کەلێن و کولێنی دیوار و بەینی خشتەکاندا چەند چۆلەکە هێلانەیان کردووە.
دەگەڵ غوڵام قاتڵ بەینم خۆش کردووە و وەبەر دڵم کەوتووە.
ـ پێمگوتی کە بنیادەم لە زیندان فێری سیغار کێشان دەبێ.
بە تەنیشتمەوە دادەنیشێ. تیشکهاوێژەکان بەند ڕووناک دەکەن. شەوانە ساردە و لە ژوورێ دەخەوین.
ـ سیغارێک بێنە، با بەبای کەین.
تەواو چێشتەخۆرە بووە. سیغارێکی دەدەمێ، دەگەشێتەوە. شەقارتەی بۆ هەڵدەکەم. بێ یەک و دوو دەست بە قسان دەکات؛
ـ دەزانی چییە خالید؟
مژێک لە سیغارەکەی دەدات و بە دەنگێکی دڵگیرەوە دەڵێ:
ـ من تازە ئەوە پێ دەنێمە بیست…
دەنگی لە ناخێکی خەمبارەوە دێت.
ـ کاتێک ئازاد دەبم سی و پێنج ساڵمە… ئیتر ئەودەم ژیان بە کەڵک نایە…
بە حەسرەتەوە قسە دەکات
ـ دەزانی خالید؟…
بێدەنگ دەبێ و هەمدیسان چاوەکانی دەدرەوشێن؛
ـ … من دەبێ هەر جۆرێک بێ هەڵێم… تەنانەت ئەگەر بکەومە بەر گوللەش
قۆڵی وەک بەرد ڕەقە، جلوبەرگی زیندان دەڵێی بە باڵای درواوە.
ـ هیچ ڕێ و شوێنێکت پێ شک دێ؟
سەیری دەکەم.
ـ مەبەستم، ڕێگا چارەیەک بۆ دەرباز بوونە، چۆن هەڵێم؟
پێدەکەنم.
ـ بەڕاستیمە
سەیری دیوارە بەرزەکانی زیندان دەکەم کە پاسەوانە ڕەشئەسمەرەکە دێتە ناو بەند. بە غوڵام دەڵێم،
ـ جارێ با بمێنێ بۆ دوایە.
هەڵدەستم بە جێی دێڵم و بەرەو پاسەوانە دەچم. کتێبی تازەی بۆ هێناوم. بەچاو ئاماژە دەکات، دەچێتە ئاودەستان و خێرا دێتەوە دەرێ. کتێبەکان لە ئاودەستان هەڵدەگرم و لەژێر کراسەکەمدا تاقەتیان دەکەم. لە قسەی پاسەوانەکە ڕا دەبێ لە دەرەوە شتهایەک لە ئارادا بێت. بازاڕ داخراوە. مەدرەسەکان تەعتیلن. ئیدارەجات نیوەچڵ کار دەکەن. دەڵێ:
ـ سەرۆکی دەوڵەت داوای دەسەڵاتی تەواو و بێلەمپەر دەکات.
دەشڵێ:
ـ ژمارەیەک لە تێلگرافخانە لە خواردن مانیان گرتووە
ئەو کێتبانەی خوێندوومنەوە لە یەغدانەکەی ناسر ئەبەدی دەردەهێنم و پاش تەواو بوونی کێشک وە پاسەوانە ڕەشئەسمەرەکەی دەدەم، کە بیانباتەوە.
پاسەوانە هەمدیسان بۆم باس دەکات؛
ـ ئەمڕۆ پاش نیوەڕۆیە لە گۆڕەپانی کۆتەڵ لەبەرژەوەندی دەوڵەتدا خۆپێشاندان هەبوو.
کە ئەمانە دەبیسم خۆزگە دەخوازم لە دەرێ بام و بیری چاوڕەش هەموو بوونم دادەگرێ. دڵم دەگیرێ.
دەچمەوە ژوورەکەی خۆم دادەنیشم ئەژنۆکانم دەگرمە باوەشم. غەم دامدەگرێ. مەلی خەیاڵ دەفڕێ. وا هەست دەکەم چاوڕەش بە تەنیشتمەوە دانیشتووە. دەنگی دەبیسم؛
ـ خۆشم دەوێی
کاروون لەپێش چاومە، بۆن و بەرامەی کەناری کاروون، چیمەن و بۆنی دارەبی و ئاکاسیا هەموو بوونم لە خۆیەوە دەپێچێ. دەبێ بە هەرچەشنێک بێ خەبەری پێ بدەم کە لە بەندیخانەم. دەبێ هەواڵێکی لێبزانم.
دەنگی گڕی بیلال دەمهێنێتەوە دنیای زیندان.
ـ خالید، ئەوە بۆ لووتت داژەنیوە؟
لینگ درێژ دەکەم و لەجێوە دەجووڵێمەوە و سەیری بیلال دەکەم. بە تۆبزی بزەیەک دێنمە سەر لێوان. “مەنووچە ڕەش” وەژوور دەکەوێ. گووی لە ناوچاوانی دەبارێ. بێ پرس و ڕا دەست دەکات بە قسەکردن؛
ـ خواردنی زیندان لە پێش سەگ دانێی نایخوات.
بیلال پێی پێدەکەنێ،
ـ هێندەش فوو لە دۆی مەکە.
مەنووچە ڕەش قوت دەبێ،
ـ کوڕە باوکم ئەوە دەڵێی چی. لەبرسان ئەوە سەقەت دەبم، بەڵام ناتوانم دەم بۆ ئەم خواردنە ببەم، بۆنی گووی لێ دێ.
بیلال پێدەکەنێ و شاگەشکە بووە. مەنووچ دەهری دەبێ. چاوی ڕاستی دەست دەکات بە ترووکان، دەڵێ:
ـ جا بۆ نا، حەقتە شایی دە قوونتدا بگەڕێ. خۆ تۆ منەتت بە خواردنی زیندان نییە تا بزانی چ گەندوگوویەکە.
مەنووچە ڕەش عەینی خەڵووزە بۆیە سپێنەی چاوی زۆر بەباشی دیارە. مووی سەری کورت و فڕە، دەڵێی بەرگنە. بیلال خەریکی پینەو پەڕۆیان دەبێ. سیغارێک دەدەم بە مەنووچ. غوڵام پیاوکوژ لە ڕاڕەودا بەدەنگی بەرز تێیهەڵدەکا. دەنگی غەمبارە؛
“کاسەی سەری من بەلەمێکە، خول دەدات،
لە دەریای فرمێسک و غەممدا “
بیلال و مەنووچ لە ژوورێدا بەجێ دەهێڵم و دەچمە دەرێ. حەساری زیندان وەک ڕۆژی ڕووناک وایە. دەست دەکەم بە پیاسەکردن. قەڕەوڵی شەو تفەنگ لە شان لە سەربان دێ و دەچێت. هەنگاوەکانی قورسن و هەموو جارێ دەڵێی پێ لەسەر دڵم دادەنێت. سەیری ئاسمان دەکەم، ئەستێرەکان چاو دەتروکێنن و لێم دەڕوانن. ئاخ بریا توانیبام باڵ بگرم و بفڕم، ئینجا هەتا ماڵی چاوڕەش گیر نەدەبووم.
ئێستا دەنگی نارە ناری خەفەتباری دایکم لە گوێمدایە. لەپەنا چراکە دانیشتووە ، ئەژنۆی لە باوەش گرتووە و گۆرانی دەڵێ. دەنگی زۆر لە دوورەوە دێت. دەڵێی کۆترێکی بریندارە باڵ لێدەدات و گوێچکەم پڕ دەکات؛
“کۆترە باریکە وا دوور کەوتووی لێم
دڵم وا پڕە لە پەژارەی تۆ…”
لەنەکاو “ئەسیسەرخۆش” قۆڵم دەگرێ. ڕاچەنیم.
ـ ترسای؟
بە دمیەوە پێدەکەنم.
ـ بۆ بەتەنیا پیاسە دەکەی؟
ـ دڵم زۆر تەنگە ئەسی.
ئەسیسەرخۆش ئاخێک دەکێشێ. قژی سەری زەردی کارەباییە. دەموچاوی سوور و خوێن تێگەڕاوە. وردیلەیە و بە دەستوبرد. هاوتاوانی مەنووچە ڕەشە. بەیەکەوە دەست دەکەین بە پیاسە کردن. ئەسی دەڵێ:
ـ مەنووچ گۆڕدراوە، زۆر ڕووترش و گرژ بووە.
گوێم بۆ ڕاگرتووە، درێژەی پێدەدات؛
ـ دوو ڕۆژە دمی لە خواردن نەداوە. پێمگوت ئەگەر ئەو ئەدا و ئەتوارانە دەربێنێ، کار و بارت بەڕێوە ناچن.
تاوانی ئەسی سەرخۆش و مەنووچە ڕەش دزینی ئوتومبێلە.
ئەسی دەڵێ:
ـ دوو ڕۆژە چەنەم چووە دەگەڵی بەڵام بە گوێیدا ناچێ.
وەقسە دێم؛
ـ مەنووچ ناحەقی نێ، خۆراکی زیندان بۆ خواردن نابێ.
ـ وەڵا ئەمنیش ئەوەی دەزانم، ئەوە خواردنی زیندانە؛ دوو دانە پەتاتەی کوڵاو، پیازاو ، نیسکپلاوێکی بێڕۆن کە بە گەروودا ناچێتە خوار، دوو پەنچکە نانی ڕەشی پڕ لە کەپەک، بە کەس ناخورێ، بەڵام چار چییە؟
ئینجا دەپرسێ؛
ـ سیغارت پێیە؟
سیغاری دەدەمێ. هەر دووکمان بێدەنگین، هیچمان هیچ ناڵێین. هەتا ئەوسەری بەند دەچین و دەگەڕێینەوە. جارێکی دیکەش. ئەسی قنچکە سیغارەکەی لەژێر پێیدا پاندەکاتەوە. دەرگای بەند دەکرێتەوە. ناسر ئەبەدی دێتە ژوور و دەستی ڕەحیم کەرداری بەدەستەوە. وزاقم دا بۆ لایان. مەشەدی ڕەحیم سیپاڵ و پێخەفەکەی لە بنهەنگڵی دایە. ناسر ئەبەدی دەم بە پێکەنینەوە دەڵێ:
ـ ئەوەش لەبەر دڵی تۆ.
مەشەدی ڕەحیم پێخەف و بوخچەکەی دادەنێ، ئامبازی یەکتر دەبین و یەکتر لە ئامێز دەگرین. هەموو لەشی بۆنی تووتنی سیغاری شنۆیە دەدات. لووتم پڕ دەبێت. وەک دنیایان دابێتمی وایە، زۆر دڵخۆشم. بارم سووک بوو و غەمم لە دڵ ڕەوینەوە. مەشەدی ڕەحیم نوێنوبانەکەی هەڵدەگرێ و دەچینە ژوورێ. لە تەنیشت یەک دادەنیشێن. قازی چای دەم دەکات. مەشەدی وشە و قسەی باوی مەجلیسان فێر بووە. دەنگی لەرز بووە، ڕوخساری ڕەش دەنوێنێ. زۆر پیر بووە.
ـ وەکیلەکەم وەکیلی سۆغرەیی بوو، وەکیلی سۆغرەییش یانی کەشک.
لێوەکانی قرتماخەیان بەستووە و قەڵشیون. سمێڵی تەواو زەرد بوون. چاوەکانی کز و بێڕەنگ، دەرپەڕیون. سیغارێک دادەگیرسێنێ. بە قورگی گیراو دەڵێ:
ـ لە دادگایە حوکمی ئیعدامم بۆ دەرچوو.
نرکەم لە دڵی دێ. دڵخۆشی دەدەمەوە.
ـ بۆ مەگەر شاری بێدەروازەیە، ئیعدامی چی؟
بەڵام لەپاڵ خۆمدا نیگەرانم. قازی ئیشتیای لە فشەیە؛
ـ قەتڵی بەئانقەست. بەندی ١٧٠، بێ یەک و دوو، ئیعدام…
نیگای پیری مەشەدی ڕەحیم دەچێتە سەر قازی. بیلال دەست دەکات بە قاقا لێدان. ناسر ئەبەدی سەرزەنشیان دەکات و توانجیان تێدەگرێ. بیلال پێکەنینەکەی دەبڕێتەوە. بیرم بۆ دوورە دەستان دەچێت ئەوکات کە؛
مەشەدی ڕەحیم هەڵترووشکاوە، خۆی لەبەر خۆرەتاو هەڵخستووە، سەبیلەکەی داگرتۆتەوە و سەیری سایەوانی وڵاغەکان دەکات. دەگەڵ مام بەندەر قسان دەکات. دان دەدەم بە کۆترەکانم و گوێم لێ هەڵخستوون؛
ـ پێم وانییە ئەم سایەوانە بەرگەی بارانێکی دیکە بگرێ.
ـ بەڵام ئەوە زستان بەرەو کۆتایی دەچێت.
مەشەدی ڕەحیم دەنگی دەلەرزێ. ئاوی زاری قووت دەدات و قسە دەکات؛
ـ دوو کاتژمێر قسان دەکەی بەڵام کەس نییە گوێ بداتە قسەکانت…
قازی چای تێدەکات، مەشەدی ڕەحیم بەردەوام دەبێ؛
ـ … ئاخریش وەرەقە کاغەزێکت لەپێش دادەنێن و دەڵێن پەنجەی پێوە بنێ.
چایەکە بۆ دمی دەبات، قومێکی لێدەدات و دەڵێ:
ـ ئاخر ئەگەر هێدی گوێ بۆ قسەکانت ڕانەگرن چۆن مەعلووم دەکات کێشەکە چ بووە. چۆن دیاری دەکات کە…
دەنگی مەلەز[22]ی ناسر ئەبەدی قسەکە بە مەشەدی دەبڕێ؛
ـ مامە ئەمن دەبینی؟…
بە بەری دەستی لە سینگی خۆی دەدات و دەڵێ:
ـ من ئینسانم کوشتووە و دەش بینی ئیعدام نەکراوم
ناسر ئەبەدی خوشکی خۆی کوشتووە. پاشنیوەڕۆیەک دەچێتەوە ماڵێ، دەبینێ دایکی پەرێشان و نیگەرانە. تێدەگات کە خوشکی سەرلەبەیانییەوە وەدەرکەوتووە و نەگەڕاوەتەوە. کۆڵان بە کۆڵانی شار بـەدوای دا دەگەڕێ، ئینجا شارەوشار بە سۆراغی خوشکیدا دەڕوات و سەرەنجام پاش یازدە مانگ لە “زوڵماوا” دەیدۆزێتەوە کە وا لەلای “ئەکرەمە ڕەش” مشتەرییان بەڕێ دەکات. بێ سوال و جواب چەقۆکەی دەردێنێ و ورگی خوشکی هەڵدەدڕێ و بەتاو دەچێتە شارەوانی و دەڵێت؛ جەناب سەروان ئەمن پارێزگاریم لە نامووسی خۆم کردووە و خوشکی خۆم کوشتووە. ناسر ئەبەدی چاییەکەی دە ژێرپیاڵەکەی دەکات، فوویەکی لێدەکات و دەڵێت:
ـ … ئادی مامە، خۆت ناڕەحەت مەکە، ورەت هەبێ و هیوا بەرمەدە.
لێوە ئیشکەکانی مەشەدی ڕەحیم دەجووڵێنەوە و بە دەنگێکی لەرز دەڵێت:
ـ من لە ئیعدام ناترسێم.. خۆ خۆشێکی وام لە ژیان نەبینیوە. ئەوە لە زیندان چوومە دەرێ چ بکەم؟
چاو لە چاوم دەکات؛
ـ دەزانی خالید… ئاوا زۆر خراپە
دمی پێکدا دەدات. بێدەنگ دەبێ. قنچکە سیغارەکەی دەکوژێنێتەوە و دەست پێدەکاتەوە؛
ـ … باش نییە لە پێش چاوی دۆست و بێگانە پەت بخەنە ملت و هەڵتکێشن… وەک کەلاکە مەڕی قەسابخانە هەڵتواسن. ئەوە زۆر ناخۆش و قێزەونە.
ئەژنۆکانی دەگرێتە باوەشی و هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێ. قازی بەپەلە وەقسە دێ؛
ـ مامە، لەخۆڕا خۆت ناڕەحەت مەکە.
بیلال، سەرلەنوێ چای بۆ مەشتی تێدەکاتەوە. مەشەدی چەنەی دەخاتە سەر ئەژنۆی و قسان دەکات، وەک دەگەڵ خۆی قسە بکات وایە.
ـ ئەوە ڕێوڕەسمێکی باش نییە. پیاو بەرن لەو بیابانە زیندە بەگۆڕی بکەن زۆر باشترە.
ناسر ئەبەدی بە دەنگێکی بەرز و تا ڕادەیەک تووڕەوە دەڵێت:
ـ مامە وادیارە خەیاڵاتی بووی. لەخۆڕا خۆت ئازار دەدەی.
پاسەوانە ڕەشئەسمەرەکە دێت لە ئاستانەی دەرگای ژوورەکەدا دەوەستێ، بەڵام هیچ ناڵێ. دەزانم دەبێ کتێبەکانی وێبدەم. ناسر ئەبەدی بە ڕووخۆشییەوە پێی دەڵێ:
ـ سەرکار فەرموو پیاڵەیەک چا بخۆوە
وابزانم ناسر حاڵییە. سەرکار چایەکەی دەخواتەوە و دەڕوات. دوابەدوای ئەو دەچم سەری یەغدانەکە هەڵدەدەمەوە، کتێبەکان هەڵگرم. ناسر دەڵێ:
ـ لەبەیانی ڕا دەبێ کلاسی دەرسی منیش دەست پێبکەی.
لە نێو خرتوپرتی ناو یەغدانەکەدا دەگەڕێم، کتێبەکان کە هەریەکەی بە ئەندازەی بەری دەستن، هەڵدەگرم و لەژێر کراسەکەمدا تاقەتیان دەکەم.
***
هەوا تەواوێک ساردی کردووە. خۆ لەبەر هەتاو هەڵخستنی بەیانییان خۆشە. دوای بەرچایی خواردن تێکڕا هەموو زیندانییەکان لە بندیوار و بەر خۆرەتاو خۆ هەڵدەخەن و دادەنیشین. دەبێتە گاڵتەوگەپ و سیغار کێشان. وانەی ناسر ئەبەدی باش دەچێتە پێش. مانگێکی دیکە وا شێلگیر کار بکات زۆر باش دەبێت. ئێستا وشەکان دەناسێتەوە. هێندە پێداگر و سوورە لەسەر فێربوون، باوەڕ ناکەی.
پەتوومان ڕاخستووە، دانیشتووین قاچمان لێ درێژ کردووە، خەریکە سەرما و نمی شەومان لە لەش دەردەچێت. دەمێکە مەشەدی ڕەحیم زۆر بێدەنگە. دادەنیشێ ئەژنۆی لەباوەش دەگرێ دەچێتە دنیای خۆی و چاوەکانی لە نادیار دەبڕێت. ئەگەر نەیدوێنی، لەبزی ناگەڕێ. ئەگەریش شتێکت لێپرسی وا بە کورتی و بە بێوازی وەڵامت دەداتەوە، لە پرسیارکردنەکەت پەژیوان دەبێوە.
مەشەدی ڕەحیم زگی هەڵمساوە. بۆخۆی دەڵێ، دەست و لاقیشی ئەستوور بوون. ملی هەر دێ و باریکتر دەبێ. هەر ناجووڵێتەوە و پیاسە ناکات.
ـ مەشەدی ڕەحیم دەبێ بجووڵێیەوە… هەستە بڕێک قەدەمان لێبدە.
چاوێکی وات لێدەکات لە قسەکەی خۆت پەشیمان دەبێوە.
ئەسکەندەر قەراغی ورکە نان دەجوێ، دەیکاتەوە هەویر و موجەسسەمە دروست دەکات. دەگەڵ ئەوەی کە کاتی خۆی پێ پڕ دەکاتەوە، ڕەنگیان دەکات و دەیان نێرێتە دەرێ بۆی بفرۆشن.
ـ ئەگەر ئەوەی نەکەم کێ خەرجی ماڵ و منداڵم دابین بکات. جارێ دەبێ یازدە مانگی دیکەش لەم کولانە سەگەدا بم. دەی جا کە وایە دەبێ نانێکیان بۆ پەیدا بکەم…
حوسێن ئاشی و ئەسی سەرخۆ خەریکن دامەی دەکەن. بیلال بە نێو بەندییەکاندا دەخولێتەوە و کاسبێ دەکات. مەنووچە ڕەش لەسەر سەکۆ چیمەنتۆکە دانیشتووە و دەگەڵ مێهدی سینگ چۆلەکە قسان دەکات. مەنووچ هەر بە دوو ڕۆژان جارێک نان دەخوات، تەواوێک لەڕ بووە. چاوی دەقووڵەوە چوون، سەرەگێژەی دەگرێ و جار هەیە تووشی لەرز دەبێ.
دەرگای بەند دەکرێتەوە. سەوەتە نان دیننە ناو بەند. دوو سەد و هەژدە نان بۆ سەد و نۆ نەفەر. هەرکام دوو نان وەک جیرەی شەو و ڕۆژێک وەردەگرێ.
عەلی لێو سیکەتۆرە دێت لە تەنیشتم دادەنیشێ، دەست درێژ دەکات و نیوەسیغارەکەی دەستم لێوەردەگرێ. یەک بـەدوای یەکدا چەن مژی لێدەدات و دووکەڵەکەی قووت دەدات. لێوە ئەستوورەکانی لەسەر یەک دەخزێن و دەڵێت:
ـ ئەو مەنووچە ڕەشەش ناحەقی نێ ها
نانەکە بە دوولایی کە دەڵێی خشتی ڕەشە، لە چۆکی دەدات و بەردەوام دەبێ،
ـ سەیری کە .. وەڵلا لە سەری فیلی بدەی، لە جێوە سەقەتی دەکات. ماڵتە دەڵێی بەردە.
قسەی مەنووچ لە دڵێ زۆران نیشتووە و زار بە زار بڵاو دەبێتەوە.
ـ ئەم بێنامووسانە خەریکن گۆشت سەگمان دەرخوارد دەدەن.
دەنگی ناڕەزایەتی هەر دێ و زۆرتر بڵاو دەبێتەوە.
ـ هەرچی گەند و گوویە دەرخواردمان دەدەن.
ـ ئاوی پیازاو ڕوون ڕوونە، لە باغچەی دەکەن ، کەس نایخوات.
پاسەوانی کێشکی ناو بەند پاڵی وەدیواری داوە، سیغار بە با دەکات و دەستی لەسەر باتوومە. چەند دانە کۆتر لە شەقەی باڵیان داوە و بەرز دەفڕن. ئاسمان ساماڵە. قازی لە ژوورێ دێتە دەرێ و دەنگی باوێشکی ڕێگا ڕۆژێک دەڕوات و بە مست لە سینگی خۆی دەدات. چەند کەسێک خەریکی قەدەم لێدانن. قازی بۆ لای من دێت؛
ـ هەستە با قەدەمان لێبدەین.
هەڵدەستم و دەکەومە ڕێ. پیرە پیاوێک خەریکە ئەو خەتانەی لەسەر خشتەکانی دیواری پەنا ئاودەستانی کێشاون، دەبژێرێ. دەنگی کردنەوەی دەرگای بەند دێت، سەر وەردەگێڕم و تەماشا دەکەم. گەنجێکی وردیلە دێتە ژوور.
میوانی تازەمان یەکی ڕەشتاڵەیە. چاو زەقە. سەریان تاشیوە. ناسیاو وێدەچێ. بۆ لای دەچم. قازی بە دوامدا دێ،
ـ بۆ کوێ؟
ئاماژە بە گەنجەکە دەکەم کە وا خەریکە مەمەد بێمێشک دە ئامێز دەگرێ و چاکوچۆنی دەکەن
ـ پیم وایە ئەم کوڕە دەناسم
قازی قۆڵم دەگرێ و دەڵێت:
ـ دەیناسی؟
پرسیارەکەی مانادارە
ـ لە کوێی دەناسی؟
ـ لە شوێنێک دیتوومە
قازی هێدی دەڵێت:
ـ دەی جا، ئەو ڕەزا گیرفانبڕە
مەڕاقمە دەگەڵ ڕەزا گیرفانبڕ قسان بکەم. لە مەمەد بێمێشک جیا دەبێتەوە و دەچێتە ڕاڕەوەکە. بوخچەکەی لە بنهەنگڵی دایە. خێرا بـەدوای دا دەچم و بانگی دەکەم. ڕادەوەستێ، هەڵمدەسەنگێنێ. نازانم بۆ و چۆنە ئەم کوڕە دەناسم. لێی دەچمە پێشێ و بەرانبەری ڕادەوەستم. دەمێک سەیری یەکتری دەکەین. ڕەزا گیرفانبڕ وەدەنگ دێ.
ـ چ کارێکت بە منە؟
ئێستاش هەر نایەتەوە بیرم.
ـ ئەمن … تۆم لە کوێ بینیوە؟
پێی سەیرە، هێواش قسە دەکات.
ـ منت لە کوێ بینیوە؟
دەنگی نامۆ نییە. دەیهەوێ بڕوات، قۆڵی دەگرم و ڕایدەگرم.
ـ تۆزێک ڕاوەستە… ئەمن دەبێ تۆم لە شوێنێک دیتبێ.
خۆی ڕادەپسکێنێ و قۆڵی لە چنگم دەردێنێ. دەنگ بەرز دەکاتەوە و دەڵێت
ـ چیت لە گیانی من دەوێ؟
لەنەکاو هەموو شتم هاتەوە بیر. بۆنی عارەق لووتم پڕدەکات. دەنگی لە گوێمدا دەزرینگێتەوە.
ـ بەم تیغە شادەمارت هەڵدەبڕم.
خوێنم وەجۆش دێ و بێ ئەوەی ئاگام لە خۆم بێ ئامبازی دەبم، قۆڵی دەگرم و لە ژوورێی داوێم. بوخچەکەی لە دەست بەر دەبێتەوە. دەرفەتی پێنادەم و لە سووچی ژوورێی دەپەستێوم.
ـ ئەو شەوە لە شارەوانی بۆ دەتهەویست بە تیغ هەڵدڕ هەڵدڕم بکەی؟
چاوی دەرپەڕیوە. قوڕقوڕۆچکەی ڕێکدەگوشم. زاری ئاوەڵەیە، بەڵام ناتوانێ قسان بکات. لە حەول دایە خۆی لە چنگانم ڕزگار بکات.
ـ ها؟… بۆ؟… ئەگەر نەیڵێی، ئێستا دەتخنکێنم.
حەپەساوە و نەکاوگیر بووە. زاری داپچڕیوە و ڕەنگی خەریکە شین هەڵدەگەڕێ
ـ یاڵا قسان بکە، بڵێ بزانم.
گوێم لە دەنگی ناسر ئەبەدی دەبێ،
ـ ئەوە چ دەکەی خالید؟
سەر وەردەسووڕێنم، چاوەکان و سەیر کردنی ناسر ئەبەدی، دەمهێنێتەوە سەرە خۆ. ڕەزا بەرەڵا دەکەم، سەر دادەخەم و دەڵێم:
ـ ئەوە هەر ئەو کەسەیەکە لە زیندانی شارەوانی تیغی لێکێشام.
ناسر چاوی چووک دەکاتەوە. ڕەزا خەریکە بڕوات. ناسر پێشی پێدەگرێ و دەپرسێ،
ـ وایە ڕەزا؟…
ڕەازا هیچ ناڵێ. ناسر نەرمەی گوێی دەگرێ و ڕێکیدەگوشێت. ناسر وەک زەعفەران زەرد هەڵگەڕاوە.
ـ ئەرێ ڕەزا، ئەتۆ بووی؟
ڕەزا متەقی لێنایە.
ـ بۆ تیغت لە خالید کێشاوە؟
مینگە مینگێ دەکات و پاشان وەقسە دێت. وەکی لێی تێگەیشتم، عەلی شەیتان مەجبووری کردووە.
ناسر هێشتا گوێچکەی بەر نەداوە.
ـ گوتی بیترسێنم… تەنانەت گوتیشی ئەگەر بە تیغ بریندارت کرد قەیدی ناکات
گوێچکەی بەر دەدات.
ـ ئاخر بۆ؟
ڕەزا وەک مشک ترساوە و چکۆڵە بووەتەوە.
ـ نەتگوت بۆ؟
ـ ئەوە ئیتر بۆی ناوێ. شەو و ڕۆژ ئیش و کارم دەچێتەوە بەر دەستی ئەو… بە قسەیم نەکردبایە سەت کۆسپ و پیلانی بۆ دادەڕشتم.
ناسر زللەیەک لە بنان گوێی دەدات و دەڵێت:
ـ زۆر خوێری و ناپیاوی
دەستی من دەگرێ و بـەدوای خۆیدا دەمبات و دەڵێت:
ـ با بچین قەدەم لێ بدەین
هێشتا پێمان لە حەوشە نەناوە. حیلەی ئەسپێکم گوێ لێدەبێ. غوڵام قاتڵە، وێرغەی دەکات و دەحیلێنێ. لەقە دەوەشێنێ و لەو سەری بەند ڕا دێت. پاسەوان دەچێت سەر ڕێی پێدەگرێ.
ـ چتە عەمەر کورت، بۆ وا دەکەی؟
غوڵام ڕادەوەستێ و دەپڕمێنێ، وەک ئەسپێک کە مەودایەکی زۆر غاری دابێ، لووتی فش دەکاتەوە.
پاسەوانە لێی توند دەکات؛
ـ بڕۆ لە شوێنێک دانیشە و قوونەوە بدە
غوڵام لەنەکاو دەردەپەڕێ و دەست بە غاردان دەکاتەوە و دەحیلێنێ. قازی بۆی دەچێتە ناوەڕاست حەوشە، غوڵام ڕادەوەستێ و سمکۆڵ دەکات. پاشان سەر ڕادەوەشێنی. پاسەوان لێی دێتە پێش، دوودانە باتوومی لە قاچوقولی دەدات. غوڵام خۆ هەڵداوێت و پاشان لە پێش پاسەوانە ڕادەوەستێ و دەڵێت:
ـ سەرکار بە گیانی دایکت ئەمن ئەسپم.
غوڵام چاوی حەواوی[23] بووە و ڕەشکێنەی هەڵگڕاونە سەرێ. پاسەوان دەکشێتەوە دوایە. باتوومەکەی بەرانبەر دەمووچاوی ڕادەگرێ و دەڵێت:
ـ ئەگەر ئەو عۆینانە دەربهێنی، جێگات ژووری تاکەکەسییە.
لە نەکاو غوڵام دەست دەکاتە ئەستۆی پاسەوان و یەک بـەدوای یەکدا ماچی دەکات. پاسەوان خۆی دەکێشێتەوە دوایە و باتوومەکەی بەرز دەکاتەوە کە لە ملی غوڵامی ڕاکێشێ. ناسر ئەبدی خێرا لینگ دەدات و جومگەی پاسەوانە لە حەوادا دەگرێ. پاسەوانەکە دەکێشێتە دواوە و غوڵام لە باوەش دەکات و دەیباتە ژوورێ. پاسەوانی سەربانی هاتۆتە پێش و سەیری وەزعەکە دەکات. زیندانی هەموو سەریان دەگەڵ ناسر و غوڵام دەگەڕێ. دیسان دەنگی حیلەی غوڵام دێ. ناسر بە توندی تێی ڕادەخوڕێ و دەڵێ:
ـ خەفە بە غوڵام
مەنووچ لەسەر سەکۆ چیمەنتۆکەی پێش ئاودەستان دانیشتووە و لە جێگەی خۆی نەبزووتووە. لە پەنجەرەوە سەیری ژوورێ دەکەم. غوڵام لە زمان کەوتووە و هەرچی ناسر بانگی دەکات، وەڵام ناداتەوە. هەوا گەرم داهاتووە، لەوانەیە ئەمشەو باران ببارێت. ئەسی دەست داوێتە سەرشانم و ئیشارە بە مەنووچ دەکات.
ـ سەیری بکە… دەڵێی عەزادارە
مەنووچ سەیری دوو نانەکەی دەستی دەکات و بێدەنگە.
ـ ئاخری لە برسان هیلاک و سەقەت دەبێ
دەستی ئەسی لەسەر شانم لادەبەم و ڕووی تێدەکەم و دەڵێم:
ـ دەزانی چۆنە ئەسی، ئەگەر هەموومان تێکڕا وەک مەنووچ مان بگرین و نانی زیندان نەخۆین ئەوا وا ناچار دەبن خواردنەکە بگۆڕن و باشترمان پێڕابگەن.
ـ وەڵاهی بە گیانی تۆ مێشێکیشیان لێ میوان نابێ. لەسەریشی بڕۆین لەوەش خراپترمان پێدەکەن.
سەیری ئەسی دەکەم، لێوی خۆم دەکرۆژم. هەروا کە سەیری دەکەم خیاڵم بۆ لای شەفەق دەچێت. بیر لە مانگرتنی کرێکارانی شەریکەی تەون دەکەمەوە.
زەینم و ڕوانگەم لە ڕوخساری ئەسی گواستۆتەوە، خۆ دە ژێرخانێکدا دەبینمەوە. پەنکەی بنمیچ دەخولێتەوە و تەقەی دێت. هەموو وڵات دووکەڵە، شۆقی چرا لە دووکەڵدا باش بڕناکات. ردێنی دوکتور دەجووڵێتەوە و قسان دەکات. چاو لە ئەسی دەبڕم لەسەرەخۆ دەڵێم :
تۆ لات وایە ئەم زیندانیانە ژیانیان باشە کە بێدەنگن و هیچ ناڵێن، یان لە خواردنی زیندان بێ منەتن؟
دەیهەوێ دەم بکاتەوە شتێک بڵێ، مۆڵەتی نادەم
ـ تۆ پێتوایە ئەگەر برسێتی مەجبووریان نەکات ئەم کەسافەتە دەخۆن؟
ئەسی وەک سەگی هار دەمڕێنی و دەڵێت:
ـ ئەمنیش ئەوانە دەزانم، بەڵام ئاخر…
قسەکەی پێدەبڕم؛
ـ ئەسی ئەوەی بزانە کە ئێمە دەتوانین ئەو کارە بکەین. ئەگەر بمانهەوێ و لە پشت یەک بین دەتوانین ئەم ڕەوشتە بگۆڕین.
دیسان حیلەی غوڵام قاتڵ لە ڕاڕەودا دەتەنێتەوە. پاسەوانە باتوومەکەی لە دەستیدا هەڵدەسوورێنێ و هێرشی بۆ دەبات.
ئەسی سەرخۆ لێم جیا دەبێتەوە و بەرەو پاسەوانە دەچێت.
باران لێیکردۆتەوە. سەریشەوێ ڕێژنە بارانێک بەخەستی باری و خێراش لێیکردەوە. دەنگی هەورە تریشقە بەردوامە. کاتی نیوەشەوە بەڵام خەو لە چاوان زڕاوە. گڵۆپی بنمیچ کوژاوەتەوە. بیلال نەرم پڕخەی دێت. ناسر لێفەکەی لەخۆیەوە پێچاوە و چۆکی وەبەر زگی داوە. تا ئێستا هەواڵێکم لە چاوڕەش نییە.چەند جاران بەتەما بووم دەگەڵ بیدار باسی بکەم، بەڵام پەژیوان بوومەوە. ئەمجارە بێتەوە پێی دەڵێم هەواڵێکم بۆ وەدەست بخات. هەموو جارێ کە بیر لە چاوڕەش دەکەمەوە قسەکانی پندارم دێنەوە بیر و ئازارم دەدەن؛
ـ “دەبێت فێر بیت کە لە خەبات و تێکۆشانەوە گلای، نابێ وەدوای دڵ، هەست و سۆز بکەوی.”
لەبەر خۆمەوە توانج لە پندار دەگەرم:
ـ دەی کاک پندار ئێستا چی؟ ئێستا کە وەک مشک بە تەڵەوە بووم
دەنگی لاوێنەری دوکتۆر هێورم دەکاتەوە و هێزم وەبەر دەنێ،
ـ ئێستا ئەتۆ ئەرکێکی دیکەت هەیە…
شاییم بەخۆمە
ـ کارێکی گرینگ …
چاو لەسەر یەک دادەنێم و گوێ بۆ دوکتۆر هەڵدەخەم.
ـ … مەبەستم مانگرتنی زیندانیەکانە لە خواردن
سەیری دەم و لووت و ڕوخساری دەکەم
ـ هەموو ناڕازین … پێویستە یەکیک یارمەتیان بدات و ڕێ و شوێنیان نیشان بدات
ئێستا ئیتر مەنووچە ڕەش قسان ناکات بێدەنگە. چاوەکانی حەواوی بووە و وەرگەڕاون. تاقەتی نییە و نووزەی دێت.
لە زەینمدا، تارمایی قاچە گەورەکانی عەلی لێو سیکەتۆرە وەک دوو کۆڵەکە بە ڕێگەون و بەرەو من دێن. ملی کورتە دەڵێی نیوەی دەسینگیدا گیری خواردووە. لـمبۆزی لە پێشە. سەولە نانەکانی بە دەستەوە و لە پێش چاوم ڕایاندەوەشێنێ.
ـ لە سەری فیلیان بدەی سەقەتی دەکات.
دەستی بە نانەوە سەر و خوار دەکات و بۆ ڕاست و چەپ دەچێت.
ـ سەیری بکە… دەڵێی بەردە
پاڵ وەدیوار دەدەم قاچم کۆ دەکەمەوە و ئەژنۆم دە باوەشم دەگرم. پەتووەکە هەتا بن چەنەگەم دێنم و چاو لەسەر یەک دادەنێم.
ـ تۆ دەبێ زۆر کاران ئەنجام بدەی
دەنگی دوکتۆرە، بەردەوام دەبێ و دەڵێ:
ـ دەبێ یەک بە یەک قسەیان دەگەڵدا بکەی… هەموویان ئامادە بکەی. دەبێ ڕەوشتی زیندان بگۆڕی. دەبێ نیشان بدەی کە لەوان زۆرتر تێدەگەی. تێیانبگەیەنە کە ئەگەر بیانهەوێ دەتوانن زۆر کاران بکەن…
دوو چڵ ڕدێنەکەی بەرچەنەی دەجووڵێنەوە و قسان دەکات،
دەبێ تێیان بگەیەنی کە دەکرێ هەموو شتێک بگۆڕدرێ… هەموو شتێک…
چاو دەکەمەوە نازانم بۆ یەک جێ زەینم بۆ لای لەیلا چوو. چاوەکانی لەیلا ژوورەکە پڕ دەکات. ناتوانم چاو لە چاوی بکەم. ئەمجارە بیر و زەینم بۆ لای چاوڕەش دەچێت. بۆن و بەرامەی ژوورەکە پڕ دەکات و منیش لە خۆیەوە دەپێچێ.
لەنەکاو دەنگی غوڵام ڕامدەچلەکێنی. کات لە نیوەشەو تێپەڕیوە. غوڵام چۆتەوە حەسارێ بانگ دەدات. لەسەر جێگەوبانەکەم هەڵدەستمە پێ، پەنجەرەی دەکەمەوە. بایەکی سارد خۆ بە ژوورێدا دەکات. ناسر ئەبەدی شان دەگۆڕێ و هەڵدەستێ لەسەر جێگەکەی دادەنیشێ.
ـ لائیلاهە ئیڵەڵڵا ، ئەو دایک قەحبەیە، بەم نیوەشەوەش ناهێڵێ بخەوین.
لە پەنجەرەوە سەیر دەکەم. غوڵام لەسەر سەکۆی بەر ئاودەستان وەستاوە، دەستی لەبن گوێی ناوە و بە دەنگی بڵیند بانگ دەدات؛
ـ ئەڵڵاهو ئەکبەر…
پەنجەرە یەک بـەدوای یەکدا دەکرێنەوە و حەسار وەک ڕۆژ ڕووناک دەبێ. غوڵام تێکەڵ و پێکەڵ ئەوەی دەیڵێ نایڵێتەوە
ـ ئەشهەدەن عەلی ڕسووڵەڵڵا
پاسەوانی سەربان کە خۆی لە باڵتەیەکوە پێچاوە، سەرێک بە حەوشەدا دەگرێ و وەک
هەور دەگرمێنێ و غوڵام درێژەی پێدەدات؛
ـ ئەشهەد و ئەنە مەحمەدەن حوسێنوڵڵا
پاسەوانی کێشک فیتفیتەکەی دەردێنێ و دەیخاتە کایەوە. هەموو بەخەبەر هاتوون و بانگ دانی غوڵام تەواو بووە، کراسێکی زیندانێی لە خۆیەوە پێچاوە و لەسەر سەکۆی بەر ئاودەستان هەڵتووتەکاوە مەوعیزەی داداوە و ئامۆژگاری دەکات. هەرچەند ئەوەی دەیڵێ قۆڕیاتە بەڵام لە دڵەوە بۆ دڵە.
ئەی زیندانییە بەختەوەرەکان! خوڵا بۆ ڕێگای ڕاست هیدایەت بفەرموون و ڕێگای ڕاستی نیشان بدەن.
لە ڕاڕەو و کۆریدۆرەکان قاوە قاو دەستی پێکردووە. هێندێک پەتووەکانیان لە خۆیانەوە پێچاوە و دەچنە حەسارێ. هێندێک لە پەنجەرەکانەوە سەریان دەرهێناوە بە غوڵام ڕادەبوێرن. غوڵام گوێی بۆ کەس نابزوێ و لە ئامۆژگاری کردن بەردەوام دەبێ.
ـ من خەونم دیت. خوڵا بە دوو چڵە ڕدێنەوە هات و گوتی: ئەی غوڵام هەستە، ڕابە! بانگ بدە و ئەم زیندانییە بێغیرەتانە ئامۆژگاری بکە…
دەنگی گاڵتە پێکردن و پێکەنین تێکەڵ بەیەک بوون، بەڵام دەنگی غوڵام ساتبەسات بەرزتر و بەگوڕتر دەبێت.
ـ .. وە ئێوە ئەی زیندانییە تەپلۆس و تەوەزەلەکان کە وەک مەڕ بەردەوام فنەفنتانە…
لەو کاتەدا دەرگای بەند وەک هەورە تریشقە دەکرێتەوە و حەسار پڕدەکات. غوڵام لە مەوعیزەکردن بەردەوامە،
ـ وە ئێوە! ئەی چارەڕەشانی خۆشەویستی خوڵا! وەرن دەستم ماچ بکەن، پەیمان ببەستن و بەیعەتم دەگەڵدا بکەن و پێغەمبەریی من قەبووڵ بکەن ئەگینا داوا لە سەرۆکی زیندان دەکەم هەرکامە و باتوومێکتان لە قوونی چەقێنێ.
قاقا و هاواری زیندانیان بەرز دەبێتەوە. سەرکار ئیستواری پیر هاتۆتە حەسارێ بەپەڵە خەڵک بۆ دواوە بەڕێ دەکات و خۆی بۆ لای غوڵام دەچێت. قژی غوڵام نارێک بەسەر دەمووچاویدا بڵاون، چاوەکانی لێڵ و وێڵن. بە دەنگێکی خۆش و بەرز دەڵێت:
ـ ئەی زیندانیانی گۆشتاو خۆری بێگۆشت…
ئیستوار تێی ڕادەخوڕێ و دەچێتە ناو قسەکانی،
ـ چ مەرگتە غوڵام؟
غوڵام بۆ چرکە ساتێک بێدەنگ دەبێ و پاشان دەست پێدەکاتەوە؛
ـ ئەی زیندانیانی گۆشتاو خۆری بێگۆشت. سوجدە بەرن بۆ غوڵام پیاوکوژ و لەعنەت بنێرن بۆ سەرکار ئیستواری سەربەخەنە
پێکەنین و مقۆ مقۆ تێکەڵن.
