ئەدەبیڕۆمانکتێب

ساڤرولا

نووسەر: وینستۆن چرچیل

وەرگێڕ: سەلاح گادانی

 

… هێز و توانای پێکهێنانی هاوپەیمانی، بەشێکە لە هەنگاونان بەرەو مەبەست و ئامانجی بایخدار.

… تەنیا ئەوانەی لەم تایبەتمندییانە گەیشتن، توانیان هاوپەیمانی پێک‌‌بێنن و تێیدا بمیننەوە. واتە تەنیا ئەو مرۆڤانەی تا ڕادەیەک پێناوداری بەرپرسایەتی بوون، توانیان بژین و گەشە بکەن….

پێناسەیەک دەربارەی نووسەر

حافیزەی مێژوویی محەکی زەمان و مامۆستای ژیانە.

زەمانیش بە پێی مەکان هەل و مەرجی تایبەت، کەسایەتی تایبەت و کارێزما دەخوڵقێنێ.

لە سەرەتاکانی سەدەی بیست تا کۆتاییەکانی سێ‌چارەگی ئەم سەدەیە بەتایبەتی لە سەرەتا، میانە و کۆتاییەکانی دوو شەڕی جیهانی، دەورانێکی کەسایەتی‌سازە. بەپێی هەڵ‌ومەرجی دۆخی زەمانە هێندێک کەس دەبنە کارێزما و کاراکتێری سەرەکی لە سیاسەتی عالەمی و بڕیاردەری چارەنووسی گەلانی جیهان. بەتایبەتی دوو کەسی دیاری کۆتاییەکانی نیوەسەدەی سەرەتای ئەم سەدەیە وەک براوەی شەڕی دووهەمی جیهانی بریتین لە: ژۆزێف ستالین سەرۆکی سۆڤیەتی ئەوکات و وینستۆن چرچیل سەرۆک‌وەزیرانی ئینگلستان. دیارە سیاسەتی واشینگتۆن لە میانەی ئەم دوو شەڕەدا کە ئەمریکا تازە واریدی سیاستی ئوروپا و ڕۆژهەڵات دەبێت فرەتر لە لەندەن یان بە مەشوەڕەتی سەرەکی لەندەن دیاری دەکرا و بڕیاری لەسەر دەدرا. لە ڕاستیدا شەڕی دووهەمی جیهانی بە شکستی ئاڵمان و ئیتالیا کۆتایی هات، فەرانسەش لە ژێرباری قورسی گەورەترین خەسارەتی ماڵی و ڕووحی پشتی چەمابۆوە. بۆیە مەیدانی ڕمبازێنی سیاسەتبازی لە ئوروپا و بەتایبەتی ئوروپای ڕۆژاوا بۆ ئینگلستان تەواو لەبار دەبێ و دەبێتە یەکەسواری مەیدانی تاکتیک و ستراتێژی دیاری‌کردنی چارەنووسی گەلان و دابەشکردنی ناوچە ژێئۆپۆلیتیکییەکان. دیارترین کەسی ئەو سەردەم و مەیدانەش کە هەتا ئێستاش و ڕەنگە بۆ هەتاهەتایە ناوی لە مێژوودا بمێنێتەوە کەس نییە جگە لە وینستۆن چرچیل سیاسەتمەدار و سەرۆک‌وەزیرانی ئینگلستانی ئەو کات.

لێزانی و کارێزمایی چرچیل هەتا ئەو ئاستەیە کە کۆمەڵیک لە وتەکانی وەک پەندی پێشینیانی لێهاتووە. بۆ وێنە ئەم کورتە وتارە کە دەڵێ: “ئەوە نە کۆتاییە و نە سەرەتای کۆتاییەک، بەشکوو کۆتاییەکە بۆ سەرەتایەک”.

کورتەیەک لە ژیاننامەی سێر وینستۆن چرچیل

وینستۆن چرچیل لە٣٠ی نوامبری ساڵی ١٨٧٤ لە بلەنهایم پالاس لە ئاکسفۆردشێری ئینگلستان لە باوكێکی ئینگلیسی و دایکێکی ئەمریکایی بە وەرەد دێت. باوکی چرچیل، راندۆلف چرچیل لە بنەماڵەی ناوداری سپێنسێر و دایکی کچی میلیۆنێرێکی ئەمریکایی بوو.

ئەو خوێندنی سەرەتایی لە مەدرەسەی هارو تەواو و دواتر تێکەڵ بە ئاکادێمی سەربازیی سەلتەنەتیی سەندهیرست دەبێت. ساڵی ١٨٩٣ دەچێتە ڕیزی سپای بریتانیا و ساڵی ١٨٩٨ وەک ئەفسەرێکی سپا، دەچێتە بەرەکانی شەڕی سوودان. ساڵی ١٨٩٩ ڕیزەکانی سپا جێ دێلێت و واردی بازاڕی سیاسەت دەبێت.

سەرەتا وەک ڕۆژنامەوان دەچێتە ئافریقای باشووری کە لەوێ شەڕی دووهەمی بوئێر لە گۆڕێ دایە. لەوێ ماوەیەک بە نووسراوە بە ناردنی ڕاپۆرتی شەڕی بۆئیرەکان هاوکاری ڕۆژنامەی(the Morgon post)ی لەندەن دەکات.

ماوەیەکیش لە لایەن بوئێرەکانەوە دەستگیر و وەک بەدیلگیراوی شەڕ زیندانی دەکرێت. هەر چۆنێک دەبێت لە دەستیان ڕادەکات و ڕزگاری دێت. چرچیل چ وەک نیزامی و چ وەک ڕۆژنامەوان لە کوباوە بۆ ئافریقای باشووری و هەتا هیندوستان، گەلێک وڵاتی جیهان دەگەڕێت. ساڵی ١٨٩٨.یەکەم کتێبی بە ناوی:

(The story of malakand field force)))

لە سەر شەڕ و کێشەکانی باکوری هیندوستان بڵاو دەکاتەوە.

ساڵی ١٩٠٠ وەک ئەندامی حیزبی موحافیزەکار دەچێتە پارڵمانی ئۆلدهام. بەڵام دوای ماوەیەک دەگەڵ ئەم حیزبە دەیپسێنێت و ساڵی ١٩٠٤دەچێتە پاڵ حیزبی لیبراڵ. وینستۆن چرچیل لە سیاسەتدا لە سەرسەختترین دژبەرانی دڵخوازانەی چەک‌داماڵین بوو. هەروەها دژبەری بە بڕی لامەلامە و نەرمەبڕی بریتانیا و فەرانسە لە ڕاست زیادەخوازی و سەرەرۆییەکانی هیتلێر بوو.

بە پسانی سیاسەتی سازش و ژێرپێنانی پەیماننامەی مۆنیخ و دەسپێکی شەڕی دووهەمی جیهانی و هێرشی ئاڵمان بۆ سەر وڵاتانی بلژیک، هولەند و فەڕانسە، نۆبێل چەمبەرلین سەرۆک‌وەزیرانی بریتانیا لە مانگی مای ١٩٤٠ دەستی لە کار کێشایەوە.

وینستۆن چرچیل لە تەمەنی ٦٥ ساڵی‌دا وەک سەرۆک‌وەزیران و وەزیری‌بەرگری جێگای چەمبەرلینی گرتەوە. ئەو سەردەمەی سەرۆک‌وەزیریی چرچیل هاوکات دەگەڵ سەلەتەنەتی جۆرجی شەشەم بوو.

چرچیل لە درێژەی شەڕدا پێوەندییەکی توند و تۆکەمەی دەگەڵ فرانکلێن رۆزوێڵت سەرۆک کۆماری ئەمریکا پێکهێنا.

چرچیل هەروا لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن‌دا مایەوە، بەڵام پاشان لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٤٥، لە دەسەڵات کەوت. سەرەڕای ئەوەش هەر وا لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆندا بوو.

لە کۆتاییەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی لەسەر زێدەخوازییەکانی ژۆزیف ستالین وەک وەسەرخستنی وڵاتانی(لیتۆنی، ئیستۆنی، لیتوانی و ڕۆژهەڵاتی لەهستان) بە خاکی سۆڤیەت و هەروەها داگیرکردنی سەربازیی و دامەزرانی دەوڵەتانی دەستکردی سەرەڕۆ لە بەشی ئورووپای ڕۆژهەڵات کەوتە بەربەرکانیەکی توندوتۆڵ و پێشگیرانە.

بۆ ئەو مەبەستەش چرچیل هانی ئورووپای ڕۆژاوا و ئەمریکای دا بۆ پێکهێنانی یەکیەتێکی دژی کۆمۆنیزم. دەستەواژەی دامەزرانی”پەردەی ئاسنین”یش لە لایەن چرچیلەوە بڵاو بۆوە و بوو بە دروشمی ڕۆژ.

چرچیل جارێکی دیکەش ساڵی ١٩٥١ بۆ سەرۆک‌وەزیرانی بریتانیا هەڵبژێرایەوە و ساڵی ١٩٥٥ لەو پۆستە وەلانرا، سەرەڕای ئەوەش تا کۆتایی تەمەنی وەک ئەندامی پارڵمانی وڵات و سەرۆکی‌فەخری مەجلیس هەر مایەوە.

لە هەڵوێستە سیاسیەکانی دا لاڕێێ و دژایەتی و ناڕازی بوونی ئەو بە دانی سەربەخۆیی بە خەڵک و وڵاتی هیندوستان لە بیر ناکرێت. لەسەریەک چرچیل لە دونیای سیاسەتی بریتانیادا وەک ئەرکێکی گرینگی سەرشانی، ڕۆڵێکی بەرچاو و لە بیرنەکراوی گێڕا. ئەو ڕۆڵ و توانی پاشایەتی(مەلەکە)ی لە سیاستی بریتانیادا کورت کردەوە. ئەم لە دمدان و هەس‌دانەوەش لە دەورانی مەلەکە ویکتۆریا هەتا مەلەکە ئێلیزابێتی دووهەم دیار و بەرچاوە.

مەرگی لە نەکاوی وینستۆن چرچیل

سەرەتای ژانویەی ١٩٦٥ تووشی هەڵامەت هات و کەوتە سەرجێ، هەر لە ١٥ی ئەو مانگەدا بە هۆی خوێنڕێژی مێشک تووشی سەکتەی مێشکی هات و کەوتە دۆخی بێهۆشی و ئاگا لە خۆبڕان.

سپێدەی یەکشەممەی ٢٤ی ژانوییەی ١٩٦٥ دوای ١٠ ڕۆژ نیگەرانی و چاوەڕوانی خەڵک لە دۆخی سڵامەتی ناوبراو، لە تەمەنی ٩٠ ساڵی‌دا لە ناوچەی هایدپارک گێت لە شاری لەندەن ماڵاوایی دوایی کرد.

لەسەر بڕیاری مەلەکە ئێلیزابێتی دووهەم بۆ ماوەی سێ ڕۆژ تەرمی وینستۆن چرچیل لەبەر چاوی خەڵک مایەوە، هەتا دۆستان و لایەنگرانی بتوانن بێن لە نزیکەوە ئەدای ئەمەگناسی و ماڵاوایی لێ بکەن. ئەوجار ڕێ‌وڕەسمی ناشتنی لە کلیسای سێنت‌پاڵ لە ڕێ و ڕەسـمێکی بەشکۆدا بەڕێوە چوو.

ئەوەش لە ساڵی ١٩١٤ەوە یەکەم ڕێوڕەسمی وڵات بوو کە بۆ کەسێکی دەرەوەی بنەماڵەی پاشایەتی بریتانیا بەجێ دەهات. ئەم ئامادەکارییە و تەداروکی ناشتنە، یەکێک لە کەم‌وێنەترین و بەشکۆترین تەداروکی ماڵاوایی کۆتایی و ناشتنی کەسایەتییەک لە بریتانیا بوو. زیاتر لە نوێنەری ١٠٠ وڵات لە نێویاندا کەسانی وەک سەرۆک کۆمارانی فەرانسە شارل دۆگۆل، دوایت ئایزێنهاوێر سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ئامادە و بەرچاوبوون.

جەنازەی وینستۆن چرچیل دوای تەشریفاتی ڕێزگرتن و ماڵاوایی یەکجارەکی لە گۆڕستانێکی سەر بە کلیسای بلادۆن لە ئاکسفۆردشایر هەر لەو گۆڕستانەی دایک و باوکی لێ نێژرابوون لە پاڵ سیبەری کاخی بلەنهایم بە خاک سپێرا.

وینستۆن چرچیل و وەرگرتنی جایزەی نۆبێلی ئەدەبیات

ڕەنگە دونیا فرەتر وینستۆن چرچیل هەر وەک سیاسەتوانێکی کاریزما بناسن، بەڵام ئەو لە هەمان‌کاتدا نووسەڕێکی سەرکەوتووش بوو.

ئەو لە درێژەی کار، ئەرک و خزمەتی سیاسەتوانی، وەک نووسەریش شانازی فرەی وەدەست هێنا.

ساڵی ١٩٥٣ بە هۆی توانایی و زەرافەت لە شەڕح و وەسفی ڕووداوەکانی تاریخی و ژیاننامەیی و شیرین زمانیی لە بەیان و دیفاع لە ئارمانە بەرزەکانی ئینسانی، جایزەی نۆبێلی دەستەبەر کرد.

وینستۆن چرچیل لە سەر خواستی سەرۆک کۆماری وەختی ئەمریکا جان ئێف کەنەدی و لە سەر پەسەندی کۆنگرەی ئەمریکا لە ٩ی مانگی ئاپریلی ١٩٦٣ وەک یەکەم شارۆمەندی‌فەخری ئەمریکا هەڵبژێرا. هەرچەند ئەو بە هۆی ناسازی جەستەیی نەیتوانی بەشداری ئەم ‌ڕێوڕەسمەی کۆشکی سپی بێت، بەڵام کوڕ و نەوەکەی ئەو شانازییەیان بۆ وەرگرت.

خەڵکی بریتانیا ساڵی ٢٠٠٢ لە گشتپرسییەک‌دا کە بە هۆی دەزگای بی‌بی‌سی بەڕێوەچوو، “سێر وینستۆن چرچیل”یان وەک مەزنترین کەسی بریتانیایی مێژووی ئەم وڵاتە هەڵبژارد.

پێشەکی وەرگێڕ

خوێنەری بەڕێز!

وەک لەسەرەوەش باسم کرد زۆربەی زۆری خەڵک چرچیل بە سیاسەتوان و سەرۆک‌وەزیرانی بریتانیا دەناسن کە چی دەبینین لە گێرانی قەڵەم و هەروەها وێژەش‌دا وەستایی و لێهاتوویی بێ‌وێنەی هەبووە. ئەم کتێبەی وا لەبەر دەستتانە، ساڤرولا سەرەتا لە ساڵی .١٨٩٧ لە گۆڤاری مەک میڵان، بەش‌بەش بڵاو کراوەتەوە و پاشان وەکو بۆخۆی لەسەرەتای کتێبەکەی دا دەڵێت بە هۆێ پێشوازی بەرچاو بڕیاری داوە وەک کتێبیش لە چاپی بدا. منیش کە خوێندمەوە بەباشم زانی بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە لە لایەک بەهرەیەکم بە کتێبخانەی کوردی گەیاندبێ و لە لایەکیش لایەنی دیکەی کەمتر ناسراوی چرچیلم بە خوێنەری کورد ناساند بێ.

هیوادارم جیا لە ئاگادار بوون و بەشکردنی ئەزموونەکانی شۆرشی “لاورانیا”، کە زۆر وێچوویی دەگەڵ سەرهەڵدانەکانی وڵاتانی ناوچەی ئێمە هەیە، دەرسێکیش بێ بۆ نەوەی داهاتوو کە ژیرانەتر لە نەوەی پێش خۆیان هەنگاو بنێن.

وەرگێر سەلاح گادانی

بەشی ١

ڕووداوێــــکی سیــاسـی

تیشکی هەتاوی پاش بارانێکی بەخوڕ کە تازە لێی‌کردبۆوە، بە درز و کەلێنی گەواڵە هەوراندا دزەی کردبوو، لە گوێسوانانی دەدا و دەگەڵ سێبەری هەر دەم لەگۆڕاندا، شەقام، خانووبەرە و پارکەکانی شاری “لاورانیا“ی لە ئامێز گرتبوو. زەوی هێشتا کزر نەببۆوە و لەبەر تیرڕێژی هەتاو دەبریسکایەوە. تەپ‌وتۆز خست‌بووی، گەرما دامرکابوو. لق‌وپەلی دارەکان دەلەرینەوە. سەما و لارولەنجەی گەڵاکان کە هێشتا تەڕ بوون، لەبەر تیشکی خۆر چاوەچاویان بوو و ئەمەگناسی خۆیان بۆ هەوەڵ بارانی پاش گەرمای بێ‌ئەمانی هاوین دەردەبڕی. ئەمە نیشانەی دەستپێکی پاییزی جوان و دڵگوشای پێتەختی لاورانیایە کە بە شاری خۆشەویستی و ژوانگەی هونەرمەندان، شوێنی حەسانەوەی ساڵمەندان و هەروەها گەشتیاران، ناو و ناوبانگی دەرکردووە.

هەرچەند بارانێکی پڕ و بەخوڕ بوو بەڵام نەیتوانی‌بوو بڵاوە بە ئاپۆڕای ئەو خەڵکە بکات کە لە گۆڕەپانی گەورەی شار لەبەرانبەر بینای پارڵماندا کۆببوونەوە. سەرەڕای ئەوەی کە دەمێک بوو لە دڵەوە چاوەڕوانی ئەم بارانە دەکرا، بەڵام ڕووما و ڕوخساری تاڵ و تووڕەی خەڵکی پێ ساماڵ نەکرابوو. گشتیان لەژێر باراندا‌ خووسابوون، کەچی دابەزین و پاشەکشەیەک لە بڕیار و حەز و ویستیاندا بەدی نەدەکرا. وا وێدەچوو شتێکی گرنگ بقەومێ. ئەم بینا جوانە کە زۆر کۆبوونەوەی نوێنەرانی خەڵکی بەخۆوە بینیوە، تەمی لەسەر نیشتووە. تەمێک کە نە بە هیما و یادی سەرکەوتنەکان و نە بە ‌تێکڕای ئەو هەمووە پەیکرە جوانانە کە خەڵکی هونەرپەروەر، بینای پارڵمانیان پی‌ڕازاندۆتەوە، ناڕەوێتەوە.

گورهانێکی تەیار و پۆشتەی ئەسپ‌سواری گاردی‌کۆمار بەڕیز و لە چەند لێزگەدا لەبەر پلیکانە بەردینە گەورەکانی پارڵماندا وەستاون. هێزێکی بەرچاو لە سەربازی پیادەش ڕێگای بەرین و چوارگۆشەی چوونە ژووری پارڵمانیان حەسارەداوە و چاوەدێری دەکەن. لەپشت سەربازەکانیشەوە خەڵک گشت ماوەی مەیدانەکەیان قۆڕغ کردووە. خەڵکی دیکەش هەروا بەردەوام بە تێکڕای شەقام و کۆڵانەکانی شاردا بەڕێوەبوون و بەرەبەرە خۆیان دەگەیاندە ‌پانتایی مەیدانەکەوە. ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکیش بەم پەیکەر و کۆتەڵە بەردینانەوە کە کاتی خۆی بۆ ڕێزلێنان و یادی قارەمانەکانی کۆمار دروست کراون، هەڵچووبوون و خۆیان بە هەیکەلەکانەوە هەڵواسی بوو. بەشێک ‌پەیکەرەکانیان دە ئامێز گرتبوو ‌و بەشێکیش دە ئامێزی پەیکەرەکاندا وەستاو یان دانیشیتبوون. نووسراوەی داوێنی پەیکەرەکان کە کورتە سەربوردەی کەسانی دامەزرێنەر و شەهیدانی کۆماریان لەسەر نووسراوە بە خەڵک داپۆشراون و دیارنین.

سەر لقی دارەکان و سەر پەنجەرەی بیناکانی دەوروبەر بەدەراوی مەیداندا، لە خەڵک جمەیان دەهات و پڕ بوون لە تەماشاچی نوێکاو. حەشیمەتێکی لە ڕادە بەدەر بەجموجۆل و دەم‌بەقسە وەک دەریا شەپۆلی دەدا و حەجمینی نەبوو. دەنگی ناڕەزایی، هاواری تووڕەیی بە چەشنی دەریایەکی کەفچڕێن، شەپۆل شەپۆل لە ئاپۆڕای خەڵکەوە بەرز دەبۆوە و خۆی دەگایاندە گۆشە و کەناران.

لێرە و لەوێ یەکێک ڕاست دەبۆوە، لە خۆی دەنووسا دەستی دەکرد بە بانگ و کورتەوتار. هەزاران کەس کە تامەزرۆی دەربڕینی هەستی ناخی خۆیان بوون، بە بەڵێ هوریایان بۆ دەکێشا، ئەگەرچی بەشێکی زۆر لە دوایین وشەکانی وێژەریان بەر گوێ نەکەوتبوو.

لە مێژووی لاورانیادا ئەمڕۆ ڕۆژێکی گەورە بوو. لە ماوەی پێنج ساڵی دوور و درێژی دوای شەڕی ناوخۆییدا خەڵک، بێ‌ڕێزی، سەرکوت و وردبوون لە نیزامی دیکتاتۆری‌یاندا بە ئێسک و پیست بینی‌بوو و هەستیان پێ‌کردبوو و دەگەڵیدا ژیابوون. حکوومەت بەهێز و دەسەڵات بوو، بەڵام درێژەدەر و بیرهێنەرەوەی هەر هەمان دەسەڵاتی گەندەڵی پێشوو بوو. بەشی وریای کۆمەڵگا دەمێک بوو ‌ئاگاداری ئەم نالەبارییانە بوو و هەستیان پێدەکرد و دەنگی ناڕەزاییان هەر لەسەرەتاشەوە، هەرچەند کزیش بێ، هەڵبڕی‌بوو.

کەم نەبوون ئەوانەی کاتی خۆی لەبەرەی براوەکانی شەڕدا چەکیان هەڵگرتبوو و سەرکەوتنیان مسۆگەر کرد بوو و ” ئانتۆنیۆ مولارا”یان بە پۆستی سەرۆک‌کۆماری گەیاندبوو. کە چی ئێستا ماڵیان زەوت کرابوو یان کەوتبوونە بەندیخانە و بگرە ژمارەیەکیشیان ببوونە قوربانی و گیانیان دانابوو. ژمارەیەکی بەرچاو هاوڕێ، ئاشنا و ڕۆشنا کە تا دواهەناسە مابوونەوە و پشتیان لە خەبات نەکردبوو ئێستا ئیتر بێ‌سەروشوێن کرابوون. حکومەت لە سەرەتاوە بە ناوی سەرکوتکردنی نەیارە لێبڕواەکانی زەبروزەنگی نواندبوو و بەرەبەرەش ئەم توند و تیژی‌یە ناپێویست و لە ڕادەبەدەرەی، لێ‌ببوو بە خوو و خدەیەکی دیکتاتۆرانە.

دەستوور و یاسای بنەڕەتی وڵات کە هاووڵاتی‌یانی بەتەمەن بەڕێزەوە لێیان دەڕوانی و شانازییان پێوەدەکرد، کاری پێ نەدەکرا، لە دەورکەوتبوو و هەڵپەسێردرا بوو.

سەرۆک‌‌کۆمار بە ناوی بەرگری‌کردن لە وڵات، ئارامی و پاراستنی ئاسایشی گشتیی، پێشی بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان گرتبوو و بەم شێوەیە ڕێگەی نەدابوو خەڵک نوێنەرانی خۆیان بۆ پارڵمان یان ناوەندەکانی دیکەی بڕیار، کە سەدان ساڵ بوو وەک سەنگەری پاراستنی ئازادییەکان سەیر دەکران، بنێرن. ئاستی ناڕەزایی هاووڵاتی‌یان ڕۆژ دەگەڵ ڕۆژ و ساڵ بە دوای ساڵ بەردەوام لە بەرزبوونەوە دابوو. جەماوەری حیزبی ئۆپوزسیۆن لە سەرەتادا بریتی بوو لە ژمارەیەکی کەمی پاشماوەی لایەنی دۆڕاوی شەڕ، ئێستا ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە دوای ساڵدا لە پەرەئەستاندن‌دا بوو، تا ئەو جێگایە کە ببوون بە یەک، لە هەرە گەورەترین پێکهاتە سیاسیەکانی وڵات و سەرئەنجام سەرۆک و دەمڕاستێکیشیان بۆ خۆیان دیاری کرد. چالاکی و خۆڕێکخستن دژ بە حکومەت هەموو وڵاتی گرتبۆوە. دانیشتووانی پێتەخت لە ئاستێکی بەربڵاو هەنگاوەکانی خۆیان دەگەڵ بەرنامەکانی ئۆپۆزسیۆندا ‌کە تا دەهات پتر لە پەرەئەستاندن‌دا بوو، ڕێکدەخست. خۆپێشاندان بە دوای خۆپێشاندان‌دا ڕێک‌دەخرا. هێشتا سەرهەڵدانێک دانەمرکابۆوە کە یەکی دیکە سەری هەڵدەدا. تەنانەت هەڵسوکەوتی گوماناوی، بەشی سەربازیشی گرتبۆوە.

سەرۆک‌کۆمار بە نابەدڵی ناچار ببوو پاشەکشە بکات و بەخۆدا بچێتەوە. بۆیەش ڕاگەیندرا کە هەڵبژاردنی گشتی وڵات لە ڕۆژی یەکی سیپتامبردا بەڕێوە دەچێت و هاووڵاتی‌یان دەتوانن ڕا و بۆچوون، حەز و ئاواتەکانیان لە ڕێگای سەندوقی هەڵبژاردنەوە دەرببڕن.

هاووڵاتی‌یانی لایەنگری چاکسازی کە حەزیان بە ڕێگاچارەی ئاشتەوایی بوو بەم بەڵێنی‌یە ڕازی بوون. تەنانەت توندئاژۆکانیش کە لە کەمایەسی دابوون، دامرکابوون و هات‌وهاواریان هێندەی پێشوو نەبوو. دەوڵەت لەم هێوربوونەوەیە کەڵکی خراپی وەرگرت. ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕێبەرانی خەڵک، کە لە چاوی حکومەتدا جێگەی مەترسی بوون خستە زیندانەوە. ئەوانەی کە لە سەردەمی شەڕی‌ناوخۆییەوە پەڕیوەی هەندەران ببوون و بە نهێنی گەڕابوونەوە وڵات تا لە قۆناخی نوێدا بەشداری چالاکییەکان بن، بە ناچار هەمدیسان سنووریان بەزاند و جارێکی تریش ئاوارە بوونەوە.

پشکنین و بە دوادا گەڕان بوو بە هۆی دەست بەسەرداگرتنی ژمارەیەکی زۆر چەک و تەقەمەنی کە لە لای خەڵک بوون. وڵاتانی ئەورپایی کە زۆر بە حەزەوە دۆخەکیان ‌لەژێر چاوەدێریدا بوو و بەردەوام سەیری پێوانەی سیاسی وڵاتیان دەکرد، لەو باوەڕەدا بوون کە بەخت و تەختی حکومەت لە ئەمان دایە و دەوڵەت شارەزایە و دەزانێ کوو هەڵسوکەوت بکات و بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بێت. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم هێورییە هی ئەمە بوو کە هاووڵاتیان بە بێدەنگییەوە چاوەڕوان بوون تا ئاکام و بەرهەمی بەڵێنیەکانی حکومەت لە ڕۆژی هەڵبژاردندا دروێنە بکەن.

ئەو ڕۆژەی هاووڵاتی چاوەڕوانی بوون هات. ناوەندەکانی پەیوەندیدار بۆ بەشدارکردنی حەفتا هەزار نوێنەری پیاو لە حەوزەکانی تایبەتی هەڵبراردندا، ئامادەکاری پێویستان کردبوو.

بەپێی نەریتی سیاسی وڵات بڕیاربوو سەرۆک‌کۆمار خۆی پڕۆگرامی هەڵبژاردن بۆ هاووڵاتی‌یان واژۆ بکات. هەروەها ئیزنی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی ناوەندەکانی دەنگدان لە پێتەخت و پارێزگاکان دەربکات، واتە بەپێی دەستووری کۆن مافی دەربڕینی ڕا لەسەر ئەم سیستمەی ئێستاکە خەڵک بە دیکتاتۆر ناوی دەبات، پارێزراو بێت.

ئەوە ڕاست ئەم دەمەساتە بوو کە کۆمەڵانی خەڵک چاوەڕوانی بوون. ئەگەرچی جارناجارێک لە سووچێکی گۆڕەپانەکەوە دەنگی هوریایەک بەرز دەبۆوە بەڵام زۆربەی کات بە بێدەنگی و لە چاوەڕوانی‌دا تێپەڕ دەبوو. تەنانەت کاتێک سەرۆک‌کۆمار هات تا بچێت بۆ مەجلیسی پیران، خەڵک دەنگێکی وای لێوە نەهات. لە ڕوانگە و لێکدانەوەی خەڵک‌دا سەرۆک‌کۆمار ڕۆژەکانی کۆتایی دەسەڵاتی تێپەڕ دەکرد. هیوا بە دواڕۆژی وڵات بەبێ “مولارا” هۆی هێوری و دان‌بەخۆداگرتنی هاووڵاتی‌یان بوو و هەروەها چەشنێکیش بوو لە لێ‌بوردوویی دەپێناو پاراستن و ئاسایشی دواڕۆژی وڵات دا. ڕوانگەی گشتیی و باوەڕی زۆربایەتی هاونیشتمانیان ئەمە بوو کە بەزوویی یاسا و ڕێساکانی ڕابوردوو و مافە بنەڕەتییەکان سەرلەنوی ڕەچاو دەکرێنەوە و جارێکی دیکەش حکومەتی دێمۆکراتیک لە “لاورانیەن“، دێتەوە سەر کار.

لەناکاو پیاوێکی تەمەن مامناوەندی لەسەر پلیکانەکان خۆی نیشانی ئاپۆڕای خەڵک دا. جل‌وبەرگێکی ناڕێکی دەبەر دابوو، دەموچاوی لەبەر تووڕەیی سوورسوور هەڵگەڕابوو. ئەوە “مۆریت” بوو، یەک لە ئەندامانی لێژنەی نیشتمانی، کە تێکڕای خەڵک خێرا ناسییانەوە و بە هاواری ئەرێنی و پشتگیری بەخێرهاتنیان کرد. تەنانەت ئەوانەی لەبەر دووری نەیانزانی کێیە، ئەوانیش دەنگی خۆیان دایە پاڵ دەنگی خەڵکانی دیکەوە. سەرانسەری مەیدان ببوو بە دەنگی هورای ئەرێنی گەل.

مۆریت بە دەنگ و دەست‌ڕاوەشاندن هەوڵی دا شتێک بڵێ، بەڵام دەنگی دەروەستی هوریا و هاواری زاڵ بە سەر مەیدانەکەدا نەهات و لە ڕێگادا خنکا. پیاوێکی دیکە کە وەک بەردەست یان فەڕاشێک دەهاتە بەر چاو بەڕاکردن هات دەستی خستە سەرشانی و بردییەوە ژوورێ. هاوار و هوریای خەڵک بەردەوام لەبەرز بوونەوە دابوو.

ئێستا کەسی سێهەم لە دەرگاکەوە هاتە دەرێ. پێاوێکی بە تەمەن کە یونیفۆڕمی سیویلی نوێنەرانی دەبەر دابوو. لە ڕاستیدا نە بەهێمنی بەڵکوو بە نیوە ڕاکردنێک خۆی گەیاندە کالیسکەیەک کە بە شوێنی‌دا هاتبوو. دیسان هوریای ئامادەبوان بەرز بۆوە.

” گـــــــــــــــودی!… گـــــــــــــــودی… بـــــــــــژی گـــــــــــــــــودی! ‌قــــارەمانی گەل! هـــوڕا … هـــوڕا! “

ئەوە شارەدار بوو یەک لە ئەندامانی پارتی گەل، بەدەسەڵات، بەویجهە و جێگەی ڕێز. ئەو خۆی هاویشتە کالیسکەکەی و بەو ڕێگایەدا کە سەربازەکان بۆیان بڕ دابوو هات و گەیشتە ناو ئاپۆڕای خەڵک. هاووڵاتی‌یان هاوکات دەگەڵ دانی دروشمی پشتیوانی ڕێگەیان بۆ دڕدەدا. کالیسکەکە سەر ئاوەڵە بوو بۆیەش هەموو لایەک دەیبینی کە پیاوە پیرەکە لە ڕادە بەدەر گرژ بوو، ڕەنگی دەم‌وچاوی سپی هەڵگەڕابوو. دەمی لەبەر خەفەت و تووڕەیی پێک دادابوو. هەرچی سەیرت دەکرد لە دانیشتن و دیمەنی‌ڕا هیوایەک بەدی نەدەکرا. بەڕوونی دیاربوو دەروەست نایە و ناتوانێ ناخی ئاڵۆزی بشارێتەوە. دروشمی لایەنگرانەی خەڵک بە ببینی دیمەنی گرژ و بێ‌هیوای شارەدار، کپ‌بوو و جێگەی خۆی دا بە تێڕامان و گەڕان بە دوای ‌وەڵامێک‌دا. ئەوانەی نزیک کالیسکەکە ئاخیان هەڵدەکێشا و هاورایان دەکرد:

چی ڕوویداوە؟ چ بوو ؟ چ قەوما؟ گودی قسان بکە، شتێک بڵێ!

بەڵام گودی وەڵامی پرسیارەکانی نەداوە و لە کاتێکدا لەبەر تووڕەیی دەلەرزی بە کالیسکەچییەکەی گوت کە خێرا بێ.

کۆمەڵانی خەڵک بێ‌هیوا کشانەوە دواوە و کەوتنە ڕامانەوە. دەڵێی وێدەچێ بڕیارێکی گرنگ درابێ؟ شتێکی وێرانکەر، چاوەڕوان نەکراو دیارە نەهامەتییەک ڕووی داوە. لە حەسڕەتی هەواڵێک‌دا هەموو لایەک گڕیان گرت بوو کە بزانن چ بووە.

ئێستا ئیتر بازاڕی دەنگۆیان گەرم بووە؛ دەڵێن: سەرۆک‌کۆمار ئامادە نەبووە پڕۆگرامی هەڵبژاردن واژۆ بکات. نا، دەڵێن: خۆی کوشتووە. یەکی دیکە دەڵێ: دەڵێن فەرمانی ئاگر دراوە بە سەربازەکان. هەڵبژاردن بەڕێوە ناچێ. ساڤرولا گیراوە، نا، لە پارڵماندا دەستبەسەرە. یەکی دی دەڵێ: کوژراوە.

دەگەل مەقۆمەقۆی ئامادەبووان و پەرەساندنی ئەو هەنگامەیە، ئاسەواری ژانێکی نادیار لە سیما و هاواری بەشداراندا بەئاشکرا خۆی دەنواند و دەبیسترا.

سەرئەنجام وەڵام هات. لە سووچێکی گۆڕەپانەکەدا خانوویەکی لێ‌بوو کە شەقامێک لە بینای پارڵمانی جیا دەکردەوە و ئەو شەقامەش لە لایان سەربازەکانەوە بۆ هامووشۆ، کراوە و پارێزراو بوو. لە باڵکۆنی ئەم خانووەوە مۆریتی گەنج خۆی نیشان دا و هەر ئەوەش بوو بە دەسپێکی بشێوی و هەرا و هوریایەکی زۆر. مۆریت دەستەکانی بەرز کردەوە کە خەڵک بێدەنگ بن و پاش ماوەیەکی کورت ئەوانەی وا لە ڕیزەکانی پێشەوە بوون گوێیان لە قسەکانی بوو.

“”ئێوە خەیانەتتان لێکراوە، خیانەتێکی خوێڕییانە. هەموو ئەو هیوا و ئاواتانەی ئێمە دڵمان پێخوش کردبوون، درۆ بوون و پووچەڵ کرانەوە. هەرچی کردمان بە فیڕۆ چوو. ئێمە خەیانەتمان لێکراوە، ئێمە فریو دراوین. خیانەت! خیانەت!””

بەشێکی کورت لە وتارەکەی گەیشتە ناو ئاپۆڕای خەڵکی تووڕە و نیگەران. هەزارێک لە بەشداران ئەوەی بیستیان هاواریان کرد و هەزاری تریش بوون بە زایەڵەی دەنگی هەزارانی تر.

دەستکاری سیستەمی هەڵبژاردن کراوە. ناوی زیاتر لە نیوەی ئەو نوێنەرانە کە هەڵگری دەنگی خەڵکن ڕەش کراونەوە. کاتی خەباتە لاورانی! کاتی خەباتە لاورانی!

بۆ چەند چرکە ساتێک سێبەری بێدەنگی خۆی بە سەر مەیدان‌دا کێشا، پاشان دەنگی بێزاری و بێ‌هیوایی یەکییان گرت و بوون بە دەنگی بڕیاردەرانە، بوون بە گڕ.

لەم کات‌وساتەدا کالیسکەی سەرۆک‌کۆمار کە چوار ئەسپ ڕایاندەکێشا و کۆمەڵێک ئەفسەری سوارکار و بەشێک لە گاردی جمهوری لە ڕکابی دابوون، گەیشتنە بەر پلیکانەکانی پارڵمان. ئینجا کەسێکی بەخۆوە و باڵابەرز لە دەرگای پارڵمان هاتە دەرەوە. ئەو یونیفۆڕمی سەربازیی شین و سپی جوانی لاورانیای دەبەر دابوو. میداڵەکانی سەر سینگی دەگەڵ هەنگاوە لەخۆباییەکانی دەلەرینەوە و بریسکەیان لە چاوی بینەر دەدا. بەرلەوەی بچێتە ناو کالێسکەکەی دەمێکی باش وەستا، وەک بڵێ دەرەتان بداتە خەڵک تا بە تەواوی و پڕ بەدڵیان هۆی لێ‌بکەن و فیتووی بۆ لێبدەن. بێ‌ئەوەی خۆ شلوێ بکات وای دەنواند کە لەسەرەخۆیە و دەگەڵ “سینیۆر لۆڤیت “ــی وەزیری ناوخۆ، کە هاوڕێی دەکرد، قسان دەکات. چەند جارێک دەستی بۆ حەشیمەتەکە کە لەجێ‌وە دەکوڵی، ڕاداشت و پاشان بە پلیکانەکان دا هاتە خوارێ. ‌لۆڤیت ‌لە سەرەتاوە بە تەما بوو لە گەڵیدا بڕوات بەڵام کە گوێی لە هات‌وهاواری حەشیمەتەکە بوو، خۆی دزێوە و وای نواند ئیشێکی بە پەلەی بیرکەوتۆتەوە کە بۆ دواخستن نابێ و دەبێ ڕایپەڕێنێ، بۆیەش گەڕایەوە ناو پارڵمان. سەرۆک‌کۆمار بەتەنیا درێژەی ڕێگای دا. سەربازەکان دەستەوتفەنگ، ئامادە دەوریان گرتبوو. دەنگی بێزاری و تووڕەیی لە ئاپۆڕای خەڵکەوە گۆڕەپانی داگرت. ئەفسەرێک لەسەر پشتی ئەسپەکەیەوە گوڕاندی و ئەمری دەرکرد. چەند پۆل سەرباز لە شەقامی لای ڕاستی بینای پارڵمانەوە هاتنە ناو بەشی پاوانکراوی بەر پارڵمان کە ئێستا دەهات بکەوێتە دەستی خەڵک.

هەرئەوەند سەرۆک‌کۆمار سواری کالیسکەکەی بوو تیپی سەربازانی پارێزەر لەپێش کالیسکەکەوە کەوتنە ڕێ. خەڵک هەر دەهات، زۆرتر و زۆرتر لە کالیسکەی سەرۆک‌کۆمار نزیک دەبوونەوە، تا وای لێهات دەگەڵ سەربازانی پارێزەر کەوتنە بەریەک. ئەفسەرێک هاواری کرد: بکشێنەوە دواوە! بەڵام کەس گوێی نەدایە.

دەنگێکی گڕ هاواری کرد: بکشێنەوە دواوە، ئەگینا تەقەتان لێ‌دەکەین!

بەڵام حەشیمەتێ تووڕە و داخ لەدڵ بستێکیش چییە نەکشانەوە دواوە.

هەڕەشە و مەترسی بەتەواوی هەست پێدەکرا.

لە هەموو لایەکەوە دەنگی جـــاش! خــائیــن! درۆزن! دیکتاتۆڕ! بەرز بۆوە. زۆر قسە و جوێنی دیکەی ناشیرینیش بیسترا کە لێرەدا بۆ گێڕانەوە نابن. “مافەکانمان دەوێتەوە! ئەو مافانەی تۆ لێت زەوت کردوین”.

ڕاست لەم کاتەدا کەسێک لە ڕیزەکانی دواوە ڕا دەمانچەیەکی هەوایی تەقاند. بێ‌یەک‌ودوو سەرنێزەی سەربازان کەوتنە کار و هاواریان خستە ناو خەڵک. ناڵە و هاوار لە هەموو لایەکەوە بەرز بۆوە. خەڵک هەر کەسە و بە لایەک‌دا ڕای‌دەکرد تا نەکەوێتە بەر سەرنێزەی سەربازەکان کە ئیتر ئێستا کەسیان نەدەپاراست. خەڵکێکی زۆر بە سەر یەکدا کەوتن، پاماڵ کران و لە بن‌پێیان دا دەیان‌ناڵاند. هێندێک لەبەر پێی ئەسپی ئەفسەرەکاندا و هێندێکیش بە نووکی سەرنێزەی سەربازەکان بریندار ببوون و شەڵالی خوێن. دیمەنێکی ترسناک!

ئەوانەی وا لە پشتەوە بوون بەردیان دەهاویشت، چەند کەسێکیش دەمانچەی ڕووت بە دەستەوە و ڕەمەکی تەقەیان دەکرد. سەرۆک‌کۆمار وەک مێشێکیشی لێ میوان نەبێ قیت دانیشتبوو سەیری ئەم دیمەنەی دەکرد. لەناکاو کڵاوەکەی کەوتە خوارەوە و ڕێچکەیەکی باریکی خوێن بە سەر گۆنای‌دا شۆڕ بۆوە، بەردێک سەری پێکابوو. بۆ ماوەیەکی کورت ترس ڕەوینەوە. جەماوەر تەوژمی خۆیان بۆ سەر کالیسکەی سەرۆک‌کۆمار چڕتر کرد. هیوای بە سزا گەیاندنی دیکتاتۆری وڵات، لە مێشکی هەر تاکێک‌دا زۆرتر گوڵی کرد. بەڵام خۆڕێکخستن و نەزمی سەربازی، بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بۆوە، خەڵک بۆ دواوە ڕەپاڵ نرایەوە و جارێکی‌تر ترس و بێ‌هیوایی بارگەی گواستەوە بۆ ناو دڵی کۆمەڵانی تووڕە و بریندار لە گۆڕەپانەکەدا. نووکی تیژی سەرنێزەی سەربازەکان سێرەی لە سینگی ڕیزەکانی پێشەوە گرتبوو و مەودای نێوان خەڵک و کالیسکەی سەروک‌کۆمار فرەوانتر دەبوو. خەڵک بەدەم دەربڕینی ڕق و بێزاری و دانی دروشم دەکشانەوە دواوە.

هەر لەم کات‌وساتەدا سەرهەنگی فەرماندەی تیپی بەردەم پارڵمان کە هروژمی خەڵک بۆ سەر کالیسکەی سەرۆک‌کۆمار ‌سەخڵەت و هەراسانی کردبوو کێچی کەوتە کەوڵی و ڕووی کردە ئەفسەری تەنیشتی و گوتی: چار نییە دەبێ تەقەیان لێ‌بکەین.

ئەفسەرەکە وەڵامی داوە: هیچ دژایەتییەکم نییە. دەرفەتی چاکە با ئەم تەقەمەنییە نوێ‌یانە تاقی بکەینەوە. بزانین ئەم گوللە تازانە بە کەڵک دێن!؟ سا ڕووی کردە سەربازەکانی و تێیان‌ڕاخوڕی: دەرفەتی چاکە ئامادە بن!

سەرهەنگ بە دەنگێکی گڕەوە وەڵامی داوە: سەروان ڕەنگە نیوە گورهانێک بەس بێ.

دەنگی گوللە وەبەرنانی تفەنگان کە گوللەیان دەخرا بەر، بەرز بۆوە. ئەوانەی لە ڕیزی پێشەوە و لە سەربازەکانەوە نزیک بوون ترسیان ڕێ‌نیشت و کەوتنە جموجۆڵی خۆ ڕزگار کردن تا نەکەونە بەر دەسرێژی گوللەی سەبازەکان. لەم ناوەدا پیاوێک، تەنیا پیاوێک کە کڵاوێکی حەسیری لەسەر بوو هێدی و ئارام، چوو پێشەوە و دەنگی هەڵبڕی:

“بۆ خاتری خوا تەقە مەکەن! بەزەییتان هەبێ تەقە مەکەن! ئێمە بڵاوەی دەکەین.”

بۆ چرکەیەک بێدەنگی باڵی بەسەر وڵات‌دا کێشا پاشان دەنگی فەرمانی ئاگر بیسرا، هێشتا دوایین پیتەکانی وشەی ئـــــاگر قوڕگی فەرماندەی جێ نەهێشتبوو کە دەنگی تەقە بیسراو و بە دواشی‌دا دەنگی هاوار هاوار.

کلاوێکی حەسیر و پیاوێکی پیر بە تەنیشت یەکەوە لە خوێندا شەڵال لەبەر پێییان کەوتبوون. ژمارەی ئەوانەی کە وا دەپێکران و دەکەوتن لە زیادبوون دابوو. بێجگە لە سەربازەکان هەر کەسە و بۆ لایەک ‌ڕای دەکرد. باش‌بوو بەخۆشییەوە ژمارەیەکی زۆر شەقام بە سەر مەیدانەکەوە دەکرانەوە، پاش ماوەیەکی کورت مەیدان چۆل و هۆل بوو وەک بڵێی زۆر دەمێکە حەشیمەت و خەڵکی بەخۆیەوە نەدیت‌بێ. کالیسکەی سەرۆک‌کۆمار کە ژمارەیەک سەرباز و ئەفسەری بە دەورەوە بوون و دەیانپاراست، بە نێو خەڵکی پڕش و بڵاوی لە حاڵی هەڵاتن‌دا، تێپەڕبوو و بەرەو کۆشک ڕۆیشت و بێ‌هیچ گرفتێک مەیدانی بەجێ‌هێشت.

هەموو شتێک تەواو بوو. حەشیمەت بڵاوەی کردبوو گۆڕەپانی گەورە و چوارگۆشەی بەر پارڵمان بڵێ‌ونەڵێی چۆل ببوو. چل جەنازە نەخشی گۆڕەپان ببوون و ژمارەیەک قاپۆرە گوللە لە دەوروبەریان کەوتبوون. هەر دوو لا ئەرکی خۆیان لە مێژووی گەشەساندنی مرۆڤایەتی‌دا ئەنجام دابوو. ئێستا ئیتر بۆ مرۆڤایەتی ئەرکیان لە ئەستۆ نەبوو. ئەوەندە نەبێ کە سەربازەکان پووکە بەتاڵەکانیان کۆ کردەوە و پاشانیش پۆلیس بە عاڕەبانەوە هات، ئەوەی مابۆوە بردی. کپی و بێدەنگی باڵی بەسەر لاوڕانیا دا کێشابۆوە.

بەشی ٢

سەرۆک‌کـــۆمــــار

کالیسکەی سەرۆک‌کۆمار کە دەور و پشتی بە سەربازی سوارکار تەنرابوو لە شیپانی دەروازەی کۆشک تێپەڕ بوو و بە نێو پارک و بیناکاندا ڕۆێشت تا گەیشتە بەردەم دەرگای کۆشک. سەرۆک‌کۆمار دابەزی. بە نیشانەی پێزانی لە وەفاداری سوپا یەکراست چوو بۆ لای ئەفسەری فەرماندە تیپی سەرنێزەداران و پێی گوت:

هیوادارم هیچکام لە سەربازەکانت بریندار نەبووبن.

ئەفسەرەکە وەڵامی داوە: ژنڕاڵ پایدار بێ، شتێک نییە بۆ وتن ببێ، گەورەم! .

سەرۆک‌کۆمار بەردەوام بوو و گوتی: ئێوە زۆر ژیر و بوێرانە جووڵانەوە. هیچکات لە بیری ناکەم، بەڵام تۆش دەزانی فەرماندەیی پیاوی بوێر هاسانە، ئەوانیش لە بیر ناکەم.

لەو کاتەدا سەرهەنگی بینی لە دوورەوە ڕا دەهات. پێی‌گوت:

  • ها سەرهەنگ! باش بوو هاتی، چاوەڕوان بووم دوابەدوای ئاگادار بوونیان لە بڕیاری ئێمە کە دەمانهەوێ لە پاراستنی یاسا لە وڵات‌دا بەردەوام بین، هێندێک سەرەڕۆیی و هەڵلاوبگر سەرهەڵ‌بدات.

ئەم دوایین وشانەی ڕوو بە پیاوێکی ڕەشتاڵەی لەبەر خۆر ‌تاوەسووت، بوو کە لە دەرگای تەنیشتەوە بەرەو ئەوان دەهات.

ئەم پیاوە ناوی”سەرهەنگ سورەنتۆ“یە. خۆی سوپاییە بەڵام سەرۆکی گشتی پۆلیسە. دیارە جیا لەم پۆستە گرینگە، پۆستی وەزیری بەرگری کۆماریشی لە ئەستۆیە. تێک‌هەڵکێشی ئەم دوو پۆستە گرنگە هاسانکارێکی بێ‌کێشە بوو کە بەخێرایی سەربازانی سوپا بخزێننە ڕیزەکانی پۆلیسەوە کە هێزێکی سیویل و مەدەنییە. بەم‌چەشنە سوپا کە ئەرکی سەرەکی پاراستنی سنوورەکان لەبەرانبەر هەڕەشەی دەرەکی‌دا بوو، هەر دەموساتێک بۆ سەرکوتی کێشە و پرسە ناوخۆییەکان بەکار دەهێنرا.

سورەنتۆ لەسەریەک پێاوێکی هێدی و ئارام بوو. ئەو لە زۆر نائارامی و شەڕ‌دا بەشدار بووە. ناوبانگی بە بوێری و خۆڕاگری دەر کردووە و چەند جارێکیش بریندار بووە، کە چی خۆڕێکخستن و دژکردەوەی ئەمڕۆی جەماوەری خەڵک تا ڕادەیەک ئەویشی شپرزە کردبوو.

سەرهەنگ سورەنتۆ کە نزیک بۆوە و سەری زامداری سەرۆک‌کۆماری بینی، پرسی:

  • وا بریندار بووی؟

سەرۆک‌کۆمار لە وەڵامدا گوتی:

  • شتێکی وا نییە، بەردێک بوو. بەڵام دەزانی باشیان خۆ ڕێکخستبوو! دەبێ کەسێک هاندەریان بێ. خۆم هیوادار بووم بەرلەوەی خەڵک وریا ببنەوە و شتێک بزانن، ئەوێم جێ‌هێشتبایە. ئەرێ ئەوە کێ بوو قسەی بۆ دەکردن؟

سورەنتۆ:

  • مۆریت، یەک لە ئەندامانی لێژنە بوو کە لە باڵکۆنی هۆتێلەوە هانی دەدان و قسەی بۆ دەکردن. پیاوێکی جێگەی مەترسییە، بە خەڵکی دەگوت: “ئێمە خیانەتمان لێ‌کراوە.”

سەرۆک‌کۆمار:

  • خیانەت؟ هەی لەو بێ چاو و ڕووییە! ئەم جۆرە وتاردانە دەکەونە بەر پاراگرافی ٢٠ی دەستووری وڵاتەوە. “هاندانی خەڵک دژ بە کەسی یەکەمی کۆمار و وەپاڵدانی درۆ و دەلەسە و هەروەها گۆڕین و دەست‌تێوەردانی ڕاستییەکان.”

وا دیاربوو سەرۆک‌کۆمار ئەم پاڕاگرافەی بەباشی و لەبەر دەزانی و باوەڕی پێی بوو کە دەبێ دەسەڵاتەکانی پارێزراو بێ. ڕووی کردە سورەنتۆ و گوتی:

بیگرە، بی‌خەرە زیندانەوە! بوختان و ئیهانەت بە دەوڵەت نابێ بێ‌سزا بێت. پاشان گوتی: یان نا، ڕەنگە ژیرانەتر وابێ جارێ نەرمی بنوێنین و دەست ڕاگرین. ئێستا حەز ناکەم پرسی خیانەت لە خۆمان گەورە کەینەوە. پاشان بە دەنگێکی بەرزتر گوتی: سەرهەنگ! ئەم ئەفسەرە گەنجە وەک سەربازێکی ڕاستەقینە ئەرکی خۆی بەبڕیار و ژیرانە بەڕێوە برد، ئەمر بکە لەبیری نەکەن. چوونە سەر لە پەیژەی جێگە و پێگەدا دەبێ بەپێی لێهاتوویی و خزمەت بێ نەک چوونە سەری تەمەن. دیسان رووی کردە ئەفسەرە گەنجەکە و گوتی: جەوان! ئێمە لێهاتوویی و لەخۆبوردوویی تۆ لە بیر ناکەین.

ئەو لە پلیکانەکان وەسەرکەوت و لە دەرگای کۆشک چۆ ژوورێ بۆ ناو ساڵۆنەکە. ئەفسەری جەوان کە تەمەنی دەوری بیست و دوو ساڵێک دەبوو لە خوارێ لە داوێنی پلیکانەکان مابۆوە. سەرمەست و دڵخۆش، بیری لە داهاتووی‌ ڕووناک و هیوابەخشی خۆی دەکردەوە.

ساڵۆنەکە مەزن و لاکێشەیی هەڵکەوتووە و دارودیواری لەسەر شێوە وەستاکاری کۆماری لاورانیا دروست کراوە. لەهەر گۆشەیەکی هیمای چەکی کۆمار هەڵکەنراوە. ئەستونەکانی خۆشتراش لە بەردەمەڕمەڕی بێ‌غەوش، هەڵگری مێژوویەکی پڕ لە شانازین. تابڵۆ نیگارکراوکانی سەر دیواریش لە مێژووی وڵات دەدوێن. بۆ وێنە؛ سەرەتای دامەزرانی کۆمار لە ساڵی١٣٧٠ زایینی، پێشوازی کردنی نوێنەری “ستۆرم گۆلس“، سەرکەوتن لە شەڕی “بــروتـا” و هەروەها وێنەی وڵاتپارێزی بەناوبانگ، “ساڵدان‌هۆ” کە مەرگی هەڵبژارد بەڵام ئامادە نەبوو دەستووری وڵات بخاتە ژێر پێ. لە بەشێکی دیکەی ساڵۆن وێنەکانی سەردەمی نوێ وەک بناغەلێدانی بینای ئێستای پارڵمان، سەرکەوتن لە شەڕی دەریایی “کاپ چێرۆنتا” و کۆتایی شەڕی‌ناوخۆیی لە ساڵی ١٨٨٣، دیارن. هەر دوو جەمسەری بڕانەوەی ساڵۆن، شانشینی رازاوە بە حەوز و فەوارە کە دەوروبەریان دارودرەخت و گوڵ دایپۆشیون و خۆیان زینەتێکن کە زەین و چاوی ماندوو دەحەسێننەوە. لەبەرانبەر دەرگای دووچاوەی هاتنە ژووری ساڵۆن پلیکانێکی بەرینی مەڕمەڕ بەرەو قاتی میوانان دەچێت کە دەرگای ژوورەکانی بە پەردە مەخمەرێکی ئەستووری سوور داپۆشراو و نەدیون.

لە قاتی سەرەوە لە ‌ئاخرین پلیکان خانمێک وەستابوو. دەستی خستبووە سەر نەردە مەڕمەڕەکان، داوێنی درێژی باڵاپۆشە سپییەکەی دەگەڵ داوێنی پەردە سوررەکانی پشت سەریەوە، لێکیان دەگێرایەوە. ژنێکی گەڵێک جوان و باڵابەرز، بەڵام ئێستا تەنیا شتێک لە ڕوخساریدا بەدی دەکرا، هەر نیگرانی بوو.

وەک خووی ژنانە، بێ‌ئەوەی چاوەڕوانی وەڵام بێ سێ پرسیاری بە دوای یەک‌دا کردن.

  • ئانتۆنیۆ! چ قەوماوە؟ خەڵک شۆڕشی کردووە؟ بۆچی تەقەیان کرد؟

پەرێشان و نیگەران هەروا لەسەر پلیکانەکان وەستابوو وەک بڵێی بترسێ بێتە خوارێ.

سەرۆک‌کۆمار بە زمانێکی ئیشک وەڵامی داوە:

  • هەموو شتێک بەخێر گوزەرا، بە نیازبوون کێشە بنێنەوە. بەڵام ئەم سەرهەنگە وەڵامی گونجاوی دانەوە و ئێستا شار وەک خۆی ئارامە. ئینجا ڕووی کردە سورەنتۆ و پێی‌گوت: لەوانەیە سەربزێوی دیکە بکرێتەوە، باشتر وایە سەربازەکان ئامادە باش بن، بۆیەش باشیان پێ‌ڕابگەن، با بەخۆشی کۆمار جامێک زیاتر بخۆنەوە. ژمارەیان زیاد بکەن، با لەناو شار‌دا گەشتی تایبەتی هەبێ. ئەگەر شتێک هاتە پێش وا من لێرەم ئاگادارم بکەن. شەو خۆش سەرهەنگ!

سەرۆک‌کۆمار چەند پلیکانێک وەسەرکەت. وەزیری بەرگری کڕنۆشی برد، سڵاوێکی سەربازی کرد و لەبەر چاوان ون بوو.

خانمی چەلەنگ و جوان چەند پلیکانێک بەرەو خوار هات و لە نیوەی ڕێگا گەیشتنە یەک. سەرۆک‌کۆمار هەر دوو دەستی خانمی لە دەستی خۆی گرت و بە بزەیەکی گەرم پێشوازی لێ‌کرد. خانم پلیکانێک سەرتر لە سەرۆک‌کۆمار وەستا بوو داهاتەوە و بە سارد و ساکاری ماچێکی کرد، ماچێکی دۆستانە بەڵام وەک ئەرکێک.

سەرۆک‌کۆمار گوتی:

  • بەڵێ خۆشەویست، ئەمڕۆ بەخێر تێپەڕبوو چەندی تریش تێپەڕ دەکەین، نازانم. سەرهەڵدان ڕۆژ دەگەڵ ڕۆژ بەهێزتر دەبێ. ئەمرۆ لە مەیدانی شار بۆ دەمەساتێک دۆخێکی پڕ مەترسیمان هەبوو بەڵام ئێستا جارێ مەترسییەکە ڕەوی‌وەتەوە.
  • زۆر نیگەران بووم.

هەر لەو کاتەش‌دا لە ناکاو چاوی بە گۆنای خوێناوی هاوسەرەکەی کەوت، ڕاچڵەکی و گوتی:

  • بەڵام خۆ تۆ برینداری!
  • شتێک نییە، بەردیان تێ‌هەڵکردین و ئێمەش بە گوللە وەڵاممان دانەوە کە کاراتریشە.
  • ئەدی لە پارڵمان چ ڕووی دا؟
  • دیارە چاوەڕوانی کاردانەوەی ناشیرینم دەکرد. لە وتارەکەم‌دا گوتم: هەر چەند دۆخی وڵات سەقامگیر نییە، بەڵام بڕیارمان داوە دەستوور و قانوونی ئەساسی کۆنی کۆمار بێنینەوە گەڕ و کاری پێ‌بکەین. هەر بەم مەبەستەش پێویستە ئەندامانی ناڕازی و ئاژاوەچی لە لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردن، دەربهاوێن. شارەدار داوای لیستەکەی کرد، هەموو هەوڵیان دەدا بزانن کێ لە لیستەکە دەرهاوێژراوە و یان کێ ماوە. کاتێک ناوی خۆیان لە لیستەکەدا نەبینی لە ڕادە بەدەر تووڕە بوون. “گودی”، ئەم پیاوە گەمژەیە، وشەیەکیش چییە بۆی نەهات. “لۆڤیت” پێی‌گوتن دەبێ پێشنیارەکە قەبوول بکەن تا وڵات هێور دەبێتەوە. کە چی بە فیتوولێدان و هات‌وهاواری ئامادەبووان پێشوازی لێکرا. لام‌وایە ئەگەر خزمەتکارەکان و سەربازەکان نەبوان، هەر لەوێ لە ژووری پارڵمان دەڕژانە سەرم. “مۆریت” ئەم گوێدرێژە، مستی گرێ کردبوو و لێی ڕادەوشاندم. پاشان بەپەلە چوو دەرێ تا حەشیمەت ئاگادار بکات و بیان‌هارووژێنێ.
  • ئەدی ساڤرولا؟
  • ئا، ساڤرولا، زۆر هێدی و بێدەنگ بوو.کاتێک لیستەکەی بینی زەردەخەنەیەکی هاتێ و گوتی: هەمووی باسی چەند مانگێکە. پێم سەیرە! بۆ هێندە خۆ هیلاک دەکەی.

وەڵامم داوە گوتم:

  • لە مەبەستت تێ‌نەگەیشتم.

بەڵام لێت نەشارمەوە دەمزانی کە ئەو ڕاستی دەکرد.

سەرۆک‌کۆمار سەرقاڵ لە دونیای بیر کردنەوە، دەست لە دەستی خێزانی دا پێ بە پێی یەکتر و هێدی هێدی لە پلیکانەکان وەسەرکەوتن.

بەڵام کەسی خاوەن پێگە لەکاتی ئاڵۆزیدا چرکە ساتێکیش چییە ئارام و قەراریان نییە و ئۆقرە ناگرن. هێشتا لە پلیکانەکانی بەرەو ژووری میوانخانە تێپەڕنەببوون کە دەرگایەک لەوسەری هۆڵەکەوە کرایەوە و یەکێک بەرەوپیلیان هات. پیاوێکی کورتەباڵا، ڕەشتاڵە، ناشیرین، دەم‌وچاو چرچ و تیشکی خۆرەتاو نەدیو. ڕەنگی خۆرنەدیوی دەموچاوی، بەبوونی سمێڵ و قژی ڕەشی، زۆرتری ‌خۆ دەنواند. ئەمە سکرتێری تایبەت، میشێل ‌بوو، کە بە خۆی و چەند دەستە کاغەز بەدەستەوە، بۆ لایان دەهات.

سەرۆک‌کۆمار پرسی:

  • میشێل! ئەوە چییە؟ شتی بە پەلەن کە دەبێ ئێستا بیان‌بینم؟
  • بەڵێ جەنابی سەرۆک. بەڵام چەند خولەکێک زۆرتر ناخایەنێ. ئێوە ئەمڕۆ ڕۆژێکی سەختتان هەبووە، دیارە خۆشحاڵم کە بە خێر گوزەرا.

“مولارا” کە ماندوویی پێوە دیار بوو گوتی:

  • بەڵێ، دیارە بێ شڵەژان نەبوو خرۆشی خۆی هەبوو. ئەوە چن پێتن؟
  • هێندێک تێلگرافی وڵاتانی دەرەوەن و ‌‌هەروەها بریتانیاش نیاز و بۆچوونی خۆی سەبارەت بە باشوری ئەم کۆلۆنییە ئەفریقاییەوە دەربڕیوە. وەزیری کاروباری دەروەی وڵاتیش وەڵامی گونجاوی بۆ ئامادە کردوون.
  • ئاخ لە دەستی ئەم بریتانیایانە! هەموو شتێکیان دوەێ و دەبێ لە هەموو شوێنێک دەسەڵات بن. بەڵام ئێمە دەبێ لەبەرانبەریاندا قایم بوەستین. ئەمن دەبێ لە بست بە بستی سەروەرییەکانمان لە دژی هەموو دوژمنێکی ناوخۆیی و دەرەکی‌دا بوەستمەوە. ناتوانین سوپا بجووڵێنین، بەڵام دەتوانین وەڵامی توندیان بدەینەوە. بڵێ بزانم! ئەوەی نووسراوە لە ئاستی پێویست دا ‌وەڵامێکی توندە؟
  • گەورەم خەیاڵتان ئاسوودە بێ. ئێمە بەڕوونی پەنجەمان لەسەر مافەکانی خۆمان داناوە و پێداگریمان ‌کردووە و بۆ ئێمە سەرکەوتنێکی بەرزی ئەخلاقی دەبێ.
  • هیوادارم دەسکەوتی بەرجەستەشی لێ بچنینەوە و نەچێنە دروێنەی قسەی پووچ و بەتاڵ. ئەوێ ناوچەیەکی بە پیت و بەرەکەت و دەوڵەمەندە و زێڕی لێیە، بۆیە بریتانیاش مرخی خۆی لێ خۆش‌ کردووە. هەڵبەت دەبێ وەڵامێکی توندیان بدەینەوە. دەی چی دیکەشت پێیە؟
  • گەورەم! چەند بڕیارێکش سەبارەت بە سوپا هەیە، وەک خەڵات‌کردن و دانی پلە و پایە. هەروەها چەند حوکمێک دەگەڵ دەست‌نیشانکردنی بودجەی وەزارتی زانیاری و پاراستن، هێندێکیش فەرمانی ئاسایی ڕۆژانە.

مولارا ڕووی کردە لوسیلە ی هاوسەری و گوتی:

  • خۆشەویستەکەم، کەمیش نین، وا دیارە دەبێ پێیان ڕابگەم و سەیریان بکەم. دەبینی چەند سەرقاڵم. دەی کاتی نانی‌شەو یەکتر دەبینینەوە. “وەزیرەکان هەموو دێن؟”
  • هەموو بێجگە لە لۆڤیت. ئەو لەبەر ئەرکێکی گرنگ ناتوانێ بەشدار بێ.
  • ئاخ ئەرکی گرنگ! نەوەڵا ترسنۆکە، هەر کە شەقامەکان تاریک داهاتن ناوێرێ وەدەرکەوێ. کەیفی خۆیەتی خواردنێکی خۆش لەکیس خۆی دەدات. “باشە خاتوونەکەم جارێ، تا کاتژمێر هەشت.”

ئینجا بەپەلە و بە چەند هەنگاو بەرەو دەرگای ژووری کاری خۆی چوو و سکرتێریش بە دوای دا.

خانمی مولارا چەند چرکەیەک لە ساڵۆنی گەورەی میواناندا مایەوە و پاشان بەرەو پەنجەرەیەک و لە ویشەوە بۆ هەیوان چوو. دیمەنێکی جوان و دڵڕفێن خۆی و زەینی لە باوەش گرت. کۆشک لەسەر گردێکەوە دە‌ڕوانێتە سەر شار و پەسارگەی کەشتییەکان. ئێوارە بوو کاتی تاوپەڕان، بەڵام تیشکی هەتاو هێشتا بەسەر دیوارەکانی شاردا بەدی دەکرا. بە کەلێنی باڵەخانەکان و بەسەر میچی خانووەکاندا باغ و دەشت و مەزرای دەوروبەری شار دیارن. سەوزایی ئەم دیمەنە، شینایی دەریا، دەگەڵ تێکهەڵکێشی شار، سەرنجڕاکێش و لاوێنەری چاو بوون. لە لای باکوورەوە بینای بە هەیبەتی پارڵمان سپی‌سپی دەنوێنێ. لە ڕۆژاوای شار، بەندەر، کەشتییەکان و کۆنەقەڵا، ژمارەیەک کەشتی سەربازی بە تەنیشت یەکەوە لەنگەریان گرتووە. ژمارەیەکی زۆر چارۆکەی سپی کەشتیی بازرگانی بە ئاراستەی دەریای ناوەڕاستدا دەبینرێن کە فانۆسەکانیان لە ئێستاوە، کە کاتی تاوپەڕانە، بە کزی دەئاویسێن.

لەبەر خۆرەتاوی ئێوارەی پاییزدا جوانی ژنێک کە پێی‌ناوەتە تەمەنی پێگەیشتن و تێگەیشتن، بێ ئەوەی شۆخ و شەنگی لاوەتی لە کەمێی دابێ، خۆ دەنوێنێ. ڕەوت و ئاکاری تێکڕا نموونەی ئەفسوونێکی ژنانەیە. نازی لێ‌دەباری. کراسەکەی بەری دەگەڵدەوروبەری گەلێک جوان لێک‌دەکاڵێنەوە و ئەمەش هێندەی دیکە دڵڕفێنی و جوانییەکانی ئەم خانمەیان خستۆتە ڕوو.

بەڵام لە ڕوخساری ڕا دەردەکەوت کە ئاواتی وەدی نەهاتوون. لوسیلە پێنج ساڵ لەمەوبەر شووی بە مولارا کردبوو. ئەوکات مولارا بە دەسەڵات گەیشتبوو. بنەماڵەی لوسیلە لە لایەنگرانی قورس و قایمی مولارا بوون. باوک و برای هەر دووکیان لە شەڕی سوراتۆس‌دا کوژرابوون. دایکی داماو و بێ‌دەرەتان بۆ یارمەتی تاقە کچەکەی دەستەوداوێنی کێ بووبایە ئەگەر ڕووی لە بە دەسەڵات‌ترین دۆستی بنەماڵەیان واتە ژنراڵ مولارای ئێستا سەرۆک‌کۆمار نەکردبایە. دیارە مولاراش بەڵێنی هەر چەشنە هاوکاری و ئاسانکارییەکی پێ‌دابوو. لە سەرەتادا ئەم هەڵوێستە تەنیا وەڵام‌دانەوەیەک بوو لە پێناو فیداکاری باوک و برای لوسیلە دا، کە چی بەرە بەرە جوانی ئەم کیژە، ختۆکەی خستبووە دڵی جەنابی سەرۆک‌کۆمارەوە. هێشتا مانگێک تێپەڕ نەببوو کە سەرۆک‌کۆمار ئاشقی ئەم کچە جوانە ببوو کە چارەنووس هێنابوویە سەر ڕێگای.

ناو و ناوبانگی ئازایەتی، توانا و بلیمەتی لە لایەک و زەڕق ‌و بەڕقی کورسی سەرۆک‌کۆماریش لە لایەکی دیکەوە و هەروەها شان و باهۆی جوان و لەباری مولارا ، بنەمای وەڵامی ئەرێنی لوسیلە بوون. ئەو بەم وەڵامە دەستی بە پێگەیەکی گەورە لە وڵاتدا گەیشتبوو، پێگەیەک لە ئاستی شاژنێک دا.

تەمەنی بیست و سێ ساڵ بوو کە شووی کرد، مانگ و ساڵەکانی دوای زەماوندیان پڕ بوو لە دیدار و چاوپێکەوتن، وەرگرتنی میوان و میوانداری، بەشداری لە مەجلیسی سەما و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی وەک خانمی یەکەمی وڵات. سەردانی شازادە و گەورە گەورەکانی ئەوروپا کە بێ‌وچان نەک هەر مەدحی جوانی ئەویان دەکرد بەڵکوو لە پێگە و جێگەی سیاسی ئەو لە وڵاتیش‌دا خافڵ نەبوون. لە میوانخانەکەی ئەودا بەردەوام کەسایەتی ناسراوی سیاسی، سەربازی و بگرە خاوەن قەڵەم لە سەرانسەری ئەورپاوە چاویان بە یەک دەکەوت و بەم شێوەیە کارتێکەری و پێگەی لە بەڕێوەبەری وڵات‌دا لە پەرەستاندن‌دا بوو و لە چاوان ون نەدەبوو. سەفیری وڵاتان و ناردراوەی هەندران هەردەم لە چۆنیەتی دۆخی پەیوەندییەکان و تەنانەت گرێبەستەکانیش ئاگاداریان دەکرد و زانیارییان دەگەڵدا بەش‌دەکرد. ئەویش بەردەوام لە پێگەی نافەرمی خۆیەوە میوانداری دەکردن و گوێگری ڕاپۆرت و وەرگری زانیارییەکانیان بوو. هەموو لایەک بە پرسیار و داواکاری جیاوازی خۆیانەوە ڕوویان لێ‌دەنا. تەنانەت بەرپرسی تەشریفاتی دەفتەرەکەی خۆیشی بۆ بردنە سەر و یارمەتی‌دانی براکەی کە لە پۆستخانەدا کاری دەکرد، دەستەوداوێنی ببوو. هەموو لایەک بەچاوی بەرزەوە لێیان دەڕوانی تا ئەو جیگەیە کە ئەم پێ‌هەڵاگوتنە لە جیاتی هەنگوین تامی تاڵاوی دەدا.

هەر لە ساڵی یەکەمەوە ئەو هەستی بە بەتاڵایی و بۆشاییەک لە ژیانی‌دا دەکرد، بەڵام هیچکات نەیتوانی دەست‌نیشانی بکات و بزانێ چییە. لە خۆشەویستی هاوسەرەکەی‌دا گومانی نەبوو. ئەو تەواوی ئەو کاتانەی پاش ئەرکی ڕۆژانەی وەک سەرۆک‌کۆمار دەمایەوە بە تەواوی بۆ ئەوی تەرخان کردبوو و بەیەکەوە بوون. ئەم ساڵانەی دوایی ئیتر ئاستی گەشبینی و هیوای بە دواڕۆژ نزم ببوو. نائارامییەکانی وڵات، گەشەساندنی حیزب و ڕێکخراوە دێمۆکراتەکان و بەهێز بوونی پێگەیان دەست لەناو دەستی کاری قورسی ڕۆژانەدا، کات و برستی لە سەرۆک‌کۆمار بڕی بوو. چین و لۆچ دزەیان کردبووە دەموچاوی مولارا. ئەم چین و چروکانە نیشانەی زەخت و دڵەراوكێی لەڕادە بەدەرن. هێندێک جار لوسیلە ماندوویی و بێ‌هیوایی بەلای سەرۆک‌کۆماروە لە ئاستێکدا دەبینێ وەک پێت بڵێ: لە خۆڕا خۆم هیلاک دەکەم.

لەم دواییانە دا ئیتر مولارا کەمتر کاتی چاوپێکەوتنی دەگەڵ لوسیلە هەیە، ئەم کاتانەش کە هەودوو دەبینن زۆرتر بە لێدوان لە وڵات و پرسی سیاسی‌یەوە تێپەڕ دەبێ.

تەمێک وەک بڵێی هەڵگری کارەساتێک بێ بەسەر پێتەخت‌دا کشاوە. وەرزی پاییز کە تازە دەستی پێ کردووە پەلەی نییە و زۆر هێدی هەنگاو دەنێ. ژمارەیەکی زۆر لە بنەماڵە دەست‌ڕۆیشتووەکانی شار، هێشتا لە هەوارگە هاوینی‌یەکانیان لە داوێنی چیاکانەوە نەگەڕاونەتەوە پێتەخت، ئەگەرچی کە کەش و هەوا بەرەو فێنکی چووە. بنەماڵەکانی دیکە کە لە شاردا ماونەوە خۆیان لە ماڵەکانیاندا پەناداوە و کەمتر لە کۆشکی سەرۆک‌کۆماری‌دا خۆ دەردەخەن، مەگەر بۆ ڕێوڕەسم و میواندارییە فەڕمییەکان. هەرچی دۆخەکە مەترسی‌دارتر دەبێ ماوە و دەرەتانی لوسیلەش بۆ یارمەتیدانی هاوسەرەکەی کەمتر دەبێ. کێشە و گرفتەکان بەچەشنێک پەرەیان ئەستاندووە کە ئیتر چاوی بۆ بینینی جوانییەکان سۆمای نەماوە و هەستکردن بە خۆشییەکانی ژیان بزربوون. لوسیلە ئێستاش پێگەی شاژنی هەبوو بەڵام دەست و پەیوەندەکان و دەوروبەری سەرقاڵی کێشەی دیکە بوون، بیر و هزریان لە شوێنێکی تر و تەرخانی پرسێکی ترە.

چۆن دەیتوانی یارمەتی ئانتۆنیۆ بدات، ئەو کە ئێستا ڕۆژگارێکی دژواری هەیە. بیری دەست کێشانەوە لە پۆست و پێگەی بۆ ئەو وەک بۆ هەموو ژنێکی دیکە بیرێکی نامۆ و نەخوازراو بوو. تۆ بڵێی چارەنووسی وا بێ کە دوای ئاوابوونی تیشکی ڕۆژانی زێڕینی دەسەڵات، بەرپرسایەتی ڕێو‌ڕەسمەکان بگرێتە ئەستۆ، ئەویش لە کاتێکدا نەیارانی شەو وڕۆژ بۆ فەوتانی خۆشی و حەزەکانی چالاکن و دژبەری دەکەن؟

لەبەرەوە لە خۆی پرسی: بەڕاستی بڵێی نەتوانم شتێک بکەم؟ ئەرک و ڕۆلی من تەواو بووە؟ سەردەمی ڕۆژانی خۆشی بەسەر چووە؟ ئینجا بە گوڕ و تینەوە لە خۆی ڕاخوڕی و لێ‌بڕاوانە بەخۆی گوت: دەبێ شتێک بکەم؛ بەڵام چی؟

پرسیارەکە بێ‌وەڵام مایەوە. خۆر ئاوا بووە ئێستا شەبەقی فانۆسە دەریاییەکەی بەندەر باشتر خۆدەنوێنی. دەنگی کپی “تۆپی شەو” کە تەپ‌وتۆزی لە تەپۆڵکەی ئەوبەری شارەوە دەرکەوت، بە کزی کەوتە بەرگوێی لوسیلە کە ئێستاش هەروا لە هەیوان وەستابوو. ئەم دەنگە ئەوی لە دونیای بیروخەیاڵان ڕا هێنایەوە، بەڵام خەیاڵ نەفەوتان و بوون بە بیرەوەری. هەناسەیەکی هەڵکێشا و بە ئەسپایی گەڕایەوە ژوورێ. ڕووناکایی ڕۆژ نەمابوو و تاریکی شەو باڵی بە سەر هەموو لایەک‌دا کێشابوو.

بەشی ٣

قارەمانی گـــەڵ

واق‌وڕماوی و تووڕەیی، شاری داگرتبوو. هەواڵی تەقە و لێکەوتەکانی بە هەموو لایەک‌دا بڵاو ببۆوە و وەک هەمیشە کە لەکاتی وا دا باوە، ترش‌وخوێ دەکرا و لێرەولەوێش لێی زیاددەکرا. بەڵام هەنگاوەکانی پۆلیس کارامە و بیرلێکراوە بوون. ڕێگە بە هیچ خۆ پێشاندانێك نەدەدرا و گەڕانی بەردەوامی پۆل و دەستەکانی پۆلیس، بەرگری لە هەوڵی دروستبوونی هەر چەشنە قەرەباڵغی‌یەک دەكرد. هێنانی گاردی کۆماری بۆ سەر شەقام، تا وا بنوێنن كه‌ گۆیا کۆمار لە مەترسی دایە و به‌م چه‌شنه‌ هەستی سۆز، ڕێز و خۆیی‌بوون لە لای هاووڵاتی‌یان ببزوێنن، تا ئاستێک کارایی خۆی نواند بوو.

لە لای بەرپرسانی حیزبی ڕەوتەکە چەشنێکی دیکە بوو. ئەوان لە لای شارەدار کۆببوونەوە و باسێکی خەستوخۆڵ لە ئارا دابوو. لە تالاری گەورەی بینای شارەوانی دا دانیشتنێکی تایبەتی لە پێش‌دا ڕانەگەیندراو بەڕێوەدەچوو و بەرپرسانی حیزبی بەتەواوی تێی‌دا ئامادە بوون. کاتێک مۆریت، ئەندامی ئەنجوومەن و بەرپرسی پێشووی ڕۆژنامەی “بەربانگ” کە ئێستا ڕاگیراوە، وەژوور کەوت، بوو بە هەڵڵا کە ئاخۆ بۆی هه‌یه‌ بەشدار بێ یان نا؟ کردەوەی بوێرانەی مۆریت ورە و ئاستی لایەنگرانی ئەوی بەرزکردۆتەوە چونکە لە لایەک، یەک لە تایبەتمەندی‌یەکانی دانیشتووانی لاورانیایە کە لایەنگر و چەپڵەلێدەری کار و کردەوەی شاز و بوێرانە بن، لە لایەکی دیکەشەوە پاش ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ بەجۆش و خرۆشەوە چاوەڕوانی کردەوە بوون. دەستەی نوێنەرایەتی کرێکاران زۆر تووڕە بوون و دەیانگوت:

کرێکاران،‌ لە مافی دەستووری خۆیان بۆ دەربڕینی ڕا و سکاڵایان کەڵکیان وەرگرتووە و کەوتوونەتە بەر دەسڕێژی گوللەی سەربازان و کۆمەڵکوژ کراون. بۆیه‌ش قسەی سەرەکی سەرشەقام ئەمەیە كه‌ نابێ بێدەنگ بین، دەبێ تۆڵەی خوێنی قوربانییەکانمان بکەینەوە. توندوتیژترین پلانیش وەک هەمیشە لە لایەن مۆریتەوە دەخرایە ڕوو. کە دەیگوت دەبێ خەڵک بڕژێنە سەر شەقام و دەست بدەنە چەک، کۆشک و ‌قەڵا بسووتێنن، دیکتاتۆر لە ناو بەرن و وڵات ڕزگار بکەن.

گودی كه‌ پیاوێكی بە تەمەنه،‌ له‌سەرەخۆ و هێمن بە تەواوی دژایەتی ئەم پێشنیارەی کرد و پێی وانەبوو دۆخەکە پێویستی بەم هەمووە توند و تیژییە هەبێ، بەڵکوو پێیوابوو دەبێ هێمن و هێدی، بەڵام ڕوون و ئاشکرا دژایەتی خۆیان دەرببڕن و داوا لە ویژدان و بیروڕای نێونەتەوەیی بکەن کە پشتگیر و یارمەتیدەری داواکارییەکانیان بکه‌ن. له‌ هه‌ر لاوە پێشنیارێک و ڕێگاچاره‌یه‌ك به‌رز ده‌بۆوه‌. ڕێنووسی پارێزەر کە پێداگری لەسەر پاراستن و چالاککردنی مافە دەستووری و بەندەکانی یاسای دەکرد، پێشنیاری كرد لێژنەیەکی دەستووری لە پسپۆران و زانایان پێک بێ و یەک لە ئەندامانی لێژنەش دەبێ وەزیری داد بێ و ئەم لێژنەیە دەبێ بە تاوانی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتی‌یان، قەرار لەسەر وەلانانی سەرۆک‌کۆمار بدات. ئینجا درێژەی پێ‌دا و بە تەمای ئەوە بوو کە یەکە یەکە ئەم یاسایانەی کە دەکرا بۆ داکۆکی پشتیان پێ ببەسترێ شی بکاتەوە، بەڵام سەرەنجام لە لایەن چەند کەس لە ئامادەبووانەوە کە بە جۆشەوە چاوەڕوانی دەرفەتێک بوون تا ڕاوبۆچوونەکانی خۆیان دەرببڕن قسەکەیان پێ بڕێ و ڕایان گرت.

چەند بڕیارنامەیەک پەسەند کران. هاودەنگ و کۆک بوون کە سەرۆک‌کۆمار‌ سنوورەکانی دەسەڵاتی خۆی به‌زاندووه‌ و متمانەی هاووڵاتی‌یانی له‌ ده‌ست داوه‌ بۆیه‌ش دەبێ دەست لە کار بکێشێتەوە و لە بەرامبەر دادگای باڵا دا ئامادە بێ. هەروەها کۆکیش بوون لەسەر ئەمە کە سوپا لە هه‌مبه‌ر بەرژەوندی کۆماردا هەڵسوکەوتی نابەجێی نواندووه‌‌ و دەبێ ئەو سەربازانەی کە تەقەیان لە هاووڵاتی‌یان کردووە بدرێنە دادگا و لێپرسینەوەیان لێ‌بکرێ. هه‌مدیسان پەیامێکی هاودەردی بۆ بایخدان و دڵدانەوەی بنەماڵەی بریندار و کوژراوەکان کە بە شەهیدیان ناودێر کردن، ئامادە بکرێت.

