
نووسەر: ئێریک ئێمانوئێل شمیت
وەرگێڕان لە زمانی سـویدییەوە: سەلاح گادانی
لە تەواوی ئەو کاتانەدا کە بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە بە لاپەڕ کەم و بە ناوەرۆک دەوڵەمەندەوە خەریک بووم، یاد، وێنە و وتەی سێ کەس هەر دەم لە زەین، لە بەر چاوان و لە گوێم‌دا بوون. ئەم سێ کەسە هەر کامیان بە شێوەیەک لە شێوەکان هەوێن و هاندەری بەردەوامیم لەو بوارانەدا بوون کە لێیان تێپەڕیوم یان ئێستا لە سەریان بەردەوامم. ئەم کارە بچووکە پێشکەش بەم سێ مامۆستایەی ژیانم دەکەم.
سـوپاس بۆ باوکم کە ڕێگەی دۆزینەوەی ڕێبازی مرۆڤ بوون و خۆڕاگری لە هەمبەر ناڕێکی‌یەکانی ڕۆژگاری، نیشان دام.
سـوپاس بۆ مامەکانم خەلیل و مەحەمەد کە تا دوا چرکەی ژیانیان بە باوەڕەوە ژیان و بۆ من و زۆرێک لە ئەندامانی بنەماڵە بوونە سەرمەشق و هاندەر.
وەڕگێڕ سەلاح گادانی
پووشپەری ٢٧١٨ سـوید
ئه‌م کاته‌ت باش خوا!
من ناوم ئۆسکاره، ته‌مه‌نم ده ساڵه، کۆمه‌ڵێک کاری ناشیرین و دزێوم کردووه. کلکی سه‌گ و پشیلان و خانووه‌که‌مانم ئاگر تێ‌به‌رداوه. وابزانم ته‌نانه‌ت جارێکیان ماسییه سـووره‌کانیشم له ئاوه‌که‌یان ده‌ر‌هێناوه و دانیشتوومەتە سه‌یری هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زیان. ئه‌وه یه‌که‌م جاریشه نامه بۆ تۆ ده‌نووسم. وه‌ک خۆت ده‌زانی تا ئێستا له‌به‌ر چوونی فێرگە ده‌رەتانم نه‌بووه.
ڕاستییه‌که‌ت بوێ، ئه‌گه‌ر مه‌جبوور نه‌بم هیچ وازم له نامه‌نووسین نێ. نووسین شێوه‌یه‌کی باشه بۆ درۆکردن، ئه‌ویش وه‌ک خۆت ده‌زانی، له گه‌وره‌کان ده‌وه‌شێته‌وه.
ده‌ڵێی نا وانییه؟ با نامه‌که سه‌رله‌نوێ ده‌س پێ‌بکه‌ینه‌وه:
“من ناوم ئۆسکاره، ته‌مه‌نم ده ساڵه، کۆمه‌ڵێک کاری ناشیرین و دزێوم کردووه. ئاگرم به‌رداوه‌ته کلکی سه‌گ و پشیلان و خانووه‌که‌مان. وابزانم ته‌نانه‌ت جارێکیان ماسییه سـووره‌کانیشم له ئاوه‌که‌یان ده‌ر‌هێناوه و دانیشتوومەته سه‌یری هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زیان. ئه‌وه یه‌که‌م جاریشه نامه بۆ تۆ ده‌نووسم. وه‌ک خۆت ده‌زانی تا ئێستا له‌به‌ر چوونی فێرگە ده‌رەتا‌تم نه‌بووه.” ده‌شم توانی بنووسم “نازناوم “سه‌رهێلکه‌یه و ڕوومای مناڵێکی حه‌وت 114ساڵانم هه‌یه، به هۆی نه‌خۆشی (شێرپەنجە) سه‌ره‌تانه‌وه، له نه‌خۆشخانه ده‌ژیم و تا ئێستاش هیچ کات تاکه وشه‌یه‌کیش چییه بۆم نه‌نووسیوی، چو‌نکه باوه‌ڕم به بوونت نی‌یه.”
له‌وانه‌یه به نووسینی ئه‌م فه‌رمایشتانه کاره‌که له خۆم تێکده‌م و هیچ حه‌ز نه‌که‌ی گوێم بۆ ڕادێری، به‌ڵام هه‌ر چۆنێک بێ ده‌بێ پێمه‌وه ماندوو و سه‌خڵه‌ت بی. ئه‌وه پێویستی سه‌ره‌کی منه.
زۆری منه‌ت هه‌یه ئه‌گه‌ر ئیشێک یان دووانم بۆ جێبه‌جێ بکه‌ی، که ئێستا بۆت باس ده‌که‌م.
نه‌خۆشخانه شـوێنێکی خۆشه. گه‌وره‌کان ڕووخۆشن و به‌رده‌وام به ده‌نگی به‌رز ده‌دوێن. تا حه‌ز بکەی شتوومه‌کی یاری و داده‌ی په‌مه‌یی‌پۆشی لێیه که هه‌رده‌م ئاماده‌ن دەگەڵ منداڵه‌کان و هاوڕێکانم وه‌ک “چزیلک“، “ئه‌نیشته‌ین” و “گیپن“، که ئه‌وانیش هه‌ر نیشته‌جێی نه‌خۆشخانه‌ن، یاری بکه‌ن. که ده‌ڵێم شـوێنێکی خۆشه هه‌ر قسه نی‌یه و لە خۆڕا واناڵێم، تەنیا ئه‌وه‌نده کفایەتە که نه‌خۆشێکی له سه‌ردڵان بی و دڵخۆشیان ڕاگری.
به‌ڵام ئێستا ئیتر من ده‌مێکه بۆیان دڵخۆشکه‌ر نیم. به‌دوای ئه‌م نه‌شته‌رگه‌رییه‌ی و‌ا له سه‌ر موخیان کردم، هه‌ست ده‌که‌م ده‌وروبه‌رم زۆر به ده‌ماخ نین.
سه‌رله‌به‌یانی یان دو‌کتۆر دۆ‌سڵدۆڕڤ دێتە سه‌ردانم، سه‌یری ڕێژە جۆراوجۆره‌کان که و‌ا به‌ته‌نیشت ته‌ختی خه‌وه‌که‌مه‌وه هه‌ڵواسراون، ده‌کات، ده‌بینم دۆخه‌که‌ی به‌دڵ نی‌یه و بێ‌هیوایه. بێ‌ئه‌وه‌ی هیچ بڵێ به چه‌شنێک سه‌یرم ده‌کات، وه‌ک بڵێی تاوانێکم ئەنجام دابێ. هه‌رچه‌ند من کاتی نه‌شته‌رگه‌رییه‌که زۆر ئازا، روحسـووک و له‌سه‌ر دڵان بووم، لێگه‌ڕام دە‌خه‌وم که‌ن، واتە بێ هۆشم کەن، سه‌ره‌ڕای ژانێكی زۆر ده‌نگم لێوه نه‌هات و ده‌رمانه‌کانیشم هه‌ر ده‌م به ڕێکوپێکی خواردووه.
هێندێک ڕۆژ له خۆم ده‌نووسێم به سه‌ری‌دا بگوڕێنم و بڵێم، پیاوی چاک! به خۆت و به‌م چاوه چکۆڵانه‌ته‌وه که لە ژێر برۆکانت و له پشت چاویلکه‌که‌تدا، هه‌ر بە قەت ده‌نکه نۆکێکیان لێ‌ماوه‌ته‌وه، و‌ا سه‌یری من مه‌که! ڕە‌نگه بۆخوت دە نەشتەرگەری و عه‌مه‌لیاته‌که‌دا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووبی.
به‌ڵام که ده‌بینم و‌ا هه‌ناسه سارد، بێ‌هیوا و کەنەفتە، هه‌موو وشه‌کان دە ئه‌وکم‌دا په‌نگ ده‌خۆنه‌وه.
هه‌ر چه‌ند جارێک دو‌کتۆر دۆ‌سڵدۆڕڤ و‌ا بێده‌نگ و که‌نه‌فت ده‌بینم زۆرتر هه‌ست به تاوانباری ده‌که‌م. لێم حاڵی‌بووه که 8نه‌خۆشێکی باش نیم و کۆشک و قه‌ڵای باوه‌ڕی دوکتۆره‌کانم به زانستی پزشکی، تێکقرماندووه.
چۆنیه‌تی بیرکردنه‌وه‌ی دو‌کتۆر دۆسڵدۆرڤ وه‌ک ڤایرۆس ده‌وروبه‌ریشی داگرتووە. ئێستا په‌ره‌ستاره‌کان، دوکتۆره گه‌نجه‌کان که له زانکۆوه بۆ فێربوون دێن، بگره خزمەتکارەکانی ئه‌و به‌شه‌ش که و‌ا منی لێم، هه‌ر به شێوه‌ی دو‌کتۆر دۆسڵدۆرڤه‌وه سه‌یرم ده‌که‌ن. مات و که‌ساسن. ئیتر وه‌ک پێشـوو به قه‌شمه‌رییه‌کانی من پێ‌ناکه‌نن، به‌ڵکوو به زۆری بزه‌یه‌ک دیننه سەر لێوان، وه‌ک بڵێی سه‌رده‌می هاوکێشیی پێکه‌نینه‌کانمان به‌سه‌رچووبێ. ته‌نیا که‌سێک که نه‌گۆڕاوه”داده سـوورێ“یه که گفت و لفت و هەڵسـو‌وکه‌وتی هه‌ر وه‌ک جارانه. ئه‌ویش وابزانم ته‌مه‌نی هێنده لە سەرێیە بۆیه هیچ ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ر دانایه. ڕووپۆشه‌که‌ی بڵێی و نه‌ڵێی باوێک له هی په‌رستاره په‌مه‌یی‌پۆشاکانی‌تر ئاماڵ سـوورتره. هه‌ر بۆیه‌ش ناوم ناوه “داده سـوورێ”.
خوایە! چاوه‌ڕوان مه‌به، به‌ته‌ما نیم داده سـوورێت پێ‌بناسێنم، چو‌نکه براده‌ری خۆته. ئه‌ویش بوو به منی گوت نامه بۆ تۆ بنووسم. هه‌ر چه‌ند که ئه‌وه ته‌نیا منم به داده سـوورێ بانگی ده‌که‌م، به‌ڵام دەبێ بزانی باسی کێ ده‌که‌م.
ئه‌و له هه‌موو په‌رستاره په‌مه‌یی‌پۆشه‌کانی دیکه که دێنه به‌شی‌منداڵان، به ته‌مه‌نتره.
- داده سـوورێ ته‌مه‌نت چه‌نده؟
- ئۆسکار گیان ژماره‌یه‌کی سیزده ڕە‌قه‌میت له بیر ده‌مێنێ؟
- نا وانیه، گاڵته‌م پێده‌که‌ی!
- نا، به هێج کلۆجێک نابێ کاربه‌ده‌ستانی نه‌خۆشخانه ته‌مه‌نی من بزانن. بێتوو بزانن، لێره ده‌رم ده‌که‌ن و ئیتر ناتوانین یەکتر ببینین.
- له به‌ر چی؟
- من به قاچاخ خۆم ده‌گه‌ڵ خستووه. ئه‌گینا له‌به‌رکردنی ڕووپۆشی په‌مه‌یی، سنووری ته‌مه‌نی خۆی هه‌یه، که و‌ا من ده‌مێکه ئه‌و سنووره‌م تێپه‌ڕاندووه.
- واته ماوه‌ی له کارکردنت تێپه‌ڕ بووه و “ئیکسپایر” بووی.
- به‌ڵێ
- وه‌ک قوتووی شیری پاستۆڕیزه؟
- شـــــــ… ـش!
- ده‌ی باشه! هیچ ناڵێم.
داده سـوورێ زۆر به‌جه‌رگه که نهێنی خۆی له لای من درکاند، به‌ڵام خه‌مت نه‌بێ، کوڕێکی قایمی هه‌ڵبژاردووه، مه‌گه‌ر گۆڕ لێم بزانێ.
که بیری لێده‌که‌مه‌وه زۆر به‌لامه‌وه سه‌یره، چۆن ئه‌و هه‌مووه چین و لۆچه‌ی ته‌وێڵ و بەر چاوانی لێیان لە قاو نه‌داوه.
جارێکی دیکه‌ش هه‌روا به هه‌ڵکه‌وت نهێنێکی‌تری داده سـوورێم پێزانی.
خوایه! ئێستا که ئه‌مه‌یانت بۆ ده‌گێڕمه‌وه دڵنیام بێ یه‌ک و دوو ده‌زانی باسی کێ ده‌که‌م.
ئه‌و ڕۆژە له پارکی نه‌خۆشخانه پیاسه‌مان ده‌کرد که له ناکاو پێی نایه ناو گووسه‌گ و بە تووڕەییەوە گوتی:
- له‌عنه‌تی خـــــــــ ….
- داده سـوورێ، بۆ و‌ا ناشیرن ده‌دوێ!
- هێدی به، هێدی به! چۆنم پێخۆش بێ و‌ا قسه‌ده‌که‌م.
- جا کوا و‌ا ده‌بێ داده سـوورێ!
- ده‌ی پێ‌هه‌ڵێنه‌وه! به‌گیانی ناخێرمان ئێمه هاتووینه پیاسه. کیسه‌ڵ خێراتر ده‌ڕوا.
کاتێک دانیشتینه سه‌ر کورسییەک و سه‌ره‌و شەگەڵاتێکمان خوارد و هێندێک حه‌ساینه‌وه، پرسیم:
- چۆنه و‌ا دەم‌شڕی؟
- ئۆسکار گیان، له ئیشی پێشـوومدا تووشی ئه‌م نه‌هامه‌تییه بووم. له‌و ئیشه‌دا زمانی نه‌رم و نیان نیشانه‌ی لاوازی و ترسنۆکی بوو.
- کام ئیش، بۆ ئێشی دیکه‌ت هه‌بووه؟
- له‌وانه‌یه بڕوام پێ‌نه‌که‌ی.
- با، به‌ڵێن بێ.
- زۆرانی‌گر.
- گاڵتە ده‌که‌ی!
- بەڵێ زۆرانی‌گر، نازناویشم “شێره‌ژنی‌کاسێڵ” بوو.
له‌و ڕۆژە به‌دواوه هه‌ر کات بێتاقه‌ت ده‌بم و داده سـوورێش دڵنیا بێ که‌س نامانبیستێ، باسی زۆرانبازی و کێبه‌رکێ به‌ناوبانگه‌کانی خۆیم بۆ ده‌کات. کێبه‌رکێی شێره‌ژنی کاسێڵ به‌رانبه‌ر به “کۆڵه‌وه‌ژی جه‌هه‌ننه‌مێ” یان ده‌سـوپه‌نجه نه‌رم‌کردنی شێره‌ژنی‌کاسێڵ ده‌گه‌ڵ “مه‌چه‌ک‌بابۆڵه” و سه‌رتۆپی هه‌مووانیش وه‌ستان له به‌رانبه‌ر “دان ئاڵتون” له جامی جیهانیدا. دان ئاڵتون یه‌ک له‌وانه بوو که تا ئه‌و کات پشتی بۆ جاڕێکیش له دۆشه‌گ نه‌درابوو.
کاتێک باسی کێبه‌ر‌کێ‌کان ده‌بیستم، له ئاوێنه‌ی خه‌یاڵی خۆمدا داده سـوورێ به ڕووپۆشه په‌مه‌ییه ئاماڵ‌سـووره‌که‌یه‌وه ده‌بینم که چۆن قژی مه‌چه‌ک‌بابۆڵه‌ی به ده‌سته‌وه‌یه و به دوای خۆیدا ڕایده‌کێشێ. هه‌ر وه‌ک بۆخۆم بم وایه، هه‌ست به هێز و توانایه‌کی پتر ده‌که‌م، خوێن له ده‌ماره‌کانمدا گه‌ڕێکی توندتر ده‌گرێ و هه‌ستی تۆڵه‌م تێدا ده‌بزوێ.
خوایه ئێستا چی، ئه‌گه‌ر ئێستاش داده سـوورێ یان شێره‌ژنی کاسێڵ به‌م هه‌مووه ناو و ناوبانگه‌وه نه‌ناسێیه‌وه، ئه‌ی کێ ده‌ناسی؟
جا با بچینه‌وه سه‌ر باسه‌که‌ی خۆمان. دوابه‌دوای نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌ی سه‌ر موخم، لێره له نه‌خۆشخانه زۆربه‌یان نا‌ئومێد بوون، وادیاره لێدانی کیمیایش ناسۆره‌که‌ی منی پێ بنه‌بڕ نه‌کراوه. له‌وه ده‌چێت ئێستا ئیتر دوکتۆره‌کان ده‌سته‌وه‌ستان مابنه‌وه و نه‌زانن چ بکه‌ن. ئا لێره دایه که منیش به‌زه‌ییم پێ‌یاندا دێ. دو‌کتۆر دۆ‌سڵدۆڕڤ، که دایکم پێیوایه زۆر قۆزه و منیش پێموایه برۆکانی زۆر چڕ و داشۆڕاون، زۆر خه‌فه‌تباره، ده‌ڵێی پاپانۆئێله و خورجێنه‌که‌ی هیچ دیاری تێدا نه‌ماوه.
بار و دۆخه‌که هه‌ر دێ و خراپتر ده‌بێ، ته‌مێک ده‌وروبه‌رمی داگرتووه. دەگەڵ چزیلکی براده‌رم لەم باره‌وه قسه‌م کرد. لە ڕاستیدا ئه‌و ناوی چزیلک نی‌یه به‌ڵکوو ناوی”ئــیــڤــێــس”ـه، به‌ڵام لێره ئێمه پێی ده‌ڵێین چزیلک، چو‌نکه ئازای له‌شی سـووتاوه و برینه.
- چزیلک! وێناچێ ئیتر دوکتۆره‌کان زۆریان حه‌ز له‌من بێ، هه‌ر دێ و زۆرتر خه‌فه‌تباریان ده‌که‌م.
- سه‌رهێلکه، وێکی نێ! ئه‌وه ده‌ڵێی چی، دو‌کتۆر به سه‌برن. ئه‌وان هه‌موو کات ده‌یان ڕێگاچاره، ده‌رمان و نه‌شته‌رگه‌رییان هه‌یه که له سه‌ر نه‌خۆشێک ئه‌نجامی بده‌ن. ئه‌ژماردوومه، به‌ڵێنی شه‌ش عه‌مه‌لیاتیان پێداوم.
- ئاخر نەخۆشی‌یەکەی تۆ جیاوازه و هه‌ڵده‌گرێ.
- له‌وانه‌یه.
- باشه به‌ڵام بۆ ده‌قاوده‌ق و بێ‌پێچانه‌وه، پێم ناڵێن که ده‌مرم؟
که وام گوت، چزیلکیش وه‌ک هه‌موو ئه‌وانه‌ی تر له نه‌خۆشخانه که‌ڕ بوو. له نه‌خۆشخانه که‌س نی‌یه وشه‌ی “مردن” ببیستێ. به بیستنی ئه‌م وشه‌یه ساتێک بێده‌نگی ژووره‌که داده‌گرێ و پاشان خێرا قسه‌که ده‌گۆڕن و له شتێکی دیکه ده‌دوێن. من ئه‌وه‌م له سه‌ر هه‌مووان تاقیکردۆته‌وه له سه‌ر داده سـوورێ نه‌بێ.
ئه‌م به‌یانییه ویستم داده سـوورێ تاقی بکه‌مه‌وه بزانم ئه‌ویش به بیستنی ئه‌م وشه‌یه گوێی کپ و گران ده‌بێ!؟
- داده سـوورێ، وێده‌چی که‌س نایهه‌وێ پێم بڵێ که خه‌ریکه ده‌مرم.
ده‌مێکی باش تێم‌ڕاما. بڵێی ئه‌ویش دژکرده‌وه‌ی هه‌ر وه‌ک هه‌موو ئه‌وانی‌تر بێ؟ له دڵی خۆمدا گوتم، نا ئیتر ئه‌تۆش نا، شێره‌ژنی کاسێڵ به‌جه‌رگ به، مات مه‌به و سه‌رت له به‌ر خۆت مه‌نێ.