ـ تێکچووە
ـ کوڕە، هەمووی عۆینە و نمایشتە
ـ ئەوە دەڵێی چی… خوێن بەرچاوی بنیادەم دەگرێ
ـ پێتوایە پیاوکوشتن هەروا گاڵتەیە؟
سەرکار ئیستوار دەچێتە پێش و قۆڵی غوڵام دەگرێ و لەسەر سەکۆکە دەیهێنێتە خوارێ، چاو لە چاوی دەبڕێ و بەسەریدا دەگوڕێنێ،
ـ وەرە بڕۆ لە جێیەک وەرکەوە ، ئەگینا…
لەنەکاو غوڵام خۆی لە دەستی ئیستوار ڕادەپسکێنێ و هاوار دەکات،
ـ ئەی زیندانیان! ئەی ئۆمەتی من! ئەی ئومەتی بێغیرەت، وەرن وەڵامی ئەم ئیستوارە لە خۆتان خوێریترە بدەنەوە، دەنا…
هێشتا قسەکەی تەواو نەبووە کە ئیستوار مستێکی قورس دادێنێتە ملی غوڵام و قسەکەی پێدەبڕێ. غوڵام هەروا قایم وەک ئەستوندەک لەسەر پێ وەستاوە، سینگی دەباتە پێشێ و بە ئیستوار پێدەکەنێ، پاشان بە دەنگی بەرز هاوار دەکات،
ـ هەی نامەرد!… بەتەما بووم ئەتۆی قوڕمساغ بکەمە ئیمام و خەڵیفەی پاش خۆم، بەڵام…
ئیستوارە پیرە دەست دەبا، قۆڵی غوڵام بگرێ، بەڵام غۆلام خۆی قوتار دەکات و دەچێتە پشت سەری و بە بەری دەستی مستێکی توند لە تەختی پشتی ئیستوار دەدات. ئیستوار میترێک ئەولاتر لەسەر عەرد دەکەوێ.
دیسان دەرگای بەند دەکرێتەوە سێ پاسەوانی دیکە باتووم بەدەست دێنە ناو بەند و خەڵکەکە بڕ دەدەن و بەرەو غوڵام دەچن. غوڵام نەعرەتە دەکێشێت و دەڵێ:
ـ ئەها بوو بە جەنگی مەغڵووبە
ئەوەی گوت و پاشان وەک لە چاڵی زۆرخانەدا بێ، دەستی کرد بە خوڵانەوە بە دەوری خۆیدا و ئینجا چۆوە سەر سەکۆکە و دەستی بە خوێندنەوەی شانامە کرد،
“چنانت بکوبم بە گرز گران ــــ کە فولاد کوبند آهنگران”
وەها بتکوتم بە گورزی گران ـــ وەکی ئاسنگەر پۆڵا دەکوتێتەوە
هاوکات ورگی خۆی بە هەوای تەپڵی زۆرخانە دەکوتێ.
بەند تەواو شێواوە. پاسەوانەکان هەر سێک باتووم بە دەست بۆی دەچن. سەرکار ئیستوار لە عەرد کەوتووە و جنێونان دەدات و دایک و خوشکی غوڵام باربووی قسەی سووک دەکات.
ـ وەرە خوارێ دایک جندە. وەرە خوارێ دەست لەم ئەدا و ئەتوارانە هەڵگرە دەنا باتوومت لە قوونی دەبڕم.
غوڵام ورگی کردۆتە تەپلی زۆرخانە، بە هەوا دەیکوتێ و بانگەشە دەکات؛
“چۆ فردا برآید بلند آفتاب ــــ من و گرز و میدان و این استوار”
با بەیان دابێ و ڕۆژ بێتەوە ـــ من و گورز و مەیدان و سەرکار ئیستوار
سەرکار ئیستوار روو بە پاسەوانەکان هاوار دەکات،
ـ بیکێشنە خوارێ! بۆ دەڵێی سەگی بریندارن و بە دەوری گورگدا دەخولێنەوە
دەگەڵ ئەم قسانە پاڵ بە پاسەوانێکەوە دەنێ و لە غوڵامی بەر دەدات. پاسەوان هیچ نەکردوو، شەقێکی غوڵامی وەبەر دەکەوێ و بەرەو دوا دەبێ.
دەنگی خەواڵووی ئەفسەری کێشک لە دواوە بەرز دەبێتەوە؛
ـ ئەوە چ خەبەرە؟
ڕێگە بۆ ئەفسەر دەکەینەوە
ـ بکشێنەوە دوایە، بابزانم چێتی.
غوڵام یەکجێ، دەسووڕێ، لاقی لێک دەدات، سڵاوی سەربازی دەکات و یەک بە خۆی هاوار دەکات؛
ـ ئیست…خەبەردار… شانی ڕاست… بە پشت!
سەروان شووش و باریک و ڕێکوپێکە. قسان کە دەکات باوەڕ بەخۆ و مەندە. ڕووبەڕووی غوڵام ڕادەوەستێ، هێدی بەڵام فەرماندەرانە دەڵێ:
ـ غوڵام وەرە خوارێ… و بچوو وەک بنیادەمان بخەوە
لەناکاو دەنگی هەورە تریشقە هات. غوڵام لەسەرەخۆ گوتی:
ـ گوێت لێبوو جەناب سەروان؟… ئەوە دەنگی خودا بوو… گوتی کە ئەمن پێغەمبەرم
سەروان ڕووی کردە ئێمە زیندانییەکان و گوتی:
ـ بگەڕێنەوە ژوورەکانی خۆتان
چەند هەنگاوێک دەکشێینەوە دواوە بەڵام ناچینەوە ژوورەکانی خۆمان.
چاوی جەناب سەروان هەڵمساوە، قژی سەری ئاڵۆزە. سەرکار ئیستوار و پاسەوانەکان لە پشت سەری سەروان ڕیز بوون. سەرکار ئیستوار تووڕەیە و پیش دەخواتەوە. غوڵام هەڵدەتروشكێ. تاقە کراسێکی دەبەر دایە، وێناچێ سەرمای بێ. سەیری سەروان دەکات. سەروان جارێکی دیکەش بە توندی لە ئێمە ڕادەخوڕێ. دیسانیش کەمێک بۆ دواوە دەچین. غوڵام بە دەنگێکی خۆش دەست پێدەکاتەوە و دەڵێ:
ـ جەناب سەروان ئەتۆ زۆر بێئەخلاق و بێڕەوشتی… مەزەبت کە نییە … منیش پێغەمبەری جاکێشی تۆم… یاڵا سوجدەم بۆ بەرە..
سەروان هێدی قسە دەکات؛
ـ باشە غوڵام…باشە… ئەتۆ جارێ وەرە بڕۆ بخەوە
لە نەکاو غوڵام وەک پڵینگ دەگوڕێنێ، باز دەدات و جەناب سەروان لە ئامێز دەگرێ. هەر دووکیان دەکەونە سەر عەرز.
باران سەرلەنوێ دەستی پێکردۆتەوە.
***
پوورە ڕەعنا و دایکم بەیەکەوە دێنە ملاقاتم. هەردووکیان ڕەشپۆشن. هەرکە چاوم پێیان کەوت، دڵم داکەوت. پرچی سپی پوورە ڕەعنا لەژێر مەقنەکەیەوە دیارن، چاوەکانی هەڵمساون و تاقەتی قسەکردنی نییە. فرمێسک لە چاوی دایکمەوە لووزەوی بەستوووە.
ـ غوڵامم کوژرا
واقم بردەوە. ئەژنۆم سست بوون. گریانم دێ.
ـ غوڵام گوللەی وێکەوت
دەڵێی ئێستایە، غوڵام بەرانبەرم ڕاوەستاوە و قسەم دەگەڵدا دەکات. سمێڵە ڕەشەکانی وەک کلکی دووپشک بۆ سەرێ هەڵگەڕاونەوە. شان و پیلی بادەدات و قسە دەکات.
ـ ” ئاخر سەرکار سەرگوربان … دەستم بە داوێنت، بەزەییەکت بە من دابێ، ئەو هەمووە پووڵە لە کوێ بێنم.
پوورە ڕەعنا بە دەنگ دەگری. سەری لووتی سوور بووەتەوە. ئاوی لووتی بە گۆشەی مەقنەکەی پاک دەکاتەوە. لەسەرەخۆ بەدەم گریانەوە قسە دەکات.
ـ جوانە مەرگ بوو… پشتم شکا
چاوەکانی پوورە ڕەعنا دەڵێی گۆمی خوێنن، کوڵمەکانی داکەوتوون. غوڵام لە پێش چاومە؛ لەسەر کورسیلەکە دانیشتووە، لاقی هاویشتۆتە سەر لاقی، سینگی داوەتە پێش و قسان دەکات،
ـ پوورێ گیان پووری خۆم… بەیانی دەتوانی بچی بۆ ماڵی جەناب سەروان و مەلافەکانیان بۆ بشۆی؟
دڵم گیراوە، لەخۆم تووڕەم. ئێستا خزمایەتی و خۆشەویستی غوڵامم لێ ئاشکرا دەبێ. قەت پێم وانەبوو هێندەم غەمی غوڵام ببێت. پوورە ڕەعنا یەکبین دەگری و فرمێسک هەڵدەوەرێنێ.
ـ بۆخۆت سڵامەت پوورێ…
هەنیسکان دەدات و دەگری.
ـ لە کاتی ڕاهێنان و مەشقکردن…بەهەڵە بەر گوولە کەوت… کوڕەکەم جوانە مەرگ بوو…، ئەتۆ سڵامەت بی.
جەنازەی غوڵام دەبەنەوە دەرکێ و پوورە ڕەعنا خۆڵی کۆڵان وەسەر خۆی دەکات و یەخەی کراسەکەی دادەدڕێت. ڕوومەتی، قژ و پرچی دەڕنێتەوە. دەستی سکاڵا بەرەو ئاسمان بەرزدەکات، فرمێسک هەڵدەوەرێنێ و دەبوورێتەوە.
چاوی دایکم شەپۆلان دەدات و فرمێسکی دەڕژێنە خوارێ،
نەهامەتی بـەدوای نەهامەتی دا، ئەم بەختە ڕەشە بۆ هەموو جارێ لەبەر دەرکی ئێمە ئیخ دەخوات.
تەرمی غوڵام لەپێش چاومە، سینگی ڕەپ کردووە، دەڵێی بزەی لەسەر لێوانە و سمێڵی دەجووڵێتەوە؛
ـ لە خزمەتی سەربازیدا هەر بڵێی لەل… لە مێژە ناردوویانی بۆ زیندان
ئێستا لەسەر کورسیلەکە دانیشتووە و دایکم چای لەپێش داناوە.
ـ هەناسە هەڵکێشی، زیندان… بڵێی بۆ…ماوەی خزمەتەکەت لێ درێژ دەکەنەوە. پرسیاری دیکە بکەی ئینجا ئەوە جێگەت زیندانی پادگانە.
غوڵام لە قەراغ حەوزەکە دانیشتووە. بلوور خانم لە حەسارێدا دێت و دەچێت. سەری غوڵامیش دەگەڵی دەگەڕێ.دوگمەی کراسەکەی کردۆتەوە، مووی سینگی دیارە.
ـ خالید دەتوانی پەیامێکم بۆ بدەی بە بلوور خانم ؟
بریا پەیامەکەیم بە بلوور خانم گەیاندبا. بریا هێندە دەگەڵی بەدئاکار و لاسار نەبوایەم.
ئێستا شەوە، حەسار ڕووناکە. خاجە تۆفیق لەپەنا مەقەڵی دانیشتووە. بانوو بەتەنیشت لامپاکەوە وەنەوزان دەدات. پوورە ڕەعنا بە هۆنەهۆن وەژوور دەکەوێ.
ـ دایکت دەسەرت گەڕێ چۆن تووشی زوڵمی زاڵم بووی.
باوکم لەپەنا دیوار هەڵترووشکاوە، سیغار بەبا دەکات و سەیری پوورە ڕەعنا دەکات، بەڵام متەقی لێوەنایە. باوکم زۆر کەیفی بە پوورە ڕەعنا نایە و پێی دڵخۆش نییە.
پوورە ڕەعنا لەسەر و سینگی خۆی دەدات. کوڕی پوورە ڕەعنایان بردووە بۆ سەربازی
ـ خوشکێ بڵێی جەناب سەروان کارێکمان بۆ بکات؟
سەنەم دەڵێ:
ـ ئا ئا، دەیکات بەڵام خۆ خوراندنی دەوێ. بێ مایە فەتیرە
جلوبەرگی سەربازی زۆر لە غوڵام دەکاڵێتەوە. خۆی لێ نزیک دەکەمەوە و پۆز بە ناسیاوی و خزمایەتی لێدەدەم.
برایم و حەسەنی وەختە لە داخان بتەقێن.
کاتی ملاقات تەواو بووە. حەزناکەم لە پوورم و دایکم جیا ببمەوە. پوورە ڕەعنا لە باوەش دەگرم و بەخۆمەوە ڕێکی دەگوشم. فرمێسکم بۆ ڕاناگیرێن. هەردووکیانم لەباوەش گرتوون و دەیان لاوێنمەوە. کات تەواو بووە، ماچیان دەکەم و لە ژوورەکە وەدەر دەکەوم.
لەسەر نوێنوبانەکەم دانیشتووم ، ئەژنۆم گرتۆتە باوەش. قازی بەپەلە دێتە ژوورێ، دەچێتە سەر سندووقەکەی، بەستەیەک هەڵدەگرێ و دەڕوات. من و خەیاڵ و غوڵام تەنیا بەجێ دەهێڵێت. خەریکە تێکڕای سەفەری نەکردە و خۆشی نەدیدە دەگەڵ غوڵام بەخەیاڵ وەدی دێن، کە ناسر ئەبەدی بانگم دەکات. دەستی دە کەلەکەی ناوە و لەسەر سەرم ڕاوەستاوە.
ـ سەعاتێک دەبێ لەسەر سەرت ڕاوەستاوم
سەیری دەکەم، تێدەگات کە غەمبارم
ـ چ بووە، چ قەوماوە؟
بۆی باس دەکەم، لە تەنیشتم دادەنیشێ و دەیهەوێ دڵم بداتەوە. پێی دەڵێم حەز دەکەم بەتەنیا بم. سیغارێک دادەگیرسێنێ، دەمداتێ و دەڕوات.
لە دووکەڵی سیغاردا، غوڵام دێتەوە پێش چاوم. لەسەر کورسی دانیشتووە. دایکم شەربەتی گوڵاوی دەداتە دەستی.
دەنگی بلوور خانم دێت
ـ سەربازی زۆر زەحمەتە، غوڵام؟
ئێستا زۆر لە بلوور خانم تووڕەم. حەز دەکەم قوڕگی بگرم هەتا شین هەڵدەگەڕێ، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەتوانێ سەر بخاتە سەر غوڵامی پوورزام.
پوورزا بای خستۆتە بن باڵی و قسان دەکات.
ـ فەرماندە، پەنجە دەخاتە ژێر پۆزلقەکانت، تۆزێک شل بێ ئیتر کارت تەواوە. مەگەر ئیمامان لە فریات بێن.
گریان ئەوکی گرتووم، چاوم ڵێڵ و وێڵە. لەبەر خۆمەوە قسان دەکەم. نا پوورزا … نا من نەمدەویست ئازارت بدەم. غوڵام پێدەکەنێ پاشان بێدەنگ دەبێ. پاش تاوێک دەستم لە ئەستۆی دەکات و ماچم دەکات و هێدی دەڵێ:
ـ هیچ نێ… پورزا هیچ نییە. هێندێک جار برا و براش خراپ لێک تێدەگەن.
سیغارەکەم دەکوژێنمەوە. سەر وەسەر چۆکم دەدەم.
گوللە وە گەرنی غوڵام کەوتووە، خوێن بازرەقە[24]ی بەستووە. هاواری پوورە ڕەعنا لە گوێمدا دەزرینگێتەوە،
ـ غوڵام!… قوڕی کوێ وەسەرم کەم… کوڕی خۆم… کوڕە نازدارەکەم!
مێردی پوورە ڕەعنا کاس و گێژ، وڕماوە. بەتەنیشت مەیتەکەوە هەڵترووشکاوە. دەمووچاوی پوورزا شەڵالی خوێنە. مێردی پوورە ڕەعنا کرێکارە، ڕۆژانە دەچێتە مەیدان ئەگەر کار هەبێ باشە دەنا دەست بەتاڵ دێتەوە ماڵێ. پوورزا گەمێوان بوو. کچەکەی پوورە ڕەعنا دوو جار شووی کردووە و تەڵاق دراوە. وەختە لەبەر خەفەت پیشم هەڵبێ.
بیلال، غوڵامی دەناسێ. بە پەژارەوە دەڵێ:
ـ غوڵام؟!
دیزداشەکەی کۆ دەکاتەوە و لەپەنام دادەنیشێ
ـ خوڵا عافوی بکات. کوڕی چاک بوو
لەبیران ڕۆدەچم و غوڵام لەپێش چاوم دێت و دەچێت…
بیلال دەڵێ:
ـ بە ڕەحمەتی خوڵا شاد بێت. هەستە خالید بابچین قەدەمێک لێ بدەین.
بیلال بیرەوەرییەکانی خۆی دەگەڵ غوڵام دەگێرێتەوە و دەڵێ
ـ جاروبار ماسیمان دەبرژاند و ئیستکانە عارەقێکمان دەگەڵ دەخواردەوە، ئینجا دەستی پێدەکرد و گۆرانی دەگوت. دەنگی خۆش و غەمڕەوێن بوو.
ڕەحیم کەردار لەسەر سەکۆی چیمەنتۆی پەنا ئاودەستان دانیشتووە. ئێستا زگی دەڵێی تەپڵە، هەڵمساوە. ڕەنگی پێستی بەرەو زەردی دەڕوات. دەگەڵ کەس تێکەڵاو نابێ و قسان ناکات. تەنانەت دەگەڵ منیش حەوسەلەی قسە کردنی نییە. بیلال بەردەوامە و قسان دەکات. لە بیانوویەک دەگەڕێم جێی بهێڵم. دەچم بۆ لای مەشەدی ڕەحیم، لە تەنیشتی دادەنیشم. هەر ئاوڕیشم لێ ناداتەوە و سەیرم ناکات. سەیری بەرپێی خۆی دەکات. بانگی دەکەم،
ـ مەشەدی ڕەحیم!
هەر گوێشی نابزوێ.
هەمدیسان بانگی دەکەم. سەر وەردەگێڕێ و سەیرم دەکات. غەم لە چاوەکانیدا مزڵیان کردووە، سەردادەخەم و دەڵێم:
ـ بیستووتە مەشەدی ڕەحیم؟ بیستووتە غوڵام کوژراوە؟!
هیچ ناڵێ. دڵم پڕە، حەز دەکەم بگریم.
ـ بیستووتە مەشەدی ڕەحیم… بە گوللە لە ملیان داوە… لە کاتی مەشقکردن دا…
غوڵامی دەڵێم، غوڵامی پوورە ڕەعنا
وەقسە دێت. هەر ئەنەهوو قسەکانمی نەبیستووە، لە دنیای خۆی دایە. بەزەحمەت دەنگی دەردێ.
ـ ئاوا باشترە.. ئەگەر بە تیر لە پیاو بدەن باشترە
دەڵێم:
ـ بەڵام مەشەدی ڕەحیم … غوڵام هیچی نەکرد بوو
چاوی لەسەر یەک دادەنێ و لێوە قەڵشیوەکانی دەجووڵێنەوە
ـ لە نێو هەزار غەریبە و ئاشنا … نا کوڕم. نا، ئەوە ڕێوشوێنێکی باش نییە.
دەنگی دەلەرزێ. چاوەکانی دەکاتەوە. بەرگەی دیتنی غەمەکانی ناگرم. ددانەکانی ڕەش هەڵگەڕاون، سمێڵی زەرد بوون، بەرچاوی شین هەڵگەڕاون و هەڵمساون. سەری بە ناڕێکی تاشراوە. دووکەڵی سیغار بە نێو سمێڵیدا خۆ دەرباز دەکات. وەک ڕەحیم کەرداری جاران قسە دەکات:
ـ دەزانی خالید… زۆر دەمێکە حەسەنی و برایمم نەبینیوە. دڵم بۆیان تەنگە و بیریان دەکەم. … بڵێی چ بەڵایەکیان بەسەر هاتبێ؟…
مژ لە سیغارەکەی دەدات و حەیران تەماشام دەکات. دەڵێی لە نەکاو هۆشی هاتۆتەوە بەرە خۆی؛
ـ ئەتۆ شتێکت گوت؟
ـ گوتم کوڕەکەی پوورە ڕەعنا کوژراوە..
لە پشتی دەستی دەدات و دەڵێ:
ـ لا ئیلاهە ئیلەللا
ـ گوللەی وێکەوتووە مەشەدی ڕەحیم
ـ لا ئیلاهە ئیلەللا
ـ لە مەیدانی مەشق… گوللەی بەرەڵلا
ـ لا ئیلاهە ئیلەللا
ئینجا سەیری بەر پێی خۆی دەکات. بانگی دەکەم، وەڵام ناداتەوە.
ـ مەشەدی ڕەحیم .. غوڵام کوڕی چاک بوو
هیچ ناڵێ
ـ مەشەدی ڕەحیم.
هەڵدەستێ دەڕوات. بەرەو ڕاڕەوەکە دەچێت. کڵاشەکانی چەکەچەک بە عەرزیدا دەخشێنێ. دەمهەوێ هەستم بڕۆم کە لەنەکاو دوو نان یەک بـەدوای یەکدا لە ژووری ژمارە دە ڕا بە دیواری بەرانبەرم دا دەدرێ و وەک دوو بەرد دەکەونە سەر عەرز. تەماشا دەکەم سەری فڕفڕی مەنووچ دیارە. ڕەشایی چاویی تەواو بزر بوون و هەرچی هەیە سپی دەچێتەوە.
هەڵدەستم کە بـەدوای مەشەدی ڕەحیمدا بڕۆم، ناسر ئەبەدی بانگم دەکات
ـ لەبەر دەرگای بەند کاریان بەتۆیە
دێم بکەومە ڕێ، قۆڵم دەگرێ و دەڵێ؛
ـ چتە؟
ـ پێت دەڵێم.
بەرەو دەرگای ئاسنیی بەند دەچم. لە کونی دەرگاوە چاو و لووتی پاسەوانی ڕەشئەسمەر دیارە. دەڵێ
ـ ڕایانگوێستووە بۆ شارەوانی و لەوانەیە لەو ڕۆژانەدا کەسێکی دیکە پێوەندیت پێوە بگرێ
لە قەراری تەماس دەپرسم
دەڵێ:
ـ ئەگەر باوکت شەوی جێژنە نەیەتەوە، دڵت تەنگ نابێ؟
لە وەڵامدا دەڵێی:
ـ هەر ئێستاش دڵم تەنگە
ـ کەواتە بزانە شەوی جێژن دێتەوە
ئەتۆش لە وەڵامدا دەبێ بڵێی؛
ـ خوڵا لە زارت بڕوانێ
***
لێرە و لەوێ دەبیستین کە لەژێر دارکاری دا، غوڵام پیاوکوژیان هەلاهەلا کردووە و لەکەلک و کەڕەمیان خستووە. لە دار خورمای پێش دەفتەری زیندانیان بەستۆتەوە و هەتا سەری هەڵدەگرێ و لە هۆش چووە دارکاریان کردووە و پاشان دەست و لاقیان کەلەبچە کردووە و خستوویانەتە ژووری تاکە کەسی.
جەنگەی نیوەڕۆیە کە دەچین بۆ نان وەرگرتن گوێقوڵاغ دەبم بەڵکوو گوێم لە دەنگی بی. بەڵام هیچ هەست و خوستێک نایە.
شەو، بیلال بۆی باس کردم کە دەمەوئێوارە غوڵام بانگی پاسەوانی کێشکی کردووە و پێی گوتووە کە عەقڵی هاتۆتەوە بەرە خۆی؛ گوتوویە:
ـ سەرکار شیری مەمکی دایکم لێ حەرام بێ ئەگەر درۆیان بکەم. ئەمن ئیتر عاقڵ بووم.
ئینجا پاسەوانەکەی بە هەرچی پیر و پێغەمبەرە سوێند داداوە کە بانگی جەناب سەروان بکات
ـ سەرکار پێی بڵێ با بێت، مەگەر ئەتۆ موسڵـمان نی؟
بۆ بەیانی ڕا ناسر ئەبەدی سەر بە ئێرو و ئەوێدا دەکات و خەبەرمان بۆ دێنێ.
شەو کە کێشک دەگۆڕدرێ ئەفسەری کێشک دەچێ بزانێ غوڵام چ کارێکی پێیەتی. غوڵام بە دەستی بەستراو، پاڵی وەدیوار داوە و گوتوویەتی:
ـ جەناب سەروان غەڵەتم کرد … ئیتر عاقڵ بووم
ئەفسەری کێشک پێیگوتووە:
ـ ئێستا ئەوە خەریکە دەبی بە بنیادەم
ـ دەزانی چۆنە جەناب سەروان … من بیرم لێکردۆتەوە. ئەمن ئیتر پێغەمبەر نیم. خودا گوتی کە ئیمام بم باشترە ، بەس ئیمام
ئەفسەری کێشک هیچ ناڵێ و بەجێی دێڵێ و دەڕوات.
وەختی نانی نیوەڕۆیە قاپە مسەکانمان وەبن هەنگڵمان دەدەین کە بچین نانی نیوەڕۆیە وەربگرین. غوڵام پیاوکوژ سەری بە کونی دەرگای ژوورە تاکەکەسییەکەی خۆیەوە ناوە و دەنگمان دەدات
ـ هۆی… خالید. بە ڕۆستەم بڵێ کە بیژەن لە چاڵاودا خنکا
لێوەکانی هەڵمساون و خوێنیان پێوە ئیشک هەڵاتووە. لووتی شین هەڵگەڕاوە
ـ هۆی بیلال… هوی عەڕەب… بە ڕۆستەم بڵێ بیژەن دەڵێ ئەگەر نەیە نەجاتم بدات، بە ئیسفەندیار دەڵێم بە گورزێک سەری بکاتە دوو کووز.
بە دەنگێکی کز بانگی قازی دەکات:
ـ هۆی قازی.. دەگەڵ تۆمە… بەو ئاژانە بڵێ کە زۆر کەرە.. پێی بڵێ هەتا رۆستەم نەهاتووە هەڵێ و خۆی ڕزگار بکات.
پاسەوانی کێشک دێت و لەبەر دەرگای غوڵام بڵاوەمان پێدەکات.
سێ ڕۆژە غوڵام لە ژووری تاکەکەسییە، تەواو تێکچووە و ڕۆژ بە ڕۆژیش خراپتر دەبێ.
ئەفسەری کێشک دەرگای ژوورەکەی دەکاتەوە، دەڵێ کە کەلەبچەی پێی بکەنەوە و بە غوڵام دەڵێ:
ـ هەتا ئەو کەرە کەرەی وەلا نەنێی جێگات هەر ئێرەیە.
غوڵام چاو لە ئەفسەری کێشک دەبڕێ و پاشان وەک پشیلە مڕنیاوی لێ دەکات و خۆی بۆ داوێ. سەرلەنوێ کەلەبچەی دەکەن و لە هۆدە تاکە کەسییەکەیدا دەرگای لەسەر گاڵە دەدەن.
سێ ڕۆژە غوڵام دمی لە خواردن نەداوە، بەڵام پێیەوە دیار نێ. کاتی نیوەڕۆیان کە دەچین خواردن وەربگرین گوێمان لێیە بەردەوام بانگ دەدات و گۆرانی دەڵێ، دەنا ئەوە بەردەوام دایک و ژنی سەرۆکی زیندان بە جنێوان باربوو دەکات.
عەلی سەلـمانی بۆی گێڕاینەوە کە:
خواردنیان داوەتێ. شەقێکی تێهەڵداوە و پاشان لە دەمووچاوی خۆی هەڵسووە.
بەرەبەرە خەریکە دۆخەکەی خراپ و مەترسیدار دەبێ. کەس نازانێ لە چی و چۆن بیر دەکاتەوە.
ـ دەبێ هەڵێم…تەنانت ئەگە وەبەر گوللەش بێم
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارم دوکتۆری زیندان دێت و لە دوورەوە سەیری دەکات و بە داردەستێک قدیلکانێی دەدات. غوڵام لەبەر پێکەنین ڕەش و شین بووەتەوە. دوکتۆر گوتوویەتی:
ـ وەزعی شڕە و دەبێ هەرچی زووتر ڕایگوێزنە شێتخانە.
دەمەوئێوارە بانگی ناسر ئەبەدی دەکەن کە بچێ سیپاڵی غوڵام کۆ بکاتەوە و بیباتە دەفتەری زیندان.
ناسر بۆی گێڕاینەوە:
ـ دوو ژاندەرم تفەنگ بەدەست هاتن تەحویلیان وەرگرت. هەوەڵێ گیرفانەکانیان پشکنی، پاشان کەلەبچەیان کرد و گوتیان وەپێش کەوە!
ـ بۆ کوێ؟
سەرۆکی زیندان زۆر مێهرەبان دەست لەسەر شانی دادەنێ و دەڵێ:
ـ ئەتۆ ئازادی غوڵام. تۆ لە زیندان دەچێ دەرێ
غوڵام هەناسەیەکی قووڵ دەکێشێ و هاوار دەکات؛
ـ ناڕۆم.
یەک لە ژاندرمەکان بە قۆنداغەتفەنگ لە شانی غوڵام دەکوتێ و دەڵێ
ـ وەڕێ بکەوە!
غوڵام هێدی دەبێ و بە دەنگێکی نەرم دەڵێ:
ـ نایەم … نایەم، ئێوە دەمبەن بمکوژن. من شەوی پێش خوڵا هاتە خەونم و پێیگوتم کە دوو دانە ئاژان دێن، یەکیان خرپن و خڕە و یەکیشان سوور و خەپەلەیە. خوڵا گوتی؛ ئێوە ئەمن دەبەنە سەر گردەزەرد و لەوێ تەق .. تەق… نا..نا نایەم …
ئینجا خۆی لە باوەشی سەرۆکی زیندان دەهاوێت و دەڵێ:
ـ جەناب سەروان تۆ گیانی ژن و مناڵت… تۆ پیاوەتی و ئەستێرەکانی سەرشانت مەهێڵە بمبەن.
سەرۆکی زیندان دەیلاوێنێتەوە و دەست بە سەروسەکوتی دادێنێ، دەست وەبن باڵی دەدات و نەرم قسەی دەگەڵ دەکات؛
ـ هیچ کاریان بە تۆ نییە… ئەتۆ ئازاد دەبی… گوێت لێیە غوڵام. تۆ ئازاد دەکرێی
ئیتر ژاندرمەکان کە تاقەتیان چووبوو، بە ڕووی ناخۆش و تووڕەییەوە غوڵامیان لە زیندان بردە دەرێ.
***
لە دادگوستەرییەوە داوای مەشەدی ڕەحیمیان کردووە. خەریکە لە بەند وەدەردەکەوێ، بەڵام قەڵەمی دەست و پێی شکاوە. لاقی هەڵنایەتەوە. کڵاشەکانی بەخشکە لەسەر عەرز دەخشێنێ. منیش لە دادگای پێداچوونەوەدا سێ ساڵ زیندانیەکەم داشکا و بوو بە یەک ساڵ. داوای پێداچوونەوەی دووبارەم کردووە، بەڵام دەزانم بێسوودە. دەبێ یەکساڵ لێرە بمێنمەوە. یەکساڵیش نا چونکو هەر ئێستا پێنج مانگم تێپەڕ کردووە. محامییەکەم هیچ بەکەڵک نەهات. زەلامی زەبڵاح عەینی پاڵاغ، وەک بزن سەری دەلەقاند. هەڵبەت هیچی لەباراندا نەبوو دەنا پەروەندەکەم هیچی لەسەر نەبوو و دەیتوانی بەباشی پارێزگاریم لێبکات و شاهیدە ساختەکان وەدرۆ بخاتەوە.
داواکاری گشتی قسە دەکات، کە نۆرە دەگاتە وەکیلەکەی من، هەناسەی بۆ ناکێشرێ، پشووسوار دەڵێ:
ـ ئەو کوڕە چارەڕەشە بەدبەختە…
وەجواب هاتم و گوتم
ـ نە بەدبەختم و نە چارەڕەش.
قسەی لێتێکەڵ بوو و سوور سوور هەڵگەڕا. دەمەساتێک بێدەنگ بوو. هەمدیسان دەخۆی نووسا تا دوو قسان بکات..
ـ ئەم کوڕیژگەیە گەنج و بێئەزموونە…
لێی حاڵی بووم بایی چەندە. لێیگەڕام شەکرەکەی بشکێنێ و خۆم سەرقاڵی سەیر کردنی دارودیوار و سەرۆکی مەحکەمە، دەکەم. داواکاری گشتی سەروسەباحی هەر وەک میرزا نەسروڵا دەچێ کە خۆی بە دووعانووسینەوە سەرقاڵ دەکات. لاموایە خوێندەواریشی هەر ئەوەند بێت.
بانگم دەکەن. ملاقاتیم هەیە. هەڵدەستم کە بچم. ناسر ئەبەدی پێشم پێدەگرێ، دەست لەسەر شانم دادەنێ و دەڵێ:
ـ بیستووتە؟
لە بیستنی هەواڵ خۆفم هەیە. هەرچی خەبەری تا ئێستا بیستوومە، هیچی خۆش نەبوون. مردنی غوڵام، نەخۆش کەوتنی پوورە ڕەعنا؛
ـ لە دەست و لاق کەتووە ، یەک مانگە لە جێ دایە. هەموو مووی سەری سپی بووە. شەو و ڕۆژ ناڵەیەتی و بە چەپۆکان بە خۆیدا دەدات… ها ئەمڕۆ بمرێ …ها بەیانی.
چاوەڕوان بووم بیدار خەبەرێکم بۆ بێنێ، ئەویش بێ خەبەرە. پێمگوت خەبەرێکی چاوڕەشم بۆ پەیدا بکات. ڕۆیشت و ئیتر نەگەڕاوە.
ناسر ئەبەدی پاکەتە سیغارەکە لە گیرفانی کراسەکەم دەردێنێ و دەڵێ:
ـ غوڵام پیاوکوژ هەڵاتووە
ـ نا بابە!
ناسر مژێک لە سیغارەکەی دەدات و دەڵێ:
ـ لە نزیک شووش، پەنجەرەی ئاودەستی قەتاری شکاندووە و خۆی فڕێداوەتە دەرێ.
قوڵی ناسر ئەبەدی دەگرم و ڕایدەوەشێنم دەپرسم،
ـ ئەوە دەڵێی چی؟
ـ نامەرد هەموومانی مەلۆتکە کرد.
دەزانم لە شووش تا عەممارە مەودایەکی وا نییە. دەزانم ئەگەر لە دارستانی شووش تێپەڕ بێ و لە چۆمی بپەڕێتەوە بەرلە تاوهەڵات دەگاتە عەممارە. [25]
لە دڵی خۆمدا ئێرەیی بە زیرەکی غوڵام دەبەم. قەڵافەتی لەپێش چاومە، زەرد هەڵگەڕاوە و بە دەنگی نەرم دەپرسێ:
ـ هیچ تەکبیرێکت بۆ من نەکردووە؟
سەرلەنوێ بانگم دەکەن. ملاقاتیم هەیە. بەپێش هۆدە تاکە کەسییەکاندا تێدەپەڕم و دەچمە ژووری تەنیشت پاسدارخانە. دایکم و لەیلای کچی مەلا ئەحمەد هاتوون. دەڵێن بلوور خانم دوایە دێ. پوورە ڕەعناش کە زۆر نەخۆشە و ناتوانێ بجووڵێتەوە. دایکم پێنج تمەنێک قەد دەکات و لە دەستی پاسەوانی چاوەدێری دەنێ. پاسەوانە دەکشێتەوە دوایە و لێدەگەڕێ بۆخۆمان بین. لە تەنیشت دایکم دادەنیشم. بۆنی دایکم هەموو سەربوردەی خۆمم وەبیر دەهێنێتەوە. لەیلاش بە تەنیشتمەوە دانیشتووە، ئەحواڵی دەپرسم،
ـ باشم، ئەی تۆ چۆنی؟
سوور هەڵدەگەڕێ
ڕوو دەکەمە دایکم خەبەری باوکم دەپرسم. لەیلا بەپەلە دێتە نێو قسەکانمان و دەڵێت:
ـ ئەگەر باوکت شەوی جێژنە نەیەتەوە، دڵت تەنگ نابێ؟
سەرم سووڕما. هیچ چاوەڕوان نەبووم. لەیلا باوەڕ بەخۆ سەیرم دەکات و چاوەڕوانە. دایکم خەریکە شتێک بڵێ، مۆڵەتی نادەم و وەڵامی لەیلا دەدەمەوە؛
ـ هەر ئێستاش دڵم تەنگە
لایلا هەناسەی نایە، دەنگی دەگیرێ؛
ـ کەواتە بزانە شەوی جێژن دێتەوە
بزە دەخزێتە سەر لێوم و بەخۆشییەوە دەڵێم؛
ـ خوڵا لە زارت بڕوانێ
لەیلا دەگەشێتەوە، دایکم دەستەوەستانە، لە قسەکانمان حاڵی نییە. پاسەوان دوور ڕاوەستاوە سیغار دەکێشێ. دایکم دەڵێ جەمیلە دیسان نەخۆشە، ئاڵووی هاتووە و تای هەیە. هەموو زستانان تووشی ئەم دەردە دەبێ. میرزا نەسروڵا نوسخە دەنووسێ و دەبێ ماجوومی بۆ دروست بکەن و بیدەنێ. دەبێ بیخواتەوە و لە زاری وەربدات.
لەیلا سیغارم بۆ ڕادەگرێ. پێم سەیرە نەمدەزانی لەیلا سیغار دەکێشێ.
ـ هەڵگرە
هەڵدەگرم و لە شەقارتە دەگەڕێم
ـ ئەمن پێمە
کە قوتووە شەقارتەکەی لە دەستم نا، دەستمی گوشی و چاوێکی داگرت. دەبێ شتێک لە گۆڕێدا بێ. سیغارەکە دادەگیرسێنم و دەمهەوێ شەقارتەکەی بدەمەوە. چاو دادەگرێ و دەڵێ:
ـ ڕایگرە لە زیندان پێویستت دەبێ
هەرچی هەیە لەم قوتووە شەقارتە دایە. لە گیرفانمی دەنێم. لەیلا پێدەکەنێ. بە ئەم چاو لێکردنە، باوەڕ بەخۆ بوون و پێکەنینەی لەیلا کەیفم ساز دەبێ. پێمخۆشە دەستی ماچ بکەم. ڕوون دیارە دایکم بە تەواوی سەری سووڕماوە، بەڵام دەزانێ ئەم ماستە بێموو نییە. دەستی دایکم لە دەستم دایە، دەڵێ:
ـ هەموو سڵاویان بۆت هەیە.
ـ مام بەندەر چۆنە؟
ـ باشە… دێتە ملاقاتت. خاجە تۆفیق و ئەماناغاش دێن. لەوانەیە کەڕەمعەلیش بێ
دایکم لە ئەحواڵی مەشەدی ڕەحیم دەپرسێ. پێی دەڵێم کە ئەمڕۆ چۆتەوە دادگایە. دووپاکەت سیغاری شنۆم دەداتێ کە بیدەمە مەشەدی ڕەحیم. ئەحوالی حەمە فیتەر دەپرسم. دایکم دەڵێ:
ـ شانی لە جێچووە
لەیلا دێتە نێو قسان و دەڵێ:
ـ بە قۆنداغەتفەنگ لێیان داوە
دایکم دەڵێ :
ـ سێ ڕۆژە لە ماڵێ کەوتووە
دەبێ لە دەرێ خەبەرهایەک هەبێ. بلوور خانم دەگاتێ. ئاجیل و پستەی بۆ هێناوم. پاسەوانە چاوی بەسەرمانەوە ، لەیلا بە گوێمدا دەڵێ:
ـ لە میتینگدا بوو. حەمە فیتەری دەڵێم؛
پاسەوان دێتە پێشێ، پەلەیەتی
ـ خالید خێرا بن
ـ بلوور خانم وەجواب دێ؛
ـ ئەی ماڵتە لێگەڕێ با تێر تەماشای بکەین
دایکم دەستم بەر دەدات و ڕوومەتم ماچ دەکات
ـ کات تەواو بوو.
دووبارە دایکم ماچ دەکەم. گوێم لە دەنگی بلوور خانمە دەڵێ:
ـ پێخەف و جێگە و بانت کەم نییە؟
ـ نا ئەگەر هەوا ساردتر بێ دەنگ دەکەم
دایکم دەڵێ:
ـ پەتووت بۆ دێنم
پاسەوان مینگە دەکات. دایکم بەردەدەم و لە ژوورەکە دەچمە دەرێ. زوو دەگەڕێمەوە بەند و دەچمەوە ژوورێ. قوتووە شەقارتەکە دەردێنم، بەتاڵی دەکەم. لە تەختی بنیدا کوتەکاغەزێ بەقەدکراوی تێدایە. زۆر ناسکە دەڵێی توێکڵە پیوازە. دەیکەمەوە، دەستنووس نیە، تایپ کراوە. ” وەزع باشە. حەولی تەواو بدە زیندانیانی بەندی سێ رێکبخەی. پێویستی هاوبەشی ئەوان بە خۆراکی باشتر سەرکەوتنی تۆ دەستەبەر دەکات. دەبێ لەبەرانبەر بەرپرساندا قورس و قایم ڕابوەستن و داوای مافی خۆتان بکەن. ئەگەر شتێکت پێویستە ئاگادارمان بکە. کتێبیش بەڕێوەیە.” كێ هەواڵی زیندان دەباتە دەرێ؟ بیر لە هەموو زیندانییەکان دەکەمەوە. بیر لە پاسەوان و ئەفسەرەکانیش دەکەمەوە. نازانم..
کاغەزەکە لە زارم دەنێم بە باشی دیجووم و دەچم بۆ ئاودەستان و لەوێ تفی دەکەم. نزیک نیوەڕۆیە، بەڵام خۆر هێزی لەبەردا نییە. هەوا ساردی کردووە. پاڵ وەدیواری دەدەم و بیر دەکەمەوە. هێندێک پەتوویان ڕاخستووەو لەبەر خۆر خۆیان هەڵخستووە. چەند کەسێک قەدەم لێدەدەن. بیر لە “پێویستی هاوبەش” دەکەمەوە. چاو لەسەر یەک دادەنێم بیر دەکەمەوە کە دەبێ لە کوێوە دەست پێ بکەم. دەنگی دەرگای بەند دێ. ڕەحیم کەردار لە دەرگاوە دێتە ژوور. خێرا بەرەوپیلی دەچم. تەواوێک داهاتووە. ڕادەوەستێ و سەیرم دەکات. چاوی دەڵێی چاوی گوێلکە کە بۆ سەربڕینێی دەبەن.
ـ ها مەشەدی ڕەحیم، چ کاریان پێت بوو؟
دەستی لە پشتەوە گرتووە. قسە ناکات ، دەکەوێتە ڕێ. بەدوایدا دەچم.
ـ نەتگوت چ کاریان پێت بوو
هیچ ناڵێ. لە ڕاڕەوەکەدا دەچم لە پێشی ڕادەوەستم و قۆڵی دەگرم . وەقسە دێت. وشەکان بە زەحمەت ڕێگای دەرێ دەدۆزنەوە.
حوکمی ئیعدامەکەیان پێڕاگەیاندووە.
کاس دەبم سەرم سووڕماوە. دەنگی چینۆق لە گوێمدایە زۆر لە دوورە وە دێت..
