سیاسیمێژوویی

یۆبیلیۆمی هەشتا ساڵەی خەباتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران

نووسەر: ئاشق ئیسماعیلی

بیست و پێنجی گەلاوێژی ئەمساڵ  تەمەنی تێکۆشانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بوو بە هەشتا ساڵی تەواو و بەو بۆنەیەوە خەباتکاران، پێشمەرگەکان،  ئەندامان و لایەنگرانی ئەم حیزبە لە بنکە و بارەگاکانی حیزب و زۆر شوێن لەدەرەوەی وڵات ڕەیوڕەسمی تایبەتیی جێژن و شادی و لەنێوخۆی وڵاتیش بە یادکردنەوە، نووسینی تراکت، ئاگرکردنەوە لەسەر بەرزایییەکان و زۆر شێوەی دیکە، بەپێی دەرەتان و بارودۆخی گونجاو، بەپیر ئەم ساڵوەگەڕەوە چوون و ڕێزیان لە هەشتا ساڵ تێکۆشان و خەباتی ئەو حیزبە گرتووە.

حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، لەکوردستان و بەتایبەت لە نێو  خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر خۆشەویستە، خاوەنی جێگە و پێگەیەکی تایبەتییە و خەڵک بە گرینگییەکی زۆرەوە دەڕواننە هەڵسوکوتی سیاسی و تێکۆشانی. دەتوانین بڵێین ئەو حیزبە لە سەرانسەری مێژووی خەباتی خۆی دا تێکەڵاوی ژیانی ڕۆژانە و هەڵسوکەوت و بیری ئەو خەڵکە بووە و ئەوەش لەخۆڕا و بە هەڵکەوت نەبووە. حیزبی دێمۆکڕات لە نێو ئەو خەڵکە و لە ڕۆڵەکانی ئەو خەلکە ستەملێکراوە پێک‌هاتووە و بەرنامە و ڕێباز و ئامانجەکانی ڕنگدانەوەی ئامانج و ئاواتەکانی ئەو خەڵکەن و هێز و بڕستی تێکۆشانیشی هەر لەو خەڵکە وەرگرتووە کە لە هەموو قۆناخەکانی تێکۆشانی و بەتایبەت لە کاتی تەنگانە،  قەیران، تووشبوونی هەوراز و نشێو و  دژوارییەکان دا، قەت چاوی چاوەدێرییان لەسەر هەڵنەگرتووە و بەجێیان نەهێشتووە. لە باهۆزی ڕووداوەکان دا پشت و پەنا و لە شەوە ئەنگوستەچاوەکانی چارەنووس دا، مەشخەڵداری ڕووناککەرەوەی ڕێگای بوون.

         حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە ڕۆژی بیست و پێنجی گەڵاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی و لە دەرفەتێکی گونجاو و دەگمەنی کۆتایییەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی، لەکاتێک دا بە هۆی ئەو شەڕەوە بۆشایییەکی دەسەلات لە ناوەندی کوردستان پێک‌هاتبوو، بە دەستپێشخەریی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، بنیات نرا.  حیزب لە سەر بەستێنی کۆمەڵەی ژێکاف پێک‌هات، کە سێ ساڵ بوو تێکۆشانی هەبوو، بیری کوردایەتی و ڕزگارکردنی نیشتمانی کوردانی بڵاو دەکردەوە و لە زۆربەی ناوچەکانی سەرانسەری کوردستان ئەندام و لایەنگری هەبوو.

حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، بە کەلکوەرگرتن لەو بارودۆخە لەبارە کە باسمان کرد، توانی نیزیکەی  چوارمانگ و چەند ڕۆژ  دوای پێکهاتنی، یەکەم کۆماری کوردستان دابمەزرینێ کە هەموومان دەزانین نوێنگەی ئامانج و ئاواتەکانی خەڵکی هەموو کوردستان بوو  و ئێستاش ڕۆڵەکانی دێمۆکرات لە پێناوی ئامانجەکانی پێشەوای مەزن و دامەزراندنەوەی ئەو کۆمارەدا خەبات دەکەن.

خەباتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە قۆناخەکانی دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و  لەسێدارەدرانی پێشوا و هاوڕێیانی دا و تا دەگاتە ئەمڕۆش کە ئاڵای ئەو خەباتە لە دەستی ڕێبوارانی ڕزگاریی ئەو نەتەوە ستەملێکراوە دا دەشەکێتەوە، بە زۆر سەردەمی پڕ لە کارەسات،  هەوراز و نشێو، دژواری، کوێرەوەری، قوربانیدان و گیران و ئازار و ئەشکەنجەی تێکۆشەرانی ئەو حیزبە دا تێ‌پەڕیوە.

بەماوەیەکی کەم دوای ڕووخانی کۆمار ڕۆڵەکانی ئەو حیزبە ڕێکخراوەکانی حیزبیان نۆژەن کردنەوە و  سەرەڕای زەبروزەنگی دەسەڵاتی نیگریسی داگیرکەر، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستانیان خستەوە سەرپێ. گیران، بەندیکران و ئازار و ئەشکەنجەی ئەندامانی حیزب لە بڕگە مێژوویییە جیاجیاکانی وەک هێرشی ساواک و گرتن و ڕاونانی تێکۆشەران دوای کۆدیتای ٢٨ی گەلاوێژی سیودوو و دەیەکانی سی و چل و دواتر ئیعدام و ئەشکەنجە و گوللەبارانکردنی ڕۆڵەکانی دێمۆکڕات لە سەردەمی خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی چلوشەش ــ چلوحەوت دا، کە “دورگەی ئارام”ی حکوومەتی حەمەڕەزا شای شڵەقاند، لەو ڕیزە ڕووداوانەن کە مێژوو بە شەقڵی ئارەق و خوێن و فرمێسکی ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی دێمۆکڕاتەوە  لە سەر لاپەڕەکانی خۆی تۆماری کردوون.

قۆناخێکی هەرە خوێناوی، دژوار و تەژیی لە خەبات و قوربانیدانی حیزبی دێمۆکڕات، دوای شۆڕشی ئێران، کە ئاخوندەکان دەستیان بەسەر چارەنووسی گەلانی ئێران دا گرت، دەست پێدەکا و ئێستا نێزیک  بە چل ساڵە درێژەی هەیە. لەو قۆناخە دا هەزاران پێشمەرگە و کار و ئەندامی حیزبی دێمۆکڕات و دەیانهەزار کەس لە خەڵکی ئاسایی کوردستان، لە هێرشی دڕندانەی دوژمنی کۆنەپەرەست و لە پێناوی بەرگری لە ئازادی و مافی ڕەوای ئینسانیی خۆیان و پاراستنی خاکی نیشتمان دا شهید بوون. دوژمن دەو ماوەیە دا لە وێرانکردنی شار و گوندەکانی کوردستان و قەڵاچۆکردنی خەڵکی بێتاوان دەستی نەپاراستوە و لە هیچ چەشنە کردەوەیەکی دڕندانە بۆ بەچۆکداهێنانی حیزبی دێمۆکرات و خەڵکی کوردستان درێخی نەکردووە.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە هەمووی ئەو ماوەیە دا، بەشی هەرەزۆری باری قورسی خەبات و بەرگریی نەتەوەکەمانی لەسەرشان بووە، قەتیش تووشی ناهومێدی نەبووە، ڕێچکەی بەرنەداوە و بە پشوودرێژی و خۆڕاگرێیەکی بێوێنەوە بەرەوپێش چووە و ئاڵای تێکۆشانی شەکاوە ڕاگرتووە.

