ئەدەبیژیاننامەکتێب

وڵاتی من

 ئامادە کردنی قاسمی قازى

پێشەکی

زۆر لەمێژ بوو بە ئاواتەوە بووم بەسەرهاتی بابم کە بە هزر و بیر و دیقەتێکی وردو بە راوێژێکی خۆش بەیانی دەکرد و وەکوو ژیانی هەموو کوردێک، پڕ بوو لە بەدبەختی و چارەڕەشی، کۆ بکەمەوە، بەڵام ژیانی دەربەدەرى و ئاوارەیی مەجالی نەدەدا.

ئاخرین جار کە لە کوردستان چاوم بە بابم کەوت، ساڵی ١٩٨٧ بوو. رێژیم بە زۆر ناردبووی تا بمانباتەوە. چەند رۆژێکمان لەلا ماوە، بەڵام دەرفەتی ئەوەى کە ئەو ئاواتە وەدى بێ و بتوانم بیرەوەرییەکانی بنووسم، نەبوو. بابم دەبوایە لە رێگاى بنکەى حیزبی دێموکرات لە دۆڵی شیوەڕەز لە بنارى کێوى جوان و سەرکەش و بە هەیبەتی مامەندە، کە ناوچەیەکی وێران و مەحەڕەمە بوو، بەرەو مەهاباد بگەڕێتەوە. لەو شوێنە لە داوێنی لاپالێک، دواى تێڕامانێکی زۆر، ماڵئاواییمان لێک کرد. ئەو رۆیی و ئەمن هەروا راوەستابووم و لێمدەڕوانی. چەند جار ئاوڕى داوە تا گەیشتە ئاسۆگی سەرێ. لەوێ بۆ ئاخرین جار ئاوڕى داوەو دەستەکانی تەکان دا و ئیدى نەدیوو بوو. نازانم بۆ هەروا راوەستابووم و چاوم هەر لە ئاسۆگی سەرێ بوو و بیرم لە ژیانی سەخت و سەخڵەت و چارەڕەشی ئەو دەکردەوە. ماوەیەکی پێچوو لە نەکاو بابم وەدەر کەوتەوە. زۆرم پێ سەیر بوو. خوودایە چ بووە؟! بۆ گەڕاوە؟ ئەو دەبوو لەو شوێنەى کە زۆر مەترسی هێنەر و دوژمن بە تەواوى کاولی کردبوو، هەرچی زووتر تێپەڕێ، بە پەلە وەسەر کەوتم و گوتم: ئەوە چ بوو بابەگیان بۆ گەڕایەوە؟

– ئەو وردە پووڵەم پێیە لەبیرم چوو بتدەمێ.

دەستی لە گیرفانی نا، چەند دینارى عێراقی دەرهێنا. دوایە دەمێکی دیکەشم تێڕاما. هیچمان قسەمان بۆ نەدەکرێ، هەر چاوەکان لە ئاخاوتن دابوون و دوایە ئەوانیش پڕ ببوون لە ئاو و ئیدى دەبوایە دیسان ماڵئاواییمان لێک کرد باوە.

پێموابوو ئاخرین ماڵئاواییە، بەڵام بە خۆشییەوە ١١ ساڵ دواتر، لەسەر دەعوەتی سەلاحی برام لە وڵاتی دانماڕک، جارێکی دیکە بە دیدارى دایک و بابم شاد بوومەوە. ئەو جارەش فرمێسک لە چاوان دا قەتیس مان، بەڵام ئەوجارە، فرمێسکی شادى. لەبەر شەکەتی و ماندوویی رێیە درەنگ لە فرۆکەخانەى هاتنە دەرێ، بەڵام هەر کە بابم هاتە دەرێ، رووى لە من کرد و گووتی: قاسم سوبحانەڵا ئێرە ئافرەتی جوانی لێیە. چاوێکم لە دایکم کرد و بزەیەکی هاتێ و تێر پێکەنیین.

دوایە چووینەوە ماڵێ و هەر لەوێ داوام لێکرد کە یارمەتیم بدات تا بیرەوەرییەکانی، ئەوەى بەسەرى هاتووە و بیستویەتی کۆ بکەمەوە. بە دڵ ئاواڵایی قبووڵی کرد و لە ماوەى ئەو ٣ مانگەی کە لە ئوروپایە بوو، لە ماڵێ، لە دەرێ، لە نێو ماشێن، لە هەر شوێنێکی کە پرسیارم دەکرد، جوابی دەداوە. جارجاریش وا هەڵدەکەوت کە نەمدەزانی پرسیارێکم دووپات و سێ پات و … دەکردەوە، ئەو بەو بیر و هزرە تیژی دەیزانی کە ئەو پرسیارە کراوە و تووڕە دەبوو و دەیگوت وەڵاهی نایگێڕمەوە، بەڵام باش بوو هەموو جارێ دایکم لەفریام دەهات و داواى لێدەکرد کە بۆم بگێڕێتەوە و بابیشم خێرا بە قسەى دەکرد. سەرجەم ئەو بیرەوەرییانە لە ٢٣ نەوارى زەبت و کاسێتی ویدۆئیی دا تۆمار کراوە و زیاتر لە ٦٠٠ لاپەڕەى لەخۆ گرتووە و لە ماوەى ٤ ساڵ دا، داڕژتراوە و ئێستا ئەوە بەشی دووهەم لەگەڵ بەشی یەکەم کە پێشتر چاپ کرابوو، پێکەوە دەکەوێتە بەردەستان.

لێرەدا بە پێویستی نازانم کە لەسەر کەسایەتی بابم هیچ بدوێم و ئەو کتێبە بە شێوەیەکی ورد ژیان و بەسەرهاتی ئەو بەیان دەکات، بەڵام دەمهەوێ ئەوە بڵێم لەو کتێبەدا زۆر رواڵەتی شاراوەى مێژووى گەلەکەمان وەک ساڵەکانی شەڕى یەکەمی جیهانی، کۆمارى کوردستان، هەڵسووکەوتی عەشایر، زانکۆى ئەفسەری تەورێز و ساڵەکانی ٤٦ – ٤٧ شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ و هەڵسوکەوتی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی و ئازایەتی و لەخۆبردوویی هێزی پێشمەرگە، بە زمانێکی پاراو و شیرین بەیان کراوە و لەو بوارەدا ئەو کتێبە زۆر دەوڵەمەند و گرینگێکی تایبەتی هەیە. بۆیە وەک دیارییەکی بە نرخ پێشکەش بە کتێبخانەى کوردى دەکرێ، هیوادارم جێگاى رەزامەندى خوێنەران بێ.

قاسم قازی

پێشەکی بۆ چاپی دووهەم

بە هۆی بواری ئەمنی، تەنیا بەشێ یەکەمی کتێبێ “وڵاتی من” کە تا ساڵی ١٣٥٧ لە خۆ دەگری، لە ساڵی ١٣٨٤ چاپ کرا. ئێستا بەشی دووهەمیش ئامادە کراوە و پێکەوە لە یەک بەرگ دا چاپ دەکرێ. حاجی عەبدوڵای قازی لە بەشی دووهەمی بیرەوەرییەکانی دا، زۆر بە وردی باسی رووداوەکانی دوای شۆڕشی ئێران، هەڵسوکەوتی رێژیمی کۆماری ئیسلامی و شەڕ و خۆڕاگری هێزی پێشمەرگە و وەزع و گوزەران و زیندان و گیروگرفتەکانی ژیانی بنەماڵەی خۆی و کۆمەڵگای کورد دەکا و بە وردی رووداوەکان دەخاتە بەرباس. کە هیوادارم جێی رەزامەندی خوێنەران بێ. بەلام بۆ ناساندنی زیاتری کەسایەتی حاجی عەبدوڵا قازی، پێویستە ئاماژە بە نووسراوەی بە پێزی سیاسەتوان و نووسەر و وەرگێڕ و شاعیری گەورە، ئەحمەدی قازی، برای حاجی عەوڵا بکرێ کە لە لاپەڕەی١٥ ی دەست نووسی کتێبی “لەگەڵ تێپەر بوونی زەمان” لەسەر براکەی، نووسێوێتی:

حاجی عەبدوڵلا کوڕی دووهەمی باوکم، ساڵی ١٣٠٥ی هەتاوی لە دایک بووە. سەرەتا بە پچڕپچڕ لە لای میرزا و مەلای گوند، سەوادی خوێندن و نووسینی پەیدا کردووە و پاشان لە شاری مەهاباد شەشی سەرەتایی خوێندووە و لە گوندی ” کۆنەدێ” کە ماڵی خۆی لەوێ بوو، بۆتە مامۆستای قوتابخانە. هەرچەند پلەوپایەی خوێندنی زۆر بەرز نەبوو بەڵام خوێنەرەوەیەکی بە دەسەڵات وماندوو نەناس بوو. لە قورئان و حەدیس و شەریعەت دا خۆی گەیاندە پلەیەکی بەرز و لە مزگەوتی قازی کە خۆی سەرپەرستی دەکرد، دەرسی قورئانی بە تەفسیریەوە بە فەقێ‌یان دەگوتەوە، موتاڵای لەسەر ئەدەبیات و تاریخ و جۆغرافیا زۆر بوو. زۆربەی داستانەکانی شانامە و نیزامی و سەرچاوە ئایینی‌یەکانی بە شێعر لەبەر بوو. گفت و لفت و راوێژی، بۆ هەموو کەس شیرین و سەرنج راکێش بوو. زەینی تیژ و زاکیرەی زۆر بە هێز بوو. ئەم تایبەتمەندی یانە، ببوونە هۆی ئەوە کە زانیارێکی زۆر لە سەر رووادوەکانی وڵات کۆ بکاتەوە. ئاگاداری‌یەکی هەراوی لەسەر مێژووی جیهان هەبوو، دەیتوانی لەسەر ئەم بابەتانە بدوێ و بیرورای خۆی دەرببرێ.

بێجگە لەو تایبەتمەندی یانە لە ئاوەدان کردنەوەی گوند و باغ و مەزرا وێنەی کەم بوو. عاشقی دار و درەخت و شینایی و سروشتی سەر سەوز و جوان بوو. تا توانیبای باغ و دارستانی دروست دەکرد و خۆی زیاتر لە هەموو کەس کاری دەکرد. لە کاری باغداری و کشت و کاڵ دا بەراستی ئازا بوو.

حاجی موسڵمانێکی توند و تیژ و پابەند بوو. لە ساڵانی پیری دا دوو جار زیارەتی ماڵی خودای کرد و ئەهلی خێر و خێرات بوو. لە کۆنە دێ دادەنیشت و زۆر ئۆگری باغ و مەزرا و کاری کشت و کاڵی بوو. پیاوێکی سەخی و دلۆڤان و ماڵ خۆش بوو. ماڵی هەمیشە پر لە میوان و ئاشنا و غەریبە بوو. هەرچەند دەوڵەمەند نەبوو بەڵام بۆ میوان گری کەس تای نەدەکرد. حاجی عەبدوڵلا نیشتمان پەروەرێکی دڵسۆز و تێکۆشەر بوو. لە رووداوەکانی سیاسی و پێشمەرگایەتیدا بە خۆی و کوڕەکانییەوە پیاوانە بەشداری دەکرد و ماڵە ساکارەکەی هەموو کات جێگەی حەسانەوە و حاوانەوەی پێشمەرگە و کادر و ئەندامانی حیزب و سازمانەکانی کوردستان بوو.

بیرەوەری یەکانی حاجی عەبدوڵلا لە لایەن قاسمی قازی کوری دووهەمی حاجی کە ئێستا لە وڵاتێکی ئورووپایی نیشتەجێ‌یە، لە دوو بەرگ دا بە ناوی ( وڵاتی من ) بڵاو کراونەتەوە کە وەک سەرچاوەیەکی بایەخدار دێنە ئەژمار.

حاجی عەبدوڵلا نۆ کور و چوار کچی هەیە کە هەموویان لە دایکێکن بە ناوی “زینەت”. ئەم خاتوونە شێرەژنێکی ئازا و بە جەرگە و لەهەموو رووداوێکی خۆش و ناخۆش دا. بە ورەی بەرزەوە پشتیوانی مێرد و کەس‌وکاری خۆی بووە و لە خزمەت کردنی تێکۆشەراندا ناوبانگی رۆیشتووە.

لەو ساڵانەدا کە ماڵم لە تاران بوو، رۆژێک حاجی میوانم بوو. ئەوکاتی من تەنیا کچێکم بوو بە ناوی پەرەنگ، دیتم حاجی بە ژوورەکاندا دەگەرێ، دەتگوت شتێکی لێ‌ون بووە و دەیهەوێ بیدۆزێتەوە. لێم پرسی کاکە لە چی دەگەرێی؟ فەمووی لە منداڵ، منیش دەستم بۆ لای پەرەنگ کە سێ یا چوار ساڵە بوو راداشت و عەرزم کرد، ئەوەتا ئەو کچە جوانەم هەیە. بە توورەیی‌یەوە پرسی:” هەر ئەوە؟ جەرگت خرابێ من نۆ کور و چوار کچم هەیە”. بە شۆخی عەرزم کرد “قوربان من هەر ئەوەندەم پێکراوە، ئێستاش برایەتی بۆچی دەبێ، زەحمەت بکێشە و لێرەش گەرایەک دابنێ”.

لە کورەکانی حاجی عەبدوڵلا ، فەتاح کە کوری گەورەیەتی پیاوێکی دڵسۆز و خۆشەویستی هاوشاری‌یانە، بۆ ماوەی هەشت ساڵ ( ١٣٨٦تا ١٣٧٨) رەئیسی شوورای شاری مەهاباد بووە و دەگەڵ ئەندامانی شوورا زۆربەیان بۆ ئاوەدان کردنەوە و پێشکەوتنی شار کاری کردووە. بە تایبەتی حەوڵیان داوە شناسی کوردایەتی شار ببوژێننەوە. لە ماوەی کاری ئەم دوو دەورەی شوورایەدا ناوی زۆر شەقام و مەیدان بوونە کوردی و پەیکەری ناودارانی وەک محەممەدی قازی و هەژار و هێمن لە مەیدانەکانی شار بەرپا کراوە.

حاجی عەبدوڵلا لە کۆتایی ژیانیدا تووشی نەخۆشی کوشندە هات و پاش ساڵێک سەرەنجام لە رێکەوتی ١٣٨٨/٥/٢٢ ی هەتاویدا کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی لە خانەقای شەرەفکەند بە خاک ئەسپێردرا.

١

ئەوەى گەورە و بە ساڵ دا چووان، لە خزم و ئاشنا بۆیان گێڕاومەوە، یا لە کتێب و پەڕەتووک و گۆڤاران دا خوێندومەتەوە، دەگێڕنەوە کە بناغەى شارى مەهاباد بە دەستی شێرخان، یەکێک لە میرانی موکرى کە لە عەشیرەتی بابامیرى بووە و دواتر بە دەستی تورکانی ئێران کوژراوە، داڕشتراوە. پیربوداغ سوڵتان، کوڕى شێرخان کە بەدواى بابی دا، بووە بە مەلیکی ئەو مەڵبەندە و سوڵتانیان پێگوتووە، ئەو شارەى پەرە پێدا و بیناى زۆر گەورەى، وەک مزگەوتی سوور و پردى سورى لێ دروست کرد. هەروەها ناوبراو بۆ پەرئەستاندنی بازرگانی لەو شارەدا، لەسەر رێگاى مەهاباد- سەردەشت، کۆخی کورتەکی دروست کرد. لەو بینایانە تەنیا مزگەوتی سوور کە ئێستاش مزگەوتی جامعی شاری مەهابادە، هەر ماوە و ئەوانی دیکە شوێنەوارى ئەوتۆیان نەماوە. ئەمن بۆخۆم کۆخی کورتەکم دیبوو، لە جێگایەکی زۆر حەستەم هەڵکەوتووە و ئەوکات کە سەرباز بووم، ڕێم کەوتۆتە ئەوێ و لەوێ چام لێناوە. ئەو کۆخە بە تاق درووست کرابوو و چوار دانەی هەبوو و هەر تاقەى رووى لە لایەکی بوو. ئەگەر زریانی هاتبا، دەتتوانی لە باشوور دابنیشی و وچانێ بدەى، ئەگەر شەماڵی هاتبا لە لایەکەى دیکە. ئەو کۆخە بۆ ئەوکات گرینگێکی تایبەتی هەبوو، چوونکە ئەوکات ئاوەدانی کەم بوو. ئەگەر کاروان لە رێگاوبان و چۆلگان دا تووشی باکوت و بەفرو سەخڵەتی بووبان پەنایان بۆ ئەو کۆخە دەبرد. ئەو شوێنە پیاوى بۆ گیرابوو و لە زستان دا ئاورد و سووتەمەنی لێ دادەنرا.

بەر لە بوداغ سوڵتان، میرانی دیکەى موکریان بەسەر ئەو مەڵبەندەدا دەسەڵاتدارییان کردووە. سارم بەگ کوڕى میرسەیفەدین، یەکێک لە بەهێزترین میرانی ئەو ناوچەیە بوو. لەگەڵ هێزەکانی قەرەپەپاغ و عەجەم، کە تا ئاوایی دریازى شاروێرانیان داگیر کردبوو، بەشەڕ هات و تەواوى ناوچەکانی شاروێران و سندوس و ئاختاچی خستەوە ژێر دەسەڵاتی خۆى. ئەو تەنانەت بە هێزەکانی خۆى هێرشی کردۆتە سەر شارى مەراغە و لەوێ لەگەڵ هێزەکانی عەجەم بەشەڕ هاتووە.

ئێستا شوێنەوارى قەڵاى سارم بەگ لە کێوى (قەڵاى سارم)، لە پشتی ئاوایی (لاچین) هەر ماوە و لە بەرانبەر دوژمناندا، هەروەک هەژار دەڵێ: کە کورد لە تەنگانە تەلانی لانە”، جێگاى بەرگرى و خۆراگری میرانی موکری بووە.

ئەوکات خەڵك بە هۆى هەواى فێنک و ئاوى سارد و مەڕتەع و لەوەڕگەى چاک و هەروەها بە هۆى ئەوەى کە لە هاوینان دا لەبەر گەرما و مێشولەى جەگەن و قۆڕغی و قامیشەڵێن، بە زەحمەت توانیویانە لە دەشتەکان بحاوێنەوە، گەرمێن و کوێستانیان کردووە. ئەو شوێنەش جێگاى حاوانەوە و لەوەڕگەی مەڕ و ماڵاتی ئەو میرانە بوو. سارم خان دوو براى هەبوو، بە نێوەکانی مستەفا ئاغا و شێخ حەیدەر. شوێنی حەسانەوە و مەقەڕى ئەوان لە هاوینان دا کێوەکانی پشتی ئاواییەکانی (وزندەرێ و کۆنەدێ) بوون کە دەکەونە باشوورى رۆژهەڵاتی شارى مەهاباد. ئێستا ئێمە مەزرایەکمان هەیە بە نێوى شێخ حەیدەر کە لەگەڵ کێوەکانی مستەقا ئاغا و ئاخ داخ، زنجیرە کێوێکی حەستەمیان پێک هێناوە.

دەسەڵاتدارێتی میرانی کورد، کاتی بووە و ئەوانە هەرچەند سەرکەوتنی زۆریان لە بەرانبەر دوژمناندا وەدەست هێناوە، بەڵام بۆ ئەوەى توانیبێتیان ناوچەیەکی بەهێز و بەرفراوانی ژێر دەسەڵاتی کوردى دابمەزرێنن، قەت نەیانتوانیوە هۆز و عەشیرەتەکانی دیکەى کورد بێننە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. نەبوونی یەکێتی و یەکگرتوویی لە نێو هۆز و عەشیرەتەکانی کورد لە سەرانسەری مێژوودا، هۆى سەرەکی سەرنەکەوتنی کورد بووە و ئێستاش ئەو دیاردەیە، بەربینگی خەڵکی وڵاتەکەمانی بەرنەداو.

٢

یەکێک لەو عەشیرەتانە کە لە کێشەکانی سیاسی ناوچەى موکریاندا دەستی هەبوو، عەشیرەتی قازییە. وەک دەگێڕنەوە رەچەڵەکی ئەو تایفەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی کە بوداغ سوڵتان بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی ئێران، چۆتە شەڕى قارس و بایەزید لە وڵاتی قەفقاز. لەو شەڕەدا کە هێزەکانی دوو دەوڵەتی رووس و ئێران لە بەرانبەر یەک دا رادەوەستن، شەوێک کوڕى ژێنڕاڵێکی گورجی، لە هێزى دوژمن، خەون بە پێغەمبەرى ئیسلامەوە دەبینێ و دەخەونی دا پێی دەگوترێ کە بچێ لەسەر دەستی بوداغ سوڵتان موسوڵمان بێ. ئەو کوڕە سێ جار ئەو خەونە دەبینێ. تا شەوێک بە دزى خۆى دەگەیەنێتە چادرى بوداغ سوڵتان و لەوێ خۆى تەسلیم دەکا. کێشک و قەرەوڵ دەیگرن و دواى پرسیاران، کوڕ دەڵێ کە پەناى هێناوە و هاتووە خۆى تەسلیم بکا. دوایە دەیبەنە لاى بوداغ سوڵتان و لەوێ خەونەکە دەگێڕێتەوە و هەر لەسەر دەستی بوداغ سوڵتان، موسوڵمان دەبێ و نێوى دەنێن محەممەد.

بۆ سبەینێ ژێنڕاڵ کە پێی وابووە کوڕەکەى بە بارمتە گیراوە، رادەسپێرێ کە هەرچی بوداغ سوڵتان بیهەوێ بیداتێ، بەو شەرتەى کوڕەکەى بۆ ئازاد بکا و بۆى بنێرێتەوە. بوداغ سوڵتان وەڵام دەداتەوە و دەڵێ ئەو بۆ خۆى هاتۆتە ئێرە و پەناى بۆ ئێمە هێناوە، ئێستاش بنێرن بیبەنەوە. دایک و باب، راسپاردان دەنێرن و هەرچی هەوڵ دەدەن کە کوڕەکەیان بچێتەوە، بەڵام کوڕ ناگەڕێتەوە.

بوداغ سوڵتان ئەو کوڕەى دێنێتەوە مەهاباد و لەوێ پێی دەخوێنێ و کوڕە دەبێتە مەلا و ژنی لێ مارە دەکرێ. بەم جۆرە تایفەى قازى لەو کوڕە را داکەوتوون. ڕەحمانی قازى و خەلیلی فەتاحی قازی و هەروەها وەک بیستبێتم کاک محەممەدى قازى، وەرگێڕى بە نێوبانگ، ئەو شەجەرەیان نووسیوەتەوە.

عەشیرەتێکی دیکەى بە هێز و ئازاى ناوچەى موکریان کە بەشێکی زۆرى ئەو ناوچەیە و بەشێک لە خاکی کوردستانی عێراقیشی داگرتووە، عەشیرەتی مەنگوڕانە. ئەوانە شەڕکەر و زۆر ئازا و بەغیرەتن و لە رابردوودا زۆر جوابی حاکمانی ناوچەیان نەداوەتەوە و هێرشیان کردۆتە سەر ناوچەکانی دیکەى دەورووبەرى خۆیان و تاڵانیان کردوون. تا سەرئەنجام کوڕى شێرخان لە عەشیرەتی بابامیرى، کە حاکمی سابڵاغ بووە، لە لاى ئەحمەدخان، حاکمی مەراغە شکایەتی کردووە و داواى لە دەوڵەت کردووە کە عەشیرەتی مەنگوڕ هەزار سواریان هەیە و ئەو لە تواناى دا نییە بەربەرەکانیان بکات و بە گژیان دابچێ بۆیە دەبێ دەوڵەت کەڵەکێکیان بۆ بدۆزێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە ئەحمەد خان، بە نێوى ئەوەى کە لەگەڵ حاکمی تەورێز شەڕى هەیە، داوا لە باپیرئاغاى مەنگوڕ دەکا کە بە هانایەوە بچێ بۆ مەراغە و بەڵێنی دانی تەواوى دەسکەوتەکانی شەڕیشی پێدەدا.

هێزەکانی مەنگوڕ کە نیزیک ١٠٠٠ سوار بوون، بەرەو مەراغە وەڕێدەکەون و لەوێ هەر دوو کەس و سێ کەس، وەک میوان بەسەر ماڵێکی دا دابەش دەکرێن. شەوێکی بە ماڵەکان دەستوور دەدرێ کە لە نیوە شەو لەگەڵ تەقەى تفەنێگ دا، دەبێ هەر کەسە میوانەکانی خۆى بە بیور یان هەر شتێکی دیکە کە لەبەردەستی دا هەیە لە جێیەدا بکوژێ. بەم شێوەیە تەواوى ئەو لەشکرە دەکوژن و سەریان دەبڕن، تەنیا یەک کەس دەردەچێ کە ناوی خەمە بووە.

خەمە چاوەشی مەنگوڕان بووە و تەپڵی بۆ لێداون و زۆر ئازا و بە نێوبانگ بووە. ئەو توانی بە سوارى خۆى نەجات بدا و بێتەوە نێو مەنگوڕان و بە ژنە کادەروێشیان دەڵێ: “نەما کەس نەما، دەوڵەت هەموو پیاوەکانی ئێوەى کوشت، ئێستاش کوڕان گەورە کەن، تۆڵە بستێنن”.

کوڕ، دواى دە پازدە ساڵان گەورە و فێرى تیرهاوێژى و سوارى دەبن و بۆ تۆڵەى خۆیان لە دژى دەوڵەت وەخۆ دەکەون و هەر ژاندارمێکی کە تووشی دەبن دەیکوژن. ئەوانە هەر شوێنێکی دەوڵەتی کە لە مەهاباد و دەورووبەرى هەبووە پێیان داداوە و وێرانیان کردووە. تا دەوڵەت بۆ سەرکوت کردنی مەنگوڕان هێزێکی زۆر لە قەرەپەپاخان کۆ دەکاتەوە. ئەو هێزە دێ لە نیزیک ئاوایی “داشتەمر” لە مێرگێک کە دوایە بە مێرگی قەرەپەپاخان بە نێوبانگ بوو و ئێستا وەبن ئاوى سەدێ مەهاباد کەوتووە، کۆدەبنەوە و مۆڵیان خواردبوو. شەو سوارى مەنگوڕان بەسەریاندا دەدن و بە تۆڵەى خۆیان ٧٠٠ کەسیان کووشت.

بە درێژایی مێژوو ئێستاشی لەگەڵ بێ، پادشا و حاکمانی ئێرانی زۆر بەڵایان بەسەر خەڵکی ئێران بە تایبەتی خەڵکی کورد هێناوە و ئەو خەڵکە هەمیشە لە ژێر زەبر و زەنگ و کوشت و کوشتارى ئەو زاڵمانەدا بووە. بۆ وێنە شاکانی سەفەوى، رادەیەک مرید و سۆفیان هەبوو کە ئەگەر رقیان لە هەر کەس هەستابا و ئەو کەسەیان دابایە دەستییان، هەر بە زیندویی پچڕپچڕیان دەکردن و دەیانخواردن.

حاکمانی ئێرانی ئەگەر لە بەرانبەر دوژمنانی وەک رووس و تورک دا هیچ چەشنە بەربەرەکانیەکیان نەبوبایە، بۆ سەرکوت کردنی خەڵکی نێوخۆى وڵات، بە تایبەتی خەڵکی کورد، لێبڕاو و رژد و ئازا بوون. لە سەردەمی پادشاکانی سەفەوى و قاجاردا، چەند جار شارى تەورێز پێتەختی وڵات بە هۆى دەوڵەتی تورک و رووس داگیر کرا و بەشێکی زۆر لە خاکی ئێران دابڕ دابڕ بوو. ئەو حاکمانە ئەوەندە بێ کیفایەت بوون کە تەنانەت بۆ خۆیان بە دەستی خۆیان تاجیان لەسەر کەسانێکی وەک مەحموودى ئەفغان دادەنا.

بێ کیفایەتی و فەساد و خۆێڕییەتی پادشاکانی ئەو سیلسیلانە لە هەموو بۆارێکەوە لە رادەبەدەر بوو. شاسوڵتان حوسێنی سەفەوى، مەئمورى بە وڵاتانی ئێروان و گورجستان دا دەنارد تا لە هەر جێگایەکی دا، کچێکی جوانی لێ بایە بۆى بێننە حەرەمخانەى و گەورەترین شانازى لە نێو وەکیل و وەزیرانی دا، ئەوە بوو کە ئەو شەوە توانیوییەتی ٤١ کچ، بکاتە ژن. دیارە لە بڕى ئەو کارەش دەست و پەیوەندەکانی، ئافەرینیان بە پیاوەتیەکەى دەگووت.

ئەوانە ئەوەندە خوێن مژو و دڕندە بوون کە روحمیان بە کەسوکارى خۆشیان نەدەکرد. شاە عەباس، کوڕێکی زۆر جوان و ئازا و تێگەیشتووى دەبێ بە نێوى مستەفا. شا لەوە نیگەران بوو کە ئەو کوڕە گەورە بێ و تاج و تەختی لێ بستێنێ، بۆیە لە فکرى کوشتنی دا دەبێ. دوو ئەفسەر لە دەربارى دا بوون بە نێوەکانی ئەمیر عەبدوڵاخان و مەحموود. رۆژێک شا بە ئەمیر عەبدوڵاخان دەڵێ: تەشتێک بێنە و مستەفاى کوڕم سەر ببڕە. ئەمیر عەبدوڵاخانیش شیرەکەى لە قەدى دەکاتەوە و ماچی دەکا و دەڵێ: ئەتۆ ئەو شیرەت داوە بە من کە دیفاع لە نامووس و ماڵی تۆ بکەم. قەت شتی وانابێ کە دەستی من بە خوێنی خانەوادەى تۆ سوور بێ. ئەوە شیرەکەت ئەمن دەچمەوە ماڵە خۆم.

شا ئەوجار بانگی مەحموود دەکا و دەڵێ: ئەو کوڕەى من بێنەو سەرى ببڕە.

مەحموود دەڵێ: بەڵێ قوربان هەرچی تۆ بفەرموى.

مەحموود دەستبەجێ بە پێنج شەش کەسان دەستور دەدا، مستەفاى دەگرن و دەست و لاقی دەبەستن، ملی لەسەر تەشتی دادەنێنن و لە پێش چاوى شا عەبباس سەرى دەبڕن. مەحموود کوڕێکی هەبوو کە لەگەڵ مستەفاى کوڕى شا دۆست بوون. دواى ئەو رووداوە شا دەڵێ: مەحموود بێنە سەرى کوڕەکەى خۆشت ببڕە، با دڵی من و تۆ وەک یەک وابێ. ئەوجار مەحموود سەرى کوڕى خۆشی دەبڕێ.

٣

لەگەڵ هەمووى ئەو کێشە و ئاڵۆزی و کەند و کۆسپانە، ناوچەى موکریان وەک باقی شوێنەکانی دیکەى کوردستان، وردەوردە پەرەى ئەستاند و هەرچەند رێگرى و تاڵان و بڕۆ لە گەردەنەکاندا باو بوو، بەڵام سەرەراى ئەوانە، شارى مەهاباد، بوو بە ناوەندێکی بچووکی بازرگانی. توجاڕ و بازرگانەکان لە نێوان شارەکانی تەورێز، باکۆ و شام و بەغدا و کرماشان و سنە را شتوومەکیان بەو ناوەندانەدا ئاڵووێڕ دەکرد و بە کاروانی و وشتران، خورما و گوێز و گەزۆ و مازو و کەتیرە و کوتال و شتوومەکی دیکەیان دێنا و دەبرد. خەڵکی دێهات و دەورووبەر بۆ کڕین یان فرۆشتنی پێداویستییەکانی خۆیان، دەهاتنە ئەو مەڵبەندە و جێبەجێیان دەکردن.

دەگەڵ پەرە گرتنی دووکان و بازار لە شارەکاندا و بوونی خوێندکارانی فەقێ و مەلا لە حوجرەکاندا، جێگیربوونی کاری قەزاوەت، بۆ چارەسەرى کێشە و گیرو گرفتەکان، وەک ئەرکێکی پێویست هاتنە ئاراوە. لەو پێیە داو بە تایبەتی بنەماڵەى (قازى)، بوونە ناوەندێکی گەورە بۆ چارەسەرى کێشە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی مەهاباد و دەوروبەر و بۆ ماوەى زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ کاروبارى قەزاوەتی خەڵکیان بە ئەستۆوە بوو.

دیارە ئەوکات دادگوستەرى و عەدلییە و شتی وا نەبوو. حوکم هەر حوکمی قازى بوو و هەر ئەوان توانیویانە و حەقیان هەبووە، سەنەد و بەڵگەى قەزایی بنووسن و حوکم بدەن. حوکمی قازى لە لایەن شاى ئێران دیاری دەکرا و ئەگەر قازییەک وەفاتی کردبا، دەبوایە شا، قازییەکی دیکەى لە جێ دانا با. ئەمن حوکمی قەزاوەتی قازى مونعیم (باپیرم) دیبوو کە بە خەتێکی زۆر جوانی ئاوزێڕ نووسرابوو.

مەهاباد سەرجەم سێ مەحکەمەى تێدابوو. مەحکەمەى قازى عەلی (بابی پێشەواى). مەحکەمەى قازى مونعیمی (باپیرم) کە ماڵە ئێمەى تێدا دەژیا و لە پشتی شارەدارى هەڵکەوتبوو و شوێنکی یەکجار زۆر جوان و خۆش بوو. ژێرخانەکانی هەموو بە تاق دروست کرابوون و هەیوانی جوانی پڕ لە نەخش و نیگار و دەروازەى گەورە و حەوزخانەى بە بەردى مەڕمەڕى هەبوو. ئەو ماڵە دواتر لە لایەن دەوڵەتەوە وەک شوێنەوارى مێژووى ناسان درا، بەڵام بە هۆى بۆمبارانی مەهاباد لە شەڕی دووهەمی جیهانی کە بۆمبەکانیان بە شارەدارى دادابوو و لە نیزیک ئەو خانوویە کەوت بوون، دوو پایەى قەڵشى بوو و ئێمە دواتر مەجبوور بووین لە پێش ساڵی ١٩٨٧ زاینی هەڵیوەشێنین. مەحکەمەى سێهەم، مەحکەمەى قازى قادرى، ماڵە (خەلیلی فەتاحی قازى) بوو کە لە سەرەوەى مزگەوتی قازى هەڵکەوتبوو. ئەویش دەرکە و دەروازەى جوانی هەبوو.

تایفەى قازى بە کارى قەزاوەت و راگەیشتن بە دەرد و مەرگ و هەوڵدان بۆ چارەسەرى گیروگرفتەکانی کۆمەڵانی خەڵک، تا رادەیەکی زۆر لە نێو دڵی خەڵک دا، خۆشەویست ببوون و پیاو ماقووڵانی ئەو تایفەیە بە تەواوى تواناوە بۆ خزمەت بە خەڵک تێکۆشان. بۆ نموونە جارێک یەکێک لەو گەورە پێاوانەى تایفە بۆ کارێکی دەچێتە لاى حاکمی ئەوکاتی مەهاباد. حاکم جوابی رەدى دەداتەوە و کارەکەى بۆ جێبەجێ ناکا. قازى بە نائومێدى حاکم بەجێ دێڵێ و وەدەر دەکەوێ. لەبەر دەرکەى، کابرایەک پێشی پێدەگرێ و تەکلیفی لێدەکا کە بچێ لە لاى ئەو حاکمە و داوای کارێکی بۆ بکا. قازى دووبارە دەچێتەوە لاى حاکم و ئەو دیسان جوابی رەدی دەداتەوە و قازى بە نائومێدى وەدەردەکەوێ. بۆ جارێکی دیکە هەر لەبەر دەرکەى، کەسێکی دیکە بۆ کارێک لەبەرى دەپارێتەوە کە لە لاى حاکم بۆى جێبەجێ بکات. دیسان قازى دەگەڕێتەوە لاى حاکم. حاکم زۆر توڕە دەبێ و دەڵێ: “ئەمن ئەتۆم زۆر پێ سەیرە، ئەمن کارى تۆم جێبەجێ نەکردوە بەڵام ئەتۆ بۆ کارى خەڵکی دیکە هەر دێی لە بەرم دەپاڕێیەوە”.

قازى لە وڵام دا دەڵێ: ئەمن بە پێی ویژدانی خۆم، وەزیفەمە کە ویست و داخواز و سکاڵاى خەڵک بگەیەنمە لاى کاربەدەستان، ئێستا ئەوە ئەتۆى کە جێبەجێ دەکەى یان نا”؟

حاکم کە ئاوا دەبینێ هەر سێ داواکەى بۆ جێبەجێ دەکا و بەڵێنی پێدەدا کە هەر کات، بۆ هەر کارێک بچێ بۆ لای، بۆی بەجێ بگەیەنێ.

گەورەکانی تایفەی قازی نە تەنیا لە نێو خەڵک دا، بەڵکوو لە لایەن دەوڵەتیش را رێزیان لێگیراوە و گرینگیان پێدراوە. بۆ وێنە جارێک شارى تەورێز بە بێ شەڕ بە دەستی رووسەکان داگیر دەکرێ و ماوەیەکی زۆر هێزەکانی ئەو وڵاتە، بە ئەمنییەتی تەواو لەو شارەدا دەمێننەوە. خەڵکی تەورێز بە فێڵ لە بنەوە لەگەڵیان دەبنە دۆست و ئاشنا و لە شەوێکی دا لێیان وەخۆ دەکەون و زۆربەیان دەکوژن. ماوەیەک دواتر، بە تۆڵەى ئەو رووداوە، لەبەرە بەیانێک دا کە خەڵکی تەورێز لە خەو هەڵدەستن، ئەگەر تەماشا دەکەن هەر چوار دەورى شار گیراوە و ٨٠ هەزار سەربازى رووس دەورى شاریان داوە. شازادەى ئێران بە لیباسی ژنان هەڵدێ و خۆى دەگەیەنێتە شارى مەراغەى. نوێنەرى هەر دوو دەوڵەتی رووس و ئێران لە تاران دادەنیشن و هەوڵ دەدەن بە بێ شەڕ کۆتایی بەو کێشەیە بێنن. شازادە پەیوەندى بە تارانەوە نامێنێ و زۆر نیگەران دەبێ و نازانێ وەزع چی لێ دێ و چ روو دەدا. دەوروبەر پێی دەڵێن کە کوردان پیاوى گەورەیان هەیە کە کەڕامەتیان هەیە و لە غەیبەوە قسە دەکەن و شتی دەزانن و قازى قاسم، کە بە سیاسەتمەدارى گەورە بە ناوبانگ بووە، پێی دەناسێنن. شازادە بە دواى قازى قاسمی دا دەنێرێتە مەهاباد.

ئەوکات رەسم وابوو عولەما و پیاو چاک بە سوارى گوێدرێژى دەگەڕان و هەروەک چۆن نەجاشی پادشاى حەبەشە گوێدرێژێکی سپی بە دیارى بۆ پێغەمبەرى ناردبوو، قازى قاسمیش بە سوارى گوێدرێژى دەچێتە مەراغە. لەوێ شازادە پێی دەڵێ: قازى بۆیە ناردوومە بە دوات دا، بۆ ئەوەى ئەو وەزعەم بۆ هەڵسەنگێنی و بزانم چ دەبێ. ئێستا ئەوە تەورێز گەمارۆ دراوە هیچ خەبەرێکمان لەو شارە نییە و گوایە ئەتۆش کەشف و کەرامەتت هەیە، تکایە پێمان بڵێ چ دەبێ و ئێمە دەبێ چ بکەین و چ روو دەدا؟ ئایا شەڕ دەکرێ یان سوڵح دەبێ؟

قازى قاسم دەڵێ: پێش سێ رۆژى دیکە خەبەرت بۆ دێ کە سوڵح دەکرێ و ئەتۆش دەچییەوە تەورێزێ. باکۆ و قەفقاز هەتا سەر چۆمی ئاراس وەک خوێن بایی لە ئێرانێ دەستێندرێ و دەدرێ بە رووسان.

شازادە لەو قسەیە سەرى سووڕ دەمێنێ و دەڵێ ئاخر چۆن شتی وادەبێ و قازى لە لاى خۆى گل دەداتەوە. دواى سێ رۆژان، هەر بەو شێوەیە کە ئەو پێشبینی کردبوو، سوڵح کرا و رووس کشاوە. شازادە دەڵێ قازى هەرچی لە ماڵی دنیایە دەتهەوێ داواى بکە و پووڵێکی زۆرى لە پێش دادەنێ. قازى دەڵێ: وەڵا هیچم ناوێ تەنیا ١٠٠ تمەن نەبێ.

– باشە بۆ هەر ١٠٠ تمەن؟

– موڵکێکمان هەیە بە نێوى قاڕنجە. بەندێکی قەدیمی هەبوو ئێستا لەبەین چووە، مەحاڵی مەجیدخان بێ ئاوە و دەمهەوێ ئەو بەندەى هەڵبەستم و بیهێنمەوە و چەڵتووک و گەنم و شتی واى لێبکەم.

– ئەوە بە چەندى جێبەجێ دەبێ؟

– هەر ١٠٠ تمەن.

– باشە ئەوە ٢٠٠ تمەن.

– نا هەر ١٠٠ تمەن.

قازى ئەو پووڵە وەردەگرێ. ئەوکات فەعلە بە ٢ شاییان بووە و توانیبووى بەو پووڵە ئەو بەنداوەى هەڵبەستێتەوە.

دواتر لە نەبوونی قازى فەتاح، کوڕى قازی قاسم دا، دەستەیەک لە عەشایرى دێبۆکرى لەشکریان بردە سەر قاڕنجە و تاڵانیان کردن و ئاوەکەشیان بۆ خۆیان برد. لە لایەکی دیکەش حوورمەتولملوک خانمی دێبۆکرى (خانمە خانمە) کە بە سەر قوم قەڵا و ئیندرقاش دا رادەگەیشت و دووژمنایەتی لەگەڵ تایفەى قازى هەبووە، لەشکری کرد و ٧٠٠ دارى گوێز و بادامی، باغی “قۆپێ” کە باغێکی گەورەى مەهاباد بوو، بڕی. لەو پێناوە دا شاعیرێک دەڵێ:

لەگوێی بەنداوى قاڕنجە

دەروون بەنداوى هەڵکێشا

قسەى چەڵتوک نییە وەڵا

لەشارى ریشەیان کێشا

مەحکەمەکانی قازى تەنیا شوێنی قسەوباسی سیاسی و گیر و گرفتەکانی کۆمەڵایەتی نەبوون، بەڵکوو ناوەندى کۆبوونەوە و جەفەنگ و قسەى خۆش و بانگهێشتی گەورەپیاوانی شاریش، بە تایبەتی لە مانگی رەمەزان دا، بوو. شەوێک چەند گەورە پیاوى ماقووڵی شار لە مەحکەمەى قازى مونعیمی کۆدەبنەوە، باسی بەربانگ، پارشێو و بانگی شێوان دێتە گۆڕێ و هەر کەسە باسی ئەو شتانە دەکا کە بۆ بەربانگێ هەیانبووە.

حاجی ساڵحی ئەمینی ئاغاى ئاوایی دەرمان، کەمێک ناساز و بێ تاقەت دەبێ و لەو مەجلیسە دا روو لە قازى دەکا و ئاوا دەگێڕێتەوە: قازى بەسەرى تۆ رەعییەتەکانم کەوێکیان بۆ هێنابووم. گووتم بۆم بکوژنەوە و بۆم لەبن پڵاوى بنێن. کەوەکەیان کووشتەوە و لەبن پڵاویان نا. بەربانگێ کە چوومەوە، چایەکیان بۆ هێنام، کە چایەکەم خواردەوە، ئیدى ئیشتیام بەسەر چوو، دوایە خواردنیان بۆ هێنام. رانی کەوەکەم لە زارى نا، کەمێکم جووت ئیدى بۆم نەخورا و لەوێم داناوە. قازى هیچم بۆ ناخورێ و ئەوە گووتوومە بۆ پارشێوێ بۆم هەڵگرن بەشکوو بتوانم بیخۆم. قازى لە کەمێک فڕنی و مەشکەفی زیاتر هیچی دیکەم بۆ ناخورێ.

لەو مەجلیسەدا حاجی رەحیمی حیجازى (سەڵاکەر) کە پیاوێکی بەخۆوە و زۆر خۆش خۆر بووە و کەوشی خەڵکی دێهاتی کە لە زەنجان را دەهات، ناڵ دەکرد و بزمار و ئاسنی لێدەدا، لەوێ بووە. قازى مونعیم لێی دەپرسێ و دەڵێ حاجی ئەتۆ بۆ بەربانگێ چت هەبووە؟ ئەویش دەڵێ: قازى بەسەرى تۆ چێشتانێ چوومە بازاڕى مەیدانی مەنگوران. حەمەدەمینی قەساب کەڵێکی کوشتبووە. قازى گۆشتەکەى هەر تۆیەک رەشە گۆشت و تۆیەک بەز بوو، قەڵەو و جوان. گووتم حەمەدەمین ئەو رانە کە نیو پووت دەبوو، بۆم لێبکەوە، قازى بردمەوە ماڵێ و بە دایکی کوڕانم گووت، بۆ بەربانگێ بۆم بکەن بە کفتە. دوایە چوومەوە بازارى ماست و توور و پیوازم کڕى. لەسەر را چوومەوە بازارى سێ چوار جووت کەوشم بزمارڕێژ کرد و دوایە چوومە حوجرەى میرزا رەحمەتی شافعی. تاجرەکان هەموو لەوێ، کۆ ببوونەوە. ملمان لە دامە نا. دوایە بانگی داو و چووین نوێژمان بە جەماعەت کرد. دیسان چووینەوە حوجرەى میرزا رەحمەتی و تا بانگی ئێوارێ دەستمان بە دامە و جەفەنگان کردەوە.

دوایە کە وردە وردە بازار چۆل بوو خەڵک بەروە ماڵ دەبوونەوە، گووتم با سەرێکی ماڵێ بدەمەوە بزانم کفتەیان لێناوە یان نا؟ ئەگەر چوومەوە ماڵێ سەرى تەندوورم لابرد، تەماشام کرد مەنجەڵێکی زەلام لە تەندوورێ دایە. سەرى مەنجەڵەکەم لابرد، هاڵاوى شۆرباوەکە، وەک بۆمب لە دەمو چاومی دا و هەموو ژوورەکەى داگرت. ئەگەر تەماشام کرد مەنجەڵەکە هەر قووڵتەى دەهات و کفتە وەک کەڵ و گامێشی نێو گۆمی، سەریان دەر دێنا و قووم دەبوونەوە و بڵیند و نەوى دەبوون. خۆشی خۆشی دیسان چوومەوە دەرێ نوێژى شێوانم کرد. دوایە بەرەو ماڵ بوومەوە. لە رێگایە بانگی دا و تووشی کابرایەکی بووم، قوورسی نەعنەى سوور و شینی دەفرۆشت، ٨ – ٩ دەنکم لێکڕى و لە زارم نا و مژتمن. گەیشتمە لاى ماڵی خۆمان تووشی ئاشریتی بووم، کولێرەى نان ساجی دەفرۆشت. هەرام لێکرد و گووتم وەرە. قازى بەسەرى تۆ ١٢ دانەم لێکڕى و کردمنە بابۆڵە و دەزارم نا و بەرێوە خواردمن. ئەگەر چوومەوە ماڵێ کەوڵەیان راخستبوو. شا کاشێکیان پڕ لە شۆرباو کردبوو، چەند کفتەیان لەسەر دەورێکی بە جوێ دانابوو. لەولاش جامێکی مەڕدۆشی پڕ لە ماستاویان دانابوو. لە لایەکی دیکەش ئەوەندەیان توور و پیواز دانابوو. قازى بە سەرى تۆ ٨ نانم تێکوشی و ٨ نانیشم پێ خوارد. دوایە نۆرەى کفتان هات، قازى بە خووداى ١٥ – ١٦ کفتەشم بە نانەوە خوارد. دوایە ئەو ماستاوەشم بەسەر داکرد. قازى ئەگەر قرپێکم هاتەوە، دەتگووت کاروانسەرێى سەید عەلی بوو رووخا، ئاواى گرمە هات. قازى لیوانێکیشم هەیە بە قەرا سەتڵێکی ئاو دەبێ، بەویش یەک چایان بۆ هێنام، ئەویشم خواردەوە. دوایە چوومە مزگەوتێ دەشتنوێژم شووشت و نوێژى تەڕاویحم بە جەماعەت کرد. ئێستاش ئەوە هاتوومە ئێرە. لێرەدا حاجی ساڵح بە هەناسە ساردییەوە گوتی: ئاى خۆزگەم بە خۆت کا.

٤

لە سەروبەندى مەشروتیەت، دەستەیەک لە شارى تاران، هەوڵیان دا کە بە شێوەیەک ئەنجوومەنى ئەیالەتى لە ئێران دابمەزرێنن و هەر ئەیالەتەى بە رواڵەت دەبوایە بەرپرسی لە خۆى با و تا رادەیەک خودموختار بایە. لە مەهاباد خەڵک و عەشایر لە مەحکەمەى قازى کۆ دەبنەوە و قورعانێک دێنن و ١٥٠٠٠ مۆرى پێوە دەنێن، ئەوانە بەڵێن دەدەن کە بە تەواوى لە پشتى ئەو داوایە رابوەستن و قازى فەتاحیش وەک نوێنەرى خۆیان دیارى دەکەن. قازى بەخۆى و بە چەند کەس لە خزمانى، لەگەڵ بابی عەلی ئاغاى حاجی ئیلخانی و خەڵکێکی زۆرى دیکە، بە سوار بەرەو تەورێز وەرێدەکەون. قازى فەتاح لە کەڵکی بەگزادەى ئەگەر ئاوڕ دەداتەوە تەماشا دەکا هەر ٢٠٠ کەسی لەگەڵ ماوە، ئەو رادەیەش لە ئاوایی “گوێک تەپە” دەبێتە ٥٠ کەس، بەڵام ئەو لە بڕیارى خۆى پاشگەز نابێتەوە تا دەگەنە شارى مەراغە. لەوێ مەئموورانی دەوڵەتی حاجی ئیلخانی فریوو دەدەن و پێی دەڵێن کە ئەتۆ سەردارى عێلێکی و ئەو شتانە لە تۆ ناوەشێتەوە و پەشیمانی دەکەنەوە. دوایی بە قازى فەتاحیش دەڵێن ئەتۆش بگەڕێوە. ئەویش دەڵێ ئەمن سوێندێکە خواردومە و تا ئاخرین نەفەس دەست لە داواى خۆم هەڵناگرم. قازى فەتاح لە مەراغەى تێدەپەرێ و ناگاتە تەورێز دەیگرن و تێکیەوە دەپێچن و دەیبەنە تاران لەویش را بۆ ئیسفەهان، کە ناوەندى “دارلحکومە” بوو بەرێ دەکرێ و لەوێش دەستبەسەرى دەکەن. لەوێ بۆ بەرێ چوونی ژیان مووچیەیەکی کەمی دەدەنێ و ماوەى ١٣ ساڵان بە دوور خراوەیی لەو شارە دەیهێڵنەوە. لەو ماوەیە دا زۆرجار دەچێتە (دارالخلافە) و سەردانی سەرۆکی وەزیران دەکا کە پێکەوە زۆر دۆست بوون و سەرۆکی وەزیران زۆرى خۆش ویستووە و رێزى لێگرتووە.

لە نەبوونی قازى فەتاح لە مەهاباد، دەستەیەک لە عەشیرەتی دێبۆکرى دەستبەسەر مووچەو مەزراى قازى موونعیم، ئامۆزاى قازى فەتاح دا دەگرن. رۆژێک قازى فەتاح لەگەڵ سالارى کوڕى دەچێتە لاى سەرۆکی وەزیران و داواى لێ دەکا کە نامەیەک بۆ حاکمی مەهاباد بنووسێ بۆ ئەوەى ئەو زەمینانە بستێنێتەوە. ئەو بەڵێنی پێدەدا، بەڵام هەر جێبەجێی ناکا. پاش ماوەیەک، رۆژێک سەرۆکی وەزیران دەڵێ باشە ئەورۆ نا سبەینێ کاغەز دەنووسم و دەستوور دەدەم جێبەجێان بکەن. قازى فەتاحیش راستەوە دەبێ، باوەشی پێدادەگرێ لە عەرزى بڵیند دەکا و دەڵێ: “بە گەورەیی و عیزەتی خوداى هەتا ئیمزاى نەکەى بەرت نادەم، بۆ کوێ دەچی، ئەوە کاغەزى بۆ من ئیمزا ناکەى؟” ئەویش دەڵێ: “قازى ئاخر بەرمدە بۆت دەنووسم، بۆت ئیمزا دەکەم”. قازى فەتاح دەڵێ: “نا سوێندێکە و خواردوومە بەرت نادەم”. سەرۆکی وەزیران دەڵێ: “ئاخر ئاوا چۆنی ئیمزا بکەم”. قازى فەتاح بە سالارى کوڕى دەڵێ کە ئەو کاغەز و قەڵەمەى بۆ بێنێ. سالار کاغەز و قەڵەمی بۆ دێنێ و قازى فەتاح دەڵێ: “لەسەر شانی من بینووسە و ئیمزاى بکە. مۆریشی لێدە، چۆن تەفرەم دەدەى ئەوڕۆ و سبەێنێم پێدەکەى، ئەمن بۆ ئەوەى دەبم؟”

بەم شێوەیە قازى فەتاح لەسەر شانی خۆى نامەى پێ ئیمزا دەکا. دوایە سەرۆکی وەزیران دەڵێ: قازى چۆن ئەتۆ ئاوا ئازا و رەشیدى، پێم خۆشە یادگارێکی تۆم هەبێ، بۆ ئەوەى هەمیشە لە لاى خۆمی دانێم و لەبەر چاوم بێ. ئەوکات خاڵە سالار تفەنگێکی ساچمە زەنی زۆر چاکی دەشانی دابووە و هەموو جارێ کە چوونە لاى سەرۆکی وەزیران لە ژوورى ئینتیزاریان داناوە. قازى فەتاح ئەو تفەنگەى پێشکەش دەکا و دوایەش سەرۆک وەزیر یارمەتی پێدەکا و بەڕێی دەکاتەوە بۆ وڵات.

٥

هەرچەند لەمێژ ساڵە سنوورى پاشایەتى ئێران و دەوڵەتى عوسمانى دیارى کراوە، بەڵام ئەو سنورە تا ٧٠ – ٨٠ ساڵ لەمەوبەر زۆرجار ئاڵوگۆڕى بەسەر دا دەهات. ئەوجار زۆرجارى وا هەبووە کە هەرچەند مەڵبەندێک کەوتبووە نێو سنوورى دیارى کراوى یەک وڵات، بەڵام عەشیرەت و هۆزەکانى ئەو مەڵبەندە، بە قسە و بە گوێى دەوڵەتەکەى دیکەیان دەکرد و ئەوەى ئاشکرایە ئەوەیە کە خەڵکى مەڵبەندى موکریان، تا دەست پێکردنى شەڕى یەکەمى جیهانى، بەهۆى هۆکارى ئایینی و زۆر لایەنى دیکە، لایەنگرى دەوڵەتى عوسمانى بوون و زۆرجار حاکمى ناوچە، بۆ ئەو شوێنانە لە لایەن تورکانەوە دیارى کراوە.

قازى فەتاح بەر لە دەست پێکردنى شەڕى یەکەمى جیهانى لە لایەن تورکانەوە بوو بە حاکمى شارى میاندواو. هەواڵدەرێک کە بە میاندواوێ دا تێدەپەڕێ، لەسەر پردى میاندواوێ کوڕێکى زۆر جوان و وێچوو دەبینێ کە بەخۆى و بەچەند سوار هاتبووە پێشوازى. هەواڵدەرەکە دەپڕسێ کە ئەوە کێیە، ئەوانیش دەڵێن ئەوە کوڕى حاکم سالارى میرزا فەتاحى قازىیە.

پەیوەندى دەوڵەتى عوسمانی و قازى فەتاح هەر بەردەوام بوو تا ئاگرى ماڵ وێرانکەرى شەڕى یەکەمى جیهانى زۆربەى وڵاتان، بە تایبەتى عەرزى کوردستانى گرتەوە و ئیمپراتۆرى عوسمانى لە بەرەى دەوڵەتی ئاڵمان دا، لە دژى دەوڵەتی رووس، شەڕى دەست پێکرد. بەم شێوەیە کوردستان بوو بە مەیدانی شەڕى یەکەمی جێهانی و گۆایە هەرچەند رووسەکان بەڵێنییان دا کە مافی کوردان بدەن، بەڵام قازى فەتاح بە پشتیوانی تورکان واریدى شەڕ بوو و دەستورى جیهادى داو سوێندى خوارد کە تا ئاخرین قەترەى خوێن لە شار دیفاع بکات.

یەکێک لە ژنڕاڵەکانی رووس بەر لە دەست پێکردنی شەڕ، میرزا کەریمی قازى کە دەبێتە باپیرى خێزانم (زینەت)، دەنێرێتە لاى قازى فەتاح و داواى لێدەکا و دەڵێ: دەزانین کە ئەتۆ زۆر ئازا و نەبەز و نەترسی و سەردارى عێلێکی گەورەى و خەڵک بە قسەت دەکا. بەڵام حەیفە کە خۆت بۆ تورکان بە کووشت دەى. ئێمە دەزانین کە فریوى تورکانت خواردوە و سوێندیان داوى کە جیهاد بکەى و تا ئاخرین نەفەر شەڕ بکەى. ئەوان لەو شەڕەدا، مەزهەبیان هێناوەتە گۆڕێ، بەڵام ئەو شەڕە، شەڕى دین و مەزهەب نییە، شەڕێکی جیهانییە و تورک بۆتە لایەنگرى ئاڵمان. ئەوجار ئەمە دەوڵەتین، پێکەوە بەشەڕ دێین، جارێک ئێمە دەشکێین جارێک ئەوان، بۆیە شەڕمان لەگەڵ مەکە، ئەمەش کارمان بە ئێوە نییە و تکایە دەست هەڵگرە. ئەوجار ئێمەش بۆ ئێوە باشترین هەتا ئەوان.

لە وڵام دا قازى فەتاح ئاوا دەڵێ: سوێندێکە و خواردومە کە هەتا ئەمن زیندوو بم نەیەڵم عروس بێنە نێو شارى مەهاباد. ئەوان بێن خەڵکی قەتڵی‌عام کەن و ئەمنیش لە ماڵە خۆم دانیشم؟

بەم شێوەیە شەڕ دەست پێدەکات. قازى کەریم (بابم) دەیگێراوە: ئەو ساڵە (١٩١٤) زستانێکی زۆر سەخت بوو، بەفر بە زریان کڕێوەى دەکرد. لەشکرى رووسان هەم سوارە نیزام بوون کە پێیان دەگوتن قازاخ و هەم پیادە نیزام بوون کە پێیان دەگوتن ساڵدات. سوارە نیزامەکە بە کێوى (خەزایی) و بە باغان دا هاتبوون باغی (مکائیلیان) گرت بوو، بەڵام ئەوکات بۆ گرتنی شار دەبوایە بچن لە پردى سوور بپەڕنەوە. بۆیە دەستەیەک پیادە نیزام بەرەو ئەوێ وەرێ کەوتبوون. ئەمن و محەممەدى برام دواى تاقەت کردنی هەندێک شتوومەک، بابمان (قازى مونعیم) بردە ماڵە شەمتۆنی جوولەکە چوونکە رووسەکان کاریان بە جووان نەبوو. (دیارە ئێمە لەگەڵ جووەکانی مەهاباد خزمایەتی و ژن و ژنخوازیمان هەبوو، خووشکی شەمتۆنی بە نێوى خانمە چکۆل خێزانی خاڵە سالار بوو).


لەو کاتی دا سەربانی خانووە بڵیندەکەى نێو شاریمان تازە هەڵگێڕابۆوە و دارەڕامان کردبووە بەڵام دانەپۆشرابوو. بەفر بە زریان کڕێوەى دەکرد و شاریش مژ دایگرتبوو، لەشکرى عروس نەدەبینرا. ئەوان لە کێوى خەزایی را بە موسەلسەلی هەر بە شاریانەوە دەنا و رەگبارى فیشەکی لە دار و دیوارەکان دەکەوتوو و تەڵاش لە دارەکان بەردەبووە. ئێمەش جارجار کە شەماڵی دەهات و مژەکەى رادەدا و عروس دەردەکەوتن، بە تفەنگی جانبێزار و سێ تیرى رووسی، لە پەنجەرەى ماڵێ را پێوەمان دەنان. لەو کاتەدا دەستێک سوارە نیزامی رووس لە پشتی مەحموودکان وەدەرکەوتن. ئەوان زۆر رێکوپێک و کۆک و پۆشتە بوون، دەستکێش و چەکمەى لبادیان پێبوو. باڵتۆى چاک و لەسەر ویشەوە، شتێکیان بە خۆدا دەدا بە ناوى یایینچی کە بەفر و بارانی رانەدەگرت. سوارێکی زۆر زەلامیان لەگەڵ بوو لە دوور را رەش دەچوو. ئەمن نیشانەم لەو سوارە گرتوو لەسەر ئەسپەکەى را هەڵمداشت. دوایە شەڕەکە زۆر تووند بوو. لە هەموو لایەکی را شاریان وەبەر فیشەکی دا و وردە وردە بەربەرەکانی نەدەکرا و تەنیا رادەیەکی کەم مابوونەوە کە تەقەیان دەکرد.

قازى فەتاح کە دەزانێ عروس لە پردى سوور را خزاونە نێو شارى، بە خۆى و بە دەستەیەک لە پیاوەکانی، دەچێتە گوومرگێ (کە ئێستا ئیدارەى داراییە) بۆ ئەوەى لەوێ پێشیان پێ بگرێ. ئەوکات تفەنگ خراپ بوون و زوو زوو گەرمیان دەکرد، بۆیە قازى فەتاح بە دوو تفەنگان شەڕى دەکرد، بەڵام لە تەقەیەکی زۆر سەخت دا، قازى فەتاح لە حەسارى گوومرگ شەهید بوو.

لەنەکاو ئەو خەبەرە لە نێو شاردا بڵاو بووە کە قازى فەتاح شەهید کرا. ئەمن بە پەلە خۆم گەیاندە ئەوێ. ئەگەر چووم غەوغا بوو جەنازەکە لەوێ دانرابوو و کوڕەکانی، وەک مەلا محەممەد و سیقەت لەسەر سەرى بوون. فیشەکی مووسەلسەلی سیمینۆف لە نێو چاوانی درابوو و پشتە سەرى تەقاندبوو و مێشکی پڕژاندبوو. تفەنگ و فیشەک دانی لێکرابووە و کوڕەکانی سەعات و ئەنگوستیلەى قامکیان دەرهێنابوو. سەڵتەى بەرى کە بۆ رۆژى لێقەومانێ ٤٠ لیرەى عووسمانی لێدروابوو، لەبەرى داکەنرابوو و لەوێیان دانابوو. لەوێ را جەنازەکەمان هەڵگرت، بردمانە مزگەوتی شادەروێشێ. لە گۆشەى مزگەوتێ گەنمێکی زۆر هەڵدرابووە و لەسەر گەنمەکەمان دانا. تەقە بە تووندى هەر بەردەوام بوو، لەشکرى رووس قەراغ شاریان بە تەواوى گرت. دوایە پاشەکشەمان کرد و ئەمنیش پەنام بۆ ماڵە شەمتۆنی برد کە زۆر پیکەوە ئاشنا و دۆست بووین و خزمایەتیمان هەبوو و بابیشم لەوێ بوو.

ئەو خۆراگری‌و بەربەرەکانییەى هێزەکانی کورد بۆ پاراستنی نیشتمان و پشتیوانی لە توورکان لە لایەک و هێندێک کارى ناحەز و ناشایستی هێندێک پیاو خراپ، کە پێشتر کردبوویان، وەک کووشتن و نەفلە کردنی سەربازانی رووس لە لایەکی دیکە، ئەوانی زۆر توڕە کرد بوو. بۆ وێنە ئەگەر سەربازێکی رووس دەکوژرا، جەنازەکەیان لە قەراغ رێیە فڕێ دەدا و سیرەتیان دەبڕى و لە زارى یان لە پشتەوەیان دەنا، بۆیە رووسەکان بۆ ماوەى ٣ رۆژان، خەڵکی شارى مەهاباد و دێهاتی دەورووبەر، وەک دارەلەک و ئیندرقاش و قوم قەڵایان قەتڵی‌عام کرد. ئەوەى لەو شەڕدا کووژرا، کووژرا، ئەوەى تووانی هەڵێ، هەڵات، ئەوەى لە شار و دێهاتیش دا ماوە، وەبەر قەتڵی‌عام کەوت. سەرجەم ١٤ تا ٢٠ هەزار کەسیان کووشت.

لە درێژەى ئەو باسەدا بابم (قازی کەریم) دەیگێراوە: “بەشێک لەو کووشتارە بە شیرى کرا و جارێک ٢٠٠٠ کەسیان برد لە زەوى دارتێلان بە سەف رایانگرتن. سێ کەس شیر بەدەست دەچوونە پێش سەفەکەى، یەک شیرەکەى لەسەر کابراى رادەگرت و ئەوانی دیکەش یەک لەسەر را و یەکیش لەبەر را لە ملی کابرایان دەدا و سەر لەولاى دەکەوت. دوایە ماڵە جولەکانیش گەڕان و هاتنە ماڵە شەمتۆنى. روویان لە شەمتۆنی کرد و ئیشارەیان بە قازى مونعیم (بابم) دەکرد کە ئەو جوو نییە و دەبێ سەرۆکى کوردان بێ و ئەوە دەبێ پۆف (سەرۆک) بێ.

ئەو ماوەیە کە پەنامان بۆ ماڵە جووەکان برد بوو، شەوانە بە دزى دەچوینەوە ماڵە خۆمان و دەبوایە بە دزى فەنەر و فتیلەمان هەڵکردبا و بە ستڵان ئاومان کێشابا و گاڕانەکەمان ئاو دابا. تفاقمان لەبەر کردبان و بەرپێمان خاوێن کردبانەوە و پەینمان کردبان. دوایەش دەرکەمان دادەخست و دەڕۆیشتینەوە ماڵى شەمتۆنی و تا شەوەکەى دیکە دیسان دەهاتینەوە. بەم جۆرە تا عەفوى گشتى راگەیەندرا.

ئەوجار زۆرمان حەول دا کە قازى فەتاح بنێژین بەڵام عروسان نەیانهێشت تا یەک مانگ بینێژن و زۆر جار دەچوون دەبن پیلییەوە یان بە راوەستان یان بە درێژبوون عەکسیان لێهەڵدەگرت. دواى یەک مانگ کە چوومەوە سەر جەنازەکەى هەروا پاک و خاوێن و جوان بوو، دیارە ئەوکات رەسم وابوو ئاغاوات و ئەعیانان خەنەو وەسمەیان لە ردێنی دەدا و قازى فەتاحیش ڕدێنی مەیلەو سوور بوو. لەو ماوەیەدا ڕدێنی ٢ قامک هاتبوو و چاوێکیشی هەڵاتبوو. دەستم بەسەر چاوەکەى دا کێشا و چاوەکەم نووقاند. دوایە چووینە قەبرستانی مەلا جامی و لە دەوروبەرى قسمی سەید تەها کە ئێستا بۆتە شار ویستمان قەبرى بۆ هەڵقەنین و بینێژین. بەڵام کاکە رەشی دارووغە کە لە لایەن رووسەکانیشەوە بە دارووغەى شار دیارى کرابوو، هات و ئەختوچارمان کرد، هەرچی مەلا و پیاو چاک و گەورەى شار پاڕانەوە و تکایان کرد، نەیهێشت کە لەوێ بینێژین. بەناچار جەنازەى قازى فەتاح کە ئەوکات ٦٣ ساڵ بوو، هەر لە مزگەوتی شادەروێشێ نێژرا”.

من تەواوى ئەو رووداوەى لە زمانی بابم (قازى کەریم) دەگێڕمەوە. بەڵام چەند کەسێک بۆچوونی دیکەیان بە نیسبەتی ئەو رووداوانە هەیە. ڕەحمانی قازى (کاکم) و رەحیمی سوڵتانیان دەڵێن کە کاکە رەش قامکی قازى فەتاحی شکاندووە و ئەنگووستیلەکەى دەرهێناوە. بەڵام هەر وەک گێڕامەوە بابم دەیگووت کوڕەکانی ئەنگووستیلەکەیان دەرهێنا.

دووژمنایەتی کاکە رەش لەگەڵ ناشتنی جەنازەى قازى فەتاح لە ئاکام دا بە قازانج تەواو بوو. ئەگەر ناوبراو رێگاى دابا ئەو جەنازەیە لە قەبرستانی مەلا جامی ناشترابا، بێشک دواتر بە هۆى تێکدانی ئەو قەبرستانە ئاسەوارێک لەو قەبرە نەدەما، بۆیە فارس گووتەنی “سبب خیر شود عدو اگر خدا خواهد”، “ئەگەر خودا بیهەوێ دوژمنایەتی، دەبێتە هۆى خێر و بەرەکەت”. ئێستا گۆڕى قازى فەتاح لە مزگەوتی شادەروێش لە جێگایەکی زۆر خۆش نێژراوە و مەکۆیەکە بۆ راز و نیازى دڵدارانی کووردایەتی.

لە سەردەمی محەممەد رەزا شادا خاڵە سالار و قازى محەممەدى حاجی ئاباتێ و قازى کەریم، کێل و بەردى قەبرەکەیان چاک کرد. لە ساڵی ٢٠٠٠ زایینیش دا، مرێمی قازى کچی کاک مستەفاى برام سەرلەنوێ کێل و بەردەکەى بە ناوى (سەردارى شەهیدى کورد) بۆ تازە کردەوە.

هۆى دووژمنایەتی کاکە ڕەشی دارۆغە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە جارێک پیاوێکی فەقیر دەچێتە لاى قازى فەتاح و شکایەت لە دارۆغەى دەکا و دەڵێ ناوبراو زووڵمی لێکردووە و پووڵی لێ ئەستاندووە. قازى فەتاحیش بە دواى دارۆغە دا دەنێرێ و دەڵێ بۆ زووڵمت لەو کابرا فەقیرە کردووە و ئەویش گوایە خراپی جواب داوەتەوە و قازى فەتاحیش بە پیاوەکانی دەستوور دەدات کە لێیدەن و بەم جۆرە زۆریان لێدابوو.

لە دواى قەتڵی‌امی شار، کوڕەکانی قازى فەتاح تا دەستبەسەر بوونیان، پەڕیوەى ناوچەى مەنگوڕان بوون. لەو ماوەیەدا گوایە مەنگوڕان کاکە ڕەشی دارۆغەیان گرتووە و تەسلیم بە ئەوانیان کردووە و ئەوانیش بردوویانە لە کانێ ڕەشی ئاوایی (بایندەرێ) بەردێکی پووتیان بەسەر سەرى داداوە و کووشتویانە.

میرزا کەریمی قازى، باپیرى خێزانم (زینەت) لەسەر شەڕى یەکەمی جیهانی دەیگێراوە: ئەگەر شار گیرا، خۆم رەمل ماڵێکی نا، دەرکەى حەسارێ لە دەرێ را ئاڵقەرێز کرابوو. نێو ژوورەکە ماڵێکی گەورە و گەرم و خۆش بوو. ماڵەکە، ماڵە حەمە گودێوى کەبابچی بوو کە کەبابچییەکی بە نێوبانگی شار بوو. تەبەکێک نان لەسەر تەشتێکی گۆشتی قیمەکراو و هەروەها رەژى و شیشە کەباب، لەوێ داندرابوون و بۆ کەبابخانەى حازر کرابوون. بەڵام بە هۆى شەڕ نەپڕژابوون بیبەن و هەڵاتبوون. ئەمن لەو ماڵە دا مامەوە و سێ رۆژان لەبن کوورسی دانیشتم و ساتوڕێکی کەبابی زۆر تیژم لە لاى خۆم دانا و بڕیارم دا، کە بۆ ئەوەى بە کافرى نەمردبم و کافرێکم کووشت بێ، هەر کە لێم وەژوور کەوتن بەو ساتوڕەى دەست بوەشێنم. ئەوجار جار جارەش کەبابم دەکرد.

رۆژێک لە نەکاو دەرکە کراوە، سێ سەربازى رووس وەژوور کەوتن. ئەمنیش راپەڕیم و دەستم دا ساتوڕەکە، یەکیان بە تورکی گووتی: پۆپ ئەوە لێرە چ دەکەى؟

– وەڵڵا ئەوە لێرە دانیشتووم.

– هەى ماڵت نەشێوێ جا ئەوە جێگایە؟

– جا چ بکەم عیلاجم چییە؟

– پووڵێک شتێکت پێیە؟

– وەڵڵا هەر ٣ قڕانم پێیە.

– بمدەیە با بیدەم بە وانەو هەستە بڕۆ.

– بۆ کوێ بچم؟

– بڕۆ بۆ شابەندەرخانە، ماڵە غەفورى قادرى، لەوێ کەس ناکووژن. کوڕە بە خوداى ئەمن مووسڵمانم. بە دواى من دا بێن نەجاتت نابێ، هەستە خێرا بڕۆ.

بەم شێوەیە بە هەر جۆرێک بوو خۆم گەیاندە ئەوێ و نەجاتم بوو.

دواى قەتڵی عامی شار و ئەو هەمووە کووشتو کوشتارە، وڵات ئارام بووە بەڵام قات و قڕى دەستی پێکرد. خەڵک لە برسان پێرادەهاتن و دەمردن. ئەوەى لە تواناى دابوو شارى بەجێهێشت و لە دەشت و کێوان بە دواى کیسەڵ و بۆق و مارمێلکەى دادەگەران و تەنانەت سەگ و پشیلەش وەگیر نەدەکەوتن. دواى ئەو وەزعە نەخۆشی تاعوون دەستی پێکرد و تەواوى شارى داگرت. لەو بارەوە بابم ئاواى دەگێڕاوە: “لە قەراغ قەبرستانی مەلا جامی خەندەکێکی قووڵمان هەڵقەندبوو و خەڵکمان بە کۆمەڵ دەناشت. بەڵام هەر پێنەدەوەستاین”.

لەسەر ئەو دەورانە ئەمن لە زمانی حاجییەک کە دواى ئەو رووداوە سەڵتەزینە بووە و دواتر پیرێژنێکی لە خۆى مارە کردوە و هاتوتە مەحکەمەى و گێراوێتەوە و لە کتێبەکانی ماڵە خۆمان دا، نووسراوە، ئاوام خوێندۆتەوە: ئەمن شەوێکی خەونم دیت لە خەونم دا سوارەى تاعوونی هاتنە بەر دەرکە و سەرنێزەیان رۆهێشتە خوارێ، ١٣ پڕیشکی لێ بەربووە. هەرچی بژاردم لە ماڵێ دا ١٣ کەس بووین. کەوتە سبەینێ ماڵەکەمان یەک یەک و دوو دوو دەستییان بە مردنێ کرد و هەرچی رشاباوە دەمرد. هەموویان مردن تەنیا ئەمن نەبێ. شەوێکی لە کورسی خزابووم چرا بە حاڵ دایسا و ژوورەکە نیوە تاریک بوو و چاوەڕوان بووم بزانم چ وەخت نۆرەى من دێ. لە نەکاو هەستم بە خشپە خشپی دەرکەى کرد. گووتم ئەوە ئیزرائیل پەیدا بوو. ئەگەر تەماشام کرد دزێکی زەلام وەژوور کەوت. گوریسی پێ بوو. گوریسەکەى راخست و ملی لە شمەک لێنانێ نا، لەبەر خۆمەوە گووتم، جا چم لێداوە خۆ من هەر دەمرم ناوەڵا ئەوانە با هەر بۆ ئەو بێ. بۆیە دەنگم نەکرد و لەبن لێفەى هەر چاوم لێکرد. کۆڵێکی تەواوى داگرت و چۆکی دادا و ویستی وەبەر کۆڵەکە بنیشێ، لە ناکاو هێقێکی هاتەوە و پێڕاهات و دەستی بە لینگە فرتان کرد. گوتم یاخودا بەخێرێی ئەمنت کڕییەوە، غارم دا ترشیات و ڕووب و مرەبام هێناو بەزاریم دا کرد بەڵام فایدەى نەبوو و ڕشاوە و مرد، گووتم خڵاس ئەوە ١٣ کەسەکە.

دواى ئەو ساڵە حاسڵات لە رادەبەدر باش بوو و ئەوە بوو بە هۆى ئەوە کە خەڵک لە قات و قڕى نەجاتی بێ.

ئەوجار رووسان بە پێی ئەو وێنانەى کە پێشتر لە لیباسی جولەکاندا هاتبوون و لە مەحکەمەى قازیان، بە دزى گرتبوویانن، دەستیان بە گرتنی قازییەکان کرد. قازى مونعیم (باپیرم) و قازى لەتیف و هەروەها کوڕەکانی قازى فەتاح، وەک خاڵە سالار و قازى محەممەدى حاجی ئاباد و خاڵە مەنسوریان بە جوێ گرت و رەوانەى رووسییەیان کردن. دوایەش هێندێک بۆ تفلیس و هێندێکیشیان بۆ مۆسکۆ بەڕێ کرد.

لەسەر ئەو دوور خرانەوەیە خاڵە سالار ئاواى دەگێراوە: “وەزعی رووسیە بە هۆى ئەو شەڕە گەورەیە لە رادەبەدەر شپرزە بوو و خەڵک زۆر برسی بوون. هێندێک موسوڵمانی دەوڵەمەند لە مۆسکۆ لە مزگەوتێکی دا، غەزایان دەدا بە ئەسیرانی کورد و تورک و ئیدیکە و لە خێراتی سەلیبی سوور ئێمەیان بە خێو دەکرد. بەڵام ئەو غەزایە بە هیچ کوێمان رانەدەگەیشت و دەبوو کارێکم کردبا. ئەوکات نەفت و شتی وا کەم بوو. سووتەمەنی ماڵان هەر دار بوو، بۆیە بیورێکم دەست دایە و دارم بۆ ماڵان دەشکاند. لەوەى را پوڵێکم پەیدا کرد و نانە زگەکەم تەئمین بوو.

جارێکی ئێمەیان لە مزگەوتە گەورەکە دانا. بەردى سەر دەرانەکەى زۆر سپی و جوان و ساف بوو. ئەمنیش بە خەتێکی یەکجار خۆش، بە رەژى نووسیم (بسم اللە الرحمن الرحیم). یەکێک لە هەیئەتی ئۆمەناى مزگەوت کە چاوى بە خەتەکە کەوتبوو، زۆرى پێ سەیر دەبێ و گوتبووى کە ساحەبی ئەو خەتە کێیە، بۆم بانگ بکەن. ئەگەر چووم گووتی: “ئەتۆ کێی؟

– ئەمن کوردم لە تایفەى قازیم، خەڵکی مەهابادم، کوڕى قازى فەتاحم.

– قازى فەتاح پیاوێکی زۆر سەرشناس و گەورە بوو، ئەوەى عروسان لە مەهاباد کووشتیان؟

زۆرم پێ سەیر بوو گووتم: بەڵێ.

– لەوەى بەولاوە ئەتۆ نابێ بچییە ماڵان و دار بشکێنی، وەرە ببە بە مجێورى مزگەوتێ و ئەو نانانە دابەش بکە.

– لە جیاتی من با ئەو برایەم (محەممەد) ببێتە مجێور.

– نابێ دەبێ هەر ئەتۆ بی.

– دەکرێ ئەویشم لەگەڵ بێ.

– بەڵێ.

بەم جۆرە کارم بوو بە بڵاو کردنەوەى نان و کولێرە کە دە تەلیسانیان دەکرد و ئەمنیش بە کۆڵم دادەدا و بڵاوم دەکردەوە. دیارە هەموو جارێ ٢ تا ٣ کولێرەش زیاد دەبوو دەمتوانی بەشی محەممەدى برام بدەم، بەم شێوەیە وەزعمان باش بوو.

رۆژێکی زۆر سارد، چوومە قاوەخانەى تا چایەکی بخۆمەوە، ئەگەر تەماشام کرد یەکی شناس لەسەر تەختێکی دانیشتبوو. ئەگەر دیقەتم کرد قازى لەتیف بوو، پێم سویر بوو خودایە قازى لەتیف لێرە چ دەکا؟ خۆ ئەویشیان ئەسیر

کردووە. زۆر برسی و هیلاک بوو، ردێنی هاتبوو وەزعێکی خراپ، لیباسی چڵکن و پیس، خۆلاسە وەزعێکی زۆر پەرێشانی هەبوو. بەو سەرمایەى لە برسان هاتبوو لە گۆشەیەکی ئەو قاوەخانەیەى دانیشت بوو. پووڵی نەبوو بڵێ چام بۆ بێنن، چوومە پێشی و لەسەر سەرى راوەستام و گووتم: مامە، مامە.

سەرى هەڵێناو تێم راما.

– مامە ئەمن رەحمانم.

– رەحمان کێیە؟

– سالارم، سالار.

هەروا تێم راما و گریا و گووتی: رەحمان ئەتۆ لێرەى؟

– بەڵێ.

هەستا یەکترمان لە باوەش گرتوو زۆر گریا. کولێرەم دایە و گووتم چاى شیرینی بۆ بێنن.

– رەحمان زۆرم برسییە.

– دەزانم مامە گیان.

– لێرە بە نانی ویشکی ئاگات لێمبێ، ئەگەر چووینەوە مەهابادێ شەرت بێ هەر پڵاوت دەمێ.

راپەڕینی لێنین وردە وردە دەستی پێکرد و کۆمۆنیستەکان توانیان لە ماوەیەکی کەم دا دەسەڵات بەدەستەوە بگرن. ئەسیرانی شەڕ ئازاد بوون و ئەوانەش بە هەزاران بەدەبەختی و چارەڕەشی بە کوێرە دێیان دا گەڕانەوە بۆ مەهاباد.

ئەوانە هەر یەکە بە جۆرێک توانیان بگەڕێنەوە. ئەوەى ئاشکرایە خاڵە سالار بە یارمەتی تاجرێکی رووس توانیبووى بگەڕێتەوە. ئەو تاجرە لە کاتی خۆى کە لە کوردستان توجاڕەتی کردووە، لە رێگایە دز رێگاى پێدەگرن دەیانهەوی بیکوژن، بەڵام قازى فەتاح نەجاتی دا بوو و ماڵەکەشی بۆ ئەستاندبۆوە. بۆیە ئەوەى کە هەیبووە لە قازى فەتاحی زانیوە. دواتر ئەو تاجرە خاڵە سالار دەناسێتەوە و دەێنێرێتە ئاستارایە. لەوێش را بۆ خۆى دێتە تەورێز و لەوێش را شازادەى ئێران یارمەتی دەدا و بە کالسکەى دەینێرێتەوە مەهاباد.

دواتر لە سەردەمی شادا، سەروان کەنزى رەئیسی ساواکی مەهاباد داوا لە خاڵە سالار دەکات کە بیرەوەرییەکانی خۆى و مێژووى تایفەى قازى بنووسێ. ئەوەى ئەمن بزانم ئەو بیرەوەرییانە بە قەڵەمی بە تواناى ئەو نووسران بەڵام نەدران بە ساواک و لە لاى کاکە رەحمانم بوو و لەوێ بە داخەوە بێ سەرو شوێن بوو. ئەمن پێموایە کەوتە دەستی ڕەحمانی موودەرسی و داى بە ساواک. دیارە پێش نووسی ئەو بیرەوەرییانە لە لاى حوسێنی جەوانمەردى قازى، نەوەى خاڵە سالار بوو. ئەویش دابووى بە کاک ئەحمەدى برام. بەڵام هەر تێداچوو، ئەمن ئەو بیرەوەرییانەم خوێندۆتەوە زۆر جوان نووسرابوو، شتیکی بێ وێنە بوو.

لە زستانی سەخت و ساردى ١٣٤٩ دا، ئەحمەدى برام دەستە شێعرێکی لەسەر سەخڵەتی زستان دانا کە بەو جۆرە یادى گەورەیی خاڵە سالار دەکات:

یادى دەورانی حەزرەتی سالار

ئەو لە سیبریایە بەزاندى سەهۆڵ

قازى مونعیم (باپیرم) بۆ تەفلیس دوور خرابووە و ماوەیەکیش لە زیندانی پێتێرسبۆرگ زیندانی بوو. بابم لە زمانی ئەو دەیگێراوە و دەیگووت: “ئاشپەزێکمان هەبوو کۆمۆنیست بوو. سەروبەندى ئەوەى بوو کە کۆمۆنیستەکان سەر کەون، رۆژێک پێی گووتووە کە مزگێنی بدەینێ هەموومان بەو زووانە ئازاد دەبین و شۆڕشی کۆمۆنیستی سەردەکەوێ و تزارەکان تێکدەشکێن”. قسەکەى وەراست گەڕا و ئەوانە بە شۆڕشی ئۆکتۆبر نەجاتیان بوو و هاتنەوە کوردستان.

بابم دەیگێراوە: دواى ئەوەى قازى مونعیم ئازاد بوو، بە تەنیا گەڕاوە بۆ کوردستان و هاتبووە بۆ مەراغە و لەوێ لە کاروانسەرێیەک مابووە و خەبەرى لە ئێمە نارد کە بچین بیهێنینەوە. ئەگەر چووینە مەراغە شەو خەڵکێکی زۆر لە تاجر و خەڵکی موحتەڕەمی شار هاتبوون بۆ بەخێرهاتنی و رێزێکی زۆریان لێگرتبوو. حاجی ڕەحمانی بابەکرە رەشە لە مەهاباد بەزاز بوو و ئێمە لیباسمان لێدەکڕى. ناوبراو ئینسانێکی زۆر قسە خۆش بوو. لەو سەفەرەى دا ئەویشمان لەگەڵ بوو. شەوێ مەجلیسەکەمان زۆر خۆش بوو و دەست کرا بە جەفەنگان و مەسەلەى کورد و عەجەم هاتە گۆڕێ. عەجەمێک رووى لە حاجی رەحمان کرد و گووتی: حاجی رەحمان دەڵێن ئەتۆ قسەت خۆشە پرسیارێکم هەیە بزانم دەزانی جوابم دەیەوە؟ ئەوە چییە سەگ نایخوا، کورد دەیخوا.

عەجەمەکە مەبەستی لە کەرۆشک بوو. حاجی رەحمان خێرا لە مەبەستەکەى حاڵی بوو و گووتی: “ئەوە ڕێویە، سەگ نایخوا بەڵام عەجەم دەیخوا”. هەر کە حاجی رەحمان وایگووت بوو بە قاقاى پێکەنین و تاجرەکان گووتیان هەى دەستت خۆش بێ حاجی رەحمان. دوایە روویان لە عەجەمەکەى کرد و گووتیان، چاکت کرد؟

لەسەر گەڕانەوەى ئەحمەد (مەنسوورلسوڵتان) کوڕیکی دیکەی قازی فەتاح، پێشتر کوڕەکانی قازی فەتاح بڕیاریان دابوو کە دەبێ لە دەرفەتێک دا یەکیان رابکا بۆ ئەوەى یەکێک هەبێ کە بە ماڵێ رابگا. ئەوە بوو کە ئەو لە رێگایە دا هەڵدێ و تەقەى لێدەکەن بەڵام وەبەر نایەو بە پێیان لە رێگاى مۆسکۆ را بەرەو کوردستان دا دەگەڕێتەوە. لە لاى باکۆیە تووشی پیرێژنێکی موسوڵمان دەبێ کە بە سوارى کەرێ بەرەو چۆمی ئاراز هاتبوو. سڵاو و ماندوو نەبوونی لە پیرێژنەى دەکا و پیرێژن لێى دەپرسێ: ئەوە بۆ کوێ دەچی؟

– وەڵڵا لەبەرى پردى ئاراز خزمم هەیەو دەمهەوێ بچمە ئەوێ.

– ئەمنیش هەر دەچمە ئەوێ وەرە ئەو کەرەم بۆ لێخووڕە، دەڵێم کوڕى منە.

بەمجۆرە ئەویش لە سنوور دەپەڕێتەوە و نەجاتی دەبێ.

قازى لەتیف لەگەڵ یەخسیرە توورکەکان دەچێتە ئیستانبووڵ. ئەوکات ئێستا خەلافەتی عووسمانی تێک نەچوو بوو. قازى لەتیف دەچێتە دەربار و لەوێ داوا دەکا کە چاوى بە خەلیفە بکەوێ و دەڵێ کە ئەوە چەند ساڵە لەسەر ئەو گیراوە. بە سوڵتانی رادەگەیەنن کەوا مەلایەکی کورد هاتووە و دەیهەوێ چاوى پێت بکەوێ. هەر چۆنێک بێ قازى لەتیف دەبەنە لاى سوڵتان. لەبەر دەرکەى سوڵتان لێی دەپرسێ کیم دى (کێی)؟ ئیدى قازى لەتیف زۆر تووڕە دەبێ نایەڵێ کەس جوابی بداتەوە و بیناسێنێ و لاساى سوڵتان دەکاتەوە و دەڵێ: کیم در کیم در! ٢٠٠ سەربازى توورکم بۆ بەخێو کردى و ٢ ساڵانیش لەسەر تۆ لە رووسیە ئەسیر و دەربەدەر بووم و نانی سواڵێ نەما کە نەیخۆم، ئێستایش هاتوومەوە، کیم در کیم در.

سوڵتان بەو قسانە پیدەکەنێ و ١٠٠ لیرەى توورکی دەداتێ و بەرەو مەهاباد بەڕێی دەکاتەوە.

٦

لەو سەردەمە دا کوشت و کوشتار و قاتوقڕى و برسێتی، وەزعی وڵاتی بە تەواوى شەکەت کردبوو و رێژەى خەڵک لە رادەبەدەر کەم ببوو. دێمەکێل تەنانەت زەوى بەراویش نەدەکێڵدران و ئاغاوەت خودا خودایان بوو کە رەعییەتێکیان بۆ پەیدا بێ. خەڵکی دەورووبەرى شاریش زۆرتر خەریکی کۆ کردنەوەی چاڵووک و تەپاڵە و دەوە و ئاورد و فرۆشتنێ بوون.

ئێمە ماڵمان لە (قازایاوایە) بوو. ئاوی چۆمی مەهاباد بەوێ دا دەهات و لەو پێشاوانە دا ئەو ئاوە ساردە بڵاو دەبۆوە و مێشەیەکی یەکجار زۆر غەوغاو چڕو پڕى پێک هێنابوو کە پڕ بوو لە گورگ و ڕێوى و بەراز و دەعباى دیکە. لەو مێشانەدا کەڵ و گامێشەکانمان ئازاد دەکردن، هەموو یاغی ببوون. زستانیش بە پێچەوانەى ئێستا بەفر زیاد لە حەد دەبارى و لەو وەرزەدا زۆربەى کارى پێاوەکانی بنەماڵەى ئێمە کە زیاتر لە مەهاباد دەبوون، راو بوو.

بابم لەسەر ڕاوى ئەوکات ئاواى دەگێڕاوە: “جارێک زۆرم ئیشتیا لە راوبوو لەبەر ئەوەى کە زستانەکە لە رادەبەدەر سەخت بوو، بابم (قازى مونعیم) تفەنگەکەى لێ شاردبوومەوە. هەرچۆنێک بێ تفەنگەکەم دزى و لەگەڵ بایزە کەڵەى و مام شەریفی، بەرەو ئاوایی (خانەگێ) وەڕێکەوتین. یەکیان تفەنگی تاپڕ و ئەوەى دیکەش جان بێزارى پێ بوو و کە تفەنگی بڕنۆیان لەسەر شکڵی ئەو دروست کردووە. گەیشتینە جۆگەى بەندى ئاوى خانەگێ، جێجێ بەستبووى و جێجێش نەیبەستبوو. راو خۆش بوو و پڕپڕ بوو لە مراوى و ئەمن زۆرم کووشت. لە نەکاو مام شەریف کە کاردارى ماڵێ بوو و ئەمنی زۆر خۆش دەویست و زۆر دۆست بووین، گووتی کەریم ئەو سوارە، گورگ خواردى. ئەگەر ئاوڕم داوە تەماشام کرد ئەوە لە دوو سەد میترى ئێمە سوارێکی یەکجار بۆشناخ کە ئەسپێکی زۆر چاکی بە زینەوە لەبن پێ دابوو و تفەنگەکەى ڕاست و چەپ دەشانی کردبوو، گورگ دەوریان داوە. دوو گورگ لەوسەرەى هەڵیان دەبڕى و دووى دیکەش لەوسەرى دەیانهێناوە. ئەو دوو گورگەى ئەو لایەى هەموو جارێ مەیدانە ئەسپێک هەڵیاندەبڕى، دوایە ئەو دوانە وچانیان دەدا و ئەوجار لەو سەرى را، ئەوانی دیکە کە مات ببوون، دەکەوتنە سەرى. ئەسپەکەش مەجالی نەدەدا و دەیپڕماند، جووتەى داویشت و خۆى هەڵداویشت و چەپۆکی لە ئاسمان دەدا و هەڵدەستا سەر پاشوان و بە هەر جۆرێک با، خۆى نەجات دەدا.

بەم شێوەیە لە مەیدانێکی پێنج سەد میترى دا ئەو ئەسپەیان دێنا و دەبرد. ئەوە سوارەکەش مەجالی نەبوو کە تفەنگەکەى دەرێنێ. ئەمنیش سێرەم لە یەکێک لە گورگەکان کە بۆى مات ببوو گرت. تەقە لە تفەنگی هات ئەوم کووشت. ئەوى دیکە قوت بوو بۆ ئەوەى بزانێ کە ئەو تەقەیە چییە و لە کوێرایە، ئەویشم کووشت. ئەو گوورگانەش کە رەپێی ئەسپەکەیان دەنا، بەو تەقەیەى هاڵۆز و شل بوونەوە، یەکێکیشم لەوان کووشت، گوورگەکەى دیکەش هەڵات. ئەوجار سوارەکە راوەستا ئەگەر چووین هەر نەمابوو. ئەسپەکەش ماندو و شەکەت ببوو. لە سێ چوار جێیان پاشویان بریندار کردبوو، سوارەکە وەها پەشۆکاو و ترسا بوو، کە قسەى بۆ نەدەکرا و زبانی شکا بوو. دوایە کەمێک هاتەوە بەرخۆو لە ئەسپی دابەزى و هات دەستی ماچ کردم و گووتی بە خوداى ئەتۆ خدرى زیندەى.

هەر لەسەر ئەو ساڵانە بابم دەیگێراوە: “رۆژێکی دایکم بانگی کردم و گووتی بە دزى بابت یەک دوو کەسان بەرەو بچۆ راوێ، ئیشتیام لە گۆشتی دەعباى کێوییە. بابم لە نێو شارى دەعوەت کرابوو و درەنگ دەهاتەوە. لەگەڵ مام رەحمان کە تفەنگی وەرەندیلى پێ بوو بەرەو ئاوایی داشتەمر وەڕێکەوتین. لە بەستێنی چۆمی لەو گۆمانەدا مراوییەکی زۆرمان کووشت. مام رەحمان مراوییەکانی بە کۆڵ دا دا و دەبوو بە لاى داشتەمرى خوارێ دا، بچینە لاى چاکی بوزان و لەوێش را بچینەوە نێو شارى.

ئێوارە بوو لەسەر رێگاى سەردەشت مەهاباد لە نەکاو دوو رەشاییمان دیت هاواریان دەکرد: “ئاى بۆ خاترى خوداى، بۆخاترى پێغەمبەرى بمانگەنێ”. بەفر هەتا سینگی دەهات و بە هەر زەحمەتێکی بوو گەیشتینە سەریان. ئەگەر تەماشامان کرد ئەوە پیرێژنێک و کچێکی عەزەب لەوێ لە لاق کەوتوون. گووتم ئاخر ئەوە دەرکراون، کوا پیاوێک وڵاغێک، ئەنگۆ خەڵکی کوێن؟” پیرێژن زمانی نەبوو هەر فڵتە فڵتی بوو کچەکەش دەیقیژاند. ئەوانە خەڵکی هەمزاوایە بوون ئێوارێ پیرێژنەکە کچەکەى ساز دەکا کە بۆ سەردانی ماڵە زاواکەیان بچنە شارى.

دەى خودایە چ بکەین بەو وەزعەى ئەوانە چۆن نەجات بدەین، خۆ بە کۆڵێ هەڵناگیرێن. لە نەکاو ئەگەر ئاوڕمان داوە تەماشامان کرد، ئەوە زیاتر لە ١٥ گورگ لێمان نیزیک دەبنەوە. زۆر ترساین لەگەڵ مام رەحمان بەخێرا دەستمان لێک قایم کرد. پیرێژنەمان هاویشتە سەردەستان و بە کچەشمان گووت ئەتۆ داوێنی کەوا و پشتێندى دایکت بگرە. بەم شێوەیە پیرێژنمان لەسەر بەفرى رەکێش کرد. ئەوە گورگیش بە دواماندا رێچکەیان بەست بوو و وردە وردە لێمان دەهاتنە پێش، ها خۆمان پێدادەن. تفەنگە وەرەندیلەکەم لە مام ڕەحمانی وەرگرت و فیشەکی کارخانەم وەبەر نا و سێرەم لێگرتن و پێم داهێنا، تفەنگ دەرنەچوو، بەست بووى. چەند جارى دیکەم پێداهێنا، فایدەى نەبوو. تفەنگ دەر نەچوو. ئێستا ئومێدم بە ساچمە زەنەکەى خۆم بوو کە هەر دوولاى پڕ بوو و لە سەر را دادەگیراوە.

ئەوجار گورگەکان زیاتر هێرشیان هێنا، هەر کە نیزیک دەبوونەوە هەموو جارێ کچەکە یەک بە خۆى دەیزیڕاند و خۆى بە ئێمە دادەدا. وردە وردە لە چاکی بوزان نیزیک دەبووینەوە گورگەکان زۆریان هێرش هێنا و ها پڕماندەنێ. دوو مراویم بۆ هاویشتن، غاریان دایە و مشتومڕیان لێ پەیدا بوو و هەر لە حەواى هەڵیانهاویشت، باش بوو کەمێک دوور کەوتینەوە. هەر ئاوا هەر کە زۆر نیزیک دەبوونەوە، مراوێکی دیکەمان بۆ داویشتن. بەم شێوەیە تا بە هەزار بەدبەختی لە چاکی بوزان ئاوا بووین و گەیشتینە روکارى شارى، دوو سێ مراویمان پێ مابوو. وردە وردە سەوەڕى شارى پەیدا بوو باش بوو گورگەکانمان لێ دوور کەوتنەوە.

لە قەراغ شارى گەیشتینە ماڵە قادر چاوڕەقی کە کورەخانەیان هەبوو و داریان لە ئێمە دەکڕى و لەگەڵ ئێمە زۆر ئاشنا بوون و لە راستی دا یەک ماڵ بووین. بەسەر خانووەکەى دا حەسارێکی گەورەیان هەبوو، بە کوونی دەرکەى دا چاوم گێڕا، چرایان دایسا. لە دەرکەم دا قادر هاتە دەرێ و گووتی: کێن؟

– ئەمنم قازى کەریمم دەرکەى بکەوە قادر، ئەو ئافرەتەم پێیە.

ئەو زەمان، قات و قڕى بوو. قەرەپشی بەسەر ماڵانیان دا دەدا و خانەبگیرو تاڵانیان دەکردن. وڵامی داوە و گووتی: قازى کەریم! ماڵت شێوێ قازى کەریم بەو قیامەتە لێرە چ دەکا؟ هاتووى بە نێوى وى تاڵانمان بکەى، بڕۆ بڕۆ.

– کوڕە سەگ… بیکەوە قازى کەریمم ئاخر نامناسی؟

– سەگ… بۆ خۆتی، لێت ناکەمەوە.

ژنەکەى گوێی لەو شەڕە جنێوەى بوو. ئەوجار قادر توڕە بوو و لە چەخماخی تفەنگی دا و گووتی وەڵاهی نەرۆى ئێستا دەتکووژم.

– کوڕە قادر کەلاکم پێیە کەلاک.

گوێم لێ بوو کە ژنەکەى پێیگووت: قادر خودا شاهیدە ئەوە دەنگی قازى کەریمە بیکەوە. قادر هات دمی بە کەلێنی دەروازەوە ناو گووتی: هەوى یان نا، خودا شاهیدە هەو نەبی، دەرکەى بترازێنی هەر دەتکووژم.

دوایە بە خیزانی گووت بە ئەسپێیی دەرکەى بکاتەوە و بۆ خۆشی سێرەى لێگرتن. دەرکە کراوە، ئەمنی ناسییەوە گووتی: “کوڕە بمبوورە”.

– کوڕە بڕۆ ماڵت نەشێوێ، مردم.

چووینە ژۆرێ، نێوماڵێکی گەرم. لاقمان لە تەندورێ کێشا و چایان بۆ هێناین گەرم بووینەوە و ژنەش زیندوو بۆوە. دوایە گوتم: قادر ئەو خێر و بەرەکەتەم بۆ تۆ هێناوە و سبەینێ بۆ ماڵە خزمەکەیانی بەڕێ بکە.

زۆر درەنگ ببوو، هەستاین وەدەر کەوتین، بابم (قازى مونعیم) چەند تفەنگچی بە چەند لایان دا، وەدووخستبووین و هاوارمان بۆ هەستا بوو. ئاخر گەیشتینەوە ماڵێ، بابم زۆر توڕە بوو بەڵام کە گووتم دوو کەسم نەجات داوە، هێدى بووە و دەنگی نەکرد.

٧

لە پەیوەندى لەگەڵ دین و ئایین و رێڕەوی ئیسلامەتی لە وڵات دا، ئەوکات کەسایەتییەکی زۆر گەورەى ئایینی بە نێوى شێخی بورهان لە ناوچەى مەهاباد هەبوو. ناوبراو نێوى یوسف بوو و نێویانگی زۆرى دەرکرد و بوو بە مەشهوورى ئافاق.

بۆ یەکەمجار کە شێخ ویستی لە بورهان خانەقا دابنێ، مەلاکانی ناوچە کۆبوونەوە و مەلایەکیان وەک نوێنەر نارد بۆ لاى و پێیان راگەیاند کە حەقی نییە لەو مەڵبەندە خانەقا دابنێ. ئەو مەلایە دواى دانیشتن لەگەڵ شێخ دەکەوێتە ژێر تەئسیرى قسەکانی شێخ و هەر لەوێ دەبێتە مریدى. بەم جۆرە مەلاکانی دیکەش، وردە وردە بوونە لایەنگرى شێخ.

مەلایەک هەبووە بە نێوى سادق، بە مەولانا بە نێوبانگ بوو. ئینسانێکی زۆر گەورە و عالم بووە. هەمووکات و لە هەموو جێیەک لە دژى شێخ دوواوە و بەرهەڵستی کردووە. رۆژێک مەولانا دەیهەوێ ژنێ مارە بکا و بۆ جل هەڵگرتن دەچێتە شارى مەهاباد و شەو لە ماڵە مەلایەک کە حووجرەی فەقێیانی هەبووە و دەرس داداون و لایەنگرى زۆر تووندى شێخی بوورهان بووە، میوان دەبێ. مەلا بە فەقێکان دەڵێ: “ئەوشۆ مەولانا میوانی منە، هەرچەند غەیبەتی شێخی بورهان بکا، ئێوە حەقتان نییە وەجواب بێن و قسان بکەن”. ئەو شەوەى مەولانا زۆر غەیبەتی شێخی دەکا و زۆر بە خراپە لەسەر شێخ دەدوێ، بەڵام کەس قسە ناکا. لە نیوە شەوێ دا لە حاڵێک دا باران دەبارێ و وڵات تەڕوتووشی بووە، لەنەکاو مەولانا دەزیڕێنێ و بە پێخواسی لە ماڵە مەلاى دەردەپەڕێ و بەرەو ئاوایی بورهان وەڕێدەکەوێ. مەلا بە فەقێکانی دەڵێ: خۆتان داپێچن وەدووى کەون و دورا و دوور ئاگاتان لێ بێ بزانن بۆ کوێ دەچێ بەڵام کار و پێی نەبێ مەگەر لە قوڵکە و کەنداڵان بکەوێ.

مەولانا دەگاتە خانەقایە و لەوێ دەست دەکا بە کارى شێتانە. بۆ وێنە هەموو بەڕماڵەکانی خانەقایە کۆ دەکاتەوە و لە پشتی دەبەستێ یان دەیانکاتە مەندیل. شێخ دەڵێ: “هەرچی دەیکا با بیکا لێیگەڕێن”. مەولانا دەچێتە سەر کۆشی شێخی دادەنیشێ و دووگمەى کراسی شێخی دەکاتەوە و دایدەخا، پێدەکەنێ و زۆر شتی سەیرى دیکە دەکا. دوایە شێخ دەفەرموێ: “مەولانا شێتی بەس نییە؟”وەڵا ئیدى مەولانا دەچێتەوە سەر ئەو حاڵەتەى پێشوو چاک دەبێتەوە. دوایە مەولانا ئیزن لە شێخ وەردەگرێ کە خانەقایە بەجێ نەهێڵێ و هەر خزمەت بە خانەقایە بکا. ئەوە بوو مەولانا ژنی نەهێنا و هەتا مرد بە تەواوى تواناوە هەر خزمەتی خانەقایەى کرد. مەولانا تەواوى کارەکانی خانەقایەى راپەراندووە و زۆر ماندوو بووە و شێخ زۆرى خۆش ویستووە. رۆژێک مەولانا لە قوڕشێلان زۆر ماندوو دەبێ و لەبن دارێکی درێژ دەبێ و عەباى بە خۆى دادەدا و دەنوێ. شێخ بەوێ دا تێدەپەڕێ، ئەگەر تەماشاى دەکا، دەبینێ هەموو لاقەکانی قەڵش قەڵش بوون. شێخ دەفەرموێ: بە عیزەتی خوداى غرورى لێ پەیدا دەبێ، دەنا ئێستا بەرى پێم ماچ دەکرد.

شێخی بوورهان زۆر رەوشەن بوو هەم بۆ میللەت هەم بۆ مەزهەب. قەت نەچۆتە ژێر بارى خڕافات، ئەو کەڕامەتەى کە هەیبوو، پێی وابوو ئەوە ئەسڕار و عیلمێکە کە خودا دەیدا بە عەبدى و دەبێ لە نێوان عەبد و خودا دا بمێنێتەوە.

ئەو روانگە و بۆچوونە گەورانەى شێخ، بوو بە هۆى ئەوەى کە مەلا مەشهور و بە نێوبانگەکانی وڵات هەموویان مریدى بن و لە خزمەتی دابن. بۆ نموونە قازى مونعیم ئەوەى بە ئیفتخار دەزانی کە ئاوردو هەڵگرێ و بیبا بۆ مدبەقی شێخ.

بایز ئاغاى مەنگوڕ (بایزپاشا) کە لە وڵات دا پاشاى دیارى کراوى دەوڵەتی تورک بوو و زۆر بە دەسەڵات بوو، مریدى شێخی بورهان بوو و هاتووچۆى خانەقایەى دەکرد. کاتێک کە بایز پاشا هەڵاتبوو، سەید حووسێنی ئاوایی هەمزاوایە ئەو ئاواییە داگیر دەکا. بایز ئاغا کە گەڕاوە ماڵە سەید حووسێنی لووس لووس تاڵان کرد. سەید حووسێن پەنا بۆ شێخ دەبا و دەڵێ کە تاڵانی کردووە و هیچی پێوە نەهێشتووە. پێش ماوەیەک بایز ئاغا بەخۆى و بە ٥٠ سوارى تورک دەچێتە خانەقایە. تەڕى و قووڕى دەبێ و ئاوى باران و قوڕ و چڵپاو لە قووڵکان دا کۆ ببووە، بایز پێشا لە ئەسپی دادەبەزێ و لەوکات دا شێخیش دەگاتە ئەو شوێنە. بایز پاشا دەچێ کە دەستی شێخ ماچ کا. شێخ گۆچانێکی لە سینگی دەکووتێ و دەفەرموێ: مەیە پێشێ ئەتۆ پیسی، چۆن توانیوتە لە جیرانەتی من دا ئەو ماڵەى تاڵان بکەى. لەبەر شتێکی نەبا ئێستا دەمگووت دەو قووڕ و چڵپاوەت باوێن.

سەربازە تورکەکان کەوا دەبینن بە فەورى لە گێلانگێدانی تفەنگان دەدەن. بایز پاشا هاوار دەکا و دەڵێ: نەکەن نەکەن، دەست نەبزێون. دوایە روو لە شێخی دەکا و دەڵێ: قووربان هەر ئەوە، شێخ بەوەندەى لێم رازى بێ، ئیدى خۆ لەو قووڕ و چڵپاوە داوێ.

شێخی بوورهان هەیبەت و سامێکی تایبەتی هەبوو. ئەو کەڕامەتەى کە هەیبوو قەت بۆ هیچ مەبەستیکی ئەوتۆ کەڵکی لێ وەرنەگرت. رۆژێک کابرایەکی ناوچەى گەورکان دەچێتە خانەقایە. دواى زیارەتی شێخ دەڵێ: “قوربان گام لێدزراوە دەبێ پێم بڵێی کێ دزیویەتی”. شێخ جواب دەداتەوە: “بەو قوڕئانەى لەسەر رانم دانەوە ئەمن نەمدزیوە”.

– قوربان ناڵێم ئەتۆ دزیوتە. دەڵێم پێم بڵێ کێ دزیویەتی.

– ئەوە کارى من نییە. ئەوە کارى دارۆغەیە بۆتی ببینێتەوە، بچۆ بە ئەوان بڵێ.

– قوربان هاتووم بە کەڕامەتی خۆت بۆم ببینەوەو پێم بڵێ.

– بۆ ئەمن رەئیسی دزانم، کەڕامەتی چی خۆت شێت کردووە.

دوایە شێخ کابراى وەدەر دەنێ. لە دەرێ یەکێک پێی دەڵێ کە مەلایەک لێرە هەیە بە نێوى مەلا قادر، لە فڵانە حوجرەیە. ئەو کەشف و کەڕامەتی هەیە، بچۆ لاى لەوانەیە یارمەتیت بکا.

کابراى گەورک دەچێتە لاى مەلا و داواى لێدەکا کە بۆ دیتنەوەى گایەکانی یارمەتی پێ بکا. مەلا قادر پێی دەڵێ: “بچۆ دوو جیرە نان (هەر جیرەى ٢ نان بووە) لە خانەقایە وەرگرە، رامەوەستە و یەکسەر بچۆ بۆ ناوچەى سندوسس، لەسەر پردى بەردە زەردێ مات بە. سبەینێ بۆ نوێژى نیوەڕۆیە کابراى دز بە گایەکانەوە بەسەر پردەکەى دادێ بۆ ئەوەى بیانباتە بازارێ. جا ئەوکات لێی بستێنەوە، بەڵام لەسەر پردەکەى نەبزووى.

کابرا بە قسەى مەلا قادر دەکا و بەو دەستووراتە دەجووڵێتەوە. بۆ سبەینێ دزەکە بەوێ دا دێ و کابرا لێی رادەپەڕێ و دز هەڵدێ و ئەویش گایەکان دەباتەوە. دواتر لە وەرزى پاییز دا، لە بڕى ئەو چاکەیە کابرا ٣ کیلۆ هەنگوین لە کۆلکەى دارى دا، دادەگرێ و وەک دیارییەک دەیبا بۆ خزمەت شێخ. شێخ کە لە عومراتی دا قەت بەرتیل و شتی واى وەرنەگرتووە، پێی سەیر دەبێ و لێی دەپرسێ و دەڵێ: ئەوە چییە؟

– ئەوە دیارییە هێناومە، چوونکە لە سایەى سەرى شێخ گایەکانم دیتەوە.

– ئەلحەمدولیڵا کە دیتووتەوە بەڵام ئەوەت بۆ بۆمن هێناوە؟

– ئاخر قوربان لێرە پێیان گووتم.

– کێ پێی گووتی؟

– مەلایەک.

– دەیناسییەوە؟

– ئەرێوەڵڵا قوربانی بم.

– دابۆم بانگ بکە.

کابرا دەچێ مەلا قادر بانگ دەکا. شێخ لە مەلا دەپرسێ: ئەتۆ بە ئەوەت گووتووە کە گایەکانی لە کوێن؟

– بەڵێ قوربان لە سایەى سەرى شێخ ئەمن پێم گووتووە.

شێخ زۆر تووڕە دەبێ و بە گۆچانان وەردەگەڕێتە سەروگوێلاکی مەلا و جا وەرە لێیدە.

قازى کەریم (بابم) دەیگێڕاوە کە بە سێ جێگایان سەرى مەلاى شکا و خوێن بە هەموو دموو چاوى دا دەهاتە خوارێ. چەند کەس دەستی شێخیان گرت و مەلاش هەر هاوارى دەکرد و دەیگووت: بە قووربانی شێخ بم، دەستی هێشاوە. دواى ئەو لێدانە، شێخ بە تووڕەیی پێی دەڵێ: بڕۆ بڕۆ ئەوە عیلمی دنیا و قیامەتم لێ ئەستاندییەوە.

بابم سوێندى دەخوارد و دەیگووت ئەو کابرایە ٦ مانگان فاتیحاى لەبەر نەبوو و نوێژى بە ئیشارە دەکرد و وەختی جەماعەتان بە دزى دەهاتە خانەقایە و لە پشتەوە نوێژى دەکرد. دواى ئەو ماوەیەى مەلاکان هەموو بە مەلا قادرى دەڵێن کە لە وەختی جەماعەتێ دا بێ و خۆى باوێتە سەر کەوشی شێخ و ئەوانیش هەموو وێکڕا تکاى بۆ دەکەن، بەڵکوو شێخ بیبەخشێ و لەو بوحرانەى نەجاتی بێ. لە وەختی جەماعەت دا مەلا خۆ بەسەر کەوشی شێخ دا دەکێشێ و خەڵکەکەش تێکڕا بۆى دەپاڕێنەوە. شێخ دەڵێ: تکاکە و قبووڵ دەکەم و عیلمەکەشی دەدەمەوە با بچێتەوە سەر حاڵەتی ئەوەڵێ، بەڵام توڵەباب جارێکی دیکە نەچی ئەو کارانە بکەى. ئەوە کارى دارۆغەیە. ئێمە دارۆغە نیین بە تۆچی گا دەدزدرێ و بە تۆچی پیاو دەکوژرێ. ئەو دنیایە بەتۆ ئیسلاح ناکرێ. دزیشی دەوێ و زوڵمیشی دەوێ. چاکیشی دەوێ و خراپیشی دەوێ، ئەتۆ چکارەى؟! ئەو کارانە شوغڵی شەرعی نیین ئەتۆ خراپ حاڵی.

دیارە ئەوکات سەیدى زەنبیل لە وەختی بێکارى دا، خەڵکی بێکار و تەنبەڵ و بێ دین و مەزهەبی لە خۆى کۆ دەکردەوە و بە نێوى خەلیفەى سەیدى زەنبیل بە دێهاتی دا بڵاوى دەکردنەوە و ئەوانیش خەڵکیان لەخۆ کۆ دەکردەوە و شتیان لێدەستاندن. ئەوانە ئەوکات دەهاتنە قازیاوایە و لە داڵانی ماڵە ئێمە و بە دەنگی حیو حیو، حەى حەى، حەیدەرحۆ حەیدەرحۆ، جەزبەیان دەگرت. فەتاحەگێڕ کە پیاوێکی زۆر باش بوو، لە لاى ئێمە کارى دەکرد. ماوەیەک لەگەڵ ئەوانە کەوتبوو و ئاواى دەگێڕاوە: “شەوێک لە ئاوایی دێبوکر لە ماڵێک کۆبوینەوە و خەریکی زیکر بووین. خەلیفەکەمان پێیگوتین کە دواى تەواو بوونی لائیلاهە ئیلەڵا، نوورێک سێ جاران لە ئاسمانێ را دێتە خوارێ، هەرکەس چاو هەڵێنێ کوێر دەبێ، کوڕە چاوتان هەڵنەهێنن”. ئەمنیش لە دڵی خۆمدا گووتم هەر سێک تەڵاقم کەوێ ئەگەر هەر دوو چاوم بێتەدەرێ، چاوم هەر هەڵدێنم. خەڵیفە جارێکی دیکەش گووتی کوڕە ئەوە هات چاو هەڵنەبڕن. نورەکە هات ئەمنیش چاوم هەڵێنا، ئەگەر تەماشام کرد ئەوە لەبن عەباى دا عەلەتریکێکی قەوى دەرهێناوە و دەچاومانی دەگرێ و دەیکوژێنێتەوە.

بۆیە شێخی بورهان زۆر دژى ئاکار و کردەوەى شێخانی تر بوو و رەفتارى ئەوانی بە دڵ نەبووە. رۆژێک دەستەیەک خەلیفە بە گوڕەگوڕ، بە بەر دەرکی خانەقایەدا دێن، شێخ دەڵێ: ئەوە چییە؟.

– قوربان خەلیفەى ماڵە شێخی زەنبیلیین.

دوایە مریدەکانی داواى لێدەکەن و دەڵێن با ئەوانیش خەلیفەى دروست کەن و بە دێهاتێ دا بگەڕێن، خۆ ئی ئەوان، هەمووى پیاو چاکن. شێخ دەفەرموێ: “ئەو دەستە رێگەرەى خەڵکی مەنگوڕان، ئەوانەى کە ئاسنی (تفەنگ) کافریان پێیەو دزى و رێگرى دەکەن و خەڵکی رووت دەکەن، لە رۆژى قیامەتێ دا زۆر گەورەترن لەو شێخ و خەلیفانەى کە مەندیل و عەباى پێغەمبەریان لەبەر دایە و کەلامی خودایان لەبن پیلی ناوە. ئەوان خۆیان رەنگ دز دەرهێناوە و خەڵک لەبەریان هەڵدێ، بەڵام ئەوانە خۆیان کردۆتە ئەولیا و بە فێڵ خەڵکی بۆلاى خۆیان رادەکێشن. دەرەجە و مەقامی ئەو دزانە لە رۆژى قیامەت دا زۆر لەو شێخانە گەورەترە. ئێستا ئایا ئەنگۆش دەتانهەوێ ئاوا بن”؟

رۆژێک لە مەجلیسی شێخ دا باسی قوربانی دەکرێ و قسە لەسەر ئەوە دەکرێ کە ئەو کەسەى قوربانی یان شتێکی نەزرى خوداى دەکا، دەبێ ئەو شتەى کە لە هەموویانی خۆشتر دەوێ یان پێی باشترە نەزرى خوداى بکا. شێخیش دەفەرمووێ: “بە قوڕئانی کە پێی موسڵمانم ١٠ کوڕم هەیە، ئاوایی (ئاتابڵاغآ)م لە هەر هەموویان خۆشتر دەوێ. ئێستاش کاغەزى بێنن تا نەزرى خوداى بکەم و بیکەمە مەوقووفەى خانەقایە”. مەولانا دەڵێ: قوربان ئەوەى مەکە با ئەو دێیەت بمێنێ، کوڕەکانی تۆ شێخ نین، سبەینێ دەبێ ببنە چاپەزى ئاغاوەتان، ئەوەى مەکە.

شێخ بە رەواڵی بابا تاهیرى عوریان دەڵێ: شێخ و قەرییە (دێ)؟

ئەو داستانە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەى کە رۆژێک یەکێک لە پادشاکانى تورک دەچێتە خزمەت باباتاهیر و داواى لێدەکا کە ئامۆژگارى بکا. باباتاهیر بە شاى دەڵێ: تورک عادل بەو زاڵم مەبە، ئەو سەلتەنەتە ئەبەدى نییە.

شا دەڵێ: قوربان شتێکم بۆ مەبارەکى بدەیە.

باباتاهیر ئەنگوستیلەکەى قامکى کە بۆخۆى بە چەقۆى ساف و لووسى کردبوو و زۆر بێ قیمەت بوو، دەیداتێ و شا تا ئاخرى عومرى ئەو ئەنگوستیلەى هەر لە قامکى دا بووە و زۆرجار گوتویە کە ئەو دیارییەى پێ لە هەموو تاج و تەختەکەى بە بایخترە. دوایە شا دەڵێ: قوربان با دێیەکت بدەمێ بۆخۆت لەسەرى دانیشى.

شێخ دەڵێ: شێخ و قەرییە!

٨

شێخى بورهان و قازى فەتاح لەیەک سەردەم دا بوون، بەڵام قازى فەتاح زۆر دژى شێخ بووە و ئینکارى کردوە و قەت لە مەجلیسان دا لەبەرى هەڵنەستاوە. رۆژێکى گەرمى وەرزى هاوین، قازى فەتاح لەگەڵ ٣٠ کەس لە کوڕ و پیاوەکانى لە ئاوایی قاڕنجەى را دەیهەوێ بگەڕێتەوە بۆ مەهاباد. لە رێگایەدا دەڵێ: “با سەرێک لەو سوفییە بدەم بزانم ئەوە دەڵێ چى؟” بە یەکێک لە پیاوەکانى رادەسپێرێتە ماڵە شێخى کە دەیهەوێ لەوێ میوان بێ. ئەو رۆژە بابم بۆخۆى لە خانەقایە بوو و ئاواى دەگێراوە: ئەمن لە خانەقایە بووم کە قازى فەتاح رایئەسپارد کە دێتە سەردانى شێخ. ئەوکات لە خانقایە چا خواردن قەدەغە بوو. تەنیا شێخ ڕەشید لە حوجرەى خۆی دا هەقى هەبووە چاى بخواتەوە و شێخ گوتویە، رۆژێک دادێ کە سەروەتى ئەو میللەتەى بە شێرەى سەماوەرێ دا بێتە خوارێ.

بۆ حوڕمەت گرتن لە قازى فەتاح، شێخ رادەسپێرێتە شێخ رەشید و دەڵێ با سەماوەرەکەى هەڵکا چوونکە قازى فەتاح چاى دەخواتەوە و تریاکییە دەنا پیاو ئەگەر تریاکی نەبێ چۆن چاى دەخواتەوە. ئەوجار چوونکە هەوا زۆر گەرم بووە شیخ دەستوور دا لە حەوزخانەى دەرێ کە بە حەوزى گوناهان بە نێوبانگ بوو و زۆر رووناک و خۆش و فێنک و داپۆشراو بوو، رایەخ و راخەر، راخەن و میواندارى بکەن.

پاش ماوەیەکی قازى فەتاح گەیشتە جێ و لە حەوزخانەى دابەزى. پێش ئیستراحەت و وچاندان لە نەکاو گووتیان ئەوە شێخ تەشریفی هێنا. قازى فەتاح یەک پێ وەک هەلووکی بلیند بوو چوو کەوشەکانی لەپێ بکا. زۆرم پێ سەیر بوو، لینگێکی لەپێ کرد و ئەوەى دیکەى بۆ لەپێ نەکرا و لاقی وەک مێوژووکە دەلەرزى. پیاوێکی هەبوو بەناوى (رەحیمی مارف لەنجە، یان حەسەنی خاڵەند ئاغا) کە باب نۆکەرێکی زۆر گەورە و ئازا بووە و قازى فەتاح زۆرى خۆش دەویست و هەمیشە بە قازى فەتاحی گووتووە “فەتاح”. رووى لە قازى فەتاح دەکا و دەڵێ: “فەتاح! ئەتۆ لەگەڵ هەموو دنیایە شەڕتە ئەوە لەبەر سووختەیەکی بۆ واتلێهات، خۆ دەڵێی شەپڵە لێیداوى”. ئیدى بۆخۆى تووند لاقی قازى گرت و کەوشەکەى لەپێ کرد. قازى فەتاح جوابی داوە: “مارف کێوم بەسەر دا هاتووە”. ئیدى چووە دەرێ و شێخی زیارەت کرد. دوایە وێکڕا هاتنەوە و ژوورێ و دانیشتن.

شێخ رووى لە قازى فەتاحی کرد و گووتی: فەتاح هەر ئەتۆ کە یەکێک لە گەورەترین پیاوەکانی کوردستانی، مابوو کە بێیە ژێر سیبەرى خانەقایە. ئەوە ئەتۆش لە سایەى لووتفی خودایەوە هاتی.

– قوربان خۆم لەوە گەورەتر دەزانم کە بێمە ژێر سیبەرى خانەقایە.

– زۆر گەورەى فەتاح! گەورەیی دنیایە یان قیامەتێ؟

– هەموو شتێک، قازى شەرعم، دنیاشم هەیە، قیامەتیش.

شێخ لەپی دەستی رووبەرووى خۆى راگرت و گووتی: “فەتاح نامەى عەمەلت ئەوەتا بیانخوێنمەوە؟ نا، نایخوێنمەوە با بەخۆت دا نەشکێیەوە. ئەوەتا نامەى عەمەلەکانت. ئەگەر دەڵێی با ئەوەى کردووتە با بیهێنمە پێش چاوت بۆ ئەوەى ئینکارى نەکەى”. قازى فەتاح یەک کەلیمەى قسە نەکرد و دوایە گووتی: “ئەلحەمدولیلا نامەى عەمەلی من لەبەر دەستی شێخی دایە، رۆژێک کە شێخ کەوتە سەر لووتف و مەرحەمەت، دەستی بەسەر دادەکێشێ؟ شێخ بزەى هاتێ و گووتی: سوبحانەڵڵا قازى فەتاح چەندە عاقڵ و زیرەکی.

دوایە قازى فەتاح لەسەر دەستی شێخ تۆبەى دادا و پێکەوە چوونە خانەقایە کە نوێژى جەماعەت بکەن. لەبەر دەرکی خانەقایە قازى فەتاح گەڕاوە و رووى لە عالەمەکەى کرد و گووتی: کوڕینە لە رۆژى قیامەتێ دا شاهیدیم بۆ بدەن کە ئەمن هاتوومە ژێر سێبەرى خانەقاى شێخ، ئیدى دوایە شێخ ئینکارى نەکا و بڵێ نەهاتووە.

شێخ ئاوڕى داوە و بە پێکەنینەوە گووتی: سوبحانەڵڵا قازى فەتاح!

دوایە شێخ کراسێکی دا بە قازى فەتاح و پێی گووت کە لەبەرى بکا، هەروەها پێی گووت: “ئەوە کۆسپێکیشم لەسەر رێیە بۆ لابردى.