ـ خالید! نەچینە مەیدانی زیندانێ؟
ـ بۆ چ خەبەرە؟
ـ سێ کەس لە دارێ دەدەن
دەست دەکەین بە غاردان. چینۆق خێرا و لە پێشەوە هەڵدێ. من و خالەق هەرچی لە خۆمان دەنووسێین تۆزی ناشکێنین. وڵات گەرمە. تەپ و تۆز لە کۆڵانان هەڵدەستێ. وەسەر دیوارێک دەکەوین و ئەودیو دەبین، مێگەلێک مۆڵ دراوە، سەگی مێگەل سەر لە دوومان دەنێ، شوانە لە فریامان دێ. خۆ بە کەلێنە دیوارێکدا دەکەین، مەیدانی زیندانمان لە پێش چاوە. لە ناوەڕاست مەیداندا سێ قەنارە، هەرکام کەسێکی پێ هەڵواسراوە داوێنی قەنارەکان سپین، دیارە دەبێ تازە تاشرابن. لەوانەیە کاری ئەمشەوی دارتاش بووبێ. خالەق و چینۆق هەتا دە هەنگاوی بمێنێ بۆ بن سێدارەکان، دەچنە پێش، من ناوێرم و لاقم لە دوو نایەن. تێکدەچم. ڕوخساری هەر سێکیان ڕەش هەڵگەڕاوە. یەکیان قەڵەو و بەخۆوەیە. زمانی بە نێوان ددانیدا هاتۆتە دەرێ. موویەکانی ئاڵۆزە، زگی دەرپەڕیوە و قۆندەرەی دەپێ دایە. یەکیان کورتەباڵا و کزە، لینگێک کڵاشی دەپێدا و ئەوی تریانی لەبەر پێی کەوتووە. سێهەمی درێژە، بە تەنافەکەوە دەلەرێتەوە و با سمێڵی شانە دەکات. مەیدان چۆلە تەنیا پاسەوانێک تفەنگ بەدەست دێت و دەچێ. شتێک بە خالەق و چینۆق دەڵێ، دەنگی ناگاتە من. لەنەکاو سەرم دەسووڕێ و گێژ دەبم. قەنارە لە دەوری سەرم دەسووڕێن. جەنازەکان کەوتوونە سەما و هەر یەکەو بۆ لایەک دەچن و دەگەڕێنەوە و زار و لێوم لێ خواردەکەنەوە. هەرچی بەرچایی خواردوومە دەیهێنمەوە و ڕۆی دەکەم. وا هەست دەکەم خالەق و چینۆق هاتوونە بن باڵم و لە بن دیوارێک دایانناوم. لەنەکاو دەست دەکەم بە لەرزین وەک تەناف لە ئەستۆی خۆمدا بێت. زمانم خەریکە ئەستوور دەبێ. یەک و دوو دەست دەکەم بە ڕاکردن و دوور دەکەومەوە. خالەق و چینۆق بەجێ ماون. پشووم سوارە، ڕادەوەستم. دوو مناڵی گەڕەکی زیندان دەبینم وا خەریکن بێچووە پشیلەیەک لەدار دەدەن. ئامبازی مناڵەکان دەبم و بە مست و پێلاقە دەکەومە گیانیان. بێچووە پشیلە دەرفەت دێنێ و پەت لەمل ڕادەکات. وا سەیری پشیلەکەم دەکرد کە مناڵەکان دەرفەتیان لێ هێنام و تۆڵەی خۆیان کردەوە و زۆر چاکیان کوتام. سست و بێحاڵ لەسەر عەرز دادەنیشم، دەنگی مەشەدی ڕەحیم دەبیسم؛
ـ هەر ئەو ڕۆژانە لە دارم دەدەن
چاو هەڵدێنم، مەشەدی پاڵی وەدیوار داوە هێزی نییە لەسەر پێ ڕابوەستێ، بەردەبێتەوە سەر عەرز. دەچمە بنباڵی ناتوانم هەڵیگرم. داکەوتووە و قورس بووە. لە نەکاو دەم دەکاتەوە هەر چی لە گەدەی دایە ڕۆی دەکات.
***
بیدار دێتە ملاقاتم. سارد و سڕە و وەکی جاران گەرموگوڕ و بەزەوق نییە. بزەیەکی سارد و بێمانای لەسەر لێوانە. بە دڵمدا دێت کە دەبێ هەواڵێکی خۆشی پێنەبی.
لێیدەپرسم
ـ چ خەبەرە؟
سارد و سڕ دەڵێ:
ـ هی کێ؟
ـ هی چاوڕەش
ـ نەمتوانی بیبینم، وێدەچێ باریان کردبێ
تێک دەچم و ڕەنگم دەگۆڕدرێ
ـ ڕۆیشتوون؟
بێهەست و بێتەفاوەت دەڵێ:
ـ ئەتۆ نابێ خۆت زۆر ناڕەحەت بکەی.
خەریکە وەزعم تێکدەچێ. سەرم داغ دەبێ.
ـ تۆ دەبێ بیر و خەیاڵی چاوڕەش لە کەللەت بەرێ دەرێ… ئەمەم چەند جاری دیکەش پێگوتووی.
ئەگەر قەرار بێ چاوڕەش لەبیر بکەم، دەمرم. تەواوی کات و ساتی ناخۆش و پڕ چەرمەسەری زیندانم بەیادی ئەو بردۆتە سەرێ.
هەموو شتێک وەک خەون و خەیاڵ دێتە بەر زەین.
سەیری بیدار دەکەم، هەروا بێدەماغ و بێکەیفە.
ـ من حەولی تەواوم دا… نەمتوانی بیدۆزمەوە.
ـ زۆرت سپاس دەکەم.
لێم دەپرسێ،
ـ زۆر ناڕەحەت بووی، هــا؟
وەڵام نادەمەوە. دەزانم لێم تێناگات. دەزانم هەرچی بیڵێم بە بێباوەڕی لێم وەردەگرێ. هیچکەس نییە لە بایخی ئەو دەمەساتە خۆشانە کە بیرم لە چاوڕەش کردۆتەوە و دەکەمەوە، تێبگات. کەس نییە تێبگات یاد و بوونی ئەو هاندەری خۆڕاگریمە.
سەردادەخەم و بە بێدەنگی دەڵێم:
ـ خواحافیز بیدار… زۆر سپاس.
جومگەم دەگرێ و دەڵێ:
ـ ڕاوەستە!
ڕادەوەستم ،بەڵام هەروا سەرم داخستووە و گوێم لە دەنگێتی.
ـ تۆ دەبێ دنیا وا ببینی کە هەیە، لە دنیای خەونەکان وەرە دەرێ.
دەمهەوێ بەسەریدا بگوڕێنم. سەیری دەکەم. دان بەجەرگمدا دەگرم و هیچ ناڵێم.
دەنگ و ڕەنگی گۆڕدراوە، بەردەوام دەبێ؛
ـ ئەگەر ڕاستییەکان ببینی هەرگیز ئاوا دە داوی هەست و خۆشەویستی ناکەوی
هیچ ناڵێم.
بیدار دەڵێ:
ـ خالید دەتهەوێ لە زینداندا دۆزەخێک بۆخۆت ساز بکەی؟
سەر ڕادەوەشێنم، بەڵام دەنگم دەرنایە کە شتێک بڵێم. دەمهەوێ وەڕێ بکەوم. دەڵێ:
ـ با ئەوەش بڵێم کە من ئیتر نابێ بێمە ملاقاتت.
ئیتر هیچ شتێک بەلامەوە گرینگ نێ. دەگەڕێمەوە ناو بەند و دەرگا لە پشت سەرم دادەخرێت. قازی دێتە سەر ڕێگام؛
ـ چێ دیسان؟ خەفەتبار دیاری.
ـ حاڵم باش نییە.
قازی خۆی دەکێشێتە دواوە. سەیری چاوم دەکات و وەک هەمیشە خێرا قسەی خۆی دەکات.
ـ ژیان وایە… زۆر قووڵی دامەگرە.
دەکەومە ڕێ. قازی بەدوامدا دێت و پێشم پێدەگرێتەوە. دەیهەوێ دڵم بداتەوە،
ـ شتێک قەوماوە؟
ـ قازی دڵم زۆر تەنگە.
قازی دەکشێتەوە. دەچمە ژوورەکەم، لەسەر جێگەکەم درێژ دەبم و پەتووەکە بەسەر خۆم دەکێشم. دەنگی بیدار پڕ ئازارە،
ـ تۆ دەبێ دنیا وا ببینی کە هەیە، لە دنیای خەونەکان وەرە دەرێ.
ناخوازم بیر لەم ڕاستییە بکەمەوە. بریا نەدەهاتە ملاقاتم. لانی کەم خەیاڵم ڕاحەت بوو کە لە زیندان چوومە دەرێ دەیبینمەوە. نا، مل نادەم، مەلە دەکەم. تەواوی شاری بە دوادا دەگەڕێم، شارەوشار بـەدوای دا دەگەڕێم، دەیبینمەوە. بوونی ئەو مانا دەدات بە ژیانم. من پێویستیم بە دیتنی ئەو هەیە. قسەکانی، پێکەنینەکەی بێوێنەن و پێویستی ژیانی منن. دەیدۆزمەوە. من بێ ئەم چاوانە ناژیم.
گەرم داویسێم ، وەک تام هەبێ وایە. بیر و خەیاڵ هەڵم دەگرێ. بەتەنیا نیم، چاوڕەش سەری خستۆتە سەر شانم و بەیەکەوە پیاسە دەکەین. لێک هەڵبڕاین. دەستم درێژ دەکەم، سەرپەنجەکانمان دەگەنە یەک. لەنەکاو چاوڕەش دەکشێتەوە دوایە. دووردەکەوێتەوە . دوورتر و دوورتر. لە چاوان نەبەدی دەبێ.
حەزدەکەم بگریم. دەمهەوێ لە جیاتی هەموو ئینسانە دەردەدارەکان بگریم.
ـ تۆ دەبێ دنیا وەکی هەیە ببینی.
لە ناخمدا هاوار دەکەم؛
ـ نا بیدار نا.. خۆشەویستی و ئەوینی من شتێک نییە بتوانم فەرامۆشی بکەم. من چاوڕەشم خۆشدەوێت.
بیر و خەیاڵم دەگەڕێتەوە لای چاوڕەش، هاتۆتەوە لام و گازندەم دەکات کە بۆ وا بێخەبەرم. گلەیی دەکات،
ـ ئەوە لە کوێی خالید؟
هەموو شتێک خەونە..
ـ لێرەم باشترینەکەم
کراسێکی زێوینی پوولەکەداری دەبەر دایە، خۆی داوێتە باوەشم. سەر وەسەر شانم دەکات. بۆنی خۆشی مەستم دەکات.
ـ خۆشم دەوێی
کوڵمەکان و گەردنی ماچ دەکەم ، قاقا پێم پێدەکەنێ.
لێوەکانی ماچ دەکەم. بۆنی بەهار دەدات.
ـ لێوەکانمت خوارد.
هەناسەم سوارە، ئارەقەم کردووە. لەنەکاو ون دەبێ. دەست دەکەم بە لەرزین.
ـ تۆ دەبێ دنیا وەکی هەیە ببینی.
لە جێگەکەم دەردەپەڕم و هاوار دەکەم.
ناسر ئەبەدی لەسەر سەرم ڕاوەستاوە؛
ـ چتە خالید؟
ئارەقەیەکی سارد دەکەم. ناسر سەیرم دەکات و دەڵێ:
ـ حاڵت باش نییە، نەخۆشی؟
تاقەتی قسەکردنم نییە. بێواز دەڵێم:
ـ نا هیچ نییە.
ناسر لەپێشم چۆک دادەدات؛
ـ بە من بڵێ.
دەنگم کزە و لە قورگم دەرنایە،
ـ شتێک نییە… دڵم تەنگە.
سیغارێک دادەگیرسێنێ و دەیداتە دەستم.
ـ دەبێ بچی نانی نیوەڕۆیە وەربگری.
هەڵدەستم ، هێزی ڕۆیشتنم نییە. بەتۆبزی لاق هەڵدێنمەوە و لە ژوورەکە وەدەر دەکەوم.
***
بەرەو بەهار دەڕۆین، سەرما بەئازار نییە، بەر خۆرەتاو گەرمە بەڵام جارێ خۆی لەبەر ڕادەگیرێ و بۆوە دەبێ چێژی لێ وەربگیرێ.
جێگەی ڕەحیم کەردار لەسەر سەکۆ چیمەنتۆکەی نزیک ئاودەستان چۆلە. حەوتووی پێش سپێدەی بەیانی هاتن بە شوێنی دا. تاریک و ڕوونی بەیانی بوو بە دەنگە دەنگی نێو ڕاڕەو لە خەو هەستام. هەموومان بەخەبەر هاتین. خەواڵوو پاڵمان وە چوارچێوەی دەرگای ژوورەکان دابوو و سەیرمان دەکرد. مەشەدی ڕەحیمیان بەخەبەر هێنا. پێی ڕۆیشتنی نەبوو. چاوی وەک دوو دانە مەڕمەڕ زەق دیار بوون. سەیری دەکرد، بەڵام کەسی نەدەدیت. هێزی ئەژنۆم بڕا، نەمدەتوانی لەسەر لاق ڕابوەستم، پاڵم وە دیوار دا و هەڵترووشکام. مەشەدی ڕەحیم بەپێشمدا تێپەڕی، پێی لە عەرزی دەخشاند، هەنگاوی نەبوو. تەواوێک چەمابۆوە. پاشان هەنگاوی شەقی سەروان ئینجا دەنگی پێی زیندانیەکان کە بە ناڕێکی تێکیان داویشت بەپێشمدا تێپەڕین. ئێستاش دەنگی ڕەحیم کەردار لە گوێمدایە کە دەیگوت:
ـ دەبینی خالید؟ دەبینی بەم ئاخری عومرە.؟…
بۆنی ڕەحیم کەردار لووتمی پڕ کردووە، بۆنی تووتنی سیغاری شنۆیە و بۆنی واجبین[26]
ـ ئەمە هیچ ڕێوڕەسمێکی باش نییە
هیچم نەدەبینی. دەنگی پیر و لەرزۆکی مەشەدی ڕەحیم بەند بەندی لەشم دەلەرزێنێ.
ـ ئەمە هیچ ڕێوڕەسمێکی باش نییە کە بنیادەم دەبەن لە پێش چاوی غەریبە و ناسیاو هەڵیداوەسن.
هەوا گەرم و دڵگیرە. جێگەی مەشەدی ڕەحیم دیارە، هێشتا ڕانەهاتووم و هەر پیم وایە لەسەر سەکۆکە پاڵی وەدیواری ئاودەستان داوە. دەنگی هەروا لە گوێمدایە؛
ـ دەبینی خالید؟ دەبینی بەم ئاخری عومرە؟…
بۆنی بەهار دێ ئاسمان ساماڵ و بێگەردە. باسی خواردنی زیندان لەسەر زارانە. دەگەڵ زۆربەی کوڕەکان قسەم کردووە.
ـ ئەتۆ ئامادەی ئەوەندە خۆ لە خواردن بپارێزی و مان بگری هەتا خواردنی زیندان ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت؟
ـ چاوەکانی مەنووچە ڕەش حەواوی دەبێ؛
ـ لە من دەپرسی کە ئاخۆ حازرم؟…
سینگ دێنێتە پێش و سەرە زەلامەکەی دەلەقێنێ. دەماری گەردنی هەڵدەستن و بە دەنگێکی بۆڕ دەڵێ:
ـ من هەر ئێستاش ئامادەم ئەم کەسافەتە نەخۆم. بەڵام کوا پیاو کە گوێ بۆ قسەی من شل بکات.
حوسێن ئاشی لەسەر جووت ئەژنۆیان دادەنیشێ، سەنگ و قورسایی لەشی دەخاتە سەر دەستەکانی و ملی دێنێتە پێش و دەڵێ:
ـ زۆر باشە بۆ نا؟
چاوی ڕاستی تانەی لەسەرە دەڵێی موورووی چاووزارە و دەرپەڕیوە، کەڵەبابەی گەرووی لەسەر ملی درێژ و باریکی سەروخوار دەکات؛
ـ ئەگەر بتوانین کارێک بکەین…
حوسێن ئاشی لە بیلال درێژتر و بە باڵاترە، چەنەی دینێتەوە پێش و دەڵێ:
ـ بەڵام تۆ پێتوایە ئەوانی دیکەش ڕەگەڵ کەون؟
دەڵێم:
ـ ئەگەر بمانهەوێ خواردن و خۆراکمان بگوڕدرێ و باش بکرێ، دەبێ قەبووڵی بکەن.
ئاوی زاری قوت دەدات و زمانی لە لێوە ئیشکەکانی دەدات و دەڵێ:
ـ من ئامادەم و دەگەڵم.
دەگەڵ ئەسی سەرخۆ پیاسە دەکەم، دەنگی تیژە، کوڵمە سوورەکانی ئەوەندی دیکەش سوور هەڵدەگەڕێن.
ـ ئەوەی بزانە هەر چی کونی هەمانە بە باتووم پڕی دەکەن.
حەول دەدەم تێیبگەیەنم کە ئەگەر یەکدەنگ بین، هیچ غەڵەتێکیان پێناکرێ.
دەستێک بە قژە زەردەکانی دادێنێ و خەریکە تەفرە بڕوات و خۆ بدزێتەوە. حەزناکەم دەستی لێهەڵبگرم.
دێت لەپێشم ڕادەوەستێ و دەڵێ:
ـ دەزانی چییە خالید؟ … چوار پێنج مانگ زۆرترم زیندانی نەماوە، هیچ حەزناکەم لەم دوایەدا لە ژووری تاکە کەسیم پەستێون.
بەردەوام دەبم،
ـ بەڵام ئەسی ئەوەی بزانە کە مەنووچ بۆ هەموو کارێک ئامادەیە… تەنانەت…
بەپەلە قسەکەم پێدەبڕێ و دەڵێ:
ـ ئەو لە کەللەی داوە، شێت بووە.
دەست دەخەمە سەر شانی و چاو لە چاوەکانی دەکەم و دەڵێم:
ـ نا، ئەسی… ئەو لە هەمووی ئێمە عاقڵترە… ئەتۆ هەڵە دەکەی.
شانی هەڵدەتەکێنی و لێم دووردەکەوێتەوە و دەڵێ:
ـ هەر غەڵەتێک پێتان خۆشە بیکەن… بەڵام لەسەر من حیساب مەکەن.
بۆ نەورۆز و دەسپێکی بەهار زۆرمان نەماوە. بۆنی بەها ر دێت. ئاسمان ساف و جوانە. دەگەڵ مێهدی سینگ کۆتر دەکەومە دوان،
ـ بە هێندمان ناگرن و جوابیشمان نادەنەوە.
ـ بەڵام من پیم وایە زۆر کاران دەتوانین بکەین.
ملی هێند کورتە هەر نابینرێ. چەنەی درێژی هەتا سەر سینگی هاتووە. سینگی ڕەپ کردووە و پشتی بە دیوارێوە ناوە؛
ـ بەڵام چاوەکەم، ئەوانە چەکیان پێیە…
هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەکێشێت و پاشان هێدی و بژاردە بەردەوام دەبێ،
ـ ئەوان ..باتوومیان پێیە… کەلەبچەیان پێیە… ژووری تاکە کەسییان هەیە،
سندممان دەکەن…
ـ سەرەڕای هەموو ئەم قسانە … تۆ دەتهەوێ ئەم کەسافەتە لە جیاتی خۆراک بخۆی؟
سەرە زەلامەکەی لە دیوار دەکاتەوە و دەڵێ:
ـ نا
ـ جا هەرگا وایە خۆ پێت وانییە ئەوە چارەنووسی ئێمەیە کە دەبێ ئەم کەسافەتە لە جیاتی نان بخوێن… ها؟
چاوەکانی دەردەپەڕێنێ
ـ گوتت چارەنووس و مقەدەر؟
ـ ئەتۆ بڵێ…
ـ ترس…عەزیزی دڵم، ترس! … دەنا هەر گەمژەیەک دەزانێ کە ئەوانە پارەی جیرەی ڕۆژانەی ئێمە حەپەلووش دەکەن.
جومگەی دەگرم و دەڵێم:
ـ جا کە ئەوەی دەزانی، لاتوایە دەبێ هێندە سەبر بگرین هەتا هەموومان سەقەت دەبین و نەخۆش دەکەوین؟
بیلال دەگاتێ و لەپەنامان ڕادەوەستێ.
ـ هەر باسی خواردنە؟
ڕەزا گیرفانبڕ دێت. مێهدی دەڵێ:
ـ ئادی ئەرێوەڵلا باس باسی خواردنە.
بیلال دەڵێ:
ـ دەی با بە ئێکجاری بیبڕینەوە. لە بەیانییەوە بەڕۆژوو دەبین.
پاسەوانی کێشک دەگاتێ، قسەکەمان دەگۆڕین.
ناسر ئەبەدی دێ دادەنیشێ و ئامۆژگاریم دەکات؛
ـ بزانە خالید… من دەگەڵ تۆ هاودەنگم… بەڵام ئەگەر سەرۆکی بەندیخانە پێبزانێ کات لە پێستی سەر داخنێ. هەر دوومانگ دوومانگ دەتنێرێتە ژووری تاکە کەسی. ئەمن ئەم ناپیاوانە دەناسم.
ئەگەر ناسر ئەبەدی پێمل بێ و ڕەگەڵ بکەوێ زۆر کار مەیسەر دەبن. دەبێ قایلی بکەم.
ـ ناسر ئەگەر هەموومان بەیەکەوە بین زۆر کارمان لە دەست دێ.
چاو لە چاوم دەکات و دەڵێ:
ـ خۆ ئێمە وەزعی خۆراک و خواردنمان باشە…
ـ ئەدی ئەوانی دیکە؟
ـ بە قەبری بابیانەوە.
ـ بەڵام .. ناسر ئەوانیش ئینسانن…هاوڕێن،
وەک کەڵەبابی جەنگی بەگژم دادێ،
ـ هاوڕێ؟!
وەکیل کەڕەم، بە تەنیشتماندا دێ. هێند کزە لەوانەیە با بیبات. ناسر پەنجەی بۆ ڕادەدێرێ و دەڵێ:
ـ ئەو مارمێلکەیەت دیوە؟ … چاو لەسەر یەک دابنێی، گوێت دەبڕێ. بەم قەد و قەڵافەتەیەوە ڕوحم بە هیچ بنیادەمێک ناکات.
پشووی تازە دەکاتەوە ،
ـ جا چ خوڵا بەردارە کە من بۆ یەکی وەک ئەمە خۆ بدەمە بەر باتووم. بۆ دایک قەحبەیەکی ئاوا؟
زۆر لێک دوورین، زەحمەت دێتە ڕەدایە. جومگەی دەگرم و دەڵێم:
وەرە با بچینە ژوورێ تا بەحەوسەلە پێت بڵیم بۆ…
قسەکەم پێ دەبڕێ:
ـ باشە بابە… هەر غەڵەتێکتان کرد منیش دەگەڵم.
خێرا جومگەی لە دەستم دردەکێشێ و دەکەوێتە ڕێ. هەر ئەوەندە بەسە، نابێ زۆرتری دەگەڵ بڵێم.
بیری ڕەحیم کەردار هەڵەسوونە دێنێتەوە. دەمهەوێ بچم لەسەر سەکۆکە دابنیشم کە دەرگای بەند دەکرێتەوە. سەر وەردەگێڕم ئیستوارێکی باڵا مامناوەندی لە دەرگاوە بانگم دەکات. بۆلای دەچم.
ـ کارت بە من بوو؟
دەستم دەگرێ و دەڵێ:
ـ دەگەڵم وەرە!
لە چاوەکانیدا دەیخوێنمەوە کە نابێ هەواڵێکی خۆش بێ.
ـ چ کارت بە منە؟
بە دەنگێکی نادۆستانە دەڵێ:
ـ بەزوویی دەزانی.
هێشتا لە دەرگای بەند نەچووینە دەر کە ناسر ئەبەدی پەیدا دەبێ و دێتە پێشمان؛
ـ بۆ کوێ؟
ئیستوار بێواز دەڵێ:
ـ جەنابی سەرۆک کاری پێیەتی
لە چاوەکانی ناسردا دەیخوێنمەوە کە ئەو لە من باشتر لە وەڵامی ئیستوارەکە گەیشتووە.
ـ چ کارێکی پێیەتی؟
ئیستوار هیچ ناڵێ. دەرگای بەند لە پشت سەرمان دادەخرێ. بە ڕاڕەوی پێش ژوورە تاکە کەسییەکاندا دەڕۆین. ڕاڕەوەکە سارد و شێدارە. هەست بە سەرما دەکەم. دەچینە حەوشەی زیندان. سەرۆکی زیندان لەسەر کورسییەک دانیشتووە و سیغار دەکێشێت. ڕیشی پاک تاشیوە. کوڵمی سوورن و گۆشتن. پاڵی وە پشتی کورسییەکە داوە و لاقی هاویشتوونە سەریەک. هەرکە من دەبینێ وەک مالۆسی ئاوس بۆلام دێت.
لە ناوەڕاستی حەوشە لە سێبەری دارێکدا وەستاوم وڵات بێدەنگە. لە دووکەڵکێشی چێشتخانە دووکەڵێکی ڕەش بەرەو ئاسمان دەڕوات.
سەرۆکی زیندان بەرانبەرم ڕادەوەستێ. ئیستوارەکە جومگەم بەردەدات و دەکشێتە دواوە. سەرۆک جگەرەکەی فڕێدەداتە سەر عەرز و بە پانێی کەوشەکەی دەیکوژێنێتەوە. ئینجا لەناکاو بە پەنجە خەپڵەکانی لە بنان گوێی قایم کردم. نەکاوگیر بووم، دەتگوت لەتکە خشتیان لەبن گوێم دا. کەوتم. هێشتا هەڵنەستابوومەوە گوێم لە دەنگی بوو؛
ـ بۆیە وا لەبنان گوێم دای هەتا بزانی دەگەڵ کێ تەڕەفی.
هیچ ناڵێم. ئیستوار لەپشت سەری ڕاوەستاوە و چەند پاسەوانێکیش وەستاون و سەیرمان دەکەن. دیسان گوێم لە دەنگی زەلام و گڕی سەرۆکی زیندان دەبێ،
خەریکی لە ناو بەند ئاژاوەی ساز دەکەی، ها ؟
تێدەگەم چ باسە. دەبێ کێ ئەم خەبەرانەی پێ دابێت؟
ئەو دەنگە زەلام و گڕە لە ئەم بەرازە گۆشتنە ناوەشێتەوە.
خێرا بیر و زەینم بۆ لای هەموو هاوبەندییەکان دەچێت. بڵێی ئەسی سەرخۆ سیخوڕی کرد بێ؟ …ڕەزا گیرفانبڕ؟ پاشان بیرم بۆ لای ناپۆلیۆن چوو. ئەگەر قەرار بێ خواردنی باش بدەن بە ئێمە کاسبی ئەو تێدا دەچێ.
سەرۆکی زیندان دێتە پێشتر و نەرمەی گوێم دەگرێ و بای دەدات. دەم پێکدا دەدەم تا دەنگم دەرنەیە.
ـ دەڵێم دەست و پێت کەلەبچە بکەن و لە ژووری تاکە کەسیت بهاوێن، تا قەدری عاقیبەت بزانی.
گوێچکەم بەر دەدات و خێرا مستەکۆڵەیەک لە ملم دەدات.
ـ بەڵام جەنابی سەرۆک من کارێکم نەکردووە
ددانە وردەکانی وەک ددانی سەگێکی تووڕە نیشان دەدات و دەمڕێنێ،
ـ هیچت نەکردووە؟.خەریکی خەڵک هان دەدەی سەربزێوی بکەن، هێشتا هیچت نەکردووە؟
هەروا کە قسان دەکات لەناکاو شەپێکی داهێنامێ؛ وەسەروی نەرمانی سمتم کەوت؛ سەرەنگرێ بووم و لەپەنا دارەکە کەوتم.
ـ بیبەنە ژووری تاکە کەسی!
ـ بەڵام جەنابی سەرۆک…
ڕیگەی نەدا قسە بکەم.
ـ بێدەنگ بە!
ئیستوار هاتە بن پیلـم و گوتی:
ـ وەڕێ بکەوە!
دەکەومە ڕێ. ملم زۆر دێشێ. گوێچکەم دەبرژێتەوە، بە شەلەشەل دەڕۆم .
دەرگای ژووری تاکەکەسی لە پشت سەرم دادەخرێ
زۆرم سەرمایە. دوو ڕۆژە خۆرم نەبینیوە. پێشنیوەڕۆیە گوڵەنوورێکی بچووکم لە کڵاوڕۆژنەی ژوورەکەوە بینی. بۆ نەورۆز زۆری نەماوە، لەوانەیە هەفتەیەکی مابێ، دڵنیا نیم، حیسابی ڕۆژەکانم لە دەستدا نەماوە. ئێوارەیە، سەرۆکی زیندان دێ دەرگای ژوورەکەم دەکاتەوە. هەڵدەستم و بەرانبەری ڕادەوەستم. بەکەیفە، دارمەشقەکەی لەبن هەنگڵی دایە. دەبێ نەهارێکی باشی خواردبێ و هەڵبەت چێشتانەخەویشی کردووە. هێدی و ئارام دەپرسێ،
حەز دەکەی لێرە بمێنێوە یان عاقڵ بووی؟
ئەژنۆم دەلەرزێ. سەرما خەریکە لە کەڵک و کەڕەمم دەخات. ئەو دوو ڕۆژ و شەوەی لێرە بووم نەمتوانیوە دەم لە خواردن بدەم.
ـ وەرە دەرێ
لە ژوورە تاکەکەسییەکە دێمە دەرێ. بە شەلە شەل دەڕۆم، لەپشت سەرمەوە گوێم لە دەنگی سەرۆکی زیندان دەبێ،
ـ لەبیرت بێ کە هەموو کات دەتوانم عاقڵت بکەم.
ناسر ئەبەدەی لە باوەشم دەکات. بیلال پەڕەمێزەکە هەڵدەکات تا چای دەم بکات. قازی، مەنووچە ڕەش و مێهدی سینگ کۆتر لەدەورم کۆ دەبنەوە و دادەنیشن.
ناسر دەڵێ:
ـ دیتت گوتم
تاقەتی قسەکردنم نییە. مەنووچ سەرە فڕفڕە زەلامەکەی دەلەقێنێ و دەڵێ:
ـ جا کە وای لێهات، چ دەبێ با ببێ ئێمە دەگەڵین
ڕەزا گیرفانبڕ دێ لەلای بیلال دادەنیشێ و دەڵێ:
ـ با ئەمن پەرامێزەکە ناسووس بکەم.
بیلال ئیستکانەکان دەشوات و ڕەزا پەرامێزەکە ناسووس دەکات. قازی دەڵێ:
ـ ئەوەی بزانن کە مانگرتن ئاساییە و تاوان نییە.
سیغارێک هەڵدەپێچێ و بەردەوام دەبێ،
ـ ئەگەر داواکەمان ڕەوا بێ و گوێمان لێنەگرن مافی خۆمانە مانبگرین.
بیلال ملی باریک و درێژی دەداتە پێش، چاو لە چاوی قازی دەکات و دەڵێ:
ـ بەڵام ئەگەر گوێمان نەدەنێ و باتووممان لە قۆڵی ڕاکێشن چی؟
مەنووچە ڕەش دەست دێنێتە پێش و پەنجەکانی تێک دەکات و دەڵێ:
ـ ئەگەر یەکگرتووبین ناتوانن هیچمان لێبکەن.
ڕەزا گیرفانبڕ ئەژنۆکانی لەباوەش گرتوون و بێدەنگ دانیشتووە.
وردە وردە سەرمای ژووری تاکە کەسی لە لەشم دەچێتە دەر و گەرم دەبمەوە.
مێهدی سینگ کۆتر وەقسە دی:
دەڵێم کە…
چاو دەگێڕێ و یەک یەک سەیری هەموومان دەکات؛
ـ ئێمە دەبێ بەر لە هەموو شتێک کارێک ئەنجام بدەین.
هەموو گوێ قوڵاغن. هێدی و ئارام قسە دەکات دەنگی دەگەڵ هاژە هاژی پەرامێزەکە تێکەڵ دەبێ.
ـ ئێمە دەبێ بزانین کێ سیخوڕی دەکات و خەبەران بۆ سەرۆکی زیندان دەبات.
ناسر ئەبەدی وەک ئەسپەندەری سەر ئاور دەتەقێتەوە.
ـ ئەگەر دەزانم چ دایک قەحبەیەکە، وەک جاو هەڵیدەدڕم.
لە ژووری تاکە کەسی و لە تەنیایی خۆمدا زۆرم بیرلێکردەوە، شکم لەسەر کەس قایم نییە. ناسر ئەبەدی بەتەواوی پێمل بووە کە مانگرتن بەڕێوە بچێ. چاو لە چاوم دەکات و دەپرسێ،
ـ ئەتۆ لاتوایە کێ خەبەران دەباتە دەرێ؟
ـ نازانم.
کەترییەکە وەکوڵ هاتووە. بیلال چادانەکە دەم دەکات. گڕی پەڕەمێزەکە کز دەکات و چادانەکەی لەسەر دادەنێ.
ـ دەبێ بیدۆزینەوە.
ـ دەبێ کێشک بکێشین بزانین کێ وەخت و بێ وەخت هامووشۆی دەرێ دەکات.
***
ئێوارەیە کەش و هەوایەکی خۆشە. سێ ڕۆژی ماوە بۆ نەورۆز. ئاسمان شینە، خۆر خەریکە لەسەر دیواری زیندان ئاوا دەبێ. لەسەر سەکۆی نزیک ئاودەستان دانیشتووم. ناسر ئەبەدی لە تەنیشتمە. چراکانی بەند هەڵدەبن. ناسر باس لە ئاوات و ئارەزووەکانی خۆی دەکات. باسی تووبایە دەکات.
چاوەکانی درشتن. لەشی وەک بلوورە، لێوەکانی کە هەر باسی مەکە. نازانی عاشق بوون چ دەردێکە… خالید شێت و شەیدای بووم…
خەیاڵم دەڕوات. ناسر قسەی خۆی دەکات بەڵام من لە شوێنێکی دیکەم و گوێی نادەمێ. هەموو بوونم لێوڕێژی یادی چاوڕەشە.
ناسر قۆڵم دەگرێ.
ـ گوێت لێمە؟
ـ ئا ناسر .. بەردەوام بە،
دەست پێدەکاتەوە،
ـ ئەگەر ئەو خوشکە سەڵیتەی من تووشی ئەو کارەساتەی نەکردبام. دەمخواست و دەمگواستەوە.
دەگەڕێمەوە ناو دەریای بیر و خەیاڵی خۆم و ناسریش لە قسەکردنی خۆی بەردەوام دەبێ. بە دڵم داهاتووە هەرکە لە زیندان بچمە دەرێ چاوم پێیدەکەوێت. چاوڕەش چاوەڕوانمە و دەزانم سەیری کەسی دیکەی نەکردووە و ناکات. ئەویش خۆی بۆ من داناوە هەر وەکی من کە لەو زیاتر کەسم ناوێ.
دڵخۆش و کەیف سازم هەر وەنازانم لە زیندان دام. چاوڕەش لەپەنام دانیشتووە، هەست بە گەرمای لەشی دەکەم. بۆنی سەر و زولفی مەستم دەکات. گوێم لێیە دەڵێ:
ـ ئەتۆ هەموو کەسی منی..
لێوەکانی ماچ دەکەم. چاو لەسەر یەک دادەنێم. لە گوێمدا دەچرپێنێ،
ـ خۆشم دەوێی.
بە دەنگی مێهدی سینگ کۆتر، هەودای خەیاڵم دەپسێن.
ـ ناپۆلیۆن بانگ کرا، لە بەند چۆتەوە دەرێ.
ناسر ئەبەدی هەڵدەستێ و دەڵێ:
ـ ناپۆلیۆن؟
دووکانەکەی تەختە دەکەم. دەبێ سیپاڵی هەڵگرێ و لە بەند بار بکات.
ناپۆلیۆن وردەفرۆش و بەقاڵی بەندی سێیە. چەند قەڵەم خواردەمەنی، هێندێک کاغەز، پاکەت، تەمبر دێنێ و جاروبار شیرە، تریاک و حەشیش بۆ کەسی خۆی دابین دەکات.
ناسر ئەبەدی بەدەم ڕۆیشتنەوە دەڵێت:
ـ دەسپێرم باتوومی پێهەڵگرن.
جومگەی ناسر دەگرم و پێی دەڵێم:
ـ بەڵکوو ئەوە هاتوو وانەبوو.
گوێم ناداتێ، دەڕوات و جنێو دەدات،
ـ وا دەکەم تریاک و حەشیش لە قنگی ژنەکەی دەربێنن.
تێناگەم دەڵێ چی.
بوەستە ناسر، بزانم … ئەوە دەڵێی چی؟
ڕادەوەستێ، سەیرم دەکات و بەتووڕەییەوە دەڵێ:
ـ دەڵێم چی؟
مەنووچە ڕەش دەگاتێ. ناسر گوو لە ناوچاوانی دەبارێ. گرژ دەڵێ:
باسی ژنەکەی دەکەم کە هەموو جارێ بەستە تریاک و حەشیش لە قوونیدا دەشارێتەوە و بۆی دێنێتە ناو زیندان.
مەنووچ سپێنەی چاوی دێنە روو و حەواوی دەبێ.
ـ ژنی ناپۆلیۆن دەڵێی؟
وا دیارە هەموو کەس بەم شتە دەزانێ. قۆڵی ناسر دەگرم و دەڵێم:
ـ ئەدی ئەگەر ئەو نەبوو…
هێشتا قسەکەم تەواو نەبووە دەرگای بەند دەکرێتەوە و ناپۆلیۆن دێتەوە ژوور.
قوتووییەکی مقەببای لە بن هەنگڵ دایە. سەری تاشراوی دەلەقێ. ناسر خۆی لە دەستم ڕادەپسکێنێ، دەچێتە بەردەم ناپۆلیۆن و جومگەی دەگرێ. ناپۆلیۆن ڕەنگی دەپەڕێ.
ـ بۆ چی لە بەند چوویە دەرێ؟
ـ یانی چی، ئەوە چ پرسیارێکە؟
ـ وەرە ڕاڕەو تا پێت بڵێم.
دەڕوات و ناپۆلیۆن بەدوای خۆیدا دەکێشێت.
کە گەیشتنە ڕاڕەوەکە، قوتووەکەی لە دەست ناپۆلیۆن وەرگرت و لە عەردی دانا. دەستی خستە سەر شانی ناپۆلیۆن و پاڵی پێ وەدیواری دا.
ـ دەڵێی بۆچی لە بەند چوویە دەرێ؟ یان دەموچاوت تێکبکەمەوە؟
ناپۆلیۆن دەست دەکات بە لەرزین. دەست بۆ قوتووەکە ڕادەدێرێ و دەڵێ:
ـ چووبووم جینسەکانم وەربگرم.
ناسر دەست لە قورگی ناپۆلیۆن توند دەکات،
ـ بەڵام تا ئێستا قەت وانەبووە بۆخۆت بچی جینس وەربگری.
لێوە ئیشکەکانی ناپۆلیۆن وەک ماسی تازە ڕاو کراوی سەر زیخی داغی پەنا چۆم، بەزەحمەت دەجووڵێنەوە و پێکدا دەدرێن.
ـ دەی ئەو… ئەوجارە… بۆخۆم …چووم… گوناهم کردووە؟
ـ خوڵا بکا ڕاست بکەی و وابێ.
ـ ئاخر بۆ مەگەر ئەمن کارێکی دیکەشم… هەیە؟
ـ سوێند دەخۆی کە سیخوڕی بۆ سەرۆکی زیندان ناکەی؟
ـ سیخوڕی؟
ـ سویند بخۆ!
ناپۆلیۆن وەردەسوورێ و ڕوو لە قیبلە دەکات و دەستەکانی دەباتە سەرێ و دەڵێ:
ـ سوێند بە سەری کوزکراو و شیر لێدراوی عەلی، ئەگەر ئەمن سیخوڕیم کرد بێ.
ناسر دەوانی ئاهێک دەکێشێ، چاوێک لەمن دەکات و دەڵێ:
ـ ئەدی ئەوە چ حەرامزادەیەکە…
ئێستا ڕستەکەی تەواو نەکردووە کە بیلال دێتە ڕاڕەو و دەڵێ:
سەرۆکی زیندان بانگی قازی کردووە.
ئیشەکە خەریکە خراپ دەڕوات. قازی چەند جار گوتوویەتی کە مانگرتن تاوان نییە. ئەگەر گوێمان بۆ ڕانەگرن مافی خۆمانە.
ناسر ئەبەدی دەپرسێ،
ئەمجارەش ئیستوار بە شوێنیدا هات؟
بیلال سەر ڕادەوەشێنێ. تێکڕا دەچینە حەسارێ
مەنووچ دەڵێ:
ـ چۆن نازانین کێیە سیخوڕیمان لەسەر دەکات؟
ناسر ئەبەدی تووڕە و تۆسن دەڵێ:
ـ لە زگی دایکیدا خۆ بشارێتەوە هەر دەیبینمەوە.
کەش و هەوا خۆشە زیندانییەکان پۆل پۆل بەیەکەوە دێن و دەچن یان دانیشتوون قسان دەکەن.
دوای پیاسەی ئێواران، شەوانە فەڕش و زیلۆکان ڕادەخەین، چای دەمدەکەین و پۆل پۆل لەدەوری یەک دادەنیشین. هێندێک جار جۆرابێن دەنا دامەی دەکەین. بیرەوەری بۆ یەکتر دەگێڕینەوە و ئیشتیا و ئارەزووەکانی پاش زیندان بۆ یەکتر باس دەکەین. بەڵام ئێستا باسی سەرەکی باسی خواردنی زیندانە. باسی هەواڵگری زیندانە بۆ سەرۆک.
عەلی لێو سیکەتۆرە هەڵدەستێ دێت لە نزیکمانەوە دادەنیشێ.
ناسر دانیشتووە و پیش دەخواتەوە. مێهدی سینگ کۆتر پاڵی وەدیوار داوە. بیلال چای تێدەکات. عەلی لێوە ئەستوورەکانی لەسەر یەک دەخزن و دەنگێک دێ،
ـ منیش بیرم کردۆتەوە…
کەس هیچ ناڵێ. سەری تاسی لەبەر تیشکی تیشکاوێژەکانی زیندان وەک مس بریقەی دێ. دیسانیش دەڵێ:
ـ منیش دەگەڵ ئێوەم…
دیسان کەس بە هێندی ناگرێ
هەڵدەستێ لەسەر ئەژنۆ دادەنیشێ، دەستێک بە زگیدا دێنێ و دەڵێ:
هەر کات تەماتان بوو خواردن وەرنەگرن بە منیش بڵێن.
تەنیا سەیری دەکەین. کەس ڕووی خۆش نیشان نادات. عەلی تووڕە دەبێ
ـ دە ئاخر شتێک بڵێن…
لەو ساتەدا دەرگای بەند دەکرێتەوە و قازی فڕێدەدەنە ناو حەوشەی بەند. تێکڕا بۆ لای دەچین و لێی کۆ دەبینەوە. دەرگای بەند شەق و هۆڕ دادەخرێتەوە. دەمووچاوی قازی شەڵاڵی خوێنە. سەرەوەی برۆی چەپی برینێکی گەورەی تێبووە. دەوروبەری چاوی هەڵمساوە و دەنگی دەرنایە.
***
ئێستا ئیتر ئیزنی ملاقاتی تایبەتیم نییە. دەبێ وەک ئەوانی دیکە لە پشت میلەکانەوە بوەستم و ملاقاتچیش بە مەودا لە پشت ڕەدیفی دووهەمی میلەکانەوە دەوەستن. تەواو کات پاسەوانێک ئامادەیە، ناتوانی دوو قسان بەدڵی خۆت بکەی. دەنگ تێکداوێن، دەبێتە هاتوهاوارێک مەگین خوڵا بزانێ. دەبێ هاوار بکەی هەتا دوو قسان دەکەی. ئێستا زۆر بە کڵاوی ناسر ئەبەدیش ناپێون و گوێی نادەنێ. وێدەچێ ئیتر نەهێڵن وەک جاران لە نێو بەندەکاندا بێت و بڕوات. ناسر ئەبەدی جینگڵان دەدات بۆڵەی دێت.
ـ ئەو بەندە وا بشێوێنم کە بە سەد تفەنگچییان دەروەستی نەیەن.