- چ پێویسته شتێکی هه‌ر ئێستا خۆت ده‌یزانی، خه‌ڵک بۆت باس بکا؟
سه‌یره خۆ بیستی! خۆ گوێی لێ‌بوو! گوتم:
- و‌ا هه‌ست ده‌که‌م که ئێره دەگەڵ نه‌خۆشخانه‌ی دیکه جیاوازی هه‌بێ. به ڕواڵه‌ت واده‌نوێنن که خه‌ڵک بۆیه دێننە ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه، چاری بکەن، که چی واش هه‌یه مرۆڤ بۆ مردن بهێننه ئێره.
- ڕێی تێده‌چێ ئۆسکار، و‌ا بزانم ئێمه ئه‌م هه‌ڵه‌یه دەگەڵ ژیانیشـدا ده‌که‌ین. له بیرمان دەچێت که ژیان چه‌ند ناسک و زه‌ریفه و چه‌ند زوو له کیس ده‌چێ. هێنده که‌مته‌رخه‌مین هه‌موو پێمانوایه نه‌مرین و هه‌تا هه‌تایه ده‌ژ‌ین.
- داده سـوورێ، وابزانم نه‌شته‌رگه‌رییه‌که‌م سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه، وه‌نێ؟
داده سـوورێ هیچ وەڵامێکی نه‌داوه. ئه‌وه‌ش شێوه‌یه‌ک بوو له وەڵام‌دانه و هاوڕیی کردنی پرسیاره‌که‌ی من. کاتێک دڵنیا بوو که وەڵامه‌که‌م وه‌رگرتووه و تێگه‌یشتووم، سه‌ری هێنایه بن گوێم و به ده‌نگێکی نزم و داواکارانه وتی:
- ده‌توانی سـوێندم بۆ بخۆی که ئه‌مه‌ت له من نه‌بیستووه؟
- سـوێند ده‌خۆم.
بۆ ده‌مه‌ساتێکی باش نوقمی بیده‌نگی بووین و لێگه‌ڕاین ئه‌م بیرۆکه‌یه باش له مێشکماندا بنیشێ و جێ بگرێ.
- ئۆسکار بۆ نامه‌یه‌ک بۆ خودا نانووسی؟
- نا، ئیدی ئه‌تۆ نا، داده سـوورێ!
- چی ئه‌من نا؟
- تۆ نا! پێم و‌ا نه‌بوو تۆ درۆیان بــکه‌ی.
- به‌ڵام من درۆ ناکه‌م.
- ئه‌ی بۆ باسی خوا ده‌که‌ی؟ جارێک به چیرۆکی پاپانۆئێل سه‌ریان خستۆته سه‌رم و فریویان داوم. جارێکیش به‌سه!
- ئۆسکار، من هیچ پەیوه‌ندێک نێوان خودا و پاپانۆئێل نابینم.
- هه‌ر یه‌ک شته، مێشک شـووردنه‌وه و به شێت زانین.
- پێتوایه شێره‌ژنی کاسێڵ، زۆرانکاری به ته‌مه‌ن، خاوه‌نی سه‌ت و سی میداڵیای براوه له سه‌ت و شێست و پێنج کێبه‌رکێ‌دا، بۆ تاکه چرکه‌یه‌کێش بڕوای به پاپانۆئێل بێت؟
- نا.
- واته من بڕوام به پاپانۆئێل نی‌یه به‌ڵام باوه‌ڕم به خوا هه‌یه.
- جا که شێره‌ژنی کاسێڵ و‌ا بڵێ، ئه‌وه شتێکی دیکه‌یه.
- بۆ نامه بۆ خوا بنووسم؟
- ئه‌و کات هه‌ست به ته‌نیایی ناکه‌ی.
- وەلا بابه ته‌واوه. ته‌نیایی به شتی نه‌بوو پڕ نابێته‌وه.
- کارێکی و‌ا بکه که هه‌بێ.
سەری دانواند، هاته بن گوێم و وتی:
- هه‌ر جارێ بیری لێ‌بکه‌یه‌وه، هێندێک زۆرتر هه‌ست به بوونی ده‌که‌ی. ئه‌گه‌ر کۆڵ نه‌ده‌ی و به‌رده‌وام بی، بوونی به ته‌واوی هه‌ست پێده‌که‌ی. ئه‌وکات یارمه‌تیت ده‌دا.
- جا چی بۆ بنووسم؟
- بۆی باس بکه که چۆن بیر ده‌که‌یه‌وه. ئه‌و بیرانه که لێیان نادوێین چه‌شنی خۆره مرۆڤ له جموجۆڵ ده‌خه‌ن، زه‌لیلی ده‌که‌ن و له ناوی ده‌به‌ن. ئه‌و بیرانه که لێیان نادوێین مێشکی مرۆڤ بۆ خۆیان ته‌رخان ده‌که‌ن و ڕێگای سه‌رهه‌ڵدانی بیری نوێ ناده‌ن. ئه‌گه‌ر له بیره‌کان نه‌دوێین بۆگه‌ن ده‌بن و وه‌ک ته‌نکەی‌خۆل بۆگه‌نیان گه‌ڕەکه ماڵێک داده‌گرێ.
- تێگه‌یشتم
- ده‌توانی هه‌ر ڕۆژێ داوایه‌کیشی لێ بکه‌ی. به‌ڵام هه‌ر یه‌ک!
- داده سـوورێ ئه‌و خوایه‌ی تۆ زۆر له‌چه‌ره. ڕووحی ناو قۆڕییه‌که‌ی عه‌لائه‌دین سێ داوای جێبه‌جێ ده‌کرد.
- جا بەرخی بابم ڕۆژێ ئاواتێک وه‌دی بێ باشتره یان سێ ئاوات به درێژایی ته‌مه‌نێک؟
- باشه تۆ بڵێى بتوانم داوای هه‌موو شتێک بکه‌م؟ وه‌ک شـوگلات، ورچۆکه یان سه‌یاره‌یه‌ک….
- ئۆسکار گیان و‌ا دیاره دیسان خه‌ریکه خوا و پاپانۆئێلت لێ‌تێکده‌چێ.
تۆ ده‌توانی داوای شتی و‌ا بکه‌ی تا مانای ژیان تێبگه‌ی و سه‌ربورده‌ت بگۆڕی.
- وه‌ک چی؟
- بۆ وێنه هێز، توانا، وره و وەڵامی ئه‌و شتانه‌ی تێ‌یان ناگه‌ی.
- به‌ڵێ، تێگه‌یشتم.
- ئۆسکار، ته‌نانه‌ت ده‌توانی بۆ خه‌ڵکی دیکه‌ش بپاڕێیه‌وه و ئاواتیان بۆ بخوازی.
- له سه‌ر ڕۆژێ تاقه ئاواتێک پیاوه‌تی ناکرێ. بۆخۆم گه‌لێک ئاوات و ئاره‌زوم هه‌یه.
ئه‌وه بوو سەرچاوە، بنا‌وان و هۆی ئه‌و نامه نووسینه .
و‌ا له‌و نامه‌یه‌دا دۆخی ژیانی خۆم له نه‌خۆشخانه‌دا بۆ باس کردی، ژیانێک که بۆته هۆی نیگه‌رانی ده‌وروبه‌رم و بێ‌باوه‌ڕی به زانستی پزیشکی.
خوایه حه‌ز ده‌که‌م بزانم، پێتوایه له‌م نه‌خۆشییه ده‌رباز ده‌بم و چاک ده‌بمه‌وه؟ به‌ڵام لێم‌مه‌پێچه‌وه، بێ یه‌ک و دوو بڵێ ئـــا یان نــــا، داوایه‌کی قورس نی‌یه.
تا به‌یانی ماڵاوا
ئۆسکار
ئه‌وه خراپ خۆ ئادره‌سه‌که‌شتم نی‌یه، چ بکه‌م؟
ئه‌م کاته‌ت باش خوایه!
بژی به‌ڕاستی تۆ زیره‌کی، به‌رله‌وه‌ی نامه‌که‌ت بۆ پۆست بکه‌م وەڵامت دامه‌وه. چۆنت زانی؟
ئه‌مڕۆ به‌یانی له ژووری یاری ده‌گه‌ڵ”ئه‌نیشته‌ین” شه‌تڕە‌نجم ده‌کرد که “گیپن” وه‌ژوور که‌وت و وتی:
- دایک و باوکت هاتوون، و‌ا لێره‌ن.
- دایک و باوکی من؟ شتی‌وا نابێ، ئه‌وان ته‌نیا ڕۆژانی یه‌کشه‌ممه دێن.
- خۆم سه‌یاره‌که‌یانم بینی، مه‌گه‌ر جیبێکی سـوور نی‌یه؟
- و‌ا هه‌ر نییە.
شانێکم هه‌ڵته‌کاند و گوێم نه‌دایه و له یاری کردنه‌که‌م له‌گه‌ڵ ئه‌نیشته‌ین‌دا به‌رده‌وام بووم، که چی بیر و هۆشم له شـوێنکی‌تر بوو، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌نیشته‌ین یه‌ک یه‌ک و دوو دوو تێكڕای داشه‌کانمی خوارد. به‌وه‌ش هێنده‌ی دیکه تێکچووم.
با ئه‌وه‌ش بڵێم؛ بۆیه به‌و هاوڕێیه‌م ناڵێن ئه‌نیشته‌ین چو‌نکه له ئێمه‌مانان زۆر ژیر و وریاتره، به‌ڵکوو له به‌ر ئه‌وه‌یە که سه‌ری دوو هێنده‌ی سه‌ری مه‌مانانه، به ئه‌نیشته‌ین بانگی ده‌که‌ین. ده‌ڵێن سه‌ری ئاوی هێناوه. هاتباو هه‌مووی مێشک بوایه حاڵمان شڕ ده‌بوو.
که زانیم و‌ا خه‌ریکه یاری شەترەنجەکە ده‌دۆڕێنم، هه‌روا جێم هێشت و ده‌گه‌ڵ گیپن‌دا چوومه دیوه‌که‌ی ئه‌و که په‌نجه‌ره‌کانی ده‌ڕوانێته سه‌ر پارکی ڕاگرتنی سه‌یاره‌کان. گیپن ڕاستی ده‌کرد، دایک و بابم هاتبوون.
خوایە! دایک و باوکم له‌و نیزیکانه ناژین، هەر چەند تا له ماڵه‌وه ده‌ژیام هه‌ستم پێ‌نه‌کرد بوو. ئێستا که له ماڵه‌وه نه‌ماوم ده‌زانم چه‌ند دووره.
ماویه‌که ئیتر دایک و باوکم ناتوانن وه‌ک جاران بێنه سه‌ردانم و حه‌وتووی جارێک زیاتر نایان‌بینم، ته‌نیا ڕۆژانی یه‌کشه‌ممه چو‌نکه ئه‌وان کار ناکه‌ن و منیش هه‌روا.
گیپن وتی :
- بینیت ڕاست ده‌که‌م. ئێستا مزگێنی چم ده‌ده‌یه‌ی؟
- شـوگڵاتی به گو‌ێزه‌وه‌م هه‌یه.
- هیچ شتی خۆشترت به‌لاوه نی‌یه؟
- نا
- ئه‌وه‌ش خراپ نی‌یه، بێنه ده‌ی قه‌ی ناکا.
هه‌ڵبه‌ت ئێمه بۆمان نی‌یه خوارده‌مه‌نی بده‌ینه گیپن چو‌نکه ئه‌و بۆیه لێره‌یه کز و لاواز بێ و کێشی دابه‌زێ. نۆ ساڵی ته‌مه‌نه و نه‌وه‌د و هه‌شت کیلۆیه، باڵا و پانتاییشی وه‌ک یه‌ک وایه. واته یه‌ک و ده له یه‌ک و ده سانتیم‌دا هه‌ڵکه‌وتووه. کراسـوپانتۆڵی تایبه‌تی بۆ به دروون ده‌ده‌ن، ئه‌گێنا له جل‌وبه‌رگی نه‌خۆشخانه‌دا جێی نابێته‌وه.
به‌ڵام چیت لێوه‌شارم، من و هاوڕێکانم هه‌ر خواردنێک له خۆمان زیاد بێ ده‌یده‌ینه گیپن، چو‌نکه هیچکاممان پێمان و‌ا نی‌یه کێشی دابه‌زێ و که ده‌شبینین به‌سته‌زمانه هه‌میشه برسییه، به‌زه‌ییمان پێی‌دا دێته‌وه. پارچه شـوگڵاتێک به کوێی گیپنێکی ئه‌وها ڕاده‌گات، ئه‌گینا ده‌بوایه په‌رستاره‌کانیش له دانی ئه‌م هه‌مووه شیافانه به گیپن ده‌ستیان هه‌ڵگرتبایه.
چوومه ژووره‌که‌ی خۆم و چاوه‌ڕوانی دایک و باوکم بووم. له سه‌ره‌تاوه له به‌ر هه‌ناسه‌سـواری خۆم ئاگام له تێپه‌ڕبوونی چرکه‌کان نه‌بوو، به‌ڵام هێنده‌ی من چاوه‌ڕوانیم کرد ده‌بوایه تا ئێستا پازده جار گه‌یشتبانه لای من.
پاش ده‌مێک چاوه‌ڕوانی که وه‌دیار نه‌که‌وتن، زانیم ده‌بێ له کوێ بن. به‌ماته‌ماته و بێ‌ئه‌وه‌ی بهێڵم که‌س پێم‌بزانێ به داڵانه دوورودرێژە‌که‌ی قاتی خۆماندا ڕۆیشتم و به ئاسپایی چوومه قاتی خواره‌وه‌تر و خۆم گه‌یانده پشت ده‌رگای ژووره‌که‌ی دو‌کتۆر دۆ‌سڵدۆڕڤ.
چاکم هه‌ڵێنابوو. دایک‌وباوکم لای دو‌کتۆر دۆ‌سڵدۆڕڤ بوون، له پشت ده‌رگاوه گوێم لێیان ده‌بوو.
ئه‌و ڕێگا دووره! بڕستیان لێبڕیبووم، بۆیه ده‌مه‌ساتێک وه‌ستام تا پشـووێکم بێته‌وه‌به‌ر و دڵه‌کوته‌که‌م هێور بێته‌وه. هه‌ر له‌و ده‌مه‌ساته‌ش‌دا بوو ئه‌وه‌ی نه‌دبوایه بی‌بیستم، بیستم.
دایکم ده‌ستی کرد به نووکه نووک و دو‌کتۆر دۆ‌سڵدۆڕڤیش په‌یتا په‌یتا دیگوت:
- ئه‌وه‌ی له ده‌ستمان هاتووه کردوومانه.
- باوکیشم له کاتێکدا گریان ئه‌وکی گرتبوو، ده‌یگوت:
- دڵنیام دو‌کتۆر، دڵنیام.
وه‌ک چه‌قه گوێچکه‌کانم به لاولاوه‌ی ده‌رگاکه‌وه نابوو، نه‌مده‌زانی کاممان ساردترین، لاولاوه ئاسنه‌که یان من.
گویم لێ‌بوو؛ دو‌کتۆر دۆ‌سڵدۆڕڤ لێ پرسین؛
- حه‌ز ده‌که‌ن بچنه سه‌رێ و دەمێک له‌لای بن؟
دایکم وتی: دڵم بڕوا نادا، له خۆم ڕانابینم.
باوکم وتی: ئۆسکار نابێ ئێمه لەم وه‌زعه دا ببینێ.
که ئه‌و قسانه‌م بیست، زانیم که دایک‌وباوکم چه‌نده بێ‌وره و بێ‌جه‌رگن. له‌وه‌ش خراپتر که دووی بێ‌ورە، منیشیان وه‌ک خۆیان ده‌بینی.
له ژووره‌که‌وه گوێم له ده‌نگی جموجۆڵی کورسییان بوو، زانیم خه‌ریکن بێنه ده‌رێ، له تاوان یه‌که‌م و نزیکترین ده‌رگام کرده‌وه و خۆم پێداکرد.
به‌م شێوه‌یه بوو که خۆم له ناو دوڵابی گسک و خاکه‌نازاندا دیته‌وه و هه‌موو ئه‌م سه‌رله‌به‌یانی یه له‌وێدا گیرم خوارد. خوایه؛ لام وایە نه‌زانی که ده‌رگای دۆڵابی گسک و خاکه‌نازان ته‌نیا له ده‌ره‌وه‌ڕا ده‌کرێته‌وه، وه‌ک بڵێی ئینسانه‌کان پێیان وابێ ئه‌م گسک و خاکه‌نازانه پێ ده‌گرن و شه‌و که داهات ڕاده‌که‌ن.
له‌و کاته‌دا بۆ من، ناو دۆڵاب و ده‌ره‌وه هیچ جیاوازێکی نه‌بوو، چۆنکه به‌ڕاستی تاقه‌تی بینین و هاوده‌میی که‌سم نه‌بوو و به‌و قسانه که بیستبووم، چەشنێک حه‌په‌سا و سه‌رسـووڕماو بووم که ئیتر ده‌ست و قاچه‌کانم گوێڕایه‌ڵی من نه‌بوون.
به‌رەبه‌ری نانی نیوه‌ڕۆیه هات‌وهاوار په‌یدابوو و هه‌موو لایه‌ک تێکیان داویشت و پرسیاریان ده‌کرد و هه‌ر که‌سه‌ش له‌به‌ر خۆیه‌وه هاواری ده‌کرد:
- ئــــــــــۆســــــــکار! … ئــــــــــۆســــــــکار!
وەڵامم نه‌دانه‌وه و که‌یفخۆش بووم که هه‌موو هاواری منیان ده‌کرد. له‌وده‌مه‌دا حه‌زم ده‌کرد سه‌ر بخه‌مه سه‌ریان و گاڵته به هه‌موو دنیا بکه‌م.
به‌ره‌به‌ره چاوه‌کانم قورس ببوون و خه‌ریک بوو خه‌و ده‌یبردمه‌وه که گوێم له خشپه خشپی پێڵاوه‌کانی داده “نیدا“ی فه‌ڕاش بوو که له دۆڵابه‌که نزیک ده‌بۆوه.
هه‌رکه ده‌رگای دۆڵابه‌که‌ی کرده‌وه هه‌ر دووکمان له ترسان پڕ به دەممان قیژاندامان. داده نیدا له به‌ر ئه‌وه که چاوه‌ڕوانی دیتنی منی له پاڵ گسک و خاکه‌نازاندا نه‌ده‌کرد، منیش له بیرم چووبۆوه که داده نیدا ژنێکی و‌ا ڕە‌شتاڵ، سه‌رقژن و چاوگلۆپییه.
به بیستنی ده‌نگی من و داده نیدا بوو به هەڵلا و هەنگەمەیەکی سه‌یر، دو‌کتۆر دۆ‌سڵدۆڕڤ، په‌رستاره‌کان، سه‌رپه‌رشتی به‌شه‌کان و تێکڕای خزمەتکارەکانی دیکه کۆبوونه‌وه، ده‌تگوت جه‌غزیان لێ‌کێشاوم. پێمو‌ابوو ئێستا حه‌یام ده‌بن و سه‌رکۆنه‌م ده‌که‌ن، که چی بینیم فرمێسک له چاویاندا قه‌تیس وه‌ستاوه و هێزی بزه‌ی سه‌رلێویان به‌رگری له هاتنه خواریان ده‌کات.
که ده‌وروبه‌رم ئاوا بینی، هه‌له‌که‌م قواسته‌وه و وتم:
- حه‌زده‌که‌م داده سـوورێ ببینم.
- ئۆسکار ئه‌وه له کوێ بووی؟ چۆنی؟
- حه‌ز ده‌که‌م داده سـوورێ ببینم.
- بۆ له ناو ئه‌و دۆڵابه‌دا بووی؟
- خۆت لێ‌گرتبووین؟
- حه‌ز ده‌که‌م داده سـوورێ ببینم.
- چیت گوێ لێ‌بوو؟
- حه‌ز ده‌که‌م داده سـوورێ ببینم.
- ها، چۆڕێک ئاو بخۆوه.
- نــا، حه‌ز ده‌که‌م داده سـوورێ ببینم.
- هه‌ر قومێک.
- نــا، حه‌ز ده‌که‌م داده سـوورێ ببینم.
له‌وه پتر هیچم نه‌ده‌گوت و گوێم نه‌ده‌دا هیچ، به‌س یه‌ک ده‌نگ هاواری داده سـوورێم ده‌کرد.