هەر لەو سەروبەندەدا دەستەیەک لە ئاغایانی (کۆنە مەڵالەر) رێ لە قازى فەتاح دەگرن و شەڕێکی یەکجار زۆر سەخت دەست پێدەکا. هاوار دەچێ بۆ ئاوایی یاڵاوە و بۆ سابڵاغێ. عەشیرەتی بەگزادەى یاڵاوە و دەوروبەر کە زۆر رەشید و ئازان، دۆستایەتی و خزمایەتیان لەگەڵ قازیان هەیە، دێن بە هاواریانەوە. لەو شەڕەدا لە بنەماڵەى ئەو ئاغایانە ٣ کەسیان بریندار بوون و کەسێکیش بە ناوى مەلا کەریم لە تایفەى مووفتی کە لەگەڵیان بوو، کووژرا.

بە دواى تەواو بوونی شەڕى یەکەمی جیهانی دا، رەزا شاى پەهلەوى لە ئێراندا دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت و یاساى شووینیستی فارسی لە وڵات دا دامەزراند. ژاندارم بە وڵات دا بڵاو بوونەوە و جلوبەرگی کوردەوارى قەدەغە کرا و دەستوور درا کە کۆت و شاڵوار لەبەر بکرێ و شەپکە لەسەر بنرێ.

لە ناوچەى سەردەشت مەلا خەلیل بە هاندانی ئینگلیسەکان، لە شاى ئێران راپەڕى و فتواى دا کە لیباسی کۆت و شڵوار و شەپکە حەرامە. لایەنگرانی ئەو دەستیان لە شەپکە نەدەدا و دەیانگووت هەر کەس دەستی لێبدا گڵاو دەبێ و بە هیچ ئاوێکی پاک نابێتەوە و دەبێ دەستی ببڕدرێ.

ئەمن مەلا خەلیلم دیبوو. پیاوێکی باریکی درێژى کەڵەگەت بوو. ردێنێکی درێژى سپی هەبوو، زۆر عالم و شارەزا بوو. تەنانەت شێخی بورهان ئیجازەى دابوو کە خەڵکی تۆبە دادا و پیاوێکی گەورە بوو. بەڵام لە ساڵانی دوایی تەمەنی دا رۆڵی شۆڕشگێرانەى نەماو گۆڕدرا.

مەلا خەلیل دەستەیەک لە عەشیرەتەکانی مەنگوڕ و گەورکی لەخۆ کۆکردەوە و بۆ گرتنی مەهاباد ‌هێرشی کردە سەر ئەو شارە. قەرار بوو هەمزە ئاغا و عەزیزى قەرەنی ئاغاش لە کێوى نوردەینی را هێرش بکەن، بەڵام تەنیا هێزەکانی مەلا خەلیلی لە داشامەجید و لاى سێ ئاشان را هێرشیان کرد و توانیان بۆ ماوەیەک قەبرستانی مەلا جامی بگرن. هێزەکانی رێژیم لەسەر دووخانیەى قەدیم کە بەشێکی پڕکرابووە دامەزرابوون. لەگەڵ دەست پێکردنی شەڕ، ئەفسەرێکی ئێرانی لە لاى گومبەزان کووژرا و سەربازێکیش بەدیل گیرا، بەڵام شاریان بە تەواوى بۆ نەگیرا.

قازى عەلی (بابی پێشەوا) پێشتر داواى لە مەلا خەلیل کردبوو کە هێرش نەکاتە سەر مەهاباد و خەڵکی تاڵان نەکا و گوتبووى کە: خەڵک بە لیباسی کافر نابێ بەڵکوو پیاو بە نییەتی خراپی خۆى کافر دەبێ. شەرع نەیگوتووە لیباسەکەت عەبا یان مەندیل یان کەواو پاتۆڵ بێ. باسەکە، باسی لیباس نییە و هەڵتۆز داتۆزیش مەکەن و ئەنگۆ بە پەهلەوى ناوێرن.

ئەو قسانە بە گوێی مەلا خەلیل گەیشتبوونەوە و ئەویش گوتبووى شەرت بێ ئەگەر مەهاباد بگرم دەبێ زمانی قازى عەلی ببڕم. لەبەر ئەو هەڕەشەیە قازى عەلی بەخۆى و بە کوڕەکانی (پێشەوا و سەدرئیسلام) هاتنە ماڵە باپیرم (قازى مونعیم). چوونکە قازى مونعیم لەگەڵ مەنگوڕان زۆر دۆست بوو. خاڵە سالاریش بە دەستە و دایرەى خۆى لە ماڵە قازى مونعیمی بوو و چەکدارى زۆر لەگەڵ بوو، کەس نەیدەوێرا خۆى لێ بدا. بۆیە جولەکەى شاریش هەموو پەنایان بۆ ماڵە قازى مونعیمی هێنابوو و بە رادەیەک قەرەباڵغ بوو کە ڕێی رێدارى نەبوو.

مەلا خەلیل لە ئاخردا سابڵاغی بۆ نەگیراو مەجبور بوو پاشەکشە بکا و سەربازە ئەسیرەکەشیان لەگەڵ خۆیان برد. ئەفسەرێک بە نێوى سەرهەنگ ئیسکویی، داواى لە قازى مونعیمی کرد کە سەربازەکەیان بۆ وەربگرێتەوە. قازى مونعیم، خاڵە سالار و قادرى کوڕى بە چەند سوارەوە ناردە ئاوایی بەیتاسێ و لەوێ سەربازەکەیان وەرگرتەوە. ئەوانە گێرابوویانەوە کە هەر بە ماشەى شەپکەى سەربازەکەیان هەڵگێڕ وەرگێڕ دەکرد و پێیان وابوو ئەگەر دەستی لێبدرێ، کافر دەبن و بە پێی فتواى مەلا خەلیل دەبێ قامکیان ببڕدرێ.

مەلا خەلیل، دواتر لە زەمانی محەممەد رەزاشاى دا، بوو بە پیاوى عەجەمان و ئەوجار کە حیزبی دێموکرات بە رێبەرایەتی پێشەوا، کۆمارى کوردستانی راگەیاند، ئەو فتواى دا، کە هەر کەس تفەنگ بە شاى ئێرانێوە بنێ کافر دەبێ. بەم شێوەیە قسەکە ١٨٠ دەرەجە گۆڕدرا. جارێک ئەگەر لیباسی شات لەبەر کردبا کافر دەبووى، ئەوجار ئەگەر تفەنگت بەشایەوە نابا.

لەو سەردەمەدا زوڵم و زۆرى دەوڵەت لە رادەبەدەر بوو و ئەو سوکایەتیەى کە بەو میللەتەیان کرد لە گێڕانەوە نایە. لەبیرمە ئەوکات بەرق و چراى ئەوتۆ نەبوو. رووناکی ماڵان زۆرتر فتیلە بوو کە تەنەکەیەک بوو نەفتیان تێدەکرد و بەنێکیان تێدەنا و هەڵیان دەکرد. فتیلە بێ حەد پیس بوو هەموو ژوورێ دەبوو بە قورم و زۆرتر لەسەر کورسی یان لە کۆڵەکەى بە قوڕ جێگایەکیان وەک تاق بۆ دروست دەکرد و دایاندەنا. دوایە دەوڵەت پوڵى لە خەڵکى کۆ کردەوە و ماتۆرێکى بەرقیان بۆ شارى مەهاباد کڕى. خەڵک بەتایبەتى، خەڵکى دێهات دەستەدەستە لە ئێوارێن دا دەچوون و چاویان لێدەکرد و پێیان سەیر بوو کە چۆن دەکرێ چرا بەبێ شەمچە هەڵبێ.

ئەمن ئەوکات منداڵ بووم، لە دێى دەژیام. شایى شایی پوڵم کۆ کردبووە و ٤ شاییم هەبوو. پوڵێکى زۆر بوو. ئەگەر بایی دوو شاییت کشمیش و لەبلەبى کڕیبا، بۆت تەواو نەدەبوو. رۆژێک دایکم ئەو پووڵەى لە تورەکەیەکی ناو بە بەنێکی لە بن هەنگڵمی قایم کرد و ئێوارێ لەگەڵ خاڵە مازو کە گاوانی ماڵە باپیرم بوو و هەموو رۆژێ گاڕانی دێنایە قازیاوایە، چوومەوە شارى. بۆ سبەینێ چوومە بازاڕى. پێچێکی چکۆلەم لەسەر بوو. شەقامی شاپوور و پەهلەوى تازە لێدرابوون و راستە و پاستە نەکرابوون. خانووى کاروانسەرێى سەید عەلی تازە تەواو ببوو و خەڵک راوەستابوون چاویان لێدەکرد. ئاژانێک شەپکەیەکی لەسەر بوو، لەسەر را هاتە خوارێ و پێچەکەى لەسەر داڕنیم و رۆیشت. غارم دا تووند شاقەلی چاکەتەکەم گرت و گووتم: “ئەو پێچەى بۆ کوێ دەبەى”. ئەویش وەک وڵاغان لەقەیەکی لێدام و دەستم بە گریانێ کرد و گووتم پێچیشم لێدەستێنێ و لێشم دەدا. پیاوێک بەوێ دا هات و شاڵوارى لە بەردابوو. لەگەڵ ئاژانەکەى راوەستا و قسەى لەگەڵ کرد. پێچەکەى لێوەرگرتەوە و هات بۆلاى من و گووتی: هیچت پێیە؟

– چوار شایی.

– بمدەیە.

پووڵەکەى دا بەو سەگبابە و پێچەکەى دامەوە و گووتی بڕۆ ئەوجار پووڵت نەماوە پێچەکەت دەچێ. لە حەیفی ئاژانی گووتم دەچمە دووکانی حەکیمی مینە زێڕینگەرى، کە بەقاڵێکی دەوڵەمەند بوو و شتمان لێدەکرێ و قڕانێکی لێ قەرز دەکەم. ئەگەر تەماشام کرد ئەوە دوو کەس چوونە بن پیلی کابرایەکی پیرى فەقیرى دێهاتی، کە یەک بەخۆى دەگریا و دەیهۆڕاند. کابرا رانکوچۆغەى لەبەر دابوو و ئەو ئاژانەى کە منی رووت کردبوو چوو بوو نێفەکی ئەو کابرایەشی بڕى بوو. ئەو دوو کەسە، پیاوەکەیان بردە پشتی دووکانێکی و دەرزى و دەزوویان دایە تا پاتۆڵەکەى بدروێتەوە. ئەو رووداوە بە رادەیەکی زۆر ناڕەحەتی کردم. ئیدى پووڵم وەرنەگرت و راست گەڕامەوە ماڵێ.

دیارە ئەوکات لەگەڵ ئەوەى کە خەڵکی کورد زۆر فەقیر بوون، بەڵام میللەتی دیکەی وا هەبوون کە لە کوردانیش فەقیرتر بوون. لە زستاندا زۆرجار عەجەم دەهاتنە ناوچەى کوردستان و لە ماڵە دەوڵەمەند و ئاغاوەتان، سێ مانگەى زستانێ بە نانەزگی کاریان دەکرد و تەویلە و مەویلەیان خاوێن دەکردەوە و دوایەش لە بەهارێدا ئەگەر پووڵێک شتێکیان دابانێ، دەنا دەگەڕانەوە شوێنی خۆیان.

رۆژێک بابم بانگی کردم و گووتی بچۆ شارى بێڵێکم لە حاجی سمایلی ئاسنگەرى کڕیوە بیهێنەوە و ئەوەش دوو شایی بۆخۆت بیدە بە کشمیش و لەبلەبی. ئەمنیش بێڵەکەم وەرگرتەوە و چوومە دووکانی مەجیدیان. ئەوکات دووکان پەنجەرەیان نەبوو تەنیا دەرکەى تەختەى گەورەیان هەبوو کە پێیانەوە دەدا. خات نازدار کە دایەن بوو و شیرى دابوو بە من، لەوێ بوو. کشمیش و لەبلەبی لە گیرفانی کردم و بێڵەکەم هەڵگرت و رۆیشتم. دمی بێڵەکەم لەسەر شانم دانابوو، دەسکەکەى کەوتبووە دوایە. لەولاتر ٤ – ٥ عەجەمی هەشتەرۆیە دانیشتبوون. ئەمنیش نەمزانی، دەسکی بێڵەکە وە عەجەمێکی کەوت. هەر ئەوەندەم زانی گرمە لە پشتی هەستا، کە ئاوڕم داوە تەماشام کرد ئەوە عەجەمە دایگرتووم. راپەڕیم و لەبەرى هەڵاتم لە کۆڵم نەبووە و هەر بۆم دەهات. ئەمنیش بێڵەکەم سەروبن کرد و بێڵێکم لە سینگی کووتا و کشاوە. دوایە هەر لە کۆڵم نەبووە و هەر بۆم دەهات. ئەمنیش بە هەموو قەوەتی خۆم بە تیژایی بێڵەکەى دامهێنایە سەرى و خوێن هاتە خوارێ. عەجەم ملی لە هۆڕە هۆڕێ نا و ئەمیش هەڵاتم و بێڵەکەشم هاویشتە بانی ماڵێکی.

عەجەم بە هۆڕە هۆڕ بەرە و شارەبانی وەڕێکەوت. ئەگەر چووبا ئەوێ باسی سەر بوو نەجاتم نەدەبوو. باش بوو عەزیزى میرزا رەشید و میرزا سەعید گەیشتنە سەر عەجەمەکە و بردبوویانە دەواخانەى مەلەوى و سەریان بۆ برژاندبووە و مناتێکیشیان دابۆیە، بەم شێوەیە نەجاتم بوو.

لەبیرمە لەو ساڵانەدا هاوین بوو قاسمی قادرى (مامە قاسمە) کە بە چرچیلی کوردستان بە نێوبانگ بوو، هاتبووە قازیاوایە لەگەڵ بابم لەبن داران قەدەمیان لیدەدا. ئێمەش خەریکی تەکاندنی ئاخرین دارى قەیسی باغی بووین. پەڵە هەورێکی رەشی هێنا و لەسەر ئێمە کەمێک بارى بەڵام شتێکی وانەبوو هەر عەرزى تەڕ کرد. بەڵام لەسەر شارى کردى بە گرم و هۆڕ و دایدایە بارانێکی تووند. شارچی کە هاتنەوە گووتیان وەڵا سابڵاغ ئاو بردى. لە لاى ئاوایی پشت تەپپ رۆى کردبوو سێڵاو وەسەر شارى گەڕابوو. ئەسباب و کەرەسەى بازاڕى بردبوو و هەمووى لە چۆمی کردبوو پێموایە ٤ کەسیش سێڵاو بردى هەر بۆیە ئەو ساڵە بە ساڵی سێڵاوێ بە نێوبانگە.

زۆڵم و زۆرى رەزا شا، هەر شارەکانی نەگرتەوە بەڵکوو خەڵکی دێهاتیش لە رادەبەدەر لە ژێر گوشار دابوون. ئەگەر ئەمنییە رێی لە دێهاتی کەوتبا هەرچی پیاو بان هەموو هەڵدەهاتن و تەنیا ژن و پیر و پەککەوتە لە ماڵان دا دەمانەوە. لە ئاوایی کەوتەر پیاوێکی پیرى لێ بوو بە نێوى خاڵە حەمە. ئێوارەیەکی لە مەزرایەرا بە سوارى کەرێ بەرە و ماڵ دەبێتەوە. لە رێگایە کەرەکە هەست بە شتێک دەکا و خاڵە حەمەى هەڵداوێ و بەسەر بەردێکی دا بەردەداتەوە. خاڵە حەمە بە بریندارى دەگاتەوە دێی و ئەگەر تەماشا دەکا ئەوە ئەمنییە خەڵکیان کۆ کردۆتەوە و کێشەیان پێ دەفرۆشن. ئەمنییەکانی کە خاڵە حەمە بە خوێناوى دەبینن، دەیخەنە ژێر پرسیاران: “ئەى ئەوە کێ لێی داوی؟

– کەس لێی نەداوم بە خوداى بە بەردى داکەوتووم.

– نا درۆیە دەکەى وەرە بابچین.

– ئاخر بۆ بێم؟

– دەبێ بەردەکەمان پێ نیشان دەیەوە. ئەتۆ درۆیە دەکەیەوە، شەڕت کردۆتەوە، ها کێت کووشتۆتەوە؟

بەو شەوە خاڵە حەمەى وەپێش خۆ دەدەن تا دەگەنە بەردەکەى، تەماشا دەکەن، راست دەکا. بە شێلاقان وەردەگەڕێنە بەردەکەى و جنێوى پێ دەدەن و دەڵێن: کەپیۆغڵی (سەگباب) نازانی ئەوە رەعییەتی شاهەنشاهییە، چۆن وێراوەتە سەرى بشکێنییەوە!

دوایە خاڵە حەمەى دەبەنەوە ماڵێ و داواى ١٥ قڕانی (حق الزحمە) لێدەکەن. خاڵە حەمە زۆر دەپاڕێتەوە و دەڵێ پووڵی نییە کە بیانداتێ. ئەوجار وەریدەگەرێنێ چوونکە حووڕمەتی ئەمنییەى نەگرتووە. ئاخر بە هەزار چەقەچەق خەڵک خاڵە حەمەى لەبن دەستیان دەردێنن و لەنێو دێی، چەند مەناتیان بۆ کۆ دەکەنەوە و نەجاتی دەدەن.

کارێکی دیکەى ئەمنییە ئەوە بوو کە ماڵان دەگەڕان و بۆ خۆیان چەغماغ، یان فیشەکی رزیوى تفەنگیان لەسەر تاقە دادەنا و لە نەکاو دەیان گووت: ها، ئەوە دیتمەوە.

– کوڕە چت دیتەوە؟

– هۆو … ئەوەتا، ئەدى تفەنگەکە کوا؟

– کوڕە تفەنگی چی؟

بەم شێوە وەردەگەڕانە سەرو گوێلاکی کابراى تا بە هەزار زەحمەت بە پووڵێکی نەجاتی دەبوو قیل سپی دەبوو.

لەو زوڵمو زۆریانەدا کوێخاکان، هاوکارى دەوڵەتیان دەکرد و راپۆڕتیان لەخەڵک دەدا. کابرایەکی دەوڵەمەند لە دێبوکرێ هەبوو بە نێوى برایم کەریم. ئەوە فەڕشێکی چاکی بۆ ماڵێ کڕیبوو. مرادى مامە سوورى کە کوێخا بوو لەگەڵ مەحموودی کۆرى راپۆڕتیان لێدابوو. ئەمنییە بە تاوانی ئەوەى کە ویستوویەتی ئەو فەڕشەى بۆ عێراقێ بەرێ، لە ماڵێ دا هەڵیانهاوەسی. تەناف سووڕى خواردبوو بە عەرزى دا بەرببووە و وەخت بوو بمرێ، لە ئاخرى دا ٣٠ تمەنیان لێئەستاند کە فەڕشەکە ئەوەندەى نەدەهێنا.

ئەوجار دەبوو تووتنی سیغارى خۆت لە قەڵاغی دا بشارییەوە. بەشە گەنمی خۆت دەبوو لە چەلەنگان دا و لە نێو گژ و گیا و کاى دا بشارێوە. چوونکە دەوڵەتی ئێران لە بڕى کڕینی چەک لە ئاڵمان، دەبوایە گەنمی تەحویل دابا.

بە گشتی ژیان و گوزەران لە خەڵک هەڵگیرابوو، سەرەراى ئەو زوڵم و زۆریە، ماڵەکان ببوون بە پێخووستی ئەمنییە و مەئموورى دەوڵەتێ و دەبوو شەو و رۆژ میوانداریت لێکردبان. بۆ نموونە ئەوان ئەگەر مەئموورییەتی دێبوکریان هەبایە، کە لە شارى را سەعاتە رێیەک بوو، وەها دەهاتن کە شەو لە قازیاوایە لایاندابا و بۆ سبەینێ چووبانە دێبوکرێ. سبەینێ لەسەرڕا شڵدم شڵدم پەیدا دەبوونەوە.

رۆژێکی لە قازیاوایە مامە وەهابم ئیشتیاى مریشک و برینج دەکا و ئاواى دەگیڕاوە: ئێوارەیەکی لە ماڵێ بڕۆشیان لێ نابوو. ئەمنیش زۆرم ئیشتیا لە مریشک و برینجی بوو. چوومە سەربانی بەرە و مەهاباد روانیم، ژاندارم لە رێگایەدا نەبوون. دڵم خۆش بوو هاتم بە خێزانم گووت کە فروجێک بکوژێتەوە و کەمێک برینج لێبنێ با ئەوشۆ پارۆ نانێک بە بێ عەجەمان بخۆین. تاریک داهات و خەریک بوون مەجوعمەى دابنێن، لە نەکاو سەر و کەلەى ٢ ئەمنییە پەیدا بوون. سەلام مەلێکوێم… زۆرم پێ ناخۆش بوو. سووکێکی چوومە دەرێ. گووتیان ئەوە کەوڵمان رادەخست بۆ هاتی. گوتم وەڵاهی وەبیلاهی وەتەڵاهی خودا بە کافریم بکوژێ نایەڵم ئەمنییە دم لە پڵاوى بدا، بڕوێشیان بۆ بەرن.

هەر لەو پێیە دا مامم وەهابم بە فارسی ئەو شێعرەى دانابوو.

برسر هر لقمە نان کرد ملعون، بنوشتە است بە عیان

کە خورد مشتی توراغ ابن کلب ابن کلب ابن یشگ

لەسەر هەر پارۆ نانێکی کوردی مەلعوون، بە ئاشکرا نووسراوە

کە مەشتی تۆراغی سەگی سەگبابی توڵەباب، دەیخوا.

لەو سەروبەندەى دا وردە وردە دەنگی تەیاران پەیدا بوو. یەک مانگ بە ئاسمان دا هەر هاڕەیان دەهات بەڵام نەدەبینران. تا لە رۆژى ٢٠ خەرمانانی ١٣٢٠ لە چێشتانێ دا مەهاباد بۆمباران کرا و ٥ – ٦ بۆمبیان بە شارەدارى و سەربازخانەى دادا. ئەفسەرێک لە پادگانێ دەستورى دابوو کە بە بڕنۆ تەقە لە تەیارەکان بکەن. بۆیە لە ئێوارێ دا جارێکی دیکە تەیارەکان شاریان بۆمباران کردەوە و٨ – ٩- بۆمبی دیکەیان بە شار دادا.

شار تەق و ڕەوى تێکەوت و زۆربەى خەڵک، شاریان بەجێهێشت. ماڵە ئێمە لە قازیاوایە پڕپڕ بوو. ئەرتەشی شاهەنشاهی پادگانی بەجێهێشت و لە مێشەى داشتەمری دا خۆیان مات کردبوو. دوایە چوونکە سەربازەکان نانیان پێنەگەیشت، تفەنگەکانیان فڕێ دا و هەڵاتن.

پێش ئەو رووداوانە ئەرتەشی رووس دواى ٥ رۆژان هاتە نێو شارى و دواى تاڵان کردنی چەکە قوورسەکانی پادگان، بە ئانقەست رێگایان بە خەڵک دا، کە سەربازخانەى تاڵان بکەن و هەرچی تاپڕ و تفەنگی کۆنی لە رەدەکەوتوو کە پێشتر لە خەڵکی ئەستێندرابوو، لەگەڵ وردە شتی دیکە وەک پەتوو و پاچ و پێمەڕە، بیبەن.

هاتنی ئەرتەشی رووس بوو بە هۆى زیندوو بوونەوەى بیرەوەرى تاڵی شەڕى یەکەمی جێهانی و زۆر کەس لە ترسی قەتڵی‌عامی رووسان، شاریان بەجێهێشت. پێشەوا لە شاردا مابووە بۆ بەرگرى کردن لە تاڵانی شار کە هێندێک عەشایرى خراپ مەبەستیان بوو، دەستەیەکی لەخۆ کۆ کردەوە و لە دەوری شار کێشکی دانا. تەنانەت بۆخۆى چەند جار لە لاى گومبەزان بە تەنیا کێشکی داوە. ئەوجار تفەنگی بە خەڵکی پەیدا کرد و کێشکی گەڕەکەکانی شاریشی دامەزراند و هەر گەڕەکەى بەرپرسێکی بۆ دیارى کرد.

لەو ماوەیەدا بەرپرسانی رووس دەچنە لاى پێشەوا و داواى لێدەکەن کە داوا لە خەڵکی بکا، بگەڕێنەوە سەر جێ و رێی خۆیان و گووتبوویان: “ئێمە بۆ ئاسایشی خەڵک هاتووین و کارێکمان بە ئێوە نییە بۆ خۆتان شارى بەڕێوە بەرن. ئێمە دەچینە نێو پادگانێ”. پێشەوا پێیان دەڵێ کە پادگان تاڵان کراوە و داوایان لێدەکا کە چەند کەس کە ئەو پێیان دەناسێنێ بۆ کێشکی شار چەکدار بکەن. بەم شێوەیە کۆنترۆڵی شار کەوتە دەست پێشەوا و هەم کاربەدەستانی رووس و ئینگلیس و هەمیش دەوڵەتی ئێران ئەگەر کارێکیان هەبایە دەچوونە لاى پێشەوا و لە لاى ئەو میوان دەبوون.

ئەوجار تەیارە رەشە هاتوو کاغەزى بە ئاسمان دا بڵاو کردەوە و داواى لە خەڵک کرد کە لەسەر جێورێی خۆیان بمێننەوە. ئەمن جوان لەبیرمە کە بە فارسی نووسرابوو: “آلمان نازى مثل ملخ موزى سر در بیابان نهادە و مردم را قتل عام میکند”. (ئاڵمانی نازى وەک کولوو بە دنیایە وەربووە و خەڵکی قەتلی عام دەکات). هەروەها نووسرابوو کە ئەوە ئەرتەشی شووڕەوى پێشی پێدەگرێ و دەیهەوێ ئەو بەڵایە لەسەر خەڵک لاببا.

ئەوەڵ جار کە ئەرتەشی رووس هات، سوارە نیزام بوو و دەورى ٣٠٠٠ هەزار سوار دەبوون. جارێک دەستەیەک سەرباز کە داشقەیان پێ بوو بۆ راوە بەرازى هاتنە قازیاوایە. جارێکی دیکەش ئەفسەرێک و سێ سەرباز هاتن، داوایان کرد کە کێوى مام قۆجاغیان نیشان بدەین. ئەمنیش چاک بەڵەد نەبووم بەڵام لەگەڵیان چووم. ئەسپەکانیان ماتە بوون و یەختە کرابوون. ئەسپەکەى منیش سەرکێش بوو و هەر شیڕە شیڕى بوو و دەیحیلاند، بۆیە بەناچار وەپێش کەوتم. تفەنگێکی ٥ تیرى رووسیم پێ بوو لە حەمەدى مەولودیم کڕیبوو. لە سەربەرە و ژێرێکی کەروێشکێک دەرپەڕى، خۆم لە ئەسپی فڕێ دا و دەهەڵاتنێ دا تفەنگێکم دەنێو لاقان کرد و دەتۆزێ دا ون بوو بەڵام نەمهەنگاوت. ئەوان زۆر پێکەنینو لە چەپڵەیان دا.

لە پشتی (سێلەکە) جارێک رێگام لێ ون بوو بەڵام ئەوان لە رووى نەخشەوە دیتیانەوە تا گەیشتینە کێوى مام قۆجاغ. لەوێ ئەوان بە سمیتی سپی لە دووندى کێوەکەى وەک کەلە قەند خەریکی درووستکردنی ئاریانتین بوون، ئەمنیش گەڕامەوە.

ئەوجار لەشکرى ئینگلیس هاتوو ماوەى ٦ رۆژان لە سەربازخانەى دا مانەوە. دوایە ئەوانیش رۆیشتن و دیسان لەشکرى رووس هاتەوە. ئەمن بۆخۆم بژاردمن ٣٣ دانە ماشینیان پێ بوو.

لەو وەزعەدا کورد زمانی کراوە، کەسانی وەک حوسێنی فروهەر بە مەستی شیعارى کوردایەتیان دا و شاعیرانی وەک هەژار و هێمن وەدەنگ هاتن. هەژار دەڵێ:

هات بە گرمە فرۆکە لە لاى موسکو

بۆ عەجەم وەک شەهێن دەچوو بۆ کەو

هەڵمەتێکی گەیاند لە تەختی جەم

تێکیدا شەوکەت و جەلالی عەجەم

بە بڵاو بوونەوەى دوو پەڕ ئاگاهی

بۆ بە پڕشوبڵا و ئەرتەشی شاهەنشاهی

دیارە پادگانەکانی بانە و سەردەشت بە شەڕ کەوتنە دەستی خەڵکی و سەربازێکی زۆر کووژرا. رادەیەک کە مابوونەوە بە پێخواسی و بە کەنەفتی دواى چەند رۆژ گەیشتنە ئاوایی بەیتاس. پێشەوا ناردى هێنانیی بۆ مەهاباد. یەک لەوان سەرهەنگ موستەشارى بوو کە پێشتر لە مەهاباد سەروان بوو و زۆرجار بۆ راوێ دەهاتە قازیاوایە. پێشەوا جاڕچی بە شاردا بڵاو کردەوە و نان و پێخۆر و کەوش و لیباسی بۆ کۆکردن و دوایەش بەڕێى کردنەوە بۆ شارەکانی خۆیان .

٩

دەورووبەرى ساڵانی ١٣٢٢ بوو هێشتا قازى محەممەد نەببوو بە پێشەوا و دەسەڵاتی بە دەستەوە نەگرتبوو. بەڵام لە نێو خەڵک دا زۆر خۆشەویست بوو و حووڕمەتی زۆر بوو. ئەمن بە سەردان چووبوومە ئاوایی هەنگەوێی نێو مەنگوران. لەوکاتی دا چەند کەس لە مەنگوڕ و گەورکان بەشەڕ هاتبوون و یەک دوو کەس بریندار ببوون. ئەوەى لەبیرم بێ مەنگوڕ بەسەر گەورکانیان دادابوو و دوو ئاغاى گەورکانیشیان بەدیل گرتبوو. لەسەر ئەو رووداوە پێشەوا نامەیەکی بۆ برایم ئاغا نووسی بوو و داواى کردبوو کە بە هەر شێوەیەک بێ، دەبێ ئەو شەڕە کۆتایی پێ بێ. ئەو نامەیە کە هاتبوو کەس نەبوو بیخوێنێتەوە، ئەمنیش کەتە سەوادێکم هەبوو. برایم ئاغا بە لەهجەى مەنگوڕى بانگی کردم (میرزا عەوڵاى وەرە) لە تەنیشت خۆى دانام و گووتی: ئەو نامەیەم بۆ وەخوێنە.

ئەمنیش نامەکەم وەرگرت، دڵم هەر لێیدەدا، لە دڵی خۆم دا دەپاڕامەوە کە خودایە بۆم بخوێندرێتەوە و خەجاڵەت نەبم. چوونکە دەمزانی کە خەتی پێشەوا شکاوەیە و بڕێک بە زەحمەت دەخوێندرێتەوە. دەستم بە خوێندنەوەى کرد. زۆر سەیر بوو دەتگووت دوو سێ جارم خوێندۆتەوە و بە باشی خوێندمەوە. پێشەوا نووسیبووى: بە هیچ شێوەیەک نابێ شەڕ بکرێ. برایم ئاغا بۆتۆ زۆر عەیبە کە رێگا دەدەى قۆڵغ مۆڵغی ئێوە بچن لەگەڵ قۆڵغ مۆڵغی گەورکان بەشەڕ بێن. ئەوە بۆ میللەتی کورد ئابڕو چوونە. ئێمە دەبێ ئیتحادمان هەبێ.

برایم ئاغا گووتی: ئەمن قەت رازى نیم شەڕ بکرێ، کاکە رەحمان مردووە، ئەمن لەسەرەخۆشی وى بووم، ئاگام لێ نەبووە کە ئەو کارە قەوماوە.

لەوکاتی دا حاجی پیرۆت ئاغاى گەورکیش نامەیەکی بۆ برایم ئاغا نووسیبوو. برایم ئاغا جارێکی دیکەش بانگی کردم و گووتی: “میرزا عەوڵاى وەرە ئەو نامەیەش وەخوێنەوە”. بەڵێ چووم ئەو نامەیەشم خوێندەوە. نووسرابوو: کارێکی زۆر عەیبە، ئێمە جیرانین. دێهاتمان پێکەوەیە و خزمایەتیمان هەیە. چۆن دەبێ تاقمێک جەوانی کەلە شەقی ئێوە دەست بدەنە ئەسلەحە و لەسەر زەمینی کاوڵان و کوران بەسەر دوو سێ کەسى ئێمە دا بدەن و تفەنگیان لێ‌بستێنن و بیانگرن. ئێستاش ئەوە زۆر عەیبە. ئێمە و ئێوە نابێ لەشکر لێک بکەین و خوێن بڕێژین. ئەمن شەڕێ ناکەم، ئەنگۆش ئەو تفەنگانە بدەنەوە.

برایم ئاغا لە وەڵامی ئەو نامەیەدا گووتی وەرە بنووسە. ئەمنیش لە دڵی خۆم دا گووتم خودایە چ بنووسم؟ خۆ ئەمن ئینشام نییە. هەرچۆنێک بوو کاغەزێکی چڵکنیان پەیدا کرد و لەسەر مقەبایەکی لووس ملم لە نووسینێ نا. برایم ئاغا هەر ئەوە بوو سەوادى نەبوو، دەنا زۆر زیرەک بوو. جێجێ ئینشاکەى دەگووت و گووتی بنووسە: “حوزورى حەزرەتی کاکەڵڵا ئاغا، دامەت ئیقباڵ و تەعالا، بعد از مراسم دعا خوانی و سلام رسانی”. نازانم چی و چی … لەو قسانە. بەڵێ پێدا هاتین. دامەت ئیقباڵ و هووە تەعالام نووسی و بەسەرى مووبارەکت ئەمن ئاگام لێ نەبووە کە ئەو کارە کراوە و کارێکی زۆر ناحەزە. بەم شێوەیە کەمێکی خۆم و کەمێکی ئەو، نامە نووسرا. دوایە گووتی جارێک بۆم بخوێنەوە، بۆم خوێندەوە. گووتی: “ئەى باڕەکەڵڵا بەخوداى نامەى چاکە”.

ئەوە بۆخۆشم دەمزانی چییە و چیمان نووسیوە. نامە تەواو بوو، ئەجار پاکەت نەبوو. بەناچار هەر دەو پاکەتەمان نا کە نامەکەى تێدا هاتبوو و بەڕێمان کردەوە.

ئەو زەمان دنیا، دنیاى عەشایرى بوو. لەنێو عەشیرەتاندا هیچ وەحدەتێک نەبوو و هەرکەسە بۆ خۆى لە فکرى قازانجی خۆى دا بوو و هەرکەس لە دژى ئەوەى دیکە، بە دواى قازانجی خۆیدا دەڕۆیی و بە شێوەیەک حەولی دەدا تا زیاتر پاڵ بە حکومەتەوە بدا. دەوڵەتیش بە دانی قەند و شەکر و شتی دیکە، دڵی ئەوانی بۆلاى خۆى رادەکێشا.

ئەو زەمان کەوش و پێڵاوى وانەبوو، وەستا عەوڵایەک هەبوو کە کەوشی جیرى دادەکوتا. ئەو کەوشانە سوور بوون و دەبوو تەنک بکرێن و بە بزمارى دابکوترێن. ئەوانە تایبەتی شوان و گاوان و خەڵکی دێهاتی بوون و قیمەتیان ٤ قڕان بوو، دوایەش بوون بە تمەنێک. کاڵە دروش هەبوون، کاڵەى شەمامە بەندیان دەدرو. ئەمن وەبیرم دێ بە چوار قڕان دروستیان دەکرد و زۆریش جوان بوون.

جارێکی دەروێش حەمەدەمین کە ئێستا لە دووکانی تاڵاوى دەبێ، گێڕایەوە و گووتی: ئەمن منداڵ بووم لە دووکانی وەستا عەوڵاى کارم دەکرد، وەستا عەوڵا چوار جووت کەوشی کاردارەکانی ماڵە قازى محەممەدى داکوتابوو و داى بەمن و گووتی: “ئەو کەوشانە بەرە ماڵە قازى، بەڵام تا پووڵەکەت نەداتێ کەوشەکانی مەدەیە، ئەمن حەوسەلەم نییە بنووسم ئەوە ئی ماڵە فڵان کەسییە و ئەوە ئەوەندە قەرزدارە و داخودا چ وەخت ئیشتیا دەکەن و پووڵەکەم دەدەنێ. بۆیە دەبێ پووڵی کەوشەکان نەغد وەرگرى. ئەگەر گووتی بڕۆ دوایە بۆى دەنێرم، کەوشەکانی مەدەیە و بیهێنەوە”. ئەگەر چووم وەختی نەهارێ بوو دەوروبەری سەعات ١٢ بوو. نیزیک بە ٤٠ تا ٥٠ کەس ئاغاوەتی مەنگوڕ و گەورک و دێبۆکرى لەوێ بوون. یەکسەر چوومە ژوورێ. رووم لە پێشەواى کرد و گووتم قوربان ئەوە وەستا عەوڵا کەوشەکانی ناردۆتە خزمەتتان. پێشەوا گووتی: ئاى بارەکەڵڵا کوڕى چاک، وەرە بابەگیان وەرە بیانهێنە با تەماشایان بکەم. چاک تەماشاى کردن و دوایە گووتی: “کوڕى چاک بچۆو بە وەستا عەوڵاى بڵێ دوایە پووڵەکەى بۆ دەنێرم، ئەوەش ٥ قڕان شاگردانە بۆخۆت”. ئەمنیش گووتم وەڵا قوربان بە بێ پووڵ ناتدەمێ و کەوشەکانم کێشاوە دوایە. پێشەوا گووتی کوڕە دا چایەکی شیرینی بۆ بێنن و ها ئەوەش تمەنێک.

– وەڵا قوربان نە تمەنم دەوێ، نە چاش دەخۆمەوە و کەوشەکانیش دەبەمەوە.

– کوڕى چاک بۆى دەنێرم، ئێستا پووڵم نییە، سبەینێ بۆم دێ و بۆى دەنێرم.

– قوربان بەخوداى ناتدەمێ. سبەینێ کەوشەکانت بۆ دێنمەوە.

– دەى چاى شیرینی بۆ بێنن.

– ناخۆمەوە.

ئاغاکان گووتیان: چا قوربان ئەوە بۆ ئەوەى دەبێ قسەى لەگەڵ بکەى. وەرە کوڕە ئەوە پووڵ، کابرا بزانین حەقت چەندە، ها وەرە.

پێشەوا گووتی: “نا راوەستن ئەوە لەبەر ئێوە وام کرد”.

دوایە دەستی دەباغەڵی ناو و یەک بەستەى پووڵی لە گیرفانی دەرهێنا و گووتی: “ئەمن قازیم، مەلام، زمانی ئینگلیسی و فەرانسە و رووسیش دەزانم. ئەو کوڕە شاگردى کەوش دروویەکە. یەک کەلیمەش نازانێ و نەخوێندەوارە. ئەوە سەعاتێکە دەمهەوێ فریوى دەم بە هیچ بارێک دا بۆم فریو نادرێ. ئەوە مەبەستم ئەنگۆ بوو ئێوە بە دوو کەلە قەند بوونە جاشی دەوڵەتێ و فریوتان خواردووە. بەو هەمووە عەشیرەتەی، وەک ئەو منداڵەتان پێناکرێ. دیتتان چەندەى لەبەر پاڕامەوە، بە قسەى خۆش، بە چاى شیرین، ٥ قڕانیشم بۆ کردە تمەنێک، هەر بۆم فریو نەدرا. ئەنگۆش وابن، ئاوا پیاو بن. ئافەرین کوڕى چاک”.

دواى ئەو قسانە پێشەوا پووڵی کەوشەکانی دامێ و تمەنێکیشی دا بە خۆم و گووتی تا چایەکیش نەخۆیەوە نایەڵم بڕۆى.

ئەوەى لەبیرم بێ ساڵی ١٩٤١ بوو، حەمە رەشیدخانی بانە دواى گرتنی شارى بانە، لە سەقز لەگەڵ هێزەکانی دەوڵەت لە شەڕ دابوو. دەنگی تۆپەکان بە تایبەتی لە بەیانیان دا دەگەیشتە مەهاباد. پێشەوا لەگەڵ مام عەزیز کوڕى قەرەنی ئاغاى مامەش کە دوایە بوو بە سەرهەنگی ئیفتخارى شا و لە جێی بابی بەسەر عەشیرەتی مامەشان رادەگەیشت و دەستەڵاتی یەکجار زۆر بوو، لە ئاوایی دێبۆکر دەعوەت کرابوو. (ناوبراو گوایە دواتر لە جیبی ئەرتەشی دا بە فیتی عەلی ئاغاى حاجی ئیلخانی و هێندێک لە شێخەکان کووژرا). قازى محەممەد سەید پیرەى لەگەڵ بوو، بەڵام مام عەزیز هەر بە تەنیا و تاقە سوار بوو. پێشەوا لە قازیاوایە لاى دابوو و لە منی پرسی بوو. گووتبوویان لە ماڵێ نییە. پێشەوا بە دایکمی گووتبوو کە ناتوانن راوەستن و هەر هاتەوە با بە دوامان دا بێ. ئەمن کە چوومەوە و پێیان گووتم بە پەلە بە دوایان دا رۆیشتم. لە نیزیک مەزراى پیروبایزى گەیشتمەوە سەریان. پێشەوا و مام عەزیز بە جووتە پێکەوە دەڕۆیشتن و قسەیان دەکرد. قازى دەیهەویست عەشیرەتەکان هان بدا بۆ ئەوەى بە هاناى حەمەرەشید خانی بانەوە بچن.

شەو لە ئاوایی دێبۆکری، لە دیوەخانی کاک خدرى کاک عەزیزى، جەماوەرێکی زۆر کۆببوونەوە و ٤ تا ٥ کوڕى کاک عەزیزى لەوێ بوون. لەگەڵ نۆکەران بە مووسەلەحی لەبەر دەرکەى راوەستابوون. قازى فەرمووى: “دەوڵەتی ئێرانێ لە تەفرەقەى ئێمە کەڵک وەردەگرێ و ئەگەر دەوڵەت سبەینێ بێ لەگەڵ ئێمە بەشەڕ بێ، نابێ عەشیرەتی مەنگوڕ بێلایەن بێ، هەروەها بە پێچەوانە. ئێمە دەبێ ئیتحادمان پێکەوە هەبێ دەنا هەر رۆژە بە نێوى یاغیگەرى، عەشیرەتێک سەرکووت دەکەن، ئەوکات کورد تێدادەچێ و عورزە و حەیاى نامێنێ. ئێستا ئەوە لە سەقزى شەڕە ئێمە دەبێ بچین بە یارمەتی حەمە رەشیدخانی بانەوە. بە عیزەتی خوداى ئەوەى ئەمن لە دەستم هاتووە کردوومە جا ئێوەش پیاو بن دەست دەنێ.

کاک خدرى کاک عەزیزى بڕێکی خۆ هەڵمساندو و بانگی عەوڵاى کوڕى کرد و گووتی: “عەوڵا پاشکۆیان داگرە سبەینێ ئەمن دەچمە شەڕى دەوڵەتێ و لەگەڵ حەمە رەشید خانی بانەى دەکەوم”. مام عەزیزیش قەولێکی دا، بەڵام دیاربوو راست نەبوو. بۆ سبەینێ ئێمە دە خزمەتی پێشەوادا هاتینەوە قازیاوایە و مام عەزیز لە دێبۆکرى ماوە. دوایە نە لەشکر کرا و نە هیچ تەنانەت داوایان لە دەوڵەتیش کردبوو کە ئەگەر ڕێ بدا حەمە رەشید خانی بۆ تەنبێ دەکەن.

١٠

لە ساڵەکانى ١٣٢١و ١٣٢٢ دا عەوڵاى بایزئاغاى، لە تەڕەف دەوڵەتەوە بە حاکمی شارى مەهاباد دیارى کرا. عەوڵاى بایزئاغا و قازى کەریم (بابم) لە ڕادەبەدەر دۆست بوون. ئەمن زۆر جار لە مەهاباد لەگەڵ بابم دەچوومە مەنزڵەکەى.

هەر لەوکاتی دا سەردار عیلەکانی مەنگوڕ، زۆریان هێرشیان دەکردە سەر ئەو کوێرە دێیانەى دەورووبەرى شارى و دەیانهەویست داگیریان بکەن. ئەوان ئاوایی پشتەپیان گرتبوو و داگیریان کردبوو بەڵام دوایە پیاوى عەلیخانی قادرى مروەتی لەسەر بوو بۆ ئەوەى تاڵان نەکرێ. ئاوایی داشتەمریش چۆڵ کرابوو، چوونکە دەهاتن دارەکانیان دەبڕى و دەودوویان بە زۆرى لە خەڵک دەستاند. جارێک بۆ ماوەى ٥ مانگ کاک هەباسی سلێمانی رەسوئاغا کە عیشایە خوداى نەبوو، هاتبوو کەپرێکی لە پشت ماڵی داشتەمر دروست کرد بوو و بە زۆرى، خۆى بە خەڵکی ئاوایی بەخێوو دەکرد، بەڵام دواتر بە بەهێزبوونی حیزبی دێموکرات لە نێوشاردا، مەجبوور بوو بە جێی بێڵێ چوونکە لە شارى یەخەیان پێدەگرت. ئەمن لەبیرمە ماوەیەکی کەپرەکە مابوو، تا شەوێکی ئێستر سوارى ماڵە کاک خدرى، بە بێدەنگى چووبوون دارەکانیان بردبوو.

بە گشتی وەزع ئاوا بوو، دائیم شەڕ و هەڵڵا و زەوى بڕین و زیانی خورۆیی و ناخۆشی بوو. لە نێو ساحەبانی ئەو دێیانەدا، ئەوى دەستی ڕۆیشت با، زەوى خەڵکی دەکێڵا، گیاى دەدرو و بە گشتی هەرچی خراپە و زیانی بوو دەیکرد، ئەوەش نەیکردبا تێدا دەچوو.

لە بیرمە عەوڵا رەشێک هەبوو ماڵی لە داشتەمرى رۆیشت بوو و هاتبووە قازیاوایە. ئەو رۆژێک دەچێتەوە داشتەمرى بۆ ئەوەى ئەو شەتڵە توتنانەى کە بۆخۆى کردبوونی، بیانهێنێ. سەید قادر ئاغاى داشتەمرى شتڵەکانی ناداتێ و ٢ – ٣ زللەشی لێدەدا. کاکم کە ئەوەى زانیەوە بانگی من و دوو کوڕى عەوڵاڕەشی کرد و دەستمان دا تفەنگان و چووینە شارى. لە شارى تفەنگەکانمان لە دووکانی حاجی کەیانی دانا و تەنیا کاکم دەمانچەى پێ بوو و دوایە چووین لە دووکانی سەید قادرى وەژوور کەوتین. ئەگەر چووین سێ نۆکەرى چەکدارى سەید قادر بە ناوەکانی حەسەن کۆیی و کوێخا مستەفا و کوێخا عەوڵا بە چەکەوە لەوێ بوون. سەید قادر هەر ئێمەى دیت، زانی چ باسە. کاکم گووتی: “سەید قادر بۆ لە پیاوت داوین”. ئەویش گووتی: “میرزا رەحمان ئەتۆ دانیشە با پێت بڵێم کە چ بووە دەنا دەزانم کە مام عەوڵا ردێنی سپییە و بۆ لێدانێ نابێ”. کەچی کاکم زللەیەکی لە کاک سەید قادر دا، پێچەکەى کەوت. حەسەن کۆیی لە چەخماخی تفەنگی دا و جنێوى دا بەڵام بایز کوڕى عەوڵا رەشی ئەگەر یەک گۆپاڵی لێدا، ئیدى حەسەن کۆیی و پیاوەکانی دیکە هەڵاتن. دوایە دوکان و بازار تەحتیل بوو و خەڵکی شارى پێوەربوون بوو بە شەڕى مەغڵوبە و هەر کەسە لە یەکێکی دەدا و دەورى و چینی دوکانەکە زۆرى شکان. دوایە شەڕەکە تەواو بوو و چووینە خزمەتی پێشەوا و لە ناوەندى کۆمەڵەى ژ – ک دواى کێشە و هەڵایەکی زۆر، سوڵح کرا و ئاشت بووینەوە و دەست و دمی یەکترمان ماچ کرد.

ئێوارێ بەرەو ئاوایی قازیاوا دەگەڕاینەوە. لە رێگایە تووشی کاروانێکی بووین رواڵەتەکەیان جۆرێک بوون و گووتیان: قەدەمتان زۆر توندە دەترسێن شل ببنەوە. ئەوان دەیانزانی کە رێگەمان لێ گیراوە بەڵام دەنگیان نەکرد. کەمێکی دیکە لەولاتر کابرایەکی سابڵاغی لە مەزراى داشتەمرى جووتی دەکرد. هەر کە ئێمەى دیت، گایەکانی بەردا و هەڵات. نەگەیشتبووینە بەرامبەرى داشتەمرى لە مەزراى خلەجانێ لە نەکا و تووشی حەسەن کۆیی بووین کە بە سوارى بەرەو رووى ئێمە دەهات. هەر کە ئێمەى دیت سەرى ئەسپی باداوە و بەرەو ئاوایی هەڵات و گووتی: “سەگبابینە ئەوەتان هاتن بیانکوژن”. ئەوە ئێمەش بێ خەبەر کە ١٠ تا ١٢ چەکدار پێشیان پێ گرتووین.

کاکم لە عەینی هەڵاتن دا گوللەیەکی بە حەسەن کۆییەوە نا، لە قەدى پێچەکەى دا و ئیدى تەقە دەستی پێکرد. تا ئێوارێ درەنگ هەر تەقە بوو. تا شەو بەسەردا هاتوو ئێمە کشاینەوە دواوە.

ئەوانە چەکدارى ماڵە حەمەدى بایزئاغاى بوون کە لەگەڵ ماڵە سەید قادرى خزمایەتییان هەبوو. ئێمە پێمانخۆش نەبوو کە لەگەڵ ئەوان تووشی شەڕ بین، چوونکە لەگەڵ عەوڵاى بایزئاغا ئاشنایەتیمان زۆر بوو.

بۆیە چووینەوە خزمەتی پێشەوا و ڕووداوەکەمان بۆ گێڕاوە. پێشەوا گووتی: “بچنە دووکانی کاک محەممەدى تەهازادە. ئێمە تا ١٢ى شەو لەوێ دەبین و ئەو کێشەیە حەل دەکەین”. لەوێ دیسان هەڵاوگوڕە دەستی پێکردەوە. یەک دەیگووت دەیکوژم، یەک دەیگووت وادەکەم و وابچێ، ئەوى دیکەش دەیگووت لەبەر ئەوەى دەستم کورتە دەنا … تا ئاخر کۆتایی بەشەڕ هات.

هەروەها لە نێوان ماڵە قازى محەممەد و ماڵە سەید جامییش لەسەر پەڵە زەوییەکی لاى قەبرى جولەکان، کێشە هەبوو و رۆژێک سەید جامی کە ئەوکات لە نێوان مەهاباد و بەغدا دا توجارەتی دەکرد، لە لاى شێخولئیسلام گلەیی لە مەڕحومی پێشەوا دەکا و دەڵێ: “مەگەر ئەمن نازانم کە قازى خەریکی ئاژاوەیە و ئەوە لە بەغدا خەریکی چاپی کتێبی نیشتمانە، وەڵا راپۆرتی لێدەدەم”. شێخولئیسلام دەیگووت ئەو قسەیەم بۆ قازى گێراوە، زۆر تێکچوو، دوایە سەدرولئیسلام هات گووتی قازى ناڕەحەت مەبە دەنێرین چاپخانەکەى رادەگوێزین. ئەوجار کاک سوارى مەنگوڕ، کە ماڵی لە ئاواییەکانی بێنگوین و حاجی مامیان بوو، ئاواییەکانی بەیرەم و گردەبەردانی داگیر کرد و ماڵی هاتە بەیرەمی. کاکە سوار دەستوورى بە هەموو رەعییەتەکانی دابوو کە دەبێ تفەنگی بکڕن و ئەسپیان هەبێ. تا بۆ مەبەستی خۆى، لە رۆژى تایبەتی دا، دەستورى بدا کە ئەوانە هەموو لەگەڵ خزم و نۆکەرى خۆى، سوار بن و لەشکرێکیان پێک دێنا کە بە لەشکرى کاکە سوارەى بە نێوبانگ بوو.

کاکە سوار پیاوێکی زۆر شەڕانی و بێ حەد ئازا بوو. قازى محەممەدى زۆر ناخۆش دەویست. لەگەڵ کاک هەمزەى برایی کە مێردى پوورم بوو، بە پیلانی عەشایرى دیکە، هەوڵی دا کە پێشەواى بکوژن. پیلانەکەش دەبوو کاک بایز کوڕى کاکە سوارى بەرێوەى بەرێ. ئەمن ئەو قسانەم لە کاک بابەکر و مام عەزیزى براى کە خەڵکی کۆنەدێ بوون بیستووە. ئەوانە پێشتر پیاوى کاکە سوارى بوون، ئاوایان دەگێراوە: ئێمە دەستەیەک بووین، دەبوایە شەوێ سواربین و بە لاى چاکی بۆزان و بەلاى گڕاوان دا بچین لە پردى سوور بپەڕینەوە و بچینە باغی میکائیلی. لەوێش را لە خوارەوەى مێشەکەى، لە بەرانبەرى ماڵی پێشەوا سەنگەر بگرین و لەبەر پەنجەرەى را، قازى وەبەر تفەنگان بدەین. ئێمە وەڕێکەوتین، نەگەیشتبووینە پردى سوور و نەپەڕیبوینەوە بۆ باغی میکائیلی کە کاکە سوار بە پەلەو تەقڵەکوت پیاوێکی بەدواماندا نارد، کە هەرچی زووتر بگەڕێینەوە. چوونکە قازى محەممەد ١٠ تا ١٥ عروسی میوان بوو. ئیدى ئەمە بە پەلە گەراینەوە و کارەکە پەکی کەوت.

قازى محەممەد ئەو پیلانەى زانیبووە، بانگی کاکە سوارى دەکا و پێی دەڵێ: ئەتۆ بۆ دوژمنایەتی من دەکەى، خۆ ئەگەر ئەمن تەواوى ئێرانێ بگرم، ئێستا وەک تۆ، چوار دێم وەبەر ناکەوێ. ئێستا ئەتۆ چوار دێت داگیر کردووە و دەیخۆى، کەسیش دەنگێ ناکا.

لەو ساڵانە و ساڵانی دواتر دا، رۆژ نەبوو کە لە لایەن ئاغا و عەشایرى دەورووبەرى قازیاوایە بە شێوەیەک کێشەیەک بۆ ماڵی ئێمە ساز نەبێ. ئەوان زوڵمیان لێدەکردین، زەمینییان دەکێڵاین، سەرحەدیان دەبڕین. جارێک حەمەدى بایز ئاغا کە ماڵی لە هەمزاوایە بوو، داواى لە بابم کرد کە هێندێکی دار بداتێ. بابیشم گوتبووى بچێ چەندى پێیخۆشە بیبڕێ و ٢٠ دارى بڕیبوو. هەر لەوکاتی دا ماڵە کاک خدرى دێبۆکریش لەو شوێنە داریان بڕیبوو. رۆژێک لە شارى را هاتمەوە ئەگەر تەماشام کرد مامەرەش کە پیاوى کاک خدرى بوو، هاتبوو بیگارە جووتی قازیاوایەى دەنگ دابوو و چوو بوو دارى حەمەدى بایز ئاغاى لێنابوو. ئەمنیش نەمهێشت بیبەن. گووتم ئەوە دارى حەمەدى بایزئاغایە ئێوە دەبێ دارى کاک خدرى بەرن، دەنا دوایە تەشقەڵەمان بۆ ساز دەبێ. لەوکاتی دا مامەرەش کە رواڵەتی جارانی نەبوو، لەگەڵ ڕەحمانی بلەکوێرى پەیدا بوو و بە توڕەیی گووتی: “ئەو دارانەت بۆ نەداونەتێ؟”

– مامەرەش ئەوە دارى حەمەدى بایزئاغایە، ئەتۆ دارى خۆت بەرە.

ئەویش ئەگەرچی مامەرەش بە نێوى ئەوەى کە ئەوە ئاگاى لە قازیاوایەیە، شەو و رۆژ لە ماڵە ئێمە دەبوو، بەڵام هات زللەیەکی لێدام. ئەمنیش زۆرم پێ سەیر بوو. پێمەڕەیەکی سووکی لە دەستان خۆشم پێ بوو، دوو پێمەڕەم لە سینگی کووتا. ئەویش تفەنگێکی سێ تیرى پێ بوو و لە چەخماخی تفەنگی دا و ڕاپسان داپسان گووتی هەر دەتکووژم. خەڵکەکە کەوتنە نێوانمان و نەیانهێشت کە شەڕ بێ. ئەمنیش تفەنگەکەم لە ماڵێ بوو. زۆرم جنێو دا و خەڵک پێیان سەیر بوو ئەمن قسە بە پیاوى کاک خدرى دەڵێم. ئەوجار غارم دا بۆ تفەنگی. دایکم و چەند ژنی دیکە گرتیانم و تفەنگەکەیان لە دەستی دەرهێنام و لە خەڵوەتێیان نا. هاتمە دەرێ تەماشام کرد پەنجەرەى خەڵوەتی ئاواڵەیە، نێردیوانێکم هێنا لەوێش پێشیان پێگرتم و نەیانهێشت دەستم بگاتە تفەنگم. کێشەکە تەواو بوو، مامەرەشە چوو بوو ماڵێکی دیکە و دواتر هێندێک لە دارەکانی خۆیانی برد و ئەمنیش ئەوانی دیکەم دابە خەڵکی.

پاییزێکی درەنگ چوومە ماڵە کاک خدرى. جەماوەرێکی زۆرى مەنگوڕان لەوێ بوون. ماڵە کاک خدرى و ماڵە باییز ئاغا کە لە زەمانی سمایل ئاغاى پێکەوە بەشەڕ هاتبوون و پیاوێکی زۆر ئازاى ماڵە باییز ئاغاى کوژرا بوو، تازە ئاشت ببوونەوە و پێکەوە قوماریان دەکرد. یەکێکی کەڵەگەتی بە خۆوە لەوێ درێژ ببوو و لێفەى بەخۆ دادابوو. زانیم کە ئەوە دەبێ حەمەدى باییز ئاغاى بێ. پێش ماوەیەکی حەمەدى باییز ئاغاى لەبن لێفەى سەرى هەڵێنا و بەخێرهاتنی کردم و دوایە گووتی: “بابت ٢٠ دارى دابوومێ ئەتۆ بۆ بردت”؟ ئەمنیش گووتم: “کاک خدر بردى”.

کاک خدر گووتی: “بە سەرى تۆ ئەمنیش چش”. ئەمنیش گووتم: “مامە رەش بردى ئەتۆ ئاگات لێ نییە”. مامە رەش لە پشت دەرکەى گوێی لێ بوو و گووتی: “هەر سێک تەڵاقم کەوێ بە گۆڕى مەلا خەلیلی (ئەگەر سوێندیان بە گۆڕى مەلا خەلیلی خواردبا ئیدى کار تەواو بوو) ئەمن نەمبردووە و راست نییە”. ئەمنیش گووتم: “ئەدى شەڕە پێمەڕە و جنێودانی ئێمە لەسەر چی بوو. ئەدى ئەتۆ بۆ لە چەخماخی تفەنگت دا، ئەدى ئەو کوشتن کوشتنە لەسەر چی بوو، بۆ هەر چی سوێندى درۆیە بە گۆڕى مەلاى دەیخۆن”؟

کاک خدر رووی لە حەمەدى ئاغاى کرد و گووتی: ” ئەوە راست دەکا، خەبەرم هەیە”.

ئەمنیش گووتم: “چوونکە قازى کەریم فەقیرە ئەسلەحەى نییە و کەواى درێژى لەبەر دایە و عەشیرەتی شەڕێی نییە، بە هەمووتان زوڵمی لێدەکەن. گیاى لێدەدروون، مەڕى لەگیاى دەکەن، دارى دەبڕن. ئەگەر راست دەکەن و ئازان ئەدى بۆ ناوێرنە کەسی دیکە”. حەمەدی ئاغای جنێوى دا و گووتی: “پیاوى لە دایەى… ئەگەر ئەمن بە زۆرى دارم لێ بڕی بێ”. ئەمنیش گووتم: “سەدجار… قازى کەریم بۆخۆى خانووى دەڕووخێ دڵی نایە لەو دارانە ببڕێ، بۆخۆى دەڵێ لە زەمانی فەریق پاشاى دا چەقاندوونی، بەڵام ئێوە ساڵێ زیاتر لە سەد دارى لێ دەبڕن، ئەرێ وەڵا سەد جار”… ئیدى قسەکە بێدەنگەى لێکرا.

کاک خدر خەڵکی دێی هان دەدا کە زەکاتی نەدەن بە قازى کەریم و دەیگووت کە زەکات لەسەر مەڕییە و لەسەر بزنی ناکەوێ. لە حاڵێکدا زەکات لەسەر گیادروی بوو. بۆ وێنە ئەو پەڵە گیایە ٢ زەکات و ئەوەى دیکە ٣ زەکات، ئاوا بوو. زەکاتیش ئەوکات ٥ تمەن بوو و لەوانە بوو ئەتۆ ٢٠٠٠ باقە گیات دروبا بە زەکاتێکی.

هەر لەو سەردەمەدا رۆژێکی لە ئاوایی دێبۆکرێ داوەت بوو. فەتاحە گێڕێک هەبوو پیاوى ماڵە ئاغاى بوو. پێشتر لەلاى ئێمە بوو و لەگەڵ ئێمە زۆر دۆست بوو و هەر شتێکی کە ئەوانە لەگەڵیان کردباین پێشتر پێدەگووتین. بۆ وێنە دەیگووت ئەوشۆ دێن ئەسپەکەى دەبەن وشیار بن، تەقەیان لێ بکەن. ئەمن لە داوەتێدا بووم. فەتاح لە پشتەوەرا قامکێکی لە پشتی من کوتا و گووتی چاو لەو سەرەى بکە. ئەگەر تەماشام کرد ئەوە خەڵکی قازیاوایە لەبەر دەرکی ماڵە ئاغاى کە کەوتبووە پشتەوە و لە شوێنێکی گۆڕ کە بەسەر ماڵان دا دەیڕوانی، کۆببونەوە. ئەمنیش لە داوەتێ هاتمە دەرێ و وردە وردە بۆ سەرێ هەڵکشام، ئەگەر چووم خەڵکەکە رۆیشتبوون. چوومە ژوورێ بۆ لاى کاک خدرى. گووتی: ئەوە بۆ لەو رەعییەتانە ناگەڕێن بابت پێیان دەڵێ زەکات! زەکات!

– ئەمنیش گووتم: ئاخر ئەوە گیادرویە، ئەتۆ زەکاتی لە گیاى ناستێنی؟ گووتی: “ئەوەى مەڕى نەبێ نا”. گووتم: “ئەوەى مەڕى نەبێ گیات نەداوەتێ تا زەکاتی لێ بستێنی. ئێمەش لە قەرە و قوتان ناستێنین. ئەوانە لەباتى بزن و مەڕ، کەل و گامێشیان راگرتووە.بۆیە ئەگەر ئەوانە دێن شکایەت دەکەن ئەتۆ دەبێ بڵێی یان نابێ گیاى بدرون یان دەبێ زەکاتی بدەن. کاک خدر هەر گیایەکەیان نادەمێ وەرە ئەتۆ بیدرو و ئاگاشت لە قازیاوایە بێ”. ئەگەر وام گووت قسەکە گۆڕێ و بێدەنگی لێکرا.

بانگی شێوان بەرەو ماڵێ وەرێکەوتم. خەڵکەکە لەگەڵ پیاوەکانی مام خدرى (مامەرەش و رەحمان چەچووڵی) رۆیشتبوونەوە. ئەوانە زۆریان هان دابوون و گوتبوویان کە ئەوان نایەڵن قازى کەریم زوڵمیان لێ بکا. ئەو عالەمە شەو لە ماڵە سەید تاهیرى کۆ دەبنەوە و هەڕەشەیان کردبوو کە سبەینێ لە قازى کەریمی بدەن.

بابم لەگەڵ سەید حەبیبوڵڵاى لە ژوورێ دانیشتبوون. ئاگاى لە دەرێ نەبوو. پیاوێکمان هەبوو بە نێوى رەسوڵی سەید برایمی، لەوکاتی دا بۆ کارێکی دەچێتە نێو ئاوایی. لەوێ عەزیزى کوێخا مەحموودى خەنجەرى لێ هەڵدەکێشێ و دەڵێ: “جارێکی دیکە بێیە نێو دێی هەر دەتکووژم”. ئەمنیش کە ئەوەم زانی دەستم دایە دارێکی لە دەستان خۆش و چوومە ماڵە سەید تاهیرى. پیاوێکی لێ بوو بە نێوى حەمەدەمینی مریەمی. ئەو پیاوە پێشتر زۆر فەقیر بوو، بابم زەمینیشی دابوویە و جووتێکیشی گا دابوویە کە بۆخۆى جووتی پێ بکا. ئەوە سەرەراى ئەو هەموو چاکەیە، لە هەمووان خەراپتر بوو. گوێم لێ بوو دەیگووت: “وەڵڵاهی وەبیللاهی وەتەڵڵاهی سبەینێ بەردى من لەسەر پشتی قازى کەریمی هەڵدەبەزێتەوە”. ئەمنیش وەژوور کەوتم، نێو ماڵێکی گەورە بوو. رووم لە حەمەدەمینی کرد و گووتم: “بەردى تۆ لەسەر پشتی قازى کەریمی هەڵدەبەزێتەوە؟” ئەگەر بە هەموو قەوەتی خۆم یەک گۆپاڵم لە نێوشانی دا. یەک پێ راست بووە. خەریک بوو لێم بدا بەڵام نەیوێرا. دوو دارى دیکەشم لێدا. هیچ دەنگی نەکرد و پێچەکەى لەسەرى بەربووە. مەلا شێخ تاهیر کە پیاوێکی پیر بوو ئەویش هەستا دوو گۆچانی لە سینگی حەمەدەمینی کووتا و ئەمنی کشاندەوە دواوە. ئەو عالەمەش وەک ئەوەى جن و بیسمیللایان لێ کرابێ، یەکجێ غەیب بوون و رۆیشتن. گوێم لێ بوو کوێخا مەحموود کە لە ئاوایی قاڕنجەى، پیاوى لە دەست زایە ببوو و پەناى بۆ ئێمە هینابوو، لە دەرێ لەگەڵ مەحموودى زڵەخایە بەشەڕ دەهات و دەیگووت: “خەتاى تۆیە، دەنا ئەمن گیاى خۆشم دەدرووم و زەکاتی خۆشم دەدەم”. دوایە دایکم هات و بە زۆرى پیلی گرتم و بردمیەوە ماڵێ.

ئەوکات ئاوایی قازیاوا کە دواتر وەبن ئاوى سەدێ کەوت، شوێنێکی زۆر بژوێن و خۆش بوو. مێشەو دار و گۆمی زۆر گەورەى تێدابوو و کەم کەس دەیوێرا خۆ لەو گۆمانە بدا و مەلەى بکا. نێو دار و مێشەکە زۆر غەوغا بوو و پڕ بوو لە جڕوجانەوەر و دەعباى کێوى. بەراز بە دەستە دەگەڕان و زۆریان زیان دەگەیاند. ئێمەش مەجبوور بووین راومان دەکردن و راویان ئەوەندە خۆشە کە ئێستا بە رووداوى زۆر خۆش دەڵێن، دەڵێى راوە بەرازە.

رۆژێکی لاى بانگی شێوانێکی زۆر درەنگ بوو. دەستەیەک بەراز بە داوێنی ماڵان دا دەهاتن. ئەمن تفەنگی سێ تیرم پێ بوو. چوومە پێشیان و خۆم لە مێشەى هاویشت. لە من نەدیوو بوون، هەروا بە گۆترە دوو فیشەکم بە مێشەیەوە ناو و گووتم ئەى بەڵکوو وێیان بکەوێ. دوایە گەڕامەوە ماڵێ، بەرازەکان بەرەوخوار داگەڕابوون. کاکە رەحمانم و مرادى مامە سوورى بەو درەنگ وەختییە لە شارى را دەهاتنەوە. لە رێیە گوێیان لەو تەقەیە و لە سەوەڕى سەگان دەبێ و کاکم ئاواى دەگێراوە: لە تاریکی ئێوارێ دا سەگێکی سپیم دیت کە بە دواى شتێکی دا غارى دەدا و هەموو جارێ دایدێنایە شتێکی. ئەمنیش گووتم ئەوە دەبێ بەراز بێ. زۆر دوور بوو، بەڵام تفەنگێکم لەپێش سەگەکەى کرد. ئاگام لێ بوو گوللەکە تەقییەوە و گڕێکی شینی لێ بووە. بە مرادم گووت کە هەنگاوتوومە، بەڵام ئەگەر چووین هیچمان نەدیتەوە.

بەیانی لۆتی پەیدا بوون و گووتیان لە رێیە خوێن رژاوە و وەک خوێنی حەیوانی دەچێ. ئەمنیش گووتم وەڵاهی ئەوە بەرازەکەیە وادیارە کاکم هەنگاوتوویە. لەگەڵ کاکم بە قەراغ جۆگەى ئاویی دا رۆیشتینە خوارێ. ئەمن سوار بووم ئەویش پیادە. لەسەر جۆگەکە سێ چوار پنچکی لێ بوو، بەرازەکە لەوێ دابوو. بە هەستی من هەستا دەشەلی و بە سێ لاقان هەڵات خۆى لە مێشەکەى هاویشت. لەسەر سوارێ را دوو تفەنگم پێوەنا. ئەسپەکە هەر خۆى هەڵداویشتوو مەجالی سێرە گرتن نەبوو و جۆگەکەش وابوو بوارى ئەسپەکەى نەدەدا کە بە دووى دا بڕۆم. خۆم لە ئەسپەکەى فڕێ دا و بە پردە بازێک دا خۆم لە مێشەى هاویشت. کەنداڵێکی لێبوو گووتم دەچمە سەرێ و لەوێرا دەڕوانمە بەرازەکەى. لە نەکاو بەرازەکە گەیشتە سەرم و لەمبۆزێکی گەیاندە رانم. ئەمنیش مەجالی تەقەم نەمابوو و بە لوولەى تفەنگەکەى هەروا خۆش خۆش لەسەریم دەکوتا. ئەویش هەموو جارێ شفرەکەى دادێنامێ بەڵام باش بوو هەر لمبۆزەکەى وێمدەکەوت. ئەوە هەر هەوڵم دەدا خۆى لە چنگی رزگار بکەم و بگەمە سەر کەنداڵەکە. بەڵام بەرازەکە هەر هێرشی دێنا. ئاخر هەرچۆنێک بوو گەیشتمە سەر کەنداڵەکە و لە چەخماخی تفەنگم دا کە لەسەرى بەرازەکەى بدەم، بەڵام هێندە نیزیک بووم نەمدەتوانی و دەبوو بکشێمەوە دوایە. لەو حاڵەى دا لە نەکاو تەقەیەک هاتوو بەراز کەوتە بەرپێم. کاکم کە دیتبووى بەرازەکە شاڵاوى بۆ من هێناوە لە ١٥٠ میترى را تەقەى لێکرد و کووشتی. ئێستاش زۆر جار بە چاوم دا دەداتەوە و دەڵێ ئەگەر ئەو نەبایە بەرازەکە کووشتبوومی.

کاکم تفەنگچییەکی ئاوابوو لە رادەبەدەر نەترس و ئازا و هەنگێوەى چاک بوو. بە تایبەتی بە بڕنۆى قەتی نەبواردووە. مامۆستا هێمن لە شێعرى راوە بەراز لە لاپەرەى ١٤٨ى کتێبی تاریک و روون دا دواى ئەوەى تەوس بە من دادەدا، کاکم بە نابغەى راوى موکریان دادنێ و دەنووسێ:

چلۆنە کەیفەکەت ڕەحمانی قازى

دەخۆى ئێستاش کەبابی جەرگی قازى

ئەوێستاش لێدەنێی تۆ سەنگەسیران

دەنێرى کاسەسفرە بۆ فەقیران

مەزەى ودکاتە هێشتا سینگی باڕى

نەوەڵڵا هێندە برسی بەرد دەهاڕیی

ئەوەت چاکە لە قەسابخانە دوور نیی

وەکوو عەوڵاى برات بۆ گۆشت زەروور نی

هەڵەم کرد لێم ببوورە تاکو مابی

هەڵۆی و کاکە بۆ کۆلارە نابی

ئەتۆ پەڕکورى توندوتیژو دڕ بووى

ئەتۆ سۆڵتانى شاخ و کێو چڕ بووى

زەمانە داخەکەم باڵى شکاندى

لەناو داڵ و قەل و کوندى خزاندى

حەیف ئەى شا هەڵۆ بۆ باڵ و چەنگت

حەیف سەد حەیف بۆ دەست تفەنگت

حەیف ئەى نابغەى راوى موکریان

کە باڵندە لە ترسانت دەگریان

دەبینم ئێستەکانە چەک کراوى

دەترسێم چاوى تۆ کوێر کەن مراوى

جارێکى ماڵە سەید رەسوولى سەید عنایەتى داوەتیان هەبوو. کاک خدر، رەئیس عەشیرەتى مەنگورانى ئاوایی دێبۆکر و هەمزە سوور ئاغاى ئاوایی سەلیم ساغۆڵ، لەوێ بوون و لە هەیوانى مزگەوتێ دانیشت بوون. لە خوارەوەى ماڵان لەسەر چڵى چنارێکى، کۆلارەیەک (هەڵۆیەکى چکۆلەیە) هەڵنیشت بوو و بە بایەکى بە قەوەت رادەژا و بڵیند و نەوى دەبوو. مەنگوڕێک گوتی، ئەوە دعباى بێسەرە یانى نائەنگێوترێ و نازانى تەقە لە کوێى بکەى. کاکم داواى تفەنگەکى کرد. بڕنۆ و فیشەکدانەکەیان بۆ هێنا. تفەنگەکەى بەدەستەوە گرت و شانێکى خستە سەر کۆڵەکەى بەر هەیوانێ و تەقە لە تفەنگى هات، کۆلڵارەى هەڵداشت. خەڵکەکە زۆریان پێ سەیر بوو. هەمزە سوور گووتی: خودا غەزەبت لێگرێ لانیکەم سێرەت لێگرتبا.

١١

ئەوکات مەرحوومی پێشەوا زوو زوو دەهاتە ماڵە ئێمە لە قازیاوایە. قازى مەلەوانی چاک بوو، عەبا و مەندیلەکەمان بۆ هەڵدەگرت و دەچوو لەو چۆمەى مەلەى دەکرد. لەسەر را خۆى لەو گۆمانە داویشتوو لەخوارێ دەهاتە دەرێ. هەروەها زۆر سوارچاکی چاک بوو هەرچەند زینی ئەسپەکەى کەمێک شڕو وڕ بوو و زینی ئەسپەکەى ئاتەگی پێوە نەبوو. بەڵام مەبەستی نەبوو، ئەسپی لینگ دەدا و رکێفی دادێنایە و دەچوو ئەو سەرى و دەهاتەوە. جار جاریش بە بڕنووە درێژەکەى تیرهاوێژى دەکرد.

پێشەوا زۆر نەدار بوو، تەنانەت جاری وا هەبوو بەرگ و لیباسی ئەوتۆى لەبەردا نەبوو. جارێک کاکە رەحمانم گێرایەوە کە چۆن قازى لە محەمەدى فیروزى کوڕى باجە پیرۆزى کە خزمی خۆمان بوو، توڕە ببوو و لێیداوە. ئەو محەممەدە زۆر لۆتی سفەت بووە. باغی میکائیلی و ئەو سەفەحاتەى دەورووبەرى، مڵکی ئەو بوو. ئەوکات کە تازە حکوومەتی پەهلەوى دامەزرابوو، محەممەد لەگەڵ سەر رووت و خەڵکی قومارباز و ئارەقخۆر، وەک فەڕەنگستان دەچوون ژنە عەجەمی لێو سوور و سەر رووتیان لە تەورێزێ را دەێنا و رایاندەبوارد. پێشەوا بەو وەزعەى زۆر تووڕە بوو. کاکم دەیگێراوە: رۆژێک پێشەوا هاتە ماڵە ئێمە (قازى مونعیم). دواى وچانێک بە محەممەدى ئامۆزام (کاکە شینە) کە لەوێ دەیخوێند گووت کە بچێ محەممەدى فیروزى بۆ بانگ بکا. دواى ماوەیەک محەممەد هات. هەروا بە راوەستانەوە قازى پێی گووت: محەممەد پیاوى چاک بە وامەکە عەیبە ئابڕوى وڵاتت بردووە. ئەو عەیاشی و لۆتیگەرییە لە تایفەى ئێمە ناوەشێتەوە. ئەتۆ سەروەتێکت هەیە لە دەستی مەدە، پیر دەبی بۆ دوا رۆژێ رایگرە خۆ دنیا هەروا نابێ. کوڕە محەممەد بە عیزەتی خوداى کراسێکم هەیە، ئاڵوگۆڕم نییە و ئەوە کراسەکەشم داوە بۆم بشۆن. ئەوەتانێ کەواى درێژ و عەبام لەبەر دایە بە بێ کراس. کووڕە ئەتۆ بۆ وا لەو سەروەتەت دەکەى؟

کاکم لە درێژەى قسەکانی دا دەیگێراوە: ئێمە هەموو لەوێ راوەستابووین کە پێشەوا ئەو قسانەى بە محەممەدى فیروزی گووت و محەممەد وڵامی داوە و گووتی: “قازى ئەگەر لێم قەوما و ناردم بۆ بارە گەنمێکی مەمدەیە”. پێشەوا ئەگەر ئەو وڵامەى بیست، بەرق ئاسایی ئەگەر یەک شەپڵاغەى لێدا. دیوەکە دەنگی داوە و محەممەد سووڕێکی خوارد و بە عەرزى داکەوت. ئیدى پێشەوا رۆیشت و بەجێیهێشت.

ئەوکات مەهاباد شارێکى چکۆلەى بێ رەونەق بوو. سێ مەیدانى حەمەخرچە و گەڕەکى سەربەرداش و مەیدانى مەنگوڕانى لێ بوو. خەڵک لەو مەیدانانەدا کۆ دەبوونەوە و بە کڕین و فرۆشتن، پێداویستییەکانى ژیانیان دابین دەکرد. دیارە تاریکە بازارێکیشى هەبوو کە دواتر سووتا و دوبارە دروست کراوە. گەڕەکەکانى شار بریتى بوون لە گەڕەکى شوانان کە کەوتۆتە لاى سەربازخانە و ڕێى دوو کیڵانێ کە مەڕ و ماڵاتى لێ بەخێو دەکرا. گەڕەکى خڕێ کە لەسەر را ئاوى خڕێى پێدا دەهاتە خوارێ و لە پشتى ماڵە محەممەدى تۆکمەچى هەڵکەوتبوو. گەڕەکى رەزگەیان، گەڕەکى سەر چۆمی و گەڕەکى سەر بەرداشى (بەرانبەر بە پۆلیسی قەدیم) و گەڕەکى قوڵە قەبران (لاى قەبرستانى). هەروەها گەڕەکى ئەرمەنیان کە زۆرتر ئەرمەنى بوون.

ئەوکات گەڕەکى باغى سیسەى شوێنى سەیرانگاى شار بوو. وەبیرم دێ هاوینان قاوەخانەى لێ دادەندرا. کەرێزەیەکى هەبوو ئاشگێرێک ئاوى ساردى لێ هەڵدەقولى. دوایە ئەو گەڕەکە بەتەواوى بوو بە شار و ئاوەکەش ئاسەوارى نەما.

لەو سەروبەندە دا رەزاشا لەسەر دەسەڵات نەمابوو و حکومەتەکەى تێکچوو بوو. دەستەیەک لە ڕوناکبیرانى شار، وەک حوسێنى زێڕینگەران و زەبیحی و دڵشادى رەسووڵی و حاجى داودى، هەروەها کەسێک بە نێوى حەسەن کە حاجى سەگۆیان پێ دەگوت و هەر لە تایفەى داودى بوو لەگەڵ قاسمى قادرى قازى کە بە مامە قاسمە بەنێوبانگ بوو، کۆمەڵەى (ژ-ک)یان دامەزراند.

لەنێو ئەوانەدا حاجى سەگۆ دەیگوت ئەگەر هات حکومەتى کوردستان دامەزرا دەبێ سکە بە نێوى من بێ چونکە ئەمن ئەو حیزبەم داناوە. قاسمى قادرى کە لە تایفەى قازى و لە بنەماڵەى قازى قادرى بوو، مامۆستا بوو. پیاوێکى سورکارەى قەد و باڵا بڵیندى چاوبرۆ رەش بوو و بە چەرچیلى کوردستان بە ناوبانگ بوو و لە کۆماریش دا ئەو ناوبانگەى هەر مابوو. مامە قاسمە هەرچەند لەگەڵ مەلاعەلى باپیرم (بابى دایکم) و ماڵە میرزا ڕەسووڵى، ساحەبی ئاوایی باغچە و سەرباغچە بوون، بەڵام زۆر نەدار بوون. زۆر شەوان عەلى ئاغاى حاجى ئیلخانى پیاوى ناردونە سەر و ئازارى داون. بۆیە مەجبور بوون ئەو ئاواییانە بفرۆشن و بێن لە ئاواییەکانى دەورووبەرى مەهاباد وەک گۆلێ و چۆمەڵان جێگیر بن.

پێش ماوەیەک لە دروست بوونی کۆمەڵەى ژ- ک، ئەندامانی ئەو رێکخراوەیە، لە باغی حاجی داودى دەعوەت لە قازى محەممەد دەکەن و لەوێ داواى لێدەکەن کە ببێ بە ئەندامی کۆمەڵە. قازى کەمێک بیردەکاتەوە و لە پێشدا ئینکار دەکا و دوایەش قەبووڵی دەکا و دەڵێ ئەگەر ئێوە کارتان بە من بێ و بزانم کارو بە من راست دەبێ، ئەوە داخڵی ئەو حیزبە دەبم.

پێش ئەوەى قازى ببێ بە ئەندام، ئەندامانی کۆمەڵە ببوونە دوو دەستە. دەستەیەک گوتبوویان نابێ بێڵین قازى بێتە نێو کۆمەڵە، چوونکە پیاوێکی بە توانایە و حیزب لە ژێر چۆکی خۆى دەنێ. ئەوانی دیکەش گووتبوویان کە ئەوان پێویستیان بە کەسایەتێکی ئەوتۆیە و ئەوانی دیکەیان بە قەناعەت گەیاند بوو. بەم شێوەیە کۆمەڵە پیاوە گەورەکانی وڵاتی لەخۆ کۆکردەوە.

ئەمن ٦ مانگ بەر لە پێشەوا بووم بە ئەندامی کۆمەڵە و سەید پیرە کە ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵە بوو، ئەمنی بە ئەندام وەرگرت. دوایە غەنی بلوریان کە ئینسانێکی هەڵسووڕ و ئازا بوو، بوو بە بەرپرسی ئیتحادییەى جەوانان. رۆژێک مامە غەنی لەگەڵ کاکە رەحمانم کە جێگرى بوو بە منیان گووت کە دەبێ ببم بە ئەندامی ئیتحادییەى جەوانان و بچم لەگەڵ ئەوان کار بکەم. ئەمنیش گووتم وەڵا ئەمن بە هۆى سەید پیرە لە فڵان جێگا داخڵی حیزب کراوم. ئەوانیش گووتیان ئەو حەقی نەبووە چوونکە جەوانەکان دەبێ بێنە لاى ئێمە و لێرە را داخڵ بە حیزب بن. دوایە بۆ ئەوەى سوێندم بدەنەوە، بردیانمە کاروانسەرێى سەید عەلی و لەوێ دەرکەیەکی داخراویان کردەوە. کاک غەنی و کاکم چوونە ژوورێ و ئەمنیش بە دوییان دا. کورسییەک لەوێ بوو مۆمێکیان هەڵکرد لەوێیان دانا. ئاڵاى کوردستان کە لە پارچەیەکی چکۆلەى ڕیشودار دروست کرابوو، لەسەر مێزەکە داندرابوو. ئەوجارەش سوێندیان دامەوە و سەرجەم ئەمن ١٤ جارم سوێند خواردەوە. سوێندم خوارد کە سادق بم خەیانەت بە نیشتمان نەکەم، تەماع لە ماڵ و نامووسی خەڵک نەکەم و هەموو کەسی باش بە براى خۆم بزانم و دزیش نەکەم.

ئەوکات کە لەو ئیتحادییە دا بووم رۆژێک لە تاران را کەسێک هات. ئێمەیان کۆ کردەوە و رێژەیان پێداین. دوایە بە گۆڕینی کۆمەڵە بە حیزبی دێموکرات ئەو ئۆرگانەى ئێمەش گۆردرا و بوو بو ئیتحادییەى جەوانانی دێموکرات.

کەسایەتییەکانی دیکەى کۆمەڵە ژ- ک بریتی بوون لە مامۆستا زەبیحی کە لە مەکتەبی کار دا کارى دەکرد. لەو دوایەش دا مەلا قادرى مودەڕەسیم ناسی و پێموایە لەگەڵ سەیدێک کە ناوەکەیم لەبیر نییە، لە چاپخانەى کوردستان کاریان دەکرد. کۆمەڵەى ژ- ک سکرتێرى نەبوو بەڵکوو سەرۆکی هەبوو. سەرۆکی کۆمەڵە حوسێنی فروهەر بوو کە پیاوێکی زۆر ئازا و شەڕکەر بوو.

بە دواى مامە غەنی دا، رەحیمی خەرازى بوو بە رەئیسی ئیتحادییەى جەوانان و ئەوەى ئەمن بزانم، پێشەوا، مامە غەنی بە ئینسانێکی ئاژاوەگێر و لایەنگرى تودەییان دەزانی و تەنانەت جارێکی پێی دەڵێ: “ناپلیۆن ئەوە هەر دەست هەڵناگرى”. بۆیە پێشەوا پێیوابوو کە دەبێ مامە غەنی دوور بخرێتەوە و ئەوەى کە بەڕێ کرا بۆ باکۆیە، لە راستی دا تەبعید کردن بوو.

زەبیحی و قاسمی قادرى و دڵشادى رەسوڵی، یەکەم کەس بوون کە لە رێگاى مەئموورییەتی کۆمەڵە دا گیران. ئەوانە نامەیان بۆ کوردەکانی ئاراراتی پێ بوو، بەڵام جاسوسیان لەسەر بوو و لە نیزیک ورمێ گیران. ئەوەى کە نامەکان چ بوون چییان تێدا بووە، روون نییە بەڵام ئەمن پێم وایە ئەوە ئەوکاتەى بوو کە کۆمەڵە دەگۆڕا و دەبوو بە حیزبی دێموکرات.

ئەوانە دواى دەستبەسەر بوون، لە ورمێ را بۆ تاران بەڕێ کران. ئەمن بۆخۆم ئەو ڕووداوەم لە زمانی قاسمی قادرى قازى (مامە قاسمە) ئاوا بیستووە: لە کەشتی دا بووین، جارجار یەکی نەناس دەهاتە لامان و دەیگووت مەترسێن، نەمانزانی کێیە. دوایە بردییانینە تەورێزێ و لەوێشرا بەڕێ کراین بۆ زیندانی ئەرتەش لە تارانێ. لەوێ لێکیان جوێ کردینەوە و ئەمنیان بە تەنێ لە دیوێکی دانا. ئەوکات هێزەکانی دەوڵەت بۆ تۆپخانە و بۆ کێوەپارە، کەڵکیان لە ئێستران وەردەگرت و کایان هەبوو. دیوەکەى من دوو تا سێ بارى کا تێدابوو. لەسەر کایەکەى جێگام خۆش کرد بوو و زۆر خۆش بوو، بەڵام دیوەکە مشکی زۆر بوو و بە کەلێن و کولێنان دا کایەکەیان دەکێشا و ئەو جۆرەى کە ئەوان کێشەوەیان دەکرد، بێ کا دەمامەوە. بۆیە بەناچار بە لینگە کەوشان پێم دادەدان و جار جارەش رەپێم دەنان. ئەوە بۆمن ببوو بە گەمەیەکی خۆش. رۆژێک ئەفسەرێک هات بەزەیی بە حاڵم دا هات. ئاخر نە چایەک نە نانێکی ئەوتۆ، نە هیچ شتێک. بە سەربازێکی دا چادانێک چا و کەمێک قەندى بۆ ناردم. پێنج چاى رەشی بە تامی تێدا بوو. دوایەش هاتەوە و پرسی کە کێم و چکارەم. ئەمنیش گووتم کە ئەمن خەڵکی مەهابادم، لە تایفەى قازیم. دوایە پرسی کە ئەمن چی سەدرى قازیم، ئەمنیش گووتم ئامۆزاین.

دواى سێ رۆژ بانگیان کردم، بردیانمە بەر دەرکەى زیندانێ، ئەگەر تەماشام کرد، سەدرى قازى لەگەڵ دەستەیەک لە ئەفسەر و کاربە دەستانی دیکە لەوێ راوەستابوون. هەر کە چاوى بە من کەوت هات، دەستمان لە ئەستۆى یەکتر کرد و گریاین.

سەدرى قازى ئەوانەى نەجات دا و ئەوانە کە هاتنەوە مەهاباد، وەزع بە تەواوى گۆڕدرابوو و کۆمار راگەیندرابوو و قاسمی قادرى و دڵشادى رەسووڵی لیباسی ئەفسەریان لەبەر کرد.

ئەو زەمان وەک رەسمی بنەماڵە، بابم هەموو ساڵێ مەلاکانی شارى دوو سێ جار بۆ قازیاوایە دەعوەت دەکرد. لەسەر چۆمی قازیاوایە لەبن سێبەرى داران کە زۆر فێنک و خۆش بوو جێگامان خۆش کردبوو و راخەرمان راخست بوو. پێشەوا ماوەیەک بوو ببوو بە رەئیسی کۆمەڵەى ژ- ک و مەقەڕى لە شارەدارى دانابوو کە ئەوکات تەنەکە بەند بوو.

جەنگەى نیوەڕۆیە بوو بابم و مەلاکان بە پێیان بە دەم چۆمی دا دەهاتن. کە گەیشتینەوە ماڵێ، بابم بانگی کردم و گووتی وەرە ئەسپێکی دیکەش بێنە و سوار بە بچوو شارى لەوێ پێشەوا چاوەڕوانە بیهێنە.

زەمان زەمانی عەشایر بازاڕى بوو، رانکو چۆغەم لەبەر دابوو، تفەنگ و فیشەکدانم پێوە بوو، خەنجەرێکی زەلامیش کە تەسبێحێکی دەنک زەلامم لە دەسکی هاڵاند بوو، لەبەر پشتێندى دا بوو. خۆلاسە وەحشی گەرێک بوو مەگەر خودا بزانێ

بەو وەزعە بە پەلە سواربووم و چوومە شارى. لەبەر سێبەرى دارە چنارەکانی کاروانسەراى سەید عەلی، لە لاى دەرکی مزگەوتی قازى، ئەسپەکانم بەستەوە و چوومە خزمەتی پێشەوا. ئەگەر چووم لەگەڵ یەکێکی خەریکی قسەکردن بوو، پێمگووت کە ئەوە هاتووم بە دواى دا. فەرمووى: باشە ئێستا دێم.

ماوەى نیو سەعات لەوێ چاوەروان بووم، سەعات ببووە دوازدەونیو. هاتە دەرێ و هات بۆلاى من کە سوار بین و بڕۆین. دوو کەس کە خەڵکی دێهاتی بوون و برا بوون، توربێنی بەتاڵیان بە شانەوە بوو، پێشیان پێگرت. دیاربوو شەرعێکیان هەبوو دەبوو ئەو بۆى حەل کردبان. زۆر مەحتەل بووم و ئەویش پێشەوا هەر لێی دەپرسین: “ئەتۆ چت کرد، ئەتۆ چت گووت؟”. ئاوا هەر پرسیارى دەکرد. دیاربوو یەکێک لەو پیاوانە تەڵاقی کەوتبوو. ئەوانە پێشتر چووبوونە لاى مەلا حوسێنی مەجدى. بەڵام مەلا حوسێن پێی گوتبوون کە ئەوە کارى قازى محەممەدە و دەبێ قازى شەرع ئەو تەڵاقەى بێنێتەوە و کاغەزێکیشی دابوونێ کە بیدەن بە پێشەواى.

قازى محەممەد هەر جارێ پرسیارێکی لێدەکردن کە چیان گوتووە و چیان نەگوتووە و هەر لێی دووپات دەکردنەوە بۆ ئەوەى بزانێ کە ئایا هەر قسەى پێشو دووپات دەکەنەوە. ئەمنیش ئەوە هەر مەحتەل راوەستاوم، قازیش ئەوە لەبەر ئەو سوورە تاوە هەر خەریک بوو لەگەڵ ئەو دوو کەسانە، ئەو مەسەلەیەى باس دەکرد و هەوڵی دەدا بۆیان چارەسەر بکات. ئەمنیش خۆم پێ رانەگیرا و چوومە پێشێ و بە کابراکانم گووت: “ئاخر دەبچن ٢ تمەن بدەن بە مەلا حوسێنی بۆتان چاک دەکاتەوە”. پێشەوا چاوێکی لێکردم و دەنگی نەکرد، دووبارە دەستی کردەوە بە پرسینەوە. زۆر درەنگ بوو و هەروا مەحتەل بووم، دیسان چوومەوە پێشێ. بە ئەسپایی بە کابراکانم گووتەوە کە بچن پووڵ بدەن بە مەلا حوسێنی بۆیان جێبەجێ دەکا. دیسان پێشەوا چاوێکی لێکردم، هیچی نەگووت. دوایە هەر لە پشتی ئەو کاغەزەى کە هێنابوویان لەسەر دەستی بە خودنەویسی شتێکی نووسی و داى بە کابراکان و بەڕێی کردن. ئێمەش وەڕێ کەوتین، ئەو لە پێش و من لە دوایە. کە واوە رۆیشتین ئاوڕێکی داوە و مۆڕەیەکی لێکردم و فەرمووى: “ئەتۆ وەکیلی منی؟” چاوى لە چاوم بڕی بوو و زللەى فیروزیم وەبیر هاتەوە و گووتم: “نەخێر قوربان”. دوو سێ قەدەمی دیکە رۆیشت و ئاوڕى داوە و گووتی: “ئەتۆ نمایەندەى منی؟” زۆر ترسام پاشەوپاش کشامەوە، گووتم: نەخێر قوربان.

– ئەدى ئەو کابرایانە بۆ جواب دەکەى، ئەتۆ چکارەى و کێ پێی گووتووی؟

خوڵایە چ بکەم، گیرم کرد بوو. ئەمنیش گووتم: قوربان ئەتۆ دەبێ بە پێشەواى کوردستان، مارە و تەڵاقی کابراى دێهاتی دەبێ بێتە لاى تۆ؟

سەرێکی راوەشاندوو و فەرمووى: “حیزبەکەت چۆنی پەروەردە کردووى و چی پێ گووتوى؟” لە دڵی خۆم دا گووتم وەڵا حیزب چی پێ نەگووتوم.

– ئاوا داخڵی حیزب بوون و حیزبتان داناوە؟ دەچوونە لاى مەلا حوسێنی ٤ تمەنی لێدەستاندن و حەواڵەى منی دەکردنەوە. ئەتۆ نەتدیت ئەو کابرایانە کە دەڵێ ٢ تمەنی بدەن بە مەلا حوسێنی، تەنیا ٢ نانی ویشکیان لە تورەکەى دابوو. ئەوانە هاتوونە ئەو شارەى قڕانێکیان پێ نییە کە بچنە کەبابخانە یان چاخانەیەکی. شتێکی بخۆن

نازانم پێشەوا چۆن ئەوەى هەست کردبوو.

– حیزب دەبێ خزمەتی ئەوانە بکا لە هەموو رێگایەکەوە. دەى من بوومە رەئیسی حیزب دەبوو پێمگووتبان بڕۆن، پێت جوان بوو؟

ئەمنیش بە ترسەوە گووتم، نەخێر قوربان.

– جارێکی دیکە لە حزورى من بێ ئەدەبی نەکەى.

– بەڵێ قوربان.

وەڵا ئیدى لە کۆڵم بووە و چووین سوار بووین و ڕۆیشتین بۆ قازیاوایە.

قازى محەممەد ئاوا بوو، دیقەت و ڕوحمی ئاوا بوو. دیار بوو زگی بەو کابرایانە سووتا بوو کە هیچیان نەبوو و فەقیر بوون.

درەنگ گەیشتینە قازیاوایە، تا ئێوارێ درەنگ لەگەڵ مەلاکان لەوێ بوو. ئێوارێ درەنگانێکی بە قسە کردن لەگەڵ مەلاکان، بەدەم چۆمی دا، بە پێیان گەڕاوە مەهاباد.

دواى ماوەیەک کە بەسەر مێژووى کۆمەڵەى ژ – ک دا تێپەڕى، ئەو رێکخراوەیە گۆڕدراو بوو بە حیزبی دێموکرات. دیاربوو سیاسەتێک لە گۆڕێ دابوو، خەڵک ئەو گۆڕێنەیان پێ خۆش بوو چوونکە کۆمەڵەیان بە حیزبێکی بۆرژوا و مالیکی دادەنا و بە ئیستیلاحی خۆماڵیش دێموکراتی نەبوو و هەر بۆرژوا و دەوڵەمەند و عەشایرى تێدابوون. ئەوە بوو ئەو ئاڵوگۆڕە پێک هات بۆ ئەوەى فەقیرەکانیش بێنە مەیدان. بە گۆڕێنی کۆمەڵە بە حیزبی دێموکرات، خەڵک دەستە دەستە هاتنە نێو حیزبی تازە و کارتیان وەرگرت. ئەندامەتی ٢ تمەن بوو و ئەمن بە ٣ مانگان بۆم نەدەدرا، چوونکە خەڵک زۆر فەقیر بوو و بەڕێچوون زۆر زەخمەت بوو.

لە وەرزى پاییزى ساڵی ١٣٢٣ خەڵک هێرشیان کردە سەر شارەبانی و ئاژانەکانیان کووشت. ئەمن پێموایە پێشەوا لە تاران بوو. چوونکە ئەگەر لە سابڵاغ بایە نەیدەهێشت ئەوانە بکوژرێن. بەڵام کاکە رەحمانم دەڵێ کە پێشەوا لە مەهابادێ بووە و سوێندیشی لەسەر دەخوا و نەقڵەکەشی ئاوا دەگێڕێتەوە: “دواى ئەو رووداوە مامم (قازى وەهاب) ناردى بەدوام دا و گووتی وەرە ئەو مەعەلیمانە کە ئەرمەنی و عەجەمن، زۆر دەترسێن، ئەتۆ شەوێ بچۆ ماڵێکی و محەممەدى کوڕیشم با بچێتە ماڵەکەى دیکە و تا سبەینێ ئاگاتان لێیان بێ، با بزانین چ دەبێ. ئەو ماڵەى کە ئەمن چووم عەجەمێکی تریاکی بوو، زۆر دەترسا. دوو سێ مەعەلیمی دیکەش، لەوێ بوون. عەجەمەکە هەر دەلەرزى و دەگریا و حەجمینی نەبوو. ئەمنیش گووتم: “بۆ دەترسێی ئەوە نییە ئەمن هاتووم، چەکم پێیە و ئاگام لێتان دەبێ”. هەر فایدەى نەبوو. کچێکی زۆر جوانی هەبوو هات گووتی:

– بابم تریاکییە بۆیە وادەکا.

– جا ئەمن تریاکم لەکوێ بوو!

– وەڵا هەمزە کوردە هەیەتی و دەیفرۆشێ، ماڵەکەشی لەلاى مزگەوتی سوورە.

– ئێستا دەچم.

– ناکرێ، شەوە لە خۆڕا تەقەى دەکەن.

– هەر دەچم.

شەو درەنگ بوو چوومە ماڵە هەمزە کوردە و لە دەرکەم دا و بە گاڵتە گووتم: ئەوە بۆ لە ژوورێ دا خزاوى و خۆت مات کردووە، وەرە دەرێ شەڕ هەڵئایساوە، عەجەم حەملەى کردووە، وەرە دەرێ.

– ئەتۆ کێی؟

– ئەمن ڕەحمانی قازیم، وەرە دەرێ، خۆ سازکە.

– ئەوە سازبووم.

کەمێکی پێ چوو، گۆرەوى هەڵکێشابوو، پۆتینی لەپێ کردبوو، سەرکڵاوەى لەسەر نابوو، تفەنگ و فیشەکدانی لە خۆى دابوو.

گووتم: “مەترسە، لەشکر نییە، هاتووم بۆ شتێکی ئاوا”. هەر کەوام گووت ئەگەر لە گێلانگێدانی داو گووتی: ئەى دینت … م ئەوە عەجەمت لە ماڵە خۆت دا شاردۆتەوە”.

بەڵێ، کەمێکمان جەفەنگ لێدا و بایە تمەنێکی تریاک دامێ و گەڕامەوە ماڵە عەجەمەى. عەجەم زیندوو بووە و گەشاوە و تا بەیانی هەر حەکایەتی بۆگووتین.

بەیانی هەستاین لەگەڵ مامۆستاکان چووین بۆ لاى بازاڕ. پێشەوا دەهات بچێ بۆ شارەبانی و رەئیسی شارەبانی لەگەڵ بوو. پێشەوا کە ئێمەى دیت گووتی: “ئەوە لێرە چ دەکەن”. ئەمنیش گووتم حاڵ و نەقڵەکە ئاوایە و بۆم گێراوە، فەرمووى: “نانا کەس ناتوانێ خۆ لەوانە بگەیەنێ و ئەوانە پارێزراون و با بڕۆنەوە سەر کارى خۆیان”. دوایە رووى لە من کرد و فەرمووى وەرە لەگەڵ من. ئەمن لە خزمەتی دا چوومە شارەبانی. لەوێ رەئیسی شارەبانی پووڵێکی دا بە قازى کە یارمەتی مانگانەى تاژانەکان بوو. دوایەش پێشەوا بردییەوە ماڵە خۆى و لەوێش را بەڕێی کردەوە بۆ ورمێ.

لەو سەروبەندەدا، رۆژێک بابم هاتەوە دێی و بە منی گووت، کە پێشەوا وەعدەى دوو تفەنگی پێداوین بچۆ بیانهێنە. ئەگەر چووم کاک رەحیمی قازى لەبەر دەرکەى بوو، پێشەوا لە ژوورى خۆى لە پشتی مێزى کارەکەى دانیشت بوو و کاک ئاغاى قازیش لەوێ بوو. لە باتی سڵاو، چەستم لێدا، بزەیەکی هاتێ گووتی بڕۆ لەسەر ئەو کورسییە دانیشە. ماوەیەک دانیشتم. دوایە عەرزم کرد کە بۆ شتێکی ئاوا هاتووم. کاک سەدیقی حەیدەرى بانگ کرد و گووتی: “دوو تفەنگان بدە بەوەى”. دوو تفەنگی بڕنووى سوار، بە ٢٠٠ فیشەکەوەیان بۆ هێنام.

دواى ماوەیەک حیزبی دێموکرات لە چوارچرایە، لە میتینگێکی گەورەدا، حکوومەتی کۆمارى کوردستانی راگەیاند و ئاڵاى کوردستان هەڵکرا. ئەمن لەوێ بووم و لە بیرمە کە خەڵک چ شەوق و زەوقێکی هەبوو. یەکەم جار ئاڵا لە چوارچرایە و دوایەش لەسەر ئەو خانووەى کە دوکتۆر بەهمەنی تێیدابوو و دادگوستەرى بوو، هەڵکرا. هێمن و هەژار، هەریەکە شێعرێکیان خوێندەوە و ئەمن شێعرێکی ئەوکاتی مامۆستا هەژارم کەمێک هەر لەبیرماوە کە ئاوا بوو.

بێ بینێ ئەوکەسەى پێی وابوو کورد سەر ناکەوێ

کێ بوو پێی وابوو تەمی نەگبەت لەسەرمە ناڕەوێ

دارى ئاڵام دارى کرد بۆ خوێن مژى کوردى هەژار

پێی بڵێن با داکەوێ لەو خاک و ئاوە چی دەوێ

دارى ئاڵاکەم وەکوو چەقڵێکە بۆ چاوى عەدو

هەر لە ئاسۆ سەرکەوێ پێویستە ژینی خۆى نەوێ

پارچەکەى سێ رەنگی خۆ دەنوێنێ رەنگی سوور دەڵی

تا تنۆکێک خوێنی کورد مابێ قەدى من نانەوێ

یان دەڵێ لێم سوورە دێموکرات لە عالەم سەرکەوت

موستەبید و مورتەجیع کەوتوونە گێژێ گێژەوێ

سپییەکەى موژدەى بەیانی بەختی کوردى کرد بەیان

پێودەڵێ رووناکی پەیدا بوو نەما پەردەى شەوێ

دوو گووڵی گەنمی دەڵێ ئاگا و لە ژینی خۆو بێ

تۆ کە برسی بۆچی دوژمن پێت بژى لێرە و لەوێ

پێو دەڵێ نووکی قەڵەم گەر ژینی خۆش و پێ دەوێ

غەیرى من دەست ناکەوێ بۆ رێی تەڕەقی پێشڕەوێ

رەنگی سەوزى یانی دایکی نیشتمان لەو روکەوە

جوان و سەرسەوزە وەگیرى کەوتەوە عومرى نوێ

رەبی هەر کەس دوژمنی ئەو میللەتە دڵپاکەیە

ژێر کەوێ کۆستی کەوێ رەبی سەعاتێک نەسرەوێ

١٢

کاتێک کۆمارى کوردستان راگەیندرا، کاربەدەستانی کۆمار بۆ پتەو کردنی دەزگاکانی دەوڵەتی و بەهێز کردنی ئەو دەسەڵاتە ساوایە، بە خێرایی دەستبەکار بوون و سەرەراى ئەو هەموو کەموکۆڕییە، هەنگاوى ئەوتۆیان هەڵێناوە کە جێگاى سەر سوڕمان بوو و وەک ئیمدادێکی غەیبی و کارى پێغەمبەران دەچوو.

وەک باسکرا مەهاباد شارێکی چکۆلە بوو، خەڵک فەقیر بوون و هێشتا لە ژێر زەخت و نەگبەتی ساڵانی شەڕى یەکەمی جێهانی و ساڵی سێڵاو و کێشەى مەلا خەلیل و هێرشی سمایل ئاغاى شکاک، پشتیان راست نەببووە.

ئەو شارە تەنیا چەند خانووبەرەى گەورە وەک ماڵەکانی ئێمە و کاروانسەرێى سەید عەلی و خانووى ئاغاکانی قەمتەرێ کە دوایە ماڵە دوکتۆر بەهمەنی و مەحمودیانی تێدابوو، هەبوو، دەنا زۆربەى خانووەکان خشتی کاڵ بوون. شەقامی شاپوور و پەهلەوى کە دوایە لێدران، کەند و قووڵ و پڕ لەگڵ و خۆڵ بوون. لە زەمانی کۆماردا، کەم تا کورتێک ئەوانە خاوێن کرانەوە و ڕێکوپێک کران و رەنگ و ڕوویەک درا بە شاری.

ئەوجار خوێندن بە زمانی کوردى رەسمی کرا و بوو بە ئیجبارى. هەم دەبوایە بەو زمانە بخوێندرێ و هەم کارو بارى ئیداریش هەر بەو زمانە بەڕێوە بچێ. لەنێو منداڵانی مەدرەسەدا، ئیوابوو زۆر فەقیر بوو و بە پێخواسی دەچووە مەدرەسەى و بەرگ و پێڵاوى نەبوو. بۆیە دەستوور درا کە تەواوى منداڵانی مەدرەسە، لیباسی یەک فۆڕم و یەک رەنگیان هەبێ. ئەو لیباسانە لە قەوارەى جۆراوجۆر دروابوون و زەلام و چکۆلە درا بە هەموو کەس. دیارە ژمارەیەک لە دەوڵەمەندەکان گووتبوویان منداڵی ئێمە، ئەوانەیان پێویست نییە و نایانهەوێ. پێشەوا قەبووڵی نەکردبوو و گووتبوى نابێ فەرق و جیاوازى هەبێ و دەبێ هەموو یەک فۆڕم و یەک لیباس بن.

پێشەوا ئەوکات ١٠٠ تمەنی مانگانە یارمەتی لە دەوڵەتی کوردستان وەردەگرت. ئەویش تەواوى ئەو پووڵەى تەرخان کردبوو بۆ مەدرەسەکان و هەر مانگەى دەدرا بە قووتابخانەیەک.

ئەوکات حەقی ئەندامەتی هەرکەس لە قەدەر خۆى ٢ تمەن تا ١٠ تمەن بوو، بەڵام چوونکە خەڵک زۆر نەدار بوون و هیچیان نەبوو، زۆریان بۆیان نەدەدرا. کاک جەلیلی خەلیل موشەوى مانگانەى وەردەگرت و ئەمن زیاتر لەگەڵ ئەو پەیوەندیم هەبوو، ئێستاش جارجار پێکەوە یادى ئەو دەوران دەکەینەوە.

لەو ماوەیەدا چاپخانەیەکی چکۆلەیان لە بۆکان دامەزراند کە گۆڤارى مانگانەى هەڵاڵەى چاپ دەکرد. چاپخانەیەکی زۆر گەورەیشیان هێنا و لە مەهابادیان دامەزراند کە رۆژنامەى کوردستانی پێ چاپ دەکرا. ئەوەى ئەمن بزانم ١٠٠ ژمارەى کوردستان چاپ کرا، کە گوایە سەید قادرى سەید جامی ٩٩ ژمارەى هەبوو و لە زەمانی شاى دا بە دزى رایگرت بوون.

دوایە ئەرتەشی کوردستان بە لیباسی رەسمی پێک هات و لە فۆڕمی لیباسی کەواو پانتۆڵ و رانک و چۆغە هاتە دەرێ. ئەو لیباسە لەسەر را خەت خەت دروابوو و شەڵوارى زستانی لۆکەى تێدە ئاخندرا و زۆر گەرم بوو.

لەگەڵ ئەوەش کە دوو دەستەى نیزامی بۆ فێربوون و بارهێنان بۆ باکۆو تەورێز بەڕێ کران، سەرهەنگ نانەوازادە، کە یەکێک لە ئەفسەرانی گەورە و زۆر لێهاتوو و بە توانای کۆمار بوو، پێشمەرگەی کوردستانی رادێنا.

ئەوکات لە مەهاباد بڵینگۆ نەبوو، جاڕچی هەواڵەکانیان جاڕ دەدا، رەسوڵ شاڵی یەکێک لەو جاڕچیانە بوو. بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە بڵیندگۆیان هێنا و لە بەرانبەر مەحکەمەى قازى، لەولاولا، لە دارتێلانیان قایم کردبوو. ئاواز و گۆرانی، یان هەواڵ و قسەى رێبەرانی حیزب، یان قوڕئانی لەسەر بڵاو دەبووە. دیارە رادیۆش دانرابوو بەڵام زۆر کزبوو و لە دەرەوەى شارى نەدەگیرا. ئەوجار بە مەبەستی گەشانەوەى مۆسیقاى کوردى ٣٦ پارچە مۆزیکاڵی وەرشەوى سپییان هێنابوو کە دەوڵەتی ئێران نەیبوو و کاتێک کۆمار تێکچوو ئەوانەیان بردە دەربارى شاى.

دیارە لە بوارى ئابوورییەوە، مام ئەحمەدى ئیلاهی ئابوورى ناسێکی گەورە بوو و توتنی کوردستانی بە دەوڵەتی شۆڕەوى دەفرۆشت و لەبڕى پووڵەکەى، بلوریاتیان وەردەگرت و بە تاجرى تەورێز و تارانیان دەفرۆشتەوە. ئەمن جارێک وەبیرم دێ کە تاجرى تارانی هاتن لەو بلوریاتانە بایی ٢٠٠ هەزار تمەنیان کڕى.

ئەو زەمان مەلا کارى شەرع و مەرافعە و ژن مارەکردنی خەڵکیان رادەپەڕاند و لەبڕى ئەو کارانە پووڵێکیشیان وەردەگرت. بۆ وێنە قازى کەریم (بابم) و مەلا حوسێنی مەجدى بۆ هەر ژن مارە کردنێک ١٠ تا ١٥ تمەنیان وەردەگرت. بەڵام مەلاى واش هەبوو لەگەڵ ئەوەى ئەو حەقەی وەردەگرت، بەرتیل و ڕشوە و شتی واشی دەستاند. بۆیە لەگەڵ بڕینەوەى مووچەى مانگانە ٢٧٠ تمەن بۆ هەر مەلایەى، دەستوردرا کە رشوە و بەرتیل خواردن بە تەواوى قەدەغە بکرێ. ئیدى ئەوجار ئەگەر بە دزیش پووڵێکیان بۆ لەبن بەرماڵی دانابان، نەیاندەوێرا وەریگرن، چوونکە دەماریان دەردێنان.

ئەوجار پارێزگارى لە نامووس و ئەمنییەتی خەڵک، بوو بە ئەرکی هەرە سەرەکی کۆمار و کەس نەیدەوێرا زوڵم لە کەس بکا. رۆژێک پێشەوا لە دیوی کارەکەى خۆى دانیشتبوو. لە داڵانی ژوورێ را دەبینێ کە پیرێژنێک لە شەقام را بە قوڕ پێوان دێ بۆ شکایەتێ. پێشەوا بە پەلە خۆى دەگەیەنێتێ و دەڵێ: “بۆ وادەکەى، چ قەوماوە”. ژنەکەش هەر دەگرى و خۆى بەسەر لاقی پێشەوا دا دەکێشێ و دەڵێ: “کوڕیان کووشتوم”. پێشەوا ژنەکەى راست دەکاتەوە و دەڵێ: ئاخر چۆن کوژراوە، لە کوێ کوژراوە، کێ کوشتویەتی؟

– لەگەڵ فڵانە قاچاخچی جارێک چوو بووە عێراقێ و چایان هێنا و ئەوجاریش دیسان چۆتەوە، بەڵام نەگەڕاوەتەوە و وەک دەڵێن کابرا کوشتویەتی، ئەسپەکەشی بردووە.

پێشەوا دەستبەجێ دەستوور دەدا کە دەبێ هەرچی زووتر ئەو قاتڵە بدۆزرێتەوە. لەولاش را مەلا مستەفا ئاگادار دەکرێ و ئەویش بەڵێن دەدا کە هەرچی زووتر راسپێرێ و قاتڵەکە ببینێتەوە. سەرەنجام هێزى پێشمەرگە بە هاوکارى عەشیرەتی پشدەر، کە هاوکار و پشتیوانی کۆمار بوون، لە یەکێک لە شارەکانی کوردستانی عێراق، لە دووکانێکی دا قاتڵەیان دیتەوە و قۆڵبەستیان کرد و هێنایانەوە مەهاباد و لەوێ دادگایی کرا.

ئەوکات مەلا حوسێنی مەجدى وەزیرى دادگوستەرى و قازى کەریم(بابم) قازى شەرع بوو. لە ماوەى ٢ رۆژ دادگایی دا، تاوانبار دانی بە تاوانەکانی نا و حوکمی ئێعدامی درا. دایکی کوڕە کوژراوەکە، قاتڵەکەى عەفوو کرد بەڵام کوڕەکەى لێی خۆش نەبوو. بابم (قازی کەریم) بە کوڕەکە دەڵێ دایکت قاتڵەکەى عەفوو کردووە ئێمە نایکوژین، بەڵام بڕیارى ئێمە ئەوەیە: تفەنگێکی بڕنۆوت بە فیشەکێکەوە دەدەینێ و لە دور را قاتڵەت بۆ ئازاد دەکەین، ئەتۆ تەقەى لێ بکەى. ئەگەر هەنگاوتت، ئەوە کوشتوتە و ئەگەر نەیهەنگێوى ئەوە ئازاد دەبێ”.

لە رۆژى بەرێوە بردنی ئەو بڕیارەدا، جەماوەرێکی زۆر لە قەبرستانی مەلا جامی و لە سەربانان کۆببوونەوە. براى کوژراوەکە لە نێو خەڵک دا، تفەنگ بە دەست و ئامادە راوەستابوو، قاتڵەکەیان برد لە داوێنی داشا مەجید لەبن کێلێکی رایانگرت. دوایە یەکێک بە دەنگێکی بەرز هاوارى کرد: “ئەوە بەرمان دا”. کوڕە بە کەیفی خۆى سێرەى لە قاتڵەکە گرت و قاتڵەکەش لە باتی ئەوەى کە لەو کێلە گەورانە کەڵک وەرگرێ و بەرەو شاخ هەڵێ، وەک بەنت لە کەپۆى کردبێ، راست بەرەو رووى تفەنگەکە هات. کوڕەش بە کەیفی خۆى تەقەى لێکرد و لە کۆڵەى سینگی دا و گازەراى پشتی هەڵتەکاند.

هەر لەو سەردەمی دا کە هەموو کەس چەکدار بوو، کەسێک هەبوو بە نێوى مەحمودە شەلە کە لە رێگاوبان و چۆڵگاندا، رێگرى دەکرد و پیاوى دەکوشت. بۆ وێنە دەتدیت کابرایەک ئەسپێک، تفەنگێک یان دەمانچەیەکی چاکی پێیەو بە رێگایەکی دا دەڕوا، ئەو دەچوو لە پشتەوەرا تفەنگێکی لێدەدا. ئەوکات عەجەم لە مەراغەى را دەهاتن و کوپەى گڵی زەلامی ترشیاتیان بۆ فرۆشتن دەهێنا. مەحموودە شەل لەو کوپە فرۆشانە ٧ کەسی کوشتبوو. ئەو کارە نیگەرانی زۆرى بۆ کۆمار پێک هێنابوو. چوونکە لە لایەک لەگەڵ کۆمارى ئازەربایجان، یەکیان گرتبوو، لە لایەکی دیکەش ئەو کارە ببووە هۆى ئەوەى کە تاجرى کورد لە تەورێز و مەراغە و شارەکانی دیکە لە مەترسی بکەون. بۆیە ئەو کابرایە گیرا و دواى محاکمە شەوێکی بردیانە قەسابخانەى کە رەهەندى خوێن و کونە چاڵاوى لێبوو، لەوێ کوشتیان و لە قووڵکەیان هاویشت. بە دواى ئەو رووداوانەدا ئیدى کەمتر خراپە دەکران. دنیا ئەمن و ئەمان بوو و کەس نەیدەوێرا زوڵم لەکەس بکا.

سەرەراى ئەوە، هەرچەند کاربەدەستانی کۆمار لە کوشتنی کەسێک بەناوى مەحموودیان دا دەستیان نەبوو، بەڵام ئەو رووداوە بۆ کۆمار زۆر گران تەواو بوو. ناوبراو تاجرێکی دەست رۆیشتوو و دەوڵەمەندى شار بوو. پیاوێکی زۆر عاقڵ و تێگەیشتووی جوان چاک و کەڵەگەت و رەنگ پیاو و کەیخودا بوو. خەڵک و عەشایر زۆریان خۆش دەویست و لەگەڵ بابم زۆر دۆست بوو، جارجار یارمەتی بابمی دەکرد.

مەحموودیان لە بوارى سیاسییەوە لایەنگرى تووندى وڵاتانی رۆژئاوا بوو، دەیگووت چەند عروسی ماسی خۆرى لە برسان مردوو هاتوون لێرە دەڵێن چی و چیان دەوێ؟ ئەوان هیچیان پێ ناکرێ و ئێمە دەبێ دەستە و داوێنی ئینگلیس و ئەمریکا بین. ئەو وەختی مەحموودیان ئەوەى دەزانی و شتی ئاواى دەگووت. بەڵام ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی عروسان دابوو و دوو ئەفسەرى رووس بەنێوى کاکە ئاغا و عەبدوڵایۆف کە ئەوەیان بە رەواڵەت ئەسپ کڕ بوو، وڵاتیان بەڕێوە دەبرد. ئەوانە لیباسی کوردیان لەبەر دەکرد و لەبنەوە دەستەودایەرەیان زۆر هەبوو. تەنانەت جارێکیش بە هۆى دەست و پەیوەندییەکانیان نەیانهێشت سینەماى ئینگلستان لە مەهاباد فیلم نیشان بدا و پەردەکەیان لێدڕاندن و بە پاڵەپەستۆ وەدەریان نان. هەر ئەوانە دەیانزانی کە مەحموودیان ئینکاریان دەکا و دەستەیەکی لە دژى ئەوان هانداوە. رۆژێک بەو فێڵە کە لە شارەبانی کاریان پێیەتی، دەیکێشنە کووچەى جوولەکان کە کووچەیەکی چۆل و وێرانە بوو لەوێ بە تفەنگی ئافتاماتی تیرەبارانی دەکەن. دیارە ئەوانەى کە ئەو کارەیان کرد مەئمووریی کوردى شارەوانی بوون.

پێشەوا، مەحموودیانی زۆر خۆش ویستووە و تەنانەت جارێکیش گوتبووى ئەمن دەزانم مەحموودیان دەڵێ چی و چی دەوێ، حەق بە ئەوە. هەر ئەو رۆژە کە مەحموودیان کوژرا، قازى کەریم (بابم) کە ئەو رووداوەى بیستبوو بە پەلە لە قازیاوایە را دێتە شارى و یەکسەر دەچێتە لاى پێشەواو دەڵێ: “جەنابی قازى مەحموودیان بۆ ئەوەى نەدەبوو بکوژرێ”. پێشەوا سوێندى بۆ بابم خواردبوو و گوتبووى: “بە حەقی ئەو قوڕئانەى ئاگام لێی نییە و رووحم خەبەردار نەبووە و دەبێ کارى عروسان بێ.

دەستی ئاژاوە و خرابکارى لە نێوخۆ دا زۆر بوو، تەنانەت ئەمن دەزانم کە ویستیان کودەتا لە پێشەوا بکەن. چوونکە ئەو زۆر لە ژێر فەرمانی رووسان دانەبوو و دەیگووت: “ئەمن کوردم و موسوڵمانم و باڵشیوک نیم” و دەیزانی وەزعی ئەوان چەند خراپە. ئەوجار هەر لە نێوخۆدا دەیانهەویست میرزا رەحمەتی شافعی کە یەکێک لە گەورەترین دەوڵەمەندەکانی شاربوو و زۆربەى دووکانەکانی شار ئی ئەو بوون، بکووژن. ناوبراو سەرەراى ئەوەى ماوەى چوار ساڵ کرێى دووکانەکانیان نەدایە، بەڵام رادەى ١٠٠ هەزار تمەنی یارمەتی بە کۆمارى کوردستان کرد.

سەرەراى هەمووى ئەو گیر و گرفتانە دەتوانم بڵێم کەس لە پێشەواى عادڵتر نەبوو. ئەو کارانە قەت لەوى نەدەوەشانەوە. ئەوکات کە سەرۆک کۆمار بوو و ئەو هەمووە دەستی دەڕۆیشت، باغێکی ترێێ لە نیزیک باغی ساوا هەبوو کە باغەوانەکەى زووڵمی لێدەکرد و کرێى نەدەدایە. دوایە پێشەوا لە لاى قازى کەریمی (بابم) لە دادگوستەرى کۆمار شکایەتی لە کابراى باغەوان کرد کە باغەکەى لێخواردووە و هیچی ناداتێ. کابراش دەیگووت: “خەرجی زۆر لێکردووە و دەرى نەهێناوەتەوە”. لە ئاخرى دا ئەو کێشەیە بە موساڵەحە گوزەرا و کابرا شتێکی دابە پێشەوا.

١٣

زانکۆی ئەرتەش

کۆمارى کوردستان بۆ بەهێزکردنی ئەرتەشی خۆى دوو دەستە دانشجوى ناردە تەورێز و باکۆیە. ئەمن بۆ تەورێز و کاکە رەحمانیشم بۆ باکۆیە بەڕێ کراین. دەستەى ئێمە کە ٣٣ کەس بووین هەموو کورد بووین. ئەو دانشکەدەیە لە فڕۆکەخانەى تەورێز دانرابوو.

دانشکەدەى نیزام بڕیارى دابوو کە لە ماوەى ٦ مانگ دا ئێمە بە تەواوى فێرى هەموو پسپۆڕییەکانی نیزامی بکەن. هەریەکە، تەختە خەوێکیان بۆ دیاری کردین کە دۆشەکەکەی زۆر باش و مەلافەی خاوێنی پێدارا بوو و پەتۆکانی ٣ قامک ئەستور بوون. دیارە ئەو شتانە تایبەت بە ئێمە بوون و جێگاوبانی تەورێزێکان زۆر خراپ بوو و دۆشەکی ئەوان یان گەڵا هەرزنی تێدابوو یان کا.

لەو شوێنەى ئێمە زیاتر لە ٣٠ ژن هەر چێشتیان ئامادە دەکرد، یان شیو و کوڵیان بۆ دەکردین. خواردنی ئێمە تایبەتی بوو. لەسەر میز بۆیان دەچنین و وەک ئەوانی دیکە نەبوو کە سەفیان دەگرت و بۆخۆیان وەریان دەگرت. غەزاى ئێمە نەدەدرا بە سەربازان و مەنجەڵی ئەوان بە جوێ بوو. ئەگەر پڵاوگۆشتیان دابا بە ئێمە، ئی ئەوان شوولە بوو. دیارە ئەمن بەوە زۆر ناڕەحەت بووم و هەر ئەوکات بۆم دەرکەوت کە کۆمۆنیستیش بەرابەرى تێدا نییە.

لە دەورەى ئەو پادگانەى ئێمەدا، دەبوایە دائیم دوو ئەسپ سوار کە شیریان بە قەدییەوە بوو، بسوڕێنەوە و کێشک بکێشن. لەولاتریشەوە مەقەڕێکی گەورەى تۆپخانەى رووسانی لێبوو.