شەوی جێژنەیە. تیشکی خۆرەتاو دایهێزاندووم. پەتووەکم ڕاخستووە و لەسەر زگ ڕاکشاوم. ناسر ئەبەدی پاڵی وەدیوار داوە و سیغار دەکێشێ. بیر دەکاتەوە و سەیری ئاسمان دەکات. دوو کۆترە شینکە لەسەر دیواری زیندان هەڵنیشتوون و بایان وەبن باڵیان داوە. چێرگێک هەر دووباڵی جووت کردووە لەبەرزایی ڕا سێرەی لە هەرد گرتووە و دێت. زیندان مەودایەکی وای دەگەڵ کاروون نییە، ئەگەر باش گوێ هەڵخەم دەنگی کاروون دەبیسم. کەسێک بانگم دەکات و سەفەرەکەم نیوەچڵ دەبێت. دەرگای ئاسنیی بەند دەکرێتەوە. ناسر ئەبەدی خۆی کۆ دەکاتەوە و دادەنیشێتە سەر قوون و دەڵێ:
ـ ئەمجار چ خەبەرە؟
قنچکە سیغارەکەی دەکوژێنێتەوە و دەگەڵم بەرەو دەرگای بەند وەڕێ دەکەوێ. عەلی دەلاکە؛ دەڵێ:
ـ ملاقاتت هەیە.
پێم سەیرە، ڕۆژی ملاقات نییە. نە دووشەممەیە و نە هەینی. ناسر دەبۆڵێنێ و دەڵێ:
ـ کەڵەکە،
هەر دەبێ بچم. شان هەڵدەتەکێنم و لە دەرگای بەند وەدەر دەکەوم. سەرمای شێداری ڕاڕەو دەناسمەوە. مەنووچە ڕەش لە ژووری تاکەکەسی کراوە. قاپی خواردنەکەی لە پاسەوانی سەر بورجی چاوەدێری هەڵکردووە، ئینجا زاری کردۆتەوە و هەرچی بەسەر زاری داهاتووە شەپک و شانی سەرۆک زیندانی پێ ڕازاندۆتەوە و جنێو بارانی کردووە. لە کونی دەرگاوە چاوە حەواویەکانی مەنووچ دەبینم بەڵام ناتوانم قسەی دەگەڵدا بکەم. کێشکی ڕاڕەو پێ بە پێم دێت. بە تەنیشت چێشتخانە و پشتی حەمامدا دەچمە وەتاغی ملاقات. باوکم لەوبەری میلەکانەوە وەستاوە. واقم وڕما. موویەکانی سەری پاک سپی بوون. چاولێکردنی و نیگای بڕستی نییە، بەڵام شایی بەخۆیە. بزەیەکی کاڵی لەسەر لێوانە. برژانگی تەڕ دەنوێنن. گریان ئەوکم ڕێکدەگوشێ و قسەم بۆ ناکرێ. بەکەلێنی میلەکاندا دەستمان بۆ یەک درێژ دەکەین. دەست لە ناو دەستی یەک دەنێن. بەری دەستی و پەنجەکانی زوور و رەقن. ئاوی زاری قوت دەدات و کەڵەبابەی گەرووی سەروخوار دەکات و دەڵێ:
ـ حاڵت باشە؟
دەست بەردەدەین. زمانم ناگەڕێ. هێزم لەبەردا نەماوە. جارێکی دیکە گوێم لە دەنگی دەبێ:
ـ ئێستا ئیتر بووی بە پیاو.
فرمێسک بە مژۆڵییەوە، هێدی و نەرم قسان دەکات. خوێنی دڵ تێکەڵاوی قسەکانێتی. دەمهەوێ وزاق بدەم، بکەومە بەر پێی و هەزار جار دەست و پێی ماچ بکەم. پێم وانەبوو باوکم وا مێهرەبان و دلۆڤان بمدوێنێ. دەنگی قورس و غەمبارە.
ـ خەفەت مەخۆ کوڕم.
ناوێرم هیچ بڵێم. دەترسێم شتێک بڵێم، ڕەوشتەکە خەفتبارتر بکەم. باوکم دەڵێ:
ـ غەم مەخۆ کوڕم… ئیمام جەعفەر سادقیش زیندانی کێشا.
ئەو هەمووە باوەڕە… خەریکە ورد دەبم. هەست بە بچووکی و هیچ و پووچی دەکەم. سینگم پڕ دەکەم و دەڵێم :
ـ نا باوکە… غەم ناخۆم… ئەبەدەن…
سەر هەڵدێنم و چاو لە چاوی پڕ لە شانازی باوکم دەکەم. بزەیەکی شیرین لە ڕوخساری دایە. درەوشانەوە و بریسکانەوەیەک لە چاوی دان کە پێشتر نەمدیتووە. ئێستا بە دیتنی ئەم ڕوخسارە، ورەم بەرزە و لە خۆم ڕادەبینم قسە بکەم. لەو خۆشەویستییە کە دەری دەبڕێ، شەرمەندە دەبم و لەو گرفتە کە بۆم دروست کردووە عەزاب دەکێشم . دەڵێم:
ـ ئەمن کە لە زیندانم ڕەنگ بێ…
قسەکەم دەگێڕمەوە و ناڵێم کە ڕەنگە لەبەر تۆ، دایکم، جەمیلە یان مام بەندەر و هەموو ئەو کەسانەی وەک ڕەحیم کەردار و خاجە تۆفیق… نا نایڵێم. لەبەرانبەر گەورەیی باوکمدا زمانم لاڵە و بچووکترم لەوەی ئەم قسە پووچانە بکەم.
لەو کاتەدا نامەکانی باوکم دێتەوە بیر کە دەینووسی؛ لە کوەیت پووڵ هەیە بەڵام بە قیمەتی حەیا و شەڕەف، بە ڕەزیلی….، وا وێدەچێ کە عەڕەبەکان نۆکەری فەرەنگییەکانن و ئێمەش نۆکەری عەڕەبەکان. باوکم بێدەنگە و سەیرم دەکات. چاوەڕوانە شتێک بڵێم کزتر بووە. جاش باڵتەکەی دەبەریدا گەورەیە. ڕوومەتی داکەوتوون. سەیری دەکەم بەڵام هیچ ناڵێم.
ـ هیچ نییە کوڕم بەسەر دەچێ..
سەری بەرز ڕاگرتووە و بە دەنگێکی باوەڕ بەخۆ دەڵێ:
ـ دەبی بە پیاوی ژیان. ..، زۆر شت فێر دەبی و ئەزموون وەردەگری.
دەیهێنم و دەیبەم پاشان دەپرسم چۆن ئیزنی ملاقاتیان داوە؟ بۆم دەردەکەوێ بەرتیلیان لێوەرگرتووە. ئاورم تێبەردەبێت و تووڕە دەبم. پێدەکەنێ و دەڵێ:
ـ هیچ نییە کوڕم، دەیهێنێ، ئاخر بەیانی جێژنە. من دوێنێ شەو گەیشتوومەوە. دەبوایە تۆم دیتبایە.
سەوەتەیەک کاهوو و دەگەڵ شووشەیەک ئەسکەنجەبینی بۆ هێناوم. پاسەوانە متەقی لێوەنایە. وێدەچێ باوکم سمێڵی چەور کردبێ. نیوسەعاتێک تێپەڕیوە. پاسەوانە دێت بۆلامان. دەست بۆ یەک درێژ دەکەین. جارێکی دیکەش دەستە زبر و ڕەقەکانی لە دەستم دایە. عەقڵم بڕناکات چۆن خواحافیزی لێبکەم و چۆن سپاسی دەربڕینی ئەو هەمووە خۆشەویستییە بکەم. بەر لەوەی من شتێک بڵێم دەنگی باوکم دەبیستم کە دەڵێ؛
جێژنەت پیرۆز کوڕی من!
چاوم پڕ دەبێ لە ئاو و بە دەنگی لەرزۆک دەڵێم:
جێژنەت پیرۆز باوکە!
بەشی شەش
وا خەریکە لە کۆتایی بەهار نزیک دەبینەوە. هەوا زۆر گەرمە. هەوا گەرم و شێدارە. نە لەژوورەکاندا حاوانەوە دەکرێ و نە لەحەوشەی بەنددا. تێکڕای وڵات دەڵێی تەندوورە و سەرت ناوەتەوە. تەواوی لەشمان دەڵێی پۆلووی لەسەرە و دەکۆڵێ. هەموو گیانمان بە ئارەقە سووتاوەتەوە. خۆ باوەشێن دەکەین، ئاو دەخۆینەوە، زگمان هەڵدەمسێ، بەڵام باشاری گەرما ناکەین و فێنک نابینەوە. سەرلەنوێ باوەشێن، ئاو، هەڵمسان، بێئۆقرە و جاڕزین.
لەو ڕۆژەوە پندار هاتۆتە زیندان وەزع تەواوێک گۆڕدراوە. بۆ وەڕێخستنی مانگرتن کۆمیتەیەکمان پێکهێناوە. منیش لە کۆمیتەکەدا ئەندامم . ئێستا ئیتر باس هەر باسی خواردن نییە، بەڵکوو باسی ئاوی خواردنەوە، عەنباراو، باسی سەهۆڵ، و باسی باشتر کردنی حەمامی زیندانیش هاتۆتە گۆڕێ،
ـ پەح… عەنباراو؟
قسە زار بە زار دەگەڕێ.
ـ ئاوەکە بۆ ژەنگە، ناخورێتەوە.
دەنگەکان چڕتر و ئاشکراتر دەبن.
ـ بۆ سەهۆڵمان نادەنێ؟
ـ ماڵخراپ ئەو عەمباراوە بووەتە سەماوەر، هەر ئەوە ماوە ئیشکە چا لە عەنباراو بکەین و ئیستکانی چای وەبەر گرین.
سەولە نان بەتووڕەییەوە فڕێدەدەن و هاوار دەکەن،
ـ سەگیش ئەم نانە ناخوات.
ـ کوا ئەوە نانە، نیو کاتژمێر بمێنێتەوە وا ڕەق دەبێ، دەتوانی سەری ماڵاتی پێببڕی.
پندار حەجمینی نییە، سەر بە هەموو هۆدەکاندا دەکات. دەگەڵ هەمووان دەدوێ. قسەکان لێکدەداتەوە و هەڵیاندەسەنگێنێ و ئەگەر ڕای جیاواز هەبێ بەحەوسەلە هێندەی دێنێ و دەبا تا هەموو پێمل دەبن. ئێستا خەریکە دەنگی ناڕەزایی دەبێتە دەنگی گشتی. دەکرێ زۆر شت لە پندار فێر بین. سەرەتا، باسەکان دادەمەزرێنێ و خۆ دەداتە دوایە تا زیندانییەکان بۆخۆیان بدوێن و قسان بکەن. نێوە نێوەش دەچێتە نێو باسەکان و قسەیان دە زاری داوێ.
ـ پاسەوان مافی نییە بێڕێزی بکات.
هەر خۆشمان لێی زیاد دەکەین.
ـ ئەفسەری کێشکیش هەروەها،
ـ سەرۆکی زیندانیش مافی نییە.
ئینجا دەنێو ئەم قسە و باسانەدا شتێکی دیکە دەڵێ:
ـ ئێمە ئەگەر تاوانبارین وا لە زیندان داین، ئیتر مانای نییە هەر مفتەخۆرێک لەولا ڕا بێت و بێڕێزیمان پێبکات.
بەباشی سەرنج دەداتە باسەکان و ئەگەر پێویست بێ دەست بەرز دەکات و بە درێژی قسەیان بۆ دەکات. هەموو بە باشی گوێی بۆ ڕادەگرن. ئێستا باس و خواس و داوای تازە هاتوونە ئاراوە.
ـ پووڵی جلوبەرگ، پێڵاو و پەتووی ئێمە کوا؟
ـ ئەوەی هەیە هەر ساڵێ کراس و دەرپێیەکە لە کرباس و سەرپاییەکی بێکەڵک کە بە سێ ڕۆژان لەبەریەک هەڵدەوەشێن.
پندار کاریگەری زۆری لەسەر ناسر ئەبەدی هەیە.
سیخوڕی بەند ئاشکرا بوو. ناسر ئەبەدی بانگی دەکات و دەڵێ:
ـ دا وەرە ئێرە، لووسکە!
ڕەزا گیرفانبڕ مات دەبێ و لە گۆشەی حەسارێ دەست دەکات بە لەرزین.
ناسر جومگەی دەگرێ و ڕاکێش ڕاکێش بـەدوای خۆیدا دەیباتە ڕاڕەوەکە. قوڕگی دەگوشێ، لە دیواری قایم دەکات و پێی دەڵێ:
ـ ئەگەر جارێکی دیکە خەبەر بەری، بزانە کە ئەوە ئاخر جارت دەبێ.
ڕەزا زەردزەرد هەڵگەڕاوە. ناسر چەقوولەکەی لەبەر دەموچاوی دێنێ و دەبات. دەنگی لێ بڵیند دەکات و بەسەریدا دەگوڕێنێ:
ئەگەر بزانم جارێکی دیکە گووی وا بخۆی وەک مەڕ سەرت دەبڕم.
هەرکە پندار هاتە بەند یەکجێ وەزع گۆڕدرا.
دەرگای بەند کرایەوە و پندار هاتە ژوور. لەخۆشییان وەخت بوو شاگەشکە بم. ئاوقای یەک دەبین و ئەحواڵپرسێکی گەرم دەکەین. مووی سەریان بە مقەست، ناڕێک و ناشیرین لێداوە. بە برینگیش کردبایان هەروا دەردەچوو. ناسر ئەبەدی و چەند کەسێکی دیکە لە زیندانییەکان دەناسێ. لەپەنا یەک دادەنیشین و قسان دەکەین. باسی لەیلا دەکات:
ـ هەرتکمانیان بەیەکەوە گرت. خەریک بووین ئیعلامیەمان چاپ دەکردن کە گەمارۆیان داین. لەیلا وەک شێرەژن لێیان دەرهەڵبوو و دەستی کردەوە. قەپی بەدەستی یەکێک داگرت. دەمانچەکەی لێکەوت. ڕۆیهاتمێ هەڵیگرمەوە، لەپشتەوەڕا بە قۆنداغەتفەنگ لە سەریان دام. ئیدی نەمزانی چ قەوما.
قسەی لەیلام دێتەوە بیر،
ـ ئەگەر باوکت بۆ شەوی جێژن نەیەتەوە، دڵتەنگ نابی؟
کچێکی زیت و وریایە. بە دڵ پێمخۆشە چاوم پێی بکەوێ.
پندار دەڵێ:
ـ سەیرە… لەیلای دەڵێم؛ زۆر کچێکی سەیرە. لەکاتی لێکۆڵینەوەشدا زۆر بە ورە و وریا بوو.
بیست و دوو ڕۆژە پندار لێرەیە. کومیتەی زیندان کۆبوونەوەی هەیە. بیلال کێشک ڕاوەستاوە و چاوەدێری پاسەوانی بەند دەکات، قەرارە ئەگەر پاسەوان یان نەخوازراوێک لێمان نزیک بێتەوە، گۆرانی عەڕەبی بڵێ.
پندار ورەی گشتی لە بەنددا بردۆتە سەرێ. ئەو پێیوایە کە دەبێ مانگرتن دەست پێبکات.
مەنووچە ڕەش ئەندامی کۆمیتەیە و پاش ئەوەی لە ژووری تاکە کەسی هاتۆتە دەرێ، بێسامە و لەسەر داواکانی شێلگیرترە. پندار دەڵێ:
ـ ئەگەر درەنگ وەخۆ بکەوین، زیندانییەکان سارد دەبنەوە. ئێستا باشترین کاتە. هەموو لە جۆشن. دەگەڵ هەرکەس قسە دەکەی یەکپارچە ئاورە.
مەنووچ لەسەر چۆک دادەنیشێ، ملی دەداتە پێش و دەڵێ:
ـ منیش پیم وایە، بەڵام، ئەدی ئەوانەی ئامادە نین چی؟ … دەگەڵ ئەوان چ بکەین؟
دەپرسم؛
ـ بۆ مەگەر چەند کەسن؟
ناسر ئەبەدی ناوی نۆ کەسان دەبات و کەسی دیکەی وەبیر نایەت.
مێهدی سینگ کۆتر دەڵێ:
ـ سێی دیکەشن.
پندار بەگەرمی سەیری مێهدی دەکات و دەڵێ
ـ ئەوان کێن؟
ـ فەرەیدوون باجگیر، نەسروڵڵا ملکەر و نەسروڵڵای بەتول خاڵدار
پندار دەڵێ:
ئەم دە دوازدە کەسە وا گرینگ نین کە چەت لە کارەکەمان بخەن.
کەش و هەوا زۆر گەرمە. هەموو ئارەقەمان کردووە. سەیری سەر دیواری زیندان دەکەم زەردەپەڕە. قسە و لێدوان هەروا بەردەوامە. بیلال دێ سەرێکمان لێدەدات و دەگەڕێتەوە. سەرەنجام بڕیار دەدەین کە داواکاری کۆتایی بگەیەنینە بەرپرسان.
مێهدی سینگ کۆتر دەڵێ:
ـ ئەدی پێویست ناکات جەماعەت ئاگادار بکەین؟
ـ دوایە پێیان دەڵێین
مێهدی دەڵێ:
ـ بەڵکوو هاودەنگ نەبن
پندار دەڵێ:
ـ بەڵام ئێمە نوێنەری ئەوانین تا لەبەرژەوەندی گشتیدا هەنگاو هەڵبگرین.
پندار دەست دەکات بە نووسین. ئێمە بێدەنگین . تیشکاوێژەکانی بەند هەڵدەبن.
کوڕینە گوێ بگرن،
پندار سیغارێک دادەگیرسێنێ و داواکارییەکە دەخوێنیتەوە.
بیست و پێنجی جۆزەردانی ساڵی هەزار و سێسەد و سی و یەک
لەلایەن زیندانیانی بەندی سێ
بۆ بەڕێز سەرۆکی زیندان
وێنە بۆ ئاگاداری و هەڵگرتنی هەنگاوی پێویست بۆ بەڕێز جەنابی
داواکاری گشتی،
ئەم خواردنەی دەدرێتە زیندانیان لە ئاستێکی گەلێک خراپ دایە و باری ماڵی زیندانیان خۆشیان لە ئاستێکی ئەوتۆدا نییە کە خەرجی خۆراک و خواردنی خۆیان بکێشن، ئێمە زنیدانیانی بەندی سێ داوا دەکەین:
١) ڕۆژانە سێ جەم خواردنی بە ناوەرۆک بۆ هەرکام لە زیندانیان لەبەر چاو بگیرێ.
٢ ) عەنباراو بگۆڕدرێ و یان سەرلەنوێ ڕەنگ بکرێتەوە، تا بۆژەنگ و تامی ئاوی خواردنەوە چارەسەر بکرێ و بۆ خواردنەوە ببێت.
٣) ئەگەر ئەم داوایانە تا کاتژمێر هەشتی سەرلەبەیانی ڕۆژی سی جۆزەردان وەڵام نەدرێنەوە لە خواردنی خۆراک ماندەگرین و لە ملاقات کردنی بنەماڵەکانیش خۆدەپارێزین. ئەم مانگرتنە تا گەیشتن بە وەڵامی ئەرێنی بەردەوام دەبێت.
کە تەواو بوو هەر پێنج، چاومان لە یەکتر کرد و ئەوسا بێ ئەوەی هیچ بڵێین ژێری کاغەزەکەمان واژۆ کرد. ئینجا لە پاکەتمان خست، سەری پاکەتمان بەست و دامانە دەست پاسەوانی کێشک کە تەسلیمی سەرۆکی زیندانی بکات. دوای ئەوە بڵاوەمان کرد و گشت لایەکمان لە وەزعەکە ئاگادارکرد. پاش دەمێک دەرگای بەند کرایەوە و ئەفسەری کێشک هاتە ژووری بەند. کڵاوی لەسەر نییە. ئێخەی ئاوەڵایە و عارەقەی کردووە. ئیستوارە پیرە، ناوچاوان گرژ بـەدوای سەرواندا دێت. سەروان لە ناوەڕاست حەساری بەند ڕادەوەستێ و داوا دەکات بەسەف بوەستین. ئیستوار بۆلای ئاودەستەکان دەچێ و تف ڕۆدەکات. ئێستا سەف نەبەستراوە، سەرۆکی زیندان پەیدا دەبێ. دەسرەیەکی پێیە، ئارەقەی سەر و گردنی پێ هەڵدەچنێ. دەوراندەور لە حەساری بەند بەسەف ڕاوەستاوین. سەرۆک بە دەسرەی دەستی، خۆی باوەشێن دەکات. کوڵمە گۆشتنە ئەسمەرەکەی لەژێر تیشکی تیشکاوێژەکاندا بریقەی دێ. سەر هەڵدەبڕم. دەبینم، لەسەر دیوار لێرە و لەوێ پاسەوان چەک بەدەست لە پشت تێلدرووەکانەوە وەستاون. پێشتر ئەوانە لەوێ نەبوون، دەڵێی لە عەرز هەڵقوڵیون. قۆنداغی تفەنگەکانیان لەسەر عەرزە و لوولەکانیان بە دەستەوە و چاویان لە سەرۆکی زیندان بڕیوە. ئەفسەری کێشک دەچێت لەبەر دەرگای بەند ڕادەوەستێ. وڵات وەک ڕۆژ ڕووناکە. کەس هەناسە دەرنادات. سەرۆک هەروا خۆی باوەشێن دەکات. لە ناوەڕاستی حەسارێ وەستاوە. ئێمەش بە دەورێوە. دەست دەکات بە قسەکردن و دەڵێ:
ـ نامەکەی ناردووتانە لە ڕوانگەی یاساوە، تاوان بە حیساب دێ. بەڵام چونکو وەک سەرۆکی زیندان هەموو زیندانی وەک مناڵی تاوانباری خۆم حیساب دەکەم. نامەکە وەک نەبوو دادەنێم.
بێدەنگ دەبێ. وەک ئەوە دەچێ، کاریگەری قسەکانی خۆی لەسەر ئێمە مەزەندە بکات. هەتا نزیک ئاودەستەکان دەڕوات، ڕادەوەستێ و دەست پێدەکاتەوە. دەیهەوێ وامان تێبەگەیەنێ کە دڵسۆزمانە و ئەزموونەکانی خۆی دەگەڵماندا بەش دەکات. دەڵێ:
ـ پیاوی عاقڵ ئەو کەسەیە کە بە جوانی بیر دەکاتەوە … خۆ لە گۆترە ناکرێ .. کار بکەی… نابێ هەرەمەکی…
دیسان دەست دەکاتەوە بە قەدەم لێدان. هەوا زۆر گەرمە، دەڵێی ئاگر دەبارێ. سەیری سەر دیوار دەکەم، پاسەوانەکان بێتاقەت بوون. هەورێکی سپی ئاسمانی داپۆشیوە. تاقە ئەستێرەیەکیش چییە بەدیارەوە نییە. دەنگی سەرۆکی زیندان دێت،
ـ هەڵبەت من دەزانم کێ بگێڕ و رێکخەری ئەم وەزعەیە.
چاو بەسەر زیندانییەکاندا دەگێڕێ. بۆ چەند چرکە چاو لە چاوم دەکات. ئەمجار سەیری پندار دەکات کە لە تەنیشت ناسر ئەبەدی ڕاوەستاوە. سەرۆک بەردەوام دەبێ،
ـ هەموو هەواڵی ئێرەمان پێدەگات. پەروەندەکانیشتان هەیە. تەنانەت هەر ئێستا دەتوانم پەنجە لەسەر یەک بە یەکی ئەوانە دابنێم کە خەریکن لە زینداندا ئاژاوە دەنێنەوە
بەدەم خۆ باوەشێن کردنەوە سەیری پندار دەکات.
سەرۆکی زیندان هەروا حەول دەدات هێدی و لەسەرەخۆ بێ؛
ـ بەڵام ئەرکی منە کە ڕێگاتان نیشان بدەم تا دە چاڵ نەکەون. ئەوە ئەرکی مرۆڤیی منە حاڵیتان بکەم کە ئەو کارەتان چ دواڕۆژێکی تاسەبار و مەترسیداری بەدواوەیە.
چاو دەگێڕێ کە دەگاتە من، دەوەستێ و دەنگی تا ڕادەیەک بڵیند دەکات؛
ـ دەزانن ئەگەر ئەم کارە پەرەبستێنێ، دۆڕاو کێیە؟
دیسان سەیری پندار دەکات.
ـ دڵنیام کە دەزانن دۆڕاوی ئەم یارییە، ئێمە نین.
بێدەنگ دەبێ و وەک مالۆس لەسەر قاچە کورتەکانی دەخزێ. چەند هەنگاوێک دەڕوات و دەگەڕێتەوە. دیسان ڕادەوەستێ و وەک ئەوە کە هەموو شتێک تەوا بووبێت دەڵێ:
ـ دەی!
سەبرێک دەگرێ و دووبارە بەردەوام دەبێ،
ـ وابزانم قسەیەکمان نەمابێ بیکەین.
هەموو سەیری یەکتری دەکەین. وێدەچێ دەبێ شتێک بگوترێ. کەسێک دەبێ بوێرێ سەرۆکی زیندان حاڵی بکات کە بەم ساناییەش نییە کە ئەو بیری لێدەکاتەوە. هەموو پشوو لە سینگدا پەنگیان خواردۆتەوە. سەرۆک بەتەمایە بڕوات کە لە نەکاو ناسر ئەبەدی هەنگاوێک دەچێتە پێش. هەموو گوێمان ڕاگرتووە.
سەرۆکی زیندان دەپرسێ،
ـ شتێکت هەیە بیڵێی؟
ناسر ئەبەدی دەمینگێنێ. ئەوسا سەردادەخات بە لرخە لرخ دەڵێت:
ـ نا قسەیەکم نییە… بەڵام دەزانی جەنابی سەرۆک..
دەست بە پشت ملی دادێنێ و دەیخورێنێ؛
ـ ئەو خواردنەی زیندان بۆ خواردن نابێ… ئەم عەمباراوەش وەزعی زۆر شڕە
سەرۆکی زیندان لێی دەچێتە پێش و بە ناحەزی دەڵێ:
ـ ئەدی هەتا ئێستا یاسین دە گوێی کەردا دەخوێنم؟
پندار وەدەنگ دێ و سەرنجی سەرۆکی زیندان بۆلای خۆی ڕادەکێشێت؛
ـ نا جەنابی سەرۆک؛ یاسینتان نەدەخوێند. قسەکان قورس و ڕەنگین بوون، بەڵام وەڵامی داواکاری ئێمە نەبوون.
سەرۆک دەگوڕێنێ. ددانە ورد و یەکدەستەکانی وەدەر دەکەون و وەک تیمساح بەرەو پندار دەخزێ.
ـ باشترە بڵێی وەڵامی ئۆڵتیماتۆمی ئێوە نەبوو.
پندار ئارام و خوێنساردە، بە کزی دەڵێ:
ـ ئیختیار بە ئێوەیە جەنابی سەرۆک، هەر ناوێک پێتان خۆش بێ دەتوانن لەسەری دابنێن.
سەرۆک سەیری پندار دەکات. سەیرکردنی مارێکی برسی، بەر لە ئامباز بوونی نێچیرەکەی. دمی پێکدا دەدات. ناوچاوانی تێکدەنێ و دەچێ لە ناوەڕاست حەسارێ ڕادەوەستێ. دەست دە کەلەکەی دەنێ. دەنگی دەلەرزێ،
ـ زۆر باشە، هەر جۆرێک دڵم بخوازێ
ئەمجار هەوای قسەکردنەکەی گۆڕیوە، نەرم و نیان نییە. قسەکانی هەڕەشەیان تێدایە
ـ زۆر باشە.
نامەکە دەردێنێ و دەست دەکات بە خوێندنەوەی، کە تەواو بوو چاوێکی بە زیندانییەکاندا گێڕا و پاشان گوتی:
ـ ئەوانەی دژی ئەم نامەیەن هەنگاوێک بێنە پێش!
یازدە کەس دەچنە پێش،
ـ کەسی دیکە نەبوو؟
دەیان بژێرێ و بە دەنگی بڵیند دووپاتی دەکاتەوە.
ـ کەسی دیکە دژی ئەم نامەیە نییە؟
نامەکە لە حەوادا ڕادەوەشێنێ و دەوران دەور چاو دەگێڕێ. هەموو سەرمان داخستووە. وەک ئەوە کە بترسێین چاو لە چاوی سەرۆک بکەین و نەکا لە سەف بچینە دەرێ. لەلای دەرگا مقۆمقۆ پەیدا دەبێ. شەعبان سەهۆڵ بە زۆری دەستی لە دەست ئەوەی تەنیشتی دەردێنێ و هەنگاوێک دێتە پێش. گوێم لە ناسر ئەبەدی دەبێ، دەڵێ:
ـ ناپیاو… دزی سەگباب!
سەرۆکی زیندان دەپرسێ:
ـ ناوت چییە؟
ـ شەعبان
تەپڵی سەری تاسە، مووی دەوروبەری سەر و گوێلاکی، درێژ بەسەر شانیدا بەرداوەتەوە. کورتەباڵایە و قەپۆز بەرانی.
سەرۆکی زیندان ناوی یازدە نەفەرەکەی دیکەش دەپرسێت و دەڵێت:
ـ ئەوە بزانن کە لە بەند چوومە دەرێ ئیتر گوێ نادەمە پاڕانەوە و پەژیوانبوونەوەی کەس .
چاوێکمان بەسەردا دەگێڕێ و ئینجا بەرەو دەرگای بەند دەڕوات، کە دەگاتە لای ئەفسەری کێشک ڕادەوەستێ و دەڵێ:
ـ کەسی دیکە نەبوو؟
کەس دەنگ ناکات. سەیری یەکتری دەکەین، کەس ڕەنگی بە ڕوویەوە نەماوە. تیشکهاوێژەکان حەساری بەندیان وەک ڕۆژ ڕووناک کردووە. ئیستوارە پیرە لە نزیک ئاودەستەکانەوە بەرەو دەرگای بەند دەچێت. دیسان سەرۆکی زیندان دەڵێ:
ـ باش گوێ بگرن؛ کە لە بەند چوومە دەر ئیتر هەموو شتێک تەواوە. هەرچی بەسەرتان بێ، تاوان و خەتای خۆتانە.
قازی لە تەنیشتم ڕاوەستاوە دەستمان لە دەستی یەکتری دایە. کەس بەتەواوی هەناسە نادات، دەرگای بەند دەکرێتەوە و سەرۆکی زیندان لە چاوان ون دەبێ و دوا بـەدوای ئەو ئەفسەر و ئیستوارە پیرەش وەدەردەکەون. دەرگا دادەخرێتەوە. سەیری سەر دیوار دەکەم پاسەوانەکان دەکشێنەوە دوایە و پاشان لە چاوان بزر دەبن. سەف تێکدەچێ و دەست دەکرێت بە قسەکردن.
ـ ئێمە لە پای قسەی خۆمان ڕادەوەستین
ـ بەڵام خوڵا عاقیبەتمان وەخێر گێڕێ
ـ هیچی لێ شین نابێتەوە
ـ برا ئەوە دەڵێی چی؟.. ڕاستە ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین ..، بەڵام ئەوانە دەتوانن هەزار بەڵامان بەسەر بێنن.
پندار دێتە نێو قسان
ـ نا برا، وەکی تۆش دەڵێی وانییە. ئەوانە لەهەمبەر گیانی ئێمەدا بەرپرسن
بیلال دەڵێ:
ـ چاوەڕوانییەکی وەوتۆم نییە… نە لەوانی خۆمان و نە…
دەچمە نێو قسەکانی؛
ـ لەخۆڕا نیگەران مەبە. زۆر شت هەیە بیکەین.
دەستی لەسەر شانم دادەنێ، دادێتەوە و دەڵێ:
ـ خۆ تۆ ئەم سەرۆک زیندانە ناناسی، چ شوبرێکە.
کوڕەکان دەوری شەعبان سەهۆڵیان داوە.
ـ ئەتۆ کە پیاوی ئەو مەیدانە نەبووی بۆ لە هەوەڵەوە ڕەگەڵ دەکەوتی؟
شەعبان، لێوەکانی دەلەرزن و مینگەی دێ.
ـ نازانم چ ڕوویدا… هەڕەشەکانی سەرۆکی زیندان غیرەت و بوێری پێنەهێشتم. ترسام، سامی وەسەر سامم کەوت.
ـ ترس؟!
شەعبان بەزەحمەت دەنگی دەردێ، زەخت لە خۆی دەکا؛
ـ ناسرخان تۆ لە هەموو کەس باشتر دەزانی دەست و پێ لە کەلەبچەدا بوون و پووت پێوە هەڵاوەسین، یانی چی؟
شەعبان پێشتر کەوتۆتە بەر غەزەبی سەرۆکی زیندان و دەزانێ باسی چ دەکات. بەردەوام دەبێ،
ـ تۆ لە هەموو کەس باشتر دەزانی باتووم یانی چی. شەلاقی دەستی ئیستواریش لە من باشتر دەناسی.
مێهدی سینگ کۆتر دەستی دە کەلەکەی ناوە و لە پشت سەری شەعبان ڕاوەستاوە، لەسەرەخۆ دەڵێ:
ـ شەعبان ئەوانەی دەیڵێ هەموو بە جێی خۆی… بەڵام پیاو ئەگەر گوتی یا حوسێن ئیدی هاواری شوبر ناکات.
پاسەوانی کێشکی ناوبەند، شان و باهۆی داکەوتووە و باریکی دەڕێسێ. خۆی داوەتە پەنایەک، سیغار دەکێشێ و گوێی هەڵخستووە. وەک بڵێی لێمان تێنەگات.
پاسەوانی سەربان هاتۆتە پێشتر و سەر بە حەسارێدا دەگرێ. ڕەزا گیرفانبڕ لەپەنا بیلال ڕاوەستاوە گوێ دەداتە قسان. ئازای بەدەنمان ئارەقەیە.هەوری نەزۆک بەسەر شاردا کشاوە. گفتوگۆ بەردەوامە. ناسر ئەبەدی قسەی ئاخر دەکات؛
ـ ئێمە گوتمان و تا سەریش هەین و دەمێنینەوە. هەر دایک قەحبەیەک نایهەوێ دەگەڵ ئێمە بێ با هەر لە ئێستاوە بکشێتەوە.
پاشان گوێی ڕەزا گیرفانبڕی گرت و پێیگوت:
ـ ئەوەم بۆ تۆ گوت کە دەگەڵمان ماوێوە و سەفەکەت بەجێ نەهێشت
ـ ناسر خان بەخوڵای ئەمن دەگەڵ ئێوەم.
ناسر بە پێکەنینێکی تاڵ لەسەر لێوان دەڵێ:
ـ بەڵام دەزانم فێڵێکت لەبن سەری دایە.
گوێچکەی ڕەزا بەردەدات، لە نێو جەماعەتەکە دەچێتە دەرێ، کراسەکەی دادەکەنێ و خۆی پێ باوەشێن دەکات.
پندار دەستم دەگرێ و دەست بە قەدەم لێدان دەکەین.
***
هەوا هەر دێ و گەرمتر دەبێ. هەموو لەشمان ئارەقەیە. لە ژوورەکان هاتووینە دەرێ و لە سێبەری دیوار دانیشتووین و بەیەکەوە قسە دەکەین. دەگەڵ ڕۆژانی پێشوو زۆر جیاوازین. کەس دەنگی بەرز ناکات. کەس دەحەولی فێڵبازی و کەڵەکدا نییە. کەس سەر ناخاتە سەر کەسی دیکە و پێیڕابوێرێ. ئەگەر هەتا چوار ڕۆژی دیکە وەڵامی ئەرێنیمان نەدەنەوە مانگرتن دەست پێدەکات. بێدەنگین و سەیری یەکتری دەکەین. من و ناسر ئەبەدی هەر کام لە شانێکی پندار دانیشتووین. مێهدی و مەنووچ دەست لە ئەژنۆ، بەرانبەرمان هەڵترووشکاون. بیر لەوە دەکەینەوە چۆنچۆنی نامەکەمان بگەیەنینە دەست داواکاری گشتی. زۆرمان بیر لێکردۆتەوە بەڵام کەسمان پێشک نایە. هەروا تەکبیران دەکەین. بیلال دێ و دەڵێ:
ـ دووبەیانی عەبباس قەساب ئازاد دەبێ…
بەڵام عەبباس لە بەندی چوارە و ئێستا ئیتر ناسر ئەبەدی وەک جاران بۆی نییە لە بەند وەدەر بکەوێ.
ـ بەڵکوو بتوانین نامەکەمان بە ئەودا بگەیەنینە دەست داواکاری گشتی.
پندار دەڵێ:
بەڵکوو بتوانین کاتی وەرگرتنی جیرەی نانی نیوەڕۆ نامەکەی بدەینێ
بەڵام ناهێڵن زیندانی بەندە جۆراوجۆرەکان چاویان بەیەک بکەوێ. هەتا بەندێک تەواو نەبێ زیندانی بەندەکەی دیکە ڕێگا نادرێ.
فکرێکم بە مێشک داهات و گوتم:
ـ لەوانەیە ئەوەی دەیڵێم گەمژانە بێ بەڵام هەرچی بێ…
پندار دەڵێ:
ـ چێ؟ بیڵێ بزانین.
ـ کارێکی وا بکەین یەک لەمە ڕاگوێزنە ژووری تاکە کەسی
بەوردی گوێم بۆ ڕادەگرن
ـ ئەو کەسە نامەکەی پێ بێ و پاشان وەختی نان وەرگرتن بیدات بە عەبباس قەساب
ناسر ئەبەدی بە سەرزەنیشتەوە سەیرم دەکات و دەڵێ:
ـ پێتوایە پاسەوانی کێشک دەرفەتێکی وا بدات؟
لە قسەکەی خۆم پەژیوانم. ناسر دەڵێ:
بەتایبەت ئێستا بەردەوام چاویان بەسەرمانەوە.
ـ پندار دەڵێ پێتان وانییە جەماعەتی چێشتخانە بتوانن یارمەتیمان بدەن؟
فکرێکی خراپ نییە. مێهدی سینگ کۆتر قاچی درێژ کردووە و دەڵێ:
ـ بەڵکوو بتوانم دەگەڵ مووسای چێشتکەر پێک بێم.بەمەرجێک دەنگم بیگاتێ و دەرفەتی دووقسان هەبێ.
کاتی وەرگرتنی خواردن هەمیشە پاسەوانێک چاوەدێرە کە تێکناوێن و شلووقی نەکەین.
ـ ئەگەر بکرێ ئەم پاسەوانە بە شتێکەوە بخافڵێندرێ…
ناسر ئەبەدی دەڵێ:
کارێکی سانا نییە، بەڵام…
کە دەگەینە بەر پەنجەرە دەبێ لەدوای یەک ڕیز بین، خواردنەکە وەربگرین و خێرا بگەڕێینەوە.
ناسر ئەبەدی دەڵێ:
ـ بەڵکوو پەڵپ بەم پاسەوانە بگرم و شەڕێکی پێبفرۆشم و لە پەنجەرە دووری بکەمەوە …
پندار لە مێهدی سینگ کۆتر دەپرسێ،
پێتوایە بتوانی مووسا ڕازی بکەی؟
هێشتا مێهدی وەڵامێکی نەداوەتەوە کە تەقەی دەرگای بەند دێت. تێکڕا ئاوڕ دەدەینەوە. ئیستواری پیر یەکێکی تەنگەزل فڕێدەداتە حەسارێ. کراسی کابرا شەڵاڵی ئارەقەیە و دوگمەکانی هەتا خوارێ کراونەوە. دەرگای بەند دادەخرێتەوە. کابرا لەسەر ئەژنۆ کەوتووە و خەریکە هەستێتەوە، پشت سەری چاو لێدەکات و دەبۆڵێنێ،
ـ بێشەرەفانە نە پیاوەتی دەزانن و نە ئینسانییەت.
هەوا شێدار و گەرمە. کابرا سەرچۆکی دەتەکێنێ، بەری دەست لێک دەخشێنێ و بۆلامان دێت. وەکی هەنگاو دەنێ تاقەتی دەبەردا نییە. سەریان تاشیوە. ناوچاوانی پەڕۆیەکی سپی لێبەستراوە. جێگەی چەند پەڵە خوێن لەسەر پەڕۆکە دیارە. هەموو سەیری دەکەین. بە شەلەشەل دێتە ناوەڕاست حەساری بەند و ڕادەوەستێ. دەنگێکی کزی هەیە،
ـ کوڕینە تینوومە…ئەوە دوو ڕۆژە دڵۆپێک ئاوم نەهاتۆتە سەر لێوان.
دەنگی کزی نیازپاک وێدەچێ، بەڵام لێوەکانی وا نیشان نادات کە دوو ڕۆژ بێ ئاوی وێنەکەوتبێ.
مەنووچ بە سەری عەمباراوەکەی نیشان دەدات و دەڵێ
ـ هۆوەتا …لەوێ… لە تەنیشت ئاودەستان
کابرا سەیری سەیوانی سەر عەمباراوەکە دەکات و دەست لەسەر کەمەری دادەنێ و بەرەو عەمباراوەکە دەچێت. دەمەساتێک لەژێر سەیوانەکە ڕادەوەستێ، سەیرێکمان دەکات و پاشان شێرەکە دەکاتەوە، لەپی دەستی دەکاتە کاسە. بە پشتی دەستی شێرەکە دەگرێتەوە و ئاوەکە بۆ دمی دەبات و بۆنی پێوە دەکات. ناوچاوانی تێکدەنێ و دەڵێ:
ـ خۆ ئەو ئاوە ناخورێتەوە
هەموومان دەنگی دەبیسین. هەموومان سەیری دەکەین و هەموومان بێدەنگین. کابرا جارێکی دیکەش سەیری عەمباراوەکە دەکات و لەژێر سەیوانەکە واوەدێ. ئەمجارەیان بە دەنگێکی بەرز و بەتوانا و بوێرانە دەڵێ:
ـ ئەوە ئێوە ئاوی ئەم عەمباراوە دەخۆنەوە؟!
مێهدی بەگاڵتەوە دەڵێ:
ـ نەوەڵا بەگیانی تۆ هەر ژوورەو یەخچاڵی خۆی تێدایە.
بیلال دەست دەکات بە پێکەنین. قازی سەیری کابرا دەکات کە بە کراسەکەی، خۆی باوەشێن دەکات و ڕوو بە ئێمە دەڵێ:
ـ من ئێوەم پێ سەیرە، خۆ ئەوە دەڵێی ئاوی کوڵیوە و بۆنیشی دێت.
یەکێک لەوسەری حەوشەوە وەڵامی دەداتەوە
ـ هەر ئەوەیە کە هەیە
سەیری پاسەوانی سەر گوێسوانە دەکەم، هاتووە و بەسەر تێلدڕوەکاندا سەیرمان دەکات. کابرا دەڵێ:
ـ جا خۆ ئەوە نەبوو بە قسە.
یەکی دیکە کە لەبەر پەنجەرەی ژووری خۆی دانیشتووە، دەڵێ:
ـ دەی ئەتۆ مەیخۆوە
کابرا دێتە نێوەڕاست حەوشە، و بە ئاتەگی کراسەکەی ئارەقەی ناوچاوانی ئیشک دەکاتەوە و دەڵێ:
ـ من و تۆ نییە. بۆ مەگەر من و تۆ چ فەرقمان هەیە؟
پندار لە بندیوار هەڵدەستێ. کابرا زۆر بوێرانە قسە دەکات. وێدەچێ نەزانێ کەلەبچە و ژووری تاکە کەسی چییە؛
ـ ئەو هەمووە ئینسانە لێرە لە دەوری یەک دانیشتوون، هەرچی دەرخواردتان بدەن، جیکەتان لێنایە؟ بەخێری ناسڵامەت هەمووتان ئینسانن، عەقڵتان هەیە و تێدەگەن.