کۆی هەمووی ئەم قسە، ڕاوێژ، بێ‌بڕیاری و له‌رزۆكییه‌ کە وەک شانۆگەرێکی بێ‌مانا و بێ‌سەرەوبه‌ره‌ ده‌چوو به‌هاتنه‌ ژووری پیاوێکی بەهەیبەت؛ کە حیزبی لە كاتی ته‌نگانه‌ و لاوازی‌دا، ئەویش لاوازییەك‌ له‌ ئاستی توانەوەدا، ڕێبەری کردبوو، پێاوێک کە بەردەوام دەسکەوت بە دوای دەسکەوتی بۆ حیزب مسۆگەر کردبوو، کۆتایی پێ‌هات. بیده‌نگی ته‌واو باڵی به‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌دا كێشا. ژماره‌یه‌ك له‌ به‌شداران به‌ نیشانه‌ی ڕێزگرتن له‌ شوێنی خۆیانه‌وه‌ له‌ به‌ری هه‌ستان. تێكرا چاوه‌ڕوان بوون بزانن ئه‌و ده‌ڵێ چی. چاوەڕوان بوون بزانن ئه‌و، ئه‌م شكسته‌ گه‌وره‌یه‌ چۆن شرۆڤە‌ ده‌كات. بڵێی جووڵانه‌وه‌ و خه‌بات، بێسوود و هه‌ره‌س‌هێناو لێك‌بداته‌وه‌ و بێ‌هیوایی ده‌رببڕێ؟ بڵێی داماو، خه‌فه‌تبار و یان شه‌رمه‌ساری بنوێنێ؟ له‌ هه‌مووی گرنگتر و به‌ر له‌ هه‌موو شتێك تۆبڵێی پێشنیار و ڕێگا چاره‌ی چ بێ؟

ساڤرولا به‌درێژایی مێزه‌ درێژه‌كه‌دا كه‌ ده‌وران ده‌وری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی شار دانیشتوو یان وه‌ستا بوون ڕۆیشت تا‌ گه‌یشته‌ جه‌مسه‌ری دیكه‌ی مێزه‌كه‌ و ئینجا بێ شڵه‌ژان له‌سه‌ر كورسییه‌ك دانیشت و به‌وردی چاوی به‌ ژووره‌كه‌دا گێڕا. سیمایه‌كی ئارام و هێدی وه‌ك هه‌میشه‌. له‌ ناو گشت شپرزه‌یی و دڵه‌ڕاوكێی ئاماده‌بواندا هێمنی و هێوری ئەم پیاوە، لێهاتوویی و كارامه‌یی ئه‌وی چه‌ند هێنده‌ ده‌كرد. به‌رله‌وه‌ی تاكه‌ ڕسته‌یه‌كیشی گوتبێ ئاستی متمانه‌ و دڵگه‌رمی به‌شداران له‌ گه‌شه‌ساندن دابوو. ده‌تگوت ته‌وێڵی ڕوون و بێ‌گنجی هه‌ڵگری وەڵامی كۆی پرسیاره‌كان بێ و دڵ‌قایمی و بڕوا به‌خۆبوونی‌ ده‌به‌خشییه‌ كۆڕه‌كه‌.

پاش كورته‌ ساتێك كه‌ كه‌س نه‌هاته‌ گۆ، هه‌ستایه‌ سه‌ر پێ. وشه‌كانی یه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌ هه‌ڵسه‌نگێندراو و له‌ جێ‌دا بوون. ئه‌و گوتی: چاوه‌ڕوانیم نه‌ده‌كرد و‌ له لێكدانه‌وه‌م‌دا نه‌بوو كه‌ بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن و لیسته‌ی نوێنه‌ران ده‌ستكاری بكرێن. سه‌ركه‌وتن وه‌دواكه‌تووه‌، ته‌نیا وه‌دواكه‌وتووه. به‌رله‌وه‌ی بێم بۆ ئێره‌ هێندێك حیساب و كیتابم كرد‌، هه‌ر چه‌ند زۆر به‌خێرایی ‌و سه‌رپایی لێكم‌داوه‌ته‌وه‌‌ به‌ڵام له‌ دروستی لێكدانه‌وه‌كه‌ تا ڕاده‌یه‌كی باش دڵنیام. سه‌رۆك‌كۆمار زۆرینەی پارڵمانی داهاتووی پێ‌ده‌بێ، زۆربایه‌تییه‌كی به‌رچاویش. به‌ڵام ئێمەش سه‌ره‌ڕای ئەم گزه‌یه‌ كه‌ له‌ سیستیمی هه‌ڵبژاردندا كراوه‌ ده‌توانین ژماره‌یه‌كی به‌رچاو كورسیمان هه‌بێ واته‌ په‌نجا كورسی له‌ سێ‌سه‌ت‌ كورسی. درێژه‌ی پێ‌دا و گوتی: كه‌مایه‌سی له‌وه‌ش كه‌متر هه‌بووه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی به‌هێزی بە چۆک‌داهێناوە‌ و ڕۆژ به ‌ڕۆژ به‌هێزتر بووه‌. ئاستی ڕق و بێزاری دژ به‌ دیكتاتۆر هه‌رده‌م له‌ گه‌شه‌ساندن دایە. دیاره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م شێوه‌ خه‌باته‌ یاساییه‌ی ناو پارڵماندا ڕێگای دیكه‌ش هه‌یه‌. ((له‌ كاتی ده‌ربڕینی ئه‌م ڕسته‌یه‌ی ئاخردا، ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان لێوی خۆیان ده‌كرۆشت و به‌ ماناوه‌ سه‌یری یه‌كتریان ده‌كرد.)) به‌ڵام جارێ ده‌بێ ئه‌وان سه‌بر بگرن و چاوه‌ڕوان بن چونكه‌ ده‌سكه‌وتی گه‌وره‌ له‌ چاوه‌ڕوانی و دان به‌خۆ داگرتن ‌دایە‌. ئه‌ویش ئازادییە کە پڕبایخترین شتێكه‌ له‌ جیهاندا.

كاتێك له‌ قسه‌كردن وه‌ستا و دانیشته‌وه ده‌‌موچاوه‌كان وه‌ك پێشوو گرژ نه‌بوون، دیار بوو لافاوی ناوخۆیی ده‌روونه‌كانیش هێور ببوونه‌وه‌. باس و لێدوان سه‌ر له‌ نوێ ده‌ستیان پێكرده‌وه‌. بڕیار درا كه‌ له‌ داخله‌ و پاشكه‌وتی ‌حیزب یارمه‌تی بنه‌ماڵه‌ی قوربانییان بدرێ. ئه‌م كاره‌ ده‌توانێ پێگه‌ی حیزب له‌ ناو چینی كرێكاردا بباته‌ سه‌ر و ته‌نانه‌ت هاودەردی نێونه‌ته‌وه‌ییش بۆ لای خۆی ڕابكێشێ. وه‌ڤدێك بچێته‌ لای‌ سه‌رۆك كۆمار و ناڕه‌زایی هاووڵاتییان سه‌باره‌ت به‌ ده‌ست‌تێوه‌ردان له‌ سیسته‌می هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵاواردنی نوێنه‌رانی پێ‌ڕابگه‌یه‌نێ، هه‌روه‌ها داوای لێ‌بكرێ مافی هاووڵاتییان له‌ هه‌ڵبژاردندا بێته‌‌وه‌ سه‌ر دۆخی جاران. داوای به‌ سه‌زا گه‌یاندنی ئه‌م ئه‌فسه‌رانه‌ی لێ‌بكرێ كه‌ فەرمانی ته‌قه‌کردن له‌ خه‌ڵكیان داوە. له‌ ده‌رد و مه‌ینه‌ته‌كانی دانیشتوانی شاریش ئاگادار بكرێ. ساڤرولا، گودی و ڕێنۆس به‌ ئه‌ندامانی وه‌ڤده‌كه‌ دیاری كران و ئینجا كۆبوونه‌وه‌كه‌ دوایی هات.

مۆریت مایه‌وه‌ تا هه‌موو ئه‌وانی تر وه‌ده‌ركه‌وتن پاشان چوو بۆ لای ساڤرولا. ئه‌و به‌لایه‌وه‌ سه‌یر بوو كه‌ به‌ ئه‌ندامی وه‌ڤده‌كه‌ پێشنیار نه‌كرابوو. ئه‌و خۆی زۆر به‌ نزیكتر له‌ سه‌رۆكی حیزب ده‌زانی تا ڕێنۆس كه‌ ته‌نیا ‌پارێزه‌رێكی قسه‌ بریقاوی بێ‌یار و یاوه‌ر بوو. ئه‌و كه‌ به‌ حه‌ز و ویستێكی كوێر‌كوێرانه‌ و وه‌فادار پێ‌به‌پێ‌ ده‌گه‌ڵ ساڤرولا‌ هاتبوو. تووڕه‌ وەک ماری بریندار جینگڵی ده‌دا كه‌ بۆ لە كات و ساتێكی ئه‌وهادا حیسابی بۆ نه‌كراوه‌ و نه‌بینراوه‌.

مۆریت قسه‌كانی ئاوا ده‌ست پێكرد:

  • ئه‌مڕۆ بۆ ئێمه‌ ڕۆژێكی نه‌گبه‌تبار بوو.

كاتێك ساڤرولا هیچ ‌وەڵامێكی نه‌داوه، درێژه‌ی پێ‌دا و گوتی:

  • كێ ده‌یتوانی باوه‌ڕ بكا بوێرن‌ به‌م چه‌شنه‌ فریومان بده‌ن!

ساڤرولا به‌ ده‌نگێكی لێبڕاوانه‌ وەڵامی دایه‌وه‌:

  • ڕاسته‌، ڕۆژێكی نه‌گبه‌ت بوو به‌ تایبه‌ت بۆ تۆ.
  • بۆ من؟ مه‌به‌ستت چییه‌؟
  • هیچ بیرت لێ كردۆته‌وه‌ كه‌ خوێنی چل مرۆڤت له‌سه‌ر شانه؟ ئه‌م وتاره‌ی له‌وێ دات هیچ پێویست نه‌بوو.‌ چی باشی لێكه‌وته‌وه‌؟ خوێنی ئه‌م كه‌سانه‌ وه‌باڵی تۆ و ئه‌ستۆی تۆیه‌. تۆ وره‌ی خه‌ڵكت دابه‌زاند و ترست به‌سه‌ردا زاڵ كردن. زیانێکی زۆر ڕووی دا و ئه‌وه‌ش تاوانی تۆیه‌.
  • تاوانی من!؟ من كه‌ زانیم خیانه‌تی لێ كردووین ئاگام له‌ خۆم بڕا و ته‌نیا بیرم له‌ شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدان ده‌كرده‌وه‌. پێموا نه‌بوو كه‌ تۆ وا به‌ سانایی ملكه‌چی ئه‌م پێشێلكارییه‌ ببی. ئه‌و ئیبلیسه،‌ ئه‌م ناموباره‌كه‌ هه‌ر ده‌بوایه‌ له‌وێ، له‌ جێوه‌ كوژرابا، به‌ر له‌وه‌ی پێ ڕابگات ئازاری زۆرتر بگه‌یه‌نێ.
  • گوێت لێ‌بێ مۆریت! من هه‌ر وه‌ك تۆ گه‌نجم و هه‌ست و ده‌روونم وه‌ك تۆ له‌ جۆش و خرۆش دان. منیش بۆ خه‌بات و سه‌ركه‌وتنی له‌گوڕم. منیش له‌ مولارا بێزارم، بێزارێك كه‌ هێندێك جار له‌گه‌ڵ عه‌قلی سه‌لیمدا ناگونجێ، به‌ڵام دان به‌ جه‌رگم داده‌گرم كه‌ ده‌بینم هه‌ڵچوون بێسووده‌ و ده‌سكه‌وتی نابێ. جا ئێستا باش گوێ بگره‌ بزانه ده‌ڵێم چی: تۆ ده‌بێ یان فێربی‌ به‌م شێوه‌یه‌ی من ‌بكه‌ی یان ڕێگای خۆت بگری، ئه‌وكات ئیتر نه‌ من، نه‌ تۆ. دیاره‌ مه‌به‌ستم له‌ سیاسه‌ت دایه‌، باری دۆستایه‌تی شتێكی دیكه‌یه‌.

ساڤرولا دانیشت و به‌ ‌نووسینی نامه‌یه‌كه‌وه‌ ‌خۆی خه‌ریك کرد له ‌كاتێكدا مۆریت ڕه‌نگ بزركاو، به‌خۆدا شكاو له‌ لایه‌ك تووڕە و لایه‌كیش شه‌رمه‌زار،‌ به‌ خێرایی له‌ ژووره‌كه‌ وەدەرکەوت.

ساڤرولا مایه‌وه‌. ئه‌مشه‌و كارێكی یه‌كجار زۆر هه‌بوو كه‌ ده‌بوا ڕایان‌په‌ڕێنێ. نامه‌یه‌کی زۆر ده‌بوا خوێندرابا‌وه‌‌ و یان وەڵامیان دراباوه‌، چوارچێوه‌ی وتاری سه‌ره‌كی ڕۆژنامه‌كانی دێمۆكرات ده‌بوایه‌ دارشتنی گونجاوی بۆ كرابا و چه‌ندین ئه‌ركی دیكه‌ش. حیزبێكی گه‌وره‌، به‌ڵێ له‌وه‌ش گه‌وره‌تر به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی پیلانه‌كان و هه‌روه‌ها له ‌گه‌ڕنه‌كه‌وتنی پێوه‌ندییه‌كان. كاتژمێر له‌‌ نۆی شه‌و لای‌دابوو كه‌ ده‌ستی له‌ كار كردن كێشایه‌وه.

ڕووی كرده‌ شاره‌دار و گوتی: شه‌وخۆش گودی، به‌یانی ڕۆژێکی دیكه‌ی پڕ له‌كار و چالاكییه‌ بۆ ئێمه‌. ئێمه‌ ده‌بێ دیكتاتۆر به‌باشی بترسێنین. ئاگادارم بكەوه‌ بزانم كه‌ی ده‌چینه‌‌ چاوپێكه‌وتنی و كه‌ی وه‌رمانده‌گرێ.

كه‌ هاته‌ده‌ر له‌ سه‌ر شه‌قام فایتوونێکی ڕاگرت. ئاڵوگۆ‌ڕی وه‌رزه‌كان یان‌ ئاڵوگۆڕی سیاسی له‌ خو‌لانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی فایتوونه‌كان به‌ ناو شاردا ڕێگر نەبوون. پاش كورته‌ماوه‌یه‌ك خولانه‌وه‌ به‌ ناو شاردا له‌ به‌رده‌م خانوویه‌كی بچووك به‌ڵام كه‌شخه‌ و جواندا له‌ گه‌ڕه‌كێكی ده‌وڵه‌مه‌ندنشین كه‌ خۆشی یه‌ك له‌وان بوو، له‌ فایتوونه‌كه‌ دابه‌زی. له‌ وەڵامی ده‌رگا لێدانه‌كه‌ی ئه‌ودا ژنێكی پیری به‌ساڵدا چوو ده‌رگای لێ‌كرده‌وه‌ و به‌ دیتنی ساڤرولا کەیفخۆشی خۆی ده‌ربڕی و گوتی:

ئای كه‌ ده‌تزانی چه‌ند نیگه‌ران بووم، ئه‌وه‌ بۆ هه‌ر نه‌ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵێ، بەتایبەت دو‌ای ئه‌و هه‌مووه‌ ته‌ق‌وتۆقه. ئێستاش ئیتر‌ شه‌وانه‌ ساردی كردووه‌ پێویست بوو پاڵتۆیه‌كت ده‌به‌ر دابا، ده‌ترسم سه‌رما لێی دابن.

ساڤرولا وەڵامی دایه‌وه‌ نا به‌تینا، هێنده‌ خه‌مان هه‌ڵناگرێ. سییه‌كانی من له‌ سایه‌ سه‌ری پێڕاگه‌یشتنی تۆوه‌ زۆر باشن، به‌ڵام هێندێك ماندوو و‌ هیلاكم. باش ده‌بێ ئه‌گه‌ر كه‌مێك سووپم بۆ بهێنیه‌ ژووره‌كه‌م، ئه‌مشه‌و هیچ خواردنی دیكه‌م ناوێت.

لەکاتێکدا بەتینا بەخێرایی بەرەو ناندێن ڕۆیشت تا باشترین دەستاوی خۆی بۆ ساڤرولا ئامادە بکات، ئەویش بەرەو ژوورەکەی خۆی لە قاتی دووهەم ڕۆیشت. ژوورێکی خەو کە حەمامی بەسەرەوە بوو و بە تەنیشتییەوە ژوورێکی کار. دوو ژووری بچووک بەڵام تەیار بە هەموو پێداویستیەکانی ژیان کە زۆر وەستایانە ‌ڕێکخرابوون. مێزکارێکی گەورەی بە هەیبەت یەکەم شت بوو کە سەرنجی هەر تاکێکی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا، جۆرێکیش دانرابوو کە ڕووناکایی لە گۆشەیەک را هەمووی مێزەکەی لە ئامێز دەگرت. حوقەی جەوهەر و قەڵەمێکی قورسی بڕۆنز، ناوەڕاستی مێزەکەی بۆخۆی تەرخان کردبوو و لەپێش حۆقەکەشدا لاپەڕێک کاغەزی جەوهەرهەڵچن ناوەڕاست مێزەکەی داپۆشی بوو. باقی مێزەکە هەرچی مابۆوە بە پەروەندە و کۆگا ڕاپۆرتی جۆراجۆر پڕببۆوە. سەرەڕای بوونی سەتڵێک بۆ کاغەزی لە کارهاتووی بێ‌کەڵک، هەموو زەویی ژوورەکەش لاپەڕەی جۆراوجۆری بڵاو و ناڕێک دایگرتبوو. واتە ڕێک وەک ژووری هەموو سیاسەتوانێک دەچوو.

چەند لامپی لالەبەسەر لە چەند سووچەوە ڕووناکایی ژوورەکەیان دابین دەکرد. دیوارەکان قەفەسەبەند بوون. ‌تێکڕای پڕ لە کتێبی بەرگکراوی جوان، چڕوپڕ دانرابوون. هیچ کتێبێک بۆی نەبوو بەر لەوەی بخوێنرێتەوە بچێت و خۆ بخزێنێتە ڕیزی کتێبی ناو قەفەسەکانەوە. لە ناو کتێبەکاندا فەلسەفەی شۆپێنهاوێر شان بە شانی کانت و هێگڵ دەبینرا کە دراوسێتی بیرەوەرییەکانی ساینت سیمۆنز یان دەکرد. ڕاسڵ و لاکوری شانیان بە شانی یەکەوە دابوو. لەم لاشەوە هەشت بەرگ مێژووی بە ناوبانگی گیبسۆن دەمەلاسکێی پۆلە کتێبەکانی دەکامێرۆن یان دەکرد. ‌تێکڕای ئەم کتێبانە ئاخۆ دڵخواز بێت یان بە زۆری دەبوایە مل بۆ دراوسێتی کتێبی ئاسمانی ئینجیلیش ڕابکێشن. کتێبی دەوڵەت نووسراوەی ئەفلاتون دراوسێکی گونجاو و حاواوە بوو دەگەڵ وانیتی‌فایر و مێژووی ڕەوشت لە ئوڕوپا دا. یەک لە نووسراوەکانی ماکیاولی بە کراوەیی لەسەر مێزی کارەکە بوو و ئەم وتە بەناوبانگەی کە دەڵێ؛ مەزنە پیاوی ژیار و لێهاتوو مەزنە پیاوی ژیار و لێهاتووی دیکە پەروردە دەکات. هێڵێکی بەژێردا کێشرابوو.

ژێرسیغارێکی نیوەبەتاڵ لەسەر مێزێکی بچووک بە تەنیشت مۆبڵێکی چەرمی و بە تەنیشتییەوە دەمانچەیەکی قورسی سوپا، کە سووتوسیغاری لەسەر نیشتبوو، دەبینرا. لە سووچێکی دیکەی ژوورەکەوە پەیکەرێکی مەڕمەڕی جوانی ڤێنوس[1] بەرچاو دەکەوت. ئەمانە هەمووی وێنگەی تەواونوێی ژووری کەسێکی ئاکادمیک نا بەڵام ڕووناکبیرێک بوو. مرۆڤێکی ڕۆشەنبیری بەفەرهەنگ، مرۆڤێک کە لە خۆشییەکانی ژیان نامۆ نەبوو و بەبایخەوە دەیڕوانییە خۆشییەکانی ژیان و چێژوەرگرتن لە ژیانی، لە کەس وەچاوە نەبوو.

لەسەر مێزەکە چەند ڕۆژنامە، گۆڤار و تێلگرافی نەکراوەش دانرابوون. بەڵام ساڤرولا ماندوو و هیلاک بوو بۆیەش خوێندنەوە و وەڵامدانەوەیانی بۆ کاتێکی دیکە دانا. چوو لەسەر مۆبڵەکە دانەنیشت، بەڵکوو تێخزا و قاچەکانی درێژ کرد. ئای کە ڕۆژێکی زۆر درێژ، پڕ کارەسات و خەماوی بوو. ئەو گەنج بوو، تەنیا سی‌ودوو ساڵ تەمەن کە چی هەر لە ئێستاوە شوێنەواری کاری زۆر و دڵەڕاوکێی هەست پێدەکرد. دەرهەڵبوون و هەڵچوونە وەخت و بێوەختەکانی ‌لەژێر کاریگەری ڕووداوەکانی ڕۆژدا، لێیی شاراوە نەبوون. زۆری خۆ‌ دەخواردەوە و هەستی خۆی زەوت دەکرد کە ئەمەش لە سەر دەروونی کاریگەری زۆری هەبوو. لە ناخیدا پرسیاری لە خۆی کرد: ئەوندەی دەهێنێ؟ خەبات، ڕەنج، هیلاکی، ئەو هەمووە ڕاکەڕاکەیە، فیداکردنی گشت ئەم شتانە کە هەوێنی خۆشین لە ژیاندا، لە پێناو چی دا؟ بۆ؟ بەرژەوندی گەل! بەڵام ئەو نەیدەتوانی دەگەڵ خۆیدا درۆ بکات. ئەوەی لە ڕاستیدا هاندەری تێکوشانی ئەو بوو بەدەستهێنانی دەسەڵاتە. بەڵێ ئەوە هۆکار و هاندەری سەرەکی بوو و دەشی زانی کە توانای بەربەرەکانی ئەم مەیل و حەزە دەرونییەی خۆی نییە.

ئەو لایەنەکانی دیکەی ژیانێکی ئاسوودەی لەبەر چاو بوو. ئەو دەگەڵ ئاسوودەیی و خۆشیی ژیانێکی ئارام و فەیلەسوفانەی پڕ لە خەون و خەیاڵ نامۆ نەبوو. بەڵام لە هەمان کاتدا دەیزانی کە لە ژیانێکی وا دا هەڵناکات. ژیانێکی پڕ لە ڕووداو، بوێری، سەربەرزی و شانازی دڵخواز و ویستی ئەو بوو و دەگەڵی ڕاهاتبوو. ئەو چەشنە ژیانەیە کە دەبێ تا کۆتایی بیبڕێت. کۆتایی ژیانی ئاوا بۆ ئەم چەشنە مرۆڤانە دوور نییە. ئەم جۆرە کەسانە حەسانەوە لە کار و کردەوە دا دەبینن و دڵخۆشیی لە ڕووبەروو بوونەوەی ڕووداو دا.

هاتنە ژووری بەتینا کە سینێک خواردنی بەدەستەوە بوو ساڤرولای لە دونیای بیر و خەیاڵی دابڕی. سەرەڕای مانددویی دەبێ بچێ بەر لە خواردن جلوبەرگی بگۆڕێ. بەم مەبەستە هەستایە سەرپێ و چوو خۆی گۆڕی. تا ئەو گەڕایەوە مێزەکە ئامادە کرابوو. بەتینای خزمەتکار سووپی داواکراوی وەک جەمێکی تەواو ڕازاندبۆوە. چاوی بەسەرەوە بوو کە نانەکەی بەباشی بخوات و دڵخۆش بوو کە وا بە ئیشتیاوە نانەکەی دەخوات. بەتینا هەر لە ڕۆژی لە دایکبوونییەوە ئەوی تەڕ و ویشک کردۆتەوە و خەمخۆری بووە. ئەمجۆرە ژنانە تایبەتمەندی خۆیان هەیە. تەنیا هەستی خۆبەخشانە و بێ‌بەرامبەر هاندەریانە. دایک مناڵی خۆی خۆشدەوێت و ئەمە سرووشتی دایکە. گەنجێک دڵدارەکەی خۆش دەوێ ئەویش هۆکاری خۆی هەیە. سەگێک خاوەنەکەی خۆش دەوێت، چونکە خاوەن‌ڕسقێتی. کەسێک هاوڕێکەی خۆش دەوێت چونکە لە تەنگانەدا پشتی بەرنەداوە. هەرکام هۆکار و سەبەبی خۆی هەیە. بەڵام عیشقی تایەنێک بۆ مناڵێک کە هی خۆی نییە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ؟

پاش ئەوەی نانی‌شەوان کە خواردنێکی سووک بوو خورا، بەتینا سینیەکەی برد و دوور کەوتەوە. هەمدیسان ساڤرولا خزایەوە ناو بەحری خیاڵات و تەکبیرەکانی. کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ چاوەڕوان بوون وەڵامیان بۆ بدۆزرێتەوە و نەیدەزانی چۆنیان چار بکات. هەوڵێکی دا کە بیریان لێ‌نەکاتەوە. بە بێدەنگی و لەناخیدا لە خۆی پرسی: بۆ دەبێ هەموو جارێ خۆم سەرقاڵی ئەم کێشانە بکەم؟ هەستایە سەرپێ و بەرەو پەنجەرە چوو پەردەکانی لادا و سەیرێکی دەرەوی کرد. چ شەوێک بوو! سەرشەقام کپ‌ و بێدەنگ بوو تەنیا دەنگێک وەک دەنگی پۆتینی فەوجێک گەشتی‌شەوی کەوتنە بەر گوێی ئەگینا چرای ماڵەکان کووژابوونەوە و شار لە بێدەنگی‌دا نوقم ببوو. ئەستێرە بە ئاسمانەوە دەدرەوشانەوە. سەیرە کە ڕاست لە شەوێکی وەک ئەمشەودا دەیتوانی هەمووان بەباشی ببێنێت.

پەنجەرەکەی داخستەوە، مۆمێکی هەڵگرت و بەرەو دەرگای پشت ئەو دیوارەی کە جلوبەرگی پێ‌هەڵواسرابوو چوو. ڕیزە پلیکانێک بەرەو سەربانی خانووەکە دەچوو. زۆربەی زۆری خانووەکانی لاورانیا نزمن و زۆر بەرز نین بۆیەش کە ساڤرولا هاتە سەربان دیمەنێکی تەواوی لە شار کە خەوتبوو، لێ دیار بوو. شۆقی یەک بە دوای یەکی فانۆسە گازییەکان شەقام و گوڕەپانەکانی شاری دەستنیشان دەکرد. لێرەولەوێ چەند چرایەکی سەر کەشتییەکان لە جۆلانەدابوون، دەبریسکانەوە و هەڵکەوتوویی و پانتایی بەندەرکەیان دەخستە ڕوو. بەڵام ئێستا ئەوانە ئەو شتە نەبوون کە ئەو دەیهەویست بیان‌بینێ. ئەو ئێستا لە ئینسانەکان تووڕە و لە دەستکردەکانیشیان بێزار بوو.

بەرەو تلێسکۆپی ناو شووشەبەندەکە چوو دەرگاکەی کردەوە و چووە ناوەوە. ئەمە لایەنێکی دیکەی ژیانی ئەو بوو کە کەس پێی نەدەزانی. ئەو سرووشتناس نەبوو و بە دوای دۆزینەوە و داهێنانیشەوە نەبوو بەڵکوو حەزی لە سەیرکردنی ئەستێرەکان و دونیای پڕ لە نهێنی ئەستێرەکان بوو. زۆر وەستایانە بە چەند سەروخوار پێ‌کردنێک ژۆپیتێری جوانی کە ئێستا لەبەرزایی باکووری ئاسماندا خۆی دەنواند هێنایە بەر دوربینی تلێسکۆپەکەی کە ئامرازێکی گەلێک عەنتیکە بوو و زۆر باشی پێ‌دەبینرا. ژۆپیتێری گەورەش بە خۆی و هەموو مانگەکانییەوە خۆی دەرخستبوو و دەدرەوشایەوە. تلێسکۆپەکەی لەسەر خاڵی مەبەست قفڵ‌ کرد تا سووڕانەوەی زەوی کارتێکەری نەبێ و مەبەستی لێ لە رەسەد نەکەوێ و بتوانێ سەعات بە دوای سەعات دا سەیری بکات. ماوەیەکی دوور و درێژ تێی‌ڕاما و هەموو جارێش دەم بە دوای دەمدا زۆرتر دەچوو لە قووڵایی بیر و ئەندێشەوە، بیرێک لە ئاستی تێفکرین و بڕکردنی بیری ئاسایی مرۆڤ، بەولاوەتر.

سەرئەنجام هەستایە سەرپێ، بەڵام ڕووح و بیر و ئەندێشە نەگەڕابوونەوە سەر گۆی زەوی. مۆلارا ، مۆریت، حیزب و ئەرکەکانی ڕۆژانە گشتیان لێڵ و ناڕوون دەهاتنە بەر چاوی یان لەدونیای هەنووکەیی ئەودا بوونیان نەبوو. دونیایەکی دیکە، دونیایەکی ئارام بیری بێ‌بڕانەوەی ساڤرولای بۆ دونیای فانتازییەکان دەبرد. ئەو بیری بۆ داهاتووی ژۆپیتێر چوو. بۆ کاتێک کە لە بیردا ناگونجێ. ئەو کاتەی وا پێویستە تا ژۆپیتێر ساردەوە بێ و بۆ ژیان بگونجێ، ‌تێکڕای کێشەکان چارەسەر دەکران و گرفتێک نەدەما. ژیان دەگەیشتە تروپکی گەشەساندن. خەیاڵ بە سەر کات و شوێندا قەڵەمباز دەدەن، سنووری کات و شوێن دەبەزێنن. ساردبوونەوە بەردەوام دەبێ، گەشەساندن و ژیان دەوەستێ و بە مەرگ کۆتایی دێت. خۆر سارد دەبێتەوە، زەوی دەفرووسێ و ژیان بە چەشنی فیشەکە شێتە دەگاتە کۆتایی خۆی.

کۆتاییەکی تاڵ و ناخۆش بوو. دەرگای شووشەبەندەکەی داخست و بە پلیکانەکاندا چۆ خوارێ، بەو هیوایە کە خەونەکانی پێچەوانەی بیر و فانتازییەکانی بن.

بەشی ٤

وەڤـــــدی سیاســی

سەرۆک‌کۆمار سەرلەبەیانییان زوو لە خەو هەڵدەستێت و هەر لەسەر تەختی‌خەوەکەی بە ڕۆژنامەکاندا دێت و ئەم نووسراونەی پەیوەندییان بە سیاسەتی دەوڵەتەوە هەیە یان ڕەخنە لە پلانکانی دەگرن، دەخوێنێتەوە. ئەم بەیانییە نووسراوەکان لە ڕۆژان سەرنجراکێشتر و زۆر لە هی ڕۆژان پتر بوون. تێکڕای ڕۆژنامەکان لەبارەی بەربەست کردن و دەست‌تێوەردان لە ڕەوتی هەڵبژاردنەکاندا سەروتاریان هەبوو و تێکهەڵچوونەکانی ڕۆژی پێشتریان ڕاپۆرت کرد بوو. بەر لە هەمووان ڕۆژنامەی “زەمان” ی دەست دایە کە هەموو کات لەبەرژەوندی سیاسەتەکانی دەوڵەتدا دەینووسی و لەبەرانبەردا هێندێک زانیاری پێشوەختەی دەدرایە کە ڕۆژنامەکانی دیکە لێی بێبەری بوون. لە ستوون و نیوێکدا بە نەرمی ڕەخنەی لە سەرۆک‌کۆمار گرتبوو کە هێندێک ئاڵوگۆڕی لە سیستیمی هەڵبژاردندا کردووە. هەر بەم چەند دێڕەش دڵی‌ زۆربەی خوێنەرانی خۆی ڕاگرت بوو. لە وتارێکی دیکە دا بە توندی و بێ پاساودان، سەرهەڵدانەکەی ڕۆژی پێشووی مەحکووم کرد بوو کە ببوونە هۆی کارەساتی جێگەی داخ. بەم شێوەیە واژۆی دەقێکی کرد بوو کە شەوی پێشتر سەرۆک‌کۆمار بەزمانی ئینگلیسی ناردبووی و تەنانەت بە هۆی نوێنەرایەتی ڕۆژنامەکە لە لەندەنیش بڵاو کرابۆوە.

ڕۆژنامەی لە دونیادا جێ‌کەوتوو و ناسراوی “دەربار” دەگەڵ بەداخبوونی بۆ ڕووداوەکە هیواداری و ئاواتی خۆی دەربڕی‌بوو کە نەکا زیافەت و ئاهەنگی سەمای ساڵانەی کۆشکی سەرۆک‌کۆمار لە ٧ی مانگدا بکەوێتە ژێر قورسایی و بارگرانی ڕووداوەکە و بەباشی بەڕێوە نەچێت. لەدرێژەی وتارەکەیدا بەداخ‌بوو کە جەنابی سینیۆر لۆڤیت؛ وەزیری ناوخۆ بە هۆێ جێگرنەبوونی میزاجی ناتوانێ لە شەواهەنگەکەدا بەشداری بکات.

ڕۆژنامەی پۆستی بەیانی؛ ڕۆژنامەیەک کە خوێنەرەکانی لە ناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵدا بڵاون و ڕێبازە سیاسییەکەشی هەر بەم چەشنە، خۆی لە لێکدانەوە و هەڵوێست‌گرتن پاراست بوو، بەڵام بەوردی باسی چۆنیەتی کارەسات و کوشت و کوشتارەکەی نووسی بوو و دیمەنەکانی بە دارشتنێکی هەست بزوێن خستبووە بەر چاوی خوێنەران.

ئەمانە لە ڕاستیدا ئەم ڕۆژنامانە بوون کە دەوڵەت یارمەتی دەدان و پشتی پێ‌بەستبوون. سەرۆک‌کۆماریش هەمیشە ئەوانی بەر لە ڕۆژنامەکانی دیکە دەخوێندەوە تاوەکوو بتوانێ خۆی بۆ ڕەخنە و هێرشی ڕۆژنامەکانی ڕادیکاڵ و گەڵی، لە خۆی و دەوڵەتەکەی، ئامادە بکات.

ڕۆژنامەکانی فابینان، ڕۆژ و شەپۆلی‌گەل هەر چی وشەی لە قامووسیاندا بوو بۆ ڕووداوی کەم‌بایخ و بچووک بە کاریان هێنابوو؛ ئێستا کە هاووڵاتی کەوتبوونە بەر گوللە و دەکوژران و مافی دیار و بەرچاویان پێ‌شێل دەکرا، چییان پێ‌نەمابوو، پەنایان بردبوو بەر ڕستە و دەستەواژەی نەرم‌ونیان و هەستی خۆیان پێ‌دەربڕی بوو. زۆر جاران سەرۆکی‌کۆماریان بە نێرۆن[2] و یوداس ئیسکاریۆت [3] شوباند‌بوو. سەرەڕای ئەمانەش چەند دەستەواژەی نوێی تا ئێستا بەکار نەهێنراویان نووسی بوو و میوانداری شەوی پێشووی کۆشکیان بۆ وەزیرەکان، وەک گاڵتە کردن بە هاووڵاتی‌یان و داوا ڕەواکانیان قەبڵاندبوو.

ڕستە و دەستەواژەکانی ڕۆژ سەرنجی خوێنەرانی بۆخۆی ڕاکێشابوو. بە تایبەت کە وەزیرەکانی بە خۆشگوزەران و بێ‌کەڵک ناوزەد کردبوو. ئەو وەزیرانەی کە بە پەنجەی شەڵاڵ لەخوێنی هاووڵاتییانەوە دەستیان بۆ خواردنە خۆش و جۆراو جۆرەکانی شەونشینی شەوی ڕابوردوو دەکێشا لە کاتێکدا لاشەی قوربانییەکانیان ئێستاش نەنێژراو لەسەر تاتەشۆرەکان ماونەوە.

کاتێک سەرۆک‌کۆمار لە چاوپێداخشاندنی ڕۆژنامەکان تەواو بوو بە ناوچاوان گرژییەوە ئاخر ڕۆژنامەی وەلانا. زۆر گوێی بە ڕەخنەکان نەبزووت ئەگەرچی لە دەسەڵاتی ڕۆژنامە و چاپەمەنییەکان بێ‌ئاگا نەبوو و دەیزانی کە لە لایەک ئەم وتار و هەواڵانە ڕەنگدانەوی بیروڕای گشتیین و لە لایەکی دیکەشەوە دەتوانێت کارتێکەری لەسەر بیروڕای گشتی هەبێت و هاندەریش بێ. گومانێکی نەمابوو لەوەی کە بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی ئەودا نییە.

کاتی خواردنی بەرچایی، گرژ و مورچ‌ومۆن بوو، بۆیەش لوسیلە لە باس و لێدوانی ڕۆژانە لە گەڵیدا خۆی پاراست تا نەکا ئازاری بدات. هەمیشە ڕۆژانە کاتژمێر نۆی سەرلەبەیانی دەستی بە ئیش دەکرد بەڵام ئەمڕۆ زووتر لە ڕۆژان چوو بۆ سەر کار. مولارا وەژوور کەوت، سکرتێر کە دەمێک بوو لە پشت مێزەکەی دانیشتبوو و سەرقاڵی نووسین‌بوو هەستایە سەرپێ و تۆسقاڵێ سەری دانواند. سەردانواندنێک نەک بە نیشانەی ڕێزێکی لە دڵ هەڵقوڵاو بەڵکوو وەک ئەرک. سەرۆک‌کۆمار بە سەردانواندنێکی نەرم وەڵامی دایەوە و بۆ لای مێزی کارەکەی خۆی چوو. کۆمەڵێک نامە کە دەبوایە خۆی بیان‌بینێ و هەڵوێستیان لەسەر بگرێ بە ڕێکوپێکی لەسەر مێزەکە دانرابوون. دانیشت، دەستی کرد بە خوێندنەوەیان. جارناجارێک ئاخێکی دەکێشا یان پیشێکی دەخواردەوە و بە خۆشنووسێک بڕیار یان تێبینییەکانی خۆی ‌لەژێریاندا دەنووسی و واژۆی دەکردن. تاوناتاوێک میشێل نامەکانی دەستە دەکردن و دەی‌بردن بۆ لای سکرتێری بەردەستی خۆی لە ژووری تەنیشتەوە. ئەو دەبوایە فەرمان و هەڵوێستەکانی سەرۆک‌کۆمار کە لە دوو یان چەند وشەی وەک “بە دڵم نییە”، “ئەبەدەن نابێ”، “سەیری ڕاپۆرتەکەی پار بکەن” تێ‌نەدەپەڕی، بکاتە نامەی فەرمی بۆ وەزارەتخانە و لایەنە پەیوەندی‌دارەکان.

لوسیلەش نامەی هەبوون کە دەبوایە بیانخوێنێتەوە و وەڵامیان بداتەوە. کاتێک لە وەڵامدانەوە تەواوبوو قەراری دا گەڕێک بە پارکی شاردا لێ‌بدات. لە ماوەی ئەم چەند هەفتەی ڕابوردوودا واتە لەو کاتەوە لە کۆشکی هاوینییەوە گەڕابوونەوە، گەڕانی بە کالیسکەی کە نەریتی ڕۆژانەی بوو ئەنجام نەدابوو. ئێستا دوای ئەم ڕووداوانەی ڕۆژی پیش بە ئەرکی خۆی دەزانی سەرەڕای دڵەڕاوکێ و ترس ورە بەرنەدا. لای وابوو بەم شێوەیە دەتوانێ پشتگیری خۆی بۆ هاوسەرەکەی نیشان بدات. ئەو لای وابوو کە خەڵکی جوانپەرستی شار ڕەچاوی جوانی ئەو دەکەن و بۆیەش ئازارێک بە ئەو ناگەیەنن هەروەها لە مانەوەی بەردەوامیش لە ناو کۆشک و باغاتەکەی دا وەڕەز ببوو. کالیسکە ئامادە کرابوو و لەو کاتەدا کە دەیویست سوار بێت گەنجێک کە هەر دەمێک لەمەو پێش لە دەروازەی کۆشکەوە وەژوور کەوتبوو نزیک بۆوە و بە ڕێزەوە سڵاوی لە لوسیلە کرد.

هاووڵاتییانی کۆماری لاورانیا شانازی دەکەن و بە فەخری دەزانن کە هیچکات پرس و کێشە سیاسی‌یەکانیان دەگەڵ ژیانی ڕۆژانەدا تێکەڵ ناکەن. ئەمە چەند ڕاستە!؟ با چاوەڕوان بین داهاتوو نیشانی دەدا.

ئەم هەلومەرجە نوێیە پرنسیپەکانی خستوونەتە بەر تاقیکاری، بەڵام ڕەوشتی ڕێزگرتن و حورمەت لە نێوان لایەنە سیاسیە دژبەرەکاندا جارێ لە بار نەچووە و ڕەچاودەکرێن. لوسیلە ئەم گەنجە دێمۆکراتەی لە کاتی شەڕی ناوخۆییدا زۆر جاران لە ماڵی دایک و باوکی خۆیدا بینی بوو وەک ناسیاوێک بە بزەیەکەوە وەڵامی دایەوە و پرسی، ئاخۆ بۆ گفتوگۆ دەگەڵ سەرۆک‌کۆمار هاتووە.

ساڤرولا وەڵامی دایەوە، بەڵێ، بەڵێنیم وەرگرتووە کە چاوم پێی‌بکەوێ.

لوسیلە بزەیەکی نەرمی هاتە سەر لێوان و گوتی:

  • هەڵە نەبم دەبێ بۆ پرسێکی سیاسی بێ.
  • بەڵێ، ڕاستە
  • ئای لە ئێوە سیاسییەکان بەم چڕ و ناچاوانەتانەوە چەند تاقەتپروکێنن. ڕۆژ تا ئێوارێ لە پرسی دەوڵەت و وڵات بەولاوە چی دیکە نابیستم. ئێستاش کە دەمهەوێ بۆ کورتە ساتێکیش چییە لێی قوتار بم وا لە دەرک و دەروازان تووشی دێم.

ساڤرولا پێکەنی. خۆبواردن و خۆ گیڵکردن لەو هەمووە جوانییە کە ئەو هەر لە مێژەوە هەستێکی تایبەتی بۆی هەبوو نەدەکرا. جوانی، زیرەکی و وریایی لوسیلە باڵی بەسەردا کێشا و جڵەوی لێ هەستاند. هەرچەند ئەو بڕیاری دابوو کە دەمی چاوپێکەوتن و گفتوگۆ دەگەڵ سەرۆک‌کۆماردا پێ‌داگر و لێ‌بڕاو بێ، بەڵام ئەو گەنجێک بوو و ژۆپیتر تەنیا ئەستێرەیەک نەبوو کە ئەو دەیپەرەست.

  • خاتوون! ئێوە دەبێ من لە هەموو نییەت و مەبەستێکی خراپ دوور و بێبەر بزانن.
  • وایە. ئەوە بۆچوونی منیشە و بە خەندەیەک دڵی بەرامبەری خۆی هێندەی دیکە هێنایە جۆش. ئینجا ئاماژەیەکی بە کالیسکەچی کرد، بە نەرمی تۆسقاڵێک سەری دانواند و کالیسکە کەوتە ڕێ.

ساڤرولا ڕۆیشتە ژووری کۆشکەوە و لە لایەن کەسێک کە جلوبەرگی شین و زەردی تایبەت بە دەست و پەیوندەکانی کۆشکی لەبەر دابوو بۆ ژوورێک ڕێنوێنی کرا. ئەفسەرێکی لاو هەر ئەوەی ڕۆژی پێشتر فەرماندەی گارد بوو بەخێرهاتنی کرد و ڕایگەیاند کە سەرۆک‌کۆمار تا چەند خولەکێکی دیکە دەستی بەتاڵ دەبێت، ئەندامانی دیکەی وەڤدەکە هێشتا نەگەیشتوونە جێ. حەز دەکەی دانیشی و چاوەڕوان بی؟ ئەفسەری لاو لەژێرەوە گوماناوی سەیری ساڤرولای دەکرد، وەک ئەوەی سەیری دڕەندەیەکی غەریب و نامۆ بکات. ئەفسەری لاو پەروەردە و دەستکردی ڕوانگەی کۆنەپارێزەکان واتە کۆنسێرڤاتیەوکان بوو کە خەڵکیان وەک لومپن و لە بەراز کەمتر سەیر دەکرد. لای ئەو ڕێبەرانی گەلیش هەر ئەو بەرازانە بوون کە ئاوەڵناوێکیان وەک سەرۆکی لێژنە، بەرپرسی دێمۆکراتەکان یان سەرۆکی پارڵمان و لەو قوڕیاتانەیان وەپاڵ درابوون. بۆیەش وێ‌نەدەچوو لە نێوان ساڤرولا و ئەم ئەفسەرەدا خاڵ و ڕوانگەیەکی هاوبەش بدۆزرێتەوە. بەڵام جەنابی ئەفسەر جیا لە ڕواڵەت و ڕوانگەی چەند تایبەتمەندی دیکەشی هەبوو. پیاوەکانی ژێر فەرمانی ئەویان وەک کەسێکی شەریف و بەرپرسیار پێناسە دەکرد و لە یاری گۆین‌یشدا یاریزانێکی لێهاتوو و بە جێگە و پێگە بوو. ساڤرولا ئەم شتانەی دەزانی بۆیە چەند پرسیارێکی سەبارەت بە بەشداریکردنی تیمی گۆینی گاردی کۆمار لە کێبەرکێی ساڵانەی گۆین لە هورلینگهامی بریتانیادا لێکرد. ئەفسەرکە کە ناوی تیرۆ بوو زۆر بەم باسە کەیفخۆش بوو. ئەوان سەرقاڵی دیاری کردنی یاریزانەکانی تیمەکە بوون کە بە هاتنی گودی و ڕێنووس باسەکەیان ناتەواو مایەوە و ئەفسەرەکە چوو سەرۆک‌کۆمار لە ئامادەبوون و چاوەڕوانی وەڤدەکە ئاگادار بکات.

سەرۆک‌کۆمار گوتی: بەزوویی چاوم پێیان دەکەوێت، ڕێنوێنی‌یان بکە بۆ ژوورەکەی من.

ئەندامانی وەڤدەکە بە پلیکانەکاندا بۆ ژووری تایبەتی سەرۆک‌کۆمار ڕێنوێنی کران. سەرۆک‌کۆمار هەستایە سەرپێ و بە ڕێزەوە بەخێرهاتنی کردن. گودی سکاڵای هاووڵاتی‌یانی هێنایە بەرباس. ئەو ڕەخنە و گازندەکانی پێنج ساڵی ڕابوردووی لە بابەت دەوڵەتێکی بێ دەستوور وەبیر ئامادە بووان هێناوە و لە هەمان کاتدا دڵخۆشی و هیواداری هاوڵاتیانی بە بەڵێنی سەرۆک‌کۆمار بۆ بانگهێشتنی نوێنەران دەربڕی.

لە درێژە‌دا بە وردی باسی لەبەربەست کردن، دەست‌تێوەردان لە سیستەمی هەڵبژاردن و مافی هاووڵاتی‌یان کرد و ناڕازی بوونیانی ڕاگەیاند و هیوای دەربڕی کە ‌تێکڕای ئەم مافانە بە تەواوی بگەڕێنەوە سەر جێگەی خۆیان و بپارێزرێن. لە بابەت تەقەکردن لە هاووڵاتی‌یانی بێ‌چەک‌دا هەڵوێستەیەکی کورتی کرد و پاشان گوتی: لە داهاتوودا وەک شارەدار ناتوانم لە وەفاداری دانیشتووانی شاردا دڵنیاتان بکەم.

ڕێنووس هەر لەسەر ئەم بابەتە قسەی کرد و بە تایبەت باری یاسایی بڕیارەکانی ئەم دواییانەی سەرۆک‌کۆمار و دەرئەنجامەکانی بە وردی باسکرد. مولارا تا ڕادەیەک بەوردی وەڵامی دایەوە و پەنجەی بۆ بارودۆخی وڵات بە تایبەتی لە پێتەخت‌دا ڕاکێشا. ئەو باسی نائارامییەکانی دوای ئەم شەڕەی ئاخری کرد کە بەداخەوە بۆتە هۆی تێکچوونی ژیانی ڕۆژانە و ئاسایی زۆربەی دانیشتووانی وڵات. ئەوەی وڵات لەم هەڵومەرجە‌دا پێویستێتی، بوونی دەوڵەتیکی سەقامگیرە. هەر دەگەڵ‌ هێور بوونەوەی ئەم هەڵومەرجە و گەڕانەوەی هێمنایەتی، مافی دەنگدان و ‌تێکڕای مافەکانی دیکە دابین دەکرێن و دێنەوە سەر دۆخی جاران. سەرۆک‌کۆمار بەردەوام بوو و گوتی:

لەو ماوەیەدا چ شتێک جێگەی ڕەخنە و گازندە بووە؟ یاسا بەڕێوە چووە و مافەکان پارێزراون، دام و دەزگاکان بە بێ‌کێشە ئەرکی خۆیان ڕاپەڕاندووە، خەڵک لە ئاشتی و ئازادی چێژیان وەرگرتووە. بەڵێ هەروەها سیاسەتی دەرەوەمان کە پارێزەری گەورەیی و کەرامەتمانە. بۆ هێنانەوەی نموونەیەکی زیندوو ڕووی کردە میشێلی سکرتێر و پێی‌گوت: وەڵامی ئێمە بۆ بریتانیا لە مەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان لە ئەفریقادا بخوێنەوە. سکرتێر هەستایە سەر پێ بە دەنگێکی کز بەڵام بە هەڵویستە کردن لەسەر ئەم دێڕانەی توند بوون، لاپەڕەیەکی خوێندەوە.

کە نامەکە تەواو بوو سەرۆک‌کۆمار ڕووی تێکردن و گوتی: بەڵێ بەڕێزان ئەوە وەڵامی ئێمەیە بۆ وڵاتێکی گەورە، خاوەنی گەورەترین هێزی دەریایی جیهان.

گودی و ڕێنووس بێدەنگ وەستابوون. هەستی نیشتمانپەروەریان جووڵابوو و شانازی و لەخۆبایی بوونیان تێدا بەدی دەکرا. بەڵام ساڤرولا ورووژێنەر، پێکەنی و گوتی:

  • بۆ پارێزگاری‌کردن و دوورخستنەوەی ئینگلیسیەکان لە بەرژەوندیەکانمان لە ئەفریقا و بەدەست هێنانەوی متمانەی هاووڵاتی‌یانی لاورانیا بۆ دەوڵەتەکەت، زۆر پتر لە نووسینی چەند نامەی بەپەلە پێویستە.

سەرۆک‌کۆمار لە وەڵامدا گوتی:

  • ئەگەر پێویست بە هەڵوێست و کردەوەی توندتر بکات گومانتان نەبێ کە دەست ڕاناگرین.

ساڤرولا:

  • دوای کارەساتی ڕۆژی پیشوو پێویستمان بە هیچ بەڵگە و دەست ڕاوەشاندنێک نییە.

سەرۆک‌کۆمار لە هەمبەر ئاماژەکردنی ساڤرولا بە کارەساتی ڕۆژی پێشوو خۆی گێل کرد، بەڵام گوتی:

  • من دەوڵەتی بریتانیا دەناسم، دڵنیام ئەوان دەست بۆ چەک نابەن.

ساڤرولا گوتی:

  • منیش خەڵکی لاورانیا دەناسم و لەو بەشەدا من وەک تۆ دڵنیا نیم.

ماوەیەک بێدەنگی باڵی بەسەر ژوورەکەدا کێشا. ئەم دوو پیاوە وەک دوو شمشیرباز ڕووبەڕووی یەکتر وەستابوون و چاویان تێک‌بڕی‌بوو وەک بڵێی بۆ تێکهەڵچوونێک خۆ ئامادەبکەن. دوژمنایەتی، قین و بێزاری لە چاویاندا بەدی‌دەکرا. لە بێدەنگی‌دا، لێهاتوویی و مەودای نێوان خۆیان مەزندە دەکرد، خۆیان و دەرفەتەکانیان بۆ پەلامار هەڵدەسەنگاند. پاشان ساڤرولا لە کاتێکدا بزەیەکی لەسەر لێوان بوو ڕووی وەڕگێرا. ئەو ناخ و دەروونی سەرۆک‌کۆماری خوێندبۆوە. دەروونێک بە سانی دۆزەخ.

سەرئەنجام ئەوە ‌سەرۆک‌کۆمار بوو کە هاتەوە گۆ و گوتی: هەر کەسە ڕاوبۆچوونی خۆی هەیە.

لە وەڵام دا ساڤرولا گوتی:

  • مێژوو بە زوویی ڕای خۆی دەردەبڕێ.

سەرۆککۆمار گوتی:

  • تا ئەو کات دەکرێ زۆر شت بقەومێ و ئینجا ڕووی کردە شارەدار و گوتی: زۆر سوپاسی جەنابت و بەڕێزان دەکەم کە لە مەترسی و نێگەرانی بەشێک لە چین‌وتوێژەکانی کۆمەڵگا ئاگادارتان کردم. دڵنیا بن هەموو هەنگاوی پێویست بۆ بەرگری‌کردن لە سەرهەڵدانی هەر چەشنە نائارامییەک دەگرینە بەر. هیوادارم ئێوە لە داهاتووش‌دا لە بارودۆخی وڵات ئاگادارم بکەنەوە. ڕۆژێکی خۆشتان بێت!

بەر لەوەی وەڤدەکە بە تەنیا ڕێگەی ئاواڵەدا کە دەرگایەک بوو، بچنە دەرەوە، ساڤرولا وێرای سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە، سەرۆک‌کۆماری دڵنیا کردەوە کە لە هەموو دەرفەتێک بۆ ئاگادارکردنەوەی بەڕێزیان لە دەرد و مەینەتی هاووڵاتی‌یان کەڵک وەردەگرن. کاتی چوونە خوار لەسەر پلیکانەکان تووشی لوسیلە هاتن کە چاوەڕوان‌ نەکراو لە گەشتەکەی‌ڕا گەڕابۆوە. لە چڕ و ناوچاوانی وەڤدەکەڕا بۆی دەرکەوت کە دەمەتەقەیەکی توند لە ئارادا بووە. بایخێکی ئەوتۆی بە گودی و ڕێنووس نەدا، بەڵام بە ڕوویەکی خۆش و دەم بەبزەوە لە ساڤرولای ڕوانی. تەمای بوو وای تێبگەیەنێ کە ئەو هیچ کاری بە پرسی سیاسییەوە نییە و پێی سەیرە کە ئینسانەکان بەم هۆیەوە هەڵدەچن و ئاڵۆز دەبن. کە چی ئەم بزە و زەردەخەنەیە نەیانتوانی ساڤرولا هەڵخەڵەتێنن، چونکە ئەو بەباشی لە حەز و تێکەڵاوی لوسیلە لە پرسە سیاسییەکاندا ئاگادار بوو، بەڵام توانا و لێهاتوویی ئەوی لەم دەورگێڕانەدا بەلاوە سەرنجڕاکێش بوو.

بە پیاسەکردن گەڕایەوە ماڵێ. گفتوگۆکان زۆر بێ‌کەڵک نەبوون. ئەو هیچکات پێی‌وانەبوو بتوانێ سەرۆک‌کۆمار بێنێتە ڕەدایە، چونکە شتێکی وا لە بنەما دا نامومکین و نەگونجە. بەڵام ئەوان ڕاوبۆچوونی میللەتیان ڕاگەیاندبوو و ئێستاش گودی و ڕێنووس دەستنووس و کورتەیەکیان لە باس و خواسەکە دەگەڵ سەرۆک‌کۆماردا بۆ ڕۆژنامەکان ناردبوو تا وەکوو حیزب و هەروەها کۆمەڵانی خەڵک بزانن کە بەرپرسەکانیان لە کات و ساتێکی وا هەستیاردا دانەنیشتوون و دەستیان لەسەر دەستیان دانەناوە. ئەو بەلای خۆیەوە بیری دەکردەوە کە دەبێ مولارای باش ترساندبێ. ئەگەر نەشی‌ترساندبێ لانی کەم باشی دەهری‌ کردبوو. بیری دەکردەوە و بە دەمەقاڵەکەیاندا دەچۆوە، کەیفخۆش بوو. بۆ؟ ئەو تا ئێستا هەموو کات بە سەر خۆیدا زاڵ‌بوو و ڕێگای نەدابوو هەستەکان جڵەوی لێ‌بستێنن، لێ ئەمڕۆ هەستی دەکرد کە بێزاری و جارزی ئەو لە سەرۆک‌کۆمار ڕەنگ‌وڕوویەکی نوێی بە خۆوە گرتووە. ئینجا بیری بۆ لای لوسیلە چوو و بەلای خۆیەوە گوتی: ئای لەو هەمووە جوانییە! جوانییەکی سرووشتی، دڵێکی پڕهەست. مولارا بەختەوەرە کە هاوژینێکی وەوتۆی هەیە. لە دڵەوە لە مولارا بێزار بوو ‌کە هۆی سەرەکی ئەم نیفرەت و بیزە، داگیرکردنی نادەستووری پۆستی سەرۆک‌کۆماری بوو.

کاتێک گەیشتەوە ماڵێ، مۆریت تووڕە و قەڵس، لەوێ چاوەڕوانی بوو. ئەو پاش چەندجار نووسینی نامەی توند و بڕیاردەرانە لە بابەت دەست‌کێشانەوەی لە حیزب و هەروەها کۆتایی‌هێنان بە هەر چەشنە پەیوەندییەک دەگەڵ ساڤرولا دا و ئینجا پەژیوان بوونەوە و دڕاندنیان، ئێستا هاتبوو لە ڕووی خۆیدا لەبزی پێی ڕابگەیەنێ کە لە حیزب دەکشێتەوە و پەیوەندییەکانی دەگەڵ ئەویش‌دا دەپچڕێنێ.

ساڤرولا هەموو ئەمانەی لە ڕوخساری‌دا خوێندەوە، هیچی وەڕووی خۆی نەهێنا و گوتی:

  • لویزی خۆشەویست چەند باش بوو کە هاتی، تۆ زۆر دڵ‌گەورە و مێهرەبانی. من هەر ئێستا لە لای سەرۆک‌کۆمار بووم. ئەو هەر وەک هەمیشە لاڕێ‌یە و نایەتە ڕەدایە. من پێویستم بە ڕاوێژکردن دەگەڵ تۆدا هەیە. دەبێ چی بکەین؟

لویز تێی‌ڕاما و ‌بە دەنگی بەرز پرسی:

  • چ ڕوویداوە؟

ساڤرولا بە وردی باسی ناوەرۆکی چاوپێکەوتنەکەیانی دەگەڵ سەرۆک‌کۆماردا بۆ گێڕایەوە. مۆریت بە وردی گوێی دابوویە و ئینجا هەر بەو دەنگە بەرز و تووڕەیەوە گوتی: هەروەک پێشتر گوتوومە؛ شۆڕش و ڕاپەڕین. ئەوە تەنیا زمانێکە ئەو لێی تێدەگات. ئێمە دەبێ خەڵک بۆ شۆڕش ڕێک‌بخەین.

ساڤرولا هەروا کە لە بیران ڕاچوو بوو گوتی: لەوانەیە تۆ ڕاست بکەی وا خەریکە منیش بێمە سەر ئەو باوەڕە و ببمە هاودەنگت.

مۆریت بە حەزێکی تایبەتەوە دەستی کرد بوو بە داکۆکی کردن و شیکردنەوەی پێشنیار و بیرۆکەکەی خۆی. ئاخر ئەوە یەکەمجار بوو کە ڕێبەرەکەی، پشتگیری پێشنیاری شۆڕش و ڕاپەڕینی ئەوی دەکرد. زیاتر لە نیوسەعات لەسەر ئەم باسە بەردەوام بوون و بەڕواڵەت وێدەچوو ساڤرولا بڕیاری بۆ نادرێت. سەیرێکی سەعاتەکەی کرد و گوتی وا ئێستا لە دووی پاش‌نیوەڕۆ تێپەڕیوە دەتوانی بۆ نانی نیوەڕۆ بمێنێوە و بە یەکەوە نان بخۆین و باسەکەش درێژە پێ‌بدەین. خواردنەکە زۆر خۆش بوو خانەخوێ شارەزایانە و ورد درێژەی بە باسەکە دا و دۆخەکەی لێکدایەوە تا سەرئەنجام لە کاتی قاوە خواردنەوەدا مۆریت سەلماندی کە وا باشترە جارێ خۆ لە توند و تیژی بپارێزن و بەم شێوەیە لە کەش و هەوایەکی زۆر دۆستانەدا لێک هەڵبڕان.

 

بـــــــەشی ٥

دەمـەتـەقـەیـەکی تەواو پـەنـامـەکـی

هەرکە وەڤدەکە وەدەرکەوت و دەرگاکە داخرا، سەرۆک‌كۆمار ڕووی کردە سکرتێرە جێ‌متمانەکەی و گوتی: ئەمجارە بەسەرچوو بەڵام دوا جار نابێ. ساڤرولا بێ ئەملا و ئەولا لە مەڵبەندەکەی خۆی دەنگ دێنێتەوە و هەڵدەبژێردرێ و دیسان دەبێ لە پارڵمان گوێ بۆ فەرمایشتەکانی ڕابگرین.

میشێل گوتی:

  • بەڵێ بە مەرجێک هیچ ڕووداوێکی بۆ نەیەتە پێش.

سەروک‌کۆمار کە پیاوی خۆی باش دەناسی، زۆر زوو لە مەبەستەکەی گەیشت و لە وەڵامدا گوتی: نا بە کەڵک نایە، ناتوانین شتی وا بکەین. پەنجا ساڵ لەمەوبەر دەکرا بەڵام ئێستا خەڵک ئیتر قەبوولی شتی وا ناکەن. تەنانەت بەشی سەربازیش بۆ شتی وا مل‌نادات. تا ئەو کاتەی پێ‌بەپێی یاسا هەڵس‌وکەوت بکات هیچ دەرتانێک نییە و زەفەری پێ نابەین.

ئەو پیاوێکی بەتوانایە، زۆر بەتوانا. هێندێک جار بیر دەکەمەوە لام وایە بەبڕشتترین کەسی لاورانیایە و ڕۆژ بە ڕۆژیش بەتوانا و بەدەسەڵات‌تر دەبێت. ئێمە خەریکین بەخێرایی لە کۆتایی دەسەڵاتداریمان نزیک دەبینەوە. ئەوە سکرتێر بوو هاتبۆ گۆ. ئەو باش شارەزای نیگەرانییەکانی مولارا بوو بۆیەش ئیزنی بە خۆی دەدا کە ڕاشکاوانە ڕاوبۆچوونی خۆی لە گەڵیدا باس بکات.

جارێکی دیکەش دووپاتی کردەوە و گوتی:

  • ”ئێمە بەخێرایی بەرەو کۆتایی دەسەڵاتداریمان دەڕۆین.” لەوانەیە هەر زۆر نزیک بین. پاشان بێدەنگ بوو.

سەرۆک‌کۆمار گوتی:

  • بەڵام وەک پێمگوتی ئەگەر ڕووداوێک بۆ ساڤرولا بێتە پێش هەموو کەس لە منی دەزانێ و پێی من دێتە ناو کێشەکەوە دەبێتە هۆی شۆڕش لە ناو وڵات‌دا و لە دەرەوەش تووش گازندە و لێ‌پێچانەوە دەبین، ئینجا هیچ وڵاتێک ئامادە نابێ پەنامان بدات و شوێن نابێ ڕووی تێ‌بکەین.
  • دوور لە توند و تیژی و زەبر و زەنگ ڕێگەی دیکەش هەیە.
  • من شتێک شک نابەم، لە بیرت بێ کە ئەو پێاوێکی بەهێزە.
  • سامسۆن”یش[4] بەهێزبوو بەڵام فیلیستەکان زەفەریان پێ برد و خستیانە داوی خۆیانەوە.
  • بەڵێ لە ڕێگای ژنێکەوە. بەڵام باوەڕ ناکەم ساڤرولا هیچکات دڵداری کرد بێت.
  • بەڵێ لە وانەیە نەی‌کردبێ بەڵام خۆ ئەوە ڕێگر نییە لەوەی کە بیکات.
  • بەڵام ئەمە پێویستی بە دەلیلە یەکە. نەکا کەسێکت بونیاد نابێ؟

سکرتێر خۆی شلوێ نەکرد، چاوێکی بە ژوورەکەدا گێرا، بۆ چەند چرکەیەک لە وێنەی لوسیلە کە بە دیواری ژوورەکەوە هەڵواسرابوو ڕاما.

دەنگی مولارا بەرز بۆوە و گوتی: کوو بیری وا دەکەیەوە هەی نابەکار. تۆ بەزەییت بە کەس‌دا نایە.

میشێل لەم جۆرە کاتانەدا سەرۆک‌کۆماری بە ژنراڵ بانگ دەکات و ئەمەش بۆ سەرۆک‌کۆمار وەبیر هێنەرەوەی زۆر ڕووداو و کارەساتی سەردەمی بەشداریان لە شەڕ دایە؛ گوتی:

  • ژنرال ئێمە ئەوە ماوەی چەند ساڵە بەیەکەوە ئیش دەکەین شتی وا مەفەرموون.
  • هەی ڕوو هەڵماڵاو شەرم ناکەی؟
  • بەڵام بەرژەوەندییەکانی منیش لە مەترسی دان. منیش دوژمنم هەیە. ئێوە زۆر باش ئاگادارن کە بەبێ پارێزگاری و چاوەدێری پۆلیسی نهێنی، ژیانێک بۆ من لە ئارادا نییە و من دەزانم دەگەڵ کێ و بۆ کێ ئەم کارانەم ئەنجام داون. ڕەنگ‌بێ لات‌ وابێ هەڵەباشم و هەر وا بێ‌لێکدانەوە تاوی دەدەم، بەڵام هەموو شتێک سنووری هەیە تەنانەت فیداکاری لە پێناو هەڤاڵاندا.
  • دەی دەست لە چەنەوەڕی هەڵگرە، پێشنیارەکەت بڵێ بزانم دەڵێی چی؟
  • فیلیستەکان زەفەریان بە سامسۆن برد بەڵام بۆ ئەم مەبەستە پێویست بوو دەلیلە پێشتر پرچی سامسۆن ببڕێت.
  • یانی مەبەستت ئەوەیە کە ئەو داوا لە ساڤرولا بکات کە بکشێتەوە و دەست‌بەردار بێ؟
  • نا بڕوا ناکەم ئەمە سەربگرێ. بەڵام دەبێ بی‌گڵێنینە ناو تاوانێکەوە.
  • لوسیلە قەت شتی وا ناکات. تازە پێی منیش دێتە ناو کێشەکەوە.
  • بێ‌ئەوەی پێویست بکات ئەو هێچ شتێک بزانێ هەلێکی وا دەڕەخسێنین تا لە ساڤرولا نزیک ببێتەوە.
  • هەی بیژووی نابەکار( ئێستا مولارا ئەمەی نەرم و هێدی گوت وەک بڵێی دەستەمۆ بووبێت).

میشێل بەم قسەیە وەک خەڵات کرابێ وابوو بە ڕووخۆشیی و پێکەنینەوە وشەی بیژووی قواستەوە و بە کلکە سووتەوە گوتی:

  • بارودۆخەکە زۆر لەوەی نالەبارترە کە بیر لە ڕەوشت، شەرەف و ئەم قسانە بکەینەوە. چەندی ژانەکە زۆرە ئەوندەش دەبێ دەرمانەکە بەبڕشت بێ.
  • لوسیلە هیچکات من نابەخشی.
  • لێبواردن و بەخشین لە لای تۆیە گەورەم. ئەوە تۆی دەبێ گەورەیی بنوێنی و لە گوناهێکی نەکردوو خۆش بی. تەنیا کارێک پێویستە تۆ ئەنجامی بدەی، ئەوەیە کە خۆت وەک هاوسەرێکی ئێرەیی‌بەر و حەسوود بنوێنی و پاشانیش دانی پێدابێنی و بڵێی هەڵە بووی.
  • ئەدی ساڤرولا؟
  • بیر بکەوە ئەو کاتە کە خەڵک دەزانن، پێشڕەوی گەل، وڵاتپارێز و دێمۆکرات ژێر بە ژێر کەینەوبەینەی دەگەڵ هاوژینی دیکتاتۆر هەبووە. هەر ئەم بیرۆکەیە دەبێتە هۆێ نیفرەت و بێزاری لە لای ژمارەیەکی یەکجار زۆر. ئینجا بیهێنە بەرچاوت کە دۆش‌داماو و بێ‌دەرەتان لەبەر پێی سەروک‌کۆماردا کڕنۆش دەبات و داوای لێبوردن دەکات. عەجایب دیمەنێکە! ئەمە دەبێتە سەرەتای توانەوە و لەناوچوونی یەکجاری ساڤرولا.
  • دڵنیا بە. ئەمە تەنیا ڕێگاچارەیە کە بیرم بۆی دەچێ و بۆ تۆش چی تێناچێ. هەر ژنێک لە ناخی خۆیدا دڵخۆشە بەوەی کە شەریکی ژیان و خۆشەویستەکەی ئێرەیی پێ‌دەبات.

مولارا لە کاتێکدا سەیری سەری تاس، چرچ و لۆچی دەموچاوی ناشیرینی میشێلی دەکرد، پرسی:

  • هەی بنە گۆگەم! ئەتۆ ئەم شتانە لە کوێ دەزانی؟
  • من ژن دەناسم،

خەریک بوو بە لێهاتوویی و وەستایی خۆی لە ناسینی ژناندا بێتە خوارێ کە مولارا بە بێزەوە ڕووی وەرگێڕاو و بە دەنگێک شێلگیر و بڕیاردەرانە گوتی:

  • سکرتێر ‌میشێل! ئەوە پێت دەڵێم ئیتر هیچکات لەم بارەوە دەگەڵ مندا قسە نەکەی.
  • بەڵێ گەورەم بە تەواوی تێدەگەم. ئیتر پێویست ناکات لەم بارەوە لە گەڵتان بدوێم.
  • دوایین ڕاپۆرتی لێژنەی کشتوکاڵتان لەبەر دەستە دەتوانی کورتەیەکم بۆ باس بکەی؟ هێندێکم زانیاری پێویستە. لەوانەیە بتوانین وڵات لە دەست خۆماندا ڕابگرین تەنانەت ئەگەر پێتەختیشمان لە دەستدا نەمێنێت. ئەوەش بۆ سوپا پێویستێکی سەرەکییە.

باسەکە بە ئەنجام گەیشت‌بوو هەر دوو لا لێک تێگەیشتبوون. مەترسی بەڕواڵەت ڕەوی‌بۆوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم مەترسییە لە بێدەنگی ناخیاندا ‌قووڵتر و بڵاوتر ڕەگی دادەکوتا.

کاتێک سەرۆک‌کۆمار لە کاری ڕۆژانەی بۆوە، هەستایە سەرپێ تا ژوورەکە جێ بهێڵێ، لێ بەر لە وەدەرکەوتن ڕووی کردە ‌میشێل و بێ‌پێشەکی گوتی:

  • زۆر باش دەبوو لە پلان و کردەوەی ئۆپۆزیسیۆن بەر لە کردنەوەی پارڵمان زانیاری و ئاگاداریمان هەبوایە. ڕای تۆ چییە؟
  • بەدڵنیاییەوە وایە.
  • چۆن بتوانیین ئەمە ‌لەژێر زمانی ساڤرولا دەربکێشین؟ بەرنامەکانی ئەو پێشبینی ناکرێن.
  • ڕێگەی دیکە هەیە.
  • پێمگوتی کە نابێ بیر لە توندوتیژی بکەیەنەوە.
  • ڕێگەی دیکە هەیە.
  • بۆ ئەمەش هەر وەک گوتم؛ ئیتر بۆت نییە لەمبارەوە قسەم دەگەڵدا بکەیەوە.
  • بەڵێ راست دەفەرمووی،

میشێل سەری دەبەر خۆی نا و بە بێدەنگی سەری خستەوە سەر کارەکانی و سەرۆک‌کۆماریش وەدەرکەوت.

ئەم باغەی مولارا بۆی چوو لە جوانترین و دڵگیرترین باغەکانی ئەم وڵاتەیە. دارودرەخت تێکڕا بە شێوەیەکی جوان و سرووشتی بە باڵای یەکدا هەڵگەڕابوون و لێکیان دەگێڕاوە. خاکێکی پڕ پیت و بەرەکەت، گەرمایەکی بە ڕێ‌وجێ و بارانی زۆر و زەوەند، ئەم باغەیان بە شێوەیەکی سرووشتی خەمڵاندبوو.

لاورانییەکان باغ و باغاتی دەستکرد کە تێی‌دا دار دوا بە دوای یەکدا ناژراون و چیوەی لاکێشە و بازنەیان پێ‌دەرهێنراون، یان شێوەی هاووێنەیان پێ ‌‌داڕشتوون، بەدڵ‌ نییە. لاورانییەکان خەڵکێکی تێگەیشتوو و ڕۆشەنبیرن و باغی ئەندازیارکراوی لەسەر بیچم و تەرزی دەستکردیان بەدڵ‌ نییە. بژاردەی لاورانییەکان ئەو باغ و باغاتەیە کە بە شێوەیەکی سرووشتی سەریان بەسەری یەکەوە ناوە.

بەڵام سەرۆک‌کۆمار بایخێکی ئەوتۆی بە گوڵ و باغ و باغات نەدەدا. وەک بۆخۆی دەیگوت کار و ئەرکی ڕۆژانە جێگەیەکی بۆ ڕەنگ، هاوئاوازی و هاونشیینی جوانییەکان نەهێشتۆتەوە. نە گوڵە ڕۆزە جۆراوجۆرە جوانەکان نە بۆنی ‌خۆشی یاسەکان لای ئەو هەستبزوێن نەبوون. بەڵام خاوەنییەتی و دەست پێراگەیشتنی بە باغ بۆ میوانداری میوانەکان و جێژنەکان پێ پێویست‌بوو. لەمە زیاتر ئەم باغە لە ژیانی ئەودا جێگەیەکی دیکەی نەبوو. ناندێنی ناو باغەکەی بەلایەوە زۆر پڕبایختر بوو لە باغێکی پڕ لە گوڵە ئورکیدە.

لێدوان و باسەکەی دەگەڵ ‌میشێل کێچی خستبووە کەوڵی و بیری ئاڵۆز کردبوو. بیری دەکردەوە، خێرا خێرا هەنگاوی هەڵدەگرتن. بە ڕێچکەیەکدا ڕۆیشت تا گەیشتە فەوارەکان. لە دەریای بیری خۆیدا لێکی‌دەداوە؛ ‌میشێل راست دەکات، ئەگەر ساڤرولا لانەدرێ و شتێکی بۆ پێش‌نەیە وا خەریکە خێرا بەرەو کۆتایی دەڕۆین. ئەو هەوڵی دا لە وردەکاری بیرۆکەکانی کە هەموو هەست و نستی داگرتبوو خۆ ڕزگار بکات و نەچێتە بنچ و بناوانیان، کە چی سەردەمی ڕۆژانی خوێناوی شەڕ، ئەو کات کە خەباتکارێک بوو کەوتەوە بیر. بیرهاتنەوەی کۆمەڵێک ڕەفتار و کردەوەی دزێو کە پڕئازار بوون. ئەفسەرێکی هاوکاری هاتەوە بیر. ئەفسەرێکی لێهاتوو و بەتوانا، کە توانای ڕکەبەری دەگەڵ ئەودا هەبوو و لە هیچ بوارێکدا کەمی نەدەهێنا. وەبیری هاتەوە کە لە کات ‌و ساتێکی زۆر ئەستەم‌دا لە ناردنی هێزی‌ یارمەتیدەر خۆی پاراست و ئەفسەری ناوبراوی بە تەنیا لەبەرانبەر هێزێکی زەبڵاحی دوژمندا تەنیا جێهێشت بوو و بەم جۆرە ئەم ئەفسەرەی کە بە لەمپەری سەر ڕێگای خۆی دەزانی لە ناو بردبوو. هەروەها ڕووداوێکی تری وەبیر هاتەوە کە ئەویش هەر وا دزێو و ناشیرین بوو. پەیمان‌شکێنی و خیانەت بە ئەو کەسانەی بەڵێنی و ئەمانیان پێ‌دابوون، بەڵام هەر لە بن‌دیواری ئەو قەڵایە کە سەردەمانێکی زۆر بە شانازییەوە پاراست‌بوویان، گوللەبارانی کردبوون. لەکاتێکدا مچوڕکی پێدادەهات، بیری کەوتەوە چەند بێ‌بەزەیانە ئەسیر و سیخوڕەکانی لایەنی بەرانبەری ئەشکەنجە دەدا و چی نەما کە بەسەریان نەهێنێ. پێنج ساڵ کاری قورس و بەردەوام، پێنج ساڵ خۆشیی دەسەڵاتداری و بەرەوپێشچوون، نەیتوانی بوو دیمەنی ئەم کەسانەی لەناوی بردبوون، ئازاری‌دابوون و دەربەدەری کردبوون، لە زەینی لابدات. بەڵام ئەو پیلانەی ئێستا خەریکی داڕشتنی بوو لە هەموو ئەوانە قێزەونتر بوو. ویژدان دەمێک بوو لە لای ئەو باری کرد بوو. وەک زۆر لە پیاوانی مێژوو و پیاوانی سەردەم حەزی دەکرد ڕابوردوو لە بیر بکات. کاتێک دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتبوو بەڵێنی بەخۆی دابوو ئیتر لەمەودوا ئەم ئاکار و ڕەوشتانە وەلا بنێ. بەڵام وا دیسان پێویستی پێیانە و خەریکە ڕوویان تێدەکاتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە لوسیلە زۆر جوانە و ئەوی بەشێوەی تایبەتی خۆی زۆر خۆشدەوێ. ئەگەر بێت و لوسیلە بەم پیلانە نهێنییە بزانێ هیچکات نای‌بەخشێ. ئینجا بەخۆی گوت نا، نا، ئەو هیچکات بەم پیلانە نازانێ. بەڵام هەر بیر لێ‌کردنەوەی پڕ ئازارە.

چار چییە، کام ڕێگای دیکەمان لەبەردەستە؟ بیری لە خۆپێشاندەرانی ڕۆژی پێش دەکردەوە، لە ساڤرولا، لە ڕاپۆرتی سوپا، لەم دەنگۆیانە کە باسیان لە داهاتوویەکی نەگبەت و نادیار دەکرد. هەروەها باس لە تێکەڵ‌بوونی ئەم دەگەڵ ئەو و سەربەرسەریەکەونانی ئەم هێزە دەگەڵ ئەم هێزە و دەسپێکی شۆڕش تا سەرکەوتن.

شەپۆل و ئالۆزییەکان هوروژمیان هێناوە و تەنگییان بە سەرۆک‌کۆمار هەڵچنیوە و ناخی ڕێک‌دەگوشن. ئێستا ئیتر هەڕەشە و مەترسییەکانی ڕوونتر لێ دیارن. ئەم دۆخە بیر و خەیاڵی ئەوی بۆ ڕێگاچارەی دیکە ڕاکێشا.

شکست، ڕاکردن بۆ وڵاتێک، چارەڕەش و گومان‌لێکراو ‌لەژێر چاوەدێری پۆلیسی وڵاتانی بێگانە لە هەندەران دا، پیربوون لە غوربەت و پەنابەری‌دا، وردی دەکات و ڕێگاچارە نییە. مردن باشترە. نا تەنیا مەرگ دەتوانێ لەم کۆشکە دووری بخاتەوە و بۆیەش ئامادە بوو تا دواچرکە ملە بکات. ئێستا سەرلەنوێ گەڕابۆوە خاڵی دەستپێک. لێرەدا شانسێک هەبوو. لەوانە بوو پیلانەکەی سەربگرێ. ڕێگاچارەیەکی دڵخواز نەبوو بەڵام دەبوایە ئەمەی هەڵبژاردبا یان تێداچووبا. مولارا گەیشتبووە کۆتایی باریکەڕێگای ناو باغەکە، لە پێچانەوەیەکدا چاوی بە لوسیلە کەوت کە بە تەنیشت حەوزێک و بە سەیری فەوارەیەکەوە دانیشتبوو. دیمەنێکی زۆر جوان بوو.

لوسیلە هەر لە جێوە لە دەنگی‌ڕا زانی هاوسەرەکەی زۆر شپرزەیە، هەستایە سەرپێ و بەرەوپیلی چوو. چی بووە ئانتۆنیۆ بۆ وا ئاڵۆزی؟

ئانتۆنیۆ وەڵامی دایەوە:

  • ساڤرولا، وەڤدەکە، ڕۆژنامەکان و لە سەرووی هەمووانیش ئەو ڕاپۆرتانەی سەبارەت بە ناڕەزایی و تووڕەیی خەڵک پێم‌دەگەن، گشتیان زمانحاڵی سەردەمانێکی نەگبەتن.
  • بەڵێ؛ منیش ئەمڕۆ بەیانی کاتی گەشت لێدانەکەم لە چاولێکردنی هاووڵاتی‌یاندا نیفرەت و بێزاریم بەدی کرد. پێتوایە مەترسییەک بەڕێوە بێ؟

ئانتۆنیۆ هەر وەک خدەی هەمیشەیی خۆی بە کورتی وەڵامی دایەوە،

  • بەڵێ وایە، هەست بە مەترسی دەکەم. مەترسێکی گەورە.
  • حەزم دەکرد دەرفەت با و یارمەتیم دابای، من چیم لە دەست دێت، تەنیا ژنێکم، چیم لە دەست دێت؟

ئانتۆنیو هیچی نەگوت و لوسیلە بەردەوام بوو:

  • سینیور ساڤرولا مرۆڤێکی باشە، بەر لە شەڕ زۆر جار بەهەڵکەوت چاوم پێی‌دەکەوت.
  • ئەو هەرەشەیە لە سەر ئێمە و بەرەو نەمانمان دەبات.
  • نا، شتی وا باوەڕ ناکەم.
  • ئێمە مەجبور دەبین وڵات بەجێ بهێڵین و کۆچ بکەین، تازە ئەگەر ڕێگای ئەمەمان پێ بدرێ.

لوسیلە رەنگی گۆڕا، سپی هەڵگەڕا و گوتی:

  • بەڵام هەر چۆنێک بێ من لەسەر ناسینی خەڵک تا ئاستێک کارامەییم هەیە. لەم پیاوەدا وەفا هەست پێدەکرێ. ئەو پیاوێکی توندئاژۆ و دەروێشسفەت نێ.
  • هاندەری هەیە، هانی دەدەن. هاندەر و هێزێک کە بۆخۆشی نازانێ سەر بە چی و سەر بە کوێن. ئەو کەوتۆتە پێشیان بەڵام ئەوەی دەگەڵنی، لە رکێف و ئیرادەی ئەودا نین.
  • هیچت بۆ دەگەڵ ناکرێ؟
  • ناتوانم دەستبەسەری بکەم. ئەو زۆر خۆشەویستە. تازە هیچ ڕێوشوێنێکی یاساییشی ‌لەژێرپێ نەناوە. وریایە و هەر ئاواش بەردەوام دەبێ. چاردە ڕۆژی دیکە هەڵبژاردنە، بە دڵنییایەوە سەرەڕای هەوڵەکانی من سەرلەنوی هەڵدەبژێردرێتەوە. جا ئەو کاتەیە کە کێشەکان توندتر دەبن.

مولارا دەمێک وەستا و پاشان بەردەوام بوو و وەک دەگەڵ خۆیدا قسان بکات گوتی:

  • ئەگەر دەمانزانی پلان و بەرنامەی چییە و بە تەمایە چی بکات، لەوانە بوو کرابا لێی هەڵوەشێنین و پێشمان گرتبا.

لوسیلە پرسی:

  • دەتوانم یارمەتیت بدەم. من ئەو دەناسم و لام وایە ڕێزم دەگرێ و منی خۆشدەوێ. بۆیەش پێموایە ئەوەی لە لای خەڵکی دیکە نایدرکێنێ، لای من دەیڵێ. (ئەو بیری بۆ کارامەیی و بڕشتی جوانی و پرشنگی خۆی چوو کە زۆر جاری دیکەش لە هانایەوە هاتوون.)

مولارا گوتی:

  • ئازیزم، بۆ دەبێ تۆ بێی و تێکەڵاوی ئەم قاڵمە قاڵمە سیاسییانە بی؟ من حەزناکەم شتێکی وا لە تۆ داوا بکەم، چاوەڕوانییەکی وام نییە.
  • بەڵام من خۆم حەز دەکەم. ئەگەر بۆ تۆ یارمەتیدەر بێ و ئیزنت لەسەر بێ، وا هەوڵی خۆم دەدەم.
  • زۆر لە یارمەتی سەرترە
  • کە واتە من دەچمە بنچ و بناوانی و تا چاردە ڕۆژی دیکە لە دەسکەوتەکەم ئاگادار دەبی. بەڵام ئەو دەبێ بۆ شەونشینی و سەمای کۆشک بانگهێشتن بکرێ تا بتوانم لەوێ چاوم پێی بکەوێ.
  • زۆر دژ بەوەم کە ببی بە هاودەمی پیاوێکی لەم چەشنە، بەڵام لە ژیریی و وریایی تۆدا هیچ گومانم نییە کە دەتوانی لە عۆدەی بێیە‌دەر. تۆ پێتوایە بە دەنگمانەوە بێ و بانگهێشنمان قەبووڵ بکات؟
  • لەسەر کارتی بانگهێشتنەکەی چەند دێرێکی بۆ دەنووسم و دەڵێم کە ژیان هەمووی سیاسەت نییە و ئەو دەبی بتوانێ تەوفیری ژیانی کەسیی و سیاسی بکات. لام‌وایە دێت. ئەگەر نا ئەوە ڕێگەیەکی دیکە دەدۆزمەوە کە چاوم پێی بکەوێت.

مولارا بە ئەمگناسییەوە سەیری لوسیلە دەکات. قەت هێندەی ئێستا خۆشی‌ نەویستبوو. ئێستا کە دەیدیت بوونی بۆ ئەو چەند بەکەڵکە. پاشان پێی‌گوت:

  • زۆر باشە وا من بە خۆتی دەسپێرم. نیگەرانم کە تێیدا سەرکەوتوو نەبی. بەڵام بێتو سەربکەوی لەوانەیە ببێتە هۆی ڕزگاری و نەجاتی حکومەت. نەشبوو نەبوو عەیبێکی نییە.
  • دڵنیابە، سەردەکەوم.

