
نووسەر: ئێریک ئێمانوئێل شمیت
وەرگێڕان لە زمانی سویدییەوە: سەلاح گادانی
پێشکێشه به
بـــرونۆ ئابراهام ـ کرێمێر
نووسه‌ر
کاتێک پازده ساڵه بووم، داخڵه ڕە‌نگ بزڕکاوه‌که‌م شکاند و چووم بۆ قه‌حبه‌خانه.
د‌اخڵە‌که‌م به‌رازێکی چینی ڕە‌نگ بزڕکاو بوو که به که‌لێنێكی‌دا ورده پووڵم تێداویشت، هه‌رچی چووبا ناویشی هاتنه ده‌ره‌وه‌ی بۆ نه‌بوو و ئیتر نه‌ده‌کرا لێی بدزی‌یه‌وه. ئه‌م داخڵە‌یه بابم به‌پێی تێگه‌یشتنی خۆی له ژیان، که ده‌یگوت: پاره بۆ پاشه‌که‌وت کردنه نه‌وه‌ک بۆ سه‌رف‌کردن، بۆی هه‌ڵبژاردبووم.
له ناو ڕیخۆڵه‌کانی به‌رازه‌که‌دا دوو سه‌ت فڕانک، واته بارته‌قای مووچه‌ی چوار حه‌وتوو کاری تێدابوو.
سه‌ر له به‌یانییه‌ک به‌ر له‌وه‌ی به‌ره‌و قوتابخانه وه‌ڕێ‌که‌وم، باوکم گوتی:
مووسا! تێناگه‌م… پاره دیار نی‌یه…، پاشان بێ سێ و دوو، گوتی: له‌مه‌و به دوا هه‌رچی خه‌رجی ده‌که‌ی و به‌چی ده‌ده‌ی، له ده‌فته‌ره‌که‌ی چێشتخانه‌دا بینووسه!
جا وه‌ره هه‌ڵکه! ئه‌وه که له قوتابخانه و له ماڵه‌وه سه‌رکۆنه ده‌کرام، جلکده‌شۆرد، ده‌رسم ده‌خوێند، که‌ل‌وپه‌لی ماڵه‌وه‌م ده‌کڕی، چێشتم لێده‌نا، ته‌ریک و ته‌نیا له ناو ماڵێکی گه‌وره و تاریک‌دا بێبه‌ش له خۆشه‌ویستی؛ نه‌ک کوڕایه‌تی به‌ڵکوو غوڵامی، باوکێکی پاڕێزه‌ری ڕە‌به‌نم ده‌کرد، به‌س نه‌بوو، ئه‌وجا تۆمه‌تی دزبوونیشم لێده‌درا. جا که دزی، کردن و نه‌کردنی وه‌ک یه‌ک بێت، ده‌کرا دزییه‌که‌ش بکه‌م.
ئه‌و دوو سه‌ت فرانکه‌ی ناو ورگی به‌رازه‌که به‌شی سه‌ردانێکی قه‌حبه‌خانه و له گه‌ڵ بوونی یه‌کێک له ژنه‌کانی وێی ده‌کرد.
ئه‌م ژنانه‌ی له سه‌ره‌تای شه‌قامه‌که‌وه تووشیان بووم داوای پێناسه‌یان لێکردم. سه‌ره‌ڕای ده‌نگ و قه‌ڵافه‌تم که قه‌ڵه‌و وه‌ک به‌رازی دابه‌سته وابووم، گومانیان ده‌کرد که ته‌مه‌نم هه‌ژده‌ساڵ بێ، وه‌ک بۆ خۆم ده‌مگوت.
له ڕاستی‌دا باشیان ده‌ناسیم. من له گه‌ڕە‌کێ‌دا به به‌رچاویانه‌وه گه‌وره ببووم و به‌رده‌وام ده‌یان‌بینیم، که چۆ‌ن هه‌ڵده‌دم و ته‌واوی ئه‌و ساڵانه‌ی که به قه‌رتاڵه‌ی سه‌وزە و ته‌ڕە‌وه به قۆنه‌قۆن، بن‌دیوار و بن‌دیوار به‌ره‌و ماڵ ده‌گه‌ڕامه‌وه، لێیان شاراوه نه‌بوو.
له بنه‌بانی شه‌قامه‌که ژنێکی تازه‌کار که پێشتر قه‌تم نه‌بینی‌بوو، له شیپانه‌ی ده‌روازه‌ی یه‌ک له ماڵه‌کاندا وێستابوو. ژنێکی گۆشتنی جوان وه‌ک تابڵۆی شێوه‌کار. پاره‌کانم نیشانی دا، بزه‌یه‌کی هاتێ.
ـ هه‌ژده ساڵی؟
ـ هه‌ڵبه‌ت، ئه‌م به‌یانی‌یه ڕێک بوومه هه‌ژده.
وه‌سه‌رکه‌وتین و چووینه ژووره‌وه. بڕوام نه‌ده‌کرد ڕاست بێ. ژنه هه‌ر بیست و دوو ساڵ ته‌مه‌نی بوو و ئێستا ئیتر ئه‌و ته‌نیا هی من بوو.
ژنه فێری کردم که چۆ‌ن ده‌بێ خۆم بشۆمه‌وه و هه‌روه‌ها له کاتی نیزیکی‌دا ده‌بێ چ بکه‌م. دیاره ئه‌و شتانه‌م هه‌موو ده‌زانی، به‌ڵام له لایه‌ک بۆ ئەوه‌ی به خۆیدا نه‌شکێته‌وه و له لایه‌کیش چونکه ده‌نگی ژنانه‌ی له گوێم دا، زۆر هه‌ست‌بزوێن بوو، لێی گه‌ڕام قسه‌ی خۆی بکات.
ته‌واوی کات له‌وانه‌بوو له‌خۆ بچم و ببوورێمه‌وه. که لێ‌بووینه‌وه زۆر به هێدی ده‌ستێکی به سه‌رم‌دا هێنا و گوتی:
ده‌بێ بێیه‌وه و “شه‌رمه‌شکانه”شم بۆ بهێنی.
که زانیم دیاری‌یم له بیرکردووه، وه‌ک ئاوی ساردم پێدابکه‌ن وابوو و به‌شێک له‌و هه‌سته خۆشه‌م تێدامرد.
هه‌رچۆنێک بێت ئێستا ئیتر ببووم به پیاو و له ناو گه‌ڵی ژنێک‌دا ته‌ڕ ببووم. له‌کاتێکدا هه‌روا ئه‌ژنۆم ده‌له‌رزی و به زه‌حمه‌ت ده‌متوانی له‌سه‌ر پێ‌یان بوه‌ستم، گازنده‌ی خۆم ده‌کرد که بۆ شه‌رمه‌شکانه‌م له‌بیر چووبوو.
نیوه ڕاکردن و نیوه ڕۆیشتن گه‌یشتمه‌وه ماڵێ و خۆم به ژووره‌که‌م داکرد. سه‌رم به هه‌موو که‌لێن و قوژبناندا کرد و جوانترین شتی که هه‌مبوو، ده‌ستم دایه و به‌ڕاکردن به‌ره‌و شه‌قامی “به‌هه‌شت” گه‌ڕامه‌وه. ژنه هه‌ر وه‌ک جاری پێش له ده‌رگای ماڵه‌که وێستابوو. “ورچۆ‌که‌م” دایه ده‌ستی.
هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌ش‌دا بوو که “میسیۆبرایم”م ناسی. له‌وه‌تا وه‌بیرم دێ میسیۆبرایم هه‌روا پیر بووه. تێکڕای دانیشتوانی شه‌قامه‌کانی “شین” و “ڤاوبۆرگ پۆیسینێر” ده‌یانتوانی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا وه‌باڵ به‌ئه‌ستۆی بۆ بکێشن که میسیۆ برایمیان هه‌موو ڕۆژێ له هه‌شتی سه‌رله‌به‌یانی‌یه‌وه تا دوازده‌ی نیوه‌شه‌وێ له دووکانه‌که‌ی خۆیدا بینیوه.
میسیۆ برایم ڕووپۆشێکی ڕە‌ساسی له‌سه‌ر کراسه سپی‌یه‌که‌یه‌وه له‌به‌رده‌کرد و له‌سه‌ر کورسیله‌ی پشت داخڵه و ته‌رازووی دووکانه‌که‌ی داده‌نیشت و قاچه‌کانی ده‌کێشایه ژێر مێزه‌که‌وە.
ڕیزه ددانێکی سپی له‌ژێر سمێڵێکی پڕ، چاوه پسته‌یی و مه‌یله و قاوه‌یه‌کانی کاڵتر له پێستی، که جێ په‌نجه‌ی تاڵ و سوێری ڕۆژگاری پێوه دیاربوو، دیمه‌نی قه‌ڵافه‌تی پیاوێکی ژیر و دونیادیده‌ی ده‌خسته ڕوو. هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو که تێکڕای گه‌ڕەک میسیۆ برایمیان به پیاوێکی ژیر و تێگه‌یشتوو ده‌ناسی. ئه‌م بۆچوونه کاتێک له زه‌ینی گه‌ڕە‌ک‌دا جێی خۆی کردبۆوه که میسیۆ برایم چل ساڵی ڕە‌به‌ق، تاقه عه‌ربی گهڕەکی جووله‌کان بوو. میسیۆ برایم به ده‌گمه‌ن ده‌دوا، به‌ڵام زۆربه‌ی کات بزه‌ی له سه‌ر لێوان بوو و خۆیشی له ئیش و کاری خه‌ڵکی هه‌میشه سه‌رقاڵی پاریس، هه‌ڵنه‌ده‌قوتاند.
له کاتی هه‌نگامه و هه‌ڵاوبگریش‌دا هه‌ر وا مه‌ند و له‌سه‌ره‌خۆ بوو، قه‌تیش له سه‌ر کورسی‌یه‌که‌ی هه‌ڵنه‌ده‌ستا، ده‌تگوت لێکدرواون. نیوه‌شه‌وانه بێ‌ئه‌وه‌ی سه‌ر مێزه‌که‌ی خاوێن کاته‌وه ون ده‌بوو و که‌س نه‌یده‌زانی تا هه‌شتی به‌یانی ڕۆژی دوایی له‌کوێ ده‌مێنێته‌وه.
هه‌موو ڕۆژێ شتومه‌کی ماڵێم ده‌کڕی و چێشتم لێده‌نا. هیچ‌کاتیش جگه له خواردنی کۆنسێرڤ‌کراوی ناو قوتوان زیاتر، چی‌ترم نه‌ده‌کڕی. ئه‌وه‌ش له به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌بوو که پێم وابێ ئه‌م خواردنانه تازه و هی ڕۆژن، به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له لایه‌ک باوکم ڕۆژاوڕۆژ پاره‌ی ده‌دامێ تا خه‌رجی ماڵه‌وه‌ی پێ‌بکێشم و له لایه‌کیش دروستکردنی ئه‌م چه‌شنه خواردنانه ئاسانتر بوو.
ئه‌وده‌مه که بۆ ته‌مێ‌کردن و سه‌زادانی بابم ده‌ستم پێ‌کرد لێی بدزم، میسیۆ برایمیشم بێبه‌ش نه‌کرد و له ئه‌ویشم هه‌ر ده‌دزی.
له‌وکاره‌ی خۆم هێندێک شه‌رمم ده‌کرد، به‌ڵام بۆئەوه‌ی ده‌روه‌ستی خۆم بێم، تا ده‌گه‌یشتمه سه‌ر سندووق به‌رده‌وام بۆخۆم به‌خۆم ده‌گوت :
” هه‌ر چی بێ کابرا عه‌ره‌به، گۆڕی گیانی بێ.”
هه‌موو جارێ چاوم لە چاوی میسیۆ برایم ده‌بڕی و زۆرتر له‌سه‌ر کاره‌که‌ی خۆم سوور ده‌بووم و هه‌مدیسان دووپاتم ده‌کرده‌وه کە “هه‌ر چی بێ کابرا عه‌ره‌به، گۆڕی گیانی بێ.”
ـ من عه‌رب نیم مه‌مۆ، من له وڵاتی هیلالی زێوینه‌وه هاتووم.
که‌ل‌وپه‌لێکی کڕی‌بووم کۆم‌کرده‌وه، خێرایه‌کی له قه‌رتاڵه‌که‌م هاویشتن و چه‌نه‌داکه‌توو له دووکانه‌که‌ی میسیۆبرایم وه‌ده‌رکه‌وتم. وا دیاره میسیۆ ده‌توانێ بیر و هزری من بخوێنێته‌وه که ده‌زانێ من چۆ‌ن له‌سه‌ر ئه‌و بیرده‌که‌مه‌وه. له‌وانه‌یه بشزانێ که فێڵی لێده‌که‌م.
ڕۆژی دوایی ته‌نانه‌ت کۆنسێرڤێکیشم لێ‌نه‌دزی، به‌ڵام لێم‌پرسی:
ـ هیلالی زێوین چییه؟
هه‌ڵبه‌ت به‌درێژایی شه‌وی پێشوو، میسیۆبرایم له‌سه‌ر سووچێکی هیلالی مانگ که وه‌ک زێو ده‌دره‌وشایه‌وه، دانیشتبوو و به نێو ئه‌ستێره‌کاندا ده‌گه‌ڕا، له پێش چاوم ون نه‌ببوو.
ـ مه‌مۆ! هیلالی زێوین، ناوچه‌یه‌که له نێوان ئاناتۆلی و ئێران هه‌ڵکه‌وتووه.
ڕۆژی دواتر کاتێک کیسه باخه‌ڵی‌یه‌که‌م به ده‌سته‌وه بوو تا حیسابی له گه‌ڵ بکه‌م، گوتم:
ـ ئه‌من ناوم مه‌مۆ نی‌یه، ناوم مووسایه.
بۆ سبه‌ینه‌که‌ی ئه‌مجار نۆره‌ی میسیۆ بوو.
ـ ده‌زانم ناوت مووسایه، هه‌ر بۆیه‌ش به مه‌مۆ بانگت ده‌که‌م چونکه مه‌مۆ هێنده‌ی مووسا به ناوه‌ڕۆک نی‌یه.
بۆ به‌یانی‌ڕا کاتێک له پێش سندووق وه‌ستابووم و باقی پاره‌که‌م ده‌بژارد، گوتم:
ـ جا ئه‌وه چی به تۆ داوه؟ مووسا ناوی جووله‌کانه خۆ ناوێکی عه‌ره‌بی نی‌یه.
ـ من عه‌ره‌ب نیم مه‌مۆ! ئه‌من موسڵمانم.
ـ ئه‌ی ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب نی بۆ هه‌موو که‌س له گه‌ڕە‌ک‌دا به عه‌ره‌بت ده‌ناسێ.
ـ مه‌مۆ! له ئیش‌و‌کاری به‌قاڵی‌دا، عه‌ره‌ب یانی ئه‌و که‌سه‌ی له هه‌شتی به‌یانی‌ڕا تا دوازده‌ی نیوه‌شه‌و کار ده‌کات، ته‌نانه‌ت ڕۆژانی یه‌کشه‌ممه‌ش.
ده‌مه‌ته‌قه‌که‌مان به‌م‌چه‌شنه به‌رده‌وام بوو. ڕۆژێ ڕسته‌یه‌ک، کاتمان زۆر بوو. ئه‌و پیاوێکی به‌ساڵاچوو، منیش لاوێکی هه‌رزه‌کار.
وا به‌ده‌م ده‌مه‌ته‌قه‌وه ڕۆژناڕۆژێک قوتووه کۆنسێرڤێکم لێ ده‌دزی.
باش بوو” بریژیت باردۆ” په‌یدا بوو ئه‌گینا وه‌کی ئێمه به پێخۆر قسه‌مان ده‌کرد له‌وانه بوو بۆ گفتوگۆیه‌کی یه‌ک سه‌عاته، یه‌ک تا دوو ساڵ ته‌مه‌نی خۆمان له سه‌ر دانابا.
هه‌نگامه‌یه‌کی سه‌یر بوو، هامووشۆی ئۆتۆمۆبیله‌کان وه‌ستابوو و شه‌قامه‌کان بۆ فیلم هه‌ڵگرتن قۆرغ کرابوون.
نێر و مێ به پانه‌وه ڕژابوونه سه‌ر شه‌قامه‌کانی “شین”، “پاپیلۆن” و ” ڤاوبۆرگ پۆیسینێر ” و سه‌ریان له دووی یه‌ک نابوو. هه‌رچی ژنه‌کان بوون به‌دوای ئه‌وه‌وه بوون که له سه‌یری جلوبه‌رگ و جوانی سێحراوی برژیت باردۆ، که باوی ڕۆژ بوو، بێ‌به‌ری نه‌بن. که‌چی ئاسۆی بیر و خه‌یاڵی پیاوه‌کان له پشت دێخونه‌کانیان قه‌فی خواردبوو و زۆرتری بڕ نه‌ده‌کرد.
ئێستا ئیتر برژیت باردۆ گه‌یشتبووه جێ، به زینده‌سه‌ر و نه‌ک له سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما ئه‌بینرا. منیش له پشت په‌نجه‌ره‌وه سه‌یرم ده‌کرد. بینینی”برژیت باردۆ” پشیله‌ی دراوسێیه‌که‌مانی له قاتی چوار، وه‌بیر خستمه‌وه. پشیله‌یه‌کی گچکه‌ی خنجیلانه که زۆر به حه‌زه‌وه له سه‌ر باڵکۆن، خۆی له‌به‌ریه‌ک ده‌کێشاوه، له‌به‌ر خۆره‌تاو خۆی هه‌ڵده‌خست؛ هه‌ناسه‌کێشان، چاوتروکاندن و ژیانی ئه‌م پشیله‌یه ته‌نیا بۆ ڕاکێشانی سه‌رنجی ڕێبوارانی سه‌ر شه‌قام بوو که به وێ‌دا تێده‌په‌ڕین.
که هێندێکی‌تر لێی‌خوردبوومه‌وه وێکچوونێکی یه‌کجار زۆرم نێوان برژیت باردۆ و قه‌حبه‌کانی شه‌قامی “به‌هه‌شت” به‌دی‌کرد، بەڵام بۆم ڕوون نەبۆوه، ئه‌وه “ژنه‌کانی” سه‌ر شه‌قام بوون که بۆ ڕاکێشانی مشته‌ری، به جلوبه‌رگ و سووراوسپیاو، لاسایی “برژیت” یان ده‌کرده‌وه یان…
له هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه بوو که بینیم میسیۆ برایمیش هاتۆته ده‌رێ و له‌به‌ر ده‌رگای دووکانه‌که‌یه‌وه سه‌یری برژیت باردۆ ده‌کات. ئه‌وه یه‌که‌م جار بوو، لانی که‌م له‌وه‌تی من له دایکم ببووم، میسیۆ برایم کورسی‌یه‌که‌ی به‌جێ‌بهێڵێ.
کاتێک سه‌یری “باردۆ”م ده‌کرد که له گه‌ڵ هه‌موو هه‌ناسه‌یه‌ک سینگ‌ومه‌می له پێش کامێراکاندا هه‌ڵبه‌زدابه‌زی ده‌کرد، بیرم بۆ لای ئه‌و ژنه چوو که کوڕێنی‌یه‌که‌م پێ‌دۆڕاندبوو و ئێستا بێچووه ورچه‌که‌ی منی له باوه‌ش دایه.