قازی هەڵدەستێتە پێ، بەردەوام چاوی بەسەر کابرایەوە. چاو ناتروکێنێ و سەیری قسە و ئاکاری دەکات. هەڵدەستم لەلای پندار ڕادەوەستم. گوێم لێیە قازی بە گوێی پنداردا دەچرپێنێ،
ـ ئەم بابایەم لە شوێنێک بینیوە… نازانم… بەڵکوو…
پندار دەپرسێ،
ـ ناسیاوە؟
ـ لە شوێنێک بینیومە.
ـ باش بیر بکەوە، وەبیر خۆتی بێنەوە بزانە لە کوێ.
کابرا دەست بە قسان دەکاتەوە
ـ ئەگەر ئەمن لە جیاتی ئێوە بوایەم تا ئێستا ئەم عەمباراوەم سەد جار فڕێدابووە دەرێ.
ئێستا، ناسر ئەبەدی، مەنووچ و مێهدی سینگ کۆتریش هەستاونە سەر پێ. پاڵمان وەدیواری داوە، دەستمان لەسەر سینگمانە و سەیری کابرا دەکەین. دیسانیش قازی دەڵێ:
چاولێکردن، شێوە قسەکردن و هەڵسوکەوتی، هەمووی ئاشنایە.
پندار سەیری قازی دەکات و بەگومانەوە دەڵێ:
ـ وابزانم فێڵە، پیلانە
پندار لە خۆوە قسە ناکات، وردە و زۆر شتی لێفێربووم. فێربووم وەختی لێکۆڵینەوە چۆن وەڵام بدەمەوە و دەگەڵ پۆلیس کە خەریکە وەسەر تەڵەم بپەڕێنێ چۆن ڕووبەڕوو ببمەوە. تاسە و خۆزگەی ئەو لێهاتوویە دەکەم. بە ئەزموونە و هەموو جارێ بۆچوونەکانی دروست دەردەچن.
دەنگی کابرا هەر دێت بەرزتر و بەرزتر دەبێ. دەڵێی ئەسپاردوویانە قسەمان بۆ بکات و هانمان بدات.
پاسەوانی کێشک چۆتەوە ناو ڕاڕەوی پێش ژوورەکان. گومانم نییە کە دەنگی کابرا بە باشی دەبیسێ، بەڵام هیچ وەڕووی خۆی ناهێنێ.ئاکار و ڕەفتاری پاسەوانی نێو بەند زۆر گۆڕدراوە. هەرچی بیکەین متەقی لێنایە و خۆ دە کەس ناگەیەنێ. بێدەنگ سیغاری خۆی دەکێشێ.
پندار بیر دەکاتەوە. قازی بەردەوام سەیری کابرا دەکات و هەڵیدەسەنگێنێ.
ئێستا هەموو هەستاونە سەر پێ و بێدەنگ لە سێبەری دیواردا ڕاوەستاون و سەیری کابرا دەکەن و ئەویش بێترس و بەگوڕ قسان دەکات؛
ـ لە کێ دەترسێن؟ بۆ ڕاوەستاون؟ بۆ ئەم عەمباراوە فڕێنادەنە دەرێ؟ بۆ داوا لە سەرۆکی زیندان ناکەن بێت و قومێک لەم ئاوە پیسە بخواتەوە تا لە دەرد و مەرگتان ئاگادار بێت؟
هەموو بێدەنگین و پێمان سەیرە کە بۆ پاسەوانی بەند چۆتەوە ژوورێ و جووڵەیەک ناکات؟ بۆ ئەو کابرایە هێندە بە دڵ و دەروون و بوێرە؟ تێهەڵدەچێتەوە و بەرزتر دەڵێ:
ـ من ئامادەم کەسی یەکەم بم کە دەرگای بەند وەبەر شەقان بدەم هەتا گوێمان لێ بگرن. ئەگەر ئێوە ناوێرن من ئامادەم هەر ئێستا عەمباراوەکە بەتاڵ بکەم و بە دەرگایدا بدەم… پێتان وایە چیمان لێدەکەن. لە زیندان بەولاوەتر بۆ کوێمان دەبەن؟
هەروا کە قسان دەکات بەرەو عەمباراوەکە دەچێت. ئێستا ئیتر ناشەلێت. هێشتا کابرا نەگەیوەتە سەیوانەکە، پندار لە دواوە ڕا دەست دەخاتە سەر شانی؛
ـ پەلەت لەچێ برا؟ هێندێک حەوسەلەت هەبێ.
کابرا خۆ ڕادەپسکێنێ و شانی لەژێر چنگی پندار لادەبات. ڕەنگی سوور هەڵگەڕاوە و هاوار دەکات:
ـ لێمگەرێ با ئەم بەرمیلە ژەهرە فڕێدەمە دەرێ. ئێوە پیاو نین، ئەمن لە خوڵاش ناترسێم.
پندار لەباوەشی دەکات و مرخێش مرخێش واوەی دێنێ. هەموومان لەدوەریان کۆبووینەوە. پاسەوانەکە هەروا لە ڕاڕەو وەستاوە، بەڵام هیچ وەڕووی خۆی ناهێنێ. پاسەوانی سەر دیوار ملی هێناوەتە پێش و سەیری حەسارێ دەکات.
پندار کابرا واوە دێنێ ،یەخەی دەگرێ و بە دەنگێکی زەخم تێیڕادەخوڕێ:
ـ بڵێ بزانـم! کابرا بۆ دەتهەوێ لە بەنددا ئاژاوە بنێیەوە و هەڵلا ساز بکەی؟
کابرا چاوی لە چاوی پندار دەدزێتەوە و بە عالەمێیدا دەگێڕێ؛
ـ ئاخر حەیوانیش ئەم ئاوە ناخواتەوە.
ناسر ئەبەدی لەپشت سەری کابرا ڕاوەستاوە. پندار لە کابرا دەپرسێ،
ـ باشە کام لە ئێمە دەگەڵ تۆ هاودەنگ بووە کە عەنباراو فڕێبدەی؟
کابرا دەست بەرز دەکاتەوە کە ئارەقەی ناوچاوانی بسڕێ، لەو ئانەدا قازی چاوی بە خاڵی سەر بەریدەستی دەکەوێت. و هاوار دەکات،
ـ هەی نامەرد ئێستا دەتناسمەوە.
خێرا دەچێ دەستی کابرا دەگرێ.
ـ دا بڵێ بزانم شازدە… ئەتۆ جێگری بازپورسی شوعبەی سێی دایرەی ئەمن نی؟
ڕەنگی کابرا یەک و دوو گۆڕدرا. لێوی دەست دەکات بە لەرزین. قازی وەک هەمیشە بەپەلە و هەڵەداو قسان دەکات.
ـ تۆ گیانی مردووەکانت بە کەرم مەزانە.
بە دەستی لە کوڵمی خۆی دەدات و دەڵێ:
ئەمنت بمرێ، ئەتۆ هەر ئەوە نی کە پارەکە ئەودەمەی ساعەتی پیاوێکم دزی بوو لێکۆڵینەوەت دەگەڵ دەکردم و بەو دەستە خاڵدارەت پەروەندەت بۆ دروست دەکردم؟
کابرا وە لاڵەپەتە کەوتووە
ـ من؟ نا… کێ دەڵێ ئەمن…
لەنەکاو هەموومان هۆی لێدەکەین.
کابرا حەپەساوە، دەڵێ:
ـ درۆ دەکات… من ئەبەدەن…
دیسان تێکڕا هۆی لێدەکەین.
کابرا ڕەنگی سپی سپی هەڵگەڕاوە، دەڵێ:
ـ لێیتێکچووە من بە کەسێکی دیکە دەشوبێنێ.
ـ هــــۆ هـــــۆ
ـ سویند دەخۆم…
ـ هـــــــــــۆ هـــــــــۆ
پندار دەنگ بڵیند دەکات،
ـ کەواتە دەتهەویست بەند بشێوێنی تا بیانوویان بدەیە دەست، وایە؟
کابرا بۆ دواوە دەکشێتەوە. ناسر ئەبەدی لە دواوەڕا دەباوەشی دەگرێ.
ـ ئێوە هەڵە دەکەن.
ـ هـــــــــــۆ هـــــــۆ
لەو کاتەدا دەرگای بەند دەکرێتەوە و سەرۆکی زیندان وەک بەرازی بریندار لەسەر لاقە قەڵەو و کورتەکانی، خۆ بە بەنددا دەکات و بەدەنگێکی زەخم و بەرز هاوار دەکات؛
ـ ئەوە چ خەبەرە؟ ئەو هەرا و هوریایەتان لە چییە؟
کابرا خۆی لە باوەشی ناسر ئەبەدی قوتار دەکات و قوونەدزە دەکات بۆ دواوە.
جەماعەت هەرکەسە لەجێی خۆیەوە چەند هەنگاوێک دەکشێتەوە دوایە و کۆڵانێک بۆ سەرۆک زیندان بڕ دەدەین. سەرۆک هات و لەبەر دمی پندار ڕاوەستا. سەیری دەرگای بەند دەکەم چەند پاسەوانێک باتووم بەدەست ئامادە وەستاون لە پشت سەری وانیش لە ڕاڕەودا چەن پاسەوانێکی دیکە دیارن. کابرا لە نێو ئێمەدا نەماوە. هەموو بێدەنگین. سەرۆک دەنگ بەرز دەکات و جەماعەت دەلەرزێن.
ـ ئەگەر بتهەوێ ئەو ئاژاوەگێڕییە درێژە پێبدەی، دەدەم پشتت لە زگت نەرمتر بکەن.
پندار ڕەنگی گۆڕدراوە. ناسر ئەبەدی بە دەنگێکی مەلەز وەجواب دێ،
ـ بەڵام جەنابی سەرۆک، بزانە ئەگەر پندار نەبوایە، ئەم کابرایە گۆنگەڵی ساز دەکرد و دەیشێواند.
سەرۆکی زیندان ناوچاوانی تێکدەنێ، ددانی دەجیڕەوە دەبات و دەمڕێنێ
ـ ئەتۆ بێدەنگ بە ناسر!
پاشان بەرەو کابرا واتە جێگری بازپورسی شوعبەی سێی دایرەی ئەمن، کە لەژێر سەیوانی عەمباراوەکە ڕاوەستاوە دەچێت؛
ـ هەستە بڕۆ دەرێ!
کابرا سەر بەردەداتەوە و بۆ لای دەرگای بەند دەچێت. پاسەوانەکان لە ئاستانەی دەرگا کشاونەوە دوایە و لە ڕاڕەوەکەدا وەستاون. سەرۆکی زیندان بە دەسرەیەک ئارەقەی ناوچاوان و پشتملی دەسڕێتەوە و دەڵێ:
بۆ تێکڕاتان ژووری تاکەکەسی هەیە. وەک مەڕوماڵات دە ژوورێکتان دەکەم هەتا قەدری ئەو ڕۆژانە بزانن. هەتا جارێکی دیکە گووی وا نەخۆن.
پاشان سەر و ملی وێکڕا و وەک بەراز دەگێڕێ و سەیری هەمووان دەکات. کراسە شینەکەی دە ئارەقەدا خووساوە، ورگی هاتۆتە پێش، کەمەری شاڵوارەکەی لەخوار ورگی لە بەزدا ون بووە. تیژ سەیری رەزا گیرفانبڕ دەکات و پێی دەڵێ:
ـ دەگەڵم وەرە
ناسر چاوێکی تۆقێنەر لە ڕەزا گیرفانبڕ دەکات و دەڵێ:
ـ ئەگەر لەسەر ئێمە شتێکت درکاند، ئیتر مەگەڕێوە بۆ ئێرە.
سەرۆکی زیندان ڕادەوەستێ و سەیری ناسر ئەبەدی دەکات. وێدەچێ هەڕشەکەی گوێ لێبووبێ. ناسر وەک ئەستوندەکی خێوەت قیت وەستاوە. ئارەقە زەنگوڵ زەنگول بە دەمووچاویدا دەڕژێنە خوارێ و لەسەر تووکی سینگی خۆ دەگرنەوە.
ڕەزا گیرفانبڕ زەرد هەڵگەڕاوە. پندار گۆشەیەکی سمێڵی بە ددانی دەجوێ. سەرۆکی زیندان دێتە بەردمی ناسر و ڕادەوەستێ، دارمەشقەکەی لەسەر شانی ناسر دادەنێ و تووڕە و تۆسن دەڵێ:
ـ دەمێک بوو بەتەما بووم داوا بکەم حوکمەکەت بۆ دابشکێنن… بەڵام ئێستا ئیتر نا دەبێ، هەتاهەتایە بمێنێوە.
***
عەبباس قەساب ئازاد بوو، بەڵام نەماتوانی نامەی داواکاری گشتی پێدا بنێرینە دەرێ و تا ئێستاش ڕێگا چارەیەکمان نەدۆزیوەتەوە. پندار بانگمان دەکات. یەک یەک دەچینە ژووری ژمارە دە و لە دەوری یەک کۆ دەبینەوە. قازی و بیلال لە حەسار و لە ڕاڕەودا کێشکن کە ئەگەر پاسەوان هات ئاگادارمان بکەن.
پندار دەڵێ نابێ دانیشین و پاڵ بدەینەوە. دەبێ بە هەموو ژوورەکاندا بگەڕێین و ورەیان بەرز ڕابگرین.
ـ وریا بن ئەگەر هەستتان کرد کەسێک لە پاشەکشەیە و دڵساردە، قسەی دەگەڵدا بکەن و ورەیان بەرز ڕابگرن. ئەگەر زانیتان ناکرێ و قورسە ئاگادارم بکەن.
بڵاوەی دەکەین و سەری ژوورەکان دەدەین. جەماعەت پۆل پۆل دانیشتوون. کەمتر قسە دەکەن. دیسان هەڵسوکەوتی پاسەوانی کێشک گۆڕدراوە. دەگەڕێ و گوێ هەڵدەخات. هەڕەشەوگوڕەشان دەکات. بەنۆرە سەرقاڵی دەکەین و دەیخافڵێنین هەتا بتوانین سەربە هەموو ژوورەکاندا بکەین و پەیامی پندار ڕابگەیەنین و دڵگەرمیان ڕابگرین.
مانگرتن دەگەڵ هەراوهوریا جیاوازی زۆرە. نابێ هەڵچین و نابێ بەهانەیان بدەینە دەست. ئەو ڕۆژەی کە دەست بە مانگرتن دەکەین بێ هەڵاهەڵا دادەنیشین و خواردن وەرناگرین…ئەگەر ڕۆژی ملاقاتیش هات ناچینە ملاقاتێ.
ناسر ئەبەدی بۆ گەیاندنی نامەی داوکاری گشتی لە هەموومان زۆرتر لە فکر دایە.
ـ ئاخر ئەگەر بەدەستی نەگات، کێ دەزانێ کە مانمان گرتووە؟
ئەحمەد هەڵەپەزە دەڵێ:
ئەدی ئەگەر نەمانتوانی نامەکە بگەیەنینە دەستی داواکاری گشتی، چی؟
پندار دەڵێ:
دیسانیش مان دەگرین.
مێهدی سینگ کۆتر هەمدیسان باسی مووسای چێشتکەر دێنێتەوە گۆڕێ:
ـ چۆنە بیرێکی دیکەی لێبکەینەوە؟ بەڵکوو لەم ڕێگایەوە نامەکە بنێرینە دەرێ.
کاتی نیوەڕۆ کە دەچین خواردن وەربگرین، ناسر دەست دەبن باڵی پاسەوانی بەر پەنجەرە دەنێ و دەیباتە تۆزێک ئەولاتر. بیلال لە پشت سەری مێهدی سینگ کۆتر ڕادەوەستێ. مەنووچ و پندار لە ئەمبەر و ئەبەر ڕادەوەستن. من کەمێک دوورتر لە پەنجەرەی چێشتخانە بەئانقەست پێ لەسەر پەنجەی پێی ئەحمەدە خڕە دادەنێم. هاواری ئەحمەد بڵیند دەبێ؛
ـ خالید کوێری نابینی؟
بەدەنگی بڵیند وەڵامی دەدەمەوە؛
ـ بۆخۆت کوێری، ئاگات لەبەر پێت بێ.
ئەحمەد دەگوڕێنێ؛
ـ پێمت هەلاهەلا کردووە تازە قەرزداریشم دەکەی.
پاسەوانە دێت بۆلامان؛
ـ ئەوە بۆ یەکتر دەخۆن چتانە؟
ناسر ئەبەدیش دەگەڵی دێتە پێش. ئەحمەد مینگەی دەکات و دەڵێ:
ـ تەماشا بکە چی بەسەر پەنجەکانی پێم هێناوە.
لەو کاتەدا دەنگی مووسای چێشتکەر دێت، بۆڕ[27] هاوار دەکات؛
ـ دەتنهاوێ لە ژیانم بکەن و کارەکەم بچێ؟
پاسەوانەکە بۆلای مووسا دەچێت و دەپرسێ،
چ قەوماوە مووسا؟
مووسا ناوچاوانی تێکناوە. کەوگیرێک خواردن لە قاپەکەی مێهدی سینگ کۆتر دەکات و دەڵێ:
ـ هیچ نەبوو.
پاسەوانە، پاڵ بە پندار و مەنووچەوە دەنێ و دەڵێ:
ـ بچنەوە ناو سەف!
مووسا ملی نەدا. نامەی داواکاری گشتی بەسەر دەستماندا ماوەتەوە.
خۆر خەریکە لە دیواری بڵیندی زیندان ئاوا دەبێ. قسەکانی پندار زار بە زار دەگەڕێ:
ـ لەیادمان بێ کاتێک مانگرتن دەستی پێکرد، ئەگەر لێشمان بدەن نابێ شلوقی بکەین. دەبێ ئارام بین و نەیکەینە هات و هاوار. دەبێ تابوشت بێنین و لە مانگرتنەکەمان بەردەوام بین.
دڵەڕاوکێ و گومان بەسەر هەمووماندا زاڵە. جار هەیە وەک پۆلووی ئاگرین و تا پای گیان دان ئامادەین و جاریش هەیە ورەمان نزمە و دابەزیوە، ترس هەیە کە کەسانێک بڕۆن و خۆ بەسەر پێڵاوەکانی سەرۆکی زینداندا بدەن و لێیبپاڕێنەوە، بەڵام پندار ماندووبوون نازانێ. بەلامەوە سەیرە، بنیادەمێک دەتوانێ چەند بەحەوسەلە بێت و چەندە قسان بکات.
ئێوارەی ڕۆژی بیست و نۆیە. پندار زاری کەفی کردووە، بە هەمووکەس ڕادەگات. لەو پۆلە ڕا دەچێتە لای پۆلێکی دیکە. لەو ژوورە ڕا بۆ ژوورێکی دیکە. بەتەنیا بەئەندازەی هەموومان قسان دەکات. هەوا تۆسقاڵێک باشتر بووە. تیشکهاوێژەکان هەڵبوون. جارناجارێک شنەی با بەسەر دیوارە بلیندەکانی زینداندا خۆ بە حەسارێدا دەکات و ئارەقەی تەوێڵمان سارد دەکاتەوە. کوڕەکان پۆل پۆل لە گۆشە و کەناری حەسارێ فەڕش و زیلۆیان ڕاخستووە و دانیشتوون. ئاسمان سافە و پڕ ئەستێرەیە. گەرمای ڕۆژێ پاشەکشەی کردووە. دەنگی پەرەمێزان دەگەڵ قسەی جەماعەتێ تێکەڵە. جەماعەت ملیان لە قسەی خۆش و گاڵتە و گەپ ناوە.
ـ شامی ئاخرە
ـ بڵێ شامی غەریبان
ئێستا ئیتر شتێک لە پاسەوانی کێشک ناشارینەوە و بە ئاشکرا باسی مانگرتن دەکەین. وەبزانە کە ترس و خۆفمان ڕەویوەتەوە. دڵەڕاوکەش زۆر خۆ ڕاناگرێ.
حەمە ڕیش دەڵێ:
ئەمشەو بە قەدرایە گامێشێک دەخۆم.
ئێستا هەموو هاتووینە سەر ئەو بڕوایە کە بەیانی دەگەڵ مەلا بانگدانێ مانگرتن دەست پێدەکات.
تەقی ورگن، دێ دەپرسێ،
ـ ئەرێ ئەگەر ئاو بخۆینەوە مانگرتنەکەمان باتڵ دەبێ؟
هەموو تێکڕا پێدەکەنین
ـ هەتا دەبی بە مەشکە ئاو بخۆوە
ـ ئەوە بەڕاستیتانە… ئەدی ئەگەر گوتیان لێیانگەڕێن، بەقەبری بابی ساحێبیانەوە و ئاوڕیان لێنەداینەوە، چی؟ بۆ مەگەر چەند ڕۆژ بێ نان و ئاو تاقەت دێنین؟
پندار دەڵێ:
ـ سەیر بکە تەقی؛ ئەگەر باش سەیریان بکەی هەر ئێستا عەقڵ و تەرسیان تێکەڵ کردووە.
حەمە ڕیش بە قوونەخشکە دێتە پێشێ و دەڵێ:
ـ بەڵام خۆ ئەوان بەزەییان بە ئێمەدا نایە، چ پەکیان بە ئێمە کەوتووە
مێهدی قوت سەیری دەکات و دەڵێ:
ـ بەڵام مەمەد، ئەوەی بزانە کە ئەوانە لەهەمبەر ژیانی ئێمەدا بەرپرسیارن.
هێشتا ئۆقرەمان نەگرتووە. پندار هەروا دەگەڕێ و دەگەڵ ئەم و ئەو قسە دەکات. مێهدی دەگەڕێ و گۆی ڕادەگرێ. ناسر پیش دەخواتەوە و هەڕەشان دەکات؛
ـ ئەگەر وەڵاممان نەدەنەوە ئەو بەندە وا دەشێوێنم بە پێنجسەد پاسەوان دەروەستی نەیەن… بەم تیغە…
پندار قسەکانی پێدەبڕێ و وەبیری دێنێتەوە کە ئارام بێ.
ـ ئەوە سەدەمین جارە دووپاتی دەکەمەوە … نابێ بیانوویان بدەینە دەست.
مەنووچ دەڵێ:
ـ پێتوایە چیمان لێدەکەن… من خواردنەکەم هاویشتە سەر بانی ئەوەی قسەی سووک بوو پێمگوتن؛ چەند ڕۆژان لە ژووری تاکە کەسی بووم. تازە ئەوکات من تەنیا بووم . ئێستا دەگەڵ سەد نەفەر چ دەکەن؟
قازی بەپەلەپەل قسە دەکات،
ـ مانگرتن تاوان نییە. ئەگەر گوێمان بۆ ڕانەگرن مافی مانگرتنمان هەیە. ئەگەر دادستان بزانێ لەوانەیە سەرۆکی زیندان بگۆڕن. من یاسا دەزانم. من هەموو بەندەکانی یاسا لەبەر دەزانم.
پندار باسی ئەزموونەکانی خۆی دەکات،
ـ ئەگەر لە نیوەی ڕێگا پاشەکشە بکەین، دۆخەکە لەوەی کە هەیە خراپتر دەبێ. بۆیە دەبێ قورس و قایم ڕابوەستین، بەڵێنتان پێ دەدەم لە ڕۆژی سێهەم ملکەچ دەبن. .. بەس سێ ڕۆژ..
حەیدەر دەست بە ڕیشی ماش و برینجی خۆیدا دێنێ و دەپرسێ،
ـ ئەدی ئەوانەی کە دەچن خواردن وەردەگرن چی؟
ناسر ئەبەدی سینگ دەداتە پێش و دەڵێ:
ـ ئادی بەسەری بابیان… وەک سەد لەپێشیان ڕادەوەستم و ناهێڵم بچنە دەرێ.
بیلال دەڵێ:
ـ جا ئێمە چیمان بەوان داوە
ناسر دەڵێ:
ـ تڕحێو… ئەدی ئەوان جیاوازییان دەگەڵ ئێمە چییە؟
ـ بەڵام ئێمە ناتوانین پێش بەوان بگرین.
ناسر دەڵێ:
ـ ناتوانین… سەتیان بۆ من دابنێ.
پندار قسە بە ناسر دەبڕێ؛
ـ گوێ بگرە ناسر! هەڵبەت ئەگەر ئەوانیش خواردن وەرنەگرن باشترە. چونکو ئەگەر وەربگرن، مانای ئەوەیە کە چێشتەکەی زیندان بۆخواردن دەبێ…بەڵام
ناسر دەڵێ:
ـ ئاخر بۆیە دەڵێم نابێ وەربگرن
بیلال دەڵێ:
ـ ئەگەر بە زۆری و هەڕەشە بێ، کێشەمان بۆ دروست دەبێ.
دەنگی عەلی سەلـمانی بەند پڕ دەکات،
ـ ناسر ئەبەدی!
هەموو بێدەنگ دەبین. ناسر دەست بە چەنەگە پانەکەی دادێنێ و سەیری پندار دەکات.
دەرگای بەند دەکرێتەوە. دیسانیش عەلی سەلـمانی هاوار دەکات. ئیستوارە پیرە لە ئاستانەی دەرگادا وەستاوە. ناسر هەڵدەستێ. ئیستوارە پیرە دەڵێ:
ناسر وەرە سەرۆکی زیندان کاری پێتە.
ناسر ئەبەدی بەرو دەرگا وەڕێ دەکەوێ. سەیری یەکتری دەکەین . ئێستا مانای ئەم چەشنە بانگ کردنانە دەزانین. هێندێک جار هەڕەشەیە. هێندێک جار لێدان و کوتان و هێندێک جاریش ژووری تاکە کەسی.
ـ بۆچی بانگیان کرد؟
ـ دیارە .. دەیانهەوێ چاوترسێنمان بکەن.
لەسەر پشت درێژ دەبم، دەست وەبن سەرم دەدەم و سەیری ئاسمانی پڕ ئەستێرە دەکەم. قسەی جەماعەت کە بەیەکەوە دەدوێن دەکەوێتە بەر گوێم؛
ـ گوتی بەشی هەمووتانم ژووری تاکە کەسی هەیە… وای نەگوت؟
بیلال چای تێدەکات. دادەنیشم ئیستکانە چایەک دەست دەدەمێ. پندار دەڵێ:
هیچ نییە … هەر قسەی دەگەڵدا دەکات و لەوانەیە هێندێکیشی هەڕەشە لێبکات.
حەمە ڕیش دەڵێ:
پەح… ئەتۆ ئەوە ناناسی، لەو حەرمزادانەیە، ڕوحم بە دایکیشی ناکات.
هێشتا ئیستکانە چایەکەم نەخواردۆتەوە کە ناسر هاتەوە. لێو بەبزەیە. ئیستوارە پیرەش دەگەڵی هاتووە. دەستی پندار دەگرێ و دەڵێ:
ـ هەستە دەگەڵم وەرە
پندار لە کاتی وەدەرکەوتندا ڕووی تێکردم؛
ـ چاوەڕوان بـەدوای ە نۆبەی تۆیە.
ناسر ئەبەدی چایەکەی لە ژێرپیاڵە دەکات و دەگێڕێتەوە کە سەرۆکی زیندان چی پێگوتووە؛
ـ دەی ناسر… دەتهەوێ بەیانی مان بگری؟
ناسر ئەبەدی لەبەر خۆیەوە گوتوویەتی:
ـ لەسەر ئیزنی جەنابتان جەنابی سەرۆک
سەرۆکی زیندان دەستی کردووە بە قاقا لێدان و بە گاڵتە گوتوویەتی:
ـ لەسەر ئیزنی من؟
ناسر وەڵامی داوەتەوە،
ـ یانی دەڵێم کە …، خواردنەکەمان…، جەنابی سەرۆک… بۆخۆت دەیبینی.
ئینجا سەرۆکی زیندان فەرمووی ناسری کردووە کە لەسەر کورسی دابنیشێت، بەڵام ناسر دانەنیشتووە. پاشان سەرۆک دەستی خستۆتە سەر شانی ناسر و پێیگوتووە کە ڕادەسپێرێ ڕۆژێ دوو جەم خواردنی باشی بدەنێ و پاشان دەستی کردووە بە ئامۆژگاری و دڵسوزی کردن؛
ـ دەزانی چۆنە ناسر … ئەتۆ نابی خۆت تێکەڵی ئەوانە بکەی. ئەمن دەتوانم عەفووت بۆ وەربگرم. دەتوانم داوا بکەم ماوەی زیندانەکەت بۆ داشکێنن. دەتوانم…
ناسر مۆڵەتی نەداوە و بەمینگە گوتوویەتی:
ـ وەڵا … ئێمە جەنابی سەرۆک …ئێمە هیچمان نەکردووە.
بەڵام سەرۆک هەروا بەردەوام بووە کە وەعدە و بەڵێنی بدات. سەرەنجام داوای لێکردووە کە پێش بە هەڵا و بگری کوڕەکان بگرێ.
ناسر ئەبەدی چایەکەی دەخواتەوە و قسە دەکات.
پێمگوت:
ـ وەلا … جەنابی سەرۆک … کوڕەکان دە ئەمر و نەی مندا نین.
گوتی:
ـ هەن… گوێ لە قسەشت ڕادەگرن. بڕۆ وریایان بکەوە با بێنەوە سەر عەقڵ. بەڵێنیم پێبدە کە نەهێڵی بەیانی کەس هەڵا و بگر ساز بکات. منیش یارمەتیت دەدەم.
ناسر ئەبەدی دەست دەکات بە پێکەنین و دەڵێ:
ـ پێیوایە دەگەڵ کەر قسان دەکات. هەر ئەمن دەڵێم نێرە ئەو دەڵێ بیدۆشە. دەڵێم هیچم لە دەستی نایە، دەڵێ ڕۆژێ دوو وەعدە خواردنی باشترت دەدەمێ…
دەرگای بەند دەکرێتەوە. پندار دێتە ژوور. هەموو ڕوخساری خەندەیە. ئیستوار بانگم دەکات. پندار دەڵێ:
ـ قورس و قایم ڕاوەستە.
دەگەڵ ئیستوار دەڕۆم. بەردەرگای زیندان ماڵدراوە و ئاوپڕژێن کراوە، فێنکە. سەرۆکی زیندان لەسەر کورسی دانیشتووە سیغار دەکێشێ. ئەفسەری کێشک لە پشت سەری ڕاوەستاوە. سەرۆک ئارام و لەسەرەخۆیە. قسەکردنی تێکەڵاو و بە پێکەنین و خەندەیە.
ـ پێم سەیرە و جێگەی سەرسووڕمانە کە بنیادەمی خوێندەوار و تێگەیشتووی وەک تۆ و پندار خۆتان تێکەڵ بە جەماعەتی دز و چەقۆکێش دەکەن.
لە نێو ئەم قسانە دا، دەنگی ئەو زللەی جاری پێشوو لەبنان گوێی دام دەنگ دەداتەوە و قسەکەی سەرۆک لەگوێمدا دەزرینگێتەوە کە گوتی:
ـ لەسەرەتاوە لە بنان گوێم قایم کردی تا بزانی دەگەڵ کێ ڕووبەڕووی.
ئەمڕۆ چرکەیەکیش چییە پێکەنین و خەندە لەسەر ڕوخساری سەرۆک لاناچێت. نەرم و دۆستانە قسە دەکات:
ـ ئەتۆ پێتوایە ئەوانە بنیادەمن؟…
بەرخەبەبەی بە دەسرەیەک ئیشک دەکاتەوە. پێکەنین رۆخساری پاوان کردووە.
ـ پێتوایە ئەوانە بنیادەمیان لێ دروست دەبێ؟ یان دەکرێ متمانەیان پێ بکرێ؟ بڕوات بێ من بەزەییم پێتان دادێ.
هێدی قسان دەکات، بە کەرم دەزانێ و شووتیم وەبن هەنگڵی دەدات.
ـ تۆ جەوانێکی باشی. هەرچی بێ زۆرتر لەوان لە دنیا دەگەی… بۆ لە هیچ و خۆڕایی خۆت تێکەڵی ئەمانە کردووە.
باسی ئەزموونەکانی خۆی دەکات.
ـ ئەمن ئەوە ئێستا پازدە ساڵە دەگەڵ زیندانییان سەروکارم هەیە. هەرچی حەولـم دا سەرەنجام تێگەیشتم کە ئەوانە باش نابن. ئەوڕۆ دەگەڵ تۆن بەیانی بۆ دوو تمەن سەرت گۆشاوگۆش دەبڕن. ئەوانە هەر لە سەرەتاوە وا بارهاتوون…
لە زۆربڵەیی سەرۆک جاڕز و بێتاقەت بووم. سەیری دەوروبەر دەکەم. گوێم لێیە:
ـ لە ڕاستیدا دەبێ ژوورێکی تایبەت بۆ تۆ و پندار دابین بکەم. دەبێ ئێوە لەوانە جیا بکەمەوە. لە حاندی ئێوەدا نییەکە دەگەڵ کۆمەڵێک لات و نەزان هاوبەند بن.
لەسەر کورسییەکەی هەڵدەستێ و بۆلام دێت،
ـ چۆنە ئەم دوانەتان بگوێزینەوە بێهداری. هەم خاوێنترە و هەمیش خواردنەکەی باشترە.
سەرم داخستووە و بێدەنگم.
ـ پێت باشە؟
لەبەرە خۆمەوە دەڵێم:
ـ زۆر سپاس
سیغارەکەی فڕێ دەدات و بە پانێی پێڵاوەکەی دەیکوژێنێتەوە و دەڵێ:
ـ تۆ وەک کوڕی منی
دیسان قسەکانی چاوپێکەتنی جاری پێشووم لە گوێدا دەزرینگێتەوە:
دەتنێرمە ژووری تاکە کەسی تا قەدری عاقیبەت بزانی.
ئینجا دەبینم کە لاق هەڵدێنێتەوە و بە هەموو هێزی خۆی شەپێکم تێهەڵدەدات.
سەرۆکی زیندان دێتە پێش؛
ـ بیر لە چی دەکەیەوە؟
سەرم هەڵدێنم و سەیری دەکەم، دەم بە خەندەیە.
ـ هیچ
دەست دەخاتە سەر شانم؛
ـ دەی بەڵێنیم پێدەدەی کە ئەم هەڵاهەڵایە بخەوێنی و ڕایبگری؟
بەسەر سووڕمانەوە سەیری دەکەم.
ـ ناسر و پنداریش یارمەتیت دەدەن… ئەوان بەڵێنییان پێداوم
هێدی دەڵێم:
ـ ڕەنگ بێ ئەوان قەولیان دابێ، بەڵام…
ـ بەڵام چی؟
ـ ئەمن هیچم لە دەست نایە.
دەکشێتەوە دواوە، هەناسەیەکی قووڵ دەکێشێ و قسەکەی دەگۆڕێ:
ـ تۆ تەمەنت چەندە؟
ـ هەژدە
دەنگی دۆستانە نییە، تووڕەیە؛
ـ بەو حیسابەی دەبێ کە لێرە ئازاد بووی، یەک ڕاست بچی بۆ سەربازخانە
سەیری دەکەم بێزم لێ هەڵدەستێ.
ـ ئەگەر عاقڵ بی، دوای تەواو بوونی ماوەی زیندانییەکەت کارم پێت نییە ئەگینا ڕاستە و ڕاست تەسلیمی سەربازخانەت دەکەم.
دەچێ لەسەر کورسییەکەی دادەنیشێ
ـ پێتچۆنە؟
سیغارێک دادەگیرسێنێ.
ـ دەی؟
بێدەنگ، هیچ ناڵێم.
ـ دەی شتێکی بڵێ.
ـ ساحێب ئیختیاری جەنابی سەرۆک.
مژێک لە سیغارەکەی دەدات و دەڵێ:
ـ بڕۆ نیشان بدە کە کوڕێکی ژیر و عاقڵی… بڕۆ بە هاوکاری ناسر و پندار ئەم هەڵایە بێدەنگ بکەن و کۆتایی پێبێنن.
دەمهەوێ وەڕێ بکەوم، درێژە بە قسەکەی دەدات:
ـ لەبیرت بی ئەگەر لێم لە فێڵێ بی زۆر گرانت بۆ تەواو دەبێ
دەکەومە ڕێ کە بچمەوە بەند،دەڵێ:
هیوادارم بەباشی گوێت لە قسەکانم ڕاگرتبێ.
***
سی مانگی جۆزەردانە، بەیانییە. هێشتا خۆر هەڵنەهاتووە. هەوا شێدارە. هەموومان لە خەو هەستاین و جێگاکانمان کۆکردەوە و لە گۆشەکانی ژوورەکاندا هەڵکروژماوین. ڕۆژانی دیکە تا نیوەڕۆ دەخەوتین، بەڵام ئەمڕۆ، وەک ئەسپاردە هاتبن و یەک بە یەک لە جێگاکەیان دەرکێشابین وایە. دڵەڕاوکێ گەڕاوەتەوە و نیگەرانین. کەس هیچ ناڵێ. قسە ناکەین، هەندێک جار لەبەرخۆمانەوە و لەبن لێوان چەند شتێک دەڵێین و دیسان بێدەنگ دەبینەوە. تەنیا پندارە کە دەگەڕێ و لە هەموو شوێنێکە. زەردەخەنە لەسەر لێوی لاناچێت. نیگا و قسەکانی ورەبەخشن، قسەکانی ورەمان پێدەبەخشێت و ترس لە دڵمانەوە دەڕەوێنێتەوە.
ـ دەبێ. قورس و قایم ڕاوەستین.
بەڵام دیسان ترس دەگەڕێتەوە، ترس بەرۆکمان بەرنادا و سێبەری بەسەر هەموو بەنددا کێشاوە. ڕۆژی هەوەڵی مانگرتنە و هەروەها ڕۆژی ملاقاتیشە. هێندێک لە ژوورەکان نەهاتوونەتە دەرێ، لەسەر جێگاکانیان درێژ بوون و جگەرە دەکێشن بەڵام زۆربەی کوڕەکان لە سێبەری دیواردا هەڵترووشکاون.
خۆر بەرە بەرە تەواو دەسەڵاتی خۆی دەنوێنی. ڕووناکایی بەسەر وڵات کشاوە و گەرماش خەریکە وەگیانمان دێنێ. ئەمڕۆ پاسەوانی کێشکی ناوبەند کپە و هیچ ناڵێت. ئەژنۆکانم لە باوەش گرتووە، پاڵم وەدیوار داوە. هەموو گیانم ئارەقەیە، سەیری تێلدڕووی سەر سوانە دەکەم لەو ئانەدا دەنگی عەلی سەلـمانی بەرز دەبێتەوە کە بانگی حەیدەر مەشتی دەکات کە ملاقاتیی هەیە، لە جێگەی خۆی نابزوێ چۆنی لەبەر پەنجەرە دانیشتووە و ئەژنۆی دەباوەش گرتووە دەمێنێتەوە و لەژێرەوە سەیری دەرگای بەند دەکات.
هەمدیسان عەلی سەلـمانی هاوار دەکات:
ـ حەیدەر مەشتی… حەمە ڕیش…
ناسر ئەبەدی بە شان بادانەوە بەرەو دەرگای بەند دەکەوێتە ڕێ. حەمە ڕیش، لەسەر سەکۆی بەردەم ئاودەستەکان دانیشتووە، نینۆکەکانی دەکات. ناسر ئەبەدی دەستەکانی دەخاتە سەر دەرگای ئاسنی و دمی بە کونی دەرگاوە دەنێ و دەڵێت:
– لەخۆڕا قوڕگی خۆت مەدڕێنە … ئەمڕۆ کەس نایەت بۆ ملاقات.
پندار دێت سیغارەکەم لە دەستی وەردەگرێ. زەردەخەنەیەک کە وێدەچێت هەتاهەتایی بێ لە ڕوخساریدا جێی خۆش کردووە. مژێک لە جگەرەکە دەدات و دەڵێت:
ـ زۆر باشمان دەست پێکرد.
ڕازی و بەدەماغ دێتە بەرچاو. دیسان جگەرەکە بۆ دمی دەبات و دووکەڵەکەی لە دمیدا دێنێ و دەبا؛
ـ بەڵام دەزانی…
لە تەنیشتم دادەنیشێت
ـ ئەمە بە تۆی دەڵێم با ئاگادار بی…
یاری بە دووکەڵی سیغارەکە دەکات:
ـ زۆر باش دەستمان پێکرد، بەڵام بۆ بەردەوامبوونەکەی…
قسەکانی دەخواتەوە و سەیرم دەکات. من پرسیار دهکهم:
ـ بەردەوام بوون، مەبەستت چییە ؟
دەڵێت:
ـ گاڵتە نییە…
هێواش بە گوێمدا دەچرپێنێ:
ـ ئەگەر نەتوانین بەردەوام بین، ئەگەر لە نیوەی کاردا چەند کەسێک دەوام نەهێنن، کار تەواوە… ئیتر ناتوانین پێشیان پێبگرین.
قسەکانی بۆنی نائومێدیان لێدێت، بەڵام هەروا لێو بە بزەیە.
بەقسەکانی حەپەسام، پێی دەڵێم:
ـ ئەگەر ئێستا کاتی نەبوو، بۆ؟…
قسەکەم لێوەردەگرێتەوە؛
ـ کاتی هاتبوو… ئەگەر وەدوامان خستبا، بەم زوو زەمانانە ئەم هێز و گوڕە کۆ نەدەکراوە و ئەم جۆش و خرۆشە نەدەهاتە دی.
ـ باشە مادام… وایە…
دیسان دەرفەتم نادات و دەڵێ:
ئەمەم وت، بۆ ئەوەی شەش دانگ وریا بی. بە ئەوانی دیکەش دەڵێم. دەبێت تیژ بین، گوێ هەڵخەین. نابێ بهێڵین چڕژمان تێکەوێ. ئەمەم وت، بۆ ئەوەی لێرە دانەنیشی. دەبێ بچی لە نێویاندا بی…
دەنگی عەلی سەلـمانی سەرلەنوێ لە بەنددا دەتەنێتەوە؛
ـ شەعبان سەهــــــــــــــــــۆڵ!
شەعبان لە تەنیشت دیوارەکەوە هەڵدەستێت و ملی ڕێگایە دەگرێ. پندار بەجێ دێڵم و دەچم پێش بە شەعبان دەگرم؛
ـ بۆ کوێ دەچیت شەعبان؟
لـمبۆزی درێژ دەکاتەوە و دەڵێ:
ـ من هەر لەسەرەتاوە پێمگوتن کە دەگەڵتان نیم.
چاو دادەخات و شەرمەزارە. سەری تاسی لەژێر تیشکی بەهێزی خۆردا دەدرەوشێتەوە.
پێی دەڵێم:
ـ وایە دەزانم شەعبان، بەڵام ئەگەر دەگەڵمان بی، بۆ تۆ باشە…
لێوە باریکەکانی بۆ دەمەساتێک دادەکەوێت و پاشان دەڵێت:
ـ ئەگەر نەچم دایکم ببینم، دڵی دەتۆقێ.
پێی دەڵێم:
ـ دایکی تۆش لە گوێن دایکی هەموو ئەوانی دیکە.
لە دواوە مەنووچە ڕەش هەڵدەداتێ:
ـ لێیگەڕێ با بڕوات.
دواتر دەنگی ڕەزا فیتەر دێت؛
ـ ئەم قورمساغە سەر کەچەڵە لە زومرەی ناپیاوەکانی ڕۆژگارە.
لەسەر ڕێگای شەعبان واوە دێم. لەبەند دەڕواتە دەرێ.
گەرما هەراسانی کردووین. پاسەوانی سەربانی زیندان دێت و دەچێ و جارناجارێک سەر بە حەساری بەنددا دەکات. لە بەندی سێ ڕا سەرجەم دوانزە کەس چوون بۆ ملاقات، ئیتر کەسی دیکە لە جێگەی خۆی جووڵەی نەکرد. پندار دێتە بن گوێم؛
ـ زۆر باشمان دەست پێکرد.
خەبەر دێنن کە لە حەوشەی زینداندا جەنجاڵ و هەرا و هوریایە. خزم و کەسەکانی ئێمە کە هاتوون بۆ ملاقات هروژمیان کردووە و حەیایان بە پاسەوانەکانەوە نەهێشتووە. پاسەوانیش باتوومیان ڕاکێشاوە و کەس و کاری ئێمەیان بەرەو دەرگای زیندان ڕەپاڵ ناوە.