لە جێی خۆیەوە هەستا و بەرەو کۆشک کەوتە ڕێ. چونکە ئەو عادەتی هاوسەری خۆی دەزانی کە لە کاتی وا دا حەزی دەکرد بە تەنیا بێت.

مولارا ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە، لە ئاوەکەی دەڕوانی و سەیری ماسییە زەردە بچکۆلەکانی دەکرد کە بەئارامی لە ئاوەکەدا مەلەیان دەکرد بەڵام تاڵی و گرژی ناوچاوانی نەڕەوێوە .

 

بەشــــی ٦

ملکــەچــــی دەســتــوور

دامەزرێنەرانی ژیری کۆماری لاورانیا هەر لە سەرەتاوە ڕەچاوی گرنگی پاراستن و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان لایەنەکانی دەسەڵاتیان بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەستراوەیی حیزبی، کردبوو. بۆیەش سەرۆک‌کۆمار هەر لە کۆنەوە ئەرکدار بوو لە وەرزی پاییزاندا وەک نەریتێک میوانداری و بانگهێشتنی فەرمی بەڕێوە ببات. لەم شەواهەنگانەدا کەسانی دیار، بەرچاو، لێزان و ئەهلی قسەی هەر دوو حیزب بانگهێشت دەکران. ئەمساڵ بە هۆی کەش‌وهەوای سیاسی، دۆخەکە گرژ و قسەکان زبر و درشت بوون. پەیوەندییەکان گەرم‌وگوڕی جارانیان تێدا بەدی‌نەدەکرا و بۆیەش ساڤرولا لە زۆوە بڕیاری دابوو کە لە شەواهەنگی ئەمساڵی کۆشکدا بەشداری نەکات. کاتێک ئەو سەرلەنوێ کارتی بانگهێشتنی بۆ هات، زۆر سەری‌سووڕما. سەیرتریش ئەوە، کە لوسیلە نامەی بانگهێشتنی تایبەتی خۆی دەگەڵ‌ کارتەکە خستبوو.

ساڤرولا لێی ڕوون بوو کە لوسیلە بێ‌ئەوەی بیر لە جێگە و پێگەی تایبەتی خۆی بکاتەوە، بێ‌فیز و ئیفادە نامەی بانگهێشتنی تایبەتی بۆ نووسی‌بوو، کەچی بەلایەوە سەیر بوو و نەیدەزانی بۆ وای ‌کردووە. ساڤرولا کەوتە بیر و خەیاڵانەوە، دەیهێنا و دەیبرد و دەیگوت: بێ‌شک ئەو لەسەر جوانی و نازداری خۆی حیسابی کردووە. لەلایەک رەت‌کردنەوەی ئەم بانگهێشتنە زۆر سانا نەبوو، لە لایەکی دیکەشەوە. لەوانەیە بکرێ وەڵامی ئەرێنی و بەدەنگەوە چوونی لوسیلە، لە چارەسەری کێشەی سیاسی‌دا، کەڵکی هەبێ. بیری کردەوە کە لەوانەیە لوسیلەش هەر ئەو لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنەی بووبێت و بیری لە دەراوێکی نوێی سیاسی بۆ کێشەکانی وڵات کردبێتەوە. لەوەی کە بڕیاری دابوو نەچێت بەداخ بوو. دانیشت وەڵامی بۆ بنووسێت و لە بڕیاری خۆی ئاگاداری بکات، کاتێک نیوەی وەڵامەکەی نووسی‌بوو دەستی ڕاگرت و بە مێشکی داهات کە نەکا لوسیلە پێویستی بە یارمەتی ئەو بێت. جارێکی دیکەش نامەکەی لوسیلەی خوێندەوە، ڕاستەوخۆ شتێکی وای تێدا بەدی نەکرد بەڵام بێژ و بناشتی دارشتنەکەی داواکارانە بوو. بۆیە وا ئێستا خەریکە لە مەهانەیەک دەگەڕێ تا بڕیارەکەی بگۆڕێ. پەنای بۆ نەریتی باو و لەمێژینە و هەروەها دستووری وڵات برد و بەم شێوەیە ملکەچی خۆی بۆ دەستووری وڵات ڕادەگەینێ و بەم‌چەشنە خزمەتێکیش بە بەرەوپێشچوونی ئامانجەکانی دەکات. بەڵام لە مەهانەی ڕاستەقینەی گۆڕینی بڕیارەکە، خۆی نەبان دەکات.

بڕیاری دا بچێت. لەوانەیە هاوڕێیانی حیزبی ڕەخنەی لێ‌بگرن و گازندەی بکەن. بەڵام داینابوو کە گوێی نەداتێ. پەیوەندی بە وانەوە نییە و لە پێگەی خۆشی ڕادەدیت بەرەنگاری ڕەخنەگران ببێتەوە. ئەم دالغە لێدانە، بە لەناکاو هاتنە ژووری مۆریت کە لە خۆشی‌یان پێی نەدەگرت، کۆتایی هات. مۆریت بێ ‌یەک‌ودوو گوتی:

  • ناوەندی گشتی هەڵبژاردن بە تێکڕای دەنگ تۆیان وەک بەربژێری سەرەکی دەست‌نیشان ‌کردووە. داردەست و پیاوی دیکتاتۆر، ترانتا بە فیکەلێدان خرایە دەرەوە. کۆبوونەوەیەکی گەورەم بۆ شەوی پێنجشەممە ڕێکخستووە کە تۆ لەوێ قسان بکەی. دۆخەکە دەگەڵ ئێمەیە و وەک لەسەر هەوران بین، بە هاسانی بەرەو پێش دەڕۆین.

ساڤرولا گوتی:

  • زۆر باشە! چاوەڕوانیم دەکرد کاندید بکرێم چونکە لە پێتەخت پێگە و لایەنگری باشمان هەیە و بەهێزین. زۆریشم حەز لێیە هەڵکەوێ قسان بکەم. دەمێکە کۆبوونەوەمان نەبووە و ئێستاش زۆر شتمان هەیە باسی لێ‌بکەین. گوتت کام ڕۆژ؟
  • پێنجشەممە، هەشتی ئێوارێ لە بینای شارەوانی.
  • پێنجشەممە؟
  • بەڵێ خۆ لە شوێنی دیکە بەڵێنیت نەداوە؟

ساڤرولا لەبەرخۆیەوە؛ پێنجشەممە. ئینجا لەسەرەخۆ وشە بە وشە گوتی:

  • جا خۆ ئەوکات شەواهەنگی کۆشکیشە.
  • دەزانم، بۆیەش ڕاست ئەو ڕۆژەم هەڵبژارد تا ئەوان بزانن کە لەسەر گڕکان سەما دەکەن، هەر لە چەند سەد میتری کۆشک خەڵک یەکدەنگ و لێبڕاوانە کۆدەبنەوە. مولارا ناتوانێ چێژ لە جێژن و شەواهەنگەکەی وەربگرێت. لۆڤیت بەشدار نابێ. سورەنتۆ ڕەنگە پلان بۆ کوشتارێکی دیکەی خەڵک ئامادە بکات. دەبێ هەموو بەر لە چوونیان بۆ کۆشک ئافیشەکان بە دار ‌و دیوارەوە ببینن و شەواهەنگەکەیان لێ ببێتە ژەهرەمار.

ساڤرولا قسەکانی پێ‌بڕی و گوتی:

  • مۆریت، پێنجشەممە ناگونجێ.
  • ناگونجێ؟ یانی چی، بۆ نا؟
  • چونکە بەتەمام لە شەواهەنگی کۆشکدا بەشدار بم.
  • مۆریت قوڕگی گیرا و هەناسەی وەستا، گوتی:
  • یانی چی مەبەستت چییە؟ یانی تۆ دەتهەوێت بەشدار بی؟
  • بەڵێ ڕاست وایە، دەچم و بەشدار دەبم. داب‌ونەریتەکانی حکومەت و وڵات نابێ بخرێنە پشت‌گوێ. ئەوە ئەرکە لە سەرم کە بچم و بەشدار بم. ئێمە بۆ سەپاندنی دەستوور خەبات دەکەین بۆیەش دەبێ ڕێز بۆ پرنسیپەکان دابنێن و پێ‌شێلیان نەکەین.
  • یانی دەتهەوێ بە ئەرێنی وەڵامی بانگهێشتنی مولارا بدەیەوە و بچییە ماڵەکەی و لەسەر سفرەکەی دانیشی؟
  • نەخێر، من تەنیا لە خواردنێک دەخۆم کە دەوڵەت پارەکەی دەدات. تۆ باش دەزانی تێچووی ئەمجۆرە میواندارییانە لە پای دەوڵەتە.
  • تۆ بەتەمای بیدوێنی و قسەی دەگەڵدا بکەی؟
  • هەڵبەت، بەڵام زۆر باش دەزانم کە ئەو گفت و لفتی منی زۆر بە دڵ نابێ.
  • واتە دەتهەوێ سووکایەتی پێ‌بکەی.
  • مۆریتی خۆشەویست، کوو دەتوانی وا بیر بکەیەوە؟ نەخێر نەوەڵا زۆر بە حورمەتەوە هەڵسوکەوتی لە گەڵدا دەکەم و دەشزانم دەترسێ چونکە نازانێ هەڵسوکەوتم چی لە پشتە.

مۆریت زۆر لێبڕاوانە و دڵقایم گوتی :

  • تۆ ناتوانی بۆ وێ بچیت.
  • بەڵێ، دەچم
  • بەڵام بیر بکەوە بزانە سەندیکاکان چ دەڵێن.
  • بەوردی بیرم لێکردۆتەوە و بڕیاری خۆم داوە. ئەوان چییان پێخۆشە با بیڵێن. دەبێ بزانن کە من لەم سەردەمانەدا بەتەما نیم دەستووری وڵات هەڵپەسێرم و کاری پێنەکەم. ئەم کەسانەی وا زوو هەڵدچن و ئاگریان لێ‌دەبارێ پێویستیانە سارد بنەوە و پشوو درێژ بن. ئەم بوون بە ئاگرە لەبەرژەوەندیماندا نییە.
  • بە دڵنیاییەوە تاوانبار دەکرێی. تاوانبار کە پشتت لە خەبات و پرسی گەڵ کردووە.
  • گومانم نییە، دەکرێ گەمژەی وا هەڵکەوێ قسەی شێتۆکەش بکات. بەڵام دڵنیاشم دۆستەکانی من ئەوەندە ژیرن کە گوێیان بەم قسانە نابزوێت و ئەم قسەلۆکانەش بۆ من ناگێڕنەوە.
  • ئەدی بۆ ستێرلیتز دەڵێی چی؟ ئەو حەتمەن بە خۆی و بە دەست و پەیوەندەکەیەوە لە سنوور تێدەپەڕێ و دەگەڕێتەوە. ئەو هەر ئێستاش تابوشتی نەماوە و پێیوایە کە ئێمە زۆر خاوەخاوی لێدەکەین.
  • ئەگەر ئەو بەر لەوەی ئێمە ئامادەی هاوکاری ئەو بین دەست بەکار بێت، سوپا بەخێرایی خۆی و پیاوەکانی کپ دەکەن و لە ناویان دەبەن. بەڵام ئەو دەستوور و ڕێوشێنی دیار و ڕوونی لە من وەرگرتووە و هیوادارم سەربزێوی نەکات.

مۆریت بە دەنگێکی سەخڵەتەوە گوتی:

  • کارەکەت دروست نییە، بۆخۆشت دەزانی. بیربکەوە چ ڕەزاڵەتییەکە کە کڕنۆش بۆ دوژمنەکەت دەبەی.

ساڤرولا بەم هەڵچوونەی هاوڕێکەی پێکەنی و گوتی:

  • هێدی بە! من کڕنۆش نابەم و تۆش قەتت نەبینیوە کە من کڕنۆش ببەم. پێم سەیرە دەتوانی وا بیربکەیەوە.

پاشان دەستی درێژ کرد، قۆڵی مۆریتی گرت و درێژەی بە قسەکانی دا:

  • من و تۆ لە زۆر شتدا جیاوازیمان هەیە بەڵام دیسانیش لە تەنگانە و کاتی پێویستدا لە تۆ زیاتر ڕوو لە کەس ناکەم. ئێمە لەسەر پرسی چووکەی بێ‌بایخ چەنەوەڕی دەکەین، هاتبا و باسەکەمان پرسێکی بنەڕەتی و بایخدار بوایە بێگومان هەڵسەنگاندن و ڕوانگەی تۆ دەبوونە ڕێباز و ڕێ‌نیشاندەرم و تۆش ئەوە باش دەزانی.

مۆریت ملی بەلاوە نا و وەک هەموو جاران لەبەرانبەر ئەم شێوە قسەکردنەی ساڤرولادا تەسلیم ‌بوو و پرسیاری کرد:

  • ئەی کە وایە، کەی کۆبوونەوە بکەین؟
  • لە هەر کاتێکدا تۆ پێت باشە.
  • ئیزن بدەن با بیخەینە ڕۆژی هەینی. هەتا زووتر بێ باشترە.
  • زۆر باشە. ئەتۆ کۆبوونەوەکە ڕێک بخە منیش خەریک دەبم شتێک بۆ گوتن بدۆزمەوە.
  • جارێکی دیکەش هیوادارم کە تۆ لە چوونی بۆ ئەو بالێت و شەواهەنگە گوزەرابای. من لە جیاتی تۆ بوایەم دونیاش خراپ ببوایە پێم تێ‌نەدەنا.

ساڤرولا بە دەنگێکی لێبڕاوانە گوتی:

  • مۆریت! ئەو باسە تەواو بوو شتی دیکە هەیە دەبێ لێی بدوێن. هێندێک نیگەرانم. هێندێک هاندان و سەربزێوی نهێنی لە شاردا بەڕێوەدەچێت بەڵام چەند و چۆنییەکەی نازانم و بۆم مەزندە ناکرێ. من سەرۆکی هەڵبژێردراوی حیزبم بەڵام هەندێ جار هەست بە بوونی کەسانێک لە ڕێکخراودا دەکەم کە ‌لەژێر کۆنترۆڵی مندا نین. ئەو تاقمە نهێنی‌یە کە ناوی خۆیان ناوە لیگان، ئەم کابرایە، ئەو ئاڵمانییەی ناوی “کڕۆتێز”ە. ئەوەی وا بە خۆی دەڵێ ژمارە یەک. ئەو سەرچاوەی ئۆپوزسێۆنی ناوخۆی حیزبە. هەموو لێژنەکانی کار ‌لەژێر هێژمۆنی ئەودان. جاری وا هەیە بیردەکەمەوە وام دێتە بەرچاو تۆ، گودی و من کە بۆ دەستەبەرکردن و وەگەرخستنەوەی دەستووری کۆن خەبات دەکەین تەنیا قەڵبەزەی شەپۆلی سیاسی ڕووباری وەرێ کەوتووی خەڵکین، بەڵام نازانین بەرەو کوێ دەچین. لەوانەیە لە هەڵەدا بم بەڵام دەبینم و ئەوەش کە دەیبینم دەمخاتە سەر بیرکردنەوە. داهاتوو ناڕوونە، ئەوەش مەترسیدار و خۆف‌هێنەرە. تۆ دەبێ دەگەڵ من بمێنی و بە تەنیشتمەوە بی. کاتێک بە سەر دۆخەکەدا زاڵ نەبم و نەتوانم جووڵانەوەکە بەڕێوە بەرم، نامهەوێ وەک سەرۆکی حیزب بمێنمەوە.
  • لیگان هیچ نییە و تەنیا گروپێکی سەربزێوی ئانارشیستن کە جارێ توانیویانە خۆ بخزێننە ڕیزەکانی ئێمەوە. تۆ لیدر و سەرۆکی ئێمەی، تۆ دامەزرێنەری ئەم جووڵانەوەی، تۆ ئەندازیار، ڕێکخەر و ڕێ‌پێشاندەرمانی. هیچ هێزیکی نادیار و نەناسراو نییە. تۆ جووڵێنەر و هاندەری سەرەکی جووڵانەوەی.

ساڤرولا بەرەو پەنجەرەکە چوو و گوتی:

  • سەیری شار بکە! کۆمەڵێک زۆر بینا دەبینی، سێ‌سەد هەزار ئینسان لێرە دەژین. بیری لێبکەوە خەڵکێکی کەم نییە، بیر لەم هەمووە توانا شاراوەیە بکەوە کە ئەم خەڵکە لە خۆی گرتووە. ئینجا سەیری ئەم ژوورە بچووکە بکە. پێتوایە ئەوە منم کە بیر و هزری ئەم خەڵکەم گۆڕیوە یان تەنیا ئەوەیە کە بیر و داخوازییەکانی ئەوانم بە باشی دارشتووە و هێناومەتە گۆ؟ من سەروەری ئەو خەڵکەم یان دیلی ئەوان؟ بروات بێ من خۆم لێ‌نەگۆڕدراوە و تۆش نابێ خۆت لێ‌بگۆڕدرێ.

ئەم شێوە لێدوانەی ساڤرولا لەسەر مۆریت کاریگەری هەبوو. لەوێ وەستابوو سەیری سەربانی ماڵەکان و شاری دەکرد و بە وردی گوێی بۆ قسەکانی ساڤرولا ڕاگرتبوو. هاژوهوژی کپ و نزمی شار کە شنەبا پاش تێپەڕبوونی بەسەر دەریاکاندا دەگەڵ خۆی دەیهێنا، بەرگوێ دەکەوت. بێدەنگ مایەوە، بیری لە خوو و خدە و هەڵچوونە دەم دەمی و لە ناکاوەکانی خۆی کە هەموو جارێ دەبوونە سەرچاوەی شڵەژان و نائارامی کردەوە. خۆو و خدەیەک هەردەم چاوەڕوانی چەشنێک پێ‌هەڵاگوتن بوو تا بەرزەفت بێ. بێ‌ئەوەی هیچ بڵێت ماڵاوایی لە ساڤرولا کرد و لە کاتێکدا نوقمی فانتازییەکی سەیر بوو بەئاسپایی بە پلیکانەکاندا چوو خوارێ.

ساڤرولا لە کورسییەکەی خۆیدا پاڵی‌دایەوە. یەکەم شتی نەخوازراو و لەخۆوە کە بە مێشکی داهات، خستییە پێکەنین. بەڵام کە ورد بۆوە بینی ئەم پێکەنینە نەک هەر مۆریت بەڵکوو کەسی دیکەشی لە خۆی دەگرت. ئەو خەریک بوو خۆیشی فریو دەدا و ڕاستییەکانی لە خۆی دەشاردەوە. بەشەکانی چالاکی مێشکی خەریک بوون دەگەڵ یەکدا درۆیان دەکرد و ڕاستییەکانیان لە یەکتر دەشاردەوە، بۆیەش نەیدەویست ڕاستییەکە بدرکێنێ و بڵێ کە هۆی سەرەکی گوڕینی بڕیارەکەی چییە. پاشان بەخۆی گوت نا نا، وانییە، تازە ئەگەر واش بێ، بایخێکی ئەوتۆی نییە. سیغارێکی لە قووتوە سیغارەکەی دەرهێنا، دای‌گیرساند و کەوتە سەیرکردنی دووکەڵەکەی.

چەند لەوەی کە گوتبووی بەڕاستی وابوو و بۆخۆی باوەڕی پێی بوو؟ بیری لە ڕەنگدانەوەی قسەکانی خۆی لەسەر دەموچاوی مۆریت کردەوە، هەمووی کاریگەری قسەکانی ئەو نەبوو. دیارە ئەم پیاوە ئینقلابییە جەوانەش شتهایەکی هەست پێکردبوو بەڵام زاتی نەبوو بیاندرکێنێ و یان نەیدەتوانی. کە واتە جموجۆڵێکی نهێنی لە ئارادایە. بەڵام ئەو باکی نەبوو، باوەڕی بە هێزی خۆی هەبوو. کاتێک گرفتەکان سەر هەڵدەدەن نابێ کۆڵ بدات و کاتێک مەترسی دێنە پێش دەبێ بەسەریاندا سەرکەوێ. هەر شتێک بێتە پێش دەبێ نیشان بدات کە ئەو پیاوی ئەو مەیدانەیە، خۆڕاگرە و شارەزا. لە هەر هەلومەرج و لە هەر لێقەومانێکدا ئەو فاکتەری سەرەکییە و دەبێ حیسابی لەسەر بکرێ. لەبەرخۆیەوە گوتی، هەرچی دەبێ باببێ. ئەو لەناو ئەم گەمە دایە و تا سەر دەگەڵ دەبێ. کێ دەزانێ بەڵکوو سەرکەوتم.

دووکەڵی سیغارەکەی هەوراسا لەسەر سەری لە جۆلانەدا بوو. ژیــان، سەیرە بەتاڵ و بێ‌ناوەر‌ۆک بەڵام هەر لە هەمان کاتیشدا پڕ مانا. ئەم کاڵفام و گێلانەی کە بە خۆیان دەڵێن فەیلەسووف هەوڵیان داوە مرۆڤایەتی لە مانای ژیان بگەیەنن، بەڵام فەلسەفەی ژیانی ساڤرولا ئەمە بوو کە خەم و خەفەت بە هێند نەگرێ و جێگەیان بە خۆشی و پێکهێنەرەکانی خۆشی پر بکاتەوە. ئەم ڕوانگەیە مانا بە ژیان دەدات و مەرگ بێ‌بایخ‌ دەکات. زێنۆس فێری کردبوو کە چۆن بەرەوڕووی نەهامەتییەکان ببێتەوە و لە ئەپیکورۆس فێرببوو لە چێژدا بە شوێن بەختەوەریدا بگەڕێت. کاتێک تیشک و گەرمای بەختەوەری خۆی دەنواند ئەویش خۆی لەبەر هەڵدەخست. کاتێکیش چارەنووس ناوچاوانی لێ گرژ دەکرد شانی بۆ هەڵدەتەکاند. بوون یان کۆی چرکەکانی بوونی خۆی بە باش و خۆش دەنڕخاند. هەرچی لە ژیان بە بیر و زەینی‌دا دەهات بە باشی مەزندە دەکرد و ڕازی بوو. ئەگەر ژیانێکی دیکە دوای ئەمە هەبێ، ئەگەر بڕیارە ئەم گەمەیە جارێکی دیکە سەرلەنوی لە شوێنێکی دیکە سەرهەڵداتەوە ئەو بەدڵەوە حەز دەکات تێیدا بەشدار بێت. ئەو دژایەتی دەگەڵ ژیانی هەتا هەتایی نەبوو و بۆ لەناوچوون و کۆتایی ژیانیش ئامادە بوو بەڵام تا ئەو کات ژیان کێشەیەکی سەرنجڕاکێشە، دەبێ ململانێ بەردەوام بێ. ئێستا ئەو دەبێ وتار بدات. و دەشزانێ کە بێ هیلاکبوون و لێ‌وردبوونەوەی تەواو ناکرێ مەبەست بپێکێ. وتاردانی بێ ئامادەکاری و بێ‌پلان، هەر لە مێشکی بیسەر دایە و بەس. کەوتە بیر کردنەوە.

چییان پێ‌بڵێت؟ سیغار بە دوای سیغاردا دادەگیرسێنێ. لەناخی هەورەدووکەڵەکەی سەر سەریدا، دەستپێکێکی دۆزێوە، بیری کردەوە کە ئەمە بە قووڵایی ناخی بەشداران و خەڵکدا دەچێتە خوار. بیرێکی مەزن، شوباندنێکی گونجاو بە وێژە و ڕستەی ساکاری بەناوەرۆک کە تەنانەت نەخوێندەوارێکیش لێی تێبگات. داواکاری سادە و ساکار کە ببنە هۆی لێ‌وردبوونەوە و بیر لێکردنەوە. خەریک‌بوو بەرە بەرە بیرۆکەکانی یەکتریان دەدۆزێوە و لە وشە و لە ڕستەدا دەهاتنە گۆ و دەبوون بە دیمەن. بە نەرمە دەنگێکی هێدی لەبەر خۆیەوە دەیگوتنەوە. لەسەر هێندێک وشە دەوەستا. هێندێک ڕستەی بە دەنگێکی بەرزتر دەگوتەوە. بیر، قۆڵی لە قۆڵی بیرێکی دیکە دەکرد و دەبوون بە هاوڕێ و وەک تیشک سەریان هەڵدەدا و خۆیان تێکەڵ بە شەپۆلێکی دیکە هەڤاڵاندا دەکرد و دەبوون بە دەریای نوور و دەبوون بە دەق. کاغەز و ‌پێنووسی هێنا، دەستیکرد بە یادداشت‌کردن. گەیشتە ئەو جێگایەی کە کاکڵ و مەبەستی سەرەکی بوو. چۆنی داڕێژێ و چۆنی ڕابگەیەنێ؟ ڕستەیەکی نووسی، پاشان ڕەشی کردەوە، سەرلەنوی دایڕشتەوە. وشەکان دەبێ گوێیەکان بزرینگێننەوە و مانای وشەکان بیر و زەینیان بهەژێنێ. ئەی لەم یارییە! لە مێشکی‌دا ئەو کارتانەی دەبێ یارییان پێ‌بکات لەبەر دەستی دان و ئەوەی دەبێ وەک دەستمایە یارییان لەسەر بکات دونیا و جیهانی دەوروبەرە کە نابێ لێی ون‌بێت.

هەروا کە خەریکی کارکردن بوو کات تێدەپەڕی. کاتێک پاشماڵەکەی بە سینی خواردنی نیوەرۆوە هاتە سەرێ، بینی کە بێدەنگ و سەرقاڵە. بەتینا زۆر جاری دیکەش ئەم دیمەنەی بینی بوو و نەی‌وێرابوو دەنگ بکات. سینی‌یەکەی دانا و چوو دەرێ. خواردنەکە بێ ئەوەی دەستی لێبدرێ لەسەر مێزەکە مایەوە و سارد بۆوە. زەمان قەتیس نەمابوو لە قەفەزی کاتژمێرەکەی سەر دیواردا چرکەی دەبژارد، دەخولایەوە و تێپەر بوونی زەمانی دەست نیشان دەکرد. لە ناکاو هەستایە سەرپێ و ‌لەژێر هێژمۆنی بیرەکانی‌دا دەگەڵ زمان کەوتبوە زۆرانی گرتن. لە ژوورێدا دەهات و دەچوو. جارێک هەنگاوی کورت، جارێک بەخێرایی. دەگەڵ خۆی، هەر جار بە ئاهەنگێک قسەی دەکرد. سەرئەنجام وەستا و مستێکی توندی بەسەر مێزەکەدا کێشا. ئەو گەیشتبووە کۆتایی وتارەکەی.

دەگەڵ زرمەی لێدانی مێزەکە خۆشی گەڕایەوە دونیای ژوورەکەی. ئێستا برسی و هیلاک بوو بەڵام دڵخۆش. چوو لای مێزەکە دانیشت. بزە لەسەر لێوان خەریکی خواردنی نەهاری ساردەوە بووی بوو.

دەیان لاپەڕەی پڕکراوە بە ڕستە، ژمارە و زانیاری، بەرهەمی کاری ئەم سەرلەبەیانییە بوون کە بە ناڕێکی، بێزمان، بێدەنگ و بێ‌ئازار لەسەر مێزەکە دانرابوون، بەڵام مەترسییان بۆ ئانتۆنیۆ مولارا، سەرۆک‌کۆماری کۆماری لاورانیا لە مەترسی بۆمبێک کەمتر نین.

بەشی ٧

شەواهــەنـگـی کـۆشـک

کۆشکی لاورانیا ناو و ناوبانگی خۆی هەیە و زۆر باش بۆ میوانداری و جێژنە فەڕمییەکان گونجاوە. تێچووی تەرخانکراو بۆ بەڕێوەبردنی ئەم چەشنە میواندارییانە ڕەچاوکراوە و داب‌ونەریتی سیاسی وڵات ڕێگای پێداون و سەرۆک‌کۆماریش لە کاتی وا دا دڵفراوانە و دەست وەبەرناهێنێ. یەکەم شەواهەنگی سەمای ئەم وەرزە جێگە و پێگەی لە ناو هەموو شەواهەنگەکانی دیکەی ساڵدا دیار و بەڕچاوە. لەم شەواهەنەگەدا کە بەڕێوەبەرانی خاوەن‌دەسەڵاتی هەر دوو حیزب دوای بەسەربردنی پشووی هاوینی لە ویلا هاوینی‌یەکانیان و گەڕانەوەیان بۆ شار و بەر لە دەست‌پێکردنەوەی چالاکییەکانی پاییزیی، چاویان پێک‌دەکەوێ. شەواهەنگێک ڕازاوە بە جوانترین گوڵ، بۆن، جل‌وبەرگ، خواردن، مۆسیقا و ژەنیاری تەڕزان، شامپاینی بێ‌وێنە و میوانانی بژاردە لە چینی جۆراوجۆری دەسەڵات، لە تایبەتمەندییەکانی ئەم شەوەن.

هۆڵی گەورەی کۆشک، بە تاقی بەرزەوە کە دیوارەکانی بە سەراپەردەی زۆر جوان داپۆشراون، وەک ئەستێرەیەک دەدرەوشێتەوە و چاوە تروکێ دەکەن. شەقامەکانی دەوروبەری کۆشک کە چراخان کراون، پڕن لە خەڵکی بە پرس و هەراس. هۆڵی‌گەورە لەم جۆرە کاتانەدا سەنگێکی تایبەتی هەیە و ئێستاش بە هاتنی میوان بە دوای میواندا کە ‌تێکڕایان جلوبەرگی زیافەت و شەونشینی‌یان دەبەردایە، هەمدیسان ژیانی وەبەردێتەوە. لەسەر یەک لە پلیکانەکان سەرۆک‌کۆمار بە کۆی میداڵەکانی سەر سنگییەوە کە دەبریقێنەوە، شان‌بەشانی هاوسەرەکەی کە بەجوانیی بێ‌وێنەی خۆی نیگای ئامادەبووان لە میداڵەکانی سەرۆک‌کۆمار دەدزێ، وەستاون. یاوەری گشتی کۆشک کە بە یونیفۆڕمی سوور و زەردەوە لە چاوی کەس ون‌نەدەبوو یەک بەدوای یەکدا ناو و پێگەی میوانەکان دەپرسێت و بە دەنگی بەرز هاتنیان ڕادەگەیەنێ. ژمارەیەکی زۆر میوان بە جێگە و پێگەی جۆراوجۆرەوە ئامادە بوون ، لە نێویاندا نوێنەرایەتی تێکڕای پێتەختەکانی ئەوروپا و وڵاتانی جیهان بەرچاو دەکەوتن.

پاشای ئیتیۆپی، میوانی فەخری ئەمشەوە، بە کۆڵێک ئاڵا و واڵای ڕەنگاوڕەنگ، زێڕ و زەمبەر و گەوهەری داڕێژراو بە شان و ملدا، یەک لەو میوانانە بوو کە زۆر زوو هاتبوو. هەر بۆیەش کەم کەس لە پێشوازی و بەخێرهێنانی‌دا بەشدار بوون. لەوانەشە هەر بە بیری تەسکی جەنابی‌دا نەهاتبێ و یان بەلایەوە گرینگ نەبووبێت چۆنی پێشوازی لێ‌دەکرێ. کالیسکەی تاقمە دیپلۆماتەکان یەک بە دوای یەکدا دەگەیشتنە جێ و لە هەرکامیان یەک یان چەند کەسێک بە شیاوترین جلوبەرگ کە دەستیان وێیڕاگەیشت‌بوو، ڕازاوە بە میداڵ، خشڵ و زیوەر، دادەبەزین. سەفیری ڕوسیە بە سەری سپییەوە لە پلیکانان وەسەرکەوت، ڕاوەستا، دوولا بۆوە و دەستی لوسیلەی کە بۆی ڕاداشت بوو. ماچ کرد و بە سرتە پێیگوت:

ئەم دیمەن و ڕێوڕەسمە جوانە لە ئەڵماسێکی بێ هاوتای وەک ئێوە دەوەشێتەوە.

لوسیلە لە کاتێکدا بەم وتەیە گەشایەوە وەڵامی دایەوە و پرسی:

  • لات وایە ئەم ئەڵماسە لە کۆشکی زستانی مەسکەویشدا ئاوا بدرەوشێتەوە؟
  • بێگومان، شەوانی ساردی مەسکەو بەم تیشک و بریسکانەوەیە شادمان دەبن.
  • لام وایە لە نێو ئەم هەموو جوانییەدا فەرامۆش دەکرێ.
  • نەخێر لە نێو ئەم هەموو جوانییەدا تاک و بێ‌وێنە دەبێ.
  • زۆر حەز لە تەشریفات و دیار بوون ناکەم. کە بیریش لە تەنیایی و تەنیا مانەوە دەکەم موچڕکم پێ‌دادێت.
  • تۆ و تەنیایی!؟ پاشان ستایشگەرانە سەیری کرد و کشایەوە دوایە و تێکەڵ بەکۆڕی میوانان بوو.

یاوەری گشتی بە دەنگی بەرز گەیشتنی مادام ترانتای ڕاگەیاند.

لوسیلە پێشوازی دەکات و دەڵێ:

زۆر بە بینینتان خۆشحاڵم و بەداخم کە خانمی کچتان نەیتوانی بەشدار بێت. دڵنیام ژمارەیەکی زۆر چاوەڕوان بوون ئەو لێرە ببینن و ئێستا بێ‌مراد دەبن.

ئەم پیرێژنە دزێوەی وا گوێگری ئەم بەخێرهێنان و پێ‌هەڵاگوتنە بوو بەکەیفخۆشی لە پلیکانان وەسەرکەوت تا لە گۆشەیەکەوە بتوانێ تێکڕای ئامادەبووان بخاتە بەر وردبینی و هەڵسەنگاندنی خۆی. هێشتا پلیکانێکی مابوو بگاتە سەرەوە، دەستی کرد بە تیروتوانج هاویشتن لە ئەم و ئەو. ڕەخنەی لە ئارایشتی ئەو دەگرت. ڕەنگی کراسی ئەوەی دیکەی پێ ناشیرن بوو. قژی ئەوەی وا لە شانی چەپییەوە وەستابوو، جوان نەهۆنرابۆوە. ئەو هەمووە لۆمە و لەقەمانەی ئەم پیرێژنە، هەر فڕیان بە ڕاستییەوە نەبوو، بەڵام ئەو دمی نەدەوستا و پللاری لە هەموو کەس دەگرت، کەچی ئاشکرای نەدەکرد بۆ خۆی چۆن بۆی ڕەخساوە بەشداری ئەم شەواهەنگە ببێت. نەیدەگوت کە ترانتای هاوسەری ناچار کردووە نامە بۆ مولارا بنووسێت و بڵێ: ئەگەر ئەویش بانگهێشتنی ئەو شەواهەنگە نەکرێ، لە حیزب دەچێتە دەرێ. ئەوەشی نەدەگوت و ددانی پێدا نەدەهێنا کە هەوڵێکی زۆری دابوو کچەکەشی، ئەو کچەی کە خۆا لە جوانی بێبەشی ‌کردووە، بەشداری ئەم شەواهەنگە بکات، کە چی بۆی نەچۆتە سەر.

ئێستاش لۆڤیت هات. سرک وەک سمۆرە بە دڵەڕاوکێوە سەیری ئەم دەموچاوانەی دەکرد کە لەسەرێ‌ڕا تێی‌ڕامابوون. دەتگوت بەسەر مین‌دا دەڕوات و یان پێی‌وابێ لەهەر گۆشەیەکەوە دەستەوخەنجەر لێی خەفتاون. بە ترسەوە ڕوانییە لوسیلە. دەمی بەبزە و ڕووی‌خۆشی ئەو ئاهێکی وەبەر هێنایەوە کە بتوانێ لە چاک‌وچۆنی کردن و بەخێرهێنانی میواناندا بەردەوام بێ.

سیر ڕیچارد شاڵگرۆ سەفیری بریتانیا بە ڕوخساری جوان، زیت و ڕوحانی کە دەگەڵ ئەرک و پێگەکەی دا نەدەگونجا، گەیشتە جێ. چوو پێشێ و بە حوڕمەتەوە سەری دانواند، لەم کات و ساتەدا دەتگوت هەموو ساردوسڕی، ناخۆشی و کێشەی پەیوەندییەکانی نێوان لاورانیا و بریتانیا بەم سڵاوە کۆتاییان پێهاتووە و سەهۆڵەکانی نێوانیان تواونەوە. لوسیلە لە گەڵیدا کەوتە قسەکردن، بێ‌ئەوەی وا بنوێنێ شتێک دەزانێ یان شارەزای سیاسەتە. بێ‌ئەوەی خۆی شلوێ بکات پرسی:

  • دەی کەی شەڕ دەست‌پێدەکات؟
  • هیوادارم دەست پێ‌نەکات تا من سێهەم سەمای واڵس دەکەم.
  • حەیف دەنا من بە دڵەوە دامنا بوو دەگەڵ ئێوە سەما بکەم.
  • خاتوونی من، بێ‌هیوام مەکە، دڵگران دەبم؛ یانی ئیدی بە تەما نەبم؟
  • چۆن زات دەکەم و دڵم دێت بۆ سەمایەکی والس دوو نەتەوان تووشی شەڕی یەکتر بکەم.
  • ئەگەر تۆش وەک من بەحەسرەتەوە بای ئیتر گومانت نەدەکرد.
  • چۆن! یانی لە پێک‌هەڵپڕژاندن و شەڕ هەڵایساندندا؟ بۆ مەگەر ئێمە چیمان ‌کردووە؟ ئێوە بۆ وا لە شەڕن؟

ڕیچارد کە تا ڕادەیەک جلەوی گفت‌وگۆکەی لە دەست دەرچوو بوو وەڵامی داوە:

  • مەبەستم حەسرەتە بۆ سەما نەک بۆ شەڕ.

لوسیلە گوتی:

  • ئێوە وەک دیپڵۆماتێک لە ڕادەبەدر ڕاشکاون. بەڵام ئێستا کە وا ڕاشکاوانە دەدوێن پێم بڵێ بەڕاست چی ڕوویداوە؟ مەترسییەک بەڕێوەیە؟
  • مەترسی؟ نەخێر، چۆن شتی وا دەگونجی؟ لە کۆنەوە گوتوویانە، چاری کێشەی نێوان دوو دۆستی دێرین، قازی دەیکات نەک شەڕ.

لوسیلە دەموچاوی گۆڕدرا و بە تێبینی‌یەوە گوتی: دڵنیام ئێوە باش تێدەگەن، کە ئێمە دەبێ بارودۆخی سیاسی ئێرە لەبەر چاو بگرین. وەڵامی توندی دەوڵەت زۆرتر بۆ دامرکانی دۆخی ناوخۆیە.

سەفیر وەڵامی دایەوە و گوتی: من هەمووکات ئەوەم زانیوە و هەستم بە بوونی مەترسی نە کردووە. بەڵام ئاشکرای نەکرد کە لە تێلگرامی ئەمڕۆدا ئاگادار کراوە کە پاپۆڕی شەڕی بریتانیا، ئاگرەسوور بە ١٢٠٠٠ تۆن کێشەوە و وزەی بارتەقای ١٤٠٠٠ ئەسپی هەڵم، هەڵگری ٤ تۆپی ١١ میلیمیتری بە خێرایی ١٨ گرێی دەریایی بەرەو بەندەری کۆماری لاورانیا لە ئەفریقا، بەڕێوەیە.

لە کاتێکدا ئەوان سەرقاڵی ئەم گفتوگۆیە بوون ژمارەی میوانان هەر دەهات و لە زیادبوون دابوو، هۆڵەکە لە میوانان جمەی دەهات. دەنگی مۆسیقای ئورکیست کەم و زۆر لەناو مەقۆ مەقۆی بەشداراندا دەخنکا. بێجگە لە چەند جووتێکی گەنج کە گوێیان بە دونیا نەدەبزووت کەسی‌تر سەمای نەدەکرد. وەکی دی ‌تێکڕای بەشداران لە چاوەڕوانیدا بوون چونکە ئەو دەنگۆیە لە تەواوی شاردا بڵاو ببۆوە کە ساڤرولا لە شەواهەنگی ئەمشەودا بەشداری دەکات.

لە ناکاو بێدەنگی باڵی بەسەر هۆڵدا کێشا و دەنگی هوریا، دەنگی مۆسیقای ئۆرکێستی کپ کرد و بەسەریدا زاڵ بوو. هەنگاو بە هەنگاو دەنگی هاوار و هەلهەلەی پشت شوورەی کۆشک بەرزتر و نزیکتر دەبۆوە تا گەیشتە دەرگای کۆشک و پاشان بەرەبەرە بێدەنگ بوو. لە ناو هۆڵەکەدا تەنیا دەنگی موسیقای ئۆرکێست دەبیسترا و هیچی‌تر. وەڵامی ئەو پرسیارە کە ئاخۆ ‌تێکڕای فیکە و هاواری خەڵک، بەخێرهێنان بوو یان هۆکردن، نەزانرا. وەڵامەکە تەنیا دەکرا لە بینینی دەموچاوی ساڤرولا دا بخوێنرێتەوە.

دەرگا کرایەوە، ساڤرولا هاتە ژوورەوە. ‌تێکڕا چاویان دەگەڵ دەگێڕا، سەیریان دەکرد و لە وەڵامی پرسیارەکەیان دەگەڕان. بەڵام دەموچاوی ساڤرولا هیچی ئاشکرا نەکرد و چی نەدرکاند، ئەوانەی گرێویان کردبوو وەڵامێكیان دەست‌نەکەوت. ساڤرولا لە کاتێکدا بە ئارامی لە پلیکانەکان وەسەردەکەوت بەوردی چاوی بەسەر باڵکۆنی پڕ لە میواندا گێڕا. بە جلوبەرگی ساکار بێ‌زەڕق و ‌بەرق، بێ‌میداڵ دەنێو ‌تێکڕای میوانانی بە جلوبەرگی ‌کەشخە و ڕازاوە لە هۆڵەکەدا، دەرکەوت بوو کە چی وەک فەرماندەیەکی پۆلاپۆشی بە دەسەڵاتی سەردەمی ناپلۆئێن لە پاریس، هێدی و باوەڕبەخۆ، هەنگاوی دەنا.

سەرۆک‌کۆمار چەند پلیکان هاتە خوار و بەرەوپیلی میوانی تایبەت و سەرشوناسی چوو. هەردووکیان بەنەرمی و بەحوڕمەتەوە سەری نەوازش و ڕێزیان بۆ یەکتر دانواند.

مولارا گوتی:

  • گەلێک خۆشحاڵم کە لێرەت دەبینم. بوونتان لێرە بەتەواوی هاوتەریبی داب‌ونەریتەکانی باوی وڵاتە.

ساڤرولا بە بزەیەک لەسەر لێوان کە گاڵتەجاڕی زۆر لێ دوورنەبوو وەڵامی دایەوە:

  • ئەرک و حەز دەست لە ناو دەستی یەکدا رێگای ئێرەیان پێ‌نیشان دام.

سەرۆک‌کۆمار تا ڕادەیەک بەگرژی لێی‌پرسی:

  • خۆ تێپەڕبوون لەو حەشیمەتەی لەدەرەوە وەستاون چەتوون‌ نەبوو و ئەزێتی نەدای؟
  • نەخێر بە هیچ کلۆجێک. بەڵام میللەت سیاسەت زۆر بە تۆکمە وەردەگرن و بۆیەش پێیان خۆش نییە کە وا من لەم شەواهەنەگەدا بەشدارم.
  • بەڵام بڕیاری تۆ لەسەر بەشداربوونت دروستە. ئێمە کە بەردەوام سەرقاڵی کاروباری حکومەت و دەوڵەتین ڕێز و نڕخ بۆ داب‌ونەریت و بەهاکان دادەنێن. پیاوی دونیادیدە بە پرسی سیاسی هەڵناچێ، دەرهەڵنابێ و جێگەی ئاخافتن و قسە بە مشتەکۆلە ناگۆڕێتەوە.

ساڤرولا ورد و خێرا بیری کردەوە و گوتی:

  • نەخێر من شمشیرم پێ‌باشترە.

ئێستا ئەو چەند پلیکانێکی دیکە وەسەرکەوتبوو و لوسیلە شاژناسا، بێ‌وێنە و بێ‌هاوتا لە پێشی وەستابوو. ئەم تانجە جوان و ئەڵماسڕێژەی لەسەری نابوو پێگەی بەرزی وی ئاشکرا دەکرد کە تەنانەت ساڤرولای دێمۆکراتیش نەیتوانی خۆ لە بینینی بدزێتەوە و بەم مەهانەوە تێر لە لوسیلەی ڕوانی.

لوسیلە دەستی هێنایە پێش. ساڤرولا دەستی گرت و بە نیشانەی ڕێز سەری دانواند. لەوکاتەدا نەوازشی تایبەتی لوسیلەی لەسەر پەنجەکانی خۆی هەست پێکرد و لەری.

سەرۆک‌کۆمار خانمێکی گۆشتنی سەر بە بنەماڵەیەکی ئاریستۆکراتی لاورانیای هەڵبژارد و بەم شێوەیە دەستپێکی سەمای ئەمشەوەی بە فەرمی ڕاگەیاند. ساڤرولا سەمای نەکرد. هێندێک خۆشی هەن کە لە فەلسەفەی ئەودا جێگەیان نابێتەوە. هەر بۆیەش بوو بە تەماشاچی سەمای سەفیری ڕوسیە و لوسیلە کە بە یەکەوە هەڵدەسووڕان.

سەروان تیرۆ بینی ساڤرولا بەتەنیا وەستاوە، لێی نزیک بۆوە کە درێژە بە باسی ناتەواوی جاری پێشوویان لە بارەی تیمی گۆییەنی لاورانیا بدات. ساڤرولایش کە ئەم ئەفسەرەی زۆر وەبەر دڵ‌کەوتبوو بە ڕووخۆشییەوە ئەحواڵی پرسی. تیرۆ کۆمەڵێک بەڵگەی هێناوە کە دەبێ یاریزانێکی قورس، بەتوانا و لێزان لەپشتەوە پارێزەر بێ و تووشی هەڵەباشی نەبێ. ساڤرولا کە لایەنگری بەشداری تیمێکی لێهاتووی گۆیەن لە کێبەرکێ‌کانی جیهانیدا بوو لەسەر ئەو باوڕە بوو کە دەبێ هێڵی پاراستن بتوانێ خۆی دەگەڵ هێرشبەراندا ڕێک‌بخات. بۆیەش نابێ قورس و زەبلاح بێ تاوەکوو بتوانێ بە سانایی دەگەڵ هێرشبەرانی تیم هاوهەنگاو بێ و لەشوێن خۆی نەوەستێ. هەر دوولا بۆ سەلماندنی ڕای خۆیان دەستیان ڕادەوەشاند و باسێکی گەرمیان هەبوو.

سەروان تیرۆ کە بە ئاگاداری و زانستی ساڤرولا لە بارەی گۆیەنەوە سەرسام ببوو پرسی تۆ لە کام تیمدا یارییت کردووە؟

ساڤرولا وەڵامی دایەوە من قەت گۆیەنم نەکردووە بەڵام هەمیشە پێموابووە کە ئەم یارییە ڕاهێنانێکی گونجاوە بۆ ئەفسەرەکانمان.

بەرەبەرە بابەتی باسەکە گۆڕدرا.

ساڤرولا سەرۆکی دێمۆکراتەکان پرسی:

  • پێم بڵێ ئەم پلە‌وپایە و شەمایلانە چین؟ بۆ وێنە ئەم شەمایلە شینەی سێر ‌ڕیچاردی سەفیری بریتانیا؟
  • ئەمە بەرزترین نیشان و میداڵی ئینگلیسە.
  • ئەها! ئەدی ئەو میداڵەی خۆت نیشانەی چییە؟
  • هی من؟ ئەمە میداڵی ئەفریقایە. من لە ساڵەکانی ٨٦ و ٨٧ لەوێ بووم.

هەر وەکو ساڤرولا گومانی دەکرد، جەناب سەروان زۆر پێی‌خۆش‌بوو لەم باسە بدوێ. ئینجا بەردەوام بوو و لێی پرسی: دەبێ بۆ تۆ وەک ئەفسەرێکی گەنج، ئەزموونێکی خۆش و دەوڵەمەند بووبێ؟

ئەفسەر وەڵامی دایەوە:

  • ژیانێکی گەلێک پڕ ئەزێت و سەخت بوو. ئەمن لە نزیک لانگی‌تاڵ بووم. لەوێ من و سەربازەکانم شوێنی دوژمن کەوتین و پەنجا کیلۆمیترمان ڕاونان. چەکی لانسێن زۆر کارا و لە دەستان خۆشە. ئینگیسییەکان لە هیندوستان وەرزشێکیان هەیە پێی دەڵێن کەوڵی بەراز. لەم وەرزشەدا قەت بەشداریم نەکردووە بەڵام وەرزشێکی باشترم پێ شک دێت.
  • بەڵێ بەڵکوو بەزوویی هەلی نوێتان بۆ هەڵکەوێ. وێدەچێ دۆستایەتیمان دەگەڵ ئینگلیسییەکان گەرم‌وگوڕی جارانی نەمێنێ.
  • لات وایە شەڕێک بەڕێوەبێ و دەگەڵیاندا تووشی شەڕ ببین؟
  • بەڵێ ڕێی تێدەچێ. شەڕێک دەتوانێ بیروڕای گشتی لەسەر کێشەکانی ناوخۆی بە لارێدا ببات. سەرۆک‌کۆمار پیاوێکی زیرەکە. لەوانەیە ببێتە شەڕ. من نامهەوێ وەک پیاوچاکان پێشگۆیی بکەم. بەڵام بەڕاست تۆ دەتوانی ئاواتەخوازی ئەو شەڕە بی؟
  • بەڵێ هەڵبەت، ئەوە ئیشی منە. منیان لێرە لە کۆشک داناوە، ڕێژە دەڕۆم و خەریکی تەشریفاتم. بەڵام من حەزدەکەم بگەڕێمەوە پێگەی خۆم بۆ سەر پشتی ئەسپەکەم. ئینگلیسییەکان حەریفێکی کەم نین و نابێ بەکەم بگیرێن. دەتوانێ تەواو لەسەرمان قورس بکەوێ. یەکێک لە ئەفسەرە گەنجەکانیان لە لانگی‌تال دەگەڵ من بوو. ئەو خۆویست هاتبوو و لە شەڕوشووڕ دەگەڕا.
  • ئەدی ئاخری چی لێ‌ بەسەرهات؟
  • بەڵێ، وەک بۆم باسکردی ئێمە دوژمنەکانمان تا چیاکان ڕاونا، وەزعیان زۆر شپرزە بوو. لەو کاتەدا کە ئێمە ئەسپمان بە دوایاندا تاو دەدا ئەو چەند کەسێک لە پیاوەکانی دوژمنی بینی بە باریکەڕێیەکدا بەرەو دارستانێک ڕایاندەکرد، ویستی پێشاوبرکێیان بدات و ڕێگایان لێ‌هەڵببڕێ. گوتم: ناگەینەوە سەریان، بەڵام ئەو گوتی مەرجت دەگەڵدا دەکەم، دەرناچن. ئیزنم دا چەند کەسێکی دەگەڵ کەون و شوێنیان هەڵبگرن. خۆی لەپێش پیاوەکانی من ئەسپی تاودا و چوارناڵ…. وابزانم خەریکم بەم قسانە هیلاکت دەکەم؟
  • بەپێچەوانە زۆرم پێخۆشە. دەی پاشان؟
  • ئەو لە هەڵەدابوو. دوژمن خۆیان گەیاندە دارستان و ئەویان کە جارێ هەروا لە ڕووتەن و دەشتدا بوو دایە بەر دەستڕێژ. پیاوەکانی ئێمە ئەویان هێنایەوە. گوللەیەک شادەماری ڕانی پێکابوو. وەک دەشزانی، واتە زۆری نەدەخایاند و برینەکەی کاری بوو. تەنیا شتێک گوتی ئەوە بوو؛ تۆ مەرجەکەت بردەوە بەڵام نازانم چۆن حەق و حیسابت بدەمێ. تۆ دەتوانی لە براکەم لە ڕۆیاڵ لانسێرن وەری‌بگری.
  • دەی ئاخری چی بوو؟
  • من نەمتوانی شادەمارەکەی بدۆزمەوە تا خوێنڕێژییەکەی بوەستێنم، دوکتورەکانیش بە دەستەوە نەبوون. ئەو مرد. ئەو پیاوێکی بوێر بوو.

ئەفسەرەکە بێ‌دەنگ بوو وەک بڵێی لە زۆرگوتنی خۆی دەربارەی شەڕدا شەرمەزار بووبێت. ساڤرولا لە چاوەکانیدا دەیخوێندەوە کە وا ئەو لە دونیایەکی دیکە دایە و دەیدیت ئەم گەنجە چۆن بەحەزەوە لە سەرکەوتنەکانی مەیدانی شەڕەوە دەدوێ. چونکە ئەو بۆخۆشی تەمەنێکی وای نەبوو و بە گەنج دەژمێردرا، ڕێی‌تێدەچوو ئێرەیی پێ ببات. بەڵام ئەو لەم ئەزموونانەی ئەم ئەفسەرە گەنجە هەیبوو بێبەری بوو. کۆمەڵێک ئەزموون کە زۆر شتیان فێری ئەو کردبوو بەڵام ساڤرولا لێ‌یان بێ‌بەری بوو. دوو ڕێبازی تەواو جیاوازی ژیان، بەڵام لەوانەیە پێویست بێ ڕۆژێک سەر بە کتێبە تایبەتییەکانی شەڕدا بکات تا شتێکیان لێ‌هەڵبکڕێنێ و لێیان فێر بێت.

لەم ماوەیەدا کە ئەمان وا قسەیان خۆش‌کردبوو سەما بە سەما دادەگیرایەوە و شەویش درەنگ دەبوو. پادشای ئیتیۆپی کە زۆری کۆڕەکە بەدڵ نەبوو هەر سەری شەوێ مەجلیسەکەی بەجێ‌هێشت‌ بوو.

سەرۆک‌کۆمار هات و داوای لە ساڤرولا کرد کە لە چوون بۆ سەر مێزی نانخواردن هاوڕێی هاوسەرەکەی بکات. جووت جووت وەستان، ساڤرولا قۆڵی بۆ لوسیلە ڕاگرت و ئینجا قۆڵ لە قۆڵی یەکدا بە پلیکانەکاندا داگەڕانە خوارێ. خواردنی سەرەکی بریتی بوو لە هەوێردەیەکی خۆشچێژ دەگەڵ شامپاین. سەرمێزەکان بە گوڵی بێ‌وێنەی ئورکیدە ڕازابوونەوە. لوسیلە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ساڤرولا لە غەمزە و کەشم و نەشمدا کەمی نەدەهێنا. ساڤرولایش لە هاودەمی جوانترین ژنی لاورانیا لە کەشوهەوایەکی وا شاز و شاهانەدا بە تەواوی چێژی وەردەگرت. سەرەتا ئەوانەی لەسەر مێزی تەنیشتیانەوە دانیشتبوون بێدەنگیان شکاند. سەرۆک‌کۆمار زۆر لێزانانە چەماخەی قسە و ئاخاوتنی دەگەڵ دەوروبەری‌دا لێدەدا و کەم و زۆر کۆڕگێڕی سەرەکی بوو. ساڤرولا خۆی یەک لەو کەسە حازرجوابانەیە و لە وەڵامدانەوەدا تەردەست و وەستایە بەڵام وای دانابوو لەم شەواهەنگەدا وەک میوانێکی فەرمی هەڵسوکەوت بکات و نەچێتە ناو قسان، کەچی قسەی‌ خۆش، شەرابی‌ناب و هاودەمی شیرین و دەلال بەسەر بڕیارەکەیدا زاڵ بوون و بەر لەوەی بەخۆی بزانێ گلابووە ناو باسێکی نیوە گاڵتە و نیوە جیدی و تا ئاستێک بێشەرمانەوە. باسێک تایبەت بە تەمەنی ئەو کەسانەی کە پرسیاریان لە ڕووی گومانەوەیە و گومانیان لە پرسیارەکەشیانە.

سەفیری ڕوسیە کە دیاربوو لە هاوڕێی خاتوون، فێڕۆڵ، سەرمەست ببوو، دەستی کرد بە پێ‌هەڵاگوتنی و گوتی. شاناز و دڵخۆشم کە دەرفەت و هاودەمی ئەمشەوی خاتوونێکی وەک ئیوەم پێ‌بڕاوە و وەک بەشداری کردن لە بۆنەیەکی ئایینی و دڵنەواز لێی دەڕوانم.

فێڕۆڵ لە وەڵامدا گوتی:

  • ئەم قسەیەت ئەوە دەگەیەنێ کە هاوڕێی من بۆ تۆ زۆر تاقەتپروکێنە.
  • هەڵبەت وانییە. لەئایینی مندا بۆنەکان هیچکات تاقەتپروکێن نین بەڵکوو یەک لە هەڵکەوتە مەزنەکانن.

مولارا هەڵیدایە و گوتی:

  • لام وایە هەر ئەم هەڵکەوتەشتان هەیە. ئێوە ئیلاهەیەکتان بۆخۆتان دروست ‌کردووە و دەی‌پەرەستن. ئەم زاتەش وا ئێوە کڕنۆشی بۆ دەبەن دەستکردی مرۆڤ خۆیەتی. دەنا وانییە شازادە؟

شازادە تارنەتۆم کە لە شانی ڕاستی سەرۆک‌کۆمار دانیشتبوو وەڵامی داوە و گوتی:

  • ئەم بژاردەیە زۆرتر جێگەی متمانە و دڵنیاییە تا ئەو بنەمایانەی کە ئایینەکانی دیکە لەسەریان دامەزراون.
  • مەبەستت ئەوەیە کە باوەڕی ئێوە هەر لە بنەڕەتەوە نەگۆڕ بووە؟ زۆر حەزدەکەم و پێمخۆشە کە وابێ.
  • نەخێر مەبەستم ئەمەیە کە مرۆڤەکان ڕێز و خۆشەویستی یەکسانیان بۆ جوانییەکان هەیە.

ساڤرولا هاتە نێو قسان و گوتی:

  • بۆ هەموو زیندەوارێک؛ ئەوە خۆشەویستی ڕووەکەکان بۆ جوانی کە گوڵەکان بەرهەم دەهێنێ.

سەرۆک‌کۆمار هاتەوە گۆ:

  • بەڵێ، بەڵام ئەگەر ئاستی خۆشەویستی بۆ جوانی نەگۆڕ بێت، خۆ هەر ئەم چاوەڕوانییە لە جوانیی ناکرێ. سەیر کەن چۆن هەموو شتێک لە گۆڕان دایە. ئەوەی دە ساڵ لەمەوبەر لە ناوەندی خۆشەویستی دابوو ئیتر ئەمڕۆ لە زومرەی جوانییەکانی سەردەم‌دا نییە. ئەوەی لە ئەفریقا بە جوان مەزنە دەکرێ لێرە لە ئەوروپا قەیزەون و ناشیرنە. هەموو ئەم شتانە پەیوەندی بە تێگەیشتنەوە هەیە. تێگەیشتن بە پێی شوێن. ئەو ئیلاهەیەی ئێوە؛ جەنابی سەفیر هەر وەک پروتئۆس[5] گەڵێک بیچم و روخساری جیاوازی هەیە و هەردەم جۆڕێک دەنوێنێ.

سەفیر وەڵامی دایەوە و گوتی:

  • من حەزم لە ئاڵوگۆڕ و گۆڕانە. من بە شێویەکی ئەرێنی سەیری ئاڵوگۆڕەکانی ئیلاهەوە دەکەم. چەند ڕوخساریش دەگۆڕێ بەڵامەوە گرینگ نییە. گرینگ ئەوەیە هەموویان جوان بن.

لوسیلە:

  • بەڵام ئێوە جیاوازی لە نێوان ئەوەی کە جوانە دەگەڵ ئەوەی کە ئێوە پێتان جوانە، ناکەن؟

سەروک‌کۆمار گوتی، هیچ جیاواز نییە.

سەفیر لە وەڵامی لوسیلە دا گوتی:

  • لە بارەی ئێوەدا لەسەر ئەو باوەڕەم هیچ جیاوازییەک نییە. تۆ لە هەر دووبەشی پرسیارەکەت‌دا هەی.

سەرۆک‌کۆمار:

  • جوانی شتێک نییە جگە لەوەی کە بە دڵمانە و هەڵدەبژێرین مەتحی بکەین.

ساڤرولا ڕوو بە سەرۆک‌کۆمار گوتی: ئـــــاوا! هەڵدەبژێرین؟ ‌ڕێگامان پێدەدرێ و دەرەتان هەیە؟

سەرۆک‌کۆمار: هەڵبەت و هەموو ساڵێکیش بژاردەکانمان دەگۆڕین، هەموو ساڵێ باو دەگۆڕدرێ. دڵێی نا، لە خانمەکان بپرسە. سەیری جلوبەرگە باوەکانی سی‌ساڵ لەمەوبەر بکە، ئەوکات زۆر لە هی ئێستا داپۆشراوتر بوون. سەرنج بدە هونەری نیگارکێشی بزانە ستیلەکان چۆن یەک بە دوای یەکدا جێگۆڕکێ دەکەن. یان سەیری هۆنراوە و مۆسیقا بکە. بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە دەکرێ ئەم ئیڵاهەیەی کە بە لای جەنابی سەفیر سترانۆفسەوە‌ وا جوان دەنوێنێ لە ڕوانگەی کەسێکی دیکەوە وا نەنوێنێ.

سەفیر بە بزیەکەوە وەڵامی داوە:

  • من ئەوەش بە لایەنی باش و ئەرێنییەوە سەیر دەکەم. ئەوەی وا ئێوە لێی‌دەدوێن. من لە باوەڕەکەمدا شێلگیرتر دەکات. من کە ئاڕمان و بژاردەکانم دەپەرستم بۆ پڕوپاگەندە نییە. ڕوانگە و تێڕوانینی ئێوە تەواو دونیایی و ماددییە.

فێڕۆڵ گوتی نەخێر بە پێچەوانەوە؛ وەڵا زۆرتر ڕەوشتی و ئەخلاقییە تا دونیایی.

سەفیر:

  • ئێوە دەڵێن کە حەز و ویستەکان هەردەم لە ئاڵوگۆڕ دان لە کاتێکدا من باسی پایەداری و بەردەوامی بەها گرنگەکان لە ئایین و باوەڕەکەمدا دەکەم.

مولارا وەجواب هات و گوتی:

  • ئەمە دژبەر و پارادۆکسە، دەتوانی وردتر باسی بکەی چۆن دەبێت؟
  • ئێوە گوتتان کە من هەموو ڕۆژێ دەگۆڕدرێم و دەگەڵ منیشدا ئیلاهەکەم. ئەمڕۆ مەتحی جوانییەک دەکەم و بەیانی یەکی‌ تر. بەڵام ڕۆژی دوایی من هەر ئەو کەسەی دوێنێ نیم. پێکهاتەی مێشکم گۆڕدراوە، هەروەها بیرکردنەوە و بژاردەکانیشم. منی دۆینێ لە خۆشەویستەکانی دوێنێ تێپەڕ بووم. منی نوێی ئەمڕۆ ژیان دەگەڵ شتێکی نوێدا دەست‌پێدەکەم. ئەمە ڕەوتە کاروانێکی یەکگرتووی نەپساوەیە کە تا مردن بەردەوامە.
  • تۆ ناتهەوێت دانی پێدابێنی، ئەوەی وا تۆ بە چەسپاو و نەگۆڕ ناودێری دەکەی کۆی کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕە؟ بە واتایەکی دیکە دەتهەوێ بڵێی جووڵان و هەژان زنجیرەیەکەن لە بێجووڵەیی.
  • من بە ئیلهام و دەنگەژە کاتییەکان وەفادارم.
  • کە واتە نەگۆڕی، بەڵام بە شێوەیەکی دیکە دەری دەبڕی و دەگەڵ مندا یەک بۆچوونت هەیە؛ جوانپەرەستی ڕەگی لە ناخی مرۆڤەدا هەیە و دەگەڵ کاتدا دەگۆڕدرێ.

ساڤرولا:

  • سەیری ئەم پەیکەرە بکەن! پەنجەی بۆ دیانای[6] جوانی لە مەڕمەڕ داتاشراو لە هۆڵەکەدا کە دەوروبەری بە گۆل و سەوزە ڕازابۆوە، ڕاکێشا و گوتی: زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەو ڕۆژەوە تێپەڕ دەبێ کە ئینسانەکان بە ئەمەیان گوت جوان. ئایا ئێمە ئەمڕۆ نکۆڵی لێدەکەین؟ کەس وەڵامی نەدایەوە. خۆی بەردەوام بوو: ئەوە فۆڕم و هێڵەکانن کە ئەبەدی و هەتاهەتایین. هەموو ئەو شتانەی دیکە کە ئێوە ئێستا باستان کرد وەک باو، شێوە، دەم، ئەو تەقەلا و پەلکوتانەن بۆ گەیشتن بە هەمان شت. مڕۆڤەکان بەم پەلکوتانە دەڵێن هونەر. هونەر بە شانازییەوە لە هەموو شوێنێک شان بە شانی جوانی هەنگاو دەنێ. هونەر و شانازی بۆ چینی باڵای کۆمەڵگایە و جوانی و سەربەرزییەکەشی بۆ خەڵکی ئاسایی کۆمەڵگا.

بۆ دەمەساتێک گشتیان بێدەنگ بوون. دەردەکەوت شێوە ئاخافتن و مەبەستی دێمۆکراتانەی ساڤرولا کارتێکەری لەسەر هەمووان بووە. مولارا تەواو سەخڵەت ببوو. باش بوو سەفیر کەوتە فریای و گوتی:

  • من لەسەر ستایش و پەرستیشی ئیلاهەی جوانی خۆم چ نەگۆڕ بێ و یان بگۆڕدرێ، بەردەوام دەبم. ئینجا نیگای گواستەوە سەر خاتوون فیرۆل و بەردەوام بوو: بۆ سەلماندنی بێ‌غەوشی و بێگەردی وەفای خۆم، دەمهەوێ لەبەرانبەر پەیکەرەی ئیلاهەی خۆم لە هۆڵی سەرەوەدا سەما بکەم.

کورسییەکەی بۆ دواوە پاڵ‌پێوەنا دەستی کێشایە خۆارێ و دەستکێشەکانی خاتوون فیرۆڵی کە بەرببوونەوە، هەڵگرتنەوە. تێکڕا هەستانە سەرپێ و لە دەوری مێزەکە بڵاوەیان‌کرد. ساڤرولا و لوسیلە بە پانتای ساڵۆنەکەدا تێپەڕ بوون و لە دەرگایەکەوە کە کرابۆوە چوونە ناو باغەکە. دارەکان بە گڵۆپی ڕەنگاوڕەنگ رازابوونەوە، پیادەڕێی ناو باخچەکە بە فەرشی سوور داپۆشرابوون. شنەبایەک بەنەرمی پێشوازی لێکردن. لوسیلە ڕاوەستا و لەبەرخۆیەوە گوتی:

  • شەوێکی زۆر خۆشە.

ساڤرولا بیر دەکاتەوە و دەگەڵ خۆی دەدوێ: بانگهێشتنێکی ڕوون و تایبەت. واتە ڕاستە ئەو دەیهەوێ دەگەڵم بدوێ. زۆر بەجێ بوو کە هاتم، باش بوو ڕەچاوی دەستووری وڵاتم کرد. پاشان ڕوویکردە لوسیلە و پرسی: بچین پیاسەیەک بکەین و هەوایەکی پاک هەڵمژین؟

لوسیلە بە نیشانەی ئەرێنی سەری لەقاند و کەوتنە ڕێ.

 

بــەشــی ٨

لەژێــر ئـاسمـانـی پـڕ ئـەستـێـرە

شەوێکی کپ و بێدەنگ بوو گەڵای دارەخورمایان لە هەموو لایەکەوە سەریان کێشابوو لەبەرزایی شانیان وە شانی یەک دابوو، شنەی با دەیلاواندنەوە و لەژێر ئاسمانی پڕ ئەستێرەدا دەمێک چۆپی و دەمێک گەڕانەوە لە سەما دا بوون. کۆشک لەبەرزاییەوە، باغ لە لای ڕۆژاواوە لاپاڵی کەناری دەریای داگرتبوو. تۆزێک دوورتر لە هەیوانی کۆشکەوە سەکۆیەکی بەردینیان لێ‌وەدەرکەوت.

لە سەر پێشنیاری لوسیلە لەسەر سەکۆکە دانیشتن. دەنگی مۆسیقای دڵلاوێنی سەمای‌والس لە دوورەوە دەهات و ببووە هەوێن و بێشکەی بیر و تێڕوانینەکانیان. ورشەی لامپاکان و بریسکانەوەیان بەگەرمی لە پەنجەرەکانی ساڵۆنەوە خۆیان بە باغی فێنک، و بێدەنگ دادەکرد.

لوسیلە پرسیاری کرد:

  • بۆ گاڵتە بە شانازییەکان دەکەی؟ مەبەستی درێژەدان بە باسی ناتەواوی دەمێک لەمەو پێشی ژوورەوە بوو.
  • چونکە بنەمایەکی ڕاستەقینەیان نییە و لە مێشکی مرۆڤدا جێ‌ناگرن. ئەم یاسا و هەڵسەنگاندنانە بە پێی کات و شوێن دەگۆڕدرێن. جار هەیە مرۆڤ شانازی دەکات و ئامادەیە سووکایەتی بکات و کەسێک بکوژێ لە جیاتی ئەوەی داوای لێبوردن بکات، جاریش هەیە پێویستە مەرجێکی دۆڕاو لە قوماردا قەرەبوو بکات تا ئەوەی قەرزی بەقاڵی سەری کۆڵان بداتەوە. هەر وەک هونەر، حەز و بژاردەی مرۆڤیش هەر دەم لە ئاڵوگۆڕ دایە و بن‌و بنچینەی هەر دووکیان دەگەڕێتەوە سەر سامانداری، لووکس، خۆشگوزەرانی و شکۆ.
  • ئەدی بۆ بایخ و پێگەیەکی مەزنتر بۆ جوانی و شەرەف قایلی؟
  • چونکە لە هەر شوێنێک بم، هەمووکات لام وایە دەبێ دیاردەکانی ژیان بە پێوانەیەکی هەمیشەیی و بنەجێ و بە پێی پێداویستی بۆ بە ئامانجگەیشتن، هەڵسەنگێندرێن واتە دەبێ دروستی بەسەر هەڵەدا، ڕاستی بەسەر درۆدا و جوانی بەسەر دزێویدا سەرکەون. دەبێ یاسای لێهاتوویی لەپێناو ئامانجدا، لە هەموو شوێنێک بە بڕەو بێ. بۆیە بەم گەز و ڕبە و پێوانەی ئێوە، هونەر و شانازی پێکردن بە هونەر، کورتێ دێنێ.
  • پێم سەیرە! بەڕاست وایە. بە دڵنییایەوە دەبێ زۆر شتی ئاوارتە هەبێ؟
  • سرووشت هیچکات حیساب بۆ تاک ناکات بەڵکوو ئامانج و بەرژەوەندی مامناوەندی بوونەوەرکان بەگشتی لەبەرچاو دەگرێ. بیر لە ڕێژەی مردن بکەوە. تا ئاستێکی نزیک بە ڕاست دەکرێ لە ماوەی مانگێکدا درێژی تەمەنی دانیشتووان دیاری بکرێ لە کاتێکدا ناکرێ لە درێژی تەمەنی تاکێک دڵنیا بین. ناتوانین بڵێین پیاوچاکێک هەمووکات بەسەر پیاوخراپێکدا سەردەکەوێ، بەڵام کەسێک بە بیری گەشەساندن تەیار بێت، لە دانی بەڵێنی بە سەرکەوتنی نەتەوەیەکی خاوەن ئیدەئال و ئامانجدا، گومان ناکات.
  • بەڵام بە مەرجێک کە نەتەوەیەکی دیکەی ڕوانگەنزم بەڵام کۆک و پۆشتە بە چەک و جبەخانەی بەهێز ڕێگر نەبێ.
  • لە ڕوانگەی منەوە دەسەڵات ئەو کاتیش لە ئاستێکدا هەر چەند نزمیش بێ، بە چەشنێک لە خزمەت ئامانج دایە و هێزی فیزیکی ئەو هەڵگری بەرەوپێشچوونی مرۆڤایەتییە. لەبیرمان نەچێ ئەمە هەر تاکە نموونەیەکە. بۆیە ئێمە دەبێ چاوکراوە بین و بزانین کە سرووشت بۆ بەرژەوەندی تاک هەڵناسوورێ و تاک لەبەرچاو ناگرێ. ئەوەی من لێرەدا دەخوازم بیڵێم ئەوەیە کە هەموو ئۆرگانیزمێک لە ناخ و بوونی خۆیدا هەڵگری مەبەست و ئامانجێکە و لەکۆتاییدا بەسەر ئەمانەدا کە بوونیان تەنیا باری فیزیکی هەیە و بەس، سەردەکەون.

سەیرکە! چی‌ها جار شارستانییەت مەبەستم ناخ و دەروونی کۆمەڵگایە، دژ بە هێزی فیزیکی دیکتاتۆرەکان سەری هەڵبڕیوە، شۆڕشی کردووە و سەرکوت کراوە؟ بێگومان دەتوانین بە سەدان نموونە ناو ببەین. سەرەڕای سەرکوتکردن و تێکشکان، هەمدیسان هێزێکی لەبن نەهاتوو و ئەبەدی بەدی دەکرێ. یاسای کامڵ بوون و گەشەساندنیش ناڵێ هەموو کۆششێک سەردەکەوێ بەڵکوو ئاماژەی بە دەرئەنجام و کۆتاییە. واتە شارستانییەت لە کۆتاییدا لە پێژەی سەرکەوتن بەرەو سەر دەچێت و وەحشیگەری و نەزانی جێ دەهێڵێت. ئاواتە بەرزەکان لە سایەی بوونی ئەم هێزە دەرونییە لێهاتوو و خاوەن‌ئامانجانەوە گەیشتوونەتە تروپکی بوونەوە.

  • بۆ پێتوایە ئەمە سەرکەوتنی کۆتاییە و چۆن دەزانی ئەمەش وەک هەموو ئەوانەی تر بە شکست و داڕمان کۆتایی نایە؟
  • چونکە ئێستا بێجگە لە ئاوەز کە ڕێگای دواڕۆژمان پێشان دەدات، هێزیش دەگەڵ ئێمەیە.
  • لەوانەیە ڕۆمییەکانیش کە زۆر بە هێز بوون وایان بیر کردبێتەوە.
  • ڕێی‌تێدەچێ، بەڵام مەرج نییە وابێ. هەموو توانای وان لە شمشیرەکانی دەستیان دابوو و کاتێک بیریان پیر بوو توانای هەڵسوورانی شمشیرەکانیان نەما.
  • ئەدی شارستانییەتی پێشکەوتووی ئەمڕۆ؟
  • بەڵێ ئێمە چەکی دیکەمان هەیە. کاتێک ئێمە داڕماین و پەککەوتە بووین، ئەوکات کە سەرئەنجام تەواودەبین، کاتێک ئێمە سەروەری و ویست و هیوای دەروونمان لە دەست دا، نەوە‌یەکی دیکە بەپێی یاسای سرووشت سەرهەڵدەدات و شوێنی ئێمە دەگرێتەوە. ئێمە چەکەکانمان لە کار کەوتوون، ڕەوشتمان بڕەوی نەماوە بەڵام پرنسیپەکانی ژیان دەمێنن. ئەم ئەوروپا بەساڵدا چووە بە زانستی نوێی شەڕەوە لە هەمبەر هێرشبەرە ئازا بەڵام وەحشییەکاندا دەوەستێتەوە.
  • سەرکەوتنی ئەم ڕووح و ناخە باڵادەستە مسۆگەرە؟
  • لە سەرەتا دا دەتوانێ وابێت، چونکە کردار و ڕەوشتی باشی شارستانییەت سەنگی بەسەر وەحشیگەری دا هەیە. باش‌بوون و چاکە باشترە لە بوێر بوون، دلۆڤانی لە هەمبەر خەڵکدا باشترە لە زەبروزەنگ. بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی باڵادەست و زاڵە، بەرەو توانەوە دەچێت و چونکە جێگرەوەیەکیش شک نابات، فەوتان و لە ناوچوونەکەی بەردەوام دەبێ. ئەمە شەڕی سەرەکی و لەمێژینەی نێوان مان و نەمانە، شەڕی نیوان وزە و خاوییە، شەڕێک کە لە بێدەنگی‌دا تەواو دەبێت. بەڵام نابێ لامان وابێ کە گەشەساندنی مرۆڤایەتی هەتا هەتایە بەردەوام دەبێت. کەی ڕوودەدات نازانین بەڵام زوو یان درەنگ کاتێک دێت کە ئیتر بوونی ژیان لەسەر گۆی زەوی هەر وا ناڕەخسێ.
  • بەڵام تۆ هەر ئێستا گوتت کە خاوەن ئامانج مەبەستدار و لێهاتووەکان لە کۆتاییدا سەردەکەون.
  • بەڵێ بەسەر ڕێژەی کەمایەسی لە ئامانجدار بوون دا. بەڵام نەمان گشتییە و هەموو لایەک دەگرێتەوە، شا و گەدا ، دارا و نەدار، سەرکەوتوو و شکست خواردوو. پشکۆی ژیان سارد دەبێتەوە، سەرزیندەیی و هێزی ژیان دەمرێ.
  • ڕەنگ بێ لەم دونیایەدا.
  • لە هەموو دونیاکان. گەردوون واتە تێكڕای هەسارەکان سارد دەبنەوە و دەمرن. لە کاتی ساردبوونەوەدا بۆ سەردەمانێک مڵملانەی ژیان دەگۆڕدرێ، سەرهەڵدانی سەیر و سەمەرە دەبینرێ بەڵام کۆتاییەکەی نەمانە. گەردوون لە تاریکی و ساردیدا دنێژرێ.
  • جا کە وایە ئەو هەموو هەوڵ و تەقەلایەی ئێمەی بۆ چییە؟

ساڤرولا بە لووت بەرزییەوە گوتی:

  • خوا دەزانێ، بەڵام لام وایە سەیرکردنی ئەم شانۆ و دیمەنە سەرنجڕاکێش بێ.
  • سەیرە کە بەم حاڵەشەوە باوەڕتان بە ڕەوشت و جوانی، لە دەرەوەی بوونی مرۆڤەکانەوە هەیە.
  • من پێموایە سەنگ و بایخی خاوەنیەتی مەبەست و بوونی ئامانجی نیهایی لە ژیاندا زاڵە بەسەر بێ ئامانجی و هیچ و پووچی دا. کە باس لە ئامانج و مەبەستدار بوون دەکەم لە هەموو بوارێک دایە، ڕووحی، فیزیکی و بیرکاریش.
  • بیرکاریش!؟
  • بەڵێ، بوونی جیهانەکان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ڕەچاوکردنی پرنسیپەکانی بیرکارییەوە هەیە. ئەمە یەک لەم بەڵگە بایخدارانەیە پێمان دەسەلمێنێ کە بیرکاری دۆزراوەتەوە نەک داهێنرابێت. مەودای ئەستێرە گەڕۆکەکان لە گەڵ ڕۆژدا یاسایەکی چەسپاو دیاریی دەکات. یاسای گەشەساندن نیشانی داوە ئەوانەی پەیڕەوی ئەم پرنسیپانە ناکەن لە ناو دەچن و یان لە ناخی ئەوانی‌تردا دەتوێنەوە. ئەم قانوونە ڕەچاوکراوەیەکی تەواو گشتییە. لێهاتووەکان دەمێننەوە.

لوسیلە بێدەنگ دانیشتووە، ساڤرولا بەردەوام دەبێت.

  • ئیزن بدە وا دابنێن کە لە سەرەتاوە دوو هۆکار هەبوون، یەکیان ماددە، کە مەیلی بە مانەوە و بوونی ئەبەدی هەیە، ئەوی دیکەش ئەندێشە و ئیدە، واتە ڕووح کە مەرجی بوون و مانەوەی بە ماددەوە بەستراوەتەوە. یەکیان بنەما و بڕیاردەر و ئەوی تریان ڕەخنەگر. لە هاوکاری و دژبەری نێوان ئەم دووانە دایە هەموو چەشنە گەشەساندن و شێوازی جۆراوجۆری ژیان دێتە ئاراوە.

لوسیلە گوتی:

  • لێرەدا دمهەوێ هۆکاری سێهەمی پێوە زیاد بکەم. ئەویش ئەو هەنگامە و مشتومڕەیە کە بە لای هەموو جۆرەکانی ژیانەوە لە ئارادایە و هاندەرە بۆ مان، بەرەوپێشچوون و سەرکەوتن.

ساڤرولا وەڵامی دایەوە:

  • ئەمە بیرۆکەیەکی جوان و هاندەرە کە هەنگامەیەک لە ناخماندا بە سەرکەوتنەکانمان، دەنگی شادی هەڵبڕێ، هاندەرمان بێ و ڕێگای خەباتمان نیشان بدات. بەڵام ئەوە شتێکی زانستی نییە و دەگەڵ لۆژیک ناگونجێ. کێشەی نێوان ئەم دوو هۆکارەی پێشتر ئاماژەم پێکردن جێگەیەک بۆ هۆکاری سێهەم ناهێڵنەوە.
  • ئاشکرایە کە مرۆڤ دەبێ زانست لە بارەی بوونی ئیدەئالەکانی لە دەرەوەی خۆیەوە وەر‌گرتبێ.
  • نەخێر، ئەو لەخۆگەیشتنە کە بە ویژدان ناودێری دەکەین وەک هەموو زانیارییەکی دیکە لە ڕێگەی ئەزموونەوە وەدەست دێت.
  • چۆن شتی وا دەڕەخسێ؟

من ئاوا بیردەکەمەوە؛ کاتێک مرۆڤ بۆ یەکەم جار لە تاریکی هاتە دەرەوە و ڕێچکە و ڕێبازی لە ئاژەڵ جیاکردەوە نەک وەک ئینسان بەڵکوو وەک نیوەئینسان و نەگووراو پێی نایە سەر زەوی، چەمکێک بە نێوی داد، ماف، شەرەف و یان ڕەوشت بوونی نەبوو. تەنیا شتێک کە لە ئارادا بوو حەز و ویست بە ژیان بوو. پاشان ئەم ئیدەیە بە مێشکی پیرانی خێزان و هۆز داهات کە یەک یەک و دوو دوو بە یەکەوە بن و پارێزگاری لە بوونی یەکتر بکەن. ئەوە یەکەم هاوپەیمانی و ئالیانز بوو کە دروست بوو. ئەم لێک‌کۆوەبوونە دەسکەوتی باشیان لێ‌کەوتەوە کە لەبەرژەوەندی تاک و تەریک مانەوەدا، نەبوون. هێز و توانای چوون لە هاوپەیمانی و ئالیانز بەشێکە لە خاوەندارییەتی مەبەست و لێهاتوویی ئامانج، لەسەر بنەمای یاسای گەشەساندن ئەم بەیەکەوەبوونە بوو بەهۆی مانەوەوە و بەردەوامی. بەم چەشنە مرۆڤ بوو بە ئاژەڵی بە کۆمەڵ. بەرەبەرە ئەم کۆمەڵە بچووکانە پەرەیان ئەستاند، گەورە و گەورەتر بوون. لە خێزانەوە بۆ هۆز و لە هۆزەوە بۆ نەتەوە. بە پێی کات مرۆڤەکان بۆیان دەرکەوت هەرچەندی یەکگرتووتر بن ئەوەندش گوزەران و داهاتوویەکی باشتریان دەبێت. جا ئێستا پێم بڵێ ئەم ئالیانز و هاوپەیمانییە لە سەر چ بنەمایەک دامەزران؟ دیارە تەنیا لەسەر بنەمای باوەڕ بەیەک بوونی ئەندامان، ڕەچاوکردنی ویژدان، داد و ڕەوشتی گونجاو. هێز و توانای پێکهێنانی هاوپەیمانی، بەشێکە لە هەنگاونان بەرەو مەبەست و ئامانجی بایخدار. تەنیا ئەوانەی لەم تایبەتمندییانە گەیشتن، توانیان هاوپەیمانی پێک‌‌بێنن و تێیدا بمیننەوە . واتە تەنیا ئەو مرۆڤانەی تا ڕادەیەک پێناوداری بەرپرسایەتی بوون، توانیان بژین و گەشە بکەن….