ئێمە سەرجەم ٣ مانگ لەوێ بووین. عروس و تورکی قەفقازى دەرسیان پێ دەگوتین. دوکتۆرێکی رەشی ناحەزى ناقۆڵاى لێ بوو، تورکی قەفقاز بوو، تورکی تەورێزیش، لێی حاڵی نەدەبوون. دەرسی برینپێچی فێرى ئێمە دەکرد و دەیگوت ئەوەڵین کارێکی کە دەبێ ئێوە فێرى بن، برینپێچی یە. بۆ ئەوەى بتوانن برینداران لە مەرگ نەجات بدەن و بیگەیەننە شوێنی خۆى. رۆژیک دەرسی دەگووت و هەر دەیگووت: “سیچرمێش ئێرە، دیچرمێش ئێرە”، ئێمەش نەماندەزانی ئەوە ماناى چییە. بە دەنگی بەرز هەموومان وێکرا دەمانگوتەوە (سیچرمێش ئێرە، دیچرمێش ئێرە) و ببووە بە گۆرانییەکی تەواو. ئەوە ئەویش پێیوابوو ئێمە زۆر چاک حاڵی بووین. هەر پێدەکەنی ئیدى نەیدەزانی کە ئێمە یەک کەلیمەش حاڵی نەبووین. تا رۆژێک داوایەکمان نووسی کە ئێمە کوردین و تورکی نازانین. لەسەر ئەو داوایە دەرسەکەیان بۆ گۆڕین و کردیانە فارسی. گروهبانێکی ئەرتەشی شاى دواتر پێی گووتین کە (سیچرمێش) برینی سەرنێزەیەو (دیچرمێش) برینی گوللەیە و ئەو کێشەیەى بۆ حەل کردین.

ئەفسەرانی ئەو دەورەیەى ئێمە، زۆربەیان فارس بوون و لە تارانێ را هەڵاتبوون. ئەوانە زۆرتر دەهاتنە لاى ئێمە و تورکەکانیان، بە کەر دەزانی و خۆشیان نەدەویستن. لە نێو ئەوانەدا ئەفسەرێک بوو بە نێوى سوڵتان بیگدلی کە زۆرمان خۆش دەویست.

ئەو شوێنەى ئێمە ٣ تەیارەى فانتێرى لێ بوو، رۆژێکیش ئەفسەرێکی ئێرانی بە نێوى سوڵتان رەزا، لە فەوجی یەکی ژمارە ٢٦ تارانێ، تەیارەیەکی رەشی رفاند و هێنایە ئەو شوێنە. دیارە فڕۆکەوانەکانی ئەو تەیارانەش حەقیان نەبوو لە کێوێ سورخابی زیاتر تێبپەڕن، چوونکە پێیانوابوو هەڵدێنەوە بۆ تارانێ. رۆژێک سوڵتان رەزا، گۆرانی بێژێکی تەورێزى هێنابوو بۆ ئەوەى لەسەر شارى بگیرێ، کە تەیارەکە هەستا لە نەکاو لە ژێر کۆنترۆڵی بورجی چاوەدێرا نەما و لەسەر تەورێزى وون بوو. فەرماندەیەکی هێزى ئاسمانی کە ئەرمەنییەکی چاوشین بوو، بە ماشێنێک کە موسەلسەلی لەسەر دابەسترابوو، خۆى گەیاندە تەیارەیەکی هانتێرو لە حاستە خۆى بە پەلە بڵیندبوو. دوایە بە فەورى نیشتەوە و هاتە لاى ئێمە و گوتی کوردەکان سوارى دوو ماشێنان بن و بچنە لاى مەیدانی سەعات لە تەورێزێ و لەوێ تەیارەکە کەوتووە و بیهێننەوە. ئەگەر چووین کەلاکەکەیان تازە لابردبوو مێشکی بە عەرزییەوە نوسابوو. ئێمە لەتوپەتی تەیارەکەمان کۆ کردەوە و هێنامانەوە. زیاتر لە حەوتوویەکی ئێمە هەر دەچووین چاومان لە نێو زگی تەیارەکەى دەکرد.

رۆژێک ئێمەیان بردە نێو شارى، لەوێ هەر شوێنەونکەیان پێدەکردین، دیاربوو نەیاندەویست خەڵک بزانن کە ئێمە بۆ چ ماڵێکی دەبەن. لە ئاخرى دا بردیانینە خانووبەرەیەکی زۆر کۆنی گەورە کە حەوزخانە و ژێرخانی زۆر گەورەى تێدابوو. لە ژێرخانەکان دا، هەر جۆرە تفەنگێکی رووسی قەدیم، وەک سێ‌تیر و ٥ تیر، یان هەر چەشنە تاپر و ساچمەزەن و رەشۆکی و سەرپڕت، ویستبا لێی بوو. لە دیوێکی دیکە هەر تفەنگی تازە داندرابوو. لە نێو ئەوان دا ٣٠ دانە تیربار کە لە ١٥ سندوقان دا بەستەبەندى کرابوون، بە فیشەکێکی زۆرەوە پێیان هەڵگرتین و هێناماننەوە و بە بێنزین هەموویان پێ خاوێن کردینەوە. دوایە لەسەر سەکۆیان دانان و تەقەیان لە پۆڵایەکی ئەستور دەکرد، بۆ ئەوەى بزانن بڕشتیان چۆنە و چۆن کار دەکەن. ئەوجار تیربارێکیان دا بە ئێمە و گووتیان هەر تەیارەیەکی ئێرانی کە لە سورخابی را وەدەرکەوت تەقەى لێبکەن. دیارە تەیارەى شاهەنشاهی جارجار هێرشیان دەکرد و ئێمەش خوداخودامان بوو کە لە شوێنێکی وەدەر کەون و تەقەیان لێبەکین، بەڵام هەر نەماندیتن. ئەوان هەر لە دوور تەقەیەکیان دەکرد و رایان دەگەیاند کە تەورێزیان بۆمباران کردووە، بەڵام قەت نەیانوێرا خۆ نیشانی تەورێزى بدەن.

لەو ماوەیەدا تفەنگی بڕنەویان دا بە ئێمە، کە لەسەر قۆنداغەکەى نێوى خۆمان هەڵقەندبوو و هەروەها بە هەر ١٠ کەسان تیربارێک و یەک تێڕ فیشەکیان داینێ. دیارە فەرماندەرى دەستەکان ئافتاماتیان پێ بوو.

لەو سەروبەندە دا گروهبانێک بە نێوى گروهبان قازى کە لە ئەرتەشی شاهەنشاهی راى کردبوو و لەوێ کردبویانە سەرهەنگ، لە شەڕى قافڵانکۆیەدا کوژرا. ئێمەیان نارد تەرمەکەمان هێناوە و لە قەبرستانی سەید هەمزە، دواى نوتقێکی زۆر ناشتیان.

پاش ماوەیەکی دیکە، یەک دوو ئەفسەرى رووسان هاتن و دەستوریان دا کە دەبێ ئەو فرۆکەخانە کۆنەى کە لە نیزیک ئەو شوێنەى ئێمە هەڵکەوتبوو و مەیدانەکەى بە خشتی لەسەر پەنجە سازکرابوو و زۆر گەورە بوو، چاک بکرێتەوە و ئەو گژوگیایەى کە تێیدا بوو دەبوو خاوێنی بکەینەوە و فڕێی بدەین. ئەوان دەیانگوت کە قەرارە ١٠٠ تەیارەى رووس بێتە ئێرە و دەبێ جێیان بۆ بکرێتەوە.

ئەوجار شەوێکی ٧٠٠ کەسیان بردین و لە دەورى پادگانێ بە قوڵایی دوو و نیوو و بە پانایی یەک میتر، خەندەکیان پێ هەڵقەندین. دوایەش هەر بەو شەوەى تەمرینی ئەوەیان پێ کردین کە بە دوو دەقیقە خۆ لەو خەندەکە باوێین. ئەوە مەشقی شەوانەمان بوو و لەبەر بۆمبارانێ وایان دەکرد.

شەوێک خەندەکمان هەڵدەقەند، مانگ گیرا و تاریک بوو. گروهبانێکمان هەبوو گووتی: “کوڕینە دەزانن بۆ مانگ گیراوە”. ئێمەش گوتمان: “مانگەو دەگیرێ.

گوتی: “ئەوە نەحسە، ئێران وای لێدێ کە خوێن سەران بەرێ.

ئەوجار وەزعی پادگان بە تەواوى گۆڕدرا و نەیاندەهێشت هاتووچۆى شارى تەورێز بکەین و زۆر توندیان گرتبوو و تەنانەت چەند سەربازیش نەیاندەوێرا لێک کۆ ببنەوە، ئەوەندە خەفەقان بوو. ئەگەر کیلۆمیترێکیش قەرەیەخەیەک بەلاى مەیدانی فرۆکەخانەى دا بەرەو تەورێز تێپەڕى با، دەیانگێراوە.

ئەوکات زۆرجار تەیارەیەکی زەلامی مسافرى لە نێوان تەورێز و تاران را هاتووچۆى دەکرد. رۆژێک تورکێک پێی گوتین کە پێشەوا لە فرۆکەخانەیە، ئەمەش بەغار خۆمان گەیاندە فڕۆکەخانە. پێشەوا لەوێ بوو، پیشەوەرى و سەدرى قازى لەگەڵ بوو، کۆت و شاڵوارێکی سورمەیی لەبەر دابوو، کڕاواتی بەست بوو. پێشەوا کە زانی ئێمە لەوێین، کۆى کردینەوە و قسەى بۆ کردین و گوتی: “ئازا و بە غیرەت بن، لێرە خۆتان بە فەقیر مەزانن، ئێوە کەم نیین، ئێوە نموونەى میللەتێکن و کورد هەموو چاوى لە ئێوەیە.

ئەمن پێشتر پیشەوەریم دیبوو، ڕدێنی ماش و برینجی ببوو. لەو سەفەرەدا دیاربوو پێشەوا بۆ سەردانی پیشەوەرى و بۆ بەڕێ کردنی سەدرى قازى بۆ تارانێ، هاتبوو. دواى ئەوەى سەدرى قازى سوارى تەیارەی بوو، پێشەوا و پیشەوەری گەڕانەوە بۆ تەورێزێ و لەوێش را پێشەوا بە سوارى ماشێنێکی تازە، کە عروسان دابویانێ گەڕاوە بۆ مەهاباد. بێجگە لەو جارەش جارێکی دیکەش، لە فڕۆکەخانەى تەورێز چاومان بە پێشەوا کەوت، بەڵام ئەوجار لە تارانێ لە لاى قەوام سەرۆک وەزیران را گەڕابووە. هەروەها دواتریش لە کاتی تێکچوونی کۆماردا، ئەفسەرێک بە منی گوت کە پێشەوا بە دزى هاتۆتە تەورێزێ و ٤ سەعات لەگەڵ پیشەوەرى، دانیشتنیان هەبووە و کەس ئاگادارى کۆبوونەوەکەیان نەبووە و روون نییە چ گوتراوە.

لەگەڵ خراپتر بوونی وەزعەکە، رۆژێک بە بیانوى ئەوەى کە برا کوردەکان لە بەرەى سەقزى هیچیان نییە و دەیانهەوێ هێرش بکەنە سەر شارى سەقز و تا کرماشان بیگرن، یەکی یەک پەتویان لێ ئەستاندین. ئەوە ئەتۆ مەزانە کە رووسەکان دەیانهەویست، وردە وردە، بێ ئەوەى کۆمارى ئازەربایجان پێ بزانێ، چەکوچۆڵ و شتە باشەکانیان لێ بستێننەوە.

ئێوارەیەکی ئێمەیان بردە تەورێز و لەلاى مەیدانی سەعات جێگیر بووین. ئەفسەرەکان پێیان گووتین کە شار بۆمباران دەکرێ و ئێوە دەبێ نەهێڵن قەرەپشی وڵاتی تاڵان بکەن و ئەگەر ماڵێک وەبەر بۆمب کەوت، دەبێ بریندارەکان زوو بۆ نەخۆشخانەى راگوێزن و بۆ خۆشیان چوون لە ساڵۆنی گەورەى فەرماندارى دا، کۆبوونەوەیان هەبوو. دوو سەعاتیان پێ چوو، هەر نەهاتنەوە و ئێمەش لەبن دیواران دانیشتبوین و سارد ببوینەوە. دوایە ئەفسەرێک و گروهبانێک هاتن و هەڵیانستاندین و دەستوریان پێ داین کە بگەڕێینەوە. نەزم نەمابوو، جاران بەندى قەیتانی کەوشت کراباوە حەقت نەبوو لە سەف بێیە دەرێ و توندى بکەیەوە. ئێستا شڕووڕ بە رێ و لاڕێیانێیە دان دەرۆیشتین و تفەنگیشمان پێ نەبوو. تەنیا گروهبانەکە ئافتاماتێکی پێ بوو. لە قەراغ شارى تووشی ١٢ ماشێنان بووین، گوتیان ئەوە بنەماڵەى پیشەوەرى و ژنراڵەکانن کە بەرەو عروسیات هەڵدێن. ئەوجار ماشێنی پیشەوەرى کە یەکی ڕەشی تازە بوو هاتووو بە توندى تێپەڕی و وەخت بوو وەسەرمان پەڕێ. بە دواى ئەوەى دا ماشێنێکی دیکە هات، ئەفسەرێکی بە بنەماڵەوە تێدابوو، رایگرت و ئەفسەرەکە گوتی: “ئەوە بۆ وا بێ ئینزباتن و بۆوا دەکەن”. گروهبانەکە کە ئافتاماتی پێ بوو تێراخوڕی و جنێوى پێدا و گوتی: “ئەوە هەڵدێن؟ ئێمە بەرەڵڵا دەکەن و تەسلیمی ئەرتەشمان دەکەنەوە تا بمانکوژن، هەى بێ شەڕەفینە”.

وردە وردە حەشیمەت لە کۆڵان و شەقامان دا کۆ ببوونەوە و راگەیەندراوى پیشەوەرى لەسەر شەڕ نەکردن بڵاو ببووە. جاران کە بە شەقامان دا دەڕۆیشتین کەس نەیدەوێرا چاومان لێبکا، ئێستا وەخت بوو سوارى سەرمان بن. تا هەر چۆنێک بوو گەیشتینەوە پادگانێ. ئەمن زۆر ماندوو بووم و لەسەر روو لە دیوەکەى خۆم لەسەر تەختەکە درێژ ببووم. برایمی بابانزادە کە خەڵکی مەهاباد بوو و پیاوێکی قوڵەخڕەى تێک سڕما و زۆر زیرەک و وریا بوو، هاتە ژوورێ و گوتی: “کوڕە ئەوە ئەتۆ بۆ نووستووى راستەوە بە، نازانی تێکچووە، دەمانکوژن”؟

– کوڕە ئەوەى مەڵێ زبانت دەبڕن.

– کوڕە هەستە، تێکچووە، دەرپەڕە، لە ئێمە زیاتر کەس نەماوە، دەبێ هەڵێین.

– ئاخر بۆ کوێ هەڵێین، ئێرە سۆفیایە نیزیک تەورێزە، هیچ کوێ پێ نازانین؟

– نازانم هەستە.

هاتینە دەرێ لەولاتر تۆپخانەى عروسان بارى دەکرد و بۆ پارێزگارى لە خۆ و بە پێی قاعیدەى ئەرتەش، لە خۆڕا دەورووبەرى خۆى دەکوتا. چووینە بەردەرکی باشگاى ئەفسەران، سێ چوار قولدورمولدرى لێ مابوو. ستوان سێیەک و گروهبانێک موسەلسەلیان دانابوو و هەڵیان دەتۆقاند و دەیانگوڕاند. نەخۆش و پەرستارى نەخۆشخانەکەش وەک مردوو لێیان هاڵابوون و رەنگیان بە رووە نەمابوو. لەبەر خۆمەوە گووتم نا تێکچووە، چاو جاران ئینزیبات چۆن بوو و شەپکە چەند توند بوو، ئێستا ئەو کەسافەتانە دەڵێن وادەکەین و وابچێ.

دیارە هەر لەو ماوە کوورتەى دا ئەسلەحەکان دزرابوون. ئێمەش کەرەسەکانمان لە ئەنبارێ دابوو. دەرکەش قفڵ درابوو و هاچەریش بە ئەفسەرێک بوو و ئەویش هەڵاتبوو. بە ناچار دەرکەمان بە قوڵینگی شکاند. هەرکە دەرکە کراوە، بوو بە پاڵە پەستۆ و هیچمان مۆڵەتمان بە هیچمان نەدەدا کە بە شێنەیی هەرکەسە ساک و کەرەسەى خۆى دەربێنێ. پاڵەپەستۆیەک بوو مەگەر خودا بزانێ، یەک یەکی دەکێشا. یەک دەکەوت، یەک هەڵدەستاوە، یەک دە دەرکەى گیرابوو. ئەوەى کە دەڵێن لە حیجازێ خەڵک دەبەر پێیان دا دەست و لاقیان دەشکێ، شتێکی سەیر نییە. سەیر ئەوەیە ئەو ٤٠ – ٥٠ کەسە وەختە بوو دەبن پێیان دا دەست و لاقمان بشکێ. ئەمن هەر هاوارم دەکرد: کوڕە وا مەکەن، کوڕە هەتا ئێستا هەموو شتەکانمان دەردێنا، بەڵام هیچ فایدەى نەبوو.

ئێمە نەماندەزانی چ بکەین و بۆ کوێ بچین؟ دەى با بەرەو تەورێز بڕۆین. سەربازێکی فەقیر لەوێ بوو کێشکی دەکێشا. پێمان گووت، کاکە بڕۆ تێکچووە. بەو چۆل و سەحرایەدا بەرەو تەورێز کە نیزیک بە سەعات و نیوێک دوور بوو، وەڕێکەوتین. لەو ماوەیەشدا تەقەش دەستی پێکرد. پەرستارەکان و هێندێک خەڵکی دیکەى تەورێزیش کە زۆربەیان ئافرەت بوون، لەگەڵ ئێمە کەوتن و سەرجەم بووینە ٦٠ کەس.

فەتاحی ئەسحابی و عەوڵاى قازى زادە کە خەڵکی مەهابادێ بوون، دەگەڵمان نەکەوتن و نەهاتن بۆ تەورێزێ. ئەوان دوو تفەنگی سەربازخانەیان دەست دابوویە و بە پێیان بە کوێرە رێیان دا چوبوونەوە مەهابادێ.

دواى سەعات و نیوێک گەیشتینە نێو شارى. دەبوو بە نێو بازاڕى دا بچینە موسافیرخانەى ژاڵە. لە چەند شوێن سەربازى بەدبەخت لەسەر پۆستی خۆیان هەرمابوون و لە ئێمەیان دەپرسی کە چ قەوماوە؟ ئێمەش پێمان گووتن کە بچنەوە ماڵە خۆیان. گەیشتینە بەردەرکی موسافیرخانەى ژاڵە، گووتمان ئەگەر ئاوا بچین، زۆرین دەترسێن و دەرکەمان لێ ناکەنەوە. بۆیە باشترە بە فێڵ بچینە ژوورێ. بەشێک لە قاناوى بەردەرکەى دا خۆمان شاردەوە و ئەمن و دوو کەس بەگزادە چووینە بەردەرکەى و لە دەرکەمان دا. دەرکە بە حاستەم کراوە و گووتیان کێن؟ ئێمەش گووتمان مەرەخەسیمان هەیە و شتمان لێرەیە و هاتووین وەریان گرینەوە. دەرکەیان بۆ کردینەوە و ئیدى نەمانهێشت دەرکەى داخەن. عالەم خۆیان دەژوورێ هاویشت. کابرا گووتی ئەگەر وام زانیبا دەرکەم نەدەکردەوە، گووتمان عیلاج نییە.

موسافیرخانە پڕ بوو لە کۆچەر (مهاجر)ى باکۆیە. زۆربەیان دوکانیان هەبوو و زۆریشیان ئەرمەنی بوون، بەڵام بە تورکی قسەیان دەکرد. ئەوانە زۆر لە مەترسی دا بوون و دەیانکووشتن.

ئێمە سەرجەم ١٣ رۆژ لەو موسافیرخانەیە ماینەوە، تا شار وردە وردە ئارام بووە. لەو ماوەیەدا زۆرجار لە مەترسی زۆر گەورە دەکەوتین و چەرمەسەری زۆرمان دیت. هەر ئەو رەجاڵەیە کە رۆژێک ئاڵاى سووریان هەڵکردبوو و دروشمی باڵشویکیان دەدا، ئەوجار گۆڕان و هەر بژى شاهەنشایان بوو. ئەوانە موسەلسەل بەدەست ڕۆژێ ٢ – ٣ جار دەهاتنە موسافیرخانە تا بمانکوژن و هەموو جارێ بە سەریان دەکردینەوە. مەشەدى مەحموود رەئیسی موسافیرخانە، رەنگی بە رووەوە نەدەما و زۆر نیگەرانی حاڵی ئێمە بوو. جارێکی یەکیان قامکی لەسەر پەلاپیتکەى موسەلسەلی دانابوو و دەستی دەلەرزى. ئەمنیش لەلەى تفەنگەکەم گرت و هەڵمهێنا و گووتم: “کاکە ئەتۆ قامکت لەسەر ئەو ماشەیە لابە ئاخر دەردەچێ و دەمانکوژى”. باش بوو بە قسەى کردم و هیچی نەگووت.

لەو ماوەیەدا ٧٠ – ٨٠ کۆچەر (مهاجر) لە کورتە شەڕ، یان دەست کردنەوەدا کوژران دەنا شەڕێکی وانەبوو. تەنیا غوڵام یەحیا، کە ئەفسەرێکی ئازا بوو و دەیگووت: “ناچم بۆ شۆڕەوى و لە کێوى قافڵانکۆ دەمێنمەوە و شەڕ دەکەم”.

ئەو لەوێ پردێکی ڕوخاند و دەیهەویست شەڕ بکا، بەڵام رووسان پاشەکشەیان پێکرد و بە زۆر بردیان.

ئەوجار کۆمیتەیەک پێکهاتبوو و بۆ کەوڵی هەر کۆچەرێک ٧٢ تمەنی دیارى کرا. لە راستیدا کۆچەرەکان هەموویان، یان بە ماڵ و منداڵ، خۆیان دەماڵان هاویشت، یان هەڵات بوون. ئەوەى باس دەکرێ، سەرجەم لەو رەشە کوژێ و هاڵۆزییەدا ١٠ تا ٢٠ هەزار کەس لە کۆچەر و خەڵکی دیکە، لە تەورێز کوژران. زۆربەى ئەوانەى تەورێزێ بۆخۆیان کوشتیانن. ئەوان کۆمیتەیەکی قۆڵ سووریان بۆ پشتیوانی لە حکوومەتی شاى دامەزراند بوو. زۆر ئەفسەرانى تودەییش کە لە تارانێ را رایان کردبوو و هاتبوونە نێو فیرقەى دێموکرات و دەماڵان دا خۆیان شاردبووە، کوژران و ئێعدام کران، تەنانەت چوونکە فەرماندەرى گشتی لەشکرى ئێران، ناوەندەکەى لە مەهابادێ بوو، دواتر ١٦ کەس لەو ئەفسەرانەیان هێنا لە مەهاباد ئێعدامیان کردن، کە خەڵکی شار بەخێرى خۆیان شوشتیانن و لە قەبرستانی شار ناژتیانن.

هەرچەند ئێمەش وەک کۆچەر بە حیساب دەهاتین، بەڵام باش بوو نەکوژراین. لەو ماوەیەدا رۆژێ هەریەکە لەتە نانێکی سەنگەکمان، بە ٥ قڕان لە موسافیرخانەکەى دەکڕى و جارجاریش دەچووینە قاوەخانەى مەشەدى حەسەن و مەشەدى حوسێنی، نان و ماست و شتی وامان لێ دەکڕین. ئەوانە دوو برا بوون. پێشتر لە قاوەخانەى زانکۆى ئەفسەرى کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا پەڕۆى سوریان دەقۆڵی کردبوو و خەڵکیان دەکووشت. دیارە ئەوانە زۆریان یارمەتی ئێمە کرد و لە راستیدا هەر ئەوانە نەیانهێشت کە ئێمە بکوژرێین.

ئەوکات تەورێز نیزیک بە ١٠ تا ٢٠ هەزار فایتونی تێدابوو و مسافیرکێشی بەوانە دەکرا و ماشێن زۆر کەم بوو. خەڵک بەو فایتۆنانە بەرەو پێشوازى ئەرتەش دەچوون. لەشکر کە هاتەوە نێو تەورێزێ، ئەوەڵ ژاندارم هاتن. دوو دانە جیبی شڕى شکاوى قوڕازەیان پێبوو لەگەڵ چوار تانکی شکاو و زرێپۆشێک کە بە گوریس و پەتکی لە پشتی ماشێنێکیان بەست بوو و رایان دەکێشا و دەیانهێنا و دەیان برد. هێزە شەڕکەرەکەش بریتی بوو لە هێندێک سەربازى پوتین شڕى پێ خواسی شڕووڕى کەساد. ئەوە هەموو نیروەکە بوو و ئەگەر قۆڵ سوور و بە کرێگیراوانی نێوخۆیی نەبایەن ئەرتەشی شاى قەت چی بۆ نەدەکرا.

لە راستیدا کۆمارى ئازەربایجان و کوردستان لەبەر ئەو هێزە نەبوو کە خۆى تەسلیم کرد، بەڵکوو ئەوە زەخت و زۆرى ئەمریکا و ئینگلیس بوو کە رووسەکانیان مەجبوور کرد کە ئەو ناوچەیەى بەجێ بێڵێ و یەک پارچەیی ئێران بپارێزێ. بەم شێوەیە ئەو دوو کۆمارە تێکچوون و وەک هەژار دەڵێ: “دۆستە بێگانەکە قزە بوو”و پشتی تێکردین و بە جێی هێشتین.

لە هەلو مەرجێکی ئاوادا، لە حاڵێک دا تازە شارى مەهاباد گیرابۆوە، رۆژێک سەدرولئیسلام لەسەر رێگاى مەهاباد بۆ تارانێ، لە تەورێزێ لاى دا و لە موسافیرخانەى شەبستەرى چاوى بە سەرهەنگ هاشمی فەرماندەرى هێزەکانی تەورێزێ کەوت و پێی گووت کە عیدەیەک خوێندکار و تاجر و مەعامەلەچی مەهابادى، لە تەورێزێ ماونەوە و داواى لێکرد کە کاغەزێکیان بداتێ بۆ ئەوەى کەس پێشیان پێ نەگرێ. بەم شێوەیە بۆ سبەینێ ئێمە بە دوو ماشێنان بەرەو مەهاباد وەڕێکەوتین و لەبەر خراپی رێگایە، دواى دوو رۆژ گەیشتینەوە مەهاباد. ئەگەر هاتینەوە شار گیرابوو بەڵام هێشتا پێشەوا و بەرێوەبەرانی کۆمار نەگیرابوون.

١٤

بەرەى سەقز

هێزەکانی بارزانی لە کۆماردا دەستێکی باڵایان هەبوو و ئەگەر پشتیوانی ئەوان نەبایە، بێشک رێبەرایەتی لێوەشاوەى حیزبی دێموکرات لە پێکهاتنی ئەو دەوڵەتە نیشتیمانییە دا تووشی زۆر کۆسپ دەبوون. بۆیە لە راستیدا ئەو دەسکەوتە مێژووییە، تا رادەیەکی زۆر بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی رۆڵەکانی کوردى ئێران و هێزەکانی بارزانی بوو.

لەو سەردەمەدا زۆربەى هێزى بارزانی لە بەرەى سەقز جێگیر ببون و لەوێرا بەرگریان لە سنوورى حکوومەتی کۆمار دەکرد. گەورەترین هێرشی دڕندانەى رێژیم لەو مەڵبەندە را دەستی پێکرد و ئەو ئازایەتییە کە بارزانییەکان لەو شوێنە، لە خۆیانیان نیشان دا، نەتەنیا لە نێو کورد، بەڵکوو لە مێژووی زۆر وڵاتان دا بێ وێنە بوو.

رەزم ئارا فەرماندەرى گشتی لەشکرى ئێران، بۆخۆى لەبەرەى سەقز جێگیر بوو تا بە قەولی خۆى بە تێک شکاندنی هێزەکانی کورد لەو مەڵبەندە، ئاڵقەى ژێر دەسەڵاتی کۆمار بەرتەسک کاتەوە. ناوبراو بە هێزێکی زۆرەوە لەو شارە جێگیر ببوو بۆ خۆى لە ماڵە حاجییەکی دەوڵەمەندى سەقزى کە پێم وایە حاجی خەلیل یان حاجی ئەحمەدیان پێ گوتووە، نیشتەجێ ببوو.

ئەو زەمان چوونکە پادگانەکان جێگا و رێگاى رێک و پاک و خاوێنیان نەبوو، ئەفسەر و مەئموورانی دەوڵەتی لە ماڵی دەوڵەمەندانی شار میوان دەبوون. (لە مەهاباد زۆرتر لە ماڵە میرزا رەحمەتی شافعی دەمانەوە). ڕەزم ئارا لەگەڵ ئەو حاجییەى نێوانیان زۆر خۆش بوو و گوایە جەفەنگیان بووە.

لەو لایەشەوە هێزەکانی بارزانی بە سەرۆکایەتی میرحاج لە بەرزاییەکانی دەورووبەرى شارى سەقز لە سەنگەردا بوون. مستەفا خۆشناو فەرماندەى یەکێک لە دەستەکانی بارزانی کە هەر دەستەى بریتی بوون لە ١٥ تا ٢٠ کەس، لە سەنگەرێکی دابوو. رۆژێک لە نێوشارى سەقزدا هێزەکانی دەوڵەت بە تۆپ و بە تفەنگ، مانۆڕێکی گەورە دەدەن. دواى تەواو بوونی ئەو مانۆڕە، رەزم ئارا دەچێتەوە ماڵە حاجی و دەڵێ: ڕێژەم داوە جا بزانە سبەینێ چ دەکەم!.

– ئەوە بارزانیین لەو تڕوتۆپانەى تۆ ناترسێن. پێتوایە ئەوە ترسان و هەڵاتن.

– سبەینێ دەچم تا مەهابادێ بەند نابم. دەزانم چەند کەسی لێیە، ئەوانە بەرگەى هێزى من ناگرن.

– سبەینێ دەبینینەوە و مەعلوم دەکا.

هێزەکانی بارزانی لە دوورڕا چاویان لەو مانۆڕە دەبێ و دەزانن کە ئەوانە خۆ بۆهێرش ئامادە دەکەن و ئەوانیش خۆیان ئامادە دەکەن. مستەفا خۆشناو دەڵێ: “ئەو مانۆڕە بۆ گیانی ئێمەیە و ئەوانە سبەینێ هێرش دەکەن و ئەوە هێزەکەیان بە تاقی دەکەنەوە”. بۆیە هەر ئەو شەوە دەستوور دەدا کە پێشمەرگەکان، سەنگەرەکانیان چەند میتر بگوازنەوە بۆ خوارتر و بە باشی خۆیان حەشاردەن. هەروەها فەرمان دەدا کە دەبێ هەموو لە سەنگەر دا مات بن و تا ئەو دەستوور نەدا کەس تەقەى نەکا. بۆ سبەینێ هێزەکانی دوژمن سەنگەرى پێشووى پێشمەرگەکانیان وەبەر تۆپ و راکێتان دا و دواى تۆپبارانێکی زۆر، ئەوجار پیادە نیزام هێرشی کرد. پێشمەرگەکان لە سەنگەران دا مات بوون و لێیان گەڕابوون تا دوژمن گەیشتبوونە٣٠ قەدەمیان و تەقەیان نەکردبوو. لەنەکاو مستەفا خۆشناو دەگوڕێنێ و وەبەر دەسترێژیان دەدا و ئەوانی دیکەش دایاندەگرن و دەبێتە شەڕى مەغلوبە. هێزى دوژمن وەها پەشۆکابوون، نەیاندەزانی لە کوێ را تەقەیان لێدەکرێ. تازەش بەسەر دا کەوتبوون و ریگاى گەڕانەوەیان نەمابوو. هێندێک هەر وەسەر سەنگەران پەڕیبوون و ببووە شەڕى دەستەویەخە.

لەو شەڕەدا، نیزیک بە ١٢٠ کەس لە هێزى دوژمن کوژران و ٤٠ -٦٠ کەسیان لێ بە دیل گیرا و ئەوانی دیکەش بەرەوخوار، بەرەو چۆمی ساڵح ئاوایە رایان کردبوو. لەدوایەش را پێشمەرگە کەوتبونە سەریان و تەقەیان لێکردبوون. لەو بەرەنگارییەدا هێزى دوژمن بە جۆرێک سەرى لێشێوا بوو و وەها پەشۆکابوون کە خۆیان لە چۆمی هاویشتبوو لەوانیش ٣٠ – ٤٠ کەسیان لێ خینکابوو. دواتر دەوڵەتی ئێران ئیزنی لە کۆمارى کوردستان خواست و هاتن جەنازەکانیان هێناوە دەرێ و بریاننەوە.

لەو شەڕە قارەمانانە دا پێشمەرگەکان دەیانتوانی دیلێکی زۆر بگرن، بەڵام چوونکە لە رادەبەدەر کەم بوون، لە گرتنی دیلی زۆرتر، خۆیان پاراست. ئەوانەى کە بە دیلی گیرابوون، دواتر هێنایاننە مەهاباد و لە خانووى دووخانییەدا جێگایان بۆ دیارى کردبوون و نانیان دەدانێ و بۆخۆیان یارى فوتباڵیان دەکرد. لە نێو ئەو ئەسیرانە دا، سەروان مودەرەسی تێدابوو کە دوایە دەرەجەى سەرهەنگی وەرگرت و بوو بە رەئیسی ستادى ئەرتەش لە مەهاباد و لەگەڵ کاکە رەحمانم زۆر دۆست بوو و زۆرجار پێکەوە دەچوونە راوێ. ناوبراو دواتر لە ساڵی ١٩٧٥ بە لیباسی کوردى لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە، بە رواڵەت بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی کورد، ناردرابووە کوردستانی عێراق و لەوێ مونتەقیمی برام، ناسیبوویەوە.

لەو شەڕە دا ٣ پێشمەرگەى قارەمانی بارزانی شەهید بوون کە یەکێکیان لە شەڕى دەستەویەخەدا بە نووکی نێزەى، کەلەکەى هەڵدڕابوو. کاتێک ئەو هەواڵە بە مەهاباد گەیشت، مەلا مستەفا بارزانی و حەمە حوسێن خانی سەیفی قازى، بە خێرایی بەرەو سەقز وەڕێکەوتن. لە رێگایە لە میاندواو لادەدەن و دوکتۆر سڵامەت بەخش کە ئەرمەنی بوو، لەگەڵ خۆیان دەبەن (ئەوکات مەهاباد دوکتۆرى نەبوو). دواى دەرمان کردنی بریندارەکان مستەفا خۆشناو دەڵێ: “ئەمنیش پێموایە نێوشانم تەڕ بووە و دەزورێتەوە”. ئەگەر ڕووتی دەکەنەوە تەماشا دەکەن ژێر کراسەکەى هەمووى خوێناوییە و جێگاى ٣ گوللەى تەیارەى، کە لەسەر را لێی رشاندبوو و رەپشتی خشابوو، دیار بوو و تەواوێکی بڕیبوو.

دوکتۆر سڵامەت بەخش دەڵێ: “ئەوە رۆحی لەبەر دانییە کە بێشێ دەنا ئەوە پشتی هەموو هەڵدڕاوە، هەر دەڵێ سوزەیەکم بە پشتی دا دێ، ئەوە ئێوە چ میللەتێکن؟”

ئەوانەى ئەو شەڕەیان کردبوو ١٨ کەس بوون و میرحاج کە لە بەرزاییەکانی پشتەوە بوو، تەقەى نەکردبوو و لە سەنگەرى خۆى نەهاتبووە دەر. مەلا مستەفا دەچێتە سەنگەرى میرحاج و تەماشا دەکا ئەوە لەبەر تاوێ خۆى هەڵخستووە و خۆى دەدۆزێ. مەلا مستەفا دەڵێ: “کوڕە ماڵت خەرا نەبێ میرحاج، ئەوە لەو شەڕەى دا چت کردووە، بارزانی کوژراون بارزانی.

– بەمن چی.

– ئاخر بۆ لەسەرت نەکردوتەوە؟

– ئەوە تاکتیکی نیزامییە ئەتۆ نازانی. بە خوداى ئێرەم بەجێ هێشتبا، پشتیان لێدەستاندن و هەموویان دەکوشتن. ئەوان هەر چاویان لەمن بوو بزانن ئێرە بەجێ دێڵم یان نا. بەخوداى چووبامە شەڕێ بە هۆوەى دا دەهاتنە سەرێ و دەبوونە دوو قۆڵ و پشتیان لێدەستاندن و کەسیان لێ دەرنەدەچوو”. دوایە بە پێکەنینەوە دەڵێ: “ئەدى مەلا مستەفا ئەتۆ تاکتیکی شەڕێ نازانی ئەمن چۆن سەنگەرى خۆم بەجێ دیڵم”.

لە شەڕى ئەو رۆژەدا، کاپیتان قادرى (حەمەدى رێویان) کە لە ئاغاکانی مامەشی ئاوایی شێلم جاران بوو و زۆر ئازا و بە غیرەت بوو بە خۆى و بە چەند کەس، بە هاناى ئەو پێشمەرگانەوە چوو بوو بەڵام نەگەیشتبۆیە.

لە سەروبەندى کۆتایی تەمەنی کۆماردا، هێزى پێشمەرگەى کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفاى بارزانی، لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە شارى سەقز تا خوارەوەى کوردستان ئازاد بکەن و هەروەک باسم کرد ئەوکات کە لە تەورێزێ لە زانکۆی سەربازی بووم، بە نێوى گرتنەوەى شارى سەقز هاتن تفەنگ و پەتووەکانیان لێ ئەستاندینەوە.

بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە، مەلا مستەفاى بارزانی چوو بوو مەقەڕی لە نیزیک شارى سەقز لە ئاوایی سەرا لە خانووبەرەى حەمەدى ئاغاى دانابوو و شەوانەشە کێشکیان هەبوو. شەوێک کوڕێکی منداڵکارى بارزانی کێشک دەبێ. لە نیوە شەوێدا کێشکی گەشتی عەجەمان دێن. منداڵە بارزانییەکە کە تفەنگی پێ دەبێ، هەستیان دەکا و لە چەخماخی تفەنگی دەدا و بە دەنگێکی بڵیند دەڵێ: “کوڕە کینە”. دوو سەربازەکە دەتۆقن و دەست و پێیان لەبەر دەچێ و پێڕادێن و بە عەرزی دا دەکەون. پێشمەرگەکانی دیکەش کە ئەو دەنگەیان گوێ لێ دەبێ، بە هاناى کوڕەکەوە دەچن و سەربازەکان دەگرن. دوایە مەلا مستەفا بانگی کوڕەکەى دەکا و بارەکەڵڵاى پێ دەڵێ و دەڵێ: “ئەوە دەستور دەدەم کەوایەکی سوور سوورت بۆ بکڕن”.

مەلا مستەفا بە تەواوى خۆى بۆ گرتنەوەى شاری سەقز ئامادە دەکا و قەرار بوو لە کاتی دیاریکرا و لە نیوەشەوێ لە ستادەکەى را، دەستوورى هێرش بدا و گوتبوى “ئەگەر بە کوژرانی ٥٠ پێشمەرگەى بارزانی سەقزم بۆ بگیرێ، وەک شاى دەبم”. دیارە لە نێو شارى دا دەستی هەبوو و ئەوانیش بەڵێنی هەرچەشنە هاوکارییەکیان پێ دابوو و گووتبویان وەڵڵاهی ٣ شەهیدیشمان نابێ. بەڵام بەداخەوە راست لەو کاتەدا هەواڵی تەسلیم بوونی کۆمارى ئازەربایجان وەک بۆمب تەقییەوە و ئەو نەخشەیەش پووچەڵ بووە و هێرش نەکرا.

دیارە هەر لە درێژەى ئەو بەرنامەیەدا و بە مەبەستی گرتنی شارى سەقز، پێشتر عومەر خانی شکاک بە هەزار سوارەوە دەچێتە بەرەى سەقز. بەڵام عەلی ئاغاى حاجی ئیلخانی کە لەوکاتی دا پەناى بۆ سەقز بردبوو و لەوێ لەلاى دەوڵەت نیشتەجێ ببوو، لە بنەوە پەیوەندى پێوەدەگرێ و ٨٠ هەزار تمەنیشی بۆ دەنێرێ و پێی گوتبوو کە ئەوانە کومۆنیستن و لەگەڵ عروسان کەوتوون و ئەگەر سەرکەون ئەتۆ تەواوى موڵک و ماڵت لە دەست دەدەى و بەم شێوەیە فریوى دابوو. پێشەوا کە ئەوەى دەزانێتەوە و لە ترسی ئەوەى کە مەبادا عومەر خان هەر لەوێ لەگەڵ دەوڵەتی بکەوێ، رادەسپێرێ کە عومەرخان هەرچی زووتر بە خۆى و بە لەشکرەکەى بگەڕێتەوە. ئەوە بوو عومەرخانی شکاک گەڕاوە و لە گەڕانەوەیەدا، لەسەر رێیە، دوو دێی ژێردەسەڵاتی کۆماریشی تاڵان کرد.

کۆمارى ئازەربایجان تێکچوو و رووخا و دواى چەند رۆژان شارى مەهابادیش بە دەستی رێژیمی کۆنەپەرستی شاهەنشاهی گیراوە. بەرلەوەى کە کۆمارى کوردستان تەسلیم بێ، پێشەوا دوو جار بە دزى دەچێتە تەورێزێ و وەک باسم کرد جارێک ئەفسەرێک پێی گووتم کە پێشەوا هاتووە و لەگەڵ پیشەوەریی بە نهێنی وتووێژى کردووە. دیارە روون نییە کە ئەو وتووێژە بۆچی بووە، بەڵام ئەوەى روونە ئەوەیە کە پێشەوا پێیوابوو کە دەبێ کورد و ئازەرى شەڕ بکەن و ئاوا بە ئاسانی خۆ بە دەستەوە نەدەن.

ئەوەى ئەمن بزانم هەموو کەڵەکەکە لەبن سەرى باقرۆف دابوو و ئەو بەتایبەتی زۆر دژى کۆمارى کوردستان بوو و دەیگووت کە ئەو کورد بە رەسمی ناناسێ و هەر ئازەربایجانە کە رەسمییەتی هەیە. دیارە بە رەسمی ناسینی ئەوانیش دەرکەوت کە چۆن بوو. رووسەکان بۆ پاساودانی ئەو خیانەتە و پشت تێکردنە، هەر لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە کاربەدەستانی ئەو دوو کۆمارە بەرنە رووسیا و بە رواڵەت وەک پەنابەرێک گیانیان بپارێزن. دیارە پیشەوەرى پەناى بۆ بردن، بەڵام دیتمان کە چۆن بە فێڵ کوشتیان.

لەو پێیەدا کاک ئاغا و عەوڵایۆف کە دوو ئەفسەرى رووس بوون و لە بەرگی کوردى دا، لە ئەرتەشی کوردستان دا خزمەتیان دەکرد، لەگەڵ کۆنسوولی رووس لە ورمێ را ماشێنیان بۆ پێشەوا هێنا و داواى لێدەکەن کە بە ماڵەوە لەگەڵیان بڕوا، دەنا دەکوژرێ. پێشەوا لێیان توڕە دەبێ و دەڵێ: “ئەگەر ئەمن بڕۆم مەهاباد تاڵان دەکرێ و خەڵک قەتڵی‌عام دەکەن. ئەمن ناتوانم ئەو میللەتە کە سوێندم بۆ خواردون بە جێیان بێڵم. چەند پشت لە باب و باپیرانم لێرە ناشتراون، ئەگەر بمرم دەبێ لە لاى ئەوان بمرم. لێرە مانەوە و مردنم پێ لە چاکەى ئێوە باشترە، ئێوە درۆتان لەگەڵ کردین”. ئیدى جوابیان ناداتەوە.

ئەوجار لە مزگەوتی هەباس ئاغاى شوراى شەڕ پێکهات و بەرێوەبەران کۆبوونەوە تا بڕیارى شەڕ بدەن. مەلا مستەفاى بارزانی و سالارى میرزا فەتاحی قازى، داوا دەکەن کە شەڕ بکرێ. بەڵام عیدەیەک لە مەلاکان وەک مەلا عەوڵاى مودەرەسی دەڵێ: “قازى مەبە باعیسی خوێن رژتنی عالەمێ، کەست پێوە نەماوە. ئەو عەشایرانەى لەگەڵت بوون هەموو یەک یەک دوو دوو رۆیشتوون. ئەتۆ بەخۆت و بە ٣٠٠ کەسی مەهابادی ناتوانی شەڕێ بکەى. ئەوە مەنگوڕ لە پشتەوە ڕێی لێگرتووى، گەورک لەولایەوە و مامەش لەولاى و دێبۆکریش خوارەوەیان گرتووە. ئەتۆ لە گەمارۆى تەواو داى چۆن شەڕ دەکەى؟

بەم شێوەیە هیواى شەڕ و خۆراگرى نەما و پێشەوا کەسی بە دەورییەوە نەما. مەلا مستەفا هێزەکانی خۆى بە پەلە کۆکردەوە و دەچێتە لاى پێشەواو دەستی لە ئەستۆى دەکا و دەڵێ: “وەرە ئەتۆ هەر پێشەوا بە، شەرت بێ هەتا بارزانییەکم بمێنێ ئەمن نایەڵم ئەتۆ چت لێ بێ.

– مەلا مستەفا ئەمن ناتوانم مەهاباد بەجێ بێڵم. ئەو عەشایرانە ئەو عالەمەى بێ نامووس دەکەن و دەیانکوژن. ئەمن سوێندێکەو خواردوومە ئەگەر بڕۆم دەبێتە خەیانەت، بۆیە خیانەتیان پێ ناکەم و بە جێیان نایەڵم با چیان بەسەر نەیە، دەنا دەزانم دەمکوژن، ئەو کارانەى ئەمن کردوومە لێم خۆش نابن. ئێستاش مەلا مستەفا ئەوەش ئاڵاى کوردستان، تۆ و ئیمانت هەتاهەى مەیەڵە ئەو ئاڵایە وەعەرزى کەوێ.

مەلا مستەفاش بەڵێنی دەدا و سوێندێ دەخوا کە ئەو ئاڵایەى هەر شەکاوە راگرێ. لەو رۆژەدا مامە وەهابم و ئیقباڵی و حەمەدەمینی قەزاق (مەمیخان)، کاک محەممەدى ئامۆزام و مستەفاى برام و چەند کەسی دیکە لەوێ بوون و ئاگادارى چاوپێکەوتنی ئەو دوو کەسایەتییە گەورەیەى کورد و کوردستان و ئەو بەڵێنێ مێژووییە بوون.

لە ٢١ى مانگی سەرماوەزى ١٣٢٦ دا حکوومەتی ئازەربایجان تێکچوو و لە ٢٦ى سەرماوەزیش مەهاباد گیراوە. پێشەوا بۆخۆى بە پێشوازى هێزەکانی دەوڵەتی چووە میاندواوێ و بەبێ شەڕ تەسلیم بوو و بەرپرسیارێتی هەموو کارەکانی کۆمارى بە ئەستۆوە گرت و گووتی: هەرچی بووە ئەمن کردوومە و کەس خەتابار نییە.

پێشەوا هەر لەوێ کە چاوى بە فەرماندەکانی ئەرتەش دەکەوێ، داوایان لێدەکا و پێیان دەڵێ کە هەوەڵ جار دەبێ ئەرتەش، بێتە نێو شارى و دەڵێ کە ئێمە عەشایر قبووڵ ناکەین. عەشایر ئەگەر بێن خراپەمان لەگەڵ دەکەن.

لەوکاتەى دا، زۆربەى زۆرى عەشایر بە تەواوى پەیوەندییان بە حکوومەتەوە گرتبوو و هێندێک لە عەشایرى دێبۆکرى و مەنگوڕ و مامەش و گەورک و تەنانەت عەشایرى تیلەکۆش لەگەڵ ئەرتەش کەوتبوون و زیاتر لە ١٠٠٠ سوارى ئەو عەشیرەتانە لە ئاوایی ئیندرقاش جێگیر ببوون.

پێشتر سەرۆک عەشیرەتەکان بە ئەرتەشیان گوتبوو کە ئەگەر بیانهەوێ، هەتا ئەوان دێن، مەهابادیان بۆ پاکسازى دەکەن. لەو لایەوەش پێشەوا بۆ ئەوەى رێگاى خراپەکارى عەشایر بەربەست بکا، سالارى میرزا فەتاحی قازى دەنێرێتە لاى سەرتیپ هومایۆنی و دەڵێ بچۆو پێی بڵێ: “هەروەک گوتومانە ئێمە عەشایر قبووڵ ناکەین و دەبێ ئەوەڵ ئەرتەش بێتە نێوشارى و حکوومەت دابنێ جا دوایە عەشایر بێن، دەنا شەڕ دەکەین.

سالارى میرزا فەتاحی لەسەر ئەو رووداوە ئاواى دەگێراوە: “ئەگەر چوومە ئیندرقاشی، لەشکرى ئەو عەشایرانە هەمووى لەوێ بوون. ئەوان ئەمنیان باش دەناسی و هێندێک بە دوربین چاویان لێدەکردم و خۆیان رادەنا. ئەمنیش گەیشتمە لایان و گووتم ئەو راپسان داپسان و خۆرانانەتان لە چییە، هەتا ئەرتەش لە ئیندرقاشی نەبوو ئەنگۆ لە کوێ بوون و دەتانتوانی ئاوا بکەن. قازى محەممەد بۆخۆى شەڕ ناکا و بۆخۆى دەڵێ با ئەرتەش بێتەوە، ئیدى ئەو هاتوهوتەو لە چییە؟

دوایە خاڵە سالار دەچێ و قسەکانی پێشەواى بە سەرتیپ هومایۆنی دەڵێ. ئیدى نەیانهێشت ئەوەڵ عەشایر بێنە نێو شارى و خەڵکی تاڵان بکەن. بەم شێوەیە مەهاباد گیراوە و تەمەنی پڕ لە سەروەرى کۆمار کۆتایی پێهات.

لەو سەروبەندە دا ئەمن تازە لە تەورێزێ را هاتبوومەوە مەهابادێ، ماڵەکەمان بەش کرابوو و ئاوایی قازیاوایە درابوو بە مامە وەهابم و ئێمەش ماڵمان هاتبووە شارى. کاکە رەحمانم و غەنی بلوریان و قادرى مەحموودزادە و ئەوانیش (دەستەى خوێندکارانی باکۆیە) تازە گەڕابونەوە و کاریان بەوان نەبوو.

رۆژێکی لە ماڵەکەى خۆى لە مەحکەمەى دا، چوومە خزمەت پێشەوا، هێشتا دەسبەسەر نەکرابوو. کوڕێکی عەشیرەتی بارزانی لەوێ بوو. تازە لە لاى سەراى محەممەدخانی را گەڕابۆوە. مەلا مستەفا خۆى بۆ پاشەکشە ئامادە کردبوو. مەرحومی پێشەوا لەسەر وەزعی تەورێزێ زۆرى لێ پرسیم. ئەوەى دیبووم بۆم باس کرد. ئەو کوڕە بارزانییەش هەر لەوێ دانیشتبوو. دوایە پێشەوا رووى لە کوڕەکەى کرد، کاغەزێکی بۆ نووسی و پوڵێکی دایە و پیاوێکی رەگەڵ خست و بەڕێی کرد. ئەو کوڕە دیار بوو لە بارزانیان هەڵبڕابوو و بەجێ مابوو.

١٥

عەشایر لە کۆماردا

هەرچەند وەزعی کۆمەڵی کوردستان لە سەردەمی کۆماردا عەشایرى بوو بەڵام بەداخەوە عەشایر پشتیوانی سەرەکی کۆمار نەبوون و ئەو هەلومەرجە بە هۆى ئەوان پێک نەهاتوو و لە راستیدا کۆمار بەرهەمی نێونەتەوەیی و لێوەشاوەیی کاربەدەستانی پێشکەوتوى حیزبی دێموکرات و هێزى بارزانی بوو. دەنا زۆربەى هەرە زۆرى سەرۆک عەشیرەتەکان لەگەڵ کۆمار نەبوون و هەر چاویان لە لووتف و مەرحەمەتی حکوومەتی ناوەندى بوو. ئەو راستییە کاتێک بە باشی دەرکەوت کە کۆمار تێکچوو و ئەوان نیشانیان دا کە چ مەبەستیکی دوژمنکارانەیان سەبارەت بە کۆمار هەبوو.

ئەوە لە حاڵێک دابوو کە بە هۆى وەزعییەت و جێگا و شوێنی ستراتیژى تایبەتی، عەشایرى مەنگوڕ و مامەش، دەبوایە ئاڵاهەڵگرى ئەو شۆڕشانە بووبان و ئەو رەساڵەتە مێژووییەى کە عەشیرەتی مەنگوڕ بە تایبەتی لە سەدەى ١٩ دا هەى بوو، لەو قۆناعەش دا بووبای. بەڵام ئەوان نە تەنیا ئەوەیان نەکرد، بەڵکوو تا رادەیەکی زۆر بۆ سەقامگیر نەبوونی کۆمار هەنگاویان نا.

لە بیرمە رۆژێک پێشەوا لە ماڵ نەبوو و لە تارانێ بوو. ئەمن لە سەربانی مەحکەمەى راوەستابووم و دەمڕوانییە دەشتی لاى وسووکەند و قەرەبرایمی. خانووەکە بڵیندبوو کەوتبووە پشتی شارەدارى و لەوێ را نێو حەسارى شارەداریم لێ دیار بوو. سەدیقی حەیدەرى ئەفسەرى کۆمار و مامە وەهابم کە ئەویش ئەفسەرى باربەرى بوو، لەگەڵ سەردار سەلیم کە ئەویش لە ماڵە ئێمەدابوو، لە حەسارى شارەدارى قەدەمیان لێدەدا و دەهاتن و دەچوون و هەر لە منیان دەپرسی: “ئەرێ لەو خوارانە را هیچ دیارنییە”. ئەمنیش چم لێ دیار نەبوو هەر دەمگووت ناوەڵڵا. هێندێکی پێچوو لەسەر را کاک سەدیق دەرکەوت و گووتی ئەرێ نەگەیشتنێ، ئەمنیش کە دیسان روانیمەوە تەماشام کرد هێزێکی گەورەى سوارە نیزام کە ئاڵاى کوردستانیان هەڵکردبوو، سێ سێ و چوار چوار لە دوور دەرکەوتن و نیزیک بە ٥٠٠ سوار دەبوون. گووتم: “بەڵێ هاتن ئەوە وەدەرکەوتن، ئەوە گەیشتنە زەوى قەرە برایمی داوێنی خەزایی، هێشتا بنەى نەهاتووە”. گووتی: “دەچاکە مزگێنیت کەوت”.

زۆرم پێ سەیر بوو بۆچی ئەوانە وابە پەرۆش و تەنگا و بوون. دوایە لە مامە وەهابم پرسی: ئەرێ مامە بۆ کاک سەدیق گووتی مزگێنیت کەوت؟ مەگەر ئێوە نەتاندەزانی کە ئەو هێزە دێ؟

– کوڕە ماڵت نەشێوێ ئەگەر ئەوڕۆ ئەو هێزە نەگەیشتبایە، زۆربەى عەشایرەکان خۆیان سازکردبوو کە ئەوشەو بە سابڵاغێ دادەن و چوونکە خەڵک شەڕى دەکرد، قەتڵی‌عامێکی زۆر دەکراو وەزعەکەمان بە تەواوى پەرێشان دەبوو. بۆیە هەر چاوەروانی ئەو هێزە بووین و دەنگمان نەدەکرد.

فەرماندەرى ئەو هێزە، زێڕۆ بەگی هەرکی بوو کە بەو بەرى چۆمی دا هاتن و لە پردى سوور پەڕینەوە هاتنە نێو شارى و لە شوێنی دیارى کراودا، جێگیر بوون. ئیدى بە هاتنی لەشکرى زێڕۆبەگی هەرکی، هێرشەکە فەشەل بووە.

زێڕۆ کە سەرهەنگی کۆمار بوو، پیاوێکی زۆر ئازاو بە غیرەت بوو. جارێک لەگەڵ عەجەمی دەورووبەرى ورمێ کە دەیانهەویست ناوچەى ورمێ بخەنە ژێر دەسەڵاتی فیرقەى دێموکرات، بەشەڕ هات و نەچووە ژێر بارى عەجەمان و دەیگووت ئێمە کوردین و دەبێ لەگەڵ کۆمارى کوردستان بکەوین. ئەوەبوو ئیدى عەشایرى ورمێ هەموو لەگەڵ کۆمار کەوتن.

ئەو هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەى زیڕۆبەگ، هەڵوێستی هەموو عەشایر نەبوو و دەتوانین بڵێین هەڵوێستی زۆربەى سەرۆک عەشیرەتەکان خراپ بوو و ئەو راستییە لە سەروبەندى تێکچوونی کۆماردا زۆر بە ڕوونی دەرکەوت. برایم ئاغاى باپیرئاغا کە رەئیس عەشیرەتێکی بە دەسەڵات بوو، سەرەراى ئەوەى پێشەوا زۆرى حوورمەت گرت، میداڵ و دەمانچەى بە خەڵات دایە، بەڵام کۆمارى کوردستانی بەجێهێشت و چوو بۆ کوردستانی عێراق و تا رووخانی کۆمار نەگەڕاوە. ناوبراو دواتر هاتەوە و خۆى هەر بە پیاوى شاى دەزانی و بە هاوکارى سەرهەنگ فەتاحی قازى لە رووکنی دوو، مانگانە ٣٠٠ تمەنیان بۆ بڕیبووە و چەند میداڵییان دابۆیە کە لە شایی و شوێنە رەسمییەکان، وەخۆى دەخست و خۆى پێ رادەنا. لە سەروبەندى تەسلیم بوونی کۆماردا، هێندێک لە عەشایرى دێبۆکرى پردى بۆکانیان ئاور تێبەردا و هەوڵیان دا تا هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە گەمارۆ باوێن. لە لایەکی دیکە هەر لەو سەردەمەدا، بەشێک لە هێزەکانی عەشایرى مەنگوڕ بە سەرۆکایەتی عەوڵاى بایز ئاغاى، لە ئاوایی هەمزەئاوایە جێگیر ببوون و خۆیان بۆ هێرش بۆسەر شارى مەهاباد ئامادە کردبوو.

ئەوجار حیسامی داشکستانی بە هێزێکی زۆرەوە لە کۆمارى کوردستان یاغی ببوو و چوو بوو لە ئەشکەوتێکی دا، سەنگەرى گرتبوو. بە ناچار کۆمار هێزى پێشمەرگەى ناردە سەر و گەمارۆى دان و مەجبوورى کرد کە دەست لە یاغیگەرى هەڵگرێ. عەلی قەرەنی ئاغاى کە ئینسانێکی کەڵەگەتی بە خۆوەى ڕدێن درێژ بوو و کوڕە چکۆلەى قەرەنی ئاغاى بوو و ماڵەکەى لە پەسوێ لە قەڵایەدابوو و مەنزڵەکەى لە مەهاباد لە ماڵی مام عەزیزى ئەحمەدە سیسی، بابی کاک عەزیزى یۆسفی دابوو، لە کۆمار یاغی بوو و لە کێوێکی نیزیک پەسوێ لە دژى کۆمار وەشاخی کەوت. کۆمار لەشکرى لێکرد و مەلا مستەفاى بارزانی چوو لە قەڵاى پەسوێ پێی گووت: “قازى محەممەد رێگا نادا دەنا بە ٢٤سەعات چاوم دەردێناى، بەڵام ئیزنم پێ نییە کە تفەنگت پێوەنێم. ئەتۆ دەبوو لە رێی کورد و کوردستان دا خۆ فیدا بکەى نەک لە رێی عەجەماندا. قەرەنی ئاغاى مامەش پێش ئێعدامی پێشەوا بە سەکتە مرد. ناوبراو هەتا مرد، لەجیاتی پێشەواى سەنیرى وەبەر خەنجەران دەدا و تا شڕ دەبوو جنێوى بە پێشەواى دەدا و دەیگووت: “قازیلە ئاوات دەکوژم”.

هەرچەند پێشەوا بانگی مەلا خەلیلی گۆڕەمەڕى کرد و زۆرى ئامۆژگارى کرد، بەڵام ناوبراو تا رووخانی کۆمار دەستی لە دوژمنایەتی هەڵنەگرت.

زۆر کەسایەتی گەورەى عەشایرى مەنگوڕ و مامەش و دێبۆکرى ئامادەبوون لە رێکاى کورد و کوردستان دا هەر چەشنە فیداکارییەک بکەن و گیانی خۆیان فیدا بکەن، بەڵام بەگشتی سەرۆکی زۆربەى ئەو عەشایرانە لەگەڵ کۆمار نەبوون و پشتیان نەگرت. ئەگەر لە عەشیرەتی دێبۆکرى جەعفەر ئاغاى کەریمی وەکوو ئەفسەرى دەوڵەتی کوردستان حازر بوو گیانی لە رێگاى کوردستان دا فیدا بکا، عەلی ئاغاى دێبۆکرى، بە تەواوى تواناوە بۆ نەمانی کۆمار تێدەکۆشا. بە گشتی ئەوە هەڵسووکەوتی عەشایر بوو، هەر چوار دەورى کۆمار ئاوا بە عەشایری خائین گیرابوو.

پێش دەستبەسەر کردنی پێشەوا، لە رێژەیەکی فەرمایشی ئەرتەش لە مەهاباد، دەوڵەت تەواوى سەرۆک عەشیرەتەکان لەگەڵ پێشەوا بۆ ئەو رێژەیە بانگ دەکا و ئەوانە لە ریزى ئەفسەران دا رادەوەستن. بایزئاغاى گەورک و عەوڵاى بایزئاغا دەچن لە پێش پێشەوا رادەوەستن. سەرتیپ هومایۆنی کە ئەوەى دەبینێ دەیانکێشێتە دواوە و دەڵێ: بێ حووڕمەتی مەکەن ئەوە ئێستاش هەر رێبەر و پێشەواى ئێوەیە.

ئەوە گۆشەیەک لە هەڵسووکەوتی عەشایر و شێخ و خەڵکی مەڵبەندى مووکریان لە سەردەمی کۆماردا بوو. زیاتر بە هۆى ئەو هەلومەرجە بوو کە کۆمارى کوردستان تێکشکاو رێبەرانى مەجبوور بە تەسلیم، بوون. ئەگەر عەشایر لێگەرابان، بێ شک بەوەندە پێشمەرگەیەى کە کۆمار لە نێوخۆى شارى مەهاباد دا هەى بوو، دەیتوانی لانیکەم بۆ ماوەیەکی زۆر لە بەرانبەر ئەو ئەرتەشە لەق و لاوازەدا خۆراگرێ. بەڵام دەورووبەر بە تایبەتی کێوەکان لەبەر دەستی عەشایر و عەشایریش لەبەر دەستی دوژمندا بوون.

بەگشتی دەتوانین بڵێین سەرۆکی زۆربەى لەشکرى ئەو عەشایرانە کە لە سەردەمی کۆماردا، لە مەهاباد کۆببوونەوە و خەڵک پێیان وابوو کە ئەسکەندەر لەشکرى واى بە خۆیەوە نەدیوە، زیاتر پەیوەندیان بە دەوڵەتەوە هەبوو تا کۆماری کوردستان.

سەرەراى هەڵسووکەوتی هێندێک عەشایر، دەستە و تاقمەکانی مەزهەبی و هێندێک لە شێخەکان وەک بنەماڵەى شێخی زەنبیل کە لە مەهاباد، شان بە شانی قازى محەممەد بوون، هەروەها بەشێک لە ماڵە شێخی بورهانی، وەک شێخ رەحیم کوڕى شێخی بورهان، بە تەواوى دوژمنی کۆمار بوون و تۆوى دووبەرەکی و تەفرەقە و ئاژاوەیان لە کوردستان دا بڵاو دەکردەوە. شێخ حوسێنی شێخی بورهانیش کە وەزیرى کۆمار بوو، لەگەڵ کۆمار راست نەبوو و لە ژێرەوە پەیوەندى بە حکوومەتەوە هەبوو.

ئەوانە هەمیشە لەگەڵ دەوڵەت، لە پەیوەندى دابوون و خەلیفەیان بە وڵاتیدا بڵاو دەکردەوە کە قازى کافرە و هەرکەس وەدواى کەوێ کافر دەبێ. دیارە قسەى ئەوانە لە لاى میللەتی بێسەواد، بە چەشنى ئایەتی قووڕئان بوو.

ئەوجار لەنێوخۆش دا ئەوانەى کە پەیوەندییان بە کۆمارەوە هەبوو، زۆر جێگاى متمانە نەبوون و لە نێو ئەوانیشدا، دار و دەستەى دوژمنی تێدابوو کە بێ شک خراپتر بوون لەوانەى کە راستەوخۆ دوژمنایەتی کۆماریان دەکرد. عەوڵاى بایزئاغاى کە لە کاتی کۆماردا چووبووە سەردەشتێ و پاڵی وەعەجەمان دابوو، جارێک بە قازى محەممەد دەڵێ: ببی بە پرد بەسەرت دا نارۆم، ئەمن شام دەوێ و شاپەرستم. ئەمن عەلیخانی قادرى مروەتی نیم کە ژنراڵی تۆبم و بە رۆژ هەرچی تۆ بیڵێی بەشەو بە عەجەمانی رابگەیەنم. پیاویشم لە لاى عەجەمان نییە، بەڵام عەلیخان هەمیشە پیاوى لەلاى عەجەمانە و هەرچی ئەتۆ دەیکەى ئەو بە نامە ئاگاداریان دەکا.

١٦

پاشەکشەى بارزانی نەمر

پاش ئەوەى مەلا مستەفا نەیتوانی پێشەوا بە قەناعەت بگەیەنێ کە لەگەڵی بڕوا و مەهاباد بەجێ بێڵێ، بە پەلە هێزەکانی خۆى کە زۆربەى لە بەرەى سەقزدا بوون، لە دەورووبەرى شنۆ و نەغەدە کۆکردەوە و دواى ماوەیەک وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی ئێران، خۆى ئامادە کرد کە بەرەو سنووۆى عێراق بکشێتەوە. بەڵام هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لێی وەخۆ کەوتن و لەولاش لە سنوور را، دەوڵەتی عێراق بە هاوکاریی دەوڵەتی تورکیە، پێشی پێگرتن. سەرەراى ئەوانەش هێندێک عەشایریش بۆ تێک شکاندنی هێزەکانی بارزانی، بە تەواوى تواناوە وەخۆ کەوتن و دەستیان لە دەستی دوژمن نا.

ساڵی ١٣٢٧ کە لە سەربازى بووم، ئەفسەرێکمان هەبوو بە نێوى سەروان بەشیر. ئەو ئەفسەرە ماوەى ٢ مانگ ئەسیرى هێزەکانی بارزانی ببووە و زۆرى رق لە بارزانیەکان و بە گشتی لە کورد بوو. ئەوە لە شەڕى سینگانێ دا، کە سەرهەنگ کەڵاشی کوژرا دەگەڵ ببوو. “ئەمن سەرهەنگ کەڵاشیم دیبوو لە گرتنەوەى شارى مەهاباد دا لە مزگەوتی قازى جێگیر ببوو، ئەگەر قەند و برینج و رۆن زیادى بایە بە ئێمەى دەفرۆشت”.

سینگان کێوێکە لەلاى دوو ئاوانی نێو مامەشان. سەرهەنگ کەڵاشی دەچێ لەو شوێنە تۆپی دادەمەزرێنێ و هێزەکانی مەلا مستەفا وەبەر تۆپان دەدا. پێشتر پێشمەرگەى بارزانی ٢ تۆپی ئێرانیان گرتبوو. تۆپچییەکانی ئەو تۆپانە، ئازەربایجانی یان ئەفسەرانی تودەیی بوون و ئەوان دەیان هاویشتن. گوللەیان کەم پێ دەبێ و ئەو ئەفسەرانە هەر حەقی دوو گوللەیان هەبوو و بەو دوو گوللانەش تۆپخانەى سەرهەنگ کەڵاشی وەبەر تۆپان دەدەن و ئەوەڵین تۆپ کە دەیهاوێن راست بە سەر تۆپخانەى دوژمن دا دەکەوێ و لەبەر یەکی هەڵوەشاندبوو و پڕیشکی ئەو گوللەیە ٦ – ٧ سەربازى کووشت بوو و سەرهەنگ کەڵاشی هەر نەهێشتبوو و هەموو ورگ و ڕیخۆڵەى بە عەرزى وەر کردبوو و لاقیشی لەتو پەت کردبوو. لەو وەزعەدا کەڵاشی داوا لە سەربازێک دەکا کە تیرى خەڵاسی لێبدا بۆ ئەوەى چی دیکە ئازار نەچێژێ. سەربازەکە دەگرى و دەڵێ: “وەڵڵا دڵم نایە”. ئیدى بۆ خۆى بە دەمانچەى تیرى خەڵاس لە خۆى دەدا.

لەو شەڕەدا بارزانییەک بریندار ببوو. لە قەد پاڵێکی لەبن چڵە گوێنییان، پشتی قشوونەکەى گرتبوو و نەیهێشت بوو سەر وەدەرنێن. دوایە هێزەکانی دوژمن توانیبوویان گەمارۆى بدەن و تەقەى لێبکەن و تانکێکیش بۆى دەچێ. پێشمەرگەکە هەر دەست نادا و لەگەڵ تانکەکەش شەڕ دەکا. تانکەکە وەسەرى دەپەڕێ و لاقێکی وردوخاش دەکا. بەو حاڵەى یەکێک لە گەورەترین سەرۆک عەشیرەتەکانی مەنگووڕ دەچێتە سەرى و جنێوى پێدەدا و دەڵێ: “لێم گەڕێن با بیکوژم”. ئەفسەرێکیش پاڵێکی پێوە دەنێ و لاى دەباو دەڵێ: ئەتۆ چۆن قسە بە ئەوەى دەڵێی و جنێوى پێ دەدەى، ئاخر دەزانی ئێستا چەکی پێ نییە و رانێکێشی وردوخاش بووە. ئیدى ئەو راپسان و داپسانەت لە چییە؟

لەو شەڕەدا بارزانییەکان دیلێکی زۆریان گرتبوو، بەڵام لەبەر ئەوەى زۆر برسی و شەکەت و هیلاک بوون، لە ئاوایی سەید عوبەیدوڵاى، لە بڕى وەرگرتنی هێندێک خواردەمەنی دیلەکانیان ئازاد کردبوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا، بۆ پوچەڵ کردنەوەى هاوکارى هێندێک لە عەشایر لەگەڵ دوژمن دا، بارزانییەکان لە کاتی پاشەکشەدا، لە دیوەخانێکی ئاغاوەتی مامەشان وەژوور کەوتن و ١٠ تا ١٢ ئاغاى مامەشیان یەک جێ کووشت.

بەرێوەبەرانی کۆمار لە زیندان دا

بە دواى گرتنەوەى شارى مەهاباد دا، زۆربەى کاربەدەستانی کۆمار لە ماڵە خۆیان دا بە نیگەرانی، چاوەروانی چارەنووسیان بوون. پێشەوا بە روحێکی بەرز و بە رواڵەتێکی عادى لە ماڵێ بە تەنیا مایەوە و خەریکی رۆژنامە و گۆڤار و کتێب خوێندنەوە بوو و بە هێمنی چاوەروانی رووداوەکانی داهاتووى دەکرد.

قازى کەریم (بابم) کە دیتی پێشەوا کەسی بە دەورەوە نەماوە و بە تەنیایە و بۆ ئەوەى لەو هەرج مەرج و ئاڵۆزییەدا نەیکوژن، محەممەدى ئامۆزام و مستەفاى برام و حەمەدەمین خانی قەزاق (کوڕى عەوڵا ئاغا کە پیاوێکی زۆر باش بوو و لە دایکی را پیرۆزە خانم دەبێتە خزمی ئێمە و چوونکە سەڵت بوو هەمیشە لە مەحکەمەى لەگەڵ ئێمە بوو و پێکەوە دەژیاین) بانگ دەکا و دەڵێ تفەنگی بەرن و بچنە مەحکەمەى قازى و ئاگاتان لە پێشەواى بێ، تا مەبادا بیکوژن.

دواى چەند رۆژ بە دەستورى حکوومەتی نیزامی، بەرێوەبەرانی کۆمار لە شارەدارى کۆکرانەوە و هەموویان دەستبەسەر کران.

پێشەوا هەر لە سەرەتاى مەحاکەمەدا بەرپرسیارەتی تەواوى کارەکانی بە ئەستۆ گرت و رایگەیاند کە کەس لە هیچ شتێک دا تاوانبار نییە و ئەو نەبێ و هەرچی هەیە ئەو کردویەتی. تەنانەت لەسەر هێندێک کاربەدەستی کۆمار دەڵێ: ئەمن بە زۆرى بانگم کردوون و کارم پێ ئەسپاردوون.

هێندێک لە بەرێوەبەرانی کۆمار زوو ئازاد بوون و هێندێکیش بە زیندان مەحکووم بوون. پێشەوا و سەدر و سەیفی قازیش بە ئینتیزارى مەحاکەمەیەکی دوور و درێژ لە زیندان دا مانەوە. مەحاکەمەیەکی کە رەنگدانەوەى لاپەڕەیکی زێڕین بوو لە خۆراگرى و حەقانییەتی جووڵانەوەى مێژوویی میللەتێکی بەشخورا. بەربەرەکانی و خۆراگرى قازییەکان لەبەناو ئەو دادگایەدا، تەنانەت بەرادەیەک شوێنی لەسەر کاربەدەستانی ویژدان مردووى ئەو رێژیمە دانا کە ئەوانیش نەیانتوانی سەرپۆش لەسەر رووداوەکانی ئەو مەحاکەمەیە دابنێن و لە راستی دا یەکەمجار راستییەکانی ئەو دادگایە لە زمانی ئەوانەوە بڵاوبووە.

زۆر کەسایەتی پێشکەوتوو لە دەزگاکانی دەوڵەتی دا هەوڵیان دا کە قازییەکان ئازاد بکرێن و نەکوژرێن. تەنانەت دەوڵەتیش چاوەروانی ئەوەى دەکرد کە عەشایرى کورد داوایەکی ئەوتۆ بکەن، بەڵام لێرەش دا عەشایرى خراپی کورد، رۆڵی زۆر خراپیان گێرا. جارێک سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان لە تاران کۆببوونەوە. یەکێک لە کەسایەتییەکانی دەربارى شاى، زۆریان داوا لێدەکا و دەڵێ ئەگەر ئێوە تەکلیف لە شاى بکەن کە ئەوانە ئێعدام نەکا، بێشک لەوانەیە بە قسەتان بکا و لەوانە خۆش بێ. بەڵام یەکێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان دەڵێ: ئەگەر ئەوانە ئێعدام نەکرێن ئێمە ئێران بەجێ دێڵین و دەچینە عێراقێ.

هەڵسوکەوتی هێندێک لە سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییەکان، لە کاتی زیندانی بوونی رێبەرانی کۆماردا، زۆر ناجوامێرانە بوو، بە تایبەتی مەلا خەلیل و شێخ رەحیم و لە نێو شاریش دا، ئاغاى تەوحیدى نەقشی خراپی هەبوو.

رۆژێک مەلا خەلیل و شێخولئیسلام (بابی مامۆستا هێمن) و مەلیک زادە، دەچنە لاى سەرلەشکر هومایونی و لەوێ باسی قازى محەممەد دێتە گۆڕێ. شێخولئیسلام لە زمانی مەلا خەلیل ئاواى دەگێراوە کە گوتبووى: قازى کە ئێستا لە زیندان دایە، لەسەر دینی ئیسلام نەماوە و کافر و مرتدە، ئێوە بیکوژن هیچ گوناح نییە و ئەمن ئێستا ئەگەر تیمسار ئیزن بدا دەتوانم فتواى لەسەر بدەم و ژنەکەى لە خەڵکی دیکە مارە بکەم. چوونکە قازى تەڵاقی نەماوە و کافرە، مینا موسوڵمانە.

سەرلەشکر هومایونی پێیدەڵێ: ملا ملا آرام آرام اینقدر تند نرو. اینجور هم نیست (مەلا مەلا، ئارام بە ئارام، ئاوا توند مەڕۆ، ئاواش نییە).

شیخولئیسلام هەر لە درێژەى قسەکانی لەسەر هەمان کۆبوونەوە دەیگێراوە: دوایە وەستا محەممەدى توکمەچییان هێنا کە ئەسلەحەدارى کۆمار بوو و دواتر بوو بە بەرپرسی کارەبا و بەرقی شار. تیمسار لێی توڕە بوو و جنێوى پێدا و گووتی کە ئەو ئەسلەحە و چەک و چۆڵانەت چ لێکردووە و ئەگەر راستی نەڵێی دەدەم ئێعدامت بکەن. وەستا محەممەد هیچ وەڵامی پێنەدراوە و لەوێ زمانی شکا. دوایە ئێمە بۆى پاڕاینەوە و گووتمان، ئەوە هەر تفەنگی چاک کردۆتەوە و هیچ کارە نەبووە. دوایە لیوانێکمان ئاو بۆ هێنا و هاتەوە حاڵ و گووتی کە قازى محەممەد گوتوویە چەند تفەنگان بدەن بە ئەوەى و چەند بە ئەوى.

دواى ئەو رووداوە، رۆژێک مەلا خەلیل کە مریدى ماڵە شێخی بورهانی بوو دەچێتە خانەقایە، لەوێ شێخ محەممەد لێی توڕە دەبێ و دەڵێ: کابراى … ئەتۆ گووتوتە قازى تەڵاقی نەماوە و کافرە و ژنەکەى لە کەسێکی دیکە مارە دەکەى؟

– بەڵێ قوربان قازى محەممەد لەگەڵ عروسان رابیتەى هەبووە و پەیمانی بەستووە و لە دژى ئیسلام بووە.

– ئەگەر وابێ محەممەدى عەڕەبیش کافر بوو چوونکە دەگەڵ پادشاى حەبەشە و ئەبوجەهل و موشریکەکانی دیکە پەیمانی بەست.

مەلا خەلیل سەردادەخا و دەڵێ: من ئەو نەزەرەم نەبوو و ئاوام بیر نەکردۆتەوە.

شێخ محەممەد دیسان جنێوى پێ دەدا و دەڵێ: “ئەگەر لەبەر حوڕمەتی شێخ نەبایە، ئێستا لە خانەقایەم وەدەردەناى، هەی…

لەوسەروبەندەدا، کاربەدەستانی رێژیم بە هۆى هێندێک لە بەکرێگیراوەکانى خۆیان، هەوڵیان دا کە هێندێک کەسایەتی سەردەمی کۆمار، لە بڕیارى کوشتنی قازییەکاندا، لەگەڵ خۆیان شەریک بکەن. دەوڵەت بە هۆى ئەفسەرێکی ئەرتەش و محەممەدى عەتارى و شێخ عەبدوڵرەحمان و هێندێک کەسی دیکە، کاغەزیان بە ماڵاندا، دەگێڕا و بۆ کوشتنی ئەوان ئیمزایان لە خەڵک کۆ دەکردەوە. بە داخەوە مامۆستا مەلا حوسێنی مەجدى کە بۆخۆى وەزیرى کۆمارى کوردستان بوو و لە کۆماردا، رێزى تایبەتی بۆ پێشەوا هەبوو و تەنانەت گوتبووى کە ئەوە محەممەدى مێهدییە، کاغەزەکەى ئیمزاکرد.

دواتر کاک محەممەدى مەجدى کوڕى مەلاحوسێن گوتبووى کە بابی لە ترسان ئەو کاغەزەى ئیمزا کردووە و تەنانەت دواى ئەو رووداوە لە ترسان، حەوت مانگ لەسەر یەک بە رۆژو بووە.

دوایە ئەو دەستەیە دەچنە لاى مەلا رەشەى ماوەڕانی و لە نێو خەڵکی دا تاقی دەکەنەوە و بە تەنیا دەیبەنە ژوورى مزگەوت و داواى لێدەکەن کە کاغەزەکەى ئیمزا بکا. ئەویش کاغەزەکەى دەخوێنێتەوە و یەک بە خۆى هاوار دەکا و دەڵێ: “ئەى هاوار، ئەى هاوار عالەمینە وەرن”. ئەویش خەڵک بە دەنگییەوە دەچن و لێی کۆ دەبنەوە و دەڵێ: “ئەى هاوار وەرن بزانن چ باسە، بڕە دینێکم هەیە کوڕە خۆ ئەوە ئەویشم لێدەستێنن. ئەوانە ئەوە هاتوون دینەکەم بەرن. بۆخاترى خوداى دینەکەم لێمەستێنن، ئەمن چۆن فتوا دەدەم کە قازى بکووژن، دەوڵەت دەتوانێ بۆخۆى بیکوژێ، ئیدى بۆ بەهانە بە ئێمە دەگرن…

ئەوجار دەچنە لاى میرزا رەحمەتی شافعی کە یەکێک لە دەوڵەمەندانی شار بوو و داواى لێدەکەن کە کاغەزەکەى ئیمزا بکا. ئەویش دەڵێ پێشەوا با پووڵیشی لە من ئەستاند بێ و زوڵمی لێکردبم، بەڵام ئەمنی لە مردن نەجات داوە، بۆیە قەت شتی ئاوا ئیمزا ناکەم.

دوایە شێخ عەبدوڵرەحمان لەگەڵ یەکی دیکە دەچنە لاى عەلیاغاى حاجی ئیلخانی، سەرۆکی عەشیرەتی دێبۆکرى، کە دوژمنی سەرسەختی پێشەوا بوو و داواى لێدەکەن کە نامەکەى ئیمزا بکا. عەلیاغا چاوێک بە نامەکەدا دەخشێنێ و دەڵێ: “ئەمن دوژمنی قازى محەممەد بووم، بۆخۆم پێی نەوێرام کە بیکوژم، ئەگەر بۆخۆم دەستم رۆیشتبا دەمکوشت. بەڵام ئەمن شتی وا ئیمزا ناکەم. سبەینێ نۆرەى منیش دێ و ئەگەر سەرم بزاوت، ئەوجار عیدەیەک نامەى کووشتنی من ئیمزا دەکەن، جا ئەوکات کوردستان پیاوى لێ نامێنێ. دوایەش زۆر بە توڕەیی نامەکەیان بە دم دا دەداتەوە و وەدەریان دەنێ.

هەر لەوکاتەدا مەلا مستەفاى بارزانی، لە هەوڵی ئازادکردنی قازییەکان دابووە و گوایە ویستوویەتی هێرش بکاتە سەر زیندانی و نەجاتیان بدا. بارزانی نەمر بە هۆى کاک ئەحمەد کە پیاوى ماڵە پێشەوا بووە و هەموو رۆژێ خواردنی بۆ بردوونە زیندانێ، رادەسپێرێتە پێشەوا و دەڵێ کە دەیهەوێ هێرش بکاتە سەر زیندانێ و نەجاتییان بدا. بەڵام پێشەوا قبوڵی ناکا، تەنانەت دەنگۆى ئەوەش هەبووە کە بۆ ئەو مەبەستە شەوێک پێشمەرگەکانی بارزانی هاتوونە دەوروبەرى شارى مەهاباد.

لە زیندانێ دا ئەفسەریک زۆر خزمەت بە پێشەواى دەکا و رۆژێک داوا لە پیشەوا دەکا کە بۆ یادگار شتێکی بداتێ. پێشەوا بە کاک ئەحمەدى دا رادەسپێرێتە مینا خانمی خێزانی و جێگا و شوێنی دەمانچەیەکی خۆى پێدەڵێ و لە کاتێکدا کە ئەفسەرەکە کێشک بووە کاک ئەحمەد لە بنی قابڵەمەى غەزادا بۆى دێنێ و دەیداتێ.

ئەوجار ١٠ رۆژ پێش ئەوەى قازییەکان لە سێدارە بدرێن، پێشەوا داواى ملاقاتی قازى کەریم (بابم) دەکا و سەرهەنگ هومایونی و سەرهەنگ پاڵیزبان ناردبوویان بە دواى بابم دا و دەیبەنە ملاقاتی ئەوان. بابم کە لە سلوولی زیندان دا دەیانبینێ لەبەر گریان و پەرێشانی هیچی بۆ نەگوترا بوو و دەیگێراوە کە قازى زۆرى دڵدارى داوەتەوە وەسیەتی کردبوو کە ئاگامان لە منداڵەکانی بێ و گوتبووى کە ناڕەحەت مەبن، هەرچی بێ ئەوە دەبێ و ئەوە قەزا و قەدەرى خودایە و هەرچۆنی ئەو بیهەوێ وادەبێ. دوایە بابم پێی دەڵێ: ئەمن چوار سەد تمەن بە جەنابتان قەرزدارم ئەویش دەدەمەوە بە منداڵەکانت.

– ئەڕێ وەڵڵا بیاندەیە با دەست تەنگ نەبن.

١٧

ئێعدامی قازییەکان

پێشەوا قازى محەممەد و سەدرولئیسلام و حەمە حوسێنی سەیفی قازى لە رۆژى ١٠ى خاکە لێوەى ١٣٢٦ لە چوارچراى مەهاباد ئێعدام کران. پیشەوا قازى محەممەد و سەدر برا بوون. سەدر چوار ساڵ لە پێشەوا چکۆلەتر بوو. حەمە حوسێن خانی سەیفی قازى ئامۆزاى پێشەوا و کوڕى سەیف، شاعیرى گەورە و نیشتمانپەروەرى کورد بوو. لە پێش دامەزرانی کۆمار ئەفسەرى ئەرتەش بوو و لە کۆمار دا بوو بە وزیرى بەرگرى حکوومەتی کوردستان. پیاوێکی ئازا و بەغیرەت بوو. یەکێک لە تاوانەکانی ناوبرا و لە دادگایەدا ئەوە بوو کە ئەفسەرى ئەرتەش نابێ خەیانەت بکا.

رۆژێک پێش ئەوەى ئەوانە ئێعدام بکرێن جاشەکانی ناوچەى مەنگوڕان بە بابم و مامە قاسمیان (قاسم قادرى قازى) گوتبوو کە وەزع ئاڵۆزە و لە سەڵاح دا نییە کە ئەوشۆ لە نێو شار دا بن و دەستوریان پێیە هەر شتێکی پێیان خۆش بوو لەگەڵ خەڵکی شارى بکەن، بۆیە باشترە لە شارى نەمێنن.

ئەو شەوە ئەمن و کاکە رەحمانم و حەمەدەمینی قەزاق لە ژوورى مەحکەمەى کە دەیروانییە سەر مەیدانی چوارچرایە، نووست بووین. رۆژانی پێشتر کە لە سەعات ٨ شەو حکوومەتی نیزامیان رادەگەیاند و کەس حەقی نەبوو لە ماڵ بێتەدەر، ئەو رۆژە هەر بانگی شێوان، سەعاتی ٧ ئێوارێ رایانگەیاند و گووتەش ئەوە بوو کە یان قازییەکان بەرنە تارانێ یان لە وانەیە مەلا مستەفا هێرش بێنێ. چوونکە لەو سەروبەندەى دابوو کە بە سەر ئاغاکانی مامەشیان دادابوو.

لەسەر بانی ماڵە کاردارەکانی ئێمە، لەسەر حەسارى گەورە بە پشت ماڵە حاجی خەڕازییەوە کە لەگەڵ بانی مەحکەمەى رێک بوو، دەستەیەکی ١٠ کەسی سەرباز موسەلسەلیان رووبەروى پەنجەرەى مەحکەمەى دابەستبوو. ئێوارێ درەنگیش تەقەى نەجاڕێک وەک چەکوچ و بزمار و خڕەى مشار، لە حەسارى شارەدارى کە دەکەوتە بن ماڵی ئێمە، دەهات. دیاربوو تەختە و شتی وایان لێک دەداو سێدارەکانیان ساز دەکرد.

رۆژى پێشتریش چووبوون لە چوارچرایە کە ئەوکاتیش بە شێوەى بازنەیی بوو، چوار قوڵکەیان بە قەدرا ئەژنۆیەک هەڵقەند بوو و ریشە چناریان تێچەقاندبوو. خەڵک دەیانگووت جا ئێرە کوا بۆ چنار دەبێ؟ ئەمن بۆ خۆم بەوێ دا هاتم و لەبەر خۆمەوە گووتم: ئەو دەوڵەت چ دەکا، ئاخر ئەو سەر چەقە رێیە کوا بۆ چنار دەبێ؟

سەعات دەورووبەرى ١٢ شەو بوو. تەواوى هێزى نیزامی هاتبوون دە چوارچرایە و بەرقی شار کە ئەوکات زۆر زەعیف بوو، ئی هەموو گەڕەکەکانیان بڕی بوو و لامپی دیکەیان کێشابوو هەمویان دابوو بە چوارچرایە و وەک رۆژى رووناکیان لێکردبوو.

لەو وەختەدا کە ئێمە لە مەحکەمە نووست بووین، کاکە رەحمانم وەخەبەر هات ئەمنی هەستان و گووتی: “بزانە ئاو هەیە؟ کەمێک ئاو بێنە توونیمە”. ئەو وەختی گۆزە و جەڕە و شتی واهەبوو، لە پێشخانەى مەحکەمەى جەڕەیەکی لێ بوو بەڵام ئاوى تێدا نەمابوو. تاریک بوو بۆیە مەجبوور بووم کە چرایەکی ١٠ نمرە بە دەستەوە بگرم و بچمە حەوزێ ئاوێ بێنم. سەربازەکانی سەر سەربانی هەست و خووستیان لێ پەیدابوو بەڵام دەنگیان نەکرد. گەیشتمە حەوزخانەى گۆزەکەم پڕ کرد و گەڕامەوە. لە نیزیک دارە تووەکەى حەسارێ، نەڕەیەک هات و یەکێک گوڕاندى و گووتی: “زیندە باد ئازادى کورد و کوردستان ئەمن تا ئاخرین قەترە خوێنی خۆم”. ئیدى دەنگەکە خامۆش بوو. ئەمنیش ئاخر فکرى ئەوەم نەدەکرد کە پێشەوا و وانە ئێعدام بکرێن، هەر پێموابوو حەمەدى وسوو کووتکە و کەسانی مەستی دیکەن کە بۆ ئەرتەشی جاسوسی و خەفییەتیان دەکرد و پیاوى دەوڵەتی بوون و جارجار ئارەقیان دەخواردەوە و بۆ گرتن و فریو دانی خەڵکی شیعاریان دەدا.

هاتمەوە سەرێ کاکم بە تووندى گووتی: “چراکەى دانێ، چراکەى دانێ، قازیان ئێعدام کرد”. ئەگەر لە پەنجەرەى را تەماشام کرد قازى بە دارێوە هەڵاوەسرابوو. کاکە رەحمانم هەر دەیگووت ئاى تفەنگەکەم، ئاى بۆ ئەوەى دەستڕێژیان لێبکەم.

نەڕەو و گوڕەى پێشەوا زۆر تووند بوو. ئەمن سەد جارم لە برایم خانی کۆنەدێ کە پیاوێکی زۆر وێچو و عاقڵ بوو، بیستووە کە ئەو شەوەی لە ئاوایی پشت تەپی، کە باشووری شار هەڵکەوتووە گوێی لە نەعرەتەى پێشەوا ببوو.

جەنازەى پێشەوا بە ئەسپایی بە دارەکەوە رادەژا و مەندیلی سپی سەرى کە ئەو هەموو نوورەى وێکەوت بوو، بریقەى دەدا و باڵتۆ زەردە درێژەکەى لەبەر دابوو. پاش ماوەیەک ئەوجار سەدرى قازییان هێنا، دەنگی لێدەهات بەڵام نەمدەزانی چ دەڵێ و چی دەگووت. دوایە حەمە حوسێن خانیان هێنا، ئەو شیعارى دەدا و یەکبەخۆى دەیگوڕاند و لە نەکا و لێدان و کووتان و راپسان داپسان پەیدا بوو، تا لە داریان دا. جارێک تەنافەکەى پسا و کەوتە عەرزى. بەڵام عیدەیەک غاریان دایە و لێی هاڵان و دووبارە لە داریان داوە.

رووداوێکی دڵتەزێن بوو لە رادەبەدەر ناڕەحەت بووین، نەماندەزانی چ بکەین. دەستەوئەژنۆ و بێ دەستەڵات دانیشتبووین و بە کوڵ دەگریاین. دەمانهەویست ئینتیقام بستینین، بەڵام چۆن. فاسیلەى ئێعدامی هەر سێکیان نیو سەعات نەدەبوو چوونکە دوابەدواى یەک بە ئوتوبوسی، یەک یەک دەیانهێنان. دەوروبەریشیان وەک پەنجەى دەست ئاڵقە درابوو.

سبەینێ دەوروبەرى چێشتانێ کە تاووبان گەرم بوو، دەوڵەت ناردبووى بە کاک کەریمی قازى لەتیف و قازى کەریم (بابم) و مامۆستا مەلا عەوڵا و ئەوانەیان گوتبوو کە بچن جەنازەکان لێکەنەوە و بەرن بیاننێژن. لە مەیدانی چوار چرایە، سەربازى زۆری لێنەمابوو و ئەوێیان چۆل کردبوو بەڵام لە دوور را هەر لەسەر هەست بوون. دوایە خەڵک وردە وردە لە چوارچرا کۆبوونەوە. دەوروبەرى ٧٠٠ کەس دەبوون، زۆربەیان ناڕەحەت بوون و دەگریان.

براى ئەو مەحموودیانەى کە لە حکوومەتی کۆماردا، کوژرابوو، بە نێوى عەلییە شەل (دەشەلی) و گۆچانی پێ بوو، چووە بن جەنازەى قازى و گۆچانێکی دەلاقی پێشەواى کووتا و گووتی: “ئەوە براى منی کووشت”. جەنازەکە کەمێک جووڵاوە و عیدەیەک لە خۆشیان و عیدەیەکیش لەبەر ناچارى و وەزنی شێعر، لە چەپڵەیان دا. لەولاتریش مستەفاى بلووریان بە خەیابانێ دا هات بوو و بە دەنگێکی بڵیند گوڕاندبووى: “لە خۆشیان بەیانی چوومە حەمامێ… ئەوە ئەو سێ هێشوو مێلاقانەیان هەڵاوەسیوە، هەر یەکەو لە رەنگێک”. لەو قسانەى کردبوو.

دوایە بابم و کاک کەریمی قازى لەتیفی، لەگەڵ چوار کەسی دیکە باوەشیان بە جەنازەکان داگرت و بڵیندیان کردن و تەنافەکانیان شل کردەوە و لە تەناف رزگاریان کردن و دە تابوتیان نان. رێژیم نەیهێشت کە جەنازەکان لە حەوزخانەى ماڵە خۆمان بشۆین. بۆیە مەجبوور بە ماشێنێکی وانێت بردماننە مزگەوتی حاجی ئەحمەدى و لەوێ شووشتمانن. بەر لەوەى بیانشۆین بابم پێشتر کاک ڕەحمانمی ناردبوو کە بچێ لەسەرەوەى هەموو قەبرەکانی خۆمان، لەبن داشامەجیدى، لە قەبرستانی مەلاجامی ٣ قەبران لە ڕێکی یەک هەڵقەنێ. کاکە رەحمانم چوو لەو شوێنەى ئێستا، قەبرەکانی هەڵقەند.

دواى ئەوەى جەنازەکان بە جوانی شۆردران و کفن کران، خەڵک لەسەر شانیان دانان و بەرەو قەبرستان وەڕێکەوتن. زۆربەى دووکانی شار داخرابوو و خەڵک هەر دەهات و زیاتر دەبوون. مەلاکانی شار وەک مەلا عەزیز و مەلا عەوڵاو مەلا دربکە لەگەڵ بوون. لەسەر بانەکانی شاریش ژنان کۆببوونەوە و دەگریان. سەرباز دەورى ئەو خەڵکەى دابوو و چاوەدێرى وڵاتیان دەکرد. ناشتنەکەیان کەوتە پێش نیوەڕۆیە، بەڵام بە عیزەتی خوداى وەختێک دەمانناشتن ٣ دەعباى شین شین، شتێک لە کۆترى چکۆلەتر کە لە تەواوى عومرم دا دەعباى ئاوام نەدیبوو، هەموو جارێ دەهاتنە سەر ئەو قەبرانە و لەسەر کێل و دارەکان دەنیشتن و دەیانخوێند. جارجاریش خۆیان لە سەراى قەبرەکان رادەکرد. شتێکی زۆر سەیر بوو، ئەمن مات و مووتەعەجیب مابووم و سەرم سوڕمابوو. بەم شێوەیە هەتا هەر سێکمان ناشتن ئەو دەعبایانە هەر لەسەر ئەو قەبرانە و لەسەر کێل و دارەکانی دەورووبەر دەسوڕانەوە. دوایە ئەمن و کاکم و خەڵکی دیکە چووین بە کۆڵ بەردمان هێنا بۆ ئەوەى بە پشتی قەبرەکانی دا رایەڵی کەین.

لە نێو گریان و شیوەنی خەڵک دا، کاک رەحیمی جەوانمەردى قازى لە شین و گابۆڕی دا و خۆى لەخۆڵێ وەردا، ئەفسەرێک هات راستی کردەوە و گووتی: نابێ ئەوەى بکەى، ئەوە خۆپێشاندان و شتی لێ ساز دەبێ، حەقت نییە.

بەم شێوەیە ئەو سێ شەهیدە بە خاک ئەسپێردران. قەبرەکانیان کەوتۆتە داوێنی کێوى داشامەجید. لەو ساڵانەى دواییدا کێل و بەردەکانمان تازە کردوونەوە. بەڵام دوو جاریان شکاندن و ئێمە مەجبوور هەموو جارێ چاکیان دەکەینەوە.

ئەوانە بە یەک دونیا ئیفتخارەوە ماڵ ئاواییان لە خەڵک و نیشتمان کرد. کاک کەریمی قازى لەتیفی، دوایە لیباسەکانی قازى دا بەمن، کە بیانبەمەوە ماڵە پێشەواى. ئەمنیش لیباسەکانم هەڵگرت و چوومەوە ماڵە پێشەواى. میناخانم و کچەکانی هەموو هاتبوونە سەر خواجانەکانی دەروەازەى و دەگریان و شین و گابۆڕیان بوو.

زۆر کەس نەیوێرابوو بێتە سەر قەبران و لە ماڵە خۆیدا تازیەبار بوو. دواى ئێعدامی ئەوانە ٤ ئەفسەرى دیکەى قارەمان، بە نێوەکانی حامیدى مازووچی، عەبدوڵاى رەوشەنفیکر، محەممەد رەسووڵی نەغەدەیان و محەممەدى نازمی، لە مەهاباد ئێعدام کران. دیارە پێشتر دارى بێدادی شارەکانی بۆکان و سەقزیشی گرتبووە و لەوێش زۆر قارەمانی وڵاتەکەمان گیانیان بە گەل و نیشتمان بەخشی.

دواى ئەو رووداوە وڵات بە تەواوى کش و مات بوو. بێدەنگی و ترس و خۆف باڵی بەسەر وڵات داکێشا. زۆربەى خەڵکی کورد بە تایبەتی خەڵکی شارى مەهاباد، بۆ ساڵەهاى ساڵ رەشپۆش و ماتەمبار بوون.

ئەوانەى لە خۆیان دەترسان هێندێک وەک هەژار و زەبیحی و … هەر پێشتر هەڵات بوون و پەرەوازەى هەندەران ببوون. هێندێکیش وەک حەمەدى مەولودى چەکی دەست دایە و تەسلیم نەبوو و لەو سنوورانە قاچاغ بوو. دیارە حەمەدى مەولودى زۆر بەوە توڕە بوو کە پێشەوا شەڕى نەکرد. پێشەوا پێیگووت بوو: “حەمەد ئەتۆ بە خۆت و بە چەند کەسی سابڵاغی دەڵێی چی؟ کوا دەتوانی بە گژى ئەو دەوڵەتەدا بێی، وەزع لە بنەوە خراپە و نازانی هەر چوار دەورمان بە دوژمنی خۆمان گیراوە”. هێندێکیش وەک قاسمی قادرى و ئەسحابی بێ هیوا و بە نائومێد، بە تاسەى ئەوەى کە کۆشکی ئاواتیان ڕووخا، بە بێ دەنگی لە ماڵی خۆیان دا خۆیان شاردەوە و بە نهێنی دەژیان.

ئەسحابی ئەفسەریکی زۆر جوان چاک و کەڵەگەت کۆمار بوو و بۆ ماوەى ٢ ساڵ لە ماڵێ دا، خۆى شاردەوە و لە ژورێ نەهاتە دەر و ژنە عەجەمەکەى بە خێوى دەکرد، لەو ماوەیە دا دەوڵەت نەیدەزانی کە لە ماڵی خۆى دایە. دواى دوو ساڵ کە هاتە دەر چ بێتە دەر، سەر و ردێنی وەک بەفر سپی ببوو ئەو ماوەیە گوایە هەر گریابوو. چوونکە تا رادەى پەرستن، پێشەواى خۆش دەویست. دواى ئەو ماوەیە بە یارمەتی ئاغاى مەحموودى و کەسانی دیکە هەوڵیان دا کارەکەى بۆ وەرگرنەوە و حوکمی بدرێتەوە و بچتەوە ئیدارەى فێرکردن و پەروەردە. پووڵی ئەو ماوەیەش کە لێیان بڕیبوو بۆیان ئەستاندەوە.

قاسمی قادرى قازى کە پێشتر باس کرا، مامۆستا بوو و لە کۆمەڵەى ژ – ک دا مۆرەیەکی گرینگ بوو. بە دواى تێکچوونی کۆمار، لە ماڵە خۆى نەهاتە دەرێ بۆ ماوەى یەک ساڵ هەر لە ژوورێ دا بوو. ئەو شوغڵەکەى لێ ئەستێندراوە و فەقیر و نەدار بوو و زۆرجار، نانی ویشکی نەبوو بیخوا. لەبیرمە جارێک جێژن بوو دایکم ٢ کیلۆ رۆن و بڕێک قەند و چا و هێندێک شتی دیکەى دامێ بۆم بردن. بەو جۆرەش ئەوەندە بە هیمەت بوو حازر نەبوو داوا لە کەس بکا کە یارمەتی پێ بکا. لە راستی دا ئەو نەفس گەورەییەى هەبوو کە ئێحسان نورى پاشا هەیبوو. ئێحسان نورى پاشا کە لە زەمانی رەزاشادا پەناى بۆ ئێران برد بوو، مانگێ ٣٠ تمەنیان مانگانە دەدایە و بەو پووڵەش نەدەکرا کرێی خانووش بدا و بەڕێش بچێ. رۆژێکی جێژنە بووە، ئەو خانووەى کە ئەو بە کرێی گرتبوو، ماڵێکی دیکەى دەوڵەمەندى گەورەى تێدا بووە. ماڵەکە خۆیان بۆ جێژن ئامادە دەکەن و پڵاو و خۆرشت ساز دەکەن. ماڵە ئێحسان نورى پاشاش هیچیان نابێ کە سازى بکەن. ئاخر نە برینجێک نە رۆنێک نە هیچ شتێک، بۆ ئەوەى ئەو ماڵە دەوڵەمەندە نەزانن کە ئەوان هیچیان نییە. ئێحسان نورى پاشا بە ماڵێ دەڵێ: “بچنە حەسارێ قاپ و کەوچکان بشۆن و خرتە خرتێک بگرنەوە، با بزانن کە ئەوە ئێمەش خۆ بۆ جێژن ئامادە دەکەین”. جا قاسمی قادریش داواى لە کەس نەدەکرد و غیرەتی نەفسی ئاوا بوو.

پێویستە ئەوەش وەبیر بێنمەوە ئێحسان نورى پاشا دواى ئەوەى پەناى بۆ ئێران هێنا و بوو بە پەنابەر، لە ماڵە خۆیدا ئاڵاى کوردستان هەر هەڵ دەکرد. رەزا شا دەنێرێ و رادەسپێرێ کە کارى وا نەکا. ئەویش ئێحسان نورى پاشا دەڵێ پێی بڵێن کە موڵک و ماڵ و هیچ شتێکی نەماوە هەر ئەو ئاڵایە نەبێ، ئەویش هەتا ماوم با ئەوەم لێ نەستێنێ. رەزاشا گووتبوى: باشە لێی گەڕێن، کەیفی خۆیەتی با لە ماڵە خۆى دا ئاڵاى هەبێ.

ئەوەی ئەمن بزانم لەگەڵ ئەوەى زۆر کەس لە ئەفرادى عەشایر، بە تێکچوونی کۆمار و ئێعدامی رێبەرانی زۆر خۆشحاڵ بوون، بەڵام بە گشتی خەڵکی زۆربەی شارەکان و قسمەتێکی زۆر لە عەشیرەتی بەگزادەى سەقز و مەهاباد، وەک ئاغاوەتی دێهاتی دەورووبەرى ئاوایی یاڵاوە و هەروەها بەشێک لە عەشیرەتی مامەش، وەک ماڵە کاک عەوڵاى جەڵدیانێ و زۆری دیکە بە تێکچوونی کۆمار لە رادەبەدر ناڕەحەت و زۆر بە پەرۆش بوون. بە گشتی غەمی لە دەست چوونی کۆمار ساڵەها باڵی بەسەر وڵات دا کێشا و زۆر بنەماڵە بۆ ئەبەد داغدار و رەشپۆش و دڵ بریندار بوون.

لە بیرمە جارێکی مینا خانم خێزانی پێشەواى هات و بە بابمی گووت کە کەسێکی بۆ بنێرێ کە ئەو حاسڵاتەیان بۆ کۆ بکاتەوە. بابم بانگی منی کرد و گووتی بچۆ ئاوایی ئاغەڵیان و لەوێ دەودووى ئەو زەمینانەى ماڵە پێشەواى کۆ کەوە و گەنمەکەی دەچاڵێ کە. بابم رێنوێنی کردم کە بە کوێ دا بڕۆم و شەو لە کوێ بمێنمەوە.

لەگەڵ عەلی مام حەسەنی بە دۆڵی بەسرى دا بەرە و ئاوایی دەوەشارى، وەڕێکەوتین. لە رێگایە زۆرمان تینوو بوو. لە لاپاڵێکی، بێستانە دێمێکی یەکجار زۆر گەورە، لە قەراغ رێیە بوو. گڕکە و تاڵکە و ترێزو و لە دوور را هەر زەرد دەچوون. کابرایەک لە داوێنی جووتی دەکرد. هەرامان لێکرد و داوامان لێکرد کە کەمێکمان پێ بفرۆشێ. ئەویش جوابی داوە کە ئەوە بۆ فرۆشتنێ نییە و بەخێر کراوە و داواشی کرد کە تۆوى میوەکانی بۆ لەسەر بڕکەکان دابنێینەوە. دوایە کابرایەکی دیکەش هات، ئەویش زۆرى لێکردەوە. ئێوارێ درەنگ گەیشتینە دەوەشارى و لە ماڵە شێخ خاڵیخانی ئەمیرى لامان دا. کاک عومەرى کوڕى لە ماڵ نەبوو و بۆخۆشی نەخۆش بوو لە لاق کەوتبوو و دەجێیەدا بوو. دواى بەخێرهێنانێکی زۆر، خۆمان ناساند و گووتمان کە بۆ مەبەستێکی ئاوا دەچینە ئاوایی ئاغەڵیان. هەر کە نێوى پێشەوامان هێنا، ئەو پیاوە مووحتەڕەمە دەستی بە گریانێ کرد و زیاتر لە سەعاتێکی هەر گریا و ژیر نەدەبووە.

ئەوجار دەوڵەت بە نێوى جۆراوجۆر بەڵام لە راستی دا بە بیانووى پشتیوانی لە کۆمار، ماڵیاتی خستە سەر هێندێک بنەماڵەى سەرەکی پشتیوانی کۆمار. یەکێک لەو بنەماڵانە، عەشیرەت و ئاغا و بەگزادەى ئاواییەکانی دەورووبەرى یاڵاوە بوون. ئەوانە زۆر نەدار و فەقیر و دەستەنگ بوون. سۆفی مەجیدی یاڵاوە لەو ئاغایانەیە و پیاوێکی کەڵەگەتی باڵا بڵیندى جوان چاکی ردێن سپی درێژ بوو. بە دواى رووخانی کۆمار دا رۆژێک دەچێتە ماڵە میرزا رەحمەتی شافعی کە زۆربەى ئاغا و شێخ و کەسایەتییەکانی ناوچە و هێندێک پیاوى رێژیم لەوێ دەعوەت کرابوون. ئەویش دەچێتە ژوورێ و سڵاو دەکات، بەڵام رێز و قەدرێکی واى لێنانێن و بە هێندى ناگرن. دوایە روو لە عالەمەکەى دەکا و دەڵێ: “ئاغایان ئەورۆ ئێوە دەستتان دەڕوا، ئێوە دەزانن ئێمە فەقیر و کەسادین و هیچمان نییە و ئەو ماڵیاتەمان پێ نادرێ کە بۆیان دیاری کردووین. ئێستاش پیاوى چاک بن یارمەتیمان بکەن تا ئەو بڕیارە هەڵوەشێتەوە”. ئەویش ئەوان پێی پێدەکەنن و گەمەى پێدەکەن.

سۆفی مەجید هەڵدەستێ و بە دەنگێکی بەرز یەک بە خۆى هاوار دەکا: “ئەى بابە رۆ ئەى بابە پشتم شکا، ئەى هاوار ئەو کوردستانە بۆ پیاوى تێدا نەما. ئەى هاوار قازى محەممەد، ئەى هاوار حەمە حوسێن خان، ئەى هاوار بابە، پشتم شکا. ئەى هاوار، ئەوە ئەو کوردستانە بۆ پیاوى لێبڕا، جا بە ئێوەش دەڵێن پیاو. بە ئێوەش دەڵێن ئاغا و رەئیس عەشیرەت”. ئیدى هەڵدەستێ و دەڕۆا.

لەو ساڵانەى دواییدا، ئەمن لە مزگەوتی قازى مەوعیزەم دەکرد خەڵکێکی زۆرى ڵێ بوو. یەکێک پرسیارى کرد و گووتی هەموو قەومو میللەتێک پێغەمبەرى بۆ هاتووە، بۆ بۆ کورد نەهاتووە؟ ئەمنیش گووتم: “ئەدى قازى محەممەد پێغەمبەر نەبوو، ئەدى پێغەمبەر چییە؟” کابرایەکی لێ بوو نێوى کاک تەها بوو. هەستا، هات و نێوچاوانی ماچ کردم. دوایە گووتم: “قازى محەممەد پێغەمبەر بوو قەدرمان نەگرت خوداش غەزەبی لێ گرتین”.

ئەمن دەزانم ئەوانەى خەیانەتیان بە کۆمار کرد، بە تایبەتی عەشایر، دواى چەند ساڵان چۆن لەبەر دەستی خەڵکی دا زەلیل و داما و ببوون و زۆرجار نەیاندەوێرا بچنەوە و رێگاى ماڵە خۆشیان نەبوو. یەک لەوان کە رقی کۆمارى بە ماڵە قەرەنیاغاى رشت، مەلا ساڵەى پەسوێ بوو. ئەو ئینسانێکی ئازا و نەبەز و گونێل بوو و بە تۆڵەى ئەو خیانەتەى، دارى لەسەر بەردى نەهێشتن و وێرانی کردن. ئەو تۆڵەى رابردووى لێ دەکردنەوە. دیارە هێندێک خەڵکی خراپ بە هاندانی کەسانی خائین، دەیانگووت کە مەلا ساڵە ئەرمەنییە و سوونەت نەکراوە و شتی خراپیان وەدوو دەخست. بەڵام ئەمن دەزانم کە مەلا ساڵە چی دەویست. ئەو دەیگووت: ئەگەر دەرفەتێکم بۆ هەڵکەوێ دەزانم چۆن تۆڵەى پێشەوایان لێدەستێنمەوە.

١٨

سەربازى

هەروەک باسم کرد دواى تێکشکانی فیرقە و گیرانەوەى مەهاباد، هاتمەوە مەهاباد و خەریکی کارى وەرزێرى بووم. بابم (قازى کەریم) نەخۆش بوو و زۆر کەساد بووین. دەوڵەتیش کە هاتەوە بە بیانووى ماڵیات بەڵام لە راستی دا بە تاوانی قازى بوون، ماڵیاتی زۆرى لێ ئەستاندین و ئەوەندەى دیکەش وەزعمان کەنەفت بوو و لە غایەتی فەلاکەت و قەرزدارى دا بووین. بابم مەجبوور بوو هەموو پووڵەکەى بە قازانج لە سوورەى شافعی و موفتی وەرگرێ و بیانداتێ. زەمینەکان بەش کرابوون و ئێمە ئاوایی کۆنەدێ و زەمینەکانی شاریمان هەبوو. ئەو زەمینانەش ئەوکات نە دەفرۆشران و نە هیچیان لێ پەیدا دەبوو و لە راستی دا بە زەحمەت بژێوى خۆمان لێ پەیدا دەکرد.

سەرەراى ئەوەش لە لایەن هێندێک کەسی سەر بە دەوڵەت، زۆرمان بێ حوڕمەتی پێدەکرا و تەشەر و لاتاویان پێدا دەداین و زوڵمیان لێدەکردین. تەنانەت جارجاریش ناسیاو ئاشناش پێیان دەگووتین کە لە لایان رانەوەستین بۆ ئەوەى بەدبەخت نەبن. هەر لەو سەروبەندەدا جارێک هێندێک کەس لە باغی قۆپی داریان لێ بڕین و ئێمەش لەگەڵ کابراکان بەشەڕ هاتین و لێمان دان. بە دواى ئەو رووداوە دا بردیانینە شارەبانی و دواى محاکەمە پێیان گووتین: “ها ئەوە زەمانی قازى محەممەدى نییە کە بە خەنجەرى لە زگی خەڵکی و دەدا، کەس نەیدەوێرا دەنگێ بکا”.

بەگشتی ئەوە وەزعمان بوو و ئەو ساڵانەمان ئاوا تێپەڕ کرد. دواى دوو ساڵ، دەوڵەت دەستی بە سەرباز گرتن کرد. ئەمن لە ساڵی ١٣٢٧ لە دەورەى یەکەم دا، چووم خۆم ناساند. ئێوارە بوو چوومە هەنگی مەهاباد. گروهبانێک لەوێ دانیشت بوو و لەولاتر ئەفسەرێکی لێبوو. گروهبانەکە ئینسانێکی سمێڵ زەلامی قوڵەخڕەى تێکسڕماو بوو، نووسی تۆپخانە. ئەمنیش دەمزانی کە دەبێ بچم ئێستران بەخێو کەم، چوونکە ئەوکات تۆپیان بە ئێستران رادەگوێزت، ئەویش کە قەڵەمەکەى لەوێ داناوە، ئەمن قەڵەمەکەم هەڵگرت و نووسیم پیادە نیزام. ئەویش بزەیەکی هاتێ و هەر بڵغەبڵغیشی دەهات، قەڵەمەکەى هەڵگرتەوە و نووسی تۆپخانە و قەڵەمەکەى داناوە. ئەمنیش دیسان قەڵەمەکەم هەڵگرتەوە و نووسیم پیادە نیزام. ئەویش پێکەنی و گووتی: بۆ وا دەکەى ئەتۆ خودا هەر بۆ تۆپخانەى داناوى.

ئەمنیش گووتم: پێمخۆش نییە بچمە تۆپخانە و پێمخۆشە بچمە پیادە نیزام، سەربازى دەکەم. ئەنگۆش پیادە نیزام و هەیە.

ئەو سەروانە کە لەوێ دانیشت بوو ئاگاى لەو کێشەیە بوو گووتی: راست دەکا هاتووە بۆ سەربازى بنووسە پیادە نیزام.

بەڵێ چووم بۆ پیادە نیزام، لەوێ ئەفسەرێکی لێبوو بە نێوى سەروان بەسیرەت کە هەروەک پێشتر باسم کرد بۆ ماوەى ٢ مانگان ئەسیرى بارزانیان بوو و بە نیسبەتی کورد، زۆر قین لە زگ و بوغزاوى بوو. ئەوجار گروهبانێکی لێبوو لۆڕ بوو بەڵام بە تورکی قسەى دەکرد و حەرفی (گ)ى نەبوو، بۆ وێنە بە گۆیمەى دەگووت قۆیمە. کە ئەمنی دیت زۆر خۆشحاڵ بوو. گووتی یاڕەبی بەخێر بێی قازى ئەوە چوار سەربازى دیکەشم بۆ دێ، گورهانەکەم پڕ دەبێتەوە. دوایە سەروان بەسیرەت هات کە نێومان بنووسێ، کە چاوى بە نێوى من کەوت گووتی: قازى!

– بەڵێ.

– بڕێکی چاو لێکردم و گووتی: قازى جەنگی؟

– ئەدى لە قازى جەنگی لەو مەنتیقەیە زیاتر هەیە؟

– ئەمن نامهەوێ بیبەنە گورهانێکی دیکە.

ئەمنیش خودا خودام بوو کە لە کۆڵم ببنەوە و بڵێن قازى جەنگیمان ناوێ. بەڵام گورهبانەکە کۆڵی نەدا و گووتی: “بە خوداى ئەمن ئەوەم هەر دەوێ”. ئەفسەرێکی دیکەش کە لەوێ بوو گووتی: لەو قسە قۆڕانە گەڕێن، سەرباز سەربازە هەر کەس بێ، چکارو بە نێوو شۆرەت داوە.

بەم شێوەیە لە گورهان قبووڵ کرام و ٦ مانگ لە سابڵاغ دەورەم دیت. لەو ماوەیەدا ئەمنیان کردە فەرماندەرى ١٠ کەسان، بەڵام وردە وردە دیتم کە گیر و گرفتم بۆ ساز دەبێ بۆیە هەوڵم دا، تا بەرپرسایەتیەکەم لێ بستێننەوە. رۆژێکی سەروان بەسیرەت گووتی: “ئەگەر کاوڕێکم بدەیەى شوێنەکەت بۆ دەگۆڕم و دەتهێنمە ئەرکانی گورهان”. ئەمنیش لە خودام دەویست قەبوڵم کرد. کارەکەم گۆڕدرا و رۆژێ کارى من ئەوە بوو پەتویەکی هەڵگرم و موسەلسەلێکی سووک بەرم و لە باڵ یەکی دەربێنم و بە سەربازان بڵێم، ئەوە دەرزییە و ئەوە مەگەسەکە و ئەوە پایەکەیەتی. ئەوە کارى من بوو لە باڵ یەکم دەردێنا و دەباڵ یەکم دەناوە. وردە وردە چوونکە زۆر چاک فێر ببووم، ئەوجار دەرسم دەگووت و دوایەش چوونکە بەرێوەبەرى تیرمان نەبوو، ئەمنیان کردە گورهبانی تیر و سەربازم فێرى دەرسی ئەسلەحە و ئەوەى کە ئاوا لە راست بۆ چەپەوە نیشانەى بگرن و ئەوەى نێوى ئەوەیە و ئەو جۆرە شتانە دەکرد. ئەوە بوو بە هۆى ئەوەى کە هەڵاتن و قەدەم ئاهیستەو و ئەوانەشم لە کۆڵ بووە.

ئەوکات وەرەهرام فەرماندەرى تیپی مەهاباد بوو. رۆژێکی لە ورمێ را سپەبوود مزەفەرى هات بۆ بازرەسی و هەموو گورهانەکانی چوار و پێنج و شەشیان لە گۆشەیەکی مەیدانێ کۆ کردەوە. لە دوور نیشانەیان دانابوو و ئێمەش لە سەفێکی درێژدا، لەسەر سێ پایەى نیشانەگیریمان فێرى سەربازان دەکرد. دواى ئەوەى ئەوانە بە تەواوى چاویان بە مەیدانەکەى دا خشاند. هاتن بۆ لاى ئێمە و لەسەر را بە سەفەکەیدا هاتن و مزەفەرى بە هەر یەکەى دەگووت ئەوە چەپە، ئەوە راستە، هەتا گەیشتە سەفی من. زۆر بە دیقەت چاوى لێکرد و زۆرى هەوڵ دا تا عەیبێکی لێ ببینێتەوە بەڵام نەیتوانی دوایە گووتی: بە بە این مال کدام گروهان است. (ئافەرین ئەوە سەر بە کام گورهانە؟).

دوایە درێژەی بە قسان دا و گوتێ: آفرین این گروهبان خوبی است. (ئافەرین ئەوە گروهبانی چاکە).

ئەمنیش گوتم – گورهبان نیم، سەربازم ئەو ساڵ هاتووم.

بە وەرەهرامی گووت: خواهش میکنم این را تشویق کنید. (داواتان لێدەکەم ئەوەى خەڵات بکەن).

چەند رۆژی پێچوو هیچ لە گۆڕێدا نەبوو. دوایە لەسەر کارێک، بەهانەیان پێگرتم و لە باتی تەشویق، دوو رۆژیشیان لە زیندان کردم.

١٩

دواى ٦ مانگ مانەوە لە پادگانی مەهاباد بەرێیان کردم بۆ سەردەشتێ و ١١ مانگ لەوێ مامەوە. رۆژێک لەگەڵ چەند سەربازان خەریکی فێربوونی ناردن و وەرگرتنی پەیام بووین. تەمرینەکەمان بە هۆى ئاوێنە و موخابەراتەکەمان بە هۆى دووگمە و تیشکی رۆژ بوو. شەوانەش بە هۆى چرا و نوختەش دەبوایە خەتی مۆڕس بێ. دیارە ئەمن ئەوەم زۆر چاک دەزانی و دەرسم دەگووت و دەبوو بۆ کەسى دیکە لە دوور را مۆڕس لێ بدەین. بۆ وێنە: “ریاسەتی موحتەڕەمی فڵان”. تەرەفیش دەبوایە جوابی داباوە. ئەگەر حاڵی نەبایە ئەو لەوێ چرایەکی هەڵدەکرد، یان دەیکوژاندەوە. هەروا خەریکی ئەو دەرسە بووین، لە نەکاو سەربازێک بە غاردان هات بە دوام دا و گووتی: “سەروان جەهانشیر گوتویە ئەو سەربازانە کۆکاتەوە و بیانهێنێتەوە”؟

– چ خەبەرە؟

– ٣ کەس بازڕەس لە مەهابادێ را هاتوون بۆ موسابەقەى تیر ئەندازى.

ئەوکات زستانێکی زۆر سەخت بوو، سێ مانگ بوو رێگاى مەهاباد سەردەشت گیرابوو و ئەو سێ کەسە لەوێرا بە پێیان هاتبوون بۆ ئەوەى چاوەدێرى بەسەر موسابەقەکە دا بکەن. قاعیدەش ئەوە بوو دەبوایە فەرماندەی گورهان بە کەیفی خۆى کەسێک هەڵبژێرێ و ئەوانیش بە کەیفی خۆیان سەربازیان بە خەت کردبا و یەکی چرچی پیس و پۆخڵیان هەڵبژاردبا. هەر کەسەش دەبوایە یەک فیشەکی پێ بێ. بەم شێوەیە ١٢ کەسیان هەڵبژاردبا.

ئەمنیش ئەگەر گەڕامەوە ئەفسەرەکەمان گوتی: “بڕۆ تفەنگی خۆت بێنە”.

ئەمنیش تفەنگەکەم پەلاپیتکەى خراپ ببوو و سەرپێی سووک ببوو، سەرى سوابوو و هەر قامکت گەیشتبا سەرى دەردەچوو. تفەنگەکەم هێنا و نیشانە داکران. هەموو یەک میزان و یەک شت نەبوون بەڵام هەموو خاڵێکی رەشیان لەسەر بوو. دوایە هەموو درێژ بووین، ئەفسەرەکەمان هات و گوتی: دەزانی کامە نیشانەى تۆیە؟

– دیزەکەیە.

– کوڕە نەکەى تەنەکەکە ئی تۆیە، جا بزانم چ دەکەى، پەلەى مەکە مۆڵەتت زۆرە.

دیار بوو ئەگەر لە نیشانەم دابا، ئەو خەڵات دەکرا.

– باشە.

هەر چەند ئەمن وەک کاکە رەحمانم زۆر لە سێرەگرتن و تەقە کردن تەڕدەستم، بەڵام نەمدەوێرا قامک لە پەلاپیتکەى نیزیک بکەمەوە. ئیدى هێشتا ئەوان بە تەواوى درێژ نەببوون و فیشەکیان دەبەر تفەنگی نەنابوو، درێژبووم، تەقە لە تفەنگی هات، تەنەکەم هەڵداشت.

سەروان سیستانی فەرماندەرى گوردان گووتی: “نیگەران مەبن قازى لە دەستی دەرچوو. بە جان ننەام (بەسەرى نەنکم)”. جا سوێندى بەسەرى نەنکی دەخوارد. ئەویش فەرماندەکەمان بە ترکی گووتی: “ئەللا بلی دروست تورتەدان ورمیش دى، (خودا شاهیدە دروست لە نێوەراستی خاڵەکەى داوە) ئەمن دەیناسم”.

سەروان سیستانی گووتی: “خۆ ئێستا بە باشی درێژ نەببوو بۆیە دەڵێم لە دەستی دەرچوو”. بەڵێ هەر کەسە فیشەکی خۆى هاویشت، بەڵام کەس خاڵی رەشی نەنگاوت. سەربازێک بەهانەى هێناوە کە لە دەستی دەرچووە. سەروان سیستانیش گووتی: “وەڵڵا راست دەکا لە دەستی دەرچوو، دەبێ فیشەکێکی دیکەى بدەنێ”. سەروانەکەى ئێمە زۆر تووڕە بوو و نێوچاوانی گرژ کرد بەڵام کەس گوێی نەدایە و فیشەکێکیان دایە، بەڵام هەر نەیهەنگاوت.

هەر لەو سەروبەندەدا، لە ورمێ موسابەقەى تیرئەندازیان دانابوو. گوروهبانێکمان هەبوو بە نێوى ئەحمەدیان، زۆر وێچوو بوو و حەنەفی مەزهەبی موهاجر بوو و خۆشیان نەدەویست. چوو بۆ لاى سەروان و داواى لێکردبوو کە لە گورهانێ را ئەوى بنێرن بۆ موسابەقە. ئەویش سەروان پێیدەڵێ: خدا شاهد است قازى گنجشک را در هوا زد (خودا شاهیدە قازى لە حەواى لە چۆلەکەى دا) بەڵام ناڵێ بمنێرن، بڕۆ بڕۆ عەیبە.

دوایە ئەو گروهبانە هاتە لاى من و گووتی فڵان کەس ئەتۆ لە کوێ لە حەواى لە چۆلەکەت داوە؟ گووتم: “ئەوە دەزانی چۆن بوو، ئەو گروهبان موسازادەیە بە ماڵەوە هاتبوو بۆ قازیاوایە. ئەویش قەلەبەڵەکەیەک بە ئاسمانیدا دەهات. ئەمنیش تاپڕێکم پێوەنا بەربووە. جا ئەو گروهبانە ئەو نەقڵەى بۆ ئەو ئەفسەرە گێراوەتەوە. ئەوە پێیوایە کە تاپڕ، یەک گوللەى تێدایە. ئەوجار وەڵڵاهی چۆلەکە نەبوو قەلەبەڵەکە بوو. بەڵام نەچی دەنگێ بکەى با ئەوان هەروا بزانن”.