جەواد بروجێردی لووتی گەورەی خۆی هەڵدەپشێوێت و دەڵێت:
پێتان وایە ئەوانە بەزەییان بە کەسدا بێت؟
ئەحمەد سەرفڕ دەڵێت:
ژنان قیژ و هاواریانە دەڵێی ڕۆژی عاشوڕایە.
جابر دەڵێت:
مناڵەکان وەک باب مردووان هاوار و ڕۆڕۆیانە.
پندار لێیان دێتە پێش و دەڵێ:
چی دیکەش ماوە بیڵێن، هەتا ورەی کوڕەکان دابەزێنن؟
شەعبان ئاوی لووتی هەڵدەلووشێ و دەڵێت:
ئەگەر پێتوایە درۆ دەکەم، بڕۆ بە چاوی خۆت بیبینە.
ناسر ئەبەدی گرژ و گەرووتاڵ وە جواب دێ:
ـ بەسەری بابتان ناتوانن دووبەرەکیمان…
لەناکاو دەنگی یەکێک لە کوڕەکانی بەندی دوو دەبیسم کە وادیارە چۆتەوە سەر شانی هاوڕێکانی و بە کونی هەواکێشەکەدا هاوار دەکات:
ـ بووەتە ڕۆژی عەشرێ، قیامەتە!
کوڕەکان لە بندیوار هەڵدەستنە پێ و بەرەو هەواکێشی سەرەوەی دەرگای بەند دەچن.
ــ ئێمە لە بەندی دوو هات و هاواریان دەبیسین.
کوڕەکان هەموو لە دەوری هەواکێشەکە وەستاون. پندار دەنگ بەرز دەکاتەوە و دەپرسێ؛
ـ ئەتۆ کێی؟
ـ چولاب
پندار بە دەنگی بەرز دەڵێ:
ـ کێ بە تۆی گوتووە ئەم قۆڕیاتە بڵێی؟
یووسف بێعار لە پشتەوە را دەڵێ:
ـ لێیگەڕێ با قسەکانی بکات، با بزانی کە ئێمە درۆ ناکەین.
بیرم بۆ لای دایکم دەچێت کە نەکا هاتبێ و بە باتووم لەسەر و گوێلاکیان دابێ و وەدیوی دەرێی زیندانیان نابێ.
لە هەواکێشەکەوە دەنگ هەر دێ؛
ـ ژن و مناڵیان وەک مەڕو ماڵات بەسەر یەکدا کردووە. بە باتووم لە سەریان دەدەن و پاڵیان پێوە دەنێن، کە لە زیندان دەریان بکەن.
دەنگی مەلەز و دووڕەگەی ناسر ئەبەدی دێت:
ـ چولاب درۆ بکەی هەڵت دەدڕم.
دەنگ لە هەواکێشەکەوە دێت؛
ـ کە چوومە ملاقات بە چاوی خۆم بینیم…
لەپڕ هاوارێک لە چولاب بەرز بۆوە.
ـ ئاخ، وەی پشتم.
دەنگ لە هەواکێشەکەوە برا. وادیارە بە باتووم لە گیانی وانیش بەربوون و بڵاوەیان پێکردن.
کوڕەکانی خۆمان لە بەندی سێ نیگرانن و دەست بە پرتە و بۆڵە دەکەن. پندار دەڵێ:
کوڕینە بۆخۆتان باش دەزانن کە خەڵک لە کایەک کێوێک ساز دەکات. من قەولتان پێدەدەم ئەمە ڕاست نییە. تازە ئەگەر واش بێ خۆ ناکرێ وا بە هاسانی سەرداخەین و بکشێینەوە.
دەنگی کردنەوەی دەرگای بەند دێت. پێش نیوەڕۆیە. وڵات وا گەرم داهاتووە تەڕایی لە هەوادا نەماوە. لە دوو سەوەتەی گەورەدا نانیان بۆ هێناوین. هەرکەسە و دوو نانی ڕەشیان بۆ لەبەرچاوگرتووین. پندار دەچێ دوو نانەکەی هەڵدەگرێ و دێنێ لە ناوڕاستی حەسارێ دایدەنێ. منیش هەر وامکرد. پاشان ناسر ئەبەدی دێت نانەکانی لەسەر هی من و پندار دادەنێ. مەنووچە ڕەش، مێهدی و بەم چەشنە لە چاوترووکانێکدا هەموو نانەکان لە ناوەڕاستی حەسار لەسەر یەک کەڵەکە کران.
خۆر لەسەر سەرانە، سێبەری دیواران تەسک و باریکە. زۆری نەماوە بۆ نانی نیوەڕۆیە کە سەرۆکی زیندان دەگەڵ ئەفسەری کێشک دێنە ناو بەند. کە چاوی بە کۆگا نانی ناوەڕاست حەسارێ کەوت، وەستا و ڕەنگی بزرکا. سەیری ئەفسەری کێشک دەکات. ئێمە هەڵدەستین، دەستەکانمان لەسەر سینگمان دادەنێین و پاڵ وەدیوار دەدەین. سەرۆکی زیندان یەک یەک چاومان بەسەردا دەگێڕی سەیری ڕوخسارمان دەکات. دواتر دێت و لە تەنیشت کۆگا نانەکە دەوەستێت. دەنگی دەلەرزێت؛
ـ خەریکە ئیتر حەوسەلەم بەسەر دەچێت و زۆر بێزار دەبم…
چەند کەسێک لە ژوورەکاندا دانیشتوون و ملیان لەپەنجەرەکانەوە هێناوەتە دەرێ. هەموومان بێدەنگین، سەرۆکی زیندان تەواوێک تووڕەیە، هەرچی دەکات ناتوانێ ڕق و داخی دەروونی خۆی بشارێتەوە، بۆیە هەر وشەیەک دەیڵێ توند و ڕەقە.
ـ هەندێک جار مرۆڤ دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ڕەوشت و ئاکاری باش دەگەڵ هێندێک ناپاک بێئەنجامە و دەگاتە ئەو ئاستە کە مرۆڤ دەبێت دەگەڵ ئەو قوماشە بێئەدەب و نانەجیب بێ.
بێدەنگ دەبێ. ئارەقەی ناوچاوانی بە دەسرەکەی دەستی دەسڕێتەوە. بەرخەبەبەی وەک بۆق هەڵدەمسێ و دەنیشێتەوە. گەرمای خۆرەتاو هەراسی پێهەڵگرتووە. هەمدیسان وەقسە دێتەوە؛
ـ من بەزەییم پێتاندا دێتەوە، ئەگینا بۆ من گرنگ نییە نان بخۆن یان نا. ئێوە وەک منداڵی منن. ئێوە برای منن. ئەگەر لە خواردنیش ناڕازی بن دەکرێ بە جۆری دیکە داواکەتان دەرببڕن. بە مانگرتن و هەراو هوریا سازکردن بەس خۆتان تووشی کێشە دەکەن. بێ ئەوەی کە هیچتان نەسیب ببێت. من زۆر بە هاسانی دەتوانم هێورتان بکەمەوە کە لە جێی خۆتان دانیشن.
قسەکەی قووت دەدات. پێش خۆی پێناگیرێ . چرکە بە چرکە دەنگی بەرزتر دەکات. ڕستەکانی نەرم دەست پێدەکات،بەڵام بە گرژی و ناحەزی کۆتاییان پێدێنێ. دەڵێ:
ـ بنەماڵەکانتان هاتوونە ملاقاتتان. گوناهی وان چییە، ئەگەر بە قەولی ئێوە خواردنەکە خراپە چ پێوندییەکی بە ژن و منداڵی ئێوەوە هەیە کە ناڕەحەت بن؟ دەست لەم گەمەیە هەڵبگرن و بچنە ملاقاتیان، ئەگینا…
دیسان بێدەنگ دەبێ، حەجمینی نییە، سەیری کۆگا نانەکە دەکات و بە دەنگێکی کز دەڵێ:
ـ ئەگینا، هیچ چاوەڕوانی ڕەفتاری دۆستانە و نەرمتان لە من نەبێ… یانی چۆن بڵێم؟ یانی خۆتان مەجبوورم دەکەن ڕەفتارم بگۆڕم…
سەرۆک لە ژێر تیشکی خۆردا هەراسانە و ئارەقەی کردووە. ئەفسەری کێشک لەبەر دەرگای بەند ڕاوەستاوە. سەرۆک هیلاک و عاجز دێت و دەچێت. کراسە شینەکەی بە لەشییەوە چەسپاوە. سەری تاسی لەبەر تیشکی خۆر دەدرەوشێتەوە. دێت لە پێش پندار ڕادەوەستێ و دەست دە کەلەکەی دەنێ و سەیری پندار دەکات.
پندار سەری بەرز ڕاگرتووە و تەماشای شیروانییەکانی سەربانی زیندان دەکات.
ـ سەیری من بکە!
پندار هەروا بەردەوام سەیری سەرێ دەکات. سەرۆک کورتەباڵایە و پندار بەرز و چوارشانە.
سەرۆک دەنگی بەرزتر دەکات:
ـ وتم، سەیری من بکە!
پندار هێواشێک سەری هێنایە خوارێ. چاویان تێکهەڵەنگوت.
وەکی دیارە تۆ دەگەڵ هێمنایەتی و ئارامی بەینت باش نییە.
دەماری سەر ملی سەرۆک شین هەڵگەڕاون.
ـ زمانت نییە؟
بەزەحمەت گوێم لە دەنگی پندار دەبێت:
بۆچی جەنابی سەرۆک؟
کەواتە بۆ وەڵامم نادەیتەوە؟
پندار بە چرپە دەڵێت:
ـ گۆرستان زۆر ئارامە.
لەپڕ سەرۆکی زیندان دەرهەڵدەبێ، سوور دەبێتەوە، دەنگی بەزەحمەت دەردێ و دەڵێ:
– زۆر باشە!
بەخێرایی دەسوڕێتەوە و بەپەلەبەرەو دەرگای بەند دەڕوات. کۆگا نانەکە گەورەتر بووەتەوە. هەوەڵ ڕۆژی مانگرتنمان تێپەڕاند.
هێندەی نەما بوو قسەکانی چولاب کاریگەری هەبێ و وەزعەکە بشێوێنێ. بەڵام باش بوو بەخێر گوزەرا. گەرماکە لە ڕادە بەدەرە و دووکەڵی سیغار بەمەزاقمان خۆش نایە و تێکمان دەدات. برسێتی چەند کەسێکی بێهێز و کەلەلا کردووە. وەک وەی دەچێ دەرکی جەهەننەمیان بەسەردا کردبینەوە. پرتە و بۆڵەش دەستی پێکردووە.
ـ بۆ دەبێ ئەوانە خواردن وەربگرن؟
ـ چما ئەوانە خوێنیان لە خوێنی ئێمە سوورترە؟
ـ ئەگەر بڕیارە کەس خواردن وەرنەگرێ، نابێ ئەم دوازدەکەسەش وەربگرن.
ئەم قسەیە زار بەزار دەگەڕێ.
ـ هیچ کەس بۆی نییە خواردن وەربگرێ.
ـ ئەگەر ئەوان وەربگرن ئێمەش وەردەگرین.
ـ برسێتی، جنێو و سووکایەتی بۆ ئێمە، خواردن و حەسانەوەش بۆ ئەوان؟
دەنگۆ هەروا دێ زۆرتر و زۆرتر بڵاو دەبێتەوە. دەبێ تەگبیرێک بکەین و پێشی پێبگرین. پندار دەڵێ:
ـ ئەگەر ئەو دەنگۆیانە جێبگرن ئەوە مانگرتن هەڵدەوەشێت. کۆمان دەکاتەوە کە ساغ بینەوە و بڕیارێک بدەین. دەچین لە ژووری ژمارە دە دادەنیشین. دەرگای ژوورەکە دادەخەین. بیلال وەک هەمیشە کێشک دەدات. بێئەوەی کۆبوونەوەکەمان درێژ ببێتەوە. بڕیارمان دا کە نابێ کەس خواردن وەربگرێ. ئەگەر گوێ نەدەینە داواکەیان ئیتر کار لە کار دەترازێ. هێندێک جار و لە هەلومەرجی تایبەتدا دەبێ لە پێناو ئامانجدا بڕیار و داوای هەڵەی زۆرینە قبووڵ بکەی. دەبێ پێ بە پێی ئەوان بڕۆی تا بەکردەوە نیشانیان بدەی کە دە هەڵەدا بوون.
ـ ئەگەر ئەم کارە نەکەین ئیتر هیچمان بە قسە ناکەن، هەم برسین و هەمیش تووڕەن. هەر ئەوەندە بەسە بڵێین نا، ئینجا ئەوانیش بێڕاوەستان “نامان” لە مستی دەنێن.
هەر دوازدە کەسەکە ڕیزی خۆیان لە ئێمە جیا کردۆتەوە و چوون لەلای ئاودەستەکان دانیشتوون.
پندار دەڵێت:
من دەچم قسەیان دەگەڵدا دەکەم، ئەگەر قبووڵیان نەکرد، ئینجا بە زۆر پێشیان پێدەگرین.
پندار لە ژوورێ وەدەرکەوت. لە پەنجەرەوە تەماشایان دەکەین. کوڕەکان لە سێبەری دیواردا دانیشتوون هیلاک و جاڕزن. چەند لە کوڕەکان دەگەڵ پندار دەچن. پندار بەرانبەری دوازدە کەسەکە دادەنیشێ و قسەیان دەگەڵ دەکات. گوێم لێ نییە چ دەڵێن. کوڕەکان بەپێوە ڕاوەستاون.
لەنەکاو دەنگی بۆڕی نەسروڵڵا ملکەر بەرز دەبێتەوە:
ـ هەستە حاجی ئەو بازاڕەی خڕکەوە و بچۆوە بۆ لای دەستە و دایرەکەی خۆت و لە ئێمە گەڕێ.
پندار دەگەڕێتەوە، هەموو کوڕەکان دێنە ڕاڕەوەکە. بەرەو نیوەڕۆ دەچین. ئێمە چارمان ناچارە و هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە جگە لەوەی بە زۆر پێشیان پێبگرین. عەلی سمێڵ دەڵێ:
ـ ئەگەر ئێوە نەتانەوێ ئەم کارە بکەن وا ئەمن بە تەنیا لە عۆدەی هەموویان دێمە دەرێ.
ـ ئێمە ناهێڵین خواردن وەربگرن.
ـ نابێ خواردن وەرگرن.
ـ ئەوان دەگەڵ ئێمە فەرقیان چییە.
خۆر تا سەر گوێسوانان هاتووە و دوایین تیسماڵکی سێبەری دەگەڵ خۆی بردووە. ناسر ئەبەدی، قازی، عەلی سمێڵ و بیلال لە ڕاڕەوەکە دەچنە دەرێ و لە پێش دەرگای بەند ڕیز دەبن. پندار دەڵێ: تۆش بچۆ لەلایان ڕابوەستە. بیلال ناوچاوانی تێکناوە. قازی کورتەباڵا، دەستی دە کەلەکەی ناوە و لە تەنیشت بیلال ڕاوەستاوە. عەلی سمێڵ لە ناسر ئەبەدی باڵابەرز و پانوپۆڕترە، کراسەکەی داکەندووە و لە کەمەری بەستووە. ئارەقە لەسەر پێستی ڕەشی جوان دیارە. ماسولکەکانی سەرشانی دەڵێی دوو کوچکەبەردن. سمێڵی ڕەشی ئەستووری هەموو دمی داپۆشیوە. ناسر ئەبەدی پشتی بە دەزگیرەی دەرگاکەوە داوە و چاوەکانی لە ڕیزی دوازدەکەسەی پەنا ئاودەستان بڕیوە.
بەشێک لە کوڕەکان بێدەنگ لەبەر پەنجەرەکان دانیشتوون. کۆگای نانەکە وەک خشت بەسەریەکدا کەوتوون. زەنگی وەرگرتنی نەهار لە ڕاڕەودا دەتەنێتەوە. پاش ئەوەی بەندی یەک و دوو نانیان وەرگرت نۆرەی بەندی سێ دێ. جەواد بروجێردی لە ژێر سایەوانی عەمباراوەکە هەڵدەستێ، دەچێ قاپەکەی لە ژوورێڕا دێنێ و یازدەکەی دیکەش یەک یەک و دوو دوو دەچن قاپەکانیان دێنن. هەر دوازدە، قاپ بەدەست دێن و دەچنەوە ژێر سایەوانەکە و چاوەڕوانن کە نۆرەی بەندی سێ بێ و دەرگا بکرێتەوە. ئاسمان ساف و یەکدەستە. گەرما لە گوتن نایە. لە عەرزی ئیشک، هاڵاوی گەرما هەڵدەستێ.
پاسەوانێک لە بورجەوە سەیرێکی حەسارێ دەکات و دەکشێتەوە. دەنگی پاسەوان چاومەست لە ڕاڕەوڕا بەرز دەبێتەوە و هاوار دەکات:
ـ نەهــــار
پاشان چاوەیەکی دەرگای بەند دەکاتەوە، ئێمە دەبینێ کە لەبەر دەرگا بە ڕیز وەستاوین، دەڵێ:
ـ ئەوە بۆ لێرە ڕاوەستاون؟
کەس وەڵامی ناداتەوە و چاویشی لێناکەین.
رۆستەم ئەفەندی قاپەکەی وەک کڵاو لەسەر سەری داناوە و بێواز بەرەو دەرگا دێت. ڕدێنی درێژ و بۆزی ڕۆستەم ئەفەندی لەسەر سینگی دێت و دەچێت، کە دەگاتە بەردەرگا، ناسر ئەبەدی پێشی پێدەگرێ. هێند بێوازە بەزەحمەت دەنگی دەردێ، دەڵێ:
ـ چییە ناسر؟
ناسر چاو لە چاوی ئەفەندی دەبڕێت و بە دەنگێکی مەلەز پێی دەڵێ:
ـ ئەفەندی ڕێز لە خۆت بگرە!
ئەفەندی سەری دادەخات و بە ورتە دەڵێ:
ـ خۆ من دەگەڵ ئێوە نیم. هەر لە سەرەتاشەوە پێمگوتبوون.
ناسر دەست لەسەر شانی دادەنێ و پاڵی پێوەدەنێ و دەڵێ:
ـ ئێستا مەجبووری دەگەڵ بی.
یووسف بێعار، جەواد بروجێردی و نەسروڵڵای بەتوول خاڵدار وێکڕا دێنە پێش بەرانبەرمان ڕادەوستن. ڕۆستەم ئەفەندیش دەچێ لە ڕیزی ئەوان دەوەستێ. نەسروڵڵای بەتوول خاڵدار ناوچاوان گرژ دەکات و برۆ ڕەشەکانی وێک دێنێ و دەڵێ:
ـ بۆ ناهێڵن بچین خواردن وەربگرین؟
ناسر ئەبەدی دەست دە کەلەکەی دەنێ و دەڵێ:
ـ بۆیە
چرچ و لۆچ دەکەوێتە لووتی جەواد بروجێردی و دەڵێ:
ـ چما ئێمە، ئێوەمان هانداوە کە بێن خواردن وەربگرن؟
فەرەیدون باجگیر دێت تێکەڵ دەبێ و دەڵێ:
ـ عیسا بە دینی خۆی و مووساش بە دینی خۆی.
بیلال ئاوڕی لێ دەداتەوە ودەڵێ:
ـ نەخێر، نە عیسا و نە مووسا، هەموو بە دینی مەحمەدی.
فەرەیدوون ڕووتە، تەواوی لەشی خاڵکوت کراوە. لەسەر سینگی دوو دانە پەری دەستیان لە دەستی یەک ناوە و بەیەکەوە هەڵدەفڕن. لەسەر زگی هەژدیهایەک پاپۆکەی داوە. لەسەر قۆڵی ڕاستی ڕوستەم و لە قۆڵەکەی دیکەی ژنێکی گۆشتنی برۆ قاجاری، هەڵکەندراوە. دەماری ملی فەرەیدون باجگیر هەڵدەستن.
ـ ئەگەر بە مل ئەستووری و شان و باهۆیە، ئەمن دەبێ خواردن وەربگرم.
دێتە پێش کە سەفەکەی ئێمە بڕ بدات. ناسر ئەبەدی وەک کۆڵەکە لە پێشی ڕادەوەستێ؛
ـ فەرەیدون بکشێوە!
نەسروڵڵا ملکەر دێت و دەچێت. پاسەوان چاومەست لە ڕاڕەوەکەدا وەستاوە. دەچم دەرگاکە دادەخەم، کەچی چاومەست سەرلەنوێ دەیکاتەوە. دەنگ بەرز بوونەوە و تێکداوێن.
ڕوخساری نەسروڵڵا ملکەر سپی هەڵگەڕاوە و دەنگی دەلەرزێ؛
ـ پێتان وا نەبێ دەتوانن بە زۆرەملی پێشمان پێبگرن.
عەلی سمێڵ تێیان ڕادەخوڕێ و دەڵێ:
ـ بڕۆن بچن وەک بنیادەم لە جێی خۆتان دابنیشن.
جەماعەتی خۆمان لە پەنجەرەکانەوە ملیان هێناوەتە دەرێ و سەیرمان دەکەن. پندار پاڵی وەدەرگا داوە، ڕەنگی گۆڕاوە، سیغار دەکێشێ بەڵام لێو بەبزەیە. دەنگی یووسف بێعار دێ:
ـ سەرەنجام دێڵن بچین نانەکامان وەربگرین یان نا؟
ناسر ئەبەدی دەڵێ:
ـ چۆنت بۆ لەبنی کوولەکە بدەم.
بیلال دەڵێ:
ـ قسەی ئاخر ئەوەیە. ئەمە دوو ڕۆژە دەممان لە خواردن نەداوە. ئێوەش دوو ڕۆژان مەخۆن. چ دەبێ؟
ئەحمەد سەرفڕ بە باڵای وردیلە و سەری زەلامییەوە حەول دەدا بە کەلێنماندا خۆ تێخزێنێ و لە دەرگا ئەودیو بێ. پشت ملی دەگرم و دەیکێشمە دواوە؛
ـ ئەوە بە نێو دەست و لاقاندا خەریکی چ بکەی؟
جابیر لەپڕرا دەرهەڵدەبێ و هاوار دەکات:
ئەگەر خوێنیش بڕژێ ئەمن هەر دەبێ بچم خواردن وەربگرم.
ئەوەی گوت و خۆی بە سەفەکەدا کرد، بیلال بە دەست و پەنجە زەلامەکانی جومگەی جابری گرت و بایدا. جابر لە تاوان لەئانیشکیدا خۆی دەسووڕێنێ. بیلال پێی دەڵێ:
ـ جابر برۆ حەیا بکە بەسە.
ئیستوارە پیرە بە هەڵاهەڵا پەیدا دەبێ؛
ـ ئەوە چ خەبەرە؟
قژی سووری ڕەنگ بەخەنەی ئیستوار ئاڵۆزە. تەواوی گیانی ئارەقەیە. سمێڵە سپییەکەی دەلەرزێ. دەمووچاوی سوور هەڵگەڕاوە. بەپەلە و خێرا قسە دەکات. گێژە و وڕ بووە. دەڵێ:
ـ بۆ ناهێلن ئەوانە خواردن وەربگرن؟
عەلی سمێڵ سەرەڕۆیانە وەڵامی دەداتەوە. وەڵامێکی توند و پڕ لە تووڕەیی:
ـ پێوەندی بە تۆوە نییە.
ئیستوار تووڕە دەبێ و وەک کەڵەبابی جەنگی بە گژ عەلی سمێڵدا دەچێ.
ـ ئەدی پێوەندی بەتۆوە هەیە، قاچاخچی؟
عەلی سمێڵ ڕەنگی شین هەڵدەگەڕێ. لە زارم دەرپەڕی و گوتم:
ـ لاموایە پێوەندی بەتۆوە هەبێ، ئیستـــوار!
ـ وشەی ئیستوارم لە هەوای قاچاخچی بەتەوسەوە گوت تا وەڵامی جنێوەکەی وەرگرتبێتەوە.
ئیستوار خێرا وەردەسووڕێتە سەر من و دێ لە پێشم ڕادەوەستێ، قیناوی سەیری چاوم دەکات. پاشان بێ ئەوەی هیچ بڵێ لەدەرگا دەچێتە دەرێ و هاوار دەکات:
ـ دەرگا داخەن!
پاسەوان چاومەست دەرگا دادەخات.
خۆرەتاو هەراسی پێهەڵگرتووین و وەئامانی هێناوین. ئازای بەدەنمان ئارەقەیە. جەواد بروجێردی بە بۆڵەبۆڵ و جنێودان دەگەڕێتەوە بن سایەوانی عەمباراوەکە. بەدوای ئەودا ڕۆستەم ئەفەندی. ئەسی سەرخۆش وەستاوە و چەلەحانی دەکات. بیلال پێی دەڵێ:
ـ نەهار تەواو بوو؛ ئەسی! لەخۆڕا لێرە ڕاوەستاوی. بڕۆ وەک ئەوانی دیکە لە پێش ئاودەستان ڕاوەستە.
ئەسی سوور هەڵگەڕاوە و ویزە ویزێتی. ناسر ئەبەدی بنباڵی دەگرێ و دەیخاتە ڕێ؛
ـ بڕۆ ئەسی بڕۆ. لەخۆڕا بیری ئەوە مەکە کە بێڵم لەم دەرگایە بچییە ئەودیو.
ئەسی بەزەحمەت قسەی بۆ دەکرێ ئەوکی گیراوە؛
ـ ئاخر خۆ من هەر لە ڕۆژی هەوەڵەوە گوتم کە…
عەلی سمێڵ دەچێتە ناو قسەکانی؛
ـ ئەمڕۆ دەگەڵ ڕۆژەکانی هەوەڵ زۆر جیاوازە.
ناسر ئەبەدی هەتا ژێر سایەوانی عەمباراوەکە دەگەڵ ئەسی سەرخۆش دەچێ، بەجێی دێڵێ و دەگەڕێتەوە. کەس دەنگی لێوەنایە. دەچمەوە ژوورێ. بەعزێک ئەژنۆیان گرتۆتە باوەش و دانیشتوون، بەعزێک درێژ بوون و بە زگی بەتاڵ سیغار دەکێشن. چاوێک دەگێڕم و بەرەو ڕاڕەوەکە دەچم. لەنەکاو گوێم لێدەبێ کە بە دەنگی بەرز بانگی پندار دەکەن؛
ـ پــنـــــــــــدار!
نە دەنگی ئیستوارە و نە دەنگی عەلی سەلـمانی.
ـ پــنـــــــــــدار!
پندار هەڵدەستێ و بەرەو دەرگای بەند هەنگاو دەنێ. لە شیپانەی دەرگادا دەوەستێ. هەمدیسان بانگی دەکەن. سەیری یەکتری دەکەین و دەڵێ:
ـ ئەمجارەیان لە وێنەی بانگکردنی پێرێ شەو نییە.
چاوەکانی بەگومانن. شک و گومانیان بەڕوونی پێوە دیارە.
ـ پێرێ شەو لایان وابوو هەر قسەیە و فڕو فیشاڵ، بەڵام ئێستا حاڵی بوون کە ڕژد و مکوڕین.
بۆ جاری سێهەمیش بانگی دەکەن.
پندار دەڵێ نابێ هیچ کاممان لە بەند بچینە دەرێ. لە ڕاڕەو دەچێتە دەرێ. هەڵدەستین و بـەدوای دا دەچینە حەوشە. ژمارەیەک لە پەنجەرەکانەوە سەر دێننە دەرێ. دەرگای بەند دەکرێتەوە. ئیستوار لە بن دەرگا وەستاوە و چاوەڕوانێتی. دەنگی دەلەرزێ، دەڵێ:
ـ وەرە سەرۆکی زیندان کاری پێتە.
پندار دەستی لە کەمەری ناوە، قۆز ڕاوەستاوە و ناجووڵێتەوە، دەڵێ:
ـ هەرکەس کاری بە منە با تەشریف بێنێتە ئێرە.
ئیستوار بەهەڕەشەوە دەست ڕادەوەشێنێ، بەپەلە قسان دەکات و کەف هەڵدەخڕێنێ؛
ـ ئێستا وای لێهاتووە دەڵێی سەرۆک زیندان بێتە خزمەتت.
پندار دەست بەردەداتەوە، دەکشێتەوە دوایە و لەسەرەخۆ دەڵێ:
ـ نا من داوای کەسم نەکردووە.
ئیستوار دێتە پێش بەدەنگێکی گڕ و ناخۆش دەڵێ:
ـ جەوان ئەتۆ خەریکی گاڵتە بە ژیانی خۆت دەکەی.
پندار پێدەکەنێ و دەڵێ:
ـ خۆ گاڵتەم بە ژیانی تۆ نەکردووە.
ئیستوار هیچی دیکە ناڵێ و خێرا دەگەڕێتەوە و لە بەند دەچێتە دەرێ. دەرگای بەند شەق و هۆر پێکدا دەدرێ و دادەخرێتەوە.
هێشتا بڵاوەمان نەکردووە و بەرپەنجەرەکان چۆل نەبوون کە ئیستوار سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە. یەکڕاست دێت جومگەی پندار دەگرێ؛
ـ زۆرباشە لە بەند مەیە دەرێ،… هەتا حەسارێ دەگەڵم وەرە کارم پێتە.
پندار لە جێگەی خۆی جووڵە ناکات و دەڵێ:
ـ چت هەیە هەر لێرە پێم بڵێ.
ـ دەمهەوێ دەگەڵ خۆت بەتەنیایی قسان بکەم.
پندار سەیرێکی ئێمە دەکات و دەگەڵ ئیستوار دەکەوێتە ڕێ. لە ڕاڕەو دەچنە دەرێ و دەچنە حەسارێ. ئیستوار بە دەسرەکەی ئارەقەی ناوچاوان و سەر گۆنای دەسڕێتەوە و دەگەڵ پندار قسان دەکات. دەنگیان نابیسین. ئارام ئارام بەدەم قسەکردنەوە پندار هەتا نزیک دەرگای بەند دەبات.
لە دەرگای ڕاڕەو وەستاوین و سەیریان دەکەین. چەند کەسێک لە کوڕەکان هەروا لە چوارچێوەی پەنجەرەکاندا دانیشتوون.
ئیستوار و پندار لەبەر دەرگای بەند ڕاوەستاون. کوت و پڕ دەرگای بەند دەکرێتەوە. تا ئێمە لەخۆمان بگەین و بزانین چ خەبەرە، لەنەکاو چەن پاسەوان خێرا خۆ بەحەسارێدا دەکەن، پندار تێکەوەدەپێچن و ئەودیوی دەرگای دەکەن. هەتا ئێمە وەخۆ بێینەوە و بگەینێ، دەرگای بەند گاڵە درایەوە.
تێکڕا لە ژوورەکان و ڕاڕەو وەدەر دەکەوین و دەڕژێینە حەسارێ. دەنگ تێکداوێن و دەبێتە هاوار هاوار. کە سەیری سەرەوەم کرد، لە پشت تێلدڕووکانی سەر دیوار و سەربان، دەوراندەور پاسەوان تفەنگ بەدەست ڕاوەستابوون. زۆر تووڕەم خوێنم خوێن دەخواتەوە، هاوار دەکەم:
ـ ئینسان دز!
دەنگی تووڕە و تۆسنی ئەفسەری کێشک لە بورجی چاوەدێرییەوە بەرز دەبێتەوە و دەڵێ:
ـ خەفە بە خالید!
ناسر ئەبەدی مستە کۆڵەی نیشان دەدات و ڕوو بە ئەفسەری کێشک دەڵێ:
ـ ئەگەر ئەنجن ئەنجنمان بکەن خواردن وەرناگرین.
هەموو بە قیندا چوون، مستیان ڕادەوەشێنن و هاوار دەکەن:
ـ ئینسان دز
ـ پندار بگەڕێننەوە
ـ لە قەنارەمان بدەن خواردن وەرناگرین.
ـ بچنەوە ژوورەکانتان ئەگینا دەڵێم تەقەتان لێ بکەن.
ناسر ئەبەدی هاوار دەکات؛
پیاوی ئەو کارانە نی.
سەروسەباحی وردیلەی سەرۆکی زیندان پەیدا دەبێ. وەک مالۆسی بریندار جینگڵان دەدات، دەست ڕادەوەشێنێ و هاوار دەکات. دەنگی نابیسم. هاواری زیندانییەکان بەرز بووەتەوە و مستیان لە حەوادا ڕادەوەشێنن. هەڵسوکەوتی سەرۆکی زیندان ئاسایی نییە و سەریلێشێواوە. سەیری پاسەوانەکانی سەربان و سەر دیوار کە تفەنگاکانیان لە دەستیاندا ڕێکدەگوشن، دەکات و ئاماژەیان پێدەکات کە بکشێنەوە. ئێستا لەوێ نەماون. دیسان دەستەکانی سەرۆک بەرز دەبنەوە، زاری دەکرێتەوە و دادەخرێت. دەنگی کوڕەکان کز بووە. دەنگی سەرۆک دەبیسترێ:
ـ ئێمە هیچمان لە پندار نەکردووە…
یەک لە کوڕەکان دەڵێ:
ـ دەبێ هەر ئێستا بیگێڕنەوە ئێرە.
هەموو ئارەقەیان کردووە، هەموو سوور هەڵگەڕاون. کەف هەڵدەخڕێنن. دەنگی سەرۆک پچڕ پچڕە. دەڵێی باڵندەی ئەنگێوتراوە لاقەفرتە دەکات.
ـ ئەگەر ئێوە بێدەنگ بن… هەم پندار… دەگەڕێنینەوە … و هەمیش بە وەزعی خواردن ڕادەگەین.
یەکێک لە ناو حەشیمەتەکەڕا هاواری کرد؛
ـ درۆیـــە
دەنگێکی دیکە بە هەموو توانایەوە گوڕاندی؛
ـ حۆقەبازییە
سەرۆک دەنگی دەلەرزێ؛
ـ هەتا ئەمشەوتان مۆڵەت دەدەم ئەگەر شێوتان وەرگرت، پندار…
درێژەی قسەکانی سەرۆک کەوتە ژێر هاواری دەیان کەس لە زیندانییەکان؛
ـ هەر ئێستا،
ـ دەبێ ئێستا بگەڕێتەوە.
ـ درۆ دەکەی!
ـ ئینسان دز!
ـ پندار بێننەوە.
دیسان سەرۆکی زیندان قسە دەکات:
هەر ئەوەیە کە گوتم … تا ئەمشەو مۆڵەتتان هەیە.
دەکشێتەوە دوایە و نەدیو دەبێ.
هاوار هەروا بەرزە و مست ڕادەوەشێندرێن. قۆڵی ناسر ئەبەدی دەگرم و دەڵێم:
ـ ناسر ئاوا نابێ. دەبێ تەگبیرێک بکەین.
ناسر بە دەنگێکی مات دەڵێ:
ـ ئەگەر جەنازەی پنداریان تەسلیم کردین تازە ئیتر فکری چی و تەگبیری چی؟
ـ لاموایە ئەگەر بتوانین کوڕەکان هێوڕ بکەینەوە و ئارام بین بەڵکوو بتوانین ڕێگاچارەیەک بدۆزینەوە. بەم هەڵا و بگرە ئاتۆ دەدەینە دەست سەرۆکی زیندان هەتا هەرچی پێیخۆشە دەگەڵمان بکات. ناسر لێم وەردەسووڕێ و دەڵێ:
ـ یانی دەڵێی دەست لەسەر دەستدا بنێین و دەنگمان دەرنەیەت؟
ـ نا .. ناسر .. ئەمن وا ناڵێم …بەڵام بەم هات و هاوارەش هیچمان بۆ ناچێتە سەر.
ـ ئەدی پندار، چۆن دەبێ؟
ـ دەی منیش هەر ئەوەی دەڵێم:
ـ کە چی؟
من ناڵێم پاشەکشە بکەین. دەبێ ڕێگایەک بگرینە بەر کە ناچاربن پندار بهێننەوە لامان.
ناسر ئەبەدی دەچێ، مەنووچە ڕەش، بیلال، قازی و مێهدی سینگ کۆتر بانگ دەکات.
ـ دەبێ کۆبوونەوە بکەین.
دەچینە ژووری ژمارە دە. دەنگی زیندانییەکان کەمتاکورت هێور بووەتەوە. چەند لە کوڕەکانی دیکەش دێن دادەنیشن. عەلی سمێڵ و ئەحمەد هەڵەپەزەش دێن و دادەنیشن. هەروا کە دەست بە قسان دەکەین جەماعەت یەک یەک و دوو دوو پەیدا دەبن و ژوورەکە پڕ دەبێ. چەن کەس لە نێو دەرگا و چەند کەسیش لەبەر پەنجەرە وەستاون.
ناسر ئەبەدی لەسەر چۆک دانیشتووە. مستی لە عەرزی قایم کردووە و بە دەنگێکی نووساو قسە دەکات:
ئەمن دەڵێم ئێستا کە ئەوانە بەناپیاوی پنداریان دزی، دەبێ ئێمەش ئەو دوازدە کەسە بیراز بکەین. ئەوەندەیان تێهەڵدەین، نەتوانن لەسەر قوون دابنیشن.
دەنگی ڕۆستەم ئەفەندی لە نێو جەماعەتەوە بەرز دەبێتەوە؛
ـ جا گوناهی ئێمە چییە؟
ـ ناسر سەر وەردەگێڕێ و دەڵێ:
ـ ئەفەندی ئەتۆ لێرە چ دەکەی؟ وەدەر کەوە!
ڕۆستەم ئەفەندی جووڵەی ناکات و دەڵێ:
ـ بۆ بچمە دەرێ؟
ناسر ئەبەدی بێئەوەی وشەیەکی دیکە بڵێ، چوو باوەشی بە ئەفەندی داکرد و لە ژوورەکە وەدەری نا؛
ـ ئەگەر بێیەوە ژوور دەستت لە تینتینۆکەی دەنێم هەتا قڕخەت لێنەبڕم، بەرت نادەم.
ڕۆستەم ئەفەندی لە دواوە لە پشت کوڕەکان بێدەنگ دەبێ. ناسر ئەبەدی دێتەوە، دادەنیشێ. هەموو بێدەنگن. مێهدی سینگ کۆتر بێدەنگ پاڵی وە نوێنەکان داوە، ئەژنۆی دە ئامێزی گرتووە و دەڵێ:
ـ ئەگەر دەست لەوانە هەڵبێنینەوە و بە بارمتەیان بگرین، بەهانە دەدەینە دەستی سەرۆکی زیندان.
قازی دەڵێ:[
ـ تەنانەت دەتوانن چەک بەکار بێنن.
مەنووچە ڕەش دەڵێ:
ـ بەڵام ئەمن دەگەڵ ناسر هاودەنگم.
مێهدی هەمدیسان وەجواب دێ؛
ـ هیچ کارێکی باش نییە.
وەتاغ پڕە لە دووکەڵی سیغار. خەریکە حاڵم تێکبچێ. هەڵدەستم دەچم لەبەر پەنجەرە ڕادەوەستم. بیلال بێدەنگە و چەفییەکەی بەسەر شانیدا داوە. سەری تاشراوی ئارەقەی کردووە. چاوی حەواوی مەنووچ لە کالاندا دەگەڕێ. جووڵەیەک دەکات و دەڵێ:
ـ دەی ئەگەر دەگەڵ قسەی ناسر هاودەنگ نین، ئەمن پێشنیارێکم هەیە. هەموومان برسی، بێواز و کەلەلا بەدەست گەرماوە، بێتابوشت، سەیری دەکەین؛
ـ دیواری ئاودەستان خراپ دەکەین و تەواوی خشتەکان دەکەینە کۆگایەک …
قسەکانی پێ دەبڕم؛
ـ ئەگەر وا بکەین ئینجا ناتوانین…
ـ بوەستە با قسەکەم تەواو بکەم.
ناسر دەڵێ:
ـ ڕاوەستە با قسەکانی بکات.
ـ پاشان بە نۆرە دە کەس، دە کەس خشتەکان بە دەرگادا دەدەین. هەرجارە کە خشتێک وەدەرگا دەکەوێ لە ڕاڕەودا وەک تۆپ دەنگ دەداتەوە. کە تەواو بوو دیسان خشتەکان کۆ دەکەینەوە و هەمدیسان بەردەوام هەتا وەئامانیان دێنین و ناچار دەبن، پندار بگێڕنەوە لامان و گوێ بۆ قسەکانمان ڕابگرن.
هەموو بێدەنگین، سەیری یەکتری دەکەین. من و قازی هەر دووکمان وێکڕا دەڵێین:
ـ کار…
ـ بەڵام
ئەمن ڕادەوەستم و لێدەگەڕێم قازی قسەکانی بکات؛
ـ کاڕێکی بەجێ نییە.
ناسر ئەبەدی دەپرسێ:
ـ بۆ؟
قازی دەڵێ:
ـ ئیرادی هەرە گەورە ئەوەیە کە دەتوانن بڵێن دیوارمان ڕووخاندووە هەتا هەڵێین.
ئەمن دەڵێم:
ـ منیش دەمهەویست هەر ئەوە بڵێم.
قازی بەردەوام دەبێ؛
ئەگەر ئەوەیان بۆ چوو سەرێ دەتوانن هەرچی پێیان خۆش بێ دەگەڵمانی بکەن. تەنانەت دەتوانن گوللە بەکار بێنن. خۆی لە خۆیدا دیوار خراپ کردن تاوانە.
مەنووچە ڕەش دەڵێ:
ـ ئەوانە هەموو قسەن.
مێهدی سینگ کۆتر دەڵێ:
ـ قازی لە یاسا دەزانێ. ئەگەر دەڵێ تاوانە، یانی هەڵبەت تاوانە.
ئەمن دەڵێم:
با وای دابنێین ئەمە ڕێگایەک بێ… با بیر بکەینەوە بزانین بەڵکوو ڕێگای چاکتر بدۆزینەوە.
تۆزێک حاڵم باشترە لە تەنیشت ناسر ئەبەدی دادەنیشم. بیلال هێدی دەست دەکات بە قسەکردن، دەستێک بە بنەڕدێنە ڕەش و سپییەکەیدا دێنێ؛
ـ ئەمن بیرۆکەیەکی دیکەم هەیە.
دەمەساتێک دەوەستێ. قازی وەک هەمیشە بەپەلە دەڵێ:
ـ دەی زووبە بڵێ.
بیلال ئارام دەڵێ:
ـ هەموومان قاپە مسەکانمان لێکدەدەین. ڕۆژانە خواردن وەرناگرین و هەر سەر لە ئێوارەشەوە تا بەری بەیانی قاپان لێکدەدەین، دەنگی لە تەواوی شاردا دەبیسترێ. ئاوا دەتوانین تەنگیان پێهەڵبچنین.
قسەکەیم زۆر بەدڵ بوو، ئۆخژنم هاتێ. مێهدی سینگ کۆتر دەڵێ:
ـ خۆ ئەوە تاوان نییە؟
قازی دەڵێ:
ـ نا، باوەڕ ناکەم ئەمە تاوان بێ. تا ئێستا نەم بیستووە قاپ لێکدان تاوان بێ.
هەموو پێشنیارەکەی بیلالیان بەدڵە. ناسر ئەبەدی دەڵێ:
ـ هەر لە ئێستاوە دەست پێدەکەین.
بیلال دەڵێ:
ـ نا… لە ئێستاوە نا.
ـ سەیری دەکەم، دەڵێ:
ـ ئەمجارەش بۆ سەرۆکی زیندان نامە دەنووسین. دەنووسین ئەگەر هەتا سبەیشەو پندار نەگەڕێتەوە، ئەو کارەی دەکەین.
ناسر ئەبەدی دەڵێ:
ـ هەتا سبەیشەو جەنازەکەی دەگێڕنەوە. هەر لە ئێستاوە دەبێ…
قازی قسەی پێ دەبڕێ؛
ـ ئەگەر بنووسین باشترە.
قسە چەپاوچیر دەکەون، دوایی تێکڕا قسەکەی بیلال دەسەلـمێنین و دەست دەکەم بە نووسینی نامە بۆ سەرۆکی زیندان.