به ده‌رفه‌تم زانی تا میسیۆ برایمیش به “برژیت‌باردۆ”وه سه‌رقاڵه، سه‌رێک به دووکانه‌که‌ی‌دا بکه‌م و چه‌ند قوتوولکه‌یه‌کی کۆنسێرڤ لێ‌بدزم.
به‌ڵام بۆ نه‌گبه‌تی و له به‌ر بێ‌به‌ختی خۆم که هاتمه خوارێ بینیم، میسیۆ گه‌ڕابۆوه سه‌ر کورسی‌یه‌که‌ی و له جێی جارانی دانیشتبوو.
میسیۆ برایم گه‌شابۆوه، چاوه‌کانی پێده‌که‌نین و به که‌لێنی کۆگا سابوونه‌کانی به‌رده‌م دووکاندا چاوێکیشی هه‌ر وا به‌سه‌ر “برژیت باردۆ”وه بوو. قه‌تم میسیۆ برایم ئه‌وتۆ نه‌بینی‌بوو.
ـ میسیۆ برایم، ژنت هه‌یه؟
ـ به‌ڵێ، ئه‌ی چۆ‌ن، به‌ڵێ هه‌مه.
دیار بوو ڕانه‌هاتبوو خه‌ڵک پرسیاری لێبکه‌ن.
ـ میسیۆبرایم! ئه‌گه‌ر له گه‌ڵ خێزانت و “برژیت باردۆ” له ناو گه‌مێیه‌ک‌دا، له ده‌ریادا بان و گه‌مێیه‌که‌تان وه‌ڕگه‌ڕابا، چیت ده‌کرد؟
ـ گــــــرێوێ ده‌که‌م خێزانم ده‌یتوانی مه‌له بکات.
نه‌مده‌زانی که چاوه‌کانیش ده‌توانن قاقا لێ‌بده‌ن. وه‌ک هی میسیۆ برایم که ئێستا ئیتر به ده‌نگی به‌رز قاقایان لێده‌دا.
له ناکاو میسیۆ برایم وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌ک خێرا هه‌ستایه سه‌رپێ و شه‌ق ڕاوه‌ستا. له‌و کاته‌دا “برژیت باردۆ” هاته ژووری به‌قاڵی‌یه‌که‌وه.
ڕۆژباش! ده‌مویست چۆڕێک ئاو بکڕم.
به‌ڵێ، زۆرباشه مادام!
ئه‌وه‌ی قه‌ت ڕووی نه‌ده‌دا، ڕوویدا. میسیۆ برایم بۆ خۆی چوو شووشه‌یه‌ک ئاوی له ر‌فه‌که‌ڕا هێنا و دایه ده‌ستی.
زۆر سوپاس، ده‌بێته چه‌ند؟
چل فڕانک، مادام!
“برژیت”به بیستنی چل فڕانک واقی وڕما، منیش هه‌روا. چونکه ئه‌و سه‌رده‌می شووشه‌یه‌ک ئاو به دوو فڕانک بوو، نه چل فڕانک.
– نه‌مده‌زانی وا بێ ئاون!
– له ئاو که‌میمان نی‌یه، مادام، به‌ڵام هه‌موو ڕۆژێ ئه‌ستێره لێره ده‌رناکه‌وێ.
هێنده وه‌ستایانه و تێکه‌ڵ به بزه‌یه‌کی شیرینه‌وه ئه‌مه‌ی پێوت که “برژیت” له شه‌رمان تۆزێک سوور هه‌ڵگه‌ڕا. چل فڕانکه‌ی دانا و ڕێی خۆی گرته‌به‌ر.
من هه‌روا واقم وڕما بوو.
-په‌کوو ماڵته میسیۆ، قۆڵیت بڕی.
-ئه‌ی چۆ‌ن مه‌مۆ، منیش ده‌بێ پاره‌ی هه‌موو ئه‌و قوتووه کۆنسێرڤانه‌ی لێم ده‌دزی، ده‌ربهێنمه‌وه.
ئه‌و ڕۆژە ده‌سپێکی دۆستایه‌تی من و میسیۆ برایم بوو. بۆیه بڕیارم‌دا له‌مه‌وبه‌دوا بچم و له شوێنێکی‌تر قوتوولکه کۆنسێرڤه‌کانم بدزم که چی میسیۆ برایم سوێندی دادام و وتی:
-مه‌مۆ! ئه‌گه‌ر هه‌ر قه‌راره بدزی، وه‌ره هه‌ر له خۆم بدزه.
میسیۆ برایم کۆمه‌ڵێک فرت‌وفێڵی فێرکردم که چۆ‌ن فێڵ له بابم بکه‌م و لێی‌بدزم، بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێ. بۆ وێنه نانی کۆن و فه‌تیرم ده‌کڕی، له فڕنه‌که‌دا گه‌رمم ده‌کرده‌وه و ده‌رخواردم ده‌دا. گه‌لێک جاران بڕشتی کاسنی‌یه‌تاڵه‌م تێکه‌ڵ قاوه‌که‌ی ده‌کرد، یان کیسه چای‌یه‌کانم چه‌ندجار ده‌م‌ده‌کردنه‌وه و ته‌نانه‌ت ئاوم وه‌پاڵ شه‌ڕابه‌که‌شی ده‌گێڕا.
سه‌رتۆپی هه‌مووی فێڵه‌کان، گالته‌ی پڕ به پێستی میسیۆ برایم به دونیای ده‌وروبه‌ری بوو که فێری کردبووم. ئه‌ویش جێگۆڕکێی کۆنسێرڤی سه‌گان بوو به پاته ، که بۆ باوکم داده‌نا.
له سایه‌ی سه‌ری میسیۆ برایمه‌وه، درزێک له‌و دیواره یه‌ک ده‌ست و بێ‌کەلێنەی گه‌وره‌کان به ده‌وریان‌دا کێشابووم و ده‌مێک‌بوو بێ‌ئاکام ده‌مکوتا، په‌یدا ببوو و له‌و درزەشەوەو ده‌ستێک له هانای منه‌وه هاتبوو.
*****
دیسانیش دوو سه‌ت فڕانکم کۆ کردبۆوه و ده‌متوانی جارێکی‌تریش پیاو بوونی خۆم بسه‌لـمێنم.
به شه‌قامی”به‌هه‌شت”دا داگه‌ڕامه خوارێ و یه‌ک‌ڕاست ڕووم کرده ئه‌و ده‌رگـایه که خاوه‌نی ئێستای “بێوه‌ڵه ورچه‌که‌می” لێ‌ڕاده‌وه‌ستا. ئه‌مجاره‌یان سه‌ده‌فێکی ده‌ریاییم پێ‌بوو که خۆم به دیاری وه‌رمگرتبوو سه‌ده‌فێک بوو له ده‌ریای‌گه‌وره‌وه.
ژنه بزه‌یه‌کی هاتێ.
ڕاست لهودهمهیدا کابرایه‌ک وه‌ک فیشه‌که شێته، ده‌تگوت هه‌ڵۆیه و نێچیر ده‌ڕفێنێ له کۆڵانی ته‌نیشتمانه‌وه به‌ره‌و ڕووم هات و یه‌کێک له جنده‌کانی گه‌ڕە‌کیش سه‌ری له دووی نابوو و یه‌ک‌بین ده‌یقیژاند و هاواری ده‌کرد:
ئه‌و دزه‌ی بـــــــگـــــرن! جـانتـــــاکــــه‌م! ئه‌و دزه‌ی بـــــــگـــــرن!
بێ ئه‌وه‌ی خۆ شلوێ بکه‌م، قاچێکم برده پێش. چه‌ند میتر ئه‌ولاتر کابرای دز که هه‌ڵه‌نگوتبوو! یه‌ک به کۆڵانه‌که ڕاکشابوو، منیش که‌وتمه سه‌ری.
کابرای دز چاوێکی لێکردم، که بینی ڕووته‌ڵه‌یه‌کم، ددانه‌کانی له چیره‌وه برد، ته‌مای بوو هه‌ستێته‌وه و ده‌ستێکی باشم بکوتێ. به‌ڵام چونکه ژنه هه‌روا یه‌ک‌بین هاواری ده‌کرد و خه‌ریک بوو خه‌ڵکمان وه‌سه‌رگێڕێ، کابرا وای به باشتر زانی خۆی ده‌رباز بکات.
باش بوو شوکور قیژە و هاواری ژنه جێگای ماسولکه‌کانی منیان گرته‌وه.
ژنه به خۆی و پێڵاوه پانێ بڵینده‌کانی‌یه‌وه گه‌یشتێ و به‌سه‌رم‌دا داهاته‌وه. کیفه‌که‌م بۆ ڕاداشت، ڕایپسکاند و به سینگ‌ومه‌می نیوه رووتییه‌وه نووساند که ئێستاش له به‌ر ماندوویی ڕاکردن، له جۆلانه دابوون.
– ســــوپاس کــــوڕی بــــاش! چۆ‌ن وه‌ڵامی چاکه‌ت بده‌مه‌وه، له گه‌ڵ گانێکی به‌لاش چۆنی؟
ژنه هه‌ر نه‌بێ سی‌ساڵ ده‌بوو. به‌ڵام میسیۆ برایم هه‌موو ده‌م ده‌یگوت : پیاو نابێ دڵی ژنان بشکێنێ.
– بۆ نا
چووینه سه‌رێ. ئه‌و ژنه‌ی وا بێوه‌ڵه ورچه‌که‌ی منی له لایه، له‌وه‌ی که یه‌ک له هاوکاره‌کانی، مشته‌ری له‌ده‌ست ده‌رهێنابوو، دڵ‌ئێش بوو. که به ته‌نیشتی‌دا تێپه‌ڕبووین به ئاسپایی و له به‌رخۆیه‌وه، وا ده‌کا:
ـ به‌یانی وه‌ره منیش یه‌کی به‌لاشت ده‌ده‌مێ.
که چی من تا ڕۆژی دوایی خۆم بۆ ڕانه‌گیرا و هه‌ر ئه‌و ڕۆژە سه‌رێکم لێ هه‌ڵێنا.
ناسیاوی له گه‌ڵ میسیۆ برایم و تێکه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ جنده‌کان، هه‌ڵکردن له‌گه‌ل باوکمی گه‌لێکی‌تر تاقه‌ت‌پروکێن کردبوو. بێ‌ئه‌وه‌ی خۆم بمه‌وێ ده‌ستم کردبوو به به‌راوردکردن و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی پڕ ئێش و ئازار. له کاتێک‌دا له‌لای باوکم هه‌ستم به بێ‌ناوه‌رۆکی، بێ‌مانایی و ساردوسڕی ژیان ده‌کرد، ئاخاوتن له گه‌ڵ میسیۆبرایم کاردانه‌وه‌یه‌کی پێچه‌وانه‌ی هه‌بوو، هێوری ده‌کردمه‌وه و بۆ ژیان هانی‌ده‌دام. له باوه‌شی جنده‌کانیش دا ساردوسڕی ڕۆژگارم له بیر ده‌کرد و هێزی سێحراوی ده‌ست به‌سه‌ردا کێشانم، به قووڵی هه‌ست پێده‌کرد.
سه‌یرێکی کتێبخانه تا بن‌میچ هه‌ڵچنراوه‌که‌ی باوکم که به میرات بۆی به‌جێ‌ماوه، ده‌که‌م. ئه‌م هه‌مووه کتێبانه که ده‌ڵێن هه‌ڵگری چۆڕاوه‌ی بیر و هزری مرۆڤایه‌تین و تێکڕای یاساکان و قورسترین فه‌لسه‌فه‌کانیان له خۆیاندا جێ کردۆته‌وه، له تاریکیدا ده‌دیت. چونکه هه‌ر په‌نجه‌ره‌م کردبایه‌وه، له‌مێژ بوو هاواری باوکم که ده‌یگوت :
ده‌ربیجه‌کان داخه مـــــــــــووســــــــا! نوور به‌رگی کتێبه‌کان خراپ ده‌کات، له‌بن گوێم ده‌زرینگایه‌وه.
باوکم له کاتێک‌دا شۆقی زه‌ردی چرای پشت سه‌ری وه‌ک ویژدانێکی نه‌خۆش؛ خۆی و لاپه‌ڕە‌کانی کتێبه‌که‌ی له ئامێز گرتووه، له ناو مۆبڵه تاکه‌که‌سییه‌که‌یدا پان‌بۆته‌وه و خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌یه، به‌م‌چه‌شنه خۆی له پشت دیوارێک به ناوی زانست، که له ده‌وری خۆی هه‌ڵچنیوه، زیندانی کردووه.
باوکم ئیتر بارته‌قای سه‌گێکیش بایخی بۆ من دانه‌ده‌نا، تازه هه‌ر چه‌ند زۆریشی بێز له هه‌رچی سه‌گه ده‌بۆوه. ئه‌گه‌ر جاروبار وه‌ک سه‌گیش کرووزابامه‌وه، قه‌ت‌نه‌بوو جارێک ئێسقانێک له ده‌ریای زانستی خۆی بهاوێته به‌رده‌مم.
ـ ئهــــــــــم ، ببوره.
ـ بێده‌نگ به مووسا! خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌م، ده‌بینی سه‌رقاڵم، و کارم هه‌یه.
سه‌راوان و بناوانی قسه‌ی، کار کردن بوو و خۆی پێ له هه‌موو گفتوگۆیه‌ک ده‌رباز ده‌کرد.
ـ ببــــــــــــوره بابه.
ـ یادی به‌خێر، پوپۆلی برات وه‌ک تۆ نه‌بوو.
پوپۆل نازناو و پێوانه‌یه‌ک بوو که لێنه‌هاتوویی منی پێ ده‌ست‌نیشان ده‌کرد. هه‌رجارێک هه‌ڵه‌یه‌کم کردبا باوکم خێرا بیره‌وه‌رییه‌کی پوپۆلی برا گه‌وره‌می به گرچووی دا ده‌دام.
پوپۆل له‌و قوتابی‌یه زیره‌کانه بوو. پوپۆل زۆر حه‌زی له ده‌رسی بیرکاری بوو. پوپۆل قه‌ت بانیۆکه‌ی حه‌مامی پیس نه‌ده‌کرد. پوپۆل هه‌میشه میزی ڕاست له کونی مبالێ ده‌کرد. پوپۆل هێنده‌ی باوکم حه‌زی له کتێب خوێندنه‌وه بوو.
ڕاستییه‌که‌ی گه‌لێک خۆم به به‌ختیار ده‌زانی که دایکم دوا به دوای هاتنه سه‌ر دنیای من، پیلی پوپۆلی گرتبوو و ڕۆیشتبوو. چونکه هه‌ر ئه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری‌یه‌کانیم به چاوی دا ده‌دراوه بۆ حه‌وت‌پشتم به‌س بوو. هاتبا و پوپۆلی ئاوا ڕێکوپێک له ماڵدا له‌گه‌ڵمان ژیابا، دەمێک بوو دیقم پێکرابوو.
ـ بابـــــه، پێتوایه پوپۆلی برام منی خۆش‌ویست بایه؟
باوکم خێسه‌یه‌کی لێکردم و هێندێکم لێ مۆن‌بۆوه و گوتی:
ـ پرسیارێکی قۆر.
ئه‌وه ته‌نیا وڵامێک بوو وه‌رمگرته‌وه، پرسیارێکی قــــــــۆر!
منیش له بابمه‌وه فێر ببووم هه‌ر به چاوی گومان و ڕق و قینه‌وه سه‌یری ده‌وروبه‌ری خۆم ده‌کرد.
ئه‌وه‌ی که له گه‌ڵ کابرای عه‌ره‌ب، جا با عه‌ربیش نه‌بێ: چونکه عه‌ره‌ب یانی ئه‌و که‌سه‌ی که شه‌و و ڕۆژ کار ده‌کات، ته‌نانه‌ت ڕۆژانی یه‌ک شه‌ممه‌ش؛ هاتووچۆم هه‌یه، یان ئه‌وه‌ی که یارمه‌تی جنده‌یه‌کی سه‌ر شه‌قامم دابوو، هی پرێسکه‌ی دڵی خۆم بوو و نه‌ده‌کرا له ڕووگه‌ی ئاشکرای ژیانمدا به‌دی بکرێ.
ڕۆژێک میسیۆ برایم لێی پرسیم:
ـ مه‌مــــۆ! بۆ قه‌ت پێناکه‌نی؟
ئه‌م پرسیاره وه‌ک مسته‌کۆڵه‌یه‌ک له نەکاو به‌ره‌و ڕووم ببۆوه و هیچ بیرم لێ نه‌کردبۆوه.
ـ میسیۆبرایم، پێکه‌نین بۆ سامانداران هاتووه، ئه‌من قه‌وه‌م پێ‌ناشکێ.
بۆ ئەوه‌ی قه‌ڵسه‌م لێ‌بگێڕێ له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌ستی کرد به پێکه‌نین.
ـ بۆ تۆ پێت وایه من مرۆڤێکی ساماندارم؟
ـ هه‌ر چی بێ تۆ هه‌میشه داخڵه‌که‌ت پڕە له به‌سته پوڵ. که‌س ناناسم وه‌ک تۆ ڕۆژ تا ئێوارێ هێنده‌ی پاره له به‌ر ده‌ست‌دا بێ.
ـ به‌م پارانه شتومه‌کی ناو دووکان ده‌کڕم و کرێ دووکانی پێده‌ده‌م. سه‌ری مانگێ دوای ئه‌م ده‌رچوونانه شتێکی وا نامێنێته‌وه، تێده‌گه‌ی؟
دیسان بۆ قه‌ڵسه لێ‌گێڕان، زۆرتری ده‌م پانکرده‌وه و پێکه‌نی.
ـ که ده‌ڵێم پێکه‌نین بۆ پیاوی ده‌وڵه‌مه‌نده مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ته‌نیا مرۆڤه به‌خته‌وه‌ره‌کان بۆیان هه‌یه پێبکه‌نن.
ـ ده‌ڵێم له هه‌ڵه دای، وا نی‌یه. ئه‌وه پێکه‌نینه مرۆڤ به‌خته‌وه‌ر ده‌کات.
ـ ته‌ح!
ـ تاقی که‌وه! تۆ کوڕێکی به ئه‌ده‌بی، وه‌نییه؟
ـ له ناچاریان، ده‌نا شه‌ق ده‌زانێ قۆناخ له کوێ‌یه.
ـ به‌ڵام ئه‌وه باشه که به ئه‌ده‌به‌وه هه‌ڵس‌وکه‌وت بکه‌ی، له‌ویش باشتر ئه‌وه‌یه که مێهره‌بان بی.
ده‌ی پێبکه‌نه! جا ئه‌وده‌م ده‌زانی ده‌ڵێم چی.
ئه‌گه‌ر هه‌موو که‌س وه‌ک میسیۆ برایم به شووشه‌یه‌ک که‌له‌م‌به‌ترشه‌وه ته‌ماحی وه‌به‌رنابام، منیش هه‌وڵێکم هه‌ر ده‌دا.
ڕۆژی دوایه هه‌ر وه‌ک جندۆکان ده‌ستیان لێوه‌شاندبم به ده‌م هه‌موو که‌سه‌وه پێده‌که‌نیم و بزه‌م له سه‌ر لێوان لانه‌ده‌چوو.
له قوتابخانه کاتی وانه‌ی بیرکاری، به پێکه‌نینه‌وه گوتم:
نه‌خێر خاتوونی من، هیچ تێنه‌گه‌یشتم. نایزانم.
ـ قه‌ی ناکا مووسا، جارێکی دیکه‌ش بۆت ده‌ڵێمه‌وه.