  • ئەم دیاردەیە بێ‌ئەژمار لە کاتی جیاوازدا دووپات و چەندپات بۆوە. دەگەڵ هەر دووبارە بوونەوەیەکدا، مرۆڤ هەنگاوێکی بەرەوپێش هاویشت و دەگەڵ هەر هەنگاوێکیش‌دا بەرچاوی ڕوونتر دەبوو و هۆکارەکانی باشتر دەست‌نیشان دەکردن. ویژدان و عیداڵەت پێ بە پێی هەنگاوەکان پەلیان هاویشت، بوون بە بەشێک لە هوشیاری و تێگەیشتن و سرووشتی ئێمە. ئیتر بۆ مرۆڤ خۆ دەرهاویشتن و لەخۆ داماڵینی ئەم چەمکانە کارێکی سانا و بێ‌ئازار نییە.
  • واتە ئێوە باوەڕتان بە خودا نییە؟
  • قەت قسەی وام نە کردووە. من تەنیا لە ڕوانگەی هزرەوە دەڕوانم و باس لە چەمکی بوون دەکەم. زۆر کەس لای وایە کە هزر و باوەڕ، زانست و ئایین دەبێ لێک جیابکرێنەوە و ئەگەر مرۆڤ دانی بە یەکیان داهێنا ڕەنگە بەمانای حاشاکردن بێت لەوی‌تر. چونکە ئێمە دوور ناڕوانین و روانگەمان کورتە، لامان وایە کە ئەم چەمکانە هاوتەریبن و ناکەونە سەر ڕێی یەکتر. من هەردەم هیوادارم کە ڕۆژێک لە داهاتوودا رێچکە و ڕێبازی ‌تێکڕای تەقەلاکانی مرۆڤایەتی لە شوێنێک بگەنە یەکتر.
  • یانی ئەوانەی دەیڵێی، باوەڕیشت پێیان هەیە؟
  • نەخێر، بە قەولی شاعیر دەڵێ بێ‌باوەڕ ناتوانێ باوەڕی هەبێ. ئێمە بەر لەوەی کێشەکانی ڕۆژانە چارەسەر بکەین دەبێ بوونمان بسەلمێنین. مەتەڵێکی سەیرە؛ وانییە؟
  • کاتێک مردین وەڵامەکە دەزانین.
  • ئەگەر باوەرم وابوایە، هەر ئەمشەو کۆتاییم بەژیانم دەهێنا و وەڵامی گومانەکانی خۆم وەردەگرت. ئینجا بە بێدەنگی ڕووی کردە ئاسمان و لە ئەستێرەکانی کە وا بە سەر سەریانەوە دەدرەشانەوە، ڕاما. نیگای لوسیلەش هەر بەم ئاراستەیەدا خوشی و پاش هەڵوێستەیەکی کورت لە ساڤرولای پرسی:
  • ئەستێرەکانت پێ جوانن، حەزت بە سەیرکردنیانە؟
  • زۆرم پێ‌جوانن، بە بینینیان شادم. بێ‌وێنەن.
  • بەڵکوو چارەنووست لە سەر وان نووسراوە.
  • من هەردەم ستایشی ئەو کەسانە دەکەم کە دەوێرن باوەڕیان بە هێزێکی نادیار هەبێ و تاقی ئاسمان بە قسە و قسەڵۆکی وەک هاوسەرگیری، نەهامەتی، بەخت و هتد لەبارەی چارەنووسی خۆیاندا بشێوێنن. لە ڕاستیدا ئێمە ئەتومی لە خۆڕازی و لووت‌بەرزین.
  • تۆ پێتوایە کە ئێمە هەر هیچ گرنگیمان نییە؟
  • ژیان ئەوەندی ناهێنێ. سرووشت بایخێکی ئەوتۆی پێ‌نادات. من جێگە و پێگەی خۆم لە سروشتدا وا بە هێند دانەناوە. من تەنیا زیندۆڵە و میکرۆبێکی فەلسەفیم، ئەوەش بۆ دابینکردنی خۆشی ژیانم دەورێکی کاریگەر و باشی هەبووە. بایخدار یان بێ بایخ، من ژیان کردنم پێخۆشە و بۆیەش بە حەزەوە بیر لە داهاتوو دەکەمەوە.

لوسیلە بە هەستەوە گوتی:

  • بە تەمای لەو داهاتووەی بیری لێدەکەیەوە بەرەو کوێمان بەری… شۆڕش؟

ساڤرولا لەسەرخۆ وەڵامی دایە:

  • لەوانەیە.
  • ئامادەی وڵات پەلکێشی شەری ناوخۆیی بکەی؟
  • هیوادارم وا قووڵ نەبێتەوە. لەوانەیە قلیشانەوە یان ئاژاوەیەک ڕووبدات کە زۆر کەس تێیدا گیانیان لەدەست بدەن، بەڵام…
  • بەڵام بۆ دەهێڵی تا ئەو جێگایە بڕوات؟
  • من بە تێکشکانی دیکتاتۆری سەربازی ئەرکی خۆم لە هەمبەر مرۆڤایەتییەوە بەئەنجام دەگەیەنم. من دەوڵەتێکم ناوێ کوتەک و باتووم پارێزەر و زمانی ئاخاوتنی بێ. کات و سەردەمی ئەم چەشنە وڵاتدارییە بەسەرچووە.
  • دەوڵەت دادوەر و سەقامگیرە، پارێزەری نەزم و یاسایە. ئایا ئەوە دروستە هێرشی بکرێتە سەر، بەس تەنیا چونکە هەڵگری بیرۆکە و تێئۆرییەکانی ئێوە نییە؟

ساڤرولا برۆی تێکنا و بە دەنگێکی تا ڕادەیەک گڕ گوتی:

  • تێئۆری! ناوی ئەو دەیان لزگە سەربازە تەفەنگدارەیە بە دەوری کۆشکەوە یان ئەو ئەفسەرە سوارکارانەی هەفتەی پێش لە گۆڕەپانی شاردا خەڵکیان دایە بەر پەلاماری سەرنێزە یان گوللە؟

لوسیلە بە دەنگێکی نەرم و کزەوە گوتی:

  • ئێوە بەرەو نەمان و فەوتانمان دەبەن.
  • نەخێر، ئێوە هیچ کات لە ناو ناچن. لێهاتوویی و جوانی ئێوە هەمووکات پشتیوان و زامنی بەختەوەری ئێوە دەبێت. وەک بەختەوەرترین ژن لە ناو هەموو ژناندا و هاوسەرەکەت وەک بەختەوەرترین پیاو لە نێو هەموو پیاواندا.

ئەم دێڕانەی زۆر وەستایانە و بە مەبەست هێنایە گۆ. لوسیلە تێیڕاما و بزەیەکی هاتە سەر لێوان و لەپڕ دەستی بۆ ساڤرولا ڕاداشت و گوتی:

  • من و تۆ سەر بە دوو ڕوانگەی جیاوازین، بەڵام ڕێگە بدە با یاسا و ڕێسای شەڕ ڕەچاو بکەین. هیوادارم دۆستایەتیمان بەردەوام بێ تەنانەت ئەگەر …

ساڤرولا ڕستەکەی بۆ تەواو کرد و گوتی: تەنانەت ئەگەر بە فەرمیش دوژمن بین.

پاشان دەستی لە ناو دەستی گرت، سەری دانواند و دەستی ماچ کرد. ئیتر کەس هیچی نەگوت و پاش ماوەیەک بەرەو هەیوانەکە ڕۆیشتن و لەوێشەوە بۆ ساڵۆنەکە. زۆربەی میوانەکان ڕۆیشتبوونەوە، ساڤرولایش لە پلیکانەکان نەچووە سەرێ، ماڵاوایی لە لوسیلە کرد و وەدەرکەوت. لوسیلە گەڕایەوە ساڵۆنی سەما کە ئێستاش چەند هەرزەکار و ژمارەیەک لەوانەی قەت ماندوو نابن، هەر خەریکی سەما کردن بوون. مولارا بەرەوپیلی هات و پرسی:

  • خۆشەویست! دیار نەبووی، ئەو هەمووە ماوەیە لە کوێ بووی؟
  • لە ناو باغدا.
  • دەگەڵ ساڤرولا؟
  • بەڵێ.

نیشانەی ڕەزامەندی لە سیمای سەرۆک‌کۆماردا بە ڕوونی خۆی دەرخست و پرسی:

  • هیچی درکاند، هیچی گوت؟

لوسیلە وەڵامی دایەوە و گوتی:

  • نەخێر هیچ شتێک. ئینجا هاتەوە بیری کە مەبەست لەم چاوپێکەوتنە چی بوو. بۆیەش درێژەی دا و گوتی، دەبێ زۆر جاری دیکە چاوم پێی بکەوێ.

سەرۆک‌کۆمار بە ڕواڵەت ناڕازی، پرسی:

  • بەتەمای بەردەوام بی تا شتێکی لێ هەڵدەکڕێنی و بەرنامە سیاسییەکەی پێ بدرکێنی؟

لوسیلە هەمدیسان دووپاتی کردەوە:

  • دەبێ دووبارە چاوم پێی بکەوێ.

سەرۆک‌کۆمار گوتی:

  • من باوەڕم بە لێهاتوویی و کارامەیی تۆ هەیە. ئەگەر کەسێک بتوانێ شتێکی لە بن‌زمانی دەرکێشێ، ئەوە هەر تۆی.

ئاخرین سەما گەیشتە کۆتایی خۆی و ئاخرین میوانیش وەدەرکەوت. لوسیلە ماندوو و ئاڵۆز، نوقم لە بیر و خەیاڵاندا گەڕایەوە ژوورەکەی خۆی. گفتوگۆکەی دەگەڵ ساڤرولادا هەموو مێشکی داگرتبوو. دڵ‌قایمی، لێبڕاوی، ئومێدواری و باوەڕی یان لە ڕاستیدا بێ‌باوەڕی ئەم پیاوە تەواوی دەروونی داگرتبوو. بەڕاستی پیاوێکی سەیرە! هەروا لە خۆڕا نییە خەڵک وەدوای کەوتوون. لوسیلە لە دڵەوە پێیخۆش بوو بەیانی گوێی لە وتارەکەی ئەو بێت. خزمەتکار و کەنیزە تایبەتییەکەی هاتە ژوورێ کە لە جل‌گۆڕیندا یارمەتی بدات. ئەو کە لە باڵکۆنی سەرەوەڕا سەیری شەواهەنگەکەی کرد بوو و ساڤرولایشی بینی بوو، بە پرسۆکی و کونجکۆڵییەوە لە خانمی خۆی واتە لوسیلەی پرسی:

  • ئەوە لیدر و ڕێبەری گەورەی خەڵک بوو؟ براکەم بەیانی دەچێت بۆ کۆبوونەوە تا گوێ لە قسەکانی ئەو بگرێ.
  • بەڕاستی، بۆ بەیانی قسان دەکات؟
  • براکەم وا دەڵێ. ئەو دەڵێ بەیانی وتارێکی کاریگەر لە سەر دەوڵەت دەدات کە هیچ‌کات لە بیر نەکرێ.

کچەی خزمەتکار دڵنیا بوو و بە متمانەوە قسەکانی براکەی چووبوون لە گوێوە و پێیان دڵگەرم بوو، کە لە ڕاستیدا برا نەبوو، لێ بۆ هاسانکاری بە برا ناودێری کردبوو.

لوسیلە ڕۆژنامەی ئێوارێی کە بە تەنیشت تەختە خەوەکەیەوە بوو دەست دایە. لە لاپەڕی یەکەمدا چاوی بە سەردێڕی ڕاگەیاندنی کۆبوونەوەی گەوەری سبەی ئێوارێ کەوت کە نووسرابوو کاتژمێر هەشتی ئێوارێ لە بینای شارەوانی‌دا بەڕێوە دەچێت. لوسیلە خزمەتکارەکەی ئیزندا و خۆی بەرەوە پەنجەرەکە چوو. لەوسەرەوە لە شاری خەوتووی ڕوانی. بەیانی ئەم پیاوەی وا ئەمڕۆ لە گەڵیدا دوابوو بە تەمایە شار بەخەبەر بێنێ و هەستیان ببزوێنی. ئەویش دەچێت و گوێ لە قسەکانی دەگرێت. زۆر ژن لەم جۆرە کۆبوونەوانەدا بەشدار دەبن. بۆ ئەویش بەشدار نەبێ؟ دەکرێ. ئەگەر دەموچاوی خۆی باش داپۆشێ. دەرفەتی باشە تا ئەو باشتر بناسێ و لە کەسایەتیی بگات تا وەکوو بتوانێ یارمەتی هاوسەرەکەی، مولارا بدات. بە دەم ئەم بیرۆکە و داڵغە لێدانە دڵخۆشکەرانەوە بەرەو تەختی خەوەکەی خزی.

کاتێک سەرۆک‌کۆمار لە پلیکانەکانەوە سەردەکەوت تووشی ‌میشێل هات و لێی پرسی؛ ئەمشەو هیچ کارێکت بە من هەیە؟

مونشیی تایبەت وەڵامی دایەوە؛ نەخێر، هەموو شتێک باش بەڕێوە دەچێت. مولارار زۆر بەگرژی و بەخێرایی لە ‌میشێلی ڕوانی، بەڵام چی بەدی نەکرد و نەکرا شتێکی لێ‌هەڵکڕێنێ. لای ‌میشێل نە بای هاتبوو نە بۆران. چیتری نەگوت، درێژەی بە ڕێگای خۆی دا و لە چاوان ونبوو.

بــەشی ٩

دەریـــــــــــــادار

ئەو مەترسییانەی وا مۆریت سەبارەت بە بەشداری ساڤرولا لە شەواهەنگی کۆشکدا پەنجەی بۆ ڕاکێشابوون و ئەوی لێ ئاگادار کردبوونەوە، وەدیهاتن. ‌تێکڕای ڕۆژنامەکان بێجگە لەوانەی ڕاستەوخۆ ‌لەژێر چاوەدێری حیزبدا دەردەچوون، بەتوندی هێرشیان کردبووە سەر ئەم کردەوەیەی ساڤرولا. ڕۆژنامەی زەمان نووسیبووی ئەم هەنگاوەی ساڤرولا پشت‌تێکردنی ئاشکرایە لە متمانەی کۆمەڵانی خەڵک، تێکڕمانی کۆشکی هیوای گەلە و دەتوانێ ببێتە هۆی هەڵوەشانی ئەم حیزبە پێشڕەو و شۆڕشگێڕە. هەروەها وەبیری خوێنەرانیشی هێنابۆوە کە پلە و پایەی کۆمەڵایەتی تاکەکان زوو یان درەنگ ڕووی ڕاستەقینەی مرۆڤە خەڵەتێنەرەکان ئاشکرا دەکات. بینیتان وا چۆن ساڤرولا بانگهێشتنی سەرۆک‌کۆماری قەبووڵ کرد و پشتی لە خەڵك کرد. ڕۆژنامەکانی سەر بە دەسەڵاتیش هەلەکەیان قواستبۆوە و بە توندی هێرشیان کردبووە سەر نەیاری سەرەکی دەوڵەت. بۆ وێنە “دەربار” نووسیبووی پڕۆپاگەندەچی لە هەر دەم و ساتێکدا بە دوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن. مێژوو دەری‌خستووە، ئەمانە هەڵوەدای پلە و پایەن، هەرکات بەرژەوەندییان دابین بکرێ، لە دیوەخانان و لە لای خاوەن‌مەنسەبان ڕێیان پێ‌بدرێ، بێ یەک‌ودوو پشت لە خەڵک دەکەن. هەموو ئەم بێ‌ئەدەبی و ناماقووڵییانە لە دڵ گران دەهاتن بەڵام لەچاو وریاکردنەوە و ڕەخنەکانی“شەپۆلی‌گەل”، بێ‌مەترسی بوون. شەپۆلی‌گەل لە دووپات کردنەوە و سکاڵاکردن خۆی پاراستبوو بەڵام ڕاستەوخۆ نووسیببووی کە حیزب دەبێ بەدوای لیدر و ڕێبەرێکی دیکە دا چاو بگێڕێ. ڕێبەرێک کە بۆ دەسەڵاتداران کڕنۆش نەبات و هاودەمی خاوەن‌مەنسەبان و دانیشتن لە کۆشک و تەلاران بە هاودەمی و هاونشینی دەگەڵ گەل نەگۆڕێتەوە.

ساڤرولا ئەم وتارانەی بە هەستێکی ناخۆش و بە نابەدڵی خوێندەوە. ئەو چاوەڕوانی دەکرد و دەیزانی کە ئەم چەشنە لەسەری دەنووسن بەڵام ئەو بە مەبەستەوە ئەم هەنگاوەی هەڵگرتبوو. ئەو هەر لە سەرەتاوە دەیزانی چوون و بەشداری کردن لەم شەواهەنگەدا بە ژیری وەرناگیرێ، بەڵام ئێستاش لە بڕیار و کارەکەی خۆی پەژیوان نەبوو. مانای نییە کە حیزب خۆی لە ژیانی کەسیی ئەو هەڵقوتێنێ و ڕێ‌وشوێنی بۆ بکێشێ. ئەو هیچکات دەستبەرداری مافی کەسیی خۆی نابێ؛ ئەو دەبێ بۆی هەبێ كوێی پێخۆش بێ بچێت. ئێستاش ئەو بە دوای ویست و حەزی خۆیدا هەنگاوی هەڵگرتووە، ئەگەریش ناڕازی هەیە ئەوە ئەو لە پای بەهاکەی دەوەستێ. بیری بۆ گفتوگۆی ناو باغ چوو و بە مەزندەی خۆی ئامانجی پێکابوو. هەرچی‌چۆنێک بێ ئێستا کە ئەم کاڵفامی و کەلێنە هاتۆتە پێش دەبێ قەرەبوو و ساڕێژ بکرێت. جارێکی دیکەش سەیری پێشنووسی وتارەکەی خۆی کرد و هێندێک شوێنی گۆڕی، چەند خاڵی بە تایبەت دەست نیشان کردن، بە بەڵگەکانی‌دا چۆوە و دەگەڵ دۆخی تازەدا ڕێکی‌خستن.

دەمەونیوەڕۆ مۆریت بۆ نانخواردن هات. مۆریت ڕاستەوخۆ لە بەچاودادانەوەی قسەکانی جاری پێشێی، خۆی پاراست و نەیگوت؛ ها چیم پێگوتی، بەڵام سەیرکردن و ڕەفتاری هەموو شتێکی دەدرکاند. بە بێدەنگی دەیگوت، ئەوەتا پێتوابوو من هیچ نازانم و لێکدانەوەی منت بە هێند نەگرت. ئێستا هەموو شتێکمان لە دەست داوە، مەگەر ئەوەی کە لە کۆبوونەوەی ئەمشەودا بە جۆرێک داوای لێبوردن بکەی، خزمەتەکانی پێشووت بخەیەوە بیریان بەڵکوو دڵی خەڵک بێتەوە جێ و متمانەیان وەدەست بهێنێوە. ئەم بیرۆکانە زۆر لە مێشکی مۆریت‌دا نەمان، باڵیان گرت و لە چەند ڕستەدا وەک پێشنیار بە ساڤرولای گوتن. ساڤرولا بە پێکەنینێکی تاڵەوە وەڵامی دایەوە:

  • لویز، ئازیزی من! دڵنیا بە شتی وا ناکەم. هیچ‌کات دەستبەرداری سەربەخۆیی خۆم نابم. هەردەم کوێ پێمخۆش بێ دەچم و چم پێخۆش بێ دەیکەم و ئەگەر ئەوانیش بەمە ناڕازین دەتوانن کەسێکی دیکە بۆ بەڕێوەبردنی پرسەکانیان بدۆزنەوە.

مۆریت لەرزی و مچوڕکی پێداهات.

ساڤرولا بەردەوام بوو:

  • دیارە بەم دارشتنە قسە دەگەڵ خەڵکدا ناکەم بەڵام تێ‌یاندەگەیەنم کە چەندی باکم بە هەڕەشەی مولارا وەک دوژمن هەیە و لێی دەترسێم هەر ئەوەندەش باکم بە هەڕەشە و لۆمەی ئەوانەی خۆمان هەیە.
  • لەوانەیە گوێت لێ‌نەگرن. دەنگۆی خۆپێشاندانی دژبەران هەیە.
  • وا دەکەم گوێ بگرن. لەوانەیە چەند خولەکی سەرەتایی ئاڵۆز بێ و ببێتە فیکە و هەرا، بەڵام دڵنیام دوای بیستنی چەند ڕستەیەک دادەمرکێن و هێور دەبنەوە.

باوەڕبەخۆیی ئەو بە چەشنێک ژوورەکەی پڕکردبوو کە مۆریتیش ئاهێکی وەبەرهاتەوە، دەستی بۆ پیاڵە شەڕابە سوورەکەی برد و هەڵی‌دا. بەچەشنی ناپلئۆنی سێهەم ورەی بەرزبۆوە و باوەڕی هێنا کە هەموو شتێک جێبەجێ دەبێت.

سەرۆک‌کۆمار لای وانەبوو کە بەشداربوون لە شەواهەنگی کۆشکدا تا ئەم ڕادەیە ساڤرولا لەبەرچاوان بخات و ناشیرینی بکات، بۆیە بە یەکەم دەسکەوتەکانی پاشقولگرتنەکەی لە ساڤرولا گەلێک دڵخۆش بوو و فیکەی سمێڵانی دەهات. لە لایەکی دیکەشەوە ڕاپۆرتی ‌میشێل کە گفتوگۆی ناو باخی لەژێر چاوەدێری دابوو ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونی پلانەکان دەکرد. دەسکەوتی یەکەم هەنگاو، مولارای لە بەردەوام‌بوون و درێژەپێدانی پیلانەکەی لە پێناو پاراستنی دەسەڵات و پێگەی خۆیدا، شێلگیرتر کرد. هەر لەم کات و ساتەدا گوشارەکان لە هەموو لایەکی دیکەوە زۆرتر دەبوون. دەوڵەتی بریتانیا لەمەڕ کێشەی ئەفریقاوە پێداگری دەکرد و لە سەر هەڵوێستەکانی سوور بوو. وەڵامی توندی ئەو وەک بۆخۆی چاوەڕوانی دەکرد بە هێند وەرنەگیرابوو، بۆیە ئێستا دەبوو ئەم قسانە، ‌کردەوەیان بەدوا دا بێ. ئەم بەندەرە ئەفریقاییە نابێ بێ بەرگری‌کردن جێ‌بهێڵدرێ. هێزی دەریایی دەبێ بێ یەک‌ودوو بەرەو وێندەری بکەوێتە ڕێ. دیارە هەڵومەرجی ناوخۆ هێندەش لەبار نەبوو کە بتوانێ بڕیارێکی ئەوتۆ وا بە هاسانی دەربکات. بوونی پێنج کەشتیی‌شەڕ لە پێتەخت لەم دەم‌وساتەدا هیمای دەسەڵات و هێز بوو، بەڵام لاوازی پێگەی دەوڵەت لە کێشە ناوخۆییەکاندا دەبوایە بە بڕشت لە سیاسەتی دەرەوەدا قەرەبوو بکرێت. ئەو بەباشی دەیزانی شکستهێنان لەم کێشەیە شۆڕش لە وڵاتدا وەپێش دەخات. بۆیەش پێویست بوو وریا و بەپارێزەوە هەنگاو هەڵبگرێ. ئەو دانی بە توانا و ئیمکاناتی بریتانیادا دەهێنا و کەمایەسی و کەموکۆڕییەکانی لاورانیاشی لێ شاراوە نەبوو. لە هەمان کاتدا و لە ڕاستیدا ئەم لاوازییە بەهێزترین کارتی لاورانیا بوو. بریتانیا ئەوپەڕی ‌هەوڵی خۆی دەدا کە دەگەڵ وڵاتێکی وا بچووکدا نەکەوێتە شەڕ و پێکدادان، چونکە لە چاوی ئەوروپییەکاندا بە کردەوەیەکی ملهوڕانە ناودێر دەکرا. بەڵام بۆ سەرۆک‌کۆمار پێویست بوو کە تا بۆی لوابا خۆی ڕانابا و فڕوفیشاڵی کردبا. ئەوە زۆرتر دەرمانی کێشە ناوخۆییەکانی وڵات بوو تا چارەسەری کێشەی دەرەکی. بەڵام یەک هەنگاوی هەڵەش شکست و تێداچوونی بەدواوە بوو. گەمەیەکی پڕمەترسی، چەندی زیرەک و بەهێزیش با، هەمدیسان لێهاتوویی زۆری پێدەویست.

میشێل هات و گوتی:

  • گەورەم. دەریادار هاتووە و ئینجا دەگەڵ پیاوێکی سوورفل کە تەکفۆڕمی ئەفسەرانی هێزی دەریایی دەبەر دابوو وەژوور کەوتن.

سەرۆک‌کۆمار لە سەر کورسییەکەی خۆی هەستا، بەرەوپیلی چوو و گوتی:

  • بەیانیت باش “دیمەڵۆ”ی ئازیز! فەرموو ئەمەش فەرمانی وەڕێ‌کەوتنتان، ئامادەیە.
  • گەلێک باشە، جارز بووم هێندەی لێرە بێکار دابنیشم و چاوەڕوانی سەرهەڵدان و سەربزێوی دژبەرەکانت بم.

سەرۆک‌کۆمار گوتی:

  • ئەرکێکی گەلێک قورستان لە پێشە و پاشان ڕووی کردە ‌میشێل و وەرگێڕدراوی تێلگرافە ڕەمزییەکەی لێ‌وەرگرت و بۆ دیمەڵۆی ڕاداشت و گوتی: دەریادار سەیری بکە!

دیمەڵۆ ڕاپۆرتەکەی خوێندەوە و ئینجا بە بزەیەک لە سەر لێوان فیکەیەکی ماناداری کێشا و بێ لێ‌پێچانەوە و بێ‌پەردە گوتی:

  • مولارا! ئەمجارەیان دۆخیكی تەواو جیاواز و دژووارترە لەوەی کە بە ئاواتتان دەخواست. تەواو تەنەگەیان لێ توندکردوین.
  • وا بەرپرسیارییەکەی بە خۆت دەسپێرم. دەزانم کە دەتوانی کێشەکە چارەسەر بکەی وەک زۆر جاری دیکە کە کردووتە.
  • ئەم هەواڵ و ڕاپۆرتە لە کوێوە هاتووە؟
  • سەرچاوەیەکی فەرانسەیی.
  • ئاگرە‌سوور کەشتییەکی زەبلاح و تەیارە، دەبێ بە هێند بگیرێ. نوێ و مودێڕنە و بە نوێترین توپخانەش تەیارە. من هیچ چەکێکی وام نییە کە بتوانم لێیدەم و نوقمی بکەم. تازە دەیان کەشتی تۆپ‌هەڵگری دیکە دەیپارێزن و پاسەوانی لێ‌دەکەن.

سەرۆک‌کۆمار:

  • دەزانم دۆخێکی گەلێک دژوارە بۆیەش بە ئێوەم ئەسپاردووە. بەڵام باشە بزانی، هەر شتێک بێتە پێشێ نامهەوێ تووشی شەڕ ببین. بێتوو لە شەڕ بکەوین شکستمان مسۆگەرە. تۆش باش دەزانی ڕەنگدانەوەی ئەم شکستە بۆ ناوخۆ، کارەساتە و تێداچوون. تۆ دەبێ بۆ هەموو شتێک دەنگی ناڕەزایی هەڵبڕی و بیانوو بهێنێوە و کات بکوژی. تا دەکرێ دەرفەتەکە درێژ بکەوە. بەردەوام تیلگرافم بۆ بکە و لە بارودۆخەکە ئاگادارم بکە. دەگەڵ دەریاداری بریتانیا لەبزت نەرم و گفتت خۆش بێ، پەیوەندێکی دۆستانەی دەگەڵ دابمەزرێنە. هاتوو بۆمبارانیان کردین بە ئاگر وەڵام نادەینەوە بەڵام دەنگ هەڵدەبڕین و ڕەخنە دەگرین. ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ بە نووسراوە ڕێ‌وشوێنی پێویستتان پێدەگەیەنم. باشتر وایە دەمەوئێوارێ لە بەندەر ڕا وەڕێ‌کەون. خۆ باش دەزانی زۆر گرینگە کە ئەم جووڵەیە دەنگ دانەوەی هەبێ، واتە بە دەبدەبە و کەبکەبەوە بکەونە ڕێ. با دەنگ بداتەوە.

دەریادار گوتی:

  • بەڵێ، ئەمە جاری یەکەمم نییە، پاشان دەستی دەگەڵ سەرۆک‌کۆمار لێدایەوە و بەرەو دەرگارکە ڕۆیشت.

مولارا کاتی بەڕێ کردنی پێیگوت:

  • لەوانەیە زۆر دوور نەکەوتبێوە کە لێرە پێویستیم پێت بێ و بانگت بکەمەوە کە بگەڕێیەوە. زۆر نیشانەی جێگەی نیگەرانی لە شاردا هەیە، ستێرلیتز لەو بەری سنوورەوە وەستاوە و چاوەڕوانی دەرفەتێکە. ئەگەر پەیامم نارد و لێم ڕاسپاردی هیوادارم بێی. ئەم ڕستەیەی کۆتایی کەم و زۆر پاڕانەوەی پێوە دیار بوو.

دەریادار:

  • بێم؟ ئەوە چ قسەیەکە، هەڵبەت هەر بێ یەک‌ودوو دەگەڕێمەوە. هەر ئێستا مانگێک زیاترە گەرای تۆپخانەم لە پارڵمان گرتووە، بەس فەرمان دەربچێ ئاگریان لەسەر پشتی دەکەمەوە. لەسەر هێزی دەریایی حیساب بکە، پشتت دەگرێ.

سەرۆک‌کۆمار:

  • شوکور بۆ خودا لەوەدا قەت گومانم نەکردووە و لە هەمان کاتدا جاڕێکی دیکەش بەگەرمی دەگەڵ دەریادار دەستی لێداوە و ئینجا گەڕایەوە پشت مێزەکەی خۆی. ئەو لە وەفاداری دەریادار بە دەوڵەت ئەرخەیان ببوو.

ئەفسەرانی کۆنەکاری هێزی دەریایی کە درێژایی تەمەنیان لە سەر ڕووبانی کەشتتیەکانی شەڕ بەسەر برددووە، بەرەبەرە خۆشیان دەبن بە بەشێک لەم میکانیزمە. دیمەڵۆش هەر وای لێ بەسەرهاتبوو. حەز و ویستێکی دیکەی بێجگە لە کارەکەی تێدا بەدی نەدەکرا و گوێی بە هیچی دیکە نەدەبزووت. بێزکردنەوەی لە خەڵکی سەر ویشکایی و مەدەنی‌پۆشەکانی لێ‌ببوو بە بێزکردنەوەیەکی پیشەیی. هەموو ئەو وڵاتانەی بە ڕوخی ئاودا بوون بۆ ئەو بە چەشنێک ئامانج و مەبەست بوون. جیا لەم وڵاتانە، وڵاتانی دیکە کە سنووری دەریاییان نەبوو لە جوغرافیای ئەودا بوونیان نەبوو. بۆ ئەو وەک یەک وابوو کە نیشتمانپەروەرانی دژ بە هێزی دەرەکی و ئازادیخواز بداتە بەر گوللەتۆپ، هێرش بەرێتە سەر قەڵا و سەنگەری دوژمن یان ئەوەی کە شار و شوێنی لە دایکبوونی خۆی ئاگر بدات. گرینگ ئەوە بوو ئەمر دەرچووبا و لە کاناڵی خۆیەوە ئەمری پێی‌گەیشتبا. ئەو تەنیا لە ڕوانگەی تکنیکییەوە دەیڕوانییە مەسەلەکە.

دەمەوئێوارێ، پاش‌نیوڕۆیەکی درەنگ بوو سەرۆک‌کۆمار دوایین کارەکانی ڕۆژانەی لە دەفتەری کاری خوێدا ئەنجام دەدا کە ڕووی کردە ‌میشێل و پرسی:

  • ئەوشۆ، ئەوان کوبوونەوەی گەورەیان هەیە؟
  • بەڵێ لە بینای شارەوانی دا، ساڤرولا قسان دەکات.
  • ئەدی لە خەمیاندا بوون، کەسی لێیە ناڕەزایی دەرببرێ؟
  • بەڵێ ژمارەیەک پۆلیسی نهێنی لەوێ دەبن و بە ئەرکیانەوە هەڵدەستن. سەرهەنگ سورەنتۆ هەنگاوی پێویستی هەڵگرتوون. لام وایە لایەنگرانی سینیۆر ساڤرولا ئێستا زۆری لێ تووڕەن.
  • دەتوانێ وابێ. بەڵام ئەو ساڤرولایەی من بیناسم بە قسان هەمووان دێنێتە بەر ڕکێفی خۆی. ئەو بەرهەڵستکارێکی پڕ مەترسییە و ئێمە دەبێ هەست‌ڕاگر و بە مشوور بین. ئاخۆ سوپا ئاگادارە و لە ئامادەباشی دان؟ ئەم نەفرەت لێکراوە لە هیچ دانامێنێ و دەتوانێ ئەم خەڵکە بخاتە سەر هەر بارێک.
  • سەرهەنگ سەرلەبەیانی لێرە بوو وەک باسی کرد و من لێی‌تێگەیشتم خەریک بوو مشووری دەخواردن
  • زۆر باشە. دڵنیام ئاگادارە کە داهاتووی ئەویش لە مەترسی دایە. نانی شێوان لە کوێ دەخۆم؟
  • لای وەزیری ناوخۆ لۆڤیت. خوانێکی فەڕمییە.
  • پەکوو! دەی قیل و سیا، هەرچی بێ چێشتکەرێکی لێهاتووی هەیە و خراپیش نییە بزانم کاتێک جەنابی وەزیر گوێ‌بیستی ناوی ساڤرولا دەبێ، چۆن دەکەوێتە لاڵەپەتە کردن. ترسنۆک و قێزەونە، بەڵام بۆ کات بەسەربردن خراپ نییە.

مولارا سەرێکی بۆ مونشی لەقاند و لە ژوورەکە وەدەرکەوت. لە پشت دەرگا تووشی لوسیلە هات.

  • سڵاو لوسیلەی ئازیز! ئەمشەو بۆ نانخواردن لە لای لۆڤیت دەبم، لەوانەشە تا درەنگ نەگەڕێمەوە. فەڕمییە و دەبێ بەشدار بم دەنا بێزم لەم کابرایە دەبێتەوە. هیچ حەزناکەم بەتەنیا جێت بهێڵم، بەڵام ئەمڕۆژانە زۆر دنەدەرن، تەنانەت ناپڕژێمە سەر خۆشم.
  • بیر لە من مەکەوە ئانتۆنیۆ، دەزانم چەند بە ئیش و کارەوە سەرقاڵی. ئەم کێشەیەی دەگەڵ بریتانیایەکان بە کوێ گەیشت؟
  • دۆخەکەم هیج بەدڵ نییە. ئەم دەوڵەتە دەمارگرژەی بریتانیا وەڵامی نامەکەی ئێمەیان بە ناردنی کەشتییەکانی شەڕ داوەتەوە، کە زۆر جێگەی داخە. ئێستاش وا من ناچارم لەو دۆخە نالەبارەی ناوخۆدا هێزی دەریایی بۆ وێ بەڕێ بکەم
  • کاتێک دەگەڵ سێر ریچارد دەداوم پێمگوت کە ئەو نامەی بۆیانتان بەڕێ کردوون زۆرتر بۆ هێور کردنەوەی کێشەکانی ناوخۆی وڵاتە.

سەرۆک‌کۆمار:

  • لە سەر ئەو باوەڕەم کە دەوڵەتی بریتانیاش بۆ جێبەجێ کردنی وادە و بەڵێنیەکانی، پێویستی بە نیشان‌دانی شان و باهۆیە، وەزیری ئێستا سەربە کۆنسێرڤاتیوەکانە و دەبێ کارتەکانی لە سیاسەتی دەرەوەدا باش بەکار بهێنێ تا بتوانێ پلانەکانی ناوخۆیی بۆ بچێتە پێش.

لەو کاتەدا میشێلی بینی کە بەرەو ئەوان دەهات، پرسی:

  • ها، میشێل چییە دیسان کاری دیکە هاتۆتە پێش؟
  • بەڵێ گەورەم هەر ئێستا چەند پەیامێک گەیشتوون کە دەبێ بە زوویی لێیان ئاگادار بی.

ئاهێکی مابوو بە ‌میشێل بڵێ عەمرت نەمێنی بە خۆت و پەیامتەوە. بەڵام دانی بەسەر جەرگی خۆی داگرت و قسەکەی قوت داوە و گوتی: زۆر باشە ئێستا دێم. پاشان ڕووی کردە لوسیلە و پێی‌گوت: لەسەر نانی بەیانی یەکتر دەبینین، تا ئەو کات لای تۆم خۆش. پێکەنینێکی بە تۆبزی هاتە سەر لێوان و پاشان گەڕایەوە ژووری کارەکەی خۆی.

ئەم دەسەڵاتەی کە پیاوە گەورەکان بەدوای دا وێلن زۆرجاریش بۆ پاراستنی نیوەمەرگ دەبن.

ئەمە جاری یەکەم نەبوو کە لوسیلە بەتەنیا جێ دەهێشترا. ئەویش ڕاست لە کاتێکدا جێ‌دەهێشترا کە پتر لە هەمیشە پێویستی بە هاودەنگ بوو. بێزاری و ناڕەزایی خەریک بوو بەتەواوی باڵی بەسەردا بکێشێت. کە ئەم هەستە بەسەریدا زاڵ دەبوو ئیتر سەرکەوتن و شکست هێنان بێ‌بایخ و پووچیان دەنواند. ئەو بیری لە جۆش و خرۆشی ژیان دەکردەوە، لەوە کە ببینرێ و هەڵنەپەسێردرێ، سەرێک بێ لە نێو سەران. سەرلەنوێ بیر و ئەندێشەکانی شەوی ڕابوردووی لێ بوونەوە میوان. بەڵێ دەچم گوێ لە قسەکانی ئەو دەگرم. گەڕایەوە ژوورەکەی خۆی، زەنگی لێدا و خێرا بانگی کەنیزە تایبەتییەکەی خۆی کرد و لێی پرسی؛

  • کۆبوونەوەکەی ئەمشەو کەیە؟
  • کاتژمێر هەشتی شەو خاتوونەکەم
  • بڵیتتان هەیە؟
  • بەڵێ براکەم …
  • بیدە بەمن، من دەبێ ئەم کابرایە ببیستم. ئەو بە تەمایە هێرش بکاتە سەر دەوڵەت و من دەبێ لەوێ بم تا بتوانم گوزارشتەکەی بدەمەوە بە سەرۆک‌کۆمار.

کچە زۆری بەلاوە سەیر بوو بەڵام وەک چاوەڕوان دەکرا بڵیتەکەی لە پێش دانا. وا بۆ شەش ساڵ دەچوو کە لە لای خانمی خۆی ئیشی دەکرد و تا ئاستێکی بەرز هۆگری خاتوونی گەنج و جوانی خۆی بوو. تەنیا شتێک لێی پرسی ئەوە بوو:

  • خانمی من دەیهەوێ کام جل و بەرگ بکاتە بەری؟
  • بەرگێکی مەیلەو تاریک دەگەڵ ڕووبەندێک. ئەمەش نابێ لە لای کەس بدرکێنی!
  • نەخێر خاتوونەکەم
  • تەنانەت لە لای براکەشت!
  • نەخێر خاتوونەکەم
  • بڵێ کە من سەرم دەهێشا و چوومە ژوورەکەی خۆم بۆ ئیسراحەت. تۆش لە ژوورەکەت، خۆت بە شتێکەوە خەریک بکە.

کەنیزی گەنج بە هەڵەداو چوو جلوبەرگی خانم بهێنێ. لوسیلە لەو بڕیارەی دابووی بە تەواوی شڵەژا بوو. بینینی ئەو خۆی ماجەرایەک بوو و هەڵگری خرۆشێکی تایبەت. ئەدی ئەم هەمووە خەڵکە؟ کە بیری بۆ وێ چوو بۆ چرکە ساتێک ترسێکی ڕێ‌نیشت، بەڵام بەبیر خۆی هێناوە کە زۆر ژنی دیکە لەم چەشنە کۆبوونەوانەدا بەشدار دەبن و بە دڵنیاییەوە پۆلیسیش بۆ پاراستن لەوێ ئامادەن. بەخێرایی جلوبەرگەکەی وا کەنیز هێنابوونی کردییە بەری و بە پلیکانەکاندا چوو خوارێ، بۆ ناو باغ. وڵات بڵێی و نەڵێی تاریک داهاتبوو، لوسیلە بە هاسانی خۆی گەیاندە دەرگایەک لە دیواری باغدا و بە کلیلی خۆی کردییەوە.

گەیشتە سەر شەقام، هەموو وڵات ئارام بوو. چرا گازسۆزەکان ئەوبەر و ئەوبەر بە دوو ڕێز بە درێژایی شەقامەوە دایسان. دوور، لە کۆتایی شەقامەکە دەبوون بە یەک. چەند کەسێک بە پەلە بەرەو بینای شارەوانی دەڕۆیشتن، ئەویش شوێنی هەڵگرتن و بە دوایاندا ڕۆیشت

بەشــی ١٠

سێــحــربــاز

بینای شارەوانی هۆڵێکی کۆبوونەوەی زۆر گەورەی لە خۆ گرتبوو کە زۆربەی زۆری کۆبوونەوەکانی ئەمساڵانەی دوایی لاورانیا لەوێ بەڕێوە دەچوون. لە دەرەوەڕا بینایەکی بەردینی گەورە، بە هەیبەت و ورووژێنەر، لە ژوورێدا هۆڵێکی یەکجار گەورە، چەند ژوورێکی بچووک و ژووری نوێنەران بوو و هیچی تر. هۆڵی گەورە بە هاسانی جێگەی حەوت هەزار کەس دەبۆوە. بنمیچێکی سپی کە لەسەر کاریتەوکۆڵەکەی ئاسنی زۆر ئەستوور و قەببە وەستابوو و بە ژمارەیەکی زۆر چرای ‌گازسۆز ڕووناک دادەهات. هەرچەند هۆڵێکی زۆر ساکار بوو بەڵام بەباشی بۆ ئامانج و مەبەسەتی دیاری‌کراو گونجاو بوو.

لوسیلە تێکەڵ بە خەڵک چووە ناو بیناکە و هیوادار بوو شوێنێکی دانیشتنی بەربکەوێت، بەڵام وەک چاوەڕوان دەکرا تێکڕای کورسییەکانیان لە ساڵۆن ڕاگوێستبوون و هەموو کەس دەبوایە لەسەرپێ وەستابایە. لەناو ئاپۆڕای ئەم حەشیمەتە لە بڕان‌نەهاتووەدا خۆی وەک ئەتۆمێک دەبینی و بەدژواری دەکرا خۆی ڕەپێش‌خات، بەرەو دوا گەڕانەوەش هەر نەدەکرا. تووشی دیمەنێکی بەڕاست سەرسووڕهێنەر هاتبوو. ساڵۆن کە بە ئاڵای لاورانیا ڕازێندرابۆوە پڕبوو لە خەڵک، تەنانەت باڵکۆنەکانیش بە دوو ڕیز و سێ ڕیز لە خەڵک ڕەش هەڵگەڕابوون. شەبەقی زەردی چرا گازسۆزەکان بە ڕوخساری خەڵکەوە بەدی دەکرا. زۆربەی ئامادەبووان پیاو بوون بەڵام لە بەختی خۆی، لوسیلە ژمارەیەک زۆریشی ژن بینی کە لە ساڵۆنەکەدا ئامادەبوون. لە پێشەوەی سەکۆی شانۆکەدا مێزێک دانرابوو و پەرداخێک ئاو لەسەر. لەپێش شانۆکە دوو پلیکان خوارتر، نەک زۆر دوور لە مێزەکە، ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامەنووس، کاغەز و پێنووس‌بەدەست، ئامادە لە چەشنی ئۆرکێستێک، وەستابوون. لە پشت مێزەکەی وا پەرداخەئاوەکەی لەسەر بوو ژمارەیەک کورسی ڕیز بە ڕیز بۆ سیاسییەکان، کاربەدەستان، مونشییەکان و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان کە هەموویان پێچەری تایبەتییان لە قۆڵیان بەستبوو، تەرخان کرابوون. مۆریت ئەوەی لەدەستی هاتبوو بۆ کۆکردنەوەی ئەندامانی حیزب کردبووی و لە ڕاستیشدا سەرکەوتووانە گەورەترین کۆبوونەوەی لە مێژووی لاورانیادا پێکهێنابوو. نوێنەری تەواوی هێزە سیاسییەکانی کە خۆیان بە دژی دەوڵەت دەزانی لەوێ ئامادەبوون. ساڵۆن پڕ بوو لە ژاوەژاو و زەنا زەنا کە هێندێک جار دەکەوتە ژێر دەنگی سروودە نەتەوایەتییەکان، کە نێوە نێوە بڵاو دەکرانەوە و ‌تێکڕای ئامادەبووان دەگەڵیان دەگوتەوە. لە ناکاو کاتژمێری سەر بیناکە دەنگی بەرزبۆوە و هەشتی شەوی ڕاگەیاند. هەر لەو کاتەش‌دا لە دەرکێکی لای ڕاستی شانۆکەوە ساڤرولا کە لە لایەن گودی، مۆریت، ڕێنووس و چەند کەسێکی دیکە لە ڕێبەرانی جووڵانەوە هاوڕێیی دەکرا، وەژوورکەوت. هەموو کورسییەکانی تێپەڕکرد تا گەیشتە ئاخرین کورسی، لە پشتەوە لە نزیک مێزەکەوە، دانیشت، بەئارامی سەیری دەوروبەری خۆی کرد. ژاوە ژاوەکە بەرزتر و بەرزتر دەبوو، بوو بە هات‌وهاوار. زەحمەت بوو بڵێی دووکەس یەک ڕستە دەڵێن. کەس ئاگای لە قسەی ئەوەی دیکە نەبوو. بۆ دەمەساتێک لات وابوو وا هوریا دەکێشن و دەمێک دواتر مستی گرێ کراو لەسەر سەران ڕادەوەشان. وەک بڵێی هەست و خۆستی ئامادە بووان نیوە بە نیوە بەسەر لایەنگر و دژبەردا، بەش بووبێت. تۆندئاژۆکانی حیزب کە بەشداری ساڤرولایان لە شەواهەنگی کۆشکدا بە خیانەت دەزانی، هۆیان لێ‌دەکرد. میانەڕۆکانیش وەک باوەڕپێکراوترین کەس لێیان دەڕوانی، ڕێزیان دەگرت و داوای یەک‌ڕیزییان دەکرد. لێژنە سیاسی و پیاوماقووڵەکان لە سەر کورسییەکانی سەر شانۆکە بێدەنگ دانیشتبوون و چاوەڕوانی ڕوونکردنەوە بوون، بزانن دۆخەکە بە چ بارێکدا دەکەوێت. ئەوان لایان وانەبوو هیچ ڕوونکردنەوەیەک بتوانێ ئەم گرژییە بڕەوێنێتەوە و جارێکی دیکە متمانەی خەڵک وەدەست بێنێتەوە.

هەر چونێک بوو بێدەنگی خۆی سەپاند و گودی کە دیار بوو سەرۆکی کۆبوونەوەکەیە، هەستا و وتارێکی کورتی پێشکەش کرد. بێ‌ئەوەی ناوێک لە ساڤرولا بێنێ ئاماژەی بە دەسکەوتەکانی جووڵانەوەی کرد. وتارەکەی جیا لە بەخێرهینان و خۆشحاڵی دەربڕین لە ئامادە بوونی بەشداران، هەڵگری پەیامێکی وەوتۆ نەبوو. خەڵک نەهاتبوون گوێ بۆ ئەو ڕابگرن، بۆیەش کاتێک ئەو کشایەوە و تریبۆنەکەی تەسلیمی ساڤرولا، سەرۆکی حێزب کرد، ئاهێکیان هاتەوە بەر.

ساڤرولا هێدی و ئارام بە گوێی کەسێکدا کە لە شانی چەپییەوە دانیشتبوو خەریکی چرپە بوو. کە ناوی هات، لەسەرخۆ ڕووی وەرگێڕایە سەر ئامادەبووان لە هۆڵەکە و هەستایە سەرپێ. هەرکە ئەو هەستایە سەرپێ کەسێکی جلوبەرگ شین لە ناو گروپێکی دیکەی هەروا شینپۆشدا هاواری کرد خائین! کاسەلێس! سەتی دیکەش بەدوای‌دا گوتیانەوە. هات‌وهاوار جارێکی دیکەش بەرزبۆوە چەند کەسێکی دیکەش نابەدڵ دەگەڵیان گوتنەوە. پێشوازێكی خوازراو نەبوو. مۆریت بە سەرسامییەوە سەیری دەوروبەری خۆی کرد.

لوسیلە سەرەڕای گەرما و پاڵەپەستۆی حەشیمەت نەیدەتوانی چاو لە سەر ساڤرولا هەڵبگرێ. ئەو بینی کە ساڤرولا لەبەر تووڕەیی دەلەرزی. بەڕواڵەت هێور بوو ئەگینا لە ناوەوە شەپۆلی دەدا. وەستان لەبەرانبەر حەشیمەتدا هەموو کات گەڕی خوێنی لە دەمارەکانیدا خێراتر دەکرد و سووری هەڵدەگێڕا. کاتێک هەستایە سەرپێ و چاوەڕوانی بێدەنگ بوونی خۆپێشاندەران بوو بێ‌ئۆقرەیی پێوە دیاربوو. پاشان دەستی کرد بە قسان. لە سەرەتادا بە زەحمەت دەنگی دەردەهات یان هێند نزم بوو دەکەوتە ژێر دەنگی شینپۆشەکان کە هەر وا لە دروشم‌دان دا بەردەوام بوون. سەرئەنجام پاش پێنج خولەک قیژە و هەرایەکی بەرز، هیوا و تاسەی بیسەران بۆ بیستنی قسەکانی ساڤرولا بە سەر هەموو هەست و نستی دیکەی ناو هۆڵەکەدا زاڵ بوو. بێدەنگی ساڵۆنی داگرت و تێکڕا بوون بە گوێ بۆ بیستنی ڕێبەرەکەیان.

ساڤرولا سەرلەنوی دەستی پێکردەوە. هەر چەند بەنەرمی و دەنگێکی لاواز قسەی دەکرد، بەڵام دەنگی بە باشی دەگەیشتە ئەوسەر و ئەوسەری ساڵۆنەکە. لە سەرەتادا تا ڕادەیەک شڵەژانی پێوە دیار بوو یان وای نواند کە شڵەژاوە و جارناجارێکیش چەند چرکەیەک بێدەنگ دەبوو، وەک بڵێی بە دوای وشەکاندا بگەڕێت. ئەو سەرسووڕماوی خۆی لە پێشوازی خەڵک، باس کرد و گوتی؛ پێی وانەبوو ئێستا کە جووڵانەوە وا بەباشی بەروپێش دەچێت و خەریکین لە ئامانجەکانمان نزیک دەبینەوە، دانیشتووانی لاورانیا ڕایان گۆڕدرابێ. هەمدیسان جارێکی دیکە شینپۆشەکان کردیانەوە هەرا بەڵام زۆربەی زۆری بەشداران کە حەزیان دەکرد گوێبیستی وتارەکە بن بە هێندیان نەگرتن، ئەم هەوڵەیان دمکوت کرد و بێدەنگی زۆر زوو سەقامگیر بۆوە. ساڤرولا بەردەوام بوو. بەخێرایی پێداچوونەوەی ڕووداوەکانی ساڵی ڕابوردووی وەک بەرەوپێشچوونی حیزب، خۆڕاگری و فێربوون لە ئەزموونەکان، بەڵێنی سەرۆک‌کۆمار لەمەڕ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن، خیانەت، غەدر و هەروەها کەوتنە بەر دەسرێژی گوللەی سوپای، کرد. دەنگێکی لێ‌بڕاونە و هەڵبژاردنی وشەی گونجاو، هەست و دەنگی ئەرێنی ئامادەبووانی بەدوا داهات. خەڵک خۆیان لەم ڕووداوانەدا بە بەشدار دەزانی بۆیەش حەزیان دەکرد کە لە بیر و مێشک دا بمێنن و فەرامۆش نەکرێن.

لێرەدا باسی چاوپێکەوتنی وەڤدەکەی دەگەڵ سەرۆککۆماردا کرد کە چۆن سەرۆک‌کۆمار نوێنەرانی خەڵکی وەرگرتووە و چون بێ‌منەت یان بە زمانی زبر هەڵسوکەوتی کردووە و لە توندوتیژی سوپا دڵگرانی دەرنەبڕیوە. ئەمجارەش شینپۆشێک دەستی کرد بە دروشمدان: خائین! کاسەلێس! بەڵام کەسی دەگەڵ نەکەوت. ساڤرولا درێژەی دا و گوتێ؛ با سەرنجتان بۆ شتێک ڕابکێشم. وا دیارە دەوڵەت کپ‌کردنی دەنگی ڕۆژنامەکان، بەکارهێنانی سوپای دژ بە خەڵک و پێشێلکردنی دەستووری وڵاتی پێ ‌کەمە، بۆیە ئێستاش کە وا لێرە، کۆبووینەوە و باس لە داهاتووی سیاسی وڵات و خۆمان دەکەین، دەست‌وپەیوەند و سیخورەکانی ناردووە تا کۆبوونەوەکەمان لێ‌بشێوێنن، و پەنجەی ئاماژەی بۆ لای شینپۆشەکان ڕاداشت. لەو کاتەدا خەڵکیش سێرەی چاویان دەگەڵ پەنجەی ساڤرولا بەڕێ کرد و بۆڵەیان لێ بەرزبۆوە. ساڤرولا درێژەی پێ‌دا: ئەم بێ‌حورمەتی و جنێوفرۆشییە تەنیا ڕووی لە من نییە بەڵکوو ڕووی لە ئێوەیە. ئێوە هاووڵاتی لاورانیایی کە فرچکتان بە ئازادی گرتووە. ڕووی لە کۆبوونەوەی ئێوە هاووڵاتی‌یانە کە منتان بانگهێشت کردووە تا تێیدا ڕا و بۆچوونەکانم دەگەڵتاندا بەش بکەم. دەنگی لایەنگری و ئەرێنی ئامادەبووان بەرزبۆوە. پاشان ڕق و تووڕەیی و هاواری لۆمپەن! پەست! و نیگای تووڕەی بەشداران، بارییە سەر شینپۆشەکان کە ئێستا خەریک بوون لە ناو خەڵکدا خۆیان وەشارن و قوونەدزەیان دەکرد.

ساڤرولا بەردەوامبوو؛ سەرەڕای ئەم تاکتیکە، سەرەڕای بەرتیل و گوللە، ڕەشەکوژی لە ڕێگەی بەکرێ‌گیراوەکانیانەوە، تەقەی بێ‌بەزەییانە و ئاشکرای سەربازەکان بە ڕووماندا، دڵنیا بن کە پرسی ئێمە ڕەوایە. پرسێکی ڕەوا کە وا ئێمە ئێستا لێرە بۆی کۆبووینەوە. بەرەوپێش چووین و بەرەوپێش دەچین و تا دەستەبەرکردنی ئازادی و وەدەست هێنانەوەی دووبارەی مافە دەستوورییە زەوتکراوەکانمان و هەروەها بەسزا گەیاندنی تێکڕای ئەوانەی ئەم مافانەیان پێشێل کردووە، بەردەوام دەبین.

لە هەر چوار سووچی ساڵۆنەوە دەنگی ئەرێنی و هوریای پشتگیری بەرزبۆوە.

ساڤرولا هەروا بەنەرمی و دەنگێکی نزم دەدوا، دەنگی بەرز نەکرد، بەڵام وشەکانی لێ‌بڕاوانە و کاریگەر بوون.

ئێستا کە بە سەردۆخەکەدا زاڵ ببوو و بەباشی گوێیان لێ‌دەگرت. سەری خستە سەر سەرۆک‌کۆمار و دەست و پەیوەندەکەی و پێی ڕادەبواردن. هەموو جارێ دەگەڵ هەر دەربڕین و ڕستەیەکدا دەنگی پێکەنین و شادی لە ئامادەبووانەوە بەرز دەبۆوە. لە باسی لۆڤیت‌دا گوتی ئەم ورگنە بێ‌ورە و بێ‌غیرەتە بۆ وەزیری ناوخۆ نەگونجاوە کە ناوێرێ لەماڵ وەدەرکەوێ تا هاووڵاتی‌یانی خۆی چاویان پێبکەوێت. تەنانەت هێند ترسنۆکە کە ناوێرێ شەوانەش وەدەربکەوێت و بزانێ لە وڵاتدا چ خەبەرە. دیارە هەموو کەس ناوبانگی لۆڤیت‌یان بە ترسنۆکی و دەست و پێ سپیلکەیی بیستبوو و لە کەس شاراوە نەبوو. ئەوسا ساڤرولا دەستی کرد بە لێدوان لە سەر سەرۆک‌کۆمار و گوتی: کە جەنابی قەراری داوە دەستبەرداری دەسەڵات نەبێ هەرچی دەبێ با ببێ. بۆیەش بۆ بە لاڕێ‌دا بردنی بیروڕای گشتی لە ‌کردووەی دیکتاتوری خۆی و دەوڵەتەکەی لەناوخۆی وڵاتدا خەریکە کێشەی دەرەکی دەگەڵ وڵاتانی دیکەدا دروست بکات. بۆ ئەم مەبەستەش کێشەی دەگەڵ وڵاتێکی زلهێزدا دروست کردووە کە سوور دیارە دەستکەوتێکی نابێ، جگە لە زیان و شکست. ئێستا وا هێزی دەریایی و کوڕەکانی ئەم وڵاتە دەبێ ڕەوانەی دەریاکان بکرێن کە ئەمەش تێچوویەکی قورس دەخاتە سەر دەوڵەت و سەرئەنجام هاووڵاتی‌یان. لە پێناو چی دا؟ تەنیا بۆ ئەوەی ئانتۆنیۆ مولارا دەیهەوێ تا مردن لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. سیاسەت ئاوا ناکرێ، پێویستە کەسێک ئامۆژگاری بکات.

ئەمجارەیان دەنگێکی دژبەر هەرەشەی کرد و گرژی پەیدا بوو.

لوسیلە کە وەک ئەفسوونکراوان گوێی بۆ ڕاگرتبوو بە هەستانە سەرپێی ساڤرولا لە کاتی هاتوهاوارەکەدا هاتەوە سەرخۆ، بەزەیی پێداهات و ترسی ڕێ‌نیشت کە نەکا ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە. بیری کردەوە کە چۆن وا بوێرانە وەستاوە و ئاخۆ چ شتێک هاندەرێتی کە ئەم ئەرکە قورسەی خستۆتە سەر شانی خۆی؟

کاتێک ئامادەبووان بێزاری خۆیان دژ بە پۆلیسە نهێنییە ناردراوەکانی سورەنتۆ دەربڕی و هۆیان دەکردن لوسیلەش بە بێدەنگی و هاودڵ بیزاری و قینی خۆی دەردەبڕی. ئێستاش کە وا باسی هاوسەرەکەی وی دەکرا هەڵوێستی دۆستانەی سەبارەت بە ساڤرولا نەگۆڕدرا.

پاش ئەم گرژییە ساڤرولا هەمدیسان بەردەوام بوو. بێ ئەوەی دەست‌وپێی خۆی ون کردبێ یان ترسابێ دەستی بە قسان کردەوە. سەرنجی هەموو لایەکی ڕاکێشا و کەش و هەوایەکی ئەرێنی و بیسەرانە باڵی بەسەر ساڵۆندا کێشایەوە، لوسیلەش هاتەوە سەرەخۆ و بزەی گەڕانەوە سەر لێوان و گەشایەوە.

لە نێو کەش و هەوایەکی گونجاو و دڵخواز و هوریای شادی ئامادەبووان دا، ئاخرین وەزیریشی پێکا و ئەوسا گوتی ئێستا کاتی ئەوە هاتووە لە پرسە گرینگەکان بدوێن. داواتان لێدەکەم بیر لە داهاتوو و ئامانجەکان بکەنەوە.

ئێستا بەپێچەوانەی دەمێک لەمەوبەر کە بە مەبەست دژ بە دەسەڵات دنەی دەدان ئەمجارە هێوری دەکردنەوە و داوای دەکرد کە کۆنترۆڵی خۆیان لە دەست نەدەن. لە کاتێکدا باسی مافی بەختەوەربوون بۆ هەر زیندەوەرێکی دەکرد ساڵۆن بێدەنگ بوو و تەنیا دەنگی لێبڕاونە و زمانی پاراوی ئەو دەبیسترا. ماوەی سێ چارەگە سەعات زیاتر باسی چاکسازی کۆمەڵایەتی و ئابووری کرد. هەرجارەش ژیرانە بە هێنانەوەی نموونەی ساکار بەڵام گشتگری بێ‌وێنە، وێنای پرسە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی وڵاتی دەکرد، مەزنەی دەکردن و بەم شێوەیە ڕووناکی دەخستە مێشک و دەروونی بیسەرانییەوە و نەمامی بیرۆکەی نوێی لە لا دەناشتن.

کاتێک سەیری ئەم وڵاتە جوانەمان ئەم وڵاتە جوانەی کە لە باو باپیرانمانەوە بە ئێمە بڕاوە، دەکەم. کاتێک دەریای شین، چیای سپی‌پۆش، شار و گوندی ڕازاوە، دەشت و مەزاری پڕپیت ‌و ‌بەرەکەتی دەکەم، ئەم پەڵەڕەشە دیکتاتۆرە سەربازییەی کە باڵی بەسەردا کێشاوین نامۆ دەبینم و دڵنیام ئەم گاڵتەجارییە نابێ چارەنووسی وڵاتی ئێمە بێ.

شانازی بەخۆبوون، لێبڕاوی و هومێد بە دواڕۆژ، خاڵی هاوبەشی هەموو ئامادەبووان بوو. یەک کاتژمێری تەواو هۆیەکانی شانازی بەخۆ و بەمێژوو و جوانی وڵات، بەشدارانی هێنابووە خرۆش. خرۆشێک کە مێشکی تاکی دەخستە گەڕ. خرۆشێک کە هەموو خۆیان تێدا بە بەشدار دەزانی. پرسێک کە پرسی هەمووان بوو. بڕیارێک کە بڕیاری هەمووان بوو. ئەم ژانە و ئەم هیوایە کە ئەو لێی‌دەدوا ژان و هیوای حەوت هەزار کەسی کرد بوو بە یەک.

بۆ یەکم جار دەنگی بەرزکرد و بە دەنگێکی مکوور و شێلگیر کە لە دڵی بیسەردا دەنیشت، بەشی کۆتایی وتارەکەی دەست پێکرد. ئێستا ڕستەکانی کورت بوون و دوای هەر ڕستەیەک هوریای بەشداران بەرز دەبۆوە. گوڕ و تینی ئامادەبووان لە وتن نەدەهات، تێکڕا لە خۆشیان مچوڕکیان پێدا دەهات و چاوەکانیان دەدرەوشا. تەنانەت لوسیلەش لەم خۆشییە ئاوارتە نەبوو. حەز، تاسە و ئاوات و ئامانجەکانی، جێگە و پێگەکەی هاوسەرەکەی، گشتیانی فەرامۆش کردبوو. ڕستەکانی ساڤرولا هەمدیسان درێژ ببوونەوە و وەک پەلیون لە ئۆسا[7] بەڵگە بەدوای بەڵەگەدا دەهاتنە گۆ. بەرە بەرە، بەرەوە ڕستەی کۆتایی دەڕۆیشت و کاتێک وشەی کۆتایی گوترا، بوو بە هەرا. هەرای خۆشی و شادمانی و دەربڕینی دەستخۆشی.

پاش ئەمە ساڤرولا گەڕایەوە و لە سەر کورسییەکەی دانیشت، قومێکی ئاو خواردەوە، دەستێکی بە تەوێڵی داهێنا. هەژانێکی لە ڕادەبەدەر بوو. ئەو خۆیشی بەهۆی هەستی ناوخۆیەوە هەڵتەکابوو، ترپەی دڵی لە دەمارەکانیدا بەدی دەکران و پشووی سوار ببوو. وەک بڵێی هەناسەبڕکەی بوو. بۆ ماوەی پێنج خولەک دەنگی خۆشی و چەپڵەلێدان نەدەبڕایەوە. ئەندامانی لێژنە سیاسییەکان لە سەر شانۆکە هەستابوونە سەرپێ و دەستیان ڕادەوەشاند. خەڵک ئەوەندە لە جۆش بوون هاتباو وشەیەکی گوتبا تێکڕا ڕایان دەکردە سەر کۆشک، ئینجا سەربازەکانی سورەنتۆ پێویستی‌یان بە جبەخانەیەک دەبوو تا خەڵک بگێڕنەوە دواوە و بڵاوەیان پێ بکەن.

پێش هاتنیان بۆ هۆڵی کۆبوونەوە پێشنیاری بەرەو کۆشک وەڕێکەوتن کە هی مۆریت و گودی بوو بە کۆدەنگی پەسەند کرا بەڵام ساڤرولا دژی وەستا بوو.

ساڤرولا ڕووی کردە مۆریت و گوتی: ها لویز ئێستا دەڵێی چی، چیم پێگوتی؟ پێت چۆن بوو؟ من زۆر ڕازیم بە تایبەت لە سەرئەنجامەکەی. ئەمە تا ئێستا باشترین وتارم بووە.

مۆریت ڕوانی‌یە سەرێ، وەک لە خودا بڕوانێ و گوتی بێ‌وێنە بوو تۆ هەموو شتێکت گۆڕی. تۆ نەجاتت داین.

ئێستا هەموو لایەک خەریکە بڵاوەی دەکەن. ساڤرولا بە دەرگای تەنیشتدا خۆی گەیاندە ژووری چاوەڕوانی تا لەوێ نزیکترین دۆست و لایەنگرەکانی ببینێ و گوێبیستی دەستخۆشی، سوپاس و پێزانین‌یان بێت. شەپۆلی خەڵکیش لوسیلەی بەرەو دەرگای چوونە دەرەوە دەبرد. دوو پیاو کە سەروسەکوتیان وەک بیانییان دەچوو لە پێش لوسیلە دا دەڕۆیشتن و بە یەکەوە قسەیان دەکرد.

یەکیان گوتی:

  • کارڵ! ئەم کابرایە زۆر قسە زل و بوێر بوو.
  • بەڵێ بەڵام ئێمە دەبێ کردەوەمان هەبێ.قسە چییان لێ دەست ناکەوێ. دوای ئەم قسانە ئێستا بۆ وەی دەبێ کاری دەگەڵ بکرێ. بەڵام بەزوویی شتی لەمە تۆکمەتر و بە بڕشتترمان پێویستە.
  • ئەو زۆر بە دەسەڵاتە.
  • ئا، بەڵام ئەو پیاوی ئێمە نییە، بەکەڵکی ئێمە نایە و لە خەتی ئێمەدا نییە.
  • ڕاوبۆچوونی ساڤرولا لەسەر خاوەنییەتی هاوبەش چییە؟
  • خاوەنیەتی هاوبەش نازانم. بەش بەحاڵی خۆم، من زۆرتر هەڵوەدای بیری هاوسەری هاوبەشم.
  • یانی واتە هەرچی هەیە، دانیشتووانی وڵات تێی‌دا شەریک و هاوبەشن.

ئەوەی وا دەگەڵیدا بوو، کاتێک ئەمەی بیست گڕگڕ پێکەنی. پێکەنینێک کە چاوحیزی لێ‌دەباری، گوتی:

کارڵ! هەرکات دابەشت کرد لەبیرت بێ من بە شەریک و هاوبەشی سەرۆک‌کۆمار بنووسە.

لوسیلە لەرزی. کە واتە ئەم کەسایەتی و بیرۆکانەن کە لە دەوروبەری ڕێبەری دیمۆکراتەکانەوە خۆیان حەشار داوە. ئەمانەن کە هاوسەرەکەی لێیان دەدوێ. شەپۆلی خەڵک دیسان کەوتە جووڵە و لوسیلە دەگەڵ شەپۆلێک لە خەڵک کەوتە یەک لە شەقامەکانی تەنیشتەوە. ئەو دەرگایەی ساڤرولا لێی دەهاتە دەرەوە ڕاست دەکەوتە سەر ئەم شەقامە. لە سەر دەرگاکە چرایەک هەڵواسرابوو کە دەوروبەری ڕووناک دەکرد. ساڤرولا هاتە سەر پلیکانەکان، کالیسکەکەی لەوێ وەستا بوو و چاوەڕوانی دەکرد. سەر ئەم شەقامە باریکە لیپاو لیپی خەڵک بوو.

ساڤرولا گوتی، لویز دەگەڵ من وەرە، من لەبەر دەرگا دابنێ و پاشان خۆت بە کالیسکەکە بچۆوە. وەک هەموو مرۆڤێک دیار بوو ئەویش حەزی دەکرد دوای قسەکانی گوێبیستی پەسەن، ستایش و هاودڵی بێ. بۆ ئەم مەبەستە مۆریت لە هەموو کەس باشترە.

کاتێک حەشیمەتەکە ساڤرولایان بینی بۆ پێشەوە پاڵەپەستۆی یەکتریاندا و لەو نێوەدا لوسیلە بە سەر کابرایەکی زەلامی چوارشانەی لەندەهۆر دا کەوت. لە دەم‌وساتی ئاودا کە هەرکەس سینگی خۆی دەداتە پێشێ، ئەدەب و ڕەوشتی بەرز بڕ ناکات و بە دەگمەن ڕەچاو دەکرێ، بۆیەش کابرای فیلەتەن هەر بێ ئەوەی سەرنج بدا کێیە، ئانیشکێکی توندی کوتایە سینگی لوسیلە. ژانێکی توند لە لەشی گەڕا، ئاگای لە خۆی بڕا و هاواری کرد.

ساڤرولا گوتی: بەڕێزان! ژنێک ئازاری پێ‌گەیشت، من گوێم لە هاوارێک بوو. ڕێ بکەن. لە پلیکانەکانەوە ڕای‌کردە خوارەوە. خەڵکەکە کشانەوە و ڕێگەیان کردەوە، دەیان دەست بۆ هاوکاری لوسیلە کە لەبەر ژانی زۆر بوورابۆوە، ئامادە بوو. لوسیلە دەیزانی زوو یان درەنگ دەناسرێتەوە، بەڵام لە ترسان و لەبەر ژانی زۆر بیری بڕی نەدەکرد چ بکات.

ساڤرولا ڕووی کردە مۆریت و گوتی یارمەتیم بدە دەبێ ڕایگوێزینە ژوورێ. مۆریت شانی خستە بن باڵی لوسیلە و باسکی لە قەدی هاڵاند. بڵێی و نەڵێی باوەشی پێداکرد و بردی بۆ ژووری چاوەڕوانییەکە. گودی، ڕێنووس و شەش حەوتێکی دیکە لە ڕێبەرانی دێمۆکرات کە خەریکی باس و لێدوانی وتارەکەی ئەمشەو بوون، هاتن لە دەوری لوسیلە کە ئێستا لە سەر کورسییەک دانرابوو، کۆبوونەوە. مۆریت داوای چۆرێک ئاوی کرد. یەکێک لیوانێک ئاوی هێنا و دایە دەستی مۆریت. کاتێک ڕووی وەرگێرا ئاوەکەی بداتێ، لوسیلە نە توانای قسەکردنی هەبوو و نە توانای جوولە تا خۆ لەم وەزعە ڕزگار بکات. دڵەڕاوکێی هەبوو، دەیزانی بێگومان دەناسرێتەوە. گاڵتەجاری، زەردەخەنە، ئیهانە و مەترسی تێکڕا دەست لە ناو دەستی یەکدا بەرۆکیان گرتبوو. تەواو هەستی بە بێ‌دەرەتانی دەکرد. کاتێک سەری وەرگێڕا و هەوڵی دا لیوانە ئاوەکە لە خۆی دوور بکاتەوە، ساڤرولا ‌لەژێر تارا و ڕووبەندەوە دەموچاوی لوسیلەی بینی و ناسییەوە. لوسیلە لەبەرە خۆیەوە گوتی تازە ئاشکرا بووم و ناسرامەوە.

ساڤرولا:

  • ئەی! خۆ ئەوە میرێتی خوارزامە. ئەوە چۆن بەتەنیا هاتوویە ناو ئەو قەرەباڵغییە؟ نەکا هاتبی گوێ بۆ قسەی من ڕابگری!؟ گودی! ڕێنووس! سەیری ئەم سەرفەرازییە! ئەمەم زۆر بە لاوە گرنگە، و لە چەپڵە و هاواری خۆشی جەماوەر نامێنێتەوە. ئەوە خوارزامە وا بوێرانە سەری بەم حەشیمەتە زۆرەدا ‌کردووە تا گوێ لە خاڵی خۆی بگرێ. پاشان ڕووی کردە لوسیلە و پرسی: ئەدی دایکت؟ ئەو نەدەبوا ئیزنی دابای. ئەم شوێنە بۆ کچێکی تەنیا گونجاو نییە، دەبێ ئێستا بتگەیەنمەوە ماڵێ. خۆ بریندار نەبووی؟ خۆ ئەگەر بە منت گوتبایە بە دڵنیاییەوە دەمتوانی شوێنێکی دانیشتنت بۆ جێبەجێ بکەم. فایتوونەکەم لێرەیە؟ باشتر وایە دەستوبرد بکەین و زوو بگەڕێنەوە ماڵێ، دڵنیام ئێستا دایکت نیگەرانە. شەوتان خۆش هاوڕێیان! وەرە خوارزا وەرە بچکۆل گیان!

ئەمجا دەستی خۆی خستە بن باڵی لوسیلە و لە پلیکانان چوونە خوارێ. هاوکات کە خەڵک ‌لەژێر نووری چرا گازییەکانی شەقامدا وەستابوون و بێ‌بڕانەوە هوریای خۆشی پشتیوانی‌یان دەردەبڕی، ئەوان لە کالیسکەکەدا دانیشتن و بە فایتوونچی گوت بکەوە ڕێ!

  • بۆ کوێ؟

هەر لەوکاتەدا مۆریت گەیشتە جێ و گوتی: منیش دەگەڵ ئێوە دێم، پاش ئەوەی ئێوەمان دانا من بە فایتوونەکە بەرەو ماڵ دەچم. بەر لەوەی ساڤرولا بگاتێ و دەمی هەڵبڕێ مۆریت لە لای فایتوونچی دانیشت.

فایتوونچی جارێکی دیکەش پرسی: بۆ کوێ؟

ساڤرولا بێ یەک و دوو گوتی: ماڵێ

فایتون کەوتەڕێ و خەڵک بە هاواری خۆشییەوە بەڕییانکردن تا بەرەبەرە گەیشتنە شەقامە چۆلەکان کە کەمتریان خەڵک پێوە دیاربوو.

بەشــی ١١

تـــــــــــەتــــــــــــەری شـــــــەو

لوسیلە کە ئاهێکی هاتبۆوە بەر و هەستی کرد لە مەترسییەکانی دەمێک لەمەو پێش ڕزگاری بووە، بێدەنگ سەری بە کۆشنی کورسی کالیسکەکەوە نابوو. ئەو ڕزگاری کردبوو، نەجاتی دابوو. پێزانی و ئەمەگناسی هەموو لەشی داگرت‌بوو و بێ‌ئاگا لە خۆی دەستی ساڤرولای گوشی. دوای نوێ بوونەوەی ناسیاوییان ئەمە وا جاری سێهەم بوو دەستیان وە دەستی یەکتر دەکەوت و هەرجارەش ‌لە هەلێکی تایبەت دا مانایەکی تایبەتی‌یان بەخۆوە دەگرت.

ساڤرولا:

  • مادام هیچ ژیرانە نەبوو کە خۆ بە دەریای ئەم حەشیمەتەدا بکەی. باش بوو بەوەخت ڕێگاچارەیەکم دۆزێوە. هیوادارم لەم پاڵەستۆیەدا ئازارتان نەبینیبێ.

لوسیلە :

  • نەخێر زەلامێک بە ئانیشکی تێی‌کوتام و منیش لە تاوان قیژاندم. من نەدەبوا هاتبایەم.

ساڤرولا:

  • هەنگاوێکی مەترسیدار بوو.
  • بە دڵەوە حەزم دەکرد….. پاشان بێدەنگ بوو

ساڤرولا ڕستەکەی بۆ تەواو کرد و گوتی:

  • هاتبووی گوێت لە قسەکانی من بێ.
  • بەڵێ و ببینم چۆن دەسەڵاتی خۆت بە کار دێنی.
  • بە ئەم سەرنج و بایخە کە ئەیدەن بە من، سەرفەراز و شانازم.
  • بەڵام، هۆکارەکەی بەس سیاسی‌یە.

زەردەخەنەیەک بە ڕوخسارییەوە دەرکەوت. ساڤرولا بەخێرایی چاوێکی لێکرد و لە خۆی پرسی: مەبەستی چی بوو. چ مەجبوور بوو ئەمە بڵێت؟ دەبێ بە دڵنیاییەوە لە ناخیدا پاساوێکی هەبێ کە ئەمەی گوت.

ساڤرولا:

  • هیوادارم وتارەکەم بۆت تاقەتپروکێن نەبووبێ و هیلاکی نەکردبی.

لوسیلە زۆر بە جیدی وەڵامی داوە:

ئەم دەسەڵات و توانایە تۆ نواندت، مەترسیدار و تۆقێنەرە. پاش وێستانێک پرسی: ئێستا وا بەرەو کوێ دەچین؟

ساڤرولا گوتی:

بە تەما بووم یەکراست بتانگەینمەوە کۆشک، بەڵام ئێستا کە ئەم کوڕە ژیرە لە پێشەوە دەگەڵ فایتونچییەکە دانیشتووە، چار نییە دەبێ هاوڕێی و هاوسەفەریمان هێندێک درێژ بێتەوە، بۆیەش دەبێ جارێ دەمێک پتر ئەرکی خوارزایی خۆت بگێڕی.

لوسیلە: بەڕاستی ئەم ڕێگا چارە زێڕینەت لە کوێوە بۆ هات و منت پێ ڕزگار کرد؟ خزمەتێکت بە من کرد کە هیچکات لە بیری ناکەم.

ساڤرولا: وا گەیشتینێ.

کالیسکە گەیشتە بەر دەرگای ماڵی ساڤرولا و وەستا. ساڤرولا دەرگای کالیسکەکەی کردەوە و هەر بڵێی یەک و دوو مۆریت دابەزی چوو لە دەرگای ماڵێی دا. پاش ماوەیەکی کورت پاشماڵەی پیر، بەتینا، هات ‌و دەرگای کردەوە. ساڤرولا بە دەنگی بەرز هاواری کرد:

چەند باش بوو کە بە خەبەری و جارێ نەخەوتووی. بەتینا! ئەوە کچی خوشکمە، هاتبوو بۆ کۆبوونەوە تا گوێ لە وتارەکەی من بگرێ بەڵام لەبەر دەست‌وپێیاندا هێندێک ئازاری پێگەیشت. ناخوازم ئەمشەو وا بەم درنەگانە بەڕێی کەمەوە. هیچکام لە ژوورە خەوەکان ئامادە و بەدەستەوەن؟

خزمەتکاری بەتەمن وەڵامی داوە:

میوانخانەی قاتی سەرێمان هەیە بەڵام دڵنیا نیم کەڵکی هەبێ.

ساڤرولا زۆر بە خێرایی پرسی:

  • بۆ نا؟
  • جێگاوبانەکە ساردن. لەوەتا دووکەڵکێشی سۆبە دیوارییەکە قوڕمی گرتووە و خاوێن نەکراوەتە، ئاگر نەدراوە.
  • زۆر باشە بزانە چت بۆ دەکرێ جێبەجێی بکە.

پاشان بە مۆریتی گوت:

شەوخۆش بەڵام هەرچی زووتر کالیسکەکە بنێرەوە ئێرە چونکە هێندێک کاروبار هەیە دەبێ هەر ئەمشەو ڕایانپەڕێنم و هێندێک ئامۆژگاری بۆ بەرپرسی ڕۆژنامەی شەپۆل بنێرم کە لە فریای ڕۆژنامەی بەیانی بکەون. کارێکی وا بکە هەرچی زووتر کالیسکەکە بنێرێوە چونکە منیش هیلاکم.

مۆریت:

شەوخۆش! تا ئێستا وتاری وا بەپێزم لە تۆ نەبیستبوو. وتاری ئەمشەو بێ‌وێنە بوو. تا تۆ ڕێبەر و لیدێرمان بی هیچ شتێک ناتوانێ ڕێگرمان بێ. پاشان سواری کالیسکەکە بوو و کەوتە ڕێ. ساڤرولا و لوسیلەش لە پلیکانان بەرەو ژووری کار وەسەرکەوتن. بەتینا بە شوێن گەرم‌کردنی جێگەوبان و پێخەفاندا ڕۆیشت و ئەوانی جێ‌هێشت. لوسیلە بە حەز و پرسۆکییەوە چاوی بە ژوورەکەدا دەگێڕا.

لوسیلە:

  • من وا ئێستا لە دڵی ئۆردوگای دوژمن دام.
  • ئێوە بە درێژایی تەمەنتان شاژن بن یان نەبن، لە زۆر دڵاندا دەبن.
  • ئێستاش هەر سوورن لە سەر ئەوە کە ئێمە لادەن؟
  • ئەمشەو گوێت لێ‌بوو لە وتارەکەم دا چیم گوت.
  • من دەبوا لە ئێوە بێزار بوایەم و نەفرەتم لێ‌‌کردبان. کە چی هەست ناکەم ئێمە دوژمن بین.
  • ئێمە لە دووبەرەی جیاواز لە سەنگەر داین.
  • تەنیا سیاسەتە لێکمان جیا دەکاتەوە.

ساڤرولا مانادار وتی: سیاسەت و ئینسانەکان

لوسیلە بە سەرسووڕماوی سەیرێکی کرد و لە خۆی پرسی ئەوە مەبەستی چییە بۆ وا دەڵێ؟ تۆ بڵێی ئەو قووڵایی دڵی منی لە خۆم باشتر خوێندبێتەوە. ئەوە ڕازی منە دەیدرکێنی کە وا من خۆم ناوێرم دانی پێدا بێنم. ئینجا باس و لێدوانەکەی بەم پرسیارە گۆڕی؛

  • ئەم دەرگایە بەرەو کوێ دەچێت؟
  • ئەمە؟ ئەمە دەچێت بۆ سەربان بۆ ژووری ئەستێرەناسی، واتە رەسەدخانەی من.
  • ئێی! نیشانم بدە، لەوێ ئەستیرەکان موتالا دەکەی؟
  • زۆر جار دادەنیشمە ڕوانینیان. من عاشقیانم. ئەوان بیرۆکە و تێ‌ڕوانینم بۆ دروست دەکەن.

ساڤرولا دەرگاکەی کردەوە خۆی لە پێشەوە و ئەویش لە دواوە بە پلیکانەکاندا بەرەو هەورەبان و لەوێوە بۆ سەربان ڕۆیشتن. وەک زۆربەی شەوانی دیکە لاورانیا دڵگیر بوو. لوسیلە سەیری کرد و لە چواردەوری خۆی تا ئەو جێگەیە چاو بڕدەکات، ڕووانی. بە پانتایی شاردا چراکان چاوبڕكینیان دەکرد و ئەستێرەکانیش هەروا بە ئاسمانەوە دەدرەوشانەوە و چاوبازییان دەگەڵ شاردا دەکرد.

لە پەسارگەوە ڕووناکایی لە نوورهاوێژی یەک لە کەشتییەکانی شەڕەوە بەرز بۆوە، دەستی کرد بە خولانەوە، لە فانۆسی‌دەریایی تێپەڕ بوو پاشان بە سەربنکە و زاخەکانی هێزی دەریاییەوە ئیستێکی گرت. وادیارە کەشتییەکان خەریکن بە کاناڵە ئاوییەکانی تەنیشت پەسارگەوە ڕێ دەبڕن.

لوسیلە گوتی:

وا دیارە هێزی دەریایی ‌جووڵەی پێکراوە.

ساڤرولا هەواڵی چاوپێکەوتنی سەرۆک‌کۆمار و دەریادار “دیمەڵۆ”ی پێگەیشتبوو و دەیزانی دەریادار ئەرکی پێ‌ئەسپێردراوە بۆیە زۆر بەخێرایی مانای ئەم جموجۆڵانەی لێکدایەوە.

ساڤرولا وەڵامی دایەوە:

  • ئەمە ڕەوتی رووداوەکان خێراتر دەکات.
  • مەبەستت ئەوەیە، کاتێک هێزی دەریایی لە ماڵەوە نییە ئیتر پێویست ناکات بۆ سەرهەڵدان ترستان هەبی؟
  • من لە هیج ناترسێم، بەڵام ژیرانەتر وایە مرۆڤ لە دەموساتی گونجاو و لەباردا بجووڵێتەوە.
  • ئەو کاتە کەیە؟
  • بە زووییەکی زوو. هیوادارم کە ئێوە ئەو کات پێتەخت جێ‌بهێڵن. تا چەند ڕۆژێکی دیکە ئێرە ئیتر بۆ ژنان شوێنێکی گونجاو نابێ. هاوسەرەکەی ئێوە ئەمە باش دەزانێت، چۆنە تا ئێستا ئێوەی بەڕێ‌نەکردۆتە دەرەوەی شار؟
  • چونکە ئێمە ئەو سەرهەڵدانەی ئێوە سەرکوت دەکەین، هەروەها ڕێبەر و ڕێکخەرانی سزا دەدەین.
  • ئەمە خەون و تراویلکەیە لێی دەڕوانی. من هەموو شتێکم بە دروستی لێکداوەتەوە. سوپا بۆ ئەوە نابێ پشتی پێ ببەستی، هێزی دەریایی لە ماڵەوە نییە، خەڵک دەخوازێ مافەکانی خۆی وەدەست بێنێ. هیچ لەبار و گونجاو نییە کە لە شاردا بمێننەوە.

لوسیلە سوور هەڵگەڕاو گوتی:

  • من ناخوازم لە ماڵی خۆم وەدەرم بنێن. من ڕاناکەم و ئەگەر پێویست بکات بە تەنیشت هاوسەرەکەمەوە بەرەوڕووی مەرگ دەبمەوە.
  • وا خەریکین لە ڕادەبەدەر قووڵی تێوەدەچین. ئێمە نیازمان وایە خانەنشێنی سەرۆک‌کۆمار بە خەرج و تێچوەکەیەوە دابین بکەین. با بکشێتەوە و دەگەڵ خۆشەویستەکەی لە شوێنێک ژیانێکی باش بەسەر بەرێت بێ ئەوەی پێشێلی ئازادی و مافەکانی خەڵکی دیکە بکات.
  • پێتوایە ئەمەت لە توانا دابێ؟ ئێوە تەنیا دەتوانن خەڵک هان بدەن و بیانهێننە سەر شەقام، کێ دەڵێ ئیتر ئەوکات کەس بەگوێتان دەکات.