***
بۆ نوێژی نیوەڕۆیە زۆری نەماوە. برسێتی و بێهێزی هێرشی هێناوە. هیچ هەواڵێک لە پندار نییە. ئەگەر هەتا ئێوارێ وەڵاممان نەدەنەوە دەبێ قاپ لێکدان دەستپێبکەین. دەبێ وەزاڵەیان بێنین و شاریان وەسەرگێڕین. سەد کەس هاوکات دەفر و ئامانی مسی لێکبدات، بارتەقای تۆپێک دەنگ دەداتەوە.
دەنگۆ زار بە زار دەگەڕێ کە پنداریان شەوەکی دەست بەکەلەبچە لە ئوتومبێل هاویشتووە و ڕایانگوێستووە بۆ دوڕگەی خارک. دەنگۆیەکی دیکەش بڵاو دەبێتەوە؛ دەڵێن عەلی سەلـمانی لە زمانی پاسەوانەکانەوە گوتوویەتی: دایکی پندار ئەمڕۆ سەرلەبەیانی زوو چووە بەردەرکی بە داواکاری گشتی گرتووە. لەپێش ئوتومبێلەکەی سینگی خۆی دادڕیوە. ئەگەر ئەو هەواڵە ڕاست بێ، کە زۆر وێناچێ؛ دایکی پندار وا خێرا ئاگاداری وەزعی کوڕەکەی بووبێ؛ دەبێ ئێستا داواکاری گشتی ئاگای لە زۆر شتان بێ. کوڕەکان پۆل پۆل لە سێبەری دیواردا دانیشتوون یان هەڵترووشکاون. دوازدە کەسەش لەژێر سایەوانی عەمباراوەکەن. ئێستا سێ ڕۆژە ماڵی خۆیان کردووە و دوو ڕۆژیشە نەمانهێشتووە خواردن وەربگرن. تەنانەت نەمان هێشتووە لە ناپۆلیۆنیش شتومەک بکڕن. دووکانی ناپۆلیۆنیش لە کار و کاسبی کەوتووە. ژمارەیەک بەڕووتی لە ڕاڕەوەکەدا درێژ بوون. زگیان لە برسان بە پشتیانەوە نووساوە و پەراسوویان دەرپەڕیوە. ئێستا ئیتر کار کەوتۆتە کەڵەوەکێشی، ئیتر مانگرتن نییە. ئەگەر پنداریان نەبردبایە، کوڕەکان هەتا ڕۆژی سێهەم تاقەتیان نەدەهێنا. یەک دوو لە کوڕەکان قەدەم لێدەدەن بەڵام زوو هیلاک دەبن، هێزیان دەبەردا نەماوە و دادەنیشن.
دیسان هەواڵ دێ کە دایکی پندار لە خەیابان پێشی بە داواکاری گشتی گرتووە و دووهەزار جنێوی پێداوە. ڕوون نییە کێ ئەم هەواڵانە بڵاو دەکاتەوە. کێشکی ڕاڕەو پاسەوان چاومەستە، لەو زۆڵانەیە، چەتوونە شتێک لەو ببیسترێ. ئەوەی مرۆڤبوون و بەزەیی بێ لێی بێبەشە. دەسەڵاتی نییە و پێشی بەرەڵلا نییە دەنا بۆی لوابا لە سەرۆکی زیندان خراپتری دەکرد. هەمیشە کە کەسێک لە بەند دەبەنە دەرێ، ئەوە پاسەوان چاومەستە کە شەللاق کاری دەکات.
بەرەو دەرگا دەچم. پاسەوان چاومەست لووتی گەورەی بە کونی دەرگاوە ناوە و سەیری نێو بەند دەکات. دەچمە ڕاڕەوەکە. جەنگەی نانی نیوەڕۆیەیە، تەنیا ویزە ویزی مێش و مەگەس دێت. ڕۆژان ئەو دەمانە هاژە هاژی پەڕەمێز ڕاڕەوی پڕ دەکرد. کۆگای نانەکە سێ هێندەی ڕۆژانی پێشوویە. دەنگی کرووزانەوەی مێهدی پێپەتی دێت:
مێهدی پێپەتی پیرێکی وردیلەیە. لە گۆشەی ڕاڕەو هەڵتروشکاوە. پێستی دەمووچاوی پڕ چرچ و لۆچە و پەڵە پەڵەی قاوەیی تێکەوتووە. دەنگی زۆر کزە و بەزەحمەت دەبیسرێ. دەچم لەبەردمی دادەنیشم. سۆمایی چاوی لە کزێی داوە. زەرد و مات لەبەرخۆیەوە وڕێنە دەکات و دەڵێ:
ـ ئاخر ئەمن پیرم. ئەمن ئیتر تاقەتم نییە. چەتوونە هەتا بەیانی خۆڕاگرم.
بیرم کردەوە؛ ئەگەر بێتو جەماعەت ئەوە ببیسن، وەزعمان تێکدەچێت. گوتم:
ـ باوکە تاقەتی تۆ سەد هێندەی ئەو گەنجانەیە.
پێڵوی چاوی لەسەر یەک دادەنێ. بەردەوام دەبم و دەڵێم:
ـ ئێمە هەموو دەبێ لە ئەزموونەکانی تۆ دەرس وەربگرین.
سەر دادەخات و دەڵێ:
ـ ئاخر ئەم ناپیاوانە گوێیان بە ئێمە نابزوێت.
لەسەرەخۆ دەڵێم:
ـ بەڵام خۆ لە فکری خۆیاندا هەن… ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێ بۆیان دەبێتە کێشەیەکی گەورە.
ئەو هەروا لەبەر خۆیەوە نووزەی دێ و مەترسی دەردەبڕێ. مێهدی پێپەتی بەجێ دێڵم و دەچم بە قازی و مەنووچە ڕەش دەڵێم کە بە نێو جەماعەتدا بگەڕێن، گوێقوڵاغ بن و هێوریان بکەنەوە. پاشان دەچمە لای بیلال و مێهدی سینگ کۆتر.
ـ ناسر ئەبەدی سینگی داوەتە پێشێ، مستی هەڵدەسووڕێنێ و بە دەنگی بەرز قسان دەکات:
ـ پیاو دەبێ غیرەتی هەبێ. پیاو دەبێ پابەندی قسەی خۆی بێ.
مەنووچە ڕەش دەڵێ:
ـ ئەگەر لە برسان کەلاکمان لێرە بەرنە دەرێ، خواردن وەرناگرین، مەگەر داواکانمان بسەلـمێنن.
قازی پەنای بۆ بەندەکانی یاسا بردووە و دەڵێ:
ـ حەڤدە ساڵە دەگەڵ مەحکەمە سەروکارم هەیە. یاسا دەڵێ؛ کە ئێمە مافی مانگرتنمان هەیە. یاسا دەڵێ کە سەرۆکی بەندیخانە لە هەمبەر گیانی ئێمەدا بەرپرسە.
مێهدی سینگ کۆتر ئارام و لەسەرەخۆ قسە دەکات:
ـ ئاکار و ڕەفتاریان دەریدەخات کە سەریان لێشێواوە و دەستەوەستانن و دەحەولی ئەوەدان بەجۆرێک بێنە ڕەدایە… ئێمە ئەگەر ڕۆژێکی دیکە دەوام بێنین هەموو کار مەیسەر دەبێ و ئاکام وەردەگرین.
بیلال درێژ و باریک لە ناوەڕاست ڕاڕەو چەقیوە، دەستی دە کەلەکەی ناوە و دەگەڵ چەند لە کوڕەکان کە بە تەنیشت یەکەوە هەڵترووشکاون، قسان دەکات:
ـ ئێمە هەتا ئێرەمان هێناوە…گریمان کردم ڕۆژێکی دیکەشمان ناننەخوارد… وەبزانن بەڕۆژووین… خۆ پیاو لە برسان نامرێ… بەڵام وەکی تا ئێستا هێناومانە یەک یان دوو ڕۆژی دیکەش خۆڕاگرین سەرۆکی زیندان بە چۆک دادێ… بەڵێنیتان دەدەمێ، بە چۆک دادێ.
دەنگۆ دەخەوێ. کوڕەکان وریا دێن و دەچن و جێگا دەگۆڕن. مێهدی پێپەتی سەری لەسەر ئەژنۆی داناوە و وەنەوزان دەدات. زەنگی نەهار لێدەدرێ. عەلی سمێڵ هەڵدەستێ بەرەو دەرگا دەچێت. ناسر ئەبەدیش بەدوای دا، دەچن لە دوو لای دەرگای بەند ڕادەوەستن. هیچکام لە جەماعەتی دوازدەکەسەی ژێر سایەوانەکە بۆ لای دەرگا نایەن، چونکە حاڵی بوون و دەزانن رێیان پێنادرێ. ڕۆستەم ئەفەندی لە هەمووان بێ تاقەتترە. جینگڵان دەدات و کفران دەکات. نەسروڵڵا ملکەر بە دەنگی بەرز جنێوان دەدات. هەموو گوێیان لێیە، بەڵام کەس وەڵامی ناداتەوە. ناسر جارێک دەرهەڵبوو؛
ـ لێمگەڕێ با بچم ئەو دایک جندەیە بێدەنگ بکەم و دەنگی لێ ببڕم.
پێشی پێدەگرم و قسەکانی پنداری وەبیر دێنمەوە؛
ـ مانگرتن دەگەڵ هەرا و هوریا وەڕێخستن جیاوازە. ناسر… ئەگەر ئێمە وەڵامی بدەینەوە ئەویش پەت دەپسێنێ و ئینجا ریسەکەمان لێ دەبێتەوە خوری.
ناسر پیش دەخواتەوە و دادەمرکێ.
دەمێکی کورت دوای نیوەڕۆیە دەنگۆیەکی نوێ بڵاو دەبێتەوە.
ـ دەبێ قاپەکانمان ئامادە بکەین.
بەر لەوەی ئێمە وەخۆ کەوین و پێشی پێبگرین ڕاڕەو و ژوورەکان پڕ دەبن لە مەقۆ مەقۆ؛
ـ دەبێ قاپەکان ئامادە بکەین.
ـ جارێ زوویە.
ـ تا ئێوارێ زۆری نەماوە.
ـ ئاخر لە نامەکەدا نووسیومانە تا شەو.
ـ جا خۆ تا شەو تەوفیرێکی وای نییە.
یەغدانە تەختە و ئاسنەکان یەک بـەدوای یەکدا سەریان هەڵدەدرێتەوە و قاپ و قاچاخ دێنە گۆڕێ. قسەی کەس بە گوێیاندا ناچێ. دەڵێی هەموو چاوەڕوانن هەرچی زووتر پرسەکە یەکلا بکەنەوە. لە چاوی هەموواندا بەڕوونی دیارە کە بێتاقەت بوون. لەنەکاو لە ژووری ژمارە دە ڕا دەنگی قاپ لێدان دێت. بیلال خێرا بەرەو ژووری دە دەچێت. بۆ کورتە ساتێک دەنگی قاپ لێدان دەوەستێ. بەڵام زۆر زوو دیسان دەست پێدەکاتەوە. دەنگی بیلال دەبیسم کە دەڵێ:
ـ مەنسور جارێ زۆر زوویە.
مێهدی پێپەتی دەستی لەرزۆکی بۆ یەغدانەکەی درێژ دەکات. قاپێک و دەورێکی مس دەردێنێ. ئێستا لە ژووری ژمارە چواریش دەنگ دێ. کوڕەکان بەجێ دێڵم بەرەو ژووری ژمارە چوار دەچم. تەقی ورگن لەسەر پشت درێژبووە قاچی خستۆتە سەر قاچی و دەستی لە حەوادا ڕاگرتووە و قاپەکان لێک دەدات.
هاوار دەکەم و دەڵێم:
ـ تەقی! هەتا شەوێ زۆری ماوە…
گوێم ناداتێ و بەردەوام قاپەکان لێکدەدات. نە تووڕە بوون و نە پاڕانەوە بە هیچ کوێ ناگات. ئێستا ئیتر دەنگی قاپ کوتان یەک یەک و دوو دوو لە هەموو ژوورەکانەوە بەرز بووەتەوە. هێشتا هەموو ڕەگەڵ نەکەوتوون و هەرکەسە لەهەوایەک دەیکوتێ. مێهدی پێپەتی هەڵدەستێتە سەرپێ. بەحاڵ دەتوانێ لەسەر پێ ڕاوەستێ. دەکەوێتە ڕێ. دەچمە پێشی و دەڵێم:
ـ باوکە… جارێ وەختی نییە.
گوێم ناداتێ. قاپ و دەوری لێکدەدات و بەرو دەرگای ڕاڕەو دەکەوێتە ڕێ. چەند نەفەریش بەدوایدا دەڕۆن. ناسر ئەبەدی دێ قۆڵم دەگرێ و دەڵێ:
ـ خۆ دەستیان پێکرد.
قازی دەڵێ:
ـ ناکرێ، پێشیان ناگیرێ.
ئێستا دەنگی کوتانی قاپان لە ڕاڕەودا گوێی پیاو کەڕ دەکات. قازی دەپرسێ:
ـ چ بکەین؟
قسەکەی پندارم دێتەوە بیر…” ئەگەر بەقسەیان نەکەین کار تەواوە، شەق دەبین.” مێهدی سینگ کۆتر بەپەلە دەڕوات قاپی خۆی بێنێ. خەریکم بیر دەکەمەوە؛ ناسر ئەبەدی دەڵێ:
بۆ هەروا ڕاوەستاوی و سەیر دەکەی؟
هەموو قاپەکانیان هەڵگرتووە و خەریکن لە ڕاڕەو دەچنە دەرێ. دەچم منیش قاپەکانی خۆم دێنم و دەگەڵ دەکەوم. ئێستا قاپ کوتان، رێک و هاوسازە، یەکانگیر دەنگ دەداتەوە. لەژێر گەرمای خۆرەتاودا هەموومان ئارەقەمان کردووە. پاسەوانی کێشک لە سەربانەوە سەیرمان دەکات و چاوی دەرپەڕیوە.
دەنگی قاپەکان بەرزە و بێڕەزا ناخۆشە. دڵنیام هەموو شار دەیبیسێ. لەوکاتەدا باڵای کورتی سەرۆکی زیندان لەسەر لێوی بانی و لە پێش بورجی چاوەدێری وەدیار دەکەوێ. دەڵێی ماری بریندارە خۆ هەڵدەسوڕێنێ و دەست ڕادەوەشێنێ. دمی لێکدەدات. دەنگی وە ژێر تەقە تەقی قاپان دەکەوێ. هەروا کە قاپەکان لێکدەدەین چاومان بەسەر سەرۆکی زیندانەوەیە. لەپڕ پاسەوانەکان تفەنگبەدەست لە پشت تێلدڕوەکان ڕیز دەبن. پاسەوانەکان خۆشیان نەکاوگیر بوون و سەرسامن. ئەفسەری کێشک بەپەلە دێت لە پشت سەری سەرۆک ڕادەوەستێت. سەرۆک لە خۆی دەنووسێ بەڵام دەنگی وە هیچ کوێ ڕاناگات. تاق و لۆق وشەیەک یان دوو لە قسەکانی دەبیسرێن:
ـ گوێ بگرن…
ـ … تەق… تەق…
ـ … شێت و شــوور…
ـ … تەق… تەق…
ـ … گەمـــژە…
ـ… تەق… تەق…
سەرۆکی زیندان وەختە شێت بێ. ڕەنگی دەمووچاوی شین هەڵگەڕاوە. زاری کەفی کردووە. لاق دەعەرزی دەکوتێ. هەر دوو دەستی لە حەودا ڕادەوەشێنێ. دەیکاتە مست. دەم پێکدا دەدات لێوی دەجووڵێنەوە. دەنگی قاپ کوتان هەتا ئەوسەری شاری دەڕوات. دەنگی سەرۆک هەڵبڕ و دابڕ بەر گوێ دەکەوێت؛
ـ … قسەی من…
ـ … تەق… تەق…
ـ … دایک قەحبە…
ـ … تەق… تەق…
لە ناکاو سەرۆکی زیندان پڕدەداتە تفەنگی دەستی یەک لە پاسەوانەکانی و لە دەستی دەردێنێ. گێلانگێدان دەکێشێ، قاچە قوڵەکانی پاش و پێش دەکات، قۆنداغی تفەنگەکە بە سینگێوە دەنێ. دەمویست بزانم سێرەی لە کێ گرتووە، بینیم هەموو پاسەوانەکان هاتوونە سەر ئەژنۆ و قۆنداغی تفەنگیان لە سینگیان شەتەک[28] داوە. لوولەی تفەنگەکانیان بە نێوان تێلدڕووکاندا لە ئێمە گرتووە. زۆر زوو نەزم و هەوای قاپ لێکدان تێکچوو. حەپەساوم، باوەڕ بە چاوەکانی خۆم ناکەم. چەند کەس دەست و قاپیان بەردەدەنەوە. ژمارەیەک سەریان دەسووڕێنن و چاو لە لوولەی تفەنگەکان دەکەن. ناسر ئەبەدی ڕووتە، سەرتاپای لەشی ئارەقەیە و لە ژێر تیشکی خۆرەتاودا دەبریسکێتەوە. قاچەکانی لێک کردوونەوە دەستەکانی لەسەر سەری ڕاگرتووە و قاپەکان لێکدەدات. لە تەنیشت ناسر وەستام. باسکم هێزیان نەماوە بەڵام دەستم دانەداوەتەوە و قاپەکان لێکدەدەم. چەند کەسێک خۆیان کێشاوەتەوە، قاپەکانیان لەسەر عەرز داناوە و لەپەنا دیوار هەڵتووتەکاون. زاریان داپچڕیوە و سەیری لوولەی تفەنگەکان دەکەن. ساتبەسات دەنگی کوتانی قاپەکان کزتر و کزتر دەبێت. چەند کەسێک زۆرتر نین کە ماوینەوە. بیلال، ناسر ئەبەدی، مەنووچە ڕەش، مێهدی سینگ کۆتر، عەلی سمێڵ و من و یەک دوویەکی دیکە، لێرە و لەوێ وەستاوین و قاپەکانمان لێکدەدەین. جەماعەت هەموو دەڵێی دەرمانت لێپڕژاندوون، حەپەساو و نەکاوگیر زاریان داپچڕیوە. سەیری ژێر سایەوانی عەمباراوەکە دەکەم تاقە یەک کەسیان دیار نییە. سەری رۆستەم ئەفەندی کە لەپەنا دیواری ئاودەستان خۆی شاردۆتەوە دەبینم کە، سەیری سەرێ دەکات. سەری زەلام و ملی ئەستووری نەسروڵڵا ملکەر دیارە، چاوی دەرپەڕیوە. ژمارەیەک لە کوڕەکان قوونەدزە دەکەن و دەچنەوە ناو ڕاڕەوەکە. سەرۆک ئازای لەشی شەتڵی ئارەقەیە. قۆنداغی تفەنگەکە لەسەر زەوی دادەنێ. دەم دەکاتەوە و دەڵێ:
ـ ناسر ئیتر بەسە!
ئێستا تەنیا ناسرە کە قاپ دەکوتێ.
ـ گوتم بەسە!
پاسەوانەکان هەروا لەسەر ئەژنۆن. پاسەوان چاومەست لوولەی تفەنگەکەی لە ناسر ئەبەدی گرتووە.
جارێکی دیکەش دەنگی سەرۆک بەرز دەبێتەوە؛
ـ ناسر ئەو قاپانە دابنێ ئەگینا بە گوللە…
ئێستا وشەی ئاخر لە دمی سەرۆک نەهاتۆتە دەرێ، ناسر قاپەکان بە عەرزدا دەدات، ڕوو لە جەماعەت دەکات و بە دەنگی بەرز هاوار دەکات:
ـ ناپیاو… لە ژن کەمترن…
سەرۆک تێیڕادەخوڕێ و دەڵێ:
ـ ناسر بێدەنگ بە!
ناسر ڕوو لە سەرۆکی زیندان دەکات، مستی ڕادەوەشێنێ و دەگوڕێنێ:
ـ ئەتۆش ناپیاوی… پاسەوانەکانیش ناپیاون!
سەرۆک بە دەنگێکی نووساو دەڵێ:
ـ دەڵێم بێدەنگ بە ناسر!
دەخۆم ڕانابینم بچم ناسر هێور بکەمەوە. هیچمان ناوێرین. بیلال، عەلی سمێڵ، قازی، مەنووچە ڕەش و مێهدی سینگ کۆتر هەموو بە تەنیشت یەکەوە ڕاوستاون، ڕەنگ بزرکاو و ماندوون. ناسر هێشتا دانەمرکاوە و لە حەسارێدا دەخولێتەوە و هاوار دەکات:
ـ هەمووتان ناپیاون!… ناپیاون!…
بە مست لە سینگی خۆی دەدات و دەڵێ:
ـ ئەگەر ڕاست دەکەن لێم دەن، بمدەنە بەر گوللە…
لەو ئانەدا ناسر چاوی بە ڕدێنی ڕۆستەم ئەفەندی دەکەوێت کە لە پشت دیواری ئاودەستانەوە خۆی مات کردووە. یەک و دوو خێرا بۆی دەچێ. ڕدێنی دەگرێ و ڕۆستەم بەدوای خۆیدا رەکێش دەکات.
سەرۆک ماندوو و پرزە لێبڕاو دەخۆی دەنووسێ؛
ـ ناسر… خۆت شێت مەکە… دەلی مەبە… ناسر!
هەموو لە شوێنی خۆمان وەستاوین حەسار دێ بەرەبەرە چۆل دەبێ. بەشێکی زۆر خزاونە ڕاڕەو و ژوورەکان.
ناسر بەجارێک شێت بووە. چاوی دەڵێی گۆمی خوێنن. دەمارەکانی ملی لێ توند بوون. لەسەر لەشی و سەری تاشراوی، ئاسەواری کۆنەبرینان دیارە گۆشتەزوونەی هێناوە. لێر و لەوێ جێ دمەچەقۆ لەسەر سینگ، خالیگە و قۆڵەکانی دیارن کە هەڵگری سەربردەیەکی ئاڵۆز و جێی داخن. ناسر ئەبەدی ڕۆستەمی لە باوەش گرتووە وەک پڵینگی بریندار دەیهێنێتە ناوەڕاستی حەسار و وەک مەڕی قوربانی لە عەرزی قایم دەکات. پێش ئەوەی کەس بزانێ چی دەکات و بەتەمای چییە، تیغێک لە دەلینگی شەڵوارەکەی دەردێنێ. ئەژنۆی لەسەر سینگی ڕۆستەم دادەنێ. و تیغەکە لە شادەماری ڕۆستەم نزیک دەکاتەوە. ڕۆستەم لاڵ بووە زمانی ناگەڕێ. ناجووڵێتەوە. وەک بڵێی ڕووحی دەرچووە. دەنگی سەرۆکی زیندان دێت.
ـ ناسر…
نەعرەتەی ناسر دەنگی سەرۆکی زیندان وەبن دەدات؛
خوێن بەپا دەکەم… ژن جندەینە… ئەگەر پندار نەگێڕنەوە سەری هەر دوازدە نەفەر گۆشا و گۆش دەبڕم.
هەموومان حەپەساوین، دەستەوەستان نازانین چ بکەین. بیلال سەیری ناسر دەکات. عەلی سمێڵ ڕەنگی وەک گیچ سپی هەڵگەڕاوە. چاوی قازی ڕێشکە و پێشکەی دەکات. مەنووچ دمی داکەوتووە. ناسر چاوی پڕ لە خوێنی لە سەرۆکی زیندان بڕیوە. سەرۆک بێدەنگە. سێرەی لوولە تفەنگی پاسەوان چاومەست لەسەر ناسر ئەبەدییە. خۆرەتاو بست بە بستی وڵاتی داگرتووە. حاندی گەرما لە گوتن نایە. سەرۆک دەنگی دەلەرزێ؛
ناسر! لێی گەرێ، بەری دە.
لاموایە رۆستەم ئەفەندی بووراوەتەوە. جووڵەی نییە.
ـ … ناسر بەریدە!
ـ وەک بزن سەری دەبڕم.
دەنگی کز بەڵام تووڕەی سەرۆکی زیندان دێت؛
ـ بەری دە ناسر، دەنا دەڵێم مێشکت بپژێنن.
ـ ناسر دەگوڕێنێ:
ـ کوا ناپیاون، لێنادەن
ناسر ئەبەدی کەف هەڵدەخڕێنێ. حەز دەکەم بچم لە باوەشی بگرم و ڕۆستەمی لە ژێر ئەژنۆی ڕزگار بکەم. بەڵام دەخۆم ڕانابینم و ناوێرم. هەر ناتوانم بجووڵێمەوە. دەوران دەور چاو بە بەنددا دەگێڕم، چەند کەسێک زۆرتر لە حەسارێ نەماوین ، تێکڕا چوونەوە ژوورەکان و لە پەنجەرەوە سەیری دەرێ دەکەن. ئێستا لوولەی هەموو تفەنگەکان ڕووی لە ناسر ئەبەدییە. سەرۆک تفەنگەکە بۆ ئەفسەری کێشک داوێت و دەکشێتەوە و لە چاوان ون دەبێ.
ناسر هاوار دەکات؛
ـ جەنابی سەرۆک چت لێهات، بۆ ڕاتکرد؟
ئەفسەری کێشکیش دەکشێتەوە، ئێستا ناسر چاوی لە پاسەوان چاومەست بڕیوە. هاواری ناسر کزەم لە جەرگی دێنێ؛ دەڵێ:
ـ ئەو خوێری و ناپیاوانە بۆ کوێ چوون؟ چاومەست… دەگەڵ تۆمە… ئەتۆ خۆ نامەرد نی… ئەتۆ خۆ ژن جندە نی… ئەدی بۆ تەقەم لێناکەی؟
پاسەوان چاومەست دەجووڵێتەوە، جێ خۆش دەکات. کوڵمی لەسەر قۆنداغی تفەنگەکەی ڕێک دەکات.
ـ لێم بدە… نامەرد…
پاسەوان چاومەست دەستێک بەسەر تفەنگەکەیدا دێنێ. دەنگی کێشانی گێلانگێدان دڵم دەلەرزێنێ.
ـ دەی…
حاڵم تەواو تێکچووە، چاوم دەڕەشەوە دێت. هێندەی نەماوە لە گابۆڕ بدەم. دەنگی ناسر ئەبەدی دەبیسم. دەنگێک کز وەک لە دۆڵ و دەرەیەکی قووڵی بێبنەوە بێتە دەر؛
ـ دەی پەنجەی پێدابێنە… خۆ ئەتۆ گێلانگێدانیشت کێشاوە… ئەدی بۆ ڕاوەستاوی…هەی ژن…
دەگەڵ دەنگی تەقەی تفەنگ دڵم داکەوت. ناسر وەک تۆپ چوو دە حەواوە. ئەژنۆم سست بوو. دانیشتمە سەر عەرز. دەرگای بەند شەق و هۆڕ کرایەوە. سەرۆکی زیندان خۆ بە بەنددا دەکات. ئەفسەری کێشک زەندەقی چووە و دوا بـەدوای ئەو دێتە ناوەوە. ناسر ئەبەدی لە تەنیشت کۆگا نانەکە کەوتووە و خوێنی لەبەر دەڕوات.
ڕۆستەم ئەفەندی هەروا لەسەر عەرز درێژ بووە و ناجووڵێتەوە.
سەد و یەکەمین خەت لەسەر دیواری ژووری تاکە کەسیم دەکێشم. سەد و یەک ڕۆژە لێرەم. ئەگەر حیساب و کیتابم لێتێکنەچووبێ دەبێ بەیانی ئازاد بکرێم. کە ناسر ئەبەدی گوللەی لێدرا هەموو دۆخەکە گۆڕدرا. لە مەحکەمەوە هاتن و سواڵ و جوابیان دەگەڵ هەموومان کرد. لامان وابوو کە سەرۆکی زیندان دەگۆڕن، بەڵام وا دەرنەچوو. یازدە کەس لە ئێمەیان خستە ژووری تاکە کەسی. دوو هەفتە دەست و پێم دە کەلەبچە دابوو. دوایی کەلەبچەی دەستمیان کردەوە بەڵام تا چل ڕۆژان پێم هەروا لە کۆت و زەنجیردا مایەوە. هێڵی ئەم ڕۆژانەی دەست و پێم هەردوو لە کەلەبچەدا بوون، درێژتر کێشاوە. بیست و شەش هێڵ لە هەمووان درێژترن و هی سەردەمی کۆت و زەنجیرە کە دە گوێزینگمدا بوو. ئەم کۆت و زەنجیرە گەلێک قورس بوون و شوێنەواری برینیان ئێستاش لەسەر گوێزینگم دیارە. وەکی بزانم دوای سوال و جواب و لێکۆڵینەوە. ئەوانی دیکە لە ژووری تاکە کەسی ڕاگوێزراونە بەندەکان. هەر ئەو سەردەمانیش بیستم کە جلوبەرگی خزمەتیان لە پاسەوان چاومەست داماڵیوە و لە بەندی چوار زیندانییان کردووە، تا لێیبکۆڵنەوە. سەد و یەک ڕۆژە لە هەموو کەس و شوێنێک بێ هەواڵم. تەنانەت مافی ملاقاتیشیان لێ زەوت کردووم. ئەو کاتانەش کە وەختی جەمێیە و زیندانی دێن خواردن وەربگرن دەبێ من دابنیشم و سەر بە دەربیجەدا نەگرم کە خەڵک ببینم. سەد و یەک ڕۆژە تەنیا دیواری هۆدەی تاکە کەسی دەبینم و بەس. سەد و یەک ڕۆژە تەنیا هێندەی دەورییەک لە کلاوڕۆژنەی میلرێژکراوی بنمیچدا، ئاسمان دەبینم. هەوا بۆنی پاییز دەدات. شەوانە تا درەنگانێک دادەنیشم و سیغار دەکێشم و دەگەڵ خۆم دەدوێم. جار هەیە حەقایەت بۆخۆم دەڵێم. وا وێدەچێ کە بە تێکڕای پاسەوانەکانیان گوتووە قسەم دەگەڵدا نەکەن. چەند جار حەولـم داوە و بانگم کردوون؛
ـ سەرکار!
وەک ئەوەی گول بووبم، سەیر و سەمەرە چاوم لێدەکەن؛ دوژمنکارانە و تووڕە، دەڵێن:
ـ دانیشە سەر جێت!
تەنیا سەرکار نادرە کە جاروبار چەند وشەیەکم دەگەڵ دەڵێ؛
ـ سەرکار دەکرێ هەتا ئێرە بێی.
سەیرێکی دەوروبەری دەکات و دێتە پێش. دەمم بە کونی دەرگاوە دەنێم و قسەی دەگەڵ بکەم.
سەرکار نادر پێدەکەنێ، دەنگی کز دەکات و دەڵێ:
ـ ئاخر دەڵێن قسەکردن دەگەڵ تۆ مەترسی هەیە.
سەد و یەک ڕۆژە دەگەڵ کەس قسەم نەکردووە. کاتێک زانیم کەس بۆی نییە قسەم دەگەڵدا بکات، منیش کەوتمە لاساری و تەنانەت دەگەڵ سەرکار نادریش قسەم نەکرد. وەختە دڵم بتەقێ. خەو لە چاوم نەبانە. ئەگەر حیسابم لێتێکنەچووبێ دەبێ بەیانی ئازاد بکرێم. شەو درەنگانە لە نیوەشەو لای داوە. لەشم گەرم داویسێ، دەبێ تام هەبێ. ئەژنۆکانم ژان دەکەن. پشتم دێشی. حەزدەکەم خەوم لێبکەوێت. نمە بایەک لە کولانەی بنمیچ ڕا خۆ بەژوورێدا دەکات. درێژ دەبم، پەتووەکە هەتا سەرسینگم دێنم. دەستەکانم لە ئەژنۆم وەردێنم و بە سینگمەوە ڕێکیان دەگوشم، لاقم زۆر دێشی. دەبێ سەرمام بووبێ. چەند ڕۆژە سەرلەبەیانییان هەوا سارد دەبێت. هیلاک دەبم. لاقم درێژ دەکەم. چاوم لەسەر یەک دادەنێم، سەرم لێ ئەستوور بووە. گەرم گەرم داویسێم. لە تراویلکە دا، لەبەرزاییەک لە تاریکیدا دەکەومە خوار. عەرز زاری داپچڕیوە. گوێم لە دەنگی هەناسەی خۆمە. نیخە نیخم دێت. لە پشت مژۆڵەکانمەوە سەیری بنمیچ دەکەم. چراکە دەڵێی بەندڕۆلە لە جۆلانە دایە. دەڵێی لاشەی درێژی جەعفەر خشتبڕی دەنگێک لە سەرم دایە؛
ـ بابە جەعفەر خشتبڕ بۆ خۆی کوشت؟
کەڵەبابەی گەرووی باوکم سەرو خوار دەکات. درێژی ملی باوکم بەدرێژایی منارەی مزگەوتی گەورەی شارە.
ـ برسێتی، کوڕم … برسێتی… بۆ مەگەر پیاو چەند دەتوانێ تاقەت بێنێ؟
ئێستا هەناسەی گەرمی بلوور خانم خەریکە گۆنام بسووتێنێ. ئاسەواری قایش لەسەر زگی دیار نییە. ساف و لووسە. دەڵێی ئەنگوتکە. هەڵاتووە بەڵام سفتە. وەکی لاولاوە لێمهاڵاوە خەریکە بخنکێم. خەریکە دەکەومە خوارێ لە چاڵاوێک دەکەوم. بانوو سەر ڕێم پێدەگرێ، کز و غەمبار ناڵە و سکاڵا دەکات:
ـ هەتیوە دەگەڵ بلوور خانم چاکی ڕادەبوێری.
پاڵی پێوە دەنێم، پشتاوپشت دەڕوات و لەسەر لێواری حەوز دادەنیشێت. ڕووتە. هەوا گەرمە. گەرم نا، داغە. دەڵێی دەرگای جەهننەمیان کردۆتەوە. بانوو دەپاڕێتەوە. بەزەحمەت دەنگی دەبیسم.
لەنەکاو دەنگی مناڵە ڕیوەڵەکەی هاجەر لەسەرمدا دەنگ دەداتەوە. دەڵێی بە شەلاق لەسەرم دەدەن. هاجەر هەڵتروشکاوە و مناڵە چڵمن و نەگووراوەکەی لەسەر چاڵی پەنا حەوز ڕادەدێرێت. بەرو سمتی هاجەر پانوپۆڕە چەتری هەڵداوە. ناسر دەوانی دەنگی ڕادیۆکەی هەتا ئاخری بڵیند کردووە. ژنێک گۆرانی دەڵێ:
“لوولی زولفت تێکەڵی لوولی کائیناتە،
ئەسیرم من هەتا سەر بەم کائیناتە”
ناسر دەوانی چاوی دە بەروسمتی هاجەر بڕیوە. باوکم کتێبی ئەسراری قاسمی وەلادەنێ. قەت باوکم هێندە غەمبار و بە پەرۆش نەبینیوە. دەنگی باوکم دێ:
ـ وەستا ناسر… کاروبار لە کوەیت چۆنە؟
ناسر دەوانی هیچ ناڵێ، گوێی داوەتە ڕادیۆکەی و چاوی دە بەروسمتی هاجەر بڕیوە. خاجە تۆفیق لە دووکەڵی تریاکدا ون بووە. بلوور خانم خۆی لە چارشێوەکەیەوە پێچاوە بە کریشمە و ناز بە تەنیشتمدا تێدەپەڕێ و دەڵێ: “خالید زۆر خراپ بووی بەجارێک گۆڕدراوی.” لەنەکاو ئاورم تێبەردەبێ. گەرمی لێوی چاوڕەش لەسەر لێوەکانم پەلکێشی دنیایەکەی جیاوازم دەکات. هەرچی خۆشی لە دنیادا هەیە هەستی پێدەکەم. دەنگی، بۆنی و بوونی، لاوێنەرە.
دەجووڵێمەوە. ئێستا دەنگی پندار گرژ و بێهەست دەکەوێتە بەر گوێم.” کە خەبات دەکەی نابێ خۆت تووشی هەست و دڵداری بکەی.”هاوار دەکەم. وەدەر دەکەوم بەپەلە و یەک تەکان هەتا کتێبفرۆشی شەفەق ڕادەکەم. کتێبفرۆشی شلوقە. شەفەق لە بنەبانی دووکانێ ڕاوەستاوە. ڕوخساری پڕ لە خەندە و پێکەنینە. دەستی بەرز دەکاتەوە و بە پەنجەی هەڕەشەم لێدەکات. پێدەکەنێ و هەڕەشەم لێدەکات. دەستی درێژ دەبێ و لە دووکان دێتە دەرێ. پێم سەیرە. سەری پەنجەی بوون بە چاو و سەیرم دەکەن و یاری بە دەموچاوم دەکەن. شەفەقیش دەڵێ:” ئەگەر دەتهەوێ لە خەبات بەردوام بی دەبێ چاوڕەش لەبیر بکەی” لە ناخمەوە هاوار دەکەم؛ نا، ڕادەچلەکێم و دێمەوە خۆ. چرای ژوورە تاکە کەسییەکەم لە شوێنی خۆی هەڵواسراوە. دەنگی پاسەوانی کێشک لە ڕاڕەو ڕا دێت و دەڵێ:
ـ ئەوە چییە خالید؟
هەناسەی قەتیسماو لە سینگمدا دەدەمە دەرێ و هیچ ناڵێم. پەتووەکە وەلادەنێم و دادەنیشم. دەنگی هەنگاوەکانی پاسەوان دوور دەکەونەوە. سەرم گێژە. دەمم ئیشکە و لێوەکانم توێخیان هاویشتووە. درێژ دەبمەوە. سەرم لێ ئەستوور بووە دەنگی مام بەندەر دەبیسم.” یانی بەیانی بچمە لای پۆلیس. بڵێی چارم بکەن؟” پۆلیس… پۆلیس. غوڵامعەلیخان بە چاوە سەوز و سمێڵی قەیتانییەوە سەیرم دەکات؛ ” قوربان موزاحیمی نامووسی خەڵکیش دەبوو.” تووڕە دەبم و دەڵێم: ئەتۆ بە جندەکانیش دەڵێی نامووسی خەڵک؟ دەنگی مام بەندەر دێت کە نوێژێ دەکات. دەنگی ئارامبەخشە و هێورم دەکاتەوە ” ڕەبەنا ئاتنا فی دونیا حەسەنە”.
دەنگی گریانی پوورە ڕەعنا دێت کە خۆ بە ژوورێدا دەکات و دەڵێ: “کوڕەکەم … کوڕە نازەنینەکەم…” غوڵام دێت؛ لێو بەخەندە و ڕووخۆش داوام لێدەکات ئەسپاردەی بگەیەنمە بلوور خانم…مەنووچ قاپە شۆرباوەکەی بە پاسەوانەکەدا دەدات. نەعرەتەی ناسر ئەبەدی دێت ، پاشان وەک تۆپ دەچێتە حەوا و دەکەوێتە سەر کۆگا نانەکەی حەساری بەند و خوێنی لەبەر دەڕوات…تەواو لەشم کەوتۆتە لەرزین. چاو هەڵدێنم، ئارەقەم کردووە. گەرووم تاڵە. دادەنیشم سەیری ئەو خەتانە دەکەم کە لەسەر دیوار کێشاومن. سێ جۆرن. خەتە درێژەکان هی ئەو کاتەن کە کەلەبچە بە دەست و پێ لە کۆت دابووم. سەد و یەک خەت، سەد و یەک ڕۆژە کە دەگەڵ خۆم قسان دەکەم. ئەگەر هەڵەم نەکردبێ بەیانی دەبێ ئازاد بکرێم. سیغارێک دادەگیرسێنم. دووکەڵەکەی ئەوەندەی دیکەش گەرووم تاڵ دەکات. دەکۆخم. سیغارەکە دەکوژێنمەوە پاڵ وەدیوار دەدەم و ئەژنۆم لەباوەش دەگرم. وڵات بێهەست و خوستە. دەبێ پاسەوانی کێشک چووبێتە ئەوسەری ڕاڕەو و لەسەر کورسییەکەی دانیشتبێ و وەنەوزان بدات. سەرم هەروا ژان دەکات. نمە بایەک لە کڵاوڕۆژنەوە دێتە ژوور، دەلەرزێم. پەتووەکە بەسەر شانم
دا دەدەم. سیغارێکی دیکە دادەگیرسێنم، دوو قومی لێدەدەم و دەیکوژێنمەوە. ناتوانم دانیشم سەرم هێند قورسە بۆم ڕاناگیرێ. سەرم دەخەمە سەر سەرینەکەم. زۆری پێناچێ لە تاریکیدا دەکەومە خوار. ڕوخساری ڕەحیم کەردار لەوێ ئامادەیە. ناوچاوانی و سەری ئەوەندە گەورەیە کە ژووری تاکە کەسییەکەی پڕ کردووە. چاوی مردوولە و بێتوانای لە کالان دەرپەڕیون و سەیری سەرووی قەنارەی دەکەن. شین هەڵگەڕاوە، زمانی لە نێوان ددانەکانیدا گیری کردووە. لە چاوەکانی دەترسێم. دەست دەکەم بە ڕاکردن، سەرەنگرێ دەبم و دەکەومە سەر عەرز. دەستم دادەدەم کە هەستمەوە لەبەر دەمم بە هەزاران هەزار بێچووە پشیلە لە قەنارە دراون و لینگەفرتەیانە. چاویان و سەیرکردنیان لە چەشنی عەلی شەیتانە. تێڕۆدێم کە بێچووە پشیلەکان ڕزگار بکەم. پشیلەکان هەڵدێن و سەرگەردان قەنارەش بـەدوای خۆیاندا دەکێشن. لەنەکاو مناڵەکانی گەڕەکی زیندان بەردەبنە گیانم. هەست بە ژانێکی زۆر دەکەم. ڕادەپەڕم. دەست بۆ قنچکەسیغارەکەم دەبەم و دایدەگیرسێنم و دوو قومی لێدەدەم. هەڵدەستمە پێ دەست بە دیوار دەگرم و لە ژوورەکەدا کە پێنج میتر درێژ و سێ میتر پانە دێم و دەچم. سەر بە کونی دەرگادا دەکەم. ڕاڕەو چۆل و ڕووناکە. خەریکە دڵم لە ژێڵلا دێت، چاوم دە ڕەشەوە دەچێت، ناتوانم لەسەر لاق ڕاوەستم. پشت وە دیواری دەدەم و دەخزێمە خوارێ. پاشماوەی سیغارەکەم دەکوژێنمەوە. بە قوونەخشکە خۆ دەگەینمە سەر جێگاکەم و سەر وە سەرینەکەم دەکەمەوە. گەرم گەرم داییسێم، ئارەقەی دەکەم، ژوورەکە لەسەر سەرم دەسووڕێ. دەست دەکەم بە هەڵاتن. دەنگی عەلی شەیتان دەبسیم کە دەڵێ:” لەخۆڕا هەڵدێی.” دەنگی تووڕەی دایکم دێت و دەڵێ: ” چکارت بە کوڕی من داوە”. ” ئەو بازنەیە چییە لە دەستتان کردووە؟” شێوە سەیر کردنی لەیلا ورەبەخش و هاندەرن. بە قسەی باوکم لە خۆبایی دەبم؛” ئەتۆ ئێستا بووی بە پیاو..” شەفەق ئامێزی کردۆتەوە و دەڵێ:” ئێمە شانازیت پێوە دەکەین.” دەم بە پێکەنینە، هەودوو لە باوش دەگرین، هەست دەکەم لە باوەشی چاوڕەش دام. ئێستا دەڵێی لەسەر هەورانم. ئارام و ئارامتر دەبم.
دەنگی کردنەوەی دەرگای ژوورە تاکە کەسییەکەم لە تراویکەم هەڵدەبڕێ و لە خەوم هەڵدەستێنێ. لەشم هێدیترە. لەرزوتا نەماوە. ژانەسەر نەماوە. خۆر لە کڵاوڕۆژنەی میلرێژکراو خۆی دەنوێنێ. سەرکار نادر لە ئاستانەی دەرگادا وەستاوە:
ـ هەستە شتومەکت کۆ بکەوە.