زۆر سه‌یربوو، نه تووڕە‌بوو و نه سه‌رکۆنه‌شی کردم.
کاتی نانخواردن له قوتابخانه، به پێکه‌نینه‌وه داوای هێندێکی‌تر شله و به دواشی‌دا پارچه‌یه‌ک په‌نیری سه‌لکی تازه‌م کرد. بێ یه‌ک و دوو لێکردن وێیاندام.
که چووین بۆ هۆڵی وه‌رزیش، بیرم که‌وته‌وه که پێڵاوی وه‌رزیشێم له‌بیرچووه. به پێکه‌نینه‌وه به مامۆستاکه‌م گوت: پێڵاوه‌کانم دڕاون…
مامۆستاش به پێکه‌نینه‌وه و بێ تووڕ‌ە بوون ده‌ستێکی له شانم‌دا. واته یانی قه‌ی ناکا.
ده‌تگوت سه‌رخۆشم، هه‌ستم ده‌کرد هه‌موو ئیش و کارم ڕاده‌په‌ڕێ. میسیۆ برایم چه‌کێکی وای نه‌دابوومێ خۆشه‌وه بێ.
به‌و بزه و پێکه‌نینه‌وه ته‌قه‌م له هه‌موو دونیا ده‌کرد، ئیتر که‌س نه‌یده‌توانی نه‌مبینێ و وه‌ک به‌رسوورکه پێم ڕێ‌بخات.
کاتی گه‌ڕانه‌وه له قوتابخانه‌ڕا بۆ ماڵ، ڕێگام خوار کرد و خۆم به‌شه‌قامی “به‌هه‌شت”دا کێشا. له‌جوانترین جنده که تا ئێستا چه‌ند جارێک بێدڵی کردبووم و ملی نه‌ده‌دا، چوومه پێش.
به پێکه‌نینه‌وه تێی‌ڕاخوڕ‌یم و پێمگوت:
ـ له چی یای؟ بچینه سه‌رێ؟
ـ هه‌ژده ساڵ ده‌بی؟
له کاتیک دا نه‌مده‌هێشت بزه‌م له سه‌ر لێوان بزر بێ، وتم :
ـ ئه‌ی چۆ‌ن، ده‌مێکه.
چووینه سه‌رێ.
پاشی دامرکان، له‌کاتێکدا خه‌ریک بووم خۆم دەبه‌ر ده‌کرده‌وه، چیرۆکێکم له خۆمه‌وه سازکرد و گوتم که ڕۆژنامه‌نووسم و خه‌ریکم له سه‌ر ژیانی ژنه‌کانی سه‌ر شه‌قام، کتێبێک ده‌نووسم. هه‌ڵبه‌ت به‌ده‌م قسانیشه‌وه ئه‌وه هه‌روا به چه‌که‌که‌ی میسیۆ برایم یه‌ک‌بین ته‌قه‌م دەکرد. پاشان پێمگوت ئه‌گه‌ر حه‌ز بکات هێندێک له سه‌ر ژیانی خۆی بۆم بدوێ.
ـ به ڕاستیته ، تۆ ڕۆژنامه نووسی ؟
ـ به پێکه‌نینه‌وه گوتم: ئه‌ی چۆ‌ن. له ڕاستی‌دا هێشتا ده‌رسه‌کانم ته‌واو نه‌کردووه.
ژنه ده‌ستی پێكرد. منیش له سینگ‌ومه‌می که به‌پێی به‌سه‌رهاته‌که جارناجارێک ده‌له‌رینه‌وه و یان سه‌روخواریان ده‌کرد، ڕامابووم. بۆخۆشم باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد که ژنێک هاوده‌می من بکا و له‌گه‌ڵم بدوێ.
ده‌مه‌و ئێوارێکی دره‌نگ که باوکم گه‌ڕایه‌وه ماڵێ، وه‌ک هه‌میشه کاتێک خه‌ریک بووم باڵتۆکه‌ی لێ‌وه‌ربگرم هه‌وڵم‌دا له پێشی‌یه‌وه بوه‌ستم تا له‌به‌ر شۆقی چراکه‌وه بمبینێ.
به پێکه‌نینه‌وه گوتم: خواردنه‌که ئاماده‌یه!
به سه‌رسووڕمانه‌وه سه‌یرێکی کردم.
به جارزی به‌ڵام هه‌روا ده‌م به پێکه‌نینه‌وه به ده‌وریدا ده‌هاتم و ده‌چووم. له ئاخری‌یه‌کانی شه‌وێ‌دا گوتی:
ـ ها، ئه‌وه چ هه‌ڵه‌یه‌کت کردووه؟
ئیتر بزه‌ی سه‌رلێوانم ڕە‌ویه‌وه. به‌ڵام دیسان ملم هه‌ر نه‌دا و بێ‌هیوا نه‌بووم .
کاتی دانانی شه‌وچه‌ره‌ش هه‌ر هه‌وڵم‌دا و به بزه‌ی سه‌ر لێوانه‌وه ده‌هاتم و ده‌چووم.
ده‌مبینی که زۆر به مۆڕە‌وه سه‌یرم‌ده‌کات، پاشان گوتی:
ـ وه‌ره ئێـــــــره!
وام هه‌ست کرد که وا بزه‌کانم سه‌هۆڵه‌کان ده‌توێننه‌وه. به خۆم گوت: ها ئه‌وه‌ش قوربانێکی دیکه‌ی بزه و زه‌رده‌خه‌نه. له‌وانه‌یه ئێستا له باوه‌شم بگرێ و ده‌ستێکم به سه‌ری دابێنێ.
له بیرمه جارێک خۆی بۆی باس کردبووم که کاکم پوپۆل، زۆر حه‌زی ده‌کرد له ئامێز بگیرێ و ده‌ستی به سه‌ری دابێنن. به‌دڵنیایه‌وه کاکه پوپۆل له ڕۆژی هه‌وه‌ڵه‌وه زانیبووی چه‌کی بزه چه‌ند کاریگه‌ره، یان له‌وانه‌یه دایکم ده‌ره‌تانی بووبێ و فێری پێکه‌نینی کردبێ.
چوومه ته‌نیشت باوکم و شان به شانی وه‌ستام. چاوه‌کانی چکۆله‌کردنه‌وه و لێم وردبۆوه. له خۆشی‌یان پێکه‌نین وای داگرتبووم خه‌ریک بوو شه‌ویلکه‌م له ڕە‌سمه بچێ.
ـ پێویسته ددانه‌کانت له قالب بدرێن. قه‌ت نه‌مده‌زانی که‌ڵپه‌کانت هێنده له پێشێن.
*****
ئیتر له‌و شه‌وه به دواوه کردمه پیشه و دوای نووستنی باوکم ده‌چوومه خوارێ لای میسیۆبرایم.
ـ تاوانی خۆمه، ئه‌گه‌ر منیش وه‌ک کاکم پوپۆل بایه‌م، بابم منیشی خۆشده‌ویست.
ـ چووزانی؟ خۆ پوپۆل به‌جێی هێشتوون و ڕۆیشتووه.
ـ ده‌ی‌جا ؟
ـ ره‌نگ‌بێ تاقه‌تی باوکتی نه‌بووبێ.
ـ پێتــوایــــه؟
ـ هه‌ر چی بێ پوپۆل له ماڵه‌وه ڕای کردووه. بێ‌شک هۆیه‌کی هه‌ر هه‌یه.
میسیۆبرایم ورده‌پوڵه‌کانی وێدام تا بیانژمێرم و به‌سته به‌سته له کاغه‌زیانه‌وه پێچم. ئه‌م سه‌رقاڵ‌بوونه، هێندێکی ئه‌هوه‌ن کردمه‌وه.
ـ باشه میسیۆ، تۆ پوپۆلت ده‌ناسی؟ چ جۆر کوڕێک بوو؟
داخڵه‌که‌ی توند پێکدا دا، وه‌ک ئه‌وه‌ی بیهه‌وێ بکێشێ به ده‌می یه‌کێک دا.
ـ با شتێکت پێ‌بڵێم مـــه‌مــــۆ، من تۆم سه‌ت قات، بگره هه‌زار قاتی پوپۆل خۆشده‌وێ.
ـ به‌ڕاستیـــتـــــــــه؟
به‌م قسه‌یه زۆر که‌یفخۆش بووم به‌ڵام وه‌سه‌رخۆم نه‌هێنا. په‌نجه‌کانم کرده مسته‌کۆڵه و ددانه‌کانم له چیره‌وه برد، ئاخر ده‌بوایه له سه‌ر که‌ڕامه‌تی بنه‌ماڵه وه‌ده‌نگ هاتبام.
ـ بزانه ده‌ڵێی چی، بۆت نی‌یه ئاوا باسی برای من بکه‌ی. چ دژایه‌تییه‌کت ده‌گه‌ڵ پوپۆل هه‌یه؟
ـ پوپۆل کوڕێکی زۆر باش بوو، زۆر باش. به‌ڵام ببووره ئه‌من پێموایه مه‌مــۆ باشتره.
ـ ده‌ی قه‌ی ناکا، بووراوی.
پاش حه‌وتوویه‌ک میسیۆ برایم ناردمی بۆ لای دوکتۆرێکی ناسیاوی خۆی که سه‌یری ددانه‌کانم بکات. وا دیاره میسیۆ ئاشنا و ڕوشنای باشی هه‌یه.
ڕۆژی پاشان که چوومه‌وه لای میسیۆ، گوتی:
ـ چاره‌سه‌ری ددانه‌کانت له‌وه‌دایه که هێندێک که‌متر پێبکه‌نی. نا گاڵته‌ت ده‌گه‌ڵ ده‌که‌م. براده‌ره‌که‌م دڵنیای کردووم که ددانه‌کانت هیچ عه‌له‌میان لێ‌نییه و له قالب‌دانیشیان پێویست نا‌کات.
به چاوی پڕ له خه‌نده‌وه سه‌ری هێنایه بن گوێم و گوتی:
ـ بیر بکه‌وه ئه‌گه‌ر به ددانی قالب‌کراو و “لغاوه‌وه” چووبایته شه‌قامی”به‌هه‌شت”، که‌س هه‌بوو بڕوات پێ‌بکا که هه‌ژده ساڵ بی.
له خه‌جاڵه‌تییان سه‌رم داخست و گوتم ورده‌پوڵه‌کانم ده‌یه با بیانژمێرم.
ـ میسیۆ! له‌م باره‌وه چ ده‌زانی؟
ـ هیچ نازانم ، هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌زانم که له ناو قورعانه‌که‌م دایه.
هێندێکی دیکه‌ش له ورده‌پوڵه‌کانم بژارد و لووله‌م کردن.
ـ چوونی بۆ لای جنده‌کان شتێکی زۆر ئاساییه، مه‌مۆ! له سه‌ره‌تادا ده‌بێ مرۆڤ بچێته لای ژنی به ئه‌زموون، ئه‌وان ده‌زانن چۆ‌ن به پیاو ڕابگه‌ن. پاشان به‌ره‌به‌ره که هه‌ست و گێره و کێشه‌کان سه‌ریان‌هه‌ڵدا، ده‌کرێ پیاو به هه‌موو تازه کارێکیش ڕازی بێ.
هه‌ستم کرد بڕێک هاتوومه‌ته‌وه سه‌ره‌خۆ.
ـ وا هه‌یه تۆش بچی بۆ شه‌قامی” به‌هه‌شت” ؟
ـ ده‌رگای به‌هه‌شت بۆ هه‌موو که‌س ئاواڵه‌یه.
ـ نا میسیۆ، تۆ پێم ڕاده‌بوێری. خۆ ئه‌گینا تازه به‌و ته‌مه‌نه‌شه‌وه هه‌ر ناچی!
ـ بۆ چما ئه‌وێ هه‌ر بۆ که‌سانی ژێر هه‌ژده ساڵ ده‌بێ؟
زانیم که قسه‌که‌م له قه‌ده‌ر قه‌ڵافه‌تم نه‌بووه و تووڕە‌م کردووه.
ـ مه‌مۆ! ده‌ڵێی چی به‌یه‌که‌وه پیاسه‌یه‌کی بکه‌ین؟
ـ هه‌ی نه‌بێ میسیۆ، یانی وا هه‌یه تۆش وه‌ده‌رکه‌وی و”بــــڕۆی” ؟
ئه‌ها دیسان، ده‌سته‌گوڵێکی دیکه‌م به ئاوێ دادا. بۆیه زۆر به‌خێرایی و به پێکه‌نینه‌وه گوتم:
ـ یانی مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، که من تۆم هه‌ر له سه‌ر کورسیله‌که‌ت بینیوه.
به‌ڵام هیچ سوودی نه‌بوو و دۆخه‌که‌م بۆ نه‌گۆڕدرا، ئیتر له سه‌ری نه‌ڕۆیشتم.
هه‌ر بۆ به‌یانی میسیۆ برایم له گه‌ڵ خۆی بردمی بۆ پاریس. پاریسی جوان و به ناوبانگ، پاریسی ناو وێنه‌کان، ئه‌و پاریسه‌ی تور‌یسته‌کان ده‌یبینن.
که‌ناره و که‌نار به درێژایی و خواره‌که و پێچه‌که‌ی ڕووباری سێن‌دا پیاسه‌مان کرد.
ـ سه‌یرکه مه‌مۆ! رووباری سێن چه‌ند حه‌زی له پرده، هه‌ر وه‌ک ژنان که حه‌زیان له بازنه و پاوانه‌یه.
پاشان به ناو پارکی “چامپ ئێلیسێس” و به به‌ر کۆمه‌ڵێک تیئاتر و گالریای وێنه‌دا تێ‌په‌ڕین تا گه‌یشتینه شه‌قامی “ڤایبۆری- سانت- هونرێ”، ئه‌وبه‌ر ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌که دووکانی جل‌و‌به‌رگه به‌ناوبانگه‌کانی وه‌ک لان‌ویــــــــــــــــــن، هێرمێز، ساینت لاورنت و کاردین … که باوی سه‌رده‌م بوون، دایگرتبوو.
له چاو بهقاڵییهکهی میسیۆ که تا بن‌میچی دوو ڕیز و سێ ڕیز سه‌ری مار و مێرووی تێدا هه‌ڵچنرابوو، سه‌رنجڕاکێش و سه‌یر ئه‌وه بوو که ئه‌م دووکانه به ناوبانگانه، جگه له یه‌ک دوو کوت جلوبه‌رگ، چی‌تریان تێدا به‌دی نه‌ده‌کرا.
ـ میسیۆ! زۆر سه‌یره، جامخانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان زۆر فه‌قیره و چی تێدانییه.
ـ به‌وه ده‌ڵێن “لوکس”،مه‌مۆ، هیچت له جامخانه‌دا نه‌بێ، دووکانت په‌پووی لێ بخوێنێ و هه‌رچی هه‌یه له ” قیمه‌ت “دا بێ .
له کۆتایی گه‌شته‌که‌مان‌دا گه‌یشتینه باخه‌کانی پشت “پالاز ڕۆیاڵ”میسیۆ برایم شه‌ربه‌تێکی لیمۆی بۆ من وه‌رگرت و بۆ خۆشـــــی له سه‌ر کورسییه‌کی دانیشت و لاقی هاویشته سه‌ر لاقی. جارناجارێک قومێکی له زه‌حله‌که‌ی به‌رده‌می ده‌دا. هه‌موو جارێش که لێوه‌کانی لێک ده‌خشاند تا وه‌کو چێژی ته‌واوی لێ وه‌ربگرێ، مڵچه‌یم گوێ لێ‌ده‌بوو.
ـ ده‌بێ ژیان له پاریس زۆر خۆش بێ.
ـ به‌ڵام مه‌مۆ، خۆ تۆ له پاریس ده‌ژی.
ـ نا من له شه‌قامی “شین” ده‌ژیم.
چاوێکم له میسیۆ کرد، دیار بوو به باشی چێژی له عاره‌قه‌که‌ی وه‌رده‌گرت.
ـ پێم‌وانه‌بوو که موسوڵمانیش عاره‌ق ده‌خۆنه‌وه.
ـ نه‌خێر، به‌ڵام ئه‌من سۆفیم.
هه‌ستم کرد دیسان ده‌مم زۆر بردۆته پێش. به‌ڵکوو میسیۆ حه‌ز نه‌کا باسی نه‌خۆشی‌یه‌که‌ی خۆی بکات. دیاره مافی خۆیشیه‌تی.
بۆیه ئیدی تا نه‌گه‌یشتینه‌وه شه‌قامی خۆمان، “شه‌قامی شین”، چی تری له‌سه‌ر نه‌ڕۆیشتم.
*****
شه‌و له ماڵه‌وه له ناو کتێبه‌کانی باوکمدا به دوای مانای سۆفی‌دا گه‌ڕام. دیار بوو به ڕاستی بۆ میسیۆ برایم به په‌رۆش بووم بۆیه په‌نام بۆ ئه‌و کتێبانه هێنابوو که بێجگه له به‌دبه‌ختی خێرێکی دیکه‌یان بۆ من تێدا نه‌بوو.
“سۆفیایه‌تی لقێک و بۆچوونێکه له ئیسلام‌دا که له سه‌ده‌ی حه‌وت‌دا سه‌ری‌هه‌ڵداوه. په‌یڕە‌وان و لایه‌نگرانی ئه‌م ڕوانگه‌یه پێیانوایه، ئیمان و باوه‌ڕ له تێگه‌یشتن و ناخی تاکه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ نه‌ک په‌یڕە‌وی کردن له کتێب و شه‌ریعه‌ت. “
هه‌ر وه‌ک چاوه‌ڕوان ده‌کرا ئه‌م کتێبانه ته‌نیا مانای ئه‌م وشانه‌ت پێده‌ڵێن که بۆ خۆت پێشتر ده‌یانزانی.
هه‌ر ئه‌وه که زانیم “سۆفی” جۆره نه‌خۆشی‌یه‌ک نی‌یه، هێور بوومه‌وه.
واته سۆفی بوون شێوازێکی بیرکردنه‌وه‌یه. هه‌ر چه‌ند وه‌ک میسیۆ برایم بۆخۆی ده‌یگوت: هێندێک شێوه بیرکردنه‌وه‌ش له‌خۆیدا جۆرێک نه‌خۆشی‌یه.
له‌مه‌و به دوا ده‌ستم کرد به به‌دوادا چوون و لێکۆڵینه‌وه له سه‌ر ناو و ناوه‌رۆکی سۆفیگه‌ری.
ئه‌وه‌ی تێی‌گه‌یشتم ئه‌وه بوو که میسیۆبرایم سه‌رەڕای عاره‌ق خواردنه‌وه وه‌ک موسوڵمانان باوه‌ڕی به خودا هه‌بوو، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ک له سنووری گوناح ده‌گه‌ڕایه‌وه. میسیۆ له ناخییه‌وه بیری له خودا ده‌کرده‌وه نه‌ک به پێی شه‌ریعه‌ت و یاسا.
ئه‌وه‌ش ببوو به گرێ‌کوێرەیەک که ده‌بوایه زۆرتری بیر لێ‌بکه‌مه‌وه.
وای تێگه‌یشتم که ده‌تگوت باوه‌ڕ به‌پێی شه‌ریعه‌ت و یاسا، یانی خۆ دیتنه‌وه‌ی بێ‌ئه‌ملا و ئه‌ولا له‌ناو چوارچێوه‌یه‌کی له‌پێشدا دیاری‌کراو. واتە لە بنەڕەتدا شتێکی پڕمه‌ترسی.