دیاربوو دو‌کتۆر دۆ‌سڵدۆڕڤ زۆر له په‌رستاره‌کان دڵمه‌ند و تووڕە بوو که باشاری منیان نه‌ده‌کرد، ناچار گوتی بزانن ئه‌م خاتوونه کێیه بۆی بانگ بکه‌ن. که دڵنیا بووم، دە‌گه‌ڵیان چوومه‌وه ژووره‌که‌ی خۆم و بۆ ماوه‌یه‌ک خه‌وم لێکه‌وت.
کاتێک وه‌خه‌به‌رهاتم، داده سـوورێ ده‌م به‌بزه‌وه له ژووری سه‌رم دانیشتبوو.
- ده‌ستخۆش ئۆسکار، ده‌ردت پێ‌کردن و ده‌رسێکی باشت دادان. ده‌زانی ئێستا ئه‌وان ئێرەییم پێ‌دەبەن.
- گوێیان مه‌ده‌یه.
- ئه‌وان هه‌موویان مرۆڤی باشن، زۆر باشن.
- بۆخۆیان باشن، به من چی.
- بۆ و‌ا تووڕە‌ی، چی ڕووی‌داوه؟
دو‌کتۆر دۆ‌سڵدۆڕڤ بۆ دایک و باوکمی باس کرد که و‌ا من ده‌مرم، که چی ئه‌وان هه‌روا ڕێگه‌ی خۆیان گرت و ڕۆیشتن. بۆیه لێیان بێزارم.
خوایه، چۆنی بۆ تۆ ده‌گێڕمه‌وه ئاواشم ورد ورد بۆ داده سـوورێ گێڕاوه.
داده سـوورێ له‌به‌ره خۆێه‌وه همێکی کرد و وتی:
- هـــم، ئه‌وه کێبه‌رکێ‌که‌ی خۆمم له‌گه‌ڵ “سارا چه‌وره‌ی بێتوێنێ” ده‌خاته‌وه بیر. سارا چه‌وره زۆرانی‌گرێک بوو که ته‌نیا له شاره‌که‌ی خۆی واته بێتوێن زۆرانی ده‌گرت و کاتی زۆرانی‌گرتنیش تا ئه‌و جێگه‌یه بۆی لوابا جل‌وبه‌رگی وه‌لا ده‌نا و به ڕووتی ده‌هاته مه‌یدانه‌وه. نەک هەر ئەوە بەڵکوو، تۆ‌نێکیشی ڕۆن له له‌شی خۆی هه‌ڵده‌سـوو و چه‌شنی مار‌ماسی لووس ده‌بوو، بۆیه‌ش حه‌ریف هه‌ر چی کردبای بۆی نه‌ده‌گیرا. به‌م جۆره هه‌موو ساڵێک “جامی قاره‌مانیه‌تی بێتوێنی” ده‌برده‌وه. به‌ڵام بڕیارم دا که بۆ جارێکیش بێ “جامی قاره‌مانیه‌تی بێتوێنێ” وه‌ده‌ست بێنم.
- ده‌ی داده سـوورێ چیت کرد؟
- که سارا چه‌وره هاته ناو مه‌یدانه‌که، وه‌ک هه‌میشه له به‌ر ڕۆنی زۆر ده‌بریسکایه‌وه، هه‌ر که هاته ناوه‌وه ژماره‌یه‌ک له براده‌رکانم ئاردیان لێ‌پڕژاند. جا بیری لێ‌بکه‌وه ئارد و ڕۆن به یه‌که‌وه. ئێستا ئیتر له ده‌ستان خۆش ده‌هات. پاش چه‌ند خول‌لێدانێک به دوه‌ری یه‌کتردا، له‌کاتێکدا هیچمان چاومان له‌سه‌ر یه‌ک هه‌ڵنه‌ده‌گرت، له شاڵاوێکدا که بۆم برد، مه‌چه‌کی که‌وته به‌رده‌ستم و بێ یه‌ک و دوو ڕام‌کێشا بۆ لای خۆم و ده‌سته‌که‌ی دیکه‌م له قه‌دی هاڵاند و هێنده‌ی باوه‌شێکم له دۆ‌شه‌گه‌که به‌رزکرده‌وه و سـووڕێکم پێ‌دا. چه‌ند چرکه‌یه‌ک دواتر پشتی سارا چه‌وره دۆشه‌گی ماچ کردبوو و چوارپه‌ڵ لێی تخێڵ بوو. له‌و ڕۆژە به‌دواوه ئیتر پێیان نه‌ده‌گوت مار‌ماسی، به‌ڵکوو ناویان نا ئارده‌ماسی.
- به‌ڵام ببووره، داده سـوورێ، تێناگه‌م ئه‌م به‌سه‌رهاته چ په‌یو‌ندێه‌کی به کێشه‌که‌ی منه‌وه هه‌یه؟
- هه‌یه‌تی، ئۆسکار، هه‌موو کێشه‌یه‌ک رێگاچاره‌ی خۆی هه‌یه. لۆچێک ئارد له هه‌موو شـوێنێک ده‌س‌ده‌که‌وێ. باشتر وایه بۆ خوا بنووسی ئه‌و له‌من زۆرتر ده‌زانێ.
- ته‌نانه‌ت له‌باره‌ی زۆرانوازیش؟
- به‌ڵێ، خوا ته‌نانه‌ت له سەر زۆران گرتنیش ده‌زانێ. تاقی بکه‌وه و حه‌وڵێک بده. ئۆسکار به چییه‌وه سه‌خڵه‌تی و ته‌نگه‌ژە‌ت چییه؟
- له دایک‌وبابم بێزارم.
- جا که وایه له دڵه‌وه لێیان بێزاربه.
- به‌ڕاستیته؟
- به‌ڵێ، به ته‌واوی لێیان بێزاربه، ئه‌وکات بێ‌ئێش نابی و شتێکت ده‌بێ بکه‌ی. ئه‌و کات ده‌زانی که پێویست نه‌بوو و‌ا خۆتی پێوه سه‌خڵه‌ت که‌ی و ئه‌وه‌نده‌ی نه‌ده‌هێنا. هه‌موو ئه‌وانه له نامه‌که‌ت‌دا بۆ خوا بنووسه و داوای لێ‌بکه سه‌ردانێکت بکات.
- ده‌توانێ بگه‌ڕێ؟
- به شێوه‌ی خۆی به‌ڵام ڕاستییه‌کت بوێ، به‌ده‌گمه‌ن.
- بۆ؟ ئه‌ویش نه‌خۆشه؟
به‌و هه‌ناسه‌یه که داده سـوورێ هه‌ڵی‌کێشا زانیم حاڵی تۆش باش‌نییه، به‌ڵام ناخوازێ له لای من بیدرکێنێ.
- و‌ا هه‌بووه دایک و باوکت له باره‌ی خوا دا دەگەڵتا دوابن؟
- لێی‌گه‌ڕێ، دایک و باوکم گێژن.
- وایه به‌ڵام هیچکات بۆیان باس نه‌کردووی؟
- با، تاقه جارێک. ئه‌ویش وتیان که باوه‌ڕیان پێی نی‌یه. ئه‌وان ته‌نیا بڕوایان به پاپا‌نوئێله.
- ئۆسکار گیان، به‌ڕاستته، هێنده گێلن؟
- هه‌ر مه‌پرسه! جارێکیان که له فێرگه‌ڕا گه‌ڕامه‌وه و پێموتن ده‌ست له‌و قسه بێ‌بنەمایانە هه‌ڵگرن و چیتر به پاپانۆئێل، من و خۆیشیان هەڵنەخەڵەتێنن. ئێستا ئیتر من و هاوڕێکانم ده‌زانین پاپانۆئێلێک له ئارادا نی‌یه و درۆیه. زۆریان به‌لاوه سه‌یر بوو و وه‌ک له ئاسمان‌ڕا به‌ربووبنه‌وه، ده‌میان داکەوت و ده‌ستیان‌کرد به سـوێندخواردن که مه‌به‌ستیان هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی من نه‌بووه و به‌ڕاستی پێیان وابووه که هه‌یه و ئێستاش زۆر به‌داخن. به بیستنی ئه‌م ڕاستییه زۆر به‌داخ بوون. جا خۆت سه‌یر که بزانه ئه‌م دووانه چه‌ند گێلن.
- یانی بڕوایان به خوا نی‌یه؟
- نه‌خێر.
- باشه بۆت نه‌بوو به پرسیاری ترەوە به دوای‌دا بچی؟
- ئه‌گه‌ر مرۆڤ ده‌ربه‌ستی قسه، بیر و کرده‌وه‌ی هه‌ر گێل و حوڵێک بێت، ده‌رفه‌ت بۆ وردبوونه‌وه له بیر و کرده‌وه‌ی باش نا‌مێنێ.
- خۆ ڕاست ده‌که‌ی. به‌ڵام له قسه‌ی ئه‌و دایک و باوکه گه‌مژە‌یه‌ت، وه‌ک بۆخۆت ده‌ڵێی.
- به‌ڵێ گه‌مژە!
- ئه‌گه‌ر لات وایە دایک و باوکت له هه‌ڵه‌دان و بڕوایان به خوا نی‌یه، تۆ بۆ بڕوات پێی نی‌یه و داوای لێ‌ناکه‌ی بێ سه‌ردانێکت بکات؟
- باشه، به‌ڵام نه‌تگوت نه‌خۆشه و له جێ‌دا که‌وتووه؟
- نا. ئه‌و بۆ سه‌ردان شێوازی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. ئه‌و سه‌ردانی فکر و بیره‌کانی تۆ ده‌کات.
- ئه‌وه‌م زۆر به‌دڵ بوو، قانه‌قدیله‌م ده‌هات.
- داده سـوورێ به‌رده‌وام بوو و گوتی:
- جا ئه‌وه ده‌ش‌بینی ئه‌و سه‌ردانه‌ی خوا شـوێنه‌واری باشی له‌سه‌ر تۆ ده‌بێ.
- باشه، دەگەڵی ده‌دوێم. بەڵام داده سـوورێ، تا ئێستــا ئه‌وه سه‌ردانه‌کانی تۆیه که شـوێنه‌واری باشیان له‌سه‌ر من هه‌یه.
داده سـوورێ بزه‌یه‌کی هاتێ و ده‌می هێنا کوڵمه‌کانم ماچ بکات، دوودڵ بوو، له ڕوانیینه‌که‌ی ڕا خوێندمه‌وه که ئیزنم لێده‌خوازێ.
گوتم: به حه‌زی خۆت بکه، ماچێکم بکە. بۆ که‌سی ناگێڕمه‌وه، نه‌کا بۆ ناو و ناوبانگی زۆرانی‌گرییه‌که‌ت باش نه‌بێ.
که کۆلـمه‌کانی ماچ‌کردم، دڵگه‌رم و شاد بووم، هه‌رچه‌ند که بۆنی سـووراوسپیاو و سابوونه‌که‌ی گه‌لێک توند بوو.
پرسیم:
- دادەسـوورێ، که‌ی ده‌گه‌ڕییه‌وه بۆ لام؟
- من ئیزنم هه‌یه ته‌نیا حه‌وتووی دوو جاران بێم.
- داده سـوورێ شتی و‌ا نابێ، من ناتوانم سێ ڕۆژان چاوه‌ڕوان بم.
- به‌ڵام یاسا و ڕێساکە وایه.
- کێ ئه‌و قانوونانه داده‌نێ؟
- دو‌کتۆر دۆ‌سڵدۆڕڤ.
گوتم:
جارێ دو‌کتۆر دۆ‌سڵدۆڕڤ هه‌ر که من ده‌بینێ ڕە‌نگی به ڕوویه‌وه نه‌ماوه. بچۆ داوای لێ بکه با ئیزنت بدا. به ڕاستیمه داده سـوورێ بچۆ پێی بڵێ!
داده سـوورێ چاوێکی گوماناوی لێکردم.
- له دڵه‌وه دەڵێم، ئه‌گه‌ر هه‌موو ڕۆژێ نه‌یه‌ی سه‌رم بده‌ی منیش نامه بۆ خوا نانووسم.
- حه‌ول ده‌ده‌م.
داده سـوورێ ڕۆیشت و منیش ده‌ستم کرد به گریان. تا ئێستا نه‌مده‌زانی تا ئه‌و ئاسته پێویستیم به یارمه‌تی هه‌یه.
بۆم ده‌ر‌که‌وت ئێستا بۆ خۆم به برینی خۆم نه‌زانی‌بوو که چه‌نده نه‌خۆشم. بیری ئه‌وه که جارێکی‌تر داده سـوورێ نه‌بینمه‌وه له سه‌ر دڵم قورسایی ده‌کرد، ئه‌مه‌شم به فرمێسک ده‌هێنایه ڕوو.
به‌ختی خۆم پێڕاگه‌یشتم به‌ر له‌وه‌ی داده سـوورێ بگه‌رێته‌وه لام، هێور ببمه‌وه.
کە دادەسـوورێ گەڕایەوە، بزەی لە سەر لێوان بوو و گوتی:
- جێبه‌جێ بوو. بۆ ماوه‌ی دوازده ڕۆژان ئیزنم هه‌یه هه‌موو ڕۆژێ بێمه سه‌ردانت.
- هه‌ر لای من و که‌سی‌تر؟
- هه‌ر تۆ ئۆسکار، که‌سی‌تر. دوازده ڕۆژان.
نازانم چ بوو، چیم به مێشک داهات که فرمێسکه‌کان گه‌ڕانه‌وه و ده‌ستم کرد به له‌رزین. هه‌ڵبه‌ت ده‌زانم که کوڕ نابێ بگرین، ئه‌ویش به تایبه‌ت منی سه‌رهێلکه که دیار نی‌یه کوڕم یان کچ. به‌و سه‌روسه‌کوته تاشراوه‌وه زۆرتر وه‌ک ئه‌وه ده‌چێ له ئەستێرەیەکی دیکە ڕا هاتبم. به‌ڵام چی له‌گه‌ڵ نه‌ده‌کرا، خۆم بۆ ڕانه‌ده‌گیرا. بەدەم گریانەوە پرسیم:
دوازده ڕۆژ؟ داده سـوورێ وه‌زعم هێنده خراپه؟
ئه‌ویش چاوه‌کانی ڵێڵ و و‌ێڵ ببوون. ها ئێستا ها تاوێکی‌تر ده‌س بکات به گریان، به‌ڵام دیار بوو زۆرانی‌گری به ناوبانگ پێشی هاتنه خواری فرمێسکه‌کانی ده‌گرت. دیمه‌نێکی سه‌یر بوو، بردمییه دونیای بیر و خه‌یاڵاته‌وه. بە دەنگی دادەسـوورێ هاتمەوە خۆ کە پرسی:
- ئه‌مڕۆ چه‌ندی مانگێ‌یه، ئۆسکار؟
- ئه‌وه باسی چی ده‌که‌ی؟ ڕۆژژمێره‌که نابینی؟ئه‌مڕۆ نۆزدەی دیسامبره.
- ئۆسکار له‌و مه‌ڵبه‌نده‌ی من لێیه‌وه دێم باو بوو دیانگوت له دوازده ڕۆژی کۆتایی ساڵدا مرۆڤ ده‌توانێ مه‌زه‌نده‌ی چۆنیه‌تی دوازده‌مانگه‌ی ساڵی داهاتوو بکات و بزانێ که چۆن ده‌بێت. واته هه‌ر ڕۆژێک نوێنگه‌ی بچووککراوی یه‌ک له مانگه‌کانی ساڵی داهاتوویه. ڕۆژی نۆزده‌ی مانگی دیسامبر. واتە ئەمڕۆ ده‌بێته مانگی ژانویە، بیستی دیسامبر ده‌بێته مانگی فێوریە و به‌م چه‌شنه تا ده‌گاته سی‌و‌یه‌کی دیسامبر کە ده‌بێته نوێنگه‌ی دیسامبری ساڵی داهاتوو.
- به‌ڕاستته؟
- ئه‌فسانه‌یه. ئه‌فسانه‌ی فاڵی دوازده ڕۆژە. حه‌ز ده‌که‌م من و تۆ ئه‌م یارییه به یه‌که‌وه بکه‌ین. له ڕاستیدا تۆ ئه‌م یارییه ده‌که‌ی. واته له‌مڕۆ ڕا وابزانه هه‌ر ڕۆژێک بارته‌قای ده ساڵانه.
- ده ساڵ؟
- به‌ڵێ، یه‌ک ڕۆژ به‌رانبه‌ری ده ساڵ.
- واته تا دوازده ڕۆژی دیکه ده‌بم به سه‌ت و سی ساڵ!
- ڕاست وایه، پێت چۆنه!
داده سـوورێ ماچێکی کردم و ڕۆیشت.
خوایه وه‌ک ده‌بینی من ئه‌مڕۆ سه‌ر له به‌یانی، بێ ئه‌وه‌ی به خۆم زانیبێ، له دایک بووم، ده‌وروبه‌ر کاتژمێر دوازده‌ی نیوه‌ڕۆ کاتێک بوومه پێنج ساڵ تازە له وەزعی خۆم گه‌یشتم. به‌ڵام هیچ هه‌واڵێکی دڵخۆشکه‌رم نه‌بیستووه. ئه‌مشه‌و، ئێستا که بوومه ده ساڵ، باشتر چاکه و خراپه لێکده‌که‌مه‌وه. تا له بیرمه با داوایه‌کت لێ‌بکه‌م. ئه‌مجار ئه‌گه‌ر شتێکت هه‌بوو پێم بڵێی وه‌ک ئه‌وه‌ی ئەمڕۆ سه‌عات دوازده، کاتێک پێنج ساڵانه بووم، له‌سه‌ره‌خۆ به و وەک ئەمڕۆ په‌له‌ی مه‌که.
سـوپاس.
تا به‌یانی، ماڵاوا ئۆسکار
تا له‌بیرمه با داوایه‌کی دیکه‌ت لێ‌بکه‌م هه‌ر چه‌ند ده‌زانم بۆم نی‌یه ڕۆژێ له داوایه‌ک زۆرترم هه‌بێ، به‌ڵام ئه‌مه‌یان له ڕاستیدا داوا نی‌یه به‌ڵکوو ئامۆژگارییه؛ پێم ناخۆش نی‌یه و حه‌زده‌که‌م سه‌ردانێکی بچووکم بکه‌ی له‌و سه‌ردانانه‌ی به مێشک دادێن، مه‌منوونیش ده‌بم. هه‌موو ڕۆژێ نێوان هه‌شتی به‌یانی تا نۆی شه‌و بۆت هه‌یه بێیه سه‌ردانم، پاشان ده‌خه‌وم، و‌ا هه‌یه به ڕۆژیش به هۆی ئه‌و ده‌رمانانه که ده‌مده‌نێ چاوێک گه‌رم که‌م، به‌ڵام ده‌توانی بەخهبهرم بێنی. له‌وانه‌یه تۆش کارت زۆر بێ با ده‌رفه‌ت له کیس نه‌ده‌ین. مه‌گه‌ر نا؟
ئه‌م کاته باش خوا!
ئه‌مڕۆ به قۆناخی مێرمنداڵیدا تێپه‌ڕبووم، کارێکی ساکار و خۆش نه‌بوو. په‌ککوو له‌و هه‌مووه گێره و کێشه‌یه!
دەگەڵ هاوڕێکانم و دایک و باوکم تووشی کۆمه‌ڵێک کێشه و ده‌مه‌قاڵه بووم و هه‌مووشی له سه‌ر کچان بوو. ئه‌مشه‌و هاتوومه‌تە‌وه سه‌ره‌خۆ و شاییم به خۆمه که بوومه بیست ساڵ. ئه‌م قۆناخی خۆناسینە گه‌لێک پڕ کێشه و ناخۆشه، به‌ڵام هه‌ر شه‌یتان به پیاو پێبکه‌نێ خۆشتره له ئاده‌میزاد.
خوایە، تا له بیرمه با گله‌یی بێ به‌ڵاته‌وه که نه‌هاتییه سه‌ردانم، وێش ناچی هاتبی و نه‌مبینی بی. چو‌نکه وه‌ک وتم به هۆی شه‌ڕ و کێشه‌ی سه‌رده‌می لاوه‌تی زۆر که‌م خەوتووم و ته‌نانه‌ت پێشم گوتبووی ئه‌گه‌ر هاتی و له خه‌و دابووم بەخهبهرم بێنه.