هەر لەو زستانە سەختەدا کە رێگا و بان گیرابوون و قاتو قڕى بوو، جولەکە باریان دەکرد و دەگەڕانەوە بۆ فەلەستین. لە سەردەشتێ جولەکەیەکی فەقیرى لێ بوو حەمباڵی دەکرد و نەیبوو کە بگەڕێتەوە. ناچار بڕیارى دا کە بە درۆ موسوڵمان بێ. هەر کە موسوڵمان بوو، خەڵکی ویشکە مەزهەبی و بێسەواد و موتەعەسیب، کەوش و پێڵاو و لیباسی چاکیان بۆ کڕى و لە دیوەخانی ماڵی دەوڵەمەند و خانەقایاندا، دەورەى میوانییان بۆ دانا و هەر شەوەى لە ماڵێکی بانگهێشتن دەکرا. ئەوجار لە بەهارێ دا دەیانبردە باغ و باغات و سەیران و لە سەرەوەى خۆیان دادەنا.

زستان تەواو بوو و هەوا بەرەو خۆشی رۆیی، رۆژێک مەئموورییەتیان دا بە گورهانەکەمان کە بچین بۆ ئاوایی قەلەرەشێ. شتومەکمان کۆکردەوە و ئەوانەى کە ئێستریان بۆ هێناین، هەموو سوێسنی خەڵکی قەڵەرەشێ بوون. ئەمنیش دوریم لێ نەدەکردن و هەروا قسەم لەگەڵ دەکردن و لە یەکیانم پرسی: ئەرێ ئەمەرى مەولودى ماوە؟ ئەوەى کە لە زەمانی رەزاشاى دا چەپەرێکی کردبوو بە تەخت و دەچووە سەرى و ئەگەر سوێسنی چاکیان شەڕ کردبا، ئەستێرەى لە سەر شانیان دەدروو.

– ها ها هۆوەیە، لەگەڵ ئێمەیە.

ئەگەر تەماشام کرد یەکێکی کورتە باڵا، کاڵە و گۆرەوى هەڵکێشابوو، کڵاشی لە پێ دا بوو، لاق باریک. ئەویشیان هێنابوو بۆ ئەو کاروانەى. ئەو زۆر خۆى دەپاراست چوونکە هەر ناخۆشیان دەویست.

ئەمنیش هەنگاوم خۆش کرد و وردە وردە چووم بۆ لاى، سەبیلەى داگیرساندبوو قەننەى دەکێشا. ئەوکات زۆر جحێڵ بوو و تازە ردێنی ماش و برینجی ببوو. بە تەنیشتی دا تێپەڕیم و لەبەر خۆمەوە گووتم: ئەمەر پاشا وەبیرت دێ لە باتی ئەستێرەی زێڕ و زێو، مازوت لەسەر شانی سوێسنیان دەدرو.

رەتێکی بردو لاى دا و رۆیشت و چۆوە نێو سوێسنیەکان. بە سیلەى چاوم ئاگام لێ بوو لە رەفیقەکانی دەپرسی کە ئەوە کێیە. ئەوانەى کە قسەم لەگەڵ کردبوون، گوتبویان ئەوە لە تایفەى قازیانە و سەربازە و خەڵکی مەهابادە. هێندەى پێ نەچوو بەو لاى دا وردە وردە کەوتە پشتەوە و خۆى دزیەوە و هاتەوە بۆ لاى من. ئەمنیش سەرم بەردابووە و دەرۆیشتم، هاتە تەنیشتم و دەستی خستە سەر شانم و ماچی کردم و گووتی: لە لاى ئەو مەلعونانە ئەو قسەیەت بۆ کرد؟

– نیگەران مەبە ئێمە هاودەردین، دەنگێ ناکەم.

بەم جۆرە وردە وردە بە پێی کاروان، بە قسەکردن وەڕێکەوتین. ئەوە سەرەتاى ناسیاویمان بوو.

گەیشتینە ئاوایی قەڵەڕەشێ، شوێنێکی یەکجار زۆر جوان و خۆش بوو. دەورووبەرى هەمووى دار و لێڕەوار بوو. چۆمێکی زۆر جوان بە داوێنی ئاواییدا تێدەپەڕێ و گۆمی شین شین کە بەردى داتاشیبوو و گۆمیلکەی پێکهێنا بوو و ئەوکات پڕ بوو لە هەزاران قاشە و زەردە ماسی و لەسەر ئاوێ دا شەتەیان بەست بوو، دیمەنی سروشتی، ئەوەندەی دیکە رازاندبۆوە و دڵت نەدەهات چاویان لێ هەڵگری. مراوى و دەعباى دیکەى جوان، ئەو دیمەنەیان سەد ئەوەندە رازاندبووە. لە شوێنی تەنگەبەر ئەوبەرەوبەرى ئەو بەردە داتاشراوانە دا، دارى درێژ رایەڵ کرابوون و بە قوڕ و چرپی داپۆشرابوون و خەڵک و ئێستربار، بە سەریاندا دەپەڕینەوە. لە پشت ئاوایی کێوێکی لێیە کە پادگانەکە لەوێ هەڵکەوت بوو. خەڵک زەویان لە خۆیان بەش کرد بووە و هەر کوێخایان هەبوو کە خەڵک زەکات و شتیان دەدانێ و ئەوانیش کارى دەوڵەتێیان بۆ رادەپەراندن.

ئێمە لە پادگانی ئەو دێیەى جێگیر بووین. رۆژێک نانەواخانەکەمان خراپ بوو دەبوو چاک بکرێتەوە. مەجبوور بووین، ئاردى بەسەر ماڵاندا دابەش بکەین ٢ تا ٣ تایان ئارد دابوو بە ماڵان بۆ ئەوەى نانمان بۆ بکەن. ئەو رۆژە پشدەرى هاتبوونە لاى سەروانی هەمووى تفەنگی بڕنەوى درێژیان پێ بوو. ئەو تفەنگانە پێشتر لە دەوڵەتی ئێرانێ گیرابوون. سەروان ئەوەى دەزانی هەر ئەوەندە بوو دڵی نەدەتۆقی. سەروان بانگی کردم و گووتی: “سەربازان بەرە و بچۆ نێودێ و نانەکەى کۆ بکەوە و بیهێنەوە میوانمان هەیە”. ئەمنیش چوومە نێودێ و کوێخاکانم کۆ کردەوە و نانەکانیان خڕ کردەوە و لە پەڕۆى گەورەمان نان. لەوکاتەی دا، لە نەکاو تووشی ئەمەر پاشا بووم و هاتە لام و دەستمان بە قسان کرد و گووتی: “وەرە تا نانی کۆ دەکەنەوە چایەکی بخۆوە”. ئەمنیش نەمدەتوانی بچم بە پەلە بووم و زۆر لە نەهارێ تێپەڕی بوو و گورهان برسی بوو. بۆیە گووتم: “بە خوداى ناتوانم، دەبێ زوو نانەکەى بگەیەنمەوە سەرێ”.

ئەمەر پاشا چووە ژوورێ و پڕ بە دەسرێکی گوێز و کشمیش و مێوژە رەشەو ٦ – ٧ هێلکەى بۆ هێنام. ئەمنیش گووتم: “ئاخر وەڵڵاهی نامهەوێ ئاخر نابێ”.

ئەویش گووتی: نا دەبێ بە خوداى ئەوانەم لێ وەرگرى.

پێشتر باسی زوڵم و زۆرى لە رادەبەدەرى ئەمنیەم کرد و لە راستی دا شەڕى سوێسنیان لەگەڵ دەوڵەت، لەسەر زوڵم و زۆرى ئەمنیەى هەڵایسا. زۆر ئیهانەت و بێ حوڕمەتی بە خەڵک دەکرا و خەڵکی سوێسنایەتی ئەو بێ حوڕمەتییەیان پێ قەبووڵ نەدەکرا و بە رێبەرى مەولودى ئەمەرى کە بە ئەمەر پاشا بە نێوبانگ بوو، لەگەڵ دەوڵەت بەشەڕ هاتن. هەر کەس لە هێزى سوێسنی چاک بەشەڕ هاتبا و ئازابا، ئەمەر پاشا مازووى لەسەر شانی دەدرو. تا ئاخر دەوڵەت دەنێرێتە لاى سوێسنیان بۆ ئەوەى بزانێ رێبەریان کێیە و چیان دەوێ.

ئەمەر پاشا لە قەلەرەشێ جێگا و بارەگایەک بۆخۆى ساز دەکا و لە نێو خانوویەکی دا، بە شووى چەپەرێکی چنی بوو و سەوەتەیەکی دروست کردبوو و لە حەواى، وەهاى هەڵاوەسی بوو کە ئەگەر لەسەر کورسی دانیشتبا، سەوەتەکە وەک تاج رێک دەکەوتە سەر سەرى. وەک ئەوەى شا لەسەر تەختی دانیشتبا و تاجی لەسەر نابا.

رۆژێک خەبەر هات کە مەئموورى دەوڵەتی دێن بۆ وتووێژ. کابرایەک بە نێوى میرزا حەسەن کە گوایە نوێنەرى سەردەشتێ بووە، دەگێرێتەوە و دەڵێ: لەگەڵ ئەفسەرێکی وەرێکەوتین بۆ قەلەڕەشێ. ئەمەر پاشا دەستوورى دابوو لە چەند جێگایان، چەند کەس تفەنگ لە شان و گۆپاڵ بە دەست رێگامان پێ بگرن و مەحتەلمان بکەن و گیانمان بگەرێن و لەبەر ئەو سورە تاوە زۆرمان راگرن. سەرەراى ئەوانەش مۆڕەیان لێدەکردین و دەیان ترساندین. ئەوجار لە رادەبەدەر پرسیاریان لێکردین تا گەیشتینە ماڵە ئەمەر پاشا. لەوێش زۆریان راگرتین و هیچ قسەیان لەگەڵ نەکردین. بەم شێوەیە بە جۆرێکیان تۆقاند بووین دەمانگووت تازە سەرمان تێداچوو هەر دەکووژرێین.

دواى ماوەیەکی زۆر رێگایان داین بچینە ژوور. ئەگەر چووین تەماشامان کرد ئەوە ئەمەر پاشا لەسەر کورسێکی دانیشتووە و سەوەتەکەش لەسەرێ را هەتا نێوچاوانی داپۆشیوە. ئێمە سڵاو و کڕنۆشمان برد، بەڵام ئەو متەقی لێوە نەهات و بەخێرهاتنی نەکردین. ئاخر نە بزەیەک نە هیچ شتێک، وەک پەیکەرێک وابوو. لێرەدا ئەوەندەى دیکەش زەندەقمان چوو. گوتمان نا تازە کوژراین. ماوەیەکی زۆر ئاوا رایانگرتین و هەتا نەیانهێشت لەسەر عەرزى ڕووتیش دانیشین. دوایە ئەمەر پاشا یەکێکی بانگ کرد گووتی: بزانە ئەوانە دەڵێن چی.

ئەفسەرەکە گووتی کە ئێمە بۆ وتووێژ هاتووین. ئەمنیش قسەکانم وەردەگێراوە. دوایە ئەمەر پاشا گوتی: “بیانبەنە دیوەکەى دیکە”. ئەگەر چووین تەماشامان کرد دیوێکی خۆش راخراوە. دوایە ئەمەر پاشا لیباسی گۆڕى و هات دەستی لە دەستی ناین و زۆر زۆر بەخێرهاتنی کردین و دەستورى دا چاى بێنن. ئەفسەرەکە زۆرى پێ سەیر بوو، دوایە پرسی: “ئەو هەموو بێ حووڕمەتی و توند و تیژییەى پێشوت لە چی بوو و ئەو هەموو ئیحتڕام و دم بە پێکەنینەى ئێستات لە چییە؟” ئەمەر پاشا گووتی: “ئەگەر ئەمنییە ئێمەى بانگ دەکرد، عەینی ئەو بەڵایەى بەسەر دێناین. چەند سەعات لەبەر دەرکەى رایاندەگرتین، سڵاومان دەکرد، جواب نەبوو و سەریان هەڵنەدەهێنا، ئەوە خۆشە؟ لەسەر ئەوەیە قیاممان کردووە. بۆ هێندەمان بێ حووڕمەتی پێ دەکەن. ئەو ئەدایانەى بۆ ئێوەم دەرێنا، لەو دە ساڵەى دا هەزار ئەوەندەیان پێکردووین. بۆیە دەستمان داوەتە چەک چوونکە هیچ حووڕمەتێکمان نییە. داوام ئەوەیە کە ئەمنییەى لابەن، بێ حووڕمەتیمان پێدەکەن. با هەر سەرباز لێرە بێ”.

بەم شێوەیە بۆ چەند ساڵان ئەمنییە نەچووە نێو سوێسنیان و بۆ خۆیان تفەنگچی دەوڵەتێ بوون.

خەڵکی قەلەڕەشێ زۆر فەقیر بوون. بۆ بژێوى ژیانی خۆیان بە تایبەتی لە زستان دا هاتووچۆى عێراقیان دەکرد و دەچوون بە کۆڵ پارچە و قەند و چا و شتی دیکەیان دێنا و لە سەردەشتێ دەیانفرۆشت. زۆرجار ئینسانی خراپ لە لاى ئەو سەروانەی ئێمە، راپۆرتییان دەدا و ئەوانە دەگیران و روت دەکران و دارکاریان دەکردن و دەیانهێنان و دەیان بردن.

ئێمە سەربازە کوردەکان لەگەڵ تورکان نەدەحاواینەوە و دیوەکەمان ئەسپێی هەڵێنابوو. هەرچەند چادریان بۆ هەڵدابووین بەڵام لەگەڵ خەلیلی بلوورى و رەحیمی ئەسکەندەرى و کاوەى ئاهەنگر و قادر نێوێک، بۆخۆمان بورجێکمان خاوێن کردبووە و زیلۆیەکمان لێ راخستبوو و لەوێ دەژیاین. کەسێکی دیکەشمان لەگەڵ خۆ خستبوو بە نێوى مەحموود شەریف کە زۆر فەقیر و نەدار بوو. هەر قاپوقاچاغی بۆ دەشوتین و ئەمن زۆرم ئیحتڕام دەگرت و سیغاریشم بۆ دەکڕى. خەرجی هەموومان پێکەوە بوو. رۆژێک ئەگەر تەماشام کرد ئەو مەحموود شەریفە هەر کاغەزى دێنا و دەینووسی ئەوە بایە ٥ قران و ئەوە بە ٣ قڕان و پەناباتێکی و بەم شێوەیە ئی هەموویانی حیساب دەکرد، بەڵام ئەمن کە کەللە قەندى ئەبووکڵاوم بە ٣ تمەن و نیوى دەکڕى، حیساب نەبوو.

رۆژێک قادر کە بە ژێر پیاڵەى چاى دەخواردەوە، ئەسپێیەکی گەورە لەنێو ژێرپیاڵەکەیدا بوو. ئەویش هەر نەیدەڕشت و فوى لە ژێرپیاڵەکە دەکرد. دوایە گووتی: “خودایە زۆر شوکور بە بەشت جا وا دەبێ”؟ ئەمنیش زۆر توڕە بووم گووتم: هەتیوە ئاخر ئەوە بۆ شوکور دەبێ، بە ئەسپێی دەڵێی شوکور، وەڵڵاهی دەڵێم مستێکت لە تەپڵی سەرى دەم.

ئەویش گووتی: “هەتیوە ئەوە بۆ خۆت شێت کردووە، ئەدى بڵێم چی”؟ گووتم: “بڵێ ناشکور، وەڵڵاهی چون شوکرانەى دەکەى لەگەڵت نابم”. بەم شێوەیە حیسابی قڕان قڕان و ئاوا بە پیسی ژیان، ژیانی لێ تێکدام و حاوانەوەم نەما. بۆیە لەگەڵ خەلیلی بلوورى بۆخۆمان بورجێکی دیکەمان پەیدا کرد و ئاوەدانمان کردەوە.

بورجەکە کون کون بوو بە بەردى خڕ داندرابوو، کونەکانی نەدەگیران. رۆژێکی ئێوارێ لەوێ دانیشتبووم و رۆژنامەى کۆنم پەیدا کردبوو دەمخوێندنەوە. مژێکی سارد وڵاتی داگرتبوو، گوێم لە هەست و خوست و دەنگە دەنگێکی بوو. بە کونەکان دا چاوم لە خوارێ کرد، تەماشام کرد سەروان لەگەڵ کەسێکی دیکە قسان دەکەن. ئەمنیش سەبرایەکی چوومە سەربانی بورجەکەو بە دزى بە دیقەت چاوم لە کابراى کرد، ناسیمەوە. هەستیان نەکردم و کشامەوە، گوێم لێ بوو کابرا راپۆڕتی دەدا و دەیگووت:”جناب سروان از اینجا میروند و از آانجا مى آیند (جەناب سەروان بێرەدا دەڕۆن و بەوێدا دێنەوە) ١٧ کەسن. چوون شتی بێنن و بە هۆوەش دا دێنەوە”. دوایە خودا حافیزى کرد و رۆیی. سبەینێ کوێخاکان هاتنە پایەگایە. هەموویانم دەناسی یەکیانم بانگ کرد و گووتم: “دوێنێ لە کونێکی را چاوم لە کوێخا عەلی (کە پێم وایە خەڵکی دێیەکی خوارەوەى قەلەرەشێ بە نێوى وەرتەند) بوو، راپۆڕتی لێدەدان و ئەوەى بە سەروانی گووت کە ١٧ کەسن بە هۆوەى دا رۆیشتوون و بە هۆوەی دا دەگەڕێنەوە. ئەمما کوڕە نەچی بیدرکێنی و بە کەس بڵێی بە خوداى ئێعدامم دەکەن، ئەوە بۆ شۆخی نابێ”. گووتی: “ئاى دەردى لە گیانم ئەوە لە مێژە ئەو کارەى دەکا. ئاى بە قوربانت بم”. کەوتە دوو سبەى کوێخاکان ناردبوویان کاروان، بە لایەکی دیکەدا هاتبوونەوە و نەگیرابوون. بۆ ئێوارەى ئەو رۆژە دیسان سرت و خورت لەبن دیوارى بورجەکە پەیدا بووە و ئەگەر تەماشام کرد، دیسان کوێخا عەلییە. جەناب سەروان گووتی: ئەتۆ پێڕێ گووتت بە هۆوەى دا دێنەوە.

– جەناب سەروان هەموو گیانیان شکاندووم و سەت شەپیان زیاتر تێ هەڵداوم، لێرە یەکێک پێیان دەڵێ.

– خۆ کەس ئاگاى لێ نەبووە کە ئێمە یەکتر دەبینین، یەک سەربازیش ئاگاى لێ نییە. ئەوجار لەبەر دەرکەش کێشکم داناوە، هەر ئەمن و ئەتۆین.

– جەناب سەروان لێرە پێیان گوتوون هەموو شتێکی دەزانن ئەوەتا هەموو گیانیان شکاندووم. رۆژى دوێنێ هەر لە جێیەدا بووم.

ئەمن چەند رۆژان زۆر نیگەران بووم و دەمگووت هەر دەزانن بەڵام باش بوو بەخێر گوزەرا. رۆژێکی سەربازێک فیشەکێکی لێ ون بوو. فەرماندەکەمان هات هەمووى لە حەسارێ کۆ کردینەوە بۆ ئەوەى بزانێ فیشەکەکانمان تەواون یان نا. سەربازێکی تورکی فەقیر دوو فیشەکی کەم بوو ٢٠ تا ٣٠ شەلاقیان لێدا. نۆرە گەیشتە من. ئەمن سێ فیشەکم کەم بوو، ئەفسەرەکە تێمڕاما ئەمنیش بێ هیچ ترس و خۆفێک تێیڕامامەوە و چاوم لە چاوى بڕى، هیچ دەنگی نەکرد. دوایە هاتینەوە بەردەرکی گورهان، یەکێک لە سوێسنیەکان لەوێ بوو. بانگم کرد گووتم: “بەستەیەکم فیشەک بۆ بێنە”. ئەویش بە خێرایی بەستەیەکی فیشەک دامێ. چاوێکم لە فەرماندەکە کرد و فیشەکەکانم لە جێی خۆى داناوە و هیچ دەنگی نەکرد.

رۆژێکی رەفیقە سەربازەکان، هەموومان پێکەوە لە سەربانی پەتوومان راخست بوو و چامان دەخواردەوە. چاى خاوێن و خۆش و جوانمان هەبوو. نووسەرى گورهان کە نێوى موسازادە بوو لەوێ لە لاى من دانیشت بوو. لە نەکاو ئیستیوارى گورهانمان لێ پەیدا بوو و هات لە لاى من دانیشت. ئەو ئیستیوارە تریاکی بوو، زۆرى حەز لە چاى ڕەش بوو و هەر چاوى لە چاى پێش من بوو کە لە ئیستیکانێکی خاوێن و جوان دابوو. قادرى قورۆشکەیەکی ژەنگاوى چا لە پێش بوو لە پێش ئیستیوارەکەى دانا. ئەمنیش چایەکەى خۆم لە پێش ئیستیوارەکەى دانا و قورۆشکەکەم هێنا پێشە خۆم. قادر زۆرى پێ ناخۆش بوو بۆڵەیەکی لێهات و گووتی: “لێرەش ئەو ئاغایەتییەى دەکەى و خۆت بە زۆردار دەزانی و پێتوایە سەربانی قازیاوایە، بە وەڵڵاهی واى ناخۆى”. ئەمنیش هیچ مەبەستێکم نەبوو تەنانەت پێشموابوو کارەکەم جوان نەبوو. ئەو ئیستیوارەم بێ حەد ناخۆش دەویست، چوونکە جارێکی شەپڵاغەیەکی لێ دابووم، بەڵام چارە نەبوو، سەرباز بووم و چ نەدەکرا. لەولاشەوە نەمدەزانی ئەوە دۆستەکانم رقیان لێ هەڵگرتووم و لێم تووڕەن و بەهانەم پێدەگرن.

کەوتە بەیانی دەبوو خشتی ببڕین بۆ ئەوەى نانەواخانەى دروست بکەین. هەر خشتێکی دەمانبڕى دەقەڵەشی و لەت لەت دەبوو. هەر لەو شوێنەى ئێمە کەمێک لەولاتر، کۆنە نانەواخانەیەکی لێ بوو خشتی چاکی تێدابوو. ئیستیوارەکە هات و گووتی: “قازى بچۆ لەوێ راوەستە، ئەو سەربازانە نانەواخانەى هەڵدەوەشێنن مەیەڵە خشتە ساغەکان بەرن، نانەواخانەى دروست دەکەینەوە”.

بەم شێوەیە کارى من دیارى کرا. قادر نانەواخانەکەى هەڵدەوەشاند، محێدینی کاوەش لەگەڵ ئیدیکە خشتەکانیان دەبرد. محێدین دوو خشتی ساغی هەڵگرت. ئەمنیش گووتم: “محێدین ئەو ساغانە مەبە، بەرخم ئەو لەتانە بەرە، بۆخۆت دەزانی ئیستیوار ئەمنی لەبەر ئەوەى لێرە داناوە، زبان شڕە، دێتەوە جنێوان دەدا”. بۆڵەیەکی لێهات و گووتی: “بەتۆ چی”. پێم سەیر بوو، چوونکە ئەو هەموو چاکەیەى ئەمن لەگەڵم کردبوو، نەدەبوو ئاوام جواب بداتەوە. ئاخر زیاتر لە چەند مانگان لەسەر قەند و چاى من بوو و ئەو هەموو خزمەتەى دیکەم پێکردبوو و ئەوجار لە مەهاباد پێکەوە ناسیاو بووین. لەسەر را هاتەوە بە ئانقەست دوو خشتی ساغی دیکەى هەڵگرت. ئەمنیش زۆر تووڕە بووم گووتم: “هەتیوە عەیبە خەجاڵەتێ بکێشە، وەڵڵاهی بێمە خوارێ واى ناخۆى. ئاخر ئەتۆ بۆ وادەکەى؟ کاکە هەر هیچ مەکە بڕۆ لە هۆوەى دانیشە”. قادر گووتی: ئەرێ ئەوە چ چەقە چەقێکتە هەتیوە، بۆ هێندە بێ حەیا بوو؟

ئەمنیش نەمزانی کە ئەوە کەڵەکێکیان بە دەستەوەیە و خەریکن لێمدەن، لە قادرى تووڕە بووم و گووتم: “ئاخر ئەتۆ لەوێ نەبووى کە ئیستیوار چی گووت، دەتانهەوێ ئەمن بەو بێ شەڕەفەى بە جنێودان بدەن. ئاخر ئەگەر هاتەوە و گووتی کوا خشتەکان بڵێم چی”؟ لە نەکاو لە خوارێ را دەستی دایە نیمە خشتێک و جنێوى دا و نیمەکەى لێ هاڵاندم. باش بوو نیمەکە لە داوێنی باڵتۆکەم خشاو وێم نەکەوت. ئەمنیش ئیدى چاوم عەرزى نەدیت. لەسەر دیوارەکەى را پڕم دا نیمەیەک و ئەگەر لێم هاڵاند، ئەویش لە ترسان پشتی تێکردم. ئەمنیش لە تەختی پشتم دا و نرکەى لە گازەراى پشتی هات و کۆنترۆڵی نەما و بە دم بە عەرزی دا کەوت. خۆم فڕێ دا خوارێ و چەند پێلاقەشم بە پشتی دا دا. شەوق عەلییەکی لێ بوو نانکەر بوو و حەکایەت خوانی عەجەمان بوو و زۆر ئینسانێکی مەشرەف خۆش و قسە خۆش بوو. شەوانە دارێکی دەست دەدایە و دەهات و دەچوو حەکایەتی دەکرد، ئەوە چاوى لەو هەڵایە بوو.

ئەوجار غارم دایە محێدین و مستێکم داهێنایە، رەحیمی ئەسکەندەرى بە لایەنگرى لەوان لە دوور را غارى دامێ. ئەو بە تاقەت و بەخۆوە بوو دەمزانی ئەگەر بمگاتێ دەمکوژێ. باش بوو گروهبانێک لەوێ بوو، غارى دایە و دوو نەقورچی تێکوتا و گەڕاندیەوە. ئەوجار شەپڵاغەیەکیشم لە عەوڵاى شێخ محەممەدى دا و گووتم: خودا شاهیدە دەستم بگاتە تفەنگی هەمووتان دەکوژم، چۆن ئەوە لەشکرم لێ دەکەن.

بەڵێ تورک گەیشتنێ و لێکیان کردینەوە. خەبەر بە سەروانی گەیشت و بە پەلە ناردى بەدوماندا. ئەگەر چووین دوو ئاغاى پشدەرێی میوان بوو. قادر سپی سپی هەڵگەڕابوو، دەمگووت هەر دەمرێ. سەروان گووتی: قازى بۆ شەڕت کردووە؟

– جەناب سەروان لەشکریان لێکردوم، ئەمن هەر دیفاعم کردووە، شەڕێ ناکەم.

رووى لە قادرى کرد و گووتی: “قادر بۆ شەڕێ دەکەى خۆ تۆ خانەوادەى، عەیبێ ناکەى”. دوایە گووتی: بڕۆنەوە ئێوارێ وەرنەوە.

لەو ماوەیەدا، لەو رووداوەی کۆڵیبۆوە و شەوق عەلی هەموو شتێکی بۆ گێڕابووە و گووتبوى کە ئەوەش وەک پڵینگی وایە و بە خوداى بە هەمووان پێی نەوێران و لە هەمووشیانی دا. ئێوارێ خڕیان کردینەوە و قادریان هێنا کە شەلاق کارى بکەن چوونکە شەڕەکە ئەو هەڵیهایساندبوو. یەکەم شەلاقی کە لێیاندا خۆم پێ رانەگیرا و چوومە پێشێ و گووتم: “لەمن دەن لەوى مەدەن”.

سەروان گووتی: “ئەو شەڕى هەڵایساندووە و جنێوى بەتۆ داوە”. گووتم: “ئەگەر رۆژێکی بۆم کرا لێیدەدەم دەنا ئەوە بەخشیم. داوات لێدەکەم لێی مەدەن”. وەڵا ئیدى لێیان نەدا و بەخشیان.

ماوەیەک بوو لە سەردەشتێ بووین. مانگی رەمەزان بوو گورهان بە رۆژو بوو و ئێمە چووبوینە سەحرایە و دەبوایە مەشق بکەین و داران بێنین. گەرما و ویشکە ساڵێکی ناخۆش بوو و یەک دەنک باران نەباریبوو. لە نەکاو فەرماندەرى گورهان (سەروان سیستانی) بەغار هات و گووتی خڕکەنەوە و بچنەوە. ئەگەر چووینەوە تەماشامان کرد، موهیمات (تەقەمەنی) دابەش دەکەن. دوایە سەروان سیستانی گووتی: “هەرکەس بە رۆژوە دەست هەڵێنێ”. تورکەکان وێکڕا قامکیان هەڵێنا. ئێمەش کە بە رۆژوو نەبووین دەستمان هەڵنەهێنا. سەروان بە منی گووت: بۆ بە رۆژوو نی؟

– چوونکە ئازاد نیم. دەبێ ئێستا بنووم و بچم نوێژ بکەم، بەڵام ناتوانم. بە پێی شەرعی ئیسلام پیاو ئەگەر ئازاد نەبوو، نوێژ و رۆژوى لەسەر نییە. ئەوجار ئازادى عەمەلم نییە. شەو دەبێ بە زۆرى بنووم و بەیانیش بە زۆرى هەستم. لەبەر ئەو هۆیانە ناتوانم بە رۆژو بم.

بە تورکەکانی گووت: “ئەنگۆ بۆ بە رۆژون”؟ ئەوانیش هیچیان قسەیان نەکرد. دوایە لە منی پرسی: “ئیمان چییە”؟ گووتم: “باوەڕ بە خودا، بە پێغەمبەر، بە کەلامی خوداى. باوەڕ بە زیندوو بوونەوە، بە مەلائیک، پێی دەڵێن ئیمان و ئەویش ٦ پایەى هەیە. رمنت باللەو ملائکتەو بالیوم الخروقدر خیرەوشرە”.

لە تورکەکانی پرسی: “دین، نەمەنەدى”، (دین چییە؟). ئەوانیش نەیانزانی. لەمنی پرسی: “دین چییە؟”. گووتم: “دین یانی قەرز، یانی دەین، خودا ٥ فەڕزى لەسەر ئێمە واجب کردووە کە پێیدەڵێن دین، یانی قەرزى خوداى وەک نوێژ و رۆژوو زەکات. ئەگەر هەتبوو حەج، ئەوى دیکەش شادە و ئیمان و ئیقرار کردنە کە بە زبان دەگوترێ”. گووتی: ئەگەر وایە بۆ بە رۆژو نابی؟

– جەناب سەروان دەڵێن لا اکراە فی الدین، ئیکراە لە دین دا نییە، ئیجبار نییە. ئەمن دەبێ ئازاد بم تا ئەو عەمەلانە بکەم. ئێستا نوێژى نیوەڕۆیەیە گەرمایە، ئەگەر بە رۆژو بم تینوم دەبێ، ئەگەر ئێستا ئازاد بام دەچووم لەبن سێبەرى دارێکی دەنووستم، وەختی نوێژێ دەچووم دەست و لاقم دەشووشت و دەچوومە مزگەوتێ. وەختی ئیستراحەتێ وچانم دەدا. ئەوجار خۆ لێرە نان ناخورێ و بەربانگ ناکرێتەوە، بۆیە وەختی بەربانگێ دەچووم بەربانگم دەکرد.

سەروان رووى لە تورکەکان کرد و گووتی: ئەدى کەلبی ئیبنی کەلبینە (سەگی سەگبابینە)، ئەگەر هیچ نازانن بۆ بە رۆژو دەبن؟ وەرن بڕۆن قابڵەمان بەرن نانی وەرگرن و نانی بخۆن. زوو، پشدەرى هاتوون دە ئێرانێوە دەبێ بچین دەریان کەین.

ئەو رۆژە پڵاو و گۆشتێکی زۆر حیسابیان بۆ لێنابووین و زۆر چاکمان خوارد. هێندێکیشمان لە یاغڵاوى دا هێشتەوە. دوایە وەڕێکەوتین ئەوەندەیان لێ بار کردبووین هیچی دەرمان نەدەکرد، هەموو لە لاق کەوت بووین. مەسەلەن سەربازێک دەبوو بڕنۆیەکی درێژى بە سەرنێز و ٦٠ فیشەک پێ بێ، ئەویش فیشەکی بڕنۆى. ئەوجار قوم قومەیەک ئاو، کۆڵەپشتی بە وسایلی سەربازییەوە و دوو پەتووى زەلامی چڵکنیشمان لێ قایم کرابوو، ئەوە وەزعمان بوو. جا ئێمە باش بووین، خەلیلی بلوورى کە فەرماندەرى دەستە بوو، دەبوو بێجگە لەوانە و بێجگە لەو تفەنگە بڕنۆیە، موسەلسەلێکیشی لەسەر را، راستە و چەپ لە شانی کردبا، لەگەڵ چەند خەشاب کە هەر خەشابەى ٢٠ فیشەکی تێدابوو. خولاسە بارەکەى ئەوەندە قورس بوو کەر نەیدەتوانی. ئەوجار چوونکە فەرماندەرى دەستەش بوو دەبوو وەپێش کەوتبایە و دەستوریش بدا.

بەم شێوەیە وەڕێکەوتین، نەدەبوو لە رێگایەش لابدەین. ئەفسەرەکان بۆخۆیان سوار بوون و ئێمەش پیادە و دەبوایەش وەک گوللەى بڕۆین. گەرمایەکیش بوو ئاو لە قوم قوماندا دەکوڵا. بەو وەزعە گەیشتینە بێوران، لەپەنا رێیەکی، ئاوێکی زۆر سارد دەهاتە دەرێ و لە داوێنی گۆلێکیان لێ دروست کردبوو. ئەمەش دوو سێ کەس لامان دا کە ئاوێ بخۆینەوە و قومقومان پڕ کەین. سەروان سیستانی بە سوارى ئەسپی غارى دا و لە دوور را جنێوى دا و گووتی: کەپێوڵی، نەچن، چۆن لاوداوە؟

دوو سەربازە تورکەکە گەڕانەوە و نەیانوێرا بێن. ئەمنیش جوابم نەداوە و چوومە سەرکانیەکەى لەسەر زگ درێژبووم و بەو ئاوە ساردەى دا نووسام و جا وەرە بخۆوە و قومقومەکەشم پڕکرد و هاتمەوە نێو سەفێ. دوو سەربازە تورکەکە لە توونیان بە جۆرێک دەگریان قەت دایک بۆ کوڕى ئاوا ناگرى. سەروان غارى دامێ و گەیشتە سەرم و گووتی: کەپێوڵی. ئەمنیش گووتم: “لە کەپێوڵیان گەڕێ خۆت شێت کردووە. ئەمن لە توونیان بخنکێم بمرم هەڵمدەگریەوە”. ئیدى کە زانی ئەمنم دەنگی نەکرد. بە سەربازەکانم گووت: ماڵ و خرا نەبێ بۆ نەهاتن ئەو هەموو ترس و لەرزەى بۆ چییە، ئاوە و دەخۆمەوە و خنکاوم.

لەوێ رۆیشتین تووشی هەورازێکی بووین. خەلیل کەوت. ئەمنیش لە ئەرکانی گورهان بووم، هەر تفەنگ و وەسایلی خۆم پێ بوو. ئەوجار مەسئوولی کەس نەبووم، کەسیشم فەرماندە نەبوو. خەلیل گووتی: “عەوڵا مردم، لەو هەورازەم وەسەر خە”. کەوت بوو، ئەمنیش موسەلسەلەکەم لێ وەرگرت و بڕێکی پێ پێکەنیم و گووتم: “فەرماندەیی ئەوانەى پێوەیە کاک خەلیل”. گووتی: “لەو قسە قۆڕانە گەڕێ”. کێشامە سەرێ، ئەگەر گەیشتینە سەرێ دەبوایە چارەگێکیش دانەنیشین و سەبر سەبر جوڵاباین تا ئارەقەکەمان ویشک دەبووە. ئەمن بە پەلە لە کۆڵەپشتییەکەم دا کراسێکم دەرهێنا و ئەو کراسەى کە بە ئارەقەى تەڕ ببوو و دەتگووت دە ئاوێت هەڵکێشاوە، دامنا و ئەوى ویشکم لەبەر کرد. بەمشێوەیە حەسامەوە، ئەوانی دیکە ئەوەیان نەکرد و دواتر زۆر ناڕەحەت بوون و هەموو شان و پیلیان گیرابوو.

هێندێک سەربازى کورد لەوێ بوون لێم پرسین کە کانی لە کوێیە. رێیان پێ نیشان دام، دوو کەتریم برد و چووم لە خوارێ لە ئاوێکی سارد تێر تێرم خواردەوە و بە مستی ئاوم بە دم و چاوم داکرد و هاتمەوە سەرێ و کەتریم وەسەرنا.

لەو کاتەیدا لەسەرەوەى رۆستەم ئاڵیان ٧-٦ ئاور کرانەوە. ئەوەى ئاورى سوێسنیان بوو و سەروان سیستانی بێ ئەوەى کەس بزانێ بە دزى ناردبوونی کە ئەو سەرنگەرانە بە تاقی بکەنەوە و بزانن پشدەرى لێیە یان نا؟ ئەگەر پشدەرى لێ بایە دەبوایە سەبرایەکی بگەڕێنەوە و ئەگەر لێشی نەبایە، ئەو ئاورانەیان کردباوە. جا ئەوجار ئەرتەش دەچووە ئەو شوێنەى.

ئەو شوێنە پادگانێک بوو حەسارى گەورەى هەبوو. کە ئاورەکە کراوە گروهبانەکان زۆر ترسان. هێندێکیان دەستیان بە گریانێ کرد و لەبەر چراى بە میدادى خراپ دەستیان بە نامە نووسین و گەردن ئازایی کرد و پێیان وابوو تازە کەوتوونە نێو شەڕى پشدەریان و کاریان تەواوە و لە بەین دەچن. ئێمەش هەر پێکەنینمان دەهات.

سبەینێ بە تەشریفاتێکی زۆر سەیر وەرێکەوتین. هەورازەکە سینەکێشێکی سەخت بوو. بەندى پۆتینت کراباوە نەدەبوو بیبەستییەوە و زۆریان تووند گرتبوو. دیسان گوێم نەدایە و چووم لە کانیەکی تێر ئاوم خواردەوە و قومقومەشم پڕکرد.

هێندەى نەمابوو بۆ تەپۆڵکی سەرێ و لە بوارى نیزامی بە رواڵەت لە ئاریانتێنی خەتولرەئسی نیزامی دابووین، دەبوایە درێژ بووباین و خۆمان مات کردبا. ئەمنیش لەبەر خۆمەوە دەمگووت: “کوڕە ئاخر دە لێمان گەڕێن دڵمان تۆقی ئاخر بزانین ئەودیوى چ خەبەرە، دەریایە، ئاوە، شاخە، ئاوەدانییە ئاخر چ باسە”؟ ئاخر هەر مەحتەلیان کردین. پەرامێزێکی چکۆلەم پێ بوو لەگەڵ کەترێکی چکۆلە، لە قومقومەکەى کەتریەکەم پڕکرد و لەسەر پەرامێزم دانا. ئەوە لەولاتر سەروانەکەشمان لەگەڵ دوو سێ کەسی دیکە، لەسەر زگ درێژ ببوو بۆ ئەوەى بە تەواوى بۆى دەرکەوێ کە ئەوە جاشی خۆیانن یان نا؟ دواى ئەوەى بۆى روون بووە، ئەوجار بۆ ئەوەى پشدەرى نەمانبینن، دەبوایە یەک یەک و دوو دوو چووباینە نێو سەنگەران.

گەیشتینە نێو سەنگەران چایەکە گەیشبۆیە و بۆ هەرکام لە رەفیقە کوردەکانم چایەکم تێکرد و یەکیشم بۆ خۆم دانا. سەروان پرسی بووى کێ دەتوانێ فارسی و کوردى بخوێنێتەوە و بنووسێ. گووتبویان قازى دەتوانێ. هێشتا چایەکەم نەخواردبووە، سەروان لەگەڵ خاڵە هەباسی وەژوور کەوتن. خاڵ هەباس کوێخای سوێسنی و جاشی دەوڵەتێ بوو. یەکی کورتە باڵاى زیرەک کە پێنج تیرێکی دەوڵەتی و٤٠ فیشەکی پێ بوو. ئەمنیش چایەکەم لەپێش سەروانی دانا. سەروان ڕووى لەمن کرد و گووتی: دەبێ لەگەڵ خاڵە هەباسی ئەو نامەیەى بۆ پشدەریان بەرى.

– بەڵێ.

نامەکە زۆر تووند نوسرابوو و هەڕەشەیان لێ کردبوون کە ئەگەر تا ٢٤ سەعاتی دیکە لە خاکی ئێران نەچنە دەر، بە زۆر و بە نووکی سەرنێزەى وەدەریان دەنێن. ئەوانیش نەیاندەتوانی بڕۆن چوونکە ئەو ساڵە ویشکە ساڵی بوو. لەوەڕگە و مەرتەعیان نەبوو، بۆیە پەنایان بۆ ئەو شوێنانە و سەر سنوورانە هێنابوو. مەڕ و ماڵاتەکەیان دەهاتنە نێو سەنگەرەکانی ئێمە، تەنانەت ئەو گالێشە گیایانەى گە درووبویان لەنێو سەنگەرەکانی ئێمەدا بوو. دیارە سەربازەکان زۆریان زیان پێ دەگەیاندن. مەڕ و ماڵاتیان لێ دەکوشتن و گیایان لێ ئاور تێبەردەدان.

لەگەڵ خاڵە هەباسی نامەمان وەرگرت و رۆیشتین. سەربازە تورکەکان منیان زۆر خۆش دەویست، چوونکە زۆرجار نامەم بۆ دەنوسین، بۆیە دەستیان بە گریانێ کرد. پێیان وابوو کە تازە ناگەڕێمەوە و لە دوور را هەر چاویان لێدەکردین بزانن چۆن دەکوژرێین.

لە داوێنی خوارێ گەیشتینە چادرێکی، ٦ – ٧ سەگی زەلام، یەکی بەقەرا بارگینێکی غاریان داینێ. خاڵە هەباس بە لوولەى تفەنگەکەى لە سەگەکانی دەدا، ئەمنیش هیچم پێ نەبوو چوونکە نەیانهێشت تفەنگی بەرم. کوڕێکی جحێڵ لە چادرەکەى دەرپەڕى و سەگەکانی لێدەرکردین. چووینە نێو چادرەکەى، نێوماڵێکی پاک و خاوێن بوو، لبادیان بۆ راخستین و دانیشتین. دوو ژن مەشکەیان دەژاند، یەکی پیر و یەکی جحێڵ. رووى مەشکەکە لە ئێمە بوو. هەرجار کە گوڕمیان لێدەدا، چەند دڵۆپ وەسەر و سەکتمان دەکەوت. بە ناچار کەمێک کشاینەوە دواوە.

ژنە جحێڵەکە کەمەربەندێکی زێڕى بە قەدەوە بوو، لە قیمەت نەدەهات. سەرى ئاڵقەى کەمەربەندەکە نەخشی سەرى مراوى بوو. شتێکی زۆر زینەتی و جوان بوو. هێندەى پێ نەچوو چا حازر بوو و چایان بۆ هێناین. ئەوە لەسەر شاخیش لە گورهانێ را بە دووربینی، ئەو چادرەیان خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵ بۆ ئەوەى بزانن دژکردەوەیان چ دەبێ.

ئەمن رووم لە کوڕە گەنجەکەى کرد کە کوڕى ئاغایەکی پشدەرێ بوو. کوردى دەزانی و نامەکەم بە فارسی بۆ خوێندەوە، گووتی: وەڵڵاهی نازانم ماناى چییە. گووتم: “ئەوە نوسیویەتی ئێوە بە بێ ئیزنی ئەرتەشی شاهەنشاهی هاتوونە نێو خاکی ئێرانێ. ئەوە دژى پەیمانی سنوورەکانە و بێ ئیجازە سنوورتان بەزاندووە. بۆیە دەوڵەتی ئێران پێتان رادەگەیەنێ کە تا ٢٤ سەعاتی دیکە ئێرە بە جێ بێڵن دەنا بە نووکی سەرنێزە وەدەرتان دەنێن”. کوڕە گووتی: “وەڵا ئەمن هیچ کارە نیم، ئاغاکان ئەوە لە فڵانە جێ بۆ سەرەخۆشی کۆبوونەوە، نامەکەم بدەیە بۆیان دەبەم”. گووتم: “باشە ئەتۆ ئەو پاکەتەم بۆ ئیمزاکە کە ئەو نامەیە گەیشتووە. چوونکە ئێمە دەبێ بچینە ئەو چادرانەى دیکەش”. کوڕە پاکەتی ئیمزاکرد و ئەو بە لایەک دا و ئێمەش دواى نان و چا خواردن بۆ چادرێکی دیکە وەڕێکەوتین.

لە چادرەکەى دیکە هەر تاقە ژنێکی لێبوو ئەویش مێردەکەى لەو سەرەخۆشییە بوو. ژنێکی جوانی باڵا بەرزى پان و پۆڕ، لیباسێکی زۆر جوانی لەبەر دابوو. زۆرى بەخێرهاتن کردین. بەو جۆرە کە نامەکە نووسرابوو بۆم خوێندەوە ئەویش هەر پێدەکەنی لە باتی سەرنێزە گووتم: “ئەوە دەڵێ کە بە شەقان دەریان دەکەم”. ئەویش بە پێکەنینەوە گووتی: “سەروان گووى خوارد تا تەپڵی سەرى هەڵدەگرێ، ناتوانێ چاویشمان لێبکا”. ئەمنیش بەو جوابە زۆر پێکەنیم و گووتم: “جا سبەینێ دەبینی کە چ دەقەومێ. نامەکەم دایە و رۆیشتین. ٥ – ٦ نامەى دیکەمان پێ مابوو، توشی شوانان بووین هەمووى بڕنۆى درێژیان پێ بوو. سەر شوانێکیان هەبوو بە نێوى باوەمەر. نامەکانم دایە و بۆم خوێندەوە، دوایەش داوام لێکرد کە بیانگەیەنێ. ئەوجار دەبوو چووباینەوە و وردە وردە بەرەو پایەگایە وەڕێکەوتین. ئەمن پێموابوو ئەو هەڕەشەیە بە راستییە و شۆخی پێ ناکرێ، بەڵام قسەى ژنە وەراست گەڕا و پشدەرى جوابی دەوڵەتیان نەداوە و نەڕۆیشتن. بەم شێوەیە ئێمەش مەجبوور بووین لەبەر ئەو گەرمایە، بەو هەموو کوێرەوەرییە بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنینەوە.

پاش ماوەیەک، لە گورهان دا ئاڵۆگۆڕیان پێکهێنا. فەرماندەرى دەستە نەما و بە هەر ٣٠ کەسان فەرماندەیەکیان بۆ دانا. فەرماندەرى ئێمە سەروانێکی تورکی غەلیزى نێوچاوان گرژى تووڕە بوو. کوڕى رەشی (کاک عەلی قازی) دەناسی و زۆرى رق لە تایفەى قازى بوو.

لە تەنیشت مەقەڕى ئێمە، سوێسنێکانی لێ بوو کە جاش و پیاوى دەوڵەتی بوون و ٣٣ کەس بوون. ئەو ساڵە زۆر گەرم بوو، لەو کێوە بڵیندەى کە ئێمەى لێبووین کانییەکی واى لێ نەبوو. لە داوێنی خوارێ ویشکە کانییەکی چکۆلەى لێبوو، هەر بە قەدرایە چۆڕە میزێک ئاوى هەبوو. ئێمە دەبوایە لە بێوران را بە مەشکەى ئاوێ بێنین، ئەوەش بەشی کەسی نەدەکرد.

لەو شوێنە لە گۆشەیەکی خڕکە بەردم لەسەر یەک دانابوو و سەنگەرێکم بۆ خۆم دروست کردبوو. پەتویەکم بەسەر دا دابوو و بەردم لە قەراغەکانی دانابوو و دەرکەم لە زریانی کردبوو. نەتدەتوانی بە تەواوى تێیدا دابنیشی و نیوەى لەشم لەبن سێبەرى ئەو کۆخەدابوو نیوەش لەبەر تاوێ. هاشەهاشی باى شەو و رۆژى نەبوو پەتوش هەر تەپەتەپی بوو و دیوەکەى دەلەرزاند.

لەگەڵ سوێسنییەکان بە هۆى خاڵە هەباسی دۆستایەتیم پەیدا کرد و زۆرجار لێک کۆ دەبووینەوە و تیغ و خۆتراش و مەقەست و ئەو شتانەیان لێ وەردەگرتم. کوێخا برایمێکیان لەگەڵ بوو کەتە خوێندەوارێکی هەبوو. جارجار مەتەڵی لێ دادێنام و تەڵاقی لەسەر دەخوارد کە قسەى ئەو راستە. رۆژێکی سوێسنییەکان هەموویان لەوێ بوون، ئەو شێعرەى لێ داهێنام و گووتی ئەوە ماناى چییە:

اى یار بدە چیزى گر هست نمی خواهم

چون نیست، بیابستان، وربود نمیدادم

(ئەى یار شتێکم بدەیە، ئەگەر هەبێ نامهەوێ

چوونکە نییە، وەرە بیستێنە، ئەگەر هەبا نەمدەدایەى)

ئەمنیش گوتم: ماناى باش نازانم بەڵام زۆر هاسانە.

– نەخێر وانییە و ماناى زۆر گرانە.

– باشە ئەتۆ ماناى کەوە بزانم دەڵێ چی؟

گووتی: وەڵا ئەوە حەزرەتی ئیزرائیل چۆتە خزمەتی پێغەمبەرى و گووتویەتی بێنە رۆحتم بدەیە. ئەویش وەڵامی داوەتەوە و گووتویە ئەگەر هەبایە نەمدەدایەى، ئەمما چوون نییە وەرە بیستێنە.

– بەزاتی خوداى وانییە.

– ئەدى چییە؟

– ئەوە دەزانی چییە؟ کابرایەک لەسەر کانییەکی چۆتە ژوانی کچێکی و پێی گوتووە کە ماچێکی بداتێ. ئەویش کچە گوتوویە وەرە کەسی لێ نییە و ماچی خۆت بستێنە، ئەگەر بێگانەشی لێ بایە، وەڵڵاهی نەمدەدایەى.

هەر ئەوەم گووت ئەگەر سوێسنییەکان لە قاقاى پێکەنینیان دا و چاویان لە یەکترى کرد و گووتیان وەڵڵاهی ئی تۆ راستە، هەى دەستت خۆش بێ.

ئەو سوێسنیانە غەزاى دەوڵەتیان نەبوو و دەبوو لە ماڵە خۆیان را ماست و رۆن و شتیان بۆبێ. لەو شاخەش تەرایی وەگیر نەدەکەوت، هاروێ و ترێزو لە بێوران تازە گەیشتبوویە و بۆیان دەهات. هەموو جارێ لە تەواوى ئەو شتانەى کە بۆیان دەهات، بەشی منیشیان کە جارى وابوو دوو کولێرە و دوو هاروێ و هەروەها ماست و رۆن بوو، دادەنا. ئەوجار ئەوان دەچوون لە شاخی لە رندۆڵێکی دا بە مشارى بەفریان دەبڕى و دەیانهێنا و لەوێش هەر بەشیان دەدام و هەموو جارێ خاڵە هەباس بۆى دێنام.

رۆژێکی کاک سەدیقی ئاڵی کە خەڵکی مەهاباد بوو و ئێستا ماوە و چووەتە حەجێ، هات بۆلام. نەیزانی خۆى لە دیوارەکەدا. دیوارەکە بەسەر سمتمدا ڕوخا. پێش چاوم تاریک بوو گووتم کوشتمی. ڕاستەوە بووم بە هەموو قەوەتی خۆم دوو زللەم لێدا، هیچ دەنگی نەکرد. ژانەکەى لە رادەبەدەر بوو، نۆبەتێیەک دایگرتم ددانم ددانمی نەدەگرت، دەتگووت دڵم تۆقی بۆ ئاوێک، ماستێکی سارد، میوەیەک، ئاخر شێت ببووم. لە نەکاو هەراى خاڵە هەباسی بڵیند بوو: “قازى لە کوێی؟

ئەگەر هات کیتەڵەیەک ماست و دوو هاروێ و کەمێکی بەفری پێ بوو گووتی: “ها ئەوەندە وەبەر تۆ کەوتووە”. ئیدى زیندوو بوومەوە و بەشی کوردەکانیشم دا. تێکەڵاوى و دۆستایەتی من لەگەڵ ئەوانە بوو بە هۆى ئەوە کە گورهبانەکان، زۆریان پێ ناخۆش بێ و لە لاى فەرماندەکەمان شکایەتیان لێکردبووم کە ئەوە لە رێگاى ئەو سوێسنیانەوە لەگەڵ پشدەریان پەیوەندى هەیە. بۆیە چەند جاریان بانگ کردم و خستیانمە بەر پرسیاران. رۆژێکی زۆر تووڕە بووم و پێمگووتن: “ئەمن کوردم ئەوانە کورد نین. لەنێو ئێمە دا بەوانە دەڵێن جاش، زۆڵەکورد. ئەمە لەگەڵ ئەوانە دوژمنایەتیمان هەیە. وەختێک ئێمە لەگەڵ ئەرتەشی شاى شەڕمان بوو، ئەوانە لەگەڵ ئێوە بوون. ئەوە چ قسەیەکە کە ئێوە دەیکەن؟ رابیتەى چی و پەیوەندى چی. ئەگەر دێ تیغێکی ردێن تاشینێ یان شتێکم لێ وەردەگرن و ئەوەندەم ماست بۆ دێنن، ئەوە رابیتە و پەیوەندى عەشایرییە”. ئیدى لە کۆڵم بوونەوە.

جارێک یەکێک لە گروهبانەکان کە یەکی سوورى چاوشینی قوڵە خڕەى ناجسن بوو و هەر وەک مەیموونی دەچوو و راپۆڕتی لێ دەدام، نەخۆش کەوت و زگچوویی گرت بوو. دوکتۆر پێی گوتبوو ئەگەر کەمێک ماست پەیدا نەکا چاک نابێتەوە. بۆیە سەربازێکی تورکی ناردە لاى من و داواى کەمێک ماست و سەهۆڵاوى کردبوو. ئەمنیش بە سەربازەکەم گووت: “بە حەزرەتی عوومەر دمی لێ نادا و نایخوا و بەو بێ شەڕەفەى بڵێ هەر دەبێ راپۆڕتم لێ بدا”.

رۆژێکی سەربازەکان مانگایەکی پشدەریان کووشت. گۆشتەکەى رانەدەگیرا و خراپ دەبوو. فەرماندەکەمان ناردى بە دوامدا، گووتی دوو سەربازان بەرە و بچۆ لە شاخی بەو ئێسترەى کە ئەویشیان لە پشدەریان ئەستاندبوو، بەفرى بێنە. ئەمنیش لە خودام دەویست. لە سوێسنییەکانم پرسی کە بە کوێ دا و چۆن بچم. دوایە سەربازەکان تێرێکیان بەسەر کورتانی ئێسترەکەى داهێنا و بیورێکیان دەست دایە و وەڕێکەوتین. بۆ پێش نیوەڕۆیە دواى تێپەڕ کردنی هەورازێکی سەخت، بەو رێ و شوێنەى کە دابویانینێ بەسەر زەندۆڵێکی دا کەوتم. گوێنی زۆر گەورەى لێ بوو، بە بەفرێ دا هاتبوونەوە و نەتدەتوانی بڕوێ. هەر چۆنێک بێ چوومە سەر تروپکی رەوەزێکی و لە زەندۆڵەکەم دەروانی بۆ ئەوەى بزانم بەفرەکە لە کوێیە. لە داوێنی بۆراییەکم دیت گووتم دەبێ ئەوە هەوبێ. لە بەردەکەى بازدم دا، لاقم لەسەر گوێنییەکەى هەڵخلیسکا و لە چاڵێکی قووڵ کەوتم، کە سەرى بە گوێنی داپۆشرابوو. ئەگەر تەماشام کرد ئەوە لانی ورچییە و خۆش کراوە، شانسی من ورچەکە دەوێدا نەبوو. بە پەلە دەستم بە گوێنیان گرت و هاتمەوە دەرێ. رەنگم سپی سپی هەڵگەڕابوو. دوایە چوومەوە لاى سەربازەکان و گووتم بە دوم دا بێن و بۆخۆشم لە تینوان غارم دا خوارێ و خۆم گەیاندە رنووە بەفرەکە و لەسەر زگ بەو ئاوە ساردەدا نووسام، جا وەرە بخۆوە و دوایەش بە لۆچان تێر تێرم بە دم و چاو داکرد. تا سەربازەکان گەیشتنێ یەک دوو جارى دیکەشم ئاو خواردەوە و ئەگەر ئەوانیش گەیشتنێ لەمن خراپتر بوون. دوایە بە بیوران رنووە بەفرەکەمان بڕى و تێڕەکەمان پڕکرد و لەتێکی گەورەشمان لەسەر دانا. دواى قومقوومە پڕکردنێ، بەرەو پایەگایە وەڕێکەوتین.

لەو هەورازە هاتینە خوارێ، ئەگەر تەماشام کرد باوەمەر بە خۆى و بە ٦ کەسان پەیدا بوو. هەر کە ئێمەى دى یەک جێ هاتە پێشێ کە ئێسترەکەمان لێ بستێنێ و بێ ئەوەى قسەیەکی بکا، جڵەوى ئێسترەکەى گرت و گووتی: “وەرن تێڕ و فڕێ دەن، ئەوە ئێسترى ئێمەیە گرتووتانە”. ئەمنیش گووتم: “باوەمەر ئەنگۆ مەڕ و ماڵات و لە نێو سەنگەرەکانی ئەوان دایە، یان دەبێ شەڕیان لەگەڵ بکەن یان دەبێ جارجار لە هێندێک شت خۆش بن. هەها مەڕەکەتان لە نێو سەنگەران دایە. ئەوانەش ئەوەى قبووڵ ناکەن، ئەوجار بۆ ئێوە زەرەرە. ئەگەر مەڕتان بێتە نێو سەنگەران دەبێ ئێستریشیان بدەنێ”. بەو شێوەیە ئاوا لەگەڵ باوەمەڕى قسەمان دەکرد. ئەوە سەربازە تورکەکانیش وەک میوژۆکەى دەلەرزن. دوایە باوەمەر بەو قسانەى من کەمێک ئەهوەن بووە و سیغارێکی دەرێنا و دایمێ و وردە وردە ئیدى ئەو گرژییە نەما و دەستمان کرد بە فشقیات و هەڕەشە و گوڕەشە و قسەى قۆڕ. باوەمەر دەیگووت: “بەسەرى تۆ، چرتەى بکەى وستەت لێ دەبڕم.

– ئەوە بە راستیتە باوەمەڕ، ئەمن ئەرتەشی شاهەنشاهیم لەگەڵە.

– تەح وەڵا بابە ئەرتەشی شاهەنشاهیت لەگەڵە! ئەرتەشی شاهەنشاهی!

بەم شێوەیە بوو بە جەفەنگ و پێکەنین و دوایە گووتی: باشە چەلێ لە ئێسترى دەگەڕێین.

– باوەمەڕ، هیچیان نییە بیخۆن مانگایەکیشیان لێ کوشتوون.

دوایە ماڵ ئاوایمان لە یەکترى کرد و بەرەو پایەگایە شۆڕ بووینەوە. کە گەیشتینەوە سەربازە تورکەکان نەقڵەکەیان بۆ سەروانی گێرابۆوە و گوتبوویان کە پشدەرى غاریان داوینێ کە بمانکووژن و ئێسترەکەمان لێ بستێننەوە، بەڵام قازى چۆتە نێویان و بڕێکی قسە لەگەڵ کردن و دوایە دەستیان کردووە بە پێکەنینێ. بەم جۆرە ئەوەندەى دیکە لێم مەشکووک بوون. بەڵام گوێم نەدەدانێ و نەدەترسام چوونکە سەروانەکەى خۆم پیاوى چاک بوو و خۆشی دەویستم.

بۆ سبەینێ ئەفسەرەکە بانگی کردم و گووتی: “قازى وەرە تفەنگەکەت تەحویل دەوە و سەربازان بەرە و بچۆ لە دیوى پشدەرێ لەو کانییەى خوارێ ئاوێ بێنە. ئەوێ نزیکترە هەتا بچین لە بێوران را ئاوێ بێنین کە رۆژێ هەر دوو کەرەتمان بۆدێ”. ئەو پێشنیارەم زۆر پێ خۆش بوو چوونکە ئەمن نوێژم دەکرد و چام زۆر دەخواردەوە و ئاوم زۆر دەویست. قومقومێک ئاو کە بە هەزار چەقەچەق دەیانداینێ بە هیچ کوێم رانەدەگەیشت. بەڵام ئێستا سەرەراى خۆم، دەمتوانی قومقومەى کوردەکانیش پڕ کەم و ئەوانیش تێر ئاوبن.

کانییەکان دوو دانە بوون هەر یەکەو چۆڕە میزێک دەبوو، بۆ ئەوەى هێق بخۆنەوە و پڕ بن، پێشم گرتبوون. بەڵام هەموو جارێ دەبوایە لانیکەم ١٠٠ مەشکەدڕە کە کولۆیەکی گەورەى زگ زەلامە، لێی فڕێ بدەین. دوایەش دواى روون بوونەوەى ئاوەکە، ئەوجار بە ئەسپایی و بە قاپان، تێڕەکەى پڕ کەین. بە جۆرێک ئەگەر قاپێکت تێکردبا دەبوایە بۆ قاپەکەى دیکە رابوەستی.

رۆژى یەکەم ئاوا تێپەڕى، رۆژى دووهەم بەیانی بوو، تاو هەڵات بوو. لەسەر کانییەکەى راوەستا بووم، سەرباز ئاویان تێدەکرد و ئەمنیش سیغارم دەکێشا. کابرایەکی سۆفی بە سوارى گوێدرێژى پەیدا بوو. ئاغابانووى لەسەر بوو سێ گوێدرێژى پێ بوو. ئەگەر چاوى بە ئێمە کەوت، خەجڵا و قەدەمی دەست و پێی کەوت و رەنگی سپی سپی هەڵگەڕا. بە ئەسپایی گووتی: “سەلاموعەلێکوم”. ئەمنیش بە دەنگێکی بڵیند گووتم: “وەعەلێکوم و سەلام و رەحمەتوڵڵاهی وەبەڕەکاتو، بەخێر بێى مام سۆفی”. رەنگ و رووى کراوە و گووتی: “یاڕەبی مەهابادى خودا هەر راوەستاوت کا”. ئەوە هاتبوو لەوێ لەو شوێنە گیایى دروو بوو لە گالێشی دابوو و دەیهەویست بیباتەوە. گووتم: “هەرەوەزى لێ بکە هەتا ئەمن لێرەم هەموویان بەرەوە دەنا لێت دەسوتێنن. جارێک ئەمن شەڕم لەسەر کردووى”. لە کەرەکەى خۆى فڕێ دا، سفرەیەکی نان پێ بوو و گووتی: “ها ئەوە بۆ ئێوە ئەمن دەچم باران لێدەنێم”. ئەمنیش گووتم: “نامانهەوێ زۆر تێر و تەسەلین!

گووتی: “نا نا بە قوربانت بم، هەڵیانگرە”. ئەگەر تورەکەکەى کردەوە زیاتر لە ٢ کیلۆ سێوى سوورى جوان جوان، لەگەڵ ٦ – ٧ نانی کوردى و لەگەڵ سەلکێک شیرێژە و رۆن. ئەوەى دانا و گووتی: “ئەمن هیچ ناخۆم گاڵیشان لێ دەنێم”. ئەمنیش سەر و نانێکم دا بەوان و یەکی یەک سێو و بڕێک شیرێژە و رۆن و باقیشم دەنێو دەسرێکی زەلامی هومایل، کە جارجار کە سەرم دێشا و لە سەرم دەبەست، پێچاوە و هەڵمگرتن. پیاوەکە خەریکی گاڵیش لێنان بوو و ئێمەش وردە وردە بەرەو پایەگایە هەڵکشاینەوە. کە گەیشتینەوە سەرێ لە دیوەکەى خۆم پرێسکەکەم کردەوە، لە نەکاو کوێخا برایمی بێوران، ئەو فێڵەزانە گەیشتێ. سەروانیش تازە لە خەو هەستابوو و هات بوو لە دەرێ دەم و چاوى دەشووشت. کوێخا برایم هەرچاوى بە پرێسکەکەى کەوت گووتی: “هاى کەڵەگا ئەوە دەستت گەیشتە ئەوێش. هەرسێک تەڵاقم کەوێ ئەوە سێوى هەڵشۆیەیە”. ئەمنیش بەسەر ئیشارەم کرد و گووتم: “کوڕە لاى ئەوەى دەنگێ مەکە. گوێی لێیە حاڵی دەبێ”. بەڵام ئەو بە کەیفی خۆى هەر دەیگوڕاند: “ئەوە سێوى هەڵشۆیەیە دەزانم، چ مەعلووم ئی ماڵە خووشکم نەبێ”. ئەمنیش پێمگووت: “سەبر لەسەرەخۆ بە، باسی هەڵشۆیە مەکە ئەوانە تێدەگەن”. ئەویش بە پێکەنینەوە یەک دوو سێوو و کەمێک شیرێژەورۆنی هەڵگرت. سەروان هاتە ژوورێ نێوچاوانی تێک نابوو. چووە سەر سفرەکەى، هیچ تەعاروفم نەکرد. نەفسی قبووڵی نەکرد کە هەڵنەگرێ. نانێک و کەمێک شیرێژوڕۆن و ٢ سێوى هەڵگرت و گووتی: قازى اینها را از کجا آوردی؟ (قازى ئەوانەت لە کوێ را هێناوە؟).

– وەڵڵا لەو خوارە کابرایەک بە خێرا خۆى داینێ.

ئیدى رۆیی. حەوت رۆژان ئاوم هێنا. رۆژێکی تووشی خاڵەمەرى بووم. داوام لێکرد کەمێکم ماست بۆ بێنێ. ئەویش بۆخۆى کیتەڵەیەکی ماست بۆ هێنام. لەسەر ئەوەى سەروان بانگی کردم و گووتی: “ئەتۆ ئەوە چۆنە لەگەڵ ئەوانە دۆستایەتیت هەیە؟”ئەمنیش لە گۆترە گووتم: ئێمە شێخ الرئیسین و رەئیسی تەواوى عەشیرەتی کوردستانین، ئەوەى شافعی مەزهەب بێ، ئەمە ئەگەر منداڵێکیش بیین، ئەو عەشیرەتانە حووڕمەتمان دەگرن. بەوەى نییە ئێستا ئەمن لەو ئەرتەشەى دا سەربازێکی بێ ناو و نیشان و بێ حووڕمەتم. بۆخۆتان قازى محەممەد دەناسن، رێبەر و پێشەواى ئەو میللەتە بووە. ئەو لە لاى ئەو خەڵکە خۆشەویستە و دەیپەرەستن.

ئەویش گووتی: می دانم می دانم (دەزانم دەزانم) ئەمنیش کوڕى رەش دەناسم، لە تارانێ قسەم لەگەڵ کردووە.

رۆژێک سەربازى تورک چوو بوون دوو بەرانی زەلامی مەحموودى هەباساغایان گرت بوو. لە گەرمان هەر هاژەیان دەهات و نەیانتوانی بوو بڕۆن و بەجێ مابوون. لەوانە یەکیانیان کوشتبووە و یەکیشیان ناردبوو لە سەردەشتێ بیفرۆشن. ئەو دوو بەرانەیان لە بارزان را بۆ تۆوى هێنابوو و بەرانی شین بەشى گەورە بوون. ئەوانە ئەوەندە زەلام بوون کە ناڵ کرابوون و ئەوە یەکەمجار بوو کە دەمبیست بەران ناڵ بکرێ.

راست لەوکاتەدا وەزعەکە کەمێک ئاڵۆز بوو، لەسەر را ئەمنیان بانگ کردەوە و گووتیان وەرە سەربازى کورد بەرە و بچۆ ئاوێ بێنە. لە رێگاى ئاو هێنانێ دا تووشی باوەمەرى بووین کە لەو بەرانانە دەگەڕا. ئەو سۆراغی بەرانەکانی لە محێدینی کاوە کە خەڵکی مەهاباد بوو کرد. ئەویش سوێندى بە قوڕئان خوارد، کە نەیدیون و نازانێ لە کوێن.

لە حاڵێکدا وانەبوو ئێمە کوردەکان هەر زانیمان ئەوە گۆشتی بەرانەکەیە کە لێیان ناوە، هیچمان نەمانخوارد. نازانم لێرەدا چ حیکمەت و هەستیک هەیە، کە هیچمان دڵمان بڕواى نەدا کە بیخۆین و دممان لێنەدا. دیارە شەکێک یان مەڕێک بایە، زۆر پێ ناڕەحەت نەبووین، بەڵام ئەو بەرانانە شتێکی دیکە بوون. دوایە باوەمەر گەیشتە من و بۆ ئەوەى سەربازە تورکەکان تێنەگەن، شان بە شانی باوەمەر رۆیشتم و بە بەیت و بالۆرە پێمگووت: “بەرانەکان گیراون، یەکیان کوشتۆتەوە و ئەوە دەیخۆن و ئەوى دیکەش ئەوە ناردویانەتە سەردەشتێ، بۆ ئەوەى بیفرۆشن. حەیفە، بە پەلە بنێرن بیکڕنەوە با لەبەین نەچێ”. باوەمەڕ زوو حاڵی بوو رۆیی. محێدین لە دوور را گوێی لە بەیتەکەى من بوو هات و بە ترس و لەرزەوە گووتی: “بۆ وادەکەى دەمانکووژن، بۆ بەدبەختمان دەکەى؟

گووتم: “محێدین خودا شاهیدە ئەگەر پێم نەگووتبا شێت دەبووم و دەمردم، دەنا دەمزانی ئەتۆ حاڵی دەبێ. ئێستاش ئەگەر ئەتۆ بێدەنگ بی هیچ نابێ.

باوەمەر بە پەلە ناردبوویە سەردەشتێ، ئەوکات کە جووتی بەرانی چاک بە ٥٠ تمەن بوو، ئەو بەرانەى بە ١٢٠ تمەنی کڕیبووە و هێنابوویەوە.

چەند رۆژ دواتر سەروان سیستانی بانگی محەممەدى قاسمی کرد بوو کە خەڵکی سەردەشتێ بوو. پێیوابوو کە ئەو گوزاریشی داوە و جنێوى پێ دەدا و دەڵێ کە سمێڵی بابی وەک سمێڵی ئیستالینی دەچێ و نازانم بۆخۆی وەک چی دەچی و … فڵان … و ئەوە ئەتۆ فێربووى گوزاریشان دەدەى و وادەکەم کە دادگاییت بکەن. ئیدى باش بوو بەخیر گوزەرا.

هەر لەو ماوەیەدا گروهبانێک فێربوو لەگەڵ یەک دوو سەربازى تورک، شەوانە دەچوون رێیان لە قاچاغچییان دەگرت و رووتیان دەکردن. جارێکی هەر ئەو گروهبانە خەنجەرێکی زۆر چاکی دەبانی لە قاچاغچییان گرت بوو دەیهەویست بە منی بفرۆشێ و دەیگووت ئەوە بۆ کوردان پێویست دەبێ. ئەمنیش لە دڵى خۆمدا گووتم قەحبەباب ئەگەر پێویست بایە بە تۆ نەدەبوو و لەو کارەی زۆر تووڕە بووم و پێم بێشەڕەفی بوو کە گروهبانێک لە نێو دڵی پشدەریان دا، کەڵەگایەتی بکا و خەڵکی رووت بکا. زۆریان لێ تووڕە بووم و گووتم: “عەیبێ ناکەن رێگا دەدەن کە گروهبانێکی خوێڕى ئاوا بکا. بۆ شەوێکی لێى ناخەفتێن و نایتۆپێنن”؟

لەو ماوەیەدا ئێمە تووشی تەقەیەکی ئەوتۆ نەبووین و پشدەرى شەڕیان نەدەکرد. چوونکە ئەوان بێجگە لە مەڕتەع، هەموو رسق و رۆزیان لەبەر دەستی ئەرتەشی ئێرانێ دا بوو و ئەشکەوتێکی زەلامی لێ بوو، لانیکەم ٦٠٠ پێستە پەنیرى تێدا بوو. بۆیە بە ناچارى شتێکیشیان وەک هەوارانە دەدا بە ئەفسەرەکان.

سەرجەم ٣١ رۆژ لەو شوێنە ماینەوە. دوایە رۆژیک ئەو شوێنەمان بەجێهێشت و بەرەو ئاوایی بێوران وەڕێکەوتین. عەلی توتنچی کە خەڵکی سابڵاغێ بوو، زووتر گەیشتە قەراغ ئاوایی. لە بێستانێکی لاى دا و نزیک بە ٣٠ دانە ترێز و هاروێی کڕى و هەمووى خوارد. ئێمەش گەیشتینێ و گووتمان کاکە کەمێکیش بە ئێمە بفرۆشە. کابرا گووتی: وەڵڵا ئەوە هەمووی خوارد، هیچی پێوە نەماوە. عەلی پێدەکەنی و دوایەش بە تێکوڵەکان هەڵمیزت. ئەمنیش بە شۆخی گووتم: “کەسافەت بۆ وا دەکەى مریشکێک شتێک دەیخوا”. هەر چۆنێک بوو کابرا گەڕا و لە نێو بڕکان دا ٨ تا٩ دانەى بۆ ئێمە دیتەوە و بۆى هێناین. خەریکی خواردنێ بووین تەماشام کرد عەلی، خوڕێن ببووە و ئەو تێکوڵانەى کە بۆ خۆى پێی هەڵمیزت بوو، هەڵیدەگرتەوە و دەیخوارد. جا وەرە پێ بکەنە. ئەو دەیگووت: وەڵا ئەوانە وێیان نەکەوتووە.

ئەوکاتەی کە لە بێوران بووین رۆژێک رێژەمان دەدا و مەشقمان دەکرد. عەلی لەنێو رێژەکەى دا، تێکوڵێکی شووتی لەبن پێیان، لە نێو تۆز و خۆڵ دا دیتەوە کە کەمێکی سوورایی پێوە مابوو. هەر داهاتەوە، بە پەلە پڕى پێ دا کرد و تێکوڵەکەى رەقوونی خست و خێرا کرووستییەوە و خواردى. ئێمەش مردین لەبەر پێکەنینێ. دوایە رووى لەمن کرد و گووتی: قازى خودا شاهیدە لە هەموو شتی دنیایە خۆشتربوو.

رۆژێک گروهبانێک بە نێوى حەبیبی قومقومەیەکی رۆن دزى بوو. کۆیان کردینەوە و دزیان هێنا و گووتیان ئەوە خیانەتی کردووە، دەبێ لێی لە هەڵا بدەن. سەربازەکان هەموو لێیان لە هەڵادا و ئەمنیش هەر پێدەکەنیم و دەمزانی ئەوە فشەیە. دوایە گروهبانەکەیان بۆ ماوەى حەوتوویەکی بردە سەردەشتێ و دوایەش هێنایانەوە. ئەوە هەموو تەمبێکەى بوو و دیسان هەمان ئاش و هەمان کاسە و ئەوجار هەر فیکەى سمێڵی دەهات، چوونکە لە ئاشپەزخانەیان دانابوو.

لە پاییزێ دا مەئموورییەتی سەردەشتێمان تەواو بوو و هێنایانینەوە مەهابادێ. زستانی ئەو ساڵەى یەکجار زۆر سەخت بوو. رۆژێکی ٨ کەسیان جوێ کردینەوە و کردیانینە مەئموورى نیزام وەزیفە و بەڕێیان کردین بۆ شارى بۆکان. ئەو رۆژەى کە وەڕێکەوتین، هەر کە گەیشتینە میاندواوێ بەفر دەستی پێکرد. شەو لە قاوەخانەى عەزیز، کە کابرایەکی کورد بوو ماینەوە. سبەینێ کە هەستاین تا سەر ئەژنۆیە بەفر بارى بوو.

ئەوکات دەوڵەتی ئێرانێ بە بێڵی ڕێگاى دەماڵی. گووتیان رێ ماڵدراوە و لەگەڵ چەند کەسی دیکە لە خەڵکی بۆکانێ، ماشێنێکی ئوستورلێکمان بە کرێ گرت و وەڕێکەوتین. هەتا تەوێڵەومیانە کە هەر کیلۆمیترێک لەشار دوور بوو، رێگا ماڵدرابوو و لەوێڕا ماشێنەکە دەبوو رێ ببڕێ و هەتا زۆرتر بەرەو سەر دەڕۆیشتین، بەفر زۆرتر دەبوو. بۆ بانگی خەوتنان گەیشتینە هەورازى حاجی ئابادێ. ماشێنەکە کەمێک بە هەورازەکەى دا هەڵگەڕا بەڵام نەیتوانی وەسەر کەوێ و پاشەوپاش گەڕاوە لە بەفریێ چەقی. مژو و سەرمایەکی زۆر سەخت بوو و پیا و رەق دەبوو و دەیبەست. پێنج چەلەنگ گازۆڵی کابرایەکی حاجی، لە پشتی ماشێنێ دابوو، بە بەفرماکەمان دا کرد تا خۆمان گەرم کەینەوە. دوایە ئەوەش تەواو بوو و ماشێنەکەشمان بۆ لە بەفرى نەهاتە دەرێ.

لەو سەفەرەیدا ژنێکی گەڕاوەى بەگزادەمان لەگەڵ بوو کە بە بەربووکی هاتبووە میاندواوێ و دەستە نوێنێکی زەلامی پێ بوو. ئەوەش تووشی ئەو مەخمەسەیە ببوو و دەبوو بە هەر شێوەیەکی بێ دەربازى بکەین.

بەرەو ئاوایی حاجی ئابادێ وەڕێکەوتین. شۆفیرەکان کە دوو ئەرمەنی بوون، ماشێنەکەیان بەجێ نەهێشت و لەوێ مانەوە. بە کابراکانم گووت دەبێ یارمەتی بکەن و ئەو ژنەى لە کۆڵ کەن. ئەلحەق بە قسەیان کردم بە تایبەتی دوو کەسى کەڵەگەت و بە خۆوە، بە نۆرە هەڵیان دەگرت. گەیشتینە نێو دێ و خۆمان بە مزگەوتێ دا کرد. مزگەوتێکی تاریک ٥٠-٦٠ کەسی تێدا بوو و لەبەر دووکەڵی سیغار کەس کەسی نەدەدیت و دەتگووت جەهەندەمە. دەورى کوورەکەیان بۆ ئێمە چۆل کرد. ئاورەکەیان بۆ خۆش کردین و نێڵیان دا.

کاک سمایلی قازى کە خزم و کوێخاى ئاوەدانی بوو، لەوێ بوو. پیاوێکی زۆر باش و بە حووڕمەت بوو و زۆرى بەخێرهاتن کردین. دواى ئەوەى زەریف گەرم بووینەوە، دابەش کراین. ئەمن و ئەو ژنە لەگەڵ کاک سمایلی چووینەوە ماڵێ. ئەگەر چووین قازى محەممەدى حاجی ئابادێ (خاڵە قازى) بە تاقی تەنێ لە تەنیشت کورەى نەفتی کە ئەوکات تاق و لۆق پەیدا ببوو، دانیشت بوو و کتێبى دەخوێندەوە. ئینسانێکی زۆر باش و لێهاتوو بوو و زۆرى بەخێرهاتن کردین. دوایەش پیاوى نارد پێخەف و پێخۆرى بۆ ئەرمەنییەکان نارد.

ئەو شەوە لەوێ ماینەوە، بەیانی وەڕێکەوتین و چووینەوە لاى ماشێنەکە. زۆرمان هەوڵ دا، هەڵ نەبوو. بە ناچار بە پێیان وەڕێکەوتین. ژنەکەش مەجبوور بوو بەجێ بمێنێ و تا ١٥ رۆژان، تا کرانەوەى رێگا، لەوێ مابووە.

ئێمە دێ بە دێ بەرەو بۆکان وەڕێکەوتین. بۆکانییەکان رێگایە بەڵەد بوون و وەپێش کەوتن و رێگایان دەشکاند و ئێمەش بە دوایاندا. لە ئێوارێ دا گەیشتینە ئەوبەرى ئاوایی کۆنە مەلالەڕ. زۆر سارد بوو، پەنداوى ئاوەکەى بەست بووى و نەماندەوێرا بەسەرى دا بڕۆین و ئەگەر شکابا دەرچوونمان نەدەبوو. زۆرمان هەرا کرد کە ئەسپێکمان بۆ بەڕێ بکەن بپەڕینەوە، کەس جوابی نەداینەوە. بە ناچار لە داوێنێ لە شوێنێکی خوڕێن، پەڕینەوە. گیانمان هەموو تەڕ ببوو و لە سەرمان خۆمان گەیاندە ماڵێکی فەقیر. تەندور دایسا و خۆمان چاک گەرم کردەوە و دوایەش چووینە ماڵە ئاغاى. ئێمەیان بردە دیوەخانێ کە لە دەرەوەى حەسارى ماڵێ بوو و دەرکەوانی هەبوو و شەو دادەخرا.

زۆرمان برسی بوو، نان و چایان بۆ هێناین. بەڵام هەریەکە ٢ نانمان وەبەرکەوت کە بە هیچ کوێمان رانەدەگەیشت. بۆ بەدبەختی گوایا لە کاتی نان هێنان دا، بایەکی تووندى هاتبوو و چەند نانی بردبوو. ئەو شەوە بەو جۆرە رۆژمان کردەوە. بۆ بەیانیش هەریەکە نانێک و بڕێک پێخۆریان بۆ هێناین. بەم شێوەیە بە نیوە برسی هەستاین رۆیشتن بۆ مزگەوتێ. دەرێ زۆر ساردبوو، مژ بوو و چاو چاوى نەدەدیت. ئەگەر دەرکەت دەکردەوە، مژ وەک دوکەڵێ دەهاتە ژوورێ. لە ژوورى مزگەوتێ ئاغا لەگەڵ مەلا شێخ عێزەدینی حوسێنی لە دەورى کوورەى، لەسەر کۆلکان دانیشت بوون. ئەمنیش سڵاوم کرد و گووتم: ئەرێ مجێورى ئێرە کێیە؟

مەلا شێخ عێزەدین گووتی: بۆ چیتە؟

– سەروەتم ئەو ١٠ تمەنەیە بڕێک نان و پێخۆرمان بۆ بکڕن بیخۆین.

ئاغا گووتی: ئەنگۆ مەگەر لە ماڵە ئاغاى نان و نەخواردووە؟

– ماڵە ئاغاى نانی نادەن بە ئێمە. ئەگەر ئەفسەرێک یان گروهبانێکمان لەگەڵ با، گاو گردونیان بۆ دەکرد. بەڵام ئێمە سەربازین، شەوێ ٢ نان و بەیانی بە نانێکی کوا دەتوانین لەو سەرما و سەخڵەتی و قیامەتەى دا ئەو بەفرە کە لە پشتێندێیە ببڕین. ئاغا گووتی: ئەتۆ قسەت زۆر زەلامە.

– قسەى لێ مەکە لە عوومرى خۆم وەڕەزم، خودا گەواهە تفەنگێکت لێ دەدەم، غەیرى ئەوەیە دەمکووژنەوە.

مەلا شێخ عێزەدین گووتی: کوڕینە دا غاردەن نان و چایان بۆ بێنن.

– چامان ناوێ هەر تێر نان و پەنیرمان بکەن بەسە.

دواى نان خواردنێ دیسان وەڕێکەوتینەوە. بۆکانییەکان لە پێشدا بەفریان دەبڕى و ئێمەش بە دوایان دا. درەنگ وەخت لە پەنا قەرەموسالیان لە قاوەخانەیەکی لامان دا و گووتمان ناچینە ماڵان. فەرماندەرى دەستەکەمان قەرەپەپاخێک بوو لە نێو کوردان گەورە ببوو. لەگەڵ جۆراببازان لەسەر پوڵی، ملی لە جۆرابێنێ نا و تا درەنگ وەخت جۆرابێنیان کرد و ١٢ تمەنی دۆڕاند. ئێمەش گووتمان بەیانی وەرنەوە پوڵەکەتان دەدەینێ. بەیانی نان و چامان خوارد و هەرچۆنێک بوو پووڵی قاوەچییەکەمان دا و وەڕێکەوتین. تەماشام کرد ئەوانەى شەوێ جۆرابێنیان بردبووە پەیدا بوون و داواى پوڵەکەیان دەکرد.

ئەمنیش پێم گووتن: “وەڵڵاهی ئەوە قڕانێکی نییە، ئێمە پوڵی بۆ دەدەین، ئێمەش سەربازین مانگێ ٩ قڕان وەردەگرین. هەرچی هەمان بووە خەرجمان کردووە، بە چی پوڵتان بدەینێ”؟ لەوێش وەدەرکەوتین بەرەو ئاواییەک چووین، پێم وایە بوگەبەسێیان پێدەگووت. تازە مزگەوتی لێ دروست کرابوو، بەڵام پەنجەرەى تێنەگیرابوو. خەڵکێکی زۆر لە نێو چڕە دوکەڵی مزگەوتێ دا دانیشت بوون. ئێمەش چووین لە دەورى کورەى دانیشتین. وردە وردە خەڵکەکە قونە دزەیان دایە. ئەمنیش گووتم: “نەهاتووین خەڵکی ئەزییەت کەین و ڕەپێچەکیان دەین، میوانین برسیمانە، بۆیە لامان داوە”. پیاوێک ئێمەى بردەوە ماڵە خۆى. خێزانی سفرە و نانی بۆ هێناین و هەر لە حەواى را بە نوکی کەوچکی، بۆ هەر کامەمان کەمێک رۆنی زەنگ بە قەدرا دەنکە خورمایەکی بۆ فڕێ داینە سەر نانەکە، ئەمنیش هەر پێدەکەنیم. دوایە چامان خواردەوە و دیسان بەپەلە وەڕێکەوتین.

ئێوارێ درەنگ گەیشتینە ئاوایی حەمامیان. لەوێ لە خەڵکی سۆراخی ماڵە مەحمود ئاغاى دێبۆکریمان کرد، رێنوێنیان کردین. لە نزیک ماڵە مەحمودئاغاى تووشی پیاوێکی ردێن سپی جوانی پاک و خاوێن بووین، خەنجەرێکی دەسک سپی لەبەردا بوو. ئەمن زوو زانیم کە ئەوە دەبێ مەحمودئاغا بێ. نێوبانگیم بیست بوو. سڵاومان کرد، یەکێک پرسی و گووتی ئەرێ مام سۆفی ئێرە ماڵی مەحمودئاغایە. ئەویش گووتی ئا بابەگیان بڕۆنە ژوورێ. چووینە ژوورێ ٩-٨ نۆکەرى زەلام، هەموو خەنجەر لەبەر پشتێنی دا و زۆربەیان دەمانچەشیان پێ بوو، لەوێ بوون. دیاربوو مەحمودئاغا ئەوکات زۆر بە دەسەڵات بوو. ئێمەیان برد لە دیوێکی زۆر گەرم کە دیوەخانی مەحمودئاغاى بە سەریدا، دەیڕوانی دانا. دوایە مەحمودئاغاش لەگەڵ مەلا ساڵە، مەلاى مزگەوتێ هاتەوە. وەک باس دەکرێ مەحمودئاغا بێ ئەو مەلایە نەدەحاواوە. دوایە عەوڵاى کوڕى مەحمود ئاغاش هاتەوە. ئەو شەوە زۆریان حوڕمەت گرتین. جێگا و ڕێگامان زۆر گەرم و گوڕ بوو، تێر نان و چا بووین. ئەگەر سفرەیان بۆ راخستین، دوو سێ جارم ئاگا لێ بوو کە مەحمودئاغا هات و چاوێکی لە سفرەکەى ئێمە کرد و هەموو جاریش بە دیقەت تێمان دەفکرى. ئەمنیش لە دوور را سفرەى دیوى مەحمودئاغام لێ دیار بوو کە شتێکی وەک کولەکە یان هەڵواى سوورکراوەى لەسەر بوو، کە لەسەر سفرەى ئێمە نەبوو. مەحمودئاغا سفرەى ئێمەى کۆنتڕۆڵ دەکرد، بۆ ئەوەى بزانێ ئەو عەزایەى کە لەسەر سفرەى ئەوان هەیە، لەسەر سفرەى ئێمەش هەیە یان نا؟

بەڵێ ئەو شەوەى ئاوا مەحمودئاغا زۆرى حووڕمەت گرتین. دواى نان و چاى تەماشام کرد یەکێک لە نۆکەرەکانی مەحمودئاغا زۆر ناڕەحەتە و تەنانەت نەهات نانی بخوا. ئەویش لێمان پرسی کە بۆ وا ناڕەحەتە. جوابێکی نەداینەوە. یەکێک لە نۆکەرەکانی دێکە گووتی: “وەڵا رەنگە دواى رۆیشتنی ئێوە مەحمودئاغا دەرى بکا یان لێی بدا یان جنێوى پێ بدا”. ئێمەش پرسیمان بۆ.

گووتی: ئەوە باب نۆکەرە، دەبوایە نەیهێشتبا کە ئەو بۆکانیانە بەسەر ماڵاندا دابەش بکرێن و دەبوایە هێنابانیەوە ئێرە. ئەوجار بڕێک کولەکەیان بۆ مەحمودئاغاى سور کردبۆوە لەسەر سفرەى ئەو هەبوو بەڵام بۆ ئێوەیان دانەنابوو. بۆیە مەحمودئاغا توڕە بووە.

بۆ سبەینێ گەیشتینە بۆکانێ، دوکان و بازار داخرابوو، لە هەموو لایەکی را رێگا بەسترابوو. دەوڵەتی شاى نەیتوانی بوو رێگاى بکاتەوە. چووینە میوانخانەى حوسێنی خاتەمی کە لەگەڵ من ئاشنا و لە رادەبەدەر خۆشی دەویستم. ئەو ئەندامی حیزبی تودە بوو کارتی ئەندامەتیەکەیم دیبوو. ئەوکات مانگانە ٥ قڕانی ئەندامەتی دەدا و لەگەڵ کەریمی حیسامی زۆر مەڕبووت بوو.

میوانخانەکە زۆر سارد و سڕ بوو. بۆیە لە نێو شار لە پشتی حەوزخانەى، لە لاى قەڵایە، تەپۆڵکێکی لێ بوو کە تازە خەڵکی دێهاتی خانوویان لێ دروست دەکرد. لەوێ خانوویەکمان بەکرێ گرت، مدبەقی تێدابوو و کردمانە مەنزڵی خۆمان و شەوانە کە لە مەئموورییەتێ را دەهاتینەوە، لەوێ دەماینەوە. گۆزەیەکی ئاوێ و چەند پەتوو و چرایەکی نمرە ١٠و بڕێک نەفت و کورەیەکی دارمان کڕى و ماڵەکەمان ئاوەدان کردەوە.

دەبوایە بچینە مەئموورییەتی دێهاتی. وەزعی خەڵکی ئەوکات بێ حەد پەرێشان بوو و خەڵک هیچیان نەبوو و حاسڵات زۆر کەم بوو. زۆربەى بارى گەنم و هەرزنیان بە قەرزى سەرخەرمانێ لە ئاغایان قەرز دەکرد، یان بە نرخێکی گران دەیان کڕى. لەگەڵ ئەو قاتی و قڕییەش دا سەرما حەشرى دەکرد. کارى ئێمە ئەوە بوو کە بزانین کێ سەربازە و ئێمە بریتی بووین لە ئەمن و دوو کوڕى دیکە کە هەردووکیان نێویان عەوڵا بوو دەبووینە سێ عەوڵا. یەکیان بە عەوڵا عەجەم بەناوبانگ بوو کە دوایە بوو بە پاسەبان، ئەوەى دیکەش ئێستا ماوە و لە مەهابادێیە و لەگەڵ دوو سەربازى تورکی جولەکەى میاندواوێ (جا وەرە تورک بێ و جولەکە بی).

ئەوانە هەموویان تەشقەڵەیان بە خەڵکی دەکرد. ئەمنیش ئەوەم زۆر پێ ناخۆش بوو، بۆم تەحەمول نەدەکرا. بۆ وێنە کوێخا راپۆڕتی دەدا کە لەو دێیەى خوارێ کوڕى حەمە حەسەنی سەربازە، ئیدى ئەوانە یەکسەر دەچوونە ماڵە حەمە حەسەنی و لەوێ دایاندەکوتا و دەیانگوت: “وەڵڵا مام حەسەن نان و چاى سازکە و کوڕەکەشت حازر بکە دەیبەین”. ئیدى هەر بە فەورى دەبوو بە شین و رۆ رۆ و قوڕ پێوانی دایکان. لە حاڵێکدا مەئمورییەتمان ئەوە نەبوو و ئێمە تەنیا دەبوایە کاغەز بۆ کوێخا سجیلان بەرین و ئەوان دواتر وەزعی سەربازان روون بکەنەوە. دواى ئەوە، واسیتە و واسیتەکارى پەیدا دەبوو و هەرچۆنێکی بوو بە پوڵێکی زۆر رازیان دەکردن.

رۆژێکی لە ناوچەى فەیزوڵڵابەگی چووینە ئاوایی سنجوى سەرێ. دەعوەتێکی گەورە بوو و خەڵکێکی زۆرى لێ بوو. کاک سەعید کوڕى حیسامی داشکستانی لەوێ بوو و یەکترمان دەناسی. لەو مەجلیسە دا ئەوانە هەر بە تەوسەوە باسی کارەکانی کۆماریان دەکرد و لاساى پێشەوا و حەمە حوسێن خانیان دەکردەوە. ئێمەش زۆر شەکەت و ماندوو بووین. بۆیە داوامان کرد بمانبەنە جێگایەک کە بتوانین لاق درێژ بکەین و بحەسێینەوە.

سبەینێ دەبوو بچینە سنجوێ خوارێ. سۆفی مرادێکی لێبوو کە کوڕەکەى مەشموول بوو. لەسەر ٥ تمەن کە نەیبوو بیانداتێ، دەیانهەویست لەوێرا ئەو پیرە پیاوە بەدبەختەى، بەرنە سنجوێ سەرێ. ئەمنیش ئەگەر تەماشام کرد ئەو بێچارەیە کەوشی لەپێ دا نەبوو و پێخواس بوو. زۆرم بەزەیی پێدا هات و توڕە بووم و ٥ تمەنم دەرهێنا و بۆم فڕێ دان و گووتم: سۆفی مراد بگەڕێوە!

مەسئوولەکەمان گووتی: ئەتۆ چکارەى وادەکەى؟

– گووتم بیگرە، هەڵیگرەوە. ئاخر ئەتۆ ئەوەى ناهێنی کە لەو دێیەى خوارێ سواڵت بۆ بکا. ئاخر خودا دەزانێ لەوێ پووڵی بە قەرز دەدەنێ یان نا. هەڵیگرەوە و واش لەو عالەمەى مەکە.

لەوەش سەیرتر ئەو کابرایە ئەوەندە دوو روو بوو سەرەراى ئەو رەفتارانەى، لە نێو خەڵکی دێهاتیش دا شێعرى دەمەتەقەى هەژارى دەخوێندەوە و دەیگووت بۆ ئەمن سەگم تەنەکەم لە ملی خەن و … چی و چی.

ئەوجار گووتم: “ئەتۆ جارجار چ بە خەڵک دەڵێی و چیان بۆ دەخوێنییەوە و لێرەش ئەوە کردارتە و ئاواش دەیانڕوتێنییەوە”. ئەویش گووتی: “کاک عەوڵا ئەو قسانە مەکە”.

بەم شێوەیە ١٧ – ١٨ دێیان چووین. بە هاوکارى کوێخایان پووڵێکی زۆریان خڕ کردەوە و ماڵی وا هەبوو ٥ تمەن، ١٠ تمەن تا ٢٠ تمەنیان لێدەستاندن. ئەوجار ئەمن لەگەڵیان نەچوومەوە و گووتیان ئەگەر نەچی دەبێ رۆژێ گۆزەیەک ئاو بۆ سەروانی بەرى. گووتم: “دەچم گۆزەى بە خیابانێ دا بە کۆڵم دادەدەم ئاوى بۆ ئەو سەگبابەى دەبەم بەڵام ناچمە دێهاتی، هەم نانی مفتێ بخۆم و هەمیش خەڵکی تاڵان بکەم. لەبرسانیش بمرم ئەوەى ناکەم. پێم عەیب نییە بچم ئاوى بۆ بێنم. لە حەوزێشی بۆ پڕناکەم هەر لە قاناوى جۆگەى نێو شارى تێیهەڵدەکێشم و پڕى دەکەم و بۆى دەبەم”.

سەروان هاچەرى ماڵێی دامێ و رۆژى ٢ گۆزەم ئاو بۆ دەبرد. بەم شێوەیە کارى من دیارى کرا. ئەو ئەفسەرە ئینسانێکی گڵاو بوو هەرچەند نوێژى نەدەچوو بەڵام پووڵی لە خەڵکی دەستاند. جارێک وەک هەرەمی میسرى، خورما و شیرنی لەسەر دەورى چنی بوو، بە جۆرێک لە هەر لایەکی را دەنکێکت دەرهێنابا هەڕەمەکە تێک دەچوو و دەیزانی. ئەمنیش ٢ دەنکم لە خورماکەى دەرهێنا.

لەوکاتەدا خەبەر هات کە لە قەبرستانی شار جولەکەیەکیان هێناوەتە دەرێ و خەڵک لەوێ کۆببوونەوە. ئەمنیش بۆ دیتنی جەنازەکە چوومە قەبرستانی شار. ئەو رووداوە ئەو سەروبەندەى بوو کە جوولەکە دەگەڕانەوە بۆ فەلەستین. ئەو جوولەکەیە چەند رۆژ پێشتر کرێکارى ماڵە حاجێکی دەوڵەمەند بووە بە ناوى حاجی حەمەدەمین. گوایە کارێکی خراپی کردوە و حاجی پاڵێکی پێوە ناوە. بێ ئەوەى دەست یان لاق، یان شوێنێکی بشکێ، دواى چەند رۆژان ئەو جوولەکەیە مردبوو. دەنگۆ سازبوو کە حاجی کوشتوویەتی. ئەو رۆژەى کە دەریان هێنابووە زیاتر لە ١٥ رۆژ بوو کە نێژرابوو. ئەمنیش چوومە سەر قەبرەکەى، رەئیسی ئەمنییە و سەروانی ئێمە و دوکتورێک لەوێ بوون. جولەکەیان هێنابووە دەرێ و لەوێ تەخێڵ کرابوو. لە زگی را بۆ سەرێ رووت بوو. بەدەنی وەک بەدەنی ژنان جوان و سپی بوو، نە بۆنێک نە هیچ شتێکی لێنەدەهات. پیاوێکی قسە خۆشی لێبوو، ماسی کەپۆى گرتبوو و دەیگووت ئاى لەو کافرەى چۆن بۆنی لێدێ. ئەمنیش بە پێکەنینەوە گووتم: “بە عیزەتی خوداى ئەوە ئەتۆباى ئێستا بە قەرا رەشکە کایەکی هەڵمسابووى و بۆگەنیوت دەچووە عەڕشی ئاسمانێ، ئیدى بۆ کەپۆت گرتووە و پووف دەکەى. ئاخر خودا هەڵناگرێ با جووش بێ وەڵڵاهی هەر دەڵێی تازە نوستووە.

لەوێرا بڵاوە کراو خەڵک چوونەوە و ئەمنیش چوومەوە مزڵەکەى خۆم. هاتن بە دوومدا و گووتیان سەروان بانگت دەکا. ئەمنیش بە غار چووم. دەرکەم بۆ کردەوە، زانی کە دوو دەنکە خورمام خواردووە. وەڵڵا ئیدى هاچەرەکەى لێ ئەستاندمەوە. سەرجەم دوو رۆژم ئاو هێنا، ئیدى ئاسوودە بووم و لەکۆڵم بوونەوە.

کە وازم لەو مەئموورییەتانە هێنا، دەبوایە شەوانە لەو مزڵەى کە دەوروبەرى هەموو چۆلگە بوو بە تەنیا بمێنمەوە. لەو مەئموورییەتانە سەرما لە رادەبەدەر کارى لێکرد بووم. لایەکی دموچاوم سوور هەڵگەڕابوو و رەنگی قاوەیی گرتبوو. نێو زاریشمی داگرتبوو و تەواوى پووکی لاى راستی ددانم دەتگووت لە ددان ببوونەوە. چاوێکیشم کوێرە مووشە ببوو. بێ دوکتور، بێ دەرمان و بێ ساحەب مابوومەوە. تفەنگێکی بڕنوى درێژیشم بە ریشەوە ببوو کە ئەوکات ٤ هەزار تمەنی دەکرد. ئاغاواتیش پیاوى دزى چەکدارى خراپیان هەبوو، زۆر جێگاى مەترسی بوون. لە وەزعێکی ئاوادا، سەرما بردوو و کەساد و شەکەت لەو ژوورە سارد و سڕەدا بە تەنیا مابوومەوە. بەسەر ئەو ژوورەوە مدبەقێکی لێ بوو کە تەندورى تێدابوو. هەر چۆنێک بێ چراکەم هەڵکرد، بەڵام نەمتوانی کورەکەى پێوە نێم. بە ناچار ٨-٧ پەتووم بە خۆ دادا و چراکەم کز کرد و درێژبووم. وردە وردە لەرز دایگرتم و نەمدەزانی چ بکەم. جیرانیش دوور بوون نەمدەتوانی هاوار بکەم. خودایە ئاوەدانییەک، بەشەرێک، کەسێک نییە لێم بپرسێ. وردە وردە فکرم بۆ پەیدا بوو کە رەنگە دەرکەم دانەخستبێ. بۆیە تفەنگەکەم هێنایە لاى خۆم و فیشەکم وەبەر نا بۆ ئەوەى مەبادا کەسێک بێ رووتم بکا. هەر لەو فکرە دابووم تەماشام کرد دەرکە کراوە. لە چەخماغی تفەنگم دا و هەستم راگرت هیچم نەدیت. چراکە بە حاڵ دایسا. ترسام، گووتم لێم وەژوور کەوتوون. بەڵام هیچم بۆ مەعلووم نەبوو. لەبن لێفەکەى دا تفەنگەکەم دەرهێناو بە دیقەت خورد بوومەوە بزانم چییە. ئەگەر تەماشام کرد گورپەیەکی رەشی زەلام بە چنگی دەرکەى کردبووە. ئیدى خۆى لە باڵ من کێشا. ئەمنیش هەر چۆنێک بوو لەسەر چۆک رۆیشتم، بە دەرکەى دا هەڵگەڕام و دەرکەم ئاڵقەرێز کرد و هاتمەوە لەگەڵ پشیلەى لە جێیە خزام. جارجار ئەغیار و جارجار لە هۆش رادەچووم، تا بەری بەیانی ئەوە حاڵم بوو. بەیانی کەمێک تاووبان رووناک بوو. دەمێک مژ بوو دەمێک تاو. بەڵام زۆر سارد بوو. هەستام بە کوچەى دا ڕۆیشتمە خوارێ. رێگا بەستەڵەک بوو، پۆتینی ئەرتەشی شاى، بنیان قایش بوو و لوس لوس بوون. ئەگەر ئاگات لەخۆت نەبایە هەر هەنگاوێکی هاویشتبات جارێک خلۆر دەبوویەوە. دەستم بە دیواران گرت و دەبوو بە هەموو تواناوە ئاگام لە تفەنگەکەى بێ بۆ ئەوەى نەکەوم و قۆنداغەکەى بشکێ. چوونکە شکابا هەرباسی سەر بوو. هەرچۆنێک بێ گەیشتمە لاى حەوزێ و بە کوچەیەکی دا بەرەو خوار بوومەوە. لەو وەزعەدا تووشی ژنێکی سوور کارە بووم، گۆزە ئاوێکی پێ بوو و دەچۆوە ماڵێ. ئەگەر تێم فکرى ناسیمیەوە و گووتی: “ئایەڕۆ ئەوە بۆ وات لێهاتووە و بەخێرهاتنی کردم و دەستی بە گریانێ کرد”. ئەمنیش گووتم وەڵا سەربازم و وەزعم ئاوایە و بڕێک نەخۆشم. نەمناسی، زۆرم زگ بەخۆم سووتا. خوداحافیزیم لێکرد و چوومە قاوەخانەى. لەوێ دانیشتم، کورسییەکانی دارى رەق بوون، قاوەچیش تازە سەماوەرى پێوە نابوو و ئاورى کردبووە و بازاڕى نەبوو. تاق و لۆق خەڵک لە دێهاتی را دەهاتن. چایەکە گەیشتێ نانم بۆ نەدەخورا، لایەکی روومەتم تەواو رەش ببوو و پوکی ددانم وەک قەترانی رەش، رەش هەڵگەڕابوو. لێوم هەڵمسابوو و ئاو بەزارمدا دەهاتە خوارێ.

هەرچۆنێک بێ دوو چام خواردەوە. دەبوو زارم بۆ خوار کردبا و لاجەولاج چایەکەم بە زارم دا کرد با و نەدەبوو گەرمایی وەلاى سەرما بردووەکەى بکەوێ. زۆرم برسی بوو، گەرم نەدەبوومەوە و نەمدەتوانی لەسەر ئەو تەختانەش درێژبم و حەجمینم لێ بڕابوو. هەستام گووتم با سەرێک بەو دەور و بەرەدا بکێشم، بزانم کەسێک ئاشنایەک نابینم، یان لانیکەم ئیدارەى لە وەزعی خۆم ئاگادار بکەم.

بەو بەیانەى تووشی سەربازەکان بووم کە لە مەئموورییەتێ را دەگەڕانەوە. کوڕێکیان لەگەڵ بوو بە نێوى محەممەدى قاسمیان، کوڕى وەستا قاسمی سنەیی کە خەڵکی سەردەشتێ بوو و زۆر پێکەوە دۆست بووین. هەر کە چاوى بە من کەوت گووتی: “کوڕە عەوڵا ئەوە بۆ وات لێهاتووە؟”

– محەممەد وەزعم شەکەتە.

– وەرە وەرە ئەتۆ سەرماتە دەلەرزى.

قاوەخانەیەکی گەرم و ئاوەدانی لێ بوو چوینە ئەوێ. بانگی کرد و گووتی: یارەماسی کوڵاو بێنن.

– بۆم ناخورێ.

– بەخوداى دەرخواردت دەدەم ئەتۆ لە برسان کەوتووى. یارەماسیان هێنا و هەڵیپشاوتو خوێی پێوە کرد و بە قامکی دەولاى زارى دەنام و پاڵی پێوە دەنا و دەیگەیاندە گووپم و دەیگووت قوتی دە. بەو جۆرە سێ دەنکی یارەماسی بە زۆرى دەرخوارد دام.

بڕێک وڵات گەرم داهات بردمیە ئیدارەى. ئەو رۆژە ئیدارە نەبوو، بردیانمەوە مزڵێ. باش بوو ئەو شەوەى ئاورێک شتێک هەبوو. بۆ سبەینێ وەزعم زۆر خراپتر بوو بردیانمە ئیدارەى لەوێ کاغەزیان نووسی بۆ دوکتۆرى.

دوکتۆرێکی ئاڵمانی بەخۆى و بە ژنەکەى مەتەبێکیان دانابوو و خزمەتی خەڵکیان دەکرد و ئەو شارە تەنیا ئەوانی لێبوو و زۆر دوکتۆرێکی باش و بە نێوبانگ بوو. ئەگەر چووین زیاتر لە ١٠٠ کەس ژن، پیاو، منداڵ، پیرو پەککەوتەى سەرمابردو و نەخۆشی لێبوو.

کۆخە کۆخ و هەرایەک بوو مەگەر خودا بزانێ. عەوڵا عەجەم سینگی دا پێشێ و گووتی ئەمە سەربازین و ناتوانین مەحتەل بین و نۆبە بڕى کرد و چوینە ژوورێ. ئەگەر چووینە ژوورێ دوو نەخۆشی دیکەشی لێ بوو. کارى ئەوان تەواو بوو، نۆرەى ئێمە هات. دوکتۆر چاوێکی لێکردین هەر کە چاوى بە تفەنگەکە کەوت بە عەوڵاى گووت، دا پیشفەنگێکی بکە، عەوڵا پیشفەنگی کرد و دوکتۆر پێکەنی و تفەنگەکەى لێ وەرگرت. ئەگەر بە هەموو قەوەتی خۆى بەو دەستە ناسکانەى لە قۆنداغی تفەنگی دا، شریخەى وەک دەمانچەى هات. ئەمنیش بەو حاڵەى کە هەم بوو، هاوارم کرد و گووتم: “دوکتۆر نەکەى دەیشکێنی خودا دەزانێ بشکێ دەمانکووژن، نەکەى”. وەرگێڕەکە بۆى گێراوە زۆر پێکەنی، گووتی: “ئەوە تفەنگی ئێمەیە، ئێمە دەزانین چۆنی بەکاری بێنین. ئەمن زیاتر لە یەک مانگی مەشقی ئەوەیان پێکردوم. دەبێ بە هەموو قەوەتی خۆت لە قۆنداغی تفەنگی بدەى. دەبێ دەست بخارێ، ئەگەر بەردى پێدا بکەوێ، یان هەر شتێکی لێ بێ، نابێ بێشێ و دەبێ بمرێ. پێتان وایە ئێمەش ئێوەین، بە حاستەودووبەڵا لە قۆنداغی دەدەن”.

ئەمنیش بەو حاڵەی گوتم: نا دوکتۆر بە خوداى دەیشکێنی و بۆشمان چاک نابێتەوە، پیاوى چاک بە لەوەى گەڕێ.

دیسان زۆر پێکەنی، لەسەر تەختەکەى درێژى کردم و تێمفکرى و سەرى راوەشاند و گووتی: “ئەمن ئێستا چ بکەم، ئاخر نە دەرزییەک نە دەرمانێک نە هیچ شتێک نییە. دا بچن هێندێک لیمۆ بێنن”. کەمێکیان لیمۆى رەق هێناو نێوەکەى دەرهێنا و کردى بە مەعجوون و گووتی دەبێ رۆژێ چەند جار ئەوەى رێخشێنى. گووتم: “ناوێرم بە ئاستەم دەستی لێبدەم”. گووتی: “دا دەستی بگرن”. ئەگەر بە قامکی ئەو مەعجوونەى رە پووکی خستم، هەر ئەوەندە بوو نەمردم. هەرچەند هاوارم کرد و خۆم راپساند، فایدەى نەبوو. لەوێ بێحاڵ کەوتم. بە زارمدا کێم و هەوا و چڵک و خوێن دەهاتە خوارێ. دوایە پڕمەنگەناتی لە زارم وەردا و شووشتێوە. دوایە ناردى کەمێک زاخ و شتی دیکەى هێناو گرتییەوە و بۆى لە ٣ شووشان کردم و گووتی دەبێ هەموو رۆژێ ٣ جار غەڕغەڕەى پێبکەى و لە زارى وەردەى. دوایە بەستەیەکی حەب بۆ نووسیم و گووتی بە هەر قیمەتێکی بێ ئەو حەبانە لە دەرمانخانەى جوولەکەى پەیدا بکە و بیانخۆ.

ئەوکات زۆرتر جوولەکە دەرمانخانەیان هەبوو، بەڵام لەو سەروبەندەدا ئەوان ماڵیان بار دەکرد و بە ماشێنی دەچوونە تارانێ و لەوێش را دەچوونەوە بۆ فەلەستین.

لەوێرا رۆیشتین بۆ دووکانی جوولەکەى. ئەگەر چووین ماڵەکەى پێچابۆوە، بەڵام ماڵی ئاوەدان بێ ئەو حەبانەى دامێ و بەم شێوەیە بەو دەرمانانە، بە ١٥ رۆژ چاک بوومەوە بەڵام پووکم هەر خراپ بوو، دوایەش ئیدى ددانەکانم بە تەواوى پەکیان کەوت.

ئەوجار کارم ببوو بە ئەوەى پەروەندەى ئەو سەربازانەى کە بە پووڵ ئیخراج دەکران و بە رەواڵەت دەبوونە کەفیلی دایک و بابی پیر و کەنەفت و نەداریان، بیانبەمە لاى رەئیسی دارایی تا ئیمزایان بکات. ئەویش زۆر ناجسن بوو. هەموو جارێ زیاتر لە سەعات و نیوێکی مەحتەلی دەکردم و ئیمزاى نەدەکرد. جارجارەش بە تەوسەوە دەیگووت: “میسیۆ لە کۆڵم نابێتەوە”. ئەمنیش دەمگووت: “تەقسیرى من چییە بۆ خۆت ئەو کارەت بە ئەستۆ گرتووە و ئەتویان بەمن ناساندووە ئەمن بڵێم چی؟”

لە بڕى ئیمزا کردنی ئەو پەروەندانە هەموو جارێش بە زۆرى ٢ – ٣ تمەنیان دەدا بە من و بە زۆرى لەگیرفانیان دەنام. ئەمنیش بە راستی لەوەى ناڕەحەت بووم و خەجاڵەت دەبوومەوە.

جارێکی سەعیدخانی هوومایون ٣٣ پەروەندەى بۆ هێنام، بۆم بە ئیمزا گەیاند. ئاگام لێ بوو بە کوێخاى گووت کە بۆ هەر پەروەندەیەى پووڵێکی بدا بە من. ئەگەر پووڵەکەیان دامێ ئەوەندە ناڕەحەت بووم بە وەڵڵاهی نازانم چۆن بوو، نەبوومە قەترەیەک ئاو. ئەوە لە حاڵێکدابوو کە رێگاى مەهاباد گیرابوو، بابم لەوپەڕى دەست تەنگی دابوو، عیشایە خودام نەبوو.

ئەوجار لەبەر رشوەت و بەرتیل خۆرى بنەماڵەى پیسی پەهلەوى، یارمەتییەکی ئاوایان نەدەداینێ. ئەوەش کە حەقی خۆمان بوو و رۆژێ ٩ قڕان بوو، قەت نەدەگەیی و بە نێو قامکان دا بڵاو دەبووە و دەدزرا و ماڵیات یان ریش سمێڵانەیان لێوەر دەگرتین. بۆ وێنە لە باتی ٢٧ تمەن، ١٧ تمەنیان دەداینێ. لەوەش دەیانگووت وەڵا گروهبانەکە چۆتە میاندواوێ و چۆتە قەحبەخانە و شتی وا، پووڵەکەى خەرج کردووە بۆمان دەهاتەوە ٢ – ٣ تمەن. رۆژێکی لە دێیەکی بۆکانێ، لە ماڵە کوێخایەکی، سەرباز لە گروهبانێکی راست بوونەوە و ئەوەندەیان تێهەڵدا مەگەر خودا بزانێ. ئەو تێهەڵدانەش بوو بە حقوق و یارمەتی ٣ مانگی ئێمە.

وردە وردە بەرەو بەهار دەرۆیشتین و سەربازیمان بەرەو تەواو بوون دەچوو. هێنایانینەوە مەهابادێ. ئەمن لە دژبانی دەبووم. وەرەهرام فەرماندەى شارى مەهاباد بوو. ئەفسەرێکی زۆر گەورە بوو بە تایبەتی زۆر باش بە شارى رادەگەیشت.

ئەوکات دەنگۆ هەبوو کە بە رادەى ١٥٠ دانە گۆڤارى رێگا، کە بڵاوکراوەیەکی حیزبی دێموکرات بوو، هاتۆتە مەهاباد و دەوڵەت لە غەنی بلوریان و عەزیزى یوسفی بە گومان بوو، وەرەهرام دەستورى دابوو کە هەرچی زووتر ئەو بڵاوکراوەیە بدۆزرێتەوە. ئەمنیش دەمزانی کە ئەو خەبەرە راستە، چوونکە لەو گۆڤارانە یەکدانە کەوتبووە دەستی کاکە رەحمانم. شەوێک کەریمی مەحموودى کە ئەفسەرێکی فارس بوو و دوایە لە دەربارى شاى بوو بە رەئیسی دژبان، ئێمەى کۆ کردەوە و بردینە سەر ماڵە مامە غەنی. مامەغەنی لە ماڵ نەبوو خۆى شاردبووە و ئەو گۆڤارانەشیان بە گوریسی راهێشتبووە نێو چاڵاوێ و لە نێو قەدى دا هەڵیانواسیبوون و ترومپاکەشیان لەسەر دانابۆوە. ئەمن دەمزانی کە ئەوە لەوێ دان، بەڵام باش بوو نەیاندیتنەوە.

دەورەى سەربازى ئێمە بەرەو تەواو بوون دەچوو. یارمەتی ٢ مانگانمان وەرنەگرت بوو و دەبوو بە ٦٠ تمەن کە ئەوکات پووڵێکی زۆر بوو. بەڵام نەیاندەداینێ و دەبوو سەد ئیدارەى بکەین و بچین فڵان سەروان ئیمزاى بکا و فڵان تەئیدى بکا و خولاسە هەرچی دەمانکرد بۆمان وسووڵ نەدەبوو. ئیستیوارێکی سەگی قەدیمیمان هەبوو گووتی: “ئەگەر لەگەڵم نیوە بکەن ئەوە بۆتان دەستێنم”. ئێمەش زۆر پاراینەوە و گووتمان کوڕە پیاوى چاک بە وەڵڵاهی فەقیرین، روحممان پێبکە. گووتی: “وەڵاهی ئەوەش بۆ من نییە، زگم پێتان دەسوتێ و ئەو نیوەیەش دەبێ بدەم بە خۆیان. خۆ بە خۆڕایی جێبەجێ ناکەن. بەم شێوەیە نیوەى یارمەتیمان وەرگرت.

دوایە گووتیان وەرەهرام دەستوورى داوە شەکر و قەند و خولاسە جیرەى یەک مانگمان بدەنێ و هەریەکە، پاروێک سابوون و ٧ درم شەکر و ١٧ قڕان و پەناباتێکیان داینێ. دوایە لیباسی کوردیمان لەبەر کرد و دەبوو بچین وەرەهرام نوتقمان بۆ بکا. کۆبووینەوە وەرەهرام هات و کەمێکی تەعریف لە ئەرتەشی شاهەنشاهی کرد و دوایە پرسی: “هەموو شتێکیان داونێ”؟ ئێمەش بۆ ئەوەى هەر لە کۆڵمان ببنەوە، هەموو وێکڕا گووتمان: بەڵێ قوربان.

بەم شێوەیە لە پادگان هاتینە دەر و بەرە و شار وەڕێکەوتین. گروهبان وەدومان کەوت، چاوى لەوە بوو ئەوەندە جیرەیەشمان لێ بستێنێ. ئەمنیش بە ڕەفیقەکانم گووت: “نابێ هیچ بدەین بەو بێ شەڕەفەى”. ئەوانیش قەولیان دا، چووینە نێو شارى لە قاوەخانەى ئەحمەدى قاوەچی ٣ – ٤ چامان بۆ کڕى و دوایەش دەستمان لە دەستی ناو چووینەوە ماڵێ و کۆتایمان بەو سەگ مەرگیەى هێنا.

تیمسار وەرەهرام ئەفسەرێکی لێهاتوو بوو. تا رادەیەکی شارى مەهابادى خاوێن کردەوە و دوو شەقامی شارى ئیسفاڵت کرد کە ئەوکات گڵ و خۆڵ بوون. قەبرستانی مەلاجامی کە بەشێکی زۆرى شار، لە مەیدانی سێ ئاشان را هەتا مەیدانی وڵاغانی داگرت بوو، تێک دا و روخاندى و تەنیا لە بەشی ماڵە سەید تەهاى، چەند قەبرێکی هێشتەوە کە بە پیاوچاک، بە نێوبانگن و دواتریش گومبەزیان لەسەر دروست کرد. قەبرى پێشەوا قازى محەممەد و حەمە حوسێنخانی سەیف و سەدرى قازى، چوونکە کەوتبووە بنارى داشامەجیدى تێک نەدرا، بەڵام لەو دواییانەدا قەتعەبەندى کرابوو بۆ ئەوەى کە بیفرۆشن کە تایفەى ئێمە کڕیاننەوە و نەیانهێشت ببێتە خانوو. دیارە بۆ ئەوەى کە ئەگەر خەڵک چوون بۆ زیارەتێ، یان ئەگەر ویستیان دوعایەک یان شتێک بخوێنن، لە ژێر بەفر و باران دا نەمێننەوە و تەڕ نەبن، خانوویەکمان لێ دروست کرد. بەڵام ئەویش ماڵێک داگیرى کرد و بە جێی نەدەهێشت. تا ئاخر بە هەزار چەقەچەق توانیمان ماڵەکەى دەرکەین قیل سپی بوو و بە ناچار خانوەکەشمان رووخاند.

ئەوەى، بۆچی ئەو قەبرستانە بە مەلاجامی بەنێوبانگە؟ ئەوەى کە ئەمن لە بابم بیستووە ئەوەیە کە مەلاجامی ئەولیایەکی زۆر عالم بووە و لە ئاوایی سەیدئاوایە ژیاوە و پێش نوێژى مزگەوتی سوور بووە و نوێژى هەینی لەوێ کردووە. دوایە وەسیەت دەکا کە لەو شوێنەى ئێستاى بنێژن بۆ ئەوەى هەمیشە گوێی لە بانگ و سەڵاى مزگەوتی سوور بێ.

لە پێش هاتنی وەرەهرام، فەرماندارى شار ویستبووى قەبرى مەلاجامی تێک بدا و بیکاتە مەیدان. بەڵام وەک دەڵێن ژنی فەرماندار خەون بە مەلاجامییەوە دەبینێ و بە مێردەکەى دەڵێ کە دەست لەو قەبرستانەى نەدا و لە کۆڵی بێتەوە. بەڵام فەرماندار بە قسەى ناکا و ویستوویەتی تێکی بدا. بە هەڵکەوت فەرماندار لە پلیکانان بەردەبێتەوە و لاقی دەشکێ، ئەوجار لە بڕیارى خۆى پێشگەز دەبێتەوە.

وەرەهرام ئەو قەبرستانەى تێک دا. بۆ ئەوەى گومبەزى مەلاجامیش تێک بدا، بە فێڵ بە شۆفیرى بۆلدزێرەکە دەڵێ: “لوتێکی بۆلدزێرەکە بگەیەنە ئەو گومبەزە و خراپی بکە، ئەمنیش لە پێش چاوى خەڵک لێت توڕە دەبم و لێت دەدەم”. بەم شێوەیە بە شەپڵاغەیەک گومبەزەکە تێک درا. ئێستا گۆڕى مەلاجامی، گومبەزى لەسەر دروست کراوەتەوە و لە مەیدانێک بەو نێوە هەڵکەوتووە.

دیارە زۆربەى ئەو پووڵ و کەرەسەیەى کە وەرەهرام بۆ ئاوەدانی شارى بەکارى دێنا، بە زۆر لە خەڵکی دەوڵەمەندى شارى دەستاند و دەوڵەت قەت پوڵێکی ئەوتۆى بۆ ئەو مەبەستە تەرخان نەکردووە. لەو پییەدا، جارێک وەرهرام دەوڵەمەندی شار لە شوێنێک کۆ دکاتەوە و لە سەرەوە را پێدادێ و داوایان لێدەکا کە بۆ ئاوادانی شار هەرکەسە بە پێی توانای خۆی یارمەتی بکا. یەکێک کە لە سەر سەرەوە دانیشت بوو و زۆر دەوڵەمەند بوو ١٠ تمەنی دەدا. وەرەهرام شانی دەگرێ و هەڵیدەستێنێ و دەڵێ ئێرە جێگای تۆ نییە و دەیبا لە خوارەوەی مەجلیسەکەی دادەنێ و دەڵێ ئێرە شیاوی تۆیە.

ئەوکات کە ئەمن سەرباز بووم، رۆژێک لە لاى پردى سەربازخانە راوەستابووم. پردەکە رووخابوو و وەرەهرام مووهەندیسی ئەرتەشی و مێعمارى شارى هێنابوو و خەریک بوون کڵەکەیان چاک دەکردەوە. ئەوکات سوورەى شافعی کوورەى خشتی هەبوو و خشت فڕۆش خڕەکیان لەسەر پشتی گوێدرێژان قایم دەکرد و خشتیان بۆ ماڵان دەکێشا. لەو کاتەدا دوو کەس کە ٨ بارى گوێدرێژیان خشت پێ بوو بەوێدا هاتن. وەرەهرام سەربازێکی نارد و خشتەکانی بۆ ئەو پردە زەوت کرد.

وەرەهرام زۆر لە مەهاباد ماوە، جارێک رۆیشت بەڵام هاتەوە. لەو کاتەیدا شا هاتە مەهابادێ. وەرەهرام دەستورى دا کە خەڵک دەبێ بە تەواوى تواناوە شارى بڕازێننەوە. میناخانم خێزانی پێشەوا کە زۆر لە ژێر کۆنترۆڵ دابوو، بە ناچارى فەڕشی بەسەر دیوارى دا بەردابووە. ئەویش شا گوتبووى نیسبەت بەو بنەماڵەیەى چاکەى بکەن. ئەوە بوو کوڕى ڕەشیان بردە تارانێ بۆ ئەوەى لە ژێر چاوەدێرى خۆیان دا پێی بخوێنن و کۆنترۆڵی بکەن.

ئەوکات لە شارەدارى میواندارییان لە شاى کرد و چوونکە جێگایان کەم بوو، هاتن خانووى مەحکەمەیان لە ئێمە ئەستاند و لە داڵانەکەى بە هۆى ئاشپەزى تایبەتی خۆیان چێشتیان ساز کرد. سەرهەنگێک و چوار ئەفسەریش بۆ نان خواردنێ هاتنە دیوەکەى باپیرم (قازى مونعیم) کە لەسەر حەزخانەى بوو. کە زانیان ئێمە قازین، نێوچاوانیان تێک نا و گووتیان ئەوانە ئامۆزاى مەلا مستەفاى بارزانین. ئێمەش گووتمان چاویان دەرێ قەحبەبابانە با هەروا بزانن. دواى نان خواردنێ بە لالووتی وەدەرکەوتن. لەو سەفەرەدا شا، دۆستێکی کچی لەگەڵ خۆى هێنابوو. گوایە زۆر جوان بووە. لە فڕۆکەخانەى تەورێز یان ورمێ دەبێ، شا هەر چاوەروانی ئەو کچەى دەکا کە بگاتێ و لەگەڵ ئەو سوارى فڕۆکە بێ. وەرەهرام تووڕە دەبێ و بە شاى دەڵێ: “بفرمائید سوار شوید (فەرموو سوار بە)”. ئەویش شا دەڵێ: “ئاخر با خانمی فڵانی بێ”. وەرەهرام دەڵێ: “فەرموو سوار بە، فڕۆکە نیزامییە، جێگاى ژنان نییە”. ئیدى شا بە ناڕەحەتی سوار دەبێ.