واته میسیۆ برایم مرۆڤێکی ناشه‌ریفه و هه‌ڵسووکه‌وت کردنیش له‌گه‌ڵ ئینسانی له‌م چه‌شنه بۆ من نه‌هاتووه.
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر مانای ڕە‌چاوکردنی کتێب و یاسا ئه‌وه بێ که وه‌ک پارێزه‌رێکی داماو و بێ‌هیوا، و‌ێنه‌ی باوکم، له‌ناو ماڵێکی ساردوسڕی مه‌ینه‌ت‌لێدراو دا بژیم، به‌دڵه‌وه هه‌ڵمده‌بژارد که له به‌ره‌ی میسیۆ برایمدا دژ به‌و یاسا و ڕێسایانه بوه‌ستم.
به پێی کتێبه زانیارییه گشتییه‌کان ده‌رده‌که‌وت که بناغه‌دانه‌رانی سۆفیگه‌ری دوو پیاوی به‌ته‌مه‌ن بوون به ناوه‌کانی حه‌للاج و غه‌زالی. به بینینی ئه‌م ناوانه زه‌ینم بۆ ئه‌م که‌سانه چوو که له پشت باخه‌کانی شه‌قامی شین‌دا ده‌ژیا.
واته مه‌ندی و له‌ناو خۆدا بوونی میسیۆ برایم هه‌ر له‌و بۆچوونه ڕا که ده‌بێ باوه‌ڕ و ئیمان له ناخی مرۆڤه‌وه سه‌رهه‌ڵبدا، سه‌رچاوه‌ی گرتووه. بۆیه به‌کرده‌وه‌ش میسیۆ له چاو هه‌موو جووله‌که‌کانی ده‌وروبه‌ر مرۆڤێکی له‌سه‌رخۆ و هێدی و هێمن بوو.
زۆرم هێنا و برد خۆم بۆ ڕانه‌گیرا. بۆیه شه‌وێک له سه‌ر مێزی نانخواردن کاتێک باوکم پشکێک گۆشتی مه‌ڕی سووره‌وه‌کراو‌ی ده‌جووت و له ده‌می‌دا ده‌ی‌هێنا و ده‌ی‌برد، لێم پرسی:
ـ بابه! باوه‌ڕت به خودا هه‌یه؟
سه‌یرێکی کردم پاشان به هێمنی گوتی:
ـ ده‌زانی خه‌ریکه به‌ره‌به‌ره گه‌وره ده‌بی و پێ‌دەگەی.
تێنه‌گه‌یشتم، ئه‌وه چی به سه‌ر پرسیاره‌که‌ی منه‌وه دابوو.
بۆ ده‌مه‌ساتێکی کورت گوتم بێت و نه‌بێت که‌سێک بۆی گێڕاوه‌ته‌وه که هامووشۆی ژنه‌کانی شه‌قامی “به‌هه‌شت” ده‌که‌م. به‌ڵام درێژە‌ی به قسه‌کانی دا .
ـ نه‌خێر، قه‌ت سه‌رکه‌وتوو نه‌بووم باوه‌ڕ به خودا بکه‌م.
ـ سه‌رکه‌وتوو؟ بۆ نه‌بووی؟ زۆری پێ‌ده‌وێ؟
چاوێکی به ده‌وروبه‌ری نیوه‌تاریکی ژووره‌که‌دا گێڕا، پاشان وتی:
ـ بۆئەوه‌ی بزانین هه‌رچی به ده‌وروبه‌رمانه‌وه هه‌یه، هه‌ڵگری مانایه‌که، به‌ڵێ، مرۆڤ به‌ڕاستی ده‌بێ خۆ ماندوو بکات.
ـ به‌ڵام باوکه خۆ ئێمه جووله‌که‌ین، مه‌به‌ستم خۆمانه.
ـ به‌ڵێ
ـ یانی جووله‌که‌بوون هیچ په‌یوه‌ندی به خوداوه نی‌یه؟
ـ نا ئیتر بۆ من نا. جوولەکه‌بوون ئیتر بۆ من ته‌نیا بیره‌وه‌رییه‌که، بیره‌وه‌رییه‌کی گه‌لێک ناخۆش.
زۆر ماندوو دیاربوو. له‌وانه بوو لۆچێک حه‌بیش چاری نه‌کا. ڕە‌نگ‌بێ چونکه به قسه‌کردن ڕانه‌هاتبوو. جارێکیش هه‌ر جارێکه.
هه‌ستایه سه‌رپێ و یه‌ک‌ڕاست چوو ژووره‌که‌ی خۆی و لێی‌خه‌وت.
چه‌ند ڕۆژێک دواتر کاتێک له ئیش را هاته‌وه، هێنده‌ی دیکه‌ش ماندوو و ڕه‌نگ بزڕکاو بوو.
خه‌ریک‌بوو سووچه‌که‌م ده‌هاویشته سه‌رشانی خۆم و سه‌رکۆنه‌ی خۆمم ده‌کرد که کۆنسێرڤی‌سه‌گانم ده‌رخوارد دابوو.
به‌ئاسپایی دانیشته سه‌ر کورسییه‌ک و گوتی: که ده‌یهه‌وێ شتێکم پێ‌بڵێ.
هێنده‌ی ده خوله‌کێکی گرت هه‌تا وه‌زمان هات.
ـ مووســا، له ئیشه‌که‌م وه‌ده‌ریان ناوم. ئیتر له ئیداره منیان ناوێ.
بۆ من هیچ جێگه‌ی سه‌رسووڕمان نه‌بوو که هاوکاره‌کانی حه‌ز نه‌که‌ن ده‌گه‌ڵ باوکمدا ئیش بکه‌ن.
بێ‌گومان باوکم تاوانباره‌کانیشی وه‌زاڵه هێناوه. ده‌رده‌که‌وێ که پارێزه‌رێک ده‌توانی پارێزه‌ر نه‌بێ!
ـ ده‌بێ له شوێنێکی دیکه به دوای ئیشدا بگه‌ڕێم، جا بۆیه ده‌بێ ده‌س‌پێوه‌بگرین.
چۆوه ژووره‌که‌ی خۆی و لێی‌ڕاکشا. دیاربوو ده‌ربه‌ست نه‌بوو گوێی له بۆچوونی من بێت.
منیش وه‌ده‌رکه‌وتم و چوومه لای میسیۆ برایم. دانیشتبوو خه‌ریک بوو بادامه سوێره‌ی ده‌خوارد.
ـ میسیۆ، مروڤێک چۆ‌ن ده‌توانێ به‌خته‌وه‌ر بێ؟
ـ ئه‌وه‌ی ده‌زانم که له قوڕعانه‌که‌م دایه.
ـ هه‌ر چه‌ند جووله‌که‌م به‌ڵام پێموایه ڕۆژێک مه‌جبوور ده‌بم قوڕعانه‌که‌ت لێ‌بدزم.
ـ ئه‌رێ مه‌مۆ، له لای تۆ جووله‌که بوون چ مانایه‌کی هه‌یه؟
ـ نازانم، بۆ باوکم جووله‌که‌بوون یانی ڕۆژ و شه‌و داماو و که‌ساس بوون. بۆ منیش دۆخێکه که تێیدام و بۆم نی‌یه شتێکی‌تر بم.
میسیۆ برایم لۆچێکی بادامه سوێره له مستم کرد.
ـ مه‌مۆ! پێڵاوه‌کانت هیچ باش نین، به‌یانی ده‌چین جووتێک پێڵاو ده‌کڕین.
ـ ئا، به‌ڵام…
ـ ژیانی مرۆڤ له دوو شوێنان تێپه‌ڕده‌بێ، له‌ناو نوێن‌وبان و له ناو پێڵاوه‌کانی.
ـ پاره‌م نی‌یه ، میسیۆ.
ـ من بۆت ده‌کڕم، با ئه‌وه دیاری من بێ بۆ تۆ مه‌مۆ. ته‌نیا جووتێک پێت هه‌یه ده‌بێ ئاگات لێیان بێ. که پێڵاو په‌نجه‌کانی پێتی گرت، بیانگۆڕە. خۆ پێ‌یه‌کانت بۆ ناگۆڕدرێ!
*****
ڕۆژی دواتر کاتێک له قوتابخانه ڕا گه‌ڕامه‌وه ماڵێ، نامه‌یه‌ک له پێشخانه، له‌په‌نا پێڵاوه‌کان که‌وتبوو. نازانم بۆ هه‌رکه ده‌سخه‌تی باوکم ناسییه‌وه، که‌وتمه دڵه‌کوته.
مووسا!
سه‌ری خۆم هه‌ڵده‌گرم و ده‌ڕۆم. بمبووره! من بۆ باب نابم. پوپۆ…….
هێڵێک به‌سه‌ر ناوه‌که‌دا کێشرابوو. وێده‌چوو به‌ته‌ما بووبێ دیسان پوپۆلـم به چاودا بداته‌وه. بۆ وێنه بنووسێ، ”حاوانه‌وه ده‌گه‌ڵ پوپۆل ده‌کرا، دەگهڵ تۆ نا”، یان “پوپۆل هێز و توانای باوک بوونی پێده‌به‌خشیم، تۆ نا .”
ڕە‌نگه تانه و توانجه‌کانی هێنده تاڵ‌بووبن، بۆخۆشی له نووسینیان شه‌رمی کردبوو.
له‌دڵی خۆمدا گوتم سوپاس، وه‌رمگرت!
… له‌وانه‌یه ڕۆژێک یه‌کتر ببینینه‌وه، ڕۆژێک که تۆ گه‌وره بووی. کاتێک ئیتر شه‌رم له بوونی خۆم ناکه‌م، ئه‌وکاته‌ی که تۆ منت به‌خشیوه.
خواحافیز
– ئه‌ی ئه‌ی، هه‌روا!! سوپاس و خواحافیز!
له ژێره‌وه له په‌ڕاوێزدا نووسیبووی.
هه‌رچی پاره‌ش هه‌مبوو له سه‌ر مێزه‌که‌م داناوه. ئه‌مه‌ش ناوی ئه‌م که‌سانه‌ی له نه‌بوونی مندا، ده‌توانی پەیوه‌ندییان پێوه بگری، ئاگایان لێت ده‌بێ.
چوار ناوی نووسیبوو که هیچکامیانم نه‌ده‌ناسی.
بڕیاری خۆم دا، نابێ که‌س پێ‌بزانێ.
به‌هیچ کلۆجێک که‌س نابێ بزانێ که پشتم تێکراوه.
ئه‌وه جاری دووهه‌م بوو ڕوویان لێ‌وه‌رده‌گێڕام و پشتیان تێده‌کردم. جاری یه‌که‌میان دایکم هه‌ر له سه‌ر پشتی لانکێ جێی‌هێشتم، کاتێک هێشتا حه‌وتووم نه‌چووبوو. ئه‌م جاره‌شیان باوکم له سه‌ره‌تای لاوه‌تیم‌دا، پشتی تێ‌کردم و به‌ته‌نیای هێشتمه‌وه.
هاتبا و که‌س به‌مه‌ی زانی با، نه‌هامه‌تی بوو.
بۆ ئاوا ڵێم بێزارن؟ بۆ خۆشی‌یان ناوێم؟
ئیتر بڕیار بوو دابووم، بڕیارێکی بێ‌گه‌ڕانه‌وه.
که‌س نابێ بزانێ که باوکم له ماڵه‌وه نی‌یه. هه‌ر له سه‌ر ڕە‌واڵی پێشوو هه‌ڵسووکه‌وتم ده‌کرد، ئه‌نه‌هوو باوکم له ماڵه‌وه‌یه. واشم ده‌نواند که وا شه‌وه دوور و درێژە‌کان سه‌ره‌ڕای ویستی خۆم، به‌جاڕزییه‌وه به‌یه‌که‌وه ده‌به‌ینه سه‌ر. ته‌نانه‌ت هه‌روه‌ک جارانیش هه‌موو شه‌وێ سه‌رێکم به بهقاڵییهکهی میسیۆ برایمدا ده‌کرد.
ـ میسیۆ، باوکم ژانه زگێتی چی بده‌مێ باشه؟
ـ “فیرنت‌بڕانکا”، ها مه‌مۆ! شووشه‌یه‌کی بچووکم هه‌یه بیبه.
ـ سوپاس، ئه‌وه ده‌چم هه‌ر ئێستا یه‌ک دوو که‌چکی ده‌ده‌مێ.
به‌و پارانه‌ی باوکم به‌جێی‌هێشتبوو، مانگێکم ژیان برده سه‌ر.
فێربووم لاسایی ئیمزای باوکم بکه‌مه‌وه تا بتوانم ئیش و کاری پۆست ڕاپه‌ڕێنم و وەڵامی نامه‌کانی قوتابخانه‌ش بده‌مه‌وه. به‌رده‌وام خواردنی دوو که‌سانم دروست ده‌کرد و مێزی نانخواردنیشم هه‌ر بۆ دوو که‌س ئاماده ده‌کرد، ته‌نیا به‌م جیاوازییه‌وه که دوای نانخواردن به‌شه‌که‌ی باوکم له ته‌نه‌که خۆڵه‌که ده‌کرد.
چه‌ند شه‌وێک له حه‌وتوودا جلک و پێڵاوه‌کانی ماڵه‌وه‌ی باوکم ده‌کرده‌به‌ر، هێندێکم ئارد له سه‌ر و گوێلاکم وه‌رده‌دا و له‌سه‌ر مۆبڵه‌که‌ی داده‌نیشتم تا وه‌کو هاوسێکانی ئه‌وبه‌ری شه‌قام فریوبده‌م. له‌و کاتانه‌ش‌دا خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی قورعانه جوانه‌که‌ی میسیۆ ده‌بووم که پاش چه‌ندین جار داواکردن، توانی‌بووم لێی قه‌رزبکه‌م.
له قوتابخانه‌ش بیرم کرده‌وه نابێ بێڵم ده‌مه‌ساتێک به‌فیڕۆ بچێ و ده‌بێ عاشق بم. به‌ڵام چونکه له قوتابخانه‌که‌ی ئێمه کوڕ و کچ تێکه‌ڵ نه‌بوون، ده‌ره‌تانی هه‌ڵبژاردنیش زۆر نه‌بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو که هه‌موو کوڕە‌کان چاومان به دوای کچی فه‌ڕاشی قوتابخانه‌که‌مانه‌وه بوو. تێکڕامان دڵێک نا سه‌ت دڵ “عاشقی” مرێم ببووین.
مرێم هه‌رچه‌ند سێزده ساڵ پتری ته‌مه‌ن نه‌بوو، وه‌ستایانه چه‌می دۆخه‌که‌ی له ده‌ستدابوو و ده‌یزانی چۆ‌ن ئه‌م سێسه‌ت کوڕە هه‌رزه‌کار و نه‌دی‌وبدییه که چاویان به دوایه‌وه بوو، له سه‌ر په‌نجان بگێڕێ.
منیش وه‌ک که‌سێک که خه‌ریکه ده‌گه‌ڵ لافاوێکی بێ‌ڕە‌زا بۆ ڕزگاری خۆی ده‌ست‌وپه‌نجه نه‌رم ده‌کا، بێ‌وچان خه‌ریک بوو سه‌رم له سۆنگه‌ی مرێم‌دا دابنێم. بۆیه‌ش چه‌که کۆنه‌کـه‌م “پێکه‌نین”، وه‌کار خستبۆوه.
چارم ناچار بوو، ده‌بوایه نیشانی بده‌م که بۆ خۆشویستن ده‌بم. ئه‌مه‌ش ده‌بوایه عاله‌م پێ‌بزانێ، به‌رله‌وه‌ی بزانن ته‌نانه‌ت دایک و باوکیشم که ده‌بوایه خۆشیان ویستبام، به‌جێیان هێشتووم.
بۆ میسیۆ برایمم گێڕا‌وه چۆ‌ن له‌حه‌ول و ده‌ولی وه‌ده‌س‌هێنانی دڵی مرێمێ دام.
وه‌ک بزانێ کۆتایی به‌سه‌رهاته‌که چلۆنه، له کاتێک‌دا بزه‌ی له سه‌ر لێوان بزر نه‌ده‌بوو، گوێی بۆ ڕاگرتبووم.
به‌ڵام خۆم شلوێ نه‌کرد و وه‌سه‌ره‌خۆم نه‌هێنا.
ـ خه‌به‌ری باوکت؟ وه‌زعی چۆنه؟ ده‌مێکه به‌یانی‌یان نایبینم.
ـ ئیش و کاری یه‌کجار زۆره، له‌به‌ر ئیشه تازه‌که‌شی ده‌بێ سه‌رله‌به‌یانییان زوو وه‌ده‌رکه‌وێ.
ـ ئـــــــــــــێ! هیچ توڕە‌ش نابێ که تۆ خه‌ریکی قوڕعان خوێندنی؟
ـ هـــــم ؟ ئا، به‌دزی‌یه‌وه ده‌یخوێنمه‌وه، زۆریش تێناگه‌م چی تێدا نووسراوه.
ـ مرۆڤ بخوازێ شتێک فێربێ ده‌س ناداته کتێب، تێکه‌ڵاوی خه‌ڵک ده‌کا و ده‌یان‌دوێنێ. زۆرم باوه‌ڕ به کتێبان نی‌یه.
ـ به‌ڵام تۆ سه‌راوان و بنا‌وان ده‌ڵێی: ئه‌وه‌ی ده‌زانی که…..
قسه‌که‌ی پێ بڕیم و بۆ خۆی ته‌واوی کرد:
ـ به‌ڵێ مه‌مۆ! ” ئه‌وه‌ی ده‌زانم که له قوڕعانه‌که‌م دایه”
حه‌زده‌که‌م بچمه قه‌راغ ده‌ریایه، ده‌ڵێی چی بچین بۆ نۆڕماندی؟ پێتخۆشه ده‌گه‌ڵم بێی؟
ـ بۆم هه‌یه؟
ـ هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر باوکت ئیزنی له‌سه‌ر بێ.
ـ ئا بۆم هه‌یه.
ـ دڵنیای؟
ـ ده‌ڵێم بۆم هه‌یه!
له میوانخانه‌که‌ی گڕاند هوتێلی کابۆرگ ئیتر خۆم پێ‌ڕانه‌گیرا و ده‌ستم‌کرد به‌گریان، دوو، سێ سه‌عاتان گریام، هه‌رچی ده‌مکرد خۆم پێڕانه‌ده‌گیرا.
من ده‌گریام و میسیۆ برایمیش بێ‌ئه‌وه‌ی شتێک بڵێ سه‌یری ده‌کردم و چاوه‌ڕوان بوو که من شتێک بڵێم. له خۆم نووسام و گوتم:
ـ ئێره زۆر شوێنێکی جوانه میسیۆ! له ڕاده‌به‌ده‌ر جوانه. به‌ڵام ئه‌وه‌ش بۆ من نی‌یه. من ئه‌وه‌نده‌ی ناهێنم.
میسیۆ پێکه‌نی و گوتی:
ـ مه‌مۆ، جوانی له هه‌موو شوێنێک هه‌یه، هه‌ر شوێنێک سه‌یری بکه‌ی. ئه‌وه‌ش له قورعانه‌که‌م دا نووسراوه.
به ده‌م پیاسه‌کرنه‌وه به ڕۆخی ئاوه‌که‌دا هه‌ڵکشاین.