سه‌رله‌به‌یانی که له خه‌و هه‌ستام، داده سـوورێ له‌بن سه‌رم ئاماده بوو. کاتێ نانی به‌یانیمان ده‌خوارد، داده سـوورێ باسی کێبه‌رکێکه‌ێ خۆی ده‌گه‌ڵ “ده‌مبۆگه‌ن” بۆ گێڕامه‌وه:
ده‌مبۆگه‌ن زۆرانی‌گرێکی بلژیکی بوو که لانی که‌می خواردنی ڕۆژانه‌ی سێ کیلۆ گۆشتی کاڵ بوو و هه‌موو جه‌مێکیش ده‌به‌یه‌کی گه‌وره‌ی بیره به سه‌ردا ده‌کرد. بۆگه‌نی ترشاوی ناو گه‌ده‌ی که له باتی به کونی ژێره‌وه‌دا ده‌ربچێ به ده‌میدا ده‌ری‌دەدا، به‌هێزترین چه‌کی ئەو بوو؛ که حەریفی وه‌به‌رهاتبا گێژی ده‌کرد و زۆر به خێرایی دۆشه‌گی پێ ماچ ده‌کرد.
داده سـوورێ به‌رده‌وام بوو و گوتی: ئه‌وه‌ی منی سه‌خڵه‌ت کردبوو بۆگه‌نی زاری ده‌مبۆگه‌ن بوو نه شان و باهۆی. بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بوایه چاره‌سه‌رێک بدۆزمه‌وه که ئه‌م چه‌که‌ی ده‌مبۆگه‌ن کارم لێ‌نه‌کا. هێنام ده‌مامکێک که به بۆنی مێخه‌ک و گیاکێوی خۆش‌کرابوو، به سه‌ر خۆم کێشا و چوومه ناو مەیدان، ئیتر شام به سه‌پانی خۆ نه‌ده‌زانی. واته بۆ زۆرانی‌گرێکی سه‌رکه‌وتوو، مه‌رج هه‌ر ماسـوولکه نی‌یه به‌ڵکوو مێشکیشی پێویسته.
کە تەواو بوو پرسی:
- ئۆسکار کێت خۆشده‌وێ؟
- لێره له نه‌خۆشخانه؟
- به‌ڵێ.
- چزیلک، ئه‌نیشته‌ین و گیپن.
- ئه‌ی له کچه‌کان؟
چاوه‌ڕوانی پرسیارێکی وه‌وتۆ نه‌بووم. هه‌وه‌ڵ حه‌په‌سام و پاشانیش حه‌زم نه‌ده‌کرد وەڵامی پرسیاره‌کە بده‌مه‌وه، به‌ڵام داده سـوورێ هه‌روا چاوه‌ڕوان بوو و گوێی هه‌ڵخستبوو. بیرم کرده‌وه خۆ له هه‌مبه‌ر زورانی‌گرێکی به ناو و ناوبانگی جیهانییه‌وه، ناکرێ هه‌تا سه‌ر گەمژە بنوێنم و ده‌م داچه‌قیو وه‌مێنم. گوتم:
- پێگی بلۆ،
پێگی بلۆ کچێکی شینه که له ژووری بنه‌بانی کۆریدۆره‌که‌ماندا ده‌ژی. کچێکی لێوبەخەندە به‌ڵام که‌م‌دوێ، وه‌ک په‌ریله‌یه‌ک ده‌چێ که بۆ حه‌سانه‌وه لێره له نه‌خۆشخانه لای دابێ. که‌چی ئه‌و نه‌خۆشێکی ئاسته‌می هه‌یه که پێی ده‌ڵێن سیانوس. کەم‌وکۆڕی‌یەک له خوێنی‌دا هەیە و خوێن به چه‌شنی پێویست ناگاته سییه‌کانی، هەر لە بەر ئەمەش گشت له‌شی شین هه‌ڵده‌گه‌رێ.
پێگی چاوه‌نواڕی نه‌شته‌رگه‌رییه‌که بۆی بکه‌ن تاکو بتوانن سـووری هه‌ڵگێڕنه‌وه، که من پێم حه‌یفه، چو‌نکه به‌دڵی من پێگی به‌م ڕە‌نگه شینه‌وه زۆر شیرێن و له سه‌ر دڵانه. کاتێک لێی نزیک ده‌بێوه، هێدی، هێمن و نوورانییه.
- پێت گوتووه که خۆشت ده‌وێ؟
- هیچ ته‌مام نیه لێی وه‌ژوور که‌وم و بڵێم پێگی من تۆم خۆشده‌وێ.
- با، بۆ نا؟
- خۆ له وانه‌یه هه‌ر نه‌شزانێ من هه‌م.
- جا هه‌ر له بۆیه گوتنی پێویسته.
- هیچ سه‌یری سه‌روسه‌کوتی منت کردوه؟ وه‌ک بنیاده‌م نه‌بێ وه‌ک هه‌موو شتێک ده‌چم.
- به پێچه‌وانه، من پێموایه تۆ زۆر قۆزی.
ئه‌م قسه‌یه‌ی داده سـوورێ ده‌مه‌ته‌قه‌که‌مانی بۆ ده‌مێک وه‌ستاند. بیستنی ئه‌م قسه‌یه‌م هێنده پێخۆش بوو که مچۆرکێکم پێداهات و نه‌مده‌زانی چۆنی وەڵام بده‌مه‌وه.
- داده سـوورێ من حه‌ز ناکه‌م پێگی ته‌نیا گیرۆده‌ی باڵا و ڕواڵه‌ت و ڕوومای من بێت.
- خۆت به‌رانبه‌ر به ئه‌و چ هه‌ستێکت هه‌یه؟
- من حه‌ز ده‌که‌م ئه‌و له هه‌مبه‌ر جندۆکه‌کاندا بپارێزم.
- چۆن؟ بۆ لێره جندۆکه هه‌یه؟
- به‌ڵێ، هه‌موو شه‌وێ له خه‌و به‌خه‌به‌رمان دێنن، که لێشمان هه‌ڵده‌قورینجێنن زۆر به ئێشه و لێشیان ده‌ترسێن، چو‌نکه نابیند‌رێن. ئیتر خه‌و له چاومان ده‌زڕێ.
- زۆر جار له ده‌ست جندۆکان وه‌ئامان دێی؟
- نا، خۆم نا، من قورس دەخەوم. بەڵام هێندێک شەوان گوێم لێیە کە پێگی بلۆ دەقیژێنی. پڕ بە دڵ حەزم دەکرد ئەوم پاڕاستبایە.
- دەی بچۆ لای و پێی بڵێ
- بەڵام ناتوانم تەنانەت ئەگەر بشخوازم. چونکە بە پێی یاسای ئێرە شەوانە بۆمان نییە لە ژوورەکانمان دەربچین.
- بەڵام دڵنیام، جندۆکەکان شارەزای یاساکانی ئێرە نین. هێندێک زیت و وریا بە! ئەگەر جندۆکەکان ببیستن بە پێگی بلۆ بڵێی پارێزگاری لێدەکەی و ئێشکچێ دەبی، ئیتر ئەمشەو نا‌وێرن بێن.
- ئا ….. تۆ بڵێی…
- ئۆسکار ئێستا چەند ساڵی؟
- نازانم، کاتژمێر چەندە؟
- کاتژمێر دەیە، بە زوویی دەبی بە پانزدە ساڵ، بەرخی بابم کاتی ئەمە هاتووە بوێربی و هەستەکانی خۆت نیشان‌بدەی؟
کاتژمێر دە و نیو قەراری خۆم دا و بەرەو ژوورەکەی پێگی کەوتمە ڕێ. دەرگای ژوورەکەی لەسەر پشت بوو. گوتم:
ئەم کاتە باش پێگی! منم ئۆسکار.
لەسەر جێگەکەی پاڵکەوتبوو. وەک بەفرین کە چاوەڕوانی شازادەیە، بەڵام خڕناڵە گەمژەکان لایان وایە ئەو مردووە. وەک بەفرین، بەڵام ئەم‌جارەیان سپی نا، بەڵکوو شین دەنوێنێ.
ئاوڕێکی لێدامەوە، نەمزانی بە شازادەم دەشـوبێنێ یان خڕناڵ. من لە جیاتی ئەو بوایەم؛ خۆم، ئەم سەرهێلکەیەم هەر بە خڕناڵ دەشـوباند. بەڵام ئەو چی نەگوت و ئەوەش لە تایبەتمەندییەکانی پێگی‌یە کە قەت هیچ ناڵێت و نەگوتراوەکان وەک ڕاز دەمێننەوە.
گوتم، هاتووم پێت بڵێم ئەگەر بخوازی ئەمشەو و هەموو ئەو شەوانەی دیکە کە دادێن ئێشکچی بەر دەرگات دەبم و لە جندۆکەکان دەتپاڕێزم.
سەیرێکی کردم و چاوێکی لێداگرتم. دەتگوت فیلمە و بە دەوری هێواش نیشان دەدرێ، هەناسە کیشان خۆشتر و سـووکتر ببوو. بێدەنگی لە جاران بێدەنگ‌تر، دەتگوت لە سەر هەوران دەڕۆم. کاتێک لە تەختی خەوەکەی کە بە نوورێکی نادیار رووناک ببۆوە، نزیک بوومەوە، لە ناکاو گوێم لە دەنگێکی گڕ بوو؛
- سەرهێلکە بوەستە! ئەوە منم ئێشکچی پێگی، نەک تۆ.
بە بیبینی جەستەی گەورەی گیپن کە شیپانەی دەرگای پڕ کردبوو، لەرزیم. ڕاستی دەکرد، بە دەگمەن خیو یان جندۆکەیەک دەیتوانی لەم جەستە زەبڵاحە نزیک ببێتەوە.
گیپن چاوێکی لە پێگی داگرت و گوتی: مەگەر وانیە پێگی؟ ئێمە دوستین، من و تۆ؟
پێگی سەیری میچی ژوورەکەی کرد و گیپنیش ئەمەی بە وەڵامی ئەرێنی وەرگرت و منی لە ژوورەکە کردە دەرەوە و گوتی:
- دۆستە کچت دەوێ بچۆ بۆ لای ساندرینا، پێگی گیراوەتەوە.
- کێ ئەم مافەی داوە بە تۆ؟
- من پێش تۆ بووم. ئەگەریش ناقایلی با بە زۆرانی و لێدان دیاری بکەین.
- نا پێویست ناکات، قایلم.
هەستم بە هیلاکی دەکرد، چوومە ژووری یاری. پێتوایە کێی لێ‌بوو، ساندرینا! ساندریناش وەک من سەرەتانی هەیە بەڵام دا‌و و دەرمانەکان بۆ ئەو یارمەتیدەر بوون. لێرە پێی دەلێین “کچە چینی” چونکە بەو قژکلاوە ڕەشەی سەری کە و‌ا ڕێک هاتۆتە خوارێ و بەم دوو گلە موویەی ناوچاوانی، وەک کچی چینی دەچێت.
سەیرێکی من کرد و پۆرگی بنێشتی ناو دەمی تەقاند و گوتی:
- ئەگەر حەزت لێیە دەتوانی ماچم بکەی.
- بۆ لە بەرچی؟ بنێشتی ناودەمت باشارت ناکات؟
تێم‌ڕاخوڕی و گوتی:
- دڵنیام ناتوانی، هیچ وپوچ. دڵنیام کە قەت کچێکت ماچ نەکردووە.
- ئۆی، وەختە دڵم لە خۆ بێتەوە، دڵنیا بە نەک جارێک بەڵکوو زۆر جارم کردووە، من پازدە ساڵم.
بە سەر سـوورماوییەوە پرسی:
- ئەتۆ و پازدە ساڵ!؟
سەیرێکی سەعاتەکەم کرد و گوتم :
- بـــــەڵــــــــــــــــــێ پازدە و برێکیش.
- بەردەوام ئەمە یەکێک لە خەونەکانم بووە کە کوڕێکی پانزدە ساڵە ماچم بکات.
- بەڵــــێ، کەم ئیشتیاش نی.
کە من وامگوت، لێو و لیچێکی ناشیرینی لێ بادام. لێوەکانی کردە خونچە وەک ئەوانەی بە جامی پەنجەرەیەوەی دەنێن. زانیم کە چاوەڕوانە ماچی بکەم.
لێێ چوومە پێش و ماچم کرد کە چی وەک چەقە پێمەوە نووسا و بەری نەدەدام و لە دەستانی ڕزگاریم نەدەهات. دەم و لووتم تەڕ ببوو و لە ناکاو بێ ئەوەی بە خۆم بزانم بنیشتەکەی دەمی خۆی، هاویشتە ناو دەمم، منیش حەپەسام و یەکڕاست قووتم دا. ئیدی لە دین دەهری بووم.
هەر لەو دەمەدا یەکێک دەستی خستە سەرشانم. بێ‌بەختی هیچکات بە تەنیا نایەت و دەستە خوشكیشی بە دواوەیە. دایک و باوکم!
هەر لە بیرم کردبوو کە ئەمڕۆ یەکشەممەیە.
- ئۆسکار! حەز ناکەی دۆستە کچەکەتمان پێبناسێنی؟
- ئەوە دۆستە کچی من نیە.
- با واش نەبێ. ناتوانی بیناسێنی؟
- ساندرینا، دایک و باوکم، ساندرینا.
ساندرینا وەک نە بای هاتبێ و نە بۆران زۆر ژیرانە گوتی:
زۆر شادم بە ناسینتان.
لە کاتێکدا من وەختە لە داخانی شەق بەرم، کرابایە دەستم لە تینتینۆکەی دەنا. پرسییان حەز دەکەی ساندریناش دەگەڵمان بێ بۆ ژوورەکەت؟
گوتم: نەخێر ساندرینا لێرە دمێنێتەوە. کاتێک گەڕاینەوە بۆ ژوورەکەی خۆم هەستم بە تۆزکاڵێ هیلاکی دەکرد، هیچ حەزیشم لێ‌نەبوو قسەیان دەگەڵدا بکەم، بۆیە سەرخەوێکم شکاند.
کە بەخەبەر هاتم ئەم‌جارەش وەک هەمیشە دایک و باوکم دیاری‌یان پێدام. لەو کاتەوە هاتوومەتە نەخۆشخانە دایک و باوکم ئیتر بەسانایی قسان ناکەن بەڵکوو بە هێنانی دیاری و خوێندنەوەی ڕێ‌وشـوێنی یاریکردن بە دیارییەکان پاش‌نیوەڕۆ تاقەت‌پروکێنەکانی یەکشەممان دەبەینە سەر. باوکم و‌ا سەر دەباتە ناو خوێندنەوەی پسـوولەی یارییەکان تەنانەت ئەگەر بە زمانی تورکی و یان مەغوولیش بێت. بەم چەشنە لە بە فیڕۆدانی پاش‌نیوەڕۆیانی ڕۆژانی یەکشەممە بە یەکەم دەرچووە.
ئەمڕۆ دەگەڵ خۆی جیهازێکی گوێگرتنی سی‌دی بۆ هێنابووم. هیچ دژایەتییەکەم لەگەڵ ئەمەیان دەرنەبڕی ئەگەر چی بە تەما بووم.
پرسیم:
- دۆینێ لێرە بوون؟
- دۆینێ؟ نـا، چۆن؟ ئێمە تەنیا ڕۆژانی یەکشەممە دەتوانین بێین. بۆ دەپرسی؟
- کەسێک سەیارەکەی ئێوەی لە بەردەم نەخۆشخانە بینی بوو.
- سەیارەی جیبی وەک هی ئێمە زۆرە، خەڵک وەخت و بێ وەخت سەیارە دەگۆڕن.
- ئــم، حەیف گۆڕینی دایک و باوک و‌ا بەسانایی نێ.
بەم قسەیە مڕتەقم لێ‌بڕین و پاشان سێ‌دییەکەم خستە سەر و بێ پشـوودان، لە بەر دەەمیاندا دوو جاران لە سەر یەک گوێم بۆ”گوێزشکێن” ڕاگرت. با بیچێژن، گۆڕی گیانیان بێت.
- حەزت لە چیرۆکی” گوێزشکێن” هەیە؟
- بەڵێ، ماندووم.
تێگەیشتن کە باشتر وایە بڕۆن. لە ڕواڵەتیان ڕا دیار بوو دڵەڕاوکێیانە و نیگەرانن. نەیاندەتوانی بڕیار بدەن. هەستم کرد دەیانهەوی شتێک بڵێن، بەڵام ناتوانن. گۆڕی گیانیان بێت با بیچێژن.
پاشان دایکم لە ئامێزی گرتم و توند توند بە خۆیەوە گوشیم و بە دەنگێکی تێکەڵ بەگریان گوتی:
خۆشم دەوێی ئۆسکاری بچکۆلە، زۆر زۆرم خۆشدەوێی.
لە سەرەتا دا بە تەما بووم نەهێڵم لە ئامێزم بگرێ، بەڵام لە ئاخر چرکەدا خۆم بۆ شل کرد و لێی‌گەڕام لە باوەشم بگرێ. ئەم باوەشە سەردەمایەکی وەبیر هێنامەوە کە بێ دڵەڕاوکێ لە باوەشی دەگرتم و بە بێ‌شڵەژان پێی‌دەگوتم: خۆشم دەوێی.
لام وایە لە ئامێزیدا خەوم لێکەوتبوو.
بەڕاستی دادە سـووڕێ باش دەزانێ کەی دەبێ لەژوور سەرم بێ. هەموو کات کە لە خەو هەڵدەستم و چاو دەکەمەوە، ئەو بە پێکەنینەوە لە بن سەرمە.
- دایک و باوکت چۆن بوون؟
- وەک هەمیشە بێ‌کەڵک. هەرچەند “گوێزشکێن”یان بۆ هێنابووم.
- گوێزشکێن؟ سەیرە. من دەستەخوشکێکم بەم ناوە هەبوو. زۆرانکارێکی بلیمەت. کە ملی حەریفی کەوتبایە نێو ڕانەکانی کرتەی لێدەهێنا. دەی دەگەڵ پێگی بلۆ قسەت کرد؟
- هەر باسی مەکە. ئەو دەزگیرانی گیپنە.
- بۆخۆی پێی گوتی.
- نا بەڵام گیپن.
- ئەی لەو ساختەچییە!
- نا و‌ا نییە. پێگی ئەوی لە من خۆشتر دەوێ. ئەو لەمن بە هێزترە و لەمن باشتر دەبێت.
- هەی لەو ساختە چییە، بڕوام پێ‌بکە! منیش وردیلە بووم، لە چاو ئەو زلە زلانەی کە دەتگوت فیلن، وەک مشکێک وابووم. تۆ تەنیا بیر لەو ئیرلەندییە بکەوە کە بە زگی‌برسی و بە تای دەرپێیەکەوە سەت‌وپەنجا کیلۆی کێش بوو. هەر لاسمتێکی بە قەت ڕانی من دەبوو. ڕانیش چ ڕان، دەستی منییان لێ نەدەگەیشتەوە. بڕوات بێ کەمەری نەبوو دەستت لێی گیربێت.
- دەی ئەدی چیت کرد؟
- هیچ، شتێک دەستی لێی‌گیر نەبێ خڕە و کە خڕیش بوو، باش دەخوڵێتەوە، لێگرام ماوەیەکی چاک لە گۆڕەپانەکەدا بە دوام‌دا ڕابکات، بێ ئەوەی خۆ بە دەستەوە بدەم. کە باش هیلاک بوو زۆر بەسانایی خستمە سەرپشت. کە کەوت ئیتر هەستانەوەی نەبوو مەگەر بە. جەرسەقیل.
- ئۆسکارە بچکۆلانەکەم ڕاستە وردیلەی و ماسـولکەکانت و‌ا بەرچاو نین. بەڵام خۆ ئەوە تەنیا ئێسقان و ماسـولکە نییە کە دڵی جوانێک دەبات، دڵیشی دەوێ. ئەویش ئەتۆ دلێکی گەورەت هەیە.
- مـــــن؟
- بچۆ بۆ لای پێگی و چیت لە دڵ دایە پێی بڵێ.
- تۆزێک هیلاکم.
- هیلاک؟ تەمەنت چەندە ئێستا؟ هەژدە.
- هەژدە ساڵەیەک هیلاکی نازانێ.