ماوەیەک دواتر عەلی رەزا براى شاى هاتە مەهاباد. بۆ پێشوازى خەڵکیان لە مەیدانی چوارچرایە کۆکردەوە. خەڵک هەموو یەکرا دەیانگووت زیندە باد وەرەهرام و هیچ کەس زیندە باد شاى بە زارى دا نەدەهات. عەلی رەزا دەچێتەوە تارانێ و بە شاى دەڵێ کەس نێوى ئەو ناهێنێ و ئەوە هەر وەرەهرامە کە پاشاى ئەو مەملەکەتەیە. ئەوە بوو بە هۆى لابردنی وەرەهرام و بردیانەوە تارانێ و بێکاریان کرد. تەنانەت گووماشتەیەکیشیان نەدایە خزمەتی بکا.

دواتر چەند کەس لە خەڵکی مەهاباد چووبوونە لاى و گووتبوویان ئەوتۆ زۆرت خزمەت بە وڵاتەکەمان کرد. ئەویش گووتبووى: این پدر سوختەها (ئەو سەگبابانە) ناهێڵن کەس بەو وڵاتەى رابگات.

دواتر کە ئیسلاحاتی عەرزى کرا، عەشایرى بەختیارى دوو موهەندیسیان کووشت و وەشاخی کەوتن. دەوڵەت وەرەهرامی کردە ئوستاندارى فارس و وەرەهرام لەوێ هەڕەشەى لە عەشایر کرد و لە ڕۆژنامەى دا نووسیبوى (کارى نکنید قدارە ببندم) واتە (کارێک مەکەن دارى بێداد بچەقێنم). دواى ئەو رووداوە، ئەوجار تا رووخانی رێژیم خانەنشین کراوە. لەسەردەمی خومەینی دا هاتە لاى ئاوایی پەسوێ و لەوێرا خەڵکی بە دژى خومەینی هان دا. لە مەهاباد را چوون بیگرن بەڵام خۆى دەربازکرد و هەڵات.

٢٠

دواى تەواو بوونی سەربازى، رۆژێک بابم بانگی کردم و گووتی: کارێکم کردووە، بڵێ قبوڵمە.


– بەڵێ قبوڵمە.

– چوومە ئاوایی ئاڵبڵاغێ و کچی کاک عیزەتی کەریمی قازیم لێ مارە کردوى.

– بەڵێ قبوڵمە.

ئەوکات داب و دەستور وابوو، بنەماڵە بڕیارى لەسەر ئەو کارانە دەدا. ئەمن خێزانم نەدیبوو، ئەگەر دیتم زۆرم پێ جوان بوو (بە پێکەنین و بە شۆخییەوە، وەک ئێستا هەر نەبوو). دوایە شاییەکی چکۆلەمان کرد. داوەتەکەمان زۆر خۆش بوو، رەش بەڵەک بوو و سەربازێکی زۆر هاتبوون لە دەورى شایی راوەستابوون و سەیرى داوەتیان دەکرد. ئێمەش بە چا و نان و شیرنی میوانداریمان لێکردن.

ساڵی ١٣٣٢

لە ساڵی ١٣٣٢ هەتاوى دا کێشەى جوتیارانی چۆمی مەجیدخان ساز بوو، ئاغاکانی ئەو مەڵبەندە لانک و لۆرک و پەڕۆ و پاڵی منداڵی ئەو خەڵکەیان بە ئاو دادا و لەسەر جێ و ڕێی خۆیانیان وەدەر نان. ئەو کێشەیە لە کتێبی کەریمی حیسامی دا هاتووە، بەڵام ئەو هەر ئیشارە بەوەى دەکات کە خانمە خانمی قازى، ژمارەیەک لەو خەڵکە هەژار و لێقەوماوەى لە دێیەکەى خۆى (گوێگجەلی) راگرت و جێ و ڕێی دانێ و نەچووە ژێربارى هەڕەشەى ئاغایانی دێبوکرى و کە گووتبوویان نابێ رایانگرى. وەکی ئەمن بزانم ١٥ ماڵ لەو خەڵکە ئاوارەیە پەنا دەبەنە ماڵە سالارى قازى فەتاحی لە ئاوایی ساروقامیش و ئەو پەنای دابوون. خاڵە سالار خەڵکی ئاوایی دەنگ دابوو کە کاولە کۆن و رووخاوەکانیان بۆ چاک بکەنەوە و بۆیان دابپۆشن. ماڵە عەلی ئاغا و ماڵە مەحمود ئاغاى دێبۆکرى لەشکر دەکەنە ئاوایی حاجی ئاباد و هەڕەشە دەکەن کە نابێ کەس ئەو خەڵکە رابگرێ و پەنایان بدەن.

بۆ ئەوەى شەڕ ساز نەبێ، قازى محەممەدى حاجی ئابادى رادەسپێرێتە سالارى قازى کە خزم بوون و داواى لێدەکا کە ئەو رەعییەتانە رانەگرێ. خاڵە سالار کە زۆر ئازا بوو، دەڵێ بچن پێیان بڵێن: “بە قەبرێکی ئاغام (قازى فەتاح) چۆتێ بێنە خوارێ وادەکەم و وابچێ کە ئاشی تێنەگەڕێ، کوڕە دابچن ئەو تەماتیرانە لە دیواران دەربێنن. دا غار دەن دیواران بدەنەوە. جا با لەشکر بێتە خوارێ”. ئیدى راسپاردەکان وەدەر دەنێ. دیارە ئەو هەڕەشەیە کارى خۆى کرد و نەیانوێرا خۆ لە ساروقامیش بدەن.

دوایە کێشەى مووسەدیق هاتە گۆڕێ و سارم خانی سادق وەزیرى خۆى بۆ نوێنەرى مەهاباد هەڵبژارد. خەڵک بە گشتی دەنگیان دایە بەڵام دەوڵەت نەیهێشت هەڵبژێردرێ.

لەبیرمە لە رۆژى هەڵبژاردن دا، خەڵکێکی زۆر لە گەڕەکی جوولەکان کە ئێستا بۆتە پاساژى شافعی کۆببونەوە و دەچوون تا لە شارەدارى دەنگ بدەن. ئیمە دەستەیەک بووین لە نێو خەڵک دا دەگەڕاین و هەوڵمان دەدا تا دەنگەکان بە قازانجى سارم خان بگۆڕێن.

ئەوکات خەڵکی دێهات خوێندەواریان نەبوو، دەبوو دەنگەکانیان بۆ بنووسرێ. ئەمن بۆ ئیحتیات بە قەدرا ٢٠ دەنگی ئەو ئایەتولایەى کە دەوڵەتی دەست نیشانی کردبوو، لە گیرفانم نابوو بەڵام بە قازانجى سارم خان دەنگەکانم دەنووسی. دوایە بەو فێڵەیان زانی و هاتن ئەمنیان گرت و بردیانمە شارەدارى و لەوێ ئەفسەرێک خستمییە ژێر پرسیاران و گووتی بۆ وات کردووە. ئەمنیش ئەو بەرگانەى ئایەتوڵاکەم لە گیرفانی دەرهێنا و گووتم ئەوتا ئەمن بۆ ئەوەى تەبلیغات دەکەم. ئەویش سەرى راوەشاند و پێکەنی و گووتی بڕۆ بەڵام ئاوا بە ئاشکرا کارى وامەکە.

لەو سەردەمەدا، لە ژێر زەختی خەڵک و مووسەدیق دا، شا ئێرانی بەجێهێشت و بەرەو بەغدا هەڵات. خەڵک لە کۆڵان و بازاڕى شار و لە باغی عەزیزئاغاى کۆبوونەوە و خۆشی و شادى بوو. مامۆستا هێمن لە میتینگێکی گەورە دا شێعرى بەناوبانگی (بەغدا نیوەى رێیەت بێ) خوێندەوە. ئەوجار پاش ٢٤سەعات مووسەدیق تێکچوو، ئەمن چووبوومەوە دێی و ئەگەر گەڕامەوە لە نزیک ئاوایی لاچینێ پێیانگووتم مووسەدیق تێکچووە. وەک بروسکە لێدابم زۆر ناڕەحەت بووم. گووتم ئاخر چۆن تێکچوو، گووتیان وەڵڵا شا هاتەوە. ئەوجار هێمن هەڵات. لێیان پرسی بوو ئەوە چییە، گووتبووى: ئەوجار نۆرەى منە کە بەغدا نیوەى رێیەم بێ.

ئەمن بە پەلە چوومە باغی قۆپی، ئەحمەد و مونتەقیمی برام لەوێ بوون و خەریکی تووتن پێوە کردن بوون. زۆر دەترسان و نیگەران بوون. دوایە لە دواى ئەو هەڵاوبگرەدا میتینگ و خۆپێشاندان کێشایە باغی میکائیلی و لەوێ لەسەر دارێ، کوڕێکیان بە نێوى رەمەزانیان شەهید کرد. لە دوایی دا بە دەستپێکردنی تەقە، خەڵک بەرەو ئاواییەکانی قازیاوا و بایندەرێ … هەڵاتن.

ئەوجار دەستەیەک، تیمی کاپیتان رەمەزانیان پێکهێنا و لەگەڵ عەجەمی شارلاتان و شەڕ فرۆش و خراپ، دەستیان بە خەڵک گرتن کرد و لە خەڵکیان دەدا و بە تایبەتی ئەوەی لیباسی کوردى لەبەر دا بایە لێیان دەدا. ئێمەش هەر نیگەران بووین. مەحموودى پاسەبان بە خۆى و بە دوو پاسەبانان بە وێدا تێپەڕى بەڵام باش بوو هیچی نەگووت و وەبەر لێدانێ نەکەوتین. فەتاحی قەرەپەپاغ و جەلیلی براى کە ماڵەکەیان لە بەرانبەرى شارەدارى بوو، ستادێکیان لە ٥٠ – ٦٠ عەجەمی گۆپاڵ بەدەست پێکهێنا و لە خەڵکیان دەدا. دوایە ئەمن بەرەو ماڵ چوومەوە. لە رێگایە تورکێک هاتە پێش و گووتی: “ها ئەوە ئەتۆ بووى دوێنێ لە لاى بێستانی سووڵتانی ئەسپت بۆ برا گەورەکەت برد کە هەڵێ”. ئەمنیش بە تووڕەیی گووتم: ئەوە بە تۆ مەڕبووت نییە. ئیدى سەرم بەرداوە و رۆیشتم، باش وەبەر لێدان نەکەوتم.

سەرەراى ئەوانە گروهبانەکانیش لە خەڵکیان دەدا و ئەوانە تەنانەت جوابی ئەفسەرەکانیشیان نەدەداوە و لە راستی دا ئەوان بوون کە حکوومەتی شایان نەجات دا.

لەو سەروبەندەدا رۆژێک رەحیمی ئەسکەندەرى لەبن دیوارێکی دانیشتبوو و ئەمنیش لەلاى راوەستابووم. برایمی خەلیلی کە پاسەبان بوو بەوێ دا هات و رووى لە رەحیمی کرد و بە تەوسەوە گووتی: ها ئەوە ئاوى ئەژنۆت مردووەتەوە، پێرێ کێ بوو کە لە باغی عەزیز ئاغاى رەقس و سەماى دەکرد و چەقەنەى لێدەدا، ئێستاش ئاوا بە کەسادى هەڵتروشکاوى.

ئەو وەزعە ٤ رۆژى خایاند، بەڵام وەزعی مەهاباد قەت ئارام نەبووە. ئەگەر شا و مووسەدیق لە تارانێ دەست بە یەخە بووبان، لە مەهابادێ خەڵکیان وەبەر شەپان دەدا.

هەتا ئەو سەروبەندە بابم (قازى کەریم) هەرمابوو. ماڵە من لە شارى بوو و بەسەر ئەو زەمینانەى شارى کە دێمەکاربوون و حاسڵێکی ئەوتۆیان نەبوو رادەگەیشتم. دیارە باغی قۆپی هەر چینکە بوو، تەنیا کەڵەکانمان لێ دەلەوەڕاند. ئاوایی کۆنەدێشمان هەبوو کە زۆر بێ حاسڵ و بەرەکەت بوو. چەند سەر گامێشمان هەبوو، هەموویان ئاوس بوون، شەوێکی دایکم (هاجەر) خەونی دەبینێ کە بی‌بی‌جان هاتوون و لە بەردەرکی تەویلەى ماڵێ، بی‌بی‌جانیان هەڵداوە. لەو خەونەى دا دایکم پێیان دەڵێ: “نامهەوێ بى‌بى‌جانی هەڵدەن، لێرە بڕۆن”. بەڵام ئەوان جوابی نادەنەوە و دوایەش بە دایکم دەڵێن: “وەڵا ئەوە دەڕۆین لەبەر دەرکی ماڵە حاجی ساڵحی شاتریش، هەڵیدەدەین”. بە دواى ئەو خەونە دا بۆ سبەینێ ٧ سەر لە کەڵ و کامێشەکانمان لە تەویلەى دا بە یەکجێ مندار بوونەوە. دوکتۆریشمان هێنایە سەریان بەڵام هیچ عیلاجیان نەکرا و کەس نەیزانی چ عیلەتێکیان هەبوو. بەڵام ئەوە باش بوو، ماڵە حاجی ساڵحی تەنیا گامێشێکیان مرد.

لە ساڵی ١٣٣٥ بابم زۆر پیس نەخۆش کەوت. کاکە رەحمانم بردییە تەورێزێ و لەوێ دەرمانیان کرد. بەڵام تا ئەمرى خوداى بەجێهێنا هەر لە جێیەدا بوو. دوایە وەزعمان زۆر خراپ بوو بەڵام هەرچۆنێک بێ سەرى خۆمان راگرت. هەرچەند سەید رەحیمی سەید جامی ئاغاى ئاوایی داشتەمر، لە گەڵمان خزم بوو، بەڵام لەو سەردەمەدا زۆرمان لەگەڵ خراپ بوو و رۆژ نەبوو کە کێشەیەکمان بۆ ساز نەکا. شەوێک بە پیاوەکانی دەستوور دەدا کە ئەو گەنمانەى کە لە مەزراى قازیاوایەدا بوون بە خێشک بیانکێشنەوە موڵکی خۆى. ئێمەش کە ئەو خەبەرەیان پێداین هەموو لە ماڵە مامە وەهابم بووین و کاک سەیدبایز کوڕى سەید رەحیمیش لەوێ بوو. ئەویش سەیدبایز گووتی: “وەڵا هیچ نییە و بە خوداى وانییە و خاترجەم بن”. ئەمنیش بە کاک محەممەدى ئامۆزام گووت: “بۆ ئەوەى خاترجەم بین، ساحەبی گەنمەکەى بنێرە بزانیین وایە یا نا”. کابرا کەمێک رۆیشت بووە خوارێ و گەڕاوە و گووتی وەڵاهی ڕێیان لێ گرتووم و نەیانهێشتووە بچم سەرى گەنمەکەى بدەم و سەد جنێویشیان پێداوم.

ئەمن خەریکی نوێژێ بووم، ئیدى حەسەن و عومەرى ئامۆزام و مستەفاى برام سوار بوون و غاریان دا. کاک محەممەد هەر لە ژوورێ بوو و سەید بایزیش هەر سوێندى دەخوارد کە هیچ نییە و ئەو پیاوى منە و لەگەڵ من هاتووە. ئەمن لە نوێژ بوومەوە، سەید بایز رووى لە من کرد و گووتی: “ئەسپەکەى من بەرەو غاردە مەیەڵە بەشەڕ بێن”. ئەمن دامهێنایە رکێفی ئەسپی و غارم دا، خەڵکی دێش هەموو هاتن. لە سیلەى ماڵان بام نەدابووە گڕى سێ فیشەکی دەمانچەم دیت کە هەڵیان تۆقاند. ئەوە خەڵکەکەش هەریەکە شتێکی دەگووت. یەک دەیگووت ئەوە کووشتی، یەک دەیگووت ئەوە خڵاس بووە.

ئەگەر چووم مستەفا و عومەر و حەسەن لەگەڵ سەید حوسێنی کوڕى سەید رەحیم لێک هاڵابوون و لێکیان دەدا. سەید حوسێن تفەنگی پێ بوو و هەریەکە لە لایەکی را تفەنگەکەى رادەکێشا و تفەنگیش قەت ئاوا ناستێندرێ. دەمانچەیەک لە پشتەوەرا هاویشترا، حەسەن کۆیی بوو. ئەمن ئەوانم بەجێهێشت و چووم دەورووبەرم بە تاقی کردەوە. کەسی لێ نەبوو گەڕامەوە. سەید حوسێن وەیزانی ئەمن مامە وەهابم گووتی: “خاڵە گیان ئەوە دەمکووژن”. ئەمنیش گووتم: “ئەو خاڵە گیان خاڵە گیانەت لە چییە وەڵڵاهی واى ناخۆى”.

ئەو تفەنگی لە دەستی هەر نەدەهاتە دەرێ. بەردێکم هەڵگرت لە پشتی دەستیم دا، تفەنگەکەى بەردا. مستەفا و عومەرم کێشایەوە دواوە و نەمهێشت چی دیکە لێیدەن و بە شەکەتی بەجێمان هێشت و تفەنگەکەشمان نەداوە. شەڕ تەواو بوو بەڵام دوایە بە تۆڵەى ئەو تفەنگەى، دوو ماینی مامە وەهابمیان لە رێی شارى لە ڕەحمانی ئیقباڵی ئەستاند و بە عەلی حەسەن ئاغاى شەڕوەتیان فرۆشت بوو. ئەویش قڕانێکی نەدانێ. ئەو کێشەیە هەرما رۆژ نەبوو کە هەڵایەکمان بۆ ساز نەبێ. شەوێک سەید رەحیم هەرەوەزى جووتی کرد و دێمێکی قازیاوایەى کێڵاو دوایەش چووبوو گەنمی قازیاوایان بە تەڕى دروو بوو و کەمێکیشیان ئاور تێبەردابوو، بەڵام ئاورى نەگرتبوو. مامە وەهابم لە دادگوستەرى شکایەتی کرد، سەید رەحیم مەحکووم بوو و بەڵێنی دا کە کارى بەو زەوییە نەبێ و گووتبووى کە بێن زەوى خۆیان بیدروونەوە. مامە وەهابم هەرچەند زۆرجار گوتبووى حاشا ئەو زەوییەى هەر ناوێ و شەڕێ ناکا، بەڵام کە سەید رەحیم بەڵێنی دابوو، داواى لە کاکە رەحمانم کردبوو کە لەگەڵ کاک محەممەد و عومەرى هەرەوەزى لێبکەن و گەنمەکەى بدروونەوە. ئەوان خەریکی دروونەوەى گەنمەکەى دەبن کە کاک سەید بایز و کاک سەید حوسێن دێن و دەڵێن ناهێڵین بیدروونەوە. ئەویش هەرچەند دەڵێ ئەوە گەنمی خۆمانە و حووکمی دەوڵەتیمان پێیە بەڵام رێگا نادەن و کاک حوسێن جنێوان دەدا و چەقۆیەک لە رەعییەتێکی دەدا. کاکە رەحمانم کە وادەبینێ تەقە لە کاک سەید حوسێن دەکا و ١٢ ساچمە چووبوو لە جەرگییەوە و بە کەلاکی گەیاندبوویانە شارى. ئەوکات دوکتۆر لازار و دوکتۆر کەدخودایان لەوێ بوون. دوکتۆر کەدخودایان دەڵێ: “بیبەن با عەمەلی بکەین”. دوکتۆر لازار دەڵێ: “چ عەمەل دەکەى ئەوە خۆ سەعاتێکی دیکە ناژى”. دوکتۆر کەیخودایان دەڵێ: “بۆ ئێمە دەبێتە ئەزموونێک، ژیا ژیا، دەنا خۆ ئێمە لێی بەرپرس نیین”. بەم شێوەیە کاک حوسێن عەمەل کرا و بە خۆشییەوە دواى ٣ جار عەمەل کردن چاک بووە.

بە دواى ئەو دەورانەدا دەستەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات وەک مامەغەنی، کاک عەزیزى یوسفی، خامچی و کاک رەحیمی جەوانمەردى قازى (کوڕى سالارى قازى) گیران و رەوانەى تاران کران. ئەوەى ئەمن بزانم کاکە رەحیم لە رادەبەدەر ئەشکەنجە کرا و چەند جار رادیۆ پەیکی ئێران باسی کرد. بەڵام ئەو زۆر ئازایانە مقاوەمەتى کرد. خاڵە سالار چەند جار چووە ئیدارەى سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەى ملاقاتی بدەنێ، بەڵام سەرکەوتووە.

٢١

پێشتر هەر بەدواى ئەوەى دا کە ئەمن چوومە سەربازى، کاکە رەحمانم وەک مووعەلیم دامەزرابوو. ئەحمەدى برام لە تەورێزێ و کوڕەکانی دیکەش لە شارى دەیانخوێند، بە گشتی خەرجمان زۆر بوو. لەو نێوەدا هەر ئەمن بێکار بووم. دوایە زەمینەکانمان بەش کرد. ئاوایی کۆنەدێ وەبەر کاکە رەحمان و کاک ئەحمەدى کەوت، زەمینەکانی دیکەى شاریش بوو بە ئی من و براکانی دیکەم. لە باغی قۆپی خانوومان دروست کرد و ئەمن دوو ساڵ لەوێ ژیام. دوایە دایکم گووتی: “کاکە رەحمانت فەقیرە لە دێی ناحاوێتەوە باشترە ئەتۆ بچییە کۆنەدێی”. بەم شێوەیە قسەى دایکم قبووڵ کرد و چوومە دێی و لەوێ خانووم دروست کرد.

کۆنەدێ دێیەکی چکۆلەیە، ئەوکات ٧ ماڵی فەقیرى لێبوو کە عیشایە خودایان نەبوو و ئیجارەیان بۆ نەدەدرا. ئەو دێیە عەرزو کێڵگەیەکی ئەوتۆى نییەو شاخاوىو رژد و هەڵەموتە و تەنیا بۆ مەڕدارى دەبێ.

دوای ئەوەی کە چوومە ئەوێ، هێندەى پێ نەچوو لە ئێراندا، ئیسلاحاتی ئەرزى کرا. زەمینەکان بڕدران و دران بە خەڵک و بە نێوى ئاغا، زۆریشم سووکایەتی پێکرا. لە بیرمە ئەو رۆژەى کە ئیسلاحاتی ئەرزى کرا، ئێوارێ درەنگ لە مەزرایەڕا دەهاتمەوە ماڵێ، فەتاح و قاسمی کوڕم لەگەڵ بوو، دەستەیەک لە نێو دێ دا کۆ ببوونەوە و جنێویان دەدا. ئەمن بۆ ئەوەى تووشی کێشە نەبین رێگام گۆڕی و بەو بەرى ماڵان دا هاتینەوە. خێزانم کە خەڵکەکە قسەیان لێ قبووڵ دەکرد و حووڕمەتیان دەگرت، دەستی دابووە دارێکی چوو بووە نێو خەڵکەکەى و زۆرى قسە پێگووت بوون.

تا ساڵی ١٣٤٢ ئەوە وەزعمان بوو، لەو ساڵەدا شۆڕشی کوردستانی عێراق بە سەرۆکایەتی بارزانی نەمر دەستی پێکرد. لە مەهاباد بە هۆى زۆر کەسان، وەک ئەحمەدى برام و عومەرى قازى ئامۆزام و قاسم ئاغاى حاجی ئیلخانی و کەسانی دیکە، شتوومەک و پووڵ و زێڕ و کەوش و لیباس، کۆ دەکرانەوە و لە ماڵی کاک عومەرى دادەندرا و دوایە بۆ بارزان بەڕێ دەکران. زۆربەى ئەو کۆبوونەوانەش لە ماڵە دایکم دەکرا و ئەو ئاگادارى هەموو ئەو سڕیاتانە بوو و زۆربەى شتەکان ئەو بۆى دەشاردنەوە. تەنانەت هێندێک شتی تایبەتی مەلا مستەفا بوو، وەک رانکوچۆغە و شتی دیکە ئەو شاردبوونێوە.

ئەو کەسانە کە زۆربەیان حیزبی بوون، ئەوکات کاریان زۆر دەکرد، تەنانەت جارێک هەواڵدەرێکی “بی‌بی‌سی”یان بە سوارى تراکتۆرى بۆ کوردستانی عێراقێ بەڕێ کرد کە ٦ مانگ لەوێ ماوە و کتێبێکیشی لەسەر کوردان نووسی. هێندەى پێ نەچوو لە نێو ئەوانەدا، مەلا محەممەدى خوڕخوڕە، کوڕى مەلا کەریمی لاچینی، کە پیاوێکی کەڵەگەتی کەپۆ زەلامی ناحەز بوو، بە ساواکی دەرچوو و ئیعترافی کرد و هەرچی هەبوو و نەبوو گووتبوى. کاک ئەحمەدى برام گیرا و کاک عومەرى قازیش کە لە هەوشارى مامۆستا بوو هەڵات بەڵام نەگەیشتەوە ئاوایی قازیاوایە، گیرا. دوایە کاک ئەحمەدى قازى حاجی ئابادێ و بە گشتی خەڵکێکی زۆر، بە تایبەتی مەلا گیران. ئەوجار منتەقیمی برام هەر لە تارانێ را نەهاتەوە و هەڵات بۆ کوردستانی عێراقێ.

بۆ ئەوەى شک نەپەڕێتە سەر ئەو مەلا محەممەدە، دەوڵەت ئەویشی بە دەهۆ لەگەڵ ئەو دەستەیە گرت و هەموویانیان بەجیا بردنە مەراغەى، لەوێش را بردیاننە زیندانی قزڵقەلعەى تارانێ. کاک عومەرى قازى ئاوا ئەو رووداوە دەگێڕاوە: “ئەمنیان بە تەنیا بردە مەراغەى. زۆرم برسی بوو، ئەوکات کە تیمسار وەرەهرام لە مەهاباد بوو، گروهبانێکی سمێڵ زەلامی وەک پارێزەر لەگەڵ بوو. ئەوە لەوێ بوو و ئەمنی ناسییەوە. بە خەرجی خۆى ناردى برینج و کەبابی بۆ هێنام. خەریکی نانخواردن بووم ئەگەر تەماشام کرد لە دوور را کەسێکیان هێنا. چاوى بەسترابوو، چارشێوى ژنانیان بەسەر دا دابوو و دەستیان دەکێشا. لەبەر خۆمەوە گووتم وەڵڵاهی ئەوە ئامۆژنە هاجەرە. کوڕە خۆ ئەویشیان گرتووە. زۆر ناڕەحەت بووم بەڵام کە هێنایان مەلا مستەفاى قەرەقشڵاقێ بوو. دوایە چاویان بەستم لەگەڵ کەسانی دیکە لە ساڵۆنێکی دوور و درێژى قەتارى کە شوێنی مەڕ و ماڵاتی بوو، کردین و کێشکیشیان لەسەر داناین. بە تەواوى کەسمان نەیدەزانی کێمان لەگەڵە و کێ گیراوە و کێ نەگیراوە. کاک ئەحمەدى ئامۆزام فێڵێکی دیتەوە و لە دەستەندازێکی دا هاوارى کرد، یا ئەحمەدى قازى. ئەوە بۆ ئێمە بوو بە داهێنانێکی باش. ئەوجار سەعدى هاوارى کرد یا سەعدى پیرە. بەم شێوەیە ئەوجار کاک رەسوڵی دارەلەکێ و کاک ڕەحمانی میسباحی قازى و کاک ئەحمەدى قازى حاجیابادى و هەموویان خۆیان ناساند. هەموو جارێ کێشکچییەکەش کە لە قسەکانمان تێنەدەگەیشت بەسەرماندا دەیگوڕاند و هاوارى دەکرد: سست، هەست ئێلەمە (بێدەنگ! قسان مەکەن) بەڵام کەس جوابی نەداوە و هەموویان خۆیان ناساند و بۆمان روون بووە کە کێ گیراوە. لە تارانێ بردیانینە زیندانی قزلقەڵعە. ئەمن پێشتر ئەوێم دیبوو. هەروا کە روو بە دیوارى بە چاوبەستراوەیی بە ڕیز رایانگرتبووین لەبەر خۆمەوە گووتم: “ئێرە زیندانی قزلقەلعەیە. یەکێک لە هاورێکانمان بەربووە و بە عەرزى دا کەوت و لە هۆش چوو”.

هەروەک باسم کرد رێژیم بە فێڵ ئەو مەلا محەممەدەشی لەگەڵ ئەو زیندانییانە خست بوو بۆ ئەوەى لەوێش راپۆرتیان لێبدا و لە راستی دا، هەر بەنێو زیندانی بوو و زۆر شەوان بۆ رابواردن بە دزى دەیانبردە دەرەوەى زیندان. زیندانییەکان ئەوەیان دەزانی بۆیە کاک عومەرى مامم هەڕەشەى لێدەکا و دەڵێ: “وەڵڵاهی واى ناخۆى، ئێمە تا سەر لێرە نابین جا ئەو کارانە بکە”. ئەوانی دیکەش هەر کەسە بە جۆرێک سەرى دەخەنە سەرى و ئەزییەتی دەکەن. بۆ وێنە کابرایەکیان لەگەڵ دەبێ بە نێوى کاک بایز کە خەڵکی پەسوێ بوو. رۆژێک کە هەموویان لە ساڵۆنی پێکەوە دانیشتبوون، دەست بە قسان دەکا و دەڵێ: “کوڕینە ئەو شەو خەونم دیت، لە خەونم دا قیامەت بوو. هاتن بۆلام و پێیانگووتم، ئەتۆ نوێژت نەکردووە و رۆژوت خواردووە، بۆیە دەبێ بڕۆى بۆ جەهەندەمێ. ئەمنیش زۆر پارامەوە و گووتم کوڕە بۆخاترى خوداى ئەمن شادە و ئیمانم هێناوە روحمێکم پێبکەن، زۆر زۆر پاڕامەوە. گووتیان باشە ئەگەر وابێ ناتبەینە جەهەندەمێ و لەباتی ئەوەى کەپۆى ئەو مەلایەت دە … دەبڕین. ئەمنیش گووتم کوڕە بەخاترى خوداى دەچمە جەهەندەمێ و ئەوەم لەگەڵ مەکەن”.

مەلا محەممەد پێش ئەوان ئازادکرا و دوایە حیزبی دێموکرات کووشتی. لە سەرە مەرگ دا دەڵێ کە قازى کووشتیانم. ئەو قسەیە بۆ تایفەى ئێمە، بە تایبەتی بۆ من خوار بووە و هاتن لە کۆنەدێ گرتیانم. مامە قادر و مامە وەهابیشم بەو قەتڵە تاوانبار کران. مامە وەهابم گیرا، بەڵام دواى لێپرسینێکی زۆر، پاش ٣ رۆژ ئازاد کرا. بەڵام مامە قادرم هەر نەگیرا. چوونکە لەگەڵ رەئیسی پاسگایە دۆستایەتی هەبوو نەیانگرت. محێدین ئاغا و سەید رەحیمی سەید جامی زۆریان هەوڵدا کە ئازادم بکەن و نەگیرێم، بەڵام فایدەى نەبوو. محێدین ئاغا بە دادگوستەرى دەڵێ: “خاوەنی ئەو پەروەندەیە بۆ گرتن نابێ، ئەوە فەقیرە و کۆشێکی منداڵ بە ریشەوە بووە، وەڵڵاهی هەتا بەرى نەدەن لێرە ناڕۆم”. بازپرس دەچێتە دەرێ و بە تەلەیفوون لەگەڵ ساواک قسە دەکا و دێتەوە بە محێدین ئاغاى دەڵێ: “خودا شاهیدە بە قازانجێتی کە بچێتە زیندانێ. ئەوە تازە بۆ دەرێ نابێ. بەڵام لە زیندانێ لە کۆڵی دەبنەوە”. بەم شێوەیە بۆ ماوەى ٢٠ رۆژان زیندانی کرام. لەسەر مەلا محەممەد و مەلا قادرى لاچینی زۆریان لێکۆڵینەوە لەگەڵ کردم و ئەمنیش ئەوەى دەمزانی ئاوا گێڕامەوە: “ژنی ئەو مەلا محەممەدە نێوى گوڵێیە و کچی مام عەزیزى خەڵکی دێی منە (کۆنەدێ) و لەگەڵ ئێمە جیرانن. رۆژێک مەلا محەممەد لەگەڵ مەلا قادرى هاتبوونە کۆنەدێ و شەو لە ماڵە مام عەزیزى بوون. بۆ نانخواردنی شەوێ ئەمنیشیان دەعوەت کرد. ئەگەر چووم مەلا محەممەد هەواڵی رادیۆ عەرەبییەکانی گرت بوو. ئەمن باش لە هەواڵەکەى تێنەگەیشتم، بەڵام ئەو گووتی کە خەبەر خۆشە و سەدام گەمارۆى ئابوورى لەسەر کوردان لابردووە و وەزع باش دەبێ. دوایە بۆخۆیان لەگەڵ مەلا قادرى دەستیان بە سرت و خورت کرد.

ئەو شەوە ئەمن زوو بەجێمهێشتن، بەیانی خەریکی سواغی بانی بووم. بانەکە بڵیند بوو و دەیڕوانییە خوارەوەى قەبرستانی ماڵان. ئەگەر تەماشام کرد مەلا محەممەد و مەلا قادر لەبەر سێبەرى دارە سنجووەکەى نێو قەبران دا، دانیشتبوون و شتیان دەنووسی. نازانم ئەو نامەیە بۆ حیزبێ بوو یان بۆ دەوڵەتێ”.

دیارە ئەوکات مەلا قادر ئەندامی حیزبی دێموکرات بوو و قاچاغ بوو. ناوبراو خزمی لە کۆنەدێی زۆر بوو و زوو زوو دەهاتە ئەوێ. لەو رووداوەدا بە گشتی ئەمن بێ تاوان بووم و لەسەر من چیان بۆ ساغ نەبووە. لە زیندان دا لەگەڵ کاک عومەرى قەیتەران و مەلا مستەفاى قەرەقشڵاق ئاشنایەتیم پەیدا کرد. لەو ماوەیەدا جارێکی خێزانم و منداڵەکانم، فەتاح و قاسم کە چکۆلە بوون هاتنە ملاقاتم. قاسم داواى پووڵی لێکردم. ئەمنیش گووتم رۆڵە گیان ئەمن پووڵم لە کوێ بوو، ئەمن زیندانیم. دواى ئەو ماوەیە دوکتۆر بەهمەنی بە دانانی قەباڵەى خانووەکەى، ئازادى کردم.

هەر لەو ساڵانە دا کە پێشمەرگە لە شاخی بوون، رۆژێکی سەرەبەهار بوو، لە باغی خەریکی ئاو داشتنێ بووم. محەممەدى مینە کرمانج کە کوێخا سجیلی ئاوایی دێبۆکرى بوو، ببوو بە جاش و لەگەڵ ژاندارمان بە دواى پێشمەرگاندا دەگەڕا. هاتە لام و ژمارەیەکی دامێ و گووتی سبەینێ بەو ژمارەیە بچۆ ساواکی کاریان پێتە. ئەمنیش زۆر ترسام و زۆر نیگەران بووم. قەتم ساواک نەدیبوو، ساواک سامێکی تایبەتی هەبوو.

سبەینێ وەڕێکەوتم، ئەوکات ساواک لە خانووى سەید رەحیمی حوسێنی دابوو و دوو دەرکەى هەبوو. دەستێک ژن و منداڵ لەبەر دەرکەى رووبەرووى مەیدانی ئاردى دانیشتبوون و دەرکەکەش داخرابوو. چووم لە ژنەکانم پرسی و گووتم: “دەرکی ساواکی لە کوێیە”. ژنێکیان گووتی هۆوەیە. ئەگەر گەڕامەوە گوێم لێبوو ژنێک جنێوى دا و گووتی: “ئەو … بابە ئەوە دەچێ راپۆرتی لە خەڵکی دەدا”. لەبەر ترس و خۆفی خۆم گوێم نەدایە و چووم لە دەرکەم دا و دەرکەیان لێکردمەوە و چوومە ژوورێ. لە ژوورى چاوەڕوانی زیاتر لە ٢٠ کەس ژن و پیاوى لێ بوو. دوو کوڕى ماڵە عەوڵاى بایزئاغاى، ئی حەمەدى ئاغاى لەوێ بوون. سڵاوم کرد کەس جوابی نەدامەوە. هەموویان زراویان چووبوو و رۆحیان لەبەردا نەمابوو و دیاربوو لەبەر خۆیانەوە دووعایان دەخوێند و هەر بیسمیلایان بوو.

هێندەى پێ نەچوو خوداپەرەست هات و گووتی ئاغاکانی کۆنەدێ و وزندەرێ. ئەمنیش راستەوە بووم. گووتی: “بۆ هەر ئەتۆ هاتووى؟” گووتم: “ئاغاى کۆنەدێ هەر ئەمنم”. گووتی: ئەدى براکانت؟

– یەک لە تارانێیە و یەک مامۆستایە و مونتەقیم ئەوە بۆخۆتان دەزانن لە شاخییە و ئەوانی دیکەش ئەوە دەخوێنن.

بە تووڕەیی بردمییە دیوێکی تاریک، ئەسبابی شکەنجەى لێ بوو و لەوێی دانام و کەڵێنێکی دا بە دەرکەى و رۆیشت. لە بڵیندایی دیوەکەى دا، پەنجەرەیەکی بچووکی تێدابوو، پەردەى بەسەر دا بەردرابووە. ئەمنیش زۆر نیگەران بووم و فکرم لەوەى دەکردەوە کە سیغارێکی بکێشم یان نا. لە ئاخر دا سیغارێکم داگیرساند، ئەوەندە خەفەبوو دووکەڵەکەى لەسەر سەرم هێقی خواردبووە و نەدەرۆیی. لە دەرکەرا خەڵکم دەدیت هاتووچۆیان دەکرد. ئەوانە بە پێچەوانەى ئەوانی دیکە، رەنگیان تێک نەچووبوو و دیار بوو لە خۆیان بوون. حاجییەک هات و تێپەڕى، سابڵاغی بوو کەشیدەیەکی جوانی لەسەر بوو. دەم و چاوى زۆر نوورانی بوو. دواى درەنگێکی خوداپەرست هاتەوە و قوتووە مەقەبباى شێرنی پێ بوو، سەرى کردەوە. راپۆرتەکانی دەرهێنا کە چۆن کاک سولەیمانی مووعینی و پێشمەرگەى دیکە هاتوونە ماڵە ئێمە. هێندێک لەو راپۆتانە راست بوون، بەڵام ماوەى ٣ مانگیان بەسەردا تێپەڕى بوو و هێندێکیشی وانەبوو. خوداپەرست بە تووڕەیی گووتی: “ئەوانە هاتوون ئەتۆ دەنگت نەکردووە؟”

ئەمنیش ماندو و وەڕەز و لە حاڵی خۆم بێزار بووم، گووتم: ئاخر دێیەکە من تەنیا ٧ کیلۆمیتر لێرە دوورە، بۆ نەدەهاتی بیانگرى. بە من چی ئەوانە وەشاخی کەوتوون. بەڵام نا هەروەک مووسەدیق گووتی: این چوب نفت است کە ما می خوریم (ئەوەى دارى نەوتە کە وێمان دەکەوێ) ئەمنیش ئەوە دارى مونتەقیمییە دەیخۆم. بە من چی ئەو لە شاخییە. خۆ ئێمە یەک ماڵ نین. مەزرایەکی بێ کەڵک و بێ حاسڵم هەیە و دەبێ ١٠ منداڵان بەخێو کەم و رۆژ هەتا ئێوارێ پاچ و پێمەڕەم بە دەستەوەیە، بۆ ئەوەى لە برسان نەمرن. ئەتۆش ئەوە هێناوتمە ئێرە. چت دەوێ بۆت ئیمزا دەکەم، ئەمما ئەشکەنجە نا. هەرچی دەڵێی بۆت ئیمزا دەکەم، هەرچی کەیفت دێنێ. کووشتنە، بڕینە، ژاندارمم کوشتووە، بێنە بۆت ئیمزا دەکەم.

– وەڵا ئێوە خراپن، لەگەڵ ئێمە نیین. ئەوەتا ئەو عالەمەى دەبینی هەموو گوزاریشمان بۆ دێنن و هەموو لە گەڵمانن بەڵام ئێوە نا.

– جا چ بوو موبارەکتان بێ، ئەوە بە من مەڕبووت نییە.

– ئێوە خراپن یەک کەستان نایە کە ئێمە لە شتێکی ئاگادارکا و کارێکمان بۆجێبەجێ بکا.

ئیدى بە تووڕەیی ڕۆیشتە دەرێ، درەنگ وەخت لاى نیوەڕۆیە ئەمن و ئەو دوو کوڕەى ماڵە حەمەدى ئاغایان سوارى ماشێنی ساواکی کرد و بردیانین. ئەو مەئموورەى کە لە پشتەوە دانیشت بوو پێموایە خەڵکی کرماشانێ بوو. ماشێنەکە بە شەقام دا بەرەو سەربازخانە دەرۆیشت. ئەمن لە پشتەوەى ماشێنە لەندوێرەکە دانیشت بووم. چاوم لە ئاشنایەک دۆستێک دەروانی کە بە جۆرێک حاڵی بکەم کە ئەمن ئەوە گیراوم. لە نەکاو چاوم بە دوکتۆر بەهمەنی کەوت، خۆم خوار کردەوە کە بمبینێ و بزانێ کە گیراوم، بەڵام نەیدیتم. دوایە ماشێنەکە لە گومرگی رایگرت و ئەو دوو کوڕەیان تەحویلی ئەوێ دا. ئەوانە گوایە پیاوێکیان کووشت بوو و هەڵاتبوون بۆ عێراقێ. عەوڵاى بایزئاغاى لە تارانێ کارەکەى بۆ جێبەجێ کردبوون و هێنابوونێوە. ئێستا دەبوایە پووڵی گومرگی بدەن.

ئەمن لە پشتەوەى ماشێنەکە بە تەنیا مابوومەوە و بەرە و سەربازخانەیان دەبردم. شۆفیرەکە ئاوڕى داوە و بە زاراوەى کرماشانی گووتی: “خودا غەزەب و لێگرێ تایفەى قازى ئێستا سەعات یەک و نیوە، ئەمن دەبوو لەگەڵ خانمەکەم نەهارم خواردبا ئەوەتا بەڵایەکی وەک تۆ پەیدا دەبێ و نایەڵێ بحەسێمەوە”. سەیدە مەهابادیەکە هیچ دەنگی نەکرد و سەرى بەردابۆوە. ئەمنیش بە تووڕەییەوە گووتم: “ئەتۆ رەنگ بوو هەر نانێکی بخۆى و دوعایەکی بۆ ئێمە بکەى. ئەگەر ئێمە نەبین و بە قسەى ئێوە یاغی گەرى نەکەین، ئەتۆ لە ساواکی دانەدەمەزراى و نەدەبوویە شۆفیرى ساواک و ئەو هەموو حقوقەت وەرنەدەگرت. ئێستا دەبوو لە میاندواوێ دەستکێکت کەوەر پێبا و بە کوچان دا بگەڕێی و یەک بە خۆت هاوارت کردبا، کێفەر، کێفەر (کەوەر کەوەر). ئەوە لە سایەى ئێمەیە کە ئەو مەقامەت وەرگرتووە”. ئەگەر وامگووت، خۆى وەرسوڕاند و بە هەموو هێزى خۆى مستێکی داهێنامێ. ئەمنیش خۆم کشاندەوە دوایە و دەستی بە توندى وە لێوارى ئاسنەکەى کەوت و هاوارى لێ بڵیندبوو. ئەمنیش گووتم: “وەڵڵاهی شکایەتی سەرهەنگ زرنوێشتت لێدەکەم، بە تۆیان گوتووە ئەمن بەرى بۆ زیندانێ یان لێم دەى؟” گەیشتبووینە نزیک دەرکەى سەربازخانەى، دەمزانی هەر دابەزێ دێ لێم دەدا. بۆیە لەپێش ئەوەى دەرکەى بکاتەوە، هەر ماشێنەکەى راگرت، خۆم فڕێ دا و هەڵاتم. گەیشتە سەرم، شەقێکی داهێنامێ، باش بوو نەیهەنگاوتم و خۆم لە پاسدارخانەى هاویشت و نەجاتم بوو.

دوو ئەفسەر لە ژوورێ دانیشتبوون. یەکی سیتوان دوو و یەکی سیتوان یەک، زۆر جوان و کەڵەگەت بوون. رۆژنامەیەکیان راخست بوو و کەمێک نانی سەنگەک و ئاشیان دانابوو و نانیان دەخوارد. ئەفسەرەکە کە نامەکەى خوێندەوە لە لاى ساواکییەکەى پاڵێکی بە منەوە نا و بە دیوارى دا دام و گووتی: “بییەن بۆ ئەو سلوولە”.

سلوولەکە رووناک بوو، بەڵام پەنجەرەیەکی شکابوو و باى پێ دا دەهات. دوایە زیلۆیەکیان بۆ هێنام بە پۆتینی سەربازان هەموو تەڕ و قوڕاوى ببوو. بە ناچار ٥ -٦ قەدم کرد و وەک سەندەڵی لەسەرى هەڵتروشکام. لاقم بادار بوو و وەزعم باش نەبوو و نۆبەتێ دایگرتبووم. بۆیە مەجبوور بووم، کەوشێکم لە پێ دەرێنا و لەسەر پەتووەکەم دانا و لەسەرى دانیشتم و بەرى پێی لاقەکانیشم لەسەر کەوشەکەى دیکە لە عەرزى دانان.

هێندەى پێ نەچوو، ئەو ئەفسەرەى کە پاڵی پێوە نابووم، غەزاکەى خۆى بۆ ناردم. ئەمنیش ١٥ تمەنم پێ بوو ٥ تمەنم نارد چادانێکیان چا بۆ هێنام. دووبارە شەوێ چادانێکی دیکەم لەگەڵ پاکەتێک سیغار کڕێ، ئیدى پووڵ بڕا. خەریکی نوێژى شێوان بووم ئەفسەرەکە بەوێدا هات و گووتی: “دەزانم رەنگت زەرد هەڵگەڕاوە و نەخۆشی بۆیە دەتنێرمە بێهدارى. ئەتۆ قازى بۆیە دەمهەوێ خزمەتت پێبکەم، بەڵام “شتر دیدى ندیدى”( با هیچ کەس نەزانێ). زانییم کە لەبەر سەیدە ساواکییەکەى پاڵی پێوەنابووم. دواى دەست نوێژگرتنێ هاتەوە لە دیوەکەم کەمێک راوەستا و بڕێکی تەماشا کردم و گووتی: ئەمن لادەبەن و ناتبینمەوە و خوداحافیزیت لێدەکەم، بەڵام بە ئیدیکەم ئەسپاردوى. ئیدى ئەو ئەفسەرەم نەدیتەوە.

تا درەنگ وەخت لەو دیوەى مامەوە. نە چرایەک نە راخەرێک، هەبوو و نەبوو ئەو زیلۆ تەڕە. دوایە بردیانمە دیوێکی ٣ لە ٤ کە هەر هیچی لێ نەبوو، تەنانەت پەنجەرەشی تێدا نەبوو و رووناکی ئەو دیوە تەنیا ئەو دەرکەیە بوو کە دەکەوتە سەر کالیدۆرەکەى. ئەویش ئەگەر بە رۆژ کراباوە کەمێک رووناک دەبوو دەنا بە تایبەتی بەشەو، وەها تاریک دەبوو وەک شەوە زەنگی لێدەهات. لە گۆشەیەکی ئەو دیوە کەمێک ورکەنان هەڵدرابۆوە، دوایە زیلۆ تەڕەکەشیان بۆ هێنام.

شەو درەنگ ببوو بە رەواڵی پێشوو، لەسەر زیلۆکەى دانیشتبووم وێژینگم دەدا و خەو دەیبردمەوە و دەهات پێرابێم و بکەوم، بەڵام هەموو جارێ لە نەکاو رادەپەڕیم. لەو حاڵەتەدا لە نەکاو دەرکە کراوە و بە پاڵەپەستۆ ٤ کەسیان رادا بۆ ژوورێ. ئەگەر تەماشام کرد سەید تەهاى ئاوایی ئازاد و سەید ساڵح و سەید قادرى مامی و سەید عومەر بوون، واقم وڕما. ئەمنیش لە رووناکایی دەرکەى را سەید تەهام ناسییەوە و بە تورکی پێمگووت: “سەن هەرە بورە هەرە (ئەتۆو ئێرە؟) یاخوا بەخێرێی، ئاى چەندە بەتەنێ بووم”. ئەوە ئەوانیش رۆحیان پێ نەمابوو و بە تایبەت سەید عومەر زۆر بێ حاڵ بوو و دیار بوو زۆریان لێدابوو. (سەید عومەر دواتر پاسەبانێکی بە نێوى مەلا برایم کووشت و بۆ خۆشی دواتر کوژراوە). بە هاتنی ئەوانە، دوو دانە زیلۆى دیکەشیان هێنا و لامپێکیشیان لە بەرقەکەى هەڵاوەسی. دوایە سەید تەها داواى لە ئەفسەرەکەى کرد کە سەربازێکیان بداتێ، بۆ ئەوەى بینێرێتە ماڵە سەید عەلی حوسێنی تا بڕێک نان و چێشتیان بۆبێنێ. هەر چۆنێک بوو سەربازێکی کوردیان دایە کە بەڵەدى ماڵە سۆفی ساڵەى لە لاى مزگەوتی رۆستەم بەگی بوو و لەوێش را رێنوێنییان کردبوو و بەو شەوەى چێشتێکی زۆر چاک و دوو فەلاکسی چایان بۆ هێنا.

ئەو شەوەی بە نەقڵ و قسەى خۆش گوزەراندمان. بۆ سبەینێ سەید تەها و ئەوانیان ئازاد کرد و هەر ئەمن و سەید عومەر ماینەوە. سەید تەها ٨٠ تمەنی پێ بوو زۆرى هەوڵ دا لێم وەرنەگرت، دوایەش زۆر پەشیمان بوومەوە. ئەو لە دەرێ تووشی کاکە رەحمانم دەبێ و وەزعی منی پێ دەڵێ. دیارە بایزئاغا و عەلیاغاى بەیتاسێش کە ئاگایان لە هەموو شتێکی بوو، پێیان گووت بوو. کاکم نان و کەبابێکی زۆرى کڕى بوو و ویستبووى بۆم بێنێ، لە رێگایە تووشی ماشێنی ساواکی دەبێ. لەسەر وەزعی من لێیان دەپرسێ و ئەویش لێی تووڕە دەبن، دەڵێن ئەسڵەن درۆیە، کێ بە تۆى گوتووە کە عەوڵا گیراوە. ئیدى نەیانهێشت بێتە ملاقاتم.

ئەوجار بە ناچار دەستەوداوێنی سەید عومەرى بووم ١٢٠ تمەنی پێ بوو هەر دەیبژارد. ئەمنیش گووتم: “بێنە ئەو پووڵەى بدە بە من با خەرجی کەین، ئەگەر ئەتۆ لە پێش مندا ئازاد بووى بچۆ لاى مام ئەحمەدى ئیلاهی یان حەکیمی مینە زێڕینگەرى، یان ماڵە ئێمە هەموویان دەناسی لێیان وەرگرەوە”. ئەویش دەیگووت: “ئەرێوەڵا هەموویان دەناسم و لە دارە تووەکەى ماڵە ئێوەش سەد جارم توو خواردووە، بەڵام هەر ناتدەمێ”. ئەمنیش دەمگووت: “کوڕە سەید عومەر دووبەرابەرى وەرگرەوە ١٢٠ تمەنە بڵێ ٣٠٠ تمەنە”، بەڵام هەر فایدەى نەبوو.

سەید نەدەحاواوە و دەیهەویست لە زیندان دا مانبگرێ و کەڵەگایەتی بکا و بڵێ ئەمن زیندانی سیاسیم و دەوڵەت دەبێ دوکتۆرم بۆ بێنێ و غەزاى چاکم بداتێ. ئەمنیش تووڕە بووم و گووتم: “کوڕە ئەتۆیان لەسەر شارڵاتانی گرتووە و ئەمنیش بە نێوى چەتە و قاتڵ. ئەتۆ چووى لە پیاوى عەوڵاى بایزاغات داوە، ئەوە لێت دەدەنەوە. خۆت شێت کردوە ئەو شتانەى کە تۆ دەیڵێی کوا لەگەڵ قانوون و یاساى ئەو وڵاتە مەسخەرەیە دا یەک دەگرێتەوە؟”

ئەوکات لە زیندانێدا باو بوو هەر گروهبانێک هاتبا و زیندانی تەحویل وەرگرتبا، دەبوایە بە حازربوونی کابراى زیندانی هەموو شتەکانی، بە نێو تەحویل وەرگرتبا. ئەمن و سەید عومەریان بانگ کرد، لە نایلۆنێکی دا بڕێک شت وەک نوشتوو پێچرابووە نەیاندەزانی چییە. ئەویش سەید عومەر جنێوى پێدان و گووتی: “ئەوە … دایکی ئیتلاعات و ساواکییە”. گروهبانەکە زۆر تووڕە بوو. ئەفسەرەکەى بانگ کرد و نەقڵەکەى بۆ گێڕاوە. ئەفسەرەکەش بە شەپڵاغە و بە نەقورچان وەرگەڕا سەید عومەرى و زۆرى جنێو پێدا. دوایەش دەستورى دا کە مستەڕاحی پێ خاوێن کەنەوە: “ئەمن زۆرم پێ ناخۆش بوو، زۆر لە ئەفسەرەکە پاڕامەوە و گووتم ئەوە سەیدە بیبەخشن.

ئەفسەرەکە رووى لە سەید عومەرى کرد و گووتی: “ئەوە بە ئەوەت دەبەخشم. ئەوە چەند رۆژە لێرەیە تەنیا بەو ورکانە قەناعەت دەکا. نە دەڵێ برسیمە نە دەڵێ توونیمە، نە دەڵێ چاى دەخۆم. ئەگەر هات سیغاری دەکێشا، ئێستا ئەویشی پێ نەماوە، ئێمە رێگاى هیچ شتێکمان نەداوەتێ، تەنانەت نانیشمان نەداوەتێ. هەر ئەو ورکانە دەخوا و دەعیەى نایە داواى هیچ شتێکمان ڵێ بکا. بەڵام ئەتۆ هاتووى ئاورت کردۆتەوە.

ئاوا زۆرى بەسەر دا هات و دوایە گووتی وەرن بەڵام هیچ دەنگێ مەکەن تەنیا گوێ راگرن. بردینییە ژوورێکی لەوێرا زەنگی بۆ ساواکی لێدا و لەگەڵ خوداپەرەست قسەى کرد و گووتی: “ئاغاى خوداپەرەست ئەو دوو کەسەت ناردووەتە ئێرە، نە نان نە چا نە هیچ شتێکیان پێ نییە”. دوایە گوشییەکەى لە ئێمە نزیک کردەوە و قامکی بە نیشانەى بێ دەنگی لەسەر لێوى دانا و گووتی گوێ بدەنێ. خوداپەرەست جوابی داوە و گووتی: تەنیا یەک پەتووى پیس و زیندان و کێشکێک، حەقتان نییە هیچ شتێکی دیکەیان بدەنێ.

ئەوکات تازە وردە وردە ساواک دەهات لەنێو ئەرتەش دا بەهێز ببێ. بۆیە زۆربەى ئەفسەران و دەرەجەداران، زۆر لە ساواک دەترسان و بەو شێوەیان لەگەڵ کردین کە خوداپەرەست دەستوورى دابوو هیچیان نەداینێ.

جارێکی دیکە پەنام بۆ سەید عومەر بردەوە و دیسان زۆر پاڕامەوە و گووتم ئەوە چەند رۆژە هیچم نەخواردوە پیاوى چاک بە، بە قەرز پووڵێکم بدەیە. بەڵام هیچ فایدەى نەبوو.

ئەو رۆژە هاتن سەید عومەریان برد. دیسان لێی پاڕامەوە کە پووڵێکم بداتێ. لەکاتی ڕۆیشتن دا بێ ئەوەى لێم بپرسێ، چ کارێکم هەیە و چم پێویستە و چ بە ماڵێمان بڵێ، لە پشتەوەرا ١٠ تمەنی بۆ هاویشتم.

دەوروبەرى سەعاتی یەک و نیوی نیوەڕۆیە بوو. باسکم هەڵماڵی بچم دەستنوێژێ بشۆم. لەو ورکەنانانە کەمێکم هەڵگرتەوە. ئەوکات ددانەکانم مەسنووعی نەبوون. زۆر خراپ بوون و ورکەى پێ نەدەجوترا. ورکەش ڕەق و شین بوون و هەر دەزارم دا دەمهێنا و دەمبرد و لووسم دەکرد و قووتم دەدا.

ئەفسەرەکە بەوێدا هات، سیغارێکی بەدمەوە بوو، تازە دایگیرساندبوو. بە پێش من دا تێپەڕى و بە سەر سەرى دا سیغارەکەى بۆ لاى من فڕێ دا و خۆى چوو لە ئاودەستێوە. نیگابانەکە ئاگاى لێ بوو، غارى دا و سیغارەکەى هەڵگرتەوە. لە دڵی خۆمدا گووتم: “وادیارە ئەوە لە من مووحتاجترە”. هەر فکرم لە خۆم دەکردەوە و چاوم لە نیگایانەکەى بوو لە نەکا و رووى وەرگێراوە و گووتی: “رەفیقەکەیان هێنایەوە”. ئەوجار لە نەکاو گروهبانەکە پەیدا بوو و گووتی: “وەرە، وەرە، زوو زوو لە سەرت مەحتەلن و لیباسەکانی بۆ فڕێ دامە ژوورێ”. ئەمنیش هەر بەڕێوە پشتێنەکەم بە دەستەوە بوو و چوومە ژوورى ئەفسەرەکە، سەید عومەر لەوێ بوو. دیسان هێندەى دیکەیان لێدابوو و هۆشی نەبوو.

دوایە بردیانم کە سوارى ماشێنم کەن، ئەگەر تەماشام کرد ئەوە سەیدە ساواکییەکە لەگەڵ شۆفیرە ناجسنەکەى لەوێ راوەستاون. خودایە چبکەم! دیسان بێ ئەوەى بێڵم لێمدا، بەغار خۆم لە ماشێنی هاویشت. لەوێرا بردیانمە ساواکی، دەوروبەرى سەعاتی ٢ بوو لە ژوورێکی دایاننام. خوداپەرست هات نامەیەکی زەلامی پێ بوو بە چاپ نووسرابوو. نامەکەى خوێندەوە و گووتی: دەبێ هاوکاریمان بکەى. گووتم ئەگەر توانیم دەیکەم، هەرکەس هات راپۆڕتی لێ دەدەم. دوایە بە تووڕەیی گووتی بڕۆ دەرێ ئازادى. دەرکەم کردەوە و خێرا بە کوچەیدا تێپەڕیم. هەر دەڕۆیشتم و ئاوڕم دەداوە، تەزووم بە پشتی دادەهات.

ساواک ئاوا بە سام بوو، دەمگووت درۆیە ئازاد نەبووم. ئەگەر هاتمە دەرێ وەک تازە لە قەبرێ را هاتبمە دەرێ ئاوا بوو. پێموابوو تازە زیندوو بوومەوە.

لەو سەروبەندەى لە زستانێدا، زۆرتر لەگەڵ مامۆستا هێمن پێکەوە دەبووین. یان ئەو دەهاتە کۆنەدێ و لە دۆڵی لووسێ پێکەوە راومان دەکرد، یان ئەمن دەچوومە شیلاناوێ و بە چەند شەو لە لاى دەمامەوە. جارجاریش کاکە رەحمانم و مەمیخان و قادرى ریحانی دەهاتن و چەند رۆژ پێکەوە دەبووین یان دەچووینە لاى مام رەزاقی قازى لە ئاوایی قزڵجەى سەرێ. دیارە کاکم چوونکە زۆر تفەنگچی چاک بوو زۆرتر، ئەمریکایی بە تەیارەى دەیانبردە باکۆیە و لەگەڵ هێندێک لە عەشایر، لە شاخەکانی ئەوێ راوى نێریە کێوییان دەکرد.

لە یەکێک لەو سەفەرانەدا کاکم کە ئەوکات زۆر جوان چاک بوو و کەواو پاتۆڵی زۆر خاوێنی دەبەر دەکرد، لە شوێنێکی رادەوەستێ و سیغارێکی دادەگیرسێنێ و چاوەروانی ئەوە دەبێ کە تەیارە بێت و بگەرێنەوە. لەو کاتە دا عەجەمێکی پیر بە سوارى کەرێ بەوێ دا دێ و بڕێکی تێدەفکرێ و لێی دەپرسێ و دەڵێ: خەڵکی کوێی؟

– خەڵکی مەهابادم.

– بۆ لێرەى؟

– چاوەروانی تەیارەم دەڕۆینەوە.

– ئەڵڵا گوربان ئوڵوم، دەدەین ئێشەگەین یۆختی؟ سەنە تەیارەیە منیسەن (قوربانی خوداى بم، بابت کەرى نەبوو بۆ خۆت سوارى تەیارەى دەبی).

کاکم ئەو قسەیەى زۆر پێ خۆش دەبێ و دەڵێ وەرە لە برى ئەو قسەخۆشەى سیغارێکت دەمێ.

کاکم و مەمیخان و قادرى ریحانی لەگەڵ سەرهەنگ نەسروڵڵاهی فەرماندەرى پادگانی مەهاباد، ئاشناییەتیان هەبوو پێکەوە دەچوونە راوێ. رۆژێکی مەمیخان بۆ نەسروڵڵاهی باسی راوێکی دەکات کە گوایە راوەکەیان زۆر خۆش بووە و ئەو بە تەنیا ١٦ کەو و قادریش ١١ کەوى کوشتووە. نەسروڵڵاهی دەڵێ: نا، باسی خۆتان مەکەن، ئەمن ئەوەى بە رەحمانمەوە دیوە کارى کەس نییە، ئەنگۆ هیچ، تەنیا رەحمان. کاکم لەگەڵ ئەو سەرهەنگەى جەفەنگیان هەبووە. رۆژێکی لە گەرماى هاوین دا، دەچنە راوى کەوان. سەرهەنگ سەربازێکی لەگەڵ بووە و سەقرى بۆ سەرهەنگ هەڵگدەگرت. بۆ ئەوەى لە کاتی خۆى دا لە کەوانی بەردا. کاکم دەیگێراوە کە بەو گەرمایەى ئەو سەربازە لەو شاخانەدا هەڵدەلەرزى و وەخت بوو رەق هەڵێ. رووی لە سەرهەنگی دەکا و دەڵێ: یارەبی خودایە کەس لەگەڵ دەوڵەتی ئێرانێ بەشەڕ نەیە.

سەرهەنگ دەڵێ: بۆ؟

– چوونکە ئەرتەشی ئێرانێ بەرگەى ١ سەعات ناگرێ، چاو ئەو سەربازە چۆن هەڵدەلەرزێ.

دوایە کەوان هەڵدەستێنن و سەرهەنگ دەیهەوێ سەقرەکەى تێبەردا. کاکم پێی دەڵێ: ئەو سەقرەى تێبەر مەدە.

– بۆ؟

– ئەوە چاوى هەروەک ژنە تارانیان دەچێ، هەر سێک تەڵاقم کەوێ بە ساغی نایەتەوە، کوڕە تێیبەر مەدە. ئەوە خودا ڕەحمانی بۆ شێت کردووى و کەوت بۆ دەکووژێ، ئیدى ئەوەى بۆ بە کووشت دەدەى؟

– نەخێر وانییە، کەوان هەستێنن.

دوایە کەوان هەڵدەفڕێنن، سەرهەنگ سەقریان تێبەر دەدا. سەقر دادێتە کەوان، خۆى لە پەلێکی دەدا و حەیاتی ڕەشی لێدەبڕێ.

لەو سەردەمەدا، رۆژێکی باباغا براى مامۆستا هێمن بە دواى دا ناردم و ئەمنیش بەرەو شیلاناوێ وەڕێکەوتم. هێشتا لە دێی وەدەر نەکەوتبووم تووشی کاک بابەکرى بووم، ئیجارەى مەزرایەى بۆ هێنام. پووڵەکەم لێ وەرگرت. درەنگ گەیشتمە شیلاناوێ. ئەگەر چووم حاجی شێخ عەوڵا لەوێ بوو. ئەو شەوەى تا درەنگ پێکەوە بووین. دوایە مامۆستا هێمن و حاجی شێخ عەوڵا ماڵاواییان کرد و بەرەو کوردستانی عێراق وەڕێکەوتن. ئەو پووڵەى پێم بوو دام بە مامۆستا هێمن و گووتم پێویستت دەبێ با ئەوەندەت پێ بێ. ئیدى تا ساڵی ١٣٥٧ کە لەگەڵ خەڵکێکی زۆر لە مەهابادێ بە پێشوازى چووینە کاوڵانێ، چاومان بە یەکترى نەکەوتەوە. هەر لەو ساڵانەدا، حەسەن کوڕى پوورم لە ئاوایی ئۆغەنی ژنی دێنا. منیش چوومە میشەدێ ماڵە کاک خدرى کە پێکەوە ئاواڵ زاواین و پیاوێکی زۆر کورد و بە حووڕمەت و باشە. کاک خدر هەرچەند دوو دێی هەبوو، نۆکەرى هەبوو، تاجی هەبوو، بەڵام چوونکە ئەوەندە میواندار بوو، بەشی نەدەکرد و نانی شەوێی نەبوو. دوایە لەوێ را چوومە هەنگەوێ و لەگەڵ کاک فەتاحی هەنگەوێ چووینە راوێ. ئەگەر تەماشام کرد لەسەر خۆڵە پۆتینەى ڕێیە، شوێنی پێی ژنێک و دوو منداڵ لەسەر عەرزى دیاربوو. ئەمنیش گووتم: “کاک فەتاح ئەو ژنو منداڵانە بە پێخواسی بۆ کوێ چوون”. ئەویش پێکەنی و گووتی: تۆ خودا بەراستتە؟

ئەمنیش گووتم: ها ئەوتا.

– ئەوە جێ پێی دێڵە ورچە، لەگەڵ بێچووەکانی.

زۆر دوور کەوتبووینەوە، لە دوورەوە سوارێک بانگی کردین و هەراى دەکرد: “ئەى فەتاح، ئەى میرزا عەوڵاى”. ئێمەش نیگەران بووین و راوەستاین. کابرا گەیشتێ و گووتی ئەوە نامەى حکوومەتی هاتووە وەرە بیخوێننەوە. بەم شێوەیە راوەکەمان پەکی کەوت.

بۆخۆیان یەک دوو کەتە میرزایان هەبوو بەڵام بۆیان نەخوێندرابووە. گەیشتینەوە دێی و چووم لە تەنیشت برایم ئاغاى دانیشتم و دەستم بە خوێندنەوەى نامەکە کرد: “ئەوە حەوزەى نیزام وەزیفە، بۆ سەرباز گرتنێ دێتە ئەوێ. تکایە یارمەتی مەئموورەکان بکە”. ئەو خەبەرە بۆ ئەوان زۆر خۆش بوو و نانی تێدا بوو و بۆ هەر سەربازی ٢٠٠ تا ٣٠٠ تمەن، یا گیسکێک، شەکێکیان وەردەگرت.

دوایە داوەت دەستی پێکرد، گەورە گەورەکانی عەشیرەتی مەنگوڕ وەک باپیر ئاغا و مام حوسێنی کەوتەری لەوێ کۆببوونەوە. برایم ئاغا کە خزمی کاک خدر بوو، پێشتر لە تارانێ سەرهەنگ فەتاحی قازى دەکاتە واسیتە بۆ ئەوەى دەوڵەت پووڵێکی بۆ ببڕێتەوە و ساواک ٣٠٠ تمەنی مانگانە بۆ بڕیبووە. لەو مەجلیسەى دا برایم ئاغا کە چەند میداڵی وەخووە خست بوو، هەموو جارێ رووى لە من دەکرد و دەیگووت: “ئەرێ میرزا عەوڵاى، ئەدى من چم دەوێ. خودا ئەو شاهەنشایەم لەبۆ راوەستاو کا. مانگێ سێ سەد تمەنم دەداتێ. ئاخر بابە من لەو دەوڵەتەى چم دەوێ، دەوڵەت لەوەى چاکتر”؟ دیسان پاش قەنەیەکی دیکە لەسەر را: “ئەى میرزا عەوڵاى…”. ئەوە ئەمنیش وەخت بوو بتەقم. چوومە دەرێ بە مام قەرەنیم گووت: “عەیبە لە مەجلیسی ئاوادا رەئیس عەشیرەتێک ئاوا خۆى دەشکێنێ. ئەوە ئی نەخوێندەوارى و نەزانییە ئەگەینا مامۆستایەک دوو سێ هەزار تمەن مانگانە وەردەگرێ و قەت ناڵێ خودا لەو دەوڵەتەى بەزیاد کا”. مام قەرەنی گووتی: “وەڵاهی راست دەکەى زۆرمان پێ گوتووە عەیبە وا مەڵێ، بەڵام دەڵێی چی بە قسەمان ناکا.

٢٢

ساڵ بەسەر دا تێپەڕین، لەگەڵ زیاد بوونی زەلالەت و بەدبەختی و کوێرەوەرى، لە ساڵەکانی ٤٦ – ٤٧ نزیک بووینەوە. لەو ساڵانەدا شەڕى چەکدارى بە رێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەرتاسەرى کوردستان دا دەستی پێکرد. ئەمن وەک جاران لە دێی خەریکی دروێنە و گێرە و کێشە و ئاوداشتنی باغی بووم. بە هەزار چەرمەسەرى بژێوى خۆم و منداڵەکانم پەیدا دەکرد. ئەوجار بە هەر زەحمەتێکی بوو توانیم لە (پیکار با بی سوادى) دابمەزرێم و لە دێیەکەى خۆم مەدرەسەیەکم دروست کرد و دەرسم بە چەند منداڵی خۆم و خەڵکی دێی دەگووت. لە بڕى ئەو کارە مانگێ ٧ تمەنیان بۆ بڕیمەوە و بە سێ مانگان ٢١ تمەنیان دەدامێ. لەوکاتانەدا مونتەقیمی برام تازە لە سەربازى لە دەرەجەى سیتوانی تەواو ببوو، دەیهەویست بڕوا بۆ عێراق. رۆژێک بێ خودا حافیزى وەڕێکەوت. دایکم بە پەلە بە دووى دا ناردم و گوتبووى بێ بزانێ موتەقیم بۆ کوێ چووە. لەگەڵ کاک شەریف، کوێخاى ئاوایی گاگەش وەڕێکەوتین چووینە ماڵە سەید رەسوڵی بابی گەورە. ماینی کاک شەریف لەگەڵ رەوەى ئەسپی ئەوان بوو. ئەسپێکیشمان لێ وەرگرتن و بە پێچ پێچەکانی ئەودیوى کێوى مەیدان دا شۆڕ بووینەوە.

لە نەکاو لە پشتەوە را، فڕەیى ماشێنێکی هات. ماینەکەى من چەمووش و رەمۆک بوو وەک گوللەى دەرپەڕى. رێگا نەبوو لابدا سەربەرەژێر هەڵیگرتم و بەو پێچانەدا وەک باى دەفڕى. مەوداى خۆ فڕێ دانم نەبوو، بەناچار دەستم بە یاڵ و بە پاشوى گرت و لەو سەربەرەژێرەى ها ئێستا هەڵدێرێم ها دەمێکی دیکە. ماشێنەکە ئەرتەشی بوو و دوو ئەمریکایی تێدابوو و رایان گرت و پێیان وابوو بەو کڵاو و سەر و پێچ و وەزعەوە، ئەوە پێشبڕکێیان لەگەڵ دەکەم و هەر پێدەکەنین. ئەمنیش ئەوە تووڕە و قەڵس، دەترسام ها لێرە ها لەوێ هەڵدێرێم. تا بە هەر چەقە چەقێکی بوو لە داوێنی خوارێ لە پاناییەکی ئەسپەکە لایدا و نەجاتم بوو.

لەوێڕا چووینە ماڵە مام رەسووڵی عەبدولسەمەدى قرۆچاوێ. چەکدارى دەوڵەتی بوو. سێ دێی هەبوو، زیاتر لە ١٠ نۆکەرى لەبەر دەرکێ بوو بەڵام زۆر بە پیسی دەژیا. کەوڵیان بۆ راخستین و لە جامی مسی دا، کەمێک ماستی گەرمیان بۆ هێناین. جامەکە ئەوەندە پیس بوو ژەنگی هێنابوو و ماستەکەى تاڵ کردبوو. دوایە لەوێ رۆیشتین و بۆ ئێوارێ گەیشتینە میشەدێ. لە نزیک ئاوایی تووشی کاک خدرى بووین کە بەرەو ماڵ دەچوو. ئاوڕى هەر نەداوە ئێمەش هەر بەدوایدا دەڕۆیشتین. دوایە ئاوڕى داوە ئێمەى ناسی و گووتی: ئەى ماڵو نەشێوێ وەڵاهی وەمزانی هەوارچین هاتوون هەوارم لێ بەکرێ بگرن.

شەو لەوێ بووین، کاک خدر دیوەخانێکی گەورەى هەبوو. بە ناچارى لە دیوارى لەسەر کاغەزێکی، بە خەتێکی زۆر ناخۆش، بە میدادى نووسیبوویان:”خوا ئەو شاهەنشایەمان بۆ راوەستاوکا. خوایە بۆ خاتری مەرقەدى عەبدولقادرى نەیەڵی بەردى سارد و گەرمی بێتە بەرپێ…”. ئەمنیش هەرچەندى دەمخوێندەوە ئارام و قەرارم لێ هەڵگیرابوو و هەر ئەوەندە بوو کە نەدەدڕام. بەڵام دەمزانی کە کاک خدر لایەنگرى حیزبە و زۆر خزمەت بە پێشمەرگە دەکا و بە هۆى حەساس بوونی ناوچەکەى مەجبوورە و هیچ عیلاجی دیکەى نییە، لە راستیدا ئەوکات کاغەزێکی ئاوا کەر رەوێن بوو.

سبەینێ بەرەو هەنگەوێ وەڕێکەوتین. لە رێگایە تووشی کاکە رەحمانم بووین، مونتەقیمی دیبوو و گووتی دواى دوو رۆژى دیکە دێتەوە مەهابادێ. دیسان گەڕاینەوە بەرەو میشەدێ و دواى نیوەڕۆیە بەرەو مەهاباد گەڕاینەوە.

دوایە مونتەقیم هاتەوە مەهاباد. کەمێکی شڕوشاڵاتی ماڵێ پێدەبێ، لە کاڕێژى دێتە خوارێ. حەمەدەمینی بلوورى تووشی دەبێ و پێی دەڵێ: ئەوە لێرە چ دەکەى ماڵت نەشێوێ، هەڵێ مەئموورت لەسەرە و دەتگرن. ئەمن شتەکانت بۆ دەبەمەوە، خۆت دەربازکە. مونتەقیم شتەکانی لەوێ بەجێ دێڵێ و بە پەلە دەچێتەوە ماڵێ و لەوێش را بە دەرکەى پشتەوەدا دەچێتە ماڵە مەلا دربکەى. لەوێ لیباس و شتی ئامادە دەکا بۆ سبەینێ کە باران وەک گۆزەى سەروژێر دەبارى، بە ماشێنی سەید رەحیمی سەید جامی، دەیبەنە پشتەوەى پردى سوور و لەوێڕا ئیدى رۆیی. ئەو شەوەى دەچێتە ماڵە مام حوسێنی کەوتەرێ و بۆ سبەینێ ئەوى لەگەڵ دەکەوێ و دەچنە کوردستانی عێراق. بەم شێوەیە مونتەقیم وەشاخی کەوت و بوو بە پێشمەرگە.

٢٣

لە رۆژئاواى کۆنەدێ بە فاسیلەى ٥٠٠ میتر دوور لە ماڵان، کێوى رووتەن و بێ حاسڵ و سەخت و چڕى کونەکۆتر، وەک پیرێژنێک کە چوار مێردەکی داکوتا بێ و پاڵی دابێتەوە، هەڵکەوتووە. ترۆپکی ئەو کێوە، رەوەز و تەلانی رژد و سەخت و ماە حەستەمە. لە نێوەراستی ئەو رەوەزە، بە پانایی ٤ میترى چوارگۆشە، ئەشکەوتێکی تێدایە کە قەترە قەترە ئاو لە بەری میچی دەتکێ و گۆمیلکەیەکی چکۆلەى ئاوێ پێکدێنێ کە شوان و رێبوار و قاچاغ و راوچی تینوو و شەکەت و دەعباى کێوى، تێرئاو دەکا. ئەو شوێنە بە کونەکۆتر یان ئەشکەوتی ئاوێ بە نێوبانگە و دائیم مەکۆى کۆترە شینکانە. بە دواى شۆڕشی ئیسلامی دا، کاک ئەحمەدى برام، لەگەڵ کوڕەکانم چەند دارى بییان لێ چەقاند کە لەبەر زەڕى شوانان هەر یەکیان خۆى گرتووە و ئێستا بۆتە دارێکی ئەستور و بێجگە لە جوانیەکەى، پیاو دەتوانێ لەبەر سێبەرى بحەسێتەوە.

رۆژێک کە هەروا چاوم لەو کێوە دەکرد، هەستم کرد لەبەر پووش و پەڵاش و داڵدەى بەردەرکی ئەشکەوتەکە، شتێک دەجوڵێتەوە. دووجار ئەوەم دیت و دڵم خەبەرى دا کە دەبێ پێشمەرگەى لێ بێ و دەبێ برسی بن.

بە ئەسپایی بە خێزانم گووت کە شتێکی سازکا و بە فەتاحی کوڕم دا بینێرێتە ئەشکەوتی ئاوێ. دوایەش بانگی فەتاحم کرد و گووتم: دایکت غەزات دەداتێ بە داوێنی باغی دا و بە گۆمە بەردینی دا، وردە وردە هەڵکشێ بۆ شاخی و بچۆ ئەشکەوتێ، بەڵام ئەگەر لە رێگایە تووشی کەسی مەشکووک بووى، بڵێ دەچمە ئەشکەوتێ کۆخی کەوان ئاوەدان دەکەمەوە.


هەروا لە دوور را قاسید بووم و دەمڕوانی تا فەتاح گەیشتە هەورازى سەرێ و چووە نێو ئەشکەوتەکە. دواى درەنگێکی فەتاح هاتەوە خوارێ گووتی سێ پێشمەرگەى لێ بوو. هێندەى پێ نەچوو دوو ئەمنییە بە سوارى ئەسپی پەیدا بوون و نانیان خوارد و رۆیشتن. پێشمەرگەکان لە دوور را ئەمنییەکانیان دیبوو، ئیدى ئەوان نەهاتنە نێودێ و لابڕ چوونە وزندەرێ.

جارێکی دى بۆ راوێ بە تەنێ چوومە ئەو کێوەى. لە سەرەوەى ئەشکەوتێ گوێم لێ بوو کەسێک هەراى کرد: “کاکە عەوڵا، کاکە عەوڵا”. ئەمنیش گووتم خودایە ئەو دەنگە کێیە. بە رەوەزەکەیدا هەڵکشامە سەرێ. ئەگەر چووم مامەندى قازى بوو. تفەنگێکی پێ بوو بە تاقی تەنێ بوو. دواى سڵاو و چاک و خۆشی، زۆر پێکەوە دانیشتین. دوایە پرسیم نانێک چایەک شتێکت پێیە. گووتی: “ناوەڵا زۆریشم برسییە”. گووتم ئەوە دەچم نانت بۆ دەنێرم دوایەش شەوێ بۆ خۆت وەرەوە. شەوێ هاتە ماڵێ و لەو سەفەرەدا کتێبی (بەرەو مووکریانی) مامۆستا هەژارى دامێ. ئەو کتێبە دەست نووس و باغەڵی بوو. زۆر زۆر قاچاغ بوو و زۆر بە تووندى بە دواى دا دەگەڕان. دواتر ئەمن ئەو کتێبەم دا بە قادرى رێحانی. ئەویش بە ماشێنی ئیدارەى فێرکردن و بارهێنان چەند نووسخەی لێ چاپ کرد.

ئەوجار سەید فەتاح و دەروێش عوسمان لەگەڵ دوو کەسى دیکە وەک پێشمەرگەى حیزب هاتنە ناوچەى ئێمە. زۆر کەساد و فەقیر بوون، ٤ تفەنگی کەچ و کروچ و ٢٠٠ فیشەکیشیان پێ بوو و لەو مەزرایانەى ئێمە دەمانەوە. فەقێ حەسەن و قادرخان ئەنجوومەنی ئاوایی بوون و لە لاى سەید فەتاح بۆ منیان تێچاندبوو کە ئەمن ساواکیم و ئەو ٧ تمەن مانگانەى مامۆستایەتی کە وەرمدەگرت، بە یارمەتی ساواکیان لە قەڵەم دابوو.

شەوێکی سەرەبەهار بوو لە دیوەکەى خۆم بە تەنیا دانیشتبووم. هێشتا کورە هەڵنەگیرابوو و کەمێک ساردبوو. لەسەر مەجوعمەیەکی خورما و ڕۆنیان بۆ هێنام. ئەمنیش نەمخوارد و داواى ماست و پەنیرم کرد. مریەمە سوور، خێزانی کاک حامید، کاردارى ماڵێ بوو، هەموو شەوێ درەنگ جیرە نانى خۆى وەردەگرت و دەڕۆیشتەوە. بە دواى ئەو دا دەبوو دەرکە دابخرێ. سەگێکی زەلاممان هەبوو فیلەتەنێک بوو، ئامبازى خەڵکی دەبوو و لەسەر ئەو کارەى جارێک تاپڕێکم پێوەنا، چاوێکی کوێر ببوو. ئەوەندەم زانی ئەو سەگە لە حەسارێ ئامبازى یەکێکی بوو. هەراى منداڵانم کرد و گووتم: “ئەوە بۆ دەرکەو دانەخستووە؟ ئەو سەگە یەکێکی گرت”. کەمێکی پێچوو دیتم یەکێک بە لوولەى تفەنگی پەردەى دەرکەى هەڵداوە و لوولەى تفەنگەکەم دیت. تەماشام کرد و گووتم فەرموو دانیشە. سەید فەتاح گووتی: “ئەمن سەید فەتاحم”. گووتم: “جا هەر کەس هەى وەرە دانیشە نانی بخۆ”. مەجوعمەکەم بۆ بەڕێ کرد. گووتی: “نانی تۆ ناخۆم، نازانم ئەتۆ چی”. گووتم: “تڕە تڕ ماڵت نەشێوێ نابێ بزانی دەڵێی چی. دەزانم ئەو بێ ویژدانانە چیان پێگووتوى. ئەتۆ رێت ناکەوێ قسەى وا بەمن بڵێی. نێوى ساواک و شتی وا لە لاى من نەهێنی. ئەگەر رقم هەستێ بە سەرانی حیزب دەڵێم تفەنگەکەت لێ بستێننەوە و ئەتۆ بۆ ئەوەى نابی چەکت پێ بێ. ئەتۆ بە قسەى کێ بە من دەڵێی ساواکی؟ گووتی: “وەڵا ئەو خەڵکە وادەڵێ”. گووتم: “ئەوەى وادەڵێ ناماقوڵی کرد، لە ئیدارەى پەروەردە و فێرکردن، ٧ تمەنم دەدەنێ پێیان ناخۆشە. ئێستا نە زەمینم ماوە و نە ئیجارە نە هیچ شتێک و ئەوەندە گیایەش کە ماوە ئەویشم لێ دەدروون و دێنە لاى تۆش ئەو قسانە دەکەن”. راوێژى قسەکەى گۆرا و گووتی: “جا هەر کەس حەقی نەداوەتێی بۆت دەستێنم و تەمبێی دەکەم”. گووتم: “نا ئەوە کارى تۆ نییە، ئەتۆ بۆ ئاغاوەت چەکت هەڵنەگرتووە. ئەتۆ بۆ رزگارى کوردستان تێدەکۆشی”. دوایە درێژەى بە قسەکانی دا و گووتی: “قادرخان دەکوژم ساواکییە”. گووتم: “وەڵاهی ئەمن دوژمنی سەرسەختی قادر خانم، پێمخۆشە قەتی نەبینم. چوونکە ئەوەى خراپەیە لەگەڵی کردووم و هەر رۆژە فەسادێکم بۆ هەڵدایسێنێ. بەڵام خودا هەڵناگرێ ساواکی نییە و ئەو تاوانەشی لێ مەدەن”. گووتی: “پێم سەیرە ئەتۆ دەڵێی دوژمنی کابرام و بۆشی دەپارێیەوە”. گووتم: “ئاخر شتێکی کە نەبێ نییە”. دوایە گووتی: کاک عەوڵا ببوورە خراپیان تێگەیاندووم.

هەر لەو سەردەمەدا دەنگۆ هەبوو کە قادرخان لە هۆڵی ماڵی خۆى، بۆ کووشتنی سەید فەتاح چاڵی هەڵقەندووە، بەڵام ئەوەش راست نەبوو. ئەوە رەسووڵی عەوڵا کوردە بوو کە کەمێکی گەنم هەبوو و ویست بووى گەنمەکەى لە دەرێ نەبێ و لە ژوورێ لە چاڵێ دابێ، ئەو دەنگۆیەیان بۆ ساز کرد بوو. ئەوەش بوو بە هۆى ئەوەى کە هەڵێ و ماڵەکەى بار بکا و بچێتە شارى.

لەگەڵ سەید فەتاح لەو کێشەیە را، بووینە ئاشنا و زۆرتر دەهاتە ماڵە من. شەوێکی هات و ٣ کەسی لەگەڵ بوو، سەرچۆکی پاتۆڵەکەى دڕابوو. زۆرم پێناخۆش بوو، لەوپەڕى دەست تەنگیش دابووم، هیچم نەبوو، گووتم: “چوار دەستت کەواوپاتۆڵ بۆ پەیدا دەکەم، شەوێک ئەگەر رێت لێرە کەوت وەرە بیانبە”. بۆ بەیانی چوومە شارى لە کاک مەلیک و یۆسفی برام پوڵێکم وەرگرت. دوایە چوومە دووکانی مام ئەحمەدى ئیلاهی. بە گۆترە ئەندازەى پێشمەرگەکانم پێ گووت. بۆ شەوێ چوومە ماڵی دوکتۆر بەهمەنی بۆ ئەوەى پوڵێکی بۆ کەوش و کراس و پشتێند لێ وەرگرم. ئەگەر چووم بانگی خەوتنان بوو نانی خواردبوو. دواى بەخێر هاتنێکی زۆر گووتی: نانت خواردووە؟

– نەوڵا زەهرى مارم خواردووە، ئەوە لە برسانە دەمرم، بۆ ئەتۆ خواردوتە؟

– ئەمن کرمانجم لەمێژە نانم خواردووە.

بە پەلە کوڕەکەى نارد هێلکەیان کڕى و بۆیان لە رۆنی کردم. بە دەم نانخواردنەوە کە هەروا جەفەنگمان لێدەدا گووتم بۆ شتێکی ئاوا هاتووم. ترسا چوونکە هەر شتێکی کردبات ئاشکرا دەبوو. گووتی: “هۆوەتا بچۆ لەو کۆتەى دا بۆخۆت چەندى دەردێنی دەرێنە، چەندى پێت خۆشە”. هەرچەند زۆرى تێدابوو بەڵام پێم عەیب بوو و لە ٣٥ تمەن زیاتر دەرمنەهێنا. دوایە گووتی: چەندت دەرهێنا؟

– ٣٥ تمەن.

– وەڵا کەمت دەرهێناوە، بەڵام کوڕە پیاوى چاک بە باسم مەکە.

– لەوەى نیگەران مەبە، نە هاتوومە ماڵت، نە دەتناسم.

دوایە تووشی کاک حەسەنی کاکاغازادە بووم کە بۆخۆم شوانکارەى وى بووم و مەڕم بۆ دەلەوەڕاند. داواى یارمەتیم لێکرد. گووتی: “حەى حەى حەى لەو قسانە گەرێ ئەتۆ نابێ شتی وا بڵێی، ئەتۆ ساحەب منداڵی”. ئەوجار تووشی کاک عەوڵا بووم کە خزمی خۆمانە، گووتم شتێکی ئاوایە. گووتی: دەبێ بزانم بۆ کێیە؟ دەبێ بزانم لە کوێیە؟ دەبێ بزانم چۆنە؟

گووتم: حاشا هەر نامهەوێ پیاوى چاک بە، هەر باسم مەکە و لێمگەڕێ.

بەم شێوەیە هەر چۆنێک بێ تا رادەیەک پوڵی لیباسەکانم جێبەجێ کرد و ئەوەى دیکەش وەک قەرز لەسەرم حیساب کرا. لیباسەکانم هێناوە ماڵێ و لە ماڵە رەحیمی سۆفی برایمم دانا و پێمگووت ئەگەر سەید فەتاح هاتە مەزرایە بیدەیە. لەو وەختی دا لەگەڵ ماڵە حوسێنی بارامی نێوانمان ناخۆش ببوو. سەیزادە شەل دایکی حوسێنی، شارچی بوو هەموو رۆژێ بە گوێدرێژى هاتووچۆى شارى دەکرد و دۆى دەفرۆشت. نازانم لە کوێ ئەو شتەى زانیبووە. بەیانی کە لەگەڵ شارچیان دەچێ بۆ شارى لە رێگایە بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکا: “وەڵا ئێستا دەچمە ساواکی پێیان دەڵێم، چوار دەستی لیباس بۆ سەید فەتاحی کڕیوە”. ئاوا هەتا دەگاتە لاچینێ و تێکەڵ بە شارچی ئەوێ دەبێ، هەروا دەیڵێ و دەیڕێسێ. لەوێ پیاوێکی کەیخودا بە نێوى ئەحمەد کە گوێی لەو قسانە دەبێ، بەسەریدا دەگوڕێنێ و دەڵێ: بەسە! بەسە! خودا غەزەبت لێگرێ. ئاخر چۆن راپۆڕتی لێ دەدەى، وەڵاهی شتێکی لێ بێ یان بیگرن، بە تۆڵەى ئەو، سەید فەتاح کوڕەکانی تۆ لە کێوى ئاغ داغ دەکوژێ. وەڵاهی تازە خەڵکی دیکەش راپۆڕتی لێبدەن هەر بەسەر تۆدا دێ، ئەوە ئەتۆ ئەو نەڕەنەڕەت لە چییە. بۆ نازانی دەڵێی چی. ئەتۆ پێتوایە ئەگەر ئەوى بگرن، بنەماڵەکەت بە سڵامەت دەردەچێ؟

لەو سەروبەندەدا دەوڵەت لەسەر پێشمەرگە، زەختێکی زۆریان بۆ هێناین، بە تایبەتی کاتێک سەید فەتاح شاغییەکی لە ئاوایی قزڵجەى کووشت. ئەو شاغییە نێوى ئەحمەدئاغا بوو، عەجەمێکی نەترسو ئازا بوو. لە قزڵجەى مەڕتەعی لە مام رەزاقی بە ئیجارە دەگرت و مەڕى ٣ تا ٤ ماڵی لەگەڵ خۆى دێنا و لەوێ دەیلەوەڕاند. بەوەندە مەڕتەعەش رازى نەبوو و لەوەڕى خەڵکیشی وەبەردەدا و بە گشتی کەڵەگایەتی دەکرد. خەڵک وەزاڵە هاتبوون و سکاڵایان لە سەید فەتاحی کرد و شەوێک سەید فەتاح کووشتی. دواى ئەو رووداوە هێزێکی زۆرى دەوڵەتی کە زیاتر لە ١٠٠ کەس دەبوون، هێرشیان کردە سەر قزڵجە و دوایە بە کۆنەدێ دا گەڕانەوە. جاشی ناوچەى مەنگوڕانیشیان لەگەڵ بوو کە چریکیان پێ دەگووتن. ئەوانە هاتنە نێو دێ و دەستیان بە پشکنین کرد و تفەنگیان لە کولانان رۆ دەکرد. ئەو رۆژە دایکم لەوێ بوو، خەریک بوو بگەڕێتەوە بۆ شارى ئەمنیش نەمهێشت بڕوا. هەروا لە حەسارێ راوەستا بوو. کیفێکی بە دەستەوە بوو هاتن کیفەکەى ئەویش گەڕان. دوایە چوون تا ماڵە خات روقیایە بگەڕێن. ئەویش لەولاى راوەستا بوو و هەر جڕتی بۆ رادەداشتن و دەیگووت: ئاى بە گۆڕى بابی خێوتان، ئەوە دیتتانەوە، دەگۆڕى بابوو رییم.

دواى ئەوەى تەواوى ئاوایی گەڕان و برسی و شەکەت بوون، بەسەر ماڵان دابەش بوون. فەرماندەکەیان کە ئەفسەرێکی زەلامی فیلەتەن بوو، بە نێوى لۆهراسبی بۆ نان خواردن هاتە ماڵە ئێمە.

ئەوانە موسەلسەلێکی قوورسیان لەسەر پشتی گوێدرێژى خاڵە حەمەى شیلاناوێ دابەست بوو. کەرەکە، کەرى سەرە بەهارێ بوو، پیر و لاواز و هیلاک. خاڵە حەمە ئەوەندەى خڕەکە بەرد پێکێشابوو پشتی هەموو بریندار ببوو و نەیدەتوانی بڕوا هەر لاجە و لاجی بوو و خاڵە حەمە بۆ خۆى پاڵی پێوە دەنا.

ئەو موسەلسەلە کە دەبوایە لەپێش ئەو هێزەى بووبایە، بە پشتی ئەو کەرە و دواى ٢٠ دەقیقە گەیشتە جێ. خاڵە حەمە هاتە لاى من و گووتی: “چم لێ دەکەى ئەو کەرە دەرى ناکا و دەتۆپێ و ئەمنیش لە رزق و رۆزى دەبم”.

ئەمنیش گووتم: ئەتۆ موسەلسەلەکەى لێکەوە و ئەو کەرە رزیوەى بەرەوە و بڕۆ ئەمن جێبەجێ دەکەم. دوایە بانگی پیاوەکەى خۆمانم کرد و گوێدرێژێکی هێنا و موسەلسەلەکەى لەسەر دابەست و بە دۆڵی قوڕان دا بردى بۆ ئاوایی وزندەرێ.

ئەو هێزە دواى نانخواردنێ بەرەو وزندەرێ وەڕێکەوتن. ئەوان نەیانوێرا بە دۆڵەکەى دا بڕۆن و بوونە دوو دەستە. دەستەیەک بە داوێنی کوونە کۆترێ دا و دەستەیەکیش بەلاى بەردە عەوڵاى دا وەڕێکەوتن. بەم شێوەیە باش بوو ئەو ڕۆژە ئەرتەشی بێ کیفایەتی شاهەنشاهیشمان لە کۆڵ بووە.

ئەو ماوەیە، دائیم پێشمەرگە بۆ ماڵی من لە هاتووچۆ دابوون. مەلا محەممەدى زەنگەنە و مونتەقیم زۆر دەهاتن و زۆرجار دەبوو لە مەزرایە بیانبینین و کاریان بۆ راپەڕێنین.

جارێک کاک سولەیمانی موعینی بەخۆى و بە ١٣ کەسان هاتنە ماڵێ. مونتەقیمی برامی لەگەڵ بوو. سێ شەوان لەوێ مانەوە. کاک سولەیمان ئینسانێکی زۆر بێدەنگ و ورد و بە دیقەت بوو. بە وردى تەماشاى شتی دەکرد و بە جوانی گوێی بۆ خەڵکی رادەگرت و زۆرى بایخ بە کەوش و لیباسی پێشمەرگەکان دەدا. فیشەکدان و شتی بۆ جوور دەکردن و ئەگەر دڕابا بۆى دەدروونەوە. تەنانەت بەندى قەیتانی کەوشی بۆ تێهەڵدەکێشان، بە گشتی زۆر کارقایم و رێکوپێک بوو. ئەوانی تر وانەبوون زۆرتر فشەیان دەکرد و جەفەنگیان لێ دەدا.

دواتر یەکێک لەوانە بوو بە جاش و لەگەڵ ئەمنییەیان کەوت و جارێکیش لەگەڵ ئەفسەرێکی جەوان کە پێموایە ئەویش بە دەستی پێشمەرگان کووژرا، لەگەڵ چەند ئەمنییە هاتە ماڵە ئێمە، بەڵام ئەلحەق هیچی نەدرکاند بوو.

بوونی هێزى پێشمەرگەى حیزبی دێموکرات لەو ناوچەیە دا ترس و دڵە خوورپەیەکی زۆرى خستبووە نێو دڵی دووژمن و واى لێهات بوو نزیک بە دوو ساڵان ئەمنییە نەیاندەوێرا لە کۆنەدێ را بچنە دێهاتی دەوروبەر، وەک میناباد و قزڵجەو…هتد.

ئەوان ئەگەر کارێک، یان نامەیەکیان بۆ ئەو دێیانە هەبووایە، دەهاتنە کۆنەدێ و لە بەر من دەپاڕانەوە کە پیاوێکیان بۆ پەیدا بکەم و نامەکەیان بۆ بنێرم و بۆیان بە ئیمزا بگەیەنم.

هەتا وەزع ئاوا بوو و کاریان پێم بوو دەهاتن و دەپارانەوە و دەیانگووت: ئاى گازى، گوربان ئۆڵوم، مەن سەنە نۆکەرەتەم (ئاى قازى بە قوربانت بم ئەمن نۆکەرتم) ئەو نامەیەمان بۆ بەڕێ بکە.

لە ماوەى ئەو دوو ساڵی ١٣٤٧- ١٣٤٦ دا، دەوڵەتی ئێران دەرەجەى ژاندارمەرى راگرتبوو و شا گوتبووى تا پێشمەرگەیەک لە کوردستان بمێنێ، یەک دەرەجەش نادرێ و تەنیا بۆ کووشتنی سەید فەتاح ١٠٠ هەزار تمەنیان خەڵات دیارى کردبوو.

ئەوجار بۆ بەرگرى لە پەرە ئەستاندنی هەرچی زیاترى جووڵانەوە، دادگاى جەڵدیان دامەزرا. خەڵکێکی زۆر بۆ ئەو زیندانە رەپێچەک دران و بە دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجە کران. ئەمنیشیان بانگ کرد و دەبوو بچم بەڵام پەنام بۆ کاک محەممەدى ئامۆزام (کاکە شینە) برد کە لەگەڵ موسەوى رەئیسی پایەگایە، دۆست بوو و بە پووڵێکی نێوەکەمی رەش کردەوە. دیارە بڕیارم دابوو ئەگەر جێبەجێ نەبێ، هەڵێم. پێش حەوتوویەکی دیسان ئەمنییە بە دووم دا هاتنەوە. دیسان کاک محەممەد چووە لاى موسەوى. ئەویش پێی گووت بوو بۆ زیندانی جەڵدیانێ نییە، سەرهەنگ بابایی، یان سەرهەنگ خەڵخاڵی دەیهەوێ.

رۆژى دیارى کراو چوومە حەسارى ژاندارمەرى. جەماوەرێکی زۆریان لەوێ راگرت بوو. لە تەواوى پایەگایە را بێسیم دەکرا، بە گوشم بە گوشم (بە گوێم بە گوێم) دەتگووت لەگەڵ دەوڵەتی ئاڵمان شەڕیانە و هەموویان ئامادە بوون. دوایە سەرهەنگێک هات و هەڕەشەى کرد و گووتی: “وەک شانەى مێش هەنگوینی کوون کوون و دەکەم. از سینە بە بالا اتش میکنم (لە سینگ بەرەوسەر دەسترێژتان لێدەکەم)”. لەو تووڕەهاتانە و دوایە گووتی: “دەبێ هەمووتان تفەنگ وەرگرن و ئەوانە بکووژن”. ئەمنیش گووتم: ئەمن مامۆستام چۆن سەید فەتاح بە من دەکووژرێ؟ گووتی: بە جەهەندەم مامۆستاى دەبێ هەر دێیەى ٢ تفەنگان وەرگرێ. کۆنەدێ و وزندەرێ، لاچین، میناباد، شیلاناوێ، و بەسرى و …هتد ئەوانە هەموو دەبێ تفەنگی وەرگرن و شەو ئەگەر ئەوانە هاتن، بیانکووژن.

ئەو رۆژە پێنجشەممە بوو تفەنگی ئامادەیان نەبوو دوایە گووتیان رۆژى یەکشەممە دەبێ بێنەوە و تفەنگی وەرگرن.

ئەو شەوەى چوومەوە، سەید فەتاح هاتە ماڵێ، بە شۆخی پێم گووت: “تفەنگێکت پێیە ١١ گەز ناڕوا. ئەمنیش ئەوە دوو تفەنگی بڕنۆم لێ بارکراوە و یەک دوو رۆژى دیکە دەبێ بچم وەریان بگرم، بە خوداى لێرە بۆ کێوى ئاخداغی دەتهەنگێوم”. زۆر پێکەنی، دوایە گووتم: “پیاوى چاک بە، ماوەیەک لێرە بڕۆ ئێرە بەجێ بێڵە”. گووتی: وەڵاهی بە قسەت دەکەم هەر لەو شۆ را دەڕۆین.

دوو رۆژى پێ نەچوو شارچی لە شارى را هاتنەوە و گووتیان وەڵا سەید فەتاح و وانیان شەهید کردوە و جەنازەکانیان لە چوارچرایە لە داران هەڵاوەسیون. ئەو هەواڵە بۆمن خەبەرێکی لە رادەبەدەر دڵتەزێن بوو و زۆر ناڕەحەت بووم.

ئەوانە، ئەو شەوە رۆیشت بوون و چووبوون بەرەو ئاوایی دەروێشان. لەوێ لە شاخی مابوونەوە و لەنێو گوڵە پێغەمبەران دا خۆیان حەشار دابوو. گوزاریشیان لێ دابوون و دووژمن هەرچوار دەورى گرتبوون و لە شەڕێکی خوێناوى دا شەهیدکران. بە شەهید بوونی ئەوانە، ژاندارمەریش لەمەڕ وەرگرتنی تفەنگان لە کۆڵمان بوونەوە.

لە شەڕەکانی ئەو ساڵانە دا، بەداخەوە دەستەیەک لە عەشایر خزمەتی زۆریان بە دەوڵەت کرد و بە نێوى چریک، شان بە شانی هێزەکانی ژاندارمەرى بە دواى پێشمەرگەدا دەگەڕان. ئەوانە بە دەستە دەگەڕان و جارێکی دەستەیەکی ٣٥ کەسی هاتنە کۆنەدێی.

ئەوجار لە شەڕێکی ناوچەى مەنگوران دا، ئەمنییە هێرشیان کردە سەر پێشمەرگەکانی دەستەى کاک سولەیمانی مووعینی و شەڕێکی تووند دەستی پێکردو ٤ – ٥ ئەمنییە کووژران. لەو شەڕەدا سڵەمان، کوڕە گەورەى برایمی باپیرئاغاى بە لایەکی دیکەدا هێرش دەباتە سەر پێشمەرگەکان. ئەوان کە دەیبینن، زۆری هەرا لێدەکەن و دەڵێن: “کوڕە سڵەمان بگەڕێوە پیاوى چاک بە، ئێمە کارمان بەتۆ نییە، لە کۆڵمان بەوە”. ئەویش هەر جواب ناداتەوە و دەست هەڵناگرێ و ئەوانیش تفەنگێکیان لە کۆڵەى سینگی دا و کووشتیان. دوایە ماڵە برایم ئاغا هەڕەشەیان لە بنەماڵەى ئێمە دەکرد کە ئەوە مونتەقیمی قازى کووشتویەتی.

هەر لەسەر هاوکارى هێندێک عەشایرى خراپ لەگەڵ دووژمن، دەبێ بگوترێ کە لە تامیان دەرکرد بوو و تەنانەت بە پێچەوانەى هەموو دابونەریتەکانی کوردەوارى دەجووڵانەوە. لەوبارەوە کاک حەمەدەمینی قەزاق، ئاواى دەگێراوە: لەو ساڵانەدا لە یەکێک لە ئاواییەکانی دەورووبەرى مەهاباد مامۆستا بووم و دەرسم بە قووتابیان دەگووت و شەوانەش دەچوومەوە ماڵە ئاغاى. رۆژێک پیاوێکی غەریبی بۆشناغ لە ماڵە ئاغاى میوان بوو. ئاغا هاتە لاى من و گووتی ئەمن لەو پیاوەى بەشکم و دەبێ ساواکی لێ ئاگادار بکەم. ئەمنیش گووتم: ئاغا ئەو کابرایە هاتووەتە ماڵە تۆ، میوانە نانێکی دەخوا و دەڕوا، گووناحە وامەکە. ئاغا گووتی: نا، ئەمن خزمەتکارى شام و ئەوەى دەوڵەت پێیخۆش بێ ئەوەى دەکەم. ئاغا بە پەلە کوڕەکەى کە ئەویش ئەو کارەى بابی زۆر پێناخۆش بوو، ناردە شارى و مەئموورى ساواکی بە خێرایی هاتن و کابرایان تێکەوە پێچاو و بردیان. ئەمن نەمزانی کێ بوو، بەڵام دواتر ساواک گوتبووى کە لە مێژە بە دووى ئەو پیاوەیەوە بوون و لە برى ئەو کارەش دەرەجەى شاهەنشاهی درا بە ئاغا و بە کوڕەکەى”.

دیارە ئەوانەى هاوکارى ئەو دەوڵەتانە دەکەن، دەبێ یەک شت بزانن، ئەویش ئەویش ئەوەیە هەرچەندى خزمەتی ئەوانە بکەن، هەر حیسابی دووژمنیان بۆ دەکەن و دەوڵەت تا وەختێک پێویستی بێ، زۆڵە کوردی دەوێ.

هەتا پێشمەرگە لە ساڵەکانی ٤٦ – ٤٧ لە شاخی بوون، عەشیرەتەکانیان بانگ دەکرد و تفەنگیان دەدانێ و مانگێ پووڵێکی زۆریشیان بۆ بڕیبوونەوە. بەڵام کە پێشمەرگە نەما، ئەوانەیان بانگ کردە ناوەندى ستادی مەهاباد و یەک یەک چەکەکانیان لێ ئەستاندنەوە و فیشەکدانەکانیان بە بەتاڵی بە دم دادانەوە. دیارە ئەوانەش بۆخۆیان ئەوەى دەزانن و نایشارنەوە و بۆ ئەوەى دەوڵەت پێویستی پێیان بێ، دەڵێن پێمان خۆشە کە پێشمەرگە، هەمووکات لە شاخی هەر هەبێ. بەم شێوەیە دواى نزیک بە دوو ساڵ وردە وردە پێشمەرگە لە وڵات دا نەمان و گەرمێن و کوێستانیان لێ تاڵ کرا و زۆریان شەهید بوون.

مونتەقیمی برام بە دەستوورى مەلا مستەفا گیرا. لە زیندانێ دا رۆژێک کە کۆڵێکی نان پێ هەڵدەگرن تا بەسەر زیندانیان دا دابەشیان کا، تووشی دوو کوردى عێراقی دەبێ کە ناسیاوی بوون و تکایان لێدەکا کە لە مەهاباد بە ماڵە بابی بلێن کە ئەوە لێرە گیراوە.

دایکم (هاجەر) بە ڕەسوڵ شنۆیی دا، نامەیەکی بۆ مەڕحوومی مەلامستەفا نارد و داواى لێکرد کە مونتەقیمی نەکووژن. رەسووڵ شنۆیی نامەکەى برد و داى بە مامۆستا هەژار ئەویش بە پەلە گەیاندبوویە دەستی مەلامستەفا. ئەوە بوو مونتەقیم نەکوژرا و لە رێگاى پیرانشار را تەحویلی ئێران درایەوە.

لەو بارەیەوە مونتەقیمی برام دەیگێراوە: شەوێ بە تەنیا بە ماشێنی ئەمنییان بە نێو شارى مەهاباد دا هێنا. چاوم بەسترابوو. بەڵام بە چراکان را زانیم کە ئەوە دەبێ مەهاباد بێ. ماشێنەکەیان رانەگرت و یەکڕاست بەرەو تاران رۆیشتن. لەوێش را، بردیانمە زیندانی قزڵقەلعە.

هەرچەند ملاقاتیان زۆر تووند گرتبوو بەڵام دایکم چوو بۆ لای کوڕى رەش و ئەو بە زەحمەتێکی زۆر و بە شەڕ لەگەڵ ئەفسەرى زیندان، توانیبووى ملاقاتی بۆ وەرگرێ. دوایەش دواى ٣ ساڵ مانەوە لە زیندان دا ئازاد کرا.

بە دواى نەمانی پێشمەرگە دیسان سەر و کەلەى ژاندارم و ئەمنییە پەیدا بووەوە و بۆختان و تەشقەڵە و ئەزییەت و ئازار دەستی پێکردەوە. لەو ئەمنییانەى کە هاتووچۆى کۆنەدێیان دەکرد، دوویان کووژران کە یەکیان نێوى بابەلی (باباعەلی) بوو. یەکێک لەو ئەمنییانەى کە نەکووژرا بوو، رۆژێکی هاتە ماڵێ و گووتی: براکەى تۆ بارگینەکەى منی کوشتووەتەوە. ئێستاش ئەتۆ فێئۆداڵ و مامۆستاى دەبێ یارمەتی مانگێکت بدەى بە من.

بەم شێوەیە دەیهەویست تەشقەڵەم پێبکا و پووڵێکم لێ بستێنێ. ئەوە هەر ئەو ئەمنییە بوو کە پێشتر دەهاتە کۆنەدێ و نەیدەوێرا بچێتە دێهاتەکانی دەوروبەر و دەپاراوە و دەیگووت: “ئاى گازى بە نۆکەرت بم ئەوکارەم بۆ جێبەجێ بکە”. ئێستاش واى لێهاتبوو لەسەر ئەسپی بە تەشەر و بە پێکەنین و تەوسەوە، هەراى دەکرد و دەیگووت: “ها کەکە سەید فەتاح هان هی هی هی ی ی ی”. ئەمنیش دەمزانی ئەو سەگبابە ئەوە جنێوان دەدا، لە دڵی خۆم دا دەمگووت: “ئاى گۆڕى بابت …م ئەوە وای لێهات، ئاى قازى بوو بە کەکە. ئەدى ئەو وەختی هەتا پێشمەرگە بە شاخییەوە بوون، نەتدەوێرا لێرە بترازێی بۆ وات نەدەگووت قەحبەباب. ئەوکات کاکە بووم و نۆکەریت دەکرد و ئێستاش بوومە کەکە. تۆ بڵێی رۆژێکی، رۆژمان نەیەتەوە، سەگی سەگباب، هەتا بتتۆپێنم.

لەگەڵ هەزاران چارەڕەشی و بەدبەختی ئەو رۆژگارانەش تێپەڕین و بەسەر کەند و کۆسپەکانی ژیان دا، کەڵەکە بوون. لە هاوینی ساڵی ١٣٥٤ لەگەڵ حەسەنی ئامۆزام و کاک سەید بایزى جەعفەرى و کاک قاسمی موفتی، بە سەفەر چووین بۆ باکوورى ئێران و لە شارى رەشت خانوویەکمان بە کرێ گرت.

هەوا زۆر گەرم بوو، لەبەر گەرما و مێشوولە و بۆنی سیرى لە ژوورێ نەدەحاواینەوە، بۆیە لە پانکایی حەسارەکە رۆژنامەیەکم پان کردەوە و پەتویەکم راخست و درێژ بووم. هەورێکی رەشی هێناو وردە وردە باران دەستی پێکرد. بەناچار شەو سەعات دوازدەى کابراى موسافیرخانەکەمان لە خەو هەستاند و ڕۆیشتین بۆ قەراغ دەریایە و لەوێ تا بەیانی خۆمان مات کرد.

لەو شوێنە دە دوازدە ماڵی دیکەشی لێ بوو و لە دەریایە دا، دوو دانە فۆک ئەو سەرەوسەریان دەکرد و لە ئاوێ دا بڵیند و نەوى دەبوون. بەیانی چووینە شارى خوڕەمشەهر، شوێنێکی لە رادەبەدەر جوان و خۆش بوو. لە قەراغ ئاوێ زیاتر لە دوو هەزار ژن و پیاو بە رووتی وەک ئوروپایە مەلەیان دەکرد. هەوا کەمێک تۆفانی بوو، بەڵام ئاوەکە ئەوەندە خۆش بوو پیاو دڵی نەدەهات بێتەدەرێ و ئەمن ئەوەندە دوور رۆیشت بووم، بە شەپۆلان بڵیند و نەوى دەبووم کە حاجی حەسەن پێی وابوو دەخنکێم و یەکبەخۆى هاوارى دەکرد و دەیگووت خودا غەزەبت لێگرێ وەرەدەرێ دەخنکێی.

لەولاتر لە نێو دەریایە دا تێلیان راکێشابوو و لە دوور بنەماڵەى شاى مەلەیان دەکرد. دوایە تەیارەیەک پەیدا بوو گووتیان ئەوە مەلیک حوسێن پاشاى ئۆردۆنە کە بە میوانی دێتە لاى شاى. هەر ئەو رۆژە تووشی چەند ماڵی بارزانی بووین کە لە دواى نسکۆى ١٩٧٥ دا، ئاوارەى ئێران ببوون. دیارە ئەوکات مەرحوومی مەلا مستەفا لە ئەمریکایە نەخۆش بوو.

لەبەر گەرمایە کاک قاسم دەیگووت دەبێ هەر خۆاردنی سووک وەک هاروێ و باینجان بخۆین دەنا نەخۆش دەبین. ئەمنیش دەمگووت: ئێوە کەیفی خۆتانە بەڵام ئەمن دەبێ لە شوێنێکی پاک و خاوێن، رۆژێ جەمێک نانی گەرم هەر بخۆم دەنا ناحاوێمەوە. سەید بایز و حاجی حەسەن ئەو قسەیەى منیان پێ خۆش بوو. رۆژێک زۆرمان برسی بوو لە چێشتخانەیەکی وەژوور کەوتین. خەڵکێکی زۆرى لێ بوو. بۆنی سیر و ماسی وڵاتی داگرتبوو. لەسەر دەورێکی زەلام، سەرە ماسییەکی زەلامی چاو زەقیان دانابوو بۆ کەسێکیان دەبرد. زۆرم بێز هەستاو تاقەتم نەماو هەڵاتم بۆ ئاودەست خانە. کەمێک ئاوم بە دەم و چاوم داکرد و چوومە دەرێ. ئەوانیش تاقەتیان نەماو هاتنە دەرێ و دوایە چووین لە شوێنێکی دیکە کەباب و مریشکمان خوارد.

لەو سەفەرەدا چووینە شارى لاهیجان و لەوێ چووینە سەر گۆڕى ئەو کەسەى کە بۆ یەکەم جار چاى هێنایە ئێرانێ. کێل و بەردى قەبرەکەى کە گوایە لەو رێژمەدا شکاندوویانە، زۆر بە جوانی و پاک و خاوێنی راگیرابوو.

دوایە بەرەو کێوى دەماوەند وەڕێکەوتین. سەرى دەماوەند بە بەفرى سەدان ساڵە داپۆشرابوو. داوێنی خوارێ زۆر گەرم بوو ئێمە هەر بە تاى کراسێکەوە دەگەڕاین. لەسەرێ دێیەکی لێ بوو بە نێوى کەپوورە کە بۆ شاخەوانان قەسابی لێدەکرا. کەمێک هەڵکشایەنە سەرى و بە دووربینی دەمانروانییە خوارێ، بەڵام لەبەر سەرمایە تاقەتمان نەما و گەڕاینەوە. لەولاتر شوێنێکی لێ بوو بان و بان و تەپک تەپک بوو، گیاى چەندین ساڵەى بەسەر یەک دا، داکەوتبووە و ویشک ببووە و ماڵاتی لێنەدرابوو. دوو کەسی لێ بوو، چەکیان پێ بوو، پرسیارمان کرد کە بۆ ئەو گیایە نەخوراوە. گووتیان ئێرە راوگەى شایە و پارێزراوە و کەس بۆى نییە کە ماڵاتی لێ بدا. دوایە لەوێ را چووینە تارانێ و میوانی خانمە خانمی قازى بووین.

بۆ سبەینێ لە قەراغ شارى لە تەپۆڵکێکی وەسەرکەوتین. بووستان ئاوایان پێدەگووت، ئەویش هەر هەوارگەى شاى بوو. گۆلێکی جوانی پڕ ئاوى لێ بوو مراوى تێدابوو. ئەسپێکی زۆر جوان، لە نێو ئەو قامیشەڵێن و گژ و گیایەدا بەڕەڵا کرابوو و دەلەوەڕێ. دوایە لەوێش را بەرەو وڵات گەراینەوە و دواى چەند رۆژان هاتینەوە مەهابادێ.

٢٤

حەج

لە ساڵی ١٣٥٦ دا چوومە حیجازێ. لەگەڵ کاکە سواری مەنگوڕ ئاغای سیاقۆڵی هاوسەفەر بووین. لە فڕۆکە دا هەروا پێکەوە قسەمان دەکرد، گووتی: “وەڵڵا مڵک و ئاغایەتییەکەیان وێ داوینەوە”. ئەمنیش گووتم: کاکە سوار ئەو قسانە چییە دەیکەى، تازە دونیا بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە و هەر بەرەو پێش دەچێ. پێم سەیرە ئەتۆ ئەو قسەیەى دەکەى. ئەوە ئیسلاحاتی عەرزى کراوە و قەباڵە دراوە بە دێهاتیان بەڵام ئەتۆ شتی وا دەڵێی؟

– بەسەرى تۆ شا دەستوورى داوە، زەوییان وێداوینەوە و بە کەیفی خۆم ئاغایەتی دەکەم.

دیار بوو وەزعی ئێران بەرەو ئاڵۆزى دەچێ و دەوڵەت هەستی بە مەترسی کردبوو و دەیهەویست عەشایر چەکدار بکات و بە ئەوانی گووتبوو کە هەموو شتێکیان دەداتەوە. لە حیجازێ لەسەر دار و دیواران، دروشمی مەرگ بۆ شایان نووسی بوو.

رۆژێک مەلا محەممەدى وەتمانی سەرپەرستی کاروانەکەمان بانگی کردم و گووتی: “داوات لێدەکەم لەگەڵ کەس قسان مەکە، چوونکە ئەتۆ هەر لە مەهابادێ را لە ژێر چاوەدێرى مەئموورێکی ساواک داى”. ئەمنیش گووتم: “مەلا رەشید داواى لێکردوم کتێبێکی واى بۆ بکڕم ئەگەر دەکرێ بۆمی بکڕە”. سەرێکی راوەشاند و گووتی: “وەڵڵاهی ئەگەر دەمانچەیەکی بێنییەوە، لە فڕۆکەخانەى بتگرن دەتوانم ئازادت بکەم بەڵام بۆ ئەو کتێبە هیچم بۆ ناکرێ. ئەتۆ چ کارت بەو کتێبەى داوە؟

دواى تەواو بوونی حەج گەڕاینەوە تەورێزێ. چەند مەئموورى ساواک هاتن و تەنیا جانتاکانی منیان پشکنی. لەوکاتی دا یەکەم خۆپێشاندانی ئێران لە تەورێز دەستی پێکرد و حکوومەتی نیزامی راگەینرا و زرێپۆش لە شەقامەکان دا جێگیر کران.

دوایە زۆرى پێ نەچوو یەکەم خۆپێشاندنی مەهابادیش، کە لە راستی دا سێهەم خۆپێشاندانی وڵاتی ئێرانێ بوو، لەسەر گۆڕى کاک عەزیزى یوسفی دەستی پێکرد. ئەمن لەوێ بووم. کاک عوومەرى ئامۆزام لەسەر گۆڕى کاک سولەیمانی موعینی گوڕاندی و شیعارى دا. مەلایەکی عەجەم کە پێموایە مکارمی شیرازى بوو و بۆ مەهاباد دوور خرابووە، قسەى کرد. دوایە ئاپۆراى خەڵک بە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ شا، بەرە و ناوەندى شار وەرێکەوتن. لە نێوشاردا هێزەکانی دوژمن پێشیان بە خەڵک گرت و تەقەى هەواییان کرد و بڵاوەیان بە خەڵکی کرد.

هەر ئەو رۆژە خەڵکێکی زۆر لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات وەک کاک جەلیلی گادانی و کاک سەید حەسەنی هاشمی و کاک عومەرى قازى گیران. دواتریش قاسمی کوڕم و چەند کەسی دیکە گیران کە ئەوانەیان بردە زیندانی دیزل ئابادی کرماشان و دواى ٧ مانگ ئازاد کران. بەم شێوە خۆپێشاندان، سەرانسەری ئێران و کوردستانی گرتەوە و مزگەوت، وەک پێگەى سەرەکی مەلایان، بوو بە سەکۆى شۆڕش و هەر رۆژە لە شوێنێکی هەڵاو بگر بوو.

لە مەهاباد عومەرى قازى کە دواى ١ مانگ ئازاد کرابوو، بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات هەڕەشەى کرد کە پەیکەرەکانی شا و بابی تێکدەڕوخێنێ. سەرهەنگ پزشک پور فەرماندەرى پادگان کە هەر هەڕەشەى لە خەڵک دەکرد و تەسلیم نەدەبوو، دەیگووت بۆ خۆمان دەیانڕوخێنین. تا شەوێکی گرمەیەکی گەورە شارى لەرزاندەوە، بەیانی کە هەستاین هەر بە چەشنی ئێعدامی قازییەکان، بە نهێنی هەر دوو پەیکەرى (شا و بابی) یان هەڵقەندبوو و بردبوویانن.

دواى ئەوە، خەڵک هێرشی کردە سەر ژاندارمەرى و دەستیان بەسەر داگرت و تاڵانیان کرد و چەک و چۆڵێکی زۆریان کەوتە دەستی. پزشک پوور دەسەر حیزبی دێموکراتی کردبوو کە دەبێ ئەو چەک و چۆڵانە بگەڕێننەوە پادگانێ. حیزب وەڵامی رەدى داوە. تا سەرەنجام لە نێوخۆى پادگانێ دا، دەستەیەک لە ئەفسەر و دەرەجەدارى سەر بە حیزبی دێموکرات، وەک سەرگورد عەبباسی، سەروان جاویدفەر (کاک هەژار)، سەروان ئەفشین، کاک حامیدى گەوهەرى و کاک کەریمی پورقوباد و …هتد، لە بەرنامەیەکی ڕێکوپێک دا، دەستیان بەسەر پادگان دا گرت و لەو مەڵبەندەش کۆتایی بە تەمەنی نگریسی پاشایەتی هات.

٢٥

ساڵی ١٣٥٧ (شۆڕشی ئیسلامی ئێران)

له‌م سه‌‌رده‌مه‌دا ورە و ئیمانی خه‌ڵک له ڕاده‌به‌ده‌ر به‌رز ببووه‌ و خه‌ڵک خوێن گه‌رم ‌و هه‌ستی کوردایه‌تیان به ته‌واوی وروژا بوو ‌و د‌ه‌سته ده‌سته په‌یوه‌ندیان به حیزبه‌کان به تایبه‌تی به حیزبی دیموکراته‌وه ده‌گرت‌. ‌لەگه‌ڵ ئه‌وه‌ش که ‌ورده ورده بنکه و مەقەڕ له دیهات ‌و ده‌وروبه‌ری شاران داده‌مه‌زران، به‌ڵام راگه‌یشتن به هێزیکی ئه‌وتۆ که به چه‌ک ‌و ماڵ ‌و ئیمکاناتی خۆیان‌، زۆر ئازایانه به‌شداری خه‌بات ببوون‌، ‌زۆر چه‌توون بوو. سه‌ره‌رای ئه‌وانه‌ش لەگه‌ڵ ئه‌وه‌ی که رۆژ به رۆژ وه‌زعه‌که خرابتر ده‌بوو ئه‌و هه‌سته له لای هیندیک که‌س رواڵه‌تی چاولێکردن ‌و لاسایی ‌و خوڕانانی هه‌بوو ئه‌وه‌ی که به‌ڵی ئه‌ووه ئه‌ویش، له مه‌یدان دا‌یه.

له‌و ‌لایه‌شه‌وه له هه‌موو لایه‌کییه‌وه‌ و به هه‌موو شێوه‌یه‌‌ک، هێرشی دوژمن ده‌ستی پێکرد بوو و به تایبه‌تی به دنه دانی رێژیمی کۆنەپەرەستی ئاخووندی شەڕی تورک له شاری نه‌غه‌ده ده‌ستی پێ کرد‌ و تا نیزیک ئاوایی کوسه‌که‌ریزیان گرت. سه‌رگورد عەبباسی فه‌رمانده‌ری هێزی پیشمه‌رگه‌ی کوردستان له مه‌هاباد، هێزی کۆ کرده‌وه تا له کێوەکانی پشتی ئاوایی گۆلێ را، هێزی دوژمن به توپی ١٠٥ میلییه‌م بکوتێ‌.

‌ئه‌من ئه‌و رۆژە له شاری بووم. باران نم نم ده‌باری. ئه‌و هێزه به توپه‌وه به خه‌یابان دا هاتن ‌و به ره‌و نه‌غه‌ده وه‌ڕێکه‌وتن‌. ئاشنایه‌کی خۆم که به … سمێڵ به ناوبانگه له نه‌کاو په‌یدا بوو. ده‌ستیک لیباسی بۆری له به‌ر دابوو‌، ‌قومقومه‌ی سه‌ربازی که له سه‌ربازخانه‌ی مه‌هاباد تاڵان کرابوو، به قه‌دییەوه بوو‌. ‌تفه‌نگی ژ- سێ له شانی دا‌ بوو و ‌ئاغابانووی له ته‌ختی نیو چاوانی به جوریک به‌ست بوو، چاوی دیار نه‌بوو و ده‌بوایه سه‌ری بڵیند بکا جا خه‌ڵکی ببینێ یان ئەتۆ خۆت دابنوێنی تا چاوی ببینی‌. ‌سمێڵێکی پیسی زه‌لامی ناحه‌زیشی به سه‌ر زاری دا شۆڕ ببووه. ‌ئه‌وه له گه‌ڵ گروهی زه‌ربه‌تی کرێکاران کەوت بوو، کە بۆ دزینی قاپوقاچاغ ‌و که‌وچک ‌و په‌توو و ماشینی پادگان، پێک هاتبوو. که ئه‌وم ئاوا دیت، گوتم نا تازه کورد سه‌رده‌که‌وی‌ و عه‌جه‌م ده‌ڕوستمان نایه.