ـ ده‌زانی چۆنه مه‌مۆ، خودا ئامانج و مه‌به‌ست له ژیان بۆ که‌سیک دیاری نا‌کات و هەروەها ئاسته‌مە له هیچ کتێبێک‌دا بیدۆزێته‌وه.
بۆ ئەوه‌ی خۆ له باسی باوکم بدزمه‌وه، وه‌سه‌رم‌کرد و باسی مرێمم هێنایه گۆڕێ و گوتم:
ـ له ده‌سپێکدا مرێم له نێو هه‌موو ئه‌وانه‌ی که هه‌ڵوه‌دا و به دوایه‌وه بوون، سه‌ری سه‌ودای دە‌گه‌ڵمدا هه‌بوو و گۆشه‌یه‌کی دڵی بۆ ته‌رخان کردبووم. که‌چی ئێستا جوابی کردووم و به‌هێندم ناگرێ.
میسیۆبرایم گوتی:
ـ هیچ نیه گوێی مه‌ده‌رێ. خۆشه‌ویستی تۆ هی خۆته، مڵکی خۆته. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌شخوازێ ئه‌م خۆشه‌ویستی‌یه به‌هێند بگرێ، چی پێ ناکرێ و بۆ خۆی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێ که چێژ له سۆز و خۆشه‌ویستی تۆ وه‌رناگرێ.
مه‌مۆ! هه‌رچی ده‌یبه‌خشی و ده‌یده‌ی به‌یه‌کی‌تر بۆ هه‌میشه هی خۆته و هه‌رچی بۆ خۆیشتی راده‌گری بۆ هه‌میشه له کیست چووه!
ـ ئه‌ی بۆ خۆت چی، ژنت هه‌یه؟
ـ به‌ڵێ
ـ ئه‌ی بۆ ئێستا لێره ده‌گه‌ڵت نی‌یه؟
میسیۆ ده‌ستی بۆ ده‌ریا ڕاداشت و گوتی:
ـ به‌ڕاستی ئێره ده‌ریایه‌کی ئینگلیزی‌یه، ئاوێکی سه‌وزی مه‌یله‌وڕە‌ش. ئه‌وه ڕە‌نگی ئاسایی ئاو نی‌یه. له‌وانه‌یه ئاوه‌که‌ش هه‌ڵگه‌ڕابێته‌وه سه‌ر ئینگلیزی.
ـ سه‌باره‌ت به هاوسه‌ره‌که‌ت، وڵامی پرسیاره‌که‌ت نه‌دامه‌وه، میسیۆ!
ـ بێ وڵامیش خۆی وڵامه، مه‌مۆ.
به‌یانی‌یان میسیۆ به‌ر له من له خه‌و هه‌ڵده‌ستا.
له په‌نجه‌ره‌ی هۆتێله‌که‌وه چاوێکی له ده‌رێ ده‌کرد تاوه‌کو بزانێ خۆر ده‌رکه‌وتووه یان نا. له‌سه‌ره‌خۆ ده‌ستی‌ده‌کرد به وه‌رزیشی به‌یانی‌یان، وه‌رزشێک که به‌درێژایی ته‌مه‌نی هیچ به‌یانییه‌ک خۆی لێ‌نه‌بوارد بوو.
من هێشتا خه‌واڵو له جێگه‌وبانه‌که‌م‌دا بووم و له بن لێفه‌وه قه‌ڵافه‌تی هه‌تا بڵێی چست و پته‌و و داڕێژڕاویم ئه‌بینی. هه‌ر له هه‌مان کاتیش‌دا هه‌ڕهەتی لاوه‌تی ئه‌م مرۆڤه باڵابه‌رزه‌م له‌به‌ر چاوبوو، که ده‌بێ زۆر پێش ئێستا بووبێ.
ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان نه‌بووم و بۆم بوو به جێگه‌ی سه‌رسووڕمان، ئه‌وه بوو که ڕۆژێکیان له حه‌مامێ بینیم، میسیۆش خه‌ته‌نه کراوه.
ـ ئه‌تۆش میسیۆ؟
موسوڵمانه‌کانیش هه‌روه‌ک جووله‌که‌کانن. ئه‌مه نیشانه و بیچمی حه‌زره‌تی ئیبراهیمه.
ئه‌م په‌نچکه پێسته که له ئێمه‌ی ده‌که‌نه‌وه له‌وه‌ڕا که‌وتۆته‌وه که ئیبراهیم، سمایلی کوڕی ده‌بات له ڕێگای خوڵا‌دا بیکاته قوربانی. ئه‌وه‌ش که باوک له‌وه‌ختی خه‌ته‌نه‌کردن دا کوڕە‌که‌ی له باوه‌ش ده‌گرێت بۆ ئەوه‌یه ئاستی ژان و هه‌روه‌ها ئیمانی ئیبراهیم له بیر نه‌کات.
له ماوه‌ی ناسیاویم ده‌گه‌ڵ میسیۆ برایمدا بۆم ده‌رکه‌و‌تبوو که جووله‌که و موسوڵمان، بگره مه‌سیحی‌یه‌کانیش به‌ر له‌وه‌ی لێک‌ڕاسێن و ناحه‌زی و خراپەی یه‌کتر بڵێن، گه‌لێک باوه‌ڕ و بۆچوونی وێکچوویان هه‌بووه. دیاره وه‌نه‌بێ پێوه‌ندییه‌کی زۆری به منه‌وه هه‌بێ و یان ده‌ربه‌ستی بم، به‌ڵام پێم باش بوو.
پاش گه‌ڕانه‌وه‌مان له نۆڕماندی له‌ناو ماڵه تاریک و به‌تاڵه‌که‌م‌دا هه‌ستم به هیچ ئاڵ‌وگۆڕێک نه‌کرد، ئه‌وه‌نه‌بێ که ئه‌مجاره‌یان ده‌مزانی له ده‌ره‌وه‌ی چوار دیوارییه‌که‌ی منیش‌دا ژیان هه‌یه که ده‌گه‌ڵ هی من جیاوازه.
بیرم کرده‌وه که کاتی ئه‌وه هاتووه په‌نجه‌ره‌کان بکه‌مه‌وه و دارودیواری ناوماڵه‌که‌م به ڕە‌نگی ڕووناکتر نوێ بکه‌مه‌وه. وا باشه ئه‌م مۆبڵ و که‌رستانه‌ش تۆڕبده‌م که بۆنی ڕابڕدوویان لێ‌دێ، ئه‌ویش نه ڕابڕدووی‌یه‌کی ئاخندراو له خۆشی و جوانی، به‌ڵکوو ڕابردووییه‌کی دیل و یه‌خسیر، ڕابردووییه‌کی گنخاو.
پاره‌م ته‌واوببوو. ده‌ستم کرد کۆگا به دوای کۆگادا کتێبه‌کان به‌و کتێبفرۆشا‌نه‌ی که خوانچه‌یان له ده‌م ڕووبای سێنه‌وه هه‌ڵداوه و کاتی پیاسه‌کردنه‌کانمان، میسیۆبرایم نیشانی دابووم، بفرۆشم. ده‌گه‌ڵ فرۆشتنی هه‌ر کتێبێک‌دا هه‌ستم به سوکنایه‌تی‌یه‌کی پتر ده‌کرد.
سێ‌مانگ به‌سه‌ر ئه‌وکاته‌دا تێپه‌ڕی‌بوو که باوکم سه‌ری خۆی هه‌ڵگرتبوو و ڕۆیشتبوو، به‌ڵام من ڕواڵه‌ته‌که‌م هه‌روا ده‌پاراست و ئێستاش هه‌ر بۆ دوو که‌سانم خواردن دروست‌ده‌کرد. میسیۆبرایمیش ئیتر هێنده‌ی جاران سه‌باره‌ت به باوکم لێی نه‌ده‌پرسیم.
ده‌گه‌ڵ مرێمێش هه‌ر ده‌هات و به‌ینمان خراپتر و خراپتر ده‌بوو، که چی من کردبوومه بنێشته خۆشکه‌ی شه‌ونشینی‌یه‌کانی خۆم و میسیۆ برایم.
هێندێک شه‌وان بیری کاکم پوپۆل هه‌ڵیده‌گرتم و گه‌لێک مه‌لوول و خه‌فه‌تبار ده‌بووم و کزه‌م له جه‌رگی ده‌هات. ئێستا که باوکم له گۆڕێ‌دا نه‌بوو به به‌چاودادانه‌وه‌ی کار و کرده‌وه‌ی جوانی پوپۆل کونده‌جه‌رگم بکات و بـمشکێنێته‌وه، به‌دڵه‌وه حه‌زم ده‌کرد کاکم له نیزیکه‌وه باشتر ناسیبا.
لەدرێژە‌ی ئه‌و بیر و داڵغه لێدانانه‌دا و به‌رله‌وه‌ی خه‌و بـمباته‌وه، بیرم له بوونی ئه‌م برا نه‌دیو و نه‌ناسیوه‌م، که له سووچێکی ئه‌م دنیایه‌دا بوو، ده‌کرده‌وه و ئاواتم ده‌خواست ڕۆژێ چاوم پێی بکه‌وێ.
سه‌رله‌به‌یانی‌یه‌ک پۆلیس له ده‌رگای ماڵه‌وه‌ی دا، ئاخاوتنیان ده‌تگوت هی ناو فیلمه‌کانه.
ـ بیکه‌وه! پۆلیس!
بۆخۆم به خۆم گوت تازه کار له کار ترازاوه، هێنده‌م درۆکردون ئه‌وه هاتوون ده‌مبه‌ن بۆ زیندان.
بیجامه‌که‌م کرده به‌رم، قفڵه‌کانم ترازاند و ده‌رگام کرده‌وه. وه‌ک من بیرم لێ‌کردبۆوه پۆلیسه‌کان توند و تیژ نه‌بوون. بەڕێزه‌وه پرسیاریان کرد، داخوا بۆیان هه‌یه بێنه ژووره‌وه.
منیش بیرم ده‌کرده‌وه ئێستا که هه‌ر ده‌مبه‌ن بۆ زیندان، بچم جلوبه‌رگێکی گونجاو بکه‌مه به‌رم.
له ژووری دانیشتنه‌که به‌رپرسی پۆلیسه‌کان ده‌ستی گرتم و به سۆزه‌وه گوتی:
ـ کوڕم، هه‌واڵی ناخۆشمان پێیه، باوکی ئێوه‌ی به‌ڕێز مردووه!
نازانم ڕاست لهودهمهیدا چ شتێک زۆرتر حه‌په‌ساندمی، ئه‌وه که باوکم مردبوو یان ئه‌وه که پۆلیسه‌که به ”به‌ڕێز” بانگی هێشتبووم.
به‌هه‌ر حاڵ، هه‌رچۆنێک بێ دانیشتمه سه‌ر کاناپه‌یه‌ک.
ـ له نزیک شاری “مارسه‌ی” خۆی هاویشتۆته به‌ر قه‌تار.
ئه‌وه‌شم پێ سه‌یربوو که بۆ خۆکوشتن ئه‌م هه‌مووه رێگایه‌ی تا “مارسه‌ی” پێوابوو، خۆ قه‌تار له هه‌موو شوێنێک هه‌یه. ئه‌ویش به‌تایبه‌ت له پاریس، ئه‌گه‌ر زۆرتری نه‌بێ که‌متریشی نی‌یه.
دیاره من قه‌ت نه‌متوانی له باوکی خۆم بگه‌م.
ـ وا ده‌رده‌که‌وێ که باوکت زۆر خه‌فه‌تبار و په‌رێشان بووه بۆیه خۆی کوشتووه.
خۆکوژی باوکم هێنده‌ی‌تر ژیانی لێ ئاسته‌م کردم. که بڕێک زۆرتر بیرم لێکرده‌وه هاتمه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕە که بابێکی ون و بێ‌سه‌روشوێن له مه‌ی ئێستا باشتر بوو، چونکه لانی که‌م به‌ده‌ست ویژدانیه‌وه زه‌جری ده‌کێشا.
وێده‌چوو پۆلیسه‌کان له کاسی و بێده‌نگی من تێبگه‌ن. سه‌یرێکی ڕفه به‌تاڵه‌کانی کتێبخانه‌که و ژووره بێ‌گیانه‌که‌یان کرد، دڵنیام به‌خۆیان گوت؛
به‌س نی‌یه تا چه‌ند خوله‌کێکی‌تر لێره‌مان ڕزگاری دێت.
ـ که‌سی دیکه هه‌یه پێویست بێ ئاگاداری بکه‌ین؟
له وەڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا ئه‌وه‌ی پێویست بوو ئه‌نجامم دا. چووم لیسته‌ی ناوی ئه‌م چوار که‌سه‌ی باوکم به‌ر له ڕۆیشتنی جێی هێشتبوو، بۆم هێنان.
به‌رپرسی پۆلیسه‌کان خستی‌یه گیرفانی‌یه‌وه.
ـ ده‌یده‌ینه به‌رپرسانی “به‌شی کۆمه‌ڵایه‌تی”.
پاشان وه‌ک سه‌گێک که چاوترسێن کرابێ و له خاوه‌نه‌که‌ی دڵنیا نه‌بێ له پێشم هه‌ڵتووته‌کا. زانیم بێ و نه‌بێ خۆشی له‌وه‌ی به‌ته‌مایه بیڵێ، دڵنیا نی‌یه.
ـ هه‌رچه‌ند ده‌شزانم له جێ‌دا نی‌یه به‌ڵام تکام وایه به‌ڕێزتان ده‌گه‌ڵمان بێی و ته‌رمه‌که پێناسه بکه‌ی.
ئیتر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌م نه‌ده‌کرد، بۆیه‌ش لەناکاو ده‌ستم به هات‌وهاوارێك کرد نه‌بێته‌وه، وه‌ک بڵێی پێ‌یان له گون یان کلکم نابێ. پۆلیسه‌کان دەست‌و‌پێی خۆیان ون‌کردبوو و تێکیانداویشت و نه‌یانده‌زانی چ بکه‌ن و چ بڵێن که له ده‌ست ئه‌م هات‌وهاواره ڕزگاریان بێت. شانسی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م کلیله‌شیان نه‌بوو چونکه کلیله‌که بۆخۆم بووم و خۆشم ده‌روه‌ستی خۆم نه‌ده‌هاتم.
خودا و ڕاستان میسیۆبرایم که گوێی له هات‌وهاواری من ببوو، هاته سه‌رێ و زۆر زوو زانی چ قه‌وماوه و به پۆلیسه‌کانی گوت که ئاماده‌یه بچێ بۆ “مارسه‌ی” و ته‌رمه‌که پێناسه بکات.
له‌سه‌ره‌تاوه پۆلیسه‌کان به‌گومانه‌وه سه‌یری میسیۆیان کرد، چونکه به‌ڕاستی وه‌ک عه‌ره‌بان ده‌چوو. به‌ڵام که من هه‌روا له هات‌وهاوار کرد‌ن‌دا به‌رده‌وام بووم، پۆلیسه‌کان ناچار ملیان بۆ پێشنیاره‌که‌ی میسیۆ ڕاکێشا.
*****
دوای ناشتنی باوکم له میسیۆم پرسی:
ـ له که‌یه‌وه ده‌تزانی باوکم جێی هێشتبووم؟
ـ که له “کابۆرگ” بووین، به‌ڵام مه‌مۆ، تۆ نابێ له بابت تووڕ‌ە بی!
ـ چی، چۆ‌ن؟ باوکێک که ژیانی منی کرده جه‌هننه‌م، به‌جێی‌هێشتم، خۆی کوشت و ته‌واوی هیوا و هومێد به ژیانی له مندا مراند، تازه لێ‌شی تووڕ‌ە نه‌بم؟
ـ باوکت زۆر بێکه‌س و بێ‌ده‌ره‌تان بوو. ته‌مه‌نێکی وای نه‌بوو که دایک‌وباوکی له ئوردوگای نازییه‌کاندا مردن. باوکت قه‌ت نه‌یتوانی به‌سه‌ر ئه‌م خه‌م و خه‌ساره‌دا زاڵ بێت، خۆی به تاوانبار ده‌زانی و بوونی خۆی له زیادێ ده‌دیت. ئه‌وه‌ش که خۆی هاویشته به‌ر قه‌تار، به‌هه‌ڵکه‌وت نه‌بوو.
ـ مه‌به‌ستت چیه؟ چۆ‌ن؟
ـ نازییه‌کان دایک‌وباوکیان به قه‌تار به‌ره‌و مه‌رگ به‌ڕێ کردبوو. ره‌نگه باوکت ده‌مێک بێ چاوه‌ڕوانی قه‌تاری خۆی بووبێت. ئه‌وه‌ش که باوکت توانای ژیانی نه‌مابوو هۆیه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زۆر به‌ر له‌وه‌ی تۆ ببی و تاوانی تۆی تێدا نی‌یه.
پاشان به‌سته‌یه‌کی پاره خسته گیرفانم و گوتی:
ها بگره، بچۆە شه‌قامی”به‌هه‌شت”. ژنه‌کانی وێ ده‌یانهه‌وێ بزانن ئه‌و کتێبه‌ی خه‌ریکی له سه‌ریان ده‌نووسی به کوێ گه‌یشتووه.
*****
ده‌ستم پێ‌کردبوو خه‌ریک بووم هه‌موو ناو ماڵه‌که‌م ده‌گۆڕی. میسیۆبرایم ڕە‌نگ و فرچه‌ی وێدابووم و پێشی گوتبووم ده‌بێ چی بکه‌م. هه‌روه‌ها فێریشی کردبووم چۆ‌ن کاربه‌ده‌ستانی به‌شی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستاوده‌ست پێ‌بکه‌م و له کۆڵه خۆمیان که‌مه‌وه.
پاش‌نیوه‌ڕۆیه‌ک، هه‌موو ده‌رکه و په‌نجه‌ره‌م کردبۆوه که بۆن و به‌رامه‌ی ڕهەنگ له ماڵه‌که بچێته ده‌رێ، بینیم ژنێک وه‌ژوور که‌وت.
نامۆیی ده‌کرد، به‌ڵام ده‌یزانی هاتۆته کوێ. وه‌ک بڵێی ڕابردوو و بیره‌وه‌رییه‌کی له‌م ماڵه‌دا هه‌بێ شه‌رم و ته‌قی‌یه‌ی ده‌کرد و خۆی ده‌پاراست که نه‌کا پێ‌بنێته‌وه ناو ئه‌و له‌که و په‌ڵانه که هه‌موو ماڵه‌که‌ی داگرتبوو. ئه‌م هه‌ڵس‌وکوته وای‌کرد که یه‌کاویه‌ک تێبگه‌م، کێ‌یه؟
وام نواند که نه‌مبینیوه و خۆم خه‌ریک کرد.
ئاخری ویشکه کۆخه‌یه‌کی هێنایه خۆ و ده‌نگی ساف کرد.
وام نواند تازه ده‌یبینم و گوتم:
ـ به شوێن که‌سێکه‌وه‌ن؟
دایکم گوتی:
ـ له مووسا ده‌گه‌ڕێم.
دیار بوو به زه‌حمه‌ت ناوه‌که‌ی به‌سه‌ر زاردا دەهات. شه‌ویلکه‌کانی پێی ڕانه‌هاتبوو، ده‌تگوت بۆی نایه بڵێ مووسا.
بیرم کرده‌وه با بڕێکی پێ ڕابوێرم.
ـ ئێوه کێن؟
ـ ئه‌من دایکییم.