دادەسـوورێ دەزانێ چ بلێت تا وزە و ورە وەبەر یەکێک بنێ. شەو داهاتبوو و دەنگەکان لە تاریکیدا بەرزتر بوون، تریفەی مانگە‌شەو کە پەنجەرەکانەوە دەخزایە ژوورێ و لە بەردە مەڕمەڕەکانی داڵانەکەی دەدا، هەڵدەگەراوە و وڵاتی ڕووناک دەکرد.
چوومە ژوورەکەی پێگی دەستم ڕاداشت و گوتم هانێ دەتوانی گوێ لە ســـــــــی‌دی” سەمای کلو بەفرەکان” بگری. ئەوندە خۆش و جوانە کە من گوێی بۆ دەگرم، بیر لە تۆ دەکەمەوە.
پێگی گوێی بۆ ئەم پارچە مۆسیقایە ڕاگرت. پێدەکەنی وەک بڵێی سەمای “واڵسە”، و وەک کۆنە هەواڵێک، بیرەوەرییە خۆشەکانی بە گوێدا دەچرپێنێ.
سی دی کەی دامەوە و گوتی:
ئای کە خۆش و دڵگیر بوو.
ئەمانە یەکەم وشەکانی ئەو بوون. وەک یەکەم وشە خراپ نییە. مەگەر نا؟
گوتم:
پێگی بلۆ! حەزدەکەم پێت بڵێم پێم‌خۆش نییە نەشتەرگەریت بۆ بکرێ. تۆ هەروا کە هەی جوانی. ڕە‌نگی شینیت زۆر لێ‌دەکاڵێتەوە.
بە ڕوونی دیار بوو کە بە قسەکانم کەیف خۆش بوو. دیارە من دەگەڵی سەرڕاست بووم لە خۆمەوە وام نەدەگوت. ئەمەش هۆی سەرەکی دڵخۆشی ئەو بوو.
- ئـۆسکار حەز دەکەم تۆ لە هەمبەر خیوەکاندا بمپارێزی.
- گوتم : ئەرخەیان بە.
ئای کە چەند شاناز بوو، شاییم لە دڵدا دەگەڕا. هەست بە براوەیی، سەرکەوتن و بە ئامانج گەیشتن، سەرمەستی کردم.
لە ناکاو گوتی: ماچێکم بدەیە
ئەم ماچ‌ومووچە بۆ کچان پرسێکی گرینگە و وەک پێداویستێک سەیری دەکەن. بەڵام بە پێچەوانەی کچە چینی، پێگی ئاڵۆز نییە. بەئەسپایی گۆنای هێنایە پێشێ. ماڵم خراپ نابێ ئەگەر بڵێم؛ کە ماچم کرد هەستم بە گەرمایەکی خۆش کرد.
- شەوخۆش پێگی!
- شەوخۆش ئۆسکار!
ها خوایە، ئەوە بەسەرهاتی ئەوڕۆی من بوو. دەشزانم هەرەتی لاوەتی بە سەردەمی بێعاری ناوبانگی کردووە. سەردەمێکی چەتوون و سەختە. بەڵام هەر ئەوندەی دەوامە تا دەبیتە بیست ساڵ.
ئەمەش داخوازی ئەمڕۆ، من دەخوازم دەگەڵ پێگی ژیانی هاوبەش پێک بێنم. ناشزانم ئەم شـووکردن و ژن‌هێنانە هیچ پەیوەندییەکی بە کاروباری ئێوەوە هەیە یان نا، دەتوانێ مرۆڤ داوای لەم چەشنەش واتە ژن و ژنخوازی لە ئێوە بکات؟ ئەگەر ئەم چەشنە داخوازیانەتان پێ جێبەجێ ناکرێ و لە هەگبەتان دا نییە خێرا وەڵامم بدەوە تا داواکەم بۆ کەسی خۆی بنێرم.
ناخوازم پەلەت لێ‌بکەم و تووشی دڵەڕاوکێت بکەم. بەڵام منێش کاتێکی زۆرم نییە.
واتە زەماوەندی پێگی و ئۆسکار ئا یان نا؟ بزانە ئەگەر بۆت جێ بەجێ بێ زۆر باش دەبێت.
تا بەیانی ماڵاوا، لە ئامێزت دەگرم
ئۆسکار
ئەرێ ئادرەسەکەت چ بوو؟
سەلام خوایە!
و‌ا بەم چەشنە ئەمڕۆ ٢١ی مانگی دیسامبرە. ئەوە و‌ا خەریکە لە سی ساڵە‌یی نزیک دەبمەوە و زەماوەندیشم کردووە. سەبارەت بە منداڵیش پێگی و من بڕیارمان داوە جارێ دەست ڕاگرین. وای بۆ دەچم جارێ پێگی ئامادەیی نەبێ. ئەمشەو ڕوویدا.
شەو کاتژمێر یەک بوو گوێم لە دەنگی گریانی پێگی بوو هەستام لە سەر جێگەکەم دانیشتم . جندۆکەکان هاتبوون ئازاری پێگی بلۆیان دەدا، ئەمە لە کاتێکدا کە بەڵێن وایە من بیپارێزم. بە دڵنیایەوە ئێستا پێگی دەڵێ چەند کوڕێکی بێ‌بڵێنم و تازە قەت نامدوێنێ. ناحەقیشی نییە.
لە جێگەکەم هاتمە دەرێ و بەرەو دەنگەکە چووم. کاتێک چوومە ناو ژوورەکەی پێگی بینیم و‌ا لەسەر جێ‌خەوەکەی دانیشتووە و بە سەرسـوورماوییەوە سەیرم دەکات. دەبێ منیش حەپەسا بووبم چونکە لە ناکاو پێگی شێنم بینی بە دەمی بەستراوەوە لەمن وڕما بوو کە چی من ئێستاش دەنگی قیژەم هەر دەبیست.
بەردەوام بووم تا دەرگای ژووری پەناشی رۆیشتم تا ئینجا زانیم کە ئەوە چزیلکە لە بەر ژانی برین و سـووتاوەکانی دەناڵێنێ. کە ئەمەم بینی بۆ چرکەیەک شەرمم لە کردەوەی خۆم کرد. ئەو کاتەی کە و‌ا ئاگرم بەردەدایە ماڵەوە و سەگ و پشیلە. تەنانەت ماسییەکانیش برژان و یان لە ئاوەکەدا کوڵان. تێگەیشتم دەبێ چ ئازارێکیان چێشت بێ. بە ڵانێکیشدا دەڵێم باش بوو کە تووشی ئێرە نەبوون. ئەگینا لێرە ئەوانیش بەردەوام ئەم ئازارەی کە چزیلک دەیچێژێ، دەیانچێشت.
چزیلک خۆی گڕمۆڵە کرد و بێدەنگ بوو و منیش گەڕامەوە ژوورەکەی پێگی بلۆ.
- کە واتە ئەوە تۆ نەبووی؟ من ئەو ماوەیە هەر پێم وابوو کە تۆی شەوانە و‌ا دەنگ و هاوارت دێت.
- منیش پێم وابوو تۆی.
لە ڕاستیدا ئێمە نەماندەزانی چی ڕوویداوە و چمان گوتووە، بەڵام یەک شت ڕوونە کە ئێمە ماوەیەکە بە بێدەنگی و لە ناخی خۆماندا بیرمان لە یەکتر کردۆتەوە.
پێگی بلۆ ئەوەندەی تریش شین هەڵگەڕا. ئەوەش نیشانەی شەرمی تایبەتی کچانەیە.
- چۆنت قەرار داوە و بە تەمای چی ئۆسکار؟
- چۆنت قەرار داوە و بە تەمای چی پێگی؟
بە ڕاستی سەیرە کە هێندە خاڵی هاوبەشمان هەیە. بۆچوونی وەکوو یەک، پرسیاری وەکوو یەک. ڕووی تێ‌کردم و گوتی:
پێتخۆشە لە تەختەکەم و لە تەنیشتم دا بخەوی؟
کچ بە ڕاستی شێــتـــۆکەن. ئەوە من بوایەم بۆ پرسیارێکی لەم چەشنە چەند کاتژمێر، وەللا بگرە ڕۆژ و هەفتە لەخۆم دەنووسام، دەمهێنا و دەمبرد، ئینجا ئەگەر وێرابام پرسیارم کردبا. کە چی ئەو هێند بە ساکار و سانایی پرسیاری کرد وەک بڵێی پرسیارەکەی هەڵگری هیچ شتێکی سەیر و سەمەرە نەبێ.
گوتم: باشە، چوومە سەر تەختەکەی. جێگەمان هێندێک بەرتەنگ بوو، دەنا شەوی و‌ا خۆش نابێتەوە. بۆن و بەرامەی پێگی زۆر خۆشە. باوەشی نەرمی پێگی شـوێنی وچاندان و حەسانەوەیەکی لەبن نەهاتوویە. نەرم و نۆڵییەک، کە ئیتر من دەمێکە لە لەشی ڕەق‌هەڵاتوو و ئیسقانیی خۆمدا بەدی ناکەم. دەمێکی باش نووستین. خەونێکی زورمان بینی، لە باوەشی یەکتردا گەلێکمان باس و خواس کرد. گەلێکمان سەربردەی خۆمان گێڕایەوە.
سەر لە بەیانی کە “مادام گۆمەتێ” سەرپەرستاری بەش، ئێمەی بە یەکەوە دیت، کردی بە فەرتەنە و گوڕاندن بەسەر پەرستاری کێشکی شەودا. دەمێکی باش بە سەریەکدا گوڕاندیان و هاواریان کرد، پاشان ڕوویان کردە پێگی و ئینجا لە من. دەرگاکانیان بە یەکدا دەدا و وەک ژەنگەسـوورە ویزە و هاژوهوژیان دەهات، ژانیان کردبوو. هی دیکەیان دەهێنا و لە سەر ئێمە بە شاهیدیان دەگرتن و پێیان دەگوتین بێچووە نەگبەت، لەکاتێکدا ئێمە زۆر هەستمان بە بەختەەوەری دەکرد. باش بوو دادەسـوورێ هات؛ بە هاتنی ئەو ئاوێکی سارد بە ئاورەکەدا کرا و بە دەنگێکی بەرز گوتی:
جا ئیدی بەسە لە سەری مەڕۆن و دەست لەو مناڵانە هەڵگرن! ئێستا بۆ ئەرکی خۆتان لەبیرکردووە، لەباتی ئاگاتان لە نەخۆشەکان بێ بوونە چاوەدێر و پارێزەری بەندەکانی یاسای نەخۆشخانە. بەو پەڕی ڕێزمەوە سەگ دەڕێنمە ئەو داب و شـوێنە و هەی بەزیاد نەبن. دەتانهەوێ چاوی یەکتر دەربێنن؟ فەرموون بڕۆن شـوێنێکی‌تر بدۆزنەوە، ئیرە جێی نییە. بڕۆن لە شـوێنێکی دیکە بیخەن!
کەس نەیتوانی قسە لە قسەی دادەسـوورێ‌دا بکات. وەک هەمیشە ڕاستییەکان هەر لە لای ئەون. دادەسـوورێ دەگەڵ من هاتەوە ژوورەکەم و سەرخەوێکم شکاند.
کە لە خەو هەڵستام بە یەکەوە کەوتینە دوان.
- ئەرێ ئۆسکار نێوانی تۆ و پێگی هەر گاڵتەیە یان شتێک لە گۆڕێ دایە؟
- گاڵتەی چی، من زۆر بەختەوەرم. ئێمە ئەمشەو ژیانی هاوبەشمان دەستپێکرد.
- ژیانی هاوبەش، یانی ژیانی ژن و مێردایەتی؟
- بەڵێ. ئێمە هەر چی ژن و مێردێکی لێک مارەکراو بەیەکەوە دەیکەن کردمان.
- ئاوا؟
- ئەرێ، بۆ؟ ئەگەر ڕاستت بوێ ئێستا ئەمن؛ سەعات چەندە؟ سەرەوەی بیست ساڵم، خۆم بۆم هەیە بڕیار بدەم چۆن بژیم. وانییە؟
- بێ ئەملاو ئەولا
پێت سەیر دەبێ ئەگەر بلێم ئێستا وەکو چەند ساڵ لەمەوبەر ئیتر بێزم لە ماچ‌وموچ و ئامێزگرتن نابێتەوە و پێمخۆشە. سەیرە مرۆڤ چۆن دەگۆڕێ!
- ئۆسکار بزانە کە بە شادییەکانتەوە شادم. سەر هەڵدان و گەورەبوونت ڕەوتی خۆی دەپێوێ.
- بەڵام شتێکمان نەکرد و زمانمان لە دەمی یەکتر نەنا. پێگی بلۆ دەترسا کە ئەگەر زمانی لە دەمی بنێم مناڵی وە زگی بکەوێ. ئەتۆش پێتوایە؟
- پێموایە ڕاست دەکات.
- چی؟ یانی ئەگەر مرۆڤ دەم بەدەمی یەکەوە بنێ مناڵ دروست دەبێ. کە واتە من دەگەل کچە چینی مناڵم دەبی.
- هێدی بە ئۆسکار! مەترسییەکە زۆر کەمە، زۆر بچووکە.
دادەسـوورێ هێندی بڕوا بە خۆ و دڵقایم بوو، منیشی هێور کردەوە. بەڵام چیت لێوەشارم، لە لای تۆ دەی درکێنم. بەس لە لای تۆ. من و پێگی جارێک زمانمان وێککەوت، یان دوو سێ جار، ڕاستی نازانم بەڵکوو چەند جار.
دەمێک نووستم، پاشان دەگەڵ دادەسـوورێ نانی نیوەڕۆمان خوارد، هەستم کرد باشترم.
- سەیرە، سەر لە بەیانی بە ڕاستی هیلاک و بێتاقەت بووم.
- ئاساییە، تەمەنی نێوان بیست و بیست‌وپێنج ساڵە‌یی تەمەنی شەوزیندەدارانە، دەم، دەمی جێژن و شەوگەردییە، مرۆڤ نە گوێی بە خەو دەبزوێ و نە ماندویی دەناسێ. کە چی ئەمەش پێی‌دەوێ و دانەوەی هەیە. دەڵێی چی بچین سەڕێکی خودا بدەین؟
- هەی نەبێ ئادرەسەکەیت پەیدا کردووە؟
- لام وایە ئەو لە کلیسایە.
دادەسـوورێ وای پێچاومەوە وەک بڵێی سەفەری یەک لە جەمسەرەکانی دونیایە بکەین. هەڵی‌گرتم و بردمی بۆ کلیساکە کە لە بنەبانی پارکی نەخۆشخانە، لەو دیوی چیمەنەکەی کە زوقم دایپۆشی بوو، هەڵکەوتووە. با من بۆت باس نەکەم، بێ‌ڕێزی دەبێ، هەرچی بێ باسی ئادرەسی تۆیە.
گەلێک شڵەژام. شڵەژام کە پەیکەری تۆم بینی. ئەو وەزعەی تۆی تێدا بووی، ڕووت و قووت هەڵواسراو، سیسەڵە و بێ‌گیان، لەخاچدراو، دڕکاوی، خوێناوی و بریندار. لارەمل، سەری خۆت بۆ ڕاندەگیرا. بیرم لە خۆم کردەوە. زۆر تووڕە بووم . ئەگەر من خوا بوایەم وەک تۆ هەی، بۆ چرکە ساتێکیش ئەم نالەبارییەم قەبوول نەدەکرد و کۆتاییم پێ‌دێنا.
- دادەسـوورێ، قسەی خۆمان بێ، تۆی زۆرانبازی ناوبەدەرەوە و براوەی تێکڕای ئەو هەموو میداڵانە، چۆن هیوا و هومێدی خوت بە مەوە بەستۆتەوە؟
- بۆ نا ئۆسکار؟ ئەگەر ئیستا خودا، یەکی ورگن، مەچەک بابۆڵە، لەش‌چەور، قژکورت یان پرچ هۆنراوە وەک پالەوانان بوایە، زۆرترت باوەڕ پێدەکرد؟
- هـــــــــــــــــــــــــــ…..م …
- ئۆسکار بیر بکەوە، لە کێ زۆرتر هەست بە نزیکی دەکەی؟ خوایەک کە هەست ناکا و نازانێ ئازار چییە یان خوایەک کە هەست بە ئازار دەکات؟
- دیارە، ئەوەی هەست بە ئازار دەکات. بەڵام ئەگەر من خوا بوایەم و ئەو توانا و دەسەڵاتەی ئەوم هەبوایە، لەو مەینەت و ئازارەدا نەدەمامەوە.
- هیچ کەس ناتوانێ خۆ لە ئازار ببوێرێ. نە خوا، نە تۆ، نە دایک و باوکت و نە من.
- باشە بۆ دەبێ ئازار بچێژین؟
- ڕاست چاوەڕوانی ئەم پرسیارەم دەکرد. ئازار هەیە تا ئازار. بڕوانە، سەیری دەموچاوی بکە! لێی ورد بەوە! باش بڕوانە پێتوایە هەست بە ئازار دەکات؟
- نا، زۆر سەیرە. وێناچێ هەست بە ژان بکات.
- ڕاست وایە. دوو جۆر ئازار هەیە ئۆسکاری من. ئازارێک هی لەش و ئازارێک هی دەروون و ناخە؛ ئازاری لەش دەبێ لەگەڵی ڕابێی و تاقەت بێنی. ئازاری دەروون خۆت هەڵی‌دەبژێری.
- ئێستا تێناگەم.
- ئەگەر دەست و پێت بە مێخ بکێشن، چارێکت نییە جگە لەوەی هەست بە ئازار و ژان بکەی. دەبێ خۆڕاگر بی، بەڵام بە پێچەوانە هیچ مەجبوور نی بۆ بیری مردن و لەبەر مردن ئازارت هەبێ. خۆ تۆ نازانی چۆنە و چی دەبێ. واتە بڕیارەکە بەخۆتە.
- کەس دەناسی، بیری مردنی، دڵخۆشی بکات؟
- بەڵێ، دەناسم. دایکم وابوو. لە سەرەمەرگێ‌دا بزەی لە سەر لێوان لانەچوو. تەواوێک بێتاقەت بوو، پەلەی بوو و دەیویست بزانێ لەو دیو چی ڕوودەدات.
نەمدەتوانی هیچ بڵێم چونکە حەزم دەکرد درێژەی گێڕانەوەکەم گوێ لێ‌بێ. دەمێک بیرم لە قسەکانی کردەوە. دادەسـوورێ بەردەوام بوو:
- بەڵام زۆربەی خەڵک مووقەڵێش نین و بیری لێ‌ناکەنەوە. زۆر بە قایم ئەوەی هەیانە گرتوویانە و بەری نادەن، وەک قڕنوو کە ئەو جێگەیەی گرتوویەتی بەری‌نادا. با نموونەیەکت بۆ بێنمەوە “گونتک”، ئیرلەندێکی حەریفم بوو کە کێشی بە تاقە بن‌دەرپێ‌یەکەوە و زگی بەتاڵ سەد و پەنجا کیلو بوو و پلەی قورسترین زورانی‌گری ژنی جیهانی وەدەست هێنابوو. سەر و بنی قسانی هەر ئەوە بوو، وەڵا ئامادە نیم بۆ مردن. نەخێر وەلا من تەسلیمی نابم. نەخێر ئامادە نیم. بەڵام ئەو لە هەڵەدا بوو. ژیانی ئەبەدی بۆ کەس نەبووە هەتا ئەویش یەک بێ لەوان. بەڵام “گونتک” ملی نەدەدا و نەیدەویست ئەم ڕاستییە بسەلمـێنێ کە ئەویش دەبێ ئەم ڕێگایە بپێوێ. ئاخری تێکچوو، شێت بوو. ئەوەی لێی مایەوە سی‌وپێنج کیلۆ بوو. ئێسک و پێست، ماسییە پانکەیەکی پنۆک پنۆکی سـوور. دەبینی ئەویش مرد، وەکو هەموو کەسی تر. بەڵام ترسی لەمردن ژیانی لێکردە تاعوون و ژەهری مار. یانی لە ترسی مردن نەژیا.
- دادەسـوورێ،”گونتک” خەرفاو بوو؟
- هەر خەرفاو تەواو نییە. لەتامی بردبووە دەر.
سەرێکم بۆ لەقاند، چونکە بە ڕاست ترسی گونتک لە ڕادە بەدەر وێدەچوو.