بزەی لەسەر لێوانە و ددانە ئاڵتوونەکانی دیارن؛
ـ زووتر شتومەکت کۆ کەوە. حوکمی ئازادیت هاتووە.
لەرزێکم دێتێ. سەرکار نادر سیغاری بە دەمەوە و لەسەر سەرم ڕاوەستاە دەڵێ:
ـ چاوەڕێی چی، بۆ مەحتەلی؟
پێدەکەنێ و لووتی هەڵدەپشێوێ دەڵێ:
ـ چێ، دەڵێی باوەڕ ناکەی؟
پێدەکەنم و دەست دەکەم بە کۆ کردنەوەی شتەکانم. پەتوو و مافوورەکە قەد دەکەم. بوخچەکەم لە بنهەنگڵم دەنێم و پەتوو و مافوورەکەش دەهاوێمە سەر شانم. لە دەرگای ژووری تاکە کەسی دێمە دەر، سەیری ڕاڕەو دەکەم. عەلی سەلـمانی لەوسەری ڕاڕەو ڕا گەڵاوگەڵ دێت.
ـ دە خێراکە بجووڵێوە. دەڵێی حەزناکەی بچێ دەرێ.
دەبێ پێش نیوەڕۆ بێ. دەگەڵ سەرکار نادر دەڕۆم. دەرگای ڕاڕەو لە پشت سەرم دادەخرێ. خورەتاوە، وڵات ڕووناکە. بیرم بۆ لای چاوڕەش چوو و دڵم داکەوت. دەیدۆزمەوە. لە هەر شوێنێک بێ دەیدۆزمەوە. بە ژێر سێبەری دارێکی پیردا دەڕۆم و دەچمە دەفتەری سەرۆکی زیندان. سەرۆکی زیندان دەستی دەکەلەکەی ناوە و لە ناوەڕاستی ژوورەکە ڕاوەستاوە و سیغار دەکێشێ. وێدەچێ چاوەڕوانم بێ. ڕدێنی پاک تاشیوە. کوڵمەی دەدرەوشێ و بەرخەبەبەی هەروەها. هیچ ناڵێ. مژ لە سیغارەکەی دەدات و سەیرم دەکات. خێرا کارەکانم ڕادەپەڕێنێ و دێمە دەرێ. دوو دیژبانی دایرەی نیزام، چاوەڕوانمن. دڵم ڕاچڵەکی. سەرۆکی زیندان سەیرم دەکات و پێدەکەنێ و ددانە وردەکانی کە وەک ددانی سەگن نیشان دەدات. دێم وەڕێ کەوم سەرۆکی زیندان لەپشت سەرمەوە دەڵێ:
ـ هیوادارم پەندت وەرگرتبێ و نەچی لە سەربازخانەش ئاژاوە بگێڕی.
وەڵامی نادەمەوە، تەنانەت چاویشی لێناکەم. لە ڕاڕەوی بەشی بەڕێوەبەری زیندان وەدەردەکەوم. دووکەڵێکی ڕەش لە دووکەڵکێشی چێشتخانەی زیندان هەڵدەستێ و دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش بە ئاسمانەوە. دەگەڵ دیژبانەکان لە دەرگای زیندان دێمە دەرێ. چاو بە خەیابانی بەرانبەری زینداندا دەگێڕم. لە دوورەوە دایکم دەبینم. لە نەکاو دەنگێکی ناسیاو کەوتە بەر گوێم:
ـ خالید!
سەر وەردەگێڕم. برایم بە تەنیشتمدا تێدەپەڕێ. دوو پاسەوانی دەگەڵە. ناوچاوانی بە تەنزیلێکی سپی بەستراوە. چەند پەڵە خوێن بە تەنزیلەکەوە دیارن. دەستەکانی کەلەبچە کراون. دەرفەت نییە بیدوێنم. لە دەرگای گەورەی زیندان دەچێتە ژوور و دەرگا لە پشت سەری دادەخرێ.
فەرهەنگۆک
ئـــ
ئـاردی خـۆ دابێژتـن و هێڵەگی خـۆ هەڵواسـین: لێبوونەوە لە کاران؛ دڵنیایی پاش تەواوبوونی کاران .
ئاسنەڕێ: ڕێگای قەتار.
ئاشــی ســەربەڕۆن: ئاماژەیــە بــە تەمێکــردن بێئــەوەی خـۆی هەسـت پێبـکات و پێبزانـێ؛ پەنـد بەسـەر هێنـان.
ئاشـی ئـاوری: ئاشـی ئـاوری خێراتـرە لـە ئاشـێک کـە بــە ئــاو دەگــەڕێ. مەبەســت لــە کەســێکە بەپەلــە نــان دەخـوات یـان هەژدەرهـەژدەر و خێراخێـرا قسـە دەکات.
ئان: کاتێکی زۆر کەم، چرکەسات.
ئاورگ: وەجاغ، کوانوو، ئاگردان.
ئاوساو: هەڵمساو، ئەستوور.
ئـاوڵاوی: دموچـاو گـڕوێ، کەسـێ کـە لـە خوروێلکەوە دموچـاوی کـڕووز بووە.
ئاوهێنان: 1. نەخۆشـیی چاو، هەڵمسان ٢. لاق و چۆکی مرۆڤیــش کــە ئەســتوور دەبــێ )ئەپەنەمــێ( دەڵێــن ئاوی هێناوە.
ئاوەڕووتکــردن: ڕووتاندنــەوەی ســەر و پێــی ئــاژەڵ یــا باڵنـدە بـە ئـاوی گـەرم.
ئێزینگ: سووتەمەنی، دار بۆ سووتاندن.
ئیشـکەڵ: چرپــی و چــاڵ، ویشــکەدار بــۆ ســووتاندن.
ئەزنا: سەرلەنوێ، دووبارە.
ئەستێر]ک:[ گۆل، حەوزی مەلە.
ئەیـاغ: ژێراوی ئاوی پیس و ئاودەسـخانە، ڕەهەنـد، جۆگەلە.
ب
بابنۆکەر: چەکداری ئاغا و خان.
بارانی سەربەکڵاوە: بارانی زۆر بەتەوژم و دەنکزل.
باربــوو: پێشکەشــکردن، دیاریــدان بــە کەســێک )بــە جنێــو و قســەی ســووک باربــوو دەکات؛ لێــرەدا وەک تــەوس و گاڵتەکــردن بــە یەکێــک هاتــووە(.
باریـک ڕسـن: دانوانـدن، لامەلامە کردن لەبەر کەسـێک.
بازرەقــە بەســن/ دان: فیچقەکردنــی )خوێــن لــە دەمــار یــان دۆ و ماســت لــە دۆدانــە.(
باشـار: دەروەسـت، پێوەسـتان )دەروەسـتی دێـم/ نایـەم:
پێـی دەوەسـتم / ناوەسـتم.(برینگ: مقەستی خوریهەڵپاچین.
بڵح: ڕەوشت ناشیرین، گێل .
بڵـغ: بـووغ، ژەنگ )لێرەدا مەبەسـت چڵکی سـەر ددانە.(بلەوەز: لاسار، گوێنەبیس.
بناشت: ئاواز، ئاهەنگی قسەکردن.
بنکۆڵ: لەخشتەبردن. هەڵخەڵەتاندن.
بیجبیجــەک: بیبی جانبــازی، شــانۆگەریی بەبووکەڵــە کــە ســەرەداوەکانی بەدەســت کەســانی نادیارەوەیــە.
بۆتکە: خانووی لە دار و تەنەکە.
بۆری: لوولە.
بۆژۆکــردن: گیــای بۆنگرتــوو کــە مــاڵات نایخــوات .دەڵیــن مــاڵات بــۆژۆ دەکات، بــەڵام ئینســانی برســی بــۆژۆ نــاکات .
بۆسارد: بۆگنخاو.
بیرازکــردن: بیرازتنــی بــەردی ئــاش. لێــرەدا بەمانــای دارکاری و تەمێکردنــە.
بـە ڕبـە پێـوان/ نەپێـوان: ڕبـە جـۆرە پێوانەیەکـە؛ واتـە بـە حیسـابوکیتابی کەسـێک پێـوان یـان نەپێـوان.
بــە کڵاوی کەســێک پێـوان/ نەپێـوان: بایــخ پێــدان یــان پێنــەدان.
بە نان و ئاودا چوون: بزربوون، تێداچوون.
بەتڵانـدن: حەیـف و مەیل کردن، لەنێوبردن، خەسـارکردن.
بەتۆبزی: بەزۆری، بەنابەدڵی.
بەدانستە: گوڵبژێر، تایبەتی.
بەدگووز: بوغزاوی و قین لە زگ.
بەربەڕۆچکە: بەرهەتاو.
بەرخەبەبە: بەرچێڵە، غەبغەبە.
بەردەشـۆر: لێــرەدا بــەردی تەنیشــت حــەوز و کانــی بــۆ دەسـنوێژهەڵگرتن. نیسـک و ماشـیش بەردەشـۆر دەکـرێ.
بەردەقەپــان: بــەردی پێنــج یــان دە کیلۆیــی کــە بــۆ پێوانــی ســەنگی بــار بــەکار دەهــات.
بەرگن: کوڵکەی وشتر و بەرخ.
هۆنەهۆن: دەنگی گریانی ئارام.
بەهێنـد گرتـن/ نەگرتـن: بایـەخ پێـدان یـان نەدان؛ گـوێ پێــدان یان نــەدان.
پ ـ ت
پاپۆکە: تێکهاڵانی مار، چەمبەرە.
پرزە لێ بڕین: ماندوو کردن، بەزاندن .
پرینگانەوە: سڵەمینەوە، سڵکردن.
پلار: قسەی بەتێکوڵ، تیر و توانج.
پۆرگ: هەڵمساو، توێخ بەردان.
پێچـوون: کارلێکـردن، )پێناچـێ واتە خەجاڵەتی ناکێشـێ.(پێخەسوو: بەربووک.
پیرەڵـۆک: چرچبوونـی دەسـت یـان پـێ لە ئـاوی گەرم و سارد، داری گەندەڵ و ڕزیو.
پێمـل بـوون/ نەبوون: ڕازی بوون یـان نەبوونی بەناچاری .
پەناد: نیوەی ڕیاڵێکی ئێران، نیوقڕان.
پەیـن لـێ بـار کـردن: بەکـەر زانیـن، فریـودان، بە دەسـتی بەتاڵ ناردنەوە.
تانە: پەڵەی سەر گلێنەی چاو.
تـرش و خـوێ کـردن: بەئیشـتیا گیڕانـەوەی ڕووداوێـک ،هەوڵێـک بـۆ لـێ زیـاد کـردن. شـاخ و بـاڵ پێوەنـان.
تنۆکە: کورتەدەرپێ، شۆرت.
تووک: دوعای شەڕ، نزا لێکردن.
توێـخ: تۆیـی ناسـک لەسـەر هێندێـک شـت وەک شـیر یـان بریـن؛ توێـژاڵ.
تێچانـدن: شـەیتانی و شـۆفاری کردن، خراپ باسـکردنی کەسێک.
تێڕاخوڕیــن: هەڕەشــەکردن، بانگکردنــی کەســێک بــە شــێوەیەکی نەگونجــاو.
تیسماڵک: کوتەپەڕۆ .
تێکهاویشن: ئاژاوه تێکەوتن، ئاڵۆزبوون.
تینتینۆکە: ئەوک، قوڕگ.
تەبەنــە: ســووژن، لــە دەرزیــی دورومــان ئەســتوورتر و درێژتــرە.
تەڕاڵ: تەمەڵ، تەپ.
تەریق: شەرمەزار.
تەشق: لانی هەرە زۆری شتێک، ئەوپەڕی.
تەشیڕێســی: لامەکــردن، کلکەســووتەکردن، مەرایــی ،ڕیایــی.
تەنزیل: پارچەی سپی و تەنک بۆ برینپێچان.
تەنوورە: دامەن.
تەوفیر: جیاوازی، تەفاوەت.
ج ـ چ ـ ح ـ خ
جاشـباڵتە: باڵتـەی ئاتەگکـورت کـە ناگاتـە سـەر ئەژنۆ.
جامباز: فێڵباز و دەسبڕ.
جامتاس: قاپی قووڵی مس یان فافۆن.
جاو: کرباس.
جزمە: چەکمە.
جگێن: میچێن، قاپێن.
جمک: دوانە.
جنێـوی چێودارانە: جنێـودان بـێ لەبەرچاوگرتنی ئەدەب ،ئینسانی بێ چاووڕوو کە پاشەڕۆژی لەبەرچاو نییە.
جەزرەبە: ئازار.
جەڵەب: کۆمەڵە مەڕ و بزنێ کە بۆ فرۆشتنی دەبەن.
جەندەک: کەلاک، لاشە.
چاوبەست: فێڵباز و سیحرباز.
چاولەوەڕانـدن: بەهەوەسـەوە سـەیری لـەش و لاری ژن یـان پیـاو کـردن. چـاو دەگـەڵ گێـڕان.
چاوە: وەتاغ، ژوور، هۆدە.
چجار: هیچکات، قەت.
چرپی: لقوپۆپی هەڵپەرتێوراوی دار.
چرێش: سرێش، چەسپ.
چیچکەکردن: هەڵترووشکان .
چێـرگ: باڵندەیەکـی گـەورەی قـاچ و مـل درێژە لـە قەلەموون دەچێ و گۆشتی دەخورێ.
چێشـتانەخەو: چاوگەرمگـردن یـان خـەوی پـاش نانـی نیوەڕۆیـە.
چێشــتەخۆرە: دەســتەمۆکردن، ڕاهێنــان، فێربــوون و گەڕانــەوە بــۆ یــەک شــوێن.
چەت: لەمپەر، بەرهەڵست.
چەقاوەسوو: مرۆڤی بێشەرمی چوختی.
چەلەحانێ: دمبەدمە، شەڕەدەندووکە، شەڕەقسە.
چەنشان: دەرزی لێدەر.
چەو: ورکەبەرد، زیخ، خیز.
حۆقـە: سـەری بافـوور کـە تریاکـی تێدەکـەن و پۆلـووی لەسـەر دادەنێـن.
حەپەلووشــکردن: خواردنــی ماڵــی خەڵــک؛ دزیــن؛ لووشــکردن، قووتــدان.
حـەواوی: چاولەحـەوا، کەسـێ کە هەمیشـە سـەرەوژوور بڕوانێ.
خاپاندن: کڵاو لەسەر نان، فێڵ لێکردن.
خاڵخاڵێــن: قومارێــک بــوو ســاختەچی و عەییــار، مۆرەیـان (تاس) دەگـرت و فێڵیـان دەکـرد، خەڵکی سـاویلکەیان هەڵدەخەڵەتانــد و هەڵدەتەکانــد.
خاڵیگە: کەلەکە، قەبڕغە.
خوانچە: جێگەی وردەواڵەی دەسگێڕ.
خورت: تێر و بێمنەت .
خـۆتـوڵانـدنـەوە: دافـەتـانـدن، دڵـی خـۆ لـە خـۆ کـردنەوە خۆ لێ گنخاندن.
خۆخورانـدن: ئامـادەی خـەرج لێکـردن، بەرعۆدەبوونـی خەرجـی، یارمەتیـدان بـۆ کاری خێـر، هیممەتکـردن.
خۆهەڵدانـەوە: خـۆ سـتایش کـردن، بـە خـۆ هەڵاگوتـن . مەدحـی خـۆ کـردن.
خێســە: بــە گۆشــەی چــاو ڕوانیــن، بەتووڕەیــی لــێ ڕوانیــن، مۆڕەکــردن.
خەتەرەکردن: گومانکردن، هەست بە مەترسی کردن.
خەجڵان: حەپەسان و سەر لێ شێوان.
خەزێـم: خشـڵێکی وردی نەقیمـەدارە، نەرمایـی لالووتی بـۆ کـون دەکـرێ و بـۆ جوانـی لـە تەنیشـتی لـووت قایم دەکرێ.
خەفتان: چاوەڕوانی دەرفەت، خۆ لێ مات کردن.
خەنین: خەندە، زەردەخەنە.
د ـ ڕ ـ ز ـ ژ
دارمەشــق: قوڵــەداری دەســت دارۆغــە و ڕاهێنــەری ســەربازی.
داڵگۆشت: کز، لاواز، باریکەڵە.
داوەڵ: لـە دار و جلـی کـۆن، بووکێکـی باڵابـەرز سـاز دەکـەن تـا باڵنـدە و گیانلەبەری دیکـە تخوونی بێسـتان و باغ نەبن و زیانێ نەکەن. مزاحیم و سەرەکەر .
دایکـەدەڵاڵ: دەڵاڵـی کارامـە، کەسـێ کـە ژن بـۆ پیـاو تــاو دەکات.
ددان لێـک سـپی بوونەوە: شـەرم لێک نەکردن، چەقاوەسـوو.
دڕدۆنگ: دوودڵ، بەگومان.
دزە: بەنهێنی، پەنامەکی.
دزەکــردن: خۆدزینــەوە لــە ئــەرک. لێــرەدا مەبەســت ئاشــکرابوون یــان بڵاوبوونــەوەی هــەواڵ یــان نهێنییــە.
دمکوێخا: دمڕاست، قسەزان .
دنیـا قوونەکـەو کـردن: بریتییـە لـە ئەزموونـی زۆر دیـن ،دنیادیـدە.
دوولایی: ئاڵقەڕێزە، گۆڵە، گەو.
دۆزیـن: گـەڕان لەنێـو نوێنوبـان، جلوبـەرگ و قـژدا بـۆ کێـچ و مۆریـان.
دیشلەمە: چای بێشەکر .
دیلبیلان: قسەزان، زۆربێژ، چەنەوەڕ.
دەربەسـت بـوون/ نەبـوون: مەجبـوور بوون یـان نەبوون ،بایخدان یان نەدان بە شتێک.
دەســت لــە گونــان درێژتــر: بێدەســکەوت، ناهومێــد، بێ دەرئەنجــام.
دەسـت و پێی کەسـێک لە خەنـە گرتن: کڵاو لەسـەر نان ،بێدەرتان هێشتنەوە.
دەستەک: پەتە، وەسڵ، بڵیت، بیجەگ، قەبز.
دەسکلە: زەنبیل.
دەلی: نیوەشێت، سەفی، دەبەنگ.
دەڵەمــە: مەیــو، شــتێک کــە مەیبــێ وەک ماســت یــان ســەرتوێی شــیر؛ هێلکــە بەرلــەوەی بکوڵــێ و تــەواو تونــد بــێ.
دەوەن: پنچکەگیا.
دەیلاغ: بەچکەوشتر.
ڕاستە: مەستەڕە، خەتکێش.
ڕاوێچکـە: هاتوچۆکـردن لـە یەک شـوێن لەبـەر بێکاری ،بیرکردنەوە و ڕامان.
ڕنەک: پشتخورێن، وڵاغی پێ دەخوڕێنن.
ڕێسمە: گرێژەنە، پاژنەی دەرگا.
ڕەبادان: نقورچک لێ گرتن، قورینجاندن.
زوور: زبر.
زیـڕژن: هـاوار لێ بڵند بوونـی لەنەکاو، زیڕە لێ هەسـتان.
زەخت: قورسایی، بارگرانی .
زەخم: بەرز، زەلام، بەخۆوە.
زەردەواڵە: زەرگەتە.
ژێبەر: پاککەرەوە ) پاکوون.(ژەقنەمووت: ژەهرەمار )وەک جوێن بەکار دێت.(
س ـ ش
سکڵ: پشکۆی ئاگر، پۆلوو.
سـندمکردن: زنجیرێکـە ئەمسـەر و ئەوسـەری دوو ئاڵقەی پێوەیــە لــە قاچــی ماینــی دەکــەن هەتــا ڕەوەی بــەدوای خۆیــدا نەکێشــێ. لــە بەندیخانــە و تەویلــەی ئاغــاش مرۆڤیــان پــێ ســندم دەکــرد تــا نەتوانــێ ڕابــکات.
سوانە: گوێسوانە، لێواری بانی.
سۆغرە: بێگار.
سووزمانی: ژنی بێحەیا.
سـووزەنەک: نەخۆشــییەکە لــە جێگــەی شــەرمی نێــر و مـێ پەیـدا دەبـێ.
سـوێندخواردوو: بەڵێنیـدان، لێـرەدا بەمانـای دۆڕاو دێـت کـە دەسـتی دەگـەڵ دوژمـن تیکـەڵ کـردووە.
سێ: دوو کیلۆ.
سیخورمە: مشتلێدان، نقورچ.
سیسەمار: مرۆڤی لەبنەوەبڕ .
سینامەکی: گیایە کە بۆ ڕەوانبوونی زگ باشە.
ســەختەدار: دارگوێــز، داربــەڕوو، چنــار کــە ئامــراز و کەرســتەی جوراجۆریــان لــێ دروســت دەکــرێ.
سەروەسێت: قەیم، دمڕاست، کوێخا.
سەرەتاتکێ: سەرکێشان، ڕوانینی بەدزییەوە.
سەرەنگرێ: ڕەت بردن، هەڵەنگووتن.
سەقەل: ڕیش، ڕدێن.
سەمەنگوڵ: کەسێک کە گێڕ بێ.
سەوڵ: بێڵی بەلەم لێخوڕین، سەلب.
سـەولە: کوللێـرە، نانـی خڕکەڵـەی ئەسـتوور لە درشـتەی ئـارد بـۆ سـگ دروسـت دەکرێ.
شاش: پەرێشان، بیربڵاو، هەڵە.
شریتپێچ: بە کەندڕ یان گوریس بار پێچانەوە.
شفتە: قسڵاو دەگەڵ زیخ.
شووڵ: شوغڵ، کار، پیشە.
شیپانە: چوارچێوەی دەرگا.
شێدار: نمدار، تەڕ.
شیشـکوت: شـیش تێکوتـان لـە دیـوار و کادێـن کاتـێ لـە شـت یـان مـرۆڤ دەگەڕێـن.
شێلم: شەڵغەم.
شەتەکدان: توندکردن، گرێدان، بەسن.
شەکرشکاندن: گووخواردن، قسەی نابەجێ کردن.
شەمەد: پۆپەشمین.
شـەنوکەوکردن: خاوێنکردنـەوەی دەغڵ، لێـرەدا بریتییە لە پشکنین و لێکۆڵینەوە؛ هەڵسەنگاندن.
شـەوزرینگانەوە: نێـوان شـەو و ڕۆژان کە تەزووی سـەرما هەست پێدەکرێ.
ف ـ ق
فـڕووج: باڕۆکـەی مریشـک، جووجەڵـەی مریشـک کـە بـۆ خـواردن دەبـێ.
فنەفن: بۆڵە و پرتەی لەژێر لێوانەوە.
فــوو لــە دۆ کــردن/ نەکــردن: بەپارێــزەوە قســەکردن /نەکـردن؛ خۆبـواردن/ نەبـواردن لـە ئەنجامدانـی کارێـک بەبــێ هەڵســەنگاندنی.
فیلەتەن: بریتییە لە مرۆڤی زەبەلاح، ئازا.
فەریکەمیوە: نۆبەرە.
قانگـدان: دووکەڵکـردن بەگـژ شـتێکدا (سـەردەمی زوو ئاغـاوەت ڕەعێتیـان قانـگ دەدا). تەمێکـردن، ترسـاندن ،کوشـتن.
قـاوەی بـۆدراو: دەنکـی قـاوە لەسەر سـاج بۆ دەدرێ و پاشان به دەستاڕ دەیهاڕن.
قرش: هەڕەماسی.
قســڵاو: قســڵ لــە جیاتــی گێــچ دەگــەڵ ئــاو تیکــەڵ دەکــرێ و دارودیــواری پــێ ســپی دەکرێتــەوە.
قســە لـێ ڕاکێشــان: بنـزمــان کـۆڵیــن، وەقسـەهێنـان، پێ درکاندن.
قوڵەچۆمــاغ: داری سەرئەســتوری قوڵــە و لــە دەســتان خــۆش؛ پیاوێــک کــە دەبێتــە داردەســتی زۆردار و خاوەندەســەڵات.
قونێرە: دومەڵ، کوان.
قوونەدزە: خۆدزینەوە لە ئەرک.
قوونەوەدان: دانیشتن، هەدادان، حەسانەوە.
قۆپچە: دوگمە.
قۆرت: بەرگر، لەمپەر، گیروگرفت.
قـۆڕغ: پـاوان، قەدەغـە، جـاران کـە حەمـام کـەم بـوو ڕۆژێـک حەمامیـان بـۆ ژنـان قـۆڕغ و پـاوان دەکـرد.
قۆنداغەکردن: مەلۆتکەکردن. دەست و پێ بەسن. بە گەوج زانینی کەسێک
قیروسیا: بەجەهەندەم؛ چ دەبێ با ببێ!
قوڵەبنە: کورتەباڵای تەنگەئەستوور.
قەباڵەخوێندنـەوە/ نەخوێندنـەوە: حیســاب بــۆ کەســێک کـردن یـان نەکـردن، بەهێندوەرگرتـن یـان وەرنەگرتـن.
قەپۆزبەران: کەسێکی ئێسکی سەر لووتی زەق بێ.
قەرەنتوو: تارمایی.
قەڵبەزە: نەرمەشەپۆلی ئاوی چەم.
قەنارە: سێدارە.
قەیل: بڵیند، بەرز.
ک ـ گ
کالان: جێی چاو؛ جێی شیر و خەنجەر یان چەقۆ.
کاڵینەوە: لێکهاتنەوە، گونجان.
کاڵەکەمارانــە: ڕووەکێکــی خــڕە لــە بیچمــی شــەمامەی زۆر پچـووک، بۆنـێ ناخۆشـە، تاڵـە و بـۆ دەرمـان دەبـێ.
کتێبگرتنەوە: فاڵگرتنەوە، ئایندەخوێندنەوە.
کڕێژەبەرد: قەوزەی سەر بەرد.
کسپە: ڕاچەنینی دڵ.
کڵ: تاقی پرد، پایەی پرد.
کڵاوچی: کڵاوبەردار، فێڵەباز.
کلکەسووتە: ڕیایی و زمانلووسی.
کوانوو: ئاگردان.
کوچکاور: سێبەردەی ئاگردان.
کورتەک: کەوای پیاوانە، کورتە.
کورکانـدن: کورکەکـردن، پرتـە و بۆڵـە کـردن، گارەگاری مریشـک.
کووز: قاش لە میوە .
کووزکراو: قاشکراو.
کۆتەڵ: موجەسسەمە، پەیکەر، تیمساڵ.
کۆڵـەوەژ: دارێ کـە خۆڵـی بـن تەنـدووری پێ تێکـوەردەدەن.
کۆنووس: پەروەندە، فایل، دۆسیە.
کەترە: عەیب و عار، شەرمەزار.
کەشکێنە: شێوی کەشک.
کەشم: شێواز و سەر و سیما .
کەف هەڵخڕاندن: زۆر تووڕەبوون.
کەڵتە کردنەوە( بوونەوە) : نوێکردنەوە.
کەڵکەڵەبــوون: خولیــای شــتێک بــوون، هەوەســکردن ،ئارەزووکــردن.
کەڵەبابە: ئێسکی زەقی قوڕقوڕۆچکەی پیاوان.
کەمچە: ماڵە بۆ سواغکردن.
کەوتنـە سـەر ئاوی پەتە: واتە دۆسـیە و نهێنی لێ ئاشـکرابوون.
کـەوڵ لـە حاجـەت خسـن: ڕووح لـێ هەسـتاندن، لـە کەڵـک و کـەرەم خسـن.
گابۆڕ: شین و گریانی بە دەنگی بەرز، بۆڕاندنی گا.
گاحۆل: زەلامی گێل.
گڕوێبوون: گەڕبوونی ماڵات.
گڕوێ: ئاوڵاوی.
گورگەخەو: سووکەڵە خەو، لەسەر هەست خەوتن.
گوڵەنـوور: نـوور کـە لـە کڵاوڕۆژنـەوە دێـت و دیمـەن یـان پەڵەیەکـی ڕوونـاک دەخاتـە سـەر دیـوار یـان عـەرز.
گوماشـتە: گوماشـتە سـەربازێک بوو لە سـوپادا خزمەتی نێوماڵـی بەرپرسـانی دەکـرد؛ بە پیـاوی بێقیمـەت دەگوترێت.
گوێڕەپە: ملەخڕە. جۆرێک نەخۆشییە.
گوێسوان: پاسارە، سوانە.
گۆڵـە: لۆغـە، زمان ئەسـتوور بوون، جۆرێک نەخۆشـییە.
گەڵحۆ: زەلامی گێل و دەبەنگ، نەزان.
گەمێوان: بەلەمچی، لۆتکەوان.
ل ـ م ـ ن
لابەستێن: دەراو، بوار.
لادەرگا: تایەک لە دەرگای دووچاوە.
لاکێشە: چوارگۆشەی درێژکۆڵە.
لمبۆز: پۆز، دم و کەپۆی حەیوان.
لوان: دەستدان، ڕەخسان، هەڵکەوتن، بووزخواردن.
لووساوک: لووساو، پلووسک، ئاوڕێژ.
لۆغە: نەخۆشییە، زمان ئەستوور دەبی؛ گۆڵە.
لینگەفرتە: لاقەفرتەی کوژراو.
لە بنی کوولەکە دان: ئاشکراکردن، لەقاودان.
لە خشتە بردن: فریودان، هەڵخەڵەتاندن.
لـە دەلینگـی کەسـێک هـاڵان: پەڵـپ و بیانـوو گرتـن بـە کەسـێک، هەراسـانکردن.
لـە کۆلکـە ڕەوینـەوە و بەسـەر بـەرازدا کەوتـن: لـە بەڵایەک قوتـار بـوون و بەسـەر بەڵایەکـی خراپـتردا کەوتن.
لەبز: لێو، دەنگ لێوە هاتن .
لەڕ: لاواز، داڵگۆشت.
لێ: بەڵام، کە چی، با واش بێ
م ـ ن
ماتەکردن: کرووژم، مات و بێدەنگ، کڕبوون.
ماجووم: مەڵحەم.
ماڕز: لاسار، زاڵم.
ماســیگرە: باڵندەیەکــە لــە ڕیشــۆڵە گەورەتــرە و ماســی ڕاو دەکات.
ماشن: گەسکدان، خاوێنکردنەوە.
ماشە: پۆلووگر، مقاش.
ماڵۆس: بەرازی مێ.
مرخێشمرخێــش: هەناســە ســوار بــوون بــە کێشــانی شــتی زۆر قورســەوە؛ مــل دەبــەر ملــی یــەک نــان.
مڕنیاوکردن: میاوکردن وەک پشیلە.
مستەکۆڵە: سیخورمە، مست.
مسـک: پارچەخوێنێکـی وشـکهەڵگەڕاوە لەژێـر پێسـتی ســکی ئاســکی خەتادایــە، دەریدێنــن گەلــێ جــۆرەی بۆنــی خۆشــی لــێ دروسـت دەکـەن.
مکـوڕ: پێداگر، سەرسـەخت، سـووربوون لەسـەر شـتێک.
مـوو لـێ هەڵپڕووزانـدن: هـەردەم بەدەسـتانەوە و ئامادەبوون .
مووس: گوێزان.
میچێن: جگێن.
مێروولەکــردن: قوڵتــەی وردی ئــاو بەرلــەوەی بگاتــە ئاسـتی کوڵیـن. دەمێکـە ئـاوم لەسـەر ئاگـرە، مێروولـەی دەکات.
مێژۆکە: بەرخی تازەزاو.
مێشەکەرانە: کەرمێش.
مەڕمەشا: مەلمەل، خامی سپی.
مەزاتەبــازاڕ: بــازاڕی هــەڕاج؛ کڕیــار نرخــی کۆتایــی دیــاری دەکــەت .
مەلۆتکـە پێـدادان: بوختـان پێکـردن، قسـە بـۆ هەڵبەسـن ،شـەڕ پـێ فرۆشـن.
مەلۆتکەکـردن: پێچانـەوە، قۆنداغەکـردن، بەکـەم زانیـن ،بـە منـاڵ زانیـن، خاپانـدن.
نیوداشت: نە کۆن و نە نوێ؛ نیمداشت.
نەبەدی: نادیار، نەدیوبوون.
نەکاوگیر: بەسەرداکەوتنی ڕووداوێک، خافڵگیر.
و ـ هـ ـ ی
وزاق: خۆهاویشن، دەرپەڕین، بازدان.
وێژینگ: وێژنگ، خەونووچکە، وەنەوز.
وەرگێڕکە: مناڵ بۆ کاری سووکەڵە، بەردەست، شاگرد.
وەنەوز: وێژنگ، خەونووچکە.
وەیشوومە: بەڵا، مایە فیتنە .نەهامەتی
هاتنـە/ نەهاتنـە ڕەدا: قایلبـوون/ نەبوون؛ ڕازیبـوون/ نەبوون.
هۆسە: ئاژاوە، هەرا، هەراهەرا.
هێلکەشکێنە: یارییەکە کاتی نەورۆز دەکرێ.
هەرزاڵ: کەپرێکی نزمە لە ماڵدا دەکرێ بۆ شت لەسەردانان، یا لەسەر نوستن
هـەزارە: هــەزارەی کەروێشــک، خــەوزڕان و خەیاڵاتــی نێـو جێگـە.
هەشتاو: لەز، پەلە
هەڵپشاوتن: پەستاوتن، گوشین، هەڵشێلان.
هەڵتووتەکان: هەڵترووشکان .
هەڵوێزنیـن: گڵۆڵەکردن؛ کۆکردنەوە لەسـەریەک؛ هەڵکێشـان.
هەڵەسوون: دووبارە سەوزبوونەوە، سەرهەڵدانەوە.
هەمین: ئێستاش.
هەنگڵەشـەلە: لەسـەر لاقێک ڕۆیشـن و لاقێک هەڵگرتن.
هەودوو: ئێکتر، یەکتر.
یەکانگیر: یەکدەنگ، بێپسانەوە.

-
خورمای ناڕەس، زەردە و نەگەیوە. وەک دەرمانیش کەڵکی لێ وەردەگیرێ. ↑
-
لێردا دایکە بە گاڵتەوە دەڵێ سەروپێ؛ مەبەستی نان لەسەر پێیە. ↑
-
مشکی: خۆڵەمێش ↑
-
هەمین: ئێستاش، تا ئێستاش ↑
-
جۆرێک شەمشێر بوو کە قازاخی ڕوس بە کاریان دێنا. ↑
-
هەمین: ئێستاش ↑
-
قەیل: بلیند، بەرز ↑
-
خورت: تێر وبێ منەت ↑
-
چەنشان : دەرزیلێدەر ↑
-
بەلەنگاز: هەژار / فەقیر ↑
-
کسپە: ڕاچەنینی دڵ ↑
-
هەزارە: خەولە چاو زڕان، خەیالات کردن ↑
-
تارمایی ↑
-
دەسکلە: زەنبیل ↑
-
سەمەنگوڵ: کەسێک کە گێڕ بێ ↑
-
قوڵەبنە: کورتە باڵای تەنگە ئەستوور ↑
-
چەمبەرە: پاپۆکەی مار ↑
-
ڕەبادان: نقورچک| نقورچ| لێگرتن ↑
-
غەور: لێڵ ناساف، ژەنگی ددان ↑
-
سەبورە: نەوعێک ماسییە Tenualosa ↑
-
بن ئێی: نەوعێک ماسییە Mesopotamichthys sharpeyi ↑
-
مەلەز: دەنگی دوڕە، دوو ڕەگە ↑
-
حەواوی: چاو لە حەوا، کەسێ ڕەشکێنەی چاوی بەرەژوور دەڕوانێ ↑
-
بازررقە: فیچقە بەستنی خوێن لە جەستە یان شلەمەنی لە دەفرێک کە کونی تێ بێ ↑
-
عەممارە: یەک لە شارە سەر سنوورییەکانی عێراقە ↑
-
واجبین: داروو کە لە گەرماو لە خۆیان دەدا و مووی بەر و لەشیان پێ لادەبرد. ↑
-
( بۆڕ) بۆڕخواردن: بەزین، شکست خواردن. (هێندە خوێڕییە هەر لەڕێوە بۆڕ دەخوا.) ↑
-
شەتەک دان: توند کردن ـ گرێدان ـ بەستن ↑
سەلاح گادانی، وەرگێڕ و پەروەردەکار، لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری مەهاباد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. ئەو ژیانی پیشەیی خۆی لە ساڵی ١٩٧٨ لە شاری ئابادانی باشووری ئێران وەک مامۆستای بیرکاری و کارەبا دەست پێکرد. دوای وەرچەرخانە سیاسییەکانی شۆڕشی گەلان لە ئێران، گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی و لە هونەرستانی شاری مەهاباد درێژەی بە پیشەی پیرۆزی مامۆستایەتی دا.
- وێستگەی ڕۆژنامەگەری و پەرەگرتنی زمانەوانی
لە قۆناغی دوای شۆڕشدا، سەلاح گادانی بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەرپرسیارێتی دەرکردنی ڕۆژنامەی “پێشەوا”ی گرتە ئەستۆ. ئەم قۆناغە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ لە ژیانی ئەدەبی ئەودا، بەو پێیەی دەرفەتی هاوکاری و ئاشنایەتی لە نێوان ئەو و ژمارەیەک لە دیارترین نووسەر، ڕووناکبیر و کەسایەتییە ئەدەبییەکانی کورددا ڕەخساند؛ لەوانە زیندەیادان: عەلی حەسەنیانی، کەریم حیسامی، ئەحمەد کاکەمەمی و دکتۆر ڕێبوار (مامۆستا سەوجە)، هەروەها بەڕێزان جەعفەر حوسێنپوور (هێدی)، مستەفا ئیلخانیزادە و چەندین سیمای دیکەی ڕۆشنبیری. ئەم کاروانە ئەدەبییە وەک فێرگەیەکی دەوڵەمەند ڕێگای خۆش کرد بۆ قووڵبوونەوەی لە زمان، ڕێنووس و فەرهەنگی کوردی.
- کۆچ و ئەزموونی پەروەردەیی لە تاراوگە
پاش ڕووداوە سیاسییەکان و ڕووبەربوونەوەی ژیانی تاراوگە، سەلاح گادانی لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو و لەوێشەوە بەردەوامی بە پەیامی پەروەردە بەخشی. لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوودا، ئەو وەک مامۆستای زمانی کوردی، کۆمەڵناسی و بیرکاری لە ئاستەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی کاری کردووە. ئەم ئەزموونە درێژخایەنە لە ژینگەیەکی فرەکولتووردا، تێگەیشتنێکی قووڵ و ئەکادیمی لە بواری پەروەردەی نێوانکەلتووری و فێرکردنی فرەزمانی پێ بەخشیوە، کە دواتر ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر شێوازی وەرگێڕانەکانیەوە هەبووە.
- پڕۆژەی وەرگێڕان و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی
لە ماوەی ٦ بۆ ٧ ساڵی ڕابردوودا، سەلاح گادانی بە شێوەیەکی چڕوپڕ ڕووی لە کاری وەرگێڕان کردووە و چەندین بەرهەمی گرنگی ئەدەبی و فیکری جیهانی لە زمانی سویدییەوە گواستووەتەوە بۆ زمانی کوردی. لەوانە:
- “میسۆ برایم و گوڵەکانی ناو قورعانەکەی” و “دادە سوورێ و ئۆسکار” لە نووسینی نووسەری ناوداری فەڕەنسی ئێریک ئیمانوئێل شمیت.
- ڕۆمانی پڕ لە ڕەهەندی سیاسی “ساڤرۆلا” لە نووسینی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، وینستۆن چرچیل.
نوێترین کاری وەرگێڕانی، گواستنەوەی ڕۆمانی شاهکاری “دراوسێکان” (همسایهها)ی نووسەری بەناوبانگی ئێرانی ئەحمەد مەحموود بوو بۆ زمانی کوردی، کە لە نەورۆزی ٢٠٢٤ لەلایەن “وەشانخانەی ٤٩ کتێب” بڵاوکرایەوە و پێشوازییەکی کەموێنەی لەلایەن خوێنەران، نووسەران و ڕەخنەگرانی ئەدەبییەوە لێکرا. زمانپاراوی و ڕەچاوکردنی ڕێنووسی دروستی کوردی لەم بەرهەمەدا، لایەنێکی بەرچاو بوو کە ڕەخنەگران وەک خاڵی بەهێزی شێوازی کارکردنی ئاماژەیان پێداوە.
- هەڵسەنگاندنی کەسایەتی ئەدەبی وەرگێڕ لە ڕووی هەڵبژاردنی بەرهەمەکانەوە
کاتێک سەیری کارنامەی وەرگێڕانی سەلاح گادانی دەکەین، دەتوانین چەند ڕەهەندێکی فیکری و ستراتیژی لە کەسایەتی ئەودا بەدی بکەین لە ڕێگەی ئەو دەقە جیاوازانەی کە هەڵیبژاردوون:
- فرەڕەهەندی و تێکەڵکردنی فەلسەفە، مرۆڤایەتی و سیاسەت: هەڵبژاردنی بەرهەمەکانی ئێریک ئیمانوئێل شمیت (وەک میسۆ برایم و دادە سوورێ) نیشانەی گرنگیدانی وەرگێڕە بە بابەتی لێبوردەیی، پێکەوەژیانی ئایینی، پەروەردەی ڕۆحی و قبووڵکردنی ئەوی دی. لە بەرامبەردا، کاتێک دەچێتە سەر وەرگێڕانی کتێبێکی وەک ساڤرۆلای چرچیل، لایەنە خولیاوییەکەی ئەو بۆ مێژووی سیاسی، شۆڕش، و ململانێی هێز دەردەکەوێت. ئەم هاوسەنگییە لە نێوان مرۆڤدۆستیی فەلسەفی و واقیعییەتە سیاسییەکاندا، پانتاییەکی فراوان بە پڕۆژە ڕۆشنبیرییەکەی دەدات.
- پردی کەلتووری لە نێوان ئەزموونی تاراوگە و نیشتماندا: سەلاح گادانی ژیانی پیشەیی خۆی لە سوید بەسەر بردووە، لێرەوە هەڵبژاردنی زمانی سویدی وەک سەرچاوەی وەرگێڕان (تەنانەت بۆ دەقە غەیرە سویدییەکانیش)، نیشانەی هۆشیارییەکی قووڵە بۆ گواستنەوەی بەرهەمە جیهانییەکان لە ڕێگەی ئەو زمانەی کە تێیدا ژیاوە و پێی گەیشتووە. ئەو دەیەوێت بەم کارە بۆشایی نێوان ناوەندە ئەدەبییەکانی ئەوروپا و کتێبخانەی کوردی پڕ بکاتەوە.
- هەڵبژاردنی شاهکارە ڕیالیزمەکان و نزیکی لە دەردی کۆمەڵگاوە: وەرگێڕانی ڕۆمانی دراوسێکانی ئەحمەد مەحموود، کە یەکێکە لە لوتکەکانی ئەدەبیاتی ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی، نیشان دەدات کە سەلاح گادانی هێشتا بە قووڵی بەستراوەتەوە بە مێژووی هاوبەشی ناوچەکە، خەباتی چینایەتی، و ژیانی خەڵکی ستەمدیدە. ئەم دەقە پێویستی بە زمانێکی پاراو، دەوڵەمەند و نزیک لە زاری خەڵکەوە هەیە، کە سەرکەوتنی وەرگێڕ تێیدا، سەلمێنەری لێهاتوویی زمانەوانی و خەمخۆرییەتی بۆ گەیاندنی ڕووداوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان بە زمانی دایک.
پوختە: کەسایەتی سەلاح گادانی وەک وەرگێڕ، تەنیا ڕاگواستنەوەی وشە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی هۆشیارانەیە لە هەڵبژاردنی ئەو دەقانەی کە خزمەت بە گەشەی فیکری، لێبوردەیی کۆمەڵایەتی، و ناسینی واقیعی سیاسی و مێژوویی دەکەن.