ئینجا گفتوگۆی ئەم دوو پیاوەی کە کاتی هاتنەدەرەوە لە بینای شارەوانی، بەرگوێی کەوتبوو، بۆ ساڤرولا گێڕاوە و هەروەها پێیگوت: ئێوە دەگەڵ هێزێکی نگریس و مەترسیدار کایە دەکەن و دەگەڵی کەوتوونەتە یەک مەتەرێزەوە.

ساڤرولا گوتی:

  • ڕاستە وایە، بۆیە داوا دەکەم کە بۆ چەند ڕۆژێک لە شار بچیتە دەرەوە تا لایەکی بەلایەکی‌دا دەکەوێت. وێدەچێ یەکمان، یا من یان هاوسەرەکەت شکست بهێنین. هەڵبەت من تێدەکۆشم ئەگەر بگونجێ ڕزگاری بکەم، بەڵام وەک بۆخۆت ئاماژەت پێکرد هێزی دیکەش هەن کە لە بەرزەفتی مندا نین. وا ئەگەر ئەویش سەرکەوێ…

لوسیلە پرسی:

  • چ دەبێت؟
  • ڕەنگە تیرباران بکرێـم
  • ترسهێنەرە! بۆ وا کەڵەوەکێشی دەکەن بۆ وا غەزریون؟
  • ئــۆی، تازە ئەوە گۆمەکە قووڵ دەبێ و سەرنجراکێش. مردن شتێکی وا مەترسیداریش نییە.
  • بەڵام ئەدی ئەوەی پاشان ڕوودەدات…
  • لام وانییە. بۆ ئەوەی دوای مردن، ژیان دەوامی هەبێ دەبێ هەڵگری ئاستێک لە بەختەوەری بێت. شتێک کە بە تەواوی لێی دڵنیام ئەوەیە کە ئەگەر دوای مردن ژیانێک هەبێ بە دڵنییایەوە لەمەی ئێستا باشترە.
  • ئێوە هەر بە تێڕوانین و تێگەیشتنی خۆتان لەم جیهانە، جیهانەکانی دیکە دەبینن و مەزەندی دەکەن.
  • بۆ نا؟ ئەگەر جیهانێکی دیکە بوونی هەبێ، بۆ دەبێ هەر هەمان یاسا و ڕێسایەی ئێستا کاری پێ‌نەکرێ؟ ئەم زانیارییانەی لە هەسارەی دیکەش لەبەر دەست‌ دان، نیشان دەدەن کە ئەوانیش پیکهاتوو لە مادە سەرەکییەکانی گۆی زەوین.
  • ئێوە باوەڕێکی زۆرتان بە ئەستێرەکان هەیە بەڵام ناتانهەوێ دانی پێدابێنن. پێتوایە ئەستێرەکان هەموو شتێکت لێ ئاشکرا دەکەن و پێت دەڵێن.
  • من هیچکات ئەستێرەکانم بەمە تاوانبار نەکردووە و نەمخستۆتە پاڵیان کە ئیشیان بە چارەنووسی ئێمەوە هەیە و یان خۆی پێوە ماندوو دەکەن. بەڵام ئەگەر هاتباو و ئەمە ڕاست‌ بوایە شتی سەیر و سەمەرەیان پێ‌دەگوتین. بۆ نموونە، بیر بکەوە ئەگەر توانیبایان قسەی دڵی ئێمەیان گوتبایە.

لوسیلە سەری بەرزکردەوە و چاوی بە چاوی ساڤرولا کەوت. دەمێکی باش سەیری یەکتریان کرد. هەناسە لەسنگیاندا حەپس‌بوو. ئەستێرەکان چییان هەبوو بیڵێن؟ ئەوان نهێنی ڕازی دەروونی یەکتریان خوێندبۆوە.

خشپەی پێیەک هات. خزمەتکاری بەساڵدا چوو بوو.

ساڤرولا لەسەرە خۆ گوتی: لام وایە کالیسکەکە گەڕاوەتەوە و ئێوە ئێستا دەبێ بگەڕێنەوە کۆشک.

خزمەتکار کە لە پلیکانان وەسەرکەوتبوو، پشووی سوار بوو بە رەزامەندییەوە گوتی: جیگاوبانم گەرم داهێناوە سۆبەکەش گەرم دایسێ و پیاڵەیەکیشم شۆربە بۆ ئەم خاتوونە گەنجە دروست کردووە. وا باشە بێنە خوارێ و بەر لەوەی سارد بێتەوە بیخۆن.

ئەم دۆخە رۆمانتیکەی ئەوانی تێدابوون و کەس توانای دەربڕینی وشەیەکی نەبوو بەم چەشنە بە پێکەنینی هاوکاتی هەردووکیان کۆتایی هات.

ساڤرولا بە بەتینای گوت تۆ بە ڕاستی بێ‌وێنەی و کار ڕاپەراندن هەر لە خۆت جوانە بەڵام ئەم ژوورەمان پێویست نییە. خوارزام دەترسێ دایکی نیگەران بێ، بۆیە هەر کە کالیسکەکە گەڕایەوە، دەینێرمەوە.

بەتینا ی داماو و پیر ئەمەی زۆر لە دڵی گران هات. جێگاوبانی گەرم، سۆبەی گەرم، شۆربەی خۆش و ئەو هەمووە ماندوو بوونەی بە داوودڵ کردبووی، هیچی نەکرا و نەخورا. بەڵام چش بۆخۆی چێژی لە کاری خۆی وەرگرتبوو. سەبرێکی گرت و پاشان ڕێگای خۆی گرت و داگەڕا خوارێ و جارێکی دیکەش ئەوانی بەتەنیا بەجێهێشت.

ساڤرولا و لوسیلە بەیەکەوە دانیشتن و گەرمی قسان بوون، نە وەک جاری پێش بەڵکوو ئەمجارە هەر دوولا هەست و ڕازی دڵی ئەوەی دیکەی دەزانی. بەرەبەرە وا مانگ بە تاقی ئاسمانەوە زۆرتری خۆ دەنواند، نمەبایەک گەڵای دارخورماکانی هێدی ڕێکد‌ەخشاند و ئەوانیش بەگوێی یەکتردا دەیانچرپاند. نەک هەر داهاتوو و مەترسی‌یەکانیان لەبیر کردبوو، لە خەمی کالیسکەکەشدا نەبوون کە وەدرەنگ کەوتبوو.

سەرئەنجام بە دەنگی سمی ئەسپان و تەقەتەقی کالیسکەیەک لە سەر بەردڕێژی شەقام هاتنەوە خۆ.

ساڤرولا بێ ئەوەی خۆشحاڵ بێ گوتی: سەرئەنجام کالیسکەکە گەڕایەوە.

لوسیلە بە سەر نەردەکاندا خواربۆوە سەیری سەر شەقامی کرد، بینی کە کالیسکەیەک بە هەڵەداو چوار ناڵ لەوسەری شەقامەوە دێت. کە گەیشتە بەردەرگای ماڵی ساڤرولا پیاوێک خێرا دابەزی و لە دەرگای دا.

ساڤرولا هەر دو دەستی لوسیلەی گرتە دەست و گوتی ئێمە دەبێ لێک جیاببینەوە. کەی دەتوانین چاومان بە یەک بکەوێتەوە؟

لوسیلە هیچی نەگوت، مانگەشەویش ڕازداری کرد و ڕەنگ و ڕووی ڕوخساری ئەوی لەقاو نەدا. لەپێشەوە ساڤرولا و بەدوایەوە لوسیلە چوونە خوارێ. هەر کە ساڤرولا پێی نایە ژوورەکەی خۆی لە دەرگاکەی دیکەشەوە پیاوێک بەپەلە خۆی بە ژوورێ داکرد، کە ساڤرولای بینی کڵاوەکەی لەسەری هەڵگرت. ئەوە ناردراو و تەتەری مۆریت بوو. ساڤرولا بێ‌ئەوەی دەست‌و ‌پێی خۆی ون‌بکات و بشڵەژێ دەرگای پشت سەری خۆی داخست. لوسیلە لە تاریکایی و لە سەر پلیکانەکان، لە پشت دەرگای یەک‌توێدا بە سەرسووڕماوی، چاوەڕوان مایەوە.

لوسیلە لە پشت دەرگاکەوە گوێی لە دەنگی پێاوێکی نامۆ بوو کە گوتی: من ئەمرم پێکراوە هەرچی زووتر ئەم نامەیە بگەیەنمە دەستی ئێوە. پاشان گوێی لێ‌بوو کە سەری پاکەتێک هەڵپچڕا، بۆ ماوەیەک دەنگ بڕا. ساڤرولا بە هێواشی ئاهێکی نەویستووی کێشا و پاشان بەدەنگێکی مەندی پاڵاوتراو کە تووڕەیی پێوە دیار نەبێ، گوتی: سوپاس! پێیان بڵێ کە من لێرە چاوەڕوانیان دەبم. بەڵام تۆ بە پێیان بگەڕێوە چونکە من پێویستیم بە کالیسکەکەیە. ڕاوەستە خۆم بەڕێت دەکەم.

لوسیلە گوێی لێ بوو کە دەرگاکەی دیکە کرایەوە و دەنگی چەند هەنگاوێکی بیست کە دوور دەکەوتنەوە ئینجا دەرگاکەی خۆی کردەوە چۆ ژوورێ. شتێک ڕووی دابوو، شتێکی لەناکاو و گرنگ. دەنگی ساڤرولا دەنگی هەمیشەیی و ئاشنا بە گوێی ئەو نەبوو. پاکەتێک لە سەر هەرد کەوتبوو و لە سەر مێزەکە لەتەنیشت دەمانچە و ژێرسیغارەکە کاغەزێکی نیوە قەدکراو وەک بڵێی بیهەوێ نهێنی‌یەک وەشارێ، دیار بوو. هەستی کرد کە ئەم نامەیە پەیوەندی بە نزیکان و داهاتووی ئەوەوە هەیە و دڵنیا بوو کە دەبی زۆر گرینگ بێ. هەستی دەکرد حەز و ویستەکانیان بە دوو ئاراستەی و قۆڵی تەواو جیاوازدا دەچوون. ئەم حەز و مەراقەی دەینواند بۆ بەرژەوەندییەکانی کێ‌ بوون؟ ‌لەبەر خۆی بوو یان هی ئەو؟ نەیدەزانی لەبەر کێ دەیویست لە ناوەرۆکی نامەکە ئاگادار بێ.

دەستی دا نامەکە، کورت و بەپەلە ئاوا نووسرابوو:

“”بەپێی ئەم هەواڵە ڕەمزییانەی پێمان گەیشتوون، ئەمرۆ سەرلەبەیانی ستێرلیتز بەخۆی و دووهەزار کەسەوە سنووری بەزاندووە و بەرەو تورگا و لورەنزۆ بەڕێوەیە. کاتەکە لەبارە. خەبەرم لە گودی و ڕێنووس ناردووە بە پەلە بێن و لە لای تۆ کۆدەبینەوە.

ئەمەگداری تۆ لە هەموو کات و ساتێکدا.

مۆریت””

لوسیلە هەستی پێکرد کە گەڕی خوێن لە دەمارەکانیدا خێراتر بووە و دڵی توندتر لێدەدات. هەستی کرد هەر لە ئێستاوە دەنگی گیلان‌گێدانی تفەنگەکانی دەبیسێت. ڕاستە کاتی هاتووە. ئەم نامە نەگبەتە لوسیلەی تاساندبوو و نەیدەتوانی چاوی لەسەر هەڵگرێ. لە ناکاو دەرگا کرایەوە و ساڤرولا هاتەوە ژوورێ. تەقەی دەرگا و بەسەرداهاتنی لە کاتێكدا بێ‌ئیزن نامەکەی دەخوێندەوە، وای پەشۆکاند و بەخۆیدا شکاندەوە کە لە شەرمان، نەخوازراو قیژەیەکی نەرمی کرد.

ساڤرولا بە تانەوە پێی‌گوت: بە دەنووک پێوە بووی.

لوسیلە بەرز و بە تووڕەیی هاواری کرد: خاین! ئێوە دەتانهەوێ ڕابن و لە نیوە شەودا ئێمە بکوژن. خیانەتکار!

ساڤرولا هێدی و لەسەرە خۆ، بزەیەکی هاتێ و گوتی: من تەتەرەکەم بەپێیان بەرێ‌کردەوە و کالیسکەکەم لەبەر تۆ گێڕاوە و ئێستا لە خزمەتت دایە. زۆرمان قسە کرد و ئێستاش کاتژمێر سێی سەرلەبەیانییە. باش نییە چیتر گەڕانەوەت بۆ کۆشک وەدوا بکەوێت. وەک دەشزانی من ئێستا چاوەڕوانی هاتنی چەند کەسێکم بۆ ئێرە دێن.

ئەم هێدی و ئارام بوونەی ساڤرولا ئەوی زۆرتر دەهری‌ کرد و گوتی: سەرۆک‌کۆماریش چەند کەسێک دەنێرێ…. چەند پۆلیس.

ساڤرولا گوتی: خۆ ئەو جارێ ئاگای لەم هێرشە نییە.

لوسیلە من ئاگاداری دەکەم

ساڤرولا بە پێکەنینەوە: نا باوەڕناکەم، ویژدانتان قەت ڕێگاتان پێ نادا.

لوسیلە: لە ئەوین و شەڕدا هەموو شتێک ڕیگە پێدراوە.

ساڤرولا: جا ئەوە ئێستا کامیانە؟ شەڕە یان ئەوین؟

لوسیلە : هەر دووکیان هەم شەڕ و هەم عیشق. ئینجا کەوتە گریان.

بەیەکەوە لە پلیکانان چوونە خوارێ. ساڤرولا پیلی گرت و یارمەتی دا سواری کالیسکەکە بێت و گوتی: شەوخۆش! هەرچەند کە بەیانەیە، ماڵاوا!

لوسیلە مابووە چ بڵێ. نەیدەزانی چ بڵێ، بیر لە چ بکاتەوە و چ بکات. لە گریانەکەی دا بەردەوام بوو.

کالیسکەکە کەوتە ڕێ. ساڤرولا دەرگای ماڵێی داخست و بەرەو ژوورەکەی خۆی گەڕاوە. ئەو لەو باوەڕەدا نەبوو کە نهێنییەکەی ئاشکرا ببێت.

بەشی ١٢

لــێــــــژنــــــەی شــــەڕ

ساڤرولا پێڕانەگەیشت سیغارێک بەتەواوی بکێشێت کە ڕێبەرانی جووڵانەوە گەیشتنە جێ. مۆریت کەسی یەکەم بوو گەیشتێ. زۆر بەتوندی لە دەرگای دا و لە چاوەڕوانی کردنەوەی دەرگادا حەجمینی نەبوو و هەر دەم لە سەر قاچێک ڕادەوەستا، وەک بڵێی لەسەر پۆلوان بێ. کاتێک دەرگا کراوە بەخێرایی و بە سی لقاوان پلیکانەکانی تێپەڕ کرد و خۆی بە ژوورێ داکرد. لە کاتێکدا لەبەر پەشێوی حەجمینی لێ‌هەڵگیرابوو گوتی:

سەرئەنجام کاتی گونجاو هات، ڕۆژێتی. سەردەمی قسان بەسەرچوو. ئێستا کات کاتی کردەوەیە. ئێمە شمشێرەکانمان بۆ ئەرکی پیرۆز لە کالان دەردەکێشێن و من تا سەر نەکەوین بە کالانێی‌دا ناکەمەوە. سەرکەوتن بۆ ئێمەیە.

ساڤرولا: بەڵێ، جارێ بەرلەوەی شمشێر بکێشی تۆزکاڵێک ویسکی و سودا لە سەر ئەم مێزەیە، بخۆرەوە. ئەمە خواردنەوەی چاکە، باشترینە، شتێکی بێ‌وێنەیە.

مۆریت تا ڕادەیەک هاتەوە سەرەخۆ، دامرکا و هێوربۆوە، بەرەو مێزەکە چوو، سەری شووشە سوودایەکی بادا. کاتێک دەپاڵ ویسکی ناو پیاڵەکەی کرد، هەڵچوو و دەنگی تەق و تۆقی بەرزبۆوە. مۆریتیش هەڵچوو و تووڕە بوو، ناوچاوانی تێکنا و گرژ بوو. ساڤرولا زەردەخەنەیەکی کرد. هاوڕێی تووڕە و تۆسن کە ئاوری لێ‌دەباری ڕووی خۆی وەرگێڕا تا ساڤرولا نەیبینێ. پیاڵەکەی دەست دایە و وەک برێشکان بخوات دەستی بە قسان کردەوە:

  • هەموو کات پێم‌گوتووی کە زەبر، تەنیا ڕێگا چارەیە و ئێستاش دەبینی کە وا خەریکە بەو ئاراستەیەدا دەڕوات. بۆیە وا من بە شانازی شەڕ، شەڕی‌ناوخۆ، کوشتن و مەرگی لەناکاو پیاڵەکەم بەرزدەکەمەوە. ئەوە ڕێگای وەدست ‌هێنانەوەی بەهاکانە.
  • دەزانی ئەم سیغارانە کاریگەریەکی سەیریان هەیە، مرۆڤ دادەمرکێنن بێ ئەوەی حەشیش و تریاکیان لێ‌پڕژابێ. تووتنێکی نەرم و خۆش، سیغاری میسرین. هەفتانە لە قاهیرەوە بۆم دێت. پیاوێکی کورتەباڵا دروستیان دەکات. سێ ساڵ لەمەوبەر کە لەوێ بووم دەگەڵی ئاشنا بووم، ناوی عەبدولڕەحمان ڕاچوانــــــــــــە.

دەستی ڕاداشت و پاکەتە سیغارەکەی بۆ مۆریت ڕاگرت. هەر کە سیغارەکەی داگیرساند هێدی لە سەر کورسییەک دانیشت، هەڵیدەمیسی و سییەکانی پڕ دەکرد. ساڤرولا دانیشتبوو و ورد تێی‌دەفکری و جاروباریش سەیری دووکەڵی سیغارەکەی دەکرد کە مۆریتی وەک تەم لە خۆیەوە پێچابوو. پاش دەمێک گوتی:

  • واتە تۆ دڵخۆشی کە شەڕ دەست‌پێدەکات و ئینسانەکان لەم شەڕەدا دەکوژرێن؟
  • من بەمە دڵخۆشم کە دیکتاتۆری لە وڵات‌دا کۆتایی پێ‌دێت؟
  • لە بیرت بێ لەم دونیایەدا هەر سەرکەوتن و خۆشییەک، هەر تێکشکان و خەمێک بەهای قورسی هەیە.
  • من بەدڵەوە ئامادەم ئەم بەهایە بدەم.
  • من هیوادارم، بتوانم نەهێڵم تۆ پێویست بێ ئەم بەهایە بدەی. بەڵام ئەوە بەم مانایە نییە کە ئێمە ئینسانەکان دەسکەوتەکان بەلاش وەدەست دەهێنین. هەموو شت دەبێ نرخی بۆ بدەین. وەک چۆن بۆ کڕینی شتێکی پڕبەها دەبێ پێشدراو بدەی بۆ دەسکەوتی باش لەژیانیش دا، پێشەکی پێویستە. ئەمە لە ئابووریدا پرینسیپە، لێرەش‌دا نەگۆڕە و دەبێ ڕەچاو بکرێ.
  • مەبەستت چییە؟
  • دەتهەوێ لەم دونیایەدا سەرێک بی لە نێو سەران دا؟ دەبێ هیلاک بی، لە کاتێکدا خەڵکی دیکە لە خۆشگوزەرانی دان. دەتهەوێ بە دلێر و بوێر ناوبانگ بکەی؟ دەبێ ژیانت بکەیە دەستمایە. دەتهەوێ لە بواری جەستە و لە دەروونتدا بەهێز و توانا بیت؟ دەبێ تاڵی‌ و سوێری بچێژی و کەڵکەڵە نەبی. ئەوە هەمووی پێشمەرج، پێشدراون و پێشەکین، بۆ سەرکەوتن. ئەم پێشمەرجانە لە ئابووریشدا کاری پێ‌دەکرێ. جا ئێستا سەیری دیوی دیکەی ئەم تابلۆیە بکە. بەپێچەوانە نرخی شکست و هەرەس‌هێنان پاشان و لە کۆتاییدا دەدرێ.
  • هەموو کات وانییە.
  • با وایە، ژانەسەری بەیانی‌یانی شەممە هۆیەکەی شەوزیندەداری شەوانی هەینی‌یە. هەر وەک چۆن دەست‌بڵاوی و شەش‌وبێش پێدادانی هەڕەتی لاوەتی، هەژاری سەردەمی پیری بە دواوەیە و هەروەک چۆن دەرئەنجامی زۆرخۆری و خۆش‌ئیشتیایی، ورگێکی زەلامە.
  • یانی ئێستا تۆ لات وایە کە من دەبێ بەهای ئەم شاگەشکە بوونە پێشەکی بدەم؟ یانی تا ئێستا هیچم نەداوە؟
  • بۆت هەیە لە مەترسی بکەوی. ئەوە بەشێک لە دانی پێشەکییە. چارەنووس قومارمان دەگەڵدا دەکات. چوون لە قومارەوە نابێ ساویلکانە بێ، چونکە هاسان نییە. پیاوی ژیر نابێ لە بیری بچێت کە دەبێ لە پای دۆڕاندا بوەستێ، ئەگەر بەقەرزیش بێ.

مۆریت لە بێدەنگی‌دا نوقم بوو. سەرەڕای بوێری و دەمهەراشی حەزی نەدەکرد ئەم دەمەتەقەیە بەردەوام بێت. ئەو داسەکناو، دەرهاتوو و پێکراو نەبوو، ئەو هیچکات بەرەوڕووی مەرگ نەببۆوە. ئەو هەموو بیر و هۆشی بە شەڕەوە بوو، هەموو بوونی هیوا بوو و بەس. ئەو تەنیا گوڵەکان و سەوازیی لێوارەکانی چەمی دەدیت بەڵام بیری بۆ لای قوڵایی و گێژاوەکان بڕی نەدەکرد.

هەر دووکیان دیلی بێدەنگی زاڵ بەسەر ژوورەکەدا بوون و بە بیران‌دا ڕۆچووبوون کە گودی و رێنووس بەیەکەوە گەیشتنە جێ.

هەر کام لەو چوارانە لە ڕوانگە و پێگەی تایبەتی خۆیانەوە دەیانڕوانییە ئەم زانیارییانەی دەبەر دەستیاندا بوون. ساڤرولا پۆشتە بە چەک و کەرستەی فەیلسووفانە، لە دوورە و بە مەوداوە دەیڕوانییە جیهانی دەوروبەری. مۆریت سوور هەڵگەڕابوو و پیشی دەخواردەوە. دوو کەسەکەی دیکەش بەم مەترسییانەی لە پێشیاندا بوون نە شاگەشکە بوون و نە هێور. ئەوەش دەری دەخست کە ئەمان پیاوی ڕۆژی تەنگانە نین. ساڤرولا بەخێرهاتنی کردن و پاشان تێکڕایان دانیشتن. ڕێنووس تێکچڕمابوو. قەڵای بەرگەنەگری تێئورییەکانی، ئەو تێئورییانەی پشتوپەنای بوون و هەردەم خوتبەی پێ‌دادەدان، کەوتبوونە بەر کوتکێکی بەهێز و لە بناخەوە هەڵتەکابوون. ئێستا کە تەنگانە و شەڕ بەربینگی پێگرتبوون، یاسا، ئەوەی ئەو هەردەم وەک قەڵغان و ئەسپەرە خۆی لە پشتدا حەشار دەدا بە یەکم گورز ببوو بە لاپەڕەیەک و بەس.

ڕێنووس گوتی:

  • بۆ وای کردووە؟ بە چ حەقێک، خۆ کەس ئەم مافەی پێ‌نەداوە. ئەو ئێمەی خستۆتە دۆخێکی خراپ و گوماناوییەوە، ئێستا دەتوانین چی بکەین؟

گودیش هەروەها، هەڵتەکابوو و دەترسا. لەو پیاوانە بوو کە خۆی لە ئاوی خوڕێن نەدەدا. کاتی مەترسی خۆی دەدزێوە و نەبان دەبوو. هەمدیسان دڵخواز دەهاتە باز و دەروان و خۆی دەخستەوە گەنگەشە. ئەو دەمێک بوو دەیزانی دەمی سەرهەڵدان لە پێشە کە چی هەر مابۆوە و دەگەڵ بوو، بەڵام ئێستا ئیتر کە لە قسە دەرچوو بوو و خەریک بوو کردەوە وەڕاست گەڕێ، لە سەری وی زیادبوو بۆیەش دەلەرزی. بەڵام جێگە و پێگەکەی تا ئاستێک بە ڕووی دا دەخستەوە و تۆزکاڵە ورەیەکی بە بەرەوە مابوو.

گودی پرسی:

ساڤرولا چ بکەین؟

ساڤرولا وەڵامی داوە و گوتی:

  • ئەوان مافیان نەبوو بە بێ ئەمری من بێن. ئەوان وەک ڕێنووس گوتەنی، لە کاتێکدا پلانەکانی ئێمە لە هەموو بارێکەوە نەکەوتوونە جێ، ئێمەیان خستۆتە دۆخێکی نالەبارەوە. ستێرلیتز بە ڕوون و ئاشکرا نافەرمانی کردووە بۆیەش لە داهاتوودا ئەم پرسەی دەگەڵدا چارەسەردەکەم، بەڵام ئێستا گلەیی، گازندە و تاوانبارکردن کێشەی ئێمە چارەسەر ناکات. بەدڵنیاییەوە سەرۆک‌کۆمار ئەم سەرلەبەیانییە هەواڵی ئەم سنووربەزاندنەی پێدەگات ژمارەیەک سوپا لە شار و دەوروبەری بۆ هێلەکانی پێشەوەی مەیدانی شەڕ بەڕێ دەکرێن. لەوانەیە گاردیش بەرێ بکرێ بەڵام ئەوانی‌تر مل‌نادەن و هێزی خۆیان ناجووڵێنن و بەتەواوی پشتی ئێمە دەگرن. کە واتە ئێمە دەتوانین وەک پێشتر دامان‌ڕشتبوو دەست بەکار بین. تۆ، مۆریت خەڵک ئاگادار بکە چەک هەڵگرن. بانگەواز و بەیانییە لە چاپ بدرێن، تفەنگ بە سەر خەڵک دابەشن. شۆڕش دەست پێدەکات. هەموو نوێنەرەکان ئاگادار بکرێن. ئەگەر سەربازەکان هەموویان دەگەڵ ئێمە کەوتن چ باشتر، دەنا دەبێ شەڕیان دەگەڵ بکەین. من پێموانییە بەرگرییەکی وا هەبێ. دەبێ هێرش بەرینە سەر کۆشک و مولارا بە دیل بگرین.

مۆریت گوتێ: وا دەکەین.

ساڤرولا بەردەوام بوو و گوتی:

  • دەوڵەتی کاتی دەبێ بینای شارەوانی بکاتە بنکەی سەرەکی خۆێ. لەوێوە من دەستوراتەکەم بە ئێوە دەگەیەنم و ئێوەش ڕاپۆڕتەکانتان بۆ وێ دەنێرن. هەموو ئامادەکارییەک تا دووبەیانی دەبێ تەواو بووبێت.

گودی دەلەرزی بەڵام هاوڕا بوو، گوتی:

  • بەڵێ، لە شکست و ڕاکردن دەربچێ ئەوە تەنیا شانسی ئێمەیە.

ساڤرولا وەڵامی دایەوە:

  • بەدڵنیایەوە. ئێستا با بەوردی پێدابچینەوە. بەر لە هەموو شتێک بەیانییەیە. ئەمە ئەمشەو من دەینووسم. مۆریت تۆ دەبێ لە خەمی چاپکردنی‌دا بی. سەعات شەش پێت‌دەگات. پاشان بێ یەک و دوو خەڵک کۆبکەوە و بە پێی پلانی پێشوومان چەکیان بەسەردا دابەش بکە. بەڵام هیچ چالاکی مەنوێنە و چاوەنواڕ ببە تا بە نووسراوە فەرمانی منت پێدەگات. ڕێنووس تۆ دەگەڵ ئەندامانی دەوڵەتی کاتی قسە بکە. دەستووری پەسەندکراوی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی، لە چاپ بدە با ئامادە بێ کە سبەی‌شەو بڵاوی بکەنەوە. بەڵام چاوەنواڕی دەستوور بە. هەموو شتێک پەیوەندی بە چۆنیەتی بڵاوەپێکردنی سوپاوە هەیە. با ئێمە هەموو شتێکمان ئامادە بێ. بڕوا ناکەم پێویست بێ لە دەرئەنجامەکەی بترسێین.

هەموو وردەکارییە ئاڵۆزەکانی “پیلانەکە” کە ناوی گونجاوێتی، بۆ ڕێبەڕانی سەرهەڵدان نامۆ نەبوو چونکە چەند مانگ بوو بۆ بە کارهێنانی زەبر، بۆ وەلانانی ئەم دەوڵەتە بێزراوە، کۆدەنگی هەبوو. ساڤرولا تێکەڵ بەم شەپۆلە هەرەمەکییە نەببوو و لای وابوو دەبێ بە بەرنامە و بە پارێزەوە بەم ئیشەوە هەستن. هیچ شتێک لەبیر نەکرابوو. سەرەڕای پەلهاویژی و زەبەڵاحی پیلانەکە، سەرۆک‌کۆمار و پۆلیسەکەی جارێ بە شتێکی ئەوتۆیان نەزانی بوو. چەند مانگێک بوو هەستیان بە مەترسی سەرهەڵدان دەکرد بەڵام نەیاندەزانی ئەم یارییە سیاسییە کەی کۆتایی پێدێت و ئامادەکارییەکانی ئەم سەرهەڵدانە کەی دەکەونە جێ. پێگە و جێگەی کۆمەڵایەتی ڕێبەرانی جووڵانەوە لە ناوخۆ و لە وڵاتانی ئەورپایی‌دا ڕێگر بوو لەوەی کە دەسەڵات بوێرێ بە بێ ‌بەڵگەی زۆر قایم دەست‌بەسەریان بکات. سەرۆک‌کۆمار هاتبووە سەر ئەو باوەڕە کە هاووڵاتییان شۆڕش ناکەن بە مەرجێک بەکردەوەی توند و تیژ نەیانهارووژێنن، بەڵام ئەگەر بۆی لوابا لەمێژ بوو ساڤرولا، مۆریت و ئەوانی دیکەی دەخستە بەندیخانە، و ئەگەر لە ژیاندا مابان دەبوایە شوکرانەبژێر بن.

ساڤرولا ئاگاداری پێگەی سیاسی خۆی لە ناوخۆ و دەروەی وڵاتدا بوو و ژیرانەش بە کارتەکانی بەردەستی یاری دەکرد و هەڵوێستی دەگرتن. مەبەست لە ‌تێکڕای ئەم یارییە سیاسی و ڕێوشوێنانە کە لەبەرچاو دەگیران بۆ شوێنەونکە بوو تا سەرۆک‌کۆمار بۆنی پلانی سەرەکی کە توند و تیژیشی لە خۆ دەگرت، نەکات و بێ‌ئاگا بمێنێ. ئێستا وا خەریکە هەموو بەشەکانی پلانەکە ئەمادە بێت و دەکەوێتە جێ، باس باسی ڕۆژ و ساتە. ئەم جووڵەیەی ستێرلیتز تەنیا ڕەوتی ڕووداوەکانی تا ڕادەیەک خێراتر کردبوو. ژمارەیەک فیشەکە شێتە پێش‌وادە لە حەوا کرابوون بۆیەش پێویست‌بوو ئەوانی تریش ئاگادارکرابان تا کارایی و ئاسەواریان بە فیڕۆ نەچێت.

ساڤرولا بۆ ماوەی کاتژمێرێکی دیکەش دەگەڵ ئەمانی‌ دیکە بە وردەکاری پلانەکەیاندا چوونەوە و کاریان لەسەر کرد تا ئەگەر هەڵەیەک هەبێ بیدۆزنەوە. سەرئەنجام گەیشتنە کۆتایی و لێژنە بڵاوەی کرد. ساڤرولا خۆی هەر سێ کەسی بەڕێ‌کردن، چونکە نەیدەویست پاشماڵە پیر و بەتەمەنداچۆکەی لە خەو هەڵبستێنێ. بۆ بەتینای داماو بە دەست ئەم پیاوە بەرزەفڕانەوە ئازار بکێشێت؟

مۆریت دڵخۆش و سەرمەست، ئەوانی تریش مات و ئاڵۆز وەدەرکەوتن. سەرۆکیش دەرگای گاڵەدا و جارێکی دیکەش لە پلیکانان وەسەرکەوت و بەرەو ژوورەکەی خۆی چوو.

کە گەڕایەوە ژوورەکەی تیشکی خۆر لە کەلینی پەردەکانەوە خەریک بوو خۆی بەژوورەکەدا دەکێشا و هێدی ‌هێدی دەسپێکی ڕۆژێکی نوێی ڕادەگەیاند. ژووری ئێستا نیوەڕووناک، بە پیاڵە شەرابی نیوەبەتاڵی سەرمێزەکانەوە و بە ژێرسیغاری قەڵاپەچن لە قنچکە سیغارەوە، پێ‌وشوێن یان ئاسەوارێکی لە سەردانی لە ناکاوی شەوی پێشی خاتوونێکی گەنجی، بەخۆوە نەدەبینی. درەنگ ببوو، بەڵام ئەندێش خەویان لە چاوان زراند بوو. ناهومێد، ڕەنجاو و بێ‌هیوا بیری دەکردەوە و هەستی بە کەمایەسی و بەتاڵاییەک دەکرد.

سەرەڕای ناووناوبانگ، ئەرک و شایی بەخۆبوون هەمدیسان بۆشاییەکی هەست پێدەکرد. ئەو هەمووە هیلاکییە لە پێناو چی دا؟ ساڤرولا بیری لە بێدەنگی شەقام و کۆڵانەکانەوە کە تا چەند سەعاتێکی دیکە بە دەنگی گێلانگێدانی تفەنگەکان دەشکێ و دەشێوێ، چوو. بۆلای بریندارە داماوەکان کە لە کۆڵانان، لەبن دیواران و لە پشت دەرگای ماڵاندا دەرمان دەکرێن. دیمەنی شڵەژاو و چاوی بە فرمێسکی ژنان و دایکان، دیمەنی ئەوانەی کە ‌لەژێر پۆستالەکاندا پلیشاونەوە. بیری چوو بۆ دەموچاوی شێواو لە سەر سەنگڕێژی شەقامەکان کە بێ دەرەتان و بێ‌یار بەجێ ماون. لە خۆی پرسی بۆ؟ ئەو هەمووە کارەساتە بۆ؟ وەڵامێکی نەدۆزێوە. بەڵام مەهانەی بۆ هەڵسوکەوتی خۆی لە مەهانەی گەورەتردا کە ئەمە سرووشتییە و بەردەوامی ژیانی مرۆڤایەتی ئەمە دەخوازێ، دەدۆزیەوە. بەڵێ لەوانە بوو کە خۆشی بکوژرێت و کاتێک دەگەیشتە بیری لەناوچوونی خۆی، دەچوو لە دونیایەکی دیکەوە و گەنگەشەی ئەم ئاڵوگۆڕە لە ناکاوەی دەکرد و هیواخواز بوو بەڵکوو ئەمجارە وەڵامی نەزانراوی نهێنییەکان بزانێ. هەر چی چۆنێک بێ ئەم بیرۆکەی بەدواداچوون بەلایەوە کەمتر نامۆ و جێگەی گازندە بوو، چونکە دەگەڵ بەرزەفڕی و شکۆخوازی مرۆڤ هاوتەریب و هاوهەنگاو بوو.

کاتێک زایەڵەی ژیان چەوت و گرژ دەکەوێتە بەرگوێ پێویستە مرۆڤ بژاردەی دژبەری ژیان، واتە مردن بێنێتە بەرچاو، تێهەڵچێتەوە و لاوکێکی نوێ بۆ ژیان بچڕێ، دڵی بکاتە بێشکەی خۆشەویستی و لە ژیان ڕاچێتەوە. لە ناکاو کەوتەوە بیری کە دەبێ بەیانییە بنووسێ، هەستا و قۆڵی لە ئەرکی هەنووکەیی هەڵماڵی و پرسە لاوەکییەکانی ژیانی لە بیر خۆی بردەوە. ساڤرولا دانیشتبوو خەریکی نووسین بوو و ڕووناکی خۆریش زۆرتر و زۆرتر بوونی خۆی دەسەلماند و ڕەنگی بە بوون دەبەخشی.

بەشی ١٣

دژکــردەوەی دەوڵـــەت

ژووری بەرچایی‌خواردن لە شوێنی حاوانەوەی سەرۆک‌کۆماردا خشپیلانە و بچووک بوو. دیوارەکان بە سەراپەردە داپۆشراو و سەردەرانی هەموو دەرگاکان بە چەکی عەنتیکە، زۆر بە سەلیقەوە ڕازێندرابوونەوە. پەنجەرەی فەرانسی لە دیوارە بەرینەکان گیرابوون و پەردەی پشتنما و ڕوون تیشک و تیرڕێژی خۆرەتاوی بەیانی دادەمرکاند و بێ‌وەی دەکرد. ئەم ژوورەش هەر وەک بەشەکانی دیکەی کۆشک هەڵگر و دەرخەری شێوازێکی فەڕمیی دەرباری پێوە دیاربوو. پەنجەرەکان بە سەر هەیوانێکی دڵگوشادا دەکرانەوە و کاتێک مرۆڤ پێی دەنایە ئەم هەیوانە دڵی دەکرایەوە. بۆن و بەرامەی باخ و گوڵزاری ڕازاوە کە لە سووچێکەوە سەر ئاوی دەریا و بەندەری لێوە دیار بوو، دیوارە بەرز و بەردینەکانی کۆشکیان لە بیران دەبردەوە.

مێزی بەرچایی کە بۆ دووکەسان ئامادەکرابوو، ئیشتیابزوێن بوو. ئەم پێڕاگیشتنە تایبەتییە لە کەسی یەکەمی وڵات لە نەریتە کۆنەکانی لاوڕانیا بوو. چێشتکەری لێهاتوو، جوانترین قاپ و قاچاغ و جوانترین گوڵەکان چاوەڕوانی سەرۆک‌کۆمار بوون. بەڵام ئەم بەیانییە مولارا بە ناوچاوانێکی تاڵ و گرژ هاتە ژوورەوە و چاوی بە هاوسەرکەی کەوت. هۆی ئەم گرژییەش هەر دەبێ ئەم ڕووداوانەی شەوی پێش بن کە پێشتر باسمان لێکردن و لێی ئاگادارین.

مولارا لە کاتێکدا دادەنیشتە سەرکورسییەکەی گوتی:

هەواڵی ناڵەبار، جموجۆڵ و پیلان بە دوای پیلان دا. چەند لاپەڕێک کە بە دەستییەوە بوون لە سەر مێزەکەی دانان و ئیشارەی بە خزمەتکارەکان کرد کە جێیان بهێڵن.

لوسیلە لەوەی کە پێویستی نەدەکرد ئەو شتێک بدرکێنێ و ئەوەی دەیزانێ وەی‌گێڕێ، هەستی بەسوکنایی کرد. ئینجا بە لەسەرەخۆیی پرسی:

هەر لە ئێستاوە دەست بەکار بوون؟

  • بەڵێ شەوی ڕابوردوو. بەڵام ئێمە پێشی پێدەگرین و دەی‌وەستێنین.
  • خوا بکات وابێ!

مولارا بە سەرسووڕماوی سەیری لوسیلەی کرد و گوتی:

  • مەبەستت چییە؟ یانی تۆ بەمە دڵخۆشی کە دەریادار و هێزەکەی کۆسپیان بۆ بێتە پێش و نەتوانن فەرمانەکانی من بە جێ بگەیەنن.
  • هێزی‌دەریایی!؟

مولارا بێتاقەت تێی‌ڕاخوری و پرسی: ئەی خوا هاوار ، ئەدی تۆ پێتوایە من باسی چی دەکەم.

لوسیلە لەوەی کە کەلێنێکی بۆ ڕەخسابوو تا خۆی دەرباز بکات، خۆی لە پرسیارەکە بەسیاحەب نەکرد و گوتی:

  • زۆر خۆشحاڵم کە هێزی دەریایی بانگ دەکرێتەوە ماڵێ. چونکە من پێموایە لەو دۆخە ناڕێک و ئاڵۆزەی ناوخۆدا، ئەم هێزە لێرە پێویست‌ترە.
  • ئەهـــا،

لوسیلە هەستی کرد کە هاوسەرەکەی بە گومانەوە لێی دەڕوانێ بۆیە بۆ گەوجاندنیش بێ بەردەوام بوو و گوتی:

بۆ ڕایان دەگری؟ بۆ بوەستن؟

مولارا دەستی کێشا و لە ناو لاپەرەکانی بەردەستی، ‌تێلگرافێکی ڕاکێشا و خوێندێوە:

”پۆرت سەعید نۆی مانگی سیپتامبر، کاتژمێر ٦ی سەرلەبەیانی؛ کەشتی ١٤٠٠ تۆنی بەریتانی مائود کە بە خەڵووز ئیش دەکات ئەمڕۆ سەر لەبەیانی لە کاناڵ‌دا لیتەگیر بووە و چەقیوە، واتە هەرچی ڕێگای هامووشۆیە بەستوویەتی. تێکۆشانێکی بەردەوام بۆ هەرچی زووتر کردنەوەی کاناڵ هەیە. هۆکاری بەرزبوونەوە ئاستی لیتەی ناو کاناڵەکە پەیوەندی بە زەبەڵاحی ئەم کەشتییە جەنگییە بریتانییەوە هەیە کە شەوی ڕابوردوو لە کاناڵ تێپەڕیوە.”

دوای خوێندنەوەی تێلگرافەکە سەرۆک‌کۆمار لێی زیاد کرد و گوتی:

  • ئەم بەرازە ئینگلیسیانە لە کاری خۆیاندا شارەزان، دەزانن چ دەکەن.
  • یانی تۆ پێتوایە ئەمان بە ئەنقەست وایان کردووە.
  • بێشک، گومانت نەبێ.
  • بەڵام کەشتییەکانی ئێمە جارێ نەگەیشتوونە ئەوێ.
  • سبەی شەو دەگەنێ
  • ئەی کە وایە بۆ ئێستا کاناڵ دەبەستن بۆ تا گەیشتنی وان چاوەڕوان نەدەبوون؟
  • شانۆگەرێ، ئەوە ئەگەر فەرانسی بان چاوەڕوان دەبوون تا ئێمە دەگەیشتینێ ئینجا ئاشکرا لەبەر دەممان، ڕێگایان دەبەست. بەڵام دیپلۆماسی بریتانیایی بایخ بە ڕەنگدانەوەی ئاکار و بڕیارەکانیان دەدەن. ئێستا وا بە ڕووداوێکی سرووشتی و نەخوازراوی نیشان دەدەن.
  • چەند دزێو!

سەرۆک‌کۆمار گوتی جا گوێ لەمە بگرە، و بە تووڕەییەوە لاپەڕێکی دیکەی هێنایە سەرەوە. ئەمە سەفیری بریتانیا ناردوویەتی و دەستی کرد بە خوێندنەوە:

”دەوڵەتی خاوەنشکۆ مەڵەکەی بریتانیا فەرمانی بە فەرماندەی گشتی ئیزگە و ئەمبارەکانی خەڵووز لە باشووری دەریای سوور کردووە کە خەڵووزی پێداویستی کەشتییەکانی هێزی دەریایی لاورانیا بە قیمەتێکی ئەرزان دابین بکات.”

لوسیلە گوتی: ئەوە ئیتر گاڵتە پێکردنێکی ئاشکرایە.

سەرۆک‌کۆمار گەرووتاڵ گوتی:

  • ئەمە پشیلەیە و یاری بە مشک دەکات.
  • بەتەمای چ بکەی؟
  • کردن؟ دەنگ هەڵدەبڕین و سکاڵا دەکەین بەڵام بۆ لای توندوتیژی ناچین. چی دیکەمان لە دەست دێ بیکەین؟ کەشتییەکانی وان گەیشتوونە مەقسەد و هی ئێمە ڕێیان لێ بەستراوە.

دەمێک بێدەنگ بوون. مۆلارا کاغەزەکانی بەردەستی دەخوێندنەوە و نێوە نێوە بەرچاییشی دەخوارد. لوسیلە ئێستا بەرچاوی ڕوون بوو و دەیزانی دەبێ چۆن هەڵس‌وکەوت بکات. دەیهەویست هەرچی دەیزانێ بە هاوسەرکەی بڵێ بە مەرجێک بەڵێنی لێ‌وەربگرێ کە بە هیچ چەشنێک ساڤرولا تووشی لێپێچانەوە نەبێ و بپارێزرێ.

لوسیلە بە دەنگێکی پەشۆکاو و نیگەران گوتی:

  • ئانتۆنیۆ!

سەرۆک‌کۆمار لە هەمیشە گرژ و ڕووتاڵتر بوو، ماوەیەک هەروا خەریکی خوێندنەوە بوو. پاش ماوەیەک لە ناکاو سەری هەڵبڕی و پرسی:

  • چت دەوێ؟
  • شتێک هەیە دەبێ دەگەڵتدا باس بکەم.
  • ئەم شتە چییە؟
  • مەترسێکی گەورەمان لەسەرە.

مولارا بەکورتی وەڵامی داوە:

  • دەزانم

لوسیلە لەبەر خۆیەوە گوتی ساڤرولا… و پاشان بێدەنگ بوو. دوودڵی دەکرد و نەیدەزانی چۆن مەبەستی بدرکێنێ.

لە ناکاو باسەکە سەرنجی مولارای ڕاکێشا و پرسی:

  • چی لێ‌هاتووە؟ ساڤرولا چی…
  • ئەگەر پێ‌بزانی کە ساڤرولا دەستی لە پیلانگێری دایە و خەریکە شۆڕشێک بەرپا دەکات. چی دەکەیت؟
  • بەو پەری دڵخۆشییەوە ئیزنم دەدا تیرەبارانی بکەن.
  • بێ لێکۆڵینەوە و مەحکەمە؟
  • نەخێر ئەو دەبێ بدرێتە مەحکەمەی سەردەمی شەڕ. بەڵام چی بووە؟

دەمەساتێکی قورس و چەتوون بوو. وا دیسان لوسیلە بە دوای کەلێنێکی نوێ‌دا دەگەڕا خۆ لەو وەزعە قوتار بکات. ئینجا گوتی:

  • ساڤرولا دوێ‌شەو وتارێکی دا.
  • بەڵێ وایە. دەبێ وتارێکی هاندەرانە بووبێ، چونکە دەنگی خەڵکانی سەر شەقام کە هوریایان دەکێشا سەرانسەری شەو دەبیسترا.

مولارا بە قێزەوە سەیری لوسیلەی کرد و گوتی: لوسیلەی خۆشەویست ئەمڕۆ زۆر ساکار و گەوج دەنوێنی. پاشان درێژەی بە خوێندنەوەی کاغەزەکانی بەردەستی دا. بێدەنگی دووبارە بە سەر ژوورەکەدا زاڵ بوو و چەندێکی خایاند تا میشێل لەپڕتاو و بەپەلە خۆی بە ژوورەکەدا کرد. تێلگرافێکی نەکراوەی بەدەستەوە بوو و یەکڕاست بەرەو سەرۆک‌کۆمار ڕۆیشت و بێ ئەوەی هیچ بڵێت تێلگرافەکەی دایە دەستی. لوسیلە بینی کە دەستەکانی دەلەرزێ بەڵام نەیزانی ئاخۆ لە ترسانە یان لە خۆشییان. مولارا بە بێوازی و ناوچاوانێکی وەک ژەقنەمووت سەری پاکەتی تێلگرافەکەی هەڵپچڕی و دەستی بە خوێندنەوە کرد. هەر کە تەواو بوو یەک‌جێ لە سەر کورسییەکەیەوە هەستا سەرپێ و گوتی:

  • ئۆی خوایە، ئەوە کەی هاتووە؟
  • هەر ئێستا.
  • پاپۆڕەکان، پاپۆڕەکان، میشێل نابێ یەک چرکەش چییە بەفیڕۆ بچێ. دەریاوان بانگ بکەوە. هێزی دەریاییمان دەبێ هەر ئێستا بگەڕێنەوە. بۆخۆم تێلگرافەکە دەنووسم.

مولارا کاغەزەکانی دەست دایە و بەپەلە لە ژوورەکە وەدەرکەوت، میشێلیش بە دوایەوە. لە بەر دەرگا ڕووی کردە خزمەتکارێک کە لەوێ وەستابوو و پێی‌گوت، بنێرە بە دوای سورەنتۆ دا. ئەو دەبێ بە زووترین کات لێرە ئامادە بێ. کاتێک دیتی کابرای خزمەتکار پەلە ناکات لە پشت سەریەوە تێی‌ڕاخوڕی: ڕاکە دەی! بێ وەستان!

لوسیلە گوێی لێبوو کە بەخێرایی دوور دەکەوتنەوە و پاشان لە دوورەوە دەنگی پێکدادانی دەرگایەکی بیست و ئیتر وڵات بێدەنگ بوو. ئەو دەیزانی تێلگرافەکە چی تێدا نووسرابوو. نەهامەتی بەرۆکی هەموو لایەکی گرتبوو. نەهامەتێک کە لە ترۆپکی خۆیدا کارتێکەری و ئەنجامەکانی لە سەر ئەو زۆر بەرچاو دەبوو. بەڵام دڵخۆش بوو کە هەوڵی دابوو هاوسەرکەی لە مەترسییەکە ئاگادار بکات. دڵخۆشتریش بوو کە ئەو دەرەتانەی پێ‌نەدرابوو شتێک بدرکێنێ. بێ‌دەربەست و تڕۆکارێک دەیتوانی لە سنگی خۆی بدا و وەباڵی بۆ بکێشێ کە متمانەی ساڤرولا بە نهێنی پارێزی لوسیلە هەروا لە خۆڕا و بێ بنەما نەبوو.

لوسیلە گەڕایەوە ژوورەکەی خۆی، ناڕوونی و دڵنیانەبوون بە داهاتوو، ڕایچلەکاندبوو و دەترسا. بێتوو سەرهەڵدان و شۆڕش سەرکەوێ ئەو و هاوسەرەکەی دەبێ ڕاکەن تا تێدا نەچن. ئەگەریش بە پێچەوانە سەرهەڵدانەکە سەرکوت کرابا دەرئەنجامەکەی بۆ ئەو هێندەی تر پڕئازار دەبوو. یەک شت ڕوون بوو: سەرۆک‌کۆمار ئەوی لە پێتەخت دوور دەکردەوە و بۆ شوێنێکی ئەمن و پارێزراوی دەنارد. بەڵام بۆ کوێ؟ لە نێۆ هەموو ئەو پرسیارانە دا و لە گێژاوی بێ‌دەرەتانی‌دا یەک حەز و ئاوات سەرتۆپی هەموو حەز و ئاواتەکان بوو، ئەویش کە بتوانێ چاوی بە ساڤرولا بکەوێتەوە، ماڵاوایی لێ بکات و پێی بڵێ کە خیانەتی لێ نەکردووە. بەڵام کوا دەکرێ، نەخێر نامومکینە. شڵەژاوی و دڵەڕاوکێ بڕستی لێ‌بڕیبوو، حەجمینی نەبوو، لەوسەری ژوورەوە بۆ ئەوسەری لە جۆلانەدا بوو و بە دەریای بیراندا ڕۆچوو بوو و خۆف دایگرتبوو.

لەم ماوەیەدا سەرۆک‌کۆمار و سکرتێرەکەی چوونە ژووری کاری سەرۆک‌کۆمار و ‌میشێل دەرگای لەپشت سەری خۆیان داخست. هەردووکیان سەیری یەکتریان کرد. مولارا هەناسەیەکی قووڵی کێشا و گوتی:

  • وا بەسەرمان هات.
  • بەڵێ ئەویش لە کات و ساتێکی زۆر ئەستەم دا.
  • من سەردەکەوم ‌میشێل، بڕوات بە ئەستێرەی من هەبێ، بە بەخت و شانسی من! من دەستبەردار نابم. ئێمە دەیانهاڕین، وردیان دەکەین. بەڵام ئێستا ئیشمان زۆرە دەبێ ئەنجامیان بدەین. بەر لە هەموو شتێک تێلگرافێکی ڕەمزی و سەربەمۆر بۆ کەنسولەکەمان لە پۆڕت‌سەعید بەڕێ‌بکەین. بۆی بنووسە!

هەرچی زووتر گەمێیەک پەیدا بکە و بۆخۆت چاوت بە دەریادار دیمەڵۆ بکەوێ. ئەو ئێوارەی ٨ی مانگ بە ‌هێزەکەیە لاورانیای بەرەو پۆرت‌سەعید جێ‌هێشتووە. کە بینیت لە سەر ناوی من ئەمری پێ‌بکە کە بێ هیچ چەشنە وەستانێک بەرەو ئێرە بگەڕێتەوە. چاوت لە پارە نەبێ تێچووی چەند دەبێ با ببێ.”

دەی ئەمە هەر ئێستا بەرێ بکە. بەخت یاربێ سبەی شەو دەوروبەری ٨ دەگاتەوە ئیرە.

میشێل بێ یەک‌ودوو دەست بەکار بوو کە فەرمانەکە وەرگێڕێتە سەر ڕەمز. سەرۆک‌کۆمار خێراخێرا لەوسەری ژوورەوە بۆ ئەوسەری ژوور ڕایڵکەی دەکرد. زەنگێکی لێدا و خزمەتکارێک هاتە ژوورەوە، لێی پرسی:

  • سەرهەنگ سورەنتۆ گەیشتۆتێ؟
  • نەخێر گەورەم.
  • پیاو بنێرە بەشوێنیدا و پێی بڵێ هەر ئێستا بێتە ئێرە.
  • گەورەم هەر ئێستا پەیکمان بە دوادا ناردووە.
  • یەکی دیکەش بنێرە

خزمتکارەکە لە چاوان ون بوو.

مولارا جارێکی دیکەش زەنگەکەی لێدایەوە. لە بن دەرگاکە لە خزمەتکارەکەی پرسی:

  • پەیکی سوارکاری ئامادە هەیە؟
  • بەڵێ گەورەم

مولارا ڕووی کردەوە مونشی تایبەت و پرسی: میشێل، تەواو بووی؟

میشێل گوتی: ئامادەیە و ئینجا لە جیگەی خۆی ڕاست بۆوە و تێلگرافەکەی دایە دەستی خزمەتکارە سەرسووڕماوەکە.

سەرۆک‌کۆمار بەتووڕەیی لە مێزەکەی دا و بەسەر خزماتکارەکەدا گوڕاندی: زۆر بەپەلەیە خێرا بکە. کابرا بە ڕاکردن دوور کەوتەوە. سەرۆک‌کۆمار کاتێک گوێی لە دەنگی سمی ئەسپی تەتەرەکە بوو کە دوور دەکەوتەوە تۆزکاڵێک هێور بۆوە و ڕووی کردە میشێل و گوتی:

  • ئەو دوێ‌شەو، کاتژمێر ٩ سنووری بەزاندووە و ئێستا ئەم سەرلەبەیانییە دەبێ گەیشتبێتە تورگا. ئێمە لەوێ سەربازخانەیەکمان هەیە، هەر چەند چووکیش بێ بەڵام دەتوانێ تا ڕادەیەک پێشڕەوییەکەیان چەت تێ‌بخات و ڕایان‌گرێت. هەروا کە لەبەر خۆیەوە وڕێنەی دەکرد و دەیهێنا و دەی‌برد، لە پڕ پرسیاری کرد؛ ئەوە چۆنە هەواڵێک لە سیخورەکان و دەمودەزگای هەواڵگیری ئەو مەڵبەندەوە نایە؟ بێ‌ئەوەی چاوەڕوانی وەڵامێک بێ درێژەی دایە، ئەم تێلگرافە لە پاریسەوە هاتووە لە وەزیری خاریجە کە لەوێندەرێیە. ئینجا پرسی فەرماندەی تۆڕگا، ئێستا کێ‌یە؟
  • میشێل لە وەڵام دا گوتی: نازانم گەورەم. ئێستا بە زوویی سەرهەنگ سورەنتۆ دەگاتێ.

بێدەنگی ژوورەکەی پڕ کرد.

سەرۆک‌کۆمار ددانەکانی لە چیرەوە دەبات و بێدەنگی دەشکێنێت و وڕێنە دەکات:

ناتوانم باوەڕ بە سوپا بکەم. لە ناویاندا ناڕەزایی و سەربزێویی زۆرە. شەڕی مان و نەمانە، بەڵام من سەردەکەوم. من دەبی سەرکەوم.

مولارا هەروا لە ژوورەکەدا دێت و دەچێت و ئەم وشانەی بە متمانە و باوەڕەوە دووپات و چەندپات کردنەوە وەک بڵێی غیرەت بدا بە خۆی و ورەی خۆی پێ بەرزکاتەوە.

دەرگا کرایەوە.

خزمەتکار هاتنی سەرهەنگ سورەنتۆی ڕاگەیاند.

سەرۆک‌کۆمار لە هەمووکات پتر پێویستی بە هاوڕێ و هاودەمێک بوو، نەک تەنیا هاوکار، ڕووی کردە سورەنتۆ و گوتی:

ها پیرەپیاو ئێستا کار تەواوە؛ ستێرلیتز بە خۆی و دووهەزار پیاو و ژمارەیەکی زۆر ڕەشاسی ماکسیم لە سنوور پەڕیوەتەوە و لە ڕێگای توڕگا و لۆرێنزۆ وە بەروە ئێرە دێت. لە فەرماندەیی تۆرگاوە هیچ زانیارییەکمان پێنەگەیشتووە. فەرماندە کێیە؟

سورەنتۆ لە زومرەی زۆری ئەو ئەفسەرانەیە کە لە وەرگرتنی بەرپرسیاری کەسیی، دەسڵەمێنەوە، خۆفیان هەیە و خۆ دەپارێزن. ئەو ساڵانێکی زۆر لە مەیدانی شەڕ و لە دەوڵەت‌دا و لەژێر دەستی سەرۆک‌کۆماردا خزمەتی کردووە. ئەگەر ئەم هەواڵە بە دەستی یەکەم، ڕاستەوخۆ بە ئەو درابا، بێ‌شک دەحەپەسا و دەست و پێی خۆی ون‌دەکردن. بەڵام ئێستا لەبەرانبەر سەرووی خۆیدا وەستاوە و زەختی بڕیاردانی بەتەنیا، کەمتر هەست پێدەکات. بێ ئەوە بشڵەژێ و خافڵگیر بنوێنێ چەند چرکەیەک بیری کردەوە پاشان وەڵامی دایەوە:

  • سەرگورد د ڕۆک. ئەو چوار گورهانی لەژێر فەرمانی دایە. زۆر ئەفسەرێکی لێهاتوو و جێگەی متمانەیە.
  • بەڵام ئەدی پیاوەکانی؟
  • ئەمەیان شتێکی ترە. نارەزاییەکی بەرچاو لە ناو سوپادا دەبینرێ کە پێشتریش چەند جارێک دەگەڵتاندا باسم کردووە. تەنیا دەتوانین لە سەر گارد حیساب بکەین ئەویش هەڵبەت ئەفسەرەکان.

سەرۆک‌کۆمار گرژ وەڵامی داوە: دەی، دەیبینین.

  • میشێل نەخشەیەکی هێنا و لێکی کردەوە. سەرۆک‌کۆمار بە سورەنتۆی گوت: ئێوە لەم لێرەوارەی نێوان توڕگا و لۆرێنزۆ شارەزان و پەنجەی بۆ سەر نەخشەکە ڕاکێشا؛ لەو داڵانەدا دەبێ بوەستێنرێن و یان لانی‌کەم سەرقاڵ بکرێن تا هێزی دەریاییەکەمان دەگاتەوە جێ. لە لۆڕێنزۆ چ هێزێکمان هەیە باشاریان بکات و لەبەرانبەریان بوەستێ؟

وەزیر وەڵامی داوە، هەنگێکی لێیە و دوو ڕەشاش.

سەرۆک‌کۆمار چەند هەنگاوێک لە ژوورەکەدا هات و چوو. ئەو لەو کاتانەدا بەپەلە و خێرا بڕیار دەدات، گوتی: بەدڵنیاییەوە گوردانێک کیفایەتە.

چەند هەنگاوێکی دیکەش هات و چوو پاشان گوتی:

هەرچی زووتر دوو گوردانیش لە گاردەوە بە شەمەندەفەر بۆ لۆڕێنزۆ بەڕێ بکەن.

سورەنتۆ دەفتەرە باغەڵییەکەی لە گیرفانی دەرهێنابوو و خەریک‌بوو خێرا خێرا دەستووراتەکەی یادداشت دەکردن کە سەرۆک‌کۆمار لێی پرسی، کام لە گوردانەکان بەرێ بکەین؟

سورەنتۆ وەڵامی دایەوە و گوتی گوردانی یەک و دوو گونجاوترینن.

سەرۆک‌کۆمار گوتی:

  • گاردی کۆماریش
  • هەموویان؟
  • بەڵێ هەموویان، بێجگە لەوانەی بۆ بەشی پەیوەندی و کار ڕاپەڕاندنی ئێرە پێویستن.
  • کە واتە تەنیا یەک گوردانی جێگەی متمانە لێرە دەمێنێتەوە.
  • بەڵێ دەزانم. هەنگاوێکی ئاستەمە بەڵام دەبێ هەڵبگیرێ. ئەدی پادگانەکانی دەوروبەرمان لە پێتەخت لە چ وەزعێک دان. کامانە گەنیون و سەربزێوییان پێوە دیارە؟
  • سێهەم، پێنجەم و یازدە زۆریان کێشە بۆ ناوینەوە و سەربزێون.
  • زۆر باشە، کە وایە دەبێ لێرەیان دوور بکەینەوە. بەڕێیان بکە بەرەی لۆرێنزۆ و لە پانزدە کیلۆمیتری وەک هێزی پشتیوان دایانمەزرێنە. بڵێ بزانم فەرماندەیی بەرەی شەڕ بدەین بە کێ؟
  • ڕولوو بە تەمەنترین ئەفسەرە.

سەرۆک‌کۆمار هاواری لێ بەرزبۆوە و گوتی:

  • ئەم گەمژەیە، گەوجی باو و باپیر کۆنەپارێزی، قنگ‌پارێز.
  • گەوجە، لێ جێگەی متمانەیە. لەبەرەی شەڕدا شاکار ناکات کەچی ئەوەی پێی بسپێردرێ خاڵ بە خاڵ ئەنجامی دەدات، نە زۆرتر و نە کەمتر.

مولارا ماوەیەک سەری بەسەر لیستەی ئەفسەرەکاندا داگرت و بیری کردەوە و گوتی:

  • با فەرماندەیی هێزی پشتیوان بکات. لەم باوڕەدا نیم بکەوێتە ناو شەڕ. بۆ بەشەکانی دیکە برێنز لە هەمووان گونجاوترە.

وەزیر بەرگری پێشنیاری کرد:

  • بۆ دڕۆگان نەبێ؟
  • بەم ژنەوە کە هەیەتی، عاقڵم نایبرێ.

میشێل کە تا ئێستا بێ‌دەنگ بوو هاتە ناوقسان و بۆ پشتگیری سۆرەنتۆ گوتی:

  • بەڵام ئەم خاتوونە زۆر حەزی لە مۆسیقایە و بۆخۆشی گیتار دەژەنێ.

سورەنتۆش لێی زیاد کرد و گوتی:

  • چێشتکەرێکی بێ‌وێنەشی هەیە.

مولارا گوتی:

لێرەدا باسی مان و نەمانە، بۆیەش نە حەزە تایبەتی و کەسییەکانی من و نە هی ئێوە نابێ بێتە ناو ئەم باسەوە. نەخێر، دڕۆگان بۆ ئەم ئەرکە نەگووراوە. ستادێک دەتوانێ بێ‌کێشە و بەباشی لە کارامەییەکانی ئەو کەڵک وەربگرێ و کارکردن لە گەڵیدا هاسانە. دۆستێکی لە مێژینەی منە و لە زۆر میوانی و زیافەتان بە یەکەوە بووین. بەڵام نا سەرهەنگ ‌دڕۆگان ناگونجێ، ناتوانم بە خۆمی بسەلمێنم. بوون و نەبوونمان لە گرێو دایە. داهاتووی من، لەمەش بەولاوەتر ژیانم بەم وەزعەوە گرێ دراوە. لە سەر ئەم بنەمایانە ناکرێ فەرماندەیی پۆستێکی وا گرینگ دیاری بکرێ. ئەگەر ئەزموون و لێهاتوویی ئەم دووانە لەئاستێکدا بوایە بێ‌شک دەنگم وەپاڵ دەنگی ئێوە دەدا بەڵام برێنز لێهاتووترە و دەبێ ئەم پۆستەی پێ‌بدرێ. تازە لە بیرتان بێ کە ئەوەیان هاوژینەکەشی تۆ‌قێنەر نییە.

سورەنتۆ دڵمەند، بێزار و ناهومید بوو بەڵام ئیتر درێژەی بە باسەکە نەدا و چیتری نەگوت.

سەرۆک‌کۆمار گوتی:

زۆر باشە ئێستا وا ئەم کارانە ڕاپەڕین. ئەوەی‌تر، هەرچی دەمێنێتەوە و چی بە کێ دەسپێرن دەستتان ئاواڵەیە و ستادیش دەست‌نیشان بکەن. پێویستە تێکڕای ‌هێزەکان کاتژمێر دوازدە ئامادەی وەرێکەوتن بن و خۆم دێم لە ئیزگەی شەمەندەفەر قسەیان بۆ دەکەم.

وەزیری بەرگری سەرێکی دانواند و وەدەرکەوت. بەم ئەرک و بەرپرسیارییە، کە خۆی پۆستەکانی دیکە دابەش بکات و ستادی شەڕ پێک بێنی، ڕازی وێدەچوو.

مولارا چاوێکی بە پرسیارەوەی لە میشێل کرد و گوتی:

  • شتێک ماوە پێویست بێ ئەنجامی بدەین؟ هیچکام لە سەربزێو و یاخییەکانی شار جموجۆڵیان تێکەوتووە؟
  • جووڵەیەکی وا نەبووە. شتێک ڕووی نەداوە لە سەریان بکەین بە ماڵ. گومان دەکرێ ئەوانیش بەسەرداکەوتبن و پلانەکانیان هەموو نەکەوتبێتە جێ.
  • هەر دەگەڵ یەکەم جووڵە و توندوتیژی یان نیشانەی سەرهەڵدان ڕێبەرەکانیان دەخەمە زیندانەوە. بەڵام پێویستیم بە بەڵگەیە. نەک بۆخۆم، بۆ بیروڕای گشتی.

دۆخێکی هەستیارە، ئەگەر ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن هەڵەیەک بکەن و یان بتوانین بە شتێکیان ببەستینەوە کە خەڵکیان لێ‌هەڵگەڕێتەوە، کاریگەری باشی دەبێ. بیر و ڕای گشتی پشتیان تێدەکات و بەرنامەکانیان پووچەڵ دەبن. من هیوادار بووم لە پلان و هەنگاوەکانی ئۆپۆزیسیۆن ئاگادار بین و بزانین خەریکی چن.

  • قوربان جەنابت فەرمووت کە خانمی مولارا بەڵێنی دابوو ساڤرولا بدۆزێ، بزانین چ دەکەن.
  • هەر بیر کردنەوەش لە چاوپیکەوتنی ئەم دووانە بێزارم دەکات. ئێستاش کە ئیدی پڕ مەترسییە.
  • ئێمە دەمانتوانی وای ڕێکبخەین کە بۆ ساڤرولا پڕ مەترسی‌تر بێ.
  • چۆن چۆنی و بە چ شێوەیەک؟
  • بەم شێوەیە کە پێشتر دەگەڵ بەڕیزتاندا باسم کرد بوو.
  • مەبەستت ئەم شێوەیە کە قەدەغەم لە سەر دانابوو، قسەی لێ بکەی؟
  • بەڵێ هەڵبەت.
  • بەڵام ئێستا پێتوایە کاتێکی گونجاوە و دەبێ لێی بدوێی.
  • بەڵێ یان ئێستا یان هیچکات.

بۆ ماویەک هەر دوو لا بێدەنگ بوون، ئینجا هەر کام خۆیان بە کاری ڕۆژانەوە سەرقاڵ کرد. سەعات و نیوێک بێ‌پسانەوە خەریک بوون پاشان مولارا هاتە دەنگ:

  • بیر لێ‌کردنەوەشی قێزەونە و بێزارم دەکات و بەسەرهاتێکی نگریسە.
  • شتێک کە پێویست بوو ئەوە پێویستە.

لەو کاتە دا کە سەرۆک‌کۆمار دەیهەویست وەڵامی ‌میشێل بداتەوە. کەسێک بە تێلگرافێکی ڕەمزی بەدەستەوە هاتە ژوورێ. ‌میشێل وەریگرت، خوێندیەوە و دایە دەستی مولارا و بەدەنگی بەرز گوتی: لەوانەیە ئەمە لە بڕیارداندا یارمەتیت بدات.

سەرۆک‌کۆمار تێلگرافەکەی خوێندەوە و ڕوخساری بە جارێک گۆڕدرا. تێلگرافەکە لە لایەن کومیساریای پۆلیسی تۆڕگا وە بوو. پەیامێکی کورت بەڵام قورس و گران. سەربازەکان دوای تەقەکردن لە ئەفسەرانی سەروەی خۆیان پاڵیان وەهێزی دوژمن داوە و دەگەڵیان کەوتوون. کە ئەمەی خوێندەوە بە ‌میشێلی گوت:

  • جا کە وایە با بە دڵی تۆ بێ. دەبێ ئەمشەو لە ئەنجامی ئەرکێکی تایبەت دا هاوڕێیم بکەی. ئاژانێکیش دەگەڵ خۆمدا دێنم.
  • بەڵێ شاهید پێویستە.
  • چەکم پێدەبێ.
  • بەڵێ بە جێیە. هەڵبەت هەر بۆ ترساندن. ترساندن و بەس. ئەو بەتوانا و بەتاقەتە زەحمەتە دەروەستی بێین. هەر دەنگیش بەرز بێتەوە و ئاشکرا بێ، خەڵک ڕادەسێن.

سەرۆک‌کۆمار بە دەمارگرژییەوە گوتی دەزانم. دەنا خۆ شتێک نەبوو دەمزانی چۆنی چار بکەم.

میشێل وەڵامی داوە، ڕاستە وایە. پاشان دەستی کردەوە بە نووسین.

مۆلارا وەدەرکەوت کە بچێ لوسیلە ببینێ. هەستێک لە شەرم و بێزاری هەموو بوونی داگرتبوو و بەرە بەرە بەسەریدا زاڵ دەبوو. ئەو بڕیاری خۆی دابوو. لەوانە بوو لە شەڕی بۆ دەسەڵاتدا یەکلاکەرەوە بێ، هەروەها دەرفەتێکیشە بۆ تۆڵە کردنەوە. ئەمە خەونێکی کۆن بوو و بە ئاواتی ئەمڕۆژە بوو کە ‌ساڤرولا لەبەر پێی‌دا بکەوێت و بۆ ژیان بپاڕێتەوە. ئەو لە هەموو سیاسییەکان هەر بەم چەشنە دەیڕوانی و لای وابوو کە لە ترسی مەرگ بە چۆک دادێن و لە پێش حەریفیاندا زەلیل دەبن.

لوسیلە لە ژوورەکەی خۆی دانیشتبوو، کاتێک هاوسەرەکەی هات بە دڵەڕاوکێوە لێی ڕوانی و پرسی:

  • چی قەوماوە ئانتۆنیۆ؟
  • هێزێکی سەر بە شۆڕشگێڕان هاتۆتە ناو خاکی وڵات و سەربازخانەی تۆڕگا تەقەیان لە ئەفسەرەکانیان کردووە و دەگەڵ دوژمن کەتوون. شەڕی کۆتایی نزیک دەبێتەوە.
  • چەند ترسناکە

مولارا بە دەنگێکی نەرم و پڕ لە خۆشەویستی ڕووی کردە لوسیلە و گوتی:

  • ئێستا تەنیا شانسێک کە مابێ ئەوەیە تۆ بتوانی ئاشکرای کەی کە ڕاپەڕیوەکان لە شاردا بە تەمای چن. ئەگەر تۆ بتوانی ئەمە لەبن زمانی ساڤرولا دەرکێشی لەوانەیە بتوانین جێگە و پێگەی خۆمان بپارێزین و بە سەر دوژمندا زاڵ بین. دەتوانی؟ دەخوازی ئەم کارە ئەنجام بدەی؟

دڵی لوسیلە کەوتە لێدانێکی خێراتر و تەواو کەوتە دڵەکوتە. لەبەر خۆیەوە بیری کردەوە؛ تەنیا یەک شانس ماوە. ئەو دەیتوانی هەموو ئەم پیلانگێڕییانە پووچەڵ بکاتەوە، هەڵیان‌بوەشێنێ و لە هەمان‌کاتدا خزمەتێکیش بە ساڤرولا بکات. دەیتوانی پێگەی تایبەتی خۆی لە لاورانیادا بپارێزێ. لە کۆی هەموو ئەم لێکدانەوانەدا قەراری خۆی دا. ڕێگایەکی ڕوون: هەر چی دەتوانێ زانیاری وەدست بخات و بە هاوسەرەکەی بفرۆشێ لە پێناو ژیان و ئازادی بۆ ساڤرولا دا. ئینجا گوتی:

  • هەولی خۆم دەدەم.
  • خۆشەویستەکەم! دەمزانی بێ‌هیوام ناکەی. بەڵام کاتمان زۆر کەمە بۆیە تۆ دەبێ هەر ئەمشەو بچی و لە ماڵەکەی خۆیدا چاوت پێی بکەوێ. دڵنیام ئەو سفرەی دڵی خۆی بۆ تۆ دەکاتەوە و ئەوەی تۆ دەیخوازی پێت دەڵێ. تۆ هێزێکی ئەفسووناوییت بە سەر پیاو دا هەیە. دڵنیام سەرکەوتوو دەبی.

لوسیلە هەمدیسان کەوتەوە بیر کردنەوە و بەخۆی دەگوت: دەوڵەت ڕزگار دەکەم، یارمەتی هاوسەرەکەم دەدەم. پاشان لە ناخی دڵێوە بە خۆی گوت، چاوت بە ئەویش دەکەوێ. ئینجا بە دەنگی بەرز بە مولارای گوت:

  • ئەمشەو دەچم بۆلای.
  • خۆشەویست من هەموو کات بە تۆوە پشت ئەستوور بووم. هیچکات ئەم عیشق و خۆشەویستی‌یەی تۆ لە بیر ناکەم.

مولارا پاش ئەم قسانە بەخێرایی وەدەرکەوت. شەرمەزار و بەتاڵ لە هەرچی بەها. لە ڕاستیدا ئەو بۆ گەیشتن بە مەبەست ئەوپەڕی نزمی نواندبوو.

بــەشــی ١٤

ســوپــا لــە ئەزمــوون و کــردەوەدا

ئەرکی سەرەکی سوپای کۆماری لاورانیا لە بنەڕەتدا پاراستنی سنوورەکان لەبەرانبەر داگیرکەر و هەروەها دەستەبەرکردنی یاسا و نەزم لە وڵاتدا بووە، بەڵام دامەزرێنەرانی کۆمار هەر لە سەرەتاوە ژیرانە ئەم ئەرکەیان بە چەشنێک سنووردار کردووە کە سوپا نەتوانێ دەست لە کاروباری سیاسیی وڵاتانی دراوسێ وەربدات و یان لە دەرەوەی سنوور و لە خاکی درواسییاندا چالاکی بنوێنێ. سوپا لە چوار لەشکر، بیست بەتالیۆنی پیادە و هەشت هەنگی تۆپخانە پێکهاتووە. هەروەها گاردی کۆمار کە بریتییە لە تیپێکی سوارکار و سێ بەتالیۆنی پیادە کە بە ڕێکوپێکی و نەزمی ناوخۆییان، پشتیوانەیەکی سەرەکی سەقامگیری، ناو و ناوبانگ و بایخەکانی کۆمارن.

پێتەختی گەورەی وڵات کە لە دەوڵەمەندی و باری باشی ئابووری، ژمارەی دانیشتوان، هامووشۆ و زیندوویی و قەربالخی‌دا وەپێش شار و شارۆچکەکانی دیکەی وڵات کەوتووە جیا لە گاردی کۆمار نیوەی سوپاشی لە خۆی و دەوروبەری‌دا جێ‌کردۆتەوە. بەم شێوەیە نیوەکەی دیکەی سوپا لە پادگانەکانی ناوخۆی وڵات و لە نزیک سنوورەکاندا جێگیر بوون.

هەموو هەوڵ و تەقەلای سەرۆک‌کۆمار بۆ ئەوەی پێگە و خۆشەویستی‌یەک لە ناو سوپادا بۆ خۆی وەدەست بێنێ ئەنجامێکی نەبووە. جووڵە و چالاکییەکانی ئۆپۆزسیۆن بە ڕادەیەک پێگەی خۆی لە ناو زۆربەی بەشەکانی سوپادا بەهێز کردووە کە وا دەمێکە ناڕەزایی لە ناو سوپادا، هەردەم یەک لە پرس و کێشە سەرەکییەکانی دەوڵەتە. ئەفسەرەکان بەباشی ئاگادار بوون کە فەرمانەکانیان تا ئەو جێگەیە بڕ دەکات کە دەگەڵ لێکدانەوەی تایبەتی بەردەستەکانیان هاوکێش بێت. بەڵام لە ناو گارددا بەجۆرێکی دیکە بوو. لە گارددا هەموو یان لانی‌کەم زۆربەی زۆریان لە ئاخرین شەڕدا لەژێر فەرماندەیی و شان بە شانی سەرۆک‌کۆماردا بەشدار ببوون و ڕێزێکی تایبەتی‌یان بۆ فەرماندەی پێشوویان و سەرۆک‌کۆماری ئێستایان هەبوو. سەرۆک‌کۆماریش ئەمەی لەبەرچاو بوو، بە ڕێزەوە لێی دەڕوانین و متمانەی پێیان بوو. ئەم فەرق و جیاوازییانە، ئەم پێڕاگەیشتنە وەخت و بێ‌وەختانەی گارد لە لایەن سەرۆک‌کۆمارەوە، تۆوی دڕدۆنگی و گەرای گۆمانی لە ناو باقی سوپادا چەقەرە پێدابوو، دژبەرییان دەکرد و جۆڕێک ئۆپۆزسیۆنی لە ناودا دروست کردبوون.

مولارا سەرەڕای ئاگادار بوون لە مەترسییەکانی سەرهەڵدان لە پێتەختدا بەشی زۆری هێزی ئەم گاردە تایبەتییەی کە جێی متمانەی بوون، لەم کات‌وساتە ئەستەمەدا ناردبووە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ. چونکە ئەو پێی‌وابوو هەرچی‌چونێک بێ و چی تێبچێ، دەبێ ئەم هێزەی لەو دیوی سنوورەوە هاتووە، بوەستێندرێ و گاردی کۆماریش خۆیان دەستپێشخەر بوون کە ئەم ئەرکە ڕاپەڕێنن. واتە بەم چەشنە مولارا بە تەنیا لە ناو دانیشتووانی پێتەختدا کە بە تەواوی لێی بیزارن، دەمێنێتەوە. لەشارێکدا بە تەنیا دەگەڵ سەربازانێکدا دەمێنێتەوە کە جێگەی متمانەی ئەو نین. لە شارێکدا کە بە خراپترین شێوە هەست و کەوتی دەگەڵدا کردوون، بۆیەش لێی داخدارن. لە لایەک مەترسیدار وێدەچوو لە لایەکیش هیوابەخش. ئەگەر لە بڵاوەپێكردن یان بە تەواوی لە ناوبردنی هێزی دوژمندا سەرکەوتنی وەدەست هێنابا، تا دوو ڕۆژی دیکەش هێزی دەریایی دەگەیشتەوە و ئینجا ‌لەژێر چاوسووری تۆپی سەر پاپۆڕەکان کۆنترۆڵی شاریشی دەگرتەوە دەست و دەوڵەتەکەی هەر وەک پێشوو پێگە و دەسەڵاتی خۆی ‌لەژێر سێبەری ترس و تۆقاندندا، درێژە پێ‌دەدا. قۆناخێکی مەترسیدار بوو بەڵام ئەو هیوادار بوو سەرکەوتووانە تێپەڕێ. لە لایەک بەهیوای زەبروزەنگی سەربازی و لە لایەکیش بە هیوای ئەم پیلان و گاڵتەجاڕییەی بۆ ڕەقیبە بەتواناکەی دایڕشتبوو.

سەری سەعات یانزدەی سەرلەبەیانی ژووری کارەکەی جێ هێشت تا بچێ یونفۆرمی ژێنراڵی بکاتە بەر، تا سوپاکەی چاویان پێی‌بکەوێ. مولارا بە پێویستی دەزانی بیریان بخاتەوە کە ئەویش سەربازە و یەکێکە لەوان، شەڕی بینیوە و دەزانێ شەڕ یانی چی.

لەبەر دەرگا سەروان تیرۆی بینی کە زۆر گرژ و خەفەتبار بوو. گوتی: ژینراڵ ئیجازە بدەن با دەگەڵ گورهانەکەم بڕۆم بۆ بەرەی شەڕ. لێرە هیچ شتێک نییە بیکەم.

سەرۆک‌کۆمار گوتی:

بە پێچەوانە، ئێوە لێرە کاری زۆرتان هەیە دەبێ ئەنجامی بدەن. ئێوە دەبێ بمێننەوە.

سەروان تیرۆ ڕنگێکی هێنا و برد ئینجا گوتی:

  • ژێنڕاڵ بە ڕاستی داواتان لێدەکەم ئیزن بدەن دەگەڵ ئەوانی دیکە بکەوم.
  • ناکرێ. من لێرە پێویستیم بە تۆیە.
  • بەڵام..

سەرۆک‌کۆمار کە ئیتر خەریک بوو تاقەتی بە سەر بچێ گوتی:

  • بەڵێ دەزانم، تۆ دەتهەوێ ‌لەژێر ڕە‌هێڵەی گوللەی ڕەشاش و تفەنگدا بی، بەڵام دەبێ لێرە بمێنێوە. بەڵێنیت پێ‌دەدەم لە بیستنی ویزەی گوللە بێبەش نەبی.

کاتێک خەریک بوو ڕێگای خۆی بگرێ و بڕوا ڕوخساری تاڵ و بێ‌هیوای ئەم ئەفسەرە گەنجەی بینی، وەستا و بە دەنگێکی پڕ لە متمانە و ورەبەخش تێی‌ڕاخوڕی؛ من تۆم بە ئەرکێکی تایبەت و مەترسیدار پێویستە و تۆ بە تایبەتی بەربژێر و دەست‌نیشان کراوی.

تیرۆ کە تا ڕادەیەک دڵی درابۆوە، چیتری نەگوت. ئەو بیری لە لای گۆڕەپانی سەرسەوز، شریقە و هۆڕی تۆپ، خرمەی ڕەشاش و ‌تێکڕای هەست و خوستەکانی پەیوەندیدار بە شەڕەوە بوو. ئەو شانسی دەگەڵ بوونی هەموو ئەوانەی لە کیس دەدا. لە کاتێکدا هاوڕێکانی ئەم دەرەتانەیان بۆ دەڕەخسا دواتر باس لە ماجەراکانی مەیدانی شەڕ بکەن. ئەو دەبوا کپ و بێدەنگ سەر لەبەرخۆی بنێ، چونکە هیچی نەبوو لێی بدوێ. دەبوو بە گاڵتەجاڕ و پێیان دەگوت: خزمەتکاری کۆشک، ئاژانی هەڵمساوی وەک هەنبانەی بێ ناوەرۆک. لەقووڵایی ئەم داڵغە لێدانەدا، لە ناکاو بە دەنگی شەیپووری سەربازی کە ئەفسەرانی سوارکاری ئامادەی ئەرک دەکرد ڕاچڵەکی. سەرۆک‌کۆمار دوورکەوتەوە بچێ جلوبەرگی ژینڕاڵی بکاتە بەر. سەروان تیرۆش ڕۆیشت کە فەرمان بدا ئەسپەکان ئامادە بکەن.

مولارا زۆر زوو ئامادە بوو، هاتە دەرێ و چوو بۆ لای ئاجودانکەی کە لە سەر پلیکانەکانی کۆشک چاوەڕوانی بوو. ئینجا لە ژێر حیمایە و پاراستنی دەستەیەکی بچووکی ئەفسەرانی سوارکار بەرەو ئیزگەی شەمەندەفەری شار وەڕێ‌کەوتن. لە ڕێگادا تووشی دەستە و تاقمی جیاوازی هاوشاری و هاووڵاتییان هاتن کە بە بێزەوە و بە گاڵتەجاڕییەوە سەیریان دەکردن و تەنانەت لە پشت سەریانەوە تفیان دەهاویشت و بەم شێوەیە ڕق و قینی خۆیان دەردەبڕی.