دادەسـوورێ بەردەوام بوو و گوتی: خەڵک بۆیە لەمردن دەترسن چونکە شتێک لە مردن نازانن و بۆیان نامۆیە. بەڵام ئەو نەناسراو و نامۆییە چییە؟
- ئۆسکار من پێشنیار دەکەم تۆ نەترسی بەڵكوو هیوات هەبێ. لە سەرئەم خاچە، سەیری دەموچاوی خوا بکە، ژانی لەشی هێناوەتە بەر بار و خۆڕاگرە کە چی لە دەروونیدا هەست بە هیچ ئازارێک نییە و هەناوی پڕە لە هیوا و ئومێد. هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوە کە هەست بە ئازاری بزمارەکان نەکات. ئاستی بەرزیی هیوا و ئومێد، ژانی لەش دەهێنێتە بەر ڕکێف. کە هیوات هەبوو خۆشت خۆت ناترسێنی و ئازاری خۆت نادەی. ئەم جیاوازییە، لە بوون و نەبوونی هیوا دا دەردەکەوێ. حەزم دەکرد نیشانت بدەم.
- باشە دادەسـوورێ هەرکات ترسام زەخت لە خۆم دەکەم کە بێ هیوا نەبم.
دادەسـوورێ ماچێکی کردم. ئێمە بە یەکەوە تۆشمان دەگەڵ لەم دێرکە چۆلەدا دەمەساتێکی خۆشمان هەبوو. قسەی خۆمان بێ خوا! دەزانی زۆر بێخەم دەهاتییە بەرچاو.
کە گەڕاینەوە دەمێکی باش خەوتم. هەر دێ هیلاک و هیلاک‌تر دەبم. ئێستا ئیتر وانییە کە تێرخەو ببم. کە بەخەبەر هاتم بە دادەسـوورێم گوت:
- لە ڕاستیدا من لە شتێک کە نایناسم ترس و خۆفم نییە، بەڵام حەز ناکەم ئەو شتانەی حەزم لێیانە و دەیانناسم لە کیسیان بدەم.
- منیش هەروام، ئۆسکار. لە پێگی بلۆ بپرسین بزانین حەز دەکات چاییمان لەگەڵ بخواتەوە؟
پێگی بلۆ چای لەگەڵ خواردینەوە، پێگی و دادەسـوورێ باش بەیەکەوە رێکدەکەون. دادەسـوورێ بەسەرهاتی زۆرانبازی سێ جمکە خۆشکانی بۆ گێڕاینەوە، گەلێک پێکەنین.
سێ خوشک کە بە دزی حەریفەوە جێ‌گۆڕکێیان دەکرد. یەکەمیان دەهاتە ناو مەیدانی زۆرانبازی. دوای هەر پشـوویەک بە بیانووی میزکردن دەچووە دەرەوە ئینجا پاش دمێک بە ڕواڵەت دەگەڕایەوە، کە چی ئەمە خوشکی دووهەم بوو بە حەساوەیی دەهات. لایەنی بەرانبەریش هەر لای وابوو هەر زۆرانبازی پێشـوویە. بەم چەشنە ئەم سێ‌خۆشکە گزەیان دەکرد و بەردەوام جێ‌گۆڕکێیان دەکرد. هەموو لایەک سەریان سـووڕ دەما کە چۆنە ئەم زۆرانبازە سەرەرای چەند خول زۆرانکاری هەر تۆزکاڵێکیش چییە هیلاک نابێ. تۆمەز کەس بە فیڵی ئەم سێ جمکەی نەدەزانی .
دادەسـوورێ پێی‌زانی و ئاشکرای کرد. دوو لە خوشکەکانی لە ئاودەستاندا کردە بەندەوە و کلیلەکەشی لە پەنجەرەوە فڕێ دایە دەرێ. پاشان چوو بۆ سەر دۆشەگ و خوشکی سێهەمی هەڵپشاوت تا لە کۆتاییدا دۆشەگی پێ ماچ کرد.
زۆرانبازیش دەبێ زیت بێ و فێڵەزان. دادەسـوورێ ڕۆیشت. پەرستارەکان چاو لە سەر من و پێگی هەڵناگرن وەک بڵێی ئێمە بومب بین و پێ‌یاندا بتەقێینەوە. بە لەعنەت بن. هەرچی بێ ئێستا ئیتر من سی ساڵم. پێگی بەڵێنی دا کە ئەمشەو لە یەکەم دەرەتاندا بێت بۆ لام و منیش بەڵێنیم پێ‌دا کە ئەم‌جارەیان زمانم لە زاری نەنێم.
بەڕاستی وایە خۆ هەر شەرت دروست کردنی منداڵ نییە بەڵکوو دەبێ بیر لە پەروەردەی بکەیەوە و کاتیشی بۆ تەرخان بکەی.
دەی خوا نازانم ئێستا داوای چیت لێ‌بکەم چونکە ئەمڕۆ بەڕاستی ڕۆژێکی باش بوو. کارێکی و‌ا بکە بەیانی نەشتەرگەرییەکەی پێگی سەرکوتوو بێ. وەک هی من دەرنەچێ. ئەگەر لە مەبەستم دەگەی.
تا بەیانی ماڵاوا
ئۆسکار
- تێبینی
باش یان خراپ بوونی نەشتەرگەری پێوەندی بە بەشی تۆوە نییە و رەنگ بێ لە بارانت‌دا نەبێ. بەڵام کارێکی و‌ا بکە پێگی بلۆ ورەی بەرز بێ و دەرئەنجامەکەی هەرچی بێ بە باشی وەربگرێ.
دڵنیام ئەوەت لە دەستی دێ.
سڵاو خوایە!
ئەمڕۆ پێگی بلۆ نەشتەرگەری بۆ کرا و منیش دە ساڵی پڕ لە چەرمەسەریم تێپەڕ کرد. تەمەنی سی ساڵە‌یی سانا نییە و کێشە و بەرپرسیاری هەر دەم لە زیادبوون دایە.
”مادام دوکرۆ” پەرستاری شەو، چاوەدێر بوو و ئامادەکاری بۆ ژووری نەشتەرگەری دەکرد و پێگی بلۆ نەیتوانی بێت بۆ لای من.
کاتژمێر هەشتی بەیانی کاتێک لەسەر تەختێک دەیان‌برد بینیم. لە ژێر مەلافە سەوزەکاندا هەر بە ئاستەم دیار بوو. کاتێک بە پێشمدا تێ‌دەپەڕی کوڵی گریان گرتمی. دادەسـوورێ لە تەنیشتم وەستابوو و دەستی گرتبووم کە تا ئاستێک ورەی وەبەر دەنام.
- دادەسـوورێ! ئەو خوڵایەی تۆ بۆ ڕەزای بە بوونی مرۆڤی وەکو پێگی و من هەیە؟
- ئۆسکاری من، ئەوە شانسێکی گەورەیە کە هی وەکو ئێوە
هەن. بە بێ ئێوە ژیان بێ مانا و تاقەتپرووکێن دەبوو.
- نا تۆ تێناگەی. مەبەستم ئەوەیە، بۆچی خوا ڕێگا دەدا مرۆڤی نەخۆش هەبی؟ یان بەدزاتە یان ئەوەیە لێهاتوو نییە.
- ئۆسکار نەخۆشی هەر وەک مردن وایە، ڕاستییەکە، نابێ وەک سزا سەیر بکرێ.
- دیارە کە تۆ نەخۆش نی!
- بە چی‌ڕا دیارە ئۆسکار ؟
لە جێی خۆم حەپاسام. قەت نەمدەزانی دادەسـوورێ کە هەموو کات رووح سـووک و خۆنەویست ئامادەی یارمەتیدان بوو، خۆیشی کێشەی هەبێ.
- دادەسـوورێ شتێکت لێ‌شاردوومەوە؟ تۆ دەتوانی هەموو شتێک لەگەڵ مندا باس بکەی. تەمەنم سی و دوو ساڵە، سەرەتانم هەیە و هاوژیانم و‌ا لە سەر تەختی نەشتەرگەرییە. واتە منیش دەگەڵ تەنگ و چەڵەمان ڕاهاتووم و سەربوردە و گەلێک ئەزموونم هەیە.
- تۆم خۆشدەوی ئۆسکار
- منیش تۆم خۆشدەوێ. کێشەکەت چییە، چم لەدەستی دێ؟ حەز دەکەی بە فەرزەندەیی وەرت‌بگرم؟
- بە فەرزەندەیی! من؟
- بەڵێ، هەر ئێستا بەرپرسیارەتی “بێرنارد”م کە خەمۆک بوو لە خۆ گرتووە.
- بێرنارد؟
- ورچۆکەکەم. لەوێ، لە ناو دۆڵابەکەدا. لە سەر ڕفەکە. ئەوە کۆنە ورچۆکەکەی منە. ئێستا ئەو ئیتر چاوەکانی نەماون، نە دەم و نە لمبۆز. ناوزگیشی کەم و زۆر بەتاڵە و چی تێدا نەماوە. هەموو لەشی کۆنە برینە. زۆر وێک‌چوویی لەگەڵ تۆدا هەیە. فەرزەندەیی بێرناردم ئەو ئێوارەیە قبووڵ کرد کە دایک و باوکی گەمژەم، ورچۆکەی نوێیان بۆ هێنام. وەک بڵێی من داوام کردبێ یان ویستبێتم. ئەگەر هەر حەزیان لە نوێکاری بوو، بۆ منیان بە برا چووکەیەکی نوی نەدەگۆڕییەوە. ئیتر بۆیە بێرناردم بە میراتگری خۆم داناوە و هەرچی لەپاشم بەجێ دەمێنێ هی بێرناردە. ئەگەر تۆش هەست بە سـوکنایی دەکەی و پێت‌خۆش بێ دەتوانم بە فەرزەندەیی وەرت‌بگرم.
- ئا بە دڵەوە. لام وایە ئەم کارەت دەتوانێ دەروونی من هێور بکاتەوە.
- ئەوە قەبووڵم کرد دادەسـوورێ.
پاشان چووین ژوورەکەی پێگیمان ڕێک‌وپێک کرد، گوڵ و شـوگڵاتمان دانا بۆ کاتی گەڕانەوەی لە ژووری نەشتەرگەری.
دیسان ئەوە خەو دمباتەوە. دەچم دەخەوم. بەڕاستی نازانم ئەو هەمووە خەوە لە کوێ ڕا دێ.
پاش نیوەڕۆیەکی درەنگ دادەسـوورێ بەخەبەری هێنام و گوتی کە پێگی بلۆ گەڕاوەتەوە و نەشتەرگەرییەکەشی سەرکەوتوو بووە. بە یەکەوە چووینە سەردانی. دایک و باوکی بە تەنیشت تەختەکەیەوە دانیشتبوون. دڵنیا نیم، بەڵام دەبێ پێگی بۆخۆی یان دادەسـوورێ باسی منیان بۆ دایک‌وباوکی پێگی کردبێ، چونکو وێدەچوو بزانن من کێم و زۆر بە ڕێزەوە هەڵسـوکەوتیان دەگەڵدا کردم و لە نێو خۆیاندا دایان‌نیشاندم، جۆرێک کە بتوانم لە نزیکەوە دەگەڵ خەسـوو و خەزوورم چاوم بەسەر خێزانمەوە بێ.
لەوەی کە پێگی ڕە‌نگی نەگۆڕدرابوو و هەر و‌ا مەیلەوەشین بوو دڵخۆش بووم. دو‌کتۆر دۆسڵدۆرڤ هاتە ژوورەوە و لە کاتێکدا بە سەری پەنجان برۆکانی هەڵدەگڵۆفی گوتی: تا چەند کاتژمێرێکی دی ئەم ڕەنگە شینە بە سەر دەچێ و نا‌مێنێ. سەیرێکی دایکی پێگیم کرد، شین نەبوو سەرەڕای ئەوەش جوان بوو. لە بەر خۆمەوە بیرم لە پێگی کردەوە. خێزانی من هەر ڕەنگێک بێ، با ببێ من ئەوم هەر خۆشدەوێ.
پێگی چاوەکانی کردەوە، زەردەخەنەیەکی بۆ من و دایک و باوکی کرد و دیسان خەوی لێکەوتەوە.
دایک و باوکی سـوکناییەکیان هاتێ بەڵام ئیتر لەوە زۆرتر نەیاندەتوانی بمێننەوە.
ئێمە کچەکەمان بە تۆ دەسپێرین، دەشزانین کە تۆ بە باشی ئاگاداری لێ دەکەی.
من دەگەڵ دادەسـوورێ لە لای پێگی مامەوە تا جارێکی دیکەش چاوەکانی کردەوە ئینجا گەڕامەوە ژوورەکەی خۆم بۆ حەسانەوە.
ئێستا کە نامەکەم بەرەو کۆتایی دەچێت لام وایە ئەمڕۆم ڕۆژێکی باش بوو. ڕۆژێک بوو بۆ خێزان. دادەسـوورێم بە فەرزەندەیی وەرگرتووە، دەگەڵ خەسـوو و خەزووران ڕێکین و خێزانیشم بە خۆشییەوە بەرەو باشتربوون دەڕوات، هەر چەند ئیتر بەرەبەری کاتژمێر یازدە شینایی دەموچاوی نەما.
تا بەیانی ماڵاوا
ئۆسکار
ئەمڕۆ هیچ داواکارییەکم نییە و دەتوانی وەحەسێی.
ڕۆژباش خوا!
ئەمڕۆ لە تەمەنی نێوان چل و پەنجا دا بووم کەچی کەم تا کورت گەوج و گەمژە بووم.
بە کورتی بۆت باس دەکەم و لەوەش زۆرتری کات پێ ناکوژم چونکە بایی ئەوەندش نییە. پێگی بلۆ وەزعی باشە، بەڵام چزیلک کە ئیتر چاوی بینینی منی نییە،” کچە چینی” هان داوە و ئەویش بۆ پێگی گێڕاوەتەوە کە من دەمی ئەو، واتە دەمی “کچە چینیەم” ماچ کردووە.
پێگی بێ یەک و دوو گوتی: ئیتر نێوانی من و تۆ تەواو بوو. پێمگوت ئەوە ڕووداوێکی نەویستووی هەڕەتی لاوەتی بوو و هی سەردەمێکە کە ئێمە هیچ پیوەندی‌یەکەمان بە یەکەوە نەبوو. هەروەها گوتم خۆ ناکرێ هەتا هەتایە تاوانی هەڵەکانی سەردەمی لاوەتیم بدەمەوە.
بێ‌سـوود بوو، پێگی ملی نەدا. تەنانەت بۆ قەڵسە گێڕان لەمن دەگەڵ کچە چینی، بوو بە دەستەخوشک. سەریان بەسەری یەکترەوە دەنا و فڕق و هۆڕیان بوو.
کاتێکیش “بیرژیت” کە توخمەگێڵوکی (داونس سیندرۆمی) هەیە و هەردەم بە دوای خەڵکی دیکەوەیە، وەک پیشەیانە، لە ژوورەکەم هاتە سەردانم، لێی گەڕام ماچم بکات. لە ڕاستیدا ماچ نا، لێستمێوە چونکە هەموو سەرو سەکوتی ماچ کردم. بیرژیت لەو کارەی خۆی تەواو هەستی بە بەختەوەری دەکرد وەک سەگێک کە خاوەنەکەی بلێسێتەوە، بەڵام لە بەختی بەد، ئەنیشتەین ئەم دیمەنەی بینی. ڕاستە ئەنیشتەین سەری ئاوی هێناوە بەڵام خۆ چاوەکانی تانەیان لەسەر نییە. هەموو شتێکی بینی و ورد ورد بۆ پێگی و کچە چینی گێڕایەوە. ئێستا تێکڕای میوانی ژوورەکانی قاتی ئێمە نازناوی “ڕاوچی کچان”یان وەدوا خستووم هەرچەند کەمن هەنگاوێکیش چییە لە ژوورەکەی خۆم وەدەرنەکەوتووم.
- دادەسـوورێ بڕوات بێ بۆخۆشم نازانم چی چوو لە کەڵیشەمەوە و بۆ و‌ا گێلانە خۆم نایە بەردەستی بێرژیتەوە.
- لە تەمەنی چل و پەنجا دا شەیتانۆکی دزە دەکات جڵدی زۆر پیاوان، سەر لە نوێ هەڵەسـوونە دێننەوە و حەز ناکەن دان بە تێپەڕ بوونی هەڕەتی لاوتی‌یاندا بێنن، بۆیە زیانێ دەکەن.
- کە واتە ئاساییە. بەڵام پاساوێک نییە کە ئاستی گەمژەیی من وەشارێ.
- تەواو ئاساییە.
- چی بکەم ؟ چۆن بکەم؟
- کێت خۆش دەوێ؟
- پێگی. تەنیا پێگی.
- پێی بڵێ! عیشقی یەکەم بە سۆز و هەستیارە. مرۆڤ کە باوەڕی پێی بوو نابێ کۆڵ بدات.
خوایە، بەیانی کریسمەسە، قەت بە مێشکمدا نەهاتبوو کە ئەوە ڕۆژی لە دایکبوونی تۆیە. کارێکی وابکە بەینی من و پێگی ئاسایی بێتەوە. نازانم هۆکارەکەی چییە بەڵام ئەمشەو بە تەواوی دڵم گیراوە. هەست بە تەنیایی و بێ‌هیوایی دەکەم.
تا بەیانی
ماڵاوا
ئۆسکار
ئێستا کە ڕەفاقەتیمان هەیە بڵێ بزانم بۆ ڕۆژی لە دایکبوونت چیت دەوێ؟
4
ڕۆژباش خوا!
کاتژمێر هەشتی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ بە پێگیم گوت کە خۆشم دەوێ. تەنیا ئەو و ئیتر کەسی‌تر. هەروەها گوتم کە ناتوانم بێ ئەو بژیم. ئەویش دەستی کرد بەگریان و گوتی کە زۆر خەمبار بووە و دانی پێ‌داهێنا کە تەنیا منی خۆش دەوێ. گوتیشی ئەم خۆشەویستییە نەگۆڕە کەسی دیکە ناتوانی وەک من لە دڵی ئەو‌دا جێگە بکاتەوە.
سەیرە و‌ا بە یەکەوە دانیشتووین و فرمێسک هەڵدەوەڕێنین کە چی هەست بە سـوکنایی و ئارامی دەکەین. ژیانی هاوبەشی ژن و مێرد شتێکی شازە. بە تایبەت دوای تەمەنی پەنجا ساڵی، ئەو کات کە مرۆڤ هەموو تاقیکارییەکانی سەرکەوتووانە تێپەڕاندووە و لە کڵ هاتۆتە دەر.
کاتژمێر دە، بۆن و بەرامەی کریسمس بەتەواوی هەست پێدەکرا، ژووری پێگی بۆ مانەوە نەدەبوو چۆنکە ژوورەکەی خەریک بوو بە هاتنی تێکڕای بنەماڵەکەیان، برا، مام، برازا، خاڵۆزا، پوورزا و ئامۆزاکانی جمەی دەهات. منیش دەبوو بە ناچاری چاوەڕوانی هاتن و دەگەڵ بوونی دایک و باوکم بوایەم. دەبێ ئەمجارە چ دیارییەکیان دۆزیبێتەوە. پارچۆکێکی هەژدە هەزار کەرتی؟ کتێب بە زمانی کوردی؟ سەندوقێک پڕ لە دەفتەرچەی مونتاژ؟ یان وێنەیەکی لە جامگیروای خۆم هی ئەو سەردەمە کە ساخ و سەلیم بووم؟ بیری بەسەر بردن دەگەڵ دوو گەمژە بە نزمترین ئاستی”ئی کۆ” وە، گێژاوێک بوو کە ئارا‌و قەراری لێبڕیبووم کە چۆن بتوانم ڕۆژێکی و‌ا ناخۆش تێپەڕکەم.