ماوه‌یه‌ک پێچوو، وه‌زع به‌ره‌و خرابتر بوون ده‌ڕۆیی‌ و هێرش ‌و په‌لامار و گه‌مارۆی کوردستان رۆژ به رۆژ ته‌نگتر ده‌بوو ‌و سه‌فی پیاوی ترسه‌نۆک ‌و خوێری ‌و تاڵانچی له پیاوی ئازا ‌و شه‌ڕکه‌ر ‌و نه‌به‌ز جوی ده‌بۆوه ‌و … ڕەش ‌و سپی ده‌رده‌که‌وت.

رۆژێک له ماله خوم له شاری، له لای کوڕه‌کانم که خه‌ریکی خویندن بوون دانیشت بووم. له نه‌کاو … سمێڵ وه‌ژور که‌وت. پێموا بوو بۆ ئه‌وه‌ی هاتووە، منداڵه‌کانم تاڵان بکا یان شتێکیان لێ‌بستێنی.

له ده‌رکه‌ی ڕا گوتی‌: چاو له فێئۆداڵان که‌ن چون لینگیان ره‌کێش کردووه‌ و ئاگایان له دنیایه نییه‌.

ئه‌میش پیکه‌نیم ‌و گوتم: … سمێڵ وه‌ره دانیشه ‌و له‌و قسه قۆڕانه گه‌ڕێ‌.

– دانانیشم ئه‌وه عیده‌یه‌ک ساز بووین ده‌چینه تورکییه‌ی دوکتور مه‌حموودی ده‌ستێنینه‌وه که ده‌وڵه‌ت گرتویه‌تی ‌و ده‌یهه‌وی ئیعدامی بکا.

ئه‌منیش پێم‌ سه‌یر بوو. ده‌وڵه‌تی تورکییه له کوێ‌ و ئه‌وه بچی دوکتور مه‌حموودی نه‌جاتی بدا!‌ گوتم: سمێڵ له‌و قسانه سه‌رم سوڕماوه، مه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکییه وای ‌لێهاتووه که ئه‌تۆ بچی دوکتور مه‌حموودی له زیندان بێنی ده‌رێ و ئازاد بکه‌ی. ‌ئه‌ویش عیده‌یه‌کی وه‌ک تۆ. وه‌ڵاهی ئه‌وه بۆیه هاتووی ئه‌و کوڕانەی من بترسینی ‌و شتێکیان لی‌بستێنی یان تاڵانیان بکه‌ی؟ ها هه‌‌قی ئه‌و قسه خوشانه‌ت ئه‌و٢٠ فیشه‌که‌ت بده‌مێ بۆخۆت بیانفروشه ده‌نا بۆیه‌ت ناده‌مێ که بچی دوکتور مه‌حموودی ر‌زگار بکه‌ی. بیانبه له مه‌یدانی ئاسینگه‌ران (مه‌یدانی ئه‌سله‌حه‌‌ی) دانه‌ی ١٠ تمه‌نی ده‌کن و بیانفروشه.

دوای ماوه‌یه‌ک بۆ سه‌ره‌خوشی دوو پێشمه‌رگه‌ی خزمی خومان که له مه‌ئموورییه‌تی حیزبی دا ماشینیان‌ وه‌سه‌ر په‌ڕی بوو، له دێی را هاتمه شاری. دوایه‌ش چوومه چوار چرایه. شارێکی چۆل، نه سمێڵ زل نه ژ- سێ به‌ده‌ست، که‌سی لێ نه‌مابوو. تووشی سێ چوار جه‌وانان بووم. گوتم کوڕینه ئه‌وه ئه‌رته‌ش له شار نیزیک ده‌بێته‌وه‌ و خه‌ڵکی قەتڵی‌عام ده‌که‌ن، عه‌یبه بڕون ده‌ست ده‌نه تفه‌نگان ‌و رێگایان لێبگرن. چه‌ند که‌سی دیکه‌ش کۆ بوونه‌وه، به‌ڵام که‌س قسه‌ی نه‌کرد. له‌و کاته‌دا ته‌ماشام کرد سمێڵ په‌یدا بوو. کوت ‌و شڵواری له به‌ر کرد بوو و خۆی کز هه‌ڵێنا بوو ‌و له به‌ر بارانی خوی وێک نابوو. شه‌لواره‌که‌ی له دوو جێگا دڕابوو. ئه‌منیش گوتم: سمێڵ.

– ده‌ڵێی چی.

– ئه‌وه بۆ وات له خۆت کردووه؟ وه‌ره بابچین ده‌ست ده‌ینه ئه‌سله‌حه ‌و له شوێنێکی را پێیانداده‌ین ‌و پارێزگاری له‌و شاره ‌و له وڵاتی خۆمان بکه‌ین.

– جا ئه‌من کوا قه‌ت تفه‌نگم هه‌بووه؟ بێنه تفه‌نگم ده‌یه.

– وه‌ک فیشه‌که‌کان بیانبه‌ی له مه‌یدانی ئه‌سله‌حه‌ی بیانفروشی. ‌نا سمێڵ تازه تفه‌نگ پووڵی ناکا، ها نیرو هاته‌وه ‌و خه‌ڵکی ترسەنۆک تفه‌نگان فرێ ده‌ده‌ن.

شار گیراوه ‌و سمێڵ چووه له ئیداره‌ی ده‌ست به‌کار بووه. رۆژێک له لایه‌ن ئه‌و ئیداره‌یه‌وه ده‌سته‌یه‌ک هاتنه کۆنه‌دی بۆ ئه‌و‌ی ماڵان برشێنن‌ و نه‌خوشی هاگ که تازه په‌یدا ببوو له به‌ینی به‌رن. دوای ته‌واو بوونی کاره‌که‌یان هه‌مویان له ماڵه من له سه‌ر سفره‌ی دانیشت بوون‌ و نانمان ده‌خوارد‌ و جه‌فه‌نگمان لێده‌دا. دوایه باسی ئه‌وه‌ی کرا که ئه‌و ده‌رمانه چون کار ده‌کا و ده‌بێ چۆن به کار بهێندرێ‌ و چون ئه‌و نه‌خۆشییە له به‌ین ده‌چی.

ئه‌منیش گوتم وه‌ڵا ئه‌و نه‌خۆشی له نێوخوتان دایه ‌و نەهاتوته ئێره‌و بچن خوتان پاک و خاوین‌ بکه‌نه‌وه، ئه‌و نه‌خوشییە بنبڕ د‌بی.

ئه‌وانیش گوتیان: ئێمە‌ هه‌موو پاک ‌و خاوین ‌و بهداشتین‌ و چۆن شتی ئاوا ده‌بی؟

ئه‌منیش گوتم: نه‌خۆشی هاگ له سمێڵی پیسی … سمێڵی په‌یدا بووه ‌و ئیوه‌ش به وڵاتی دا ده‌یڕشێنن. کاربه‌ده‌ستی ئێوه‌یه ‌و سیغاری ده‌کێشی ‌و نیوه‌ی سمێڵی به دوکه‌ڵی زه‌رد ‌و نیوه‌شی چووه ده زار‌و ده‌ لغاوییە‌وه. بچن سمێڵی بتاشن وه‌ڵاهی ئه‌و نه‌خوشییە نامێنێ. ئه‌گه‌ر ماوه وه‌رن ده‌ستم ببرن.

یه‌کی سمیڵ زه‌لامیان له گه‌ڵ بوو، به‌و قسه‌یه زۆر توره بوو ‌و ئه‌وانی دیکه‌ش هه‌ر پێده‌که‌نیین‌ و ئه‌وه‌ش هه‌ر توڕه‌تر ده‌بوو و نێوچاوانی تێک نا بوو. ئه‌وانه دواتر چووبونه‌وه ‌‌و نه‌قڵه‌کە‌یان بۆ … سمێڵی گیرابۆوە و گوتبویان وه‌ڵا حاجی عه‌وڵا نه‌خوشی هاگی دیوه‌ته‌وه. رۆژێک له شاری تووشی بووم به پیکه‌نینه‌وه گوتی: ئه‌وه چت گوتوه؟

ئه‌منیش گوتم: وه‌ڵاهی له‌وه ‌به‌د‌ر چم نه‌گتووه.

له په‌نا ئه‌وانه‌ش دا به بێبی ره‌چاوگرتنی دابوونه‌ریتی خه‌ڵک‌، به نیوی پێشمه‌رگه زۆر کاری چه‌وت ده‌کرا، بۆ نمونه شه‌ویک کچیک ‌و کورێک له ماڵه ئێمە وه‌ژور که‌وتن‌‌. کوڕه ‌خۆی ناساند و گوتی ئه‌وه خوشکمه ‌و دوێنی شه‌وی نارنجۆکی به تانکی داداوه ‌و شکاندویه‌تی‌. کچه‌ش‌ یه‌کی ژیکه‌له‌ی قیتی زۆر جوان بوو‌.

‌‌ئه‌منیش زۆر خوشحاڵ بووم که کچیکی کورد توانیوێتی تانکی بشکینی و گوتم ئافه‌‌رین کچی چاک، دەستت خۆش بێ، بەخێر بێی ئێره ماڵه ‌خۆتانه.

به‌یانی ون بوون و دیسان شه‌و هاتنه‌وه‌ و که‌میکیان برینج و رۆن و روب و قه‌ند و چا هێنا بوو و له‌ماڵێیان دانا بوو.‌ ئه‌منیش زۆرم پێ ناخۆش بوو به خێزانم گوت بۆ هێشتوته ئه‌وانه شتی بێنن‌. ئه‌ویش گوتی ئه‌تۆ به سه‌هوو چووی ئه‌وانه بۆ ئێمە نییه. سبینێ رۆییشتن بۆ دوڵی لووسی و لەوێ چادریان هه‌ڵدا‌.

له‌و کاتی دا چه‌ند رۆژێک بوو مامه غه‌نی له ماڵه من بوو و هێشتا له حیزب جوێ نه‌ببووه و خه‌ریکی ئه‌وه‌ی بوو که له دۆڵی لووسی په‌ناگایه‌کی ساز بکا. رۆژێک پێکەوە چووینه شیلاناوی و دوایه هاتینه‌وه. له نێو باغی مێوان خه‌ریکی ترێ لێکردنه‌وه‌ی بووین‌. ئه‌و کچه له دوڵی لووسی را هاته‌وه و توره‌که‌یه‌کی پێ‌بوو له دوور‌ی ئێمه ترێ لێده‌کرده‌وه‌. کاک که‌ریمی بلووری که ئێستا له سابڵاغی مامو‌ستایه، له شارێ را په‌یدا بوو. له سه‌ر دیواری باغی را چاوی به ئێمه که‌وت و رووی له من کرد و پێکه‌نی‌. ئه‌‌منیش گوتم چی بۆ پێده‌که‌نی ئه‌توی ترسەنۆک ته‌واو عه‌جه‌م نه‌گه‌یشتنه ئیندرقاشی، ‌گه‌یشتییه عێراقێ. ئه‌و کچه‌ ئازایه تانکی شکاندوه‌.

‌‌ئه‌ویش له قاقای پێکه‌نینی دا و گوتی: کاک حاجی سه‌رت له ‌وانه‌ش ده‌خورێ‌.

ئه‌منیش پێم سه‌یر بوو گوتم: تانکی شکاندوه‌!

-‌ کوره تانکی چی شکاندوە! د‌‌زانی ئه‌وه کچی کی‌یه؟

– ئی ماڵه…

به پێکه‌نینه‌وە، به ئه‌سپایی گوتی: ئه‌وه کچی ماڵە… ئه‌و کچه باش نی‌یه.

شه‌وێک ماڵه سۆفی ره‌حیمی که جیران مووچه‌ی ئێمه‌ بوون، به وه‌زعیکی نا‌حه‌ز ده‌یانبینن. ئیدی ئه‌من مه‌جبوور بووم که بڵیم جوابیان بکه‌ن و بڵێن که لەوێ بڕۆن.

له‌و سه‌رده‌مه‌دا کاک مونته‌قیمی بڕام لەگه‌ڵ چه‌ند که‌س له خزمان، وه‌ک کاک عه‌وڵای ڕەشیدی دائیم په‌یوه‌ندیان به کورێ ڕەشاغاوە ‌ده‌گرت و گلێیان لێده‌کرد که له ده‌ری چ ده‌کا و هانیان ده‌دا که بێته‌وه‌و و له کوردستانی ئێران ده‌سته‌ی چه‌کدار وه‌ڕێخا و ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر ئه‌و بێتەوە هه‌موو خه‌ڵکی کورد پشتیوانی لێده‌کا و خه‌ڵک هه‌ر لەگه‌ڵ ئه‌و ده‌بێ. ئه‌منیش له‌و قسانه‌یان زۆر توڕه بووم و ده‌مگوت پیاوی چاک بن لێیگه‌ڕێن با تووشی کێشه‌ نه بێ، ئه‌نگو ئه‌و هه‌ڵومه‌رجه‌ی ناناسن و نازانن که کچێکی چه‌پی کۆمونیست ده‌توانی هه‌موو بی حوڕمه‌تێک به که‌سایه‌تی‌ و که‌یخودا و مه‌لاکانی ئێمه بکا. ئه‌وجار نه‌تاندیت که کۆمه‌ڵه باشترین مه‌ڵای ئه‌و وڵاته‌ی کوشت، که‌سیش ده‌نگی لێوه‌نه‌هات.

دوایه ده‌سته و دایره‌ی منته‌قم هاتنه کونه‌دێ و له ماڵه من به‌ عه‌رزێ‌یان دادا و منته‌قیم نامه‌ی بۆ کورێ ڕەشاغا نووسی و که ئه‌وه ده‌سته‌که‌مان هاتۆته ده‌ری و له ماڵه کاکه عه‌وڵاین و ئه‌وه ئه‌ویشمان لەگه‌ڵه و ئه‌وه قه‌راره به‌ره‌و لای سنوور بچین و واده‌که‌ین و وابچی و ئه ‌له‌و قسانه. ئه‌وه ئه‌منیش هه‌ر سه‌رم راده‌وه‌شاند و برایه و چ ناگوتری. دوایه کاک عه‌لی قازیش که پێشمه‌رگه‌ی حیزب بوو هات و له گه‌ڵیان که‌وت و بوو به هه‌مه کاره‌یان.

روژیک یه‌کێک له چه‌کداره‌کانی ئه‌و ده‌سته‌یه چووبووه ئاوایی وزندەرێ که مەقەڕی حیزبی لێ بوو. مه‌حه‌مه‌د زه‌نگه‌نه پێشمه‌رگه‌ی حیزب چه‌کی کرد بوو و پرسیاری لێکرد بوو و گوتبوی: ئه‌تو چ کاره‌یی؟ دیموکراتی، کۆمه‌ڵه‌ی، کۆمونیستی، جاشی باشی، ئه‌نگۆ چن؟

ئه‌منیش بانگی مه‌حه‌مه‌دم کرد و گوتم ئه‌وه بۆ وات کردوه؟

گوتی : ئاخر بابزانم چکاره‌ن.

دوایه هه‌تا تفه‌نگه‌که‌م بۆ ئه‌ستانده‌وه قیل سپی بوو.

دواتر کوڕی ڕەشاغا هاته نێو مه‌نگوڕان و له ماڵه کاک خدری میشه‌دی و ماڵه ئاغاکانی باسته‌مبه‌گی نیشته‌جی بوو. مونته‌قیم چوو بۆ لای و که‌سانی دیکه‌ش له ده‌وره‌ی کۆ بوونه‌وه‌ و هه‌تا چه‌کوچۆڵ و پوڵێکی هه‌بوو، خه‌ڵکی مفته‌خۆری به ده‌وروبه‌رێوه بوو و هه‌رکه شته‌که‌شیان وه‌رده‌گرت به فه‌وری راپورتیان لێده‌دا و به حیزبیان راده‌گه‌یاند. ئه‌من ته‌واوی ئه‌و کارانه‌م پێ خراپ بوو و دائیم لەگه‌ڵ مونته‌قیمی له گێره ‌و کیشه‌‌دا ‌بووم و ئه‌و کارەش‌، زۆر جار خراپ به سه‌ر من دا ده‌شکاوه و نه‌ته‌نیا له لایه‌ن کوڕی ڕەشا‌غا، گلێی و گازه‌نده‌م لێ ده‌کرا، به‌ڵکو زۆر جاریش له وه‌زعییه‌تی تایبه‌تی ئه‌وکات دا، کێشه‌ی زۆر گه‌وره‌مان بۆ دەهاته پێش.

بۆ نمونه رۆژێکی کوڕه‌کانم له ماڵ نه‌بوون. قاسم له گه‌ل چه‌ند که‌س له ڕەفیقه‌کانی چووبونه دۆڵی لووسێ. دێ هه‌ر ٣ پێشمه‌رگه‌ی حیزبی تیدابوو و ئه‌من لەگه‌ڵ خیزانم و کچه‌کانم له ماڵی بووم. دیتم لەنه‌کاو سه‌ربان و ده‌روبه‌ری ماڵی گیرا و ٣٠ تا ٤٠ پێشمه‌رگه‌ له هه‌موو لایه‌که‌وه رووی تفه‌نگیان تێکردین. .کچه‌کانم قیژاندیان و خویان ده‌ژوورێ هاویشتەوە. ئه‌و چه‌کدارانه به پاڵ په‌ستۆ ده‌رکه‌یان کرده‌وه و به که‌و‌شان وه‌سه‌ر په‌ڕین و له ‌‌موو لایه‌ک، تفه‌نگیان له سه‌ر سەر راگرتین و گوتیان کوا چه‌که‌کانی کوڕی ڕەش؟ هه‌رچه‌ند ماڵه ئێمە دائیم پر بوو له پێشمه‌رگه و ئی هه‌موو رێکخراوه‌کان ده‌هاتن، به‌‌ڵام ئه‌من ئه‌وانه‌م قه‌ت نه‌دیبوو، ته‌نیا له نێو ئه‌‌وانه دا به‌همنی سەدیقیم ناسیوه که خزمایه‌تی له گه‌ڵمان هه‌بوو. به دیتنی ئه‌و زۆر توڕه بووم. له‌و لاوه کچه‌کانم ده‌گریان و ده‌یانقیژاند و دوایه خیزانم به گژیان داهاته‌وه و گوتی چه‌کی چی‌ و ئه‌منیش نه‌مده‌زانی چ بکه‌م. وەزعەکە زۆر مەترسی دار بوو.


به‌رپرسی ئه‌وانه که‌سیک بوو به نیوی حامیدی ‌و ئه‌وانه چریکی فیدایی بوون و له بۆکانی ڕا هاتبوون. ئه‌وجار ئه‌من زۆرم سویند بۆ خواردن و گوتم: ئه‌گه‌رچی ئێمه خزمی کوڕی ڕەشاغاین به‌ڵام تفه‌نگی ئه‌ومان له لا نیێه ‌و وه‌رن هه‌موو ماڵێ بگه‌رێن، ئێمه حیزبین.

به‌ڵام ئه‌وان به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یانده‌سه‌لماند و جار له گه‌ڵ جارێ لێمان رژدتر ده‌بوون‌. تا له نه‌کاو قاسم و میوانه‌کانی هاتنه‌وه و وه‌زعه‌که گوڕا و قاسم له مه‌سئوله‌‌که‌ی هاته پیشی یه‌خه‌ی گرت و قسه‌‌ی سووکی پێگوت و گوتی: ئه‌تۆ چکاره‌ی که به‌که‌وشه‌وه وه‌سه‌ر ئه‌و ماڵه‌ی په‌ڕیوی، به تۆ جی ئیره تفه‌نگی کوڕی ڕەشی لێیه یان نا؟

کە ئاوام دیت له قاسمی توڕه بووم و لەگه‌ڵ خیزانم حه‌وڵمان دا که وه‌لای به‌رین به‌ڵام فایده‌ی نه‌بوو و کونترۆڵ نه‌ده‌کرا و هه‌ر وا لێیان رژدتر ده‌بوو. له‌و لایه‌شه‌و ئێمه تفه‌نگمان پێ نه‌بوو مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌بوو که یه‌کیک له ئه‌وان ته‌قه‌ی بکا. به‌رپرسی ئه‌و چه‌کدارانه که وه‌زعه‌که‌ی ئاوا دیت رووی له من کرد و گوتی: حاجی پێشی ئه‌وه‌ی بگره با جنێوان نه‌دا.

بەڵام قاسم لە کونتڕۆل چوو بووە دەرێ. قەت ئاوام نەدیبوو و ده‌ستی هه‌ڵنه‌ده‌گرت و ده‌یگوت ده‌بی هه‌ر چی زوتر له و ماڵه‌ی بڕونه ده‌ری و جنێوی دەدا. ترسەکە لەوەدا بوو کە ئەوان هەموو چەکدار و زۆر بوون. ئێمەش کەم و بێ چەک. ئەمن گوتم قەیدێ ناکا با ماڵێ بگەڕێن بەڵام قاسم دەستبەردار نەبوو و هەر ئان لەوانەو بوو رووداوێکی دڵتەزێن روو بدا. باش بوو دوایه به‌رپرسه‌که‌یان ده‌ستوری دا که بڕون و له کوڵمان ببنه‌وه.

ئاوا هه‌ر دوژمنیکمان نه‌بوو و له لایه‌کی دیکه‌ش لایه‌نگرانی کۆمه‌له لیمان ببونه دوژمن و به نیوی ئاغا و فیئودال، داریان ده‌بڕین و زیانی خورویییان ده‌کرد و ئاژاوه‌یان ده‌ناوه و خەڵکیان لە دژی هان دەداین. له راستی دا له چه‌ند لاوه دوژمنایه‌تیمان ده‌کرا.

به گشتی هه‌ره‌ج مه‌ره‌جیک بوو مه‌گه‌ر خودا بزانی. هه‌ر که‌س لافێکی لیده‌دا و بۆ زۆر رێکخراوان باسی کوردایه‌تی هه‌ر مه‌به‌ست نه‌بوو و باس هه‌ر باسی کۆمونیستی، یان باسی ئاڵبانی و شووره‌وی و کاسترو بوو و بیری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی له گوڕێ دا نه‌بوو.

چه‌ند ساڵێک بوو له کۆنه‌دی مه‌دره‌سه‌یه‌کم دروست کرد بوو و به منداڵه‌کانی خۆم و خه‌ڵکی دێی، ده‌رسم ده‌گوت. له سه‌ره‌تای شؤڕش مه‌دره‌سه‌که بوو به مەقەڕی ئیتحادیه‌ی جه‌وانانی دیموکرات‌ و وینه‌ی شه‌هید پێشه‌وای لێ هه‌ڵاوسرا. کۆمه‌ڵه چوو مەقەڕه‌که‌ی داگیر کرد و عه‌کسی پێشه‌وایان فڕی دا و عه‌كسی ڕێبه‌ری خۆیان لێ‌هه‌ڵاوه‌سی.

له وه‌زعیکی ئه‌وتۆ دا، رۆژێک ئه‌بوبه‌کری عه‌لیپور که خزمی خۆمانه و خه‌ڵکی ئاوایی چومه‌ڵانه په‌یدا بوو گوتی: کوڕی ڕەشاغا گیراوه و منته‌قیم گوتویه‌تی که ده‌بی کارێک بکه‌ین که هه‌رچی زوتر ئازاد بکرێ.

زۆرم پێ‌ناخۆش بوو پێمگوت: چه‌ندم داوا لێکردن که له کۆڵی ببنه‌وه و لێگه‌ڕێن. ئه‌وڕۆ دنیا دنیای تایفه ‌و عه‌شیره‌ت نییه، دنیا دنیای حیزبه. ده‌ ئه‌گه‌ر ئێوه ده‌توانن و پیاون بچن شه‌پلاغه‌یه‌ک له فڵانه که‌س بده‌ن که چریکه و خزمی خومان بزانه کاو له پێستی سه‌ری داخنن یان نا. به‌سه‌ ده‌ست هه‌ڵگرن، چه‌ند که‌س له‌ خه‌ڵکی خراپتان بۆ دزی و فزی و خواردنی چه‌ک و چۆڵ لەگه‌ڵ که‌وتوه پێتان وایه دنیاتان له گه‌ڵه.

ئه‌وجار بۆ دوزینه‌وه‌ی رێگا چاره‌یه‌ک بۆ ئازادی کردنی کوڕی ڕەشاغا، کاک سڵه‌مان هه‌نگه‌وی کوڕی پورم په‌یدا بوو. له‌و سه‌رده‌مه‌ش دا کاکه ره‌حمانم سه‌ردانی کوڕی ڕەشی کرد بوو و له‌وێش داوای له حیزب کرد بوو که شیخ عه‌بدلڕه‌حمانی… ئازاد بکه‌‌ن. ئه‌وجار ده‌فته‌ری سیاسی حیزب داویان له من و کاک عومه‌ر و حاجی حه‌سه‌نی ئاموزام و کاک ئه‌حمه‌دی قازی حاجیابات کرد که بچینه ئاوایی ئاڵوه‌تان له ناوچه‌ی سه‌رده‌شتی‌ و چاومان به کوڕی ڕەش بکەوێ و دوایه‌ش به ته‌دبیر لەگه‌ڵ ده‌فته‌ری سیاسی حیزب، رێگا چار‌یه‌ک بۆ ئازادکردنی ببینینه‌وه.

زستان بوو به ماشینی تا ئاوایی که‌ڵه‌کاوی رۆیشتین له وێڕا مه‌جبوور بوین به پێیان بڕۆین. له هه‌ورازه‌که‌ی وه‌سه‌ر که‌وتین. له دیوی لای سه‌رده‌شتی زیاتر له ١٥٠ ماشین که شتی قاچاغی خوارده‌مەنیان پێ بوو، به به‌فر داپوشرا بوون و زیاتر له ٢٠٠ که‌س، به بێل خه‌ریکی پاککردنه‌وه‌ی رێگایه بوون. به‌ڵام به‌فر کڕێوه‌ی ده‌کرد و پڕی ده‌کرده‌وه و سه‌رمایه‌کیش بوو مه‌گه‌ر خودابزانی.

گه‌یشتینه قاوه‌خانه‌ی زمزیران. ئه‌وان خویان له ژوورێ هاویشت و ئه‌منیش له سه‌ر تاته‌ به‌ردی به‌ر ده‌رکه‌ی، ده‌ستنوێژم شوت هه‌تا نوێژم کرد وه‌خته بوو ته‌واوی په‌نجه‌ی ده‌ست و لاقم هه‌ڵوه‌رێ. له قاوه‌خانه‌که‌ی یه‌ک دوو چامان خوارده‌وه و گه‌رم بوینه‌وه دوایه دیسان وه‌ڕێ که‌وتین. تا خوارتر چوبای به‌فر که‌متر ده‌بوو. له داوینی ماشێنێکی باری بۆی ڕاگرتین و له سه‌ر باره‌که‌ی سوار بووین و ده‌ستمان به بەنە‌کانی گرت و مه‌ودایه‌کی زۆر، تا به‌رانبه‌ری ئاوایی بناویلیی نیزیک کردینه‌وه و لەوێ دابه‌زین. ئیواره‌یه‌کی دره‌نگ بوو به‌فه‌ر که‌م ببو و زۆری ڕەشانگ و قوڕوچڵپا و بوو و مه‌ودایه‌کی زۆر رۆییشتین‌. دوایه به ته‌واوی تاریکی کرد و چاو چاوی نه‌ده‌دیت. ئاوا گه‌ییشتینه نیو دی. به‌رق نه‌بوو، کاک ئه‌حمه‌د گوتی با بچینه ماڵه ئه‌حمه‌د ئاغا که وه‌تاغیکی بڵیند و دیوه‌خانیکی چاکی هه‌بوو به‌ڵام رووخا بوو. له ده‌رکه‌مان دا ژنیک سه‌ری ده‌رینا و گوتی‌: وه‌تاغه‌که‌مان رووخاوه.

ئه‌منیش گوتم: ئه‌دی خوشکێ رێگای مزگه‌وتی به کوی دایه‌؟

ئه‌ویش ئیشاره‌ی به رێگاکه‌ی کرد. که‌میک رۆیشتین ئه‌‌‌حمه‌د ئاغا سه‌ری له په‌نجه‌ره‌ی ده‌رینا و گوتی راوه‌ستن‌، بگه‌ڕێنه‌وه. له ژنه‌که توڕه ببوو. فه‌نه‌رێکی ده‌ست دابۆیه و هاته خواری و گوتی: وه‌ڵا ئه‌من له ماڵی بووم و نوێژم ده‌کرد. به‌ڵام دیوه‌خانه‌که‌مان رووخاوه ‌و جێی نووستنمان نی‌یه به‌ڵام نان و چام هه‌یه.

چووینه ژوورێ، منداڵ لەوێ نووست بوون‌، زۆریان حوڕمه‌ت گرتین، نان و چامان خوارد و دوایه ئه‌حمه‌د ئاغا بۆخوی فه‌نه‌ری بۆ راداشتین و چووینه مزگه‌وتی.

ئاوی حه‌وزی مزگه‌وتێ کانیکی زۆر گه‌رم بوو. ده‌ستنوێژم هه‌ڵگرت و ئه‌وانیش چوونه ژوورێ. چرای مزگه‌وت دائیسا به‌ڵام که‌سی لێنه‌بوو. کوره‌یه‌کی زه‌لامی لێ‌بوو و داریان بۆ بڕیبوو دائیسا و ژوره‌که گه‌رم بوو. چه‌ند به‌رماڵم قه‌د کرد و وه‌ک دوشه‌گ رامخست و یه‌کیشم کردە سه‌نیر و له په‌نا کوره‌ی درێژ بووم. ئه‌وانیش تا دره‌نگ وه‌خت دانیشتن و قسه‌یان ده‌کرد‌.

به‌یانی زوو سۆفی و ردین سپی وه‌ژوور که‌وتن. سۆفیکی ردین‌ درێژ گوتی: ئه‌وه بۆ لێره‌ن؟

ئه‌منێش گوتم وه‌ڵا شه‌و دره‌نگ هاتین، گوتمان با که‌س ئه‌زیه‌ت نه‌که‌ین و هاتینه ئێره.

گوتی: ئیوه پیاو نیین، له ژیانی خوتان دا نانتان نه‌داوه به که‌س. بۆیه له رووتان هه‌ڵنه‌هاتووه بچنه ماڵان.

حاجی حه‌سه‌ن گوتی: به‌ڕێوه‌ڵا ئه‌مه‌ش نان‌بده‌ین و وا و وا… به‌ڵام نیوه‌ شه‌و بوو بۆیه گوتمان با خه‌ڵکی ئه‌زیه‌‌ت نه‌که‌ین.

ئه‌منیش روم له سۆفی کرد و به شۆخی گوتم: وه‌ڵاهی ئه‌وه راست ناکا. ئێمه خه‌ڵکی شارین‌، دوکاندارین. قه‌ت ده‌رکه و ده‌وازه‌مان ‌بۆ که‌س ئاوه‌ڵا نه‌بووه. ئه‌گه‌ر موشته‌رێکی زۆر باش بێته دوکانی ئه‌وه به قامکی ئیشاره‌یه‌کی ده‌که‌ین و ده‌ڵێین، دا قاوه‌چی چایه‌کی بینه. ئێمه کوا نانمان داوه به خه‌ڵکی و کوا خه‌ڵکمان ناسیوه‌؟

ئاوا زۆرمان جه‌فه‌نگ لێدا. دوایه چووینه ماڵیکی نان و چامان خوارد و له‌وێڕا بەره‌و ئاوایی پاراسان و له‌وێشڕا به‌ره‌و ئاوایی واوان که مەقەڕی حیزبی لێ‌بوو، وه‌ڕێکه‌وتین.

له مەقەڕی حیزب ته‌له‌یفونیان بۆ ده‌فته‌ری سیاسی کرد بۆ ئه‌وه‌ی که بڵێن ئه‌وه ئه‌و که‌سانه هاتوون‌ و ده‌یانهه‌وی بین بۆ ده‌فته‌رێ. ئه‌وه‌ی که له سه‌ر ته‌له‌فونه‌که‌ی قسه‌ی ده‌کرد گوتی: وه‌ڵا ئه‌وانه نه‌ناسن.

ئه‌منیش زۆر توڕه بووم و گوتم: دا بابه ئه‌و ته‌له‌یفونه‌م بده‌یه ئاخر بۆ نه‌ناسم، ئه‌من عه‌وڵای قازیم له ریکخڕاوی حیزب دام، کاغه‌زی ته‌شکیلاتم پێیه و ئه‌وان ناردویانم، ئه‌وانه‌ش فڵانکه‌س و فڵانکه‌سن، ئاخر بۆ نه‌نا‌سین. ئه‌تو ئه‌گه‌ر ناشمان ناسی لانی که‌م به زبانی خۆمان قسه‌مان له گه‌ڵ بکه. نه‌ناسن!

کاک سه‌یید حه‌سه‌نی هاشمی به ڕێکه‌وت لە‌ولای له لای ته‌له‌یفونه‌که‌ی ده‌بی و ده‌نگم ده‌ناسێته‌وه و ده‌ڵی: کوره ئه‌وه حاجی عه‌وڵایه ئیجازه‌ی بده‌ن بابێ.

دوایه رووم له کابرای کرد که ئه‌وه‌نده که‌سه‌ین و له لایه‌ن ته‌شکیلاتی مه‌هابادێ را هاتوین و له خۆڕا نه‌هاتوین و به شوخی و به ته‌شه‌ر گوتم ئه‌وه عومه‌ری قازییه که نه‌ناسڕاوه‌ و نه‌ناسه، نه ئێمه.

به‌مشیوه‌ی گه‌یشتینه ده‌فته‌ری سیاسی. شه‌و لەوێ بووین دوایه له گه‌ڵ ده‌فته‌ری سیاسی که بریتی بوون له مامۆستا مه‌لا عه‌وڵای حه‌یاکی و کاک فه‌تاحی کاویان و کاک مسته‌فای شه‌ڵماشی کۆ بوینه‌وه. کاک مسته‌فا زۆر دژی کوڕی رڕەشاغا بوو و ئه‌منش قسه‌کانم به‌رپه‌رچ ده‌داوه. دوای باسیکی زۆر به ئه‌وه ‌گه‌یشتین که کوڕی ڕەش به‌و شه‌رته ئازاد بکری که بڕواتەوە بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

دوایه له‌وێڕا به‌ره‌و ئاوایی ئاڵوه‌تان وه‌ڕیکه‌وتین. کوڕی ڕەشاغا له ماڵه سه‌لیم ئاغای ده‌بوو. سه‌لیم ئاغا پیاویکی به ده‌سته‌ڵات و گه‌وره و نانبده و میوانگر بوو. پیشتر له گه‌ڵ عه‌شیره‌تی پشده‌ر هه‌میشه نێوان ناخوشی و شه‌ڕیان بووه. حاجی محه‌ممه‌د ئاغاى برای ده‌گێڕاوه که چون پێشتر ئه‌و دوو عه‌شیره‌ته پێکه‌وه که به شه‌ڕ هاتوون و باسی ئەوەی دەکرد کە بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی ته‌قه تفه‌نگ نه‌یه، تفه‌نگیان له نیو کۆمی ئه‌سپ و ‌ که‌ڵ و گای یەکتر ناوە و لێیان پیداهێناون و ئاوا شه‌وی وابوو ٥٠ سه‌ریان لێکتر قڕ کردووه.

سه‌لیم ئاغا دیوه‌خانیکی زۆر گه‌وره‌ی خۆشی هه‌بوو، ئه‌سپت تێدا غار دابا. له لای سه‌ره‌وه جیگایه‌کی لێ‌بوو وه‌ک میحڕابی وا بوو. دۆشه‌گیکی گه‌وره‌ی ئه‌ستوریان چه‌ند قه‌د کردبوو بۆ کوڕی ڕەشیان دانابوو. له‌ولاولاش سه‌نیریان دانابوو و وه‌ک ته‌ختی شای وابوو. مینا خانم خیزانی پێشه‌وا قازی که هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هات بوو، له دیویکی تایبه‌تی دیکه دا، خزمه‌تی ده‌کرا. کاک خدری میشه‌دی که لەگەڵ یه‌کتر ئاواڵ زاواین و پیاویکی حیزبی و زۆر باشه، له‌ گه‌ڵ حه‌مه‌دی ئاغای برای لەوێ بوون. حه‌مه‌دی ئاغا له من توڕه بوو به‌ڵام ئه‌من زۆرم خۆش ده‌ویست.

له‌و دیوه‌خانه‌ی دا ئاغایه‌کی لێ بوو رقی دنیایه‌ی له من بوو. به‌رانبه‌رم دا داده‌نیشت. لاقی له سه‌ر لاقی چوار مێرده‌کی داده‌نا، سه‌ری په‌نجه‌ی لاقی وه‌ک فه‌نه‌ر ده‌له‌رزاند و به مودنه‌یه‌کی درێژ سیغار له سه‌ر سیغاری داده‌گیرساند و قیله ‌و قانج له به‌رانبه‌ری منی راده‌گرت و موڕه‌ی ده‌کرد و ده‌یگوت: ئه‌تو نه‌تهێشت تایفه‌ی قازی له‌شکری بکه‌ن. ئه‌گه‌ر تایفه‌ی قازی لەگه‌ڵ کوڕی ڕەش بان ئاوای لێنه‌ده‌هات.

ئه‌منیش به‌و حاڵه‌ته و به‌و قسانه هه‌ر پیده‌که‌‌نیم.

چاپه‌زیک له سه‌ر کەشه‌فێکی چکوله، که ئه‌وکات ره‌سم بوو و ته‌نیا جیگای یه‌ک ئیستیکان و چه‌ند کوڵۆ قه‌‌ند ده‌بۆوه، به ده‌ور ده‌گه‌ڕا و هه‌ر جارێ چایه‌ک به ‌ده‌ست، خزمه‌تی ده‌کرد و ده‌بایه ٥٠ جار بگه‌ڕێ تا چا به هه‌مووان بگا. ڕەشیدی کوڕم که به‌‌دفه‌ر و شلوقه، له لای خوارێ دانیشت بوو وادیار بوو که چای وه‌به‌ر نه‌که‌وتبوو و ده‌یهه‌ویست ره‌سمی ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌یه بگوڕێ و چاپه‌زه‌که‌ی فێری شتێکی دیکه بکا و گویم لیبوو به کابرای ده‌گوت: که‌شه‌فیکی گه‌وره بێنه هه‌موو ئیستیکانه‌کانی له سه‌ر دابنێ و یه‌کجێی پڕیان که له چا و بێنه له سه‌رێ را به ریز بۆیان دابنی.

کابڕا جوابی داوه و گوتی: ئه‌وه ئه‌تووه هاتووی ئه‌من تووشی کیشه بکه‌ی و وا بکه‌ی که وه‌به‌ر شه‌قانم ده‌ن.


– بۆ؟

– لێره قانوون شتیکی دیکه‌یه، ئه‌وه قوماری منداڵه‌ورکه‌ و سه‌رڕوتی سابڵاغێ نی‌یه.

– کوڕه ده‌پسی ئه‌من بۆ تۆمه.

– نا ئه‌وه شوغڵی خۆمه و ته‌رکی ناکه‌م.

به‌مشێوه‌یه فێڵەکەی ڕەشیدی سه‌ری نه‌گرت و دواتر ده‌یگوت که چای وه‌به‌ر هه‌ر نه‌که‌وتووه.

پاش پشوودانێکی زۆر چووینه خزمه‌تی مینا خانم. که‌میک له من ناڕه‌حه‌ت بوو و پێی‌وابوو که خه‌تای منه که کوڕه‌‌ی ڕيش ده‌ستبه‌سه‌ر کراوه. دوایه ده‌ست به قسه کرا و گوترا کە عەیبە کوڕی ڕەش ده‌ستبه‌سه‌ر بکرێ و دوایەش بڕیار درا که ئازاد بی و بچێته‌وه بۆ ئوروپایه.

دوایە لە نێو قسان دا، کوڕی ڕەش گوتی و‌ڵا حیزب زوڵمم لێده‌کا. ئه‌منیش گوتم: قوربان حیزب زوڵمی لێنه‌کردوی ئه‌وانه‌ی ئه‌تویان هێناوه‌ته‌‌وه و ئیستیفاده‌ت لێده‌که‌ن زوڵمیان لێکردووی.

دوای کوڕی ڕەشاغا هه‌ڕه‌شه‌ی کرد که وا ده‌کا و وابچی. ئەمـنیش گوتم: ئاخر قوربان دیسان ده‌تگرنه‌وه و زیندانیت ده‌که‌ن. ئاخر قوربان به‌سه، بڕو بۆ عێراقێ. ئاخر کسی ئاوات لەگه‌ڵ نی‌یه که وا بکه‌ی و وابچێ. ئه‌تو به‌و زستانه‌ی له بن گوێنی دوڵه ڕەشێ چ ده‌که‌ی. بۆ کێی ده‌که‌ی؟ خه‌ڵک ئه‌تووی ناوێ. له هه‌موو تایفه‌ی ئه‌وه دوو که‌ست لەگه‌ڵه که ئه‌ویش یه‌کیان نابینی و کوێره. ره‌نگه له به‌ر ئه‌و‌ی که بڵی بابم رێبه‌ر بوو ده‌بی ئه‌منیش رێبه‌ر بم، خه‌ڵک ئه‌توی قبووڵ نییه. ئه‌و رێبه‌ره‌ییان بده‌یه ده‌ستی با بزانیین ئه‌وان چ ده‌که‌ن؟ خۆ به‌نێک نییه که هه‌ر به به‌ژنی ئه‌ولادی پیشه‌وای و تایفه‌ی ئێمه بڕابێ. شیخی بورهان ئه‌لحانیش خه‌ڵک ده‌به‌ری ده‌مری به‌ڵام که‌س ئه‌ولاده‌کانی قبووڵ نییه.

قسه‌کانی قبووڵ نه‌بوو ئه‌منیش توڕه ببوم پێمناخۆش بوو که بگیری به توڕه‌یی گوتم: ئه‌وه چ خودموختارێکه که به‌و شیوه‌یه ده‌یستینین، ئاخر ئه‌وه‌تا سه‌روماڵمان تێداچووه، چی ئه‌وه که‌واپاتوڵمان له به‌ردایه و به زبانی خۆمان ده‌خوێنین، یان رادیۆیه‌کمان هه‌یه. تکایه بڕو ئه‌وه عیده‌یه‌ک تێدا به‌دبه‌خت بوون و سه‌ریان تێداچووه، عیده‌یه‌کیش ئه‌وه پێی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن. ئه‌وه پیشه‌ی ئینقیلاب و شوڕشه. عیده‌یه‌ک سه‌ریان تێدادە‌چی و ده‌بنه پۆپڵه شه‌‌هید و عیده‌یه‌کیش به نه‌وا ده‌گه‌ن. ئه‌و شوڕشه‌ هیچ نه‌تیجه‌یه‌کی نییه و ئه‌گه‌ر پێشت خوار دانا ئه‌وه دەڵین خه‌یانه‌تکاری.

به‌مشیوه‌یه دوای ماوه‌یه‌ک قه‌ناعه‌تی هێنا که بڕواته‌وه. کوڕی ڕەشاغا دڵیکی سافی هه‌یه به منداڵی به ده‌ستوری شای بردیانه تارانی و لەوێ دوای خویندن بردیانه ئاڵمانی. ئه‌و زۆر به کاری خه‌ڵکه‌وه ماندو بوو و له زه‌مانی شای دا، جار جار له لایه‌ن ساواکه‌وه قسه‌یان لی قبووڵ ده‌کرد و ئه‌گه‌ر که‌سانیک شتێکیان به سه‌ر هاتبا و لێیان قه‌ومابا، بوی جێبەجێ ده‌کردن.

به دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی کوڕی ڕەشاغا، منته‌قیمی براشم خوی ته‌سلیم کرده‌وه. یه‌ک مانگیان گرت، دوایه مه‌ره‌خه‌سیان دابویه. پاسداریک پێیگوت بوو: هه‌ڵی ده‌نا ده‌تکوژن.

ئه‌ویش هه‌ڵات بۆ کوردستانی عیراقی و دوای ئه‌وه‌ی ئه‌من له ساڵی ٦٣ خوم ته‌سلیمی ریژیم کرده‌وه، ئه‌ویش خوی ته‌حویل داوه.

٢٦

هه‌وه‌ڵ جار که ئه‌رته‌ش له ساڵی ١٣٥٨ شاری مه‌هابادی گرته‌وه به‌شیک له هێزی چه‌کدار، شاریان به جێنه‌هیشت به‌ڵام ئه‌وانی دیکه زۆربه‌یان به‌ره‌و شاری سه‌رده‌شت پاشه‌کشه‌یان کرد. دوایه‌ش لە‌وێڕا به‌شیکیان به‌ره‌و ناوچه‌کان گه‌ڕانه‌وه. عومه‌ری قازی ئاموزام له گه‌ڵ چه‌ند پێشمه‌رگه‌ حیزب له کونه‌دێ بوون. هه‌و‌ڵ که‌س که چووه نیو شاری کاک عومه‌ر و سه‌یید عه‌وڵا و ٥ تا ٦ که‌‌سی دیکه بوون. ئه‌وانه ڕوژیک دوای نان خواردنی بانگی شێوان که کشمیش پڵاومان هه‌بوو چوونه نێو شاری. شه‌و ده‌‌چنه ماڵه دوکتور به‌همه‌نی و دوایه به پردی یه‌رغو دا تێده‌په‌ڕن. تانکیک به ‌وی دادی، خویان مات ده‌که‌ن دوایه ده‌چن له سیله‌ی باغی قۆپێ را، له بن ته‌پۆڵکه‌کی، ‌خانووی جه‌نگه‌ڵبانی که مەقەڕی پاسداران بوو، وه‌به‌ر ده‌ستڕێژی تفه‌نگ و ئارپیجی ده‌ده‌ن. گوایه کوژڕا و برینداریان هه‌بووه. ئه‌و ده‌ستەیه دوای ٦ رۆژ مانه‌وه له شاری دا، هاتنه‌وه کۆنەدێ. ئه‌و عه‌مه‌لیاته و هیندی عه‌مه‌لیاتی دیکه له نیو شاری دا که زۆر ئازایانه‌ و قاره‌مانانه بوو، بوو به هوی به‌رزبوونه‌وه‌ی وره‌ی خه‌ڵک و ورده ورده له ده‌وروبه‌ری شار، مەقەڕ داندران و زۆربه‌ی گه‌ره‌که‌کانی شار، شه‌و له به‌رده‌ستی پێشمه‌رگه دابوون‌.

یه‌کیک له‌و مه‌قه‌ڕانه له کێوی قه‌ڵای سارم له پشتی ئاوایی لاچین له ئه‌شکه‌وتیکی دابوو‌. سه‌رپه‌لی ئه‌و مەقەڕه، پێشمه‌رگه‌یه‌کی ئازای گه‌ڕاوه‌ی ویچو، به نیوی عه‌‌لی سمێڵ بوو که به داخه‌وه دواتر شه‌هید بوو. ئه‌و زۆر جار د‌‌هاته ماڵه من و ئه‌من ئه‌وی له ده‌ستم هاتبا بۆ مەقەڕه‌که‌ی یارمه‌تیم ده‌کرد. رۆژێکی هاته لام و گوتی که کاک بایزی ئاریا له گه‌ڵ جه‌لیل ئاغا برای فه‌تاحی قه‌ره‌په‌پاغ که ئینسانیکی زا‌لم و به‌دفه‌ر و له زه‌مانی موسه‌دیق دا زۆری له خه‌ڵک ده‌دا و دوایه‌ش پێموایه حیزب کوشتی، له لای ئه‌وان گیراون و کاک باییز رایئه‌سپاردووه که ده‌بی ئاگات لێی بێ. له‌و سه‌روبه‌نده دا کاک که‌ریمی که‌ریمی برزای خیزانم، لەگه‌ڵ چه‌ند که‌س له کوره ئاغاکانی ئاوایی کامه‌م هاتنه ماڵی و داوایان کرد که ‌هه‌‌وڵ بده‌ین که کاک باییز ئازاد بکرێ.

ئه‌وکات کاک که‌ریمی حیسامی به‌رپرسی ته‌شکیلاتی مه‌هاباد بوو و چه‌ند رۆژێک بوو له گه‌ڵ مامه غه‌نی له ماڵه من بوون. رۆژێک که هه‌روا دانیشت بووین، داوام لێکردن که ده‌بی کاک باییز ئازاد بکری. مامه‌غه‌نی گوتی ئه‌تو قسه‌ت لێکردوه به‌چاوان ئازادی د‌‌که‌ین. دوایه کاک که‌ریم گوتی: باشه‌ ئه‌وانه هاتوون خویان لیڕه هاویشتوه، به‌ری دەدەین، به‌ڵام پێم بڵی کێ به تۆی گوتووه و ئه‌تو چت له کاری نه‌هینی داوه‌.‌

ئه‌مینیش پێکه‌نیم و که‌مێکم گاڵته‌م پێکرد و گوتم: هه‌رچی بیکه‌ن ئه‌من ئاگادارم و ده‌زانم.

٢٧

شه‌ویکی درنگ دوای ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌کان له عه‌مه‌لیاتی نێو شاری را هاتنه‌وه ماڵ، ئه‌گه‌ر ده‌رکه‌مان کرده‌وه‌، ده‌سته‌ی عه‌وڵای ‌ئه‌مینی بوو. پێاوێکی که‌ڵه‌گه‌تی سووریان له گه‌ڵ بوو، شڵواری له به‌ر دابوو و جانتایه‌کی پێبوو. گوتم عه‌وڵا ئه‌وه کێیه؟

– وه‌ڵا ئه‌و‌یان ناردوته ئێره ده‌بی لیره بی.

وه‌مزانی پاسداره و گوتم: عه‌وڵا ئه‌من پاسدارم بۆ راناگیری و که‌سم نییه کێشکی لێبدا.

– پاسدار نییه هه‌واڵده‌ری بی بی سی‌یه.

کاک عومه‌ری قازی (ئامۆزام) لەوێ بوو، که‌میک ئینگڵیسی به غه‌ڵه‌ت مه‌ڵه‌ت ده‌زانی و هه‌واڵده‌ره‌که‌ش که‌میکی فارسی ده‌زانی و ده‌ستیان به قسان کرد.

ئه‌و کابرایه زۆر که‌ڵه‌گه‌ت بوو. سه‌رده‌رانه‌ی ماڵه‌‌که‌ی ئێمه‌ش وه‌ک ماڵی هه‌موو کوردێک زۆر نه‌وی بوو و هه‌ر چه‌ند جاری ئه‌و کابراێه هه‌ستابا و چووبا ده‌رێ، ئه‌وه‌ نێوچاوانی راست له سه‌رده‌رانه‌که‌ی ده‌کوتا و زرمه‌ی له سه‌ری ده‌هات. جارێک نه‌بوو، دوو جار نه‌بوو، ناچار هه‌موو جارێ هه‌تا چووبا ده‌رێ ده‌بوو هه‌‌ستم و خۆم بڵیند‌که‌م و ده‌ست بخه‌مه سه‌ر شانی و شانی دانوێنم.

له‌و ماوه‌یه دا لەگه‌ڵ ئێمه زۆر تێکه‌ڵ ببوو وه‌ک کوڕی ماڵێی لێهات بوو و ده‌چوو نێو ماڵێ. چونکه ماڵه‌که‌‌شمان وه‌ک مەقەڕ وابوو ده‌سته ده‌سته دائیم خه‌ڵک و پێشمه‌رگه له وه‌خت و بی‌وه‌خت دا ده‌هاتن و نان و چایان ده‌خوارد و د‌ڕۆییشتن، ئه‌ویش هه‌موو جاری له گه‌ڵ هه‌مویان، نانی ده‌خوارد. ئه‌وجار ئه‌گه‌ر١٠٠ چات بۆ دانابا هه‌ر ده‌یخوارده‌وه‌ و قه‌ت نه‌بوو که بڵی ناخۆم، یان به‌سه. هه‌موو رۆژێش ده‌بوو یه‌ک پاکه‌تی سیغاری وینیستونیشی بده‌می.

ئاوا ماوه‌ی ١٠ روژان له لای ئێمه ماوه، تا روژیکی کاک که‌ریمی حیسامی هات بۆ ئه‌وه‌ی وتووێژی له گه‌ڵ بکا. به‌ڵام کاک که‌ریم ئینگلیسی نه‌ده‌زانی. ناچار ماشینیکم نارده شاری و کاک سمایلی فه‌تاحی قازی که خزمه‌ و ئینگڵیسی زۆر باش ده‌زانی، له گه‌ڵ ئاغای دلاوه‌ری هاتن و ته‌رجومه‌یان بۆ کرد.

دوایه کاک که‌ریم گوتی: بۆ سبه‌ینی ماشینی ده‌نیرم، ئه‌وه‌ی به رێگای شیلاناوی دا به‌ڕێکە‌‌ بۆ بۆکانی.

به‌یانی هه‌ستا ساکه‌که‌ی پێچاوه و له کاتی رۆیشتن له بن سێبه‌ری داره بناوه‌کان به‌رده‌رکه‌ی، ده‌ستی له گیرفانی نا و ئه‌و گیرفان نا ئه‌وه‌ی دیکه، هه‌تا ده تمه‌ن یان ١٠٠ تمه‌نی دیته‌وه و ده‌ریهێنا و بۆی راداشتم. ئه‌منیش به فارسی و به راوێژی ئینگلیسی ئه‌و، گوتم: این بڕای چی؟(ئه‌وه بۆ چی؟)

ده‌ستی به نیشانه‌ی شت خواردن بۆ زاری درێژ کرد و گوتی: حق این(هه‌قی ئه‌وه‌ی).

ئه‌منیش سه‌رم راوه‌شاند و گوتم: شما مهمان(ئه‌تۆ میوان).

به سه‌رسوڕمانه‌وه گوتی مهمان! (میوان!).

– مهمان! (میوان!)

– مفت! (موفت!)

– مفت.

وه‌یزانی هوتیلی حیزبه و گوتی ئه‌دی ئه‌وانی دیکه. گوتم: وه‌ڵا اینها هم مفت(وه‌ڵا ئه‌وانه‌ش موفت).

گوتی: چطور؟ (چون)؟

– چتۆری ناوی، خۆ بۆخویان نانیان پێ نییه بیخون. ئه‌وجار ئێره ئینگلستان نییه که ئه‌گه‌ر دوو نه‌فه‌ر بچنه قاوه‌خانه، هه‌ر که‌سه ده‌بی پووڵی خۆی بدا. لیره هه‌رکه‌س دی و ده‌خوا و ده‌ڕوا و کەسیش پووڵ نادا.

سه‌ریکی ڕاوه‌شاند و بزه‌یه‌کی هاتی و پووڵه‌که‌ی له گیرفانی ناوه ‌و سواری ماشینی بوو و رۆیی.

دواتر چه‌ند هه‌واڵده‌ری دیکه‌ش هاتن. جارێک ژنیکی ئیتالی له گه‌ڵ کچه‌که‌ی و جارێکی دیکه‌ش دوو هه‌واڵده‌ری ئاڵمانی که ئه‌وانه لەگه‌ل ٢٠٠ پێشمه‌رگه‌ی حیزب که بۆ عه‌مه‌لیاتیکی گه‌وره ده‌چوونه نیو شاری، چونه به‌رزایه‌کانی زاوابووکان له قه‌راغ شاری و له وێڕا فیلمیان هه‌‌ڵگرت بوو. دیاره بۆ سبینێش له نیو شاری دا هه‌ر شه‌ڕ بوو و پێشمه‌رگه‌‌کان به دوربینی ئه‌وان فیلمیان له شه‌ڕه‌که‌ بۆ هه‌ڵگرت بوون.

٢٨

ماوه‌یه‌ک بوو ته‌شکیلاتی حیزب له کۆنەدێ و له دوڵی لووسێ بوو. ده‌وڵه‌ت به ته‌واوی تواناوه ده‌ستی به هێرش بۆ سه‌ر به‌رزا‌ییه‌کانی ده‌وروبه‌ری شار، وه‌ک سه‌ییدئاوا و کێوی زاوابوکان و … کرد و دیار بوو خوی بۆ هێرشی سه‌رانسه‌ری ئاماده ده‌کرد. پێشمه‌رگه‌ش هه‌موو جارێ به توندی به‌رپه‌رچیان ده‌دانه‌وه و زۆریان لێ ده‌کوشتن. له‌و شه‌رانه دا زۆر جار ئه‌منیش وه‌ک خه‌ڵکی دیکه، به چه‌که‌وه له دوورڕا به‌شداریم ده‌کرد.

دوای ماوه‌یه‌ک هێزی پێشمه‌رگه شاری گرته‌وه و ماوه‌ی ٦ مانگ شاریان له به‌رده‌ست دابوو. به‌ڵام دیسان شار چول کراوه‌ و دیسان هێرشی تووندی دوژمن ده‌ستی پێکرد، به‌ڵام به‌ربه‌ره‌کانیی و خۆڕاگری خه‌ڵک و پێشمه‌رگه له راده‌به‌دەر ‌بوو و هه‌ر چه‌ند هێزی پێشمه‌رگه به ڕێکوپێکی سازمان نه‌درابوو، به‌ڵام رۆژ نه‌بوو که له نیو شار دا، زه‌‌ربه‌ی زۆر کاریگه‌ر له دوژمن نه‌وه‌شێنی و ته‌نیا پادگان و چه‌ند شوێنی دیکه له به‌ر ده‌ستی دوژمن دابوو.

له‌وکاته دا له لایه‌ن حیزبه‌وه‌، کاک هه‌ژار (سه‌روان جاویدفه‌ر) به فه‌رمانده‌ری هێزی پێشه‌وا دیاری کرا. رۆژێکی جه‌نگه‌ی گه‌رمای نیوه‌ڕۆیه له مه‌زرایه را هاتمه‌وه ماڵی، ته‌ماشام کرد که‌سیکی کورته‌باڵا له‌ گه‌ڵ قاسمی کوڕم له ‌ژوورێ دانیشتوون و پێکەوە ته‌خته‌ی نەردیان ده‌کرد. ‌ئه‌من نه‌مده‌ناسی. قاسم گوتی: بابه ئه‌وه کاک هه‌ژاره.


زۆرم به خێر هێنا و له وێڕا بوینه دوستی زۆر نیزیکی گیانی گیانی. مەقەڕی له نیو داره ‌چناره‌کانی به‌ر ماڵان دانابوو، هاتبوو نانیان بۆ کۆ بکاته‌وه. ئه‌منیش تێڕێکم نان و په‌نیر و ماست و رۆن و قه‌ند و چا، بۆ داگرت و گیسکێکیشم دایه. دیاره له دێهاتی لاچین و شیلاناوی و وزنده‌رێش شتیان بۆ کۆ کرده‌‌وه. به‌مشیوه‌یه دۆستایه‌تیمان ده‌ستی پێکرد. کاک هه‌ژار دائیم له لای ئێمه بوو. زۆر جار هه‌ر له ماڵه من شیووکوڵیان بۆ ده‌کرد. بۆ هه‌موو شتێکی بڕوای به ئێمه هەبوو. ئه‌وکات ئەو له زۆربه‌ی عه‌مه‌لیاته‌کان دا، له توپی ١٠٥ میلییه‌م که کۆنه‌دێ دوو دانه‌ی لێ بوو که‌ڵکی وه‌رده‌گرت و دوای هه‌ر عه‌مه‌ڵیاتیک که ده‌هاته‌وه و به دزی، ده‌رزیکانی ده‌ر دیناو له لای ئێمه‌ی دا ده‌نا.

رۆژێک ده‌چومه لای مەقەڕی ئه‌گه‌ر ته‌ماشام کرد له رێگای لاچینی دوو سوار و پیاده‌یه‌ک به ڕیگایه دا دەهاتن. ئه‌گه‌ر هاتنه پێش ته‌ماشام کرد ئه‌وه کاک هه‌ژار کۆلێکی فیشه‌کی که‌ڵاشینکوف به پشتییه‌وه و که‌لاشینکۆفێکی ده‌شانی دایه و له پێش سواره‌‌کان که دوو کوڕی ماڵه سولتانه چیمه‌ن، خه‌ڵکی لاچینی بوون، ده‌ڕوی. زۆر له کوڕه‌کان توڕه بووم و گوتم: نامه‌ردینه بۆ کاک هه‌ژارتان سوار نه‌کردوه؟ لانی که‌م ئه‌و فیشه‌کانه‌تان لێ وه‌ر‌گرتبا. ئاخر ئیو‌‌ش به‌شه‌رن؟

گوتیان: وه‌ڵا زۆرمان پێگوتوه جوابی نه‌داوینه‌وه.

کاک هه‌ژار گوتی: نا لێیان گه‌ڕێ ئێمه‌ بۆ ئه‌وانه تێده‌کۆشین.

گوتم: وه‌ڵاهی هه‌ڵه‌ی تۆ لە‌وه‌دایه که بۆ ئه‌وانه تیده‌کۆشی. ده‌بی سوار بی و ده‌بی فیشه‌کیشیان پێ‌هه‌ڵگری. ئه‌من بایه‌م ئاوام ده‌کرد.

به پیکه‌نینه‌وه گوتی: ئاخر ئه‌تو فیئۆداڵی‌.

ویکڕا چوینه‌وه ماڵی. دوای نان و چا خواردن نه‌فه‌رێکم بۆ په‌یدا کرد. شته‌کانی هه‌ڵگرت بۆ وزندەرێ و له‌وێشڕا بۆ مەقەڕی پێشمه‌رگه‌ له ئاوایی ئامیدی.

کاک هه‌ژار نه‌ته‌نیا فه‌مانده‌یه‌کی کارامه و شه‌ڕکه‌ر بوو، به‌ڵکو دائیم له فکری ته‌یار کردنی ژیان و گوزه‌رانی پێشمه‌رگه‌دا بوو. جاریک یه‌ک ماشینی خوارده‌مه‌نی وه‌ک یاره‌ماسی و پیواز و قه‌ند و چا هێنا بوو که بۆ مەقەڕی پێشمه‌رگه له وزنده‌رێی به‌ڕی بکا. ئه‌وکات نێوان کونه‌دێ و وزنده‌رێ رێگای ماشینی نه‌بوو و دواتر ئه‌من داوام له موهه‌ندیس ئاریا که به بۆڵدزێری حیزب رێگا و بانی ده‌کیشا، کرد و ئه‌و رێگایه‌ی بۆ کێشاین. ئه‌گه‌ر چومه‌وه ماڵی کاک هه‌ژار خه‌ریکی به‌تاڵ کردنی شته‌کان بوو. ده‌ستیکم له پشتی دا و گوتم: وه‌ره فیئوداڵ لێیان گه‌ڕی بابچین نانێک چایه‌کی بخۆین، کوڕه‌کان به‌تاڵی ده‌که‌ن.

دوایه‌ش به گوێدرێژان شته‌کانمان بۆ به‌ڕێکرده ماڵه جەعفەری خزمم کە مێردی روقیای کچمە له ئاوایی وزنده‌رێ.

روژێکی دیکه به په‌له هات گوتی وه‌ره بابچینه ده‌فته‌ری سیاسی‌. ئه‌منیش پێمخۆش بوو چونکه کارم هه‌بوو. مه‌جیدی ده‌باغی که پێشمه‌رگه‌یه‌کی زۆر ئازا و به مشوور بوو، له گه‌ڵی بوو. کاک هه‌ژار گوتی نانی ناخوین و ده‌ڕوین.

– چت پێیه؟

– ئه‌وه‌تا نانم پێیه.

دوو نانی ویشکی ره‌قی پێبوو. نانه‌کانم له ده‌ستی ده‌رێنا و گوتم ئه‌وه‌یه نه‌هاری فه‌رمانده‌ری هێزی پێشه‌وا؟

– بڵێم چی.

– ئه‌دی به‌رخم بۆ نایه‌ڵی ئه‌من نانی بخۆم؟ وه‌ره تا نانی نه‌خۆین نارۆین.

ئه‌وه له حالێکدا کاک هه‌ژار ئاوا بوو، که‌سانی نفس نزمی دیکه هه‌بوون که خه‌ریکی دزی و فزی و به فێڕو بردنی ماڵی ئه‌و میلله‌ته بوون. دوای نان خواردن وه‌ڕێکه‌وتین گه‌یشتینه ئاوایی کیتکه. بازاری لێ بوو و شتی لێ ده‌فرۆشرا. ئه‌وکات کوردستان گه‌مارۆی ئابووری درابوو ئازوقه به تایبه‌تی سوته‌مه‌نی وه‌ک نه‌فت و بنزین به که‌می وه‌چه‌نگ ده‌که‌وت و له دولکه و چه‌له‌نگی ٢٠ تا ٣٠ لیتری دا، ده‌فروشرا. یه‌کی چڵکنی پیسی سمێڵ زه‌لام، بنزینی ده‌فرۆشت. کاک هه‌ژار داوای لێکرد که بنزینی پێ‌بفرۆشی به‌ڵام پێگوت که پیاوی چاک بە، بینزینه‌که ئاوی تێدا نه‌بێ. کابراش سویند و قورئانی بۆ خوارد و گوتی: به قورئانه‌ی که له سینگی پیغه‌‌مبه‌ری دایه، ئاوی تێدا نییه جا چون شتی ئاوا ده‌بێ و چون خه‌یانه‌ت و پێده‌که‌م.

له‌وێڕا وه‌ڕێکه‌وتین، زۆر نه‌ڕۆیشتین که ماشین وه‌ته‌په‌ته‌پ که‌وت و کوژاوه. مه‌جید ته‌ماشای کرد گوتی: ئه‌و بنزینه ئاوی تێدایه و ده‌بی کاربڕاتۆڕه‌که‌ی خاوین که‌مه‌وه. دەست بە کار بوو و دوباره ماشین هه‌ڵبووه. که‌میک رۆیشتین دیسان کوژاوه. دیسان خاوینی که‌وه و هه‌ڵیکه‌وه. دیسان بکوژێته‌وه به‌و جوره هه‌ر ماوه‌یه‌کی کورت که ده‌ڕۆیشتین، ده‌بوایه رامانگرتبا و خاوێنمان کردباوه. ئاوا به زه‌حمه‌تیکی زۆر گه‌یشتینه پاراسان. له‌وێشڕا چووینه دۆڵی دیموکرات. دوو رۆژ له‌وێ بوین و ئه‌من له لای کاک فه‌تاحی کاویان و کاک سه‌یید حه‌سه‌نی هاشمی ده‌بووم و ئه‌و ماوه‌یه به سه‌ردانی دوستان و جه‌فه‌نگ رامانبوارد و زۆر خۆش گوزه‌را.

رۆژێک به کاک فه‌تاحم گوت ئه‌رێ ئه‌وه ئێمه تا که‌نگی له سه‌رئه‌و رادیوییه‌ی ده‌بی بڵیین مه‌رگ به‌ر ئه‌مریکای جێهانخار؟ ده‌به‌سه ئاخر تا ئێستا له لایه‌ن شه‌ڕقه‌وه په‌تویه‌ک‌، فیشه‌کیکمان پێگه‌یوه؟ ئه‌وه تا که‌نگی ده‌بی هه‌روا ته‌پڵیان بۆ لێدەین؟ دوایه باسی چۆنییه‌تی راست و دروست بوونی هه‌واڵه‌کانی رادێۆ کرا و ئه‌منیش گوتم ده‌بی له راست بوونی هه‌واڵه‌کان دا زۆر دیقه‌ت بکری و گوتم ئه‌و رۆژانه جه‌لالی‌پور فه‌مانداری مه‌هاباد‌، خه‌ڵکی کۆ کردوته‌وه‌ و گوتویه: رادیوکه‌تان هه‌واڵی به‌ درو بڵاوده‌کاته‌‌وه.

دوای دوو رۆژ مانه‌وه له ده‌فته‌ر، به‌ره‌و مه‌‌هاباد گه‌ڕاینه‌وه. ئێواری گه‌یشتینه ئاوایی خڕه‌جوێی خوارێ. زۆر برسی بوین، چوونکه نیوه‌رۆکه‌ی له مه‌قه‌ڕی حیزب نۆکی سووریان کوڵاند بوو، زۆر سوێر بوو و نه‌ده‌خورا. ماڵه کاک خه‌لیلی گادانی لەوێ بوون، زۆرمان هه‌وڵدا نه‌یانهیشت بڕوین و دوای رێز و حوڕمه‌تیکی زۆر، شامیکی زۆر باشیان داینی. دوایه ١٥ لیتریشیان بنزیین داینی و شه‌و به‌ره‌و ئاوایی پاراسان وه‌ڕێکه‌وتین. نه‌گه‌یشتینه ئاوایی ماشینه‌که کوژاوه‌ و هه‌رچی کردمان هه‌ڵنه‌بووه. به ناچار کاک هه‌ژار و مه‌جید به پێیان به‌ره‌و ئاوایی وه‌ڕێکه‌وتن و ئه‌منیش له ماشینه‌که‌دا مامه‌وه. دوای ماوه‌یه‌کی دره‌نگ حاجه‌تیان هێنا و به شیلانگی ته‌واوی باکی ماشینه‌که‌یان به‌تاڵ کرد و ئاوه‌که که نیزیک به ٣ لیتر ده‌بوو، له بنزینه‌که‌ی جوی کرده‌وه. دیسان ماشین هه‌ڵبووه‌ و‌ درێژه‌مان به رێیه دا. له دورڕا له‌به‌ر هه‌یوانی ماڵی ئاغا چراتوڕ دائیسا. ئه‌منیش گوتم: ئای ئیستا چه‌ند خوشه بچی له‌به‌ر ئه‌و هه‌یوانه‌ی لێی ‌بنووی. کاک هه‌ژار به پێکه‌نینه‌وه گوتی: ته‌‌ماشا فیئوداڵ هه‌ر له خه‌یاڵی ئیستراحه‌تی خوی دایه.

له مه‌قه‌ڕێ لامان دا، کاک حامیدی گه‌وهه‌ری لەوێ بوو. بۆ عه‌مه‌لیات، کاک هه‌ژار داوای فیشه‌کی برنووی لێکرد. عه‌مباره‌که له ماڵیک دابوو و ده‌بوو به‌سه‌ر مدبه‌قه‌که‌ی دا بۆی بچی. ته‌ندوور گه‌رم بوو سارد نه‌ببووه و بۆ به‌دبه‌ختی مه‌جید له ته‌ندووری که‌وت ‌و پێستی ئه‌ژنوی سووتا و له سه‌رڕا داماڵدرا. زۆر ناڕه‌حه‌ت بوو به‌ڵام چاره نه‌بوو، وه‌ڕێکه‌وتین. هێندیک رۆییشت بووین کاک هه‌ژار گوتی: مه‌جید ڕایگره، بزانیین فیشه‌که‌کان ده‌راغیان له گه‌ڵه. له گه‌ڵیی نه‌بوو. به ناچار له‌سه‌‌ر را گه‌ڕاینه‌وه و ده‌راغمان وه‌رگرت و درێژه‌مان به رێیه‌دا.

دیسان ماشین ده‌ستی به کوژاننه‌وه‌ کرد. مه‌جبوور کاک هه‌ژار هه‌موو جاری داده‌به‌زی و کاپوتی ماشینه‌که‌ی هه‌ڵده‌داوه‌ و به‌ده‌سره‌یه‌کی بنزینه‌که‌ی ده‌مژت و خاوینی ده‌کرده‌وه. مه‌جید هه‌موو جاری له منی ده‌پرسی‌، ئه‌وه چه‌ند جار. ئه‌منیش هه‌موو جاری ده‌مبژارد ده‌مگوت مه‌سه‌له‌ن ئه‌وه ٢٠ جار یان ٣٠ جار. ئه‌وه‌ی باش بوو که مه‌جید له سه‌ربه‌ره‌ژێران ماشینه‌که‌ی د‌‌ەکوژانده‌وه‌ و به خڵاسی ده‌ڕویی. ئه‌و شه‌وه‌ی حیسابم کرد تا گه‌یستینه قه‌راغ ئاوایی گویچکه‌ده‌رێ، ماشێنه‌که ١٢٢ جار کوژاوه. له هه‌ورازی ئاوایی به‌ره‌و خوار بوینه‌وه و له نیزیک د‌‌رکی مه‌قه‌ڕێ راوه‌ستاین. سه‌گیک وه‌ڕی و ئه‌منیش ده‌نگم دا، چه‌غه چه‌غ. کاک هه‌ژار گوتی: ئای ده‌نگی مه‌که و هه‌ستت نه‌یه.

کاک هه‌ژار به تاریکایی دیواری خانوکه‌ی دا خوی له ژوورێ مەقەڕی هاویشت. فه‌نه‌ریک له نیو ده‌رکه‌ی داندرابوو. له ژورێکیان ١٦ پیشمه‌رگه و له ئه‌وی دیکه ١٤ پێشمه‌رگه نوستبوون. هیچ که‌س وه‌خه‌به‌ر نه‌بوو. کاک هه‌ژار له ژورێکی ٣ تفه‌نگی ده‌رینا و دای به من و ئه‌منیش دام به مه‌جیدی و ئه‌ویش له نێو ماشێنی دانان. پێشمه‌رگه‌یه‌ک له جێگایه دا جوڵاوه و چاوی هه‌ڵێنا. کاک هه‌ژار تفه‌نگی له سه‌ر سینگی دانا و گوتی: سست هه‌ستت نه‌یه.

ئه‌ویش په‌توکه‌ی به سه‌ر خوی دا کێشاوه. ده‌رکی خانوکه ته‌نه‌که بوو ئه‌منیش به لاقی له ته‌نه‌که‌کم ‌دا بۆ ئه‌وه‌ی وه‌خه‌به‌ر بێن. کاک هه‌ژار توڕه بوو و گوتی: بۆ واده‌که‌ی؟

ئه‌منێش قه‌ڵس بووم و گوتم: ئاخر ده‌لی هه‌له‌په‌زه‌ی بۆ واده‌که‌ی؟ له ئاوایی لاچینیش چووی چوار تفه‌نگت له مه‌قه‌ڕێ هه‌ڵگرت بوو، ئاخر یه‌کیان لێت راست بێتەوە و تفه‌نگیکت له بن پیلی بدا، ده‌ڵی چی؟

دوایه به ده‌نگی بلیند هاوارم کرد: هه‌ستن بابم هه‌ستن، ئه‌وه کاک هه‌ژاره.

هیچی نه‌گوت شه‌و هێنده‌ی نه‌مابوو، له‌‌وێ نوستین. به‌یانی ناردی له ئاوایی کیتکه ته‌گه‌ری ماشینیان گوری و بینزینی تازه‌یان تێکرد. دوایه نان و چامان خوارد. کێشکی شه‌و لەوێ مات دانیشت بوو. نانی نه‌ده‌خوارد. هه‌ر چاوی له‌من بوو که تکایه‌کی بۆ بکه‌م. دوایه گوتم: وه‌ره نانی بخۆ به خودای لێره ناڕوم تا تفه‌نگه‌کان وه‌رنه‌گرمه‌وه. به‌ڵام ئاوا نابی ئه‌نگو نازانن ئه‌وه دوژمن ده‌وری داوین و ته‌واوی کون و کاژێری ئێره به‌ڵه‌دن. ئه‌وه ئه‌گه‌ر بێن دوو نارنجوکتان له باڵ باوین ئه‌نگؤ ده‌ڵین چی؟ مەقەڕی قازیاوا‌تان له بیر چۆته‌وه. ئه‌وانیش شه‌و نووست بوون تا به‌یانی تاوبان ته‌واو گه‌رم ببوو، ئه‌گه‌ر ته‌ماشا ده‌که‌ن جاش و پاسدار هه‌ر چوار ده‌وری گرتوون و به جنیوی هه‌سته هه‌ی دایه قازیت… هه‌ی دایه قاسملووت… هه‌سته هه‌ی ژنی من، ده‌وریان دابوون. ‌یه‌کیک له پێشمه‌رگه‌کان خوی له چومی هاویشت بوو و خینکابوو و ئه‌وانی دیکه‌ش شه‌هید بوون.

جه‌نگه‌ی نویژی نیوه‌رویه بوو. ده‌بوایه وه‌ڕێکه‌وین. چه‌ند قه‌بری شه‌هیدی لێ بوو، چوم فاتحایه‌کم خوێند و دوایه کاک هه‌ژار ساز بوو و تفه‌گه‌کانی هێنا. گوتم؛ ئه‌و تفه‌نگانه‌یان بده‌وه.

– نا تازه هه‌ر چه‌کیان ده‌کم.

ئه‌‌‌منیش نه‌مهێشت و تفه‌گه‌کانم بۆ ئه‌ستاندنه‌وه و وه‌ڕێکه‌وتین و درنگ گه‌شتینه کونه‌دێ.

کاک هه‌ژار دائیم له فکری باشترکردنی هێزی پێشه‌وا دابوو و هه‌وڵی ده‌دا تا نه‌زمیکی باش به‌و هێزه بدا و به ‌ته‌واوی تواناوه لەگه‌ڵ ئینسانی خراپ و سه‌ره‌ڕۆ به‌ربه‌ره‌کانی ده‌کرد. ئه‌و ته‌نیا خوی به پێشمه‌رگه‌ی هێزی پێشه‌وا نه‌ده‌زانی به‌ڵکو له‌ زۆربه‌ی شه‌ڕه‌کانی کوردستان دا به‌شداری کرد و تا له ئاخر دا، به‌داخه‌وه له ناوچه‌ی بانه شه‌هید بوو و مالئاوایی له گه‌ل و نیشتیمان کرد.

ئه‌وکات کاک عومه‌ری قازی (ئاموزام) تازه له وزندەرێ ماڵی دانابوو. شه‌ویک به‌سه‌ردان چووم بۆ لای. کاک بابه‌کری قۆڵغه‌ته‌په و کاک مسته‌فای برام و مه‌لا خالیدی خاکی و کاک سه‌ید ئه‌حمه‌دی ته‌په‌ڕەشی له وێ بوون. تا دره‌نگ لەوێ مامه‌وه. ماڵه‌که، دیویک بوو بۆ نووستن نه‌ده‌بوو، بۆیه داوام لێکردن که بچینه‌وه ماڵه من. ورده ورده به پێیان به ره‌‌و کۆنەدێ وه‌رێکه‌وتین. سه‌عات ببووه دوازده‌ی شه‌و، گوتمان با بنووین. ئه‌من له هوش راچوو بووم و خه‌وم لێکه‌وت بوو. له خه‌وی دا گویم له ده‌نگێکی بوو ده‌یگوت: کاک حاجی‌، کاک حاجی، کاک هه‌ژارمان پێ‌یه چی لێبکه‌ین؟

راچڵه‌کام و تاسام، به‌وه‌ی که ده‌یگوت کاک هه‌ژارمان پێ‌یه، زانیم ده‌بێ شتێک قه‌وما بێ.

له‌وکاته دا خێزانم له پشت ده‌رکه‌ی را گوتی: حاجی هه‌سته کاک هه‌ژار شه‌هید بووه.

سه‌رم له په‌نجه‌ره‌ی برده ده‌ر ته‌مه‌شام کرد مسته‌فای مه‌لا که‌ریمی شاریکه‌ندی بوو. گوتم مسته‌فا ئه‌وه بۆ راتانگرتووه بیهێننه سه‌رێ.‌ چرامان هه‌ڵکرده‌وه، جه‌نازه‌که‌یان هێنا سه‌ری. له ده‌وری به ده‌سته‌وئه‌ژنۆ دانیشتین. خیزانم و منداڵه‌کان دەگریان و زۆریان به خۆ دادا.

دوایه نامه‌یه‌کمان نوسی و به‌و شه‌وه ناردمان بۆ ئاوایی سونجاغی بۆ ئه‌وه‌ی ته‌شکیلاتی مه‌هاباد ئاگادار بکه‌ین. ئه‌وجار که‌سیکم نارده ئاوایی لاچین بۆ ئه‌وه‌ی به عه‌لی سمێڵ به‌رپرسی مەقەڕی لاچینی بڵین که لەوێ قه‌بری هه‌ڵکه‌نی و بنێری به دوای دایک و خیزانی کاک هه‌ژار و هه‌روه‌ها ده‌ستور بدا که که‌س نه‌چێته شاری. هه‌ر ئه‌و شه‌وه بۆخۆم چوومه ئاوایی وزندەرێ. که‌ریم شه‌مم له خه‌و هه‌ستاند. بۆ به‌یانی شایی هه‌بوو و ژنی ده‌گوێزته‌وه. زه‌مانی شایی و ره‌زم و به‌زم و تفه‌نگ هه‌ڵتوقاند بوو. پێمگوت که شتیکی وا رووی داوه‌ و ده‌بی به بی هه‌ست و خوست ژنه‌که‌ی بگوێزێته‌وه. دوایه چوومه مەقەڕی و ئه‌حمه‌د ستوده به‌رپرسی پێشمه‌رگه‌کانم له خه‌و هه‌ستاند و له‌و خه‌به‌ره‌ی ئاگادارم کرد. دوایه مه‌لا غه‌فور به‌رپرسی هێزی به‌رگریم بانگ کرد و داوام لێکرد که تا ئه‌و جه‌نازه‌یه ده‌نێژرێ ده‌ستور بدا که‌س نه‌چێته شاری و خه‌ڵکیش هانبدا که بین بۆ سه‌ر قه‌بران.

له‌و لایه‌شه‌وه کاک ناسری پیرانی به‌رپرسی لکی یه‌ک که فه‌رمانده‌رێکی به وه‌ج و ئازای حیزب بوو، هه‌ر که ئه‌و هه‌واڵه‌ی زانی بوو ئه‌ویش کارسازیکی باشی کرد بوو و له ئاوایه‌کانی قه‌ڵات ‌و قه‌ره‌بڵاغ و به‌سری ‌و ساره‌وانان ئاماده‌باشی راگه‌یاند بوو.

ئه‌و شه‌وه‌ ئه‌وه وه‌زعمان بوو و هه‌ر چه‌ند تا به‌یانی چراتوڕمان دائیسا به‌ڵام دوکتور سه‌عید که له ده‌فته‌ری سیاسی را بۆ به‌شداری له ناژتنی جه‌نازه‌که‌دا هاتبوو، نه‌یزانی بوو که جه‌نازه‌که له ماڵه منه و به کۆنەدێ دا تێپه‌ڕی بوو و لای نه‌دابوو و رۆیشت بوو بۆ لاچینی. به‌یانی جه‌نازه‌که‌مان برده لاچینی و له مزگه‌وتیمان دانا. دوکتور سه‌عید لەوێ بوو و خه‌ڵکیکی زۆر کۆ ببونه‌وه. دایک و خیزانیشی گه‌یشتنی. خیزانی نه‌یزانی بوو که کاک هه‌ژار شه‌هید بووە و لیباسی جوانی له‌به‌ر کرد بوو. به‌گه‌یشتنی ئه‌وان بوو به ‌هات و هاوار و قیامه‌ت. ده‌تگوت دنیا خراپ بووه. جه‌نازه‌که‌مان برده سه‌ر قه‌بران، مه‌لای لێ نه‌بوو، خه‌ریک بوو که بچم ته‌ڵقینی دا بدم، له نه‌کاو مه‌لایه‌ک له هه‌ورازه‌که‌ی وه‌ده‌ر که‌وت، زۆرمان پێ‌خۆش بوو و به شێوه‌یه‌کی زۆر جوان و به کوردی ته‌لقینی دادا. دوایه دوکتور سه‌عید قسه‌ی کرد. ئه‌وه له‌ شاریشڕا ئه‌و کیوانه‌ی ده‌روبه‌رمانیان وه‌به‌ر تۆپ و خومپاره ده‌دا و هه‌ر گرمه و رمبە بوو. جه‌نازه‌که ناژترا و سه‌ره‌خوشی بۆ رۆژانی دواتر له ئاوایی سونجاغ داندرا و ئێمه‌ش به ‌یه‌ک دنیا غه‌م و ماته‌م گه‌ڕاینه‌وه بۆ ماڵی.

روژی سێ روژانه بوو. له گه‌ڵ کاک عومه‌ری ئاموزام ساز بووین که له لاچین بچینه سه‌ر قه‌بران و له‌وێشڕا بچین بۆ ئاوایی سونجاغ. هه‌ر له ماڵی وه‌ده‌رکه‌وتین ماشینیکی خاوه‌ر په‌یدا بوو و سوار بووین. گه‌یشتینه لاچینی ٢٠٠ که‌س ژن و پێاو له سه‌ر قه‌بران كۆ ببونه‌وه. لامان دا و له سه‌ر قه‌بره‌که فاتیحام دادا و دوایه‌ش به ده‌نگیکی به‌رز، ئه‌و شیعره‌ی ماموستا هه‌‌ژارم خوینده‌وه.

لاوه‌کان گه‌وره ‌کچان نازداران

دلبه‌ران، دڵته‌ره‌کان، دڵداران

ده‌مه‌ڕۆن تاوێ بمێنن لێره

فاتیحایه‌کی بخوێنن خێره

له نێو ئه‌م گوڕه ‌‌هه‌ژار نێژراوه

زۆر له رێی ئێوه جه‌فای کێشاوه

ژینی خوی کرده فیدای خوشی کورد

له رێی ئازادی به ناکامی مرد

تو خودا کاتێک که ئازادی و سه‌ند

ره‌گه‌زی خوێن مژه‌کان و هه‌ڵقه‌ند

کیژ و کوڕ هه‌رچی به لاما لادا

پێم بڵی و پایی به قه‌برم دادا

ئه‌ی هه‌ژار به‌سیه‌تی مردن هه‌سته

موژده بی مه‌وته‌نه‌که‌ت سه‌ربه‌سته

لەوێڕا به‌ره‌‌و ئاوایی سونجاغ وه‌رێکه‌وتین. خه‌ڵکیکی زۆر کۆ ببوونەوه. قوتابی چه‌ند دێیان به ئاڵای حیزب مێتینگیان دا و به‌ڵینی تۆڵه‌ی ئه‌ستاندنه‌وه‌ی خوێنی کاک هه‌ژار و شه‌هیدانیان دا.

دوای یه‌ک دو رۆژ به‌ره‌و ماڵ بوومه‌وه. له رێگایه دیسان له سه‌ر قه‌بری کاک هه‌ژار لام دا و فاتیحایه‌کم خویند و ماوه‌یه‌کی زۆر له لای دانیشتم.

له ده‌رونم دا هه‌ستم به ناڕه‌حه‌تی و بۆشایه‌کی گه‌وره ده‌کرد. ئه‌و بۆ من دوستیکی باش و بۆ میلله‌تەکه‌ی، که‌سیکی زۆر گه‌وره بوو.

ئه‌و جار له چله‌ی ماته‌مین دا، خه‌ڵکی وزندەرێ و رێکخراوی ناوچه ‌و مه‌لا و هه‌موو کۆبونه‌وه و هاتنه کۆنه‌دێ. وینه‌یه‌کی گه‌وره‌ی کاک هه‌ژار له سه‌ر هومایلێکی، به سه‌ر داریک کرابوو و وه‌پێش درابوو، ئێمه‌ش به دوای دا تا گه‌یشتینه سه‌ر قه‌بران. خه‌ڵکی لاچین و زۆر که‌سیش له شاری را هاتبوون. مه‌لا ده‌ستی به قورئان خوێندن کرد و دوایه‌ش ئه‌من له سه‌ر کاک هه‌ژار گوتم که پیاویکی گه‌وره ‌و نیشتیمانپه‌روه‌ر بووه و چۆن گیانی خوی بۆ خوشبه‌ختی ئه‌و میلله‌ته به‌خت کرد و چه‌ند به سه‌داقه‌ته‌وه له حیزب دا کاری کرد و مه‌به‌ستی گیانی خوی و ماڵی دنیایه نه‌بو.

دوایه له لایه‌ن رێکخراو که‌سیک قسه‌ی کرد و گوتی که حاجی عه‌وڵا چی بۆ ئێمە ‌نه‌هێشته‌وه که بیڵێین.

ئه‌وجار نوێنه‌ری موجاهیدین که مەقەڕیان له کۆنه‌دی بوو قسه‌ی کرد. له کوتایی ئه‌و رێوڕسمه‌ و له نێو ئه‌و ئاپوڕایه‌دا، ژنێکی ڕەشپۆشی قوڵه‌خڕه که چارشێوێکی ڕەشی به سه‌ر سه‌ری دادابوو هه‌ستا حه‌وا و رووی له خه‌ڵکی کرد و گوتی: به‌ قوربانتان بم با بچین له سه‌ر قه‌بری ئه‌و شه‌هیدانه‌ی دیکه‌ش فاتیحایه‌کی بخوێنیین.

ئه‌منیش گوتم به چاوان و به‌ره‌و قه‌بره‌کان وه‌ڕێکه‌وتین. دوو قه‌بر له لای یه‌ک بوون، هه‌ردووک پێشمه‌رگه‌ی شه‌هیدی حیزب بوون و هه‌ر دوو کوڕی ئه‌و ژنه بوون. مه‌لا فاتیحای دادا و ئه‌منیش که‌مێکم قسه کرد و دوایه دایکه‌که ده‌ستی به قسان کرد و گوتی که ئه‌و دووانه کوڕی ئه‌ون و نێویان ئه‌وه‌یه و ئه‌وانه گیانی خویان فیدای میلله‌ته‌کەیان کرد‌. ئه‌وجار داوای له خه‌ڵکه‌که کرد که پیاوانه رێبازی ئه‌وانه به‌رنه‌ده‌ن و نه‌هیڵن که خوێنی ئه‌وانه به فیرۆ بچێ.

ئه‌و ژنه ئاوا ئازایانه بی ئه‌وه‌ی فرمێسک هه‌ڵبڕێژی قسه‌ی کرد و خه‌ڵکی بۆ خه‌بات و تێکوشان هان دا و ئه‌‌و‌ی ئه‌من بە‌و ژنه‌یەمەوە دیت به که‌سمه‌وه نه‌دیت و هه‌تا ده‌مرم گه‌وره‌یی و شه‌هامه‌تی ئه‌و ژنم له بیر ناچی و به جورێک موحیبه‌ت و خۆشه‌ویستی ئه‌و ژنه که‌وته نێو دڵم که نه‌متوانی بی ده‌نگ بم و جارێکی دیکه‌ش هه‌ستامه حه‌وا و گوتم: ئێمه ئیفتیخار ده‌که‌ین که دایکی ئه‌وتۆمان هه‌یه و میلله‌تی کورد هه‌تا له باوه‌شی ئه‌و دایکانه دا گه‌وره بێ، قه‌ت نایدوڕێنێ و و هه‌زار ئافه‌رین نیشتیمان بۆ ئه‌و دایکانه‌ی که په‌روه‌رده‌ت کردووه.

له‌و سه‌رده‌مه‌دا کاک حه‌سه‌نی شه‌ڕه‌فی به‌رپرسی ته‌شکیلاتی مه‌هاباد بوو. ته‌شکیلات پێشتر له کۆنه‌دی بوو به‌ڵام به هوی خومپاره بارانی به‌رده‌وامی دوژمن که ئایشێی دروێش مسته‌فا و خه‌جیج کچی کاک محه‌ممه‌د بریندار بوون‌، کومیته‌ی مه‌هابادیش مه‌جبوور بوو که کۆنه‌دی به جێ بێڵی و بچی بۆ شیلاناوی و له‌وێشڕا گوێزتیانەوە بۆ ئاوایی سونجاغ و قزڵجه. له‌و ماوه‌یه دا شوێنه گرینگه‌کان وه‌ک کێوه سپی له پشتی شاری و مه‌نجه‌ڵ به‌سه‌ر له سه‌ر رێگای ده‌رمانی و زۆر شوێنی دیکه بە هۆی رێژیم گیرانه‌وه و هه‌ر رۆژه شوێنێک پایه‌گای لێدا‌نرا.

به‌مجوره وه‌زعه‌که‌مان رۆژ به رۆژ خرابتر ده‌بوو و هێرشی دوژمن به‌رده‌وام بوو و هه‌ر جار که هێرشیان ده‌کرد به تۆپ و خومپاره نیو دێیان ده‌کوتا و خه‌ڵک و پێشمه‌رگه مه‌جبوور ده‌بوون دێیان چول ده‌کرد و ئه‌وانیش بۆ تاڵان و بڕۆیه خویان ده‌ دێی داویشت. له‌و هێرشانه دا سه‌رجه‌م چوار جار ماڵه‌که‌میان تاڵان کرد و هه‌رچی هه‌مان بوو بردیان و ئه‌وه‌ش که بۆیان نه‌ده‌چوو ده‌یانشکاند یان ئاوریان تێبه‌رده‌دا.

هێزەکانی دوژمن زۆرتر له نیوه شه‌وی دا هێرشیان ده‌کرد و به‌رزایه‌کانی دەو‌روبه‌ری کۆنه‌دی و وزنده‌رێیان ده‌گرت و دوایه له بوومه‌لیڵی به‌یانی دا، له‌سه‌ر دووندی کێوه‌کان قوت ده‌بوونه‌وه دێیان وه‌به‌ر تۆپ و تفه‌نگ و ئارپیجی ده‌دا.

هه‌وه‌ڵ جار که هێرشیان بۆ سەر کۆنەدێ کرد، ته‌نیا موته‌لیب و کچێکی پێشمه‌رگه‌ی لی‌بوو که ئه‌وانیش رۆییشتن. ئه‌منێش به دوڵی قوڕاوان دا که له هه‌ر دوولا بەرزاییەکانی گیرابوو، چوم بۆ وزندەرێ. له چیشتانی دا جاش و پاسداره‌کان له به‌رده‌عوڵا را داگه‌ڕابوونه نیو دێ و دوای هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه و جنیودانی زۆر به پێشه‌وا، هیندیک که‌ره‌سه‌ی ماڵیان برد بوو و رۆیشت بوون.

جاری دووهه‌م که جاش و پاسداره‌کان هێرشیان کرد، مانگی ڕەمەزان بوو و ئه‌من بەرۆژو بووم. خه‌جیج خانم و مینا خانم، خیزانی کاک مه‌حه‌مه‌دی وه‌یسی و کاک عومه‌ری قازی له‌وێ بوون. زیاتر له ١٢٠ پێشمه‌رگه‌ی حیزب و کومه‌ڵه له دێی دابوون به‌ڵام شەڕیان نه‌کرد و به‌ره‌و دۆڵی ترشه‌کان پاشه‌کشه‌یان کرد. ئه‌من ماڵ‌ و‌ منداڵ و ئه‌و ژنانه‌م بەره‌و مووچه‌ی عیسای به‌ڕێ کرد.

هێندیک له خه‌ڵکی ئاوایی له دێی دا مابوون و هه‌ڵنه‌هاتبوون. دوای ئه‌وه‌ی وڵات به ته‌واوی رووناک بوو و خومپاره‌باران ده‌ستی پێکرد. گولله‌یه‌ک له نێو ئەو ژنانەی کە لە مووچەی عیسا دا بوون که‌وت و به‌رد و خۆڵ و پڕیشکی به سه‌ردا باراندن و له ته‌نیشت ئه‌وان نوێنگینكێکی کوشت. دوایه ئه‌من به دوڵی مه‌لا داودی دا وه‌سه‌ر که‌وتم و چومه چارداغی ماڵه مام ‌وسو که پیاویکی زۆر باش بوو. خیزانی که نێوی ئایشی هاره و مینه‌ی کوڕی که پێکه‌وه جه‌فه‌نگمان هه‌بوو، لەوێ بوون. زارم تاڵ بوو به خات ئایشیم گووت که چایه‌کی سازبکا. دوایه له گه‌ڵ مینه‌ی چوینه سه‌به‌رزایه‌کی بۆ ئه‌وی به دوربینی بڕوانیین و بزانیین چ باسه. تۆپ بارانێکی خه‌ست ده‌ستی پێکرد و زۆربه‌ی ئه‌و تۆپانه‌شیان له نیو گاران و منداڵه‌کانی ئێمە‌ ده‌دا. له‌وڵاشڕا پێشمه‌رگه‌یه‌ک به سواری بارگینی که تیڕێکی فێشه‌ک پێ بوو، به به‌ر چاوی دوژمن به چه‌قه رێیه‌دا، ده‌هات. دوایه له دیدی ئه‌وان رایگرت و میزی کرد. ئه‌منێش هه‌رام لیکرد که خوی نه‌دیو بکا. ئه‌وجار دوژمن ئه‌ویان شناسایی کرد و وه‌به‌ر تۆپانیان دا.

ئێمه نیزیک به چوار کیلومیتری هه‌وای له ماڵی دوور بووین و له به‌رزایه‌کی را ده‌مانڕوانی نیو ماڵان. نێو دێیان هه‌موو گرت بوو و سه‌ربانی ماڵه من جاش و پاسداری لێ بوو و له به‌رده‌که‌ش ماشینیکی تویوتایان راگرت بوو شتیان بار ده‌کرد و له نیو حه‌سارێش دوکه‌ل هه‌ڵده‌ستا.

دوربینه‌که‌م دا به مینه‌ی و گوتم ده‌چم له‌و خره چورێک ئاو له زارم وه‌رده‌ده‌م. دمووچاوم شوت و ئاوم له زاری وه‌ردا و گه‌ڕامه‌وه بۆ لای مینه و ته‌واو دورنه‌کوت بومه‌وه که گولله تۆپێکی زه‌لام راست له جیگای ئاوه‌که‌ی دا و له‌تیکی زه‌ڵام به قه‌را گاسنیک به فڕکه فڕک به ته‌نیشتم دا فڕکه‌ی هات و خوشیی. لەگه‌ڵ مینه‌ی ئه‌و شوینه‌مان به‌جیهیشت و له‌ولاتر به سه‌ر پێشمه‌رگه‌کان دا که‌وتین.‌ زۆریان لی توڕه بووم و گوتم: ئه‌وه ئێوه لێره خه‌ریکی قسه‌ی قۆڕن و ئه‌وه ئه‌وانیش خه‌ریکی ماڵ تاڵان کردن و سووتاندنن. وه‌ڵاهی ئه‌و تفه‌نگانه‌ی که به‌ده‌ستی ئێوه‌یه تفه‌نگ نییه و به‌رموری ژنانه. ئه‌گه‌ر ئێوه پێشمه‌رگه‌بان، ئه‌وانه ده‌یانتوانی ئاوا که‌له‌گایه‌تی بکه‌ن.

که‌سیان ده‌نگی نه‌کرد و ئێمه‌ش رۆیشتین. تا دره‌نگ دوژمن له نێو دێ دابوو و دوایه له دوورڕا چاومان لێ بوو که دێیان چۆل کرد و ئێمه‌ش به‌ره‌و ماڵ بووینه‌وه. دوای رویشتنی ئه‌وانه مه‌لای وزندەرێ هات بوو بۆ ئه‌وه‌ی بزانی چی‌یان به سه‌ر دێ هێناوه. ماڵه ئه‌منیان تاڵان کرد بوو. ئه‌و‌‌ی هه‌بوو یان بردبویان یان دابویان به خه‌ڵک و هیچیان نه‌هێشت بوو. ئه‌وه‌ی مابوو ته‌نیا قه‌لێک ‌بوو که ٦ تا ٧ جوچکه‌ی لەبه‌ر مابوو، ئه‌ویش به قسه‌ی مه‌لای وزندەرێ که سوێندی ده‌خوارد، یه‌کێک له خه‌ڵکی ئاوایی که ئێمه‌ی ناخۆش ده‌ویست و له گه‌ڵ ئێمە‌ دوژمنایه‌تی هه‌بوو، پێی رێخست بوون و ئه‌ویش ئه‌وانی کوشت بوون. دوایه عومه‌ری سۆفی ره‌حیمی هات و گوتی حاجی هێندێک له شتومه‌کی مالێیان داوه به خه‌ڵکی.

ئێمه‌ش داوامان له خه‌لک کرد که شته‌کانمان بده‌نه‌وه، به‌ڵام جیا له هێندیک قاپ و قاچاغ، هیچیان نه‌داینه‌وه. یه‌کێک له‌و ژنانه‌ی که لیباسی خیزانمیان دابۆیه، بۆ ئاو کیشانی هاتبوو حه‌ساری ماڵی و له سه‌ر عه‌وزه‌که‌ی راوه‌ستابوو. خیزانم داوای لێده‌کرد که لیباسه‌کانی بداته‌وه، به‌ڵام ئه‌و به گژی داهات و گووتی‌: وه‌مانزانی نایه‌نه‌وه ئه‌وه بۆ هاتونه‌وه.

ئه‌وه ژیانمان بوو و هه‌رچه‌ وەزعمان خراپ بوو و ته‌نانه‌ت له ئاویی دا که ٧ ماڵ بووین، چه‌ند ماڵ وه‌زحیان له من باشتر بوو، به‌ڵام وه‌زعی ئێمه تایبه‌تی بوو و له لایه‌ک له مه‌ترسی تووندی دوژمن دابوین و له لایه‌ک به نێوی فیئۆداڵ، کومه‌ڵه، خه‌ڵکی لێ هانده‌داین. مه‌ڕیان له مه‌زرایه ده‌کرد دار و ئاویان لی ده‌بڕین. سه‌ره‌‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌رچه‌ند به نێوی ئه‌وه‌ی که ئێمه‌ حیزبی بووین و ماڵه‌که‌مان دائیم پڕ له پێشمه‌رگه‌ی حیزب بوو، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ی کومه‌ڵه‌ش به نیوی ئه‌وه‌ی که ئه‌وه ماڵی فیئوداڵانه بۆ نان خواردن ده‌هاتن و لایان ده‌دا و بە بۆچوونی خۆیان زه‌ربه‌ی ئێقتیسادیان لی ده‌داین.

له‌و سه‌رده‌مه ماڵویرانه‌ دا، خه‌ڵک له کار و کاسبی که‌وت بوون و گوزه‌ران نه‌مابوو و ژیان له راده‌به‌ده‌ر سه‌خت بوو. رۆژێک به کاک حه‌سه‌نی شه‌ڕه‌فیم گوت: که پێاوی چاک به ئازوقه‌ بکره و هه‌ر ماڵه‌ی که‌میکی لێ‌دابنی که پێشمه‌رگه له عه‌مه‌لیات را دێنه‌وه با برسی نه‌بن خۆ له‌و ماڵه ‌و ماڵ ناحاوێنه‌وه.

کاک حه‌سه‌ن گوتی: وه‌ڵا ئه‌منیش له‌و فکره دام که کارێکی وابکه‌ین و له شاری را ئاردی بێنینه‌ده‌رێ.

ئه‌منیش گوتم؛ کاک حه‌سه‌ن ئه‌نگۆ تازه ناتوانن له شاری را ئاردی بێننه‌ده‌رێ چوونکه دێهات گه‌مارۆ دراوه و ئه‌و کارانه‌ش ته‌نیا به مه‌لا که‌ریمی شاریکه‌ندی د‌ه‌‌کرا که ئه‌ویش به‌داخه‌وه کۆمه‌ڵه کوشتی. بۆخوت ده‌زانی ئه‌من بۆخوم باراشه‌که‌م به کاغه‌زی ئه‌و هێناوه. ئه‌و جار کاک حه‌سه‌ن جارێکی ئه‌تۆ له لای ئه‌من گوتت که له دێهاتی شارویرانی نیزیک به ١٤ هه‌زار ته‌غار گه‌نممان هه‌‌یه، ئه‌دی بۆ نانێری بیکه‌ی به باراش و بیهێنێوه؟

کاک حه‌سه‌ن هیچی نه‌گوت. دوایه کاک که‌ریمی پور قوباد که ئه‌وکات فه‌رماندەری هێزی پێشه‌وا بوو گوتی وه‌ڵاهی قسه‌کانت هه‌مووی راسته ده‌بێ فکرێکی بکه‌ینه‌وه.

له راستی دا له‌م سه‌رده‌مه‌دا ژیانی پێشمه‌رگه ‌و خه‌ڵک له‌ وه‌زعێکی له راده‌به‌ده‌ر خراپ دابوو و هێرشی دوژمن به‌ربڵاو و دائیمی بوو و پێشمه‌رگه مه‌جبوور بوو ته‌نیا گرینگی به شه‌ڕ و به‌ربه‌ره‌کانی و په‌یدا کردنی خوارده‌مه‌نی دا، بدا و ئه‌وه ته‌وری هه‌موو بابه‌ته‌کان بوو.

له‌و پێیه‌ش دا زۆر جار رووداوی دڵتەزێن و ناخۆش، رووی ده‌دا. بۆ نمونه له کۆنەدێ په‌لێکی پێشمه‌رگه‌ی لێبوو به نیوی په‌ڵی شاهۆ کە نیزیک به ٢٠ که‌س ده‌بوون. له ماوه‌یه‌کی که‌م دا ته‌واوی ئه‌و پێشمه‌رگانه شه‌هید بوون. بەڵام به پێشمه‌رگه‌ی تازه، جیگایان پڕ ‌بۆوه. دیسان سه‌د له سه‌دیان شه‌هید ‌بوون و له سه‌رڕا، جیگایان به که‌سانی دیکه پڕ بۆوه. بەمجۆرە هه‌ر ئه‌و په‌له زیاتر له ده‌یان شه‌هیدی دا و ئه‌گه‌ر که‌سێکیش وه‌ک سۆفی و … شه‌هید نه‌بوون‌، بێشک هه‌موو گیانیان بریندار و سه‌قه‌ت بوو.

چونکه خه‌ڵکیش لیقه‌وماو و برسی و به گشتی نه‌دار بوون، حیزبیش توانایی پێڕاگه‌یشتن به هەموو هێزەکانی نەبوو، پێشمه‌رگه‌که دەبوایە زۆرتر بۆخۆیان ئازوقه‌ی خۆیان په‌یدا بکه‌ن. بویه ژیان به لای پێشمه‌رگه بریتی بوو له شه‌ڕ، کوژران و کوشتن و نان په‌یدا کردن. دیاره جار جار چلونایه‌تی هه‌ڵسوکه‌وت لەگه‌ڵ خه‌ڵک‌ و بژیو و پەیدا کردن، رۆاڵه‌تی خراپ و فشه ‌و کاری قۆڕو و دزێو، ته‌نانه‌ت پێکه‌نینشی لێده‌که‌وته‌وه.

بۆ نموونه له کۆنه‌دی کابڕایه‌کی لێبوو زۆر فه‌قیر بوو و تەنیا ٣ بزنی هه‌بوو. پێشمه‌رگه هه‌ر سێک بزنیان برد بوو و خوارد بوویان. له به‌رپرسه‌که‌یان پرسی بوو بۆ ئاواتان کردووه؟ له ‌وڵام دا گوتبووی: وه‌ڵا به ماشێنی به رێگایه‌دا هاتین‌، بزنه‌که له سه‌ر رێیه‌ بوو و ده‌ستی لێهه‌ڵێناین و ئێمه‌ش خۆ نه‌ده‌کرا سواری نه‌که‌ین و سوارمان کرد.

جارێکی چوومه باغی سێوان، هێشتا میوه نه‌گه‌ێشت بوو. سێو و قه‌یسی و ئالوبالو تاڵ و تفت بوون. چه‌ند پێشمه‌رگه له باغی بوون و میوه‌یان لێده‌کرده‌وه. ئه‌منێش چوونکه نه‌گه‌یش بوون زۆر توڕه بووم و گوتم: ئاخر ئه‌نگۆ مڵه‌ن، قشقه‌ڵه‌ن، قاژوون قه‌له‌ڕه‌شه‌ن، ئاخر خۆ ئه‌وه نه‌گه‌یوه ‌و ناخوری لانی که‌م راوه‌ستن با بگا.

یه‌کیک له پێشمه‌رگه‌کان به نیوی ره‌حمان که قسه خۆ‌ش و فشەکەر بوو گوتی: به‌شی خۆمان نییه، به کاڵی ده‌یخۆین.

ئه‌و کات حیزب له ده‌وڵه‌تی عیراق یارمه‌تی وه‌رده‌گرت و یه‌کێک لەو یارمه‌تیانه باڵتۆ بوو که له زستانان دا، ده‌درا به پێشمه‌رگه. هه‌ر چه‌ند ئه‌و باڵتۆیانە زۆر گه‌رم بوون، به‌ڵام زۆر قورس بوون و به ‌تایبه‌تی که ته‌ڕ ‌بووبان هه‌ڵنه‌ده‌گیران. هه‌ر ئه‌و ره‌حمانه له گه‌ڵ یه‌کێکی له ئاوایی قه‌مته‌ڕی، قه‌ڵیکی ده‌د‌زن. به نێوی ئه‌وی که ئه‌وه ده‌چن بۆ شیوێ‌، باڵتۆکه‌ی به قه‌له‌که‌ی دا ده‌دن و ده‌ڕۆن. قه‌ل له بن باڵتۆێ دا ده‌خینکێ و مندار ده‌بێته‌وه. ئه‌وانه له رێگای مه‌قه‌ڕێ، تووشی کاک ئه‌بوبه‌کری قه‌مته‌ری ده‌بن که زوور پیاوێکی باش و کورد بوو و ماڵه‌که‌یان هه‌میشه مەقەڕی پێشمه‌رگان بوو. له ره‌حمانی ده‌پرسی و ده‌ڵێ: ئه‌وه چ ده‌که‌ن؟

ره‌حمانیش ده‌ڵێ: ئه‌وه ده‌چین شیوێ ده‌که‌ین.

کاک ئه‌بوبه‌کریش زۆری پێناخۆش ده‌بی، مرخێش مرخێش ده‌‌یهه‌وی که باڵتوکه‌ی له ره‌حمانی بستێنی و بیدا به ماڵی که بۆی بشۆن. ره‌حمانیش که ده‌زانی به ته‌واوی ئابڕوی ده‌چی، به هه‌زار زه‌حمه‌ت و به چه‌نگه‌فڕکه خوی له چه‌نگ کاک ئه‌بوبه‌کری ده‌پچڕینێ و خۆی نه‌جات ده‌دا.

پێشمه‌رگه‌یه به نیوی س … له گه‌ڵ یه‌کی دیکه، فێر ببوو، جار نا جارێک گیسک یان مه‌ڕێکیان له کاک ساڵه‌ی شێخو‌لئیسلامی که به ره‌حمه‌ت بێ پیاوێکی زۆر باش و کورد و قسه خۆ‌ش بوو و خه‌ڵکی لاچینی بوو، ده‌دزی. رۆژێک کاک ساڵه له ئێوارێ دا مه‌ڕی به ره‌و ماڵ ده‌کاته‌وه. س … به ماشینی بەوێ دادی و کاک ساڵه‌ی نابینی. س … ماشێنی له نیو مه‌ڕی دا راده‌گری و له پشته‌وه‌ڕا ده‌رکی له‌ندوێری ده‌کاته‌وه و دادێته‌وه که شه‌کیک هه‌ڵگری و له نیو ماشێنی هاوێ. کاک ساڵه ده‌گاتی و جومگه‌ی ده‌ستی ده‌گری و ده‌ڵی: ئه‌وه چ ده‌که‌ی؟ توڵه باب‌.

– کاک ساڵه عه‌یبه بۆ جنێوان ده‌دی؟

– کوره سه‌گباب ئه‌وه ئه‌توی فێربووی هه‌ر جار نا جارێک مه‌ڕێکی ده‌زی؟ ئه‌وه ئه‌و شه‌که‌ی بۆ کوێ ده‌بەی؟

– کاک ساڵه دزی چی و بۆ بێ حوڕمه‌تی ده‌که‌ی؟ ئه‌وه ده‌مانه‌وێ عه‌کسی له گه‌ڵ بکێشین.

– کوره هه‌تیوه عه‌کسی چی؟ دا کوا دوربینت؟

س… خیرا به شۆفیره‌که‌ی ده‌ڵی: دا کوره دوربینه‌که‌م ده‌یه.

کوڕه‌ش ده‌ست ‌و پێی ون ده‌کا و ئاخر دوربینی چی و هه‌رچی ده‌گه‌ڕێ دوربینی نابینێته‌وه. کاک ساڵه ده‌ڵی: کوڕه بۆخۆت که‌ری توڵه‌باب. هه‌ی دوربینه‌که به قه‌بری بابت، وه‌ڵاهی وای ناخۆی.

رۆژێکی دیکه کابرایه‌کی خه‌ڵکی وزنده‌رێ هاته ماڵێ من‌ و پرسیاری جوانه‌گایه‌کی ‌کرد که ماوه‌یه‌ک بوو لێی ون ببوو. چه‌ند رۆژ دواتر له داوینی باغی‌، سه‌گ عه‌رزیان دابووه ‌و پێست و ورگ و ریخوڵه‌ی جوانه‌گایه‌که‌یان ده‌ردابۆوه. ئه‌مـنش رامسپارده کابڕایی و گوتم که قوڵاغی جوانه‌گاكه‌‌م دیتۆته‌وه.

ئه‌منیش ده‌مزانی که ده‌بی کاری ئه‌وان بێ، چونکه ماوه‌یه‌ک بوو تێر بوون. نه بۆ ماڵێ و نه‌بۆ باغی نه‌ده‌هاتن و له هیچ کوێ دیار نه‌بوون و شکم کرد بوو که ده‌بێ شتێک قه‌وما بێ و هه‌رچی پرسیاریشم ده‌کرد پێشمه‌رگه‌کان هیچیان نەدەدرکاند.

لە‌و ماوه‌یه‌دا پێشمه‌رگه‌کان ئه‌وه‌نده‌یان گۆشت خۆارد بوو، هه‌موو تووشی زگ چوویی ببوون. تا رۆژێک سۆفی به‌رپرسی مەقەڕێ هات و گوتی: ئێمه له عه‌مه‌لیاتی شاری را ده‌گه‌ڕاینه‌وه. ئه‌و جوانه‌گایه هاتبووه سه‌ر چه‌قی رێیه و راوه‌ستا بوو و جنێوی به حیزب ده‌دا، ئێمه‌ش بۆمان قبوڵ نه‌کرا و کوشتمان و خواردمان.

ئه‌من له داخان به‌و شۆخێ و به‌و کاره هه‌ر پێده‌که‌نیم و دوایه داوامان له رێکخڕاوی حێزب کرد و پووڵی کابرایان بژارد.

له‌و وه‌زعه‌دا ئه‌من قه‌ت نه‌موێرا خۆم به ده‌سته‌وه بده‌م. جاش و ئینسانی خراپ به راده‌یه‌کیان بۆ تێچاند بووم که ده‌مزانی هه‌ر بمگرن ده‌مکوژن. بویه هه‌ر که هێرش ده‌کرا له گه‌ڵ پێشمه‌رگه و منداڵه‌کانم پاشه کشه‌مان ده‌کرد و هه‌ڵده‌هاتین. به‌و هویه زوور بی تاقه‌ت ببووم و ئه‌و وه‌زعه‌م بۆ ته‌حمول نه‌ده‌کرا.


له‌و روژانه دا گونگره‌ی ٦ حیزب ده‌گیرا و ئه‌ندامانی هه‌ڵبژیردراو بۆ گرتنی کونگره ده‌ڕۆییشتن بۆ کوردستانی عیراق. ئه‌منیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چوومه ته‌شکیلاتی مه‌هاباد له قزڵجه‌ی خوارێ بۆ لای کاک حه‌سه‌ن شه‌ڕه‌فی. ئه‌وێش تۆپ باران کرابوو و تۆپیک راست وه ته‌شکیلات که‌وتبوو که ماڵه حوسینی حه‌مه‌شیخه‌ی بوو. بویه ئه‌وانیش بڕیاریان دابوو که به شیوه‌یه‌کی کاتیش بی، ئه‌و ناوچه‌یه چوڵ بکه‌ن. هه‌ر ئه‌و رۆژە گه‌ڕامه‌وه بۆ ماڵی. شه‌و دیسان دوژمن هێرشی کرد و دیسان هه‌ر چوار ده‌وریان گرتین. ئه‌و هێرشه سه‌رانسه‌ری بوو و ته‌واوی بەر‌زاییه‌کان ناوچه‌یان له نیوه شه‌وێدا گرتبوو. خیزانم هه‌ڵات بۆ وزندەرێ و ئێمه‌ش پاشه‌کشه‌مان کرد بۆ دۆڵی لووسێ. ده‌سته‌یه‌ک پێشمه‌رگه‌ی حیزب که سۆفی سه‌ر‌په‌لیان بوو لەوێ بوون. دوایه پاسدار ژن و منداڵی دێی ‌کە جه‌میله‌ی کچمیشیان لەگەڵ بوو، وه‌پێش خۆ دا بوو و ته‌فه‌نگیان له سه‌ر راگرتبوون و هێنایان بۆ مه‌زراکانی سەرێ و مه‌جبووریان کرد بوون که یه‌ك به‌ خۆیان هاوار بکه‌ن که ئه‌ی فڵان که‌س، ئه‌ی بابه وه‌رن ته‌سلیم بن ناتانکوژن. ئاوا تا بناری دوڵی لووسێ هاتن به‌لام لەوێڕا، پاسداره‌کان نه‌یانویرا خۆ له مێشه‌و و دارستانه‌که‌ی بده‌ن و گه‌ڕانه‌وه. شه‌و دره‌نگ بوو نه‌موێرا بگه‌ڕێمه‌وه بۆ دێی. به برسیتی و شه‌که‌‌تی به‌ره‌و شیلاناوی وه‌رێکه‌وتین. ئه‌وێش چول کرا بوو، ته‌نیا چه‌ند پیر و که‌‌نفت و که‌له‌لای لێمابوو. کاک ساڵه‌ی محەممەد‌ زه‌ند هێشتا نه‌ڕۆیشت بوو. چومه لای دوو سێ جار ویستی بڕوا به‌ڵام ئه‌‌ویش له به‌ر ئه‌من ماوه. زۆرم پێگوت که بڕوا و گوتم که ئه‌من له به‌ر قاسم و که‌ریمی کوڕم ده‌مێنمه‌وه. ئه‌وان له ئێمه‌ هه‌ڵبڕاون و ئه‌گه‌ر هاتنه ئێره نازانن چ بکه‌ن، به‌ڵام هه‌ر نه‌رۆیی.

شه‌و دره‌نگ ببوو لەگه‌ڵ کاک ساڵه چووینه مزگه‌وتێ. لەوێ ده‌ستنوێژمان هه‌ڵگرت. دوایه چووینه دیوه‌خانی مزگه‌وتی. سیپه‌ سێوی مامۆ‌ستا هێمنی لێبوو. زۆرم برسی بوو به‌ڵام ئیشتیام بۆ هیچ نه‌ده‌چوو. به کاک ساڵه‌م گوت: هه‌ر ده‌ڵێی برسیمه ها سێوی بخۆ.

دوایه به به‌رده‌رکی ماڵه مامۆستا ‌هێمنی دا وه‌ڕێکه‌وتین. ماڵه‌که‌یان چۆل بوو. به‌ڵام له پشته‌وه‌ی ماڵه‌ ئه‌وان دوکه‌ڵ هه‌ڵده‌ستا. ئه‌گه‌ر چووین ته‌ماشامان کرد له مدبه‌قی، له به‌ر چرایه‌کی که‌م سۆز، دوو ژن نانیان ده‌کرد. له ده‌رکه‌مان دا و سڵاومان کرد و زۆریان به‌ خیر هاتن کردین، ژنی ماڵه … بوون. هیچ که‌سیان له لا نه‌بوو و حاجی کوڕیشیان هه‌ڵات بوو.

– چاتان هه‌یه؟

– به‌ڵی هه‌مانه.

– ئێمه ده‌چینه ژوورێ دوو سێ نانیشمان بۆ بنیرن.

– باشه.

– ئێمه لێره‌ین نیگه‌ران مه‌بن، نانه‌که‌ی ته‌واو بکه‌ن دوایه ویکڕا ده‌ڕۆین بۆ لاچینی.

– باشه.

سه‌وه‌ڕێکی تووند ده‌ستی پێکرد. وه‌ده‌ر که‌وتین و چووینه سه‌ر بانی. کاک ساڵه زۆر ده‌ترسا و ده‌یگوت ئه‌وه پاسدارن. ئه‌منیش ده‌مگوت ئه‌تو بڕۆ ئه‌من ده‌مێنمه‌وه و به که‌یفی خۆت بکه. به‌ڵام هه‌‌ر ماوه‌ و به‌جێی نه‌هێشتم.

له سه‌ر بانی کوڵانه‌یه‌کی لێبوو بۆ ئه‌وه‌ی به باشی دوکه‌ڵی بکیشی به چرپی چنیبویان و به قه‌را ئه‌ستۆی پیاوی بڵیندیان کرد بوو. ئه‌منیش سه‌رم به سه‌ر کولانکه‌که‌ دا گرت. ئه‌گه‌ر ته‌ماشام کرد کورسێک هاویشترابوو و چرایه‌کی فتیله‌ی له سه‌ر بوو. که‌وڵێکی نانی له سه‌ر راخرابوو و چه‌ند نانی له سه‌ر بوو و دیار بوو تیکوڵی پیواز له قاپه‌که‌ی دایه. پیاوێکی پیر له کورسی خزا بوو. ئه‌گه‌ر زه‌ریف لێی خورد بومه‌وه، ته‌ماشام کرد خاڵه حه‌مه بوو که ١١٠ ساڵ دەبوو. به تاقی ته‌نیا دانیشت بوو و نانی خوارد بوو و قه‌نه‌ی ده‌کیشا.


دڵم خۆش بوو که ئه‌وه‌نده‌ ئاوه‌دانیم دیت. له نه‌کاو له‌ولاتر پیاوێکی فه‌نه‌ر به‌ده‌ست وه‌ده‌رکه‌وت. ئه‌گه‌ر ته‌ماشام کرد هه‌مزه کوڕی خاڵه حه‌مه‌ی بوو. ئه‌وێشمان بانگ کرد و گه‌شاینه‌وه. ئاخر ئه‌وه بووینه ئاوه‌دانی و ئه‌وه ئێمه سێ نه‌فه‌ر و ئه‌‌وه یه‌ک نه‌فه‌ر له خواڕێ و دووژن له‌ولاتر.

دره‌نگ ببوو، کوڕه‌کان هه‌ر نه‌هاتن چووینه ته‌پکی ئه‌و به‌ری ماڵان و یه‌ک به خۆم هاواری کوڕه‌کانم ‌کرد به‌ڵام وڵام نه‌بوو. وڵات به ته‌واوی تاریک ببوو و جار جار سه‌وه‌ڕه‌که زۆر تووند ده‌بوو. له نه‌کاو قاسم و که‌ریم په‌یدا بوون. زۆر خوشحاڵ بووم.

رووم تێکردن و گوتم: هێرشه‌که سه‌رانسه‌ر‌ییه. ته‌شکیلاتی حیزب بڕیاری داو که هێزه‌کان برۆن بۆ ئاوایی حوسین ئاوا و پێشمه‌رگه‌کان روییشتون و ئه‌و چراگازه قورسه‌شیان داوه به من و گوتیان بۆیان هه‌ڵناگیری، ئیستا ئێمه ده‌بی بڕوین بۆ لاچینی.

قاسم گوتی: بابه ئێوه بڕۆن، ئێمه نایه‌ین بۆ لاچینی و ده‌بی بڕۆین پێشمه‌رگه‌کان ببینینه‌وه.


پێشمه‌رگه‌کان به‌ره‌و ئاوایی قزڵجه رۆییشت بوون و ئه‌منێش نیگه‌رانی گیانی کوڕه‌کانم بووم. له‌ولایه‌وه‌ش هه‌مزه زۆر ده‌ترسا و پێخۆش بوو لەوێ نه‌مینی، بۆیه رووم تێکرد و گوتم: ئه‌وانه نابه‌ڵه‌دن لەگه‌ڵ خوت بیانبه بۆ قزڵجه‌ی و پوڵم ده‌رینا که بیده‌می لێی‌وه‌رنه‌گرتم و گوتی: حاجیاغا تا ئیستا ئه‌تۆ هه‌رئه‌وه‌نده‌ت کار به من بووه، ئه‌من چۆن پوڵت لێوه‌رده‌گرم.

به‌مشێوه‌یه ئه‌وان به‌ره‌و قزڵجه وه‌ڕێکه‌وتن. دواتر هه‌مزه گوتی که له پشتی قزڵجه به سه‌ر که‌مینی دا که‌وتن به‌ڵام چاکیان نه‌جات ببوو.

ئه‌وجار ئێمه‌ش خومان ساز کرد که برۆین. ژنه‌کان حازر بوون. پێمانگوتن که نه‌ترسێن و ورده ورده برۆن و ئێمه‌ش به دواییان دا وه‌ڕێکه‌وتین. ئه‌من ده‌مانچه‌م به قه‌دیوه بوو و چراگازیکیشم به ده‌سته‌وه بوو له گه‌ڵ کاک ساڵه ورده ورده به دوای ژنه‌کان دا وه‌ڕێکه‌وتین. سه‌و‌ری دێی زیاد ببوو. کیوه‌کان بێ دەنگ و بێ هه‌‌ست و خوست بوون و سامێک هه‌موو وڵاتی داگرت بوو. دره‌نگ وه‌خت گه‌یشتینه ئاوایی لاچینی.

سه‌یید فه‌تاح، که کوره‌کانی پێشمه‌رگه‌ی حیزب بوون تازه خانووی دروست کرد بوو و ده‌رکه و په‌نجه‌ره‌ی زه‌لامی تیدا بوو و په‌نجه‌ره‌کانی به نایلونی گیرا بوو. شوقی چرای‌ نایلونی په‌نجه‌ره‌کانی روون کرد بوو سیبه‌ری سه‌ری ئینسانه‌کان به زه‌لامی که‌وت بووه سه‌ر نایلونه‌کان و ده‌جوڵانه‌وه. ئێمه وه‌ژور که‌وتین. ماموستا هیمن له گه‌ڵ بیست سی که‌سی

دیکه له‌وێ بوون.