لە بەرامبەر ڕۆژە خۆشەکان و گەشەکردن وسەرکەوتنەکان دا، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئێران، بە زۆر ڕۆژی تاڵ و دەور و سەردەمی ناخۆش دا تێ‌پەڕیوە، هەورازو نشێوی هاتوونە سەرێ و کەوتن و هەستانەوەی بەخۆوە دیون.  هەر لەو حاڵەش دا دەهەڵوێست و هەڵسوکەوتیش دا، بێ هەڵە و کەموکووڕیی نەبووە، زۆر جار ناکۆکی و دووبەرەکی دە ڕیزەکانی  حیزب دا سەریان هەڵداوە و چونکە دە کاتی خۆیان داکەمتەرخەمی کراوە و چارەسەر نەکراون، تا ئەو جێگایە تەشەنەیان کردووە، کە حیزب تووشی قەیرانی گەورە بووە، سەرەنجام لەت بووە ودوای لەتبوونیش دیارە بەشێکی گەورە لە هێز و توانای کادر و ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزب، لە هەموو ئاستەکان دا، سەرفی دژایەتیکردنی یەکتر کراوە و ئاکامەکەی بۆتە ئەوە کە لەسەریەک قەوارەی حیزب بە هەموو لایەن و بەشەکانییەوە تووشی لاوازی و ماندوویەتی بووە، بەو هۆیەوە خەڵکی کوردستانیش تووشی نیگەرانی و ناهومێدی هاتوون و ئەوەش زیانێکی زۆری لە پەیکەری بزووتنەوە ڕەواکەمان داوە. لەو بەینە دا  شتێکی جێگای دڵخۆشی ئەوەیە کە لە هەمووی ئەو قۆناخە زیانبار وناخۆشانە دا، هەر بەهیممەت و تێکۆشانی ڕێبەران و کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و یارمەتی و ڕێنوێنیی دڵسۆزانەی خەڵکی کوردستان، دوای ماوەیەک، ڕیزەکانی حیزب یەکتریان گرتۆتەوە و جارێکی دیکەش حیزب بە یەکگرتوویی درێژەی بەخەبات داوەتەوە. 

جێی خۆیەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وەبیرهێنانەوەی ژان و ئاسەواری زیانباری ئەو ناکۆکی و لەتبوونانە دە هەگبەی ئەزموونی خۆی دا ڕاگرێ و دە ڕەوتی خەباتی دادێی خۆی دا بۆ پتەوکردنی ڕیزەکانی و یەکگرتوویی لە پێناوی بەسەرکەوتنگەیاندنی تێکۆشان دا، کەلکی لێ‌وەرگرێ. با دیاردەی دووبەرەکی و ناکۆکی، لە جیاوازیی بیروڕا، کە مافی هەر ئەندامێکی حیزبە و یارمەتی بە گەشەکردن و گەیشتن بە مەبەست دەکا، جیا بکرێتەوە و جارێکی دیکە حیزب تووشی لەتبوون و لێکدابڕان نەبێتەوە.

خاڵێکی دیکە کە بە باوەڕی من دەبێ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە هەلومەرجی ناسک و مێژوویی ئێستا دا هەنگاوی بۆ هەڵێنێتەوە، هەوڵدانی بێوچان لە پێناوی یەکگرتوویی هەموو ڕێکخراوە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێکهێنانی بەرە یان کۆمیتەیەکی هاوبەش بۆ هاوکاری و یەکییەتیی کردەوە لە نێوان ئەو حیزب و ڕێکخراوانە دایە، حیزبی دێمۆکڕات بەو پێشینە مێژوویییە و ئەو پێگە و جێگەیەوە کە لە بزووتنەوەی کوردستان دا هەیەتی، دەتوانێ بەشی زیاتر دەو هەوڵە پیرۆزە دا وەئەستۆ بگرێ. هەموومان دەزانین کە ئەگەر کورد لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا یەکدەنگ و یەکبڕیار، بە هاودەنگی و هاوبەشیی هەمووان و لەسەر بناخەی بەرنامە و پلانێکی دیاریکراو و پێشبینیکراو کار نەکا و نەچێتە پێش، تووشی کۆسپ و تەگەرەی زۆر دەبێ کە ئەودەم چارەسەرکردن و لێتێپەڕینیان هاسان نابێ.

لە کۆتایی دا، بەو بۆنەیەوە، پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامان، پێشمەرگە و کادرەکانی حیزب، بنەماڵەی شەهیدان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم و سەرکەوتنیان لە ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دا بەئاوات دەخوازم.            

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

Back to top button