لە ناوکاو بێ یەک و دوو بڕیاڕم دا خۆ دەربازبکەم. بۆ ڕاکردن، پلانی خۆم دارشت. لیستۆکەکانم بۆ ئەنیشتەین، لێفەکەم بۆ چزیلک و شـوگڵاتەکەشم بۆ گیپن. پاش مەودایەک بیرم کەوتەوە کە دادەسـوورێ لە ژووری خۆگوڕینی پەرستارەکان دەمێکی پێدەچێت و دایک و باوکیشم بەر لە دوازدەی نیوەڕۆ ناگەنێ. هەموو شتێک پر بە پێستێتی. کاتژمێر یازدە و نیو دادەسـوورێ لە ئامێزی گرتم، جێژنە پیرۆزەی لێ کردم، داوای کات و ساتێکی خۆشی لەگەڵ دایک و باوکم بۆ خواستم و ئینجا بەرەوە ئەو قاتە کە ژووری خۆگۆڕینی پەرستارەکانی لێیە کەوتە ڕێ. کە ئەو ڕۆیشت فیکەم بۆ گیپن، ئەنیشتەین و چزیلک کرد، ئەوانیش بێ یەک ودوو هاتن جلوبەرگیان کردە بەرم و لە سەردەستان بردیانم بۆ لای کۆنە سەیارەکەی دادەسـوورێ. کۆنی سەیارەکە دەگەرێتەوە بۆ “چاخی پیش سەیارە”. گیپن کە لە هەژاراوا گەورە بووە لە کردەنەوەی قفلدا شارەزا و کارامەیی تەواوی هەیە، بە چاونووقانێک دەرگای پشتەوەی سەیارەکەی کردەوە و ئینجا منیان لە بەر پێیان لە نێوان کورسییەکانی پێشەوە و دواوە درێژ کرد و خۆیان بێ‌ئەوەی کەس بیان بینێ، بە پەلە گەڕانەوە.
پاش دەمێکی چاک، دادەسـوورێ هات لە پشت فەرمانی سەیارەکەی دانیشت. دەمێکی چاک کۆخی، لام وایە پتر لە پانزدە جار. ئینجا سەیارەکەی هەڵکرد و بە خێرایەکی زۆر کەوتە ڕێ. ئەم سەیارە ئەنتیکانە بێ‌وێنەن. دەنگیان هێندە بەرزە پێتوایە زۆر خێران، واش بە ئێرە و ئەوێت دادەن وەدەزانی سـواری چەرخوفەڵک بووی. کێشەیەکی دیکەش ئەوە بوو، وەک بڵێی دادەسـوورێ لە لای “بەدەڵەکانی فیلم” فێری لێخوڕین بووبێ، نە دەربەستی چرای سـوور بوو و نە جیاوازی بە شەقام و شـوستە دەکرد. لە فەلەکەدا جۆرێک لێی‌دەخوڕی دەتگوت لە سەر دوو تەگەران دەڕوات. ئەگەر زانیبات لەو پشتەی چیم پێکرا!؟ بەردەوام دەستی لەسەر هۆڕنەکە بوو. کومەڵێک وشەی نوێی لێ فێربووم کە دەری دەخست دادەسـوورێ بە ڕاستی زمانزانە! بەم لەفز و وشانە کە بۆ شـوفیرەکانی دیکەی بەرێ دەکرد، دەردەکەوت دڵنیا بوو کەس نییە لەخۆی بەدەر بزانێ سەیارە لێبخوڕێ. شـۆفیرێک نەبوو، لە قیڕەی تیژ و وشەی دڕکاوی دادەسـوورێ بێبەش بووبێ. دادەسـوورێ بێبەزەییانە بەسەر نەیارەکانیدا کە هەر کام لە پشت فەرمانی سەیارەکانی خۆیاندا دانیشتبوون یان ئەم خەڵکەی دەیانویست لەمبەری شەقامەوە بپەڕنەوە ئەمبەری شەقام، دەڕشاییەوە. بۆم دەرکەوت کە جیهانی زۆرانبازان فێرگەیەکی پڕ لە ئەزموونی قسەی دڕکاوییە.
بە تەما بووم کاتیک دەگەینێ هەستم خۆ بهاوێمە کورسی‌یەکەی پێشەوە و بڵێم “بــــــــاوو!” بەڵام ڕێگاکە هێندە دوور و درێژ بۆوە کە لام وایە خەوم لێکەوت. کاتێک بە خەبەر هاتم تاریکی، بێدەنگی و سەرما بەسەر وڵات‌دا زاڵ بوون و منیش هەروا لە بەر پێی کورسییەکانی دواوەی سەیارەکە لەسەر پێفەڕشە شێدارەکاندا کەوتبووم. ئەوە یەکەم جار بوو کە دان بە بێ‌عەقڵی و کەریەتی خۆمدا بهێنم بۆ ئەو کارەی کردوومە.
کە لە سەیارەکە هاتمە دەرەوە بەفربارین دەستی پێ‌کرد، بەڵام هیچ ئەو جوانی و خۆشییەی سەمای کلۆی بەفرەکانی ناو چیرۆکەکەی “گوێز شکێن” یان تێدا بەدی نەدەکرا. تەنیا دەنگی لەرزی ددانەکانم بوو کە بە حەزی خۆیان و بێ مەیلی من، بێدەنگی شەویان دەشکاند.
خانوویەکی گەورەی ڕووناکم بینی، بە زەحمەت بەرەو وێ چووم. زەنگی دەرگاکە ئەوەندە لە بەرزی بوو کە بە ناچار خۆم بۆ هەڵهاویشت تا بیگەمێ. لە بەر هیڵاکی کەوتمە سەر پێفەڕشی بەر دەرگاکە.
دادەسـوورێ منی لە بەر دەرگای ماڵی خۆیدا دۆزییەوە و بە حەپەساوییەوە لە بەرخۆیەوە دەیگوت: ئای….. ئاخر…ئەی . ئینجا داهاتەوە سەرم و بە دەنگێکی کز ، لە بەر خۆیەوە چرپاندی بە گوێم‌دا:
ئازیزەکەم، خۆشەویست!
لەو دەمەیدا بیرم کردەوە و بە خۆم گوت: ڕاکردنەکەشم زۆر بێ‌عەقڵانە و بێ خێر نییە.
هەڵی‌گرتم بردمییە ژووری دانیشتن، لە سـووچێکدا درەختی کریسمەس دەبریسکایەوە. ماڵێکی خۆش و گەرم‌وگوڕ. پێموانەبوو دادەسـوورێ ماڵ وحاڵێکی و‌ا خۆشی هەبێ! کوورەیەکی پێوەنا و لەپەنا کوورەکە گەرمی کردمەوە. پاشان سەر و فنجانێکی گەورەمان شـوگڵات خواردەوە. لای خۆم لێکم داوە کە لە سەرەتادا دەملاوێنێتەوە تا دێمەوە سەرەخۆ جا ئینجا دەس دەکات بە لۆمە و سەرزەنیش کردنم، بۆیە کاتێکی باشم دا بە خۆم، تا خۆم لە لۆمەی بدزمەوە. لە ڕاستێشدا ماندوویی لە بڕان نەهاتوو کە ئێستا بۆتە بەشێکی سەرەکی ژیانم، یارمەتیدەرێکی باشی ئەم مەبەستەم بوو.
- ئۆسکار هەموو لە نەخۆشخانە بە دوات‌دا دەگەڕێن، بۆتە بشێوی و هەراوهوریا. دایک و باوکت سەریان لێ شێواوە و پۆلیسیان ئاگادار کردووە.
- پێم سەیر نییە. ڕەنگ بێ لایان وابێ ئەگەر کەلەبچە بکرێم ڕوحمم دەبزوێ و خۆشمدەوێن.
- بۆ و‌ا هێندەیان لێ تووڕە‌ی؟
- ئەوان لەمن دەترسێن. ئەوان نا‌وێرن دەگەڵ من بدوێن و هەرچی ئەوانیش پتر دەترسێن من زۆرتر هەست بە نامۆیی و بیکەسی دەکەم. ئەوان بۆ لە من دەترسێن؟ ئەمن ناشیرین و دزێوم؟ بۆگەنیوم لێدێ؟ خەرفاو و شێت بووم بێ ئەوەی بۆ خۆم پێ‌بزانم؟
- ئۆسکار! ئەوان لە تۆ ناترسێن، ترسی وان لە نەخۆشی‌یەکەی تۆیە.
- ئەو نەخۆشییە بەشێکە لە من. پێویست ناکات چونکە من نەخۆشم ئەوان هەڵس و کەوتیان دەگەڵ مندا بگۆڕدرێ. یان نەکا مانای خۆشەویستی لای دایک و باوکم تەنیا بۆ ئۆسکاری ساخ و سەلیم بێ؟
- ئـــــۆسکار ئەوان تۆیان خۆش دەوێ. ئەوەیان بە من گوتووە.
- بۆ ئێوە بەیەکەوە قسەتان هەیە؟
- ئەی چۆن، ئەوان بەخیلی دەبەن کە من و تۆ و‌ا بەیەکەوە ڕێکین و لێک تێدەگەین. نا بەخیڵی نا ، خەمبارن. خەمبارن کە ئەوانیش و‌ا ئەو شانسەیان نییە.
شانەکانم هەڵتەکاند، بەڵام هەستم کرد هێندەی پیشـوو تووڕە نیم. دادەسـوورێ فنجانێکی دیکەی شـوگلات دروست کرد و گوتی:
- دەزانی چۆنە ئۆسکار، ڕۆژێک دادێ تۆ دەمری، بەڵام دایک و باوکیشت دەمرن.
- بەڵامەوە سەیرە، قەت بیرم لێ نەکردبۆوە.
- ئەی چۆن، ئەوانیش دەمرن، تەک و تەنیا بە کۆڵێک پەژارەوە کە نەیانتوانی دەگەڵ تاقە منداڵەکەیان ئاشت بنەوە. ئەو ئۆسکارەی لە ئاستی پەرستندا خۆشیان دەویست.
- و‌ا مەڵێ دادەسـوورێ، خەریکە گریانم بێ.
- بیر لەوان بکەوە. تۆ کوڕێکی ژیری بۆیە لێت حاڵی بووە کە دەمری. بەڵام بیرت لەوە نەکردۆتەوە کە ئەوانیش دەمرن. هەموو دەمرین. دایک و باوکت و منیش ڕۆژێک دەمرم.
- وایە بەڵام هەرچی بێ ئەوە منم یەکەم‌جار دەمرم.
- ڕاستە. یەکەم‌جار تۆ دەمری، بەڵام هەر لە بەر ئەوەی تۆ بەر لەوانی تر دەمری بۆت نییە هەرچی پێت‌خۆش بێ بیکەی، مانای ئەوە نییە چونکە یەکەم‌جار تۆ دەمرێ دەبێ هەموو ئەوانی تر لە بیر بکەی.
- ئێستا تێدەگەم دادەسـوورێ. تەلەفونیان بۆ بکە!
خوڵایە باقییەکەت بە خێرایی بۆ دەگێڕمەوە چونکە دەستەکانم بێ هێز دەبن. دادەسـوورێ تەلەفونی بۆ نەخۆشخانە کرد تا دایک و باوکم ئاگادار بکەن. ئەوان هاتن بۆ ماڵی دادەسـوورێ و بە یەکەوە جێژنەمان گرت.
کاتێک دایک و باوکم هاتن پێمگوتن:
بمبوورن، من لە بیرم کرد بوو کە ئێوەش ڕۆژێک دەمرن.
نازانم چی ڕووی دا و ئەوان چۆنم لێ تێگەیشتن بەڵام لام وایە هەموو شتێک وەک ڕابوردووی لێهاتەوە و بە یەکەوە جێژن و کۆڕێکی خۆشمان بەسەر برد.
پاش نانخواردن دادەسـوورێ حەزی لێ‌بوو لە تەلەویزیۆندا سەیری نوێژی جێژن بکات و هەروەها کێبەرکێیەکی زۆرانکاری کە بە ڤیدیۆ هەی بوو. ئەو لە کۆنەوە هەموو کات بەر لە نوێژی جێژن سەیری زۆرانبازییەک دەکات و ئەوەش بۆی بۆتە نەریتێک.
بێ پرسیار و بێ یەک و دوو دانیشتینە سەیرکردنی ڤیدیۆی زۆرانکارییەک کە دادەسـوورێ پێشتر تۆماری کرد بوو. پڕ لە لێدان و کوتان نێوان “مەفیستا و ژاندارک”. باوکم لە بەر خۆیەوە وادەکا: تەح لەم ژنە ئازایە! باوکم سـوورسـوور هەڵگەڕابوو وێدەچوو سەیری زۆرانبازیی پێخۆش بێ. سەرت سـووڕ دەما چۆنیان لە یەکتردەدا. لە شەڕێکی و‌ا دا ئەو لێدانەیان لەمن دابا، سەت جار دەمردم.
دادەسـوورێ گوتی ڕاهێنانی زۆر توانا و تاقەتی مرۆڤ پەرە پێدەدات. گرینگە مرۆڤ بێ هیوا نەبێت. لە کۆتاییدا ژاندارک بردییەوە هەرچەند لەسەرەتا دا وێ‌نەدەچوو شانسێکی هەبێ. ڵام وایە تۆ زۆر بەم سەرکەوتنە دڵخۆش بووی؟
تا لە بیرم نەچووە خوایە ڕۆژی لە دایکبوونت پیرۆز بێ!
دادەسـوورێ کاتێک منی لە ژووری خەوی کوڕە گەورەکەیدا کە بەیتاڵە و ئێستا لە کۆنگۆ ئیش دەکات و لە لای فیلەکانە، لە جێگاوبان دەنا، گوتی: پێکهاتنەوە و ئاشتبوونەوەی من و دایک و باوکم دیارییەکی باشی ڕۆژی لە دایکبوون بوو بۆ تۆ. ڕاستییەکەت بوێ من ئەو قسەیەم پێ زیادەڕەوییە. بەڵام کە دادەسـوورێی ناسیاو و برادەری کۆنی خۆت و‌ا دەڵێ، ئیتر…
کاتێکی خۆش تا بەیانی
ئۆسکار
تا لە بیرمە با ئارەزووەکەم بکەم، کە دایک و باوکم هەمیشە وەک ئەمشەو وابن و هەروەها منیش.
کریسمەسێکی خۆش بوو بەتایبەت کێبەرکێ‌کەی مەفیستا و ژاندارک. بشبوورە کە بەر لە نوێژی جێژن خەوتم.
ئەم کاتەت باش خوایە!
هەنووکە تەمەنم سەروی شەست ساڵە و ئێستا دەبێ تاوانی شەونشینی و ئاهەنگ‌گێڕانی شەوی ڕابوردوو بدەمەوە. ئەمڕۆ حاڵم هیچ باش نییە.
گەڕانەوەم بۆ نەخۆشخانە خۆش بوو. وایە ئیدی مرۆڤ لە تەمەنی پیری دا زۆر حەزی لە سەفەر و دوورکەوتنەوە نییە. بەڕاستی هێز و توانای سەفەر و کەوتنە ڕێم بۆ هیچ کوێ نییە.
لە نامەکەی دوێنێ دا لە بیرم چوو بۆت باس بکەم کە لە سەر ڕفەی پلیکانەکانی ماڵی دادەسـوورێ پەیکەرێکی پێگی بلۆی لێ بوو. سـوێندت بۆ بخۆم هێندە ویکدەچن دەڵێی دوو لەتکی سێوێکن. دەم‌وچاویی بە دیمەنێکی نەرم‌ونیان، باڵاپۆشێکی شین، هەر وەک ڕە‌نگی پێستی پێگی‌یە.
دادەسـوورێ دەڵێ: ناوی ماریای پاکیزەیە و دایکی تۆیە. وەک من تێگەیشتم ئەم مادۆنایە پشت بەپشت لە بنەماڵەی دادەسـوورێ‌دا بوونی هەبووە کە ئێستا و‌ا داوییە بە من و منیش لە تەنیشت تەختی خەوەکەم لە بن سەری خۆم دامناوە. بەڵام هەر دەبێتەوە هی دادەسـوورێ چونکە وەک دەزانی من ئەوم بە فەرزەندی وەرگرتووە.
پێگی بلۆ لە سەر کورسێکی چەرخدار دانیشتبوو، هاتە سەردانم. حاڵی باشترە. لەگەڵم هاوڕا نەبوو کە وێک‌چوویی دەگەڵ پەیکەرەکە هەبێ بەڵام دەمەساتێکی خۆشمان بە یەکەوە ڕابوارد. لە کاتێکدا گوێمان دابووە “گوێزشکێن”، دەست لە ناو دەستی یەکتردا سەفەرێکمان بە ناو ڕۆژگاری خۆشی ڕابوردووماندا کرد.
ئیتر چیتر قسە ناکەم چونکە هەست بە قورسی پێنووسەکە دەکەم. بە هۆی ئەو هەمووە شـوگڵات خواردن و شامپاینەی کە دایک و باوکان بۆ دو‌کتۆر و پەرستارەکانیان هێناوە هەموو نەخۆشن، تەنانەت دو‌کتۆر دۆسڵدۆرڤیش.
زۆر پێمخۆشە سەردانم بکەی.
لە ئامێزت دەگرم
تا بەیانی کاتێکی خۆش
ئۆسکار.
ڕۆژباش خوا!
ئەمڕۆ لە تەمەنی حەفتاوە بەرەو هەشتا دەڕۆم و زۆر بیرم کردۆتەوە.
یەکەم ئەوەکە دیارییەکەی دادەسـوورێم بەکار هێنا. نازانم بۆم باس کردووی یان نا؟ ڕووەکێکە لە” سەحرا”وە، کە هەموو ژیانی یەک ڕۆژە. هەرکە تۆوەکە ئاوی وێکەوێ شین دەبێ، لاسک دەردەکات، گەڵای لێ دەڕوێ، گوڵ دەکات، دەپشکوێ، دەبێتە تۆ‌و، دەژاکێ، سیس دەبێ، مل بەلارەوە دەنێ و بۆ شەوێ، تەواو دەبێ. دیارێکی بە نڕخ بوو، سـوپاس کە ئەم شتەت دۆزیوەتەوە.
دادەسـوورێ، دایک و باوکم و من سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سەعات حەوت ئاومان دا.
ڕاستە لەوانەیە بۆم باس نەکردبی! ئێستا ئەوان لە لای دادەسـوورێ دەژین، چونکە لێرە نزیکترە.
هەنگاو بە هەنگاو هاوڕێی ژیانی گوڵەکەم کرد. بە رواڵەت ناشیاو و بێ‌بایخ دێتە بەرچاو. با ژیانی گوڵێکیش بێ، با پیرەدار نەبێ، بەڵام ئەو چرکەیەکیش چییە لە ژیانی کورتی خۆیدا نەوەستا و بە بەر چاوی ئێمەوە وەک پیرەدارێک ملەی کرد بۆ ئەوەی نەوەیەکی نوێ لە خۆی بەجێ بهێڵێ. یەک ڕۆژ خەباتی بێ وچان. یەک ژیان.
پێگی بلۆ و من ماوەیەک کتێبی “دو‌کتۆر و دەرمان”مان خوێندەوە. ئەم کتێبە پەسەندی پێگی‌یە. ئەو زۆر حەزی لێیە لە نەخۆشییەکان سەرەدەرێ دەربکا و بزانێ مەترسی کام نەخۆشی دیکەی لە سەر ڕێگەیە. بەش بە حاڵی خۆم لە وشەی دیکەم دەڕوانی، وشەی وەک ژیان، مەرگ، باوەڕ و خوڵا. نازانم باوەڕ دەکەی یان نا، بەڵام هیچ کامیانی تێدا نەبوو!
بە لانێکی‌دا بەڵگەی چاکە، دەردەکەوێ نە ژیان نە مردن نە باوەڕ و نە تۆ، لە زومرەی نەخۆشییاندا نین. ئەوەش خۆی لە خۆیدا خەبەرێکی نوێیە. چیت گوت؟ هەر چەند پێویست بوو کتێبی توکمە پرسی گرنگییشیان لە خۆ گرتبایە، گوتم:
- دادەسـوورێ دەڵێی ئەم کتێبە تەنیا باسی ئەم نەهامەتییانە دەکات کە تاکی تایبەت دەتوانێ تووشی بێ. بەڵام باسی پرسە گشتییەکانی وەک ژیان، مەرگ، باوەڕ و خوڵا کە هەموو تاکێک دەگرێتەوە، ناکات.
- ئۆسکار ڕەنگ بێ بۆ ئەم پرسانە سەیری کتێبەکانی فەلسەفی بکەی. هەرچەند لەوانەیە ئەوەی دەیدۆزییەوە بە دڵت نەبێ. بۆ هەرکام لەم پرس و کێشانە کە تۆ ئاماژەیان پێدەکەی کۆمەڵێک وەڵامی جیاواز هەیە.