ژنی بێ‌چاره، به‌زه‌ییم پێداهات، ته‌واو تێک‌شکا بوو. ده‌بێ چه‌ندی زه‌خت له‌خۆی کردبێ و چه‌ند ده‌گه‌ڵ خۆی به شه‌ڕ هاتبێ، جا هاتبێته ئێره.
لێی ورد بوومه‌وه؛ له ده‌م‌وچاوییم ڕوانی؛ ده‌ترسا، زۆر ده‌ترسا.
ـ ئه‌ی تۆ کێی؟
ـ ئه‌من؟
به خۆم گوت: وه‌ختێتی با هێندێک گاڵته‌ی ده‌گه‌ڵدا بکه‌م. بۆخۆشم بڕوام نه‌ده‌کرد که مرۆڤ بتوانێ هێنده ڕق‌ئه‌ستوور بێ، به‌تایبه‌ت دوای حه‌فده ساڵان.
ـ پێم ده‌ڵێن مه‌مۆ.
ـ چاوی زه‌ق‌بوونه‌وه.
به پێکه‌نینه‌وه گوتم:
ـ مه‌مۆ، کورت‌کراوه‌ی ناوی مه‌حه‌ممه‌ده.
سپی‌سپی، له‌و ره‌نگه‌ی که خه‌ریک‌بووم له چوارچێوه‌ی په‌نجه‌ره‌کانم ده‌دا، سپی‌تر هه‌ڵگه‌ڕابوو.
ـ ئه‌ها، ئه‌تۆ مووسا نی؟
ـ نه‌خێر، مادام! نابێ ئێمه‌ت لێ‌بگۆڕدرێ، ئه‌من مه‌حه‌ممه‌دم!
تۆسقاڵێک هاته‌وه سه‌ره‌خۆ، وا دیاربوو خه‌ریک بوو باوه‌ڕی ده‌کرد.
ـ ئه‌دی کوڕێک به ناوی مووسا لێره ناژی؟
هێنده‌ی نه‌مابوو بڵێم، له من مه‌پرسه، ئه‌تۆ دایکی و ده‌بوا زانیبات. به‌ڵام لێی‌گه‌ڕام، چونکه وا دیاربوو بێ‌چاره ئیتر نه‌ید‌ەتوانی له‌سه‌ر لاق بوه‌ستێ. بۆیه درۆیه‌کی بچووکی که‌م‌ئازارم له مستی نا و گوتم:
ـ مووسا لێره نه‌ماوه. له‌و شوێنه زۆر وه‌ڕە‌ز ببوو. مووسا زۆر بیره‌وه‌ری ناخۆشی له‌و ماڵه هه‌بوو.
ـ ئاووا !
تۆ بڵێی بڕوای پێ‌کردبم؟ نا وا وێنه‌ده‌چوو. که لێی خوردبوومه‌وه هێنده‌ش ژنێکی خه‌شیم نه‌بوو که به‌ڕواڵه‌ت دیاربوو.
ـ ئه‌ی که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه ئێره؟
ـ نازانم، به‌ڵام که ڕۆیی گوتی: که شوێن براکه‌ی ده‌که‌وێ.
ـ براکه‌ی!؟
ـ به‌ڵێ، مووسا برایه‌کی هه‌یه.
ـ هــــه‌یــــه‌تــــی؟
به‌ته‌واوی سه‌ری سووڕمابوو.
ـ به‌ڵێ ناویشی پوپۆله.
ـ پوپۆل!؟
ـ به‌ڵێ پوپۆل، برا گه‌وره‌ی مووسا.
نازانم پێی وابوو مێشکم عه‌یبی هه‌یه و قسان تێکه‌ڵ ده‌که‌م یان به‌ڕاستی پێی وابوو که من مه‌حه‌ممه‌دم؟
ـ به‌ڵام مووسا یه‌که‌م کوڕی من بوو، قه‌تم پوپۆل نه‌بووه.
ئه‌مجاره‌یان نۆره‌ی من بوو سه‌رم سووڕبمێنێ.
ده‌مێک ئه‌و لاق ئه‌و لاقی کرد، پاشان دانیشته سه‌ر کاناپه‌یه‌ک، منیش هه‌ر به‌م شێوه‌یه دانیشتم
دانیشتبووین و له کاتێک‌دا هه‌ر دووکمان به‌شێک له به‌ر گازی ڕە‌نگه‌کان، ئه‌وکمان گیرابوو، بێده‌نگ سه‌یری یه‌کترمان ده‌کرد. به وردی تێم‌ڕامابوو و هیچ هه‌ست و خوستێکمی لەبه‌ر چاو ون‌نه‌ده‌بوو.
ـ پێم بڵێ مه‌مۆ…
ـ مه‌حه‌ممه‌د
ـ مه‌حه‌ممه‌د! پێم بڵێ، جارێکی دیکه مووسا ده‌بینی‌یه‌وه؟
ـ له‌وانه‌یه
وڵامه‌که‌م زۆر ساردوسڕ و بێ‌گیان بوو، بۆ خۆشم پێم سه‌یربوو که وا بێ‌هه‌ست و دڵڕە‌ق بووم.
له‌قووڵایی چاوه‌کانمی ڕوانی، هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بوایه لێێ‌بخوێنێته‌وه، خوێندییه‌وه. دڵنیام شتێکی دیکه‌ی ده‌ست نه‌که‌وت.
ـ ئه‌گه‌ر جارێکی دیکه مووسات بینی‌یه‌وه پێی بڵێ: من زۆر جحێڵ بووم که مێردم به بابی کرد. بۆیه‌شم شوو پێ‌کرد که له ماڵێ هه‌ڵێم و ڕزگاریم بێت. قه‌تم بابی مووسا خۆش‌نه‌ویست به‌ڵام مووسام له دڵه‌وه خۆشده‌ویست. وا هه‌ڵکه‌وت پیاوێکی دیکه‌م ناسی. بابت………
ـ ببووره؟
ـ مه‌به‌ستم بابی مووسایه، گوتی: ڕێی خۆت بگره و بڕۆ، مووساش لێره به جێ بێڵه! ده‌نا…..من ڕۆیشتم.
من ژیانێکی نوێم بۆ خۆم هه‌ڵبژارد، ژیانێکی به‌خته‌وه‌رانه.
ـ تێده‌گه‌م، ده‌س خۆش.
ژنه سه‌ری داخست.
بینیم که هه‌نگاوێکی به‌ره‌و من هه‌ڵێنایه‌وه. زانیم که ده‌یهه‌وێ له باوه‌شم بگرێ، به‌ڵام خۆم گێل کرد.
به ده‌نگێکی وه‌ک پاڕانه‌وه‌وه تکای کرد:
ـ ده‌توانی ئه‌وانه به مووسا بڵێی؟
ـ له وانه‌یه.
هه‌ر ئه‌وشه‌وه چوومه خوارێ لای میسیۆ برایم و به گاڵته‌وه پێمگوت:
ـ میسیۆ که‌ی ده‌مکه‌ی به کوڕی خۆت؟
ئه‌ویش له کاتێک‌دا بزه‌ی ده‌هاتێ و ددانه سپییه‌کانی دیار بوون، گوتی:
ـ ئه‌گه‌ر بتهه‌وێ چ له به‌یانی زووتر نی‌یه. مه‌مۆ بچکۆله!
هه‌وڵێکی زۆرمان‌دا. ماوەیه‌ک له داڵانه ته‌نگه‌به‌ره‌کانی بیروکراسی و بێ‌هه‌ره‌سی ڕنووی مۆری ئیداره‌کاندا گیرمان کرد. هێنده‌ی که له‌م ئیداره‌وه بۆ ئه‌م ئیداره بچین و کارمه‌نده‌کان له خه‌و هه‌ڵ‌بستێنین ئیتر حه‌زیان نه‌ده‌کرد سه‌رمان پێوه‌بێ.
به‌ڵام که‌س نه‌بوو لەبه‌ر لێبڕاوی میسیۆ برایمدا خۆ ڕاگرێ. له‌سه‌ره‌خۆ ده‌یگوت:
ـ مه‌مۆ! هه‌ر ئێستا “نـــا” یه‌کمان وا له گیرفاندا، ئێستا ده‌بێ بگه‌ڕێین و له‌شوێنی خۆی “بــه‌ڵـــــێ”یه‌ک بدۆزینه‌وه.
به‌یارمه‌تی یه‌ک له یاریده‌ده‌ره‌کانی به‌شی کۆمه‌ڵایه‌تی، دایکم ڕازی بوو که پێشنیاره‌که‌ی میسیۆ برایم قه‌بووڵ بکا.
ـ میسیۆ! ئه‌ی خێزانه‌که‌ی خۆت، ڕازی ده‌بێ؟
ـ خێزانم ده‌مێکه گه‌ڕاوه‌ته‌وه وڵاته‌که‌ی خۆمان. ئێستاش خۆم بڕیار ده‌ده‌م. ئه‌گه‌ریش پێت‌خۆش بێ، هاوینێ ده‌چین سه‌رێکی لێ‌ده‌ده‌ین.
ئه‌و ڕۆژە‌ی کاغه‌زه‌مان وه‌رگرت، واته ئه‌و کاغه‌زه‌ی که تێیدا نووسرابوو، له‌مه‌وبه‌دوا کوڕی که‌سێک بووم که خۆم هه‌ڵم‌بژاردبوو، میسیۆ برایم گوتی:
ـ با به‌خۆشی ئه‌و ڕۆژەوه ئۆتۆمبیلێک بکڕین.
مه‌مۆ! سه‌فه‌رێکیشمان له‌به‌ره. هاوینی ئه‌وساڵ ده‌چینه وڵاتی هیلالی‌زێوین. له‌وێ ده‌ریات نیشان ده‌ده‌م ده‌ریای ڕاستی، ئه‌و ده‌ریایه‌ی منی لێوه هاتووم.
ـ ناتوانین به قالیچه‌ی حه‌زره‌تی سوله‌یمان بچین؟
ـ ها ئه‌و کتێبه سه‌یرکه و ئۆتۆمبیلێک هه‌ڵبژێره!
ـ به‌ڵێ بابه.
سه‌یره! وشه‌ی “بابه” ده‌توانێ کارتێکه‌ری جیاوازی له سه‌ر مرۆڤ هه‌بێ.
کاتێک به میسیۆ برایمم ده‌گوت: “بابه”، هه‌ستم ده‌کرد دڵ و ده‌روونم پێده‌که‌نێ، هێز و گوڕم ده‌هاته به‌ر و به داهاتوو گه‌شبین ده‌بووم.
چووینه ناو پێشانگایه‌کی گه‌وره.
ـ له‌و مۆدێله ئۆتۆمبێله‌م ده‌وێ. کوڕە‌که‌م هه‌ڵیبژاردووه.
که ده‌یگوت: “کوڕە‌که‌م” گوڕ و تینێکی زیاتر له هی من له لای میسیۆوه به‌دی‌ده‌کرا. ده‌سپێک و کۆتــایی هه‌مـــــوو رسته‌یه‌کیش” کوڕە‌که‌م” ی ره‌گه‌ڵ هه‌ر ده‌خست. ده‌تگوت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بناغه‌ی باب و کوڕایه‌تی بۆ خۆی دایناوه.
کابرای فرۆشیار ده‌ستی کرد به پێ‌هه‌ڵاگوتنی ئۆتۆمبیله‌که و لێی نه‌ده‌بڕێوه.
ـ له‌وانه گه‌ڕێ گه‌ڕ، خۆ من وتم ده‌یکڕم.
ـ به‌ڕێزتان ئیجازه‌ی لێخوڕین‌تان هه‌یه؟
ـ هه‌ڵبه‌ت
له کیسه‌باخه‌ڵی‌یه‌که‌ی که له پێستی بزنێ بوو کاغه‌زێکی قه‌دقه‌د کراوی که هه‌رنه‌بێ هی سه‌رده‌می فرانکۆ بوو، ده‌رهێنا.
کابرای فرۆشیار “پاپیرۆس” ـه‌که‌ی هێنا و برد و لێی خوردبۆوه. جارێ به‌شێک له پیته‌کان پاک‌ببوونه‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌ش‌خوێندرایه‌وه به زمانێک بوو که کابرا تێی‌نه‌ده‌گه‌یشت.
ـ یانی ئه‌وه به‌ڵگه‌ی لێخوڕینه؟
ـ نابینی؟
ـ ده‌ی باشه. پێشنیار ده‌که‌م پاره‌ی سه‌یاره‌که بکه‌ین به قیست، سێ ساڵ چۆنه؟
ـ که ده‌ڵێم ئۆتۆمبیل ده‌کڕم یانی ده‌یکڕم و پاره‌که‌شی یه‌ک جێ، ئێستا ده‌ده‌م.
میسیۆ خه‌ریک بوو ده‌رهه‌ڵده‌بوو. کابرای فرۆشیاریش هه‌رچی ده‌یگوت خراپ له ئاو ده‌هاته ده‌ر.
ـ ده‌ی چه‌که‌که‌ی به ناوی ….بنووسه.
ـ هه‌ی هوو!! جا به‌سه ئیتر. پێمگوتی که به‌نه‌غد ده‌یکڕم، به پاره، هــا هــا پاره.
به‌سته به‌سته پاره‌ی لەبه‌ر ده‌می کابرا له سه‌ر مێزه‌که هه‌ڵچنی. پاره‌ی له‌کارکراو و شڕ که زۆر به جوانی به‌سته کرابوون و له کیسه نایلۆنان نرابوون.
کابرای فرۆشیار هێنده‌ی نه‌مابوو ببوورێته‌وه و خه‌ریک‌بوو دەشڵەژا.
ـ به‌ڵام …. به‌ڵام هیچ که‌س نه‌غد پاره نادا…. شتی وا هه‌ر نه‌بووه.
ـ یانی چی، مه‌گه‌ر ئه‌وه پاره نی‌یه؟ کاتی خۆی من له سه‌ر دووکان وه‌رمگرتوون، ئێستا بۆ ئێوه لێره ناتوانن وه‌ری بگرن؟
مه‌مۆ! ئه‌و دووکانه بۆ ئه‌وه نابێ شتی لێبکڕی.
ـ باشه ده‌ی وای لێده‌که‌ین. دوای دوو حه‌وتوو ده‌توانن بێن و سه‌یاره‌که به‌رن.
ـ دوو حه‌وتوو؟ هه‌ر نابێ! هاتوو ئه‌من له‌و دوو حه‌وتوویه‌دا مردم!
دوو ڕۆژ دواتر ئۆتۆمبێلیان هێنایه به‌ر ده‌رکی به‌قاڵی‌یه‌که.
دیار بوو میسیۆ ده‌یزانی چ ده‌کا.
*****
میسیۆ چوو له پشت ئۆتۆمبیله‌که دانیشت. زۆر به‌ته‌قییه‌وه په‌نجه شووش و باریکه‌کانی بۆ دوگمه جۆراوجۆە‌رکان ده‌برد، ده‌ی‌کێشان، دایده‌گرتن، ده‌یهێنان و ده‌یبردن. به پشتی ده‌ستی ئاره‌قه‌ی ناوچاوانی لادا، نه‌یده‌زانی چی بکات.
ـ مه‌مۆ! هیچم له‌بیر نه‌ماوه.
ـ خۆ کاتی خۆی ده‌تزانی؟
ـ به‌ڵێ زۆر پێش ئێستا، له گه‌ڵ عه‌بدوڵای ره‌فیقم. به‌ڵام…
ـ به‌ڵام…؟
ـ به‌ڵام ئه‌وده‌م ئۆتۆمبێله‌کان ئاوا نه‌بوون.
میسیۆ برایم ده‌سه‌وه‌ستان مابۆوه.
ـ میسیۆ،ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی فێربووی لێی‌خوڕی، ئه‌سپ ڕای‌ده‌کێشا؟
ـ نا مه‌مۆ بچکۆله، به گوێدرێژان، گوێدرێژ.
ـ ئه‌ی ئه‌وه‌ی به کابرای فرۆشیارت نیشاندا چ بوو؟
ـ کۆنه‌نامه‌یه‌کی عه‌وڵای براده‌رم بوو که باسی خه‌له و خه‌رمان و گونده‌که‌مانی ده‌کرد.
ـ ئێستا وه‌ک که‌ر له قوڕ چه‌قیوین!
ـ ته‌واو وایه، راست ده‌که‌ی مه‌مۆ!
ـ وه‌ک هه‌میشه له قورعانه‌که‌تدا نه‌نووسراوه ده‌بێ چ بکه‌ین؟
ـ ئه‌وه ده‌ڵێی چی مه‌مۆ، بۆ پێتوایه قورعان ده‌فته‌رچه‌ی ڕێنوێنی به کارهێنانی مه‌کینانه؟ له‌ودا ته‌نیا باسی ئه‌و شتانه کراوه که پەیوه‌ندی به ده‌روون و زاتی ئینسانه‌وه هه‌یه، نه‌ک باسی ئاسنه‌واڵه. تازه ئه‌و سه‌رده‌می که قورعان نووسراوه خه‌ڵک به وشتر سه‌فه‌ریان ده‌کرد.
ـ میسیۆ له‌سه‌ره‌خۆ به!
هه‌رچۆنێک بێ قه‌رارمان‌دا به‌یه‌که‌وه بچین فێری سه‌یاره لێخوڕین بین. ته‌مه‌نه‌که‌ی من نه‌ی‌ده‌کرد بۆیه میسیۆ بوو که لێی‌ده‌خوڕی و منیش له کورسی پشته‌وه به‌به‌لاش گوێم بۆ مامۆستاکه راده‌گرت و نه‌مده‌هێشت “واو”ێکیش بەزایه بچێ.
پاش هه‌موو وانه‌یه‌ک ئۆتۆمبێله‌که‌مان هه‌ڵده‌گرت، ده‌چووم له پشتی داده‌نیشتم و شه‌وانه که هامووشۆ که‌متر بوو، ته‌واوی شاری پاریسمان ده‌ته‌قانده‌وه.
ڕۆژ له گه‌ڵ ڕۆژ باشتر ده‌بووم. به‌م‌چه‌شنه هاوین داهات و ملی ڕێگامان گرته به‌ر.
به هه‌زاران کیلۆمیترمان بڕێ. شووشه‌کانمان دادابۆوه و به‌ره‌و باشووری ئوروپا ده‌ڕۆیشتین و نیازیشمان ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوو.
گه‌ڕیده‌یی و دیتنی دونیا دەگهڵ میسیۆبرایم خۆشییه‌کی تایبه‌ت به خۆی هه‌بوو.
من وه‌ک چه‌قه به فەرمانی ئۆتۆمبێله‌که‌وه نووسابووم و نه‌مده‌وێرا چاو له‌سه‌ر ڕێگا هه‌ڵبگڕم. میسیۆ برایمیش به ده‌نگێکی ناسک و ئاماڵ‌تیژ، ئه‌وه‌ی ده‌یگوت نه‌یده‌گوته‌وه. باسی هه‌ور و ئاسمان، شار و گوند و دیمه‌نی جوان، هه‌رچی هاتبایه سه‌رڕێمان به لاوژە و ڕاوێژێکی خۆش بۆی ده‌گوتم.
له راستیدا من ئوروپام نه‌دیت، ئوروپام گوێ لێ‌بوو.
ـ بڕوانه مه‌مۆ! سه‌یری ئه‌و ته‌نه‌که‌خۆڵانه بکه، ئه‌وه که‌وتووینه گهڕەکی ده‌وڵه‌مه‌ندان.