ئه‌و شه‌وه‌ی له ئینتیزاری و نیگه‌رانی دا به قسان رامانبوارد و تا سبه‌ینی دره‌نگ له‌وێ بوین. وڵات کش و مات و بی ده‌نگ بوو. ده‌نگۆ بوو که کۆنەدێیان چۆڵ نه‌کردوه و ده‌گوترا که خه‌تی نێوان وزندەرێ و کۆنه‌دی پاسداری تێدایه. ئێوارێ ورده ورده به ترسه‌وه، به ته‌نیا به هه‌ورازی شه‌رده‌شتان (نێوان کۆنەدێ و شیلاناوی ) دا بەره‌و کۆنه‌دی وه‌ڕێکه‌وتم. له دوور‌ی دێی هه‌ستم راگرت. دیار بوو دێیه‌که‌یان چۆڵ کردووه. چه‌ند که‌س له دێ دا مابوون. خیزانم تازه له وزندەرێ را گه‌ڕابوو و پاسدار هه‌رچی هه‌بوو برد بوویان. جاش و پاسدار‌ ماڵه ئێمه‌یان به ته‌واوی گه‌ڕا بوو. وه‌تاغی دانیشتن که بنه‌وه‌ی ژێرخان بوو‌، کون کونیان کرد بوو و به دەزگای مین بینی دا ژێرخانیان گه‌ڕا بوو ١٢ کوپه و ٨ چه‌له‌نگیان په‌نیر ده‌رێنابوو و بردبویان. یه‌خچاڵێکی نه‌فتیمان هه‌بوو به عه‌‌رزییان دادابوو و شکاند بوویان. ته‌واوی شوشه ‌و په‌نجه‌ره‌ی ماڵیان به بیورو و به قۆنداغی تفه‌نگان شکاند بوو و ماتوڕی به‌رقیان وه‌به‌ر ره‌گباری تفه‌نگان دابوو.

ئه‌گه‌ر چوومه ژوورێ خیزانم خه‌ریکی وڵات خاوێن کردنه‌وه‌ی بوو. سه‌وه‌ته‌یه‌کی ده‌ کوونی وه‌تاغێ نابوو بۆ ئه‌وه‌ی تێنه‌که‌وین. نه‌جیبه بووکی ماڵه حاجی حه‌سه‌نی سه‌ماوه‌ر و چادانێک و ٢ ئیستیکان و قه‌ند و چا و بریج و رۆن و په‌تویه‌کی شینی کون کونی بۆ هێنا بووین. زینه‌ت سه‌ماوه‌ره‌که‌ی تێهاویشت بوو و که‌مێکیشی برینج وه‌سه‌ر نابوو. دوایه چوومه باغی. ئه‌گه‌ر ته‌ماشام کرد هه‌‌‌موو سندوقه‌ سێوه‌کانیان شکاندوه و به وڵاتی دا بڵاویان کردوته‌وه. ترێ که که‌م ‌تاکورتێک به دارانه‌وه مابوو ئه‌ویشیان رنی بوو. ده‌رکی خانوی باغیان شکاند بوو و مه‌ڵغه و بیور و ته‌وه‌رداس و مشار و ته‌شوێ و پاچ و پێمه‌ره و پۆمپی سه‌مپاشی‌شیان برد بوو و هیچیان نه‌هێشت بوو. ته‌نانه‌ت ده‌رکه‌ی باغیشیان قه‌ڵاشت بوو و قفڵه‌که‌‌یان به دولایه‌وه برد بوو. به گشتی عیشای خودایان نه هێشت بوو.

دوایه زۆرم برسی بوو و چومه‌وه ماڵێ. له گه‌ڵ خیزانم له سه‌ر عه‌رزی رووت دانیشتبووین و ده‌مانهه‌ویست نانی بخوین، له نه‌کاو ٨ پێشمه‌رگه وه‌ژور که‌وتن. دوای سڵاو و چاک و خوشی گوتم وه‌زغه‌که‌مان ئاوایه هیچمان نه‌ماوه، ئه‌وه‌شیان له نیو دێی را بۆ هێناوین، بۆیه باشتره دوو دوو و سێ سێ به سه‌ر ماڵان دا دابه‌ش بن. هیچیان ده‌نگیان نه‌کرد و سه‌ریان به‌رداوه و دیار بوو ئه‌وان له ئێمه برسیتر و لێقه‌وماوترن و سه‌ره‌رای ئه‌و وه‌زعه‌مان، لای ئێمه‌یان پێ باشتر بوو. دوایه زینه‌ت قابڵه‌مه‌که‌ی له پێش دانان و گوتی ئه‌وه‌ش چا بۆختان تێیکه‌ن. ئیدی ئێمه ‌به‌جێمان هێشتن و چووین بۆ باغی. دره‌نگ که گه‌راینه‌وه پێشمه‌رگه‌کان نانه‌که‌یان خوارد بوو و رۆییشت بوون.

ئاوا هه‌تا جاش و پاسدار هێرشیان کرد با، ئێمه ده‌بوایه هه‌ڵین و ئه‌وانیش تاڵانیان ‌کردباین.

له‌و هه‌ڵاوبگره‌یه دا، سوڕه‌یا کچی کاک عه‌زیزی گۆلێ که خزمی خۆمانه، له که‌ریمی کوڕم ماره کرد. بڕیار درا، داوه‌تیکی چکۆله ساز بکەین و خه‌لکی دێی و له هیندیک له خه‌لکی لاچین و وزنده‌رێ و شیلاناوی و به تایبه‌تی له ماڵه مامۆستا هیمن بگیڕینه‌وه. چوونکە لە مەترسی گرتن دابووم، بە ناچاری دەبوو ئه‌و روژه که کارتی بانگهێشتنمان بڵاۆ ده‌کرده‌وه، له گه‌ڵ نوینه‌رانی کونگره حیزب، ماڵە خۆم بەجێ بێڵم و بڕۆم بۆ کوردستانی عیراق.

ئه‌و رۆژه ١٥٠٠٠ تمه‌نم هه‌ڵگرت و چوومه وزندەرێ و لەوێڕا به ماشینی چوومه ماڵه حاجی حه‌مه‌ده‌مینی له ئاوایی عه‌ینه‌مه‌لا. شه‌و له‌وێڕا وه‌رێکه‌وتین چووینه ئاوایی کامه‌م و شه‌و له‌وێ بوین. بۆ به‌یانی چووینه ئاوایی ئاغا سوور. لەوێ به سه‌ر ده‌سته‌یه‌ک پێشمه‌رگه داکه‌وتین. ده‌نگیان داین و گوتیان که ئه‌وان، ئه‌وی چۆل ده‌که‌ن چوونکه پایه‌گایه‌که جاش و پاسداری زۆر بۆ هاتوه و قه‌راره هێرش بکەن‌. ئه‌و شه‌و ماینه‌وه. بۆ به‌یانی به‌فرێکی که‌م باری و به‌ره‌و ئاوایی میریسی وه‌رێکه‌وتین و له‌وێشڕا چووینه ئاوایی گاگه‌ش و ٣رۆژ لەوێ ماینه‌وه‌. دوایه له‌وێڕا به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌رده‌شت وه‌ڕێکه‌وتین. سه‌رجه‌م زیاتر له ١٠٠ که‌س ده‌بووین و دوای ١٣ رۆژ گه‌یشتینه کوردستانی گه‌رمین.

له‌و ماوه‌یه‌دا له چه‌ند جێگا به سه‌ر که‌مین داکه‌وتین و له سه‌ر رێی شیواوکان ته‌قه‌یه‌کی تووند ده‌ستی پێکرد و سه‌ربازیک و قاچاغچێک و بارگینێک کوژران. لە هه‌‌ر دێیه‌ک یان شوێنێک شکیان کرد باین، ئه‌و شوێنه‌یان وه‌به‌ر توپان ده‌دا. ئیواره‌یه‌کی که گه‌ێشتینه ئاوایی برایم ئه‌حمه‌د، ئه‌ویان وه‌به‌ر تۆپان داو ١٧ توپیان لێدا. ئه‌من و کاک که‌ریمی پورقوباد له بن دیوارێکی راوه‌ستابووین. توپێک زۆر نیزیک له ئێمه که‌وت و ده دوازده پڕیشک به سه‌رمان دا به‌ربۆوه.

لەوێ له گه‌ڵ کاک که‌ریم و ٦ پێشمه‌رگه چووینه مزگه‌وتی. سه‌ره‌خوشی بوو و سه‌ماوه‌ر دائیسا و مه‌لا و یه‌ک دو که‌یخودا لەوێ بوون و گوتیان ئه‌وه بۆ نه‌چوونه ماڵان؟

ئه‌منیش گوتم‌ وه‌ڵا ئێره گه‌رم و خوشه‌ و دوایه‌ش ٤٠٠ تمه‌نم دا به مجیوره‌که‌ که له دوکانی نانمان بۆ بکڕێ. دیار بوو که‌یخوداکان زۆریان پێناخوش بوو و چووبونه ده‌ری و نه‌یانهیشت بوو که مجیوره‌که‌ شتی بکڕی و له ماڵه خۆیان را نان و پێخوریان بۆ ناردین. دوایه چه‌ند به‌رماڵم قه‌د کرد و نووستم. به‌یانی به زۆری بردیانینه ماڵان. دوایه لەگه‌ڵ ئه‌حمه‌دی کاکه مه‌می له مه‌زرای داوداوێ و مام کاوێ له تاقه‌ماڵێک لامان دا. ماڵیکی باش بوون. کوڕه‌که‌یان نه‌خوش بوو. پێموابێ سه‌ره‌تانی هه‌بوو و قه‌رار بوو بیبن بۆ سه‌رده‌شتی. دوایه له‌وێڕا به‌ رێگای ئاوایی قاسمه‌ڕه‌ش دا، به‌ره‌و مەقەڕی حیزب له ئاوایی شیوەڕەز، لە بناری مامەندە وەڕێکەوتین و دوای یه‌ک دوو رۆژ مانه‌وه چووینه قه‌ڵادزێ.

له قه‌لادزی داوام له مەقەڕی حیزب کرد که ئه‌من بنێرنه به‌سته‌ستێنی بۆ سه‌ردانی کاک مونته‌قیمی برام. رۆژێکی کاک برایمی قادری که له نه‌خۆشخانه‌ی حیزب کاری ده‌کرد، ئه‌منی برده به‌سته‌ستێنی. ئیواره‌یه‌کی دره‌نگ بوو و ده‌بو به په‌له بگه‌ڕێته‌وه. ئه‌منی له به‌رده‌رکی دوکانی کاک ره‌حمانی جه‌لییل که‌ڵه‌بابی که خه‌ڵکی مه‌هاباد و له به‌سته‌ستین دوکانی کفته مه‌هابادی دانابوو، دانا. دووکان داخرابوون و لەوێ راوه‌ستام و له خه‌ڵکی سوراغی ماڵه مونته‌قیمم ده‌کرد و له به‌ر خومه‌وه ده‌مگوت خودایه، ماڵه‌که‌ی چۆن ببینمه‌وه. له دوور پۆلێک جاش راوه‌ستابوون. ژنێک له دورڕا هه‌رای مێرده‌که‌ی کرد و گوتی: هۆی جاشه‌که.

جواب نه‌بوو. دیسان ژنه هه‌رای کرده‌وه: هۆی جاشه‌که.

پیاوه‌که به توڕه‌یی گوتی: ئه‌ری ئه‌وه ئه‌تو ده‌ڵی چی؟

– وه‌ره‌وه میوانمان هه‌یه.

له پیاوێکم پرسی و گوتم: ئه‌ری ماڵه مونته‌قیمی له کویه؟

– له‌مه‌یدانی که‌رانه.

ئه‌و جوابه‌م زۆر پێناخۆش بوو، پێموابوو که سووکایه‌تی ده‌کا. به‌ڵام وانه‌بوو، دواتر رۆژێکی له سه‌ر بڵیندگۆی مزگه‌وتی گویم لێبوو که مه‌لا یه‌ک به‌خوێی هاواری ده‌کرد: یه‌ستری ماڵه فڵان که‌سی ون بوو و هه‌رکه‌س دیتێوه بیهێنی بۆ مه‌یدانی که‌ران.


هه‌روا راوه‌ستا بووم و نیگه‌ران بوو چونکه به‌سته‌ستین شوێنی بی سه‌رەوبه‌ره‌ و بی قانونی و که‌س ‌به‌که‌س و دزی و فزی و کوشتن و تاڵان بڕۆ بوو. له نه‌کاو یه‌کیک له پشته‌وه‌ڕا ده‌ستی له سه‌ر شانی دام. ئه‌گه‌ر ته‌ماشام کرد ڕەشیدی کوڕم بوو. زۆر خوشحاڵ بووم. مریشکیکی کری و چووینه‌وه ماڵی. مونته‌قیم له ماڵ نه‌بوو و نه‌خۆش بوو چووبوو بۆ هه‌‌ولێری. ڕەشید مریشکه‌که‌ی له‌توپه‌ت کرد و له گه‌ڵ برینجی وه‌سه‌ری نا و نانمام خوارد. دوایه گوتم: ڕەشید ١٣ رۆژه ئاوم وه‌به‌ده‌نی نه‌که‌وتوه و زۆر چڵکنم، ئێره حه‌مامی لێیه؟

– ئێره حه‌‌مامی لێ نییه و ده‌بێ بچینه قه‌ڵادزێ. به‌ڵام ئاوت بۆ گه‌رم ده‌که‌م، خۆت بشووه. که‌ترێک ئاوی گه‌رم و ته‌شتێکی هێناو سه‌روگوێلاکم شووت. ئه‌و شه‌وه زۆر ئاسوده بووم. دوای ٣ رۆژ مونته‌قیم هاته‌وه. ماوه‌یه‌ک پێکه‌وه‌ بووین جار جار بۆ حه‌مام ده‌چوینه قه‌لادزی و زۆر جار بۆ سه‌ردان ده‌چوینه ماڵه حاجی مه‌حمود ئاغای هێڕویه که پیاوێکی زۆر میوانگر و قسه خۆش و پیاو بوو.

رۆژێک مونته‌قیم رووی له من کرد و گوتی: ده‌بی لەگه‌ڵ کوڕی ڕه‌ش پەیوه‌ندی بگری و بڵیی که ئه‌وه‌ ئه‌منیش هاتووم.

ئه‌منیش گوتم براله ئه‌من بۆ شتێکی ئاوا لەگه‌ڵ کوڕی ڕه‌ش په‌یوه‌ندی ناگرم. ئه‌من نه‌خۆش و زۆر هیلاکم، ئه‌وجار ئه‌من ده‌رده‌دار و ئاواره‌م، ئه‌من هیچ ده‌سته‌ڵاتم نییه. ئه‌من چم هه‌یه؟ به کوڕی ڕەش بلیم ئه‌‌وه هه‌زار سوارم هه‌یه و هه‌زار تفه‌نگم بۆ بنێره. ئه‌من چم؟ چم هه‌یه؟ به خیراخوتان ده‌تانهه‌وێ بمنیرنه هه‌ولێرێ بۆ سه‌ر دوکتوری سپاس و ده‌که‌م. ئه‌وجار وه‌ک خه‌ڵکی دیکه به هه‌ویا نیم که کوڕی ڕه‌شائاغا شتێکم بداتی و به دروێش بڵیم واو وا. ئه‌و کارانه بۆ من عه‌یبه و له من ناوه‌شێته‌وه‌. ئه‌وجار ئه‌من حیزبی خۆمم هه‌یه.

رۆژێک له سه‌ر رێگاێ قه‌ڵادزی، جاش ڕەشیدیان گرت، به هه‌زار چه‌قه چه‌ق و زه‌حمه‌ت به‌رمان دا. بۆیه به ناچار ڕەشید مه‌جبوور بوو به‌جیمان بێڵێ و بچی بۆ لای کاک سه‌عید کوێستانی که به‌ر‌پرسی ڕێکخراوی سه‌رده‌شتێی حیزبێ بوو.

له و سه‌رده‌مه‌دا نادری برازام و جه‌عفه‌ری مه‌جیدی که خزمە، په‌یدا بوون و لەگه‌ڵ ئه‌وان مه‌نزڵه‌که‌مان گوێزته‌وه بۆ ماڵه خاڵ هه‌باس له عه‌شیره‌تی مامه‌ش که پیاویکی زۆر باش بوو.

مانگی ڕەمەزان ده‌ستی پێکرد ئه‌من سه‌رانسه‌ری ئه‌و مانگه له مزگه‌وتی بۆ خه‌ڵکی مه‌وحه‌زه‌م کرد و له‌و کاره چه‌وت و ناحه‌زانه که ده‌یانکرد به ئاگری جه‌هه‌ندەمێ دەمترساندن. ئه‌وانه هه‌رچی کاری خراپ بوو ده‌یان کرد و ئه‌و کورده فه‌قیر و لیقه‌وماوانه‌ی که بۆ کاسبی له کوردستانی ئێران را ده‌هاتن، له‌و سنوورانه رووتیان ده‌کردن و له پشته‌وه را تفه‌نگێکیان لێده‌دان. ئه‌من بۆخۆم له‌و ماوه‌یه‌دا ١٧ که‌سم ناژت.

له مزگه‌وتی به‌سته‌ستینی زۆر جار باسی مه‌زهه‌بی ده‌هاته گوڕی و رۆژێک چوومه مزگه‌وتی ته‌ماشام کرد ده‌رویشیکی زۆر جوان که لیباسی زۆر پاک و خاوینی له به‌ر دابوو، لەوێ دانیشت بوو، خیرا ناسیمه‌وه که ئه‌وه قه‌دیم هاتوچوی قازیاوایه‌ی ده‌کرد. چه‌ند مه‌لا، وه‌ک مه‌لا عه‌وڵا و حاجی مه‌لا ساله و حاجی مه‌لا خدر و حاجی مه‌لا فه‌قی لەوێ دانیشت بوون و باسی حه‌زره‌تی ئیبراهیمیان ده‌کرد. یه‌کیان گوتی: تیغه‌که‌ی له ملی دا نه‌یبری، له حه‌یفان شیره‌که‌ی به به‌ردی دادا و تیغه‌که‌ی هه‌تا کاڵانی له به‌ردی رۆچوو.

ئه‌منێش هێشتا دانه‌نیشت بووم له پشته‌وه ڕاوه‌ستابووم گوتم: به عیزتی خودای لێینه‌داوه. ئه‌گه‌ر لێیدابا که‌لله‌ی له هۆوه‌ی ده‌که‌وت. سه‌ید کەریمی ئاوایی کیتکه‌ی لەوێ بوو. سه‌ری هه‌ڵینا و گوتی: ئه‌وه لێره‌ی نمڕود، ئه‌تۆ دوژمنی حه‌زره‌تی ئیبراهیمی.

ئه‌منیش پێشتر له سه‌ید کەریم زۆر توڕه ببووم و قسه‌م پێگوت بوو، چونکه پێشتر خه‌ڵکی له مه‌نگوران هان ده‌دا و ده‌یگوت که ئه‌وانه بیژوو وه‌له‌د زه‌ناحن، بیانگرن و بیانکوژن. دوایه‌ش ته‌بلیغاتی ده‌کرد که حیزبی دیموکرات کۆمونیست و کافره وه‌دوای مه‌که‌ون‌، گوتم: فرعه‌ون لێینه‌داوه.

– چون لێینه‌داو؟ خودا ده‌فه‌رموێ که لێیداوه.

– لێینه‌داوه.

– مه‌لایه‌کیان گوتی‌: لێیدا به‌ڵام نه‌یبڕی.

گوتم: به سه‌ری تۆ لێی نه‌د‌اوە. ده‌لیلم هه‌یه، شت به ده‌لیل و مه‌دڕه‌که. له کوێ له قورئانی دا ده‌ڵێ لێیداوه و ئه‌و ئایه‌تم خوێنده‌وه فه‌له‌ما ئه‌سله‌ما… وه‌ختیک که کوڕ‌ی حه‌زره‌تی ئیبراهیم لاقی گرت و ده‌یتوانی له گه‌ڵ بابی بۆ پوشکه‌ کۆکردنه‌وه بچێته مه‌زرایه. به پێی قسه‌ی قورئان بابه‌که به کوڕه‌که‌ی ده‌ڵی‌: قاڵه یاخوزی ران اینما الاصلی … رۆڵه له خه‌ونم دا ئه‌تۆم سه‌ر ده‌بری، ده‌ستوری خودای بوو. فه‌نزۆر ماته‌ڕا … روڵه ته‌ماشاکه چ ده‌بینی. کوڕه گوتی‌: یا ابه … ئه‌ی باب ئه‌و کاره بکه ئه‌مرێکه پێتکراوه که له رێگای خودای دا ئه‌من بکه‌یه قوربانی.

به‌مشیوه‌یه باب و کوڕ رازی بوون که قوربانی بکرێ و کوڕه ئیجازه‌ی دا که بابی سه‌ری ببڕی. حه‌زره‌تی ئیبڕاهیم ده‌ست و ڵاقی کوڕه‌که‌ی به‌ست و بۆ ئه‌وه‌ی مه‌بادا له کاتی سه‌ر بڕین دا چاوی به چاوی بکەوێ و زگی پێ بسوتی و ده‌ستی بله‌رزی، به سه‌ر روودا تخیڵی کرد ویستی له پشته‌وه‌ڕا سه‌ری ببڕی. فه‌له‌ما ئەر له‌ما ئه‌دی لەقد فه‌ته‌وته روئیا… ئیبراهیم ئه‌تۆ خه‌ونی خوت وه‌ڕاست گیڕا. ئێمه پێمان نه‌گوتبووی که سه‌ری ببڕه، هه‌ر خه‌ونێک بوو دیتت. ئه‌وجار له ته‌ڕه‌ف ئێمه‌وه نه‌بوو فه‌دنیا و به زبحه‌ن حزیم… ئێمه مه‌راڵێکی گه‌وره‌مان وه‌ک دیاری بۆ ناردی.

ده‌ڵین حه‌زره‌تی جوبره‌ئیل بردویه و گوتویه‌تی ها ئه‌وه‌ی سه‌ر ببڕه. به‌حزێک ده‌لین له کاتی قوربانی دا حه‌زره‌تی ئیبراهیم، ده‌بینێ که ئه‌وه به‌رانیکی زه‌لام، شاخی له داری گیراوه‌ و ده‌چێ ئه‌و دینێ و ده‌یکاته قوربانی. خودا ده‌فرموی ئه‌مه بۆمان نارد و گوتمان که بیگرێ و سه‌ری ببڕێ.

مه‌لا گوتی: ته‌فسیری جه‌لاله‌دین ده‌ڵێ و هه‌ستا که کتیبه‌که‌ی بێنێ.

– مه‌لا جه‌لاله‌دین ناڵێ لێیدا.

ئایه‌ته‌که‌ی دیته‌وه و مانای کرده‌وه به‌ڵام له ‌وێش دا راسته‌وخۆ ناڵی که لێیدا، هه‌ر ده‌ڵی ده‌ڵین لێیداوه.

گوتم: مه‌لا ئینکارێ مه‌که ده‌ڵێ ره‌نگه، شایه‌د، ئه‌ویش راسته‌وخۆ ناڵێ هه‌ر ده‌ڵێ، ده‌ڵین.

حاجی مه‌لا عه‌وڵا رووی له من کرد و گوتی: ئه‌شه‌دوبیلاهی قسه‌ی تۆ راسته و هیچ ئایه‌تێک ناڵێ لێیدا و نه‌یبڕی.

دوایه گوتم: ئه‌وه‌ش که له نیو حاجیان دا بوته باو که گوایه جێگای به‌رده‌که بڕدراوه‌ و وه‌ک کاڵانی لێهاتوه ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه.

له‌و سه‌روبه‌نده‌ له به‌سته‌ستێنێدا کوخه ڕەشه وڵاتی داگرت بوو و منداڵی به‌سته‌ستێنی ده‌تگوت دڕان هه‌ر کۆخه‌یان بوو. هه‌ر چه‌ند دوکتور هه‌باس که له عه‌شیره‌تی پشده‌ری بوو به‌رپرسی نه‌خوشخانه‌ی قه‌ڵادزی بوو و ئیستا له مه‌هاباد خزمه‌ت ده‌کا، زۆر باش به خه‌ڵکی، به تایبه‌ت به ئێمە‌ی ئاواره راده‌گه‌یشت و هه‌موو جاری ئێمه‌ی مه‌جبوور ده‌کرد که بۆ مه‌عاینه بچینه قه‌ڵادزی و ده‌رمانی ده‌داینی، به‌ڵام خه‌ڵک منداڵه‌کانیان ده‌برده لای حاجی شیخ عه‌وڵای که ئه‌وکات ئه‌ویش له به‌سته‌ستێنی ئاواره بوو، به سه‌فیان ده‌کردن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستیان به سه‌ر سه‌ری دابکێشی و چاک ببنه‌وه. ئه‌منیش له مزگه‌وتی له خه‌ڵکی توڕه ده‌بووم و ده‌مگوت: ئاخر ماڵتان خرا نه‌بی بی‌ئاقڵی و ویشکه مه‌زهه‌بی حه‌دی هه‌یه، ده‌بڕون منداڵه‌کانتان به‌رنه خه‌سته‌خانه و حه‌بیک ده‌رزیک‌، یان شتێکیان بۆ وه‌رگرن با چاک ببنه‌وه، به‌ڵام فایده‌ی نه‌بوو. ئه‌وجار هه‌ر چه‌ند له گه‌ڵ حاجی شیخ عه‌وڵا، زۆر دوست بووم و زۆرم خوش ده‌ویست، زۆر عالم و ئاقڵ و باسه‌واد بوو، به‌ڵام له‌و کاره‌ی زۆر توڕه بووم و ده‌مگوت حاجی ئاغا بۆ واده‌که‌ی؟ ئه‌ویش ده‌یگوت: ئه‌وه دابونه‌ریتی خۆمانه تێکی ناده‌م.

ورده‌ ورده به‌هار به ‌سه‌ردا هات. ئه‌من زۆر پیس نه‌خۆش که‌وتم به‌ڵام هه‌رچونێک بوو، به هۆی شێخی گه‌سگه‌سک چوومه هه‌ولێر و ٣ رۆژ له‌وێ بووم. دوایه کاک عه‌بدوڵڕحمان برای شێخی که له ئیستخباراتی عێراق دا ده‌ستی ده‌ڕویی، نوره‌ی له لای دوکتورێکی عه‌ڕه‌ب، به نێوی فه‌ریدولڕه‌شید که زۆر دوکتوری چاک بوو و به مانگ نوره‌ی وه‌به‌ر نه‌ده‌که‌وت، بۆ گرتمه‌وه و یه‌کسه‌ر بردیانمه ژوورێ. دوکتور ده‌ستوری دا که ٩ دانه وینه له پشت و ئه‌ستۆ و نێوچاوانم بگرم. وینه‌کانم گرت و بۆم برد. دوای چاولێکردنی گوتی که هه‌ڵدیراوم و زه‌ربه‌م خواردوه و ده‌نده‌کانی پشتم له دوو جێ نێوانیان تێکه‌وتووە. دوایه ده‌رمانی بۆ نووسیم و گوتی ئه‌گه‌ر ده‌رمانه‌کانم خوارد ده‌بێ دیسان بچمه‌وه. ئه‌منیش گوتم ناتوانم بچمه‌وه، وه‌زعی من خراپه. ئه‌ویش گوتی عیلاج نییه ئه‌وجاره چون هاتووی ئاوا وه‌رەوه. ده‌رمانه‌کانم خوارد و ده‌رد و ئێشم نه‌ما، به‌ڵام دیسان چومه‌وه لای. دیسان ده‌بوو عه‌کس هه‌ڵگرمه‌وه و دوای مه‌عاینه‌یه‌کی زۆر دوکتور ده‌ر‌مانی دیکه‌ی بۆ نوسیمه‌وه.

له‌و سه‌فه‌ره‌ی دا رۆژێک بۆ نه‌هاری چوینه ماڵه عه‌لی قه‌ره‌نی ئاغای له ئاویی مه‌لاعومەر. به‌‌ڵام له ماڵ نه‌بوو بۆ چاوپێکه‌وتن له گه‌ڵ که‌سێکی چوو بوو بۆ که‌رکوکێ. دوای چه‌ند رۆژ گه‌ڕامه‌وه بۆ به‌سته‌ستینێ و لەوێ به ‌ره‌حمه‌ت بی دوو نامه‌م بۆ کاک دوکتور قاسملوو نارد و گیروگرفته‌کانی حیزبم بۆ نووسی. ئه‌وکات حیزب له‌و سنورانه گومرگی وه‌رده‌گرت. هیندێک که‌س به‌سەر گومرگەکان راده‌گه‌یشتن، ده‌ست پیس بوون و پووڵەکه‌یان ده‌دزی. کابڕایه‌ک که نێوی حوسێنی ماڵ فروش بوو، رۆژێک هاته لای من و گوتی: ماڵاتم هێناوه، ئه‌وانه‌ی سه‌ر سنوور گومرگیان کردوم ٥٠٠ هه‌زار تمه‌ن و شه‌کیکیان لێ ئه‌ستاندوم، به‌ڵام به‌ڵگه‌ی ١٥٠٠٠٠ تمه‌نیان داومی.

ئه‌وجار دووکه‌سی دیکه‌ش گوتیان که فه‌ڕشیان هێناوه و ٢٠٠ تمه‌نیان لێ‌وه‌رگیراوه به‌ڵام قه‌بزی ١٢٠ تمه‌نیان دراوه‌تی. له نامه‌که دا ئه‌و گیروگرفتانه‌م باس کرد و نووسیم که ئه‌و که‌سانه‌ی که له سه‌ر گومرک داتانناو‌ن خه‌ریکی دزی و فزین و هه‌رو‌ه‌ها له سه‌ر ناوچه‌ی مه‌هاباد نووسیم که موته‌لیب و … که پێشمه‌رگه‌ی حیزبن چون خه‌ریکی ڕەشه‌کوژی و تاڵانی خه‌ڵکن و هه‌رچی کاری ناشایسته ده‌یکه‌ن.

کاک سیامه‌ندی شیخ ئاقایی لەوێ بووه که ئه‌و نامانه ده‌گاته ده‌ستی کاک دوکتور و ده‌گێڕاوه که دوکتور گوتویه‌تی که ئه‌وانه هه‌موو راستن و دوایه وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئه‌من بزانم ئه‌وانه‌یان له سه‌ر گومرگ لابردن و ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌کیان زیندانی کرد بوون.

رۆژێک کاک سه‌عید کویستانی له قه‌لادزی ناردی به دووم دا که ده‌بی بچم بۆ ده‌فته‌ری سیاسی له ناوچه‌ی سولیمانی. رۆژێک چوومه قه‌لادزی و له‌وێڕا لەگه‌ڵ کاک فه‌تاحی کاویان که ئه‌ندامی کومیته‌ی مه‌رکه‌زی و ئینسانیکی زانا و قسه خوش بوو، به‌ره‌ و سولیمانی وه‌ڕیکه‌وتین. له رێگای شاروچکه‌ی دووکان له لای قاوه‌خانه‌ی کانی وه‌تمان که جێگایەکی زۆر خوشه و ئه‌وکات ماڵه مه‌لا ڕەسووڵی پێشنماز له‌وێ بوو، لامان دا و دوای که‌مێک ئیستیڕاحه‌ت وه‌ڕێکه‌وتینەوە. شه‌و له سوله‌یمانی ئه‌منیان برده هوتێل کانی. روژی دواتر به‌ره‌و ده‌فته‌ری حیزب که له ناوچه‌ی شارباژێر له ئاوایی گه‌ڕه‌دێ بوو، وه‌ڕێکه‌وتین. هه‌ر ئه‌و رۆژه بۆ ماوه‌ی نیزیک به نیو سه‌عات له ماڵه‌که‌ی خۆیی چاوم به شه‌هیدی نه‌مر دوکتور قاسملوو که‌وت. له سه‌ر دوو سه‌نده‌ڵی به‌رانبه‌ر به یه‌ک دانیشتین. دوای هێندیک جه‌فه‌نگ و پێکه‌نین به شوخی گوتم جه‌نابت بویه پادشا و بۆ ئه‌وه‌ی که دڵت نه‌یه‌شی ده‌وروبه‌‌ر هه‌ر قسه‌ی خوشت پێ‌ده‌ڵین و له وه‌زعی کوردستان ئاگادارت ناکه‌ن وه‌زعه‌که زۆر هاڵوزه.

قامکم لە سه‌ر سینگی دانا و گوتم: بۆ هێشتت عه‌ڵی ئازا بکوژن؟ ئاخر ئه‌وه بۆ کوشتن ده‌بوو؟ ئێوه بۆخۆتان ئیزنو دا که بچێته‌وه، وه‌ڵاهی راپورتی له که‌س نه‌دابوو. هه‌ر موته‌لیب پێخۆش بوو بیکووژی. پاش ئه‌وه‌ی کابرا‌تان بۆ به‌خێو نه‌کراوە، رۆیشتۆته‌وه. منداڵی هه‌بوو، فه‌‌قیر بوو و ئه‌من و مسته‌فای برام جار جار پوڵمان ده‌دایه و یارمه‌تیمان پێده‌کرد تا کاسه جیژنه بۆ منداڵان بکڕێ. ئه‌وجار ئه‌گه‌ر عه‌وڵای سەبوکرەو(عەوڵای قوون چکۆلە) تان ده‌کوشت، کوڕه‌که‌تان بۆ کوشت؟ ئه‌لحان ده‌وڵه‌ت به نێوی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هید ١٣ منداڵی بۆ به‌خێو ده‌کا. ئه‌و کارانه جوان نیین. ئێستا ئه‌من له ناوچه‌یه‌کی ده‌ژیم که پێشتر خه‌ڵکه‌که‌ی پیشمه‌رگه‌یان وه‌ک خودای ده‌په‌ره‌ست، به‌ڵام ئیستا خه‌ڵک لێیان وه‌زاڵه هاتوون و پێیان خۆشه هه‌ر نه‌یانبینن.

کاک دوکتور به قسه کانی من زۆر ناڕه‌حه‌ت بوو و سوێندی خوارد که ئاگای له‌و روداوانه نه‌بووه و حه‌تا گوتی که ئه‌و روژانه چاوی به فیلمێک که‌وت بوو که عه‌لی ئازای تێدابوو و وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی ڕێکوپێکی هاتۆته به‌ر چاو.

نیزیک به١٠ رۆژ له ده‌فته‌ری سیاسی مامه‌وه. دوایه چوومه سولیمانی بۆ ئه‌وه‌ی چاوم به قاسمی کوڕم بکەوێ که قه‌رار بوو له نه‌خوشخانه‌ی عه‌مه‌ل بکرێ. کاک ره‌حیم به‌غدادی به‌رپرسی مەقەڕ بوو گوتی: ده‌بی بڕویه‌وه. بەڵام کاک عومه‌ری بابامیری که ئه‌ویش نه‌خۆش بوو و له نه‌خوشخانه‌ی لەگه‌ڵ قاسمی بوو، به رێکه‌وت ئه‌و رۆژه له مەقەڕی بوو، تووڕه بوو گوتی: ئه‌تۆ چۆن به‌وه ده‌ڵێی بڕۆوه، ئه‌وه ده‌بێ سه‌ری کوڕه‌که‌ی بدا. بۆ به‌یانی کاک عومه‌ر بۆخوی له نه‌خوشخانه‌ی را هه‌ر به لیباسی نه‌خۆشی هاته هوتێڵی و ئه‌منی له گه‌ڵ خوی برده نه‌خۆشخانه. ئه‌وکات له نێوان ده‌وڵه‌تی عیراق و یه‌کیتی نیشتیمانی وتووێژ هه‌بوو و هێزی پێشمه‌رگه له نیو شار دابوون و زۆربه‌ی شوینه‌کانی شاریان به ده‌سته‌وه بوو. له به‌رده‌رکی نه‌خۆشخانه نیزیک به ٣٠٠ که‌س چاوه‌ڕوانی ملاقات بوون. دوکتوره‌کان ده‌ستوریان دابوو که تا ئێوارێ ملاقات به که‌س نه‌درێ. سه‌ربازیک له به‌ر ده‌رکه‌ی راوه‌ستابوو و رێگای بە کەس نه‌ده‌دا. کاک عومه‌ر که لیباسی نه‌خوشی له به‌ر دابوو، چووه ژوورێ و ته‌کلیفی له سه‌ربازه‌که کرد که ریگای من بدا، به‌ڵام ئه‌و قبووڵی نه‌‌کرد و گوتی: ئه‌گه‌ر رێگای بده‌م خه‌ڵک هوروژم ده‌که‌ن و ده‌رکه‌م بۆ نابه‌سترێته‌وه.

دیاره راستی ده‌کرد به‌ڵام کاک عومه‌ر ده‌ستی هه‌ڵنه‌‌گرت و ده‌یگوت که ئه‌وه له دوور را هاتووه و ده‌بی بێته ژووڕی. ئاوا تا ئاخر کاک عومه‌ر تووڕه بوو جنیوی پێداو و گوتی: جا راوه‌سته بزانه ئێستا باوکت به که‌ران … یان نا؟

ئه‌منیش به ترکی به عومه‌رم گوت، بیردا بیر فه‌ساد چاڵمه ( لێرەش ئاژاوه مه‌گیڕه و فه‌ساد هه‌ڵمائیسێنه) ئاخر هه‌قێتی راوه‌سته.

کاک عومه‌ر هه‌ر ده‌گه‌ڕا به دوای پێشمه‌رگه‌یه‌کی دا و گوتی: نا راوه‌سته جا بزانه گۆڕی بابی…

پێشمه‌رگه‌یه‌کی دیته‌وه که نیوی باوه‌مه‌ر بوو و تفه‌نگ و فیشه‌کدانی به شانییەوه بوو و هه‌رای کرد: باوه‌مه‌ر.

– به‌ڵی.

– ئه‌وه باوکی قاسمه ئه‌وه نایه‌ڵی بێته ژوورێ.

باوەمەر هەرای کرد: باوکی قاسم وه‌ره‌ ژوور.

کابرای سه‌رباز ده‌رکه‌ی کرده‌وه و ئه‌‌من وه‌ژور که‌وتم، به‌ڵام کاک عومه‌ر هه‌ر قه‌ڵسه‌ی له سه‌ر بازه‌که ده‌گێڕا و دیگوت ئاوای گۆڕی باب…

ئه‌منیش توڕه بووم و گوتم: کاک عومه‌ر براله به‌سه له کۆڵی به‌وه.

ئه‌گه‌ر چووینه نێو نه‌خوشخانه، تازه قاسمیان له ژوورێ عه‌مه‌ل دێنا ده‌رێ و دوو پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی ته‌خته‌که‌یان راده‌کیشا. قاسم وه‌هوش نه‌هاتبووه و هه‌ر ده‌ستی بۆ برینه‌که‌ی ده‌برد. دره‌نگ وه‌هۆش هاته‌وه و که‌مێکی له لا بووم و دوایه به‌ره‌و هوتیل کانی وه‌ڕێکه‌وتم. له رێگایه تووشی ماموستا مه‌لا ره‌حیمی عه‌بباسی بووم. زۆری گلیی کرد که بۆ سه‌رم نه‌داوه و دوایه پێکه‌وه چوینه‌وه ماڵی. مه‌لا شیخ جه‌ڵالی حوسینی هات و گوتی ده‌بی بۆ شه‌وی بینه ماڵه من. شه‌وی چووینه ئه‌وی و بۆ سبه‌ینی جومعه بوو بۆ سه‌ردانی قاسم چوومه‌وه نه‌خوشخانه ‌و دوایه چوومه بازاری که‌میکم لیباس بۆ منداڵان کرێ و بۆ نوێژی جومعه چوومه مزگه‌وتی شیخ ئه‌حمه‌د. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم زوو هه‌ستم هه‌ر له خوارێ دانیشتم و نوێژی چه‌ماعه‌تم کرد. دوایه چوومه کفته‌خانه‌یه‌کی و دوای نانخواردن سواری ماشین بووم و به‌ره‌و قه‌لادزێ وه‌ڕێکه‌وتم. له رێگایه ئاسه‌واریک له قاوه‌خانه‌ی کانی وه‌تمان نه‌مابوو. ده‌وڵه‌تی عیراق به بیانووی ئه‌وه‌ی که پێشمه‌رگه له شاخه‌کانی ئه‌و مه‌لبه‌نده شه‌ڕیان کردوە، ناوچه‌که‌ی هه‌موو ویران کرد بوو. ئه‌و روژه دره‌نگ گه‌یشتمه‌وه به‌سته‌ستەستێنی.

ورده ورده وه‌زعی به‌سته‌ستین خرابتر ده‌بوو و عیده‌یه‌ک جاشی سه‌ر به به‌عس به‌ر ببوونه کاری ڕەشه‌کوژی و تروریستی و کوردی ئێران که بۆ کار و کاسبی ئه‌و سنوورانه‌یان ده‌بەزاند، ده‌گرت ‌و ده‌کوشت‌. جارجاریش ده‌ست و په‌یوه‌نده‌کانی رێژیمی ئێران بومب و نارنجوکیان به مالی ئه‌ندامانی حیزب، یان خه‌ڵکی هه‌ڵاتوی کوردی ئێران داده‌دا. به‌گشتی وه‌زع زۆر ناخۆش بوو بۆ گوزه‌ران نه‌ده‌بوو. ئه‌وه بوو دوای ماوه‌یه‌کی، بڕیارم دا که مونته‌قیم بەجێ بێڵم و بگه‌ڕێمه‌وه بۆ کوردستانی ئێران و چوومه ته‌شکیلاتی مه‌‌هاباد له قه‌ڵاتی شای. قاسم چووبۆوه ‌و لەوێ بوو. دوای چه‌ند رۆژ مانه‌وه، رۆژێک له گه‌ڵ کاک عه‌لی ئاوایی چۆمانی که پیاوێکی زۆر باش بوو، چومه ئاوایی هه‌مزئاوایه، ماڵه کاک محه‌ممه‌دی ماسوێ. دوای نان و چا خواردن، کاک عه‌ڵی به دوای فه‌تاحی کوڕم دا چووه بۆ شاری و ئه‌منیش بۆ مه‌له کردن چوومه سه‌ر چۆمی. له بن سیبه‌ری داڕێک دانیشت بووم. له دوورڕا ماشینی کاک سه‌ید باییزی جه‌عفه‌ریم ناسێوه که له نیو باغه‌که‌ی دا بوو. به کاک محه‌ممه‌د مارفم گوت که بچی کاک سه‌ید باییزم بۆ بانگ بکا. سه‌ید باییز هات یه‌کترمان له باوه‌ش گرت و تێر تێر یه‌کترمان ماچ کرد و دوایه گوتی: وه‌ڵا په‌روه‌نده‌که‌ت زۆر پیسه‌و راپوڕتت زۆر لێدراوه ‌و بتبینن ده‌تگرن. به من وا باشه بچی ماڵه … که چه‌کداری ده‌وڵه‌‌تێیه و نایه‌ڵی بتگرن.

ئه‌منیش گوتم: وه‌ڵا فکری چاکت بۆ نه‌کردومه‌وه. ئه‌من ئه‌گه‌ر بێن له دارم بده‌ن، جاش بین په‌ته‌که‌ی ده‌ربینن قبوڵی ناکه‌م. جا چون ئه‌من خۆ له ماڵه جاشان داویم. ئه‌من یه‌ک عومره حیزبیم و به شاخانه‌وه‌م جا چون ئیستا په‌نا بۆ جاشان به‌رم. ده‌مگرن با بمگرن چ ده‌بێ؟

دوایه فه‌تاح هات و له گه‌ڵ وی چوومه ماڵه یوسفی برام و له‌وێشرا چوومه ماڵه فه‌تاحی و چاوم به هه‌موو منداڵه‌کانم که‌وت. بۆ سبه‌ینی چوومه لایی مه‌لا ڕەشیدی قه‌ره‌نی زاده که هه‌م ئیمام جومعه‌ی شار و هه‌م ئه‌ندامی مه‌جلیسی گه‌وره‌ی ئیسلامی بوو و پێمگوت که وه‌زعه‌م خراپه و ئه‌وه هاتوومه‌‌وه. گوتی: ئه‌وه ته‌له‌فون بۆ ئیتلاعاتی دەکەم که راتنه‌گرن.

ئه‌منیش گوتم: ئه‌گه‌ر رامده‌گرن با نه‌چم و به شێوه‌یه‌ک خۆم ده‌شارمه‌وه، یان خۆم ده‌رباز ده‌که‌م. ئه‌گه‌ر بمگرن ئه‌تۆ مه‌سئوول ده‌بی و ده‌ڵین که مه‌لا ڕەشید حاجی عه‌وڵای به گرتن داوه.

وه‌زعه‌که هاڵۆز بوو. بۆ زۆر جێگا زه‌نگی لیدا به‌ڵام جوابێکی وایان نه‌داوه. ئاخر چاره نه‌بوو بۆخۆم چومه ئیداره‌ی ئیتلاعات. خه‌ڵکیکی زۆر له به‌ر ده‌رکه بوو. دوایه بردیانمه لای ڕەئیسی ئیتلاعات که کوڕێکی جعیڵ بوو و لەوێ پێمگوت که ئه‌من هه‌ڵاتبووم بۆ عیراقی.

– بۆ چووی؟

– ماڵه‌که‌یان لی‌داگیر کردوم.

– كی؟

– تیپی خاته‌مولئه‌نبیای ماکۆیه.

دیار بوو ئه‌ویش ده‌یزانی که ئه‌و هێزه له گه‌ڕانه‌وه دا ماشینه‌کانیان پڕ کرد بوو له شتومه‌کی تاڵان کراوی خه‌ڵک. گوتی: ئه‌شهه‌دوبیلا راست ده‌که‌ی.

دوایه گوتم بۆیه چوومه عیراقی بۆ ئه‌وه‌ی بارێک شت بکڕم و بیهێنمه‌وه لێره بیفروشم و شتیک بۆ منداڵان په‌یدا بکه‌م. ئه‌ویش جاشان باره‌كه‌یان لی‌ئه‌ستاندم و ئه‌وه به سه‌ڵته‌زینه‌یی هاتوومه‌وه.

– باشه‌ حه‌وتویه‌ک میوانی ئێمه به.

له‌و کاته دا کاک مه‌لیکی برام په‌یدا بوو و هاته نێو قسه‌کان و گوتی: ناوه‌ڵا با میوانی من بێ.

– باشه میوانی ئێمه مه‌به به‌ڵام بچووه ئه‌و ده‌فته‌ره‌ی ئێمزا و هه‌ر پازده‌‌‌ رۆژ ده‌بێ بێی ئیمزای بکه‌ی.

ئاوا به سووکی و هاسانی له‌و جه‌لادخانه‌یه نه‌جاتم بوو و نه‌گیرام. ماوه‌یه‌ک بوو له سه‌ر جێووڕێی خۆم نیشته‌جێ ببوومه‌وه. رۆژێک له لایه‌ن ئیداره‌ی په‌روه‌رده و فیرکردن نامه‌یه‌کم بۆ هات که ده‌بی بچمه تارانی خۆم به ئیداره‌ی بناسینم.

ئه‌وکات تاران به هوی ته‌یاره‌کانی عیراق بومباران ده‌کرا. زۆربه‌ی شه‌وان خه‌ڵک شاریان به جێی ده‌‌هێشت و له ده‌شت و سه‌حرایه ده‌نووستن و به‌یانی ده‌هاتنه‌وه. مانگی ڕەمەزان بوو لەگه‌ڵ کاک عه‌وڵای عه‌تاری میردی زارای خوشکم چوینه تارانی. تازه تاو هه‌ڵات بوو و خه‌ڵک له ده‌ره‌وه‌ی شار ده‌گه‌ڕانه‌وه. ترافیک یه‌کجار زۆر بوو و زۆر به زه‌حمه‌ت گه‌یشتینه ئیداره‌ی په‌روه‌رده و فیرکردن. کاک عه‌وڵایان رێنه‌دا که له گه‌ڵم بێ، گوتیان هه‌ر ئه‌وه‌ داوا کراوه بێته ژوورێ. ئه‌و ژووره‌ی که ده‌بوو بچم‌، دیتمه‌وه، دیویکی درێژی گه‌وره بوو. یه‌کی قوڵه‌خره‌ی ردین تۆپ که وه‌ک وه‌زیر یان کاربه‌ده‌ستێکی گه‌وره ده‌چوو لەوێ دانیشت بوو. ئه‌من لیباسی کوردیم له به‌ر دابوو و ته‌پ و توزی ڕێیه‌م لێنیشت بوو. هیشتا لاقم له ژوورێ نه‌نا بوو، ئه‌و پیاوه له سه‌ر سه‌نده‌ڵیکه‌ی هه‌ستا و گوتی: سه‌لام و عه‌لیکوم.

زۆرم پێ سه‌یر بوو سڵاوم کرد و ده‌ستی بۆ سه‌نده‌ڵیکی راداشت و گوتی: فه‌رموو دانیشه.

نامه‌که‌م دایه ‌و دانیشتم.

گوتی: به فه‌رمانی امام لبیک نگفتی؟ ( به فه‌رمانی ئیمام له‌به‌یکت نه‌گوت؟ )

– ئه‌و فه‌ر‌مانه‌م پی‌نه‌گه‌یوه.

– ماموستا یارمه‌تی لێببڕدری ده‌بی چبکا؟

– ده‌بی فه‌عله‌یی بکا.

– راست وایه.

– ده‌ ئه‌وه‌یه پیمخۆش نییه که یارمه‌تی ئه‌منیان بڕیوه.

– مه‌گه‌ر وه‌زاڕەتی ئاموزش و په‌روه‌رێش به تویان نه‌گوتوه که بچێوه سه‌ر کار.

– ده‌ڵین به راگه‌یه‌نه ‌گشتێکانمان گوتوه و رادیو مه‌هاباد بڵاوی کردوته‌وه. به‌لام ناوچه‌ی ئێمه ناوچه‌ی شه‌ڕێیه و رادیومان بۆ نه‌گیراوه.

به عه‌ڕه‌بی گوتی‌: ئه‌تیحوڵاه و ئه‌تیعولره‌سووله .( ئیتاعه‌ت کردن له ده‌ستوری ئومه‌راکه‌ت، ئیتاعه‌ت له خودایه( مه‌به‌ستی ئه‌وه بوو که ئه‌من جوابی ئیمامم نه‌داوه‌ته‌وه).

قسه‌که‌ی لێ‌تیک چووه و ئه‌منێش بۆم راست کرده‌وه و گوتم: وە ئولوئه‌مـری من کوم.

پێیخۆش بوو و گوتم: اینا الله یئمروبل عه‌دلی و الئحسان‌، کجا است؟ ( له کویه؟)

گوتی: ئینشائه‌ڵا په‌یدا ده‌بێ. ئه‌وی که ده‌بێ پرسیار له تۆ بکا، بۆ ناژتنی ته‌رمی شه‌هیدان چۆته شوینێک و ئه‌لعان دێته‌وه.

هینده‌ی پێنه‌چوو یه‌کی ریشوی نیوچاوان گرژی درێژ هاته‌وه و بانگی کردمه دیوه‌که‌ی خۆی و ده‌ستی به پرسیاران کرد.

– چه‌ند پاسدارت کوشتووه؟

– پاسدار کوژ نایه‌ته ئێره و پاسدارم نه‌کوشتووه.

وه‌ره‌قه‌یه‌کی درێژی دامی گوتی: پڕی که‌وه.

له سه‌ر وه‌زعی خۆم و مه‌هاباد و په‌روه‌رده ‌و فیرکردن پرسیار کرابوو. پڕم کرده‌وه ‌و دامی و گوتی: بۆخۆمان جوابه‌که‌ت بۆ ده‌نیرینه‌وه، به‌خێرچی.

ئه‌گه‌ر له ژووره‌که‌ی هاتمه ده‌رێ دیسان کاربه‌ده‌سته‌‌که له گه‌ڵم پێکه‌نی و به روو خوشی خوداحافیزی کرد. لاقیکم له ده‌رکه‌ی ده‌رێ دا بوو ها بڕۆمه‌ ده‌رێ ها نا، گه‌ڕامه‌وه و رووم له کابرای کرد و گوتم: اینجا کجاست ؟(ئێره کویه؟)

گوتی: چۆن ئه‌تۆ هاتویه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و فیرکردن.

گوتم: نا ئه‌و شاره ئه‌و مه‌مله‌که‌ته کویه؟

ئاوا خۆم ناشی کرد.

گوتی: اینجا تهران است‌ و اداره اموزش و پرورش. (ئیره تارانه و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و فێرکردنه).

– زۆرم پێ‌سه‌یره ئه‌من کوردم به‌و لیباسه توزاوی و ئاره‌قه‌یه و ئه‌و چاویلکه‌یه که لایه‌کی قه‌ڵشیوه‌ و وه‌ک ئینسانێکی بی سه‌واد ده‌چم، هاتمه لای تۆ، ده‌بوو ئه‌من لە تۆ سڵاوی بکه‌م، به‌‌ڵام هێشتا وه‌ژوور نه‌که‌وت بووم که ئه‌تۆ سڵاوت کرد و یه‌ک پێ له‌به‌رم هه‌ستای.

– ئه‌وه وه‌زیفه‌یه و عه‌ینی ئه‌ده‌به.

– نا ئێره ئێران نییه، ده‌بێ وڵاتیکی دیکه بێ، ده‌بی سووئێد بێ که ده‌ڵێن له‌وێ عیداڵه‌ت هه‌یه. خودا شاهیده وه‌کی ئه‌تۆ ره‌فتارت له گه‌ڵ من کرد ئه‌گه‌ر له کوردستان ئاوایان ره‌فتار لەگه‌ڵ کرد باین، که‌س که‌سی نه‌ده‌کوشت. ده‌مبه‌نه به‌رده‌ستی پاسدارێک، ده‌چمه ژووری سڵاوێ ده‌که‌م جواب نییه. له پێشخانه‌ی چه‌ند سه‌عات رامده‌گرن. سڵاوی ده‌که‌م و ده‌ڵیم سه‌لام و عه‌لیک، سه‌ر هه‌ڵناهێنی و جوابی سڵاو ناداته‌وه. شته‌‌هایه‌کت پێده‌ڵی و تاوانێکت لێده‌دا که قه‌ت به عومرت نه‌تبیستووه، به خه‌ون نه‌تدیوه. ئه‌وجار پێده‌‌ڵێ که سوونی کافره و ده‌ڵی کورد سه‌ن (کوڕی کوردی ) یان کافر سه‌ن(یان کوڕی کافری)؟ کافر سه‌ن یان موسوڵمان سه‌ن(کوڕە کافری یان کوڕە موسوڵمانی؟). ئه‌گه‌ر ده‌ڵی کافرم ئه‌وه فه‌وره‌ن ده‌تکوژن و ده‌ڵێن ئه‌وه کافریکمان کوشت. ئه‌گه‌ر ده‌لێی موسڵمانم، ده‌ڵێی وه‌ڵاهی درویه ده‌که‌ی ئه‌نگو موسوڵمان نیین. ئه‌وه‌یه ئاورمان گرتوه و ئه‌و ئاڵۆزی که له کوردستان ساز بووه، ئی ئه‌و هه‌مووه بی حوڕمه‌تی‌ و ئه‌و هه‌مووه زوڵمه‌یه که لیمان ده‌کرێ.

– وه‌ڵا ئه‌منیش ده‌زانم که که‌مووکوڕێ زۆره.

رۆیشتمه ده‌رێ و له گه‌ڵ کاک عه‌وڵا چووینه‌وه ماڵێ.

ئه‌وکات شه‌وانه زۆر جار ته‌یاره‌کانی عێراقی شاری تارانیان بۆمباران ده‌کرد و توپخانه‌ی دژ‌ه ئاسمانی ئێرانیش هه‌ر ته‌قه‌ی ده‌کرد. ئه‌و شه‌و چه‌ند گرمه‌ی گه‌وره‌م گوێ لێبوو و ژیڕه ژیڕی ئامبولانسان په‌یدا بوو و جیرانێکی ماڵه کاک عه‌وڵاش که شوفیری ئامبوڵانس بوو رۆیی.

ژنه‌کانی ئه‌و گه‌ڕه‌که له دەو‌ری یه‌ک له بن داره توویه‌کی کۆ ببونه‌وه ‌‌و ترس دایگرت بوون و هه‌ر رۆڕۆیان بوو و هاواری ئیمام زه‌مانیان ده‌کرد. زارای خوشکم چوو بووه لای ئه‌وان و ئه‌منیش له به‌ر هه‌یوانی درێژ ببوم و سیغارم ده‌کێشاو و چاوم له ته‌یاره‌کانی عێراقی ده‌کرد که وه‌ک ئه‌ستیره‌یه‌کی بچووک به سه‌ر شار دا ده‌گه‌ڕان. هه‌موو جاری زارا ده‌هاته‌وه و ده‌یگوت: وه‌ره‌ لای ئێمه و ئێره خه‌ته‌ره و ئه‌وجار سیغاری مه‌کێشه و بومبه‌که‌ی راست له سیغاره‌که‌ی ده‌ده‌ن.

ئه‌منیس هه‌ر پێده‌که‌نیم و ئه‌وه ئه‌ویش هه‌ر ده‌پاڕاوه و ده‌یگوت: تو خودا هه‌سته وه‌ره لای ئێمه.

ئه‌منیش به پێکه‌نینه‌وه ده‌مگوت: ئه‌وه تاران چه‌ند میلیون ماڵه، بۆ راست بۆمبه‌که‌ی به ماڵه تۆ داده‌ده‌ن ئه‌وجار فه‌رقی ئێره و ئه‌‌وی چی‌یه؟

دوای چوار رۆژ گه‌ڕامه‌وه بۆ مه‌هاباد و دوای یه‌ک مانگ حوکمی وه‌زاڕه‌‌ت هاته‌وه‌ و نوسرابوو، د‌‌ری که‌ن. به‌م جوره له ماموستایه‌تی ده‌رکرام.

رۆژێک ئاغای خزری که خه‌لکی سه‌رده‌شته و خزمه، هات و گوتی: ئه‌تو پووڵی خانه نیشینیت له بانک دا هه‌یه و وه‌ره وه‌ریگره.

– نامهه‌وێ.

– جا خۆ ده‌وڵه‌ت چی پێ ده‌چی، زه‌ره‌ری خوته وه‌ره بابچین وه‌ریگرین.

پێکه‌وه به‌ره‌و ئیداره‌ وه‌ڕێکه‌وتین. لەوێ گوتیان: ئه‌تۆ ماموستای بۆ نه‌چووی ده‌رسی بڵێی؟

ئه‌منیش گوتم: ئه‌رێ ئه‌وه چ هه‌رج مه‌ره‌جێکه. ئه‌من حوکمی ده‌رکردنیان بۆ ناردوم.

– داوایه‌ک بنووسه بۆ دادگای عه‌دل له ورمی بزانیین وڵامیان چ ده‌بی.

هه‌ر لەوێ ئاغای خزری داواکه‌ی نووسی و دوای چه‌ند رۆژ خه‌به‌ر هاته‌وه که به قسه سه‌رکونه‌م بکه‌ن و بڵین بۆ یاغی بووم و بمنێرنه‌وه سه‌ر کار.

چه‌ند رۆژی هاوین مابوو و کاریان بۆ دیاری کردم و کردیانمه نووسه‌ری ده‌بیرستانی کچان. ئه‌منیش نەمده‌توانی هه‌موو جاری له دێی را بێمه شاری. بۆیه داوام له فه‌تاحی کوڕم کرد که ئه‌و کاره‌که‌م بۆ بکا و ئه‌ویش دیار بوو پێیخوش بوو، بویه گوتی: بابه ئه‌تو هه‌ر مه‌یه، ئه‌من کاره‌که‌ت بۆ ده‌که‌م. بۆیه ئه‌من ئه‌و ده‌بیرستانه‌م هه‌ر نه‌دیت و کچه‌کان فه‌تاحیان زۆر خوش ده‌ویست و به فه‌تاحیان گوت بوو: با بابت هه‌ر نه‌یه.

٢٩

له ئاوایی وزندەرێ کە هەر چارەگە سەعاتێک لە کۆنەدێ دوور بوو لەگه‌ڵ خه‌ڵک زۆر تێکه‌ڵاو بووم و زۆر جار له مزگه‌وتی نوێژی جه‌ماعه‌تمان به ‌یه‌که‌وه ده‌کرد. مه‌لایه‌کی زه‌لامی قه‌ڵه‌وی ڕەشی که‌واپاتۆڵ پیسی لێبوو ده‌تگوت ئه‌کوانی دێوه. هه‌ر چه‌ند زۆر دوست بوین به‌ڵام له راده‌به‌ده‌ر خڕافاتی و زۆر دژی عیلم و زانست بوو و له مزگه‌وتی که قسه‌ی ده‌کرد هه‌ر ده‌یگوت: به قورئانی که پێی موسوڵمانم و بۆخۆم له سه‌ر رانم داناوه‌، ئه‌مریکا درۆیه ده‌کا که ده‌ڵی چوومه کوره‌ی مانگی. ئینسان چون ده‌توانی شتی ئاوا بکا.

ئه‌منیش توڕه ده‌بووم و ده‌مگوت: به قورئانی پێی موسوڵمانی، چوون و به قه‌را قه‌د و گیپاڵی تۆشی تێیڕیاون.

لەو ساڵە دا، به‌ره‌به‌ره وه‌زعه‌که هاڵوزتر ‌دەبوو و له زۆربه‌ی ناوچه‌کان پایه‌گای دوژمن داندرا و هێزه‌کانی پیشمه‌رگه له زستان دا به‌ره‌ و گه‌رمین و سه‌ر سنوور پاشه‌کشه‌یان ‌کرد. لە ناوچەی مەهاباد جیا لە هیندێک ڕێکخراوی حیزب، ته‌نیا چه‌ند که‌س وه‌ک موته‌لیب و تاهیر شکاک و بازید شکاک و عەزیز کانەبی … کە دواتر خۆیان تەحویلی ڕێژیم دا و بوون بە جاش، مابوونه‌وه و جوابی ته‌شکیلاتی حیزبیان نه‌ده‌داوه و خه‌ریکی راوڕووت و تاڵانی خه‌ڵک بوون. ئه‌وان تا نیوەشه‌و له دێیان دا ده‌مانه‌وه و له پارشێوێ دا دێیان به جێ ده‌‌هێشت و هه‌رکات که پایه‌گایه‌کانیش هه‌ستی ئه‌وانیان کرد با، دێیان وه‌به‌ر تۆپ و خۆمپاره ده‌دا. ئه‌وجار هه‌‌رچی داوامان لێده‌کردن که بچن بۆ لای سه‌رێ و ناوچه‌کە به‌جی بێڵن، جوابییان نه‌ده‌داوه‌.

رۆژێک لەگه‌ڵ رووناکی کچم بۆ نۆک به باکردن چووینه سیله‌ی قه‌بران که باگر بوو. تایه‌کمان نۆک هه‌بوو ده‌بو به بای که‌ین. له دوور ڕا چاومان لێ بوو که جاش و پاسدار لە لای لاچینی وەدەرکەوتن. هه‌ر چاوه‌ڕوان بوین که له ده‌وره‌مان په‌یدا بن، به‌ڵام نه‌بوو. له دڵی خوم دا گوتم باشه ئه‌وە ئەوڕۆ نه‌هاتن، ئاسوده‌ین. نۆکه‌که‌مان هه‌ڵگرت و چووینه‌وه ماڵێ. شوانێکی وزنده‌ڕی هه‌بوو زۆر جار مه‌ڕی دینا پشتی کێوی به‌ره‌عه‌ولا لە رووبەرووی کۆنەدێ و بۆخۆی له سه‌ر دووندی شاخی وه‌ک دیده‌بان قوت ده‌بووه. جاش و پاسدار له دورڕا ئه‌و شوانه‌یان دیبوو و گوتبویان ئه‌وه ‌ده‌بی دیده‌بانی پێشمه‌رگان بێ. ئیدی ئه‌و بوو که نه‌یانویرا بوو بێن و گه‌ڕابوونه‌وه و ناردبوویان تۆپ و زرێپۆش و چه‌کی قورسیان بۆ هات بوو و توپیکیان له به‌رده‌عه‌وڵا و یه‌کیان له سه‌ری باسکه‌درێژی دا.

دوایه له پشت ماڵان موته‌لیب کە تازە لەگەڵ تاهیر شکاک و … خویان ته‌سلیمی رێژیم کرد بۆ‌وه، پەیدا بوون. هه‌ر چه‌ند کە چه‌ندین ساڵ بوو که ئەوانە نان و نمه‌کی ئێمه‌یان ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌وجار ئه‌وانیش له گه‌ڵ جاش و پاسداره‌کان هێرشیان ده‌کردینێ.

جاشیک هه‌بوو ئیتلاعاتی بوو و له گه‌ڵ ڕەئیسی ئیتلاعاتی ده‌گه‌ڕا. ئه‌و پێشتر له‌دوور را ئه‌و شوانه‌ی دی بوو. له پشتی ماشینی خوی هه‌ڵداشت بوو و له قوڕوچڵپاوی که‌وت بوو. پێش هەموو کەس ئەو لەگه‌ڵ ڕەئیسی ئیتلاعات په‌یدا بوون، هه‌موو گیانی قوڕاوی بوو. ده‌سته‌ی ساروڵاش سه‌ربانیان گرت بوو. له پێشخانه‌ی ماڵێ، که‌وشی منداڵه‌کانمی لێ‌بوو که هه‌مویان ئادیداس بوون. ڕەئیسی ئیتلاعات چاویکی له که‌وشه‌کان دا خشاند و گوتی: ئه‌وانه ئێ کین؟

– ئه‌وه ئی بووک و منداڵه‌کانمن؟

ڕەئیسی ساروڵا له سه‌ربانی را ئه‌و که‌وشانه‌ی دیت، گوتی: ئه‌وه پێشمه‌رگه‌ت له ژووری دا تاقه‌ت کردووه؟

ڕەئیسی ئیتلاعات گوتی: نا ئه‌من گه‌ڕاوم، که‌سی لێ‌نییه.

جاشه‌که به په‌له هات و گوتی: ده‌گه‌ڕێم.

ڕەئیسی ئیتلاعات گوتی: ئه‌من گه‌ڕاوم ئه‌تو مه‌گه‌ڕێ.

جاشه‌که گوتی: ئه‌من باشتر ده‌گه‌ڕێم.

خیزانم له دوور راوه‌ستا بوو و گوتی ئه‌تو چکاره‌ی ده‌گه‌رێ؟

جاشه‌که گوتی: ئه‌وه ڕەشیدی کورت خودموختاری و ئیستیقلالت بۆ دێنێ، ئه‌وه دە قوونم دایە.

زینه‌ت جنێوی پێدا و گوتی: بی‌شه‌ڕه‌ف ئاگات له‌ دمت بی.

ئه‌منیش زوور ناڕه‌حه‌ت بووم و ده‌له‌رزیم. ره‌ئیسه‌که گوتی: مه‌له‌رزه، بۆ ده‌له‌رزی؟

ئه‌منێش گوتم: وه‌ڵا ده‌له‌رزم. له حه‌یفی ئه‌و سه‌گبابه‌ی ده‌له‌رزم.

ڕەئیسی ئیتلاعات گوتی: ئه‌ری ئه‌وانه بۆ ئاوا له گه‌ڵ ئیوه ‌ده‌که‌ن؟ ده‌ڵین هه‌ر بگره ‌و بکووژه.

– ئه‌و ئاوایه، ئه‌وانه ئاوا خراپه‌مان لەگه‌ڵ ده‌که‌ن، ئه‌وجار ئێوه ئاواتان لێکردوون. ده‌ مه‌هیڵن ئاوا بکه‌ن، وڵات و ژیانیان لێ‌وێران کردوین.

جاش و پاسدار هه‌مووە رۆژێ ده‌هاتن. ئه‌گه‌ر رۆژێک نه‌هاتبان جێژنه بوو. رۆژێکی پارشێوێ به‌یانی زوو خیزانم له خه‌و هه‌ستا و تندووری داخست بۆ ئه‌وه‌ی نانی بکا. سیوادی به‌یانی جاش په‌یدا بوون. یه‌کیان به خیزانمی گوت: حاجی ژن ئه‌وه ئه‌وشۆ پێشمه‌رگه لێره بوون و نان و نه‌ماوه بویه وازوو هه‌ستاوی تندوورت داخستووه و نانی ده‌که‌ی؟

خیزانیشم پێیگوت: به داخه‌وه پێشمه‌رگه نه‌ماون، ده‌نا ئه‌تو ئه‌و پیاوه نه‌بووی که بەو به‌یانه زووی بێ بۆ ڕاووڕوتێ.

جا ڕاووڕوتی چی هه‌ر چی وه‌به‌ر ده‌ستیان هاتبا ده‌یانبرد. ئاخر نه مێش هه‌نگوێنمان مابوو، نه گوێز، نه بادام. وه‌ڵاهی تایه‌کمان بادام هه‌بوو ئه‌ویشیان به کۆڵی دادا و بردیان. ته‌واوی ئه‌و سندوقه سیوانه‌یان به سه‌ر یه‌ک دا شکاند بوو و باغه‌که‌یان هه‌موو ویران کرد بوو. ئه‌وه‌ی بۆشیان نه‌چوو با، پێیان رێده‌خست. رۆژێک قایشه کونیکی شاڵواریان دیته‌وه، حه‌شرێکیان کرد مه‌گه‌ر خودا بزانی.

روژێکی ده‌سته‌ی حاجی … جه‌نگه‌ڵێ په‌یدا بوون. ده‌ستیان به گه‌ڕانی باغی کرد. تفه‌نگی مسته‌فای برام که له بن عه‌رزی دا شاردرابۆوه، دیتیانه‌وه. هه‌ڵا په‌‌یدا بوو و ده‌ست به بێ‌سیمان کرا.

– یاوه‌ر فیته‌ر، یاوه‌ر فیته‌ر.

له دڵه خوم دا گوتم چاو ئه‌و ره‌مزه‌ی، یاوه‌ر فیته‌ر، یاور فیته‌ر!

– چهار دیواری تصرف( چوار دیواری گیرا).

– دووتا کبوتر دووتا کبوتر(دوودانه کۆتر دوو دانه کۆتر) یانی دوو تفه‌نگیان دیته‌وه.

– کله‌گند در خانه(سه‌ر زل له ماڵێیه)، یاور فیته‌ر، یاور فیته‌ر.

حاجی گوتی: یازده میلیۆن تمه‌نن بۆ بێنه دیڵیین هه‌ڵێی.

– وه‌ڵا هه‌ڵنایه‌م، بۆ هه‌ڵدیم کوردستان پره له تفه‌نگ.

– نا نا ئه‌توو به قسه‌‌ی من بکه ٩ میلیۆنن لە بۆ بێنه.

– وه‌ڵاهی ٩ میلیۆنیشم بده‌یه‌ی هه‌ڵنایه‌م. با بمگرن.

هێنده‌ی پێنه‌چوو، له ئیتلاعاتی ڕا په‌یدا بوون و هاتن گرتیانم و بردیانمه ئیتلاعاتی، باش بوو به زه‌مانه‌ت ئازادیان کردم. دیاره جاشه‌‌کان له خه‌ڵک گرتن دا ئازا بوون و بۆخویان ده‌یانگوت: که خه‌ڵکن پێده‌گرێ، به‌ڵام پێ به‌ر نادرێ.

هه‌ر لە‌وباره‌و به ره‌حمه‌ت بێ ماموستا مه‌لا ره‌حیمی عه‌بباسی له زبانی ئاغایه‌کی جاش له کوردستانی عیراق، نه‌قڵێکی ئاوای ده‌گێڕاوه: هه‌تا مه‌لا مسته‌فا له شاخی بوو و ئێمه پیاوی ده‌وڵه‌تی بووین، هه‌رچی گوتبامان ده‌وڵه‌ت به قسه‌ی ده‌کردین. ئه‌گه‌ر چووبامه لای ئوستانداری، یه‌ک پێ له به‌رم هه‌ڵده‌ستا و له سه‌رووی خۆێی داده‌نام. کابرا پیاوی له ده‌ست زایه با‌ و گیرابا، یان هه‌ر شتێکی دیکەی لێ‌ڕوو دابا، یان داوای هه‌ر شتێکم کردبا، یه‌ک جێ کاره‌که‌ی جێبەجێ ده‌کرد. پاش ماوه‌یه‌ک مه‌لا مسته‌فا له وڵات دانه‌ما. ئه‌منێش ئه‌وه چه‌کی ده‌وڵه‌تێم پێیه و له ماڵه خۆم دانیشتووم. رۆژێک ژنێک به گریان هات و زۆر پاڕاوه که مێرده‌که‌ی که له خۆڕا گیرابوو، بۆی ئازاد بکه‌م. ئه‌منیش ده‌مانچەم به قه‌دێوە بوو، وه‌ک جاران به تێڕادیوی چوومه لای ئۆستاندار. جاران که هه‌ر گوتبایان ئه‌وه ئه‌من ده‌چم بۆ لای، ئۆستاندار هه‌تا به‌رده‌رکی ده‌رێ، به‌ره‌و پیرم ده‌هات. به‌ڵام ئه‌وجاره زیاتر له چاره‌گه‌ سه‌عاتیک له به‌ر ده‌رکه،‌ رایانگرتم. له به‌ر خۆمه‌وه ده‌مگوت ده‌بێ چ قه‌وما بێ و چم کرد بێ‌ که لەگه‌ڵم ئاوا بێ لوتفن. دوایه رێگه‌یان دام بچمه ژوورێ. ئوستاندار له‌به‌رم هه‌ڵنه‌‌ستا‌، ده‌ستی له ده‌ستم نه‌نا، نه‌گوتی فه‌رموو دانیشه. ته‌نیا بزه‌یه‌کی هات و گوتی به‌خێرێی. ئه‌منیش زوور ناڕه‌حه‌ت بووم و دوایه گوتم ئه‌من بۆ شتیکی ئاوا هاتووم. گوتی: ئه‌تۆ چکاره‌ی؟ ئه‌تۆ حه‌قت نییه له کاری زیندانی دا دخاله‌ت بکه‌ی. ده‌وڵه‌ت بۆخۆی لێی‌ده‌کۆڵێته‌وه، ئه‌گه‌ر تاوانبار بێ، ئه‌وه ده‌یگرێ و ئه‌گه‌ر بی تاوانیش بێ، ئه‌وه ئازادی ده‌کا.

ئه‌منیش گوتم: جه‌نابی ئۆستاندار ئه‌وه چ قه‌وماوه، خۆ ئه‌تۆ جاران ئاوا نه‌بووی بۆ ئاوا بی ره‌حم بووی؟

گوتی: ئه‌تۆ چۆن ئیزنت به خۆت داوه که به چه‌که‌‌وه بێی بۆ ئێره. ئه‌تۆ جاشی هه‌تا کورد به شاخێوه بێ‌، ئێمه نانی ده‌ده‌ین به ئێوه. گورگ له شاخی نه‌ما، ئێمه سه‌گمان ناوێ.

دوای ئەوەی کاری نووسەری دەبیرستانی کچانیان دامێ و فەتاحی کورم لە جیاتی من دەچوو، ئەوجار لە پاییز دا حوکمیان دامی که بچم له مه‌دره‌سه‌‌ی ئاوایی وزندەرێ که چاره‌گه سه‌عاتیک له ماڵه خومان دور بوو، له مه‌دره‌سه‌ی ئیمام خومه‌ینی که تازه دروست کرا بوو، به‌ڵام ته‌واو نه‌کرا بوو ده‌رس بڵێم. مه‌دره‌سه‌که ده‌رکه و په‌نجه‌ره‌ی تیدا نه‌بوو و ژووره‌کان‌ ساف نه‌کرابوو و سه‌نده‌ڵیان بۆ نه‌هێنا بوو.

رۆژێک چومه ئیداره ‌و به هه‌زار چه‌قه چه‌ق ١٠ تا ١٢ گه‌زیان نایلون بۆ په‌نجه‌ره‌کان دامێ. ئه‌وجار چومه لای ڕەئیس و داوای سه‌نده‌ڵیم کرد. ره‌ئیس توڕه بوو‌و ئه‌ویش باسی خراپی وه‌زعه‌که‌ی ‌کرد ‌و جنیوی ‌دا و گوتی: با هه‌ر منداله‌ی بۆ دانیشتن سه‌نده‌ڵی یان چه‌له‌نگیکی رۆنی بێنی ‌و له ماڵان زیلو یان ڕایخێکی وه‌رگره‌و و ئه‌وه بۆخۆشم ده‌ستور ده‌ده‌م که ١٠ میترو زیلۆ بده‌نی.

دوایه سابڵاغییه‌کان یارمه‌تیان کردم ته‌خته‌ ڕەشه‌یه‌کیشیان دامی. ئه‌وجار چومه‌وه دێی ‌و لیسته‌ی قوتابیکان که ٤٢ که‌س بوون، گرت ‌و بۆم ناردن. تا سه‌نده‌ڵیان داینی، سه‌نده‌لیکیشم له ماڵه خوم را برد. پاش ماوه‌یه‌ک کابرایه‌ک به نیوی سه‌ید… که زۆر توڕه‌‌ و تۆسن بوو، وه‌کو بازره‌سی ئیداره په‌یدا بوو. ته‌ماشای لیستی نیوه‌کانی کرد. ئه‌سعه‌د کوڕی مه‌لا هه‌باسی که پێشتریش خوێند بووی، له ته‌مه‌نی دیاریکراو تێپه‌ڕی بوو. بازره‌سه‌که گوتی ئه‌وه حه‌قی نییه بخوێنی ‌و وه‌ده‌ری نا. ئه‌منیش گوتم: به مه‌سئولییه‌تی خوم پێیده‌خوێنم.

– به هیچ شێوه‌یه‌ک نابێ.

ئه‌سعه‌د ده‌ڕۆییشته ده‌رێ ‌و ئه‌منیش به تووندی بانگم کرد ‌و گوتم: وه‌ره‌ دانیشه.

بازره‌سه‌که زۆری پێناخۆش بوو‌ و گوتی: ئه‌وه نابی‌ و ئه‌وه له سه‌ر من خراپ ده‌که‌وێ.

– کاکه ئیره مه‌دره‌سه‌یه بۆ خوێندنه. کابرا ده‌ڵی ده‌خوێنم با بخوێنی چ زه‌ره‌ری هه‌یه. ئه‌گه‌ر موشکلیک بوو با به عوده‌ی من بێ.

ئاوا به ناڕه‌حه‌تی و به نابه‌دڵی قه‌ناعه‌تی هێنا.

رۆژێک چوومه ئیداره‌ی پەروەردە. کورده‌کان گوتیان: ده‌رکه ‌و په‌نجه‌ره‌تان بۆ هاتووه به‌ڵام ناتانده‌نی ‌و ده‌یانهه‌وی بیانده‌ن به پایه‌گاکانی ئه‌رته‌ش‌ و پاسداران. بویه خێرا داوایه‌ک بنووسه‌ و ئێمه به ڕەئیسی ناڵین ‌و له ئه‌نبار بۆت وه‌رده‌گرین.

بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رکه‌و په‌نجه‌ره تێدا نه‌چی و نه‌که‌وێته ده‌ستی عه‌جه‌مان، هه‌موومان خیرا وه‌خۆ که‌وتین. ئه‌من به په‌له ماشینێکی تویوتام گرت ‌و ئه‌وانیش شته‌کانیان له ئه‌نبار ده‌رێنا و وه‌ک دزینێ دزیمانن. گه‌یشتمه وزندەرێ ئه‌‌گه‌ر ته‌ماشام کرد له به‌ر په‌له‌په‌لێ ده‌رکه‌که‌م له‌بیر چووه. له سه‌ر ڕا به په‌له غارم داوه‌‌ بۆ شاری. باش بوو نه‌دزرابوو. ئه‌ویشم تێهاویشت ‌و گه‌ڕامه‌وه بۆ دێی. ئه‌وجار شووشه نه‌بوو به ناچار به داری نایلونمان له په‌نجه‌ران قایم کرد.

شه‌قه شه‌قی نایلون گوزه‌رانی لێ‌هه‌ڵگرتبووین ‌و زۆر جار نایلون ده‌دڕا و کاغه‌ز به وڵاتی وه‌ر ده‌بوو. تا رۆژێک چوومه ئیداره‌ی ‌و داوای شووشەم کرد و ئه‌ویشیان بۆ جێبەجێ کردم. دوایه داوای ماموستایه‌کی دیکه‌م کرد‌ و سه‌ربازه ماموستایه‌کی کوردیان دامی که نیوی حه‌مه‌ده‌مینی سوهرابی بوو ‌و زۆر کوڕی چاک بوو. به هاتنی ئه‌و، ئه‌من بوومه مودیری مه‌دره‌سه ‌و زۆربه‌ی ده‌رسه‌کان ئه‌و ده‌یگوت. به‌مشیوه‌یه مه‌دره‌سه رێکوپێک کرا ‌و زۆر به باشی یه‌ک ساڵمان ده‌رس گوت. له ئێمتیحانی ئاخری ساڵ دا هه‌ر چه‌ند قوتابخانه‌ی ئاوا هه‌بوو که ٦ قوتابیان هه‌بوو، به‌ڵام چوونکه ماموستاکان باشیان ده‌رس نه‌گوتبوون ٥ که‌سیان ره‌د ببووه. به‌ڵام له قوتابیانی ئێمه، یه‌کیان ره‌د نه‌بووه‌ و هه‌موو نومره‌ی باشیان هێنابوو.

رۆژێک له ئیداره‌ی په‌روه‌رده را خه‌به‌ریان دا که بۆ ئیمتیحانی ئاخری ساڵ، بۆ به‌یانی قوتابیکان به‌رمه ئاوایی گرده‌به‌ردان. شه‌و چومه‌وه ماڵێ. بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه که به‌یانی چۆن قوتابیکان به‌رم، له نه‌کاو حه‌سه‌نی مه‌حموودی و ڕەشیدی کورم که ئه‌ندامی ڕێکخراو بوون په‌یدا بوون. بۆیان نیگه‌ران بووم ده‌مزانی به‌ڵایه‌کیان به‌سه‌ر دێ‌ و ده‌گیرین یان ده‌کوژرێن. رووم تێکردن و گوتم ئێوه هه‌موو شه‌وێ لێره له چی ده‌گه‌ڕێن نازانن به دوتانه‌وه‌ن وه‌ڵاهی پێوه ده‌بن و ده‌تانگرن.

حه‌سه‌ن گوتی : نا مه‌سه‌له‌یه‌ک نییه.

راده‌ی ٥٠ هه‌زار تمه‌نیان کۆ کرد بووه و حه‌سه‌ن له‌به‌ر پشتیندی نابوو و گوتم ئه‌و پوڵه‌ی مه‌گێڕن و له شوینیکی دانین، ئاخر وه‌کی ئێوه‌ ده‌که‌ن یان ده‌گیرین یان ده‌کوژرێن. دیسان حه‌سه‌ن گوتی: نا مه‌سئه‌له‌یه‌ک نییه.

ئه‌منیش زۆرم پێناخۆش بوو. حه‌سه‌نیش وه‌ک ڕەشیدی، هه‌ر وه‌ک ئه‌ولادی خوم بوو و بویان نیگه‌ران بووم. بویه لیان تووڕه بووم و گوتم: وه‌ڵاهی ئه‌گه‌ر نه‌ڕۆن حه‌وتویه‌ک ناگری که ئێوه ده‌گیرین. ئاخر پێشمه‌رگه هه‌مویان رۆیشتونه‌وه سه‌ری ئه‌نگۆ بۆ ده‌ست هه‌ڵناگرن؟ ئێوه‌ش ماوه‌یه‌ک بڕۆنه جێگایه‌ک که که‌مێک ئه‌مین بی.

دوایه داویان له لوقمانی کرد که بچی له شاری که‌وا پاتوڵیان بۆ بکڕێ. به‌ڵام ئه‌و نه‌یده‌توانی چونکه تازه له زیندانێ به‌ر ببوو و زۆریان ئه‌شکه‌نجه ‌کرد بوو که‌له‌که‌ی دێشا و ده‌شه‌لی.

ئه‌و شه‌وه‌ی پێموابێ ئه‌وانه چوبوونه ئاوایی وزندەرێ و دوایه‌ش درنگ دێیان به جێهێشت بوو له روبه‌ڕوی کۆنه‌دی چوبوونه کێوی کونه‌کوترێ.

به‌یانی ئه‌من ماشینیکم به کرێ گرت ‌و قوتابیاکانم سوار کرد و چووین بۆ ئیمتیحانێ. لەوێ ئاغای ڕەشه‌ ئه‌حمه‌دی به سه‌ر راده‌گه‌ێشت. رووی له من کرد و گوتی: کارامان به تۆ نییه پێتخوشه لێره بی یان بڕویه‌وه، که‌یفی خوته.

ئه‌منیش زۆرم پێخۆش بوو. چوومه ماڵه کاک باییز که ئه‌ندامی حیزب بوو و زۆر مالێکی چاک و میوانگر بوون. گوتم پاروێک نان ده‌خوم و که‌میک ئیستڕاحه‌ت ده‌که‌م و دوایه ده‌ڕۆمه‌وه. له‌و ماڵه له نه‌کاو تاوتوی دایگرتم و زۆر ناڕه‌حه‌ت بووم. که‌مێک درێژ بووم، به‌ڵام دوایه گوتم وه‌زعم باش نی‌یه و ده‌بی بڕومه‌وه و خوداحافیزیم کرد. گه‌یشتمه سه‌ر رێگایه تووشی کوره‌کانی زارا عه‌جمێ بووم که پێشتر پێشمه‌رگه‌ بوون و چه‌کیان دانابوو و دوو ماشینیان کڕی بوو و بارکێشیان ده‌کرد. له ته‌نیشت خۆیان تا وزندەرێ سواریان کردم و له‌وێڕا به‌ پێیان به‌ دوڵی قۆڕاوان دا به‌ره‌و ماڵ بوومه‌وه.

له‌نه‌کاو ته‌ماشام کرد ٧ که‌س له کێوی کونه‌کوتر را دێنه خواری. له به‌ر خۆمەوە گوتم: خودایه ئه‌وانه ده‌بێ پێشمه‌رگه‌ بن یان پاسدار. که‌مێک نیزیک بوومه‌وه به ‌بی‌سیمه‌که‌یان را بۆم ده‌رکه‌وت که ده‌بێ جاش و پاسدار بن. ئه‌وان ئه‌منیان دیبوو و پێشه‌ منیش گه‌یشتنه ماڵێ. ئه‌گه‌ر چوومه‌وه ته‌ماشام کرد له‌به‌ر ده‌‌رکی ماڵێ، له به‌ر سیبه‌ری داره بناوه‌کان، له سه‌ر عه‌رزی دانیشتوون. ئه‌منیش به‌ڕه‌یه‌کم بۆ هێنان و گوتم نان و چایان بۆ بێنن. یه‌کیان پرسی: خاڵه پێشمه‌رگه‌ی لێ‌یه‌؟

– کوا پێشمه‌رگه ‌ماوه؟ کێ ده‌وێرێ بێ؟

ده‌سته‌یه‌ک له‌وانه مابوو که له شاخێ را بێنه خوارێ و له نیو ره‌وه‌زه‌کانی کێوی کونه‌کوتر، له قه‌ڵشته‌ به‌ردێک دا به‌ سه‌ر تفه‌نگ و فیشه‌ک دانی ڕەشید و حه‌سه‌نی دا ده‌که‌ون که له‌به‌ر گه‌رمایه خویان رووت کرد بۆوه و نووست بوون. جاش و پاسداره‌کان ته‌قه له قه‌ڵه‌شته‌که ناکه‌ون و د‌یانهه‌وێ تفه‌نگه‌کان هەڵگرن. ئەگەر ته‌ماشا ده‌که‌ن، ئه‌وه حه‌سه‌ن ده‌وێدایه. حه‌سه‌نی ده‌گرن و ده‌ڵین ئه‌دی ره‌فیقه‌که‌ت کوا؟ ئه‌ویش پیاوه‌تی ده‌کا و ده‌ڵی وه‌لا ڕەشید ئه‌به‌‌وەی دا هه‌ڵاته خوارێ. ئیدی جاش و پاسداره‌کان ده‌بنه دوو به‌ش و ده‌سته‌یه‌‌ک وه‌دوای ڕەشیدی ده‌که‌ون و ده‌سته‌یه‌کێش لیباس ده‌به‌ر حه‌سه‌نی ده‌که‌ن و‌ ده‌ستی ده‌‌به‌ستن و هینایانه خواری.

له‌نه‌کاو بیسیمی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی که له به‌ر ده‌رکی ماڵه من بوون وه‌کار که‌وت و دوایه روویان له من کرد و گوتیان: ئه‌دی کاکه بۆ ده‌ڵێ که‌سی لێ ‌نی‌یه ئه‌وه یه‌کیان گرت و یه‌کیشیان هه‌ڵاتووه.

ئه‌گه‌ر وایان گوت مچوڕکم به له‌شی دا هات زۆر ناڕه‌حه‌ت بووم. زارم تاڵ تاڵ بوو و زانیم که ئه‌وه ده‌بێ ئه‌و دووه بن. زۆری پێ‌نه‌چوو حه‌سه‌نیان هێنا بۆ ته‌پکی چاڵه گورگان له پشتی ماڵان و له دوور را به لیباسه‌کانی ناسیمه‌وه. له خیزانم زۆر توره بووم و گوتم هێنده‌ به دزی و به سه‌تڵی نان و چات دانێ و نه‌تهێشت بڕۆن هه‌تا گیران. ئه‌ویش هه‌ر ده‌گریا.

دوایه به بیسیمی به ئه‌وانه‌یان گوت که ئه‌وی دیکه‌یان خوی له مه‌زرای برایم خانی هاویشتووه‌ و ده‌بێ بچن بۆ ئه‌وی و پێیان وابوو ڕەشید به مێشه‌‌که‌یدا هه‌ڵاتۆته خواری.

جاش و پاسداره‌کان هه‌موو غاریان دا و که‌س لەوێ نه‌ما. ڕەشیدیش راست به دوڵی کونه‌کوتری دا، به خشکه‌و له سه‌ر چه‌نگان هاته خوارێ و به نیو باغی دا هه‌ڵات بوو بۆ گۆڵی قامیشان و له بن چناره‌کان راوه‌ستا بوو و ڕەشید بۆخۆی لەسەر ئه‌و رووداوه‌ ئاوا ده‌گێڕێتەوه: سه‌عات سێ و نیوی شه‌و بوو. هه‌ستاین که بڕۆین. بابم ئاخرین مژی له سیغاره‌که‌ی دا. دایکم چاوی پڕ ببوو له ئاو و ئایه‌تولکورسی خوێند. عه‌لی به پێکه‌نینه‌وه گوتی: مه‌ڕۆن سبینی تا ئێواری گیاتان پێده‌کێشم و دروێنه‌تان پێده‌که‌م.

به نێو باغی دا به‌ره‌و کونه‌کوتر وه‌ڕێکه‌وتین. له ئه‌شکه‌وتی ئاوی که له قه‌دی شاخی دایه و له به‌ری میچی قه‌تره‌ قه‌تره ئاو ده‌تکێ و له سه‌عاتێک دا له وانه‌یه که‌ترێکی پڕ بکا، تونگێکمان پڕ له ئاو کرد و بۆ ئیحتیات له ئه‌شکه‌وته‌که دوورکه‌وتینه‌وه و له پشته‌وە، له ڕەوەزێکی سه‌خت‌ و ماه دا جێگای خه‌وتنمان خۆش کرد. ئه‌من هێستا خه‌وم لێنه‌که‌وت بوو. تاو هه‌ڵات بوو. تیشکی سووری هه‌تاو که ئه‌من زۆری پێوه‌ ناڕه‌حه‌ت بووم و خه‌وم لێنه‌ده‌که‌وت، له ره‌وه‌زی شاخی دابوو. هه‌ستام و 3 میتر لەولاتر به رووکاری هه‌ڵدیره‌که‌ی دا، له خوار شوینی پێشوو، خۆم له قه‌ڵه‌شته به‌ردێکی خزاند و نووستم.

تازه چاوم له خه‌و راچوو بوو. له خه‌ونم دا مه‌ڕ و ماڵاتیکی زوور له دەو‌ر‌مان بوون و شوانه‌کان به گورانی کوتن خه‌رێکی چا ساز کردن بوون. له ئه‌شکه‌وته‌که‌شدا ئاشگێڕیک ئاو ده‌هاته ده‌رێ و هه‌موو وڵات سه‌وز بوو. ورده ورده ده‌نگی شوانه‌کان نیزیک ده‌بۆوه و له نێوان خه‌و و بێداری دا، بیرم لەوه دەکرده‌وه که لە‌و هاوینه ‌و لە‌و ویشکه‌ساڵی دا ئه‌و سه‌وزایی و ئه‌و مه‌ڕ و مالاتە لێره چ ده‌کا. له خه‌و ڕاپه‌ڕیم. ده‌نگی شوانه‌کان بوو به گوڕانی له قه‌ندیلی سه‌ربه‌رزه‌وه هه‌واڵت بۆ ده‌نێرمه‌وه‌. له نیو ده‌نگه‌کاندا ده‌نگی تاهیر و بازید شکاکم ناسێوه که ببوون بە جاش و له دووندی کێوه‌که‌ی را به‌ره‌و ئه‌و هه‌ڵدێره‌ی لای ئێمه ده‌هاتنه خوارێ. ئه‌وه‌نده نیزیک ببونه‌وه مه‌ودای جموجۆڵ نه‌مابوو. نه‌مده‌زانی که حه‌سه‌نیش له‌وێ ماوه یان نا، بۆیه مرته‌قم له خۆ بڕی و خۆم مات کرد. ده‌‌نگه‌کان دوای ده د‌‌قیقه له کزێی دا و گه‌یشتبوونه لای ئه‌شکه‌وته‌که.

نه‌فه‌سیکم هاته‌وه به‌ر. بۆ ئه‌وه‌ی بزانم چ خه‌به‌ره، به سپایی سه‌رم کێشایه ده‌ر. ئه‌گه‌ ر ته‌ماشام کرد نیزک به ٢٠ که‌س جاش و پاسدار ده‌بوون که به فشه و قسه‌ی قۆر له ئه‌شکه‌وته‌که را به‌ره‌و ئاوایی داگه‌ڕان. له خواڕی له داوینی شاخی، له سه‌ر ڕەوەزێکی، وه‌ک کێشک دوو جاشیان دانا و ئه‌وانی دیکه به باغی سیوان و به نێو باغی ترێ‌یان دا چوونه نێو دی و سه‌ڵاحی برامیان وه‌پێش خۆ دابوو و ده‌ستیان به پشکنینی ماڵان کرد و هه‌موو که‌لێن و قوژبنی ئاوایی گه‌ڕان.

ئه‌من به به‌جێهێشتنی ئه‌و دووکه‌سه زوور نیگه‌ران بووم و بیرم لەوه دە‌کره‌وه که ئه‌و دووکه‌سه‌یان بۆ به‌جێهێشت. بۆ ناڕۆن و بڵێی بێره‌دا نه‌گه‌ڕێنه‌وه؟ دوایه گوتم با بچم حه‌سه‌نی هه‌ستێنم. بزانیین چ بکه‌ین و هه‌ر لە‌و فکرانه دا بووم که له نه‌کاو ده‌نگه‌ ده‌نگی دیکه له پشت سه‌رمان په‌یدا بوو. به‌ڵام ئه‌و جار به فارسی. دیسان خۆم مات کرده‌وه. ئه‌وانه‌ش ٢٠ که‌س ده‌بوون و زۆر به کاوه‌خۆ ده‌هاتنه خوار و به دیقه‌ت چاویان ده‌گێرا. ته‌نیا ٣ که‌س مابوون که داگه‌ڕێن که له نه‌کاو یه‌کیان چاوی به کیسه‌خه‌وه‌که‌ی حه‌سه‌نی که‌وت و هاواری کرد و گوتی: ‌مەهدی! مەهدی! یک کیسه خواب و مهمات مه‌ربوطه(مێهدی! میهدی کیسه خه‌وێک و تەقەمەنی و که‌لوپه‌له‌که‌ی).

به خێرا گه‌یشتنه سه‌رمان. حه‌سه‌ن به په‌له گوتی: اینها هیچی نیستند مال منند(ئه‌وانه شتیکی ئاوا نیین، ئی منن).

به ده‌نگی حه‌سه‌نی له گێله‌نگیده‌نیان دا و گه‌یشتنه سه‌ر سه‌ری و تفه‌نگیان له سه‌ر راگرت و گوتیان: پس اون یکی کجاست؟(کوا ئەوەی دیکە؟).

مه‌به‌ستیان له من بوو. چوونکه هه‌موو که‌ره‌سه‌کانی منیش لەوێ بوو.

حه‌سه‌ن پێموایه ده‌یزانی ئه‌من هه‌ر له‌وێدام به‌ڵام پیاوه‌تی کرد و گوتی: اون در ره‌فت(ئه‌و هه‌ڵات و بۆی دەرچوو).

حه‌سه‌نیان پێچاوه ‌و له گه‌ڵ خویان برد. پێموابوو ئیستا نا ئێستا ده‌گه‌ڕێنه‌وه ‌و هه‌موو که‌لێن و قوژبنی ئه‌وی ده‌گه‌ڕێن و ده‌مبیننه‌وه. هه‌روا خوم مات کرد، نیوسه‌عاتێک گوزه‌را. ویستم سه‌ر ده‌رێنم و به سپایی بڕوانم بزانم چ خه‌به‌ره. له پڕ هاشه‌یه‌ک هات، گوتم نا ئاشکرا بووم. ئه‌گه‌ر سه‌رم هه‌ڵێنا ته‌ماشام کرد مارێکی زه‌لامی شێنی دانگی که سه‌ری به قه‌را په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌بوو، روو به دمووچاوم راوه‌ستا بوو و درێشوکه‌ی ده‌ر دێنا.

لە‌و حاڵه‌ته‌دا نیگه‌ران نه‌بووم و ئه‌وه بۆ من ئاوه‌دانی بوو، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی به سه‌رمه‌وه نه‌دا به سپایی په‌نجه‌ی ده‌ستم له پێش چاوم راگرت. ماوه‌یه‌ک چاومان له چاوی یه‌کتر کرد، دوایه سه‌ری کیشایه دواوه ‌و خزێێ نیو قه‌ڵشته‌که‌ی.

به سپایی خۆم کێشایه سه‌ر لیواری قه‌ڵه‌شته‌که. له داوینی حه‌سه‌نم ناسیوه که به پشتیندی ده‌ستیان له پشته‌وه‌ڕا به‌ست بوو و به‌ره‌و خواره‌وه‌یان ده‌برد. دوو ده‌سته‌ی دیکه‌ی پاسدار لە‌ولاولای کێوه‌که‌ی را هاتنه‌ خوارێ و تیکه‌ڵ به ئه‌وان دیکە بوون و هه‌مویان ویکڕا داگه‌ڕانه خواری. پیش ئه‌وه‌ی بچنه نێو دێی، ته‌قه‌ی چه‌ند تفه‌نگان هات. دوایه له پشتی دێی له ته‌پکی چاڵه گورگان کۆ بوونه‌وه‌ و لەوێڕا هه‌موویان داگه‌ڕانه مه‌زرای حاجی حه‌سه‌ن و له جه‌عفه‌ری حاجی که خه‌رێکی وینجه دروونێ بوو، هاڵان و ده‌ستیان به لێدانی کرد. دوایه ته‌واوی ئه‌و که‌رخی وێنجانه‌یان ئاوه‌ژوو کرد ‌و دیار بوو له من ده‌گه‌ڕان. ئه‌وجار که ته‌ماشام کرد ته‌واوی مه‌زرای سه‌رده‌شتانیش که ده‌که‌وێته نێوان شیلاناوی و کۆنه‌دی، گێراوه و پڕه له جاش ‌و پاسدار. حه‌سه‌نیان به په‌له برده ئه‌وی و له ئالقه‌یه‌کی گه‌وره دا، پاسدار دەوریان گرت بوو و به سێ که‌سان وه‌ریگه‌ڕانێ و لێیان ده‌دا. دوایه پازده‌ ماشێنی تویوتا هاتن و زۆربه‌ی ئه‌و له‌شکره‌یان به‌ره‌و لای شار گوێزته‌وه.

به پێ قه‌رار و مه‌داری نێو خۆمان ده‌بایه هه‌رکه‌س که گیرابا، هه‌وڵی دابا که لانی که‌م ٣ سه‌عات له به‌رانبه‌ر ئه‌شکه‌نجه‌ی ئه‌و جه‌نایه‌تکارانه‌دا مه‌قاوه‌مه‌تی کرد با، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وی دیکه له‌و ماوه‌یه دا، بیرێکی له خۆ کردباوه ‌و به شێوه‌یه‌ک خۆی ده‌رباز کرد با. بویه ئه‌منێش ده‌بوایه به هه‌ر شێوه‌یه‌ک با خۆم ده‌رباز بکه‌م. مه‌ترسی گەورە ئه‌وه‌ بوو که ئه‌وان بگه‌ڕێنه‌وه ‌و له سه‌رڕا بگه‌ڕێن. ئه‌وجار ده‌رفه‌‌تێکی باش ره‌خسابوو ئه‌وان کونه‌دێێان چۆل کرد بوو. بۆیه له ناو دوودڵی و دڵه‌ڕاوکه‌یه‌کی زۆر دا، به خێڕا ئه‌و شوێنه‌م به جێهێشت و بەرەو ئاوایی دامقه‌ڵاشته‌خواری ‌و له نێو باغی دا هه‌ر به‌ڕێوه و هه‌ر به هه‌ڵاتن چه‌ند ده‌نکم گێلاس و قه‌یسی نه‌گه‌ییو ره‌‌‌نی ‌و به کانی پۆلکه دا به‌ره‌و گۆڵی قامیشان هه‌ڵاتم. له داوێنی ئاویی له کانی ژنان چه‌ند ژن کۆ ببوونه‌وه و قسه‌یان ده‌کرد. یه‌کیان گوتی: کوڕه‌که‌ی ماڵه ئاغای له گه‌ڵ ٢ که‌سی دیکه گیراون.

خیزانی ره‌سوو مۆزی گوتی: نا یه‌کیانم دیت که له کونه‌کوتری را هاته خوارێ.( ئه‌و ژنه به دایکمی گوت بوو که مزگینی بداتێ که‌ یه‌کیکیان به غاردان له شاخی را هاته خوارێ و شه‌به‌قی سه‌عاتی ده‌ستی دیوه). دیاره دایکم باوه‌ڕی نه‌کرد بوو.

له نیزیک گوڵی قامیشان تووشی گوڕانی کوڕێ خوشکم بوو که له به‌ر وڵاغان بوو و یه‌ک به خۆی ده‌گریا و هاوارێ ده‌کرد: ئه‌ی خاڵه ڕۆ.

زۆرم زگ پێ سووتا و بانگم کرد و حه‌به‌سا و باوه‌ڕی نه‌‌کرد. ماچم کرد و گوتم: به غاردان بچوو له ماڵێ کراس و پاتوڵێکی کۆنم بۆ بێنه.

گوران به غاردان هاته‌وه. لیباسه‌کانم لێوه‌رگرت ئه‌گه‌ر ته‌ماشام کرد بابم له دوور را په‌یدا بوو. زۆرم پێ‌ناخۆش بوو. نه‌مده‌زانی که باسی چی له گه‌ڵ بکه‌م. قسه‌کانی شه‌وی پێشی وه‌ڕاست گه‌ڕا بوو. هه‌ر له‌و فکره‌ دابووم ئه‌گه‌ر ته‌ماشام کرد له پشتی ماڵان ماشێنیک په‌یدا بوو، یه‌ک بوو به دوو و بوو به ٣ و ٤ و… به هه‌ورازی پشتی ماڵان دا به ئاخرین سورعه‌ت به‌ره‌و باسکه درێژ هه‌ڵکشان و له هه‌ر ١٠٠ میترێک دا چه‌ند پاسداریان دانا و له ماوه‌یه‌کی کورت دا، ته‌واوی ئه‌و باسکه‌یان گرت‌ که ٤ کیلومیتر ده‌بوو و بەسەر مەزرا و دۆڵەکی خوارێ دا دەیڕوانی. ئه‌من به بی پشوو دان و راوه‌ستان له به‌ر لق‌ و پۆپ ‌و به‌ژنی داره‌بێکی گه‌وره دا که ئه‌منی له ئه‌وان نه‌دیو ده‌کرد، خۆم خزانده نیو گه‌نمی و به چه‌نگی که‌میکم عه‌رز هه‌ڵقه‌ند و … گه‌نمم به سه‌ر خۆم داکیشاو مات بووم.

ئەوە قسەکانی رەشید بوو. لەوکاته دا پاسداره‌کان دێیان به جێ هێشت. ئه‌من به ده‌رفه‌تم زانی و ته‌وه‌رداسیکم ده‌ست دایه‌ و بەره‌و گۆلی قامیشان وه‌ڕێکه‌وتم. له رێگایه تووشی گورانی بووم. توره‌که‌یه‌کی پێ بوو لێم ‌‌ئه‌ستاند و فڕیم دا نیو دوڵه‌که و لێی توره بووم و ناردمه‌وه ماڵێ. ئه‌وجار به ده‌ستی ئیشاره‌ی ڕەشیدم ده‌کرد که تا ئه‌وانه چوونه مه‌زرای برایمخانی بێ و هه‌ڵی بۆ دوڵی لووسێ. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م زانی ماشینی جاش و پاسدار به پشت ماڵان دا وه‌سه‌ر باسکه درێژی که‌وتن که به سه‌ر ئه‌و دوڵه‌ی دا ده‌یڕوانی و ده‌ستیان به ته‌قه کرد و دار و به‌ردو پنچک و که‌ڵه‌کی ئه‌و دوڵه‌یان وه‌به‌ر ده‌ستڕێژان دا و گولله هه‌ر ویزه‌ی ده‌هات و ده‌سته‌یه‌کیش به ماشینی گه‌یشتنه سه‌رم. له دوور را چاویان لێ بوو که ئه‌من شتیکم فڕی داوه‌ته نێو چومه‌که‌ی، گوتیان: ئه‌و چ بوو که فڕێت دا؟

نه‌یانده‌وێرا بچنه نیو دوڵه‌که و بچن ده‌ چومییه‌وه، گوتم: ته‌وه‌رداس بوو بچن چاویشی لێبکه‌ن.

دوایه ٣ نه‌فه‌ر له پشته‌وه‌ڕا وه‌پێش خویان دام. راوه‌سته! راده‌وه‌ستام. بڕۆ. دوو قه‌ده‌م ده‌ڕۆیشتم. دیسان ڕاوه‌سته. د‌ی هه‌راکه و بانگی ڕەشیدی بکه و بڵێ خوی ته‌سلیم بکا.

ئه‌منیش هه‌ر ده‌ڕویشتم و هه‌رام ده‌کرد ڕەشید، ڕەشید.

ئه‌وه ئه‌ویش گوی لێیه و به‌و گه‌رمایه‌ی که پیاو ده‌برژا، نازام چۆن توانی بووی له نێو ئه‌و گه‌نمه بەقه‌وه‌ته‌ی دا خۆی بشارێته‌وه و نه‌توڵێته‌وه.

دیسان ڕەشید ئاوای ده‌گێڕاوه: هه‌ر جاش و پاسداره‌کان که له باسکه درێژ جیگیر بوون، ته‌قه‌یان کرد و ئه‌و دوڵ و ده‌ڕه‌یان وه‌به‌ر ده‌ستڕێژان دا. زۆری پێ نه‌چوو، ده‌نگی بابم له داوینی گه‌نمه‌که به‌رز بووه که هاوارێ ده‌کرد: هۆی ڕەشید وه‌ره ته‌سلیم به چت لێناکه‌ن.

ده‌نگه‌که هه‌روا ده‌ڕوێی و کز ده‌بوو و جار جار له نێو ده‌ستڕێژی ته‌قه دا ون ده‌بوو. لە‌و لایه‌شه‌وه گه‌رما هێڕشی هێنا بوو و مێشوومه‌گه‌س له سه‌ر و دموو چاوم هاڵابوو و پێیانه‌وه ده‌دام و هه‌موو له‌شم سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو و تیشکی تاوه‌یش هه‌موو له‌شمی برژاند بوو و وه‌ک نانی سه‌ر سێڵی لیکرد بووم. له سه‌عاتی یەک و نیوی نیوه‌ڕۆ تا هەشت و نیوی ئێواڕی ئه‌وه حاڵم بوو . جار جار به که‌لێنی نیو چڵه گه‌نمه‌کان دا، که له به‌ر چاوم وه‌ک کۆڵه‌که ده‌چون، چاوم له پاسداره‌کان ده‌کرد که هه‌ر وا چاوه‌ڕۆانی نه‌ێچیر کردنی من بوون.

ئەوە قسەکانی رەشید بوون. دوایە پاسدار ده‌ستیان لەسەر په‌لاپیتکەی تفەنگی دانا و ئەمنیان‌ وه‌پێس خۆ دا و یه‌کیان به توڕه‌یی گوتی: خودا شاهیده ته‌قه‌مان لێبکه‌ن، یه‌ک ڕەگبارت لێده‌دەم.

– وه‌ڵا ئه‌وه‌ی ده‌زانم. بەڵام خودا شاهیده ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ی لێبی، ئه‌گه‌ر خومینیشت لەگه‌ل بی ته‌قه‌ت هەر لێده‌کا. بۆ ئه‌تۆ پێتوایه له‌به‌ر من ته‌قه‌ت لێ‌ناکا و تفه‌نگه‌که‌شی داده‌نێ و د‌‌ڵی ها؟

قادری سۆفی ره‌حیمی له مه‌زرایه گیای ده‌در و ئه‌ویشیان هێنا و به رووکاری مه‌زرای کانی بی‌یان دا، بەرەو مەزرای مه‌لا داودی هه‌ڵکشاین. گه‌رماکه له‌وه‌دا نه‌بوو و هه‌ر هه‌نگاوێکی هه‌لماندێنا ئاره‌قه‌ی چه‌نه‌گه‌مان ده‌که‌وته به‌ر پێمان. ئاوا تا وه‌سه‌ر که‌وتین. له مه‌زارای مه‌لاداودی نۆکمان کرد بوو و فه‌ریک ببوو و داهاتمه‌وه که چڵێکی هه‌ڵقه‌نم، رووی تفه‌نگیان تێکردم و گوڕاندیان: ئه‌وه چ ده‌که‌ی، چ ده‌که‌ی؟

به توڕه‌یی گوتم: نۆکی خۆمه چڵێکی هه‌ڵده‌قه‌نم ده‌یخۆم.

وه‌پێشیان داین بۆ سه‌ر جوگه‌ی مه‌لا داودی. قادر رووی له من کرد و به سپایی گوتی: به خودای ئه‌وجار نه‌جاتبونمان نی‌یه هه‌ر ده‌مانکوژن.

– قادر نیگه‌ران مه‌به نامانکوژن ئه‌وه ناویرن بۆخویان بڕون. له پێشمه‌رگه‌ی ده‌ترسین بۆیه ئێمە‌یان وه‌پیش خۆیان داوه و ئاوا ئه‌زیه‌تمان ده‌که‌ن.

ئه‌گه‌ر چووینه سه‌ر جۆگه‌ی مه‌لاداودی، که‌ریم و عه‌لی و ره‌سوڵ و لوقمانی کوڕم که خه‌ریکی گیادرون بوون گیرابوون و ده‌ستیان له پشته‌وه‌ڕا به‌ست بوون و له لیژایی پشتی جوگه، سه‌ره‌و روو، روو به عه‌رز دریژیان کرد بوون و ده‌میان ده عه‌رزی چه‌قی بوو و نه ده‌گه‌یشته ئاوی جوگه‌که.

کوڕه‌کانم که ئه‌منیان دیت خوشحاڵ بوون و گوێم لێبوو که‌ریم گوتی ئه‌و بابمیان هینا، ئێمه‌ ئازاد ده‌کەن.

گه‌رمایه‌ک بو مه‌گه‌ر خودا بزانی. ئێمه‌یان له سه‌ر جوگه‌که دانا و دوو نه‌فه‌ر کێشکیشیان له سه‌ر داناین‌ و ئه‌وانی دیکه‌ش له‌ولای دانیشتن. ئه‌من ئاوم خوارده‌وه، ده‌ستنوێژم شوت و نوێژم کرد. که‌مێک حه‌سامه‌وه به‌ڵام کوره‌کانم له غایه‌تی ناڕه‌حه‌تی دابوون.

ئه‌وانه زۆریان له لوقمانی دابوو چونکه گوێیان لیێ ببوو که وه‌ختیک که هه‌رایان لێکرد بوون، لوقمان گوتبوی گیای خوتان بدروون و جوابیان مه‌ده‌نه‌وه.

جاش و پاسداره‌کان دوو ئه‌سپی خزمی ماله قادر ئامانی که له مه‌لاداود مه‌زرایان هه‌بوو، گرت بوو و له پشتی جوگه‌ی به‌ره‌و مه‌زرای ئاخ داخ غار غاردینیان پێده‌کردن. ئه‌وجار ده‌سه‌یه‌ک چوو بوونه چادره‌کانی ئاخ داخی، به‌ڵام خویان له ئه‌وان نه‌گه‌یاند بوو گه‌ڕابوونه‌وه.

هینده‌ی پێنه‌چوو، فه‌رمانده‌که له سه‌رێ را هاته خوارێ. یه‌کیان پێیگوت: لوقمان به ئه‌وانه‌ی گوت که جوابی ئێمه که بانگمان د‌ه‌کردن نه‌ده‌نه‌وه.

فه‌رمانده‌که چووه لای لوقمانی و ده دوازده نه‌قورچ و مستی له شه‌ویلکه‌ و دمووچاوی کوتا. جا ئه‌و بێ ‌شه‌ڕفانه قاعیده‌یانه هه‌ر له دم و چا و سه‌روگوێلاکی پیاوی ده‌کوتن و ده‌ڵێی لاق و ده‌ست و پشت و زگ بۆ لیدان نابی هه‌ر ده‌بێ له دمووچاوی بده‌ن.

ورده ورده دره‌نگ ببوو، رۆژ به‌ره‌و ئاوا بوون بوو. ئه‌وانه هه‌‌ر ده‌‌هاتن و ده‌چوون و به ماشینی ئه‌و سه‌ر و سه‌ریان ده‌کرد. به‌ختی ئێمه که‌س نه‌بوو ته‌قه‌یان لێبکا ده‌نا ئێمه‌یان ده‌کوشت. دوایه فه‌رمانده‌که‌ هاته لای من قسه‌ی نه‌کرد. گوتم: سه‌رکار ئه‌وه ئێواره‌یه و دره‌نگه و به‌و شه‌وه لێره چ ده‌که‌ن؟ وه‌ڵاهی پێشمه‌رگه لێتان راسته‌وه‌بن ده‌تانکوژن. ده‌برونه‌وه ئێمه‌ش تووشی فه‌سادی مه‌که‌ن؟ ئاخر ئه‌و شاخانه پێشمه‌رگه‌ی لێ‌یه و ئه‌نگوشیان دیوه، ده‌بروون.

زۆری چاو لێکردم، هیچی نه‌گوت و چووه لای سه‌ربازه‌کان و زۆری پێنه‌چوو ئێمه‌یان به جێهیشت و به ته‌واوی داگه‌ڕانه خوارێ. دوایه ئێمه‌ش به‌ره‌و ماڵ بووینه‌وه و زۆر دره‌نگ گه‌یشتینه‌وه.

له ئیواری دا حاجی حه‌سه‌‌نی کۆنه‌دێ ویست بووی بچی بۆ شاری. خیزانم پێده‌ڵێ: له‌و دێیه دا ته‌نیا ٣ عافره‌تی تێداماوه و پێاوی چاک به و به‌جێمان مه‌هیڵه، ئێمه ده‌ترسێین.

ئه‌ویش به قسه‌ی کرد بوون و مابۆوه و دوایه‌ش که ئه‌مه گه‌یشتینه‌وه هەموو گه‌ش بوونه‌وه.

ڕەشید سه‌رانسه‌ری ئه‌و روژه به‌و گه‌رمایه، له نێو گه‌نمەکەی دا خوی شارد بۆوه و نه‌جوڵابۆوه و نازانم بۆ نه‌خینکا بوو. ئه‌گه‌ر جوڵاباوه له به‌رزاییه‌کان را که به‌سه‌ر ئه‌ودا ده‌یانڕوانی، ده‌یاندیت.

ئه‌و له فێنکایی دره‌نگی ئیوارێ دا، دیته ده‌ری و شه‌و دره‌نگ وه‌ک جندوکه‌ی په‌یدا بۆوه‌ و لە درێژەی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکەی دا ئاوای ده‌گێڕاوه: ساعه‌تی ٨ شه‌و هاڕه‌ی ماشینان له باسکه درێژی په‌یدا بوو و ئه‌و سه‌ربازانه‌ی که دایاننابوون کۆیان کرده ‌و به‌ره‌و شار داگه‌ڕان. پشوویه‌کم هاته‌وه به‌ر و دانیشتم هه‌ستم به هیمنیکی ته‌واو ده‌کرد. ته‌نیا گیرانی حه‌سه‌نی زۆری ناڕه‌حه‌ت کرد بووم.

ورده ورده ده‌نگی گاوان و کوێلکه‌وانی ئاوایی په‌یدا بوو که به‌ره‌و ماڵ ده‌بونه‌وه. عومه‌ری سۆفی ره‌حیمی له دوور را هه‌رای بازیده قرچاوی کرد و گوتی: هوی بازید.

– به‌ڵێ.

– ئه‌رێ بیستوته ڕەشیدی ماڵه ئاغای گیراوه؟

– ناوه‌ڵا، له کوێ؟

– با، گیرا به دوای ئه‌وی دیکه دا ده‌گه‌ڕێن.

بیستنی ده‌نگی بازید و عومه‌ر بۆ من دنیایه‌کی دیکه بوو و ویستم خۆم ئاشکرا بکه‌م. به‌لام هه‌روا دانیشتم و بیرم لە‌وه ده‌کرده‌وه که ده‌بی ئێستا چ بکه‌م. وڵات ته‌واو چول و بی ده‌نگ بوو و هه‌رچی زینده‌وه‌ر بوو به‌ره‌و ئاوه‌دانی داگه‌ڕابوون، ته‌نیا ئه‌من بووم که به ته‌نیا و له حاڵیکدا هاوڕێیه‌کی گیانی گیانیم له ده‌ست دابوو، له نیو ئه‌و گه‌نمه دا که گیانی منی پاراست بوو، به بی ده‌نگی دانیشت بووم.

تاوێکی پێ چوو، هه‌ستامه حه‌وا. شنه‌یه‌کی بای فینک به سپایی که‌روێشکه‌ی به گه‌نمه‌که ده‌کرد. له گه‌نمه‌که هاتمه ده‌رێ و داگه‌ڕامه نێو چۆمی. به لوچان که‌مێکم ئاو خواده‌وه ‌و که‌مێکم به سه‌روسه‌کتی داکرد و دوایه‌ش له تاریکێکی ئه‌نگوسته چاو دا، ورده ورده به‌ره‌و ماڵ بوومه‌وه.

له داوینی باغی به بێ هه‌ست له ماڵێ نیزک بوومه‌وه و له تاریکی ته‌واودا، ئه‌گه‌ر ته‌ماشام کرد له‌بن دار بناوه‌کانی به‌رده‌رکی ماڵێ، چاوم به تارمایه‌کی که‌وت که له سه‌ر لێواری دیواره‌که دانیشت بوو. له پشته‌و‌ەڕا به‌ سپایی لێی‌نیزیک بوومه. ئه‌گه‌ر ته‌ماشام کرد سه‌لاحی برام بوو. پته‌یه‌کم له گوێچکه‌ی دا و گوتم: کوڕه گێرای.

– به توندی ئاوڕی داوه‌و و گوتی: ئه‌وه ئه‌توی هه‌ی ماڵت نه‌شێوێ.

نه‌چوومه ماڵی و سه‌ڵاح به دوای دایکم‌دا چووه ژووری و بۆ خۆشم داگه‌ڕامه داوینی باغی به چاوه‌ڕوانی مامه‌وه. هینده‌ی پێنه‌چوو، دایکم و لوقمان و ره‌سوڵ و رووناک هاتن و دوایه‌ش بابم هات و بی ئه‌وی دموو چاوی یه‌کتر ببینین له تاریکی ته‌واو دا، ماوه‌یه‌ک پێکه‌وه دانیشتین. دوایه هه‌ستاین چووینه‌وه ماڵێ. نان و چایه‌کم به په‌له خوارد و ماڵ ئاواییم کرد و رۆیشتم.

ئەوە نەقڵی رەشیدی بوو لە زمانی خۆی. ئه‌و شه‌وه ڕەشیدمان نارده وزنده‌رێ ماڵه رووقیای کچم و ئه‌و له ئه‌نباریکی که روبه‌ڕووی پایه‌گایه بوو، تاقه‌تی کرد بوو و رۆژی به سه‌تڵی نان و چای بۆ ده‌برد. ڕەشید سێ شه‌و لە‌و کادێنه ما‌وه و شه‌وی سێهه‌م ئه‌وێ به جێ دێڵی. راست له‌‌و شه‌وه دا، شێڕۆیه که یه‌کێک له دڕه‌نده‌ترین فه‌رمانده‌کانی ڕێژیم بوو، به هێزێکی زۆره‌وه ده‌وری ئاوایی وزندەرێ ده‌گرێ و به کولانان دا خۆ له ماڵان رۆ ده‌که‌ن و ته‌واوی ئاوایی ده‌پشکنن. ڕەشیدی نابیننه‌وه به‌ڵام رووقیا له بیری چوو بوو که عه‌لادین و که‌ترێکه‌ی لابا. شێڕۆیه ده‌زانی که ڕەشید ده‌وێدا بوو و له وڵامی پرسیاراندا، رووقیا زۆر زیره‌کانه ده‌ڵی که گه‌نمی ئه‌نباره‌که‌یان خاو بۆته‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ڕزێ و برش هه‌ڵنه‌هێنی ئه‌و عه‌لادینه‌یان لە‌وێ هه‌ڵکردوه. ڕەشید له‌وێڕا ده‌چیته ئاوایی گرده‌به‌ردان و له‌وێش را تیکه‌ڵ به پێشمه‌رگەکان ده‌بێته‌وه.

٣٠

پێشتر هێزی زه‌ربه‌تی جاشه‌کان زۆر جار خۆی له پێشمه‌رگه‌ نه‌ده‌دا و بۆخویان ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر بزانیین پێشمه‌رگه له رۆژئاوایه‌، ده‌چینه رۆژهه‌ڵات و به پێچه‌وانه، به‌لام ئێستا وه‌زعه‌که گوڕا بوو و لە ناوچەی ئێمە هه‌موو شه‌وی هێرشیان دێنا و دەیانگوت هه‌تا عه‌وڵای قازی مابێ حیزبی دیموکرات نافه‌وتی و زۆر جار راپوڕتیان به ده‌وڵه‌تی ده‌داو ده‌یانگوت: ئه‌مه پیاون هاتونه‌وه، ده‌زانیین ئه‌وشۆ پێشمه‌رگه له ماڵه عه‌وڵای قازین.

ئاوا هه‌موو شه‌وی وه‌سه‌رمان ده‌گه‌ڕان. شه‌ویک سۆفی و … چووبوون له رێگای شیلاناوی له ماشینی کۆ کردنه‌وه‌ی کێشکیان (تەئمینیان) دابوو و ماشینێکیان سووتاند بوو. ئه‌منیش ده‌مزانی ئه‌گه‌ر له پیرانشار شه‌ر بکری، دێن ده‌وری کۆنەدێ ده‌گرن و به‌زم به ئێمه ‌ده‌گرن و له ئێمه ده‌ده‌ن، بۆیه هه‌ر ئه‌و شه‌وه هه‌ڵاتم بۆ وزندەرێ. به‌یانی ئه‌گه‌ر له به‌ر ده‌رکی مزگه‌وتی به‌ره‌و کۆنه‌دی روانیم، ته‌ماشای کرد سه‌ربانی ماڵه من و هه‌موو به‌رزاییه‌کان ئاوایی گیراوه. ئه‌و شه‌وه‌ی خیزانی مسته‌فای سۆفی ڕه‌حیم چووبووه لای خیزانم و له ماڵه من نووست بوو. به‌یانی جاش و پاسدار چوو بوون له ده‌رکه‌یان دابوو و له منیان پرسی بوو. ئه‌وانیش گوتبوویان له ماڵێ نییه. دوایه گوتبویان ده‌رکه‌ی بکه‌نه‌وه و ئه‌و ژنه ده‌رکه‌ی کردبووه. له نه‌کاو یه‌ک ره‌گباریان به سه‌ر دا هه‌ڵتوقاند بوو. ژنه لەوێ به عه‌رزی دا که‌وت بوو و بێهۆش ببوو. دوایه هێندێک که‌سیان وه‌ک کاک بابه‌کر که پیاویکی پیر بوو و جه‌عفه‌ری حاجی حه‌سه‌نی‌، که هه‌ڵنه‌هات بوون، گرتبویانن و هه‌تا دڕابوون لێیان دابوون و هه‌موو گیانیان شکاند بوون.

ئه‌وجار جاشه‌کان بوونه دوو ده‌سته و هه‌ر ده‌سته‌ی ٣ شه‌و له ئاوایی کۆنەدێ و شیلاناوێ دا ده‌مانه‌وه و له نه‌هایه‌تی په‌ستی و بی ئه‌ده‌بی و به‌ره‌ڵایی دا ده‌جوڵانه‌وه و خویان له ماڵان راده‌کرد و مریشک و شتیان ده‌دزی و ئاره‌قیان ده‌خوارده‌وه. ئه‌وه بوو خه‌لکەکە دێیان به جێهێشت.

رۆژێک خیزانم له‌به‌ر په‌‌نجه‌ره‌ی را ئه‌گه‌ر ته‌ماشا ده‌کا ئه‌وه به ٦ – ٧ جاشان له خۆڕا وه‌رگه‌ڕاونه ڕەسووڵی کوڕم و لێێ‌ده‌ده‌ن. ئه‌وێش زینەت به گریان و رۆڕۆ و هاتوهاوار له په‌نجه‌ره‌ی ڕا زۆری جنیوی به خومه‌ینی دا و بۆیان چووه خوارێ. هه‌رچه‌ند ئه‌وان له گێله‌نگێده‌نی تفه‌نگیان دا به‌ڵام غاری دا و ڕەسووڵی له چه‌نگ ده‌رهێنان. به‌ڵام ئه‌وان دوایه ڕەشووڵیان له گه‌ڵ خۆ برد، باش بوو بۆ به‌یانی ئازادیان کرد.

ئه‌وانه زۆریان رق له من بوو. وه‌تاغه‌که‌یان داگیر کرد بوو و ته‌نیا دیویکمان مابوو و ئێمه مه‌جبوور بووین هه‌موو لەوێ بنووین. هه‌رچه‌ند له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه جیره‌یان بۆ دیاری کرابوو، به‌ڵام زۆربه‌ی خه‌رجیان له سه‌ر ئێمه بوو و ده‌بوایه شه‌و رۆژ سه‌ماوه‌ر ئاییسا با و ده‌یانگوت‌: کێشکەکان دێنه‌وه سه‌ماوه‌ره‌که بایسێ، قه‌ند و چای له کن بی.