کاتێک سەرۆک‌کۆمار گەیشتە ئیزگەی شەمەندەفەر، تۆپخانە بەڕێ‌کرابوو بەڵام باقی سوپا هێشتا سوار نەببوون و لە گۆڕەپانی پێش ئیزگە، دەستە دەستە لە لێزگەی خۆیاندا وەستابوون. سەرهەنگ برێنز کە فەرماندەیی ئەم بەشە لە سوپای دەکرد لە سەر پشتی ئەسپێک لە پێش سوپاوە وەستا بوو، ئەسپەکەی دەنگ دا، هاتە پێش، شمشێر بەدەست، بەخێرهاتنی سەرۆک‌کۆمار ژێنڕاڵ مولارای کرد. دەنگی سروودی نەتەوەیی لاورانیا لە ئورکێستەوە بەرز بۆوە پاشان تفەنگ بەدەستەکان بە ڕاگرتنی تفەنگەکانیان بە شێوەی تایبەتی سوپا ڕێزیان دەربڕی و بەخێرهاتنی سەرۆک‌کۆماریان کرد. سەرۆک‌کۆمار بەو پەڕی ڕەزامەندییەوە ئەم ڕێوڕەسمەی سەیر کرد و کاتێک سەربازەکان تفەنگەکانیان خستەوە سەر شانیان هەر بەسەر پشتی ئەسپەکەیەوە چوو لە پێش سوپاکە وەستا و ڕووی کردە سەرهەنگ برێنز و بە دەنگی بەرز کە هەموو تەنانەت خەڵکی دەوروبەریش بیبیستن گوتی:

ئێوە سوپایەکی شەرەفمەند و گەورەتان هەیە. لێهاتوویی ئێوەی فەرماندە و بوێری و بەجەرگی ئەم سەربازانە پاڵپشتێکی مەزنە بۆ کۆمار و ئاسایشی وڵات. پاشان ڕاستەوخۆ ڕووی کردە ڕیزی سوپا و درێژەی بە قسەکانی دا:

سەربازینە! ئەی پارێزەرانی وڵات! دڵنیام ژمارەیەک لە ئێوە لە یادتانە کە کاتی خۆی داوام لێکردن بۆ وڵاتتان و بۆ شەڕەفتان لە هیچ کۆششێک مەوەستن. سەرکەوتن لە شەڕی سوڕاتۆ ئەو ناوەیە کە ئێوە لە وەڵامی داواکەی من لە مێژوودا تۆمارتان کرد. لەوکاتە بەدواوە توانیمان لە سێبەری یاسادا لە ئاشتی و ئاسایشدا بژین کە ئێوە بە چەکی دەستتان مسۆگەرتان کرد. ئێستا ساڵانێکی زۆر تێپەڕ بووە دیسان جارێکی دیکەش هەرەج و مەرەج و ئاژاوەچی بەربینگی وڵاتیان گرتووە. ئەم ئاژاوەچییانەی کە ئێوە زۆر جار پشتیانو بینیوە. دیسان وا کاتی هاتۆتەوە ئەی سەربازانی گارد! کە جێگەی تاجەگوڵێنە ژاکاوەکان بە تاجەگوڵێنەی نوێی سەرکەوتنی نوێ بگۆڕین. بۆیە جارێکی دیکەش ئەرکی پیرۆزی پاراستنی هیماکانی وڵات بە ئێوە دەسپێرم، کاتێکیش سەیری ناوچاوانی ئێوە و ئیرادەتان دەکەم گومانم نامێنێ کە ئەرکی پیرۆزتان ڕادەپەڕێنن. لە خوای مەزن دەپاڕێمەوە کە کرابا فەرماندەیی ئێوەم لە ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکەدا کردبایە، بەڵام کە ئەمە ناگونجێ،بەڵام بزانن بەدڵەوە و هەنگاو بە هەنگاو لە گەڵتانم. سەرکەوتووبن!

پاش ئەم قسانە دەگەڵ سەرهەنگ برێنز و ئەفسەرانی سەروو دەستی لێدایەوە. هاوکات دەنگی هوریای سەربازان لە سەفەکانەوە بەرز بۆوە، ژمارەیەکیان لە سەفەکانیان هاتبوونە دەرەوە و لە دەوری کۆ ببوونەوە، ژمارەیەکی دیکەش سەرپارێزەکان واتە کڵاو خوودەکانیان بە دەستەوە گرتبوو ڕایاندەوشاند. بەم شێوەیە پشتگیری قسەکانیان کرد و هەستی وەفاداری و گوێڕایەڵی خۆیان بۆ فەرمانەکانی دەربڕی. بەڵام هەر کە دەنگی سوپا دامرکایەوە دەنگی جەماوەری خەڵک کە لە دەوروبەر وەستابوون و هۆیان دەکردن و ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕی، گۆڕەپانی داگرت و خۆی‌سەپاند.

هاوکات دەگەڵ ئەم ڕووداوانە لە گۆشەیەکی دیکەی شار بەشێکی دیکەی سوپا کە بە پێچەوانەی گارد، گوێی دەسەڵات لە ئاست هەموو ‌داوا و خواستێکیاندا کپ بوو و لە پەراوێز خرابوون، ئامادە دەکران و هەوڵ دەدرا ڕێکیان بخەن.

ئەمانە بە نابەدڵی بێ‌ئەوەی هیچ پەلەیەکیان هەبێ یان حەزێک نیشان بدەن بە بێ‌وازی، گرژ و ناوچاوان تاڵ دەهاتن و دەچوون. دەستە و تاقمی جیاواز لە مەیدانی مەشق، لە بن‌دیواری بیناکانی سەربازخانە یان لە سەر جێگەخەوەکانیان کۆزیلەیان بەست بوو و هیچ نەزم و دیسپلینی سەربازییان پێوە دیار نەبوو. ئەفسەرەکان کە چاوەڕان بوون فەرمانبەرەکانیان بە زوویی ئەمریان بە جێ بگەیەنن، دۆخەکەیان دەبینی و لێیان شاراوە نەبوو.

سورەنتۆ بە فەرماندەکانی گوتبوو: ئاتۆیان مەدەنە دەست، هانیان مەدەن و بە زمانی نەرم بیاندوێنن. فەرماندەکانی باڵا، لایان وابوو کە هەر جۆرێک بێ دەتوانن وەفاداری و پشتگیری فەرمانبەرەکانی خواروی خۆیان وەدەست بێنن. لە کۆتاییدا بڕیاریان دا کە فەرمانەکە لە سەر هەنگێکی تایبەت بەڕێوە بەرن و فەرمان بۆ هەنگی یازدە دەرچوو کە بجووڵێ.

دەنگی شەیپوور بەرزبۆوە، ئەفسەر و نایبەکان شەمایل‌یان لە خۆ دا، دەستەوانەیان کردە دەست و هەرکام بەرەو گورهان و گوردانی خۆیان چوون. بەڵام تۆ بڵێی پیاوەکان ئەمر بەجی بگەیەنن!؟ کەس نازانێ.

پاش ماوەیەک چاوەڕوانی سەربازەکان یەک یەک و دوو دوو لە گۆشە و کەنارانەوە وەدەرکەوتن و سەفیان بەست. هەر چەند لە سەفەکاندا کەلێن هەبوو بەڵام نزیک بە هەرە زۆری ڕیزەکان پڕ بوون. ئەفسەر و نایبەکان ڕیزەکان و دەستەکانی خۆیان بەسەرکردەوە. دیمەنێکی لە ڕادە بەدەر ناڕێک‌وپێک و خراپ بوو. کەرەستەکانیان خزمەت نەکراو بوو. سەرپارێز، کڵاو، یونیفۆڕم و پۆتینەکان لەو پەڕی نارێکی و شپرزەیی دا بوون. بێ‌وازی و بێ‌مەیلی سەربازەکان خۆیشیان کە هەر باس ناکرێ. بەرپرسەکان کەس وەڕووی خۆی نەهێنا و بەچاویاندا نەدانەوە و گازندەیان نەکردن. بەپێچەوانە کاتێک ئەفسەرەکان بە بەردەمی سەربازەکانیاندا تێپەڕین، تێکۆشان بە گفت و لفتێکی دۆستانە بیاندوێنن کە چی سەربازەکان زۆر سەرسەری‌ و بێ‌موبالات هەڵسوکەوتیان کرد و بێدەنگ وەستابوون. بێدەنگی نەک بە نیشانەی دیسپلین و ڕێز بەڵکوو بە نیشانەی بە هێند نەگرتن.

دەنگی شەیپوور جارێکی دیکە بەرز بۆوە و ئەمجارە هەموو گورهان و گوردانەکان لە مەیدانی مەشقدا بە شێوەیەکی سەربازی و لە رێزی دیاری کراودا وەستان. سەرهەنگ بە یونیفوڕمـێکی ڕێکوپێکەوە لە سەر ئەسپێک دانیشتبوو و ئاجودانەکەشی بە سەر ئەسپێکەوە لە تەنیشتی وەستا بوو. سەرهەنگ بێ‌ئەوەی شتێک لە دڵەڕاوکییەی ناخی بۆ بشاردرێتەوە، مەند و ئارام چاوەکانی بەسەر ڕیزەکانی سوپای بەردەمی‌دا خشاند. ئاجودان لە سەر پشتی ئەسپ بە نەرمەوێرغەیەک بۆ پشکنین ‌و سان بە پێش سوپاکەدا ڕۆیشت. فەرماندە گورهانەکان بە دەنگێکی لەرزۆکی لە گەروودا خنکاو، گوتیان: هەموو ئامادەن. ئاجودان گەڕایەوە شوێنی دیاریکراوی خۆی لە لای سەرهەنگ. سەرهەنگ سەیری سەفی سەربازەکانی کرد و ئەوانیش سەیری سەرهەنگیان کرد. سەرهەنگ دەنگی هەڵبڕی و گوتی:

گورهـــــان بەسەف سەف!

ئامادە …. !

گورهان جووڵە و خشپەی تێکەوت.

دیسان سەرهەنگ بە دەنگێکی بەرز کە هەموو بیبیستن:

سەفی چوار کەسی ئامادە!

نزیکەی دەرزەنێک سەرباز بە پێی عادەت کە لە سەری ڕاهاتبوون جووڵەیەکیان کرد، سەیرێکی دەوروبەریان کرد و گەڕانەوە سەر شوێنی پێشووی خۆیان. ئەوانی‌تر بستێکیش چییە لە جێی خۆیان جووڵەیان نەکرد. بێ‌دەنگێکی بە ئازار خۆی سەپاند. سەرهەنگ ڕەنگی بە ڕوویەوە نەما.

سەرهەنگ گوتی: سەربازەکان من فەرمانم پێ‌کردن. بیر لە شانازی و شەڕەفی تیپ و پادگانەکەتان بکەنەوە.

سەفی چوار کەسی ئامادە!

ئەمجارە تاکە کەسێکش نەجووڵاوە.

ئامادە بۆ پێشەوە!

هەرچی خێراتر!

گوردان وەک مێشێکی لێ میوان بێ، بێ‌ جووڵە مایەوە.

سەرهەنگ گوتی:

کاپیتان لەکۆمتێ، ئەوەی وا لە پێشەوە و لە دەستی ڕاستی دەستەکەی تۆ وەستاوە ناوی چییە؟

ئەفسەرەکە وەڵامی دایەوە و گوتی: سەرگوربان باڵفە، قوربان.

سەرهەنگ گوتی: سەرگوربان باڵفە ئەمرت پێدەکەم خێرا بێیتە ئێرە! خێرا بۆ پێشەوە!

سەرگوربان لەرزێکی هاتێ بەڵام لە جێگەی خۆی جووڵەی نەکرد.

سەرهەنگ لەسەر هەست و بەپارێزەوە دەمانچەکەی هەڵکێشا. بە وردی سەیری کرد وەک ئەوەی بیهەوێ دڵنیا بێ باش خاوێن کراوەتەوە. ماشەی کێشا و ئەسپەکەی دەنگ دا، گەیشتە بەردەم باڵفە کە نافەرمانی کردبوو. لە دەمیترییەوە وەستا و سێرەی لێگرت و بەدەنگی توند و هەڕەشەئامێز تێی‌ڕاخوڕی:

خێرا بۆ پێشەوە!

دۆخەکە هەستیار بوو و گەیشتبووە لووتکە، کاتێک سورەنتۆ پاش ماوەیەک خۆگرتن لە پشت دەرگای سەربازخانە و سەیرکردن و بیستنی ئەم ماجەرایە، خۆی ئاشکرا کرد و گەیشتە بەردەم سەربازەکان. سەرهەنگ دەمانچەکەی خستەوە کیفەکەی.

وەزیری بەرگری گوتی: بەیانیتان باش! بێ ئەوەی چاوەڕوانی وەڵامی کەسێک بێ گوتی:

ڕیزگرتنێکی باش و جوانە بەڵام پێویست ناکات ئەمڕۆ وەرێ‌بکەون. سەرۆک‌کۆمار پێی باشە ئەمشەو هەموو لایەک بەر لە وەڕێکەوتن وچان بدەن و بە باشی بحەسێنەوە. دەنگی تۆزکاڵێک بەرزتر کرد؛ ئەمشەو با هەموو بە خۆشی کۆمار و نەمانی دوژمنانی، پێاڵەیەک هەڵدەن. سەرهەنگ ڕاحەت باشیان بدەیە!

سەرهەنگ کە لە خۆی و سەربازەکانی ڕاندەدیت ڕێ و ڕەسمی کۆتایی هێنان ئەنجام بدات بە گوتنی: “باقی ڕۆژ ڕاحەت باش.”بڵاوەی پێکردەن.

ڕیز و سەفەکان تێکچوون و بوون بە کۆمەڵی بڵاو بڵاوی ناڕێک. سەربازەکان بەخێرایی بڵاوەیان کرد و بەرەو بنکەکانی خۆیان ڕۆیشتن. ئەفسەرەکان مابوونەوە.

سەرهەنگ ڕووی کردە وەزیر و گوتی:

چرکەیەکی مابوو تەقەی لێبکەم.

وەزیر:

تەقەکردن لە تاکە کەسێک دەردێک دەرمان ناکا تەنیا ئەوانی تری هان‌دەدات. دەست ڕاگرە تا بەیانی چەند ڕەشاشێک بۆ ئێرە دێنم، با بزانین ئەودەم چ ڕوودەدات.

لە ناکاو قسەکانی بە دەنگی هەرا و هوریای سەربازەکان کە کەسێکیان لەسەر شانیان دانابوو، بڕا. هەموو سەربازخانە لە دەوری یەک کۆ ببوونەوە، سەرپارێز بە دەستەوە، تفەنگەکانیان ڕادەوەشاند.

سەرهەنگ گوتی:

قوربان ئەوە سەرگوربانەکەیە.

وەزیر بە ناوچاونی تاڵەوە گوتی:

دەزانم. وا دیارە لە ناکاو بۆتە ‌قارەمان. سەرگوربانی لەم بابەتەتان زۆرە؟

سەرهەنگ:

نەخێر

وەزیر ڕووی کردە ئەفسەرەکانی وا بە دەور و بەرییەوە وەستابوون و گوتی:

ئاغایان من پێشنیار دەکەم لێرە وەدەرکەون دەنا دەبنە ئامانج. لام وایە سەربازخانەی ئێوە ئەنگێوەی باشی لێ‌هەڵکەوێ؟ وانێ سەرهەنگ؟

پاش ئەم گاڵتە پێکردنە لە کاتێکدا لە ڕق و قینی ئەم شتانەی بیستبووی و بینی‌بووی تەواو هەژا بوو، ملێ ئەسپەکەی وەرگێڕا و دوورکەوتەوە. ئەفسەرەکانی هەنگی یازدەی سوپای لاورانیاش لە عەیبەتی ئەمەی بەسەریان هاتبوو و لە ترسان، خۆیان بە ژوورەکانیان داکردەوە.

بەشی ١٥

ڕووداوە چــــاوەڕوان‌نــــەکـــراوەکان

ساڤرولا ڕۆژێکی نائارام و پڕکاری هەبوو. چاوپێکەوتن دەگەڵ لایەنگران، دەرکردنی بڕیار و قەرار، هێورکردنەوەی توندئاژۆکان، هاندان و ورەپێدانی بیانووگر و لاوازەکان و وەرگرتنی پەیام و هەڤال دەربارەی جموجۆڵی سوپا، بێ‌بڕانەوە بەردەوام بوو. بەڕێ‌کردنی گاردی کۆمار بۆ سەفی پێشەوە و نافەرمانی هەنگی یازدە دوو هەواڵی دڵخۆشکەر بوون. پلانی شۆڕشگێڕان ئیتر کەم و زۆر لە قاو درابوو و چیتر نەدەکرا لە چاوی دەوڵەت شاراوە و نهێنی بێت. بە هەموو شتێک ڕا وێدەچوو کات و سات گونجاوە. تەواوی بەشەکانی پلانەکە کە دەمێک بوو کاری لە سەر دەکرد، ئامادە بوو بکەوێتە گەڕ. کارێکی پڕ زەحمەت بوو بەڵام ئێستا هەموو شتێک کەوتبووە جێ و حیزبی شۆڕشگێڕان ‌بە تەواوی هێزەوە ئامادە و تەیاری لێدانی کۆتایی بوو. گودی، ڕێنووس و ئەوانی‌تر لە بینای شارەوانی واتە بنکەی حکومەتی کاتیدا ئامادە بوون تا سەرلەبەیانی حکومەتی نوێ ڕابگەیەنن. مۆریت کە ئەرکی ڕێکخستن و بڵاوکردنەوەی چەکی لە ناو خەڵکدا پێ ئەسپێردرابوو، هاوکارەکانی لە ماڵی خۆیدا کۆکردبۆوە و دەستووراتی پێ‌ڕادەگەیاندن و ئامادەکاری و چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندنی بەیانییەی حکوومەتی نوێی بۆ باس دەکردن. بیر لە هەموو وردەکارییەک کرابۆوە. ڕێبەر کە ئەندازیاری لێهاتووی هەموو نەخشە و وردەکارییەکان بوو لە سەر موبڵێک دانیشتووە و سەری وە پشتی مۆبلەکە داوە، چاوی لەبەری میچ بڕیوە و بیر دەکاتەوە. ئەو پێویستی و ئاواتی دەمێک حەسانەوەی دەخواست کە لە هێمنی‌دا جارێکی دیکە بە هەموو پلانەکەدا بچێتەوە و سەر بە هەموو کون و کاژێرێکی پلانەکەدا بکات، نەکا شتێکی لە بیر کردبێ و هەروەها دەروونی خۆشی بۆ مەبەست تەیارتر بکات.

لە بوغارییەکەدا کۆلکەدارێک گڕی گرتبوو و بڵێسەی دەدا، بە دەور و بەرییەوە خۆڵەمێش و سووتوی کاغەز دیار بوو. کاتەوەختێک بوو لە سەرکورسییەک بەتەنیشت بوغاریەکەوە دانیشت بوو و نەیدەهێشت گڕی ئاگرەکە دابمرکێ و بەرە بەرە کاغەزی یادداشت و کۆنە نامەی وەبەر دەدا. قۆناخێک لە ژیانی تێپەڕ ببوو و لەوانەیە قوناخێکی نوێ دەست پێ‌بکات. ئێستا وا خەرێکە چاوێک بەڕابوردوودا بخشێنێتەوە و دەگەڵ قۆناخی پێشوودا حیساب و کیتابێک بکات. نامەی دۆستان کە ئێستا نەماون یان بێ سەروشوێنن، پەیامی پیرۆزبایی و دەستخۆشانە بە بۆنەی چالاکی و خەباتی لە دەسپێک و هەڕەتی لاوەتی‌دا، نامەی پیاو ماقووڵان و ژمارەیەک نامە لە ژنی جوان و چەلەنگ، هەموویان تووشی یەک چارەنووس هاتن و لە ئاگرەکەدا سووتان.

لەناخیدا دەگەڵ خۆی دەدوا: نا با ئەم بیرەوەرییانە نەکەونە دەستی کەسانی بێ‌ئاگای لاپرەسرنی و نابەرپرس. ئەگەر شکست بێنم و تێدا بچم هیچ قەی ناکا با فەرامۆش بکرێم. ئەگەریش ژیام وا ئیتر هەموو شتێکم بۆ‌ بیر و ڕای‌ گشتی ئاواڵە و ئاشکرایە. تاقە یەک نامە بە سینگی ئاگردا نەکرابوو و لە سەر مێزەکە مابۆوە، ئەویش نامەی تایبەتی لوسیلە بوو کە کاتی خۆێ دەگەڵ کارتی بانگهێشتن بۆ شەواهەنگی کۆشک، بۆی ناردبوو، واتە تاقە شتێک کە لەوی وەرگرتبوو.

نامەکەی دەست دایە. لە کاتێکدا لە دەستی‌دا دەیهێنا و دەیبرد، مەلی خەیاڵ دژوارییەکانی ڕۆژانەی جێ‌هێشت و بەرەو دیوێکی دیکەی ژیانیی فڕی. ئەو دیوەی ڕوخساری جوان و بە ڕووح ئاشنای لوسیلەی تێدا بوو. ئەم بەسەرهاتە و ئەم دیوەی ژیانیش کورت و کەم ماوە کۆتایی هاتبوو و ئاستەنگی کەوتبووە بەینیان. ئەنجامی شۆڕش هەر چی بێت لوسیلە لە کیس ئەو چووبوو. مەگەر، بیرکردنەوە. لە ئەم “مەگەرە” مچوڕکێکی بە لەشی داهێنا و وەک کەسێک لە ئاگر یان شتێکی مەترسیدار بپرینگێتەوە، ڕاچڵەکی. ویستی خۆ لەم بیرۆکەیە ڕزگار بکات، ئەو لە مولارا بێزار بوو و ئێستا ئیتر خۆی لە هۆکاری ئەم قین و تووڕەییەش نەدەشاردەوە. دانی بەم هوکارەش داهێنا، مات و کەساس لە خۆی پرسی؛ بڵێی جارێکی دیکە بیبینمەوە؟ تەنانەت بەزار داهێنانی ناوی ئەو لە یەک ئان و ساتدا هەڵگڕی تاڵی و خۆشی، بوو. لەبەرەخۆیەوە بە خەفەتباری ناوی هێنا: لوسیلە .

دەنگی پێیەک بیسترا کە بە پەلە لە پلیکانان سەردەکەوت، دەرگا کرایەوە و لوسیلە لەبەرانبەری‌دا وەستابوو. ساڤرولا بەسەرسووڕماوییەوە هەستایە سەرپێ.

لوسیلە زۆر شڵەژاو و بەپەرۆش بوو. بە ئەرکێکی تایبەتەوە هاتبوو، بەڵام بەڕاستی نەیدەزانی دەیهەوی چی بکات. بەلای خۆیەوە هاتبوو تا خزمەتێک بە هاوسەرکەی بکات بەڵام ئەم وشانەی بە سەر زاری داهاتن تەواو پێچەوانە بوون:

  • بۆیە هاتووم پێت بڵێم کە من نهێنی ئێوەم نەدرکاندووە.
  • دەزانم، بۆ چرکەیەکیش چییە لەم بابەتە نیگەران نەبووم.
  • چۆن دەزانی؟
  • چونکە تا ئێستا دەسبەسەر نەکراوم.
  • بەڵام ئەو گومانی لە لا دروست بووە.
  • چ گومانێک؟
  • کە ئێوە خەریکی کەتن‌گێڕان دژی کۆمارن.
  • دەی واتە هەر گومانە و چ بەڵگەی نییە؟
  • بەڵکوو تا بەیانی بەڵگەش وەدەست بخات.
  • بەیانی ئیتر درەنگە.
  • درەنگە؟
  • بەڵێ ئەمشەو یارییەکە دەست پێدەکات.

ساڤرولا سەیرێکی کاتژمێرەکەی کرد، چارەگێکی مابوو بۆ یازدەی شەو و گوتی: سەعات دوازدەی شەو زەنگی ئاگادارکردنەوە دەبیسترێن. دانیشە با دەمێک بە یەکەوە قسان بکەین.

لوسیلە دانیشت.

ساڤرولا لە بیران ڕاچوو، تێی‌ڕووانی و بە دەنگێکی نەرم پێی گوت:

  • “”تۆ منت خۆش دەوێ و منیش تۆم خۆش دەوێ.”” هیچ وەڵامێکی وەرنەگرت. درێژەی دایە؛ بەڵام ئێمە دەبێ لێک جیا ببینەوە و لێک دابڕێن. لەم جیهانەدا نێوان ئێمە دیوارێک هەیە کە من نازانم چۆن لادەبردرێ. لە هەموو ژیانمدا بیر لە تۆ دەکەمەوە. هیچ ژنێکی دیکە ناتوانێ ئەم بەتاڵاییە پڕبکاتەوە. سەربەرزانە و بە شانازییەوە ژیاوم، بەڵام وادیارە لە ژیانمدا چێژ لە خۆشەویستی وەرناگرم و تەنیا خەم و خەفەتەم پێ‌دەبڕێ. من خۆشەویستی لە بیر دەکەم و لەمەو دواوە دڵی من سووتا و بێگیان وەک ئەم لاپەڕە سووتاوانە دەبێ. تۆش وا باشە من فەرامۆش بکەی. لەوانەیە تا چەند کاتژمێرێکی دیکە بەرەوڕووی مەرگ ببمەوە. لە وەڕاست گەڕانی ئەم ئەگەرەدا خەمم مەخۆ. حەزناکەم وەک تاکی خۆم و بۆ ژیانی خۆم لە یاد و بیراندا بمێنم. ئەگەر کردەوەیەکم بووبێ، جیهانی بۆ ژیان خۆشتر کردبێ تا مرۆڤ بە هاسانی و دڵخۆشی تێیدا بژیت، با ئەم کردەوەیەم لە بیراند بمێنی. ئەگەر بیرێکم درکاندبێ و لێی دوابم کە ئاڵوگۆڕی لە ژیاندا پێکهێنا بێ‌ و ئاستی هیوا بە ژیانی بەرز کردبێتەوە و خۆفی لە مردن دابەزاند بێ، با مرۆڤایەتی بڵێ: “ئەو وای گوت و ئەو وای کرد.” با مرۆڤ وەک خۆی فەرامۆش بکرێ، بەڵام ئەگەر کردەوەکانی بایخیان هەبوو با ئەم کردەوانە لە بیرنەکرێن. ئەمە بزانە کە تۆ ڕووحی منت لە نێو هەموو مەتەڵەکانی دونیادا دۆزییەوە چونکە تەواوکەری ڕووحی خۆت بوو و ئیتر ئێستا لە بیری بکە. بۆ ئەم مەبەستەش لە باوەڕ و ئایینی خۆت یارمەتی وەربگرە با فەرامۆشی لە هانات بێ. لە ئێستا دا بژی و لێگەڕێ ڕابوردوو لە ڕابوردوودا بمێنێتەوە. دەتوانی؟

لوسیلە نوقم لە ئازار و ژاندا گوتی:

  • هیچکات، من هیچکات ناتوانم تۆ لەبیر بکەم.
  • ئێمە وەک فەیلەسووفی خراپ دەچین. خۆشەویستی و ژانەکانی خۆشمان بە تێئۆری بە لاڕێدا دەبەین. ئێمە نابێ خۆمان فریو بدەین دەبێ بەسەر هەستەکانماندا زاڵ بین.

لوسیلە کە تووڕەیی پێوە دیار بوو لە سەرخۆ وەک بڵێی سرتەی بەگوێیدا بکات گوتی:

چ پێویست دەکات، بۆ دەبێ هەوڵمان ئەوە بێ؟

ساڤرولا لەرزێکی پێداهات و لە خۆ بێخەبەر گوتی: خۆشەویست! و بێ‌ئەوەی تەنانەت ماوەی هەبێ بزانێ چی گوێ لێ‌بووە، کە وەخۆهاتنەوە، لە ئامێزی یەکتر دابوون و یەکتریان ماچ دەکرد.

ڕاست لەو دەمەساتە دا کەسێک دەستی لە سەر دەسکی دەرگا دانا و ئەوان وەخۆ هاتنەوە و هەستانە سەرپێ. دەرگا کرایەوە و سەرۆک‌کۆمار بە جلوبەرگی مەدنییەوە، لە کاتێکدا دەستی ڕاستی لە پشت خۆی ڕاگرتبوو، وەژوورکەوت و میشێلیش لە دواوە لە داڵانە تاریکەکەوە لە پشت سەری وەستابوو.

دەمێک هەموویان بێدەنگ بوون تا لە ناکاو مولارا گوڕاندی:

دەی دەی جەناب وا خەریکی بەم شێوەیەش هێرشم بکەیە سەر. هەی خوێری ترسنۆک! دەستی بەرز کردەوە و دەمانچەی ڕوو بە سینگی ڕاگرت.

لوسیلە وەک دونیای بەسەردا ڕووخابێت لە سەر مۆبڵەکە ترساو و شڵەژاو مابۆوە. ساڤرولا هەنگاوێک بەرەو سەرۆک‌کۆمار چوو پێشێ.

لوسیلە کە ئەمەی بینی لە بوێری ئەم پیاوە سەری سووڕما چونکە تێگەیشت ئەو بە ئانقەست بە هەڵگرتنی ئەم هەنگاوە بە تەواوی خۆی هێنایە بەر سێرەی دەمانچەکە و خۆی کردە لەمپەر و قەڵخانی گیانی ئەو.

ساڤرولا پاش ئەم هەنگاوە لە سەرۆک‌کۆمار ڕاخوڕی و گوتی:

دەمانچەکەت لابەرە.

مولارا گوتی:

هەڵبەت دوای ئەوەی تۆم گەوزاند.

ساڤرولا بە چاو نێوان خۆی و مولارای پێواوت تا بزانێ دەتوانێ ئامبازی بێت. خێرا سەیرێکی دەمانچەکەی خۆیشی کە لەسەر مێزەکە بوو کرد، لێکیدایەوە لەو شوێنەی لێیەتی دەتوانێ گیانی لوسیلە بپارێزێ بۆیە بڕیاری دا لە شوێنی خۆی بمێنێ.

سەرۆک‌کۆمار:

  • چۆک دادە هەی سەگ! بپاڕێوە و داوای لێبوردن بکە، ئەگینا دەتتۆپێنم.
  • من هەموو کات گاڵتەم بە مەرگ هاتووە و هەموو کاتیش لە بەکەم‌زانینی تۆدا سەرکەتوو بووم بۆیە بۆ هیچکامتان چۆک دانادەم.

سەرۆک‌کۆمار لە داخان ددانەکانی لە چیڕەوە برد و گوتی: دەیبینین و ئینجا دەستی کرد بە ژماردن تا پێنج

یەک…

بێ‌دەنگی بە سەر ژوورەکەدا زاڵ‌بوو. ساڤرولا چاوی بڕیبووە لوولەی دەمانچەکە. کونێکی ڕەش دیار بوو و بەس.

دوو…

ساڤرولا سەیری لوولەی دەمانچەکەی دەکرد و بیری دەکردەوە، واتە من دەمرم. هەر کە ئاگر لەو کونە ڕەشەوە، بینرا ئیتر ئاسەوارێک لە من لە سەر گۆی زەوی نامێنێ. هەستی کرد کە چۆن گوللەکە لە ناوچاوانی دەکەوێ و ئیتر هەموو شتێک تەواو و جێی خۆی دەدات بە نەمان.

ســێ…

ئەو خاری بادراوی ناو لوولەی دەمانچەکەی دەبینی. بیری بۆ ئەم داهێنانە بێ‌وێنەیە چوو کە ئەم خارە خێرایی سووڕان و خولانەوەی گوللە بە دەوری خۆیدا خیراتر دەکات. لە پێش چاوی بوو کە چۆن وەک بڕغوو لە مێشکی دەچێتە خوارێ. هەوڵی دا بەر لەوەی لەشی ساردەوە بێت و بە شێوەیەکی فیزیکی لە ناو بچێت، بیر بکاتەوە، بیر لە باوەڕی خۆی، فەلسەفەی ژیانی. تەواوی لەشی تا سەر پەنجەکانی خوێنی تێگەڕا و گەڕی خوێن لە دەمارەکانیدا خێراتر بوو و دەستەکانی گەرم داهاتن.

چــــــوار…

لوسیلە هەستایە سەرپێ و خۆی بە سەرۆک‌کۆماردا دا، هاوارێکی کرد: بوەستە! دەست ڕاگرە! بۆت نییە!

مولارا کە چاوی بە چاوی لوسیلە کەوت جیا لە ترس زۆر شتی دیکەی نەگوتراویشی تێدا خوێندەوە و تێگەیشت. خۆی کێشایە دواوە، وەک خۆ لە دەست پۆلووی ئاگر دەرباز بکات. هاواری کرد؛ ئای بۆ خاتری خوا، ئەوە ڕاستە؟ سەڵیتە! جارێکی دیکەش قیژاندی و بە پشتی دەستی چەپی کێشای بە دەمی لوسیلە دا و بە پاڵێک هاویشتییە سووچێکی ژوورەکە. مولارا تازە تێگەیشت ئەو چاڵەی بۆ خەڵکی هەڵکەند بوو خۆێ تێی‌کەوتووە. شێت و هار جینگڵی دەدا، پشووی سوار ببوو، هەناسەبڕکەی گرتبوو. قوڕگی سەروخواری دەکرد و چاوەکانی دەرپەڕی‌بوون. هاوسەر و شەریکی ژیانی پشتی تێکرد بوو. هەموو بوونی کەوتبووە مەترسی و خەریک بوو دەسەڵاتی لە کیس دەچوو. دوژمنەکەی، حەریفەکەی کە ئەو بە تەواوی بوونییەوە لێی بێزار بوو و پیلانی بۆ دەگێرا، هەنگاو بە هەنگاو تەنگی پێهەڵچنی بوو و شکستی پێدێنا. داوی دانابۆوە نێچیر بخاتە داو کە چی ئێستا وا خۆی ببوو بە نێچێری داو و پیلانی خۆی.

ئێستا وا مولارا لەم دۆخە نوێیەدا بیردەکاتە و بە خۆی دەڵێ:

“نا نابێ دانوێنم، نابی ڕوحمی پێ‌بکەم. لە ژیان و خۆشەویستیش‌دا دەبێ سنوورێکی هەبێ. بەرنامەکان هەموو پووچەڵ بوون و تەنیا مەرگ دەتوانێ کۆتایی بە دوژمنایەتی لە مێژینەی نێوانمان بێنێ و دەبێ هەر ئێستا و لێرە کۆتایی بە ژیانی ساڤرولا بێنم.:

وەک سەرباز و پیاوێکی ئەزموودەی پێشەیی، زامنی دەمانچەکەی لابرد و سێرەی گرت.

ساڤرولا تێگەیشت کە ئیتر کاتی هاتووە. سەری داخست و بازێکی بۆ پێشەوە هاویشت. سەروککۆمار دەستی بە پەلاپیتکە داهێنا.

میشێل زۆر بەخێرایی دوخەکەی لێکدایەوە و زانی ئەم شانۆگەرییەی ئەو دەرهێنەری بوو خەریکە بە شێوەیەکی تاسەبار و پێچەوانە کۆتایی دێ، بۆیە بێ‌یەک و دوو دەستی لە بن دەمانچەکەی سەرۆک‌کۆمار دا و گوللەکە سەری کرد و ساڤرولای نەپێکا. کاتێک دووکەڵ نیشتەوە ساڤرولا مەچەکی سەرۆک‌کۆماری لە دەست دابوو و لە بن خۆی نابوو. پاش دەمێک خولانەوە بە سەریەکدا مولارا دەمانچەکەی لە دەست بەربوو و ساڤرولا هەڵیگرتەوە. پەنجە بەسەر پەلاپیتکە و ئامادە. لەو کاتەدا سەرۆک‌کۆمار بە لاکە لاک هەستایەوە سەرپێ و خۆی بە قەفسەی کتێبەکانەوە گرتەوە. تەواوێک گێژ و هیڵاک ببوو. هانکە هانکی دەهات.

لە خوارەوە دەنگی کوتانی دەرگا دەهات. مولارا ڕووی کردە لوسیلە کە ئێستاش وا لە سووچێکی ژوورەکەدا حەپەساو کەوتبوو، سەرلەنوێ جنێوشۆری کرد. لەبزێکی بەکار هێنا کە کەسایەتی شاراوە و شەڕڵاتانی مولارای لە قاودا و دەری دەخست لە کوێ گەورە بوو و هاودەمی کێ بووە. لەبزێک کە لێرەدا بۆ گوتن نابێ. بەڵام بۆ هەتا هەتایە لە مێشک و ناخی لوسیلە دا وەک ناسۆرێک دەمێنێ. لوسیلە بۆ ئەوەی برینداری بکات گوتی:

تۆ دەتزانی کە من لێرەم. خۆت داوات کرد کە بێمە ئێرە. خۆت ئەم پیلانە شووم و خوێرییانەت داڕشت و تاوانبار بۆخۆتی. مولارا دیسان بە لەبزی ناشیرینی پێشوو شورتوشۆی لوسیلە ی هێنایە دەر.

لوسیلە دیسان دەنگی بەرز کرد و گوتی من بێتاوانم. ئەگەرچی ئەوم خۆشدەوێ. من بێتاوانم. بۆ داوات لێ‌کردم بێم بۆ ئێرە؟

ساڤرولا کە بەرەبەرە لێی حاڵی دەبوو، گوتی: نازانم چ پیلانێکی شەرماویتان داڕشتووە، بەڵام ئەوەندەم بریندار کردون کە بایی ئەوندە نین خوێنتان بێتە ئەستۆی من. بڕۆن لە پێش چاوم گوم‌بن. هەر ئێستا یاڵلا وەدەرکەون. نامهەوێ چیتر چاوم بە چاوتان بکەوێ. وەدەرکەون!

سەرۆک‌کۆمار تۆزکاڵێک پشووی هاتبۆوە بەرخۆی و وەک پێشوو پشووی سوار نەبوو گوتی: دەمهەویست بۆخۆم بتکوژم بەڵام ئێستا دەتدەمە دەستی جوخەی ئیعدام. پێنج سەرباز و سەرجوخەیەک. هەر چۆنێک بێ دەبێ تۆڵەت لێبکرێتەوە. پاشان ڕووی کردە میشێل و پرسی بۆ دەستت وەبەر دەستی هێنام؟ میشێل وەڵامی دایەوە:

قوربان هەر وەک ئەو دەڵێ؛ هەڵەیەکی تاکتیکی گەورە بوو.

لەسەرەخۆیی مونشی و خیتابی “قوربان” سەرۆک‌کۆماری هێنایەوە دۆخی جاران و هێورتری کردەوە. بەرەو دەرگا ڕۆیشت و لە سەرمێزی بەردەرگاکە چەند شووشە شەڕاب و خواردنەوەی لە سەر بوو شووشەیەکی هەڵگرت و لیوانیکی پڕی ویسکی بۆ خۆی تێکرد و گوتی: بەناوی کۆمارەوە زەوتی دەکەم. لیوانە ویسکێکەی هەڵدا. بێ ئەوەی بیر بکاتەوە کە حەریفەکەی بە دەمانچەوە لەبەرانبەری دا وەستاوە گوتی؛ ئەمر دەکەم بەیانی تیرەباران بکرێی.

ساڤرولا گوتی:

  • من لە بینای شارەوانی دەبم ئەگەر دەوێری، دەتوانی بێی و بمبەی.
  • سەرهەڵدان! بەر لەوەی ڕۆژ ببێتەوە سەرکوتتان دەکەم
  • وێدەچێ مێژوو کۆتاییەکی جیاواز تۆمار بکات.
  • دەی بینینن، بابزانین چۆن دەبێ. تۆ نامووسی منت زەوت کردووە، ئێستا دەتهەوێ دەسەڵاتیشم لێ زەوت‌بکەی. لەم جیهانەدا جێگەی هەردووکمان نابێتەوە. تۆ دەتوانی دەستی مەعشوقەکەت بگری و بە جەهەننەم بی.
  • دەنگی چەند هەنگاوێکی بەپەلە لە سەر پلیکانەکانەوە هات. سەروان تیرۆ دەرگای کردەوە و کاتێک ئامادە بووانی ‌لە ژوورەکەدا بینی، سەری سووڕما و گوتی:
  • گوێم لە دەنگی تەقە بوو.
  • بەڵێ، بەڵام کەس زەرەری پێ‌نەگەیشتووە. تۆ دەتوانی بەرەو کۆشک ئیسکۆرتم بکەی. وەرە میشێل!

تیرۆ گوتی:

بەڵێ وا باشترە پەلە بکەین خەڵکێکی زۆر لە سەر شەقامەکانن و خەریکن لە کۆتایی ئەم شەقامەدا سەنگەر هەڵدەبەستن.

مولارا گوتی:

دەی با خێرا بین. وەختێتی کارێک بکەین و پێشیان پێ‌بگرین. ئینجا ڕووی کردە ساڤرولا و گوتی: ئی من تۆ ‌بمێنێ. بەیانی یەکتر دەبینین و لێکی دەردەکەین.

ساڤرولا دەمانچە بەدەست وەستا بوو سەیری دەکردن و لێ‌گەڕا مولارا بە بێدەنگی وەدەر کەوێت. تەنیا دەنگی گریانی لوسیلە دەبیسترا. پاش بیستنی ئاخرین هەنگاو و پێکدادانی دەروازەی دەرێ. لوسیلە گوتی:

  • من ناتوانم لێرە بمێنمەوە.
  • تۆ ناتوانی بۆ کۆشکیش بگەڕێیەوە.
  • ئەدی چی بکەم؟

ساڤرولا بیر کردەوە و گوتی:

وا باشترە بۆ ماوەیەک لێرە بمێنێوە. هەموو ماڵەکەت لەبەر دەست دایە و تەنیا خۆت لێرەی چونکە من دەبێ بە زوویی بڕۆم بۆ بینای شارەوانی. ڕاستی هەر ئێستا درەنگیش بووە کاتژمێر لە دوازدە نزیک بۆتەوە لە کاتی دیاری کراو نزیکین. مولاراش بە زوویی پۆلیسم دەنێرێتە سەری و منیش ئەرکم هەن کە ناکرێ بیانخەمە پشت گوێ. ئەمشەو شەقام و جادەکان نائەمنن لەوانەیە سبەی بەیانی بگەڕێمەوە.

ئەم تراژدییەی دەمێک لەمەو پێش ڕووی دا کاریگەری توند و خراپی لە سەر هەردووکیان هەبوو. ساڤرولا بن‌زمان و لەبزی تاڵاو بوو. ژیانی لوسیلەش لێکهەڵوەشابوو. بێ‌ئەوەی بە دوای تاوانباردا بگەڕێت خۆی یان کەس یان کەسانی دیکە تاوانبار بکات دەیزانی چەند خەفەتبار و بریندارە. ڕووی کردە لوسیلە و گوتی بە هیوای دیداری دوایی. ئێستا دەبێ بڕۆم هەر چەند وا دڵم لێرە بەجێ دەهێڵم. بەرپرسیاری گەورەم لە سەر شانە. ژیانی هەڤاڵەکانم و ڕزگاری نەتەوەکەم.

ڕۆیشت. رۆیشت کە لەبەر چاوی دونیادا دەست بداتە یاری، یارییەکی گەورە. ڕۆیشت کە بۆ ئیدەئالەکانی خەبات بکات. ئەو ئیدەئالانەی لە ژیانی تاک‌دا بێ‌هاوتا و شازن. لەکاتێکدا لوسیلە بە تەنیا دەمایەوە و دەبوا دانیشێ و چاوەڕوان بێ.

لە ناکاو زەنگی تەواوی کلیساکانی شار هاتنە خرۆش. لە دوورەوە دەنگی شەیپوور و تەقینەوە دەکەوتنە بەرگوێ. ئەوە دەنگی تۆپی وریا کردنەوە بوو. دەنگی شیپوور و هۆڕنی بانگکردن کە هەر دەهاتوو بەرزتر و بەرزتر دەبۆوە. دەنگی هاوار و هوریا هەموو شاری گرتبۆوە. سەرئەنجام دەنگی تەپ تەپ تەپ لە دوور دوورەکانە کۆتایی بە هەموو چاوەڕوانییەکان هێنا.

شۆڕش دەستی پێ‌کرد بوو.

بـەشـی ١٦

ســــــــــــەرهــــــەڵـــــدان

سەرۆک‌کۆمار دەگەڵ دوو لە هاوڕێکانی ڕێگەی کۆشکیان گرتەوە بەر و بە نێو شاردا تێپەڕین. حەشیمەتێکی زۆر لە شاردا لە هامووشۆدا بوون. لێرە و لەوێ دەستە و تاقمی ڕەشپۆش بەرچاو دەکەوتن. بە تەواوی هەست دەکرا کە ڕووداوی گەورە بەڕێوەیە. کەش و هەوای شار لە تەقینەوەدا بوو. سەنگەرلێدان لە دەوروبەری شوێنی ژیانی ساڤرولا، مولارای بە تەواوی هێنایە سەر ئەم باوەڕە کە سەرهەڵدان نزیکە و لە قسە دەرچووە. لە دوور و نزیکی کۆشکیش بەرەبەرە خەریکی دامەزرانی سەنگەر بوون و ڕێگای هامووشۆ دەبەسترا. ژمارەیەکی زۆر عاڕەبانە دەستیان بەسەردا گیرابوو و شەقامیان پێ هەڵبڕیبوون. پەنجا کەسێک هێدی و بێ‌دەنگ خەریکی قایمکردنی سەنگەر بوون. ژمارەیەک خەریک بوون سەنگفەڕشی شەقامیان هەڵدەکەند و ژمارەیەکی دیکە لە ماڵەکانی دەورو بەر دۆشەگ، تەلیس، گۆنی، سەندووق و کەرەستەی دیکەیان دەهێنا و گڵیان تێدەکردن. کەس بایخێکی بە سەروک‌کۆمار و یان ڕێبوارانی دیکە نەدەدا. سەرۆک‌کۆمار یەخەی باڵتەکەی کێشایە سەرێ و کڵاوە مەخمەرە ئەستوورەکەی هێنایە سەر ناوچاوانی و بە سەر سەنگەرێکدا هەنگاوی هەڵگرت و تێپەڕ بوو. بینینی ئەم وەزعە تەواوێک شپرزەی کرد، وێکی هێناو و ترساندی. سەروان تیرۆی گەنج سەرنجی چەند کەسێکی پرسۆک و کونجکاوی بۆ لای خۆی ڕاکێشا بەڵام نەک تا ئەو ئاستەی کە بیانهەوێ ڕایبگرن، چونکە ئەوان چاوەڕوانی نیشانە و ئاماژەی سەرووی خۆیان بوون.

مولارا لە تەواوی ئەم ڕێگایەدا وشەیەکیش چییە نەیگوت و دەنگی لێوە‌نەهات. مەترسییەک کە هەستی پێ‌دەکرد ناچاری کردبوو دان بەخۆدا بگرێ، خۆ بخواتەوە، بەڵام هێور بێ بەڵکوو بتوانێ ڕێگا چارەیەک بدۆزێتەوە. ڕق و قینی لە ساڤرولا هەر وا لە گەشە کردندا بوو، لە شەشدانگی بیر و خەیاڵیدا چەقی بەستبوو و بۆخۆی پاوان کردبوو، بۆیەش نەیدەتوانی بیر لە هیچی‌تر بکاتەوە. هێشتا بە تەواوی نەگەیشتبوونەوە کۆشک کە سەرهەڵدان دەستی پێکرد و هەموو شاری گرتەوە. تەتەر بە دوای تەتەر دا دەهات و هەڵگری هەواڵی ئاڵوگۆڕی خێرای نەخوازرا و جێگە نیگەرانی بوون. ژمارەیەک لە پادگانەکان ئامادە نەبوون تەقە لە خەڵک بکەن. ژمارەیەکی دیکە سەنگەریان گواستبۆوە و لە گەلەڵ سەرهەڵدان کەوتبوون. ژمارەی سەنگەر و بنکەکانی پشکنین هەتا دەهات زۆرتر دەبوون و خەریک بوو کۆشک بە تەواوی گەمارۆ دەدرا. ڕێبەرانی سەرهەڵدان لە بینای شارەوانی کۆببوونەوە. لە سەر شەقامەکان و لە هەر چوارڕێیانێک بەیانییەی دەوڵەتی ‌کاتی لە دار و دیوار درابوو. ئەفسەرەکان لە گۆشە و کەنارەوە خۆیان دەگەیاندە کۆشک، ژمارەیەک بریندار بوون و ‌هێندێک شڵەژاو و ترساو. یەک لەوانە سورەنتۆ بوو کە هەواڵی ئەژنۆشکێنی ڕەگەڵ کەوتنی گوردانێکی تۆپخانەی ڕاگەیاند و گوتی تەنانەت تۆپخانەشیان تەسلیم کردووە. کاتژمێر چوارونیوی سەرلەبەیانی لە ڕێگای تێلگراف و پەیکەوە خەبەر هات کە بەشی هەرە زۆری شار بە بێ‌تەقە خۆیان تەسلیمی شۆڕشگێڕان کردووە.

سەرۆک‌کۆمار بە ئارامی و هێدی خەبەرەکانی وەردەگرتن و وای نیشان نەدەدا کە خۆی دۆڕاند بێ و ئەوەش لە تایبەتمەندییەکانی کەسیی ئەو بوو. هاندەرێکی دیکەش کە دنەی دەدا و پاڵپێوەنەری بوو، بیری دەست پێراگەیشتنی بینای شارەوانی و ساڤرولا بوو لەو دیوی سەنگەرکانەوە. دەموچاو و قەڵافەتی ئەم دوژمنە بۆ چرکەیەکیش لە زەینی وەلا نەدەچوو. جگە لەمە هیچ شتێکی دیکە بایخی بیر لێ‌کردنەوەی نەبوو. بەپێچەوانەی ویست و خواستی خۆی بیری بۆ لایەکی دیکە چوو کە بۆتە هۆکاری ئەم تووڕەیی و بێزارییە تایبەتییە لە ساڤرولا. ئەوە کە سەرهەڵدان سەرکوت بکات هەر لایەکی ئامانج و ئاواتی بوو، لایەنی گرنگتر لەناوبردنی ساڤرولا بوو کە لەسەر مێشک و بوونی قورسایی دەکرد.

سەرۆک‌کۆمار گوتی دەبێ ڕاوەستین تا وڵات ڕووناک دەبێ.

وەزیری بەرگری، سورەنتۆ پرسی: جا ئەوکات چ دەکەین؟

ئەو کات بەرەو بینای شارەوانی دەچین و ڕێبەرانی سەرهەڵدان دەگرین.

باقی شەو خەریکی ئامادەکاری و ڕێکخستنی ئەم دەستە لە سەرباز و ئەفسەران بوون کە دەبوایە سەرلەبەیانی و کاتی ڕووناک بوونی وڵات دەست بەکار بن. چەند سەد کەسێک لە سەربازانی جێگەی متمانە، لەوانەی لە کاتی خۆیدا لە ژێر فەرمانی مولارادا بوون، هەفتا ئەفسەر لە پادگانەکانەوە کە بە تەواوی جێگەی بڕوا و متمانە بوون و ئەوانەی سەر بە گاردی کۆماری کە گێڕابوویاننەوە و هەروەها هێندێک پۆلیس هەمووی ئەو هێزە بوو کە بە دەستەوە بوو. ئەم دەستە باوەڕ پێکراوەی کە سەرجەمیان نەدەگەیشتە هەزار و چوار سەد کەس لە گۆڕەپانی بەرئاواڵەی نزیک دەروازەی کۆشک کۆ ببوونەوە و ڕێگاکانیان خست بووە ژێر چاوەدێری و چاوەڕوانی هەڵاتنی خۆر بوون.

لەو لاشەوە بەپێی فەرمانی ساڤرولا دەبوایە تا ئەو کاتەی هێرشیان نەکراوەتە سەر لە سەنگەرکانیاندا بمێننەوە. خەڵک خۆویست و بەخێرایی خەریکی قایمکردنی سەنگەر و پێگەکانی خۆیان بوون کە بەردەوام ژمارەیان لە زیادبووندا بوو و بەرەبەرە لە سیستمێکدا خۆیان دەدۆزێوە. لەولاشەوە پەیام و هەواڵ هەروا بە دەست سەرۆك‌کۆمار دەگەیشتن. لۆڤیت بە پەلە دەستنووسێکی بۆ سەرۆک‌کۆمار ناردبوو کە تێیدا نیگەرانی خۆی لە شۆڕش و سەرهەڵدان دەربڕی بوو و بەداخبوونی خۆیشی کە ناتوانێ لە کۆشک لە لای سەرۆک‌کۆمار بێ، ڕاگەیاندبوو. نووسی‌بووی دەبێ بە پەلە لە شار وەدەرکەوێ بچێتە سەردانی خزمێکیان کە لەناکاو تووشی نەخۆشێکی مەترسیدار هاتووە بەڵام لە کۆتاییدا پشتیوانی خۆی بۆ مولارا دەربڕی بوو و گوتبووی دڵنیایە کە سەرهەڵدان سەرکوت دەکرێ و تێکدەشکێت.

سەرۆک‌کۆمار بە زەردەخەنەیەکی گاڵتەئامێزەوە نامەکەی خوێندەوە. ئەو قەت جارێکیش چییە حیسابی بۆ لۆڤیت نەکردبوو چونکە دەیزانی جەنابی وەزیر مروڤێکی ترسنۆک و بێ‌غیرەتە و پیاوی ڕۆژی تەنگانە نییە. گازندەشی نەدەکرد چونکە پێی وابوو لایەنی باشی هەیە و وەک وەزیری ناوخۆ، لێهاتوو بوو و ئەرکەکانی خۆی بە باشی بەڕێوە دەبرد بەڵام ئەو پیاوی گۆڕەپانی شەڕ نەبوو.

سەرۆک‌کۆمار نامەکەی دایە دەست ‌میشێل. مونشی نامەکەی خوێندەوە و کەوتە بیرکەوتنەوە.

ئاخر ئەو بۆخۆشی هێندە بوێر و بەزیپک نەبوو، وێش دەچوو ئەویش پێیوابێ تازە کار لە کار ترازاوە و یارییەکەیان لە کیس‌چووە و دەدۆڕێن. بۆیەش بۆخۆی بەخۆی گوت باشترە لە سەر بنەمای حەز و سۆز هەڵسوکەوت نەکات. رۆڵی خۆی لە شانۆگەری شەوێدا هاتەوە بیر و لای وابوو کە کاتێکی گونجاوە لە داهاتووی خۆی دڵنیا بێ. هەر نەبێ گیانی لە ئەماندا بێ. لاپەڕێک کاغەزی هێنا و دەستی کرد بە نووسین.

مولارا هەروا لە ژوورەکەدا دەهات و دەچوو. پرسی ئەوە چ دەنووسی؟

میشێل بە خێرایی وەڵامی داوە:

  • وا لە سەر ناوی ئێوە فەرمانێک بۆ فەرماندەی کۆنەقەڵا لە بەندەر دەنووسم کە شوێن و سەنگەرەکانی بە هەر تێچوویەک بێ، بپارێزێ.
  • جا چ فایدە، هەرچی بێ، لە گەڵمان بێت یان غەیان ناتوانێ بە هانامانەوە بێ.
  • بۆی دەنووسم ئەگەر لە پیاوەکانی ڕادەبینێ دەگەڵ گزینگی بەیانی بەرەو کۆشک پێشڕەوی بکات. ئەمە شوێنەونکە و مانۆڕی چاکە.
  • فەرموو بیکە. بەڵام من لام وانییە کە ئەو هیچکات ئەم نامەیەی بە دەستی بگات. لە لایەکی دیکەشەوە ئەو پیاوەکانی بەردەستی بۆ پاراستنی کۆنەقەڵا پێویستە.

هەر لەو کاتەدا پەیکێک تێلگراف بەدەست هاتە ژوورێ. کارگوزارێگی تێلگرافخانە کە لایەنگری دەوڵەت بوو بە زۆرەملی پۆستەکانی سەرڕێی بڕی‌بوو و خۆی تێلگرافەکەی هێنابوو. لە کاتێکدا سەرۆک‌کۆمار پاکەتەکەی هەڵدەپچڕی، میشێل لە ژوورەکە وەدەرکەوت. لە داڵانەکە خزمەتکارێکی ڕەنگ بزرکاو بەڵام لەسەرەخۆی بینی. بەپەلە چەند وشەیەکی بە گوێی‌دا چرپاند و گوتی بیست پاوند وەردەگری ئەگەر ئەم نامەیە بگەیەنییە بینای شارەوانی. پاش ئەم ڕاسپاردەیە بە پەلە گەڕایەوە ژوورێ بۆ لای سەرۆک‌کۆمار.

مولارا بە ‌میشێلی گوت: گوێ لەم تێلگرافە بگرە، وا دیارە هەموو شتێک لە کیس نەچووە. ئەم تێلگرافە برێنز لە مەڵبەندی لۆرێنزوە ناردوویەتی:

“”ئەمڕۆ پاش نیوەڕۆ، ستێرلیتز بە خۆی و دووهەزار چەکدارەوە گەیشتە دۆڵەڕەش و کەوتنە بەر ‌هێرشمان کە بە زیانێکی زۆرەوە ناچار بە پاشەکشە بوون. ستێرلیتز بە دیل گیراوە. ئەوەی ماون شوێنمان هەڵگرتوون. لە تۆرگا چاوەڕوانی بڕیاری ئێوە دەکەین.””

سەرۆک‌کۆمار گوتی: ئەم هەواڵە دەبێ بە فەرمی بڵاو بێتەوە. هەزار بەرگی لێ چاپ بکەن و بیگەیەننە دەست لایەنگرانمان با لە تەواوی شاردا بڵاوی کەنەوە.

هەواڵی ئەم سەرکەوتنە بە دەنگی هوریای سەربازەکانی دەورەبەر و بەردەرگای کۆشک کە بێ‌سەبرانە چاوەڕوانی گزینگی بەیانی بوون، پێشوازی لێکرا. سەرئەنجام وڵات بەرەبەرە ڕووناک بوو و شۆقی مەشخەڵ و چراکان کاراییان نەما. سەرۆک‌کۆمار بە هاوڕێی ئاجودانەکەی سەروان تیرۆ، سورەنتۆ و چەند ئەفسەرێکی دیکە لە پلیکانان هاتەخوار و بەرەو گۆڕەپانەکە، ئەو جێگەیەی ئەفسەرانی وەفادار و دوایین هیوای بوون، ڕۆیشت. بە نێویاندا گەڕا، چەپ و ڕاست دەگەڵ هاوڕێ وەفادارەکانی دەستی لێدەداوە. لەناکاو چاوی بە بەیانییەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کاتی کەوت کە کەسێک توانی بووی لە تاریکایی شەودا لە دیواری بدا. چوو پێشێ و لەبەر ڕووناکایی چرایەکدا خوێندێوە. بێ یەک و دوو ئینشای ساڤرولای ناسییەوە. ڕستەی کورت و بە ناوەرۆک کە داوای لە جەماوەری خەڵک دەکرد؛ ڕاپەڕن و دەست بدەنە چەک. لەبەرانبەر ئەم بەیانییەدا لاپەڕێکی سووری باریکی چاو پێکەوت کە کۆپییە و وەرگیراوی دەقاودەقی تێلگڕافێک بوو کە نووسرابوو؛ هێزەکانمان ئەمڕۆ سەرلەبەیانی لە دۆڵە ڕەش تێپەڕ بوون و سەربازەکانی لەشکری دیکتاتۆڕ لە پاشەکشە دان. وا بەرەو لوڕێنزۆ پێشڕەوی دەکەین. ستێرلیتز.

سەرۆک‌کۆمار بە جارێک ئاگری گرت و ئارامی لێ‌بڕا. ساڤرولا بیری لە هەموو لایەنێک کردبۆوە و بۆ ڕووخاندنی ورەی دوژمن هەموو دەرەتانێکی قواستبۆوە. کاردانەوەی سەرۆک‌کۆمار ئەوەبوو کە بڵێ: هەی درۆزنی لەعنەتی! لە کاتێکدا لە لای خۆی دانی پێدا دێنا؛ بەرانبەرەکەی کە ئەو بە هیوایە تێکی‌بشکێنی، چەند ورد و بەتوانایە. هەر ئەوەش بەس بوو ‌کە دڵی داکەوێ، سام بیگرێ و خوێنی بوەستێ. هەرچۆنێک بێ لە خۆی نووسا و توانی ئەم هەستە لە خۆی دوور بکاتەوە و بەسەر خۆیدا زاڵ بێ.

ئەفسەرەکان دەمێک بوو بە وردی لە پلانی مولارا ئاگادار کرابوونەوە. وردبینی لە دارشتنی پلان و بوێری سەرۆک‌کۆمار ببوو بە پاڵپشت و هاندەریان.

شۆڕشگێڕەکان هەنگاوێک لە پێشتر و دەست پێشخەر بوون و دەیانزانی کە دەوڵەت بە گودتا وەڵام دەداتەوە و هەوڵ دەدا هێرش بکاتە سەر ناوەند و فەرماندەیی شۆڕش واتە دڵی جووڵانەوە. هاتباو پیاوەکانی دەوڵەت لەم هێرشەدا سەرکەوتبان، کار تەواو بوو و دەرئەنجامەکە دەگۆڕدرا.

سەرۆک‌کۆمار ڕووی کردە ئامادەبووان و پەنجەی ئاماژەی بۆ بەیانییەی شۆڕشگێڕان لە سەر دیوار ڕاداشت و گوتی: ئەم سەرهەڵدانە وەک هەشت پێ، زۆر باسکی هەیە، بۆیە گرنگە بەر لە هەموو شتێک سەری ئەم هەشت پێیە بپەڕێ.

ئامادە‌بووان گومانیان نەبوو کە ئەرکێکی قورس و گرانیان لە پێشە، بەڵام لێ‌بڕاوانە و بوێر لە پای بڕیاریان و لە پشتی ژنڕاڵ مانەوە.

بڵوارێکی پێچاوپێچ بە درێژایی چەند کیلۆمیتر کۆشک و بینای شارەوانی دەگایاندە یەکتر. بە درێژایی بڵوارەکە و هەروەها شەقامە باریکەکانی هاوتەریبی لە سێ قۆڵدا پێشڕەوی بە بێدەنگی دەستی پێکرد. سەرۆک‌کۆمار لە قۆڵی ناوەڕاستدا پیادە دەڕۆیشت. سورەنتۆ خۆی فەرماندەی ستونی قۆڵی چەپ بوو کە لەوانی دیکە مەترسی‌دارتر بوو. لە بێدەنگی تەواودا و دەگەڵ وەستانی جارناجارێک تا لێک‌هەڵنەبڕن بە شەقامە بێ‌دەنگەکاندا دەچوونە پێش. تاقە زیندەوەرێک نەدەبینرا. پەنجەرە و دەلاقەی ماڵەکان تێکڕا داخرابوون. دەرگاکان گاڵەدرابوون. هەرچەند ئاسمان لە ڕۆژهەڵاتەوە ڕووناکتر ببوو، بەڵام جارێ شار هەروا نوقم لە تاریکاییدا بوو. سەربازەکان لەپێشەوە لە تاریکیدا لە دارێکەوە بۆ دارێکی دیکە بە پارێزەوە هەنگاو بە هەنگاو دەچوونە پێش. کاتێک لە پێچی یەکەم تێپەڕ بوون، لە ناکاو دەنگی تەقەیەک لەبەردەمیان بەرز بۆوە. سەرۆک‌کۆمار هاواری کرد بۆ پێشەوە! دەنگی شەیپوور و کوتانی تەپڵی هێرش بە دوای دا شەقامیان پڕکرد. لە تاریکایی نێوان شەو و ڕۆژاندا و لەو بوومەڵێلەدا تارمایی سەنگەرێک لە چەند سەد میترییەوە لەبەر دەمیان دەبینرا و ڕێگای چوونە پێشی هەڵبڕی بوو. سەربازەکان بە گرمە و هاوارەوە هێرشیان برد. پارێزەرانی ناو سەنگەرەکە کە ناکاوگیر ببوون بە هەڕەمە و بەڕەڵا دەستیان بە تەقە کرد. پەشۆکا لەوەی کە بەخۆیان نەزانیوە و لە ژمارەی دوژمنیش ئاگادار نەبوون، بۆیە بەرلەوەی درەنگ بێ، پاشەکشەیان کرد. لە ڕاستیدا زۆر بەخێرایی و کەم تا زۆر لە چاوتروکانێکدا، سەنگەر تێکشکاو و دەستی بەسەر داگیرا. پیاوەکانی مولارا شاگەشکە و سەرمەست لە خۆشییان، بەبێ وەستان پێشەڕەوییان درێژە پێدا. لەو بەری سەنگەرەکە چوارڕێیەک دەرکەوت. تەقە لە هەموو لەیەکەوە بەرز بۆوە، گوللەی تفەنگان دار و دیواری ماڵەکانی دەور و بەری دادەبێژت. کەمین شکێنەکان کەوتنە بەر هێرشێکی توند بەڵام بە گەیشتنی هێزی یارمەتیدەر و خۆڕێکخستنی سەربازی دۆخەکە بە قازانجیان گۆڕدرا. ئێستا ئیتر وڵات بە تەواوی ڕووناک ببوو. هەر دوولا تەقەیان دەکرد. سەربازەکان پێشڕەویان دەکرد و خەڵکی چەکداری شاریش لە پاشەکشەدا بوون و بریندارەکانیان لە پاش بەجێ دەما. سەربازەکان دەگەیشتنە سەریان و بە سەرنێزەکانیان بێ‌بەزەییانە دەیانکوشتن. لە سەربانی هەموو ماڵێکەوە، لە پشت پەنجەرانەوە و لە هەر قوژبنێک هەڵکەوتبا، لە پەنا جەندەکی دوژمندا تەقە دەکرا و هێمنی و ئۆقرە لە شەقامەکان بڕابوو. بۆ دۆزینەوەی پەنایەک هەر دوولا خۆیان بە ماڵاندا دەکرد، کورسییەشڕە، مێز و یان هەر شتێک کەوتبایە بەر دەستیان دەیان هێنا و دەیانکردە سەنگەر، هەرچەند ئەمانە نەیدەتوانی لەبەرانبەر بارانی گوولەدا کەس بپارێزن.

سەربازەکان سەرەڕای دانی کوژراو ‌و بریندار، بەردەوام هەروا بەرەو پێش دەچوون. بەرەبەرە خۆڕاگری و تەقەی شوڕشگێڕان چڕ و پڕتر دەبوو، ژمارەیەکی زۆرتر خەڵک خۆیان دەگەیاندە ڕیزی بەرگری. خۆڕاگری لەبەرانبەر ڕیزەکانی پێشەوەی سوپا بەهێز و بە هێزتر دەبوو. لە شەقامەکانی تەنیشتەوە هەر بەم چەشنە، ‌ تەقە و پێکدادان لە پەرەستاندن دابوو.

دەستەی ژێر فەرماندەیی سەرۆک‌کۆمار کە هەر دەهات و ژمارەی لە کەمیی دەدا توانای بەربەرەکانی و داهێنەری نەمابوو. سەرئەنجام شۆڕشگێڕان هاتنەوەخۆ و خۆیان ڕێکخستەوە و چیتر پاشەکشەیان نەکرد. لە پشتی تۆپخانە کە بریتی لە چوار ڕیز تۆپ بوو و لە ناوەڕاستی بڵواردا کۆبوونەوە. ئەم تۆپخانەیە مەتەرێزی سەرەکی پاراستنی سەرکردایەتی شۆڕش بوو کە لە بینای شارەوانی دا جێگیر بوو. تا بینای شارەوانی مەودایەکی زۆر نەمابوو و مولارا هانی سەربازەکانی دەدا کە کۆڵ نەدەن و بچنە پێش. هێرشی بوێرانە بۆ دەست بەسەرداگرتنی تۆپەکان بە کۆژران و بریندار بوونی سێ کەس تەواو بوو بێ ئەوەی ئەنجامێکی هەبێ. ئەمجارە سەربازەکان لە شەقامەکانی تەنیشت بڵوارەکە سەنگەریان گرت بەڵام لایەنی بەرانبەر لە پشتەوەڕا پەیوەندی دەستەی مولارای دەگەڵ ئەوانی‌تر هەڵبڕێ و ‌ڕێگای پاشەکشەی لێ‌گرتن. سەربازەکان بەهیوا بوون لە بێ‌ئەزموونی خەڵک لە شەڕدا کەڵک وەرگرن و بە سەریاندا زاڵ بن. بۆیەش خۆیان بە ماڵاندا کرد و چوونە سەربانان کە لە سەرەوە ڕا بیاندەنە بەر دەستڕێژ. بە هەمان دەستوور لایەنی بەرانبەریش وە سەربانی ماڵان کەوتن و سەربازەکانیان دایە بەر دەسترێژ بێ ئەوەی هیچ لایەک دەسکەوتی هەبێ. زۆرتر دووکەڵکێشی بوغاری، گوێسوان و لووساوکەکان دەکەوتنە بەر گوللە.

سەرۆک‌کۆمار هیچ بیری لە پاراستنی خۆی نەدەکردەوە، بەردەوام لە لای ئەم دەستە سەربازەوە ڕای‌دەکردە لای دەستەیەکی دیکە و بە ئازایەتی خۆی ورەی پێ‌دەبەخشین. سەروان تیرۆ کە هەنگاو بە هەنگاو و سەنگەر بە سەنگەر دەگەڵ سەرۆک‌کۆمار بوو بە پێی ئەزموونی تەواو لە شەڕ دەیزانی کە ئەم خۆڕاگرییەی لایەنی بەرانبەر کە ئەمانی وەستاند بوو، چارەنووسیان دەگۆڕێ و چی باشی لێ ناکەوێتەوە. هەر خولەکێک پڕبەها و بەنرخە و نابێ بە فیرۆ بچێ. هێزەکەیان کەم تا زۆر بە تەواوی کەوتبووە گەمارۆی دوژمنەوە. لە کاتێکدا تفەنگ بەدەست دەرگای ماڵێکی کردەوە بەو پەڕی سەرسوورماوییەوە ‌میشێلی بینی. جەنابی مونشی تفەنگی بەدەستەوە بوو و بە پارێزەوە لە پشت سەربازەکان پەنای گرتبوو، هاتبوو تا یارمەتی بدات و بەشداری شەڕەکە بێ. بە پلیکانەکاندا ڕایکرد و هاواری کرد: ئەمڕۆ هەموومان سەربازین. بەدوای ئەودا چەند سەربازی پیادە ڕایانکرد کە بچن لە پەنجەرکانەوە تەقە بکەن. تیرۆ نەیدەتوانی سەرۆک‌کۆمار بەجێ‌بهێڵێت، بەڵام لە بوێری و غیرەتی ‌میشێل سەری سووڕمابوو پێی وابوو بۆ ئافەرین دەبێ.

بەرە بەرە هەموو لایەک لێی ڕوون بوو کە پێشڕەوی و هێرشی لایەنی دەوڵەت شکستی هێناوە و پێشگیری و خۆڕاگری لەوە زۆرترە کە دەروەستی بین. تا ئێستە یەک لە سەرسێی هێزی دەوڵەت کوژراو یانیش بریندار ببوون. ناچار فەرمان دەرچوو کە بۆ دواوە بکشێنەوە. بە قوونەشەڕ بەرەو کۆشک ڕۆیشتن.

شۆڕشگێڕان قریوەیان تێکەوت و لە هەموو لایەکەوە سەریان لە دوو نان. ئەو دەستە لە سەربازانەی کە پەیوەندییان بڕابوو نەیاندەتوانی بەرەو کۆشک پاشەکشە بکەن لەسەربانی ماڵەکانەوە ئازایانە دەستیان کردەوە. لە کۆتاییدا زۆربەی هەرە زوریان بە شێوەی جۆراجۆر کوژران. چونکە ئیتر خوێن بەری چاوی هەموو لایەکی گرتبوو و دەرەتانێک بۆ لێبوردن نەمابوو. بەشێک ئاگریان لە ماڵەکان بەردەدا تا بەڵکوو بتوانن بەیارمەتی و لە پەنای دووکەڵدا خۆ دەربازبکەن، کەچی ئەمە لە فریای ژمارەیەکی زۆر نەهات. کاتێک تۆزکاڵێک شەڕەکە لە کەمێی دا تازە بیریان کەوتەوە دەتوانن لە باتی کوشتن، دوژمن بە دیل بگرن. ئینجا یەک یەک و دوو دوو ئەوانەی وا خۆیان لە دۆڵاب و ژێرخانی ماڵاندا شارد بۆوە هاتنەدەر و ‌میشێلیش یەک لەوان بوو کە خۆی بەدەستەوە دا. ئەم ستووونەی قۆڵی ڕاست کە بریتی بوو لە پێنج دەستەی گارد چەکیان دانا و بەڵێنییان پێ‌درا کە ژیانیان بپارێزرێ. ئەو بەڵێنییەشیان بردە سەر. پاشان دەرکەوت کە ئەفسەرانی فەرماندەی ئەم قۆڵە هەوڵێکی زۆریان دابووکە کەمترین کوشتار بکرێ.

ئەوەی لە هێزەکانی سەر بە دەوڵەت مابۆوە لە تاکە ستوونێکدا یەکیان گرتبوو و ‌هەوڵیان دەدا بگەڕێنەوە کۆشک، کە دیارە ئەمەش بەبێ قوربانی دان و کوژراو نەدەکرا. سەرەڕای شکست و قوربانی زۆر ئەم ستوونە هەر وا لەشەڕ و حەریفێکی سەرسەخت بوو. دەستەیەک لە شۆڕشگێڕان ڕێگەی پاشەکشەی ئەم ستوونەیان گرت و شەڕێکی بێ‌ئەمان دەستێ پێ‌کرد. ئەوەی کوژرا کوژرا و ئەوەی تریش بە دیل گیرا و تەنیا هەشتا کەسێک دەگەڵ سەرۆک‌كۆمار و سورەنتۆ خویان گەیاندەوە کۆشک. دەروازەکانی کۆشک داخران و ئەم ژمارە کەمەی مابوون دەست بەکار بوون کە خۆ بۆ بەرگری‌کردن ڕێک‌بخەن.

بــەشــی ١٧

بەرگری لە کۆشــــک

هەر کە گەیشتنەوە ‌پشت دەروازەکانی کۆشک و چل‌مێردەیان خستە پشتی، سەروان تیرۆ بە یەک لە فەرماندەکانی دەستەی پیادەی گوت: ئەمە خراپترین وەزعێکە تا ئێستا تێی‌ کەوتبم.

فەرماندەکە وەڵامی دایەوە: هەر لەسەرەتاوە خراپ وێدەچوو، کاتێکیش تۆپەکانیان هێنایە مەیدان ئیتر ڕوون و ئاشکرا بوو کە وەزعمان شڕ دەبێ.

فەرماندەی سوارەنیزام گوتی: ئەوە تۆپەکان نەبوون کە کۆڵیان‌کوتاین بەڵکوو ئێمە پێویستمان بە دەستەی سوارە نیزام بوو.

فەرماندەی پیادە نیزام کە نەی‌دەویست بکەوێتە باس لەسەر ئەوەی کە چ جۆرە لێهاتوویەکی سەربازی سەنگی زۆرتر دەبوو، گوتی: ئێمە دەبوایە ژمارەمان زۆر لەوە پتر بوایە. هیچ لەوە خراپتر نییە کە بکەوێ پاشکۆ و قوونەشەڕەوە.

تیرۆ:

  • ئەم بەشەی دوایی بە ڕاست سەخت بوو، زۆرتر ڕاکردن بوو تا قوونەشەڕ. تۆ بڵێی بریندارەکان چییان لێ بەسەر بێ. قەتڵی عامیان دەکەن؟
  • یەکە بە یەکەیان. لەوە دڵنیام. خۆ لەم ئاخرییانەدا وەک جانەوەری هاریان لێ‌هاتبوو.
  • ئێستا بڵێی چ ڕووبدا؟
  • هەڵبەت دێن و لێرە لە گیانمان بەردەبن.

سەروان تیرۆ بە بزەیەک لە سەرلێوان گوتی:

  • بابزانین. هێندەی نەماوە پاپۆڕەکانی هێزی دەریاییمان بگەنەوە تا ئەوکات دەبێ خۆمان ڕاگرین و کۆشک بپارێزین.

کۆشک جورێک هەڵکەوتبوو کە پاراستنی زۆر زەحمەت نەبوو. شۆرەی پتەوی قایم لە بەرد، زۆربەی پەنجەرەکانی تا ئاستێکی باش و بەرز بوون و ئەوانەی وا نەزم و ڕوو بە دەرەوە بوون نەردەی ئاسنی قایمییان تێگیرابوو. پەنجەرە فەرانسییەکانی سەر هەیوان پێشیان ئاواڵە بوو بەڵام چەند ئەنگیوەی باش لە سەر بورجەکانەوە دیانتوانی پێشی هەر هێرشێک لەو قۆڵەوە بگرن. وا دەردەکەوت کە وەستا و ئەندازیاران کاتی خۆی هەموو ئەو ئەگەرانەیان لەبەر چاو بووە و لە دروستکردنی کۆشکدا ڕەچاویان کردووە. دەردەکەوێ هەر کۆشک نییە، لە تەنگانەدا قەڵاشە. دەروازەی سەرەکی بە دوو بورج لەمبەر و لەوبەرەوە دەپارێزرا. هەر کام لە بورجەکانیش ژووری دیدەوانی تایبەتییان هەبوو. سەرەڕای ئەمەش ئێرە خاڵی لاوازی کۆشک بوو کە دوژمن دەیتوانی زەفەری پێ ببا بۆیە زۆربەی هەر زۆری هێزی ناو کۆشک بۆ ئەم بەشە تەرخان کرا و لێی دامەزرا.

خەڵکی سەر بە شۆڕش ژیر و بەپاڕێز بوون و هەروا دەستەوبەجێ هێرشیان نەهێنایە سەر کۆشک. دڵنیا لە بەختی خۆیان و داماوی دوژمن، دەیانتوانی پەلە نەکەن و چاوەڕوان بن. هاوکات کە ئەم ژمارە کەمە لە لایەنگرانی دەوڵەت کە مابوونەوە و خەریک بوون خۆیان ڕێک‌دەخست، لایەنی بەرانبەریش سەنگفەرشی شەقام و کۆڵانەکانیان هەڵدەکەند و لە پشت پەنجەرەکانەوە سەنگەری قایم و پتەویان پێ هەڵدەبەست کە بتوانن لەوێوە تەقە بکەن و شوێن و جێگەشیان ئەمین بێ. دەروازەکان قایم کران و تەقەمەنی دابەشکرا، ئەرکەکان و دەستەکانی پارێزەر هەرکام ئەفسەری بەرپرسی خۆیان بۆ دیاری کران. ئێستا هەموو لایەک لە سەر ئەم باوەڕە بوون کە ئەمە شەڕی مان و نەمانە.

مەزاقی مولارا لەم ماوەیەدا دیسان ئاڵوگۆڕی بەسەرداهاتبوو. دەرهەڵبوون و گڕگرتوویی شەوی پێش دامرکابوو و جێگای خۆی دابوو بە ئازایی و بوێری. سەرلەبەیانی بەهیوای ئەوە کە بینای شارەوانی بگرێت فەرمانی هێرشی دابوو تووشی شەڕێکی قورس هاتبوو، پاش کوژران و دانی قوربانێکی زۆر، شکستی هێنابوو. ئێستا کە بە هەزار ئەڵلا و وڵلا ڕزگاری هاتبوو و گەڕابۆوە ناو کۆشک، تێگەیشتبوو کە دەرفەت و هیوا بە لە ناو بردنی ساڤرولای لە کیس چووبوو، هێند گەروتاڵ و تووڕە بوو کە لە ئێستا دا زۆرتر لە جاران لە مەرگ بیزار بوو و مەودای دەویست بەڵکوو دەفریای تۆڵە بکەوێت. تووڕەیی کە هاندەری بوو بۆ تۆڵەکردنەوە بەربەرە شوێنی خۆی دەدا بە نیگرانی و ئێستا بیری لە ‌ڕێگاچارە و نەجات دەکردەوە، لە عەیبەتان و لەتاوان حەجمینی لێ‌هەڵگیرابوو. بە لای خۆیەوە بیری دەکردەوە کە پاش چەند سەعاتێکی دیکە یارمەتیدەری دەبێ و هێزی دەریایی دەگاتەوە، بەڵام ئاڵۆز و پەرێشان بوو کە نەکا پاپۆڕەکان درەنگ بگەنەوە و تۆپەکان کاتێک بکەونە دەنگ کە ئەو ئیتر لە ژیاندا نەمابێ. لە هەژمە و هێشی دەروون لەرزێکی پێ‌داهات و خۆف لە مەترسی ڕۆژگارێکی ڕەش و نەکبەت لە ناخیدا لە سەرهەڵداندا بوو. دڵ و دەروونی ببوو بە مەکۆی ترس و کۆی ئەندام و هەستەکانی سەربزێو ببوون و بێ‌گوێییان دەکرد. ئەو دەبوایە بترسێ چونکە هەموو ڕق و قینی خەڵک لە حکومەت، لە سەر ئەو و دژی ئەو کەڵەکە ببوو و دەشی‌زانی کە خەڵک ڕشتنی خوێنی ئەویان بەر لە دەروبەری بەلاوە گرینگ بوو. دڵشکاو و بێ‌زەوق ڕۆیشتە ژوورەکەی خۆی و لە داڕشتنی پلانی پاراستنی کۆشکدا بەشداری نەکرد.

دەوروبەر کاتژمێر یانزدەی سەرلەبەیانی ئەنگێوەکانی هێزی شۆڕش لە خانووەکانی دەوروبەری کۆشک نزیک بوونەوە. لەناکاو لە یەکێک لەپەنجەرکانەوە تەقەیەک کرا و ئەوانی تریش بە دوای دا. ئیتر زۆری نەخایاند ‌شەڕ دەستی پێکردەوە. پارێزەرانی کۆشک کە لەپشت دیوارەکانی کۆشکدا سەنگەریان گرتبوو بە وریاییەوە وەڵامی هێرشبەرانیان دایەوە. سەروان تیرۆ و گوربانێکی گارد، یەک لە کۆنە هاوسەنگەرانی مولارا لە پشت پەنجەرەکانی ژووری دیدەوانی بورجی قۆڵی چەپی سەر دەروازەی گەورە، سەنگەریان گرتبوو. هەردووکیان ئەنگێوەی لێهاتوو بوون. سەروان گیرفانەکانی لە فیشەک پڕکرد بوون و سەرگوربانیش فیشەکەکانی خۆی لە سەر لێواری پەنجەرە بەڕیز و هەر رێزەی پێنج فیشەک بە وێنەی پەنجەکانی دەست، دانابوون. لە شوێنی خۆیانەوە تەواوی بڵواریان کە تا گۆڕەپانی بەر دەروازەی گەورە دەهات، لێوە دیار بوو. لە دەرەوەی ژووری پاسەوانییەوە چەند ئەفسەر و سەربازێک هێشتاش خەریکی قایمکردنی سەنگەر و مەتەرێزەکانیان بوون. پشتی دەروازەیان بە کاریتەی زیادی و تەختەداری ئەستوور قایم دەکرد کە ئەگەر هاتوو دوژمن لەو خاڵە نزیک بۆوە، نەتوانێ زەفەری پێ‌ببا.

تەقەی تفەنگان کە لە خانووەکانی دەوروبەرەوە ئاگر دەدران و جاروبار بەرد و داری سەنگەرەکانیان دەپێکا، ئەزێتیان زۆرتر بوو تا مەترسی. پارێزەران پەلەیان نەدەکرد و بەر لە تەقەکردن بە وریاییەوە نیشانەیان دەگرت تا تەقەمەنییان بەفیڕۆ نەچێت. لە ناکاو نزیکەی سێ‌سەد کەس لە سەر شەقامی بەرەو دەروازە بینران و شتێکیان کە وێدەچوو زۆر قورس بێ، ڕادەکێشا و پاڵیان دەدا.

سەروان تیرۆ لە پیاوەکانی بەر دەروازە ڕاخوڕی و گوتی: سەیر کەن! ئەوە تۆپە دەی‌هێنن پاشان بە وردی سێرەی لە دوژمن گرت کە وا خەریک بوون بەرەبەرە دەهاتنە پێش و تەقەی لێکردن. بەدوای ئەودا سەرگوربان و ‌تێکڕای ئەوانەی دیکە کە دوژمنیان لێ دیاربوو دەستیان کرد بە تەقە. هێرشبەران شلیان کردەوە بەڵام نەوەستان. چەند کەسێک لە ڕیزی پێشەوە بەلاداکەوتن، چەند کەسێک دەستیان بەرز کردەوە. ژمارەیەک بریندارەکانیان دەگواستەوە. هێرش لە تاوتۆی کەوتبوو. ژمارەیەک ڕایانکرد، ژمارەیەک لە پەنا و پەسێوی ئەمبەر و ئەوبەری شەقامدا چوون لە سەنگەرەوە. تۆپ ((یەک لەو دوازدە تۆپانەی دەستیان بەسەردا گیرابوو)) لە ناوەڕاستی شەقامدا بەجێ مابوو. لە دەوروبەری تۆپەکە نزیک بە دە لەشی بێ گیان وەک ‌تارمایی دیاربوون.

سەربازەکان لەخۆشییان هاواریان کرد و هێرشبەرانیش لە خانووەکانی دوەروبەر ڕا دایانگرتن. پاش چارەگە سەعاتێک ‌هێرشێکی نوێ لە شەقامەکانی تەنیشتەوە دەستی پێکرد. ئەمجارە چوار عارەبانە کە فەردە ئاردیان لەسەر بوو وەپێش خۆیان دابوون. هەمدیسان کەوتنە بەر تەقەی توندی پارێزەرانی کۆشک. کە گوللەکان بەر گۆنییەکان کەوتن تۆزێکی مەیلەو زەردیان لێ بەرزبۆوە و وەک هەور وڵاتی داگرت. هێرشبەران لە پەنا سەنگەرە گەرۆکەکەیاندا لە هێرشەکەیاندا بەردەوام بوون تا خۆیان گەیاندە تۆپەکە و فەردەکانیان بە دەوری تۆپەکەوە هەڵچنی و سەنگەریان هەڵبەست. ئێستا بەشێکیان لە سەر چۆک لەم ساتیرە کاتییەدا ‌دامەزران و پارێزراو لە پشت ئەم سەنگەرەوە کۆشک و سەنگەرەکانی دوژمنیان داگرت، لە کاتێکدا چەند کەسێکیش خەریک بوون تۆپەکە ئامادە بکەن.