ـ ته‌نه‌که‌خۆڵی چی؟
ـ ئه‌گه‌ر ده‌تهه‌وێ بزانی که‌وتوویه وڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌ند یان فه‌قیر، سه‌یری ته‌نه‌که‌خۆڵه‌کانیان بکه. ئه‌گه‌ر ته‌نه‌که‌خۆڵ و زبڵ دیارنه‌بوو، ئه‌وه له وڵاتێکی زۆر ده‌و‌ڵه‌مه‌ندی. که ته‌نه‌که‌خۆڵت بینی، زبڵی به ده‌وره‌وه دیارنه‌بوو، ئه‌وه ده‌وڵه‌مه‌نده و به‌س. ئه‌گه‌ر هاتوو ته‌نه‌که‌خۆڵت بینی زبڵی به ده‌وره‌وه‌یه، له وڵاتێکی، نه ده‌وڵه‌مه‌ند و نه فه‌قیری، وڵاتێکی توریستی‌یه.
که زبڵت بینی و ته‌نه‌که‌خۆڵ دیار نه‌بوو، ئه‌وه بزانه هه‌ژارن. ئه‌گه‌ریش خه‌ڵکت بینی وا له ناو زبڵه‌کاندا ده‌گه‌ڕێن، بزانه له وڵاتێکی زۆر فه‌قیری.
ـ ها ها ئێره ده‌وڵه‌مه‌نده.
ـ ده‌ی‌جا وایه، ئێره وڵاتی سویسه.
ـ نا مه‌مۆ به ئوتوباندا مه‌ڕۆ! ئوتوبان یانی مه‌وه‌سته و بڕۆ، ئێره چی لێ نی‌یه، بیبینی. ئوتۆبان بۆ ئه‌و گه‌مژانه‌یه که ته‌نیا مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه زۆر بەخێرایی له شوێنێکه‌وه بچنه شوێنێکی‌تر. خۆ ئێمه خه‌ریکی هه‌نده‌سه و ئه‌ندازیاری نین، ئێمه سه‌فه‌ر ده‌که‌ین.
ئه‌م باریکه ڕێگایانه بگره که به ڕاستی ئه‌وه‌ی بۆ بینین ده‌بێ، نیشانمان بدەن.
ـ میسیۆ، باش بوو تۆ سه‌یاره‌که لێناخوڕی، ده‌نا قه‌ت…
ـ گوێ بگره! ئه‌گه‌ر حه‌زناکه‌ی هیچ کوێ ببینی، به فڕۆکه سه‌فه‌ر بکه.
ـ میسیۆ ، ئێره فه‌قیره؟
ـ به‌ڵێ، ئێره ئاڵبانی‌یه.
ـ ئه‌ی ئێره؟
ـ ڕایگره! هه‌ست ده‌که‌ی؟ بۆنی به‌ختیاری لێ‌دێ. ئێره یونانه. خه‌ڵکه‌که‌ی په‌له‌یان نی‌یه، به‌شێنه‌یی سه‌یری ئێمه و ده‌وروبه‌ریان ده‌که‌ن. ئه‌م خه‌ڵکه زیندووه، تێده‌گه‌ی مه‌مۆ؟
ته‌واوی ژیانم کارم کردووه به‌ڵام له‌سه‌ره‌خۆ نه‌ک به‌په‌له. وه‌ختم داوه به خۆم، گوێم له‌وه نه‌بووه ئێوارێ داخڵه‌که‌م چه‌ندی تێداده‌بێ. نه‌شم هێشتووه مشته‌ری ئه‌و ڕە‌وشته‌م لێ بشێوێنێ.
له‌سه‌ره‌خۆیی، ڕه‌مز و هێمای سه‌رکه‌وتنه.
که گه‌وره بووی ده‌تهه‌وێ به چی‌یه‌وه خه‌ریک بی؟
ـ نازانم میسیۆ، با، با، ده‌زانم. ده‌مه‌وێ ببمه بازرگان.
ـ بــــــــــــــازرگـــــــــان؟
ـ چاکم دۆزیبۆوه. وشه‌یه‌کم دیتبۆوه که میسیۆی گه‌شاندبۆ‌وه، فیکه‌ی سمێڵانی ده‌هات.
پڕناوه‌رۆک بوو. ئه‌م وشه‌یه بیری مرۆڤی بۆ سه‌فه‌ر، که‌شتی و باروبارخانه و سه‌رمایه‌ی قورس و گران ڕاده‌کێشا. ئیشێکم گوتبوو هێنده‌ی پیته‌کانی قورس و گران بوو. بــــازرگــــــــان!
ـ ئیزن بده‌ن،کوڕە‌که‌م که ڕۆژێک له ڕۆژان ده‌یهه‌وێ ببێته بازرگان، پێ‌بناسێنم.
کۆمه‌ڵێک گاڵته‌ی له‌و چه‌شنه‌مان کرد.
به چاوی نووقاوه‌وه بۆ زۆر شوێنی ئایینی ده‌بردم و ده‌یگوت: بۆن بکه و بڵێ: ئه‌م شوێنه سه‌ر به کام ئایینه؟
ـ لێره بۆنی مۆم دێت، ئه‌مه شوێنی کاتۆلیکانه.
ـ راسته ئێره”سانت ئا‌نتۆنیۆ”یه .
ـ ئێره بۆنی بوخوردی لێ‌دێ که‌واته هی ئۆڕتۆدۆکسانه.
ـ ته‌واوه، ئێره “سانکتا سۆفیا”یه.
ـ ئێره بۆنی ئاره‌قه‌ی گۆرێ‌یانی لێ‌دێ، هی موسوڵمانانه. پف! له‌و بۆنه، مێشکم چوو.
ـ چی؟ ئێره “مزگه‌و‌تی شینه”.یانی بۆ تۆ شوێنێک بۆنی ئاده‌میزادی لێ بێ، نرخی نی‌یه؟ بۆ تۆ خۆت ئاره‌قه‌ی ناکه‌ی؟ له شوێنێک بۆنی ئینسانی لێ بێ قێزت دێته‌وه؟ شوێنێک که له ئینسانه‌وه بۆ ئینسان دروست کرا بێ؟ ئای بێچووه پاریسی!!
من بۆخۆم به بۆنی ئاره‌قه‌ی ئه‌م گۆرێ‌یانه هه‌ست به ئاسایش و سوکنایی ده‌روون ده‌که‌م و هه‌ر ئێستا حاڵم زۆر باشتره.
له ئیستانبوڵ به‌ولاوه میسیۆ هه‌ر ده‌هات و که‌م‌دوێ‌تر ده‌بوو، خه‌یاڵ هه‌ڵیده‌گرت، ڕە‌نگی ده‌گۆڕدرا و فرمێسک له چاوه‌کانی‌دا په‌نگیان ده‌خوارده‌وه.
ـ به زوویی ده‌گه‌ینه که‌ناری ئه‌و ده‌ریایه‌ی لێ‌یه‌وه هاتووم.
ڕۆژ ده‌گه‌ڵ ڕۆژ حه‌زده‌کا به کاوه‌خۆتر ڕێگا ببڕین تا وه‌کو چێژی ته‌واو له سه‌فه‌ره‌که وه‌ربگرێ. له‌وانه‌یه له لێخوڕینه‌که‌ی منیش زۆر ئه‌رخه‌یان نه‌بێ و بترسێ.
ـ ئه‌ی کوا، ئه‌و ده‌ریاچه‌یه‌ی تۆی لێوه هاتووی؟ دا له سه‌ر نه‌خشه نیشانم بده.
ـ نه‌خشه، نه‌خشه، تووڕە‌م مه‌که! خۆ تۆ ئێستا له قوتابخانه نی.
له گوندێکی داوێن چیایه‌ک ڕامان گرت.
ـ ئاخ چه‌ند به‌خته‌وه‌رم، مه‌مۆ! تۆ لێره‌ی و منیش ده‌زانم قورعانه‌که‌م چی تێدایه. ئێستا به ته‌مام له‌گه‌ڵ خۆم بتبه‌م بۆ سه‌ماکردن.
ـ سه‌ماکردن، میسیۆ؟
ـ پێویسته، پێویسته! ”دڵی مرۆڤ وه‌ک باڵنده‌یه‌که له‌ناو قه‌فه‌سی له‌ش‌دا. “کاتێ مرۆڤ سه‌مایه‌ده‌کات، دڵ وه‌ک باڵنده‌یه‌ک ده‌س‌ده‌کات به خوێندن و حه‌ز ده‌کات به‌ره‌و خودا بفڕێ.” وه‌ره با بچینه ته‌کییه!
ـ کوێ؟
کاتێ پێمان نایه ژووره‌وه، گوتم:
ـ حه‌ی له‌و دیسکۆیه!
ـ ته‌کییه‌یه، دیسکۆ نی‌یه. ته‌کییه، خانه‌قایه. پێڵاوه‌کانت دانێ! مه‌مۆ!
له‌م شوێنه بوو، یه‌که‌مجار بینیم پیاوه‌کان به ده‌وری خۆیاندا ده‌خولانه‌وه. ده‌روێشه‌کان کراسێکی درێژ، داوین‌فش، ڕە‌نگ‌گه‌ش و نه‌رم له قوماشێکی قورسیان له‌به‌ردابوو. به ده‌نگی ده‌فه، ده‌روێشه‌کان ده‌ستیان به خولانەوە ده‌کرد.
ـ ده‌بینی مه‌مۆ چۆ‌ن له ده‌وری خۆیان دەخولێنەوە. ئه‌وه به ده‌وری دڵیان‌دا خولان ده‌ده‌ن و خودا‌ش له‌وێیه. ئه‌وه جۆره عیباده‌تێکه.
ـ به‌مه ده‌ڵێی عیباده‌ت؟
ـ ئه‌دی مه‌مۆ، ئه‌وان هیچ خاڵی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ دونیای ده‌وروبه‌ریان نامێنێ، ته‌نانه‌ت ئه‌و سه‌نگه‌ش که ئێمه باڵانسی پێ‌ده‌ڵێین. خۆیان ده‌بن به مه‌شخه‌ل و له گڕە‌که‌یدا ون‌ده‌بن، ون‌بوونێک وه‌ک سووتان.
ـ مه‌مۆ، تاقی که‌وه! وه‌ک من بکه!
من و میسیۆ برایمیش ده‌ستمان کرد به سووڕان و خولانه‌وه.
خولی یه‌که‌م بیرم کرده‌وه:
به هاوده‌می و دۆستایه‌تی میسیۆبرایم هه‌ست به به‌ختیاری ده‌که‌م.
پاشان بیرم کرده‌وه:
ئیتر له بابم که ڕێگای خۆی گرت و رۆیی، تووڕ‌ە نیم.
بیرم کرده‌وه:
له ڕاستی‌دا دایکم چاری ناچار بوو که ……
ـ ئێستا چی مه‌مۆ، هه‌ست به خۆشییه‌کی تایبه‌تی ناکه‌ی؟
– به‌ڵێ، به‌ڕاست خۆشه. هه‌ر چی ڕق و قین بوو له له‌شم چووە ده‌رێ.
ئه‌گه‌ر ده‌فه لێدانه‌که‌یان نه‌بڕیباوه، فریا ده‌که‌وتم ده‌گه‌ڵ دایکیشم یه‌ک‌لای که‌مه‌وه.
ـ به ڕاستی عیباده‌ت و زیکرێکی خۆش بوو، میسیۆ! هه‌ر چی له‌ش قورس‌تر ده‌بێ، ڕوح و ده‌روون سووکترە. به‌ڵام خۆزگه پێڵاوه‌کانی وه‌رزیشم پێبوایه.
له‌وڕۆژە به دواوه هه‌ر ته‌کییه و خانه‌قایه‌ک تووشی هاتباین لامانده‌دا و زیکرمان لێ‌ده‌کرد.
هێندێک جاران بۆخۆی سه‌مای نه‌ده‌کرد. به‌ده‌م پیاڵه چایه‌که‌وه داده‌نیشت و له گۆشه‌ی چاوییه‌وه سه‌یری منی ده‌کرد که وه‌ک ماخولیایه‌ک ده‌خولامه‌وه و سه‌مام ده‌کرد.
به‌ڵام له ڕاستی‌دا بۆیه ده‌خولامه‌وه تا ده‌رک و تێگه‌یشتن له کیس نه‌ده‌م.
*****
شه‌وانه له گۆڕە‌پانی گونده‌کان دەگهڵ کچانی ئاوه‌دانی ده‌که‌وتمه قسان، هه‌رچه‌ند بێسوود بوو و هیچم ده‌س نه‌ده‌که‌وت. میسیۆش به‌ده‌م عاره‌قه‌که‌یه‌وه، ده‌م بەبزه‌وه که سه‌دان مانای لێده‌که‌وته‌وه، داده‌نیشت. که‌چی زۆری پێ‌نه‌ده‌چوو خه‌ڵکی ئاوه‌دانی ده‌وره‌یان ده‌گرت.
ـ مه‌مۆ، زۆر ده‌جووڵێیه‌وه، ئه‌گه‌ر دۆست و براده‌رت ده‌وێ هێدی به و دامه‌زرێ!
ـ میسیۆ پێتوایه ئه‌من کوڕێکی ژیکه‌ڵه و جوانم؟
ـ مه‌مۆ، ئه‌تۆ زۆر جوانی!
ـ نا، مه‌به‌ستم ئه‌وه نی‌یه؛ ده‌ڵێم پێتوایه ئه‌وه‌نده جوانم که کچان بێ‌ئه‌وه‌ی پاره‌یان بده‌مێ خۆشیان بوێم؟
ـ با چه‌ند ساڵێکی دیکه تێپه‌ڕێ، ئه‌وکات ئه‌وه ئه‌وانن که ده‌بێ پاره‌ت بده‌نێ.
ـ به‌ڵام ئێستا که‌س نییە.
ـ شتێکی ڕوونه مه‌مۆ، تۆ نازانی چ ده‌که‌ی، چاویان تێده‌بڕی وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێی: “سه‌یرکه‌ن چه‌ند جوانم؟” ئه‌وانیش پێت پێده‌که‌نن.
ده‌بێ به چاوێک سه‌یریان بکه‌ی، وه‌ک بڵێی: “قه‌ت جوانی وه‌ک تۆم له هیچ شوێنێک نه‌دیوه.”
بۆ مه‌مانان واته هی وه‌ک من و تۆ، نه‌ک ئالێن دۆلێن و مارڵۆن براندۆ؛ مانای جوانی ئه‌وه‌یه که له ژن‌دا ده‌یبینی.
ده‌مێکی باش ڕوانیمانه ئاوابوونی خۆر که خه‌ریک بوو ده‌خزایه پشت کێوه‌کان و ئاسمانی ده‌وروبه‌ری مه‌یله‌وبنه‌وش هه‌ڵگێڕابوو.
تا شه‌ودره‌نگانێگ به‌دیار سه‌یر‌کردنی ئه‌ستێره‌کانه‌وه ماینه‌وه.
ـ یه‌کێک په‌یژە‌یه‌کی له پێشمان به‌رزکرده‌وه و ڕزگاری کردین. ئینسان له پێشدا ماده بوو، پاشان ڕووه‌ک و دوایی حه‌یوان؛ ئه‌وه‌ش که حه‌یوان بووه ناتوانێ قه‌ت له بیری بکات و ئه‌م هه‌سته‌ش زۆر جار به‌ره‌و دوایه‌ی ده‌گێڕێته‌وه؛ پاشان بوو به ئینسان، ئینسانی خاوه‌ن ژیری، باوه‌ڕ و زانست. تۆ ده‌زانی مابه‌ینی ماده بوون و ئه‌مڕۆ که تۆی تێدای چه‌ند دوور و درێژە؟ پاش تێپه‌ڕکردنی ئه‌م قۆناخه‌ی ئێستا، له له‌شی خۆت جیا ده‌بی‌یه‌وه و ده‌بی به فریشته و له‌سه‌ر گۆی زه‌وی کارێکت نامێنێ. ئه‌مه ئه‌و هه‌سته‌یه که کاتی سه‌ما و زیکر به سه‌رت دادێ.
ـ نا، ئێ، وه‌ڵا من چم وه‌بیر نایه، میسیۆ برایم تۆ وه‌بیرت دێ که ڕووه‌ک بووبی؟
ـ به‌ڵێ، ئه‌ی پێتوایه که له دووکانێ، سه‌عات به دوای سه‌عات له سه‌ر کورسیله‌که‌م داده‌نیشم، خه‌ریکی چم؟
ئه‌و ڕۆژە‌ی میسیۆ برایم ده‌مێک بوو لێی‌ده‌دوا که بگه‌ینه رۆخی ئه‌و ده‌ریایه که شوێنی له‌دایکبوونی بوو و عه‌بدوڵای ڕە‌فیقی لێ‌ده‌ژیا، گه‌یشت.
میسیۆ وه‌ک گه‌نجێکی تازه پێگه‌یشتوو، گشت هەبوونی ببوو به حه‌ز و ویست و حه‌جمینی نه‌بوو.
میسیۆ پێی‌خۆش‌بوو خۆی پێشتر به‌ته‌نیا بچێته‌وه و دۆخەکە هەڵسەنگێنێ. به منی گوت: له‌بن داره زه‌یتونێک چاوه‌ڕوانی بم.
جه‌نگه‌ی نیوه‌ڕۆیه بوو. پاڵم وه داره‌که دا و خه‌وم لێ‌که‌وت. کاتێک وه‌خه‌به‌رهاتم، خۆر ئاوا ببوو. تا نیوه‌شه‌وێ هه‌روا چاوه‌ڕوانی میسیۆ بووم، نه‌هاته‌وه. هه‌ر ئه‌و شه‌وه رێم داگرت، هه‌تا گه‌یشتمه ئاوه‌دانێک. خه‌ڵکی ئاوایی به‌ره‌وپیرم هاتن. هیچ له زمانیان نه‌ده‌گه‌یشتم به‌ڵام له شێوه‌ی هه‌ڵس‌وکه‌وتیان ڕا ده‌رده‌که‌وت که منیان ده‌ناسی. ده‌ستیان گرتم و بردیانم بۆ ماڵێکی گه‌وره.
به داڵانێکی دوور و درێژدا که کۆمه‌ڵێک ژنی لێ بوو و ئه‌ژنۆیان له باوه‌ش گرتبوو و ده‌گریان، بردیانم بۆ لای میسیۆ برایم.
له سه‌ر جێگه‌وبانێک درێژیان کردبوو. ته‌واوی له‌شی بریندار بوو، ڕە‌ش‌وشین هه‌ڵگه‌ڕابوو. ئۆتۆمبیله‌که‌ی له دیوارێک کوتابوو.
زۆر لاواز و بێ هێز دیار بوو.
که خۆم به سه‌ر کێشا، چاوه‌کانی هه‌ڵێنا و پێکه‌نی.
ـ مه‌مۆ سه‌فه‌ره‌که‌م لێره ته‌واو ده‌بێ.
ـ نا خۆ ئێمه نه‌گه‌یشتووینه ئه‌و ده‌ریایه که تۆ له که‌ناری‌دا له دایک‌بووی.
ـ من که‌م و زۆر گه‌یشتوومێ. هه‌رچی ڕووباره ده‌ڕژێته یه‌ک ده‌ریا، ته‌نیا تاقه یه‌ک ده‌ریا.
چی‌تر خۆم پێ‌ڕانه‌گیرا و ده‌ستم کرد به گریان.
ـ مه‌مۆ، بێتوو بگری پێم ناخۆش ده‌بێ
ـ به‌ڵام من خه‌می تۆمه، میسیۆ
ـ من نا‌ترسێم، مه‌مۆ! ئه‌وه‌ی ده‌زانم که له قورعانه‌که‌م دایه.
ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌ده‌بوو گوتبایه، ئه‌مه ده‌یان بیره‌وه‌ری خۆشی بیرخستمه‌وه و به جارێک دڵم پڕ بوو.
ـ مه‌مۆ تۆ بۆخۆت ده‌گری نه‌ک بۆ من. من ژیانێکی خۆشم هه‌بووه و ئێستاش پیر بووم.
ژنم هه‌بوو که زۆر له‌مێژ ساڵه مردووه به‌ڵام ئێستاش که ئێستایه هه‌روا خۆشم ده‌وێ. عه‌بدوڵای براده‌ریشم هه‌بووه، سڵاوی منی پێ‌بگه‌یه‌نه.
به‌قاڵییه‌که‌شم باشی ئیش‌ده‌کرد. شه‌قامی “شین”یش شه‌قامێکی جوانه با شینیش نه‌بێ. ئه‌تۆشم هه‌بووه.
بۆئه‌وه‌ی دڵیم دابێته‌وه، گریانه‌کەم قوت‌داوه و چه‌کی “پێکه‌نینه‌که‌م” خسته کایه و پێکه‌نیم.
زۆر خۆشحاڵ بوو. وه‌ک وه‌ی ده‌چوو ژانی که‌متر بووبێ.
پێکه‌نیم
چاوه‌کانی له سه‌ر یه‌ک دانا.
ـ میسیۆ برایم!
ـ شـــ …ش، پێویست ناکا نیگه‌ران بی، مه‌مۆ! من نامرم. من له‌گه‌ڵ ئه‌به‌دییه‌ت ده‌بم به یه‌ک.
به‌م‌چه‌شنه ته‌واو بوو.
*****
ماوه‌یه‌کی باش له‌وێ مامه‌وه. له گه‌ڵ عه‌بدوڵای براده‌ری زۆرمان باسی باوکم کرد. گه‌ڵیک جاریشمان سه‌ما کرد.
میسیۆ عه‌بدوڵا هه‌ر وه‌ک میسیۆ برایم وابوو به‌ڵام تێکقرماو. ده‌ریایه‌ک بوو له په‌ند و قسه‌ی خۆش، هه‌ڵبه‌ست و هۆنراوه که هه‌مووی له‌به‌ر ده‌زانی. میسیۆ برایمێک بوو که وه‌ختی خۆی زۆرتر له سه‌ر خوێندنه‌وه دانابوو تا ئه‌وه‌ی له پشت داخڵه‌ی دووکانێ دابنیشێ.
ئه‌و کاتانه‌ی له خانه‌قایه زیکرمان ده‌کرد و به ده‌وری خۆماندا سووڕمان ده‌دا پێی ده‌گوت: سه‌مای کیمیاگه‌ر، سه‌مایه‌ک که له‌شی مرۆڤ ده‌کاته زێڕ، واته خاوێنی ده‌کاته‌وه.
زۆر جار له زمان “رۆمی”یه‌وه ده‌یگوت:
ئه‌وه زێڕ نی‌یه که پێویستی به مه‌حه‌که،
ئه‌وه له‌شه،
به‌خۆت داوه‌ره‌وه!
لێگه‌ڕێ! ئه‌وه‌ی بۆ مردنه، بمرێ
ئه‌وه‌یش له‌شی تۆیه؛
لێگه‌ڕێ! ئه‌وه‌ی مردووه، ژیانی بێته‌وه‌به‌ر،
ئه‌ویش دڵی تۆیه
له‌بیرکه! ده‌روبه‌رت،
که دنیایه؛
ئه‌وه‌ی لێره ده‌س ناکه‌وێ ده‌ستی بخه!
ئەویش هه‌رمانه.
ئه‌وه‌ی مڵۆزمه له ناوی به‌ره!
ئه‌ویش هه‌وه‌سه،
ئه‌وه‌ی نی‌یه، ده‌ستی بخه!
ئه‌ویش مه‌به‌سته.
ئێستاشی ده‌گه‌ڵ بێ که خه‌م و په‌ژاره ڕوویان تێ‌کردم، سه‌مایه ده‌که‌م. په‌نجه‌کانی ده‌ستێکم به‌ره‌و ئاسمان به‌رز ده‌که‌مه‌وه، په‌نجه‌کانی ترم روو به زه‌وی ده‌گرم و خولان ده‌ده‌م.
ئاسمان له سه‌ر سه‌رم و زه‌وی له ژێر پێم ده‌سووڕێن. ئیتر ئه‌من، ئه‌من نیم، به‌ڵکوو یه‌ک له ئه‌تۆمه‌کانم که له به‌تاڵایی‌دا ده‌خولێنه‌وه، که ئه‌ویش خودی جیهانه.
وه‌ک میسیۆ برایم زۆر جاران ده‌یگوت:
ژیری، لێهاتوویی و خۆڕاگری “سه‌ماکه‌ر” له گوێزینگی دایه و گوێزینگیش زۆر قووڵ بە ناخی زەوی دا ڕۆچووە.
له گه‌ڕانه‌وەم دا بڕیارم‌دا میسیۆ گوته‌نی دونیا ببینم و خه‌ڵکه‌که‌ی بناسم، خه‌ڵکیش به کتێب ناناسرێ. بۆیه پشتی خۆم به خودا به‌ست و له سه‌ر رێگاوبانان وه‌ستام، ده‌ستم له ئۆتۆمبێله‌کان هه‌ڵدێنا و مزڵ به مزڵ له گه‌ڵیان ده‌هاتم.
به‌م‌شێوه‌یه به سواڵ‌وسه‌ده‌قه و شه‌وانه له‌ژێر ئاسمانی پڕ ئه‌ستێره نووستن، خۆم گه‌یانده‌وه ماڵێ. ئه‌و پاره‌یه‌شم که میسیۆ عه‌بدوڵا کاتی ماڵاوایی‌خواستن له گیرفانی ڕاکردبووم، ده‌ست‌لێ‌نه‌دا.
که گه‌یشتمه‌وه پاریس، زانیم میسیۆ برایم ته‌کبییری له هه‌موو شتێک کردبوو.
سه‌ربه‌خۆ و ئازادی کرد بووم. دووکان و پاره هه‌رچی هه‌یبوو به میرات بۆ منی به‌جێ‌هێشتبوو، ته‌نانه‌ت قوڕعانه‌که‌شی.
پارێزه‌ره‌که پاکه‌تێکی ئاماڵ کۆنی دایه ده‌ستم. به ئاسپایی کتێبه کۆنه‌که‌م لێک‌کرده‌وه بزانم قوڕعانه‌که‌ی میسیۆ برایمی تێدایە .
له ناو قورعانه‌که‌دا دوو گوڵی ئیشک کراو و نامه‌یه‌کی عه‌وڵای براده‌ریم بینی.
ئێستا ئه‌من ناوم مه‌مۆیه و تێکڕای خه‌ڵکی گه‌ڕە‌کێ ده‌مناسن. ئه‌وه‌ی که ببمه بازرگان، هه‌ر ئه‌و قسه‌یه بوو که کاتی خۆی بۆ میسیۆ برایمم کردبوو، ده‌نا قه‌ت وه‌ڕاست نه‌گه‌ڕا.
جاروبار دایکم دێ سه‌رێکم لێده‌دا. ئه‌ویش بۆ ئەوه‌ی تووڕە‌م نه‌کا هه‌ر به مه‌حه‌ممه‌د با‌نگم ده‌کات و ده‌پرسێ: داخوا هیچ هه‌واڵێکم له مووسا هه‌یه. منیش ده‌ڵێم:
ـ ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر مووسا، پوپۆلی برای دۆزی‌یه‌وه و به‌یه‌که‌وه چوونه سه‌فه‌ر. وێش ناچێ جارێ به‌م زووانه چاومان پێ‌یان بکه‌وێته‌وه. ره‌نگ بێ زۆریش پێویست نه‌کات هێنده‌یان لێ‌بدوێین.
ده‌مه‌ساتێکی باش ده‌چێته ناو بیرێکی قووڵ. هه‌میشه ده‌گه‌ڵ من به ته‌قییه‌وه ده‌دوێ و هه‌ڵس‌وکه‌وت ده‌کات_ پاشان وه‌ک سرته‌م ده‌گه‌ڵدا بکات زۆر به نه‌رمی ده‌ڵێ:
ـ که بیری لێ‌ده‌که‌مه‌وه، منیش هه‌ر وام پێ باشه. هێندێک سه‌رده‌م و بیره‌وه‌ری منداڵی هه‌ن، که ده‌بێ له‌بیر بکرێن، تۆڕ بدرێن، وه‌رد نه‌درێنه‌وه و قه‌ت بۆیان نه‌گه‌ڕێنه‌وه.
گوتم:
ـ زۆر حه‌زم له ده‌روونناسی نی‌یه و لێ‌شی نازانم، ئه‌من بابایه‌کم دووکاندار.
ـ مه‌حه‌ممه‌د زۆر حه‌زده‌که‌م شه‌وێک میوانمان بی. مێرده‌که‌م زۆر حه‌زده‌کات له نزیکه‌وه بتناسێ.
ـ چ کاره‌یه؟
ـ مامۆستای ئینگلیسی‌یه.
ـ ئه‌ی خۆت؟
ـ مامۆستای سپانیایی.
ـ جا باشه ئه‌ی کاتی نانخواردن به چ زمانێک بدوێین؟ نا گاڵته ده‌که‌م، به‌سوپاسه‌وه دێم.
له ڕاده‌به‌ده‌ر پێی خۆش‌بوو که بانگهێشتنه‌که‌یم قەبووڵ کرد. له خۆشی‌یان کوڵمه‌کانی سوورهه‌ڵگه‌ڕان. هێنده‌ی پێخۆش بوو ده‌تگوت سه‌ت ده‌رگای گاڵه دراوم به سه‌ردا کردۆته‌وه.
ـ به‌ڕاستیته؟ دێی؟
ـ ئا ئا بێ‌شک.
به‌ڕاستی سه‌یره و جێگه‌ی تێڕامان، دوو مامۆستای مووچه‌خۆری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بانگهێشتنی مه‌حه‌ممه‌دی دووکاندار ده‌که‌ن بۆ ماڵی خۆیان.
جا بۆ نا، خۆ ئه‌من ره‌گه‌زپه‌ره‌ست نیم.
ئێستا ئیتر بۆته پیشه، هه‌موو دووشه‌ممۆیان به خۆم و خێزان و منداڵه‌کانمه‌وه له‌وێین. منداڵه‌کان به‌ڕاست ژیکه‌ڵه‌ن، به مامۆستای سپانیایی‌یه‌که ده‌ڵێن نه‌نه. خۆزگه ئێوه‌ش بینیباتان که چه‌نده‌ی پێخۆشه. جاروبار له‌سه‌ره‌خۆ له من ده‌پرسێ: خۆ پێت ناخۆش نی‌یه منداڵه‌کان وام پێده‌ڵێن. منیش ده‌ڵێم: نا قه‌ی ناکا، منیش حه‌زم له گه‌مه‌یه.
ئێستا ئیتر من ناوم مه‌مۆیه و خاوه‌نی بهقاڵییهکهی شه‌قامی “شین”م، ئه‌و شه‌قامه شینه‌ی، شین نی‌یه.
خه‌ڵک پێم ده‌ڵێن کابرای عه‌ره‌ب.
عه‌ره‌ب له پیشه‌ی به‌قاڵی‌دا یانی، شــه‌و و ڕۆژ ئاوا‌ڵەبوونی دووکان، ته‌نانه‌ت ڕۆژانی یه‌کشه‌ممه‌ش.
سەلاح گادانی، وەرگێڕ و پەروەردەکار، لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری مەهاباد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. ئەو ژیانی پیشەیی خۆی لە ساڵی ١٩٧٨ لە شاری ئابادانی باشووری ئێران وەک مامۆستای بیرکاری و کارەبا دەست پێ‌کرد. دوای وەرچەرخانە سیاسییەکانی شۆڕشی گەلان لە ئێران، گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی و لە هونەرستانی شاری مەهاباد درێژە‌ی بە پیشەی پیرۆزی مامۆستایەتی دا.
- وێستگەی ڕۆژنامەگەری و پەرەگرتنی زمانەوانی
لە قۆناغی دوای شۆڕشدا، سەلاح گادانی بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەرپرسیارێتی دەرکردنی ڕۆژنامەی “پێشەوا”ی گرتە ئەستۆ. ئەم قۆناغە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ لە ژیانی ئەدەبی ئەودا، بەو پێیەی دەرفەتی هاوکاری و ئاشنایەتی لە نێوان ئەو و ژمارەیەک لە دیارترین نووسەر، ڕووناکبیر و کەسایەتییە ئەدەبییەکانی کورددا ڕەخساند؛ لەوانە زیندەیادان: عەلی حەسەنیانی، کەریم حیسامی، ئەحمەد کاکەمەمی و دکتۆر ڕێبوار (مامۆستا سەوجە)، هەروەها بەڕێزان جەعفەر حوسێن‌پوور (هێدی)، مستەفا ئیلخانیزادە و چەندین سیمای دیکەی ڕۆشنبیری. ئەم کاروانە ئەدەبییە وەک فێرگەیەکی دەوڵەمەند ڕێگای خۆش کرد بۆ قووڵبوونەوەی لە زمان، ڕێنووس و فەرهەنگی کوردی.
- کۆچ و ئەزموونی پەروەردەیی لە تاراوگە
پاش ڕووداوە سیاسییەکان و ڕووبەربوونەوەی ژیانی تاراوگە، سەلاح گادانی لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو و لەوێشەوە بەردەوامی بە پەیامی پەروەردە بەخشی. لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوودا، ئەو وەک مامۆستای زمانی کوردی، کۆمەڵناسی و بیرکاری لە ئاستەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی کاری کردووە. ئەم ئەزموونە درێژخایەنە لە ژینگەیەکی فرەکولتووردا، تێگەیشتنێکی قووڵ و ئەکادیمی لە بواری پەروەردەی نێوان‌کەلتووری و فێرکردنی فرەزمانی پێ بەخشیوە، کە دواتر ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر شێوازی وەرگێڕانەکانیەوە هەبووە.
- پڕۆژەی وەرگێڕان و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی
لە ماوەی ٦ بۆ ٧ ساڵی ڕابردوودا، سەلاح گادانی بە شێوەیەکی چڕ‌وپڕ ڕووی لە کاری وەرگێڕان کردووە و چەندین بەرهەمی گرنگی ئەدەبی و فیکری جیهانی لە زمانی سویدییەوە گواستووەتەوە بۆ زمانی کوردی. لەوانە:
- “میسۆ برایم و گوڵەکانی ناو قورعانەکەی” و “دادە سوورێ و ئۆسکار” لە نووسینی نووسەری ناوداری فەڕەنسی ئێریک ئیمانوئێل شمیت.
- ڕۆمانی پڕ لە ڕەهەندی سیاسی “ساڤرۆلا” لە نووسینی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، وینستۆن چرچیل.
نوێترین کاری وەرگێڕانی، گواستنەوەی ڕۆمانی شاهکاری “دراوسێکان” (همسایه‌ها)ی نووسەری بەناوبانگی ئێرانی ئەحمەد مەحموود بوو بۆ زمانی کوردی، کە لە نەورۆزی ٢٠٢٤ لەلایەن “وەشانخانەی ٤٩ کتێب” بڵاوکرایەوە و پێشوازییەکی کەم‌وێنەی لەلایەن خوێنەران، نووسەران و ڕەخنەگرانی ئەدەبییەوە لێ‌کرا. زمانپاراوی و ڕە‌چاوکردنی ڕێنووسی دروستی کوردی لەم بەرهەمەدا، لایەنێکی بەرچاو بوو کە ڕەخنەگران وەک خاڵی بەهێزی شێوازی کارکردنی ئاماژەیان پێداوە.
- هەڵسەنگاندنی کەسایەتی ئەدەبی وەرگێڕ لە ڕووی هەڵبژاردنی بەرهەمەکانەوە
کاتێک سەیری کارنامەی وەرگێڕانی سەلاح گادانی دەکەین، دەتوانین چەند ڕەهەندێکی فیکری و ستراتیژی لە کەسایەتی ئەودا بەدی بکەین لە ڕێگەی ئەو دەقە جیاوازانەی کە هەڵیبژاردوون:
- فرەڕەهەندی و تێکەڵکردنی فەلسەفە، مرۆڤایەتی و سیاسەت: هەڵبژاردنی بەرهەمەکانی ئێریک ئیمانوئێل شمیت (وەک میسۆ برایم و دادە سوورێ) نیشانەی گرنگیدانی وەرگێڕە بە بابەتی لێبوردەیی، پێکەوەژیانی ئایینی، پەروەردەی ڕۆحی و قبووڵکردنی ئەوی دی. لە بەرامبەردا، کاتێک دەچێتە سەر وەرگێڕانی کتێبێکی وەک ساڤرۆلای چرچیل، لایەنە خولیاوییەکەی ئەو بۆ مێژووی سیاسی، شۆڕش، و ململانێی هێز دەردەکەوێت. ئەم هاوسەنگییە لە نێوان مرۆڤدۆستیی فەلسەفی و واقیعییەتە سیاسییەکاندا، پانتاییەکی فراوان بە پڕۆژە ڕۆشنبیرییەکەی دەدات.
- پردی کەلتووری لە نێوان ئەزموونی تاراوگە و نیشتماندا: سەلاح گادانی ژیانی پیشەیی خۆی لە سوید بەسەر بردووە، لێرەوە هەڵبژاردنی زمانی سویدی وەک سەرچاوەی وەرگێڕان (تەنانەت بۆ دەقە غەیرە سویدییەکانیش)، نیشانەی هۆشیارییەکی قووڵە بۆ گواستنەوەی بەرهەمە جیهانییەکان لە ڕێگەی ئەو زمانەی کە تێیدا ژیاوە و پێی گەیشتووە. ئەو دەیەوێت بەم کارە بۆشایی نێوان ناوەندە ئەدەبییەکانی ئەوروپا و کتێبخانەی کوردی پڕ بکاتەوە.
- هەڵبژاردنی شاهکارە ڕیالیزمەکان و نزیکی لە دەردی کۆمەڵگاوە: وەرگێڕانی ڕۆمانی دراوسێکانی ئەحمەد مەحموود، کە یەکێکە لە لوتکەکانی ئەدەبیاتی ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی، نیشان دەدات کە سەلاح گادانی هێشتا بە قووڵی بەستراوەتەوە بە مێژووی هاوبەشی ناوچەکە، خەباتی چینایەتی، و ژیانی خەڵکی ستەمدیدە. ئەم دەقە پێویستی بە زمانێکی پاراو، دەوڵەمەند و نزیک لە زاری خەڵکەوە هەیە، کە سەرکەوتنی وەرگێڕ تێیدا، سەلمێنەری لێهاتوویی زمانەوانی و خەمخۆرییەتی بۆ گەیاندنی ڕووداوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان بە زمانی دایک.
پوختە: کەسایەتی سەلاح گادانی وەک وەرگێڕ، تەنیا ڕاگواستنەوەی وشە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی هۆشیارانەیە لە هەڵبژاردنی ئەو دەقانەی کە خزمەت بە گەشەی فیکری، لێبوردەیی کۆمەڵایەتی، و ناسینی واقیعی سیاسی و مێژوویی دەکەن.




