سیاسی

‌هێڵی سوور لە سیاسەت دا

– نووسینی: محەممەد ئەحمەدیان –

لە فەلسەفەی سیاسی دا، هێڵی سوور وەک پارێزەرێکی پیرۆز بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، پێناسە دەکرێت. بەڵام جیاوازییەکی گەورە و یەکلاکەرەرە هەیە لە نێوان هێڵی سوور وەک “ئامانجێکی نەگۆڕ” و وەک “تاکتیکێکی نەگۆڕ”. کاتێک هێڵی سوور دەخەینە ناو ستراتیژیەوە، مەبەستمان پاراستنی ناوک و جەوهەری مانەوە و گەیشتن بە ئامانجمانە، بەڵام کاتێک لە ڕێگای گەیشتن بەو ستراتیژیە دا هێڵی سووری زۆر دادەنێین، لە ڕاستی دا سیاسەت لە “هونەری مومکین”ەوە دەگۆڕین بۆ “کاری نامومکن”.

لە سیاسەت دا نابێ “ئامانج (ستراتژی)” و “تاکتیک” تێکەڵ بکرێ.

دانانی هێڵی سوور بۆ ئامانچ پێویستە و نیشانەی ناسنامە و ئەو بنەمایانەیە کە ئامانجمانە. نەبوونی هێڵی سوور لە ستراتژی دا واتە شکان و دۆڕان.

بە پێچەوانە دانانی هێڵی سوور لە تاکتیک دا بۆ گەیشتن بە ئامانج هەڵەیەکی کوشندەیە! کاتێک لە ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکەمان هێڵی سووری زۆر دادەنێین، دەست و لاقی خومان دەبەستیتەوە و مەیدانی مانۆڕ بۆ دوژمنەکانمان چۆڵ دەکەین

زۆر کەس وا دەزانن “هێڵی سوور” لە سیاسەت دا واتە لە هیچ شتێک دا نەرمی نەنوێنیت، بەڵام ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە. بۆ ئەوەی لە سیاسەتدا سەرکەوتوو بیت، دەبێت بزانیت هێڵی سوور لە کوێ دا دادەنێیت.

دانانی هێڵی سوور لە “چۆنیەتی گەیشتن” بە ئامانج، نیشانەی ترسی سیاسییە نەک هێز. هێزی ڕاستەقینە لەوە دایە کە هەموو ڕێگاکان بە کراوەیی بهێڵیتەوە تەنها بۆ ئەوەی بگەیتە ئەو تاکە خاڵەی کە سازشی لەسەر ناکرێت.

کاتێک ئامانجی حیزبێکی سیاسی کوردی دابین کردنی مافی چارەی خۆنووسینە، گەیشتن بەو ئامانجە بۆو حیزبە دەبێ ببێتە هێڵی سوور، بەڵام دانانی هێڵی سوور بۆو تاکتیک و هەولانە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، هەڵەیەکی گەورە و بەستنەوەی هەموو ڕێگا دیپڵۆماتیکەکانە.

دوو نموونەی بەرچاو:

شەڕی ویەتنام دەتوانی ئاکامی دانانی بە هەڵەی هێڵی سووری ئەمریکا بووبێ کە بۆ تاکتیکی کاتی داینا بوو. ئەم هێڵە سوورە تاکتیکییانە بوونە کۆت و زنجیر لە دەست و پێی دیپلۆماسیی ئەمریکا. ساڵانێکی زۆر خوێن و سامانێکی زۆر بەفیڕۆ چوو تەنها لەبەر ئەوەی بڕیاردەران نەیان دەویست ئەو هێڵە سوورە وەهمییانە ببەزێنن کە بۆ ڕێگاکەیان دانابوو. کاتێک لە کۆتایی دا “هێنری کیسینجەر” تێگەیشت کە دەبێ بۆ گەیشتن بە ستراتێژیە گەورەکە (کۆتاییهێنان بە جەنگ و هاوسەنگی هێز)، پێویستە هێڵە سوورە تاکتیکییەکان (وەک گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دوژمن) ببەزێنێت، ئەو کاتە بوو کە دەروازەیەک بۆ چارەسەری کرایەوە.

نموونەیەکی سادەی دیکە. لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەم دا، بەریتانیا و ئەمریکا دژی ڕژێمی نازیی ئەڵمان بوون ومانەوی هیتلێریان کردبۆ هێڵی سوور. ئەوان کۆمۆنیزمیان خۆش نەدەویست، بەڵام بۆ ئەوەی بە ئامانجە ستراژیەکەیان (کە شکاندنی هێتلێر بوو) بگەن، هێڵی سووریان لەسەر “هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت” لادا. ئەوان نەیانگوت “چونکە کۆمۆنیستن قسەیان لەگەڵ ناکەین”، بەڵکو بۆ بەرژەوەندییە گەورەکە ڕێگاکەیان گۆڕی و پێکەوە کاریان کرد.

کۆی باسەکە ئەوەیە کە:

هێلی سوور بۆ ئامانج و ستراتژی پێویست و یەک لاکەرەوەیە

هێلی سوور بۆ تاکتیک (گەیشتن بە ئامانج) هەڵە و مایەی شکانە

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Back to top button