ئەدبیاتشێعرنوی

ڕیشە

نووسینی: محەممەد ئەحمەدیان

“ڕیشە”

لە باخچەیەک!

گوڵە مێخەکێکی زۆر جوان

لە خوێن سوورتر!

لە قەند و شەکراو شیرنتر!

تەنک و ناسک وەک باڵی مێش!

لە خوناوەی بەهاران و ماسی ساخ تر!

نازی دەکرد، فەخری دەفرۆشت

دەیگوت، جێگەم

ناو گوڵدانێکی لە زێوی

سەر میزێکی ناو کۆشکێکی

پڕ لە کیژە

یان وێش دەچێ

بگوێزمەوە ناو جامخانەی

دووکانێکی

بە خشڵ و زێڕ داڕژاوی

دەوڵەمەندان

هەر شادی بوو، نارەی دەهات

بە خۆی دەکوت

کە من بڕۆم

ئیتر لاولاو تێم ناهاڵێ

فریزوو ئازارم نادا

تاڵایی کەکرە ناچێژم

***

گوڵە مێخەک لە بەختی خۆی

ئارەزووەکەی وەدی هات و

کریستاڵێکی زۆر گران

بوو بە ماڵی!

لە دەوری ئەو چەن کیژێکی

موو لە زێڕی، کراس تەنک

بە دەم  هەوایەکی نەرم

لە سەما و هەڵپەڕین دابوون

مێخەک هۆشی لێ بڕا بوو

بە تەواوی سەری جوانی

لێ سووڕ مابوو

کۆنە باخچەی ماڵی ئەسڵی

بۆ کاتێکی زۆر زۆر کەمیش

بیر نەمابوو.

***

گۆڵە مێخەک

لە قووڵایی سەرخۆشیدا

لە خەون و خەوێکی قورس و بێهۆشی دا

دیتی لە ژێر میچی کۆشک

چەندە لاسکە گوڵە باخی

سوور و زەرد و چەن رەنگی تر

سەراوبن و ڕوو لە زەوی

بە مردوویی هەڵواسراوە

زۆر بە ترس و دڵەڕاەکە داهاتەوە

ئەو کات زانی چ ڕووی داوە

خۆی دیت لە ناو قەد بڕاوە

ڕیشە و هەناو و ژیانی

لە باخچەکەی ماڵی پێشووی

بە جێ ماوە!

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Back to top button