- چۆن شتی و‌ا دەبێ؟
- پرسە هەرە گرنگ و سەرەکییەکان هەتا هەتایە وەک پرسیار دەمیننەوە. بە دوای وەڵامی هەر پرسیارێکی لەم چەشنەدا گومان و بەڵکوو، سەرهەڵدەدەن. تەنیا پرسیارە ساکار و ئاساییەکانن کە وەڵامی ڕاست و دەقا و دەقیان هەیە،
- مەبەستت ئەوەیە کە وەڵامێک بۆ “ژیان” نییە؟
- مەبەستم ئەوەیە بێ‌ژمار وەڵام بۆ”ژیان” هەیە، واتە وەڵامێک نییە.
- دەزانی دادەسـوورێ من چۆنی لێ تێگەیشتووم، باشترین وەڵامی ئەم پرسیارە، تێیدا ژیانە و تا بنەبان ڕۆیشتنێتی.
دو‌کتۆر دۆسلدۆرڤ سەردانی کردین بەڵام وەک سەگێک کە دار‌ت لێ بەرز کردبێتەوە، بەترسەوە دەمڕوانێتێ. تێکهەڵکێشی ئەم ترسە و برۆ چڕ و پڕە ڕەشەکانی، نەگوترواەکانی دەرونی دو‌کتۆر بە باشی ئاشکرا دەکات.
- پرسیم: دو‌کتۆر برۆکانت شانە دەکەی؟
- بە سەرسـووڕمانەوە سەیرێکی دەوروبەری کرد وەک بیهەوێ لە دادەسـوورێ و دایک و باوکم بپرسێ ئاخۆ باشی بیستووە. پاشان بە دەنگیکی نزمەوە گوتی:
- بەڵێ.
- دو‌کتۆر پێویست ناکات گرژ بی. ڕاستییەکەت بوێ دەرمانەکانم هەر دەم بە پێی ڕاسپاردەکان بەکار هێناوە، تۆش لە تیمار و دەرمان کردنم‌دا کۆتاییت نەکردووە. جا کە وایە پێویست ناکات هەست بە گوناهباری بکەی. تاوانی تۆ نییە کە دەبێ هەواڵی ئەم نەخۆشییانە کە ناوی لاتینیان هەیە و ڕزگاربوون لە دەستیان هاسان نییە، بدەی بە خەڵک. خۆ تۆ خوڵا نی کە دەسەڵاتت بە سەر سروشتدا هەبێ. تۆ تەنیا وەستاکارێکی. دو‌کتۆر دۆسڵدۆرڤ لەوەی کە هەیە لە خۆتی قورس‌تر مەکە. ئەگینا بەردەوام بوون لەم ئەرکەدا چەتوون دەبێ. و‌ا لە خۆت مەکە.
دو‌کتۆر دۆسڵدۆرڤ بە دەمی داکەوتوو وەک هێلکەی لە دەمی دابێ گوێی ڕاگرتبوو. پاشان بزەیەکی هاتێ، بزەیەک لە ناخێوە و لە باوەشی گرتم و گوتی:
- ڕاست دەکەی ئۆسکار وایە. سـوپاس کە پێتگوتم.
- تکایە شایانی نییە، لە خزمەت دام.
ئاوا بەم چەشنە، خوڵایە. ئیستاش چاوەڕوانی بەسەرکردنەوە و سەردانتم. وەرە، گومان مەکە! وەرە تەنانەت ئێستا کە دەورم پڕ لە خەڵکە. بە دڵنیایەوە خۆشحاڵ دەبم.
ماڵاوا تا بەیانی
لە ئامێزت دەگرم
ئۆسکار
ڕۆژباش خوا!
پێگی بلۆ مەرەخەس کراوە و گەڕاوەتەوە ماڵێ بۆ لای دایک و باوکی.
گەمژە نیم کە نەزانم ئیتر قەت جارێکی دیکە چاوم پێی‌ناکەوێتەوە.
چی دیکە نانووسم چونکە بەڕاستی خەفەتبارم. پێگی و من ژیانێکمان بەیەکەوە تێپەڕ کرد کە چی و‌ا ئێستا من تەنیا، سەر ڕووتاو، بێتاقەت و لاواز لە جێگەدا کەوتووم.
ئاخ پیری.
ئەمڕۆ تۆم خۆش ناوێ.
ئۆسکار
ڕۆژ باش خوا!
سـوپاس کە هاتی.
وەختێکی باشت بۆ سەردانم هەڵبژارد، چونکە حاڵم هیج باش نەبوو. ڕەنگە تۆش بە نامەکەی دوێنێی من تووڕە بووبی.
کاتێک بە خەبەر هاتم بیرم کردەوە کە ئێستا و‌ا نەوەد ساڵم. ڕووم کردە پەنجەرەوە کە سەیری کلۆی بەفرەکان بکەم کە و‌ا نەرم لەودیوی پەنجەرەکانەوە سەمایان دەکرد.
ئەو دەم بوو تێگەیشتم کە تۆ بە تەمای بێیە سەردانم. بەرەبەیانی بوو و تەنیا لەم هەردە، هێندە زوو بوو کە باڵندەکان هێشتا لە خەودا بوون، تەنانەت پەرستاری شەو “مادام دوکرۆ”ش لە خەونوچکە دابوو، تۆش خەریکی رێکخستنی گزینگی بەربەیانی بووی. کاتێکی زۆری برد تا گزینگی بەیانیت ساز دا. وڵات هەر دەهات و ڕووناکتر دەبوو. دونیای دەوروبەرت بە ڕە‌نگی سپی، ڕەساسی و شین پڕ کرد، تاریکایی شەوت بەزاند. لاتدا و ژیانت وەبەر جیهان نایەوە. کۆڵت نەدا. ئەودەمە بوو جیاوازی نێوان تۆ و ئێمەمانانم بۆ دەرکەوت. تۆ ئەو کەسەی کە هیلاک نابی. ئەو کەسەی کە بێ‌هیوا نابی و هەر دەم بێ‌وچان تێدەکۆشی. گورجێک ڕۆژە هەروا گورجێکیش شەو. هەر بەم خێراییەش بەهار ، زستان، پێگی، ئۆسکار، دادەسـوورێ، عەجەب تاقەتێکت هەیە!
تێگەیشتم کە تۆ لەوێی و نهێنی خۆت نیشان دەدام: هەموو ڕۆژێ سەیر بکە و بڕوانە دونیا وەک ئەوەی کە ئەمە یەکەم ڕۆژ بێ. بەم شێوەیە ئامۆژگارییەکەتم ڕەچاو کرد و بەشـوێنی‌دا ڕۆیشتم. یەکەم‌جار کە سەرنجم دایە نوور، ڕەنگەکان، دارەکان، باڵندەکان و ئاژەڵەکان. هەستم بە شنەبایەک کرد کە دەکەوتە بەر کوڵمەکانم و هەڵم‌دەمیسی. دەنگەکانم دەبیست کە لە داڵانەکانەوە بەرزدەبوونەوە دەتگوت لە ژێر گومەزێکەوە دێن. هەستم بە بوون و ژیان دەکرد. لە خۆشییان مچورکم پێ‌دا دەهات و بە بوونم سەرفەراز و سەرمەست بووم.
سـوپاس خوڵایە بۆ هەر چی کە بۆت کردم. وام هەست دەکرد دەستی منت گرتووە بەرەو ناوەندی ڕازە شاردراوەکانم دەبەی کە بەچاوی خۆم بیان بینم. سـوپاس.
تا بەیانی
ئامێز
ئۆسکار
داواکارییەکەم: دەتوانی ئەم یەکەم سەردانە بۆ دایک و باوکیشم دووپات بکەیەوە؟ ئەگەریش پێراگەیشتی بۆ پێگێش. پێویست ناکا بۆ دادەسـوورێ بپاڕێمەوە ئەو خۆی ئەمانە باش دەزانێ.
ڕۆژ باش خوا!
ئەمرۆ تەمەنم سەد ساڵە و بوومە هاوتەمەنی دادەسـوورێ. زۆر دەخەوم بەڵام حاڵم باشە. حەوڵم داوە بۆ دایک و باوکم شێ بکەمەوە کە ژیان وەک دیارییەکی سەیر وایە. لە سەرەتادا مرۆڤ بە زیادەوە مەزندەی دەکات و لای وایە هەتا هەتایە دەژیت. پاشان بە کەمی دەنڕخێنێ و لای وایە کە کورت و کەم بایخە و خەریکە لە کیسی خۆی بدات. لە کۆتاییدا پێدەگات کە ئەوە دیاری نەبوو بەڵکوو قەرزێکە و ئەمانەتێک، جا ئینجا تازە تێدەکۆشێ کەڵکی لێ‌وەربگرێ. من کە ئێستا تەمەنم سەد ساڵە دەزانم باسی چی دەکەم. هەرچی تەمەنی مرۆڤ زۆرتر دەچێتە سەر دەبێ زۆرتر تێ‌بکۆشێ تا بایخی ژیان بزانێ. مرۆڤ دەبێ بە ئەزموون و داهێنەر بێ. هەر شێت و شـوورێک دەتوانێ تەمەنی دە ساڵە‌یی و بیست ساڵە‌یی بە خۆشی تێپەڕ بکات و چێژی لێ‌وەربگرێ. بەڵام لە تەمەنی سەد ساڵیدا کاتێک مرۆڤ بڕستی لێ‌براوە و ئیتر جموجۆڵ نەماوە دەبێ بیرێکی دیکە بکاتەوە.
نازانم توانیبێتم بۆیان بسەڵمێنم یان نا. سڵاوی منیان پێ‌بگەیەنە. ئێستا من ئیتر ماندووم.
تا بەیانی لە ئامیزت دەگرم ئۆسکار
ڕۆژباش خوا!
ســــــــــەت و دە ســـــــــــــــاڵ. یەکجار زۆرە. لەو باوەڕە دام کە خەریکە دەمرم.
ئۆسکار
ڕۆژباش خوا!
کوڕە بچکۆلەکە مرد.
من لە ئیشەکەمدا وەک پەرستار بەردەوام دەبم بەڵام چیتر دادەسـوورێ نابم من تەنیا بۆ ئۆسکار دادەسـوورێ بووم.
ئەو ئەمرۆ سەر لەبەیانی لە دونیا ڕۆیشت. من و دایک و باوکی بۆ نیو سەعات چووبووین قاوەیەک بخوێنەوە. ئەو لە نەبوونی ئێمەدا ڕۆیشت. من لام وایە ئەو چاوەڕوانی دەرفەتێک بوو کە ئێمە لە لای نەبین ئینجا جێ‌مان بهێڵێ. ئەو نەیویست کاتی سەفەرکردنی ڕامانچڵەکێنێ. وەک بڵێی ئەوە ئەو بوو کە بەسەر سەرمانەوە بوو و چاوەدێری دەکردین.
هێند خەفەتبارم کە دڵم ژان‌دەکات. ئۆسکار و‌ا لە دڵمدا هێلانەی کردووە بۆم دەرناکرێ. دەبێ فرمێسکەکان ڕابگرم تا کاتێک شەو دەگەڕێمەوە ژوورەکەی خۆم، چونکە پەژارە و گریانی من دەتوانێ هێندەی تر خەمی لە بڕان نەهاتووی دایک و باوکی ئۆسکار قورس‌تر بکات.
سـوپاس کە دەرەتانی ناسین و دەگەڵ بوونی ئۆسکارم هەبوو. سـوپاس کە لە بەر ئۆسکار توانای دۆزینەوەی ئەم بەسەرهاتە پێکەنینیانەم هەبوو و تەنانەت بۆخۆشم هێندێک لە زۆرانکاری و یاسا و ڕێساکانی گەیشتم. سـوپاس کە لەسایە سەری ئۆسکارەوە منیش دەمێک پێکەنیم و دڵخۆش بووم. ئۆسکار یارمەتی دام کە باوەڕ بە تۆ بێنم. هەموو هەناوم پڕە لە خۆشەویستی، لیپاولیپم لە توانا. گەرموگوڕییەک کە ئەو پێی بەخشیم، بەشی هەموو ساڵەکانی ماوەی ژیانم دەکات.
تا کاتێکی تر
دادەسـوورێ
تا لە بیرمە ئەوەش بڵیم کە ئۆسکار ئەم سێ ڕۆژەی ئاخری کورتە نامەیەکی لە سەر مێزی تەنیشت تەختەکەی بەجێ هێشتبوو، کە لام وایە بۆ تۆ نووسرابوو. ئەوەی لە سەر نووسرابوو:
تەنیا خوا بۆی هەیە بەخەبەرم بێنێ.

سەلاح گادانی، وەرگێڕ و پەروەردەکار، لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری مەهاباد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. ئەو ژیانی پیشەیی خۆی لە ساڵی ١٩٧٨ لە شاری ئابادانی باشووری ئێران وەک مامۆستای بیرکاری و کارەبا دەست پێ‌کرد. دوای وەرچەرخانە سیاسییەکانی شۆڕشی گەلان لە ئێران، گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی و لە هونەرستانی شاری مەهاباد درێژەی بە پیشەی پیرۆزی مامۆستایەتی دا.
- وێستگەی ڕۆژنامەگەری و پەرەگرتنی زمانەوانی
لە قۆناغی دوای شۆڕشدا، سەلاح گادانی بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەرپرسیارێتی دەرکردنی ڕۆژنامەی “پێشەوا”ی گرتە ئەستۆ. ئەم قۆناغە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ لە ژیانی ئەدەبی ئەو‌دا، بەو پێیەی دەرفەتی هاوکاری و ئاشنایەتی لە نێوان ئەو و ژمارەیەک لە دیارترین نووسەر، ڕووناکبیر و کەسایەتییە ئەدەبییەکانی کورددا ڕەخساند؛ لەوانە زیندەیادان: عەلی حەسەنیانی، کەریم حیسامی، ئەحمەد کاکەمەمی و دکتۆر ڕێبوار (مامۆستا سەوجە)، هەروەها بەڕێزان جەعفەر حوسێن‌پوور (هێدی)، مستەفا ئیلخانیزادە و چەندین سیمای دیکەی ڕۆشنبیری. ئەم کاروانە ئەدەبییە وەک فێرگەیەکی دەوڵەمەند ڕێگای خۆش کرد بۆ قووڵبوونەوەی لە زمان، ڕێنووس و فەرهەنگی کوردی.
- کۆچ و ئەزموونی پەروەردەیی لە تاراوگە
پاش ڕووداوە سیاسییەکان و ڕووبەربوونەوەی ژیانی تاراوگە، سەلاح گادانی لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو و لەوێشەوە بەردەوامی بە پەیامی پەروەردە بەخشی. لە ماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردوودا، ئەو وەک مامۆستای زمانی کوردی، کۆمەڵناسی و بیرکاری لە ئاستەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی کاری کردووە. ئەم ئەزموونە درێژخایەنە لە ژینگەیەکی فرەکولتووردا، تێگەیشتنێکی قووڵ و ئەکادیمی لە بواری پەروەردەی نێوان‌کەلتووری و فێرکردنی فرەزمانی پێ بەخشیوە، کە دواتر ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر شێوازی وەرگێڕانەکانیەوە هەبووە.
- پڕۆژەی وەرگێڕان و دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی کوردی
لە ماوەی ٦ بۆ ٧ ساڵی ڕابردوودا، سەلاح گادانی بە شێوەیەکی چڕ‌وپڕ ڕووی لە کاری وەرگێڕان کردووە و چەندین بەرهەمی گرنگی ئەدەبی و فیکری جیهانی لە زمانی سویدییەوە گواستووەتەوە بۆ زمانی کوردی. لەوانە:
- “میسۆ برایم و گوڵەکانی ناو قورعانەکەی” و “دادە سوورێ و ئۆسکار” لە نووسینی نووسەری ناوداری فەڕەنسی ئێریک ئیمانوئێل شمیت.
- ڕۆمانی پڕ لە ڕەهەندی سیاسی “ساڤرۆلا” لە نووسینی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، وینستۆن چرچیل.
نوێترین کاری وەرگێڕانی، گواستنەوەی ڕۆمانی شاهکاری “دراوسێکان” (همسایه‌ها)ی نووسەری بەناوبانگی ئێرانی ئەحمەد مەحموود بوو بۆ زمانی کوردی، کە لە نەورۆزی ٢٠٢٤ لەلایەن “وەشانخانەی ٤٩ کتێب” بڵاوکرایەوە و پێشوازییەکی کەم‌وێنەی لەلایەن خوێنەران، نووسەران و ڕەخنەگرانی ئەدەبییەوە لێ‌کرا. زمانپاراوی و ڕەچاوکردنی ڕێنووسی دروستی کوردی لەم بەرهەمەدا، لایەنێکی بەرچاو بوو کە ڕەخنەگران وەک خاڵی بەهێزی شێوازی کارکردنی ئاماژەیان پێداوە.
- هەڵسەنگاندنی کەسایەتی ئەدەبی وەرگێڕ لە ڕووی هەڵبژاردنی بەرهەمەکانەوە
کاتێک سەیری کارنامەی وەرگێڕانی سەلاح گادانی دەکەین، دەتوانین چەند ڕەهەندێکی فیکری و ستراتیژی لە کەسایەتی ئەو‌دا بەدی بکەین لە ڕێگەی ئەو دەقە جیاوازانەی کە هەڵیبژاردوون:
- فرەڕەهەندی و تێکەڵکردنی فەلسەفە، مرۆڤایەتی و سیاسەت: هەڵبژاردنی بەرهەمەکانی ئێریک ئیمانوئێل شمیت (وەک میسۆ برایم و دادە سوورێ) نیشانەی گرنگیدانی وەرگێڕە بە بابەتی لێبوردەیی، پێکەوەژیانی ئایینی، پەروەردەی ڕۆحی و قبووڵکردنی ئەوی دی. لە بەرامبەردا، کاتێک دەچێتە سەر وەرگێڕانی کتێبێکی وەک ساڤرۆلای چرچیل، لایەنە خولیاوییەکەی ئەو بۆ مێژووی سیاسی، شۆڕش، و ململانێی هێز دەردەکەوێت. ئەم هاوسەنگییە لە نێوان مرۆڤدۆستیی فەلسەفی و واقیعییەتە سیاسییەکاندا، پانتاییەکی فراوان بە پڕۆژە ڕۆشنبیرییەکەی دەدات.
- پردی کەلتووری لە نێوان ئەزموونی تاراوگە و نیشتماندا: سەلاح گادانی ژیانی پیشەیی خۆی لە سوید بەسەر بردووە، لێرەوە هەڵبژاردنی زمانی سویدی وەک سەرچاوەی وەرگێڕان (تەنانەت بۆ دەقە غەیرە سویدییەکانیش)، نیشانەی هۆشیارییەکی قووڵە بۆ گواستنەوەی بەرهەمە جیهانییەکان لە ڕێگەی ئەو زمانەی کە تێیدا ژیاوە و پێی گەیشتووە. ئەو دەیەوێت بەم کارە بۆشایی نێوان ناوەندە ئەدەبییەکانی ئەوروپا و کتێبخانەی کوردی پڕ بکاتەوە.
- هەڵبژاردنی شاهکارە ڕیالیزمەکان و نزیکی لە دەردی کۆمەڵگاوە: وەرگێڕانی ڕۆمانی دراوسێکانی ئەحمەد مەحموود، کە یەکێکە لە لوتکەکانی ئەدەبیاتی ڕیالیزمی کۆمەڵایەتی، نیشان دەدات کە سەلاح گادانی هێشتا بە قووڵی بەستراوەتەوە بە مێژووی هاوبەشی ناوچەکە، خەباتی چینایەتی، و ژیانی خەڵکی ستەمدیدە. ئەم دەقە پێویستی بە زمانێکی پاراو، دەوڵەمەند و نزیک لە زاری خەڵکەوە هەیە، کە سەرکەوتنی وەرگێڕ تێیدا، سەلمێنەری لێهاتوویی زمانەوانی و خەمخۆرییەتی بۆ گەیاندنی ڕووداوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان بە زمانی دایک.
پوختە: کەسایەتی سەلاح گادانی وەک وەرگێڕ، تەنیا ڕاگواستنەوەی وشە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی هۆشیارانەیە لە هەڵبژاردنی ئەو دەقانەی کە خزمەت بە گەشەی فیکری، لێبوردەیی کۆمەڵایەتی، و ناسینی واقیعی سیاسی و مێژوویی دەکەن.