ئه‌منیش ده‌مگوت: وه‌ڵاهی پێمناکرێ ئه‌نگوو شه‌و رۆژ کێشک ده‌گوڕن، سه‌ماوه‌ر هه‌رباییسی و هه‌ر جه‌میکیش که هاتنه‌وه تێر بله‌وه‌ڕن. ئه‌وه له تاقه‌تی من دانییه.

– ئای له‌منت نه‌که‌وی هه‌ر له بووه بڕووکه قه‌ندێک و نیو کیلۆ چایه‌ک.

ئه‌وه بوو به ناچار ماڵه‌که‌مان به جێهێشت و رۆیشتین بۆ وزندەرێ و له وێ دیویکمان ئاوه‌دان کرده‌وه. پاش ماوه‌یه‌ک که نانی موفتێ نه‌ما، دێیان به‌جێهێشت و رۆییشتن و ئێمه‌ش گه‌ڕاینه‌وه سه‌ر جێگا و رێگای کاول کراوی خومان.

له‌و ماوه‌یه دا دوو گیشه گیا‌یان سووتاندین و دواتریش یه‌کدانه‌ی دیکه‌یان سووتاند. هێندێک ده‌یانگوت کومه‌ڵه بوون و هیندیکی دیکه‌ش ده‌یانگوت ماڵه … وزنده‌رێ بوون که له سه‌ر مه‌زرای ئاخ داخی که‌میک ناخوشیمان هه‌بوو.

ئه‌و پێشمەرگانەی وەک موته‌لیب و تاهیر شکاک و … کە خۆیان تەسلیمی رێژیم کردبۆوە و ببوون بە جاش، هه‌موو سڕ و نه‌هینی ئێمه‌یان ده‌زانی و ئێمە زۆر زیاتر کەوتینە خەتەرەوە. بۆخۆم هەمیشە له مه‌ترسی دابووم و کوڕه‌کانیشم کە رۆژانە له مه‌زرایه کاریان ده‌کرد، دائیم بۆیان نیگەران بووم. بۆیه مه‌جبوور بوم جار جار سیغار، پووڵ یان شتێکیان بده‌می. دیاره کوڕه‌کانم به تایبه‌تی لوقمان، زۆر بەوه توڕه بوو. به‌ڵام ئه‌من ناچار بووم و ئه‌وه‌‌ش قازانجی هه‌بوو بۆ وینه جارێک موته‌لیب له گه‌ل جاشان له نه‌کاو له ماڵی په‌یدا بوو و ڕەشیدی ناسێوه ده‌ستیشی ده ‌‌ده‌ستی نا به‌ڵام ئاشکرای نه‌کرد.

لوقمان که چه‌ند ساڵ له زیندان دابوو و زۆریان ئه‌شکه‌نجه ‌و ئازار دابوو به دیتنی جاش و پاسدار زۆر حه‌ساس بوو و ئه‌گه‌ر جاش و پاسداری ده‌دیت ره‌نگی ده‌گوڕا و کونترولی خوی له ده‌ست ده‌دا و هه‌موو گیانی وه‌له‌رزین ده‌که‌وت‌ و به گژیان داده‌هات و له سه‌ر ئه‌و کاره جاریکیش به چه‌ند جاشان زۆریان لێدا.

سه‌ره‌رای ئه‌وانه‌ش ڕەشیدی کوڕم ئه‌ندامی رێکخراو بوو هه‌م مه‌ترسی زۆر له سه‌ر بوو و هه‌م گیروگرفتی زۆریشی بۆ ئێمه خولقاند بوو. ئینسانیکی وریا و زیره‌ک و ئازا بوو. هێزه‌کانی گروهی زه‌‌ربه‌ت دائیم به دوویه‌وه بوون‌. ده‌یانهه‌ویست به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێ بیگرن. جارێکی لەگەڵ پێشمەرگەیەکی دیکە، له کێوی قوڵقوڵاغ له گەمارۆ کەوتن، هاورێکه‌یان گرت به‌ڵام ئه‌و توانی به هه‌زار زه‌حمه‌ت خوی ده‌رباز بکا.

ئه‌وکات چه‌ند رۆژ بوو لێی بێخه‌به‌ر بووین و هه‌رکه‌سه شتێکی ده‌گوت و یه‌ک ده‌یگوت گیراوه یه‌ک دەیگوت هه‌ڵاتووه و هێندیک ده‌یانگوت کوژراوه. ئێمه‌ش زۆر نیگه‌ران بووین، به‌تایبه‌تی زینه‌ت نه‌ده‌نوست و شه‌‌و به ئینتیزاری هه‌ر داده‌نیشت. شه‌وێک به داری له ده‌رکه‌یان دا، خێزانم لە پەنجەرەی را دەنگی دا و ناسییەوە و گوتی: ئه‌یڕۆ رۆڵه ڕەشید گیان ئەوە ئەتۆی؟

ئیدی غاری دا و ده‌رکه‌ی کرده‌وه. ڕەشید وه‌ژوور که‌وت. دارێکی به ده‌سته‌وه و تفه‌نگێکی له شانی دابوو. که‌میک ده‌شه‌لی. لە رێگایه چوو بوو له هه‌واری ماڵه خدر ئاغا لای دابوو و حاجی کوڕی خدر ئاغا گوێدرێژێکی دابۆیه‌و به‌ڕێ کرد بوو.

بۆ ئه‌وه نه‌ده‌بوو له ماڵێ به‌ند بێ. نان و چایه‌کی خوارد و تفه‌نگ و داره‌که‌ی ده‌ست دایه ‌و که‌ره‌که‌ی به‌جێهێشت و به شه‌له شه‌ل به‌ره‌و ئاوایی به‌یره‌م وه‌ڕێکه‌وت.

یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی که دائیم به دوای پێشمه‌رگه‌کانه‌وه بوو و به تایبه‌تی دیهه‌ویست ڕەشیدی بگرێ، حاجی هادی بوو. حاجی ڕەئیسی گروهی زه‌ربه‌ت بوو. کورێکی جه‌وانی لوڕ بوو. ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی کرد بوو که له من بدا.

ئه‌وکات کۆنەدێ خه‌ڵکی وای لێ نه‌مابوو. هه‌مووی ٥ ماڵ بووین. وه‌زعمان ویران و په‌رێشان بوو. ئه‌گه‌ر شه‌و داده‌هات ده‌نگمان پێک رانه‌ده‌گه‌یشت و هه‌ر که‌س وه‌ک مشک ده‌چوو ده‌کونی خۆی و ده‌رکه‌ی له سه‌ر خۆی داده‌خست و خودا خودای بوو که ئه‌و شه‌وه نه‌کوژرێ.

ئێواره‌یه‌کی له گه‌ڵ کوڕه‌کانم خه‌ریکی سواغی بانی بووم. هه‌وا تاریک بوو و وڵات مژ دایگرت بوو و ده‌نکە ده‌نک به‌فر ده‌باری. کاره‌که‌مان بۆ ته‌واو نه‌ده‌بوو و هه‌موو قه‌ڵس و توڕه‌ و جاڕز بووین. کوڕه‌کان ئه‌وه‌نده ماندوو بوون بە قسەیان نەدەکردم و ئه‌گه‌ر ده‌مگوت قوڕه‌که توونده، ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌یان تووندتر ده‌کرد. ئه‌گه‌ر ده‌مگوت شله ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌یان شلتر ده‌کرد. به هیچ شێوه‌یه‌ک قوڕه‌که‌یان خۆش نه‌ده‌کرد. ئه‌گه‌ر توڕه بام و گوتبام رۆڵه قوڕێکی بێنن چاک بێ و ئه‌وه توونده‌ و ماڵه بڵاوی ناکاته‌وه و به‌کار نایه، چه‌له‌نگیکیان ئاو ده‌ باڵ ده‌کرد و ده‌یان هێنا هه‌ر ئاو بوو. ئه‌گه‌ر ده‌مگوت زۆر شله، ئاخر به‌ڕێکی تووند که‌نه‌وه و به‌کار نایه، چه‌رخێکیان گڵ بۆ دێنام.

له‌به‌ر خومه‌وه بیرم له‌و وه‌زعه په‌رێشانه‌ی ده‌کرده‌وه و له هه‌موو بوارێک، هه‌م بۆ کوڕه‌کانم، هه‌م بۆ ژیانم، هه‌م بۆ رابردووم، خوم به خه‌تابار ده‌زانی. بۆ هه‌موو شتێک خه‌تابار بووم. کوڕه‌کانم گیرابان، ده‌یانگوت خه‌تای بابێتی. لێدرابان خه‌تای بابێتی. نه‌یانخوێندبا خه‌تای بابێتی. خواردن هه‌با، نه‌با هه‌ر خه‌تای من بوو. له‌و لایه‌وه عه‌جه‌مان ده‌یانهێنام و ده‌یانبردم و ده‌یانگوت که خه‌تای منه که کوڕه‌کانم بوونه حیزبی. بویه فکرم ده‌کرده‌وە که نه‌ده‌بوایه هێشتبام له یه‌ک عه‌ولاد زیاتر بوومبا. جا ئه‌وجار کوڕ ژنی نییه خه‌تای بابێتی له مه‌دره‌سه‌ی ره‌د بۆته‌وه و دەرنەچووە خه‌تای بابێتی. به‌ر‌بێته‌وه خه‌تای بابێتی. خانووی نییه خه‌تای بابێتی … هه‌ر خه‌تای بابه. ئاخر بابی به‌سته‌زمان بڵێ چی. ئه‌و بابه له زه‌مانی جه‌هاله‌ت دا ژیاوه، ده‌نا چون ده‌بێ باب ١٣ منداڵی هه‌بێ. خۆ به پیغه‌مبه‌ری ١٣ مندال به شای ئێرانی به خێو نابێ. ئه‌وجار خۆ ئه‌وه ئوروپا نییه که هه‌ر بوو به ١٨ ساڵ ده‌وله‌ت لێت بستینی بۆخۆی به‌خێوی کا. هه‌تا ده‌مری به ژنی، به منداڵی هه‌ر له ئه‌ستوی تۆیه که به‌ خێوی که‌ی و هه‌رچی په‌یداشی ده‌که‌ی به ٣ رۆژ نامێنی.

له ‌وه‌زعیکی ئه‌وتۆ دا له نه‌کاو سه‌وه‌ڕ په‌یدا بوو. ئه‌گه‌ر سه‌رمان هه‌ڵێنا و ته‌ماشامان کرد، ئه‌وه جاش و پاسدار ده‌ور‌یان داوین. موته‌لیب و تاهیر شکاک ده‌گه‌ڵ بوون و چووبونه ته‌پوڵکی پشتی ماڵان. حاجی هادی چوو بوو له سوڕه‌یا خێزانی که‌ریمی کوڕمی پرسی بوو و گوتبووی: کوا حاجی؟

– خه‌ریکی سواغی بانی‌یه.

– ئیستا ده‌چم گوێ ده‌بڕم.

– وه‌ڵا ناتوانی چاویشی لێبکه‌ی.

به‌مشێوه‌یه ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ی توڕە کرد بوو. حاجی له نه‌کاو له سه‌ربانی په‌یدا بوو و بانگی کردمه که‌لاوه‌ی پشتی ماڵه سۆفی ره‌حیمی ‌و هه‌ڵتروشکا و گوتی: هه‌ڵتروشکی.

ئه‌منیش له به‌رانبه‌ری هه‌ڵتروشکام. گوتی ئه‌وانه کێن؟


– ئه‌وه عه‌لی‌ و که‌ریم و لوقمان و ره‌سووڵ و سه‌ڵاح و سمایلن.

بانگی عه‌لی کرد و گوتی: این همه قاضی اینجا جمع شدند(ئه‌و هه‌مووه قازی لێره کۆ بوونه‌وه).

گوتم : ئاخر چ بکه‌ین هیچ کوێ نییه که بچین.

– باید از اینجا کوچ کنید. بروید نمی‌گذارم اینجا بمانید (ده‌بی لێره بڕون. بڕون نایه‌ڵم لێره بن).

– فردا صبح زود از اینجا کوچ می‌کنم (به‌یانی زوو لێره بارده‌که‌م).

به توڕه‌یی گوتی: می‌گفتند خیلی زبان درازی باور نمی‌کردم (ده‌یانگوت زۆر زبان درێژی باوه‌رم نه‌ده‌کرد).

– بۆ زبان درێژم؟ وه‌ختیک ده‌ڵێ بڕۆ ئه‌منیش ده‌ڕۆم. ئه‌وه زبان درێژیێیه؟

– کجا می‌روی؟(بۆ کوێ ده‌چی؟)

– ده‌چمه‌وه شاڕی.

– نمیگذارم (نایه‌ڵم).


– بۆم بنووسه که له‌و سنورانه رێم لێنه‌گرن. شه‌رت بی بچمه جێگایه‌ک که نێوی ئه‌و خودایه‌ی لێ‌نه‌بێ که ئێوه ده‌یپه‌ره‌ستن، چوونکه به‌داخه‌وه لەوێ عیداڵه‌ت هه‌یه.

به‌و قسه‌یه بی ده‌نگ و مات بوو و سه‌ری داخست و هیچ ده‌نگی نه‌کرد. دوایه گوتی: ئاخر ڕەشید وا ده‌کا و وابچی.

– ئاخر ڕەشید یه‌ک که‌سه، حیزبی دیموکرات ده هه‌زار که‌سی هه‌یه. ئێوه بۆ هێنده باسی ڕەشیدی ده‌که‌ن و کردوتانه‌ته رۆسته‌می مازنده‌رانێ.

دیار بوو قسه‌ی پێنه‌بوو هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی جوابی من بداته‌وه گوتی: ئاخر پێمان به هه‌مووان هه‌یه.

– تایفه‌ی قازی ٤٠٠ ماڵ ده‌بێ، سێ که‌س، مسته‌فا و قاسم و ڕەشید له حیزب دایه.

– ئاخر ئیوه جوێن.

دوایه باسه‌که گۆڕا و گوتی: ئێمه هه‌ڵه‌مان کرد ده‌بوایه کاتیک مه‌ها‌بادمان گرت، وه‌ک حه‌زره‌تی عه‌لیمان کرد با که ئه‌گه‌ر بوو به خه‌لیفه ٧٠ هه‌زار مونافیقی به شیر سه‌ر بڕی.


ئه‌منیش گوتم ئه‌وه له نیو ئه‌و عاله‌مه‌ی دا یه‌ک موسوڵمانی تێدا نه‌بوو که بێ تاوان بێ و حه‌زره‌تی عه‌لی له‌خوڕا کوشتبێتی و ببێته قاتڵ. ئه‌وانه هه‌موو ئه‌سحابە و موهاجر بوون. خودا له قورئان دا باسی ئه‌سحاب، به‌ تایبه‌تی موهاجر ده‌کا. چوونکه له راستی دا ئه‌وانه بوون که دینی ئیسلا‌میان پاراست. ئه‌وانه ٣٠٠ که‌س بوون، چوار تا پینچ هه‌زار که‌س هیرشیان کردنە سه‌ریان، بەڵام ته‌سلیم نه‌بوون‌ و شه‌ڕیان کرد و ئه‌و له‌شکره‌یان تێکشکاند. به پێی ئایه‌تی قورئان، خودا له گوناهانیان خوش بووه و ته‌عریفیان ده‌کا. ئێستا ئه‌تۆ ده‌ڵێ له نیو ئه‌وانه دا یه‌ک موسوڵمانی تیدا نه‌بووه؟

– نا هه‌موو مونافیق بوون.

– جاریک پیغه‌مبه‌ر(ص)، حوسامه بنی سه‌یف که جه‌وان بوو ده‌کاته فه‌رمانده‌ی یه‌کیک له له‌شکریان ئیسلام. رۆژێک عه‌ڕه‌بێکی پێخواس به لای له‌شکره‌که دا تێده‌په‌ڕێ. حوسامه وابیر ده‌کاته‌وه که ئه‌وه سیخوره‌ و هاتووه بزانی که له‌شکره‌که چه‌نده و راپورتیان لێ‌بدا. بویه ده‌ستور ده‌دا که عه‌ڕه‌به‌که بگرن و پێی‌ده‌ڵی: ئه‌تو سیخوری و سه‌رت ده‌برین.

عه‌ڕه‌به‌که له‌وێ شاده‌وئیمان دینی و ده‌ڵی: ئه‌من موسوڵمانم.

– ئه‌تۆ به‌درۆ شاده‌وئیمانت هێناوه.

حوسامه ده‌ستور ده‌دا که سه‌ری ببڕن. پێغه‌مبه‌ر ئه‌و رووداوه‌ی زانی بۆوه و وه‌ختیک که حوسامه ده‌چێته لای پێغه‌مبه‌ر(ص)، پێغه‌مبه‌ر (ص) توڕه ده‌بێ و ده‌ڵێ: حوسامه ئه‌تۆ موسوڵمانیکت کوشتووه.

– قوربان موسوڵمان نه‌بوو به ‌درۆ شاده‌وئیمانی هێنا، له مونافیقه‌کان بوو.

– پێغه‌مبه‌ر (ص) ده‌فه‌رمووی ئه‌تو قه‌لبی ئه‌وت قه‌لاشته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانی درویه ده‌کا و ئیمانی تێدا نییه؟

– ناوه‌ڵا.

– پێغه‌مبه‌ر(ص) فه‌رمووی هه‌ر ئه‌وه‌ی که به زبان شاده‌وئیمانی هێناوه، بۆته موسوڵمان. بۆیه ئه‌تۆ موسوڵمانێکت کوشتووه، جارێکی دیکه حه‌قت نییه وابکه‌ی.

دوایه ئەمنیش روو بە حاجی هادی گوتم: ئه‌وانه هه‌موو نوێژ و ئیتاعه‌تیان ده‌کرد، به‌ڵام حه‌زره‌تی عه‌لی هه‌مووی کوشتن.

به توڕه‌یی گوتی: نه‌خیر ئه‌وانه هه‌موو مونافیق بوون.

ئه‌منیش به درۆ گوتم: له به‌ر ئه‌وه بوو که عه‌بدوڵڕه‌حمانی ئیبنی‌ مولجەم ئه‌گه‌ر یه‌کدانه خه‌نجه‌ری له زگی حه‌زره‌تی عه‌لی دا، جه‌رگ و ریخوڵه‌ی به عه‌رزی وه‌ر کرد.

دیاره ئاواش نه‌بوو و شیره‌که‌ی له‌سه‌ری دا. حاجی هادی به‌و قسه‌یه‌ی من زۆر توڕه بوو و ئه‌منێش نه‌مده‌توانی وڵامی نه‌ده‌مه‌وه. ئه‌گه‌ر کوشتبامی ئاسوده ده‌بووم و له‌و چه‌رمه‌سه‌ریانه نه‌جاتم ده‌بوو. بۆیه دریژه‌م به قسه‌کان دا و گوتم: شۆرشمان کرد به‌ڵام رۆژمان به‌و رۆژه گه‌یشت. پیمان وابوو قازانج ده‌که‌ین ئه‌مما به‌دبه‌ختیمان بۆخومان هێنا. هه‌موو رۆژی به گژ ئه‌رته‌شی شای دا ده‌چوین و ئه‌و هه‌موو شه‌هیده‌مان دا و ئه‌و هه‌موو به‌دبه‌ختیمان دیت، ئه‌وه‌ش نه‌تیجه‌ی ئینقلاب. ئاخر چتان بۆ ئێمه هێنا. کاره‌بام هه‌یه؟ ژیانم هه‌یه؟ چم هه‌یه‌؟ هه‌ر کوشت و کوشتار.

گوتی: ئاخر ئه‌و که‌سافه‌تانه(حیزبی دیموکرات) نایه‌ڵن.

ئه‌منیش له دڵی خوم دا گوتم که‌سافه‌ت جه‌د و ئابادته و درێژه‌م به قسه‌کان دا و گوتم: ئه‌و که‌سافه‌تانه دێڵن. ئه‌وان ده‌ڵین ته‌ڕه‌قیمان ده‌وی و بۆ ژیان تێده‌کۆشین خۆ نه‌هاتوون که بڵین ده‌چین تاران و ته‌ورێزمان ده‌وێ. ئه‌تو ژیانی بده‌یه بزانه ئه‌وان ده‌نگی ده‌که‌ن.

گوتی: ئاخر نایه‌ڵن.

– وه‌ڵا زۆر چاک دیڵن. وه‌ره کاره‌بای بکێشه بزانه دارتیله‌کان ده‌شکێنن. ریگا بکێشه بزانه بۆڵدزێره‌کان خرا ده‌که‌ن.

به قسه پێم نه‌ده‌ویرا و ئه‌منێش له ژیان جارز بووم و نه‌ده‌‌ترسام هه‌ر چی به زارم دا هاتبا ده‌مگوت. شه‌و دره‌نگ ببوو، هه‌ستا و به‌ره‌و ماڵ بوینه‌وه. له به‌ر ده‌رکه‌ی لای نه‌دا و هیزه‌که‌یان داگیڕا خوارێ و به‌ره‌و وزندەرێ وه‌ڕیکه‌وتن. موته‌لیب هاته بن گویم و گوتی: خودایه زۆر شوکور که لێی نه‌دای. ئه‌وه هه‌ر له وزندەرێ را هه‌ڕ‌شه‌ی ده‌کرد که لێت بدا. زۆرم پێگوت که ئه‌وه بۆ لێدان نابی. به‌ڵام گوتی ئیمکانی نییه هه‌ر لێده‌د‌م. بویه چوومه پشتی ئه‌و ته‌پوڵکه‌ی سه‌ری، چوونکه چاوم به‌رایی نه‌ده‌دا که بیبینم لێت بدا.

هه‌تا خواره‌وه‌ی باغیان لەگه‌ڵ چوم. لەوێڕا ئه‌من گه‌ڕامه‌وه و ئه‌وانیش چوونه وزنده‌رێ.

حاجی هادی دڕ و نه‌ترس بوو و دیار بوو ئه‌و قسانه‌ی منی پێخۆش بوو. رۆژێکی هه‌ڵبژاردن بوو، به ‌ته‌نیا به سواری ماشینێکی په‌یکانی هاتبوو. له رێگایه له حاجی حه‌سه‌نی کۆنەدێ، سوراغی منی کرد بوو. ئه‌ویش گوتبووی له ماڵێیه. جه‌نگه‌ی نه‌هاری بوو و سه‌روپێمان هه‌بوو و له وه‌تاغی خه‌ریکی نان خواردن بووم. په‌یدا بوو که‌میکی نان به ویشکی خوارد.

گوتم: بۆ به ته‌نیا هاتووی؟

– ئه‌تو نازانی ئه‌من له ١٠٠ که‌س ئازاترم.

– ئاخر ئازای ده‌نا بۆ ئینسان کوژی تفه‌نگت هه‌ڵنه‌ده‌گرت. دیاره ئازای به‌ڵام ئه‌وانه پێشمه‌رگه‌ن نایه‌ڵن ئه‌تو بیانبینی که‌مینت بۆ داده‌نینه‌وه و ئارپیجیکت له‌ قوونی ‌‌‌ده‌ده‌ن و ئه‌وه‌نده‌ت هه‌ڵده‌به‌زیننه‌وه.‌

که‌میک پێکه‌نی و گوتم: ده‌تکوژن، غه‌می تۆم نی‌یه که ده‌تکوژن. ئێمه سه‌رمان تێدا ده‌چێ.

مانگی ئاخری به‌هار بوو چه‌ند رۆژی مابوو که مه‌دره‌سه ته‌عتیل بی. رۆژێک ڕەئیسی ئیتلاعات هاته کۆنەدێ و گوتی: ده‌بی بچی کوره‌کانت (قاسم و ڕەشید) بێنییەوه.

– ئاخر ئه‌من ده‌بێ به‌سه‌ر ئه‌و قوتابخانه‌یه رابگه‌م. ئه‌وجار خۆ ئه‌وانه به قسه‌ی من ناکه‌ن.

– ئیمکانی نییه ١٥ رۆژت موڵه‌ت ده‌ده‌مێ ده‌بێ بچی بیانهێنێوه.

چاره نه‌بوو، لەگەڵ دوو نه‌فه‌ر له ئاغایانی یاڵاوه‌، کاک ئه‌بوبه‌کر و کاک کەریم بەگ کە ئەوانیش کوڕیان پێشمەرگە بوو و هه‌روه‌ها سه‌عده‌ کوڕی مسته‌فای برام کە ئەویش دەبوو داوا لە بابی بکا بێتەوە و تەسلیم بێتەوە، به‌ره‌و کوردستانی عێراق وه‌رێکه‌وتین. حیزب تازه له‌ت ببوو و ئه‌من به‌و جوێبوونه‌وه له راده‌به‌ده‌ر ناڕه‌حه‌ت بووم. لەوێ چاوم به کاک جه‌لیلی گادانی که‌وت و گوتم چه‌ند پرسیارم هه‌یه. کاک جه‌لیل ڕێزیکی تایبه‌تی بۆ من هه‌بوو و وه‌پێشم نه‌ده‌که‌وت. دوو به دوو چووینه ژورێکی. ده‌رکه‌که ئاڵقه‌ڕه‌زی هه‌بوو و کاک جه‌لیل ده‌رکه‌ی داخست و گوتی باکه‌س نه‌ێه‌ته ژوورێ. دوایه کاغه‌زیکی ده‌رینا و پرسیاره‌کانی نووسی و دوایه ده‌ستی به وڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کان کرد. باسی که‌مووکوڕی و گیروگرفته‌کانی نێوخۆیی کرد و ئاماژه‌ی به‌وه کرد که دوکتور قاسملوو حیزبی له باوه‌شی ئیمپریالیسم هاویشتووه و هتد. دوایه باسی خۆیانی کرد که به‌رنامه‌یان چی‌یه و کی یارمه‌تیان ده‌کا. دیار بوو موجاهیدین یارمه‌تی ده‌کردن.

ئه‌وجار له لایه‌که‌ی دیکه چاوم به کاک حه‌سه‌نی شه‌ڕه‌فی که‌وت. ئەویش بە بەربڵاوی باسی ئەو جوێبوونەوەی کرد. دوایە نیزیک به ١٢٠ هه‌زار تمه‌نی دامێ که بۆ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی به‌رمه‌وه. ئه‌وکات هه‌لگرتنی ئه‌و پووڵه که به‌دینار بوو، زۆر سه‌خت بوو، به‌ڵام ده‌بوو جێ‌به‌جێی بکه‌م. لەوکاتە دا ئه‌و سه‌رسنورانه زۆر هاڵوز و پیس ببوون، مه‌قه‌ڕی حیزب له ئاوایی کونه‌مار، له بناری کێوی جاسوسان له به‌ررۆژێکی هه‌ڵکه‌‌وت بوو و ده ماڵ ده‌بوو و ده‌بوایه چوڵ بکری. به‌مشێوه‌یه له‌و کێوه سه‌خت و ماهانه‌دا که‌س نه‌مابوو ته‌نیا چه‌ند تاقه‌ ماڵ نه‌بی که له‌ به‌ر هیرشی شیمیای هه‌ڵات بوون. له دوڵی قاسمه‌ ڕەش چه‌ند قاوه‌خانه‌ی لێبوو که زۆربه‌یان سه‌ر به ئیتلاعاتی ئێران بوون. له‌ولاشه‌وه له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا پاسداری ئێرانی به ته‌واوی خه‌ڵکیان ده‌پشکنی. بویه پووڵه‌که‌م دا به قاسم و ڕەشیدی کوڕم کە مەبەستیان بوو بڕۆن بۆ دەرەوەی وڵات و بوخوم له گه‌ڕانه‌وه دا مه‌ڕ و ماڵاتم فروشت و هه‌ر دیناره‌ی ٣ تمه‌نی خۆشم له سه‌ر دانا و دام بە بنەماڵەی شەهیدان.

له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا، سه‌عده نه‌هاته‌وه و لەوێ له لای بابی به جێما. ئه‌و ره‌فیقانه‌ی که له‌گه‌ڵم بوون له لایه‌ن ئیتلاعاته‌وه چه‌ند پرسیاریکیان لێکرا‌و و له کوڵیان بوونه‌وه، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداری من نه‌بوون و هه‌ر ده‌یانهێنام و ده‌یانبردم و هه‌ر ده‌یانگوت ده‌بی بیڵێی. ئه‌منێش ده‌مگوت چ بڵێم ٣ هه‌زار دروێم بۆ کردبوون. ده‌یگوت: نا چیزی نگفتی (نا چت نه‌گوتووه).

به‌مشیوه‌یه به‌هانه‌یان پێده‌گرتم و حوسێنی حه‌میدی که له به‌رپرسانی ئیتلاعات بوو ده‌یگوت: ئه‌تو چووی کوڕه‌کانت نەهێناوه که هیچ، سه‌عده‌شت ته‌حویل دان.

– بۆخوتان سه‌عده‌و ناردوه، ئه‌من بڵێم چی؟

هه‌ر ئه‌و کابڕایه دواتر به مونته‌قیمی برامی گوتبوو: حاجی قه‌ت لەگه‌ڵ ئێمه راست نەبووه. خه‌به‌رمان هه‌یە که شه‌هیدانه‌ی هێناوه.

ماوه‌یه‌ک به‌سه‌ر دا تێپه‌ڕی و له‌و ساڵه دا به‌داخه‌وه گه‌وره‌ترین زه‌ربه وه‌جوڵانه‌وه‌ی کورد که‌وت و رێبه‌ری به توانا و به وه‌جی حیزبی دێموکرات، دوکتور قاسملوو به ده‌ستی رژیمی ئێران له ده‌ره‌وه‌ی وڵات شه‌هید کرا و داخ و کۆستێکی گه‌وره‌ کەوته سه‌ر دڵی میلله‌ته‌که‌مان‌. له مه‌ها‌باد شار ته‌عتیل بوو سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شەی دوژمن چەند رۆژ خه‌ڵک دوکانه‌کانیان داخست و تازییه‌بار بوون. دیاره به‌داخه‌وه که‌سی وه‌ک دوکتور خوسره‌ویش هەبوو که له خۆشیان شیرینی بڵاو دەکردە‌وه.

لە‌و سه‌رده‌مه‌دا رۆژ نه‌بوو که گروهی زه‌ربه‌ت هێرش نەکا و ناڕه‌حه‌تمان نەکا و لێمان له به‌هانه بوو. ئه‌من داوای خانه نشینیم کرد و هه‌ر چه‌ند خزمه‌تیکی زۆرم کرد بوو، به‌ڵام هه‌ر ١٩ ساڵیان بۆ حیساب کردم و قانونیکیش هات بوو ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نت له سه‌ری با، ده‌تتوانی دوای ٢٠ ساڵی خزمەت داوای خانه‌نشینی بکه‌ی، به‌ڵام پوڵه‌که‌ی زۆر که‌م بوو. رۆژێک ئاغای خزری هات و گوتی: کوڕه مه‌که رۆژ به رۆژ یارمه‌تی ماموستایان زیاد ده‌بی.

– بڕاله بۆخۆم باشتر ده‌زانم. ئه‌من ده‌گرن و ده‌مبه‌نه زیندانی و نایه‌ڵن له گه‌رووم رۆچێ. ئه‌گه‌ر هه‌ر ٦ مانگ زیندانیم که‌ن وه‌ده‌رم ده‌نیین و یارمه‌تێکه‌م ده‌چی.

ئاغای خزری پوڵه‌که‌ی حیساب کرد زۆر که‌م بوو، هه‌ر ١٥٠٠ تمه‌نم ده‌که‌وت.

گوتم: لێم سه‌روزیاده. ئه‌وه به‌شی سیغاره‌که‌ی ده‌کا و بۆخۆشم نانه‌که‌ی په‌یدا ده‌که‌م.

هاوینی ١٣٦٧ بوو، پێشمه‌رگه‌ی هەر دوو بەشی حیزب له ناوچه‌دابوون و عه‌مه‌لیاتی گه‌وره‌یان ده‌کرد. بۆ به‌دبه‌ختی ئێمه‌ش ته‌وای عه‌مه‌لیاته‌کان له ده‌وروبه‌ری ئێمه بوو و ده‌تگوت بۆ به‌گرتن دانی ئێمه هاتوونه‌وه.

ئه‌فسه‌ریکی جه‌وانی غلوور ‌هه‌بوو به نیوی ریخته‌گه‌ری. به خوی و به ٦ سه‌رباز به سواری ماشێنێک، که کالیبر په‌نجای له‌سه‌ر بوو به‌و ناوچه‌یه دا ده‌گه‌ڕا. له ئاوایی کولیجه‌ی له شه‌ڕێک دا ٧ پاسدار کوژرابوون. ئه‌وه چوو بوو زۆری له حاجی شێخ عه‌وڵا دابوو و ئاخ و ئۆخیان لێ‌بڕیبوو. ئه‌وه زۆر ده‌هاته کۆنەدێ و له‌سه‌ر کوڕه‌کانم که پێشمه‌رگه بوون زۆر ده‌ترسام که لێمدا. رۆژێکی پێمگوت: ئه‌تو به خوت و به ٦ سه‌ربازان له‌و شاخانه ده‌ڵێی چی و له چی ده‌گه‌ڕی، ده‌ورت ده‌ده‌ن یه‌ک ئارپیجیت له قوونی ده‌ده‌ن و ده‌تکوژن.

– ئه‌من ده‌مهه‌وی به زیندوویی و به گوێیان، بیانگرم. بزانه چ ده‌ردیکیان ده‌ده‌می.

رۆژێک پێشمه‌رگه حیزب ته‌رحێکی عه‌مه‌لیاتی داده‌نێن و له‌و ته‌رحه دا ده‌بوایه ده‌سته‌یه‌‌ک به که‌ڵک له پایه‌گای لاچین بده‌ن و له سه‌ر رێی شاریش له لای پردی یوسفی برام که له داوینی قه‌لای سارم هه‌ڵکه‌وتووه، بۆ هێزی کۆمه‌گی که به هانای پایه‌گایه ده‌چوون، که‌مین دابنێن.

به‌مشیوه‌یه، پێشمەرگە له کاتی دیاری کراودا به ئارپیجی له پایه‌گایه ده‌‌ده‌ن. ده‌وروبه‌ری پایه‌گایه که پووش و په‌ڵاش بوو، ئاور ده‌گرێ و هه‌مووی سوتا بوو به‌ڵام که‌س نه‌کوژرابوو.

سه‌روان رێخته‌گه‌ری غلوور که ده‌زانی هێرش کراوه‌ته سه‌ر پایه‌گای لاچین، له شاری را به په‌له به هانایانه‌وه ده‌چێ. له په‌نا شاری له سه‌ر کێوی زاوابوکان را دیده‌بانی پێشمه‌رگه، ئه‌و ده‌سته‌ی که له که‌مین دا ده‌بن ئاگادار ده‌کەن و ده‌ڵێن: هاتن.

ده‌سته‌ی خوارێ لێیانگه‌ڕا بوون هه‌تا نیزیک ببونه‌وه و دوایه به ئارپیجی و به نارنجوک و ره‌گباری تفه‌نگ لیان دابوون. ماشینه‌که ئاوری تێبه‌ر ببوو و سه‌روان ریختەگەری و چه‌ند که‌سی دیکه‌ ‌کوژران.

ئه‌وجار رۆژی دوایه هێزی پێشمه‌رگه به فه‌رمانده‌ری فه‌تاحی ریحانی له کێوی ئاخ داخ له پاسدارانیان دا و نیزیک ١٠ که‌سیان لێکوشتن. هه‌ر ئه‌و رۆژه چه‌ند که‌س له خه‌ڵکی ئاوایی لاچینیان گرت به‌ڵام تا حه‌وتویه‌ک نه‌یانوێرا بێنه کۆنەدێ و پیان وابوو پیشمه‌رگه‌ی لێ‌یه‌. دوای حه‌وتویه‌ک رۆژێک ماشێنی له‌ندوێر و جیبی مسافریان له خه‌ڵکی به سوغره گرت و هاتن ئه‌مـن و کوڕه‌کانمیان گرت.

ئه‌و رۆژه ئه‌من له باغی ئه‌وبه‌ری ماڵان بووم. سه‌ربان و ده‌وروبه‌ری ماڵه منیان گرت بوو و له دوور را هه‌رایان کردمێ و چووم.

یه‌کیان گوتی: ئیدی ئه‌وه ئاخرین جارته، ئیدی ئه‌وجار له چه‌نگمان نه‌جاتت نابێ. له ئێواری دا چوو بوون فه‌تاحی کوڕم که له شاری را هاتبوو و ده‌یهه‌ویست له گه‌ڵ که‌ریم و عه‌لی و ره‌سوولی کوڕم رێگای مه‌لاداودی بکێشن، گرتبوو. ئه‌وجار چووبوون به سه‌ر نیزه‌ی شوشه‌ی ماشینی فه‌تاحیان داکێشا بوو و هه‌ڵیان کرد بوو و برد بوویان. دوایه بۆ جاریکی دیکه ماڵه‌که‌میان تاڵان کرد و هه‌رچی هه‌مان بوو حه‌تا کتیبی ته‌عبیری خه‌وی جه‌عفه‌ری ئه‌لیاد که ئیمامی خویانه، برد. دوایه ئه‌منیان به چاوبه‌ستراوه‌یی برده پایه‌گای لاچینی و له سه‌نگه‌ریکیان دانام.

هه‌وا زۆر گه‌رم بوو و گه‌رما هێرشی هێنا بوو و بایه‌کی گه‌رمی ده‌هات و هاشه هاشی بای ده‌تگوت دنیای خرا کرد.

سه‌ربازیک هات و گوتی: پدر(مامه).

– به‌ڵێ.

– سیغار ده‌کێشی؟

– ئا.

– پێته؟

– ئا.

د‌ستی له گیرفانی نام و سیغاره‌که‌ی ده‌رێنا و یه‌کی بۆخوی و یه‌کی بۆ من داگیرساند و به لێومه‌وەی نا و رۆیی. ئه‌وجار هێندێکی پێچوو و هاته‌وه گوتی: نانم بۆ هێناوی ده‌خوی؟

ئه‌منیش گوتم: ئه‌دی ناخۆم؟

چه‌ند که‌وچکی به دمێوه کردم. دیار بوو برینجی سوریان لێنابوو. له ئیواری دا بردیانمه ده‌ری و چاویان کردمه‌وه. ته‌ماشام کرد فه‌تاح و که‌ریم و عه‌لی و ره‌سوولی کورم، هه‌مویان له به‌ر ده‌رکی پایه‌گایه راگیراون.

له‌وێڕا به سواری ماشینی ره‌پێچه‌کیان داین و بردیانینه مه‌هاباد و ته‌حویلی ساڕوڵایان داین که له ماڵه دوکتور شافعی دابوو. له‌وێ ئێمه‌یان لیک جوێ کرده‌وه و ئه‌منیان له حه‌مامی زیندانی کرد و ده‌رکه‌یان له سه‌ر داخستم و نیگه‌بانیکیشیان له به‌ر ده‌رکه‌ی دانا. پشوی بای نه‌ده‌هات و له گه‌رمان هه‌ر جار نا جارێکی پێچه‌که‌م له حه‌‌وا دا راده‌تڵه‌کاند تا خۆم فێنک که‌مه‌وه و نه‌خینکێم. باش بوو لە‌و به‌ینه‌دا یۆسفی برام که ده‌رسی ده‌بیرستانێی به به‌رپرسی ساروڵایه که ده‌یهه‌ویست لیسانس وه‌رگری، ده‌گوت، داوای لێکرد بوو و که لێم نه‌ده‌ن و گوتبووی که ئه‌وه به‌ر‌گه‌ی لێدانی ناگرێ. بۆیه هێنده‌ی پێنه‌چوو چوڕێکیان ئاوی سارد بۆ هێنام و قاشێکیان کاڵه‌ک دامی.

دوایه دایانم به زیندانی گشتی. جیگا به‌رته‌سک و ناخۆش و زۆر پیس بوو. خدر ئاغا شیخو‌لئیسلامی و چه‌ند که‌سی دیکه له خه‌ڵکی ئاوایی لاچینی که لە هێرش بۆسەر پایەگای لاچین گیرابوون و لەوێ بوون و هه‌مویان شه‌ل و کوت کرد بوون و ئه‌وه‌نده‌یان لیدابوون هه‌موو گیانیان شکاند بوون. دوای ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی زۆر، پێیان له گونی حه‌مه‌ده‌مینی موهاجر خزمی کاک فه‌تاحی کاویان خست بوو و له به‌ر ئێش و ئوف ئازار، دڵی تۆقی بوو و ئاوا کوشتیان. ئه‌وجار ئه‌وه‌نده‌یان له عه‌زیزی کاک ساڵه‌ی شیخولئیسلامی دابوو، قسه‌ی بۆ نه‌ده‌کرا. به‌مشێوه‌یه هه‌مویان که‌نفت کرد بوو و ده‌بوایه به ده‌ستی هه‌ڵگیڕ وه‌رگیڕیان که‌ی و به کوڵی بیانبه‌ی توالێتی. باش بوو له کاک خدریان نه‌دابوو که زۆر پیر بوو.

دوای عه‌لی کوڕیشمیان هێنا. زۆر خوشحاڵ بووم، چوونکە دیار بوو لێیان نه‌دابوو. ئه‌وجار بۆ سبه‌ینی فه‌تاحیشیان هێنا.

ئه‌و رۆژە کاڵه‌کیان هێنا و هه‌ر که‌سه قاشێکیان داینی و دوای ٣ رۆژ هه‌موویان داین به زیندانی سپایه. له‌و ماوه‌یه دا جه‌نازه‌ی حوسێنی ماڵه که‌ریم ئاغام دیت که ده‌یانبرد بیشۆن. ئه‌وه گوایه پووڵی جه‌عل کرد بوو و ئه‌وه‌نده‌یان لێدابوو هه‌موو گیانی ڕەش ببوو. رووتیان کرد بووه و لیان دابوو. پشتی وه‌ک پتی خوینی، خوینی تێچزا بوو و هه‌مووی ڕەش هه‌ڵگه‌ڕابوو. شوێنی چوار شێلاقان له‌سه‌ر زگی دیار بوو و سور هه‌لگه‌ڕابوو و چه‌نه‌گه‌شیان شکاند بوو.

رۆژێک ئه‌من و فه‌تاح و عه‌لیان برد ژووری سه‌رێ و یه‌کێک ئه‌و راپورتانه‌ی که له ئێمه درابوو خوێندوه ‌و جنیوی به من دا و گوتی: بی پدر ئه‌تۆ ده‌ست هه‌ڵناگری.

ئه‌منیش گوتم: ئه‌تۆ هه‌قت نییه قسه‌ی ناحه‌ز به من بڵێی، ئه‌و راپورتانه هه‌مووی درۆن.

فه‌تاحیش گوتی: ئه‌تو هه‌قت نییه قسه‌ی سووک بکه‌ی.

کابرا گوتی: ده‌مێکی دیکه خوتان ده‌بیننه‌وه.

دوایه بردیانینه ژورێکی گه‌وره. قازی شه‌رع و قازی دادگای شۆڕش لەوێ بوون. دوای پرسیاری زۆر، بردیانینه‌وه ژوورێ.

حاکمی شه‌رع هه‌ر به دوو مانگ جاریک له ورمی را ده‌هاته مەهاباد و ئه‌وه‌ی به بڕوای ئه‌و بۆ ئێعدام بایه ئێعدامی ده‌کرد و ئه‌وه‌ی بۆ زیندان بایه، زیندانی و ده‌نا ئازادی ده‌کرد. حاکم نێوی جه‌واهری بوو. توپێکی شاڵ له سه‌ر بوو و دیوه‌زمه‌یه‌ک بوو.

رۆژێکی ئێمه‌یان به سه‌ف کرد. لامه‌کانی، قازی دادگا و ڕەئیسی ساروڵا که ئه‌منی زۆر ناخۆش ده‌ویست لەوێ بوون. دوای ئه‌وه‌ی له ئه‌وانی دیکه‌یان پرسیار کرد، نۆره گه‌یشته من. ڕەئیسی ساروڵایه گوتی: ئه‌تو دوربینی چاوانت لێگیراوه.

ئه‌منێش گوتم: ئه‌وه‌م له حه‌جی کڕی بووم. ئه‌وه شتێکی سه‌یر نی‌ێه و بازار پڕه له‌ دوربین و جار جار که مه‌ڕ و ماڵاتمان لێ‌ ون ده‌بێ، چاوی پێ‌ له مه‌زرا و له شاخان ده‌که‌ین.

ئه‌وجار حاکمی شه‌رح هه‌ڵیدایه ‌و گوتی: مثل اینکه حاجی قران هم می‌خواند(وادیاره حاجی قورئانیش ده‌خوێنێ).

ئه‌منیش هیچ قسه‌م نه‌کرد و ده‌مزانی چ باسه. فه‌تاح له ته‌نیشتم بوو و پێوابوو ئه‌وانه موسوڵمانن و ئه‌گه‌ر گوتی قورئان ده‌خوێنی فه‌وره‌ن به‌ری ده‌ده‌ن و گوتی: بله قران می‌خواند (به‌ڵێی قورئانیش ده‌خوینی).

– فایده‌ش چیست ابوصفیان و معاویه هم میخواندند (به ‌کاری چی دێ، ئه‌بوسۆفیان و مەعاوییه‌ش ده‌یانخوێند).

ئه‌منێش توڕه بووم و گوتم: فایده‌ا‌ش چیست عەلی هم میخواند (به که‌‌ڵکی چ دێ، عه‌لێش ده‌یخوێند).

فه‌تاح له ته‌نیشتم بوو و داوێنی پاتۆڵه‌که‌ی گرتم و هه‌لیقورینجاند و گوتی: ده‌تکوژن، ده‌ست هه‌ڵگره.

دوایه گوتم: ئێمه ٤٠٠ ساڵه موسوڵمان بووین به‌ڵام به‌زمی عه‌لی و معاوییه ١٤٠٠ ساڵه، به من چی خودا قودره‌تی داوه به معاوییه نه‌یداوه به عه‌لی، خه‌تای منه؟

حاکم هیچی نه‌گوت و موڕه‌یه‌کی کرد و رۆیی.

دوایه جیا جیا پرسیاریان له کوڕه‌کانم کرد. له ماڵی نامه‌یه‌کیان دیبووه که عه‌لی ئه‌وکاته‌ی که سه‌رباز بووه بۆ براکانی نووسی بوو. وینه‌ی نامه‌که ئه‌وه بوو که له هه‌ڵگوردی سه‌ربه‌رزه‌وه په‌یامیکت بۆ ده‌نیرم و له‌و قسانه و له‌وه‌یان ده‌کوڵێوه. به‌ڵام باش بوو دوای چه‌ند رۆژ ئه‌وانیان ئازاد کرد و هه‌ر ئه‌منیان هێشته‌وه و دایانم به ژوورێکی دیکه و چوومه جیگای مه‌لا حه‌مه‌ده‌مینی سه‌یدییان که تازه ئازادیان کرد بوو و له مه‌هاباد کتیبخانه‌ی سه‌یدییانی هه‌یه.

به‌وه‌ی که کوڕه‌کانم ئازاد بوون زۆر خوشحاڵ بووم. جێگای تازه، به نێو ژوورێکی ٨ که‌سی بوو. په‌نجه‌ره‌ و کاره‌بای نه‌بوو. دیواری سمیت بوو و هه‌رکه‌سه له پشت سه‌ری خوی بزمارێکمان له دیواری دابوو و شڕوشاڵاتی خۆی لێ هه‌ڵاوه‌سی بوو. بزمار له سمیتی دا زۆر رۆ نه‌‌چوو بوو، هه‌مووجاری ئه‌وشتانه‌مان به سه‌ر سه‌ر دا به‌ر ده‌بۆوه. له‌و ٨ که‌سه دوویان خه‌ڵکی شارویران بوون و یه‌کیان نیوی عه‌لی باداوه بوو که ئه‌ندامی حیزبی دێموکڕات بوو.

ئه‌وانه به منه‌وه زۆر ماندوو بوون و زۆریان خزمه‌ت ده‌کردم و له‌و گه‌رمایه دا که حه‌جمینمان لێبڕا بوو رۆژێ هه‌ر باوه‌شێنیان ده‌کردم. دیاره هه‌ر جار نا جارێک که خه‌ڵکیان ده‌گرت، ده‌باڵ ئێمه‌یان ده‌کرد.

روژێک زیندانێکی جه‌وانیان له ورمی را هێنا به ناوی که‌ماڵه دزه. لیباسی خاوێنی ده‌به‌ر دابوو، سیغاری فیلتێرداری به مودنه‌وه ده‌کێشا. هێندێک قسه‌ی کرد مه‌شکوک ده‌‌هاته به‌رچاو. زیندانێکان هه‌ر پرسیاریان لێده‌کرد. ئه‌منیش به هاوڕێیه‌کانم گوت: ره‌نگه ئه‌وه‌یان نارد بێ قسه‌مان لی‌ده‌رکێشی، زۆر قسان مه‌که‌ن.

ئه‌وه بێ‌خه‌به‌ر ئه‌وه‌یان بۆیه هێناوه‌ته‌و که ئێعدامی بکه‌ن. دوو شه‌و له لای ئێمه ماوه، دوایه بردیانه ژووری ژماره شه‌ش‌. ئێمه ئه‌و ژووره‌مان نه‌دیبوو و نه‌‌مانده‌زانی کێی لێ‌یه، به‌ڵام رۆژێک که ئێمە‌یان به جوێ و به ته‌نیا و به نوره، بۆ پێنج ده‌قیقه ده‌برد بۆ ئاوده‌ست یان شوێنی هه‌واخوری، ئه‌من خێرا سه‌رم به په‌نجه‌ره‌ی ئه‌و دیوه داگرت، حه‌سه‌نی مه‌حموودی که له گه‌ڵ ڕەشیدی کوڕم ئه‌ندامی رێکخراو بوون و له کێوی کونه‌کوتری گیرا بوو و دواتر ئێعدام کرا، ناسێوه. ئه‌و هه‌موو جاری ئه‌منی ده‌دیت. دواتر عه‌لی باداوه‌شیان دا به‌و ژووره و ئه‌و له سه‌ر که‌ماڵه دزه ئاوای ده‌گێراوه: شه‌و سه‌عات ١٢ شه‌و بوو. پاسدار لێمان وه‌ژوور که‌وتن. چاوی هه‌مومانیان به‌ست و بردیانینه ده‌ری. هه‌موو پێمانوابوو که ئێعدام ده‌کرێن. دوای ماوه‌یه‌ک بردیانینه‌وه ژووری، خوشی خوشی که ئێعدام نه‌کراوین، به‌ڵام که چاومان کرده‌وه ته‌ماشامان کرد، که‌ماڵمان لەگه‌ڵ نییه.

ئه‌وه قسه‌کانی عه‌لی باداوه بوون. ئه‌و شه‌وه ئێمه نووست بووین، له نه‌کاو له کالیدور ته‌په ته‌پ و لیدان و کوتان و هاوار په‌یدا بوو. کوڕه‌کانی ژووری ئێمه سه‌نده‌ڵێکیان هێنا و کوڕێک که نیوی که‌ریم بوو له سه‌ر شانیان دانا و هه‌ڵیانهێنا تا به جیگای په‌نکه‌ی ژوورێ دا که له به‌ری میچی دا بوو، ته‌ماشا بکا و بزانی که چ خه‌به‌ره. که‌ریم ئه‌گه‌ر ته‌ماشای کرد گوتی: وه‌ڵا ئه‌وه به ٢٠ پاسداران که‌ماڵیان له سه‌ر روو ره‌کێش کردووه و وه‌رگه‌ڕاونه سه‌رو گوێلاکی. دوایه‌ش به که‌لاکی بردیان ئیعدامیان کرد.

له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ر رۆژه یه‌کمانیان ده‌برد بۆ بازجوویی، هه‌تا نۆره‌ی من هات. به پێچه‌که‌ی خوم چاویان به‌ستم و بنهه‌نگڵیان گرتم و به پلیکانان دا بردیانمه ژوورێکی سه‌ری و له سه‌ر سه‌نده‌ڵیکیان دانام و بۆ ماوه‌ی چوار سه‌عات خستیانمه به‌رپرسیاران. ئه‌وان ٣ که‌س بوون‌. له بن پیچه‌که دا ده‌لینگی شه‌ڵوار‌ه زه‌رد و که‌وشه شه‌پکه‌یه‌کانیانم ده‌دیت‌. یه‌کیان گوتی: له سه‌ر وه‌زعی خۆت و خانه‌واده‌که‌ت بۆمان باس بکه.

ئه‌منیش گوتم با چه‌لی له سه‌ر خۆم، ئه‌و داستانەو بۆ بگیرمه‌وه و بۆم باسکردن که چۆن ژاندارم زوڵم و زۆریان ده‌کرد و به منداڵی ئاژانێک پێچی لێ ئه‌ستاندم و دوایه یه‌کێک له به‌ری پاڕاوه و به چوار شایی پێچه‌که‌ی بۆ ئه‌ستاندمه‌وه. دوایه باسی ئه‌وه‌م کرد که چون سه‌ری عه‌جه‌مێکم شکاند و بۆ ئه‌وه‌ی شکایه‌تم لێنه‌کا مه‌جبوور بوم له‌‌وێش به مه‌ناتێکی مه‌سڵه‌تێ بکه‌م. دوایه باسی ئه‌وه‌م کرد که چۆن دوای ماوه‌یه‌ک که چوومه‌وه شاری و توشی برایمی خه‌لیل ئاژان بووم و هه‌ر چه‌ند ئه‌منی ده‌ناسی به‌ڵام پێشی پێگرتم و گوتی: ها ئه‌تو سه‌ری عه‌جه‌مه‌ت شکاندووه و ئه‌وه لێت ده‌گه‌ڕام.

له سه‌ر را پێچه‌که‌ی له سه‌ر داڕنیم و دیسان مه‌جبوور بووم چوار قرانی بده‌م هه‌تا پێچه‌که‌ی دامه‌وه ‌و له کوڵم بووه. لەبەرچی؟ لەبەر ئه‌وه پێچم له سه‌ره ‌و سه‌ری عه‌جه‌مم شکاندووه.

ئه‌وجار له زه‌مانی حه‌مه‌ره‌زاشای دا ماموستا بووم ویستم بچمه حیجازێ. له ساواکی ده‌ترسام که نه‌هێڵن بچم، چوونکه ٥ تا ٦ جاریان هێنام و بردم و دوایه ده‌نگیان نه‌کرد. به‌ڵام سه‌ر کاروانه‌که‌مان گوتی مه‌ئمووریان له سه‌ر داناوی و ئاگات له خۆت بێ و قسان مه‌که. دوایه چوومه لای ڕەئیسی فه‌رهه‌نگ، گوتی: که‌سیک که که‌واپاتولی له به‌ر دابێ و پێچی له سه‌ر بێ، ئه‌من به ماموستای نازانم و ئیزنی ناده‌م که بچێ بۆ حه‌ج.

ئه‌منیش گوتم: که‌یفی خۆته، ئه‌من ئه‌وه ده‌چم هه‌رچی ده‌یکه‌ی بیکه.

له‌وێش چوار هه‌زار تمه‌نیان له سه‌ر ئه‌و پێچه جه‌ریمه کردم. یانی جاریک چوار شایی، جاریک چوار قران و جاریکی دیکه‌ش چوار هه‌زار تمه‌‌ن، ئه‌لئانیش ئه‌وه به‌و پێچه چاوم به‌ستراوه. ئه‌من ده‌زانم که ئاخرێکەی له سه‌ر ئه‌و پێچه‌ی سەر داده‌نیم.

گوتی: نا ایشاالله اینطور نیست ( نا ئیشائه‌للا ئاوا نابێ).

– ئه‌وه ئاوایه و ئیشه‌ڵا و ماشاڵای ناوێ.

دوایه پرسیاری وه‌ک ئه‌وه‌ی کێ دێته ماڵت؟ بۆ نانی ده‌ده‌ی به پێشمه‌رگه و بۆ هاوکاریان ده‌که‌ی؟ گیروگرفتی کوماری ئیسلامی چی‌یه و … ئه‌منیش شتم نه‌ده‌شارده‌وه و هه‌موو شتێکم پێده‌گوتن و گوتم: هه‌موو گیانتان که‌مووکوڕ‌ییه و کامه‌تان پێبڵیم.

گوتیان: هه‌رچی ده‌یزانی بیڵێ.

ده‌وڵه‌تی شای ده‌یگوت، ده‌وڵه‌تێکی چه‌ند هه‌زار ساڵه‌م، به‌ڵام به‌و چه‌ند هه‌زار ساڵه‌ی به قه‌را ئه‌و ٨ ساڵه‌ی ئێوه زوڵمیان نه‌کردووە ‌و به‌ر‌تیل و رشوه‌یان وه‌رنه‌گرتووه. به قسه‌ی خوتان جێگای ئێمه بۆ ٨ که‌س داندراوه. هه‌ر دوینی شه‌و زیاتر له ١٥ که‌س له خه‌ڵکی بی‌تاوان و به‌دبه‌خت و فه‌قیری گه‌ورگانتان له خۆڕاگرتووه و هێناوتان ده‌باڵ ئێمه‌تان کردووه. جیگه‌مان نه‌بوو مه‌جبوور هه‌موو له سه‌ر چوک دابنیشین. له‌به‌ر بۆنی هه‌رنه‌هووتی ژوورێ وه‌خت بوو بخینکێن. لوله‌یان بۆ سوفاژی کێشاوه و ئه‌من بۆ ئه‌وه‌ی قڕ نه‌بم که‌پۆم هه‌تا به‌یانی به لوله‌که‌یه‌وه نابوو. له‌و به‌دبه‌ختانه‌م پرسیوه که بۆ گیراون. ده‌ڵین ئه‌و ئاغایانه‌ی که چه‌کیان هه‌ڵگرتووه بوونه جاش گوزاریشیان لێداوین که ئێمه چه‌کمان هه‌بووه.

چه‌که‌کانیش ده‌وڵه‌ت لێی ئه‌ستاندونه‌وه به‌ڵام به‌هانه‌ ئه‌وه‌یه که بۆخۆیان چه‌که‌کانیان نه‌هێناو‌ته‌وه.

ئه‌وجار ئه‌گه‌ر له زه‌مانی شای دا ڕەئیسی دادگا کارێکی بۆ جێ‌به‌جی کرد بای، ئه‌تۆ وه‌ک دیاری چه‌له‌نگیکت رۆن ده‌دایه یان قه‌واره‌یه‌کت پارچه‌ بۆ ده‌کڕی. له‌وه زیاتر نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا رشوه ‌و به‌رتیلی ئێوه به چه‌ند میلیونه و له ٥٠٠ هه‌زار تمه‌ن که‌متر نی‌یه. سازمانی زه‌مینتان له ده‌لینگی خه‌ڵک به‌رداوه. که‌مترین رشوه‌ی که وه‌ری ده‌گری له ٧ میلیون که‌متر نی‌یه.

ئه‌وه قسه‌کانم بوو و دوایه داوام لێکردن که به‌سه ئاوا له‌ گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵکه نه‌که‌ن. دیسان رۆژێکی دیکه چاویان به‌ستم و بۆ پرسیاران بردیانمه‌وه. گوتیان چاوت بکه‌وه، ئه‌منیش نه‌مکرده‌وه چوونکه به پێی یاسای زیندان ده‌بێ بۆخۆیان چاوت بکه‌نه‌وه. یه‌کیک په‌ڕۆکه‌ی کرده‌وه‌ و گوتی: ئه‌وه ناتهه‌وی ته‌ماشامان بکه‌ی.

حوسێنی، ڕەئیسی ئیتلاعات بوو که جار جار ده‌هاته کونه‌دێ و ئه‌منی چاک ده‌ناسی و جیگره‌که‌‌شی لەوێ بوو. گوتم بۆ نامهه‌وێ بڕیاری زیندان ئاوایه.

چایه‌کیان دامی وه‌ک قه‌ترانی ڕەش، چای چاک بوو. ئه‌وانه بۆخویان چایان له قاچاغچیان ده‌گرت. چایان زۆر بوو به‌ڵام ئه‌وانه که‌مێکیان ده‌دا به ئێمە و بۆخوشمان پوڵمان ده‌نارد که قه‌ندمان بۆ بکڕن به‌لام له باتی قه‌ند، خورمای رزیوی ئه‌نبارانیان بۆ دیناین و پوڵه‌که‌یان بۆخۆیان ده‌گێڕاوه و ده‌یانخوارد.

چایه‌که‌م خوارده‌وه. حوسێنی له سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی ساروڵایە پرسیاری کرد وه‌ک ئه‌وه‌ی کێیان کوشتووه، له کێ‌یان داوه و شتی ئاوا و دیار بوو که نێوانیان له گه‌ڵ ساروڵا باش نه‌بوو. ئه‌منیش باسی حه‌مه‌ده‌مینی لاچینمم کرد که کوشتیان و گوتم: حه‌مه‌ده‌مین پیاوێک بوو ٩ منداڵی هه‌بوو، بۆی به‌خێو نه‌ده‌کران مه‌جبوور هه‌موو ساڵی بۆ به‌ڕێچونی ژیان ده‌چووه کوره‌خانه‌ی. ئه‌و ساڵ نه‌یتوانی بچی بۆیه له لاچینی مه‌زرایه‌کی به ئیجاره گرت و به‌ڕێک نیسک و نۆک و گوله‌پێغه‌مبه‌ره‌ و گوڵه‌به‌رۆژه‌ی لێکرد بوو.

له‌ رووداوی لاچین ‌‌دا نه له‌ مه‌زرای ئه‌و را ته‌قه کرا بوو نه‌هیچ شتێک، له شاخی را پایه‌گا وه‌به‌ر ئارپیجی درا بوو، بەڵام ئێوە ئاوا زاڵمانه کوشتان. ئه‌و زوڵمه‌ی که ئێوه له خه‌ڵکی ده‌یکه‌ن خودا هه‌ڵیناگرێ.

قسه‌کان درێژه‌ی کێشا و گوتم: هێنده‌تان فشار هێناوه، خه‌ڵکتان جارز کردووه. ئه‌وجار پێتان وانه‌بی که پایه‌گاکانیش نازانن پێشمه‌رگه له کوێیه؟ ئه‌و روژانه ئێواره‌یه‌کی له مه‌زرایه بووین و ته‌راکتورمان ده‌گه‌ڕا و خرمانکوتمان کاری ده‌کرد. ته‌ماشام کرد گاوانی دێ زوو گاڕانی بەره‌و ماڵ کرده‌وه. زانیم که شتێک له گوڕێ دایه. هه‌رام کرد و گوتم ره‌حمان ئه‌و گاڕانه‌ت بۆ وا زوو دا‌گێڕاوه و به‌ره‌و ماڵی ده‌که‌یه‌وه. هاته لام و گوتی ئه‌و شاخه پڕه له پێشمه‌رگه و گوتم مه‌بادا شتێک روو بدا، با به‌ره‌وماڵ ببمه‌وه. له‌و قسانه دابووین پێشمه‌رگه په‌یدا بوون. دوو دوو و سێ سێ به ڕێچکه به پێشمان دا تێپه‌ڕین و ده‌ستیان بۆ هه‌ڵدێناین. ئه‌وانه به پێش چاوی پایه‌گای شیلاناوێدا ته‌په‌ڕی بوون. ڕەئیسی پایه‌گایه بانگی کابرایه‌کی خه‌ڵکی دێی کرد بوو و گوتبووی ئه‌وانه به‌ره‌و شارویران ده‌رون و هەتا ‌ئیستا ٦٢ که‌سم بژاردووه. ئه‌وه له حاڵیکدایه ئێوه‌ش له خه‌ڵکی ده‌ده‌ن و ده‌ڵین ئه‌ری پێشمه‌رگه‌ت دیوه؟

کابرا ناوێری بڵێ دیومه چوونکه له کوڵی نابنه‌وه. ده‌ی نانت بۆ برد؟ قسه‌ت له گه‌ڵ کرد؟ ئاوا خه‌ڵکتان وه‌زاڵه هێناوه. یه‌کجاری وه‌ک سه‌داممان لێبکه‌ن شار و دێهاتمان قڕ که‌ن و چوولی بکه‌ن، به‌ڵام ئاوا له خه‌ڵکی مه‌ده‌ن.

ئه‌و رۆژانه گروهی زه‌ربه‌ت و جاش چوونه ئاوایی میناباتی توشی کوڕێ عه‌وڵای شوان بوون که له‌به‌ر مه‌ڕێیه. لێده‌پرسن پێشمه‌رگه‌ت دیوه؟ ئه‌‌ویش ده‌ڵی وه‌ڵا نه‌مدیون. هه‌تا دڕاوه لێانداوه. دوایه گیرفانی گه‌ڕاون. مه‌قه‌ستێک ‌و ئاوینه‌یه‌کی باغه‌ڵی و چه‌قویه‌ک ‌و٢٥٠ تمه‌نی پێ بووه. لیانپرسیوە ها ئه‌و چه‌قویه‌ت بۆ پێیه؟ ئاخر شوان ده‌بی چه‌قوی پێ بێ، خه‌نجه‌ری هه‌بێ. مه‌ڕ ده‌مرێ، شاخه، گورگی لێ‌یه. رادێۆیه‌کی یه‌ک مه‌وجی پێ‌یه به‌رنامه‌ی خاوخیزانی رادیو مه‌هابادی پێده‌گرێ. دوای لێدانێکی زۆر، ته‌واوی ئه‌و شتانه‌یان لێ‌ئه‌ستاندووه و پێیان گوتووه، وه‌ڵاهی سه‌گباب ده‌نگی بکه‌ی‌ و بڵێی لێیانداوم‌ و ئه‌و شتانه‌یان لێ‌ئه‌‌ستاندووم هه‌‌ر ده‌تکوژین. بویه وه‌ک سه‌دامی وڵاتەکەمان چۆل و وێران بکه‌ن. ئاوا له عاله‌می مه‌که‌ن. هه‌تا ئاوه‌دان بێ، وه‌ڵا مه‌ڕیشی لێ‌ده‌بی. مێش‌داریشی لێ‌ده‌بێ، جوتیر و گاوانی لێ‌ ده‌بێ. ئیدی ئێوه هه‌تا هه‌تایه هه‌ر له عاله‌می ده‌ن و بیانکوژن ده‌ری نایه‌نێ.

خه‌ڵکی ده‌گرن به زۆری تفه‌نگی پێ‌دێننه‌وه. ئه‌گه‌ر هێنایه‌وه ده‌ڵی ئه‌وه له کوێت بوو؟ ئه‌گه‌ر بڵێ ئی‌خۆمه، نابێ. ئه‌گه‌ر بڵێ کڕیومه، له پرسیارانی ده‌گرن و ده‌ڵێن له کوێت کڕیوه. ئیدی ئاوا نه‌جاتی نابێ.

یەکیان گوتی: باشه ئه‌وانه له کوێ تفه‌نگان ده‌کرن؟

بزه‌یه‌کم هاتی ‌و له دڵی خۆم دا گوتم، نه‌مگوت‌.

دوایه درێژه‌م به قسه‌کانم داو و گوتم: ئه‌گه‌ر داوی ته‌فه‌نگت کرد، ده‌ڵێم حه‌وتویه‌کم موڵه‌ت بده. ده‌چم له‌و شاخانه سۆفی که پێشمه‌رگه‌یه‌کی ئازای حیزبه دەیبینمه‌وه. ده‌ڵێم سۆفی ده‌سه‌ریان کردووم بۆ تفه‌نگی و یه‌کدانه‌م ده‌بێ بۆ په‌یدا بکه‌ی. ئه‌ویش ده‌ڵی زۆر چاکه، بچوو ماڵی بۆت دێنم. ئه‌ویش ده‌چی له‌و به‌دبه‌ختانه‌ی که وه‌ک ته‌ئمین(کێشک) له سه‌ر رێگایه داتانناون و ئه‌وه سه‌رما دەیا‌نبا و هەر ئه‌و رۆژانه ١٠ که‌سیان له سه‌ر رێگای وزندەرێ له به‌فردا سه‌رما بردنی و پێتانوایه شه‌هید بوون و ده‌چنه به‌هه‌‌شتی، یه‌کێ ده‌کوژی و شه‌و تفه‌نگه‌که‌ی دێنێته ماڵێی. هه‌م ده‌بی ٢٠ هه‌زار تمه‌نی بده‌یه‌ی هه‌م شامێک و هه‌م بوخچه‌یه‌ک سیغار. ‌

ئه‌وجار جاش به نێوی پێشمه‌رگه‌ی موسوڵمان دێن و ماڵان ده‌گه‌ڕین. ژن و منداڵان له ژوورێ وه‌ده‌رده‌نێنن و ده‌یانێرنه حه‌سارێ و ده‌بی ده‌ستیان بخه‌نه پشت ئه‌ستویان و دم به عه‌رز روو به دیوار راوه‌ستن و بۆخۆشیان ده‌ست به ماڵ پشکنیین ده‌که‌ن و هه‌رچی له گیرفان و ساکانه‌وه بچی ده‌یبه‌ن. و‌ڵاهی هه‌تا ئێستا ١٣ سه‌عات و ٥ عه‌ینه‌کم چووه. ئاخر که‌وش چییه، که‌وشی ده‌به‌ن. لیباسی ژنان ده‌به‌ن. که‌س ناویری له ماڵه خوی هیچ راگرێ. بۆ نموونه ئێستا بچنه کۆنەدێ، له ده‌رکی عه‌نباری باغی سێوان، دوو داره‌ سێوان به جێ بیڵن و بن داری سێهه‌م بدنه‌وه، بزانن چی تیدایه. تیغ و خوتراشی من ئه‌وه له‌‌وێدایه. قه‌ت بۆ نه‌ویری تیغ و خوتراشی له ماڵه خوت رابگری. ده‌بی هه‌تا ردێنی بتاشم بچم له باغی له بن عه‌رزیان بنیمه‌وه، ده‌نا ده‌یبه‌ن.

رۆژێکی دیکه دوو جار، جاش هاتنه ماڵی و ده‌ستیان به گه‌ڕانی لیباسی ژنان کرد. ئه‌من نه‌خوش بووم و وه‌زعم زۆر خراپ بوو. هه‌روا که ده‌ستیان له لیباس و پریسکه‌ی ژنان وه‌رده‌دا و هه‌ڵیانده‌ته‌کاندن، پێمگوتن: پێشمه‌رگه ئه‌سپی نی‌یه که له لیباسی ژنان دابی. ئه‌وه له چی ده‌گه‌ڕێن؟ بۆ ده‌ست له لیباسی ژنان ده‌ده‌ن؟ ئه‌گه‌ر راست ده‌که‌ن و به دوای پێشمه‌رگه‌دا هاتوون، هووه‌تا له‌و شاخه‌ن. ئه‌گه‌ر پێاون ده‌چن.

کابرای جاش رووی له بێسیمچێکه‌ کرد و گوتی: حسین بیا بنویس حاجی عبدوالله خان میگوید من خودموختارم دولت جمهوری اسلامی حق ندارد خانه‌ی مرا بگردد (حوسین وه‌ره بنووسه! حاج عه‌وڵاغا ده‌ڵێ ئه‌من خودموختارم و کوماری ئیسلامی هه‌قی نییه ماڵه من بگه‌ڕی). ئه‌ویه په‌روه‌نده‌ی ئێمه و ئاوا ئێمه ئه‌زیه‌ت ده‌کە‌ن.

ئەوجار بۆخۆتان هیچ، لێرەش له زیندان دا به هوی ئه‌و زۆڵه کوردانه، بی‌حوڕمه‌تیمان پێده‌که‌ن و رۆژێک له بن پیلکانه‌کان دا رایانگرتبووم. له سه‌ری را منداڵیکی جاش به نیو نه‌رده‌کان دا تفی لێ دەکردم. ئه‌وه قسه‌کانم بوو، ناوەرۆکی ئەو رێژیمە هەر ئەوەیە و قەت چاک نابێ.

دیاره جار جارەش، به‌رپرسانی ئیتلاعاتی گشتی ئێران له تاران را ده‌هاتنه مه‌هاباد و لەگه‌ڵ به‌ڕپرسی ئیتلاعاتی مەهاباد، لەگه‌ڵ خه‌ڵک قسه‌یان ده‌کرد و به تایبه‌ت ده‌چوونه لای کاکه ره‌حمانم و له سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی خۆیان ‌و وه‌ز‌عی کوردستان، پرسیاریان ده‌کرد ‌و شتیان لێده‌پرسی. جاریک روو له کاکم ده‌که‌ن و ده‌ڵین: پێشه‌وا کافر بووه چوونکه چۆته عروسیات و له گه‌ڵ ئه‌وان په‌یمانی به‌ستووه.

کاکم ده‌ڵێی: راسته که پێشه‌وا چۆته باکویه و لە‌وی لەگه‌ڵ روسان په‌ێمانی به‌ستووه، به‌ڵام به په‌ێمان به‌ستن که‌س کافر نابی. ئه‌گه‌ریش پێتان وانییه، ئه‌دی بۆ ره‌فسه‌نجانی سه‌ردانی چین و کوره ‌و رووسییه ده‌کا و لەوی سه‌دان په‌یمان دەبەستێ، که ئاوابێ ده‌بی ره‌فسه‌نجانی هه‌زار بار کافرتر بی.

دوایه به‌رپرسانی ئیتلاعات لێ ده‌پرسن که بۆچی هێستا بە ته‌واوی پێغه‌مبه‌ر نه‌مرد بوو، ئه‌بووبه‌کریان له جی دانا.

کاکم له وڵام دا ده‌ڵی: ئه‌من زۆر مه‌زهه‌بی نیم و ئاگاشم لێ نییه که بۆ ئاوایه، به‌ڵام ئه‌دی بۆ ئێوه ته‌واو خومه‌ینی نه‌مرد، بی ئه‌وه‌ی پرس به که‌س بکه‌ن، خامەنه‌ئیتان له جێ دانا.

ئیدی سه‌ر داده‌خه‌ن ‌و قسان ناکه‌ن.


٣١

له زیندانی دا سه‌روسه‌کتم زۆر هاڵوز بوو، تیغ نه‌بوو که ردێنم بتاشم ‌‌و ریشم زۆر بوو. نینوک‌بڕیان نه‌ده‌داینی و مه‌جبوور قامکمان له عه‌رزی ده‌خشاند. ئاوا وه‌زعیکی پیسمان هه‌بوو. ئەوجار بۆ مولاقات به چاوبه‌ستراوه‌یی ده‌یانبردینه ژوورێک و له لای ته‌ختیک له سه‌ر سه‌نده‌لێک دایانده‌ناین و پاسداریک له لامان راده‌وه‌ستا. له نیو ته‌خته‌که‌دا که وه‌ک لانکی منداڵان ده‌چوو، بۆ گوێ‌دان به قسه‌ی خه‌لک و بۆ ئه‌وه‌ی که بزانن چ ده‌گوتری، جاشیک به دزی دریژ ده‌بوو و په‌رۆیه‌کی به سه‌ر سه‌ری داده‌دا. ئه‌نه‌هوو ئه‌وه که‌سی لێ نی‌یه، به‌ڵام له بنه‌وه هه‌ر مشه‌ی ده‌هات. دوایه ملاقاتچیان دینا ژوورێ. به رواڵه‌ت دیویکی خاڵی بوو به‌ڵام که چاوبه‌ندیان له سه‌ر داده‌ڕنی، ئه‌‌وه پاسداریک له‌وێیه و جاشیکیش ئه‌وه خوی له خه‌و خستووه.

رۆژێک خیزانم هاته ملاقاتم. هه‌نجیری باغی خۆمی بۆ هێنام که تازه گه‌یشت بوو. ئەو که ئه‌منی ئاوا بە کز و لاواز و ردین هاتوویی دیت، ده‌ستی به گریان کرد و فرمێسک به چاوی دا هاته خوارێ. دوایه ئه‌هو‌ەن بۆوه و له سه‌ر وه‌زعی ماڵی پرسیارم لێکرد و داوام کرد که به کوڕه‌کان بڵی نه‌هیڵن داره‌کان ویشک بن و چاک به ماڵێ رابگه‌ن.

رۆژێکی دیکه کاکه ره‌حمانم هات، سیغاری بۆ هێنابووم به‌ڵام نه‌یانهێشت بمداتی و به هه‌زار چه‌قه چه‌ق پاکه‌تێکی دامێ. رۆژێکی دیکه حاجی حه‌سه‌نی ئاموزام هات ئه‌ویش دوو پاکه‌ت سیغاری هێنابوو به‌ڵام نه‌یانهێشت بمداتێ به‌ڵام دوایه به ‌‌دزی پاسداره‌که له گیرفانی نام و باش بوو دوایه‌ش نه‌مگه‌ڕان تا لێم ‌بستێننه‌وه.

ئه‌و ماوه‌یه لەگەڵ زیندانیکان پێکه‌وه زۆرتر قسه‌ی خۆش و هاته‌ران پاته‌رانمان ده‌کرد و جارجار له گه‌ل عه‌لی باداوه دامه‌م ده‌کرد.

کابرایه‌کی سه‌رده‌شتیمان له گه‌ڵ بوو به نێوی عه‌وڵا ئاغای جه‌نگه‌ڵێ که به رواڵه‌ت به تاوانی سیخوڕی گیرابوو. یه‌كی به‌خۆوه‌ی که‌ڵه‌گه‌تی چوار شانه‌ی گه‌وره بوو، دێوێک بوو. پیاوێکی زۆر باش بوو قه‌ت ئینسانی ئاوا نه‌‌بوو. گوایا له قاسمه‌ڕەشی سه‌رده‌شتی فه‌ڕش فروش بوو. ئه‌گه‌ر دامه‌م ده‌کرد و ده‌مدۆڕاند، ئه‌و پێی‌خۆش بوو و پێده‌که‌نی و ئه‌گه‌ر ده‌شمبرده‌وه هیچی نه‌ده‌گوت. ئه‌منیش رۆژێکی توڕه بووم، یه‌ک شه‌پلاغه‌م لێدا. قه‌ڵس بوو و گوتی شه‌رت بێ تازه هه‌تا دامه‌ی بکه‌ی ته‌ماشات نه‌که‌م و ئه‌و زه‌لامه دادنیشت یان درێژ ده‌بوو و پشتی تێده‌کردم.

له زیندان دا چوار نه‌فه‌ری دیکه‌ی خه‌ڵکی سه‌رده‌شتی تیدابوو که دوویان ته‌واب و پێشمه‌رگه‌ی حیزب بوون. یه‌ک له‌وانه پیاویکی قوڵه خره‌ی ڕەشتاڵه بوو دائیم گوێ دێشا. ئه‌وه له ماڵی تاجی هه‌بوو و رۆژێک که ملاقاتی هات، زۆری داوالێکردن که به باشی ئاگایان له تاجێکه‌ی بێ. ئه‌وه‌ی دیکه‌ش کورێکی جه‌وانه بوو که خزمه‌کانی جاش بوون. دووکه‌ی دیکه جاش بوون و گوایا پووڵیان جه‌عل کرد بوو، دواتر ئه‌وانه‌یان نارده ورمێ بۆ ئه‌وه‌ی ئیعدامیان بکه‌ن.

له زیندانی دا به زۆری نوێژیان پێده‌کردین و قورئانیشیان دانا بوو هه‌رکه‌سیش پێی خۆش با ده‌یتوانی بیخوێنێ. له پێشدا خه‌ڵیفه سه‌یدییان ویست بووی پێشنوێژی زیندانیکان بکا به‌ڵام خۆشه‌ویست نه‌بوو که‌س حازر نه‌بوو له پشت سه‌ری نوێژی بکا و هه‌ر ئه‌وانه ئه‌منیان به زۆری کرده پیش نوێژ و رۆژی نه‌ڕه نه‌ڕێکمان بوو و ده‌نگی ئه‌ڵاهو ئه‌کبه‌ر، ئه‌ڵاهوو ئه‌كبه‌ر ده‌چووه عاسمانێ.

زۆر جار له شه‌ودا کێشکی شه‌و ده‌لاقه‌ی ده‌رکه‌یان ده‌کرده‌وه و کونتروڵیان ده‌کردین. جار جاریش به‌رپرسانی زیندان دەهاتن.

شه‌ویکی لامه‌کانی ڕەئیسی دادگای شوڕش هاته ژوره‌که‌مان. به ‌یه‌کی گوت ئه‌تو دوای چوار رۆژی دیکه ئازاد ده‌بی. به عه‌وڵائاغای جه‌نگه‌ڵێ گوت که سبینێ ئازاد ده‌بی و به‌ یه‌کی دیکه‌ی گوت که ده‌بێ ٧ ساڵ بمێنێته‌وه. گه‌یشته کابرایه‌کی شوانی فه‌قیری بی‌سه‌وادی خه‌ڵکی به‌یره‌م و گوتی ئه‌تو شه‌کت بۆ پێشمه‌رگه کوشتوته‌وه و ئاوا تا گه‌یشته من و گوتی: ئه‌تو له شه‌ڕی لاچینی دا هاوکارێ پێشمه‌رگه‌ت کردووه و مه‌حکوم به یه‌کساڵ زیندانی. ئه‌منیش توڕه بووم به ده‌نگێکی بڵیند گوتم: خدا شاهد است که دروغ می‌گویی (خوا شاهیده که درویه ده‌که‌ی).

سوور سوور هه‌ڵگه‌ڕا و سه‌ری داخست، هیچی نه‌گوت و رویشته ده‌ری. کوره‌کان گوتیان: ماڵت نه‌شیوی بۆ واتکرد ئه‌لعان بین هه‌زار شیلاقت لێده‌ن، ده‌ڵێی چی؟ که‌ماڵت له بیر چوته‌وه چیان لێکرد.

گوتم: نا با بزانی که درویه ده‌کا.

چه‌ند رۆژان هه‌ر چاوه‌ڕوان بووم که بمبه‌ن لێمده‌ن به‌ڵام باش بوو به خیر گوزه‌را. ئه‌و شه‌وه عه‌وڵا ئاغا لیباسه‌کانی پێچاوه و خوی ساز کرد و خوشحاڵ بوو که به‌یانی ئازاد ده‌بێ. به‌ڵام سبه‌ینی هیچ خه‌به‌ر نه‌بوو و ئه‌وجار به منی ده‌گوت: هه‌ی ره‌حمه‌ت له بابت به خودای چاکت پێگوت و چاکت ناسیون.

دوای ماوه‌یه‌ک لامه‌کانی گوڕدرا و که‌سیکی دیکه هات که خه‌ڵکی ساین‌قه‌‌ڵایه بوو و له‌گه‌ڵ ماڵه ئاغای ئه‌حمه‌دیان و دوکتور به‌‌‌همه‌‌نی ناسیاوی هه‌بوو و ئه‌وان داوایان لێکرد بوو که ئازادم بکا. ئه‌ویش داوای له جه‌واهیری کرد بوو و به‌مشێوه‌یه دوای پێنج مانگ و ١٨ رۆژ مانه‌وه له زیندان دا ئازاد کرام. به‌ڵام به‌داخه‌وه عه‌وڵائاغای جەنگەڵی هەر ئازاد نه‌بوو. عه‌وڵایه‌ک ئازاد بوو به‌ڵام عه‌وڵایه‌کی دیکه هه‌ر له زیندان دا مایه‌وه.

دوای ئازاد بوون چوومه‌وه کۆنه‌دێ و خه‌ریکی کاسبی بووم. هێنده‌ی پێنه‌چوو که خومه‌ینی مرد و له کۆڵ بووه، به‌ڵام زوڵم و زۆری ئه‌و نیزامه نه‌بڕاوه و له راستی دا له زندانێک ئازاد بووم، به‌ڵام لەگه‌ڵ خه‌ڵکه‌که‌م له زیندانیکی گه‌وره‌تر داین. زیندانێک که زوڵم‌ و زۆری ‌و خراپه بێداد ده‌کا و که‌س نی‌یه که ئه‌منییه‌تی هه‌بێ‌.

ئه‌و جار فه‌قیری و نه‌داری له ئه‌وپه‌ڕی خۆی دایه و نه بۆخویان بۆ ئاوه‌دانی کوردستان تێده‌کۆشن و نه دێڵن خه‌ڵکێش لە‌و باره‌وه کارێک بکا. ئه‌گه‌ر بۆ ئاوه‌دانی پووڵیک بۆ ئۆستانه‌کان ته‌رخان ده‌‌که‌ن و هه‌ر شارەش رادەیەکی بۆ دیاری ده‌که‌ن، ئه‌و به‌شه‌ی که وه‌به‌ر شاره کورده‌کان ده‌که‌وی، ده‌خورێ. بۆ وێنه بڵێین مه‌هاباد ١٠٠ میلیۆن تمه‌نی وه‌به‌ر ده‌که‌وێ، ته‌نیا ‌١٠ میلیونی ده‌ده‌نی ‌و‌ ٩٠ میلیونه‌که‌ی دیکه ده‌گیرنه‌وه بۆ شاره عه‌جه‌مه‌کان. له ئه‌و١٠ میلیونه‌ش، ده‌بێ یه‌ک میلیونی بده‌ن به فه‌رماندار. ئه‌وجار جیهادی سازه‌نده‌گیش قه‌ڵه‌مه‌که به ده‌ستی خۆیه‌تی، ئه‌گه‌ر‌ بایی ده تمه‌ن کار بکا، جا بزانە چه‌ندی ده‌نووسی ‌‌و ئاوا پووڵه‌که‌ به نیو قامکان دا بڵاو ده‌بێته‌وه‌. بۆیه هیچ کارێکی ئاو‌دانی له کوردستان به‌ڕێوه نابردرێ و وه‌ک پیسترین دوژمنی خۆیان حیسابمان بۆ ده‌که‌ن.

ئه‌وجار ریبه‌رانی ڕێژیم جار جار به‌رنامه‌ داده‌نین که سه‌ردانی شاره کورده‌کان بکه‌ن، به‌ڵام ناوێرن و ده‌ترسێن و زۆرتر تا ناوه‌ندی ئوستانه‌کان دین.

جاریک خامنه‌یی ویستی بێته مه‌هاباد به‌‌ڵام نه‌یوێرا و کاربه‌دستانی مه‌‌هابادیان بانگ کرده ورمێ و به رواڵەت ٢٥میلیارد قڕان وه‌ک دیاری رێبه‌ر بۆ ئاوه‌دانی مه‌هاباد ته‌رخان کرا و له مه‌یدانی مه‌لا جامی راده‌ی ئه‌و پووڵه له تابڵۆیه‌کی گه‌وره، به نێوی دیاری رێبه‌ری بۆ شاری مه‌هاباد که بریتی بوو له ١٢٥ پروژه‌ی ئاوه‌دانی، نووسرا. له ته‌واوی ئه‌و پروژانه‌دا، هه‌تا مه‌دره‌سه‌یه‌کیان دروست کرد، قیل سپی بوو. دیاره ئه‌وه‌ش ته‌واو نه‌ده‌بوو ئاخرێکه‌ی کۆڕی په‌وه‌رده و فێرکردن نیوه‌ی پووڵه‌که‌ی دا. دوایه‌ش کەسێک له بۆکانی را هاته مه‌هاباد و بوو به شاره‌دار. له گه‌ڵ من زۆر دۆست بوو و قسه‌ی منی پێخۆش بوو. چه‌ند جاریش هاته کۆنه‌دێ. ئه‌وه ماڵی ئاوه‌دان بی تابڵۆکه‌ی هه‌ڵقه‌ند و فڕێ دا.

ئیستا زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌مان بێکاره ‌و بێکاری مه‌ترسێکی گه‌وره‌یه بۆ هه‌ر وڵاتێک ‌و ئێستا رێژیم ده‌زانی که به شه‌ڕ به میلله‌ته‌که‌مان ناوێڕی، هه‌وڵ ده‌دا که حه‌یسییه‌ت و کڕامه‌تمان به رێگای دیکه دا بشکێنێ. رێژیم له بێکاری و گرانی که به‌سه‌ر خه‌ڵک دا سه‌پاندویه‌تی، که‌ڵکی وه‌رگرتووه ‌و زۆربه‌ی جه‌وانه‌کانی بۆ لای هێڕۆئین و تریاک و ئاره‌ق و قاچاغ فروشی راکێشاوه ‌و هه‌ر که‌س که بچێ لەو مه‌رزانه شتێک بێنێ، ده‌بێ خۆی به ئیتلاعاتی بناسێنێ‌‌ و ببێته پیاوی ئه‌وان و هه‌ر چی پێی بڵێن ده‌بێ به قسه‌یان بکا. ئیتلاعات له نێو ئه‌وانه‌دا خه‌ڵکی تایبه‌ت به خوی هه‌یه و بۆ دزی و فزی و راوڕوت و راپورت دان له دژی خه‌ڵک‌، که‌ڵکیان لێوه‌رده‌گرن‌.

شه‌ویک زستان بوو به‌فر ده‌باری و کڕێوه پێچی ده‌کرد. دره‌نگ و‌خت له ده‌رکه‌یان دا. ته‌ماشام کرد قاچاغچی به زبان شکا‌وی خویان ده‌ماڵێ هاویشت. باره‌کانمان بۆ هێنانه ژووری و وڵاغه‌کانمان بۆ تاقه‌ت کردن و له مه‌رگ نه‌جاتمان دان. دوایه شه‌وێکی دیکه، ده‌سته‌یه‌کی دیکه هاتن. لێیان قه‌وما بوو‌و بنزینیان لێبڕا بوو. بۆ ماتوری باغی ٤ لیترم بنزین کڕێ بوو، دامنی و گوتم با کارێ خۆی پێ مه‌یسه‌ل بکه‌ن. هه‌ر ئه‌وانه‌ چوو بوون دیواری هوڵیان بریبوو ٣ گۆێلکی ساوای سێ مانگه‌ی به‌ر مانگایانیان برد بوو. مانگاکان ئه‌وه‌نده‌ ناڕه‌حه‌ت بوون، سه‌ریان بڵیند ده‌کرد و ده‌یان هوڕاند و ئاو به چاویان دا ده‌هاته خوارێ.

بێجگه لە‌وانه‌ش‌ لە‌و ڕێژیمه‌دا خه‌ڵکیکی زۆریان کردووته تریاکی و هێڕۆئینی. کچه‌کانیش که چاکیان خویندووه به‌ڵام له به‌ر بێکاری زۆریان کردونه شیعه‌ و بوونه خاهەرانی(خوشکانی) زێنه‌ب‌.

ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی کچی بی سه‌ر په‌ره‌ست و ئاواره و لێقه‌وماو تووشی فه‌ساد و بی ئه‌خلاقی نه‌بن که‌سانی نیشتیمانپه‌روه‌ر، وه‌ک دوکتور ئه‌بریشه‌می و کچی کاک سه‌ید باییزی جه‌عفه‌ری و کچی مه‌میخانی قه‌زاق و هه‌روه‌ها مه‌لا ئه‌بوبه‌کر… هێندێک بنکه‌یان داناوه ‌و ئه‌و کچانه‌ی که بێکه‌سن، به هاوکاری که‌سانی دیکه به‌خێو ده‌که‌ن. دیاره جارێک ئه‌وانه‌یان برده میاندواوێ، به‌ڵام بۆ ئه‌و‌‌ی وه‌ک کچه‌کانی شاری که‌ره‌ج، بۆ فه‌سادی سه‌ر له وڵاتانی شێخ نشینی که‌نداو ده‌ر نه‌هێنن، کچه‌کانیان ئه‌ستانده‌وه و هێنایاننه‌وه مه‌هاباد.

بۆیه میلله‌ت به رێبه‌ر و به نیزام ده‌گوڕدرێ و ئه‌من له سێ ده‌ورانم ژیانی خۆم دا، جه‌وانه‌کانم ئاوا دیوه. له زه‌مانی شای دا زۆربه‌یان هیپی بوون و پرچیان ده‌هێشته‌وه و رۆژێ هه‌ر خه‌رێکی پرچی سه‌ریان بوون. نیزامی شای که تێک چوو، ئه‌وجار سه‌ر، قووڵه کرانەوە ‌و پرچ هه‌ڵپاچران و سمێڵیان هێشته‌وه. به‌ر سمێڵ نه‌ده‌کران و له زۆر ماڵان ساحه‌ب ماڵ، بێزی نه‌ده‌هات به ئیستیکانی ئه‌و که‌سانه چا، یان ئاو بخواته‌‌وه‌ و ئیستیکان یان لیوانه‌که‌یان فڕێ ده‌دا. ئه‌وجار هه‌ر له‌و ده‌ورانه دا ئاغا بانوو و شه‌ده ‌و که‌ڵاش هاته گوری ‌و جه‌وانان، جوان و ئازا و چوست و چالاک بوون.

له‌و ساڵانه دا فه‌تاحی کوڕم خوی بۆ شووڕای شار کاندید کرد. کاکه ره‌حمانم زۆری پێناخۆش بوو و ده‌یگوت که فه‌تاح ده‌نگ نایه‌نێته‌وه و ئابڕومان ده‌چێ. ئه‌منیش ده‌مگوت فه‌تاح بۆخۆی پیاوی چاکه و ئازا و نه‌ترسه و خه‌ڵک خۆشیان ده‌وی. ئه‌وجار خه‌ڵک چاکه‌ی ئێمه‌یان له چاو دایه. بۆیه حه‌تمه‌ن ره‌ئی دێنێته‌وه.

ئه‌وجار بۆ ئه‌وه‌ی که فه‌تاح ده‌نگ بێنێته‌وه، رۆژێک کاک حه‌سه‌نی ئه‌میری، میردی جه‌میله‌ی کچم هات و له گه‌ڵ فه‌تاحی داوایان لێکردم که بچینه خزمه‌تی شێخ … و داوای لێبکه‌ین که به مریدانی خویان بڵێن که ده‌نگ به فه‌تاح بده‌ن‌.

ئه‌منێش گوتم: ئه‌من نایه‌م.

ئه‌وانیش گوتیان: بۆ؟

ئه‌منێش گوتم: ئه‌وانه کلیلن، قفڵیان پێده‌که‌نه‌وه و هه‌رچی فه‌رماندار یان ئیتلاعات پێیان بڵێ، ئه‌وه‌ی ده‌که‌ن، هه‌ر وه‌عده ‌و وه‌عیدێکیش که به توی بده‌ن، به جێ ناگا. ئه‌وان لەگه‌ل ده‌وڵه‌تێن و ناتوانن له قسه‌ی ئه‌وان ده‌رچن.

ئه‌وان چوون و ئه‌من نه‌چووم. لەوی داوایان لێده‌که‌ن که پۆستێر و تراکتیان بۆ ببه‌ن و بڵێنیان پێده‌ده‌ن که ره‌ئیان بۆ کۆ که‌نه‌وه. ئاوا خۆشی خۆشی هاتنه‌وه و به‌ڵی که ئه‌وه ته‌بلیغاتیان بۆ ده‌که‌ن.

ئه‌منیش گوتم: به خودای له لایەن ئەوانەوە یه‌ک ده‌نگ و پێ نادرێ . خه‌ڵکی دیکه وه‌ک ئه‌ندامانی حێزب، وه‌ک حامیدی کاکیلی و … ئه‌وانه له هه‌وڵ دابن باشتره.

دوایه قسه‌کانی ‌من وه‌ڕاست گه‌ڕا و فه‌تاح ده‌نگی یه‌که‌می هێناوه به‌ڵام له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه، یه‌ک ده‌نگی پێنه‌درابوو. ته‌نانه‌ت تراکتەکانیشیان بڵاو نه‌کرد بۆوه.

ئەندامانی ئەو دەورەیە لە شووڕای شار دا، زۆربه‌یان ئازا و نه‌ترسن بوون و به‌ تایبه‌تی دوکتور جه‌عفه‌ری ئه‌بریشەمی‌ و فه‌تاح نەدەترسان و قسه‌ی خۆیان ده‌کرد. رۆژێک له کۆبونه‌وه‌یه‌ک دا مووسه‌وی که ئه‌ندامی مه‌جلیسی گه‌وره‌ی ئیسلامی‌ بوو و خۆی له هه‌موو شتێک هه‌ڵده‌قوتاند، قسان ده‌کا و ده‌ڵێ: ئێمه هه‌موو پێکه‌وه براین و هه‌موو شتێکمان یه‌که.

ئه‌وێش فه‌تاح ده‌لێ: وه‌ڵاهی نه‌ براین و نه‌ هیچ شتێکیشمان یه‌که. ئێمه کوردین و ئێوه فارسن. ئێمه سونین و ئیوه‌ شیعه‌ن. ئه‌گه‌ر به‌ڵێتان بۆ بڵێین ئه‌وه براین ده‌نا ئه‌وه هه‌رچی بێ‌حوڕمه‌تییه پێمان ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر براین ئه‌و ‌ماوه‌یه چتان بۆ کردوین؟ بۆ ئەو پووڵەی که بۆخوتان بۆ ئه‌و شاره‌تان دیاری کردووه، ده‌یده‌ن به شاری خۆیه؟ به‌سه ئاوا لەگه‌ڵ ئه‌و میلله‌ته‌ مه‌که‌ن. ئێمه به ئێوه ناتوێنه‌وه. لە‌و سیاسه‌ته ده‌ست هه‌ڵگرن.

دوایه‌ش ئه‌و شیعره‌ی خوێندبۆوه:

خۆاردنی کورد و چیا دژواره

ده‌ر نه‌چووه فیل و نه‌هه‌نگ لە‌و کارە

له لایه‌کی تر له وه‌زعییه‌تێکی ئاوای کوردستان دا، سه‌ره‌ڕای وه‌زعی تایبه‌تی خۆم، ئه‌وه نه‌بوو که ئه‌من بتوانم زبانم گرێ بده‌م و هیچ نه‌ڵیم‌ و به پێی توانای خۆم بی هه‌ڵوێست نییم. ئه‌گه‌ر کاک مه‌حه‌مه‌دی ماملی له ساڵی ١٩٩٩ زایینی ئه‌مری خودای کرد، شه‌و ته‌رمه‌که‌یان له خانه‌قای شه‌مزینان دانابوو. عاڵه‌میکی زۆر له ده‌وری کۆ ببووه. ده‌وڵه‌ت نه‌یده‌ویست که مه‌ڕاسمی بۆ بگیرێ ‌و وه‌ک مه‌ڕاسمی ماموستا هه‌ژار و کاک محەممه‌دی قازی لێبێ ‌و ده‌یانهه‌ویست به ئامبوڵانسێکی، به بی ده‌نگی رایگوێزرێ.

شه‌و له سه‌ر ته‌رمه‌که‌ی حاجیکی سه‌رده‌شتی هه‌ستا که‌میکی قسه کرد. دوایه ئه‌من هه‌ستام‌ و گوتم که ماملی هونه‌رمه‌ندیکی گه‌وره ‌و نیشتمانپه‌روه‌رێکی راسته‌قینه بوو و ده‌نگی له خزمه‌تی میلله‌ته‌که‌ی دابوو. هه‌وڵ جار شیعری میللی ‌و شورشگیڕانه‌ی ئه‌خته‌ر و لای‌لایی له کوردستانی رۆژهه‌ڵات به ده‌نگی خۆشی ئه‌و بڵاو بۆته‌وه. ماملی له که‌سایه‌تییه گه‌وره‌کانی ئه‌م وڵاته‌یه، بۆیه ئه‌رکی سه‌رشانی ئێمه‌، به تایبه‌تی جه‌وانانه که له مه‌ڕاسیمی پرسه‌ی به‌یانی دا، هه‌قی خۆێ بده‌نێ و به سه‌ر شانان و به رێزی ته‌واوه‌وه، ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه به خاک بسپێرن.

ئه‌ندامیکی حیزبی هاته بن گوێم و گوتی‌: ئاخری قسه‌که‌ت گه‌یاند!

به‌یانی له مه‌ڕاسمێکی بی وێنه‌ و له ئاپۆڕایه‌کی گه‌وره‌‌دا، به سرودی نیشتیمانی ئه‌ی ره‌قیب، کاک مه‌حه‌مه‌دی ماملی به خاک ئه‌سپێردرا.

ئه‌وجار پائیزان، لە دێی را ده‌گه‌ڕێمه‌وه مه‌هاباد و به سه‌ر مزگه‌وتی قازی راده‌گه‌م. بۆ خه‌ڵک قسان ده‌که‌م و له گوتنی هیچ شتێک خۆم نابوێرم. دیاره جار جار نیزیک به سه‌عاتێک ده‌رسی قورئان ده‌ڵێم و مانای ده‌که‌مه‌وه و دوایه‌ش ته‌فسیری حوسێنی قورئان لێکده‌ده‌مه‌وه. له کاتی مه‌وعزه دا خه‌ڵکیکی زۆر کۆ ده‌بنه‌وه که زۆربه‌یان باسه‌واد و عالمن. مه‌وعزه‌که‌ش زۆری ئایینی و سیاسییه و به‌تایبه‌تی مه‌لاکانی ئه‌و ڕێژیمه ئه‌وه‌نده‌یان دروێ هێناوه‌ته نێو دینی ئیسلام که به ته‌واوی ئه‌و دینه‌یان به‌ره‌و ئینعڕاف بردووه. بۆ وینه ده‌ڵین به‌‌هه‌شت ٨ ده‌رکه‌ی هه‌یه. یه‌کیان بابولحوسێنه که له رۆژی قیامه‌تی دا شه‌هیدانی رێگای حوسێن، بی ئه‌وه‌ی که که‌س رێگایان لێبگرێ به‌و ده‌رکه‌یه دا ده‌ڕۆنه به‌هه‌شتێ. یان ده‌ڵین ئه‌وه حه‌قی حه‌زره‌تی عه‌لی بوو که ده‌بوایه خه‌ڵیفه‌ی ئه‌وه‌ڵ بێ، نه‌ک عومه‌ر و عوسمان و ئه‌بوبه‌کر. یان ده‌ڵێن کاتێک که حه‌زره‌تی محەممه‌د چووته مێعڕاجێ، حه‌زره‌تی عه‌لی له‌وێ بووە. ئه‌وجار هاتوون لەوە‌ی که خودا به پیغه‌مبه‌ری گوتووه، محەممه‌د ئه‌گه‌ر ئه‌تو نه‌بای عه‌رز و ئاسمانم دروست نه‌ده‌کرد، شتیان لێ زیاد کردووه و ده‌ڵێن خودا فه‌رمویه، محەممەد‌ ئه‌گه‌ر عه‌لی نه‌با، ئه‌تۆم دروست نه‌ده‌کرد. دیاره هه‌ر بە‌ وەش قه‌ناعه‌ت ناکه‌ن و ده‌ڵین ئه‌گه‌ر فاتمه نه‌با عه‌لی دروست نه‌دکرا و ئاوا دریژه‌ی ده‌ده‌ن تا ده‌گاته خومه‌ینی و … به‌مشیوه‌یه به ته‌واوی تووشی شه‌ڕێکی مه‌زهه‌بیان کردوین.

٣٢

دەرەوی وڵات

له ساڵی ٢٠٠١ له سه‌ر ده‌عوه‌تی سه‌ڵاحی کوڕم، له گه‌ڵ زینەتی خێزانم چووینه وڵاتی دانمارک و ماوه‌ی ٣ مانگ له‌وێ ماینەوە.


له‌و سه‌فه‌ره دا ئه‌وه‌نده‌ی بۆم کرا گه‌ڕام‌ و زۆربه‌ی شوێنه میژوویی ‌‌و کلیسا و کۆشکەکانی وڵاتی سوئید و نه‌روێژ و ئاڵمانم دیت. زۆر جار بە نێو دارستان و لێره‌واره‌کان دا گه‌ڕام و جار جاریش له قه‌راغ ئاو و روبار و دریاچه‌کان، خه‌ریکی ماسی گرتن ده‌بووم. لەو ماوه‌یه دا به ته‌واوی هه‌ستم به ئازادی ده‌کرد و له ته‌واوی ژیانم دا ئه‌و سێ مانگه ئازاد بووم و له راستی دا له وڵاتیکی غه‌ریب هه‌ستم به ئازادی ده‌کرد. له گه‌ڵ خێزانم لیباسی کوردیمان له به‌ر دابوو، که‌س به چاوی سووک چاوی لێنه‌ده‌کردین و هه‌ر جێیه‌کی پێمانخوش با ده‌چوین ‌و جار جاریش کچی جوان وینه‌یان له گه‌ڵ ده‌گرتین.

ئەوجار زۆر دەچوومە حەوزی مەلە و سۆنا و کیژی جوانم زۆر دیتن بەڵام ئەوەی نەچووم و دواتر بۆ کاکە رەحمانم جێی پرسیار بوو و دەبێ وڵامی بدەمەوە مەیخانە بوو و لێوم تەڕ نەکرد. کاکە رەحمانم کە نووسەرە و تەبعی شێعری هەیە، لەسەر سەفەری من بۆ ئوروپا، دەستە شێعرێکی داناوە بەمشێوەیە:

ده‌ڵێن سه‌فه‌ری خاکی ئوروپایه‌ت کرد

پێم بڵی له‌و سه‌فه‌ره‌ی دا چت کرد

چوویه مه‌یخانه دمێ ته‌ڕ که‌یه‌وه

غه‌می دڵ تاوێ له خۆ دوور که‌یه‌وه

لابه‌ری ده‌رد و غه‌می چه‌ند ساڵه

به جه‌مێک مه‌ی که ده‌ڵێن مه‌ی تاڵه

چوویه نیو پاڕک و خه‌یابان و هوتێل

هاتنه لات کێژ و ژنی جوان و جعێڵ

چویه ئیسته‌خر و حه‌مامی سۆنا

سمت و ساتانا ببینی چۆنا

چووی کلیسایه شه‌مێکی هەڵکه‌ی

یادی عیسا نه‌فه‌سی مه‌ریه‌م که‌ی

ئه‌و به‌هه‌شته‌ی که موسوڵمان ده‌یهه‌وێ

به خودا خۆشتره ئه‌و شاره له‌وێ

حوور و نیعمانی به‌هه‌شتت که ده‌وێ

پاکی کۆ بوونه‌وه هاتوونه ئه‌وێ

چاوی کاڵ بسکی وه‌کوو زێڕی نه‌رم

ده‌م به خه‌نده‌ و به بزه‌ و خوێنی گه‌رم

(سۆفی گه‌ر به‌زمی به‌هه‌شتت گه‌ره‌که)

(توێژێ باوێژه وه‌ره‌ ئه‌و گه‌ڕه‌که)

گوێ مه‌ده کولکه مه‌لا سۆفی ئه‌تۆ

هه‌رچی فه‌رمووی ده‌گوێی مه‌گره ئه‌تۆ

تا ئه‌تۆ که‌ر بی ئه‌وان سواری که‌رن

که‌ریه‌تی تۆیه ئه‌وان لێت ده‌خوڕن

سه‌د هه‌زار ساڵه زه‌وی هه‌ر هه‌ڵده‌خولێ

هه‌ر مرۆ ده‌مرێ وه‌بن گڵ ده‌خرێ

چ که‌سێ دیوێ یه‌کێک بێته‌وه ده‌ر

له‌بن ئه‌و خاکه بکا باسی سه‌فه‌ر

بۆت بگێڕێته‌وه چی دیوه له‌وێ

چی له‌وێ دیوه که به‌ر دڵ نه‌که‌وێ

نه‌تهه‌وێ حۆری به‌هه‌شتی به درۆ

ده‌نگی ئه‌و ته‌پڵه له ‌دوور خۆشه مرۆ

هه‌یه دوو ماڵه‌ی خوا به قسه‌ی وان

دۆزه‌خ و جه‌نه‌تی دانا بۆمان

سۆفی ده‌روێش ده‌گه‌ڵ شێخ و مه‌لا

له به‌هه‌شتێن هه‌موو لا حه‌وله ‌وه‌لا

هه‌موو کوڵانی به‌هه‌شتێ ده‌گه‌ڕێن

ناوه‌سن تاوێ ده‌مێ ناسره‌وێن

شێخ که مه‌ست بوو له که‌باب و له شه‌راب

له بنی جوبه‌ ده‌کا ده‌قولباب…

مام مه‌لا شاقه‌لی هه‌ڵداوه‌ته‌وه

… ڕەپ داوه‌ته‌وه

حورییه‌کانیش به کراسی په‌ڕی مێش

دێنه پێش بگره ئه‌وه پاش و پێش

جا به‌‌هه‌شت وابی چ فه‌رقێکی هه‌یه

له‌گه‌ڵ ئه‌و شاره‌ی ئه‌وه‌ی لێره هه‌یه

لێک وه‌خڕبوون هه‌موو دانای زه‌وی

سه‌ری سه‌ربه‌رزی فه‌له‌ک لێڕه نه‌وی

ئادیسون، کۆخ و ئه‌نیشته‌ین پاپۆن

بووعه‌لی و رازی له ئاگر دابن

پیره‌خه‌یام و ئه‌بووریحانیش

ده‌سته‌چیله‌ن له بۆ ئاگردانیش

چۆن نه‌یان کردوه بۆیی چه‌ند نوێژێک

یان نه‌یانگرتوه رۆژو و رۆژێک

به قسه‌ی شێخ و مه‌لا هه‌ڵنه‌په‌ڕین

حه‌و حه‌وی خانه‌قا گوێچکه‌ی نه‌دڕین

که‌ بسوتێنێ ئه‌وان خۆشحاڵه‌

تۆڵه بستێنێ له‌وان به‌و حاڵه

کوا خودای گه‌وره ئه‌وه‌ند بێ بزه‌یه

ئاره‌زووی هه‌ر له که‌باب و جزه‌یه

با نه‌عوزێکی بڵێم کافر بووم

خه‌سرولدنیه‌یی وه‌لئاخر بووم

به‌سیه‌تی چی دی مه‌ڵێ ئاڕه‌حمان

ده‌ردی نازانی نییه بۆی ده‌رمان

ره‌حمان قازی

٣٣

ئه‌وکات کە ئەمن لە ئوروپا بووم، ئاخر و ئوخرێ زستان بوو، هه‌ر چه‌ند زۆربه‌ی ده‌ریاچه و چوم و ئاو و شه‌تاو‌‌کان به‌ست بووی، به‌ڵام به هه‌زاران هه‌زار قاز قورینگ به‌ره‌و قوتبی شیمال ده‌گه‌ڕانه‌و‌ه. دیاره له لێڕه‌وارەکانیش دا زۆر جار تووشی ئێلی و ئاسک و ده‌عبای کێوی دیکه ده‌بووم.

لە‌و سه‌فه‌ره‌ دا زۆربه‌ی دوست و ناسیوانی قه‌دیم که ئاواره و په‌ریوه‌ی هه‌نده‌ران بوون، وه‌ک کوڕی ڕەش ئاغا، کاک ئه‌میری قازی، کاک که‌ریمی حیسامی، کاک سیامه‌ند شیخ‌‌ئاقایی و کاک سه‌عید کوێستانی ‌و کاک ئەحمەدی کاکە مەممی و … چاو پێکه‌وته‌وه ‌و به دیداریان شاد بوومه‌وه. هه‌روها له وڵاتی سوئید له ماڵه کاک سه‌ید حه‌سه‌نی هاشمی، چاوم به به‌ڕێز ماموستا مه‌ڵا شێخ عیزه‌دین کەوت که زۆرم رێز بۆی هه‌یه.

له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا زۆربه‌ی باسه‌کان له سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی رێژیم به نیسبه‌تی خه‌ڵکی کورد بوو ‌و ئه‌من ده‌مگوت که ده‌بێ لەگه‌ڵ ئه‌و رێژیمه به چەک درێژه به خه‌بات بده‌ین. ماموستا ده‌یگوت که سه‌رده‌می شەڕ نه‌ماوه‌ و ده‌بێ له رێگای ئاشتیانه کاری دیپڵۆماسی بکه‌ین‌. دوایه باسی خه‌ڵکی ناوچه‌ کرا و ئه‌من گوتم که رێژیم قورغه‌کانی شاماتی و چۆمی مه‌جید خان پڕ ده‌کاته‌وه‌ و ده‌یدا به عه‌جه‌مان. مامۆستا گوتی: ئه‌دی ئه‌وه که‌س نییه که ده‌ستیان لێبداته چەک؟

ئه‌منێش گوتم: ناڵیم که نابی واز له شەڕی چەکداری بێنیین.

دوایه باسی خه‌ڵکی مه‌هاباد کرا و ماموستا فه‌رمووی که لەگه‌ڵ خه‌ڵکی مه‌هاباد په‌یوه‌ندی زۆره و ئاگای له وه‌زعی ئه‌وان هەیە. دوایه له سه‌ر وه‌زعی هه‌وا و ویشکه‌ ساڵی پرسیاری کرد. ئه‌منێش گوتم: ئه‌وه چه‌ند ساڵه وڵاته‌که‌مان تووشی ویشکه‌ ساڵێکی سه‌خت بووه.

ماموستا فه‌رمووی: ئه‌من لەگه‌ڵ خه‌ڵکی مه‌هاباد له په‌یوه‌ندی دام ‌و ده‌زانم که ئه‌و ساڵ باران چاک باریوه.

ئه‌منێس گوتم: جه‌نابت له گه‌ڵ خه‌ڵکی سابڵاغی له په‌یوه‌ندی دای ‌و سابڵاغیش ئه‌گه‌ر ئیسفاڵت ته‌ڕ بوو، ده‌ڵێین ئه‌وه چاک باریوه‌ و په‌ڵه‌ی داوه‌. به‌ڵام مامۆستا لەو چه‌ند ساڵە وێشکه‌ساڵییه‌دا‌، ته‌ڕایی عه‌رزی داکشاوە و جاران که چاڵاویک له ١٠ میتری ده‌گه‌یشته ئاوێێ‌، ئێستا له ٢٠ میترێش ناگاتێ. بۆیه بە‌و بارانانه، شێ عه‌رزی نایه‌ته‌وه.

ئاوا زۆرمان ده‌ردی دڵ کرد و جه‌فه‌نگمان لێدا.

دوایه ماموستا له گه‌ڵ قاسمی کوڕم ده‌ستیان به قسان کرد ‌و قاسم پرسیاری له مامۆستا کرد که بۆچی له وتوێژێک دا لەگەڵ عەلی کەریمی دا، ده‌ڵێی که پێشه‌وا قازی محەممه‌د مه‌نافعی ته‌به‌قاتی خۆی پاراستووه؟

ماموستا له وڵام دا به دڵێکی گه‌وره‌وه گوتی: راستی ئه‌و زانیارێ که ئێستا له سه‌ر پێشه‌وا هه‌مه، ئه‌وکات نه‌مبوو و ئه‌من له ئه‌و باره‌یه‌وه له هه‌ڵه دا بووم.

دیسان قاسم پرسیاری دیکەی کرد و مامۆستا بەرگری لە خۆی دەکرد و دەنگی هەڵێنا بوو و عەلی بە خەتابار دەزانی و جنێوی پێدەدا.

لەو کاتە دا خاون ماڵ گوتی، قاسم ئەوە بۆ مامۆستات لە پرسیاران گرتووە؟

قاسم بە پێکەنیین و بە ئارامییەوە گوتی: مامۆستا بۆخۆی باسەکەی هەڵایساندوە.

مامۆستا بە قسەی خاوەن ماڵ هەستی بە مزلوومییەت و دەستەوەستانی و داماوی کرد و بە تەواوی توڕە بوو و دوایە گوتی ئەمن هەر کارم بە سیاسەت نییە و سیاسەت ناکەم و قسەی بە عەلی کەریمی گوت و گوتی ئەو دەپرسیارانی گرتبووم و نەمزانی کە وڵامەکانی من دەکا بە کتێب و بڵاوی دەکاتەوە، قەرارمان وانەبوو.

ئیدی باسەکە تەواو بوو و بێدەنگی لێکرا.

لە‌و سه‌فه‌ری دا، رۆژێک یه‌کێک گوتی حاجی مەڕۆوە لێرەبە. ئەمنیش گوتم نا دەچمەوە وڵاتی خۆم. دوایە پرسیاری لێکردم و گوتی ئوروپات پێ‌چۆنه؟

ئه‌منیش گوتم له ته‌واوی ئه‌و٧٠ ساڵەی تەمەنم دا، ئه‌و سێ مانگەم خۆشم لێگوزه‌راوه‌ و دوایه‌ش له سه‌ر گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵات، داستانی شای ڕەشپۆش که له کتیبی خه‌مسه‌ی نیزامی دایه‌، بۆم گێڕاوه و گوتم‌: پادشایه‌ک بوو له چۆلگان، له سه‌ر رێگای کاروانان‌، کاروانسه‌رای دروست دەکرد و هه‌موو جارێ داوای له کاروانچیان دەکرد که هه‌ر که‌سه داستان یان نه‌قڵیک، یان حه‌کایه‌تیکی بۆ بگێڕێته‌وه. رۆژێکی کابڕایه‌کی ڕەشپۆش په‌یدا ده‌بێ و شا رووی تێده‌کا و لێیده‌پرسێ که بۆ ڕەشپۆشه؟

کابرا جواب ناداته‌وە و هه‌رچه‌ند شا پرسیاری لێده‌کا، به‌ڵام وڵامی ناداته‌وه‌. له ئاخر دا کاروانچێکانی دیکه توڕه ده‌بن و ده‌ڵین: ئه‌و شایه، ئه‌و هه‌مووه چاکه‌ی بۆ ئێمه هه‌بووه، ئێستا پرسیارێکی ئاوای هه‌یه، ئەتۆ بۆ وڵامی ناده‌یه‌وه؟

کابرا رووی له شای ده‌کا و ده‌ڵێ: زۆرم پێناخۆشه که ئه‌و رازه‌ت پێ بڵێم. به‌ڵام ئێستا که هه‌ر پێداگری دەکەی و پێتخۆشه ئه‌و رازه‌ی بزانی که بۆ ئه‌من ڕەشپۆشم، هه‌سته برۆ بۆ وڵاتی چینێ.

پائیز به سه‌ر دا هات و شا له‌شکرێکی ده‌نگ ‌دا و لەگه‌ڵ نۆکەر و خزمه‌تکاره‌کانی به بیانوی راو، به‌ره‌و سنووری وڵاتی چین وه‌ڕێکەوت.

له‌ سەر سنووری چین به له‌شکره‌که‌ی گووت که ئه‌و بۆ کارێکی تایبه‌تی ده‌چێته چینێ و پیانده‌ڵی که ئه‌وان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و ئاگایان له وڵات بێ تا ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه. شا نه‌فه‌رێک هه‌ڵده‌گری و ده‌ڕوا تا ده‌گاته یه‌کیک له شاره‌کانی وڵاتی چین که هه‌موویان ڕەشپۆش بوون و لە‌وێ میوانی کابرایه‌کی ئاشه‌وان ده‌بی. کابرای ئاشه‌وان ده‌زانی که ئه‌وه ده‌بێ کەسێکی‌ هاکه‌زایی نه‌بێ‌، بۆیه زۆری رێز لێده‌گرێ. لە‌ولایه‌شه‌وه شا زۆر یارمه‌تی به کابرای ئاشه‌وان ده‌کا.

دوای یه‌ک مانگ، رۆژێک شا له ئاشه‌وانه‌که‌ی پرسیار ده‌کا و ده‌ڵێ: بۆچی خه‌ڵکی ئه‌و شاره هه‌موو ڕەشپۆشن؟

ئاشه‌وان به‌و پرسیاره‌ی شای زۆر ناڕه‌حه‌ت ده‌بی و ده‌ڵی: بریا پرسیاری ئاوات نه‌کرد با و زۆرم پێناخوشه پێت بڵێم، به‌ڵام چاره نی‌یه ‌و وه‌ره‌ به دوام دا.

ئاشه‌وان شای ده‌باته ئاشێکی کۆن که سه‌وه‌ته‌یه‌ک، به کولانه‌‌کەی دا، به گوریسی، له به‌ری میچی را شۆڕبۆته خوارێ. ئاشەوان له‌وێ، داوا له شای ده‌کا که بچێته نێو سه‌وه‌ته‌که ‌و دانیشی‌.

شا به قسه‌ی ده‌کا و ورده ورده سه‌وه‌ته هه‌ڵده‌کێشرێته حه‌وای و له به‌ری میچی هه‌ڵداوه‌سرێ و ئاشه‌وانه‌که‌ش خوداحافیزی ده‌کا و ده‌ڕوا.

له ئێوارێ دا هه‌ڵۆیه‌ک دی و له سه‌ر لێواری کولانه‌که هەڵده‌نیشێ ‌و تا به‌یانی لەوێ ده‌مێنێته‌وه‌. له به‌ره به‌یان دا، هه‌ڵۆ دەیهه‌وێ له شه‌قه‌ی باڵی بدا و هه‌ڵفڕێ. شا که هه‌روا له سه‌وه‌ته‌ دا قه‌تیس ماوه و هەڵاوەسراوە، ده‌ڵێ با ده‌ست به لاقی ئه‌و هه‌ڵۆێه‌ی بگرم، بزانم بۆ کوێم ده‌با. شا ده‌ست به لاقی هه‌ڵۆ ده‌گرێ و هه‌ڵۆ له شه‌قه‌ی باڵی ده‌دا و ده‌فڕێ. دوای ماوه‌یه‌کی زۆر، هه‌ڵو لوور ده‌بێته دارستان و باغ باغاتێکی خۆشی کە به گۆڵ و گۆڵزار و نه‌غمه‌ی بولبول و باڵه‌نده‌ی جوان رازابۆوە و لە‌وی ده‌نیشێ‌. شا لاقی هه‌ڵۆی به‌ر ده‌دا و له نێو دارستانەکە دا خۆی مات ده‌کا‌.

له ئێوارێ دا ده‌سته‌یه‌ک ئافره‌تی جوان و شوخ و شه‌نگ، لەگه‌ڵ مه‌له‌که‌یه‌ک به ئاهه‌نگ و به‌زم و موسیقا و سه‌ما په‌یدا ده‌بن و له سه‌ر کانیاوێکی خۆش به عه‌رزی داده‌دن و خه‌ریکی رەزم و به‌زم و گورانی ده‌بن.

پاش ماوه‌یه‌ک، مه‌له‌که بانگی قه‌ره‌واشەکانی ده‌کاو ده‌ڵێ: ئێمه ئه‌وڕۆ میوانێکمان هه‌یه بچن بێهێنن.

ده‌سته‌‌یه‌ک لە‌و کیژانه بە سەما و ناز و عیشوە ده‌‌چن و شای دێنن. مه‌له‌که به پێشوازی شایه‌وه ده‌چی ‌و دوای رێز و حوڕمه‌تێکی زۆر پێی ده‌ڵێ: شا ئه‌تۆ میوانی منی‌. لیره به که‌یفی خوت رایبوێره و هه‌تا چل رۆژان، لەگه‌ڵ کام یه‌ک لە‌و عافره‌تانه پێتخۆشە بیگوزه‌رێنه، جا دوایه، ئه‌من بۆ ئه‌به‌د ده‌بم به ئی تۆ.

شا ده‌ڵی زۆر باشه و شه‌و رۆژ به که‌یفی خوی به به‌زم و خوشی رایده‌بوێری و به‌ڵام هه‌موو شه‌وی داوا له مه‌له‌که ده‌کا که ئه‌وشۆیی له گه‌ڵی بێ. به‌ڵام مه‌له‌که هه‌موو جاری قه‌ناعه‌تی پێدێنی و ده‌ڵی ده‌بی چل شه‌و رابوه‌ستی و تاقه‌ت بێنی. تا شه‌وی سی‌ونۆهه‌م شا تەحەمول دەکا. لەو شه‌وه دا، شا پێدادەگرێ و جنەی دەگرێ و ده‌ڵێ که ده‌بێ ئه‌وشۆ هه‌ر ده‌گه‌ڵ من بی و هه‌ر چه‌ند مه‌له‌که داوای لێده‌کا و ده‌ڵی: پیاوی چاک به هه‌ر ئه‌و شۆیه و ته‌حه‌مول بکه و له سبه‌ینی را بو هه‌میشه ده‌بم به ئێ تۆ.

به‌ڵام شا قبووڵی ناکا و ئاخر مه‌له‌که به نابه‌دڵی ده‌ڵی باشه و پێکه‌وه ده‌چنه نێو چادریک. لەکاتی ئامێز گرتن و دەستە ملان دا، له نه‌کاو تارمایه‌ک به سه‌ر چاوی شای دادی و دنیای له پێش چاوی رەش ده‌بی و ئه‌گه‌ر ته‌ماشا ده‌کا ئه‌وه لەسەر کولانەی ئاشه‌که‌ی له نیو سه‌وه‌ته‌که‌دایه و سه‌وه‌ته ورده ورده شۆڕ ده‌بێته‌وه و کابرای ئاشه‌وانیش به ده‌ستێک لیباسی ڕەشه‌وه، له خوارێ چاوه‌ڕوانێتی. شا بە تووڕەیی و بە ناڕەحەتی له سه‌وه‌تەکە دێته ده‌ری و لیباسه‌کان له ئاشه‌وانه‌که وه‌رده‌گرێ و بێ ئه‌وه‌ی یه‌ک قسه لەگه‌ڵ بکا، سه‌ری خوی هه‌ڵده‌گرێ و ده‌ڕوا و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وڵات و بۆ ئه‌به‌د ڕەشپۆش ده‌بی.

ئه‌منێس له‌و ماوه‌یه‌‌دا له ئۆروپایه زۆر خۆشم رابواردوه و ئه‌گه‌ر چوومه‌وه مه‌هابادێ، ده‌ڵیم دا لیباسه‌ ڕەشەکانم بۆ بێنن با وه‌ک خه‌ڵکی وڵاته‌که‌م، هه‌تا ئه‌و رێژیمه‌ هه‌بێ، بۆ هه‌میشه ڕەشپۆش بم.

دیاره ئه‌و داستانه درێژه‌ی هه‌یه ‌و شا که ده‌گه‌ڕێته‌وه تاج و ته‌خت به جێ دێڵی و چه‌ند ژنی که هەیبووە، ئازادیان ده‌کا. ژنێک پێی وه‌فادار ده‌بێ و هه‌تا شا ده‌مری به ڕەش پۆشی هه‌ر خزمه‌تی ده‌کا، ئەو دوایی نه‌مانی شای، وه‌ک قاژوێکی ڕەش له ده‌رباری کچیکی شای دا، تا مردن ده‌بێته قه‌ره‌واش. له سه‌ره‌مه‌رگ دا داستانی شای بۆ کچی شای ده‌گێڕێته‌وە، به‌ڵام ده‌ڵێ ئه‌و ڕووداوانه تازه ڕوو نادن و ئه‌وه تایبه‌ت به سه‌رده‌مێک بووە. بۆیه ئه‌منیش ده‌ڵێم ئه‌و‌ رێژیمه‌ش ده‌ورانی به سه‌ر ده‌چێ و ئه‌گه‌ر عومر باقی بی، نەمانی ده‌بینیین.

تەواو ٤/١٠/٢٠٢٢

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Back to top button