سەربازەکانیش کە لە پلانەکە گەیشتبوون بەو پەڕی تواناوە تێدەکۆشان پەکیان بخەن و مۆڵەتیان پێ‌نەدەدان. هێرشبەران ئەمجارە توانیان بە دانی تەنیا دوو قوربانی، تۆپەکە ئامادەی تەقاندن بە سەر دەروازەی کۆشکدا بکەن. کەسی سێهەم هاتە پێش، پەتەکە بکێشێ تا یەکەم گوللە تۆپ دەربچێ، کەچی بە گوللەی سەروان تیرۆ گلا و لە پەنا تۆپەکە کەوت. دەنگی ئافەرینی سەرگوربان بەرز بۆوە کە گوتی: بژی سەروان لە خاڵت دا. پاشان سەری بەرز کردەوە و سێرەی لە یەکی دیکە کە خەریک بوو خۆی لە تۆپەکە نزیک بکاتەوە، گرت. سەرنجێکی زۆری دایە و ورد بۆوە کە دڵنیا بێ. وەک فێرکرابوو و خووی پێ‌گرتبوو، هەناسەی ڕاگرت پەنجەی لە سەر پەلاپیتکە دانا. لە ناکاو هاوارێک و ناڵەیەکی کپ بەرز بۆوە. سەروان تیرۆ لە ئاخر چرکەدا خۆی لادا کە شەتڵی خوێن نەبێ. سەرگوربان ئەنگاوترابوو و جەندەکی بێ‌گیانی لەوێ کەوتبوو. ئەمجارەیان هەموو شت ئامادە بوو بۆ ئەوەی پەتی تۆپەکە ڕاکێشرێ.

سەروان تیرۆ هاواری کرد: لە دەروازە دوور کــــــــــــەونەوە! چیتر پێشم بۆ ناگیرێ. تفەنگەکەی دەست دایە و ئەمجارە هەروا هەڕەمەکی دەستی کرد بە تەقەکردن. لەم کاتە دا دووکەڵێک لە تۆپەکە بەرز بۆوە و یەکی دیکەش لە بن دەروازە. تەڵاشە دار و پڕیشکی گوللە تۆپ ژمارەیەکی زۆری لە وانەی لە دەوروبەری دەروازە بوون کوشت و بریندار کرد. ئەوەی دەیتوانی بجووڵێ خەریک بوو بەپەلە جێی خۆی قایم بکات.

ماوەیەکی باش هاواری شادی لە باڵەخانەکانی دەوربەر کە سەنگەری هێزەکانی شۆڕش بوون بەرز بۆوە. زایەڵەی ئەم هاوارە و گرمەی تۆپ وەک مزگێنی خۆشی گەرەکەکانی دیکەی شاریشی گرتەوە. پاش ئەم هاواری خۆشییە دەنگی تەقەی هێرشبەران چرتر بۆوە، بەڵام زۆری نەخایاند کە دەنگی شەیپوورێک بەرز بۆوە و پاش دەمێکی کورت تەقە وەستا. پێاویک ئاڵای سپی بەدەستەوە لە سەنگەر هاتە دەر و دووی دیکەش بە دوایدا هاتن. لە کۆشک ڕا دەسرەیەکی سپییان ڕاوەشاند بە نیشانەی ئەوەکە ئامادەن نوێنەرانی پارڵمان ببینن. ئەم سێ کەسە بەرەو دەروازەی تێکشکاوی کۆشک کەوتنە ڕێ. ئاڵاهەڵگرەکە مۆریت بوو کە بە تەنیا لە دەروازەوە چۆ ژوور. ژمارەیەکی زۆر لە پارێزەران پۆستەکانی خۆیان جێ‌هێشت، هاتن تا ببینن و ببیستن مەرجەکان چن.

مۆریت ڕووی تێکردن و گوتی:

  • من داوا دەکەم هەمووتان تەسلیم بن. ژیانتان پارێزراو دەبێ و بە پێێ دادگا و یاسا هەڵس‌وکەوتتان دەگەڵ دەکرێ. .

سورەنتۆ هانگاویک هاتە پێش و گوتی:

  • ڕوو بە من قسان بکە. من فەرماندەی ئێرەم.
  • بە ناوی کۆمارەوە داواتان لێدەکەم کە هەمووتان خۆ بە دەستەوە بدەن و تەسلیم بن.
  • تۆ بۆت نییە ڕوو بە سەربازەکان قسە بکەی. ئەگەر جارێکی دیکە دووپاتی بکەیەوە ئاڵای پارڵمان لە فریات نایە و نات پارێزێ.

مۆریت ڕووی تێکرد و گوتی:

  • بەرگری بێ‌ئا‌کامە. بۆ دەخوازی لەوە زۆرتر خوێن بڕژێ. خۆتان تەسلیم بکەن، ژیانتان لە ئەمان دایە.

وەزیری بەرگری، سورەنتۆ، بیری کردەوە؛ لەوانەیە بزانن کە پاپۆڕەکان وا خەریکە نزیک دەبنەوە و بۆیە وا پەلە دەکەن کە تەسلیم بین. جا کە وایە با بڕێک کات بکوژین. ڕووی کردەوە مۆریت و گوتی:

  • پێویستمان بە دوو سەعات کات هەیە کە مەرجەکان تاوتوێ بکەین.

مۆریت لێ‌بڕاوانە و بە دەنگی بەرز گوتی:

  • نەخێر؛ ئێوە دەبێ هەر ئێستا تەسلیم بن.
  • شتی وا ناکەین. دەتوانین کۆشک بپارێزین و بە زووییش هێزی دەریایی دەگاتەوە و سوپا سەردەکەوێ.
  • واتە ئێوە مەرجەکانی ئێمە رەت دەکەنەوە؟
  • ئێمە هەموو پێشنیارەکانتان رەت دەکەینەوە.

مۆریت ڕووی کردە سەربازەکان و گوتی:

سەربازینە من ڕووم لە ئێوەیە. ئەم شانسە لە کیس مەدەن با ژیانتان بە فیرۆ نەچێ. مەرجەکانی ئێمە قەبووڵ بکەن، شەق لە بەختتان هەڵ مەدەن.

سۆرەنتۆ ڕووی کردە مۆریت و بە زمانێکی گرژی تووڕەوە گوتی:

هەتیوە! ئیتر خەریکە تاقەتم لێت بەسەردەچێ. ئێوە سیویلن و ڕێوڕەسمی شەڕ نازانن. ئەوە ئەرکی منە پێت ڕابگەییەنم، ئەگەر هەمدیسان هەوڵ بدەی سوپای وڵات بۆ تەسلیم بوون هان بدەی و ورەیان بشکێنی بە گوولەیەک کۆتایی بە ژیانت بێنم و دەمانچەکەی هەڵکێشا.

بە هەموو حیسابان دەبوایە مۆریت خۆی کۆکردباوە و ئاگای لە خۆی با، بەڵام بێباک، بوێر و بێگودار وەک هەمیشە بێ ئەوەی بایخێک بۆ قسەکانی سورەنتۆ دابنێ دڵگەرم و هیوادار بوو کە بتوانێ بەر بە ڕشتنی خوێنی زۆرتر بگرێ و نەهێڵێ خەڵکی زۆرتر تێدا بچن. هەروەها پێی وانەبوو کە سورەنتۆ وا دەمارگرژ و دڵرەق بێ و تەقەی لێ بکات، بۆیە ڕووی کردەوە حەشیمەتەکەی دەوروبەری و گوتی:

من مزگێنی ژیانم بۆ هێناون، مەرگ هەڵمەبژێرن!

سورەنتۆ دەمانچەکەی بەرزکردەوە و تەقاندی. مۆریت کەوتە سەر هەرد و خوێنی ڕژایە سەر ئاڵا سپییەکەی دەستی. چەند جارێک لاقەفڕتەی کرد، هەموو لەشی لەرزی و ئیتر لە جووڵە وەستا. دەنگێکی حەپەساوی سەرسووڕماو لە ئامادەبووان کە چاوەڕوان نەبوون هەڕەشەکان وەڕاستی بگەڕێن، بەرز بۆوە. بەڵام نابێ چاوەڕوان بی کە پیاوی وەک وەزیری بەرگری هاودەردی ئامادەبووان بێ و خەمی کارەساتێکی وا بخوات چونکە ئەم جۆرە پیاوانە ژیانیان دیلی بەند و پاراگرفە.

دوو هاوڕێ‌کەی مۆریت کە لەو بەری دەروازەوە چاوەڕوان بوون بە بیستنی دەنگی تەقە سەریان بە ئەودیوی دەروازەدا کرد، دیمەنەکەیان بینی و زۆر بەخێرایی گەڕانەوە دوایە بۆ لای هەڤاڵەکانیان. سەربازەکانیش کە بێ‌هیوا ببوون بە سەرسەنگی و بێ‌مەیل گەڕانەوە سەر پۆستەکانی خۆیان.

مولارا لە ژوورەکەی خۆی بە بیستنی خەبەری هاتنی وەڤدی پارڵمان هیوایەک لە دڵیدا سەری هەڵدا کە بەڵکوو ڕێگەیەکی نەجات یان تەنانەت تۆڵە بدۆزێتەوە، هاتە دەروە. لەسەر پلیکانان بە دەنگی دەمانچەیەک کە زۆریش لێیەوە دوور نەبوو ڕاچڵەکی. بە دیتنی تەرمی لە عەرز کەوتووی ئەندام پارڵمان حەپەسا. ڕووی کردە سورەنتۆ و هاواری کرد:

  • ئای بۆ خاتری خوا ئەوە چیتان کردووە؟
  • یاخی‌یەکم کوشتووە. مەبەستی خراپی هەبوو و خەریک بوو سەربازەکانمان لێ‌هەڵگێڕێتەوە. ئامۆژگاریم کرد کە دەست هەڵگرێ و لای وا نەبێ ‌لەژێر ئاڵای پارڵماندا هەرچی پێی‌خۆش بێ دەتوانێ بیڵێ. بەڵام ئەو هەر بەردەوام بوو و دەم‌درێژی دەکرد.

مولارا لەرزی چون دەیزانی ئیتر تاکە ڕێگا و هومێدیش کە هەبوو، نەما، گوتی: تۆ حوکمی مەرگی هەموومانت دەرکرد، پاشان داهاتەوە کاغەزێک کە ‌لەژێر باڵتەی مۆریتەوە دیار بوو هەڵی‌گرتەوە. لە سەر کاغەزەکە نووسرابوو:

“بە هۆی ئەم نووسراوەیە مافی ئەوەت هەیە کە تەسلیم بوونی ئانتونیۆ مولارا سەرۆک‌کۆماری پێشووی وڵات، ئەفسەران و لایەنگرانی کە دەستیان بەسەر کۆشک داگرتووە، قەبوول بکەی و لە چاوەڕوانی مەحکەمەی یاسایی و بڕیاری دەوڵەت دا پاراستنی گیانیان دەستەبەر بکەی و هیچ ئازاریان پێ نەگات. بەناوی لیژنەی ئاسایشی گشتی، ساڤرولا.”

ئێستاش وا سورەنتۆ ئەو پیاوەی کە دەیتوانی ئەوان لە دەست تووڕەیی و داخ‌لەدڵی کۆمەڵانی خەڵک ڕزگار بکات کوشتووە. دەستەوەستان بێ‌ئەوەی هیچ بڵێ پشتی تێکرد و ڕۆێشت. هەر لەوکاتەش دا تەقەی هێرشبەران سەرلەنوێ لە هەموو خانووەکانی دەروبەری کۆشکەوە دەستی پێکردەوە چونکە زانیبوویان ڕاسپاردە و پەیام‌هەڵگریان چی لێ بەسەرهارتووە.

لەو ماویەدا مولارا بێ‌ئەوەی جووڵەیەک بکات لە گۆڕەپانەکەدا وەستا بوو. هەموو شانازییەکان، سەرمەست‌بوونەکان و گشت هیواکانی گەیشتبوونە کۆتایی خۆیان. ئەرک و ڕۆڵی ئەو لە سیاسەتی جیهاندا تەواو ببوو. ئەو لە دەریای بێ‌بنی کاتدا نوقم ببوو، بێ ئەوەی بڵقێکی لێ لە پاش بەجێ بمینێ.

لە تەواوی ئەم ماوەیەدا کە پلانی دژ بە دەوڵەت دادەڕێژرا، ساڤرولا بە ئانقەست و ئاگایانە مولارای خستبووە پەراوێز کە لە سەر زاران و بە دەرەوە نەبێ. ئەمەش بەشێک بوو لە میرات و پەروەردی بنەماڵە. بنەماڵەیەک پڕ لە خۆشەویستی و ڕێز کە مروڤێکی دلۆڤان، ژیر و بەتوانای پەروەردە کردبوو. ساڤرولا دایک و دوو خوشکی لە خۆی گەنجتری هەبوو کە ئەویان زۆر خۆشدەویست و زۆر بە گەورەیان لێ‌دەڕوانی.

سورەنتۆ ماویەکی زۆر بە بێ‌وازی وەستا و سەیری ئاسەوار و دەستکردی خۆی کرد بەڵام خوو و خدەی توندئاژۆ و کرداری بێ بەزەییانەی، ڕێگر بوو لەوەی کە پەژیوانیی ڕاستەقینە ڕووی تێ‌بکات. ئەو ساڵانێکی زۆر بوو مولارای دەناسی و ئێستا لای سەیر بوو کە کوشتنی مۆریت وا بەم چشنە تووڕەی کردووە و حەپەساوە. لە پاڵ خۆیدا بیری کردەوە و گوتی: ئەگەر بمزانیایە و یان گومانم کردبا کە سەرۆک‌کۆمار ئامادەیە تەسلیم بێت، بێ‌شک منیش جۆرێکی دیکە ڕەفتارم دەکرد. بڵێی ڕێگایەک بۆ قەرەبوو کردنەوە نەبێ؟ لە ناخی خۆیدا بیری دەکردەوە؛ ئەوەی بەرپرسیایەتی دابوو بە مۆریت ئەم ئەرکە بەڕێوە بەرێ و تەسلیم بوونیان قەبوول بکات پێگە و دەسەڵاتی لە ناو خەڵکدا بەهێزە و ئێستا بێگومان وا لە بینای شارەوانی دایە. دەبێ پەیامێکی بۆ بچێ. بەڵام چۆن؟

سەروان تیرۆ، باڵاپۆشێکی سەربازی بە دەستەوە، هاتە پێش، تووڕە لە کردەوەی باڵادەستی خۆی بێ ئەوەی شتێک لە هەستی دەروونی بە زماندا بێنێ، داهاتەوە و مەیتی کوژراوەکەی ڕێک کرد و پاشان باڵاپۆشە سەربازییەکەی بە سەر دەموچاویدا دا و هەستایەوە سەرپێ، ڕوویکردە سەرهەنگ سورەنتۆ و گوتی:

سەرهەنگ! نازانم و گومانم هەیە کە داخوا چەند سەعاتێکی دیکە کەس دەبێ ئەم خزمەتەش دەرحەق بە تۆ بکات.

سۆرنتۆ سەیرێکی کرد، پێکەنینێکی تاڵی هاتە سەر لێوان و وەڵامی دایەوە:

  • پــــەح، چ پەکم بەمە کەوتووە. ئەگەر ئێوەش وەک من لەم هەمووە شەڕانەدا بەشدار بووبان وەک من دەبوون و ئیتر وا دڵناسک نەدەبوون.
  • بڕوا ناکەم ئیتر دەرەتانی بینینی زۆر شەڕی دیکە بلوێ، چونکە ئێوە تەنیا کەسێک دەمانتوانی تەسلیمی بین و ئەمانمان بدا، کوشتت.
  • یەکی دیکە هەیە، ساڤرولا. دەتهەوێ بژی بڕۆ ساڤرولا بێنە با ئەو سەگ و گورگانەی بکێشێتەوە دوایە.

سورەنتۆ ئەمانەی زۆر بە لەبزێکی گاڵتەئامێز و سووکەوە گوت. بەڵام هەر ئەم قسانە بوون بە گەرای بیرۆکەیەک لە لای ئەم ئەفسەرە گەنجە.

تیرۆ، ساڤرولای دەناسی، ڕێزی بۆی هەبوو و زۆر خاڵی هاوبەشیان بە یەکەوە هەبوو. ئەو بە دڵنیایەوە لە گەڵی دەهات بۆ ئێرە. بەڵام لە کۆشک وەدەرکەوتن هاسان نەدەهاتە بەرچاو. ئەگەرچی گوشاری سەرەکی لە سەر دەروازە گەورەی کۆشک بوو بەڵام دەوری کۆشک بە تەواوی تەندرا بوو و جارناجارێک لەوێشەوە تەقە دەکرا تا بوونی هێزیان لە هەموو دەوروبەردا بنوێنن. ڕەهەندێک نەبوو، باڵۆنیش کە نەبوو بە ئاسماندا دەربچێ. سەروان تیرۆ لەبەر خۆیەوە پێکەنی، سەری هەڵبڕی و گوتی: مەگەر پیاو ببێتە باڵندە.

کۆشک کەوتبووە سەر هێڵی تەلەفۆنی نێوان پارڵمان و بنکەکانی دەوڵەتی و بەشی هەرە زۆری هێڵەکانی تەلەفۆن لە ڕۆژهەڵاتی شارەوە بە سەر بانەکانی کۆشکدا تێپەڕ دەبوون. کاتێک تیرۆ چاوی لە سەرەوە کرد سیمەکانی تەلەفۆنی بینی کە نزیک بە بیست دانەیەک دەبوون. وەزیری بەرگریش سەری بە هەمان ئاراستەی تیرۆ دا هەڵبڕی. و پرسی:

  • پێتوایە بتوانی خۆ بگەیەنییە ئەم سیمانە؟
  • هەوڵێک دەدەم

سورەنتۆ دەیهەویست دەستێک بخاتە سەر شانی، بەڵام ئەفسەری گەنج هەنگاوێک کشاوە دوایە و سڵاوێکی سەربازی کرد و ڕۆیشت. بەپەلە لە پلیکانان بەرەو سەربانی لێژ وەسەرکەوت. کارێکی هاسان و بێ‌مەترسی نەبوو. هاتباو دوژمن بە سەربانەوە بینیبایان کە وەک کەللا داکراوە ئیتر دەرچوونی هاسان نەبوو. لە بیرکردنەوەکەی خۆی سامی لێ‌نیشت بەڵام دڵخۆشی خۆی دایەوە کە ئێستا هەموو لە سەنگەرکانیانەوە چاوێک نا سەد چاو سەرقاڵی دروازەی سەرەکین و دەگمەن وایە بەرەو ئەم سەربانە سەرهەڵبڕن. گەیشتە دارتێلی تێلگرافەکە. گومانی نەبوو کە قایمە و خۆ ڕادەگرێ بەڵام دیسانیش دەبوایە دڵنیا بێت و بە هەڵەداو خۆ نەخاتە مەترسییەوە. کاتی تەنگانە بوو، دووعایەک کە لە نیۆ سەربازەکاندا باو بوو بیری کەوتەوە، دەستە و داوێنی بوو. دووعایەک کە بۆخۆشی زۆر لە ماناکەی نەدەگەیشت و قەتیش بە پێویستی نەزانی‌بوو لێی بکۆڵێتەوە داخوا مانای چییە و دەڵێ چی. ئەو لە ژیانیدا خاوەنی فەلسەفەیەکی تایبەت نەبوو کە ڕەچاوی بکات. بەس دەیزانی ئەرکێکی لە سەر شانە و دەبێ پیاوانە ڕایپەڕێنێ و بەرەوپیری مەترسێکی زۆر گەورەوە بچێ. هەر چەند ‌بۆ ئەنجام دانی ئەم کارە تا ڕادەیەک دوودڵ بوو بەڵام بڕیاری‌دا ڕایپەڕێنێ. بە خۆی گوت دەبێ ئەم گەمژانە فریو بدەم و بە لاڕێیاندا بەرم و بەم چەشنە ترس و دوو دڵی لە خۆی ڕەواند. بە دارتێلەکەدا هەڵچوو تا سیم و وایەری یەکەم، پاشان سەرتر و سەرتر، تا توانی پێی بخاتە سەر فینجانە سپێیەکانی سەر دارتێلەکە. سیمەکان واتە وایرەکان بە دوو دەستە و بە دوو لای دارتێلەکەدا تێپەڕ دەبوون. قاچی خستە سەر دەستەی خوارەوە و باسکی ئەنگاوتە ئەوانی سەرەوە. کەمێک خۆی بەرەو پێشەوە خوار کردەوە و بە سەر پەنجەکانی دوو لە سیمەکانی دیکەی گرت و بەرە بەرە بە زەحمەت خۆی ڕاکێشی پێشەوە کرد. ئەم مەودایە تا نزیکترین سەربان حەفتا میترێک دەبوو. نیوەی ڕێگا ڕۆیشت بوو، لە نێوان هەرد و ئاسماندا لەم بەرزاییەوە شەقامی بە باشی لێ دیار بوو. تەقە لە نێوان کۆشک و ئەوانەی پشت پەنجەرەکانی دەروبەر هەروا بەردەوام بوو. لە خوارەوە لە سەر شەقام کەلاکی پیاوێکی بینی کە لەسەر پشت کەوتبوو، بێ‌ئەوەی لەبەر تیشکی خۆر چاو بتروکێنێ لە لابەلای سیمەکانەوە سەیری ئەوی دەکرد. لەم ناوەڕاستە لە سەر سیمەکان ڕاتڵەکا و دەستی کرد بە جۆلانە. دەبوایە خۆ توند بگرێ کە نەکەوێتە خوارێ. لە سەرەتادا سەروەژێر بوو کار بەهاسانی ڕاپەڕی، بەڵام لە نیوەێ ڕیگا بەولاوە سەربەرەوژوور بوو بۆیەش زوو زوو پێیەکانی بەرەو دواوە دەخزین و لە سەرەوەش سیمەکان خەریک بوون باسکیان شەقار شەقار دەکرد.

دوو لە سەر سێی مەوداکە خزی بوو کە سیمی ژێر پێی چەپی قڕچەیەکی لێهات، پسا، ڕاتڵەکا و وەک قامچی لە دیواری ماڵی بەرانبەر کەوت. ئێستا هەموو سەنگی لە سەر باسکەکانی بوو، ئازارێکی زۆری هەست‌پێدەکرد. بەزەحمەت و تەقەلایەکی زۆر تا ئاستێک هاوکێشی خۆی ڕێکخستەوە.

پیاوێک لە پەنجەرەیەک، تۆزێک خوارتر لە ئاستی تیرۆ، دۆشەگەکەی کە وا خۆی لە پشت مات‌دابوو و لەوێوە تەقەی دەکرد، لادا و سەروگەردنی هێنایە دەرەوە. تیرۆ چاوی لە خوارەوە کرد، چاویان تێک‌هەڵەنگوت. دەنگی تەقەی تفەنگ و دەنگی حەپەساوی پیاوەکەی بیست. تیرۆ زۆر زوو زانی کە نەپێکراوە، هەرچی توانای هەیبوو بەکاری هێنا و مەودای نێوان خۆی و باڵەخانەکەی بەرانبەری بەخێرایی پێواوت. تازە ئاشکرا ببوو و ئیتر ڕێگەی گەڕانەوە نەبوو. بەخۆی گوت مل نادەم. لە سەر سیمەکانەوە خۆی هاویشتە سەربانێک. دەرگای هەورەبانێک ئاواڵە بوو، بەڕاکردن لە پلیکانەکانەوە خۆی گەیاندە خوارێ. لە سەر نەردەکانەوە سەیرێکی خوارەوەی کرد، کەس دیار نەبوو. بە هێوری و بە پارێزەوە بە پلیکانە باریکەکاندا چوو خوارێ، خۆفی ئەوەی هەبوو ئاخۆ دەبێ دوژمن لە کوێوە لێی خەفتا بێ. ئێستا گەیوەتە بەرانبەر دیوێک لە قاتی دوو کە بە سەر شەقامدا دەیڕوانی. خۆی بە دیوارەوە مەڵاس دا، سەیرێکی ژوورێی کرد. نیوەتاریک بوو. پەنجەرەکان بە سەندووق، دۆشەگ، بەرگەباڵنجی لە گل ئاخنراو و شتوومەکی دیکە هەڵبەسترابوون و کرابوونە سەنگەر. شووشەی پەنجەرەکان شکا بوون، گێچی دیوارەکان کە شوینی گوللەیان پێوە دیاربوو بە تەواوی ژوورەکەدا بڵاو ببۆوە. لەبەر ڕووناکی ئەم توزکاڵە نوورە کە بە کەلێناندا خۆی بە ژوورەکەدا دەکرد، دیمەنێکی سەیری بینی. لە ژوورەکەدا چوار پیاوی لێ‌بوو. یەکیان لە سەر پشت لە خوێندا گەوزیو، دەیناڵاند و ئەوانی تریش تفەنگەکانیان بە دیوارەوە نابوو و لە دەوری بریندارەکە کۆزیلەیان بەست‌بوو. دەنگی ناڵەی بریندار هەر جار بەرزتر و بەرزتر دەبوو و غەڵبە غەڵبێکی لێ‌دەهات دەتگوت خەریکە بخنکێ. لەخۆی دەنووسا شتێک بڵێ و دەنگی دەرنەدەهات. تیرۆ ئیتر نەیدەویست چیتر ئەم دیمەنە ببینێ. ڕووبەڕوی ژوورەکە دەرگایەکی بینی کە پەردەیەکی ئەستووری پێوە هەڵواسرابوو. پەردەکەی لادا چوو پشتی. نەیدەتوانی هیچ ببینێ بەڵام کە گوێی هەڵخست، بیستی:

  • بێ‌چارە! برینەکەی قورسە.
  • ئەوە چۆن وەبەرهات؟
  • لە پەنجەرەوە خۆی کێشایە دەرێ تەقە بکات کە چی خۆی وەبەرهات و سییەکانی ئەنگێورا. خۆشی تەقەیەکی لە حەوای کرد و شتێکی گوت و ئیتر هیچ…
  • بە زوویی تەواو دەبێ.

بریندارەکە دیار بوو دیسان دەخۆی دەنووسا شتێک بڵێ. یەک لە هاوڕێکانی کە وێدەچوو کرێکارێک بێ، گوتی:

بێ‌چارە دەیهەوێ بەرلە مردن هەواڵێک بۆ هاوسەری چارەڕەشی بنێرێ. دەڵێی چی ڕەفیق؟ دا کاغەز و قەڵەمی بۆ بێنن خۆ ناتوانێ قسان بکات.

تیرۆ کەوتە دڵەکوتە. دەستی لەسەر دەمانچەکەی دانا.

بۆ ماوەی خولەکێک هیچ دەنگ نەهات و پاشان هاوار بەرز بۆوە.

سێ پیاوەکە گوتیان: دڵنیا بە ناهێڵین گیان دەرببات و هەرسێکیان بە هەڵەداو بە پێش پەردەکەدا تێپەڕ بوون. یەکیان ڕاست لەبەر دەمی تیرو وەستا تا وەکو تفەنگەکەی پڕکاتەوە. دیار بوو گیری کرد بوو چونکە بە تووڕەیی قۆنداغەکەی لە عەرزی کوتا. تیرۆ گوێی لە دەنگی ڕەهابوونی فەنەری تفەنگەکە بوو. پاشان تەپەی لاقی کابرای بیست کە بە دوای ئەوانی تردا لە پلیکانەکان بەرەو سەربان وەسەر دەکەوت.

ئەو کات لە حەشارگاکەی خۆی هاتە دەرێ کە بە پلیکاناندا بچێتە خوارێ، بەڵام کە بە بەر دەرگای ژوورەکەدا تێ‌دەپەڕی خۆی بۆ ڕانەگیرا. سەرێکی بە ژوورەکەدا کرد. کابرای بریندار زوو ئەوی بینی و هەستایە سەر ئانیشک و ئەوپەڕی توانای بە کار هێنا کە هاوار بکات. دەنگێکی ڕوون و ئاشکرای لێ بەرز نەبۆوە. تیرۆ چەند چرکەیەک لە کابرای ڕوانی. کابرایەک کە بە هەڵکەوت لێی ببوو بە دوژمن. بێ‌بەزەییانە لێی ڕوانی و زردەخەنەیەکی هاتێ و بۆ وەی ڕووحی ئازار بدات بەدفەڕانە چاوێکی لێ‌داگرت و بە سەری پەنجان ماچێکی بۆ هاویشت. کابرای بریندار لە داخان و لە تاوان لە سەر جێگەی خۆی جینگڵێکی دا و لەبەر ژانی لەشی بە سەر پشتدا کەوتەوە. تیرۆ کاتێک هاتە قاتی خوارەوە یەک‌ڕاست چوو بۆ ناندێنەکە. پەنجەرەی ناندێنەکە میتر و ئەندێک زۆرتر دەگەڵ عەرزی حەوشە مەودای نەبوو. خۆی لە پەنجەرەکەوە شۆڕ کردەوە و خۆی هاویشتە حەوشەو و لەوێوە بۆ کەڵاوەی پشت ماڵان. پاشان بە هەستێکی پڕاوپڕ لە شپەرزەیی و هەروەها سەرهەڵدانی هیوایەک لە ناخیدا تا لە توانای دابوو دەستی کرد بە ڕاکردن.

بــەشــی ١٨

لە پـەنــجـەرەی مــاڵــی ساڤـرولاوە

لە کاتێکدا بار و دۆخی پێتەختی لاورانیا بە خێرایی دەگۆڕدرا و دەرئەنجامەکانی بیر و زەینی پیاوەکانی پاوان کردبوو، ژنەکان لە وەزعێکی تایبەت و جیاواز دابوون. دیمەنی سەرشەقامەکان دڵتەزێن بوون، یەکی هان‌دەدا دڵگەرم و فیداکارانە بە گژ دوژمندا بچێت، یەکی هان‌دەدا هەڵ بقۆزێتەوە و هەناوی پیس و شەڕانی خۆی لە کردەوەی نامرۆڤانەدا ئاشکرا بکات. بەڵام توند و تیژی و دڵڕەقی مەیدانی بە بەزەیی و دڵۆڤانی بەرتەنگ کردبوو. مەهانە و لێکدانەوە چ بوایە هەر کوشت و بڕی لێدەکەوتەوە.

لوسیلە دەگەڵ یەکەم تەقە ڕایکردبووە سەرێ. هەرچەند ئەو لە شوێنی سەرەکی تەقە و پێکدادان دووربوو و لە دوورەوە دەنگی تەقە و داڕمانی بەرگوێ دەکەوت، دەی‌هێنایە بەر چاوی چ لە ئارا دایە و چ دەقەومێ.

لە دەنگەدەنگ و هەرا و هوریایەک کە دەبیسترا دەردەکەوت خەڵکێکی زۆر بەدەرەوەن و لە سەر شەقام وکۆڵانەکانن. لوسیلە بەرەو پەنجەرە چوو و سەیری خوارێی کرد. لەبەر شۆقی کزی چرا گازسۆزەکان چەند پیاوێک لە بیست میتری دەروازەی ماڵێ خەریکی قایمکردن و دامەزرانی سەنگەر و باریگاد بە دەراوی کۆشکەوە بوون و هامووشۆی شەقامیان هەڵدەبڕی. ئەو سەیری ئەو پیاوانەی دەکرد چەند بەدڵەوە و ماندوونەناسانە خۆیان هیلاک دەکرد. سەیرکردنی ئەو پیاوانە لە هانایەوە دەهات کە خۆ لە داڵغەلێدان و نوقم‌بوون لە دونیای خەیاڵدا بدزێتەوە کە خەریک بوون سەریان لێ ئەستوور دەکرد. تەواو چووبووە بنچ و بناوانی جموجۆڵی پیاوەکانەوە.

چەند لێ‌بڕاوانە کاریان دەکرد! دەستەیەک پیاو بە بێڵ، پاچ و درمغ خەریک بوون بەردەکانی سەنگفەڕشی شەقامیان هەڵدەکەند. دەستەیەکی دیکە بە زەحمەتێکی زۆر ئەم بەردە قورسانەیان بۆ سەر سەنگەران دەگواستەوە و دیواریان پێ هەڵدەچنی. لە گۆشەیەکی دیکەوە چەند کوڕیژکەی بینی کە ئەوانیش بێ‌وچان هەڵدەسووڕان. کوڕێکی باریکەلەی لاواز بەردێکی بە سەر پێی‌دا کەوت. لە گۆشەیەکەوە دانیشت و لە گابۆڕی‌دا. هاوڕێیەکی هاتە دڵدانەوەی و پاشان بۆ ئەوەی بەخۆیدا نەشکێتەوە نووکە شەپێکی تێهەڵدا هەتا بیباتەوە سەرکارەکەی. بەڵام ئەو هەر وا و تەنانەت بە دەنگی بەرزتر لە گریانەکەی بەردەوام بوو. لەو سات و کاتەدا ئاوکێش بە عارەبانەکەیەوە گەیشتە جێ. ئەوانەی وا خەریکی سەنگەرلێدان بوون دوو دوو و سێ سێ چوونە پێش، قرۆشکە ڕووح یان گڵێنەکانیان لە ئاو پڕدەکرد.

خاوەن ماڵەکانی دەوروبەر ناچار دەکران دەرگاکانیان بکەنەوە، چەکدارەکان خۆیان بە ماڵەکاندا دەکرد و هەرچی کەوتبایە بەردەستیان بۆ سەنگەر قایم‌کردن ڕاکێشیان دەکرد. چەند کەسێک چاویان بە چەند کووپەی گەورە کەوت، زۆریان پێ عەنتیکەبوو. بە ماندووبوونێکی زۆر بە پێمەڕان کووپەیەکیان لە گڵ و زیخی بن بەردە هەڵکەنراوەکانی سەر شەقام پڕکرد. کە ویستان ڕایگوێزن لەبەر قورسی لە دەستیان کەوتەخوارێ و لێک بڵاو بوو. ملیان لەبەر ملی یەکتر نا و خەریک بوو کێشەکەیان قورس بێ کە ئەفسەرێکی قۆڵسوور هات و بێدەنگی کردن. کووپەکانی دیکەیان بەجێ هێشت و خۆیان بە ماڵێک داکرد و موبڵێکی درێژی سێ‌کەسییان هێنا. تووڕە و هیلاک، لە سەری دانیشتن و سەبیلەکانیان پێ‌کرد و پاشان کە خاوبوونەوە یەک بە دوای یەکدا خێرا گەڕانەوە سەر ئیشەکەیان. سەنگەر هەر دەهاتوو باڵای دەکرد.

لوسیلە سەری سووڕمابوو کە چۆنە کەس خۆ بە ماڵی ساڤرولادا ناکات بەڵام چوار چەکداری سەر پلیکانەکان ڕێگەی بە هەموو ئەگەرێک ڕەواندەوە. ساڤرولا بیری لە هەموو وردەکارییەک کرد بۆوە. کات تێپەڕ دەبوو و لوسیلە هەروا بیری دەکردەوە. هێشتا یەک لە بیرەکانی نەگەیبووە مزڵ، گەرای بیرێک و خەیاڵێکی سەری هەڵدەدا. لە سەر مۆبڵێک دانیشت و لە خەیاڵیدا لە تراژدیای ژیانی خۆی دەڕوانی، لەبەر هیلاکی بۆ کورتە ساتێک خەوی لێکەوت. تەقەی تفەنگان لە کەمێی دابوو، تەنیا جارناجارێک تەقەیەک دەبیسترا. لەناکاو لە خەو ڕاپەری و بەپەشۆکاوی و بەپەلە بەرەو پەنجەرە ڕۆیشت. سەنگەر تەواو ببوو و پارێزەران تێی‌دا دامەزرابوون. تفەنگاکانیان بە دیواری سەنگەرەکەوە کە چەند ئێشکچی بەسەریەوە بوون و شەقامیان ‌لەژێر چاوەدێری دابوو، هەڵپەسارد بوو.

دەنگی کوتانی دەروازەی بیست. کەوتە خورپە و دڵەکوتە. لە سەر هەست لە پەنجەرەکەوە خۆی خوارکردەوە. پاسەوانەکان لە دەروازە وەستابوون و ئێستا پیاوی پێنجەمیان پێ زیاد ببوو. پاش ئەوەی کەس دەرگای لێ‌هەڵنەگرت خۆی دانواند شتێکی بە کەلێنی دەرگادا بەرێ کردە ژوورێ و لەوێ دوور کەوتەوە. لوسیلە پاش وەستانێکی کورت زاتی کرد و لە پلیکانان هاتەخوار تا بزانێ چ بووە. لەبەر ڕووناکی دەنکە شەقارتەیەک نامەیەکی بینی. لە سەری نووسرابوو لوسیلە و پاشان ناوی شەقام و ژمارەی ماڵەکە. پەیامی ساڤرولا بوو کە نووسی‌بووی: شار و کۆنەقەڵا بە دەست ئێمەوەیە. بەڵام سەرلەبەیانی زوو شەڕ دەست‌پێدەکات. بە هیچ کلۆجێک شوێنی خۆت بە جێ مەهێڵە و خۆت لە مەترسی مەهاوێ.

شەڕ، سەرلەبەیانی! سەیرێکی کاتژمێرەکەی کرد. چارەگێک بۆ پێنج و وڵات خەریک بوو بەرەبەرە ڕووناک دەبوو. واتە کاتی هاتووە! ترس، خەفەت، دڵەڕاوکێ، پەرێشانی لە لایەک و تووڕەیی لە ئانتۆنیۆ لە لایەکی دیکەوە، دمێک بوو لە ناخی ئەودا لە شەڕ دابوون. ئەوانەی وا بێخەم لە سەنگەرەکاندا خەوتبوون نەیاندەزانی کە بەزوویی بە خڕمە و تەق و هۆڕەوە لە خەو ڕادەپەڕن. ئەو لە ئاستی خۆیەوە، لە پەنجەرەوە وەک لە هۆڵ و لۆژی تایبەتییەوە سەیری شانۆگەری بکات دەیڕوانییە دیمەنەکان. تازە لە پشت پەنجەرەوە لاچوو بوو کە لە ناکاو دەنگی تەقەی تفەنگ لەوسەری شەقامەوە بەرەو کۆشک بەرزبۆوە، دەنگی ڕەشاش، دەنگی شەیپوور و پاشان هات و هاوار. ئەوانەی وا لە سەنگەر دابوون سەریان لێ شێوا بوو، بەپەلە دەستیان دایە تفەنگەکانیان. دەنگی تەقە دیسان بەرز بۆوە. بەڵام لە سەنگەرەکەوە وەڵامیان نەداوە و تەقەیان نەکرد. لوسیلەش نەیدەوێرا لە پەنجەرەوە سەر بەرێتە دەرەوە تا بزانێ هۆی چییە چەکدارەکانی ئەم سەنگەر تەقە ناکەن. تێکڕا زۆر بە سەرنجەوە تفەنگ بەدەست، پەنجە لە سەر ماشە، خێرا خێرا بە یەکەوە قسەیان دەکرد و بە کورتی زانیاریان بە یەکەوە دەگۆڕییەوە. پاش ماوەیەک دەستەیەک چەکدار کە بە مەزندەی ئەو سەت کەسێک دەبوون بە ڕاکردن بەرەو سەنگەرکە هاتن لە دیواری سەنگەر وەسەر کەوتن. ئینجا بۆی دەرکەوت کە لە پێشەوە سەنگەر و باریگادی دیکە هەیە و ئەوەی ئەو لە پەنجەرەوە دەیبینێ هێڵی دووهەمی پاراستنە. بۆی دەرکەوت کە باریگادی یەکەم گیرواە و کەوتۆتە دەست دوژمن و ئەوانەش کە هاتن خۆیی بوون و لەوێوە ڕایان‌کردبوو.

کاتێک خۆییەکان هەموو لە دیوار سەرکەوتن و هاتنە ئەمدیوەی سەنگەرەکەوە هێڵی دووی پاراستن بە ئاراستەی کۆشکدا دەستیان کرد بە تەقە کردن. تەقەی تفەنگ لە هەر دوو لاوە دەبیسترا، یەکیان بە بەرزی و لە نزیکەوە و وەڵامەکەشی لە دوورەوە بە نزمی دەهات. بەرەبەرە وڵات بە تەواوی ڕووناک ببوو، ئێستا ئیتر دووکەڵ و تەپ‌وتۆزیش دەبینرا. شۆڕشگێڕەکان کۆمەڵێک چەکی جۆراوجۆریان پێ بوو. هێندێک تفەنگی کۆن کە دوای هەر تەقەیەک دەبوایە چووبانە دواوەی سەنگەر تا سەرلەنوی دایانگرتباوە. لە کاتێکدا ئەوانەی وا چەکی نوێباوتریان پێبوو دەمانەوە و بێ بڕانەوە تەقەیان دەکرد.

لە ڕوانگەی کەسێک وا خۆی لە شەڕەکەدا نێ و لە دوورەوە دەڕوانێتە سەر شەقام و سەنگەرەکان، تەنیا ئینسانەکان دەبینێ خۆیان گرمۆلە کردووە و خەفتاون و لەوانەیە وەک شانۆگەری بێتە بەرچاوی. لوسیلەش جارێ لەم بینینە ترسێکی وای ڕێ‌نەنیشتبوو چونکە بریندار و کوژراوەکان لەوێوە دیار نەبوون.

لوسیلە بینی چۆن پیاوێک کەوتە سەر عەرزی ناو سەنگەرکە. لە ڕووناکایی ڕۆژدا ڕەنگی زەرد و بزرکاوی کابرای کەم تا کورتێک لێ ‌دیاربوو. حاڵی تێکچوو و بە سەرسامی لەم دیمەنەی دەڕوانی، لەپشت پەنجەرەکە واوە نەچوو. چوار کەس چوارپەلی کابرای برینداریان گرت و ڕایانگوێست. لوسیلە سەرلەنوێ نیگای گواستەوە سەر سەنگەرەکە. پێنجی دیکەش بریندار ببوون. چواریان دەبوایە ڕابگوێزرێن و پێنجەمیان دەستی خستبووە سەر شانی هاوڕێیەکی. دووی دیکەش لە سەر دیواری سەنگەرەکەوە کەوتبوونە خوارێ سەر سەنگفەڕشەکە و ئێستا کەس لەفریا نەکەوتبوو ئاوڕێکیان لێ‌بداتەوە.

لە دوورەوە دەنگی کوتانی تەپڵی شەڕ دەهات. دەنگەکە هەر دەهات و نزیکتر دەبۆوە. چەکدارەکان بەردەوام تەقەیان دەکرد. ژمارەیەکی زۆرتر بریندار بوون یان کوژران.

یەکێک لە ناو سەنگەرەکە هاتە دەرێ و ڕایکرد. پێنج و شەشی دیکەش بە شوێن ئەودا ڕایانکرد. دەنگی هەرا و هوریایەکی ترسهێنەر هەر دەهات، نزیک و نزیکتر دبۆوە، تا وای لێهات هەموو پارێزەرانی سەنگەرەکە بێجگە لە سێ کەس هەڵاتن. زۆربەی ئەوانەی ڕایاندەکرد تێدەکۆشان بریندارەکان کە ژمارەیان هەراو لە زیاد کردندا بوو دەگەڵ خۆیاندا بەرن، بەڵام بریندارەکان لەبەر ئێش و ئازاری برینەکانیان هاواریان بەرز دەبۆوە و داوایان دەکرد کە جێیان‌بهێڵن. لوسیلە دەیبینی چۆن سەرەڕای هاواری بریندارێک، هاوڕێکەی قاچی ڕادەکێشا و ئامادە نەبوو جێی بهێڵێ. ئەو سێ کەسەی وا لە سەنگەردا مابوونەوە زۆر بەتێبینی و پلانەوە هەردەم بۆ لایەک تەقەیان دەکرد. زۆری نەخایاند دەنگی گوڕە و هاواری ڕووخێنەر کە تا ئیستا لە دوورەوە دەبیسترا لە سەنگەری بەرماڵان نزیک و نزیکتر، بەرز و بەرزتر دەبۆوە.

پاش چەند خولەکێک شەپۆلیک لە چەکداری یونیفۆڕمپۆش لەو بەری سەنگەرەکەوە سەرو پۆتراکیان دەرکەوت. سەربازەکان بە یونیفۆڕمی قاوەیی مەیلەوزەرد لە سەنگەرەکە نزیک بوونەوە و لێی وەسەرکەوتن. ئەفسەرێک، کوڕێکی گەنج کە پێشڕەوی دەستە سەربازەکە بوو، هاواری کرد:

وەرن! وەرن با ئەم خوێڕییانە گسک دەین و کۆتاییان پێ بێنین. سێ پارێزەرەکەی مابوونەوە دیار نەبوون وەک بڵێی شەپۆلێک دەگەڵ خۆیدا ڕای‌ماڵیبن. لوسیلە بینی کە دەستەی چووکە چووکەی سەرباز لە دەوری شۆڕشگێڕە بریندارکان کۆ بوونەوە و بێ‌بەزەییانە بە سەرنێزەکانیان کۆتایی‌یان بەگیانیان هێنان. ئەم دیمەنە لە پشت ئەسرینی چاوەکانیدا کەوتنە تارمایی. بەگریانەوە لە پشت پەنجەرەکەوە چۆ دواوە و سەری لە بن یەک لە باڵنجەکانی مۆبڵەکەدا شاردەوە.

دەنگی تەقە ئیتر ئەمانی نەدەدا و بێ بڕانەوە بوو. بە تایبەت لەو بڵوارەی کە هاوتەریبی شەقامەکەی ماڵی ساڤرولا بوو. شەپۆلی پیاوەکانی مولارا بە هەرا و هوریاوە هەنگاو بە هەنگاو لە بینای شارەوانی نزیک دەبوونەوە. کاتێک ئەم هەرا و هوریایەی بیست و کارەساتی سەنگەرەکەی بەرماڵانی بینی کەوتەوە لێکدانەوە و ترسی ڕێنیشت. دیاربوو شەڕ لە بەرژەوەندی شوڕشگێڕەکاندا نەدەچووە پێش. بیری لە ساڤرولا کردەوە. دەستی بە نزا و پاڕانەوە کرد. ڕووی کردە ئاسمان و ئاوات و خۆزیاکانی دڵی وڕێنە کرد و هیوادار بوو بە گوێی نامەحڕەم نەگەن. ناوی کەسی نەدەهێنا بەڵام لە وەی وا ئەو لێی دەپاڕایەوە شاراوە نەبووو و لەو سەرەوە دەیزانی کە بۆ سەرکەوتنی خۆشەویستە یاخییەکەی بەسەر هاوسەرەکەی واتە سەرۆک‌کۆماردا دەپاڕێتەوە.

ڕاست لەم کات و ساتەدا دەنگێ تەقەیەکی گەورەی بەر گوێی کەوت. دەنگی تۆپ بوو و لە لای بنای شارەوانییەوە هات. لوسیلە نەیوێرا بچێت و لە پەنجەرەوە سەیری دەرەوە بکات. ئەم دیمەنە سامناکانەی دیتبووی ویست و مەراقی ئەوی بۆ بەدوادا چوونی پتر کش و مات کردبوو. بەڵام بەڕوونی دەی‌بیست کە دەنگی تەقە سەرلەنوێ بەرەو زیاد بوونە و نزیک دەبێتەوە. ئەمەش ڕووناکایی دەخستە دڵی و پشکۆی هیوای بەسەرکەوتن، دەگەشایەوە. گوێی لە دەنگی خەڵک بوو کە بە سەر شەقامدا تێپەڕ دەبوون و لە بن پەنجەران تەقەیان دەکرد. پاشان گوێی لێ‌بوو کە دەروازەیان کوتا. خەریک بوون دەرگا بشکێنن و خۆ بە ژوورێ‌دا بکەن. بە پەلە خۆی گەیاندە دەرگای ژوورەکەی خۆی و لە دواوە قفڵی کرد. قاتی خوارەوە کەوتە بەر چەند گوللەیەک و دەنگی بڵاو بوونەوەی تەڵاشەی دار و دیوار، گەیشتە قاتی سەرێ. لەشکری تێکشکاوی خەڵک کە دەمێک لەمەوبەر لە ڕاکردندا بوو، ئێستا بە تەقەکردن ڕاوی دوژمنیان دەنا، لەوێ تێپەڕ دەبوون و بەرەو کۆشک دەچوون. دەگەڵ ئەوەش دا لوسیلە هەموو هۆش و هەستی لە لای دەنگی پێیەک بوو کە لە پلیکانان وەسەردەکەوت. جووڵەی لە خۆی بڕی و بە تەواوی هەستی ڕاگرت. دەستگیرەی دەرگا بادرا، نەکرایەوە دایە بەر پێلاقان. لوسیلە هاواری کرد.

پێلاقە لێدان وەستا. ناڵەیەک بەرز بۆوە و گوتی:

بۆ خاتری خودا بیکەوە. پەنام بدە، بریندارم و هیچ چەکم پێ نییە.

لوسیلە گوێی ڕاگرت. وێدەچوو پیاوێکی تەنیا بێ. ئەگەریش بریندار بێ دەروەست نایە ئازارێکی پێ‌بگەیەنێ. جارێکی دیکەش ناڵەی کابرا بەرز بۆوە. هەستی بەزەیی و هاودەردی بە سەر لوسیلەدا زاڵ بوو. قفڵەکەی ترازاند و بە ئاسپایی دەرگای کردەوە. پیاوێک زۆر خێرا خۆی بە ژوورێ داکرد. میشێل بوو.

میشێل بە بێدەماری و بە مەبەستی شاردنەوەی کەسایەتی زۆڵی خۆی گوتی:

خانم داوای لێبوردن دەکەم. دەبێ لە شوێنێک خۆ بشارمەوە.

  • بەڵام تۆ برینداری.
  • ئەمە فێڵێک بوو تا بتوانم بێمە ژوورێ. لە کوێ خۆم بشارەمەوە. ئەوان دەتوانن هەر ئان و ساتێک وەژوور کەون.
  • لە ژووری تێلسکۆپ لە هەورەبانی سەرێ.
  • خەیانەتم لێ نەکەی!
  • بۆ وا دەڵێی؟

لوسیلە ئەوی باش دەناسی. هەرچەند ئێستا زۆر بێ‌دەمار و نەرم و نیان هەڵسوکەوتی دەکرد بەڵام دەیزانی ئەم ڕێوییە بۆ مەبەستی خۆی هەموو ڕەنگێک دەگۆڕی و لە هەموو جامێک دا جێ دەکاتەوە.

میشێل چوو بۆ سەرێ و لە ژووری تێلسکۆپەکەدا خۆی حەشاردا. لوسیلەش لە چاوەڕوانیدا مایەوە. ڕووداوەکان وا بە خێرایی دەهاتن و دەڕۆیشتن کە ئەو پێ‌ڕاندەگەیشت خۆیان تێدا بدۆزێتەوە و لێیان تێ‌بگات. کە شتێکی تازە ڕوویدەدا و کات بۆ لێکدانەوە نەبوو، هەستی بە ئازاری برینێکی بێ‌شوێنەوار دەکرد کە چی دەتگوت ئازاری پێکرانی برینی تیرێکی تازەیە. دەنگی تەقە هەروا دەهات، لەو دوور و لە کۆشک نزیک دەبۆوە.

کاتژمێر نۆی سەرلەبەیانی بوو کە لە دەرگایان دا. دەرگایەک کە ئێستا ئیتر بە گوللەی تفەنگان لە ڕەسمە چووبوو. لوسیلە نەیوێرا ژوورەکەی بەجێ بهێڵێت. پاش دەمێکی زۆر کورت گوێی لە دەنگی پێیەک لە سەر پلیکانان بوو.

کەسێکی وا لێرە نییە. ئەم خانمە گەنجەی وا تۆ باسی دەکەی هەر شەوی پێش گەڕایەوە لای دایکی. ئەمە دەنگی خزمەتکارە بەساڵداچووەکە بوو دەبیسترا.

لە خۆشی ئەوە کە سەرئەنجام دەنگی ژنێکی گوێ لێ‌ببوو بە پەلە ڕایکرد و دەرگای کردەوە. لەوێ چاوی بە بەتینا کەوت کە دەگەڵ ئەفسەرێکی گەنج لە جلوبەرگی شۆڕشگێڕاندا وەستا بوو. ئەفسەرەکە دەستی ڕاداشت و نامەیەکی دا دەستی لوسیلە و گوتی:

  • خانم سەرۆک‌کۆمار ئەم نامەیەی بۆ تۆ ناردووە.
  • سەرۆک‌کۆمار!؟
  • سەرۆک‌کۆماری لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی.

نامەکە تەنیا هەڵگری پەیامێک بوو؛ کە هێزەکانی دوژمن پاشەکشەیان پێکراوە و بەم ڕستەیەش کۆتایی پێ‌هاتبوو. تەنیا ڕێگاچارەیەک هەیە کە ئەویش لەم چەند سەعاتەی داهاتوو دا هەوڵی تەواوی بۆ دەدەین.

ئەفسەرەکە گوتی: ئەگەر وەڵامێک دەنووسنەوە من لێرە لە خوارێ چاوەڕوان دەبم. پاشان وەدەرکەوت. لوسیلە بەگریانەوە خزمەتکاری بە ساڵداچووی لە ئامێز گرت. تەواوی ئەو شەوە سامناکە تۆ لە کوێ بووی؟ دەرکەوت کە لە پلانی ساڤرولادا بیر لە بەتیناش کرا بۆوە. پێی گوتبوو: بەتینا! مۆبڵ، فەڕش و جیگەوبان لەم ژوورەی خوارێ بۆخۆت دابین بکە و لەوێ بمێنەوە. ئەویش بەو خۆشەویستی و متمانەیە کە بە گەورە و ئاغای خۆیی هەیە، خاڵ بە خاڵ دەستوورەکانی ئەنجام دابوو. بەتینا گوتی: من دەربەستی خۆم نەبووم و نەدەترسام بەڵام بۆ گەورەم ساڤرولا بە پەرۆش بووم. ئەو تەنیا کەسێکە من لەو دونیایەدا هەمە. خەڵکی دیکە هەستەکانی خۆیان دەگەڵ هاوژین، منداڵ، خوشک و برا بەش‌دەکەن بەڵام من ئەوم لە مناڵییەوە تەڕ و ویشک کردووە و دڵی من هیڵانەی خۆشەویستی ئەوە. ئەویش لە تەنگانەدا منی لە بیر بوو. ئینجا پسوولەیەکی کە بە دەستەوە بوو نیشانی لوسیلە دا. تێیدا نووسرابوو؛ هەموو شتێک باش دەڕوات!

دیسان سەرلەنوێ دەنگی تەقە لە لای کۆشکەوە دەستی پێکردەوە تەواوی ئەم سەرلەبەیانییە بەردەوام بوو. میشێل کە لە سەربانەوە بینی شەقام ئارام بۆتەوە لە حەشارگەکەی وەدەرکەوت و هاتە خوارێ، ڕووی کردە لوسیلە و گوتی:

  • دەمهەوێ دەگەڵ سەرۆک‌کۆمار قسان بکەم.
  • دەگەڵ هاوسەرەکەم؟
  • نەخێر خانم، دەگەڵ جەنابی ساڤرولا.

میشێل بەخێرایی خۆی دەگەڵ ئاڵوگۆڕەکان ڕێکخستبوو. لوسیلە بیری بۆ لای ئەفسەری بەر دەرگا چوو. بە میشێلی گوت: ئەفسەرێک لێرەیە ئەو دەتوانێ بتبا بۆ بینای شارەوانی.

مونشی لە خۆشییان شاگەشکە بوو بە ڕاکردن چوو خوارێ و ئیتر نەگەڕایەوە.

خزمەتکاری پیر هێدی و لێهاتوو خەریکی ئامادە کردنی نانی بەیانی بوو. لوسیلەش بۆ ئەوەی خۆی بە شتێکەوە سەرقاڵ بکات و نەکەوێتە گێژاوی خەیاڵ، یارمەتیی دەدا. خەیاڵ و دڵەڕاوكێ بە بینینی هێلکەی سوورەوەکرا و بۆنی چزیلک لەسەر مێزەکە، لێک دابڕان و بۆ ماوەیەک سوکانایی لێی میوان بوو. بەتینا خەبەری دایە کە پاسەوانەکانیان گەڕاونەوە و لەبەر دەرگان، ئەمەش بوو بە هۆیەکی دیکەی ئارامی. لوسیلە دوای بینینی ڕووداوە دڵتەزێنەکانی بەیانی‌زوو، نەی‌دەوێرا سەیری سەر شەقام بکات هەر باشتریش وابوو چونکە سەرەڕای کۆتایی پێهاتنی تەقە لە سەنەگەرکەی بەرماڵیانەوە ئێستاش تەرمی زیاتر لە بیست کەس لەوێ بەجی مابوو. کاتژمێر نزیک یازدەی پێش نیوەڕۆ بوو کە چەند کریکارێک بە عارەبانەوە هاتن و پاش ماوەیەکی کورت تەنیا ژمارەیەک لەکە و پەڵەی خوێن بە سەر سەنگفەڕشەکەوە بەجێ مابوو.

دەم و ساتەکانی سەرلەبەیانی بە هێواشی و هەراسان تێدەپەڕین. دەنگی تەقەی دەوروبەری کۆشک هەروا لە دوورەوە دەهات. جاروباریش دەبوو بە دەنگی گرمەیەک و یان تەق و تۆقێکی کورت و تەریک. سەرئەنجام سەعات دوو و نیوی پاش نیوەڕۆ تەقە بە تەواوی وەستا. لوسیلە دەلەرزی. نەیدەزانی چۆن بەرەوڕووی ‌بژاردەکانی بەردەمی بێ. تاوناتاوێک پڕی بە بەتینا دا دەکرد و ئەویش بەردەوام دڵی دەداوە و غیرەتی وەبەر دەنا و جارناجارێک کوتە خواردنێکی کە زۆر بە دڵەوە بۆی چاک دەکرد، لەپێش دەنا و بۆ خواردنی هانی دەدا.

ئەم بێ‌دەنگییە خۆفهێنەرەی دوای وەستانی تەقە زۆری نەخایاند، لە کاتێکدا بەتینا خەریک بوو خواردنێکی ساکاری لە پێش لوسیلە دادەنا دەنگی تۆپێک بەرز بۆوە. هەرچەند تەقینەوەکە دوور بوو بەڵام شووشەی پەنجەرەکانی لەرزاند و خرمەی ڕژانە خواریان بیسترا. دەبی چ بێ؟ یانی چی؟ لوسیلە هیوادار بوو کۆتا تەقە بێ. بەڵام گرمەی گوللە تۆپ هەر دەهات و زیاد دەبوو. تەقە بە دوای تەقە دا بەرز دبۆوە، ئیتر لەبەر دەنگی تۆپخانە کە لە بەندەرەوە دەهات دەنگی یەکتریان نەدەبیست. ئەم دوو ژنە لە چاوەڕوانێکی لەبن نەهاتوودا مانەوە.

 

بــەشی ١٩

ئــەزمــوونـێـکـی پـــڕ بایـــخ

سەروان تیرۆ توانی بەسڵامەتی خۆی بگەیەنێتە بینای شارەوانی چونکە سەرەڕای بوونی خەڵکێکی زۆر بە دەرەوە لە سەر شەقامەکان تووشی تەنیا بە تووشی هاووڵاتی ئاشتیخواز هاتبوو و کاتێک گوتبووی کە هەڵگری پەیامێکە بۆ ساڤرولا، ڕێگەیان دابوو تێپەڕ ببێ. بینای شارەوانی بینایەک بوو لەبەردی سپی بەهەیبەت و بەشکۆ، ڕازاوە بە پەیکەر و کۆتەڵی مەڕمەڕ. لەپێشەوە و دوای پەرژینە ئاسنینەکە حەوشەیەکی گەورە و حەوز و فەوارەیەک دیاربوو. بە دەوری حەوزەکەوە سینەپەیکەری لە مەڕمەڕ داتاشراوی ناودارانی میژووی وڵات دانرابوو کە بوونیان هەیبەتی دەدا بەم شوێن و جێگایە. تێکڕای ئەم دیمەنە دەوڵەمەندی، جوانی و خاوێنی پێتەختی لاورانیا دەسەلماند.

دوو سەرباز کە سەرنێزەکانیان بە سەر تفەنگەکانیانەوە کردبوو لە دەروازە وەستا بوون و بێ‌ئیزن ڕێگای چوونە ژووریان بە هیچ‌کەس نەدەدا. تەتەر دەهاتن و دەچوون. هەرکام هەڵگری پەیامێک و هەواڵێک بوون، بیگەیەنن. لە پشت پەرژینە ئاسنەکانەوە خەڵکێکی زۆر وەستا بوون. هەرچەند ڕۆژەکە و دۆخەکە هەڵیدەگرت بە هەرا و بگر بن، کەچی زۆر ئارام و هێدی بوون. دەنگۆ و قسەوباس ڕاست و درۆ، هەمە چەشن لە ناویاندا بڵاو دەبۆوە. دەنگی تەقەش هەروا بەردەوام ڕوون و ئاشکرا دەبیسترا.

تیرۆ بێ خۆ ئەزێت‌دان خۆی گەیاندە پێشەوە بەڵام پاسەوانەکان لەبەر دەرگا وەستاندیان و ڕێگەیان پێنەدا بڕواتە پێشتر. بۆ دەمێک لای وابوو کە زەحمەت بەخەسار بووە و بێهودە وا ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە. بەخۆشییەوە یەک لە فەڕاشەکان کە لە حەساری شارەوانی بوو ئەوی وەک ئاجودانی مولارا ناسییەوە. تیرۆ ناوی خۆی لە سەر پارچە کاغەزێک نووسی و بە فەراشەکەی گوت ئەوەم بۆ بگەیەنە دەستی ساڤرولا واتە سەرۆک‌کۆماری لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی. فەڕاشەکە ڕۆیشت و پاش دە خولەک دەگەڵ ئەفسەرێک کە پێچەری سووری شۆڕشگێڕانی لە قۆڵ دابوو، گەڕایەوە. ئەفسەرەکە داوای لە تیرۆ کرد دەگەڵی بچێت.

شوێنی پرسگە و خۆنووسکردنی بنای شارەوانی پڕ بوو لە نیشتمانپەروەران کە ئامادەبوون هەموو هەست و نیستی خۆیان بۆ نیشتمان فیدا بکەن. هەموویان پێچەری سووریان لە قۆڵدا بوو و بە دەنگی بەرز هەواڵەکانی شەڕیان دەگەڵ یەکتردا باس دەکرد. هەواڵ و بەیانییەکانیان لە دار و دیواران قایم دەکرد. تیرۆ و هاوڕێکەی بە تەنیشت مێزی پرسگەدا ڕۆیشتن، پاش تێپەڕ کردنی داڵانێکی بەرتەسک لەبەر دەرگای ژوورێکی کۆبوونەوە ڕاوەستان. ژمارەیەکی زۆر خزمەتکار و پەیک لەوێ وەستا بوون. ئەفسەرێک کە لەبەر دەرگای ژوورەکە پاسەوان بوو، دەرگای کردەوە و گەیشتنە جێی تیرۆی ڕاگەیاند. دەنگێکی زۆر ئاشنا وەڵامی داوە با بێتە ژوورەوە. سەروان تیرۆ وەژوور کەوت.

ژوورێکی بچووک بە دوو پەنجەرە لە قووڵادا لە دیوارێکی بەرین گیرابوون و سەرنجی بینەریان ڕادەکیشا. بە هەر لای پەنجەرەکانەوە پەردەی ڕەنگ کاڵ‌بۆوەی سووری زەخم هەڵواسرابوو. ساڤرولا لە پشت مێزێک لە ناوەڕاستی ژوورەکە دانیشتبوو. گودی و ڕێنووس بە تەنیشت پەنجەرەیەکەوە وەستا بوون و قسەیان دەکرد. پیاوێکی دیکەش کە ئەو لە نیگای هەوەڵدا نەیناسییەوە لە گۆشەیەک سەرقاڵی نووسین بوو. دێمۆکراتی گەورە سەری هەڵبڕی و بە ڕووخۆشییەوە گوتی:

بەیانیت باش تیرۆ! بەڵام کاتێک دەموچاوی شڵەژاو و هێلاکی ئەفسەرە گەنجەکەی بینی پرسیاری کرد؛ چ قەوماوە؟ تیرۆ بە خێرایی ڕایگەیاند کە سەرۆک‌کۆمار دەیهەوێ کۆشک بەدەستەوە بدات.

ساڤرولا گوتی:

مۆریت لەوێیە و دەسەڵاتی تەواوی هەیە کە چۆن دەگەڵ تەسیلم بووەکان هەڵسوکەوت بکات.

ئەو کوژراوە.

ساڤرولا حەپەسا، بە دەنگێکی نزم بەڵام، تووڕە پرسی: چۆن ڕوویدا؟

سەروان بە کورتی وەڵامی داوە: گوللەیەک لە ملی درا.

ساڤرولا ڕەنگی پەڕی. ئەو و مۆریت لەمێژ بوو دۆست بوون و زۆر هۆگری یەک بوون. بێزاری لە هەرچی شەڕە لەشی داگرت. بەڵام زۆر زوو هاتەوە سەرەخۆ و بەخۆی گوت ئێستا کاتی پەژیوان بوونەوە نییە. ڕوو بە سەروان گوتی:

واتە مەبەستت ئەوەیە کە پەلاماردەران بە هیچ چەشنێک تەسلیم بوون قەبوول ناکەن؟

مەبەستم ئەمەیە کە لەوانەیە هەر ئێستا هەموویان قەتڵ و عام کرا بن.

سەعات چەند بوو کە مۆرێت کوژرا؟

کاتژمێر دوازدە و چارەگ.

ساڤرولا کاغەزێک کە لە سەر مێزەکە بوو، هەڵیگرت و گوتی: ئەمە کاتژمێر دوازدە و نیو بەڕێکراوە.

تیرۆ کاغەزەکەی خوێندەوە؛ ئیمزای مۆرێتی لە سەر بوو و ئاوا نووسرابوو “خۆ بۆ هێرشی کۆتایی ئامادە دەکەین”. وەزع باشە.

تیرۆ گوتی: ئەمە ساختەیە. من سەعات دوازدە و نیو کۆشکم بەجێ هیشت و ئەو کات دە خولەک لە کوشتنی مۆریت تێپەڕ ببوو. دەبێ کەسێکی دیکە دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت بێ.

ساڤرولا لە پشت مێزەکە وەلاچوو و بە قەڵسییەوە گوتی کە واتە دەبێ ‌کڕۆتێز بێ. دەستی دایە کڵاو و گۆچانەکەی و بە تیرۆی گوت دەگەڵم کەوە. دڵنیام ئەگەر پێشی پێ‌نەگیرێ مولارا و تەنانەت هەموو ئەوانی دیکەش دەکوژێ. دەبێ خۆم بچم.

ڕێنووس گوتی چی!؟ شتی وا نابێ. شوێنی تۆ ئێرەیە.

گودی پێشنیاری کرد: ئەفسەرێک بنێرە.

کەسی وام نییە کە خەڵک تا ئەو ئاستە گوێڕایەلی بن و بە قسەی بکەن مەگەر خۆت بەم کارەوە هەستی.

گودی بێ یەک و دوو گوتی:

من!؟ نا، نا، هەر بۆ بیرلێ‌کردنەوە نابێ. بێهودەیە. قسەی من بڕ ناکات و ئەم حەشیمەتە جوابی من نادەنەوە.

ساڤرولا نەرم گوتی: تا ئەمرۆ سەرلەبەیانیش وا نەبوو. لانی کەم ئەوکاتە کە هێرشی سوپامان تێکشکاند و کشانەوە دوایە. ئینجا ڕووی کردە تیرۆ و گوتی با بڕۆین.

ڕاست لەم کاتەدا کە خەریک بوون ژوورەکە جێ‌بهێڵن تیرۆ کابرای کە وا لە سووچێکەوە سەرقاڵی نامە نووسین بوو، ناسییەوە. سەری سووڕما. ئەوە میشێل بوو. جەنابی مونشی بە تەنز و تەوسەوە بە سەر سڵاوی کرد و گوتی: وا ئەوە جارێکی دیکەش یەکترمان دیتەوە. کارێکی عاقڵانەت کرد کە هاتی بۆ ئێرە.

تیرۆ بە دەنگێکی پڕ لە بێزارییەوە وەڵامی دایەوە:

ئەم قسەیەت بە بێ‌حوڕمەتی دەزانم. من لە جوملەی ئەو مشکانە نیم کە کاتی نوقم بوون، کەشتی بەجێ‌دەهێڵن.

میشێل گوتی:

  • مشکەکان عاقڵن. مانەوەیان ناتوانێ کەشتی لە نوقم بوون ڕزگار بکات. تازە من بیستوومە کە کاتی تەنگانە ئەوە هەمیشە ئاجودانەکانن کە لە مەیدانی شەڕ ڕادەکەن.
  • تۆ پیاوێکی پۆخڵ و بێ‌بایخی.

ساڤرولا وەک فەرماندەیەک لە تیرۆ ‌ڕاخوری و گوتی: ئیتر ناتوانم چی دیکە چاوەڕوان بم. تیرۆ ئەمرەکەی بەجێ هێنا و لە ژوورەکە وەدەرکەوتن.

بە یەکەوە بە داڵانە بەرتەسکە‌کەدا هاتن، کە گەیشتنە پرسگەکە ئەو خەڵکەی وا لەوێ کۆ ببوونەوە بەڕێزەوە سڵاویان لە ساڤرولا کرد. لە دەروازە کالیسکەیەک چاوەڕوانیان بوو. دوازدە سوار بە تفەنگ و پێچەری سوور لە قۆڵدا ئامادەی حیمایەکردنیان بوون. ئەو حەشیمەتەی نزیک بوون کە چاویان بە ڕێبەرەکەیان کەوت هاواری شادیی و لایەنگرییان لێ بەرزبۆوە و خەڵکی ئەوبەرێ شەقامیش دەنگیان خستە پاڵ و هوریای شادییان کێشا.

ساڤرولا ڕووی کردە فەرماندەکە و گوتی: پێویستم بە چاوەدێر و پاسەوان نییە. دیکتاتۆرەکان پێویستیان بە ئەمەیە. من بە تەنیا دەچم. ئیسکۆرتەکان کشانەوە دوایە. ئەم دوو پیاوە بە یەکەوە لە کالیسکەکە سەرکەوتن کە دوو ئەسپی بەتوانا، هێز و وزەی بوون.

ساڤرولا پاش ماوەیەک لە تیرۆی پرسی:

  • خۆشت لە میشێل نایە؟
  • ئەو خائینە.
  • ئەم شارە زۆری خائین تێدایە. لەوانەیە بە منیش بڵێی خائین؟
  • بەڵێ، بەڵام تۆ هەر لە سەرەتاوە وا بووی.

ساڤرولا لەبەر خۆیەوە بزەیەکی هاتێ و تیرۆ گوتی:

  • یانی مەبەستم ئەوەیە تۆ هەموو کات تێکۆشاوی ئەم نیزامە بڕووخێنی.
  • یانی مەبەستت ئەوەیە کە من بە خائینی خۆم وەفادار بووم؟
  • بەڵێ ئێمە هەموو کات دەگەڵ ئێوە دە شەڕ دابووین. بەڵام ئەم مارە هەردەم ڕەنگ دەگۆڕێ.
  • مرۆڤ دەبێ ئینسانەکان وەک چۆن هەن حیسابیان بۆ بکات. ژمارەی ئەو کەسانەی خۆنەویستن، زۆر نین. ئەو مارەی کە وا تۆ باسی دەکەی، نەگبەت و بێچارەیە. بەڵام ئەو منی، گیانی منی ڕزگار کرد و ئێستا پەنای هێناوە کە تۆڵەی بۆ بکەمەوە و گیانی نەجات بدەم. دەبوایە من چیم کرد با؟ تازە زانیارییەکانی ئەو بەکەڵکن. ئەو ئاگای لە حیساب و کیتابی دەوڵەت هەیە و هەروەها لە چەمی سیاسەتی دەرەوش و وردەکارییەکانی ئاگادارە.

ئەوە بۆ وەستاین؟

تیرۆ سەیرێکی دەروەی کرد، شەقامەکە بە سەنگەری کاتی هەڵبڕا بوو و چیتر ڕێگای چوونە پێشەوە نەبوو و دەبوایە گەڕابانەوە.

ساڤرولا بە فایتونچی‌یەکەی گوت: هەوڵ بدە بە شەقامێکی دیکە دا بڕۆی. دەی دەنگ دە! تەقەی تفەنگان ئێستا بەباشی دەبیسترا.

تیرۆ گوتی:

  • سەرلەبەیانی هێندەی نەمابوو سەرکەوین و کۆتایی‌تان پێ‌بێنین.
  • بەڵێ بیستم هێرشێکی قورس بوو و زۆر بە زەحمەت کرا بەرپەڕچتان بدەینەوە.
  • ئەو کات تۆ خۆت لە کوێ بووی؟
  • من لە بینای شارەوانی‌دا خەوت بووم. زۆر هیلاک بووم.

تیرۆ ئەم وەڵامەی پێ سەیربوو و ئەو چاوەڕوانییەی لێ‌نەبوو. واتە ئەم پیاوە گەورە، ترسنۆکە. هەمیشە بیستبووی کە سیاسییەکان خۆ دەپارێزن و خەڵکی دیکە دەنێرنە پێشەوە تا شەڕیان بۆ بکەن. بەڵام لای وابوو کە ساڤرولا لە سیاسییەکانی دیکە جیاوازە. هەرچەند زۆر لە سەر گۆییەن دەزانێ، بەڵام لە ورەدا لە وانی دیکە باشتر نییە.

ساڤرولا سەیری تیرۆی کرد، لە چڕو ناوچاوانی ڕا زانی چۆن بیر دەکاتەوە. بزەیەکی تاڵی هاتێ و گوتی:

واتە تۆ پێتوایە دەبوایە من لە سەر شەقام بوایەم؟ بەڵام باوەڕت بێ لەو شوێنەی لێی بووم خێروبێرم زۆرتر بوو. ئەگەر زانی‌بات کاتی شەڕ لە بینای شارەوانیدا چ تێکەولێکەیەک و چ سەرلێ‌شێواوییەک حاکم بوو. دیارە هەرچی لە توانا و تاقەتی مرۆڤدا هەبوو کرا. باشە بزانە کە وەک چۆنی بیرمان لێکردبۆوە واش دەرچوو.

تیرۆ بەم قسانە ئۆخژنی نەهاتێ. پێگەی ساڤرولا لە لای لەرزۆک ببوو. وەکی بیری لێ دەکردەوە وا دەرنەچوو. زۆری لە سەر بوێری و لێزانی سیاسی ئەو بیستبوو. بەڵام لە لای تیرۆ توانای فیزیکی بایخێکی بەرزتری لە قسەزانی و ئەخلاق هەبوو. زۆرتر بیری بۆ ئەوە دەچوو کە ساڤرولا وەستای قسان بوو و بەس. بوێر لە قسان بەڵام بێ‌ورە و بێ‌کردەوە.

کالیسکەکە جارێکی دیکەش ڕاوەستا. درۆشکەوان گوتی ئەم شەقامانە هەمووی بەستراون و سەنگەریان لێ لێدراوە.

ساڤرولا لە پەنجەرەی کالیسکەکەوە سەیری دەرەوەی کرد و گوتی، زۆرمان نەماوە دەتوانین بە پێ بڕۆین. ئەگەر بە گۆڕەپانی بەردەم پارڵماندا بڕۆین زۆر دوور نییە. ئینجا دابەزی. سەنگەرەکە چۆل کرابوو و شەقامەکانی دەوروبەریش چۆل، کەس بەدەروە نەبوو. ئەوانەی چەکیان پێ‌بوو بەرەو کۆشک داگەڕابوون، بێ‌چەک لەبەردەرگای شارەوانی و بێ لایەنەکانیش لە ماڵەکانیان خزی‌بوون.

ئەم دووکەسە لە دیواری سەنگەرێک کە لە سەنگفەڕشی شەقام و گۆنی پڕ لە خیز و خۆڵ دروست کرابوو، وەسەرکەوتن و بەخێرایی شەقامەکەیان تێپەڕ کرد و گەیشتنە مەیدانی گەورەی شار کە پارڵمان کەوتۆتە شانێکی و ئێستا ئاڵای سووری شۆڕشگێڕانی لە سەر دەشەکاوە. لەبەر دەرگای پارڵمان مەتەرێز و پرسگەیەکی کاتی دامەزراوە کە چەند سەربازی قۆڵسووری تێدا وەستا بوون.

بڕێکی باش لە گۆڕەپانەکەدا چووبوونە پێش کە تەقەیەکیان بیست و لە سێ‌سەت میتری بەردەمیان دووکەڵێک بەرزبۆوە و پێنج تا شەش تەقەی دیکەشی بە دوا دا هات. سەروان تیرۆ لە مەترسییەکە تێگەیشت و هاواری کرد:

ڕاکە بۆ پشت ئەو کۆتەڵە.

لە سەنگەرەکەوە تەقە بەردەوام بوو. دەنگی دوو ویزە لە حەوادا بیسترا، شتێک لە پەنایان کەوتە سەر سەنگفەڕشی مەیدانەکە، تەپوتۆز بەرز بۆوە. ‌نەوەستان و خێراتر لە ڕاکردندا بەردەوام بوون. بارانی گوللە دەهات و تۆزی لە عەرز هەڵدەستاند. بە تەواوی هەستی بە مەترسی دەکرا، بەڵام مەودایەکی زۆر نەمابوو و گەیشتنە کۆتەڵەکە. پایەی کۆتەڵەکە ئەوەندە بەرین و گەورە داڕژابوو کە هەر دووکیانی دەپاراست. ساڤرولا گوتی:

  • تەقەیان لە ئێمە کرد.
  • بەڵێ، ئەم تاوانکارانە!
  • بەڵام بۆ؟
  • لەبەر یونیفۆڕمەکەی من، ئەگینا گرێویان کردووە، قۆشمەیی و خۆ تاقیکردنەوە.
  • دەبێ بەردەوام بین.
  • ناتوانین لە گۆڕەپانەکەوە بڕۆین.
  • ئەدی چار چییە، کام ڕێگا بگرین؟
  • دەبێ بەشەقامەکەدا بگەڕێنەوە، بەڵام دەبێ وا بڕۆین کە پەیکەرەکە لە نێوانماندا بێ و لە تیرڕێژی تفەنگچییەکان بمانپارێزێ تا خۆمان بە یەک لە شەقامەکانی تەنیشتدا دەکەین.

شەقامێکی بەرین دەهاتەوە سەر گۆڕەپانەکە و بە ئاراستەی مەبەستیاندا دادەگەڕا خوارێ و پاشان تێکەڵ بە باریکە شەقامی دیکە دەبۆوە. ئەگەر تا ئەوێ لە پەنا و پشتی کۆتەڵەکەدا ڕۆیشتبان، وەنەبێ لە سەتا سەت پارێزراو بن، بەڵام مەترسی ئەوە کە بپێکرێن زۆر کەمتر دەبۆوە. ساڤرولا سەیری ئەو شوێنەی کرد کە تیرۆ ئاماژەی پێدەکرد، خێسەی لە گۆشەیەکی مەیدان کە لە کۆشک نزیکتر بوو، کرد و گوتی:

  • ئەم ڕێگایە زۆر کورتترە
  • زۆر کورتترە، بە سێ چرکە سات ڕەوانەی ئەو دونیات دەکات.

ساڤرولا کە لە پەنا پایەی کۆتەڵەکەدا خۆی گڕمۆڵە کرد بوو گوتی:

وەرە، گوێ بەم بۆچوونەت نادەم و ناهێڵم کارم تێ‌بکات. ژیانی خەڵکێکی زۆر لە مەترسی دایە و کاتیش بەرتەنگە. ئەمە دەبێتە ئەزموونێک بۆ لێ‌فێربوون.

گەڕی خوێن لە دەمارەکانی ساڤرولادا خێراتر ببوون. ڕوومەتی سوور هەڵگەڕابوون، چاوی دەبریسکانەوە. بوێری و حەزی بە ماجەرای تێدا دەبینرا. تیرۆ بە حەپەساوییەوە تێی‌ڕامابوو. چەندیش بەجەرگ بێ، ئامادە نەبوو بە پێی خۆی بە دوای سیاسییەکی شێتدا بەرەوپیلی مەرگ بچێت. بەڵام هاوکات نەشی‌دەویست کەم بێنێ، لە کورتێ بدا و لە ساڤرولا وەدوا کەوێ. ئیتر هیچی نەگوت و لە گۆشەی پایەکەوە سەیرێکی مەیدانەکەی کرد و خۆی هاویشتە گۆڕایی و قاچی خستە سەر پشتی. چۆن دەربازبوو بۆخۆشی نەیزانی. گوللەیەک کڵاوەکەی پێکابوو، یەکی دیکە دەلینگی پانتۆڵەکەی کوناودیو کردبوو. ئەو لە زۆر شەڕاندا بەشداری کردبوو و ئامادە بوو ڕۆژێک گوللەیەک چارەنووسی بگۆڕێ و لە عەرزی دا. لە ڕووی خدە، سەری لە بن‌باڵی چەپی نا کە دەموچاوی بپارێزێ، ڕایکرد و خۆی لە مەترسی ئاشکرای ئەمجارە ڕزگار کرد. وەستا و بە هەناسەبرکەوە ڕووانییە پشت سەری. ساڤرولا نیوەی ڕێگاکە هاتبوو. ئەو ئارام ئارام و لەسەرخۆ هەنگاوی دەنا. کاتێک سی هەنگاوێکی مابوو وەستا، کڵاوەکەی سەری هەڵگرت و نەترسانە ڕوو بە سەنگەرەکە ڕایوەشاند. ڕاست لەو کاتەدا، تیرۆ بینی دستی پاشەوشکێن بوو و کڵاوەکەی لە دەست کەوتە خوار، بەڵام هەڵی‌نەگرتەوە و درێژەی بە ڕێگاکەی دا. پاش کورتەساتێک گەیشتە لای سەروان تیرۆ. ڕوخساری سپی هەڵگەڕابوو، ددانەکانی لە چیرەوە بردبوو و ماسولکەکانی توند ببوون، گوتی:

  • بڵێ بزانم ئەوەیە پێی دەڵێن خۆ هەڵسەنگاندن؟
  • زۆر شێتانە بوو.
  • بۆم هەیە بپرسم بۆ؟
  • سوودی ئەوە چییە کە لەویدا بوەستی، ژیانی خۆت بخەیە مەترسی و گاڵتەیان پێ‌بکەی؟
  • کوڕە من كڵاوەکەم بۆ چارەنووسی خۆم ڕاوەشاند نەک بۆ ئەم چارەڕەش و نەگبەتانە. دەی با بەرەو کۆشک ببزوین. لەوانەیە هەر ئێستا درەنگ بووبێت و چوونمان بێ‌سوود بێ.

بە شەقامە چۆل‌وهۆلەکاندا بەردەوام بوون، بەرە بەرە دەنگی تەقەی تفەنگەکانی جارجار تێکەڵاو بە هەراو‌هوریا و قیژەی خەڵک ئاشکراتر دەبیستران. لە شوێنی تەقە نزیک بوونەوە و لە حەشیمەتی تەماشاچی کە سەیری قەرەباڵغی بەردەم کۆشکیان دەکرد ، تێپەڕین. ژمارەیەک بە ‌قێزەونی و گومانەوە سەیری تیرۆ کە جلوبەرگی ئەفسەری دەبەردا بوو، دەکرد. ژمارەیەکی زۆریش بە بینینی ساڤرولا کڵاوەکەیان لە سەریان هەڵدەگرت و ڕێزیان دەنواند. ژمارەیەکی زۆر دەستەبەرە کە برینداریان لەسەر بوو و بۆ دواوە دەگوازرانەوە. ئێستا ئیتر ژمارەی چەکدارەکان چڕ و پڕتر دەهاتە بەرچاو. سەربازەکانی کە دەگەڵ شۆڕش کەوتبوون هێشتا جلوبەرگی سوپایان دەبەردابوو و شان بە شانی شار بە جلوبەرگی کرێکارییەوە و ئەندامانی هێزی بەرگری حیزب ‌بە جلوبەرگی جۆراجۆر، لە سەر شەقام و سەنگەردا بوون و ‌تێکڕایان پێچەری سووریان لە قۆڵ دابوو. ناوی ساڤرولا دەم بەدەم گەڕا و تێکڕا چاویان بەدوادا دەگێڕا، بە هوریاوە بەخێرهاتنیان دەکرد و ڕێگایان بۆ دەکردەوە.

لە ناکاو ‌تەقەی بەردەم کۆشک وەستا و وڵات بۆ دەمەساتێکی کورت بێدەنگ بوو. پاشان تاقولۆق تەقەی تێکەڵاو بە هاوار و ناڵە بیسترا.

سەروان تیرۆ گوتی: تازە ئیتر درەنگە.

ساڤرولا هاواری کرد: پەلە بکە!

بــــەشــی ٢٠

لـــێــک‌دەرکــردن

نزیک بە چارەگە سەعاتێک دوای ئەوەی سەروان تیرۆ بەسەر سیمەکانی تێلگرافدا لە کۆشک وەدەرکەوتبوو هێرشێکی بە تەوژم بۆ سەر کۆشک دەستی پێکردبۆوە. لە شێوەی شەڕ و تاکتیکی ئەمجارەوە وێدەچوو هێرشبەران فەرماندەیەکی نوێیان بۆ هاتبێ. بە پشتیوانی تەقە لە چوار دەورەوە لە زۆربەی شەقامەکانەوە هاوکات بەرەو کۆشک هێرشیان هێنابوو. سەربازەکان بەردەوام و چالاک وەڵامی هێرشی بەربڵاو و هەمەلایەنەیان دەداوە بەڵام ئەوەندەیان تەقەمەنی بەدەستەوە نەبوو کە باشار بکەن. ژمارەیەکی زۆر لە هێرشبەران کوژران و بریندار بوون و سەرئەنجام ژمارەیەکیان خۆیان گەیاندە بن دیوارەکانی دەروازەی گەورە. پارێزەرانی کۆشک کە زانیان ئەم هێڵەی بەرگریان بۆ ناپارێزرێ کشانە دواوە و چوونە ناو بیناکەوە و لە پەنا و پەسێواندا سەنگەریان گرت. لەم خاڵەشەوە بۆ ماوەیەک خۆیان ڕاگرت و هەرکەس سەری وەدەرکەوتبا و یان هاتبایە پێش دەیاندایە بەر دەسڕێژ. بەرەبەرە هێرشبەران لە سایەی ژمارەی زۆریانەوە ‌تەنگیان بە سەربازەکان هەڵچنی و هەر کەس سەری هەڵبڕیبا سەری دەپژا.

لە کاتێکدا ئاگری پاڕیزەران بەرەو کز بوون دەچوو، ئاگری هێرشبەران هەردەم لە پەرەستاندن دا بوو. دیواری دەرەوەی کۆشک کە هێڵی سەرەکی پاراستنی کۆشک بوو بە تەواوی کەوتبووە دەست شۆڕشگێڕانەوە. لایەنگرانی دەوڵەت بە تەواوی کپ ببوون و تەقەیان لێ‌بڕا بوو. بەڵام بەم حاڵەشەوە هێرشبەران کە شاهیدی چۆنیەتی بەرهەڵستکاری و خۆڕاگری لایەنگرانی دەوڵەت بوون زۆر بەپاڕێزەوە دەجووڵانەوە. سەرێک جووڵاباوە بیست تفەنگی بەسەردا دەتەقێنرایەوە. ئێستاش ‌لەژێر پشتییوانی ئاگری تفەنگچی دامەزراو لە دەوروبەر، بە تۆپی گەڕۆک دەروازەی کۆشک بە تەواوی تەقایەوە و لە ڕەسمە چوو. ئەمجار لە مەودای سەت هەنگاوی ڕا بینای کۆشکیان دایە بەر تۆپ. گوللەی یەکەم دیواری بڕی و لە هۆڵی گەورەدا تەقییەوە و دوا بەداوی ئەمەش یەکی تر، کە دیوارەکانی یەک بە دوای یەکدا بڕی و لە ژووری نانخواردنی بەیانییاندا تەقییەوە. پەردەکان ئاگریان گرت، کورسی و مۆبڵ هەر چی لێی بوو لە گڕدا دەسووتان. بە ڕوونی دیار بوو کە توانایەک بۆ پاراستنی کۆشک نەماوە.

سورەنتۆ کە وەک سوپاییەکی کۆنەکار سەیری شەڕەکەی دەکرد بەهیوا بوو لە کۆتا چرکەکانیشدا بێ پیاوەکانی ڕێک‌بخاتەوە و دۆخەکە بگۆڕێ، بەڵام بینی هیچی لە دست نایە و توانای بەرگری کردن نەماوە، چوو کە سەرۆک‌کۆمار بدۆزێتەوە.

مۆلارای لە هۆڵی گەورەی کۆشکدا دۆزییەوە. ئەو کۆشکەی کە وا پێنج ساڵ بوو تێیدا ژیا بوو و فەرمانڕەوایی تێدا دەکرد و ئێستا لە ئاگردا دەسووتا. مولارای ترساو و حەپەساو، دەگەڵ هۆڵی لە دووکەڵ ئاخنراو، کاشیی هەڵکەندراو و جڕژاو، نەخش و نیگاری بن‌میچی ئێستا لە سەر زەوی، پەردەی سووری گڕگرتوو، شووشەشکاوی پەنجەران بڵاو بە سەر زەوییەوە، قافیە و تەواوکەری یەک هەڵبەست بوون. نە لە جوانی هۆڵەکە شتێک مابوو نە لە هەیبەتی سەرۆک‌كۆمار.

سورەنتۆ بە فەرمی سڵاوی لێکرد. تەنیا شتێک لێی‌مابۆوە و پێی‌مابوو تەشریفاتی سوپا بوو و بەس، بۆیەش دەی‌پاراست چونکە ئیتر شتێک نەمابوو خۆی پێ‌بگرێتەوە. بە دەنگێکی فەڕمییەوە گوتی:

ئیستا وا یاخییەکان تۆپیان هێناوەتە پێشێ کە لە نزیکەوە لێمان بدەن بە ئەرکی خۆمی دەزانم پێتان ڕابگەیەنم کە توانای بەرگری و پاراستنی کۆشک بە تەواوی لاواز بووە. تەنیا ڕێگامان ‌هێرش‌بردنە بۆ سەر تۆپەکە و پاشان سەریان لە دوو بنێن و بیان نێرینەوە ئەو بەری دیوار.

سەرۆک کۆمار لە مەبەستی تێگەیشت کە دەیهەوێ هەر هەموویان ‌هێرش بەرن و لە کاتی ‌هێرش‌بردندا بکوژرێن. دەمەساتێکی پڕ ئێش و ئازار بوو. پێش ئەوەی بیر لە مردن بکاتەوە داخ و حەسرەتی ئەوەی بوو کە نەیتوانی‌بوو تۆڵە بستێنێ، بە دڵشکاوی و بێ‌هیوا ئاخێکی هەڵکێشا.

لە ناکاو دەنگی دروشم‌دان و هاواری حەشیمەت کە بە بینینی دووکەڵ و ئاگر بە ئاسمانی کۆشکەوە، تێگەیبوون و دڵنیابوون کە تا سەرکەوتن مەودایکی زۆر نەماوە، بیسترا کە دەیانگوت:

مولارا! مولارا! وەرە دەرێ دیکتاتۆر! ‌

وەرە دەرێ! دیکتاتۆر

دەنا دەبێ بسووتێی! دەنا دەبێ بسووتێی!

زۆر جار ئەمە ڕوودەدات کە مرۆڤ لە کۆتا چرکەکانی ژیاندا وەخۆ دێتەوە. ورەبەرز و شایی‌بەخۆ دەڵێ؛ چی دەبێ با ببێ بەڵام ئەم ژیانە دەبێ بەشانازییەوە کۆتایی بێ. ئێستاش لەم کات و ساتەدا مولارا ئاوڕێکی لە ڕابووردووی خۆی دایەوە بیری کردەوە کە لە پێگە و دەسەڵاتی خۆی لە ناو وڵات‌دا چێژی وەرگرتووە، کەم ‌و زۆر وەک شازادە و پاشایەک فەرمانڕەوایی کردووە و هەنووکە هەموو دونیا چاوی بە سەر ئەم چرکە ساتەوەیە کە چ دەقەومێ، لە دوورە وڵاتان دەبیسترێ، لە کۆڕ و کۆمەڵی ‌هەرە دووریش وەک بیرەوەری دەم بە دەم دەوترێ و دەمێنێتەوە. لەبەرە خۆیە گوتی:

جا ئێستا کە مردن هەر لە ڕێمە با وەک مێرخاس و بوێر بمرم.

ئاخرین سەربازەکانی کە لە سی‌کەسێک تێ‌نەدەپڕین و لەوانەش چەند کەسێکیان بریندار بوون، لە دەوری خۆی کۆکردەوە. ڕووی تێکردن و گوتی:

هاوڕێیان! ئێوە تا کۆتایی وەفادار مانەوە. داوای فیداکاری و قوربانی‌دانی زۆرتر لە ئێوە ناکەم. هیوادارم خوێنی من تینوێتی ئەم ئاژەڵە وەحشییانە دابمرکێنێ. من گەردنی ئێوە لە سوێندتان بە وەفاداری و شەرەف، ئازاد دەکەم و سەربەستن خۆتان تەسلیم بکەن.

سورەنتۆ وەدەنگ هات و گوتی: هیچکات.

مولارا وەڵامی دایەوە و گوتی: سەرهەنگ ئەوە فەرمانێکی نیزامییە. پاشان بەرەو دەرگا بەسەر داروبەردی ڕووخاودا هەنگاوی هەڵگرت و چوو بۆ سەر پلیکانە گەورەکانی بەردەم کۆشک. کۆمەڵێک مرۆڤ ڕژابوونە گۆڕەپانی گەورە. مولارا نیوەی پلیکانەکان ڕۆیشت ئینجا لەوێ ڕاوەستا و هاواری کرد:

وا من لێـــــــــــــــــــــــــرەم.

حەشیمەتەکە هەر وا واقو‌ڕماو سەیریان دەکرد. لەژێر تیشکی خۆرەتاودا دەرکەوت. ئەستێرەی لاورانیا و ژمارەیەکی زۆر میداڵ و نیشانی وڵاتانی دەرەوە بە سەر یونیفۆڕمە شینەکەیەوە دەدرەوشانەوە. سەری رووت بوو، بە باڵا و بە شکۆ ڕاوەستا بوو.

ماوەیەک وڵات بێدەنگ بوو.

پاشان دەنگی تەقە لە هەموو لایەکی گۆڕەپانەکەوە، لە سەر دیوارەکانرا کە بە سەر باغدا دەیانڕوانی تەنانەت لە پەنجەرکانی دراوسێی کۆشکەوە بەرز بۆوە. سەرۆک‌کۆمار سەری بەلاداهات، قاچی نوشتانەوە و ئینجا کەوتە سەر زەوی و لە چەند پلیکانێک‌ڕا خلۆر بۆوە و پاشان هیچ. تەنیا شتێک بینرا چەند جووڵەی ئەسپایی لاقەکانی بوو. پیاوێکی ڕەشپۆش کە دیاربوو دەمراست و کاربەدەست بوو لە مەیتەکە هاتە پێش. دەنگی چەند تەک‌تیر بیسترا.

ڕاست لەو کاتەدا ساڤرولا دەگەڵ هاوڕێکەی هاتنە ناو باغەکە. بە نێو داڵانی خەڵکێکی بێدەنگ و شەرمندا بۆ پێشەوە چوون.

کاتێک یەک‌ڕاست بەرەو پلیکانەکان کە هێشتا هێرشبەران دەستیان بەسەردا نەگرتبوو، دەڕۆیشتن ساڤرولا بە تیرۆی گوت: کیپ بە تەنیشت منەوە بڕۆ. دوای نیشتنەوەی تەقە، ئەفسەرەکان یەک یەک و دوو دوو لە پشت ستوونەکانەوە وەدەرکەوتن و یەکیان دەسرەیەکی سپی ڕادەوشاند.

ساڤرولا بە دەنگی بەرز گوتی: ئاغایان! داواتان لێدەکەم خۆتان تەسلیم بکەن. گیانتان لە ئەمان دایە.

سورەنتۆ هاتە پێشێ و گوتی:

  • لە سەر ئەمری گەورەم کۆشک و هەرەها سوپای سەر بە دەوڵەت کە پارێزەری ئێرە بوون تەسلیم دەکەم. ئەمەش بە مەرجێک کە ژیانیان پارێزراو بێ.
  • بەڵێنیت پێ‌دەدەم. ئەی سەرۆک‌کۆمار کوا؟

سورەنتۆ ئاماژەی بە بەری پلیکانەکان کرد. ساڤرولا بەرەو وێ چوو.

ئانتۆنیۆ مولارا سەرۆک‌کۆماری پێشووی لاورانیا لە سەر یەک لە پلیکانەکانی خوارەوەی کۆشکی خۆی سەری بەلارەوە نابوو و کەوتبوو.

خەڵکێک لەوانەی کە سەردەمایەک مولارا سەروەریان بوو و ‌لەژێر دەسەڵاتیدا بوون، لە بازنەیەکدا لە دەوری وەستابوون. پیاوێکی ڕەشپۆش تۆزیک تەریک و بەلاوە خەریک بوو دەمانچەکەی پڕ دەکردەوە. ئەوە کارڵ‌ کرۆتێز سەردەستەی تاقمی نهێنی، واتە لیگان بوو. سەرۆک‌کۆمار خوێنێکی زۆری لەبەر ڕۆێشتبوو. دیاربوو تیری خلاس لە سەری درابوو. پشت سەری لە لای چەپەوە هەڵگیرا بوو و دەموچاوی بە تەواوی شپرزەببوو.

ساڤرولا ترسی بە ڕوخسارییەوە دیار بوو. سەیری خەڵکی کرد، خەڵکێک کە زۆرتر و زۆرتر خۆیان لە نیگای ئەو دەدزێوە و دەکشانەوە دوایە. ئێستا پیاوی ڕەشپۆش تەنیا لەبەرانبەر ساڤرولا، گەورەی دێمۆکراتەکاندا مابۆوە. جەماعەت هەموو بێدەنگ بوون، دەنگ لە کەسەوە نەدەهات.

چاوی لە کابرای ڕەشپۆش سەرۆکی لیگان بڕی و بە دەنگێکی نزم و گڕ پرسی:

  • کێ ئەم تاوانەی ئەنجام داوە؟
  • ئەوە تاوان نییە، قەتڵ نییە. ئیعدامە.
  • کێ ئەو مافەی داوە بە تۆ؟
  • بە ناوی تاقمی نهێنی لیگان.

بینینی جەنازەی دوژمنەکەی ساڤرولای ترساند بوو کە چی هاوکات خۆشێکی ترسهێنەریش، بوونی داگرتبوو. ملۆزم لە سەر ڕێگا نەمابوو. خەریک بوو لە ناو خۆیدا بەربەرەکانی ئەم هەستەی دەکرد و لەم زورانبازییە ناوخۆییەی ناخیدا، تووڕەیی و دەرهەڵبوون لە سەرهەڵدان دابوو. ئەم وشانەی کروتێز وای لە دین دەهری کرد کە خەریک بوو دەلەرزی. ئەم کارە بە ناوی ئەو تەواو دەبوو ‌و شەرمەزاری دەکرد و ناوی خەوشدار دەبوو. لە ئەوروپا چییان دەگوت؟ جیهان چۆنی لێ دەدوا؟ بێویژدانی، شەرمەزاری، هاودەردی، دڵخۆشی و شادمانی شاراوە بە نەمانی دوژمن، بوون بە هاوارێک ڕوو بە کرۆتێز: خــوێری بێ‌ویژدان! لێی چووە خوارێ و گۆچانێکی لە دەموچاوی دا.

کروتێز لە تاو ژانی دەموچاوی پەلاماری ساڤرولای دا و دەستی نایە قورگی. بەڵام تیرۆ بێ یەک و دوو شمشیرەکەی هەڵکێشا و بە پەڕی حەزەوە و ئامادە بۆ شەڕ، هێرشی بردە سەر کرۆتێز و دەگەڵ یەکم دەست بەرزکردنەوە لە عەرزی ڕاکێشا.

وەزعەکە شێوا. هەرا و هوریایەکی لە ڕادەبەدەر لە حەشیمەتەوە بەرز بۆوە. لە نێو شۆڕشگێڕەکاندا لایەنگری و پێگەی ساڤرولا لەبەرز بوونەوە دابوو. بەڵام ژمارەیەکی زۆریش لایەنگری کروتێز بوون. ئەو لە ناو خەڵکەوە سەری هەڵدابوو و نووسراوەکانیشی لە سەر سۆسیالیزم، بە ڕادەیەکی زۆر لە ناو خەڵکدا بڵاوببوونەوە. وەکو ڕێبەری تاقمی لیگان لە زۆربەی کۆڕ وکۆمەڵاندا ڕایەڵەی تەنی بوو. ئەویش بوو کە دوایین هێرشی بۆ سەر کۆشک فەرماندەیی کرد بوو. ئێستاش وا بە دەستی ئەفسەرێکی دوژمن لەبەر چاوی لایەنگرانیدا کوژراوە و جەنازەکە لەوێ کەوتووە. حەشیمەت بە هەرا و هوریا و دروشم دانەوە شەپۆل شەپۆل دەهاتنە پێش.

ساڤرولا گەڕایەوە سەر پلیکانەکان و بە دەنگی بەرز هاواری کرد:

هاووڵاتی‌یان! گوێ بگرن! ئێوە سەرکەوتنێکی مەزنتان وەدەست هێناوە. بە لاڕێی‌دا مەبەن، خەوشداری ‌مەکەن. فیداکاری و نیشتمانپەروەری ئێوە بێ‌هاوتایە و جێگەی شانازییە. لە بیرتان نەچێ کە خەباتی ئێوە لە پێناو دەستووری لەمێژینەی وڵاتدا بووە.

بە پێکەنین، قسەی ناشایست و هۆ لێکردن قسەکانیان پێ بڕی.

ساڤرولا بەردەوام بۆوە و گوتی: دستکەوتی من لەم شۆڕشەدا بە ئەندازەی ئێوەیە، نە زیاتر و نە کەمتر. منیش وەک ئێوە ‌بۆ ئامانجی گەورە، ژیانی خۆم خستۆتە مەترسییەوە. کەسێک لێرە هەیە کە بریندار بووبێ؟ با بێتە پێش ئێمە هاوڕێین.

بۆ یەکەم جار بە شانازی و هیماوە دەستی چەپی بەرز کردەوە. تیرۆ ئێستا بۆ یەکم جار تێگەیشت کە بۆچی ساڤرولا کاتی ڕاکردن لە گۆڕەپانی بەردەم پارڵمان ڕاچڵەکی و کڵاوەکەی لە دەست کەوتەخوار. قۆڵی باڵتەکەی کون بوو و کراسە سپییە خوێناوییەکەی دەبینرا. پەنجەکانی بێ جووڵە بوون و لە خوێندا شەڵاڵ.

کارتێکەری ئەم قسانە و ئاشکرابوونی برینداری ساڤرولا بۆ یەک ئامانج و ‌لەژێر یەک ئاڵادا بێ‌وێنە بوو. هەست و نستی ئامادە بووان هەڵگەڕایەوە و بە لایەنگری دەنگیان بەرز کرد و هوریای ئەرێنی‌یان بۆ کێشا. لە دوور دوورەکانیش لە دەرەوەی گۆڕەپانی بەردەم کۆشک و لە سەر پەنجەرەکانی ڕوو بە کۆشک، هوریا ‌و چەپڵەلێدان دەستی پێکرد بێ ئەوەی هۆیەکەیان زانی بێ. ‌

وڵاتی ئێمە کە ئێستا لە چنگ دیکتاتۆر ڕزگاری هاتووە دەبێ داهاتووی خۆی لە سەر بنەمای عیداڵەت، یەکسانی ‌و دەستپاکی دابمەزرێنێ. ئەوانەی پێشێلی یاسایان کردووە و دەسەڵات و داهاتی وڵاتیان بۆ خۆیان پاوان کردووە دەبێ بەپێی یاسا سزا بدرێن. جا ئەو کەسە سەرۆک‌کۆمار بێ یان هاووڵاتێکی ساکار. ئەم ئەفسەرانەی وا لێرەن دەدرێنە بەردەم دادگا و دەبێ بۆ کار و کردەوکانیان وەڵامدەر بن. هەموو لاورانییەک لەبەرانبەر یاسادا مافی وەک یەکیان هەیە. مەحکەمە و پێڕاگەیشتنی بێ‌لایەن مافی هەموو لاورانییەکە. هاوڕێیان زۆر کارمان ئەنجام داوە بەڵام زۆر ئەرکیشمان لە پێشە.

ئێمە ئازادیمان بۆ وڵات گەڕاندەوە. ئێستا دەبێ مسۆگەری بکەین بیکەین بە یاسا و ڕەوشت. ئەم ئەفسەرانە دەبێ بخرێنە زیندانەوە. بەڵام ئێوە ئەرکی زۆرتان لە پێشە کە ئەنجامی بدەن. پاپۆڕەکانی هێزی دەریایی لە ڕێگای گەڕانەوە دان. ئێستا کاتی چەک دانان نەهاتووە. کام لە ئێوە دەخوازێ تا کۆتایی و سەرکەوتن ئەرک بەڕێوە بەرێ؟

پیاوێکی بریندار کە سەری پێچرا بوو هەنگاوێک هاتە پێش و گوتی:

ئێمە هاوڕێین با دەست بدەینەوە.

ساڤرولا برایانە دەستی دەگەڵ لێداوە. ئەفسەرێکی پلە نزمی سوپای شۆڕشگێڕان بوو کە ساڤرولا لە چەند مانگ لەمەو بەرەوە دەیناسی. پیاوێکی ساکار و بە شەڕەف. پاشان پێیگوت: ئەرکێکی تایبەت و گرنگم بۆ تۆ هەیە. ئەم ئەفسەر و سەربازانە ڕاگوێزە زیندان. پاشان بە تەتەرێکدا وردەکاری و دەستوورەکانت بۆ دەنێرم. دەتوانی حیمایە بۆ ڕاگوێستنیان دیاری بکەی؟

ژمارەیەکی زۆر خۆویست ئامادە بوون.

واتە بۆ زیندان. لە بیرت بێ گەورەیی و کەرامەتی کۆمار بە ئازاردانی ئەمانە غەوش دێنێ و عەیبدار دەبێ. بۆ پێشەوە هاوڕێیان!

ئینجا ڕووی کردە ئەفسەر و سەربازەکان و گوتی: دڵنیا بن کە ژیانتان پارێزراوە و بە شەڕەف سوێندتان بۆ دەخۆم.

سورەنتۆ گوتی: خائین و شەڕەف!

ساڤرولا وەڵامی داوە: چۆنت پێ‌باشە ئاوای وەرگرە بەڵام ئێستا گوێڕایەڵ بە. جیا لە سەروان تیرۆ کە لە لای ساڤرولا مایەوە هەموو زیندانییەکان ‌لەژێر چاوەدێری پاسەوانەکانیان و بە نێو خەڵکدا کەوتنە ڕێ. هەر لەو کاتەش دابوو کە دەنگی تەقەیەک لە لای دەریاوە بەرز بۆوە. پاشان یەکی تر و ئینجا بەردەوام بوو. پاپۆڕەکان گەڕابوونەوە.

 

بـــەشـــی ٢١

گـــەڕانــــەوەی پـــاپــۆڕەکــان

دەریادار دیمەڵۆ بەڵێنی خۆی بردە سەر. کاتێک گەمێی سەرکونسوول لە سەت مایلی پورت‌سەعید پەیامی سەرۆک‌کۆمار مولارای پێ‌گەیاند، بێ یەک‌ودوو لووتی پاپۆرەکانی بەرەو ماڵ، ئەو شارەی تازە بەجێی‌هێشتبوو، وەرگێڕا. هێزەکەی دیمەڵۆ لە دوو جۆرە پاپۆڕ پێکهاتبوو. بەشێکیان کۆن و هێواش بەڵام تەیار بە چەکی زۆرباش و دەستەکەی دیکەش دوو دەریابڕ و یەک گەمێی تۆپ‌هەڵگر بوون. بەداخەوە کاتی گەڕانەوە بۆری هەڵمی یەک لە پاپۆرە سەرەکییەکان شکا و چەند کاتژمێرێکی خایاند تا چاک‌کرایەوە و ئەمەش بوو بە هۆی دواکەوتنێکی چەند سەعاتە. کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆژە بوو کە لە سەر ڕووبانی پاپۆڕەکانەوە لاورانیای سپی و جوان بینرا. ئەفسەرەکان بە حەزێکی بێ‌وێنە بەڵام نیگەران بە دووربین یان بە چاو کە دەستیان لێکردبوونە سێبەر لە پێتەختی مایەی سەرفەرازی و شانازییان، دەڕوانی. دیارە نیگەرانی‌یەکەیان بێهۆ نەبوو. دووکەڵ و گڕی ئاگر لە شەقام و پارکەکانەوە هەڵدەستا. کەشتییە بیانی‌یەکان بەندەریان جێ هێشتبوو سەریان لە دووی یەک نابوو و لە لاورانیا دوور دەکەوتنەوە. لەم ناوەدا ئاڵای سووری نامۆ لە سەر کۆنەقەڵا، فانۆسی‌دەریایی و شەپۆل‌شکێنەکاندا سەرنجی ڕاکێشان.

دەریادار فەرمانی کەم کردنەوەی خێرایی پاپۆڕەکانی دەرکرد و بە نەرمی لە دەراوی هاتنە ناو بەندەر، نزیک بوونەوە. مەترسییەکە گەورە بوو چونکە ئێستا ئیتر ‌تێکڕای کەشتییەکان لە تیرڕێژی تۆپخانەی ساتیرەکانی بەرگریدا بوون و دەکرا بکرێنە ئامانج. پانایی کاناڵەکە حەوت مایلی دەریایی بوو بەڵام دۆزینەوەی دەراوی هامووشۆ کە زۆر تەسک بوو، کارێکی سانا نەبوو. دەریادار کە بست بە بست لەم مەڵبەندە شارەزایی هەبوو. لەسەر ڕووبانی کەشتی فۆڕتونا لە پێشەوە وەستابوو و سوڕاتۆ و پێتراچ بە شوێنیدا دەریایان دەبڕی. ئینجا پاپۆڕی تۆپ هەڵگری ڕیەنزی و لە دوادواوەش ساڵدانهوو دەهاتن. فەرمان دەرچوو، تەپڵی شەڕ کەوتە لێدان، ئەفسەر و باقی دانیشتوانی سەر پاپۆڕەکانی بانگهێشتی سەر پۆستەکانیان دەکرد. هێدی هێدی بەرەوپێش دەچوون.

لە ویشکانییەوە کاتیان بە فیڕۆ نەدا و هەرکە زانیان پاپۆڕەکان لە تیرڕێژیان دان تەقەیان دەست پێکرد. تۆپخانە کەوتە کار. گوولە تۆپەکان سەریان کرد و کەوتنە ئاو، کەشتییەکان لە هاتنە پێشدا بەردەوام بوون. تۆپەکانی ڕوخی دەریا لە ساتیرەکانەوە یەک بە دوای یەکدا کەوتنە ئیش کردن، بەڵام بە هۆی ناکارامەیی و نیشانەگرتنی خراپ، ئاکامێکی لێ‌نەکەوتەوە. لەم ناشارەزاییە کەڵک وەرگیرا و یەکەم پاپۆر ڕووی تۆپەکەی لە کۆنەقەڵا و سەنگەرەکانی بەندەر گرت. دەگەڵ تەقینەوەی یەکەم گوللە تۆپ، هاوار لە دوو سەنگەرانەوە بەرز بۆوە. نزیک شێست کەس کۆژران و بریندار بوون و دوو لە تۆپەکانی پارێزەری بەندەریش لە کار کەوتن. لە سەر ڕووبانی پاپۆرەکان بوو بە قریوە قریو و هاواری شادی بەرزبۆوە. ئینجا پاپۆڕی گەورە لووتی سووڕاند و گەرای تۆپەکانی خستە سەر قەڵا، دوو تۆپ هاوکات ئاگردران. هەر دوو گوللە تۆپ قەڵایان پێکا. بەردودار بەرەو ئاسمان ڕەهەوا کەوتن، بەڵام قەڵا خەسارێکی ئەوتۆی پێنەگەیشت. لەم سەنگەرە دژە بۆمبانەدا ‌مەگەر بە پڕیشک و تیسماڵک بریندار بووبان دەنا ئەمین بوون. تۆپخانەی قورسی پاپۆڕە گەورەکان توانیان چەند سەنگەری دیکە لە ناو بەرن و ببنە هۆی کوشت و بڕێکی زۆرتر لە هێزی بەرگری شۆڕش. هەرچی پاپۆرەکان نزیکتر دەبوونە ئاگری بەرگریش خەست و خۆڵتر دەبوو. پاپۆڕەکان بەنۆرە و یەک بە دوای یەکتردا بەردەوام تۆپەکانیان بە سەر قەڵا و سەنگەرەکانی بەندەردا دەتەقاندەوە. لە قەڵاشەوە بەو پەری تواناوە وەڵامیان دەدراوە. زۆر جاران تەقەی پاڕێزەرانی بەندەر بەسەر تۆپخانەی پاپۆڕەکاندا زاڵ دەبوو و کپی دەکردن. ئاوی دەریا لە بەندەر و دەوروبەری پاپۆڕەکان سپی هەڵگەڕابوو و دەتگوت فەوارەیە و بەرەو ئاسمان ئاو دەپڕژێنێ. دووکەڵی پاشماوەی تەقاندنەوەی تۆپەکان، پاپۆڕەکان و هەروەها دەروبەری بەندەری لە خۆیەوە پێچابوو. ‌تۆپی گەورەی سەر فۆڕتونا لە کارکەوتبوو. گوللە تۆپێکی دیکە لە سەر پاپۆڕەکە تەقییەوە و وڵات وەسەر خوێن گەڕا. سەربازانی مەلەوان کە لە ژیاندا بوون و وەبەرنەهاتبوون ڕایاندەکردە بەشی ئەمین و ساغی پاپۆڕەکە. ئەفسەرەکان لەبەرگری کردن و هاندانیان بۆ مانەوە و ڕانەکردن دەستەوەستان بوون. کەس نەبوو بگەڕێتەوە ئەم قەسابخانەیە و سەیری جەنازە، لەشی بریندار و لەت‌وپەتی هاوڕێکانی بکات. پۆمپەکان بەردەوام کاریان دەکرد و ئاویان فڕێ‌دەدا، بەڵام دەروەست نەدەهاتن. دووکەڵکێشی فۆڕتونا گوللەتۆپی بەرکەوتبوو و بەسەر ڕووبانەکەوە لار ببۆوە. بەشی هەرە زۆری پاپۆڕەکە زیانی زۆری بەرکەوتبوو بەڵام فەرماندە ‌کە لە ژووری فەرمانەوە ‌سوکانی پێ بوو، بێ‌هیوا ‌نەببوو و لای‌وابوو دەکرێ و دەتوانێ سەرکەوتن بەدەست بێنێ و لەبەرەو پێشچووندا بەردەوام‌بوو.

پێتراچ بە هۆی بەرکەوتنی گوللە سوکانەکەی لە کار کەوتبوو، چەقی بەستبوو و جووڵەی نەمابوو. لە قەڵاوە ئاگری سەر پێتراچیان خەستتر کرد، بەم تەمایە کە بتوانن بەتەواوی لە کاری بخەن و یان نوقم بێ. پێتراچ کە دیتی چار نییە ئاگری ڕاگرت و ئاڵای سپی بەرز کردەوە. کەس نەیویست ئەمە ببینێ و کەشتییەکانی دیکەش نەیانتوانی بە هانایەوە بچن تا لە قوڕ و لیتە دەری‌بهێنن. تەقە لە سەر پیتراچ بەردەوام بوو تا بوو بێژینگ و لە کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ لە جێی خۆی تەقییەوە.

ساڵدانهوو لە هەموو پاپۆڕەکانی دیکە کەمتر زیانی بینی‌بوو و دوو پاپۆڕەکەی دیکەشی دەپاراست. سەرئەنجام پاش چل خولەک شەڕ و دانی دووسەت و بیست کەس کوژرا و بریندار و لە دەست‌دانی پێتراچ بە هەموو سەرنشینەکانییەوە توانیان خۆ بگەیەننە بەندەر. هێزی شۆڕش زیاتر لە شێست کەسیان لێ کوژرابوو بەڵام زیانی قەڵا زۆر بەرچاو نەبوو. ئێستا ئیتر شاری لاورانییا ‌بەتەواوی لەژێر ئاگری تۆپخانەی هێزی دەریایی دایە.

دەریادار پاپۆڕەکانی لە پێنج سەت میتری بەندەر ڕاگرت ئاڵای پارڵمانی هەڵدا و ئیشارەتی دایە گۆمرگ لە بەندەر، کە لێژنەیەک بنێرن بۆ دانیشتن.

پاش سەعاتێک بەلەمێکی بچووک لە لای شەپۆلشکێنەکەوە دەرکەوت، هات و بە تەنیشت فۆڕتوناوە لەنگەری گرت. دوو ئەفسەر لە ڕوانگەی دەریادار دیمەڵۆوە یاخی، بە جلوبەرگی ئەفسەری کۆماری لاورانیاو و پێچەری سوور لە قۆڵدا، هاتنە سەر ڕووبانی فۆڕتوناوە. دێمەڵۆ بە ڕێز و حورمەتێکی تەواو بۆ ڕووبانی نیوەوێران بەخێرهاتنی کردن. پیرەورچی دەریا کە دانیشتنی زۆری دەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی دیکە هەبووە، دەیزانی هەرچی دۆخەکە مەترسیدارتر بێ دەبێ نەرمتری بڕێسێ و هاوکات جێگە و پێگەی خۆیشی لە بیر نەکات. ئینجا بەم تێڕوانینەوە سەری قسانی کردەوە و گوتی:

دەتوانم بپرسم هۆێ چییە کە ماڵی خۆماندا وا بەم شێوەیە وەردەگیرێن؟

ئەفسەرێکیان کە بەتەمەنتر بوو وەڵامی دایەوە:

لە قەڵا را تەقە دەست پێ‌نەکراوە و ئەوان وەڵامی تەقیان داوەتەوە. دەریادار خۆی لەم باسە لادا و پرسی، لە شاردا چ قەوماوە. کاتێک زانی کە شۆڕش کراوە و سەرۆک‌کۆمار کوژراوە، گەلێک تێکچوو و خەم دایگرت. ئەویش وەک سورەنتۆ لەمێژ ساڵ بوو مولارای دەناسی. ئەفسەرەکان پێیان ڕاگەیاند کە دەوڵەتی کاتی ئامادەیە تەسلیم بوونی خۆی و پاپۆڕەکان قەبووڵ بکات و ‌‌هەروەها ئەگەر خۆ بەدەستەوە بدەن هەل و مەرجێکی باش بۆ گشت لایەک دابین دەکرێت. بەدوای ئەم قسانەش دا مۆڵەتنامەی لێژنەی ئاسایشی نەتەویی‌یان کە ساڤرولا ئیمزای کرد بوو هێنا دەر و نیشانیان دا. دێمەڵۆ زەردەخەنەیکی کرد و گوتی: جەناب تکایە! کوا کاتی گاڵتەیە.

ئەفسەرەکان ئاماژەیان بە وەزعی ناڵەباری کەشتییەکان و هێزەکەی کرد و گوتیان: جارێکی‌تر لە ئاگری تۆپخانە تێناپەڕن و زوو یان درەنگ هەر نەبێ لەبەر نەبوونی پیداویستی ناچار بە تەسلیم بوون دەبن.

دێمەڵۆ گوتی خراپتان لێکداوەتە. ڕێگای هامووشۆ بۆ‌ کۆنەقەڵا و هەروەها نیوەدووڕگەش ‌لەژێر ئاگری تۆپخانەی من دایە. سەبارەت بە ئازووقەش دڵنیاتان دەکەمەوە کە لانی کەم بەشی شەش هەفتەم پێداویستی لە لایە و بۆ تەقەمەنیش هەروەها.

ئەفسەرەکان لەوە ئاگادار بوون کە ئەمانەی دەیڵێ ڕاستە و حاشا هەڵناگرێ. بێ ئەوەی لەمبارەوە شتێک بڵێن و یان بۆی بسەلمێنن گوتیان:

  • ئێستا بڕیار بە تۆیە و دەتوانی لە خزمەت دەوڵەتی کاتی، ئازادی و عیداڵەتدا بی.
  • وا لە حاڵی حازردا وێدەچێ ئەوە عیداڵەتە پێویستی بە پشتگری و یارمەتی من هەبێ.

ئەفسەرەکان لێرەدا جگە لەوەی بڵێن، خەباتی ئەوان بۆ پارڵمانێکی ئازاد و سەربەست بووە و لەم‌پێناوەش دا بەردەوام دەبن، چی دیکەیان نەگوت.

دەریادار چەند هەنگاوێک هات و ڕۆیشت و سەرئەنجام گوتی:

  • مەرجەکانی من ئەمانەن؛ سەرکردەی یاخییەکان ئەو ساڤرولایە دەبێ تەسلیم بکرێ و بەتاوانی قەتڵ و ئاژاوەگێڕی بدرێتە مەحکەمە. هەتا ئەم مەرجەش جێبەجێ نەکرێ ئامادەی درێژەدان بە دانیشتن نیم. ئەگەر ئەم مەرجە هەتا شەشی سەرلەبەیانی جێبەجێ نەکرێت وا شار تۆپباران دەکەم و بەردەوام دەبم تا بە چۆک دادێن.

ئەفسەرەکان وەڵامیان دایەوە:

  • ئەمە کردەوەیەکی ناشارستانیی و دڕندانەیە. یاسا لێی‌دەپێچێتەوە و بەرپرسیاری وێرانکردنی شارت دەکەوێتە ئەستۆ.

دەریادار ملی نەدا چیتر درێژە بە باسەکە بدات و یان لە مەرجەکانیدا سەنگ و سووکی بکات.

ئەفسەرەکان کاتێک سوودێکیان لە مانەوە و درێژەدان بە وتوێژەکەدا نەدیت سواری گەمێکەیان بوون و کاتژمێر چواری ئێوارێ بوو کە پێیان نایەوە سەر ویشکایی.

هەر کە ئولتیماتۆمی دێمەڵۆ و ناوەڕۆکەکەی بۆ لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی کە لە شارەوانی دا جێگیر بوو، باس کرا، هەموو دەمیان داچەقی و واقیان وڕما. ساماندارەکانی شار کە لە دوا ساتەکاندا و پاش دڵنیابوون لە سەرکەوتنی شۆڕش دەگەڵ کەوتبوون، بە خەبەری تۆپبارانی شار چۆکیان لەرزی و ڕەنگیان گۆڕا. سۆسیالیستەکان و لایەنگرانی تاقمی لیگان کە پسپۆڕی و کارامەیی زۆریان لە بەکارهێنانی تەقاندنەوەدا هەبوو، خۆیان لەم هەواڵە نەبان کرد و وایان نواند کە تۆپبارانی شار وێرانی و کارەساتی بەدواوەیە، نابێ ڕێگای پێ‌بدرێ و هەر بۆ بیر لێکردنەوە نابێ.

هەموو لایەک تووڕە بوون. کەش و هەوایەکی نالەبار ژووری کۆبوونەوەی داگرت. ئەفسەرەکان بەرە بەرە گفتوگۆی خۆیان دەگەڵ دەریاداردا گێڕایەوە.

ساڤرولا پرسی:

  • ئەگەر بڵێین نا؟
  • کاتژمێر شەشی سەرلەبەیانی تۆپبارانی شار دەست پێدەکات.
  • زۆر باشە، هاوڕێیان دەبێ دان بە جەرگماندا بگرین، خۆڕاگر بین و چاوەڕوان. ئەوان ناوێرن هەموو تەقەمەنی‌یەکەیان بەکار بێنن و ئەگەر بزانن ئێمە لە سەر ویست و بڕیارمان سوورین کۆڵ‌دەدن. ژن و منداڵ با ‌لەژێر خانوواندا خۆ تاقەت بکەن. چەند لە تۆپەکانی قەڵاش با گەرایان بخەنە سەر پاپۆڕەکان. تاقیکارێکی گرانە.

پێشوازی لە قسەکانی نەکرا و پێشنیارەکەی بە هێند وەرنەگیرا.

یەکێک لە سۆسیالیستەکان کە بەتەنیشت مێزەکەوە دانیشتبوو گوتی:

بەڵام ڕێگایەکی ساناتر و کەم مەترسیدار تر هەیە.

ساڤرولا چاوی لە چاوی کابرا، کە یەک لە نزیکانی کروتێز بوو. بڕی و پرسی:

  • چ پێشنیارێکت هەیە؟
  • مەبەستم ئەوەیە زۆر هەرزانترە کە ڕێبەری جووڵانەوە ئامادە بێ و خۆی فیدای بەرژەوەندی شار و وڵات بکات.
  • ئەها، ئەوەیە پێشنیارەکەت! جا کە وایە با لە لێژنەدا بیخەینە دەنگدان.

ژمارەیەکی زۆر دەنگیان بەرز کردەوە و گوتیان نا، بێشەرمیش تا ئەو ڕادەیە!؟

ژمارەیەک کپ و بێدەنگ مابوونەوە، بەڵام بە ڕوونی دیاربوو کە زۆربایەتی بە لای ساڤرولادا دەشکایەوە.

ساڤرولا بە ڕوویەکی تاڵەوە گوتی: لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پێشنیاری ئەم ئەندامە بەڕێزەمان ناخاتە دەستووری کارەوە. لە چاوی کابرای ڕووانی کە بەتەواوی زەندەقی چووبوو چونکە تێگەیشت بوو لە کۆمەڵگایەکدا کە خوو و خدەی ئینسانی باو بێ و لە بڕەو نەکەوتبێ، ئەم جۆرە ئینسانانە و بیری وا چەوت بێزی لێدەکرێ و بەهێند وەرناگیرێ.

یەکی دیکە لە ئامادە بووان لەو سەری مێزە درێژەکەوە هەستایە سەرپێ و گوتی:

بیرتان لێ کردۆتەوە ئەگەر دەریادار شاری لە گرێو گرتووە ئێمەش بارمتەمان لە لایە. ئێمە سی لەو کەسانەمان هەیە کە ئەم سەرلەبەیانییە دژی ئێمە شەڕیان دەکرد. ئیزن بدەن لە دەریادار ڕابسپێرین تا بزانێ، بۆ هەر گوللەیەک کە بە شارێوەی بنێ یەک لە بارمتەکان دەکوژین.

دەنگی ئەڕێنی بە هوریا هۆڵەکەی داگرت و پێشنیارەکەیان پی باش‌بوو و لایان وابوو کە ئەمە ڕێگایەکە بۆ پێشگرتن لە تۆپبارانی شار. ساڤرولا بەپێچەوانەی ئەم خەڵکە بیری دەکردەوە و لای وانەبوو کە دەبێ بەهاکان لە ژیر پێ‌بنرێن و گوتی:

شتی وا هەر بۆ باس کردن نابێ.

جەماعەتێک وەدەنگ هاتن:

  • بۆ نا؟
  • چونکە ئەم ئەفسەرانە خۆیان تەسلیم کردووە و بەڵێنییان پێدراوە ژیانیان بپارێزرێ. چونکە کۆمار قەتڵ‌وعامی ئینسان ناکات.

کابرا گوتی، با پێشنیارەکەم بخرێتە بەر دەنگدان.

ساڤرولا گوتی، دروست ئەوەیە ڕەخنەکەی من بخرێتە بەر دەنگ دان. لێرەدا باس لە ڕا و بۆچوونی جیاواز نییە. باس لە ڕاست و هەڵەیە.

کابرا گوتی: من داوای دەنگ وەرگرتن دەکەم.

ژمارەیەکی دیکەش دەنگیان بەرز کردەوە و یەک بە دوای یەک دا گوتیان:

منیش… منیش … منیش…

دەنگدان بەڕێوە چوو. ڕێنووس لە باری یاساییەوە پشتگیری بۆچوونی ساڤرولای کرد و گوتی پرسی ئەفسەرەکان پرسێکی حقووقییە. گودی دەنگی بە هیچ لایەک نەدا. پێشنیارەکە بە دەنگی ئەرێنی بیست لەبەرانبەر حەڤدە دەنگ‌دا سەرکەوت. دەنگی شادی لایەنگرانی پێشنیارەکە بەرز بۆوە و ئاکامی دەنگدانەکە پەسند کرا. ساڤرولا شانی هەڵتەکاند و گوتی:

شتی وا نابێ ڕوو بدا. چۆن ئێمە وا بەخێرایی بووینە بەربەر؟

هاوبیرەکەی کرۆیتز دەنگی بەرزکردەو و گوتی: ئاڵترناتیو هەیە.

ساڤرولا: بەڵێ هەیە. ئاڵترناتیو هەیە کە من بە دڵەوە قەبووڵی دەکەم تا نەهێڵم ئەم پلانە شووم و پڕ لە شوورەییە بەڕێوە بچێ. بە دەنگێکی نزم و لێبڕاوانە گوتی: بەڵام دەبێ خەڵک شانسی پێ‌بدرێ کە ڕا و بۆچوونی خۆی دەرببڕێ و منیش دوژمنی ڕاستەقینەی خەڵک و هەروەها خۆم بناسێنم.

کابرا لە بەرانبەر ئەم هەڕەشە ڕوون و ئاشکرایەدا چی نەگوت. چونکە وەک زۆربەی ئەوانی دیکە لە کاریگەری و پێگەی ساڤرولا لە ناو خەڵکدا ئاگادار بوو.

گودی بێدەنگی شکاند و گوتی دەنگ وەرگیراوە و بڕیار دراوە، با نامەیەک بۆ دەریادار بنووسین و پێی‌ڕابگەیەنین کە ئەگەر شار تۆپباران بکرێ، ژیانی ئەفسەرەکان لە مەترسی دایە.

بەم‌ شێوەیە پاش دەمێکی‌تر قسە و باسی لاوەکی کۆبوونەوەی لێژنە کۆتایی پێهات.

ساڤرولا مایەوە، لە ئەندامانی لێژنە دەفکری کە بەدەم قسەکردن دەگەڵ یەکتردا، لە هۆڵەکە دەچوونە دەرەوە. پاش دەمێک هەستا چوو بۆ دەفتەری کارەکەی بە تەنیشت هۆڵەکەوە. شکستی خوارد بوو و برینەکەشی هەر چەند نادیار و بەڕواڵەت سووک بوو ئازاری دەدا. ئازاری سەرەکی هی بوونی بیری دووژمنانە لە دام و دەزگای بەڕێوەبەریدا بوو کە دڵ‌ئێش و نیگەرانی کرد بوو. خەریک بوو دەسەڵاتی بەسەر حیزبەوە لە دەست دەچوو. تا ئەو کاتەی لە سەرکەوتن دڵنیا نەبوون، پێویستییان پێی بوو، کردەوە و ئاکاریان جیاواز بوو و ئێستاش کە لایان وایە دەتوانن بەڕەی خۆیان لە ئاو دەرکێشن و کار و ئیشیان ڕاپەڕیوە، وا پشتی تێدەکەن و بە ئاوازێکی دیکە دەلەرێنەوە. بیری لە هەموو ڕووداوەکانی شەو و ڕۆژی ڕابردوو کردەوە. دەمەساتە پڕمەترسییەکەی شەوی پێش، شڵەژاوی و پەشۆکاوی کاتی گەرمەی شەڕ، دەمەساتی ترسناک و مەرگئاخنراوی گۆڕەپانی پێش پارڵمان و ئێستاش ئەم پرسە سەرەکی و گرنگە. بڕیارێکی دا کە پاشگەز بوونەوەی نەبوو. ئەو دەریادار دیمەڵۆی دەناسی و دەیزانی وەڵامەکەی چ دەبێت.

دەیگوت: ئەوان سەربازن و ئەرکی سەرشانیانە لە کاتی پێویست دا دەبێ گیان بدەن. هیچ ئەسیرێک نابێ چاوەڕوان بێ کە هاوڕێکەی لەبەر ئەو سازش بکات. ئەوان نەدەبوا خۆیان تەسلیم بکەن. واتە ئەو لێی ڕوون و ئاشکرا بوو بێتوو تۆپبارانی شار دەست پێ‌بکات خەڵک لە ترسان پەنا بۆ توند و تیژی دەبەن و بێ‌ڕێزی و کردەوەی دزێۆ ڕوو لە ئەو دەکات. هەر جۆرێک بێ نابێ شتێکی وا ڕوو بدا.

زەنگی سەر مێزەکەی لێدا.

بە خزمەتکارەکەی گوت کە بە مونشی بڵێ تا ئێرە بێت. کابرا ڕۆیشت پاش دەمێک دەگەڵ میشێل‌دا گەڕایەوە. ساڤرولا پرسی: بەرپرسی ئێستای بەندیخانە کێیە؟

لام‌وایە ئەم پوستە جارێ ئاڵوگۆڕی تێدا نەکراوە و لە سەرهەڵدانیشدا بەشدار نەبوون.

زۆر باشە. کە وایە فەرمانێک بۆ سەرۆکی بەندیخانە بنووسە کە ئەم ئەسیرانەی ئەمڕۆ ناردراون لە ڤاگۆنی داپۆشراودا بەڕێ بکاتە ئیزگەی شەمەندەفەر. دەبێ ئەمشەو سەعات دە لەوێ بن.

میشێل کە سەری سووڕمابوو و چاوی چووبوونە پشت سەری پرسی:

بەتەمای ئازادیان بکەی؟

بە نیازم بۆ شوێنێکی ئەمینیان بەڕێ بکەم.

میشێل بێ ئەوەی پرسیارێکی دیکە بکات دەستی بە نووسینی نامەکە کرد. ساڤرولا دەستی برد بۆ تەلەفۆنی سەر مێزەکەی و زەنگی بۆ ئیزگەی شەمەندەفەر لێدا. دەتوانم دەگەڵ بەرپرسی هێڵەکانی هامووشۆ قسە بکەم؟

سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی قسان دەکات. شەمەندەفەرێکی تایبەت کە سی کەس هەڵبگرێ ئامادە بکە کە کاتژمێر دەی ئەمشەو بەرێ بکەوێ. دڵنیابە کە هێڵ تا سەر سنوور ئازاد بێ. بەڵێ تا سەر سنوور.

میشێل کە گوێ‌قوڵاخ بوو خێرا سەری لە سەر نووسراوەکەی بەرز کردەوە، قوت بوو، بەڵام هیچی نەگوت. چونکە پشتی لە مولارا کرد بوو و دەشیزانی پردی پشت سەری ڕووخاون، بەڵام لە ناخیدا هەستی بە نیفرەت لە ساڤرولا دەکرد. بیرۆکەیەک لە مێشکی دا گەرای دانا.

بـــەشــــی ٢٢

خـــــــــەرمــــانــەی ژیـــان

دوای ئەوەی سەرەتاکانی شەوی پیش، ساڤرولا لە ماڵە خۆی وەدەرکەت و بەرەو شارەوانی ڕۆیشت زۆر شت ڕوویدا بوو. پلانی ورد و پوختی شۆڕش کە چەند مانگ بوو وەک پۆلووی بن خۆڵەمێش دەگەشاوە، ئێستا گڕی لە دوورەوە دیار بوو، نەک هەر لە ناوخۆ بەڵکوو سەرنجی دونیای دەرەوەشی بۆ خۆی ڕاکێشا بوو. هەموو ئەوروپا بە حەپەساوییەوە ئاگادار ببوون کە وەرچەرخانێکی ترسهێنەر لە ماوەی چەند کاتژمێردا دەوڵەتی لاورانیای پاش پێنج ساڵ دەسەڵاتداری تێکەوەپێچاوە. لە شەڕێکدا کە تەواوی ڕۆژی نۆی مانگی نۆ لە ئارادا بووە، زیاتر لە هەزاروچوارسەت کەس کوژراو و بریندار بوون. زەرەر و زیانی ماڵیش لە ڕادە بەدەر بووە. پارڵمان لە ئاگردا دەسووتێ و کۆشکی جمهوری ئاگری گرتووە. هەر دوولا دەسدرێژییان کردۆتە سەر ماڵ‌وحاڵی کەسیی خەڵک. دووکان و بازار لە لایەن حەشیمەت و لایەنەکان بەتاڵان چوون. پشکۆی ئاگر لە زۆربەی گەڕەکان جار نا جار بلێسە دەدات و بە تەواوی دانەمرکاوە. پیاوی زۆر ماڵان نەگەڕاوەتەوە و ژنان چاو بە فرمێسک لە بن دەرکانەوە چاوەڕوانن. لە سەر شەقامەکان ئامبوڵانس و عارەبانە خەریکی کۆکردنەوەی جەنازەن. ڕۆژێکی تاڵ لە مێژووی وڵاتدا.

لە تەواوی ئەو ماوەیەدا لوسیلە هەروا چاوەڕوان بوو و گوێی لە تەقەی تفەنگان و گرمەی تۆپ بوو کە جارێک لە دوور و جارێک لە نزیکەوە دەهات. جارێک لە پاڵ خۆیدا قسەی دەکرد و خۆی دەلاواندەوە و جاریش کە ترسی ڕێ‌دەنیشت و دەنگی بەرزی تەقە و گرمە هەموو ژوورەکەی دادەگرت، بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد. هێندێک جار بەتینای بەساڵدا چوو بە خواردن و خزمەتەکانی خۆی، تێدەکۆشا هێوری بکاتەوە. بۆ دەمەساتێک بە نزا و پاڕانەوە سەرقاڵ دەبوو. سەعات چواری پاش‌نیوەڕۆ پەیکی ساڤرولا گەیشتێ و خەبەری کارەساتی کۆشکی بۆ هێنا. تا ئێستاش لە دووعا و پاڕانەوەکانیدا ناوی کەسی نەدەهێنا بەڵام ئاواتەخواز بوو خۆشەویستەکەی پارێزراو و سڵامەت بێ. هەرچەند شێوەی کوشتنەکەی مولارا زۆر لە دڵان گران دەهات بەڵام لوسیلە خەمی بۆ دانەگرت، بەڵام نەیتوانی خۆی لەم بیرە بدزێتەوە کە؛ بڵێی ئەو بووبێتە هۆی بەکوشت‌چوونی مولارا؟ بڵێی بە خاتری ئەو کوژرا بێ؟ ئەم خیاڵاتە لە مێشکی‌دا دەهاتن و دەچوون و دڵیان ڕێک‌دەگوشی و دەبوونە هۆی هەستێکی ناخۆش، تووڕەیی و تاوانباری. هەمدیسان لە خۆی دەپرسی بڵێی وابێ؟ مڵۆزمێک لە سەر ڕێگا لاچوو بوو تا نەهامەتێکی دیکە جێگەی بگرێتەوە؟ بەڵام دەروون‌ناسێک زۆر زوو دەیبینی کە تەنیا مڵۆزم و ڕێگر لە خۆشەویستی ساڤرولا، توندوتیژی و مەرگ بوو و بەس. چونکە ئێستا ئیتر ڕاشکاوانە دەپاڕایەوە کە ئەو بە سڵامەت بگەڕێتەوە و لەم دونیایەدا بە تەنیا جێی نەهێڵێ.

ئێستا خۆشەویستی ساڤروڵا تەنیا شتێک بوو بۆی مابۆوە و مانا و ناوەرۆکی دەدا بە ژیان. ژیانێکی ڕاستەقینە کە جێگەی سارد و سڕی و زەرق و بەرقی کۆشک پڕبکاتەوە. ژیانێک بە ماناتر لە ناو و ناوبانگ، جامەلووسکێ و پێ‌هەڵاگوتن. ئێستا دەیزانی بەدرێژایی ژیانی لە کۆشکدا هەڵوەدای چ بووە و لە چی کەم بووە و چی لەدەس داوە.

لەو لاشەوە، هەنووکە لە لای ساڤرولا شایی بەخۆبوون و گوڕوتینی خۆشەویستی ون و نادیار بوو. ڕووحی مرۆڤ بەردەوام لە ئاڵوگۆڕ دایە و لە هەڵسوکەوتەکانی ڕۆژگاردا دەهاڕێ، ئەتاوێتەوە و دەبێتە هەوێن و مایەی شتێکی تر. کەسێک ساڤرولای ناسیبێ و شارەزای شێوەی هەست و بیرکردنەوەی ئەو بێ، دەبینێ کە ئەو ئیتر وازی لێ‌نەبوو کڵاوەکەی لە حەوادا ڕاوەشێنێ و دەمەڵاسکێ و ملمڵانێی چارەنووس بکات. لەو کاتەوە کە جەندەکی شێوواوی ئەم کابرا بێچارەیەی لە سەر پلیکانەکانی کۆشک بینی، لە توانا و دەسەڵاتی دەرەکی کارتێکەر بەسەر ژیان و بوونی خۆی گەیشت بوو. حەز و ویست، هیوا و چاوەڕوانی خەڵکانی دیکەی بینی کە خۆیان سەپاندبوو. حەز و ویستێک کە دەگەڵ خوازیاری و ئیدەئالە نوێ‌باوەکانی ئەو بۆ ژیانێکی بەختەوەر، جیاوازیان هەبوو و بە ئاقارێکی دیکە دا دەڕۆیشتن.

هیلاک و شەکەت، تێکشکاو و شان‌داکەوتوو بەرەو ماڵ وەرێکەوت. زەخت و گوشاری ئەم شەو و ڕۆژەی ئاخر لە گوتن نەدەهات و ئێستا وا نیگرانی لە داهاتووشی پێ‌زیاد ببوو. ئەم هەنگاوەی هەڵی‌گرتبوو کە ئەسیرەکان بەڕێ‌بکاتە دەرەوەی ‌وڵات پڕمەترسی بوو، بەڵام لە دروستی کردەوەکەی خۆی دڵنیابوو، بۆیەش ئیتر دەربەستی دەرئەنجامەکەی لە سەرخۆی نەبوو. بیری لە مۆرێت کردەوە، مۆرێتی ئازا بەڵام هەڵەباش و زووهەڵچوو، کە لای وابوو هەموو کێشە و گرفتەکانی دونیا لە ڕۆژێکدا چارەسەر دەکات. لەدەست‌دانی کەسێکی وا چ وەک دۆستی کەسیی و چ سیاسی‌یەک زیانێکی قورس و گران بوو. مەرگ، تاکە هاوکار و دوستی خۆنەویستی لێ‌هەستاندبوو. ئەو تاکە کەسێک بوو کە جێگەی متمانەی بوو. هەست بە ماندوویی و بێزاری لە شەڕ و بیرکردنەوە لە هێمنی و ئارامی هەموو بوونی داگرت. ئەو ئامانجەی سەردەمایەک بوو هەڵوەدای بوو و خەباتی بۆ دەکرد لە سەرمەنزڵ زۆر دوور نەبوو کە چی بێ‌بایخ دەهاتە بەرچاو، لانیکەم بێ‌بایخ، کاتێک بیری لە لوسیلە دەکردەوە.

وەک هەموو ئەو کەسانەی کە خۆ لە قەرەی ڕێبەریی سەرهەڵدانێکی لەم چەشنە دەدەن، ساڤرولاش دەمێک بوو بیری لە باری ژیان و ئابووری خۆی کردبۆوە و پاشەکەوتێک وا هەیبوو، لە وڵاتێکی دیکەدا دای‌نابوو، نەکا ڕۆژێک ناچار بێ لە لاورانیا دەرچێت. بیری لە دەرەتانی ژیانی هاوبەش دەگەڵ ئەو ژنەی وا خۆشی‌دەویست دەکردەوە. بەڵام بەر لە هەموو شتێک بە ئەرکی خۆی دەزانی، بەر لە کشانەوەی، دەوڵەتێکی نوێ لە جێگەی ئەو دەوڵەتەی ڕووخاندبووی دابمەزرێنێ.

دوای ڕووداوەکانی ئەمڕۆ و هەڵسوکەوتی ئەندامانی لێژنە، ئەم خەڵکە ساکارە لە خۆباییەی کە بەروپشتیان بۆ کەس نییە، ئەم هاوڕێیانەی نیوەڕێ کە بەسانایی پشت لە یەک دەکەن و خوێرییانە بەرژەوندییە کەسییەکانیان وەپێش ئامانجە هاوبەشەکان دەخەن، هێنابوویە سەر ئەم باوەڕە. تێگەیبوو کە ئەمە سەرناگرێ و کۆششێکی بێ ئەنجامە. ئەمە ئەم ئاڵوگۆڕە قووڵە بوو کە لە ماوەی ئەم چەند کاتژمێرەدا بەسەر ئەم مرۆڤە لێ‌بڕاو و خۆنەویستە دا هاتبوو.

کاتێک هاتە ژوورەوە لوسیلە بەرەوپیلی چوو. چارەنووس جارێکی دیکە ئەوانی بە یەک گەیاندبۆوە، چونکە لە ڕاستیدا ئەو کەسێکی دیکەی شک نەدەبرد هیوای پێ‌ببەستێ و یان کەسێک بتوانێ دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکات کە چی لەمەش ئەرخەیان نەبوو و بۆیە بە دوو دڵی و گومانە سەیری ساڤرولای دەکرد.

ساڤرولا زۆر زوو لێی تێگەیشت و زانی چۆن بیر دەکاتەوە، بۆیە گوتی:

هەوڵم دا ڕزگاری بکەم، بەڵام درەنگ گەیشتمێ. لە کاتێکدا دەمهەویست نێوبڕ بۆ کۆشک بچم ‌لە ڕێگادا بریندار بووم.

بە دیتنی برینی پێچراوی قۆڵی، هەستی خۆشەویستی، بوونەوە میوانی چاوەکانی لوسیلە. پاش تێفکرینێکی زۆر پرسی:

  • زۆر لە من بێزاری، ڕقت لێمە؟
  • نا من بە نیاز نەبووم دەگەڵ ئیلاهەیەک زەماوەند بکەم.
  • و نە دەگەڵ فریشتەیەکیش.

یەکتریان ماچ کرد و پاشان ئیتر هەموو دۆخەکە سادە و ساکار دەهاتە بەرچاو.

سەرەڕای هیلاکی زۆر، ساڤرولا دەیزانی کاتێک بۆ حەسانەوە نییە. زۆر کار مابوونەوە کە دەبوایە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ئەنجام بدرێن. وەک هەموو کەسی دیکە کە زەختی ڕاپەڕاندنی کارێکی لەسەرە پەنای بۆ هاندەری لاوەکی برد. بەرەو دۆڵابێک لە سووچی ژوورێ چوو، شووشەیەکی دەست‌دایە و خواردنەوەیەکی جۆش‌هێنەری بۆ خۆی تێکرد تا بەهۆی هیلاکی خەو نەیباتەوە، و توانای هەبێ بە کارەکانی ڕابگات. پاشان دانیشت دەستی‌کرد بە نووسینی کۆمەڵێک فەرمان و ڕێوشوێن و ئیمزا کردنی دۆکۆمێنت کە لە شارەوانی ڕا هێنابوویەوە ماڵێ. کاتێک لوسیلە بینی ئەو وا سەرقاڵە جێی‌هێشت و چوو بۆ ژوورەکەی خۆی.

کاتژمێر دەوروبەری یەکی نیوەشەو بوو کە لە دەروازەیان دا. ساڤرولا کە نەیدەویست پاشماڵە پیرکەی ئەزێت بکێشێ ڕایکردە خوارێ و دەرگای کردەوە، تیرۆ بە جلوبەرگی سیویلەوە هاتە ناوەوە و گوتی:

  • هاتووم وریات بکەمەوە.
  • لە چی؟
  • کەسێک بە لێژنەی گوتووە کە ئێوە ئەسیرەکانتان ئازاد کردووە. کۆبوونەوەیکی نائاسایی بەڕێوە دەچێ. پێتوایە بۆت هەڵدەسووڕێ بیانگەوجێنی و پلانەکەیان هەڵوەشێنی؟

ساڤرولا لە بیران ڕاچوو و پاشان گوتی:

با بزانین.

دەمێک هەروا مایەوە ئینجا بە تیرۆی گوت:

دەچم بۆ لایان

تیرۆ:

  • لە هەموو ئیزگەیەک تا سەر سنوور ئەسپی حەساوە چاوەڕوانە. لە سەر ئەمری سەرۆک‌کۆمار ئەم ئامادەکارییەم کردووە کە ئەگەر مەترسی هەبوو بتوانێ هاوژینەکەی لەم ڕێگایەوە دەرباز بکات. ئەگەر دەخوازی ئەم یارییە جێ بهێڵی وا من بەرپرسم و دەتوانی لەم ڕێگایەوە دەرباز بی.
  • نا، زۆر سوپاس کە لە وەزعێکی وا دا بیر لە من دەکەیەوە، بەڵام من ئەم خەڵکەم لە دەست دیکتاتۆر ڕزگار کردووە و ئێستا دەبێ حەوڵ بدەم لە دەست خۆیان ڕزگاریان بکەم.
  • تۆ گیانی هاوڕێکانی منت ڕزگار کردووە، لە سەر من حیساب بکە.

ساڤرولا سەیری تیرۆی کرد بیرێک بە مێشکی داهات و پرسی:

  • تۆ گوتت کە ئەسپەکان ئامادە کرابوون کە مادام مولارا بگەیەننە شوێنێکی ئەمین و بێ‌لایەن. وا دیارە ئێستاش ئەم دەرفەتەت هەیە. دەتوانی لە گەڵی بچی؟
  • ئەو لێرەیە؟
  • بەڵێ

تیرۆ پێکەنی و گوتی:

  • ڕۆژ بە ڕۆژ لە سیاسەت و سیاسییەکان شتێکی نوێ فێر دەبم.
  • وەک تۆ بیری لێ‌دەکەیەوە، ئاوا نییە. بەڵام ئەگەر من داوات لێ‌بکەم، ئەنجامی دەدەی؟
  • هەڵبەت. کەی وەڕێ‌کەوین؟
  • کەی دەتوانی ئامادە بی؟
  • تا نیوسەعاتی دیکە بە کالیسکەوە لەبەر دەرگا دەبم.
  • هەوڵ بدە. نازانم بە چ زمانێک پێزانی و سوپاسی خۆم دەرببڕم. ئەم چەند ڕۆژەی دوایی بەیەکەوە زۆر شتمان بینی.

زۆر دۆستانە و لە دڵەوە دەستیان لێکدایەوە و پاشان سەروان کەوتە ڕێ بچێ کالیسکە بێنێ.

ساڤرولا لە پلیکانەکان وەسەرکەوت و چوو پشت دەرگای دیوی لوسیلە و لە دەرگای دا و لە پلانەکە ئاگاداری کرد. لوسیلە داوای کرد کە ئەویش دەگەڵی بچێت.

ساڤرولا گوتی: خۆزگە دەکرا بێم. ڕاستە لێیان دڵمەندم. بەڵام ئەرکدارم و دەبێ تا کۆتایی بمێنمەوە. ئێستا ئیتر تۆزکاڵێکیش چییە چاوم لە دەسەڵات نییە. بەڵێنیت پێدەدەم هەر کە ئێرە هێور بۆوە دێمە لات، دەتخوازم و بەیەکەوە و بەختەوەر دەژین.

لوسیلە لە سەرەتاوە نەیدەویست گوێ بۆ هاندانی ساڤرولا شل بکات و بۆ ڕۆیشتن ملی نەدەدا، دەستی لە ئەستۆی کرد بوو و لێی دەپاڕایەوە کە لێی جیا نەبێتەوە و تەنیا بەڕێی‌نەکات. ئەم دیمەنە بۆ ساڤرولاش هەست‌بزوێن و هەژێن بوو بەڵام سەرئەنجام بە دڵێکی پڕئازار خۆی لە باوەشی ڕاپسکاند و کڵاو و باڵتەکەی هەڵگرت و بەرەو شارەوانی کەوتە ڕێ. نیوەی ڕێگایە هاتبوو کە تووشی دەستەیەک چەکدار بە فەرماندەیی ئەفسەرێکی قۆڵ‌سوور هات. تێی‌ڕاخورین و گوتیان ڕاوەستە! ساڤرولا کلاوەکەی هێنایە سەر ناوچاوانی چونکە نەیدەویست بناسرێتەوە. ساڤرولا فەرماندەکەیانی ناسییەوە، هەر ئەو پیاوە بریندارە بوو کە ئێوارێ ڕاگوێستنی ئەفسەرە ئەسیرەکانی بۆ بەندیخانە پێ‌ئەسپارد بوو.

ئەفسەرکە بە دەنگی بەرز پرسی: مەودای ئێرە تا پڵازا سان مارکۆ چەند دەبێ؟

ساڤرولا دەستی ڕاداشت و گوتی: وا لە هۆوەیە. لە شەقامی بیست و سێ لێ‌بهاڵێوە.

ئەفسەرەکەش لە جێوە ساڤرولای ناسی بۆوە. بە دەستە سەربازەکەی گۆت بەرەو مەبەست بجووڵێن! پاشان وەک بڕیارێکی گرنگی دابێ بە چرپە گوتی، سینیۆر ساڤرولا من ئەمری لێژنەی ئاسایشی نەتەوییم پێیە کە دەستبەسەرتان بکەم و تەسلیمی دەریادار دەمیڵۆتان بکەم. تا کات هەیە ڕاکە! من دەستەکەم دەمێک لە شەقامەکاندا سەرقاڵ دەکەم. بیست خولەکێک کاتت هەیە. ڕاکە! دەزانم ئەمە بۆ من گران تەواو دەبێ بەڵام وەک بۆخۆت گوتت ئێمە هاوڕێین. ئینجا دەستی خستە سەر شانی ساڤرولا و ڕوو بە دەستەکەی هاواری کرد لە چوارڕێیانی یەکەم بە دەستی ڕاستدا ڵێ‌هاڵێنەوە. با لە شەقامی سەرەکی بچینە دەرێ، بێگومان ئەو هەوڵ دەدا بە کووچە و کۆڵاناندا خۆ دەربازکات. جارێکی دیکە ڕووی کردەوە ساڤرولا و پێیگوت دڵنیام دەستەی دیکەش دەنێرن. پەلە بکە و خۆ ڕزگار بکە. پاشان بە دوای پیاوەکانی‌دا ڕۆیشت.

ساڤرولا ماوەیەک هەر وا مایەوە و بیری کردەوە. درێژەی دابا، دەکەوتە بەندیخانە و ئینجا کوشتن. گەڕاباوە ئاسایش و لوسیلە. ئەوەی ئێستا ڕووی دەدا ڕۆژێک پێشتر ڕووی دابا، ‌خەباتی بەجێ‌نەدەهێشت، بەڵام ئێستا ماندوو و هیلاک، دەمێک بوو دەمار و عەسەبەکانی کەوتبوونە بەر تەوژمێکی بێ‌بڕانەوە. ڕێگای ماڵەوەی گرتە بەر و هەنگاوەکانی خێراتر کردن.

کالیسکە لەبەر دەرگا وەستابوو و سەروان تیرۆ یارمەتی لوسیلەی چاو بەگریانی دەدا، سوار بێ. ساڤرولا بانگی سەروانی کرد:

  • بڕیارم داوە دەگەڵتان بێم
  • زۆر عاقڵانەیە، لێگەڕێ با ئەم بەرازانە تێکبەربن و یەکتر کەوڵ‌کەن. بەربەرە ڕۆژێک عەقڵیان دێتەوە بەر خۆیان.

کەوتنە ڕێ. دەمی سپێدە و کازیوە بوو کە ئەسپەکان لە داوێنی تەپۆڵکەکانی دەروەی شار وەسەرکەوتن.

سەروان گوتی:

  • ئەوە میشێل بوو کە تۆی بە دەستەوەدا. من کە لە شارەوانی بووم ئەوەم زانی. پێم‌نەگوتی ئەم کابرایە جێێ متمانە نییە؟ دەبێ ڕۆژێک حەقی خۆی لە مستی نێی.
  • من کات لە سەر کەسی خوێری بە فیڕۆنادەم. ئەمانە خۆیان جەهننەمی خۆیان دروست دەکەن.

لە دوندی تەپۆلکەکە وەستان تا ئەسپەکان پشوویەک بدەن. ساڤرولا دەرگای کالیسکەکەی کردەوە و دابەزی. لە دوورەوە لە خوارێ، شاری بەجێ‌ماو دیار بوو. دووکەڵ لە چەند شوێنی شارەوە بەرز دەبۆوە و لەم بەرەبەیانییەدا شاری داگرتبوو. لە دوورەوە لە ڕیزی ژمارەیەک بینای سپی‌دا بینای تێکڕووخای پارڵمان دیار بوو. پاپۆڕە جەنگییەکان کە لوولە تۆپەکانیان لە شار کرد بوو دەبینران. دیمەنێکی ترسهێنەر، راست لەو شوێنەی ڕۆژێک لاورانیای جوانی لێ‌هەڵکەوتبوو.

ڕاست لەو کاتە دا دووکەڵێکی سپی لە پاپۆڕێکەوە بەرز بۆوە و پاش دەمیک تەقەی توندی تۆپێک بیسترا. ساڤرولا سەیری سەعاتەکەی کرد، شەشی سەرلەبەیانی بوو. دەریادار لە سەری سەعات‌دا قسەی خۆی بردە سەر. تۆپخانەی کۆنەقەڵا دەستی کرد بە وەڵامدانەوە و وەڵامی ئاگری پاپۆڕەکانی دایەوە. ژمارەی دووکەڵەکان کە لە شارەوە بەرز دەبوونەوە لە زیادبووندا بوو و دەنگی تەقەش بێ‌بڕانەوە دەکەوتە بەر گوێ.

ساڤرولا بە خۆی گوت: ئەو تابڵۆیە دەستکردی منە. ئەمەم دەمێک بوو لە پێش چاو بوو.

هەستی بە دانانی دەستێکی سووک لە سەر شانی کرد و ئاوڕی دایەوە، لوسیلەی لە پەنا خۆی بینی. کە چاوی بە جوانی لوسیلە کەوت هەستی کرد هەڵکردن دەگەڵ هەموو نەهامەتییەکان بە فیڕۆ نەچووە.

کەسانێک لە سەر مێژووی لاورانیا بخوێننەوە بۆیان دەردەکەوێ کە خەڵک پاش نیشتنەوەی کەف‌وکوڵی سەرهەڵدان و دامڕکان و هێور بوونەوەی وڵات سەرلەنوێ ڕوو دەکەنەوە ئەم پیاوەی ئازادی بۆ دەستەبەر کردبوون و چێژی سەرکەوتنی بە سەر دیکتاتۆردا پێ‌بەخشی بوون. ئەو پیاوەی ڕێگای تاراوگەی گرتبووە بەر.

هەروەها ئەو کەسانە بە بزەیەک لەسەر لێوان ‌و سەرڕاوەشاندنەوە دەخوێننەوە و لە پێگە و ڕەنگ‌گۆڕینی مرۆڤەکان تێدەگەن. دەخوێننەوە ‌کە ساڤرولا دەگەڵ هاوسەرە جوانەکەی بۆ شارە هەمیشە خۆشەویستەکەی دەگەڕێتەوە. دەشتوانن دەربارەی سەروان تیرۆدا بخوێننەوە کە میداڵی بڕۆنزی بوێری لاورانیای ‌کە لە جیهاندا بەناوبانگە، لە سەر سینگە. هەرەها دەخوێننەوە کە تیمی سوارەی گۆیەنی لاورانیا کە تیرۆش یاری تێدا دەکات لە کێبەرکێ‌کانی ئینگلستاندا بەشدار بووە و لە یاریی کۆتاییدا، لە تیمی زۆر ناوبەدەرەوەیان بردۆتەوە. سەرئەنجام ‌دەتوانن بخویننەوە کە تیرۆ بووە بە فەرماندەی گشتی سوپا.

بەڵام شتێک لە چارەنووسی بەتینای بەساڵدا چوویان دەست ناکەوێ بیخوێننەوە، چونکە مێژوو خۆی بە پاشماڵەیەکی پیرەوە سەرقاڵ ناکات. کەچی باسی گودی و ڕێنووس دەخوێننەوە ‌کە بە پێی کەسایەتی و لێهاتوویان لە دەوڵەتدا پۆست و پێگەیان هەیە. باسی ئەوەش دەخوێننەوە کە ساڤرولا هیچ کینەی لە میشێل کە ئێستەش نانی خوێریەتی خۆی دەخوات، لە دڵدا نەبوو.

بەڵام چاوەدێر و ڕاڤەکارێک کە دەگمەن وایە شتێک لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانە، لێدانی پردێک یان ئیزگەیەکی شەمەندەفەر ببینێ باش وایە ئەم تێز و تیئۆرییە سەیرەی گیبسۆنی بیربکەوێتەوە کە دەڵێ: مێژوو بەس تەنیا تۆمارکردنی تاوانەکانی مرۆڤ، گەمژەیی و نەهامەتیەکان نییە. بۆیە دەبێ بۆ مرۆڤایەتی جێگەی دڵخۆشی بێ کە پاش ئەم هەمووە دژواری و نەهامەتییە سەرئەنجام ئاشتی و ئاسایش گەڕاوەتەوە کۆماری لاورانیا.

En bild som visar text, brev, handskrift, bläck

Automatiskt genererad beskrivning

  1. ڤێنوس ئیلاهەی جوانی و خۆشەویستی لە میتۆلۆژی وئەفسانەی ڕۆمی دا ↑

  2. – پێنجەمین ئیمپراتۆری ڕۆم کە تاوانی ئاگر تێبەردانی شاری ڕۆمی لەسەرە. ↑

  3. – یودا لە قوتابییانی مەسیح بوو کە بۆ سێ سکە دراو خیانەتی پێ‌کرد. ↑

  4. – سامسۆن پاڵەوانێکی جوولەکە بوو، کاتێک فیلیستەکان زەفەری پێ‌نابەن بەهۆی ژنێک بەناوی دەلیلە لە داوی دەخەن. ↑

  5. – بوونەوەرێکی دەریاییە کە لە ئەفسانەکانی میسری کۆندا فێڵاوی و زۆرزان بووە و توانای گۆڕینی شکڵ و بیچمی خۆی هەبووە و هەردەم بە لەونێک خۆی نواندووە. ↑

  6. – دیانا کە لە ئەفسانەی ڕۆم دا بە خودای شکار ناودێر کراوە. پەیکەرەی بە ناوبانگی هەیە کە تیر و کەوان بەدەست و تاژی لە پەنایە. ↑

  7. – پەلیون لە ئۆسا کە دوو کێون لە یۆنان

    ئاماژەیە بە بەڵەگە ‌هێنانەوە بۆ سەلماندنی بەڵگە بەڵام مەبەستەکە قورستر دەبێت. ↑

سەلاح گادانی

سەلاح گادانی، وەرگێڕ و پەروەردەکار، لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری مەهاباد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. ئەو ژیانی پیشەیی خۆی لە ساڵی ١٩٧٨ لە شاری ئابادانی باشووری ئێران وەک مامۆستای بیرکاری و کارەبا دەست پێکرد. دوای وەرچەرخانە سیاسییەکانی شۆڕشی گەلان لە ئێران، گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی و لە هونەرستانی شاری مەهاباد درێژەی بە پیشەی پیرۆزی مامۆستایەتی دا.
  • وێستگەی ڕۆژنامەگەری و پەرەگرتنی زمانەوانی
لە قۆناغی دوای شۆڕشدا، سەلاح گادانی بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەرپرسیارێتی دەرکردنی ڕۆژنامەی "پێشەوا"ی گرتە ئەستۆ. ئەم قۆناغە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ لە ژیانی ئەدەبی ئەودا، بەو پێیەی دەرفەتی هاوکاری و ئاشنایەتی لە نێوان ئەو و ژمارەیەک لە دیارترین نووسەر، ڕووناکبیر و کەسایەتییە ئەدەبییەکانی کورددا ڕەخساند؛ لەوانە زیندەیادان: عەلی حەسەنیانی، کەریم حیسامی، ئەحمەد کاکەمەمی و دکتۆر ڕێبوار (مامۆستا سەوجە)، هەروەها بەڕێزان جەعفەر حوسێنپوور (هێدی)، مستەفا ئیلخانیزادە و چەندین سیمای دیکەی ڕۆشنبیری. ئەم کاروانە ئەدەبییە وەک فێرگەیەکی دەوڵەمەند ڕێگای خۆش کرد بۆ قووڵبوونەوەی لە زمان، ڕێنووس و فەرهەنگی کوردی.
  • کۆچ و ئەزموونی پەروەردەیی لە تاراوگە
پاش ڕووداوە سیاسییەکان و ڕووبەربوونەوەی ژیانی تاراوگە، سەلاح گادانی لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو و لەوێشەوە بەردەوامی بە پەیامی پەروەردە بەخشی. لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوودا، ئەو وەک مامۆستای زمانی کوردی، کۆمەڵناسی و بیرکاری لە ئاستەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی کاری کردووە. ئەم ئەزموونە درێژخایەنە لە ژینگەیەکی فرەکولتووردا، تێگەیشتنێکی قووڵ و ئەکادیمی لە بواری پەروەردەی نێوان‌کەلتووری و فێرکردنی فرەزمانی پێ بەخشیوە، کە دواتر ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر شێوازی وەرگێڕانەکانیەوە هەبووە.
  • پڕۆژەی وەرگێڕان و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی
لە ماوەی ٦ بۆ ٧ ساڵی ڕابردوودا، سەلاح گادانی بە شێوەیەکی چڕوپڕ ڕووی لە کاری وەرگێڕان کردووە و چەندین بەرهەمی گرنگی ئەدەبی و فیکری جیهانی لە زمانی سویدییەوە گواستووەتەوە بۆ زمانی کوردی. لەوانە:
  • "میسۆ برایم و گوڵەکانی ناو قورعانەکەی" و "دادە سوورێ و ئۆسکار" لە نووسینی نووسەری ناوداری فەڕەنسی ئێریک ئیمانوئێل شمیت.
  • ڕۆمانی پڕ لە ڕەهەندی سیاسی "ساڤرۆلا" لە نووسینی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، وینستۆن چرچیل.
نوێترین کاری وەرگێڕانی، گواستنەوەی ڕۆمانی شاهکاری "دراوسێکان" (همسایه‌ها)ی نووسەری بەناوبانگی ئێرانی ئەحمەد مەحموود بوو بۆ زمانی کوردی، کە لە نەورۆزی ٢٠٢٤ لەلایەن "وەشانخانەی ٤٩ کتێب" بڵاوکرایەوە و پێشوازییەکی کەم‌وێنەی لەلایەن خوێنەران، نووسەران و ڕەخنەگرانی ئەدەبییەوە لێکرا. زمانپاراوی و ڕەچاوکردنی ڕێنووسی دروستی کوردی لەم بەرهەمەدا، لایەنێکی بەرچاو بوو کە ڕەخنەگران وەک خاڵی بەهێزی شێوازی کارکردنی ئاماژەیان پێداوە.
  • هەڵسەنگاندنی کەسایەتی ئەدەبی وەرگێڕ لە ڕووی هەڵبژاردنی بەرهەمەکانەوە
کاتێک سەیری کارنامەی وەرگێڕانی سەلاح گادانی دەکەین، دەتوانین چەند ڕەهەندێکی فیکری و ستراتیژی لە کەسایەتی ئەودا بەدی بکەین لە ڕێگەی ئەو دەقە جیاوازانەی کە هەڵیبژاردوون:
  1. فرەڕەهەندی و تێکەڵکردنی فەلسەفە، مرۆڤایەتی و سیاسەت: هەڵبژاردنی بەرهەمەکانی ئێریک ئیمانوئێل شمیت (وەک میسۆ برایم و دادە سوورێ) نیشانەی گرنگیدانی وەرگێڕە بە بابەتی لێبوردەیی، پێکەوەژیانی ئایینی، پەروەردەی ڕۆحی و قبووڵکردنی ئەوی دی. لە بەرامبەردا، کاتێک دەچێتە سەر وەرگێڕانی کتێبێکی وەک ساڤرۆلای چرچیل، لایەنە خولیاوییەکەی ئەو بۆ مێژووی سیاسی، شۆڕش، و ململانێی هێز دەردەکەوێت. ئەم هاوسەنگییە لە نێوان مرۆڤدۆستیی فەلسەفی و واقیعییەتە سیاسییەکاندا، پانتاییەکی فراوان بە پڕۆژە ڕۆشنبیرییەکەی دەدات.
  2. پردی کەلتووری لە نێوان ئەزموونی تاراوگە و نیشتماندا: سەلاح گادانی ژیانی پیشەیی خۆی لە سوید بەسەر بردووە، لێرەوە هەڵبژاردنی زمانی سویدی وەک سەرچاوەی وەرگێڕان (تەنانەت بۆ دەقە غەیرە سویدییەکانیش)، نیشانەی هۆشیارییەکی قووڵە بۆ گواستنەوەی بەرهەمە جیهانییەکان لە ڕێگەی ئەو زمانەی کە تێیدا ژیاوە و پێی گەیشتووە. ئەو دەیەوێت بەم کارە بۆشایی نێوان ناوەندە ئەدەبییەکانی ئەوروپا و کتێبخانەی کوردی پڕ بکاتەوە.
  3. هەڵبژاردنی شاهکارە ڕیالیزمەکان و نزیکی لە دەردی کۆمەڵگاوە: وەرگێڕانی ڕۆمانی دراوسێکانی ئەحمەد مەحموود، کە یەکێکە لە لوتکەکانی ئەدەبیاتی ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی، نیشان دەدات کە سەلاح گادانی هێشتا بە قووڵی بەستراوەتەوە بە مێژووی هاوبەشی ناوچەکە، خەباتی چینایەتی، و ژیانی خەڵکی ستەمدیدە. ئەم دەقە پێویستی بە زمانێکی پاراو، دەوڵەمەند و نزیک لە زاری خەڵکەوە هەیە، کە سەرکەوتنی وەرگێڕ تێیدا، سەلمێنەری لێهاتوویی زمانەوانی و خەمخۆرییەتی بۆ گەیاندنی ڕووداوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان بە زمانی دایک.
پوختە: کەسایەتی سەلاح گادانی وەک وەرگێڕ، تەنیا ڕاگواستنەوەی وشە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی هۆشیارانەیە لە هەڵبژاردنی ئەو دەقانەی کە خزمەت بە گەشەی فیکری، لێبوردەیی کۆمەڵایەتی، و ناسینی واقیعی سیاسی و مێژوویی دەکەن.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Back to top button